Bible in 90 Days
نزای دانیال
9 لە ساڵی یەکەمی داریوشی کوڕی ئەحەشوێرۆش[a] لە نەوەی مادەکان کە بووە بە فەرمانڕەوای شانشینی بابلییەکان، 2 لە ساڵی یەکەمی پاشایەتییەکەی ئەو، من کە دانیالم لە نووسراوە پیرۆزەکانەوە[b] بەپێی فەرمایشتی یەزدان بۆ یەرمیای پێغەمبەر تێگەیشتم کە ماوەی کاولبوونی ئۆرشەلیم حەفتا ساڵ دەبێت. 3 منیش ڕووم لە خودای پەروەردگار کرد، بە نوێژ و پاڕانەوەوە داوام دەکرد، بە ڕۆژوو و بە پۆشینی جلوبەرگی گوش[c] و بە خۆڵەمێش بەسەرخۆدا کردن.
4 نزام بۆ یەزدانی پەروەردگارم کرد و دانم پێدا نا:
«ئەی پەروەردگار، خودای مەزن و سامناک، ئەی ئەوەی پەیمانی خۆشەویستییەکەت دەبەیتەسەر بۆ ئەوانەی کە تۆیان خۆشدەوێت و فەرمانەکانت بەجێدەگەیەنن، 5 گوناهمان کرد و تاوانمان کرد، خراپەمان کرد و یاخی بووین، لە فەرمانەکان و یاساکانی تۆ لاماندا. 6 گوێمان لە بەندە پێغەمبەرەکانت نەگرت، ئەوانەی بە ناوی تۆوە قسەیان بۆ پاشا و میر و باوباپیرانمان و هەموو گەلی خاکەکە کرد.
7 «ئەی پەروەردگار، تۆ ڕاستودروستیت، بەڵام ئەمڕۆ شەرمەزاری لەسەر ڕوخساری ئێمەیە، بۆ پیاوانی یەهودا و دانیشتووانی ئۆرشەلیم، بۆ هەموو ئیسرائیلە، نزیک و دوورەکان لە هەموو ئەو خاکانەی بۆ ئەوێ دەرتکردووین، لەبەر ئەو ناپاکییەی لەگەڵ تۆدا کردمان. 8 ئەی یەزدان، شەرمەزاری لەسەر ڕوخساری ئێمەیە، لە پاشا و میر و باوباپیرانمان، چونکە دەرهەق بە تۆ گوناهمان کرد. 9 خودای پەروەردگارمان بە بەزەیی و بەخشندەیە، هەرچەندە ئێمە لێی یاخی بووین. 10 گوێڕایەڵی یەزدانی پەروەردگارمان نەبووین بۆ ئەوەی بە ڕێگای فێرکردنەکانیدا بڕۆین، کە لە ڕێگەی بەندە پێغەمبەرەکانییەوە پێیداین. 11 هەموو ئیسرائیل سەرپێچی فێرکردنەکانی تۆیان کرد، لایاندا و گوێڕایەڵبوونی تۆیان ڕەتکردەوە.
«لەبەر ئەوە ئەو نەفرەت و سوێندەت بەسەرماندا ڕژاند کە لە تەوراتی موسای بەندەی خودا نووسرابوو، چونکە دەرهەق بە تۆ گوناهمان کرد. 12 ئەو ئاگادارکردنەوانەت هێنایە دی کە لەسەر ئێمە و ئەو دادوەرانەمان فەرمووبووت کە دادوەرییان بۆمان دەکرد، بۆ ئەوەی بەڵایەکی گەورەمان بەسەردا بهێنیت. لەژێر ئاسماندا شتی وا ڕووینەدابێت، وەک ئەوەی بەسەر ئۆرشەلیم هات. 13 هەروەک ئەوەی لە تەوراتی موسادا نووسرابوو هەموو ئەم بەڵایانە بەسەرماندا هات، بەڵام لە تاوانەکانمان نەگەڕاینەوە و سەرنجمان نەدایە ڕاستییەکەی تۆ، بۆ ئەوەی ڕەزامەندی یەزدانی پەروەردگارمان بەدەستبهێنین. 14 جا یەزدان مکوڕ بوو کە بەڵاکەمان بەسەربهێنێت، چونکە یەزدانی پەروەردگارمان لە هەموو کارەکانی کە کردی ڕاستودروستە، ئێمەش گوێڕایەڵی نەبووین.
15 «ئێستاش ئەی خودای پەروەردگارمان، کە بە دەستێکی بەهێزەوە گەلی خۆتت لە خاکی میسرەوە هێنایە دەرەوە، ناوێکت بۆ خۆت دروستکرد وەک ئەوەی ئەمڕۆ هەیە، ئێمە گوناهمان کرد و خراپەمان کرد. 16 ئەی پەروەردگار، بەپێی هەموو ڕاستودروستییەکەت، تکایە تووڕەیی و هەڵچوونەکەت لەسەر شارەکەت، ئۆرشەلیم، دابمرکێنەوە کە کێوی پیرۆزی خۆتە. بەهۆی گوناهەکانمان و تاوانەکانی باوباپیرانمان ئۆرشەلیم و گەلەکەت لەلای هەموو ئەوانەی لە دەوروبەرمانن ڕیسوا بوون.
17 «ئێستاش ئەی خودای ئێمە، گوێ لە نزاکانی خزمەتکارەکەت و لە پاڕانەوەکەی بگرە. ئەی پەروەردگار، لە پێناوی خۆت ڕووت بەسەر پیرۆزگا کاولەکەتدا بدرەوشێنەوە. 18 ئەی خودای من، گوێت شل بکە و ببیستە، چاوەکانت بکەرەوە و کەلاوەکانمان و ئەو شارە ببینە کە ناوی تۆی هەڵگرتووە. لەبەر ڕاستودروستی خۆمان پاڕانەوەکانمان ناخەینە بەردەمت، بەڵکو لەبەر زۆری بەزەییەکانت. 19 ئەی پەروەردگار گوێ بگرە! ئەی پەروەردگار لێخۆشبە! ئەی پەروەردگار گوێ شل بکە و دەستبەکار بە! ئەی خودای من، لەبەر خۆت دوای مەخە، چونکە شارەکەت و گەلەکەت ناوی تۆیان هەڵگرتووە.»
حەفتا هەفتە
20 لەو کاتەدا من قسەم دەکرد و نزام دەکرد، دانم بە گوناهی خۆم و بە گوناهی ئیسرائیلی گەلەکەمدا دەنا و سەبارەت بە کێوە پیرۆزەکەی پاڕانەوەکەم دەخستە بەردەم یەزدانی پەروەردگارم، 21 هێشتا لە نزاکەمدا بووم، جبرائیل، ئەو پیاوەی کە پێشتر لە بینینێکی دیکەدا بۆم ئاشکرا کرابوو، لە کاتی قوربانی ئێوارە بە خێرایی فڕی و هاتە لام. 22 تێیگەیاندم و پێی گوتم: «ئەی دانیال، من ئێستا هاتم بۆ ئەوەی تێتبگەیەنم و بۆت ڕوون بکەمەوە. 23 هەر کە دەستت بە پاڕانەوە کرد، وەڵامێک دەرچوو، منیش هاتووم پێت بڵێم، چونکە تۆ خۆشەویستی. لەبەر ئەوە لە پەیامەکە ڕابمێنە و لە بینینەکە تێبگە.
24 «بڕیار دراوە حەفتا ”هەفتە“[d] بەسەر گەلەکەت و بەسەر شارە پیرۆزەکەتدا بچێت بۆ کۆتایی پێهێنانی یاخیبوون، نەهێشتنی گوناه، کەفارەتی تاوان، هێنانی ڕاستودروستی هەتاهەتایی، تەواوکردنی بینین و پەیامی پێغەمبەر و هەروەها دەستنیشانکردنی هەرەپیرۆز[e].
25 «جا بزانە و تێبگە کە لە دەرچوونی بڕیارەکە بۆ نوێکردنەوە و بنیادنانەوەی ئۆرشەلیم، هەتا هاتنی پاشای دەستنیشانکراو[f]، حەوت ”هەفتە“ و شەست و دوو ”هەفتە“ی پێ دەچێت. ئۆرشەلیم بە شەقامەکان و شوورابەندیەوە بنیاد دەنێتەوە، سەرباری ئەوەی کاتەکە تەنگانەیە. 26 پاش شەست و دوو ”هەفتە“ دەستنیشانکراوەکە[g] دەکوژرێت و هیچی نابێت. سوپای پاشایەکی دیکە دێت و شارەکە و پیرۆزگاکە وێران دەکات. کۆتاییەکەی وەک لافاوێک دێت و هەتا کۆتایی جەنگ بەردەوام دەبێت، بڕیاری کاولکردنی دراوە. 27 ئەم فەرمانڕەوایە لە یەک ”هەفتە“دا لەگەڵ زۆردا پەیمانی بەهێز دەبەستێت. لەناوەڕاستی ئەو ”هەفتەیە“دا کۆتایی بە قوربانی و پێشکەشکراوەکان دەهێنێت، لەسەر لووتکەی پەرستگا قێزەونی وێرانکەر دادەنێت، بۆ ئەوەی سزای حوکمی کۆتایی لەسەر ئەم وێرانکەرەدا بڕژێتەوە.»
پیاوێک لە بینینی دانیال
10 لە ساڵی سێیەمی کۆرشی پاشای فارس، پەیامێک بۆ دانیال ئاشکراکرا، کە ناونرابوو بێلتەشەسر. پەیامێکی ڕاست بوو سەبارەت بە جەنگی گەورە. تێگەیشتنی پەیامەکە لە ڕێگەی بینینێکەوە بۆی هات.
2 لەو ڕۆژانەدا، من کە دانیالم سێ هەفتەی تەواو شیوەنم گێڕا. 3 هیچ خواردنێکی خۆشم نەخوارد، گۆشت و شەراب نەچووە دەممەوە، بۆنم لە خۆم نەدا هەتا سێ هەفتەکە تەواو بوو.
4 لە ڕۆژی بیست و چواری مانگی یەکدا کاتێک لەسەر کەناری ڕووبارە گەورەکە بووم کە دجلەیە، 5 سەرم هەڵبڕی و تەماشام کرد، پیاوێک کەتانی لەبەردا بوو، پشتێنێکی زێڕی ئوفازیشی لە کەمەری بەستبوو. 6 لەشی وەک زەبەرجەد، ڕووی وەک شێوەی بروسکە، چاوەکانی وەک چرای ئاگر، قۆڵ و قاچەکانی وەک بریسکەی بڕۆنزی سافکراو بوون و هەروەها دەنگیشی وەک دەنگی خەڵکێکی ئێجگار زۆر بوو.
7 من کە دانیالم، بە تەنها من بینینەکەم بۆ ئاشکرا کرا، ئەو پیاوانەی لەگەڵمدا بوون نەیانبینی، بەڵام ترسێکی گەورە لەسەریان نیشت، ڕایانکرد و خۆیان شاردەوە. 8 جا من بە تەنها مامەوە و تەماشای ئەم بینینە گەورەیەم دەکرد. هێزم تێدا نەما و ڕووم ڕەنگی مردووی لێ نیشت، لە پەلوپۆ کەوتم. 9 گوێم لە قسەکانی بوو، لەو کاتەش کە گوێم لێی دەگرت، چوومە ناو خەوێکی قووڵەوە، ڕووشم ڕووەو زەوی بوو.
10 دەستێکم بەرکەوت و بە لەرزەوە لەسەر دەست و ئەژنۆم داینام. 11 پێی گوتم: «ئەی دانیال، ئەی پیاوە خۆشەویستەکە! ئەو قسەیەی کە پێت دەڵێم لێی تێبگە و هەستە سەر پێت، چونکە من ئێستا نێردراوم بۆ لای تۆ.» کە بەم شێوەیە قسەی لەگەڵ کردم، بە لەرزەوە هەستامە سەر پێ.
12 پێی گوتم: «ئەی دانیال، مەترسە. لەبەر ئەوەی هەر لە یەکەم ڕۆژەوە کە مکوڕ بوویت تێبگەیت و لەبەردەم خوداکەت خۆتت زەلیل کرد، پاڕانەوەکەت بیسترا، منیش لەبەر ئەمانە هاتووم. 13 سەرۆکی ڕۆحە پیسەکانی شانشینی فارس ماوەی بیست و یەک ڕۆژ بەرەنگارم بووەوە، ئینجا میکائیل کە یەکێک لە سەرۆک فریشتەکانە بۆ هاریکاریم هات، چونکە من لەوێ لەلای پاشای فارس دواخرابووم. 14 جا هاتووم بۆ ئەوەی ئەوەت تێبگەیەنم کە لە ڕۆژی کۆتایی بەسەر گەلەکەتدا دێت، چونکە بابەتی بینینەکە ڕۆژانی داهاتووە.»
15 کاتێک ئەو قسانەی لەگەڵمدا دەکرد، سەرم دانەواند و بێدەنگ بووم. 16 ئینجا فریشتەکە، کە لە شێوەی مرۆڤ بوو، دەستی لە لێوەکانم دا، منیش دەمم کردەوە و قسەم کرد. بەوەم گوت کە لەبەردەممدا وەستابوو: «گەورەم، بە بینینەکە ئازارێکی زۆرم چێژت و لە پەلوپۆ کەوتم. 17 ئەی گەورەم، من خزمەتکاری تۆم، چۆن قسەت لەگەڵ بکەم؟ من ئێستا هێزم لێ بڕاوە و هەناسەم تێدا نەماوە.»
18 دووبارە ئەوەی لە مرۆڤ دەچوو دەستی لێم دا و هێزی هێنایەوە بەرم. 19 گوتی: «مەترسە، ئەی پیاوە خۆشەویستەکە. سڵاوت لێ بێت! ئازابە و بەهێزبە!»
کاتێک قسەی لەگەڵدا کردم، بەهێز بووم و گوتم: «با گەورەم قسە بکات، چونکە بەهێزت کردم.»
20 ئەویش گوتی: «ئایا دەزانیت بۆچی هاتمە لات؟ ئێستاش دەگەڕێمەوە و لەگەڵ سەرۆکی ڕۆحە پیسەکانی فارس دەجەنگم، دوای ئەوەی من دەڕۆم سەرۆکی ڕۆحە پیسەکانی یۆنان دێت. 21 بەڵام ئێستا ئەوەت پێ دەڵێم کە لە پەڕتووکی ڕاستیدا نووسراوە. کەس لە دژی ئەم سەرۆکانە پشتگیریم ناکات، جگە لە میکائیلی سەرۆکتان. 11 1 لە ساڵی یەکەمی داریوشی مادی، لەگەڵی وەستام تاکو پشتگیری لێ بکەم و بیپارێزم.
پاشاکانی باشوور و باکوور
2 «ئێستاش ڕاستیت پێ دەڵێم: سێ پاشای دیکە لە فارس پەیدا دەبن، پاشان چوارەمیان لە هەموویان دەوڵەمەندتر دەبێت. سامانەکەی بۆ بەدەستهێنانی هێز بەکاردەهێنێت، هەمووان لە دژی شانشینی یۆنان دەورووژێنێت. 3 ئینجا پاشایەکی بە توانا پەیدا دەبێت و زۆر زاڵ دەبێت، چی پێ خۆش بێت دەیکات. 4 بەڵام ئیمپڕاتۆریەتەکە لەوپەڕی هێزیدا تێکدەشکێت و بەسەر چوار لای زەویدا دابەش دەبێت، بەڵام نەک بۆ نەوەکانی، بەڵکو بۆ خەڵکی دیکە دەبێت، دەسەڵاتی پێشتری نامێنێت، چونکە ئیمپڕاتۆریەتەکەی بنبڕ دەبێت.
5 «دوای ئەمە پاشای باشوور[h] بەهێز دەبێت، بەڵام یەکێک لە میرەکانی لەو بەهێزتر دەبێت و بە دەسەڵاتێکی گەورەوە زاڵ دەبێت. 6 پاش چەند ساڵێک پەیمان دەبەستن، کچی پاشای باشوور بۆ پەیمان بەستنەکە دێتە لای پاشای باکوور، بەڵام کچەکە هێزی نامێنێت، پاشای باشووریش نە خۆی و نە هێزی بەردەوام نابن. لەو کاتەدا کچەکە و باوکی و ئەوانەی هێنایان و لەگەڵ ئەوەش کە پشتگیری دەکرد بە دەستەوە دەدرێن.
7 «ئینجا یەکێک لە بنەماڵەی کچەکە لە شوێنی ئەو هەڵدەستێتەوە. بەر لە سوپای پاشای باکوور دەگرێت و دەچێتە ناو قەڵاکەی، لێیان دەدات و سەرکەوتوو دەبێت. 8 بت و پەیکەرە داڕێژراوەکان و قاپوقاچاغە بەنرخەکانیان کە لە زێڕ و زیو دروستکرابوون دەباتە میسر. دوای ئەمە ماوەی چەند ساڵێک واز لە پاشای باکوور دەهێنێت. 9 ئینجا پاشای باکوور هێرش دەباتە سەر شانشینی پاشای باشوور، بەڵام دەگەڕێتەوە خاکەکەی خۆی. 10 کوڕەکانی دەوروژێن و ئاپۆرەی سوپایەکی گەورە کۆدەکەنەوە کە وەک لافاوێکی بەهێز ڕادەماڵێت، بڵاو دەبێتەوە و بەردەوام دەبێت، هەتا شەڕ دەهێنێتە سەر قەڵای پاشای باشوور.
11 «ئیتر پاشای باشوور ڕقی هەڵدەستێت و هێرش دەکاتە سەر پاشای باکوور، کە وا خەریکە سوپایەکی زۆر گەورەی کۆدەکاتەوە، بەڵام دەشکێنرێت. 12 کاتێک سوپاکە ڕادەماڵرێت، پاشای باشوور بەفیز دەبێت و دەیان هەزار دەکوژێت، بەڵام سەرناکەوێت، 13 چونکە پاشای باکوور دەگەڕێتەوە، سوپایەکی زۆرتر لەوەی جاری یەکەم کۆدەکاتەوە، پاش چەند ساڵێک بە سوپایەکی گەورە و کەرەستەی زۆرەوە پێشدەکەوێت.
14 «لەو کاتەدا خەڵکانێکی زۆر لە دژی پاشای باشوور ڕادەپەڕن، بۆ بەدیهێنانی بینینەکە توندڕەوەکان لە گەلەکەت یاخی دەبن، بەڵام دەکەون. 15 ئینجا پاشای باکوور دێت و مەتەرێزێک لێدەدات و شارە قەڵابەندەکە داگیر دەکات. هێزەکانی باشوور لەبەردەمیدا خۆیان ڕاناگرن، تەنانەت باشترین سەربازیشیان بەرگە ناگرێت. 16 پاشای باکوور ئەوەی بیەوێ دەیکات، کەسیش نابێت بەرەنگاری بێتەوە. لەناو خاکە دڵگیرەکەدا[i] ڕادەوەستێت و هەمووی لەژێر دەستی ئەودا دەبێت. 17 مکوڕ دەبێت لەسەر ئەوەی بە هەموو دەسەڵاتی پاشایەتییەکەیەوە بێت و پەیمان لەگەڵ پاشای باشوور ببەستێت. کچەکەی دەداتێ بۆ ئەوەی پاشایەتی باشوور تێکبدات، بەڵام پیلانەکانی سەرناکەون و سوودمەند نابن. 18 پاشان ڕوو دەکاتە کەنارەکان و زۆریان داگیر دەکات، بەڵام فەرماندەیەک کۆتایی بە لووتبەرزییەکەی دەهێنێت، بەڵکو لووتبەرزییەکەی بەسەر خۆیدا دەداتەوە. 19 ئینجا دەگەڕێتەوە قەڵاکانی خاکەکەی خۆی، بەڵام ساتمە دەکات و دەکەوێت، ئیتر نامێنێت.
20 «جێنشینەکەی باجگرێک دەنێرێت بۆ بەردەوام بوونی شکۆمەندی پاشایەتییەکەی. لە ماوەیەکی کورتدا تێکدەشکێت، بەڵام نە بە تووڕەیی و نە بە جەنگ.
21 «ئینجا ناکەس بەچەیەک شوێنی دەگێڕێتەوە کە شکۆمەندی پاشایەتی نەدراوەتێ. کاتێک خەڵکی بە ئاسوودەیی دەژین لەناکاو دێت و بە فێڵ دەست بەسەر پاشایەتییەکەدا دەگرێت. 22 چەندین سوپای زەبەلاح لە بەرامبەر ئەو تێکدەشکێن و ڕادەماڵرێن، هەروەها میری پەیمانیش. 23 هەر کە پەیمانێک دەبەستێت، فێڵ لە هاوپەیمانەکەی دەکات، بە خەڵکێکی کەمەوە دەگاتە دەسەڵات. 24 کاتێک هەرێمە دەوڵەمەندەکان لە ئارامیدان بەسەریاندا دەدات، ئەوە دەکات کە نە باوک و نە باپیرانی کردوویانە. تاڵانی و دەستکەوت و سامان بەسەر شوێنکەوتووانیدا دابەش دەکات. پیلان بۆ داگیرکردنی قەڵاکان دادەڕێژێت، بەڵام تەنها بۆ ماوەیەک دەبێت.
25 «بە سوپایەکی گەورە و بە ئازایەتییەوە هێزەکەی لە دژی پاشای باشوور دەوروژێنێت، پاشای باشووریش بە سوپایەکی گەورە و بەهێزەوە خۆی بۆ جەنگ ئامادە دەکات، بەڵام بەرگە ناگرێت، چونکە پیلان لە دژی دەگێڕن. 26 ئەوانەی لە خواردنە خۆشەکانی دەخۆن، دەیشکێنن و سوپاکەی ڕادەماڵرێت، زۆر کەس دەکوژرێن. 27 ئەم دوو پاشایەش دڵیان لەلای خراپەیە، لەسەر یەک مێز دادەنیشن و درۆ بۆ یەکتری دەکەن، بەڵام سەرناکەون، چونکە کۆتایی لە کاتی دیاریکراو دێت. 28 پاشای باکوور بە دەستکەوتێکی زۆرەوە دەگەڕێتەوە خاکەکەی خۆی، بەڵام لە دڵەوە لە دژی پەیمانە پیرۆزەکەیە. دژایەتییەکە دەکات، ئینجا دەگەڕێتەوە خاکەکەی خۆی.
29 «لە کاتی دیاریکراودا دەگەڕێتەوە و هێرش دەباتەوە بۆ باشوور، بەڵام ئەم جارەیان وەک جاری یەکەم نابێت. 30 لە کەنارەکانی ڕۆژئاواوە کەشتییەکان دێنە سەری، ئینجا کۆڵدەدات. دەگەڕێتەوە و لە پەیمانە پیرۆزەکە تووڕە دەبێت، ئەوانەش پاداشت دەکات کە وازیان لە پەیمانە پیرۆزەکە هێناوە.
31 «سوپاکەی ئەو دێن و پیرۆزگای قەڵابەند گڵاو دەکەن، قوربانی ڕۆژانە دادەماڵن و قێزەونی وێرانکەر دادەنێن. 32 ئەوانەی پەیمان دەشکێنن بە فێڵ هەڵیاندەخەڵەتێنێت، بەڵام ئەو گەلەی خودای خۆیان دەناسن بەهێز دەبن و دژایەتی ئەو دەکەن.
33 «تێگەیشتووان خەڵکێکی زۆر فێر دەکەن، هەرچەندە بۆ ماوەیەک بە شمشێر و ئاگر دەکوژرێن یان تاڵان و ڕاپێچ دەکرێن. 34 کاتێک دەکەون بە کەمی یارمەتی دەدرێن، زۆر کەسیش بەبێ دڵسۆزی دەچنە ڕیزیان. 35 هەندێک لە تێگەیشتووان ساتمە[j] دەکەن، بۆ پوختە بوون و پاکبوونەوە و بێ خەوش بوونیان هەتا کاتی کۆتایی، چونکە لە کاتی دیاریکراو دێت.
ئەو پاشایەی خۆی بە گەورە دەزانێت
36 «پاشا بە ویستی خۆی دەکات. خۆی بە گەورە و بە زل دەزانێت لەسەر هەموو خودایەک، کفری ترسناک لە دژی خودای خودایان دەکات. هەتا کاتی تەواوبوونی تووڕەییەکە سەرکەوتوو دەبێت، چونکە ئەوەی بڕیاری لەسەر دراوە هەر دەبێت پیادە بکرێت. 37 نە گوێ بە خوداوەندەکانی باوباپیرانی دەدات و نە بەوەی ژن دایهێناوە[k]، گوێ بە هیچ خوداوەندێک نادات. بەڵکو خۆی لە هەموویان بە گەورەتر دەزانێت. 38 لە جیاتی ئەوان ڕێز لە خوداوەندی قەڵاکان دەگرێت، خوداوەندێکە کە باوباپیرانی نەیانناسیوە، بە زێڕ و زیو و بەردی گرانبەها و دیاری بە نرخ ڕێزی لێ دەگیرێت. 39 بە یارمەتی ئەو خوداوەندە بێگانەیە پەلاماری قەڵا پتەوەکان دەدات. ئەوانەی بچنە ژێر باڵی زۆر ڕێزیان لێ دەگرێت. دەیانکاتە فەرمانڕەوای خەڵکێکی زۆر، زەوییەکە بە پاداشت دابەش دەکات.
40 «لە کاتی کۆتاییدا پاشای باشوور جەنگی لەگەڵدا بەرپا دەکات، پاشای باکووریش بە گالیسکە و سوار و بە کەشتیگەلی زۆرەوە وەک ڕەشەبا لە دژی هەڵدەکات. پەلاماری چەندین وڵات دەدات، وەک لافاو ڕایاندەماڵێت. 41 هەروەها پەلاماری خاکە دڵگیرەکە دەدات. زۆر کەس دەکوژرێن، بەڵام ئەدۆم و مۆئاب و میرەکانی عەمۆنییەکان لە دەستی دەرباز دەبن. 42 دەسەڵاتی خۆی بەسەر زۆر وڵاتدا بڵاو دەکاتەوە، میسریش ڕزگاری نابێت. 43 دەست بەسەر گەنجینەکانی زێڕ و زیو و هەموو سامانی میسردا دەگرێت، لیبییەکان و کوشییەکانیش ملکەچی دەبن. 44 بەڵام چەند هەواڵێکی ترسناکی لە ڕۆژهەڵات و باکوورەوە پێ دەگات و ئەو دەهەژێنێت، بە تووڕەییەکی زۆرەوە بەڕێدەکەوێت بۆ کاولکردن و قڕکردنی خەڵکانێکی زۆر. 45 چادری شاهانەی لەنێوان دەریاکان و کێوی دڵگیری پیرۆز هەڵدەدات. بەڵام دەگاتە کۆتایی خۆی، کەسیش یارمەتی نادات.
ڕۆژانی کۆتایی
12 «لەو کاتەدا میکائیلی سەرۆکی گەورەی فریشتەکان هەڵدەستێت، ئەوەی گەلەکەت دەپارێزێت. کاتێکی ئەوەندە تەنگ دەبێت کە لەوەتەی نەتەوە دروستبووە هەتا ئەو کاتە شتی وا نەبووبێت. بەڵام لەو کاتەدا هەرکەسێک لە گەلەکەی تۆ ناوی لە پەڕتووکدا نووسرابێت، دەرباز دەبێت. 2 زۆر لەوانەی لەناو خۆلی زەویدا دەنوون هەڵدەستنەوە، هەندێکیان بۆ ژیانی هەتاهەتایی و هەندێکی دیکەشیان بۆ سەرشۆڕی و سووکایەتی هەتاهەتایی. 3 تێگەیشتووان وەک ڕووناکی ئاسمان دەدرەوشێنەوە، ئەوانەش کە خەڵکێکی زۆریان بۆ ڕاستودروستی گەڕاندووەتەوە بۆ هەتاهەتایە وەک ئەستێرەن.
4 «تۆش ئەی دانیال، هەتا سەردەمی کۆتایی وشەکان بە نهێنی بهێڵەوە و تۆمارەکە بپێچەوە. خەڵکێکی زۆر لێرە و لەوێ دەگەڕێن بۆ ئەوەی زانیاری زیاتر بەدەستبهێنن.»
5 ئینجا من کە دانیالم، تەماشام کرد بینیم دوو فریشتەی دیکە ڕاوەستاون، یەکێکیان لەسەر ئەو کەنارەی ڕووبارەکە، ئەوی دیکەیان لەسەر کەنارەکەی دیکە. 6 یەکێکیان بەو پیاوەی گوت کە کەتانی لەبەردا بوو، ئەوەی لەسەر ئاوی ڕووبارەکە بوو: «کەی ڕووداوە سەرسوڕهێنەرەکان تەواو دەبێت؟»
7 ئەو پیاوەی کە کەتانی لەبەردا بوو، ئەوەی لەسەر ئاوی ڕووبارەکە بوو، دەستی ڕاست و دەستی چەپی بەرەو ئاسمان بەرزکردەوە. گوێم لێ بوو سوێندی بەوە خوارد کە هەتاهەتایە زیندووە: «تاکو سێ ساڵ و نیو[l]. کاتێک هێزی گەلە پیرۆزەکە بە تەواوی شکێنرا، هەموو ئەمانەش تەواو دەبێت.»
8 من گوێم لێبوو، بەڵام تێنەگەیشتم، ئیتر گوتم: «گەورەم، کۆتایی هەموو ئەمانە چییە؟»
9 ئەویش گوتی: «دانیال، تۆ بڕۆ، چونکە هەتا کاتی کۆتایی وشەکان لە پەڕتووکی داخراودا بە نهێنی هێڵدراوەتەوە. 10 خەڵکانێکی زۆر پاک دەبنەوە و بێ خەوش و پوختە دەبن، بەڵام خراپەکاران لە خراپە بەردەوام دەبن. کەس لە خراپەکاران تێناگات، بەڵام تێگەیشتووان تێدەگەن.
11 «لە کاتی داماڵینی قوربانی ڕۆژانە هەتا دانانی قێزەونی وێرانکەر، هەزار و دوو سەد و نەوەد ڕۆژ دەخایەنێت. 12 خۆزگە دەخوازرێ بەوەی چاوەڕێ دەکات و دەگاتە هەزار و سێ سەد و سی و پێنج ڕۆژ.
13 «بەڵام تۆ، بڕۆ هەتا کاتی هاتنی کۆتایی پشوو بدە، لە کۆتایی ڕۆژگار هەڵدەستیتەوە بۆ وەرگرتنی میراتی خۆت.»
1 ئەمە ئەو پەیامەی یەزدانە کە لە سەردەمەکانی پاشایەتی عوزیا و یۆتام و ئاحاز و حەزقیای پاشایانی یەهودا بۆ هۆشەعی کوڕی بئێری هات، کە هاوسەردەمی یارۆڤعامی کوڕی یەهۆئاشی پاشای ئیسرائیل بوو.
ژن و منداڵی هۆشەع
2 سەرەتا یەزدان لە ڕێگەی هۆشەعەوە پەیامی خۆی ڕاگەیاند، ئینجا بە هۆشەعی فەرموو: «بڕۆ ژنێکی سۆزانی بهێنە و با منداڵی زۆڵت[m] ببێت، چونکە خەڵکی خاکەکە وەک ژنێکی داوێنپیس ناپاکی بەرامبەر بە یەزدان کردووە.» 3 ئەویش گۆمەری کچی دیڤلایمی هێنا، سکی پڕ بوو، کوڕێکی لێ بوو.
4 یەزدان بە هۆشەعی فەرموو: «ناوی بنێ یەزرەعیل، چونکە پاش کەمێکی دیکە بنەماڵەی یێهو سزا دەدەم، لەسەر ئەو خوێنەی کە لە یەزرەعیل ڕشتیان، پاشایەتی ئیسرائیلیش لەناودەبەم. 5 لەو ڕۆژەدا کەوانی ئیسرائیل لە دۆڵی یەزرەعیلدا دەشکێنم.»
6 دیسان گۆمەر سکی پڕ بوو، کچێکی بوو. یەزدان بە هۆشەعی فەرموو: «ناوی لێ بنێ لۆڕوحامە[n]، چونکە چیتر بەزەییم بە بنەماڵەی ئیسرائیلدا نایەتەوە، لێیان خۆشنابم. 7 بەڵام بەزەییم بە بنەماڵەی یەهودا دێتەوە، بە کەوان، شمشێر یان جەنگ، ئەسپ و سوار ڕزگاریان ناکەم، بەڵکو بە یەزدانی پەروەردگاریان ڕزگاریان دەکەم.»
8 لەدوای ئەوەی گۆمەر لۆڕوحامەی لە شیر بڕییەوە، دیسان سکی پڕ بوو و کوڕێکی بوو. 9 یەزدان فەرمووی: «ناوی لێ بنێ لۆعامی[o]، چونکە ئێوە گەلی من نین و منیش بۆ ئێوە نابم.
10 «بەڵام لە داهاتوودا ژمارەی نەوەکانی ئیسرائیل وەک لمی دەریا دەبێت کە ناپێورێن و ناژمێردرێن، لەو شوێنەی پێیان گوترا، ”ئێوە گەلی من نین،“ بە ”ڕۆڵەکانی خودای زیندوو“ ناودەبردرێن. 11 لەو کاتەدا نەوەی یەهودا و نەوەی ئیسرائیل یەکدەگرنەوە و یەک سەرۆک بۆ خۆیان دادەنێن، لە خاکەکە سەردەکەون و دێنە دەرەوە، چونکە ڕۆژی یەزرەعیل گەورە دەبێت.»
2 «بە براکانتان بڵێن: ”گەلی من،“ و بە خوشکەکانتان: ”بەر بەزەیی کەوتوو.“
سزادان و چاککردنەوەی ئیسرائیل
2 «سەرزەنشتی دایکتان بکەن، سەرزەنشتی بکەن،
چونکە ئەو ژنی من نییە و
منیش مێردی ئەو نیم.
بەدڕەوشتی لە ڕوخساری و
ناپاکی لەنێوان مەمکەکانی داماڵێت.
3 ئەگینا ڕووتوقووتی دەکەمەوە،
وەک ئەو ڕۆژە ڕایدەگرم کە تێیدا لەدایک بووە؛
وەک چۆڵەوانی لێ دەکەم،
وەک خاکی وشکی لێ دەکەم،
بە تینووێتی دەیمرێنم.
4 بەزەییم بە منداڵەکانیدا نایەتەوە،
چونکە زۆڵن.
5 بێگومان دایکیان داوێنپیسی کردووە و
بە بێ ئابڕوویی سکی پێیان پڕ بووە.
ئەو گوتی: ”دوای دۆستەکانم دەکەوم،
ئەوانەی نان و ئاو،
خوری و کەتان، زەیت و خواردنەوەم پێدەدەن.“
6 لەبەر ئەوە ڕێگاکەی بە دڕک پەرژین دەکەم،
دیوارێک بە دەوریدا دروستدەکەم بۆ ئەوەی ڕێڕەوەکانی نەدۆزێتەوە.
7 دوای دۆستەکانی دەکەوێت و پێیان ناگات،
بەدوایاندا دەگەڕێت و نایاندۆزێتەوە.
ئینجا دەڵێت:
”دەچم و وەک جاران دەگەڕێمەوە بۆ لای مێردەکەم،
چونکە ئەو کاتم لە ئێستام باشتر بوو.“
8 ئەو دانی پێدا نەناوە ئەوە من بووم کە
دانەوێڵە و شەرابی نوێ و زەیتم پێیداوە،
زێڕ و زیوم بۆی زیاد کردووە،
بەڵام ئەوان بۆ بەعل بەکاریانهێنا.
9 «لەبەر ئەوە دەگەڕێمەوە و دانەوێڵەکەم لە کاتی خۆیدا دەبەمەوە،
شەرابە تازەکەشم لە کاتی خۆیدا.
خوری و کەتانەکەم کە ڕووتییەکەی دادەپۆشن
لەبەری دادەکەنم.
10 ئێستا شوێنی شەرمی
لەبەرچاوی خۆشەویستەکانیدا دەردەخەم،
کەسیش لە دەستم فریای ناکەوێت.
11 هەموو خۆشییەکانی ڕادەگرم:
جەژن و سەرەمانگەکانی،
شەممە و جەژنە دیاریکراوەکانی.
12 ڕەزەمێو و هەنجیرەکانی تێکدەدەم،
کە گوتی: ”ئەوانە کرێیەکەی منن، خۆشەویستانم پێیان داوم.“
دەیانکەم بە دارستان و
ئاژەڵی کێوی دەیانخوات.
13 لەسەر ئەو ڕۆژانەی سزای دەدەم
کە بخووری بۆ بەعلەکان دەسووتاند،
بە خەزێم و خشڵەکانی خۆی دەڕازاندەوە،
دوای خۆشەویستانی کەوت،
بەڵام منی لەیاد کرد.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
14 «لەبەر ئەوە بە زمانی شیرین
دەیبەمە چۆڵەوانی و
بە نەرمی قسەی لەگەڵدا دەکەم.
15 لەوێ ڕەزەمێوەکانی دەدەمەوە،
دۆڵی عاخۆر[p] دەکەم بە دەرگای هیوا.
لەوێ وەک ڕۆژانی هەرزەکاری گۆرانی دەڵێت،
وەک ڕۆژی سەرکەوتنی لە خاکی میسرەوە.»
16 یەزدان دەفەرموێت: «لەو ڕۆژەدا دەبێت،
پێم دەڵێیت: ”مێردەکەم“ و
چیتر پێم ناڵێیت: ”گەورەم.“
17 ناوی بەعلەکان لە دەمی دادەماڵم و
ئیتر ناویان ناهێنێت.
18 لەو ڕۆژەدا پەیمانێکیان بۆ دەبەستم
لەگەڵ ئاژەڵی کێوی و باڵندەکانی ئاسمان و
خشۆکەکانی زەوی.
کەوان و شمشێر و جەنگ
لە خاکەکەدا بنبڕ دەکەم و
وایان لێ دەکەم بە ئاسوودەیی پاڵ بکەون.
19 بۆ هەتاهەتایە بۆ خۆم نیشانت دەکەم و
بە ڕاستودروستی و دادوەری،
بە خۆشەویستی نەگۆڕ و بەزەیی بۆ خۆمت نیشان دەکەم.
20 بە دڵسۆزییەوە بۆ خۆم نیشانت دەکەم و
دان بە یەزداندا دەنێیت.
21 «یەزدان دەفەرموێت:
لەو ڕۆژەدا من کاردانەوەم دەبێت،
من کاردانەوەم بەرامبەر بە ئاسمان دەبێت و
ئەوانیش کاردانەوەیان بەرامبەر بە زەوی دەبێت،
22 زەویش کاردانەوەی بەرامبەر بە دانەوێڵە و
شەرابی نوێ و زەیت دەبێت،
ئەوانیش کاردانەوەیان بەرامبەر بە یەزرەعیل[q] دەبێت.
23 لە خاکەکەدا بۆ خۆم دەیچێنم،
بەزەییم دێتەوە بەوانەی کە فەرمووم ”بەزەییم پێیاندا نایەتەوە.“
ئەوانەی کە پێیان دەگوترا ”گەلی من نین“ پێیان دەڵێم: ”ئێوە گەلی منن.“
ئەوانیش دەڵێن: ”تۆ خودای ئێمەیت.“»
ئاشتبوونەوەی هۆشەع لەگەڵ ژنەکەی
3 یەزدان پێی فەرمووم: «دیسان بڕۆ ژنەکەت خۆشبوێتەوە، هەرچەندە خاوەنی دۆستە و داوێنپیسە، وەک خۆشەویستی یەزدان بۆ نەوەی ئیسرائیل، ئەوانیش ڕوویان لە خوداکانی دیکە کردووە و نانی کشمیشیان[r] خۆشدەوێت.»
2 منیش دیسان بە پازدە شاقل زیو و بارێک و دوو قەزناخ[s] جۆ کڕیمەوە، 3 پێم گوت: «ماوەیەکی درێژ لەگەڵ من دەژیت، بێ ئەوەی داوێنپیسی بکەیت و بۆ هیچ پیاوێک بیت، هەروەها منیش بە هەمان شێوە دەبم بۆت.»
4 ئەمەش لەبەر ئەوەی ماوەیەکی درێژ نەوەی ئیسرائیل بەبێ پاشا یان میر، بەبێ قوربانی و بەردە تەرخانکراوەکان[t]، بەبێ ئێفۆد و تەرافیم[u] دەمێننەوە. 5 پاش ئەوە نەوەی ئیسرائیل دەگەڕێنەوە و ڕوو لە یەزدانی پەروەردگاریان و داودی پاشایان دەکەن، لە ڕۆژانی کۆتاییدا بە لەرزەوە ڕوو لە یەزدان و چاکەکەی دەکەن.
سکاڵا لە دژی ئیسرائیل
4 ئەی نەوەی ئیسرائیل، گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن،
چونکە یەزدان سکاڵای هەیە
لە دانیشتووانی خاکەکە:
«نە وەفاداری، نە خۆشەویستی نەگۆڕ،
نە خواناسی لە خاکەکەدا هەیە.
2 نەفرەتکردن و درۆ و کوشتن،
دزی و داوێنپیسی،
پەرەی سەندووە و
خوێنڕشتن، خوێن ڕشتنی بەدوادا دێت.
3 لەبەر ئەوە خاکەکە شین دەگێڕێت و
ئەوەی تێیدا نیشتەجێیە بەرەو نەمان دەچێت،
بە ئاژەڵی کێوی و باڵندەی ئاسمانیشەوە،
تەنانەت ماسی دەریاش لەناودەچێت.
4 «بەڵام با کەس سکاڵا نەکات و
کەسیش تاوانبار نەکرێت،
چونکە گەلەکەی تۆ وەک ئەوانەن کە
سکاڵا لە کاهین دەکەن.
5 تۆش بە ڕۆژ تێکدەشکێیت و
بە شەویش پێغەمبەر لەگەڵت تێکدەشکێت،
منیش دایکت لەناودەبەم.
6 گەلەکەم لە نەزانین لەناودەچێت.
«لەبەر ئەوەی تۆ زانینت ڕەتکردەوە،
منیش ڕەتت دەکەمەوە لەوەی کاهینیێتیم بۆ بکەیت.
لەبەر ئەوەی فێرکردنەکانی خودای خۆتت لەیاد کرد،
منیش نەوەکانت لەیاد دەکەم.
7 ئەوەندەی کاهینەکان زیاد بوون،
ئەوەندەش گوناهیان لە دژی من کرد،
منیش شکۆیان دەگۆڕم بۆ شەرمەزاری.
8 قوربانی گوناهی گەلەکەم دەخۆن و
ئاواتەخوازن کە تاوان بکات.
9 جا کاهین وەک گەل دەبێت،
بەپێی ڕەفتارەکەی سزای دەدەم،
کردەوەکانی بەسەر خۆیدا دەدەمەوە.
10 «دەخۆن و تێر نابن،
لەشفرۆشی دەکەن و زیاد نابن،
چونکە وازیان لە یەزدان هێنا
بۆ ئەوەی خۆیان تەرخان بکەن 11 بۆ لەشفرۆشی و
بۆ شەرابی کۆن و شەرابی نوێ
کە هزر و هۆشی گەلەکەی منی بردووە.
12 گەلەکەم پرس بە بتە دارینەکەیان دەکەن،
وەڵام لە گۆچانەکەی دەستی وەردەگرن،
چونکە ڕۆحی لەشفرۆشی گومڕای کردوون و
دڵسۆزی خودای خۆیان نین.
13 لەسەر لووتکەی چیاکان قوربانی سەردەبڕن و
لەسەر گردەکان بخوور دەسووتێنن،
لەژێر دار بەڕوو و ئەسپیندار و دارەبەن،
چونکە سێبەری باشە!
لەبەر ئەوە کچەکانتان لەشفرۆشی دەکەن و
بووکەکانیشتان داوێنپیسی.
14 «کچەکانتان سزا نادەم
کە لەشفرۆشی دەکەن و
بووکەکانیشتان
کە داوێنپیسی دەکەن،
چونکە پیاوەکان خۆیان دەچنە پاڵ لەشفرۆشەکان و
لەگەڵ لەشفرۆشەکان دەچنە نزرگەکان و قوربانی سەردەبڕن.
گەلێک تێگەیشتنی نەبێت لەناودەچێت!
15 «ئەی ئیسرائیل، ئەگەر تۆش داوێنپیسیت،
بەڵام با یەهودا تاوان نەکات.
«مەچن بۆ گلگال و
سەرمەکەون بۆ بێتئاڤن[v] و
سوێند مەخۆن: ”بە یەزدانی زیندوو!“
16 وەک نوێنگینێکی[w] کەللەڕەق
ئیسرائیلیش کەللەڕەق بووە،
ئیتر یەزدان چۆن بیانلەوەڕێنێت
وەک بەرخ لە شوێنێکی پانوبەریندا؟
17 ئەفرایم بە بتەکانەوە بەستراوەتەوە،
وازی لێ بهێنن!
18 تەنانەت خواردنەوەشیان تەواوبێت،
هەر نوقومی لەشفرۆشییەکەیان دەبن،
گەورەکانیان بە تەواوی حەزیان لە شەرمەزارییە نەک لە ڕێز.
19 با لەژێر باڵەکانی خۆیدا دەیپێچێتەوە،
بە قوربانییەکانیان شەرمەزار دەبن.
حوکمی سەر ئیسرائیل
5 «ئەی کاهینەکان، گوێتان لەمە بێت!
ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، سەرنج بدەن!
ئەی ماڵی پاشا گوێ بگرن!
حوکمەکە لە دژی ئێوەیە،
چونکە ئێوە لە میچپا بوونە تەڵە،
هەروەها تۆڕێکی ڕاخراویش بوون بەسەر تاڤۆر.
2 یاخیبووان لە کوشتن قووڵبوونەوە،
منیش هەموویان تەمبێ دەکەم.
3 من ئەفرایم دەناسم و
ئیسرائیلیش لە من شاردراوە نییە.
ئەی ئەفرایم، ئێستا ڕێگای لەشفرۆشیت گرتووەتەبەر،
ئیسرائیل گڵاو بووە.
4 «کارەکانیان ڕێیان نادات
بۆ لای خودای خۆیان بگەڕێنەوە،
چونکە ڕۆحی لەشفرۆشی لە ناخیاندایە و
ئەوان دان بە یەزداندا نانێن.
5 لووتبەرزی ئیسرائیل بەرەوڕوو شایەتی لەسەر دەدات و
ئیسرائیل و ئەفرایم بە تاوانەکانیان تێکدەشکێن،
یەهوداش لەگەڵیاندا تێکدەشکێت.
6 بە مەڕ و مانگاکانیانەوە دەڕۆن
بۆ ئەوەی ڕوو لە یەزدان بکەن،
بەڵام بۆیان دەرناکەوێت،
چونکە لێیان دوورکەوتووەتەوە.
7 ناپاکییان لە یەزدان کرد
چونکە منداڵی زۆڵیان[x] بوو.
ئێستا جەژنی سەرەمانگەکانیان
خۆیان و کێڵگەکانیشیان دەخوات.
8 «لە گیڤعادا کەڕەنا لێ بدەن و
لە ڕامەش زوڕنا.
لە بێتئاڤن[y] نەعرەتەی جەنگ بکێشن؛
”ئەی بنیامین، ئێمە لەدوای تۆین.“
9 ئەفرایم وێران دەبێت
لە ڕۆژی تەمبێکردندا.
لەنێو هۆزەکانی ئیسرائیلدا
ڕاستی ڕادەگەیەنم.
10 میرانی یەهودا وەک ئەوانەن
کە سنوور دەگوازنەوە،
منیش تووڕەیی خۆم وەک باران
بەسەریاندا هەڵدەڕێژم.
11 ئەفرایم زۆرلێکراوە،
بە حوکم تێکشکێنراوە،
چونکە بڕیاری دا دوای بت بکەوێت.
12 من بۆ ئەفرایم وەک مۆرانەم و
وەک کلۆربوونیش بۆ بنەماڵەی یەهودا.
13 «کاتێک ئەفرایم نەخۆشییەکەی خۆی بینی و
یەهوداش ناسۆرەکەی خۆی،
ئینجا ئەفرایم چووە لای ئاشور و
بەدوای پاشا گەورەکەدا[z] ناردی.
بەڵام ناتوانێت چارەسەرتان بکات و
برینەکەتان لەسەر لاببات.
14 چونکە من بۆ ئەفرایم وەک شێرم و
بۆ بنەماڵەی یەهوداش وەک بەچکە شێر،
چونکە من پارچەپارچەیان دەکەم و دەڕۆم،
دەبەم و فریادڕەسیش نییە،
15 دەڕۆم و دەگەڕێمەوە بۆ شوێنەکەی خۆم
هەتا دان بە تاوانەکەیان دەنێن و
ڕوویان لە من دەکەن،
لە تەنگانەیاندا بە پەرۆشەوە ڕوویان لە من دەکەن.»
تۆبەنەکردنی ئیسرائیل
6 «وەرن، با بگەڕێینەوە لای یەزدان،
چونکە ئەو پارچەپارچەی کردووین و
هەر ئەویش چارەسەرمان دەکات.
ئەو برینداری کردووین و
هەر ئەویش برینەکانمان ساڕێژ دەکات.
2 دوای دوو ڕۆژ دەمانژیێنێتەوە،
لە ڕۆژی سێیەمدا هەڵماندەستێنێتەوە
بۆ ئەوەی ئێمە لەبەردەمیدا بژین.
3 با دان بە یەزداندا بنێین،
با تێبکۆشین بۆ ئەوەی دانی پێدا بنێین.
بێگومان وەک چۆن ڕۆژ هەڵدێت
ئاواش یەزدان دەردەکەوێت،
وەک بارانی زستان دێتە لامان،
وەک بەهارە باران کە زەوی ئاو دەدات.»
4 «ئەی ئەفرایم، چیت لێ بکەم؟
ئەی یەهودا، چیت لێ بکەم؟
خۆشویستنی ئێوە وەک هەوری بەیانییان وایە،
وەک ئەو شەونمەی بە زوویی دەڕوات.
5 لەبەر ئەوە بە پێغەمبەران پارچەپارچەم کردن،
بە وشەکانی دەمم ئێوەم کوشت،
حوکمەکەشم وەک ڕووناکی دەرکەوت.
6 چونکە میهرەبانیم دەوێ نەک قوربانی،
لەلای من خواناسی لە قوربانی سووتاندن گرنگترە.
7 بەڵام ئەوان وەک ئادەم سەرپێچی پەیمانیان کرد،
لەوێدا ناپاکییان لە من کرد.
8 گلعاد شاری خراپەکارانە و
بە خوێن پێپەستە.
9 وەک چۆن جەردە بۆسە بۆ کەسێک دەنێنەوە،
ئاواش دەستەی کاهینەکان،
لە ڕێگادا ڕووەو شەخەم خەڵک دەکوژن.
بەدڕەوشتی ئەنجام دەدەن.
10 لە بنەماڵەی ئیسرائیلدا کارێکی تۆقێنەر دەبینم،
لەوێدا ئەفرایم لەشفرۆشی دەکات،
ئیسرائیل گڵاوە.
11 «تۆش ئەی یەهودا،
ڕۆژی لێپێچینەوەت بۆ دیاریکراوە.
«هەر کاتێک بمەوێت ڕاپێچکراوانی گەلەکەم دەگەڕێنمەوە[aa]،
7 کاتێک ئیسرائیلم چارەسەر دەکرد،
تاوانی ئەفرایم ئاشکرا بوون،
هەروەها خراپەی سامیرە.
فێڵیان کرد،
دز چووە ژوورەوە و
جەردەکانیش لە دەرەوە تاڵانیان کرد،
2 بەڵام لە دڵی خۆیاندا بیر لەوە ناکەنەوە
کە من هەموو خراپەکەی ئەوانم لەبیرە.
ئێستا کردەوەکانیان دەوریان دەدات،
لە بەرچاومدان.
3 «بە خراپەکەیان پاشا دڵخۆش دەکەن و
بە درۆکانیشیان میر.
4 هەموو داوێنپیسن
وەک تەنوورێکی گەرمکراون
کە نانەواکە ئاگرەکەی گڕ نادات،
لە کاتی هەویر شێلانەوە تاوەکو کاتی هەڵهاتنی.
5 لە ڕۆژی جەژنی پاشاماندا،
میر نەخۆش دەکەون، لەبەر شەراب تایان لێ دێت،
پاشا لەگەڵ گاڵتەجاڕان دەست تێکەڵ دەکات.
6 چونکە دڵیان وەک ناخی تەنوورە،
بە فرتوفێڵ لە پاشا نزیک دەبنەوە.
قینیان بە درێژایی شەو کپ دەبێت و
بۆ بەیانی وەک ئاگرێکی گڕ گرتوو گەرمە.
7 هەموویان وەک تەنوور گەرمن،
دادوەرەکانی خۆیان دەخۆن،
هەموو پاشاکانیان دەکەون،
کەسیان تێدا نییە نزا بۆ من بکات.
8 «ئەفرایم تێکەڵ بە گەلان دەبێت.
ئەفرایم بووە بە کولێرەیەکی هەڵنەگەڕاوە.
9 بێگانەکان هێزەکەی دەخۆن و
ئەویش پێی نازانێت.
قژی ماشوبرنج بووە و
ئەویش پێی نازانێت.
10 لووتبەرزی ئیسرائیل بەرەوڕوو شایەتی لەسەر دەدات،
لەگەڵ هەموو ئەوەشدا
ناگەڕێنەوە بۆ لای یەزدانی پەروەردگاری خۆیان و
بەدوایدا ناگەڕێن.
11 «ئەفرایم وەک کۆترێکی لێهاتووە،
گێل و بێ مێشک،
بانگی میسر دەکەن و
بۆ لای ئاشور دەچن.
12 کاتێک دەڕۆن، تۆڕەکەم بەسەریاندا هەڵدەدەم،
وەک باڵندەی ئاسمان دایاندەگرم.
کاتێک کۆدەبنەوە تەمبێیان دەکەم
بەگوێرەی ئەوەی دەیبیستم.
13 قوڕبەسەریان، چونکە لە من هەڵاتن!
ماڵوێرانی بۆیان، چونکە لێم یاخی بوون!
من دەیانکڕمەوە،
بەڵام ئەوان درۆم بۆ هەڵدەبەستن.
14 کاتێک لەسەر جێگاکانیان دەناڵێنن
لە دڵەوە هاوارم بۆ ناکەن.
بۆ دانەوێڵە و شەراب کۆدەبنەوە،
لە من هەڵدەگەڕێنەوە.
15 من فێرم کردن و بازووی ئەوانم بەهێز کرد،
بەڵام ئەوان لە دژی من بیر لە خراپە دەکەنەوە.
16 دەگەڕێنەوە، بەڵام نەک بۆ لای خودای هەرەبەرز،
وەک کەوانێکی ناڕێکیان لێدێت.
لەبەر قینی زمانیان ڕابەرانیان بە شمشێر دەکوژرێن.
لەبەر ئەمە لە میسر دەبنە گاڵتەجاڕ.
دورینەوەی گەردەلوول
8 «کەڕەنا ببە بۆ دەمت!
هەڵۆیەک هاتە سەر ماڵی یەزدان،
لەبەر ئەوەی پەیمانەکەی منیان شکاند و
لە فێرکردنەکانم یاخی بوون.
2 هاوار بۆ من دەکەن:
”ئەی خودای ئێمە، ئێمەی ئیسرائیل دانت پێدا دەنێین!“
3 بەڵام ئیسرائیل بێزی لە چاکە بووەوە،
لەبەر ئەوە دوژمن ڕاوی دەنێت.
4 ئەوان پاشایان دانا، بەڵام لە منەوە نەبوو،
میریان دانا، کە من نایانناسم.
لە زێڕ و زیوەکانیان بتیان بۆ خۆیان دروستکرد،
بۆ لەناوچوونیان.
5 ئەی سامیرە، بتە گوێرەکەکەت بەلاوە بنێ!
تووڕەییم بەسەریاندا دەجۆشێت.
هەتا کەی ناتوانن خۆیان بێگەرد ڕابگرن؟
6 هەروەها ئەوانیش هەر لە ئیسرائیلن!
وەستایەک ئەم بتەی دروستکردووە، نابێتە خودا.
گوێرەکەکەی سامیرە پارچەپارچە دەبێت.
7 «ئەوان با دەچێنن و
گەردەلوول دەدورنەوە.
چێنراوێک کە بەروبوومی نییە و
ئاردی لێ دروستناکرێت و
ئەگەر دروستیش کرا
بێگانەکان هەڵیدەلووشن.
8 ئیسرائیل هەڵلووشرا!
ئێستا لەنێو نەتەوەکاندا
وەک قاپێکیان لێ هاتووە کە هیچ سوودی نییە.
9 چونکە وەک کەرەکێوییەکی تاک و تەنها
چوونە ئاشور.
ئەفرایم خۆی بە چەند دۆستێک فرۆشتووە.
10 هەرچەندە ئەوان لەنێو نەتەوەکان خۆیان فرۆشتووە،
بەڵام ئێستا من کۆیان دەکەمەوە،
ئینجا ئەوان لەژێر باری پاشای توانادار[ab] دەفەوتێن.
11 «هەرچەندە ئەفرایم قوربانگاکانی قوربانی گوناهی زۆر کرد،
بۆی بوونە قوربانگای گوناهکردن.
12 شتی زۆری بۆ دەنووسم کە پەیوەستە بە فێرکردنەکانم،
بەڵام ئەو بە نامۆیان دادەنێت.
13 قوربانیم پێشکەش دەکەن و
خۆیان گۆشتەکەی دەخۆن،
بەڵام یەزدان پێیان ڕازی نییە.
ئێستا تاوانەکەیان دەهێنێتەوە یاد و
سزای گوناهەکانیان دەدات:
ئەوان دەگەڕێنەوە میسر.
14 ئیسرائیل دروستکەری خۆی لە یاد کرد و
چەندین کۆشکی بنیاد نا،
یەهوداش شارە قەڵابەندەکان.
بەڵام من ئاگر دەنێرمە سەر شارەکانی
ئینجا قەڵاکانی دەخوات.»
سزای ئیسرائیل
9 ئەی ئیسرائیل، وەک گەلان
دڵخۆش و شاد مەبە،
چونکە ناپاکیت لە خودای خۆت کرد،
حەزت لە کرێی لەشفرۆشی کرد
لەسەر هەموو جۆخینەکان[ac].
2 جۆخین و گوشەرەکانیان بەشیان ناکات،
شەرابی نوێش بەشیان ناکات.
3 لە خاکی یەزدان نیشتەجێ نابن،
بەڵکو ئەفرایم بۆ میسر دەگەڕێتەوە و
لە ئاشوردا خواردنی گڵاو دەخۆن.
4 شەرابی پێشکەشکراو بۆ یەزدان ناڕژێنن و
قوربانییەکانیان دڵی خۆش ناکەن.
ئەو قوربانییانە بۆ ئەوان وەک نانی ماتەمە و
هەرکەسێک لێی بخوات گڵاو دەبێت.
نانەکەیان بۆ خۆیانە و
ناچێتە ناو ماڵی یەزدانەوە.
5 لە ڕۆژی دیاریکراودا چی دەکەن،
لە ڕۆژی جەژنی یەزدان؟
6 چونکە ئەوەتا ئەوەی لە وێرانی هەڵدێت،
میسر کۆیان دەکاتەوە و
مەمفیس لە گۆڕیان دەنێت.
دڕکوداڵ گەنجینە زیوەکانیان بە میرات دەگرێت و
وشترالووک لە ماڵەکەیاندا دەبێت.
7 ڕۆژانی لێپرسینەوە بەڕێوەن،
ڕۆژانی سزا بەڕێوەن.
با ئیسرائیل ئەمە بزانێت.
لەبەر زۆری تاوانەکەت و
زۆری کێشمەکێشت،
پێغەمبەر بە گێل سەیر دەکەیت و
مرۆڤی ڕۆحیش بە شێت.
8 پێغەمبەرەکە لەگەڵ خوداکەم چاودێری ئەفرایمە،
بەڵام لە هەموو ڕێڕەوەکانی تەڵەیان نایەوە،
کێشمەکێشیش لە ماڵی خوداکەیەتی.
9 ئەوان نوقوم بوون،
وەک ڕۆژانی گیڤعا گەندەڵ بوون،
خودا تاوانەکەیان دەهێنێتەوە بیری خۆی و
لەسەر گوناهەکانیان سزایان دەدات.
10 «ئیسرائیلم دۆزییەوە
وەک ترێ لە چۆڵەوانی،
لە سەرەتادا باوباپیرانتانم بینی
وەک نۆبەرەی بەری دار هەنجیرێک.
بەڵام ئەوان هاتن بۆ بەعلپەعۆر و
خۆیان بۆ خوداوەندی شەرمەزاری تەرخان کرد،
ئەوان وەک ئەو خوداوەندەی کە خۆشیان دەویست قێزەون بوون.
11 ئەفرایمیش شکۆمەندییەکەی وەک باڵندە دەفڕێت،
نە لەدایکبوون و نە سکپڕی و نە دروستبوونی کۆرپەلە.
12 تەنانەت ئەگەر منداڵەکانیشیان پەروەردە بکەن،
جەرگسووتاویان دەکەم بۆ ئەوەی هیچ مرۆڤێک نەبێت.
قوڕبەسەریان
کاتێک پشتیان تێدەکەم.
13 ئەفرایم دەبینم، وەک شاری سورە
لە لەوەڕگا ڕواوە،
بەڵام ئەفرایم منداڵەکانی
بۆ بکوژ دەهێنێتە دەرەوە.»
14 ئەی یەزدان، بیاندەرێ،
چییان پێدەدەیت؟
منداڵدانێکی لەباربردە و
دوو مەمکی وشک.
15 «لەبەر هەموو خراپەکانیان لە گلگال
من لەوێدا قێزم لێیان بووەوە.
لەبەر کردەوە خراپەکانیان
لە ماڵی خۆم دەریاندەکەم.
ئیتر خۆشم ناوێن،
هەموو میرەکانیان یاخین.
16 ئەفرایم هەڵپڕووکاوە،
ڕەگیان وشک بوو،
بەر ناگرن.
ئەگەر منداڵیشیان ببێت،
منداڵە خۆشەویستەکانی سکیان دەمرێنم.»
17 خوداکەم ڕەتیان دەکاتەوە،
چونکە گوێیان لێی نەگرت،
لەبەر ئەوە لەنێو نەتەوەکاندا وێڵ دەبن.
10 ئیسرائیل دار مێوێکی پەل بڵاو بوو،
بۆ خۆی بەری دەگرت.
بەپێی زۆری بەروبوومەکەی،
قوربانگای زۆر کرد.
بەپێی باشی خاکەکەی،
بەردە تەرخانکراوەکانی جوانتر کرد.
2 دڵیان فریودەر بوو،
ئێستا سزا دەدرێن.
یەزدان قوربانگاکانیان تێکدەشکێنێت،
بەردە تەرخانکراوەکانیان تێکدەدات.
3 لەو کاتەدا دەڵێن: «ئێمە پاشامان نییە،
چونکە لە یەزدان نەترساین،
ئەگەر پاشاشمان هەبێت،
چیمان بۆ دەکات؟»
4 بە سوێندی درۆ قسە دەکەن،
پەیمان دەبەستن،
ئینجا سکاڵا زیاد دەبێت
وەک گیایەکی ژەهراوی نێو زەوییەکی کێڵدراو دەڕوێت.
5 خەڵکی سامیرە ترسیان هەیە
لەسەر ئەو بتە گوێرەکەیەی کە لە شاری بێتئاڤنە[ad]،
چونکە گەلەکەی شینی بۆ دەگێڕن و
کاهینە بتپەرستەکانیشی لەبەر ئەو دەگریێن،
لەبەر شکۆمەندییەکەی،
چونکە لێیان ستێنراوە.
6 ئەویش بۆ ئاشور دەبردرێت،
وەک سەرانە بۆ پاشای شەڕانگێز.
ئەفرایم سەرشۆڕی وەردەگرێت و
ئیسرائیلیش لەسەر بتە دارینەکانی شەرمەزار دەبێت.
7 سامیرە و پاشاکەی وەک چیلکە دارن
بەسەر ڕووی ئاوەوە لەناودەچن.
8 نزرگەکانی سەر بەرزاییەکانی بەدکاری[ae] وێران دەبن،
کە گوناهی ئیسرائیلن،
دڕکوداڵ لەسەر قوربانگاکانیان دەڕوێن.
ئەو کاتە بە چیاکان دەڵێن، «دامانپۆشن!» و
بە گردەکانیش دەڵێن، «بەسەرماندا بڕووخێن!»
9 «ئەی ئیسرائیل، لە سەردەمی گیڤعاوە گوناهت کرد،
لەوێدا وەستان،
لە گیڤعادا شەڕ نەوەی بەدکارانی نەگرتەوە؟
10 کەی بمەوێت تەمبێیان دەکەم،
گەلان گەلەکۆمەیان لێ دەکەن،
کاتێک بە دوو تاوانەکەیانەوە بەندن.
11 ئەفرایم گوێرەکەیەکی[af] ڕاهێنراوە
حەز لە گێرەکردن دەکات.
لەبەر ئەوە من نیر دەخەمە سەر ملە جوانەکەی،
سوار دەخەمە سەر ئەفرایم،
یەهودا دەیکێڵێت،
یاقوبیش خەرتەی دەکات.
12 ڕاستودروستی بۆ خۆتان بچێنن و
بەروبوومی خۆشەویستی نەگۆڕ بدوورنەوە.
بۆ خۆتان بەیارێک بکێڵن،
چونکە کاتی ئەوەیە ڕوو لە یەزدان بکەن،
هەتا بێت و ڕاستودروستیتان بەسەردا ببارێنێت.
13 بەڵام ئێوە خراپەتان چاند و
بەدڕەفتاریتان دوورییەوە،
بەروبوومی درۆتان خوارد،
چونکە پشتت بە هێزی خۆت و
بە زۆری پاڵەوانەکانت بەست،
14 چەخماخەی جەنگ لە دژی گەلەکەت بەرز دەبێتەوە.
هەموو قەڵاکانت تێکدەدرێن،
وەک چۆن شەلمەن لە ڕۆژی جەنگدا بێتئەربێلی[ag] تێکدا،
دایک لەگەڵ منداڵەکانیدا بەزەویدا کێشران.
15 ئەی بێتئێل، ئاواتان پێ دەکرێت،
لەبەر ئەوەی خراپەکەتان گەورەیە.
لە بەرەبەیاندا،
پاشای ئیسرائیل بە تەواوی لەناودەچێت.
خۆشەویستی خودا بۆ ئیسرائیل
11 «کە ئیسرائیل منداڵ بوو، خۆشم ویست و
لە میسرەوە بانگی کوڕەکەی خۆمم کرد.
2 بەڵام هەرچەندەی بانگم دەکردن،
ئەوەندە منیان لە خۆیان دوورخستەوە،
قوربانییان بۆ بەعلەکان سەردەبڕی و
بخووریان بۆ وێنەی خوداوەندەکان دەسووتاند.
3 من بووم ئەفرایمم فێری ڕۆیشتن کرد،
دەستم بە باڵیانەوە گرت،
بەڵام نەیانزانی من چاکم کردنەوە.
4 بە گوریسی نەرمونیانی مرۆڤانە ڕایاندەکێشم،
بە بەستنی خۆشەویستی،
من بۆیان بووم بەوەی کە نیر لەسەر ملیان هەڵدەگرێت،
چەمامەوە بۆ ئەوەی نانیان بدەمێ.
5 «ئایا ناگەڕێنەوە بۆ خاکی میسر؟
بێگومان ئاشور دەبێتە پاشایان،
چونکە ڕەتیان کردەوە تۆبە بکەن و بگەڕێنەوە لام؟
6 شمشێر دەکەوێتە شارەکانیان و
شەوبەندی دەروازەکانیان تێکدەشکێنێت،
کۆتایی بە تەگبیرەکانیان دەهێنێت.
7 گەلەکەم مکوڕن لەسەر هەڵگەڕانەوە لە من.
تەنانەت ئەگەر هاوار بۆ خودای هەرەبەرزەکەش بکەن،
ئەو پایەبەرزیان ناکات.
8 «ئەی ئەفرایم، چۆن وازت لێ بهێنم؟
ئەی ئیسرائیل، چۆن بە دەستتەوە بدەم؟
چۆن وەک ئەدما هەڵسوکەوتت لەگەڵدا بکەم؟
چۆن وەک چەبۆئیمت لێبکەم؟
دڵم لێم هەڵگەڕاوەتەوە و
هەموو میهرەبانیم گڕی گرتووە.
9 گڕی تووڕەییم ناخەمەگەڕ و
ناگەڕێمەوە ئەفرایم وێران بکەم،
چونکە من خودام نەک مرۆڤ،
من خودا پیرۆزەکەم، لەناوەڕاستی ئێوەدام،
بە قینەوە نایەم.
10 لەدوای یەزدانەوە دەڕۆن،
وەک شێرێک دەنەڕێنێت.
کاتێک دەنەڕێنێت،
منداڵەکان لە ڕۆژئاواوە بە لەرزەوە دێن.
11 وەک چۆلەکە لە میسرەوە بە لەرزەوە دێن،
وەک کۆتر لە خاکی ئاشورەوە.
ئینجا لە ماڵەکانیاندا نیشتەجێیان دەکەم.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
گوناهی ئیسرائیل
12 ئەفرایم بە درۆ دەوری لێدام و
بنەماڵەی ئیسرائیلیش بە فێڵەوە،
یەهوداش هێشتا سەرسەختە بەرامبەر بە خودا،
لە پیرۆزە دڵسۆزەکە.
12 ئەفرایم لەسەر با دەلەوەڕێت،
دوای بای ڕۆژهەڵات کەوتووە،
هەموو ڕۆژێک درۆ و توندوتیژی زیاد دەکات.
لەگەڵ ئاشوردا پەیمان دەبەستن و
زەیتی زەیتوون بۆ میسر دەنێرێت.
2 یەزدان لە دژی یەهودا سکاڵای هەیە،
سزای یاقوب بەپێی ڕەفتارەکەی دەدات،
کردەوەکانی بەسەر خۆیدا دەداتەوە.
3 لەناو سکدا پاژنەی براکەی گرت و
بە هێزی خۆی لەگەڵ خودا کەوتە زۆرانێ.
4 لەگەڵ فریشتەکە زۆرانێی کرد و سەرکەوت،
گریا و پاڕایەوە، بۆ ئەوەی لەگەڵی میهرەبان بێت.
لە بێتئێل تووشی بوو،
لەوێ قسەی لەگەڵی کرد[ah].
5 یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالار،
ناوبانگی یەزدانە!
6 تۆش بۆ لای خودات بگەڕێوە،
خۆشەویستی نەگۆڕ و دادپەروەری پەیڕەو بکە و
هەمیشە چاوەڕوانی خودای خۆت بە.
7 بازرگان تەرازووی ساختەی لە دەستدایە،
حەز دەکات ستەم بکات.
8 ئەفرایم گوتی:
«من دەوڵەمەند بووم و سامانم بۆ خۆم پێکەوەنا،
لە هەموو سامانەکەم خراپەیەکم تێدا نابیننەوە
کە گوناه بێت.»
9 «من یەزدانی خودای ئێوەم،
ئەوەی لە خاکی میسرەوە تۆی دەرهێنا،
دووبارە لەناو چادرەکان نیشتەجێت دەکەم،
وەک ڕۆژانی جەژن.
10 قسەم لەگەڵ پێغەمبەرەکاندا کرد و
بینینی زۆرم بۆ ئاشکرا کردن،
هەروەها لە ڕێگەی پێغەمبەرانەوە نموونەم هێنایەوە.»
11 ئایا خراپەکاری لە گلعاد هەیە؟
بێگومان دانیشتووانەکەی پووچن!
لە گلگال گا دەکەن بە قوربانی،
بەڵێ، بەڵام قوربانگاکانیان وەک کۆمەڵە بەرد دەبن
لەسەر هێڵەکانی جووتی کێڵگەدا.
12 یاقوب بۆ دەشتودەری ئارام[ai] هەڵات و
ئیسرائیل لە پێناوی ژنێکدا خزمەتی کرد،
لە پێناوی ژنێکدا شوانەتی کرد.
13 یەزدان لە ڕێگەی پێغەمبەرێکەوە ئیسرائیلی لە میسر دەرهێنا و
لە ڕێگەی پێغەمبەرێکیشەوە چاودێری کرد.
14 بەڵام ئەفرایم زۆر بە خراپی یەزدانی پەست کرد،
پەروەردگارەکەشی تاوانی ئەو خوێنەی لەسەریەتی دەیهێڵێتەوە و
سووکایەتییەکەی بەسەر خۆیدا دەداتەوە.
تووڕەیی یەزدان لەسەر ئیسرائیل
13 کاتێک ئەفرایم قسەی کرد، لەرزین پەیدابوو،
ئەویش لە ئیسرائیلدا پایەدار بوو،
بەڵام خۆی تاوانبار کرد بە پەرستنی بەعل و مرد.
2 ئێستا گوناهیان زیاتر و زیاتر دەکەن،
لە زیوەکانیان بتی لەقاڵبدراو بۆ خۆیان دروستدەکەن،
بتی دروستکراو بەپێی تێگەیشتنی خۆیان،
هەمووی دەستکردی وەستایە.
دەربارەیان دەڵێن:
«ئەوانە مرۆڤ دەکەنە قوربانی،
بتە گوێرەکەکان ماچ دەکەن!»
3 لەبەر ئەوە وەک هەوری بەیانییان دەبن و
وەک ئەو شەونمەی بە زوویی دەڕوات،
وەک پووشی جۆخین کە دەدرێت بەدەم باوە،
وەک دووکەڵ لە کڵاوڕۆژنەوە[aj].
4 «بەڵام من یەزدانی پەروەردگارتم،
ئەوەی لە خاکی میسر دەریهێنایت.
جگە لە من دان بە هیچ خودایەکی دیکەدا نانێیت،
جگە لە منیش هیچ خودایەک ڕزگارکەر نییە.
5 من لە چۆڵەوانیدا چاودێری تۆم کرد،
لە زەوی تینووێتی.
6 کاتێک لە لەوەڕ تێربوون،
کە تێربوون دڵیان بەفیز بوو،
لەبەر ئەوە منیان لەیاد کرد.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.