لۆقا 10:30-37
Kurdi Sorani Standard
30 عیسا وەڵامی دایەوە: «پیاوێک لە ئۆرشەلیمەوە بۆ ئەریحا[a] دەچوو، کەوتە دەست جەردە، برینداریان کرد، ئینجا بە نیوەمردوویی بەجێیان هێشت و ڕۆیشتن. 31 وا ڕێککەوت کاهینێک بەو ڕێگایەدا دەڕۆیشت، کاتێک ئەوی بینی لەو بەرەوە تێپەڕی. 32 هەروەها کابرایەکی لێڤیش[b] بە هەمان شێوە گەیشتە شوێنەکە، هات و سەیری کرد و لەو بەرەوە تێپەڕی. 33 بەڵام سامیرەییەکی[c] ڕێبوار هاتە سەری، بینی و دڵی پێی سووتا، 34 لێی چووە پێش و ڕۆن و شەرابی بەسەر برینەکاندا کرد و پێچایەوە، سواری وڵاخەکەی خۆی کرد و بردییە خانێک و چاودێری کرد. 35 ڕۆژی پاشتر دوو دیناری دەرهێنا و دایە خانچییەکە و گوتی: ”چاودێری بکە و هەرچی زیاترت خەرجکرد، کە گەڕامەوە دەتدەمەوە.“
36 «کام لەم سێ کەسە بە نزیک دەزانیت بۆ ئەو پیاوەی کە کەوتە دەست جەردەکان؟»
37 تەوراتناسەکە گوتی: «ئەوەی بەزەیی پێیدا هاتەوە.»
عیساش پێی فەرموو: «تۆش بڕۆ و بەو شێوەیە بکە.»
Read full chapterFootnotes
- 10:30 ئەریحا نزیکەی 32کم لە ئۆرشەلیمەوە دوورە، نزیکەی 1000م لە سەرووی ئاستی دەریا لە ئۆرشەلیم نزمترە و ڕێگای شاخاوییە، بۆ ڕێگران گونجاوە.
- 10:32 تیرەیەکی جولەکە بوون، ئەرکی خزمەتکردنی پەرستگایان لە ئەستۆ بوو.
- 10:33 سامیرە شارێکە لەناوەڕاستی ئیسرائیل. سامیرەییەکان لە ڕێگای ژن هێنانەوە لەگەڵ نەتەوەکان تێکەڵ ببوون، لەلای گەلی جولەکە گڵاو بوون و وەکو نەتەوە ناجولەکەکان هەژمارد دەکران.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.