Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Bible in 90 Days

An intensive Bible reading plan that walks through the entire Bible in 90 days.
Duration: 88 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
دواوتار 8:1-23:11

یەزدانی پەروەردگارتان لەبیر مەکەن

ئاگاداربن بە جێبەجێکردنی هەموو ئەو فەرمانانەی من ئەمڕۆ فەرمانتان پێ دەکەم هەتا بژین و زۆر بن و ئەو خاکەی یەزدان سوێندی خواردووە بۆ باوباپیرانتان بچنە ناوی و دەستی بەسەردا بگرن. هەموو ئەو ڕێگایانەشتان لە یاد بێت، کە یەزدانی پەروەردگارتان لە ماوەی ئەم چل ساڵە لە چۆڵەوانیدا ئێوەی پێدا برد هەتا بێفیزتان بکات و هەڵتانبسەنگێنێت تاکو ئەوەی لەناو دڵتانە بیزانێت، ئاخۆ فەرمانەکانی پەیڕەو دەکەن یان نا. جا بێفیزی کردن و برسی کردن و مەنی دەرخوارد دان، کە پێشتر نەتاندەزانی و باوباپیرانتیشتان نەیاندەزانی[a] هەتا فێرتان بکات کە مرۆڤ تەنها بە نان ناژیێت، بەڵکو بە هەر وشەیەک کە لە دەمی یەزدانەوە دێتە دەرەوە. جلەکانتان بەبەرتانەوە کۆن نەبوون و پێتان نەئاوسا لەم چل ساڵەدا، جا لە دڵتانەوە بزانن وەک چۆن مرۆڤ کوڕەکەی تەمبێ دەکات، ئاوا یەزدانی پەروەردگارتان تەمبێی کردن.

فەرمانەکانی یەزدانی پەروەردگاریشتان پەیڕەو بکەن هەتا ڕێگاکانی بگرنەبەر و لێی بترسن، چونکە یەزدانی پەروەردگارتان دەتانهێنێتە خاکێکی باش، خاکی جۆگەکان و گۆماوەکان و سەرچاوەی کانیاوەکان لەناو دۆڵ و چیاکان، خاکی گەنم و جۆ و مێو و هەنجیر و هەنار، خاکی زەیتی زەیتوون و هەنگوین. خاکێکە نانی کەمی تێدا ناخۆن و تێیدا پێویستیتان بە هیچ شتێک نابێت، خاکێک بەردەکانی ئاسنە و لە چیاکانی مس هەڵدەکۆڵن.

10 جا کاتێک خواردتان و تێر بوون، ستایشی یەزدانی پەروەردگارتان دەکەن لەبەر ئەو خاکە باشەی پێیدان. 11 ئاگاداربن نەوەک یەزدانی پەروەردگارتان لەبیر بکەن و فەرمان و یاسا و فەرزەکانی بەجێنەهێنن، ئەوەی من ئەمڕۆ فەرمانتان پێدەدەم، 12 نەوەک کاتێک خواردتان و تێر بوون و خانووی خۆشتان دروستکرد و نیشتەجێ بوون و 13 مانگا و مەڕتان زیادی کرد و زێڕ و زیوتان بۆ زیاد بوو، هەموو ئەوەی هەتانە زیاد بوو، 14 لووتتان بەرز بێت و یەزدانی پەروەردگارتان لەبیر بچێت کە لە خاکی میسر لە ماڵی کۆیلەیی دەریهێنان. 15 ئەوەی بە چۆڵەوانی مەزن و ترسناکدا ئێوەی برد، شوێنی ماری ژەهراوی و دووپشک و خاکی تینووێتی و بێ ئاو، ئەوەی لە بەردەئەستێ ئاوی بۆ دەرهێنان. 16 ئەوەی لە چۆڵەوانی مەنی دەرخوارد دان کە باوباپیرانتان نەیاندەزانی، هەتا بێفیزتان بکات و هەڵتانبسەنگێنێت تاکو ئەوەی لەناو دڵتانە بیزانێت، بۆ ئەوەی لە کۆتاییدا چاکەتان لەگەڵدا بکات. 17 هەروەها نەوەک لە دڵی خۆتاندا بڵێن، «هێزی خۆمان و توانای دەستمان ئەم سامانەی بۆ دروستکردین،» 18 بەڵکو یەزدانی پەروەردگارتان لە یاد بێت، ئەو هێزتان دەداتێ بۆ سامان دروستکردن، هەتا ئەو پەیمانەی خۆی بەجێبگەیەنێت کە سوێندی بۆ باوباپیرانتان خوارد وەک ئەمڕۆ.

19 ئەگەر یەزدانی پەروەردگارتان لەبیر کرد و بەدوای خوداوەندانی دیکە کەوتن و پەرستتان و کڕنۆشتان بۆ بردن، ئەوا ئەمڕۆ شایەتیتان لەسەر دەدەم کە بێگومان لەناودەچن، 20 وەک ئەو گەلانەی یەزدان لەبەردەمتان لەناویان دەبات، ئێوەش لەناو دەبردرێن لەبەر ئەوەی ئێوە گوێڕایەڵی یەزدانی پەروەردگارتان نەبوون.

نەک لەبەر ڕاستودروستی ئیسرائیل

ئەی ئیسرائیل گوێ بگرن، ئەمڕۆ ئێوە خەریکن لە ڕووباری ئوردون دەپەڕنەوە هەتا بچنە ناوەوە و گەلەکانی ناوی دەربکەن، ئەوان لە ئێوە مەزنتر و بەهێزترن، شارەکانیان گەورە و شوورادارن هەتا ئاسمان. نەتەوەیەکی مەزن و باڵا بەرز، نەوەی عەناق، کە بەوانتان زانیوە و بیستووتانە کە گوتراوە: «کێ لە ڕووی نەوەی عەناق دەوەستێت؟» جا ئەمڕۆ بزانن کە یەزدانی پەروەردگارتان لەپێشتانەوە دەپەڕێتەوە وەک ئاگرێکی سووتێنەر، ئەو لەبەردەمتاندا لەناویان دەبات و زەلیلیان دەکات و ئێوەش دەریاندەکەن و بە خێرایی لەناویان دەبەن، هەروەک یەزدان بەڵێنی پێدان.

کاتێک یەزدانی پەروەردگارتان لەبەردەمتاندا لایان دەبات، لە دڵی خۆتاندا مەڵێن، «لەبەر ڕاستودروستیمان یەزدان ئێمەی هێنایە ئێرە هەتا دەست بەسەر ئەم خاکەدا بگرین،» بەڵکو لەبەر بەدکاری ئەو گەلانەیە، یەزدان لەبەردەمتاندا دەریاندەکات. لەبەر ڕاستودروستی و دڵپاکیتان نییە کە دەچنە ناوەوە تاکو دەست بەسەر زەوییەکەیاندا بگرن، بەڵکو لەبەر بەدکاری ئەو گەلانەیە کە یەزدانی پەروەردگارتان لەبەردەمتان دەریاندەکات و هەتا ئەو بەڵێنەش جێبەجێ بکات کە یەزدان سوێندی لەسەر خوارد بۆ باوباپیرانتان، ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب. جا بزانن لەبەر ڕاستودروستیتان نییە یەزدانی پەروەردگارتان ئەو خاکە باشەتان پێدەدات هەتا دەستی بەسەردا بگرن، چونکە ئێوە گەلێکی کەللەڕەقن.

گوێرەکە زێڕینە لەقاڵبدراوەکە

لە یادتان بێت و لەبیری مەکەن چۆن لە دەشتودەر یەزدانی پەروەردگارتان تووڕە کرد. لەو ڕۆژەوەی لە خاکی میسرەوە هاتنە دەرەوە و هەتا هاتنە ئەم شوێنە ئێوە لە یەزدان یاخین. تەنانەت لە حۆرێڤیش یەزدانتان تووڕە کرد و جا یەزدان لێتان تووڕە بوو هەتا ڕادەیەک ئامادە بوو لەناوتان ببات. کاتێک بۆ کێوەکە سەرکەوتم بۆ ئەوەی دوو تەختە بەردەکە، دوو تەختەکەی پەیمان کە یەزدان لەگەڵتانی بەست وەربگرم، چل شەو و چل ڕۆژ لە کێوەدا مامەوە و نانم نەخوارد و ئاوم نەخواردەوە. 10 یەزدانیش دوو تەختە بەردەکەی پێدام کە بە پەنجەی خودا نووسرا بوون و هەموو ئەو ڕاسپاردانەی لەسەر بوو کە یەزدان لە کێوەکە لەناو ئاگرەوە لە ڕۆژی کۆبوونەوەکە لەگەڵتاندا پێی دوا.

11 لە کۆتایی چل شەو و چل ڕۆژەکە، کاتێک یەزدان دوو تەختە بەردەکە، دوو تەختەکەی پەیمانی دامێ، 12 یەزدان پێی فەرمووم: «هەستە بە خێرایی لێرە بڕۆ خوارەوە، چونکە گەلەکەت ئەوەی تۆ لە میسرەوە دەرتهێنان گەندەڵ بوون، بە زوویی لەو ڕێگایە لایاندا کە فەرمانم پێکردن، بتێکی لەقاڵبدراویان بۆ خۆیان دروستکرد.»

13 هەروەها یەزدان پێی فەرمووم: «ئەم گەلەم بینی، بە ڕاستی گەلێکی کەللەڕەقن، 14 لێمگەڕێ لەناویان دەبەم و ناویان لەژێر ئاسمان دەسڕمەوە و دەتکەمە گەلێکی بەهێزتر و زۆرتر لەوان.»

15 منیش ڕووم وەرگێڕا و لە کێوەکە هاتمە خوارەوە، کێوەکە بە ئاگر گڕی گرتبوو، دوو تەختەکەی پەیمانیشم بەدەستەوە بوو. 16 جا ڕوانیم ئێوە سەبارەت بە یەزدانی پەروەردگارتان گوناهتان کردبوو، بتێکی داڕێژراوتان[b] لە شێوەی گوێرەکەیەک بۆ خۆتان دروستکردبوو، بە زوویی لەو ڕێگایە لاتان دابوو کە یەزدان فەرمانی پێ کردبوون. 17 منیش دوو تەختەکەم گرت و لە دەستم فڕێمدان و لەبەرچاوتان شکاندم.

18 پاشان وەک یەکەم جار چل شەو و چل ڕۆژ لەبەردەم یەزدان کەوتم و نانم نەخوارد و ئاوم نەخواردەوە لەبەر هەموو ئەو گوناهانەی ئەنجامتان داوە، بەوەی لەبەردەم یەزدان خراپەتان کرد و پەستتان کرد. 19 لەو تووڕەیی و جۆشانە ترسام کە یەزدان لێتان پەست ببوو بە ڕادەیەک کە ئامادە بوو لەناوتان ببات، بەڵام یەزدان ئەو جارەش گوێی لێ گرتم. 20 یەزدان لە هارونیش زۆر تووڕە بوو هەتا لەناوی ببات، جا لەو کاتەدا لە پێناوی هارونیش نزام کرد. 21 هەروەها گوناهەکەتان، واتە ئەو گوێرەکەیەی کە دروستتان کردبوو، من بردم و سووتاندم و کوتام و باش هاڕیم هەتا وەک تۆز نەرم بوو، ئینجا تۆزەکەیم هەڵدایە ناو ئەو جۆگەیەی لە کێوەکەوە دێتە خوارەوە.

22 هەروەها لە تەبعیرە و مەسا و قیبرۆت هەتەڤا یەزدانتان تووڕە کرد.

23 کاتێکیش یەزدان لە قادێش بەرنێعەوە ئێوەی نارد، فەرمووی: «سەربکەون و دەست بەسەر ئەو خاکەدا بگرن کە پێم داون.» بەڵام ئێوە لە فەرمانی یەزدانی پەروەردگارتان یاخی بوون و بڕواتان پێی نەکرد و گوێڕایەڵی ئەو نەبوون، 24 لەو ڕۆژەوەی ئێوەم ناسیوە، ئێوە لە دژی یەزدان یاخین.

25 ئەو چل شەو و چل ڕۆژە لەبەردەم یەزدان کەوتم، چونکە یەزدان فەرمووبووی لەناوتان دەبات. 26 نوێژم بۆ یەزدان کرد و گوتم، «ئەی یەزدانی باڵادەست، گەلەکەت و میراتەکەت لەناو مەبە کە بە توانای خۆت کڕیتەوە، ئەوەی بە دەستێکی بەهێز لە میسر دەرتهێنا. 27 خزمەتکارەکانت بەبیر بێتەوە، ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب، ئاوڕ لە کەللەڕەقی ئەم گەلە مەدەوە یان لە بەدکارییەکەیان یان لە گوناهەکەیان، 28 نەوەک خەڵکی ئەو وڵاتەی لێت دەرهێناین بڵێت: ”لەبەر ئەوەی یەزدان نەیتوانی بیانباتە ناو ئەو خاکەی کە بەڵێنی پێدابوون و لەبەر ئەوەی ڕقی لێیان بوو، دەریهێنان هەتا لە چۆڵەوانیدا بیانمرێنێت.“ 29 بەڵام ئەوان گەلی تۆن و میراتی تۆن کە بە توانا مەزنەکەت و دەستە بەهێزەکەت دەرتهێنان.»

دوو تەختە وەک ئەوانەی یەکەم جار

10 لەو کاتەدا یەزدان پێی فەرمووم: «دوو تەختە بەردی وەک ئەوانەی یەکەم بۆ خۆت بتاشە و سەربکەوە سەر کێوەکە بۆ لای من، سندوقێکیش لە دار بۆ خۆت دروستبکە، جا لەسەر دوو تەختەکە ئەو وشانە دەنووسمەوە کە لەسەر دوو تەختەکەی یەکەم جار بوون و تۆ شکاندت و بیانخە ناو سندوقەکە.»

منیش سندوقێکم لە داری ئەکاسیا[c] دروستکرد، دوو تەختە بەردی وەک ئەوانەی یەکەم جارم تاشی و بۆ شاخەکە سەرکەوتم و دوو تەختەکەشم لە دەست بوو. ئەویش لەسەر دوو تەختەکە وەک نووسراوی یەکەم جاری نووسییەوە، دە ڕاسپاردەکە کە یەزدان لەگەڵتاندا پێی دوا لە کێوەکە لەناو ئاگرەوە لە ڕۆژی کۆبوونەوەکە و ئینجا پێیدام. ئیتر گەڕامەوە و لە کێوەکە هاتمە خوارەوە و دوو تەختە بەردەکەم لەناو سندوقەکە دانا کە دروستم کردبوو، جا هێشتا لەوێن وەک یەزدان فەرمانی پێ کردم.

نەوەی ئیسرائیلیش لە بیرەکانی نەوەی یەعقانەوە کۆچیان کرد بۆ مۆسێرە. لەوێ هارون مرد و هەر لەوێش نێژرا. ئیتر ئەلعازاری کوڕی لە جێی ئەو بوو بە کاهین. لەوێشەوە کۆچیان کرد بۆ گودگۆدە، لە گودگۆدەشەوە بۆ یۆتباتە کە خاکی جۆگە ئاوەکانە. لەو کاتەدا یەزدان هۆزی نەوەی لێڤی جیا کردەوە[d] بۆ ئەوەی سندوقی پەیمانی یەزدان هەڵبگرن و لەبەردەم یەزدان بوەستن بۆ ئەوەی خزمەتی بکەن و بە ناوی ئەوەوە داوای بەرەکەت بکەن هەتا ئەمڕۆ، لەبەر ئەوە لێڤییەکان لەگەڵ براکانیان بەش و میراتیان نەبوو، یەزدان میراتی ئەوانە، هەروەک یەزدانی پەروەردگارتان لەگەڵیاندا دوا.

10 منیش وەک ڕۆژانی یەکەم جار چل شەو و چل ڕۆژ لە کێوەکە مامەوە و یەزدان ئەو جارەش گوێی لێ گرتم و یەزدان نەیویست لەناوتان ببات. 11 دواتر یەزدان پێی فەرمووم، «هەستە بڕۆ پێشڕەوی گەل بکە، جا دەچنە ناو ئەو خاکەی دەست بەسەریدا دەگرن کە سوێندم بۆ باوباپیرانیان خوارد بیاندەمێ.»

لە یەزدان بترسە

12 ئێستاش ئەی ئیسرائیل یەزدانی پەروەردگارتان چی لێتان دەوێت، تەنها ئەوەندە کە لە یەزدانی پەروەردگارتان بترسن تاکو هەموو ڕێگاکانی بگرنەبەر و خۆشتان بوێ، پڕ بە دڵ و لە ناخەوە یەزدانی پەروەردگارتان بپەرستن، 13 فەرمانەکانی یەزدان و فەرزەکانی بەجێبهێنن کە من ئەمڕۆ بۆ باشی خۆتان فەرمانتان پێ دەکەم.

14 ئەوەتا ئاسمان و ئاسمانی ئاسمان و زەوی و هەرچی تێیدایە بۆ یەزدانی پەروەردگارتانە، 15 لەگەڵ ئەوەشدا یەزدان دڵی بە باوباپیرانتانەوە بەند بوو و خۆشی ویستن، جا لەپاش خۆیان نەوەکەی ئەوانی هەڵبژارد کە ئێوەن، لە سەرووی هەموو گەلانەوە وەک ئەمڕۆ. 16 کەواتە دڵتان خەتەنە بکەن و ئیتر کەللەڕەق مەبن، 17 چونکە یەزدانی پەروەردگارتان خۆی خودای خودایانە و گەورەی گەورەیانە، ئەو خودا مەزنە بە توانا بە سامەی لایەنگری ناکات و بەرتیل وەرناگرێت، 18 دادپەروەری هەتیو و بێوەژن دەکات و دۆستی نامۆیە هەتا خۆراک و بەرگی بداتێ. 19 جا نامۆتان خۆشبوێت، چونکە لە خاکی میسردا نامۆ بوون. 20 لە یەزدانی پەروەردگارتان دەترسن، ئەو دەپەرستن و دەست بەوەوە دەگرن و بە ناوی ئەوەوە سوێند دەخۆن، 21 ئەو ستایشتانە و ئەو خوداتانە کە ئەو هەموو کارە مەزن و ترسناکەی بۆ کردن کە چاوەکانتان بینییان. 22 باوباپیرانتان حەفتا کەس بوون کە چوونە میسر و ئێستاش یەزدانی پەروەردگارتان لە زۆریدا وەک ئەستێرەی ئاسمانی لێکردوون.

خۆشویستن و پاراستنی فەرمانەکانی یەزدان

11 یەزدانی پەروەردگارتان خۆشبوێت و خواست و فەرز و یاسا و فەرمانەکانی هەمیشە بەجێبهێنن. بزانن کە پەیامەکەم بۆ ئێوەیە، نەک بۆ منداڵەکانتان کە ئەزموونی تەمبێکردنی یەزدانی پەروەردگاریان نییە. ئێوە کە مەزنێتی و دەستی پۆڵایین و بازووە بەهێزەکەی ئەوتان بینیوە؛ نیشانە و کارەکانی کە لە میسر بە فیرعەونی پاشای میسر و بە هەموو خاکەکەی کرد، ئەوەی بە ئەسپ و گالیسکەکانی سوپای میسری کرد کاتێک بەدواتان کەوتن، بە شەپۆلەکانی دەریای سووری پێچایەوە و بە تەواوی لەناوی بردن. هەروەها منداڵەکانی ئێوە نەبوون، بەڵکو ئێوە بوون کە بە چاوی خۆتان ئەوەتان بینی کە لە دەشتودەر بۆی کردن هەتا هاتنە ئەم شوێنە و ئەوەی بە داتان و ئەبیرامی کرد، دوو کوڕەکەی ئەلیابی ڕەئوبێنی، کاتێک لەناوەندی هەموو ئیسرائیلدا زەوی دەمی کردەوە و بە ماڵەکانیان و چادرەکانیان و هەموو ئەو شتە زیندووانەی هی ئەوان بوون هەڵیلووشی. ئێوە بە چاوی خۆتان هەموو کردارە مەزنەکانی یەزدانتان بینی کە کردی.

هەموو ئەو فەرمانانە بپارێزن کە ئەمڕۆ فەرمانتان پێ دەکەم، بۆ ئەوەی بەهێز بن و بچنە ناوەوە و دەست بەسەر ئەو خاکەدا بگرن کە ئێوە لە ڕووباری ئوردونەوە بۆی دەپەڕنەوە هەتا ببنە خاوەنی، هەروەها بۆ ئەوەی تەمەن درێژ بن لەسەر ئەو زەوییەی یەزدان سوێندی بۆ باوباپیرانتان خوارد بیانداتێ، بۆ خۆیان و نەوەکانیان، خاکێک شیر و هەنگوینی لێ دەڕژێت. 10 ئەو خاکەی کە ئێوە دەچنە ناوی هەتا دەستی بەسەردا بگرن، وەک خاکی میسر نییە کەوا بەجێتان هێشت، ئەو شوێنەی تۆوتان لێ دەچاند و بە پێیەکانتان ئاوتان دەدا[e] وەک باخی سەوزەوات. 11 بەڵکو ئەو خاکەی ئێوە لە ڕووباری ئوردونەوە بۆی دەپەڕنەوە هەتا دەستی بەسەردا بگرن، خاکی چیا و دۆڵە، لە بارانی ئاسمان ئاو دەخواتەوە. 12 خاکێک یەزدانی پەروەردگارتان بایەخی پێدەدات؛ چاوەکانی یەزدانی پەروەردگارتان لە سەرەتای ساڵ هەتا کۆتایی بە بەردەوامی لەسەریەتی. 13 جا ئەگەر گوێڕایەڵی فەرمانەکانم بوون کە من ئەمڕۆ فەرمانتان پێ دەکەم هەتا یەزدانی پەروەردگارتان خۆشبوێت، پڕ بە دڵ و لە ناخەوە بیپەرستن، 14 ئەوا بارانی زەوییەکەتان، پاییزە باران و بەهارە باران لە کاتی وەرزی خۆیدا دەدەم، تۆش دانەوێڵە و شەرابی نوێ و زەیتەکەت کۆدەکەیتەوە. 15 گیا دەدەمە ئاژەڵەکانت لە کێڵگەکەت، تۆش دەیخۆیت و تێر دەبیت.

16 بۆیە ئاگاداربن نەوەک دڵتان بخەڵەتێت و لابدەن و خودای دیکە بپەرستن و کڕنۆشی بۆ ببەن. 17 جا تووڕەیی یەزدان لێتان دەجۆشێت و ئاسمان دادەخرێت و باران نابارێت و زەوی بەروبووم نادات، ئێوەش بە خێرایی لەو خاکە چاکەی یەزدان پێتانی دەدات لەناودەچن.

18 جا ئەم وشانەم لەسەر دڵ و گیانتان دابنێن و وەک نیشانە لەسەر دەستتانی ببەستن و با گوڵنگ بن بە ناوچەوانتانەوە. 19 منداڵەکانیشتان فێر بکەن و پێی بدوێن کاتێک لە ماڵەکانتان دادەنیشن و کاتێک بە ڕێگادا دەڕۆن و کاتێک دەخەون و کاتێک هەڵدەستن، 20 لەسەر چوارچێوەی دەرگاکانی ماڵەکەت و لەسەر دەرگاکانی حەوشەکەت بینووسە، 21 بۆ ئەوەی ڕۆژانی خۆت و منداڵەکانت زیاد بکات لەسەر ئەو زەوییەی یەزدان سوێندی بۆ باوباپیرانت خوارد بیانداتێ هەروەک بەردەوامی ئاسمان بەسەر ڕووی زەویدا.

22 ئەگەر هۆشیار بوون و هەموو ئەو فەرمانانە بپارێزن کە من فەرمانتان پێ دەکەم هەتا بیکەن، بۆ ئەوەی یەزدانی پەروەردگارتان خۆشبوێت و هەموو ڕێگاکانی بگرنەبەر و دەستی پێوە بگرن، 23 ئەوا یەزدان هەموو ئەو گەلانە لەبەردەمتان دەردەکات و ئێوە دەبنە میراتگری گەلانی لە خۆتان گەورەتر و بەهێزتر. 24 هەر شوێنێک لەپی پێتان لێ دانا دەبێتە هی ئێوە، سنوورتان لە دەشتودەر و لوبنانەوە، لە ڕووبارەکەوە، ڕووباری فورات هەتا دەریای ڕۆژئاوا دەبێت. 25 هیچ کەس ناتوانێت لە دژتان بوەستێت، یەزدانی پەروەردگارتان ترس و سامتان دەخاتە سەر هەموو ئەو زەوییەی پێی لێ دەنێن، هەروەک بەڵێنی پێدان.

26 بڕوانە، من ئەمڕۆ بەرەکەت و نەفرەت لەبەردەمتان دادەنێم، 27 بەرەکەتە، ئەگەر گوێڕایەڵی فەرمانەکانی یەزدانی پەروەردگاری خۆتان بن کە من ئەمڕۆ فەرمانتان پێ دەکەم، 28 نەفرەتە، ئەگەر گوێڕایەڵی فەرمانەکانی یەزدانی پەروەردگاری خۆتان نەبن و لەو ڕێگایەی کە من ئەمڕۆ فەرمانتان پێ دەکەم لاتان دا هەتا بەدوای خودای دیکە بکەون کە نەتانناسیوە. 29 جا کاتێک یەزدانی پەروەردگارت تۆی هێنایە ئەو خاکەی کە تۆ دەچیتە ناوی هەتا دەستی بەسەردا بگریت، ئەوا بەرەکەتەکان لەسەر کێوی گەریزیم ڕابگەیەنە و نەفرەتەکانیش لەسەر کێوی عێبال. 30 وەک دەزانن ئەم کێوانە لەوبەری ڕووباری ئوردونەوەن، لە ڕۆژئاوای ڕێگاکە بەرەو خۆرئاوابوون، لە خاکی کەنعانییەکانی کە لە عەراڤادا نیشتەجێن، بەرامبەر گلگال لەتەنیشت دار بەڕووەکانی مۆرە، 31 چونکە ئێوە خەریکن لە ڕووباری ئوردون دەپەڕنەوە هەتا بچنە ناو ئەو خاکەی یەزدانی پەروەردگارتان پێتان دەدات و دەستی بەسەردا بگرن. کاتێک دەستتان بەسەردا گرت و تێیدا نیشتەجێ بوون، 32 ملکەچی هەموو ئەو فەرز و یاسایانە بن کە من ئەمڕۆ لەبەردەمتانی دادەنێم هەتا بیکەن.

تەنها لە شوێنی هەڵبژێردراو خودا بپەرستن

12 ئەمە ئەو فەرز و یاسایانەیە کە بەجێی دەهێنن هەتا لەو خاکەدا بیکەن کە یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانتان پێیداون هەتا دەستی بەسەردا بگرن بە درێژایی ڕۆژانی ژیانتان لەسەر زەوی. هەموو ئەو شوێنانە بە تەواوی تێکدەدەن، کە تێیدا ئەو نەتەوانەی ئێوە دەریاندەکەن، خوداوەندەکانیان دەپەرست لەسەر چیا سەرکەشەکان و لەسەر گردەکان و لەژێر هەموو دارێکی سەوز، قوربانگاکانیشیان تێکدەدەن، بەردە تەرخانکراوەکانیان دەشکێنن، ستوونە ئەشێراکانیان بە ئاگر دەسووتێنن، پەیکەرەکانی خوداوەندەکانیان دەبڕنەوە و لەو شوێنانەدا ناویان دەسڕنەوە.

بەو شێوەیەی ئەوان یەزدانی پەروەردگارتان ناپەرستن، بەڵکو ئەو شوێنەی یەزدانی پەروەردگارتان هەڵیدەبژێرێت لەنێو هەموو هۆزەکانتان هەتا ناوی خۆی تێدا دابنێت بۆ نیشتەجێبوونی[f]، ڕووتان لەو شوێنە دەکەن و بۆ ئەوێ دەچن. بۆ ئەوێ قوربانی سووتاندن و سەربڕاو و دەیەکەکان و بەخشینی بەرزکراوە و نەزر[g] و بەخشینی ئازاد[h] و نۆبەرەی مانگا و مەڕەکانتان پێشکەش دەکەن. لەوێ لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارتان ئێوە و خێزانەکانتان دەخۆن و دڵخۆش دەبن بە هەموو ئەوانەی دەستتان پێی دەگات، وەک یەزدانی پەروەردگارتان بەرەکەتداری کردن.

ئێوە ئاوا مەکەن، وەک ئەوەی ئێمە ئەمڕۆ لێرە دەیکەین، کە هەرکەسە بەو شێوەیەی خۆی دەکات کە ڕاستە لەپێش چاوی، چونکە هێشتا نەچوونەتە ناو شوێنی حەسانەوە و میرات کە یەزدانی پەروەردگارتان دەتانداتێ. 10 بەڵام لە ڕووباری ئوردون دەپەڕنەوە و لەو خاکە نیشتەجێ دەبن کە یەزدانی پەروەردگارتان دەتانداتێ بە میرات و ئێوە دەحەسێنێتەوە لە هەموو دوژمنەکانتان کە لە دەوروبەرتانن و ئینجا بە ئاسوودەیی نیشتەجێ دەبن، 11 ئەوا ئەو شوێنەی خوداتان هەڵیدەبژێرێت هەتا ناوی لەوێ بێت، بۆ ئەوێ هەموو ئەو شتانە هەڵدەگرن کە من فەرمانتان پێ دەکەم، قوربانی سووتاندن و سەربڕاو و دەیەکەکان و بەخشینی بەرزکراوە و هەموو هەڵبژێردراوی نەزرەکانتان کە بۆ یەزدانی دەکەن. 12 لەوێ لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارتان دڵخۆش دەبن، ئێوە و کوڕ و کچ و خزمەتکار و کارەکەرەکانتان، هەروەها ئەو لێڤییانەش کە لە دەروازەی شارۆچکەکانتانن، چونکە نە بەش و نە میراتیان لەگەڵتاندا نییە. 13 ئاگاداربن قوربانی سووتاندنەکانتان پێشکەش مەکەن لە هەر شوێنێک کە دەیبینن، 14 بەڵکو لەو شوێنەی یەزدان هەڵیدەبژێرێت لە یەکێک لە هۆزەکانتان، لەوێ قوربانی سووتاندنەکانتان پێشکەش دەکەن و لەوێ هەموو ئەوانە دەکەن کە من فەرمانتان پێدەدەم.

15 بەڵام لە هەموو ئەوانەی حەزتان بۆی دەچێت سەردەبڕن و گۆشت دەخۆن لە هەموو شارۆچکەکانتان بەگوێرەی ئەو بەرەکەتەی یەزدانی پەروەردگارتان کە پێیداون، کەسی گڵاو و پاک بەپێی ڕێوڕەسم لێی دەخۆن وەک مامز و ئاسک. 16 بەڵام خوێن ناخۆن، وەک ئاو دەیڕێژنە سەر زەوی. 17 بۆتان نییە لە شارۆچکەکانتاندا دەیەکی دانەوێڵە و شەرابی نوێ و زەیتەکەتان بخۆن، هەروەها لە نۆبەرەی مانگا و مەڕتان و نە هیچ شتێک لە نەزرەکانتان کە نەزریان دەکەن و لە بەخشینە ئازاد و بەرزکراوەکانتان، 18 بەڵکو لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارتان دەیخۆن لەو شوێنەی یەزدانی پەروەردگارتان هەڵیدەبژێرێت، خۆتان و کوڕ و کچ و خزمەتکار و کارەکەرەکانتان، هەروەها لێڤییەکانی شارۆچکەکانتان، لەبەردەم یەزدانی پەروەردگاریشتان بە هەموو ئەوانەی دەستتان پێی دەگات دڵخۆش دەبن. 19 ئاگاداربن لەوەی لێڤی پشت گوێ بخەن بە درێژایی ڕۆژانی ژیانتان لەسەر خاکەکەتان.

20 کاتێک یەزدانی پەروەردگاری خۆتان سنووری فراوان کردن وەک لەگەڵتاندا دوا و ئێوەش گوتتان «گۆشت دەخۆین،» چونکە حەزتان بۆ گۆشت خواردن چوو، ئەوا چەند حەزتان بۆی دەچێت لە گۆشت دەخۆن. 21 ئەگەر ئەو شوێنەی یەزدانی پەروەردگارتان هەڵیدەبژێرێت هەتا ناوی خۆی لێ دابنێت لێتانەوە دوور بوو، ئەوە لەو مانگا و مەڕانەی یەزدان پێتانی داوە سەری ببڕن وەک فەرمانم پێکردن و لە شارۆچکەکانتاندا لە هەموو ئەوانەی حەزتان بۆی چوو بخۆن. 22 وەک چۆن مامز و ئاسک دەخورێت ئاوا دەیخۆن، کەسی گڵاو و پاک بەپێی ڕێوڕەسم وەک یەک لێی دەخۆن، 23 بەڵام ئاگاداربن خوێن نەخۆن، چونکە خوێن ژیانەکەیە، جا ژیانەکە لەگەڵ گۆشتەکە مەخۆن، 24 نایخۆن، وەک ئاو لەسەر زەوی دەیڕێژن، 25 نایخۆن هەتا چاکە بێتە ڕێی خۆتان و منداڵەکانتان لەدوای خۆتان، چونکە ئەوەی لەبەرچاوی یەزدان ڕاستە، ئەوە دەکەن.

26 بەڵام شتە تەرخانکراوەکانتان کە هی ئێوەن و نەزرەکانتان هەڵدەگرن و دەچنە ئەو شوێنەی یەزدان هەڵیدەبژێرێت، 27 جا قوربانی سووتاندنەکانتان، گۆشتەکە و خوێنەکە لەسەر قوربانگای یەزدانی پەروەردگارتان دەکەن، بەڵام قوربانییە سەربڕدراوەکانتان، خوێنەکەی لەتەنیشتی قوربانگای یەزدانی پەروەردگارتان دەڕژێنرێن و گۆشتەکەش دەخۆن، 28 هۆشیار بن هەموو ئەو وشانەی من فەرمانتان پێدەدەم گوێڕایەڵی بن، هەتا بۆ خۆتان و منداڵەکانتان لەدوای خۆتان چاکە بێتە ڕێتان هەتاهەتایە، کاتێک ئەوەی لەبەرچاوی یەزدانی پەروەردگارتان چاکە و ڕاستە دەیکەن.

29 یەزدانی پەروەردگارتان لەبەردەمتاندا ئەو نەتەوانەی لەناو دەبات کە ئێوە خەریکن بۆیان دەچن هەتا دەریانبکەن. بەڵام کاتێک ئێوە دەریاندەکەن و لە خاکەکەیان نیشتەجێ دەبن، 30 دوای ئەوەی لەبەردەمتان لەناودەبردرێن، ئاگاداربن لەوەی نەکەونە داوەوە و سەبارەت بە خوداوەندەکانیان پرسیار مەکەن: «ئەو نەتەوانە چۆن خوداوەندەکانیان دەپەرست؟ ئێمەش ئاوا دەکەین.» 31 بۆ یەزدانی پەروەردگارتان ئاوا مەکەن، چونکە ئەوان هەموو ئەو شتانەی قێزەونە لەلای یەزدان لەوەی ڕقی لێیەتی بۆ خوداوەندەکانیان کردووە، چونکە تەنانەت کوڕان و کچانی خۆشیان بە ئاگر سووتاندووە بۆ خوداوەندەکانیان.

32 هەموو ئەو قسانەی کە فەرمانم پێکردن، ئاگاداربن بیکەن، نە بۆی زیاد بکەن و نە لێی کەم بکەنەوە.

پەرستنی خودای دیکە

13 ئەگەر لەنێوتاندا پێغەمبەرێک یان خەونبینێک کە خەونێکی بینیبێت دەرکەوت و نیشانەیەک یان پەرجووێکی پێدان، جا ئەگەر ئەو نیشانەیە یان ئەو پەرجووە کە بۆ ئێوەی باسکرد ڕوویدا و گوتی، «با بەدوای خودای دیکە بکەوین و بیانپەرستین،» ئەو خوداوەندانەی کە نەتانناسیوە، ئەوا گوێ لە قسەی ئەو پێغەمبەرە یان ئەو خەونبینە مەگرە کە ئەو خەونەی بینیوە، چونکە یەزدانی پەروەردگارتان تاقیتان دەکاتەوە تاکو بزانێت ئایا ئێوە پڕ بە دڵ و لە ناخەوە یەزدانی پەروەردگاری خۆتان خۆشدەوێت یان نا. بەدوای یەزدانی پەروەردگارتان دەڕۆن و لەو دەترسن و فەرمانەکانی دەپارێزن و گوێڕایەڵی دەبن و ئەو دەپەرستن و دەستی پێوە دەگرن. ئەو پێغەمبەرەش یان ئەو خەونبینەی ئەو خەونەی بینیوە دەکوژرێت، چونکە بە چەواشەکاری قسەی کرد لە دژی یەزدانی پەروەردگارتانەوە کە لە خاکی میسرەوە دەریهێنان و لە ماڵی کۆیلەیی کڕینیەوە، بۆ ئەوەی لەو ڕێگایە لات بدات کە یەزدانی پەروەردگارتان فەرمانی پێ کردوون لەسەری بڕۆن. جا خراپەکە لەنێو خۆتان دادەماڵن.

ئەگەر براکەت، کوڕی دایکت، یان کوڕەکەت یان کچەکەت، یان ژنەکەی باوەشت، یان هاوڕێکەت کە وەک خۆتە بە نهێنی لەبن گوێت خوێندی و گوتی، «دەڕۆین و خودای دیکە دەپەرستین،» ئەو خوداوەندانەی کە نە تۆ و نە باوباپیرانت نەیانناسیوە، لە خوداوەندەکانی ئەو گەلانەی دەوروبەرت، ئەوانەی لێتەوە نزیکن یاخود دوورن لەوپەڕی زەوی هەتا ئەوپەڕی، لەگەڵی ڕەزامەند مەبە و گوێی لێ مەگرە. دڵت پێی نەسووتێت و دەستی لێ مەپارێزە و بۆی دامەپۆشە، بەڵکو بە دڵنیاییەوە بیکوژە، یەکەم جار دەستی تۆ لەسەری بێت بۆ کوشتنی ئینجا لە کۆتاییدا دەستی هەموو گەل. 10 بەردبارانی دەکەیت هەتا دەمرێت، چونکە ویستی لە یەزدانی پەروەردگارت تۆ لابدات کە لە خاکی میسر لە ماڵی کۆیلەیی دەریهێنایت. 11 ئەوسا هەموو ئیسرائیل دەیبیستن و دەترسن و جارێکی دیکە هیچ کەسێک لەنێوتان وەک ئەم بەدکارییە ئەنجام نادات.

12 ئەگەر سەبارەت بە یەکێک لەو شارۆچکانەی یەزدانی پەروەردگارتان پێتان دەدات هەتا تێیدا نیشتەجێ بن وتەیەکتان بیست، 13 کە خەڵکانێکی بەدکار لەنێوتاندا سەریان هەڵداوە و دانیشتووانی شارۆچکەیان گومڕا کردووە و دەڵێن، «دەچین و خودای دیکە دەپەرستین،» ئەو خوداوەندانەی کە نەتانناسیون، 14 ئێوە لێی بکۆڵنەوە و بگەڕێن و باش پرسیار بکەن. ئەگەر زانیتان بابەتەکە ڕاستە و بێگومانە کە ئەو کارە قێزەونە لەنێوتاندا کراوە، 15 ئەوا بە شمشێر تەواوی دانیشتووانی ئەو شارۆچکەیە بکوژن و قڕیان بکەن،[i] بە هەموو ئەو شتانەوەش کە تێیدایە و بە ئاژەڵە ماڵییەکانیشییەوە. 16 هەموو شتومەکەکانی لە گۆڕەپانی شارۆچکەکەدا کۆدەکەنەوە و هەموو شارۆچکەکە و شتومەکەکانی وەک قوربانی سووتاندنێکی تەواو بۆ یەزدانی پەروەردگارتان دەسووتێنن، جا بۆ هەتاهەتایە دەبێتە گردێکی وێران و جارێکی دیکە بنیاد نانرێتەوە. 17 نابێت هیچ شتێکی تەرخانکراو بۆ قڕکردن لەلای ئێوە ببینرێتەوە، هەتا گڕی تووڕەییەکەی یەزدان دابمرکێتەوە، بەزەیی پێتان دێتەوە و لەگەڵتان میهرەبان دەبێت و زۆرتان دەکات هەروەک سوێندی بۆ باوباپیرانتان خوارد، 18 ئەگەر گوێڕایەڵی دەنگی یەزدانی پەروەردگارتان بوون بۆ پاراستنی هەموو فەرمانەکانی کە من ئەمڕۆ فەرمانتان پێدەدەم هەتا ئەوەی لەبەرچاوی یەزدانی پەروەردگارتان ڕاستە بیکەن.

خواردنی پاک و گڵاو

14 ئێوە ڕۆڵەی یەزدانی پەروەردگارتانن، لەشی خۆتان بریندار مەکەن و ناوچەوانتان مەتاشن لەبەر مردوو، چونکە ئێوە گەلێکی پیرۆزن بۆ یەزدانی پەروەردگارتان و یەزدانیش ئێوەی هەڵبژارد بۆ ئەوەی ببنە گەنجینەیەکی تایبەت بۆ ئەو لە سەرووی هەموو ئەو گەلانەی لەسەر ڕووی زەویدان.

هیچ شتێکی قێزەون مەخۆن. ئەمە ئەو ئاژەڵانەن کە دەیخۆن، گا و مەڕ و بزن، ئاسک و مامز و ئاسکە سوورە و بزنەکێوی و کەڵەکێوی و ئاسکەکێوی و مەڕەکێوی، هەر ئاژەڵێک کە سمی دوو کەرت بێت و کاوێژ بکات، ئەوە دەخۆن، تەنها ئەمانە ناخۆن لەوانەی کاوێژ دەکەن و سمیان دوو کەرتە، وشتر و کەروێشک و گۆڕهەڵکەنە، چونکە کاوێژ دەکەن، بەڵام سمیان کەرت نییە، لەبەر ئەوە بەپێی ڕێوڕەسمی ئایینی بۆتان گڵاوە. هەروەها بەرازیش، چونکە سمی کەرت کراوە، بەڵام کاوێژ ناکات، لەبەر ئەوە بەپێی ڕێوڕەسمی ئایینی بۆتان گڵاوە، نە گۆشتیان بخۆن و نە دەست لە کەلاکیان[j] بدەن.

لە هەموو ئەوانەی لەناو ئاوەکانیشن ئەمانە دەخۆن، هەموو ئەوانەی باڵ و پوولەکەیان هەبێت دەیخۆن، 10 بەڵام هەموو ئەوەی باڵ و پوولەکەی نەبێت نەیخۆن، بۆ ئێوە گڵاوە.

11 هەموو باڵندەیەکی پاک دەخۆن، 12 بەڵام ئەمانەیان لێ ناخۆن، هەڵۆ و سیسارکە کەچەڵ و داڵاش، 13 واشەی سوور و واشەی ڕەش، هەموو جۆرەکانی شاهین و شمقاڕ، 14 هەموو جۆرەکانی قەلەڕەش، 15 کوندەپەپووی شاخدار و بایەقووش، مەلی دەریا، هەموو جۆرەکانی باز، 16 کوندەپەپووی بچووک و کوندەپەپووی گەورە و کوندەپەپووی سپی و 17 کوندەپەپووی بیابان، واشەی ماسیگر، مەلی ماسیگرە، 18 لەقلەق و هەموو جۆرەکانی شاهۆ و پەپوولەسڵێمانکە و شەمشەمەکوێرە.

19 هەموو مێرووێکی باڵدار بۆ ئێوە گڵاوە و ناخورێت. 20 هەموو باڵندەیەکی پاک دەخۆن.

21 هیچ ئاژەڵێکی مرداربووەوە مەخۆن، بیدەن بەو نامۆیانەی لە هەر شارۆچکەیەکتان دەژیێن، ئەوان دەیخۆن، یان بیفرۆشنە بیانییەکان، چونکە ئێوە گەلێکی پیرۆزن بۆ یەزدانی پەروەردگارتان.

هیچ کاریلەیەک بە شیری دایکی لێمەنێن.

دەیەکەکان

22 هەموو بەروبوومی کشتوکاڵتان کە ساڵ بە ساڵ لە کێڵگەکانتان وەبەردێت، بە تەواوی دەیەکی لێ دەخەنەلاوە. 23 لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارتان لەو شوێنەی هەڵیدەبژێرێت بۆ ئەوەی ناوی لەوێ بێت، دەیەکی دانەوێڵە و شەرابی نوێ و زەیتەکەتان و نۆبەرەکانی مانگا و مەڕەکانتان دەخۆن، تاکو فێر بن هەردەم لە یەزدانی پەروەردگارتان بترسن[k]. 24 بەڵام ئەگەر ڕێگاکە بۆتان دوور بوو و یەزدانی پەروەردگارتان بەرەکەتداری کردبوون و نەتانتوانی دەیەکەکەتان بهێنن، چونکە ئەو شوێنەی یەزدانی پەروەردگارتان هەڵیدەبژێرێت بۆ ئەوەی ناوی لەوێ بێت لێتان دوور بوو، 25 ئەوا بە زیو بیفرۆشن و زیوەکە بپێچنەوە لە دەستتان و بڕۆن بۆ ئەو شوێنەی یەزدانی پەروەردگارتان هەڵیدەبژێرێت. 26 جا زیوەکە خەرج بکەن لە هەموو ئەوەی حەزتان بۆی دەچێت، لە مانگا و مەڕ و شەراب و مەی و هەموو ئەوەی گیانتان لێتان داوا دەکات و لەوێ لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارتان بیخۆن و ئێوە و ماڵەکانتان دڵخۆش بن. 27 ئەو لێڤییانەش کە لە شارۆچکەکانتانن بەجێیان مەهێڵن، چونکە بەش و میراتیان لەگەڵ ئێوەدا نییە.

28 لە کۆتایی هەر سێ ساڵێکدا هەموو دەیەکی بەروبوومی ئەو ساڵەتان دەربهێنن و لەناو شارۆچکەکانتان دایبنێن، 29 لێڤییەکانیش کە هیچ بەش و میراتیان لەگەڵ ئێوەدا نییە، لەگەڵ ئەو نامۆ و هەتیو و بێوەژنانەی کە لە شارۆچکەکانتانن بێن و بخۆن و تێر ببن، بۆ ئەوەی یەزدانی پەروەردگارتان لە هەموو کردارێکی دەستتان کە دەیکەن بەرەکەتدارتان بکات.

ساڵی بەتاڵکردنەوەی قەرزەکان

15 لە کۆتایی حەوت ساڵیش ساڵی بەتاڵکردنەوەی قەرزەکانە. ئەمەش چۆنیەتی بەتاڵکردنەوەیە، هەموو خاوەن قەرزەکان پێویستە لەو قەرزەی بە نزیکەکەی داوە بەتاڵی بکاتەوە. لە نزیکەکەی یان براکەی داوا ناکاتەوە، چونکە کاتی یەزدان بۆ بەتاڵکردنەوەی قەرزەکان بانگەواز کراوە. لە بیانی داوا دەکرێت، بەڵام ئەو قەرزەی لەلای براکەت هەتبوو، ئەوا پێویستە بەتاڵی بکەیتەوە. هەرچەندە پێویستە لەنێوتان کەس هەژار نەبێت، چونکە یەزدان بەرەکەتدارتان دەکات لەو خاکەی یەزدانی پەروەردگارتان پێتانی دەدات هەتا وەک میرات دەستی بەسەردا بگرن، ئەگەر گوێڕایەڵی یەزدانی پەروەردگارتان بوون، هەتا هەموو ئەو فەرمانانەی من ئەمڕۆ فەرمانتان پێ دەکەم، بپارێزن و کاریان پێ بکەن. یەزدانی پەروەردگارتان بەرەکەتدارتان دەکات وەک بەڵێنی پێدان، جا قەرز بە زۆربەی نەتەوەکان دەدەن و ئێوە قەرز ناکەن، بەسەر زۆربەی نەتەوەکاندا دەسەڵاتتان دەبێت و ئەوان بەسەرتانەوە دەسەڵاتدار نابن.

ئەگەر هەژارێک لەنێوتان بوو، یەکێک لە برایانتان لە شارۆچکەیەکی خاکەکەتان کە یەزدانی پەروەردگارتان پێتانی دەدات، ئەوا دڵتان ڕەق مەکەن و لە ئاست برا هەژارەکانتان دەستتان دامەخەن، بەڵکو دەستتانی بۆ بکەنەوە و ئەوەی پێویستییەتی بە قەرز بیدەنێ. ئاگاداربن لەوەی بیرێکی خراپتان لە دڵدا بێت و بڵێن، «ئەوا ساڵی حەوتەم نزیک بووەتەوە، ساڵی بەتاڵکردنەوەی قەرزەکانە،» ئیتر بە خراپی ڕەفتار لەگەڵ هەژار بکەن و نەیدەنێ، جا ئەویش بۆ یەزدان هاوار دەکات سەبارەت بە ئێوە و دەبێتە گوناه بەسەرتانەوە. 10 بە دڵفراوانییەوە پێی ببەخشن و با بە نابەدڵی نەبێت کاتێک دەیدەنێ، چونکە بەهۆی ئەم شتەوە یەزدانی پەروەردگارتان بەرەکەتدارتان دەکات لە هەموو کارەکانتان و لە هەموو ئەوەی دەستی بۆ دەبەن. 11 لەبەر ئەوەی هەژار لە خاکەکەدا کۆتایی نایەت، بۆیە من فەرمانتان پێدەدەم و دەڵێم: «دەستی یارمەتیتان بکەنەوە بۆ برای نەدارتان و بۆ هەژاران لە خاکەکەتان.»

ئازادکردنی خزمەتکار

12 ئەگەر برایەک یان خوشکێکی عیبرانیت پێ فرۆشرا و شەش ساڵ خزمەتی کردیت، ئەوا لە ساڵی حەوتەم لەلای خۆت ئازادی دەکەیت. 13 کاتێک ئازادیشی دەکەیت، بە دەستبەتاڵی ئازادی ناکەیت. 14 بەڵکو بە دڵفراوانییەوە لە مێگەلەکەت و جۆخینەکەت[l] و گوشەرەکەتی[m] پێدەدەیت، بەو شێوەیەی یەزدانی پەروەردگارت بەرەکەتداری کردوویت، پێی دەدەیت. 15 لە یادت بێت تۆش لە خاکی میسر کۆیلە بوویت، جا یەزدانی پەروەردگارت تۆی کڕییەوە، بۆیە من ئەمڕۆ فەرمانی ئەمەت پێ دەکەم.

16 بەڵام ئەگەر گوتی، «واز لە تۆ ناهێنم،» چونکە خۆت و ماڵەکەتی خۆشدەوێت، لەبەر ئەوەی لەلای تۆ لە خۆشیدا بووە، 17 ئەوا درێشە ببە و لەلای دەرگاکە گوێی کون بکە، جا بۆ هەتاهەتایە دەبێتە کۆیلەت، ئاواش بۆ کارەکەرەکەت دەکەیت.

18 بە لاتەوە گران نەبێت خزمەتکارەکەت ئازاد بکەیت، چونکە شەش ساڵ خزمەتی کردوویت، دوو هێندەی کرێگرتەیەک، جا یەزدانی پەروەردگارت بەرەکەتدارت دەکات لە هەموو ئەوەی کە دەیکەیت.

نۆبەرە ئاژەڵەکان

19 هەموو نۆبەرەیەکی نێرینەی مانگا و مەڕەکانت بۆ یەزدانی پەروەردگارت تەرخان دەکەیت، کار بە نۆبەرەی مانگاکەت مەکە و خوری نۆبەرەی مەڕەکانت مەبڕەوە. 20 ساڵ بە ساڵ لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارت دەیخۆیت لەو شوێنەی یەزدان هەڵیدەبژێرێت، خۆت و ماڵەکەت. 21 بەڵام ئەگەر ئاژەڵێک کەموکوڕییەکی تێدابێت، وەک شەلی یان کوێری، هەر کەموکوڕییەکی خراپ، ئەوا بۆ یەزدانی پەروەردگارت سەری مەبڕە، 22 لە شارۆچکەی خۆتدا دەیخۆیت، کەسی گڵاو و پاک بەپێی ڕێوڕەسم وەک یەک، وەک چۆن مامز و ئاسک دەخۆن. 23 بەڵام خوێنەکەی نەخۆیت، وەک ئاو دەیڕێژیتە سەر زەوی.

جەژنی پەسخە

16 مانگی ئاڤیڤ بپارێزن و جەژنی پەسخە بۆ یەزدانی پەروەردگارتان بکەن، چونکە لە مانگی ئاڤیڤدا یەزدانی پەروەردگارتان بە شەو لە میسر دەریهێنان. جا لە جەژنی پەسخە مانگا و مەڕ بۆ یەزدانی پەروەردگارتان سەردەبڕن، لەو شوێنەی یەزدان هەڵیدەبژێرێت بۆ ئەوەی ناوی لەوێ بێت. هیچ نانێکی بە هەویرترشی[n] لەگەڵ نەخۆن، حەوت ڕۆژ نانی فەتیرە دەخۆن، نانی تەنگانە، چونکە بە پەلە لە خاکی میسر هاتنە دەرەوە، هەتا هەموو ڕۆژانی ژیانتان، ڕۆژی هاتنەدەرەوەتان لە خاکی میسر لە یاد بێت. لە هەموو سنوورەکانتان نابێت هەویرترش ببینرێت بۆ حەوت ڕۆژ و نابێت هیچ لەو گۆشتەی ئێوارە کە ڕۆژی یەکەم سەری دەبڕن بۆ بەیانی بمێنێتەوە.

بۆتان نییە قوربانی جەژنی پەسخە لە یەکێک لە شارۆچکەکانتان سەرببڕن کە یەزدانی پەروەردگارتان دەتانداتێ، بەڵکو لەو شوێنەی یەزدانی پەروەردگارتان هەڵیدەبژێرێت هەتا ناوی لەوێ بێت، لەوێ قوربانی پەسخە سەردەبڕن لە ئێوارە، دەمەو خۆر ئاوابوون، لە کاتی یادکردنەوەی ساڵانەی هاتنەدەرەوەتان لە میسر. لەو شوێنەی یەزدانی پەروەردگارتان هەڵیدەبژێرێت، لێی دەنێن و دەیخۆن و ئینجا بۆ بەیانی دەگەڕێنەوە چادرەکانتان. شەش ڕۆژ نانی فەتیرە دەخۆن و ڕۆژی حەوتەمیش ئاهەنگی کۆتایی دەگێڕن بۆ یەزدانی پەروەردگارتان، هیچ کارێکی تێدا ناکەن.

جەژنی هەفتەکان

حەوت هەفتە دەژمێرن بۆ خۆتان، لە دەستپێکردنی دروێنەی دەغڵ دەستپێدەکەیت. 10 جەژنی هەفتەکان[o] بۆ یەزدانی پەروەردگارتان دەگێڕن، بەگوێرەی ئەوەی لە دەستتان دێتەدەر بەخشینێکی ئازاد دەبەخشن، وەک ئەوەندەی یەزدانی پەروەردگارتان بەرەکەتداری کردوون. 11 جا خۆتان و کوڕ و کچ و خزمەتکار و کارەکەرەکانتان، هەروەها ئەو لێڤییانەی کە لە شارۆچکەکانتانن و ئەو نامۆ و هەتیو و بێوەژنانەی کە لەنێوتانن لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارتان دڵخۆش دەبن، لەو شوێنەی یەزدانی پەروەردگارتان هەڵیدەبژێرێت هەتا ناوی لەوێ بێت. 12 لە یادتان بێت ئێوەش لە میسر کۆیلە بوون، بۆیە ئەو فەرزانە بەجێدەهێنن و پەیڕەویان دەکەن.

جەژنی کەپرەشینە

13 حەوت ڕۆژان جەژنی کەپرەشینە بۆ خۆتان دەکەن، کاتێک بەرهەم لە جۆخین و گوشەرەکەتان[p] کۆدەکەنەوە. 14 جا بە جەژنەکەتان خۆتان و کوڕ و کچ و خزمەتکار و کارەکەرەکانتان، هەروەها ئەو لێڤی و نامۆ و هەتیو و بێوەژنانەی لە شارۆچکەکانتاندان دڵخۆش دەبن. 15 حەوت ڕۆژان بۆ یەزدانی پەروەردگارتان جەژن دەگێڕن لەو شوێنەی یەزدان هەڵیدەبژێرێت، چونکە یەزدانی پەروەردگارتان بەرەکەتدارتان دەکات لە هەموو بەروبوومێک و لە هەموو کردارێکی دەستتان، جا بێگومان دڵخۆش دەبن.

16 سێ جار لە ساڵێکدا هەموو نێرینەکانتان لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارتان ئامادە دەبن، لەو شوێنەی کە خۆی هەڵیدەبژێرێت: لە جەژنی فەتیرە و جەژنی هەفتەکان و جەژنی کەپرەشینە. نابێت بە دەستبەتاڵی لەبەردەم یەزدان ئامادە بن، 17 بەپێی ئەو بەرەکەتەی یەزدانی پەروەردگارت پێت دەبەخشێت، هەریەکە بەگوێرەی ئەوەی لە دەستی دێتەدەر.

دادوەران

18 دادوەران و کوێخاکان بۆ خۆتان دادەنێن لە هەموو شارۆچکەکانتان کە یەزدانی پەروەردگارتان پێتانی دەدات بەگوێرەی هۆزەکانتان، جا ئەوانیش دادوەرییەکی ڕاستودروست بۆ گەل دەکەن. 19 دادوەری خوار مەکەنەوە و لایەنگری کەس مەکەن و بەرتیل وەرمەگرن، چونکە بەرتیل چاوی داناکان کوێر دەکات و قسەی ڕاستودروستان خوار دەکات. 20 دادوەری پەیڕەو دەکەن و تەنها دادوەری، هەتا بژین و دەست بەسەر ئەو خاکەدا بگرن کە یەزدانی پەروەردگارتان پێتانی دەدات.

پەرستنی خودایەکی دیکە

21 هیچ ستوونە ئەشێرایەک لە هیچ دارێک بۆ خۆتان ناچێنن لەتەنیشت قوربانگاکەی یەزدانی پەروەردگارتانەوە کە بۆ خۆتان دروستی دەکەن، 22 هیچ بەردێکی تەرخانکراو بۆ خۆتان ڕامەگرن، ئەوەی یەزدانی پەروەردگارتان ڕقی لێیەتی.

17 بۆ یەزدانی پەروەردگارتان گایەک یان بەرخێک سەرمەبڕن کە کەموکوڕییەک یان شتێکی خراپی تێدابێت، چونکە ئەوە قێزەونە لەلای یەزدانی پەروەردگارتان.

ئەگەر لەنێوتان، لە یەکێک لە شارۆچکەکانتان کە یەزدانی پەروەردگارتان پێتانی دەدات، پیاوێک یان ئافرەتێک بینرایەوە خراپە لەبەرچاوی یەزدانی پەروەردگارتان دەکات، بە شکاندنی پەیمانەکەی و دەڕوات و خودای دیکە دەپەرستێت و کڕنۆشی بۆ دەبات، یان بۆ خۆر یان بۆ مانگ یان بۆ هەر یەکێک لە ئەستێرەکانی ئاسمان، ئەو شتەی کە فەرمانم پێی نەداوە. جا پێتان ڕاگەیەنرا و بیستتان و باش لێتان کۆڵییەوە و تاوانبارکردنەکە ڕاست بوو و بێگومان ئەو کارە قێزەونە لە ئیسرائیل کرابوو، ئەوا ئەو پیاوە یان ئەو ئافرەتەی ئەو بەدکارییەی کردووە، دەریبکەن بۆ لای دەروازەی شارەکەتان و بەردبارانی بکەن هەتا دەمرێت. ئەوەی بکوژرێت لەسەر زاری دوو شایەت یان سێ شایەت دەکوژرێت، نابێت لەسەر زاری یەک شایەت بکوژرێت. یەکەم جار دەستی شایەتەکانی بەسەرەوە دەبێت بۆ کوشتنی پاشان دەستی هەموو گەل، جا خراپەکە لەنێو خۆتان دادەماڵن.

دادگا

ئەگەر داوایەکتان بەلاوە سەخت بوو لە بڕیاردان، چ لە تاوانی ڕووداوی کوشتن یان داواکاری ماف یان پەلاماردان، لە کاروباری ناکۆکی لە دادگاکانتان، ئەوا هەستن و بڕۆن بۆ ئەو شوێنەی یەزدانی پەروەردگارتان هەڵیدەبژێرێت. بڕۆنە لای کاهینە لێڤییەکان و لای ئەو دادوەرەی لەو ڕۆژانەدایە و بپرسن، جا حوکمی بڕیارەکەتان پێ ڕادەگەیەنن. 10 دەبێت ئەو بڕیارەی کە پێتانی ڕادەگەیەنن جێبەجێی بکەن، لەو شوێنەی یەزدان هەڵیدەبژێرێت. ئاگاداربن لەوەی ڕێک ئەوە بکەن کە فێرتان دەکەن. 11 بەپێی ئەو ڕێنماییە فێرتان دەکەن و ئەو حوکمەی پێتانی دەڵێن، وا دەکەن، لەو شتانە لامەدەن کە پێتانی ڕادەگەیەنن، نە بەلای ڕاست و نە بەلای چەپ. 12 ئەو پیاوەش کە بە لووتبەرزییەوە دەجوڵێتەوە و گوێ ناگرێت لەو کاهینەی لەوێ ڕاوەستاوە بۆ ئەوەی یەزدانی پەروەردگارتان بپەرستێت، یان گوێ لە دادوەرەکە ناگرێت، ئەوا ئەو پیاوە دەکوژرێت و خراپەکە لە ئیسرائیلدا دادەماڵرێت. 13 جا هەموو گەل دەبیستن و دەترسن و لەپاش ئەوە لووتبەرزانە ناجوڵێنەوە.

پاشاکە

14 کاتێک هاتنە ئەو خاکەی کە یەزدانی پەروەردگارتان دەتانداتێ و دەستتان بەسەردا گرت و تێیدا نیشتەجێ بوون، جا ئەگەر بڵێن، «پاشایەک بۆ خۆمان دادەنێین وەک هەموو ئەو نەتەوانەی دەوروبەرمان،» 15 ئەوا ئەو پاشایە بۆ خۆتان دادەنێن کە یەزدانی پەروەردگارتان هەڵیدەبژێرێت، یەکێک لە براکانتان بۆ خۆتان دەکەنە پاشا، بۆتان نییە یەکێکی بێگانە دابنێن کە ئیسرائیلییەکی براتان نییە. 16 بەڵام با ئەو پاشایە ئەسپ بۆ خۆی زۆر نەکات و گەل نەنێرێتەوە بۆ میسر، بۆ ئەوەی ئەسپی زۆرتر بەدەستبهێنێت، چونکە یەزدان پێی فەرموون: «نەکەن جارێکی دیکە بەو ڕێگایەدا بگەڕێنەوە.» 17 هەروەها با ژن بۆ خۆی زۆر نەکات، نەوەک دڵی لابدات و با زێڕ و زیویش بۆ خۆی گەلێک زۆر نەکات.

18 کاتێک لەسەر تەختی پاشایەتییەکەشی دادەنیشێت، با وێنەیەک لەم فێرکردنە لە پەڕتووکێک لەلای کاهینە لێڤییەکان بۆ خۆی بنووسێتەوە. 19 جا بە درێژایی ژیانی لەلای دەبێت و لێی دەخوێنێتەوە، بۆ ئەوەی فێر بێت لە یەزدانی پەروەردگاری خۆی بترسێت و هەموو وشەکانی ئەم فێرکردنە و ئەم فەرزانە بەجێبهێنێت هەتا پەیڕەویان بکات. 20 نەوەک بەسەر براکانیدا لووتبەرز بێت، نەوەک لە فەرمانەکان بەلای ڕاست یان بەلای چەپدا لابدات، بۆ ئەوەی درێژە بە ماوەی پاشایەتییەکەی بدات، خۆی و نەوەکانی لەنێو ئیسرائیل.

پێشکەشکراوەکان بۆ کاهینان و لێڤییەکان

18 کاهینە لێڤییەکان و هەموو هۆزی لێڤی بەش و میراتیان لەگەڵ ئیسرائیل نابێت، بەڵکو قوربانییە بە ئاگرەکان بۆ یەزدان بەشی ئەوانە، چونکە ئەمە میراتە بۆیان. جا لەناو براکانیان میراتیان نابێت، یەزدان میراتی ئەوانە وەک بەڵێنی پێدان.

ئەمەش مافی کاهین دەبێت لەسەر گەل، لەوانەی قوربانی سەردەبڕن، جا گا بێت یان مەڕ[q]، شان و شەویلاکی خوارەوە بە چەناگە و هەردوو ڕوومەتەوە و گەدە بە کاهین دەدرێن. هەروەها یەکەمین بەرهەمی دانەوێڵە و شەرابی تازە و زەیت و یەکەم بڕینەوەی خوری مەڕەکانتانی پێدەدەن، چونکە یەزدانی پەروەردگارتان لەناو هەموو هۆزەکانتان هەڵیبژاردن هەتا بوەستن بۆ خزمەتکردن بە ناوی یەزدانەوە، خۆیان و کوڕەکانیان هەتاهەتایە.

ئەگەر لێڤییەک لە هەر یەکێک لە شارۆچکەکانی ئیسرائیل، لەو شوێنەی دەژیێت و پڕ بە دڵی خۆی هات بۆ ئەو شوێنەی کە یەزدان هەڵیدەبژێرێت و بە ناوی یەزدانی پەروەردگارییەوە خزمەتی کرد، وەک هەموو برا لێڤییەکانی کە لەوێ لەبەردەم یەزدان وەستاون، ئەوا بەشیان یەکسان دەبێت لە خواردن، بێجگە لەوەی لە میراتی خێزانەکەی دەفرۆشرێت.

نەریتە قێزەونەکان

کاتێک چوونە ناو ئەو خاکەی کە یەزدانی پەروەردگارتان پێتان دەدات، فێر مەبن وەک نەریتە قێزەونەکانی ئەو نەتەوانە بکەن. 10 ئەوانەتان تێدا نییە کە کوڕەکەی یان کچەکەی وەک قوربانی بسووتێنێت، هەروەها نە ئەوانەی فاڵگرتنەوە دەکەن و نە بەخت خوێندنەوە و نە جادووگەری و نە سیحربازی، 11 نە ئەوانەی نوشتە دەکەن و نە ئەوانەی نێوانگرن[r] و نە ئەوانەی ڕۆح ئامادەکارن[s] و نە ئەوانەی ڕاوێژ بە مردووان دەکەن، 12 چونکە هەرکەسێک ئەم نەریتانە پەیڕەو بکات لەلای یەزدان قێزەونە، هەر بەهۆی ئەم نەریتە قێزەونانەیە یەزدانی پەروەردگارتان نەتەوەکان لەبەردەمتان ڕاو دەنێت. 13 لەلای یەزدانی پەروەردگارتان بێ کەموکوڕی دەبن.

پێغەمبەرەکە

14 ئەو نەتەوانەی ئێوە جێیان دەگرنەوە گوێ لە بەخت خوێنەر و فاڵگرەوان دەگرن، بەڵام بۆ ئێوە یەزدانی پەروەردگارتان بەم شێوەیە ڕێی نەداوە. 15 یەزدانی پەروەردگارتان لەنێوتان لە براکانتان پێغەمبەرێکی وەک منتان بۆ دەستنیشان دەکات، گوێی لێ دەگرن. 16 بەگوێرەی هەموو ئەو شتانەی لە یەزدانی پەروەردگارتان داوا کرد لە حۆرێڤ لە ڕۆژی کۆبوونەوە و گوتتان: «با ئیتر گوێمان لە دەنگی یەزدانی پەروەردگارمان نەبێت و ئەم ئاگرە مەزنەش نەبینینەوە، نەوەک بمرین.»

17 یەزدانیش پێی فەرمووم: «چاکیان کرد لەوەی گوتیان، 18 لەنێو براکانیان پێغەمبەرێکی وەک تۆیان بۆ دادەنێم و وتەکانم دەخەمە دەمی و ئەوەی فەرمانی پێدەدەم ئەو بۆیان پێی دەدوێت. 19 جا وا دەبێت ئەو کەسەی گوێ لە وشەکانم نەگرێت کە ئەو بە ناوی منەوە پێی دەدوێت، من لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکەم. 20 بەڵام ئەو پێغەمبەرەی لووتبەرز دەبێت و بە ناوی منەوە قسەیەک دەکات کە من فەرمانم پێی نەکردووە بیکات، یان ئەوەی بە ناوی خودای دیکەوە قسە بکات، ئەو پێغەمبەرە دەبێت بمرێت.»

21 ئەگەر لە دڵتانەوە بڵێن، «چۆن ئەو قسەیە بزانین کە یەزدان نەیفەرمووە؟» 22 ئەوا ئەوەی پێغەمبەرێک بە ناوی یەزدانەوە قسەی پێکردووە و ڕووی نەدا و نەبوو، ئەوە ئەو قسەیەیە کە یەزدان نەیفەرمووە، بەڵکو ئەو پێغەمبەرە بە لووتبەرزییەوە گوتوویەتی، جا لێی مەترسن.

شارەکانی پەناگا

19 کاتێک یەزدانی پەروەردگارتان ئەو نەتەوانەی قڕکرد کە یەزدانی پەروەردگارتان خاکەکەیانتان دەداتێ و کاتێک دەرتانکردن و لە شار و ماڵەکانیان نیشتەجێ بوون، سێ شار لە ناوەڕاستی خاکەکەتان بۆ خۆتان جیا دەکەنەوە کە یەزدانی پەروەردگارتان دەتانداتێ هەتا دەستی بەسەردا بگرن. ڕێگا دروستدەکەن و ئەو خاکەی کە یەزدانی پەروەردگارتان بە میرات دەتانداتێ، دەیکەن بە سێ بەشی سنووردار، تاکو ئەو کەسەی کەسێک بکوژێت بۆ ئەوێ هەڵبێت.

ئەم یاسایە بۆ ئەوەیە، ئەگەر کەسێک بەبێ ئەنقەست لە هاوڕێکەی دا کە پێشتر ناحەزی ئەو نەبووە، بۆ ئەوێ هەڵدێت، ئیتر دەژیێت. بۆ نموونە، یەکێک لەگەڵ هاوڕێکەی بچێتە ناو دارستان بۆ داربڕین و لە کاتی تەور وەشاندن ئاسنەکە لە داردەستەکە دەرپەڕێت و لە هاوڕێکەی بدات و بمرێت. ئەو کەسە بۆ یەکێک لەو شارانە هەڵدێت و دەژیێت. ئەگینا خوێنگرەکە لە تووڕەییدا بەدوای تۆمەتبارکراوەکە دەکەوێت و بەهۆی دووری ڕێگاکە بۆ شاری پەناگا، لە ڕێگا پێی دەگات و دەیکوژێت، لە کاتێکدا ئەو شایانی مردن نییە، چونکە پێشتر ئەو ناحەزی هاوڕێکەی نەبووە. بۆیە من فەرمانتان پێدەدەم کە سێ شار بۆ خۆتان جیا بکەنەوە.

ئەگەر یەزدانی پەروەردگارتان سنووری فراوان کردن وەک سوێندی بۆ باوباپیرانتان خوارد و هەموو ئەو خاکەی پێدان کە بەڵێنی بە باوباپیرانتان دا بیانداتێ، چونکە هەموو ئەم فەرمانانەتان پاراست هەتا جێبەجێی بکەن وەک ئەوەی من ئەمڕۆ فەرمانتان پێدەدەم، هەتا یەزدانی پەروەردگارتان خۆشبوێت و هەموو ڕۆژان ڕێگاکانی بگرنەبەر، ئەوا سێ شاری دیکەش بۆ خۆتان زیاد بکەن لەسەر ئەم سێیە. 10 ئەوە بکەن بۆ ئەوەی خوێنی بێتاوانێک لەناو خاکەکەتان نەڕژێت کە یەزدانی پەروەردگارتان بە میرات دەتانداتێ، جا تاوانی خوێنڕشتنتان لەسەر دەبێت.

11 بەڵام ئەگەر کەسێک ڕقی لە دراوسێکەی بێت و بۆسەی بۆ نایەوە و لێی هەستا و لێدانێکی کوشندەی لێدا و مرد و ئینجا بکوژەکە بۆ یەکێک لەو شارانە هەڵات، 12 ئەوا پیرانی شارۆچکەکەی خۆی دەنێرن و لەوێ دەیهێننەوە و دەیدەنە دەست خوێنگری تۆڵەسێنەر و دەکوژرێت. 13 بەزەییتان پێیدا نەیەتەوە، جا تاوانی ڕشتنی خوێنە بێتاوانەکە لە ئیسرائیلدا دادەماڵی و چاکەتان بۆ دەبێت.

14 سنووری بەردڕێژکراوی زەوی دراوسێکەت مەگوێزەوە کە ئەوانەی یەکەم جار دایانناوە، لەو میراتەی بەرت دەکەوێت لەو زەوییەی یەزدانی پەروەردگارت پێت دەدات هەتا ببیتە خاوەنی.

شایەتی

15 یەک شایەت بەس نییە بۆ تاوانبارکردنی کەسێک بە ئەنجامدانی تاوانێک یان هەڵەیەک، لە هەر تاوانێک کە دەیکات. هەر بابەتێک لەسەر زاری دوو یان سێ شایەت ڕاستییەکەی دەسەلمێنرێت.

16 ئەگەر شایەتێکی درۆ دەرکەوت بۆ ئەوەی بە چەوتی شایەتی لەسەر کەسێک بدات، 17 ئەوا هەردوو پیاوەکەی ناکۆکییان لەنێوانە، لەبەردەم یەزدان، لەبەردەم کاهینەکان و ئەو دادوەرانەی لەو ڕۆژانەدان ڕادەوەستن، 18 جا ئەگەر دادوەران باش لێیان کۆڵییەوە و زانییان شایەتەکە شایەتێکی درۆزنە و بە درۆ شایەتی لەسەر براکەی داوە، 19 ئەوا ئەوەی پێ بکەن کە دەیویست بە براکەی بکات، جا خراپەکە لەنێو خۆتان دادەماڵن و 20 ئەوانی دیکە دەبیستن و دەترسن و ئەو کارە خراپە لەنێوتاندا دووبارە ناکرێتەوە. 21 بەزەییتان نەبێت، گیان بە گیان، چاو بە چاو، ددان بە ددان، دەست بە دەست، پێ بە پێ.

چوون بۆ جەنگ

20 کاتێک دەچن بۆ ئەوەی لە دژی دوژمنەکانتان بجەنگن، ئەسپ و گالیسکە و سوپایەکی لە خۆتان زۆرترتان بینی، لێیان مەترسن، چونکە یەزدانی پەروەردگارتان لەگەڵتانە کە لە خاکی میسرەوە دەریهێنان. کاتێک لە جەنگ نزیک دەکەونەوە کاهینەکە دێتە پێش و وتار بۆ گەل دەدات، پێیان دەڵێت: «ئەی ئیسرائیل گوێ بگرە، ئێوە ئەمڕۆ لە جەنگ لە دژی دوژمنەکانتان نزیک بوونەتەوە، ورەتان نەڕووخێت، لێیان مەترسن و مەتۆقن و سام نەتانگرێت، چونکە یەزدانی پەروەردگارتان لەگەڵتان دەڕوات، هەتا بۆ ئێوە لە دژی دوژمنەکانتان بجەنگێت و سەرکەوتووتان بکات.»

ئینجا کوێخاکان قسە بۆ گەل دەکەن و دەڵێن: «کێ خانووێکی نوێی بنیاد ناوە و نەیکردووەتەوە، با بڕوات و بگەڕێتەوە بۆ ماڵەکەی، نەوەک لە جەنگەکەدا بکوژرێت و پیاوێکی دیکە بیکاتەوە. کێ ڕەزەمێوێکی چاندووە و لە یەکەم بەری نەخواردووە؟ با بڕوات و بگەڕێتەوە ماڵەکەی، نەوەک لە جەنگەکەدا بکوژرێت و پیاوێکی دیکە یەکەم بەری بخوات. کێ ژنێکی مارە کردووە و نەیگواستووەتەوە، با بڕوات و بگەڕێتەوە ماڵەکەی، نەوەک لە جەنگەکەدا بکوژرێت و پیاوێکی دیکە بیگوازێتەوە.» ئینجا دووبارە کوێخاکان قسە بۆ گەل دەکەن و دەڵێن: «کێ دەترسێت و ورەی ڕووخاوە؟ با بڕوات و بگەڕێتەوە بۆ ماڵەکەی، نەوەک دڵی براکانیشی بتۆقێت وەک خۆی.» کاتێک کوێخاکان لە قسەکردن لەگەڵ گەل تەواو دەبن، فەرماندەکان بۆ سوپا دادەنێن.

10 کاتێک لە شارێک نزیک دەبنەوە بۆ ئەوەی لەگەڵیدا بجەنگن، بانگی بکەن بۆ ڕێککەوتن. 11 جا ئەگەر بۆ ئاشتبوونەوە وەڵامی دانەوە و دەرگای بۆ کردنەوە، ئەوا هەموو ئەو گەلەی تێیدان بۆ ئێوە بێگاری[t] و کارت بۆ دەکەن. 12 بەڵام ئەگەر ئاشتییان نەویست و لە دژتان جەنگان ئەوا ئابڵوقەی بدەن. 13 کاتێک یەزدانی پەروەردگارتان ئەوی دایە دەستتان، ئەوا بە شمشێر لە هەموو پیاوەکانی بدەن، 14 بەڵام ئافرەت و منداڵ و ئاژەڵی ماڵی و هەموو شتێکی دیکە کە لەناو شارەکەیە، هەموو تاڵانکردنەکە دەبێتە دەستکەوتتان، ئەو دەستکەوتانەی دوژمنانتان بەکاردەهێنن کە یەزدانی پەروەردگارتان پێتانی دا. 15 ئاوا دەکەن بە هەموو ئەو شارانەی زۆر لە ئێوە دوورن، ئەوانەی لە شارەکانی ئەم گەلانەی ئێرە نین.

16 بەڵام شارەکانی ئەم گەلانەی کە یەزدانی پەروەردگارتان بە میرات دەتانداتێ، هیچ هەناسەیەکی لێ مەهێڵنەوە. 17 بەڵکو بە تەواوی لەناویان ببەن[u]، حیتی و ئەموری و کەنعانی و پریزی و حیڤی و یەبوسییەکان، هەروەک یەزدانی پەروەردگارتان فەرمانی پێ کردن، 18 نەوەک فێرتان بکەن وەک هەموو نەریتە قێزەونەکانیان بکەن کە ئەوان بۆ خوداوەندەکانیان دەیکەن، ئێوەش سەبارەت بە یەزدانی پەروەردگارتان تووشی گوناه دەبن.

19 ئەگەر بۆ چەندین ڕۆژ ئابڵوقەی شارێکتان دا، جەنگتان لە دژی بەرپا کرد هەتا بیگرن، دارەکان بە تەور لەناو مەبەن و مەیانبڕنەوە، چونکە دەتوانن لە بەروبوومیان بخۆن. ئایا داری ڕەز مرۆڤە تاکو ئابڵوقەی بدەیت؟ 20 بەڵام ئەو دارانەی کە دەزانن لێیان ناخورێن، ئەوا دەتوانن ئەوانە تێکبدەن و بیانبڕنەوە و بۆ دروستکردنی سەنگەر لە دژی ئەو شارەی کە جەنگتان لەگەڵ دەکات هەتا دەکەوێت.

کەفارەت بۆ نەدۆزینەوەی بکوژ

21 ئەگەر کوژراوێک لەو خاکە دۆزرایەوە کە یەزدانی پەروەردگارتان پێتان دەدات هەتا دەستی بەسەردا بگرن، لە کێڵگەیەک کەوتبوو و نەزانرا کێ کوشتوویەتی، ئەوا پیران و دادوەرانتان دەچن و دووری نێوان کوژراوەکە و ئەو شارۆچکانەی دەوروبەری دەپێون. جا پیرانی نزیکترین شارۆچکە لە کوژراوەکە گوێرەکەیەکی مێینەی سێ ساڵە دەبەن کە هێشتا جووتی پێ نەکرابێت، نیری لەسەر دانەنرابێت. پاشان پیرانی ئەو شارۆچکەیە گوێرەکەکە بۆ دۆڵێک دەبەنە خوارەوە کە جۆگەیەکی ئاوی لەبەرڕۆیشتووی تێدابێت و نەکێڵرابێت و نەچێنرابێت و لە دۆڵەکە ملی دەشکێنن[v]. دواتر کاهینەکان، نەوەی لێڤی دێنە پێشەوە، چونکە یەزدانی پەروەردگارتان ئەوانی هەڵبژاردووە هەتا خزمەتی بکەن و بە ناوی یەزدانەوە داوای بەرەکەت بکەن، جا هەموو ناکۆکی و پەلاماردانێک بەگوێرەی قسەی ئەوان یەکلا دەکرێتەوە. ئینجا هەموو پیرانی ئەو شارۆچکەیەی کە لە کوژراوەکە نزیکە لە دۆڵەکە دەستیان دەشۆن، لەو شوێنەی کە گوێرەکە ملشکاوەکەی لێیە و ڕایدەگەیەنن: «دەستەکانمان ئەم خوێنەیان نەڕشتووە و چاوەکانمان نەیانبینیوە. ئەی یەزدان، کەفارەتی ئیسرائیلی گەلی خۆت بکە کە کڕیتەوە و خوێنێکی بێتاوان مەخەرە ملی ئیسرائیلی گەلەکەت.» جا کەفارەتی ئەو خوێنەیان بۆ دەبێت. تاوانی ڕشتنی خوێنە بێتاوانەکەش لەنێوتان دادەماڵن، چونکە ئەوەی لەبەرچاوی یەزدان ڕاست بوو، ئێوە کردتان.

هێنانی ژنێکی دیل

10 ئەگەر لە دژی دوژمنەکانت بۆ جەنگ چوویت و یەزدانی پەروەردگارت ئەوانی دا بە دەستت و دیلت لێ گرتن، 11 لەنێو دیلەکان ئافرەتێکی ڕوخسار جوانت بینی و چووە دڵتەوە و کردتە ژنی خۆت، 12 کاتێک دەیهێنیتە ماڵەکەت، سەری دەتاشێت و نینۆکەکانی دەکات، 13 جلەکانی دیلیێتی لەبەر دادەکەنێت و بۆ ماوەی مانگێک لە ماڵەکەت دەبێت و شیوەن بۆ دایک و باوکی دەگێرێت، پاش ئەوە دەیگوازیتەوە و بەزاوا دەبیت و دەبێتە ژنت. 14 ئەگەر پێی دڵخۆش نەبوویت، بەڕەڵای بکە، بە پارە مەیفرۆشە و هەڵسوکەوتی وەک کۆیلە لەگەڵدا مەکە، چونکە تۆ ئابڕووت بردووە.

مافی نۆبەرەکە

15 ئەگەر پیاوێک دوو ژنی هەبێت، یەکێکیانی خۆشویست و ئەوی دیکەیانی خۆشنەویست، جا کە هەردووکیان کوڕیان بۆی بوو و نۆبەرەکە هی خۆشەویستەکە نەبوو، 16 ئەوا ئەو ڕۆژەی ئەوەی هەیەتی بۆ کوڕەکانی بەش دەکات، بۆی نییە کوڕی خۆشەویستەکە بکات بە نۆبەرە لە جیاتی کوڕە نۆبەرەکە، 17 بەڵکو کوڕەکەی لەو ژنەی کە خۆشی ناوێت وەک نۆبەرە دەیناسێت، هەتا دوو بەشی پێبدات لە هەموو ئەوەی هەیەتی، چونکە ئەو کوڕە یەکەم نیشانەی توانای باوکییەتی، مافی نۆبەرایەتی هەیە.

کوڕێکی یاخی

18 ئەگەر پیاوێک کوڕێکی کەللەڕەق و یاخی هەبوو، گوێڕایەڵی قسەی دایک و باوکی نەبێت و گوێیان لێ نەگرێت کاتێک تەمبێی دەکەن، 19 دایک و باوکی دەیگرن و دەیهێننە لای پیرانی شارۆچکەکەی، بۆ لای دەروازەی شارۆچکەکەی و 20 بە پیرانی شارەکەی دەڵێن، «ئەم کوڕەمان کەللەڕەق و یاخییە، گوێڕایەڵمان نییە و دەست بڵاو و سەرخۆشە.» 21 ئینجا هەموو پیاوانی شارۆچکەکەی بەردبارانی دەکەن هەتا دەمرێت، ئیتر بەمە خراپەکە لەنێو خۆتان دادەماڵن و هەموو ئیسرائیل دەبیستن و دەترسن.

کوژراوی لەسەر دار هەڵواسراو

22 ئەگەر کەسێک تاوانێکی لەسەر بوو کە سزاکەی مردنە، جا کە کوژرا و لەسەر دار هەڵتانواسی،[w] 23 شەو تەرمەکەی لەسەر دارەکە مەهێڵنەوە، بەڵکو لە هەمان ڕۆژدا دەینێژن، چونکە هەڵواسراو لەسەر دار لەلایەن خوداوە نەفرەت لێکراوە[x]، جا خاکەکەتان گڵاو مەکەن کە یەزدانی پەروەردگارتان بە میرات دەتانداتێ.

گرنگیدان بە بەرژەوەندی کەسانی دیکە

22 ئەگەر گا یان مەڕی هەر هاوڵاتییەکت بینی وێڵ بووە، خۆتی لێ گێل مەکە، بەڵکو پێویستە لەسەرت بۆ براکەتی بگەڕێنیتەوە، جا ئەگەر براکەت لێتەوە نزیک نەبوو یان نەتدەناسی، ئەوا بیخەرە ماڵەکەتەوە و لەلات دەبێت هەتا براکەت داوای دەکاتەوە، ئەوسا بۆی دەگەڕێنیتەوە. هەمان شت دەکەیت بۆ گوێدرێژەکەی و بۆ کەواکەی و بۆ هەر شتێکی ون بوو لە براکەت کە لێی ون دەبێت و تۆ دەیدۆزیتەوە، بۆت نییە خۆتی لێ گێل بکەیت.

کە گوێدرێژ یان گای براکەت دەبینیت لە ڕێگادا کەوتووە، خۆتی لێ گێل مەکە، بەڵکو پێویستە لەسەرت لەگەڵی هەڵیبستێنیتەوە.

شتومەکی پیاو نابێت بەبەر ژنەوە بێت و نابێت پیاو جلی ژن لەبەر بکات، چونکە هەرکەسێک ئەمە بکات، قێزەونە لەلای یەزدانی پەروەردگارت.

ئەگەر ڕێککەوت هێلانەی باڵندەیەک لە ڕێگا لەپێشت بوو، لەناو دارێک یان لەسەر زەوی و بێچوو یان هێلکەی تێدابوو و دایکەکەشی تێدابوو بە کڕی لەسەر بێچووەکان یان هێلکەکان هەڵنیشتبوو، ئەوا دایکەکە و بێچووەکان پێکەوە مەبە، دایکەکە ئازاد بکە و بێچووەکان بۆ خۆت ببە، بۆ ئەوەی چاکەت بۆ ببێت و درێژە بە ڕۆژانت بدەیت.

ئەگەر خانووێکی نوێت بنیاد نا، ستارە بۆ سەربانەکەت بکە، نەوەک خوێنێک بهێنیتە سەر ماڵەکەت ئەگەر یەکێکی لێ کەوتە خوارەوە.

لە ڕەزەکەت دوو جۆر تۆو مەچێنە[y]، ئەگەر ئەمە بکەیت، نەک تەنها ئەوەی دەیچێنیت، بەڵکو بەری ڕەزە مێوەکەشت بۆ پیرۆزگا تەرخان دەکرێت.

10 کێڵان بە گا و گوێدرێژ پێکەوە مەکە.

11 جلوبەرگی تێکەڵاو لەبەر مەکە، خوری و کەتان پێکەوە لەبەر مەکە.

12 لە لچکەکانی[z] کەواکەت کە خۆتی پێ دەپۆشیت، گوڵینگ بۆ خۆت بکە.[aa]

شکاندنی پەیمانی ژن و مێردایەتی

13 ئەگەر پیاوێک ژنێکی هێنا و کاتێک چوو بۆ لای ڕقی لێی بووەوە و 14 قسەی بۆ هەڵبەست و ناوێکی خراپی بەدواوە نا و گوتی، «ئەم ژنەم هێنا و کە چوومە لای پەردەی کچێنی نەبوو.» 15 دایک و باوکی کچەکە بەڵگەی کچێنییەکەی دەبەن و لەلای دەروازەی شارۆچکەکە بۆ پیرانی شارۆچکەکە دەسەلمێنن. 16 باوکی کچەکە بە پیران دەڵێت، «کچەکەی خۆمم بەم پیاوە دا ببێتە ژنی و ڕقی لێی بووەوە. 17 وا قسەشی بۆ هەڵبەستووە و دەڵێت: ”کچەکەت پەردەی کچێنی نەبوو،“ ئەمەش بەڵگەی کچێنی کچەکەمە،» جلەکەش لەبەردەم پیرانی شارۆچکەکە دەخەنە ڕوو، 18 ئیتر پیرانی ئەو شارە پیاوەکە دەبەن و تەمبێی دەکەن. 19 سزای دەدەن بە سەد شاقلی[ab] زیو بۆ باوکی کچەکە، چونکە ناوێکی خراپی خستە دوای پاکیزەیەک لە ئیسرائیل، جا دەبێتە ژنی و بە درێژایی ژیانی ناتوانێت تەڵاقی بدات.

20 بەڵام ئەگەر تۆمەتبارکردنەکە ڕاست بوو و کچەکە بەڵگەی پاکیزەیی نەبوو، 21 ئەوا کچەکە دەبەنە بەردەرگای ماڵی باوکی و پیاوانی شارەکەی بەردبارانی دەکەن هەتا دەمرێت، چونکە کارێکی ناشیرینی لە ئیسرائیلدا کردووە بە بەدڕەوشتییەکەی کە لە ماڵی باوکی کردوویەتی، جا خراپەکە لەنێو خۆتان دادەماڵن.

22 ئەگەر بینرا پیاوێک لەگەڵ ژنێکی بەمێرد جووت بووە، ئەوا هەردووکیان دەکوژرێن، ئەو پیاوەی لەگەڵ ژنەکە جووت بووە و ژنەکەش، جا خراپەکاری لە ئیسرائیلدا دادەماڵن.

23 ئەگەر کچێک مارەبڕاو بێت بۆ پیاوێک و پیاوێکی دیکە لەناو شار بینی و لەگەڵی جووت بوو، 24 ئەوا هەردووکیان ببەنە دەرەوە بۆ لای دەروازەی ئەو شارۆچکەیە و بەردبارانیان بکەن هەتا دەمرن، لەبەر ئەوەی کچەکە لەناو شار هاواری نەکرد بۆ فریاکەوتن و هەروەها پیاوەکەش ئابڕووی دەستگیرانی پیاوێکی دیکەی برد، جا خراپەکە لەنێو خۆتان دادەماڵن.

25 بەڵام ئەگەر پیاوێک کچێکی مارەبڕاوی لە کێڵگەدا بینی و لاقەی کرد، ئەوا تەنها پیاوەکە کە لاقەی کردووە دەمرێت، 26 بەڵام کچەکە هیچی لێ ناکرێت، کچەکە گوناهێکی لەسەر نییە شایانی سزای مردن بێت، بەڵکو چۆن پیاوێک پەلاماری دراوسێکەی بدات و بیکوژێت، ئەو ڕووداوەش ئاوایە، 27 کچەکەی لە کێڵگەدا بینیوە و کچە مارەبڕاوەکە هاواری کردووە و کەس نەبووە ڕزگاری بکات.

28 ئەگەر پیاوێک کچێکی نیشان نەکراوی بینی و لاقەی کرد و هەردووکیان ئاشکرا بوون، 29 ئەوا پیاوەکەی ئابڕووی بردووە، پەنجا شاقل زیو[ac] دەداتە باوکی کچە و ئەویش دەبێتە ژنی، لەبەر ئەوەی دەستدرێژی کردووەتە سەری، بە درێژایی ژیانیشی ناتوانێت تەڵاقی بدات.

30 نابێت پیاوێک ژنی باوکی خۆی بهێنێت و ناموسی باوکی ببات.

دەرکردن لە کۆمەڵی یەزدانەوە

23 نابێت خەساو یان قۆڕ یان کەسێک ئەندامی نێرینەی بڕابێتەوە بێتە ناو کۆمەڵی یەزدان.

نابێت زۆڵ بێتە ناو کۆمەڵی یەزدانەوە، هەتا نەوەی دەیەم کەسی نایەتە ناو کۆمەڵی یەزدان.

هەرگیز نابێت عەمۆنی یان مۆئابی بێتە ناو کۆمەڵی یەزدانەوە، هەتا نەوەی دەیەم کەسیان نایەتە ناو کۆمەڵی یەزدانەوە، چونکە کاتێک ئێوە لە میسر هاتنە دەرەوە، لە ڕێگا بە نان و ئاوەوە پێشوازییان لێ نەکردن، هەروەها لەبەر ئەوەی بەلعامی کوڕی بەعۆری خەڵکی پەتوری میسۆپۆتامیایان[ad] لە دژی ئێوە بەکرێ گرت هەتا نەفرەتتان لێ بکات. بەڵام یەزدانی پەروەردگارتان نەیویست گوێ لە بەلعام بگرێت، جا لە پێناوی ئێوە یەزدانی پەروەردگارتان نەفرەتەکەی گۆڕی بۆ بەرەکەت، چونکە یەزدانی پەروەردگارتان خۆشی ویستوون. بە درێژایی ژیانتان هەرگیز داوای ئاشتی و چاکەیان بۆ مەکەن.

ڕقت لە هیچ ئەدۆمییەک نەبێتەوە، چونکە براتە، ڕقت لە هیچ میسرییەک نەبێتەوە، چونکە لە خاکی ئەو نامۆ بوویت، ئەو منداڵانەی لەوان لەدایک دەبن لە نەوەی سێیەمەوە دێنە ناو کۆمەڵی یەزدانەوە.

گڵاوی لە ئۆردوگادا

کاتێک لە دژی دوژمنەکانتان ئۆردوگا دادەمەزرێنن، لە هەموو شتێکی گڵاو خۆتان بەدوور بگرن. 10 ئەگەر پیاوێکتان تێدابوو، گڵاو بوو لەبەر ئەوەی بە شەو تۆوی لێ هاتە دەرەوە، ئەوا دەچێتە دەرەوەی ئۆردوگاکە و ناگەڕێتەوە ناو ئۆردوگاکە. 11 دەمەو ئێوارە بە ئاو خۆی دەشوات و لە ئاوابوونی خۆر دێتەوە ناو ئۆردوگاکە.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.