Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Bible in 90 Days

An intensive Bible reading plan that walks through the entire Bible in 90 days.
Duration: 88 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
هۆشەع 13:7 - ئامۆس 9:10

جا وەک شێر دەبم بۆیان،
    وەک پڵنگ لەسەر ڕێگا خۆم مات دەکەم.
وەک ورچێکی جەرگسووتاو پەلاماریان دەدەم و
    پەردەی دڵیان دەدڕێنم.
وەک شێرە مێ لەوێ دەیانخۆم،
    ئاژەڵی کێوی پارچەپارچەیان دەکەن.

«ئەی ئیسرائیل، تۆ لەناوچوویت،
    چونکە تۆ لە دژی منیت، لە دژی یارمەتیدەری خۆتیت.
10 ئێستا کوا پاشاکەت؟
    تاکو لە هەموو شارۆچکەکانت ڕزگارت بکات،
کوا ئەو فەرمانڕەوایانەی کە سەبارەت بەوان گوتت:
    ”پاشا و میرم بدەرێ“؟
11 لە تووڕەییمدا پاشایەکم پێت دا و
    لە هەڵچوونمدا بردمەوە.
12 تاوانەکانی ئەفرایم ئەمبار کراون،
    گوناهەکانیشی تۆمارکراون.
13 ژانی منداڵبوون بەسەریدا دێت،
    بەڵام منداڵێکی نەفامە،
چونکە لە کاتی خۆیدا نایەت و
    لە منداڵدان ناترازێتە خوارەوە.

14 «لە دەست جیهانی مردووان خۆمیان بۆ بەخت دەکەم،
    لە مردن دەیانکڕمەوە.
ئەی مردن، کوا دەردەکانت؟
    ئەی جیهانی مردووان، کوا وێرانکاریت؟

«میهرەبانی لە چاوەکانم شاردراونەتەوە،
15     هەرچەندە لەناو براکانیدا بە بەروبووم بوو.
بایەکی ڕۆژهەڵات دێت،
    بای یەزدان لە چۆڵەوانی هەڵدەکات،
ئینجا کانییەکەی کوێردەبێتەوە و
    سەرچاوەکەی بێ ئاو دەبێت.
گەنجینەی هەموو کەلوپەلە بەنرخەکانی
    تاڵان دەکرێت.
16 خەڵکی سامیرە تاوانبار دەکرێن،
    چونکە لە خودای خۆی یاخی بوون،
بە شمشێر دەکوژرێن و
    منداڵەکانیان تێکدەشکێنرێن،
    سکی سکپڕان هەڵدەدڕێت.»

تۆبەکردن بۆ وەرگرتنی بەرەکەت

14 ئەی ئیسرائیل، بۆ لای یەزدانی پەروەردگاری خۆتان بگەڕێنەوە،
    چونکە بە تاوانی خۆتان تێکشکان!
ئەم قسانە لەگەڵ خۆتان ببەن و
    بگەڕێنەوە لای یەزدان،
پێی بڵێن:
    «لە هەموو تاوانێک خۆشبە و
بە چاکەی خۆت وەرمانبگرە،
    بەروبوومی لێوەکانمان سوپاسکردنی تۆ دەبێت.[a]
ئاشور ڕزگارمان ناکات.
    سواری ئەسپ نابین،
جارێکی دیکە بە دەستکردەکانمان ناڵێین،
    ”خوداوەندەکانمان،“
    چونکە لەلایەن تۆ هەتیو بەر بەزەیی دەکەوێت.»

«من هەڵگەڕانەوەیان چاک دەکەمەوە،
    بە دڵفراوانییەوە ئەوانم خۆشدەوێت،
    چونکە تووڕەییم لەوان دامرکایەوە.
بۆ ئیسرائیل وەک شەونم دەبم،
    ئەویش وەک سەوسەن گوڵ دەکات و
    وەک دار ئورزی لوبنان ڕەگ دادەکوتێت،
    چڵەکانی درێژ دەبنەوە،
جوانییەکەی وەک دار زەیتوون دەبێت و
    وەکو دار ئورزی لوبنان بۆندار دەبێت.
نیشتەجێبووان لە سایەی سێبەرەکەی دەگەڕێنەوە.
    وەک دانەوێڵە دەژیێتەوە و
وەک مێو دەگەشێتەوە.
    ناوبانگی وەک شەرابی لوبنان دەبێت.
ئەی ئەفرایم، لەمەولا چ پەیوەندییەکم بە بتەوە هەیە؟
    من وەڵام دەدەمەوە و چاودێریت دەکەم،
من وەک دار سنەوبەرێکی سەوزم،
    بەروبوومەکەت لەلایەن منەوەیە.»

کێ دانایە و لە ئەمانە تێدەگات؟
    کێ تێگەیشتووە و دەیانزانێت؟
چونکە ڕێگاکانی یەزدان ڕاستن و
    ڕاستودروستان پێیدا دەڕۆن،
    بەڵام یاخیبووەکان ساتمەی تێدا دەکەن و دەکەون.

پەیامی یەزدان کە بۆ یۆئێلی کوڕی پەتوئێل هات:

هێرشی کوللە

ئەی پیران، گوێ لەمە بگرن،
    ئەی هەموو دانیشتووانی خاکەکە، گوێ شل بکەن.
ئایا ئەمە لە سەردەمی ئێوە
    یان لە سەردەمی باوباپیرانتان ڕوویداوە؟
ئەمە بۆ کوڕەکانتان بگێڕنەوە،
    کوڕەکانیشتان بۆ کوڕەکانیان،
    کوڕەکانیشیان بۆ نەوەی دوای خۆیان.
ئەوەی لەبەر کوللەی قرتێنەر مایەوە
    کوللەی گەورە لووشیان دا،
ئەوەی لەبەر کوللەی گەورە مایەوە
    پێکوڕە لووشیان دا،
ئەوەش کە لەبەر پێکوڕە مایەوە
    وردە کوللەی لووشیان دا.

ئەی سەرخۆشەکان، بەئاگا بێن و بگریێن!
    ئەی هەموو ئەوانەی شەراب دەخۆنەوە،
واوەیلا بۆ شەرابی شیرین بکەن،
    چونکە لە دەمتان بڕاوە.
نەتەوەیەک پەلاماری خاکەکەمی دا،
    بەهێز و بێشومارە،
ددانەکانی ددانی نەڕە شێرە و
    کەڵبەی شێرە مێی هەیە.
دار مێوەکەمی وێران کردووە و
    دار هەنجیرەکەمی تێکشکاندووە،
توێکڵەکەی داتاشیوە و فڕێیداوە،
    لقەکانی سپی بوونەوە.

شین بگێڕە وەک پاکیزەیەکی جلوبەرگی گوش[b] پۆشیو،
    بۆ مێردی گەنجییەتی کە نەماوە.
پێشکەشکراوی دانەوێڵە و شەراب
    لە ماڵی یەزدان بڕایەوە،
کاهینەکان دەلاوێننەوە،
    ئەوانەی خزمەتکاری یەزدانن.
10 کێڵگەکان وێران بوون،
    خاک شیوەنی گێڕا،
چونکە دانەوێڵە فەوتا،
    شەرابی نوێ نەما،
    ڕۆن لە هیزە بڕا.

11 ئەی جوتیارەکان، نائومێد بن،
    ڕەزەوانەکان، واوەیلا بکەن،
بۆ گەنم و جۆ،
    چونکە دروێنەی کێڵگە لەناوچوو.
12 دار مێو وشک هەڵگەڕا و
    دار هەنجیر سیس بوو،
دار هەنار و خورما و سێو،
    هەموو درەختەکانی کێڵگە وشک هەڵگەڕان.
    بە دڵنیاییەوە شادی و خۆشی بۆ گەل نەما.

بانگەوازی تۆبەکردن

13 ئەی کاهینەکان، گوش بپۆشن و بلاوێننەوە،
    ئەی خزمەتکارانی قوربانگا، واوەیلا بکەن.
ئەی خزمەتکارانی خوداکەم،
    وەرن و شەو بە بەرگی ماتەمەوە بمێننەوە،
چونکە پێشکەشکراوی دانەوێڵە و شەراب
    لە ماڵی خوداتان ڕاگیراوە.
14 ڕۆژووگرتنێک ڕابگەیەنن،
    بۆ کۆبوونەوەیەکی پیرۆز بانگیان بکەن،
پیران کۆبکەنەوە،
    هەموو دانیشتووانی خاکەکەش
بێنە ماڵی یەزدانی پەروەردگارتان،
    هاوار بکەن بۆ یەزدان.

15 ئای بۆ ئەو ڕۆژە!
    چونکە ڕۆژی یەزدان[c] نزیک بووەتەوە،
    وەک وێرانبوون لەلایەن خودای هەرە بە تواناوە دێت.

16 ئایا لەبەرچاومان خواردن نەبڕاوە؟
    ئایا لە ماڵی خودامان خۆشی و شادی ماوە؟
17 تۆوی دانەوێڵەکان
    لەژێر باڕستی خاکدا ڕزین،
کۆگاکان چۆڵ کران،
    ئەمبارەکان وێران کران،
    چونکە دانەوێڵە وشک بوو.
18 ماڵاتەکان چۆن دەناڵێنن!
    مێگەلەکان بەڕەڵا بوون،
چونکە لەوەڕگایان نییە،
    تەنانەت ڕانە مەڕەکانیش ماندوون.

19 ئەی یەزدان، هاوار بۆ تۆ دەکەم،
    چونکە ئاگر لەوەڕگاکانی دەشتودەری خوارد،
    گڕێک هەموو درەختەکانی کێڵگەی سووتاند.
20 تەنانەت ئاژەڵە کێوییەکانیش چاویان لە دەستی تۆیە،
    چونکە جۆگەلە ئاوەکان وشکیان کردووە و
    ئاگر لەوەڕگاکانی دەشتودەری خواردووە.

سوپای کوللە

لە سییۆن فوو بە کەڕەنادا بکەن،
    لەسەر کێوی پیرۆزم هاوار بکەن بۆ ئاگادارکردنەوە.

با هەموو دانیشتووانی خاکەکە بلەرزن،
    چونکە ڕۆژی یەزدان دێت و نزیکە.
ڕۆژی تاریکی و ئەنگوستەچاوە،
    ڕۆژی هەور و تەمی چڕە.
وەک کازێوە باڵی بەسەر چیاکاندا دەکێشێت،
    سوپایەکی گەورە و بەهێز دێت،
لە دێرزەمانەوە هاوشێوەی نەبووە،
    لە نەوەی داهاتووش شتی وا نابێتەوە.

لەپێشیانەوە ئاگر دەخوات و
    لەپشتیشیانەوە گڕ دەسووتێنێت.
لەپێشیانەوە خاک وەک باخچەی عەدەنە،
    لەپشتیشیانەوە چۆڵەوانییەکی وێرانە،
    هیچ لێیان دەرباز نابێت.
دیمەنیان وەک دیمەنی ئەسپە،
    وەک سوار غار دەدەن.
وەک دەنگی گالیسکە
    لەسەر لووتکەی چیاکان باز دەدەن،
وەک دەنگی گڕی ئاگرە کە پوشوپەڵاش هەڵدەلووشێت،
    وەک سوپایەکی بەهێزی ڕیزبەستووە بۆ جەنگ.

لەبەردەم ئەوان، گەلان سڵ دەکەنەوە،
    هەموو دەموچاوێک ڕەنگی هەڵدەبزڕکێت.
وەک پاڵەوان هێرش دەبەن،
    وەک جەنگاوەر بە شووراکاندا هەڵدەگەڕێن.
هەموویان لەسەر یەک هێڵ دەڕۆن و
    لە ڕێچکەی خۆیان لانادەن.
تەنگ بە یەکتری هەڵناچنن و
    هەریەکەیان بە ڕیزی خۆیدا دەڕوات،
بە سەنگەرەکاندا ڕەت دەبن،
    بەبێ ئەوەی ڕیزەکانیان بشکێنن.
بەناو شارەکەدا غار دەدەن،
    بەسەر شووراکاندا ڕادەکەن،
سەردەکەونە سەر ماڵەکان،
    وەک دز بەناو پەنجەرەکاندا دێنە ژوورەوە.

10 لەبەردەمیان زەوی دەلەرزێت،
    ئاسمان دەهەژێت،
خۆر و مانگ تاریک دەبن و
    ئەستێرەکان تروسکایی خۆیان ڕادەگرن.
11 یەزدان دەنگی بەرز دەکاتەوە
    لەپێش سوپاکەیەوە،
سەربازەکانی زۆر زۆرن،
    ئەوانەی فەرمانەکەی بەجێدەهێنن بە هێزن.
ڕۆژی یەزدان گەورەیە،
    زۆر سامناکە.
    کێ خۆی لەبەری دەگرێت؟

دڵتان دابدڕن

12 یەزدان دەفەرموێت: «بەڵام ئێستا،
    بە هەموو دڵتانەوە بگەڕێنەوە لام،
    بە ڕۆژووگرتن و گریان و شیوەن گێڕانەوە.»

13 دڵتان دابدڕن نەک جلەکانتان،
    بگەڕێنەوە لای یەزدانی پەروەردگارتان،
چونکە میهرەبان و بە بەزەییە،
    پشوودرێژە،
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی زۆرە،
    لە خراپە پاشگەز دەبێتەوە.
14 کێ دەزانێت؟ ڕەنگە بگەڕێتەوە و پاشگەز بێتەوە،
    لەپاش خۆیەوە بەرەکەت بەجێبهێڵێت،
بۆ پێشکەشکراوی دانەوێڵە و شەراب
    بۆ یەزدانی پەروەردگارتان.

15 لە سییۆن فوو بە کەڕەنادا بکەن،
    ڕۆژووگرتنێک ڕابگەیەنن،
    بۆ کۆبوونەوەیەکی پیرۆز بانگیان بکەن.
16 گەل کۆبکەنەوە و
    کۆمەڵ تەرخان بکەن،
پیران خڕبکەنەوە و
    منداڵان کۆبکەنەوە
    لەگەڵ شیرەخۆرەکان.
با زاوا لە ژوورەکەیەوە بێتە دەرەوە،
    بووکیش لە کوللەکەی.
17 با کاهینەکان، خزمەتکارانی یەزدان،
    لەنێوان هەیوانەکە و قوربانگاکەدا بگریێن.
با بڵێن: «ئەی یەزدان، دڵت بە گەلەکەت بسووتێت،
    میراتەکەت مەکە جێگای تانە و تەشەر،
هەتا گەلان بیانکەنە پەند.
    بۆچی لەنێو گەلاندا بڵێن: ”کوا خوداکەیان؟“»

وەڵامی یەزدان

18 ئینجا یەزدان خۆشەویستی بۆ خاکەکەی دەردەبڕێت و
    بەزەیی بە گەلەکەیدا دێتەوە.

19 یەزدان وەڵام دەداتەوە و بە گەلەکەی دەفەرموێت:

«دانەوێڵە و شەرابی نوێ و زەیتتان بۆ دەنێرم،
هەتا ئەوەی لێی تێردەبن،
    ئیتر ناتانکەمە جێگای تانە و تەشەری نەتەوەکان.

20 «ئەو سوپایەش کە لە باکوورەوە هاتووە لێتان دوور دەخەمەوە،
    دەریدەکەم بۆ زەوییەکی وشک و وێران،
ڕووی لە دەریای ڕۆژهەڵاتە[d] و
    پشتیشی لە دەریای ڕۆژئاوایە[e]،
بۆگەنییەکەی سەرکەوت و
    بۆنە پیسەکەی بڵاو دەبێتەوە.»

بێگومان کاری مەزنی ئەنجام داوە.
21     ئەی زەوی مەترسە!
    شاد و دڵخۆش بە،
چونکە یەزدان کاری مەزنی ئەنجام داوە.
22     ئەی ئاژەڵە کێوییەکان مەترسن،
    چونکە لەوەڕگاکانی دەشتودەر سەوز دەبن،
درەختەکان بەر دەگرن،
    دار هەنجیر و دار مێو بەرێکی زۆر دەردەخەن.
23 ئەی نەوەی سییۆن،
    شاد و دڵخۆش بن بە یەزدانی پەروەردگارتان،
چونکە بۆ دەرکەوتنی ڕاستودروستی پاییزە بارانی پێدان.
    پاییزە باران و بەهارە باران
    هەروەک پێشتر بەسەرتاندا دەبارێنێت.
24 ئیتر جۆخینەکان[f] پڕ دەبن لە دانەوێڵە و
    قەڕابەکان سەرڕێژ دەبن لە شەراب و زەیت.

25 «قەرەبووی ئەو ساڵانەتان دەکەمەوە کە کوللەی گەورە خواردیان،
    پێکوڕە و وردە کوللە و
    کوللەی قرتێنەر،
لەشکرە گەورەکەم کە ناردمە سەرتان.
26 ئینجا زۆر دەخۆن و تێر دەبن،
    ستایشی ناوی یەزدانی پەروەردگاری خۆتان دەکەن،
ئەوەی کاری سەرسوڕهێنەری لەگەڵدا کردن،
    بۆ هەتاهەتایە گەلەکەم سەرشۆڕ نابێت.
27 ئیتر دەزانن کە من لەناوەڕاستی ئیسرائیلم،
    کە من یەزدانی پەروەردگارتانم و
    بێجگە لە من یەکێکی دیکە نییە.
بۆ هەتاهەتایە گەلەکەم سەرشۆڕ نابێت.

ڕۆژی یەزدان

28 «پاش ئەمانە،
    ڕۆحم بەسەر هەموو خەڵکدا دەڕێژم.
کوڕان و کچانتان پەیامی خودا ڕادەگەیەنن،
    پیرانتان خەون دەبینن،
    گەنجانتان بینینیان بۆ ئاشکرا دەکرێت.
29 تەنانەت بەسەر بەندە و کەنیزەکانیشم،
    لەو ڕۆژانەدا ڕۆحی خۆم دەبارێنم.
30 پەرجوو[g] لە ئاسمان و
    زەویدا نیشان دەدەم،
    خوێن و ئاگر و ستوونی دووکەڵ.
31 خۆر دەبێتە تاریکی و
    مانگیش دەبێتە خوێن،
    بەر لەوەی ڕۆژی گەورە و ترسناکی یەزدان بێت.
32 بەڵام هەرکەسێک بە ناوی یەزدانەوە بپاڕێتەوە
    ڕزگاری دەبێت،
چونکە هەروەک یەزدان فەرمووی،
    ڕزگاربوون لە کێوی سییۆن و
    لە ئۆرشەلیم دەبێت،
بۆ ئەوانەیە کە ماونەتەوە،
    ئەوانەی یەزدان بانگهێشتی کردوون.

حوکمی نەتەوەکان

«لەو ڕۆژانەدا و لەو کاتەدا،
    کاتێک ڕاپێچکراوەکانی یەهودا و ئۆرشەلیم دەگەڕێنمەوە،
هەموو نەتەوەکان خڕدەکەمەوە و
    دەیانبەمە خوارەوە بۆ دۆڵی یەهۆشافات[h].
لەوێدا دادگاییان دەکەم،
    لەسەر گەلەکەم و میراتەکەم، ئیسرائیل،
کە لەنێو نەتەوەکاندا پەرتوبڵاویان کردنەوە و
    زەوییەکەی منیان دابەش کرد.
لەسەر گەلەکەم تیروپشکیان کرد،
    منداڵیان بۆ لەشفرۆش فرۆشت،
کچیان بۆ شەراب فرۆشت
    بۆ ئەوەی بیخۆنەوە.

«ئەی سور و سەیدا و هەموو ناوچەکانی فەلەستیە، ئیتر ئێوە چیتان لە دژی من هەیە؟ ئایا تۆڵەم لێ دەستێننەوە؟ جا ئەگەر تۆڵەم لێ بستێننەوە، بە پەلە و خێرا بەسەر خۆتانیدا دەهێنمەوە، چونکە ئێوە زێڕ و زیوەکەی منتان برد و گەنجینە باشەکانی منتان بردە ناو پەرستگاکانی خۆتان. نەوەی یەهودا و نەوەی ئۆرشەلیمتان بە نەوەی یۆنانییەکان فرۆشت، تاکو لە نیشتیمانی خۆیان دووریان بخەنەوە.

«ببینن، من لەو شوێنەوە کە ئەوانتان پێی فرۆشتبوو هەڵیاندەستێنم، ئەوەی کردبووتان بەسەر خۆتانیدا دەهێنمەوە. کوڕ و کچەکانتان دەفرۆشمە نەوەی یەهودا، ئەوانیش دەیانفرۆشنە سەبئییەکان، نەتەوەیەکی دوور.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

ئەمە لەنێو نەتەوەکاندا ڕابگەیەنن:
    خۆتان بۆ جەنگێک ئامادە بکەن!
پاڵەوانەکان هەڵتسێنن!
    با هەموو جەنگاوەران پێشبکەون و هێرش بکەن.
10 گاسنەکانتان بکوتن و بیکەنە شمشێر،
    داسەکانیشتان بکەنە ڕم.
با لاواز بڵێت،
    «من پاڵەوانم!»
11 ئەی هەموو نەتەوەکانی دەوروبەر، بە پەلە وەرن،
    لەوێدا کۆببنەوە.

ئەی یەزدان، پاڵەوانەکانت دابەزێنە!

12 «نەتەوەکان هەڵدەستن و دێن،
    بۆ دۆڵی یەهۆشافات،
چونکە لەوێدا دادەنیشم بۆ دادگاییکردنی
    هەموو نەتەوەکانی دەوروبەر.
13 داسەکە ڕاوەشێنن،
    چونکە دروێنەکە پێگەیشتووە.
وەرن ترێ بپڵیشێننەوە،
    چونکە گوشەرەکە پڕ بووە،
    قەڕابەکە سەرڕێژ دەبێت،
چونکە خراپەیان زۆرە!»

14 «لە دۆڵی بڕیار
    کۆمەڵ، کۆمەڵ!
    چونکە ڕۆژی یەزدان نزیکە
    لە دۆڵی بڕیار.
15 خۆر و مانگ تاریک دەبن و
    ئەستێرەکان تروسکایی خۆیان ڕادەگرن.
16 یەزدانیش لە سییۆنەوە دەنەڕێنێت،
    لە ئۆرشەلیمەوە دەنگی بەرز دەکاتەوە،
    ئاسمان و زەوی دەهەژێن.
بەڵام یەزدان پەناگایە بۆ گەلەکەی خۆی،
    قەڵایە بۆ نەوەی ئیسرائیل.

بەرەکەتی سەر گەلی خودا

17 «ئیتر دەزانن کە من یەزدانی پەروەردگارتانم،
    لە سییۆن نیشتەجێم، کێوی پیرۆزم.
ئۆرشەلیمیش پیرۆز دەبێت؛
    لەمەودوا بێگانە بەناویدا تێناپەڕێت.

18 «لەو ڕۆژەدا چیاکان خۆشاوی ترێیان لێ دەتکێت،
    گردەکان شیریان لێ دەڕژێت؛
    هەموو کەندەکانی یەهودا ئاویان لەسەر دەڕژێت،
کانییەک لە ماڵی یەزدانەوە هەڵدەقوڵێت،
    دۆڵی شەتیم[i] ئاو دەدات.
19 بەڵام میسر وێران دەبێت،
    ئەدۆمیش دەبێتە چۆڵەوانییەکی وێران،
لەبەر ئەوەی ستەمیان لە نەوەی یەهودا کرد،
    خوێنی بێتاوانیان لە خاکەکەیاندا ڕشت.
20 یەهوداش هەتاهەتایە ئاوەدان دەبێت،
    ئۆرشەلیمیش نەوە دوای نەوە.
21 لەو خوێنڕشتنەیان خۆشدەبم
    کە پێشتر لێی خۆش نەببووم.»

یەزدانیش لە سییۆن نیشتەجێ دەبێت!

ئەمە پەیامی ئامۆسە کە یەکێک بوو لە شوانەکانی شارۆچکەی تەقۆعە، دوو ساڵ پێش بوومەلەرزەکە لە سەردەمی عوزیای پاشای یەهودا و لە سەردەمی یارۆڤعامی کوڕی یەهۆئاشی پاشای ئیسرائیل، ئەم بینینەی دەربارەی ئیسرائیل بۆ ئاشکرا کرا.

گوتی:

«یەزدان لە سییۆنەوە دەنەڕێنێت،
    لە ئۆرشەلیمەوە دەنگی دێت،
لەوەڕگای شوانەکان شیوەن دەگێڕن و
    لووتکەی کارمەل وشک دەبێت.»

حوکم بەسەردادانی وڵاتانی دەوروبەر

یەزدان ئەمە دەفەرموێت:

«دیمەشق یاخی بوو، لە یاخیبوونەکەی بەردەوامە،
    سزاکەتان بەسەردا تێناپەڕێنم،
    لەبەر ئەوەی بە جەنجەڕی ئاسن گلعادیان شێلا،
ئاگر دەنێرمە سەر ماڵی حەزائێل
    قەڵاکانی بەن‌هەدەد دەخوات.
شەوبەندی دەروازەکانی دیمەشق دەشکێنم،
    فەرمانڕەواکە لە دۆڵی ئاڤەن ڕیشەکێش دەکەم،
هەروەها گۆچان بەدەست لە بێت‌عەدەن.
    گەلی ئارام بۆ قییر ڕاپێچ دەکرێن.»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

یەزدان ئەمە دەفەرموێت:

«غەزە یاخی بوو، لە یاخیبوونەکەی بەردەوامە،
    سزاکەتان بەسەردا تێناپەڕێنم،
لەبەر ئەوەی چەند کۆمەڵگایەکی بە تەواوەتی بە دیل گرت و
    بە ئەدۆمی فرۆشت،
ئاگر دەنێرمە سەر شووراکانی غەزە،
    قەڵاکانی دەخوات.
فەرمانڕەواکە لە ئەشدۆد ڕیشەکێش دەکەم و
    گۆچان بەدەست لە ئەسقەلان.
دەستم دەگەڕێنمەوە سەر عەقرۆن،
    پاشماوەی فەلەستییەکان لەناودەچن.»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.

یەزدان ئەمە دەفەرموێت:

«سور یاخی بوو، لە یاخیبوونەکەی بەردەوامە،
    سزاکەتان بەسەردا تێناپەڕێنم،
لەبەر ئەوەی تەواوی چەند کۆمەڵگایەکی بە دیلگیراوی فرۆشتە ئەدۆم و
    پەیمانی برایەتییان نەهێنایەوە یادیان،
10 ئاگر دەنێرمە سەر شووراکانی سور
    قەڵاکانی دەخوات.»

11 یەزدان ئەمە دەفەرموێت:

«ئەدۆم یاخی بوو، لە یاخیبوونەکەی بەردەوامە،
    سزاکەتان بەسەردا تێناپەڕێنم،
لەبەر ئەوەی بە شمشێرەوە دوای براکەی کەوت،
    بەبێ دەربڕینی بەزەیی.
هەروەها چونکە تووڕەییەکەی بەردەوام لە جۆش بوو،
    قینیشی بۆ هەتاهەتایە هەڵدەگرت،
12 هەر لەبەر ئەوە ئاگر دەنێرمە سەر تێمان،
    قەڵاکانی بۆزرا دەخوات.»

13 یەزدان ئەمە دەفەرموێت:

«عەمۆن یاخی بوو، لە یاخیبوونەکەی بەردەوامە،
    سزاکەتان بەسەردا تێناپەڕێنم،
لەبەر ئەوەی سکپڕەکانی گلعادیان هەڵدڕی،
    بۆ ئەوەی سنوورەکانیان بەرفراوان بکەن،
14 ئاگر لە شووراکانی ڕەبە بەردەدەم
    قەڵاکانی دەخوات،
بە هاتوهاوارەوە لە ڕۆژی جەنگدا،
    بە زریانەوە لە ڕۆژی باوباراندا.
15 پاشاکەیان ڕاپێچ دەکرێت،
    ئەو و هەموو کاربەدەستەکانی بە یەک جار.»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

یەزدان ئەمە دەفەرموێت:

«مۆئاب یاخی بوو، لە یاخیبوونەکەی بەردەوامە،
    سزاکەتان بەسەردا تێناپەڕێنم،
لەبەر ئەوەی ئێسکەکانی پاشای ئەدۆمی سووتاند
    هەتا ئەوەی بووە گەچ،
هەر لەبەر ئەوە ئاگر دەنێرمە سەر مۆئاب،
    قەڵاکانی قەریۆت دەخوات.
مۆئاب لەناو هاژەهاژ دەمرێت،
    لەنێو هاتوهاوار و دەنگی کەڕەنا.
فەرمانڕەوا لەناوەڕاستیدا ڕیشەکێش دەکەم و
    هەموو کاربەدەستەکانی لەگەڵیدا دەکوژم.»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

یەزدان ئەمە دەفەرموێت:

«یەهودا یاخی بوو، لە یاخیبوونەکەی بەردەوامە،
    سزاکەتان بەسەردا تێناپەڕێنم،
لەبەر ئەوەی چونکە فێرکردنی یەزدانیان ڕەتکردەوە و
    فەرزەکانی ئەویان بەجێنەهێنا،
چونکە درۆکانیان فریوی دان
    ئەوەی باوکانیان دوایان کەوتن،
هەر لەبەر ئەوە ئاگر دەنێرمە سەر یەهودا،
    قەڵاکانی ئۆرشەلیم دەخوات.»

حوکم بەسەردادانی ئیسرائیل

یەزدان ئەمە دەفەرموێت:

«ئیسرائیل یاخی بوو، لە یاخیبوونەکەی بەردەوامە،
    سزاکەتان بەسەردا تێناپەڕێنم،
کەسانی ڕاستودروست بە زیو دەفرۆشن،
    نەداریش بۆ جووتێک پێڵاو.
سەری هەژاران لەسەر خۆڵی زەوی پێشێل دەکەن،
    ڕێگای کڵۆڵان خوار دەکەنەوە.
پیاوێک و باوکی بۆ لای یەک کچ دەچن،
    تاکو ناوی پیرۆزم بزڕێنن.
لەسەر جلوبەرگێک ڕادەکشێن کە بە بارمتە وەریانگرتووە
    لە پاڵ هەموو قوربانگایەک،
شەرابی بە سەرانە وەرگیراو دەخۆنەوە
    لەناو ماڵی خوداوەندیان.

«من بووم کە ئەمورییەکانم لەپێشیان لەناوبرد،
    ئەوانەی باڵایان وەک باڵای دار ئورز بوو،
    وەک دار بەڕوو بەهێز بوون.
بەروبوومی ئەوانم لە سەرەوە لەناوبرد و
    ڕەگوڕیشاڵیان لە ژێرەوە.
10 من بووم کە لە خاکی میسرەوە دەرمهێنان،
    چل ساڵ لە چۆڵەوانیدا بەڕێم خستن،
    بۆ ئەوەی دەست بەسەر خاکی ئەمورییەکاندا بگرن.

11 «لەنێو کوڕەکانتان پێغەمبەرانم بۆ دانان و
    لەنێو لاوەکانتان ئەوانەی نەزریان لە خۆیان گرتبوو[j].
    ئەی نەوەی ئیسرائیل، ئایا وا نەبوو؟»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
12 «بەڵام ئێوە شەرابتان دەرخواردی ئەوانە دا کە نەزریان لە خۆیان گرتبوو
    فەرمانتان بە پێغەمبەران کرد پێشبینی نەکەن.

13 «ئەوەتا من لە شوێنی خۆتان دەتانچەقێنم
    وەک چۆن جەنجەڕ دەچەقێت
    لەبەر پڕی گوڵەگەنمەکان.
14 ئەوەی خێرایە هەڵنایەت،
    بەهێز هێزی خۆی توندوتۆڵ ناکات و
    پاڵەوان گیانی خۆی دەرباز ناکات.
15 تیرهاوێژ خۆی ڕاناگرێت،
    ئەوەی پێیەکانی سووک بێت هەڵنایەت و
    ئەسپ سواریش گیانی خۆی دەرباز ناکات.
16 ئەوەی بەجەرگە لەنێو پاڵەوانان
    لەو ڕۆژەدا بە ڕووتی هەڵدێت.»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

بانگکردنی شایەتەکان لە دژی ئیسرائیل

ئەی نەوەی ئیسرائیل، گوێتان لەم فەرمایشتە بێت کە یەزدان فەرموویەتی، لە دژی ئێوە و هەموو ئەو خێڵەی لە خاکی میسرەوە دەریهێنان، کە فەرمووی:

«تەنها ئێوەم ناسی
    لە هەموو خێڵەکانی زەوی،
لەبەر ئەوە سزاتان دەدەم،
    لەسەر هەموو تاوانەکانتان.»

ئایا دووان پێکەوە هاتوچۆ دەکەن،
    بێ ئەوەی ڕێک بکەون؟
ئایا شێر لە دارستان دەنەڕێنێت،
    ئەگەر نێچیری نەبێت؟
ئایا بەچکە شێر لە لانەکەیەوە دەنگی دێت،
    بێ ئەوەی هیچی ڕفاندبێت؟
ئایا باڵندە دەکەوێتە ناو داوی زەوییەوە،
    لە کاتێکدا تەڵەی بۆ نەنرابێتەوە؟
ئایا تەڵە لەسەر زەوی هەڵدەگیرێتەوە،
    ئەگەر هیچی نەگرتبێت؟
ئەگەر کەڕەنا لە شاردا لێبدرێت،
    ئایا گەل ناترسێت؟
ئەگەر بەڵایەک لە شاردا ڕوو بدات،
    ئایا یەزدان نەیکردووە؟

بێگومان یەزدانی باڵادەست هیچ کارێک ناکات
    بێ ئەوەی نهێنییەکەی بۆ بەندە پێغەمبەرەکانی ئاشکرا بکات.

شێر نەڕاندی،
    کێ ناترسێت؟
یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت،
    کێ هەیە بتوانێت پەیامی خودا ڕانەگەیەنێت؟

بە قەڵاکانی ئەشدۆد و خاکی میسر ڕایبگەیەنن و
    پێیان بڵێن:
«لەسەر چیاکانی سامیرە کۆببنەوە،
    ئەو هاتوهاوارە زۆرەی ناوەڕاستی ببینن،
    ئەو زۆردارییەی لەناویدا هەیە.»

10 یەزدان دەفەرموێت: «نازانن کاری باش بکەن،
    ئەوانەی بەرهەمی تاڵان و ستەمکاری لە قەڵاکانیان ئەمبار دەکەن.»

11 لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:

«دوژمن دێنە چواردەوری خاکەکە و
    هێزتان لێ کەم دەکاتەوە و
    قەڵاکانتان تاڵان دەکرێن.»

12 یەزدان ئەمە دەفەرموێت:

«وەک چۆن شوان دوو قاچ یان پارچە گوێیەک
    لە دەمی شێر دەردەهێنێت،
ئاواش ئیسرائیلییەکانی دانیشتووی سامیرە
    بە گۆشەی قەرەوێڵەیەک و
    بە پارچە پێخەفێک دەردەکرێن.»

13 «گوێ بگرن و شایەتی لەسەر بنەماڵەی یاقوب بدەن،» ئەوە فەرمایشتی یەزدانی پەروەردگار، خودای سوپاسالارە.

14 «لەو ڕۆژەی کە سزای ئیسرائیل دەدەم لەسەر یاخیبوونەکانی،
    سزای قوربانگاکانی بێت‌ئێلیش دەدەم،
جا قۆچی قوربانگاکان دەبڕێنەوە و
    دەکەونە سەر زەوی.
15 کۆشکی زستانە دادەڕمێنم،
    هەروەها کۆشکی هاوینەش،
    کۆشکە عاجەکانیش لەناودەچن و
    هەموو کۆشکەکان کۆتاییان پێدێت.»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

نەگەڕانەوەی ئیسرائیل بۆ لای خودا

ئەی مانگاکانی باشان، ئەوانەی لە کێوی سامیرەن،
    ئەی خاتوونەکان، ئەی ئەو ژنانەی ستەم لە هەژاران دەکەن، نەداران وردوخاش دەکەن و
    بە مێردەکانیان دەڵێن، «خواردنەوەمان بۆ بهێنن!» گوێتان لەم پەیامە بێت:
یەزدانی باڵادەست سوێندی بە پیرۆزی خۆی خوارد،
    «بێگومان ڕۆژێک دێت،
خۆتان بە قولاپ دەگیرێن و
    دوا کەسیشتان بە قولاپی ماسی.
هەریەکە و لەپێش خۆیەوە
    بەناو کەلێنی دیوارێکدا دەبردرێن و
    فڕێدەدرێنە هەرمۆن.»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
«وەرن بۆ بێت‌ئێل و یاخی ببن،
    لە گلگال یاخیبوون زۆر بکەن.
هەموو بەیانییەک قوربانییەکانتان بهێنن،
    هەر سێ ڕۆژ جارێک دەیەکەکانتان.
ئەی نەوەی ئیسرائیل، لە هەویرترشەوە[k] قوربانی سوپاسگوزاری بسووتێنن،
    بانگەواز بۆ بەخشینی ئازاد بکەن و ڕایبگەیەنن،
    چونکە واتان پێ خۆش بوو.»
            ئەوە فەرموودەی یەزدانی باڵادەستە.

«هەروەها منیش لە هەموو شارۆچکەکانتان سک بەتاڵی و
    لە هەموو شوێنەکانتان کەمی نانم پێدان،
    بەڵام ئێوە بۆ لای من نەگەڕانەوە.»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

«هەروەها بارانم لێ گرتنەوە
    هێشتا سێ مانگی مابوو بۆ دروێنە.
بارانم بەسەر شارۆچکەیەکدا باراند و
    بەسەر شارۆچکەیەکی دیکەدا نەمباراند.
بەسەر کێڵگەیەکدا باری و
    ئەو کێڵگەش کە بەسەریدا نەباری وشک بوو.
خەڵکی دوو سێ شارۆچکە بۆ ئاو خواردنەوە چوونە شارۆچکەیەکی دیکە،
    تینووێتییان نەشکا،
    بەڵام ئێوە بۆ لای من نەگەڕانەوە.»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

«زۆر جار باخ و ڕەزەمێوی ئێوەم هەڵپڕووکاندووە،
    بە بای گەرمەسێر و کەڕوو.
کوللە دار هەنجیر و دار زەیتوونیان خواردووە،
    بەڵام ئێوە بۆ لای من نەگەڕاونەتەوە.»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

10 «دەردم ناردە سەر ئێوە،
    وەک ئەوەی ناردبوومە سەر میسر.
    بە شمشێر لاوەکانی ئێوەم کوشت،
    لەگەڵ ئەسپە ڕاپێچکراوەکان،
وام کرد بۆنی بۆگەنی تەرمەکانی ناو ئۆردوگاکەتان بکەن،
    بەڵام ئێوە بۆ لای من نەگەڕانەوە.»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

11 «هەندێکتانم هەڵگەڕاندەوە،
    وەک چۆن سەدۆم و عەمۆرام هەڵگەڕاندەوە،
وەک پارچە دارێکی گڕگرتووتان لێهات کە لەناو ئاگرەوە دەرهێنرابێت،
    بەڵام ئێوە بۆ لای من نەگەڕانەوە.»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

12 «ئەی ئیسرائیل، ئاوات پێ دەکەم،
    ئەی ئیسرائیل، لەبەر ئەوەی ئەمەت پێ دەکەم،
ئامادەبە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی خوداکەت.»

13 شێوەداڕێژی چیاکان و
    بەدیهێنەری با،
    ئەوەی بە مرۆڤ ڕادەگەیەنێت بیرکردنەوەی چییە،
ئەوەی بەرەبەیان دەکاتە تاریکی،
    بەسەر بەرزاییەکانی زەویدا دەڕوات،
    ناوی یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالارە.

لاوانەوە و بانگەوازی تۆبەکردن

ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، گوێ لەم پەیامە بگرن، ئەم لاوانەوەیە کە من بەسەر ئێوەیدا هەڵدەدەم:

«ئیسرائیلی پاکیزە کەوت،
    جارێکی دیکە هەڵناستێتەوە،
فڕێدرایە سەر خاکەکەی،
    کوا ئەوەی هەڵیدەستێنێتەوە؟»

سەبارەت بەمەش یەزدانی باڵادەست بەم جۆرە دەفەرموێت:

«ئەو شارەی لە ماڵی ئیسرائیل هەزار سەرباز دەنێرێت،
    سەد سەربازی بۆ دەمێنێتەوە،
ئەو شارۆچکەیەی سەد سەرباز دەنێرێت،
    دە سەربازی بۆ دەمێنێتەوە.»

لەبەر ئەوە یەزدان ئاوا بە بنەماڵەی ئیسرائیل دەفەرموێت:

«بەدوای مندا بگەڕێن و بژین،
    بەدوای بێت‌ئێلدا مەگەڕێن و
مەچن بۆ گلگال و
    بۆ بیری شابەع مەپەڕنەوە،
چونکە گلگال بە دیل گیراوی ڕاپێچ دەکرێت و
    بێت‌ئێل دەبێتە نەبوو[l]
ڕوو لە یەزدان بکەن و بژین،
    ئەگینا وەک ئاگر پڕدەداتە بنەماڵەی یوسف،
ئاگرەکەش دانیشتووانی بێت‌ئێل دەخوات و
    کەس ناتوانێت بیکوژێنێتەوە.

ئەی ئەوانەی دادپەروەریتان کردە زەقنەبووت،
    ڕاستودروستیش بە زەویدا دەدەن!

ئەوەی کەلووەکانی حەوتەوانە و ڕاوچی دروستکردووە،
    سێبەری مەرگ بۆ بەیان دەگۆڕێت و
    ڕۆژ وەک شەو تاریک دەکات،
ئاوی دەریا بانگ دەکات و
    بەسەر ڕووی زەویدا دەیڕێژێت،
    ناوی یەزدانە،
ئەوەی وێرانی بەسەر قەڵادا دەبارێنێت و
    وێرانی بەسەر شاری قەڵابەنددا دێت.

10 ئەوان لە دادگا ڕقیان لە سەرزەنشتکار دەبێتەوە و
    قێزیان لە کەسی ڕاستگۆ دەبێتەوە.

11 لەبەر ئەوەی ئێوە هەژار پێشێل دەکەن و
    بەشە گەنمی لێ دەستێنن،
ئەوا ئەو کۆشکەی کە لە بەردی داتاشراو بنیاد نراوە،
    تێیاندا دانانیشن،
ئەو ڕەزەمێوە بەردارەی چاندووتانە،
    لە شەرابەکەی ناخۆنەوە.
12 چونکە دەزانم یاخیبوونەکانتان زۆرن،
    گوناهەکانتان گەورەن.

ستەمکارانی ڕاستودروست و بەرتیلخۆران،
    مافی هەژاران لە دادگادا دادەماڵن.
13 لەبەر ئەوە لەو کاتەدا کەسی وریا بێدەنگ دەبێت،
    چونکە کاتێکی خراپە.

14 دوای چاکە بکەون نەک خراپە،
    بۆ ئەوەی بژین،
جا وادەبێت، یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالار لەگەڵتاندا دەبێت،
    وەک خۆتان گوتتان.
15 ڕقتان لە خراپە بێتەوە و حەزتان لە چاکە بێت،
    دادپەروەری لە دادگادا بچەسپێنن،
ڕەنگە یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالار
    لەگەڵ پاشماوەی یوسف میهرەبان بێت.

16 لەبەر ئەوە یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالار، پەروەردگار ئەمە دەفەرموێت:

«لە هەموو گۆڕەپانەکاندا شیوەن دەگێڕن و
    لە هەموو شەقامەکاندا دەڵێن: ”ئای! ئای!“
جوتیارەکان بۆ گریان بانگ دەکەن و
    ئەوانەی وەستای لاوانەوەشن بۆ شیوەن گێڕان.
17 لە هەموو ڕەزەمێوەکاندا شیوەن دەبێت،
    چونکە بەناوەڕاستتدا تێدەپەڕم.»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

ڕۆژی یەزدان

18 قوڕبەسەر ئەوانەی تامەزرۆی
    ڕۆژی یەزدانن![m]
بۆچی تامەزرۆی ڕۆژی یەزدانن؟
    ئەو ڕۆژە تاریکییە نەک ڕووناکی.
19 وەک پیاوێک لەبەردەم شێر هەڵبێت و
    تووشی ورچێک بێت،
یان بێتە ماڵەوە و دەستی لەسەر دیوارەکە دابنێت و
    مار پێوەی بدات.
20 ئایا ڕۆژی یەزدان تاریک و بێ ڕووناکی نابێت؟
    ئایا ئەنگوستەچاو و بێ تروسکایی نابێت؟

21 «ڕقم لە جەژنەکانتان دەبێتەوە و ڕەتیان دەکەمەوە،
    چێژ لە کۆڕەکانتان نابینم.
22 چونکە ئەگەر قوربانی سووتاندنەکان و
    پێشکەشکراوەکانی دانەوێڵەتان پێشکەش بکەن ڕازی نابم،
    ئاوڕ لە قوربانی هاوبەشی[n] نادەمەوە، لە دابەستەکانتان.
23 ژاوەژاوی گۆرانییەکانتانم لێ دووربخەنەوە!
    گوێ لە ئاوازی سازەکانتان ناگرم.
24 لەبری ئەوە با دادپەروەری وەک زێ بڕوات و
    ڕاستودروستیش وەک ڕووبارێکی هەمیشەیی.

25 «ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، ئایا بۆ ماوەی چل ساڵ لە چۆڵەوانی
    قوربانی سەربڕاو و پێشکەشکراوتان بۆ هێنام؟
26 بەڵکو نزرگەی پاشای خۆتان،
    بنکەی بتەکانتان هەڵگرت،
    پەیکەرەکانتان بۆ کەیوان[o]، ئەستێرەی خوداوەندەکەتان،
    کە بۆ خۆتان دروستتان کرد.»
27 لەبەر ئەوە یەزدان کە ناوی خودای سوپاسالارە، دەفەرموێت:
    «من بۆ شوێنێک ڕاپێچتان دەکەم کە لە دیمەشق دوورترە.»

قوڕبەسەر لەخۆڕازییەکان

ئەی لەخۆڕازییەکانی سییۆن،
    ئەی ئەوانەی کە بە ئاسوودەیی لەسەر کێوی سامیرە دەژین،
ئەی پیاوماقوڵانی پێشەنگی گەلان
    کە بنەماڵەی ئیسرائیل دێنە لاتان، قوڕبەسەرتان!
بۆ کەلنێ بپەڕنەوە و تەماشا بکەن،
    لەوێوە بڕۆنە حەماتی گەورە و
    پاشان بۆ گەتی فەلەستییەکان دابەزن.
ئایا دۆخی ئێوە لەم شانشینانە باشترە؟
    یان ئایا سنوورەکانیان لە سنوورەکانتان فراوانترە؟
ئێوە ڕۆژی بەڵا بە دوور دەزانن و
    تەختی ستەم نزیک دەخەنەوە،
لەسەر قەرەوێڵەی عاج ڕادەکشێن و
    لەسەر نوێنەکانتان پاڵدەکەون.
ئێوە بەرخی ناو ڕان و
    جوانەگای قەڵەو دەخۆن.
لەگەڵ دەنگی ساز دەنگەدەنگتانە
    وەک داود ئامێری مۆسیقا بۆ خۆتان دادەهێنن.
بە قەڕابە شەراب دەخۆنەوە و
    بە باشترین زەیت خۆتان چەور دەکەن،
    بەڵام بۆ وێرانی نەوەی یوسف خەفەت ناخۆن.
لەبەر ئەوە ئێستا لە یەکەمی ڕاپێچکراوان دەبن و
    چوونە داوەت و تەوەزەلیتان کۆتایی دێت.

قێزی یەزدان لە شانازی ئیسرائیل

یەزدانی باڵادەست سوێندی بە گیانی خۆی خواردووە، یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالار دەفەرموێت:

«من قێزم لە شانازی یاقوب دەبێتەوە و
    ڕقم لە قەڵاکانییەتی،
    ئینجا شار و هەموو ئەوەی تێیدایە بەدەستەوەی دەدەم.»

وای لێدێت، ئەگەر دە کەس لە خانووێکدا بمێننەوە ئەوانیش دەمرن. 10 ئەگەر خزمێک هات بۆ دەرهێنانی تەرم لە خانووێک تاوەکو بیسووتێنێت، لە کەسێکی ناو خانووەکە بپرسێت، «ئایا کەسی دیکەت لەگەڵ ماوە؟» وەڵامی دەداتەوە «کەس نەماوە،» دەڵێت: «وسبە، چونکە نابێت ناوی یەزدان بهێنین.»

11 چونکە یەزدان فەرمان دەدات،
    لە ماڵی گەورە دەدات و وردوخاشی دەکات،
    ماڵی بچووکیش پارچەپارچە دەکات.

12 ئایا ئەسپ لەسەر بەردەڵان ڕادەکات؟
    یان کەس لەوێ بە گا کێڵان دەکات؟
بەڵام ئێوە دادپەروەریتان ژەهراوی کرد و
    بەری ڕاستودروستیشتان کردە زەقنەبووت.
13 ئێوە بە لۆدەڤار دڵخۆشن،
    دەڵێن: «ئایا بە توانای خۆمان قەرنایممان وەرنەگرت؟»

14 چونکە یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالار دەفەرموێت:
    «ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، ئەوەتا نەتەوەیەکتان لێ ڕاست دەکەمەوە،
لە دەروازەی حەماتەوە هەتا شیوی عەراڤا
    تەنگتان پێهەڵچنن.»

شێوەی کوللە و ئاگر و شاووڵێک

یەزدانی باڵادەست ئاوای پیشان دام، لە سەرەتای سەرهەڵدانی گژوگیا شێوەی کوللەی دەکێشا، گژوگیاکە پاش دروێنەی بەشەکەی پاشایە. پاش ئەوەی لە خواردنی گژوگیای خاکەکە بووەوە، گوتم: «ئەی یەزدانی باڵادەست، تکایە ببەخشە! یاقوب چۆن هەستێتەوە، چونکە بچووکە!»

یەزدان لەمە پاشگەز بووەوە و فەرمووی: «ئەمە ڕوونادات.»

یەزدانی باڵادەست ئاوای پیشان دام: ئەوەتا یەزدانی باڵادەست بۆ دادگاییکردن بە ئاگر بانگەشەی کرد، ئاگرەکە دەریا گەورەکەی ژێر زەوی[p] لووشدا، خاکەکەشی خوارد. ئینجا گوتم: «یەزدانی باڵادەست، تکایە با بەس بێت! یاقوب چۆن هەستێتەوە، چونکە بچووکە!»

یەزدان لەمە پاشگەز بووەوە.

یەزدانی باڵادەست فەرمووی: «هەروەها ئەمەش ڕوونادات.»

ئاوای پیشان دام: پەروەردگار لەسەر دیوارێکی دروستکراو ڕاوەستاوە و شاووڵێکی لەدەست بوو. یەزدان پێی فەرمووم: «ئامۆس تۆ چی دەبینیت؟»

منیش گوتم: «شاووڵ.»

ئینجا پەروەردگار فەرمووی: «ئەوەتا من شاووڵێک لەناوەڕاستی ئیسرائیلی گەلمدا دادەنێم، پاش ئەمە چیتر دەستی لێ ناپارێزم!

«نزرگەکانی ئیسحاق لەسەر بەرزاییەکان چۆڵ دەبن و
    پیرۆزگاکانی ئیسرائیل وێران دەبن،
    بە شمشێرەوە هەڵدەکوتمە سەر ماڵی یارۆڤعام.»

ئامۆس و ئەمەسیا

10 جا ئەمەسیای کاهینی بێت‌ئێل پەیامی بۆ یارۆڤعامی پاشای ئیسرائیل نارد و گوتی: «ئامۆس لەناوەڕاستی ماڵی ئیسرائیلدا پیلانی لە دژت گێڕاوە، خاکەکە ناتوانێت بەرگەی هەموو قسەکانی بگرێت.» 11 چونکە ئامۆس وای گوتووە:

«”یارۆڤعام بە شمشێر دەکوژرێت،
    ئیسرائیل لە خاکەکەی خۆی
    بێگومان ڕاپێچ دەکرێت.“»

12 ئینجا ئەمەسیا بە ئامۆسی گوت: «ئەی پێشبینیکەر، بڕۆ ڕابکە بۆ خاکی یەهودا، لەوێ نان بخۆ و لەوێ پێشبینی بکە. 13 بەڵام چیتر لە بێت‌ئێل پێشبینی مەکە، چونکە پیرۆزگای پاشایە و پەرستگای پاشایەتییە.»

14 ئامۆسیش وەڵامی دایەوە و بە ئەمەسیای گوت: «من پێغەمبەر نەبووم و کوڕی پێغەمبەریش نیم، بەڵکو من گاوانم و باخەوانی دار هەنجیری کێویم. 15 بەڵام یەزدان لەسەر مێگەلەکەوە هەڵیگرتم، یەزدان پێی فەرمووم: ”بڕۆ پێشبینی بۆ ئیسرائیلی گەلی من بکە.“ 16 ئێستاش گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرە، تۆ دەڵێیت:

«”پێشبینی لەسەر ئیسرائیل مەکە،
    لێدووان لە دژی بنەماڵەی ئیسحاق مەدە.“

17 «لەبەر ئەوە یەزدان ئەمە دەفەرموێت:

«”ژنەکەت لە شاردا لەشفرۆشی دەکات،
    کوڕ و کچەکانت بە شمشێر دەکوژرێن،
زەوییەکەت بە گوریس دابەش دەکرێت،
    خۆشت لەسەر خاکێکی گڵاودا دەمریت،
ئیسرائیلیش لە خاکەکەی خۆی
    بە دیلی ڕاپێچ دەکرێت.“»

سەبەتەیەک میوەی گەییو

یەزدانی باڵادەست ئاوای پیشان دام، سەبەتەیەک میوەی گەییو. جا فەرمووی: «ئەی ئامۆس، چی دەبینیت؟»

منیش گوتم: «سەبەتەیەک میوەی گەییو.»

ئینجا یەزدان پێی فەرمووم: «ئیسرائیلی گەلی من گەیشتە کۆتایی. پاش ئەمە چیتر دەستی لێ ناپارێزم!

«لەو ڕۆژەدا گۆرانییەکانی پەرستگا دەبن بە ناڵین، تەرمەکان زۆرن و لە هەموو شوێنێکدا فڕێدراون، سەراپا کپە!» ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.

ئەی ئەوانەی هەناسەبڕکێتانە بەدوای نەدارانەوە،
    هەتا کۆتایی بە هەژارانی زەوی بهێنن،
    گوێتان لەمە بێت:

ئێوە دەڵێن،

«کەی جەژنی سەرەمانگ بەسەردەچێت
    تاکو ئێمە دانەوێڵە بفرۆشین،
کەی ڕۆژی شەممە تەواو دەبێت،
    تاکو گەنم بخەینە بازاڕەوە؟»
بۆ ئەوەی پێوانە کەم بکەنەوە و
    نرخ زیاد بکەن و
    فێڵ لە تەرازوو بکەن،
بۆ ئەوەی هەژاران بە زیو بکڕن و
    نەداران بە جووتێک پێڵاو و
    بن بێژنگی گەنم بفرۆشن.

یەزدان سوێندی بە شانازی یاقوب خوارد: «هەتاهەتایە کردەوەکانیان لەیاد ناکەم.»

«ئایا لەبەر ئەمە زەوی نالەرزێت و
    هەموو دانیشتووانەکەی شیوەن ناگێڕن؟
هەموو خاکەکە وەک ڕووباری نیل هەڵدەکشێت،
    وەک ڕووباری میسر هەڵدەکشێت و دادەکشێتەوە.»

یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت:

«جا لە نیوەڕۆدا ئەو ڕۆژەدا خۆر ئاوا دەکەم و
    لە ڕۆژی ڕووناکدا زەوی تاریک دەکەم.
10 جەژنەکانتان دەگۆڕم بە شیوەن و
    هەموو گۆرانییەکانتان بە لاوانەوە.
جلوبەرگی گوش[q] دەکەمە بەر هەمووتان و
    قژ بەسەرتانەوە ناهێڵم.
دەیکەم بە شیوەنی تاقانە و
    کۆتاییەکەشی وەک ڕۆژێکی تاڵ.»

11 یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت: «سەردەمێک دێت،
    قاتوقڕی دەنێرمە سەر خاکەکە،
نەک قاتوقڕی بۆ نان و تینووێتی بۆ ئاو،
    بەڵکو بۆ گوێگرتن لە وشەکانی یەزدان.
12 جا لە دەریایەکەوە بۆ دەریایەک و
    لە باکوورەوە بۆ ڕۆژهەڵات وێڵ دەبن،
بەدوای پەیامی یەزداندا دەگەڕێن،
    بەڵام نایدۆزنەوە.
13 لەو ڕۆژەدا پاکیزە جوانەکان و کوڕە لاوەکان
    لە تینووێتیدا دەبوورێنەوە.
14 ئەوانەی سوێند بە تاوانی سامیرە دەخۆن و
    دەڵێن: ”ئەی دان، بە خوداوەندەکەت کە زیندووە…“ و
    ”بەو ڕێگایەی بیری شابەع کە زیندووە…“
جا دەکەون و
    ئیتر هەڵناستنەوە.»

ڕووخاندنی ئیسرائیل

پەروەردگارم بینی لەلای قوربانگاکەوە ڕاوەستابوو و فەرمووی:

«لە سەری کۆڵەکەکان بدە
    هەتا بەردەرگاکان بلەرنەوە،
بیانشکێنە بەسەر سەری هەموویاندا و
    ئەوانەی لێیان ماونەتەوە بە شمشێر دەیانکوژم.
کەسیان لێ هەڵنایەت و
    کەسیشیان لێ دەرباز نابێت.
ئەگەر بەرەو جیهانی مردووان هەڵبکۆڵن،
    لەوێوە دەستم دەیانگرێت؛
ئەگەر بۆ ئاسمانیش سەربکەون،
    لەوێوە دایاندەگرمە خوارەوە؛
ئەگەر لە لووتکەی کارمەل خۆیان بشارنەوە،
    لەوێ بە شوێنیاندا دەگەڕێم و دەیانگرم؛
ئەگەر لە بنی دەریا خۆیان لەبەرچاوم بشارنەوە،
    لەوێ فەرمان بە مار دەدەم و پێیانەوە دەدات.
ئەگەر لەپێش دوژمنەکانیانەوە ڕاپێچ کران،
    لەوێ فەرمان بە شمشێر دەدەم و دەیانکوژێت.

«چاوەکانم دەبڕمە سەریان
    بۆ خراپە نەک بۆ چاکە.»

یەزدانیش، پەروەردگاری سوپاسالار،
    ئەوەی دەست لە زەوی دەدات، زەوی دەتوێتەوە و
    هەموو دانیشتووانەکەی شیوەن دەگێڕن،
هەموو خاکەکە وەک ڕووباری نیل هەڵدەکشێت،
    وەک ڕووباری میسر دادەکشێت.
ئەوەی لە ئاسمان کۆشکی خۆی بنیاد دەنێت و
    لە زەویش بناغەی خۆی دادەمەزرێنێت،
ئەوەی بانگی ئاوی دەریا دەکات و
    بەسەر ڕووی زەویدا دەیڕژێنێت،
    ناوی یەزدانە.

«ئەی نەوەی ئیسرائیل،
    ئایا ئێوە بۆ من وەک نەوەی کوشییەکان[r] نین؟»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
«ئایا ئیسرائیلم لە خاکی میسرەوە نەهێنایە دەرەوە و
    فەلەستییەکان لە کریتەوە و
    ئارامییەکان لە قییرەوە؟

«بە دڵنیاییەوە چاوەکانی یەزدانی باڵادەست
    لەسەر پاشایەتییە گوناهبارەکەن.
لەناوی دەبەم لەسەر ڕووی زەوی،
    بەڵام بنەماڵەی یاقوب بە تەواوی لەناو نابەم.»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
«چونکە من فەرمان دەدەم و
    لەنێو هەموو نەتەوەکان بنەماڵەی ئیسرائیل لە بێژنگ دەدەم،
وەک چۆن بە بێژنگ لە بێژنگ دەدرێت
    بێ ئەوەی دەنکێک بکەوێتە سەر زەوی.
10 هەموو گوناهبارانی گەلەکەم
    بە شمشێر دەکوژرێن،
هەموو ئەوانەی دەڵێن:
    ”بەڵا نزیک نابێتەوە و نایەتە ناومان.“

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.