Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Bible in 90 Days

An intensive Bible reading plan that walks through the entire Bible in 90 days.
Duration: 88 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
حزقیێل 36:1-47:12

ئاوات بۆ چیاکانی ئیسرائیل

36 «ئەی کوڕی مرۆڤ، پێشبینی بۆ چیاکانی ئیسرائیل بکە و بڵێ: ”هۆ چیاکانی ئیسرائیل گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن، یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: دوژمن سەبارەت بە ئێوە گوتی: ’هۆیها! نزرگەی بەرزاییە دێرینەکان بوونە موڵکی ئێمە.‘“ لەبەر ئەوە پێشبینی بکە و بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: لەبەر ئەوەی لە هەموو لایەکەوە وێرانیان کردن و ڕاویان نان، هەتا ئێوە ببنە موڵکی پاشماوەی ئەو نەتەوانەی کە ماونەتەوە و لەسەر هەموو زمانێک بوون و خەڵک زەمی کردن، لەبەر ئەوە ئەی چیاکانی ئیسرائیل، گوێ لە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەست بگرن، یەزدانی باڵادەست قسە بۆ چیا و گردەکان، شیو و دۆڵەکان، کەلاوە چۆڵەکان و شارۆچکە بەجێماوەکان دەکات کە بوونە مایەی تاڵانی و سووکایەتی پێکردن لەلایەن ئەو نەتەوانەی کە لە دەوروبەرتان ماونەتەوە. یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من لە ئاگری ئیرەیی خۆمدا، لە دژی پاشماوەی ئەو نەتەوانەی کە ماونەتەوە و لە دژی هەموو ئەدۆم قسەم کرد، چونکە بەوپەڕی خۆشی و قینی دڵیانەوە خاکەکەی منیان کردە موڵکی خۆیان بۆ تاڵانکردنی لەوەڕگاکانی.“ لەبەر ئەوە پێشبینی لەسەر خاکی ئیسرائیل بکە و بە چیا و گردەکان، بە شیو و دۆڵەکان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من لە دڵگەرمی و لە تووڕەیی خۆمدا قسەم کرد، لەبەر ئەوەی کەوتنە بەر تانە و تەشەری نەتەوەکان. لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من خۆم سوێند دەخۆم کە ئەو نەتەوانەی کە لە دەوروبەرتانن خۆیان بکەونە بەر تانە و تەشەر.

«”بەڵام ئەی چیاکانی ئیسرائیل، ئێوە لقەکانی خۆتان دەڕوێنن و بەروبوومی خۆتان بۆ ئیسرائیلی گەلم دەگرن، چونکە هاتنیان نزیکە. چونکە من بۆ ئێوەم و ئاوڕتان لێ دەدەمەوە، جا دەکێڵدرێن و دەچێنرێن و 10 خەڵکتان لەسەر زۆر دەکەم، هەموو بنەماڵەی ئیسرائیل، جا شارۆچکەکان ئاوەدان دەکرێنەوە و کەلاوەکان بنیاد دەنرێنەوە. 11 خەڵک و ئاژەڵتان لەسەر زۆر دەکەم، جا زۆر دەبن و بە بەروبووم دەبن و وەک دۆخی جارانتان خەڵکتان تێدا نیشتەجێ دەکەم، زیاتر لە پێشینانتان بۆتان باش دەبم، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم. 12 وا لە ئیسرائیلی گەلی خۆم دەکەم بەسەرتاندا بێن و بچن، جا دەتانخەنە ژێر ڕکێفی خۆیان و دەبن بە میراتیان و چیتر ئێوە لە ڕۆڵەکانیان بێبەش ناکەن.

13 «”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: لەبەر ئەوەی بە ئێوە دەڵێن، ’ئێوە مرۆڤ دەخۆن و نەتەوەکەی خۆتان لە ڕۆڵەکانیان بێبەش دەکەن،‘ 14 لەبەر ئەوە چیتر ئێوە مرۆڤ ناخۆن و چیتر جەرگی نەتەوەکەی خۆتان ناسووتێنن. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە. 15 وا دەکەم ئەو گاڵتەجاڕییەی کە نەتەوەکان پێتان دەکەن چیتر ئێوە نەیبیستن، هەروەها چیتر تانە و تەشەری گەلان هەڵناگرن و چیتر نابنە هۆی کەوتنی نەتەوەکەتان. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.“»

بەڵێنی گەڕانەوە

16 هەروەها فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: 17 «ئەی کوڕی مرۆڤ، کاتێک بنەماڵەی ئیسرائیل لە خاکی خۆیاندا نیشتەجێ بوون، بە ڕەفتار و کردەوەکانیان خۆیان گڵاوکرد. ڕەفتاریان لەبەرچاوی من وەک خوێنلێچوونی مانگانەی ئافرەتێک بوو. 18 جا تووڕەیی خۆمم بەسەریاندا ڕژاند، لەبەر ئەو خوێنەی لەسەر خاکەکە ڕژاندیان و بە بتەکانیان گڵاویان کرد. 19 بەناو نەتەوەکاندا پەرتەوازەم کردن و بەناو خاکەکاندا بڵاو بوونەوە. بەگوێرەی ڕەفتار و کردەوەکانیان حوکمم دان. 20 جا چوونە هەرکوێیەک لەنێو نەتەوەکان ناوی پیرۆزی منیان زڕاند، چونکە سەبارەت بەوان گوتراوە: ”ئا ئەمانەن گەلی یەزدان، کە لە خاکەکەی ئەوەوە دەرکراون.“ 21 جا من خەمی ناوی پیرۆزی خۆمم خوارد، ئەوەی کە بنەماڵەی ئیسرائیل زڕاندیان لەنێو ئەو نەتەوانەی کە بۆی چوون.

22 «لەبەر ئەوە بە بنەماڵەی ئیسرائیل بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، من لەبەر ئێوە ئەمە ناکەم، بەڵکو لەبەر ناوی پیرۆزی خۆم کە لەنێو نەتەوەکان بۆ هەرکوێیەک چوون زڕاندتان. 23 جا پیرۆزی ناوی گەورەی خۆم دەردەخەم کە لەنێو نەتەوەکان زڕێنراوە، ئەوەی ئێوە لەناوەڕاستیان زڕاندتان، جا نەتەوەکان دەزانن کە من یەزدانم، کاتێک لەبەرچاویان لە ئێوەدا پیرۆزی خۆم دەردەخەم. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.

24 «”لەنێو نەتەوەکان دەتانبەم و لە هەموو خاکەکانەوە کۆتان دەکەمەوە و دەتانهێنمەوە خاکەکەتان. 25 ئاوێکی پاکتان بەسەردا دەپرژێنم و لە هەموو گڵاوییەکانتان پاک دەبنەوە، لە هەموو بتەکانتان پاکتان دەکەمەوە، 26 دڵێکی نوێتان دەدەمێ و ڕۆحێکی نوێ دەخەمە ناوتانەوە، ئەو دڵە بەردینەتان لێ دەکەمەوە و دڵێکی گۆشتینتان دەدەمێ. 27 ڕۆحی خۆم دەخەمە ناوتانەوە، واتان لێ دەکەم کە ڕێگای فەرزەکانم پەیڕەو بکەن و حوکمەکانم بەجێبهێنن و کاریان پێ بکەن. 28 لەو خاکەدا نیشتەجێ دەبن کە بە باوباپیرانتانم دابوو، دەبن بە گەلی من، منیش دەبمە خودای ئێوە. 29 لە هەموو گڵاوییەکانتان ڕزگارتان دەکەم. بانگی دانەوێڵە دەکەم، زۆری دەکەم و قاتوقڕی نانێرمە سەرتان. 30 بەری دار و بەروبوومی کێڵگە زۆر دەکەم، بۆ ئەوەی لەمەودوا لەنێو نەتەوەکان بەهۆی قاتوقڕییەوە ئابڕووتان نەچێت. 31 ئەو کاتە ڕێگا خراپەکانی خۆتان و کردەوە ناپەسەندەکانی خۆتان دێتەوە یادتان، لەبەر تاوان و لەسەر نەریتە گڵاوەکانتان قێزتان لە خۆتان دەبێتەوە. 32 با لەلاتان زانراو بێت، لەبەر ئێوە نایکەم. جا ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، لە ڕەفتارەکانتان شەرمەزار و ڕیسوا بن! ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.

33 «”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەو ڕۆژەی لە هەموو تاوانەکانتان پاکتان دەکەمەوە، لە شارۆچکەکان نیشتەجێتان دەکەم و کەلاوەکانت بنیاد دەنرێنەوە. 34 خاکە وێرانەکە دەکێڵدرێت، لە جیاتی ئەوەی لەبەرچاوی هەموو ڕێبوارێک وێرانە بوو. 35 جا دەڵێن: ’ئەم خاکە وێرانە وەک باخچەی عەدەنی لێ هاتووە، ئەو شارانەش کە کاول و چۆڵ و ڕووخێنراو بوون، ئێستا قەڵابەند و ئاوەدانن.‘ 36 ئیتر ئەو نەتەوانەی لە دەوروبەرتان ماونەتەوە دەزانن کە من یەزدانم، ڕووخاوەکەم بنیاد ناوە و چۆڵکراوەکەم چاندەوە. من یەزدانم، ئەوەم فەرموو، هەروەها بەجێی دەهێنم.“

37 «یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: دوای ئەمە لەلایەن بنەماڵەی ئیسرائیلەوە داوام لێ دەکرێت و منیش لە پێناوی ئەوان ئەنجامی دەدەم، وەک مەڕ خەڵکەکەیان زۆر دەکەم، 38 وەک مێگەلی تەرخانکراو، وەک مێگەلی ئۆرشەلیم لە جەژنەکانی خۆیدا، شارە کاولەکان بە هەمان شێوە بە تەواوەتی ئاوەدان دەبن، ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.»

دۆڵی ئێسکە وشکەکان

37 ڕۆحی یەزدان هاتە سەرم، جا یەزدان بە ڕۆحی خۆی منی هێنایە دەرەوە و لە ناوەڕاستی دۆڵێک داینام، ئەویش پڕ بوو لە ئێسک. منی بەناو ئێسکەکاندا برد، بینیم کە زۆر وشک بوون و لە زۆریشدا ڕووی دۆڵەکەیان داپۆشیبوو. لەو کاتەدا لێی پرسیم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، ئایا ئەم ئێسکانە زیندوو دەبنەوە؟»

منیش گوتم: «ئەی یەزدانی باڵادەست، تۆ دەزانیت.»

پێی فەرمووم: «پێشبینی لەسەر ئەم ئێسکانە بکە و پێیان بڵێ: ”ئەی ئێسکە وشکەکان، گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن: یەزدانی باڵادەست ئەمە بەم ئێسکانە دەفەرموێت: من گیانتان دەکەم بە بەردا و زیندوو دەبنەوە. دەمارتان دەدەم بەسەردا، بە گۆشت داتاندەپۆشم، پێستتان بەسەردا هەڵدەکێشم، گیانتان بە بەردا دەکەم و زیندوو دەبنەوە، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم.“»

منیش چۆن فەرمانم پێ کرابوو بەم جۆرە پێشبینیم کرد. لە کاتی پێشبینیکردندا، گوێم لە دەنگێک بوو، لەناکاو خشەخشێک هات، ئێسکەکان لێک نزیکبوونەوە، هەر ئێسکە و بۆ لای ئێسکەکەی خۆی. سەیرم کرد، ئەوەتا دەمار و گۆشت دایپۆشین و پێست لە سەرەوە بەسەریدا هەڵکێشرا، بەڵام هیچ گیانیان تێدا نەبوو.

ئینجا پێی فەرمووم: «پێشبینی بۆ ڕۆح بکە، ئەی کوڕی مرۆڤ، پێشبینی بکە و بە ڕۆح بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەی ڕۆح، وەرە لە هەر چوار لاوە هەڵبکە، لەو لایانەی کە بای لێ هەڵدەکات، فوو بەناو ئەم کوژراوانەدا بکە هەتا زیندوو ببنەوە.“» 10 منیش بەو جۆرەی فەرمانی پێ کردم پێشبینیم کرد، ڕۆحیان بە بەردا هات و زیندوو بوونەوە و هەستانە سەرپێ، لەشکرێکی زۆر گەورە بوون.

11 ئینجا پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، ئەم ئێسکانە هەموو بنەماڵەی ئیسرائیلن، کە دەڵێن: ”ئێسکمان وشک بوو و ئومێدمان نەما و بڕاینەوە.“ 12 لەبەر ئەوە پێشبینی بکە و پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەی گەلەکەم، من گۆڕەکانتان دەکەمەوە و لە گۆڕەکانتان دەرتاندەهێنم، دەتانهێنمە خاکی ئیسرائیل. 13 ئەی گەلەکەم، ئەو کاتە ئێوە دەزانن کە من یەزدانم، کاتێک گۆڕەکانتان دەکەمەوە و ئێوە لە گۆڕەکانتان دەردەهێنم. 14 ڕۆحی خۆم دەکەم بە بەرتاندا و زیندوو دەبنەوە و لە خاکی خۆتان داتاندەنێم، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم، ئەوەم فەرموو، هەروەها بەجێی دەهێنم. ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.“»

یەک گەل لە سایەی یەک پاشادا

15 فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: 16 «ئەی کوڕی مرۆڤ، داردەستێک ببە و لەسەری بنووسە: ”داردەستی یەهودا و نەوەکانی ئیسرائیل و ئەوانەی کە لەگەڵیدا یەکیانگرتووە.“ هەروەها داردەستێکی دیکەش ببە و لەسەری بنووسە: ”بۆ یوسف، واتە داردەستی ئەفرایم و هەموو بنەماڵەی ئیسرائیل کە لەگەڵیدا یەکیانگرتووە.“ 17 بۆ ئەوەی لەناو دەستت ببن بە یەک، لێکیان نزیک بکەوە وەک ئەوەی یەک داردەست بن.

18 «کاتێک هاونیشتیمانیانت لێت دەپرسن: ”پێمان ناڵێیت مەبەستت چییە لەمە؟“ 19 پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من داردەستەکەی یوسف و هۆزەکانی ئیسرائیل کە لەگەڵ ئەودا یەکیانگرتووە، کە ئێستا لە دەستی ئەفرایمە، دەبەم و داردەستەکەی یەهوداش دەخەمە پاڵی و دەیانکەمە یەک، جا لە دەستمدا دەبنە یەک داردەست.“ 20 ئەو دوو داردەستەی کە لەسەریانت نووسیوە لەبەرچاوی ئەوان هەڵبگرە. 21 پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من نەوەی ئیسرائیل دەردەهێنم لەناو هەموو ئەو نەتەوانەی بۆ ناویان چوون. لە هەموو لایەکەوە کۆیان دەکەمەوە، دەیانهێنمەوە خاکەکەی خۆیان. 22 لەناو خاکەکە لەسەر چیاکانی ئیسرائیل دەیانکەمە یەک گەل. تەنها یەک پاشا پاشایەتی بەسەر هەموویانەوە دەکات، چیتر نابنە دوو گەل و دابەش نابن بۆ دوو پاشایەتی. 23 لەمەودوا بە بتەکانیان و بە وێنە قێزەونەکانیان و بە هیچ یاخیبوونێکیان گڵاو نابن، چونکە من لە هەموو گوناهەکانیان و هەڵگەڕانەوەکانیان ڕزگاریان دەکەم و پاکیان دەکەمەوە. ئیتر ئەوان دەبن بە گەلی من، منیش دەبم بە خودای ئەوان.

24 «”داودی بەندەشم دەبێتە پاشایان، بە هەموویان یەک شوانیان دەبێت، ئەوانیش ڕێگای حوکمەکانم پەیڕەو دەکەن و فەرزەکانم بەجێدەهێنن و کاریان پێ دەکەن. 25 لەو خاکەدا نیشتەجێ دەبن کە دامە یاقوبی بەندەم، ئەوەی باوباپیرانتان تێیدا نیشتەجێ بوون. جا خۆیان و منداڵ و نەوەکانیان بۆ هەتاهەتایە تێیدا نیشتەجێ دەبن، داودی بەندەشم بۆ هەتاهەتایە دەبێتە میریان. 26 پەیمانی ئاشتییان لەگەڵ دەبەستم کە بۆیان دەبێتە پەیمانێکی هەتاهەتایی. جێگیریان دەکەم و ژمارەیان زۆر دەکەم، بۆ هەتاهەتایە پیرۆزگای خۆم لەناوەڕاستیان دادەنێم. 27 نشینگەکەم لەناویان دەبێت، من دەبم بە خودای ئەوان، ئەوانیش دەبن بە گەلی من. 28 جا نەتەوەکان دەزانن کە من یەزدانی پیرۆزکەری ئیسرائیلم، کە پیرۆزگاکەم بۆ هەتاهەتایە لەناوەڕاستیاندا دەبێت.“»

فەرمایشتێک سەبارەت بە گۆگ

38 فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، ڕووی خۆت لە گۆگ بکە لە خاکی ماگۆگ، ئەو کە سەرۆکی میرانی مەشەک و توبالە، پێشبینی لەسەر بکە و بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەی گۆگی سەرۆکی میرانی مەشەک و توبال، من لە دژی تۆم. ڕووت وەردەگێڕم و ئەڵقە دەکەمە شەویلگەت و خۆت و هەموو سوپاکەت دەردەکەم، بە ئەسپ و ئەسپ سوارەوە، هەموویان چەکدارن، ئاپۆرەیەکی مەزن بە قەڵغانی گەورە و بچووکەوە، هەموو شمشێر بەدەستن. فارس و کوش و پووت، هەریەکە بە قەڵغان و کڵاوی ئاسنینەوە لەگەڵیان دەبن. هەروەها گۆمەر و هەموو لەشکرەکانی، بێت‌تۆگەرماش لەوپەڕی باکوور بە هەموو لەشکرەکەیەوە، گەلانێکی زۆر لەگەڵ تۆدا دەبن.

«”لە سەرپێ بە و خۆت ئامادە بکە، تۆ و هەموو ئاپۆرەی سوپاکەت کە لێت کۆبوونەتەوە، ببە سوپاسالاریان. لەدوای ڕۆژانێکی زۆر بۆ جەنگ بانگ دەکرێیت، لە ساڵانی داهاتوودا هێرش دەبەیتە سەر ئەو خاکەی کە لەدوای جەنگ ئاوەدان بووەتەوە، خاکێک کە گەلەکەی لە چەند نەتەوەیەکی زۆر کۆکرانەوە، بۆ ئەوەی هەموو بە ئارامی لە چیاکانی ئیسرائیلدا نیشتەجێ بن، کە ماوەیەکی دوورودرێژ وێرانە بوون. تۆش خۆت و لەشکرەکانت و گەلانێکی زۆر کە لەگەڵ تۆن سەردەکەون، وەک گەردەلوول بەرەو پێش دەچیت، دێیت و وەک هەورێک زەوی دادەپۆشیت.

10 «”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: لەو ڕۆژەدا شتی خراپ بەبیرتدا دێت و پیلان دەگێڕیت. 11 دەڵێیت: ’دەچمە سەر خاکێک کە گوندەکانی بێ شووران؛ هێرش بۆ سەر خەڵکێکی ئاشتیخواز و ئاسوودە دەبەم، هەموو بەبێ شوورا نیشتەجێن، نە دەروازە و نە شمشیرەیان[a] هەیە. 12 تاڵانی و ڕاووڕووت دەکەم، دەستدرێژی دەکەمە سەر شارە کاولە ئاوەدانکراوەکان و ئەو گەلەی کە لەنێو نەتەوەکانەوە کۆکراونەتەوە، کە لە چەقی خاکەکەدا نیشتەجێن، کە خاوەن ئاژەڵ و سەروەت و سامانن.‘ 13 شەبا و دیدان و بازرگانەکانی تەرشیش و هەموو بەچکە شێرەکانی پێت دەڵێن: ’ئایا بۆ ڕاووڕووت و تاڵانی هاتوویت؟ ئایا ئاپۆرەی سوپاکەتت کۆکردەوە بۆ بردنی زێڕ و زیو، بۆ ئەوەی دەست بەسەر ئاژەڵ و کەلوپەلدا بگریت، بۆ ڕاووڕووتێکی گەورە؟‘“

14 «ئەی کوڕی مرۆڤ، لەبەر ئەوە پێشبینی بکە و بە گۆگ بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: لەو ڕۆژەدا، کاتێک ئیسرائیلی گەلم بە ئاسوودەیی نیشتەجێن، ئایا ئاگات لێ نییە؟ 15 لە شوێنی خۆتەوە لەوپەڕی باکوورەوە دێیت، گەلانێکی زۆرت لەگەڵە، هەموو ئەسپ سوارن، ئاپۆرەیەکی خەڵک و لەشکرێکی زۆر. 16 وەک هەورێک زەوی داپۆشێت، سەردەکەویتە سەر ئیسرائیلی گەلم. ئەی گۆگ، لە ڕۆژانی داهاتوودا، دەتهێنمە سەر خاکەکەم هەتا نەتەوەکان بمناسن، کاتێک لەبەرچاویان لە ڕێگەی تۆوە پیرۆزی خۆم دەردەخەم!

17 «”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئایا تۆ ئەوەی کە لە ڕۆژگاری کۆندا لەسەر زمانی بەندەکانم، پێغەمبەرانی ئیسرائیلەوە باسم کردیت؟ ئەوانەی لەو ڕۆژگارانەدا بۆ ساڵانێک پێشبینییان کرد، کە من تۆ دەهێنمە سەریان. 18 لەو ڕۆژەدا، لە ڕۆژی هاتنی گۆگ بۆ سەر خاکی ئیسرائیل، تووڕەییم دێتە جۆش. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە. 19 لە ئیرەیی خۆم و لە ئاگری تووڕەییمدا، قسەم کرد کە لەو ڕۆژەدا بوومەلەرزەیێکی گەورە لە خاکی ئیسرائیلدا دەبێت. 20 جا ماسی دەریا و باڵندەی ئاسمان و گیانلەبەرانی دەشتودەر و خشۆکەکان کە لەسەر زەوی دەخشێن و هەموو ئەو خەڵکەی لەسەر ڕووی زەوین لەبەردەمی من دەلەرزن. چیاکان سەرەوژێر دەکرێن، هەڵدێرەکان دەڕووخێن، هەموو شووراکان دەکەونە سەر زەوی. 21 لە هەموو چیاکانم بانگی شمشێر دەکەم بۆ سەر گۆگ، جا شمشێری هەریەکەیان لە دژی براکەی دەبێت. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە. 22 بە دەرد و خوێن سزای دەدەم، بارانی بە لێشاو و تەرزەی بەردین و ئاگر و گۆگرد دەبارێنم، بەسەر خۆی و لەشکرەکەی و ئەو گەلە زۆرەی کە لەگەڵیدان. 23 بەم شێوەیە گەورەیی و پیرۆزیم دەردەخەم، لەلای زۆربەی نەتەوەکان خۆم دەناسێنم، ئەو کاتە دەزانن کە من یەزدانم.“

39 «ئێستاش ئەی کوڕی مرۆڤ، پێشبینی لەسەر گۆگ بکە و بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەی گۆگی سەرۆکی میرانی مەشەک و توبال، من لە دژی تۆم. ئاراستەت وەردەگێڕم و دەتبەم. لەوپەڕی باکوورەوە سەرت دەخەم و دەتهێنمە چیاکانی ئیسرائیل. ئینجا لە کەوانەکەت دەدەم کە لە دەستی چەپتە، تیرەکانت لە دەستی ڕاستت بەردەدەمەوە. خۆت و هەموو سوپاکەت و ئەو گەلانەی لەگەڵتدان لەسەر چیاکانی ئیسرائیل دەکوژرێن، دەتکەمە خۆراکی هەموو جۆرە باڵندەیەکی گۆشتخۆر و گیانلەبەرانی دەشتودەر. لەسەر ڕووی دەشتودەر دەکەویت، چونکە من قسەم کرد. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە. ئاگر دەنێرمە سەر ماگۆگ و سەر ئەوانەی بە ئاسوودەیی لە کەنارەکان نیشتەجێن، ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.

«”ناوی پیرۆزیشم لەنێو ئیسرائیلی گەلم دەناسێنم، چیتر ناهێڵم ناوی پیرۆزم بزڕێنرێت، جا نەتەوەکان دەزانن کە من یەزدانم، خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیلم. دێت و بەڕێوەیە، ئەمە ئەو ڕۆژەیە کە باسم کرد. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.

«”دانیشتووانی شارۆچکەکانی ئیسرائیل دەردەچن، چەک دەسووتێنن و ئاگریان تێبەر دەدەن: قەڵغانی گەورە و بچووک، کەوان و تیر، کوتەک و ڕم. حەوت ساڵ بۆ سووتەمەنی بەکاریاندەهێنن. 10 نە چیلکەیەک لە دەشتودەر کۆدەکەنەوە و نە لە دارستانەکان دار دەبڕن، چونکە چەک بۆ سووتەمەنی بەکاردەهێنن. ئەوانە تاڵان دەکەن کە تاڵانیان کردن و دەستکەوتی ئەوانە دەبەن کە دەستکەوتیان بردن. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.

11 «”لەو ڕۆژەدا شوێنێک دەکەمە گۆڕ بۆ گۆگ لە ئیسرائیل، لە دۆڵی عەڤاریم[b] لە ڕۆژهەڵاتی دەریای مردوو[c]. دەبێتە ڕێگرێک لەسەر ڕێگای ڕێبواران، گۆگ و هەموو ئاپۆرەی سوپاکەی لەوێ دەنێژن. لەبەر ئەوە ناوی لێ دەنێن دۆڵی ئاپۆرەی گۆگ.

12 «”بنەماڵەی ئیسرائیل حەوت مانگ لە گۆڕیان دەنێن، هەتا خاکەکە پاک بکەنەوە. 13 هەموو گەلی خاکەکە خەریکی لەگۆڕنان دەبن، ئەو ڕۆژەش کە من شکۆدار دەکرێم لەبیریان ناچێتەوە. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.

14 «”هەندێک پیاو هەڵدەبژێرن کە بە بەردەوامی بە خاکەکەدا تێبپەڕن، بۆ یارمەتیدانی ئەوانەی کە مردووەکان دەنێژن، هەتا ئەوانەی کە لەسەر ڕووی زەوییەکە کوژراون و ماونەتەوە لە گۆڕیان بنێن بۆ پاککردنەوەی خاکەکە. دوای تەواوبوونی حەوت مانگەکە دەست بە پشکنین دەکەن. 15 کاتێک بە خاکەکەدا تێدەپەڕن، ئەگەر یەکێک ئێسکێکی مرۆڤی بینی نیشانەیەکی لەتەنیشت دادەنێت، هەتا گۆڕهەڵکەنەکان لە دۆڵی ئاپۆرەی گۆگ لە گۆڕی بنێن، 16 نزیکی شارۆچکەیەک لەوێیە کە ناوی هەمۆنایە[d]. بەم شێوە خاکەکە پاک دەکەنەوە.“

17 «ئەی کوڕی مرۆڤ، یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: تۆ بە هەموو باڵدارێک و هەموو گیانلەبەرێکی دەشتودەر بڵێ: ”کۆببنەوە و وەرن، لە هەموو لایەکەوە لە قوربانییەکەم خڕبنەوە، ئەوەی من لەسەر چیاکانی ئیسرائیل بۆ ئێوەم سەربڕیوە، قوربانییەکی گەورەیە، هەتا گۆشت بخۆن و خوێن بخۆنەوە. 18 گۆشتی پاڵەوانەکان دەخۆن و خوێنی میرانی زەوی دەخۆنەوە، بەران و بەرخ و نێری و گا، هەموو لە دابەستەکانی باشانن. 19 پیو[e] دەخۆن هەتا تێر دەبن و خوێن دەخۆنەوە هەتا سەرخۆش دەبن لەو قوربانییەی بۆ ئێوەم سەربڕیوە. 20 جا ئێوە لەسەر خوانەکەم لە گۆشتی ئەسپ و سوار و پاڵەوانەکان و هەموو جۆرێکی جەنگاوەران تێر دەبن.“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.

21 «شکۆمەندی خۆم لەنێو نەتەوەکان پیشان دەدەم، هەموو نەتەوەکان حوکمەکەم دەبینن کە جێبەجێم کرد و کە دەستم خستە سەریان. 22 جا لەو ڕۆژە بەدواوە بنەماڵەی ئیسرائیل دەزانن کە من یەزدانم و خودای ئەوانم. 23 هەموو نەتەوەکانیش دەزانن کە بنەماڵەی ئیسرائیل لەبەر تاوانی خۆیان بە دیل گیران و ڕاپێچ کران، چونکە ناپاکییان لەگەڵ کردم. منیش ڕووی خۆمم لێیان وەرگێڕا و ئەوانم دایە دەست دوژمنەکانیانەوە، هەموو بە شمشێر کوژران. 24 بەگوێرەی گڵاوی و یاخیبوونەکانی خۆیان لەگەڵیان جوڵامەوە و ڕووی خۆمم لێیان وەرگێڕا.

25 «لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئێستا ڕاپێچکراوەکانی یاقوب دەگەڕێنمەوە، بەزەییم بە هەموو بنەماڵەی ئیسرائیلدا دێتەوە، بۆ ناوی پیرۆزی خۆم دڵگەرم دەبم. 26 جا ڕیسوایی خۆیان هەڵدەگرن لەگەڵ هەموو ناپاکییەکەیان کە لەگەڵ من ناپاکییان پێکرد، کاتێک بە ئاسوودەیی و بەبێ ترس لە خاکەکەی خۆیان نیشتەجێ بوون. 27 ئەو کاتەی لەنێو گەلان لە خاکی دوژمنەکانیانەوە کۆیان دەکەمەوە و دەیانهێنمەوە، لەبەرچاوی نەتەوەکان پیرۆزی خۆم لەنێویاندا دەردەخەم. 28 ئەوسا دەزانن کە من یەزدانی پەروەردگاریانم، چونکە هەرچەندە بۆ ناو نەتەوەکان ڕاپێچم کردن، بەڵام پاشان کۆیان دەکەمەوە و دەیاننێرمەوە خاکەکەی خۆیان، چیتر کەسیان لەوێ بەجێناهێڵم. 29 چیتر ڕووی خۆمیان لێ وەرناگێڕم، چونکە ڕۆحی خۆم بەسەر بنەماڵەی ئیسرائیلدا دەڕێژم. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.»

چواردەوری پەرستگایەکی نوێ

40 لە ساڵی بیست و پێنجەمی ڕاپێچکردنمان، لە سەرەتای ساڵ، لە دەی مانگی یەکی ساڵی چواردەیەم لەپاش لێدانی شارەکە،[f] لە هەمان ڕۆژ ڕۆحی یەزدان هاتە سەرم و بۆ ئەوێی بردم. خودا لە چەند بینینێکیدا منی هێنایە خاکی ئیسرائیل و لەسەر کێوێکی زۆر بڵند داینام، لەلای باشوورەوە چەند تەلارێک لە شێوەی شارێکدا بوو. کاتێک منی هێنایە ئەوێ، ئەوەتا پیاوێک دیمەنی وەک بڕۆنز وابوو، پەتێکی کەتان و قامیشێکی پێوانەی بە دەستەوە بوو، لەبەر دەروازەکە وەستابوو. پیاوەکە پێی گوتم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، بە چاوەکانت سەیر بکە و بە گوێیەکانت ببیستە و مێشکت بخەرە سەر هەموو ئەوەی پیشانی تۆی دەدەم، چونکە لەبەر ئەوەی پیشانت بدرێت تۆ بۆ ئێرە هێنراویت. هەموو ئەوەی دەیبینیت بە بنەماڵەی ئیسرائیلی ڕابگەیەنە.»

دەروازەی ڕۆژهەڵات هەتا خانەکانی دەرەوە

شوورایەکم بینی کە دەوری تەواوی پەرستگاکەی دابوو. قامیشێکی پێوانەش کە درێژییەکەی شەش باڵی درێژ[g] بوو کە هەر باڵێک، باڵێک و چوار پەنجە بوو. جا ئەستوورایی شووراکەی پێوا کە یەک قامیش بوو و بەرزاییەکەشی یەک قامیش.

ئینجا هاتە لای ئەو دەروازەیەی ڕووەو ڕۆژهەڵاتە. بەسەر پێپلیکانەکانیدا سەرکەوت و بەردەروازەکەی پێوا، درێژییەکەی یەک قامیش بوو. قوژبنەکانی پاسەوانیش یەک قامیش درێژی بوو، یەک قامیشیش پانی، ئەستوورایی دیواری نێوان قوژبنەکانیش پێنج باڵ بوو. بەردەروازەکەش لەلای هەیوانی دەروازەکە و لە ژوورەوە یەک قامیش بوو.

ئینجا هەیوانی دەروازەکەی پێوا، درێژییەکەی هەشت باڵ بوو، ئەستوورایی هەر دینگەیەکیشی دوو باڵ بوو، هەیوانی دەروازەکەش ڕووەو پەرستگاکە بوو.

10 قوژبنەکانی دەروازەی لای ڕۆژهەڵاتیش، لە هەر لایەک سێ قوژبن هەبوون، هەرسێکیان هەمان پێوانە بوون. ڕووبەری دیوارەکانی نێوانیشیان لە هەر لایەک وەک یەک بوون. 11 ئینجا پانی داڵانی دەروازەکەی پێوا، دە باڵ بوو، درێژایی دەروازەکەش سێزدە باڵ بوو. 12 لێواری بەردەم قوژبنەکانیش لە هەر لایەک یەک باڵ بوو، قوژبنەکانیش درێژی و پانییەکەی شەش باڵ بوون. 13 ئینجا دەروازەکەی پێوا، لە بنمێچی قوژبنێکەوە بۆ بنمێچی قوژبنەکەی بەرامبەری. دووری لەنێوان دەلاقەی دیواری پشتی قوژبن و دەلاقەکەی بەرامبەری بیست و پێنج باڵ بوو. 14 ڕووبەری ناوبڕەکانیشی هەتا هەیوانی بەرامبەر حەوشەی دەروازەکەی پێوا، درێژایی شەست باڵ بوو. 15 دووری نێوان داڵانی دەروازەکە و کۆتایی هەیوانەکەی پەنجا باڵ بوو. 16 ڕووی ناوەوەی ستارەی سەر قوژبن و ناوبڕە و هەیوانەکەش دەلاقەدار بوو، ڕووی ناوبڕەکانیش نەخشی دار خورما هەبوو.

خانەکانی دەرەوە

17 ئینجا منی هێنایە خانەکانی دەرەوە. بینیم چەند ژوورێک و شۆستەیەک بە چواردەوری حەوشەکەدا دروستکرابوون. بە درێژایی شۆستەکە سی ژوور هەبوو. 18 شۆستەکە لەلای دەروازەکان بوو، بەرامبەر بە درێژایی دەروازەکانیش شۆستەکەی خوارەوە بوو. 19 ئینجا ئەو دوورییەی پێوا، کە لەنێوان دیوی ناوەوەی دەروازەکەی خوارەوە و دیوی دەرەوەی حەوشەکەی ناوەوە بوو، سەد باڵ بوو بەلای ڕۆژهەڵات و بەلای باکوور.

دەروازەی ڕووەو باکوور

20 ئینجا درێژی و پانی دەروازەکەی ڕووەو باکووری پێوا، کە دەروازەیەک بوو بۆ خانەکانی دەرەوە. 21 قوژبنەکانیشی لە هەر لایەک سێ بوون، ناوبڕەکان و هەیوانەکەشی وەک پێوانەی دەروازەکەی یەکەم بوو، درێژییەکەی پەنجا باڵ و پانییەکەی بیست و پێنج باڵ بوو. 22 دەلاقەکانی و هەیوانەکەی و نەخشە دار خورماکەی هەمان پێوانەی ئەو دەروازەیە بوو کە ڕووەو ڕۆژهەڵات بوو. بە حەوت پایە بۆی سەردەکەوتن و هەیوانەکەشی بەرامبەریان بوو. 23 دەروازەی حەوشەکەی ناوەوەش بەرامبەر دەروازەی باکوور بوو، هەروەک دەروازەی ڕۆژهەڵات، لە دەروازەیەکەوە بۆ دەروازەیەک پێوای، سەد باڵ بوو.

دەروازەی ڕووەو باشوور

24 ئینجا منی بەرەو باشوور برد. بینیم دەروازەیەکی ڕووەو باشوور هەبوو، دینگەکان و هەیوانەکەی پێوا، هەمان پێوانە بوون. 25 دەروازەکەش دەلاقەی تێدابوو، هەیوانەکەشی وەک ئەو دەلاقانەی لە چواردەوری هەبوو. درێژی پەنجا باڵ و پانی بیست و پێنج باڵ بوو. 26 پێپلیکانەکەشی حەوت پایە بوو، هەیوانەکەشی لەبەردەمی بوو، لە هەردوو لای دەروازەکە لە هەردوو ڕووی ناوبڕەکان نەخشی دار خورما هەبوون. 27 حەوشەکەی ناوەوەش دەروازەیەکی بەرەو باشوور هەبوو، لە دەروازەوە بۆ دەروازە ڕووەو باشوور پێوای، سەد باڵ بوو.

دەروازەی حەوشەکەی ناوەوە

28 ئینجا لە دەروازەکەی باشوورەوە منی هێنایە حەوشەکەی ناوەوە. دەروازەکەی باشووری پێوا، هەمان پێوانەی دەروازەکانی دیکەی بوو. 29 قوژبنەکانی و ناوبڕەکانی نێوانیان و هەیوانەکەی هەمان پێوانە بوون. دەروازەکە و هەیوانەکەشی دەلاقە بە چواردەوریاندا هەبوون. درێژی پەنجا باڵ و پانی بیست و پێنج باڵ بوو. 30 لە هەر سێ لاوە هەیوانەکان بیست و پێنج باڵ درێژایی و پێنج باڵ پانی بوون. 31 هەیوانەکەشی ڕووەو خانەکانی دەرەوە بوو، لەسەر دینگەکانیشی نەخشی دار خورما هەبوون، پێپلیکانەکەشی لەسەر هەشت پایە بوون.

32 ئینجا منی هێنایە ناو حەوشەکەی ناوەوە بەرەو ڕۆژهەڵات. دەروازەکەی پێوا، هەمان پێوانەی دەروازەکانی دیکە بوو. 33 قوژبنەکانی و ناوبڕەکانی نێوانیان و هەیوانەکەی هەمان پێوانە بوون. لە دەروازەکە و لە هەیوانەکەشی دەلاقە بە چواردەوریدا هەبوون. درێژی دەروازەکە پەنجا باڵ و پانی بیست و پێنج باڵ بوو. 34 هەیوانەکەشی ڕووەو خانەکانی دەرەوە بوو، لەسەر دینگەکانیشی نەخشی دار خورما لە هەردوو لای هەبوون، پێپلیکانەکەشی لەسەر هەشت پایە بوون.

35 ئینجا منی هێنایە دەروازەکەی باکوور و پێوای، هەمان پێوانەی دەروازەکانی دیکە بوو. 36 قوژبن و ناوبڕەکانی و هەیوانەکەی و ئەو دەلاقانەی لە چواردەوری بوون، درێژی دەروازەکە پەنجا باڵ بوو، پانی بیست و پێنج باڵ بوو. 37 هەیوانەکەشی ڕووەو خانەکانی دەرەوە بوو، لەسەر دینگەکانیشی نەخشی دار خورما هەبوون، لە هەردوو لای، بە هەشت پایە بۆی سەردەکەوت.

ژوورەکانی ئامادەکردنی قوربانی

38 لەلای هەیوانی هەر دەروازەیەکی ناوەوە ژوورێک و داڵانێک[h] هەبوو، لەوێ قوربانی سووتاندنیان دەشوشت. 39 لە هەیوانی دەروازەکەش دوو مێز لە هەر لایەکی هەبوون، بۆ ئەوەی قوربانی سووتاندن و قوربانی گوناه و قوربانی تاوان لەسەریان سەرببڕدرێن. 40 لە دیوی دەرەوەی هەیوانی دەروازەکە، لە نزیکی پێپلیکانەکەی لای داڵانی دەروازەی باکوور، لە هەر لەلایەکی پێپلیکانەکە دوو مێز هەبوون. 41 چوار مێز لێرە و چوار مێز لەوێ لەلای دەروازەکە، هەشت مێز قوربانییان لەسەر سەردەبڕان. 42 چوار مێزی دیکەش بۆ قوربانی سووتاندنەکان هەبوون لە بەردی تاشراو بوون، درێژییەکەیان باڵ و نیوێک و پانییەکەشیان باڵ و نیوێک بوون، بەرزاییەکەشیان یەک باڵ بوو. ئەو کەرەستانەی لەسەر دادەنرا کە قوربانی سووتاندن و قوربانی دیکەیان پێ سەردەبڕی. 43 قولاپەکانیش چوار پەنجە بوون، لە دیوی ناوەوە بە چواردەوریدا قاییم کرابوون، مێزەکانیش بۆ گۆشتی قوربانییەکان بوون.

ژوورەکانی کاهینانی بەرپرس

44 لە حەوشەکەی ناوەوە، لە دەرەوەی دەروازەکەی، دوو ژوور هەبوون، یەکێکیان لەلای دەروازەکەی باکوور، ڕووی لە باشوور بوو. ئەوەی دیکە لەلای دەروازەکەی باشوور، ڕووی لە باکوور بوو. 45 پێی فەرمووم: «ئەو ژوورەی ڕووی لە باشوورە هی کاهینەکانە، کە بەرپرسیارن لە پارێزگاریکردنی پەرستگا. 46 ئەو ژوورەش کە ڕووی لە باکوورە هی ئەو کاهینانەیە کە بەرپرسیارن لە پارێزگاریکردنی قوربانگا. ئەوان نەوەی سادۆقن، کە لەنێو نەوەی لێڤی تەنها ئەوان بۆیان هەیە لە یەزدان نزیک ببنەوە بۆ خزمەتکردنی.»

47 پاشان حەوشەکەی بەردەم پیرۆزگای پێوا، درێژی سەد باڵ و پانیشی سەد باڵ بوو، چوارگۆشە بوو، قوربانگاکەش لەبەردەم پیرۆزگاکە بوو.

پیرۆزگا نوێیەکە

48 ئینجا منی هێنایە هەیوانی پیرۆزگاکە، دینگەکانی هەیوانەکەی پێوا، ئەستوورایی هەر لایەک پێنج باڵ بوو. پانی بەردەرگاکەش چواردە باڵ بوو، ناوبڕەکانی هەر لایەک سێ باڵ بوون. 49 پانی هەیوانەکە بیست باڵ بوو، درێژییەکەشی دوازدە باڵ. لە پێپلیکانەکەوە بۆی سەردەکەوت، لە هەردوو لای دینگەکان کۆڵەکە هەبوون، یەکێک لەم بەر و یەکێکی دیکە لەو بەر.

41 ئینجا پیاوەکە منی هێنایە شوێنی پیرۆز و دینگەکانی پێوا، ئەستوورایی دینگەکان لە هەر لایەکەوە شەش باڵ بوو. پانی بەردەرگاکەش دە باڵ، ناوبڕەکانیشی لە هەر لایەک پێنج باڵ بوو. هەروەها شوێنە پیرۆزەکەی پێوا، درێژییەکەی چل باڵ و پانییەکەی بیست باڵ بوو.

پاشان چووە ناو شوێنی هەرەپیرۆز، دینگەکانی بەردەرگاکەی پێوا، هەریەکەیان دوو باڵ بوو. پانی بەردەرگاکەش شەش باڵ، ناوبڕەکانیشی لە هەر لایەک حەوت باڵ بوو. شوێنە هەرەپیرۆزەکەی پێوا، درێژییەکەی بیست باڵ، پانییەکەشی تەریب بوو لەگەڵ شوێنە پیرۆزەکە و بیست باڵ بوو، پێی فەرمووم: «ئەمە شوێنە هەرەپیرۆزەکەیە.»

کە ئەستوورایی دیواری پیرۆزگاکەی پێوا شەش باڵ بوو. پانی ژوورە لاتەنیشتەکانیشی پێوا کە لە سێ لای پیرۆزگاکە هەبوون، هەر یەکێکیان چوار باڵ بوو. ژوورە لاتەنیشتەکانیش بە سێ نهۆم هەبوون، لە هەر نهۆمێکیش سی ژوور هەبوون. بنچینەی ژوورەکان لەسەر دیواری پیرۆزگاکە خۆی دروستنەکرابوون، بەڵکو لەسەر لێواری دیواری ژوورەکان کە بۆ پتەوکردنی ژوورەکان دروستکرا بوون. ئەگەر لە نهۆمێکەوە بۆ نهۆمێک سەربکەوتبووای، ژوورە لاتەنیشتەکان بەرینتر دەبوون، بەپێی لێوارەکە لە نهۆمێکەوە بۆ نهۆمێک لە سێ لای پیرۆزگاکە. پێپلیکانەیەکیش هەبوو، لە خوارەوە بۆ سەرەوە و بە نهۆمی ناوەڕاستدا تێدەپەڕی. [i]

بینیم لە چواردەوری پیرۆزگاکە بادلۆیەکی بەرز هەبوو، کە بناغەی ژوورە لاتەنیشتەکان بوو، درێژییەکەشی بەقەد درێژی قامیشێک بوو، شەش باڵ درێژی بوو. ئەستوورایی دیواری ژوورە لاتەنیشتەکان لە دیوی دەرەوە پێنج باڵ بوو. حەوشەیەک هەبوو لەنێوان ژوورە لاتەنیشتەکانی پیرۆزگاکە و 10 ژوورەکانی کاهینان، پانییەکەی بیست باڵ بوو بە دەوری پیرۆزگاکەدا. 11 دەروازەی ژوورە لاتەنیشتەکان لە کۆڵانێکەوە یەکێکی ڕووەو باکوور و یەکێکیشی ڕووەو باشوور بوو. پانی بادلۆکە لە دەوری پیرۆزگاکە پێنج باڵ بوو.

12 ئەو بینایەش کە لەبەردەم شوێنە جیاکراوەکە بوو، لە لایەکەوە ڕووەو ڕۆژئاوا، پانی حەفتا باڵ بوو. ئەستوورایی دیواری بیناکەش پێنج باڵ بوو بە چواردەوریدا، درێژییەکەشی نەوەد باڵ بوو.

13 پیرۆزگاکەشی پێوا، سەد باڵ درێژ بوو، شوێنە جیاکراوەکە و بیناکە و دیوارەکانی سەد باڵ درێژ بوون. 14 ڕووی پەرستگا و شوێنە جیاکراوەکەی ڕووەو ڕۆژهەڵات پانییەکەی سەد باڵ بوو.

15 ئینجا درێژی بیناکە و هۆڵەکانی پێوا، بیناکەش لەبەردەم شوێنە جیاکراوەکە لە پشتی پیرۆزگاکە بوو، لە لایەکەوە بۆ لایەکەی دیکە، سەد باڵ بوو.

شوێنی پیرۆز و هەرەپیرۆز و ڕووی هەیوانەکە بە لای حەوشەکەدا، 16 لەگەڵ بەردەرگاکان و کڵاوڕۆژنە[j] کەتیبەدارەکان و هۆڵەکانی چواردەوری سێ نهۆمەکە، بەرامبەر بەردەرگاکە لە هەموو لایەکەوە تەختەی لێ درابوو. لە زەوییەکەوە هەتا کڵاوڕۆژنەکە، کڵاوڕۆژنەکەش داپۆشرابوو. 17 لە سەرەوە، ناوبەناو لەسەر دیوی دەرەوەی داڵانەکەی شوێنی هەرەپیرۆز، دیوارەکە بە چواردەوری شوێنی پیرۆز و هەرەپیرۆز، 18 نەخشی کەڕوبەکان و دار خورمای لەسەر کرابوو. دار خورمایەک لەنێوان کەڕوبێک و کەڕوبێکی دیکە، هەر کەڕوبێکیش دوو ڕووی هەبوو، 19 ڕووێکی مرۆڤ ڕووەو دار خورمایەک و ڕووی جوانە شێرێک ڕووەو دار خورمایەکی دیکە. کە هەموو چواردەوری پیرۆزگاکە بەم شێوەیە نەخشێنرابوو. 20 هەروەها دیواری شوێنی پیرۆزیش لە زەوییەوە هەتا سەر داڵانەکە بە کەڕوب و دار خورماکان نەخشێنرابوون.

21 چوارچێوەی دەرگای شوێنە پیرۆزەکەش لاکێشەیی بوو، هەروەها ئەو چوارچێوەیەی کە لەپێشی شوێنی هەرەپیرۆزەکە بوو هەمان شێوەی هەبوو. 22 قوربانگاکە لە دار دروستکرابوو، بەرزی سێ باڵ بوو، درێژی و پانییەکەی دوو باڵ بوون، گۆشە و بنکە و دیوارەکانی لە دار بوون. پیاوەکە پێی گوتم: «ئەمە ئەو مێزەیە کە لەبەردەم یەزدانە.» 23 شوێنی پیرۆز و شوێنی هەرەپیرۆزیش دەرگایەکی دوو دەری هەبوو. 24 هەر دەروازەیەکیش دوو دەری بوو، لە ناوەڕاستەوە دەکرانەوە. 25 کەڕوب و دار خورما لەسەر ڕووی دەرگاکانی شوێنی پیرۆزیش نەخشێنرا بوون، بە هەمان شێوە دیوارەکانیش نەخشێنرابوون، تارمەیەکی دارینیش لەپێش هەیوانەکە هەبوو. 26 لەسەر دیواری لاتەنیشتەکانی هەیوانەکە و ژوورە لاتەنیشتەکانی پیرۆزگاکە دەلاقەی کەتیبەدار هەبوو کە لایەکانی بە نەخشی دار خورما ڕازێنرابووەوە.

ژووری کاهینان

42 ئینجا بە ڕێگای لای باکوور منی هێنایە خانەکانی دەرەوە، بردمییە ئەو ژوورانەی کە بەرامبەر شوێنە جیاکراوەکەن، ژوورەکانی بەرامبەر بیناکە لەلای باکوور. درێژی ئەو تەلارە کە دەرگاکەی ڕووی لە باکوور بوو سەد باڵ، پانییەکەشی پەنجا باڵ بوو. لەو بەشەی کە دووری لە حەوشەکەی ناوەوە بیست باڵ بوو، هەروەها لەو بەشەی کە بەرامبەر شۆستەی خانەکانی دەرەوە بوو، هۆڵ بەرامبەر هۆڵ بوو لە هەر سێ نهۆمەکە. بەرامبەر بە ژوورەکانیش ڕێڕەوێک هەبوو، پانییەکەی دە باڵ و درێژییەکەی سەد باڵ بوو، بەرەو حەوشەکەی ناوەوە و دەرگای ژوورەکانیش ڕووەو باکوور بوون. شوێنی ژوورەکان بەر هۆڵەکان کەوتبوون، لەبەر ئەوە ژوورەکانی سەرەوە لە ژوورەکانی ناوەڕاست و خوارەوەی بیناکە تەسکتر بوون. بیناکە سێ نهۆم بوو، ژوورەکانی نهۆمی سێیەم کۆڵەکەیان نەبوو وەک کۆڵەکەی حەوشەکان، لەبەر ئەوە زەمینەکەیان لە نهۆمی خوارەوە و ناوەڕاست کەمتر بوو. ئەو دیوارەش لە دەرەوە بوو لەگەڵ ژوورەکان ڕووەو خانەکانی دەرەوە بۆ بەردەم ژوورەکان، درێژییەکەی پەنجا باڵ بوو. درێژی ژوورەکان لەلای خانەکانی دەرەوە پەنجا باڵ بوو، بەڵام درێژی لای پیرۆزگاکە سەد باڵ بوو. لەژێر ئەم ژوورانەشەوە داڵانێک هەبوو لەلای ڕۆژهەڵاتەوە، ئەوەی لە خانەکانی دەرەوە بۆی دەهاتنە ژوورەوە.

10 ژوورەکان بە درێژایی دیواری حەوشەکە بوون بەرەو باشوور لەبەردەم شوێنە جیاکراوەکە و بەرامبەر بیناکە. 11 لەبەردەمی ژوورەکان ڕێڕەوێک هەبوو، وەک داڵانەکانی ئەو ژوورانەی کە بەرەو باکوور بوون، هەمان درێژی و پانی و شوێنی چوونەدەرەوە و شێوە و دەرگایان هەبوو. 12 وەک داڵانی ژوورەکانی ڕووەو باشووریش، داڵانێک لە سەرەتای ڕێڕەوەکەی بەرامبەر دیوارەکەی ڕووەو ڕۆژهەڵات هەبوو، کە لەوێوە بۆی دێتە ژوورەوە.

13 پێی فەرمووم: «ژوورەکانی باکوور و ژوورەکانی باشوور کە بەرامبەر بە شوێنە جیاکراوەکەن ژوورە تەرخانکراوەکانن، کە کاهینەکان ئەوانەی لە یەزدان نزیک دەبنەوە پێشکەشکراوە هەرەپیرۆزەکان دەخۆن. پێشکەشکراوی هەرەپیرۆز و پێشکەشکراوی دانەوێڵە و قوربانی گوناه و قوربانی تاوان دادەنێن، چونکە شوێنەکە پیرۆزە. 14 کاتێک کاهینەکان دەچنە ژوورەوە، نابێت لە شوێنی پیرۆزەوە بچنە دەرەوە بۆ خانەکانی دەرەوە، هەتا جلەکانیان کە خزمەتی پێ دەکەن لەوێی دادەنێن، چونکە جلەکانیان تەرخانکراون، ئینجا جلێکی دیکە لەبەر دەکەن و دەچنە پێشەوە بۆ ئەو شوێنەی گەل لێی کۆدەبنەوە.»

15 کە پێوانەی دیوی ناوەوەی پەرستگای تەواو کرد منی هێنایە دەرەوە بەرەو ئەو دەروازەیەی ڕووەو ڕۆژهەڵاتە و چواردەورەکەی پێوا، 16 لای ڕۆژهەڵاتی بە قامیشی پێوانەکە پێوا، پێنج سەد باڵ[k] بوو. 17 لای باکووریشی پێوا، پێنج سەد باڵ بە قامیشی پێوانە. 18 لای باشووریشی پێوا، پێنج سەد باڵ بە قامیشی پێوانە. 19 ئینجا بەلای ڕۆژئاوا سووڕایەوە و پێنج سەد باڵی بە قامیشی پێوانە پێوا. 20 لە هەر چوار لاوە پێوای، شوورایەکی بە چواردەوری بوو کە پێنج سەد باڵ درێژییەکەی و پێنج سەد باڵ پانییەکەی بوو، بۆ جیاکردنەوە لەنێوان پیرۆز و پیرۆزنەکراو.

گەڕانەوەی شکۆمەندی خودا بۆ پەرستگاکە

43 ئینجا منی بردە لای ئەو دەروازەیەی ڕووەو ڕۆژهەڵاتە. بینیم شکۆمەندی خودای ئیسرائیل لە ڕێگای ڕۆژهەڵاتەوە دەهات و دەنگی وەک دەنگی ئاوێکی زۆر بوو، خاکەکەش لەبەر شکۆمەندییەکەی دەدرەوشایەوە. بینینەکە وەک ئەو بینینە بوو کە لە کاتی هاتنی بۆ وێرانکردنی شارەکە بۆم ئاشکرا کرابوو، هەروەها وەک ئەو بینینە بوو کە لەلای نۆکەندی کەڤار بۆم ئاشکرا کرابوو، ئەو کاتە بەسەر ڕوومدا کەوتم. شکۆمەندی یەزدان لە ڕێگای ئەو دەروازەیەی ڕووەو ڕۆژهەڵاتە بۆ ناو پەرستگاکە هات. ئینجا ڕۆحی خودا هەڵیگرتم و منی بردە حەوشەکەی ناوەوە و بینیم شکۆمەندی یەزدان پیرۆزگاکەی پڕکردووە.

گوێم لێ بوو لە پیرۆزگاکەوە قسەی لەگەڵ کردم و پیاوێکیش لەتەنیشتمەوە ڕاوەستابوو. پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، ئەمە شوێنی تەختی من و شوێنی بنی پێمە، کە لەنێو نەوەکانی ئیسرائیل بۆ هەتاهەتایە نیشتەجێ دەبم. لەمەودوا بنەماڵەی ئیسرائیل ناوی پیرۆزم گڵاو ناکەن، نە خۆیان و نە پاشاکانیان، نە بە لەشفرۆشی و نە بە تەرمی پاشاکانیان لە نزرگەکانی سەر بەرزایی. کاتێک ئەوان بەردەرگاکەیان لای بەردەرگاکەم و چوارچێوەی دەرگاکەیان لای چوارچێوەی دەرگاکەم دانا، لەنێوان من و ئەواندا تەنها دیوارێک هەبوو، جا ناوی پیرۆزی منیان بە نەریتە قێزەونەکانیان گڵاوکرد. منیش بە تووڕەیی خۆم لەناوم بردن. ئێستا با لەشفرۆشی و تەرمی پاشاکانیان لە من دووربخەنەوە، ئەو کاتە منیش بۆ هەتاهەتایە لەناویان نیشتەجێ دەبم.

10 «ئەی کوڕی مرۆڤ، دەربارەی پەرستگاکە بە بنەماڵەی ئیسرائیل ڕابگەیەنە، با لە تاوانەکانی خۆیان شەرمەزار بن و با نەخشەکە بپێون. 11 ئەگەر هاتوو لە هەرچی کردوویانە شەرمەزارییان کێشا، ئەوسا وێنەی پەرستگا، نەخشە و شوێنی چوونەدەرەوە و شوێنی چوونەژوورەوە، هەموو شێوە و فەرزەکان و فێرکردنەکانییان بۆ باس بکە. ئەمە لەبەرچاویان بنووسە، با هەموو نەخشە و هەموو فەرزەکانی بەجێبهێنن و کاری پێ بکەن.

12 «ئەمە فێرکردنی پەرستگاکەیە: لەسەر لووتکەی کێوەکە، هەموو چواردەوری پەرستگاکە دەبێتە شوێنێکی زۆر پیرۆز، ئەمە فێرکردنی پەرستگاکەیە.

قوربانگاکە

13 «ئەمەش پێوانەکانی قوربانگاکەیە بە پێوانەی باڵی درێژ، باڵی درێژیش باڵێک و چوار پەنجەیە[l]. قووڵایی ئاوەڕۆکەی باڵێکە و پانییەکەشی باڵێک و کەنارەکەشی هەتا لێوەکەی چواردەوری بستێکە[m]. ئەمەش بەرزی قوربانگاکەیە: 14 بنکەکەی لە زەوی ئاوەڕۆکەوە هەتا لێواری خوارەوە دوو باڵ و پانییەکەشی یەک باڵ بوو، لە لێوارە بچووکەکەی ژێرەوە هەتا لێوارە گەورەکەی سەرەوەش چوار باڵ و پانییەکەشی یەک باڵ بوو. 15 بەرزی ئاگردانی قوربانگاکەش چوار باڵ بوو، لە ئاگردانی قوربانگاکەشەوە بۆ سەرەوە چوار قۆچ هاتبوونە دەرەوە. 16 ئاگردانی قوربانگاکەش دوازدە باڵ درێژی و دوازدە باڵ پانی بوو، شێوەی چوارگۆشەیی بوو. 17 لێوارەکەی سەرەوەش چوار گۆشە بوو، چواردە باڵ درێژ و چواردە باڵ پان بوو، کەنارەکەی چواردەوریشی نیو باڵ بوو و ئاوەڕۆکەشی بە دەوریدا یەک باڵ بوو، پێپلیکانەکانیشی ڕووەو ڕۆژهەڵات بوو.»

18 پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەمانە فەرزەکانی پێشکەشکردنی قوربانی سووتاندن و پرژاندنی خوێن لەسەر قوربانگاکەیە، ئەو ڕۆژەی کە بنیاد دەنرێت. 19 جوانەگایەک[n] بۆ قوربانی گوناه بە کاهینە لێڤییەکان دەدەیت، ئەوانەی لە نەوەی سادۆقن، کە لە من نزیک دەبنەوە بۆ خزمەتکردنم. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە. 20 لە خوێنەکەی دەبەیت و لە هەر چوار قۆچی قوربانگاکە و هەر چوار گۆشەی لێوارەکەی سەرەوەی دەدەیت و لە کەنارەکەشی دەدەیت بە هەر چواردەوریدا، بەم شێوەیە پاکی دەکەیتەوە و کەفارەتی بۆ دەکەیت. 21 جوانەگاکەی قوربانی گوناه دەبەیت و لە شوێنی دیاریکراو لە پەرستگاکە لە دەرەوەی پیرۆزگاکە دەیسووتێنیت.

22 «لە ڕۆژی دووەم گیسکێکی نێری ساغ پێشکەش دەکەیت، ساغ بێت، دەکرێت بە قوربانی گوناه و قوربانگەکە بە خوێنەکەی پاک دەکەنەوە وەک چۆن بە خوێنی جوانەگاکە پاکیان کردەوە. 23 کە لە پاککردنەوەکە تەواو بوویت، جوانەگایەکی ساغ و بەرانێکی ساغی مێگەل پێشکەش دەکەیت. 24 لەبەردەم یەزدان پێشکەشیان دەکەیت و کاهینەکان خوێیان پێوە دەکەن و دەیانکەن بە قوربانی سووتاندن بۆ یەزدان.

25 «حەوت ڕۆژ، هەر ڕۆژە گیسکێکی نێرینە دەکەیت بە قوربانی گوناه و جوانەگایەکی ساغ و بەرانێکی ساغی مێگەل دەکەیت بە قوربانی. 26 کاهینەکان حەوت ڕۆژ لەسەر قوربانگاکە کەفارەتی بۆ دەکەن و پاکی دەکەنەوە، بەم شێوەیە تەرخانی دەکەن. 27 کە ئەم ڕۆژانە تەواو بوون، لە ڕۆژی هەشتەم بەسەرەوە کاهینەکان لەسەر قوربانگاکە قوربانی سووتاندنەکان و قوربانییەکانی هاوبەشیتان[o] پێشکەش دەکەن، منیش لێتان ڕازی دەبم. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.»

میرەکە، لێڤی و کاهینەکان

44 ئینجا پیاوەکە منی هێنایەوە بۆ ڕێگای دەروازەی دەرەوەی پیرۆزگا کە ڕووەو ڕۆژهەڵات بوو، دەرگاکانی داخرا بوون. یەزدان پێی فەرمووم: «ئەم دەروازەیە بە داخراوی دەمێنێتەوە، ناکرێتەوە و کەس پێیدا ناچێتە ژوورەوە، چونکە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل پێیدا چووە ژوورەوە، جا داخراو دەبێت. تەنها میری فەرمانڕەوا خۆی تێیدا دادەنیشێت بۆ ئەوەی لەبەردەم یەزدان نان بخوات. لە ڕێگای هەیوانی دەروازەکەوە دێتە ژوورەوە و لە هەمان ڕێگاوە دەچێتە دەرەوە.»

ئینجا پیاوەکە لە ڕێگای دەروازەی باکوورەوە منی هێنایە بەردەم پیرۆزگاکە، منیش تەماشام کرد ئەوەتا شکۆمەندی یەزدان پیرۆزگاکەی پڕکردووە. جا بەسەر ڕوومدا کەوتم.

یەزدانیش پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، بە چاوت ببینە، هەموو ئەوەی دەیفەرمووم بە گوێیەکانت بیبیستە و مێشکت بخەرە سەر هەموو فەرزەکانی پەرستگای یەزدان و هەموو فێرکردنەکانی. هەروەها مێشکت بخەرە سەر شوێنی چوونە ژوورەوەی پەرستگاکە و سەر هەموو شوێنەکانی چوونە دەرەوەی پیرۆزگاکە. بە یاخیبووەکان، بە بنەماڵەی ئیسرائیل بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، ئێوە هەموو ئەو نەریتە قێزەونانەی خۆتان بەسە. سەرەڕای ئەوەش بێگانە بە دڵ و لەش خەتەنە نەکراوەکانتان هێنایە ناو پیرۆزگای من، بۆ ئەوەی لەناو پەرستگای مندا بن و پیسی بکەن، ئەو کاتەی کە پیو[p] و خوێن دەکرێنە قوربانی و وەک خواردن پێشکەش بە من دەکرێن. بەو هەموو نەریتە قێزەونانەتان پەیمانی منتان شکاند. ئەرکی خۆتان بۆ شتە پیرۆزکراوەکانی من بەجێنەگەیاند، بەڵکو کەسانی دیکەتان دانا لە جێی خۆتان بۆ پارێزگاریکردنی پیرۆزگاکەم. یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: نابێت هیچ بێگانەیەکی دڵ و لەش خەتەنە نەکراو بێتە ناو پیرۆزگای من، تەنانەت ئەوانەی کە لەنێو ئیسرائیلییەکانیشدا نیشتەجێن.

10 «”بەڵکو لێڤییەکان کە لە من دوورکەوتنەوە کاتێک نەوەی ئیسرائیل گومڕابوون، لە سایەی بتەکانیانەوە ئەوانیش گومڕا بوون، تاوانی خۆیان لە ئەستۆی خۆیان دەگرن. 11 لە پیرۆزگاکەم دەبن بە خزمەتکار و بە پاسەوانی دەروازەکانی پەرستگا و خزمەتکارانی پەرستگا. ئەوان قوربانی سووتاندن و قوربانی سەربڕاو بۆ گەل سەردەبڕن و ئەوان لەبەردەمیان ڕادەوەستن بۆ ئەوەی خزمەتیان بکەن. 12 بەڵام لەبەر ئەوەی لەبەردەم بتەکانیان خزمەتی گەلیان کرد و بوون بە کۆسپی تاوانکاری بۆ بنەماڵەی ئیسرائیل، لەبەر ئەوە سوێندم خواردووە کە تاوانی خۆیان لە ئەستۆی خۆیان دەبێت. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە. 13 لە من نزیک نابنەوە بۆ ئەوەی کاهینیێتیم بۆ بکەن و لە هیچ یەکێک لە شتە پیرۆزکراوەکانم یان پێشکەشکراوە هەرەپیرۆزەکانم نزیک نابنەوە، بەڵکو دەبێت شەرمەزاری نەریتە قێزەونەکانیان هەڵبگرن. 14 لەگەڵ ئەوەشدا بەرپرسیاریێتی پارێزگاری پەرستگا بۆ هەموو خزمەتێک و بۆ هەموو ئەوەی تێیدا دەکرێت دەدەم بە ئەوان.

15 «”بەڵام کاهینە لێڤییەکانی نەوەی سادۆق، ئەوانەی بە دڵسۆزییەوە ئەرکی پارێزگاری پیرۆزگاکەی منیان لە ئەستۆ گرت، کاتێک نەوەی ئیسرائیل لە من گومڕابوون، ئەوان لە من نزیک دەبنەوە بۆ خزمەتکردنم و لەبەردەمم ڕادەوەستن هەتا پیو و خوێن بۆ من بکەن بە قوربانی. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە. 16 ئەوانە دێنە ناو پیرۆزگاکەم و لە مێزەکەم نزیک دەکەونەوە بۆ ئەوەی خزمەتم بکەن و پارێزگاری لە نەریتەکەم بکەن.

17 «”کاتێک دێنە ناو دەروازەکانی حەوشەکەی ناوەوە، جلی کەتان لەبەر دەکەن، لە کاتی خزمەتکردن لە دەروازەکانی حەوشەکەی ناوەوە لەناو پەرستگاکە نابێت جلی خورییان لەبەردا بێت. 18 با مێزەری کەتان بەسەریانەوە بێت و دەرپێی کەتان لەبەر بکەن، شتێک بە ناوقەدیانەوە نەبەستن کە ئارەقەی پێ بکەن. 19 کاتێک دەچن بۆ لای گەل لە خانەکانی دەرەوە، جلی خزمەتکردن دادەکەنن و لە ژوورە تەرخانکراوەکان دایدەنێن، ئینجا جلی دیکە لەبەر دەکەن نەوەک گەل دەستیان بەر جلە تەرخانکراوەکانیان بکەوێت.

20 «”پرچی سەریان نە بە موس دەتاشن و نە دەیهێڵنەوە، بەڵکو بە ڕێکوپێکی کورتی دەکەنەوە. 21 کاهین کە چووە ناو حەوشەکەی ناوەوە نابێت شەراب بخواتەوە. 22 نابێت بێوەژن و ژنی تەڵاقدراو بهێنن، بەڵکو دەبێت کچی پاکیزە لە نەوەی ئیسرائیل یان بێوەژنی کاهینێک بهێنن. 23 جیاوازی نێوان پیرۆز و پیرۆزنەکراو، گڵاو و پاک بە گەلەکەم پیشان دەدەن و فێریان دەکەن.

24 «”لە ناکۆکیدا ئەوان دەبن بە ناوبژیوان و بەپێی حوکمەکانم حوکم دەدەن، لە جەژنەکان فێرکردن و فەرزەکانم بەجێدەهێنن، هەروەها شەممەکانم پیرۆز ڕادەگرن.

25 «”کاهین لە مرۆڤی مردوو نزیک نابێتەوە نەوەک گڵاو بێت. بەڵام ئەگەر مردووەکە باوک یان دایک یان کوڕ یان کچ یان براکەی بێت، یان خوشکەکەی کە شووی نەکردبێت، ئەوا دەتوانێت خۆی گڵاو بکات. 26 پاش پاکبوونەوەی حەوت ڕۆژی بۆ دەژمێرن. 27 لە ڕۆژی چوونە ناو پیرۆزگاوە بۆ ناو حەوشەکەی ناوەوە، بۆ ئەوەی لە پیرۆزگا خزمەت بکات، قوربانییەکەی گوناهی پێشکەش دەکات. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.

28 «”هیچ میراتێک بۆ کاهین نابێت بێجگە لە من، لە ئیسرائیل هیچ موڵکیان نادەنێ، من موڵکی ئەوان دەبم. 29 پێشکەشکراوی دانەوێڵە و قوربانی گوناه و قوربانی تاوان و هەموو ئەوەی لە ئیسرائیلدا کە بۆ یەزدان تەرخانکراوە[q] بۆ ئەوانە. 30 لە هەموو یەکەمین بەرهەم و پیتاکە پیرۆزەکان، باشترینیان بۆ کاهین دەبن. هەروەها یەکەم هەویرتان بە کاهینەکان دەدەن، بۆ ئەوەی بەرەکەت بکەوێتە ماڵتان. 31 کاهینەکان نە گۆشتی ئاژەڵی مردار و نە گۆشتی نێچیر دەخۆن، نە باڵندە و نە ئاژەڵ.

نوێکردنەوەی ماف و ڕێوەڕەسم

45 «”کاتێک خاکەکە وەک میرات دابەش دەکەن، پارچەیەک لە خاکەکە زەوییەکی تەرخانکراو دەبێت و پێشکەش بە یەزدانی دەکەن، درێژی بیست و پێنج هەزار باڵ[r] و پانی بیست هەزار باڵ دەبێت. هەموو سنووری چواردەوری تەرخان دەکرێت. لەمە پارچەیەکی چوار گۆشە بۆ پیرۆزگا دەبێت، پێنج سەد باڵ بە پێنج سەد باڵ و پەنجا باڵیش لە چواردەوری زەوییەکی کراوە دەبێت. لەم پێوانەیە بە درێژی بیست و پێنج هەزار باڵ و پانی دە هەزار باڵ دەپێویت،[s] پیرۆزگاکە و شوێنە هەرەپیرۆزەکەشی لەناویدا دەبێت. بەشە تەرخانکراوەکەی خاکەکە بۆ کاهینەکان کە خزمەتی پیرۆزگا دەکەن، ئەوانەی نزیک دەبنەوە بۆ پەرستنی یەزدان، هەروەها شوێنی تێدا دەبێت بۆ ماڵەکانیان و شوێنی تایبەتیش بۆ پەرستگا. بیست و پێنج هەزار باڵیش بە درێژی و دە هەزار باڵ بە پانی بۆ لێڤییەکان کە خزمەتی پەرستگا دەکەن، وەک شارۆچکە بۆ نیشتەجێبوونیان دەبێتە موڵک.

«”بە شارەکەش پارچەیەک زەوی دەدەن وەک موڵکی خۆی، پێنج هەزار باڵ[t] پانی و بیست و پێنج هەزار باڵ درێژی دەبێت بە تەریبی بەشە تەرخانکراوەکە، جا بۆ هەموو بنەماڵەی ئیسرائیل دەبێت.

«”بەشە زەوی میریش لەلای ڕۆژهەڵات و لەلای ڕۆژئاوا بە تەریبی بەشە تەرخانکراوەکە و موڵکی شارەکە دەبێت. لە سنووری ڕۆژهەڵاتی بەشە تەرخانکراو و موڵکی شارەکەوە درێژ دەبێتەوە بۆ دەریای مردوو، هەروەها لە سنووری ڕۆژئاوای بەشە تەرخانکراو و موڵکی شارەکەشەوە درێژ دەبێتەوە بۆ دەریای سپی ناوەڕاست. ئەم بەشە زەوییە لە خاکی ئیسرائیلدا بۆ میر دەبێت بە موڵک، لەمەودوا میرەکانم ستەم لە گەلەکەم ناکەن و بەگوێرەی هۆزەکانیان زەوییەکە بە بنەماڵەی ئیسرائیل دەدەن.

«”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەی میرانی ئیسرائیل ئیتر بەسە! تاڵانی و توندوتیژی لەنێو خۆتان مەهێڵن و دادوەری و ڕاستودروستی جێبەجێ بکەن. واز بهێنن لە ستەمکردن لە گەلەکەم. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە. 10 تەرازووی تەواو و ئێفەی[u] تەواو و بەتی[v] تەواویان بۆ بەکاربهێنن. 11 ئێفە و بەت یەک ئەندازەیان هەبێت، با بەت دەیەکی حۆمەر و ئێفە دەیەکی حۆمەر بێت. ئەندازەیان بەپێی حۆمەر دەبێت. 12 شاقلیش بیست جیرە دەبێت، شەست شاقل دەکاتە یەک مەنا، لەلای ئێوە وا دەبێت.

دیارییە پێشکەشکراو و ڕۆژە تەرخانکراوەکان

13 «”لەسەر ئەم بنچینەیەش دیارییە تایبەتییەکانتان پێشکەش دەکەن: یەک لە شەستی دروێنەی گەنم و جۆیەکەت، 14 فەرزی زەیتی زەیتوونیش لە سەدا یەکی بەرهەمی دار زەیتوونەکانتان دەدەن. بەگوێرەی بەت بیانپێوە: دە بەت حۆمەرێکە، یەک حۆمەریش دەکاتە یەک کۆڕ. 15 هەروەها لە هەر مێگەلێکی دوو سەد سەر مەڕی لە لەوەڕگا باشەکانی ئیسرائیل مەڕێک دەبەن، دەیانکەنە پێشکەشکراوی دانەوێڵە و قوربانی سووتاندن و قوربانی هاوبەشی بۆ کەفارەت بۆ گەل. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە. 16 ئەمە دیاری تایبەتە بە میری فەرمانڕەوای ئیسرائیل، کە لەسەر هەموو گەلی خاکەکە فەرز دەبێت. 17 لە سەرەمانگ و ڕۆژانی شەممە و هەموو جەژنەکانی بنەماڵەی ئیسرائیل دەبێت میر قوربانی سووتاندن و پێشکەشکراوی دانەوێڵە و شەراب دابین بکات، هەر ئەویش قوربانی گوناه و پێشکەشکراوی دانەوێڵە و قوربانی سووتاندن و قوربانی هاوبەشی دابین دەکات، هەموو ئەمانەش بۆ کەفارەتکردنە بۆ بنەماڵەی ئیسرائیل.

18 «”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: لە مانگی یەک، لە یەکی مانگدا، جوانەگایەکی ساغ دەبەیت و پیرۆزگا پاک دەکەیتەوە. 19 کاهین لە خوێنی قوربانی گوناهەکە دەبات و لە چوارچێوەی دەروازەی پیرۆزگا و لە هەر چوار گۆشەکەی لێواری سەرەوەی قوربانگا و لە چوارچێوەی دەروازەکانی حەوشەکەی ناوەوەی دەدات. 20 هەروەها لە حەوتی مانگیشدا بە هەمان شێوە دەکەیت بۆ هەرکەسێک کە بەبێ ئەنقەست یان بە نەزانی گوناهی کرد، بەم جۆرە کەفارەت بۆ پەرستگاکە دەکەن.

21 «”لە چواردەی مانگی یەکدا، ئەمە ڕۆژی پەسخەیە[w]، بۆ ئێوە دەبێت بە جەژن، حەوت ڕۆژ نانی فەتیرە دەخۆن. 22 لەو ڕۆژەدا میر بۆ خۆی و بۆ هەموو گەلی خاکەکە جوانەگایەک دەکات بە قوربانی گوناه. 23 هەروەها میر لە حەوت ڕۆژەکەی جەژنیشدا قوربانی سووتاندن بۆ یەزدان دەکات، حەوت جوانەگا و حەوت بەرانی ساغ هەموو ڕۆژێکی ئەو حەوت ڕۆژە، هەر ڕۆژەش گیسکێکی نێرینە بۆ قوربانی گوناهە. 24 پێشکەشکراوی دانەوێڵەکەش یەک ئێفە بۆ هەر جوانەگایەک و یەک ئێفە بۆ هەر بەرانێک و بۆ هەر ئێفەیەکیش یەک هەین[x] زەیت پێشکەش دەکات.

25 «”ئەو جەژنەی کە لە پازدەی مانگی حەوتدا دەستپێدەکات، حەوت ڕۆژ دەبێت، هەروەها بە هەمان شێوە میر هەڵدەستێت بە دابینکردنی قوربانی گوناه، قوربانی سووتاندن، پێشکەشکراوی دانەوێڵە و زەیت.

46 «”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: دەروازەکەی ڕووەو ڕۆژهەڵات لە حەوشەکەی ناوەوە شەش ڕۆژی کارکردن داخراو دەبێت، تەنها لە ڕۆژی شەممە و لە سەرەمانگ دەکرێتەوە. میر لە ڕێگای هەیوانی دەروازەکە لە دەرەوە دێتە ژوورەوە و لەلای نیرگەی دەروازەکە دەوەستێت و کاهینەکان قوربانی سووتاندنەکە و قوربانییەکانی هاوبەشی دەکەن، ئەویش لەلای بەردەرگاکە کڕنۆش دەبات و پاشان دەچێتە دەرەوە، بەڵام دەروازەکە هەتا ئێوارە داناخرێت. گەلی خاکەکەش لە ڕۆژانی شەممە و لە سەرەمانگەکان لەبەر دەرکی ئەم دەروازەیە لەبەردەم یەزدان کڕنۆش دەبەن. ئەو قوربانی سووتاندنەی میر بۆ یەزدانی پێشکەش دەکات لە ڕۆژی شەممەدا شەش بەرخی نێری ساغ و بەرانێکی ساغە، پێشکەشکراوی دانەوێڵەکەشی یەک ئێفەیە بۆ بەرانەکە و بۆ بەرخەکانیش پێشکەشکراوی دانەوێڵە ئەوەندەی بەخشینی دەستی و یەک هەین زەیتیش بۆ ئێفەیەک. لە سەرەمانگانیشدا، جوانەگایەکی ساغ و شەش بەرخ و بەرانێکی ساغ پێشکەش دەکات. میر پێشکەشکراوی دانەوێڵەکەش ئێفەیەک بۆ جوانەگاکە دابین دەکات، لەگەڵ ئێفەیەک بۆ بەرانەکە، بۆ بەرخەکانیش بەگوێرەی ئەوەی لە دەستی دێت، بۆ هەر ئێفەیەکیش یەک هەین زەیت دابین دەکات. کاتێک میر دێتە ژوورەوە، لە ڕێگای هەیوانی دەروازەکەوە دێتە ناوەوە، هەروەها لە هەمان ڕێگاشەوە دەچێتە دەرەوە.

«”کاتێک لە جەژنەکان گەلی خاکەکە دێنە ژوورەوە بۆ بەردەم یەزدان، ئەوەی لە ڕێگای دەروازەی باکوورەوە بۆ کڕنۆش بردن دێتە ژوورەوە، لە ڕێگای دەروازەی باشوورەوە دەچێتە دەرەوە؛ ئەوەی لە ڕێگای دەروازەی باشوورەوە دێتە ژوورەوە لە ڕێگای دەروازەی باکوورەوە دەچێتە دەرەوە. کەس بەو ڕێگایەدا ناگەڕێتەوە کە پێدا هاتە ژوورەوە، بەڵکو لە ڕێگاکەی بەرامبەرییەوە دەچێتە دەرەوە. 10 گەل بە یاوەری میر دێنە ژوورەوە و هەروەها دەچنە دەرەوە. 11 لە جەژن و جەژنە دیاریکراوەکان پێشکەشکراوی دانەوێڵە ئێفەیەک بۆ جوانەگا و ئێفەیەک بۆ بەران دەبێت، بۆ بەرخەکانیش هەرکەسێک بەگوێرەی توانای خۆی و بۆ هەر ئێفەیەکیش یەک هەین زەیت.

12 «”ئەگەر میر بە خواستی خۆی لە پێناوی خودا بەخشینێکی ئازادی دا، قوربانی سووتاندن یان قوربانی هاوبەشی بێت، ئەوا ئەو دەروازەیەی ڕووەو ڕۆژهەڵاتە بۆی دەکرێتەوە. وەک ئەوەی لە ڕۆژانی شەممەدا دەیکات، میر قوربانی سووتاندنەکەی یان قوربانییە هاوبەشییەکانی دەکات، پاشان دەچێتە دەرەوە و لەدوای چوونەدەرەوەکەی دەروازەکە دادەخرێت.

13 «”هەموو ڕۆژێک سەر لە بەیانی بەرخێکی یەک ساڵەی ساغ دەکەیتە قوربانی سووتاندن. 14 هەموو بەیانییەک لەگەڵ بەرخەکە پێشکەشکراوی دانەوێڵەی بۆ دەکەیت، شەش یەکی ئێفەیەک و زەیتەکەشی سێ یەکی هەینێک بۆ تەڕکردنی ئاردە سفرەکە، قوربانی خۆراکە بۆ یەزدان، فەرزێکی هەتاهەتایی بەردەوامە. 15 هەموو بەیانییەک بە بەردەوامی بەرخەکە و پێشکەشکراوی دانەوێڵەکە و زەیتەکە دەکەنە قوربانی سووتاندن.

16 «”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەگەر میر دیارییەکی دایە یەکێک لە کوڕەکانی، ئەوا وەک میرات بۆ نەوەکانی دەمێنێتەوە، موڵکی خۆیانە بە میرات. 17 بەڵام ئەگەر دیارییەکی دایە یەکێک لە کۆیلەکانی خۆی، ئەوا هەتا ساڵی ئازادکردنی بۆ کۆیلەکەی دەبێت، پاشان بۆ میرەکە دەگەڕێتەوە، بەڵام میراتەکەی خۆی تەنها بۆ کوڕەکانی دەبێت. 18 میر لە میراتی گەل نابات، بەوەی لە موڵکی خۆیان دەریانبکات. لە موڵکی خۆی میرات بە کوڕەکانی دەدات، بۆ ئەوەی گەلەکەم کەس لە موڵکی خۆی بێبەش نەبێت.“»

19 ئینجا لەو دەرگایەی لەتەنیشت دەروازەکە بوو منی هێنایە ئەو ژوورە تەرخانکراوانەی ڕووەو باکوور کە هی کاهینەکان بوون. شوێنێکی نیشاندام لە کۆتایی ڕۆژئاوای ژوورەکان. 20 پێی فەرمووم: «ئەمە ئەو شوێنەیە کە کاهینەکان تێیدا قوربانی تاوان و قوربانی گوناه دەکوڵێنن و لێرە پێشکەشکراوی دانەوێڵە دەکەن بە نان، نەوەک بیبەنە خانەکانی دەرەوە و گەل پیرۆز بکەن.»

21 ئینجا بردمییە خانەکانی دەرەوە و بەسەر هەر چوار گۆشەکەی حەوشەکەدا و بینیم لە هەر گۆشەیەک چێشتخانەیەک هەبوو. 22 لە هەر چوار گۆشەکەی خانەکانی دەرەوە چێشتخانە هەبوون، هەر یەکێکیان درێژییەکەی چل باڵ و پانییەکەی سی باڵ بوو. هەر چوار چێشتخانەکە لە ئەندازەدا یەکسان بوون. 23 بە چواردەوری هەر چێشتخانەیەکدا لێوارێکی بەردینی هەبوو، لە دامێنی لێوارەکەش ئاگردان بوو. 24 پێی فەرمووم: «ئەمانە چێشتخانەن کە خزمەتکارەکانی پەرستگا قوربانییەکانی گەلی تێدا لێدەنێن.»

ڕووبارێک لە پەرستگاوە دەچێتە دەرەوە

47 پاشان پیاوەکە منی هێنایەوە شوێنی هاتنە ژوورەوە بۆ پەرستگاکە و بینیم ئاو لەژێر سەکۆی دەروازەی پەرستگاکەوە هەڵدەقوڵێت و بەرەو ڕۆژهەڵات دەڕوات، چونکە پەرستگاکە ڕووەو ڕۆژهەڵات بوو. ئاوەکان لەژێر لای ڕاستی پەرستگاکە لە باشووری قوربانگاکە بەرەو خوار دەڕۆیشتن. ئینجا لە ڕێگای دەروازەی باکوورەوە منی بردە دەرەوە، لە دەرەوە منی بە ڕێگاکەدا سووڕاندەوە هەتا دەروازەکەی دەرەوە لەو ڕێگایەی ڕووی بەرەو ڕۆژهەڵاتە و ئەوەتا ئاو بەلای باشووردا دەڕوات.

کاتێک پیاوەکە بەرەو ڕۆژهەڵات چووە دەرەوە گوریسێکی پێوانەشی بە دەستەوە بوو و هەزار باڵی پێوا و بەناو ئاوەکەدا تێپەڕی کردم و ئاوەکەش هەتا هەردوو قولەپێ بوو. دووبارە هەزار باڵی دیکەی پێوا و بەناو ئاوەکەدا تێپەڕی کردم و ئاوەکە تاکو هەردوو ئەژنۆ بوو. پاشان هەزاری دیکەی پێوا و بەناو ئاوەکەدا تێپەڕی کردم و ئاوەکە هەتا ناوقەد بوو. بە هەمان شێوە هەزاری دیکەی پێوا و بینیم ڕووبارێکە کە نەمتوانی بپەڕمەوە، چونکە ئاوەکە هەستابوو. ئاوی مەلەکردن بوو، ڕووبارێک بوو کە بواری پەڕینەوەی لێ نەبوو. لێی پرسیم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، بینیت؟»

ئینجا بردمی و منی هێنایەوە کەناری ڕووبارەکە. کە گەڕامەوە ئەوەتا لە کەناری ڕووبارەکە لێرە و لەوێ داری زۆری لێ بوون. پێی فەرمووم: «ئەم ئاوە دەردەچێت بەرەو هەرێمی ڕۆژهەڵات و دادەبەزێت بۆ عەراڤا[y] و ئینجا دەچێت بۆ دەریای مردوو. کە دێتە ناو دەریاکە، ئاوی دەریای مردوو سازگار دەکات. بۆ هەرکوێ ڕووبارەکە بچێت، کۆمەڵی زیندەوەران لەوێ دەژین و ماسیش زۆر زۆر دەبێت، چونکە ئەم ئاوە دەڕژێتە ناو ئاوە سوێرەکان و سازگاریان دەکات و هەموو ئەوەی ڕووبارەکەی بۆ بێت دەژیێت. 10 لە کانی گەدی هەتا کانی عەگلەیم ماسیگرەکان لەسەر کەنارەکانی ڕادەوەستن و چەند شوێنێک دەبێت بۆ تۆڕ هەڵدان، ماسییەکانی جۆراوجۆر دەبن وەک ماسییەکانی دەریای سپی ناوەڕاست[z] جۆرەکانی زۆر زۆر دەبێت. 11 بەڵام گۆم و زۆنگاوەکانی سازگار نابن، بە سوێری دەمێننەوە بۆ خوێگرتن. 12 لەسەر کەناری ڕووبارەکە لێرە و لەوێ هەموو دارێکی میوە دەڕوێت کە بەرەکانیان دەخورێت و گەڵاکانی وشک نابن و بەری لێ نابڕێت، بەڵکو هەموو مانگێک بەری تازە دەگرێت، چونکە ئاوەکەی لە پیرۆزگاوە دەردەچێت و بەرەکەی بۆ خواردن و گەڵاکانی بۆ دەرمان دەبن.»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.