Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Bible in 90 Days

An intensive Bible reading plan that walks through the entire Bible in 90 days.
Duration: 88 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
مەتا 26:57 - مەرقۆس 9:13

دادگاییکردنی عیسا

57 ئەوانەی عیسایان گرت، بردییانە لای قەیافای سەرۆک کاهین، لەوێ مامۆستایانی تەورات و پیران کۆببوونەوە. 58 پەترۆسیش دووربەدوور بۆ حەوشەی سەرۆکی کاهینان دوای کەوت، ئینجا چووە ژوورەوە و لەنێو خزمەتکاران دانیشت تاکو دەرئەنجامەکەی ببینێت.

59 کاهینانی باڵا و هەموو سەنهەدرین[a] بەدوای شایەتییەکی درۆدا دەگەڕان لەسەر عیسا، تاکو بە کوشتنی بدەن. 60 بەڵام هیچیان نەدۆزییەوە، هەرچەندە زۆر شایەتی درۆزن هاتن. لە کۆتاییدا دووان هاتن، 61 گوتیان: «ئا ئەمە گوتی: ”دەتوانم پەرستگای خودا بڕووخێنم و بە سێ ڕۆژ بنیادی بنێمەوە.“»

62 جا سەرۆکی کاهینان هەستا و پێی گوت: «هیچ وەڵام نادەیتەوە؟ ئەم پیاوانە شایەتی چی لەسەر تۆ دەدەن؟» 63 بەڵام عیسا بێدەنگ بوو.

سەرۆکی کاهینانیش پێی گوت: «سوێندت دەدەم بە خودای زیندوو، پێمان بڵێ، ئەگەر تۆ مەسیحەکەی[b]، کوڕی خودا.»

64 عیسا پێی فەرموو: «تۆ خۆت وا دەڵێیت. منیش پێتان دەڵێم، لە ئێستاوە کوڕی مرۆڤ دەبینن لە دەستە ڕاستی توانادار دادەنیشێت و لەسەر هەوری ئاسماندا دێتەوە.[c]»

65 ئینجا سەرۆکی کاهینان جلەکانی خۆی دادڕی و گوتی: «کفری کرد! ئیتر چ پێویستیمان بە شایەت هەیە؟ ئەوەتا گوێتان لە کفرەکە بوو. 66 چی دەبینن؟»

وەڵامیان دایەوە: «شایانی مردنە!»

67 ئینجا تفیان لەڕووی کرد و مستیان لێدا، هەندێکیش زللەیان لێدا و 68 گوتیان: «ئەی مەسیح، ئەگەر پێغەمبەریت، بزانە کێ بوو لێیدایت؟»

پەترۆس نکۆڵی لە عیسا دەکات

69 لەو کاتەدا پەترۆس لە حەوشە، لە دەرەوە دانیشتبوو. کەنیزەیەک هاتە لای و گوتی: «تۆش لەگەڵ عیسای جەلیلی بوویت.»

70 ئەویش لەبەردەم هەموویان نکۆڵیی کرد: «نازانم چی دەڵێی.»

71 ئینجا چووە دەرەوە بۆ ناو داڵانەکە، یەکێکی دیکەش بینی و بەوانەی ئەوێی گوت: «ئەمە لەگەڵ عیسای ناسیرەیی بوو.»

72 دیسان بە سوێندخواردنەوە نکۆڵی لێکرد: «ئەو پیاوە ناناسم!»

73 دوای کەمێک ئەوانەی لەوێ ڕاوەستابوون هاتن و بە پەترۆسیان گوت: «بەڕاستی تۆش لەوانیت، زمانت ئاشکرات دەکات[d]

74 جا دەستی بە نەفرەتکردن و سوێندخواردن کرد: «ئەو پیاوە ناناسم!»

دەستبەجێ کەڵەشێر خوێندی. 75 ئەوسا پەترۆس قسەکانی عیسای بیرکەوتەوە کە فەرمووی: «پێش ئەوەی کەڵەشێر بخوێنێت، سێ جار نکۆڵیم لێ دەکەیت.» ئیتر چووە دەرەوە و بەکوڵ گریا.

عیسا دەدرێتە دەست پیلاتۆس

27 کاتێک ڕۆژبووەوە، هەموو کاهینانی باڵا و پیرانی گەل تەگبیریان لە عیسا کرد تاکو بیکوژن. جا بەستیانەوە و بردییان و دایانە دەست پیلاتۆسی فەرمانڕەوا.

یەهوزا خۆی دەکوژێ

ئینجا یەهوزا، ئەوەی بە گرتنی دا کە بینی عیسا بڕیاری بەسەردا درا، پەشیمان بووەوە، سی دراوە زیوەکەی بۆ کاهینانی باڵا و پیران گەڕاندەوە و گوتی: «گوناهم کرد کە خوێنێکی بێتاوانم بە گرتن دا.» گوتیان: «بە ئێمە چی؟ خۆت دەزانیت.»

ئەویش زیوەکانی لە پەرستگادا فڕێدا و ڕۆیی، چوو خۆی هەڵواسی[e].

بەڵام کاهینانی باڵا دراوە زیوەکانیان هەڵگرتەوە و گوتیان: «دروست نییە بیخەینە گەنجینەی پەرستگاوە، چونکە نرخی خوێنە.» ئینجا تەگبیریان کرد و کێڵگەی گۆزەکەرەکەیان بۆ گۆڕستانی بێگانان پێی کڕی. لەبەر ئەوە ئەو کێڵگەیە تاکو ئەمڕۆش پێی دەگوترێ کێڵگەی خوێن. ئەوسا ئەوەی بەهۆی پێغەمبەر یەرمیا گوتراوە، هاتە دی: [سی پارچە زیوەکەیان برد، ئەم نرخە لەلایەن کوڕەکانی ئیسرائیل لەسەری خەمڵێنرا، 10 ئینجا بە کێڵگەی گۆزەکەرەکەیان دا، وەک یەزدان فەرمانی پێدام.[f]]

پیلاتۆس پرسیار لە عیسا دەکات

11 عیساش لەبەردەم فەرمانڕەوا ڕاوەستا، فەرمانڕەوا لێی پرسی، گوتی: «ئایا تۆ پاشای جولەکەی؟»

عیساش فەرمووی: «تۆ دەڵێیت.»

12 کاتێک کاهینانی باڵا و پیران سکاڵایان لێی دەکرد، هیچ وەڵامی نەدەدایەوە. 13 پیلاتۆس پێی گوت: «ئایا گوێت لێ نییە چەند شایەتیت لەسەر دەدەن؟» 14 بەڵام عیسا تەنانەت بە وشەیەکیش وەڵامی نەدایەوە، فەرمانڕەواش زۆر سەرسام بوو.

بڕیاری لەخاچدانی عیسا

15 لە هەر جەژنێکدا فەرمانڕەوا کردبوویە نەریت بەگوێرەی خواستی خەڵکەکە بەندکراوێک ئازاد بکات. 16 لەو کاتەدا گیراوێکی بەناوبانگیان هەبوو، ناودەبردرا باراباس. 17 لەبەر ئەوە کاتێک کۆببوونەوە، پیلاتۆس لێی پرسین: «کێتان دەوێ بۆتانی بەربدەم، باراباس یان عیسا، ئەوەی پێی دەگوترێ مەسیح؟» 18 چونکە زانی لەبەر ئیرەیی عیسایان بە گرتن دابوو.

19 کاتێک لەسەر تەختی دادگایی دانیشتبوو، ژنەکەی هەواڵی بۆ نارد: «هیچ لەو بێتاوانە مەکە، چونکە ئەمڕۆ لە خەوندا لەبەر ئەو زۆر ئازارم چێژتووە.»

20 بەڵام کاهینانی باڵا و پیران خەڵکەکەیان جۆشدا کە داوای باراباس بکەن و عیسا لەناوببەن.

21 فەرمانڕەوا وەڵامی دانەوە: «لەم دووانە کامەتان دەوێ بۆتان ئازاد بکەم؟» گوتیان: «باراباس.»

22 پیلاتۆس لێی پرسین: «ئەی چی لە عیسا بکەم، ئەوەی پێی دەگوترێ مەسیح؟»

هەموو گوتیان: «با لە خاچ بدرێت!»

23 ئەویش گوتی: «بۆ؟ چ خراپەیەکی کردووە؟»

بەڵام زیاتر هاواریان دەکرد: «با لە خاچ بدرێت!»

24 پیلاتۆس بینی سوودی نییە و خەریکە ئاژاوە ڕوودەدات، ئاوی هێنا و لەبەردەم خەڵکەکە دەستی شوشت و گوتی: «لە خوێنی ئەمە بێتاوانم! لە ئەستۆی ئێوەیە!»

25 گەل هەموو وەڵامیان دایەوە: «با خوێنی لە ئەستۆی ئێمە و منداڵمان بێت!»

26 ئەوسا باراباسی بۆ ئازاد کردن، بەڵام فەرمانی دا کە عیسا بدرێتە بەر قامچی و پاشان لە خاچ بدرێت.

سەربازەکان گاڵتە بە عیسا دەکەن

27 سەربازەکانی فەرمانڕەوا عیسایان بۆ کۆشکی فەرمانڕەوا برد و تەواوی سەربازەکان لە دەوری کۆبوونەوە. 28 ڕووتیان کردەوە و کەوایەکی سووریان دایێ. 29 هەروەها تاجێکی دڕکیان هۆنییەوە و لە سەریان کرد، قامیشێکیان دایە دەستی ڕاستی، لەبەردەمی چۆکیان دادا و گاڵتەیان پێ کرد و دەیانگوت: «سڵاو ئەی پاشای جولەکە!» 30 تفیان لێکرد، قامیشەکەیان برد و بە سەریاندا کێشا. 31 دوای ئەوەی گاڵتەیان پێکرد، کەواکەیان لەبەر داکەند و کراسەکەی خۆیان لەبەرکردەوە، بردییان تاوەکو لە خاچی بدەن.

لەخاچدان و مردنی عیسا

32 کاتێک دەهاتنە دەرەوە پیاوێکی کورێنییان[g] بینی ناوی شیمۆن بوو، ناچاریان کرد خاچەکەی ئەو هەڵبگرێت. 33 کە گەیشتنە ئەو شوێنەی پێی دەگوترا گولگۆسا، ناونراوە شوێنی کاسەسەر، 34 شەرابی تێکەڵ بە زراویان دایە عیسا تاکو بیخواتەوە، کە تامی کرد نەیویست بیخواتەوە. 35 کە لە خاچیان دا، بە تیروپشک کراسەکەیان دابەش کرد. 36 ئینجا لەوێ دانیشتن و ئێشکیان بۆ گرت. 37 لەژوور سەرییەوە تاواننامەکەی ئەویان دانا کە نووسرابوو: «ئەمە عیسایە، پاشای جولەکە.» 38 ئەوسا دوو دز لەگەڵی لە خاچ درابوون، یەکێک لەلای ڕاستی و ئەوەی دیکەش لەلای چەپی. 39 ئەوانەی بەوێدا تێدەپەڕین، جنێویان پێی دەدا و سەریان بادەدا، 40 دەیانگوت: «ئەی ڕووخێنەری پەرستگا و بنیادنەرەوەی لە سێ ڕۆژدا، خۆت ڕزگار بکە! ئەگەر تۆ کوڕی خودای، لە خاچەکە دابەزە!»

41 بە هەمان شێوە کاهینانی باڵا لەگەڵ مامۆستایانی تەورات و پیران گاڵتەیان پێدەکرد: 42 «خەڵکی دیکەی ڕزگار کرد، بەڵام ناتوانێ خۆی ڕزگار بکات! پاشای ئیسرائیلە! با ئێستا لە خاچەکە دابەزێت، باوەڕی پێدەهێنین. 43 پشتی بە خودا بەست، با ئێستا ڕزگاری بکات، ئەگەر ئەمی دەوێت، چونکە گوتی: ”من کوڕی خودام.“» 44 دزەکانیش کە لەگەڵی لە خاچ درابوون گاڵتەیان پێدەکرد.

مردنی عیسا

45 لە کاتژمێر دوازدەوە[h] هەتا سێ[i]، تاریکایی بەسەر هەموو زەوییەوە بوو. 46 نزیکەی کاتژمێر سێ عیسا بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد: «[ئێلی، ئێلی، لەما شەبەقتانی؟]» واتە: [خودای من، خودای من، بۆ وازت لێ هێنام؟][j]

47 هەندێک لەوانەی لەوێ ڕاوەستابوون و گوێیان لێی بوو، گوتیان: «ئەوە بانگی ئەلیاس دەکات!»

48 دەستبەجێ یەکێک لەوان ڕایکرد و ئیسفەنجێکی هەڵگرت، خستییە ناو سرکەوە و کردی بەسەر قامیشێکەوە و پێیدا تاکو بیخواتەوە، 49 بەڵام ئەوانی دیکە گوتیان: «لێگەڕێ، با بزانین ئەلیاس دێت ڕزگاری بکات.»

50 عیساش بە دەنگێکی بەرز هاواری کردەوە و گیانی سپارد.

51 لەو کاتەدا پەردەی پەرستگاش لە سەرەوە هەتا خوارەوە شەقبوو و بوو بە دوو پارچە. زەوی لەرزی و بەرد درزیان برد و 52 گۆڕەکان کرانەوە، زۆرێک لە لاشەی گەلی پیرۆزی خودا کە مردبوون هەستانەوە. 53 دوای هەستانەوەی عیسا لە گۆڕەکان هاتنە دەرەوە و چوونە ناو شاری پیرۆز، بۆ زۆر کەسیش دەرکەوتن.

54 سەرپەلەکە و ئەوانەی لەگەڵ ئەو چاودێری عیسایان دەکرد، بوومەلەرزەکە و ئەو شتانەیان بینی کە ڕوویدا، زۆر ترسان و گوتیان: «بەڕاستی ئەمە کوڕی خودا بوو!»

55 زۆر ژن لەوێ بوون، لە دوورەوە تەماشایان دەکرد، ئەوانەی لە جەلیلەوە دوای عیسا کەوتبوون و خزمەتیان دەکرد، 56 مریەمی مەجدەلی و مریەمی دایکی یاقوب و یوسف، لەگەڵ دایکی کوڕەکانی زەبدی لەنێویان بوون.

ناشتنی عیسا

57 دەمەو ئێوارە پیاوێکی دەوڵەمەندی خەڵکی ڕامە هات، ناوی یوسف بوو، ئەو خۆی قوتابی عیسا بوو. 58 چوو بۆ لای پیلاتۆس و داوای تەرمەکەی عیسای لێکرد، ئینجا پیلاتۆس فەرمانی دا بیدرێتێ. 59 یوسفیش تەرمەکەی برد و بە کەتانی پاک پێچای و 60 لەو گۆڕە نوێیەی خۆی ناشتی کە لە بەرد هەڵکەنرا بوو، ئینجا بەردێکی گەورەی گلۆر کردەوە سەر دەرگای گۆڕەکە و ڕۆیشت. 61 مریەمی مەجدەلی و مریەمەکەی دیکەش لەوێ بوون، بەرامبەر گۆڕەکە دانیشتبوون.

ئێشکگرتنی گۆڕی عیسا

62 بۆ بەیانی[k] کە دوای ڕۆژی خۆ ئامادەکردنە، کاهینانی باڵا و فەریسییەکان لەلای پیلاتۆس کۆبوونەوە، 63 گوتیان: «گەورەم، هاتەوە بیرمان ئەو چەواشەکارە کاتێک زیندوو بوو گوتی: ”دوای سێ ڕۆژ هەڵدەستمەوە.“ 64 جا فەرمان بدە هەتا ڕۆژی سێیەم گۆڕەکەی پاس بکرێت، نەوەک قوتابییەکانی بێن و بیدزن، ئەوسا بە گەل بڵێن لەنێوان مردووان هەستاوەتەوە. جا چەواشەی دوایی لەوەی یەکەم خراپتر دەبێت.»

65 پیلاتۆسیش گوتی: «پاسەوانتان هەیە، بڕۆن چۆنتان پێ باشە وا پاسی بکەن.» 66 ئەوانیش چوون گۆڕەکەیان پاس کرد، مۆریان لە بەردەکە دا و پاسەوانیان دانا.

زیندووبوونەوەی عیسا

28 دوای شەممە لە بەرەبەیانی یەکەم ڕۆژی هەفتەدا، مریەمی مەجدەلی و مریەمەکەی دیکە هاتن تەماشای گۆڕەکە بکەن.

لەناکاو بوومەلەرزەیەکی بەهێز ڕوویدا، چونکە فریشتەیەکی یەزدان لە ئاسمانەوە هاتە خوارەوە، چوو بەردەکەی گلۆر کردەوە و لەسەری دانیشت. ڕوخساری وەک بروسکە وابوو، جلەکانی وەک بەفر سپی بوون. پاسەوانەکان لە ترسی ئەو لەرزین و وەک مردوویان لێ هات.

بەڵام فریشتەکە بە ژنەکانی گوت: «مەترسن، چونکە دەزانم بە شوێن عیسای لەخاچدراودا دەگەڕێن. ئەو لێرە نییە، وەک خۆی فەرمووی، هەستێنراوەتەوە. وەرن سەیری ئەو شوێنە بکەن کە لێی درێژکرابوو. خێرا بڕۆن و بە قوتابییەکانی بڵێن: ”ئەو لەنێو مردوواندا هەستێنراوەتەوە، پێش ئێوە دەچێتە جەلیل، لەوێ دەیبینن.“ ئەوەتا پێم گوتن.»

ئەوانیش خێرا لەلای گۆڕەکە ڕۆیشتن، بە ترس و خۆشییەکی گەورەوە ڕایانکرد، تاوەکو هەواڵ بدەنە قوتابییەکانی. ئەوە بوو عیسا تووشیان هات: «سڵاو!» ئەمانیش چوونە پێشەوە، پێی عیسایان گرت و کڕنۆشیان بۆ برد. 10 عیسا پێی فەرموون: «مەترسن، بڕۆن بە باوەڕداران بڵێن با بچنە جەلیل، لەوێ دەمبینن.»

قسەی پاسەوانەکان

11 کە دەڕۆیشتن، هەندێک لە پاسەوانەکان هاتنە ناو شار و ئەوەی ڕوویدابوو بۆ کاهینانی باڵایان گێڕایەوە. 12 ئەوانیش لەگەڵ پیران کۆبوونەوە و ڕاوێژیان کرد، زیوێکی زۆریان دایە سەربازەکان و 13 گوتیان: «بڵێن، ”کاتێک ئێمە خەوتبووین، قوتابییەکانی لە شەودا هاتن و دزییان.“ 14 ئەگەر ئەمەش لەلای فەرمانڕەوا بیسترا، ئەوا ڕازی دەکەین و لە گرفتەکە دەتانپارێزین.» 15 ئەوانیش زیوەکەیان وەرگرت و چۆن فێرکران، وایانکرد، ئیتر ئەم قسەیە هەتا ئەمڕۆش لەناو جولەکەدا بڵاو بووەتەوە.

دەرکەوتنی عیسا بۆ قوتابییەکان

16 ئیتر یازدە قوتابییەکە چوونە جەلیل، بۆ ئەو کێوەی عیسا فەرمانی پێدابوون. 17 کاتێک بینییان کڕنۆشیان بۆ برد، بەڵام هەندێکیان گومانیان کرد. 18 عیسا لێیان نزیک بووەوە و قسەی بۆ کردن: «هەموو دەسەڵاتێکم لە ئاسمان و لەسەر زەوی دراوەتێ. 19 کەواتە بڕۆن، هەموو نەتەوەکان بکەنە قوتابی، بە ناوی باوک و کوڕ و ڕۆحی پیرۆز لە ئاویان هەڵبکێشن، 20 فێریان بکەن با کار بکەن بە هەموو ئەو شتانەی کە ڕامسپاردوون. دڵنیابن من هەموو ڕۆژێک لەگەڵتانم، هەتا کۆتایی زەمان.»

دەرکەوتنی یەحیای کوڕی زەکەریا

سەرەتای مزگێنی عیسای مەسیحی کوڕی خودا.

لە پەڕتووکی ئیشایای پێغەمبەردا نووسراوە:

[من نێردراوی خۆم لەپێشتەوە دەنێرم،
    ئەوەی ڕێگات بۆ ئامادە دەکات،][l]
[کەسێک لە چۆڵەوانی هاوار دەکات و دەڵێت:
«ڕێگا بۆ هاتنی یەزدان ئامادە بکەن،
    ڕێچکەکانی بۆ ڕێکبخەن.»][m]

یەحیا هات، لە چۆڵەوانیدا خەڵکی لە ئاو هەڵدەکێشا و جاڕی لەئاوهەڵکێشانی[n] تۆبەکردنی دەدا بۆ گوناه بەخشین. خەڵکی هەموو گوندەکانی یەهودیا و هەموو ئۆرشەلیم دەهاتنە لای یەحیا، دانیان بە گوناهەکانیاندا دەنا و لە ڕووباری ئوردون لەلایەن ئەوەوە لە ئاو هەڵدەکێشران. جلوبەرگی یەحیا لە مووی وشتر بوو، پشتێنێکی چەرمیشی لە کەمەری دەبەست، کوللە و هەنگوینی کێوی دەخوارد. ئەمە پەیامەکەی ئەو بوو: «لەدوای من کەسێک دێت کە زۆر لە من بەهێزترە کە تەنانەت شایانی ئەوە نیم دابنەوێمەوە و قەیتانی پێڵاوەکانی بۆ بکەمەوە. من لە ئاوتان هەڵدەکێشم، بەڵام ئەو لە ڕۆحی پیرۆزتان هەڵدەکێشێت[o]

لەئاوهەڵکێشانی عیسا

لەو ڕۆژانەدا عیسا لە ناسیرەوە هات، کە سەر بە ناوچەی جەلیلە و لەسەر دەستی یەحیا لە ڕووباری ئوردون لە ئاو هەڵکێشرا. 10 هەر کە عیسا لە ئاوەکە هاتە دەرەوە، بینی ئاسمان شەقبوو، ڕۆحی پیرۆزیش وەک کۆترێک لەسەری نیشتەوە. 11 دەنگێکیش لە ئاسمانەوە هات: «تۆ کوڕی خۆشەویستمی، بە تۆ زۆر دڵشادم.»

12 دەستبەجێ ڕۆحی پیرۆز عیسای بەرەو چۆڵەوانی برد. 13 چل ڕۆژ لە چۆڵەوانیدا لەنێوان ئاژەڵانی کێویدا بوو، شەیتان تاقی دەکردەوە، فریشتەکانیش خزمەتیان دەکرد.

هەڵبژاردنی قوتابییەکان

14 دوای دەستگیرکردنی یەحیا، عیسا هاتە جەلیل و مزگێنی خودای ڕادەگەیاند و 15 دەیفەرموو: «کاتەکە هاتووەتە دی و پاشایەتی خودا نزیک بووەتەوە. تۆبە بکەن، باوەڕ بەم مزگێنییە بهێنن.»

16 کاتێک عیسا لە کەناری دەریاچەی جەلیل دەڕۆیشت، شیمۆن و ئەندراوسی برای بینی، تۆڕیان فڕێدەدایە دەریاچەکە، چونکە ماسیگر بوون. 17 عیسا پێی فەرموون: «وەرن دوام بکەون، دەتانکەم بە ڕاوکەری مرۆڤ[p] 18 دەستبەجێ تۆڕەکانیان بەجێهێشت و دوای کەوتن.

19 ئینجا کەمێک دوورکەوتەوە، یاقوبی کوڕی زەبدی و یۆحەنای برای بینی، لەناو بەلەمدا تۆڕەکەی خۆیان چاکدەکردەوە. 20 یەکسەر بانگی کردن، ئەوانیش زەبدی باوکیان لەگەڵ کرێکاران لەناو بەلەمەکە بەجێهێشت و دوای کەوتن.

دەرکردنی ڕۆحی پیس

21 ئینجا چوونە کەفەرناحوم. لە ڕۆژی شەممەدا عیسا چووە کەنیشت و دەستی کرد بە فێرکردنی خەڵک. 22 خەڵکی لە فێرکردنەکەی سەرسام بوون، چونکە وەک دەسەڵاتدارێک فێری دەکردن، نەک وەکو مامۆستایانی تەورات[q]. 23 لە کەنیشتەکەیاندا یەکێکی لێبوو ڕۆحی پیسی تێدابوو، لەپڕ هاواری کرد، 24 گوتی: «عیسای ناسیرەیی، چیت لێمان دەوێت؟ هاتووی لەناومان ببەیت؟ دەزانم تۆ کێیت، پیرۆزەکەی خودایت!»

25 عیسا لێی ڕاخوڕی و فەرمووی: «بێدەنگ بە! لێی وەرە دەرەوە!» 26 ڕۆحە پیسەکەش فێی لە پیاوەکە هێنا و بە دەنگی بەرز هاواری کرد و لێی هاتە دەرەوە.

27 هەموو سەرسام بوون و کەوتنە پرسیار لە یەکتری: «ئەمە چییە؟ فێرکردنێکی نوێیە بە دەسەڵاتەوە! فەرمان بە ڕۆحە پیسەکانیش دەدات و گوێڕایەڵی دەبن.» 28 یەکسەر ناوبانگی بە هەموو ناوچەی دەوروبەری جەلیلدا بڵاو بووەوە.

چاککردنەوەی خەڵکێکی زۆر

29 کاتێک عیسا لەگەڵ یاقوب و یۆحەنا کەنیشتەکەیان بەجێهێشت، چوونە ماڵی شیمۆن و ئەندراوس. 30 خەسووی شیمۆن لەناو جێگا کەوتبوو، تای هەبوو، خێرا باسی ئەویان بۆ عیسا کرد. 31 ئەویش هات، دەستی گرت و هەڵیستاندەوە. تایەکە بەریدا و دەستی بە خزمەتکردنیان کرد.

32 ئەو ئێوارەیە لەپاش ڕۆژئاوابوون، هەموو نەخۆش و ئەو کەسانەیان بۆ دەهێنا کە ڕۆحی پیسیان تێدابوو. 33 هەموو دانیشتووانی شارەکە لەبەر دەرگا کۆبوونەوە، 34 عیسا ژمارەیەکی زۆر نەخۆشی بە جۆرەها دەردەوە چاککردەوە و زۆر ڕۆحی پیسیشی دەرکرد و نەیهێشت ڕۆحە پیسەکان بدوێن، چونکە دەیانزانی کێیە.

مزگێنیدان لە ناوچەی جەلیل

35 بەرەبەیانی ڕۆژی دواتر کە هێشتا تاریک بوو، عیسا هەستا و چووە شوێنێکی چۆڵ و لەوێ دەستی کرد بە نوێژکردن. 36 شیمۆن و هاوڕێکانی بە شوێنیدا گەڕان، 37 کە دۆزییانەوە پێیان گوت: «هەموو خەڵکەکە بەدواتدا دەگەڕێن.»

38 عیسا پێی فەرموون: «وەرن، با بڕۆین بۆ دێیەکانی دەوروپشت، تاکو لەوێش پەیامەکەم ڕابگەیەنم، چونکە من بۆ ئەمە هاتووم.» 39 ئینجا ڕۆیشت و لە هەموو جەلیلدا لەناو کەنیشتەکانیان پەیامی خودای ڕادەگەیاند و ڕۆحی پیسی دەردەکرد.

چاککردنەوەی نەخۆشی گولی

40 پیاوێک هاتە لای عیسا کە نەخۆشی گولی هەبوو و لێی پاڕایەوە، چۆکی دادا و پێی گوت: «ئەگەر بتەوێت، دەتوانیت پاکم بکەیتەوە.»

41 عیسا دڵی پێی سووتا و دەستی بۆ درێژکرد و دەستی لێدا و پێی فەرموو: «دەمەوێت. پاک بەرەوە!» 42 دەستبەجێ گولییەکەی لێبووەوە و پاک بووەوە.

43 دوای ئەوەی کە عیسا پیاوەکەی بە توندی ئاگادار کردەوە، دەستبەجێ بەڕێی کرد، 44 پێی فەرموو: «ئاگاداربە، هیچ شتێک بە کەس مەڵێ، بەڵام بڕۆ خۆت بە کاهین[r] پیشان بدە و بۆ پاکبوونەوەکەت ئەو قوربانییەی موسا فەرمانی کردووە بیکە، وەک شایەتییەک بۆیان.» 45 بەڵام ئەو ڕۆیشت و دەستی بە جاڕدان و بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە کرد، لەبەر ئەوە عیسا نەیتوانی بە ئاشکرا بچێتە ناو شار، بەڵکو لە دەرەوە لە شوێنە چۆڵەکاندا بوو و خەڵکیش لە هەموو لایەکەوە دەهاتنە لای.

چاککردنەوەی ئیفلیجێک

پاش چەند ڕۆژێک عیسا هاتەوە ناو کەفەرناحوم، جا بیسترا کە لە ماڵەوەیە. خەڵکێکی زۆر کۆبوونەوە، بە شێوەیەک لە بەردەرگاش شوێن نەمابوو. ئەویش وشەی خودای بۆیان ڕاگەیاند. لەو کاتەدا ئیفلیجێکیان هێنایە لای، بە چوار کەس هەڵیانگرتبوو. بەڵام بەهۆی زۆری خەڵکەکەوە نەیانتوانی لێی نزیک ببنەوە. جا کونێکی گەورەیان کردە سەربانی ئەو شوێنەی کە عیسای لێبوو و نوێنەکەیان شۆڕکردەوە کە پیاوە ئیفلیجەکەی لەسەر بوو.

کاتێک عیسا باوەڕی ئەوانی بینی، بە ئیفلیجەکەی فەرموو: «کوڕم، گوناهەکانت بەخشران.»

هەندێک مامۆستایانی تەورات لەوێ دانیشتبوون، لە دڵی خۆیاندا بیریان دەکردەوە: «بۆچی ئەمە بەم شێوەیە دەدوێت؟ کفر دەکات! بێجگە لە خودا کێ دەتوانێت گوناه ببەخشێت؟»

دەستبەجێ عیسا لە ناخی خۆیدا زانی لە دڵی خۆیاندا بەو جۆرە بیر دەکەنەوە، پێی فەرموون: «بۆچی لە دڵتاندا بیر لەم شتانە دەکەنەوە؟ کامیان ئاسانترە، بە ئیفلیجەکە بڵێی: ”گوناهەکانت بەخشران،“ یان بڵێی: ”هەستە، نوێنەکەت هەڵگرە و بڕۆ“؟ 10 بەڵام تاکو بزانن، کوڕی مرۆڤ[s] لەسەر زەوی دەسەڵاتی هەیە گوناه ببەخشێت،…» ئینجا بە ئیفلیجەکەی فەرموو: 11 «پێت دەڵێم: هەستە، نوێنەکەت هەڵگرە و بڕۆرەوە ماڵەوە.» 12 ئەویش یەکسەر هەستا و نوێنەکەی هەڵگرت و لەبەرچاوی هەموویان چووە دەرەوە. بە شێوەیەک هەموو سەرسام بوون و ستایشی خودایان کرد، گوتیان: «هەرگیز شتی وامان نەبینیوە!»

عیسا لێڤی بانگهێشت دەکات

13 دیسان عیسا چووە سەر کەناری دەریاچەکە، خەڵکەکە هەموو لێی کۆبوونەوە و ئەویش فێری دەکردن. 14 لە کاتی ڕۆیشتنیدا، لێڤی کوڕی حەلفی بینی لە شوێنی باجگری دانیشتبوو، پێی فەرموو: «دوام کەوە.» ئەویش هەستا و دوای کەوت.

15 کاتێک لە ماڵی ئەو دانیشتبوو زۆر لە باجگران و گوناهباران لەگەڵ عیسا و قوتابییەکانی لەسەر خوان بوون، چونکە ژمارەی ئەوانە زۆر بوو کە دوای کەوتبوون. 16 کاتێک مامۆستایانی تەورات کە فەریسی بوون بینییان عیسا وا لەگەڵ گوناهبار و باجگران نان دەخوات، بە قوتابییەکانیان گوت: «بۆچی لەگەڵ باجگر و گوناهباران نان دەخوات؟»

17 کە عیسا گوێی لەمە بوو، پێی فەرموون: «لەشساغ پێویستی بە پزیشک نییە، بەڵکو نەخۆش. نەهاتووم ڕاستودروستان بانگهێشت بکەم، بەڵکو گوناهباران.»

دەربارەی ڕۆژوو

18 کاتێک قوتابییەکانی یەحیا و فەریسییەکان بەڕۆژوو بوون، چەند کەسێک هاتنە لای عیسا و لێیان پرسی: «بۆچی قوتابییەکانی یەحیا و قوتابی فەریسییەکان بەڕۆژوو دەبن، بەڵام قوتابییەکانی تۆ بەڕۆژوو نابن؟»

19 عیساش پێی فەرموون: «ئایا بانگهێشتکراوانی زەماوەند دەتوانن بەڕۆژوو بن کاتێک زاوا لەگەڵیاندایە؟ هەتا زاوا لەگەڵیاندا بێت ناتوانن بەڕۆژوو بن. 20 بەڵام ڕۆژێک دێت کە زاوایان لێ دوور دەخرێتەوە، ئەوسا لەو ڕۆژەدا بەڕۆژوو دەبن.

21 «کەس کراسی کۆن بە پەڕۆیەک کە نەچووبێتە ئاو پینە ناکات، چونکە پینە نوێیەکە لە کراسە کۆنەکە ڕادەکێشێت و دڕاویەکە خراپتر دەبێت. 22 کەسیش شەرابی نوێ ناکاتە ناو مەشکەی کۆنەوە، نەوەک شەرابەکە مەشکەکە بدڕێنێت، شەرابەکە دەڕژێت و مەشکەکەش لەناودەچێت. بەڵکو شەرابی نوێ دەکرێتە ناو مەشکەی نوێوە.»

گەورەی ڕۆژی شەممە

23 لە ڕۆژی شەممەدا عیسا بەناو دەغڵدا تێدەپەڕی، قوتابییەکانی بە ڕێگاوە دەستیان کرد بە گوڵەگەنم لێکردنەوە. 24 فەریسییەکان پێیان گوت: «بڕوانە، بۆچی شتێک دەکەن کە لە شەممەدا دروست نییە؟»

25 عیساش وەڵامی دانەوە: «ئایا نەتانخوێندووەتەوە داود چی کرد کاتێک خۆی و ئەوانەی لەگەڵی بوون کەوتنە تەنگانە و برسییان بوو؟ 26 لە سەردەمی ئەبیاتاری سەرۆک کاهین، داود چووە ناو ماڵی خودا و نانی تەرخانکراوی[t] خوارد، دایە ئەوانەش کە لەگەڵی بوون، ئەو نانەی کە دروست نییە بخورێت بۆ کاهینان نەبێت.»

27 ئینجا پێی فەرموون: «شەممە بۆ مرۆڤ بەدیهێنراوە، نەوەک مرۆڤ بۆ شەممە. 28 کەواتە کوڕی مرۆڤ گەورەی ڕۆژی شەممەیە.»

چاککردنەوەی نەخۆش لە شەممە

دیسان عیسا چووەوە ناو کەنیشتێک، لەوێ پیاوێکی لێبوو دەستی وشک ببوو، جا چاودێرییان دەکرد بزانن لە شەممەدا چاکی دەکاتەوە، تاکو سکاڵای لێ بکەن. عیسا بە پیاوە دەست وشکبووەکەی فەرموو: «لەناوەڕاستدا ڕابوەستە.»

ئینجا پێی فەرموون: «ئایا لە شەممەدا کاری چاکە دروستە یان کاری خراپە؟ ژیان بەخشین یان کوشتن؟» کەچی بێدەنگ بوون.

بە تووڕەییەوە ئاوڕی لێیان دایەوە، لەبەر دڵڕەقییان خەمبار بوو، بە پیاوەکەی فەرموو: «دەستت درێژ بکە.» ئەویش درێژی کرد و دەستی چاک بووەوە. فەریسییەکان هاتنە دەرەوە و یەکسەر لەگەڵ هێرۆدسییەکان تەگبیریان کرد چۆن بیکوژن.

عیسا و قوتابییەکانی بەرەو دەریاچەکە هەڵکشان، خەڵکێکی زۆر لە جەلیل و یەهودیاوە دوای کەوتن، هەروەها لە ئۆرشەلیم و لە ئادومیا و ئەوبەری ئوردون[u] و دەوروبەری سور و سەیداوە هاتنە لای، خەڵکێکی زۆر هەموو ئەو شتانەیان بیستبوو کە دەیکرد. ئەویش بە قوتابییەکانی فەرموو کە بەلەمێکی بۆ ئامادە بکەن، بۆ ئەوەی خەڵکەکە پاڵەپەستۆی نەخەنە سەر. 10 لەبەر ئەوەی خەڵکێکی زۆری چاککردەوە، وای لێهات هەموو دەردەدارەکان بەرەو ڕووی دەهاتن تاکو دەستی لێبدەن. 11 ئەو کەسانەی کە ڕۆحی پیسیان تێدابوو، کاتێک دەیانبینی کڕنۆشیان بۆ دەبرد و هاواریان دەکرد: «تۆ کوڕی خودای!» 12 ئەویش بە توندی فەرمانی پێدەدان کە ئاشکرای نەکەن.

هەڵبژاردنی دوازدە نێردراوەکە

13 عیسا چووە سەر شاخێک و ئەوانەی بانگکرد کە خۆی ویستنی، ئەوانیش چوونە لای. 14 دوازدەی دیاری کرد و ناوی لێنان نێردراوان، تاکو لەگەڵی بن و بۆ جاڕدان بیاننێرێت و 15 دەسەڵاتیان هەبێت بۆ دەرکردنی ڕۆحی پیس. 16 ئەم دوازدە کەسەی دیاری کرد: شیمۆنی ناونا پەترۆس، 17 یاقوبی کوڕی زەبدی و یۆحەنای برای کە ناوی لێنان بوانەرگس، واتە کوڕانی هەورەتریشقە، 18 ئەندراوس و فیلیپۆس و بەرتۆلماوس و مەتا و تۆماس و یاقوبی حەلفی و تەداوس و شیمۆنی کانەوی[v] و 19 یەهوزای ئەسخەریوتی کە عیسای بە گرتن دا.

عیسا و سەرۆکی ڕۆحە پیسەکان

20 عیسا چووە ماڵێک و دیسان خەڵکێکی زۆریان لێ کۆبووەوە، بە شێوەیەک نەیانتوانی نان بخۆن. 21 کاتێک کەسوکاری بیستیان، هاتن بیگرن، چونکە دەیانگوت: «مێشکی تێکچووە.»

22 مامۆستایانی تەوراتیش کە لە ئۆرشەلیمەوە هاتبوون، گوتیان: «بەعل‌زەبول[w] دەستی بەسەردا گرتووە، بە سەرۆکی ڕۆحە پیسەکان، ڕۆحی پیس دەردەکات.»

23 عیسا بانگی کردن و بە نموونە قسەی بۆ کردن: «شەیتان چۆن دەبێت شەیتان دەربکات؟ 24 ئەگەر شانشینێک دووبەرەکی تێدابێت، ئەو شانشینە خۆی ڕاناگرێت. 25 ئەگەر ماڵێکیش دووبەرەکی تێدابێت، ئەو ماڵە خۆی ڕاناگرێت. 26 ئەگەر شەیتان لە خۆی هەڵگەڕایەوە و دووبەرەکی تێکەوت، خۆی ڕاناگرێت، بەڵکو کۆتایی پێ دێت. 27 کەسیش ناتوانێت بچێتە ماڵی بەهێزێک و شتەکانی تاڵان بکات، ئەگەر یەکەم جار نەیبەستێتەوە، ئینجا ماڵەکەی تاڵان بکات. 28 ڕاستیتان پێ دەڵێم: هەموو گوناه و کفرکردنێکی مرۆڤ کە دەیکات دەبەخشرێن، 29 بەڵام ئەوەی سەبارەت بە ڕۆحی پیرۆز کفر بکات، هەرگیز نابەخشرێت، بەڵکو بە گوناهێکی هەتاهەتاییەوە تاوانبارە.» 30 ئەمەی گوت چونکە دەیانگوت: «ڕۆحی پیسی هەیە.»

دایک و براکانی عیسا

31 دایک و براکانی عیسا هاتن، لە دەرەوە ڕاوەستان و ناردیان بەدوایدا. 32 خەڵکیش لە دەوروبەری دانیشتبوون، پێیان گوت: «وا دایک و براکانت لە دەرەوە بەدواتدا دەگەڕێن.»

33 وەڵامی دانەوە و فەرمووی: «دایکم کێیە و براکانم کێن؟»

34 چاوی گێڕا بەسەر ئەوانەی لە دەوروپشتی دانیشتبوون و فەرمووی: «دایک و برای من ئەمانەن. 35 ئەوەی بە خواستی خودا بکات، خوشک و برا و دایکمە.»

نموونەی جوتیارێک

دیسان عیسا لە کەناری دەریاچەی جەلیل دەستی کرد بە فێرکردنی خەڵک، خەڵکێکی ئێجگار زۆر لێی کۆبووەوە، تاکو وای لێهات چووە ناو بەلەمێکی ناو ئاوەکە دانیشێت، هەموو خەڵکەکەش لە نزیک ئاوەکە لەسەر وشکانی بوون. بە نموونە زۆر شتی فێرکردن، لە فێرکردنەکەیدا پێیانی فەرموو: «گوێ بگرن، جوتیارێک چووە دەرەوە تۆو بکات. کە تۆوی دەوەشاند، هەندێکی کەوتنە سەر ڕێگا، باڵندەش هاتن و خواردیانن. هەندێکیش کەوتنە سەر زەوییەکی بەردەڵان کە خۆڵی کەم بوو، خێرا سەریان دەرکرد، چونکە زەوییەکەی قووڵ نەبوو. بەڵام کە ڕۆژ هەڵهات سووتان و وشک بوون، چونکە ڕەگیان نەبوو. هەندێکیشیان کەوتنە نێو دڕکان، دڕکەکان گەورە بوون و خنکاندیانن و بەرهەمیان نەدا. هەندێکیش کەوتنە سەر زەوییەکی باش، ڕوان، گەشەیان کرد و بەرهەمیان دا، یەک بە سی و یەک بە شەست و یەک بە سەد.»

ئینجا فەرمووی: «ئەوەی گوێی بیستنی هەیە، با ببیستێت!»

10 کاتێک بە تەنها بوو، ئەوانەی لە دەوروپشتی بوون لەگەڵ دوازدەکە[x]، دەربارەی نموونەکە لێیان پرسی. 11 ئەویش پێی فەرموون: «نهێنی شانشینی خودا بە ئێوە دراوە، بەڵام ئەوانەی لە دەرەوەن هەموو شتێکیان بە نموونە پێ دەگوترێت، 12 بۆ ئەوەی

«[بە سەیرکردن سەیر بکەن، بەڵام نەبینن،
    بە بیستن ببیستن، بەڵام تێنەگەن،
نەوەک بگەڕێنەوە و ببەخشرێن!][y]»

13 ئینجا پێی فەرموون: «ئایا لەم نموونەیە تێنەگەیشتن؟ باشە چۆن لە هەموو نموونەکان تێدەگەن؟ 14 جوتیارەکە پەیامی خودا تۆو دەکات. 15 هەندێک کەس وەکو ئەو تۆوانەن کە دەکەونە سەر ڕێگاکە، کە پەیامەکەیان لێ تۆو دەکرێت، کاتێک دەیبیستن دەستبەجێ شەیتان دێت و ئەو پەیامەیە دەبات کە تێیاندا تۆوکراوە. 16 ئەوانەی تر کە لەسەر بەردەڵانەکە تۆوکران، ئەوانەن کە پەیامەکە دەبیستن و یەکسەر بە خۆشییەوە وەریدەگرن، 17 بەڵام بۆ ماوەیەکی کەم دەمێنن چونکە ڕەگیان نییە، دواتر لەبەر پەیامەکە تووشی تەنگانە و چەوسانەوە دەبن، یەکسەر دەکەون. 18 ئەوانەی دیکە کە لەنێو دڕکەکاندا تۆوکران، ئەمانە ئەوەن کە پەیامەکە دەبیستن، 19 بەڵام خەمی ژیان و فریوخواردنی دەوڵەمەندی و ئارەزووی شتەکانی دیکە دێنە ناوەوە و پەیامەکە دەخنکێنن، ئیتر بێ بەرهەم دەبن. 20 ئەوانەی دیکە کە لەسەر زەوییەکی چاک تۆوکران، ئەوانەن کە پەیامەکە دەبیستن و وەریدەگرن و بەرهەم دەدەن، یەک بە سی و یەک بە شەست و یەک بە سەد.»

نموونەی چرا

21 ئینجا پێی فەرموون: «ئایا خەڵکی چرا هەڵدەکەن تاکو بیخەنە ژێر تەشت یان نوێنەوە؟ باشە لەسەر چرادان داینانێن؟ 22 چونکە هیچ شتێکی شاردراوە نییە ئاشکرا نەبێت و نهێنی نییە دەرنەکەوێت. 23 ئەگەر یەکێک گوێی هەیە بۆ بیستن، با ببیستێت.»

نموونەی پێوانە

24 هەروەها پێی فەرموون: «وردببنەوە لەوەی دەیبیستن. بەو پێوانەیەی ئێوە بۆ خەڵک دەیپێون، خودا بۆتان دەپێوێتەوە و زیاتریشتان دەداتێ، 25 چونکە ئەوەی هەیەتی، پێی دەدرێت، ئەوەش کە نییەتی، تەنانەت ئەوەی هەشیەتی لێی دەسەنرێتەوە.»

نموونەی گەشەکردنی تۆوێک

26 هەروەها فەرمووی: «شانشینی خودا لە مرۆڤێک دەچێت تۆو بوەشێنێتە سەر زەوی. 27 شەو دەخەوێت و ڕۆژ هەڵدەستێت، تۆوەکە سەر دەردەکات و گەشە دەکات، ئەویش نازانێت چۆن دەبێت. 28 زەوی لە خۆیەوە بەرهەم دەدات، یەکەم جار گیا، ئینجا گوڵەگەنم، پاشان لە گوڵەگەنمەکەدا گەنمی تەواو. 29 بەڵام کاتێک بەرەکە پێ دەگات، دەستبەجێ داسی لێ گیر دەکات، چونکە دروێنەی هاتووە.»

نموونەی دەنکە خەردەل

30 هەروەها فەرمووی: «شانشینی خودا لە چی دەچێت؟ بە چ نموونەیەک ڕوونی بکەینەوە؟ 31 شانشینی خودا وەک دەنکە خەردەلێکە[z]، کاتێک لەسەر زەوی تۆو دەکرێت، لە هەموو تۆوەکانی سەر زەوی بچووکترە. 32 کاتێک تۆو دەکرێت، گەشە دەکات و لە هەموو ڕووەکەکان گەورەتر دەبێت و لقی گەورە دەردەکات، بە شێوەیەک باڵندەی ئاسمان دەتوانن لەژێر سێبەریدا هێلانە بکەن.»

33 هەتا ئەو ئاستەی دەیانتوانی لێی تێبگەن، عیسا بە زۆر نموونەی لەو شێوەیە خەڵکی فێر دەکرد. 34 بەبێ نموونە قسەی بۆ نەدەکردن، بەڵام کاتێک بە تەنها دەبوو لەگەڵ قوتابییەکانی خۆی هەموو واتاکانی بۆ ڕوون دەکردنەوە.

هێمنکردنەوەی ڕەشەبا

35 لەو ڕۆژەدا، کاتێک ئێوارە داهات، پێی فەرموون: «با بپەڕینەوە ئەوبەر.» 36 ئەوانیش خەڵکەکەیان بەجێهێشت و وەکو خۆی بە بەلەمەکە بردیان، بەلەمی دیکەشی لەگەڵ بوو. 37 ئینجا ڕەشەبایەکی توند هەڵیکرد، شەپۆلەکان بە توندی لە بەلەمەکەیان دەدا، کە خەریک بوو پڕبێت لە ئاو. 38 عیسا لە دواوە سەری خستبووە سەر سەرینێک و خەوتبوو. هەڵیانساند و پێیان گوت: «مامۆستا، بەلاتەوە گرنگ نییە ئەگەر لەناوبچین؟»

39 ئەویش هەستا و لە ڕەشەباکەی ڕاخوڕی و بە دەریاچەکەی فەرموو: «بێدەنگ بە! هێمن بە!» ڕەشەباکە وەستا و بووە هێمنییەکی تەواو.

40 ئینجا پێی فەرموون: «بۆچی ئەوەندە دەترسن؟ هێشتا باوەڕتان نییە؟»

41 ئەوانیش تۆقین و بە یەکترییان دەگوت: «ئەمە کێیە؟ تەنانەت با و دەریاش گوێڕایەڵی دەبن!»

دەرکردنی ڕۆحی پیس

ئینجا گەیشتنە ئەوبەری دەریاچەکە، بۆ هەرێمی گەراسین. کاتێک عیسا لە بەلەمەکە دابەزی، یەکسەر لەناو گۆڕستان پیاوێکی تووشبوو ڕۆحی پیسی تێدابوو، لەناو گۆڕستاندا دەژیا، کەس نەیدەتوانی چیتر بیبەستێتەوە، تەنانەت بە زنجیریش. زۆر جار بە کۆت و زنجیر دەبەسترایەوە، بەڵام زنجیرەکانی دەپچڕاند و کۆتەکانیشی دەشکاند، کەس نەیدەتوانی بەسەریدا زاڵ بێت. شەو و ڕۆژ بەردەوام لەناو گۆڕستان و لە چیاکاندا بوو، هاواری دەکرد و بە بەرد لەشی خۆی بریندار دەکرد.

کاتێک لە دوورەوە عیسای بینی، ڕایکرد و کڕنۆشی بۆ برد. بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد: «چیت لە من دەوێت، ئەی عیسای کوڕی خودای هەرەبەرز؟ سوێندت دەدەم بە خودا، ئەشکەنجەم مەدە!» چونکە عیسا پێی فەرمووبوو: «ئەی ڕۆحی پیس، لە پیاوەکە وەرە دەرەوە!»

ئینجا لێی پرسی: «ناوت چییە؟»

پێی گوت: «ناوم لێگیۆنە[aa]، چونکە ئێمە زۆرین.» 10 زۆریش لە عیسا پاڕایەوە نەیاننێرێتە دەرەوەی ناوچەکە.

11 لەوێ ڕانە بەرازێکی گەورە لە قەد شاخەکە دەلەوەڕان، 12 ڕۆحە پیسەکان لە عیسا پاڕانەوە: «بماننێرە ناو بەرازەکان، با بچینە ناویان.» 13 ئەویش ڕێی پێدان. ڕۆحە پیسەکان هاتنە دەرەوە و چوونە ناو بەرازەکان، ئینجا ڕانەکە کە نزیکەی دوو هەزار دەبوون، بە خێرایی لە قەراغی شاخەکەوە بۆ ناو دەریاچەکە هەڵدێران و خنکان.

14 بەرازەوانەکان ڕایانکرد، هەواڵیان دا بە شار و کێڵگەکان. خەڵکەکەش هاتن تاکو ببینن چی ڕوویداوە. 15 هاتنە لای عیسا، بینییان ئەوەی لەشکرێک ڕۆحی پیسی تێدابوو، دانیشتووە و پۆشتەیە و ئاقڵە، جا ترسان. 16 ئەوانەش کە بینیبوویان چی بەسەر بەرازەکان و کەسەکە هات کە ڕۆحی پیسی تێدابوو، ڕووداوەکەیان بۆ خەڵکەکە گێڕایەوە. 17 ئیتر دەستیان بە پاڕانەوە کرد لە عیسا تاکو لە ناوچەکەیان بڕوات.

18 کاتێک عیسا سواری بەلەمەکە دەبوو، ئەوەی ڕۆحی پیسی تێدابوو، لێی پاڕایەوە کە لەگەڵی بێت. 19 ڕێگای نەدا، بەڵکو پێی فەرموو: «بڕۆ ناو ماڵ و کەسوکارەکەت، بۆیان بگێڕەوە پەروەردگار چی بۆت کردووە و چۆن بەزەیی پێتدا هاتەوە.» 20 جا ڕۆیشت و لە دە شارەکە[ab] دەستی بە جاڕدانی هەموو ئەوە کرد کە عیسا بۆی کردبوو. هەموو سەرسام بوون.

زیندووکردنەوەی کچێک

21 دیسان عیسا بە بەلەمەکە پەڕییەوە ئەوبەر، هەر لەدەم ئاوەکە بوو خەڵکێکی زۆر لێی کۆبوونەوە. 22 یەکێک لە پێشەوایانی کەنیشت هات، ناوی یایرۆس بوو، کاتێک عیسای بینی، لەبەرپێی کەوت و 23 زۆر لێی پاڕایەوە: «کچە بچووکەکەم لە سەرەمەرگدایە، وەرە دەستی لەسەر دابنێ تاکو چاک بێتەوە و بژیێت.» 24 عیسا لەگەڵی چوو، خەڵکێکی زۆر دوای کەوت و پاڵەپەستۆیان لێ دەکرد.

چاککردنەوەی ژنێک

25 ژنێک دوازدە ساڵ بوو خوێنبەربوونی هەبوو. 26 بە دەستی چەندین پزیشک ئازاری زۆری چێژتبوو، ئەوەی هەیبوو خەرجی کردبوو، بەڵام هیچ سوودێکی نەبوو، بەڵکو خراپتر ببوو. 27 باسی عیسای بیستبوو، بۆیە هاتە ناو خەڵکەکە و لە دواوە دەستی لە کراسەکەی دا، 28 چونکە لە دڵی خۆیدا گوتی: «ئەگەر تەنها دەست لە کراسەکەی بدەم، چاکدەبمەوە.» 29 دەستبەجێ خوێن لێچوونەکەی ڕاوەستا و لە لەشیدا هەستی بە چاکبوونەوە کرد لە نەخۆشییەکەی.

30 یەکسەر عیساش زانی هێزێک لێی هاتە دەرەوە، ئاوڕی لە خەڵکەکە دایەوە و فەرمووی: «کێ دەستی لە کراسەکەم دا؟»

31 قوتابییەکانی وەڵامیان دایەوە: «دەبینیت خەڵکەکە پاڵەپەستۆت لێدەکەن، کەچی دەفەرمووی کێ دەستی لێدام؟»

32 بەڵام عیسا چاوی دەگێڕا، تاکو بزانێت کێ بوو وای کرد. 33 ژنەکەش بە ڕووداوەکەی خۆی دەزانی، بە ترس و لەرزەوە هات، لەبەردەمی کەوت و هەمووی بە ڕاستی پێ گوت. 34 ئەویش پێی فەرموو: «کچم، باوەڕەکەت تۆی چاککردەوە، بڕۆ بە سەلامەت و لە نەخۆشییەکەت چاکببەوە.»

35 کاتێک عیسا قسەی دەکرد، کەسانێک لە ماڵی پێشەوای کەنیشتەوە هاتن، گوتیان: «کچەکەت مرد، ئیتر ئەزیەت مەخەرە بەر مامۆستا.»

36 بەڵام عیسا گوێی بە قسەکەیان نەدا، بە پێشەواکەی کەنیشتی فەرموو: «مەترسە، تەنها باوەڕت هەبێت.»

37 نەیهێشت کەس لەگەڵی بچێت، پەترۆس و یاقوب و یۆحەنای برای یاقوب نەبێت. 38 هاتنە ماڵی پێشەواکەی کەنیشت، بینی هەرا و گریان و شیوەنێکی زۆرە. 39 چووە ژوورەوە، پێی فەرموون: «بۆچی هەراتانە و دەگریێن؟ کچەکە نەمردووە، نوستووە.» 40 بەمە خەڵکەکە پێی پێکەنین.

بەڵام عیسا هەموویانی دەرکردە دەرەوە، دایک و باوکی منداڵەکەی برد لەگەڵ ئەوانەی لەگەڵی بوون و چووە ژوورەوە بۆ ئەو شوێنەی منداڵەکەی لێبوو. 41 دەستی منداڵەکەی گرت و پێی فەرموو: «تالیسا، قوم!» واتە: «کیژۆڵە، پێت دەڵێم هەستە!» 42 کچەکە کە تەمەنی دوازدە ساڵ بوو، دەستبەجێ هەستا و دەستی بە ڕۆیشتن کرد، جا هەموویان زۆر سەرسام بوون. 43 بە توندیش ڕایسپاردن کەس بەمە نەزانێت و فەرمووی شتێکی بدەنێ با بیخوات.

ڕێزنەگرتن لە عیسا

عیسا ئەوێی بەجێهێشت و گەڕایەوە شارەکەی خۆی، قوتابییەکانیشی دوای کەوتن. کە بووە شەممە، لە کەنیشتدا دەستی کرد بە فێرکردنی خەڵک، زۆر لەوانەی گوێیان لێی گرتبوو سەرسام بوون.

گوتیان: «ئەمە ئەمانەی لەکوێ بوو؟ ئەی ئەم داناییەی پێی دراوە و ئەم پەرجووانەی[ac] لەسەر دەستی دەکرێن! ئەرێ ئەمە دارتاشەکەی کوڕی مریەم و براکەی یاقوب و یوسی و یەهوزا و شیمۆن نییە؟ خوشکەکانی لێرە لەلامان نین؟» جا ڕەتیان کردەوە.

بەڵام عیسا پێی فەرموون: «پێغەمبەر بێ ڕێز نییە، تەنها لە شار و لەنێوان خزم و لە ماڵی خۆی نەبێت.» ئیتر لەوێدا نەیتوانی هیچ پەرجووێک بکات، تەنها چەند نەخۆشێک نەبێت کە دەستی لەسەر دانان و چاکیکردنەوە. لە بێباوەڕی ئەوان سەری سوڕما. ئینجا بە گوندەکانی دەوروبەردا گەڕا و خەڵکی فێر دەکرد.

عیسا نێردراوەکانی دەنێرێت

ئینجا دوازدە قوتابییەکەی بانگکرد، دوو دوو دەستی بە ناردنیان کرد و دەسەڵاتی پێدان بەسەر ڕۆحە پیسەکان.

ڕایسپاردن کە بۆ ڕێگا هیچ نەبەن جگە لە گۆچانێک، نە نان و نە توورەکە و نە پارە بۆ بەر پشتێن. بەڵکو پێڵاو لە پێیان بێت و دوو کراس لەبەر نەکەن. 10 پێی فەرموون: «لە هەر شوێنێک چوونە ماڵێک، لەوێ بمێننەوە هەتا ئەوێ بەجێدەهێڵن. 11 ئەگەر لە هەر شوێنێکیش پێشوازییان لێ نەکردن و گوێیان لێ نەگرتن، لەوێ بڕۆنە دەرەوە و تۆزی پێتان بتەکێنن، بۆ شایەتی لەسەریان.»

12 ئەوانیش چوونە دەرەوە و جاڕی تۆبەکردنیان دا. 13 ڕۆحی پیسی زۆریان دەرکرد و زۆر نەخۆشیان بە ڕۆن چەورکرد و چاکیان کردنەوە.

کوشتنی حەزرەتی یەحیا

14 شا هێرۆدس ئەمەی بیست، چونکە ناوی عیسا دەنگیدایەوە و دەیانگوت: «یەحیای لەئاوهەڵکێش لەناو مردووان هەستاوەتەوە، لەبەر ئەوە کاری پەرجوو لەسەر دەستی ئەو دەکرێت.»

15 خەڵکی دیکە دەیانگوت: «ئەلیاسە.» هەندێکیش دەیانگوت: «پێغەمبەرێکە، وەک پێغەمبەرانی سەردەمی کۆن.»

16 بەڵام هێرۆدس کە بیستی، گوتی: «یەحیایە، ئەوەی سەرم بڕی، ئەوە هەستاوەتەوە!»

17 خودی هێرۆدس ناردبووی، لەبەر هێرۆدیای ژنی فیلیپۆسی برای، ئەوەی کە خواستبووی، یەحیای گرتبوو و لە زیندان بەستبوویەوە، 18 چونکە یەحیا بە هێرۆدسی دەگوت: «دروست نییە براژنەکەت بخوازیت.» 19 ئیتر هیرۆدیا زۆر ڕقی لێی دەبووەوە و دەیویست بیکوژێت، بەڵام نەیدەتوانی، 20 چونکە هێرۆدس لە یەحیا دەترسا، دەیزانی پیاوێکی ڕاستودروست و پیرۆزە، دەیپاراست. کاتێک گوێی لێ دەگرت زۆر دەشێوا، حەزیشی دەکرد گوێی لێ بگرێت.

21 دەرفەتێک ڕێککەوت، کاتێک هێرۆدس لە جەژنی لەدایکبوونی بۆ گەورە پیاوانی و فەرماندەکانی و ماقوڵانی جەلیل خوانی سازکرد. 22 کچی هیرۆدیا هاتە ژوورەوە و سەمای کرد. جا هێرۆدس و ئەوانەی لەگەڵی پاڵیاندابووەوە دڵخۆشی کردن.

پاشا بە کچەکەی گوت: «ئەوەی دەتەوێت لە منی داوا بکە، دەتدەمێ.» 23 سوێندیشی بۆ خوارد: «هەرچیم لێ داوا بکەیت دەتدەمێ، ئەگەر نیوەی شانشینەکەشم بێت.»

24 ئەویش چووە دەرەوە و بە دایکی گوت: «داوای چی بکەم؟» گوتی: «سەری یەحیای لەئاوهەڵکێش.»

25 دەستبەجێ و بە پەلە هاتە ژوورەوە بۆ لای پاشا، داوای کرد و گوتی: «دەمەوێت ئێستا سەری یەحیای لەئاوهەڵکێشم لەسەر سینییەک بدەیتێ.»

26 پاشا زۆر دڵگران بوو. بەڵام لەبەر سوێندەکان و ئەوانەی لەگەڵی لەسەر خوان بوون، نەیویست ڕەتی بکاتەوە. 27 پاشا یەکسەر پیاوکوژی نارد و فەرمانی دا سەری بهێنێت. ئەویش چوو و لە زیندان سەری بڕی، 28 لەسەر سینییەک سەری ئەوی هێنا و دایە کچەکە، کچەش دای بە دایکی. 29 قوتابییەکانی بیستیان، هاتن تەرمەکەیان هەڵگرت و لە گۆڕێکدا ناشتیان.

تێربوونی پێنج هەزار کەس

30 نێردراوان لە عیسا کۆبوونەوە، هەموو ئەوەی کردبوویان و فێریان کردبوو بۆیان گێڕایەوە. 31 ئەویش پێی فەرموون: «هەر خۆتان وەرنە شوێنێکی چۆڵ کەمێک پشوو بدەن.» لەبەر ئەوەی ئەوانەی دەهاتن و دەچوون زۆر بوون، دەرفەتی نان خواردنیان نەبوو.

32 ئیتر هەر خۆیان بە بەلەم چوونە شوێنێکی چۆڵ. 33 بەڵام خەڵکێکی زۆر ئەوانیان لە کاتی ڕۆیشتندا بینی و ناسیاننەوە، لە هەموو شارەکانەوە پێکەوە بە پێ بەرەو ئەوێ ڕایاندەکرد و پێشیان کەوتن. 34 کاتێک عیسا لە بەلەم دابەزی، خەڵکێکی ئێجگار زۆری بینی و دڵی پێیان سووتا، چونکە وەک مەڕی بێ شوان وابوون. دەستی پێکرد زۆر شتی فێرکردن.

35 کاتێک درەنگ داهات، قوتابییەکانی هاتنە لای، گوتیان: «ئەم شوێنە چۆڵە و ئێستا کاتیش درەنگە. 36 بەڕێیان بکە، تاکو بچنە ئەم کێڵگە و گوندانەی دەوروبەر خواردن بۆ خۆیان بکڕن.»

37 بەڵام وەڵامی دانەوە: «ئێوە شتێکیان بدەنێ با بیخۆن.» پێیان گوت: «ئایا بچین بایی دوو سەد دینار[ad] نانیان بۆ بکڕین و بیاندەینێ، تاکو بیخۆن؟»

38 ئەویش پێی فەرموون: «بڕۆن بزانن چەند نانتان هەیە.» کە زانییان گوتیان: «پێنج نان لەگەڵ دوو ماسی.»

39 ئینجا فەرمانی پێدان خەڵکەکە کۆمەڵ کۆمەڵ لەسەر سەوزە گیا دابنیشێنن. 40 بە کۆمەڵ دانیشتن، سەد سەد و پەنجا پەنجا. 41 ئینجا پێنج نانەکە و دوو ماسییەکەی هەڵگرت و تەماشای ئاسمانی کرد، سوپاسی کرد و نانەکانی لەتکرد و دایە قوتابییەکانی تاکو لەبەردەمیان دایبنێن، دوو ماسییەکەشی بەسەر هەموویان دابەش کرد. 42 هەموو خواردیان و تێر بوون. 43 پاشان دوازدە سەبەتەی پڕ لە پەلکەنان و ماسییان هەڵگرتەوە. 44 ئەوانەی لە نانەکەیان خوارد پێنج هەزار پیاو بوون.

عیسا بەسەر ئاودا دەڕوات

45 دەستبەجێ عیسا قوتابییەکانی ناچار کرد سواری بەلەمەکە بن و پێشی بکەون بۆ ئەوبەری دەریاچەکە، بۆ شارۆچکەی بێت‌سەیدا، تاکو خۆی خەڵکەکە بەڕێ دەکات. 46 کە خواحافیزی لێکردن، بۆ نوێژکردن چووە سەر شاخ.

47 کە ئێوارە داهات، بەلەمەکە لەناوەڕاستی دەریاچەکە بوو، عیساش بە تەنها لەسەر وشکانی بوو. 48 کە بینی قوتابییەکانی بەهۆی سەوڵ لێدانەوە ماندوون، چونکە بایەک پێچەوانەیان بوو، لە بەرەبەیان هاتە لایان، بەسەر دەریاچەکەدا ڕۆیشت و ویستی لێیان تێبپەڕێت. 49 بەڵام کاتێک بینییان بەسەر دەریاچەکەدا دەڕوات، وایانزانی دێوەزمەیە، جا هاواریان کرد، 50 چونکە هەموو بینییان و پەشۆکان.

ئەو دەستبەجێ قسەی لەگەڵ کردن: «ورەتان بەرز بێ! منم. مەترسن.» 51 ئینجا بۆ لایان سەرکەوتە ناو بەلەمەکە و بایەکە وەستا. جا بە تەواوی سەرسام بوون، 52 لەبەر ئەوەی لە پەرجووی نانەکان تێنەگەیشتن. دڵیان هەر ڕەق بوو.

عیسا نەخۆشی دیکە چاک دەکاتەوە

53 کاتێک پەڕینەوە، هاتنە خاکی جەنیسارەت و لەنگەریان گرت. 54 کاتێک لە بەلەمەکە دابەزین، خەڵک عیسایان ناسییەوە. 55 بە پەلە ڕۆیشتن و دەستیان کرد بە هێنانی نەخۆشەکانیان بەسەر نوێنەکانیانەوە بۆ هەر شوێنێک کە دەیانبیست عیسای لێیە. 56 بۆ هەر شوێنێک دەچوون، گوند، شار، کێڵگە، خەڵک نەخۆشەکانیان لە بازاڕ دادەنا و لێی دەپاڕانەوە کە تەنها دەست لە چمکی کراسەکەی بدەن. جا هەموو ئەوانەی دەستیان لێیدا چاکبوونەوە.

سەرپێچیکردنی ڕاسپاردەی خودا

فەریسی و هەندێک لە مامۆستایانی تەورات کە لە ئۆرشەلیمەوە هاتبوون لەلای عیسا کۆبوونەوە. بینییان هەندێک لە قوتابییەکانی بە دەستی پیس نان دەخۆن، واتە بێ دەست شوشتن، چونکە فەریسی و هەموو جولەکە نان ناخۆن ئەگەر بە باشی دەستیان نەشۆن، پەیوەست بوون بە نەریتی پیران، هەروەها کاتێک لە بازاڕ دێنەوە نان ناخۆن هەتا خۆیان نەشۆن. زۆر دابونەریتی دیکەش هەیە کە جێبەجێی دەکەن، وەکو شوشتنی کاسە و چاپەست و دۆلکەی مس.

فەریسی و مامۆستایانی تەوراتیش لێیان پرسی: «بۆچی قوتابییەکانت لەسەر نەریتی پیران ناڕۆن و بە دەستی پیس نان دەخۆن؟»

ئەویش پێی فەرموون: «دووڕووەکان، سەبارەت بە ئێوە ئیشایای پێغەمبەر پێشبینی باشی کردووە، وەک نووسراوە:

«[ئەم گەلە بەسەر لێوان ڕێزم لێ دەگرێت،
    بەڵام دڵی لێم دوورە.
بەخۆڕایی دەمپەرستن،
    تەنها ڕاسپاردەی مرۆڤانە فێری خەڵک دەکەن.][ae]

ئێوە ڕاسپاردەی خوداتان پشتگوێ خستووە و دەستتان بە نەریتی مرۆڤەوە گرتووە.»

دیسان پێی فەرموون: «باش ڕاسپاردەی خودا ڕەت دەکەنەوە، بۆ ئەوەی پارێزگاری لە نەریتی خۆتان بکەن. 10 بۆ نموونە، موسا گوتوویەتی: [ڕێزی دایک و باوکتان بگرن][af]، [ئەوەی نەفرەت لە باوکی یان دایکی بکات، دەبێت بکوژرێت.][ag] 11 بەڵام ئێوە دەڵێن: ”ئەگەر یەکێک بە دایک یان باوکی بڵێت: ئەوەی لە منەوە سوودت لێی وەردەگرت، دەیکەمە قوربانی،“ بە واتای دیاری بۆ خودا، 12 ئیتر نایەڵن شتێکی بۆ دایک یان باوکی بکات. 13 بەو نەریتەتان کە لە یەکتری وەردەگرن، دەسەڵاتی ڕاسپاردەی خودا ڕەت دەکەنەوە. زۆر شتی دیکەی وەک ئەمە دەکەن.»

ئەوەی مرۆڤ گڵاو دەکات

14 دیسان خەڵکەکەی بانگکرد و پێی فەرموون: «هەموو گوێم لێ بگرن و تێبگەن. 15 شت نییە لە دەرەوەی مرۆڤەوە بێتە ناوی و گڵاوی بکات. بەڵام ئەوەی لە مرۆڤەوە دێتە دەرەوە، ئەوە مرۆڤ گڵاو دەکات. ⌟ 16 ئەوەی گوێی هەیە بۆ بیستن با گوێ بگرێت.⌞»

17 کاتێک خەڵکەکەی بەجێهێشت و هاتە ماڵەوە، قوتابییەکانی بۆ نموونەکە پرسیاریان لێکرد. 18 پێی فەرموون: «ئێوەش ئاوا تێنەگەیشتوون؟ ئایا تێناگەن کە هەرچی لە دەرەوەی مرۆڤەوە دێتە ناویەوە ناتوانێت گڵاوی بکات؟ 19 چونکە ناچێتە دڵییەوە، بەڵکو سکی، دەچێتە دەرەوەش بۆ ئاودەست.» بەمەش ڕایگەیاند کە هەموو خواردنێک پاکە.

20 ئینجا فەرمووی: «ئەوەی لە مرۆڤ دەردەچێت، ئەوەیە مرۆڤ گڵاو دەکات، 21 چونکە لە ناوەوە، لە دڵی مرۆڤەوە، بیری خراپ دەردەچێت: بەدڕەوشتی، دزی، کوشتن، 22 داوێنپیسی، چاوچنۆکی، خراپەکاری، هەڵخەڵەتاندن، بەڕەڵایی، چاوپیسی، کفر، لووتبەرزی، گێلی. 23 هەموو ئەم خراپانە لە ناخی مرۆڤەوە دەردەچن و گڵاوی دەکەن.»

باوەڕی ژنێکی کەنعانی

24 عیسا ئەوێی بەجێهێشت، چوو بۆ هەرێمی سور. چووە ماڵێک و نەیویست کەس بزانێت، هەرچەندە نەیتوانی خۆی بشارێتەوە. 25 لەبەر ئەوەی ژنێک کچەکەی ڕۆحی پیسی تێدابوو، کاتێک هەواڵی ئەوی بیست یەکسەر هات و لەبەرپێی کەوت. 26 ژنەکەش یۆنانی بوو، لە ڕەگەزی فینیکیای سوریا بوو، داوای لێکرد ڕۆحە پیسەکە لە کچەکەی دەربکات.

27 ئەویش پێی فەرموو: «جارێ با منداڵان تێر بن، چونکە ناشێت نانی منداڵان ببڕدرێت و فڕێبدرێت بۆ سەگ.»

28 بەڵام وەڵامی دایەوە: «گەورەم! سەگیش لەژێر خواندا لە پاشماوەی منداڵان دەخوات.»

29 پێی فەرموو: «لەبەر ئەم قسەیە، بڕۆ، ڕۆحە پیسەکە لە کچەکەت دەرچوو.»

30 گەڕایەوە ماڵەکەی، بینی منداڵەکە لەسەر جێگاکەی پاڵکەوتووە و ڕۆحە پیسەکە دەرچووبوو.

چاکبوونەوەی کەڕولاڵێک

31 ئینجا عیسا هەرێمی سوری بەجێهێشت و بە سەیدا دا بەرەو دەریاچەی جەلیل هات، بە هەرێمی دە شارەکەدا. 32 کەڕێکی لاڵوپتەیان بۆ هێنا، لێی پاڕانەوە دەستی لەسەر دابنێت.

33 عیسا بردییە لایەکەوە، دوور لە خەڵکەکە، پەنجەکانی خستە ناو گوێی کابراوە و تفی کرد بە دەستی خۆیدا و دەستی لە زمانی دا. 34 چاوی بەرەو ئاسمان هەڵبڕی و هەناسەیەکی هەڵکێشا و پێی فەرموو: «ئێففەسا!» واتە بکرێوە. 35 دەستبەجێ گوێیەکانی کرانەوە و گرێی زمانی شلبووەوە و بە ڕەوانی قسەی کرد.

36 ئینجا ڕایسپاردن بە کەس نەڵێن، بەڵام چەند ڕایدەسپارد ئەوان زیاتر بڵاویان دەکردەوە. 37 زۆر سەرسام بوون و دەیانگوت: «هەموو شتێکی بە باشی کردووە! وا دەکات کەڕ ببیستێت و لاڵ قسە بکات.»

تێربوونی چوار هەزار کەس

لەو ڕۆژانەدا دیسان خەڵکێکی ئێجگار زۆر هەبوو هیچیان نەبوو بیخۆن، عیسا قوتابییەکانی بانگکرد و پێی فەرموون: «دڵم بەو خەڵکە دەسووتێت، ئەوە سێ ڕۆژە لەگەڵمدان و هیچیان نییە بیخۆن. ئەگەر بە برسیێتی بیاننێرمەوە ماڵ، لە ڕێگا بڕ ناکەن، هەندێکیشیان لە دوورەوە هاتوون.»

قوتابییەکانی وەڵامیان دایەوە: «کێ دەتوانێت لەم چۆڵەوانییە نانی ئەمانە بدات؟»

لێی پرسین: «چەند نانتان پێیە؟»

گوتیان: «حەوت.»

ئیتر فەرمانی دا خەڵکەکە لەسەر زەوی دانیشن. حەوت نانەکەی برد و سوپاسی خودای کرد، لەتی کردن و دایە قوتابییەکان تاکو دابەشی بکەن، ئەوانیش بەسەر خەڵکەکەدا دابەشیان کرد. چەند ماسییەکی بچووکیشیان پێبوو، سوپاسی کرد و فەرمووی با ئەمەش دابەش بکرێت. ئیتر خواردیان و تێربوون، حەوت سەبەتە پەلکەنانیان هەڵگرتەوە. نزیکەی چوار هەزار دەبوون، ئینجا بەڕێی کردن. 10 پاشان یەکسەر لەگەڵ قوتابییەکانی سواری بەلەم بوو و هاتە ناوچەی دەلمانووسە.

داواکردنی نیشانەی ئاسمانی

11 فەریسییەکان هاتن و لەگەڵ عیسا دەستیان بە مشتومڕ کرد، هەروەها بۆ ئەوەی تاقی بکەنەوە، داوای نیشانەیەکی ئاسمانییان لێی کرد. 12 لە قووڵایی ڕۆحیدا هەناسەیەکی هەڵکێشا و فەرمووی: «بۆچی ئەم نەوەیە داوای نیشانە دەکات؟ ڕاستیتان پێ دەڵێم: نیشانە نادرێتە ئەم نەوەیە.» 13 ئینجا بەجێی هێشتن. دووبارە سواری بەلەمەکە بوو و پەڕییەوە ئەوبەر.

فێرکردنی فەریسییەکان

14 قوتابییەکان لەبیریان چووبوو نان بهێنن، لە بەلەمەکەدا تەنها یەک نانیان پێبوو. 15 عیسا ڕایسپاردن: «وریابن، ئاگاداری هەویرترشی فەریسییەکان و هەویرترشی هێرۆدس بن.»

16 لەناو خۆیاندا بە یەکتریان گوت: «لەبەر ئەوەی نانمان پێنییە.»

17 عیسا زانی و پێی فەرموون: «بۆ باسی ئەوە دەکەن کە نانتان پێنییە؟ ئایا هێشتا جیا ناکەنەوە و تێناگەن؟ ئایا دڵڕەقن؟ 18 خۆ چاوتان هەیە، نابینن، گوێتان هەیە، نابیستن؟ هەروەها بیرتان نایەتەوە؟ 19 کاتێک پێنج نانەکەم بۆ پێنج هەزارەکە لەتکرد، چەند سەبەتەی پڕ لە پەلکەنانتان هەڵگرتەوە؟»

وەڵامیان دایەوە: «دوازدە.»

20 «کاتێک حەوتەکەش بۆ چوار هەزارەکە، چەند سەبەتەی پڕ لە پەلکەنانتان هەڵگرتەوە؟»

وەڵامیان دایەوە: «حەوت.»

21 ئینجا پێی فەرموون: «هێشتا تێناگەن؟»

چاکبوونەوەی کەسێکی نابینا

22 هاتنە بێت‌سەیدا، کەسێکی نابینایان هێنایە لای عیسا و لێی پاڕانەوە دەستی لێ بدات. 23 ئەویش دەستی نابیناکەی گرت، بردییە دەرەوەی دێیەکە و تفی لەسەر چاوی دا و دەستی لەسەر دانا و لێی پرسی: «هیچ دەبینیت؟»

24 سەیری کرد و گوتی: «خەڵک دەبینم وەک درەخت دەڕۆن.»

25 دیسان عیسا دەستی خستەوە سەر چاوی، چاوی تێبڕی و چاک بووەوە، هەموو شتێکی بە ڕوونی بینی. 26 ئینجا بۆ ماڵی خۆی ڕەوانەی کردەوە و فەرمووی: «جارێ مەڕۆ بۆ ناو دێ.»

پەترۆس دان بە مەسیحدا دەنێت

27 عیسا و قوتابییەکانی بەرەو گوندەکانی قەیسەرییەی فیلیپۆس بەڕێکەوتن، لە ڕێگا لە قوتابییەکانی پرسی: «خەڵکی دەڵێن من کێم؟»

28 وەڵامیان دایەوە: «هەندێک دەڵێن یەحیای لەئاوهەڵکێش، هەندێکیش دەڵێن ئەلیاس، هەندێکی دیکەش دەڵێن یەکێک لە پێغەمبەران.»

29 لێی پرسین: «ئەی ئێوە، دەڵێن من کێم؟»

پەترۆس وەڵامی دایەوە: «تۆ مەسیحەکەیت[ah]

30 جا ئاگاداری کردنەوە لەلای کەس باسی نەکەن.

یەکەم باسی مردنی عیسا

31 ئینجا دەستی بە فێرکردنیان کرد کە کوڕی مرۆڤ دەبێ زۆر ئازار بچێژێت، پیران و کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات ڕەتی بکەنەوە، بکوژرێت و لە ڕۆژی سێیەم هەستێتەوە. 32 بە ئاشکرا قسەکەی کرد، پەترۆسیش هێنایە ئەم لاوە و دەستی کرد بە سەرزەنشتکردنی.

33 بەڵام عیسا ئاوڕی دایەوە و سەیری قوتابییەکانی کرد، سەرزەنشتی پەترۆسی کرد: «لەبەرچاوم لاچۆ، ئەی شەیتان! تۆ بیر لە شتە خوداییەکان ناکەیتەوە، بەڵکو شتی مرۆڤانە.»

خۆ ئامادە کردن بۆ مردن

34 ئینجا خەڵکەکە و قوتابییەکانی بانگکرد و پێی فەرموون: «ئەگەر یەکێک ویستی دوام بکەوێت، با نکۆڵی لە خۆی بکات و خاچەکەی هەڵبگرێت و دوام بکەوێت. 35 ئەوەی بیەوێت ژیانی خۆی ڕزگار بکات، ژیانی دەدۆڕێنێت، بەڵام ئەوەی لە پێناوی من و مزگێنییەکەم ژیانی خۆی بدۆڕێنێت، ژیانی ڕزگار دەکات. 36 چی بەکەڵکی مرۆڤ دێت ئەگەر هەموو جیهان بباتەوە و خۆی بدۆڕێنێت؟ 37 یان مرۆڤ بۆ کڕینەوەی خۆی چی دەدات؟ 38 ئەوەی لەلای ئەم نەوە داوێنپیس و گوناهبارە شەرمی بە من و بە وتەکانم بێت، کوڕی مرۆڤیش کاتێک بە شکۆی باوکی لەگەڵ فریشتە پیرۆزەکاندا دێتەوە شەرمی پێی دەبێت.»

شێوە گۆڕانی عیسا

ئینجا پێی فەرموون: «ڕاستیتان پێ دەڵێم: هەندێک لەوانەی لێرە ڕاوەستاون، مردن ناچێژن هەتا شانشینی خودا نەبینن بە هێزەوە دێتەوە.»

دوای شەش ڕۆژ، عیسا پەترۆس و یاقوب و یۆحەنای لەگەڵ خۆی برد، بە تەنها بردنییە سەر چیایەکی بەرز، لەپێشیان شێوەی گۆڕا. جلەکانی بووە سپییەکی بریسکەدار، سپیتر لەوەی کە هەرکەسێک لە جیهاندا بتوانێت بیکات. ئینجا ئەلیاس و موسایان بۆ دەرکەوت، لەگەڵ عیسادا کەوتنە گفتوگۆ.

پەترۆسیش بە عیسای گوت: «ڕابی، پێمان باشە لێرە بین، با سێ کەپر دروستبکەین، یەکێک بۆ تۆ، یەکێک بۆ موسا، یەکێکیش بۆ ئەلیاس.» نەیدەزانی چی دەڵێت، چونکە تۆقیبوون. هەورێکیش هات و سێبەری بەسەریاندا کرد، دەنگێک لە هەورەکەوە هات: «ئەمە کوڕی خۆشەویستمە، گوێی لێ بگرن!»

کاتێک لەناکاو سەیری دەوروپشتیان کرد، لە عیسا زیاتر کەسیان لەگەڵ خۆیان نەبینی.

کاتێک لە چیاکە دەهاتنە خوارەوە، عیسا فەرمانی پێدان ئەمەی بینیتان بە کەسی مەڵێن، هەتا کوڕی مرۆڤ لەناو مردووان هەڵدەستێتەوە. 10 ئەوانیش بابەتەکەیان بۆ خۆیان هێشتەوە و گفتوگۆیان بوو: «هەستانەوە لەنێو مردووان چییە؟»

11 پرسیاریان لێکرد: «بۆچی مامۆستایانی تەورات دەڵێن: ”دەبێت یەکەم جار ئەلیاس بێت“؟»

12 عیسا وەڵامی دانەوە: «ڕاستە، ئەلیاس دێت و هەموو شتێک ڕێک دەخاتەوە. ئەی چۆن دەربارەی کوڕی مرۆڤ نووسراوە کە دەبێت زۆر ئازار بچێژێت و سووکایەتیی پێ بکرێت؟ 13 بەڵام پێتان دەڵێم، ئەلیاس هات و چییان ویست پێیان کرد، هەروەک ئەوەی لەبارەی ئەوەوە نووسراوە.»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.