Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Bible in 90 Days

An intensive Bible reading plan that walks through the entire Bible in 90 days.
Duration: 88 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
یەرمیا 48 - شینەکانی یەرمیا 1

پەیامێک سەبارەت بە مۆئاب

48 بۆ مۆئاب:

یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت:

«قوڕبەسەر نەبۆ، چونکە وێران دەبێت،
    قیریاتەیم شەرمەزار دەبێت و دەگیرێت،
    قەڵاکە شەرمەزار دەبێت و دەڕووخێت.
شانازی مۆئاب نامێنێت،
    لە حەشبۆن پیلانی خراپەیان لە دژی گێڕا،
    ”وەرن، با کۆتایی بەو نەتەوەیە بهێنین.“
هەروەها تۆش ئەی مەدمێن[a] کپ دەبیت،
    شمشێر دوات دەکەوێت.
گوێ لە دەنگی هاوار بگرن لە حۆرۆنایمەوە دێت،
    هاواری لەناوچوون و وێرانبوونێکی گەورە.
مۆئاب تێکدەشکێت،
    بچووکەکانی هاواریان لێ بەرز دەبێتەوە.
سەردەکەون بۆ هەورازەکەی ڕێگای لوحیت،
    بەدەم ڕێگاوە بەکوڵ دەگریێن،
لە ڕێگا نشێوەکەی بەرەو حۆرۆنایم
    هاواری شکست دەبیسترێت.
هەڵێن و خۆتان دەرباز بکەن!
    ببن بە سەرو لە چۆڵەوانی.
لەبەر پشتبەستنت بە کردار و گەنجینەکانت،
    تۆش دەگیرێیت،
کەمۆش[b] ڕاپێچ دەکرێت،
    کاهین و پیاوە گەورەکانی پێکەوە.
وێرانکەر بۆ هەموو شارۆچکەکان دێت،
    هیچ شارۆچکەیەک دەرباز نابێت.
دۆڵ لەناودەچێت،
    دەشت وێران دەبێت،
    وەک ئەوەی یەزدان فەرمووی.
خوێ بەسەر خاکی مۆئابدا بکەن،
    چونکە دەبێتە چۆڵەوانی.[c]
شارۆچکەکانی وێران دەبن،
    بەبێ ئاوەدانی دەبن.

10 «نەفرەت لێکراوە ئەوەی بە تەوەزەلی کاری یەزدان دەکات!
    نەفرەت لێکراوە ئەوەی شمشێرەکەی لە خوێنڕشتن ڕادەگرێت!

11 «مۆئاب لە هەڕەتی گەنجییەوە دڵنیایە،
    ڕاپێچیش نەکراوە،
وەک مەی بەسەر خڵتەکەیەوە مەنگە،
    لە دەفرێکەوە بۆ دەفرێکی دیکە نەشڵەقاوە،
لەبەر ئەوە تامەکەی هەر ماوە و
    بۆنیشی نەگۆڕاوە.
12 یەزدان دەفەرموێت:
    لەبەر ئەوە ڕۆژێک دێت،
بۆ تێکدانی ئەو کەسانەی بۆ دەنێرم کە لە ئەمباری مەی ئیش دەکەن،
    ئەوان دەیڕێژن و
دەفرەکانی بەتاڵ دەکەن و
    گۆزەکانی وردوخاش دەکەن.
13 جا مۆئاب شەرمەزاری کەمۆش دەبێت،
    هەروەک بنەماڵەی ئیسرائیل شەرمەزاری بێت‌ئێل بوون
    کە پشتیان پێی بەستبوو.

14 «چۆن دەڵێن: ”ئێمە پاڵەوانین و
    پیاوی بەهێزین بۆ جەنگ“؟
15 مۆئاب تەفروتونا دەبێت، شارۆچکەکانی داگیر دەکرێت،
    باشترین لاوەکانی بۆ سەربڕین دادەبەزن.»
    ئەمە فەرمایشتی پاشایە، ئەوەی ناوی یەزدانی سوپاسالارە.
16 «لەناوچوونی مۆئاب نزیک بووەتەوە،
    بەڵاکەی زۆر بە خێرایی دێت.
17 ئەی هەموو ئەوانەی لە دەوروبەری ئەون، بۆی بلاوێننەوە،
    ئەی هەموو ئەوانەی ناوبانگی دەزانن،
بڵێن: ”چۆن داردەستی بەهێز شکا،
    شکۆ و دەسەڵاتی نەما!“

18 «لە شکۆمەندی خۆت وەرە خوارەوە و
    لەسەر زەوی وشک دابنیشە،
    ئەی دانیشتووانی شاری دیڤۆن،
چونکە تەفروتوناکەرەکەی مۆئاب
    دێتە سەر ئێوە،
    شارە قەڵابەندەکانی ئێوەی کاول دەکات.
19 ئەی دانیشتووانی شاری عەرۆعێر،
    لەسەر ڕێگا بوەستن و بڕوانن.
لە پیاوی هەڵاتوو و ژنی دەربازبوو بپرسن،
    بڵێن: ”چی ڕوویدا؟“
20 مۆئاب ئابڕووی چوو، چونکە شکێنرا.
    واوەیلا بکە و هاوار بکە!
لەلای ڕووباری ئەرنۆنەوە ڕایبگەیەنن
    کە مۆئاب تەفروتونا بووە.
21 حوکمدان بەسەر زەوی دەشتەکەدا هات،
    بەسەر حۆلۆن و یەهچا و مێفەعەت،
22     بەسەر دیڤۆن و نەبۆ و بێت‌دیڤلاتایم،
23     بەسەر قیریاتەیم و بێت‌گاموول و بێت‌مەعۆن،
24     بەسەر قەریۆت و بۆزرا،
    بەسەر هەموو شارۆچکەکانی خاکی مۆئاب، دوور و نزیکەکان.
25 هێزی مۆئاب بڕایەوە،
    بازووی شکا.»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

26 «سەرخۆشی بکەن،
    چونکە بەرامبەر بە یەزدان خۆی بە زل زانی.
با مۆئاب لەناو ڕشانەوەکەی خۆی بگەوزێت،
    ببێتە مایەی گاڵتەجاڕی.
27 ئەی تۆ بە ئیسرائیل پێنەکەنیت؟
    ئایا ئەو لەنێو دزان گیرا،
هەر کاتێک باست دەکرد،
    سەرت دەلەقاند؟
28 ئەی دانیشتووانی مۆئاب،
    شارۆچکەکان بەجێبهێڵن و لەناو بەردەکاندا نیشتەجێ بن.
وەک کۆتر بن کە هێلانەی
    لەدەم ئەشکەوتدا دەکات.

29 «لووتبەرزی مۆئابمان بیستووە،
    زۆر لووتبەرزە،
خۆبەزلزانی و لووتبەرزی و
    فیز و شانازییەکەی لە دڵەوە.
30 یەزدان دەفەرموێت: من بێ شەرمی ئەوم زانیوە، بەڵام قسەی پووچە.
    کردارە پووچەکانی بێ سوودن.
31 لەبەر ئەوە واوەیلا بۆ مۆئاب دەکەم،
    بۆ سەراپای مۆئاب هاوار دەکەم،
    بۆ پیاوانی قییر حەراسەت دەنووزێمەوە.
32 ئەی مێوی سیڤما،
    وەک گریانی یەعزێر بۆت دەگریێم.
لقەکانت لە دەریا پەڕینەوە،
    گەیشتنە دەریای یەعزێر.
تەفروتوناکەر کەوتە سەر
    میوە پێگەیشتوو و هێشووە ترێیەکانت.
33 خۆشی و دڵشادی داماڵران
    لە ڕەزەکان و لە خاکی مۆئاب.
شەرابم لە گوشەر ڕاگرت،
    بە هاواری خۆشییەوە پێپەست ناکرێت،
ئەگەر هاوارکردن هەبێت،
    لە خۆشیدا هاوار ناکەن.

34 «دەنگی هاواریان بەرزبووەوە،
    لە حەشبۆنەوە هەتا ئەلعالێ و هەتا یەهەچ،
لە زۆعەرەوە هەتا حۆرۆنایم و عەگلەت شەلیشیا،
    چونکە هەروەها ئاوی نیمریمیش وشک دەبێت.
35 لە مۆئاب کۆتایی دەهێنم
    بەوانەی لە نزرگەکانی سەر بەرزایی قوربانی پێشکەش دەکەن و
    بخوور بۆ خوداوەندەکانی دادەگیرسێنن.»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
36 «لەبەر ئەوە دڵم بۆ مۆئاب وەک شمشاڵ ناڵەی دێت،
    دڵم بۆ پیاوانی قییر حەراسەت وەک شمشاڵ دەناڵێنێت،
    چونکە ئەو سامانەی بەدەستیان هێنا لەناوچوو.
37 چونکە هەموو سەرێک تاشراوە و
    هەموو ڕیشێک کورت کراوەتەوە،
هەموو دەستێک بریندار کراوە و
    هەموو ناوقەدێک بە جلوبەرگی گوش داپۆشراوە.
38 لەسەر هەموو سەربانەکانی مۆئاب و
    لە هەموو شەقامەکانی
جگە لە گریان هیچی دیکە نییە،
    چونکە مۆئابم شکاند،
    وەک گۆزەیەک کەس نەیەوێت.»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
39 «چۆن شکا! چۆن واوەیلا دەکەن!
    چۆن مۆئاب لە شەرمان ڕووی وەرگێڕا!
مۆئاب بووە مایەی گاڵتەجاڕی و
    ترسناکی بۆ هەموو ئەوانەی دەوروبەری.»

40 یەزدان ئەوە دەفەرموێت:

«تەماشا بکەن! دوژمن وەک هەڵۆ بەرز دەفڕێت،
    بەسەر مۆئابدا باڵەکانی لێک دەکاتەوە.
41 قەریۆت دەگیرێت و
    قەڵاکان دەستیان بەسەردا دەگیرێت.
لەو ڕۆژەدا دڵی پاڵەوانەکانی مۆئاب
    وەک دڵی ژنی ژانگرتووی لێدێت.
42 مۆئاب لەوە دەکەوێت کە ببێتە گەل،
    چونکە بەرامبەر بە یەزدان خۆی بە زل زانی.
43 ئەی دانیشتووی مۆئاب،
    ترس و چاڵ و تەڵە چاوەڕێت دەکات.»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
44 «ئەوەی لە ترس هەڵدێت
    دەکەوێتە ناو چاڵەکەوە،
ئەوەی لە چاڵەکە دێتە دەرەوە
    بە تەڵەکەوە دەبێت،
چونکە ساڵی سزادان
    بەسەر مۆئابدا دەهێنم.»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

45 «لە سێبەری حەشبۆن
    هەڵاتووەکان بە بێهێزی وەستاون،
چونکە لە حەشبۆنەوە ئاگرێک دەرچوو،
    گڕێکیش لەنێو سیحۆنەوە،
ناوچەوانی مۆئاب و
    کەللەسەری گەلی بە هاتوهاوار دەخوات.
46 قوڕبەسەرت مۆئاب!
    خەڵکی کەمۆش لەناوچوو،
کوڕەکانی تۆیان ڕاپێچ کرد و
    کچەکانت بە دیل بردران.

47 «بەڵام لە ئایندەدا،
    ڕاپێچکراوەکانی مۆئاب دەگەڕێنمەوە.»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

ئێرە کۆتایی حوکم بەسەردادانی مۆئابە.

پەیامێک سەبارەت بە عەمۆن

49 بۆ عەمۆنییەکان:

یەزدان ئەمە دەفەرموێت:

«ئایا ئیسرائیل کوڕی نییە،
    یان میراتگری نییە؟
بۆچی مۆلەخ گاد داگیر بکات و
    گەلەکەشی لەناو شارۆچکەکانی ئەودا نیشتەجێ بن؟»
یەزدان دەفەرموێت: «لەبەر ئەوە ئەوەتا ڕۆژێک دێت،
وا دەکەم لە شاری ڕەبەی عەمۆنییەکان،
    نەعرەتەی جەنگ ببیسترێت،
جا دەبێتە گردێکی وێران و
    شارۆچکەکانیشی بە ئاگر دەسووتێن،
ئیسرائیلیش داگیرکەرانی خۆی داگیر دەکات.»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
«ئەی حەشبۆن واوەیلا بکە، چونکە عای تەفروتونا بوو!
    ئەی دانیشتووانی ڕەبە هاوار بکەن!
بەرگی لە گوش دروستکراو لەبەر بکەن و شین بگێڕن،
    بەناو شووراکانیدا بسووڕێنەوە،
چونکە مۆلەخ ڕاپێچ دەکرێت،
    خۆی و کاهین و پیاوە گەورەکانی.
بۆ شانازی بە دۆڵەکانتەوە دەکەیت؟
    بۆ شانازی بە دۆڵە پڕ بەروبوومەکانتەوە دەکەیت؟
ئەی کچی هەڵگەڕاوە،
    ئەوەی پشت بە گەنجینەکانت دەبەستیت و دەڵێیت،
    ”کێ پەلامارم دەدات؟“»
یەزدان، پەروەردگاری سوپاسالار، دەفەرموێت:
    «ئەوەتا من ترست دەهێنمە سەر
    لە هەموو ئەوانەی دەوروبەرت.
جا هەریەکە لە ئێوە دەردەکرێت و
    کەس نابێت ونبووان کۆبکاتەوە.

«پاش ئەمە ڕاپێچکراوانی عەمۆنییەکان دەگەڕێنمەوە.»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

پەیامێک سەبارەت بە ئەدۆم

بۆ ئەدۆم:

یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت:

«ئایا ئیتر دانایی لە تێمان نییە؟
    ئایا ڕاوێژ لەلای تێگەیشتووان نەماوە؟
    ئایا داناییەکەیان پووچەڵ بووەتەوە؟
ئەی دانیشتووانی دیدان، بکشێنەوە و هەڵێن،
    بڕۆن لە ئەشکەوتە قووڵەکان خۆتان بشارنەوە،
چونکە بەڵاکەی عیسۆی بەسەردەهێنم
    لەو کاتەی سزای دەدەم.
ئەگەر ڕەزبڕت[d] بۆ بێت،
    ئایا هەندێک ترێ بەجێناهێڵن؟
ئەگەر بە شەو دزت بۆ بێت،
    ئایا تەنها ئەوەی پێویستیان بێت نایدزن؟
10 بەڵام من عیسۆ ڕووت دەکەمەوە،
    شوێنە نهێنییەکانی دەردەخەم،
    ناتوانێت خۆی بشارێتەوە،
منداڵ و برا و دراوسێکانی تەفروتونا دەکرێت،
    ئیتر کەس بە زیندوویی نامێنێتەوە بۆ ئەوی بڵێت:
11 ”هەتیوەکانت جێبهێڵە، من دەیانپارێزم،
    با بێوەژنەکانت پشت بە من ببەستن.“»

12 سەبارەت بەمە یەزدان دەفەرموێت: «ئەگەر ئەوانەی شایانی ئەوە نین لە جامەکە بخۆنەوە، بەڵام بە تەواوی خواردیانەوە، ئایا تۆ بە تەواوی بێ سزا دەبیت؟ بێ سزا نابیت، بەڵکو دەبێت بیخۆیتەوە. 13 یەزدان دەفەرموێت: چونکە سوێندم بە خۆم خواردووە، کە بۆزرا وێران بێت، ڕیسوا بێت، بڕووخێت و نەفرەتبار بێت و هەموو شارۆچکەکانیشی هەتاهەتایە بە ڕووخاوی بمێنێتەوە.»

14 هەواڵێکم لەلایەن یەزدانەوە بیست،
    نێردراوێک بۆ نەتەوەکان نێردراوە تاکو پێیان بڵێت:
«کۆببنەوە و پەلاماری بدەن،
    هەستن بۆ جەنگ.»

15 «ئێستا لەنێو گەلاندا بچووکت دەکەمەوە،
    لەنێو مرۆڤدا ڕیسوا دەبیت.
16 تۆ سامت لەسەر خەڵک هەبوو،
    فیزی دڵت هەڵیخەڵەتاندی،
ئەی نیشتەجێی نێو کەلێنی تاشەبەرد،
    ئەوەی لەسەر بەرزایی گردیت،
تەنانەت ئەگەر وەک هەڵۆ هێلانەکەت لە بەرزایی دانێیت،
    لەوێوە دەتهێنمە خوارەوە.»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
17 «ئەدۆم دەبێتە وێرانە،
    هەرکەسێک پێیدا تێبپەڕێت سەرسام دەبێت،
    گاڵتەی پێ دەکات لەسەر هەموو ئەوەی بەسەری هاتووە.
18 وەک سەرەوژێربوونی سەدۆم و عەمۆرا
    و شارۆچکەکانی دەوروبەری،
هیچ مرۆڤێک لەوێدا نیشتەجێ نابێت،
    هیچ ئادەمیزادێک بۆ ئەوێ ئاوارە نابێت.»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

19 «ئەوەتا وەک شێرێک لە دەوەنەکانی ڕووباری ئوردونەوە سەردەکەوێت،
    بەرەو لەوەڕگا دەوڵەمەندەکان،
ئاوا لە چاوتروکانێکدا لەوێ ئەدۆمییەکان ڕاودەنێم.
    کێ هەڵبژێردراوە کە بیکەم بە سەرپەرشتیاری؟
چونکە کێ وەک منە و کێ کێشەوبەرەم لەگەڵ دەکات؟
    ئەو شوانە کێیە کە دەتوانێ لە ڕووی من بوەستێتەوە؟»

20 لەبەر ئەوە ببیستن خودا چ پلانێکی لە دژی ئەدۆم داڕشتووە،
    مەبەستی چی بووە لە دژی دانیشتووانی تێمان بیکات:
بچووکەکانی مێگەلەکە ڕادەکێشرێن،
    بەهۆی ئەوان بە تەواوی لەوەڕگاکانیان وێران دەکات.
21 لە دەنگی کەوتنیان زەوی دەلەرزێت،
    قیژەیان دەگاتە دەریای سوور[e].
22 تەماشا بکەن! دوژمن وەک هەڵۆ بەرز دەبێتەوە و دەفڕێت،
    بەسەر بۆزرادا باڵەکانی لێک دەکاتەوە.
لەو ڕۆژەدا دڵی پاڵەوانانی ئەدۆم
    وەک دڵی ژنی ژانگرتووی لێدێت.

پەیامێک سەبارەت بە دیمەشق

23 بۆ دیمەشق:

«حەمات و ئەرپاد شەرمەزار بوون،
    چونکە هەواڵێکی خراپیان بیست،
لە ترسان توانەوە،
    وەک دەریا شڵەژاون و ئارام نابنەوە.
24 دیمەشق هێزی لەبەر بڕا،
    ڕووی وەرگێڕا بۆ هەڵاتن،
    شڵەژا و تانگەتاو بوو
وەک ژنی ژانگرتوو.
25 چۆن واز لە شارە بەناوبانگەکە نەهێنرا،
    ئەو شارۆچکەیەی کە شوێنی شادی من بوو!
26 بێگومان لەو ڕۆژەدا، لاوەکانی لەناو شەقامەکان دەکوژرێن،
    هەموو جەنگاوەرەکانی لەناودەچن.»
            ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.
27 «ئاگرێک لە دیواری دیمەشق بەردەدەم،
    قەڵاکانی بەن‌هەدەد دەخوات.»

پەیامێک سەبارەت بە قێدار و حاچۆر

28 بۆ قێدار و شانشینەکانی حاچۆر، ئەوەی نەبوخودنەسری پاشای بابل لێیدا:

یەزدان ئەمە دەفەرموێت:

«ئەی بابلییەکان، هەستن هێرش ببەن بۆ قێدار،
    خەڵکی ڕۆژهەڵات تەفروتونا بکەن.
29 ڕەشماڵ و مەڕەکانیان دەبردرێن،
    خێوەت و هەموو قاپوقاچاغەکانیان و
    وشترەکانیان دەهێنرێن.
بانگیان بکەن:
    ”لە هەموو لایەکەوە ترس و تۆقین هەیە!“»

30 یەزدان دەفەرموێت: «ڕابکەن و دوور هەڵێن!
    ئەی دانیشتووانی حاچۆر، لە ئەشکەوتە قووڵەکان نیشتەجێ بن.
نەبوخودنەسری پاشای بابل لە دژی ئێوە ڕاوێژی کردووە،
    لە دژی ئێوە پیلانی داناوە.

31 «هەستن هێرش ببەنە سەر نەتەوەیەکی ئاسوودە،
    بە پشت ئەستوورییەوە نیشتەجێیە.
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
نە دەرگا و نە شمشیرەی[f] هەیە،
    بە تەنهایی نیشتەجێیە.
32 وشترەکانیان بە تاڵان دەبردرێن و
    ماڵاتی زۆریان دەبێتە دەستکەوت.
بە هەموو بایەک
    قژبڕاوەکان[g] شەن دەکەم،
لە هەموو لایەکەوە کارەساتیان بەسەردەهێنم.»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
33 «حاچۆر بۆ هەتاهەتایە
    دەبێتە داڵدەی چەقەڵ و چۆڵەوانی.
هیچ مرۆڤێک لەوێ نیشتەجێ نابێت،
    هیچ ئادەمیزادێک ئاوارەی ئەوێ نابێت.»

پەیامێک سەبارەت بە ئیلام

34 ئەو فەرمایشتەی یەزدان کە لە سەرەتای پاشایەتییەکەی سدقیای پاشای یەهودا بۆ یەرمیای پێغەمبەر هات، سەبارەت بە ئیلام، پێی فەرموو:

35 یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت:

«ئەوەتا من کەوانی ئیلام دەشکێنم،
    کە سەرچاوەی هێزیانە.
36 چوار با لە هەر چوار لای ئاسمانەوە،
    بەسەر ئیلامدا دەهێنم،
بەم چوار بایە شەنیان دەکەم،
    هەتا نەتەوە نەبێت
    کە دوورخراوەکانی ئیلامی بۆ نەچوو بێت.
37 ئیلامییەکان لەبەردەم دوژمنانیان دەتۆقێنم،
    لەبەردەم ئەوانەی دەیانەوێ بیانکوژن،
بەڵایان بەسەردەهێنم،
    گڕی تووڕەییم.»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
«بە شمشێر ڕاویان دەنێم
    هەتا کۆتاییان دەهێنم.
38 تەختی خۆم لە ئیلام دادەنێم و
    لەوێ پاشا و پیاوە گەورەکانی لەناودەبەم.»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

39 «بەڵام لە ئایندەدا،
    ڕاپێچکراوەکانی ئیلام دەگەڕێنمەوە.»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

پەیامێک سەبارەت بە بابل

50 ئەمە ئەو فەرمایشتەیە کە یەزدان سەبارەت بە بابل و خاکی بابلییەکان لە ڕێگەی یەرمیای پێغەمبەرەوە فەرمووی:

«لەنێو نەتەوەکان جاڕبدەن و ڕایبگەیەنن،
    ئاڵا بەرز بکەنەوە و ڕابگەیەنن،
    هیچ مەشارنەوە، بڵێن،
”بابل دەگیرێت،
    بێل[h] شەرمەزار دەبێت،
    مەرۆداخ[i] وردوخاش دەبێت.
پەیکەرەکانی شەرمەزار و
    بتەکانی وردوخاش دەبن!“
نەتەوەیەک لە باکوورەوە دێتە سەری،
    خاکەکەی وێران دەکات،
ئاوەدانی تێدا نابێت،
    لە مرۆڤەوە هەتا ئاژەڵ هەڵدێن.»

یەزدان دەفەرموێت:
    «لەو ڕۆژانە و لەو سەردەمە،
نەوەی ئیسرائیل و نەوەی یەهودا پێکەوە دێن،
    بەدەم ڕێگاوە دەگریێن و ڕوو لە یەزدان دەکەن، خودای خۆیان.
پرسیاری ڕێگای سییۆن دەکەن و
    ڕووی تێ دەکەن.
دێنەوە و بە پەیمانێکی هەتاهەتایی کە لەبیر نەکرێت،
    دەچنە پاڵ یەزدانی خۆیان.

«گەلەکەم مەڕی ونبوو بوون،
    شوانەکانیان گومڕایان کردن،
    وێڵی ناو چیاکانیان کردن.
لەنێو چیا و گردەکان دەگەڕان،
    جێی حەوانەوەی خۆیان لەبیر کرد.
هەموو ئەوانەی تووشیان دەبوون لووشیان دەدان،
    دوژمنانیان گوتیان: ”ئێمە تاوانبار نین،
لەبەر ئەوەی گوناهیان لە دژی یەزدان کرد،
    کە شوێنی حەوانەوەی ڕاستەقینەیانە،
    لە دژی یەزدان کە ئومێدی باوباپیرانیانە.“

«لە بابل ڕابکەن،
    خاکی بابلییەکان بەجێبهێڵن،
    وەک نێرییەکانی پێش مێگەل بن.
چونکە ئەوەتا من کۆمەڵە نەتەوەیەکی گەورە
    لە خاکی باکوورەوە ڕادەپەڕێنم.
ئەوان لە دژی بابل ڕیز دەبەستن،
    لە باکوور دەیگرن.
تیرەکانیان وەک پاڵەوانی شارەزایە،
    بە دەستبەتاڵی ناگەڕێنەوە.
10 خاکی بابل دەبێتە دەستکەوت،
    ئەوەی دەستی بکەوێت لێی تێر دەبێت.»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

11 «ئەی تاڵانکەرانی میراتەکەم،
    لەبەر ئەوەی دڵخۆش و شادمان بوون،
وەک مانگایەک گەنم بکوتێت هەڵدەبەزنەوە و
    وەک ئەسپ حیلاندتان،
12 دایکتان زۆر شەرمەزار دەبێت،
    ئەوەی ئێوەی بووە ڕیسوا دەبێت.
دەبێتە دوایین نەتەوە،
    دەبێتە چۆڵەوانی و بیابان و دەشتی ڕووت.
13 لەبەر تووڕەیی یەزدان ئاوەدان نابێتەوە و
    هەمووی دەبێتە چۆڵەوانی.
هەرکەسێک بە بابلدا تێبپەڕێت سەرسام دەبێت و فیکە لێدەدات،
    لەبەر هەموو ئەوەی بەسەری هاتووە.

14 «ئەی هەموو کەوان ڕاکێشان،
    لە چواردەوری بابل ڕیز ببەستن.
تیربارانی بکەن! دەست مەپارێزن،
    چونکە لە دژی یەزدان گوناهی کرد.
15 لە هەموو لایەکەوە نەعرەتەی بەسەردا بکێشن!
    خۆی بەدەستەوە دەدا، قوللەکانی دەکەون،
    شووراکانی دەڕووخێن.
لەبەر ئەوەی ئەمە تۆڵەی یەزدانە،
    تۆڵەی لێ بکەنەوە،
    چی کرد، ئەوەی پێ بکەنەوە.
16 وەرزێر لە بابل ببڕنەوە و
    داس بەدەست لە کاتی دروێنە.
لە ڕووی شمشێری ستەمکار،
    با هەریەکە بەرەو گەلەکەی خۆی بگەڕێتەوە،
    با هەریەکە بەرەو خاکی خۆی هەڵبێت.

17 «ئیسرائیل مێگەلێکی پەرتەوازەیە،
    شێرەکان ڕاویان ناوە.
سەرەتا پاشای ئاشور لووشی دا،
    ئینجا ئەمەی دوایی،
نەبوخودنەسری پاشای بابل،
    ئێسکەکانی هاڕی.»

18 لەبەر ئەوە یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت:

«من پاشای بابل و خاکەکەی سزا دەدەم،
    وەک چۆن پاشای ئاشورم سزا دا.
19 بەڵام ئیسرائیل دەگەڕێنمەوە ناو پاوانەکەی خۆی،
    جا لە کارمەل و باشان دەلەوەڕێت،
لە شاخەکانی ئەفرایم و گلعادیش
    تێر دەخوات.»
20 یەزدان دەفەرموێت:
    «لەو ڕۆژانەدا و لەو سەردەمەدا،
بەدوای تاوانی ئیسرائیلدا دەگەڕێن،
    بەڵام نییەتی،
هەروەها بەدوای گوناهی یەهودا دەگەڕێن،
    بەڵام هیچ نادۆزنەوە،
    چونکە ئەوانەی کە دەیانهێڵمەوە لێیان خۆشدەبم.»

21 یەزدان دەفەرموێت: «پەلاماری خاکی میراتەیم[j] و
    دانیشتووانی پەقۆد[k] بدە.
ڕایانماڵە و بیانکوژە و بە تەواوی بیانبڕەوە[l]،
    هەموو ئەوەی فەرمانم پێکردیت بیکە.
22 لە خاکەکە دەنگی جەنگە،
    دەنگی تێکشکانێکی مەزن!
23 چۆن تێکشکا و تەفروتونا بوو،
    چەکوشی هەموو زەوی!
بابل چۆن وێران بوو
    لەنێو نەتەوەکان!
24 ئەی بابل، تەڵەم بۆت نایەوە،
    بەبێ ئەوەی بزانی پێوەبوویت.
دۆزرایتەوە و گیرایت،
    چونکە دژایەتی یەزدانت کرد.
25 یەزدان جبەخانەکەی خۆی کردەوە و
    چەکەکانی تووڕەیی خۆی دەرهێنا،
چونکە یەزدان، پەروەردگاری سوپاسالار،
    کارێکی هەیە لە خاکی بابلییەکان.
26 لەوپەڕەوە وەرنە سەری!
    ئەمبارەکانی بکەنەوە،
    وەک کۆمەی دەغڵودان کەڵەکەی بکەن.
بە تەواوی قڕی بکەن،
    پاشماوەی نەمێنێتەوە!
27 هەموو جوانەگاکانی[m] بکوژن،
    با بۆ سەربڕین ببردرێن!
قوڕبەسەریان! چونکە ڕۆژیان هات،
    کاتی سزادانیان.
28 لە خاکی بابلەوە گوێ لە دەنگی هەڵاتووان و دەربازبووان بگرن
    لە سییۆن ڕایبگەیەنن
چۆن یەزدانی پەروەردگارمان تۆڵەی سەندەوە،
    تۆڵەی پەرستگاکەی.

29 «تیرهاوێژەکان بانگ بکەن لە دژی بابل،
    هەموو کەوان بەدەستەکان.
لە هەموو لایەکەوە دابەزنە سەری،
    با کەس دەرباز نەبێت.
بەگوێرەی کردەوەکەی سزای بدەن،
    هەموو ئەوەی کردی پێی بکەنەوە،
چونکە لە ڕووی یەزدان وەستایەوە،
    لە ڕووی خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل.
30 لەبەر ئەوە لاوەکانی لە گۆڕەپانەکاندا دەکوژرێن و
    لەو ڕۆژەدا هەموو جەنگاوەرەکانی لەناودەچن.»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
31 «ئەی بێ چاوەڕوو، ئەوەتا من لە دژی تۆم،
چونکە ڕۆژت هات،
    کاتی سزادانت.»
    ئەوە فەرمایشتی یەزدانە، پەروەردگاری سوپاسالار.
32 «جا بێ چاوەڕووەکە ساتمە دەکات و دەکەوێت،
    کەس هەڵیناستێنێتەوە،
منیش ئاگر بەردەدەمە شارۆچکەکانی و
    هەموو دەوروبەرەکەی دەخوات.»

33 یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت:

«نەوەی ئیسرائیل چەوسێنراوەن،
    هەروەها نەوەی یەهوداش.
هەموو ئەوانەی ڕاپێچیان کردن ئەوانیان گرت،
    ڕازی نەبوون بەڕەڵایان بکەن.
34 بەڵام ئەوەی دەیانکڕێتەوە بەهێزە،
    ناوی یەزدانی سوپاسالارە.
بە چالاکی داکۆکی لە کێشەکەیان دەکات،
    هەتا خاکەکە دەحەسێنێتەوە،
    بەڵام دانیشتووانی بابل هەراسان دەکات.»

35 یەزدان دەفەرموێت: «شمشێر لە دژی بابلییەکانە!
لە دژی دانیشتووانی بابلە و
    لە دژی میر و پیاوە داناکانییەتی!
36 شمشێر لە دژی قسە پووچەکانە![n]
    جا گێل دەبن.
شمشێر لە دژی پاڵەوانەکانییەتی!
    جا دەتۆقن.
37 شمشێر لە دژی ئەسپ و گالیسکەکانییەتی،
    لە دژی هەموو سەربازە بێگانەکان لە ڕیزەکانی ئەو!
    جا دەبن بە ژن.
شمشێر لە دژی گەنجینەکانییەتی!
    جا تاڵان دەکرێن.
38 وشکەساڵی لە دژی ئاوەکانییەتی!
    جا وشک دەبن،
چونکە خاکی بتەکانە،
    ئەو بتانەی شێتی و تۆقین دەهێنن.

39 «لەبەر ئەوە دڕندە بیابانییەکان و کەمتیار تێیدا دەژین،
    کوندەپەپووی تێدا دەژیێت.
ئیتر هەرگیز کەسی تێدا نیشتەجێ نابێت،
    نەوە دوای نەوە ئاوەدان نابێتەوە.
40 وەک چۆن خودا سەدۆم و عەمۆرای سەرەوژێر کرد
    لەگەڵ شارۆچکەکانی دەوروبەری،
هیچ مرۆڤێک لەوێدا نیشتەجێ نابێت،
    هیچ ئادەمیزادێک بۆ ئەوێ ئاوارە نابێت.»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

41 «ئەوەتا! سوپایەک لە باکوورەوە دێت،
    نەتەوەیەکی مەزن و چەندین پاشا،
    لەوپەڕی زەوییەوە هەڵدەستێنرێن.
42 کەوان و ڕمیان بە دەستەوەیە،
    دڵڕەقن و بەزەییان نییە.
دەنگیان وەک دەریا هاژەی دێت و
    سواری ئەسپ دەبن،
وەک یەک پیاو ڕیز دەبەستن
    بۆ هێرشکردنە سەر تۆ، ئەی شاری بابل.
43 پاشای بابل هەواڵی ئەوانی بیست،
    ورەی ڕووخا،
تووشی تەنگانە بوو،
    تووشی ئازار بوو وەک ئازاری ژنی ژانگرتوو.
44 ئەوەتا وەک شێرێک لە دەوەنەکانی ڕووباری ئوردونەوە سەردەکەوێت،
    بەرەو لەوەڕگا دەوڵەمەندەکان،
ئاوا لە چاوتروکانێکدا لەوێ بابلییەکان ڕاودەنێم.
    کێ هەڵبژێردراوە کە بیکەم بە سەرپەرشتیاری؟
چونکە کێ وەک منە و کێ کێشەوبەرەم لەگەڵ دەکات؟
    ئەو شوانە کێیە کە دەتوانێ لە ڕووی من بوەستێتەوە؟»

45 لەبەر ئەوە ببیستن خودا چ پلانێکی لە دژی بابل داڕشتووە،
    مەبەستی چی بووە لە دژی خاکی بابلییەکان بیکات:
بچووکەکانی مێگەلەکە ڕادەکێشرێن،
    بەهۆی ئەوان بە تەواوی لەوەڕگاکانیان وێران دەکات.
46 لە دەنگی گرتنی بابل زەوی دەلەرزێت،
    قیژەیان دەگاتە ناو نەتەوەکان.

51 یەزدان ئەمە دەفەرموێت:

«ئەوەتا من ڕۆحی لەناوبەر[o] دەوروژێنم
    لە دژی بابل و دانیشتووانی لێڤ قامای[p].
بێگانەکان دەنێرمە بابل
    بۆ شەنکردنیان و ڕووتکردنەوەی خاکەکەی،
لە هەموو لایەکەوە دەوری دەدەن
    لە ڕۆژی بەڵای ئەودا.
ڕێ مەدە تیرهاوێژ ژێی کەوانەکەی ڕابکێشێت،
    ڕێ مەدە سەرباز زرێیەکەی بپۆشێت.
دەستتان لە گەنجەکانی مەپارێزن،
    بەڵکو سوپاکەی بە تەواوی لەناوببەن[q].
کوژراوان لە بابل دەکەون،
    بریندارەکان بە سەختی لە شەقامەکانی.
چونکە ئیسرائیل و یەهودا بەجێنەهێڵدراون
    لەلایەن خودایانەوە، لەلایەن یەزدانی سوپاسالارەوە،
هەرچەندە خاکی بابلییەکان پڕ لە تاوانە
    لە دژی خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل.

«لە بابلەوە هەڵێن!
    هەرکەسە با خۆی دەرباز بکات!
    بە تاوانی ئەو لەناونەچن،
چونکە کاتی تۆڵەسەندنەوەیە بۆ یەزدان،
    ئەو سزای شایستەی دەدات.
بابل جامێکی زێڕ بوو بە دەستی یەزدانەوە،
    هەموو زەوی سەرخۆش کرد.
نەتەوەکان لە شەرابی ئەویان خواردەوە،
    لەبەر ئەوە نەتەوەکان شێت بوون.
لەپڕ بابل دەکەوێت و وردوخاش دەبێت.
    واوەیلای بۆ بکەن!
هەتووانێک بۆ برینەکەی بهێنن،
    بەڵکو چاک بێتەوە.

«”بابلمان تیمار کرد،
    بەڵام ناتوانێت چاک بێتەوە.
وازی لێ بهێنن و با هەریەکەمان بچینەوە خاکەکەی خۆمان،
    چونکە کاتێک حوکمی بەسەردا درا هاواری گەیشتە ئاسمان،
    هەتا هەورەکان بەرز بووەتەوە.“

10 «”یەزدان ئەستۆپاکی ئێمەی دەرخست،
    وەرن با لە سییۆن
    باسی کردەوەکەی یەزدانی پەروەردگارمان بکەین.“

11 «تیرەکان تیژ بکەن،
    قەڵغانەکان هەڵبگرن!
یەزدان ڕۆحی پاشایانی مادی وروژاندووە،
    چونکە پلانی وێرانکردنی بابل دادەنێت.
یەزدان تۆڵە دەستێنێتەوە،
    تۆڵەی پەرستگاکەی.
12 لە دژی شووراکانی بابل ئاڵا هەڵبکەن!
    پاسەوانیێتی توند بکەن،
چاودێر دابنێن،
    بۆسە بنێنەوە!
خودا مەبەستی خۆی دەهێنێتە دی،
    بڕیارەکەی لە دژی خەڵکی بابل.
13 ئەی نیشتەجێی دەم ئاوە زۆرەکان،
    خاوەن گەنجینەی زۆر،
کۆتاییت هات،
    کاتی لەناوچوونت.»
14 یەزدانی سوپاسالار بە گیانی خۆی سوێندی خوارد:
    «بە دڵنیاییەوە پڕت دەکەم لە پیاو، وەک ڕەوە کوللە،
    هاواری سەرکەوتنت بەسەردا دەکێشن.»

15 «خودا بە هێزی خۆی زەوی دروستکردووە،
    بە دانایی خۆی جیهانی دامەزراندووە،
    بە تێگەیشتنی خۆی ئاسمانی ڕاخستووە.
16 کاتێک دەنگ هەڵدەبڕێت، ئاوەکانی ئاسمان هاژەیان دێت،
    هەڵمەکان لەوپەڕی زەوییەوە بەرز دەکاتەوە،
بروسکە بۆ باران دروستدەکات،
    با لە ئەمباری خۆی دەردەهێنێت.

17 «هەموو کەسێک بێ زانیارییە و دەبەنگە،
    هەموو زێڕنگەرێک بە پەیکەرەکەی شەرمەزارە،
چونکە داڕێژراوی درۆن و
    ڕۆحیان تێدا نییە.
18 ئەوان پووچن، مایەی گاڵتەجاڕین،
    لە کاتی سزادانیان لەناودەچن.
19 بەڵام خودا، ئەوەی بەشی یاقوبە وەک ئەمانە نییە،
    چونکە ئەو دروستکەری هەموو شتێکە،
هۆزی[r] میراتی ئەویشی داناوە،
    یەزدانی سوپاسالار، ئەمە ناوی ئەوە.

20 «تۆ گورزی منی،
    چەکەکانی جەنگی منی،
بە تۆ نەتەوەکان تێکدەشکێنم،
    بە تۆ شانشینەکان لەناودەبەم،
21 بە تۆ ئەسپ و سوارەکەی تێکدەشکێنم،
    بە تۆ گالیسکە و سوارەکەی تێکدەشکێنم،
22 بە تۆ ژن و پیاو تێکدەشکێنم،
    بە تۆ پیر و گەنج تێکدەشکێنم،
    بە تۆ گەنج و لاو تێکدەشکێنم،
23 بە تۆ شوان و مێگەلەکەی تێکدەشکێنم،
    بە تۆ جوتیار و گاجووتەکەی تێکدەشکێنم،
    بە تۆ پارێزگار و فەرمانڕەواکان تێکدەشکێنم.

24 «لەبەرچاوی خۆتان سزای بابل و هەموو دانیشتووانی خاکی کلدانییەکان دەدەم بەرامبەر بە هەموو ئەو خراپانەی لە سییۆن کردیان.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

25 «ئەی کێوی لەناوبەر، ئەوەتا من لە دژی تۆم،
    تۆ ئەی لەناوبەری هەموو زەوی.»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
«دەست درێژ دەکەمە سەرت،
    لەسەر بەردەکان گلۆرت دەکەمەوە،
    دەتکەمە کێوێکی سووتاو.
26 ئیتر نە بەردت لێ دەبەن بۆ بەردی قولینچک[s]،
    نە هیچ بەردێک بۆ بناغەکان،
    چونکە بۆ هەتاهەتایە دەبیتە چۆڵەوانی.»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

27 «ئاڵا لەسەر خاکەکە بەرز بکەنەوە،
    لەنێو نەتەوەکان فوو بە کەڕەنادا بکەن.
نەتەوەکان لە دژی بابل ئامادە بکەن،
    ئەم شانشینانە لە دژی ئەو بانگ بکەن:
    ئارارات و مینی و ئەشکەنەز،
ڕابەرێک لە دژی دابنێن،
    وەک ڕەوە کوللە ئەسپ بنێرن.
28 نەتەوەکان لە دژی ئەو ئامادە بکەن،
    پاشاکانی ماد،
پارێزگار و هەموو فەرمانڕەواکان و
    هەموو خاکی ژێر دەسەڵاتیان.
29 ئینجا زەوی دەلەرزێت و ژان دەیگرێت،
    چونکە مەبەستی یەزدان لە بابل دێتە دی،
بۆ ئەوەی خاکی بابل وێران بکات،
    ئیتر ئاوەدانی تێدا نابێت.
30 پاڵەوانەکانی بابل وازیان لە جەنگ هێنا،
    لە قەڵاکان دانیشتن.
هێزیان لەبەر بڕا،
    وەک ژنیان لێهات.
نشینگەکانیان سووتێنرا،
    شمشیرەی دەرگاکانیان شکێنرا.
31 نێردراوێک بەدوای یەکێکی دیکە دەکەوێت و
    پەیامنێرێک بەدوای پەیامنێرێکی دیکە،
بۆ ئەوەی بە پاشای بابل ڕابگەیەنن
    کە سەرتاسەری شارەکانی گیراون،
32 ڕووبارەکان[t] دەستیان بەسەردا گیرا،
    زۆنگاوەکان بە ئاگر سووتێنران،
    جەنگاوەرەکان تۆقین.»

33 یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل، ئەمە دەفەرموێت:

«شاری بابل وەک جۆخینێکە
    کاتی گێرەیەتی،
    پاش کەمێک کاتی بەرهەم دێت.»

34 «نەبوخودنەسری پاشای بابل ئێمەی خوارد،
    ئومێدبڕی کردین،
    ئێمەی کردە گۆزەیەکی بەتاڵ.
وەک ئەژدیها هەڵیلووشین،
    سکی خۆی پڕکرد لە چێژی ئێمە،
    ئینجا ئێمەی ڕشاندەوە.»
35 دانیشتووەکەی سییۆن دەڵێن:
    «ئەو ستەمەی لە ئێمە کرا بەسەر بابل بێت.»
ئۆرشەلیم دەڵێت:
    «خوێنم لە ملی دانیشتووانی خاکی بابلییەکانە.»

36 لەبەر ئەوە یەزدان ئەمە دەفەرموێت:

«ئەوەتا من داکۆکی لە کێشەکەت دەکەم،
    تۆڵەی تۆ دەکەمەوە،
دەریاکەی[u] وشک دەکەم،
    کانییەکانی کوێر دەکەمەوە.
37 بابل دەبێتە تەپۆڵکە و
    داڵدەی چەقەڵ،
پەند و مایەی تانە و تەشەر،
    شوێنێک ئاوەدانی تێدا نییە.
38 پێکەوە وەک جوانە شێر دەنەڕێنن،
    وەک بەچکە شێرەکان دەمڕێنن.
39 کاتێک گەرم دەبن،
    داوەتیان دەکەم و
    سەرخۆشیان دەکەم،
بۆ ئەوەی دڵخۆش بن،
    ئینجا هەتاهەتایە خەویان لێ دەکەوێت و بەئاگا نایەن.»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
40 «وەک بەرخ دەیانبەم بۆ سەربڕین
    وەک بەران و نێری.

41 «شێشەخ[v] چۆن دەگیرێت،
    شانازی هەموو زەوی چۆن دەستبەسەر دەکرێت!
چۆن وێران بوو،
    بابل لەنێو نەتەوەکان!
42 دەریا بەسەر بابلدا هەڵدەچێت،
    بە هەڵچوونی شەپۆلەکانی دایدەپۆشێت.
43 شارۆچکەکانی وێران بوون،
    بوونە بیابان و دەشتی ڕووت،
خاکێک کە نە کەس تێیدا نیشتەجێ دەبێت و
    نە ئادەمیزاد پێیدا تێدەپەڕێت.
44 لە بابل سزای بێل دەدەم و
    ئەوەی قووتی داوە لە دەمی دەهێنمە دەرەوە.
ئیتر نەتەوەکان بەرەو لای ئەو ڕێچکە ناگرن،
    هەروەها شووراکانی بابل دەکەوێت.

45 «ئەی گەلی من لەناویدا وەرنە دەرەوە!
    هەرکەسێک خۆی لە گڕی تووڕەیی یەزدان دەرباز بکات!
46 ورە بەرمەدەن و مەترسن،
    کاتێک هەواڵی ئەو خاکە دەبیستن،
هەواڵێک ئەم ساڵ دێت، ئینجا لە ساڵی پاشتر هەواڵێکی دیکە،
    هەواڵی ستەم لە خاکەکەدا و
    فەرمانڕەوا لە دژی فەرمانڕەوا.
47 لەبەر ئەوە بێگومان ڕۆژێک دێت
    سزای بتەکانی بابل دەدەم،
هەموو خاکەکەی شەرمەزار دەبێت و
    کوژراوەکانی لەناوەڕاستی دەکەون.
48 ئینجا ئاسمان و زەوی و هەرچی تێیاندایە
    هاواری خۆشی بەسەر بابلدا دەکەن،
چونکە لە باکوورەوە بۆی دێن،
    تەفروتوناکەرەکان.»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

49 «دەبێت بابلیش لەبەر کوژراوەکانی ئیسرائیل بڕووخێت،
    وەک چۆن کوژراوەکانی هەموو زەوی
    بەهۆی بابلەوە کەوتن.
50 ئەی دەربازبووان لە شمشێر،
    بڕۆن و مەوەستن!
لە دوورەوە یادی یەزدان بکەنەوە،
    بیر لە ئۆرشەلیم بکەنەوە.»

51 «شەرمەزار بووین،
    چونکە ڕیسوا بووین و
    شەرم ڕووی داپۆشین،
چونکە بێگانەکان هاتنە ناو
    پیرۆزگاکانی ماڵی یەزدان.»

52 یەزدان دەفەرموێت: «لەبەر ئەوە ڕۆژێک دێت،
    بتەکانی سزا دەدەم،
لە هەموو خاکەکەیدا
    بریندارەکان دەناڵێنن.
53 تەنانەت ئەگەر بابل بگاتە ئاسمانیش،
    ئەگەر قەڵای خۆشی قاییم بکات،
    تەفروتوناکەر لە دژی ئەو دەنێرم.»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

54 «دەنگی هاوار دێت لە بابل،
    دەنگی شکستێکی گەورە
    لە خاکی بابلییەکان.
55 یەزدان بابل تەفروتونا دەکات،
    کۆتایی بە دەنگە مەزنەکەی دەهێنێت.
شەپۆلی دوژمنەکانیان وەک ئاوێکی زۆر هەڵدەچێت،
    دەنگیان هاژەی دێت.
56 تەفروتوناکەر دێتە سەر بابل،
    پاڵەوانەکانی دەگیرێن،
    کەوانەکانیان دەشکێنرێت،
چونکە یەزدان خودای سزادانە،
    بە تەواوی سزا دەدات.
57 میر و دانا و پارێزگار و
    فەرمانڕەوا و پاڵەوانەکانی سەرخۆش دەکەم،
هەتاهەتایە خەویان لێ دەکەوێت و بەئاگا نایەن.»
    ئەوە فەرمایشتی پاشایە، ناوی یەزدانی سوپاسالارە.

58 یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت:

«شوورا پانەکانی بابل بە تەواوی دەڕووخێنرێن،
    دەروازە بەرزەکانیشی بە ئاگر دەسووتێنرێن.
گەلان بەخۆڕایی خۆیان ماندوو دەکەن و
    ڕەنجی نەتەوەکانیش تەنها بۆ ئاگر دەبێت.»

59 ئەمە ئەو پەیامەیە کە یەرمیای پێغەمبەر دایە سەرایای کوڕی نێرییا کوڕی مەحسێیا، سەرۆکی ئۆردوگا، کاتێک لە ساڵی چوارەمی پاشایەتییەکەی لەگەڵ سدقیای پاشای یەهودا چوو بۆ بابل. 60 هەموو ئەوەی لەسەر بابل تۆمار کرابوو، لەگەڵ هەموو ئەو بەڵایەی بەسەری دێت یەرمیا نووسیبووی و کردبووی بە تۆمارێک، 61 بە سەرایای گوت: «کاتێک گەیشتییە بابل، دڵنیابە لە خوێندنەوەی تەواوی ئەم پەیامە بۆ خەڵکەکە، 62 ئینجا بڵێ: ”ئەی یەزدان، تۆ فەرمووت ئەم شوێنە لەناودەبەیت، تاکو ئەوەی مرۆڤ و ئاژەڵی تێدا نامێنێت، هەتاهەتایە دەبێتە چۆڵەوانی.“ 63 کاتێک لە خوێندنەوەی ئەم تۆمارە بوویتەوە، بەردێکی پێوە ببەستە و فڕێیبدە ناو فورات. 64 ئینجا بڵێ: ”بابل ئاوا نوقوم دەبێت و لەژێر ئەو بەڵایە ڕاست نابێتەوە کە من بەسەری دەهێنم، خەڵکەکەی شەکەت دەبن.“»

هەتا ئێرە وشەکانی یەرمیایە.

ڕووخاندنی ئۆرشەلیم

52 سدقیا گەنجێکی بیست و یەک ساڵان بوو کە بوو بە پاشا، یازدە ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد. دایکی ناوی حەموتەلی کچی یەرمیای خەڵکی لیڤنا بوو. ئەمیش لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، وەک هەموو ئەوەی یەهۆیاقیم کردی. لەبەر تووڕەیی یەزدان بوو کە ئەمانە لە ئۆرشەلیم و لە یەهودا ڕوویدا، هەتا ئەوەی لەبەردەم خۆیدا دەریکردن.

ئەوە بوو سدقیا لە پاشای بابل یاخی بوو.

ئیتر لە دەی مانگی دەی ساڵی نۆیەمی پاشایەتی سدقیا، نەبوخودنەسری پاشای بابل هەموو سوپاکەی بەرەو ئۆرشەلیم جوڵاند و لەوێ ئۆردوگای دامەزراند، لە چواردەوری قوللەی بنیاد نا. هەتا ساڵی یازدەیەمی پاشایەتی سدقیا شارەکە لەژێر گەمارۆدا بوو.

لە نۆی مانگی چواردا قاتوقڕی لە شارەکە هێندە سەخت بوو کە نان نەبوو گەلی خاکەکە بیخۆن. ئینجا شوورای شارەکە شکێنرا و هەموو جەنگاوەرەکان بە شەو بە ڕێگای دەروازەکەی نێوان دوو شووراکەی بەرامبەر باخچەی پاشادا هەڵاتن، هەرچەندە بابلییەکان لە چواردەوری شارەکە بوون. بە ڕێگای عەراڤادا[w] هەڵاتن، بەڵام سوپای بابلییەکان بەدوای سدقیای پاشا کەوتن، لە دەشتی ئەریحا پێی گەیشتن، هەموو سوپاکەی پەرتەوازە بوو، جا پاشایان بە دیل گرت.

بردییانە لای پاشای بابل لە ڕیڤلە، لە خاکی حەمات، ئەویش دادگایی کرد. 10 هەر لە ڕیڤلە پاشای بابل کوڕەکانی سدقیای لەبەرچاوی باوکیان کوشت، ئینجا هەموو پیاوماقوڵانی یەهوداشی لەناوبرد. 11 پاشان هەردوو چاوی سدقیای دەرهێنا، بە زنجیری بڕۆنز کۆتی کرد، بردی بۆ بابل و هەتا ڕۆژی مردنی لە بەندیخانە بەندی کرد.

12 لە دەی مانگی پێنجی ساڵی نۆزدەیەمی نەبوخودنەسری پاشای بابل، نەبوزەرەدانی فەرماندەی پاسەوانانی پاشا، ئەوەی خزمەتی پاشای بابلی دەکرد، هاتە ئۆرشەلیم. 13 پەرستگای یەزدان و کۆشکی پاشا و هەموو ماڵەکانی ئۆرشەلیم و هەموو تەلارە گرنگەکانی سووتاند. 14 شووراکانی چواردەوری ئۆرشەلیمیش لەلایەن سوپای بابلییەکانەوە ڕووخێنران، ئەوانەی لەگەڵ فەرماندەی پاسەوانانی پاشا بوون. 15 جا لە ڕەشوڕووتی گەل و پاشماوەی گەلیش ئەوانەی لە شارەکەدا مابوونەوە و ئەوانەی بۆ لای پاشای بابل هەڵاتبوون لەگەڵ پاشماوەی وەستاکان، نەبوزەرەدانی فەرماندەی پاسەوانانی پاشا ڕاپێچی کردن. 16 بەڵام نەبوزەرەدانی فەرماندەی پاسەوانانی پاشا هەندێک لە خەڵکی ڕەشوڕووتی لە خاکەکە هێشتەوە بۆ کارکردن لە ڕەزەمێو و کێڵگەکان.

17 کۆڵەکە بڕۆنزییەکان و عەرەبانەکانی ئاوگواستنەوە و حەوزە بڕۆنزییەکە کە لە پەرستگای یەزدان بوون، بابلییەکان پارچەپارچەیان کردن، هەموو بڕۆنزەکەشیان بۆ بابل بارکرد، 18 هەروەها مەنجەڵ و خاکەناز، مەقەست، تاس[x]، قاپەکان و هەموو ئەو قاپوقاچاغە بڕۆنزانەی لە خزمەتی پەرستگا بەکاردەهات. 19 فەرماندەی پاسەوانانی پاشا تەشت و بخووردان، تاس، مەنجەڵ، چرادان، چەمچە و پەرداخەکانی برد. هەموو ئەوەی کە بە زێڕ و زیو دروستکرابوو بردی.

20 دوو کۆڵەکە و حەوزە بڕۆنزییەکە و دوازدە گا بڕۆنزییەکان کە لەژێر عەرەبانەکانی ئاو گواستنەوە بوون، ئەوەی سلێمانی پاشا بۆ پەرستگای یەزدان دروستی کردبوون، ئەو هەموو بڕۆنزە لە کێش نەدەهات. 21 هەر کۆڵەکەیەک هەژدە باڵ[y] درێژییەکەی بوو، چێوەکەی دوازدە باڵ[z] بوو، ئەستووریشی چوار پەنجە بوو، کلۆر بوو. 22 تاجێکی بڕۆنز لەسەر کۆڵەکەکە بوو، بەرزی تاجەکە پێنج باڵ[aa] بوو، کەتیبە و هەنارەکانیش لەسەر تاجەکە و لە چواردەوری هەمووی لە بڕۆنز بوون. بۆ هەر یەکێک لە کۆڵەکەکان هەمان شت هەبوو لەگەڵ هەنارەکان. 23 لە هەر لایەک نەوەد و شەش دانە هەنارەکان بوون، سەرجەمی هەنارەکان لەسەر هەر کەتیبەیەک لە چواردەوریدا سەد دانە بوون.

24 فەرماندەکەی پاسەوانانی پاشا سەرایای سەرۆک کاهین و سەفەنیای کاهینی دووەم و سێ دەرگاوانەکەی گرت. 25 لە شارەکەش ئەو ئەفسەرەی گرت کە لێپرسراوی جەنگاوەرەکان بوو، حەوت ڕاوێژکاری پاشاشی گرت. هەروەها خامەی نهێنی[ab] سوپاسالاری گرت ئەوەی بەرپرسی بە سەربازکردن بوو، لەگەڵ شەست پیاو کە لە شارەکە بەرچاو کەوتن. 26 نەبوزەرەدانی فەرماندەی پاسەوانانی پاشا ئەوانەی بردە ڕیڤلە بۆ لای پاشای بابل. 27 پاشای بابلیش لە ڕیڤلە لە خاکی حەمات کوشتنی.

ئینجا یەهودا لە خاکەکەی خۆی ڕاپێچ کرا. 28 ئەمانە ئەو خەڵکە بوون کە نەبوخودنەسر ڕاپێچی کرد:

لە ساڵی حەوتەم،

سێ هەزار و بیست و سێ جولەکە؛

29 لە ساڵی هەژدەمینی نەبوخودنەسریش،

هەشت سەد و سی و دوو کەس لە ئۆرشەلیم ڕاپێچ کران؛

30 ئینجا لە ساڵی بیست و سێیەمی نەبوخودنەسر،

نەبوزەرەدانی فەرماندەی پاسەوانانی پاشا حەوت سەد و چل و پێنج جولەکەی ڕاپێچ کرد.

سەرجەمیان چوار هەزار و شەش سەد کەس بوون.

بەڕەڵاکردنی یەهۆیاکین

31 لە ساڵی سی و حەوتەمینی ڕاپێچکردنی یەهۆیاکین، ئەڤیل مەرۆدەخ بوو بە پاشای بابل. هەر لەو ساڵە لە بیست و پێنجی دوازدە یەهۆیاکینی پاشای یەهودای لە زیندان ئازاد کرد و هێنایە دەرەوە. 32 بە باشی قسەی لەگەڵ کرد و کورسییەکەی لە سەرووی کورسی ئەو پاشایانەوە دانا کە لە بابل لەگەڵی بوون. 33 ئیتر یەهۆیاکین بەرگی زیندانییەکەی گۆڕی و بە درێژایی ماوەی ژیانی بەردەوام لەسەر خوانی پاشا نانی دەخوارد. 34 بە درێژایی ئەو ماوەیەی ژیانی ڕۆژ بە ڕۆژ بژێوی ڕۆژانەی لەلایەن پاشای بابلەوە پێدەدرا، هەتا ڕۆژی مردنی.

چۆن ئەم شارە بەجێهێڵراوە،
    ئەوەی پڕبوو لە خەڵک!
چۆن وەک بێوەژنی لێهات،
    ئەوەی لەناو نەتەوەکان مەزن بوو!
ئەوەی لەنێو هەرێمەکان شاژن بوو
    ئێستا بووەتە کەنیزە!

بە شەو بەکوڵ دەگریێت،
    فرمێسکی لەسەر گۆناکانییەتی.
    لەناو هەموو دۆستانی
    کەس نییە دڵنەوایی بکات.
هەموو دڵدارانی ناپاکییان لەگەڵ کرد،
    بوون بە دوژمنی.

لەدوای زەلیلی و کۆیلایەتی سەخت،
    یەهودا ڕاپێچ کرا،
لەنێو نەتەوەکان نیشتەجێ دەبێت،
    شوێنی ئارام نابینێتەوە.
ئەوانەی ڕاوی دەنێن
    لە ناوەڕاستی تەنگانەدا پێی دەگەن.

ئەو ڕێگایانەی بەرەو سییۆنن شین دەگێڕن،
    لەبەر ئەوەی کەس بۆ جەژنەکان نایەت.
هەموو دەروازەکانی چۆڵ دەکرێن،
    کاهینەکانی دەناڵێنن،
پاکیزەکانی خەمبارن،
    ئەویش تاڵی دەچێژێت.

ناحەزەکانی بوونە بە گەورەی ئەو،
    دوژمنەکانی سەرکەوتوون،
چونکە یەزدان خەمباری کرد،
    لەبەر زۆری گوناهەکانی
منداڵەکانی بەرەو خاکی غەریبی بردران،
    دوژمنەکانیان ڕاپێچیان کردن.

سییۆنی کچ[ac]
    هەموو جوانییەکەی ڕۆیشت.
میرەکانی وەک ئاسکیان لێهاتووە
    لەوەڕگایان دەست ناکەوێت،
بە بێهێزی دەڕۆن
    لەبەردەم ئەوانەی ڕاویان دەنێن.

لە ڕۆژانی زەلیلی و سەرگەردانی،
    ئۆرشەلیم هەموو خۆشییەکانی خۆی بەبیر هاتەوە،
    کە لە دێرزەمانەوە بوون.
کاتێک گەلەکەی کەوتنە دەستی دوژمن،
    کەس نەبوو بە هانایەوە بێت.
دوژمنان تەماشایان کرد،
    بە ڕووخانەکەی پێکەنین.

ئۆرشەلیم بە تەواوی گوناهی کرد
    لەبەر ئەوە گڵاو بوو.
هەموو ئەوانەی ڕێزیان لێی دەگرت سووکایەتی پێ دەکەن،
    چونکە ڕووتی ئەویان بینی.
ئەویش دەناڵێنێت
    بەرەو دواوە ڕوو وەردەگێڕێت.

گڵاوییەکەی بە دامێنییەوە بوو،
    بیری لە چارەنووسی خۆی نەکردەوە.
کەوتنەکەی سامناک بوو،
    کەس نەبوو دڵنەوایی بکات.
«ئەی یەزدان، تەماشای زەلیلیم بکە،
    چونکە دوژمن سەرکەوت.»

10 دوژمن دەستی درێژکردووە
    بۆ سەر هەموو گەنجینەکانی،
نەتەوەکانی بینی
    هاتنە ناو پیرۆزگاکەیەوە،
ئەوانەی تۆ فەرمانت دا
    نەیێنە ناو کۆمەڵەکەی تۆوە.

11 سەراپای خەڵکەکەی دەناڵێنن و
    بەدوای ناندا دەگەڕێن،
گەنجینەکانی خۆیان بە خواردن دەدەن
    بۆ ئەوەی گیانیان بەبەردا بێتەوە.
«ئەی یەزدان، تەماشا بکە و ببینە،
    چونکە سووک بووم.»

12 «ئایا هیچ بۆ ئێوە نییە، ئەی هەموو ڕێبوارەکان؟
    تەماشای دەوروبەر بکەن و ببینن.
هیچ ئازارێک هەیە وەک ئازارەکەی من،
    ئەوەی کە تووشی منی کرد،
ئەوەی کە یەزدان بەسەری هێنام،
    لە ڕۆژی جۆشانی تووڕەییەکەی.

13 «لە سەرەوە ئاگری نارد،
    بۆ ناو ئێسکەکانم دایبەزاند،
تۆڕی بۆ قاچەکانم دانایەوە
    منی بەرەو پاش گەڕاندەوە.
منی وێران کرد،
    داهێزراو بە درێژایی ڕۆژ.

14 «گوناهەکانم وەک نیر[ad] خرانە سەرم،
    بە دەستەکانی ئەو هۆنرانەوە.
گوناهەکانم خرانە سەر ملم و
    خودا هێزی لێ بڕیم.
پەروەردگار منی ڕادەستی کەسانێک کرد
    کە ناتوانم بەرەنگاریان ببمەوە.

15 «پەروەردگار هەموو پاڵەوانەکانی ڕەتکردەوە
    کە لەناو مندا بوون.
لەشکرێکی لە دژی من بانگکرد
    بۆ تێکشکاندنی گەنجەکانم.
پەروەردگار یەهودای کچە پاکیزەی
    لەناو گوشەر پڵیشاندەوە.

16 «لەسەر ئەمەیە من دەگریێم،
    چاوەکانم فرمێسک دەڕێژن،
ئەوەی دڵنەواییم دەکات لێم دوورکەوتووەتەوە،
    کەس نییە گیان ببوژێنێتەوە.
کوڕەکانم وێران بوون،
    لەبەر ئەوەی دوژمن زاڵ بوو.»

17 سییۆن دەستەکانی پان دەکاتەوە،
    بەڵام کەس نییە دڵنەوایی بکات.
یەزدان فەرمانی دا لە دژی یاقوب
    کە دراوسێکانی دوژمنی ئەو بن.
ئۆرشەلیم لەناویاندا
    گڵاو بوو.

18 «یەزدان ڕاستودروستە،
    بەڵام من لە دژی فەرمانی ئەو یاخی بووم.
ئەی هەموو گەلان، گوێ بگرن،
    تەماشای ئازارەکانم بکەن.
پاکیزە و لاوەکانم
    ڕاپێچ کران.

19 «هاوارم بردە لای هاوپەیمانەکانم،
    بەڵام هەڵیانخەڵەتاندم.
کاهین و پیرەکانم
    لە شاردا لەناوچوون
لەو کاتەی بەدوای خۆراکدا دەگەڕان
    بۆ ئەوەی لە ژیانیان بەردەوام بن.

20 «ئەی یەزدان، ببینە، من لە تەنگانەدام!
    دڵم توندە،
من لە ناخەوە پەستم،
    چونکە زۆر یاخی بووم.
لە دەرەوە شمشێر دەستبەکارە،
    لە ماڵەوەش تەنها مردن هەیە.

21 «خەڵک ناڵەی منیان بیست،
    بەڵام کەس نییە دڵنەواییم بکات.
هەموو دوژمنەکانم بەڵای منیان بیست،
    دڵخۆش بوون بەوەی تۆ بە منت کردووە.
خۆزگە ئەو ڕۆژەت بەسەردەهێنان کە باست کرد،
    ئینجا وەک منیان لێدێت.

22 «با هەموو خراپەکانیان بێنە بەردەمت،
    وایان بەسەربهێنە
وەک ئەوی بەسەر منت هێنا
    لەسەر هەموو گوناهەکانم.
زۆر دەناڵێنم و
    دڵم لاواز بووە.»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.