Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Bible in 90 Days

An intensive Bible reading plan that walks through the entire Bible in 90 days.
Duration: 88 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
دەرچوون 29-40

تەرخانکردن بۆ کاهینیێتی

29 «بۆ تەرخانکردنیان هەتا کاهینیێتیم بۆ بکەن ئەمەیان بۆ بکە: یەک جوانەگا و دوو بەرانی ساغ ببە. هەروەها لە ئاردی گەنمی باش نانی بێ هەویرترش و کولێرەی بە زەیت شێلراو و ناسکە نانی بە زەیت چەورکراو دروستبکە. بیانخە ناو سەبەتەیەک و بە سەبەتەکەوە لەگەڵ جوانەگاکە و دوو بەرانەکە پێشکەشیان بکە. هارون و کوڕەکانیشی بهێنە پێش دەروازەی چادری چاوپێکەوتن و بە ئاو بیانشۆ. ئینجا جلەکان ببە و لەبەر هارونی بکە، کراسە دامێن درێژەکە، کەوای ئێفۆدەکە، ئێفۆد و بەرسینەکە، ئینجا بە پشتبەستی ئێفۆدەکە بۆی ببەستەوە. پاشان مێزەرەکە بخە سەری و تاجەگوڵینەی پیرۆزیش بخە سەر مێزەرەکە. زەیتی دەستنیشانکردن بهێنە و بەسەریدا بکە، بەوە دەستنیشانی بکە. کوڕەکانیشی بهێنە پێشەوە و کراسی دامێن درێژیان لەبەر بکە و کەمەربەندیان لە ناوقەد ببەستە. سەرپێچەکان بۆ هارون و کوڕەکانی توند بکە. کاهینیێتی دەبێتە فەرزێکی هەتاهەتایی بۆیان و ئەرک بە هارون و کوڕەکانی دەسپێریت.

10 «جوانەگاکە بهێنە پێش چادری چاوپێکەوتن و هارون و کوڕەکانی دەستیان لەسەر سەری جوانەگاکە دابنێن. 11 تۆش لەلای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن جوانەگاکە لەبەردەم یەزدان سەرببڕە. 12 لە خوێنی جوانەگاکە هەڵبگرە و بە پەنجەت لەسەر قۆچەکانی قوربانگاکەی بدە، هەموو خوێنەکەی دیکەش بڕژێنە بنکەی قوربانگاکە. 13 هەموو ئەو پیوەش کە هەناوی داپۆشیوە لەگەڵ ئەوەی لەسەر جگەر و گورچیلەکانە و هەردوو گورچیلەکە بهێنە و لەسەر قوربانگاکە بیانسووتێنە، 14 بەڵام کەلەشی جوانەگاکە و پێستەکەی و ڕیخەکەی لە دەرەوەی ئۆردوگاکە بە ئاگر بسووتێنە، ئەوە قوربانی گوناهە[a].

15 «یەکێکیش لە بەرانەکان بهێنە و هارون و کوڕەکانی دەستیان لەسەر سەری بەرانەکە دابنێن. 16 بەرانەکە سەرببڕە و خوێنەکەی هەڵبگرە و بەسەر هەموو لایەکی قوربانگاکەدا بیپرژێنە. 17 بەرانەکەش پارچەپارچە بکە و هەناو و قاچەکانی بشۆ و بیخە سەر پارچەکانی و سەرەکەی. 18 هەموو بەرانەکە لەسەر قوربانگاکە بسووتێنە، ئەمە قوربانی سووتاندنە بۆ یەزدان، بۆنی خۆشییە، قوربانی بە ئاگرە بۆ یەزدان.

19 «بەرانەکەی دیکە بهێنە و هارون و کوڕەکانی دەستیان لەسەر سەری بەرانەکە دابنێن. 20 بەرانەکە سەرببڕە و لە خوێنەکەی ببە و لە شلکەی گوێی[b] ڕاستی هارون و کوڕەکانی بدە، هەروەها لە پەنجە گەورەی دەستی ڕاست و پەنجە گەورەی پێی ڕاستیان بدە، پاشان خوێن بەسەر هەموو لایەکی قوربانگاکەدا بپرژێنە. 21 ئینجا لە خوێنی سەر قوربانگاکە و لە زەیتی دەستنیشانکردنەکە هەڵبگرە و بیپرژێنە بەسەر هارون و جلەکانی و بەسەر کوڕەکانی و جلی کوڕەکانی. ئینجا خۆی و جلەکانی و کوڕەکانی و جلی کوڕەکانی پیرۆز دەبن.

22 «لە بەرانەکە ئەمانە ببە، پیو و دوگ[c] و پیوەکەی هەناوی و سەر جگەر و گورچیلەکان و هەردوو گورچیلە و ڕانی ڕاستی، چونکە ئەمە بەرانی ئەرک پێ سپاردنەکەیە. 23 هەروەها لە سەبەتەی فەتیرەکە، ئەوەی لەبەردەم یەزدانە، نانێک و کولێرەیەک لەوەی بە زەیتە و ناسکە نانێک[d] ببە. 24 هەمووی بخە سەر دەستی هارون و کوڕەکانی و لەبەردەم یەزدان وەک قوربانی بەرزکردنەوە[e] بەرزی بکەنەوە. 25 دواتر لە دەستیان وەریبگرەوە و لەگەڵ قوربانی سووتاندنەکە لەسەر قوربانگاکە بیسووتێنە، بۆنی خۆشییە لەبەردەم یەزدان، قوربانی بە ئاگرە بۆ یەزدان. 26 لەدوای ئەوەی سنگی بەرانەکەی دیکە بۆ ئەرک پێ سپاردنی کاهینیێتی هارون ببە، وەک قوربانی بەرزکردنەوە لەبەردەم یەزدان بەرزی بکەوە، ئەمەش دەبێتە بەش بۆ تۆ.

27 «بەشەکانی بەرانی ئەرک پێ سپاردنەکە کە هی هارون و کوڕەکانییەتی، سنگە بەرزکراوەکە و ڕانە پێشکەشکراوەکە، تەرخان بکە. 28 ئەمەش دەبێتە بەشێکی چەسپاو بۆ هارون و کوڕەکانی لەلایەن نەوەی ئیسرائیلەوە، چونکە پێویستە نەوەی ئیسرائیل ئەم بەشە پیتاکە لە قوربانی هاوبەشییانەوە بدەنە یەزدان.

29 «جلوبەرگە پیرۆزەکانی هارونیش لەدوای مردنی خۆی بۆ نەوەکانی دەبێت، تاکو بەو جلانەوە دەستنیشان بکرێن و ئەرکیان پێ بسپێردرێت. 30 کوڕەکەی، ئەوەی وەک کاهین جێی دەگرێتەوە حەوت ڕۆژ لەبەری دەکات، کاتێک دێتە ناو چادری چاوپێکەوتن بۆ ئەوەی لە شوێنی پیرۆز خزمەت بکات.

31 «بەرانی ئەرک پێ سپاردنەکەش ببە و گۆشتەکەی لە شوێنێکی پیرۆز لێبنێ. 32 هارون و کوڕەکانی گۆشتی بەرانەکە و نانی ناو سەبەتەکە لەلای دەروازەکەی چادری چاوپێکەوتن بخۆن. 33 ئەوانە ئەم قوربانییانە دەخۆن کە بۆ کەفارەتیان کراون بۆ ئەرک پێ سپاردنیان و بۆ تەرخانکردنیان، بەڵام هیچ کەسێکی دیکە لێیان ناخوات، چونکە پیرۆزن. 34 ئەگەر لە گۆشتی بەرانی ئەرک پێ سپاردنەکەش یان لە نانەکە هەتا بەیانی مایەوە، ئەوا ئەوەی ماوەتەوە بە ئاگر بیسووتێنە و ناخورێت، چونکە پیرۆزە.

35 «ئاوا بۆ هارون و کوڕەکانی بکە، وەکو هەموو ئەوەی فەرمانم پێکردیت، حەوت ڕۆژ ئەرکیان پێ بسپێرە. 36 هەموو ڕۆژێک جوانەگایەک پێشکەش بکە وەک قوربانی گوناه بۆ کەفارەت، هەروەها قوربانگاکەش پاک بکەرەوە بەوەی کەفارەتی بۆ دەکەیت، هەروەها بە زەیت تەرخانی بکە. 37 حەوت ڕۆژ لەسەر قوربانگاکە کەفارەتی بۆ بکە و تەرخانی بکە، جا قوربانگاکە دەبێتە هەرەپیرۆز، هەموو ئەوەی بەر قوربانگاکە بکەوێت پیرۆز دەبێت.

38 «ئەمەش ئەوەیە کە لەسەر قوربانگاکە پێشکەشی دەکەیت، هەموو ڕۆژێک بە بەردەوامی دوو بەرخی نێری یەک ساڵە. 39 یەکێک لە بەرخەکان لە بەیانی پێشکەش بکە و بەرخی دووەمیش لە کاتی خۆرئاوابوون. 40 لەگەڵ دەیەکی ئێفەیەک[f] لە باشترین ئارد بە چارەکە هەینێک[g] زەیتی زەیتوونی گوشراو شێلرابێت و لە شەرابی پێشکەشکراویش چارەکە هەینێک شەراب، ئەمە بۆ بەرخی یەکەم. 41 هەروەها بەرخی دووەمیش لە کاتی خۆرئاوابوون پێشکەشی بکە، لەگەڵ پێشکەشەکراوی دانەوێڵەکەی و شەرابە پێشکەشکراوەکەی، وەک ئەوەی لە بەیانی کردووتە، بۆنی خۆشییە، قوربانی بە ئاگرە بۆ یەزدان.

42 «قوربانی سووتاندنی بەردەوامە بۆ نەوەکانتان لەلای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن لەبەردەم یەزدان، کە لەوێ لەگەڵتان ژووان دەبەستم بۆ ئەوەی لەوێ لەگەڵت بدوێم. 43 لەوێ ژووان لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل دەبەستم، جا بە شکۆمەندیم پیرۆز دەبێت.

44 «هەروەها چادری چاوپێکەوتن و قوربانگاکە تەرخان دەکەم، هارون و کوڕەکانیشی تەرخان دەکەم بۆ ئەوەی کاهینیێتیم بۆ بکەن. 45 لەنێو نەوەی ئیسرائیلدا نیشتەجێ دەبم و بۆیان دەبمە خودا. 46 جا دەزانن کە من یەزدانی پەروەردگاری خۆیانم، کە لە خاکی میسرەوە دەرمهێنان هەتا لەنێویان نیشتەجێ بم. من یەزدانی پەروەردگاری خۆیانم.

قوربانگای بخوور سووتاندن

30 «قوربانگای بخوور سووتاندنیش لە داری ئەکاسیا دروستبکە. درێژییەکەی باڵێک[h] و پانییەکەی باڵێک، چوار گۆشە بێت، بەرزاییەکەشی دوو باڵ[i]، قۆچەکانیش لە خۆی بێت. بە زێڕی بێگەردیش ڕووکەشی بکە، سەرەوەی و دیوارەکانی بە چواردەوریدا لەگەڵ قۆچەکانی، هەروەها چوارچێوەیەکی زێڕینیشی بە چواردەوردا بۆ دروستبکە. دوو ئەڵقەی زێڕینیشی بۆ دروستبکە، لەژێر چوارچێوەکەیەوە، لەسەر هەردوو لایەکەی دروستی بکە، بۆ ئەوەی ببنە گیرە بۆ دوو دار بۆ ئەوەی پێیان هەڵبگیرێت. دوو دارەکەش لە داری ئەکاسیا دروستبکە و بە زێڕ ڕووکەشیان بکە. قوربانگاکە لەپێش ئەو پەردەیە دادەنێیت کە لەبەردەم سندوقی پەیمانە، لەبەردەم قەپاغی کەفارەت کە لەسەر ئەو دوو تەختەی پەیمان، ئەوەی لەوێ چاوپێکەوتنت لەگەڵ دەکەم.

«هارون هەموو بەیانییەک بخووری بۆنخۆشی لەسەر بسووتێنێت، کاتێک چراکان ئامادە دەکات بیسووتێنێت. هەروەها کاتێک هارون ئێواران چراکان سەردەخات بیسووتێنێت، بخوورێکی بەردەوامە لەبەردەم یەزدان بۆ نەوەکانتان. هیچ بخووری دیکەی مەخەنە سەر، هەروەها قوربانی سووتاندن و دانەوێڵەی پێشکەشکراو، هیچ شەرابێکی پێشکەشکراویشی بەسەردا مەڕێژن. 10 هارونیش ساڵی جارێک کەفارەت لەسەر قۆچەکانی بکات، لە خوێنی قوربانی گوناه کە بۆ کەفارەتە، ساڵی جارێک کەفارەتی لەسەر دەکرێت بۆ نەوەکانتان، هەرەپیرۆزە بۆ یەزدان.»

زیوی کەفارەت

11 یەزدان بە موسای فەرموو: 12 «کاتێک سەرژمێری نەوەی ئیسرائیل دەکەیت، لە کاتی تۆمارکردنیان هەریەکە و نرخی ژیانی خۆی دەداتە یەزدان، ئیتر کارەساتیان تێناکەوێت کاتێک دەیانژمێریت. 13 هەر یەکێک دەژمێردرێت ئەمە بدات، ئەم نیو شاقلە[j] بە شاقلی پیرۆزگا، هەر شاقلێکیش بیست گێرایە[k]. بە پێشکەشکراو بۆ یەزدان دادەنرێت. 14 هەموو ئەوانەی دەژمێردرێن لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە، پێشکەشکراو دەدەنە یەزدان. 15 دەوڵەمەند زیاتر نادات و هەژاریش لە نیو شاقل کەمتر نادات، کاتێک پێشکەشکراوەکەی یەزدان بۆ کەفارەتی خۆتان دەدەن. 16 زیوی کەفارەتەکەش لە نەوەی ئیسرائیل وەردەگریت و بۆ خزمەتی چادری چاوپێکەوتن دایدەنێیت. بۆ نەوەی ئیسرائیل دەبێتە یادەوەری لەبەردەم یەزدان بۆ کەفارەتی گیانتان.»

حەوزێک بۆ شوشتن

17 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: 18 «حەوزێک لە بڕۆنز دروستبکە و ژێرەکەشی لە بڕۆنز بێت بۆ شوشتن، لەنێوان چادری چاوپێکەوتن و قوربانگاکەی دابنێ و ئاوی تێبکە. 19 هارون و کوڕەکانی دەست و پێیانی لێ بشۆن، 20 لە کاتی چوونە ژوورەوەیان بۆ چادری چاوپێکەوتن بە ئاو بیشۆن نەوەک بمرن. هەروەها کاتێک لە قوربانگاکە نزیک دەبنەوە بۆ خزمەت بۆ سووتاندنی قوربانی بە ئاگر بۆ یەزدان، 21 دەست و پێیان بشۆن نەوەک بمرن. ئەمەش دەبێتە فەرزێکی هەتاهەتایی بۆ هارون و بۆ وەچەکەی لە نەوەکانیان.»

زەیتی دەستنیشانکردن

22 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: 23 «تۆش بۆ خۆت باشترین بۆن ببە، پێنج سەد شاقل[l] ئاوی موڕ[m] و نیوەی ئەوە دوو سەد و پەنجا شاقل دارچینی بۆنخۆش و دوو سەد و پەنجا شاقل قامیشی بۆنخۆش، 24 کاسیاش[n] پێنج سەد شاقل، هەمووی بەگوێرەی شاقلی پیرۆزگا بێت، هەروەها لە زەیتی زەیتوونیش هەینێک[o]. 25 بەمانە زەیتی پیرۆز بۆ دەستنیشانکردن دروستبکە، تێکەڵ وەک دەستکردی عەتار، دەبێتە زەیتی پیرۆز بۆ دەستنیشانکردن. 26 ئینجا چادری چاوپێکەوتن و سندوقی پەیمان، 27 لەگەڵ مێزەکە و هەموو قاپوقاچاغەکانی و چرادانەکە و قاپوقاچاغەکانی و قوربانگاکەی بخوور و 28 قوربانگاکەی قوربانی سووتاندن و هەموو قاپوقاچاغەکانی و حەوزەکە و ژێرەکەی پێ چەور دەکەیت. 29 تەرخانیان بکە و دەبنە هەرەپیرۆز، هەر شتێک پێیان بکەوێت پیرۆز دەبێت.

30 «هارون و کوڕەکانیشی دەستنیشان بکە و تەرخانیان بکە بۆ ئەوەی کاهینیێتیم بۆ بکەن. 31 لەگەڵ نەوەی ئیسرائیلیش قسە بکە و بڵێ: ”ئەمە بۆ من دەبێتە زەیتێکی پیرۆز بۆ دەستنیشانکردنی کەسانێک لە نەوەکانتان. 32 نابێت بەسەر لەشی کەسدا بکرێت و نابێت بە پێوانەکانی وەک ئەو دروستبکرێت، ئەوەی پیرۆزە، دەبێت لەلاتان پیرۆز بێت. 33 هەرکەسێک وەک ئەوە عەتاری بکات و ئەو زەیتە لە کەسانی دیکە بدات، لەنێو گەلەکەیدا دەبڕدرێتەوە.“»

بخوور

34 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: «بۆنوبەرام بۆ خۆت ببە، مەستەکی و بۆنی گوێچکە ماسی و موڕی بۆنخۆش و بخووری سادە، بەشی یەکسان بن، 35 بیانکە بە بخووری بۆنخۆش، دەستکردی عەتار، سوێرکراوی بێگەرد و پیرۆز. 36 هەندێکی لێ ورد بکە وەک تۆز و لەبەردەم سندوقی پەیمان دایبنێ لەناو چادری چاوپێکەوتن، ئەوەی لەوێ چاوپێکەوتنت لەگەڵ دەکەم، دەبێتە هەرەپیرۆز بۆتان. 37 ئەو بخوورەی بە پێوانەی ئەو دروستی دەکەن نابێت بۆ خۆتانی دروستبکەن، لەلاتان پیرۆز دەبێت بۆ یەزدان، 38 هەرکەسێک وەک ئەوە دروستبکات هەتا بۆنی بکات، لەنێو گەلەکەیدا دەبڕدرێتەوە.»

بەسەلئێل و ئۆهۆلیئاب

31 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: «بڕوانە، ئەوا من بەسەلئێلی کوڕی ئوری کوڕی حوورم لە هۆزی یەهودا هەڵبژاردووە، لە ڕۆحی خوداشەوە پڕم کردووە لە دانایی و تێگەیشتن و زانیاری لە هەموو جۆرە پیشەگەرییەک. بۆ داهێنانی داهێنانەکان، بۆ کارکردن لە زێڕ و زیو و بڕۆنز، بۆ تاشین و ڕازاندنەوەی بەرد، بۆ دارتاشی و بۆ کارکردن لە هەموو پیشەیەک. من ئۆهۆلیئابی کوڕی ئەحیساماک کە لە هۆزی دانە، لەگەڵ ئەوم داناوە. توانام داوە بە هەموو پیاوێکی پیشەوەر تاکو هەموو ئەو کارانە بکەن کە فەرمانم پێکردیت: چادری چاوپێکەوتن، سندوقی پەیمان، قەپاغەکەی کەفارەت کە لەسەریەتی، هەموو کەلوپەلەکانی چادرەکە کە پێکهاتووە لە مێزەکە، قاپوقاچاغەکانی، چرادانەکە کە لە زێڕی بێگەردە و هەموو قاپوقاچاغەکانی، قوربانگاکەی بخوور، قوربانگاکەی قوربانی سووتاندن و هەموو قاپوقاچاغەکانی، حەوزەکە و ژێرەکەی، 10 هەروەها جلوبەرگە چنراوەکان، جلوبەرگە پیرۆزەکان بۆ هارونی کاهین و جلوبەرگی کوڕەکانی بۆ ئەنجامدانی کاهینیێتی، 11 زەیتەکەی دەستنیشانکردن، بخووری بۆنخۆش بۆ شوێنی پیرۆز. هەروەک هەموو ئەوەی فەرمانم پێکردیت، دەیکەن.»

ڕۆژی حەسانەوە (شەبات)

12 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: 13 «تۆ لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و بڵێ: ”دەبێت شەممەکانی[p] من بپارێزن، چونکە نیشانەیە لەنێوان من و ئێوە بۆ نەوەکانتان هەتا بزانن کە من یەزدانم ئەوەی پیرۆزتان دەکەم.

14 «”شەممە بپارێزن، چونکە پیرۆزە بۆتان، ئەوەی گڵاوی بکات دەبێت بکوژرێت، چونکە هەرکەسێک لەو پشووەدا کارێک بکات ئەوا لەنێو گەلەکەیدا دەبڕدرێتەوە. 15 شەش ڕۆژ کار دەکرێت، بەڵام لە ڕۆژی حەوتەم پشوودانی شەممەیە، پیرۆزە بۆ یەزدان، هەرکەسێک لە ڕۆژی شەممە کار بکات دەبێت بکوژرێت. 16 نەوەی ئیسرائیل شەممە بپارێزن، بۆ ئەوەی نەوەکانیان وەک پەیمانێکی هەتاهەتایی پەیوەست بن بە شەممەوە. 17 لەنێوان من و نەوەی ئیسرائیل نیشانەیەکە بۆ هەتاهەتایە، چونکە لە شەش ڕۆژدا یەزدان ئاسمان و زەویی دروستکرد و لە ڕۆژی حەوتەم لە کارکردن وەستا و پشووی دا.“»

18 کاتێک کە لە شاخی سینا لە قسەکانی بووەوە لەگەڵ موسا، دوو تەختەکەی پەیمانی دایە موسا، تەختەی بەرد بوون و بە پەنجەی خودا نووسرا بوون.

گوێرەکەی زێڕین

32 کاتێک گەل بینی موسا دواکەوت لە هاتنە خوارەوە لە کێوەکە، لەسەر هارون کۆبوونەوە و پێیان گوت: «وەرە! چەند خوداوەندێکمان بۆ دروستبکە لەپێشمانەوە بڕۆن، چونکە ئەم موسایە، ئەو پیاوەی ئێمەی لە خاکی میسرەوە دەرهێنا نازانین چی لێهات.»

هارونیش وەڵامی دانەوە: «ئەو گوارە زێڕانەی لە گوێی ژن و کوڕ و کچەکانتانە لێی بکەنەوە و بۆ منی بهێنن.» جا هەموو گەل ئەو گوارانەی لە گوێیان بوون لێیان کردنەوە و بۆ هارونیان هێنا. ئەویش لە دەستیانی وەرگرت و بە قاڵب شێوەی گوێرەکەیەکی داڕشت و بە قەڵەم و چەکوش ڕێکیخست، ئینجا گوتیان: «ئەی ئیسرائیل، ئەمە خوداوەندەکەمانە، ئەوەی ئێمەی لە خاکی میسرەوە دەرهێنا.»

کاتێک هارون ئەمەی بینی، قوربانگایەکی لەپێش گوێرەکەکە دروستکرد، بانگەوازی دا و گوتی: «بەیانی جەژنە بۆ یەزدان.» ئینجا بەیانی زوو هەستان و قوربانی سووتاندنیان سەرخست و قوربانی هاوبەشییان پێشکەش کرد، ئینجا گەل بۆ خواردن و خواردنەوە دانیشتن، پاشان بۆ ڕابواردن هەستانەوە.

جا یەزدان بە موسای فەرموو: «بڕۆ خوارەوە، چونکە گەلەکەت گەندەڵ بوو، ئەوەی لە خاکی میسرەوە هێناتە دەرەوە. زوو لایاندا لەو ڕێگایەی کە فەرمانم پێکردن، گوێرەکەیەکی لەقاڵبدراویان بۆ خۆیان دروستکردووە و کڕنۆشی بۆ دەبەن و قوربانی بۆ سەر دەبڕن، دەڵێن: ”ئەی ئیسرائیل، ئەمە خوداوەندەکەمانە، ئەوەی ئێمەی لە خاکی میسرەوە دەرهێنا.“»

هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: «تەماشای ئەم گەلەم کرد، ئەوان گەلێکی کەللەڕەقن. 10 ئێستاش لێمگەڕێ با تووڕەییم بەسەریاندا بێتە جۆش و کۆتاییان پێ بهێنم، تۆش دەکەمە گەلێکی مەزن.»

11 بەڵام موساش لە یەزدانی پەروەردگاری خۆی پاڕایەوە، گوتی: «یەزدان، بۆچی تووڕەییت بەسەر گەلەکەتدا دێتە جۆش، کە لە خاکی میسرەوە بە توانایەکی مەزن و دەستێکی بەهێزەوە دەرتهێنا؟ 12 بۆچی میسرییەکان بڵێن: ”بە نیازخراپی دەریهێنان هەتا لە کێوەکان بیانکوژێت و لەسەر ڕووی زەوی نەیانهێڵێت؟“ جۆشی تووڕەییت دابمرکێنەوە و ئەو سزایە ڕەت بکەرەوە کە فەرمووت بەسەر گەلەکەتدا دەیسەپێنیت. 13 ئیبراهیم و ئیسحاق و ئیسرائیلی خزمەتکارانت بەبیر بێتەوە کە بە گیانی خۆت سوێندت بۆیان خوارد و پێت فەرموون، ”نەوەکانتان زۆر دەکەم وەک ئەستێرەکانی ئاسمان و هەموو ئەم خاکەش کە باسم کرد، دەیدەمە نەوەکانتان و دەبێتە موڵکیان بۆ هەتاهەتایە.“» 14 ئینجا یەزدان پاشگەز بووەوە لەو کارەساتەی فەرمووی، کە ویستی بە گەلەکەی بکات.

15 موسا ڕووی وەرگێڕا و لە کێوەکە هاتە خوارەوە، دوو تەختەکەی پەیمانیشی لە دەست بوو، ئەو تەختانەی لە هەردوو ڕووەکەی نووسرابوون، لەم لاو لەو لاوە نووسرابوون. 16 تەختەکان دەستکردی خودان و نووسینەکەش نووسینی خودایە لەسەر تەختەکان نەخشێنراوە.

17 کاتێک یەشوع گوێی لە دەنگی گەل بوو کە هاواریان دەکرد، بە موسای گوت: «دەنگی جەنگە لە ئۆردوگاکە!»

18 ئەویش گوتی:

«نە دەنگی هاواری سەرکەوتنە،
    نە دەنگی هاواری دۆڕاندنە،
    بەڵکو دەنگی گۆرانییە، ئەوەی گوێم لێیە.»

19 ئەوە بوو کاتێک لە ئۆردوگاکە نزیک کەوتەوە، چاوی بە گوێرەکە و سەما کەوت، تووڕەیی موسا جۆشا و هەردوو تەختەکەی لە دەستیەوە فڕێدا و لە خوار کێوەکە شکاندنی. 20 هەروەها ئەو گوێرەکەیەی دروستیان کردبوو بردی و سووتاندی، هاڕی هەتا بووە تۆز، بەسەر ئاوەکەدا بەبای کرد و ئاوەکەی بە نەوەی ئیسرائیل خواردەوە.

21 موسا بە هارونی گوت: «ئەم گەلە چییان لێکردوویت هەتا ئەو گوناهە گەورەیەیان بەسەربهێنیت؟»

22 هارونیش گوتی: «با تووڕەیی گەورەم نەجۆشێت، خۆت دەزانیت چۆن دڵی ئەم گەلە مەیلی خراپەکاری هەیە. 23 پێیان گوتم: ”چەند خوداوەندێکمان بۆ دروستبکە لەپێشمانەوە بڕۆن، چونکە ئەم موسایە، ئەو پیاوەی ئێمەی لە خاکی میسرەوە دەرهێنا، نازانین چی لێهات.“ 24 منیش پێم گوتن: ”کێ زێڕی پێوەیە با لێی بکاتەوە و بمداتێ.“ ئینجا فڕێمدایە ناو ئاگر و ئەم گوێرەکەیەی لێ دەرچوو!»

25 موسا بینی گەل بەڕەڵا کراوە، چونکە هارون بەڕەڵای کردبوون هەتا ببنە گاڵتەجاڕ لەنێو بەرهەڵستکارانیان. 26 ئینجا موسا لە دەروازەی ئۆردوگاکە وەستا و گوتی: «کێ بۆ یەزدانە با بێتە لام.» ئیتر هەموو نەوەی لێڤی لێی کۆبوونەوە.

27 ئەویش پێی گوتن: «یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ”با هەریەکە شمشێرەکەی لە لاڕانییەوە ببەستێت، دەروازە بە دەروازە بە ئۆردوگاکەدا تێبپەڕن و بگەڕێنەوە، با هەریەکە بکوژێت، جا برای بێت یان هاوڕێ یان دراوسێ.“» 28 نەوەی لێڤیش بەم جۆرەیان کرد، هەروەک موسا گوتی، ئەو ڕۆژە نزیکەی سێ هەزار پیاو لە گەل کەوتن. 29 موسا گوتی: «ئەمڕۆ ئێوە تەرخان کراون بۆ یەزدان، لەبەر ئەوەی ئێوە لە دژی کوڕ و براکانتان بوون، ئیتر ئەمڕۆ بەرەکەتداری کردن.»

30 ئەوە بوو بۆ بەیانی موسا بە گەلی گوت: «ئێوە گوناهێکی گەورەتان کردووە، بەڵام ئێستا سەردەکەوم بۆ لای یەزدان، بەڵکو کەفارەتی گوناهەکەتان بکەم.»

31 ئیتر موسا گەڕایەوە لای یەزدان و گوتی: «ئای کە ئەم گەلە گوناهێکی گەورەی کرد و خوداوەندی زێڕینیان بۆ خۆیان دروستکرد، 32 بەڵام ئێستا لە گوناهیان خۆشبە، ئەگەر نا، لە پەڕتووکەکەی خۆت بمسڕەوە کە نووسیوتە.»

33 یەزدانیش بە موسای فەرموو: «ئەوەی گوناهی سەبارەت بە من کردبێت لە پەڕتووکی خۆم دەیسڕمەوە. 34 ئێستاش بڕۆ پێشڕەوی گەل بکە بۆ ئەو شوێنەی پێم گوتیت، فریشتەکەم وا لەپێشت دەڕوات، بەڵام کاتێک ڕۆژی سزادان هات، لەسەر گوناهەکانیان سزایان دەدەم.»

35 ئیتر یەزدان گەلی تووشی دەرد کرد لەسەر ئەوەی لەگەڵ گوێرەکەکە کردیان کە هارون دروستی کردبوو. 33 یەزدان بە موسای فەرموو: «لێرە بڕۆ، خۆت و ئەو گەلەی لە خاکی میسرەوە هێناتە دەرەوە، بڕۆنە ئەو خاکەی سوێندم بۆ ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب خوارد و فەرمووم: ”دەیدەمە نەوەکەت.“ فریشتەیەکیش لەپێشتەوە دەنێرم و کەنعانی و ئەموری و حیتی و پریزی و حیڤی و یەبوسییەکان ڕادەماڵم. بۆ خاکێک کە شیر و هەنگوینی لێ دەڕژێت، بەڵام من لەناوەندت سەرناکەوم، چونکە تۆ گەلێکی کەللەڕەقیت و نەوەک لە ڕێگا کۆتاییت پێ بهێنم.»

کاتێک گەل گوێیان لەم هەواڵە ناخۆشانە بوو، شینیان گێڕا و کەس خۆی نەڕازاندەوە. یەزدانیش بە موسای فەرمووبوو: «بە نەوەی ئیسرائیل بڵێ: ”ئێوە گەلێکی کەللەڕەقن، ئەگەر تەنها بۆ ساتێک سەرکەومە ناوتان، کۆتاییتان پێ دەهێنم. ئێستاش جوانکارییەکەت دابکەنە و بزانە چیت پێ دەکەم.“» ئینجا نەوەی ئیسرائیل لە کێوی حۆرێڤ بابەتەکانی جوانکارییان لە خۆیان کردەوە.

چادری چاوپێکەوتنی موسا

موساش چادرێکی دەهێنا و لە دەرەوەی ئۆردوگاکە، دوور لە ئۆردوگاکە هەڵیدەدا و ناوی لێنابوو «چادری چاوپێکەوتن»[q]. هەرکەسێک داوای ڕاوێژی لە یەزدان دەکرد، دەچوو بۆ ئەم چادرەی چاوپێکەوتن، ئەوەی لە دەرەوەی ئۆردوگاکە بوو. هەروەها هەر کاتێک موسا بۆ چادرەکە دەڕۆیشت، هەموو گەل هەڵدەستان و هەریەکە لە دەروازەی چادرەکەی خۆی ڕادەوەستا، دەیڕوانییە دوای موسا هەتا دەچووە ناو چادرەکەوە. کاتێک موسا دەچووە ناو چادرەکە ستوونێکی هەور دادەبەزی و لەبەر دەروازەی چادرەکە ڕادەوەستا، ئینجا یەزدان لەگەڵ موسا دەدوا. 10 گەلیش هەموویان ستوونی هەورەکەیان دەبینی لەبەر دەروازەی چادرەکە ڕاوەستاوە، هەموو گەل هەڵدەستان و کڕنۆشیان دەبرد، هەریەکە و لەبەر دەروازەی چادرەکەی خۆی. 11 یەزدانیش ڕووبەڕوو لەگەڵ موسا دەدوا، هەروەک یەکێک لەگەڵ برادەرەکەی بدوێت. کاتێکیش موسا دەگەڕایەوە ئۆردوگاکە، گەنجە خزمەتکارەکەی کە یەشوعی کوڕی نون بوو لەناو چادرەکە دەرنەدەچوو.

موسا و شکۆمەندی یەزدان

12 موسا بە یەزدانی گوت: «بڕوانە، تۆ بە منت فەرموو: ”ئەم گەلە سەربخە،“ بەڵام تۆ پێت نەناساندم کە کێ لەگەڵم دەنێریت، هەروەها تۆ فەرمووت: ”دەتناسم و ناویشت دەزانم و پەسەندیت لەبەرچاوم.“ 13 ئێستاش ئەگەر لەبەرچاوت پەسەندم، ڕێگای خۆتم فێر بکە، بۆ ئەوەی بتناسم، هەتا لەبەرچاوت پەسەند بم، هەروەها ببینە ئەم نەتەوەیەی کە گەلی خۆتە.»

14 یەزدان فەرمووی: «من لەگەڵتان دەبم و لەگەڵتان دەڕۆم و دەتانحەسێنمەوە.»

15 موساش پێی گوت: «ئەگەر تۆ لەگەڵمان نەبیت و لەگەڵمان نەڕۆیت، لێرەوە سەرمان مەخە. 16 بە چیش دەزانرێت کە من و گەلەکەت لەبەرچاوت پەسەندین، ئایا بە ڕۆیشتنت نییە لەگەڵمان؟ بەمە لە هەموو گەلانی سەر ڕووی زەوی جیا دەکرێینەوە.»

17 یەزدانیش بە موسای فەرموو: «هەروەها ئەم شتەش دەکەم کە باست کرد، چونکە لەبەرچاوم پەسەند بوویت و بە ناوت تۆم ناسی.»

18 ئینجا موسا گوتی: «شکۆمەندی خۆتم پیشان بدە.»

19 ئەویش فەرمووی: «هەموو چاکیم لەپێشت تێدەپەڕێنم. من کە ناوم یەزدانە، لەبەردەمی تۆ ناوی خۆم ڕادەگەیەنم. میهرەبان دەبم لەگەڵ ئەوەی میهرەبان دەبم و بە بەزەیی دەبم لەگەڵ ئەوەی بەزەییم پێیدا دێتەوە.»[r] 20 هەروەها فەرمووی: «ناتوانیت ڕووم ببینیت، چونکە کەس نییە بمبینێت و بژیێت.»

21 هەروەها یەزدان فەرمووی: «ئەوەتا شوێنێکم هەیە و لەسەر ئەو تاشەبەردە بوەستە. 22 کاتێک شکۆمەندیم تێدەپەڕێت، ئەوا دەتخەمە کەلێنێکی بەردەکە و هەتا تێدەپەڕم بە دەستم داتدەپۆشم، 23 دواتر دەستم هەڵدەگرم و تۆ لە دواوە دەمبینیت، بەڵام ڕووم نابینرێت.»

دوو تەختە بەردی نوێ

34 یەزدان بە موسای فەرموو: «دوو تەختە بەردی وەک ئەوانەی یەکەم بۆ خۆت بتاشە، منیش لەسەر دوو تەختەکە ئەو وشانە دەنووسمەوە کە لەسەر دوو تەختەکەی یەکەم جار بوون و تۆ شکاندت. بۆ بەیانیش ئامادە بە و لە بەیانیدا سەربکەوە بۆ سەر شاخی سینا. لەوێ لەسەر لووتکەی کێوەکە بۆم ڕاوەستە. کەس لەگەڵت سەرنەکەوێت و لە هەموو کێوەکە کەس نەبینرێت، هەروەها مەڕوماڵاتیش لەلای کێوەکە نەلەوەڕێنرێت.»

ئینجا موسا دوو تەختە بەردی وەک ئەوانەی یەکەم جاری تاشی و بەیانی زوو هەستا و بۆ شاخی سینا سەرکەوت، هەروەک یەزدان فەرمانی پێ کرد، لەگەڵ دەستیشی دوو تەختە بەردەکەی هەڵگرت. یەزدان لە هەورەوە دابەزی و لەوێ لەلای ڕاوەستا و ناوی خۆی ڕاگەیاند کە یەزدانە. ئینجا یەزدان لەبەردەمی تێپەڕی و ڕایگەیاند: «یەزدان، یەزدان، خودایەکی بە بەزەیی و میهرەبانە، پشوودرێژە و خۆشەویستی نەگۆڕ و دڵسۆزی زۆرە. خۆشەویستی نەگۆڕ دەپارێزێت بۆ هەزاران، لە تاوان و یاخیبوون و گوناه خۆشدەبێت، بەڵام تاوانباران ئەستۆپاک ناکات، بەڵکو لەسەر تاوانی باوکان سزای نەوەکان دەدات هەتا نەوەی سێیەم و چوارەم.»

موسا خێرا سەری دانەواند و کڕنۆشی برد، گوتی: «ئەی پەروەردگار، ئەگەر لەبەرچاوت پەسەندم، با پەروەردگار لەگەڵمان بڕوات، چونکە گەلێکی کەللەڕەقە، تۆش لە تاوان و گوناهمان خۆشبە و بمانکە بە موڵکی خۆت.»

10 ئەویش فەرمووی: «گوێ بگرە، پەیمانێکت لەگەڵ دەبەستم. لە بەرامبەر هەموو گەلەکەت کاری سەرسوڕهێنەری وا دەکەم کە لە هەموو زەویدا و لەناو هەموو نەتەوەکاندا نەکرابێت، هەموو ئەو گەلەش کە تۆ لەنێویاندایت کرداری یەزدان دەبینن، چونکە ئەوەی من لەگەڵ تۆ دەیکەم سامناکە. 11 ئەوەی ئەمڕۆ فەرمانت پێدەدەم بەجێی بهێنە. من ئەموری و کەنعانی و حیتی و پریزی و حیڤی و یەبوسییەکان لەپێشت دەردەکەم. 12 ئاگاداربن هیچ پەیمانێک لەگەڵ دانیشتووانی ئەو خاکە مەبەستن کە دێنە سەری، نەوەک ببنە تەڵە لەناوەندتان. 13 بەڵکو دەبێت ئێوە قوربانگاکانیان بڕووخێنن و بەردە تەرخانکراوەکانیان بشکێنن و ستوونە ئەشێراکانیان[s] ببڕنەوە. 14 کڕنۆش بۆ خودایەکی دیکە نەبەن، چونکە یەزدان ناوی ئیرەدارە، خودایەکی ئیرەدارە[t].

15 «نەوەک پەیمان لەگەڵ دانیشتووانی خاکەکە ببەستن، چونکە هەروەک لەشفرۆش[u] لەگەڵ چەندین کەس ڕادەبوێرێت، خەڵکی خاکەکەش لە جیاتی پەرستنی من، بت دەپەرستن، قوربانی بۆ خوداوەندەکانیان سەردەبڕن، داوەتتان دەکەن و ئێوەش لە قوربانییەکەیان دەخۆن. 16 کاتێک کچیان بۆ کوڕتان دەخوازن و ئەو کچانەی وەک لەشفرۆش بەدوای خوداوەندەکانی خۆیان دەکەون، وا دەکەن کوڕی ئێوەش وەک لەشفرۆش[v] بەدوای خوداوەندەکانی ئەوان بکەون.

17 «خوداوەندی لەقاڵبدراو دروستمەکەن.

18 «وەک فەرمانم پێکردوون، جەژنی فەتیرە بگێڕن، لە مانگی ئاڤیڤ حەوت ڕۆژ نانی فەتیرە بخۆن، چونکە ئێوە لە مانگی ئاڤیڤ لە میسر هاتنە دەرەوە.

19 «هەموو نۆبەرەی سکێک بۆ منە، هەروەها هەر نۆبەرەیەکی نێر لە ئاژەڵە ماڵییەکەشت لە گا و بەران، 20 نۆبەرەی گوێدرێژ بە بەرخێک بکڕنەوە، بەڵام ئەگەر نەیکڕنەوە، دەبێت ملی بشکێنن[w]، هەموو نۆبەرەیەک لە کوڕەکانتان بکڕنەوە.

«بە بەتاڵی لەبەردەمم ئامادە نابن.

21 «شەش ڕۆژ کار بکەن، بەڵام لە ڕۆژی حەوتەم شەممەیە، لە کاتی وەرزی کێڵان و لە کاتی دروێنەش پشوو بدەن.

22 «جەژنی هەفتەکان[x] بۆ خۆتان بگێڕن، یەکەم بەرهەمی دروێنەی گەنم و جەژنی کۆکردنەوە لە کۆتایی ساڵ[y]. 23 سێ جار لە ساڵێکدا هەموو نێرینەکانتان لەبەردەم یەزدانی باڵادەستی خودای ئیسرائیل ئامادە دەبن. 24 گەلان لەبەردەمتان دەردەکەم و سنوورەکانتان فراوان دەکەم، کەسیش چاونابڕێتە خاکەکەتان، کاتێک لە ساڵێکدا سێ جار دێن بۆ ئەوەی لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارتان ئامادە بن.

25 «خوێنی قوربانیم لەگەڵ شتی بە هەویرترش پێشکەش مەکەن، قوربانی جەژنی پەسخە بۆ بەیانی نەمێنێتەوە.

26 «باشترینی یەکەمین بەرهەمی زەوییەکەتان بۆ ماڵی یەزدانی پەروەردگارتان بهێنن.

«هیچ کاریلەیەک بە شیری دایکی لێمەنێن.»

27 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: «ئەم وتانە بنووسەوە، چونکە بەگوێرەی ئەو وتانە پەیمانم لەگەڵ تۆ و لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بەستووە.» 28 موسا چل شەو و چل ڕۆژ لەوێ بوو لەلای یەزدان، نانی نەخوارد و ئاوی نەخواردەوە، لەسەر دوو تەختەکەش وتەکانی پەیمانی نووسی، دە ڕاسپاردەکە.

دەموچاوی موسا دەدرەوشێتەوە

29 کاتێک موسا لە شاخی سینا دەهاتە خوارەوە، هەردوو تەختەکەی پەیمانی لەدەست بوو، لە هاتنە خوارەوەی لە کێوەکە موسا نەیزانی کە پێستی دەموچاوی دەدرەوشێتەوە، لەبەر قسەکردنی لەگەڵ یەزدان. 30 کاتێک هارون و هەموو نەوەی ئیسرائیل بینییان موسا وا دەموچاوی دەدرەوشێتەوە، ئیتر ترسان لێی نزیک ببنەوە. 31 بەڵام موسا بانگی کردن، ئیتر هارون و هەموو ڕابەرەکانی کۆمەڵ گەڕانەوە لای، موساش لەگەڵیان دوا. 32 دواتر هەموو نەوەی ئیسرائیل نزیک کەوتنەوە، ئەویش فەرمانی پێدان بە هەموو ئەوەی کە یەزدان لە شاخی سینا لەگەڵی دوابوو.

33 کاتێک موسا لە قسەکانی بووەوە لەگەڵیان، ڕووپۆشێکی لەسەر دەموچاوی دانا. 34 بەڵام موسا لە چوونە ژوورەوەی بۆ بەردەم یەزدان بۆ قسەکردن لەگەڵی ڕووپۆشەکەی لا دەدا هەتا دەچووە دەرەوە، دەچووە دەرەوە و لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل دەدوا سەبارەت بەوەی فەرمانی پێکرابوو. 35 هەر کاتێک نەوەی ئیسرائیل دەموچاوی موسایان دەبینی کە دەدرەوشایەوە، موسا ڕووپۆشەکەی دەخستەوە سەر دەموچاوی هەتا دەچووە ژوورەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ یەزدان بدوێت.

فەرمانی ڕۆژی شەممە

35 موسا هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیلی کۆکردەوە و پێی گوتن: «ئەمانە ئەو وشانەن کە یەزدان فەرمانی کردووە بکرێن، شەش ڕۆژ کار دەکرێت، بەڵام لە ڕۆژی حەوتەم بۆتان دەبێتە پیرۆز، پشوودانی شەممەیە بۆ یەزدان، ئەوەی کاری تێدا بکات دەبێت بکوژرێت. لە هەموو نشینگەکانتان نابێت لە ڕۆژی شەممە ئاگر بکرێتەوە.»

کەلوپەلەکانی چادری پەرستن

هەروەها موسا بە هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیلی گوت: «ئەمە ئەو شتەیە کە یەزدان فەرمانی پێ کردووە: لەلای خۆتانەوە پێشکەشکراو بۆ یەزدان ببەن، هەرکەسێک بە خواستی دڵی خۆی با پێشکەشکراو بۆ یەزدان بهێنێت، لە زێڕ و زیو و بڕۆنز؛ ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ، کەتانی ناسک و مووی بزن؛ پێستی بەرانی ڕەنگکراو بە ڕەنگی سوور و پێستی مانگای دەریا و داری ئەکاسیا؛ زەیتی زەیتوون بۆ چرا؛ بۆنوبەرام بۆ زەیتی دەستنیشانکردن و بۆ بخووری بۆنخۆش؛ بەردی عاشقبەند و بەردی گرانبەهای دیکە بۆ ئێفۆد و بۆ بەرسینە.

10 «با هەموو بەهرەمەندێکیش لەنێوتان بێت و ئەوە بکات کە یەزدان فەرمانی پێ کردووە: 11 چادری پەرستن و ڕەشماڵەکەی و پۆشەر و فاق و چوارچێوە و کاریتە و کۆڵەکە و بنکەکانی؛ 12 سندوقەکە و دارەکانی و قەپاغی کەفارەت و پەردەکەی شوێنی هەرەپیرۆز؛ 13 مێزەکە و دارەکانی و هەموو قاپوقاچاغەکانی و نانی تەرخانکراو بۆ خودا؛ 14 چرادانەکەی ڕووناکی و قاپوقاچاغ و چراکانی و زەیت بۆ ڕووناکی؛ 15 قوربانگاکەی بخوور و دوو دارەکەی و زەیتی دەستنیشانکردن و بخووری بۆنخۆش؛ پەردەکەی دەروازە بۆ دەروازەی چادرەکەی پەرستن؛ 16 قوربانگاکەی قوربانی سووتاندن و کەتیبە بڕۆنزییەکەی، دوو دارەکەی و هەموو قاپوقاچاغەکەی و حەوزەکە و ژێرەکەی؛ 17 پەردەکانی حەوشە و کۆڵەکە و بنکەکانی و پەردەی دەروازەی حەوشەکە؛ 18 سنگەکانی چادرەکەی پەرستن و سنگەکانی حەوشەکە و گوریسەکانیان؛ 19 جلوبەرگە چنراوەکانی خزمەتکردن لە پیرۆزگا، جلوبەرگە پیرۆزەکەی هارونی کاهین و جلوبەرگی کوڕەکانی بۆ کاهینیێتی.»

20 ئینجا هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل لەبەردەم موسا کشانەوە. 21 دواتر هەموو ئەوانەی لە دڵیاندا بوو و ڕۆحیان خواستی، هاتن و پیتاکی یەزدانیان هێنا بۆ دروستکردنی چادری چاوپێکەوتن بۆ هەموو خزمەتەکە و بۆ جلوبەرگە پیرۆزەکان. 22 هەموو پیاوان و ژنان هاتن، هەموو بە خواستی دڵیان خەزێم و گوارە و ئەنگوستیلە و ملوانکە و هەموو خشڵێکی زێڕیان هێنا، هەرکەسێک زێڕی خۆی وەک قوربانی بەرزکردنەوە بۆ یەزدان بەرزکردەوە. 23 هەرکەسێکیش کە ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ، کەتانی ناسک، مووی بزن، پێستی بەرانی ڕەنگکراو بە ڕەنگی سوور، یان پێستی مانگای دەریای هەبوو هێنای. 24 کەسانێک هەبوون پیتاکی زیو و بڕۆنزیان پێشکەشی یەزدان کرد، کەسانێکیش هەبوون داری ئەکاسیایان هێنا بۆ بەکارهێنانی لە هەر خزمەتێکدا. 25 هەموو ژنێکی بەهرەمەندیش بە دەست ڕستنی ڕست و ڕیسەکەی هێنا، ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ و کەتانی ناسک. 26 هەموو ئەو ئافرەتانەش کە لەسەر دڵیان بوو بە داناییەوە مووی بزنیان ڕست. 27 سەرکردەکانیش بەردی عاشقبەند و بەردەکانی ڕازاندنەوەی ئێفۆد و بەرسینەکەیان هێنا. 28 هەروەها بۆن و زەیت بۆ ڕووناکی و بۆ زەیتی دەستنیشانکردن و بخووری بۆنخۆش. 29 هەموو ئەو پیاو و ئافرەتانەی ئیسرائیلیش کە لەسەر دڵیان بوو دیارییەک پێشکەش بکەن، هاتن و بەخشینیان هێنا بۆ ڕاپەڕاندنی هەموو ئەو کارانەی یەزدان کە لە ڕێگەی موسا فەرمانی پێکردبوون.

بەسەلئێل و ئۆهۆلیئاب

30 موساش بە نەوەی ئیسرائیلی گوت: «بڕوانن، یەزدان بەسەلئێلی کوڕی ئوری کوڕی حووری لە هۆزی یەهودا هەڵبژاردووە، 31 لە ڕۆحی خوداشەوە پڕی کردووە لە دانایی و تێگەیشتن و زانیاری لە هەموو جۆرە پیشەگەرییەک، 32 بۆ داهێنانی داهێنانەکان، بۆ کارکردن لە زێڕ و زیو و بڕۆنز، 33 بۆ تاشین و ڕازاندنەوەی بەرد، بۆ دارتاشی و بۆ کارکردن لە هەموو جۆرە پیشە و داهێنانێک. 34 فێرکردنیشی لە دڵی داناوە، ئەو و ئۆهۆلیئابی کوڕی ئەحیساماک کە لە هۆزی دانە. 35 پڕی کردوون لە بەهرەمەندی بۆ ئەنجامدانی هەموو جۆرە کارێک، تاشین و داهێنان، چنین لە ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ، کەتانی ناسک و هەموو کارێکی ڕستن، وەستای هەموو کارێک و داهێنەری داهێنانەکان. 36 ئیتر بەسەلئێل و ئۆهۆلیئاب و هەموو پیاوێکی بەهرەمەند کە یەزدان دانایی و تێگەیشتنی پێدابن هەتا بزانن چۆن کار بکەن لە هەموو کاری خزمەتکردنەکە لە پیرۆزگا، دەبێت بەگوێرەی هەموو ئەوەی یەزدان فەرمانی پێ کردوون بیکەن.»

ئینجا موسا بەسەلئێل و ئۆهۆلیئاب و هەموو کەسێکی کارامە کە یەزدان توانای پێدابوو و خواستی ئەوەی هەبوو بێت بۆ کارکردن بانگی کردن. هەموو ئەو پیتاکەیان لە موسا وەرگرت، ئەوەی نەوەی ئیسرائیل هێنابوویان بۆ کاری خزمەتکردن لە بنیادنانی پیرۆزگا، ئەوانیش بە خواستی خۆیان هەموو بەیانییەک بەخشینیان بۆی دەهێنا. ئینجا هەموو ئەو پیشەوەرە کارامانەی کە لە پیرۆزگادا کاریان دەکرد، کارەکەیان بەجێهێشت و هاتنە لای موسا و پێیان گوت: «گەل لە پێویستی ئەو کارەی خزمەت کە یەزدان فەرمانی بە دروستکردنی کردووە زیاتر دەهێنن.»

ئیتر موسا فەرمانی دا و لە ئۆردوگاکە بانگەواز کرا، گوترا: «با هیچ پیاوێک یان ژنێک ئیتر شت دروستنەکەن بۆ پیتاک بۆ پیرۆزگا.» جا گەل لە هێنان وەستان، کەرەستەکانیش بەشی هەموو کارێکی کردن بۆ ئەوەی بیکەن و زیاتریش بوو.

چادری پەرستن

هەموو بەهرەمەندێک لەوانەی کاریان لە دروستکردنی چادرەکەی پەرستن دەکرد، دە پڵاسیان[z] لە کەتانی ڕستراو و ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ دروستکرد، لەگەڵ وێنەی کەڕوبەکان[aa] بە دەستکردی جۆڵایەکی شارەزا دروستیان کردن. درێژایی هەر پڵاسێک بیست و هەشت باڵ و پانییەکەی چوار باڵ بوو،[ab] یەک ئەندازەش بۆ هەموو پڵاسەکان. 10 پێنج پڵاس پێکەوە بەستران و پێنجەکەی دیکەش پێکەوە بەسترانەوە. 11 ئەڵقەشی لە ڕیسی مۆر لەسەر لێواری پڵاسە لاوەکییەکانی پارچەی یەکەم دروستکرد، هەمان شتی بۆ لێواری پڵاسە لاوەکییەکانی پارچەی دووەم کرد. 12 پەنجا ئەڵقەی بۆ پڵاسی یەکەم دروستکرد و پەنجا ئەڵقەی دیکەش بۆ لای ئەو پڵاسەی کە لە پارچەکەی دووەمە، ئەڵقەکانیش بەرامبەر یەکتری بوون. 13 پەنجا فاقی[ac] زێڕیشی دروستکرد. بە فاقەکان پڵاسەکانی هەریەکە و لەوەی تەنیشتی بەستەوە، ئیتر چادری پەرستن بووە یەک پارچە.

14 هەروەها ڕەشماڵێکی لە یازدە پڵاس لە مووی بزن دروستکرد و سەری چادری پەرستنی پێ گرت. 15 درێژایی هەر پڵاسێک سی باڵ[ad] و پانی چوار باڵ[ae] بوو، یەک ئەندازەش بۆ هەر یازدە پڵاسەکە. 16 پێنجی لە پڵاسەکان پێکەوە بەستەوە و شەشەکەی دیکەش پێکەوە. 17 پەنجا ئەڵقەی لەسەر لێواری پڵاسی کۆتایی پارچەی یەکەم دروستکرد، پەنجا ئەڵقەش لەسەر لێواری پڵاسی کۆتایی پارچەی دووەم. 18 پەنجا فاقی بڕۆنزیشی دروستکرد بۆ بەیەکەوە بەستنەوەی چادرەکە هەتا ببێتە یەک پارچە. 19 پۆشەرێکیشی لە پێستی بەرانی ڕەنگکراو بە ڕەنگی سوور بۆ چادرەکە دروستکرد، پۆشەرێکیش لە پێستی مانگای دەریا لە سەرەوە.

20 چوارچێوەشی[af] لە داری ئەکاسیا بە ستوونی بۆ چادرەکەی پەرستن دروستکرد. 21 درێژایی هەر چوارچێوەیەک دە باڵ و پانی باڵ و نیوێک بوو.[ag] 22 دوو زمانەشی بۆ هەر چوارچێوەیەک دروستکرد بۆ جووتکردنی لەگەڵ چوارچێوەکەی تەنیشتی، بۆ هەریەک لە چوارچێوەکانی چادرەکەی پەرستن ئاوای کرد. 23 چوارچێوەکانی چادرەکەی پەرستنیش، بیستیانی لەلای باشوور دروستکرد، 24 چل بنکەی زیویشی لەژێر بیست چوارچێوەکە دروستکرد، دوو بنکە لەژێر هەر چوارچێوەیەک بۆ دوو پێچکەکەی. 25 بیست چوارچێوەی بۆ لای باکووری چادرەکەی پەرستن دروستکرد. 26 چل بنکەی زیویشی هەبوو، دوو بنکە لەژێر چوارچێوەیەک و دوو بنکە لەژێر چوارچێوەیەکی دیکە. 27 بۆ پشتی چادرەکەی پەرستنیش بەرەو ڕۆژئاوا شەش چوارچێوە، 28 دوو چوارچێوەشی بۆ گۆشەکانی دواوەی چادرەکەی پەرستن دروستکرد. 29 لە خوارەوە جووت بوون و هەتا سەرەوە یەک بوون، هەتا بازنەکەی سەرەوە، بۆ هەردوو گۆشەکە ئاوای کرد. 30 ئینجا هەشت چوارچێوە بوون و بنکە زیوەکانیشیان شازدە، هەر دوو بنکە لەژێر چوارچێوەیەک.

31 پێنج کاریتەشی لە داری ئەکاسیا بۆ چوارچێوەکانی لایەکی چادرەکەی پەرستن دروستکرد، 32 پێنج کاریتەش بۆ چوارچێوەکانی لایەکەی دیکەی چادرەکەی پەرستن، پێنج کاریتەش بۆ چوارچێوەکانی لای دواوەی چادرەکەی پەرستن لەلای ڕۆژئاوا. 33 کاریتەکەی ناوەڕاستیشی وا دروستکرد بەنێو چوارچێوەکاندا تێبپەڕێت، لەم سەرەوە بۆ ئەو سەر. 34 چوارچێوەکانیشی بە زێڕ ڕووکەش کرد و بازنەکانیشی کە کاریتەکانی دەچنە ناو لە زێڕ دروستی کرد، کاریتەکانیشی بە زێڕ ڕووکەش کرد.

35 پەردەیەکیشی لە ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ و کەتانی ڕستراو دروستکرد، بە دەستکردی جۆڵایەکی شارەزاش وێنەی کەڕوبەکانی لەسەر دروستکرد. 36 چوار کۆڵەکەشی لە داری ئەکاسیا دروستکرد و بە زێڕ ڕووکەشی کردن، قولاپەکانیشیان لە زێڕ بوون. چوار بنکەی زیویشی بۆ داڕشتن. 37 پەردەی دەروازەشی بۆ دەرگای چادرەکە لە ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ و کەتانی ڕستراو دروستکرد، چنراو بە دەستکردی جۆڵایەک، 38 پێنج کۆڵەکەکەی و قولاپەکانیشیان، سەرەکانی و ئەڵقەکانیشی بە زێڕ ڕووکەش کرد، پێنج بنکەکەشی لە بڕۆنز بوون.

سندوقی پەیمان

37 بەسەلئێلیش لە داری ئەکاسیا سندوقەکەی دروستکرد، درێژییەکەی دوو باڵ و نیو و پانییەکەی باڵ و نیوێک و بەرزییەکەی باڵ و نیوێک.[ah] ڕووی ناوەوە و دەرەوەی بە تەواوی بە زێڕی بێگەرد ڕووکەش کرد و بە چواردەوریشیدا چوارچێوەی زێڕینی بۆ دروستکرد. چوار بازنەی زێڕینیشی بۆ داڕشت و لەسەر چوار پایەکەی دانا، دوو بازنە لەلایەک و دوو بازنەش لەلایەکەی دیکەی. دوو داریشی لە داری ئەکاسیا دروستکرد و بە زێڕ ڕووکەشی کردن. دوو دارەکەشی خستە ناو بازنەکانی سەر هەردوو لای سندوقەکە، بۆ هەڵگرتنی سندوقەکە.

قەپاغی کەفارەتیشی لە زێڕی بێگەرد دروستکرد کە دوو باڵ و نیو[ai] درێژییەکەی و باڵ و نیوێک[aj] پانییەکەی بوو. دوو کەڕوبی لە زێڕی کوتراو دروستکرد، بە هەردوو لای قەپاغی کەفارەتی وەکرد. کەڕوبێکی لەلایەک دروستکرد و کەڕوبەکەی دیکەش لەلایەکەی دیکە، لەگەڵ قەپاغەکەی کەفارەت یەک پارچە دەبن. کەڕوبەکانیش باڵیان بۆ سەرەوە لێک کردبووەوە، بە باڵەکانیان سێبەریان بەسەر قەپاغی کەفارەتەکەوە کردبوو. کەڕوبەکان ڕووبەڕوو بوون و ڕوویان لە قەپاغی کەفارەتەکە بوو.

مێزەکە

10 مێزەکەشی لە داری ئەکاسیا دروستکرد، درێژییەکەی دوو باڵ و پانییەکەی باڵێک و بەرزییەکەی باڵ و نیوێک بوو.[ak] 11 بە زێڕی بێگەردیش ڕووکەشی کرد و چوارچێوەیەکی زێڕینیشی لە چواردەوری دروستکرد. 12 لێوارێکیشی بە پانی چوار پەنجە لە چواردەوری دروستکرد و چوارچێوەیەکی زێڕینیشی بۆ لێوارەکە لە دەوری دانا. 13 چوار بازنەی زێڕینیشی بۆ داڕشت، بازنەکانی لەسەر هەر چوار گۆشەکەی چوار پایەکەی دانا. 14 بازنەکان لەلای لێوارەکە بوونە گیرە بۆ دوو دار بۆ هەڵگرتنی مێزەکە. 15 دوو دارەکەشی لە داری ئەکاسیا دروستکرد و بە زێڕ ڕووکەشی کردن بۆ هەڵگرتنی مێزەکە. 16 قاپوقاچاغەکانی سەر مێزەکەش، لەگەن و قاپەکانی، هەروەها تاس و دۆلکەکانی کە پێیان دەڕژێنرێت بۆ شەرابی پێشکەشکراو لە زێڕی بێگەرد دروستی کردن.

چرادانەکە

17 چرادانەکەشی لە زێڕی بێگەرد دروستکرد، ژێر چرادانەکە و قەدەکەی لە زێڕی کوتراو دروستکرد، کاسەکانی و گرێیەکانی و خونچەکانی لە خۆی بوون. 18 شەش لقیش لە هەردوو لایەوە دەرچووبوو، سێ لق چرادان لەلایەک و سێ لق چرادان لەلایەکەی دیکە. 19 سێ کاسەی بادەمی لە لقێک بە گرێ و خونچەوە و سێ کاسەی بادەمی لە لقێکی دیکە بە گرێ و خونچەوە، ئاوا هەتا لقی شەشەم کە لە چرادانەکەوە دەرچووبوون. 20 هەروەها لە چرادانەکە چوار کاسەی بادەمی بە گرێ و خونچەکانیانەوە هەبوو. 21 هەر جووتێک لق لە شەش لقەکە گرێیەکیان لەژێر بوو، هەتا شەشەم لق کە لە چرادانەکە دەرچووبوو. 22 گرێ و لقەکان لە خۆی بوون، هەمووشیان لە زێڕی بێگەردی کوتراو بوون.

23 حەوت چراشی بۆ دروستکرد، مەقاش و مەقەڵییەکانیشی لە زێڕی بێگەرد بوون. 24 چرادانەکە و هەموو کەلوپەلەکانی لە تالنتێک[al] زێڕی بێگەرد دروستکرد.

قوربانگاکەی بخوور

25 قوربانگاکەی بخووریشی لە داری ئەکاسیا دروستکرد، درێژییەکەی باڵێک[am] و پانییەکەی باڵێک، چوار گۆشە بوو، بەرزاییەکەشی دوو باڵ[an] بوو، قۆچەکانیش لە خۆی بوون. 26 بە زێڕی بێگەردیش ڕووکەشی کرد، سەرەوەی و دیوارەکانی بە چواردەوریدا لەگەڵ قۆچەکانی، هەروەها چوارچێوەیەکی زێڕینیشی بە چواردەوردا بۆ دروستکرد. 27 دوو ئەڵقەی زێڕینیشی بۆ دروستکرد، لەژێر چوارچێوەکەیەوە، لەسەر هەردوو لایەکەی، بوونە گیرە بۆ دوو دار بۆ ئەوەی پێیان هەڵبگیرێت. 28 دوو دارەکەشی لە داری ئەکاسیا دروستکرد و بە زێڕ ڕووکەشی کردن.

29 زەیتی پیرۆزیان بۆ دەستنیشانکردن دروستکرد، بخوورەکەشیان بۆنخۆش و بێگەرد دروستکرد، کە دەستکردی عەتار بوون.

قوربانگاکەی قوربانی سووتاندن

38 قوربانگاکەی قوربانی سووتاندنیشی لە داری ئەکاسیا دروستکرد، درێژییەکەی پێنج باڵ[ao] و پانییەکەی پێنج باڵ بوو، قوربانگاکە چوارگۆشە بوو، بەرزاییەکەشی سێ باڵ[ap] بوو. قۆچەکانیشی لەسەر هەر چوار گۆشەکەی بوون، قۆچەکان لە خۆی بوون و بە بڕۆنز ڕووکەشی کرد. هەموو قاپوقاچاغی قوربانگاکەشی دروستکرد، تەشت و خاکەناز و تاس و چەنگاڵ و مەقەڵییەکان، هەموو قاپوقاچاغەکەی لە بڕۆنز دروستکرد. کەتیبەیەکیشی بۆ قوربانگاکە دروستکرد، وەک تۆڕێکی بڕۆنز، لەژێر لێوارەکەی داینا، لە خوارەوە هەتا ناوەڕاست. چوار ئەڵقەشی لە هەر چوار لای کەتیبە بڕۆنزییەکە داڕشت، وەک گیرە بۆ دوو دار. دوو دارەکەشی لە داری ئەکاسیا دروستکرد و بە بڕۆنز ڕووکەشی کردن. دوو دارەکەی خستە ناو ئەڵقەکانەوە، لە هەردوو لای قوربانگاکەوە، بۆ ئەوەی بەوان هەڵیبگرن، قوربانگاکەشی لە تەختە دروستکرد و ناوەکەی بۆش بوو.

حەوزەکەی شوشتن

حەوزەکەشی لە بڕۆنز دروستکرد و ژێرەکەشی لە بڕۆنز بوو، لە ئاوێنە بڕۆنزییەکانی ئەو ئافرەتە خزمەتکارانەی لەلای دەروازەکەی چادری چاوپێکەوتن خزمەتیان دەکرد.

حەوشەکە

حەوشەی چادرەکەی پەرستنیشی لەلای باشوور دروستکرد، پەردەکانی حەوشەکەش لە کەتانی ڕستراو بوون بە درێژی سەد باڵ[aq]. 10 کۆڵەکەکانیشی بیست دانە و بیست بنکەی بڕۆنزیشی هەبوو. قولاپی کۆڵەکەکان و ئەڵقەکانیشی لە زیو بوون. 11 بەلای باکووریش سەد باڵ، کۆڵەکەکانیشی بیست دانە و بیست بنکەی بڕۆنزیشی هەبوو. قولاپی کۆڵەکەکان و ئەڵقەکانیشی لە زیو بوون.

12 بەلای ڕۆژئاواش پەردەکان پەنجا باڵ[ar] بوون، کۆڵەکەکانیش دە دانە و بنکەکانیش دە، قولاپی کۆڵەکەکان و ئەڵقەکانی لە زیو بوون. 13 لەلای ڕۆژهەڵاتیش ڕووەو خۆر هەڵات پەنجا باڵ. 14 چەند پەردەیەکیش بۆ لایەکی جێگای چوونە ژوورەوەی حەوشەکە بە درێژی پازدە باڵ[as]، کۆڵەکەکانی سێ و بنکەکانیش سێ بوون. 15 بۆ لایەکەی دیکەی چوونە ژوورەوەی حەوشەکەش چەند پەردەیەک بە درێژایی پازدە باڵ، کۆڵەکەکانی سێ و بنکەکانیشی سێ بوون. 16 هەموو پەردەکانی حەوشەکەش بە چواردەوریدا لە کەتانی ڕستراو بوون. 17 هەموو بنکەکانی کۆڵەکەکانیش لە بڕۆنز بوون، قولاپی کۆڵەکە و ئەڵقەکانیان لە زیو بوون، سەرەکانیان بە زیو ڕووکەش کرابوون، هەموو کۆڵەکەکانی حەوشەکە بە ئەڵقەی زیو پێکەوە بەسترابوون.

18 پەردەی دەروازەش بۆ دەرگای حەوشەکە، لە ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ و کەتانی ڕستراو بە دەستکردی جۆڵایەک چنرابوو، درێژییەکەی بیست باڵ[at] و بەرزییەکەی بە پانی پێنج باڵ[au] هەروەک پەردەکانی حەوشەکە. 19 کۆڵەکەکانیشی چوار و بنکەکانیشی چوار بوون کە ئەوانیش لە بڕۆنز بوون، قولاپەکانی لە زیو بوون، سەرەکانی ڕووکەش کرابوون، ئەڵقەکانی لە زیو بوون. 20 هەموو سنگەکانی چادرەکەی پەرستن و حەوشەکە بە چواردەوریدا لە بڕۆنز بوون.

بەکارهێنانی کانزا بەخشراوەکان

21 ئەمەش بڕی کانزاکانی چادرەکەی پەرستنە، چادری پەیمان، بەپێی فەرمانی موسا لەلایەن لێڤییەکان تۆمارکرا، بە سەرپەرشتی ئیتاماری کوڕی هارونی کاهین. 22 بەسەلئێلی کوڕی ئوری کوڕی حووریش کە لە هۆزی یەهودایە، هەموو ئەو شتانەی یەزدان فەرمانی بە موسا کرد جێبەجێی کرد، 23 ئۆهۆلیئابی کوڕی ئەحیساماکی لەگەڵ بوو کە لە هۆزی دانە، نەخشێنەر و داهێنەر و جۆڵا لە ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ و کەتانی ناسک. 24 هەموو ئەو زێڕەی بەکارهێنرا بۆ هەموو کارەکانی پیرۆزگا، زێڕی بەخشراو بوو وەک قوربانی بەرزکردنەوە، بیست و نۆ تالنت و حەوت سەد و سی شاقل[av] بە شاقلی پیرۆزگا.

25 زیوی سەرژمێرکراوەکانی کۆمەڵەکەش، سەد تالنت و هەزار و حەوت سەد و حەفتا و پێنج شاقل[aw] بە شاقلی پیرۆزگا. 26 نیوە بۆ هەر سەرێک، نیو شاقل[ax] بە شاقلی پیرۆزگا بۆ هەرکەسێک لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە سەرژمێر کرابێت، بۆ شەش سەد و سێ هەزار و پێنج سەد و پەنجا کەس. 27 سەد تالنتیش لە زیوەکە[ay] بۆ داڕشتنی بنکەکانی پیرۆزگا و بنکەکانی پەردەکە[az] بەکارهات، سەد بنکە بۆ سەد کێش، کێشێک بۆ بنکەیەک. 28 هەزار و حەوت سەد و حەفتا و پێنج شاقلەکەش قولاپی لێ دروستکرا و سەری کۆڵەکەکانی پێ ڕووکەش کرا، هەروەها ئەڵقە پێکەوەی بەستنی لێ دروستکرا.

29 بڕۆنزە بەخشراوەکەش وەک قوربانی بەرزکردنەوە، حەفتا تالنت و دوو هەزار و چوار سەد شاقل[ba] بوو، 30 بەویش بنکەکانی دەروازەی چادری چاوپێکەوتن و قوربانگا بڕۆنزییەکە و کەتیبە بڕۆنزییەکەی و هەموو قاپوقاچاغەکانی قوربانگاکە دروستکران، 31 هەروەها بنکەکانی حەوشەکە بە چواردەوریدا و بنکەکانی دەروازەی حەوشەکە و هەموو سنگەکانی چادرەکەی پەرستن و هەموو سنگەکانی حەوشەکە بە چواردەوریدا.

جلوبەرگی کاهینیێتی

39 لە ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ جلوبەرگی چنراویان دروستکرد بۆ خزمەت لە پیرۆزگا، جلوبەرگە پیرۆزەکەشیان بۆ هارون دروستکرد، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.

ئێفۆدەکە

ئێفۆدەکەیان لە زێڕ و ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ و کەتانی ڕستراو دروستکرد. پارچە زێڕیشیان کوتی هەتا باریکیان کردەوە و وەک داو بڕییان بۆ ئەوەی لەناو ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ و کەتانی ناسک بە دەستکردی داهێنەر بەکاریبهێنن. دوو شانی لە یەک بەستراویشیان بۆ دروستکرد، بە هەردوو لایەوە بەسترابوون. پشتبەستی ئێفۆدەکە کە لەسەریەتی، لە هەمان پارچە و هەمان دەستکرد بوو، لە زێڕ و ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ و کەتانی ڕستراو بوو، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.

دوو بەردی عاشقبەندیشیان چەسپ کرد، دەوردراو بە چوارچێوەی زێڕین، نەخشێنراو وەک نەخشی ئەنگوستیلە بەپێی ناوی کوڕەکانی ئیسرائیل. دوو بەردەکەشی خستە سەر دوو شانی ئێفۆدەکە، دوو بەردی یادگاری بۆ نەوەی ئیسرائیل، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.

بەرسینەکە

بەرسینەکەشی وەک دەستکردی ئێفۆدەکە بە دەستی وەستای کارامە دروستکرد، لە زێڕ و ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ و کەتانی ڕستراو. بەرسینەکەیان چوارگۆشە و دووبەر دروستکرد، درێژییەکەی بستێک[bb] و پانییەکەی بستێک. 10 بە چوار ڕیز بەرد ڕازاندیانەوە، لە ڕیزی یەکەم یاقووت[bc] لەگەڵ یاقووتی زەرد و زمروودی سەوز؛ 11 ڕیزی دووەم بەردە پیرۆزە و یاقووتی شین و زمروود؛ 12 ڕیزی سێیەم یاقووتی زەعفەرانی و کریستاڵی هەورین و جەمشت؛ 13 ڕیزی چوارەمیش زەبەرجەد و بەردی عاشقبەند و یەشب. بە چوارچێوەی زێڕینیش ڕازاندبوویەوە. 14 بەردەکانیش دوازدە بوون وەک ناوی کوڕەکانی ئیسرائیل بەپێی ناوەکانیان، وەک نەخشی ئەنگوستیلە هەریەکە بەپێی ناوەکەی بوو بۆ دوازدە هۆز.

15 بۆ بەرسینەکەش زنجیرەی هۆنراوەی لە زێڕی بێگەرد دروستکرد، وەک گوریس. 16 دوو چوارچێوەی زێڕین و دوو ئەڵقەی زێڕینیشیان دروستکرد، ئەڵقەکانیان لەسەر هەردوو لای بەرسینەکە دانا. 17 دوو زنجیرە زێڕینەکەشیان خستە ناو دوو ئەڵقەکەی سەر هەردوو لای بەرسینەکە. 18 هەردوو سەرەکەی دیکەی دوو زنجیرەکەشیان خستە ناو دوو چوارچێوەکە و لەسەر شانەکانی ئێفۆدەکەیان دانا بۆ پێشەوەی. 19 دوو ئەڵقەی زێڕینیشیان دروستکرد و لەسەر هەردوو لای بەرسینەکەیان دانا، لەسەر لێوارەکەی کە بە دیوی ئێفۆدەکەیە بۆ ژوورەوە. 20 دوو ئەڵقەی زێڕینیشیان دروستکرد و لەسەر هەردوو شانی ئێفۆدەکە دایاننان، لە خوارەوە بە دیوی ڕووەکەی، لە نزیک بەیەکبەستنەوەکەی لە سەرووی پشتبەستی ئێفۆدەکە. 21 بەرسینەکەشیان بە دوو ئەڵقەکەیەوە لە دوو ئەڵقەی ئێفۆدەکە بەست، بە داوێک لە ڕیسی مۆر، بۆ ئەوەی لەسەر پشتبەستی ئێفۆدەکە بێت تاوەکو بەرسینەکەش لە ئێفۆدەکە نەکرێتەوە، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.

جلوبەرگی دیکەی کاهینیێتی

22 کەوای ئێفۆدەکەش دەستکردی چنراو بوو، هەموویان لە ڕیسی مۆر دروستکرد. 23 کونی سەریشی لەناوەڕاستی کەواکەدا دەبێت وەک کونی یەخەی کراس، بەنێکیش بە دەوروپشتی کونەکەدا بۆ ئەوەی نەدڕێت. 24 لەسەر دامێنی کەواکەش گوڵینگی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ و کەتانی ڕستراویان دروستکرد، 25 زەنگوڵەشیان لە زێڕی بێگەرد دروستکرد. زەنگوڵەکانیان خستە نێوان گوڵینگەکانی سەر دامێنی کەواکە. 26 لەنێو هەردوو گوڵینگێک زەنگوڵەیەک لەسەر دامێنی کەواکە بە دەوریدا بوو کە بۆ خزمەتکردن لەبەر دەکرێت، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.

27 هەروەها کراسیان لە کەتانی ناسک بۆ هارون و کوڕەکانی دروستکرد، بە دەستکردی چنراو. 28 مێزەرەکەش لە کەتانی ناسک بوو، گوڵینگەکانی سەرپێچەکانیش لە کەتان ناسک، دەرپێکانیشیان لە کەتانی ناسکی ڕستراو بوون. 29 کەمەربەندەکەش لە کەتانی ڕستراو و ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ بە دەستکردی جۆڵا چنرابوو، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.

30 پلێتی تاجەگوڵینە پیرۆزەکەشیان لە زێڕی بێگەرد دروستکرد و وەک نەخشی ئەنگوستیلە لەسەری هەڵیانکەند: «پیرۆزی بۆ یەزدان.» 31 هەروەها خستیانە سەر داوێکی مۆر بۆ ئەوەی لەسەر مێزەرەکە دابنرێت، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.

موسا تەماشای چادرەکەی پەرستن دەکات

32 ئیتر هەموو کاری چادری پەرستن کە چادری چاوپێکەوتنە تەواو بوو، نەوەی ئیسرائیل بەو شێوەیەیان کرد کە یەزدان فەرمانی بە موسا کردبوو. 33 ئینجا چادرەکەی پەرستنیان هێنایە لای موسا، چادرەکە و هەموو کەلوپەلەکانی و فاق و چوارچێوە و کاریتە و کۆڵەکە و بنکەکانی؛ 34 پۆشەرەکەش کە لە پێستی بەرانی ڕەنگکراو بە ڕەنگی سوور و پۆشەرەکەی لە پێستی مانگای دەریا و پەردەکەی شوێنی هەرەپیرۆز؛ 35 سندوقی پەیمان و دارەکانی و قەپاغی کەفارەت؛ 36 مێزەکە و هەموو قاپوقاچاغەکانی و نانی تەرخانکراو بۆ خودا؛ 37 چرادانەکەش کە لە زێڕی بێگەرد بوو لەگەڵ چراکانی، چراکانی کە لەسەری بوون و هەموو قاپوقاچاغەکانی و زەیت بۆ ڕووناکی؛ 38 قوربانگا زێڕینەکە و زەیتی دەستنیشانکردن و بخووری بۆنخۆش و پەردەی دەروازەی چادرەکە؛ 39 قوربانگا بڕۆنزییەکە و کەتیبە بڕۆنزییەکەی، دوو دارەکەی و هەموو قاپوقاچاغەکەی و حەوزەکە و ژێرەکەی؛ 40 پەردەکانی حەوشە و کۆڵەکە و بنکەکانی و پەردەی دەروازەی حەوشەکە و گوریس و سنگەکانی و هەموو کەلوپەلی خزمەتی چادری پەرستن کە چادری چاوپێکەوتنە؛ 41 جلوبەرگە چنراوەکانی خزمەتکردن لە پیرۆزگا، جلوبەرگە پیرۆزەکەی هارونی کاهین و جلوبەرگی کوڕەکانی بۆ کاهینیێتی.

42 وەک هەموو ئەوەی یەزدان فەرمانی بە موسا کرد، نەوەی ئیسرائیل ئاوا هەموو کارەکەیان کرد. 43 موسا تەماشای هەموو کارەکەی کرد و بینی وا وەک ئەوەی یەزدان فەرمانی دا ئاوایان کردووە، ئیتر موسا داوای بەرەکەتی بۆ کردن.

هەڵدانی چادرەکەی پەرستن

40 یەزدان بە موسای فەرموو: «لە یەکی مانگی یەکەم، چادری پەرستن کە چادری چاوپێکەوتنە هەڵبدە. سندوقی پەیمانی تێدا دابنێ، سندوقەکە بە پەردەکە داپۆشە. مێزەکەش ببە ژوورەوە و بە جوانی ڕێکی بخە، هەروەها چرادانەکەش ببە ژوورەوە و چراکانی بەرز بکەوە. قوربانگا زێڕینەکەش کە بۆ بخوورە لەبەردەم سندوقی پەیمان دایبنێ، پەردەی دەروازە بۆ چادرەکەی پەرستن دابنێ.

«قوربانگاکەی قوربانی سووتاندنیش لەبەردەم دەروازەی چادری چاوپێکەوتن دانێ لەناو چادری پەرستن. حەوزەکەش لەنێوان چادری چاوپێکەوتن و قوربانگاکە دابنێ و ئاوی تێبکە. حەوشەکە لە چواردەوری دابنێ و پەردەی دەروازەی حەوشەکەش دانێ.

«زەیتی دەستنیشانکردنەکە ببە و چادرەکەی پەرستن و هەموو ئەوەی تێیدایە پێی دەستنیشان بکە، خۆی و هەموو کەلوپەلەکانی تەرخان بکە و پیرۆز دەبێت. 10 پاشان قوربانگاکەی قوربانی سووتاندن و هەموو قاپوقاچاغەکەی دەستنیشان بکە، قوربانگاکە تەرخان بکە و دەبێتە هەرەپیرۆز. 11 حەوزەکەش لەگەڵ ژێرەکەی دەستنیشان بکە و تەرخانی بکە.

12 «هارون و کوڕەکانیش بهێنە پێشەوە بۆ دەروازەی چادری چاوپێکەوتن و بە ئاو بیانشۆ. 13 ئینجا جلوبەرگە پیرۆزەکە لەبەر هارون بکە، دەستنیشانی بکە و تەرخانی بکە بۆ ئەوەی کاهینیێتیم بۆ بکات. 14 کوڕەکانیشی بهێنە پێشەوە و کراسەکانیان لەبەر بکە، 15 دەستنیشانیان بکە هەروەک چۆن باوکیانت دەستنیشان کرد بۆ ئەوەی کاهینیێتیم بۆ بکەن، ئەمەش بۆ ئەوە دەبێت هەتا دەستنیشانکردنەکەیان بۆیان ببێتە کاهینیێتی هەتاهەتایی لە نەوەکانیان.» 16 موساش بەم جۆرەی کرد هەروەک هەموو ئەوەی یەزدان فەرمانی پێ کرد، ئاوای کرد.

17 لە یەکی مانگی یەکەمینی ساڵی دووەم چادرەکەی پەرستن هەڵدرا. 18 موسا چادرەکەی پەرستنی هەڵدا، بنکەکانی دانا و چوارچێوەکانی دانا، کاریتەکانی دانا و کۆڵەکەکانی ڕاگرت. 19 ڕەشماڵەکەی بەسەر چادری پەرستندا هەڵدا و لە سەرەوە پۆشەری چادرەکەی بەسەریدا دا، هەروەک یەزدان فەرمانی پێ کرد.

20 تەختەکانی پەیمانی برد و خستییە ناو سندوقەکە، دارەکانی خستە سەر سندوقەکە و قەپاغی کەفارەتی لەسەر سندوقەکە دانا. 21 ئینجا سندوقەکەی هێنایە ناو چادرەکەی پەرستن و پەردەکەی شوێنی هەرەپیرۆزی دانا و سندوقی پەیمانی داپۆشی، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.

22 مێزەکەی لەناو چادری چاوپێکەوتن دانا، لەلای باکووری چادرەکەی پەرستن لە دەرەوەی پەردەکە. 23 نانی بەردەم یەزدانیشی بە ڕێکی لەسەری ڕێکخست، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.

24 چرادانەکەشی لەناو چادری چاوپێکەوتن دانا لە بەرامبەر مێزەکە لەلای باشووری چادرەکەی پەرستن. 25 چراکانی بەرزکردەوە بۆ بەردەم یەزدان، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.

26 قوربانگا زێڕینەکەشی لەناو چادری چاوپێکەوتن لەبەردەم پەردەکە دانا و 27 بخووری بۆنخۆشی لەسەر سووتاند، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد. 28 پەردەی دەروازەشی بۆ چادرەکەی پەرستن دانا.

29 قوربانگاکەی قوربانی سووتاندنیشی لەلای دەرگای چادری چاوپێکەوتن دانا لەناو چادری پەرستن و قوربانی سووتاندن و پێشکەشکراوی دانەوێڵەی سەرخستە سەری، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.

30 حەوزەکەشی لەنێوان چادری چاوپێکەوتن و قوربانگاکەدا دانا و ئاوی تێکرد بۆ شوشتن، 31 بۆ ئەوەی موسا و هارون و کوڕەکانی دەست و پێیانی لێ بشۆن. 32 لە کاتی چوونە ژوورەوەیان بۆ ناو چادری چاوپێکەوتن و لە نزیکبوونەوەیان لە قوربانگاکە دەیشۆن، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.

33 حەوشەکەشی لە دەوری چادرەکەی پەرستن و قوربانگاکە دامەزراند و پەردەی دەروازەی حەوشەکەی دانا. ئیتر موسا کارەکەی تەواو کرد.

شکۆمەندی یەزدان

34 ئینجا هەورێک چادری چاوپێکەوتنی داپۆشی و شکۆمەندی یەزدان چادرەکەی پەرستنی پڕکرد. 35 لەبەر ئەوە موسا نەیتوانی بچێتە ژوورەوە بۆ ناو چادری چاوپێکەوتن، چونکە هەور هاتە سەری و شکۆمەندی یەزدان چادرەکەی پەرستنی پڕکرد.

36 بە درێژایی ماوەی کۆچەکەیان، هەر کاتێک هەورەکە لەسەر چادرەکە بەرز دەبووەوە، نەوەی ئیسرائیل بەڕێ دەکەوتن. 37 بەڵام ئەگەر هەورەکە بەرزنەبووایەوە، کۆچیان نەدەکرد هەتا ڕۆژی بەرزبوونەوەی، 38 چونکە هەوری یەزدان بە ڕۆژ لەسەر چادرەکەی پەرستن بوو، بە شەویش ئاگری تێدابوو، لەبەرچاوی هەموو بنەماڵەی ئیسرائیل لە هەموو کۆچەکانیان.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.