Bible in 90 Days
گرتنی ستیفانۆس
8 ستیفانۆس پڕبوو لە نیعمەت و هێزی خودا، پەرجوو و نیشانەی گەورەی لەنێو گەلدا دەکرد. 9 جا هەندێک لەوانەی لەو کەنیشتەن کە پێی دەگوترا کەنیشتی ئازادکراوان، لەگەڵ کورێنییەکان و ئەسکەندەرییەکان و ئەوانەی لە ناوچەکانی کیلیکیا و ئاسیان، هەستان و دەمەقاڵێیان لەگەڵ ستیفانۆس کرد. 10 بەڵام نەیانتوانی بەربەرەکانێی ئەو داناییە بکەن کە ڕۆحی پیرۆز لە قسەکردندا پێیدابوو.
11 بۆیە بەدزییەوە خەڵکیان هاندا تاکو بڵێن: «گوێمان لێی بوو سەبارەت بە موسا و خودا کفری دەکرد.»
12 ئینجا گەل و پیران و مامۆستایانی تەوراتیان جۆشدا، هاتنە سەری و گرتییان، بۆ سەنهەدرینیان هێنا. 13 شایەتی درۆزنیان دانا، دەیانگوت: «ئەم پیاوە وەستانی نییە لە قسەکردن لە دژی ئەم شوێنە پیرۆزە[a] و تەورات، 14 ئێمەش گوێمان لێی بوو دەیگوت کە عیسای ناسیرەیی ئەم شوێنە تێکدەدات و ئەو نەریتانە دەگۆڕێت کە لە موساوە وەرمانگرتووە.»
15 جا هەموو ئەوانەی لە سەنهەدرین دانیشتبوون چاویان تێبڕی و بینییان ڕووی وەک ڕووی فریشتە وایە.
وتاری ستیفانۆس
7 سەرۆک کاهین لێی پرسی: «ئەم شتانە وان؟»
2 ئەویش گوتی: «برایان و باوکان گوێ بگرن، خودای شکۆ بۆ ئیبراهیمی باوکمان دەرکەوت کاتێک لە میسۆپۆتامیا بوو، پێش ئەوەی لە حاران نیشتەجێ بێت، 3 پێی فەرموو: [خاک و کەسوکارت بەجێبهێڵە و بڕۆ بۆ ئەو خاکەی پیشانت دەدەم.][b]
4 «خاکی کلدانییەکانی بەجێهێشت و لە حاران نیشتەجێ بوو. دوای مردنی باوکی، خودا لەوێوە گواستییەوە بۆ ئەم خاکەی ئێوە ئێستا تێیدا نیشتەجێن. 5 لێرەدا هیچ میراتێکی نەدایێ، تەنانەت شوێن پێیەکیش. بەڵام خودا بەڵێنی پێدا کە بە موڵک بیداتە خۆی و وەچەکەی لەدوای خۆی، هێشتا منداڵی نەبوو. 6 خوداش ئاوای فەرموو: [نەوەکانت لە خاکێک نامۆ دەبن کە هی خۆیان نییە، دەبنە کۆیلەیان و چوار سەد ساڵ دەیانچەوسێننەوە. 7 بەڵام ئەو نەتەوەیەش حوکم دەدەم، کە ئەوان وەک کۆیلە خزمەتیان دەکەن،] خودا فەرموویەتی، [دوای ئەوە دێنە دەرەوە و لەم شوێنە دەمپەرستن.][c] 8 خوداش پەیمانی خەتەنەکردنی لەگەڵ ئیبراهیم بەست. ئاوا ئیسحاقی بوو، لە هەشت ڕۆژیدا خەتەنەی کرد. ئیسحاقیش یاقوبی بوو، یاقوبیش دوازدە باوکانی یەکەمینی[d] بوو.
9 «باوکانیش چاویان بە یوسف هەڵنەهات، فرۆشتیانە میسر. بەڵام خودای لەگەڵ بوو، 10 لە هەموو ناخۆشییەکانی ڕزگاری کرد، لەبەردەم فیرعەونی پاشای میسردا نیعمەت و دانایی دایێ. ئەویش لێپرسراویەتی میسر و هەموو ماڵەکەی خۆی پێدا.
11 «ئینجا قاتوقڕی و تەنگانە بەسەر هەموو میسر و کەنعاندا هات، باوباپیرانمان خواردنیان دەست نەدەکەوت. 12 یاقوب بیستی لە میسردا دانەوێڵە هەیە، جاری یەکەم باوکانمانی نارد. 13 بۆ جاری دووەم یوسف بە برایانی ناسرا، بنەماڵەی یوسفیش بۆ فیرعەون دەرکەوت. 14 ئیتر یوسف ناردی یاقوبی باوکی بە هەموو کەسوکاریەوە بۆ میسر بانگکرد، کە حەفتا و پێنج کەس بوون. 15 جا یاقوب بۆ میسر دابەزی و مرد، خۆی و باوباپیرانمان. 16 ئینجا بۆ شەخەم گەڕاندیانەوە و لەو گۆڕە ناشتییان کە ئیبراهیم لە شەخەم بە بڕێک زیو لە کوڕەکانی حەمۆری کڕی.
17 «بەڵام ئەو کاتەی بەڵێنەکە نزیک دەبووەوە کە خودا بە ئیبراهیمی دا، گەل لە میسر پەرەیان دەسەند و زۆردەبوون، 18 تاکو [لە میسر پاشایەکی نوێ هاتە سەر تەخت کە یوسفی نەدەناسی.][e] 19 لەگەڵ نەژادەکەمان بە فێڵ دەجوڵایەوە و خراپەی لەگەڵ باوباپیرانمان کرد، ناچاری دەکردن منداڵە ساواکانیان دووربخەنەوە تاکو بمرن.
20 «لەو کاتەدا موسا لەدایک بوو. لەبەرچاوی خودا جوان بوو، سێ مانگ لە ماڵی باوکی بەخێوکرا، 21 کاتێک دوورخرایەوە[f]، کچی فیرعەون هەڵیگرتەوە و کردییە کوڕی خۆی و بەخێوی کرد. 22 موساش لەناو هەموو دانایی میسرییەکاندا پەروەردە کرا، بە توانا لە قسە و کرداردا.
23 «کاتێک تەمەنی بووە چل ساڵ، بڕیاری دا سەردانی براکانی بکات، نەوەی ئیسرائیل. 24 یەکێکی بینی ستەمی لێ دەکرێت، بەرگری لێکرد و دادوەریی بۆ ستەملێکراو کرد، میسرییەکەی کوشت. 25 وایزانی برایانی تێدەگەن کە خودا لەسەر دەستی ئەو ڕزگاریان دەکات. بەڵام تێنەگەیشتن. 26 بۆ بەیانی دوو لە برا عیبرانییەکانی بینی کە شەڕیان دەکرد، هەوڵی دەدا ئاشتیان بکاتەوە، گوتی: ”ئێوە بران، بۆچی دەست بۆ یەکتری درێژ دەکەن؟“
27 «بەڵام ئەوەی ستەمی لە نزیکەکەی دەکرد، پاڵێکی پێوەنا و گوتی: [کێ تۆی کردووە بە گەورە و دادوەر بەسەرمانەوە؟ 28 ئایا دەتەوێ بمکوژیت هەروەک دوێنێ میسرییەکەت کوشت؟][g] 29 موساش بەهۆی ئەم قسەیەوە هەڵهات، لە خاکی میدیان بووە بێگانە و لەوێ دوو کوڕی بوو.
30 «دوای ئەوەی چل ساڵ تەواوبوو، [فریشتەیەک لە بیابانی شاخی سینا لەنێو دەوەنێکی داگیرساودا بۆی دەرکەوت.][h] 31 موساش ئەمەی بینی و لە دیمەنەکە سەرسام بوو، دەچووە پێش تاکو لە نزیکەوە سەیر بکات، دەنگی یەزدان هات: 32 [من خودای باوکانت، خودای ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوبم.][i] بەڵام موسا لەرز گرتی و نەیوێرا سەیر بکات.
33 «[جا یەزدان پێی فەرموو: پێڵاوەکانت لە پێت دابکەنە، چونکە ئەو شوێنەی تۆ لەسەری وەستاویت خاکێکی پیرۆزە. 34 بەڕاستی من ئەزیەتی گەلەکەی خۆمم لە میسر بینی و گوێم لە ناڵەیان بوو، هاتمە خوارەوە تاکو دەربازیان بکەم. ئێستاش وەرە، دەتنێرمە میسر.][j]
35 «ئەو موسایەی ڕەتیان کردەوە و گوتیان: [کێ تۆی کردووە بە گەورە و دادوەر بەسەرمانەوە؟][k] هەر ئەو بوو خودا وەک گەورە و ئازادکەر بە دەستی ئەو فریشتەیە ناردی کە لە دەوەنەکەدا بۆی دەرکەوت. 36 ئەم دەریهێنان، لە ماوەی چل ساڵدا پەرجوو و نیشانەی لە خاکی میسر و دەریای سوور و چۆڵەوانیش کرد.
37 «ئەمە ئەو موسایەیە کە بە نەوەی ئیسرائیلی گوت: [خودا لەنێو براکانتان پێغەمبەرێکی وەک منتان بۆ دادەنێت.][l] 38 هەر ئەویش بوو لە چۆڵەوانی لەناو کڵێساکەدا[m] بوو، لەگەڵ ئەو فریشتەیەی لە شاخی سینا قسەی لەگەڵی دەکرد، لەگەڵ باوباپیرانیشمان، ئەوەی وشە زیندووەکانی وەرگرت تاکو بمانداتێ.
39 «بەڵام باوباپیرانمان نەیانویست گوێڕایەڵی بن. کەچی ئەویان ڕەتکردەوە و دڵیان بۆ میسر دەگەڕایەوە. 40 بە هارونیان گوت: [چەند خوداوەندێکمان بۆ دروستبکە لەپێشمانەوە بڕۆن، چونکە ئەم موسایە، ئەو پیاوەی ئێمەی لە خاکی میسرەوە دەرهێنا نازانین چی لێهات.][n] 41 لەو ڕۆژانەدا بتێکیان لە شێوەی گۆلک دروستکرد و قوربانییان بۆ کرد، بە دەستکردی خۆیان دڵشاد بوون. 42 بەڵام خودا ڕووی لێ وەرگێڕان و وازی لێ هێنان ئەستێرەکانی ئاسمان[o] بپەرستن، وەک لە پەڕتووکی پێغەمبەراندا نووسراوە:
«[ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، ئایا بۆ ماوەی چل ساڵ لە چۆڵەوانی
قوربانی سەربڕاو و پێشکەشکراوتان بۆ هێنام؟
43 نەخێر، بەڵکو نزرگەی بتی مۆلەختان[p]
لەگەڵ ئەستێرەی خوداوەندەکەتان هەڵگرت، ڕێفان[q]،
ئەو پەیکەرانەی دروستتان کرد تاکو بیانپەرستن.
لەبەر ئەوە من بۆ شوێنێک ڕاپێچتان دەکەم کە لە بابل دوورترە.][r]
44 «چادری پەرستنی شایەتیش لە چۆڵەوانیدا لەگەڵ باوباپیرانمان بوو، هەروەک ئەوەی خودا فەرمانی بە موسا کرد لەسەر ئەو نموونەیە دروستی بکات کە بینیویەتی. 45 جا باوباپیرانمان چادری پەرستنیان وەرگرت و لەگەڵ یەشوع بردییانە ناو موڵکی ئەو گەلانەی خودا لەبەردەمی باوکانمان دەریکردن هەتا ڕۆژانی داود، 46 ئەوەی لەلای خودا ڕەزامەندی بەدەستهێنا، ئەویش هەوڵی دا نشینگەیەک بۆ خودای یاقوب دروستبکات. 47 بەڵام سلێمان بوو کە خانووێکی بۆ دروستکرد.
48 «بەڵام خودای هەرەبەرز لە ماڵی دەستکرد نیشتەجێ نابێت، وەک پێغەمبەر گوتوویەتی:
49 «[ئاسمان تەختی منە و زەویش تەختەپێمە،
چ ماڵێکم بۆ بنیاد دەنێن؟
یەزدان دەفەرموێ،
لەکوێیە شوێنی حەوانەوەم؟
50 ئایا دەستی من هەموو ئەم شتانەی دروستنەکردووە؟][s]
51 «ئەی کەللەڕەقان، ئەی دڵ و گوێ خەتەنە نەکراوان! ئێوە وەک باوباپیرانتان هەمیشە بەربەرەکانێی ڕۆحی پیرۆز دەکەن! 52 باوباپیرانتان چ پێغەمبەرێکیان نەچەوساندووەتەوە؟ ئەوانەشیان کوشت کە زوو باسی هاتنی ڕاستودروستەکەیان[t] دەکرد، ئەوەی ئێستا ئێوە بە گرتنتان دا و کوشتتان. 53 ئێوە تەوراتتان بە ڕێنمایی فریشتەکان وەرگرت بەڵام پەیڕەوتان نەکرد.»
کوشتنی ستیفانۆس
54 کاتێک گوێیان لەمانە بوو، دڵیان پڕبوو لە قین و ددانیان لێی جیڕکردەوە. 55 بەڵام ستیفانۆس پڕ ببوو لە ڕۆحی پیرۆز، چاوی بڕییە ئاسمان، شکۆی خودای بینی و عیساش لە دەستە ڕاستی خودا وەستابوو. 56 گوتی: «دەبینم ئاسمان کراوەتەوە و کوڕی مرۆڤیش لە دەستە ڕاستی خودا ڕاوەستاوە.»
57 بەمە گوێی خۆیان توند گرت و هەمووان بە دەنگێکی بەرز هاواریان کرد و تێکڕا پەلاماریان دا، 58 بردییانە دەرەوەی شار و بەردبارانیان کرد. شایەتەکانیش جلەکانیان لەبەرپێی گەنجێک داکەند ناوی شاول بوو.
59 کاتێک ستیفانۆسیان بەردباران دەکرد، نوێژی دەکرد: «عیسای خاوەن شکۆ، ڕۆحم وەربگرە!» 60 ئینجا چۆکی دادا و بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد: «ئەی مەسیحی خاوەن شکۆ، ئەم گوناهەیان لەسەر مەنووسە.» ئەمەی گوت و نوست[u].
چەوسانەوەی باوەڕداران
8 شاول بە کوشتنی ستیفانۆس ڕازی بوو.
هەر لەو ڕۆژەدا کڵێسا لە ئۆرشەلیم تووشی چەوسانەوەیەکی توند هات. هەموو بە ناوچەکانی یەهودیا و سامیرەدا پەرشوبڵاو بوونەوە، نێردراوان نەبێت. 2 هەندێک پیاوی لەخواترس ستیفانۆسیان ناشت و پرسەیەکی باشیان بۆ دانا. 3 بەڵام شاول کڵێسای لەناودەبرد، ماڵ بە ماڵ ژن و پیاوی ڕادەکێشا و فڕێیدەدانە زیندان.
مزگێنیدەری لە سامیرە
4 ئەوانەی پەرشوبڵاو ببوونەوە دەگەڕان و مزگێنی وشەی خودایان بڵاودەکردەوە. 5 فیلیپۆس بەرەو شاری سامیرە چووە خوارەوە و لەوێ مزگێنی مەسیحی بە خەڵکەکە ڕاگەیاند. 6 خەڵکەکە بە یەک دڵ گوێیان لەوە دەگرت کە فیلیپۆس دەیگوت، کاتێک ئەو نیشانانەیان دەبیست و دەبینی کە دەیکرد. 7 ڕۆحی پیسیش لە زۆر کەس لەوانەی تێیاندا بوو بە دەنگی بەرز هاواریان دەکرد و دەردەچوون، زۆر گۆج و شەلیش چاکبوونەوە. 8 جا خۆشییەکی گەورە ئەو شارەی گرتەوە.
9 پێشتر لە شارەکە پیاوێک هەبوو ناوی شیمۆن بوو، جادووی دەکرد و خەڵکی سامیرەی سەرسام کردبوو، دەیگوت: «پیاوێکی پایەبەرزم!» 10 گەورە و بچووک هەموو گوێیان لێ دەگرت و دەیانگوت: «ئەمەیە هێزی خودا کە پێی دەگوترێ گەورە.» 11 ئەوان گوێیان بۆ دەگرت، چونکە لەمێژ بوو بە جادووەکەی سەرسامی کردبوون. 12 بەڵام کاتێک فیلیپۆس مزگێنی پاشایەتی خودا و ناوی عیسای مەسیحی پێدان، باوەڕیان کرد و ژن و پیاو لە ئاو هەڵکێشران. 13 شیمۆنیش باوەڕی هێنا، کاتێک لە ئاو هەڵکێشرا دوای فیلیپۆس کەوت، نیشانە و پەرجووی گەورەی دەبینی دەکرا، سەرسام بوو.
14 کاتێک نێردراوان لە ئۆرشەلیم بیستیان سامیرە پەیامی خودای قبوڵ کردووە، پەترۆس و یۆحەنایان بۆ ناردن. 15 کاتێک هاتن، نوێژیان بۆ کردن تاکو ڕۆحی پیرۆز وەربگرن، 16 چونکە هێشتا ڕۆحی پیرۆز نەهاتبووە سەر کەسیان، تەنها بە ناوی عیسای خاوەن شکۆ لە ئاو هەڵکێشرابوون. 17 جا پەترۆس و یۆحەنا دەستیان لەسەر دانان و ڕۆحی پیرۆزیان وەرگرت.
18 شیمۆن بینی کە نێردراوان دەستیان لەسەر خەڵک دادەنێن ڕۆحی پیرۆز دەدرێت، پارەی بۆ هێنان و 19 گوتی: «ئەو دەسەڵاتە بە منیش بدەن، تاکو دەست لەسەر هەرکەسێک دابنێم ڕۆحی پیرۆز وەربگرێت.»
20 پەترۆس پێی گوت: «با زیوەکەت لەگەڵ خۆت لەناوبچێت! چونکە واتزانی بەهرەی خودا بە پارە دەبێت! 21 لەم شتەدا نە بەشت هەیە و نە پشک، چونکە دڵت بەرامبەر خودا ڕاست نییە. 22 لەم خراپەیەت تۆبە بکە و لە مەسیحی خاوەن شکۆ بپاڕێوە بەڵکو لە مەبەستی دڵت خۆش بێت، 23 چونکە دەتبینم کە پڕیت لە تاڵی و لە بەندی گوناهیت.»
24 شیمۆن گوتی: «ئێوە لە پێناوی من داوا لە مەسیحی خاوەن شکۆ بکەن، تاکو هیچ شتێک لەوەی باستان کرد بە سەرمدا نەیەت.»
25 دوای ئەوەی پەترۆس و یۆحەنا لەبارەی عیساوە شایەتییان دا و پەیامی مەسیحی خاوەن شکۆیان ڕاگەیاند، گەڕانەوە ئۆرشەلیم و مزگێنییان دایە زۆر گوندی سامیرەیی.
فیلیپۆس و وەزیری حەبەشە
26 فریشتەیەکی یەزدان بە فیلیپۆس گوت: «هەستە و بەرەو خواروو بڕۆ، لەسەر ئەو ڕێگایەی لە ئۆرشەلیمەوە بۆ غەزە شۆڕ دەبێتەوە، کە چۆڵەوانییە.» 27 ئەویش هەستا و ڕۆیشت، پیاوێکی خەساوی حەبەشی، وەزیری کاروباری دارایی کنداکەی[v] شاژنی حەبەشە بوو، بۆ پەرستن هاتبووە ئۆرشەلیم. 28 لە گەڕانەوەدا بوو، لەناو گالیسکەکەی دانیشتبوو، پەڕتووکی ئیشایا پێغەمبەری دەخوێندەوە. 29 ڕۆحی پیرۆز بە فیلیپۆسی فەرموو: «بڕۆ پێش و دەگەڵ ئەو گالیسکەیە بکەوە.»
30 ئیتر فیلیپۆس پەلەی کرد و گوێی لێبوو پەڕتووکی ئیشایا پێغەمبەر دەخوێنێتەوە. گوتی: «ئایا ئەوەی دەیخوێنیتەوە تێیدەگەیت؟»
31 گوتی: «چۆن بتوانم ئەگەر یەکێک ڕێنماییم نەکات؟» جا فیلیپۆسی بانگکرد سەربکەوێت و لەگەڵی دابنیشێت.
32 ئەو بڕگەیەی نووسراوە پیرۆزەکان کە دەیخوێندەوە ئەمە بوو:
[ئەو وەک مەڕ بۆ سەربڕین بردرا،
وەک چۆن بەرخ لەبەردەستی ئەوەی خورییەکەی دەبڕێتەوە بێدەنگە،
ئەو دەمی نەکردەوە.
33 لە کاتی سووکایەتی پێکردنیدا لە دادپەروەری بێ بەشکرا.
ئیتر کێ باسی نەوەکانی دەکات؟
چونکە ژیانی لەسەر زەوی هەڵگیرا.][w]
34 خەساوەکە پرسیاری لە فیلیپۆس کرد: «پرسیارێکم هەیە: ئەم پێغەمبەرە باسی کێ دەکات؟ باسی خۆی یان یەکێکی دیکە؟» 35 ئینجا فیلیپۆس لەم نووسراوە پیرۆزەوە دەستی کرد بە ڕوونکردنەوەی دەقەکە و مزگێنیی عیسای دایێ.
36 کاتێک بە ڕێگاوە بوون، گەیشتنە سەر ئاوێک، خەساوەکە گوتی: «ئەوە ئاوە، چی ڕێم لێ دەگرێت لە ئاو هەڵبکێشرێم؟» ⌟ 37 فیلیپۆس گوتی: «دەبێت، ئەگەر بە هەموو دڵتەوە باوەڕ بهێنیت.» وەڵامی دایەوە: «باوەڕ دەکەم عیسای مەسیح کوڕی خودایە.»⌞ 38 ئینجا فەرمانی دا گالیسکەکە ڕاوەستێ، ئەوسا پێکەوە چوونە ناو ئاوەکە و فیلیپۆس خەساوەکەی لە ئاو هەڵکێشا. 39 کاتێک لە ئاوەکە هاتنە دەرەوە، ڕۆحی یەزدان فیلیپۆسی ڕفاند و ئیتر خەساوەکە نەیبینییەوە، بەڵام بە خۆشییەوە بە ڕێگای خۆیدا ڕۆیشت. 40 فیلیپۆسیش لە ئەشدۆد بینرایەوە، دواتر بە هەموو شارەکاندا دەگەڕا و مزگێنی دەدا هەتا گەیشتە قەیسەرییە.
مەسیح شاول دەگۆڕێت
9 شاول هێشتا هەڕەشەی لە قوتابییەکانی عیسای خاوەن شکۆ دەکرد و هەوڵی کوشتنی دەدان. چوو بۆ لای سەرۆکی کاهینان، 2 داوای نامەی لێکرد بۆ کەنیشتەکانی دیمەشق، تاکو ئەگەر یەکێک ببینێت و سەر بە ڕێگاکە[x] بێت، چ ژن و چ پیاو، بە بەندکراوی بۆ ئۆرشەلیمیان ببات. 3 کە دەڕۆیشت و لە دیمەشق نزیک بووەوە، لەپڕ ڕووناکییەک لە ئاسمانەوە لە دەوروبەری بریسکەی دایەوە، 4 کەوتە سەر زەوی و گوێی لە دەنگێک بوو، پێی فەرموو: «شاول! شاول! بۆچی دەمچەوسێنیتەوە؟»
5 شاول پرسیاری کرد: «گەورەم، تۆ کێیت؟»
فەرمووی: «من عیسام، ئەوەی تۆ دەیچەوسێنیتەوە. ⌟بۆت زەحمەتە لوشکە لە نەقیزەی من باوێی.⌞ 6 بەڵام هەستە، بڕۆ ناو شار، لەوێ پێت دەگوترێ دەبێ چی بکەیت.»
7 پیاوانی گەشتیار کە لەگەڵی بوون بە بێدەنگی وەستان، دەنگەکەیان بیست بەڵام کەسیان نەبینی. 8 شاول لەسەر زەوییەکە هەستایەوە، چاوی کرابووەوە و هیچی نەدەبینی، دەستیان گرت و هێنایانە ناو دیمەشق. 9 سێ ڕۆژان هیچی نەبینی، هیچی نەخوارد و هیچی نەخواردەوە.
10 لە دیمەشق قوتابییەک هەبوو ناوی حەنانیا بوو، مەسیحی خاوەن شکۆ لە بینیندا پێی فەرموو: «حەنانیا!»
گوتی: «ئەوەتام گەورەم!»
11 مەسیح پێی فەرموو: «هەستە و بڕۆ ئەو شەقامەی پێی دەگوترێ ڕاست، لە ماڵی یەهوزا پرسیار لە پیاوێکی تەرسۆسی بکە ناوی شاولە، وا نوێژ دەکات. 12 لە بینیندا پیاوێکی بۆ دەرکەوت بە ناوی حەنانیا کە دێتە لای و دەستی لە سەری دادەنێت تاکو بینایی بۆ بگەڕێتەوە.»
13 حەنانیا وەڵامی دایەوە: «گەورەم، لە زۆر کەس ئەو خراپانەم بیستووەتەوە کە ئەم پیاوە لە ئۆرشەلیم بە گەلە پیرۆزەکەی تۆی کردووە. 14 ئەوەتا لێرە لە کاهینانی باڵاوە دەسەڵاتی هەیە، هەموو ئەوانە بگرێت کە بە ناوی تۆ دەپاڕێنەوە.»
15 بەڵام مەسیح پێی فەرموو: «بڕۆ! ئەم پیاوە بۆ من ئامێرێکی هەڵبژێردراوە بۆ هەڵگرتنی ناوی من لەبەردەم نەتەوەکان و پاشایان و نەوەی ئیسرائیل. 16 پیشانی دەدەم دەبێت لەبەر ناوی من چەند ئازار بچێژێت.»
17 حەنانیاش ڕۆیشت و چووە ماڵەکە، دەستی لەسەری دانا و گوتی: «برام شاول، عیسای خاوەن شکۆ منی ناردووە، ئەوەی لەو ڕێگایەی پێیدا هاتی بۆت دەرکەوت، تاکو دیسان ببینیت و پڕبیت لە ڕۆحی پیرۆز.» 18 دەستبەجێ شتێکی وەک توێکڵ لە چاوەکانی کەوتە خوارەوە، ئینجا بینی، هەستا و لە ئاو هەڵکێشرا. 19 نانی خوارد، هێزی هاتەوە بەر و بۆ چەند ڕۆژێک لە دیمەشق لەگەڵ قوتابییەکان بوو.
مژدەدانی شاول لە دیمەشق
20 یەکسەر لە کەنیشتەکاندا عیسای ڕادەگەیاند، کە کوڕی خودایە. 21 هەموو ئەوانەی گوێیان دەگرت سەرسام ببوون و دەیانگوت: «ئەمە ئەوە نییە ئەوانەی لەناودەبرد کە لە ئۆرشەلیم بەم ناوە دەپاڕانەوە؟ بۆ ئەمەش نەهاتە ئێرە، تاکو بە بەندکراوی بۆ کاهینانی باڵا بیانبات؟» 22 بەڵام شاول توانادارتر دەبوو، جولەکەی دانیشتووی دیمەشقی دەمکوت دەکرد و دەریدەخست کە عیسا مەسیحە.
23 پاش ماوەیەکی زۆر، جولەکە پیلانیان دانا بیکوژن، 24 بەڵام شاول بە پیلانەکەیانی زانی. ئەوان شەو و ڕۆژ چاودێری دەروازەکانیان دەکرد تاکو بیکوژن. 25 بۆیە قوتابییەکان بە شەو بردییان و لەناو سەبەتەیەکدا لە شووراکەوە شۆڕیان کردەوە.
شاول لە ئۆرشەلیم
26 کاتێک گەیشتە ئۆرشەلیم، هەوڵی دا بچێتە پاڵ قوتابییەکان، بەڵام هەموو لێی ترسان و باوەڕیان نەدەکرد کە قوتابییە. 27 بەڵام بەرناباس بردی و هێنایە لای نێردراوان، بۆی گێڕانەوە چۆن لە ڕێگادا عیسای خاوەن شکۆی بینیوە و قسەی لەگەڵ کردووە، هەروەها چۆن لە دیمەشق ئازایانە بە ناوی عیساوە مزگێنیی ڕاگەیاندووە. 28 ئیتر لەگەڵیان لە ئۆرشەلیم دەهات و دەچوو، بە چاونەترسییەوە بە ناوی عیسای خاوەن شکۆوە مزگێنیی ڕادەگەیاند. 29 هەروەها قسە و مشتومڕی لەگەڵ جولەکە یۆنانییەکان دەکرد، ئەوانیش هەوڵیان دا بیکوژن. 30 کاتێک باوەڕداران بەمەیان زانی بردییانە قەیسەرییە و بۆ تەرسۆسیان نارد.
31 کڵێساش لە هەموو یەهودیا و جەلیل و سامیرەدا لە ئارامیدا بوو، بنیاد دەنرا و لە سایەی ترسی مەسیحی خاوەن شکۆ و دڵنەوایی ڕۆحی پیرۆزدا لە زیادبووندا بوو.
پەترۆس لە شاری لودە و یافا
32 ئەوە بوو کە پەترۆس بە هەموو ناوچەکاندا تێدەپەڕی، بۆ لای گەلی پیرۆزی خودا لە شاری لودە دابەزی. 33 لەوێ پیاوێکی بینی ناوی ئینیاس بوو، هەشت ساڵ لەناو جێگا کەوتبوو، ئیفلیج بوو. 34 پەترۆس پێی گوت: «ئینیاس، عیسای مەسیح چاکت دەکاتەوە. هەستە جێگاکەت ڕابخە!» دەستبەجێ هەستا. 35 هەموو ئەوانەی لە لودە و شارون دادەنیشتن بینییان، ئیتر بەرەو لای مەسیحی خاوەن شکۆ گەڕانەوە.
36 قوتابییەک لە یافا هەبوو ناوی تابیسا بوو، واتە ئاسک[y]، پڕبوو لە چاکەکاری و خێرکردن. 37 ئەوە بوو لەو ڕۆژانەدا نەخۆش کەوت و مرد، جا شوشتیان و لە ژوورێکی سەرەوە دایاننا. 38 لودەش لە یافا نزیک بوو، قوتابییەکان بیستیان پەترۆس لەوێیە، دوو پیاویان بۆ نارد و تکایان لێکرد: «لە هاتن بۆ لامان دوامەکەوە.»
39 پەترۆس هەستا و لەگەڵیان ڕۆیشت، کاتێک گەیشت، بردییانە ژووری سەرەوە، هەموو بێوەژنەکان لەلای وەستان، دەگریان و ئەو کراس و جلانەیان پیشانی دەدا کە ئاسکە کاتێک لەگەڵیان بوو کردبووی.
40 پەترۆس هەموویانی ناردە دەرەوە، کەوتە سەر چۆک و نوێژی کرد، ئینجا ڕووی کردە تەرمەکە و گوتی: «تابیسا، هەستە!» ئەویش چاوی کردەوە و کاتێک پەترۆسی بینی دانیشت. 41 ئیتر دەستی بۆ ڕاکێشا و هەڵیستاندەوە، ئینجا باوەڕداران و بێوەژنانی بانگکرد و بە زیندوویی ڕادەستی کردنەوە. 42 ئەمە لە هەموو یافا زانرا و زۆریش باوەڕیان بە مەسیح هێنا. 43 ڕۆژانێکی زۆریش پەترۆس لە یافا لەلای پێستەخۆشکەرێک مایەوە، ناوی شیمۆن بوو.
پەترۆس و کۆرنیلیۆس
10 لە شاری قەیسەرییە پیاوێک بە ناوی کۆرنیلیۆس هەبوو، سەرپەل[z] بوو لەو لیوایەی پێی دەگوترا ئیتالی. 2 خۆی و هەموو ماڵەکەی خواپەرست و لەخواترس بوون، زۆر هاوکاری خەڵکی هەژاری دەکرد و هەموو کاتێک نوێژی بۆ خودا دەکرد. 3 نزیکەی کاتژمێر سێی[aa] دوای نیوەڕۆ، بە ڕوونی فریشتەیەکی خودا لە بینینێکدا هاتە لای و پێی گوت: «کۆرنیلیۆس!»
4 بە ترسەوە سەیری کرد و گوتی: «بەڵێ گەورەم؟»
پێی گوت: «نوێژەکانت و چاکەکانت وەک یادەوەری بەرز بوونەتەوە بەردەم خودا. 5 ئێستا چەند پیاوێک بۆ یافا بنێرە، ئەو شیمۆنەی پێی دەگوترێ پەترۆس بیهێنن. 6 لە ماڵی شیمۆنی پێستەخۆشکەرە، ماڵەکەی لەسەر دەریایە.»
7 کاتێک فریشتەکە قسەی لەگەڵی کرد، ڕۆیشت، دووان لە خزمەتکارەکانی و سەربازێکی خواپەرست بانگکرد کە یەکێک بوو لە دارودەستە تایبەتەکەی، 8 هەموو شتێکی بۆ گێڕانەوە و ناردیانی بۆ یافا.
بینینی پەترۆس
9 بۆ بەیانی، کاتێک بە ڕێگاوە بوون و لە شارەکە نزیک دەبوونەوە، نزیکەی کاتژمێر دوازدە[ab]، پەترۆس بۆ نوێژکردن چووە سەربان. 10 ئەوە بوو برسی بوو، ئارەزووی نانخواردنی دەکرد، کاتێک ئامادەیان دەکرد، لەهۆش خۆی چوو. 11 ئاسمانی بە کراوەیی بینی، شتێک لە شێوەی چەرچەفێکی گەورە دەهاتە خوارەوە بۆ سەر زەوی کە لە هەر چوار لاوە گرێدرا بوو. 12 هەموو جۆرە ئاژەڵی چوارپێ و خشۆکی سەر زەوی و باڵندەی ئاسمانی تێدابوو. 13 ئینجا دەنگێک بانگی کرد: «پەترۆس هەستە، سەربڕە و بخۆ!»
14 پەترۆس گوتی: «نەخێر، ئەی خاوەن شکۆ، چونکە هەرگیز شتی گڵاو یان حەرامم نەخواردووە.»
15 دیسان دەنگەکە لەگەڵی دوا: «ئەوەی خودا پاکی کردووەتەوە تۆ بە گڵاوی دامەنێ.»
16 ئەمەش سێبارە بووەوە و دەستبەجێ چەرچەفەکە بۆ ئاسمان بەرزکرایەوە.
17 کە پەترۆس سەرسام بوو ئاخۆ دەبێت ئەو بینینە چی بێت، ئەو پیاوانەی کە کۆرنیلیۆس ناردبوونی، بە پرسیار ماڵی شیمۆنیان دۆزییەوە و لە بەردەرگا وەستان. 18 بانگیان کرد و پرسییان، ئاخۆ ئەو شیمۆنەی نازناوی پەترۆسە لێرەیە.
19 لە کاتێکدا پەترۆس هەر بیری لە بینینەکە دەکردەوە، ڕۆحی پیرۆز پێی فەرموو: «سێ پیاو لە بەردەرگا لێت دەپرسن. 20 هەستە بڕۆ خوارەوە و بێ دوودڵی لەگەڵیان بڕۆ، چونکە من ئەوانم ناردووە.»
21 پەترۆسیش بۆ لای پیاوەکان هاتە خوارەوە و گوتی: «ئەوەی دەتانەوێ منم. بۆچی هاتوون؟»
22 گوتیان: «کۆرنیلیۆسی سەرپەل، پیاوێکی ڕاستودروست و لەخواترسە، هەموو گەلی جولەکەش شایەتی بۆ دەدەن. بەهۆی فریشتەیەکی پیرۆز ڕێنمایی کرا کە بۆ ماڵەکەی خۆی بانگت بکات و گوێ لە قسەکانت بگرێت.» 23 جا پەترۆس بۆ ژوورەوە بانگهێشتی کردن و میوانداری کردن.
پەترۆس لە ماڵی کۆرنیلیۆس
بۆ بەیانی پەترۆس هەستا و لەگەڵیان ڕۆیشت، هەروەها هەندێک لە باوەڕدارانی خەڵکی یافاش یاوەری بوون. 24 بۆ ڕۆژی دووەم چوو بۆ قەیسەرییە. کۆرنیلیۆس چاوەڕێی دەکردن، خزم و دۆستانی نزیکی خۆی کۆکردبووەوە. 25 کاتێک پەترۆس هاتە ژوورەوە، کۆرنیلیۆس پێشوازی لێکرد و لەبەرپێی کەوت و کڕنۆشی برد. 26 پەترۆس هەڵیستاندەوە و گوتی: «هەستە! منیش مرۆڤم!»
27 کاتێک پەترۆس قسەی لەگەڵ دەکرد چووە ژوورەوە و خەڵکێکی زۆری بینی کۆبوونەتەوە، 28 پێی گوتن: «دەزانن بۆ جولەکە ڕێپێنەدراوە تێکەڵاوی ناجولەکە بێت یان بچێتە لای. بەڵام خودا پیشانی دام بە کەس نەڵێم گڵاو یان پیس[ac]. 29 بۆیە کە بانگکرام بێ ناڕەزایی دەربڕین هاتم. پرسیاریش دەکەم، بۆچی منتان بانگکرد؟»
30 کۆرنیلیۆس گوتی: «چوار ڕۆژ لەمەوبەر، لەم کاتەدا کە کاتژمێر سێی[ad] پاش نیوەڕۆ بوو، لە ماڵی خۆم نوێژم دەکرد. لەپڕ پیاوێک بە جلی بریسکەدارەوە لەبەردەمم ڕاوەستا، 31 گوتی: ”کۆرنیلیۆس نوێژەکانت بیستران و خێرەکانت لەبەردەم خودا یادکرانەوە. 32 بۆیە بۆ یافا بەدوای شیمۆندا بنێرە کە نازناوی پەترۆسە. لە ماڵی شیمۆنی پێستەخۆشکەرە، لەسەر دەریا.“ 33 منیش دەستبەجێ بەدوای تۆدا ناردم، تۆش چاکت کرد کە هاتی. ئێستا هەموو لەبەردەم خودا ئامادەین، تاکو گوێ بگرین لە هەموو ئەوەی پەروەردگار فەرمانی پێکردووی.»
وتاری پەترۆس
34 پەترۆس دەمی کردەوە و گوتی: «لەڕاستیدا تێگەیشتم خودا لایەنگری کەس ناکات، 35 بەڵکو لە هەر نەتەوەیەک ئەوەی ترسی ئەوی لە دڵدا بێت و کاری ڕاستودروست بکات، لەلای پەسەندە. 36 ئەو پەیامە دەزانن کە خودا بۆ گەلی ئیسرائیلی نارد، مزگێنیی ئاشتی لە ڕێگەی عیسای مەسیحەوە ڕادەگەیەنێت، کە پەروەردگاری هەمووانە. 37 ئەو شتانە دەزانن کە لە هەموو یەهودیا ڕوویدا، بە دەستپێکردن لە جەلیلەوە دوای ئەوەی یەحیا لەئاوهەڵکێشانەکەی ڕاگەیاند، 38 چۆن خودا بە ڕۆحی پیرۆز و هێز عیسای ناسیرەیی دەستنیشان کرد[ae]، ئەوەی دەگەڕا و چاکەی دەکرد و هەموو ئەوانەی ئیبلیس دەستی بەسەریاندا گرتبوو چاکی دەکردنەوە، چونکە خودا لەگەڵی بوو.
39 «ئێمە شایەتی هەموو ئەو شتانەین کە لە ناوچەی یەهودیا و ئۆرشەلیم کردی. ئەوەی بە هەڵواسینی بە دارەوە کوشتیان، 40 بەڵام خودا لە ڕۆژی سێیەمدا لەنێو مردوواندا هەڵیستاندەوە وای کرد دەربکەوێت، 41 نەک بۆ هەموو گەل، بەڵکو بۆ ئەو شایەتانەی کە خودا پێشتر هەڵیبژاردن، بۆ ئێمە کە پاش هەستانەوەی لەنێو مردووان، لەگەڵیدا خواردمان و خواردمانەوە. 42 ئینجا فەرمانی پێداین جاڕبدەین بۆ گەل و شایەتی بدەین کە خودا ئەوی بە دادوەری زیندووان و مردووان داناوە. 43 هەموو پێغەمبەران شایەتی بۆ دەدەن کە هەرکەسێک باوەڕی پێ بهێنێت، بەخشینی گوناهەکانی بە ناوی ئەو دەست دەکەوێت.»
وەرگرتنی ڕۆحی پیرۆز
44 کاتێک پەترۆس باسی ئەم شتانەی دەکرد، ڕۆحی پیرۆز ڕژایە سەر هەموو ئەوانەی گوێیان لە وشەکە گرتبوو. 45 ئەو باوەڕدارانەی لە خەتەنەکراوان بوون سەریان سوڕما، هەموو ئەوانەی لەگەڵ پەترۆس بوون، چونکە وەک دیارییەک ڕۆحی پیرۆز بەسەر نەتەوەکانیشدا ڕژا، 46 چونکە گوێیان لێیان بوو بە زمانە ڕۆحییەکان دەدوێن و ستایشی خودا دەکەن.
ئینجا پەترۆس گوتی: 47 «کەس هەیە ڕێگا بگرێت لە ئەمانەی وەک ئێمە ڕۆحی پیرۆزیان وەرگرتووە لە ئاو هەڵنەکێشرێن؟» 48 بۆیە فەرمانی پێدان بە ناوی عیسای مەسیح لە ئاو هەڵبکێشرێن. ئینجا داوایان لە پەترۆس کرد چەند ڕۆژێک بمێنێتەوە.
ڕوونکردنەوەی پەترۆس
11 نێردراوان و باوەڕداران کە لە یەهودیا بوون بیستیان کە ناجولەکەکانیش پەیامی خودایان وەرگرتووە. 2 کاتێک پەترۆس گەڕایەوە ئۆرشەلیم باوەڕدارانی خەتەنەکراو ڕەخنەیان لێ گرت و 3 دەیانگوت: «تۆ چوویتە ماڵی خەڵکێکی خەتەنە نەکراو و نانت لەگەڵیان خواردووە!»
4 جا پەترۆس یەک لەدوای یەک دەستی کرد بە ڕوونکردنەوەی ئەوانەی کە ڕوویدابوو، گوتی: 5 «لە شاری یافا بووم نوێژم دەکرد، لەهۆش خۆم چووم و بینینێکم بۆ ئاشکرا کرا، شتێک لە ئاسمانەوە وەک چەرچەفێکی گەورە بە هەر چوار لایەوە بۆ لای من شۆڕکرایەوە. 6 سەیرم کرد و لێی وردبوومەوە، چوارپێی زەوی و ئاژەڵی کێوی، خشۆک و باڵندەی ئاسمانم بینی. 7 ئینجا گوێم لە دەنگێک بوو پێی فەرمووم: ”پەترۆس هەستە، سەربڕە و بخۆ!“
8 «بەڵام گوتم: ”نەخێر، ئەی پەروەردگار، چونکە هەرگیز گڵاو و حەرام نەچووەتە دەمم.“
9 «دەنگەکە دووبارە لە ئاسمانەوە فەرمووی: ”ئەوەی خودا پاکی کردووەتەوە تۆ بە گڵاوی دامەنێ.“ 10 ئەمە سێبارە بووەوە و هەموو شتەکان بۆ ئاسمان ڕاکێشرانەوە.
11 «ئەوە بوو یەکسەر سێ پیاو لەپێش ئەو ماڵە ڕاوەستان کە ئێمەی لێبوو، لە قەیسەرییەوە بۆ لام نێردرابوون، 12 ڕۆحی پیرۆز پێی فەرمووم کە بێ دوودڵی لەگەڵیان بڕۆم، ئەم شەش برایەش لەگەڵم هاتن و چووینە ماڵی پیاوەکە. 13 ئەویش بۆی گێڕاینەوە چۆن فریشتەی لە ماڵەکەیدا بینیوە ڕاوەستاوە و گوتوویەتی: ”بنێرە بۆ یافا بەدوای شیمۆندا کە نازناوی پەترۆسە، 14 ئەو پەیامێکتان دەداتێ بەهۆیەوە خۆت و هەموو ماڵەکەت ڕزگارتان دەبێت.“
15 «کاتێک دەستم بە قسە کرد، ڕۆحی پیرۆزیان بەسەردا ڕژا، وەک لە سەرەتادا هاتە سەر ئێمەش. 16 قسەکەی عیسای خاوەن شکۆم بەبیر هاتەوە کە فەرمووی: ”یەحیا لەئاوهەڵکێشانی کرد، بەڵام ئێوە لە ڕۆحی پیرۆز هەڵدەکێشرێن.“ 17 جا ئەگەر خودا هەمان بەهرەی بەوان دابێت هەروەک بە ئێمەی داوە کە باوەڕمان بە عیسای مەسیحی خاوەن شکۆ هێنا، ئیتر من کێم بتوانم ڕێگا لە خودا بگرم؟»
18 کاتێک گوێیان لەمە بوو، بێدەنگ بوون و ستایشی خودایان کرد، گوتیان: «کەواتە خودا تۆبەکردنی بۆ ژیان بە نەتەوەکانیش بەخشیوە.»
کڵێسای ئەنتاکیا
19 ئینجا ئەو کەسانەی بەهۆی ئەو چەوسانەوەیەی بەسەر ستیفانۆسدا هات پەرشوبڵاو بوونەوە، پەڕینەوە بۆ فینیکیا و قوبرس و ئەنتاکیا، باسی پەیامی خودایان بۆ کەس نەدەکرد، بۆ جولەکە نەبێت. 20 بەڵام هەندێکیان خەڵکی قوبرس و کورێن[af] بوون، کاتێک هاتنە ئەنتاکیا، قسەیان بۆ یۆنانییەکان دەکرد و مزگێنیی عیسای خاوەن شکۆیان دەدا. 21 یەزدان پشتگیری کردن، ژمارەیەکی زۆر باوەڕیان هێنا و بۆ عیسای خاوەن شکۆ گەڕانەوە.
22 ئەم هەواڵە گەیشتە کڵێسای ئۆرشەلیم، ئەوانیش بەرناباسیان بۆ ئەنتاکیا نارد. 23 کاتێک گەیشت و نیعمەتی خودای بینی، دڵشاد بوو، هەمووانی هاندا بە هەموو دڵیانەوە لەگەڵ مەسیحی خاوەن شکۆ بمێننەوە، 24 چونکە پیاوچاک بوو، پڕبوو لە ڕۆحی پیرۆز و باوەڕ. خەڵکێکی زۆریش هاتنە پاڵ مەسیحی خاوەن شکۆ.
25 ئەوسا چوو بۆ تەرسۆس تاکو بەدوای شاولدا بگەڕێت، 26 کاتێک دۆزییەوە بۆ ئەنتاکیای هێنا. ئیتر ساڵێکی تەواو لە کڵێسا کۆبوونەوە و خەڵکێکی زۆریان فێرکرد. یەکەم جاریش لە ئەنتاکیا قوتابییەکان ناویان لێنرا مەسیحی[ag].
27 لەو ڕۆژانەدا هەندێک پێغەمبەر لە ئۆرشەلیمەوە هاتنە ئەنتاکیا، 28 یەکێک لەوان ناوی ئاگابۆس بوو، هەستا و لە ڕێگەی ڕۆحی پیرۆزەوە پێشبینیی کرد کە قاتوقڕییەکی گەورە هەموو جیهان دەگرێتەوە، ئەوەی لە سەردەمی کلودیۆسیش ڕوویدا. 29 بۆیە قوتابییەکان بڕیاریان دا هەریەکە بەگوێرەی توانای خۆی یارمەتی بنێرێت بۆ ئەو خوشک و برایانەی لە یەهودیا دەژین. 30 جا بەمە هەستان و بە دەستی بەرناباس و شاول بۆ پیرانییان نارد.
دەربازکردنی پەترۆس
12 لەو کاتەدا هێرۆدسی پاشا[ah] دەستی کرد بە چەوساندنەوەی چەند کەسێکی کڵێسا. 2 هەروەها یاقوبی برای یۆحەنای بە شمشێر کوشت. 3 کە بینی ئەمە جێی ڕەزامەندی جولەکەیە، پەترۆسیشی گرت، ئەمەش لە ڕۆژانی جەژنی فەتیرەدا بوو. 4 کاتێک هێرۆدس پەترۆسی گرت، خستییە زیندانەوە، بۆ ئەوەی پاسەوانی لێ بکرێت دایە دەست چوار کۆمەڵی چوار سەربازی، دەیویست دوای جەژنی پەسخە بیهێنێتە بەردەم گەل.
5 بۆیە کاتێک پەترۆس زیندانی کرابوو، کڵێسا بە گوڕ لە پێناوی ئەو نوێژیان بۆ خودا دەکرد.
6 بەڵام کاتێک هێرۆدس بەتەمابوو بیهێنێتە دەرەوە، لەو شەوەدا پەترۆس لەنێوان دوو سەربازدا نوستبوو، بە دوو زنجیر بەسترابووەوە، لە بەردەرگاش پاسەوان هەبوو، پاسەوانی زیندانەکەیان دەکرد. 7 لەپڕ فریشتەیەکی یەزدان دەرکەوت و ڕووناکییەک لەناو ژوورەکە درەوشایەوە، جا کەلەکەی پەترۆسی جوڵاند و خەبەری کردەوە، گوتی: «خێرا هەستە!» ئیتر زنجیرەکان لە دەستەکانی کەوتن.
8 فریشتەکە پێی گوت: «پشتێنەکەت ببەستە و پێڵاوەکانت لە پێ بکە!» ئەویش کردی. ئینجا پێی گوت: «سەرکراسەکەت لەبەر بکە و دوام بکەوە.» 9 پەترۆسیش دوای کەوت و لە بەندینخانە چووە دەرەوە، نەیدەزانی ئەوەی لە ڕێگەی فریشتەکەوە ڕوودەدات ڕاستە، بەڵکو وایدەزانی بینینێکی بۆ ئاشکرا کراوە. 10 پاسەوانی یەکەم و دووەمیان بڕی و گەیشتنە دەروازە ئاسنینەکەی بەرەو شار، لە خۆیەوە بۆیان کرایەوە، تێپەڕین و شەقامێکیان بڕی، لەناکاو فریشتەکە بەجێی هێشت.
11 ئینجا پەترۆس بەخۆیدا هاتەوە و گوتی: «ئێستا بەڕاستی زانیم کە یەزدان فریشتەکەی نارد و لە دەستی هێرۆدس و هەموو ئەوەی گەلی جولەکە چاوەڕێی بوو دەربازی کردم.»
12 کە ئەمە تێگەیشت، هاتە ماڵی مریەمی دایکی یۆحەنا کە پێی دەگوترا مەرقۆس، زۆر لەوێدا کۆببوونەوە نوێژیان دەکرد. 13 کە پەترۆس لە دەرگای داڵانەکەی دا، کارەکەرێک هات ناوی ڕودا بوو تاکو بزانێت کێیە. 14 کاتێک دەنگی پەترۆسی ناسییەوە، بێ کردنەوەی دەرگاکە لە خۆشییاندا ڕایکردە ژوورەوە و خەبەری دا کە پەترۆس لە بەردەرگا ڕاوەستاوە.
15 پێیان گوت: «وڕێنە دەکەیت.» بەڵام ئەو لەسەر قسەکەی سووربوو، گوتیان: «ئەوە فریشتەکەیەتی!»
16 بەڵام پەترۆس لە لێدانەکە بەردەوام بوو، کاتێک لێیان کردەوە و بینییان، سەرسام بوون. 17 بە دەست ئیشارەتی بۆ کردن بێدەنگ بن، ئینجا بۆی گێڕانەوە چۆن یەزدان لە زیندان دەریهێنا، پێی گوتن: «ئەمە بە یاقوب[ai] و خوشک و برایان بڵێن.» ئینجا چووە دەرەوە و بۆ شوێنێکی دیکە ڕۆیشت.
18 کە ڕۆژبووەوە ئاژاوەیەکی گەورە لەنێو سەربازەکاندا دروستبوو، ئاخۆ پەترۆس چی لێهات. 19 کاتێک هێرۆدس داوای کرد و نەیدۆزییەوە، لێکۆڵینەوەی لەگەڵ سەربازان کرد و فەرمانی دا بکوژرێن.
مردنی هێرۆدسی ئەگریپاس
ئینجا هێرۆدس لە یەهودیاوە چوو بۆ قەیسەرییە و لەوێ مایەوە. 20 هێرۆدس لە خەڵکی سور و سەیدا زۆر تووڕە بوو، ئەوانیش بە یەک دڵ بۆ لای هاتن و بلاستۆسی سەرپەرشتیاری ماڵی پاشایان ڕازی کرد و داوای ئاشتبوونەوەیان کرد، چونکە ناوچەکەیان لە ناوچەی پاشاوە ئازووقەی بۆ دەهات.
21 لە ڕۆژی دیاریکراودا هێرۆدس جلی پاشایەتیی لەبەرکرد، لەسەر کورسی حوکمدان دانیشت و وتاری بۆیان دا. 22 خەڵکەکەش هاواریان کرد: «ئەمە دەنگی خوداوەندێکە هی مرۆڤ نییە!» 23 دەستبەجێ فریشتەیەکی یەزدان لێیدا، چونکە شکۆی نەدایە خودا، کرمیش لێیدا و مرد.
24 بەڵام پەیامی خودا بەردەوام لە پەرەسەندن و گەشەکردندا بوو.
25 بەرناباس و شاولیش دوای تەواوکردنی خزمەتەکە لە ئۆرشەلیم گەڕانەوە، یۆحەناشیان لەگەڵ خۆیان برد، کە بە مەرقۆس ناسراوە بوو.
هەڵبژاردنی بەرناباس و شاول
13 لە کڵێسای ئەنتاکیادا چەند پێغەمبەر و مامۆستایەک هەبوون: بەرناباس، شیمۆنی ناسراو بە ڕەش، لوکیوسی کورێنی، مەناینی شیربرای هێرۆدسی ئەنتیپاس پاشا، لەگەڵ شاول. 2 کاتێک عیسای خاوەن شکۆیان دەپەرست و بەڕۆژوو بوون، ڕۆحی پیرۆز فەرمووی: «بەرناباس و شاولم بۆ تەرخان بکەن، بۆ ئەو کارەی بانگم کردوون بۆی.» 3 ئینجا بەڕۆژوو بوون و نوێژیان کرد، دەستیان لەسەر دانان و بەڕێیانکردن.
شاول و بەرناباس لە قوبرس
4 ئەوانیش کە بە ڕۆحی پیرۆز نێردران، بەرەو سولوکیا دابەزین و لەوێشەوە بە دەریادا بۆ قوبرس. 5 کاتێک گەیشتنە سەلامیس، پەیامی خودایان لە کەنیشتەکانی جولەکە ڕاگەیاند، یۆحەناش وەک یاریدەدەر لەگەڵیان بوو.
6 بە هەموو دوورگەکەدا گەڕان هەتا گەیشتنە پافۆس. لەوێ تووشی جادووگەرێکی جولەکە بوون پێغەمبەرێکی درۆزن بوو، ناوی بارئیسا بوو، 7 لەگەڵ سرگیۆس پۆڵسی فەرمانڕەوا[aj] بوو، کە پیاوێکی تێگەیشتوو بوو. بەرناباس و شاولی بانگکرد، داوای کرد گوێی لە پەیامی خودا بێت. 8 بەڵام ئەلیماسی جادووگەر، ئەمە واتای ناوەکەی بوو، بەربەرەکانێی کردن و هەوڵی دا فەرمانڕەوا لە باوەڕ لابدات. 9 کەچی شاول کە پۆڵسی پێ دەگوترا، پڕبوو لە ڕۆحی پیرۆز و تێیڕووانی، 10 گوتی: «ئەی پڕ لە هەموو جۆرە فرتوفێڵێک! کوڕی شەیتان! دوژمنی هەموو ڕاستودروستییەک! لە خوارکردنی ڕێگای ڕاستی یەزدان ناوەستی؟ 11 ئەوەتا دەستی یەزدان لە دژی تۆیە و کوێر دەبیت، بۆ ماوەیەک خۆر نابینی.»
دەستبەجێ تەم و تاریکی دایپۆشی و بەدوای یەکێکدا گەڕا تاکو دەستی بگرێت. 12 کاتێک فەرمانڕەواکە بینی چ ڕوویدا، باوەڕی هێنا، لە فێرکردنەکەی مەسیحی خاوەن شکۆ سەرسام بوو.
لە ئەنتاکیای پیسیدیا
13 پۆڵس و هاوڕێیانی بە دەریادا لە پافۆسەوە چوونە پەرگە لە پامفیلیا[ak]. بەڵام یۆحەنا لێیان جیا بووەوە و گەڕایەوە ئۆرشەلیم. 14 ئەوانیش بە پەرگەدا هاتنە ئەنتاکیای پیسیدیا، شەممەش چوونە کەنیشت و دانیشتن. 15 پاش خوێندنەوەی تەورات و پەڕتووکی پێغەمبەران، پێشەوایانی کەنیشتەکە بۆیان ناردن و پێیان گوتن: «برایان، ئەگەر شتێکتان هەیە گەلی پێ هانبدەن، بیڵێن.»
16 پۆڵس هەستا و بە دەست ئاماژەی کرد، گوتی: «پیاوانی ئیسرائیل و ئەو ناجولەکانەی کە لە خودا دەترسن، گوێ بگرن: 17 خودای ئەم گەلەی ئیسرائیل باوباپیرانی ئێمەی هەڵبژارد و لە کاتی ئاوارەبوونیان لە خاکی میسردا کردنی بە گەلێکی مەزن، ئینجا بە بازووێکی بەهێز لەوێ دەریهێنان. 18 نزیکەی چل ساڵیش لە چۆڵەوانی بەرگەی ڕەفتاری ئەوانی گرت، 19 ئینجا حەوت نەتەوەی لە خاکی کەنعان لەناوبرد و خاکەکەیانی بە میرات پێدان. 20 ئەمە هەمووی نزیکەی چوار سەد و پەنجا ساڵی خایاند.
«لەدوای ئەمە خودا دادوەری بۆ دانان هەتا سەردەمی ساموئێل پێغەمبەر. 21 ئینجا داوای پاشایان کرد، خوداش شاولی کوڕی قیشی پێدان، پیاوێکە لە تیرەی بنیامین، بۆ ماوەی چل ساڵ پاشایەتی کردن. 22 پاشان لایبرد و داودی کردە پاشایان، ئەوەی شایەتی بۆ دا و فەرمووی: [داودی کوڕی یەسام دۆزییەوە، پیاوێکە بە دڵی خۆم، ئەوەی هەموو خواستی من جێبەجێ دەکات.][al]
23 «لە نەوەی ئەوەوە، خودا بەگوێرەی بەڵێنەکەی عیسای ڕزگارکەری بۆ ئیسرائیل هێنا. 24 پێش هاتنی عیسا، یەحیا لەئاوهەڵکێشانی تۆبەی بۆ هەموو گەلی ئیسرائیل ڕاگەیاند. 25 کاتێک یەحیا خەریک بوو ئەرکەکەی تەواو دەکرد، گوتی: ”وادەزانن من کێم؟ ئەو نیم. ئەوەتا ئەوەی لەدوای من دێت، ئەوەی من شایانی ئەوە نیم کە قەیتانی پێڵاوەکانی بکەمەوە.“
26 «خەڵکینە، برایان، کوڕانی پشتی ئیبراهیم و ئەو ناجولەکانەی لەنێوتاندا لە خودا دەترسن، پەیامی ئەم ڕزگارییە بۆ ئێمە نێردراوە. 27 دانیشتووانی ئۆرشەلیم و ڕابەرەکانیان مەسیحیان نەناسی، کەچی کاتێک تاوانباریان کرد وتەی پێغەمبەرانیان هێنایە دی کە هەموو شەممەیەک دەخوێنرێتەوە. 28 جا لەگەڵ ئەوەی هیچ هۆیەکیان بۆ مردن نەدۆزییەوە، داوایان لە پیلاتۆس کرد بیکوژێت. 29 دوای ئەوەی هەموو ئەو شتانەیان تەواو کرد کە لەسەری نووسراوە، لە دار هێنایانە خوارەوە و خستیانە گۆڕ. 30 بەڵام خودا لەنێو مردووان هەڵیستاندەوە، 31 ماوەیەکی درێژیش بۆ ئەوانە دەرکەوت کە لە جەلیلەوە تاکو ئۆرشەلیم لەگەڵیدا هاتبوون. ئێستا ئەوان لەبەردەم گەل شایەتی ئەمە دەدەن.
32 «ئێمەش مزگێنیی ئەو بەڵێنەتان پێدەدەین کە بۆ باوباپیرانمان هات، 33 ئەوەی خودا بۆ ئێمەی وەچەی ئەوان هێنایە دی، بە هەستانەوەی عیسا، وەک لە زەبووری دووەمدا نووسراوە:
«[تۆ کوڕی منی،
من ئەمڕۆ بوومە باوکت.][am]
34 خودا ئاوا دەفەرموێت سەبارەت بەوەی لەنێو مردووان هەڵیستاندەوە بۆ ئەوەی هەرگیز نەڕزێت:
[ئەو بەڵێنە پیرۆز و مسۆگەرەتان دەدەمێ کە بە داودم دابوو.][an]
35 بۆیە لە زەبوورێکی دیکە دەفەرموێ:
36 «چونکە داود دوای ئەوەی بەگوێرەی مەبەستی خودا خزمەتی نەوەی خۆی کرد، نوست و چووە پاڵ باوباپیرانی و تەرمەکەی بۆگەن بوو. 37 بەڵام ئەوەی خودا هەڵیستاندەوە بۆگەنی نەبینی.
38 «بۆیە برایان، با لەلاتان زانراو بێت، لە ڕێگەی عیساوە بەخشینی گوناه بە ئێوە ڕاگەیەنرا و 39 بە باوەڕهێنان بەم بێتاوان دەکرێن لە هەموو ئەو شتانەی نەتانتوانی بە تەوراتی موسا لێی بێتاوان بکرێن. 40 جا ئاگاداربن، ئەوەی پێغەمبەران گوتوویانە بەسەرتاندا نەیەت:
41 «[ئەی گاڵتەجاڕەکان سەیر بکەن،
سەرسام بن و بمرن،
چونکە لە سەردەمی ئێوەدا کارێک دەکەم،
کارێک کە هەرگیز باوەڕ ناکەن ئەگەر بۆتان باس بکرێت.][aq]»
42 کاتێک پۆڵس و بەرناباس لە کەنیشت دەهاتنە دەرەوە، داوایان لێ کرا شەممەی داهاتووش ئەم قسانەیان بۆ بکەن. 43 دوای کۆبوونەوەکە، زۆر لە جولەکە و خواپەرستەکان کە ببوونە جولەکە، بەدوای پۆڵس و بەرناباس کەوتن، ئەمانیش قسەیان بۆ دەکردن و هانیان دەدان لە نیعمەتی خودا بمێنن.
44 لە ڕۆژی شەممەی داهاتوودا نزیکەی هەموو دانیشتووانی شارەکە کۆبوونەوە، تاکو گوێ لە پەیامی مەسیحی خاوەن شکۆ بگرن. 45 کاتێک جولەکە خەڵکەکەیان بینی، ئیرەیی دایگرتن و بەربەرەکانێی قسەکانی پۆڵسیان دەکرد و جنێویان پێدەدا.
46 پۆڵس و بەرناباسیش بە چاونەترسییەوە وەڵامیان دانەوە: «پێویست بوو یەکەم جار پەیامی خودا بۆ ئێوە باس بکەین. بەڵام لەبەر ئەوەی ڕەتتان کردەوە و خۆتان بە شیاوی ژیانی هەتاهەتایی نەزانی، ئەوەتا دەچینە لای ناجولەکەکان، 47 چونکە مەسیحی باڵادەست بەم جۆرە ڕایسپاردین:
«[من تۆم کردووەتە ڕووناکی بۆ نەتەوەکان،
تاکو ڕزگاری بەوپەڕی زەوی بگەیەنیت.][ar]»
48 کاتێک ناجولەکەکان گوێیان لەمە بوو، زۆر دڵشاد بوون و پەیامی مەسیحی خاوەن شکۆیان شکۆدار کرد، هەموو ئەوانەش کە بۆ ژیانی هەتاهەتایی دەستنیشان کرابوون، باوەڕیان هێنا.
49 پەیامی مەسیحی خاوەن شکۆ لە هەموو ناوچەکەدا بڵاو بووەوە. 50 بەڵام ڕابەرانی جولەکە خانمە ڕێزدارە لەخواترسەکان و پیاوماقوڵانی شاریان جۆشدا، چەوساندنەوەیان لە دژی پۆڵس و بەرناباس بەرپا کرد و لە سنوورەکانی خۆیان دەریانکردن. 51 ئەوانیش تۆزی پێیان تەکاند و بەرەو شاری کۆنیا ڕۆیشتن. 52 قوتابییەکانیش پڕدەبوون لە خۆشی و لە ڕۆحی پیرۆز.
گەشتێک بۆ کۆنیا
14 لە کۆنیا پۆڵس و بەرناباس وەک هەمیشە چوونە ناو کەنیشتی جولەکەکان و ئاوا قسەیان کرد تاکو ژمارەیەکی زۆر لە جولەکە و یۆنانییەکان باوەڕیان هێنا. 2 بەڵام ئەو جولەکانەی باوەڕیان نەهێنا، نەتەوەکانیان جۆشدا و لە دژی برایان مێشکیان پڕکردن. 3 بۆیە پۆڵس و بەرناباس ماوەیەکی دوورودرێژ لەوێ مانەوە و ئازایانە سەبارەت بە عیسای خاوەن شکۆ قسەیان دەکرد، ئەویش شایەتی بۆ پەیامی نیعمەتی خۆی دەدا و ڕێی دابوو نیشانە و پەرجوو لەسەر دەستیان بکرێت. 4 ئیتر دانیشتووانی کۆنیا بوونە دوو بەش، هەندێکیان لەگەڵ جولەکە بوون و هەندێکیان لەگەڵ نێردراوان. 5 ئەوە بوو کە نەتەوەکان و جولەکە و سەرۆکەکانیان بەتەمابوون سووکایەتی بە نێردراوان بکەن و بەردبارانیان بکەن، 6 نێردراوان زانییان و بۆ شاری لیسترا و دەربەی لیکاونیا[as] و بۆ ناوچەکانی دەوروپشتیان هەڵاتن و 7 لەوێش مزگێنییان دەدا.
چاکبوونەوەی ئیفلیجێک
8 لە لیسترا کابرایەک دانیشتبوو، هێز لە پێیەکانیدا نەبوو، بە زگماک ئیفلیج بوو، هەرگیز بە پێی خۆی نەڕۆیشتبوو. 9 گوێی لە پۆڵس بوو کە قسەی دەکرد، پۆڵسیش چاوی تێبڕی، کاتێک بینی باوەڕی هەیە چاک بێتەوە، 10 بە دەنگێکی بەرز گوتی: «هەستە بە پێوە ڕابوەستە!» کابرا دەستبەجێ هەڵبەزییەوە و دەستی بە ڕۆیشتن کرد.
11 کاتێک خەڵکەکە بینییان پۆڵس چی کرد، بە زمانی لیکاونیا هاواریان کرد: «خوداوەندەکان[at] شێوەی مرۆڤیان وەرگرتووە و هاتوونەتە خوارەوە بۆ ناومان!» 12 جا بەرناباسیان ناونا زییۆس، پۆڵسیش هەرمەس[au]، چونکە قسەکەری سەرەکی بوو. 13 ئینجا کاهینی زییۆس، کە پەرستگاکەی لە دەرەوەی شار بوو، لەگەڵ خەڵکەکە گا و تاجەگوڵینەی هێنابووە لای دەروازەکان و دەیویست قوربانی پێشکەش بکات.
14 بەڵام کاتێک نێردراوەکان، پۆڵس و بەرناباس، ئەمەیان بیست، جلەکانیان دڕاند، خێرا چوونە لای خەڵکەکە، هاواریان کرد: 15 «خەڵکینە، بۆچی ئەمە دەکەن؟ ئێمەش مرۆڤین، لە هەمان سروشتی ئێوە، مزگێنیتان دەدەینێ واز لەم شتە پووچانە بهێنن و بۆ لای خودای زیندوو بگەڕێنەوە، دروستکەری ئاسمان و زەوی و دەریا و هەموو ئەو شتانەی تێیاندایە. 16 ئەوەی لە نەوەکانی ڕابردوودا، هێشتی هەموو نەتەوەکان بە ڕێگای خۆیاندا بڕۆن. 17 لەگەڵ ئەوەی خۆی بە بێ شایەتی نەهێشتەوە، چاکە دەکات، لە ئاسمانەوە باران و وەرزی بەروبوومتان دەداتێ و دڵتان لە خواردن و لە خۆشی تێر دەکات.» 18 بە گوتنی ئەم قسانە و هەوڵدانێکی زۆر توانییان وا لە خەڵکەکە بکەن کە قوربانییان بۆ نەکەن.
19 هەندێک جولەکە لە ئەنتاکیا و کۆنیاوە هاتن، قەناعەتیان بە خەڵکەکە هێنا، ئەوانیش پۆڵسیان بەردباران کرد و ڕایانکێشایە دەرەوەی شار، وایانزانی مردووە. 20 بەڵام کاتێک قوتابییەکان دەوریان دا، هەستا و گەڕایەوە ناو شار. بۆ ڕۆژی دواتر لەگەڵ بەرناباس بۆ دەربە ڕۆیشت.
21 مزگێنییان بەو شارە دا و ژمارەیەکی زۆریان کردە قوتابی. ئینجا گەڕانەوە لیسترا و کۆنیا و ئەنتاکیا، 22 ورەی قوتابییەکانیان بەرز دەکردەوە هانیان دەدان لە باوەڕ بچەسپێن: «پێویستە بە تەنگانەی زۆردا بچینە ناو شانشینی خودا.» 23 لە هەر کڵێسایەک پۆڵس و بەرناباس پیرانیان بۆ هەڵبژاردن، ئینجا بە ڕۆژووگرتنەوە نوێژیان کرد و پیرەکانیان دایە دەست مەسیحی باڵادەست کە باوەڕیان پێی هێناوە. 24 ئینجا بە پیسیدیادا تێپەڕین و گەیشتنە پامفیلیا. 25 لە شاری پەرگە پەیامی خودایان ڕاگەیاند و دوای بۆ بەندەری ئەنتالیا[av] دابەزین.
26 لەوێشەوە بە ڕێگای دەریا بۆ ئەنتاکیا گەڕانەوە، ئەو شوێنەی لێوەی درانە دەست نیعمەتی خودا بۆ ئەو کارەی جێبەجێیان کرد. 27 کاتێک گەیشتن و کڵێسایان کۆکردەوە، باسی هەموو ئەو شتانەیان کرد کە خودا لەگەڵیان کردبووی، هەروەها کە دەرگای باوەڕی بۆ نەتەوەکانیش کردووەتەوە. 28 جا لەوێ ماوەیەکی زۆر لەگەڵ قوتابییەکان مانەوە.
ئەنجومەنی ئۆرشەلیم
15 هەندێک کەس لە یەهودیاوە بۆ ئەنتاکیا هاتن و برایانیان فێردەکرد: «ئەگەر بەپێی ئەو نەریتەی کە موسا فێری کردن خەتەنە نەکرێن، ناتوانن ڕزگاربن.» 2 کاتێک دەمەقاڵە و مشتومڕێکی زۆر لەلایەن پۆڵس و بەرناباس لەگەڵ ئەوان ڕوویدا، پۆڵس و بەرناباس لەگەڵ چەند کەسێکی دیکە دیاری کران، تاکو سەبارەت بەم بابەتە بۆ لای نێردراوان و پیران بەرەو ئۆرشەلیم بەڕێ بکەون. 3 پاش ئەوەی کڵێسا ماڵئاواییان لێکردن، بە ناو فینیکیا و سامیرەدا تێپەڕین، باسی ئەوەیان دەکرد کە نەتەوەکانیش باوەڕیان بە عیسا هێناوە، جا خۆشییەکی زۆریان لەنێو هەموو باوەڕداراندا بڵاوکردەوە. 4 کاتێک گەیشتنە ئۆرشەلیم، کڵێسا و نێردراوان و پیران پێشوازییان لێکردن، ئەوانیش هەواڵی هەموو ئەو شتانەیان پێدان کە خودا لە ڕێگەی ئەوانەوە کردبووی.
5 بەڵام هەندێک لەوانەی سەر بە ڕێبازی فەریسییەکان بوون و باوەڕیان هێنابوو، هەستان و گوتیان: «دەبێت ئەو باوەڕدارانەی کە جولەکە نین خەتەنە بکرێن و فەرمانیان پێ بکرێت کە کار بە تەوراتی موسا بکەن.»
پەترۆس و پیرانی ئۆرشەلیم
6 جا نێردراوان و پیران بۆ لێکۆڵینەوەی ئەم بابەتە کۆبوونەوە. 7 پاش مشتومڕێکی زۆر، پەترۆس هەستا و پێی گوتن: «ئەی برایان، ئێوە دەزانن پێش ماوەیەک، خودا لەنێو ئێوەدا هەڵیبژارد کە لە دەمی منەوە نەتەوەکان مزگێنی مەسیح ببیستن و باوەڕ بهێنن. 8 خودای دڵناس، شایەتی بۆیان دا بە بەخشینی ڕۆحی پیرۆز بەوانیش هەروەک بە ئێمە. 9 بە هیچ شتێک جیاوازی لەنێوان ئێمە و ئەواندا نەکردووە، بە باوەڕ دڵی ئەوانیشی پاک کردووەتەوە. 10 ئیتر بۆچی ئێوە خودا تاقی دەکەنەوە، نیرێک دەخەنە سەر شانی ئەو قوتابییانەی کە جولەکە نین، ئەوەی نە باوباپیرانمان و نە خۆمان توانیمان هەڵیبگرین؟ 11 بەڵام باوەڕمان هەیە کە بە نیعمەتی عیسای خاوەن شکۆ ڕزگار دەبین، هەروەک ئەوان.»
12 ئیتر هەموو ئەندامانی ئەنجومەنەکە بێدەنگ بوون و گوێیان لە بەرناباس و پۆڵس گرت، باسی ئەو نیشانە و پەرجووانەیان دەکرد کە خودا لەسەر دەستی ئەوان لەناو نەتەوەکان ئەنجامی داوە. 13 دوای ئەوەی تەواوبوون، یاقوب گوتی: «ئەی برایان گوێم لێ بگرن: 14 شیمۆن[aw] ڕوونی کردەوە چۆن خودا یەکەم جارە بایەخی خۆی بۆ نەتەوەکان نیشان داوە بۆ ئەوەی لەناو ئەواندا گەلێک ناوی ئەو هەڵبگرن[ax]. 15 وتەی پێغەمبەرانیش لەگەڵ ئەمە ڕێک دەکەوێت، هەروەک نووسراوە:
16 «[دوای ئەمە دەگەڕێمەوە و
چادرە ڕووخاوەکەی داود هەڵدەدەمەوە،
ڕووخاوییەکانی دروستدەکەمەوە،
سەرلەنوێ بنیادی دەنێمەوە،
17 تاکو ئەو خەڵکانەی کە ماونەتەوە ڕوو لە یەزدان بکەن،
هەموو ئەو نەتەوانەی ناوی منیان هەڵگرتووە.
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە، ئەوەی ئەم کارانە ئەنجام دەدات
18 کە هەر لە سەرەتاوەش زانراون.][ay]
19 «لەبەر ئەوە وای بە باش دەزانم قورسایی نەخەینە سەر شانی ئەوانەی لە نەتەوەکانن کە بۆ لای خودا گەڕاونەتەوە، 20 بەڵکو بۆیان بنووسین، خۆیان دووربخەنەوە لە گڵاوی بتەکان و لە داوێنپیسی و لە گۆشتی ئاژەڵی خنکێنراو و خوێن، 21 چونکە هەر لە کۆنەوە فێرکردنی موسا لە هەموو شارێک ڕاگەیەنرابوو و هەموو شەممەیەک لە کەنیشتەکان دەخوێنرایەوە.»
بڕیاری کۆبوونەوەی کڵێسا
22 ئینجا نێردراوان و پیران و هەموو کڵێسا بە باشیان زانی دوو پیاو لەناو خۆیاندا هەڵبژێرن و لەگەڵ پۆڵس و بەرناباس بۆ ئەنتاکیا بیاننێرن، یەهوزا کە نازناوی بەرساباس بوو لەگەڵ سیلا، دوو پیاو کە لەنێو باوەڕداراندا پێشەوا بوون. 23 بە دەستی خۆیان ئاوایان نووسی[az]:
لە نێردراوان و پیرانەوە، برایانتان،
بۆ ئەو باوەڕدارانەی جولەکە نین لە ناوچەکانی ئەنتاکیا و سوریا و کیلیکیا:
سڵاو.
24 بیستمان کە هەندێک کەس بێ ئەوەی ئێمە ڕایانبسپێرین لەلای ئێمەوە هاتوون و بە قسەکانیان بێزار و دڵگرانیان کردوون. 25 بۆیە بە باشمان زانی بە یەک بیروڕاوە چەند پیاوێک هەڵبژێرین و لەگەڵ برایانی خۆشەویستمان بەرناباس و پۆڵس بۆ لاتان بنێرین، 26 پیاوانێک گیان لەسەر دەستن لە پێناوی ناوی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان. 27 جا یەهوزا و سیلامان بۆ ناردن تاکو هەمان شتتان بە دەم پێ ڕابگەیەنن، 28 چونکە ڕۆحی پیرۆز و ئێمەش وامان بە باش زانی هیچ قورساییەک نەخەینە سەر شانتان، جگە لەمانە کە پێویستن: 29 خۆتان دووربخەنەوە لەو قوربانییانەی بۆ بت پێشکەش کراون، هەروەها لە خواردنی ئاژەڵی خنکێنراو و خوێن و لە داوێنپیسی. ئەگەر خۆتان لەمانە پاراست، شتی چاک دەکەن.
ماڵ ئاوا.
30 ئەمانیش کە بەڕێکران و بۆ ئەنتاکیا هاتن، هەموو کۆمەڵەی باوەڕدارانیان کۆکردەوە و نامەکەیان پێشکەش کرد. 31 کاتێک خوێندیانەوە بەو هاندانەی تێیدا بوو زۆر دڵشاد بوون. 32 یەهودا و سیلاش کە خۆیان پێغەمبەر بوون، بە زۆر وشە هانی برایانیان دا و ورەیان بەرزکردنەوە. 33 پاش ئەوەی ماوەیەکیان بەسەربرد، لەلایەن برایانەوە بە ئاشتییەوە ڕەوانە کرانەوە بۆ لای ئەوانەی ناردبوویانن، ⌟ 34 بەڵام سیلا بەلایەوە باشتر بوو لەوێ بمێنێتەوە.⌞ 35 پۆڵس و بەرناباسیش هەر لە ئەنتاکیا مانەوە و لەگەڵ زۆر کەسی دیکەدا بەشدارییان کرد لە مزگێنیدان و فێرکردنی پەیامی مەسیحی خاوەن شکۆ.
لێک جیابوونەوەی پۆڵس و بەرناباس
36 پاش چەند ڕۆژێک پۆڵس بە بەرناباسی گوت: «با بگەڕێینەوە سەر لە برایان بدەین، لە هەموو ئەو شارانەی کە پەیامی مەسیحی خاوەن شکۆمان تێیدا ڕاگەیاندووە و هەواڵیان بزانین.» 37 بەرناباسیش پێشنیاری کرد یۆحەنا کە نازناوی مەرقۆسە لەگەڵ خۆیاندا بیبەن. 38 بەڵام پۆڵس پێی باش بوو ئەوەی لە پامفیلیا لێیان جیا بووەوە و لەگەڵیان بۆ کارەکە نەڕۆیشت، ئەو لەگەڵ خۆیاندا نەبەن. 39 لەبەر ئەوە دەمەقاڵە کەوتە نێوانیان، تاکو وای لێهات لە یەکتری جیا بوونەوە. ئەوسا بەرناباس مەرقۆسی لەگەڵ خۆی برد و بە دەریادا بۆ قوبرس چوو. 40 بەڵام پۆڵس سیلای هەڵبژارد و ڕۆیشتن، دوای ئەوەی لەلایەن باوەڕدارانەوە بە نیعمەتی مەسیحی خاوەن شکۆ سپێردران. 41 ئینجا چوونە ناوچەکانی سوریا و کیلیکیا و کڵێساکانیان بەهێز دەکرد.
تیمۆساوس لەگەڵ پۆڵس و سیلا
16 پۆڵس گەیشتە شاری دەربە و پاشان شاری لیسترا، لەوێ قوتابییەک بە ناوی تیمۆساوس هەبوو، دایکی جولەکەیەکی باوەڕدار بوو، بەڵام باوکی یۆنانی بوو. 2 برایان لە لیسترا و کۆنیا بە باشە باسی تیمۆساوسیان دەکرد. 3 پۆڵس حەزی دەکرد تیمۆساوس یاوەری بێت، جا بردی تاکو خەتەنە بکرێت، لەبەر ئەو جولەکانەی لەو ناوچانە بوون، چونکە هەموو دەیانزانی باوکی یۆنانییە. 4 ئیتر پۆڵس و هاوڕێکانی لە شارێکەوە دەچوون بۆ شارێکی دیکە و ئەو فەرمانانەی لەلایەن نێردراوان و پیرانەوە لە ئۆرشەلیم بڕیاریان لەسەر درابوو، پێیان ڕادەگەیاندن تاکو پەیڕەوی بکەن. 5 جا کڵێساکان لە باوەڕدا بەهێز دەبوون و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ژمارەیان زیادی دەکرد.
بینینی پۆڵس لە تروادا
6 پاشان پۆڵس و هاوڕێیەکانی بە ناوچەکانی فریجیا و گەلاتیادا تێپەڕین، لەبەر ئەوەی ڕۆحی پیرۆز ڕێی نەدان لە ناوچەی ئاسیا پەیامی خودا ڕابگەیەنن. 7 کاتێک گەیشتنە نزیک ناوچەی میسیا هەوڵیان دا بەرەو ناوچەی بیسینیا بڕۆن، بەڵام ڕۆحی عیسا ڕێگای نەدان. 8 ئەوسا بە میسیادا تێپەڕین و هاتنە ترۆیاس. 9 لە شەودا پۆڵس بینینێکی بۆ ئاشکرا کرا، پیاوێکی مەکدۆنی ڕاوەستابوو، لێی دەپاڕایەوە: «وەرە بۆ مەکدۆنیا و یارمەتیمان بدە.» 10 پاش ئەوەی بینینەکەی بۆ ئاشکرا کرا، هەوڵماندا[ba] دەستبەجێ بەڕێ بکەوین بۆ مەکدۆنیا، دڵنیا بووین کە خودا بانگی کردووین تاکو مزگێنییان بدەینێ.
11 جا بە دەریادا لە ترۆیاسەوە ڕاست بۆ سامۆسراکی ڕۆیشتین و بۆ ڕۆژی دوایی بۆ نیاپۆلیس. 12 لەوێشەوە بۆ فیلیپی کە یەکەم شاری ناوچەی مەکدۆنیایە و جێنشینی ڕۆمانییەکانە، لەوێ چەند ڕۆژێک ماینەوە.
13 لە ڕۆژی شەممەدا چووینە دەرەوەی شار بۆ سەر ڕووبار، لەو بڕوایەدا بووین لەوێ نوێژ بکرێت. دانیشتین قسەمان لەگەڵ ئەو ژنانە کرد کە لەوێ کۆببوونەوە. 14 یەک لەوان کە گوێی دەگرت ژنێکی خواپەرست بوو بە ناوی لیدیا، خەڵکی شاری سیاتیرا و بازرگانی کوتاڵی گرانبەها بوو. مەسیحی خاوەن شکۆ دڵی کردەوە تاکو سەرنج بداتە قسەکانی پۆڵس. 15 کاتێک خۆی و خاووخێزانی لە ئاو هەڵکێشران، پاڕایەوە: «ئەگەر بەڕاستی باوەڕتان وایە کە من باوەڕم بە مەسیحی خاوەن شکۆ هێناوە، ئەوا وەرنە ماڵەکەم و بمێننەوە.» ئیتر ناچاری کردین.
دەرکردنی ڕۆحی جادووگەریێتی
16 کاتێک بۆ شوێنی نوێژکردن دەچووین، تووشی کارەکەرێک بووین ڕۆحی فاڵچیێتی تێدابوو، بە کاری فاڵچیێتییەکەی قازانجێکی زۆری بۆ خاوەنەکانی بەدەستدەهێنا. 17 بەدوای پۆڵس و ئێمە کەوت و هاواری دەکرد: «ئەم مرۆڤانە بەندەی خودای هەرەبەرزن، ڕێگای ڕزگاریتان بۆ ڕادەگەیەنن.» 18 چەندین ڕۆژ ئەمەی دەکرد، تاکو پۆڵس بێزار بوو، ئاوڕی دایەوە و بە ڕۆحەکەی گوت: «بە ناوی عیسای مەسیح فەرمانت پێدەدەم، لێی وەرە دەرەوە!» یەکسەر ڕۆحە پیسەکە لێی هاتە دەرەوە.
پۆڵس و سیلا لە بەندیخانە
19 کاتێک خاوەنەکانی بینییان سەرچاوەی داهاتیان بڕا، پۆڵس و سیلایان گرت، ڕایانکێشانە بازاڕ بۆ بەردەم دەسەڵاتداران. 20 بردییاننە پێش دادوەران و گوتیان: «ئەم پیاوانە شارەکەمان دەشێوێنن، جولەکەن و 21 نەریتێک بڵاو دەکەنەوە کە دروست نییە ئێمەی ڕۆمانی وەریبگرین یان کاری پێ بکەین.»
22 ئیتر خەڵکەکە پێکڕا لێیان هەستان و دادوەران فەرمانیان دا کە جلەکانیان بدڕێنرێن و دارکاری بکرێن. 23 جا زۆر دارکارییان کردن و خستیاننە بەندیخانەوە، فەرمانیان بە چاودێری بەندیخانەکە دا بە توندی پاسەوانیان بکات. 24 ئەویش کە ئەم فەرمانەی بۆ هات، فڕێیدانە ناو قووڵایی بەندیخانەکە و پێیانی خستە ناو کۆتەوە.
25 لە نیوەی شەودا پۆڵس و سیلا نوێژیان دەکرد و گۆرانی ڕۆحییان بۆ خودا دەگوت، بەندکراوانی دیکەش گوێیان لێبوو. 26 لەناکاو بوومەلەرزەیەکی بەهێز ڕوویدا، بناغەی بەندیخانەکەی هەژاند، دەستبەجێ هەموو دەرگاکان کرانەوە و کۆتی هەمووان بووەوە. 27 کە چاودێرەکە بەئاگا هات و بینی دەرگاکانی بەندیخانە کراونەتەوە، شمشێری هەڵکێشا بەتەمابوو خۆی بکوژێت، وایزانی بەندکراوان ڕایانکردووە. 28 بەڵام پۆڵس هاواری کرد: «هیچ لە خۆت مەکە، هەموومان لێرەین!»
29 ئەویش داوای ڕووناکی کرد، چووە ژوورەوە و دەلەرزی، لەبەردەم پۆڵس و سیلا چۆکی دادا. 30 ئەوسا بردنییە دەرەوە و گوتی: «گەورەکانم، پێویستە چی بکەم تاکو ڕزگارم بێت؟»
31 گوتیان: «باوەڕ بە عیسای خاوەن شکۆ بهێنە، خۆت و خێزانەکەت ڕزگارتان دەبێت.» 32 جا پەیامی مەسیحی خاوەن شکۆی بۆ خۆی و هەموو ئەوانەی لە ماڵەکەیدا بوون ڕاگەیاند. 33 ئیتر چاودێرەکە لەو کاتەی شەودا بردنی و برینەکانی ساڕێژ کرد، دەستبەجێ خۆی و خاووخێزانەکەی لە ئاو هەڵکێشران. 34 ئینجا بردنییە ماڵەوە و خواردنی بۆ دانان، خۆی و خاووخێزانەکەی زۆر دڵشاد بوون، کە باوەڕیان بە خودا هێنابوو.
35 کە ڕۆژبووەوە فەرمانڕەواکان پۆلیسیان نارد و گوتیان: «پیاوەکان ئازاد بکەن.» 36 چاودێری بەندیخانە ئەم هەواڵەی دایە پۆڵس: «فەرمانڕەوایان ناردوویانە کە ئازاد بکرێن، بۆیە ئێستا وەرنە دەرەوە و بڕۆن بە سەلامەت.»
37 بەڵام پۆڵس پێی گوتن: «بە بێ دادگایی کردن و بە ئاشکرا دارکارییان کردین و فڕێیان داینە بەندیخانە، ئێمەش هاوڵاتی ڕۆمانین، ئایا ئێستا بە نهێنی دەرماندەکەن؟ نەخێر! بەڵکو با خۆیان بێن دەرمانبهێنن.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.