دەرچوون 22:5-15
Kurdi Sorani Standard
5 «کاتێک یەکێک کێڵگەیەک یان ڕەزە مێوێک بکات و ماڵاتی خۆی بەردا و لەناو کێڵگەی یەکێکی دیکە لەوەڕین، ئەوا لە باشترینی بەری کێڵگەکەی و لە باشترینی بەری ڕەزەمێوەکەی قەرەبوو دەداتەوە.
6 «کاتێک ئاگر دەرپەڕێت و دەوەن بگرێتەوە و خەرمانکراو یان دەغڵ یان کێڵگە بسووتێنێت، ئەوا ئەوەی ئاگرەکەی کردووەتەوە دەبێت قەرەبوو بدات.
7 «کاتێک یەکێک زیو یان شتومەک لەلای کەسێک دادەنێت بۆ ئەوەی چاوی لێی بێت و لە ماڵی ئەو کەسە دزرا کە ئاماناتەکەی لەلایە، ئەگەر دزەکە گیرا ئەوا دوو ئەوەندە قەرەبوو دەداتەوە. 8 بەڵام ئەگەر دزەکە نەگیرا ئەوا خاوەن ماڵ دەهێنرێتە بەردەم دادوەرەکان، هەتا بزانرێت ئاخۆ دەستی بۆ موڵکی برادەرەکەی درێژ نەکردووە. 9 لە هەموو داوایەکی تاوان لەسەر گا، گوێدرێژ، بەرخ، جلوبەرگ یان هەر شتێکی ونبوو کە بگوترێت: ”ئەمە هی منە،“ ئەوا داوای هەردووکیان دەهێنرێتە لای دادوەرەکان، ئەوەی دادوەر تاوانباری بکات، ئەوا دوو ئەوەندە قەرەبوو بۆ نزیکەکەی دەداتەوە.
10 «کاتێک یەکێک گوێدرێژێک یان گایەک یان بەرخێک یان هەر ئاژەڵێکی بداتە دراوسێکەی بۆ ئەوەی چاوی لێی بێت، مردار بووەوە یان بریندار بوو یان تاڵان کرا و کەس نەیبینی، 11 ئەوا سوێندخواردن بە یەزدان لەنێوانیان دەبێت، ئاخۆ دراوسێکە دەستی بۆ ماڵی کەسەکەی دیکە درێژ نەکردووە، خاوەنەکەشی دەبێت ڕازی بێت، ئیتر قەرەبوو نادات. 12 بەڵام ئەگەر ئاژەڵەکە لەلای دراوسێکەی دزرا، ئەوا قەرەبووی خاوەنەکەی دەداتەوە. 13 ئەگەر بووە نێچیری ئاژەڵ وەک شایەتی دەیهێنێتەوە، ئیتر قەرەبووی نێچیر ناداتەوە.
14 «کاتێک کەسێک ئاژەڵێک لە دراوسێکەی داوا بکات، لەلای بریندار بێت یان بمرێت و خاوەنەکەی لەگەڵی نەبێت، ئەوا دەبێت قەرەبوو بداتەوە، 15 بەڵام ئەگەر خاوەنەکەی لەگەڵی بوو، ئەوا قەرەبوو ناداتەوە، ئەگەر بە کرێ بووبێت ئەوا کرێیەکەی دەدات.
Read full chapterHoly Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.