Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Bible in 90 Days

An intensive Bible reading plan that walks through the entire Bible in 90 days.
Duration: 88 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
ئەیوب 42 - زەبوورەکان 24

وەڵامی ئەیوب

42 ئەیوبیش وەڵامی یەزدانی دایەوە:

«زانیم کە دەتوانیت هەموو شتێک بکەیت؛
    ئەوەی تۆ پلانت بۆ داناوە مەحاڵ نابێت.
پرسیارت کرد: ”ئەمە کێیە، بێ زانیاری ڕاوێژی من دەشارێتەوە؟“[a]
    بێگومان من ئەوەی تێی نەگەیشتم بە دەممدا هات،
    بە کارە سەرسوڕهێنەرەکان لەسەرمەوە کە نەمدەزانین.

«فەرمووت: ”ئێستا گوێ بگرە من قسە دەکەم؛
    لێت دەپرسم و پێم دەڵێیت.“
بە گوێی خۆم هەواڵەکانی تۆم بیست،
    ئێستاش چاوەکانم تۆیان بینی.
لەبەر ئەوە خۆم ڕەت دەکەمەوە و
    لەناو خۆڵ و خۆڵەمێشدا تۆبە دەکەم.»

بەشی کۆتایی

دوای ئەوەی یەزدان بەم وشانە قسەی لەگەڵ ئەیوبدا کرد، یەزدان بە ئەلیفازی تێمانی فەرموو: «تووڕەییم لە تۆ و لە هاوڕێیەکانت جۆشا، چونکە ئێوە وەک ئەیوبی بەندەم بە ڕاستی سەبارەت بە من قسەی ڕاستتان نەکرد. ئێستاش ئێوە حەوت گا و حەوت بەران ببەن و بڕۆن بۆ لای ئەیوبی بەندەم، لە پێناوی خۆتان قوربانی سووتاندن پێشکەش بکەن. ئەو کاتە ئەیوبی بەندەم لە پێناوی ئێوە نوێژ دەکات، منیش قبوڵی دەکەم. من بەپێی گێلایەتییەکەی خۆتان هەڵسوکەوتتان لەگەڵ ناکەم، لەبەر ئەوەی ئێوە وەک ئەیوبی بەندەم بە ڕاستی سەبارەت بە من قسەی ڕاستتان نەکرد.» ئیتر ئەلیفازی تێمانی و بیلدەدی شوحی و چۆفەری نەعماتی ڕۆیشتن و ئەوەیان کرد کە یەزدان پێی فەرموون، یەزدانیش نوێژەکەی ئەیوبی قبوڵ کرد.

10 دوای ئەوەی ئەیوب لە پێناوی هاوڕێیەکانی پاڕایەوە، یەزدان ئەوەی هی ئەیوب بوو بۆی گەڕاندەوە، بە دووقاتیش ئەوەی هەیبوو بۆی زیاد کرد. 11 ئەو کاتە هەموو خوشک و برا و ناسیاوەکانی پێشووی بۆ لای هاتن و لە ماڵەکەی نانیان لەگەڵی خوارد. سەرەخۆشییان لێکرد و دڵیان دایەوە لەسەر هەموو ئەو خراپەیەی یەزدان بەسەریدا هێنا، هەریەکەش پارچە زیوێک و ئەنگوستیلەیەکی زێڕیان پێ بەخشی.

12 یەزدان بەشی کۆتایی ژیانی ئەیوبی لە ژیانی ڕابردووی زیاتر بەرەکەتدار کرد، ئەیوبیش چواردە هەزار سەر مەڕ و شەش هەزار وشتر و هەزار جووت مانگا و هەزار ماکەری هەبوو. 13 هەروەها حەوت کوڕ و سێ کچیشی هەبوو. 14 کچی یەکەمی ناونا، یەمیما و دووەم قەچیعا و سێیەم قەرەن هەپوک. 15 لە هەموو خاکەکەشدا هیچ ئافرەتێک وەک کچەکانی ئەیوب جوان نەبوون، باوکیشیان لەنێو براکانیان میراتی پێدان.

16 ئەیوبیش پاش ئەوەی کە چاک بووە، سەد و چل ساڵ ژیا و چوار نەوەی خۆی بینی. 17 ئیتر ئەیوب تێری لە تەمەن خوارد و پیر بوو، پاشان مرد.

کۆکراوەی بەشی یەکەم

زەبوورەکانی 1‏–41

خۆزگە دەخوازرێت بەو کەسەی
    بەپێی ڕاوێژی بەدکاران ناڕوات و
لە ڕێگای گوناهباران ڕاناوەستێت و
    لە کۆڕی گاڵتەجاڕان دانانیشێت.
بەڵکو ئارەزووی ئەو لە فێرکردنی[b] یەزدانە،
    شەو و ڕۆژ لە فێرکردنەکەی ورد دەبێتەوە.
وەک دارێک وایە کە لەدەم جۆگەی ئاو ڕوابێت و
    لە وەرزی خۆیدا بەرهەم بدات و
گەڵاکانی هەرگیز وشک نەبن،
    لە هەموو کارێک سەرکەوتوو دەبێت.

بێگومان بەدکاران وانین،
    بەڵکو وەک کا وان کاتێک با پەرشوبڵاوی دەکاتەوە.
بۆیە نە بەدکاران لەبەردەم دادوەری بێتاوانن،
    نە گوناهبارانیش لە کۆڕی ڕاستودروستان دادەنیشن.

چونکە یەزدان چاودێری ڕێگای ڕاستودروستان دەکات،
    بەڵام ڕێگای بەدکاران لەناودەچێت.
بۆچی نەتەوەکان دەوروژێن و
    گەلان پیلان لە شتی پووچ دەگێڕن؟
پاشایانی زەوی خۆیان ڕێک دەخەن،
    سەرۆکەکانیان پێکەوە کۆدەبنەوە
لە دژی یەزدان و مەسیحەکەی[c] و دەڵێن:
«با کۆتەکانیان بشکێنین و
    زنجیرەکانیان لە خۆمان بکەینەوە.»

ئەوەی لە ئاسمان دانیشتووە پێدەکەنێت،
    پەروەردگار گاڵتەیان پێ دەکات.
ئینجا بە تووڕەیی خۆی قسەیان بۆ دەکات،
    بە هەڵچوونی خۆی دەیانتۆقێنێت:
«من پاشای خۆمم لەسەر سییۆن[d] داناوە،
    لەسەر کێوی پیرۆزی خۆم.»
من فەرمانی یەزدانتان پێ ڕادەگەیەنم:
    پێی فەرمووم: «تۆ کوڕی منی،
    من ئەمڕۆ بوومە باوکت.
داوام لێ بکە، نەتەوەکان دەکەم بە میراتت،
    ئەوپەڕی زەوی دەکەم بە موڵکی تۆ.
بە گۆچانێکی ئاسنین دەیانشکێنیت و
    وەک گۆزەیەکی گڵین وردوخاشیان دەکەیت.»

10 بۆیە، ئەی پاشایان، وریابن،
    سەرۆکەکانی زەوی، ئاگاداربن.
11 بە ترسەوە یەزدان بپەرستن،
    بە لەرزەوە دڵخۆش بن.
12 کوڕەکە ماچ[e] بکەن، نەوەک تووڕە ببێت و
    لە ڕێگای خۆتان بفەوتێن،
چونکە تووڕەیی ئەو زوو دێتە جۆش.
    خۆزگە دەخوازرێ بە هەموو ئەوانەی پەنا دەبەنە بەر ئەو.

زەبوورێکی داودە کاتێک لە دەستی ئەبشالۆمی[f] کوڕی هەڵات.

ئەی یەزدان، دوژمنانم چەند زۆرن!
    چەند زۆرن لە دژم سەریان هەڵداوە!
زۆر کەس لەبارەی منەوە دەڵێن:
    «خودا ڕزگاری ناکات.»[g]

بەڵام تۆ ئەی یەزدان، قەڵغانی منیت،
    شکۆمەندی منیت و سەرم بەرز دەکەیتەوە.
پڕ بە دەنگم هاوار بۆ یەزدان دەکەم،
    ئەویش لە کێوی پیرۆزی خۆیەوە وەڵامم دەداتەوە.

ڕادەکشێم و دەخەوم،
    بەئاگادێمەوە چونکە یەزدان پشتگیریم دەکات.
لە دەیان هەزار کەس ناترسم،
    ئەوانەی دەوریان گرتووم.

ئەی یەزدان، ڕاپەڕە!
    ئەی خودای من، ڕزگارم بکە!
لە بناگوێی دوژمنەکانم بدە و
    کەڵبەی بەدکاران وردوخاش بکە.

ڕزگاری لە یەزدانەوەیە،
    با بەرەکەتەکەت لەسەر گەلەکەت بێت.

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بە ئامێرە ژێدارەکان. زەبوورێکی داود

ئەی خودای ڕاستودروستم،
    کە لێت دەپاڕێمەوە وەڵامم بدەوە.
لە تەنگانەدا بە هانامەوە هاتی،
    لەگەڵم میهرەبان بە و گوێ لە نوێژەکەم بگرە.

ئەی خەڵکینە، هەتا کەی شکۆی من دەگۆڕن بە شورەیی؟
    هەتا کەی حەز لە قسەی پووچ دەکەن و بەدوای درۆدا دەگەڕێن؟[h]
بەڵام بزانن کە یەزدان پیاوی خۆشەویستی بۆ خۆی تەرخان کردووە.
    یەزدان گوێم لێ دەگرێت کاتێک لێی دەپاڕێمەوە.

کاتێک تووڕە دەبن، گوناه مەکەن،
    بەڵام کە لەسەر نوێنەکانتان
    لە دڵی خۆتاندا لێکی بدەنەوە و بێدەنگ بن.
قوربانی ڕاستودروست بکەن و
    پشت بە یەزدان ببەستن.

زۆر کەس دەڵێن: «کێ چاکەمان نیشان دەدات؟»
    ئەی یەزدان، با ڕووناکی ڕووی تۆ بەسەرماندا هەڵبێت[i].
تۆ خۆشییەکی وات خستووەتە دڵی منەوە
    زۆر لەوانە زیاترە کە دانەوێڵە و شەرابیان زۆرە.

ئەی یەزدان، بە ئاشتی پاڵ دەدەمەوە و دەخەوم،
    چونکە تەنها تۆ بە ئاسوودەیی نیشتەجێم دەکەیت.

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بە شمشاڵ.

زەبوورێکی داود.

ئەی یەزدان، گوێ لە قسەکانم بگرە،
    لە ناڵەم وردبەرەوە.
گوێ لە هاوارم بگرە، ئەی پاشا و خودام،
    چونکە لێت دەپاڕێمەوە.

ئەی یەزدان، بەیانییان گوێ لە دەنگم دەگریت،
    بەیانییان خۆم ئامادە دەکەم بۆ نوێژکردن و چاوەڕێ دەکەم.
چونکە تۆ خودایەک نیت خراپەت پێ خۆش بێت،
    بەدکار لەگەڵت نیشتەجێ نابێت.
لووتبەرزەکان لەبەرچاوت ناوەستن،
    ڕقت لە هەموو بەدکارێک دەبێتەوە،
ئەوانەی بە درۆ قسە دەکەن تۆ لەناویان دەبەیت،
    یەزدان قێزی لە کەسی خوێنڕێژ و فێڵباز دەبێتەوە.
بەڵام من، بەهۆی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت، دێمە ناو ماڵی تۆ،
    بە ترسی تۆوە بەرەو پەرستگا پیرۆزەکەت کڕنۆش دەبەم.

ئەی یەزدان، لەبەر دوژمنەکانم بە ڕاستودروستی خۆت ڕێنماییم بکە،
    ڕێگای خۆت تەخت بکە لەپێشم.
چونکە لەسەر زمانی ئەوان قسەی ڕاست نییە،
    ناوەڕۆکیان لەناوچوونە،
قوڕگیان گۆڕێکی کراوەیە،
    زمانیان فێڵی لێ دەڕژێت.
10 ئەی خودایە، تاوانباریان بکە!
    با بکەونە ناو تۆڕی پیلانی خۆیانەوە،
لەبەر زۆری گوناهەکانیان دەریانبکە،
    چونکە لە دژی تۆ یاخی بوون.
11 بەڵام با هەموو ئەوانەی پەنا بە تۆ دەگرن دڵخۆش بن،
    با هەتاهەتایە گۆرانی شادی بڵێن.
دەیانخەیتە ژێر سێبەری خۆتەوە،
    هەتا هەموو ئەوانەی ناوی تۆیان خۆشدەوێت بە تۆ شاد بن.

12 چونکە ئەی یەزدان، تۆ ڕاستودروستان بەرەکەتدار دەکەیت،
    بە ڕەزامەندی خۆت وەک قەڵغان دەوریان دەدەیت.

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بە قیسارە بە شێوەی شیمینیت[j]. زەبوورێکی داود.

ئەی یەزدان، لە کاتی تووڕەیی خۆت سەرزەنشتم مەکە،
    لە کاتی تووڕەییت تەمبێم مەکە.
ئەی یەزدان، لەگەڵم میهرەبان بە، چونکە داهێزراوم.
    ئەی یەزدان، چاکم بکەرەوە، چونکە ئێسقانەکانم ژان دەکات.
گیانم زۆر دەلەرزێت،
    هەتا کەی، ئەی یەزدان، هەتا کەی؟

ئەی یەزدان، بگەڕێوە و ژیانم ڕزگار بکە،
    بە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت دەربازم بکە.
چونکە یادکردنەوەی تۆ لە مردندا نییە.
    لە جیهانی مردووان[k] کێ ستایشت دەکات؟

ئەوەندەم ناڵاند شەکەت بووم!

هەموو شەوێک نوێنەکەم نوقومی فرمێسک دەکەم،
    جێگاکەم تەڕ دەکەم.
چاوەکانم لە خەفەتان کز بوون،
    بەهۆی دوژمنەکانمەوە بێهێز بوون.

ئەی هەموو بەدکاران، لێم دوور بکەونەوە،
    چونکە یەزدان گوێی لە دەنگی گریانم بووە،
یەزدان گوێی لە پاڕانەوەم بووە،
    یەزدان نوێژم وەردەگرێت.
10 هەموو دوژمنەکانم بە توندی شەرمەزار و ڕیسوا دەبن،
    لەناکاو سەرشۆڕی دایاندەگرێت و شەرمەزار دەبن.

لاواندنەوەی داود بەرامبەر بە وتەکانی کوشی بنیامینی بە گۆرانی بۆ یەزدان گوتوویەتی.

ئەی یەزدان، خودای من، پەنا دەهێنمە بەر تۆ،
    لەوانەی ڕاوم دەنێن ڕزگارم بکە و دەربازم بکە،
ئەگینا وەک شێر پەلامارم دەدەن،
    پارچەپارچەم دەکەن و کەسیش نییە دەربازم بکات.

ئەی یەزدان، خودای من، ئەگەر من وام کردووە،
    ئەگەر دەستەکانم ناڕەوایەتییان کردووە،
ئەگەر خراپەم کردووە دەرهەق بەوەی بە ئاشتی لەگەڵمدا دەژیێت،
    یان بەبێ هۆ دوژمنەکەمم تاڵان کردووە،
با دوژمن ڕاوم بنێت و پێشم لێ بگرێت،
    با ژیانم پێشێل بکات لەسەر زەوی و
    شکۆمەندیم بکەوێتە سەر زەوی.[l]

ئەی یەزدان، لە تووڕەیی خۆت ڕاپەڕە،
    لە دژی قینی دوژمنەکانم ڕاستبەرەوە.
    ئەی خودای من هەستە، فەرمان بکە بۆ دادپەروەری.
کۆڕی گەلان لە دەوری خۆت ببەستە و
    لە بەرزاییەوە فەرمانڕەوایەتییان لەسەر بکە.
با یەزدان دادوەری گەلان بکات.
    ئەی یەزدان، بەگوێرەی ڕاستودروستییەکەم بێتاوانیم دەربخە،
    بەگوێرەی دروستییەکەم.
ئەی خودای ڕاستودروست،
    کە مێشک و دڵەکان دەپشکنی،
خراپەی بەدکاران مەهێڵە،
    بەڵام ڕاستودروستان بچەسپێنە.

10 خودا قەڵغانی منە،
    ئەوەی دڵڕاستەکان ڕزگار دەکات،
11 خودا دادوەرێکی ڕاستودروستە،
    هەموو ڕۆژێکیش تووڕە دەبێت.
12 ئەگەر کەسێک نەگەڕێتەوە،
    خودا شمشێرەکەی خۆی تیژ دەکات،
    کەوانەکەی دەچەمێنێتەوە و ژێیەکەی توند دەکات.
13 چەکی کوشندەی خۆی ئامادە کردووە،
    تیرەکانی کردووەتە تیری ئاگرین.

14 ببینە کەسی بەدکار بە خراپەوە ژانی گرتووە،
    بە ئاژاوە سکی پڕ بووە و درۆی دەبێت.
15 چاڵێک هەڵدەکەنێت و قووڵی دەکات،
    بەڵام خۆی دەکەوێتە ئەو گۆڕەی هەڵیکەندووە.
16 ئاژاوەکەی بەسەر سەری خۆیدا دەگەڕێتەوە و
    توندوتیژییەکەشی بەسەر سەری خۆیدا دەبارێت.

17 ستایشی یەزدان دەکەم بۆ ڕاستودروستییەکەی،
    گۆرانی ستایش دەڵێم بۆ ناوی یەزدانی هەرەبەرز.

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، لەسەر ئاوازی گتیت[m].

زەبوورێکی داود.

ئەی یەزدانی پەروەردگارمان،
    ناوت لە سەراپای زەویدا چەند شکۆدارە!

تۆ شکۆمەندی خۆتت خستووەتە سەرووی ئاسمان.
بە ستایشی منداڵان و شیرەخۆران
    هێزت بۆ خۆت دامەزراندووە لە دژی ناحەزەکانت،
    هەتا دوژمنە تۆڵەسێنەرەکانی پێ دەمکوت بکەیتەوە.
کاتێک تەماشای ئاسمانت دەکەم،
    کە پەنجەکانی تۆ دروستی کردووە،
    مانگ و ئەستێرەکان، کە تۆ لەوێ داتناون،
مرۆڤ چییە تاکو بیری لێ بکەیتەوە؟
    کوڕی مرۆڤ چییە تاکو بایەخی پێبدەیت؟

کەمێک لە فریشتەکانت[n] بە کەمتر دانا و
    تاجی شکۆ و ڕێزت خستە سەری.
دەسەڵاتت داوەتێ بەسەر هەموو دەستکردی خۆتدا،
    تۆ هەموو شتێکت خستووەتە ژێر پێی ئەو:
هەموو مەڕ و مانگاکان،
    هەروەها ئاژەڵی کێوی،
باڵندەی ئاسمان و ماسی دەریا و
    هەرچی لەناو دەریادا دەژی.

ئەی یەزدانی پەروەردگارمان،
    ناوت لە سەراپای زەویدا چەند شکۆدارە!

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، لەسەر ئاوازی «مردنی کوڕەکە». زەبوورێکی داود.

ئەی یەزدان، بە هەموو دڵەوە ستایشت دەکەم،
    هەموو کارە سەرسوڕهێنەرەکانت ڕادەگەیەنم.
بە تۆوە شاد و دڵخۆش دەبم،
    ئەی هەرەبەرز، گۆرانی ستایش بۆ ناوی تۆ دەڵێم.

کاتێک دوژمنەکانم بەرەو پاش هەڵدێن،
    لەبەردەمی تۆدا دەکەون و لەناودەچن.
چونکە دادپەروەرانە دادوەریت بۆ کردووم،
    دادوەرێکی ڕاستودروستی لەسەر تەختی خۆت دانیشتووی.
تۆ نەتەوەکانت سەرزەنشت کردووە و بەدکارانت لەناوبردووە،
    هەتاهەتایە ناویانت سڕیوەتەوە.
دوژمنانت تووشی لەناوچوونی بێ کۆتایی کردووە،
    شارەکانیان وێران کردووە،
    تەنانەت بیرەوەرییان نامێنێت.

بەڵام یەزدان هەتاهەتایە دادەنیشێت،
    تەختی خۆی بۆ دادوەری دامەزراندووە.
بە ڕاستودروستی دادوەری جیهان دەکات،
    بە دادپەروەری گەلان حوکم دەدات.
یەزدان پەناگای زۆرلێکراوانە،
    قەڵایە لە کاتی تەنگانەدا.
10 ئەوانەی بە ناوی تۆ ئاشنان[o] پشتت پێ دەبەستن،
    چونکە ئەی یەزدان، قەت تۆ وازت لەوانە نەهێناوە کە حەز دەکەن لە تۆ نزیک ببنەوە.

11 گۆرانی ستایش بڵێن بۆ یەزدان کە لە سییۆن[p] نیشتەجێیە،
    لەنێو نەتەوەکان کردارەکانی ڕابگەیەنن.
12 چونکە ئەوەی تۆڵەی خوێن دەکاتەوە یادی دەکرێتەوە،
    هاواری ستەملێکراوان لەبیرناکات.

13 ئەی یەزدان، ببینە چ ئازارێک بەدەست دوژمنەکانمەوە دەکێشم!
    لەگەڵم میهرەبان بە و لە دەروازەکانی مردن ڕزگارم بکە[q]،
14 تاکو لەبەردەم دەروازەکانی سییۆنی کچ[r] بە ستایشی تۆوە بدوێم،
    هەروەها بە ڕزگاریی تۆوە دڵخۆش بم.

15 نەتەوەکان کەوتوونەتە ئەو چاڵەی کە خۆیان هەڵیانکەندبوو،
    پێیان بەو تۆڕەوە بووە کە نابوویانەوە.
16 یەزدان بە دادپەروەری ناسراوە،
    بەدکارەکان دەکەونە داوی کردەوەی دەستی خۆیان.[s]
17 بەدکارەکان بەرەو جیهانی مردووان. دەڕۆن،
    هەموو ئەو نەتەوانەی کە خودا لەبیر دەکەن.
18 بەڵام نەداران هەتاسەر لەبیر ناکرێن،
    ئومێدی ستەملێکراو هەتاهەتایە لەناو ناچێت.

19 ئەی یەزدان ڕاپەڕە، مەهێڵە مرۆڤ سەربکەوێت،
    با نەتەوەکان لەبەردەم تۆ دادگایی بکرێن.
20 ئەی یەزدان، ترس بخەرە دڵیانەوە،
    با نەتەوەکان بزانن کە تەنها مرۆڤن.
10 ئەی یەزدان، بۆچی لە دوورەوە وەستاویت؟
    بۆچی لە کاتی تەنگانە خۆت دەشاریتەوە؟

بەدکاران لە لووتبەرزییان ڕاوی هەژار دەکەن،
    گرفتاری ئەو پیلانەیان دەکەن کە بۆیان دادەنێن.
چونکە کەسی بەدکار شانازی بە ئارەزووە خراپەکانی دڵییەوە دەکات،
    داوای بەرەکەت بۆ چاوبرسی دەکات و کفر بە یەزدان دەکات.
بەدکار لە لووتبەرزی خۆی باکی بە یەزدان نییە،
    هەموو بیرکردنەوەی ئەوەیە کە: «خودا نییە.»
هەمیشە ڕێگاکانی سەرکەوتووە،
    لە حوکمەکانی خودا ناگات،
    ناحەزەکانی خۆی بە هیچ دەزانێت.
لە دڵی خۆیدا دەڵێت: «هیچ شتێک ناملەقێنێت،
    هەموو کاتێک دڵخۆش دەبم و هەرگیز تووشی بەڵا نابم.»

دەمی پڕە لە نەفرەت و درۆ و هەڕەشە،
    بەڵا و گوناه لەبن زمانیەتی.
لە نزیکی گوندەکان بۆسە دادەنێت،
    خۆی دەشارێتەوە بۆ کوشتنی بێتاوانان.
وەک شێر خۆی مات دەکات،
    خۆی مات دەکات بۆ گرتنی بەستەزمانان،
    بەستەزمانان گرفتاری ئەو داوە دەکات کە بۆی ناونەتەوە و ڕاپێچیان دەکات.
10 نێچیرەکانی وردوخاش دەکات، دەڕووخێن،
    دەکەونە ژێر هێزی ئەوەوە.
11 لە دڵی خۆیدا دەڵێت: «خودا ئاگای لێ نییە،
    چاوی خۆی نوقاندووە و هەرگیز نامبینێت.»

12 ئەی یەزدان، ڕاپەڕە! ئەی خودایە، دەستت بەرز بکەرەوە،
    ستەملێکراوان لەبیر مەکە.
13 چۆن دەبێت کەسی بەدکار کفر بە خودا بکات؟
    بۆچی لە دڵی خۆیدا بڵێت: «خودا لێم ناپێچێتەوە؟»
14 بەڵام تۆ ئەی خودایە، ئازار و تەنگانە دەبینیت،
    لێت دیارە و کاردانەوەت هەیە،
ستەملێکراوان خۆیان داوەتە دەستی تۆ،
    تۆش هەمیشە یارمەتیدەری هەتیوانیت.
15 بازووی بەدکاران و خراپەکاران بشکێنە،
    تەنانەت لەسەر ئەو خراپانەش لێیان بپێچەوە کە نابینرێن.

16 یەزدان پاشایە هەتاهەتایە،
    نەتەوەکان لە خاکەکەی لەناودەچن.
17 ئەی یەزدان، تۆ گوێ لە داواکاری ستەملێکراوان دەگریت،
    دڵیان دەچەسپێنی و گوێیان لێ دەگریت،
18 بۆ پارێزگاری لە هەتیوان و زۆرلێکراوان،
    تاکو لەمەولا مرۆڤی سەر زەوی نەیان ترسێنێت.

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان،

زەبوورێکی داود.

11 من پەنا دەبەمە بەر یەزدان،
    ئیتر چۆن پێم دەڵێن:
    «وەک باڵدار بەرەو چیاکانت هەڵفرە.
چونکە ئەوەتا بەدکاران کەوان ڕادەکێشن و
    تیر دەخەنە بەر کەوان،
    بۆ ئەوەی لە تاریکییەوە دڵڕاستان بپێکن.
کاتێک بنچینەکان بڕووخێن،
    کەسی ڕاستودروست چی دەکات؟»

یەزدان لە پەرستگای پیرۆزی خۆیەتی،
    تەختی یەزدان لە ئاسمانە،
تەماشای کوڕانی مرۆڤ دەکات و
    چاوەکانی تاقییان دەکاتەوە.
یەزدان کەسی ڕاستودروست تاقی دەکاتەوە،
    بەڵام لە دڵەوە ڕقی لە خراپەکار و خۆشەویستانی توندوتیژییە.
پشکۆی ئاگر و گۆگرد بەسەر بەدکارەکاندا دەبارێنێت،
    گڕەی بای سووتێنەر بەشیانە.

لەبەر ئەوەی یەزدان ڕاستودروستە و
    حەزی لە دادپەروەرییە،
    کەسی سەرڕاست تەماشای ڕووی خۆی دەکات.

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بە شێوەی شیمینیت[t]. زەبوورێکی داود.

12 ئەی یەزدان، ڕزگارمان بکە، چونکە کەسی خواناس نەماوە،
    چونکە لەناو ئادەمیزادان دڵسۆز نەماوە.
هەمووان درۆ لەگەڵ یەکتر دەکەن،
    بە لێوی ڕیایی و دڵی ساختەوە قسە دەکەن.

یەزدان هەموو لێوە ڕیاییکەرەکان دەبڕێت،
    هەموو ئەو زمانانەی بە فیزەوە دەدوێن،
ئەوانەی دەڵێن: «بە زمانی خۆمان زاڵ دەبین،
    بە لێوی خۆمان سەرکەوتوو دەبین.
    کێ هەیە ببێت بە گەورەمان؟»

یەزدان دەڵێت: «لەبەر ستەمکاری لە هەژاران و
    ناڵەی کڵۆڵان، ئێستا ڕادەپەڕم،
    ئەو ئاسوودەییەیان دەدەمێ، لەوانەی پەستیان دەکەن.»
وتەکانی یەزدان وتەی پاکن،
    وەک ئەو زیوەیە لە بۆتەی گڵین پاڵێورابێت،
    حەوت جار پاڵێوراوە.

ئەی یەزدان، دەمانپارێزیت و
    هەتاهەتایە لەم جۆرە کەسانە پاسمان دەکەیت.
بەدکارەکان بە هەموو لایەکدا بە ئازادی دەگەڕێن،
    کاتێک خەڵکی بە شان و باڵی خراپەدا هەڵدەدەن.

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان،

زەبوورێکی داود.

13 ئەی یەزدان، هەتا کەی؟ بە تەواوی لەبیرم دەکەیت؟
    هەتا کەی ڕووی خۆتم لێ وەردەگێڕیت؟
هەتا کەی ڕۆژانە دەروونم ڕاڕا بێت و
    خەفەت لەناو دڵم کۆبکەمەوە؟
    هەتا کەی دوژمنم بەسەرمدا زاڵ بێت؟

ئەی یەزدان، خودای من، سەیرم بکە و بە دەنگمەوە وەرە،
    چاوم ڕۆشن بکەرەوە، نەوەک خەوی مەرگم لێبکەوێت،
نەوەک دوژمن بڵێت: «بەسەریدا زاڵ بووم،»
    نەوەک ناحەزەکانم بە کەوتنی من شادمان بن.

بەڵام من پشتم بە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت بەستووە،
    دڵم بە ڕزگاریی تۆوە خۆشە.
سروود بۆ یەزدان دەڵێم،
    چونکە چاکەی لەگەڵ کردووم.

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان،

زەبوورێکی داود.

14 گێل[u] لە دڵی خۆیدا دەڵێت: «خودا نییە.»
    ئەوانە گەندەڵن و کردەوەکانیان پیسە،
    کەس نییە چاکە بکات.

یەزدان لە ئاسمانەوە سەیری ئادەمیزاد دەکات،
    هەتا بزانێت کەس هەیە تێگەیشتوو بێت،
    کەس هەیە بەدوای خودا بگەڕێت.
هەموو ڕوویان وەرگێڕا،
    هەموو گەندەڵ بوون،
کەس نییە چاکە بکات،
    تەنانەت یەکێکیش نییە.

ئایا هەموو گوناهباران فێر نەبن؟

ئەوانەی وەک نان گەلەکەی من دەخۆن و
    ئەوانەی لە یەزدان ناپاڕێنەوە.
لەوێ ترسێکی گەورەیان لێ نیشت،
    چونکە خودا لەناو کۆڕی ڕاستودروستان ئامادەیە.
ئێوەی گوناهبار سووکایەتی بە بۆچوونی هەژاران دەکەن،
    بەڵام یەزدان پەناگای ئەوانە.

با ڕزگاریی ئیسرائیل لە سییۆنەوە[v] دەربکەوێت!
    کاتێک یەزدان گەلەکەی خۆی لە ڕاپێچکراوی دەگەڕێنێتەوە،
    با یاقوب شاد و ئیسرائیل دڵخۆش بێت!

زەبوورێکی داود.

15 ئەی یەزدان، کێ لە پیرۆزگای تۆ نیشتەجێ دەبێت؟
    کێ لەسەر کێوی پیرۆزی تۆ دەژیێت؟

ئەو کەسەی ڕێگای تەواو دەگرێت و
    ڕاستودروستی پەیڕەو دەکات،
لە دڵەوە بە ڕاستگۆیی قسە دەکات و
    بە زمانی بوختان ناکات،
کە خراپە لەگەڵ کەس ناکات و
    هاوڕێکەی شەرمەزار ناکات،
کە بە سووکایەتییەوە دەڕوانێتە خراپەکاران
    بەڵام ڕێزی ئەوانە دەگرێت کە ترسی یەزدانیان لە دڵدایە،
کە سوێندی خۆی بەجێدەهێنێت،
    ئەگەر ببێتە مایەی زەرەریش بۆی،
کە پارە بە سوود نادات و
    بەرتیل وەرناگرێت لە دژی پیاوی بێتاوان.

ئەوەی ئەم شتانە بکات،
    هەتاهەتایە جێی لەق نابێت.

پاڕانەوەیەکی داود.

16 ئەی خودایە، بمپارێزە،
    چونکە من پەنا دەهێنمە بەر تۆ.

بە یەزدانم گوت: «تۆ گەورەی منی،
    بێجگە لە تۆ هیچ شتێکی چاکم نییە.»
هەموو خۆشییەکم بە گەلە پیرۆزەکەیە کە لەناو خاکەکەن،
    ئەوانە شکۆدارن.
ئەوانەی بەدوای خوداوەندەکانی دیکە دەکەون،
    دەردیان زۆر دەبێت.
خوێنی قوربانییان بۆ ناڕێژم و
    ناویشیان لەسەر لێوم نابێت.

ئەی یەزدان، تۆ بەشە میرات و چارەنووسی منی،
    تۆ پشکی من دەستەبەر دەکەیت.
گوریس[w] کەوتە سەر چاکترین خاک بۆ بەشی من،
    بە ڕاستی میراتێکی دڵخۆشکەرم هەیە.
ستایشی یەزدان دەکەم کە ئامۆژگاریم دەکات،
    تەنانەت بە شەویش دڵم ڕێنماییم دەکات.
هەمیشە چاوم لەسەر یەزدانە،
    لەبەر ئەوەی لەلای دەستەڕاستمەوەیە، ناهەژێم.

بۆیە دڵشادم و گیانم خۆشحاڵە،
    تەنانەت جەستەم بە ئاسوودەیی نیشتەجێیە،
10 چونکە تۆ گیانم لە جیهانی مردوواندا بەجێناهێڵیت،
    هەروەها ڕێگا نادەیت ئەوەی تۆ پیرۆزت کردووە[x] لەناو گۆڕ بۆگەن بێت.
11 ڕێگای ژیانت پێ ناساندم،
    تێربوون لە شادی لە ئامادەبوونتدایە،
    خۆشحاڵی هەتاهەتایی لەلای دەستە ڕاستی تۆدایە.

نوێژێکی داود.

17 ئەی یەزدان، گوێ لە داواکاری ڕاستودروستی من بگرە،
    بایەخ بە هاوارم بدە،
گوێ لە نوێژەکەم بگرە،
    لە زاری بێ فێڵمەوە دەردەچێ.
ئەستۆپاکی من لەلای تۆوە دێت،
    چاوەکانت ڕاست و ڕێکی دەبینێت.

ئەگەر دڵم بپشکنیت و لە شەودا چاودێریم بکەیت،
    ئەگەر تاقیم بکەیتەوە، هیچ خراپەیەکم تێدا نابینیت،
    پێداگری دەکەم کە دەمم سنوور نەبەزێنێت.
سەبارەت بە کاری خەڵک، بە فەرمایشتی سەر لێوی تۆ،
    خۆم لە ڕێگای توندوتیژی پاراستووە.
هەنگاوم بە ڕێڕەوی تۆوە جێگیر بوو،
    پێم نەخلیسکاوە.

ئەی خودایە، لێت دەپاڕێمەوە، چونکە تۆ بە دەنگمەوە دێیت،
    گوێ بۆ پاڕانەوەکەم شل بکە و ببیستە.
جوانی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت دەربخە،
    ئەی ئەوەی بە دەستە ڕاستت ئەوانە ڕزگار دەکەیت
    کە لەبەر دوژمنەکانیان پەنات بۆ دەهێنن.
وەک گلێنەی چاوت بمپارێزە،
    لەژێر سێبەری باڵەکانت بمشارەوە،
لەو بەدکارانەی هێرشم دەکەنە سەر،
    لەو دوژمنە بکوژانەی دەوریان داوم.

10 دڵە بەردینەکانیان داخستووە،
    بە دەمیش لاف لێدەدەن.
11 شوێن پێم دەکەون، وا دەوریان داوم،
    چاویان لەوەیە بە زەویم دا بدەن.
12 وەک شێرێکن کە برسی پەلاماردانە،
    وەک بەچکە شێرێک خۆی لە بۆسە نابێت.

13 ئەی یەزدان ڕاپەڕە، لە ڕوویان بوەستەوە، بەریان بدەوە!
    بە شمشێری خۆت گیانم لە بەدکار ڕزگار بکە!
14 ئەی یەزدان، بە دەستی خۆت لەم جۆرە کەسانە ڕزگارم بکە،
    لە خەڵکی ئەم جیهانە کە بەشیان لەم ژیانەیە،
ورگیانت پڕکردووە لەو شتەی هەڵتگرتووە بۆیان،
    کوڕەکانیان تێر دەخۆن،
    ئەوەی دەمێنێتەوە بۆ منداڵەکانیان جێی دەهێڵن.

15 بەڵام من بێتاوان دەبم و ڕووی تۆ دەبینم،
    کە بەئاگادێم تێر دەبم لە بینینی شێوەت.

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی داودی بەندەی یەزدان. ئەم سروودەی بۆ یەزدان گوت، دوای ئەوەی یەزدان لە دەستی هەموو دوژمنەکانی و لە دەستی شاول ڕزگاری کرد. گوتی:

18 ئەی یەزدان، ئەی هێزی من، خۆشمدەوێی.

یەزدان تاشەبەردی[y] منە، قەڵا و دەربازکەرمە،
    خودام ئەو تاشەبەردەیە کە پەنای بۆ دەبەم،
    قەڵغان و هێزی ڕزگاریمە، پەناگای منە.

لە یەزدان دەپاڕێمەوە، ئەوەی کە شایانی ستایشە،
    لە دوژمنەکانم ڕزگار دەبم.
پەتی مەرگ شەتەکی داوم،
    لێشاوی لەناوچوون زەندەقی بردم.
پەتی جیهانی مردووان بە دەورمدا تەنراوە،
    داوی مردن لەبەردەمم دانراوە.

لە تەنگانەمدا لە یەزدان پاڕامەوە،
    هاوارم بردە بەر خودام،
لە پەرستگاکەیەوە گوێی لە دەنگی من بوو،
    هاوارم گەیشتە بەرگوێی.
ئینجا زەوی لەرزی و هەژا،
    بناغەی چیاکانیش ڕاژەنین،
    لە تووڕەیی ئەو لەرزین.
دووکەڵ لە لووتی بەرزبووەوە،
    ئاگرێکی لووشدەر لە دەمی هاتە دەرەوە،
    وەک ژیلەمۆی پشکۆی داگیرساو بوو.
ئاسمانی لێککردەوە و دابەزییە خوارەوە،
    هەوری تاریک لەژێر پێی بوو.
10 سواری کەڕوب[z] بوو و فڕی،
    بەسەر باڵی بادا بەرزبووەوە.
11 بە تاریکی خۆی داپۆشی و کردییە خێوەت لە دەوری خۆی،
    هەوری تاریکی پڕ بارانی ئاسمانی کردە چەتری خۆی.
12 لە ڕۆشنایی ئامادەبوونی ئەو هەورەکان بەرەو پێش چوون،
    تەرزە و پشکۆی ئاگریان لێ هاتە دەرەوە.
13 یەزدان لە ئاسمانەوە گرماندی،
    ئەو خودایەی هەرەبەرزە دەنگی خۆی لەرزاندەوە.
14 تیرەکانی هاویشت و بڵاوەی بە دوژمنەکانی کرد،
    بە بروسکەی گەورە پەرێشانی کردن.
15 ئەی یەزدان، بنی دەریا دەرکەوت،
    بناغەکانی زەوی ئاشکرا بوون،
لە سەرزەنشتی تۆ،
    لە گەرمی هەناسەی لووتی تۆ.

16 لە بەرزاییەوە دەستی درێژکرد و منی گرت،
    لەناو ئاوە قووڵەکانەوە دەریهێنام.
17 لە دوژمنە بە تواناکەم ڕزگاری کردم،
    لە ناحەزەکانم کە زۆر لە من بەهێزتر بوون.
18 لە ڕۆژی لێقەومانم هاتنە سەرم،
    بەڵام یەزدان پشت و پەنام بوو.
19 منی هێنایە دەرەوە بۆ جێگایەکی پان و بەرین،
    ڕزگاری کردم، چونکە دڵخۆشە پێم.

20 یەزدان بەگوێرەی ڕاستودروستیم پاداشتی داومەتەوە،
    بەگوێرەی دەستپاکیم ڕێزداری کردووم.
21 چونکە من ڕێچکەی یەزدانم گرتووەتەبەر،
    لە خودای خۆم یاخی نەبووم.
22 هەموو حوکمەکانی لەبەرچاومدان،
    لە فەرزەکانی لام نەداوە.
23 لەبەردەمی ئەو بێ کەموکوڕی بووم و
    خۆم لە گوناه پاراستووە.
24 یەزدان بەگوێرەی ڕاستودروستیم پاداشتی داومەتەوە،
    بەگوێرەی دەستپاکیم لەبەردەمی.

25 لەگەڵ دڵسۆزەکان دڵسۆزی دەنوێنیت،
    لەگەڵ ئەوانەی بێ کەموکوڕین چاکی دەنوێنیت،
26 لەگەڵ پاکەکان پاکی دەنوێنیت،
    بەڵام لەگەڵ خوارەکان زیرەکی دەنوێنیت.
27 تۆ خەڵکی بێفیز ڕزگار دەکەیت،
    بەڵام لووتی لووتبەرزان دەشکێنیت.[aa]
28 ئەی یەزدان، تۆ چراکەم دادەگیرسێنیت،
    خودام تاریکیم ڕووناک دەکاتەوە.
29 بە یارمەتی تۆ دەتوانم لەشکرێک تێکبشکێنم،
    لەگەڵ خودای خۆم دەتوانم بەسەر شووراکاندا سەربکەوم.

30 ڕێبازی خودا تەواوە،
    بەڵێنی یەزدان بێگەردە،
    ئەو قەڵغانە بۆ هەموو ئەوانەی پەنای بۆ دەبەن.
31 چونکە لە یەزدان بەولاوە کێ خودایە؟
    لە خودامان بەولاوە کێ تاشەبەردەکەیە؟
32 خودایە ئەوەی کەمەری منی توند بەستووە،
    بە تەواوی ڕێگام لەبەردەمدا دەکاتەوە.
33 پێیەکانم وەک پێی ئاسک لێ دەکات،
    لەسەر بەرزایی ڕامدەگرێت.
34 مەشق بە دەستەکانم دەکات بۆ جەنگ،
    تاکو بتوانم بە بازووم کەوانی بڕۆنز بچەمێنمەوە.
35 قەڵغانی ڕزگاریی خۆتت پێ بەخشیوم،
    بە دەستی ڕاستت پشتم دەگریت،
    هاوکاریت گەورەم دەکات.
36 جێی هەنگاوەکانم تەخت و فراوان دەکەیت،
    تاکو پێم نەخلیسکێت.

37 دوژمنەکانم ڕاونا و پێشم لێ گرتن،
    هەتا لەناوم نەبردن نەگەڕامەوە.
38 وردوخاشم کردن، ئیتر نەیانتوانی هەستنەوە،
    لەژێر پێم کەوتن.
39 کەمەری منت توند کرد بۆ جەنگ،
    وات لە بەرهەڵستکارانی من کرد لەبەر پێم کڕنۆش ببەن.
40 دوژمنەکانم پشتیان تێ کردم و ڕایانکرد،
    من ناحەزەکانی خۆمم لەناوبرد.
41 هاواریان هێنا، بەڵام ڕزگارکەر نەبوو،
    هاواریان بۆ یەزدان برد، بەڵام بە دەنگیانەوە نەچوو.
42 وەک تۆزی بەر با منیان هاڕی،
    وەک قوڕی سەر ڕێگا پێشێلم کردن.
43 لە هێرشی گەل ڕزگارت کردم،
    تۆ منت کرد بە سەرۆکی نەتەوەکان،
    گەلێک کە نەمدەناسین خزمەتم دەکەن.
44 هەر کە دەنگم دەبیستن گوێڕایەڵم دەبن،
    بێگانەکان ملکەچیم بۆ دەنوێنن.
45 بێگانەکان ورە بەر دەدەن و
    بە لەرزەوە لە قەڵاکانیان دێنە دەرەوە.

46 یەزدان زیندووە، ستایش بۆ تاشەبەردەکەم!
    خودای ڕزگارکەرم پایەبەرزە!
47 خودایە کە تۆڵەم بۆ دەکاتەوە،
    گەلان دەخاتە ژێر ڕکێفم،
48     لە دوژمنەکانم ڕزگاری کردم.
پایەبەرزی کردم بەسەر ناحەزانم،
    لە دەست کەسە توندوتیژەکان ڕزگارت کردم.
49 لەبەر ئەوە ئەی یەزدان، لەنێو نەتەوەکاندا ستایشت دەکەم،
    گۆرانی ستایش بۆ ناوت دەڵێم.

50 سەرکەوتنی گەورە بە پاشای خۆی دەبەخشێت،
    خۆشەویستی نەگۆڕ بەسەر دەستنیشانکراوەکەیدا دەبارێنێت،
    بۆ سەر داود و نەوەکانی بۆ هەتاهەتایە.

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی داود.

19 ئاسمان باسی شکۆی خودا دەکات،
    گەردوون کارەکانی دەستی ڕادەگەیەنێت.
ڕۆژ لەدوای ڕۆژ وتەی بەرز دەبارێنن،
    شەو لەدوای شەو زانین ڕادەگەیەنن.
هیچ قسە و زمانێکیان نییە،
    دەنگیان نابیسترێت،
بەڵام پەیامیان دەگاتە هەموو زەوی،
    وتەکانیان بەوپەڕی جیهان.
لە ئاسمان چادری بۆ خۆر هەڵداوە،
    کە وەک زاوایەکە لە ژوورەکەی بێتە دەرەوە،
    وەک پاڵەوانێکە کە شادە بە ڕاکردن لە گۆڕەپان.
لەو سەری ئاسمانەوە هەڵدێت و
    دەسووڕێتەوە هەتا ئەو سەری،
    هیچ شتێک لەبەر گەرماییەکەی ناشاردرێتەوە.

فێرکردنی یەزدان تەواوە،
    دەروون دەبووژێنێتەوە.
شەریعەتی[ab] یەزدان جێی متمانەیە،
    ساویلکە دەکەنە دانا.
ڕێنمایی یەزدان دروستە،
    دڵ خۆش دەکات.
ڕاسپاردەی یەزدان پاکە،
    چاو ڕۆشن دەکات.
لەخواترسی بێگەردە،
    هەتاهەتایە سەقامگیرە.
حوکمی یەزدان ڕاستە،
    بە تەواوی ڕاستودروستە.

10 ئەوانە لە زێڕ دڵگیرترن،
    لە زێڕی بێگەردی زۆر،
لە هەنگوین شیرینترن،
    لە دڵۆپی شانەی هەنگوین.
11 خزمەتکارەکەت بەوانە ئاگادار کراوەتەوە،
    پەیڕەوکردنیان پاداشتی زۆرە.
12 کێ لە هەڵەکانی خۆی تێدەگات؟
    گوناهە شاراوەکانم ببەخشە.
13 خزمەتکارەکەت لە گوناهی یاخیبوون بپارێزە،
    وا مەکە بەسەرمدا زاڵبێت.
ئیتر بێ کەموکوڕی دەبم،
    لە گوناهی گەورە بێبەری دەبم.

14 با قسەی دەم و لێکدانەوەی دڵم
    جێی ڕەزامەندی تۆ بێت،
    ئەی یەزدان، تاشەبەردی من و ڕزگارکەرم[ac].

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی داود.

20 با یەزدان لە ڕۆژی تەنگانەدا بە دەنگتەوە بێت،
    با ناوی خودای یاقوب بتپارێزێت.
با لە پیرۆزگاکەیەوە یارمەتیت بۆ بنێرێت و
    لە سییۆنەوە پشتگیریت بکات.
با هەموو قوربانییەکانی تۆی لەبیربێت و
    هەموو قوربانی سووتاندنەکانی تۆ قبوڵ بکات.[ad]
با ئارەزووی دڵت بهێنێتە دی و
    هەموو مەبەستەکانت بە ئەنجام بگەیەنێت.
هەلهەلە لێدەدەین بۆ ڕزگاربوونت و
    بە ناوی خودامانەوە ئاڵا بەرز دەکەینەوە.

با یەزدان هەموو داواکارییەکانت بەجێبهێنێت.

ئێستا زانیم کە یەزدان دەستنیشانکراوەکەی[ae] ڕزگار دەکات،
    لە پیرۆزگا ئاسمانییەکەی خۆیەوە بە دەنگییەوە دێت،
    بە توانای ڕزگاریی دەستە ڕاستی.
هەندێک شانازی بە گالیسکە دەکەن و هەندێک بە ئەسپ،
    بەڵام ئێمە شانازی بە ناوی یەزدانی پەروەردگارمان دەکەین.
ئەوان چەمانەوە و کەوتن،
    بەڵام ئێمە هەستاین و چەسپاین.
ئەی یەزدان، پاشا ڕزگار بکە!
    کە لێت دەپاڕێینەوە بەدەنگمانەوە وەرە!

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان،

زەبوورێکی داود.

21 ئەی یەزدان، پاشا بە هێزی تۆ شادمان دەبێت.
    چەند دڵخۆشە بەو ڕزگارییەی پێت بەخشیوە!

ئارەزووی دڵیت پێ بەخشیوە و
    لە داواکارییەکانی زمانیت ڕانەگرتووە.[af]
بە بەرەکەتێکی زۆرەوە پێشوازیت لێکرد و
    تاجێکی زێڕی بێگەردت لە سەری کرد.
داوای ژیانی لێکردیت، پێت بەخشی،
    ڕۆژگاری درێژی هەتاهەتاییە.
بەو ڕزگارییەی کە پێت داوە، شکۆمەندییەکەی مەزنە،
    تۆ شکۆمەندی و پایەبەرزیت پێ بەخشیوە.
چونکە بەرەکەتێکی بێ کۆتاییت داوەتێ،
    بە خۆشی دیداری خۆت شادی دەکەیت.
چونکە پاشا پشت بە یەزدان دەبەستێت،
    بە خۆشەویستی نەگۆڕی خودای هەرەبەرزە هەرگیز نالەقێت.

دەستت بەسەر هەموو دوژمنەکانتدا دەڕوات،
    دەستی ڕاستت بەسەر ناحەزانت.
کە دەردەکەویت وەک تەنوورێکی بڵێسەداریان لێ دەکەیت،
    لە تووڕەییدا یەزدان هەڵیاندەلووشێت،
    ئاگریش دەیانخوات.
10 ڕەچەڵەکیان لەسەر زەوی لەناودەبەیت،
    نەوەیان لەناو ئادەمیزاد.
11 هەرچەندە پیلانیان لە دژت دانا و
    بیریان لە خراپە کردەوە، سەرناکەون،
12 چونکە تۆ وایان لێ دەکەیت ڕابکەن،
    کاتێک بە تیروکەوان نیشانیان لێ دەگریت.

13 ئەی یەزدان، بە هێزی خۆت پایەبەرز بە،
    گۆرانی و ستایش بۆ توانای تۆ دەڵێین.

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بەگوێرەی ئاسکی بەرەبەیان. زەبوورێکی داود.

22 خودای من، خودای من، بۆ وازت لێ هێنام؟
    بۆ وا دووری لە ڕزگارکردنم، لە بیستنی ناڵەم؟
ئەی خودای من، بە ڕۆژ لێت دەپاڕێمەوە، وەڵامم نادەیتەوە،
    بە شەویش ئارامیم نییە.

لەگەڵ ئەوەشدا، تۆ خودای پیرۆزیت،
    لەنێو ستایشی ئیسرائیل دانیشتوویت.
باوباپیرانمان پشتیان بە تۆ بەست،
    پشتیان بە تۆ بەست و تۆش ڕزگارت کردن.
هاواریان بۆ تۆ هێنا و تۆش دەربازت کردن،
    پشتیان بە تۆ بەست و شەرمەزار نەبوون.

بەڵام من سەگم[ag] نەک مرۆڤ،
    مایەی ڕیسوایی ئادەمیزاد و سووکایەتی خەڵک.
هەموو ئەوانەی دەمبینن گاڵتەم پێ دەکەن،
    توانجم لێ دەگرن و بە بزەوە سەر بادەدەن و دەڵێن:
«پشتی بە یەزدان بەست، با یەزدان ڕزگاری بکات.
    با فریای بکەوێت، ئەگەر یەزدان پێی دڵخۆشە؟»

بەڵام تۆ لەناو سکی دایکم دەرتهێنام،
    کاتێک لەبەر مەمکی دایکم بووم، دڵنیات کردم.
10 من لە کاتی لەدایکبوونمەوە بە تۆ سپێردراوم،
    لە سکی دایکمەوە تۆ خودای منی.

11 لێم دوور مەبە، چونکە تەنگانە نزیک بووەتەوە و
    کەس نییە یارمەتیم بدات.

12 گای زۆر دەوریان داوم،
    گایە بەهێزەکانی باشان[ah] ئابڵوقەیان داوم.
13 وەک شێری دڕندەی بە نەڕەنەڕ،
    ددانیان لێ تیژکردوومەتەوە.
14 وەک ئاو ڕژام،
    هەموو ئێسقانەکانم لێک جیا بوونەتەوە.
دڵم بووە بە مۆم،
    لە ناخمدا تواوەتەوە.
15 هێزم وەک پارچە گۆزە وشک بووە،
    زمانم بە مەڵاشوومەوە نووساوە،
    منت خستە ناو خاکی مەرگ.

16 سەگ دەوریان داوم،
    تاقمێک بەدکار ئابڵوقەیان داوم،
    دەست و پێیان کون کردووم.
17 هەموو ئێسقانەکانم دەژمێرم،
    ئەمانە تەماشام دەکەن و سەرنجیان لەسەرمە.
18 جلوبەرگەکەم لەنێو خۆیان بەش دەکەن،
    تیروپشک لەسەر کراسەکەم دەکەن.

19 بەڵام تۆ ئەی یەزدان، لێم دوور مەبە،
    ئەی هێزی من، زوو بگە فریام.
20 ژیانم لە شمشێر دەرباز بکە،
    ژیانی بەهادارم لە چنگی سەگ.
21 لە دەمی شێر ڕزگارم بکە،
    لە قۆچی گای کێوی، دەربازم بکە.

22 ناوی تۆ بە براکانم ڕادەگەیەنم،
    لەناو کۆمەڵدا ستایشت دەکەم.
23 ئەی لەخواترسەکان، ستایشی بکەن!
    ئەی هەموو نەوەکانی یاقوب، شکۆداری بکەن!
    ئەی هەموو نەوەکانی ئیسرائیل، لێی بترسن!
24 چونکە بە سووکییەوە نەیڕوانییە ستەمی ستەملێکراوەکە و پشتی لێ ناکات،
    ڕووی لێ وەرناگێڕێت،
    بەڵکو گوێ لە هاواری دەگرێت.

25 لە کۆڕ و کۆمەڵی گەورەدا تۆ بابەتی ستایشکردنی منی،
    نەزرەکانم[ai] بەجێدەهێنم لەپێش ئەوانەی ترسی تۆیان هەیە.
26 هەژارەکان دەخۆن[aj] و تێر دەبن،
    ئەوانەی ڕوو لە یەزدان دەکەن ستایشی دەکەن،
    دڵتان بۆ هەتاهەتایە بژیێت.

27 سەرانسەری زەوی یەزدانیان بەبیر دێتەوە و دەگەڕێنەوە لای ئەو،
    هەروەها هەموو هۆزەکانی نەتەوەکان لەبەردەمی کڕنۆش دەبەن،
28 چونکە پاشایەتی بۆ یەزدانە و
    ئەو فەرمانڕەوایەتی نەتەوەکان دەکات.

29 هەموو دەوڵەمەندەکانی سەر زەوی دەخۆن و کڕنۆشی بۆ دەبەن،
    هەروەها هەموو ئەوانەی دەچنە ناو خۆڵ لەبەردەمی ئەو چۆک دادەدەن،
    ئەوانەی ناتوانن خۆیان بە زیندوویی بهێڵنەوە.
30 نەوەکان دەیپەرستن،
    باسی پەروەردگار بۆ نەوەکانی داهاتوو دەکرێت.
31 ڕاستودروستییەکەی بەو خەڵکانە ڕادەگەیەنن کە هێشتا لەدایک نەبوونە،
    چونکە ئەم کارەی[ak] کردووە.

زەبوورێکی داود.

23 یەزدان شوانی منە، پێویستم بە هیچ نابێت.
    لە لەوەڕگای سەوزدا دەملەوەڕێنێت و
دەمباتە سەر ئاوی هێمن و سازگار،
    گیانم دەبووژێنێتەوە.
بەرەو ڕێگای ڕاستودروستی ڕێنماییم دەکات
    لە پێناوی ناوی خۆی.
ئەگەر تەنانەت بەناو دۆڵی سێبەری مەرگیشدا بڕۆم،
    لە هیچ خراپەیەک ناترسم،
لەبەر ئەوەی تۆ لەگەڵمدای،
    گۆچان و داردەستەکەت دڵنەواییم دەکەن.

سفرەم بۆ ئامادە دەکەیت لەبەردەم دوژمنانم،
    زەیت لە سەرم دەدەیت بۆ دەستنیشانکردنم،
    جامەکەم لێوانلێو دەکەیت.
بێگومان بە درێژایی ژیانم چاکە و خۆشەویستی نەگۆڕ بەدوام دەکەون،
    بۆ هەتاهەتایە لە ماڵی یەزدان دەژیم.

زەبوورێکی داود.

24 زەوی و هەرچی تێدایە هی یەزدانە،
    جیهان و ئەوانەی تێیدا دەژین،
چونکە لەسەر دەریاکان بناغەی داناوە و
    لەسەر ڕووبارەکان دایمەزراندووە.

کێ سەردەکەوێتە سەر کێوی یەزدان؟
    کێ لە جێگای پیرۆزی ئەو دەوەستێت؟
ئەوەی دەست پاک و دڵی بێگەرد بێت،
    ئەوەی مەیلی شتی پووچ نەکات و
    بە درۆ سوێند نەخوات.

لە یەزدانەوە بەرەکەت بەدەستدەهێنێت،
    لە خودای ڕزگارکەری بێتاوانکردن.
ئەمەیە ئەو نەوەیەی دوای یەزدان دەکەوێت،
    ئەوەی ڕوویان لە تۆ دەکەن، ئەی خودای یاقوب.[al]

ئەی دەروازەکان، سەر هەڵبڕن!
    ئەی دەرگا دێرینەکان، بەرزبنەوە،
    هەتا پاشای شکۆمەندی بێتە ژوورەوە.
ئەم پاشایەی شکۆمەندی کێیە؟
    یەزدانی بەهێز و دەسەڵاتدارە،
    یەزدانی پاڵەوان لە جەنگ.
ئەی دەروازەکان، سەر هەڵبڕن!
    ئەی دەرگا دێرینەکان، بەرزبنەوە!
    هەتا پاشای شکۆمەندی بێتە ژوورەوە.
10 ئەم پاشایەی شکۆمەندی کێیە؟
    یەزدانی سوپاسالار پاشای شکۆمەندییە.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.