Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Bible in 90 Days

An intensive Bible reading plan that walks through the entire Bible in 90 days.
Duration: 88 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
یاقوب 3:13 - سێیەم یۆحەنا 15

دانایی خودایی

13 کێ لەنێوتاندا دانا و تێگەیشتووە؟ با بە ڕەوشتی باشی کردارەکانی پیشان بدات کە بە بێفیزییەک کە لە داناییەوە سەرچاوەی گرتبێت. 14 بەڵام ئەگەر چاوپیسی تاڵ و خۆپەرستیتان لە دڵدا بوو، شانازی مەکەن یان نکۆڵی لە ڕاستی مەکەن. 15 ئەم داناییە لە ئاسمانەوە دانەبەزیوە، بەڵکو دنیایی و مرۆڤانە و شەیتانییە، 16 چونکە چاوپیسی و خۆپەرستی لەکوێ بێت، گێرەشێوێنی و هەموو کارێکی خراپ لەوێیە.

17 بەڵام ئەو داناییەی لە ئاسمانەوەیە، لەپێش هەموو شتێک پاکە، دواتر ئاشتیخوازە، خۆنەویستە، گوێڕایەڵە، پڕ لە بەزەییە و بەروبوومی چاکە، لایەنگر نییە، دووڕوو نییە. 18 ئاشتیسازان تۆوی ئاشتی دەچێنن و بەرهەمەکەی ڕاستودروستی دەبێت.

ملکەچی خودا بن

هۆکاری سەرهەڵدانی ئەم شەڕ و ناکۆکییەی نێوانتان چییە؟ ئایا بەهۆی ئارەزووە خراپەکان نییە کە لە ئەندامانی لەشتان دەجەنگن؟ ئارەزوو دەکەن و نیتانە، هەر بۆیە دەکوژن. ئیرەیی دەبەن و ناتوانن دەستتان بکەوێت، هەر بۆیە ناکۆکی دەکەن و شەڕ دەکەن. نیتانە، چونکە لە خودا داوا ناکەن. کاتێک داوا دەکەن وەریناگرن، چونکە بە پاڵنەری خراپ داوا دەکەن، تاکو ئارەزووەکانتانی پێ تێر بکەن.

ئەی داوێنپیسان، نازانن دۆستایەتی جیهان دوژمنایەتی خودایە؟ بۆیە ئەوەی بیەوێت ببێتە دۆستی جیهان، ئەوا بووەتە دوژمنی خودا. یاخود وادەزانن نووسراوە پیرۆزەکە لەخۆڕا دەفەرموێ، خودا بە دڵگەرمی پەرۆشە بەو ڕۆحەی کە تیاماندا نیشتەجێی کردووە؟ بەڵام نیعمەتی[a] زیاتر دەدات، بۆیە نووسراوە پیرۆزەکە دەفەرموێت:

[خودا بەرهەڵستی لووتبەرزەکان دەکات،
    بەڵام نیعمەت دەداتە بێفیزەکان.][b]

بۆیە ملکەچی خودا بن. بەرهەڵستی شەیتان بکەن، لێتان هەڵدێت. لە خودا نزیک بنەوە، لێتان نزیک دەبێتەوە. دەستتان خاوێن بکەنەوە ئەی گوناهباران، دڵتان پاک بکەنەوە ئەی ڕاڕایەکان. خەفەت بخۆن و بگریێن و شیوەن بکەن. پێکەنینتان بگۆڕن بۆ گریان و خۆشی بۆ خەفەت. 10 لەبەردەم پەروەردگاردا بێفیز بن، ئەویش بەرزتان دەکاتەوە.

11 خوشکان، برایان، بە خراپە باسی یەکتری مەکەن. ئەوەی بە خراپە باسی براکەی بکات یاخود براکەی حوکم بدات، ئەوا بە خراپە باسی تەورات دەکات و تەورات حوکم دەدات. ئەگەر تەورات حوکم بدەیت، ئەوا تۆ کار بە تەورات ناکەیت، بەڵکو خۆت دەکەیت بە دادوەر بەسەرییەوە. 12 تەنها یەک شەریعەتدانەر و دادوەر هەیە، ئەو دەتوانێت ڕزگار بکات و لەناوببات. بەڵام تۆ کێی تاکو نزیکەکەت حوکم بدەیت؟

پشتبەستن بە خودا

13 وەرن ئەوانەی دەڵێن: «ئەمڕۆ یان بەیانی دەڕۆین بۆ فڵان شار، ساڵێک لەوێ دەبین و کاسبی دەکەین و قازانج دەکەین.» 14 ئێوە کە نازانن بەیانی چی دەبێت، ژیانتان چییە؟ چونکە هەڵمێکە، ماوەیەک دەردەکەوێت، دواتر نامێنێت. 15 لە جیاتی بڵێن: «ئەگەر مەسیحی باڵادەست خواستی لەسەر بوو و ژیاین، ئەمە و ئەوە دەکەین.» 16 بەڵام لە جیاتی ئەوە، ئێوە شانازی بە لووتبەرزیتانەوە دەکەن، هەموو شانازییەکی ئاواش خراپە. 17 بۆیە ئەوەی بزانێت چاکە بکات و نەیکات، گوناه دەکات.

ئاگادارکردنەوەی دەوڵەمەندەکان

وەرن ئەی دەوڵەمەندەکان، بگریێن و شیوەن بکەن بۆ ئەو دەردەسەرییەی بەسەرتان دێت. سامانتان بۆگەن بووە و بەرگتان مۆرانە لێیداوە، زێڕ و زیوتان دادەخورێت، داخورانەکەشیان شایەتیتان لەسەر دەدات و وەک ئاگر جەستەتان دەخوات. لە ڕۆژانی کۆتایی گەنجینەتان بۆ خۆتان کۆکردەوە. ئەوەتا کرێی ئەو کرێکارانەتان نەداوە کە لە کێڵگەکانی ئێوە کاریان کردووە، لە دژی ئێوە هاوار دەکات. هاواری سەپانەکانیش گەیشتە گوێی یەزدانی سوپاسالار. لەسەر زەوی خۆشتان ڕابواردووە و بە شوێن ئارەزووەکانی جەستەتان کەوتوون، دڵی خۆتان وەک دابەستە بۆ ڕۆژی سەربڕین ڕاگرتووە. بێتاوانتان حوکم دا و کوشتتان، کە بەرهەڵستی ئێوەیان نەدەکرد.

دانبەخۆداگرتن لە ئازار

بۆیە خوشکان و برایانم، هەتا هاتنەوەی مەسیحی خاوەن شکۆ ئارام بگرن. سەیر بکەن چۆن جوتیار چاوەڕێی بەرهەمە سەنگینەکەی زەوی دەکات، بۆ بارانی پاییز و بەهار ئارام دەگرێت. ئێوەش ئارام بگرن و دڵتان بچەسپێنن، چونکە هاتنەوەی مەسیحی خاوەن شکۆ نزیک بووەتەوە. خوشکان، برایان، بۆڵەبۆڵ لەسەر یەکتری مەکەن، نەوەک حوکم بدرێن. ئەوەتا دادوەر لە بەردەرگا ڕاوەستاوە.

10 خوشکان، برایان، نموونە وەربگرن لە بەرگەی ئازار و ئارامگرتنی ئەو پێغەمبەرانەی کە بە ناوی یەزدانەوە قسەیان کرد. 11 وا ئێمە ئەوانە بە بەختەوەر دەزانین کە دانیان بەخۆیاندا گرتووە. دانبەخۆداگرتنی ئەیوبتان بیستووە و کە لە ئەنجامدا یەزدان چۆن بەرەکەتداری کرد،[c] چونکە یەزدان بەزەیی زۆرە و میهرەبانە.

12 خوشکان و برایانم، پێش هەموو شتێک، سوێند مەخۆن، نە بە ئاسمان و نە بە زەوی و نە بە شتی دیکە. بەڵکو با «بەڵێ»تان بەڵێ بێت و «نەخێر»تان نەخێر بێت، نەوەک بکەونە ژێر تاوانبارکردن.

نوێژ بە باوەڕەوە

13 کامەتان ناخۆشی هەیە؟ با نوێژ بکات. کەس دڵخۆشە؟ با بە گۆرانی ستایش بکات. 14 کامەتان نەخۆشە؟ با پیرانی کڵێسا بانگ بکات بۆ ئەوەی نوێژی لەسەر بکەن و بە ناوی عیسای خاوەن شکۆوە چەوری بکەن[d]. 15 ئەو نوێژەی بە باوەڕ دەکرێت نەخۆش چاک دەکاتەوە و عیسای خاوەن شکۆ هەڵیدەستێنێتەوە. ئەگەر گوناهێکیشی کردبێت دەبەخشرێت. 16 بۆیە بۆ یەکتری دان بە گوناهەکانتاندا بنێن، نوێژ بۆ یەکتری بکەن تاکو چاکببنەوە. نوێژی کەسی ڕاستودروست زۆر بەهێز و کاریگەرە.

17 ئەلیاس مرۆڤێک بوو وەک ئێمە لە هەمان سروشت، بە گەرمی نوێژی کرد تاکو باران نەبارێت، ئیتر سێ ساڵ و نیو لەسەر خاکەکەیان باران نەباری. 18 نوێژی کردەوە، ئاسمان بارانی دا و زەویش بەرهەمی دا. 19 خوشکان و برایانم، ئەگەر یەکێکتان لە ڕاستی چەواشە کرا و یەکێک گەڕاندییەوە، 20 با بزانێت ئەوەی گوناهبارێک لە ڕێگای گومڕایی بگەڕێنێتەوە، دەروونێک لە مردن ڕزگار دەکات و زۆر گوناهیش دادەپۆشێت.

لە پەترۆسی نێردراوی عیسای مەسیحەوە،

بۆ ئەوانەی خودا هەڵیبژاردوون، بێگانە پەراگەندەکان لە پۆنتۆس و گەلاتیا و کەپەدۆکیا و ئاسیا و بیسینیا[e]، بەگوێرەی زانینی پێشووی خودای باوک هەڵبژێردراون، بە پیرۆزکردنی ڕۆحی خۆی بۆ گوێڕایەڵی عیسای مەسیح و پرژاندنی خوێنەکەی:

با نیعمەت[f] و ئاشتیتان بۆ زیاد بێت.

ستایشی خودا بۆ هیوای زیندوو

ستایش بۆ خودا، باوکی عیسای مەسیحی گەورەمان! بەگوێرەی بەزەییە فراوانەکەی لەدایکبوونەوەی پێ بەخشین[g] بۆ هیوایەکی زیندوو بە هەستانەوەی عیسای مەسیح لەنێو مردووان، بۆ میراتێک کە نافەوتێت و گڵاو نابێت و کاڵ نابێتەوە، بۆ ئێوە لە ئاسمان پارێزراوە، ئێوە کە بە هێزی خودا پاسەوانی کراون بە باوەڕ، بۆ ئەو ڕزگارییەی ئامادەیە لە کۆتایی زەمانە ڕابگەیەنرێ. ئەمانە دڵخۆشتان دەکات، هەرچەندە لەوانەیە بۆ ماوەیەکی کەم ناچار بن بە دەست تاقیکردنەوەی جۆراوجۆر ئازار بچێژن، تاکو سەلماندنی باوەڕی ڕاستەقینەتان، کە لە زێڕی لەناوچوو نرخدارترە کە بە ئاگر تاقی دەکرێتەوە، بۆ ستایش و شکۆ و ڕێز بێت لە ئاشکراکردنی عیسای مەسیحدا. هەرچەندە نەتانبینیوە خۆشتان دەوێ، ئێستاش نایبینن باوەڕی پێ دەهێنن و دڵخۆش دەبن بە شێوەیەک هەر باسی ناکرێت و شکۆدارە، چونکە ئامانجی باوەڕتان بەدەستدەهێنن، واتە ڕزگاری دەروونتان.

10 ئەو پێغەمبەرانەی کە پێشبینییان کرد لەسەر ئەو نیعمەتەی کە خودا بۆ ئێوەی ئامادە کردبوو، بە وردی لێکۆڵینەوەیان لە بابەتی ئەو ڕزگاربوونە کرد و بەدوایدا گەڕان، 11 ڕۆحی مەسیح کە تێیاندابوو، ئاگاداری دەکردنەوە سەبارەت بە ئازارەکانی مەسیح و ئەو شکۆداربوونەی لەدوای ئازارەکانەوە دێت، هەوڵیان دەدا کە بزانن ڕۆحی پیرۆز ئاماژە بە چی دەکات لەبارەی کاتی ڕوودانەکەی یان بارودۆخی جیهان لە کاتی ڕوودانەکەی. 12 بۆیان ئاشکرا کرا کە پەیامەکە بۆ خۆیان نەبوو، بەڵکو بۆ ئێوە بوو، واتە ڕووداوەکان لە سەردەمی ئێوە ڕوودەدەن. ئێستا پێتان ڕاگەیەنرا بەهۆی ئەوانەی مزگێنییان پێ بەخشین بە یارمەتی ڕۆحی پیرۆز، کە لە ئاسمانەوە نێردراوە. ئەمانە ئەو ڕووداوانەن کە فریشتەکانیش بە پەرۆشن لێیان ورد ببنەوە.

بانگەواز بۆ پیرۆزی

13 بۆیە با مێشکتان ئامادە بێت بۆ چالاکی، خۆڕاگر بن، هیواتان بە تەواوی لەسەر ئەو نیعمەتە بێت کە لە ئاشکراکردنی عیسای مەسیحەوە دێت. 14 وەک منداڵی گوێڕایەڵ، وەک کاتی نەزانی خۆتان لەگەڵ هەوەسە کۆنەکانتان مەگونجێنن، 15 بەڵکو وەک ئەوەی بانگی کردوون پیرۆزە، ئێوەش لە هەموو هەڵسوکەوتێک پیرۆز بن، 16 چونکە نووسراوە: [پیرۆز بن، چونکە من پیرۆزم.][h]

17 لەبەر ئەوەی لە خودای باوک دەپاڕێنەوە، ئەوەی بێ لایەنگری هەرکەسێک بەگوێرەی کردەوەکەی حوکم دەدات، کەواتە لە کاتی نامۆییتاندا بە لەخواترسییەوە بژین. 18 دەزانن بە شتی لەناوچووی وەک زێڕ و زیو نەکڕاونەتەوە، لەو ژیانە پووچەی لە باوباپیرانەوە بۆتان مابووەوە، 19 بەڵکو بە خوێنێکی گرانبەها، خوێنی مەسیح، وەک لە بەرخێکی بێ لەکە و کەموکوڕی. 20 لەپێش دامەزراندنی جیهان هەڵبژێردرابوو، بەڵام لەم ڕۆژگارانەی دوایی لە پێناوی ئێوەدا دەرکەوت. 21 بەهۆیەوە باوەڕتان بە خودا هەیە، ئەوەی لەنێو مردووان هەڵیستاندەوە و شکۆی پێدا، تاکو هیوا و باوەڕتان بە خودا بێت.

22 بە گوێڕایەڵیتان بۆ ڕاستی خۆتان پاک کردووەتەوە بۆ خۆشەویستی برایانەی بێ دووڕوویی، لە قووڵایی دڵەوە یەکتریتان خۆشبوێ. 23 ئێوەش لەدایک بوونەوە[i]، نەک بە تۆوێکی فەوتاو بەڵکو نەفەوتاو، بە وشەی زیندووی خودا کە دەمێنێتەوە، 24 چونکە نووسراوە:

[هەموو مرۆڤێک وەک گژوگیا وایە و
    هەموو شکۆیەکەی وەک گوڵی کێوی وایە.
گژوگیا وشک دەبێت و گوڵ هەڵدەوەرێ،
25     بەڵام فەرمایشتی یەزدان هەتاهەتایە چەسپاو دەبێت.][j]

ئەمەش ئەو فەرمایشتەیە کە مزگێنیتان پێدرا.

بەردی زیندوو

بۆیە هەموو ڕق و هەموو فێڵ و دووڕوویی و چاوپیسی و هەموو زەمکردنێک دابکەنن. وەک ساوای تازە لەدایک بوو، ئارەزووتان لە شیری ڕۆحی پاک بێت، تاکو بەمە بۆ ڕزگاری گەشە بکەن، چونکە تامتان کردووە کە مەسیحی باڵادەست چاکە.

ئەوەی ئێوە دێنە لای، بەردە زیندووەکەیە، لەلایەن خەڵکەوە ڕەتکراوەتەوە، بەڵام لەلایەن خوداوە هەڵبژێردراوە و گرانبەهایە، ئێوەش وەک بەردی زیندوو لە خانووێکی ڕۆحی بنیادنراون، بۆ کاهینیێتی پیرۆز، بۆ کردنی قوربانییە ڕۆحییە قبوڵکراوەکان بۆ خودا لە ڕێگەی عیسای مەسیحەوە، چونکە لە نووسراوە پیرۆزەکاندا هاتووە:

[ئەوەتا بەردێک لە سییۆن دادەنێم،
    گرنگترین بەردی بناغەی[k] هەڵبژێردراو و گرانبەها،
    ئەوەی پشتی پێ ببەستێت شەرمەزار نابێت.][l]

بۆیە بۆ ئێوە کە باوەڕتان هێناوە ئەم بەردە گرانبەهایە، بەڵام بۆ بێباوەڕان،

[ئەو بەردەی وەستاکان ڕەتیان کردەوە،
    بوو بە گرنگترین بەردی بناغە،][m]

هەروەها:

[دەبێتە بەردێک بۆ کۆسپ،
    تاشەبەردێکیش کە لێی بکەونە خوارەوە.][n]

ئەوانە ساتمە دەکەن و دەکەون چونکە گوێڕایەڵی وشەی خودا نین، هەر ئەمەشە چارەنووسیان.

بەڵام ئێوە گەلێکی هەڵبژێردراون، کاهینیێتی شاهانە، نەتەوەیەکی پیرۆز، گەلی تایبەتی خودان[o]، تاکو چاکییەکانی ئەوە ڕابگەیەنن کە بانگی کردوون لە تاریکییەوە بۆ ڕووناکییە سەیرەکەی. 10 پێشتر گەل نەبوون، بەڵام ئێستا گەلی خودان، پێشتر بەزەییتان وەرنەگرتبوو، بەڵام ئێستا بەزەییتان وەرگرت.

11 خۆشەویستان، وەک نامۆ و بێگانە لێتان دەپاڕێمەوە لە هەوەسەکانی جەستە دوور بکەونەوە، کە لە دژی دەروون دەجەنگێت. 12 با لەنێو بێباوەڕاندا ڕەوشتتان باش بێت، تاکو کاتێک بوختانتان پێ دەکەن گوایا ئێوە بەدکارن، کردەوە چاکەکانتان ببینن و لە ڕۆژی بەسەرکردنەوەی خوداش ئەوان شکۆداری بکەن.

ملکەچی بۆ دەسەڵاتداران

13 لەبەر مەسیحی باڵادەست ملکەچی هەموو دەزگایەکی مرۆڤانە بن: بۆ پاشا وەک دەسەڵاتدار، 14 یان بۆ پارێزگاران وەک نێردراوی ئەو بۆ سزادانی بەدکاران و ستایشی چاکەکاران، 15 چونکە خواستی خودا ئاوایە، بە چاکەکاری نەزانی گێلەکان بێدەنگ بکەن. 16 وەک مرۆڤی ئازاد بژین، بەڵام نەک ئازادی پەردەی بەدکاری بێت، بەڵکو وەک بەندەی خودا بژین. 17 ڕێز لە هەمووان بگرن، هاوباوەڕانتان خۆشبوێ، لە خودا بترسن، ڕێز لە پاشا بگرن.

نموونەی ئازارەکانی مەسیح

18 ئەی کۆیلەکان، بە هەموو ترسەوە ملکەچی گەورەکانتان بن، نەک تەنها بۆ چاک و دڵنەرمەکان، بەڵکو بۆ توندەکانیش، 19 چونکە ئەگەر کەسێک لەبەر ویژدانی بەرامبەر خودا بەرگەی ژانی ئازاری زۆرداری بگرێت، ئەمە جێی ستایشە. 20 بەڵام ئەگەر هەڵەتان کرد و لێتان درا و بەرگەتان گرت، ئەمە چ شانازییەکە؟ بۆیە ئەگەر چاکە بکەن و لە ئازاردا بەرگەتان گرت، ئەمە جێی ستایشە لەلای خودا. 21 بۆ ئەمە بانگکراون، لەبەر ئەوەی مەسیحیش لە پێناوتاندا ئازاری چێژت و نموونەی بۆ بەجێهێشتن، تاکو بە هەنگاوەکانیدا بڕۆن.

22 [ئەوەی هیچ گوناهێکی نەکردبوو،
    فڕوفێڵی لەسەر زار نەبوو.][p]

23 ئەوەی جنێوی پێدەدرا و جنێوی نەدەدایەوە، ئازار دەدرا و هەڕەشەی نەدەکرد، بەڵکو خۆی دەدایە دەست ئەوەی حوکمی دادپەروەرانەیە. 24 ئەوەی خودی خۆی لە لەشیدا لەسەر دار گوناهەکانمانی هەڵگرت، تاکو سەبارەت بە گوناه بمرین و بۆ ڕاستودروستی بژین. بە برینەکانی ئەو چاکبوونەوە.[q] 25 چونکە ئێوە وەک مەڕی ونبوو وابوون، بەڵام ئێستا گەڕانەوە لای شوان و چاودێری گیانتان.

گوێڕایەڵی ناو ماڵ

ئەی ژنەکان، بە هەمان شێوە ملکەچی مێردەکانتان بن، تەنانەت ئەگەر هەندێکیان گوێڕایەڵی وشەی خودا نەبوون[r]، ئەوا ژنەکان بێ وشە بە ڕەوشتیان دەیانبەنەوە، کاتێک لەخواترسی و ڕەوشتی پاکتان ببینن. با ڕازاوەییتان دەرەکی نەبێت، لە ئەگریجەی پرچ و زێڕ بەخۆوەکردن و جلی باش لەبەرکردن، بەڵکو لەناو دڵتاندا شاراوە و لەناونەچوو بێ، ڕازاندنەوەی ڕۆحێکی نەرم و هێمن، ئەوەی لەلای خودا گرانبەهایە، چونکە بەم شێوەیە ژنە پیرۆزەکان لە کۆندا، کە هیوایان بە خودا بوو، خۆیان دەڕازاندەوە، ملکەچی مێردەکانیان دەبوون، وەک سارا گوێڕایەڵی ئیبراهیم بوو، بە گەورە بانگی دەکرد. ئێوەش بوونەتە کچی ئەو، ئەگەر چاکە بکەن و لە شتێک نەترسن.

بە هەمان شێوە، مێردەکان، بە هەستیارییەوە لەگەڵ ژنەکانتاندا بژین و ئەوە لەبەرچاو بگرن کە لە ئێوە ناسکترن. ڕێزیان بگرن، چونکە لەگەڵتاندا هاومیراتی نیعمەتی ژیانن، بۆ ئەوەی نوێژەکانتان کۆسپی تێنەکەوێت.

بەرگەگرتنی ئازار لە پێناوی ڕاستی

لە کۆتاییدا، هەمووتان یەک بیروڕاتان هەبێ، هاوسۆزبن و خۆشەویستی برایانەتان هەبێ، میهرەبان و ڕۆحسووک بن. خراپە بە خراپە مەدەنەوە، نە جنێویش بە جنێو، بەڵکو بە پێچەوانەوە داوای بەرەکەت بکەن و بزانن ئێوە بۆ ئەمە بانگکراون، تاکو ببنە میراتگری بەرەکەت، 10 چونکە

[ئەوەی بیەوێت ژیانی خۆشبوێت و
    ڕۆژگاری خۆش ببینێت،
با زمانی لە خراپە بپارێزێت و
    لێوەکانی لە فێڵبازی.
11 با لە خراپە لابدات و چاکە بکات،
    با بەدوای ئاشتیدا بگەڕێت و کۆششی بۆ بکات،
12 چونکە چاوی یەزدان لەسەر ڕاستودروستانە و
    گوێی لە پاڕانەوەکانیان ڕاگرتووە.
بەڵام ڕووی یەزدان لە دژی خراپەکارانە.][s]

13 کێ ئازارتان دەدات ئەگەر بۆ چاکە دڵگەرم بن؟ 14 بەڵام ئەگەر لەبەر ڕاستودروستی ئازارتان چێژت، ئەوا خۆزگە بە ئێوە. [مەترسن لەوەی کە ئەوان لێی دەترسن، مەتۆقن.][t] 15 بەڵکو مەسیح وەک پەروەردگار لە دڵتاندا تەرخان بکەن، هەردەم ئامادەبن بۆ وەڵامدانەوەی پرسیاری هەر یەکێک سەبارەت بەم هیوایەی لە ئێوەدایە، بەڵام بە دڵنەرمی و ڕێزەوە. 16 هەروەها ویژدانێکی باشتان هەبێت، هەتا ئەوانەی بوختان بە سەربوردە باشەکانتان دەکەن کە بەرهەمی یەکبوونتانە لەگەڵ مەسیح، لە قسەکانیان شەرمەزار بن، 17 چونکە باشترە، ئەگەر خواستی خودا بێت، لەبەر چاکەکاری ئازار بدرێن، نەک خراپەکاری. 18 لەبەر ئەوەی مەسیح تەنها جارێک لەبەر گوناه ئازار درا، بێتاوان لە پێناوی تاوانباران، تاکو لە خودامان نزیک بکاتەوە. خەڵک مەسیحیان کوشت بەڵام خودا بە ڕۆح زیندووی کردەوە، 19 بەمەش ڕۆحی مەسیح چوو مزگێنی دا بە ڕۆحە زیندانییەکان، 20 بەوانەی کە لە کۆندا یاخی بوون، کاتێک خودا لە ڕۆژانی نوحدا بە پشوودرێژییەوە چاوەڕوان بوو، کە کەشتییەکە ئامادە دەکرا. تەنها هەشت کەس لەم کەشتییەدا بوون و بە ئاو ڕزگار بوون. 21 ئەمەش هێمای لەئاوهەڵکێشانە کە ئێستا ڕزگارتان دەکات، نەک سڕینەوەی پیسی جەستە، بەڵکو بەڵێنی ویژدانێکی باش بۆ خودا، بە هەستانەوەی عیسای مەسیح، 22 ئەوەی بەرەو ئاسمان ڕۆیشت و لە دەستەڕاستی خودا دانیشت، فریشتە و دەسەڵاتدار و هێزەکان ملکەچن بۆی.

چەکداربوون بەو بیروڕایە

وەک مەسیح بە جەستە ئازاری چێژت، ئێوەش خۆتان بەم بیروڕایە چەکدار بکەن، چونکە ئەوەی بە جەستە ئازار بچێژێ لە گوناه کردن دەوەستێ، تاکو ئەو کاتەی بە جەستە لە ژیاندا ماوە بۆ هەوەسی مرۆڤانە نەژی، بەڵکو بۆ خواستی خودا. ئیتر ئەو کاتەی لە کردنی خواستی بێباوەڕان بەسەرتان برد بەسە، لە بەڕەڵایی، هەوەسبازی، سەرخۆشی، ڕابواردن، ئاهەنگی شەرابخواردنەوە، بتپەرستی قێزەون. لەمە سەرسام دەبن کە لەگەڵیان ڕاناکەن بۆ لافاوی هەمان بەدڕەوشتی و جنێوتان پێدەدەن. بەڵام ئەوانە حیسابی خۆیان دەدەن بەوەی کە ئامادەیە مردووان و زیندووان حوکم بدات، چونکە بۆ ئەم هۆیە مژدە درایە مردووانیش، تاکو بەگوێرەی خەڵک لە جەستەدا حوکم بدرێن، بەڵام بەگوێرەی خودا لە ڕۆحدا بژین.

کۆتایی هەموو شتێک نزیک بووەتەوە. بۆیە ژیر و چاوکراوە بن تاکو نوێژ بکەن. لە سەرووی هەموو شتێکەوە خۆشەویستیتان بۆ یەکتری بە هێز بێت، چونکە خۆشەویستی گوناهی زۆر دادەپۆشێت. بێ بۆڵەبۆڵ میوانداریەتی یەکتری بکەن. 10 هەریەکە بەگوێرەی ئەو بەهرەیەی وەریگرتووە، خزمەتی یەکتری پێ بکەن، وەک سەرکارێکی باش لەسەر نیعمەتە جۆراوجۆرەکانی خودا. 11 ئەگەر یەکێک وتار دەدات، با بە جۆرێک بدوێت وەک کەسێک کە پەیامی خودا ڕابگەیەنێت. ئەگەر یەکێک خزمەت دەکات وەک بە هێزێک لە خوداوە درا بێت، تاکو خودا لە هەموو شتێکدا شکۆدار بێت بە عیسای مەسیح. هەتاهەتایە شکۆ و دەسەڵات بۆ ئەوە. ئامین.

وەک قوتابی مەسیح ئازار بدرێن

12 خۆشەویستان، لەلاتان سەیر نەبێ لە تاقیکردنەوەتان بەڵای سووتێنەر تووشتان دێت، وەک بڵێی شتێکی سەیرتان بەسەرهاتووە، 13 بەڵکو دڵخۆش بن وەکو بەشداریتان لە ئازارەکانی مەسیحدا کرد، تاکو لە ئاشکراکردنی شکۆیەکەی دڵخۆش و شادمان بن. 14 ئەگەر بە ناوی مەسیح جنێوتان پێدرا، خۆزگە دەخوازرێت بە ئێوە، چونکە ڕۆحی شکۆ و خودا دێتە سەرتان. 15 با کەستان وەک بکوژێک یان دزێک یان بەدکارێک یاخود یەکێک دەست لە کاروباری خەڵک وەربدات ئازار نەچێژێ، 16 بەڵام ئەگەر وەک قوتابی مەسیح ئازار بدرێن، شەرم مەکەن، بەڵکو ستایشی خودا بکەن کە ناوی مەسیحتان هەڵگرتووە، 17 چونکە کاتی دەستپێکردنی لێپرسینەوەیە لە گەلی خودا. ئەگەر دەستپێک لە ئێمەوە بێت، کۆتایی ئەوانە چی دەبێت کە گوێڕایەڵی پەیامی ئینجیلی خودا نابن؟

18 [ئەگەر کەسی ڕاستودروست بە زەحمەت ڕزگاری ببێت،
    ئەی چارەنووسی خراپەکار و گوناهبار چۆن دەبێت؟][u]

19 بۆیە ئەوانەی بەگوێرەی خواستی خودا ئازار دەدرێن، با خۆیان بدەنە دەست بەدیهێنەری دڵسۆز و بەردەوام بن لە چاکەکاری.

شوانی مێگەلی خودا

داوا لەو پیرانە دەکەم کە لەنێوتاندان، وەک پیرێکی هاوڕێ، شایەتی ئازارەکانی مەسیح و هاوبەشی ئەو شکۆیەی وا ڕادەگەیەنرێ: ئەو مێگەلەی خودا بلەوەڕێنن کە لەنێوانتاندایە، وەک چاودێر خزمەت بکەن، نەک بە ناچاری، بەڵکو بە ویستەوە بەگوێرەی خودا، نەک بۆ دەستکەوتی شەرمەزاری، بەڵکو بە چالاکییەوە، خۆتان بەسەر ئەوانەدا مەسەپێنن کە دراونەتە دەستتان، بەڵکو ببنە نموونە بۆ مێگەل. کاتێکیش سەرۆکی شوانان دەردەکەوێ، تاجی شکۆ وەردەگرن کە کاڵ نابێتەوە.

ئەی لاوەکان، بە هەمان شێوە ملکەچی پیران بن، هەمووتان خۆتان بە بچووکی یەکتر بزانن، چونکە:

[خودا بەرهەڵستی لووتبەرزەکان دەکات،
    بەڵام نیعمەت دەداتە بێفیزەکان.][v]

بۆیە لەژێر دەستی بەهێزی خودا بێفیز بن، تاکو لە کاتی خۆیدا بەرزتان بکاتەوە. هەموو خەمێکتان بە خودا بسپێرن، چونکە ئەو بایەختان پێدەدات.

چاوکراوە بن و ئێشک بگرن، شەیتانی دوژمنتان وەک شێرێکی بە نەڕەنەڕ دەسووڕێتەوە، بەدوای یەکێکدا دەگەڕێ بۆ ئەوەی بیخوات. بەربەرەکانێی بکەن، چەسپاو بن لە باوەڕ، بزانن خوشک و براکانیشتان لە جیهاندا هەمان ئازار دەچێژن.

10 خودای هەموو نیعمەتێک، ئەوەی بە یەکبوون لەگەڵ عیسای مەسیحدا بانگی کردوون بۆ شکۆیە هەتاهەتاییەکەی، کە تۆزێک ئازارتان چێژت، خۆی تەواوکارتانە و دەتانچەسپێنێت و بەهێزتان دەکات و بناغەتان دادەنێت. 11 هەتاهەتایە دەسەڵات بۆ ئەوە. ئامین.

نیعمەتی ڕاستی خودا

12 بەهۆی سیلا[w]، کە بە برای دڵسۆزی دەزانم، بە کورتی بۆم نووسین، هانتان دەدەم و شایەتی دەدەم، ئەمە نیعمەتە ڕاستەقینەکەی خودایە. تێیدا بچەسپێن. 13 ئەوەی لە بابل[x] وەک ئێوە هەڵبژێردراوە، سڵاوتان لێدەکات، هەروەها مەرقۆسی ڕۆڵەم. 14 بە ماچی خۆشەویستی سڵاو لە یەکتری بکەن. ئاشتی بۆ هەمووتان بێت کە لەگەڵ مەسیح یەکن.

لە شیمۆن پەترۆسی بەندە و نێردراوی عیسای مەسیحەوە،

بۆ ئەوانەی لە ڕێگەی ڕاستودروستی خودا و ڕزگارکەرمان عیسای مەسیح باوەڕێکی بەهاداری وەک باوەڕی ئێمەیان دەستکەوتووە.

با نیعمەت[y] و ئاشتیتان بۆ زیاد بێت، بە ناسینی خودا و عیسای خاوەن شکۆمان.

هەڵبژاردن و بانگەواز بۆ گەشەکردن

هێزە خوداییەکەی مەسیح هەموو ئەو شتانەی پێ بەخشیوین کە بۆ ژیان و لەخواترسی پێویستە، ئەمەش لە ڕێگەی ئەو ناسینەی کە هەمانە بۆ ئەو خودایەی کە بانگی کردین بۆ شکۆ و چاکییەکەی. خودا بەهۆی هەموو ئەمانەوە بەڵێنە بەهادار و گەورەکانی پێداین، تاکو ئێوە بەهۆی ئەم بەڵێنانەوە بتوانن لەو گەندەڵییەی جیهان دەرباز بن کە لە ئارەزووی خراپدایە و بەشدار بن لە سروشتی خودایی.

هەر لەبەر ئەمەش، تێبکۆشن تاکو لە باوەڕتان چاکە بکەوێتەوە، لە چاکەش، زانیاری، لە زانیاریش بەسەرخۆدا زاڵبوون، لە بەسەرخۆدا زاڵبوونیش دانبەخۆداگرتن، لە دانبەخۆداگرتنیش لەخواترسی، لە لەخواترسیش هەست و سۆزی هاوبەش، لە هەست و سۆزی هاوبەشیش خۆشەویستی، چونکە ئەگەر ئەوانەتان تێدابێت و زیاد بکات، واتان لێدەکات بۆ ناسینی عیسای مەسیحی گەورەمان تەمبەڵ و بێ بەرهەم نەبن. بەڵام ئەوەی ئەمانەی نەبێت، ئەوا کوێر و کەمبینە، لە یادی چووە کە گوناهە کۆنەکانی پاک بووەتەوە.

10 خوشکان، برایان، هەر بۆیە زیاتریش تێبکۆشن بۆ چەسپاندنی هەڵبژاردن و بانگەوازییەکەتان، چونکە ئەگەر ئەمانەتان کرد ئەوا هەرگیز ناکەون، 11 هەروەها پێشوازییەکی گەرمتان لێ دەکرێت بۆ چوونە ناو شانشینی هەتاهەتایی عیسای مەسیحی گەورە و ڕزگارکەرمان.

12 لەبەر ئەوە بەردەوام دەمەوێ ئەم شتانەتان بەبیر بهێنمەوە، هەرچەندە لەو ڕاستییەی ئێستادا دەزانن و دامەزراون. 13 باوەڕم وایە هەتا لەم جەستەیەدا بم، ئەرکی خۆمە بەبیرتان بهێنمەوە، 14 چونکە دەزانم بە زوویی ئەم جیهانە بەجێدەهێڵم، هەروەک چۆن عیسای مەسیحی گەورەمان بۆی دەرخستم. 15 هەروەها تێدەکۆشم تاکو دوای دەرچوونم هەردەم ئەم شتانەتان وەبیربێتەوە.[z]

شایەتی نەگۆڕی نێردراوان

16 کاتێک هاتنی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان و هێزەکەیمان پێ ناساندن، ئێمە بەدوای کۆمەڵە ئەفسانەیەکی زیرەکانەی هەڵبەستراو نەکەوتبووین، بەڵکو شایەتحاڵی پایەبەرزییەتی ئەو بووین. 17 ڕێز و شکۆی لە خودای باوک وەرگرت کاتێک ئەم دەنگەی لە شکۆداری پایەبەرزەوە بۆ هات: «ئەمەیە کوڕی خۆشەویستم، ئەوەی زۆر پێی دڵشادم.»[aa] 18 ئێمەش گوێمان لەم دەنگە بوو کە لە ئاسمانەوە هات، کاتێک لە شاخی پیرۆز لەگەڵی بووین.

19 هەروەها پەیامی پێغەمبەرانمان هەیە کە بە تەواوی پشتی پێ دەبەسترێت، چاک دەکەن کە گرنگی پێ بدەن، هەروەک چۆن گرنگی بەو چرایە دەدەن کە لە شوێنێکی تاریکدا دەدرەوشێتەوە هەتا ئەو کاتەی ڕۆژ دەبێتەوە و ئەستێرەی بەیان لە دڵتاندا هەڵدێت. 20 لە سەرووی هەموو شتێکەوە ئەمە بزانن، کە هیچ پێشبینییەک لە نووسراوە پیرۆزەکاندا بە لێکدانەوەی خودی پێغەمبەرەکە نەنووسراوە، 21 چونکە هەرگیز پێشبینی بە خواستی مرۆڤ نەهاتووە، بەڵکو ڕۆحی پیرۆز ڕابەرایەتی مرۆڤەکانی کردووە، بۆ ئەوەی پەیامی خودا ڕابگەیەنن.

مامۆستا درۆزنەکان

بەڵام لەنێو گەلەکەدا پێغەمبەری درۆزن هەبوون، وەک لەنێوان ئێوەشدا مامۆستای درۆزن دەبێت، ئەوانەی بە نهێنی فێرکردنی چەوتی لەناوبەر دەهێننە ناوەوە، تەنانەت نکۆڵی لە مەسیحی باڵادەست دەکەن کە ئەوانی کڕییەوە، لەناوچوونێکی خێرا بەسەر خۆیاندا دەهێنن. زۆر کەسیش بەدوای بەڕەڵاییەکانیان دەکەون، لەبەر ئەوان کفر بە ڕێبازی ڕاستی دەکرێت. ئەو مامۆستایانەی بەهۆی چاوبرسیێتیانەوە، لە ڕێگەی چەند چیرۆکێکی هەڵبەستراوەوە بۆ سوودی خۆیان بەکارتاندەهێنن، تاوانبارکردنیان نزیک بووەتەوە و لەناوچوونیان بەلاوە نەنراوە.

خودا بەزەیی بەو فریشتانەدا نەهاتەوە کە گوناهیان کرد، بەڵکو فڕێیدانە دۆزەخ و لەنێو تاریکیدا بەندی کردن و بۆ ڕۆژی لێپرسینەوە هەڵیگرتن. هەروەها کە بەزەیی بە جیهانی کۆندا نەهاتەوە کاتێک لافاوی هێنایە سەر جیهانی خراپەکاران، بەڵکو نوحی ڕاگەیەنەری ڕاستودروستی لەگەڵ حەوت کەسی دیکە پاراست. کاتێک شارەکانی سەدۆم و عەمۆرای تاوانبار کرد بە تێکدانی تەواو و ئەوانی کردە خۆڵەمێش، کردنییە پەند بۆ داهاتووی خراپەکاران. کاتێک ڵوتی پیاوچاکی دەرباز کرد کە لە بەڕەڵایی بەدکاران بێزار بوو، چونکە ئەو پیاوچاکە کە لەنێویاندا دەژیا، کردەوە خراپەکانیانی دەبینی و دەبیست، ڕۆژ بە ڕۆژ گیانی ڕاستودروستی ئازار دەدرا. ئەگەر وابێت، یەزدان دەزانێت چۆن لەخواترسان لە تاقیکردنەوە دەرباز بکات و خراپەکاران هەتا ڕۆژی لێپرسینەوە لەژێر سزاداندا بهێڵێتەوە، 10 بە تایبەتی ئەوانەی کەوتوونەتە دوای هەوەسی گڵاوی سروشتی دنیایی، سووکایەتی بە دەسەڵات دەکەن.

چاونەترس و کەللەڕەقن، ناترسن لەوەی بوختان بە فریشتەکان[ab] بکەن، 11 هەرچەندە فریشتەکان لەوان بە تواناتر و بەهێزترن، بەڵام لەبەردەم یەزداندا حوکمی بوختانکردنیان بەسەردا نادەن. 12 بەڵام ئەو خراپەکارانە کفر لە شتێک دەکەن کە لێی تێناگەن، ئەوانە وەک ئاژەڵی بەستەزمانن کە لەدایک بوون بۆ ئەوەی ڕاوبکرێن و بکوژرێن، بە گەندەڵی خۆیان لەناودەچن.

13 کرێی خراپەکارییەکانیان وەردەگرن. وا دادەنێن چێژوەرگرتن لەوەیە کە بە درێژایی ڕۆژ سەڵتەنەت لێبدەن، ئەوانە لەکە و کەموکوڕی ئێوەن، کاتێک بەشداری لە خوانەکانتان دەکەن چێژ لە فێڵەکانیان وەردەگرن. 14 چاویان پڕە لە داوێنپیسی و لە گوناه ناوەستن، دەروونە لەرزۆکەکان هەڵدەخەڵەتێنن، دڵیان بە چاوبرسی ڕاهێنراوە، ئەوانە ڕۆڵەی نەفرەتن. 15 لە ڕێگای ڕاستی لایانداوە و چەواشە کراون، دوای ڕێبازی بەلعامی کوڕی بەعۆر[ac] کەوتن، ئەوەی حەزی لە کرێی خراپەکاری بوو، 16 بەڵام سەرزەنشتی سەرپێچییەکەی وەرگرت، گوێدرێژی بێزمان بە دەنگی مرۆڤانە هاتە دوان و سەرشێتی ئەو پێغەمبەرەی ڕاگرت.

17 ئەوانە کانی بێ ئاون، هەورن بە گەردەلوول دەبردرێن، تاریکی ڕەشی هەمیشەییان بۆ دانراوە، 18 چونکە کە بە قسەی گەورە و پووچ دەدوێن، بە ئارەزووەکانی سروشتی دنیایی و بە بەڕەڵایی، ئەوانە هەڵدەخەڵەتێنن کە تازە هەڵاتوون لە دەست ئەو کەسانەی لە گومڕاییدا دەژین. 19 بەڵێنی ئازادییان پێدەدەن، کەچی خۆیان کۆیلەی گەندەڵین، چونکە مرۆڤ کۆیلەی هەر شتێکە بەسەریدا زاڵ بێت. 20 ئەگەر بەهۆی ناسینی ڕزگارکەرمان عیسای مەسیحی خاوەن شکۆوە لە گڵاوی جیهان هەڵاتبن، بەڵام دیسان لەو گڵاوییە بئاڵێنەوە و بەسەریاندا زاڵ بێت، ئەو کاتە کۆتاییان لە سەرەتایان خراپتر دەبێت، 21 چونکە باشتر بوو ڕێگای ڕاستودروستییان نەناسی بووایە، لەوەی ناسییان و دوایی لەو ڕاسپاردە پیرۆزەی پێیان درا هەڵگەڕانەوە. 22 ئەو پەندە ڕاستەیان لەسەر دەچەسپێت: [سەگ گەڕایەوە سەر ڕشانەوەکەی،][ad] هەروەها: «بەرازی شوشتراو گەڕایەوە ناو چڵپاو.»

ڕۆژی یەزدان

خۆشەویستان، ئەمە دووەمین نامەیە بۆتان دەنووسم، تێیاندا بە یادتان دەهێنمەوە تاکو بیری پاکتان بوروژێنم، هەروەها تاکو وتەکانی پێغەمبەرە پیرۆزەکان بێنەوە یادتان، هەروەها ڕاسپاردەی مەسیحی خاوەن شکۆ و ڕزگارکەرمان کە لە ڕێگەی نێردراوانتان دراون.

پێش هەموو شتێک پێویستە ئەوە بزانن کە لە کۆتایی زەمانەدا خەڵکی گاڵتەجاڕ دێن و گاڵتە دەکەن، دوای ئارەزووە خراپەکانیان دەکەون، دەڵێن: «کوانێ بەڵێنی هاتنەوەی؟ لەو کاتەوەی باوباپیرانمان مردوون، لە سەرەتای بەدیهێنانەوە هەموو شتێک وەک خۆیەتی.» بە ئەنقەست ئەوە پشتگوێ دەخەن کە لە کۆنەوە بە فەرمایشتی خودا ئاسمان دروست بووە و زەویش لە ئاو و بە ئاوەوە پەیدابووە. هەروەها بەهۆی ئەم ئاوەشەوە بوو کە جیهانی ئەو کات ژێر ئاو کەوت و لەناوچوو. بەڵام زەوی و ئاسمانی ئێستا بە هەمان فەرمایشت بۆ ئاگر هەڵگیراون، بۆ ڕۆژی لێپرسینەوە و لەناوچوونی خراپەکاران پارێزراون.

بەڵام خۆشەویستان تەنها ئەم شتەتان لەیاد نەچێت، ڕۆژێک لەلای یەزدان وەک هەزار ساڵە و هەزار ساڵیش وەک ڕۆژێکە. یەزدان سەبارەت بە بەڵێنەکەی خاو نییە، وەک هەندێک بە خاوی دەزانن، بەڵام لەگەڵمان پشوو درێژە، نایەوێت کەس لەناوبچێت، بەڵکو هەموو بۆ تۆبەکردن بێن.

10 بەڵام هاتنی ڕۆژی یەزدان وەک هاتنی دز وایە، تێیدا بە دەنگێکی بەرز ئاسمان نامێنێت، بە سووتان توخمەکان لەناودەچن، زەوی و ئەو کارانەی تێیدایە نامێنێت.

11 کە هەموو ئەو شتانە لەناوبچن، ئیتر پێویستە ئێوە چ جۆرە کەسانێک بن؟ دەبێت بە پیرۆزی و لەخواترسی بژین، 12 چاوەڕوانی ڕۆژی خودا دەکەن و پەلە لە هاتنی دەکەن، چونکە تێیدا ئاسمان بە ئاگر لەناودەچێت، توخمەکانیش بە سووتان دەتوێنەوە. 13 بەڵام بەگوێرەی بەڵێنەکەی ئێمە چاوەڕوانی ئاسمانی نوێ و زەوی نوێین، ڕاستودروستیش تێیدا نیشتەجێیە.

14 خۆشەویستان، کە چاوەڕێی ئەو شتە دەکەن، تێبکۆشن بۆ ئەوەی بێ لەکەیی و بێ گلەیی لە ئاشتیدا لەلای ئەو بدۆزنەوە. 15 بزانن کە پشوودرێژی پەروەردگارمان هەلێکە بۆ ڕزگاری، وەک پۆڵسی برای خۆشەویستمان بەگوێرەی ئەو داناییەی خودا پێیداوە بۆی نووسین، 16 وەک لە هەموو نامەکانیدا لەبارەی ئەم شتانەوە دواوە، ئەوەی هەندێک شتی تێدایە گرانە بۆ تێگەیشتن، نەزان و نەچەسپاوەکان وەک نووسراوە پیرۆزەکانی دیکە[ae] دەیشێوێنن، بۆ لەناوچوونی خۆیان.

17 بۆیە خۆشەویستان، چونکە ئێوە لەپێشدا دەزانن، ئاگاداری خۆتان بن، نەوەک بە خراپەی سەرپێچیکاران چەواشە بن و لە چەسپاوی خۆتان بکەون. 18 بەڵکو لە نیعمەت و ناسینی عیسای مەسیحی ڕزگارکەر و گەورەماندا گەشە بکەن. شکۆی ئێستا و هەتاهەتایە بۆ ئەوە. ئامین.

ئێمە ئەمە ڕادەگەیەنین سەبارەت بە وشەی[af] ژیان، ئەوەی لە سەرەتاوە بوو، ئەوەی گوێمان لێی بوو، ئەوەی بە چاوی خۆمان بینیمان، ئەوەی تەماشامان کرد و دەستمان لێیدا. ژیانەکە دەرکەوت، ئێمە بینیومانە و شایەتی بۆ دەدەین، ژیانە هەتاهەتاییەکەتان بۆ ڕادەگەیەنین، ئەو ژیانەی کە لەلای باوکی ئاسمانی بوو و بۆ ئێمە دەرکەوت. ئەوەی بینیومانە و بیستوومانە بە ئێوەی ڕادەگەیەنین، بۆ ئەوەی لەگەڵ یەکتر بژین، پێکەوە ژیانی ئێمەش پەیوەستە لەگەڵ باوکی ئاسمانی و عیسای مەسیحی کوڕی. ئێمە ئەمانەتان بۆ دەنووسین تاکو خۆشییەکەمان پڕ و تەواو بێت.

خودا ڕووناکییە

ئەمەش ئەو پەیامەیە کە لە مەسیحەوە بیستمان و پێتانی ڕادەگەیەنین: خودا ڕووناکییە، هیچ تاریکی تێدا نییە. ئەگەر بڵێین پێکەوە ژیانمان لەگەڵی هەیە و بە تاریکیدا بڕۆین، ئەوا درۆ دەکەین و ڕاست ناکەین، بەڵام ئەگەر بە ڕووناکیدا بڕۆین، هەروەک چۆن خودا لە ڕووناکیدایە، ئەوا لەگەڵ یەکتری پێکەوە دەژین و خوێنی عیسای کوڕی لە هەموو گوناهێک پاکمان دەکاتەوە.

ئەگەر بڵێین گوناهمان نییە، ئەوا خۆمان هەڵدەخەڵەتێنین و ڕاستی لە ئێمەدا نییە. ئەگەر دانمان بە گوناهەکانماندا نا، ئەوا خودا دڵسۆز و دادپەروەرە، تەنانەت لە گوناهەکانمان خۆشدەبێت و لە هەموو ناڕەواییەک پاکمان دەکاتەوە. 10 ئەگەر بڵێین گوناهمان نەکردووە، ئەوا بە درۆزنی دادەنێین و پەیامەکەی لە ئێمەدا نییە.

مەسیح داکۆکیکارمانە

ڕۆڵە خۆشەویستەکانم، ئەمانەتان بۆ دەنووسم تاکو گوناه نەکەن. بەڵام ئەگەر یەکێک گوناهی کرد، ئەوا لەلای باوک داکۆکیکارمان[ag] هەیە کە عیسای مەسیحی ڕاستودروستە. ئەو کەفارەتی[ah] گوناهەکانمانە، نەک تەنها هی ئێمە، بەڵکو گوناهەکانی هەموو جیهان.

بەمەدا دەزانین کە ئەومان ناسیوە، ئەگەر کار بە ڕاسپاردەکانی بکەین. ئەوەی گوتی: «ناسیومە» بەڵام ڕاسپاردەکانی بەجێنەگەیەنێت، ئەوا درۆزنە و ڕاستی لەودا نییە. بەڵام ئەوەی گوێڕایەڵی پەیامی خودا بێت، ئەوا بە ڕاستی خۆشەویستی خودا لەو کەسەدا تەواوە. بەمەدا دەزانین کە ئێمە بە یەکبوون لەگەڵ مەسیح دەژین: هەرکەسێک بڵێت: «من بە یەکبوون لەگەڵ مەسیح دەژیم» دەبێت بەو شێوەیەی بژیێت کە عیسا ژیاوە.

خۆشەویستی ڕاستودروست

خۆشەویستان، ڕاسپاردەیەکی نوێتان بۆ نانووسم، بەڵکو ڕاسپاردەیەکی کۆن کە هەر لە سەرەتاوە هەتانبوو. ڕاسپاردە کۆنەکە ئەو پەیامەیە کە لە سەرەتادا گوێتان لێی بوو. لەگەڵ ئەوەشدا ڕاسپاردەیەکی نوێتان بۆ دەنووسم، ئەو ڕاستییەی کە لە مەسیح و ئێوەدا هەیە، چونکە تاریکی بەسەردەچێت، وا ڕووناکییە ڕاستەقینەکە پڕشنگ دەداتەوە.

ئەوەی گوتی: «من لە ڕووناکیدام» و ڕقی لە خوشکی یان لە براکەی ببێتەوە، ئەوە هەتا ئێستا لە تاریکیدایە. 10 هەرکەسێک خوشکی یان براکەی خۆشبوێ، ئەوا لە ڕووناکیدا دەژیێت و هیچ شتێکی تێدا نییە کە تووشی گوناهیان بکات. 11 بەڵام ئەوەی ڕقی لە برای خۆی ببێتەوە، لە تاریکیدایە و بە تاریکیدا دەڕوات، نازانێت بۆ کوێ مل دەنێت، چونکە تاریکی چاوی کوێر کردووە.

12 ئەی ڕۆڵە خۆشەویستەکان، بۆ ئێوە دەنووسم
    چونکە لەبەر ناوی ئەو گوناهەکانتان بەخشرا.
13 ئەی باوکان، بۆ ئێوە دەنووسم
    چونکە ئەوە دەناسن کە لە سەرەتاوەیە.
ئەی لاوان، بۆ ئێوە دەنووسم
    چونکە بەسەر شەیتاندا زاڵ بوون.

14 ئەی ڕۆڵە خۆشەویستەکان، بۆ ئێوەم نووسی
    چونکە خودای باوک دەناسن.
ئەی باوکان، بۆ ئێوەم نووسی
    چونکە ئەوە دەناسن کە لە سەرەتاوەیە.
ئەی لاوان، بۆ ئێوەم نووسی
    چونکە بەهێزن،
پەیامی خوداتان تێدا چەسپاوە و
    بەسەر شەیتاندا زاڵ بوون.

15 نە جیهانتان خۆشبوێت، نە ئەو شتانەی لە جیهاندایە. ئەگەر یەکێک جیهانی خۆشبوێ، ئەوا خۆشەویستی باوکی تێدا نییە. 16 لەبەر ئەوەی هەموو ئەو شتانەی لە جیهاندایە، ئارەزووی جەستە و ئارەزووی چاو و سەڵتەنەتی ژیانە، ئەمانەش لە باوکەوە نین، بەڵکو لە جیهانەوەن. 17 جیهان و ئارەزووەکانی بەسەردەچن، بەڵام ئەوەی خواستی خودا جێبەجێ دەکات بۆ هەتاهەتایە دەژیێت.

ئاگاداری دژە مەسیحەکان بن

18 ڕۆڵەکان ئەمە دوا کاتژمێرە. وەک بیستووتانە دژە مەسیح دێت، ئێستاش زۆر دژە مەسیح هاتوون، بەمەدا دەزانین دوا کاتژمێرە. 19 ئەوان لێمان جیا بوونەوە، بەڵام بەڕاستی سەر بە ئێمە نەبوون، چونکە ئەگەر سەر بە ئێمە بوونایە، لەگەڵمان دەمانەوە، بەڵام چوون بۆ ئەوەی دەریبخەن کە کەسیان سەر بە ئێمە نین.

20 بەڵام مەسیحی پیرۆز بە ڕۆحی خۆی دەستنیشانی کردن[ai] و هەمووتان ڕاستی دەزانن. 21 من ئەمەتان بۆ نانووسم لەبەر ئەوەی کە ڕاستی نازانن، بەڵکو لەبەر ئەوەی ڕاستی دەزانن و دەشزانن کە هیچ درۆیەک لە ڕاستییەکەوە نایەت. 22 کێ درۆزنە؟ ئەوەی نکۆڵی بکات کە عیسا مەسیحەکەیە. ئەمە دژە مەسیحە، نکۆڵی لە باوک و کوڕەکە دەکات. 23 هەرکەسێک نکۆڵی لە کوڕەکە بکات باوکی نابێت، ئەوەش دان بە کوڕەکەدا بنێت باوکی دەبێت.

24 پەیوەست بن بەوەی لە سەرەتادا بیستتان. ئەگەر بەمەوە پەیوەست بن، ئەوا بە کوڕەکە و باوکەوە پەیوەست دەبن. 25 ئەمەیە ئەو بەڵێنەی ئەو پێیداوین، ژیانی هەتاهەتایی.

26 ئەمانەم بۆ ئێوە نووسی لەبارەی ئەوانەی هەوڵ دەدەن چەواشەتان بکەن. 27 بەڵام ئێوە ئەو دەستنیشانکردنەی کە لە مەسیحتان وەرگرتووە بە ئێوەوە پەیوەست بووە، لەبەر ئەوە پێویستتان بە مرۆڤ نییە فێرتان بکات، بەڵکو ڕۆحی پیرۆز هەموو شتێکتان فێردەکات. ئەم دەستنیشانکردنە ڕاستە و درۆ نییە، بۆیە پەیوەست بن بە مەسیحەوە وەک ڕۆحی پیرۆز فێری کردوون[aj].

28 ئێستا ڕۆڵە خۆشەویستەکان، بە یەکبوون لەگەڵ مەسیح پەیوەست بن تاکو کاتێک ئەو دەردەکەوێت متمانەمان هەبێت و لە هاتنەوەکەی شەرمی لێ نەکەین.

29 ئەگەر بزانن ئەو ڕاستودروستە، دەزانن کە هەرکەسێک ڕاستودروستی پەیڕەو بکات لە ئەوەوە لەدایک بووە.

ئێمە ڕۆڵەی خوداین

تەماشا بکەن باوک چ خۆشەویستییەکی پێداوین، تاکو پێمان بگوترێت ڕۆڵەی خودا! ئێمەش ئاواین! بۆیە جیهان نامانناسێت، چونکە ئەوی نەناسیوە. خۆشەویستان، ئێستا ڕۆڵەی خوداین و هێشتا دەرنەکەوتووە دەبینە چی. بەڵام دەزانین کاتێک ئەو دەردەکەوێت ئێمە وەک ئەو دەبین، چونکە وەک خۆی دەیبینین. هەرکەسێک ئەم هیوایەی بەو هەبێت، خۆی پاک دەکاتەوە، هەروەک چۆن ئەو پاکە.

هەرکەسێک گوناه بکات سەرپێچی دەکات، چونکە گوناه سەرپێچییە. دەزانن ئەو دەرکەوت تاکو گوناهەکان لاببات. ئەو خۆی بێ گوناهە. هەرکەسێک بە یەکبوون لەگەڵ مەسیح بژیێت لە گوناهکردن بەردەوام نابێت. هەرکەسێک بە بەردەوامی گوناه بکات نە ئەوی بینیوە و نە ئەویشی ناسیوە.

ڕۆڵە خۆشەویستەکان، با کەس چەواشەتان نەکات. ئەوەی ڕاستودروستی پەیڕەو بکات ڕاستودروستە، وەک ئەویش ڕاستودروستە. ئەوەی گوناه بکات لە ئیبلیسە، چونکە ئیبلیس هەر لە سەرەتاوە گوناهی کردووە. کوڕی خودا بۆ ئەمە دەرکەوت، تاکو کارەکانی ئیبلیس تێکبدات. هەرکەسێک لە خوداوە لەدایک بووبێت بەردەوام نابێت لە گوناه کردن، چونکە تۆوی خودای تێدا دەچەسپێت. ناتوانێت بەردەوام‏ بێت لە گوناه کردن، لەبەر ئەوەی لە خوداوە لەدایک بووە. 10 ڕۆڵەی خودا و ڕۆڵەی ئیبلیس بەمە دەردەکەون: هەرکەسێک ڕاستودروستی پەیڕەو نەکات لە خوداوە نییە، هەروەک ئەوەی خوشکی یان برای خۆی خۆشنەوێت، 11 چونکە ئەمە ئەم پەیامەیە کە لە سەرەتادا بیستتان، کە یەکترمان خۆشبوێ.

خۆشەویستی یەکتری

12 وەک قایین مەبن، کە سەر بە شەیتان بوو و هابیلی برای خۆی کوشت. بۆچی کوشتی؟ چونکە کارەکانی ئەو خراپ بوون و هی براکەی ڕاستودروست. 13 خوشکان، برایان، لاتان سەیر نەبێت ئەگەر جیهان ڕقی لێتان بێتەوە. 14 دەزانین لە مردنەوە بۆ ژیان گواستراینەوە، چونکە برایانمان خۆشدەوێت. ئەوەی خۆشەویستی نەبێت لە مردندا دەمێنێتەوە. 15 هەرکەسێک ڕقی لە خوشکی یان براکەی ببێتەوە بکوژە و ئێوە دەزانن هیچ بکوژێک نابێتە خاوەنی ژیانی هەتاهەتایی.

16 بەمە خۆشەویستیمان زانی: عیسای مەسیح ژیانی خۆی بۆ ئێمە دانا. ئێمەش دەبێت ژیانی خۆمان بۆ خوشک و براکانمان دابنێین. 17 ئەوەی ماڵی دنیای هەبێت و خوشکی یان براکەی خۆی بە نەداری بینی و دڵی لێی ڕەقکرد، چۆن خۆشەویستی خودای تێدا دەمێنێتەوە؟ 18 ڕۆڵە خۆشەویستەکان، با هەر بە وشە و زمان خۆشەویستی نەکەین، بەڵکو بە کردار و بە ڕاستی. 19 بەمە دەزانین کە سەر بە ڕاستیین، هەروەها چۆن دڵمان ئاسوودە دەبێت لە ئامادەبوونی ئەو: 20 کاتێک دڵمان سەرکۆنەمان دەکات، خودا لە دڵمان گەورەترە و هەموو شتێک دەزانێت.

21 خۆشەویستان، ئەگەر دڵمان سەرکۆنەمان نەکات، ئەوا لەبەردەم خودا دڵنیا دەبین، 22 هەرچییەکی لێ داوا بکەین لێی وەردەگرین، چونکە ڕاسپاردەکانی بەجێدەگەیەنین و ئەوە دەکەین کە بەدڵیەتی. 23 ئەمەش ڕاسپاردەکەیەتی: باوەڕمان بە ناوی عیسای مەسیحی کوڕەکەی هەبێت و یەکتریمان خۆشبوێ، وەک ڕایسپاردووین. 24 ئەگەر کەسێک ڕاسپاردەکانی خودا بەجێبگەیەنێت، ئەوا بە یەکبوون لەگەڵ خودا دەژیێت، هەروەها خوداش بە یەکبوون لەگەڵ ئەو کەسەدا دەژیێت. بەمەدا دەزانین خودا بە یەکبوون لەگەڵمان دەژیێت: بەو ڕۆحەی کە پێیداوین.

تاقیکردنەوەی ڕۆحەکان

خۆشەویستان، بڕوا بە هەموو ڕۆحێک مەکەن، بەڵکو ڕۆحەکان تاقی بکەنەوە، بزانن ئایا لە خوداوەیە، چونکە زۆر پێغەمبەری درۆزن بە جیهاندا بڵاوبوونەتەوە. ڕۆحی خودا بەمە دەناسنەوە: هەر ڕۆحێک دان بەوەدا بنێت کە عیسای مەسیح لە جەستەدا هاتووە، ئەوا ئەو ڕۆحە لە خوداوەیە، بەڵام هەر ڕۆحێکیش دان بە عیسادا نەنێت، ئەوا ئەو ڕۆحە لە خوداوە نییە. ئەو ڕۆحە دژە مەسیحە کە بیستووتانە دێت و ئێستا وا لە جیهاندایە.

ڕۆڵە خۆشەویستەکان، ئێوە لە خوداوەن و بەسەر ئەو پێغەمبەرە درۆزنانەدا زاڵ بوون، چونکە ڕۆحی خودا ئەوەی لە ئێوەدایە گەورەترە لە ڕۆحی شەیتان ئەوەی لە جیهاندایە. ئەوان سەر بە جیهانن، هەر بۆیە ئەوەی دەیڵێن لە جیهانەوەیە و جیهان گوێیان لێ دەگرێت. ئێمە لە خوداوەین و ئەوەی خودا بناسێت گوێمان لێ دەگرێت، بەڵام ئەوەی لە خوداوە نەبێت گوێمان لێ ناگرێت. ڕۆحی ڕاستی و ڕۆحی چەواشە بەمە دەناسین.

خودا خۆشەویستییە

خۆشەویستان، با یەکتریمان خۆشبوێ، چونکە خۆشەویستی لە خوداوەیە و ئەوەی کەسانی دیکەی خۆشدەوێت لە خوداوە لەدایک بووە و خودا دەناسێت. ئەوەی کەسانی دیکەی خۆشنەوێت خودای نەناسیوە، چونکە خودا خۆشەویستییە. بەم شێوەیە خۆشەویستی خودا لەنێوانماندا دەرکەوت: خودا کوڕە تاقانەکەی خۆی ناردە جیهان تاکو بەهۆیەوە بژین. 10 خۆشەویستی لەمەدایە: نەک ئێمە خودامان خۆشویست، بەڵکو ئەو خۆشیویستین و کوڕەکەی بۆ کەفارەتی[ak] گوناهەکانمان نارد. 11 خۆشەویستان، ئەگەر خودا بەم شێوەیە خۆشیویستین، پێویستە لەسەرمان یەکتریمان خۆشبوێ. 12 هەرگیز کەس خودای نەبینیوە. ئەگەر یەکتریمان خۆشبوێ، ئەوا بە یەکگرتوویی لەگەڵ خودا دەژین و خۆشەویستییەکەی لە ناخماندا تەواوە.

13 بەمەدا دەزانین کە ئێمە بە یەکبوون لەگەڵ خودا دەژین و خوداش لەگەڵ ئێمە دەژیێت، ئەو لە ڕۆحی خۆی پێداوین. 14 ئێمەش بینیمان و شایەتی دەدەین کە باوک کوڕی خۆی ناردووە بۆ ئەوەی ببێتە ڕزگارکەری جیهان. 15 هەرکەسێک دانی پێدا بنێت کە عیسا کوڕی خودایە، ئەوا خودا بە یەکگرتوویی لەگەڵ ئەو کەسەدا دەژیێت، ئەویش بە یەکگرتوویی لەگەڵ خودا دەژیێت. 16 ئێمەش ئەو خۆشەویستییەی خودا کە بۆ ئێمەیە ناسیمان و باوەڕمان پێکرد.

خودا خۆشەویستییە. ئەوەی لە خۆشەویستیدا دەژیێت، ئەوا بە یەکگرتوویی لەگەڵ خودا دەژیێت، خوداش بە هەمان شێوە لەگەڵ ئەودا دەژیێت. 17 بەم شێوەیە خۆشەویستی لە نێوماندا گەیشتووەتە تەواوەتی تاکو لە ڕۆژی لێپرسینەوەدا دڵنیا بین، چونکە ئێمەش لەم جیهانەدا وەک عیسا دەبین. 18 خۆشەویستی ترسی تێدا نییە، بەڵکو خۆشەویستی تەواو ترس دەردەکاتە دەرەوە، چونکە ترس لە سزاوە دێت. ئەوەی بترسێت لە خۆشەویستیدا تەواو نەبووە.

19 خۆشماندەوێت، چونکە یەکەم جار ئەو خۆشیویستووین. 20 ئەگەر یەکێک گوتی: «خودام خۆشدەوێت» و ڕقی لە خوشکی یان براکەی بێتەوە، ئەوە درۆزنە، چونکە ئەوەی خوشک و برای خۆی خۆشنەوێت کە بینیویەتی، ناتوانێت خودای خۆشبوێ کە نەیبینیوە. 21 لە ئەوەوە ئەم ڕاسپاردەیەمان دراوەتێ: ئەوەی خودای خۆشبوێ، با خوشکەکە و براکەشی خۆشبوێ.

باوەڕهێنان بە مەسیح

هەرکەسێک باوەڕی بەوە هەبێت کە عیسا مەسیحە، ئەوە لە خوداوە لەدایک بووە. هەرکەسێک باوکی خۆشبوێ، ئەوەشی خۆشدەوێت کە لێی لەدایک بووە. بەمەدا دەزانین ڕۆڵەکانی خودامان خۆشدەوێت: کە خودامان خۆشبوێت و ڕاسپاردەکانی بەجێبگەیەنین. ئەمە خۆشەویستی خودایە، ڕاسپاردەکانی بەجێبگەیەنن، ڕاسپاردەکانیشی قورس نین، چونکە هەرکەسێک لە خوداوە لەدایک بووبێت جیهان دەبەزێنێت، ئەمەش ئەو سەرکەوتنەیە کە جیهان دەبەزێنێت، باوەڕمانە. کێیە جیهان دەبەزێنێت؟ تەنها ئەو کەسەی باوەڕی هەیە کە عیسا کوڕی خودایە.

ئەمە ئەوەیە کە بە ئاو و خوێن هاتووە، عیسای مەسیح، نەک تەنها بە ئاو، بەڵکو بە ئاو و بە خوێن. ڕۆحی پیرۆزیش شایەتی دەدات، چونکە ڕۆحەکە ڕاستییە. ئەوانەی شایەتی دەدەن سێیانن: ڕۆح و ئاو و خوێن، ئەم سێ شایەتە هەمان شایەتی دەدەن. ئەگەر ئێمە شایەتی مرۆڤ لەلامان قبوڵ بێت، شایەتی خودا گەورەترە، چونکە ئەمە شایەتی خودایە سەبارەت بە کوڕەکەی داویەتی. 10 ئەوەی باوەڕ بە کوڕی خودا بهێنێت ئەم شایەتییە لە خۆیدا هەیە. ئەوەی باوەڕ بە خودا نەکات خودا بە درۆزن دادەنێت، چونکە باوەڕ بەو شایەتییە ناکات کە خودا سەبارەت بە کوڕەکەی داویەتی. 11 ئەمەش شایەتییەکەیە: خودا ژیانی هەتاهەتایی پێداوین و ئەو ژیانەش لە کوڕەکەیدایە. 12 ئەوەی کوڕەکەی هەبێت ژیانی هەیە، ئەوەی کوڕی خودای نەبێت، ژیانیشی نابێت.

دڵنیایی ژیانی هەتاهەتایی

13 ئەمانەم بۆ ئێوە نووسی کە باوەڕتان بە ناوی کوڕی خودا هەیە، تاکو بزانن ژیانی هەتاهەتاییتان هەیە. 14 ئەمەش ئەو متمانەیە کە بەومان هەیە، ئەگەر بەگوێرەی ویستی خۆی داوای شتێک بکەین، گوێمان لێ دەگرێت. 15 ئەگەر بزانین گوێمان لێ دەگرێت، هەرچییەک داوا بکەین دەزانین ئەوەی لە ئەومان داوا کردووە هەمانە.

16 ئەگەر کەسێک خوشک یان برایەکی لە کاتی ئەنجامدانی گوناهێکدا بینی کە بەرەو مردنی نەبات[al]، پێویستە لەسەری لە خودا بۆی بپاڕێتەوە، خوداش ژیانی دەداتێ. مەبەستم ئەوانەی گوناه دەکەن بەرەو مردن نییە. گوناه هەیە بەرەو مردنە،[am] بۆ ئەمە ناڵێم داوا بکرێت.[an] 17 هەموو ناڕەواییەک گوناهە بەڵام گوناهیش هەیە بەرەو مردن نییە.

18 دەزانین هەرکەسێک لە خوداوە لەدایک بووبێت بەردەوام نابێت لە گوناه کردن، بەڵکو ئەوەی لە خوداوە لەدایک بووە خۆی دەپارێزێت و شەیتان دەستی لێ نادات. 19 دەزانین لە خوداوەین و هەموو جیهان لەژێر دەستی شەیتاندا دانراوە. 20 هەروەها دەزانین کە کوڕی خودا هات و چاوی کردینەوە تاکو ئەو بناسین کە ڕاستییە. ئێمەش لەگەڵ ڕاستییەکەدا بووینەتە یەک، کە عیسای مەسیحی کوڕی خودایە. ئەو خودای ڕاستەقینە و ژیانی هەتاهەتاییە.

21 ڕۆڵە خۆشەویستەکان، خۆتان لە بت بپارێزن.

لە پیرەکەوە[ao]،

بۆ خانمی هەڵبژێردراو و بۆ منداڵانیشی کە لە ڕاستیدا خۆشمدەوێن، نەک تەنها من، بەڵکو هەموو ئەوانەی ڕاستی دەناسن، لەبەر ئەو ڕاستییەی تیاماندا نیشتەجێ دەبێت و هەتاهەتایە لەگەڵمان دەبێت:

با نیعمەت[ap] و بەزەیی و ئاشتیمان لە خودای باوک و عیسای مەسیحی کوڕی باوکەوە، بە ڕاستی و خۆشەویستییەوە لەگەڵ بێت.

ڕاستی و خۆشەویستی

زۆر دڵخۆش بووم کە بینیم هەندێک لە منداڵەکانت بەگوێرەی ڕاستی دەڕۆن، وەک باوک ڕایسپاردین. ئێستاش ئەی خانم، ڕاسپاردەیەکی نوێت بۆ نانووسم، بەڵکو ئەوەی لە سەرەتاوە هەمانبووە: داوات لێ دەکەم، با یەکتریمان خۆشبوێ. خۆشەویستی ئەمەیە: بەگوێرەی ڕاسپاردەکانی خودا بڕۆین. هەروەک لە سەرەتادا گوێتان لێی بووە، ڕاسپاردەکە ئەمەیە، کە بە خۆشەویستی هەڵسوکەوت بکەن.

ئاگاداری گومڕاییکاران بن

چەواشەکاری زۆر بە جیهاندا بڵاوبوونەتەوە و دان بەوەدا نانێن کە عیسای مەسیح بە جەستە هاتووە. ئەمانە چەواشەکار و دژە مەسیحن. ئاگاداری خۆتان بن، نەوەک ئەوە لەدەستبدەن کە کارمان بۆ کردووە، بەڵکو پاداشتی تەواو وەربگرن. هەرکەسێک پێش بکەوێت و لە فێرکردنی مەسیح بەردەوام نەبێت، بێبەرییە لە خودا. ئەوەی لە فێرکردنەکە بەردەوام بێت، هەم باوکی ئاسمانی و هەم کوڕەکەی هەیە. 10 ئەگەر یەکێک هاتە لاتان و ئەو فێرکردنەی نەهێنا، لە ماڵەکەتان وەریمەگرنەوە و سڵاوی لێ مەکەن، 11 چونکە ئەوەی سڵاوی لێ بکات، لە بەدکارییەکانیدا بەشدار دەبێت.

کۆتایی

12 زۆر شتم هەیە بۆتانی بنووسم، بەڵام نامەوێت بە مەرەکەب و کاغەز بێت، بەڵکو ئومێدەوارم لەگەڵتان بم و ڕووبەڕوو بدوێین، تاکو تەواو دڵخۆش بین.

13 منداڵانی خوشکە هەڵبژێردراوەکەت[aq] سڵاوت لێدەکەن.

هەڵسوکەوت لە ڕاستی

لە پیرەکەوە[ar]،

بۆ گایۆسی خۆشەویست کە لە ڕاستیدا خۆشم دەوێت.

ئەی خۆشەویست، نوێژ دەکەم کە لە هەموو شتێکدا سەرکەوتوو بیت و تەندروستیت باش بێت، هەروەک دەروونت سەرکەوتووە. زۆر دڵخۆش بووم بەوەی چەند برایەک هاتن و شایەتی دڵسۆزی تۆیان بۆ ڕاستی دا، هەروەک بەگوێرەی ڕاستی دەڕۆیت. خۆشی لەمە گەورەترم نییە کە گوێم لێ بێت منداڵانم بەگوێرەی ڕاستی دەڕۆن.

خۆشەویست، تۆ بە دڵسۆزییەوە هەموو شتێک بۆ خوشکان و برایان دەکەیت، بە تایبەتی بۆ نامۆکان. ئەوانەی لەبەردەم کڵێسا شایەتییان لەسەر خۆشەویستی تۆ داوە، ئەوانەی باش دەکەیت کە بەو شێوەیە بە شایستەیی خودا بەڕێیان دەکەیت، چونکە ئەوانە لەبەر ناوی مەسیح هاتوون و هیچ شتێکیان لە بێباوەڕان وەرنەگرتووە. بۆیە پێویستە پێشوازی لە کەسانی وەک ئەوانە بکەین تاکو بەیەکەوە کار بۆ ڕاستی بکەین.

بۆ کڵێسام نووسیوە، بەڵام دیۆتریفس کە دەیەوێت لەنێوانیاندا ببێتە یەکەم، پێشوازیمان ناکات. 10 بۆیە ئەگەر هاتم، کردەوەکانی و ئەو غەیبەتانەی کە سەبارەت بە ئێمەی گوتووە دەیخەمەوە یادی. هەروەها بەوەشەوە نەوەستاوە، بەڵکو نایەوێت پێشوازی لە خوشکان و برایان بکات و هەر یەکێک بییەوێت پێشوازییان لێ بکات، ڕێی لێ دەگرێت و لە کڵێسا دەریدەکات.

دوای خراپە مەکەوە بەڵکو چاکە

11 خۆشەویستم، لاسایی خراپە مەکەوە بەڵکو چاکە. ئەوەی چاکە بکات لە خوداوەیە، ئەوەش خراپە بکات، خودای نەبینیوە[as]. 12 دیمیتریۆس لەلایەن هەموو کەسێک و لەلایەن ڕاستیشەوە شایەتی بۆ دراوە. ئێمەش شایەتی دەدەین، ئێوەش دەزانن شایەتی ئێمە ڕاستە. 13 زۆرم هەبوو بۆتی بنووسم، بەڵام نامەوێت بە قەڵەم و مەرەکەب بێت. 14 بەڵکو ئومێدەوارم بەم زووانە بتبینم تاکو ڕووبەڕوو قسە بکەین.

15 سڵاوت لێ بێت. برادەران سڵاوت لێدەکەن. بە ناوەکانیان سڵاو لە برادەران بکە.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.