Bible in 90 Days
11 ئەی لوبنان، دەرگاکانت بکەرەوە،
تاکو ئاگر دار ئورزەکانت بخوات!
2 ئەی دار سنەوبەر، واوەیلا بکە، چونکە دار ئورز کەوت،
دارە گەورەکان تێکشکێنران!
ئەی دار بەڕووەکانی باشان، واوەیلا بکەن،
چونکە دارستانە چڕەکان تێکدران!
3 گوێ لە واوەیلای شوانەکان بگرن،
چونکە لەوەڕگا دەوڵەمەندەکانیان وێران بوون!
گوێ لە نەڕەی شێرەکان بگرن،
چونکە دەوەنەکانی ڕووباری ئوردون وێران بوون.
دوو شوان
4 یەزدانی خوداکەم ئەمە دەفەرموێت: «ئەو مێگەلەی بۆ سەربڕینە بیلەوەڕێنە. 5 ئەوانەی دەیانکڕن و سەریان دەبڕن، سزاش نادرێن. فرۆشیارەکانیان دەڵێن: ”ستایشی یەزدان دەکەم، کە دەوڵەمەندی کردم!“ شوانەکانیان بەزەییان پێیاندا نایەتەوە.» 6 یەزدان دەفەرموێت: «لەبەر ئەوە ئیتر بەزەییم بە دانیشتووانی خاکەکەدا نایەتەوە، بەڵکو هەریەکەیان دەدەمە دەست نزیکەکەی و پاشاکەی. ئەوان خاکەکە وێران دەکەن، کەسیش لە دەستی ئەوان دەرباز ناکەم.»
7 ئەو مێگەلەم لەوەڕاند کە بۆ سەربڕینە، بە تایبەتی کڵۆڵترینی مەڕەکان. ئینجا دوو گۆچانم بۆ خۆم برد، یەکێکیانم ناونا «پەسەندی» و ئەوی دیکەشم ناونا «یەکگرتن» و مێگەلەکەم لەوەڕاند. 8 لە یەک مانگدا هەر سێ شوانەکەم دەرکرد.
مێگەلەکە ڕقی لێم بووەوە، من ئارامیم لێیان نەما و 9 فەرمووم: «ناتانلەوەڕێنم. ئەوی مردار دەبێتەوە، با مردار ببێتەوە؛ ئەوەی لەناودەچێت، با لەناوبچێت؛ ئەوانەش کە دەمێننەوە، با گۆشتی یەکتری بخۆن.»
10 ئینجا ئەو گۆچانەم برد کە ناوی «پەسەندی» بوو شکاندم، تاکو ئەو پەیمانەم هەڵوەشێنمەوە کە لەگەڵ هەموو گەلاندا بەستم. 11 لەو ڕۆژەدا پەیمانەکە هەڵوەشایەوە، بەو شێوەیە کڵۆڵترینی مەڕەکان، ئەوانەی چاویان تێبڕیبووم زانییان کە ئەوە فەرمایشتی یەزدان بووە.
12 ئینجا پێم گوتن: «ئەگەر پێتان باشە، کرێیەکەم بدەنێ، ئەگەر نا لێیگەڕێن.» ئینجا سی پارچە زیوی کرێیەکەی منیان کێشا.
13 یەزدان پێی فەرمووم: «فڕێیبدە بۆ گۆزەکەرەکە.» ئەو نرخە بەهادارەی کە منیان پێی هەڵسەنگاند! منیش سی پارچە زیوەکەم وەرگرت و فڕێمدا بۆ گۆزەکەرەکەی ناو ماڵی یەزدان.
14 ئینجا گۆچانەکەی دیکەم شکاند، کە ناوی «یەکگرتن» بوو، تاکو برایەتی نێوان یەهودا و ئیسرائیل هەڵبوەشێنمەوە.
15 جا یەزدانم پێی فەرمووم: «جارێکی دیکە کەلوپەلی شوانێکی گێل بۆ خۆت ببە، 16 چونکە من شوانێک لە خاکەکە هەڵدەستێنمەوە کە گرنگی بە ونبووەکان نادات، لە ساواکان ناگەڕێت، بریندارەکان چارەسەر ناکات، ئەوانەی تەندروستییان باشە نایانلەوەڕێنێت، بەڵام گۆشتی قەڵەوەکان دەخوات و سمیان دەردێنێت.
17 «قوڕبەسەر شوانی هیچوپووچ،
ئەوەی وازی لە مێگەلەکە هێناوە!
با شمشێر لەسەر قۆڵ و چاوی ڕاستی بێت!
با قۆڵی بە تەواوی وشک بێت و
چاوی ڕاستی بە تەواوی کۆرە بێت!»
وێرانبوونی دوژمنانی ئۆرشەلیم
12 ئەمە فەرمایشتی یەزدانە بە سروش سەبارەت بە ئیسرائیل.
یەزدان، ئەوەی کە ئاسمانی ڕاخستووە، زەوی دامەزراندووە، شێوەی ڕۆحی مرۆڤی لە ناخی مرۆڤدا کێشاوە، ئەمە دەفەرموێت: 2 «من خەریکم ئۆرشەلیم دەکەمە جامێک هەموو گەلانی دەوروبەری سەرخۆش دەکات. یەهودا و ئۆرشەلیمیش گەمارۆ دەدرێن. 3 لەو ڕۆژەدا کاتێک هەموو گەلانی زەوی لە دژی ئەو کۆدەبنەوە، ئۆرشەلیم بۆ هەموو گەلان دەکەمە بەردێکی قورس. ئەوەی بییەوێت بیجوڵێنێت خۆی بریندار دەکات.» 4 یەزدان دەفەرموێت: «لەو ڕۆژەدا هەموو ئەسپێک تووشی سەرلێشێوان دەکەم و سوارەکەشی تووشی شێتی دەکەم. چاودێری بنەماڵەی یەهودا دەکەم، هەموو ئەسپی گەلان تووشی کوێری دەکەم. 5 ئینجا سەرکردەکانی یەهودا لە دڵی خۆیاندا دەڵێن: ”خەڵکی ئۆرشەلیم بەهێزن، چونکە یەزدانی سوپاسالار خودایانە.“
6 «لەو ڕۆژەدا سەرکردەکانی یەهودا وەک ئاگردانێک لێ دەکەم لەنێو کۆمەڵە دار و وەک مەشخەڵێکی ئاگر لەنێو مەلو، جا بەلای ڕاست و بەلای چەپدا دەست دەکەن بە خواردنی هەموو گەلانی دەوروبەریان، بەڵام ئۆرشەلیم لە جێی خۆی بە سەلامەتی دەمێنێتەوە.
7 «یەزدان سەرەتا گەلی یەهودا ڕزگار دەکات، بۆ ئەوەی شان و شکۆی بنەماڵەی داود و خەڵکی ئۆرشەلیم لەسەر یەهودا گەورەتر نەبن. 8 لەو ڕۆژەدا یەزدان دانیشتووانی ئۆرشەلیم دەپارێزێت، ئەوەی لاوازە لەنێویان وەک داودی لێدێت، ماڵی داودیش وەک خودای لێدێت، وەک فریشتەی یەزدان لەپێشیان دەڕوات. 9 لەو ڕۆژەدا مکوڕ دەبم لەسەر لەناوبردنی هەموو ئەو نەتەوانەی کە هێرش دەکەنە سەر ئۆرشەلیم.
شیوەن بۆ ئەوەی زامداریان کرد
10 «ڕۆحی میهرەبانی و پاڕانەوە بەسەر بنەماڵەی داود و بەسەر دانیشتووانی ئۆرشەلیمدا دەبارێنم. جا تەماشای من دەکەن، ئەوەی کە ڕمیان لێداوە، هەروەها شیوەنی بۆ دەگێڕن وەک کەسێک شیوەن بۆ تاقانەکەی بگێڕێت، زۆر دەگریێن، هەروەک گریان بۆ نۆبەرەیەک. 11 لەو ڕۆژەدا شیوەنێکی گەورە لە ئۆرشەلیم دەبێت، وەک شیوەنی هەدەد ڕیمۆن لە دەشتی مەگیدۆ. 12 خاکەکە شیوەن دەگێڕێت، خێڵ بە خێڵ هەریەکە و بە جیا: خێڵی بنەماڵەی داود و ژنەکانیان، خێڵی بنەماڵەی ناتان و ژنەکانیان، 13 خێڵی بنەماڵەی لێڤی و ژنەکانیان، خێڵی شیمعی و ژنەکانیان. 14 هەموو ئەو خێڵانەی مابوونەوە خێڵ بە خێڵ بە جیا و ژنەکانیشیان بە جیا.
پاکبوونەوە لە گوناه
13 «لەو ڕۆژەدا کانییەک بۆ بنەماڵەی داود و بۆ دانیشتووانی ئۆرشەلیم دەکرێتەوە بۆ پاککردنەوەیان لە گوناه و گڵاوی.»
2 یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت: «لەو ڕۆژەدا، ناوی بتەکان لە خاکەکەدا ڕیشەکێش دەکەم و ئیتر یادیان ناکرێتەوە. هەروەها پێغەمبەرەکان و ڕۆحی گڵاو[a] لە خاکەکە ڕادەماڵم. 3 وای لێدێت ئەگەر کەسێک پێشبینی بکات، ئەوا دایک و باوکی، کە لەوانەوە بووە، پێی دەڵێن: ”دەبێت بمریت، چونکە بە درۆ بە ناوی یەزدانەوە قسەت کردووە.“ ئینجا کاتێک پێشبینی دەکات دایک و باوکی، کە لەوانەوە بووە، بە خەنجەر لێی دەدەن.
4 «ئینجا لەو ڕۆژەدا هەر پێغەمبەرێک بە پێشبینی بینینەکەی شەرمەزار دەبێت. جلی پێغەمبەران کە کەوای موودارە لەبەری ناکەن بۆ ئەوەی خەڵکی پێ هەڵبخەڵەتێنن. 5 هەریەکە و دەڵێت: ”من پێغەمبەر نیم. من کابرایەکی جوتیارم، چونکە هەر لە منداڵیمەوە خاک سەرچاوەی بژێویم بووە.“ 6 ئەگەر کەسێک بپرسێت: ”ئەم برینانە چین لە جەستەت؟“ ئەویش وەڵام دەداتەوە: ”ئەوەیە کە لە ماڵی دۆستانم پێی بریندار بووم.“
لێدان لە شوانەکە
7 «یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت:
ئەی شمشێر، لە دژی شوانەکەم هەستە،
لە دژی ئەو پیاوەی لەگەڵمە!
لە شوانەکە بدە،
مەڕەکان پەرت دەبن،
پاشان دەستم لە بچووکەکان بەرز دەکەمەوە.»
8 یەزدان دەفەرموێت: «ئینجا لە هەموو زەوی،
دوو لەسەر سێیان لێیان دەدرێت و دەمرن،
یەک لەسەر سێ تێیدا دەمێنێتەوە.
9 ئەو یەک لەسەر سێیەش دەخەمە ناو ئاگرەوە،
وەک زیو دەیانپاڵێوم،
وەک زێڕ تاقییان دەکەمەوە.
ئەوان بە ناوی منەوە نزا دەکەن و
منیش وەڵامیان دەدەمەوە،
من دەڵێم: ”ئەوان گەلی منن،“
ئەوانیش دەڵێن: ”یەزدان خودای ئێمەیە.“»
یەزدان دێت و حوکم دەدات
14 ئەی ئۆرشەلیم، ڕۆژی یەزدان دێت، سامانەکەت تاڵان دەکرێت و لەناوەڕاستی خۆتدا دابەش دەکرێت.
2 هەموو نەتەوەکان لەسەر ئۆرشەلیم کۆدەکەمەوە بۆ ئەوەی لە دژی بجەنگن. شارەکە داگیر دەکرێت، ماڵەکان تاڵان دەکرێن، ئافرەت لاقە دەکرێن. نیوەی شارەکە ڕاپێچ دەکرێن، بەڵام پاشماوەی خەڵکەکە لە شارەکە ڕاپێچ ناکرێن.
3 ئینجا یەزدان دێتە دەرەوە و لەگەڵ ئەو نەتەوانە دەجەنگێت، هەروەک ڕۆژی جەنگ شەڕ دەکات. 4 لەو ڕۆژەدا پێیەکانی لەسەر کێوی زەیتوون دەوەستن، ڕۆژهەڵاتی ئۆرشەلیم، ئینجا کێوی زەیتوون لە ناوەڕاستەوە شەق دەبێت، لە ڕۆژهەڵاتەوە بۆ ڕۆژئاوا، دەبێتە دۆڵێکی زۆر گەورە، نیوەی چیاکە دەگوازرێتەوە باکوور و نیوەکەی دیکەشی باشوور. 5 ئێوە بە ناو دۆڵی چیاکەی مندا هەڵدێن، چونکە هەتا ئاچێل درێژ دەبێتەوە. ئێوە هەڵدێن، هەروەک ئەوەی لە بوومەلەرزەکەی سەردەمی عوزیای پاشای یەهودا هەڵاتن. ئینجا یەزدانی پەروەردگارم دێت، هەموو پیرۆزەکانیشی لەگەڵە.
6 لەو ڕۆژەدا ڕووناکی و سەرما و شەختەبەندان نابێت. 7 ڕۆژێکی بێ وێنە دەبێت، جیاوازی نییە لەنێوان شەو و ڕۆژ، کاتێک ئێوارە دادێت ڕووناکی هەیە، ئەو ڕۆژە تەنها لەلای یەزدان زانراوە.
8 لەو ڕۆژەدا ئاوی زیندوو لە ئۆرشەلیمەوە هەڵدەقوڵێت، نیوەی ڕووەو ڕۆژهەڵات بۆ دەریای مردوو و نیوەشی ڕووەو ڕۆژئاوا بۆ دەریای سپی ناوەڕاست، لە هاوین و لە زستان بەردەوام دەبێت.
9 یەزدانیش دەبێتە پاشای هەموو زەوی. لەو ڕۆژەدا تەنها یەزدان دەبێت و تەنها ناوی ئەویش دەبێت.
10 هەموو خاکەکە لە گەڤەعەوە هەتا ڕیمۆنی باشووری ئۆرشەلیم وەک عەراڤا دەبێتە دەشتایی[b]، بەڵام ئۆرشەلیم بەرز دەکرێتەوە و لە شوێنەکەی خۆیدا ئاوەدان دەبێتەوە، لە دەروازەی بنیامینەوە هەتا شوێنی دەروازەی یەکەم و هەتا دەروازەی گۆشەکە و لە قوللەی حەنەنێلەوە هەتا گوشەرەکانی پاشا. 11 ئاوەدانی دەکەنەوە، چیدی وێران ناکرێت. ئۆرشەلیم ئاسوودە دەبێت.
12 ئەمەش ئەو دەردە دەبێت کە یەزدان تووشی هەموو گەلانی دەکات، ئەوانەی لە دژی ئۆرشەلیم جەنگان: گۆشتیان بۆگەن دەبێت کە لەسەر پێیەکانیان وەستاون، چاوەکانیان لەناو چاڵی چاویاندا بۆگەن دەبێت، زمانیشیان لە دەمیاندا بۆگەن دەبێت. 13 لەو ڕۆژەدا لەلایەن یەزدانەوە تووشی شڵەژانێکی گەورە دەبن، هەر پیاوە و دەستی نزیکەکەی دەگرێت و دەست لە یەکتری بەرزدەکەنەوە. 14 هەروەها یەهوداش لە ئۆرشەلیم شەڕ دەکات. سامانی هەموو نەتەوەکانی دەوروبەری کۆدەکاتەوە، ڕێژەیەکی زۆری زێڕ و زیو و جلوبەرگ. 15 هەمان ئەو دەردە تووشی ئەسپ و هێستر و وشتر و گوێدرێژ و هەموو ئەو ئاژەڵانە دەبێت کە لە ئۆردوگای دوژمنن.
16 هەروەها پاشماوەی هەموو نەتەوەکان، ئەوانەی هاتنە سەر ئۆرشەلیم، ساڵ لەدوای ساڵ دێن، تاکو کڕنۆش بۆ پاشا ببەن، یەزدانی سوپاسالار، هەروەها جەژنی کەپرەشینە بگێڕن. 17 ئەگەر هەر نەتەوەیەکی زەوی نەچێتە ئۆرشەلیم بۆ کڕنۆشبردن بۆ پاشا، یەزدانی سوپاسالار، بارانی بۆ نابارێت. 18 ئەگەر گەلی میسر نەیێت و بەشدار نەبێت، بارانیان بۆ نابارێت، ئەو دەردەیان لەسەر دەبێت کە یەزدان لە نەتەوەکانی دەدات، ئەوانەی نایەن بۆ گێڕانی جەژنی کەپرەشینە. 19 ئەمە سزای میسر و هەموو ئەو نەتەوانەیە کە ناچن بۆ ئەوەی جەژنی کەپرەشینە بگێڕن.
20 لەو ڕۆژەدا ئەمە لەسەر زەنگی ئەسپەکان دەنووسرێت: «پیرۆزی بۆ یەزدان»[c]. مەنجەڵەکانی ماڵی یەزدان وەک تاسەکانی خوێنپرژاندنی بەردەم قوربانگا دەبن. 21 هەر مەنجەڵێک لە ئۆرشەلیم و لە یەهودا پیرۆز دەبێت بۆ یەزدانی سوپاسالار، هەموو ئەوانەی قوربانی سەردەبڕن دێن و دەیانبەن و تێیاندا لێ دەنێن. لەو ڕۆژە بەدواوە کەنعانی[d] لە ماڵی یەزدانی سوپاسالار نابێت.
1 ئەمە فەرمایشتی یەزدانە بە سروش[e] بۆ ئیسرائیل لەسەر زاری مەلاخی[f]:
گومان لە خۆشەویستی خودا
2 یەزدان دەفەرموێت: «خۆشمویستن.»
«بەڵام ئێوە لێم دەپرسن: ”بە چی خۆشتویستین؟“»
یەزدان دەفەرموێت: «ئایا عیسۆ برای یاقوب نەبوو؟ لەگەڵ ئەوەشدا، یاقوبم خۆشویست، 3 بەڵام ڕقم لە عیسۆ بووەوە[g]، چیاکانی ئەوم وێران کرد و میراتەکەیم دایە چەقەڵی چۆڵەوانی.»
4 ئەگەر ئەدۆم بڵێت: «وردوخاش کراین، بەڵام دەگەڕێینەوە و کاولەکەمان بنیاد دەنێینەوە.»
بەڵام یەزدانی سوپاسالار وا دەفەرموێت: «ئەوان بنیاد دەنێن و منیش دادەڕمێنم. ناویان دەنێن ”خاکە خراپەکارەکە“، ئەو گەلەی کە هەتاهەتایە یەزدان لێی تووڕەیە. 5 بە چاوی خۆتان دەبینن و دەڵێن: ”یەزدان مەزنە، تەنانەت لەو دیوی سنووری ئیسرائیلیشەوە!“»
قوربانی کوێر و شەل
6 یەزدانی سوپاسالار بە ئێوە دەفەرموێت: «کوڕ ڕێزی باوکی دەگرێت و خزمەتکاریش ڕێزی گەورەکەی. ئەگەر من باوکم، کوا ڕێز لێگرتنم؟ ئەگەر گەورەشم، کوا ترستان لە من؟»
«ئەی کاهینان، ئێوە گاڵتە بە ناوەکەم دەکەن.»
«بەڵام لێم دەپرسن: ”چۆن گاڵتەمان بە ناوی تۆ کردووە؟“
7 «بە پێشکەشکردنی نانی گڵاو لەسەر قوربانگاکەم.
«بەڵام ئێوە لێم دەپرسن: ”چۆن گڵاومان کردوویت؟“
«بەوەی کە دەڵێن، خوانی یەزدان مایەی گاڵتە پێکردنە. 8 کاتێک ئاژەڵی کوێر وەک قوربانی پێشکەشی دەکەن، ئایا ئەمە بەدکاری نییە؟ کاتێک ئاژەڵی شەل و نەخۆش پێشکەش دەکەن، ئایا ئەمە بەدکاری نییە؟ ئێستاش پێشکەشی بکەن بە فەرمانڕەواکەتان، ئایا لێتان ڕازی دەبێت؟ ئایا سەربەرزتان دەکات؟» ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.
9 «ئێستاش لە یەزدان بپاڕێنەوە، بۆ ئەوەی لەگەڵمان میهرەبان بێت. بە قوربانی وەک ئەمانە، ئایا لێتان ڕازی دەبێت؟» ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.
10 یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت: «خۆزگە کەسێک لەنێو ئێوەدا دەروازەکانی پەرستگا دابخات، تاکو لەخۆڕا ئاگر لەسەر قوربانگاکەم نەکەنەوە! پێتان دڵخۆش نیم. لە قوربانی دەستتان ڕازی نیم. 11 لە ڕۆژهەڵاتەوە هەتا ڕۆژئاوا، لەنێو نەتەوەکان ناوم مەزن دەبێت. لە هەموو شوێنێک بخوور دەسووتێنن و قوربانی بێگەرد بۆ من پێشکەش دەکەن، چونکە لەنێو نەتەوەکان ناوم مەزن دەبێت.» ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.
12 «بەڵام ئەی کاهینان، ئێوە ناوی من گڵاو دەکەن کە دەڵێن: ”خوانی پەروەردگار گڵاوە،“ هەروەها ”خۆراکەکەی سەری قێزەونە.“ 13 دەڵێن: ”لەمە ماندوو بووین!“ سووکایەتی پێ دەکەن.» ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.
«کاتێک ئاژەڵی زەوتکراو و شەل و نەخۆشتان هێنا، ئاوا قوربانی پێشکەش دەکەن، ئایا لێتان ڕازی دەبم؟» ئەمە فەرمایشتی یەزدانە. 14 «نەفرەت لێکراوە ئەو فێڵبازەی کە لە مێگەلەکەی نێرینەی ساغ هەیە و نەزر[h] دەکات، بەڵام ئاژەڵێکی عەیبدار بۆ پەروەردگار دەکاتە قوربانی، چونکە من پاشایەکی مەزنم، ناوەکەشم لەنێو نەتەوەکاندا سامناک دەبێت.» ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.
ئاگادارکردنەوە بۆ کاهینەکان
2 «ئێستاش، ئەی کاهینەکان، ئەم ئاگادارکردنەوەیە بۆ ئێوەیە: 2 ئەگەر گوێ نەگرن و ئەگەر مکوڕ نەبوون لەسەر ئەوەی ڕێز لە ناوەکەم بگرن، نەفرەت دەنێرمە سەرتان و نەفرەت لە بەرەکەتەکانتان دەکەم. بەڵکو لەڕاستیدا نەفرەتم لێکردوون، چونکە مکوڕ نین لەسەر ئەوەی ڕێز لە ناوی من بگرن.» ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.
3 «لە بەر ئێوە نەوەکانتان سەرزەنشت دەکەم، ڕیخی قوربانی جەژنەکانتان بە دەموچاوتاندا دەکەم، جا لەگەڵیدا فڕێدەدرێن. 4 ئینجا دەزانن کە من ئەم ئاگادارکردنەوەیەم بۆ ئێوە نارد، بۆ ئەوەی پەیمانەکەم لەگەڵ لێڤی بەردەوام بێت.» ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە. 5 «پەیمانەکەم لەگەڵی بۆ ژیان و ئاشتی بوو، جا هەردووکیانم پێدا، بۆ ئەوەی ڕێزم لێ بگرێت. ڕێزی لێم گرت و لە ناوەکەم ترسا. 6 فێرکردنی ڕاست لەسەر زاری بوو، ناڕەوایی لەسەر لێوەکانی نەبوو. بە ئاشتی و بە ڕێکی دۆستایەتی لەگەڵم کرد و خەڵکێکی زۆریشی لە خراپە گەڕاندەوە.
7 «لەبەر ئەوەی دەبێت لێوەکانی کاهین زانین بپارێزن، خەڵک دێنە لای بۆ ئەوەی لە دەمی ئەو فێرکردنەکە بزانن، چونکە ئەو نێردراوی یەزدانی سوپاسالارە. 8 بەڵام ئێوە لە ڕێگاکە لاتاندا و فێرکردنەکانتان بۆ زۆر کەس بووە کۆسپ، پەیمانی لێڤیشتان شکاند.» ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە. 9 «لەبەر ئەوە من لەلای هەموو گەلەکە ڕیسوام کردن و سووکایەتیم پێکردن، چونکە ڕێگاکانی منتان نەگرتەبەر و لایەنگریتان کرد لە جێبەجێکردنی فێرکردنەکە.»
ناپاکی یەهودا
10 ئایا هەموومان یەک باوکمان نییە؟ ئایا یەک خودا بەدیی نەهێناوین؟ ئیتر بۆچی بە ناپاکی لەگەڵ یەکتری پەیمانی باوباپیرانمان دەشکێنین؟
11 یەهودا ناپاکی کرد. شتێکی قێزەون لە ئیسرائیل و لە ئۆرشەلیم ئەنجام درا: ژنیان هێنا لەو ژنانەی کە خوداوەندێکی بێگانە دەپەرستن، بەم شێوەیە یەهودا پەرستگای یەزدانی گڵاوکرد، ئەوەی خۆشی دەویست. 12 هەرکەسێک کە ئەمە دەکات با یەزدانی سوپاسالار هیچ نەوەیەکی لە چادرەکانی یاقوب بۆ نەهێڵێتەوە، تەنانەت ئەگەر قوربانیش پێشکەش بە یەزدان بکات.
13 شتێکی دیکە کە دەیکەن: بە فرمێسک قوربانگای یەزدان دادەپۆشن، بە گریان و هاوار، چونکە وەک جاران قوربانی ئێوە جێی ڕەزامەندی یەزدان نییە و بە پەسەند لە دەستتان وەرناگرێت. 14 ئێوە لێم دەپرسن: «لەبەر چی؟» لەبەر ئەوەی یەزدان شایەتە لەنێوان تۆ و ژنەکەی تەمەنی گەنجیت، کە ناپاکیت لەگەڵی کرد، هەرچەندە ئەو هاوسەرتە و ئەو ژنەیە کە پەیمانی هاوسەرگیریت لەگەڵی هەیە.
15 ئایا خودا نەیکردنە یەک؟ ئێوە بە جەستە و بە ڕۆح هی خودان. ئیتر خودا داوای چی دەکات؟ نەوەی لەخواترستان هەبێت. لەبەر ئەوە بە ڕۆح ئاگاداری خۆتان بن و ناپاکی لە ژنی تەمەنی گەنجیەتیتان مەکەن.
16 یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل دەفەرموێت: «ڕقم لە تەڵاقە، هەروەها ڕقم لەوەیە کە توندوتیژی لە دژی ژنەکەی دەکات.» ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.
ئینجا بە ڕۆح ئاگاداری خۆتان بن و ناپاکی مەکەن.
ڕۆژی حوکمدان
17 بە قسەکانتان یەزدانتان ماندوو کرد.
ئێوە دەپرسن: «بە چی ماندوومان کرد؟»
بەوەی کە گوتتان: «ئەوەی خراپە بکات، لەبەرچاوی یەزدان چاکە، ئەو بەوان دڵخۆشە،» یان «خودای دادپەروەری لەکوێیە؟»
3 «من نێردراوی خۆم دەنێرم، ئەوەی ڕێگاکەی پێشم بۆ ئامادە دەکات. لەناکاو ئەو پەروەردگارەی کە ئێوە داوای دەکەن، دێتە ناو پەرستگاکەی؛ بێگومان نێردراوەکەی پەیمانیش دێت کە دڵتان پێی خۆشە.» ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.
2 «بەڵام کێ بەرگەی ڕۆژی هاتنی دەگرێت؟ کێ خۆی ڕادەگرێت لە دەرکەوتنی؟ چونکە ئەو وەک ئاگری پاڵاوگە و وەک سابوونی جل شوشتنە. 3 وەک پاڵێوەر و بێگەردکاری زیو دادەنیشێت، نەوەی لێڤی پاک دەکاتەوە و وەک زێڕ و زیو دەیپاڵێوێت. ئینجا یەزدان خەڵکێکی دەبێت کە بە ڕاستودروستی قوربانی پێشکەش دەکەن. 4 ئیتر قوربانی یەهودا و ئۆرشەلیم لەلای یەزدان قبوڵ دەبێت، هەروەک ڕۆژانی دێرین، ساڵانی ڕابردوو.
5 «ئینجا بۆ دادگاییکردن دێمە لاتان. خێرا دەبمە شایەت لەسەر سیحرباز و داوێنپیسان، لەسەر ئەوانەی بە درۆ سوێند دەخۆن، لەسەر ئەوانەی پارەی کرێکار دەخۆن، لەسەر ئەوانەی مافی بێوەژن و هەتیو زەوت دەکەن، لەسەر ئەوانەی دەست بە ڕووی کەسی نامۆوە دەنێن و لە من ناترسن.» ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.
تاڵانکردنی خودا
6 «من یەزدانم، ناگۆڕێم، ئیتر ئەی نەوەی یاقوب، ئێوە لەناو نەچوون. 7 لە سەردەمی باوباپیرانتانەوە لە فەرزەکانم لاتان داوە و بەجێتان نەهێناوە. بگەڕێنەوە لام، منیش دەگەڕێمەوە لاتان.» ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.
«بەڵام ئێوە دەپرسن: ”چۆن بگەڕێینەوە؟“
8 «ئایا مرۆڤ خودا تاڵان دەکات؟ چونکە ئێوە تاڵانتان کردم!
«بەڵام ئێوە گوتتان: ”چۆن تاڵانمان کردی؟“
«لە دەیەک و قوربانییەکان تاڵانتان کردم. 9 ئێوە، هەموو ئەم نەتەوانە، بە نەفرەت نەفرەتتان لێکراوە، چونکە تاڵانم دەکەن.» 10 یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت: «تاقیم بکەنەوە: هەموو دەیەکەکان بۆ ماڵی خەزینە بهێنن، تاکو لە پەرستگاکەم خواردن هەبێت. ئینجا بزانن چۆن پەنجەرەکانی ئاسمانتان بۆ دەکەمەوە و بەرەکەت بەسەرتاندا دەبارێنم، هەتا جێ نەبێت تێی بکەن. 11 لەبەر ئێوە ڕێ لە مێروو دەگرم، هەتا بەروبوومی زەوییەکەتان تێکنەدات، دار مێوتان لە کێڵگە بێ بەر نەبێت.» ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە. 12 «ئینجا هەموو نەتەوەکان خۆزگەتان پێ دەخوازن، چونکە خاکەکەتان دەبێتە خاکی شادی.» ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.
13 یەزدان دەفەرموێت: «قسەکانتان لەسەر من ڕەق بوون.»
«ئێوەش دەپرسن: ”چیمان لەسەر تۆ گوتووە؟“
14 «ئێوە گوتتان: ”بەندایەتی خودا بێهوودەیە. چ سوودێکی هەبوو کە فەرمانەکانی ئەومان پاراستووە و بە خەمبارییەوە لەبەردەم یەزدانی سوپاسالار ژیانمان گوزەراندووە؟ 15 بەڵام ئێستا ئێمە خۆزگە بە لووتبەرزان دەخوازین. هەروەها بەدکاران سەرکەوتوون، تەنانەت ئەوانەی خودا تاقی دەکەنەوە، دەرباز دەبن.“»
16 ئینجا ئەوانەی لە یەزدان دەترسان قسەیان لەگەڵ یەکتری کرد، یەزدانیش گوێی شل کرد و گوێی لێبوو. لەبەردەمیدا لە پێچراوەیەک تۆمار کرا، بۆ ئەوەی ببێتە یادەوەرییەک بۆ ئەوانەی لە یەزدان دەترسن و ڕێز لە ناوەکەی دەگرن.
17 یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت: «ئەوانە دەبنە هی من، لەو ڕۆژە دەبنە گەنجینەیەکی تایبەتی من. بەزەییم پێیاندا دێتەوە وەک چۆن پیاو بەزەیی بە کوڕەکەی دێتەوە کە خزمەتی دەکات. 18 ئینجا دیسان جیاوازی لەنێوان ڕاستودروستان و خراپەکاراندا دەبینن، لەنێوان ئەوانەی بەندایەتی خودا دەکەن و ئەوانەی نایکەن.»
ڕۆژی یەزدان
4 یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت: «بێگومان ئەو ڕۆژە دێت کە وەک تەنوور داگیرساوە. جا هەموو لووتبەرزان و هەموو بەدکاران دەبنە پوشوپەڵاش، ئەو ڕۆژەش کە دێت دەیانسووتێنێت. نە ڕەگ و نە لقیان بۆ نامێنێتەوە. 2 ئەی ئەوانەی لە ناوەکەم دەترسن، بەڵام ئێوە خۆری ڕاستودروستیتان لێ هەڵدێت و تیشکەکانی دەبێتە هۆی چاکبوونەوە. جا دێنە دەرەوە و قەڵەمباز دەدەن وەک چۆن جوانەگای قەڵەو لە تەویلە بەڕەڵا دەکرێن. 3 ئینجا لەو ڕۆژەی ئەوە دەکەم، ئێوە خراپەکاران پێشێل دەکەن، دەبنە خۆڵەمێش لەژێر نەعلی پێتان.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.
4 «تەوراتی موسای بەندەی منتان لە یاد بێت، فەرز و حوکمەکان، کە من لە حۆرێڤ فەرمانم پێی کرد بۆ هەموو ئیسرائیل.
5 «گوێ بگرن، بەر لەوەی ڕۆژی گەورە و ترسناکی یەزدان بێت، من ئەلیاسی پێغەمبەرتان بۆ دەنێرم. 6 دڵی باوکان بۆ منداڵ و دڵی منداڵان بۆ باوک دەگەڕێنێتەوە، نەوەک بێم و خاکەکە بە تەواوی وێران بکەم.»
بنەچەی عیسا
1 ئەمە ڕەچەڵەکی عیسای مەسیحە، کوڕی داود، کوڕی ئیبراهیم:
2 ئیبراهیم باوکی ئیسحاق بوو،
ئیسحاق باوکی یاقوب بوو،
یاقوب باوکی یەهودا و براکانی بوو،
3 یەهودا باوکی پێرێز و زەرەح بوو، تامار دایکیان بوو،
پێرێز باوکی حەسرۆن بوو،
حەسرۆن باوکی ڕام[i] بوو،
4 ڕام باوکی عەمیناداب بوو،
عەمیناداب باوکی نەحشۆن بوو،
نەحشۆن باوکی سەلمۆن بوو،
5 سەلمۆن باوکی بۆعەز بوو کە ڕاحاب دایکی بوو،
بۆعەز باوکی عوبێد بوو کە ڕائووس دایکی بوو،
عوبێد باوکی یەسا بوو،
6 یەسا باوکی داودی پاشا بوو.
داود باوکی سلێمان بوو لەو ژنەی هی ئوریا[j] بوو،
7 سلێمان باوکی ڕەحەڤەعام بوو،
ڕەحەڤەعام باوکی ئەبیا بوو،
ئەبیا باوکی ئاسا بوو،
8 ئاسا باوکی یەهۆشافات بوو،
یەهۆشافات باوکی یەهۆرام بوو،
یەهۆرام باوکی عوزیا بوو،
9 عوزیا باوکی یۆتام بوو،
یۆتام باوکی ئاحاز بوو،
ئاحاز باوکی حەزقیا بوو،
10 حەزقیا باوکی مەنەشە بوو،
مەنەشە باوکی ئامۆن بوو،
ئامۆن باوکی یۆشیا بوو،
11 یۆشیا باوکی یەهۆیاکین[k] و براکانی بوو، لە کاتی ڕاپێچکردنەکە بۆ بابل.
12 لەدوای ڕاپێچکردنەکە بۆ بابل،
یەهۆیاکین باوکی شەئەلتیێل بوو،
شەئەلتیێل باوکی زروبابل بوو،
13 زروبابل باوکی ئەبیهود بوو،
ئەبیهود باوکی ئەلیاقیم بوو،
ئەلیاقیم باوکی ئازور بوو،
14 ئازور باوکی سادۆق بوو،
سادۆق باوکی ئەکیم بوو،
ئەکیم باوکی ئەلیهود بوو،
15 ئەلیهود باوکی ئەلعازار بوو،
ئەلعازار باوکی مەتان بوو،
مەتان باوکی یاقوب بوو،
16 یاقوب باوکی یوسفی مێردی مریەم بوو، ئەوەی عیسای لێبوو، کە بە مەسیح[l] ناودەبردرێت.
17 بەم شێوەیە هەموو نەوەکان لە ئیبراهیمەوە هەتا داود چواردە نەوەن، لە داودەوە هەتا ڕاپێچکردنەکە بۆ بابل چواردە نەوەن، لە ڕاپێچکردنەکەشەوە بۆ بابل هەتا مەسیح چواردە نەوەن.
لەدایکبوونی عیسا
18 لەدایکبوونی عیسای مەسیح بەم شێوەیە بوو: کاتێک مریەمی دایکی لە یوسف مارەبڕاو بوو، پێش ئەوەی بیگوازێتەوە، دەرکەوت کە لە ڕێگەی ڕۆحی پیرۆز سکی پڕبووە. 19 یوسفی دەستگیرانی کە پیاوچاک بوو، نەیویست ئابڕووی ببات، بڕیاری دا بە نهێنی دەستی لێ هەڵبگرێت.
20 کاتێک بیری لەم شتانە دەکردەوە، فریشتەیەکی یەزدان هاتە خەونی و پێی فەرموو: «ئەی یوسفی نەوەی داود، مەترسە لەوەی مریەم بهێنیت، چونکە ئەوەی ئەو سکی پێی هەیە لە ڕۆحی پیرۆزەوەیە. 21 کوڕێکی دەبێت ناوی دەنێیت عیسا[m]، چونکە گەلەکەی لە گوناهەکانیان ڕزگار دەکات.»
22 ئەمانە هەمووی ڕوویدا، هەتا ئەوەی یەزدان لە ڕێگەی پێغەمبەرەکە[n] فەرموویەتی بێتە دی: 23 [ئەوەتا پاکیزەیەک سکی دەبێت و کوڕێکی دەبێت، ناوی لێ دەنێن ئیمانوێل.][o] واتە: خودا لەگەڵمانە.
24 کاتێک یوسف لە خەو هەستا، ئەوەی فریشتەکەی یەزدان فەرمانی پێدابوو ئەنجامی دا و ژنەکەی گواستەوە. 25 بەڵام هەتا کوڕەکەی نەبوو لەگەڵی جووت نەبوو، ئینجا ناوی لێنا عیسا.
مۆغەکان سەردانی مەسیح دەکەن
2 لەدوای لەدایکبوونی عیسا لە بێتلەحمی یەهودیا[p]، لە سەردەمی شا هێرۆدس[q]، هەندێک مۆغ[r] لە ڕۆژهەڵاتەوە هاتنە ئۆرشەلیم، 2 پرسییان: «کوا ئەوەی لەدایک بووە کە پاشای جولەکەیە؟ لە ڕۆژهەڵاتەوە ئەستێرەی ئەومان بینی، هاتووین کڕنۆشی بۆ ببەین.»
3 کاتێک شا هێرۆدس ئەمەی بیست، پەشۆکا و هەموو خەڵکی ئۆرشەلیم لەگەڵی پەشۆکان. 4 هەموو کاهینانی[s] باڵا و مامۆستایانی تەوراتی[t] گەلی کۆکردەوە، لێی پرسین: «مەسیح لەکوێ لە دایک دەبێت؟» 5 وەڵامیان دایەوە: «لە بێتلەحم لە یەهودیا، چونکە لە ڕێی پێغەمبەرەکەوە[u] ئاوای نووسیوە:
6 «[بەڵام تۆ ئەی بێتلەحمی خاکی یەهودا،
کەمتر نیت لە فەرمانڕەواکانی یەهودا،
چونکە لە تۆوە فەرمانڕەوایەک دەردەکەوێت،
شوانایەتی گەلی ئیسرائیلم دەکات.][v]»
7 هێرۆدسیش بە نهێنی مۆغەکانی بانگکرد و لەبارەی کاتی دەرکەوتنی ئەستێرەکە لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کردن. 8 ئینجا بۆ بێتلەحمی ناردن و پێی گوتن: «بڕۆن و بە وردی بەدوای منداڵەکەدا بگەڕێن. کاتێک دۆزیتانەوە هەواڵم بدەنێ، تاکو منیش بێم و کڕنۆشی بۆ ببەم.»
9 لەدوای ئەوەی گوێبیستی پاشا بوون، ڕۆیشتن، ئەستێرەکەی لە ڕۆژهەڵات بینیبوویان، پێشیان کەوت هەتا لەسەر ئەو شوێنەی منداڵەکەی لێبوو ڕاوەستا. 10 بە بینینی ئەستێرەکە زۆر شادمان بوون، 11 چوونە ماڵەکە، منداڵەکەیان لەگەڵ مریەمی دایکی بینی، دانەوین و کڕنۆشیان بۆ برد و گەنجینەکانیان کردەوە، زێڕ و بخوور و موڕیان[w] بە دیاری پێشکەش کرد. 12 ئینجا خودا لە خەوندا مۆغەکانی ئاگادار کردەوە کە نەگەڕێنەوە لای هێرۆدس، ئەوانیش بە ڕێگایەکی دیکەدا گەڕانەوە وڵاتی خۆیان.
هەڵاتن بەرەو میسر
13 کە ڕۆیشتن، فریشتەیەکی یەزدان هاتە خەونی یوسف و گوتی: «هەستە منداڵەکە و دایکی ببە و ڕاکە بۆ میسر. لەوێ بمێنەوە هەتا پێت دەڵێم، چونکە هێرۆدس خەریکە بە شوێن منداڵەکەدا دەگەڕێت، بۆ ئەوەی بیکوژێت.» 14 ئەویش هەستا و لە شەودا منداڵەکە و دایکی برد و بەرەو میسر ڕۆیشت. 15 هەتا مردنی هێرۆدس لەوێ مایەوە، هەتا ئەوەی یەزدان لە ڕێگەی پێغەمبەرەکەوە[x] فەرموویەتی بێتە دی، کە دەفەرموێ: [لە میسرەوە بانگی کوڕەکەی خۆمم کرد.][y]
16 کاتێک هێرۆدس زانی مۆغەکان فریویان داوە، زۆر تووڕە بوو. بەگوێرەی ئەو کاتەی لە مۆغەکانەوە لێی کۆڵیبووەوە، ناردی و هەموو کوڕێکی تەمەن دوو ساڵ بەرەو خوارتر لە بێتلەحم و دەوروبەری کوشت. 17 ئینجا ئەوەی لە ڕێگەی پێغەمبەر یەرمیا گوترابوو هاتە دی:
18 [دەنگێک لە ڕامەوە بیسترا،
گریان و شیوەنێکی گەورە،
ڕاحێل[z] بۆ منداڵەکانی دەگریێت،
ڕازی نییە دڵنەوایی بکرێت،
چونکە نەماون.][aa]
گەڕانەوە بۆ شاری ناسیرە
19 کاتێک هێرۆدس مرد، فریشتەیەکی یەزدان لە میسر هاتە خەونی یوسف و 20 گوتی: «هەستە، منداڵەکە و دایکی ببە و بڕۆ بۆ خاکی ئیسرائیل، چونکە ئەوانەی بۆ ژیانی منداڵەکە دەگەڕان مردن.»
21 ئەویش هەستا، منداڵەکە و دایکی برد و گەڕایەوە خاکی ئیسرائیل. 22 بەڵام کاتێک بیستی ئەرخیلاوس لە یەهودیا لە جێی هێرۆدسی باوکی فەرمانڕەوایە، ترسا بچێتە ئەوێ. دوای ئەوەی لە خەوندا ئاگادار کرایەوە، گەڕایەوە ناوچەی جەلیل. 23 جا هات و لە شارۆچکەیەک نیشتەجێ بوو بە ناوی ناسیرە، هەتا ئەوەی لە ڕێگەی پێغەمبەران گوترابوو بێتە دی: [بە ناسیرەیی ناودەبردرێت.]
حەزرەتی یەحیا
3 هەر لەو ڕۆژانەدا، یەحیای لەئاوهەڵکێش[ab] لە دەشتی یەهودیا دەرکەوت و پەیامی خودای ڕادەگەیاند، 2 دەیگوت: «تۆبە بکەن، چونکە پاشایەتی ئاسمان نزیک بووەتەوە.» 3 ئەمەش ئەوەیە کە لە ڕێگەی پێغەمبەر ئیشایاوە دەربارەی گوتراوە:
[کەسێک لە چۆڵەوانی هاوار دەکات و دەڵێت:
«ڕێگا بۆ هاتنی یەزدان ئامادە بکەن،
ڕێچکەکانی بۆ ڕێکبخەن.»][ac]
4 جلوبەرگی یەحیا لە مووی وشتر بوو، پشتێنێکی چەرمیشی لە کەمەری دەبەست، خواردنیشی کوللە و هەنگوینی کێوی بوو. 5 ئیتر خەڵکی ئۆرشەلیم و تەواوی یەهودیا و هەموو ناوچەکانی دەوروبەری ڕووباری ئوردون هاتنە لای، 6 لەسەر دەستی ئەو لە ڕووباری ئوردون لە ئاو هەڵدەکێشران و دانیان بە گوناهەکانیاندا دەنا.
7 کە بینی زۆر لە فەریسی[ad] و سەدوقی[ae] بۆ لەئاوهەڵکێشانەکەی[af] دێن، پێی گوتن: «ئەی بێچووە ماران، کێ ئاگاداری کردوونەتەوە لە دەست تووڕەیی داهاتوو هەڵبێن؟ 8 با بەرهەمێکتان هەبێت لە تۆبەکردن بوەشێتەوە. 9 پێتان وا نەبێت دەتوانن بەخۆتان بڵێن: ”ئیبراهیم باوکمانە.“ پێتان دەڵێم، خودا دەتوانێت لەم بەردانە نەوە بۆ ئیبراهیم دروستبکات. 10 ئەوەتا تەور خراوەتە سەر ڕەگی دار، هەر دارێک بەرهەمی باش نەدات، دەبڕدرێتەوە و فڕێدەدرێتە ناو ئاگرەوە.
11 «من بۆ تۆبەکردن لە ئاوتان هەڵدەکێشم، بەڵام ئەوەی لەدوای من دێت، لە من بەتواناترە، شایانی ئەوە نیم پێڵاوەکانی بۆ هەڵبگرم. ئەو لە ڕۆحی پیرۆز و لە ئاگرتان هەڵدەکێشێت[ag]. 12 شەنی بەدەستەوەیە بۆ پاککردنەوەی جۆخینەکەی[ah]، گەنمەکە لە ئەمباردا کۆدەکاتەوە و قەسەڵەکەش[ai] بە ئاگرێکی نەکوژاوە دەسووتێنێت.»
لەئاوهەڵکێشانی عیسا
13 ئینجا عیسا لە جەلیلەوە هاتە ئوردون، تاکو لەسەر دەستی یەحیا لە ئاو هەڵبکێشرێت. 14 بەڵام یەحیا دەیویست ڕایگرێت و دەیگوت: «من پێویستیم بەوەیە لەسەر دەستی تۆ لە ئاو هەڵبکێشرێم، کەچی تۆ دێیت بۆ لای من؟»
15 عیساش وەڵامی دایەوە: «ئێستا ڕێگا بدە، چونکە ئاوا لە ئێمە دەوەشێتەوە هەتا هەموو ڕاستودروستییەک[aj] تەواو بکەین.» ئینجا ڕێی دا.
16 کاتێک عیسا لە ئاو هەڵکێشرا، دەستبەجێ لە ئاوەکە هەستایەوە. ئەوە بوو ئاسمانی بۆ کرایەوە و بینی ڕۆحی خودا وەک کۆترێک نیشتەوە و هاتە سەری. 17 دەنگێکیش لە ئاسمانەوە فەرمووی: «ئەمە کوڕی خۆشەویستمە، ئەوەی زۆر پێی دڵشادم.»
تاقیکردنەوەی عیسا
4 پاشان عیسا بەهۆی ڕۆحی پیرۆزەوە بردرایە چۆڵەوانی، تاکو لەلایەن ئیبلیسەوە تاقی بکرێتەوە. 2 دوای چل شەو و چل ڕۆژ بەڕۆژوو بوون، برسی بوو. 3 تاقیکەرەوە لێی هاتە پێش، پێی گوت: «ئەگەر تۆ کوڕی خودایت[ak]، بەم بەردانە بڵێ با ببن بە نان.»
4 بەڵام عیسا وەڵامی دایەوە: «نووسراوە: [مرۆڤ تەنها بە نان ناژیێت، بەڵکو بە هەر وشەیەک کە لە دەمی خوداوە دێتە دەرەوە.][al]»
5 ئینجا ئیبلیس بردییە شاری پیرۆز و لەسەر گوێسەبانەی[am] پەرستگا ڕایگرت و 6 پێی گوت: «ئەگەر تۆ کوڕی خودایت خۆت هەڵبدە خوارەوە. لەبەر ئەوەی نووسراوە:
«[سەبارەت بە تۆ فەرمان بە فریشتەکانی دەدات،
لەسەر دەستیان هەڵتدەگرن،
تاکو پێت بەر بەردێک نەکەوێت.][an]»
7 عیساش پێی فەرموو: «هەروەها نووسراوە: [یەزدانی پەروەردگارتان تاقی مەکەنەوە.][ao]»
8 دیسان ئیبلیس بۆ سەر شاخێکی زۆر بڵندی برد و هەموو شانشینەکانی جیهان و شکۆی ئەوانی پیشان دا و 9 پێی گوت: «هەموو ئەمانەت دەدەمێ ئەگەر کڕنۆش ببەیت و بمپەرستی.»
10 ئینجا عیساش پێی فەرموو: «شەیتان لێم دووربکەوە! چونکە نووسراوە: [کڕنۆش بۆ یەزدانی پەروەردگارت دەبەیت و تەنها ئەو دەپەرستیت.][ap]»
11 ئینجا ئیبلیس وازی لێ هێنا و فریشتەش هاتن و خزمەتیان کرد.
مژدەبەخشین لە جەلیل
12 کاتێک عیسا بیستی یەحیا گیراوە، خۆی گەیاندەوە جەلیل. 13 ناسیرەی بەجێهێشت و هات لە کەفەرناحوم نیشتەجێ بوو، کە لەسەر دەریاچەیە، لە سنووری زەبولون و نەفتالی[aq]، 14 تاکو ئەوەی لە ڕێگەی پێغەمبەر ئیشایاوە گوتراوە بێتە دی:
15 [خاکی زەبولون و خاکی نەفتالی،
ئەوەی لە ڕێگای دەریایە، ئەوبەری ڕووباری ئوردون،
جەلیلی نەتەوەکان[ar]،
16 ئەو گەلەی لە تاریکیدا دانیشتووە،
ڕووناکییەکی گەورەی بینی،
دانیشتووان لە خاکی سێبەری مەرگ
ڕووناکی بەسەریاندا هەڵات.][as]
17 لەو کاتەوە عیسا دەستی بە جاڕدان کرد و دەیفەرموو: «تۆبە بکەن، چونکە پاشایەتی ئاسمان نزیک بووەتەوە.»
عیسا قوتابییەکانی هەڵدەبژێرێت
18 کاتێک عیسا لە کەناری دەریاچەی جەلیل دەڕۆیشت، دوو برای بینی، شیمۆن کە پێی دەگوترێ پەترۆس لەگەڵ ئەندراوسی برای، تۆڕیان فڕێدەدایە دەریاچەکە، چونکە ماسیگر بوون. 19 عیسا پێی فەرموون: «وەرن دوام بکەون، دەتانکەم بە ڕاوکەری مرۆڤ[at].» 20 دەستبەجێ تۆڕەکانیان بەجێهێشت و دوای کەوتن.
21 کە لەوێ ڕۆیشت، دوو برای دیکەی بینی، یاقوبی کوڕی زەبدی و یۆحەنای برای، لە بەلەمێکدا لەگەڵ زەبدی باوکیان تۆڕەکانیان چاکدەکردەوە، ئەوانیشی بانگکرد. 22 دەستبەجێ بەلەمەکە و باوکیان بەجێهێشت و دوای عیسا کەوتن.
عیسا نەخۆش چاک دەکاتەوە
23 ئینجا عیسا بە هەموو جەلیلدا دەگەڕا، لە کەنیشتەکان[au] خەڵکی فێر دەکرد و مزگێنی[av] پاشایەتییەکەی ڕادەگەیاند، هەرچی نەخۆشی و هەرچی نەساغی نێو خەڵک هەبوو، چاکی دەکردنەوە. 24 لەبەر ئەوە دەنگوباسی تەواوی سوریای گرتەوە، ئەوانیش هەموو نەخۆشێکیان دەهێنایە لای، بە جۆرەها دەرد و ئازارەوە، ئەوانەی کە ڕۆحی پیسیان تێدا بوو و فێدار و ئیفلیج بوون چاکیکردنەوە. 25 جا خەڵکێکی زۆر لە جەلیل و دە شارەکە[aw] و ئۆرشەلیم و یەهودیا و ئەوبەری ئوردون دوای کەوتن.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.