Bible in 90 Days
20 شاول دەستبەجێ بە درێژایی خۆی کەوتە سەر زەوی و زۆر لە قسەکانی ساموئێل ترسا. هیچ هێزی تێدا نەما، چونکە بە درێژایی ئەو شەو و ڕۆژە هیچ خواردنێکی نەخواردبوو.
21 کاتێک ژنەکە هاتە لای شاول و بینی زۆر پەشۆکاوە، پێی گوت: «ئەوەتا کەنیزەکەت گوێڕایەڵی فەرمانت بوو و ژیانی خۆمم خستە ناو لەپی دەستمەوە و گوێم لەو قسەیەت گرت کە پێت گوتم. 22 ئێستا تۆش گوێ لە کەنیزەکەت بگرە، پارچەیەک نان لەبەردەمتدا دادەنێم و بیخۆ، بۆ ئەوەی هێزت تێدابێت کاتێک بە ڕێگادا دەڕۆیت.»
23 ئەویش ڕازی نەبوو، گوتی: «ناخۆم.»
بەڵام دوو خزمەتکارەکەی و ژنەکەش زۆریان لێکرد، ئەویش گوێی لێیان گرت و لەسەر زەوییەکە هەستا و لەسەر جێگاکە دانیشت.
24 ژنەکە جوانەگایەکی قەڵەوی لە ماڵەوە هەبوو، بە پەلە سەری بڕی و ئاردی برد و کردی بە هەویر و نانی فەتیرەی کرد. 25 پاشان لەبەردەم شاول و دوو خزمەتکارەکەیدا داینا و خواردیان. ئینجا هەستان و لەو شەوەدا ڕۆیشتن.
ناردنەوەی داود بۆ چیقلەگ
29 فەلەستییەکان هەموو لەشکرەکانیان لە ئەفێق کۆکردەوە، ئیسرائیلییەکانیش لەسەر ئەو کانییەی لە یەزرەعیل بوو خێوەتگایان دامەزران. 2 ئینجا حوکمڕانە[a] فەلەستییەکان بە یەکەکانی سەدان و هەزاران تێپەڕ بوون، داود و پیاوەکانیش لە دوایانەوە لەگەڵ ئاخیش تێپەڕین. 3 جا سەرلەشکرەکانی فەلەستییەکان گوتیان: «ئەو عیبرانیانە چین؟»
ئاخیش بە سەرلەشکرە فەلەستییەکانی گوت: «ئەی ئەمە داودی پیاوی شاولی پاشای ئیسرائیل نەبوو؟ ئەوە زیاتر لە ساڵێکە لەگەڵمدایە، لەو کاتەوەی هاتووەتە پاڵمان هەتا ئەمڕۆ هیچم لێ نەبینیوە.»
4 بەڵام سەرلەشکرە فەلەستییەکان لێی تووڕە بوون و پێیان گوت: «ئەم پیاوە بگەڕێنەوە و با بگەڕێتەوە بۆ ئەو شوێنەی بۆت دیاری کردووە، لەگەڵمان دانەبەزێت بۆ جەنگ، لە کاتی شەڕ لە دژمان هەڵبگەڕێتەوە، چونکە بە چی گەورەکەی ڕازی دەکات، ئایا بە سەری ئەو پیاوانە نییە؟ 5 ئەی ئەمە ئەو داودە نییە کە ئافرەتان بەدەم سەماوە گۆرانییان بۆی دەگوت:
«”شاول هەزارانی کوشت و
داودیش دەیان هەزار.“»
6 ئینجا ئاخیش داودی بانگکرد و پێی گوت: «بە یەزدانی زیندوو، تۆ سەرڕاستیت، ئەگەر بێت و لەگەڵ من خزمەتی سەربازی بکەی، لەلام پەسەندە، چونکە لەو ڕۆژەوەی هاتوویت بۆ لام هەتا ئەمڕۆ هیچ خراپەیەکم لە تۆدا نەبینیوە، بەڵام بەلای فەرماندە فەلەستییەکانەوە پەسەند نیت. 7 ئێستا بگەڕێوە و بە سەلامەتی بڕۆ، هیچ خراپەیەک لەبەرچاوی فەرماندە فەلەستییەکاندا مەکە.»
8 ئینجا داود بە ئاخیشی گوت: «من چیم کردووە، لەو ڕۆژەوەی بۆ لات هاتووم هەتا ئەمڕۆ چیت لە خزمەتکارەکەت بینیوە، هەتا نەیەم و جەنگ لە دژی دوژمنەکانی پاشای گەورەم نەکەم؟»
9 ئاخیشیش وەڵامی دایەوە و بە داودی گوت: «من دەزانم تۆ لەلای من پەسەندیت، لەلای من وەک فریشتەی خودایت، بەڵام سەرلەشکرەکانی فەلەستییەکان گوتیان: ”نابێت لەگەڵماندا بۆ جەنگ دابەزێت.“ 10 ئێستاش بەیانی زوو هەستە و لەگەڵ خزمەتکارەکانی گەورەکەت ئەوانەی لەگەڵتدا هاتوون، لەگەڵ ڕۆشنایی بەرەبەیاندا بڕۆن.»
11 ئینجا بەیانی زوو داود و پیاوەکانی هەستان بۆ ئەوەی لە بەرەبەیان بەڕێکەون و بگەڕێنەوە خاکی فەلەستییەکان، فەلەستییەکانیش بۆ یەزرەعیل سەرکەوتن.
ڕزگارکردنی کەسوکاری داود
30 کاتێک داود و پیاوەکانی لە ڕۆژی سێیەم گەیشتنە چیقلەگ، عەمالێقییەکان پەلاماری نەقەب و چیقلەگیان دابوو. لە چیقلەگیان دابوو و ئاگریان تێبەردابوو، 2 بچووک و گەورە و ئافرەتەکانیشیان ڕاپێچ کرد، هەموو ئەوانەی لەوێ بوون، کەسیان نەکوشتبوو، بەڵکو دابوویانە پێش خۆیان و بە ڕێگای خۆیاندا چووبوون.
3 داود و پیاوەکانی چوونە ناو چیقلەگ، بینییان سووتێنراوە و ژن و کوڕ و کچەکانیان ڕاپێچ کراون. 4 لەبەر ئەوە داود و ئەو پیاوانەی لەگەڵی بوون دەنگیان بەرزکردەوە و گریان، هەتا ئەوەی هێزی گریانیان نەما. 5 هەردوو ژنەکەی داود ئەحینۆعەمی یەزرەعیلی و ئەبیگایلی بێوەژنەکەی نابالی کەرمەلیش ڕاپێچ کرابوون. 6 داود زۆر پەرێشان بوو، لەبەر ئەوەی پیاوەکانی گوتیان، «با بەردبارانی بکەین،» چونکە هەریەکیان بۆ کوڕ و کچەکانیان داخ لە دڵ بوون. بەڵام داود بۆ هێز پشتی بە یەزدانی پەروەردگاری خۆی بەست.
7 ئینجا داود بە ئەبیاتاری کاهینی کوڕی ئەحیمەلەخی گوت: «تکایە ئێفۆدەکەم بۆ بهێنە پێشەوە.» ئەبیاتاریش ئێفۆدەکەی بۆ داود هێنا. 8 داود پرسیاری لە یەزدان کرد و گوتی: «ئایا بەدوای ئەو چەتانە بکەوم؟ ئەگەر بەدوایان بکەوم پێیان دەگەم؟»
ئەویش فەرمووی: «بەدوایان بکەوە، پێیان دەگەیت و ڕاپێچکراوەکانیش دەرباز دەکەیت.»
9 جا داود و ئەو شەش سەد پیاوەی لەگەڵی بوون بەڕێکەوتن و چوونە شیوی «بەسۆر». لەوێ چەند پیاوێک بەجێمان، 10 لەبەر ماندووبوونیان نەیانتوانی لە شیوی بەسۆر بپەڕنەوە، کە دوو سەد پیاو بوون. بەڵام داود لەگەڵ چوار سەد پیاو بەردەوام بوون لە ڕاونان.
11 لە دەشتەکە تووشی پیاوێکی میسری بوون، بردیان بۆ لای داود، نانیان پێدا و خواردی و ئاویان دەرخواردی دا. 12 ئینجا نانە هەنجیرێک و دوو هێشووە کشمیشیان پێدا، خواردی و ڕۆحی بەبەردا هاتەوە، چونکە سێ ڕۆژ و سێ شەو نانی نەخواردبوو و ئاوی نەخواردبووەوە.
13 داود لێی پرسی: «تۆ سەر بە کێیت و لەکوێوە هاتوویت؟»
ئەویش گوتی: «من گەنجێکی میسریم و کۆیلەی پیاوێکی عەمالێقیم، گەورەکەم سێ ڕۆژ لەمەوپێش وازی لێ هێنام، چونکە نەخۆش کەوتم. 14 ئێمە پەلاماری نەقەبی کریتییەکان و خاکی یەهودا و نەقەبی کالێبمان دا، چیقلەگیشمان سووتاند.»
15 داودیش پێی گوت: «بۆ لای ئەو چەتانە دەمبەیتە خوارەوە؟»
ئەویش گوتی: «بە خودا سوێندم بۆ بخۆ کە نامکوژیت و نامدەیتەوە دەست گەورەکەم، منیش دەتبەمە خوارەوە بۆ لای ئەو چەتانە.»
16 ئینجا داودی بردە خوارەوە و بینی بەسەر ڕووی هەموو زەوییەکەدا بڵاو بوونەتەوە، دەخۆن و دەخۆنەوە و سەما دەکەن، لەبەر هەموو ئەو دەستکەوتە گەورەیەی لە خاکی فەلەستییەکان و یەهوداوە بردبوویان. 17 جا داود لە زەردەپەڕدا هەتا ئێوارەی ڕۆژی دواتر لێیدان و پیاوێکیان لێ دەرباز نەبوو، جگە لە چوار سەد گەنج کە سواری وشتر بوون و هەڵاتن. 18 داودیش هەموو ئەوەی عەمالێقییەکان بردبوویان بە دەستی هێنایەوە، داود دوو ژنەکەی خۆی دەرباز کرد، 19 هیچ شتێکیان لە دەست نەدا، نە بچووک و نە گەورە و نە کوڕ و نە کچ، نە دەستکەوت و نە هیچ شتێک لە هەموو ئەوەی لێیان بردرابوو، بەڵکو داود هەمووی گەڕاندەوە. 20 هەروەها داود هەموو گاوگۆتاڵەکانی برد و لەپێش ئاژەڵە ماڵییەکانی دیکەوە لێیانخوڕین و گوتیان: «ئەمە دەستکەوتی داودە.»
21 ئینجا داود هات بۆ لای ئەو دوو سەد پیاوەی کە لە ڕۆیشتن بەدوای داودەوە ماندوو بوون و لە شیوی بەسۆردا بەجێهێڵران، ئەوانیش بۆ پێشوازیکردن لە داود و ئەو خەڵکەی لەگەڵیدا بوون هاتنە دەرەوە، داود لە خەڵکەکە چووە پێشەوە و سڵاوی لێکردن. 22 بەڵام پیاوە خراپ و بەدکارەکان لەنێو ئەو پیاوانەی کە لەگەڵ داود چووبوون وەڵامیان دایەوە و گوتیان: «لەبەر ئەوەی ئەوان لەگەڵمان نەهاتن، لەو دەستکەوتە بەشیان نادەین کە بەدەستمان هێناوە، با هەر پیاوە ژن و منداڵی خۆی ببات و بڕوات.»
23 داود گوتی: «براکانم ئەمە مەکەن، چونکە یەزدان پێیداین و ئێمەی پاراست، ئەو چەتانەی دایە دەستمان کە هاتنە سەرمان. 24 لەم شتەدا کێ گوێتان پێدەدات؟ بەشی ئەوەی لەلای کەلوپەلەکان ماوەتەوە دەبێت وەک بەشی ئەوە بێت کە دابەزیوە بۆ جەنگ، وەک یەک بەشیان بەردەکەوێت.» 25 ئەوە بوو لەو ڕۆژە بەدواوە و هەتا ئەمڕۆ داود ئەمەی کرد بە فەرز و حوکم بۆ ئیسرائیل.
26 کاتێک داود هاتە چیقلەگ، هەندێک لە دەستکەوتەکەی نارد بۆ پیرانی یەهودا بۆ هاوڕێیەکانی، گوتی: «ئەمە دیارییە بۆ ئێوە لە دەستکەوتی دوژمنەکانی یەزدان.»
27 ناردی بۆ ئەوانەی لە بێتئێل و ڕامۆتی نەقەب و یەتیر، 28 بۆ ئەوانەی لە عەرۆعێر و سیفمۆت و ئەشتەمۆع، 29 بۆ ئەوانەی لە ڕاخال و شارۆچکەکانی یەرەحمێلییەکان و شارۆچکەکانی قێنییەکان، هەروەها 30 بۆ ئەوانەی لە حۆرما و بۆر عاشان و عەتاک، 31 بۆ ئەوانەی لە حەبرۆن و هەموو ئەو شوێنانەی لەوێدا داود خۆی و پیاوەکانی هاتوچۆیان کردووە.
خۆکوشتنی شاول
31 فەلەستییەکان لە دژی ئیسرائیل جەنگان و پیاوانی ئیسرائیل لەبەردەم فەلەستییەکان هەڵاتن، ژمارەیەکی زۆریان بە کوژراوی لە کێوی گلبۆع کەوتن. 2 فەلەستییەکان بە گوڕەوە دوای شاول و کوڕەکانی کەوتن، یۆناتان و ئەبیناداب و مەلکیشوەعی کوڕەکانی شاولیان کوشت. 3 جەنگەکە لەسەر شاول توندتر بوو، تیرهاوێژەکان دۆزییانەوە و بە سەختی پێکایان.
4 شاول بە هەڵگری تفاقەکانی گوت: «شمشێرەکەت دەربێنە و بمکوژە، نەوەک ئەو خەتەنە نەکراوانە بێن و بمکوژن و سووکایەتیم پێ بکەن.»
بەڵام هەڵگری تفاقەکانی ڕازی نەبوو، چونکە زۆر ترسا. جا شاول شمشێرەکەی برد و خۆی بەسەریدا دا. 5 کاتێک هەڵگری تفاقەکانی بینی شاول مردووە، ئەویش خۆی بەسەر شمشێرەکەیدا دا و لەگەڵ ئەو مرد. 6 لەو ڕۆژەدا شاول و هەر سێ کوڕەکەی و هەڵگری تفاقەکانی و هەموو پیاوەکانی پێکەوە مردن.
7 کاتێک ئەو ئیسرائیلییانەی کە لەوبەری دۆڵەکە و لەوبەری ڕووباری ئوردون بوون، بینییان کە سوپای ئیسرائیل هەڵاتوون و شاول و کوڕەکانی مردوون، شارۆچکەکانیان بەجێهێشت و هەڵاتن، فەلەستییەکانیش هاتن و تێیاندا نیشتەجێ بوون.
8 بۆ ڕۆژی دوای ئەوە کاتێک فەلەستییەکان بۆ تاڵانکردنی کوژراوەکان هاتن، شاول و سێ کوڕەکەی ئەویان دۆزییەوە، لە کێوی گلبۆع کەوتبوون. 9 ئینجا سەری شاولیان بڕی و زرێیەکەیان لێی داماڵی، بە هەموو لایەکدا نێردراویان بۆ خاکی فەلەستییەکان نارد، تاوەکو مژدە بدەنە پەرستگای بتەکانیان و گەلەکەیان. 10 ئینجا زرێیەکەیان لە پەرستگای عەشتۆرەتەکاندا دانا و لاشەکەیان بە دیواری بێتشانەوە هەڵواسی.
11 کاتێک دانیشتووانی یاڤێش گلعاد ئەو شتانەیان بیستەوە کە فەلەستییەکان بە شاولیان کردبوو، 12 هەموو پیاوە دلێرەکانیان هەستان و بە درێژایی ئەو شەوە بە ڕێگادا ڕۆیشتن، لاشەکەی شاول و لاشەی کوڕەکانیان لە دیواری بێتشانەوە برد و هێنایانە یاڤێش، لەوێ سووتاندیان و 13 ئێسکەکانیان برد و لەژێر دار گەزەکەدا لە یاڤێش ناشتیان. حەوت ڕۆژ بەڕۆژوو بوون.
گەیشتنی هەواڵی مردنی شاول
1 ئەوە بوو پاش مردنی شاول و گەڕانەوەی داود لە لێدانی عەمالێقییەکان، داود دوو ڕۆژ لە چیقلەگ مایەوە. 2 لە ڕۆژی سێیەمدا بینی گەنجێک لە ئۆردوگاکەی شاولەوە بە جلی دڕاو و سەری تۆزاوییەوە هات، کاتێک گەیشتە لای داود کەوتە سەر زەوی و کڕنۆشی برد.
3 داود لێی پرسی: «لەکوێوە هاتوویت؟»
ئەویش وەڵامی دایەوە: «لە ئۆردوگای ئیسرائیلەوە دەرباز بووم.»
4 داودیش پێی گوت: «ڕووداوەکە چۆن بوو؟ تکایە پێم ڕابگەیەنە.»
ئەویش گوتی:[b] «جەنگاوەران لە جەنگەکەدا هەڵاتن، زۆربەی جەنگاوەران کەوتن و مردن، شاول و یۆناتانی کوڕیشی مردن.»
5 داودیش بەو گەنجەی گوت کە هەواڵەکەی پێی ڕاگەیاندبوو: «چۆن زانیت شاول و یۆناتانی کوڕی مردوون؟»
6 گەنجەکەش پێی گوت: «وا ڕێککەوت من لە کێوی گلبۆع بووم، بینیم شاول بەسەر ڕمەکەیدا دەچەمایەوە، گالیسکە و سوارەکانیش بە توندی بەدوایەوە بوون. 7 ئاوڕی لەدوای خۆی دایەوە و منی بینی، بانگی کردم، منیش گوتم: ”ئەوەتام.“
8 «لێی پرسیم: ”تۆ کێیت؟“
«منیش وەڵامم دایەوە: ”من عەمالێقیم.“
9 «ئینجا پێی گوتم: ”تکایە، وەرە سەرم و بمکوژە! لە سەرەمەرگدام، بەڵام هێشتا ژیانم تێدا ماوە.“
10 «منیش چوومە سەری و کوشتم، چونکە زانیم پاش کەوتنەکەی ناژیێت، ئیتر تاجەکەی سەر سەری و بازنەکەی کە بە قۆڵییەوە بوو بردم و ئەوانەم بۆ لای گەورەم هێناوە.»
11 داود جلەکانی لەبەرخۆی دادڕی، بە هەمان شێوە هەموو ئەو پیاوانەی کە لەگەڵی بوون. 12 لاوانەوە و گریان، هەتا ئێوارە بەڕۆژوو بوون، بۆ شاول و یۆناتانی کوڕی و هەموو سوپای یەزدان و بنەماڵەی ئیسرائیل، چونکە بە شمشێر کەوتن.
13 ئیتر داود بە گەنجەکەی گوت: «تۆ خەڵکی کوێیت؟»
ئەویش گوتی: «من کوڕی پیاوێکی عەمالێقی نامۆم.»
14 داودیش پێی گوت: «چۆن سڵت نەکردەوە لەوەی دەستت درێژ بکەیت هەتا دەستنیشانکراوی یەزدان لەناو ببەیت؟»
15 ئینجا داود یەکێک لە خزمەتکارەکانی بانگکرد و گوتی: «وەرە پێشەوە و بیکوژە!» ئەویش لێیدا و مرد. 16 لەبەر ئەوەی داود پێی گوتبوو: «خوێنی خۆت لە ملی خۆتە، چونکە دەمت شایەتی لەسەر دایت و گوتت: ”من دەستنیشانکراوی یەزدانم کوشت.“»
لاواندنەوەی داود بۆ شاول و یۆناتان
17 داود بەم لاوانەوەیە بۆ شاول و یۆناتانی کوڕی لاواندییەوە و 18 فەرمانی دا کە نەوەی یەهودا ئەم لاواندنەوەیەی کەوان فێر بن. ئەوە لە پەڕتووکی یاشاردا[c] نووسراوە:
19 «ئەی ئیسرائیل! ئای چۆن قارەمانان کەوتن!
شکۆمەندییەکەت لەسەر بەرزاییەکانت کوژراوە.
20 «لە گەت ڕایمەگەیەنن،
لە شەقامەکانی ئەسقەلان مژدە مەدەن،
نەوەک کچانی فەلەستییەکان دڵخۆش بن،
نەوەک کچانی خەتەنە نەکراوان پێمان خۆش بن.
21 «ئەی چیاکانی گلبۆع،
با شەونم و بارانتان بەسەرەوە نەبێت،
نە کێڵگەکانت پێشکەشکراوی دانەوێڵە،
چونکە لەوێ قەڵغانی پاڵەوانان گڵاو بووە،
قەڵغانەکەی شاول، بێ چەورکردنی بە ڕۆن.
22 «لە خوێنی کوژراوان و
لە جەستەی پاڵەوانان
کەوانەکەی یۆناتان نەگەڕایەوە دواوە و
شمشێرەکەی شاولیش بە بەتاڵی نەگەڕایەوە.
23 شاول و یۆناتان،
لە ژیانیاندا خۆشەویست و شیرین بوون،
لە مەرگیشدا لە یەکتر جیا نەبوونەوە.
لە هەڵۆ تیژڕەوتر و
لە شێر بەهێزتر بوون.
24 «ئەی کچانی ئیسرائیل،
بۆ شاول بگریێن،
ئەوەی بەرگی سوور و نەرمی لەبەرکردن،
ئەوەی خشڵی زێڕی بە کراسەکانتانەوە کرد.
25 «ئای چۆن قارەمانان لەناو جەرگەی جەنگدا کەوتن!
یۆناتان لەسەر بەرزاییەکانتدا کوژرا.
26 یۆناتانی برام، دڵم بۆت گوشرا،
زۆر شیرین بوویت لەلام،
خۆشەویستی تۆ بۆ من
لە خۆشەویستی خانمان سەیرتر بوو.
27 «ئای چۆن قارەمانان کەوتن!
چەکەکانی جەنگ لەناوچوون!»
دەستنیشانکردنی داود وەک پاشای یەهودا
2 ئەوە بوو پاش ئەمە، داود لە یەزدانی پرسی و گوتی: «سەربکەوم بۆ یەکێک لە شارۆچکەکانی یەهودا؟»
یەزدانیش پێی فەرموو: «سەربکەوە.»
داودیش گوتی: «بۆ کوێ سەربکەوم؟»
ئەویش فەرمووی: «بۆ حەبرۆن.»
2 ئینجا داود بۆ ئەوێ سەرکەوت، خۆی و هەردوو ژنەکەی، ئەحینۆعەمی یەزرەعیلی و ئەبیگایل کە بێوەژنی نابالی کەرمەلی بوو. 3 هەروەها داود ئەو پیاوانەی لەگەڵیدا بوون هەریەکە و لەگەڵ خێزانەکەی برد و لە شاری حەبرۆن و شارۆچکەکانی نیشتەجێ بوون. 4 پاشان پیاوانی یەهودا هاتن و لەوێ داودیان بە پاشای بنەماڵەی یەهودا دەستنیشان کرد.
کاتێک بە داود ڕاگەیەنرا و گوترا کە پیاوانی یاڤێش گلعاد شاولیان ناشتووە، 5 داودیش چەند نێردراوێکی بۆ لای پیاوانی یاڤێش گلعاد نارد بۆ ئەوەی پێیان بڵێن: «با یەزدان بەرەکەتدارتان بکات، کە ئەم چاکەیەتان لەگەڵ گەورەتان، لەگەڵ شاولدا کردووە و ناشتووتانە. 6 ئێستاش با یەزدان خۆشەویستی نەگۆڕ و دڵسۆزیتان پیشان بدات، هەروەها منیش ئەم چاکەیەتان لەگەڵدا دەکەم، چونکە ئێوە ئەم کارەتان کرد. 7 ئێستاش بازووتان بەهێز بکەن و ئازابن، چونکە شاولی گەورەتان مردووە و بنەماڵەی یەهودا منیان بە پاشای خۆیان دەستنیشان کردووە.»
جەنگی نێوان بنەماڵەکانی داود و شاول
8 لەو کاتەدا ئەبنێری کوڕی نێری فەرماندەی گشتی سوپاکەی شاول، ئیشبۆشەتی کوڕی شاولی بردبوو و پەڕاندبوویەوە بۆ مەحەنەیم و 9 کردبووی بە پاشای گلعاد و ئەشوری[d] و یەزرەعیل و ئەفرایم و بنیامین و هەموو ئیسرائیل.
10 ئیشبۆشەتی کوڕی شاول تەمەنی چل ساڵ بوو کاتێک بوو بە پاشای ئیسرائیل، دوو ساڵ پاشایەتی کرد، تەنها بنەماڵەی یەهودا دوای داود کەوتن. 11 ئەو ماوەیەش کە داود تێیدا لە حەبرۆن پاشایەتی کرد لەسەر بنەماڵەی یەهودا، حەوت ساڵ و شەش مانگ بوو. 12 ئەبنێری کوڕی نێر و پیاوانی ئیشبۆشەتی کوڕی شاول لە مەحەنەیمەوە ڕۆیشتن و چوون بۆ گبعۆن. 13 هەروەها یۆئابی کوڕی چەرویا و پیاوانی داودیش چوونە دەرەوە و لەلای گۆمەکەی گبعۆن بەیەکگەیشتن، جا ئەمان لەسەر گۆمەکە لەم لا و ئەوانیش لەسەر گۆمەکە لەو لا دانیشتن. 14 ئینجا ئەبنێر بە یۆئابی گوت: «با هەندێک لە گەنجەکان هەستن و لەبەردەمماندا دەستەویەخە بەرەنگاری یەکتری ببنەوە.»
یۆئابیش گوتی: «با هەستن.»
15 جا هەستان بە هەڵبژاردنی دوازدە پیاو بۆ بنیامین و ئیشبۆشەتی کوڕی شاول و دوازدە پیاویش بۆ داود. 16 ئینجا هەریەکە و سەری بەرامبەرەکەی خۆی گرت و شمشێرەکەی کرد بە قەبرغەی دا و هەموویان کوژران. لەبەر ئەوە ئەو شوێنە لە گبعۆن بە حەلقەت هەچوڕیم[e] ناونرا.
17 جا لەو ڕۆژەدا شەڕەکە زۆر توند بوو، ئەبنێر و پیاوانی ئیسرائیل لە بەرامبەر پیاوانی داود تێکشکان.
18 هەر سێ کوڕەکەی چەرویاش، یۆئاب و ئەبیشەی و عەساهێل لەوێ بوون. عەساهێلیش پێیەکانی سووک بوون وەک مامزی کێوی. 19 جا عەساهێل دوای ئەبنێر کەوت و لە ڕاونانی ئەبنێردا نە بەلای ڕاست و نە بەلای چەپدا لاینەدا و 20 ئەبنێریش ئاوڕی لە دواوە دایەوە و گوتی: «ئەمە تۆی، عەساهێل؟»
ئەویش گوتی: «منم.»
21 ئەبنێریش پێی گوت: «بەلای ڕاست یان چەپدا لابدە و یەکێک لە گەنجەکان بگرە و بۆ خۆت تاڵانی بکە.» بەڵام عەساهێل نەیویست وازی لێ بهێنێت.
22 دیسان ئەبنێر بە عەساهێلی گوت: «بەدوای منەوە مەبە، بۆچی لەگەڵ زەوی تەختت بکەم؟ پاشان چۆن ڕووم بێت لەلای یۆئابی برات سەر بەرز بکەمەوە؟»
23 بەڵام عەساهێل قایل نەبوو وازی لێ بهێنێت، لەبەر ئەوە ئەبنێر لێیدا و ڕمەکەی کرد بە سکیدا و ڕمەکە لە پشتییەوە دەرچوو. جا لەوێدا کەوت و لە شوێنی خۆیدا مرد، بۆیە هەرکەسێک دەهاتە ئەو شوێنەی کە عەساهێل تێیدا کەوت و مرد، ڕادەوەستا.
24 بەڵام یۆئاب و ئەبیشەی دوای ئەبنێر کەوتن و خۆرئاوا بوو کاتێک گەیشتنە گردی ئەمما ئەوەی نزیکی گییەحە لەسەر ڕێگای چۆڵەوانی گبعۆن. 25 جا نەوەی بنیامین لەدوای ئەبنێر کۆبوونەوە و بوون بە یەک کۆمەڵ و لەسەر گردێک ڕاوەستان.
26 ئەبنێر هاواری لە یۆئاب کرد و گوتی: «ئایا هەتاهەتایە شمشێر خوێن دەڕێژێت؟ ئایا نازانیت کۆتاییەکەی تاڵ دەبێت؟ هەتا کەی بە جەنگاوەران ناڵێیت: ”واز لە ڕاونانی براکانتان بهێنن“؟»
27 یۆئابیش گوتی: «بە خودای زیندوو، ئەگەر قسەت نەدەکرد، هەتا بەیانی هیچ پیاوێک وازی لە ڕاونانی براکەی نەدەهێنا.»
28 پاشان یۆئاب فووی بە کەڕەنادا کرد و هەموو جەنگاوەران ڕاوەستان، ئیتر دوای ئیسرائیل نەکەوتن و نەگەڕانەوە بۆ جەنگ.
29 ئینجا ئەبنێر و پیاوەکانی بە درێژایی ئەو شەوە بەناو عەراڤادا[f] ڕۆیشتن و لە ڕووباری ئوردون پەڕینەوە و بەناو بیترۆندا ڕۆیشتن و هاتن بۆ مەحەنەیم.
30 یۆئابیش لە ڕاونانی ئەبنێر گەڕایەوە و هەموو جەنگاوەرانی کۆکردەوە. بێجگە عەساهێل نۆزدە پیاو لە خزمەتکارەکانی داود ون بوون، 31 بەڵام پیاوەکانی داود لەو بنیامینییانەی کە لەگەڵ ئەبنێر بوون سێ سەد و شەست کەسیان لێ کوشتبوون. 32 ئینجا عەساهێلیان هەڵگرت و لە گۆڕەکەی باوکی کە لە بێتلەحمە ناشتیان و یۆئاب و پیاوەکانیشی بە درێژایی ئەو شەوە ڕۆیشتن و لە بەرەبەیان گەیشتنە حەبرۆن.
3 جەنگ لەنێوان بنەماڵەی شاول و ماڵی داود درێژەی کێشا، هەتا دەهات داود بەهێزتر دەبوو، بنەماڵەی شاولیش هەتا دەهات لاوازتر دەبوون.
2 داود لە حەبرۆن چەند کوڕێکی بوو:
کوڕە نۆبەرەکەی ئەمنۆن بوو کە لە ئەحینۆعەمی یەزرەعیلی بوو؛
3 دووەمیان کیلئیاڤ لە ئەبیگایل بوو کە بێوەژنەکەی نابالی کەرمەلی بوو؛
سێیەمیان ئەبشالۆمی[g] کوڕی مەعکای کچی تەلمەی پاشای گەشوور بوو؛
4 چوارەمیان ئەدۆنیای کوڕی حەگیس بوو؛
پێنجەمیان شەفەتیای کوڕی ئەبیتەل بوو؛
5 شەشەمیان یەترعام لە عەگلای ژنی داود بوو.
ئەمانە لە حەبرۆن بۆ داود لەدایک بوون.
ئەبنێر دەچێتە پاڵ داود
6 ئەوە بوو کاتێک جەنگ لەنێوان بنەماڵەی شاول و ماڵی داود بەرپا بوو، ئەبنێر پێگەی خۆی لەناو بنەماڵەی شاول بەهێز دەکرد، 7 شاول کەنیزەیەکی هەبوو ناوی ڕیچپای کچی ئەییا بوو، ئیشبۆشەتیش بە ئەبنێری گوت: «بۆچی لەگەڵ کەنیزەکەی باوکم جووتبوویت؟»
8 ئەبنێر بە قسەکەی ئیشبۆشەت زۆر تووڕە بوو و گوتی: «ئایا من سەری سەگم، دەستی یەهودام؟ هەتا ئەمڕۆ من دڵسۆز بووم لەگەڵ ماڵی شاولی باوکت و لەگەڵ براکانی و هاوڕێیەکانی، هەروەها تۆم نەداوەتە دەست داودەوە. تۆش بەهۆی پەیوەندیم بەو ژنەوە گومانم لێدەکەیت؟ 9 با خودا توندترین سزای ئەبنێر بدات، ئەگەر من پاڵپشتی داود نەکەم و سوێندەکەی یەزدان نەهێنمە دی، 10 بۆ گواستنەوەی پاشایەتییەکە لە بنەماڵەی شاولەوە، هەروەها دامەزراندنی تەختی داود لە ئیسرائیل و یەهودا، لە دانەوە هەتا بیری شابەع[h].» 11 ئیتر ئیشبۆشەتیش نەیتوانی بە یەک وشە وەڵامی ئەبنێر بداتەوە، چونکە لێی دەترسا.
12 ئینجا ئەبنێر نێردراوی بۆ لای داود نارد بۆ ئەوەی بە ناوی ئەوەوە بڵێن: «ئەم خاکە هی کێیە؟» هەروەها بڵێن: «پەیمانی خۆتم لەگەڵدا ببەستە، ئەوەتا منیش دەستم لەگەڵتدایە بۆ ئەوەی هەموو ئیسرائیل بۆ خۆت بگەڕێنیتەوە.»
13 داودیش گوتی: «باشە، من پەیمانی خۆمت لەگەڵدا دەبەستم، بەڵام یەک شتت لێ داوا دەکەم، ئەویش ئەوەیە، ڕووی من نابینیت، ئەگەر یەکەم جار میخەلی کچی شاول لەگەڵ خۆتدا نەهێنیت، کاتێک دێیت بۆ ئەوەی بمبینیت.» 14 ئینجا داود نێردراوی بۆ لای ئیشبۆشەتی کوڕی شاول نارد و گوتی: «میخەلی ژنم بدەوە کە بە سەد پێستی سەری ئەندامی نێرینەی فەلەستییەکان لە خۆمم مارە کردووە.»
15 لەبەر ئەوە ئیشبۆشەت ناردی و لە مێردەکەی وەریگرتەوە، لە پەلتیێلی کوڕی لایش. 16 مێردەکەی لەگەڵی دەڕۆیشت و بەدوایدا دەگریا هەتا گەیشتە بەحوریم. ئینجا ئەبنێر پێی گوت: «بڕۆ، بگەڕێوە!» ئەویش گەڕایەوە.
17 پاشان ئەبنێر لەگەڵ پیرانی ئیسرائیل قسەی کرد و گوتی: «ئێوە لەمێژە داوای داودتان دەکرد ببێتە پاشاتان، 18 کەواتە ئێستا ئەوە بکەن! چونکە یەزدان بە داودی فەرمووە: ”من بە دەستی داودی بەندەم ئیسرائیلی گەلم لە دەست فەلەستییەکان و سەرجەم دوژمنەکانیان ڕزگار دەکەم.“»
19 هەروەها ئەبنێر لەگەڵ بنیامینییەکان قسەی کرد. پاشان ئەبنێر چوو بۆ ئەوەی لە حەبرۆن لەگەڵ داود قسە بکات دەربارەی هەموو ئەوەی ئیسرائیل و هەموو بنەماڵەی بنیامین پەسەندیان کردووە. 20 کاتێک ئەبنێر لەگەڵ بیست پیاو هاتە حەبرۆن بۆ لای داود، داود خوانێکی ساز کرد بۆ ئەبنێر و ئەو پیاوانەی لەگەڵیدا بوون. 21 ئەبنێر بە داودی گوت: «هەڵدەستم و دەڕۆم، هەتاوەکو هەموو ئیسرائیل بۆ پاشای گەورەم کۆبکەمەوە، بۆ ئەوەی پەیمانت لەگەڵدا ببەستن و تۆش بەپێی هەموو ئەوانەی کە دڵت ئارەزووی دەکات فەرمانڕەوایی بکەیت.» داودیش ئەبنێری بەڕێکرد و ئەویش بە سەلامەتی ڕۆیشت.
کوشتنی ئەبنێر لەلایەن یۆئابەوە
22 لەو کاتەدا یۆئاب و پیاوانی داود لە پەلامارێک دەگەڕانەوە و دەستکەوتێکی زۆریان لەگەڵ خۆیاندا هێنابوو. بەڵام ئەبنێر لە حەبرۆن لەگەڵ داود نەبوو، چونکە بەڕێی کردبوو و بە سەلامەتی ڕۆیشتبوو. 23 کاتێک یۆئاب و هەموو ئەو لەشکرەی لەگەڵی بوو هاتن، بە یۆئابیان ڕاگەیاند و گوتیان: «ئەبنێری کوڕی نێر هات بۆ لای پاشا و ئەویش بەڕێی کرد و بە سەلامەتی ڕۆیشت.»
24 لەبەر ئەوە یۆئاب بۆ لای پاشا چووە ژوورەوە و گوتی: «چیت کرد؟ ئەبنێر هات بۆ لات، بۆچی بەڕێت کرد بڕوات؟ ئێستا ڕۆیشتووە! 25 تۆ دەزانیت کە ئەبنێری کوڕی نێر تەنها بۆ ئەوە هاتووە فریوت بدات، بە هاتوچۆکردنت بزانێت، هەموو ئەو شتانە بزانێت کە دەیکەیت.»
26 کاتێک یۆئاب داودی بەجێهێشت، چەند نێردراوێکی بەدوای ئەبنێردا نارد و لە ئەمباراوی سیرادا گەڕاندیانەوە، بەڵام داود ئاگای لەمە نەبوو. 27 کاتێک ئەبنێر گەڕایەوە حەبرۆن، یۆئاب بۆ ئەوەی بە نهێنی قسەی لەگەڵدا بکات بردییە کەناری دەروازەکەوە و لەوێدا لە تۆڵەی خوێنی عەساهێلی برای سکی هەڵدڕی و کوشتی.
28 پاشان داود ئەمەی بیستەوە و گوتی: «من خۆم و پاشایەتییەکەم هەتاهەتایە لای یەزدان لە خوێنی ئەبنێری کوڕی نێر بێبەرین. 29 با لە ملی یۆئاب و هەموو ماڵی باوکی بێت! با لە ماڵی یۆئاب زامی درێژخایەن و گەڕوگولی[i] و دارشەقە بەدەست و بە شمشێر کوژراو و برسی نان نەبڕێتەوە.»
30 یۆئاب و ئەبیشەی برای ئەبنێریان کوشت، چونکە ئەو عەساهێلی برایانی لە گبعۆن لە جەنگدا کوشت.
31 ئینجا داود بە یۆئاب و هەموو گەل و ئەوانەی لەگەڵیدا بوون، پێی گوتن: «جلەکانتان لەبەر خۆتان دابدڕن و جلوبەرگی گوش[j] بپۆشن و لەبەردەم ئەبنێردا شیوەن بگێڕن.» داودی پاشاش لەدوای دارەمەیتەکە[k] دەڕۆیشت. 32 ئەبنێریان لە حەبرۆن ناشت. پاشا بە گریانەوە لەسەر گۆڕی ئەبنێر دەنگی بەرزکردەوە، هەموو گەل گریان.
33 هەروەها پاشا بۆ ئەبنێر لاواندییەوە و گوتی:
«ئایا دەبێت وەک مردنی گێلێک ئەبنێر بمرێت؟
34 دەستەکانت نەبەسترابوونەوە و
پێیەکانت بە زنجیر کۆت نەکرابوون.
کەوتی، هەروەک یەکێک لەبەردەم بەدکاران کەوتبێت.»
جا هەموو گەل دەستیان بە گریان کردەوە بۆی.
35 ئیتر هەموو گەل هاتن بۆ ئەوەی نان بدەنە داود و بیخوات. هێشتا ڕۆژ بوو، بەڵام داود سوێندی خوارد: «با خودا توندترین سزام بدات، ئەگەر پێش خۆرئاوابوون نان یان هەر شتێکی دیکە بخۆم.»
36 هەموو گەل زانییان و لەلایان پەسەند بوو، هەروەها هەموو ئەو شتانەی کە پاشا کردی لەلایەن هەموو گەلەوە پەسەند بوو. 37 ئینجا لەو ڕۆژەدا هەموو گەل و هەموو ئیسرائیل زانییان کە کوشتنی ئەبنێری کوڕی نێر لەلایەن پاشاوە نەبوو.
38 پاشا بە خزمەتکارەکانی گوت: «ئایا نازانن ئەمڕۆ لە ئیسرائیلدا میرێک و گەورە پیاوێک کەوتووە؟ 39 منیش ئەمڕۆ لاوازم، هەرچەندە دەستنیشانکراوم بە پاشا، ئەو پیاوانەش، هەروەها ئەم کوڕانەی چەرویا لە من بەهێزترن. یەزدان خراپەکار بەپێی خراپەکەی سزا دەدات!»
کوشتنی ئیشبۆشەت
4 کاتێک ئیشبۆشەتی کوڕی شاول بیستییەوە کە ئەبنێر لە حەبرۆن کوژراوە، دەستی شل بوو و هەموو ئیسرائیل ترسیان لێ نیشت. 2 کوڕەکەی شاول دوو پیاوی هەبوو کە سەردەستەی چەتەکان بوون، یەکێکیان ناوی بەعەنا و ئەوی دیکەیان ناوی ڕێکاب بوو، هەردووکیان کوڕی ڕیمۆنی بئێرۆتی بوون کە لە نەوەی بنیامین بوو. بئێرۆت لەسەر بنیامین دادەنرێت، 3 چونکە بئێرۆتییەکان بۆ گیتەیم هەڵاتبوون و ئاوارەی ئەوێ بوون، هەتا ئەمڕۆ لەوێن.
4 یۆناتانی کوڕی شاولیش کوڕێکی هەبوو کە هەردوو قاچی شەل بوون، کاتێک هەواڵی شاول و یۆناتان لە یەزرەعیلەوە گەیشت تەمەنی پێنج ساڵان بوو، ئیتر دایەنەکەی هەڵیگرت و هەڵات، بەڵام لەبەر ئەوەی بە پەلە بوو بۆ هەڵاتن، منداڵەکە کەوت و شەل بوو، ناویشی مەفیبۆشەت بوو.
5 کوڕەکانی ڕیمۆنی بئێرۆتی ڕێکاب و بەعەنا ڕۆیشتن و لە گەرمەی ڕۆژدا خۆیان بە ماڵی ئیشبۆشەتدا کرد کە سەرخەوی نیوەڕۆی دەشکاند. 6 چوونە ناو ماڵەکەوە بە بیانووی ئەوەی بارە گەنم ببەن، شمشێرێکیان لە سکی دا. پاشان ڕێکاب و بەعەنای برای دەرباز بوون.
7 لە کاتی هاتنە ژوورەوەیان بۆ ناو ماڵەکە ئەو لەسەر قەرەوێڵەکەی لە ژووری نوستنەکەی پاڵکەوتبوو، جا لێیاندا و کوشتیان، سەریان بڕی و سەرەکەیان برد، بە درێژایی ئەو شەوە بەناو عەراڤادا ڕۆیشتن. 8 سەری ئیشبۆشەتیان هێنایە حەبرۆن، بۆ لای داودی پاشا، پێیان گوت: «ئەوەتا ئەوە سەری ئیشبۆشەتی کوڕی شاولی دوژمنی تۆیە ئەوەی دەیویست بتکوژێت. یەزدانیش ئەمڕۆ بە پاشای گەورەی منی داوە تۆڵە لە شاول و لە نەوەکەی بکاتەوە.»
9 داودیش وەڵامی ڕێکاب و بەعەنای برای دایەوە کە کوڕەکانی ڕیمۆنی بئێرۆتین و پێی گوتن: «بە یەزدانی زیندوو، ئەوەی ژیانی منی لە هەموو تەنگانەیەک کڕییەوە، 10 کاتێک یەکێک هەواڵی پێدام و گوتی: ”شاول مردووە“ و خۆی بە مزگێنیدەر دەزانی، گرتم و لە چیقلەگ کوشتم، بەوە موژدانەکەیم دایەوە. 11 ئەی دەبێت ئەمەیان چەند زۆرتر بێت ئەگەر دوو پیاوی بەدکار پیاوێکی ڕاستودروست لەناو ماڵەکەی خۆیدا و لەسەر قەرەوێڵەکەی بکوژن. ئێستاش ئایا داوای خوێنەکەی ئەوتان لێ نەکەم و لەسەر زەوی نەتانسڕمەوە؟»
12 جا داود فەرمانی بە خزمەتکارەکان کرد و ئەوانیان کوشت، دەست و پێیان بڕین، لەلای گۆمەکەی حەبرۆن هەڵیانواسین. بەڵام سەری ئیشبۆشەتیان بردە حەبرۆن و لە گۆڕەکەی ئەبنێردا ناشتیان.
دەستنیشانکردنی پاشای هەموو ئیسرائیل
5 هەموو هۆزەکانی ئیسرائیل هاتنە حەبرۆن بۆ لای داود، گوتیان: «ئەوەتا ئێمە لە گۆشت و خوێنی تۆین. 2 لە ڕابردوودا کاتێک شاول پاشامان بوو، تۆ ڕابەرایەتی سوپای ئیسرائیلت دەکرد، یەزدانیش پێی فەرموویت: ”تۆ شوانایەتی ئیسرائیلی گەلەکەم دەکەیت و دەبیتە فەرمانڕەوایان.“»
3 هەروەها هەموو پیرانی ئیسرائیل هاتنە حەبرۆن بۆ لای پاشا، داودی پاشاش لەبەردەم یەزدان لە حەبرۆن پەیمانی لەگەڵدا بەستن، داودیان بە پاشای ئیسرائیل دەستنیشان کرد.
4 داود تەمەنی سی ساڵ بوو کاتێک بوو بە پاشا، چل ساڵ پاشایەتی کرد. 5 حەوت ساڵ و شەش مانگ لە حەبرۆن پاشایەتی یەهودای کرد، سی و سێ ساڵیش لە ئۆرشەلیم پاشایەتی هەموو ئیسرائیل و یەهودای کرد.
داگیرکردنی ئۆرشەلیم
6 پاشا و پیاوەکانی چوونە ئۆرشەلیم بۆ شەڕکردن لە دژی یەبوسییەکانی دانیشتووانی خاکەکە. ئەوانیش بە داودیان گوت: «تۆ نایەیتە ژوورەوە بۆ ئێرە، تەنانەت نابینا و شەلەکان ڕێگات لێ دەگرن.» وا بیریان کردەوە: «داود ناتوانێت بێت بۆ ئێرە.» 7 بەڵام داود دەستی بەسەر قەڵای سییۆندا[l] گرت، کە ئێستا بە شاری داود ناسراوە.
8 جا لەو ڕۆژەدا داود گوتی: «هەرکەسێک سەربکەوێت بۆ بەزاندنی یەبوسییەکان، دەبێت بگاتە کارێزەکە و ئەو شەل و کوێرانە بکوژێت کە ناحەزی داودن[m].» هەر لەبەر ئەوە دەڵێن: «”نابینا و شەل“ نایەنە ناو کۆشکەکەوە.»
9 پاشان داود لە قەڵاکە نیشتەجێ بوو، ناوی لێنا شاری داود، چواردەورەکەی بنیاد نا، لە تەلانەکانەوە[n] بەرەو ناوەوە. 10 هەروەها داود هەتا دەهات مەزنتر دەبوو، یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالاریش لەگەڵی بوو.
11 پاشان حیرامی پاشای هەرێمی سور چەند نێردراوێکی بۆ لای داود نارد لەگەڵ داری ئورز و دارتاش و نەقاڕ، کۆشکێکیان بۆ داود دروستکرد. 12 ئینجا داود زانی کە یەزدان وەک پاشای ئیسرائیل جێگیری کردووە، پاشایەتییەکەشی لە پێناوی ئیسرائیلی گەلەکەیدا پایەدار کردووە.
13 هەروەها داود پاش ئەوەی لە حەبرۆنەوە هاتە ئۆرشەلیم چەند کەنیزە و ژنێکی دیکەی هێنا، ئینجا کوڕ و کچی دیکەی داود لەدایک بوون. 14 ئەمەش ناوی ئەو منداڵانەیەتی کە لە ئۆرشەلیم لەدایک بوون: شەموع، شۆڤاڤ، ناتان، سلێمان، 15 ئیڤحار، ئەلیشوع، نەفەگ، یافیع، 16 ئەلیشاماع، ئەلیاداع و ئەلیفەلەت.
بەزاندنی فەلەستییەکان
17 کاتێک فەلەستییەکان بیستیانەوە کە داود بە پاشای ئیسرائیل دەستنیشانکراوە، هەموو فەلەستییەکان بۆ گەڕان بەدوای داود سەرکەوتن، بەڵام کاتێک داود ئەمەی بیستەوە دابەزی بۆ ناو قەڵاکە. 18 فەلەستییەکان هاتبوون و لە دۆڵی ڕفایم بڵاو ببوونەوە. 19 داودیش پرسیاری لە یەزدان کرد و گوتی: «ئایا بچم بۆ پەلاماردانی فەلەستییەکان؟ ئایا دەیاندەیتە دەستم؟»
یەزدانیش بە داودی فەرموو: «بڕۆ، چونکە بێگومان دەیاندەمە دەستت.»
20 داود چوو بۆ بەعلپراچیم و لەوێ ئەوانی بەزاند، گوتی: «یەزدان دڕی بە دوژمنەکانم دا، وەک دڕپێدادانی ئاو.» لەبەر ئەوە ئەو شوێنە بە بەعلپراچیم ناو برا.[o] 21 هەروەها فەلەستییەکان لەوێدا بتەکانیان بەجێهێشت، داود و پیاوەکانیشی لایان بردن.
22 ئینجا دووبارە فەلەستییەکان سەرکەوتنەوە و لە دۆڵی ڕفایم بڵاو بوونەوە. 23 داودیش پرسیاری لە یەزدان کرد، ئەویش فەرمووی: «سەرمەکەوە، بەڵکو بسووڕێوە بۆ پشتیان و بەرامبەر بە دار بەلسەمەکان پەلاماریان بدە. 24 کاتێک لەسەر دار بەلسەمەکانەوە گوێت لە دەنگی پێ بوو، لەو کاتەدا وریابە، چونکە یەزدان بۆ لێدانی ئۆردوگای فەلەستییەکان لەپێشتەوە ڕۆیشتووە.» 25 داودیش هەروەک یەزدان فەرمانی پێ کرد ئاوای کرد، لە گبعۆنەوە هەتا گەزەر لە فەلەستییەکانی دا.
هێنانی سندوقی خودا بۆ ئۆرشەلیم
6 دووبارە داود هەموو پیاوە هەڵبژاردەکانی ناو ئیسرائیلی کۆکردەوە، سی هەزار کەس بوون. 2 ئینجا داود و هەموو ئەو پیاوانەی لەگەڵیدا بوون لە بەعلەی[p] یەهوداوە بەڕێکەوتن بۆ ئەوەی لەوێوە سندوقی خودا بهێننەوە، ئەو سندوقە کە ناوی لێنراوە «ناوەکە»، ناوی یەزدانی سوپاسالار، ئەوەی لەنێوان کەڕوبەکان[q] لەسەر تەخت دانیشتووە. 3 سندوقی خودایان لە عەرەبانەیەکی نوێ بارکرد، لە ماڵی ئەبینادابەوە هەڵیانگرت، ئەوەی لە گردەکەیە. کوڕەکانی ئەبینادابیش، عوزا و ئەحیۆ عەرەبانە نوێیەکەیان لێدەخوڕی و 4 لە ماڵی ئەبینادابەوە لەگەڵ سندوقی خودا بردیان. ئەحیۆ لەبەردەم سندوقەکەوە دەڕۆیشت، 5 داود و هەموو بنەماڵەی ئیسرائیلیش بە هەموو توانایانەوە لەبەردەم یەزداندا ئاهەنگیان دەگێڕا، بە سروود و قیسارە و ساز و دەف و شەقشەقە و سەنج.
6 کاتێک گەیشتنە سەر جۆخینەکەی[r] ناخون، عوزا دەستی بۆ سندوقی خودا درێژکرد و گرتی، چونکە گایەکان سەرسمیان دا. 7 ئەو ساتە تووڕەیی یەزدان بەسەر عوزادا جۆشا و خودا لەوێ لەسەر هەڵەکەی لێیدا و هەر لەوێ لەلای سندوقی خودا مرد.
8 داودیش تووڕە بوو، چونکە یەزدان بە تەواوی عوزای لەناوبرد، ئەو شوێنەش هەتا ئەمڕۆ بە پێرێز عوزا[s] ناودەبردرێت.
9 ئەو ڕۆژە داود لە یەزدان ترسا و گوتی: «چۆن سندوقی یەزدان لەلای من بێت؟» 10 لەبەر ئەوە داود نەیویست سندوقی یەزدان بگوازێتەوە بۆ شاری داود، بەڵکو بردییە ماڵی عوبێد ئەدۆمی گەتی. 11 سێ مانگ سندوقی یەزدان لە ماڵی عوبێد ئەدۆمی گەتی مایەوە، یەزدانیش عوبێد ئەدۆم و هەموو ماڵەکەی بەرەکەتدار کرد.
12 ئەوە بوو بە داودی پاشا ڕاگەیەنرا و گوترا: «بەهۆی سندوقی خوداوە یەزدان ماڵی عوبێد ئەدۆم و هەرچی هەیەتی بەرەکەتداری کردووە.» لەبەر ئەوە داود چوو بە خۆشییەوە سندوقی خودای لە ماڵی عوبێد ئەدۆمەوە هێنا بۆ شاری داود. 13 لەدوای ئەوەی هەڵگرانی سندوقی یەزدان شەش هەنگاویان هەڵهێنا، گایەک و گوێرەکەیەکی قەڵەوی سەربڕی. 14 داودیش ئێفۆدێکی کەتانی لەبەردا بوو، بە هەموو هێزییەوە لەبەردەم یەزداندا سەمای دەکرد. 15 هەروەها داود و هەموو بنەماڵەی ئیسرائیل بە هوتاف و بە دەنگی کەڕەناوە سندوقی یەزدانیان سەرخست.
16 کاتێک سندوقی یەزدان هاتە ناو شاری داود، میخەلی کچی شاول لە پەنجەرەکەوە سەیری کرد و بینی داودی پاشا لەبەردەم یەزدان هەڵدەبەزێتەوە و سەما دەکات، لە دڵی خۆیدا بە سووکی زانی.
17 ئیتر سندوقی یەزدانیان هێنایە ژوورەوە، لەناوەڕاستی ئەو چادرەی داود بۆی دامەزراندبوو لە شوێنی خۆی دایاننا، داود قوربانی سووتاندن و قوربانی هاوبەشی[t] لەبەردەم یەزداندا سەرخست. 18 پاش ئەوەی داود لە پێشکەشکردنی قوربانی سووتاندنەکان و قوربانییەکانی هاوبەشی بووەوە، بە ناوی یەزدانی سوپاسالارەوە داوای بەرەکەتی بۆ گەل کرد. 19 هەر یەکێک لە هەموو گەل، واتە تەواوی ئامادەبووانی کۆمەڵی ئیسرائیل، بە پیاو و بە ئافرەتەوە، کولێرەیەک و نانە خورمایەک و نانە کشمیشێکی بەسەریاندا دابەش کرد. ئینجا هەموو گەل هەریەکە و بۆ ماڵی خۆی گەڕایەوە.
20 داودیش بۆ ئەوەی داوای بەرەکەت بۆ ماڵەکەی بکات گەڕایەوە ماڵەوە. میخەلی کچی شاول چووە پێشوازی داود و گوتی: «ئەمڕۆ پاشای ئیسرائیل چەند گەورە بوو کە بێ ئەوەی خۆی بپۆشێت لەبەردەم کەنیزەکانی خزمەتکارەکانی دەرکەوت، وەک ناکەس بەچەیەک کە خۆی نەپۆشێت!»
21 داودیش بە میخەلی گوت: «ئەمە لەبەردەم یەزدان بوو، ئەوەی لە جێگای باوکت و هەموو ماڵەکەی هەڵیبژاردم بۆ ئەوەی بمکاتە فەرمانڕەوای ئیسرائیلی گەلی یەزدان. لەبەر ئەوە لەبەردەم یەزدان ئاهەنگ دەگێڕم. 22 لەوەش زیاتر لە پایەی خۆم دێنمە خوارەوە و خۆم نزم دەکەمەوە، بەڵام لەلای ئەو کەنیزانەی باست کردن، ئەوا ڕێزدار دەبم.»
23 میخەلی کچی شاولیش هەتا ئەو ڕۆژەی مرد منداڵی نەبوو.
بەڵێنی خودا بۆ داود
7 پاش ئەوەی پاشا لە کۆشکەکەیدا نیشتەجێ بوو، هەروەها یەزدانیش لە هەموو دوژمنەکانی چواردەوری حەواندییەوە، 2 پاشا بە ناتانی پێغەمبەری گوت: «من لێرە لە کۆشکێکی دروستکراو بە داری ئورز نیشتەجێم و سندوقی خوداش لەناو چادرێکدا نیشتەجێیە.»
3 ناتانیش بە پاشای گوت: «بڕۆ هەموو ئەوەی لە دڵتدایە بیکە، چونکە یەزدان لەگەڵتدایە.»
4 بەڵام هەر لەو شەوە فەرمایشتی یەزدان بۆ ناتان هات:
5 «بڕۆ بە داودی بەندەم بڵێ: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ئایا تۆ ئەو کەسەی کە ماڵێک بۆ نیشتەجێبوونم بنیاد دەنێت؟ 6 لەو ڕۆژەوەی کە نەوەی ئیسرائیلم لە میسر دەرهێناوە هەتا ئەمڕۆ لە ماڵدا نیشتەجێ نەبووم، بەڵکو هاتوچۆم لەناو چادر و نشینگەدا بووە. 7 لە هەموو هاتوچۆکردنەکانم لەگەڵ هەموو نەوەی ئیسرائیل، ئایا هیچ قسەیەکم کرد لەگەڵ یەکێک لە ڕابەرەکانی ئیسرائیل، ئەوانەی فەرمانم پێکردن بۆ ئەوەی شوانایەتی گەلی ئیسرائیلم بکەن، ’بۆچی ماڵێکتان لە داری ئورز بۆ دروستنەکردووم؟‘“
8 «ئێستاش ئاوا بە داودی بەندەم دەڵێیت: ”یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: من تۆم لە شوانایەتی مەڕەوە برد و تۆم کردە فەرمانڕەوای ئیسرائیلی گەلەکەی خۆم. 9 لەگەڵتدا بووم بۆ هەر شوێنێک چووبیت و هەموو دوژمنەکانی تۆم لەبەردەمت بڕیوەتەوە. ئێستا ناوێکی گەورەت بۆ دروستدەکەم وەک ناوی گەورەکان کە لەسەر زەوین. 10 شوێنێکیش بۆ ئیسرائیلی گەلەکەم دیاری دەکەم و دەیچێنم و لە جێی خۆی نیشتەجێی دەکەم، ئیتر وەک پێشوو بێزار ناکرێن و خەڵکانی ناڕەوا نایانچەوسێننەوە، 11 وەک ئەو سەردەمانەی ڕابەرم لەسەر ئیسرائیلی گەلەکەم دادەنا. منیش تۆ لە دەستی هەموو دوژمنەکانت دەحەوێنمەوە.
«”یەزدان پێت ڕادەگەیەنێت کە یەزدان خۆی بنەماڵەکەت جێگیر دەکات. 12 کاتێک ژیانت تەواو دەبێت و دەچیتە پاڵ باوباپیرانت، من وەچەکەت دادەمەزرێنم، ئەوەی لەدوای خۆت لە پشتی تۆوە دێت، پاشایەتییەکەی جێگیر دەکەم. 13 ئەو ماڵێک بۆ ناوی من بنیاد دەنێت و منیش بۆ هەتاهەتایە تەختی پاشایەتییەکەی جێگیر دەکەم. 14 من دەبمە باوکی ئەو و ئەویش دەبێتە کوڕی من. ئەگەر ستەم بکات، ئەوا بە گۆچانی خەڵک و لێدانی نەوەی ئادەم تەمبێی دەکەم.[u] 15 بەڵام خۆشەویستییە نەگۆڕەکەم بۆ ئەو داناماڵرێت وەک چۆن بۆ شاول داماڵرا، ئەوەی لەپێش تۆ ڕامماڵی. 16 بۆ هەتاهەتایەش ماڵەکەت و پاشایەتییەکەت لەبەردەممدا ئاسوودە دەبن، هەتاهەتایە تەختەکەت جێگیر دەبێت.“»
17 ئینجا ناتان بەپێی وشەکانی ئەم سروشە[v] قسەی لەگەڵ داود کرد.
نزای داود
18 ئەوسا داودی پاشا چوو و لەبەردەم یەزدان دانیشت و گوتی:
«ئەی یەزدانی باڵادەست، من کێم و بنەماڵەکەی من کێیە کە تۆ بەم پایەیەت گەیاندووم؟ 19 ئەی یەزدانی باڵادەست، تۆ هێشتا ئەمەت بە کەم زانی، هەر لەبەر ئەوە هاتیت بۆ ئەوەی سەبارەت بە ئایندەی ماڵی ئەم بەندەیەت بەڵێنی گەورەتر بدەیت؟ ئەی یەزدانی باڵادەست، ئایا بە گشتی لەگەڵ مرۆڤ بەم شێوەیە هەڵسوکەوت دەکەیت؟
20 «ئیتر داود چی زیاتر بە تۆ بڵێت؟ ئەی یەزدانی باڵادەست، چونکە تۆ بەندەکەی خۆت دەناسیت. 21 تۆ لە پێناوی بەڵێنەکەت و بە خواستی دڵی خۆت ئەم کارە گەورەیەت کردووە بۆ ئەوەی لەلای بەندەکەت بزانرێت.
22 «ئەی یەزدانی باڵادەست، لەبەر ئەمە، چەند مەزنیت! کوا هاوتای تۆ؟ بێجگە لە تۆ خودایەک نییە لە هەموو ئەوەی بە گوێی خۆمان گوێمان لێبووە. 23 هەروەها کێ وەک ئیسرائیلی گەلەکەی تۆیە؟ ئەم گەلە تاکە نەتەوەیەکە لە زەویدا کە خودا هات بۆ ئەوەی گەلێک بۆ خۆی بکڕێتەوە، بۆ ئەوەی ناوێک بۆ خۆی دابنێت و کاری مەزن و سامناک بکات، بە دەرکردنی نەتەوەکان و خوداوەندەکانیان لەبەردەم گەلەکەت، ئەوەی لە میسر بۆ خۆت کڕیتەوە. 24 ئەی یەزدان، تۆ گەلی ئیسرائیلت جێگیر کردووە کە بۆ هەتاهەتایە ببنە گەلی خۆت و تۆش بوویتە خودایان.
25 «ئەی یەزدانی پەروەردگار، ئێستاش ئەو بەڵێنەی سەبارەت بە بەندەکەت و بە ماڵەکەی فەرمووت، بۆ هەتاهەتایە بیهێنە دی. هەروەک فەرمووت ئاوا بکە. 26 با ناوت هەتاهەتایە مەزن بێت و بگوترێت: ”یەزدانی سوپاسالار خودای ئیسرائیلە!“ با ماڵی داودی بەندەشت لەبەردەمتدا جێگیر بێت.
27 «ئەی یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل، بۆ بەندەکەی خۆتت ئاشکرا کرد و فەرمووت: ”ماڵێکت بۆ بنیاد دەنێم.“ لەبەر ئەمە بەندەکەت ئازایەتی لە خۆیدا بینی ئەم نزایەت بۆ بکات. 28 ئەی یەزدانی باڵادەست، تۆ خودایت و بەڵێنەکانت متمانەپێکراون، بەڵێنی ئەم چاکەیەت بە بەندەکەت داوە. 29 ئێستاش ڕەزامەندی بفەرموو بۆ ئەوەی ماڵی بەندەکەت بەرەکەتدار بکەیت، تاوەکو بۆ هەتاهەتایە لەبەردەمت بێت، ئەی یەزدانی باڵادەست چونکە تۆ فەرمووت، ئینجا با لە بەرەکەتی تۆوە بۆ هەتاهەتایە بنەماڵەی بەندەکەت بەرەکەتدار بێت.»
سەرکەوتنەکانی داود[w]
8 ئەوە بوو پاش ئەمە داود فەلەستییەکانی بەزاند و زەلیلی کردن، مەسەگ ئەممای لە فەلەستییەکان سەند.
2 هەروەها داود مۆئابییەکانیشی بەزاند. ئەوانی لەسەر زەوی پاڵخست و بە گوریس پێوانەی کردن، بە پێوانەی دوو گوریس خەڵکەکەی کوشت و بە پێوانەی گوریسێکیش خەڵکی بە زیندوویی هێشتەوە.[x] ئینجا مۆئابییەکان هاتنە ژێر دەسەڵاتی داود و سەرانەیان بۆ دەهێنا.
3 هەروەها داود هەدەدعەزەری کوڕی ڕەحۆڤی پاشای چۆڤای بەزاند، کاتێک چوو بۆ ئەوەی تاشەبەردەکەی یادەوەری لە کەناری ڕووباری فورات نۆژەن بکاتەوە. 4 داود هەزار گالیسکە و حەوت هەزار گالیسکەسوار و بیست هەزار پیادەی بە دیل گرت، ئینجا داود جومگە پێی ئەسپی گالیسکەکانیانی بڕییەوە و تەنها سەد ئەسپی گالیسکەی هێشتەوە.
5 کاتێک ئارامییەکانی دیمەشق بۆ یارمەتیدانی هەدەدعەزەری پاشای چۆڤا هاتن، داود بیست و دوو هەزار پیاوی لە ئارامییەکان کوشت. 6 ئیتر داود لە شانشینی ئارامییەکانی دیمەشق سەربازگەی دانا، ئارامییەکانیش هاتنە ژێر دەسەڵاتی داود و سەرانەیان بۆ دەهێنا. داودیش ڕووی لە هەرکوێ دەکرد، یەزدان سەرکەوتووی دەکرد.
7 پاشان داود قەڵغانە زێڕینەکانی ئەفسەرەکانی هەدەدعەزەری برد و هێنایە ئۆرشەلیم. 8 هەروەها داودی پاشا بڕۆنزێکی زۆریشی لە تەڤەح و بێرۆتەی برد کە شارۆچکەی هەدەدعەزەر بوون.
9 کاتێک تۆعوی پاشای حەمات بیستی کە داود هەموو سوپاکەی هەدەدعەزەری بەزاندووە، 10 یۆرامی کوڕی نارد بۆ لای داودی پاشا بۆ ئەوەی لە سەلامەتی بپرسێت و پیرۆزبایی لێ بکات کە لەگەڵ هەدەدعەزەر جەنگاوە و بەزاندوویەتی، چونکە هەدەدعەزەر لە جەنگدا بوو لە دژی تۆعو. یۆرامیش لەگەڵ دەستی خۆیدا کەلوپەلی زێڕ و زیو و بڕۆنزی هێنابوو.
11 هەروەها داودی پاشا ئەوانەشی بۆ یەزدان تەرخان کرد لەگەڵ ئەو زێڕ و زیوانەی تەرخانی کردبوو لە هەموو ئەو نەتەوانەی ژێردەستەی کردبوون: 12 لە ئەدۆم، مۆئاب، عەمۆن، فەلەستی، عەمالێقی و دەستکەوتەکەی هەدەدعەزەری کوڕی ڕەحۆڤی پاشای چۆڤا.
13 هەروەها داود پاش گەڕانەوەی لە کوشتنی هەژدە هەزار ئەدۆمی لە دۆڵی خوێ[y]، ناوبانگی بڵاو بووەوە.
14 لە هەموو خاکی ئەدۆم سەربازگەی دانا و هەموو ئەدۆمییەکان هاتنە ژێر دەسەڵاتی داود. داود ڕووی لە هەرکوێ دەکرد، یەزدان سەرکەوتووی دەکرد.
کاربەدەستەکانی داود
15 داود پاشایەتی هەموو ئیسرائیلی کرد، دادوەری و ڕاستودروستی بۆ هەموو گەلەکەی پەیڕەو کرد. 16 یۆئابی کوڕی چەرویاش سوپاسالار بوو؛ یەهۆشافاتی کوڕی ئەحیلودیش تۆمارکار بوو؛ 17 سادۆقی کوڕی ئەحیتوڤ و ئەحیمەلەخی کوڕی ئەبیاتار کاهین بوون؛ سەرایا خامەی نهێنی[z] بوو؛ 18 بەنایای کوڕی یەهۆیاداع فەرماندەی کریتی و پەلەتییەکان[aa] بوو؛ کوڕەکانی داودیش کاهینی پاشا بوون.
داود و مەفیبۆشەت
9 داود پرسی: «ئایا کەسێک هەیە لە بنەماڵەی شاول هێشتا لە ژیاندا مابێت، بۆ ئەوەی لە پێناوی یۆناتاندا چاکەیەکی لەگەڵدا بکەم؟»
2 بەندەیەکی ماڵی شاول هەبوو ناوی چیڤا بوو، بانگیان کرد بۆ لای داود، ئیتر پاشا پێی گوت: «تۆ چیڤایت؟»
ئەویش گوتی: «بەڵێ، منی خزمەتکاری تۆم.»
3 پاشاش گوتی: «ئایا کەسێک نییە لە بنەماڵەی شاول هێشتا مابێت، بۆ ئەوەی چاکەی خودای لەگەڵدا بکەم؟»
چیڤاش بە پاشای گوت: «کوڕێکی یۆناتان هەیە کە هەردوو قاچی شەلە.»
4 پاشاش پێی گوت: «لەکوێیە؟»
چیڤاش بە پاشای گوت: «لە ماڵی ماکیری کوڕی عەمیێلە لە لۆدەڤار.»
5 ئینجا داودی پاشا ناردی و لە ماڵی ماکیری کوڕی عەمیێلەوە لە لۆدەڤار هێنایەوە.
6 کاتێک مەفیبۆشەتی کوڕی یۆناتانی کوڕی شاول هات بۆ لای داود، بە ڕوودا کەوت و کڕنۆشی برد.
داودیش گوتی: «مەفیبۆشەت؟»
ئەویش وەڵامی دایەوە: «بەڵێ، ئەمەتا خزمەتکارەکەت.»
7 داودیش پێی گوت: «مەترسە، چونکە بە دڵنیاییەوە لە پێناوی یۆناتانی باوکت چاکەت لەگەڵدا دەکەم و هەموو زەوییەکانی شاولی باپیرت بۆ دەگەڕێنمەوە، تۆش هەمیشە لەسەر خوانەکەی من نان دەخۆیت.»
8 مەفیبۆشەتیش کڕنۆشی برد و گوتی: «بەندەکەی تۆ چییە هەتا ئاوڕ لە سەگێکی تۆپیوی وەک من بدەیتەوە؟»
9 ئیتر پاشا چیڤای بەندەی شاولی بانگکرد و پێی گوت: «هەموو ئەوەی هی شاول و بنەماڵەکەی بوو، بە کوڕەزای گەورەکەتم داوە. 10 خۆت و کوڕ و خزمەتکارەکانت لە زەوییەکەی کار دەکەن و بەروبوومەکەی دەهێنن هەتا نان بۆ کوڕەزای گەورەکەت دابین بکرێت بۆ خواردن. مەفیبۆشەتی کوڕەزای گەورەکەشت هەمیشە لەسەر خوانەکەم نان دەخوات.» چیڤا پازدە کوڕ و بیست خزمەتکاری هەبوو.
11 چیڤاش بە پاشای گوت: «بەپێی هەموو ئەوەی پاشای گەورەم فەرمان بە خزمەتکارەکەی دەکات، خزمەتکارەکەت بەو جۆرە دەکات.» ئیتر مەفیبۆشەت وەک شازادەیەک لەسەر خوانەکەی داود نانی دەخوارد.
12 مەفیبۆشەت کوڕێکی بچووکی هەبوو ناوی میکا بوو. هەروەها هەموو ئەوانەی لە ماڵی چیڤادا دەژیان خزمەتکاری مەفیبۆشەت بوون. 13 مەفیبۆشەت لە ئۆرشەلیم نیشتەجێ بوو، چونکە هەمیشە لەسەر خوانی پاشا نانی دەخوارد و هەردوو قاچیشی شەل بوون.
بەزاندنی عەمۆنییەکان
10 دوای ماوەیەک پاشای عەمۆنییەکان مرد و حانوونی کوڕی لەدوای ئەو بوو بە پاشا. 2 داود گوتی: «لەگەڵ حانوونی کوڕی ناحاش دڵسۆز دەبم، هەروەک چۆن باوکی لەگەڵم دڵسۆز بوو.» لەبەر ئەوە داود شاندێکی نارد بۆ ئەوەی سەرەخۆشی لە حانوون بکەن سەبارەت بە باوکی.
کاتێک خزمەتکارەکانی داود هاتنە خاکی عەمۆنییەکان، 3 میرەکانی عەمۆنییەکان بە حانوونی گەورەیان گوت: «تۆ لەو باوەڕەدایت کە داود لەبەر ڕێزگرتن لە باوکت نێردراوی ناردووە بۆ ئەوەی سەرەخۆشیت لێ بکات؟ ئایا داود بۆ پشکنین و سەرەوژێرکردن و سیخوڕیکردن بەسەر شارەکەوە خزمەتکارەکانی خۆی نەناردووە بۆ لات؟» 4 ئیتر حانوون خزمەتکارەکانی داودی گرت و نیوەی ڕیشی تاشین، جلەکانیشیان لە نیوەوە هەتا پاشەڵیانی دادڕی و بەڕەڵای کردن. 5 کاتێک بە داود ڕاگەیەنرا، ئەویش چەند کەسێکی نارد بۆ پێشوازییان، چونکە پیاوەکان زۆر شەرمیان دەکرد، پاشاش گوتی: «هەتا ڕیشتان دێتەوە لە ئەریحا بمێننەوە، ئینجا بگەڕێنەوە.»
6 کاتێک عەمۆنییەکان بینییان لەلایەن داودەوە قێزەون بوون، ناردیان و لە ئارامییەکانی بێتڕەحۆڤ و چۆڤا بیست هەزار پیادەیان بەکرێ گرت، هەروەها پاشای مەعکا لەگەڵ هەزار پیاو و لە تۆڤ دوازدە هەزار پیاویان بەکرێ گرت.
7 کاتێک داود ئەمەی بیستەوە، یۆئاب و هەموو سوپا شەڕکەرەکانی نارد. 8 عەمۆنییەکان هاتنە دەرەوە و لە دەمی دەروازەی شارەکەیان بۆ جەنگ ڕیزیان بەست، بەڵام ئارامییەکانی چۆڤا و ڕەحۆڤ، لەگەڵ پیاوەکانی تۆڤ و مەعکا بە جیا لە دەشتودەر بوون.
9 کاتێک یۆئاب بینی کە بەرەکانی جەنگ لەپێشی و لەپاشییەوەن، لە باشترین جەنگاوەرانی ئیسرائیل چەند هێزێکی هەڵبژارد، بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئارامییەکان ڕیزی کردن. 10 ئەو پیاوانەی کە مانەوە دایە دەست ئەبیشەیی برای و ئەویش بۆ بەرەنگاربوونەوەی عەمۆنییەکان ڕیزی کردن. 11 یۆئاب گوتی: «ئەگەر ئارامییەکان لە من بەهێزتر بوون، ئەوا تۆ بەهانامەوە دێیت؛ بەڵام ئەگەر عەمۆنییەکان لە تۆ بەهێزتر بوون، ئەوا من بەهاناتەوە دێم. 12 ئازابە و با بەهێز بین لە پێناوی گەلەکەمان و لە پێناوی شارەکانی خوداکەمان، یەزدانیش چی پێ باشە ئەوە دەکات.»
13 ئینجا یۆئاب و ئەو لەشکرەی لەگەڵی بوون بۆ جەنگ، لە دژی ئارامییەکان چوونە پێشەوە، ئەوانیش لەبەردەمیدا هەڵاتن. 14 کاتێک عەمۆنییەکان بینییان ئارامییەکان هەڵدەهاتن، ئەوانیش لەبەردەم ئەبیشەی هەڵاتن و چوونە ناو شارەکە. ئیتر یۆئاب لە شەڕی نەوەی عەمون گەڕایەوە و چوو بۆ ئۆرشەلیم.
15 کاتێک ئارامییەکان بینییان لە بەرامبەر ئیسرائیل تێکشکاون، پێکەوە کۆمەڵیان بەست. 16 ئینجا هەدەدعەزەر ناردی و ئارامییەکانی ئەوبەری ڕووباری فوراتی هێنا، ئەوانیش هاتن بۆ حێلام و شۆڤەخی سەرکردەی سوپاکەی هەدەدعەزەریش لەپێشیانەوە بوو.
17 کاتێک بە داود ڕاگەیەنرا، ئەویش هەموو ئیسرائیلی کۆکردەوە و لە ڕووباری ئوردونەوە پەڕییەوە و چوو بۆ حێلام، ئارامییەکانیش بۆ بەرەنگاربوونەوەی داود ڕیزیان بەست و لە دژی جەنگان. 18 بەڵام ئارامییەکان لەبەردەم ئیسرائیلدا هەڵاتن، داودیش حەوت سەد گالیسکەسوار و چل هەزار سەربازی پیادەی لە ئارامییەکان کوشت، هەروەها لە شۆڤەخی سەرکردەی سوپاکەی دا و هەر لەوێدا مرد. 19 کاتێک هەموو پاشاکانی ژێردەستەی هەدەدعەزەر بینییان کە ئەوان لە بەرامبەر ئیسرائیل تێکشکاون، لەگەڵ ئیسرائیل ئاشت بوونەوە و بوونە ژێردەستەی ئیسرائیل.
ئیتر ئارامییەکان نەیانوێرا بەهانای عەمۆنییەکانەوە بچن.
داود و بەتشەبەع
11 لە بەهاری ساڵ، لە کاتی ڕۆیشتنی پاشاکان بۆ جەنگ، داود یۆئابی لەگەڵ هەموو خزمەتکارەکانی و هەموو سوپای ئیسرائیلدا نارد و عەمۆنییەکانیان تێکشکاند و ڕەبەیان گەمارۆ دا، بەڵام داود لە ئۆرشەلیم مایەوە.
2 ئەوە بوو دەمەو ئێوارە داود لەسەر قەرەوێڵەکەی هەستا و لە سەربانی کۆشکی پاشا پیاسەی دەکرد، لە سەربانەوە ژنێکی بینی خۆی دەشوات. ژنێکی زۆر جوان بوو، 3 داودیش خەڵکی نارد بۆ سۆراغی ژنەکە، جا یەکێک گوتی: «ئەمە بەتشەبەعی کچی ئەلیعامە و ژنی ئوریای حیتییە.» 4 ئینجا داود چەند نێردراوێکی نارد بۆ هێنانی، ژنەکەش لە خوێنلێچوونی مانگانەی پاک ببووەوە و هاتە لای داود، ئەویش لەگەڵی جووت بوو، پاشان ژنەکە گەڕایەوە بۆ ماڵەکەی خۆی. 5 ژنەکە سکی پڕ بوو، ناردی و بە داودی ڕاگەیاند، گوتی: «سکم پڕە.»
6 داودیش نێردراوی بۆ لای یۆئاب نارد و گوتی: «ئوریای حیتیم بۆ بنێرە.» یۆئابیش ئوریای بۆ لای داود نارد. 7 کاتێک ئوریا هاتە لای، داود لە هەواڵی سەلامەتی یۆئاب و سوپا و چۆنیەتی سەرکەوتنی جەنگی پرسی. 8 پاشان داود بە ئوریای گوت: «بگەڕێوە ماڵەکەت و قاچەکانت بشۆ.» جا ئوریا لە کۆشکی پاشا چووە دەرەوە، دوابەدوای ئەویش دیارییەک لەلایەن پاشاوە نێردرا بۆی. 9 بەڵام ئوریا لە دەروازەی کۆشکی پاشادا لەگەڵ هەموو خزمەتکارەکانی گەورەکەیدا خەوت و نەگەڕایەوە ماڵەکەی خۆی.
10 ئینجا بە داود ڕاگەیەنرا کە ئوریا نەگەڕاوەتەوە ماڵەوە. داودیش بە ئوریای گوت: «تۆ لە ڕێوە نەهاتوویت؟ ئەی بۆچی نەگەڕایتەوە ماڵەوە؟»
11 ئوریاش بە داودی گوت: «سندوقەکە و ئیسرائیل و یەهودا لەناو چادردا نیشتەجێن، یۆئابی گەورەم لەگەڵ پیاوەکانی پاشام لە دەشتودەر چادریان هەڵداوە. ئایا منیش بچمەوە ماڵەکەم بخۆم و بخۆمەوە و لەگەڵ ژنەکەمدا پاڵ بکەوم؟ بە گیانی تۆ، دڵنیابە، من کاری وا ناکەم!»
12 ئینجا داود بە ئوریای گوت: «ئەمڕۆش لێرە بمێنەرەوە و سبەینێ دەتنێرمەوە.» ئیتر ئوریا بۆ ئەو ڕۆژە و ڕۆژی دواتریش لە ئۆرشەلیمدا مایەوە. 13 داود بانگی کرد، ئەویش لەگەڵیدا خواردی و خواردیەوە هەتا ئەوەی داود ئەوی مەست کرد، بەڵام ئوریا بۆ ئێوارە ڕۆیشت تاوەکو لەگەڵ خزمەتکارەکانی گەورەکەیدا لە جێگاکەی بنووێت و نەچێتەوە ماڵەکەی خۆی.
14 بۆ بەیانی داود نووسراوێکی بۆ یۆئاب نووسی و بە دەستی ئوریادا ناردی. 15 لە نووسراوەکەشدا نووسیبووی و دەیگوت: «ئوریا بخەنە ناو گەرمەی شەڕەکەوە و لە پشتی بکشێنەوە هەتا لێی دەدرێت و دەکوژرێت.»
16 جا کاتێک یۆئاب گەمارۆی شارەکەی دابوو، ئوریای لەو شوێنە دانا کە دەیزانی پیاوە بەهێزەکان لەوێن. 17 لەو کاتەدا پیاوانی شارەکە هاتنە دەرەوە و لە دژی یۆئاب جەنگان، ژمارەیەک لە خزمەتکارەکانی داود کەوتن و ئوریای حیتیش کوژرا.
18 یۆئابیش نێردراوێکی نارد و هەموو کاروبارەکانی جەنگی بە داود ڕاگەیاند. 19 فەرمانیشی بە نێردراوەکە کرد و گوتی: «پاش ئەوەی وردەکارییەکانی جەنگەکە بۆ پاشا باس دەکەیت، 20 ئەگەر تووڕەیی پاشا جۆشا و گوتی: ”بۆچی لە شارەکە نزیک کەوتنەوە بۆ جەنگ؟ ئەی نەتانزانی ئەوان لەسەر شووراکەوە تیرتان تێدەگرن؟ 21 کێ ئەبیمەلەخی کوڕی یەروبەشەتی[ab] کوشت؟ ئایا ژنێک لەسەر شووراوە بەرداشی سەرەوەی دەستاڕێکی تێنەگرت و لە تێڤێچ کوژرا؟ بۆ لە شووراکە نزیک کەوتنەوە؟“ تۆش ئەو کاتە بڵێ: ”هەروەها ئوریای حیتی خزمەتکاریشت کوژراوە.“»
22 نێردراوەکە ڕۆیشت، کاتێک هاتە لای داود هەموو ئەو شتانەی پێ ڕاگەیاند کە یۆئاب پێی ڕایسپاردبوو. 23 هەروەها نێردراوەکە بە داودی گوت: «خەڵکەکە بەسەرماندا زاڵ بوون، هاتن لە دەشتودەر لەگەڵمان بجەنگن، بەڵام هەتا دەمی دەروازەکە پاشەکشەمان پێکردن. 24 ئینجا تیرهاوێژەکان لەسەر شووراکەوە تیربارانیان کردین و ژمارەیەک لە خزمەتکارەکانی پاشا کوژران، ئوریای حیتی خزمەتکاریشت کوژرا.»
25 داودیش بە نێردراوەکەی گوت: «ئاوا بە یۆئاب دەڵێیت: ”ئەم کارەت پێ خراپ نەبێت، چونکە شمشێر جارێ ئەم و جارێ ئەو دەخوات. شەڕەکەت لەسەر شارەکە بەتین بکە و کاولی بکە.“ ئەمە بۆ هاندانی یۆئاب بڵێ.»
26 کاتێک ژنەکەی ئوریا بیستی کە ئوریای مێردی کوژراوە، شیوەنی بۆ پیاوەکەی گێڕا. 27 پاش تێپەڕبوونی ڕۆژانی پرسە، داود ناردی بەدوایدا و خستییە پاڵ ماڵەکەی خۆیەوە و بوو بە ژنی و کوڕێکی لێی بوو. بەڵام ئەم کارەی داود کردی، لەبەرچاوی یەزدان ناپەسەند بوو.
سەرزەنشتی داود لەلایەن ناتانەوە
12 یەزدان ناتانی نارد بۆ لای داود، ئەویش هاتە لای و پێی گوت: «دوو پیاو لە شارێکدا هەبوون، یەکێکیان دەوڵەمەند و ئەوی دیکەیان هەژار. 2 پیاوە دەوڵەمەندەکە مەڕ و مانگایەکی زۆری هەبوو. 3 بەڵام هەژارەکە هیچی نەبوو، جگە لە بەرخێکی مێی بچووک کە کڕیبووی و بەخێوی کردبوو. لەگەڵ خۆی و هەموو منداڵەکانیدا گەورە ببوو. بەرخەکە لە پارووەکەی ئەو دەیخوارد و لە جامەکەی ئەو دەیخواردەوە، لە باوەشیدا دەنوست و وەک کچی ئەوی لێهاتبوو.
4 «ئەوە بوو ڕێبوارێک بووە میوانی پیاوە دەوڵەمەندەکە، بەڵام دەوڵەمەندەکە ڕازی نەبوو مەڕێک یان مانگایەکی خۆی بکاتە ژەمێک بۆ میوانەکە کە ڕووی تێکردبوو. لە جیاتی ئەوە کاوڕەمێیەکەی هەژارەکەی برد و ئامادەی کرد بۆ ئەو پیاوەی کە ڕووی تێکردبوو.»
5 داود زۆر لەو پیاوە تووڕە بوو، بە ناتانی گوت: «بە یەزدانی زیندوو، ئەو پیاوەی ئەمەی کردووە شایانی سزای مردنە! 6 لە جیاتی کاوڕەمێیەکەش چوار قات دەداتەوە، لە دەرئەنجامی ئەوەی ئەم کارەی کردووە، لەبەر ئەوەی بەزەیی نەبووە.»
7 ناتانیش بە داودی گوت: «ئەو پیاوە تۆیت! یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ”من دەستنیشانم کردیت ببیتە پاشای ئیسرائیل، من لە دەستی شاول دەربازم کردیت. 8 ماڵی گەورەکەتم پێدایت و ژنەکانی ئەوم خستە باوەشتەوە، بنەماڵەی ئیسرائیل و یەهودام پێدایت. ئەگەر ئەوەش کەم بووایە ئەوا زیاتریشم بۆ دەکردیت. 9 ئیتر بۆچی فەرمایشتی یەزدانت بە سووک زانی، هەتا ئەم خراپەیە لەبەرچاوی یەزدان بکەیت؟ ئوریای حیتیت بە شمشێر کوشت و ژنەکەی ئەوت کردە ژنی خۆت، بە شمشێری عەمۆنییەکان کوشتت. 10 ئێستاش، بۆ هەتاهەتایە شمشێر لەسەر بنەماڵەکەت نابڕێتەوە، چونکە سووکایەتیت بە من کرد، ژنەکەی ئوریای حیتیت برد و کردتە ژنی خۆت.“
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.