Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Bible in 90 Days

An intensive Bible reading plan that walks through the entire Bible in 90 days.
Duration: 88 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
یەکەم ساموئێل 2:30-15:35

30 «لەبەر ئەوە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل دەفەرموێت: ”بێگومان من فەرمووم، ماڵی تۆ و ماڵی باوکت هەتاهەتایە لەبەردەمم هاتوچۆ دەکەن،“ بەڵام ئێستا یەزدان دەفەرموێت: ”لە من بەدوور بێت! چونکە ئەوەی ڕێزم بگرێت ڕێزداری دەکەم، ئەوانەی سووکایەتیم پێ بکەن سووک دەبن. 31 ڕۆژێک دێت هێزی بازووی خۆت و هێزی بازووی ماڵی باوکت لەناودەبەم، لە بنەماڵەکەتدا کەس ناگاتە تەمەنی پیری. 32 تەنگانە لە نشینگەکەم دەبینیت، سەرەڕای ئەو چاکەیەی بۆ ئیسرائیلی دەبێت، هەتاهەتایە لە بنەماڵەکەتدا کەس ناگاتە تەمەنی پیری. 33 هەر یەکێک لە ئێوە کە لە قوربانگاکەی خۆم نەیبڕمەوە ئەوە بۆ کوێرایی هاتن بۆ چاوەکانت و داخبوونی دڵتە، هەموو وەچەی ماڵەکەت لە گەنجیێتیدا دەمرن.

34 «”ئەمەش نیشانەیە بۆت، بەسەر دوو کوڕەکەتدا دێت، بەسەر حۆفنی و فینەحاس، لە یەک ڕۆژدا هەردووکیان دەمرن. 35 کاهینێکی دڵسۆز [a] بۆ خۆم دادەنێم کە ئەوەی لە دڵ و دەروونمدایە بیکات و ماڵێکی ئاسوودەی بۆ بنیاد دەنێم و لەبەردەم دەستنیشانکراوەکەم[b] بە درێژایی ڕۆژان هاتوچۆ دەکات. 36 هەرکەسێکیش کە لە بنەماڵەکەت دەمێنێتەوە دێت تاکو بۆ پارچە زیوێک و کولێرەیەک کڕنۆش بۆ ئەو کاهینە ببات، دەڵێت: ئەرکێکی کاهینیێتیم پێ بسپێرە بۆ ئەوەی بتوانم کولێرەیەک بخۆم.“»

یەزدان ساموئێل بانگ دەکات

منداڵەکەش، ساموئێل، لەلای عێلی خزمەتی یەزدانی دەکرد و لەو ڕۆژانەدا فەرمایشتی یەزدانیش دەگمەن بوو، پێشبینیش زۆر ڕانەدەگەیەنرا.

لەو کاتەی عێلی چاوەکانی کز ببوون و توانای بینینی نەبوو، شەوێکیان لە شوێنەکەی خۆیدا پاڵکەوتبوو، ساموئێلیش لە چادری پەرستنی یەزدان پاڵکەوتبوو، کە سندوقی خودای لێبوو، بەر لەوەی چرای خودا بکوژێتەوە، جا یەزدان ساموئێلی بانگکرد.

ئەویش گوتی: «ئەوەتام.» و ڕایکرد بۆ لای عێلی و گوتی: «ئەوەتام، چونکە بانگت کردم.»

عێلیش گوتی: «بانگم نەکردوویت، بگەڕێوە و پاڵبکەوە.» ئەویش ڕۆیشت و پاڵکەوتەوە.

یەزدان دووبارە ساموئێلی بانگکردەوە، ساموئێلیش هەستا و بۆ لای عێلی ڕۆیشت و گوتی: «ئەوەتام، چونکە بانگت کردم.»

عێلیش گوتی: «کوڕم بانگم نەکردوویت، بگەڕێوە و پاڵبکەوە.»

ساموئێلیش هێشتا یەزدانی نەناسیبوو و هێشتا فەرمایشتی یەزدانی بۆ ڕانەگەیەنرابوو.

بۆ سێیەم جار یەزدان ساموئێلی بانگکردەوە، ئەویش هەستا و ڕۆیشت بۆ لای عێلی و گوتی: «ئەوەتام، چونکە بانگت کردم.»

ئینجا عێلی تێگەیشت کە یەزدانە منداڵەکە بانگ دەکات. جا عێلی بە ساموئێلی گوت: «بڕۆ و پاڵبکەوە، ئەگەر بانگی کردیت، بڵێ: ”بفەرموو یەزدان، بەندەت گوێی گرتووە.“» ساموئێلیش ڕۆیشت و لە شوێنەکەی خۆی پاڵکەوتەوە.

10 ئینجا یەزدان هات و وەستا و وەک جارەکانی پێشوو بانگی کرد: «ساموئێل! ساموئێل!»

ساموئێلیش گوتی: «بفەرموو، بەندەت گوێی گرتووە.»

11 یەزدانیش بە ساموئێلی فەرموو: «ئەوەتا من لەناو ئیسرائیلدا خەریکە شتێک دەکەم، کە گوێیەکانی هەرکەسێک بیبیستێت بزرنگێتەوە. 12 لەو ڕۆژەدا هەموو ئەوەی لە دژی عێلیم فەرموو سەبارەت بە ماڵەکەی، لە سەرەتاوە هەتا کۆتایی جێبەجێی دەکەم. 13 من پێم ڕاگەیاند کە بۆ هەتاهەتایە سزا بەسەر بنەماڵەکەیدا دەسەپێنم لەبەر ئەو گوناهەی کە خۆی دەیزانێت، چونکە کوڕەکانی کفریان بە خودا کرد و ئەویش ڕێی لێ نەگرتن. 14 لەبەر ئەوە سوێندم بۆ ماڵی عێلی خوارد، کە تاوانەکەی بنەماڵەی عێلی کەفارەتی بۆ نەکرێت، نە بە قوربانی سەربڕاو و نە بە پێشکەشکراو هەتاهەتایە.»

15 ئینجا ساموئێل هەتا بەیانی پاڵکەوت و دەرگاکانی ماڵی یەزدانی واڵا کرد. ساموئێل ترسا ئەو بینینە بە عێلی ڕابگەیەنێت. 16 ئینجا عێلی ساموئێلی بانگکرد و گوتی: «کوڕم ساموئێل.»

ئەویش گوتی: «ئەوەتام.»

17 عێلی گوتی: «ئەو قسەیە چی بوو کە پێی فەرموویت؟ تکایە لێمی مەشارەوە. خودا توندترین سزات بدات، ئەگەر وشەیەکم لێ بشاریتەوە لە هەموو ئەوەی پێی فەرموویت.» 18 ساموئێلیش تەواوی فەرموودەکەی پێ گوت و هیچی لێی نەشاردەوە، ئەویش گوتی: «خۆی یەزدانە، ئەوەی بە باشی بزانێت با بیکات.»

19 ساموئێل گەشەی دەکرد، یەزدانیش لەگەڵی بوو، نەیهێشت هیچ یەکێک لە قسەکانی ساموئێل بشکێت. 20 جا هەموو ئیسرائیل هەر لە دانەوە هەتا بیری شابەع[c] زانییان کە ساموئێل متمانەپێکراوە ببێت بە پێغەمبەری یەزدان. 21 یەزدان بەردەوام لە شیلۆ خۆی بۆ دەردەخست، چونکە لەوێ بە ڕێگەی فەرمایشتەکەیەوە خۆی بۆ ساموئێل ئاشکرا کردبوو.

پەیامی ساموئێل بە هەموو ئیسرائیل گەیشت.[d]

فەلەستییەکان سندوقی خودا دەبەن

ئیسرائیلیش بۆ بەرەنگاربوونەوەی فەلەستییەکان بۆ شەڕ چوونە دەرەوە و لەلای بەردی یارمەتی ئۆردوگایان دامەزراند، فەلەستییەکانیش لەلای ئەفێق. ئینجا فەلەستییەکان بەرەیان بەست بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئیسرائیل و شەڕ هەڵگیرسا، ئیسرائیل لە ڕووی فەلەستییەکان بەزین و ئەوانیش لە بەرەی جەنگەکەدا، نزیکەی لە چوار هەزار پیاویان دا. ئینجا سەربازەکان گەڕانەوە بۆ ئۆردوگاکە و پیرانی ئیسرائیل پرسییان: «بۆچی یەزدان ئەمڕۆ ئێمەی بەرامبەر بە فەلەستییەکان بەزاند؟ با سندوقی پەیمانی یەزدان لە شیلۆوە بهێنین بۆ ئێرە، با بێتە نێومانەوە و لە دەست دوژمنەکانمان ڕزگارمان بکات.»

جا گەل ناردیان بۆ شیلۆ و لەوێوە سندوقی پەیمانیان هەڵگرت، کە هی یەزدانی سوپاسالارە، ئەوەی لەنێوان کەڕوبەکان[e] لەسەر تەخت دانیشتووە[f]. دوو کوڕەکەی عێلیش، حۆفنی و فینەحاس لەوێ لەگەڵ سندوقی پەیمانی خودا بوون.

ئەوە بوو لە کاتی چوونە ناوەوەی سندوقی پەیمانی یەزدان بۆ ناو ئۆردوگاکە، هەموو ئیسرائیل بە دەنگێکی بەرز هاواریان کرد کە زەوی لەرزاند. فەلەستییەکانیش گوێیان لە دەنگی هاوارەکە بوو و گوتیان: «دەنگی ئەم هاوارە بەرزە چی بوو لەناو ئۆردوگای عیبرانییەکان؟»

جا کە زانییان سندوقی یەزدان هاتووەتە ناو ئۆردوگاکە، فەلەستییەکان ترسان، چونکە گوتیان: «خوداوەندێک هاتووەتە ناو ئۆردوگاکەوە!» هەروەها گوتیان: «قوڕمان بەسەر! چونکە هەرگیز پێشتر شتی وا نەبووە. قوڕمان بەسەر! کێ لە دەست ئەو خوداوەندە توانادارانە فریامان دەکەوێت؟ ئەوانە ئەو خوداوەندانەن کە لە چۆڵەوانیدا گەلی میسریان تووشی هەموو جۆرە دەردێک کرد. فەلەستییەکان بەهێزبن و پیاوبن! ئەگینا دەبنە کۆیلەی عیبرانییەکان، وەک چۆن ئەوان کۆیلەی ئێوە بوون. جا پیاوبن و بجەنگن!»

10 ئیتر فەلەستییەکان جەنگان و ئیسرائیل بەزی و هەریەکە و بەرەو چادرەکەی هەڵات و کوشتارەکە زۆر گەورە بوو، سی هەزار سەربازی پیادە لە ئیسرائیل کوژران. 11 سندوقی خودا دەستی بەسەردا گیرا و هەردوو کوڕەکەی عێلیش، حۆفنی و فینەحاس کوژران.

مردنی عێلی

12 پیاوێکی بنیامینیش لە بەرەی جەنگەوە ڕایکرد و هەر لەو ڕۆژەدا هاتە شیلۆ، جلەکانی دڕابوون و سەری تۆزاوی بوو. 13 هات و بینی وا عێلی لەسەر کورسییەک لە قەراغ ڕێگاکە دانیشتووە و چاوەڕێیەتی، چونکە دڵی بۆ سندوقی خودا لە مەراقدا بوو. کاتێک پیاوەکە هاتە ناو شارۆچکەکە و هەواڵەکەی ڕاگەیاند، هەموو شارۆچکەکە هاواریان لێ بەرزبووەوە.

14 عێلیش گوێی لە دەنگی هاوارەکە بوو و گوتی: «دەنگی ئەو هاتوهاوارە چییە؟»

ئینجا پیاوەکە بە پەلە هات و بە عێلی ڕاگەیاند. 15 عێلیش تەمەنی نەوەد و هەشت ساڵ بوو و چاوەکانی لە دەستدا بوو و توانای بینینی نەبوو. 16 پیاوەکە بە عێلی گوت: «من لە بەرەی جەنگەوە هاتووم و هەر ئەمڕۆ من لە بەرەکە هەڵاتووم.»

عێلیش پرسی: «چی ڕوویدا، کوڕم؟»

17 هەواڵدەرەکەش وەڵامی دایەوە و گوتی: «ئیسرائیل لەبەردەم فەلەستییەکان هەڵات و هەروەها بەزینێکی گەورە لەناو سوپادا ڕوویدا و هەروەها هەردوو کوڕەکەت، حۆفنی و فینەحاس کوژران، سندوقی خوداش دەستی بەسەردا گیرا.»

18 جا کە باسی سندوقی خودا کرا عێلی لەسەر کورسییەکە بەرەو دواوە کەوت بەلای دەروازەکەدا و ملی شکا و مرد، چونکە پیاوێکی پیر و قورس بوو، چل ساڵ ڕابەرایەتی ئیسرائیلی کرد.

19 بووکەکەی عێلی، ژنەکەی فینەحاس سکی پڕ بوو، لە مانگی خۆی بوو، کاتێک بیستی سندوقی خودا بردراوە و خەزوور و مێردەکەشی مردوون، ژانی گرت و منداڵی بوو. ژانەکەی زۆری بۆ هێنا، 20 لە سەرەمەرگدا ئەو ژنانەی بەسەرییەوە وەستابوون پێیان گوت: «مەترسە، چونکە کوڕێکت بووە.» بەڵام وەڵامی نەدایەوە و گوێی پێنەدا.

21 منداڵەکەشی ناونا ئیخاڤۆد[g] و گوتی: «شکۆمەندی لە ئیسرائیل داماڵرا.» چونکە سندوقی خودا بردرا و لەبەر خەزوور و مێردەکەشی. 22 ئینجا گوتی: «شکۆمەندی لە ئیسرائیل داماڵرا، چونکە سندوقی خودا بردرا.»

سندوقی خودا لە ئەشدۆد و عەقرۆن

فەلەستییەکانیش سندوقی خودایان برد و لە بەردی یارمەتییەوە هێنایان بۆ ئەشدۆد[h]. ئینجا فەلەستییەکان سندوقی خودایان برد و هێنایان بۆ پەرستگای داگۆن و لەتەنیشت داگۆن[i] دایاننا. جا ئەشدۆدییەکان بۆ سبەینێ بەیانی زوو لە خەو هەستان و بینییان وا داگۆن لەبەردەم سندوقی یەزدان بەدەمدا کەوتووە! ئینجا داگۆنیان هەڵگرت و لە شوێنەکەی خۆی دایاننایەوە. بۆ سبەینێ بەیانی زوو لە خەو هەستان و بینییان وا داگۆن لەبەردەم سندوقی یەزدان بەدەمدا کەوتووە، سەری داگۆن و هەردوو دەستی بڕاونەتەوە و لەسەر سەکۆی دەروازەکە دانراون، تەنها بەشی سەرەوەی پەیکەری داگۆن ماوەتەوە. لەبەر ئەوە کاهینەکانی داگۆن و هەموو ئەوانەش کە دەچنە ناو پەرستگای داگۆن لە ئەشدۆد، هەتا ئەمڕۆش پێ لەسەر سەکۆی دەرگاکە نانێن.

یەزدان بە دەستێکی بەهێز لە خەڵکی ئەشدۆد و دەوروبەری دا، خراپەی بەسەرهێنان، تووشی ئاوسانی[j] جەستەی کردن. کاتێک پیاوانی ئەشدۆد بینییان وایە، گوتیان: «نابێت سندوقی خوداوەندی ئیسرائیل لەلامان بمێنێتەوە، چونکە دەستی لەسەر ئێمە و لەسەر داگۆنی خوداوەندمان قورس بووە.» جا ناردیان و هەموو حوکمڕانە فەلەستییەکانیان بۆ لای خۆیان کۆکردەوە و گوتیان: «چی لە سندوقی خوداوەندی ئیسرائیل بکەین؟»

ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «با سندوقی خوداوەندی ئیسرائیل بگوازرێتەوە بۆ گەت.» ئینجا سندوقی خودای ئیسرائیلیان بۆ گەت گواستەوە.

بەڵام پاش ئەوەی گواستیانەوە، یەزدان دژایەتی شارەکەی کرد و زۆر بە توندی ئەوانی تۆقاند، لە خەڵکی شارەکەی دا، لە بچووکەوە هەتا گەورە، تووشی ئاوسان هاتن. 10 ئینجا سندوقی خودایان بۆ عەقرۆن نارد.

جا کە سندوقی خودا چووە ناو عەقرۆنەوە، عەقرۆنییەکان هاواریان کرد و گوتیان: «سندوقی خوداوەندی ئیسرائیلیان بۆ ناو ئێمە گواستەوە هەتا خۆمان و گەلەکەمان بکوژن.» 11 جا ناردیان و هەموو حوکمڕانە فەلەستییەکانیان کۆکردەوە و گوتیان: «سندوقی خودای ئیسرائیل بنێرن و با بگەڕێتەوە بۆ شوێنەکەی خۆی، با خۆمان و گەلەکەمان نەمرین.» چونکە ترسی مردن لەناو هەموو شارەکەدا هەبوو و دەستی خودا لەوێ زۆر قورس بوو. 12 ئەوانەش کە نەمردن تووشی ئاوسان بوون، هاواری شارەکە بۆ ئاسمان بەرزبووەوە.

سندوقی یەزدان بۆ ئیسرائیل دەگێڕنەوە

جا سندوقی یەزدان حەوت مانگ لە خاکی فەلەستییەکان بوو. فەلەستییەکانیش کاهین و فاڵگرەوەکانیان بانگکرد و گوتیان: «چی لە سندوقی یەزدان بکەین؟ پێمان بڵێن لەگەڵ چی بینێرینەوە بۆ شوێنەکەی خۆی.»

ئەوانیش گوتیان: «ئەگەر سندوقی خوداوەندی ئیسرائیلتان ناردەوە، ئەوا بە دەستی بەتاڵ مەینێرنەوە، بەڵکو بە تەواوی قوربانی تاوانی لەگەڵ بنێرن. ئینجا چاک دەبنەوە و دەزانن بۆچی دەستی لەسەر ئێوە هەڵنەگرتووە.»

پرسییان: «ئەو قوربانی تاوانە چییە کە بۆی بگەڕێنینەوە؟»

ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «بەپێی ژمارەی حوکمڕانە فەلەستییەکان، پێنج پارچە زێڕ لە شێوەی ئاوسان و پێنج جرجی[k] زێڕین، چونکە خۆتان و حوکمڕانەکانتان تووشی هەمان دەرد بوون. چەند پارچە زێڕێک لە شێوەی ئاوسان و جرجەکانتان دروستبکەن کە زەوی تێکدەدەن و خودای ئیسرائیل شکۆدار بکەن، بەڵکو دەستی لەسەر خۆتان و خوداوەندەکانتان و خاکەکەتان سووک بکاتەوە. بۆچی دڵی خۆتان ڕەق دەکەن، وەک میسرییەکان و فیرعەون دڵی خۆیان ڕەقکرد؟ کاتێک خودا بە توندوتیژی هەڵسوکەوتی لەگەڵدا کردن، ئایا ئیسرائیلییەکانیان ئازاد نەکرد و بە شوێنی خۆیاندا نەڕۆیشتن؟

«ئێستاش عەرەبانەیەکی نوێ ئامادە بکەن، لەگەڵ دوو مانگای شیردەر کە هەتا ئێستا نیریان لە مل نەکرابێت. مانگاکان بە عەرەبانەکەوە ببەستنەوە و گوێرەکەکانیان لێ دووربخەنەوە و بیانگەڕێننەوە ناو پشتیرەکە[l]. ئینجا سندوقی یەزدان ببەن و بیخەنە سەر عەرەبانەکە، ئەو شتومەکە زێڕەی کە وەک قوربانی تاوان بۆی دەگەڕێننەوە لە سندوقێکی دیکەدا لەلایەوە دایبنێن. عەرەبانەکە بەڕەڵا بکەن با بڕوات، بەڵام سەیر بکەن ئەگەر هاتوو بە ڕێگای سنوورەکەی خۆی سەرکەوت بەرەو بێت‌شەمەش، ئەوا یەزدان ئەم بەڵا گەورەیەی بەسەرماندا هێناوە، ئەگەرنا ئەوا دەزانین کە دەستی ئەو لێی نەداوین و بە ڕێککەوت بەسەرمان هاتووە.»

10 پیاوەکانیش بەم جۆرەیان کرد، دوو مانگای شیردەریان برد و لە عەرەبانەکە بەستیانەوە، گوێرەکەکانیان لە پشتیرەکە بەند کرد، 11 سندوقی یەزدانیشیان لەگەڵ سندوقی پارچە زێڕەکان لە شێوەی ئاوسان و جرجە زێڕینەکان خستە سەر عەرەبانەکە. 12 جا مانگاکان ڕێک ڕووەو ڕێگای بێت‌شەمەش ڕێیان گرتەبەر و هەردووکیان بە یەک ڕێگادا دەڕۆیشتن و دەیانبۆڕاند، نە بەلای ڕاست و نە بەلای چەپدا لایان نەدا، حوکمڕانە فەلەستییەکانیش بەدوایانەوە هەتا سنووری بێت‌شەمەش ڕۆیشتن.

13 خەڵکی بێت‌شەمەش لەو کاتەدا لە دۆڵەکە دروێنەی گەنمیان دەکرد، چاویان هەڵبڕی و سندوقەکەیان بینی، بە بینینی شاد بوون. 14 عەرەبانەکە هات و لەناو کێڵگەکەی یەشوعی بێت‌شەمەشی ڕاوەستا، لەوێدا بەردێکی گەورە هەبوو. خەڵکەکە تەختەی عەرەبانەکەیان هەڵوەشاندەوە و مانگاکانیان کردە قوربانی سووتاندن و بۆ یەزدان پێشکەشیان کرد. 15 لێڤییەکانیش سندوقی یەزدان و ئەو سندوقەی لەگەڵی بوو کە شتومەکە زێڕەکەی تێدابوو دایانگرت و لەسەر بەردە گەورەکە دایاننان. ئینجا پیاوانی بێت‌شەمەشیش لەو ڕۆژەدا قوربانی سووتاندن و قوربانی سەربڕاویان بۆ یەزدان پێشکەش کرد. 16 پێنج حوکمڕانە فەلەستییەکانیش ئەمەیان بینی و لەو ڕۆژەدا گەڕانەوە بۆ عەقرۆن.

17 ئەمەش ئەو ئاوسانییە زێڕانە بوون کە فەلەستییەکان وەک قوربانی تاوان بۆ یەزدانیان گەڕاندەوە، بۆ ئەشدۆد و غەزە و ئەسقەلان و گەت و عەقرۆن، هەر یەکی دانەیەک. 18 ژمارەی جرجە زێڕینەکانیش بەپێی ژمارەی ئەو شارانەی فەلەستییەکان بوون کە سەر بە پێنج حوکمڕانەکە بوون؛ لە شاری قەڵابەندەوە هەتا گوندی دەشتودەر. ئەو بەردە گەورەیەی کە سندوقی یەزدانیان لەسەر دانا هەتا ئەمڕۆ شایەتییە، لەناو کێڵگەکەی یەشوعی بێت‌شەمەشی ماوە.

19 بەڵام یەزدان لە پیاوانی بێت‌شەمەشی دا، حەفتا کەسیان مردن چونکە تەماشای ناو سندوقی یەزدانیان کرد. ئیتر گەل شیوەنیان گێڕا، چونکە یەزدان لێدانێکی گەورەی لە گەل دا. 20 ئینجا پیاوانی بێت‌شەمەش گوتیان: «کێ دەتوانێت لەبەردەم یەزدانی خودای پیرۆز ڕابوەستێت؟ لەلای ئێمەوە بۆ لای کێ سەردەکەوێت؟»

21 ئیتر نێردراوانیان بۆ لای دانیشتووانی قیریەت یەعاریم نارد و گوتیان: «فەلەستییەکان سندوقی یەزدانیان گەڕاندەوە. دابەزن و بۆ لای خۆتان سەری بخەن.»

ئینجا پیاوانی قیریەت یەعاریم هاتن و سندوقی یەزدانیان سەرخست و بردیانە ژوورەوە بۆ ماڵی ئەبیناداب کە لەسەر گردەکە بوو، ئەلعازاری کوڕیان تەرخان کرد بۆ پارێزگاریکردن لە سندوقی یەزدان.

پاڕانەوەی ساموئێل لە پێناو ئیسرائیل

ئەوە بوو لە ڕۆژی داگرتنی سندوقەکەوە لە قیریەت یەعاریم، ماوەکە درێژەی کێشا و بیست ساڵی خایاند، هەموو بنەماڵەی ئیسرائیل لەبەردەم یەزدان بە لاوانەوەوە نزایان دەکرد. ساموئێل بە هەموو بنەماڵەی ئیسرائیلی گوت: «ئەگەر ئێوە دەتانەوێ بە هەموو دڵتانەوە بگەڕێنەوە بۆ لای یەزدان، ئەوا ئەو خوداوەندە بێگانانە و عەشتۆرەتەکان لەنێو خۆتان دووربخەنەوە و دڵتان بۆ یەزدان ئامادە بکەن و تەنها ئەو بپەرستن، ئەویش لە دەست فەلەستییەکان فریاتان دەکەوێت.» نەوەی ئیسرائیلیش بەعلەکان و عەشتۆرەتەکانیان دوورخستەوە و بە تەنها یەزدانیان پەرست.

ئینجا ساموئێل گوتی: «هەموو ئیسرائیل لە میچپا کۆبکەنەوە هەتا لە پێناوی ئێوە لە یەزدان بپاڕێمەوە.» ئەوانیش لە میچپا کۆبوونەوە، ئاویان کێشا و لەبەردەم یەزداندا ڕشتیان، لەو ڕۆژەدا بەڕۆژوو بوون، لەوێ گوتیان: «ئێمە گوناهمان لە دژی یەزدان کردووە.» ساموئێل لە میچپادا ڕابەرایەتی نەوەی ئیسرائیلی کرد.

کاتێک فەلەستییەکان بیستیان نەوەی ئیسرائیل لە میچپا کۆبوونەوەتەوە، حوکمڕانە فەلەستییەکان سەرکەوتن بۆ هێرشبردنە سەر ئیسرائیل، نەوەی ئیسرائیلیش کە ئەمەیان بیست لە فەلەستییەکان ترسان. نەوەی ئیسرائیل بە ساموئێلیان گوت: «لە پێناوی ئێمە بەردەوام بە لە هاوارکردن بۆ یەزدانی پەروەردگارمان، بەڵکو لە دەست فەلەستییەکان ڕزگارمان بکات.» ساموئێلیش بەرخۆڵەیەکی شیرەخۆرەی برد و کردییە قوربانی سووتاندنێکی تەواو بۆ یەزدان. ساموئێل لە پێناوی ئیسرائیل هاواری بۆ یەزدان کرد و یەزدانیش وەڵامی دایەوە.

10 ئەوە بوو کاتێک کە ساموئێل قوربانی سووتاندنەکەی پێشکەش دەکرد، فەلەستییەکان هاتنە پێش بۆ جەنگ لە دژی ئیسرائیل، بەڵام لەو ڕۆژەدا یەزدان بە دەنگێکی گەورە بەسەر فەلەستییەکاندا گرماندی و ئەوانی پەشۆکاند و لەبەردەم ئیسرائیلدا بەزین. 11 پیاوانی ئیسرائیلیش لە میچپا هاتنە دەرەوە و بەدوای فەلەستییەکان کەوتن و هەتا خوار بێت‌کار لێیان دان.

12 ئینجا ساموئێل بەردێکی هەڵگرت و لەنێوان میچپا و شێن بە ستوونی ڕاگیری کرد و ناوی لێنا بەردی یارمەتی، گوتی: «یەزدان هەتا ئێرە یارمەتی داین.» 13 بەم جۆرە فەلەستییەکان چاویان شکا و جارێکی دیکە نەهاتنەوە سەر سنووری ئیسرائیل.

یەزدانیش بە درێژایی ژیانی ساموئێل لە دژی فەلەستییەکان بوو. 14 ئەو شارۆچکانەش کە فەلەستییەکان لە ئیسرائیلیان بردبوو گەڕایەوە بۆ ئیسرائیل، لە عەقرۆنەوە هەتا گەت، ئیسرائیل سنوورەکانی خۆی لە چنگ فەلەستییەکان دەرهێنا. لەو کاتەدا لەنێوان گەلی ئیسرائیل و ئەمورییەکانیشدا پەیمانی ئاشتی هەبوو.

15 ساموئێلیش بە درێژایی ژیانی ڕابەرایەتی ئیسرائیلی کرد و 16 ساڵ لەدوای ساڵ دەڕۆیشت و دەگەڕا بەناو بێت‌ئێل و گلگال و میچپادا و لە هەموو ئەو شوێنانەدا ڕابەرایەتی ئیسرائیلی دەکرد. 17 بەڵام هەمیشە دەگەڕایەوە بۆ ڕامە، چونکە ماڵەکەی لەوێ بوو و لەوێ ڕابەرایەتی ئیسرائیلی دەکرد و لەوێدا قوربانگایەکی بۆ یەزدان بنیاد نا.

ئیسرائیل داوای پاشایەک دەکات

ئەوە بوو کە ساموئێل پیر بوو کوڕەکانی کردە ڕابەری ئیسرائیل. ناوی کوڕە نۆبەرەکەی یۆئێل و ئەوەی دیکەشیان ئەبیا بوو، لە بیری شابەع دادوەرییان دەکرد. بەڵام کوڕەکانی بە ڕێگای ئەودا نەڕۆیشتن، بەڵکو بەلای دەستکەوتی ناڕەوا لایاندا و بەرتیلیان وەرگرت و دادپەروەرییان لە ڕێی ڕاست لادا.

جا هەموو پیرانی ئیسرائیل کۆبوونەوە و هاتنە ڕامە بۆ لای ساموئێل. پێیان گوت: «ئەوەتا تۆ پیر بوویت و کوڕەکانت بە ڕێگای تۆدا ناڕۆن. ئێستاش وەک هەموو نەتەوەکان پاشایەکمان بۆ دابنێ تاکو ڕابەرایەتیمان بکات.»

بەڵام ئەم شتە لەبەرچاوی ساموئێل خراپ بوو کاتێک گوتیان، «پاشایەکمان بدەرێ هەتا ڕابەرایەتیمان بکات،» جا ساموئێل نوێژی بۆ یەزدان کرد. یەزدانیش بە ساموئێلی فەرموو: «گوێ لە دەنگی ئەم گەلە بگرە لە هەموو ئەوەی کە پێت دەڵێن، چونکە ئەوان تۆیان ڕەت نەکردووەتەوە، بەڵکو منیان ڕەتکردووەتەوە، وەک پاشایان. ئەوان ئێستا وا ڕەفتارت لەگەڵ دەکەن هەروەک لەگەڵ من کردیان لەو ڕۆژەی لە میسرەوە دەرمهێنان هەتا ئەمڕۆ، وازیان لە من هێنا و خودای دیکەیان پەرست. ئێستاش گوێ لە دەنگیان بگرە، بەڵام بە ڕاستی ئاگاداریان بکەرەوە و پێیان ڕابگەیەنە لە مافەکانی ئەو پاشایە کە حوکمڕانییان دەکات.»

10 ئینجا ساموئێل هەموو وشەکانی یەزدانی بەو خەڵکە گوت کە داوای پاشایان لێکرد. 11 گوتی: «ئاوا دەبێت مافەکانی ئەو پاشایەی دەبێتە پاشاتان، کوڕەکانتان دەبات و دایاندەنێت بۆ گالیسکەکانی و بۆ سوارەکانی و لەپێش گالیسکەکانییەوە ڕادەکەن. 12 هەندێک وەک فەرماندەی هەزاران و پەنجاکان بۆ خۆی دادەنێت، هەندێکیش بۆ کێڵانی زەوییەکەی و دروێنەکردنی بەروبوومەکەی، هەندێکی دیکەشیان دادەنێت چەکی جەنگ و کەلوپەلی گالیسکەکانی بۆ دروستبکەن. 13 کچەکانیشتان دەبات ببن بە بۆنگرەوە و چێشتلێنەر و نانکەر. 14 باشترین کێڵگە و ڕەزی مێو و باغی زەیتوونەکانیشتان دەبات و دەیدات بە خزمەتکارەکانی. 15 دەیەکی دانەوێڵە و ڕەزەمێوەکانتان دەبات و دەیداتە کاربەدەست و خزمەتکارەکانی. 16 کۆیلە و کەنیزە و باشترین گا و گوێدرێژەکانتان دەبات و بۆ ئیشوکاری خۆی بەکاریاندەهێنێت. 17 دەیەکی مەڕوماڵاتتان دەبات و ئێوە دەبنە کۆیلەی[m] ئەو. 18 جا لەو ڕۆژەدا لەبەر پاشاکەتان هاوار دەکەن کە خۆتان هەڵتانبژاردووە، یەزدانیش لەو ڕۆژەدا وەڵامتان ناداتەوە.»

19 بەڵام گەل گوێیان لە ساموئێل نەگرت و گوتیان: «نەخێر! ئێمە پاشایەکمان دەوێت پاشایەتیمان بکات، 20 تاکو ئێمەش وەک هەموو نەتەوەکانی دیکە بین، پاشایەک ڕابەرایەتیمان بکات و لەپێشمانەوە بڕوات و لە جەنگەکان بۆمان بجەنگێت.»

21 جا ساموئێل گوێی لە هەموو قسەکانی گەل گرت و هەمووشی بە گوێی یەزداندا دا. 22 یەزدانیش بە ساموئێلی فەرموو: «گوێ لە دەنگیان بگرە و پاشایەکیان بۆ دابنێ.»

ئینجا ساموئێل بە پیاوانی ئیسرائیلی گوت: «با هەرکەسە و بەرەو شارۆچکەکەی خۆی بڕواتەوە.»

ساموئێل شاول دەستنیشان دەکات

پیاوێکی بنیامینی هەبوو ناوی قیشی کوڕی ئەبیێلی کوڕی چەڕۆری کوڕی بەخۆرەتی کوڕی ئەفییەحی بنیامینی بوو، بە توانا و دەوڵەمەند بوو. کوڕێکی گەنج و قۆزی هەبوو ناوی شاول بوو، هیچ پیاوێک لەنێو نەوەی ئیسرائیل نەبوو لەو قۆزتر بێت، لە هەموو گەل هیچ کەس باڵای نەدەگەیشتە سەر شانی.

چەند ماکەرێکی قیشی باوکی شاول بزر بوون و قیشیش بە شاولی کوڕی گوت: «تکایە یەکێک لە خزمەتکارەکان لەگەڵ خۆتدا ببە و هەستە و بڕۆ بەدوای ماکەرەکاندا بگەڕێ.» ئەوانیش لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم و بە دەوروبەری شالیشادا تێپەڕین، بەڵام نەیاندۆزینەوە. ئینجا لە زەوی شەعەلیم پەڕینەوە، بەڵام دیار نەبوون. ئینجا لە خاکی بنیامین پەڕینەوە، بەڵام نەیاندۆزینەوە.

کاتێک گەیشتنە ناو ناوچەی چوف، شاول بە خزمەتکارەکەی گوت ئەوەی کە لەگەڵیدا بوو: «وەرە با بگەڕێینەوە، نەوەک باوکم خەمی ماکەرەکان لەبیر بکات و لە خەمی ئێمەدا بێت.»

بەڵام خزمەتکارەکەش پێی گوت: «وا پیاوێکی خودا لەم شارۆچکەیەیە، پیاوێکی ڕێزدارە و هەموو ئەوەی دەیڵێت، دەبێت. با ئێستا بچین بۆ ئەوێ، بەڵکو پێمان بڵێت کام ڕێگا بگرینەبەر.»

شاولیش بە خزمەتکارەکەی گوت: «بەڵام ئەگەر بچین، چی بۆ پیاوەکە ببەین؟ نان لەناو هەگبەکانماندا نەماوە و هیچ دیارییەک نییە بیبەین بۆ پیاوەکەی خودا، چیمان پێیە؟»

خزمەتکارەکەش وەڵامی شاولی دایەوە گوتی: «ئەوەتا من چارەکە شاقلێکی زیوم پێیە، دەیدەم بە پیاوەکەی خودا و ڕێگاکەی خۆمان پێ دەڵێت.» پێشتر لە ئیسرائیل هەر کاتێک پیاوێک بۆ زانینی خواستی خودا دەچوو، وای دەگوت: «بڕۆ با بچین بۆ لای پێشبینیکەرەکە،» چونکە پێغەمبەری ئەمڕۆ پێشتر پێشبینیکەری پێ دەگوترا.

10 شاولیش بە خزمەتکارەکەی گوت: «قسەکەت باشە، وەرە با بڕۆین.» جا ڕۆیشتن بۆ ئەو شارۆچکەیەی کە پیاوەکەی خودای لێبوو.

11 کاتێک ئەوان لە هەورازەکە بۆ شارۆچکەکە سەردەکەوتن، چەند کچێکیان بینی کە بۆ ئاوکێشان هاتبوونە دەرەوە و لێیان پرسین: «ئایا پێشبینیکەرەکە لێرەیە؟»

12 ئەوانیش وەڵامیان دانەوە و گوتیان: «بەڵێ، ئەوەتا لەپێشتانە، ئێستا خێرا بکەن، چونکە ئەمڕۆ بۆ شارۆچکەکە هاتووە، چونکە ئەمڕۆ گەل لە نزرگەکەی سەر بەرزایی[n] قوربانی سەردەبڕن. 13 کە دەچنە ناو شارۆچکەکە دەستبەجێ دەیدۆزنەوە، بەر لەوەی سەربکەوێتە نزرگەی سەر بەرزاییەکە بۆ ئەوەی نان بخوات، چونکە گەل نان ناخۆن هەتا ئەو دێت، چونکە ئەو داوای بەرەکەت بۆ قوربانییەکە دەکات. پاش ئەوە بانگهێشتکراوەکان نان دەخۆن. ئێستاش سەربکەون چونکە لەم کاتەدا چاوتان پێی دەکەوێت.»

14 ئینجا سەرکەوتن بۆ شارۆچکەکە، لەو کاتەدا هاتنە ناو شارۆچکەکە، ئەوەتا ساموئێل بەرەو ڕوویان هاتە دەرەوە تاکو بۆ نزرگەی سەر بەرزاییەکە سەربکەوێت.

15 بە ڕۆژێک بەر لە هاتنی شاول، یەزدان بۆ ساموئێلی ئاشکرا کردبوو و فەرمووبووی: 16 «سبەینێ لەم کاتەدا لە خاکی بنیامینەوە پیاوێکت بۆ دەنێرم، تۆش بە فەرمانڕەوای ئیسرائیلی گەلەکەم دەستنیشانی[o] دەکەیت، جا گەلەکەم لە دەست فەلەستییەکان ڕزگار دەکات، چونکە تەماشای گەلەکەمم کرد، لەبەر ئەوەی هاواریان گەیشتە لای من.»

17 جا کە ساموئێل شاولی بینی، یەزدان پێی فەرموو: «ئەوەتا ئەو پیاوەی کە پێم فەرموویت، ئەمە حوکمڕانی گەلەکەم دەکات.»

18 ئینجا شاول لەناوەڕاستی دەروازەکە بەرەو ساموئێل چووە پێش و پێی گوت: «تکایە، پێم بڵێ ماڵی پێشبینیکەرەکە لەکوێیە؟»

19 ساموئێلیش وەڵامی شاولی دایەوە و گوتی: «من پێشبینیکەرەکەم. لەپێشمەوە سەربکەون بۆ نزرگەی سەر بەرزاییەکە و ئەمڕۆ نانم لەگەڵ بخۆن بەیانی ڕێگات دەدەم بڕۆیت و هەموو ئەوەی لە دڵتدایە پێتی دەڵێم، 20 ئەو ماکەرانەش کە سێ ڕۆژە لێت بزر بوون، دڵت لەلایان نەبێت، چونکە دۆزراونەتەوە. ئەی هەموو خواستی ئیسرائیل بۆ کێیە، ئایا بۆ تۆ و بۆ هەموو ماڵی باوکت نییە؟»[p]

21 شاولیش وەڵامی دایەوە و گوتی: «ئایا من بنیامینی نیم، لە بچووکترین هۆزی ئیسرائیلدا و خێڵەکەشم لە هەموو خێڵەکانی دیکەی هۆزی بنیامین بچووکتر نییە؟ ئیتر بۆچی بەو شێوەیە قسەم لەگەڵدا دەکەیت؟»

22 ئینجا ساموئێل شاول و خزمەتکارەکەی برد و هەردووکیانی بۆ ناو دیوەخانەکە بردە ژوورەوە و لە سەرووی هەموو بانگهێشتکراوان داینان کە نزیکەی سی پیاو دەبوون. 23 ساموئێل بە چێشتلێنەرەکەی گوت: «ئەو بەشە بهێنە کە پێم دایت و پێم گوتی، لەلای خۆت هەڵیبگرە.» 24 چێشتلێنەرەکەش ڕانەکە و ئەوەی لەسەری بوو بەرزی کردەوە و لەبەردەم شاول داینا، ساموئێل گوتی: «ئەوەتا ئەوەی ماوەتەوە، بیخەرە بەردەمت و بخۆ، چونکە لە کاتی بانگهێشتی میواندارییەکەمەوە هەتا ئەم کاتە بۆ تۆ هەڵگیراوە.» جا شاول لەو ڕۆژەدا لەگەڵ ساموئێل نانی خوارد.

25 ئینجا لە نزرگەکەی سەر بەرزاییەوە بۆ شارۆچکەکە دابەزین و ساموئێل لە سەربان لەگەڵ شاول قسەی کرد. 26 زوو لە خەو هەستان و نزیکی بەرەبەیان ساموئێل لە سەربانەکە بانگی شاولی کرد و گوتی: «هەستە تاکو بەڕێت بکەم.» شاولیش هەستا، هەردووکیان، شاول و ساموئێل پێکەوە چوونە دەرەوە. 27 کاتێک هەردووکیان بەرەو کەناری شارۆچکەکە دادەبەزین، ساموئێل بە شاولی گوت: «بە خزمەتکارەکەت بڵێ با لەپێشمانەوە بڕوات.» ئەویش لەپێشیانەوە ڕۆیشت. ساموئێل پێی گوت: «بەڵام تۆ ئێستا ڕابوەستە بۆ ئەوەی پەیامی خودات پێ ڕابگەیەنم.»

10 ئینجا ساموئێل گۆزە زەیتەکەی هەڵگرت و بەسەر سەری شاولدا ڕشتی و ماچی کرد و گوتی: «ئایا یەزدان دەستنیشانی نەکردوویت ببیتە فەرمانڕەوای میراتەکەی[q]؟ ئەمڕۆ کە لای من دەڕۆیت، لەلای گۆڕی ڕاحێل لە سنووری بنیامین لە چەلچەح دوو پیاو دەبینیت و پێت دەڵێن: ”ماکەرەکان دۆزرانەوە کە بۆ دۆزینەوەیان ڕۆیشتن، ئەوەتا باوکت وازی لە بابەتی ماکەرەکان هێناوە و دڵی لای ئێوەیە، دەڵێت، ’چی بکەم سەبارەت بە کوڕەکەم؟‘“

«ئینجا ئەوێ بەجێدەهێڵیت و دەڕۆیت، هەتا دەگەیتە دار بەڕووەکەی تاڤۆر، لەوێدا سێ پیاو دەبینیت بۆ لای خودا سەردەکەون بۆ بێت‌ئێل، یەکێکیان سێ کارەبزن و ئەوی دیکەیان سێ کولێرە و ئەوی دیکەشیان مەشکەیەک شەرابی هەڵگرتووە. ئەوان سڵاوت لێ دەکەن و دوو نانت دەدەنێ و تۆش لە دەستیان وەردەگریت.

«پاشان بۆ گیڤعای خودا دەڕۆیت کە سەربازگەی فەلەستییەکانی لێیە. لەوێ کاتێک دەگەیتە شارۆچکەکە، دەستەیەک لە پێغەمبەران دەبینیت کە لە نزرگەی سەر بەرزاییەکەوە دابەزیون و لەبەردەمیانەوە ساز و دەف و شمشاڵ و قیسارە لێدەدرێت و ئەوانیش حاڵ دەگرن. ئینجا ڕۆحی یەزدان بە تواناوە دێتە سەرت و لەگەڵ ئەوان حاڵ دەگریت و دەگۆڕدرێیت بۆ پیاوێکی دیکە. کاتێک ئەم نیشانانە هاتن، ئەوەی لە دەستت دێ بیکە، چونکە خودات لەگەڵدایە.

«لەپێشمەوە دابەزە بۆ گلگال و منیش وا بۆ لای تۆ دادەبەزم هەتا قوربانی سووتاندن پێشکەش بکەم و قوربانی هاوبەشی[r] سەرببڕم، حەوت ڕۆژ چاوەڕوان دەبیت هەتا دێمە لات و نیشانت دەدەم چی بکەیت.»

شاول دەبێتە پاشا

کاتێک شاول ڕووی وەرگێڕا بۆ ئەوەی لەلای ساموئێل بڕوات، خودا دڵێکی دیکەی بە شاول دا و هەموو ئەو نیشانانەش لەو ڕۆژەدا هاتنە دی. 10 کاتێک گەیشتنە گیڤعا، دەستەیەک لە پێغەمبەران بەرەو ڕووی هاتن، جا ڕۆحی خودا بە تواناوە هاتە سەری و لەناوەڕاستیاندا حاڵی گرت. 11 کاتێک ئەوانەی کە پێشتر دەیانناسی بینییان لەگەڵ پێغەمبەرەکان حاڵی گرتووە، خەڵکەکە هەریەکە و بەوی دیکەی گوت: «ئایا لە کوڕەکەی قیش چی ڕوویداوە؟ ئایا شاولیش لە ڕیزی پێغەمبەرەکانە؟»

12 جا پیاوێک لەوێ وەڵامی دایەوە و گوتی: «ئەی باوکیان کێیە؟» بۆیە ئەمە بووە بە پەند: «ئایا شاولیش لە ڕیزی پێغەمبەرەکانە؟» 13 پاش ئەوەی لە حاڵ گرتن بووەوە، شاول چوو بۆ نزرگەی سەر بەرزاییەکە.

14 مامی شاول بە ئەو و بە خزمەتکارەکەی گوت: «بۆ کوێ چوون؟»

ئەویش گوتی: «بۆ گەڕان بەدوای ماکەرەکاندا، بەڵام کاتێک بینیمان نادۆزرێنەوە چووین بۆ لای ساموئێل.»

15 مامی شاولیش گوتی: «پێم بڵێ ساموئێل چی پێ گوتن.»

16 شاولیش بە مامی گوت: «پێی گوتین کە ماکەرەکان دۆزراونەتەوە.» بەڵام لەبارەی پاشایەتییەکەوە بە مامی نەگوت کە ساموئێل چی گوتبوو.

17 ئینجا ساموئێل گەلی بۆ لای یەزدان بۆ میچپا بانگکرد و 18 بە نەوەی ئیسرائیلی گوت: «یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ”من ئیسرائیلم لە میسرەوە هێنایە دەرەوە و فریاتان کەوتم لە دەست میسرییەکان و لە دەستی هەموو ئەو پاشاییەتییانەی کە دەیانچەوساندنەوە.“ 19 بەڵام ئێوە ئەمڕۆ خودای خۆتان ڕەتکردووەتەوە کە لە هەموو ناخۆشی و بەڵایەکتان ڕزگاری کردوون، پێی دەڵێن: ”نەخێر، بەڵکو پاشایەکمان بۆ دابنێ.“ ئێستاش بەپێی هۆز و خێڵەکانتان لەبەردەم یەزداندا ڕاوەستن.»

20 ئینجا ساموئێل هەموو هۆزەکانی ئیسرائیلی هێنایە پێشەوە و هۆزی بنیامین هەڵبژێردرا. 21 ئینجا هۆزی بنیامینی بەگوێرەی خێڵەکانیان هێنایە پێشەوە، لەنێویاندا خێڵی ماتری هەڵبژێردرا، لە ئەنجامدا شاولی کوڕی قیش هەڵبژێردرا. ئینجا بەدوایدا گەڕان و نەیاندۆزییەوە. 22 جا جارێکی دیکە لە یەزدانیان پرسی: «ئایا ئەو پیاوە بۆ ئێرە دێت؟»

یەزدانیش فەرمووی: «ئەوەتا خۆی لەناو شتومەکەکاندا شاردووەتەوە.»

23 ئەوانیش ڕایانکرد و لەوێوە هێنایان، کە لەنێو گەلدا ڕاوەستا، لە شانی و بەسەرەوە لە هەموو خەڵکی باڵای بەرزتر بوو. 24 ئینجا ساموئێل بە هەموو گەلی گوت: «ئەوتان بینی کە یەزدان هەڵیبژاردووە، لەنێو هەموو گەلدا کەس لە وێنەی ئەو نییە.»

ئینجا هەموو گەل هاواریان کرد و گوتیان: «بژی پاشا!»

25 ئینجا ساموئێل باسی یاسای بەڕێوەبردنی پاشایەتی[s] بۆ گەل کرد و لە تۆمارێکدا نووسییەوە و لەبەردەم یەزداندا داینا. پاشان ساموئێل هەموو گەلی ڕەوانە کرد، هەریەکە و بۆ ماڵی خۆی.

26 هەروەها شاولیش گەڕایەوە ماڵەکەی خۆی لە گیڤعا لەگەڵ ئەو قارەمانانەی کە خودا خستبوویە دڵیانەوە. 27 بەڵام خەڵکانێکی گێرەشێوێن گوتیان: «چۆن ئەمە ڕزگارمان دەکات؟» جا بە کەم تەماشایان کرد و هیچ دیارییەکیان پێشکەش نەکرد. بەڵام شاول لێی بێدەنگ بوو.

شاول شاری یاڤێش ڕزگار دەکات

11 ئینجا ناحاشی عەمۆنی سەرکەوت و یاڤێش گلعادی گەمارۆ دا، هەموو پیاوانی یاڤێش بە ناحاشیان گوت: «پەیمانمان لەگەڵدا ببەستە و ئێمەش دەبین بە خزمەتکارت.»

بەڵام ناحاشی عەمۆنی وەڵامی دانەوە: «بەمە پەیمانتان لەگەڵدا دەبەستم، بە هەڵکۆڵینی چاوی ڕاستی هەر هەمووتان تاکو ببنە مایەی سەرشۆڕی هەموو ئیسرائیل.»

پیرانی یاڤێشیش پێیان گوت: «حەوت ڕۆژ مۆڵەتمان بدەرێ تاکو نێردراو بۆ هەموو خاکی ئیسرائیل بنێرین و ئەگەر کەس نەبوو ڕزگارمان بکات، ئەوا خۆمان دەدەینە دەست تۆ.»

جا نێردراوەکان هاتن بۆ گیڤعای شاول و ئەو قسەیەیان بە گەل گوت و گەلیش دەنگیان بەرزکردەوە و گریان. لەو کاتەدا شاول لەدوای گاگەلەکەوە لە کێڵگەوە دەگەڕایەوە، شاول گوتی: «چی لە گەل ڕوویداوە، بۆچی دەگرین؟» ئەوانیش قسەکانی پیاوانی یاڤێشیان بۆ گێڕایەوە.

کاتێک شاول گوێی لەم قسانە بوو، ڕۆحی خودا بە تواناوە هاتە سەری و زۆر تووڕە بوو. ئینجا دوو گای گرت و پارچەپارچەی کردن و بە دەستی نێردراوەکاندا بۆ هەموو خاکی ئیسرائیلی نارد و گوتی: «ئەوەی بەشوێن شاول و ساموئێل[t] نەکەوێت، گایەکانی ئاوایان لێ دەکرێت.» جا ترسی یەزدان کەوتە سەر گەل و هەموویان وەک یەک پیاو هاتنە دەرەوە. کاتێک شاول لە بەزەقدا ژماردنی، نەوەی ئیسرائیل سێ سەد هەزار و پیاوانی یەهوداش سی هەزار بوون.

بە نێردراوەکانیان گوت کە هاتبوون: «ئاوا دەڵێن بە پیاوانی یاڤێش گلعاد: ”سبەینێ کاتێک خۆر گەرم دادێت، ڕزگاریتان بۆ دەبێت.“» ئینجا نێردراوەکان چوون و بە پیاوانی یاڤێشیان ڕاگەیاند، ئەوانیش دڵخۆش بوون. 10 پیاوانی یاڤێش بە عەمۆنییەکانیان گوت: «سبەینێ خۆمان دەدەینە دەست ئێوە و ئێوەش چی بە باش دەزانن ئەوەمان لەگەڵدا بکەن.»

11 بۆ سبەینێ شاول سوپاکەی کردە سێ لەشکر، لە بەرەبەیاندا هاتنە ناوەڕاستی ئۆردوگاکە و هەتا ئەو کاتەی خۆر گەرم داهات لە عەمۆنییەکانیان دا، ئەوانەش کە مانەوە پەرتەوازە بوون، هەتا وای لێهات دوو کەسیان بەیەکەوە نەمانەوە.

پابەندبوون بە پاشایەتی شاول

12 ئینجا گەل بە ساموئێلیان گوت: «کێن ئەوانەی دەڵێن: ”ئایا شاول وەک پاشا پاشایەتیمان دەکات؟“ ئەو پیاوانەمان بدەنێ با بیانکوژین.»

13 بەڵام شاول گوتی: «کەس لەم ڕۆژەدا ناکوژرێت، چونکە لەم ڕۆژەدا یەزدان فریای ئیسرائیل کەوت.»

14 پاشان ساموئێل بە گەلی گوت: «وەرن، با بچینە گلگال و لەوێ پاشایەتییەکە دووپات بکەینەوە.» 15 جا هەموو گەل چوونە گلگال و لەوێ لەبەردەم یەزدان پاشایەتی شاولیان دووپات کردەوە و لەوێ قوربانی هاوبەشییان لەبەردەم یەزدان سەربڕی و لەوێ شاول و هەموو پیاوانی ئیسرائیل ئاهەنگێکی گەورەیان گێڕا.

دوا وتاری ساموئێل

12 ئینجا ساموئێل بە هەموو ئیسرائیلی گوت: «ئەوەتا من گوێم لە دەنگتان گرت، لە هەموو ئەو شتانەی کە پێتان گوتم، پاشایەکم بۆ دانان. ئێستاش تەماشا بکەن، پاشا لەپێشتان دەڕوات. بەڵام من پیر بووم و سەرم سپی بووە، کوڕەکانیشم لەگەڵتاندان. من هەر لە لاویێتیمەوە هەتا ئەمڕۆ لەپێشتانەوە ڕۆیشتووم. ئەوەتام و لەبەردەم یەزدان و دەستنیشانکراوەکەی شایەتیم لەسەر بدەن. ئایا گا و گوێدرێژی کێم بردووە؟ ئایا کێم هەڵخەڵەتاندووە؟ ئایا کێم چەوساندووەتەوە؟ ئایا بەرتیلم لە دەستی کێ وەرگرتووە تاکو چاوەکانم لە ئاستیدا دابخەم؟ پێم بڵێن تاکو بیگەڕێنمەوە.»

ئەوانیش گوتیان: «تۆ ئێمەت هەڵنەخەڵەتاندووە و نەتچەوساندووینەتەوە و هیچت لە دەستی کەس وەرنەگرتووە.»

ساموئێلیش پێی گوتن: «یەزدان شایەتە لەسەرتان و دەستنیشانکراوەکەی ئەمڕۆ شایەتە کە ئێوە هیچ شتێکتان لەسەرم نییە.»

گوتیان: «شایەتە.»

ئینجا ساموئێل بە گەلی گوت: «ئەمە یەزدانە، ئەوەی موسا و هارونی دانا، ئەوەی باوباپیرانی ئێوەی لە خاکی میسر دەرهێنا. ئێستاش لێرە ڕابوەستن، بۆ ئەوەی لەبەردەمی یەزدان کارە ڕاستودروستەکانی ئەوتان بیربخەمەوە کە لەگەڵ ئێوە و باوباپیرانتان کردوویەتی.

«کە یاقوب چووە ناو میسر و باوباپیرانتان هاواریان بۆ یەزدان کرد و یەزدانیش موسا و هارونی نارد و باوباپیرانی ئێوەی لە میسر هێنایە دەرەوە و لەم شوێنەدا نیشتەجێی کردن.

«بەڵام یەزدانی پەروەردگاری خۆیان لە یاد کرد و ئەویش ڕادەستی سیسرای فەرماندەی گشتی سوپای حاچۆر و فەلەستییەکان و پاشای مۆئابی کردن و جەنگیان لەگەڵ کردن. 10 ئینجا هاواریان بۆ یەزدان کرد و گوتیان: ”گوناهمان کرد، چونکە وازمان لە یەزدان هێنا و بەعلەکان و عەشتۆرەتەکانمان پەرست بەڵام ئێستا لە دەست دوژمنەکانمان فریامان بکەوە و دەتپەرستین.“ 11 ئینجا یەزدان یەروبەعل[u] و باراک و یەفتاح و ساموئێلی نارد و لە دەست دوژمنەکانی دەوروبەرتان فریاتان کەوت و بە ئاسوودەیی دانیشتن.

12 «بەڵام کاتێک ناحاشی پاشای عەمۆنییەکانتان بینی دێتە سەرتان، پێتان گوتم: ”نەخێر پاشایەکمان دەوێت فەرمانڕەوایەتیمان بکات،“ هەرچەندە یەزدانی پەروەردگارتان پاشاتان بوو. 13 ئێستاش ئەو پاشایەی کە هەڵتانبژارد و داواتان کرد، ئەوەتا یەزدان بۆی دانان. 14 ئەگەر لە یەزدان بترسن و بیپەرستن، گوێڕایەڵی بن و لە فەرمانەکانی یاخی نەبن، ئەگەر خۆتان و پاشاکەشتان کە پاشایەتیتان دەکات بەدوای یەزدانی پەروەردگارتان بکەون، ئەوا باشەتان بۆ دەبێت. 15 بەڵام ئەگەر گوێڕایەڵی یەزدان نەبوون و لە فەرمانەکانی یەزدانتان یاخی بوون، ئەوا یەزدان لە دژتان دەبێت هەروەک چۆن لە دژی باوباپیرانتان بوو.

16 «هەروەها ئێستاش ڕابوەستن و ئەم کارە مەزنە ببینن کە یەزدان لەبەرچاوتاندا دەیکات. 17 ئایا ئەمڕۆ دروێنەی گەنم نییە؟ من بانگی یەزدان دەکەم و هەورەتریشقە و باران دەبارێنێت، جا بزانن و ببینن خراپەکەتان گەورەیە کە لەبەرچاوی یەزداندا کردووتانە، کە داوای پاشایەکتان بۆ خۆتان کرد.»

18 ئینجا ساموئێل لەبەردەم یەزدان نزای کرد و یەزدانیش لەو ڕۆژەدا هەورەتریشقە و بارانی باراند و هەموو گەل زۆر لە یەزدان و لە ساموئێل ترسان. 19 ئینجا هەموو گەل بە ساموئێلیان گوت: «لە پێناو خزمەتکارەکانت نزا بۆ یەزدانی پەروەردگارت بکە، با نەمرین، چونکە خراپەمان خستە پاڵ هەموو گوناهەکانمان کە بۆ خۆمان داوای پاشامان کرد.»

20 ساموئێلیش بە گەلی گوت: «مەترسن! ئێوە هەموو ئەم خراپەیەتان کردووە، بەڵام لە ڕێگەی یەزدان لامەدەن و بە هەموو دڵتانەوە خزمەتی بکەن. 21 لامەدەن تاکو بەدوای شتی پووچەوە بکەون کە سوودیان نییە و فریاتان ناکەون، چونکە پڕوپووچن. 22 یەزدان لە پێناوی ناوە مەزنەکەی خۆی واز لە گەلی خۆی ناهێنێت، چونکە یەزدان خوازیاربوو بتانکاتە گەلی خۆی. 23 هەروەها منیش، حاشا گوناه لە دژی یەزدان بکەم و دەست لە پاڕانەوە هەڵبگرم لە پێناوی ئێوە، بەڵکو ڕێگای چاک و ڕاستتان پیشان دەدەم. 24 تەنها لە یەزدان بترسن، بە هەموو دڵتانەوە بە ڕاستی بیپەرستن، چونکە ببینن چ کارێکی مەزنی لەگەڵتاندا کردووە. 25 بەڵام ئەگەر خراپە بکەن، خۆتان و پاشاکەتان ڕادەماڵرێن.»

ساموئێل سەرزەنشتی شاول دەکات

13 شاول تەمەنی سی ساڵ بوو کاتێک بوو بە پاشا، چل[v] و دوو ساڵ وەک پاشا پاشایەتی ئیسرائیلی کرد.

شاول سێ هەزار کەسی لە ئیسرائیل بۆ خۆی هەڵبژارد، دوو هەزار لەگەڵ شاول بوون لە میخماس و ناوچە شاخاوییەکانی بێت‌ئێل و هەزاریش لەگەڵ یۆناتان[w] بوون لە گیڤعای بنیامین و پاشماوەی گەلەکەشی ناردەوە، هەریەکە و بۆ ماڵەکەی خۆی.

یۆناتان لە سەربازگەی فەلەستییەکانی دا ئەوەی لە گەڤەعە، فەلەستییەکان ئەمەیان بیستەوە و شاولیش لە هەموو زەوییەکەدا فووی بە کەڕەنادا کرد و گوتی: «با هەموو عیبرانییەکان گوێیان لێ بێت!» جا هەموو ئیسرائیل بیستیان کە شاول لە سەربازگەی فەلەستییەکانی داوە و ئیسرائیلیش لای فەلەستییەکان قێزەون بووە، جا گەل بۆ لای شاول بانگ کران و لە گلگال کۆبوونەوە.

ئینجا فەلەستییەکان بۆ جەنگ لە دژی ئیسرائیل کۆبوونەوە، سێ هەزار گالیسکە و شەش هەزار گالیسکەسوار و سەربازەکانیش لە زۆریدا وەک لمی سەر کەناری دەریا بوون، جا سەرکەوتن و لە میخماس لە ڕۆژهەڵاتی بێت‌ئاڤن چادریان هەڵدا. کاتێک پیاوانی ئیسرائیل بینییان لە مەترسیدان لەبەر ئەوەی سوپاکەیان تەنگەتاو بووە، ئیتر خۆیان لەناو ئەشکەوت و دڕکوداڵەکان و لەنێو تاشەبەردەکان و لەناو چاڵ و ئەمباراوەکاندا شاردەوە، تەنانەت هەندێک لە عیبرانییەکان لە ڕووباری ئوردونەوە بۆ خاکی گاد و گلعاد پەڕینەوە.

شاولیش هێشتا لە گلگالدا بوو و هەموو سەربازەکان کە بەدوایەوە بوون ترسان. ئینجا حەوت ڕۆژ مایەوە هەتا ئەو کاتەی ساموئێل دیاری کردبوو، بەڵام ساموئێل نەهات بۆ گلگال و سەربازەکان وازیان لە شاول دەهێنا و پەرتوبڵاو دەبوونەوە. بۆیە شاول گوتی: «قوربانی سووتاندنەکان و قوربانییەکانی هاوبەشیم بۆ بهێننە پێش.» جا قوربانی سووتاندنەکانی پێشکەش کرد و 10 ئەوە بوو کە لە پێشکەشکردنی قوربانی سووتاندنەکان بووەوە، ساموئێل هات، شاولیش بەرەو ڕووی چوو تاوەکو پێشوازی لێ بکات.

11 ساموئێلیش لێی پرسی: «ئەوە چیت کرد؟»

شاولیش وەڵامی دایەوە: «لەبەر ئەوەی بینیم کە گەل لێم پەرتوبڵاو بوونەوە و تۆش لە ڕۆژانی دیاریکراودا نەهاتیت و فەلەستییەکانیش لە میخماسدا کۆببوونەوە، 12 گوتم: ”ئێستا فەلەستییەکان بۆم دێنە خوارەوە بۆ گلگال، بەر لەوەی داوای ڕەزامەندی یەزدان بکەم.“ ئیتر زۆرم بۆ خۆم هێنا و قوربانییەکەی سووتاندنم پێشکەش کرد.»

13 ساموئێلیش بە شاولی گوت: «گێلایەتیت کرد و فەرمانی یەزدانی پەروەردگارت نەپاراست، کە فەرمانی پێ کردبوویت. ئەگەر فەرمانەکانی خودات ئەنجام بدابایە، ئەوا یەزدان بۆ هەتاهەتایە پاشایەتییەکەی تۆی بەسەر ئیسرائیلدا دەچەسپاند. 14 بەڵام ئێستا پاشایەتییەکەت بەردەوام نابێت، یەزدان بەدوای پیاوێکی دیکەدا گەڕا بە دڵی خۆی بێت، تاوەکو فەرمانڕەوایەتی گەلەکەی بکات، چونکە گوێڕایەڵ نەبوویت بۆ ئەوەی کە یەزدان فەرمانی پێ کردبوویت.»

15 ئینجا ساموئێل هەستا و لە گلگالەوە چووە گیڤعای بنیامین، شاولیش ئەو پیاوانەی ژمارد کە لەگەڵیدا بوون، نزیکەی شەش سەد پیاو بوون.

گەلی ئیسرائیل بەبێ چەک

16 شاول و یۆناتانی کوڕی و ئەو پیاوانەی لەگەڵیاندا بوون لە گیڤعای بنیامیندا نیشتەجێ بوون، فەلەستییەکانیش لە میخماسدا چادریان هەڵدا. 17 ئینجا تێکدەرەکان لە ئۆردوگای فەلەستییەکانەوە بە سێ دەستە چوونە دەرەوە. دەستەیەکیان بەرەو ڕێگای عۆفرا لە خاکی شوعال، 18 دەستەیەکی دیکە بەرەو ڕێگای بێت‌حۆرۆن، دەستەکەی دیکەش بەرەو ڕێگای ئەو سنوورەی دەڕوانێتە سەر دۆڵی چەڤۆعیم ڕووەو چۆڵەوانی چوون.

19 لەناو هەموو خاکی ئیسرائیلیش ئاسنگەرێک بەدی نەدەکرا، چونکە فەلەستییەکان گوتبوویان: «نەوەک عیبرانییەکان شمشێر و ڕم دروستبکەن!» 20 لەبەر ئەوە هەموو ئیسرائیل دادەبەزین بۆ لای فەلەستییەکان تاکو هەریەکە گاسن و تەور و پاچ و داسەکەی خۆی تیژ بکاتەوە، 21 جا کرێی تیژکردنەوەی گاسن و پاچ دوو سێیەکی شاقل[x] بوو، بۆ تیژکردنەوەی شەنە سێ چوکڵەکان و تەور یان بۆ دانانی نەقیزە[y] سێیەکی شاقل[z] بوو.

22 ئیتر لە ڕۆژی جەنگەکە هەموو ئەو گەلەی لەگەڵ شاول و یۆناتان بوون هیچ شمشێر و ڕمێکیان بەدەستەوە نەبوو، تەنها شاول و یۆناتانی کوڕی بەدەستیانەوە بوو.

یۆناتان هێرش دەکاتە سەر فەلەستییەکان

23 ئەوە بوو هێزی فەلەستییەکان چووبوونە دەربەندی میخماس.

14 ڕۆژێک یۆناتانی کوڕی شاول بەو لاوەی گوت کە تفاقەکەی بۆ هەڵدەگرت: «وەرە، با بپەڕینەوە سەربازگەی فەلەستییەکان، ئەوانەی لەوبەرن.» بەڵام بە باوکی نەگوت.

شاولیش لە قەراغی گیڤعادا لەژێر ئەو دار هەنارەی لە میگرۆنە دانیشتبوو، ئەو خەڵکەش کە لەگەڵی مابوونەوە نزیکەی شەش سەد پیاو بوون، لەنێوانیان ئاحییای کاهین بوو کە ئێفۆدی لەبەردا بوو. ئاحییا کوڕی ئەحیتوڤی برای ئیخاڤۆدی کوڕی فینەحاسی کوڕی عێلی کە کاهینی یەزدان بووە لە شیلۆ، خەڵکەکەش کەس نەیدەزانی کە یۆناتان ڕۆیشتووە.

لەنێوان ئەو دەربەندەی کە یۆناتان ویستی لێی بپەڕێتەوە بۆ سەربازگەی فەلەستییەکان هەڵدێرێک لەم بەر و هەڵدێرێک لەو بەر هەبوو، ناوی یەکێکیان بۆچێچ و ناوی ئەوی دیکەیان سەنە بوو. یەکێکیان ڕووی لە باکوور بوو بەرامبەر بە میخماس چەقی بوو و ئەوەی دیکەیان ڕووی لە باشوور بوو بەرامبەر بە گەڤەع.

ئینجا یۆناتان بە لاوەکەی گوت کە هەڵگری تفاقەکانی بوو: «وەرە، با بپەڕینەوە سەربازگەی ئەو خەتەنە نەکراوانە، بەڵکو یەزدان کارێکی وامان بۆ بکات، چونکە هیچ شتێک ناتوانێت لەبەردەم یەزدان ببێتە بەربەست بۆ ڕزگارکردن، چ زۆر بین یان کەم.»

هەڵگری تفاقەکانیشی گوتی: «هەرچی لەسەر دڵتە ئەوە بکە و پێش بکەوە. ئەوەتا، منیش بە تەواوی لەگەڵتدام.»

یۆناتانیش گوتی: «ئەوەتا ئێمە دەپەڕینەوە بۆ لای ئەو پیاوانە و خۆمانیان نیشان دەدەین، ئەگەر پێیان گوتین: ”ڕابوەستن هەتا دەگەینە لاتان،“ لە شوێنی خۆماندا ڕادەوەستین و سەرناکەوین بۆ لایان. 10 بەڵام ئەگەر گوتیان: ”سەربکەون بۆ لامان،“ ئەوا سەردەکەوین، چونکە یەزدان ئەوانی داوەتە دەستمانەوە، ئەمەش نیشانەیە بۆمان.»

11 ئینجا هەردووکیان خۆیان بۆ سەربازگەی فەلەستییەکان دەرخست و فەلەستییەکانیش گوتیان: «تەماشا بکەن، عیبرانییەکان لەو کونانە دێنە دەرەوە کە خۆیان تێیدا شاردبووەوە.» 12 ئینجا پیاوانی سەربازگەکە هاواریان لە یۆناتان و هەڵگری تفاقەکانی کرد و گوتیان: «سەربکەون بۆ لامان، شتێکتان فێر دەکەین.»

یۆناتانیش بە هەڵگری تفاقەکەی گوت: «بەدوامدا سەربکەوە، چونکە یەزدان ئەوانی داوەتە دەست گەلی ئیسرائیل.»

13 یۆناتان بە دەست و پێیەکانی سەرکەوت و هەڵگری تفاقەکانیشی بەدوایەوە بوو. فەلەستییەکانیش لەبەردەم یۆناتان کەوتن و هەڵگری تفاقەکانیشی لەدوایەوە دەیکوشتن، 14 یەکەم گورز کە یۆناتان و هەڵگری تفاقەکانی وەشاندییان، نزیکەی بیست پیاویان کوشت، لە ڕووبەرێک بەقەد نیوەی ئەو زەوییەی جووتێک گا دەتوانن لە یەک ڕۆژ بیکێڵن.

تەفروتوناکردنی فەلەستییەکان

15 ترسێکی ئێجگار زۆر نیشت لە ئۆردوگا و لەوانەی لە کێڵگە بوون، لە سەربازگەکە و تێکدەرەکان و هەموو سوپا، زەویش لەرزی. ترسێکی ئێجگار زۆر لە خوداوە.

16 ئێشکگرەکانی شاول لە گیڤعای بنیامینەوە بینییان کە سوپاکە توایەوە و بە هەموو لایەکدا پەرتەوازە بوون.

17 ئینجا شاول بەو لەشکرەی گوت کە لەگەڵی بوون: «تکایە سەرژمێری بکەن و ببینن کێ لە ئێمە ڕۆیشتووە.» ئەوانیش سەرژمێرییان کرد و بینییان وا یۆناتان و هەڵگری تفاقەکانی لەوێ نەبوون.

18 شاول بە ئاحییای گوت: «سندوقی خودا بهێنە ئێرە.» چونکە لەو ڕۆژانەدا سندوقی خودا لەلای نەوەی ئیسرائیل بوو. 19 هێشتا شاول قسەی لەگەڵ کاهینەکە دەکرد، هەراوهۆریا لەناو ئۆردوگای فەلەستییەکان هەتا دەهات زیاتر دەبوو، بۆیە شاول بە کاهینەکەی گوت: «دەست بکێشەوە.»

20 ئینجا شاول و هەموو ئەو گەلەی لەگەڵی بوون یەکیانگرت و چوون بۆ جەنگەکە. بینییان فەلەستییەکان لە پەشۆکاوییەکی زۆر گەورەدان و شمشێری هەریەکەیان لە دژی هاوڕێکەیەتی. 21 هەروەها عیبرانییەکانی ئەو دەوروبەرەش کە پێشتر لەگەڵ فەلەستییەکاندا بوون و لەگەڵیاندا بۆ ئۆردوگاکە سەرکەوتبوون، ئەوانیش چوونە پاڵ ئەو ئیسرائیلییانەی لەگەڵ شاول و یۆناتاندا بوون. 22 کاتێک پیاوانی ئیسرائیل، ئەوانەی لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایمدا خۆیان شاردبووەوە، بیستیانەوە کە فەلەستییەکان هەڵاتوونە، ئەوانیش لە نزیکەوە بەرەو جەنگەکە دوایان کەوتن. 23 جا یەزدان لەو ڕۆژەدا ئیسرائیلی ڕزگار کرد و جەنگەکە گوازرایەوە بۆ بێت‌ئاڤن.

یۆناتان هەنگوین دەخوات

24 پیاوانی ئیسرائیل لەو ڕۆژە پەرێشان بوون، چونکە شاول گەلی سوێند دا و گوتی: «نەفرەت لەو پیاوە بێت، ئەوەی بەر لە ئێوارە نان بخوات و پێش ئەوەی تۆڵە لە دوژمنەکانم بکەمەوە.» بۆیە هەموو سوپاکە تامی نانیان نەکرد.

25 ئینجا هەموو سوپاکە هاتنە دارستانێک و هەنگوین بەسەر ڕووی زەوییەکەوە بوو. 26 کاتێک سوپاکە هاتنە ناو دارستانەکەوە بینییان ئەوەتا هەنگوین دەتکێت، بەڵام کەس دەستی بۆ دەمی نەبرد، چونکە گەل لە سوێندەکە ترسان. 27 بەڵام یۆناتان نەیبیستبوو کە باوکی سوپای سوێندداوە، جا نووکی داردەستەکەی کە بە دەستیەوە بوو درێژیکرد و خستییە ناو شانە هەنگوینەکە و بۆ دەمی برد، چاوەکانی گەشانەوە. 28 ئینجا یەکێک لە سەربازەکان پێی گوت: «باوکت بە توندی سوپای سوێند دا و گوتی: ”نەفرەت لەو پیاوە بێت کە ئەمڕۆ نان دەخوات!“ لەبەر ئەوە جەنگاوەران لە پەلوپۆ کەوتبوون.»

29 یۆناتانیش گوتی: «باوکم گیروگرفتی لە خاکەکەدا ناوەتەوە، تکایە تەماشا بکەن چاوەکانم چۆن گەشاونەتەوە، چونکە کەمێک لەم هەنگوینەم تام کرد. 30 ئەی ئەگەر ئەمڕۆ جەنگاوەرەکان لە دەستکەوتی دوژمنەکانیان بخواردایە کە دەستیان کەوتووە، ئایا ئەو گورزەی لە فەلەستییەکان وەشێنرا گەورەتر نەدەبوو؟»

31 لەو ڕۆژەدا لە میخماسەوە هەتا ئەیالۆن گورزیان لە فەلەستییەکان وەشاند، جەنگاوەرەکان لە پەلوپۆ کەوتبوون. 32 پاشان سوپاکە هەڵیانکوتایە سەر دەستکەوتەکە[aa] و مەڕ و مانگا و گوێرەکەیان برد و لەسەر زەوی سەریان بڕین و جەنگاوەرەکان بە خوێنەوە خواردیان. 33 بە شاولیان گوت: «وا سوپاکە گوناه لە دژی یەزدان دەکەن کە گۆشت بە خوێنەوە دەخۆن.»

ئەویش گوتی: «ناپاکیتان کرد، دەستبەجێ بەردێکی گەورە بۆ ئێرە گلۆر بکەنەوە.» 34 ئینجا گوتی: «بەناو سوپادا بڵاو ببنەوە و پێیان بڵێن: ”با هەریەکە گا و بەرانەکەی خۆی بۆم بهێنێتە پێش و لێرە سەری ببڕن، ئینجا بیخۆن و گوناه لە دژی یەزدان مەکەن کە گۆشتەکە بە خوێنەوە بخۆن.“»

ئیتر هەموو سوپا لەو شەوەدا هەریەکە و گایەکەی هێنایە پێش و لەوێدا سەری بڕی. 35 ئینجا شاول قوربانگایەکی بۆ یەزدان بنیاد نا، ئەوە یەکەم قوربانگا بوو کە بۆ یەزدانی بنیاد نا.

36 پاشان شاول گوتی: «با بە شەو بەدوای فەلەستییەکاندا بچینە خوارەوە و هەتا بەرەبەیان تاڵانیان بکەین و قڕیان بکەین.»

ئەوانیش گوتیان: «چی بە باش دەزانیت ئەوە بکە.»

بەڵام کاهینەکە گوتی: «با لێرە لە خودا بپرسین.»

37 ئینجا شاول پرسیاری لە خودا کرد: «ئایا بەدوای فەلەستییەکاندا دابەزم؟ ئایا دەیاندەیتە دەست گەلی ئیسرائیل؟» بەڵام لەو ڕۆژەدا وەڵامی نەدایەوە.

38 جا شاول گوتی: «ئەی هەموو ڕابەرانی سوپا، وەرنە پێشەوە بۆ ئێرە، بزانن و ببینن ئەمڕۆ ئەو گوناهە چۆن ڕوویداوە، 39 چونکە بە یەزدانی زیندوو کە ڕزگارکەری ئیسرائیلە، تەنانەت ئەگەر لە یۆناتانی کوڕیشم بێ، دەبێت بمرێت.» بەڵام لە هەموو سوپاکە کەس وەڵامی نەدایەوە.

40 ئینجا بە هەموو ئیسرائیلی گوت: «ئێوە لەلایەک بن و من و یۆناتانی کوڕیشم لەلایەک دەبین.»

جەنگاوەرەکانیش بە شاولیان گوت: «چی بە باش دەزانیت بیکە.»

41 شاول گوتی: «ئەی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل، بۆچی ئەمڕۆ وەڵامی خزمەتکارەکەت نادەیتەوە؟ ئەگەر هەڵەی من یان یۆناتانی کوڕمە، ئەوا ئوریممان پێبدە. بەڵام ئەگەر هەڵەی گەلی ئیسرائیلە ئەوا تومیممان پێبدە[ab].» جا تیروپشکەکە کەوتە سەر یۆناتان و شاول، بەڵام سوپاکە بێتاوان دەرچوون. 42 ئینجا شاول گوتی: «لەنێوان من و یۆناتانی کوڕم تیروپشک هەڵبدەن.» جا تیروپشکەکە کەوتە سەر یۆناتان.

43 ئینجا شاول بە یۆناتانی گوت: «پێم بڵێ چیت کردووە.»

یۆناتانیش پێی ڕاگەیاند: «بە نووکی داردەستەکەم کە بەدەستمەوە بوو کەمێک هەنگوینم تامکرد. ئایا ئێستا دەبێت بمرم؟»

44 شاولیش گوتی: «یۆناتان! ئەگەر تۆ نەمریت، با خودا توندترین سزام بدات.»

45 بەڵام جەنگاوەران بە شاولیان گوت: «ئایا یۆناتان، ئەوەی ئەم ڕزگارییە گەورەیەی لە ئیسرائیلدا هێنایە دی دەبێ بمرێت؟ حاشا! بە یەزدانی زیندوو، نابێت تاڵە مووێکی سەری بکەوێتە سەر زەوی، چونکە ئەمڕۆ ئەو لەگەڵ خودا ئەمەی کردووە.» جا گەل یۆناتانیان دەرباز کرد و نەمرد.

46 ئینجا شاول وازی لە ڕاونانی فەلەستییەکان هێنا و فەلەستییەکانیش بۆ شوێنی خۆیان گەڕانەوە.

47 دوای ئەوەی شاول جڵەوی پاشایەتی ئیسرائیلی گرتە دەست، لە دژی هەموو دوژمنەکانی دەوروبەری جەنگا، مۆئاب و عەمۆن و ئەدۆم و پاشاکانی چۆڤا و فەلەستییەکان. ڕووی لە هەرکوێ دەکرد، سەردەکەوت. 48 هەروەها دلێرانە جەنگا و گورزی لە عەمالێقییەکان وەشاند و ئیسرائیلی لە دەستی تاڵانکەرانی دەرباز کرد.

کەسوکاری شاول

49 کوڕەکانی شاولیش، یۆناتان و یەشڤی و مەلکی‌شوەع بوون. ناوی دوو کچەکەشی، ناوی گەورەکەیان مێرەڤ و بچووکەکەشیان ناوی میخەل بوو. 50 ژنەکەشی ناوی ئەحینۆعەمی کچی ئەحیمەعەچ بوو. فەرماندەی گشتی سوپاکەشی ناوی ئەبنێری کوڕی نێری مامی شاول بوو، 51 قیشی باوکی شاول و نێری باوکی ئەبنێریش کوڕی ئەبیێل بوون.

52 بە درێژایی ماوەی حوکمڕانی شاول جەنگێکی سەخت لە دژی فەلەستییەکان هەبوو، جا شاول هەر پیاوێکی دلێر و ئازای دەبینی دەیهێنایە پاڵ خۆی.

ڕەتکردنەوەی شاول لە پاشایەتی

15 ساموئێل بە شاولی گوت: «یەزدان منی نارد بۆ ئەوەی تۆ وەک پاشایەک دەستنیشان بکەم لەسەر ئیسرائیلی گەلەکەی. جا ئێستا گوێت لە فەرمایشتی یەزدان بێت، یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: ”سزای[ac] عەمالێقییەکان دەدەم لەسەر ئەوەی بە ئیسرائیلیان کرد، کاتێک لەسەر ڕێگا لە دژیان وەستان کە لە میسر هاتنە دەرەوە. ئێستاش بڕۆ گورز لە عەمالێقییەکان بوەشێنە، هەموو ئەوەی هەیانە بە تەواوی قڕیان بکە[ad]، دەستیان لێ مەپارێزە و بیانکوژە، پیاو و ژن و منداڵ و شیرەخۆرە، گا و مەڕ و وشتر و گوێدرێژ.“»

جا شاول سوپاکەی بانگکرد و لە تەلائیم کۆی کردنەوە، دوو سەد هەزار پیادە[ae] و دە هەزار پیاوی یەهودا. ئینجا شاول چوو بۆ شاری عەمالێق و لە شیوەکەدا خۆی مات کرد، بە قێنییەکانی گوت: «بڕۆن و دوورەپەرێز بن و لەنێو عەمالێقییەکان بچنە دەرەوە، نەوەک ئێوەش لەگەڵ ئەواندا لەناو ببەم، چونکە ئێوە چاکەتان لەگەڵ هەموو نەوەی ئیسرائیلدا کردووە، کاتێک لە میسرەوە سەرکەوتن.» جا قێنییەکان خۆیان لە عەمالێقییەکان دوورەپەرێز گرت.

ئینجا شاول لە عەمالێقییەکانی دا، لە حەڤیلایەوە هەتا شوور کە لە ڕۆژهەڵاتی میسرە. هەروەها ئەگاگی پاشای عەمالێقییەکانی بە زیندوویی گرت و هەموو گەلەکەی بە شمشێر بە تەواوی قڕکرد. بەڵام شاول و سوپاکە دەستیان لە ئەگاگ پاراست، هەروەها باشترینی مەڕوماڵات و گاوگۆتاڵ و دابەستە و هەموو ئەوەی باش بوو نەیانویست بە تەواوی قڕیان بکەن، بەڵام هەموو ئەو ماڵەی بێ نرخ و لاواز بوو بە تەواوی قڕیان کرد.

10 ئینجا فەرمایشتی یەزدان هات بۆ ساموئێل و فەرمووی: 11 «خەفەتبارم لەوەی کە شاولم کردە پاشا، چونکە لێم هەڵگەڕاوەتەوە و فەرمانەکانی منی بەجێنەگەیاند.» جا ساموئێل دڵتەنگ بوو، بە درێژایی ئەو شەوە هاواری بۆ یەزدان کرد.

12 بەیانی زوو ساموئێل بۆ بینینی شاول هەستا، جا بە ساموئێل ڕاگەیەنرا: «شاول چوو بۆ کەرمەل[af] و ئەوەتا تاوەرێکی یادەوەری بۆ خۆی داناوە، سووڕاوەتەوە و پەڕیوەتەوە و دابەزیوە بۆ گلگال.»

13 جا ساموئێل هات بۆ لای شاول، شاول پێی گوت: «با بەرەکەتی یەزدانت لەسەر بێت، من فەرمانی یەزدانم بەجێگەیاند.»

14 بەڵام ساموئێل گوتی: «ئەی باعەباعی ئەو مەڕانە چییە لە گوێمدا دێت، ئەی بۆڕەبۆڕی ئەو مانگایانە چییە دەیبیستم؟»

15 شاولیش وەڵامی دایەوە: «لەلای عەمالێقییەکانەوە هێناویانە، ئەوانەیە کە گەل لە باشەکان دەستیان لێ پاراست، لە مەڕ و مانگا، بۆ ئەوەی بۆ یەزدانی پەروەردگارت سەری ببڕن، ئەوانی دیکەشمان بە تەواوی قڕکرد.»

16 ئینجا ساموئێل بە شاولی گوت: «بێدەنگ بە! با ئەوەت پێ ڕابگەیەنم کە یەزدان دوێنێ شەو چی پێ فەرمووم.»

ئەویش گوتی: «پێم بڵێ.»

17 ساموئێل گوتی: «هەرچەندە لەبەرچاوی خۆت بچووکیت، ئایا نەبوویت بە سەرۆکی هۆزەکانی ئیسرائیل؟ ئایا یەزدان دەستنیشانی نەکردیت ببیتە پاشای ئیسرائیل؟ 18 یەزدان بە ئەرکێک ڕەوانەی کردیت و فەرمووی: ”بڕۆ عەمالێقییە گوناهبارەکان بە تەواوی قڕ بکە و لە دژیان بجەنگە هەتا لەناودەچن.“ 19 ئیتر بۆچی گوێڕایەڵی یەزدان نەبوویت و پەلاماری دەستکەوتەکەت دا و لەبەرچاوی یەزداندا ئەم خراپەیەت کرد؟»

20 شاولیش بە ساموئێلی گوت: «من گوێڕایەڵی یەزدان بووم و ئەو ئەرکەم بەجێهێنا کە پێی سپاردم، ئەگاگی پاشای عەمالێقم هێنا و عەمالێقییەکانم بە تەواوی قڕکرد. 21 جەنگاوەران لە دەستکەوتەکە مەڕ و مانگایان برد، باشترینی تەرخانکراوەکان بۆ خودا[ag]، تاکو لە گلگال بۆ یەزدانی پەروەردگارت سەری ببڕن.»

22 بەڵام ساموئێل گوتی:

«ئایا یەزدان دڵخۆشە بە قوربانی سووتاندن و سەربڕدراوەکان
    یان بە گوێڕایەڵبوون بۆ فەرمایشتی یەزدان؟
گوێڕایەڵی لە سەربڕین باشترە،
    سەرنجدانیش لە چەوری بەرانەکان.
23 چونکە یاخیبوون وەک گوناهی فاڵگرتنەوەیە[ah]،
    کەللەڕەقی تاوان و بتپەرستییە.
لەبەر ئەوەی فەرمایشتی یەزدانت ڕەتکردەوە،
    ئەویش لە پاشایەتی ڕەتی کردوویتەوە.»

24 ئینجا شاول بە ساموئێلی گوت: «گوناهم کرد. سەرپێچی فەرمانی یەزدان و قسەی تۆم کرد، چونکە لە گەل ترسام و بە قسەی ئەوانم کرد. 25 ئێستاش تکایە لە گوناهم خۆشبە و لەگەڵمدا بگەڕێوە، بۆ ئەوەی کڕنۆش بۆ یەزدان ببەم.»

26 بەڵام ساموئێل بە شاولی گوت: «لەگەڵتدا ناگەڕێمەوە، چونکە فەرمایشتی یەزدانت ڕەتکردەوە، یەزدانیش وەک پاشای ئیسرائیل ڕەتی کردوویتەوە.»

27 کاتێک ساموئێل ئاوڕی دایەوە بۆ ئەوەی بڕوات، شاول دامێنی کەواکەی گرت و دڕا. 28 ساموئێلیش پێی گوت: «یەزدان ئەمڕۆ پاشایەتی ئیسرائیلی لێت دابڕی و دای بە نزیکەکەت کە لە تۆ باشترە. 29 هەروەها شکۆی[ai] ئیسرائیل درۆ ناکات و بڕیاری ناگۆڕێت، چونکە ئەو مرۆڤ نییە تاکو بڕیاری بگۆڕێت.»

30 شاولیش گوتی: «ئێستا گوناهم کردووە، تکایە لەبەردەم پیرانی گەلەکەم و لەبەردەم ئیسرائیلدا ڕێزم لێبنێ، لەگەڵمدا بگەڕێوە تاکو کڕنۆش بۆ یەزدانی پەروەردگارت ببەم.» 31 ئینجا ساموئێل بەدوای شاولدا گەڕایەوە، شاول کڕنۆشی بۆ یەزدان برد.

32 پاشان ساموئێل گوتی: «ئەگاگی پاشای عەمالێقم بۆ بهێننە ئێرە.»

ئەگاگیش بە متمانەوە چوو بۆ لای و گوتی: «بێگومان تاڵی مەرگ ڕەوییەوە.»

33 بەڵام ساموئێل گوتی:

«وەک چۆن شمشێرەکەت ژنانی وەجاخکوێر کرد،
    ئاواش دایکت وەجاخکوێر دەبێت.»

ئینجا ساموئێل لە گلگال لەبەردەم یەزدان ئەگاگی پارچەپارچە کرد.

34 پاشان ساموئێل چوو بۆ ڕامە و شاولیش سەرکەوت بۆ ماڵەکەی لە گیڤعای شاولدا. 35 ئیتر ساموئێل هەتا ڕۆژی مردنی نەگەڕایەوە بۆ بینینی شاول، هەرچەندە شیوەنیشی بۆ دەگێڕا. یەزدانیش خەفەتبار بوو کە شاولی کردە پاشای ئیسرائیل.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.