Bible in 90 Days
1 لە یەهوزاوە، بەندەی عیسای مەسیح و برای یاقوب،
بۆ بانگکراوەکان، ئەوانەی خودای باوک خۆشی دەوێن و بەهۆی عیسای مەسیحەوە پارێزراون:
2 بەزەیی و ئاشتی و خۆشەویستی بۆتان زیاد بێت.
تێکۆشان لە پێناوی ڕاستی ئینجیل
3 خۆشەویستان، هەرچەندە زۆر بە پەرۆش بووم تاکو لەبارەی ڕزگاریی هاوبەشمانەوە بۆتان بنووسم، بەڵام بە پێویستم زانی ئەمەتان بۆ بنووسم، لێتان دەپاڕێمەوە تێبکۆشن بۆ ئەو باوەڕەی[a] کە تەنها جارێک دراوەتە دەست گەلی پیرۆزی خودا. 4 لەبەر ئەوەی کەسانێک بە دزییەوە هاتوونەتە ناوەوە، لەمێژە بۆ ئەو حوکمە نووسراون، خوانەناسن، نیعمەتی[b] خودامان بۆ بەڕەڵایی دەگۆڕن و نکۆڵی لە عیسای مەسیح دەکەن، کە تاقە سەروەر و خاوەن شکۆمانە.
سزای مامۆستا درۆزنەکان
5 بەڵام دەمەوێت بیرتان بخەمەوە کە خۆتان دەیزانن، یەزدان کە گەلەکەی خۆی لە خاکی میسر ڕزگار کرد، بەڵام دواتر ئەوانەی باوەڕیان نەهێنا لەناوی بردن. 6 هەروەها ئەو فریشتانەی پایەکانی خۆیان نەپاراست، بەڵکو شوێنی خۆیان بەجێهێشت، بە کۆتی هەتاهەتایی بۆ سزای ڕۆژی گەورە لەژێر تاریکیدا هەڵگیران. 7 هەروەها سەدۆم و عەمۆرا و شارەکانی دەوروبەریان بە هەمان ڕێگا بەدوای داوێنپیسی و هاوڕەگەزبازی کەوتن، جا بە ئاگرێکی هەتاهەتایی سزادران و بوون بە پەند.
8 خەیاڵخاوەکانیش بە هەمان شێوە، جەستە گڵاو دەکەن و دەسەڵات ڕەت دەکەنەوە و بوختان بە شکۆداران[c] دەکەن. 9 بەڵام میکائیلی سەرۆکی فریشتەکان، کاتێک دژایەتی شەیتانی کرد و سەبارەت بە تەرمی موسا مشتومڕی کرد، نەیوێرا بە بوختان سکاڵای لێ بکات، بەڵکو گوتی: «یەزدان سەرزەنشتت بکات!» 10 کەچی ئەوانە قسە بۆ شتێک هەڵدەبەستن کە نایزانن. ئەوەی بە سروشتیش دەیزانن، وەک ئاژەڵی بەستەزمان، لەمانەدا تێکی دەدەن.
11 قوڕبەسەریان! چونکە ڕێگای قایینیان گرتووە، بۆ بڕێک دەستکەوت خۆیان داوەتە دەست چەواشەیی بەلعامەوە[d]، لە یاخیبوونەکەی قۆڕەح[e] لەناوچوون.
12 ئەوانە لە داوەتە برایەتییەکانی ئێوەدا لەکەیەکن، بێشەرمانە نان دەخۆن، شوانێکن کە تەنها خۆیان دەلەوەڕێنن. ئەوانە هەوری بێ بارانن و با هەڵیگرتوون، وەک داری بێ بەری پاییزن، لە ڕەگەوە هەڵکەنراون، دوو جار مردوون. 13 ئەوان شەپۆلی دەریای هەڵچوون و کارە شەرمهێنەرەکانیان وەک کەف دەردەکەون، ئەستێرەی گەڕۆکن کە هەتاهەتایە ڕەشایی تاریکییان بۆ هەڵگیراوە.
14 حەنۆخ کە لە نەوەی حەوتەمی ئادەمە لەبارەی ئەوانەوە پێشبینیی کرد: «سەیر بکەن، یەزدان لەگەڵ هەزاران فریشتەی پیرۆزی خۆی دێت، 15 تاکو هەموو خەڵک حوکم بدات و تاوانباریان بکات بە ئەنجامدانی هەموو ئەو کردەوە خوانەناسییانەی کە بەهۆی خوانەناسییان ئەنجامیان داوە، هەروەها هەموو ئەو قسە ڕەقانەی کە گوناهبارە خوانەناسەکان لە دژی ئەو گوتوویانە.» 16 ئەوانە بۆڵەبۆڵکەر و گلەییکەرن، بەگوێرەی ئارەزووە خراپەکانیان هەڵسوکەوت دەکەن و قسەی گەورە دەکەن، بۆ بەرژەوەندی خۆیان بە دووڕوویی ستایشی خەڵک دەکەن.
خۆتان بنیاد بنێن
17 بەڵام ئێوە ئەی خۆشەویستان، قسەکانی نێردراوانی عیسای مەسیحی گەورەمان بهێننەوە یاد کە پێشتر گوتوویانە. 18 پێی گوتن: «لە کۆتایی ڕۆژگار، هەندێک گاڵتەجاڕ پەیدا دەبن و دوای ئارەزووە خراپەکانیان دەکەون.» 19 ئەوانە دووبەرەکی دەنێنەوە، سروشتی مرۆڤانەن و ڕۆحی پیرۆزیان نییە.
20 بەڵام ئێوە خۆشەویستان، خۆتان لەسەر باوەڕی پیرۆزتان بنیاد بنێن، بە ڕۆحی پیرۆز نوێژ بکەن، 21 خۆتان لەناو خۆشەویستی خودا بپارێزن، چاوەڕوانی بەزەیی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان بن بۆ ژیانی هەتاهەتایی. 22 بەزەییتان بەوانەدا بێتەوە کە گومان دەکەن. 23 هەندێک لە ئاگر بڕفێنن و ڕزگاریان بکەن، لە ترسدا بەزەییتان بە هەندێکدا بێتەوە، تەنانەت ڕقتان لەو بەرگانە بێتەوە کە بە جەستە گڵاو بوونە.
ستایشی خودا
24 بۆ ئەوەی توانای هەیە لە کەوتن بتانپارێزێت، هەروەها بێ گلەیی و بەوپەڕی شادییەوە لەبەردەم شکۆیەکەی ڕاتانبگرێت، 25 بۆ تاکە خودای ڕزگارکەرمان لە ڕێگەی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان، شکۆ و گەورەیی و توانا و دەسەڵات بۆ ئەوە، لە ئەزەلەوە و ئێستا و هەتاهەتایە! ئامین.
پێشەکی
1 ئاشکراکردنی عیسای مەسیح کە خودا پێیداوە، تاکو ئەو شتانەی دەبێت زوو ڕووبدەن بە بەندەکانی پیشان بدات و دەریخست کە بە فریشتەکەی خۆی بۆ یۆحەنای بەندەی خۆی نارد، 2 ئەوەی شایەتی دا بۆ وشەی خودا و بۆ شایەتی عیسای مەسیح، هەرچییەکی بینی. 3 خۆزگە دەخوازرێت بەوەی وتەکانی ئەم پێشبینییە دەخوێنێتەوە، هەروەها خۆزگە بەو کەسانەش دەخوازرێت کە دەیبیستن و ئەوەی تێیدا نووسراوە پەیڕەوی دەکەن، چونکە کاتەکە نزیکە.
سڵاو بۆ کڵێساکان
4 لە یۆحەناوە،
بۆ حەوت کڵێساکەی هەرێمی ئاسیا:
با نیعمەت[f] و ئاشتی بۆ ئێوە، لەوەی هەیە و هەبووە و دێت و لەو حەوت ڕۆحەی لەبەردەم تەختەکەیدان، 5 هەروەها لە عیسای مەسیحیشەوە کە شایەتیدەری دڵسۆزە، نۆبەرەی هەستانەوەی نێو مردووانە، سەرۆکی پاشاکانی سەر زەوییە.
ئەو کە ئێمەی خۆشدەوێت و بە خوێنی خۆی لە گوناهەکانمان ئازادی کردین و 6 ئێمەی کردە شانشین و کاهین بۆ خودای باوکی، هەتاهەتایە شکۆ و دەسەڵات بۆ ئەوە! ئامین.
7 ئەوەتا لەگەڵ هەوردا[g] دێت و
هەموو چاوێک دەیبینێت،
ئەوانەش کە ڕمیان لێیداوە،
هەموو خێڵەکانی زەویش شیوەنی بۆ دەگێڕن.
بێگومان بەم جۆرە دەبێت، ئامین.
8 یەزدانی پەروەردگار دەفەرموێ: «من ئەلف و یێم، ئەوەی هەیە و هەبووە و دێت، هەرە بە توانا.»
بینینی مەسیحی زیندوو
9 من یۆحەنای براتانم، کە بە یەکبوون لەگەڵ عیسادا هاوبەشتانم لە تەنگانە و شانشین و دانبەخۆداگرتن، لە پێناوی پەیامی خودا و شایەتی بۆ عیسا لە دوورگەی پەتمۆس بووم. 10 لە ڕۆژی یەزداندا ڕۆحی پیرۆزم هاتە سەر و لە پشتمەوە گوێم لە دەنگێکی گەورە بوو، وەک هی کەڕەنا بوو، 11 دەیفەرموو: «ئەوەی دەیبینی لە پەڕتووکێک بینووسەوە و بۆ حەوت کڵێساکەی بنێرە، واتە ئەفەسۆس و سمیرنا و پرگامۆس و سیاتیرا و ساردس و فیلادەلفیا و لاودیکییا.[h]»
12 ئاوڕم دایەوە تاکو ئەو دەنگە ببینم کە لەگەڵم دەدوا، کاتێک ئاوڕم دایەوە حەوت چرادانی زێڕینم بینی، 13 لەناوەڕاستی چرادانەکاندا یەکێکم وەک کوڕی مرۆڤ[i] بینی، جلێکی شۆڕی لەبەردا بوو هەتا بەرپێی، پشتێنێکی زێڕینی بە سنگییەوە بەستبوو. 14 سەر و قژی سپی وەک خوری و وەک بەفر سپی بوون و چاوەکانی وەک گڕی ئاگر بوون. 15 پێیەکانی وەک بڕۆنزێکی بریقەدار کە لە کوورە پوختە کرابێت وابوون، دەنگیشی وەک هاژەی تاڤگە وابوو، 16 حەوت ئەستێرە لە دەستی ڕاستی بوون، شمشێرێکی دوو دەمیش لە دەمیەوە دەردەچوو، ڕوخساری وەک تیشکی بەتینی ڕۆژ دەدرەوشایەوە.
17 کاتێک بینیم وەک مردوو لەبەرپێی کەوتم، دەستی ڕاستی خستە سەرم و فەرمووی: «مەترسە، من یەکەمین و کۆتاییم. 18 منم ئەوەی زیندووە، پێشتر مردم، بەڵام ئەوەتا ئێستا بۆ هەتاهەتایە زیندووم! هەروەها کلیلەکانی مردن و جیهانی مردووانم[j] پێیە. 19 بۆیە ئەمانە بنووسە لەوەی بینیت و ئەوەی هەیە و ئەوەی پاش ئەمەش دەبێت. 20 نهێنی ئەو حەوت ئەستێرەیەی لە دەستی ڕاستم بینیت و حەوت چرادانە زێڕینەکە ئەمەیە: حەوت ئەستێرەکە فریشتەی حەوت کڵێساکانن و حەوت چرادانەکەش حەوت کڵێساکەن.»
نامەیەک بۆ کڵێسای ئەفەسۆس
2 بۆ فریشتەی کڵێساکەی ئەفەسۆس بنووسە:
ئەوەی حەوت ئەستێرەکەی بە دەستی ڕاستی گرتووە و بە ناو حەوت چرادانە زێڕینەکەدا هاتوچۆ دەکات، دەفەرموێ: 2 «ئاگام لە کردار و ماندووبوون و دانبەخۆداگرتنتە، هەروەها کە چۆن لە تواناتدایە خراپەکاران ڕەتبکەیتەوە، ئەوانەشت تاقی کردەوە کە خۆیان بە نێردراو دەزانن بەڵام نێردراو نین، بە درۆزن دەرچوون، 3 دانت بەخۆتداگرت و لەبەر ناوی من بەرگەت گرت، کۆڵت نەدا.
4 «بەڵام ئەوەم لەسەرت هەیە: تۆ خۆشەویستییەکەی یەکەمینت بەلاوە ناوە. 5 بەبیرت بێتەوە لە چ پایەیەکی بەرز کەوتیت! تۆبە بکە و کارەکانی پێشترت دووبارە بکەرەوە. ئەگەر تۆبە نەکەیت، دێمە لات و چرادانەکەت لە شوێنی خۆی لادەدەم. 6 بەڵام شتێکی باشت هەیە: ڕقت لە دابونەریتی نیکۆلاوییەکان[k] دەبێتەوە، کە منیش ڕقم لێیان دەبێتەوە.
7 «ئەوەی گوێی هەیە، با ببیستێت ڕۆحی پیرۆز چی بە کڵێساکان دەفەرموێ. ئەوەی سەربکەوێت دەیدەمێ لە درەختی ژیان[l] بخوات، ئەوەی لە بەهەشتی خودایە.»
نامەیەک بۆ کڵێسای سمیرنا
8 بۆ فریشتەی کڵێساکەی سمیرنا بنووسە:
ئەوەی یەکەمین و دواهەمینە، ئەوەی مردوو بوو و زیندووبووەوە، دەفەرموێ: 9 «ئاگام لە تەنگانە و هەژاریتە، هەرچەندە تۆ دەوڵەمەندیت. هەروەها ئاگام لە قسە هەڵبەستنی ئەوانەیە کە دەڵێن جولەکەین و واش نین، بەڵام کەنیشتی شەیتانن. 10 هەرگیز مەترسە لەو ئازارانەی وا بۆت دێت. وا ئیبلیس خەریکە هەندێکتان بخاتە زیندانەوە، تاکو تاقی بکرێنەوە و دە ڕۆژ تەنگانەتان دەبێت. هەتا مردن دڵسۆزبە، منیش تاجی ژیانت پێ دەبەخشم.
11 «ئەوەی گوێی هەیە، با ببیستێت ڕۆحی پیرۆز چی بە کڵێساکان دەفەرموێ. ئەوەی سەربکەوێت مردنی دووەم ئازاری نادات.»
نامەیەک بۆ کڵێسای پرگامۆس
12 بۆ فریشتەی کڵێساکەی پرگامۆس بنووسە:
ئەوەی شمشێرە تیژە دوو دەمەکەی هەیە دەفەرموێ: 13 «ئاگام لێیە لەکوێ دەژیت، ئەو شوێنەی تەختی شەیتانی لێیە. لەگەڵ ئەوەشدا دەست بە ناوی منەوە دەگریت. تەنانەت لەو ڕۆژانەش کە ئەنتیپاسی شایەتیدەری دڵسۆزم لەلاتان شەهید کرا، لەو شوێنەی شەیتان نیشتەجێیە، نکۆڵیت لە باوەڕی من نەکرد.
14 «بەڵام هەندێک شتم لەسەرت هەیە: ئەویش هەندێک کەس لەلاتن پابەندن بە فێرکردنی بەلعامەوە[m]، ئەوەی بالاقی فێردەکرد کۆسپ لەبەردەم نەوەی ئیسرائیل دابنێت تاکو لەو قوربانییانە بخۆن[n] کە بۆ بت کراون و داوێنپیسی بکەن. 15 بە هەمان شێوە لەلای تۆش هەندێک هەن پابەندن بە فێرکردنی نیکۆلاوییەکان. 16 بۆیە تۆبە بکە! ئەگینا، بەم زووانە دێمە لات و بە شمشێرەکەی دەمم لەگەڵیان دەجەنگم.
17 «ئەوەی گوێی هەیە، با ببیستێت ڕۆحی پیرۆز چی بە کڵێساکان دەفەرموێ. ئەوەی سەربکەوێت لە مەنی[o] شاراوەی دەدەمێ، هەروەها بەردێکی سپی دەدەمێ کە ناوێکی نوێی لەسەر نووسراوە، جگە لەوەی وەریدەگرێت کەس نایزانێت.»
نامەیەک بۆ کڵێسای سیاتیرا
18 بۆ فریشتەی کڵێساکەی سیاتیرا بنووسە:
کوڕی خودا، ئەوەی چاوەکانی وەک گڕی ئاگرە و پێیەکانی وەک بڕۆنزی بریقەدارە، دەفەرموێ: 19 «ئاگام لە کردار و خۆشەویستی و خزمەت و باوەڕ و دانبەخۆداگرتنتە. کارەکانی ئەم دواییەت لەوانەی یەکەمت زیاترن.
20 «بەڵام ئەمەم لەسەرت هەیە: تۆ ڕێت بەو ژنە داوە کە ناوی ئیزابێلە[p]، خۆی بە پێغەمبەر ناوببات، بەندەکانم فێردەکات و چەواشەیان دەکات تاکو داوێنپیسی بکەن و لەو خواردنە بخۆن کە بۆ بت کراوەتە قوربانی. 21 کاتم پێیدابوو تاکو تۆبە بکات، بەڵام نەیویست تۆبە لە داوێنپیسی بکات. 22 لەبەر ئەوە فڕێیدەدەمە سەر جێگا و نەخۆش دەکەوێ، هەروەها ئەگەر ئەوانەی داوێنپیسییان لەگەڵی کردووە لە کردارەکانیان تۆبە نەکەن، دەیانخەمە ناو تەنگانەیەکی گەورەوە. 23 هەروەها منداڵەکانی بە مردن لەناودەبەم، هەموو کڵێساکانیش دەزانن من پشکێنەری مێشک و دڵەکانم، هەر یەکێکیشتان بەگوێرەی کارەکانی دەیدەمێ.
24 «بەڵام بە ئێوە دەڵێم، ئەوانەی لە سیاتیرا ماونەتەوە، ئەوانەی ئەم فێرکردنەیان نییە و بە قووڵایی شەیتانیان نەزانیوە، وەک دەڵێن، من بارێکی دیکەتان ناخەمە سەر، 25 تەنها ئەوەی هەتانە دەستی پێوە بگرن، هەتا دێم.
26 «ئەوەی سەربکەوێت و کارەکانی من تاکو کۆتایی بپارێزێت، دەسەڵاتی بەسەر نەتەوەکاندا دەدەمێ،
27 «[بە گۆچانێکی ئاسنین بەڕێوەیان دەبات،
وەک گۆزەیەکی گڵین وردوخاشیان دەکات.][q]
هەروەک منیش لە باوکمەوە دەسەڵاتم وەرگرتووە. 28 هەروەها ئەستێرەی بەرەبەیانی دەدەمێ. 29 ئەوەی گوێی هەیە، با ببیستێت ڕۆحی پیرۆز چی بە کڵێساکان دەفەرموێ.»
نامەیەک بۆ کڵێسای ساردس
3 هەروەها بۆ فریشتەی کڵێساکەی ساردس بنووسە:
ئەوەی حەوت ڕۆحی خودا و حەوت ئەستێرەکەی هەیە دەفەرموێ: «ئاگام لە کردارەکانتە، تۆ بە ناو زیندوویت، بەڵام مردوویت. 2 ئێشک بگرە! ئەوەی ماوە بەهێزی بکە، ئەوەی خەریکە بمرێت، چونکە لەبەردەم خودام کارەکانتم بە ناتەواوی بینی. 3 ئیتر ئەو شتەی کە فێری بوویت و بیستت بەبیر خۆتی بهێنەرەوە و بە باشی پێیەوە پابەند بە و تۆبە بکە. بەڵام ئەگەر ئێشک نەگریت ئەوا وەک دزێک دێم و نازانی لە چ کاتێکدا بۆت دێم.
4 «کەچی خەڵکێکی کەمت لە ساردسدا هەیە بەرگەکانیان گڵاو نەکردووە، بە بەرگی سپییەوە لەگەڵ من ڕێ دەکەن، چونکە شایانی ئەوەن. 5 ئەوەی سەربکەوێت ئاوا بەرگی سپی دەپۆشێت و ناوی لە پەڕتووکی ژیاندا ناسڕمەوە و لەبەردەم باوکم و لەبەردەم فریشتەکانی دان بە ناوەکەیدا دەنێم. 6 ئەوەی گوێی هەیە، با ببیستێت ڕۆحی پیرۆز چی بە کڵێساکان دەفەرموێ.»
نامەیەک بۆ کڵێسای فیلادەلفیا
7 هەروەها بۆ فریشتەی کڵێساکەی فیلادەلفیا بنووسە:
ئەوەی پیرۆز و ڕاستە، کلیلەکەی داودی لە دەستە، ئەوەی دەیکاتەوە و کەس دایناخات، دایدەخات و کەس نایکاتەوە، دەفەرموێ: 8 «ئاگام لە کردارەکانتە. ئەوەتا دەرگایەکی کراوەم لەبەردەمت داناوە و کەس ناتوانێت دایبخات. دەزانم هێزێکی کەمت هەیە، بەڵام وشەی من دەپارێزیت، نکۆڵیت لە ناوی من نەکرد. 9 ئەوەتا ئاوا لەوانەی کەنیشتی شەیتان دەکەم، ئەوانەی دەڵێن جولەکەین و جولەکەش نین، بەڵکو درۆ دەکەن، وایان لێ دەکەم بێن و لەبەردەم پێیەکانتدا کڕنۆش ببەن و بزانن تۆم خۆشویستووە. 10 لەبەر ئەوەی بەگوێرەی ڕاسپاردەکەم دانت بەخۆتداگرت، منیش لە کاتی تاقیکردنەوەدا دەتپارێزم کە بەسەر هەموو جیهاندا دێت بۆ ئەوەی دانیشتووانی جیهان تاقی بکرێنەوە.
11 «زوو دێم. دەست بگرە بەوەی هەتە، تاکو کەس تاجەکەت لێ نەستێنێت. 12 ئەوەی سەربکەوێت دەیکەمە کۆڵەکەیەک لەناو پەرستگای خودام و هەرگیز لێی دەرناچێت. ناوی خودای خۆم و ناوی شاری خودای خۆمی لەسەر دەنووسم، ئۆرشەلیمی نوێ، ئەوەی لەلایەن خودای خۆم لە ئاسمانەوە دێتە خوارەوە، هەروەها ناوی نوێی خۆمی لەسەر دەنووسم. 13 ئەوەی گوێی هەیە، با ببیستێت ڕۆحی پیرۆز چی بە کڵێساکان دەفەرموێ.»
نامەیەک بۆ کڵێسای لاودیکییا
14 بۆ فریشتەی کڵێساکەی لاودیکییا بنووسە:
ئەمە پەیامی ئەوەیە کە بە ئامین[r] ناو دەبردرێت، کە شایەتیدەری دڵسۆز و ڕاستگۆیە و سەرچاوەی بەدیهێنراوەکانی خودایە: 15 «ئاگام لە کردارەکانتە، تۆ نە سارد و نە گەرمیت. خۆزگە سارد یان گەرم بووای، 16 بەڵام لەبەر ئەوەی شلەتێنیت، نە ساردیت و نە گەرمیت، بەتەمام لە دەممەوە بتتفێنمەوە. 17 تۆ دەڵێی: ”دەوڵەمەندم و زەنگین بوومە، پێویستیم بە هیچ نییە.“ بەڵام بێئاگای لەوەی بە دەردەسەری و نەگبەت و هەژار و کوێر و ڕووتیت. 18 ئامۆژگاریت دەکەم زێڕی بە ئاگر پوختەکراوم لێ بکڕیت تاکو دەوڵەمەند بیت، جلی سپیش تاکو لەبەری بکەیت بۆ ئەوەی شەرمەزاری ڕووتیت دەرنەکەوێت، هەروەها کلیش بۆ ئەوەی لە چاوتی بدەیت هەتا ببینیت.
19 «ئەوانەی خۆشم بوێن سەرزەنشتیان دەکەم و تەمبێیان دەکەم. بۆیە دڵگەرم بە و تۆبە بکە. 20 ئەوەتا لە بەردەرگا وەستاوم و لە دەرگا دەدەم. ئەگەر یەکێک گوێی لە دەنگم بوو و دەرگاکەی کردەوە، لێی دێمە ژوورەوە و نانی لەگەڵ دەخۆم، ئەویش لەگەڵ من.
21 «ئەوەی سەربکەوێت دەیدەمێ لەسەر تەختەکەم لەگەڵم دانیشێت، وەک منیش سەرکەوتنم بەدەستهێنا و لەگەڵ باوکم لە تەختەکەیدا دانیشتم. 22 ئەوەی گوێی هەیە، با ببیستێت ڕۆحی پیرۆز چی بە کڵێساکان دەفەرموێ.»
بینینی تەختی پاشایانەی خودا
4 پاش ئەمە تەماشام کرد دەرگایەکی کراوەم بینی لە ئاسماندا، ئەو دەنگەش کە یەکەم جار وەک کەڕەنا هاتە گوێم[s]، پێی فەرمووم: «سەربکەوە بۆ ئێرە، ئەوەت پیشان دەدەم کە دوای ئەمە پێویستە ڕووبدات.» 2 دەستبەجێ ڕۆحی پیرۆزم هاتە سەر و تەختێکم بینی لە ئاسمان دانرابوو، لەسەر تەختەکەش یەکێک دانیشتبوو. 3 ڕوخساری دانیشتووەکە لە بەردی یەشب و یاقووتی سوور دەچوو، پەلکەزێڕینەیەکیش وەک زمروود لە دەوری تەختەکە دەدرەوشایەوە. 4 لە دەوری تەختەکەش بیست و چوار تەخت هەبوون، بیست و چوار پیریش کە جلی سپییان پۆشی بوو لەسەر تەختەکان دانیشتبوون و تاجی زێڕینیان لەسەر بوو. 5 لە تەختەکەوە هەورە بروسکە و دەنگەدەنگ و هەورەگرمە دەهات، لەبەردەم تەختەکەش حەوت چرای ئاگرین دەسووتان، کە حەوت ڕۆحەکەی خودان. 6 لەبەردەم تەختەکەش شوێنێکی وەک دەریایەکی شووشەیی هەبوو، وەک کریستاڵ.
لەناوەڕاست، لە دەوروبەری تەختەکە چوار بوونەوەر هەبوون، لەپێش و پاش بە چاو داپۆشرا بوون. 7 بوونەوەری یەکەم وەک شێر بوو، دووەم بوونەوەر وەک جوانەگا، سێیەم بوونەوەر ڕوخسارێکی وەک مرۆڤی هەبوو، چوارەم بوونەوەر وەک هەڵۆیەکی فڕیو بوو. 8 چوار بوونەوەرەکە هەریەکەیان شەش باڵی هەبوو، دەوروبەر و ژێر باڵیشیان بە چاو داپۆشرابوو، تەنانەت لەژێر باڵەکانی، شەو و ڕۆژ بێ وەستان دەڵێن:
«پیرۆزە، پیرۆزە، پیرۆزە،
خودای پەروەردگاری هەرە بە توانا،
ئەوەی هەبووە و هەیە و دێت.»
9 هەر کاتێک بوونەوەرەکان شکۆ و ڕێز و سوپاس دەکەن بۆ ئەوەی دانیشتووی سەر تەختەکەیە، ئەوەی هەتاهەتایە زیندووە، 10 بیست و چوار پیرەکەی بەردەم دانیشتووی سەر تەختەکە دەکەون و کڕنۆش بۆ زیندووی هەتاهەتایی دەبەن و تاجەکانیان لەبەردەم تەختەکە فڕێدەدەن و دەڵێن:
11 «ئەی خودای پەروەردگارمان، تۆ شایانی ئەوەی شکۆ و ڕێز و توانا وەربگریت،
چونکە تۆ هەموو شتێکت بەدیهێناوە،
بە خواستی تۆش هەن و بەدیهێنران.»
تۆمار و بەرخە سەربڕدراوەکە
5 لەلای دەستە ڕاستی دانیشتووی سەر تەختەکەوە تۆمارێکم بینی لە هەردوو ڕووی نووسرا بوو، بە حەوت مۆریش مۆر کرابوو. 2 هەروەها فریشتەیەکی بەهێزم بینی بە دەنگێکی بەرز هاواری دەکرد: «کێ شایستەی ئەوەیە تۆمارەکە بکاتەوە و مۆرەکانی بشکێنێت؟» 3 کەس نەبوو، نە لە ئاسمان و نە لەسەر زەوی و نە لەژێر زەوی بتوانێت تۆمارەکە بکاتەوە یاخود تەماشای بکات. 4 دەستم بە گریانێکی زۆر کرد، چونکە کەس شایستەی ئەوە نەبوو تۆمارەکە بکاتەوە یان تەماشای ناوەوەی بکات. 5 یەکێک لە پیرەکان پێی گوتم: «مەگریێ، ئەوەتا ئەو شێرەی لە هۆزی یەهودایە و لە ڕەگی داودە[t] سەرکەوتنی بەدەستهێنا، تۆمارەکە دەکاتەوە و حەوت مۆرەکەی دەشکێنێت.»
6 ئینجا لەناوەڕاستی تەختەکە بەرخێکم بینی وەستا بوو وەک سەربڕدرابێت وابوو، چوار بوونەوەرەکە و پیرەکانیش بەدەوریدا بوون. بەرخەکە حەوت شاخ و حەوت چاوی هەبوو، کە حەوت ڕۆحەکەی خودان بۆ هەموو زەوی نێردراون. 7 هات و تۆمارەکەی لە دەستی ڕاستی دانیشتووی سەر تەختەکە وەرگرت. 8 کاتێک تۆمارەکەی وەرگرت، چوار بوونەوەرەکە و بیست و چوار پیرەکە کەوتنە بەردەم بەرخەکە، هەریەکەیان قیسارە و جامی زێڕینی پڕ بخووریان پێبوو، ئەوەش نوێژەکانی گەلی پیرۆزی خودایە، 9 سروودێکی نوێشیان دەگوت:
«تۆ شایستەی ئەوەی تۆمارەکە ببەیت و
مۆرەکانی بکەیتەوە،
چونکە تۆ سەربڕایت و بە خوێنی خۆت خەڵکت بۆ خودا کڕییەوە،
لە هەموو خێڵ و زمان و گەل و نەتەوەیەک.
10 ئەوانیشت کردە شانشین و کاهین بۆ خودامان و
فەرمانڕەوایەتی زەوی دەکەن.»
11 ئینجا تەماشام کرد و گوێم لە دەنگی فریشتەیەکی زۆر بوو لە دەوری تەختەکە و بوونەوەرەکان و پیرەکان، ژمارەیان هەزاران هەزار و دەیان هەزار دە هەزار دەبوو، 12 بە دەنگێکی بەرز دەیانگوت:
«بەرخە سەربڕدراوەکە شایستەی وەرگرتنی
توانا و دەوڵەمەندی و دانایی و هێز و
ڕێز و شکۆ و ستایشە!»
13 هەموو بوونەوەرێکی ئاسمان و زەوی و ژێر زەوی و ناو دەریاش، هەموو ئەوانەی لەوێدا بوون، بیستم دەیانگوت:
«با ستایش و ڕێز و شکۆ و توانا،
بۆ دانیشتووی سەر تەختەکە و
بەرخەکە بێت، هەتاهەتایە!»
14 چوار بوونەوەرەکەش دەیانگوت: «ئامین»، پیرەکانیش کەوتن و کڕنۆشیان برد.
حەوت مۆرەکە
6 سەیرم کرد کە بەرخەکە یەکێک لە حەوت مۆرەکەی کردەوە. ئینجا گوێم لێبوو یەکێک لە چوار بوونەوەرەکە بە دەنگێکی وەک هەورەگرمە گوتی: «وەرە!» 2 سەیرم کرد ئەسپێکی سپیم بینی، سوارەکەی کەوانێکی بەدەستەوە بوو و تاجێکی پێدرابوو، بە سەرکەوتنەوە دەرچوو تاکو سەربکەوێت.
3 کاتێک بەرخەکە مۆری دووەمی کردەوە، گوێم لە بوونەوەری دووەم بوو گوتی: «وەرە!» 4 ئەسپێکی دیکەی سووری درەوشاوە هاتە پێشەوە، سوارەکەی دەسەڵاتی پێدرابوو ئاشتی لە زەویدا نەهێڵێت تاکو خەڵک یەکتری بکوژن. هەروەها شمشێرێکی گەورەی پێدرابوو.
5 کاتێک بەرخەکە مۆری سێیەمی کردەوە، گوێم لێبوو بوونەوەری سێیەم گوتی: «وەرە!» سەیرم کرد، ئەسپێکی ڕەشم بینی، سوارەکەی تەرازووێکی بەدەستەوە بوو. 6 گوێم لێبوو دەنگێک لەناوەڕاستی چوار بوونەوەرەکەدا دەیگوت: «یەک مشت[u] گەنم بە دینارێک[v]، سێ مشت جۆ بە دینارێک، بەڵام زیان بە ڕۆن و شەرابەکە مەگەیەنە.»
7 کاتێک بەرخەکە مۆری چوارەمی کردەوە، گوێم لە دەنگی بوونەوەری چوارەم بوو گوتی: «وەرە!» 8 سەیرم کرد، ئەسپێکی زەردباوم بینی، سوارەکەی ناوی «مردن» بوو، یەکێکی دیکە بە ناوی «جیهانی مردووان» دوای کەوتبوو. دەسەڵاتیان پێدرابوو چارەگی زەوی بە شمشێر و قاتوقڕی و دەرد بکوژن، هەروەها بە دڕندە کێوییەکانی زەوی.
9 کاتێک مۆری پێنجەمی کردەوە، لەژێر قوربانگادا ڕۆحی ئەوانەم بینی لەبەر پەیامی خودا و لەبەر ئەو شایەتییەی لەلایان بوو کوژرابوون. 10 بە دەنگێکی بەرز هاواریان کرد و گوتیان: «ئەی یەزدانی باڵادەست، پیرۆز و ڕاست، هەتا کەی حوکمیان نادەیت و تۆڵەی خوێنی ئێمە لە دانیشتووانی سەر زەوی ناستێنی؟» 11 جا هەریەکەیان جلێکی سپییان درایێ و پێیان گوترا ماوەیەک بحەسێنەوە، هەتا بەندە هاوکارەکان و خوشک و براکانیان کە وەک ئەوان دەکوژرێن تەواو دەبن.
12 سەیرم کرد کە مۆری شەشەمی کردەوە، بوومەلەرزەیەکی گەورە ڕوویدا و خۆر وەک جلوبەرگی ماتەم ڕەش هەڵگەڕا، مانگیش وەک خوێن سوور هەڵگەڕا، 13 ئەستێرەکانی ئاسمان کەوتنە زەوی، وەک دار هەنجیر کاتێک بایەکی توند دەیهەژێنێت، بەرەکەی دەکەوێت. 14 ئاسمان وەک تۆمارێکی لوولکراو لەبەرچاو ون بوو، هیچ چیا و دوورگەیەک لە شوێنی خۆی نەما. 15 پاشایانی سەر زەوی و گەورە و سوپاسالار و دەوڵەمەند و بەهێز و هەموو کۆیلە و ئازادێک، خۆیان لە ئەشکەوت و تاشەبەردی چیادا حەشار دا، 16 بە چیا و بەردیان دەگوت: «بکەونە سەرمان تاکو لە ڕووی دانیشتووی سەر تەختەکە و تووڕەیی بەرخەکە بمانشارنەوە! 17 چونکە ڕۆژی تووڕەبوونە گەورەکەیان هاتووە و کێ دەتوانێت خۆی ڕابگرێت؟»
پاراستنی بەندەکانی خودا
7 پاش ئەمە چوار فریشتەم بینی لەسەر هەر چوار گۆشەی زەوی ڕاوەستابوون، چوار بایەکەی زەوییان گرتبوو تاکو بۆ سەر زەوی و سەر دەریا و سەر هیچ درەختێک هەڵنەکەن. 2 فریشتەیەکی دیکەشم بینی لە ڕۆژهەڵاتەوە دەردەکەوت مۆری خودای زیندووی پێبوو، بە دەنگێکی بەرز بانگی چوار فریشتەکەی کرد کە توانایان پێدرابوو زیان بە زەوی و دەریا بگەیەنن، گوتی: 3 «زیان بە زەوی و دەریا و درەخت مەگەیەنن هەتا نێوچەوانی بەندەکانی خودامان مۆر دەکەین.» 4 گوێم لێبوو کە ژمارەی مۆرکراوان لە هەموو هۆزەکانی نەوەی ئیسرائیل سەد و چل و چوار هەزارە.
5 لە هۆزی یەهودا دوازدە هەزار مۆرکراو،
لە هۆزی ڕەئوبێن دوازدە هەزار،
لە هۆزی گاد دوازدە هەزار،
6 لە هۆزی ئاشێر دوازدە هەزار،
لە هۆزی نەفتالی دوازدە هەزار،
لە هۆزی مەنەشە دوازدە هەزار،
7 لە هۆزی شیمۆن دوازدە هەزار،
لە هۆزی لێڤی دوازدە هەزار،
لە هۆزی یەساخار دوازدە هەزار،
8 لە هۆزی زەبولون دوازدە هەزار،
لە هۆزی یوسف دوازدە هەزار،
لە هۆزی بنیامین دوازدە هەزار مۆرکراو.
خەڵکانێکی سپیپۆش
9 پاش ئەمە سەیرم کرد ئاپۆرەیەک لە خەڵکم بینی لە هەموو نەتەوە و هۆز و گەل و زمانێک کە لە ژمارە نەدەهات، لەبەردەم تەختەکە و بەرخەکە ڕاوەستابوون، جلی سپییان لەبەردا بوو و لقە دار خورمایان بەدەستەوە گرتبوو، 10 بە دەنگێکی بەرز هاواریان دەکرد و دەیانگوت:
«ڕزگاری هی خودامانە،
کە لەسەر تەختەکە دانیشتووە و
هی بەرخەکەیە.»
11 هەموو فریشتەکان لە دەوری تەختەکە ڕاوەستابوون، پیرەکان و چوار بوونەوەرەکە، لەبەردەم تەختەکە بە ڕوودا کەوتن و کڕنۆشیان بۆ خودا برد، 12 دەیانگوت:
«ئامین!
ستایش و شکۆ و دانایی و
سوپاس و ڕێز و هێز و توانا
بۆ خودامانە، هەتاهەتایە!
ئامین!»
13 دوایی یەکێک لە پیرەکان لێی پرسیم: «ئەم سپی پۆشانە کێن و لەکوێوە هاتوون؟»
14 منیش پێم گوت: «گەورەم، تۆ دەزانیت.»
پێی گوتم: «ئەمانە ئەوانەن کە لە تەنگانە گەورەکەوە هاتوون و جلەکانیان بە خوێنی بەرخەکە شوشتووە و سپی کردووە. 15 بۆیە
«لەبەردەم تەختی خودان و
شەو و ڕۆژ لە پەرستگاکەی خزمەتی دەکەن و
دانیشتووی سەر تەختەکەش بە چادر دایاندەپۆشێت.
16 ئیتر نە برسی دەبن و نە تینوو،
نە هەتاو لێیان دەدات و نە گەرمی سووتێنەر.
17 چونکە بەرخەکەی ناوەڕاستی تەختەکە شوانەتییان دەکات و
بەرەو کانییەکانی ئاوی ژیانیان دەبات،
خوداش هەموو فرمێسکەکانی چاویان دەسڕێتەوە.»
مۆری حەوتەم
8 کاتێک بەرخەکە مۆری حەوتەمی کردەوە، نیو کاتژمێر بێدەنگییەک ئاسمانی گرتەوە. 2 ئەو حەوت فریشتەیەم بینی کە لەبەردەم خودا ڕادەوەستن و حەوت کەڕەنایان پێدرابوو. 3 فریشتەیەکی دیکەش هات و لەلای قوربانگاکە وەستا، بخووردانێکی زێڕینی پێبوو. بخوورێکی زۆریشی پێدرابوو تاکو لەگەڵ نوێژی گەلی پیرۆزی خودا لەسەر ئەو قوربانگا زێڕینەی کە لەبەردەم تەختەکەیە پێشکەشی بکات. 4 لەگەڵ نوێژەکانی گەلی پیرۆزی خودا، دووکەڵی بخوور لە دەستی فریشتەکە لەبەردەم خودا بەرزبووەوە. 5 فریشتەکەش بخووردانەکەی برد و لە قوربانگاکە پڕی کرد لە ئاگر و فڕێیدایە سەر زەوی. ئیتر بوو بە هەورەگرمە و دەنگەدەنگ و هەورە بروسکە، پاشان بوومەلەرزەیەک ڕوویدا.
حەوت کەڕەناکان
6 ئیتر حەوت فریشتەکەی کە حەوت کەڕەناکەیان پێبوو خۆیان بۆ لێدانی کەڕەنا ئامادە کرد.
7 فریشتەی یەکەم کەڕەناکەی لێدا و تەرزە و ئاگری تێکەڵ بە خوێن پەیدابوو، فڕێدرانە سەر زەوی. سێیەکی زەوی سووتا و سێیەکی درەختەکانیش سووتان و هەموو گیایەکی سەوز سووتان.
8 فریشتەی دووەم کەڕەناکەی لێدا و شتێک لە شێوەی چیایەکی گەورەی گڕگرتوو فڕێدرایە دەریاوە. سێیەکی دەریاکەش بووە خوێن، 9 سێیەکی بوونەوەرانی زیندووی دەریاش مردن، سێیەکی کەشتییەکانیش تێکشکان.
10 فریشتەی سێیەم کەڕەناکەی لێدا و ئەستێرەیەکی گەورەی پرشنگداری وەک چرا لە ئاسمانەوە کەوتە سەر سێیەکی ڕووبار و سەرچاوەکانی ئاو، 11 ئەستێرەکەش ناوی زەقنەبووت بوو. سێیەکی ئاو تاڵ بوو، خەڵکانێکی زۆریش لەبەر تاڵی ئاوەکە مردن.
12 فریشتەی چوارەمیش کەڕەناکەی لێدا و سێیەکی خۆر و سێیەکی مانگ و سێیەکی ئەستێرەکان لێدران، تاکو سێیەکیان تاریک بن. ڕۆژ سێیەکی تاریک بوو، سێیەکی شەویش بە هەمان شێوە بێ ڕووناکی بوو.
13 پاشان تەماشام کرد، بیستم هەڵۆیەکی هەڵفڕیو لەناوەڕاستی ئاسماندا، بە دەنگێکی بەرز دەیگوت: «قوڕبەسەرتان! قوڕبەسەرتان! ئەی دانیشتووانی سەر زەوی، قوڕبەسەرتان! کاتێک ئەو سێ فریشتەیەی کە خەریکن کەڕەناکانیان لێدەدەن، چی بەسەر زەوی دەهێنن!»
9 کاتێک فریشتەی پێنجەم کەڕەناکەی لێدا، تەماشام کرد ئەستێرەیەک لە ئاسمانەوە کەوتە سەر زەوی و کلیلی بیری بێ بنی[w] پێدرابوو. 2 کاتێک فریشتەکە بیری بێ بنی کردەوە، دووکەڵێک لە شێوەی دووکەڵی کوورەیەکی گەورە لێی بەرزبووەوە و خۆر و ئاسمانی تاریک کرد. 3 لە دووکەڵەکەوە کوللە بارین بۆ سەر زەوی و توانا و دەسەڵاتێکی وەک توانا و دەسەڵاتی دووپشکی زەوییان پێدرابوو. 4 کوللەکان فەرمانی ئەوەیان پێدرابوو کە زیان بە گیای زەوی و هیچ سەوزایی و هیچ درەختێک نەگەیەنن، تەنها زیان بەو خەڵکانە بگەیەنن کە مۆری خودایان بە نێوچەوانەوە نییە. 5 ڕێیان پێنەدرابوو ئەو خەڵکانە بکوژن، بەڵکو پێنج مانگ ئازار بچێژن، ئازارەکەی وەک ئازاری دووپشکە کاتێک بە مرۆڤەوە دەدات. 6 لەو ڕۆژانەدا خەڵک بەدوای مردندا دەگەڕێن بەڵام نایدۆزنەوە، حەز لە مردن دەکەن بەڵام مردن لێیان ڕادەکات.
7 شێوەی کوللەکان وەک ئەو ئەسپانە بوون کە بۆ شەڕ ئامادە دەکرێن، لەسەر سەریان شتێک لە شێوەی تاجێکی زێڕین هەبوو و ڕوخساریان وەک مرۆڤ بوو. 8 قژیان لە شێوەی قژی ئافرەت بوو و ددانەکانیشیان وەک ددانی شێر. 9 سپەریان هەبوو وەک سپەری ئاسنین، دەنگی باڵەکانیان وەک دەنگی ئەو گالیسکانە بوو کە ئەسپێکی زۆری پێوەیە و تاودەدرێن بەرەو جەنگ. 10 چەند کلکێکی چزووداری وەک دووپشکیان هەبوو، پێنج مانگ توانا و دەسەڵاتی ئەوەیان پێدرابوو کە بە کلکەکانیان ئازاری خەڵک بدەن. 11 فریشتە بەدکارەکەی بیری بێ بن پاشا بوو بەسەریانەوە، بە عیبری ناوی ئەبەدۆنە[x] و بە یۆنانی ناوی ئەپۆلیۆنە.
12 نەهامەتی یەکەم نەماوە، دوو نەهامەتی دیکە ماون کە دوای ئەمە دێن.
13 پاشان فریشتەی شەشەم کەڕەناکەی لێدا و دەنگێک لە چوار قۆچەکەی قوربانگا زێڕینەکەی بەردەم خوداوە هاتە گوێم، 14 کە بە فریشتەی شەشەمی دەگوت کە کەڕەناکەی پێبوو: «چوار فریشتە بەستراوەکەی لای ڕووباری گەورەی فورات ئازاد بکە.» 15 چوار فریشتەکەی ئامادە کرابوون بۆ ئەو کاتژمێر و ڕۆژ و مانگ و ساڵە، ئازاد کران، تاکو سێیەکی مرۆڤ بکوژن. 16 گوێم لێبوو ژمارەی سەربازە سوارەکان دوو سەد ملیۆن بوو.
17 ئەو ئەسپ و سوارانەی کە لە بینینەکەدا بۆم ئاشکرا کران بەم شێوەیە بوون: سپەری ئاگرین و مرواریدار و گۆگردیان هەبوو، سەری ئەسپەکان وەک سەری شێر وابوون و لە دەمیانەوە ئاگر و دووکەڵ و گۆگرد دەردەچوو. 18 بەو سێ بەڵایە سێیەکی مرۆڤایەتی کوژران، بە ئاگر و دووکەڵ و گۆگرد کە لە دەمیانەوە دەردەچوو. 19 هێزی ئەسپەکان لە دەم و کلکیانە بوو، چونکە کلکیان وەک مار سەری هەبوو خەڵکیان پێ ئازار دەدا.
20 پاشماوەی مرۆڤەکان کە بەو بەڵایانە نەکوژران، تۆبەیان لە کردەی دەستی خۆیان نەکرد. بەردەوام بوون لە کڕنۆشبردن بۆ ڕۆحی پیس و ئەو بتانەی کە لە زێڕ و زیو و بڕۆنز و بەرد و دار دروستکرابوون، کە ناتوانن ببیستن و ببینن و بڕۆن. 21 هەروەها لە کوشتن و فاڵچیێتی و داوێنپیسی و دزیکردن تۆبەیان نەکرد.
فریشتە و تۆمارە بچووکەکە
10 پاشان فریشتەیەکی دیکەی بەهێزم بینی لە ئاسمانەوە دەهاتە خوارەوە و بە هەور خۆی پۆشیبوو، پەلکەزێڕینە لەسەر سەری بوو، ڕووی وەک خۆر وابوو، پێیەکانی وەک ستوونی ئاگر وابوون. 2 تۆمارێکی بچووکی کراوەی بەدەستەوە بوو. پێی ڕاستی لەسەر دەریا و چەپی لەسەر وشکانی دانا. 3 بە دەنگێکی بەرز وەک نەڕەی شێر نەڕاندی. کاتێک نەڕاندی، حەوت هەورەگرمەکە بە دەنگەکانیان هاتنە دوان. 4 کاتێک حەوت هەورەگرمەکە هاتنە دوان، بەتەمابووم بنووسم، بەڵام دەنگێکم لە ئاسمانەوە گوێ لێبوو دەیفەرموو: «ئەوەی حەوت هەورەگرمەکە گوتیان مۆری بکە و مەیاننووسە.» 5 ئەو فریشتەیەی بینیم لەسەر دەریا و وشکانی ڕاوەستابوو دەستی ڕاستی بۆ ئاسمان بەرزکردەوە و 6 سوێندی بە خودای زیندووی هەتاهەتایی خوارد، ئەوەی ئاسمان و زەوی و دەریا و هەموو ئەو شتانەی تێیاندایە بەدییهێناون، گوتی: «چیتر کاتەکە دواناخرێت! 7 بەڵکو لە ڕۆژانی پێش لێدانی کەڕەنا لەلایەن فریشتەی حەوتەمەوە، پێش ئەوەی دەنگی کەڕەناکە بێت، نهێنی خودا دێتە دی، وەک چۆن خوداش مژدەی بە بەندە پێغەمبەرەکانی دا.»
8 ئەو دەنگەی لە ئاسمانەوە گوێم لێبوو دیسان قسەی لەگەڵ کردم و فەرمووی: «بڕۆ تۆمارە کراوەکە لە فریشتە ڕاوەستاوەکەی سەر دەریا و سەر وشکانی وەربگرە.» 9 چوومە لای فریشتەکە و پێم گوت تۆمارە بچووکەکەم بداتێ، پێی گوتم: «بیبە و بیخۆ. گەدەت تاڵ دەکات، بەڵام لە دەمتدا وەک هەنگوین شیرین دەبێت.» 10 ئەوە بوو تۆمارە بچووکەکەم لە دەستی فریشتەکە وەرگرت و خواردم، لە دەممدا وەک هەنگوین شیرین بوو، بەڵام کە خواردم گەدەی تاڵ کردم. 11 پاشان پێم گوترا: «دەبێت دووبارە پێشبینی لەسەر خەڵک و نەتەوە و زمان و پاشای زۆر بکەیت.»
دوو شایەتەکە
11 پاشان قامیشێکی وەک داری پێوانەم پێدرا، خوداش پێی فەرمووم: «هەستە، پەرستگای خودا و قوربانگا بپێوە و ئەو خەڵکانە بژمێرە کە تێیدا کڕنۆش دەبەن. 2 بەڵام واز لە حەوشەی پەرستگا بهێنە و مەیپێوە، چونکە بە ناجولەکەکان دراوە، چل و دوو مانگیش شاری پیرۆز پێشێل دەکەن. 3 هەروەها توانا و دەسەڵات بە دوو شایەتەکەم دەدەم بۆ هەزار و دوو سەد و شەست ڕۆژ بە جلوبەرگی گوشەوە پەیامی خودا ڕابگەیەنن.» 4 ئەمانە ئەو دوو دار زەیتوونە و ئەو دوو چرادانەن کە لەبەردەم پەروەردگاری جیهاندا ڕاوەستاون. 5 ئەگەر یەکێک بیەوێت زیانیان پێ بگەیەنێت، ئاگر لە دەمیانەوە دەردەچێت و دوژمنانیان دەخوات. ئەگەر یەکێک بیەوێت زیانیان پێ بگەیەنێت دەبێت بەم شێوەیە بکوژرێت. 6 ئەمانە دەسەڵاتی ئەوەیان هەیە کە لە کاتی ڕاگەیاندنی پەیامی خودا ئاسمان دابخەن، تاکو باران نەبارێت. هەروەها دەسەڵاتیان بەسەر ئاودا هەیە کە بیکەنە خوێن و زەوی تووشی هەموو بەڵایەک بکەن، هەر کاتێک بیانەوێ.
7 کاتێک شایەتییەکەیان تەواو کرد ئەو دڕندەیەی لە بیری بێ بن دێتە دەرەوە، لەگەڵیان دەجەنگێت، دەیانبەزێنێت و دەیانکوژێت. 8 هەروەها تەرمەکانیان لەسەر شەقامی شارە گەورەکە دەبێت کە ناوی مەجازی سەدۆم و میسرە، لەوێش گەورەکەیان لە خاچ درا. 9 بۆ ماوەی سێ ڕۆژ و نیو خەڵکانێک لە هەموو گەل و هۆز و زمان و نەتەوەکان تەماشای تەرمەکانیان دەکەن و ناهێڵن تەرمەکانیان بنێژرێن، 10 هەروەها دانیشتووانی سەر زەوی پێی شاد دەبن و شایی دەگێڕن و دیاری بۆ یەکتری دەنێرن، چونکە ئەم دوو پێغەمبەرە دانیشتووانی سەر زەوییان ئازار دابوو.
11 بەڵام پاش سێ ڕۆژ و نیو هەناسەی ژیان لە خوداوە چووە ناویان، ئەوانیش هەستانەوە لەسەر پێیەکانیان و ترسێکی گەورە کەوتە سەر ئەوانەی تەماشایان دەکرد. 12 دەنگێکی بەرزیشیان لە ئاسمانەوە بیست، پێی دەفەرموون: «سەربکەونە ئێرە.» ئەوانیش لەبەرچاوی دوژمنانیان لە هەوردا بۆ ئاسمان سەرکەوتن.
13 هەر لەو کاتەدا بوومەلەرزەیەکی گەورە ڕوویدا و دەیەکی شارەکە داڕما. حەوت هەزار کەس بە بوومەلەرزەکە کوژران، ئەوانی دیکە ترسان و ستایشی خودای ئاسمانیان کرد.
14 نەهامەتی دووەم نەما، ئەوەتا نەهامەتی سێیەم زوو دێت.
کەڕەنای حەوتەم
15 فریشتەی حەوتەمیش کەڕەناکەی لێدا و چەند دەنگێکی بەرز لە ئاسمانەوە هاتن و گوتیان:
«شانشینی جیهان بووە شانشینی پەروەردگارمان و مەسیحەکەی[y]،
مەسیحیش بۆ هەتاهەتایە پاشایەتی دەکات.»
16 ئەو بیست و چوار پیرەی کە لەبەردەم خودا لەسەر تەختەکانیان دانیشتبوون، خۆیان بە زەویدا دا و کڕنۆشیان بۆ خودا برد، 17 گوتیان:
«سوپاست دەکەین، خودای پەروەردگاری هەرە بە توانا،
ئەوەی هەیە و هەبووە،
چونکە هێزە گەورەکەی خۆتت وەرگرت و
دەستت بە فەرمانڕەوایی کرد.
18 نەتەوەکان تووڕە بوون،
بەڵام کاتی تووڕەیی تۆش هاتووە.
کاتی لێپرسینەوەی مردووان هات،
بۆ پاداشتکردنی بەندە پێغەمبەرەکانت و
گەلە پیرۆزەکەت کە لە ناوی تۆ دەترسن، بە گەورە و بچووکەوە،
هەروەها بۆ لەناوبردنی ئەوانەی زەوی لەناودەبەن.»
19 پەرستگای خوداش لە ئاسمان کرایەوە و سندوقی پەیمانەکەی لە پەرستگاکەی دەرکەوت. لەوێدا بووە هەورە بروسکە و دەنگەدەنگ و هەورەگرمە و بوومەلەرزە و تەرزەی قەبارە گەورە باری.
ژن و ئەژدیها
12 نیشانەیەکی گەورەش لە ئاسماندا دەرکەوت: ئافرەتێک خۆری پۆشی بوو، مانگ لەژێر پێیدا و تاجێکی دوازدە ئەستێرەیی لەسەر سەری بوو، 2 سکی هەبوو، ئازاری هەبوو و لەتاو ژانی منداڵبوون هاواری دەکرد. 3 نیشانەیەکی دیکەش لە ئاسماندا دەرکەوت: ئەژدیهایەکی گەورەی سوور، حەوت سەر و دە شاخی هەبوو، حەوت تاج لەسەر سەرەکانی بوون. 4 کلکیشی سێیەکی ئەستێرەی ئاسمانی ڕاکێشا و فڕێیدانە سەر زەوی، ئەژدیهاکە لەبەردەم ئەو ئافرەتەی کە منداڵی دەبوو وەستابوو، تاکو کە منداڵەکە بوو بیخوات. 5 ئیتر منداڵێکی نێرینەی بوو، ئەوەی لە داهاتوودا بە گۆچانێکی ئاسنین فەرمانڕەوایەتی نەتەوەکان دەکات. بەڵام منداڵەکەی بۆ لای خودا و تەختەکەی ڕفێنرا. 6 ئافرەتەکەش بەرەو چۆڵەوانی ڕایکرد، لەوێدا شوێنێکی هەیە لەلایەن خوداوە ئامادە کراوە، تاکو لەوێ هەزار و دوو سەد و شەست[z] ڕۆژ بەخێو بکرێت.
7 پاشان لە ئاسماندا بووە شەڕ، میکائیل و فریشتەکانی لە دژی ئەژدیهاکە جەنگان، ئەژدیهاکە و فریشتەکانیشی دژی ئەوان، 8 بەڵام ئەژدیهاکە بەهێز نەبوو، شوێنیان لە ئاسماندا نەما. 9 ئەژدیهایە گەورەکە فڕێدرایە خوارەوە، مارە دێرینەکە کە بە ئیبلیس و شەیتان ناودەبردرێت، ئەوەی هەموو جیهان گومڕا دەکات، فریشتەکانیشی لەگەڵیدا فڕێدرانە سەر زەوی.
10 جا گوێم لە دەنگێکی بەرز بوو لە ئاسماندا دەیفەرموو:
«ئێستا ڕزگاری و هێز و شانشینی خودامان و
دەسەڵاتی مەسیحەکەی هاتووە،
چونکە ئەو سکاڵاکارەی لە خوشک و براکانمان،
کە شەو و ڕۆژ لەبەردەم خوداماندا سکاڵای لێیان دەکرد،
فڕێدرایە خوارەوە.
11 ئەوان بە خوێنی بەرخەکە و
بەو شایەتییەی کە دایان بەسەریدا سەرکەوتن،
ژیانی خۆیان خۆشنەویست و پێشوازییان لە مەرگ کرد.
12 بۆیە ئەی ئاسمان و ئەوانەی تێیدا نیشتەجێن، دڵخۆش بن!
بەڵام قوڕبەسەر زەوی و دەریا،
چونکە ئیبلیس بۆتان دابەزیوە!
تووڕەییەکی گەورەی پێیە،
چونکە دەزانێت کاتێکی کورتی هەیە.»
13 کاتێک ئەژدیهاکە خۆی بینی فڕێدراوەتە سەر زەوی، ئافرەتەکەی ڕاونا کە کوڕەکەی لێبوو. 14 ئافرەتەکە هەردوو باڵی هەڵۆیەکی گەورەی پێدرا تاکو بۆ چۆڵەوانی و شوێنی خۆی بفڕێت و لەوێدا بۆ ماوەی چل و دوو مانگ دوور لە مارەکە بەخێو بکرێت. 15 مارەکەش لە دەمیەوە ئاوێکی وەک ڕووبار بەدوای ئافرەتەکەدا فڕێدا بۆ ئەوەی ئاو بیبات. 16 زەوی یارمەتی ئافرەتەکەی دا، زەوی دەمی کردەوە و ئەو ڕووبارەی قووت دا کە ئەژدیهاکە لە دەمیەوە فڕێیدا. 17 ئەژدیهاکە لە ئافرەتەکە تووڕە بوو، چوو لەگەڵ نەوەکانی دیکەی بجەنگێت، ئەوانەی ڕاسپاردەکانی خودا بەجێدەگەیەنن و پابەندن بە شایەتییان بۆ عیسا.
13 ئەژدیهاکەش لەسەر لمی دەریا ڕاوەستا.
دەرکەوتنی دڕندەیەک لە دەریا
ئینجا دڕندەیەکم بینی لە دەریاکە دەهاتە دەرەوە، دە شاخ و حەوت سەری هەبوو، دە تاجیش لەسەر شاخەکانی بوون، لەسەر سەرەکانیشی ناوی کفرکردن هەبوو. 2 ئەو دڕندەیەی بینیم لە پڵنگ دەچوو، پێی وەک ورچ و دەمی وەک دەمی شێر بوو. ئەژدیهاکەش توانا و تەختی خۆی و دەسەڵاتێکی گەورەی دایە دڕندەکە. 3 سەرێک لە سەرەکانی دڕندەکە وەک بۆ مردن سەربڕابێت، بەڵام برینە کوشندەکەی ساڕێژ ببوو. هەموو زەویش بە سەرسامییەوە بەدوای دڕندەکە کەوتن، 4 کڕنۆشیان بۆ ئەژدیهاکە برد، چونکە دەسەڵاتی بە دڕندەکە دابوو، کڕنۆشیان بۆ دڕندەکەش برد و گوتیان: «کێ وەک دڕندەکە وایە؟ کێ دەتوانێت لە دژی بجەنگێت؟»
5 دڕندەکە دەمێکی پێدرابوو، قسەی گەورە و کفری دەکرد، هەروەها چل و دوو مانگی پێدرابوو تاکو دەسەڵات بەکاربهێنێت. 6 ئیتر دەمی کردەوە و کفری بە خودا کرد و جنێوی بە ناوی خودا و نشینگەکەی و دانیشتووانی ئاسمان دەدا. 7 ڕێگەی پێدرابوو لە دژی گەلی پیرۆزی خودا بجەنگێت و بیانبەزێنێت، دەسەڵاتیشی پێدرابوو بەسەر هەموو هۆز و گەل و زمان و نەتەوەیەکدا. 8 هەموو دانیشتووانی سەر زەویش کڕنۆشی بۆ دەبەن، ئەوانەی ناویان لە پەڕتووکی ژیانی بەرخەکەدا نەنووسراوە، ئەو بەرخەی کە لە دامەزراندنی جیهانەوە سەربڕدراوە.
9 ئەوەی گوێی هەیە، با ببیستێت.
10 ئەگەر یەکێک بۆ ڕاپێچکردن بچێت،
ڕاپێچ دەکرێت.
ئەگەر یەکێک بە شمشێر بکوژرێت،
بە شمشێر دەکوژرێت[aa].
ئەم بانگەوازە بۆ دانبەخۆداگرتن و دڵسۆزی گەلی پیرۆزی خودایە.
دەرکەوتنی دڕندەیەک لە زەوی
11 دڕندەیەکی دیکەم بینی لە زەوییەوە دەهاتە دەرەوە، دوو شاخی وەک بەرخی هەبوو، بەڵام وەک ئەژدیها دەدوا. 12 بە تەواوی دەسەڵاتی دڕندەی یەکەم بۆ ئەو پەیڕەو دەکات، وا لە زەوی و دانیشتووانی سەری دەکات کڕنۆش بۆ دڕندەی یەکەم ببەن، کە برینە کوشندەکەی ساڕێژ ببوو. 13 نیشانەی گەورە دەکات، تەنانەت وا دەکات لەبەرچاوی خەڵک ئاگر لە ئاسمانەوە بێتە خوارەوە بۆ زەوی. 14 هەروەها بەو نیشانانەی کە پێی دراوە لە پێناوی دڕندەی یەکەمدا بیکات، دانیشتووانی سەر زەویی گومڕا کرد. فەرمانی بە خەڵکی سەر زەوی دا پەیکەرێک بۆ ئەو دڕندەیە دابمەزرێنن کە بە شمشێر بریندار کرا و بە زیندوویی مایەوە. 15 هەروەها ڕێگەی پێدرابوو هەناسە بداتە پەیکەری دڕندەی یەکەم تاکو پەیکەری دڕندەکە قسە بکات و وا بکات هەموو ئەوانەی کڕنۆش بۆ پەیکەری دڕندەکە نابەن بکوژرێن. 16 وای لە هەمووانیش دەکرد، گەورە و بچووک، دەوڵەمەند و هەژار، ئازاد و کۆیلە، نیشانەیەک لەسەر دەستی ڕاستیان یان لەسەر ناوچەوانیان دروستبکرێت، 17 تاکو کەس نەتوانێت بکڕێت یان بفرۆشێت، تەنها ئەوە نەبێت نیشانەکەی پێوەیە. نیشانەکەش ناوی دڕندەکەیە یان ژمارەی ناوەکەی.
18 ئەمە بانگەوازە بۆ دانایی: ئەوەی تێدەگات، با ژمارەی دڕندەکە لێکدبداتەوە، چونکە ئەوە ژمارەی مرۆڤە کە ژمارەکەی شەش سەد و شەست و شەشە[ab].
بەرخەکە و گۆرانی جەماوەر
14 پاشان بینیم بەرخەکە لەسەر کێوی سییۆن ڕاوەستابوو، سەد و چل و چوار هەزار کەسی لەگەڵ بوو، ناوی ئەو و ناوی باوکی ئەویان لەسەر ناوچەوانیان[ac] نووسرابوو. 2 لە ئاسمانەوە دەنگێکم بیست وەک خوڕەی ئاوێکی زۆر و دەنگی هەورەگرمەیەکی گەورە. ئەو دەنگە کە گوێم لێ بوو وەک دەنگی قیسارەش وابوو کە ژەنیاران دەیژەنن. 3 لەبەردەم تەختەکە و لەبەردەم چوار بوونەوەرەکە و پیرەکان سروودێکی نوێیان دەگوت. کەس نەیدەتوانی سروودەکە فێرببێت جگە لەو سەد و چل و چوار هەزارەی لە زەوییەوە کڕابوونەوە. 4 ئەوانە ئەو کەسانەن کە خۆیان لەگەڵ ئافرەت گڵاو نەکردووە، چونکە پاکن، ئەوانە بەدوای بەرخەکە دەکەون بۆ هەرکوێ بڕوات، ئەوانە لەنێو خەڵک کڕدراونەتەوە وەک نۆبەرە بۆ خودا و بەرخەکە. 5 درۆ لە دەمیاندا نادۆزرێتەوە، گلەییان لەسەر نییە.
سێ فریشتەکە
6 ئینجا فریشتەیەکی دیکەم بینی لەناوەڕاستی ئاسماندا دەفڕی، مزگێنی هەتاهەتایی پێبوو، تاکو بۆ دانیشتووانی سەر زەوی ڕابگەیەنێت، بۆ هەموو نەتەوە و هۆز و زمان و گەلێک. 7 بە دەنگێکی بەرز دەیگوت: «لە خودا بترسن و ستایشی بکەن، چونکە کاتی حوکمدان هاتووە. کڕنۆش بۆ دروستکەری ئاسمان و زەوی و دەریا و کانیاوەکان ببەن.»
8 فریشتەی دووەم، لەدوایەوە دەیگوت: «کەوت! بابلی گەورە کەوت، ئەوەی بەم جۆرەی کرد هەموو نەتەوەکان شەرابی تووڕەیی داوێنپیسییەکەی بخۆنەوە.»
9 فریشتەی سێیەم، لە دوایانەوە بە دەنگێکی بەرز دەیگوت: «ئەوەی کڕنۆش بۆ دڕندەکە و پەیکەرەکەی ببات و نیشانەی سەر دەستی یان نێوچەوانی وەربگرێت، 10 ئەویش شەرابی تووڕەیی خودا دەخواتەوە، کە بە سادەیی لە جامی تووڕەییەکەی ڕژاوە. لەبەردەم فریشتە پیرۆزەکان و بەرخەکەدا بە ئاگر و گۆگرد ئازار دەدرێت. 11 دووکەڵی ئازاریان بۆ هەتاهەتایە بەرز دەبێتەوە. ئەوانەی کڕنۆش بۆ دڕندەکە و پەیکەرەکەی دەبەن، ئەوەی نیشانەی ناوەکەی وەربگرێت شەو و ڕۆژ پشوویان نابێت.»
12 ئەمە بانگەوازە بۆ دانبەخۆداگرتنی گەلی پیرۆزی خودا کە ڕاسپاردەکانی خودا بەجێدەگەیەنن و باوەڕی عیسا دەپارێزن.
13 گوێم لە دەنگێک بوو لە ئاسمانەوە دەیگوت: «بنووسە: خۆزگە دەخوازرێت بەو مردووانەی لە ئێستاوە بە یەکبوون لەگەڵ عیسای خاوەن شکۆ دەمرن!»
ڕۆحی پیرۆز دەفەرموێ: «بەڵێ، بۆ ئەوەی لە ماندووبوونیان بحەسێنەوە، چونکە کردەوەکانیان شوێنیان دەکەون.»
دروێنەی زەوی
14 پاشان تەماشام کرد، ئەوەتا هەورێکی سپی و لەسەر هەورەکە یەکێکی وەک کوڕی مرۆڤ[ad] دانیشتووە، تاجێکی زێڕینی لەسەر بوو و داسێکی تیژی بەدەستەوە بوو. 15 فریشتەیەکی دیکە لە پەرستگا هاتە دەرەوە و بە دەنگێکی بەرز بانگی دانیشتووی سەر هەورەکەی کرد: «داسەکەت هەڵگرە و بدروەوە، چونکە کاتی دروێنە هاتووە و بەرهەمی زەوی پێگەیشتووە.» 16 جا دانیشتووی سەر هەورەکە داسەکەی بۆ سەر زەوی وەشاند و زەوی دروێنە کرا.
17 فریشتەیەکی دیکە لە پەرستگاکەی لە ئاسمانە دەرچوو و ئەویش داسێکی تیژی پێبوو. 18 فریشتەیەکی دیکە لە قوربانگاوە دەرچوو و دەسەڵاتی بەسەر ئاگردا هەبوو. بە دەنگێکی بەرز بە ئەوەی گوت کە داسە تیژەکەی پێبوو: «داسە تیژەکەت هەڵگرە و هێشووەکانی ڕەزی زەوی کۆبکەرەوە، چونکە ترێیەکەی پێگەیشتووە.» 19 فریشتەکە داسەکەی وەشاندە زەوی و ڕەزەکانی زەوی ڕنی و فڕێیدایە ناو گوشەرە گەورەکەی تووڕەیی خودا. 20 گوشەرەکە[ae] لە دەرەوەی شار گوشرا، تاکو بەرزی لغاوی ئەسپ، هەزار و شەش سەد ستادیا[af] خوێن لە گوشەرەکە دەرچوو.
گۆرانی موسا
15 پاشان نیشانەیەکی دیکەم لە ئاسماندا بینی، گەورە و سەیر: حەوت فریشتە حەوت دەردی کۆتاییان پێبوو، چونکە تووڕەیی خودا لەوانەدا تەواو دەبێت.
2 پاشان شتێکی وەک دەریای شووشەیی تێکەڵ بە ئاگرم بینی و ئەوانەی دڕندەکە و پەیکەرەکەی و ژمارەی ناوەکەیان بەزاندبوو لەسەر دەریا شووشەییەکە ڕاوەستابوون و قیسارەی خودایان پێبوو. 3 سروودی موسای بەندەی خودا و سروودی بەرخەکەیان دەچڕی، دەیانگوت:
«ئەی یەزدان، خودای هەرە بە توانا،
کارەکانت گەورە و سەیرە!
ئەی پاشای نەتەوەکان،
ڕێگاکانت ڕاست و دادپەروەرە.
4 ئەی یەزدان، کێ لە تۆ ناترسێت و
ناوت شکۆدار ناکات؟
چونکە تۆ تاقە پیرۆزیت.
هەموو نەتەوەکان دێن و کڕنۆشت بۆ دەبەن،
چونکە دادپەروەرییەکانت دەرکەوتوون.»
5 پاش ئەوە سەیرم کرد، پەرستگاکە لە ئاسماندا کرایەوە کە چادری پەرستنە، چادری پەیمانە. 6 حەوت فریشتەکە لە پەرستگاکە هاتنە دەرەوە و حەوت دەردەکەیان پێبوو، کەتانی پاک و پرشنگداریان پۆشی بوو، چەند پشتێنێکی زێڕینیان لە سنگ بەستبوو. 7 یەکێک لە چوار بوونەوەرەکە حەوت جامی زێڕینی پڕ لە تووڕەیی خودای هەمیشە زیندووی دا بە حەوت فریشتەکە. 8 پەرستگاکەش پڕبوو لە دووکەڵ بە شکۆی و هێزی خودا و کەس نەیتوانی بچێتە ناو پەرستگاکەوە، هەتا حەوت دەردەکەی حەوت فریشتەکە تەواو نەبوون.
حەوت جامی تووڕەیی خودا
16 ئینجا لە پەرستگاکەوە گوێم لە دەنگێکی بەرز بوو بە حەوت فریشتەکەی دەفەرموو: «بڕۆن حەوت جامەکەی تووڕەیی خودا بەسەر زەویدا بڕێژن.» 2 فریشتەی یەکەم چوو و جامەکەی خۆی بەسەر زەویدا ڕژاند، جا دومەڵی پیس و ئازاربەخش لەوانە دەرکەوت کە نیشانەی دڕندەکەیان هەڵگرتبوو و کڕنۆشیان بۆ پەیکەرەکەی بردبوو.
3 فریشتەی دووەمیش جامەکەی خۆی ڕژاندە سەر دەریا و وەک خوێنی مردووی لێهات، هەموو زیندەوەرێکی ناو دەریا مردن.
4 فریشتەی سێیەم جامەکەی خۆی ڕژاندە سەر ڕووبار و کانیاوەکان، بووە خوێن. 5 گوێم لە فریشتەی ئاوەکان بوو دەیگوت:
«تۆ دادپەروەریت، ئەی ئەوەی هەیە و هەبووە، پیرۆزەکە،
چونکە ئاوا حوکمت داوە،
6 چونکە ئەوانە خوێنی پێغەمبەران و گەلی پیرۆزی تۆیان ڕشتووە،
تۆش خوێنت پێدان بیخۆنەوە، چونکە شایانی ئەوەن.»
7 گوێم لە قوربانگاکە بوو دەیگوت:
«بەڵێ ئەی خودای پەروەردگاری هەرە بە توانا،
حوکمەکانت ڕاست و دادپەروەرن.»
8 فریشتەی چوارەم جامەکەی خۆی ڕژاندە سەر خۆر و پێی درابوو خەڵکی بە ئاگر بسووتێنێت. 9 خەڵک بە گەرمایەکی گەورە سووتان، کفریان بە ناوی خودا کرد، ئەوەی دەسەڵاتی بەسەر ئەم دەردانەدا هەیە، بەڵکو تۆبەیان نەکرد تاکو شکۆداری بکەن.
10 فریشتەی پێنجەم جامەکەی ڕژاندە سەر تەختی دڕندەکە، شانشینەکەی تاریک بوو، خەڵکی شانشینەکە لەتاو ئازار زمانی خۆیان دەگەست. 11 لەتاو ئازار و برینیان کفریان بە خودای ئاسمان کرد بەڵام تۆبەیان لە کردەوەکانیان نەکرد.
12 فریشتەی شەشەم جامەکەی ڕژاندە سەر ڕووباری گەورەی فورات، ئیتر ئاوەکە وشکی کرد، تاکو ڕێگای پاشاکانی ڕۆژهەڵات خۆش بکات. 13 ئینجا سێ ڕۆحی پیسی وەک بۆقم بینی لە دەمی ئەژدیهاکە و دەمی دڕندەکە و دەمی پێغەمبەرە درۆزنەکە دەهاتنە دەرەوە. 14 ئەوانە ڕۆحی شەیتانین کە پەرجوو دەکەن، دەچنە لای پاشاکانی هەموو جیهان، تاکو لەو ڕۆژە گەورەیەی خودای هەرە بە توانادا بۆ جەنگ کۆیان بکەنەوە.
15 مەسیح دەفەرموێ: «ئەوەتا وەک دزێک دێم! خۆزگە دەخوازرێت بەوەی ئێشک دەگرێت و جلوبەرگەکانی دەپارێزێت، نەوەک ئابڕووی ببینرێت و بە ڕووتی بڕوات.»[ag]
16 پاشان ڕۆحەکان لە شوێنێکدا کۆی کردنەوە کە بە عیبری پێی دەگوترێ «هارمەگیدۆن[ah]».
17 فریشتەی حەوتەم جامەکەی خۆی بە هەوادا ڕژاند، دەنگێکی بەرز لە پەرستگاکە و لە تەختەکەوە هات، گوتی: «هاتە دی!» 18 پاشان هەورە بروسکە و دەنگەدەنگ و هەورەگرمە پەیدابوو، بوومەلەرزەیەکی گەورە ڕوویدا، تەنانەت لەو کاتەوەی خەڵک لەسەر زەوین شتی وا ڕووی نەداوە، بوومەلەرزەکە زۆر بەهێز بوو. 19 شارە گەورەکە بووە سێ بەش، شارەکانی نەتەوەکانیش کەوتن. خوداش بابلی گەورەی بەبیر هاتەوە تاکو جامی شەرابی تووڕەیی هەڵچووی خۆی بداتێ. 20 هەموو دوورگەکان ڕایانکرد و چیاکان نەدۆزرانەوە. 21 تەرزەیەکی گەورە کە قورساییەکەی یەک تالنت[ai] دەبوو لە ئاسمانەوە بەسەر خەڵکیدا باری، لەتاو لێدانی تەرزەکە کفریان بە خودا کرد، چونکە لێدانەکەی زۆر گەورە بوو.
بابل دایکی داوێنپیسانە
17 ئینجا یەکێک لەو حەوت فریشتەیەی حەوت جامەکەیان پێبوو پێی گوتم: «وەرە با سزای لەشفرۆشە گەورەکەت پیشان بدەم کە لەسەر ئاوە زۆرەکان دانیشتووە. 2 ئەوەی پاشاکانی زەوی داوێنپیسییان لەگەڵ کردووە و دانیشتووانی سەر زەوی بە شەرابی داوێنپیسییەکەی سەرخۆش بوون.»
3 پاشان فریشتەکە بە ڕۆحی پیرۆز بردمییە چۆڵەوانی، بینیم ژنێک لەسەر دڕندەیەکی قرمزی دانیشتووە کە بە ناوی کفر داپۆشرابوو، دڕندەکە حەوت سەر و دە شاخی هەبوو. 4 ژنەکە ئەرخەوانی و قرمزی پۆشرا بوو، بە زێڕ و بەردی گرانبەها و مرواری ڕازابووەوە، جامێکی زێڕینی بەدەستەوە بوو، پڕ لە قێز و گڵاوی داوێنپیسییەکەی. 5 لەسەر ناوچەوانیشی ناوێکی نهێنی نووسرابوو:
«بابلی گەورە،
دایکی لەشفرۆشان و
قێزەونانی زەوی.»
6 هەروەها بینیم کە ژنەکە بە خوێنی گەلی پیرۆزی خودا و خوێنی شەهیدانی عیسا سەرخۆش ببوو. بە بینینی زۆر سەرسام بووم.
7 فریشتەکە پێی گوتم: «بۆ سەرسام بوویت؟ نهێنی ژنەکە و ئەو دڕندەیەی هەڵیگرتووە پێت دەڵێم کە حەوت سەر و دە شاخی هەیە. 8 ئەو دڕندەیەی بینیت هەبووە و ئێستا نییە، خەریکە لە بیری بێ بن دەردەچێت و بۆ لەناوچوون دەڕوات. دانیشتووانی سەر زەوی، ئەوانەی لە دامەزراندنی جیهانەوە ناویان لە پەڕتووکی ژیاندا نەنووسراوە، کاتێک دڕندەکە دەبینن سەرسام دەبن، چونکە دڕندەکە پێشتر هەبووە و ئێستا نییە، بەڵام لە داهاتوودا دێتەوە.
9 «ئەمە بانگەوازە بۆ مێشکی دانا: حەوت سەرەکە حەوت گردن[aj] کە ژنەکە لەسەریان دانیشتووە، 10 حەوت پاشاکەش، پێنجیان کەوتن و یەکێکیان هەیە و ئەوی دیکە هێشتا نەهاتووە، کاتێکیش دێت پێویستە کەمێک بمێنێتەوە. 11 ئەو دڕندەیەی هەبووە و ئێستا نییە هەشتەمینە، بەڵام لە حەوتەکەیە و بۆ لەناوچوون دەڕوات. 12 ئەو دە شاخەی بینیت دە پاشان، هێشتا شانشینیان وەرنەگرتووە، بەڵام بۆ ماوەی یەک کاتژمێر لەگەڵ دڕندەکە وەکو پاشا دەسەڵات وەردەگرن. 13 ئەوانە یەک مەبەستیان هەیە، هێز و دەسەڵاتی خۆیان دەدەنە دڕندەکە. 14 ئەوانە لەگەڵ بەرخەکە دەجەنگن و بەرخەکە دەیانبەزێنێت، چونکە گەورەی گەورانە و پاشای پاشایانە، ئەوانەی لەگەڵیدان بانگکراو و هەڵبژێردراو و دڵسۆزن.»
15 ئینجا پێی گوتم: «ئەو ئاوانەی بینیت، کە لەشفرۆشەکە لەوێ دانیشتووە، گەل و خەڵک و نەتەوە و زمانن. 16 دە شاخەکە و دڕندەکەی کە بینیت، ڕق لە لەشفرۆشەکە هەڵدەگرن، وێران و ڕووتی دەکەنەوە، گۆشتەکەی دەخۆن و بە ئاگر دەیسووتێنن، 17 چونکە خودا خستوویەتییە دڵیان بە مەبەستی بکەن و ڕێک بکەون، دەسەڵاتیان بدەنە دڕندەکە، هەتا وشەکانی خودا بێتە دی. 18 ئەو ژنەی بینیشت ئەو شارە گەورەیە کە دەسەڵاتی بەسەر پاشاکانی زەویدا هەیە.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.