Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Bible in 90 Days

An intensive Bible reading plan that walks through the entire Bible in 90 days.
Duration: 88 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
کردار 16:38-28:16

38 پۆلیسەکان ئەم قسانەیان بە فەرمانڕەوایان ڕاگەیاند، ئەوانیش کاتێک زانییان پۆڵس و سیلا هاوڵاتی ڕۆمانین ترسان. 39 ئیتر هاتن و لێیان پاڕانەوە، بردییاننە دەرەوە و داوایان لێکردن شارەکە بەجێبهێڵن.

40 کاتێک پۆڵس و سیلا لە بەندینخانە هاتنە دەرەوە، چوون بۆ ماڵی لیدیا، لەوێ لەگەڵ خوشک و برای باوەڕداران کۆبوونەوە و هانیان دان، پاشان ڕۆیشتن.

پۆڵس و سیلا لە سالۆنیکی

17 پاش ئەوەی پۆڵس و هاوڕێکانی بە شاری ئەمفیپۆلیس و ئەپۆلۆنیادا تێپەڕین، گەیشتنە سالۆنیکی کە کەنیشتی جولەکەی لێبوو. پۆڵس وەک کردبوویە پیشە چووە لایان، سێ ڕۆژی شەممە لەسەر یەک بە نووسراوە پیرۆزەکان گفتوگۆی لەگەڵ دەکردن، ڕوونی دەکردەوە و دەریدەخست کە دەبووایە مەسیح ئازار بچێژێت و لەنێو مردووان هەستێتەوە. پێی گوتن: «ئەم عیسایەی من پێتانی ڕادەگەیەنم، مەسیحەکەیە.» هەندێکیان قایل بوون و چوونە پاڵ پۆڵس و سیلا، هەروەها زۆر لە یۆنانی خواپەرست و لە ژنە خانەدانەکانیش کە ژمارەیان کەم نەبوو.

بەڵام هەندێک لە جولەکەکانی دیکە ئیرەییان پێ هات، چەند پیاوخراپێکی بازاڕیان هێنا و خەڵکیان کۆکردەوە و ئاژاوەیان لە شاردا نایەوە. چوونە سەر ماڵی یاسون و داوایان کرد پۆڵس و سیلا بهێنرێنە لای خەڵک. کاتێک نەیاندۆزینەوە، یاسون و هەندێک برایانیان بۆ لای فەرمانڕەوایانی شار ڕاکێشا، هاواریان دەکرد: «ئەمانە کە جیهانیان هەڵگێڕاوەتەوە، بۆ ئێرەش هاتوون، یاسون میوانداری کردوون. هەموویان لە دژی فەرمانەکانی قەیسەر کار دەکەن، دەڵێن پاشایەکی دیکە هەیە، ناوی عیسایە.» بەم قسانە خەڵکەکە و فەرمانڕەوایانی شاریان وروژاند. ئەوانیش دەستەبەرنامەیان[a] بۆ یاسون و ئەوانەی دیکە کرد و ئازادیان کردن.

لە شاری بیریە

10 کە شەو داهات برایان پۆڵس و سیلایان ناردە بیریە، کە گەیشتن چوونە کەنیشتی جولەکە. 11 بەڵام خەڵکی بیریە لە سالۆنیکییەکان تێگەیشتووتر بوون، بەوپەڕی پەرۆشییەوە پەیامەکەیان وەرگرت، ڕۆژانە لە نووسراوە پیرۆزەکان ورد دەبوونەوە ئاخۆ شتەکان ئاوان. 12 جا زۆریان باوەڕیان هێنا، هەروەها زۆر لە ژنە خانەدانە یۆنانییەکان و پیاوانیش کە ژمارەیان کەم نەبوو.

13 بەڵام کاتێک جولەکەی سالۆنیکی زانییان پۆڵس لە بیریەش پەیامی خودای ڕاگەیاندووە، هاتن لەوێش خەڵک جۆش بدەن و بیانوروژێنن. 14 دەستبەجێ برایان پۆڵسیان بەرەو کەناری دەریا نارد، بەڵام سیلا و تیمۆساوس لەوێ مانەوە. 15 ئەوانەی یاوەری پۆڵس بوون ئەویان هێنایە ئەسینا، ئینجا گەڕانەوە پاش ئەوەی پۆڵس ڕایسپاردن بە زووترین کات سیلا و تیمۆساوس بێن بۆ لای.

پۆڵس لە ئەسینا

16 کاتێک پۆڵس لە ئەسینا چاوەڕێی دەکردن، زۆر پەست و بێزار بوو کە بینی شارەکە پڕە لە بت. 17 بۆیە لە کەنیشت گفتوگۆی لەگەڵ جولەکە و خواپەرستان دەکرد، لە بازاڕیش لەگەڵ ئەوانەی ڕۆژانە تووشیان دەبوو. 18 هەندێک فەیلەسوفی ئەپیکوری[b] و ستۆیکی[c] گفتوگۆیان لەگەڵی دەکرد، هەندێک دەیانگوت: «ئەم چەنەبازە دەیەوێت چی بڵێت؟» هەندێکی دیکە گوتیان: «دیارە بانگەواز بۆ هەندێک خوداوەندی نامۆ دەکات،» چونکە باسی عیسا و زیندووبوونەوەی دەکرد. 19 ئینجا بردییانە ئاریۆپاگۆس[d] و گوتیان: «دەتوانین بزانین ئەم فێرکردنە نوێیە چییە باسی دەکەیت؟ 20 چونکە شتی سەیرت لێ دەبیستین و دەمانەوێت واتاکەی بزانین.» 21 لەبەر ئەوە هەموو ئەسیناییەکان و ئەو بێگانانەی تێدا دەژیان دەرفەتیان بە هیچ شتێک نەدەدا جگە لە باسکردن و گوێگرتن لە بیروڕا نوێیەکان.

وتارێک لە ئاریۆپاگۆس

22 پۆڵس لەناوەڕاستی ئاریۆپاگۆسدا وەستا و گوتی: «پیاوانی ئەسینا، دەبینم لە هەموو لایەکەوە زۆر دیندارن. 23 کاتێک دەگەڕام و سەیری پەرستراوەکانتانم دەکرد، قوربانگایەکم بینی لەسەری نووسرا بوو: ”بۆ خودای نەناسراو.“‏ جا ئەوەتان بۆ ڕادەگەیەنم کە دەیپەرستن و نایناسن.

24 «ئەو خودایەی کە جیهان و هەموو شتەکانی ناوی دروستکردووە، پەروەردگاری ئاسمان و زەوییە و لە پەرستگای دەستکرد نیشتەجێ نابێت. 25 بە دەستی مرۆڤ خزمەت ناکرێت وەک ئەوەی پێویستی بە شتێک بێت، چونکە ئەو خۆی ژیان و هەناسە و هەموو شتێک بە هەمووان دەبەخشێت. 26 هەموو نەتەوەکانی لە یەکێک دروستکردووە، تاکو لەسەر هەموو ڕووی زەوی نیشتەجێ بن، کات و سنوورەکانی نیشتەجێبوونی ئەوانی داناوە و دیاریی کردوون، 27 تاکو ڕوو لە خودا بکەن، بەڵکو بیگەنێ و بیدۆزنەوە، هەرچەندە لە هەر یەکێکمان دوور نییە. 28 ”چونکە لە ئەودا دەژین و دەجوڵێین و هەین،“[e] وەک هەندێک شاعیرانتان گوتیان: ”ئێمەش نەوەی ئەوین.“[f]

29 «لەبەر ئەوەی کە نەوەی خوداین، پێویستە بیرنەکەینەوە کە خودایەتی لە پەیکەری زێڕ یان زیو یان بەردینە، کە داهێنان و بیری مرۆڤ شێوەی کێشاوە. 30 لە سەردەمانی نەزانیدا خودا چاوپۆشی کردووە، بەڵام ئێستا فەرمان دەدات بۆ هەموو کەسێک و لە هەموو شوێنێک کە تۆبە بکەن، 31 چونکە ڕۆژێکی داناوە تێیدا بەتەمایە بە دادپەروەری جیهان حوکم بدات، بە پیاوێک کە دیاریی کردووە، بەڵگەشی بە هەمووان داوە کە لەنێو مردووان هەڵیستاندەوە.»

32 کاتێک گوێیان لە هەستانەوەی مردووان بوو، هەندێکیان گاڵتەیان پێکرد، بەڵام هەندێکی دیکەیان گوتیان: «جارێکی دیکە لەم بارەیەوە گوێت لێ دەگرین.» 33 ئیتر پۆڵس ئەوێی بەجێهێشت، 34 بەڵام هەندێک کەس لایەنگری پۆڵسیان کرد و باوەڕیان هێنا، لەوانە: دیونیسیۆسی ئەندامی ئاریۆپاگۆس، هەروەها ژنێک بە ناوی داماریس و چەند کەسێکی دیکەش لەگەڵیان.

پۆڵس لە کۆرنسۆس

18 لەدوای ئەمە پۆڵس ئەسینای بەجێهێشت و هاتە کۆرنسۆس. جولەکەیەکی دۆزییەوە بە ناوی ئەکیلا، خەڵکی پۆنتۆس[g] بوو، تازە لەگەڵ پریسکیلای ژنی لە ئیتالیاوە هاتبوون، چونکە کلودیۆس[h] فەرمانی دابوو هەموو جولەکە ڕۆما بەجێبهێڵن. پۆڵس ئیتر چووە لایان و بەهۆی هاوپیشەییان لەلایان مایەوە و ئیشی دەکرد، چونکە پیشەیان چادر دروستکردن بوو. هەموو شەممەیەک لە کەنیشت گفتوگۆی دەکرد، قەناعەتی بە جولەکە و یۆنانییەکان دەهێنا.

کاتێک سیلا و تیمۆساوس لە مەکدۆنیاوە هاتن، پۆڵس خۆی بۆ خزمەتی پەیامی مەسیح تەرخان کرد، لەنێو جولەکەکاندا شایەتی دەدا کە عیسا مەسیحەکەیە. بەڵام کاتێک دژایەتییان کرد و جنێویان پێدا، کراسەکەی تەکاند و پێی گوتن: «خوێنی خۆتان لەسەر خۆتان! من بێتاوانم. لە ئێستاوە دەچمە لای نەتەوەکان.»

ئیتر پۆڵس ئەوێی بەجێهێشت و چووە ماڵی پیاوێک ناوی تیتیۆس یوستۆس بوو، خواپەرست بوو، ماڵەکەی لەتەنیشت کەنیشتەوە بوو. لێرەدا کریسپۆسی پێشەوای کەنیشت خۆی و خاووخێزانی باوەڕیان بە عیسای خاوەن شکۆ هێنا. زۆر لە خەڵکی کۆرنسۆس کە گوێیان لێبوو باوەڕیان هێنا و لە ئاو هەڵکێشران.

قسە بکە و بێدەنگ مەبە

شەوێک مەسیحی خاوەن شکۆ لە بینینێکدا بە پۆڵسی فەرموو: «مەترسە، بەڵکو قسە بکە و بێدەنگ مەبە، 10 چونکە من لەگەڵتدام، کەس هێرش ناکاتە سەرت بۆ ئەوەی ئازارت بدات، چونکە خەڵکێکی زۆرم هەیە لەم شارە.» 11 ئیتر پۆڵس ساڵێک و شەش مانگ لەگەڵیان مایەوە و پەیامی خودای فێر دەکردن.

12 لەو سەردەمەی گالیۆن[i] فەرمانڕەوای ئەخایا[j] بوو، جولەکە هەموویان پێکەوە هێرشیان کردە سەر پۆڵس و بردیان بۆ دادگا، 13 گوتیان: «ئەم پیاوە قەناعەتی بە خەڵک دەهێنا کە بە پێچەوانەی تەورات خودا بپەرستن.»

14 کە پۆڵس خەریک بوو دەمی بکاتەوە، گالیۆن بە جولەکەکانی گوت: «جولەکەکان، ئەگەر بابەتەکە ناڕەوایی یان تاوانێکی خراپ بووایە، وەک هۆیەک گوێم لە سکاڵاتان دەگرت. 15 بەڵام ئەگەر بابەتەکە لەسەر وشە و ناو و تەوراتتانە، خۆتان تەماشای بکەن. نامەوێت لەم بابەتانەدا ببمە دادوەر.» 16 ئیتر لە دادگا دەریکردن. 17 ئەوسا هەموو سۆستانیسی پێشەوای کەنیشتیان گرت و لەبەردەم دادگا لێیاندا، گالیۆنیش گوێی بەمە نەدا.

گەڕانەوەی پۆڵس بۆ ئەنتاکیا

18 پۆڵس ڕۆژانێکی زۆر مایەوە، ئینجا ماڵئاوایی لە برایان کرد و لەگەڵ پریسکیلا و ئەکیلا بە دەریادا بەرەو سوریا ڕۆیشت. دوای ئەوەی لە کەنخریا سەری تاشی، چونکە نەزری لەسەر بوو. 19 کاتێک گەیشتنە ئەفەسۆس، پۆڵس پریسکیلا و ئەکیلای لەوێ بەجێهێشت و خۆی چووە کەنیشت و لەگەڵ جولەکەکان دەستی بە گفتوگۆ کرد. 20 ئەوانیش داوایان لێکرد ماوەیەکی زیاتر لایان بمێنێتەوە، بەڵام ڕازی نەبوو. 21 ئیتر ماڵئاوایی لێکردن و گوتی: «خودا حەز بکات دەگەڕێمەوە بۆ لاتان.» ئینجا لە ئەفەسۆسەوە بە دەریادا ڕۆیشت. 22 لە بەندەری قەیسەرییە دابەزی، بەرەو ئۆرشەلیم سەرکەوت و سڵاوی لە کڵێسا کرد، ئینجا بەرەو خوار چوو بۆ ئەنتاکیا.

23 پۆڵس ماوەیەک لە ئەنتاکیا مایەوە و پاشان ڕۆیشت و لە ناوچەکانی گەلاتیا و فریجیا شوێن بە شوێن دەگەڕا، ورەی هەموو قوتابییەکانی بەرز دەکردەوە.

24 جولەکەیەکی خەڵکی ئەسکەندەریە بە ناوی ئەپۆلۆس هات بۆ ئەفەسۆس، زمان پاراو و لە نووسراوە پیرۆزەکان شارەزا بوو. 25 فێری ڕێگای مەسیحی خاوەن شکۆ کرابوو، بە دڵگەرمی دەدوا و بە دروستی خەڵکی فێری پەیامی عیسا دەکرد، هەرچەندە تەنها لەئاوهەڵکێشانەکەی یەحیای دەزانی. 26 بە چاونەترسییەوە دەستی کرد بە قسەکردن لە کەنیشت. کە پریسکیلا و ئەکیلا گوێیان لێی بوو، بانگهێشتی ماڵی خۆیان کرد و دروستتر ڕێگای خودایان بۆ ڕوونکردەوە.

27 کاتێک ئەپۆلۆس حەزی کرد بچێت بۆ ناوچەی ئەخایا، برایان هانیان دا و بۆ قوتابییەکانیان نووسی پێشوازیی لێ بکەن. کاتێک هاتە ئەوێ، یارمەتییەکی زۆری ئەوانەی دا کە بەهۆی نیعمەتی خوداوە باوەڕیان هێنابوو، 28 چونکە بە هێزەوە و بە گفتوگۆی ئاشکرا جولەکە بەرهەڵستکارەکانی بێدەنگ دەکرد، لە ڕێگەی نووسراوە پیرۆزەکانەوە دەیسەلماند کە عیسا مەسیحەکەیە.

پۆڵس لە ئەفەسۆس

19 لە کاتێکدا کە ئەپۆلۆس لە کۆرنسۆس بوو، پۆڵس بە ڕێگاکانی ناوەوە تێپەڕی و هاتە ئەفەسۆس. لەوێ چاوی بە هەندێک قوتابی کەوت، لێی پرسین: «کاتێک باوەڕتان هێنا، ڕۆحی پیرۆزتان وەرگرت؟»

کەچی وەڵامیان دایەوە: «نەخێر! تەنانەت نەمانبیستووە کە ڕۆحی پیرۆز هەیە!»

گوتی: «کەواتە چ جۆرە لە ئاو هەڵکێشانێکتان وەرگرتووە؟»

گوتیان: «بە لەئاوهەڵکێشانەکەی یەحیا.»

پۆڵس گوتی: «لەئاوهەڵکێشانەکەی یەحیا لەئاوهەڵکێشانی تۆبەکردن بوو، بە خەڵکی دەگوت باوەڕ بهێنن بەوەی لەدوای دێت، واتە بە عیسا.» کاتێک ئەمەیان بیست بە ناوی عیسای خاوەن شکۆ لە ئاو هەڵکێشران. جا پۆڵس دەستی لەسەر دانان، ڕۆحی پیرۆز هاتە سەریان، بە زمانی ڕۆحی دوان و پێشبینییان کرد. بە هەموویان نزیکەی دوازدە پیاو دەبوون.

ئینجا پۆڵس چووە کەنیشت و بۆ زیاتر لە سێ مانگ ئازایانە دەدوا، گفتوگۆی دەکرد و سەبارەت بە کاروباری شانشینی خودا قەناعەتی بە خەڵک دەهێنا. بەڵام هەندێک کەللەڕەقییان کرد و باوەڕیان نەهێنا، لەبەردەم خەڵکەکە جنێویان بە ڕێگاکە[k] دا. جا پۆڵس لێیان کشایەوە و قوتابییەکانی برد، ڕۆژانە لە قوتابخانەی تیرانۆس گفتوگۆی دەکرد. 10 بۆ ماوەی دوو ساڵ لەسەر ئەمە بەردەوام بوو، هەتا وای لێهات هەموو ئەوانەی لە ئاسیادا دانیشتبوون، جولەکە و یۆنانی، پەیامی مەسیحی خاوەن شکۆیان بیست.

11 خوداش پەرجووی سەرسوڕهێنەری بە دەستی پۆڵس ئەنجام دەدا، 12 تەنانەت دەستەسڕ و ئەو بەروانکانەشی کە بەر لەشی پۆڵس کەوتبوون، دەهێنا و دەیانخستە سەر نەخۆش و نەخۆشی نەدەما، ڕۆحە پیسەکانیش دەردەچوون.

کوڕانی سکاوا

13 هەندێک لەو جولەکە گەڕۆکانەی ڕۆحی پیسیان دەردەکرد، هەوڵیان دا ناوی عیسای خاوەن شکۆ بۆ ئەوانە بەکاربهێنن کە ڕۆحی پیسیان تێدایە، دەیانگوت: «بە ناوی عیسا، ئەوەی پۆڵس ڕایدەگەێنێت، فەرمانت پێ دەکەم، دەربچیت.» 14 سکاوا کە کاهینێکی باڵای جولەکە بوو، حەوت کوڕی ئەم کارەیان دەکرد. 15 ڕۆحە پیسەکەش وەڵامی دانەوە: «عیسا دەناسم و دەربارەی پۆڵسیش دەزانم، بەڵام ئێوە کێن؟» 16 ئینجا ئەو پیاوەی کە ڕۆحە پیسەکەی تێدابوو پەلاماری دان و بەسەر هەموویاندا زاڵبوو، بە جۆرێک لێیدان کە بە ڕووتی و بریندارییەوە لەو ماڵەی کە لێی بوون ڕایانکرد.

17 کاتێک ئەو جولەکە و یۆنانییانەی کە لە ئەفەسۆس دەژیان بەمەیان زانی، هەموو ترس دایگرتن و ناوی عیسای خاوەن شکۆ بەرزبووەوە. 18 هەروەها زۆر لەوانەی باوەڕیان هێنا، دەهاتن و بە ئاشکرا دانیان بە کردەوەکانیان دەنا. 19 ژمارەیەک لەوانەی خەریکی جادووگەریێتی بوون، پەڕتووکەکانیان کۆدەکردەوە و لەبەردەم هەموواندا دەیانسووتاندن. نرخەکانیان ژمارد، بینییان پەنجا هەزار پارچە زیوە[l]. 20 بەم شێوەیە پەیامی مەسیحی خاوەن شکۆ بە تواناوە گەشەی دەکرد و بەهێز دەبوو.

شڵەژانێکی ترسناک لە ئەفەسۆس

21 لەدوای ئەوەی ئەم شتانە ڕوویاندا، پۆڵس بڕیاری دا بە مەکدۆنیا و ئەخایادا تێبپەڕێت و بچێتە ئۆرشەلیم، گوتی: «پاش ئەوەی لەوێ دەبم، دەبێت ڕۆماش ببینم.» 22 ئینجا پۆڵس دووان لە یاریدەدەرەکانی نارد بۆ مەکدۆنیا کە تیمۆساوس‏ و ئەراستۆس بوون، خۆشی ماوەیەک لە‏ هەرێمی ئاسیا مایەوە.

23 لەو کاتەدا لەبەر ڕێگاکە[m] ئاژاوەیەکی گەورە سەریهەڵدا. 24 زیوگەرێک بە ناوی دیمیتریۆس کە پەرستگای بچووکی زیوینی ئەرتەمیسی دروستدەکرد. ئەمە قازانجێکی باشی هەبوو بۆ پیشەوەران. 25 ئیتر کرێکارەکانی خۆی و هاوپیشەکانی کۆکردەوە و گوتی: «کوڕینە، هەروەک دەزانن لەم پیشەیەوە داهاتێکی باشمان دەستدەکەوێت، 26 بینیوتانە و بیستووتانە کە نەک تەنها لە ئەفەسۆس، بگرە لە هەموو ئاسیا، ئەم پۆڵسە قەناعەتی بە خەڵکێکی زۆر هێناوە و لەڕێ لایداون، دەڵێت ئەوانەی دەستکردن خودا نین. 27 نەک تەنها ئیشەکەمان دەکەوێتە مەترسییەوە بەڵکو پەرستگاکەی ئەرتەمیسی خواژنی گەورەش هیچ بەهایەکی نامێنێت، ئەوەی هەموو ئاسیا و جیهان دەیپەرستن پایەبەرزییەکەی لەدەست بدات.»

28 کاتێک گوێیان لێبوو تووڕە بوون و هاواریان دەکرد: «پایە بەرزە ئەرتەمیسی ئەفەسۆسییەکان!» 29 ئەم شڵەژانە هەموو شارەکەی گرتەوە، خەڵکەکە گایۆس و ئەریستارخۆسی مەکدۆنییان ڕاکێشایە ناو گۆڕەپانی شانۆی شار، کە هاوڕێی پۆڵس بوون لە گەشتەکەیدا. 30 پۆڵس ویستی بچێتە ناو خەڵکەکە، بەڵام قوتابییەکان نەیانهێشت. 31 هەروەها هەندێک گەورە پیاوی ئاسیا کە دۆستی بوون، ناردیانە لای و لێی پاڕانەوە کە نەچێتە شانۆکە.

32 ئیتر هەندێک هاواری شتێکیان دەکرد و هەندێک شتێکی دیکە، چونکە کۆڕەکە[n] شێوا بوو، زۆربەشیان نەیاندەزانی بۆچی کۆبوونەتەوە. 33 ئینجا ئەسکەندەریان لەناو خەڵکەکەوە ڕاکێشا، جولەکەش بۆ پێشەوە پاڵیان پێوە دەنا، ئەسکەندەریش دەستی بەرزکردەوە دەیویست لەبەردەم خەڵکەکە بەرگری لە خۆی بکات. 34 بەڵام کە زانییان جولەکەیە، نزیکەی دوو کاتژمێر هەموویان بەیەکەوە هاواریان دەکرد: «پایە بەرزە ئەرتەمیسی ئەفەسۆسییەکان!»

35 ئینجا فەرمانڕەوای شارەکە خەڵکەکەی هێمن کردەوە و گوتی: «پیاوانی ئەفەسۆس، کێ هەیە نەزانێت کە شاری ئەفەسۆسییەکان پاسەوانی پەرستگای ئەرتەمیسی گەورە و ئەو پەیکەرەیە کە لە ئاسمانەوە کەوتە خوارەوە؟ 36 بۆیە کە ئەمانە نکۆڵییان لێ ناکرێت، پێویستە هێمن بنەوە و شتێک بە سەرەڕۆیی نەکەن. 37 ئێوە ئەم دوو پیاوەتان هێناوە، کە نە پەرستگایان بڕیوە نە کفریان سەبارەت بە خواژنەکەمان کردووە. 38 بەڵام ئەگەر دیمیتریۆس و پیشەوەرەکانی لەگەڵ ئەون سکاڵایان لە کەسێک هەیە، ئەوا دادگاکان کراونەتەوە و دادوەر هەیە، با سکاڵا لە یەکتری بکەن. 39 ئەگەر داوای شتێکی دیکەش دەکەن، ئەوا لە کۆڕی یاساییدا سەیر دەکرێت. 40 لە ڕاستیدا لە مەترسیداین بەوەی کە تاوانبار بکرێن بە ئاژاوەنانەوە، لەبەر ئەوەی ئەمڕۆ، هیچ پاساوێکمان نییە بۆ پاکانەی ئەم کۆبوونەوەیە.» 41 کە ئەم شتانەی گوت، کۆمەڵەکەی[o] بڵاوە پێکرد.

پۆڵس لە مەکدۆنیا و یۆنان

20 دوای نەمانی ئاژاوەکە، پۆڵس قوتابییەکانی بانگکرد و ورەی بەرزکردنەوە، ماڵئاوایی لێکردن و بەرەو مەکدۆنیا بەڕێکەوت. کاتێک بەو ناوچانەدا تێپەڕی، بە زۆر وشە ورەیانی بەرز کردەوە، هاتە یۆنان، لەوێ سێ مانگی بەسەربرد. کە بەتەمابوو بە دەریادا بچێتە سوریا جولەکە پیلانیان بۆی گێڕا، بڕیاری دا بە مەکدۆنیادا بگەڕێتەوە. ئەمانەی لەگەڵ بوو: لە بیریە سوپاترۆسی کوڕی پیڕۆس، لە سالۆنیکییان ئەریستارخۆس و سەکوندۆس، گایۆس لە دەربە و تیمۆساوس، لە ئاسیاش تیخیکۆس و تروفیمۆس. ئەمانە پێشمان کەوتن و لە ترۆیاس چاوەڕێیان دەکردین. بەڵام ئێمە دوای جەژنی فەتیرە، سواری کەشتی بووین و فیلیپیمان بەجێهێشت، پاش گەشتی پێنج ڕۆژ گەیشتینە بەندەری ترۆیاس، لەوێ بەوانەی دیکە شاد بووینەوە و حەوت ڕۆژ لەوێ ماینەوە.

پۆڵس لە ترۆیاس

لە یەکەم ڕۆژی هەفتەدا بۆ نانلەتکردن کۆبووینەوە، پۆڵس گفتوگۆی لەگەڵ دەکردن، چونکە بەتەمابوو ڕۆژی دواتر بڕوات، بۆیە هەتا نیوە شەو قسەی بۆ کردن. ئەو ژوورەی سەرەوە کە لێی کۆببووینەوە چرای زۆری لێبوو. گەنجێک ناوی یوتیخۆس بوو لەناو پەنجەرەدا دانیشتبوو، خەوەکوتکێیەکی قورس دەیبردەوە، پۆڵس وتارێکی درێژی دەدا، جا خەوی لێ کەوت و لە نهۆمی سێیەمەوە کەوتە خوارەوە، بە مردوویی هەڵگیرایەوە. 10 پۆڵس هاتە خوارەوە خۆی بەسەریدا دا و لە باوەشی گرت، گوتی: «مەشێوێن، ژیانی تێدایە!» 11 دوایی پۆڵس چووە سەرەوە، نانی لەتکرد و خواردی، هەتا بەرەبەیان قسەی کرد، پاشان لەوێ ڕۆیشت. 12 گەنجەکەشیان بە زیندووێتی برد و زۆر دڵنەوایی کران.

لە تروادەوە بۆ میلیتۆس

13 پۆڵس بە ڕێگای وشکانی چوو بۆ ئەسۆس، ئێمەش بە سواری کەشتی بەرەو ئەوێ بەڕێکەوتین چونکە بڕیاری دابوو کە لەوێ چاومان پێی بکەوێت. 14 کاتێک لە ئەسۆس تووشمان بوو، هەڵمانگرت و هاتینە میتیلینی. 15 لەوێش بە دەریادا ڕۆیشتین و بۆ بەیانی گەیشتینە بەرامبەر خیۆس، بۆ ڕۆژی دواتر گەیشتینە سامۆس، ڕۆژی دوای ئەوەش هاتینە میلیتۆس. 16 جا پۆڵس بڕیاری دابوو کە ئەفەسۆس بەجێبهێڵێت نەوەک ماوەیەک لە ئاسیادا بمێنێتەوە، چونکە پەلەی دەکرد، بەڵکو بتوانێت لە ڕۆژی پەنجایەمین بگاتە ئۆرشەلیم.

وتەی پۆڵس بۆ پیرانی ئەفەسۆس

17 پۆڵس لە میلیتۆسەوە ناردی بۆ ئەفەسۆس، بانگی پیرانی کڵێسای کرد. 18 کاتێک هاتنە لای پێی گوتن: «ئێوە دەزانن لە یەکەم ڕۆژەوە کە پێم خستە ناو ئاسیا، بە درێژایی کاتەکە چۆن بووم لەگەڵتان، 19 لە کاتێکدا کە بە پیلانی جولەکە بەرهەڵستکارەکان تووشی تاقیکردنەوەی سەخت بووم، بەوپەڕی بێفیزی و فرمێسکەوە خزمەتی عیسای خاوەن شکۆم دەکرد. 20 هیچم لەو شتانە دوانەخستووە کە سوودبەخشن و بۆم ڕاگەیاندوون، بە ئاشکرا و ماڵەوماڵ فێرم کردوون. 21 شایەتی ئەوەم داوە لای جولەکە و یۆنانییەکان کە دەبێت تۆبە بکەن و بۆ لای خودا بگەڕێنەوە و باوەڕ بە عیسای خاوەن شکۆمان بهێنن.

22 «ئەوەتا ئێستا وا بە ڕۆحی پیرۆز بەستراوم، دەچمە ئۆرشەلیم و نازانم چیم بەسەردێت. 23 تەنها ڕۆحی پیرۆز لە هەموو شارێک شایەتیم بۆ دەدات کە گرتن و ناخۆشی چاوەڕێم دەکات. 24 بەڵام هیچ بەهایەکم بۆ ژیانی خۆم دانەناوە، تەنها ئامانجم ئەوەیە، ئەو پێشبرکێیە تەواو بکەم و ئەو ئەرکە بەجێبگەیەنم کە عیسای خاوەن شکۆ بە منی سپارد، ئەویش ئەرکی شایەتیدانە بۆ مزگێنی نیعمەتی خودا.

25 «ئێستا دەزانم هیچکام لە ئێوە ئیتر نامبیننەوە کە بە ناوتاندا دەگەڕام و پاشایەتی خودام ڕادەگەیاند. 26 هەر بۆیە ئەمڕۆ شایەتیتان بۆ دەدەم، کە لە خوێنی هەمووان بێتاوانم، 27 چونکە لە ڕاگەیاندنی تەواوی خواستی خودا بۆتان دوانەکەوتم. 28 ئاگاتان لە خۆتان و لە هەموو مێگەلەکە بێت، ئەوەی ڕۆحی پیرۆز ئێوەی کردووە بە چاودێر بەسەریانەوە، تاکو شوانایەتی کڵێسای خودا بکەن، ئەوەی بە خوێنی خۆی[p] کڕیویەتی. 29 دەزانم پاش ڕۆیشتنم گورگی ڕفێنەر دێنە ناوتان، بەزەییان بە مێگەلەکە نایەتەوە. 30 هەروەها لەنێو خۆتاندا خەڵکانێک پەیدا دەبن، باسی شتی خوار دەکەن، تاکو قوتابییەکان بەلای خۆیاندا ڕابکێشن. 31 بۆیە ئێشک بگرن، لە بیرتان بێت بۆ ماوەی سێ ساڵ شەو و ڕۆژ بە فرمێسکەوە نەوەستاوم لە ئاگادارکردنەوەی هەر یەکێکتان.

32 «ئێستاش بە خودا و وشەی نیعمەتەکەیتان دەسپێرم، کە توانای هەیە بنیادتان بنێت و لەگەڵ هەموو ئەوانەی پیرۆزکراون میراتتان پێ ببەخشێت. 33 چاوم لە زێڕ و زیو و جلی کەس نەبوو. 34 خۆتان دەزانن پێویستی خۆم و یاوەرانم، ئەم دەستانە دابینیان کردووە. 35 هەموو شتێکم پیشانتاندا کە پێویستە ئاوا ڕەنج بدەن بۆ یارمەتیدانی لاوازان، وشەکانی عیسای خاوەن شکۆتان لەیاد بێت کە خۆی فەرمووی: ”بەخشین لە وەرگرتن بەختەوەریترە.“»

36 کاتێک پۆڵس قسەکانی تەواو کرد، لەگەڵ هەموویان چۆکی دادا و نوێژی کرد. 37 هەمووان زۆر گریان، باوەشیان کردبوو بە پۆڵسدا و ماچیان دەکرد، 38 بەو قسەی کردی خەمبار بوون کە گوتی جارێکی دیکە ڕووی نابیننەوە. ئینجا تاکو لای کەشتییەکە لەگەڵی ڕۆیشتن.

پێشبینییەکان دەربارەی ئازاری پۆڵس

21 کاتێک لێیان جیا بووینەوە، بە دەریادا ڕێک بەرەو کووس[q] ڕۆیشتین. ڕۆژی پاشتر بۆ ڕودس لەوێشەوە بۆ پەتارا. لەوێ کەشتییەکمان بینی دەچووە فینیکیا، سواربووین و ڕۆیشتین. ئینجا قوبرسمان بینی و بەلای چەپدا بەجێمان هێشت، بەرەو سوریا دەچووین و گەیشتینە سور، چونکە کەشتییەکە بارەکەی لەوێ دادەگرت. لەوێ قوتابییەکانمان دۆزییەوە و حەوت ڕۆژ ماینەوە، بە ڕۆحی پیرۆز تکایان لە پۆڵس دەکرد[r] نەچێتە ئۆرشەلیم. کاتێک ماوەمان تەواو بوو، بەڕێکەوتین بۆ ئەوەی درێژە بە گەشتەکەمان بدەین، هەموو قوتابییەکان تاکو دەرەوەی شار بە ژن و منداڵیانەوە لەگەڵمان هاتن. لە کەنارەکە چۆکمان دادا و نوێژمان کرد. پاشان ماڵئاواییمان لە یەکتری کرد و سواری کەشتییەکە بووین، ئەوانیش گەڕانەوە ماڵەکانیان.

کە لە سورەوە گەشتەکەمان کۆتایی پێ هات، گەیشتینە پتولمایس، سڵاومان لە برایان کرد و ڕۆژێک لەلایان ماینەوە. بۆ بەیانی هاتینە قەیسەرییە و چووینە ماڵی فیلیپۆسی مزگێنیدەر، کە یەکێکە لە حەوتەکە[s]، لەلای ماینەوە. ئەم چوار کچی پاکیزەی هەبوو پێشبینییان دەکرد.

10 کە چەندین ڕۆژ ماینەوە، پێغەمبەرێک بە ناوی ئاگابۆس لە یەهودیاوە هات. 11 هاتە لامان و پشتێنەکەی پۆڵسی برد، دەست و پێی خۆی بەستەوە و گوتی: «ڕۆحی پیرۆز ئەمە دەفەرموێ: ”خاوەنی ئەم پشتێنە، ڕابەرانی جولەکە بەم شێوەیە لە ئۆرشەلیم دەیبەستنەوە و دەیدەنە دەست نەتەوەکان.“»

12 کاتێک ئەمەمان بیست، ئێمە و دانیشتووانی ئەوێ، لە پۆڵس پاڕاینەوە نەچێتە ئۆرشەلیم. 13 بەڵام پۆڵس گوتی: «چیتانە، دەگریێن و دڵم دەشکێنن؟ ئامادەم نەک تەنها بەند بکرێم، بەڵکو بۆ ناوی عیسای خاوەن شکۆ لە ئۆرشەلیم بشمرم.» 14 کە پێمان قایل نەکرا، وازمان لێهێنا و گوتمان: «با بە خواستی مەسیحی خاوەن شکۆ بێت.»

15 دوای ئەو ڕۆژانە ئامادەکاریمان کرد و چووینە ئۆرشەلیم. 16 هەندێک قوتابی قەیسەرییەش لەگەڵمان هاتن و ئێمەیان بردە لای مەناسۆن، کە قوبرسییە و قوتابییەکی کۆنە، تاکو لەلای بمێنینەوە.

لە ئۆرشەلیم

17 کاتێک گەیشتینە ئۆرشەلیم، برایان بە خۆشییەوە پێشوازییان لێکردین. 18 ڕۆژێک دواتر پۆڵس لەگەڵمان هاتە لای یاقوب[t]، هەموو پیرانیش ئامادەبوون. 19 پۆڵس سڵاوی لێکردن و یەک بە یەکی ئەوەی پێ ڕاگەیاندن کە خودا لەنێو نەتەوەکاندا لە ڕێگەی خزمەتەکەی کردوویەتی.

20 کە گوێیان لێبوو، ستایشی خودایان کرد و پێیان گوت: «برا دەبینیت کە هەزاران کەس لەناو جولەکەدا باوەڕیان هێناوە و هەموو دڵگەرمی تەوراتن. 21 وایان بیستووە کە تۆ هەموو ئەو جولەکانەی لەنێو نەتەوەکاندان فێری هەڵگەڕانەوەیان دەکەیت لە موسا و پێیان دەڵێی منداڵانیان خەتەنە نەکەن و بەگوێرەی نەریت نەژین. 22 کەواتە چی بکرێت؟ بێگومان دەبیستن کە تۆ هاتوویت، 23 جا ئەوە بکە کە پێت دەڵێین: چوار پیاومان لەلایە نەزریان لەسەرە، 24 بیانبە و لەگەڵیان خۆت پاک بکەرەوە و نرخی سەرتاشینەکەیان بۆ بدە، ئەوسا هەموو دەزانن ئەوەی دەربارەی تۆ پێیان گوتراوە ڕاست نییە، تۆش بە پاراستنی تەورات دەڕۆیت. 25 دەربارەی ناجولەکەکانیش کە باوەڕیان هێناوە، نامەیەکمان ناردووە و فەرمانمان کرد خۆیان لە قوربانی بت و لە خوێن، لە گۆشتی ئاژەڵی خنکێنراو و لە داوێنپیسی بپارێزن.»

26 بۆ بەیانی پۆڵس پیاوەکانی برد و لەگەڵیان خۆی پاک کردەوە، چووە ناو پەرستگا تاکو تێبینی بدات بۆ کۆتایی هاتنی ڕۆژانی پاکبوونەوە، تاکو لە جیاتی هەر یەکێکیان قوربانییەکەی بکات.

گرتنی پۆڵس

27 کاتێک خەریک بوو حەوت ڕۆژەکە تەواو بێت، جولەکەی ئاسیا پۆڵسیان لەناو پەرستگا بینی، جا هەموو خەڵکەکەیان جۆشدا و گرتییان، 28 هاواریان دەکرد: «خەڵکی ئیسرائیل فریابکەون! ئەمە ئەو پیاوەیە کە لە هەموو شوێنێک لە دژی گەل و تەورات و ئەم شوێنە هەموو خەڵک فێردەکات، تەنانەت یۆنانیشی هێناوتە پەرستگا و ئەم شوێنە پیرۆزەی گڵاو کرد!» 29 چونکە تروفیمۆسی خەڵکی ئەفەسۆسییان لە شارەکەدا لەگەڵی بینیبوو، وایانزانی پۆڵس لەگەڵ خۆی هێناویەتییە پەرستگا.

30 ئینجا هەموو شارەکە وروژا، خەڵکەکەش لە هەموو لایەکەوە ڕایانکرد. پۆڵسیان گرت، ڕایانکێشایە دەرەوەی پەرستگا، دەستبەجێ دەرگاکان داخران. 31 کاتێک هەوڵی کوشتنیان دەدا، هەواڵ بە فەرماندەی هێز درا کە هەموو ئۆرشەلیم شڵەژاوە. 32 یەکسەر سەرباز و سەرپەلی برد و ڕایکردە لایان. کە فەرماندە و سەربازەکانیان بینی لە لێدانی پۆڵس وەستان.

33 ئیتر فەرماندەکە نزیک بووەوە و گرتی، فەرمانی دا بە دوو زنجیر بیبەستنەوە، ئینجا پرسیاری کرد ئاخۆ کێیە و چی کردووە. 34 بەڵام لەناو خەڵکەکەدا هەندێک هاواری شتێکی دیکەیان دەکرد. جا بەهۆی ئاژاوەکەوە نەیتوانی ڕاستییەکە بزانێت، فەرمانی دا پۆڵس ببردرێتە سەربازگە. 35 کاتێک لەسەر قاڵدرمەکان[u] بوو، لەبەر توندوتیژی خەڵکەکە سەرباز هەڵیانگرت، 36 چونکە ئەو خەڵکەی کە دوای کەوتبوون هاواریان دەکرد: «لە ناوی ببە!»

37 خەریک بوو پۆڵس بچێتە سەربازگەکە، بە فەرماندەکەی گوت: «دەتوانم شتێکت پێ بڵێم؟» گوتی: «یۆنانی دەزانیت؟ 38 تۆ ئەو پیاوە میسرییە نیت ئەوەی کە ماوەیەک لەمەوبەر ئاژاوەیەکی نایەوە و فەرماندەیی چوار هەزار پیاوکوژی کرد بەرەو بیابان؟»

39 پۆڵس گوتی: «من جولەکەم، خەڵکی تەرسۆسی کیلیکیا، هاوڵاتی شارێکی بچووک نیم. داوات لێ دەکەم ڕێگام بدەی قسە بۆ خەڵکەکە بکەم.»

40 ئیتر ڕێگای دا، پۆڵس لەسەر قاڵدرمەکان ڕاوەستا، بە دەست ئاماژەی بۆ خەڵکەکە کرد. کاتێک بێدەنگ بوون، بە زمانی عیبری قسەی بۆ کردن و گوتی:

بەرگری پۆڵس

22 «برایان و باوکان، ئێستا گوێ لەو بەرگرییە بگرن کە لە خۆمی دەکەم.» کاتێک گوێیان لێبوو بە زمانی عیبری قسەیان بۆ دەکات زیاتر بێدەنگ بوون.

ئەویش گوتی: «من جولەکەم، لە تەرسۆسی کیلیکیا لەدایک بووم، بەڵام لەم شارە گەورە بووم، لەبەردەستی[v] گەمالائیل بە توندی بەگوێرەی تەوراتی باوباپیرانمان فێرکراوم. زۆر دڵگەرم بووم بۆ خودا، وەک ئەمڕۆ هەر یەکێکتان. شوێنکەوتووانی ئەم ڕێگایەم هەتا مردن چەوساندەوە، ژن و پیاوم دەگرت و ڕادەستی زیندانم دەکردن، وەکو سەرۆک کاهین و هەموو ئەنجومەنی پیران شایەتیم بۆ دەدەن. نامەم بۆ برایانی دیمەشق لەوان وەرگرت، چووم تاکو ئەوانەی ئەوێش بە بەندکراوی بهێنمە ئۆرشەلیم تاکو سزا بدرێن.

«ئەوە بوو کاتێک دەڕۆیشتم و لە نیوەڕۆدا لە دیمەشق نزیک دەبوومەوە، لەناکاو لە ئاسمانەوە ڕووناکییەکی گەورە لە دەوروبەرم درەوشایەوە. کەوتمە سەر زەوی و گوێم لە دەنگێک بوو پێی فەرمووم: ”شاول! شاول! بۆچی دەمچەوسێنیتەوە؟“

«وەڵامم دایەوە: ”گەورەم، تۆ کێیت؟“

«پێی فەرمووم: ”من عیسای ناسیرەییم، ئەوەی تۆ دەیچەوسێنیتەوە.“ ئەوانەی لەگەڵم بوون ڕووناکییەکەیان بینی، بەڵام لەو دەنگە تێنەگەیشتن کە قسەی لەگەڵم دەکرد.

10 «گوتم: ”ئەی خاوەن شکۆ، چی بکەم؟“»

«مەسیحی خاوەن شکۆ پێی فەرمووم: ”هەستە بڕۆ دیمەشق، لەوێ هەموو ئەوەی بۆت دانراوە بیکەیت، پێت دەگوترێ.“ 11 جا لەبەر هێزی ڕووناکییەکە نەمدەبینی، ئەوانەی لەگەڵم بوون دەستیان گرتم و هێنامیانە دیمەشق.

12 «پیاوێک بە ناوی حەنانیا، بەگوێرەی تەورات لەخواترس، هەموو جولەکەی ئەوێ بە باشی باسیان دەکرد. 13 هاتە لام، وەستا و پێی گوتم: ”شاولی برام، ببینە.“ یەکسەر ئەوم بینی.

14 «ئینجا گوتی: ”خودای باوباپیرانمان هەڵیبژاردووی تاکو خواستی بزانیت، هەروەها ڕاستودروستەکە[w] ببینیت و گوێت لە وشەی دەمی ئەو بێت، 15 چونکە تۆ بۆ هەموو خەڵک دەبیتە شایەتی ئەو، بەوەی بینیت و بیستت. 16 ئێستا بۆ خۆت دوادەخەیت؟ هەستە لە ئاو هەڵبکێشرێ و بە پاڕانەوە بە ناوی ئەو گوناهەکانت بشۆرەوە.“

17 «ئەوە بوو کە بۆ ئۆرشەلیم گەڕابوومەوە و لە پەرستگا نوێژم دەکرد، لەهۆشی خۆم چووم، 18 مەسیحم بینی و پێی فەرمووم: ”خێراکە و بە پەلە لە ئۆرشەلیم بڕۆ دەرەوە، چونکە شایەتییەکەت کە سەبارەت بە منە وەریناگرن.“

19 «منیش گوتم: ”خاوەن شکۆ، خۆیان دەزانن لە هەموو کەنیشتەکان ئەوانەی باوەڕیان بە تۆ هەبوو، دەمگرتن و دارکاریم دەکردن. 20 کاتێک خوێنی ستیفانۆسی شایەتی تۆ ڕژا، من ڕاوەستابووم، ڕازی بووم و پارێزگاریم لە جلوبەرگی بکوژانی دەکرد.“

21 «بەڵام پێی فەرمووم: ”بڕۆ! بۆ دوور دەتنێرم، بۆ نەتەوەکان.“»

22 هەتا باسی نەتەوەکان گوێیان لە پۆڵس گرت، ئینجا هاواریان کرد و گوتیان: «لەسەر ڕووی زەوی مەیهێڵە! چونکە ئەمە شایانی ژیان نییە!»

23 ئینجا هاواریان کرد و جلەکانی خۆیان فڕێدەدا و خۆڵیان بە هەوادا دەکرد. 24 فەرماندەکە فەرمانی دا بۆ سەربازگە ببردرێت و لەژێر قامچیدا لێی بکۆڵنەوە، تاکو بزانێت بۆچی ئاوا هاواریان لێی دەکرد.

پۆڵس هاوڵاتییەکی ڕۆمانییە

25 کاتێک بەستیانەوە تاکو بە قامچی لێی بدەن، پۆڵس بە سەرپەلەکەی گوت کە لەوێ وەستا بوو: «ئایا لە ڕووی یاساییەوە ڕێتان پێدراوە کە هاوڵاتی ڕۆمانی بەر قامچی بدەن کە هێشتا نەسەلمێنراوە تاوانبارە؟» 26 کاتێک سەرپەلەکە گوێی لەمە بوو چووە لای فەرماندەکە، هەواڵی پێدا و گوتی: «ئەوە بەتەمای چی بکەیت؟ ئەم پیاوە هاوڵاتی ڕۆمانییە!»

27 فەرماندەکەش چوو بۆ لای پۆڵس و پێی گوت: «پێم بڵێ، تۆ هاوڵاتی ڕۆمانیت؟»

گوتی: «بەڵێ.»

28 فەرماندەکە گوتی: «بە پارەیەکی زۆر ئەم هاوڵاتی بوونەم وەرگرت.»

پۆڵس گوتی: «بەڵام من بە زگماک هاوڵاتیم.»

29 ئەوانەی بەتەمابوون لێی بکۆڵنەوە دەستبەجێ لێی دوورکەوتنەوە، فەرماندەکەش کە زانی هاوڵاتی ڕۆمانییە و وا کۆتی کردووە، ترسا.

30 بۆ بەیانی ویستی بە تەواوی بزانێت بۆچی جولەکە سکاڵای لێدەکەن، ئازادی کرد و فەرمانی دا کاهینانی باڵا و هەموو سەنهەدرین کۆببنەوە، پۆڵسی بانگکرد و لەبەردەمیاندا ڕایگرت.

پۆڵس لە ئەنجومەنی جولەکە

23 پۆڵس ڕوانییە سەنهەدرین و گوتی: «برایان، تاکو ئەمڕۆ بە تەواوی ویژدانێکی پاک بۆ خودا ژیاوم.» حەنانیای سەرۆک کاهین فەرمانی بەوانە دا کە لەلای ڕاوەستابوون تاکو بە دەمیدا بکێشن. پۆڵس پێی گوت: «خودا لێت بدات، ئەی دیواری سپیکراو! چۆن دانیشتووی بەپێی تەورات حوکمم دەدەیت، کەچی پێچەوانەی تەورات فەرمانی لێدانم دەدەیت؟»

ئەوانەی لەلای ڕاوەستابوون گوتیان: «ئایا جنێو بە سەرۆک کاهینی خودا دەدەیت؟»

پۆڵس گوتی: «برایان، نەمدەزانی سەرۆک کاهینە، چونکە نووسراوە: [بە خراپە باسی سەرکردەیەکی گەلەکەت مەکە.][x]»

پۆڵس دەیزانی بەشێک سەدوقین و بەشێک فەریسی، لە سەنهەدریندا هاواری کرد: «برایان، من فەریسی کوڕی فەریسیم. لەبەر هیوام بە هەستانەوەی مردووان وا حوکم دەدرێم.» کە ئەمەی گوت، ناکۆکی کەوتە نێوان فەریسی و سەدوقییەکان و ئەنجومەنەکە بوو بە دوو بەش، چونکە سەدوقییەکان دەڵێن هەستانەوە و فریشتە و ڕۆح نین، بەڵام فەریسییەکان دان بە هەموو ئەمانەدا دەنێن.

ئینجا هاوار بەرزبووەوە، هەندێک لە مامۆستایانی تەورات کە فەریسی بوون هەستان و بە توندی دەمەقاڵەیان دەکرد: «تاوان لەم پیاوەدا نابینین. مەگەر ڕۆحێک یان فریشتە لەگەڵیدا دوابێت؟» 10 کاتێک ناکۆکییەکە پەرەی سەند، فەرماندەکە ترسا پۆڵس پارچەپارچە بکەن، ئینجا فەرمانی بە سەربازەکان دا دابەزن، لەنێوانیاندا بیڕفێنن و بیبەنەوە سەربازگە.

11 بۆ شەوی پاشتر، مەسیحی خاوەن شکۆ لەلای پۆڵس ڕاوەستا و فەرمووی: «ورەت بەرزبێت! وەک لە ئۆرشەلیم شایەتیت بۆ من دا، دەبێ لە ڕۆماش ئاوا شایەتی بدەیت.»

پیلانی جولەکە بۆ کوشتنی پۆڵس

12 کاتێک ڕۆژهەڵات جولەکە پیلانیان کێشا، سوێندیان خوارد و گوتیان کە نە بخۆن و نە بخۆنەوە هەتا پۆڵس دەکوژن. 13 ئەوانەی ئەم پیلانەیان کێشا لە چل زیاتر بوون. 14 چوونە لای کاهینانی باڵا و پیران، گوتیان: «سوێندمان خواردووە تامی هیچ نەکەین هەتا پۆڵس دەکوژین. 15 ئێستاش ئێوە و سەنهەدرین بە فەرماندەکە ڕابگەیەنن، بەڵکو بۆ لاتان بینێرێت، وەک بتانەوێت وردتر لە بابەتەکەی بکۆڵنەوە. ئێمەش پێش نزیک کەوتنەوەی ئامادەین بۆ کوشتنی.»

16 بەڵام کاتێک خوشکەزاکەی پۆڵس بە پیلانەکەی زانی، هاتە سەربازگە و هەواڵی دایە پۆڵس.

17 جا پۆڵس سەرپەلێکی بانگکرد، گوتی: «ئەم گەنجە ببە لای فەرماندەکە، چونکە هەواڵێکی پێیە بیداتێ.» 18 ئەویش بردییە لای فەرماندەکە.

گوتی: «پۆڵسی بەندکراو بانگی کردم و داوای لێکردم ئەم گەنجە بهێنمە لات، شتێکی هەیە پێتی بڵێت.»

19 فەرماندەکەش دەستی گرت و بە تەنها بردییە ئەو لاوە، لێی پرسی: «چیت هەیە پێمی بڵێی؟»

20 گوتی: «جولەکە ڕێککەوتوون داوات لێ بکەن کە بەیانی پۆڵس بنێریتە سەنهەدرین، وەک بیانەوێت وردتر لێی بکۆڵنەوە. 21 بۆیە ڕازی مەبە بە داواکارییەکەیان، چونکە زیاتر لە چل پیاویان لە بۆسەدان بۆی، سوێندیان خواردووە نەخۆن و نەخۆنەوە هەتا دەیکوژن. ئێستا ئامادەن و چاوەڕێی بەڵێنن لە تۆوە.»

22 فەرماندەکە گەنجەکەی بەڕێکرد و فەرمانی پێدا: «بە کەس نەڵێیت کە ئەمەت بە من گوتووە.»

ناردنی پۆڵس بۆ لای فیلیکس

23 ئینجا دووان لە سەرپەلەکانی بانگکرد و گوتی: «دوو سەد سەرباز لەگەڵ حەفتا سوار و دوو سەد ڕمهەڵگر ئامادە بکەن، تاکو لە کاتژمێر نۆی[y] شەو بچنە قەیسەرییە. 24 هەروەها وڵاخ ئامادە بکرێ تاکو پۆڵس سواری بێت و بە سەلامەتی بیگەیێننە لای فیلیکسی فەرمانڕەوا.»

25 نامەیەکی نووسی ئەمەی تێدابوو:

26 لە کلودیۆس لیسیاس،

بۆ بەڕێز فیلیکسی فەرمانڕەوا،

سڵاو.

27 ئەم پیاوە، جولەکە گرتییان و خەریک بوو بیکوژن، بەڵام لەگەڵ سەربازان چووم و ڕزگارم کرد، چونکە بیستمەوە هاوڵاتی ڕۆمانییە. 28 دەمویست بزانم بە چی تاوانباری دەکەن، بردمە سەنهەدرینەکەیان. 29 بینیم لەبەر کاروباری تەوراتەکەیان تاوانبار کراوە، بەڵام تاوانێکی لەسەر نەبوو کە شایانی سزای مردن یان بەندکردن بێت. 30 کاتێک ئاگادار کرامەوە کە پیلانێک لەم پیاوە دەگێڕدرێت، دەستبەجێ بۆ لای تۆم نارد، فەرمانم بە سکاڵاکاران کرد چییان لەسەری هەیە لەلای تۆ باسی بکەن.

31 بۆیە سەربازان وەک فەرمانیان پێ کرابوو، پۆڵسیان برد و بە شەو بۆ ئەنتیپاتریسیان[z] هێنا. 32 بۆ بەیانی سوارەکانیان لەگەڵ نارد و خۆیان بۆ سەربازگە گەڕانەوە. 33 سوارەکانیش چوونە قەیسەرییە و نامەکەیان دایە فەرمانڕەوا و پۆڵسیان بردە بەردەمی. 34 خوێندییەوە و پرسی خەڵکی چ ناوچەیەکە. زانی خەڵکی کیلیکیایە، 35 گوتی: «کەی سکاڵاکاران گەیشتن، گوێت لێ دەگرم.» ئینجا فەرمانی دا لە کۆشکی هێرۆدس پاسەوانی بکرێت.

سکاڵای جولەکەکان لە دژی پۆڵس

24 پاش پێنج ڕۆژ حەنانیای سەرۆک کاهین و هەندێک پیر و پارێزەرێک بە ناوی تەرتولۆس هاتن، لەلای فەرمانڕەوا سکاڵایان لە پۆڵس کرد. کاتێک پۆڵس بانگکرا، تەرتولۆس دەستی بە سکاڵاکە کرد و گوتی: «فیلیکسی پایەبەرز، بەهۆی دووربینیت وا لە ئاشتییەکی زۆرداین و ئەم گەلە چاکسازی بۆ دەکرێت، بە هەموو شێوەیەک و لە هەموو شوێنێک بە سوپاسەوە بەمە دەزانین. بەڵام تاکو زیاتر ماندووت نەکەم، داواکارم بە نەرمونیانی خۆت، بە کورتی گوێمان لێ بگریت.

«بینیمان ئەم پیاوە گێرەشێوێنە و لەناو هەموو جولەکەی سەراپای جیهاندا ئاژاوە دەنێتەوە، پێشەوای ڕێبازی ناسیرەییەکانە. هەوڵی دا پەرستگا گڵاو بکات و ئێمەش گرتمان. ⌟ویستمان بەگوێرەی تەوراتی خۆمان حوکمی بدەین. بەڵام لیسیاسی فەرماندە هات و بە زەبری هێز لە دەستی سەندین و فەرمانی بە سکاڵاکارانی کرد بێنە لات.⌞ جا ئەگەر لێی بکۆڵیتەوە، هەر لە خۆی هەموو ئەو شتانە دەزانیت کە سکاڵای لەو پێدەکەین.»

جولەکەش لایەنگریان کرد و گوتیان، شتەکان وایە.

10 کە فەرمانڕەوا ئاماژەی بۆ کرد قسە بکات، پۆڵس وەڵامی دایەوە: «دەزانم ساڵانێکی زۆرە تۆ دادوەری ئەم گەلەیت، بۆیە بە خۆشییەوە بەرگری لە خۆم دەکەم. 11 دەتوانیت دڵنیابیت، دوازدە ڕۆژ تێپەڕی نەکردووە کە بۆ پەرستن هاتوومەتە ئۆرشەلیم. 12 نە لە پەرستگا منیان بینیوە مشتومڕ لەگەڵ یەکێک بکەم و نە خەڵکم وروژاندووە، نە لە کەنیشتەکان و نە لە هیچ شوێنێکی ئەم شارە. 13 ناتوانن ئەو شتانە بسەلمێنن کە ئێستا پێی تاوانبارم دەکەن. 14 بەڵام ئەمە بۆ تۆ دەدرکێنم، بەگوێرەی ئەو ڕێگایەی[aa] پێی دەڵێن ڕێباز ئاوا خودای باوباپیرانم دەپەرستم، باوەڕم هەیە بە هەموو ئەوەی بەگوێرەی تەوراتە و لە پەڕتووکی پێغەمبەراندا نووسراوە. 15 هیوام بە خودایە لەوەی خۆیان چاوەڕێی دەکەن، کە هەستانەوە دەبێت، بۆ ڕاستودروستان و خراپەکارانیش. 16 لەبەر ئەوە تێدەکۆشم تاکو هەمیشە ویژدانێکی پاکم بەرامبەر خودا و خەڵک هەبێت.

17 «لەدوای ساڵانێکی زۆر گەڕامەوە تاکو پیتاک بۆ گەلەکەم بهێنم و قوربانی بکەم. 18 منیان لە حەوشەکانی پەرستگادا لە کاتی خۆپاککردنەوەدا بینی، بەڵام نە لەناو خەڵک و نە لەناو ئاژاوە. 19 بەڵام هەندێک لەو جولەکانەی ئاسیا، ئەگەر شتێکیان لە دژی من هەبووایە، دەهاتنە لات و سکاڵایان لەسەرم دەکرد. 20 یان با خۆیان بڵێن چ تاوانێکیان دۆزییەوە، کاتێک لەبەردەم سەنهەدریندا ڕاوەستام، 21 جگە لەم ڕاگەیاندنە کاتێک لەنێویان ڕاوەستابووم هاوارم کرد: ”سەبارەت بە هەستانەوەی مردووانە ئەمڕۆ ئێوە حوکمم دەدەن!“»

پۆڵس لە بەندیخانەی قەیسەرییە

22 فیلیکسیش دوایخستن، کە زانیارییەکی باشی دەربارەی ڕێگاکە[ab] هەبوو، گوتی: «کە لیسیاسی فەرماندە هات، ئەوا بڕیار لە بابەتەکانی ئێوە دەدەم.» 23 ئینجا فەرمانی بە سەرپەلەکە دا کە چاودێری پۆڵس بکرێت، بەڵام هەندێک سەربەستی هەبێت، کەسیش ڕێگا لە هاوڕێیەکانی نەگرێت بۆ خزمەتکردنی.

24 پاش چەند ڕۆژێک فیلیکس و دروسیلای ژنی هاتن، کە جولەکە بوو، پۆڵسی بانگکرد و لەبارەی باوەڕ بە عیسای مەسیح گوێی لێ گرت. 25 کاتێک پۆڵس لەبارەی ڕاستودروستی و بەسەرخۆدا زاڵبوون و حوکمدانی داهاتوو دەدوا، فیلیکس ترسا و گوتی: «ئێستا بڕۆ. کەی کاتم هەبوو بانگت دەکەمەوە.» 26 بە هیوا بوو پۆڵس بەرتیلی بداتێ، بۆیە بەردەوام بانگی دەکرد و قسەی لەگەڵ دەکرد.

27 دوو ساڵ تێپەڕی و پورکیۆس فێستۆس شوێنی فیلیکسی گرتەوە. بەڵام دەیویست ڕەزامەندی جولەکە بەدەستبهێنێت، فیلیکس پۆڵسی لە بەندیخانە هێشتەوە.

بابەتی پۆڵس لەلای قەیسەر

25 کاتێک فێستۆس گەیشتە هەرێمەکە، لەدوای سێ ڕۆژ لە قەیسەرییەوە چووە ئۆرشەلیم. کاهینانی باڵا و ڕابەرانی جولەکە سکاڵایان لە پۆڵس کرد و لێی پاڕانەوە، تکایان لێکرد چاکەیەکیان لەگەڵ بکات بەوەی پۆڵس بنێرێتە ئۆرشەلیم، چونکە لەسەر ڕێگا بۆسەیان بۆ نابووەوە تاکو بیکوژن. فێستۆس وەڵامی دایەوە: «پۆڵس لە قەیسەرییە دەستبەسەرە و خۆشم بە زوویی دەچم بۆ ئەوێ.» ئینجا گوتی: «با گەورە پیاوانتان لەگەڵم بێن، ئەگەر پیاوەکە خراپەیەکی هەیە، با سکاڵای لێ بکەن.»

دوای هەشت تاکو دە ڕۆژ لەگەڵیان مایەوە، چوو بۆ قەیسەرییە. بۆ بەیانی لەسەر کورسی دادوەری دانیشت، فەرمانی دا پۆڵس بهێنن. کاتێک هات، ئەو جولەکانەی لە ئۆرشەلیم هاتبوون لێی کۆبوونەوە، تاوانی زۆر و ترسناکیان خستە پاڵی، بەڵام نەیانتوانی بیسەلمێنن.

ئەوسا پۆڵس بەرگری لە خۆی کرد: «هیچ شتێکم لە دژی تەوراتی جولەکە یان پەرستگا یان قەیسەر نەکردووە.»

بەڵام فێستۆس دەیویست چاکە لەگەڵ جولەکەدا بکات، لە پۆڵسی پرسی: «دەتەوێ بچیتە ئۆرشەلیم و لەوێ سەبارەت بەم شتانە دادگاییت بکەم؟»

10 پۆڵس گوتی: «لەبەردەم کورسی دادوەری قەیسەر وەستاوم، دەبێت لێرەش دادگایی بکرێم. خراپەم لەگەڵ جولەکە نەکردووە، خۆت باش دەزانیت. 11 ئەگەر تاوانێکم کردبێت شایانی سزای مردن بێت، ئەوا لە مردن ڕامنەدەکرد. بەڵام ئەگەر ئەو شتانەی منی پێ تاوانبار دەکەن ڕاست نەبێت، ئەوا کەس ناتوانێت بمداتە دەستیان. داواکەم دەدەمە قەیسەر!»

12 ئینجا فێستۆس لەگەڵ ڕاوێژکاران قسەی کرد و وەڵامی دایەوە: «داواکەت دایە قەیسەر، دەچیتە لای قەیسەر!»

ڕاوێژی فێستۆس بە ئەگریپاس

13 دوای چەند ڕۆژێک شا ئەگریپاس و بەرنیکی هاتنە قەیسەرییە تاکو سڵاو لە فێستۆس بکەن. 14 کاتێک چەند ڕۆژێکیان لەوێ بەسەربرد، فێستۆس بابەتی پۆڵسی خستە بەردەم پاشا، گوتی: «پیاوێک لێرەیە فیلیکس بە گیراوی بەجێی هێشت. 15 کاتێک چوومە ئۆرشەلیم، کاهینانی باڵا و پیرانی جولەکە داوایان خستە پێشم تاکو تاوانبار بکرێت.

16 «جا پێم گوتن نەریتی ڕۆمانییەکان نییە پێش ڕووبەڕووکردنەوەی سکاڵا لێکراو و سکاڵاکاران کەسێک بەدەستەوە بدەن، تاکو دەرفەتی بەرگری لە دژی سکاڵاکە هەبێت. 17 کاتێک لێرە کۆبوونەوە، خێرا بۆ بەیانییەکەی لەسەر کورسی دادوەری دانیشتم، فەرمانم دا پیاوەکە بهێنن. 18 کاتێک سکاڵاکاران بەرامبەری وەستان، تاوانێکی وایان نەهێنا لەوەی بیرم بۆی دەچوو، 19 بەڵکو مشتومڕیان لەسەر هەندێک بابەت هەبوو تایبەت بە ئایینیان و دەربارەی پیاوێکی مردوو بە ناوی عیسا کە پۆڵس دەڵێت زیندووە. 20 کاتێک دڵنیا نەبووم چۆن لێکۆڵینەوە لەم شتانە بکەم، گوتم لەوانەیە حەز بکات بچێتە ئۆرشەلیم و لەوێ لەبارەی ئەم شتانە دادگایی بکرێت. 21 بەڵام کاتێک پۆڵس داواکارییەکەی بەرزکردەوە کە بۆ بڕیاری ئیمپڕاتۆر بهێڵرێتەوە، فەرمانم دا بیهێڵنەوە هەتا بۆ قەیسەری دەنێرم.»

22 ئەگریپاس بە فێستۆسی گوت: «من حەز دەکەم خۆم گوێ لەم پیاوە بگرم.» گوتی: «بەیانی گوێت لێی دەبێت.»

23 بۆ بەیانی ئەگریپاس و بەرنیکی بە ئاهەنگێکی گەورەوە هاتن، لەگەڵ فەرماندە و پیاوماقوڵانی شار هاتنە هۆڵی گوێگرتن، فێستۆس فەرمانی دا و پۆڵس هێنرا. 24 فێستۆس گوتی: «شا ئەگریپاس و هەموو ئامادەبووانی لەگەڵماندان: ئەم پیاوەی دەیبینن، هەموو گەلی جولەکە لە ئۆرشەلیم و لێرە لێم پاڕانەوە، هاواریان دەکرد کە نابێت چیتر بژیێت. 25 بەڵام بۆم دەرکەوت هیچی نەکردووە شایانی مردن بێت، بەڵام خۆی داواکارییەکەی دایە ئیمپڕاتۆر، بڕیارم دا بینێرم. 26 بەڵام لەبارەی ئەمە شتێکم نییە بە دڵنیایی بۆ قەیسەری خاوەن شکۆ بینووسم. بۆیە هێنامە بەردەمتان، بە تایبەتی بەردەمی تۆ، شا ئەگریپاس، تاکو کە لێکۆڵینەوە کرا، شتێکم هەبێت بینووسم، 27 چونکە بەلای منەوە شیاو نییە گیراوێک بنێرم بێ دیاریکردنی ئەو تاوانەی لە ئەستۆیەتی.»

بەرگری پۆڵس لەلای ئەگریپاس

26 ئەگریپاس بە پۆڵسی گوت: «ڕێگات دراوەتێ باسی خۆت بکەیت.» ئینجا پۆڵس دەستی درێژکرد و بەرگری کرد: «شا ئەگریپاس، خۆم بە بەختەوەر دەزانم کە ئەمڕۆ لەبەردەم تۆ بەرگری لە خۆم بکەم، سەبارەت بە هەموو ئەو شتانەی جولەکە منیان پێ تۆمەتبار کردووە، بە تایبەتی تۆ لە هەموو نەریت و کێشەی جولەکە شارەزایت، بۆیە لێت دەپاڕێمەوە بە ئارامی گوێم لێ بگریت.

«شێوازی ژیانم لە لاویەتیم و لە سەرەتاوە لەنێو گەلەکەم[ac] و لە ئۆرشەلیم بووە، هەموو جولەکەش دەزانن. لەمێژە منیان ناسیوە، ئەگەر بیانەوێت شایەتی بدەن کە وەک فەریسی ژیاوم، توندترین ڕێبازی ئایینەکەمان. ئێستاش لەسەر ئەو هیوایە ڕاوەستاوم و حوکم دەدرێم کە بەو بەڵێنانەیە خودا بە باوباپیرانی داوە، ئەوەی دوازدە هۆزەکەمان شەو و ڕۆژ بە پەرۆشەوە خواپەرستی دەکەن، بە هیوای دەستکەوتنی. ئەی پاشا، لەبەر ئەم هیوایە جولەکە تۆمەتبارم دەکەن. بۆچی ئێوە باوەڕ ناکەن کە خودا مردووان هەڵدەستێنیتەوە؟

«لە ڕاستیدا خۆم پێم وابوو کە پێویستە زۆر شت لە دژی ناوی عیسای ناسیرەیی بکەم. 10 لە ئۆرشەلیم ئەوەم کرد، دەسەڵاتم لە کاهینانی باڵا وەرگرت و زۆر کەسم لە گەلی پیرۆزی خودا خستە زیندانەوە، بۆ کوشتنیان دەنگم دەدا. 11 لە هەموو کەنیشتەکان زۆر جار سزام دەدان تاکو ناچاریان بکەم کفر بکەن. ئەوەندە ڕقم لێیان بوو تەنانەت لە شارەکانی دەرەوەش دەمچەوساندنەوە.

12 «لەوەدا بە دەسەڵات و مۆڵەتی کاهینانی باڵا دەچوومە دیمەشق. 13 جا ئەی پاشا، لە نیوەڕۆدا بە ڕێگاوە ڕووناکییەکم لە ئاسمانەوە بینی، درەوشاوەتر لە تیشکدانەوەی ڕۆژ، دەوروبەری من و هاوڕێیانمی ڕووناک کردەوە. 14 هەموومان کەوتینە سەر زەوی. ئینجا گوێم لە دەنگێک بوو بە زمانی عیبری پێی فەرمووم: ”شاول، شاول، بۆچی دەمچەوسێنیتەوە؟ بۆت زەحمەتە لوشکە لە نەقیزەی من باوێی[ad].“

15 «منیش گوتم: ”تۆ کێیت گەورەم؟“

«مەسیحی خاوەن شکۆ فەرمووی: ”من عیسام، ئەوەی تۆ دەیچەوسێنیتەوە. 16 بەڵام هەستە و لەسەر پێیەکانت ڕابوەستە. لەبەر ئەوە بۆت دەرکەوتم، کە وەک خزمەتکار و شایەت هەڵتبژێرم بۆ ئەوەی بینیت و ئەوەی تێیدا بۆت دەردەکەوم. 17 ڕزگارت دەکەم لە گەلەکەت و لەو نەتەوانەی تۆیان بۆ دەنێرم 18 تاکو چاویان بکەیتەوە، تاکو لە تاریکی بگەڕێنەوە بۆ ڕووناکی، لە دەسەڵاتی شەیتان بۆ خودا، ئەوسا لێخۆشبوونی گوناه وەردەگرن و لەگەڵ ئەوانەی بە باوەڕیان بە من پیرۆزکراون بەشیان دەبێت.“

19 «لەوساوە سەرپێچی بینینی ئاسمانیم نەکردووە، ئەی شا ئەگریپاس، 20 بەڵکو یەکەم جار بۆ دانیشتووانی دیمەشق و ئۆرشەلیم ڕامگەیاند، تاکو هەموو ناوچەی یەهودیا و نەتەوەکانیش تۆبە بکەن و بۆ خودا بگەڕێنەوە، کردارێک بکەن لە تۆبەکردن بوەشێتەوە. 21 لەبەر ئەمە جولەکەکان لە حەوشەکانی پەرستگادا منیان گرت و هەوڵیان دا بمکوژن. 22 بەڵام لە خوداوە یارمەتیم دەستکەوت و تاکو ئەمڕۆ وەستاوم، شایەتی بۆ گەورە و بچووک دەدەم. هیچ ناڵێم جگە لەوەی کە پێغەمبەران و موسا لەبارەی ئەوەی خەریکە ڕوودەدات گوتوویانە، 23 کە مەسیحەکە ئازار بچێژێت، یەکەمی هەستانەوەی مردووان بێت، خەریکە ڕووناکی بۆ گەلەکەی و نەتەوەکان ڕابگەیەنێت.»

24 کاتێک پۆڵس بەم قسانە بەرگری لە خۆی دەکرد، فێستۆس هاواری کرد: «پۆڵس شێت بوویت! زۆری زاناییت شێتی کردوویت.»

25 پۆڵس گوتی: «فێستۆسی پایەبەرز، شێت نیم، بەڵام قسەی ڕاست و شیاو دەکەم. 26 ئەم پاشایەی ئازادانە قسەی لەگەڵ دەکەم، ئەم شتانە دەزانێت، دڵنیام هیچ لەمانە لەلای شاراوە نییە، چونکە ئەم کارانە لە سووچێک نەکراون. 27 ئەگریپاسی پاشا، باوەڕت بە پێغەمبەران هەیە؟ دەزانم باوەڕت هەیە.»

28 ئەگریپاس بە پۆڵسی گوت: «دەتەوێت بەم کاتە کەمە قەناعەتم پێ بهێنی ببمە مەسیحی؟»

29 پۆڵس گوتی: «کاتی کەم یان زۆر، لە خودا دەپاڕێمەوە نەک تەنها تۆ، بەڵکو هەموو ئەوانەی ئەمڕۆ گوێم لێ دەگرن وەک منتان لێ بێت، بەڵام بێ ئەم زنجیرانە.»

30 جا پاشا و فەرمانڕەوا و بەرنیکی و ئامادەبووان هەستان، 31 دەڕۆیشتن و بە یەکتریان دەگوت: «ئەم پیاوە شتێکی نەکردووە شایانی سزای مردن یان گرتن بێت.»

32 ئەگریپاس بە فێستۆسی گوت: «ئەگەر ئەم پیاوە داواکارییەکەی نەدابووایە قەیسەر، دەکرا ئازاد بکرایە.»

گەشتی پۆڵس بەرەو ڕۆما

27 کاتێک بڕیار درا بە دەریادا بۆ ئیتالیا بڕۆین، پۆڵس و هەندێک بەندکراوی دیکە درانە دەست سەرپەلێک لە سوپای ئیمپڕاتۆر ناوی یولیۆس بوو. سواری کەشتییەکی ئەدرامیتی بووین، کە بەتەمابوو بە چەند شوێنێکی ئاسیادا بڕوات، جا بەڕێکەوتین. ئەریستارخۆسی مەکدۆنیمان لەگەڵ بوو، خەڵکی سالۆنیکییا.

بۆ بەیانی گەیشتینە سەیدا. یولیۆس لەگەڵ پۆڵس باش بوو، ڕێگای دا بچێتە لای برادەرانی تاکو پێویستییەکانی دابین بکەن. ئینجا لەوێوە بەڕێکەوتین و بە پەنای قوبرسدا ڕۆیشتین، چونکە با پێچەوانە بوو. کە ئەو دەریایەمان بڕی، ئەوەی لەتەنیشت کیلیکیا و پامفیلیایە، لە میرای لیکیە دابەزین. لەوێ سەرپەلەکە کەشتییەکی دۆزییەوە ئەسکەندەری بوو دەچووە ئیتالیا، سواری کردین. کەشتییەکە ماوەیەکی درێژ بە هێواشی دەڕۆیشت و بە زەحمەت لە کنیدۆس نزیک کەوتینەوە، بایەکە نەیهێشت زیاتر بڕۆین، بە پەنای کریتدا و لە بەرامبەر سەرلمۆن ڕۆیشتین. بە زەحمەت تێپەڕمان کرد و گەیشتینە شوێنێک پێی دەگوترێ بەندەرە باشەکان، کە لە شاری لەسائیە نزیکە.

لەدوای تێپەڕینی ماوەیەکی زۆر گەشتی دەریایی ترسناک بوو چونکە ڕۆژی کەفارەت[ae] بەسەرچووبوو، هەر بۆیە پۆڵس ئاگاداری کردنەوە و 10 پێی گوتن: «کوڕینە، دەبینم گەشتەکە بە تێکشکان و زیانێکی گەورەوە دەبێت، نەک تەنها بۆ کەشتی و بارەکەی، بەڵکو بۆ ژیانیشمان.» 11 بەڵام سەرپەلەکە لایەنگری کەشتیوان و خاوەنەکەی دەکرد، نەک قسەی پۆڵس. 12 لەبەر ئەوەی بەندەرەکە بۆ بەسەربردنی زستان باش نەبوو، بۆیە زۆربەیان بڕیاریان دا ئەوێش بەجێبهێڵن، بە هیوای ئەوەی بگەنە فینکس تاکو زستانی تێدا بەسەرببەن، کە بەندەرێکی کریت بوو ڕووەو باشووری ڕۆژهەڵات و باکووری ڕۆژئاوا.

گەشتێکی ترسناک

13 کە شنەبای باشوور هەڵیکرد، وایانزانی بە مرازیان گەیشتن، لەنگەریان بەرزکردەوە و بە نزیک کەناری کریتدا تێدەپەڕین. 14 بەڵام دوای کەمێک تۆفانێک کە بە «باکووری ڕۆژهەڵات» ناسراوە لەلای دوورگەکەوە هەڵیکرد و 15 کەشتییەکەی گرتەوە و نەیتوانی ڕووبەڕووی بێتەوە، خۆمان بەدەستەوە دا و تۆفانەکە ئێمەی لەگەڵ خۆی برد. 16 تۆفانەکە بەرەو ئێمەی پەنای دوورگەیەکی بچووک برد کە ناوی کەودا بوو، بە زەحمەت توانیمان بەلەمی ڕزگاربوون بخەینە ژێر ڕکێفمانەوە. 17 کاتێک بەلەمەکەیان بەرز کردەوە، گوریسیان بۆ بەستنەوەی کەشتییەکە بەکاردەهێنا. دەترسان بکەونە ناو تەنکاوی[af] سیرتیس، بۆیە لە کەشتییەکەوە لەنگەری دەریایان[ag] دابەزاند، بەو شێوەیە تۆفانەکە کەشتییەکەی برد. 18 بۆ بەیانی ڕەشەباکە توند بوو، دەستیان بە سووککردنی بارەکە کرد. 19 لە ڕۆژی سێیەم بە دەستی خۆیان کەلوپەلی کەشتییەکەیان فڕێدا. 20 ماوەیەکی درێژ نە خۆرمان بینی و نە ئەستێرە، ڕەشەباکە بەهێزتر دەبوو، لە کۆتاییدا هەموو هیوایەکی ڕزگاربوونمان بڕا.

21 کاتێک ماوەیەکی زۆر بوو نانیان نەخواردبوو، پۆڵس لەناوەڕاستیان ڕاوەستا و گوتی: «کوڕینە، دەبووایە گوێتان لە من بگرتایە و کریتتان بەجێ نەهێشتایە، ئەوسا لەم تێکشکان و زیانە دوور دەبوون. 22 ئێستاش لێتان دەپاڕێمەوە ورە بەرنەدەن، کەستان ژیانی لەدەست نادات، کەشتییەکە نەبێت، 23 چونکە ئەمشەو فریشتەی ئەو خودایەی من هی ئەوم و دەیپەرستم هاتە لام، 24 گوتی: ”پۆڵس مەترسە! دەبێت تۆ لەبەردەم قەیسەر ڕاوەستیت و ئەوەتا خودا ژیانی هەموو ئەوانەت دەداتێ کە لەگەڵت گەشت دەکەن.“ 25 کەواتە کوڕینە، ورەبەرز بن، چونکە باوەڕم بە خودا هەیە کە ئاوا دەبێت، وەک ئەوەی پێی فەرمووم. 26 بەڵام دەبێت بکەوینە سەر دوورگەیەک.»

27 لە شەوی چواردەیەمیندا کە هێشتا تۆفانەکە لە دەریای ئەدریا کەشتییەکەی لەگەڵ خۆی دەبرد، لە نیوەشەودا کەشتیوانان وایانزانی لە وشکانی نزیک دەبنەوە. 28 کە پێوایان بینییان بیست باڵایە[ah]. کەمێک ڕۆیشتن و پێوایانەوە بینییان پازدە باڵایە. 29 دەترسان نەوەک بکەونە سەر بەرد، لە پشتەوە چوار لەنگەریان شۆڕکردەوە و دەپاڕانەوە تاکو ڕۆژ هەڵبێت. 30 کەشتیوانان هەوڵیان دا لە کەشتییەکە هەڵبێن، بەلەمی ڕزگاربوونیان بۆ دەریا شۆڕکردەوە بە بیانووی ئەوەی دەیانەوێ چەند لەنگەرێک لە پێشەوە شۆڕبکەنەوە. 31 پۆڵس بە سەرپەل و سەربازەکانی گوت: «ئەگەر ئەمانە لە کەشتییەکەدا نەمێننەوە، ناتوانن ڕزگارتان بێت.» 32 ئەوسا سەربازەکان گوریسی بەلەمی ڕزگاربوونیان بڕی و وازیان لێی هێنا بکەوێت.

33 کاتێک خەریک بوو ڕۆژ هەڵدەهات، پۆڵس تکای لە هەمووان کرد نان بخۆن، گوتی: «ئەمە ڕۆژی چواردەیەمینە و ئێوە چاوەڕوان و بەردەوامن بێ ئەوەی هیچ بخۆن و هیچ وەربگرن. 34 بۆیە تکاتان لێ دەکەم نان بخۆن، چونکە ئەمە بۆ ڕزگاربوونتانە. کەستان تاڵێک لە قژی سەری نافەوتێت.» 35 کە ئەمەی گوت، نانێکی هەڵگرت و لەبەردەم هەمووان سوپاسی خودای کرد، ئینجا لەتی کرد و دەستی بە خواردن کرد. 36 ئیتر هەموویان ورەیان بەرزبووەوە و نانیان خوارد. 37 ئەوانەی ناو کەشتییەکە هەموومان دوو سەد و حەفتا و شەش کەس بووین. 38 کە تێر نانیان خوارد، بە فڕێدانی دانەوێڵەکە بۆ ناو دەریا کەشتییەکەیان سووککرد.

تێکشکانی کەشتییەکە

39 کاتێک ڕۆژبووەوە، کەشتیوانەکان نەیانزانی لە چ شوێنێکدان، بەڵام کەنداوێکیان بینی کەناری هەبوو، دەیانویست ئەگەر بتوانن کەشتییەکە بەرەو ئەوێ ببەن. 40 ئینجا لەنگەرەکانیان پساند و لە دەریادا بەجێیان هێشتن، لە هەمان کاتدا گوریسی سەوڵەکانی ئاراستەکردنیان شلکرد و بایەوانەکەی پێشەوەیان کردەوە بۆ بایە هەڵکردووەکە، بەرەو کەنارەکە ڕۆیشتن. 41 بەڵام کەوتە تەنکاو و کەشتییەکەیان بەرەو وشکانی برد، کە پێشەکەی گیربوو و نەجوڵا، لەبەر توندی شەپۆلەکان پشتەوەی تێکدەشکا.

42 پلانی سەربازەکان ئەوە بوو کە بەندکراوان بکوژن نەوەک کەسیان مەلە بکات و هەڵبێت. 43 بەڵام سەرپەلەکە دەیویست پۆڵس ڕزگار بکات، پلانەکەی ڕاگرتن، فەرمانی دا ئەوانەی دەتوانن مەلە بکەن با یەکەم جار ئەوان خۆیان فڕێبدەن و بگەنە وشکانی. 44 ئەوانی دیکەش هەندێکیان بە تەختە و هەندێکیان بە پارچەکانی کەشتییەکە. ئیتر هەموو بە سەلامەتی گەیشتنە وشکانی.

لە دوورگەی ماڵتا

28 کە ڕزگارمان بوو زانیمان ئەو دوورگەیە پێی دەگوترێ ماڵتا. دانیشتووانەکەی چاکەیەکی لە ڕادەبەدەریان لەگەڵ کردین، چونکە ئاگریان بۆ کردینەوە و پێشوازییان لە هەموومان کرد، لەبەر ئەو باران و سەرمایەی لێیدابووین. پۆڵس هەندێک چیلکەی کۆکردەوە و خستییە ئاگرەکە، تیرەمارێک لەبەر گەرماییەکە دەرپەڕی و خۆی بە دەستیەوە هەڵواسی. کاتێک خەڵکەکە تیرەمارەکەیان بینی خۆی بە دەستیەوە هەڵواسی بوو، بە یەکتریان گوت: «بێگومان ئەم کابرایە بکوژە، هەرچەندە لە دەریا ڕزگاری بوو، دادپەروەری نەیهێشت بژیێت.» بەڵام پۆڵس تیرەمارەکەی ڕاوەشاندە ناو ئاگرەکە و تووشی هیچ زیانێک نەبوو. ئەوانیش چاوەڕێیان دەکرد بئاوسێت یان لەناکاو بە مردوویی بکەوێت. بەڵام زۆر چاوەڕێیان کرد و بینییان هیچی بەسەرنەهات، ئەوسا بیروڕایان گۆڕی و سەبارەت بە پۆڵس گوتیان: «ئەمە خوداوەندێکە!»

دەوروبەری ئەو شوێنە زەوی و زاری پیاوگەورەی دوورگەکە بوو کە ناوی پۆبلیۆسە، ئەو پێشوازی لێکردین و سێ ڕۆژ بە خۆشییەوە میوانداری کردین. وا ڕێککەوت باوکی پۆبلیۆس کەوتبوو، تا و سکچوونی هەبوو. پۆڵس چووە لای و نوێژی کرد، دەستی لەسەر دانا و چاکیکردەوە. کاتێک ئەمە ڕوویدا، نەخۆشەکانی دیکەی دوورگەکە دەهاتن و چاک دەبوونەوە، 10 ئیتر بە زۆر شێوە ڕێزیان گرتین، کە بەڕێکەوتین هەموو پێداویستییەکانیان بۆ دابین کردین.

لە ماڵتاوە بۆ ڕۆما

11 دوای سێ مانگ بە کەشتییەکی ئەسکەندەری بەڕێکەوتین، کە زستانی لە دوورگەکە بەسەربرد بوو، وێنەی دووانەی[ai] لەسەر بوو. 12 کاتێک لە سیراکۆسا دابەزین سێ ڕۆژان ماینەوە. 13 ئینجا لەوێ ڕۆیشتین و گەیشتینە ڕیگیۆم. بۆ بەیانی بای خواروو هەڵیکرد، لە ڕۆژی دووەم هاتینە پوتیولی. 14 لەوێ برایانمان دۆزییەوە، داوایان لێکردین هەفتەیەک بمێنینەوە. بەم شێوەیە هاتینە ڕۆما. 15 لەوێوە کە برایان هەواڵی ئێمەیان بیست، تاکو گۆڕەپانی ئەپیۆس[aj] و سێ خانەکە[ak] هاتنە پیشوازیمان. کاتێک پۆڵس بینییانی سوپاسی خودای کرد و ورەی بەرزبووەوە. 16 کاتێک گەیشتینە ڕۆما، ڕێگا بە پۆڵس درا بە تەنها لەگەڵ ئەو سەربازەی پاسەوانی دەکرد نیشتەجێ بێت.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.