Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Bible in 90 Days

An intensive Bible reading plan that walks through the entire Bible in 90 days.
Duration: 88 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
سەرژمێری 8:15-21:7

15 «لەدوای ئەوە لێڤییەکان دێن بۆ ئەوەی خزمەتی چادری چاوپێکەوتن بکەن، کاتێک پاکیان دەکەیتەوە و وەک قوربانی بەرزکردنەوە پێشکەشیان دەکەیت، 16 چونکە ئەوان لەنێو نەوەی ئیسرائیلەوە بە تەواوی بە من دراون، لە جیاتی هەموو نۆبەرەیەکی نێری سک لە نەوەی ئیسرائیلدا من بۆ خۆمم داناون. 17 هەموو نۆبەرەیەکی نێر، خەڵک یان ئاژەڵ لە نەوەی ئیسرائیلدا بۆ منە. ئەو ڕۆژەی لە هەموو نۆبەرەیەکم دا[a] لە خاکی میسر، بۆ خۆمم تەرخان کردن. 18 ئینجا لێڤییەکانم بۆ خۆم دانا لە جیاتی هەموو نۆبەرەیەک لە نەوەی ئیسرائیل. 19 لێڤییەکانم بە تەواوی بە هارون و کوڕەکانی بەخشیوە لەنێو نەوەی ئیسرائیل، هەتا لە چادری چاوپێکەوتندا لە جیاتی نەوەی ئیسرائیل خزمەت بکەن، هەروەها بۆ کەفارەتکردن بۆ نەوەی ئیسرائیل تاکو نەوەی ئیسرائیل تووشی هیچ دەردێک نەبێت لە کاتی نزیککەوتنەوەیان لە پیرۆزگا.»

20 موسا و هارون و هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل ئاوایان بۆ لێڤییەکان کرد، بەگوێرەی هەموو ئەوەی یەزدان فەرمانی بە موسا کرد سەبارەت بە لێڤییەکان. 21 جا لێڤییەکان خۆیان پاککردەوە و جلەکانیان شوشت، هارون لەبەردەم یەزدان وەک قوربانی بەرزکردنەوە پێشکەشی کردن، هارون کەفارەتی بۆ کردن بۆ پاکبوونەوەیان. 22 لەدوای ئەوە لێڤییەکان هاتن هەتا لە چادری چاوپێکەوتندا لەبەردەم هارون و لەبەردەم کوڕەکانی خزمەتەکەیان بکەن، وەک چۆن یەزدان فەرمانی بە موسا کرد سەبارەت بە لێڤییەکان، ئاوایان لەگەڵدا کردن.

23 یەزدان بە موسای فەرموو: 24 «ئەمە بۆ لێڤییەکانە، لە گەنجی بیست و پێنج ساڵ بەرەو سەرەوە دێنە ناو خزمەتەوە بۆ خزمەتی چادری چاوپێکەوتن. 25 لە تەمەنی پەنجا ساڵەشەوە دەست لە خزمەت هەڵدەگرن و ئیتر خزمەت ناکەن. 26 یارمەتی براکانیان دەدەن لە چادری چاوپێکەوتن لە پارێزگاری، بەڵام هیچ خزمەتێک ناکەن. ئاوا بۆ لێڤییەکان دەکەیت لە پارێزگارییەکانیان.»

جەژنی پەسخە

لە ساڵی دووەمی هاتنەدەرەوەیان لە خاکی میسر لە مانگی یەک لە چۆڵەوانی سینا یەزدان بە موسای فەرموو: «با نەوەی ئیسرائیل جەژنی پەسخە لە کاتی خۆیدا بکەن، لە ڕۆژی چواردەی ئەم مانگە لە زەردەپەڕدا[b]، لە کاتی خۆیدا دەیکەن، بەگوێرەی هەموو فەرز و ڕاسپاردەکان.»

موساش لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل دوا بۆ ئەوەی جەژنی پەسخە بکەن، جا لە چواردەی مانگی یەک لە زەردەپەڕدا لە چۆڵەوانی سینا جەژنی پەسخەیان کرد، بەگوێرەی هەموو ئەوەی یەزدان فەرمانی بە موسا کرد، نەوەی ئیسرائیل ئاوایان کرد.

بەڵام هەندێک کەس بەهۆی مردووێکەوە بەپێی ڕێوڕەسم گڵاو ببوون و دروست نەبوو بۆیان لەو ڕۆژەدا جەژنی پەسخە بکەن، جا لەو ڕۆژەدا هاتنە بەردەم موسا و هارون. ئەو خەڵکە پێیان گوت: «ئێمە بەهۆی کەسێکی مردووەوە گڵاوین، بۆچی لە کاتی خۆیدا لەنێو نەوەی ئیسرائیلدا وەلابنرێین و قوربانی بۆ یەزدان پێشکەش نەکەین؟»

موساش وەڵامی دانەوە: «بوەستن با گوێم لێ بێت یەزدان سەبارەت بە ئێوە چی فەرمان دەکات.»

جا یەزدان بە موسای فەرموو: 10 «لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و پێیان بڵێ: ”هەرکەسێک لە ئێوە یان لە نەوەکانتان، ئەگەر بە مردووێک گڵاو ببوو یان لە گەشتێکی دوور بوو، با جەژنی پەسخە بۆ یەزدان بکات. 11 لە ڕۆژی چواردەی مانگی دوو لە زەردەپەڕدا دەیکەن، بەرخەکە بە نانی فەتیرە و بە گیای تاڵەوە دەخۆن. 12 هیچی بۆ بەیانی ناهێڵنەوە و هیچ ئێسقانێکی لێ ناشکێنرێت. بەگوێرەی هەموو فەرزەکانی جەژنی پەسخە دەیکەن. 13 بەڵام ئەگەر یەکێک پاک بوو و لە گەشت نەبوو، جەژنی پەسخەی نەکرد، ئەو گیانە لە گەلەکەی دەبڕدرێتەوە، چونکە لە کاتی خۆیدا قوربانی یەزدانی پێشکەش نەکردووە، ئەو کەسە ئۆباڵی گوناهەکەی خۆی هەڵدەگرێت.

14 «”ئەگەر نامۆیەک لەنێو ئێوەدا بژیێت و ویستی جەژنی پەسخە بۆ یەزدان بگێڕێت، بەگوێرەی فەرزی پەسخە و یاساکانی ئاوا دەکات، یەک فەرز دەبێت بۆتان، بۆ نامۆ و بۆ هاوڵاتی خاکەکە.“»

هەور لەسەر چادری پەرستن

15 لە ڕۆژی دامەزراندنی چادرەکەی پەرستن کە بە چادری پەیمان ناسراوە، هەورێک چادرەکەی پەرستنی داپۆشی. هەر لە ئێوارەوە هەتا بەیانی هەورەکە لەسەر چادرەکەی پەرستن وەک دیمەنی ئاگر بوو. 16 بە بەردەوامی ئاوا بوو، هەور دایدەپۆشی و بە شەویش هەورەکە دیمەنی ئاگری هەبوو. 17 هەر کاتێکیش هەورەکە لەسەر چادرەکە بەرز دەبووەوە، ئەوا نەوەی ئیسرائیل لەدوای ئەوە بەڕێ دەکەوتن. لەو شوێنەی هەورەکە بنیشتبایەوە ئەوا نەوەی ئیسرائیل لەوێ چادریان هەڵدەدا. 18 بە فەرمانی یەزدان نەوەی ئیسرائیل بەڕێ دەکەوتن و بە فەرمانی یەزدان چادریان هەڵدەدا، هەموو ڕۆژانی نیشتنی هەورەکە بەسەر چادرەکەی پەرستندا ئەوان لە چادرەکانی خۆیان دەمانەوە. 19 هەر کاتێک هەورەکە چەند ڕۆژێکی زۆر لەسەر چادرەکەی پەرستن دەمایەوە، ئەوا نەوەی ئیسرائیل گوێڕایەڵی یەزدان دەبوون و بەڕێ نەدەکەوتن. 20 هەر کاتێک هەورەکە چەند ڕۆژێکی کەم لەسەر چادری پەرستن دەمایەوە، ئەوا بەگوێرەی فەرمانی یەزدان چادریان هەڵدەدا و بەگوێرەی فەرمانی یەزدان بەڕێ دەکەوتن. 21 هەندێک جار هەورەکە لە ئێوارەوە هەتا بەیانی دەمایەوە و لە بەیانیدا بەرز دەبووەوە، ئەو کاتە بەڕێ دەکەوتن. یان شەو و ڕۆژێک بمابایەوە و بەرز بووایەوە، ئەوا بەڕێ دەکەوتن. 22 بەم جۆرە هەورەکە دوو ڕۆژ یان مانگێک یان ساڵێک، هەرچەندێک لەسەر چادرەکەی پەرستن بمابووایەوە و بنیشتبایەوە، ئەوا نەوەی ئیسرائیل لە چادرەکانیان دەمانەوە و بەڕێ نەدەکەوتن، هەر کاتێکیش بەرز بووایەوە ئەوا بەڕێ دەکەوتن. 23 بە فەرمانی یەزدان چادریان هەڵدەدا و بە فەرمانی یەزدان بەڕێ دەکەوتن و ئەرکی یەزدانیان دەپاراست، بەگوێرەی فەرمانی یەزدان لەسەر دەستی موسا.

کەڕەنا زیوەکان

10 یەزدان بە موسای فەرموو: «دوو کەڕەنا لە زیوی کوتراو بۆ خۆت دروستبکە، بۆ بانگکردنی کۆمەڵ و بۆ بەڕێکەوتنی ئۆردوگاکان. ئەگەر هەردووکیان لێدران ئەوا هەموو کۆمەڵ بۆ لای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن لەلات کۆدەبنەوە، ئەگەر تەنها یەکێکیان لێدرا ئەوا سەرکردەکان لەلات کۆدەبنەوە، کە سەرۆک خێڵەکانی ئیسرائیلن. ئەگەر وەک نیشانەی ئاگادارکردنەوە لێتاندا ئەوا ئەو ئۆردوگایانەی لەلای ڕۆژهەڵات چادریان هەڵداوە بەڕێ دەکەون، ئەگەر دووبارە وەک نیشانەی ئاگادارکردنەوە لێتاندا ئەوا ئەو ئۆردوگایانەی لەلای باشوور چادریان هەڵداوە بەڕێ دەکەون، بۆ بەڕێکەوتنەکانیان وەک نیشانەی ئاگادارکردنەوە لێدەدەن. کاتێک کۆمەڵ کۆدەکەنەوە ئەوا کەڕەنا لێدەدەن، بەڵام وەک نیشانەی ئاگادارکردنەوە ناکەن.

«کوڕانی هارونی کاهین کەڕەناکان لێدەدەن، جا بۆتان دەبێتە فەرزێکی هەتاهەتایی بۆ نەوەکانتان. ئەگەر لە خاکی خۆتان بۆ جەنگ چوونە سەر دوژمنێک کە ستەمتان لێدەکات، ئەوا کەڕەناکان وەک نیشانەی ئاگادارکردنەوە لێدەدەن و لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارتان یاد دەکرێنەوە و لە دوژمنەکانتان ڕزگارتان دەبێت. 10 هەروەها لە ڕۆژی خۆشیتان و لە جەژن و لە دەستپێکی مانگی نوێتان[c] کەڕەناکان لێدەدەن، لەسەر قوربانی سووتاندنەکانتان و قوربانییەکانی هاوبەشیتان، جا دەبێتە یادەوەریتان لەبەردەم خودایەکەتان. من یەزدانی پەروەردگارتانم.»

ئیسرائیلییەکان لە سیناوە بەڕێ دەکەون

11 لە بیستی مانگی دووی ساڵی دووەمدا هەورەکە لەسەر چادری پەیمان بەرزبووەوە. 12 جا نەوەی ئیسرائیل لە قۆناغەکەیان لە چۆڵەوانی سیناوە بەڕێکەوتن و هەورەکە لە چۆڵەوانی پاران نیشتەوە. 13 بەپێی فەرمانی یەزدان و لە ڕێگەی موساوە بۆ یەکەمین جار دەستیان بە کۆچەکەیان کرد.

14 لەژێر بەیداخەکەیان ئۆردوگای نەوەی یەهودا بەگوێرەی لەشکرەکانیان یەکەم جار بەڕێکەوتن و نەحشۆنی کوڕی عەمیناداب سوپاسالاریان بوو. 15 سەرلەشکری هۆزی نەوەی یەساخاریش نەتەنێلی کوڕی چوعەر بوو، 16 سەرلەشکری هۆزی نەوەی زەبولونیش ئەلیابی کوڕی حێلۆن بوو. 17 ئینجا چادرەکەی پەرستن هەڵگیرایەوە و نەوەی گێرشۆن و نەوەی مەراری چادرەکەی پەرستنیان هەڵگرت و بەڕێکەوتن.

18 لەدوای ئەوان لەژێر بەیداخەکەیان ئۆردوگای ڕەئوبێن بەگوێرەی لەشکرەکانیان بەڕێکەوتن، ئەلیسوری کوڕی شەدیئور سوپاسالاریان بوو. 19 سەرلەشکری هۆزی نەوەی شیمۆنیش شەلومیێلی کوڕی چووریشەدای بوو، 20 سەرلەشکری هۆزی نەوەی گادیش ئەلیاسافی کوڕی دەعوئێل بوو. 21 ئینجا قەهاتییەکان شتە پیرۆزکراوەکانیان هەڵگرت و بەڕێکەوتن، هەتا گەیشتن چادرەکەی پەرستن هەڵدرابوو.

22 ئینجا لەژێر بەیداخەکەیان نەوەی ئەفرایم بەگوێرەی لەشکرەکانیان بەڕێکەوتن و ئەلیشاماعی کوڕی عەمیهود سوپاسالاریان بوو، 23 سەرلەشکری هۆزی نەوەی مەنەشەش گەمالائیلی کوڕی پەداهچوور بوو، 24 سەرلەشکری هۆزی نەوەی بنیامینیش ئەبیدانی کوڕی گدعۆنی بوو.

25 لە کۆتاییدا لەژێر بەیداخەکەیان ئۆردوگای نەوەی دان بەڕێکەوت و پاشڕەو و پاسەوانی هەموو ئۆردوگاکان بوو، بەگوێرەی لەشکرەکانیان، ئەحیعەزەری کوڕی عەمیشەدای سوپاسالاریان بوو. 26 سەرلەشکری هۆزی نەوەی ئاشێریش پەگعیێلی کوڕی عۆخران بوو. 27 سەرلەشکری هۆزی نەوەی نەفتالیش ئەحیڕەعی کوڕی عێینان بوو. 28 ئەمە ڕێکخستنی نەوەی ئیسرائیلە بە لەشکرەکانیانەوە کاتێک بەڕێکەوتن.

29 موسا بە حۆڤاڤی کوڕی ڕەعوئێلی میدیانی گوت، کە ڕەعوئێل خەزووری موسا بوو: «ئێمە دەچین بۆ ئەو شوێنەی یەزدان فەرمووی: ”پێتانی دەدەم.“ لەگەڵمان وەرە و بۆت باش دەبین، چونکە یەزدان بەڵێنی داوە بۆ ئیسرائیل چاک دەبێت.»

30 ئەویش پێی گوت: «ناڕۆم، بەڵکو بۆ لای خاکی خۆم و گەلی خۆم دەچم.»

31 جا موسا گوتی: «تکایە بەجێمان مەهێڵە، لەبەر ئەوەی شارەزایت لە چۆڵەوانی لەکوێ چادر هەڵبدەین، ببە بە چاو بۆمان. 32 ئەگەر لەگەڵمان بێیت، ئەوا بەو چاکەیەی یەزدان لەگەڵ ئێمەی دەکات، ئێمەش چاکەت لەگەڵدا دەکەین.»

33 جا لە کێوی یەزدانەوە بۆ سێ ڕۆژە ڕێ بەڕێکەوتن و سندوقی پەیمانی یەزدانیش سێ ڕۆژە ڕێ پێشیان کەوتبوو، هەتا بۆ پشوودان نشینگەیەکیان بۆ بدۆزێتەوە. 34 هەوری یەزدانیش بە ڕۆژ بەسەریانەوە بوو، کاتێک لە ئۆردوگاوە بەڕێکەوتن.

35 لە کاتی بەڕێکەوتنی سندوقەکەش موسا دەیگوت:

«هەستە یەزدان!
    با دوژمنانت پەرتەوازە بن و
    ناحەزانت لەبەردەمت هەڵبێن.»

36 لە کاتی چادرهەڵدانیش دەیگوت:

«بگەڕێوە یەزدان،
    بۆ لای هەزاران هەزارانی ئیسرائیل.»

ئاگر لە یەزدانەوە

11 گەل دەربارەی ناخۆشییان بۆڵەبۆڵیان کرد، گەیشتە لای یەزدان. یەزدان کە ئەمەی بیست پێی خراپ بوو، تووڕەیی جۆشا، ئیتر ئاگری یەزدان تێیاندا گڕی گرت و قەراغی ئۆردوگاکەی سووتاند. لەبەر ئەوە گەل هاواریان بۆ موسا کرد، موساش لە یەزدان پاڕایەوە و ئاگرەکە کوژایەوە. ئەو شوێنەش ناونرا تەبعیرە، چونکە ئاگری یەزدان تێیاندا گڕی گرت.

سوێسکە لە یەزدانەوە

ئەو ئاژاوەگێڕانەی لەنێویان دەژیان ئارەزووی گۆشتیان دەکرد، جا نەوەی ئیسرائیلیش گەڕانەوە و گریان و گوتیان: «کێ گۆشتمان دەرخوارد دەدات. ئەو ماسیەی لە میسر بەخۆڕایی دەمانخوارد بەبیرمان هاتەوە، لەگەڵ خەیار و شووتی و کەوەر و پیاز و سیر. ئێستاش وا گیانمان وشک بوو، هیچ شتێک نییە و هەر چاومان لەسەر ئەو مەنەیە!»

مەنیش وەک تۆوی گژنیژ وابوو، دیمەنی وەک دیمەنی سرێشی دار درەوشاوە بوو. گەلیش دەسووڕانەوە هەتا هەڵیبگرنەوە، ئینجا بە دەستاڕ دەیانهاڕی یان لە هاون دەیانکوتایەوە و لە مەنجەڵ لێیان دەنا و دەیانکردە کولێرە، تامەکەشی وەک تامی کولێرە برژاوی بە زەیت بوو. هەر کاتێک بە شەو شەونم بەسەر ئۆردوگاکەدا دەهاتە خوارەوە، ئەوا مەنیش لەگەڵیدا دەهاتە خوارەوە.

10 کاتێک موسا گوێی لێبوو هەموو گەل دەگریێن، هەریەکە بەخۆی و بنەماڵەکەیەوە لەبەر دەروازەی چادرەکەی ڕاوەستاوە، تووڕەیی یەزدان زۆر زیادی کرد، موسا بەمە دڵگران بوو. 11 جا موسا بە یەزدانی گوت: «بۆچی لەگەڵ خزمەتکارەکەت خراپ بوویت؟ بۆچی لەلات پەسەند نەبووم، تەنانەت باری هەموو ئەم گەلەت خستە سەر من؟ 12 ئایا سکم بەم هەموو خەڵکە پڕ بووە یان لە منەوە لەدایک بوونە؟ بۆچی پێم دەڵێی بە باوەش هەڵیانبگرە، هەروەک چۆن دایەن منداڵی ساوا هەڵدەگرێت، بیانبە ئەو خاکەی سوێندت بۆ باوانیان خوارد؟ 13 گۆشتم لەکوێ بوو هەتا بە هەموو ئەم گەلەی بدەم؟ چونکە بەسەرمەوە دەگرین، دەڵێن: ”گۆشتمان بدەرێ بیخۆین!“ 14 من بە تەنها ناتوانم هەموو ئەم گەلە هەڵبگرم، چونکە بۆ من گرانە. 15 جا ئەگەر وام پێدەکەیت، بمکوژە ئەگەر لەلات پەسەندم، با تووشی بەڵای خۆم نەبم.»

16 یەزدانیش بە موسای فەرموو: «لە پیرانی ئیسرائیل حەفتا پیاوم بۆ کۆبکەرەوە، ئەوانەی دەزانیت کە ڕیش سپی و کوێخای گەلن و بیانهێنە لای چادری چاوپێکەوتن و با لەوێ لەگەڵتدا ڕاوەستن. 17 جا من دێمە خوارەوە و لەوێ لەگەڵتدا دەدوێم و لەو ڕۆحەی بەسەرتەوەیە دەبەم و دەیخەمە سەریان، جا لەگەڵتدا بارگرانی گەلەکە هەڵدەگرن، ئیتر تۆ بە تەنها هەڵیناگریت.

18 «بە گەلیش دەڵێیت: ”بۆ بەیانی خۆتان تەرخان بکەن ئینجا گۆشت دەخۆن، چونکە یەزدان گوێی لێبوو کە گریان و گوتتان، ’کێ گۆشتمان دەرخوارد دەدات؟ لە میسر حاڵمان خۆشتر بوو!‘ ئێستا یەزدان گۆشتتان دەداتێ و دەیخۆن. 19 نە ڕۆژێک، نە دوو ڕۆژ، نە پێنج ڕۆژ، نە دە ڕۆژ و نە بیست ڕۆژ، 20 بەڵکو ماوەی مانگێکی تەواو دەیخۆن، هەتا لە کونی لووتتان دێتە دەرەوە و ڕقتان لێی دەبێتەوە، چونکە یەزدانتان ڕەتکردەوە کە لەنێوتاندایە و لەبەردەمیدا گریان و گوتتان: ’بۆچی ئەمەمان کرد و لە میسر هاتینە دەرەوە؟‘“»

21 بەڵام موسا گوتی: «ئەو گەلەی من لەنێویانم شەش سەد هەزار پیادەیە، تۆش فەرمووت: ”گۆشتیان دەدەمێ لێی بخۆن بۆ ماوەی مانگێک!“ 22 ئایا مەڕ و مانگایان بۆ سەردەبڕدرێت هەتا بەشیان بکات، یان هەموو ماسی دەریایان بۆ کۆدەکرێتەوە هەتا بەشیان بکات؟»

23 یەزدانیش بە موسای فەرموو: «ئایا یەزدان بێ دەسەڵاتە؟ ئێستا دەبینیت ئاخۆ قسەکانم دێتە دی یان نا.»

24 موساش چووە دەرەوە و بە فەرموودەی یەزدان لەگەڵ گەلدا دوا. حەفتا پیاوی لە پیرانی گەل کۆکردەوە، لە دەوروبەری چادرەکە ڕایگرتن. 25 یەزدانیش لە هەوردا هاتە خوارەوە و لەگەڵیدا دوا و لەو ڕۆحە پیرۆزەی کە لەسەری بوو بردی و خستییە سەر حەفتا ڕیش سپییەکە. کاتێک ڕۆحەکە هاتە سەریان ئیتر پەیامی خودایان ڕاگەیاند، بەڵام یەک جار و زیاتر نا.

26 دوو پیاویش لە ئۆردوگاکە مانەوە، ناوی یەکێکیان ئەلداد و ناوی ئەوەی دیکە میداد بوو، ڕۆحی خودا لەسەریان نیشتەوە، ئەوانیش لە ڕیش سپییەکان بوون، بەڵام نەچووبوونە لای چادرەکە، جا لە ئۆردوگاکە پەیامی خودایان ڕاگەیاند، 27 لاوێکیش ڕایکرد و هەواڵی دایە موسا و گوتی: «ئەلداد و میداد لە ئۆردوگاکە پەیامی خودا ڕادەگەیەنن!»

28 یەشوعی کوڕی نونیش کە لە گەنجیێتیەوە خزمەتکاری موسا بوو وەڵامی دایەوە و گوتی: «موسای گەورەم ڕێیان لێ بگرە!»

29 موساش پێی گوت: «ئایا لە جیاتی من ئیرەیی دەبەیت؟ خۆزگە هەموو گەلی یەزدان پێغەمبەر بوونایە، کە یەزدان ڕۆحی خۆی دەخستە سەریان!» 30 ئینجا موسا و پیرانی ئیسرائیل گەڕانەوە بۆ ئۆردوگاکە.

31 بایەکیش لەلایەن یەزدانەوە هەڵیکرد و سوێسکەی[d] لە دەریاوە هێنا بۆ ئۆردوگاکە. بۆ ماوەی ڕۆژە ڕێیەک لەم لا و ڕۆژە ڕێیەک لەو لا لە چواردەوری ئۆردوگاکە و بە بەرزی دوو باڵ[e] لەسەر ڕووی زەوییەوە بڵاوی کردنەوە. 32 گەلیش هەستان و بە درێژایی ئەو ڕۆژە و بە درێژایی شەو و ڕۆژی دواتریش سوێسکەیان کۆکردەوە، کەمترینیان دە حۆمەری[f] کۆکردەوە و بۆ خۆیان بە چواردەوری ئۆردوگاکە ڕایانخست. 33 لەو کاتەشدا کە هێشتا گۆشت لەژێر ددانەکانیان بوو پێش ئەوەی بیجوون، تووڕەیی یەزدان بەسەر گەلدا جۆشا و یەزدان گەلی تووشی دەردێکی گران کرد، 34 جا ئەو شوێنە ناونرا قیبرۆت هەتەڤا[g]، چونکە لەوێ ئەو خەڵکانەیان ناشت کە نەوسیان هەستا.

35 لە قیبرۆت هەتەڤاشەوە گەل بۆ حەچێرۆت بەڕێکەوتن، جا لەوێ چادریان هەڵدا.

قسەکردنی مریەم و هارون لە دژی موسا

12 مریەم و هارون لە دژی موسا قسەیان کرد، لەبەر ئەو ژنە کوشییەی کە خواستی، چونکە ژنێکی کوشی[h] خواستبوو. جا گوتیان: «ئایا یەزدان تەنها لەگەڵ موسادا دواوە، باشە لەگەڵ ئێمەش قسەی نەکرد؟» یەزدانیش گوێی لێبوو.

موساش لە هەموو خەڵکی سەر ڕووی زەوی بێفیزتر بوو.

جا یەزدان دەستبەجێ بە موسا و هارون و مریەمی فەرموو: «ئەو سێیەتان وەرنە دەرەوە بۆ لای چادری چاوپێکەوتن.» ئینجا هەرسێکیان هاتنە دەرەوە. یەزدانیش لە ستوونی هەوردا دابەزی و لە دەروازەی چادرەکە وەستا، بانگی هارون و مریەمی کرد، هەردووکیان بەرەو پێشەوە چوون. جا فەرمووی: «باش گوێ لە قسەم بگرن:

«کاتێک پێغەمبەری یەزدان لەنێوتانە،
    ئەوا بە بینین خۆمی بۆ ئاشکرا دەکەم،
    لە خەوندا لەگەڵی دەدوێم.
بەڵام موسای بەندەم ئاوا نییە،
    بەڵکو بەوەفایە لە هەموو ماڵەکەم،
ڕوو بە ڕوو لەگەڵی دەدوێم،
    بە ڕوونی نەک بە مەتەڵ،
    شێوەی یەزدان دەبینێت.
ئیتر بۆچی نەترسان
    کە لە دژی موسای بەندەم دوان؟»

جا تووڕەیی یەزدان لێیان جۆشا و ڕۆیشت.

10 کاتێک هەورەکە لەسەر چادرەکە بەرزبووەوە مریەم گەڕوگول[i] بوو، وەک بەفر سپی هەڵگەڕا، جا هارون ئاوڕی لە مریەم دایەوە و بینی گەڕوگول بووە. 11 هارون بە موسای گوت: «گەورەم داوات لێدەکەم ئەو سزایەمان نەخەیتە سەر کە گێلایەتیمان کرد و گوناهمان پێی کرد، 12 تکایە با وەک ئەو کۆرپە لەبارچووە نەبێت کە پووکاوەتەوە.»

13 موساش هاواری بۆ یەزدان کرد و گوتی: «خودایە، تکایە چاکی بکەوە.»

14 یەزدانیش بە موسای فەرموو: «ئەگەر باوکی تفی لە چارەی دەکرد، ئایا حەوت ڕۆژ شەرمەزار نەدەبوو؟ با حەوت ڕۆژ لە دەرەوەی ئۆردوگاکە دەستبەسەر بێت و ئینجا بێتەوە.» 15 جا مریەم حەوت ڕۆژ لە دەرەوەی ئۆردوگاکە دەستبەسەر بوو و گەلیش بەڕێ نەکەوتن هەتا مریەم نەهاتەوە.

16 پاش ئەمە گەل لە حەچێرۆتەوە بەڕێکەوتن و لە چۆڵەوانی پاران چادریان هەڵدا.

سیخوڕی خاکی کەنعان

13 ئینجا یەزدان بە موسای فەرموو: «چەند پیاوێک بنێرە بۆ سیخوڕیکردن لە خاکی کەنعان کە من بە نەوەی ئیسرائیلم داوە، لە هەر هۆزێک لە باوکانیان پیاوێک دەنێرن، هەر یەکێکیان سەرکردە بێت لەناویاندا.»

بەپێی فەرمانی یەزدان موسا لە چۆڵەوانی پارانەوە ئەوانی نارد. هەموویان لە نەوەی ئیسرائیل ڕابەر بوون. ئەمەش ناوەکانیانە:

لە هۆزی ڕەئوبێن شەموعی کوڕی زەکور،

لە هۆزی شیمۆن شافاتی کوڕی حۆری،

لە هۆزی یەهودا کالێبی کوڕی یەفونە،

لە هۆزی یەساخار یەگالی کوڕی یوسف،

لە هۆزی ئەفرایم هۆشێیەعی کوڕی نون،

لە هۆزی بنیامین پەلتیی کوڕی ڕافو،

10 لە هۆزی زەبولون گەدیێلی کوڕی سۆدی،

11 لە هۆزی یوسف، لە هۆزی مەنەشە گەدیی کوڕی سوسی،

12 لە هۆزی دان عەمیێلی کوڕی گەمەلی،

13 لە هۆزی ئاشێر سەتوری کوڕی میکائیل،

14 لە هۆزی نەفتالی نەحبیی کوڕی ڤۆفسی،

15 لە هۆزی گاد گوئێلی کوڕی ماکی.

16 ئەوە ناوی ئەو پیاوانە بوو کە موسا ناردنی بۆ سیخوڕی خاکەکە. موساش هۆشێیەعی کوڕی نونی ناونا یەشوع.

17 جا موسا ناردنی بۆ سیخوڕی خاکی کەنعان و پێی گوتن: «لێرەوە بەناو نەقەبدا[j] بڕۆن و بۆ ناوچە شاخاوییەکە سەربکەون و 18 بڕوانن خاکەکە چۆنە، ئەو گەلەش تێیدا دەژیێت بە هێزە یان لاوازە؟ کەمن یان زۆرن؟ 19 ئەو خاکەی تێیدا نیشتەجێن چۆنە، باشە یان خراپە؟ ئەو شارۆچکانە چین کە تێیدا نیشتەجێن، خێوەتگان یان قەڵابەندن؟ 20 هەروەها ئەو خاکە چۆنە، بەپیتە یان بێپیتە؟ داری لێیە یان نا؟ چاونەترس بن و هەندێک لە بەروبوومی خاکەکە بهێنن.» ئەو ڕۆژانەش ڕۆژانی یەکەم بەری ترێ بوو.

21 ئەوانیش سەرکەوتن و سیخوڕی خاکەکەیان کرد، لە چۆڵەوانی چنەوە هەتا ڕەحۆڤ لە نزیک دەروازەی حەمات. 22 بەناو نەقەبدا سەرکەوتن و هاتنە حەبرۆن. لەوێش ئەحیمەن و شێشەی و تەلمەی نەوەی عەناقی لێبوو، حەبرۆنیش پێش چۆعەنی میسر بە حەوت ساڵ بنیاد نرابوو. 23 ئیتر هاتنە دۆڵی ئەشکۆل و لەوێ لقێکیان بە هێشووە ترێیەکەوە لێکردەوە و بە دارێک هەڵیانگرت لەنێوان دووانیان و لەگەڵ هەندێک هەنار و هەنجیر. 24 جا ئەو شوێنە ناونرا دۆڵی ئەشکۆل بەهۆی ئەو هێشووەی نەوەی ئیسرائیل لەوێ لێیان کردەوە. 25 ئینجا لەدوای چل ڕۆژ لە سیخوڕیەتی خاکەکە هاتنەوە.

هەواڵ هێنانەوە

26 سیخوڕەکان هاتنە لای موسا و هارون و هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل لە چۆڵەوانی پاران، لە قادێش، هەواڵیان بۆ ئەوان و بۆ هەموو کۆمەڵ هێنایەوە و بەروبوومی خاکەکەیان پیشاندان. 27 هەواڵیان پێیدا و گوتیان: «بۆ ئەو خاکە چووین کە تۆ ئێمەت بۆی نارد و بە ڕاستی شیر و هەنگوینی لێ دەڕژێت! ئەمەش بەرەکەیەتی. 28 بەڵام ئەو گەلەی لە خاکەکەدا نیشتەجێن بە هێزن و شارەکان قەڵابەند و زۆر مەزنن، هەروەها نەوەی عەناقیشمان لەوێ بینی. 29 عەمالێقییەکان لە خاکی نەقەبدا نیشتەجێن، حیتی و یەبوسی و ئەمورییەکان لە ناوچە شاخاوییەکەدا نیشتەجێن، کەنعانییەکانیش لەلای دەریا و لەسەر کەناری ڕووباری ئوردون نیشتەجێن.»

30 بەڵام کالێب گەلی بۆ موسا بێدەنگ کرد و گوتی: «با سەربکەوین و دەستی بەسەردا بگرین، چونکە توانامان بەسەریدا هەیە.»

31 بەڵام ئەو پیاوانەی لەگەڵیدا چووبوون گوتیان: «ناتوانین سەربکەوین و دژایەتی ئەو گەلە بکەین چونکە لە ئێمە بەهێزترن.» 32 جا هەواڵێکی خراپیان لەنێو نەوەی ئیسرائیلدا بڵاوکردەوە سەبارەت بەو خاکەی سیخوڕیان تێدا کردبوو، گوتیان: «ئەو خاکەی پێیدا چووین هەتا سیخوڕی بکەین، خاکێکە کە دانیشتووانەکەی قووت دەدات. هەموو ئەو گەلەی تێیدا بینیمان باڵا بەرز بوون. 33 هەروەها لەوێ نەفیلیممان[k] بینی، نەوەی عەناق کە لە ڕەگەزی نەفیلیمن، لە چاوی خۆماندا وەک پێکوڕە وابووین، بە هەمان شێوەش لەچاو ئەوان.»

یاخیبوونی گەلەکە

14 کۆمەڵ هەموو دەنگیان بەرزکردەوە و هاواریان کرد و ئەو شەوە گەل گریان. هەموو نەوەی ئیسرائیل دەستیان بە بۆڵەبۆڵ کرد بەسەر موسا و هارون و هەموو کۆمەڵ، پێیان گوتن: «خۆزگە لە میسر دەمردین! خۆزگە لە چۆڵەوانیدا دەمردین! بۆچی یەزدان ئێمە دەهێنێتە ئەم خاکە بۆ ئەوەی بە شمشێر بکوژرێین و ژن و منداڵمان بە تاڵان ببردرێن؟ ئایا باشتر نییە بگەڕێینەوە میسر؟» جا بە یەکتریان گوت، «سەرۆکێک بۆ خۆمان دادەنێین و دەگەڕێینەوە میسر.»

ئینجا موسا و هارون بەسەر ڕوویاندا کەوتن لەبەردەم هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل کە لەوێ کۆببوونەوە. یەشوعی کوڕی نون و کالێبی کوڕی یەفونەش لەوانە بوون کە سیخوڕی خاکەکەیان کردبوو، جلەکانی خۆیان دڕاند و لەگەڵ هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیلدا دوان و گوتیان: «ئەو خاکەی پێیدا چووین هەتا سیخوڕی بکەین خاکێکی زۆر زۆر باشە، ئەگەر یەزدان پێمان دڵشاد بێت ئەوا دەمانباتە ناو ئەو خاکەی پێمان دەدات، خاکێک کە شیر و هەنگوینی لێ دەڕژێت. بەڵام لە یەزدان یاخی مەبن و لە گەلی ئەو خاکە مەترسن، چونکە خواردنی ئێمەن، ئەوەتا سێبەریان نەماوە و یەزدان لەگەڵمانە، لێیان مەترسن.»

10 بەڵام هەموو کۆمەڵ گوتیان، با ئەو دووانە بەردباران بکرێن. ئینجا شکۆمەندی یەزدان لە چادری چاوپێکەوتندا بۆ هەموو نەوەی ئیسرائیل دەرکەوت. 11 یەزدانیش بە موسای فەرموو: «هەتا کەی ئەم گەلە سووکایەتیم پێ دەکەن و هەتا کەی باوەڕم پێ ناکەن، سەرباری ئەو هەموو نیشانانەی لەنێویاندا کردم؟ 12 من تووشی دەردیان دەکەم و لەناویان دەبەم، بەڵام تۆ دەکەمە گەلێکی گەورەتر و مەزنتر لەوان.»

13 موساش بە یەزدانی گوت: «ئینجا میسرییەکان کە تۆ بە دەسەڵاتی خۆت ئەم گەلەت لەنێویان دەرهێنا گوێیان لێ دەبێت و 14 بە دانیشتووانی ئەم خاکەی دەڵێن. ئەی یەزدان، ئەوانەی گوێیان لێبووە تۆ لەنێو ئەم گەلە دایت. ئەی یەزدان، تۆ ڕوو بە ڕوو بۆیان دەرکەوتیت و هەورەکەت لەسەریان وەستاوە و تۆش بە ستوونی هەور بە ڕۆژ و بە ستوونی ئاگر بە شەو پێشیان دەکەویت. 15 ئەگەر ئەم گەلە لە هەمان کاتدا بکوژیت ئەوا نەتەوەکان کە گوێیان لە هەواڵت بووە، دەڵێن، 16 ”چونکە یەزدان نەیتوانی بیانباتە ئەو خاکەی کە سوێندی بۆیان خواردبوو، ئیتر لە چۆڵەوانی کوشتنی.“

17 «ئێستاش با توانای پەروەردگار مەزن بێت هەروەک فەرمووت: 18 ”یەزدان پشوودرێژە و خۆشەویستی نەگۆڕی زۆرە، لە گوناه و یاخیبوون خۆشدەبێت، بەڵام تاوانبار ئەستۆپاک ناکات، بەڵکو لەسەر تاوانی باوکان سزای نەوەکان دەدات هەتا نەوەی سێیەم و چوارەم.“ 19 تکایە لە گوناهی ئەم گەلە خۆشبە، ئەوەندەی مەزنی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت، وەک چۆن لەم گەلە خۆشبوویت لە میسرەوە هەتا ئێرە.»

20 یەزدانیش فەرمووی: «لەسەر داواکەت لێیان خۆشبووم. 21 بەڵام بە گیانی خۆم و بەو شکۆمەندییەی یەزدانیش کە هەموو جیهان پڕ دەکاتەوە، 22 تەنها یەکێکیش لەو پیاوانەی شکۆمەندی من و ئەو نیشانانەی بینیبێت کە لە میسر و لە چۆڵەوانی کردم و هەتا ئێستا دە جار تاقییان کردمەوە و گوێیان لە قسەکانم نەگرت، 23 تەنها یەکێکیش لەوانە ئەو خاکە نابینێت کە سوێندم بۆ باوکانیان خوارد. هەموو ئەوانەی سووکایەتییان پێ کردووم نایبینن. 24 بەڵام کالێبی بەندەم لەبەر ئەوەی ڕۆحێکی دیکەی لەگەڵدا بوو و بە تەواوی دوام کەوت، ئەوا دەیبەمە ناو ئەو خاکەی بۆی چوو و دەبێتە میرات بۆ نەوەکەی. 25 لەبەر ئەوەی عەمالێقییەکان و کەنعانییەکان لە دۆڵ نیشتەجێن، ئێوە بەیانی لە ڕێگای دەریای سوورەوە[l] بڕۆن و بەرەو چۆڵەوانی بەڕێ بکەون.»

26 هەروەها یەزدان بە موسا و هارونی فەرموو: 27 «هەتا کەی ئەم کۆمەڵە بەدکارە بۆڵەبۆڵەکەرە لە دژم دەوەستن؟ من گوێم لە بۆڵەبۆڵی نەوەی ئیسرائیل بوو کە لەسەر من دەیکەن. 28 پێیان بڵێ: ”یەزدان دەفەرموێت: بە گیانی خۆم، وەک ئەوەی کە لە ئێوەوە گوێم لێ بوو، ئاواتان لێدەکەم. 29 لەم چۆڵەوانییە لاشەکانتان دەکەوێت، هەموو تۆمارکراوەکانتان بەگوێرەی سەرژمێریتان لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە لەوانەی بۆڵەبۆڵیان لە دژم کرد، 30 ناچنە ناو ئەو خاکەی کە سوێندم خوارد تێیدا نیشتەجێتان بکەم، تەنها کالێبی کوڕی یەفونە و یەشوعی کوڕی نون نەبێت. 31 بەڵام منداڵەکانتان کە گوتتان دەبنە نێچیر، ئەوا من دەیانبەمە ناوی و شارەزای ئەو خاکە دەبن کە ئێوە ڕەتتان کردەوە. 32 جا لاشەکانی ئێوە لەم چۆڵەوانییە دەکەوێت. 33 منداڵەکانیشتان بۆ ماوەی چل ساڵ لە چۆڵەوانی دەبنە شوان و ئازار دەچێژن بۆ بێوەفاییتان[m] هەتا دواهەمین لاشەکانتان لە چۆڵەوانیدا کۆتایی پێدێت. 34 وەک ژمارەی ئەو ڕۆژانەی سیخوڕی خاکەکەتان کرد کە چل ڕۆژ بوو، بۆ هەر ڕۆژێک ساڵێک، چل ساڵ گوناهەکانتان هەڵدەگرن و تێدەگەن دژایەتیکردنی من چۆنە.“ 35 من یەزدانم و فەرمانم کرد، دەبێت ئاوا لە هەموو ئەم کۆمەڵە بەدکارە ڕێککەوتووەی لە دژی خۆم بکەم، لەم چۆڵەوانییە لەناودەچن و دەمرن.»

36 بەڵام ئەو پیاوانەی موسا ناردنی بۆ سیخوڕی خاکەکە، هاتنەوە و هەموو کۆمەڵیان لێ هاندا بەوەی هەواڵی خراپیان لەسەر خاکەکە بڵاوکردەوە، 37 ئەو پیاوانە لەبەردەم یەزدان بە دەرد مردن، لەبەر بڵاوکردنەوەی هەواڵێکی خراپ لەسەر خاکەکە. 38 بەڵام یەشوعی کوڕی نون و کالێبی کوڕی یەفونە لەو پیاوانە بوون کە بۆ سیخوڕی خاکەکە چووبوون و ژیان.

39 کاتێک موسا باسی ئەم قسانەی بۆ هەموو نەوەی ئیسرائیل کرد، گەل دەستیان بە شیوەن کرد. 40 ئینجا بەیانی زوو هەستان و چوونە سەرەوە بەرەو بەرزاییەکانی ناوچە شاخاوییەکە و گوتیان: «ئەوەتا ئێمە دەچینە ئەو شوێنەی یەزدان بەڵێنی داوە، چونکە ئێمە گوناهمان کرد.»

41 موساش گوتی: «بۆچی لە فەرمانی یەزدان دەردەچن، ئەمە سەر ناگرێت! 42 مەڕۆن، چونکە یەزدان لەنێوتاندا نییە، نەوەک لەبەردەم دوژمنتان ببەزن، 43 چونکە عەمالێقییەکان و کەنعانییەکان لەوێن، لەپێشتانن و بە شمشێر دەکوژرێن، ئێوە لە یەزدان هەڵگەڕانەوە و یەزدان لەگەڵتاندا نابێت.»

44 بەڵام ئەوان خۆیان هەڵکێشا و بەرەو بەرزاییەکانی ناوچە شاخاوییەکە سەرکەوتن، نە سندوقی پەیمانی یەزدان و نە موساش لە ناوەڕاستی ئۆردوگاکە دەرنەچوون. 45 جا عەمالێقییەکان و کەنعانییەکانی دانیشتووی ئەو ناوچە شاخاوییانە هاتنە خوارەوە و هەتا حۆرما لە ئێوەیان دا و تێکیان شکاندن.

پێشکەشکراوەکانی دیکە

15 یەزدان بە موسای فەرموو: «لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و پێیان بڵێ: ”کاتێک هاتنە ناو خاکی نیشتەجێبوونتان کە من پێتانی دەدەم و قوربانی بە ئاگرتان بۆ یەزدان کرد لە گا یان بەران، جا قوربانی سووتاندن یان قوربانی سەربڕاو بۆ بەجێهێنانی نەزر یان بەخشینی ئازاد[n] یان لە جەژنەکانتان بۆ ئەو بۆنەی کە یەزدان پێی خۆشە، ئەوەی قوربانییەکەی بۆ یەزدان پێشکەش کرد، پێشکەشکراوی دانەوێڵەش لە باشترین ئارد دەیەکی ئێفەیەک شێلراو بە چارەکە هەینێک لە زەیت پێشکەش دەکات. شەرابیش بۆ شەرابی پێشکەشکراو چارەکە هەینێک ئامادە بکە، لەسەر قوربانی سووتاندنەکە یان قوربانییە سەربڕدراوەکە بۆ یەک بەرخ.

«”بەڵام لەگەڵ بەران، پێشکەشکراوی دانەوێڵە لە باشترین ئارد دوو دەیەکی ئێفەیەک[o] شێلراو بە سێیەکی هەینێک[p] لە زەیت دەکەیت و شەرابیش بۆ شەرابی پێشکەشکراو سێیەکی هەینێک، وەک ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە پێشکەش دەکرێت.

«”ئەگەر جوانەگایەکت کردە قوربانی سووتاندن یان قوربانی سەربڕاو بۆ بەجێهێنانی نەزر یان قوربانی هاوبەشی بۆ یەزدان، ئەوا لەگەڵ جوانەگاکە پێشکەشکراوی دانەوێڵە سێ دەیەکی ئێفەیەک[q] لە باشترین ئاردی شێلراو بە نیو هەین[r] زەیت پێشکەش دەکەیت و 10 نیو هەین شەرابیش بۆ شەرابی پێشکەشکراو پێشکەش دەکەیت، قوربانی بە ئاگرە، ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە. 11 ئاوا بۆ گایەک یان بەرانێک یان بەرخ یان کارەبزن دەکرێت، 12 ئاوا دەکەن بەگوێرەی ژمارەیان، بۆ هەر یەکێک بەگوێرەی ژمارەیان.

13 «”هەر هاوڵاتییەک بۆ پێشکەشکردنی قوربانی بە ئاگر ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە ئاوا دەکات. 14 ئەگەر نامۆیەک لەنێوتان نیشتەجێ بوو، یان هەرکەسێکی دیکە لەنێوتان نیشتەجێیە، نەوە دوای نەوە ویستی قوربانی بە ئاگر بکات، ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە، دەبێت وەک ئێوە بیکات. 15 کۆمەڵ بۆ ئێوە و بۆ ئەو نامۆیەی لەنێوتاندا بژیێت، یەک فەرزی هەتاهەتاییە نەوە دوای نەوە. نامۆکەش وەک ئێوە دەبێت لەبەردەم یەزدان، 16 یەک فێرکردن و یەک یاسا دەبێت بۆ ئێوە و بۆ ئەو نامۆیەی لەنێوتاندا دەژیێت.“»

17 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: 18 «لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و پێیان بڵێ: ”کاتێک چوونە ناو ئەو خاکەی کە من ئێوەی بۆ دەبەم، 19 جا کاتێک لە نانی خاکەکە دەخۆن ئەوا پێشکەشکراو بۆ یەزدان دەبەخشن. 20 لە یەکەم ئاردی هاڕاوتان کولێرەیەک دەکەنە پیتاک وەک پێشکەشکراوی جۆخین[s] دەیبەخشن. 21 نەوە لەدوای نەوە لە یەکەم ئاردی هاڕاوتان بەخشین بۆ یەزدان پێشکەش دەکەن.

پێشکەشکراوەکان بۆ گوناهکردنی بێ ئەنقەست

22 «”ئەگەر بەبێ ئەنقەست[t] هەموو ئەم فەرمانانەتان بەجێنەهێنا کە یەزدان بە موسای سپارد، 23 هەموو ئەوەی یەزدان لەسەر دەستی موسا فەرمانی پێ کردوون، لەو ڕۆژەوەی یەزدان فەرمانی پێ کردووە و بەردەوام نەوە دوای نەوە، 24 ئەگەر بەبێ ئەنقەست و بێ بوونی زانیاری کۆمەڵ ئەمە ئەنجام درا، ئەوا بەپێی فەرزەکان هەموو کۆمەڵ جوانەگایەک لەگەڵ پێشکەشکراوی دانەوێڵە و شەرابی پێشکەشکراو دەکەنە قوربانی سووتاندن، وەک ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە، لەگەڵ گیسکێکی نێرینە وەک قوربانی گوناه. 25 جا کاهین کەفارەت بۆ هەموو کۆمەڵی ئیسرائیل دەکات و لێخۆشبوونیان بۆ دەبێت، چونکە بەبێ ئەنقەست بووە. جا ئەگەر قوربانییەکەیان وەک قوربانی بە ئاگر بۆ یەزدان هێنا و قوربانییەکەی گوناهیان بۆ بەردەم یەزدان هێنا لەبەر بێئاگاییەکەیان، 26 ئەوا هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل و ئەو نامۆیەش کە لەنێویان دەژیێت لێخۆشبوونی بۆ دەبێت، چونکە هەموو گەل بەبێ ئەنقەست تێوەگلاون.

27 «”ئەگەر یەک کەس بەبێ ئەنقەست گوناهی کرد، ئەوا بزنێکی یەک ساڵە پێشکەش دەکات وەک قوربانی گوناه. 28 کاهین لەبەردەم یەزدان کەفارەت بۆ ئەو کەسە دەکات کە بێئاگا بوو کاتێک گوناهی بەبێ ئەنقەست کرد، کەفارەتی بۆ دەکات و لێخۆشبوونی بۆ دەبێت. 29 بۆ هاوڵاتی لە نەوەی ئیسرائیل و بۆ ئەو نامۆیەش کە لەنێویان دەژیێت، یەک یاسا دەبێت بۆ ئەوەی بەبێ ئەنقەست گوناهی کردبێت.

30 «”بەڵام ئەو کەسەی هاوڵاتی بێت یان نامۆ بە دەستی ئەنقەست گوناه بکات، ئەو کەسە کفری بەرامبەر بە یەزدان کردووە، ئەو کەسە لەنێو گەلەکەی دەبڕدرێتەوە، 31 چونکە سووکایەتی بە فەرمایشتی یەزدان کردووە و فەرمانی ئەوی شکاندووە، بێگومان ئەو کەسە دەبڕدرێتەوە و ئۆباڵی خۆی لە ملی خۆی.“»

شکاندنی یاسای شەممە

32 کاتێک نەوەی ئیسرائیل لە چۆڵەوانی بوون پیاوێکیان بینی لە ڕۆژی شەممەدا داری کۆدەکردەوە، 33 جا ئەوانەی بینییان دار کۆدەکاتەوە بردیانە بەردەم موسا و هارون و هەموو کۆمەڵ. 34 ئینجا لە بەندیخانەیان دانا، چونکە ئاشکرا نەبوو بوو چی لێ دەکرێت. 35 جا یەزدان بە موسای فەرموو: «ئەو پیاوە دەبێت بکوژرێت، لە دەرەوەی ئۆردوگا هەموو کۆمەڵ بەردبارانی دەکەن.» 36 جا هەموو کۆمەڵ بردیانە دەرەوەی ئۆردوگا و بەردبارانیان کرد و مرد، وەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.

گوڵنگ لەسەر جلوبەرگ

37 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: 38 «لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و پێیان بڵێ: ”با گوڵنگ لە لچکی[u] جلەکانتان دروستبکەن، نەوە دوای نەوە و لەسەر لچکەکانی خوارەوە گوڵنگی مۆر دابنێن. 39 کاتێک ئەم گوڵنگانە دەبینن هەموو فەرمانەکانی یەزدانتان بەبیر دێتەوە و جێبەجێی دەکەن و بەدوای ئارەزووی دڵ و چاوتان ناکەون هەتا بەدوایاندا بەدڕەوشتی بکەن، 40 هەتا بەبیرتان بێتەوە و هەموو فەرمانەکانی یەزدان جێبەجێ بکەن و بۆ خوداتان پیرۆز بن. 41 من یەزدانی پەروەردگارتانم کە لە خاکی میسر دەریهێنان هەتا ببێت بە خوداتان، من یەزدانی پەروەردگارتانم.“»

قۆرەح و داتان و ئەبیرام

16 قۆرەحی کوڕی یەسهار کوڕی قەهات کوڕی لێڤی و داتان و ئەبیرامی کوڕانی ئەلیاب و ئۆنی کوڕی پەلەت لە نەوەی ڕەئوبێن لە دژی موسا هەستانەوە. چەند کەسێکیش لە نەوەی ئیسرائیل لەگەڵیان بوون، دوو سەد و پەنجا کەس لە ڕابەرەکانی کۆمەڵ لە ئەنجومەن هەڵبژێردرابوون، کە زۆر ناسراو بوون، جا لەسەر موسا و هارون کۆبوونەوە و پێیان گوتن: «ئێوە زیاد ڕۆیشتوون! چونکە هەموو کۆمەڵ پیرۆزن و یەزدانیش لەنێوانیاندایە، ئیتر بۆچی خۆتان لەسەر کۆمەڵی یەزدان بەرز دەکەنەوە؟»

جا موسا گوێی لێبوو و بەسەر ڕوودا کەوت. ئینجا بە قۆرەح و هەموو کۆمەڵەکەی گوت: «بەیانی یەزدان پیشانی دەدات کێ بۆ ئەوە و کێ پیرۆزە هەتا لە خۆی نزیکی بکاتەوە، جا هەرکێ هەڵبژێرێت ئەو لە خۆی نزیک دەکاتەوە. ئەمە بکەن، بخووردان بۆ خۆتان ببەن، قۆرەح و هەموو کۆمەڵەکەی، بەیانی ئاگری لەناو دابنێن و لەبەردەم یەزدان بخووری بەسەردا بکەن، جا ئەو پیاوەی یەزدان هەڵیدەبژێرێت ئەو پیرۆزە، ئیتر ئەی نەوەی لێڤی ئەمەتان بەس بێت!»

هەروەها موسا بە قۆرەحی گوت: «ئەی نەوەی لێڤی گوێ بگرن، ئایا بە کەمی دەزانن کە خودای ئیسرائیل لەنێو کۆمەڵی ئیسرائیل جیای کردنەوە هەتا لە خۆی نزیکتان بکاتەوە، هەتا خزمەتی چادری پەرستنی یەزدان بکەن و لەبەردەم کۆمەڵ بوەستن بۆ خزمەتکردنی؟ 10 جا تۆ و هەموو براکانت لە نەوەی لێڤی لە خۆی نزیک کردەوە و داوای کاهینیێتیش دەکەن؟ 11 کەواتە تۆ و هەموو کۆمەڵەکەت لەسەر دژایەتیکردنی یەزدان ڕێک کەوتوون، بەڵام هارون کێیە هەتا بۆڵەبۆڵی لەسەر بکەن؟»

12 جا موسا ناردی هەتا بانگی داتان و ئەبیرامی کوڕانی ئەلیاب بکەن، بەڵام ئەوان گوتیان: «نایەین! 13 ئایا ئەمە بەس نییە کە تۆ لە خاکێک دەرتهێناین کە شیر و هەنگوینی لێ دەڕژێت هەتا لە چۆڵەوانی بمانمرێنیت و ئێستاش خۆت بکەیت بە میر بەسەرمانەوە، 14 هەروەها ئێمەت نەهێناوەتە خاکێک شیر و هەنگوینی لێ بڕژێت و کێڵگە و ڕەزت بە میرات پێنەداین. ئایا چاوی ئەو کەسانە دەردەهێنیت؟[v] ئێمە نایەین!»

15 جا موسا زۆر تووڕە بوو و بە یەزدانی گوت: «ئاوڕ لە قوربانییەکەیان مەدەوە، نە گوێدرێژێکم لێ بردوون و نە خراپەم لەگەڵ کەسیان کردووە.»

16 ئینجا موسا بە قۆرەحی گوت: «بەیانی تۆ و هەموو کۆمەڵەکەت لەبەردەم یەزدان بن، تۆ و ئەوان و هارونیش، 17 هەریەکە بخووردانەکەی ببات و بخووری تێبکات و هەریەکە بخووردانەکەی لەبەردەم یەزدان پێشکەش بکات، دوو سەد و پەنجا بخووردان، تۆ و هارونیش هەریەکە و بخووردانی خۆی.» 18 جا هەریەکە بخووردانەکەی خۆی برد و ئاگریان تێکرد و بخووریان بەسەردا کرد و لەگەڵ موسا و هارون لەلای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن ڕاوەستان. 19 قۆرەحیش هەموو کۆمەڵی لە دژی ئەوان لەلای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن کۆکردەوە، جا شکۆمەندی یەزدان بۆ هەموو کۆمەڵ دەرکەوت. 20 ئینجا یەزدان بە موسا و هارونی فەرموو: 21 «خۆتان لەم کۆمەڵە جیا بکەنەوە، وا من دەستبەجێ لەناویان دەبەم.»

22 بەڵام موسا و هارون بەسەر ڕوویاندا کەوتن و گوتیان: «خودایە، ئەی ئەو خودایەی ژیان بە ئادەمیزاد دەبەخشیت، ئایا یەک پیاو گوناه بکات، تۆ لە هەموو کۆمەڵ تووڕە دەبیت؟»

23 جا یەزدان بە موسای فەرموو: 24 «لەگەڵ کۆمەڵ بدوێ و بڵێ: ”لە دەوروبەری چادرەکانی قۆرەح و داتان و ئەبیرام دوور بکەونەوە.“»

25 موسا هەستا و چوو بۆ لای داتان و ئەبیرام، پیرەکانی ئیسرائیلیش دوای کەوتن، 26 ئینجا موسا بە کۆمەڵەکەی گوت: «لە چادرەکانی ئەو کەسە بەدکارانە دوور بکەونەوە و دەست لە هیچ شتێکی ئەوان مەدەن، نەوەک بە هەموو گوناهەکانی ئەوانەوە لەناوبچن.» 27 ئیتر ئەوانیش لە دەوروبەری چادرەکانی قۆرەح و داتان و ئەبیرام دوور کەوتنەوە و داتان و ئەبیرامیش هاتنە دەرەوە و لەگەڵ ژن و کوڕ و منداڵەکانیان لە دەرگای چادرەکانیان وەستان.

28 ئینجا موسا گوتی: «بەمە دەزانن کە یەزدان ناردوومی هەتا ئەم هەموو کارانە بکەم و ئەمەش لە خۆمەوە نییە. 29 ئەگەر ئەم پیاوانە وەک مردنێکی سروشتی بمرن و وەک هەموو مرۆڤێک بە مەرگی ئاسایی مردن، ئەوا یەزدان منی نەناردووە. 30 بەڵام ئەگەر یەزدان شتێکی نوێی داهێنا و زەوی دەمی کردەوە و قووتی دان لەگەڵ هەموو ئەوەی هەیانە و بە زیندوویی چوونە خوارەوە بۆ ناو جیهانی مردووان، ئەوا دەزانن کە ئەو کۆمەڵە سووکایەتییان بە یەزدان کردووە.»

31 کاتێک لە هەموو ئەم قسانە بووەوە، زەوییەکەی ژێریان شەق بوو و 32 زەوی دەمی کردەوە و قووتی دان لەگەڵ ماڵەکانیان و هەموو پیاوەکانی قۆرەح و لەگەڵ هەموو سامانەکانیان. 33 جا خۆیان و هەموو ئەوەی هەیان بوو بە زیندوویی چوونە خوارەوە بۆ ناو جیهانی مردووان و زەوی بەسەریاندا هاتەوە یەک و لەنێو کۆمەڵدا لەناوچوون. 34 هەموو ئیسرائیلیش کە لە چواردەوریان بوون لە هاواریان هەڵاتن، گوتیان: «نەوەک زەوی قووتمان بدات!»

35 ئاگرێکیش لەلایەن یەزدانەوە هات و دوو سەد و پەنجا پیاوەکەی هەڵلووشی کە بخووریان پێشکەش کرد.

36 ئینجا یەزدان بە موسای فەرموو: 37 «بە ئەلعازاری کوڕی هارونی کاهین بڵێ، با بخووردانەکان لەناو ئاگرەکە هەڵبگرێت و پاشماوەی ئاگرەکە لە دوور و بە فراوانی بڵاو بکاتەوە، 38 چونکە بخووردانەکانی ئەوانەی لە دژی نرخی ژیانی خۆیان گوناهبارن پیرۆزکراون. با بخووردانەکان بکوتن و بیکەنە چەند پلێتێک و قوربانگاکەی پێ دابپۆشرێت، چونکە لەبەردەم یەزدان پێشکەشیان کرد و پیرۆز بوو، نەوەی ئیسرائیل پەند لەمە وەردەگرن.»

39 ئینجا ئەلعازاری کاهین بخووردانە بڕۆنزییەکانی برد کە ئەوانەی سووتێنرابوون پێشکەشیان کردبوو و کوتایان و کردیانە پۆشەر بۆ قوربانگاکە، 40 وەک یەزدان پێی فەرموو لەسەر دەستی موسا. ئەمە وەک بەبیرهێنانەوەیەک بوو بۆ نەوەی ئیسرائیل، ئەگەر پیاوێکی بێگانە کە لە نەوەی هارون نەبێت لەبەردەم یەزدان بۆ بخوور سووتاندن نزیک بکەوێتەوە، ئەوا وەک قۆرەح و کۆمەڵەکەی لێدێت.

41 جا هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل بۆ بەیانی دەستیان بە بۆڵەبۆڵ کرد لەسەر موسا و هارون و گوتیان: «ئێوە گەلی یەزدانتان کوشت.»

42 کاتێک کۆمەڵ لە دژی موسا و هارون کۆبوونەوە ئەوان چوونە لای چادری چاوپێکەوتن، لەپڕ هەورێک دایپۆشی و شکۆمەندی یەزدان دەرکەوت. 43 جا موسا و هارون هاتنە بەردەم چادری چاوپێکەوتن. 44 یەزدانیش بە موسای فەرموو: 45 «لەنێو ئەم کۆمەڵە بچنە دەرەوە، من بە ساتێک لەناویان دەبەم.» جا بەسەر ڕوویاندا کەوتن.

46 ئینجا موسا بە هارونی گوت: «بخووردانەکە ببە و لەسەر قوربانگاکەوە ئاگری تێبکە، بخووری لەسەر دابنێ، بە خێرایی بیبە لای کۆمەڵ و کەفارەتیان بۆ بکە. لەبەر ئەوەی تووڕەیی یەزدان جۆشاوە، وا دەردەکە دەستی پێکرد.» 47 ئیتر هارون لەسەر قسەی موسا ڕایکرد بۆ ناو کۆمەڵ، بەڵام دەردەکە لەنێو گەلدا دەستی پێکردبوو، ئەویش بخوورەکەی پێشکەش کرد و کەفارەتی بۆ گەل کرد. 48 هارون لەناوەندی مردووان و زیندوواندا ڕاوەستا، دەردەکەش وەستا، 49 جا ئەوانەی بە دەردەکە مردن چواردە هەزار و حەوت سەد بوون، بێجگە لەوانەی بەهۆی قۆرەحەوە مردن. 50 ئینجا هارون گەڕایەوە لای موسا بۆ لای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن، لەبەر ئەوەی دەردەکە وەستابوو.

خونچەکردنی گۆچانی هارون

17 یەزدان بە موسای فەرموو: «لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و گۆچانیان لێ وەربگرە، بۆ هەر هۆزێک گۆچانێک، لە هەموو سەرۆکەکانیان بەگوێرەی هۆزەکانیان دوازدە گۆچان و ناوی هەریەکەیان لەسەر گۆچانەکەی دەنووسیت و ناوی هارونیش لەسەر گۆچانی لێڤی دەنووسیت، چونکە بۆ هەر سەرۆک هۆزێک یەک گۆچانە. لە چادری چاوپێکەوتن لەبەردەم سندوقی پەیمان دایبنێ، لەو شوێنەی لەگەڵتان کۆ دەبمەوە. جا ئەو پیاوەی هەڵیدەبژێرم گۆچانەکەی چەکەرە دەکات، ئەوسا ئەو بۆڵەبۆڵەی نەوەی ئیسرائیل لەسەر خۆم کپ دەکەم کە لە دژی ئێوە دەیکەن.»

ئینجا موسا قسەی لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل کرد، هەموو سەرکردەکان هەریەکە گۆچانێکیان دایێ، دوازدە گۆچان بەگوێرەی ژمارەی سەرۆک هۆزەکان، گۆچانەکەی هارونیش لەنێو گۆچانەکانی ئەوان بوو. جا موسا گۆچانەکانی لەناو چادری پەیمان لەبەردەم یەزدان دانا.

بۆ بەیانیش موسا چووە ناو چادری شایەتی و بینی گۆچانەکەی هارون کە سەر بە بنەماڵەی لێڤییە چەکەرەی کردووە، خونچەی کردووە و گوڵی کردووە و بادەمی گرتووە و پێگەیشتووە. جا موسا هەموو گۆچانەکانی لەبەردەم یەزدان بردە دەرەوە بۆ هەموو نەوەی ئیسرائیل، تەماشایان کرد و هەریەکە گۆچانی خۆی بردەوە.

10 یەزدانیش بە موسای فەرموو: «گۆچانەکەی هارون بگەڕێنەوە بەردەم سندوقی پەیمان، بپارێزرێت بۆ ئەوەی یاخیبووان پەندی لێ وەربگرن. ئینجا بۆڵەبۆڵیان لە دژم دەوەستێت، بۆ ئەوەی نەمرن.» 11 موساش ئاوای کرد، هەروەک یەزدان فەرمانی پێ کرد.

12 ئینجا نەوەی ئیسرائیل بە موسایان گوت: «ئێمە لەناوچووین و ون بووین، هەموومان ون بووین! 13 هەموو ئەوانەی لە چادری پەرستنی یەزدان نزیک دەبنەوە دەمرن، ئایا هەموومان لەناودەچین؟»

خزمەتی کاهین و لێڤی

18 یەزدان بە هارونی فەرموو: «تۆ و کوڕەکانت و بنەماڵەکەت ئۆباڵی ئەو گوناهانە هەڵدەگرن کە لە پیرۆزگا دەکرێت، تۆ و کوڕەکانت ئۆباڵی ئەو گوناهانە هەڵدەگرن کە لە کاهینیێتییەکەتان دەکرێت. هەروەها براکانت، هۆزی لێڤی، هۆزی باوکت، لە خۆت نزیک بکەوە، ئینجا بە تۆوە پابەند دەبن و پاڵپشتی تۆ و کوڕەکانت دەکەن لەبەردەم چادری پەیمان. ئەوان بەردەستی خۆت و هەموو کاروباری چادرەکە دەکەن، بەڵام لە قاپوقاچاغی پیرۆزگاکە و لە قوربانگاکە نزیک ناکەونەوە، نەوەک ئەوان و ئێوەش، هەمووتان بمرن. پابەندت دەبن و بەرپرسیاریش دەبن لە پارێزگاری چادری چاوپێکەوتن لەگەڵ هەموو خزمەتی چادرەکە، هیچ کەسێکی دیکەش لێتان نزیک ناکەوێتەوە.

«بەڵکو ئێوە بەرپرسیار دەبن لە پارێزگاری پیرۆزگاکە و قوربانگاکە، تاکو جارێکی دیکە تووڕەیی نەیەتە سەر نەوەی ئیسرائیل. من خۆم لێڤییەکانی براتانم لەنێو نەوەی ئیسرائیل هەڵبژارد و دامەوە ئێوە، بۆ یەزدان تەرخانکراون تاکو خزمەتەکەی چادری چاوپێکەوتن بەجێبگەیەنن. تەنها تۆ و کوڕەکانت لەگەڵت خزمەتی کاهینیێتی دەکەن، لەگەڵ هەموو ئەوەی پەیوەندی بە قوربانگاکە هەیە و ئەوەی لەناو پەردەکەیە دەپارێزن. کاهینیێتی پێدراوێکی تایبەت بە ئێوەیە و پێمداون و هەرکەسێکی دیکە ئەوەی لە پیرۆزگا نزیک بکەوێتەوە دەکوژرێت.»

بەشی کاهین و لێڤییەکان

یەزدان بە هارونی فەرموو: «ئێستا من بەرپرسیاریێتی پێشکەشکراوەکان کە بۆ منی بەرز دەکەنەوە داومەتە تۆ، هەموو پێشکەشکراوە پیرۆزەکانی نەوەی ئیسرائیل، دەیدەمە خۆت و کوڕەکانت وەک بەشە کاهینیێتیتان و بەشێکی چەسپاوە. ئەم بەشە بۆ تۆ دەبێت لە پێشکەشکراوە هەرەپیرۆزەکان ئەوەی لە ئاگر دەپارێزرێت. لە هەموو قوربانییەکانیان و هەموو پێشکەشکراوەکانی دانەوێڵەیان و هەموو قوربانییەکانی گوناهیان و هەموو قوربانییەکانی تاوانیان کە بۆ منی دەهێنن، ئەو بەشە هەرەپیرۆزە بۆ تۆ و بۆ کوڕەکانتە. 10 وەک شتێکی هەرەپیرۆز دەیخۆیت، هەموو نێرینەیەک لێی دەخوات، بۆ تۆ پیرۆز دەبێت.

11 «ئەوەی لە بەخشین و قوربانی بەرزکردنەوەی ئیسرائیلییەکان بەلاوەدەنرێت، بۆ تۆیە. بەشێکی چەسپاوە داومەتە تۆ و کوڕ و کچەکانت. ئیتر هەموو کەسێک لە ماڵەکەت کە بەپێی ڕێوڕەسم پاکە لێی دەخوات.

12 «باشترین زەیت و باشترین شەراب و باشترین دانەوێڵە، یەکەمین بەرهەمەکانیان کە بە یەزدانی دەدەن، من هەموویم داوەتە تۆ، 13 یەکەمین بەرهەمی هەموو شتێکی زەوییەکەیان کە بۆ یەزدانی پێشکەش دەکەن بۆ تۆ دەبێت، هەموو کەسێک لە ماڵەکەت ئەوەی بەپێی ڕێوڕەسم پاکە لێی دەخوات.

14 «هەموو تەرخانکراوێک[w] بۆ یەزدان لە ئیسرائیل بۆ تۆ دەبێت، 15 هەر نۆبەرەیەکی سک کە پێشکەشی یەزدانی دەکەن لە مرۆڤ و لە ئاژەڵ، بۆ تۆ دەبێت، بەڵام پێویستە کوڕە نۆبەرەی مرۆڤ و نۆبەرە نێرینەی ئاژەڵی گڵاویش بکڕیتەوە. 16 پێویستە لە تەمەنی یەک مانگییەوە بیانکڕیتەوە، نرخی کڕینەوەش پێنج شاقل لە زیو بەگوێرەی خەمڵاندنی شاقلی پیرۆزگا، کە بیست گێرایە[x].

17 «بەڵام پێویستە نۆبەرەی مانگا و مەڕ و بزن نەکڕیتەوە، ئەوان پیرۆزن و خوێنەکەیان بەسەر قوربانگاکەدا دەڕژێنیت و پیوەکەیان[y] دەسووتێنیت، قوربانی بە ئاگرە، ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە. 18 گۆشتەکەشی بۆ تۆ دەبێت وەک سنگی قوربانی بەرزکردنەوە و ڕانی ڕاستە. 19 هەرچییەک کە بەلاوە دەنرێت لە پێشکەشکراوە پیرۆزەکانی نەوەی ئیسرائیل کە بۆ یەزدانی پێشکەش دەکەن وەک بەشێکی چەسپاو داومە بە تۆ و کوڕ و کچەکانت، دەبێتە پەیمانی نمەک بۆ تۆ و نەوەکەت کە هەتاهەتایە لەبەردەم یەزدان دەچەسپێت.»

20 هەروەها یەزدان بە هارونی فەرموو: «لە زەوییەکەیان هیچ میراتت بەرناکەوێت و لەنێویان بەشت نابێت، لەنێو نەوەی ئیسرائیل من بەش و میراتی تۆم.

21 «بەڵام نەوەی لێڤی لەبری ئەو خزمەتەی دەیکەن، خزمەتی چادری چاوپێکەوتن، ئەوا من لە ئیسرائیل وەک میرات هەموو دەیەکێکم پێداون. 22 لە ئێستا بەدواوە نەوەی ئیسرائیل لە چادری چاوپێکەوتن نزیک ناکەونەوە، هەتا گوناهێک هەڵبگرن کە بۆ مردن بێت، 23 بەڵکو لێڤییەکان خزمەتی چادری چاوپێکەوتن دەکەن، ئەوان بەرپرسیاریێتی هەڵدەگرن وەک فەرزێکی هەتاهەتایی نەوە دوای نەوە، لەنێو نەوەی ئیسرائیلدا هیچ میراتیان بەرناکەوێت. 24 دەیەکەکانی نەوەی ئیسرائیل کە بۆ یەزدانی پێشکەش دەکەن وەک بەخشینی بەرزکراوە، من داومە بە لێڤییەکان، میراتی ئەوانە، بۆیە پێیانم فەرموو کە لەنێو نەوەی ئیسرائیلدا هیچ میراتیان بەرناکەوێت.»

25 یەزدان بە موسای فەرموو: 26 «لەگەڵ لێڤییەکان دەدوێیت و پێیان دەڵێیت: ”کاتێک دەیەکەکە وەردەگرن لە نەوەی ئیسرائیل کە من وەک میرات بە ئێوەم داوە، بەخشینی بەرزکراوەی یەزدانی لێ پێشکەش دەکەن، دەیەک لە دەیەک. 27 جا بە بەخشینی بەرزکراوەتان دادەنرێت، وەک دانەوێڵەی جۆخین و پڕی بەرهەمی گوشەرەکە[z]. 28 بەم شێوەیە ئێوەش بەخشینی بەرزکراوەی یەزدان لە هەموو دەیەکەکانتان پێشکەش دەکەن کە لە نەوەی ئیسرائیلی وەردەگرن، لەوە بەخشینی بەرزکراوەی یەزدان بە هارونی کاهین دەدەن. 29 لە هەموو بەخشینەکانتان هەموو بەرزکراوەیەک بۆ یەزدان پێشکەش دەکەن کە لە هەرە باشترین و پیرۆزترین بێت.“

30 «پێیان دەڵێیت: ”کاتێک باشترینەکەی پێشکەش دەکەن، وەک بەرهەمی جۆخین و گوشەر[aa] بۆ لێڤییەکان هەژمارد دەکرێت. 31 ئێوە و ماڵەکانتان لە هەموو شوێنێک دەیخۆن، چونکە کرێی ئێوەیە لەبری خزمەتتان لە چادری چاوپێکەوتن. 32 بەهۆیەوە گوناهباریش نابن ئەگەر لە باشترینەکەی پێشکەش بکەن، بەڵام پێشکەشکراوە پیرۆزەکانی نەوەی ئیسرائیل گڵاو مەکەن نەوەک بمرن.“»

ئاوی پاککردنەوە

19 یەزدان بە موسا و هارونی فەرموو: «ئەمە فەرزی فێرکردنەکەیە کە یەزدان فەرمانی پێ کردووە و دەفەرموێت، بە نەوەی ئیسرائیل بڵێ با نوێنگینێکی[ab] سووری ساغت بۆ بهێنن کە کەموکوڕی تێدا نەبێت و نیری نەخرابێتە سەر. بدرێتە ئەلعازاری کاهین و دەبردرێتە دەرەوەی ئۆردوگا و لەبەردەمی سەردەبڕدرێت. ئەلعازاری کاهینیش بە پەنجەی لە خوێنەکەی دەبات و بەرەو ڕووی چادری چاوپێکەوتن حەوت جار دەیپرژێنێت. نوێنگینەکەش لەبەرچاوی دەسووتێنرێت، پێستی و گۆشتی و خوێنی و ڕیخی دەسووتێنرێت. کاهینیش پارچە دارێکی ئورز و بەنی سووری ئاڵ و زوفا دەبات و هەڵیاندەداتە ناو ئاگری نوێنگینەکە. ئینجا کاهین جلەکانی دەشوات و خۆی بە ئاو دەشوات و لەدوای ئەوە دێتە ناو ئۆردوگاکەوە، هەتا ئێوارەش بەپێی ڕێوڕەسمی ئایینی گڵاو دەبێت. ئەوەش کە سووتاندی جلەکانی بە ئاو دەشوات و خۆی بە ئاو دەشوات و هەتا ئێوارەش گڵاو دەبێت.

«پیاوێکی پاکیش خۆڵەمێشی نوێنگینەکە کۆدەکاتەوە و لە دەرەوەی ئۆردوگاکە لە شوێنێکی پاک بەپێی ڕێوڕەسم دایدەنێت، جا بۆ کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل پارێزراو دەبێت بۆ ئاوی پاککردنەوە، چونکە پاکبوونەوەیە لە گوناه. 10 ئەوەی خۆڵەمێشی نوێنگینەکەشی کۆکردەوە جلەکانی دەشوات و هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت، جا بۆ نەوەی ئیسرائیل و ئەو نامۆیەش کە لەنێویانە، دەبێت بە فەرزێکی هەتاهەتایی.

11 «ئەوەی دەست لە لاشەی کەسێکی مردوو بدات ئەوا حەوت ڕۆژ گڵاو دەبێت. 12 پێویستە لە ڕۆژی سێیەمدا خۆی پێ پاک بکاتەوە[ac] و لە ڕۆژی حەوتەم پاک دەبێت، بەڵام ئەگەر لە ڕۆژی سێیەمدا خۆی پاک نەکاتەوە ئەوا لە ڕۆژی حەوتەم پاک نابێت. 13 هەرکەسێک دەست لە لاشەی کەسێکی مردوو بدات و خۆی پاک نەکاتەوە ئەوا چادری پەرستنی یەزدان گڵاو دەکات، ئەو کەسە لە ئیسرائیل دەبڕدرێتەوە، چونکە ئاوی پاککردنەوەی بەسەردا نەپرژێنراوە و گڵاوە، گڵاوییەکەی هێشتا تێدا ماوە.

14 «ئەمە فێرکردنەکەیە، ئەگەر کەسێک لەناو چادرێکدا مرد ئەوا هەر یەکێک بێتە ناو چادرەکە و هەموو ئەوانەی لەناو چادرەکە بوون حەوت ڕۆژ گڵاو دەبن، 15 هەموو دەفرێکی[ad] کراوەش کە بە باشی سەری دانەخرابێت ئەوا گڵاوە.

16 «هەرکەسێک لە دەشتودەر دەست لە کوژراوێکی بە شمشێر یان مردووێک یان ئێسکی مرۆڤێک یان گۆڕێک بدات، ئەوا حەوت ڕۆژ گڵاو دەبێت.

17 «جا بۆ گڵاو لە خۆڵەمێشی ئاگری قوربانی پاکبوونەوە دەبەن و لە گۆزەیەکدا ئاوێکی سازگاری بەسەردا دەکەن. 18 پیاوێکی پاکیش بەپێی ڕێوڕەسم زوفایەک دەبات و نوقومی ناو ئاوەکەی دەکات و بەسەر چادر و هەموو شتومەکەکانیدا دەپرژێنێت، بەسەر ئەو کەسانەشدا دەپرژێنێت کە لەوێ بوون، هەروەها ئەوەش کە دەستی لە ئێسک یان کوژراو یان مردوو یان گۆڕ داوە. 19 کەسە پاکەکەش لە ڕۆژی سێیەم و ڕۆژی حەوتەم ئاوەکە بەسەر کەسە گڵاوەکەدا دەپرژێنێت، لە ڕۆژی حەوتەم پاکی دەکاتەوە. ئەویش جلەکانی دەشوات و خۆی بە ئاو دەشوات و بۆ ئێوارە پاک دەبێت. 20 بەڵام ئەو کەسەی گڵاو دەبێت و خۆی پاک ناکاتەوە، ئەوا ئەو گیانە لەنێو کۆمەڵدا دەبڕدرێتەوە، چونکە پیرۆزگای یەزدانی گڵاو کردووە، ئاوی پاککردنەوەی بەسەردا نەپرژێنراوە، گڵاوە. 21 جا بۆیان دەبێتە فەرزێکی هەتاهەتایی.

«ئەوەی ئاوی پاککردنەوەی پرژاندووە جلەکانی دەشوات، ئەوەی دەستی لە ئاوی پاککردنەوە داوە، هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت، 22 هەرچییەک ئەو گڵاوە دەستی لێ بدات گڵاو دەبێت و ئەو کەسەش کە دەستی لێ بدات هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت.»

ئاو لە تاشەبەردەکەوە

20 ئینجا نەوەی ئیسرائیل، هەموو کۆمەڵەکە هاتنە چۆڵەوانی چن لە مانگی یەکدا و گەل لە قادێش چادریان هەڵدا و لەوێدا مریەم مرد و لەوێش نێژرا.

ئاو نەبوو بۆ کۆمەڵ، جا لە دژی موسا و هارون کۆبوونەوە و گەل کردیان بە دەمەقاڵێ لەگەڵ موسا و گوتیان: «خۆزگە وەک براکانمان لەبەردەم یەزدان لەناوبچووینایە! بۆچی کۆمەڵی یەزدانتان هێنایە ئەم چۆڵەوانییە هەتا تێیدا خۆمان و مەڕوماڵاتمان بمرین؟ بۆچی ئێمەتان لە میسرەوە هێنایە دەرەوە تاکو بمانهێنن بۆ ئەم شوێنە خراپە؟ ئەم شوێنە دانەوێڵە و هەنجیر و مێو و هەناری لێ نییە، ئاوی خواردنەوەشی لێ نییە!»

جا موسا و هارون لەبەردەم کۆمەڵەوە هاتنە لای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن و بەسەر ڕوویاندا کەوتن و شکۆمەندی یەزدانیان بۆ دەرکەوت. یەزدانیش بە موسای فەرموو: «گۆچانەکە ببە و کۆمەڵ کۆبکەرەوە، تۆ و هارونی برات لەبەرچاویاندا بەو تاشەبەردە بڵێن هەتا ئاوەکەی بدات، جا لە تاشەبەردەکەوە ئاویان بۆ هەڵدەقوڵێت و کۆمەڵ و مەڕوماڵاتەکانیان ئاو دەدەیت.»

موساش گۆچانەکەی لەبەردەم یەزدانەوە برد وەک فەرمانی پێ کرد. 10 موسا و هارون جەماوەریان لەپێش تاشەبەردەکە کۆکردەوە، موسا پێی گوتن: «ئەی یاخیبووان گوێ بگرن، ئایا لەم بەردەوە ئاوتان بۆ دەربهێنین؟» 11 موسا دەستی بەرزکردەوە و بە گۆچانەکەی دوو جار لە تاشەبەردەکەی دا، جا ئاوێکی زۆر هەڵقوڵا و کۆمەڵ و مەڕوماڵاتەکانیشیان لێیان خواردەوە.

12 بەڵام یەزدان بە موسا و هارونی فەرموو: «لەبەر ئەوەی متمانەتان پێ نەکردم، تاکو لەبەرچاوی گەلی ئیسرائیل من بە پیرۆز نیشان بدەن، هەر لەبەر ئەوە ئەم کۆمەڵە نابەنە ناو ئەو خاکەی پێم داون.»

13 ئەمە مێرگی مەریبایە کە نەوەی ئیسرائیل لەگەڵ یەزداندا دەمەقاڵێیان کرد و ئەویش لەنێویاندا پیرۆزی خۆی نیشان دان.

ئەدۆم ڕێگا بە ئیسرائیل نادات

14 ئینجا موسا لە قادێشەوە چەند نێردراوێکی بۆ لای پاشای ئەدۆم نارد:

«ئیسرائیلی برات ئاوا دەڵێت: تۆ بە هەموو ناخۆشییەکانت زانی کە تووشمان هات. 15 باوکانمان چوونە میسر و ڕۆژانێکی زۆر لە میسر ماینەوە. میسرییەکان ئێمە و باوکانی ئێمەیان زەلیل کرد، 16 بەڵام هاوارمان بۆ یەزدان کرد و گوێی لە دەنگمان بوو، فریشتەیەکی نارد و لە میسر دەریهێناین.

«ئێستا ئێمە لە قادێشین کە شارۆچکەیەکە لە نزیکی سنووری خاکەکەت. 17 تکایە ڕێمان بدە بە خاکەکەتدا تێپەڕین، نە بە کێڵگەیەکدا دەڕۆین و نە بە ڕەزێکدا و نە ئاوی بیرێک دەخۆینەوە، لە شاڕێگای پاشاوە[ae] دەڕۆین، نە بەلای ڕاست لادەدەین و نە بەلای چەپ هەتا لە خاکەکەت دەچینە دەرەوە.»

18 بەڵام ئەدۆم وەڵامی دانەوە:

«بە خاکەکەماندا[af] ناڕۆن، ئەگینا بە شمشێرەوە پەلامارتان دەدەم.»

19 نەوەی ئیسرائیلیش گوتیان:

«بە ڕاستەڕێدا دەڕۆین، ئەگەر خۆمان و مەڕوماڵاتەکانمان لە ئاوی تۆمان خواردەوە ئەوا نرخەکەی دەدەین، هیچی دیکە ناکەین تەنها بە پێیەکانمان تێدەپەڕین.»

20 دیسان ئەدۆم وەڵامی دانەوە:

«تێناپەڕن.»

ئینجا ئەدۆم بە سوپایەکی گەورە و دەستێکی توندەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەرچوو. 21 ئەدۆم ڕازی نەبوو ئیسرائیل بە خاکی ئەودا تێبپەڕێت، ئیسرائیلیش لێی لادا.

مردنی هارون

22 هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل لە قادێشەوە کۆچیان کرد و هاتنە کێوی هۆر، 23 یەزدانیش لە کێوی هۆر لەسەر سنووری خاکی ئەدۆم بە موسا و هارونی فەرموو: 24 «هارون دەچێتە پاڵ گەلەکەی، چونکە ناچێتە ناو ئەو خاکەی بە نەوەی ئیسرائیلم داوە، چونکە ئێوە لەلای مێرگی مەریبا لە فەرمانم یاخی بوون. 25 هارون و ئەلعازاری کوڕی ببە سەر کێوی هۆر و 26 جلەکان لەبەر هارون دابکەنە و لەبەر ئەلعازاری کوڕی بکە، جا هارونیش دەچێتە پاڵ گەلەکەی و لەوێ دەمرێت.»

27 موساش ئاوای کرد وەک یەزدان فەرمانی دا و لەبەرچاوی هەموو کۆمەڵ بەسەر کێوی هۆر کەوتن. 28 ئینجا موسا جلەکانی لەبەر هارون داکەند و لەبەر ئەلعازاری کوڕی کرد، هارونیش لەوێ لەسەر لووتکەی کێوەکە مرد، ئینجا موسا و ئەلعازار لە کێوەکە هاتنە خوارەوە. 29 کاتێک هەموو کۆمەڵ بینییان هارون مرد، هەموو بنەماڵەی ئیسرائیل سی ڕۆژ بۆ هارون گریان.

وێرانکردنی عەراد

21 کاتێک کەنعانییەکەی پاشای عەراد کە لە نەقەب نیشتەجێ بوو بیستی نەوەی ئیسرائیل لە ڕێگای ئەتاریمەوە هاتووە، شەڕی لەگەڵ ئیسرائیلییەکاندا کرد و هەندێکی لێیان بە دیل گرت. نەوەی ئیسرائیلیش نەزرێکیان بۆ یەزدان کرد و گوتیان، «ئەگەر ئەو نەتەوەیە بخەیتە ژێر دەستمان، ئەوا شارەکانی بە تەواوی وێران دەکەین[ag] یەزدانیش گوێی لە هاواری ئیسرائیل گرت و کەنعانییەکانی دایە دەست و خۆیان و شارۆچکەکانیان بە تەواوی وێران کردن، ئیتر ئەو شوێنە ناونرا حۆرما.[ah]

موسا مارێک لە بڕۆنز دروستدەکات

ئینجا لە کێوی هۆرەوە بە ڕێگای دەریای سوور کۆچیان کرد هەتا بە خاکی ئەدۆمدا بسوڕێنەوە، جا گەل لە ڕێگادا ئارامییان لێ بڕا. گەل لە دژی خودا و موسا قسەیان کرد و گوتیان: «بۆچی لە میسر دەرتانهێناین هەتا لە چۆڵەوانی بمرین؟ چونکە نە نان هەیە و نە ئاو! ئەم خواردنە بێ تامەمان لەبەرچاو کەوتووە.»

یەزدانیش ماری ژەهراوی بۆ سەر گەل نارد و بە گەلیانەوە دا و خەڵکێکی زۆر لە ئیسرائیل مردن. ئینجا گەل هاتنە لای موسا و گوتیان: «گوناهمان کرد لە دژی یەزدان و لە دژی تۆش قسەمان کرد. لەبەر ئەوە نزا بۆ یەزدان بکە هەتا ئەو مارانەمان لەسەر هەڵبگرێت.» موساش لە پێناوی گەل نزای کرد.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.