Bible in 90 Days
1 ئەو سروشەی[a] کە بۆ حەبەقوقی پێغەمبەر هات.
سکاڵای حەبەقوق
2 ئەی یەزدان، هەتا کەی هانات بۆ بهێنم و
تۆش گوێ ناگریت؟
هەتا کەی لە دەست ستەم هاوارت بۆ دەهێنم و
تۆش ڕزگار ناکەیت؟
3 بۆ چی ناڕەواییم پیشان دەدەیت؟
بۆ چی بەرگەی خراپە دەگریت؟
وێرانکردن و ستەم لەبەردەممە،
ناکۆکی و ڕکابەری سەرهەڵدەدات.
4 لەبەر ئەوە تەورات لەکارخراوە و
دادپەروەری قەد سەرکەوتوو نابێت.
خراپەکار گەمارۆی کەسی ڕاستودروستی دا،
لەبەر ئەوە دادپەروەری دەشێوێنرێت.
وەڵامی یەزدان
5 «تەماشای نەتەوەکان بکەن و سەرنج بدەن،
بە تەواوی سەرسام بن،
چونکە لە سەردەمی ئێوەدا کارێکی وا دەکەم،
ئەگەر باس بکرێت باوەڕ ناکەن.
6 چونکە من بابلییەکان[b] هەڵدەستێنمەوە،
گەلێکی دڵڕەق و بە پەلە،
بە فراوانی زەوی ڕێگای گرتووەتەبەر،
بۆ داگیرکردنی ئەو نشینگانەی کە هی خۆی نییە.
7 تۆقێنەر و ترسێنەرە،
خۆیان حوکم دادەنێن و
شکۆی خۆیان دەسەپێنن.
8 ئەسپەکانیان لە پڵنگ بەتاوترن و
لە گورگی ئێواران توندوتیژترن،
سوارەکانی بە پڕتاوی
لە دوورەوە دێن،
وەک هەڵۆیەکی بە پەلە بۆ خواردن دەفڕن.
9 هەموو بۆ ستەمکاری دێن،
ئاپۆرەکەیان وەک بای ڕۆژهەڵات پەرەوپێش دەچێت،
وەک لم دیل کۆدەکەنەوە.
10 گاڵتە بە پاشایان دەکەن و
میران دەکەنە گاڵتەجاڕ،
بە هەموو شارێکی قەڵابەند پێدەکەنن،
خۆڵ دەکەنە گرد و دەیگرن.
11 ئینجا وەک با هەڵدەکەن و دەڕۆن،
تاوانبارن، هێزی خۆیان دەپەرستن.»
دووەم سکاڵای حەبەقوق
12 ئەی یەزدان، ئایا تۆ لە ئەزەلەوە نیت؟
خودای من، پیرۆزەکەم، تۆ هەرگیز نامریت.
ئەی یەزدان، بابلییەکانت بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکانت دانا،
ئەی تاشەبەرد، ئەرکی سزادانت بەوان سپاردووە.
13 چاوەکانت لەوە پاکترن تەماشای خراپە بکەن،
ناتوانیت بەرگەی خراپەکاری بگریت.
کەواتە بۆچی بەرگەی ناپاکەکان دەگریت؟
بۆچی بێدەنگ دەبیت کاتێک بەدکار کەسێکی لە خۆی ڕاستودروستتر قووت دەدات؟
14 مرۆڤ وەک ماسی دەریا لێدەکەیت،
وەک بوونەوەری ئاوی کە فەرمانڕەوای نییە.
15 دوژمنی خراپەکار بە قولاپەکەی هەمووان سەردەخات،
بە تۆڕەکەی ڕاویان دەکات،
لەناو تۆڕەکەی کۆیان دەکاتەوە،
لەبەر ئەوە شاد و دڵخۆشە.
16 هەر لەبەر ئەوەش قوربانی بۆ تۆڕەکەی سەردەبڕێت و
بخووری بۆ دەسووتێنێت،
چونکە بەهۆی تۆڕەکەیەوە خۆش ڕادەبوێرێت و
خواردنەکەی چەورە.
17 هەتا کەی بەردەوام دەبێ لەوەی بە تۆڕەکەی ڕاو بکات،
بە بێ بەزەیی نەتەوەکان لەناوببات؟
2 لە خاڵی چاودێریکردنەکەم دەوەستم و
سەردەکەومە سەر قوللەی چاودێری،
چاوەڕێ دەکەم تاکو بزانم یەزدان چیم پێ دەڵێت و
بۆ وەڵامی ئەو سکاڵایە چی بڵێم.
وەڵامی یەزدان
2 ئینجا یەزدان وەڵامی دامەوە و فەرمووی:
«سروشەکە[c] بنووسەوە و
لەسەر تابلۆ هەڵیبکۆڵە،
تاکو پەیامنێر بە دروستی پەیامەکە بگەیەنێت.
3 چونکە سروشەکە بۆ کاتی دیاریکراوە،
باسی کۆتایی دەکات و
درۆ ناکات.
ئەگەر درێژەی کێشا چاوەڕێی بکە،
چونکە بێگومان دێت و دواناکەوێت.
4 «تەماشا، دوژمن[d] خۆی گف کردووەتەوە،
ئارەزووەکانی ڕەوا نییە،
بەڵام کەسی ڕاستودروست بە باوەڕی خۆی دەژیێت.
5 لە ڕاستیدا شەراب فریوی دەدات،
لەخۆباییە و هەرگیز هێور نابێتەوە،
چونکە وەک گۆڕ ئارەزووی بەرفراوانە،
وەک مردنە، هەرگیز تێر نابێت،
هەموو نەتەوەکان بۆ خۆی کۆدەکاتەوە و
هەموو گەلان بە دیل دەگرێت.
6 «ئایا گەلەکان پەند و توانج لەو ناگرن، دەڵێن:
«”قوڕبەسەر ئەوەی شتی دزراو کەڵەکە دەکات و
بە ستەمکاری خۆی دەوڵەمەند دەکات!
ئەو دۆخە هەتا کەی بەردەوام دەبێت؟“
7 ئایا قەرزدەرەکانت کتوپڕ لێت ڕاستنابنەوە؟
ئایا بەئاگا نایێن و ناتلەقێنن؟
ئینجا دەبیتە دەستکەوت بۆیان.
8 چونکە تۆ چەندین نەتەوەت تاڵان کرد،
ئەو گەلانەی کە ماونەتەوە تۆ تاڵان دەکەن،
لەبەر ئەوەی تۆ خوێنی مرۆڤت ڕشت،
تۆ خاک و شار و هەموو دانیشتووانەکەیت وێران کرد.
9 «قوڕبەسەر ئەوەی دەستکەوتی ناڕەوا بۆ ماڵەکەی بەدەستدەهێنێت و
هێلانەکەی لە بەرزایی دادەنێت،
تاکو لە چنگی خراپە دەرباز بێت!
10 پیلانی ڕیشەکێشکردنی گەلانێکی زۆرت گێڕا،
شەرمەزاریت هێنایە سەر ماڵەکەت و خۆتت دۆڕاند.
11 لەبەر ئەوە بەرد لەناو دیوارەوە هاوار دەکات و
کاریتەش لە دارەوە دەنگ دەداتەوە.
12 «قوڕبەسەر ئەوەی بە خوێنڕشتن شار بنیاد دەنێت و
بە ستەمکاری شارۆچکە دادەمەزرێنێت.
13 ئایا ئەوە لەلایەن یەزدانی سوپاسالارەوە نییە
کە ماندووبوونی گەلان تەنها بۆ ئاگر بێت،
شەکەتبوونی نەتەوەکان بێ سوود بێت؟
14 چونکە زەوی پڕ دەبێت لە زانینی شکۆمەندی یەزدان،
هەروەک ئاو دەریا دادەپۆشێت.
15 «قوڕبەسەر ئەوەی شەراب دەرخواردی نزیکەکەی دەدات،
هەتا سەرخۆش دەبێت لە مەشکەکەوە بۆی تێدەکات،
تاکو جەستەیان بە ڕووتی ببینێت.
16 تێردەبیت لە شەرمەزاری لە جیاتی شکۆمەندی.
ئێستا نۆرەی تۆیە! بینۆشە و ڕووت ببەوە،
جامی دەستە ڕاستی یەزدان دێتە سەر تۆ،
شەرمەزاریش شکۆی تۆ دادەپۆشێت.
17 ئەو ستەمەی لە لوبنانت کرد بەسەرت دێتەوە،
لەناوبردنی ئاژەڵەکانی دەتترسێنێت.
لەبەر ئەوەی تۆ خوێنی مرۆڤت ڕشت،
تۆ خاک و شار و هەموو دانیشتووانەکەیت وێران کرد.
18 «ئەو بتەی کە دەتاشرێت چ کەڵکێکی هەیە؟
یان ئەو پەیکەرە لەقاڵبدراوەی خەڵکی فێری درۆ دەکات؟
چونکە دروستکەرەکەی پشتی پێ دەبەستێت،
بتێکی دروستکردووە ناتوانێت قسە بکات.
19 قوڕبەسەر ئەوەی بە تەختەدار دەڵێت: ”هەستە!“
بە بەردی بێ هەست و نەست: ”بە ئاگابە!“
ئایا دەتوانێت ڕێنمایی بکات؟
بە زێڕ و زیو ڕووکەش کراوە،
ڕۆحی تێدا نییە.»
20 بەڵام یەزدان لەناو پەرستگای پیرۆزیدایە،
با هەموو دانیشتووانی زەوی لەبەردەمیدا بێدەنگ بن.
نوێژێکی حەبەقوق
3 نوێژێکی حەبەقوقی پێغەمبەر. لەسەر ئاوازی «شگیانۆت»:
2 ئەی یەزدان، هەواڵی تۆم بیست،
ئەی یەزدان، لە کارەکانت ترسام،
لە سەردەمی ئێمە دووبارەیان بکەوە،
با لە سەردەمی ئێمە بزانرێن،
لە تووڕەییدا بەزەیی بهێنەرەوە یادت!
3 خودا لە تێمانەوە هات،
پیرۆزەکە لە کێوی پارانەوە هات. [e]
شکۆی ئەو ئاسمانی داپۆشیوە و
ستایشی ئەو زەوی پڕکردووە.
4 پڕشنگی ئەو وەک تیشکی بەرەبەیانە،
لە دەستیەوە ڕووناکی دەبارێت،
لەوێدا توانای شاردرابووەوە.
5 پەتا لەپێشیەوە ڕۆیشت،
گرانەتاش لەدوای هەنگاوەکانی ئەو بوو.
6 ڕاوەستا و زەوی هەژاند،
تەماشای کرد و هەموو گەلەکانی لەرزاند.
چیا دێرینەکان کوتران،
گردە لەمێژینەکان هاتنە خوارەوە،
بەڵام یەزدان جاویدانییە.
7 چادرەکانی کوشانم لە تەنگوچەڵەمەدا بینی،
ڕەشماڵەکانی میدیان دەلەرزین.
8 ئەی یەزدان، ئایا جۆشی تووڕەیی تۆ لە ڕووبارەکان بوو؟
ئایا لە ڕووبارەکان تووڕە بوویت؟
ئایا هەڵچوونی تۆ لە دەریا بوو،
تاکو سواری ئەسپ بیت و
گالیسکەکانت بەرەو سەرکەوتن بچن؟
9 کەوانەکەی خۆتت ئامادە کرد و
داوای تیرێکی زۆرت کرد.
بە ڕووبارەکان زەویت شەق کردووە،
10 چیاکان تۆیان بینی و لەرزین،
لافاوی ئاوەکان تێپەڕین،
قووڵاییەکان دەنگیان هات،
شەپۆلەکانی بەرزبوونەوە.
11 خۆر و مانگ لە ئاسمان وەستان[f]،
بە بریسکانەوەی تیرە هاوێژراوەکانت،
بە درەوشانەوەی ڕمە پڕشنگدارەکەت.
12 بە تووڕەییەوە لەسەر زەوی گەڕایت،
بە تووڕەییەوە نەتەوەکانت وردوخاش کرد.
13 بۆ ڕزگارکردنی گەلەکەت هاتییە دەرەوە،
بۆ ڕزگارکردنی دەستنیشانکراوەکەت.
سەرۆکی وڵاتی بەدکارت وردوخاش کرد،
لە سەرەوە هەتا پێی ڕووتت کردەوە.
14 بە تیرەکانی خۆی سەری سەرکردەکانی ئەوت کونت کرد،
کاتێک هێرشیان هێنا بۆ پەرتەوازەکردنمان،
خۆشیان ئامادە کرد
بۆ ڕاوکردنی ئەو کڵۆڵەی خۆی ماتداوە.
15 بە ئەسپەکانت بەناو دەریادا ڕێگات گرتەبەر،
ئاوە زۆرەکانت هەژاند.
16 بیستم و هەناوم کەوتە خوارەوە،
لەبەر دەنگەکە لێوەکانم لەرزین،
ئێسکەکانم کلۆر بوون،
چۆکم لەرزی.
لەگەڵ ئەوەشدا بە ئارامییەوە چاوەڕێی ڕۆژی تەنگانەم
بۆ ئەو نەتەوانەی هێرشیان هێنایە سەرم.
17 لەگەڵ ئەوەی دار هەنجیر گوڵ ناکات و
دار مێوەکان هێشووە ترێیان نییە،
لەگەڵ ئەوەی دار زەیتوون بەر ناگرێت و
کێڵگەکان خواردن بەرهەم ناهێنن،
لەگەڵ ئەوەی مەڕ لە پشتیر[g] دەبڕدرێتەوە و
مانگا لەسەر ئاخوڕ نییە،
18 بەڵام من بە یەزدان دڵشاد دەبم،
بە خودای ڕزگارکەرم دڵخۆش دەبم.
19 یەزدانی پەروەردگار هێزی منە،
پێیەکانم وەک پێی ئاسک لێدەکات،
توانام پێ دەبەخشێت بچمە سەر بەرزاییەکان.
بۆ سەرۆکی گۆرانیبێژەکان، لەسەر ئامێرە ژێدارەکانم.
1 پەیامی یەزدان بۆ سەفەنیای کوڕی کووشی کوڕی گەدەلیاهوی کوڕی ئەمەریای کوڕی حەزقیا، لە سەردەمی یۆشیای کوڕی ئامۆنی پاشای یەهودا:
ئاگادارکردنەوە بۆ هاتنی وێرانکاری
2 «هەمووان لەسەر ڕووی زەوی
بە تەواوەتی دادەماڵم.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
3 «مرۆڤ و ئاژەڵ دادەماڵم،
باڵندەکانی ئاسمان و
ماسییەکانی دەریا دادەماڵم.
بەدکاران تووشی کۆسپ دەکەم و
مرۆڤ لەسەر ڕووی زەوی بنبڕ دەکەم.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
پێشبینییەک سەبارەت بە یەهودا
4 «دەستم بۆ سەر یەهودا و
بۆ سەر هەموو دانیشتووانی ئۆرشەلیم درێژ دەکەم.
ئەو بەعل پەرستانەی ماونەتەوە لەم شوێنە بنبڕیان دەکەم،
ناوی کاهینە بتپەرستەکان و کاهینە هەڵگەڕاوەکان،
5 ئەوانەی لە سەربانەکان کڕنۆش دەبەن
بۆ ئەستێرەکانی ئاسمان،
ئەوانەی کڕنۆش دەبەن و سوێند بە یەزدان دەخۆن،
هەروەها سوێند بە مۆلەخیش[h] دەخۆن،
6 لەگەڵ ئەوانەی لە یەزدان هەڵگەڕاونەتەوە و
ئەوانەی ڕوو لە یەزدان ناکەن و پرسیاری لێ ناکەن.»
7 لەبەردەم یەزدانی باڵادەست بێدەنگ بە،
چونکە ڕۆژی یەزدان[i] نزیکە،
چونکە یەزدان قوربانی ئامادە کردووە
بانگکراوانی خۆی تەرخان دەکات.
8 لە ڕۆژی قوربانی یەزدان
میران سزا دەدەم
هەروەها کوڕانی پاشا و
هەموو ئەوانەی جلوبەرگی نامۆیان لەبەرە.
9 لەو ڕۆژەدا هەموو ئەوانە سزا دەدەم
کە خۆیان لەوە دەپارێزن پێ لە سەکۆی دەروازەکە بنێن،[j]
ئەوانەی پەرستگای خوداوەندەکانیان پڕ دەکەن
لە ستەم و فێڵبازی.
10 یەزدان دەفەرموێت: «لەو ڕۆژەدا،
دەنگی هاوار لە دەروازەی ماسی بەرزدەبێتەوە،
ناڵەناڵ لە ”گەڕەکی نوێ“ دێت،
دەنگی تێکشکانێکی گەورەش لە گردەکانەوە.
11 ئەی دانیشتووانی ناوچەی مەکتیش[k] بناڵێنن،
هەموو بازرگانەکانتان لەناودەچن،
هەموو بازرگانەکانی زیو بنبڕ دەکرێن.
12 لەو سەردەمەدا، بە چرا ئۆرشەلیم دەپشکنم و
ئەو کەسانە سزا دەدەم کە لەخۆڕازین،
ئەوانە وەک شەرابن بەسەر خڵتەکەیەوە،
لە دڵی خۆیاندا دەڵێن:
”یەزدان نە چاکە دەکات و نە خراپە.“
13 ئەوانە سامانیان تاڵان دەکرێت،
ماڵیان وێران دەبێت.
ماڵ بنیاد دەنێن و
تێیدا دانانیشن؛
ڕەز دەچێنن و
لە شەرابەکەی ناخۆنەوە.
ڕۆژی گەورەی یەزدان
14 «ڕۆژی گەورەی یەزدان نزیکە،
نزیکە و زۆر بە پەلەیە.
هاواری ڕۆژی یەزدان تاڵ دەبێت،
پاڵەوانە مەزنەکە نەعرەتەی جەنگ دەکێشێت.
15 ئەو ڕۆژە ڕۆژی تووڕەییە،
ڕۆژی تەنگانە و ئازارە،
ڕۆژی کاولبوون و وێرانییە،
ڕۆژی تاریکی و ئەنگوستەچاوە،
ڕۆژی هەور و تەمی چڕە،
16 ڕۆژی کەڕەنا لێدان و نەعرەتەی جەنگە
لە دژی شارە قەڵابەندەکان و
لە دژی قوللە بەرزەکان.
17 «تەنگ بە مرۆڤ هەڵدەچنم،
وەک کوێر بە پەلکوتان دەڕۆن،
چونکە دەرهەق بە یەزدان گوناهیان کرد.
ئینجا خوێنیان وەک خۆڵ دەڕژێت و
هەناویشیان وەک زبڵ.
18 نە زیو و نە زێڕەکەیان
ناتوانن دەربازیان بکەن،
لە ڕۆژی تووڕەیی یەزدان.
«بە ئاگری ئیرەییەکەی[l]
هەموو زەوی هەڵدەلووشێت،
چونکە لەناوچوونێکی کتوپڕ دروستدەکات
بۆ هەموو دانیشتووانی زەوی.»
2 ئەی نەتەوە بێ شەرمەکە،
خۆت کۆبکەرەوە، خۆت کۆبکەرەوە،
2 بەر لەوەی کاتی دیاریکراوتان لەدەست بچێت،
بەر لەوەی ئێوە وەک پوشوپەڵاشی بەردەم باتان بەسەربێت،
پێش ئەوەی گڕی تووڕەیی یەزدان بێتە سەرتان،
پێش ئەوەی ڕۆژی تووڕەیی یەزدان بێتە سەرتان.
3 ئەی هەموو بێفیزەکانی سەر زەوی، ڕوو لە یەزدان بکەن،
ئێوە ئەوانەی حوکمەکانی ئەو جێبەجێ دەکەن.
داوای ڕاستودروستی بکەن، داوای بێفیزی بکەن،
بەڵکو لە ڕۆژی تووڕەیی یەزدان دابپۆشرێن.
سەبارەت بە فەلەستیە
4 غەزە چۆڵ دەکرێت و
ئەسقەلان وێران دەبێت،
ئەشدۆد لە نیوەڕۆدا کاول دەکرێت و
عەقرۆنیش ڕیشەکێش دەکرێت.
5 قوڕبەسەر دانیشتووانی کەناری دەریا،
نەتەوەی کریتییەکان!
فەرمایشتی یەزدان لە دژی ئێوەیە،
ئەی کەنعان، خاکی فەلەستییەکان،
یەزدان دەفەرموێت: «لەناوت دەبەم،
کەست ناهێڵمەوە.»
6 کەناری دەریاش دەبێتە لەوەڕگا،
دەبێتە شوێنی شوانەکان، بۆ پشتیری[m] مەڕ.
7 دەبێتە موڵکی پاشماوەی بنەماڵەی یەهودا،
لەسەری دەلەوەڕێنن،
ئێواران لە ماڵەکانی ئەسقەلان لادەدەن،
چونکە یەزدانی پەروەردگاریان بەسەریان دەکاتەوە،
ڕاپێچکراوەکانیان دەگەڕێنێتەوە.
سەبارەت بە مۆئاب و عەمۆن
8 «گوێم لە جنێوەکانی مۆئاب و
قەشمەرییەکانی عەمۆنییەکان بوو،
ئەوانەی جنێویان بە گەلەکەم دا و
هەڕەشەیان لە خاکەکەیان کرد.»
9 یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل دەفەرموێت:
«بە گیانی خۆم، لەبەر ئەوە
بێگومان مۆئاب وەک سەدۆمی لێدێت،
عەمۆنییەکانیش وەک عەمۆرا،
هەتاهەتایە دەبێتە شوێنی گەزگەزکە و
چاڵی خوێ و وێرانییە.
پاشماوەی گەلەکەم تاڵانیان دەکەن و
پاشماوەی نەتەوەکەم دەبنە میراتگری خاکەکەیان.»
10 لە بەرامبەر لووتبەرزییان ئەمەیان بەسەردێت،
لەبەر جنێودان و سووکایەتییان بە گەلی یەزدانی سوپاسالار.
11 یەزدان ترسناک دەبێت بۆیان،
چونکە هەموو خوداوەندەکانی سەر زەوی تێکدەشکێنێت.
هەموو خەڵک هەریەکە و لە شوێنی خۆیەوە کڕنۆشی بۆ دەبەن،
هەریەکە و لە خاکەکەی خۆی.
سەبارەت بە کوش
12 «ئێوەش ئەی کوشییەکان[n]،
بە شمشێری من دەکوژرێن.»
سەبارەت بە ئاشور
13 دەستی بۆ باکوور درێژ دەکات و
ئاشوریش لەناودەبات،
نەینەوا وێران دەکات
وەک بیابان وشک دەبێت.
14 ئینجا لەوێدا مێگەلەکان خۆیان دەکێشنەوە،
هەموو جۆرە ئاژەڵێک.
هەم کوندەپەپووی بیابان و هەم بایەقووش،
لەسەر ستوونەکانی شەو بەسەردەبەن،
لە پەنجەرەکانیەوە دەنگیان دێت،
کاول بوون لە بەردەرگایە
چونکە دار ئورزەکانی ڕووت کراونەتەوە.
15 ئەمە شارە دڵخۆشەکەیە
کە لە ئاسوودەییدا دەژیا.
ئەوەی لە دڵی خۆیدا دەیگوت:
«تەنها من، کەسی دیکە هاوتای من نییە.»
ئاخ، چۆن وێران بوو،
لانەی گیانلەبەران!
هەموو ئەوانەی بەلایدا تێدەپەڕن گاڵتەی پێ دەکەن و
فیکە لێدەدەن.
داهاتووی ئۆرشەلیم
3 قوڕبەسەر شاری ستەمکارەکان
ئەوەی یاخی بووە و گڵاوە!
2 گوێی لە کەس نەگرت،
تەمبێ نەبوو،
پشتی بە یەزدان نەبەست،
لە خودای خۆی نزیک نەبووەوە.
3 میرەکانی ناوەڕاستی شێرن دەنەڕێنن،
دادوەرەکانی گورگی ئێوارانن،
هیچ بۆ بەیانی ناهێڵنەوە.
4 پێغەمبەرەکانی لەخۆبایین،
خەڵکانێکی ناپاکن،
کاهینەکانی پیرۆزگایان گڵاو کردووە،
تەوراتیان پێشێل کردووە.
5 یەزدان لەو شارەدا ڕاستودروستە،
ناڕەوایی ئەنجام نادات.
بەیانییان دادپەروەرییەکەی پەیڕەو دەکات،
کەموکوڕی تێدا نییە،
بەڵام ستەمکار واتای سەرشۆڕی نازانێت.
تۆبەنەکردنی ئۆرشەلیم
6 «نەتەوەکانم ڕیشەکێش کرد،
قەڵاکانیان وێران بوون،
شەقامەکانی ئەوانم چۆڵ کرد،
بەبێ ڕێبوارن،
شارەکانیان وێران کران،
بەبێ مرۆڤن، بێ دانیشتووان.
7 ئینجا فەرمووم:
”بێگومان ئیتر لێم دەترسیت و
تەمبێ دەبیت!“
هەتا نشینگەکەی ڕیشەکێش نەکرێت،
هەموو سزای خۆم بەسەریدا ناسەپێنم.
بەڵام چالاک بوون
لە گەندەڵکردنی هەموو کردەوەکانیان.»
8 یەزدان دەفەرموێت: «لەبەر ئەوە چاوەڕێم بکەن،
هەتا ئەو ڕۆژەی هەڵدەستم بۆ شایەتیدان،
چونکە بڕیارم دا نەتەوەکان کۆبکەمەوە،
پاشایەتییەکان خڕبکەمەوە،
هەتا هەڵچوونم بەسەریاندا هەڵڕێژم،
هەموو گڕی تووڕەییم،
بە ئاگری ئیرەییم
هەموو زەوی هەڵدەلووشێت.
چاکسازی پاشماوەی ئیسرائیل
9 «ئینجا لێوی هەموو گەلان پاک دەکەمەوە،
هەتا هەموویان بە ناوی یەزدانەوە نزا بکەن،
تاکو هاوشانی یەکتر خزمەتی بکەن.
10 لەوبەری ڕووبارەکانی کوشەوە
ئەوانەی دەمپەرستن، گەلە پەرتوبڵاوکراوەکەم،
دیارییەکانم پێشکەش دەکەن.
11 لەو ڕۆژەدا بەهۆی کردەوەکانت سەرشۆڕ نابیت
کە پێیان لە من یاخی بوویت،
چونکە من لەم شارە دایاندەماڵم،
ئەوانەی بە لووتبەرزییان دڵخۆشن.
ئیتر ناگەڕێیتەوە بۆ سەر لووت بەرزی
لە کێوی پیرۆزم.
12 بەڵام گەلێکت تێدا دەهێڵمەوە
سادە و ساکار،
پشت بە ناوی یەزدان دەبەستێت.
13 پاشماوەی ئیسرائیلیش چیدی خراپە ناکەن،
درۆ ناکەن،
لە دەمیاندا زمانی هەڵخەڵەتێنەر نامێنێت،
چونکە بە ئاسوودەیی دەخۆن و ڕادەکشێن،
کەسیش نییە بیانترسێنێت.»
14 سییۆنی کچ گۆرانی بڵێ،
ئەی ئیسرائیل، هاواری خۆشی بکە!
بە هەموو دڵتەوە شادمان و دڵخۆشبە،
ئەی ئۆرشەلیمی کچ!
15 یەزدان سزاکەی تۆی داماڵی،
دوژمنەکەت کشایەوە.
یەزدان، پاشای ئیسرائیل، لەگەڵ تۆیە،
جارێکی دیکە لە خراپە ناترسیت.
16 لەو ڕۆژەدا بە ئۆرشەلیم دەگوترێت:
«ئەی سییۆن مەترسە،
دەستت شل مەکە.
17 یەزدانی پەروەردگارت لەگەڵتدایە،
لە ڕزگارکردن قارەمانە.
بە شادییەوە پێت دڵخۆش دەبێت،
لەناو خۆشەویستییەکەی دەتبووژێنێتەوە،
بە گۆرانییەوە پێت شاد دەبێت.»
18 «ئەوانەی بۆ نەمانی جەژن دەگریێن
لە تۆ دایاندەماڵم،
لەمەودوا شەرمەزاری هەڵناگریت.
19 لەو کاتەدا من سزایان دەدەم
هەموو ئەوانەی زەلیلیان کردیت؛
شەلەکە ڕزگار دەکەم و
ئەوانەی دوورخراوبوونەوە کۆیان دەکەمەوە.
ستایش و ناوبانگیان پێ دەبەخشم
لە هەموو خاکێک کە شەرمەزار بوون.
20 لەو کاتەدا کۆتان دەکەمەوە،
لەو کاتەدا دەتانگەڕێنمەوە خاکی خۆتان.
ستایش و ناوبانگتان پێ دەبەخشم
لەنێو هەموو گەلانی زەوی،
کاتێک ڕاپێچکراوەکانتان و بەختیاریتان
لەبەرچاوتان دەگەڕێنمەوە.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
بانگەواز بۆ بنیادنانەوەی ماڵی یەزدان
1 لە یەکی مانگی شەشی ساڵی دووەمی داریوشی پاشا فەرمایشتی یەزدان لە ڕێگەی حەگەی پێغەمبەرەوە بۆ زروبابلی کوڕی شەئەلتیێلی فەرمانڕەوای یەهودا و بۆ یەشوعی کوڕی یەهۆچاداقی سەرۆک کاهین هات و فەرمووی:
2 یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «ئەم گەلە گوتیان: ”هەتا ئێستا کاتی بنیادنانەوەی ماڵی یەزدان نەهاتووە.“»
3 ئینجا فەرمایشتی یەزدان لە ڕێگەی حەگەی پێغەمبەرەوە هات: 4 «ئایا دەگونجێ کە لە ماڵە ڕازاوەکەتان دابنیشن، بەڵام ئەم ماڵە وێرانە؟»
5 ئێستاش یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «لە کردەوەکانتان ڕابمێنن. 6 زۆرتان چاند، بەڵام کەم هات. خواردتان، بەڵام تێر نەبوون. خواردتانەوە، بەڵام تینووێتیتان نەشکا. بەرگتان پۆشی، بەڵام گەرم نەبوونەوە. کرێگرتەش کرێ وەردەگرێت، بەڵام دەیخاتە گیرفانێکی دڕاو.»
7 یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «لە کردەوەکانتان ڕابمێنن. 8 سەربکەونە سەر چیا و دار بهێنن و ماڵەکەی من بنیاد بنێن، لێی ڕازی دەبم و شکۆدار دەبم. 9 چاوەڕێی زۆرتان کرد، بەڵام کەم هات. ئەوەی ئێوە هێناتانە ماڵەوە، فووم لێی کرد. لەبەر چی؟ لەبەر ماڵەکەم، ئەوەی کە وێرانە، ئێوەش هەریەکە و بە ماڵەکەی خۆیەوە سەرقاڵە. 10 لەبەر ئەوە ئاسمان شەونمی ڕاگرت و زەویش بەروبوومی خۆی ڕاگرت. 11 من وشکەساڵیم بانگکرد بۆ سەر زەوییەکە و بۆ سەر چیاکان، بۆ دانەوێڵە و شەرابی نوێ و زەیت، بۆ سەر هەرچی خاکەکە بەرهەمی دەهێنێت، بۆ سەر مرۆڤ و ئاژەڵ، بۆ سەر هەموو کارەکانی دەست.» ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.
12 ئینجا زروبابلی کوڕی شەئەلتیێل و یەشوعی کوڕی یەهۆچاداقی سەرۆک کاهین و هەموو پاشماوەی گەل گوێڕایەڵی یەزدانی پەروەردگاریان و پەیامەکەی حەگەی پێغەمبەر نەبوون کە یەزدانی خودایان ناردی، گەل لەبەردەم یەزدان ترسان.
13 ئینجا حەگەی نێردراوی یەزدان پەیامەکەی یەزدانی بە هەموو گەل ڕاگەیاند و گوتی: «یەزدان دەفەرموێت، من لەگەڵتاندام.» 14 ئینجا یەزدان ڕۆحی زروبابلی کوڕی شەئەلتیێلی فەرمانڕەوای یەهودای هەژاند لەگەڵ ڕۆحی یەشوعی کوڕی یەهۆچاداقی سەرۆک کاهین و ڕۆحی هەموو پاشماوەی گەل، جا هاتن و کارەکەی ماڵی یەزدانی سوپاسالاری خودای خۆیان ئەنجام دا، 15 لە بیست و چواری شەشی ساڵی دووەمی داریوشی پاشا.
بەڵێنی شکۆمەندی پەرستگای نوێ
2 لە بیست و یەکی مانگی حەوت، فەرمایشتی یەزدان لە ڕێگەی حەگەی پێغەمبەرەوە هات: 2 «ئێستا قسە بکە لەگەڵ زروبابلی کوڕی شەئەلتیێلی فەرمانڕەوای یەهودا و یەشوعی کوڕی یەهۆچاداقی سەرۆکی کاهین و پاشماوەی گەل، بڵێ: 3 ”لەوانەی کە ماونەتەوە کامەتان ئەو ماڵەی لە شکۆمەندی یەکەمیدا بینیوە؟ ئەی ئێستا ئێوە چۆن دەیبینن؟ ئایا وەک هیچ نایەتە بەرچاوتان؟“ 4 یەزدان دەفەرموێت: ”بەڵام ئێستا ئەی زروبابل، بەهێزبە. ئەی یەشوعی کوڕی یەهۆچاداقی سەرۆکی کاهین، بەهێزبە. ئەی هەموو گەلی خاکەکە، بەهێزبن و ئیش بکەن، چونکە من لەگەڵتانم.“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە. 5 ”بەپێی ئەو پەیمانەی لەگەڵتاندا بەستم کاتێک لە میسرەوە هاتنە دەرەوە، ڕۆحم لەنێوتاندا ماوە. مەترسن.“
6 «یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: ”پاش کەمێک من جارێکی دیکە ئاسمان و زەوی، دەریا و وشکانی دەهەژێنم. 7 هەموو گەلان دەهەژێنم و هەموو شتە گرانبەهاکانی گەلان دێن و ئەم ماڵە پڕ لە شکۆ دەکەم.“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە. 8 ”زیو بۆ منە، زێڕ بۆ منە.“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە. 9 ”شکۆمەندی ئێستای ئەم ماڵە لە شکۆمەندی پێشتری مەزنتر دەبێت. لەم شوێنەدا ئاشتی دەبەخشم.“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.»
بەرەکەت بۆ گەلی گڵاو
10 لە بیست و چواری نۆی ساڵی دووەمی داریوش، فەرمایشتی یەزدان بۆ حەگەی پێغەمبەر هات و فەرمووی: 11 «یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت: ”ئێستا لە کاهینەکان بپرسە تەورات چی دەڵێت: 12 ئەگەر کەسێک گۆشتی تەرخانکراوی پیرۆزی بە دامێنی کراسەکەی هەڵگرت و دامێنی بە نان یان چێشت یان شەراب یان زەیت یان هەر خواردنێک کەوت، ئایا ئەم خواردنە پیرۆز دەبێت؟“»
کاهینەکانیش وەڵامیان دایەوە گوتیان: «نەخێر.»
13 ئینجا حەگەی گوتی: «ئەگەر کەسێک بە مردووێک گڵاو بووبێت، دەست لە یەکێک لەم خواردنانە بدات، ئایا ئەم خواردنە گڵاو دەبێت؟»
کاهینەکان وەڵامیان دایەوە و گوتیان: «بەڵێ، گڵاو دەبێت.»
14 ئینجا حەگەی وەڵامی دایەوە و گوتی: «یەزدان دەفەرموێت: ”ئەم گەلە و ئەم نەتەوەیە لەبەردەمم ئاوان. هەموو کردەوەکانی دەستیان و ئەوەی لەوێ پێشکەشی دەکەن گڵاوە.
15 «”ئێستاش لەمڕۆوە لە ڕۆژانی ڕابردوو ڕابمێنن: پێش ئەوەی لە پەرستگای یەزدان بەردێک بخرێتە سەر بەردێک. 16 لەو ڕۆژانە یەکێکتان دەهاتە سەر خەرمانی گەنم بیست ڕبە ببات، تەنها دە هەبوو. دەهاتە سەر قەڕابەکە تاکو پەنجا قاپی لێ پڕ بکات، تەنها بیست هەبوو. 17 بە بای گەرمەسێر و کەڕوو و تەرزە لە هەموو کردەوەکانی دەستتانم دا، بەڵام ئێوە نەگەڕانەوە لام.“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. 18 ”لەم ڕۆژە بەدواوە ڕابمێنن، لە ڕۆژی بیست و چواری مانگی نۆ، لەو ڕۆژەوە کە پەرستگای یەزدان دامەزرا. لێی ڕابمێنن: 19 ئایا هێشتا تۆو لە ئەمبارەکانە؟ ئەی مێو و هەنجیر و هەنار و داری زەیتوونیش هێشتا بەریان نەگرتووە؟
«”لەم ڕۆژەوە بەرەکەتدارت دەکەم.“»
زروبابل ئەنگوستیلەی یەزدانە
20 دووبارە فەرمایشتی یەزدان بۆ حەگەی هاتەوە، لە ڕۆژی بیست و چواری مانگی نۆ، فەرمووی: 21 «قسە لەگەڵ زروبابلی فەرمانڕەوای یەهودا بکە و بڵێ: ”من ئاسمان و زەوی دەهەژێنم. 22 تەختی پاشایەتییەکان وەردەگێڕم و هێزی پاشایەتی نەتەوەکان لەناودەبەم. گالیسکە و سوارەکەی وەردەگێڕم، ئەسپ و سوارەکانیان دەکوژرێن، هەریەکە بە شمشێری براکەی.“
23 «یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت: ”ئەی زروبابلی کوڕی شەئەلتیێلی بەندەی من، لەو ڕۆژەدا دەتبەم و وەک ئەنگوستیلەت لێ دەکەم بۆ خۆم، چونکە تۆم هەڵبژارد.“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.»
بانگەوازی گەڕانەوە بۆ لای یەزدان
1 لە مانگی هەشتی ساڵی دووەمی داریوش، فەرمایشتی یەزدان بۆ زەکەریای پێغەمبەر کوڕی بەرەخیای کوڕی عیدۆ هات:
2 «یەزدان زۆر لە باوباپیرانتان تووڕە بوو. 3 لەبەر ئەوە بە گەل دەڵێیت: یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: ”بگەڕێنەوە بۆ لام، منیش دەگەڕێمەوە بۆ لاتان.“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە. 4 وەک باوباپیرانتان مەبن، ئەوانەی پێغەمبەرەکانی پێشوو پێیان ڕاگەیاندن: یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت: ”لە ڕەفتارە خراپ و نەریتە خراپەکانتان بگەڕێنەوە.“ بەڵام گوێیان نەگرت و سەرنجیان نەدامێ. ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. 5 ئێستا باوباپیرانتان لەکوێن؟ هەروەها پێغەمبەرەکان، ئایا هەتاهەتایە دەژین؟ 6 بەڵام فەرمایشت و فەرزەکانم کە بەندە پێغەمبەرەکانم پێ ڕاسپارد، ئایا بە باوباپیرانتان نەگەیشت؟
«ئینجا تۆبەیان کرد و گوتیان: ”هەروەک ئەوەی یەزدانی سوپاسالار مەبەستی بوو پێمانی بکات، بەپێی ڕەفتار و نەریتەکانمان، ئاوای پێ کردین.“»
پیاوێک لەنێو دار مۆردەکان
7 لە بیست و چواری یازدە کە مانگی شوباتە لە دووەم ساڵی داریوش، پەیامی یەزدان بۆ زەکەریای پێغەمبەر کوڕی بەرەخیای کوڕی عیدۆ هات.
8 لە شەودا بینینێکم بۆ ئاشکرا کرا: لەبەردەمم پیاوێک سواری ئەسپێکی سوور بووە. پیاوەکە لە شیوێک لەنێو دار مۆردەکان[o] ڕاوەستاوە، لە پشتییەوە ئەسپی سوور و زەرد و سپی هەبوو.
9 ئینجا پرسیارم کرد: «گەورەم، ئەمانە چین؟»
ئەو فریشتەیەی کە قسەی لەگەڵم دەکرد وەڵامی دامەوە: «من پیشانت دەدەم ئەمانە چین.» 10 ئینجا ئەو پیاوەی لەنێو دار مۆردەکان ڕاوەستا بوو فەرمووی: «ئەمانە ئەوانەن کە یەزدان ناردوونی تاکو بەناو زەویدا بگەڕێن.»
11 ئینجا وەڵامی فریشتەکەی یەزدانیان دایەوە ئەوەی لەنێو دار مۆردەکان وەستابوو، گوتیان: «بەناو زەویدا گەڕاین، هەموو زەوی حەساوەتەوە و لە ئارامیدایە.»
12 ئینجا فریشتەکەی یەزدان فەرمووی: «ئەی یەزدانی سوپاسالار، هەتا کەی تۆ بەزەییت بە ئۆرشەلیم و شارۆچکەکانی یەهودا نایەتەوە کە ئەم حەفتا ساڵە لێیان تووڕە بوویت؟» 13 یەزدانیش بە قسەی خۆش و دڵدانەوە وەڵامی ئەو فریشتەیەی دایەوە کە قسەی لەگەڵم دەکرد.
14 ئینجا ئەو فریشتەیەی قسەی لەگەڵ دەکردم پێی گوتم: «ئەم پەیامە ڕابگەیەنە: یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: ”خۆشەویستییەکی بێ پایانم[p] بۆ ئۆرشەلیم و سییۆن هەیە. 15 زۆریش لەو نەتەوانە تووڕەم کە لەخۆڕازین. من کەمێک تووڕە بووم، بەڵام ئەوان لە سزادانەکە درێژدادڕییان کرد.“
16 «لەبەر ئەوە یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”بە بەزەییەوە دەگەڕێمەوە بۆ ئۆرشەلیم و لەوێ ماڵەکەم بنیاد دەنرێتەوە. گوریسی پێوانەش بەسەر ئۆرشەلیمدا ڕادەکێشرێت.“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.
17 «هەروەها ڕایبگەیەنە: یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: ”دیسان شارۆچکەکانم سەرڕێژ دەبن لە خێروخۆشی، یەزدان دووبارە دڵی سییۆن دەداتەوە و ئۆرشەلیم هەڵدەبژێرێتەوە.“»
چوار قۆچ و چوار پیشەوەر
18 پاشان چاوم هەڵبڕی و بینیم چوار قۆچ لەبەردەمم بوون. 19 لەو فریشتەیەم پرسی کە قسەی لەگەڵ دەکردم: «ئەمانە چین؟»
ئەویش وەڵامی دامەوە: «ئەمانە ئەو قۆچانەن کە یەهودا و ئیسرائیل و ئۆرشەلیمیان پەرتوبڵاو کردەوە.»
20 ئینجا یەزدان چوار پیشەوەری پیشان دام. 21 پرسیارم کرد: «ئەمانە هاتوون چی بکەن؟»
ئەویش وەڵامی دامەوە: «ئەمانە ئەو قۆچانەن کە یەهودایان پەرتوبڵاو کردەوە، تاکو کەس نەتوانێت سەری بەرز بکاتەوە، بەڵام ئەمانە هاتوون تاکو بیانتۆقێنن و قۆچەکانی نەتەوەکان فڕێبدەن، ئەوانەی قۆچیان بەسەر خاکی یەهودا بەرزکردووەتەوە بۆ پەرتوبڵاوکردنی خەڵکەکەی.»
پیاوێک بە گوریسی پێوانەوە
2 ئینجا چاوم هەڵبڕی و پیاوێکم لەبەردەمم بینی گوریسی پێوانەی بەدەستەوە بوو. 2 لێم پرسی: «بۆ کوێ دەچیت؟»
وەڵامی دامەوە: «بۆ پێوانی ئۆرشەلیم، تاکو درێژی و پانییەکەی بزانم.» 3 لەو کاتەدا ئەو فریشتەیەی قسەی لەگەڵ دەکردم هاتە دەرەوە، فریشتەیەکی دیکەش بەرەوپیری هاتە دەرەوە و 4 پێی گوت: «ڕاکە و بەو گەنجە بڵێ: ”ئۆرشەلیم دەبێتە شارێکی بێ شوورا، لەبەر زۆری خەڵک و ئاژەڵی ماڵی تێیدا. 5 منیش بۆی دەبمە شوورای ئاگرین لە هەر چواردەوری، دەبمە شکۆ لەناوەڕاستی.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
6 یەزدان دەفەرموێت: «هۆی، هۆی! لە خاکی باکوور هەڵێن، چونکە وەک چوار باکەی ئاسمان پەرتەوازەم کردوون.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
7 «هۆی، دەرباز بە، ئەی خەڵکی سییۆن کە لە بابل دەژین!» 8 چونکە یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «لەدوای ئەوەی خودای شکۆدار منی نارد بۆ ئەو نەتەوانەی ئێوەیان تاڵان کرد، چونکە ئەوەی دەستتان لێدەدات، دەست لە بیلبیلەی چاوی دەدات، 9 بێگومان من دەستیان لێ دەوەشێنم و دەبنە تاڵانی بۆ کۆیلەکانیان. ئینجا دەزانن کە یەزدانی سوپاسالار منی ناردووە.
10 «ئەی دانیشتووانی ئۆرشەلیم، گۆرانی بڵێن و دڵخۆش بن، چونکە من دێم و لەنێوتاندا نیشتەجێ دەبم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. 11 «لەو ڕۆژەدا زۆرێک لە نەتەوەکان دێنە پاڵ یەزدان و دەبنە گەلی من. لەنێو ئێوەدا نیشتەجێ دەبم و دەزانن کە یەزدانی سوپاسالار منی بۆ لای ئێوە ناردووە. 12 یەزدان یەهودا دەکاتە میراتی خۆی، بەشی خۆی لەسەر خاکی پیرۆز، دووبارە ئۆرشەلیم هەڵدەبژێرێتەوە. 13 ئەی هەموو ئادەمیزاد، لەبەردەم یەزدان بێدەنگ بن، چونکە لە نشینگە پیرۆزەکەیەوە هەستا!»
بەرگە پاکەکان بۆ سەرۆک کاهین
3 ئینجا یەشوعی سەرۆک کاهینی پیشان دام کە لەبەردەم فریشتەی یەزدان ڕاوەستابوو، شەیتانیش لەلای دەستە ڕاستیەوە ڕاوەستا بوو تاکو تۆمەتباری بکات. 2 یەزدانیش بە شەیتانی فەرموو: «ئەی شەیتان، یەزدان سەرزەنشتت بکات! ئەو یەزدانەی کە ئۆرشەلیمی هەڵبژارد سەرزەنشتت بکات! ئایا ئەمە مەشخەڵێک نییە لە ئاگرەوە دەرکێشرابێت؟»
3 یەشوع بە بەرگێکی پیس لەبەردەم فریشتەکە ڕاوەستابوو. 4 فریشتەکە بەوانەی فەرموو کە لەبەردەمی ڕاوەستا بوون: «بەرگە پیسەکەی لەبەر داکەنن.»
ئینجا پێی فەرموو: «تەماشا بکە، تاوانەکەتم لەسەرت لابرد و بەرگی گرانبەهام لەبەرکردوویت.»
5 منیش گوتم: «با مێزەرێکی پاک لەسەری بنێن.» ئینجا مێزەرێکی پاکیان لەسەری نا و بەرگیان لەبەرکرد، فریشتەکەی یەزدانیش ڕاوەستا بوو.
6 ئینجا فریشتەکەی یەزدان یەشوعی ڕاسپارد: 7 «یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: ”ئەگەر ڕێگاکانم بگریتەبەر و کار بە فەرمانەکانی من بکەیت، ئەوا تۆش حوکم لەسەر ماڵەکەم دەکەیت و هەروەها پارێزگاری لە پەرستگاکەم دەکەیت و شوێنێکت دەدەمێ لەنێو ئەمانەی ڕاوەستاون.
8 «”ئەی یەشوعی سەرۆک کاهین، گوێ بگرە، خۆت و کاهینەکانی هاوکارت کە لەبەردەمتدا دانیشتوون، ئێوە نیشانەی چاکەکانی داهاتوون، چونکە من بەندەکەی خۆم دەهێنم، کە ناوی لقەکەیە. 9 تەماشا بکەن، ئەو بەردەی کە لەبەردەم یەشوع دامنا! حەوت چاو لەسەر ئەم بەردە هەیە و من نەخشەکەی لەسەر هەڵدەکۆڵم. لە یەک ڕۆژ تاوانی ئەم زەوییە ڕادەماڵم.“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.»
10 «”لەو ڕۆژەدا، هەریەکە بانگهێشتی هاوڕێکەی دەکات بۆ ژێر دار مێو و ژێر دار هەنجیر.“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.»
چرادانە زێڕینەکە و دوو دار زەیتوون
4 ئەو فریشتەیەی قسەی لەگەڵ کردم گەڕایەوە و هەڵیستاندم، وەک پیاوێک لە خەو هەستێنرابێت. 2 لێی پرسیم: «چی دەبینیت؟»
وەڵامم دایەوە: «چرادانێک دەبینم هەمووی زێڕە، جامێکیشی لەسەرە، حەوت چرای لەسەر دانراوە، حەوت لقیش بۆ چراکانی سەری دەچێت. 3 هەروەها دوو دار زەیتوونیش لەلاوەیە دەبینم، یەکێکیان لەلای ڕاستی جامەکە و ئەوی دیکەیان لەلای چەپییەتی.»
4 لەو فریشتەیەم پرسی کە قسەی لەگەڵ دەکردم: «گەورەم، ئەمانە چین؟»
5 ئەو لە منی پرسی: «ئایا نازانیت ئەمانە چین؟»
منیش گوتم: «نەخێر، گەورەم.»
6 ئەویش پێی گوتم: «ئەمە فەرمایشتی یەزدانە بۆ زروبابل و دەڵێت: ”یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت، نە بە هێز و نە بە توانا، بەڵکو بە ڕۆحی من.“[q]
7 «ئەی چیا مەزنەکە، تۆ کێیت؟ لەبەردەم زروبابل تەخت دەبیت. ئینجا بەردی قولینچک دادەنێت، لەنێو هاواری ”پیرۆزە، پیرۆزە!“»
8 پاشان فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات و فەرمووی: 9 «دەستەکانی زروبابل ئەم پەرستگایەیان دامەزراندووە و هەر دەستەکانی ئەویش تەواوی دەکەن. ئەی زروبابل، ئینجا دەزانیت کە یەزدانی سوپاسالار منی بۆ لای ئێوە ناردووە.
10 «کێ گاڵتەی بە ڕۆژی کارە بچووکەکان کرد؟ خەڵک دڵخۆش دەبن کاتێک شاووڵ لە دەستی زروبابل دەبینن.»
ئەو حەوت چرایە[r] چاوەکانی یەزدانن کە چاودێرن بەسەر هەموو زەویدا.
11 منیش پرسیارم لە فریشتەکە کرد: «ئەو دوو دار زەیتوونە چین لەلای ڕاست و چەپی چرادانەکە؟»
12 دووبارە لێم پرسی: «ئەو دوو لقە زەیتوونە چین لەلای ئەو لقە زێڕینانە، کە زەیتی زێڕین دەچۆڕێننە ناویان؟»
13 وەڵامی دامەوە و گوتی: «ئایا نازانی ئەم دووانە چین؟»
منیش گوتم: «نەخێر، گەورەم.»
14 ئینجا گوتی: «ئەمانە ئەو دووانەن کە بە زەیت دەستنیشان کراون بۆ ئەوەی خزمەتی پەروەردگاری هەموو جیهان بکەن.»
تۆمارە فڕیوەکە
5 دیسان چاوم هەڵبڕی و تۆمارێکی فڕیوم لەبەردەمم بینی.
2 لێی پرسیم: «چی دەبینیت؟»
وەڵامم دایەوە: «تۆمارێکی فڕیو دەبینم، درێژییەکەی بیست باڵە و پانییەکەشی دە باڵە.[s]»
3 ئینجا پێی گوتم: «ئەمە ئەو نەفرەتەیە کە بۆ سەر ڕووی هەموو زەوی دێت؛ چونکە بەپێی ڕووێکی هەموو دزێک دوور دەخرێتەوە و بەپێی ڕووەکەی دیکە هەموو ئەوەی بە درۆ سوێند بخوات دوور دەخرێتەوە. 4 یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت: ”من دەینێرم و دەچێتە ماڵی دز و ماڵی ئەوەی بە درۆ سوێند بە ناوی من دەخوات، لەو ماڵەدا دەمێنێتەوە، بە تەواوی لەگەڵ دار و بەردەکەی لەناوی دەبات.“»
ژنێک لەنێو سەبەتێک
5 پاشان ئەو فریشتەیەی قسەی لەگەڵ دەکردم، هاتە پێشەوە و پێی فەرمووم: «چاوت هەڵبڕە و ببینە ئەوە چییە دەردەکەوێت.»
6 لێم پرسی: «ئەوە چییە؟»
وەڵامی دامەوە: «ئەوە ئەو سەبەتەیەیە کە دەردەکەوێت.» هەروەها گوتی: «ئەمەش تاوانەکەیانە کە لە هەموو زەوییە.»
7 ئیتر قەپاغە قورقوشمەکە هەڵگیرا، ژنێکم بینی لەناو سەبەتەکە دانیشتبوو. 8 گوتی: «ئەمە خراپەکارییە.» ئینجا بۆ ناوەڕاستی سەبەتەکە پاڵی پێوەنا و قەپاغە قورقوشمەکەی خستە سەر دەمی.
9 ئینجا چاوم هەڵبڕی و بینیم لەبەردەمم دوو ژن هاتنە دەرەوە و با لە باڵەکانیان دەدات. باڵەکانیان وەک باڵی لەقلەق بوو، ئینجا سەبەتەکەیان بۆ نێوان زەوی و ئاسمان بەرزکردەوە.
10 لەو فریشتەیەم پرسی کە قسەی لەگەڵ دەکردم: «سەبەتەکە بۆ کوێ دەبەن؟»
11 ئەویش گوتی: «بۆ ئەوەی لە خاکی بابل ماڵێکی بۆ بنیاد بنێن و کە ئامادە بوو لەوێ لە شوێنی خۆی دادەنرێت.»
چوار گالیسکە
6 جارێکی دیکە چاوم هەڵبڕی بینیم لەبەردەمم چوار گالیسکەی جەنگی لەنێوان دوو کێوەوە دێنە دەرەوە، کێوەکانیش بڕۆنز بوون. 2 گالیسکەی یەکەم ئەسپی سووری پێوە بوو، دووەم ئەسپی ڕەش، 3 سێیەم ئەسپی سپی، چوارەم ئەسپی بەڵەک، هەموویان ئەسپی بەهێز بوون. 4 لەو فریشتەیەم پرسی کە قسەی لەگەڵ دەکردم: «گەورەم، ئەمانە چین؟»
5 فریشتەکەش وەڵامی دامەوە و پێی گوتم: «ئەمانە چوار ڕۆحەکەی ئاسمانن خزمەتی پەروەردگاری هەموو زەوی دەکەن و هاتوونەتە دەرەوە. 6 ئەو گالیسکەیەی ئەسپە ڕەشەکانی پێوەیە بۆ خاکی باکوور دەچێت، ئەوەی ئەسپە سپییەکانیشی پێوەیە بەرەو ڕۆژئاوا، ئەوەی ئەسپە بەڵەکەکانیشی پێوەیە بۆ خاکی باشوور دەچێت.»
7 کاتێک ئەسپە بەهێزەکان چوونە دەرەوە، بە پەرۆشەوە بوون کە بەسەر زەویدا بگەڕێن، ئەویش فەرمووی: «بڕۆن و بەناو زەویدا بگەڕێن.» ئەوانیش بەناو زەویدا گەڕان.
8 ئینجا هاواری لێکردم و پێی گوتم: «ببینە ئەوانەی بۆ خاکی باکوور دەچن، ڕۆحی منیان لە خاکی باکووردا ئارام کردەوە.»
تاجێک بۆ یەشوع
9 پاشان فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات و فەرمووی: 10 «زێڕ و زیو لە حەلدەی و تۆڤییاهو و یەدایا وەربگرە، ئەو ڕاپێچکراوانەی لە بابلەوە گەڕاونەتەوە. هەر ئەو ڕۆژە بڕۆ ماڵی یۆشیای کوڕی سەفەنیا. 11 زێڕ و زیو وەربگرە و تاجێک دروستبکە، لەسەری یەشوعی کوڕی یەهۆچاداقی سەرۆک کاهینی بنێ. 12 پێی بڵێ، یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: ”ئەوەتا ئەو پیاوەی ناوی لقە، لە جێی خۆیەوە لق دەردەکات و پەرستگای یەزدان بنیاد دەنێت. 13 ئەو ئەو کەسەیە کە پەرستگای یەزدان بنیاد دەنێت، شکۆمەندی هەڵدەگرێت، لەسەر تەختەکەی دادەنیشێت فەرمانڕەوایەتی دەکات. هەروەها دەبێتە کاهین لەسەر تەختەکەی، ئیتر فەرمانڕەوایەتی خۆی لەگەڵ کاهینیێتییەکەی دەگونجێنێت[t].“ 14 تاجەکەش دەدرێتە حەلدەی و تۆڤییاهو و یەدایا و حینی کوڕی سەفەنیا، وەک یادگاری لە پەرستگای یەزدان. 15 هەروەها ئەوانەی دوورن دێن بۆ بنیادنانی پەرستگای یەزدان، ئێوەش دەزانن کە یەزدانی سوپاسالار منی بۆ لای ئێوە ناردووە. ئەمە دەبێت ئەگەر بە تەواوەتی گوێڕایەڵی یەزدانی پەروەردگارتان بن.»
حوکمدانی تەواو و خۆشەویستی نەگۆڕ
7 لە چوارەم ساڵی داریوشی پاشا، لە چواری مانگی نۆ لە کیسلێڤ فەرمایشتی یەزدان بۆ زەکەریا هات. 2 خەڵکی بێتئێل شەرئەچەر و ڕەگەممەلەخیان لەگەڵ پیاوەکانیان نارد بۆ ئەوەی لە یەزدان بپاڕێنەوە، 3 بۆ ئەوەی لە کاهینەکانی ماڵی یەزدانی سوپاسالار و لە پێغەمبەرەکان بپرسن: «ئایا لە مانگی پێنجدا بگریێین و خۆمان تەرخان بکەین، هەروەک ئەم چەند ساڵەی ڕابردوو کردوومانە؟»
4 ئینجا فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارم بۆ هات: 5 «بە هەموو گەلی خاکەکە و بە کاهینەکان بڵێ: ”کاتێک بە ڕۆژوو بوون و شیوەنتان گێڕا، لە مانگی پێنج و مانگی حەوت، لە ماوەی حەفتا ساڵی ڕابردوو، ئایا بەڕاستی بۆ من بەڕۆژوو بوون؟ 6 ئەی کە دەتانخوارد و دەتانخواردەوە، ئایا بۆ خۆتان نەبوو ئاهەنگتان دەگێڕا؟ 7 ئایا هەمان ئەو پەیامە نەبوو کە یەزدان لە ڕێگەی پێغەمبەرەکانی پێشووەوە ڕایگەیاند، لە کاتێکدا کە ئۆرشەلیم ئاوەدان و ئارام بوو، شارۆچکەکانی دەوروبەری و نەقەب و زوورگەکانی[u] یەهودا ئاوەدان بوون؟“»
8 ئینجا فەرمایشتی یەزدان بۆ زەکەریا هات: 9 «یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: ”بە دادپەروەری ڕاستەقینە حوکم بدەن، لەگەڵ یەکتری میهرەبان و بە بەزەیی بن. 10 بێوەژن و هەتیو، نامۆ و هەژار مەچەوسێننەوە، لە دڵەوە بیر لە خراپە مەکەنەوە بەرامبەر بە یەکتری.“
11 «بەڵام نەیانویست گوێ شل بکەن، شانی یاخبوونیان دایەبەر، خۆیان کەڕ کرد. 12 دڵیان وەک بەردەئەستێ ڕەقکرد نەوەک گوێیان لە فێرکردنەکان و لەو وشانە بێت کە یەزدانی سوپاسالار بە ڕۆحی خۆی لە ڕێگەی پێغەمبەرەکانی پێشووەوە ناردی. ئیتر یەزدانی سوپاسالار زۆر تووڕە بوو.
13 «یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت: ”چۆن بانگم کرد و گوێیان نەگرت، ئەوانیش ئاوا نزا دەکەن و گوێ ناگرم. 14 بە ڕەشەبایەک بەناو هەموو نەتەوەکاندا پەرتوبڵاوم کردنەوە و لەوێ نامۆ بوون. لەپاش ئەوان زەوییەکە وێران بوو و کەس هاتوچۆی پێیدا نەکرد. بەم جۆرە خاکی شادییان وێران کرد.“»
بەڵێنی بەرەکەتی ئۆرشەلیم
8 فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارم بۆ هات.
2 یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «خۆشەویستییەکی بێ پایانم بۆ سییۆن هەیە، بە دڵگەرمییەوە ئیرەدار بووم بۆی.»
3 یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «دەگەڕێمەوە سییۆن و لەناوەڕاستی ئۆرشەلیم نیشتەجێ دەبم. ئینجا ئۆرشەلیم بە شاری ڕاستی ناودەبردرێت و کێوی یەزدانی سوپاسالاریش بە ”کێوی پیرۆز“.»
4 یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «جارێکی دیکە پیرەمێرد و پیرێژن لە شەقامەکانی ئۆرشەلیم دادەنیشن، هەریەکە لەبەر تەمەنی گۆچانەکەی بە دەستیەوەیە. 5 شەقامەکانی شار پڕ دەبنەوە لە کوڕ و کچ یاری تێدا دەکەن.»
6 یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «لەو سەردەمە لەوانەیە لەبەرچاوی پاشماوەی ئەم گەلە سەرسوڕهێنەر بێت، بەڵام ئایا لەبەرچاوی منیش سەرسوڕهێنەرە؟» ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.
7 یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «من گەلەکەم لە خاکی ڕۆژهەڵات و لە خاکی ڕۆژئاوا ڕزگار دەکەم. 8 دەیانگەڕێنمەوە بۆ ئەوەی لە ئۆرشەلیم نیشتەجێ بن، دەبن بە گەلی من و منیش دەبم بە خودای ئەوان، بە دڵسۆزی و ڕاستودروستی.»
9 یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «ئێستا گوێتان لەم پەیامە بێت، ”با دەستەکانتان بەهێزبن بۆ ئەوەی پەرستگاکە بنیاد بنرێت.“ هەر ئەوەش بوو کە پێغەمبەرەکان لە ڕۆژی دامەزراندنی ماڵی یەزدانی سوپاسالار گوتیان. 10 بەر لەو سەردەمە هیچ کرێیەک بۆ مرۆڤ نەبوو، ئاژەڵیش کرێی نەبوو. ئەوەی دەچووە سەر کاریش لەبەر دوژمنانی سەلامەتی نەبوو، چونکە هەموویانم لە یەکتری بەردا. 11 بەڵام ئێستا من وەک پێشتر هەڵسوکەوت لەگەڵ پاشماوەی گەلەکەم ناکەم.» ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.
12 «تۆو بە جوانی دەڕوێت، دار مێو بەری خۆی دەدات، زەوی بەروبوومی خۆی دەدات، ئاسمان شەونمی خۆی دەدات. هەموو ئەم شتانە دەکەمە میرات بۆ پاشماوەی ئەم گەلە. 13 ئەی بنەماڵەی یەهودا و ئیسرائیل، هەروەک ئێوە مایەی نەفرەت بوون لەنێو نەتەوەکان، من ڕزگارتان دەکەم، دەبنە مایەی بەرەکەت. مەترسن، بەڵکو با دەستەکانتان بەهێزبن.»
14 یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «وەک چۆن مکوڕ بووم لەسەر ئەوەی تووشی بەڵاتان بکەم، کاتێک باوباپیرانتان تووڕەیان کردم و پاشگەز نەبوومەوە، 15 ئێستا بە هەمان شێوە مکوڕم لەسەر ئەوەی جارێکی دیکە چاکە بکەم لەگەڵ ئۆرشەلیم و بنەماڵەی یەهودا. مەترسن. 16 ئەمانە ئەو شتانەن کە دەبێت بیانکەن: لەگەڵ یەکتری بە ڕاستی بدوێن؛ لە دادگاکانتان ڕاستی و حوکمی دادپەروەرانە هەبێت؛ 17 لە دڵەوە بیر لە خراپە مەکەنەوە بەرامبەر بە یەکتری؛ حەزتان لە سوێندخواردنی بە درۆ نەبێت. ڕقم لە هەموو ئەمانەیە.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
18 پاشان فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارم بۆ هات: 19 یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «ڕۆژووی مانگی چوار و پێنج و حەوت و دە بۆ نەوەی یەهودا دەبێتە شادی و دڵخۆشی و جەژنی خۆش. لەبەر ئەوە حەز لە ڕاستی و ئاشتی بکەن.»
20 یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «چەندین خەڵک و دانیشتووانی چەندین شار دێنە ئۆرشەلیم، 21 دانیشتووانی شارێک دەچنە لای ئەوی دیکەیان و دەڵێن: ”با بڕۆین دەستبەجێ بۆ ئەوەی لە یەزدان بپاڕێینەوە و ڕوو لە یەزدانی سوپاسالار بکەین، هەروەها منیش دەچم.“ 22 ئینجا زۆرێک لە گەلان و نەتەوە بەهێزەکان دێنە ئۆرشەلیم بۆ ئەوەی ڕوو لە یەزدانی سوپاسالار بکەن و لە یەزدان بپاڕێنەوە.»
23 یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «لەو ڕۆژانەدا دە پیاو لەنێو هەموو زمان و نەتەوەکان دەست بە دامێنی پیاوێکی جولەکەوە دەگرن و پێی دەڵێن: ”با لەگەڵتان بێین، چونکە بیستوومانە خوداتان لەگەڵدایە.“»
سزای دوژمنانی ئیسرائیل
9 ئەمە فەرمایشتی یەزدانە بە سروش[v] لە دژی خاکی حەدراخ و
لە دیمەشق دەمێنێتەوە،
چونکە هەموو خەڵک و هۆزەکانی ئیسرائیل
چاویان لە یەزدانە.
2 هەروەها لە دژی حەماتی هاوسنووری،
لە دژی سور و سەیدایە، کە ئەوانە زۆر دانان.
3 سور قەڵای بۆ خۆی بنیاد نا،
زیوی وەک خۆڵ خڕکردەوە،
زێڕیش وەک قوڕی کۆڵانەکان.
4 بەڵام پەروەردگار دەستی بەسەردا دەگرێت و
لە دەریا هێزەکەی لەناودەبات،
هەروەها بە ئاگر دەسووتێنرێت.
5 ئەسقەلان دەیبینێت و دەترسێت،
غەزەش زۆر بە ئازار دەبێت،
عەقرۆنیش، چونکە هیواکانی مایەی شەرمەزارین.
غەزە پاشاکەی لەدەست دەدات،
ئەسقەلانیش ئاوەدانی تێدا نامێنێت.
6 خەڵکی زۆڵ[w] ئەشدۆد داگیر دەکەن،
لووتبەرزی فەلەستییەکان لەناودەبەم.
7 گۆشتی بە خوێنەوە لەبەردەمیان لادەبەم و
خواردنی قەدەغەکراو لەبەر ددانەکانیان.
ئەو فەلەستییانەش کە دەمێننەوە دێنە پاڵ خوداکەمان و
وەک هۆزێک دەبن لە یەهودا و
عەقرۆنیش وەک یەبوسییەکان.
8 بەڵام لە چواردەوری پەرستگاکەم هەڵدەدەم،
بۆ پارێزگاریکردن لە چەتە.
ئیتر هەرگیز سەرکاری بێگاری نایەتە سەریان،
چونکە ئێستا چاوم لەسەریانە.
هاتنی پاشای سییۆن
9 ئەی شاری سییۆن، زۆر دڵخۆش بە!
ئەی شاری ئۆرشەلیم، هاواری خۆشی بکە!
ئەوەتا پاشاکەت دێتە لات،
دادپەروەرە و ڕزگارکەرە،
بێفیزە و سواری ماکەرێک و
جاشی ماکەرێک بووە.
10 گالیسکەی جەنگ لە ئەفرایم لەناودەبەم و
ئەسپیش لە ئۆرشەلیم،
کەوانی جەنگ دەشکێنرێت.
ئەو پاشایە ئاشتی بۆ گەلان ڕادەگەیەنێت،
فەرمانڕەوایەتییەکەی لە دەریاوە بۆ دەریایە و
لە ڕووباری فوراتیشەوە هەتا ئەوپەڕی زەوییە.
11 هەروەها بۆ تۆش، لەبەر خوێنی پەیمانەکەم لەگەڵ تۆ،
دیلەکانت لە بیری بێ ئاو بەڕەڵا دەکەم.
12 ئەی ئەو دیلانەی هیواتان هەیە، بگەڕێنەوە قەڵاکانتان،
ئەمڕۆ من ڕایدەگەیەنم کە دوو هێندە قەرەبووتان دەکەمەوە.
13 من یەهودام وەک کەوانەکەی خۆم چەماندووەتەوە،
ئەفرایمم کردووەتە تیرەکانم،
ئەی سییۆن، کوڕەکانی تۆم ڕاپەڕندووە،
لە دژی کوڕەکانی تۆ، ئەی یۆنان،
تۆم کردووە بە شمشێری پاڵەوان.
دەرکەوتنی یەزدان
14 ئینجا یەزدان لەسەر سەریانەوە دەردەکەوێت،
تیرەکەی وەک بروسک دەبریسکێتەوە.
یەزدانی باڵادەست فوو بە کەڕەنادا دەکات،
بەناو گەردەلوولەکانی باشووردا دەڕوات،
15 یەزدانی سوپاسالار گەلەکەی دەپارێزێت.
بە بەردی قۆچەقانی[x] دوژمن تێکدەشکێنن،
دەخۆنەوە و دەنەڕێنن هەروەک شەرابیان نۆشی بێت،
وەک تاسی خوێنپرژێن[y] پڕ دەبن،
کە بۆ پرژاندنی گۆشەکانی قوربانگا بەکاردێت.
16 لەو ڕۆژەدا یەزدانی پەروەردگاریان ڕزگاریان دەکات،
هەروەک شوان مێگەلەکەی دەپارێزێت.
لە خاکەکەی خۆی دەیانڕازێنێتەوە
وەک بەردی گرانبەهای تاج.
17 چەند سەرنجڕاکێش و جوان دەبێت!
دانەوێڵە گەشە بە لاوەکان دەکات و
شەرابی نوێش بە پاکیزەکان.
بەسەرکردنەوەی بنەماڵەی یەهودا
10 لە بەهاردا داوای باران لە یەزدان بکەن،
یەزدانە کە هەورەتریشقە دروستدەکات.
ئەو شەستە باران دەبارێنێت،
کێڵگەی سەوز دەداتە هەمووان.
2 بتەکان قسەی هەڵخەڵەتێنەر دەکەن،
فاڵگرەوەکان بە درۆ باسی بینین دەکەن،
خەونی درۆ دەگێڕنەوە،
بەبێ سوود دڵنەوایی دەکەن،
بۆیە وەک مەڕ دەگەڕێن،
سەرگەردان بوون لەبەر بێ شوانی.
3 «تووڕەییم لەسەر شوانەکان گڕی گرت،
ڕابەرەکان سزا دەدەم،
چونکە یەزدانی سوپاسالار مێگەلەکەی خۆی،
بنەماڵەی یەهودا بەسەردەکاتەوە،
دەیانکاتە ئەسپی شکۆی خۆی لەنێو جەنگ.
4 بەردی بناغە لە یەهوداوە دێت،
مێخی ڕەشماڵ لەوێوە دێت،
کەوانی جەنگ لەوێوە دێت،
هەموو سەرۆکێک لەوێوەیە.
5 پێکەوە وەک پاڵەوان دەبن،
ئەوانەی دوژمنەکانیان لەنێو قوڕی کۆڵانەکان دەشێلن،
دەجەنگین، چونکە یەزدان لەگەڵیانە،
ئەسپ سوارەکانی دوژمن شەرمەزار دەکەن.
6 «بنەماڵەی یەهودا بەهێز دەکەم،
بنەماڵەی یوسف ڕزگار دەکەم.
دەیانگەڕێنمەوە، چونکە بەزەییم پێیاندا هاتەوە،
وایان لێدێت وەک ئەوەی کە ڕەتم نەکردبنەوە،
چونکە من یەزدانی خودای ئەوانم،
وەڵامیان دەدەمەوە.
7 ئەفرایم وەک پاڵەوانەکانیان لێدێت،
دڵیان خۆش دەبێت هەروەک بە شەراب،
منداڵەکانیان ئەمە دەبینن و دڵخۆش دەبن،
دڵیان بە یەزدان شاد دەبێت.
8 ئاماژەیان بۆ دەکەم،
پێکەوە کۆیان دەکەمەوە.
بە دڵنیاییەوە دەیانکڕمەوە،
هەروەکو پێشتر زۆر دەبن.
9 هەرچەندە لەنێو گەلاندا پەرتەوازەیان دەکەم،
بەڵام لە خاکە دوورەکانەوە یادم دەکەنەوە.
ئەوان لەگەڵ کوڕەکانیان لە ژیان دەمێننەوە و
دەگەڕێنەوە.
10 لە خاکی میسرەوە دەیانگەڕێنمەوە و
لە ئاشورەوە کۆیان دەکەمەوە.
دەیانهێنمە خاکی گلعاد و لوبنان،
جێیان نابێتەوە.
11 بەناو دەریای تەنگدا تێدەپەڕن،
شەپۆلەکانی دەریا کپ دەبن و
هەموو قووڵاییەکانی ڕووباری نیل وشک دەبن.
لووتبەرزی ئاشور تێکدەشکێنرێت و
داردەستی میسر نامێنێت.
12 بە یەزدان بەهێزیان دەکەم و
بە ناوی خۆیەوە دەیپەرستن و گوێڕایەڵی دەبن.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.