Bible in 90 Days
تێربوونی پێنج هەزار کەس
6 دوای ئەمە عیسا چوو بۆ ئەوبەری دەریاچەی جەلیل، کە دەریاچەی تەبەرییەیە، 2 ئاپۆرەیەک لە خەڵک دوای کەوتبوون، چونکە ئەو پەرجووانەیان بینیبوو کە لە نەخۆشەکاندا دەیکرد. 3 ئینجا عیسا چووە سەر شاخ و لەوێ لەگەڵ قوتابییەکانی دانیشت. 4 جەژنی پەسخەی جولەکەش نزیک بوو.
5 عیساش چاوی هەڵبڕی و خەڵکێکی لە ڕادەبەدەر زۆری بینی دەهاتنە لای، بە فیلیپۆسی فەرموو: «لەکوێ نان بکڕین و ئەمانە نان بدەین؟» 6 ئەمەی گوت بۆ ئەوەی تاقی بکاتەوە، چونکە خۆی دەیزانی دەبێت چی بکات.
7 فیلیپۆس وەڵامی دایەوە: «بایی دوو سەد دیناریش[a] نان بەشیان ناکات، ئەگەر هەریەکەیان کەمێکی بەرکەوێت.»
8 یەکێک لە قوتابییەکانی کە ئەندراوسی برای شیمۆن پەترۆس بوو پێی گوت: 9 «کوڕێک لێرەیە پێنج نانی جۆ و دوو ماسی پێیە. بەڵام ئەوەندە چییە بۆ ئەم هەمووە؟»
10 عیسا فەرمووی: «خەڵکەکە دابنیشێنن.» ئەو شوێنە گیایەکی زۆری لێبوو، جا پیاوەکان کە پێنج هەزار دەبوون دانیشتن. 11 عیساش نانەکانی وەرگرت و سوپاسی خودای کرد، بەسەر دانیشتووان دابەشی کرد، بۆ ماسییەکانیش ئاوای کرد، ئەوەندەی ویستیان.
12 کاتێک تێربوون، بە قوتابییەکانی فەرموو: «ئەو پەلکەنانەی ماوەتەوە کۆی بکەنەوە تاکو هیچ بەفیڕۆ نەڕوات.» 13 ئەوانیش کۆیان کردەوە و دوازدە سەبەتەیان پڕکرد لەو پەلکەنانەی ئەو پێنج نانە جۆیەی لە نانخۆران مابووەوە.
14 لەبەر ئەوە کە خەڵکەکە بینییان عیسا چ پەرجووێکی کرد، گوتیان: «بە ڕاستی ئەمە پێغەمبەرەکەیە[b] کە بۆ جیهان دێت.» 15 عیسا زانی ئەوان بە نیازن بێن و بیگرن تاکو بیکەنە پاشا، دیسان بە تەنها چووە سەر شاخ.
عیسا بەسەر ئاودا دەڕوات
16 کاتێک ئێوارە داهات قوتابییەکانی بۆ لای دەریاچەکە چوونە خوارەوە، 17 سواری بەلەمێک بوون و بە دەریاچەدا بۆ کەفەرناحوم کەوتنەڕێ. تاریک داهات و عیسا هەر نەگەیشتە لایان. 18 ڕەشەبا هەڵیکرد و دەریاچە هەڵچوو. 19 کە نزیکەی بیست و پێنج تاکو سی تیرهاوێژ[c] سەوڵیان لێدابوو، عیسایان بینی بەسەر ئاوەکەدا دەڕوات و لە بەلەمەکە نزیک دەبێتەوە، جا ترسان. 20 بەڵام پێی فەرموون: «منم، مەترسن!» 21 کە ڕازی بوون سواری بەلەمەکەی بکەن، دەستبەجێ بەلەمەکە گەیشتە ئەو کەنارەی بۆی دەچوون.
22 بۆ بەیانی، ئەو خەڵکەی لەوبەری دەریاچەکە ڕاوەستابوون بینییان لە بەلەمێک زیاتر لەوێ نەبوو، عیساش لەگەڵ قوتابییەکانی سواری بەلەم نەبوو، بەڵکو قوتابییەکانی بە تەنها بەڕێکەوتبوون. 23 بەلەمی دیکەش لە شاری تەبەرییەوە هاتنە نزیک ئەو شوێنەی نانەکەیان لێی خوارد کە عیسای خاوەن شکۆ سوپاسی خودای کرد. 24 کاتێک خەڵکەکە بینییان نە عیسا لەوێیە و نە قوتابییەکانی، سواری بەلەمەکان بوون و چوونە کەفەرناحوم، لە عیسا دەگەڕان.
منم نانی ژیان
25 کە لەوبەری دەریاچەکە دۆزییانەوە، لێیان پرسی: «ڕابی، کەی گەیشتییە ئێرە؟»
26 عیسا وەڵامی دانەوە: «ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئێوە بەدوامدا دەگەڕێن نەک لەبەر ئەوەی پەرجووەکانتان بینی، بەڵکو لەبەر ئەوەی لە نانەکەتان خوارد و تێر بوون. 27 بۆ خۆراکێک ئیش مەکەن کە لەناودەچێت، بەڵکو بۆ خۆراکێک کە بۆ ژیانی هەتاهەتایی دەمێنێتەوە، ئەوەی کوڕی مرۆڤ دەتانداتێ، چونکە ئەمە خودای باوک مۆری لێداوە.»
28 لەبەر ئەوە لێیان پرسی: «چی بکەین تاکو کارەکانی خودا بکەین؟»
29 عیسا وەڵامی دانەوە: «کاری خودا ئەمەیە: باوەڕ بهێنن بەوەی ناردوویەتی.»
30 ئەوانیش لێیان پرسی: «چ پەرجووێک دەکەیت تاکو بیبینین و باوەڕت پێ بکەین؟ چی دەکەیت؟ 31 باوباپیرانمان لە چۆڵەوانی مەنیان[d] خوارد، وەک نووسراوە: [لە ئاسمانەوە نانی دانێ تاکو بیخۆن.][e]»
32 عیساش پێی فەرموون: «ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: موسا نەبوو نانەکەی لە ئاسمانەوە دانێ، بەڵکو باوکمە لە ئاسمانەوە نانی ڕاستیتان دەداتێ، 33 چونکە نانی خودا ئەوەیە کە لە ئاسمانەوە دابەزیوە و ژیان دەبەخشێتە جیهان.»
34 لەبەر ئەوە پێیان گوت: «گەورەم، هەموو کاتێک ئەو نانەمان بدەرێ.»
35 عیساش پێی فەرموون: «منم نانی ژیان. ئەوەی بێتە لام هەرگیز برسی نابێت، ئەوەش باوەڕم پێ بهێنێت هەرگیز تینووی نابێت. 36 بەڵام پێم گوتن، منتان بینیوە و باوەڕیش ناهێنن. 37 هەرکەسێک باوکم دەیداتە من دێتە لام، ئەوەش بێتە لام، هەرگیز دەریناکەم. 38 من لە ئاسمانەوە دابەزیوم، نەک تاکو بە خواستی خۆم بکەم، بەڵکو خواستی ئەوەی ناردوومی. 39 ئەمەش خواستی ئەوەیە کە ناردوومی، هەرکەسێکی پێداوم لەدەستی نەدەم، بەڵکو لە ڕۆژی دواییدا زیندووی دەکەمەوە. 40 خواستی باوکم ئەمەیە: هەرکەسێک تەماشای کوڕەکە بکات و باوەڕی پێ بهێنێت ژیانی هەتاهەتایی دەبێت، منیش لە ڕۆژی دواییدا زیندووی دەکەمەوە.»
41 جولەکەش بۆڵەبۆڵیان لەسەر دەکرد، چونکە فەرمووی: «منم ئەو نانەی لە ئاسمانەوە دابەزیوە.» 42 گوتیان: «ئەمە عیسای کوڕی یوسف نییە، کە دایک و باوکی دەناسین؟ ئێستا چۆن دەڵێت ”لە ئاسمانەوە دابەزیوم“؟»
43 عیساش وەڵامی دانەوە و پێی گوتن: «لەناو خۆتاندا بۆڵەبۆڵ مەکەن. 44 کەس ناتوانێت بێتە لام ئەگەر باوک ڕاینەکێشێت، ئەوەی ناردوومی، منیش لە ڕۆژی دواییدا زیندووی دەکەمەوە. 45 لە پەڕتووکی پێغەمبەراندا نووسراوە: [هەموو لە خوداوە فێر دەبن.][f] جا ئەوەی لە باوکەوە بیستبێتی و فێربووبێت دێتە لام. 46 کەس باوکی نەبینیوە جگە لەوەی لە خوداوەیە، تەنها ئەوەی لە خوداوەیە باوکی بینیوە. 47 ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوەی باوەڕ بهێنێت ژیانی هەتاهەتایی هەیە. 48 منم نانی ژیان. 49 باوباپیرانتان لە چۆڵەوانیدا مەنیان خوارد و مردن. 50 بەڵام ئەمە ئەو نانەیە کە لە ئاسمانەوە دابەزیوە، تاکو ئەوەی لێی بخوات نەمرێت. 51 منم ئەو نانە زیندووەی کە لە ئاسمانەوە دابەزیوە. ئەگەر یەکێک لەم نانە بخوات بۆ هەتاهەتایە دەژیێت. ئەو نانەش کە بۆ ژیانی جیهان دەیبەخشم، جەستەمە.»
52 جولەکەکان لەناو خۆیان دەمەقاڵەیان بوو و دەیانگوت: «ئەمە چۆن دەتوانێ جەستەی خۆیمان بداتێ بیخۆین؟»
53 لەبەر ئەوە عیسا پێی فەرموون: «ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەگەر جەستەی کوڕی مرۆڤ نەخۆن و خوێنی نەخۆنەوە، ژیان لە ناختاندا نابێت. 54 ئەوەی جەستەم بخوات و خوێنم بخواتەوە ژیانی هەتاهەتایی هەیە، منیش لە ڕۆژی دواییدا زیندووی دەکەمەوە، 55 چونکە جەستەم خۆراکی ڕاستەقینەیە و خوێنیشم خواردنەوەی ڕاستەقینە. 56 ئەوەی جەستەم بخوات و خوێنم بخواتەوە بە منەوە پەیوەست دەبێت و منیش بەوەوە. 57 وەک باوکی زیندوو ناردوومی، منیش بەو باوکە زیندووم، ئاواش ئەوەی لە جەستەی من بخوات بەهۆی منەوە دەژیێت. 58 ئەمە ئەو نانەیە کە لە ئاسمانەوە دابەزیوە، نەک وەکو ئەوەی باوباپیران خواردیان و مردن. ئەوەی لەم نانە بخوات هەتاهەتایە دەژیێت.» 59 ئەمانەی لە کەنیشتێکدا فەرموو، لە کەفەرناحوم خەڵکی فێر دەکرد.
قوتابییەکان گومان دەکەن
60 لەبەر ئەوە زۆر لە قوتابییەکانی کە گوێیان لێبوو، گوتیان: «ئەم قسەیە گرانە! کێ دەتوانێت وەریبگرێت؟»
61 عیسا لە دڵی خۆیدا زانی قوتابییەکانی بەهۆی ئەمەوە بۆڵەبۆڵ دەکەن، پێی فەرموون: «ئایا ئەمە بۆ ئێوە دەبێتە کۆسپ؟ 62 ئەی ئەگەر ببینن کوڕی مرۆڤ بەرزبێتەوە بۆ ئەو شوێنەی یەکەم جار لێی بوو؟! 63 ڕۆحی پیرۆز ژیان دەدات، بەڵام جەستە بە کەڵک نایەت. ئەو قسانەی پێم گوتن ڕۆح و ژیانن. 64 بەڵام هەندێکتان باوەڕ ناکەن،» کە عیسا لە سەرەتاوە ئەوانەی دەناسی کە باوەڕ ناهێنن، هەروەها کێیە ئەوەی بە گرتنی دەدات. 65 ئینجا فەرمووی: «لەبەر ئەوە پێم گوتن، کەس ناتوانێ بێت بۆ لام، مەگەر باوک ڕێگەی پێدابێت.»
66 لەو کاتەوە زۆر لە قوتابییەکانی گەڕانەوە و ئیتر لەگەڵی نەدەگەڕان.
67 لەبەر ئەوە عیسا بە دوازدەکەی[g] فەرموو: «ئەی ئێوە ناتانەوێ بڕۆن؟»
68 شیمۆن پەترۆس وەڵامی دایەوە: «گەورەم، بچینە لای کێ؟ وتەکانی ژیانی هەتاهەتایی لەلای تۆیە. 69 ئێمەش باوەڕمان هێنا و زانیمان کە تۆ پیرۆزەکەی خودایت.»
70 عیسا وەڵامی دانەوە: «ئایا من ئێوەی دوازدەم هەڵنەبژاردووە؟ بەڵام یەکێک لە ئێوە ئیبلیسە!» 71 ئەو باسی یەهوزای شیمۆنی ئەسخەریوتی دەکرد، چونکە بەتەمابوو بە گرتنی بدات کە یەکێکە لە دوازدە قوتابییەکە.
ڕقی جیهان لە عیسا
7 دوای ئەمانە عیسا بە جەلیلدا دەگەڕا و نەیدەویست لە یەهودیا بگەڕێ، چونکە ڕابەرانی جولەکەی ئەوێ هەوڵیان دەدا بیکوژن. 2 جەژنی کەپرەشینەی[h] جولەکەش نزیک بوو، 3 براکانی پێیان گوت: «ئێرە بەجێبهێڵە و بڕۆ یەهودیا، تاکو قوتابییەکانی خۆشت کارەکانت ببینن کە تۆ دەیکەیت، 4 هیچ کەسێک بە نهێنی شتێک ناکات ئەگەر بیەوێت ئاشکرابێت. ئەگەر ئەم شتانە دەکەیت، خۆت پیشانی جیهان بدە.» 5 براکانی وایان پێ گوت، چونکە تەنانەت ئەوانیش باوەڕیان پێی نەدەکرد.
6 عیساش پێی فەرموون: «جارێ کاتم نەهاتووە، بەڵام هەردەم کاتی ئێوە گونجاوە. 7 جیهان ناتوانێت ڕقی لێتان بێتەوە، بەڵام ڕقی لە من دەبێتەوە، چونکە شایەتی لەسەر دەدەم کە کردەوەی خراپە. 8 ئێوە بڕۆنە جەژنەکە، من نایەمە ئەم جەژنە، چونکە هێشتا کاتم تەواو نەبووە.» 9 ئەمانەی فەرموو و لە جەلیل مایەوە.
10 بەڵام کە براکانی بۆ جەژنەکە چوون، ئەویش ڕۆیشت، بەڵام بە ئاشکرا نا، 11 ڕابەرانی جولەکە لە جەژنەکەدا بەدوایدا دەگەڕان و دەیانگوت: «ئەو لەکوێیە؟»
12 لەنێو خەڵکەکەدا چرپەچرپێکی زۆری لەسەر بوو، هەندێکیان دەیانگوت: «چاکە.»
خەڵکی دیکەش دەیانگوت: «نەخێر، بەڵکو خەڵک گومڕا دەکات.» 13 بەڵام کەس لە ترسی جولەکەکان بە ئاشکرا باسی نەدەکرد.
بیروڕای جیاواز دەربارەی عیسا
14 کاتێک نیوەی جەژن بوو، عیسا چووە حەوشەکانی پەرستگا و خەڵکی فێردەکرد. 15 جولەکەکان سەرسام بوون و پرسییان: «ئەمە کە فێرنەکراوە[i] چۆن ئەم هەموو زانیارییەی هەیە؟»
16 عیسا وەڵامی دانەوە: «فێرکردنم هی خۆم نییە، بەڵکو هی ئەوەیە کە ناردوومی. 17 ئەگەر کەسێک بیەوێت بە خواستی ئەو بکات، لە فێرکردن دەزانێت ئاخۆ هی خودایە یان لە خۆمەوە دەدوێم. 18 ئەوەی لە خۆیەوە بدوێت، داوای شکۆی خۆی دەکات، بەڵام ئەوەی داوای شکۆی ئەوە بکات کە ناردوویەتی، ئەمە ڕاستگۆیە و فڕوفێڵی تێدا نییە. 19 ئایا موسا تەوراتی نەداونەتێ؟ بەڵام کەس لە ئێوە بە قسەی تەورات ناکات. بۆچی هەوڵی کوشتنم دەدەن؟»
20 خەڵکەکە وەڵامیان دایەوە: «ڕۆحی پیست هەیە! کێ هەوڵی کوشتنت دەدات؟»
21 عیسا پێی فەرموون: «کارێکم کرد و هەموو سەرسام بوون. 22 لە ڕۆژی شەممەدا کوڕ خەتەنە دەکەن، چونکە دەڵێن کە موسا خەتەنەکردنی پێ سپاردوون، هەرچەندە خەتەنەکردن لە موساوە نەبووە، بەڵکو لە باپیرانتانەوەیە. 23 ئەگەر کوڕ لە ڕۆژی شەممە خەتەنە بکرێت تاکو تەوراتی موسا نەشکێت، باشە لە من تووڕە دەبن کە لە ڕۆژی شەممە سەراپای مرۆڤێکم چاککردەوە؟ 24 بە ڕواڵەت حوکم مەدەن، بەڵکو حوکمێکی دادپەروەرانە بدەن.»
25 لەبەر ئەوە هەندێک لە خەڵکی ئۆرشەلیم دەیانگوت: «ئەمە نییە ئەوەی دەیانەوێت بیکوژن؟ 26 ئەوەتا بە ئاشکرا قسە دەکات و هیچی پێ ناڵێن. ئایا سەرۆکەکان بەڕاستی بۆیان دەرکەوتووە کە ئەمە مەسیحەکەیە[j]؟ 27 بەڵام ئێمە دەزانین ئەمە خەڵکی کوێیە. کاتێک مەسیحیش دێت کەس نازانێت خەڵکی کوێیە.»
28 عیساش لە حەوشەکانی پەرستگا خەڵکی فێردەکرد، هاواری کرد: «بەڵێ، دەمناسن و دەزانن خەڵکی کوێم. لە خۆمەوە نەهاتووم، بەڵام ئەوەی منی ناردووە ڕاستە. ئێوە نایناسن، 29 بەڵام من دەیناسم چونکە لەوم و ئەویش منی ناردووە.»
30 لەبەر ئەوە هەوڵیان دەدا بیگرن، بەڵام کەس دەستی بۆ درێژ نەکرد، چونکە هێشتا کاتی نەهاتبوو. 31 زۆر لە خەڵکەکەش باوەڕیان پێی هێنا و گوتیان: «ئایا کاتێک مەسیح دێت، پەرجووی زیاتر دەکات لەوەی ئەمە کردوویەتی؟»
32 فەریسییەکان گوێیان لێبوو کە خەڵکەکە لەسەر ئەو چرپەچرپی ئەمانەیانە، جا کاهینانی باڵا و فەریسییەکان خزمەتکاریان نارد تاکو بیگرن.
33 عیسا فەرمووی: «ماوەیەکی کەمم لەگەڵتان ماوە، ئینجا دەچمە لای ئەوەی ناردوومی. 34 داوام دەکەن و نامدۆزنەوە، ناتوانن بێن بۆ ئەو شوێنەی من لێی دەبم.»
35 ئیتر جولەکەکان لەنێو خۆیاندا گوتیان: «ئەمە بە نیازە بۆ کوێ بڕوات کە نایدۆزینەوە؟ ئایا بۆ لای پەراگەندەکانی نێو یۆنانییەکان دەڕوات، تاکو یۆنانییەکان فێر بکات؟! 36 ئەم قسەیە چییە دەیکات: ”داوام دەکەن بەڵام نامدۆزنەوە“ و ”ناتوانن بێن بۆ ئەو شوێنەی من لێی دەبم“؟»
ڕووباری زیندوو
37 لە دوایین ڕۆژی گەورەی جەژندا، عیسا ڕاوەستا و هاواری کرد: «ئەگەر یەکێک تینووی بوو با بێتە لام و بخواتەوە. 38 ئەوەی باوەڕم پێ بهێنێت، وەک نووسراوە پیرۆزەکە فەرموویەتی، لە ناخییەوە[k] ڕووبارەکانی ئاوی زیندوو دەڕوات.» 39 لێرەدا مەبەستی لە ڕۆحی پیرۆز بوو، کە ئەوانەی باوەڕی پێدەهێنن دواتر وەریدەگرن، بەڵام هێشتا ڕۆحی پیرۆز نەدرابوو، چونکە عیسا شکۆدار نەببوو.
40 هەندێک لە خەڵکەکە کە گوێیان لەم قسانە بوو، گوتیان: «ئەمە بە ڕاستی پێغەمبەرەکەیە.»
41 هەندێکی دیکە، گوتیان: «ئەمە مەسیحەکەیە.» بەڵام هەندێک گوتیان: «باشە مەسیح لە جەلیلەوە دێت؟ 42 ئایا نووسراوە پیرۆزەکە نافەرموێت، مەسیح لە ڕەچەڵەکی داود و لە بێتلەحمەوە دێت، گوندەکەی داودی لێبوو؟[l]» 43 بۆیە بەهۆی ئەوەوە دووبەرەکی کەوتە نێوان خەڵکەکە. 44 هەندێک لەوان ویستیان بیگرن، بەڵام کەس دەستگیری نەکرد.
45 ئەوسا خزمەتکارەکان گەڕانەوە لای کاهینانی باڵا و فەریسییەکان، ئەوانیش لێیان پرسین: «بۆچی نەتانهێنا؟»
46 خزمەتکارەکان وەڵامیان دایەوە: «هەرگیز کەس وەک ئەمە قسەی نەکردووە!»
47 فەریسییەکان گوتیان: «ئایا ئێوەش گومڕا بوون؟ 48 باشە کەس لە سەرۆکەکان یان فەریسییەکان باوەڕی پێ هێناوە؟ 49 بێجگە لەم خەڵکە نەفرەت لێکراوە کە لە تەورات نازانێت.»
50 نیقۆدیمۆس کە پێشتر هاتبووە لای عیسا و یەکێک بوو لەوان، لێی پرسین: 51 «ئایا تەوراتمان حوکمی یەکێک دەدات پێش ئەوەی گوێی لێ بگرێت و بزانێت چی کردووە؟»
52 وەڵامیان دایەوە: «تۆش جەلیلیت؟ بگەڕێ و ببینە، لە جەلیلدا پێغەمبەر هەڵناکەوێت.»
⌟ 53 ئیتر هەریەکە چووەوە ماڵی خۆی،
8 بەڵام عیسا چوو بۆ کێوی زەیتوون.
ژنێکی داوێنپیس
2 عیسا لە بەرەبەیاندا گەڕایەوە حەوشەکانی پەرستگا، هەموو خەڵک هاتنە لای و ئەویش دانیشت و فێری دەکردن. 3 مامۆستایانی تەورات[m] و فەریسییەکان ژنێکیان هێنا کە لە کاتی داوێنپیسیدا گیرابوو، لە ناوەڕاستی خەڵکەکە ڕایانگرت، 4 پێیان گوت: «مامۆستا، ئەم ژنە لە کاتی ئەنجامدانی داوێنپیسیدا گیراوە. 5 موساش لە تەوراتدا فەرمانی پێ کردووین ژنی ئاوا بەردباران بکرێت. تۆ چی دەڵێی؟» 6 ئەمەیان بۆ تاقیکردنەوەی عیسا گوت، تاکو شتێکیان هەبێت سکاڵای لێ بکەن.
بەڵام عیسا خۆی چەماندەوە و بە پەنجە لەسەر زەوی دەینووسی. 7 کاتێک ئەوان بەردەوام بوون لە پرسیارکردن، عیسا هەستایەوە و پێی فەرموون: «کامەتان بێ گوناهە با یەکەم بێت بەردێکی تێبگرێ.» 8 دیسان خۆی چەماندەوە و لەسەر زەوی دەینووسی.
9 ئەوانەی گوێیان لێبوو، یەک لەدوای یەک ڕۆیشتن، دەستپێک لە پیرانەوە. ئەوسا عیسا بە تەنها مایەوە، ژنەکەش لەوێ ڕاوەستابوو. 10 عیسا ڕاستبووەوە و پێی فەرموو: «خانم، ئەوانە چییان لێهات؟ کەس تاوانباری نەکردیت؟»
11 گوتی: «نەخێر گەورەم.»
عیسا فەرمووی: «منیش تاوانبارت ناکەم. بڕۆ ئیتر گوناه مەکە.»⌞
من ڕووناکی جیهانم
12 دیسان عیسا قسەی بۆ کردن و فەرمووی: «منم ڕووناکی جیهان. ئەوەی دوام بکەوێت هەرگیز بە تاریکیدا ناڕوات، بەڵکو ڕووناکی ژیانی دەبێت.»
13 ئینجا فەریسییەکان پێیان گوت: «تۆ شایەتی بۆ خۆت دەدەیت. شایەتییەکەت ڕاست نییە.»
14 عیساش پێی فەرموون: «تەنانەت ئەگەر من شایەتی بۆ خۆم بدەم، شایەتییەکەم ڕاستە، چونکە دەزانم لەکوێوە هاتووم و بۆ کوێ دەڕۆم. بەڵام ئێوە نازانن من لەکوێوە هاتووم یان بۆ کوێ دەڕۆم. 15 ئێوە بەگوێرەی پێوانەکانی مرۆڤ حوکم دەدەن، بەڵام من کەس حوکم نادەم. 16 ئەگەر حوکمیش بدەم حوکمدانەکەم ڕاستە، چونکە بە تەنها نیم، بەڵکو من و باوکین، ئەوەی ناردوومی. 17 لە تەوراتی ئێوەشدا نووسراوە کە شایەتی دوو کەس ڕاستە. 18 منم شایەتی بۆ خۆم دەدەم، ئەو باوکەش کە منی ناردووە شایەتیم بۆ دەدات.»
19 ئەوسا لێیان پرسی: «باوکت لەکوێیە؟»
عیسا وەڵامی دایەوە: «نە من دەناسن و نە باوکیشم. ئەگەر منتان بناسیایە باوکی منیشتان دەناسی.» 20 ئەو قسانەی لە کاتێکدا فەرموو کە لەناو حەوشەکانی پەرستگا لە نزیک گەنجینەکە[n] خەڵکی فێردەکرد، بەڵام کەس نەیگرت، چونکە هێشتا کاتی نەهاتبوو.
21 دیسان عیسا پێی فەرموون: «من دەڕۆم و ئێوە بەدوامدا دەگەڕێن، بەڵام لەناو گوناهەکانتان دەمرن. ئێوە ناتوانن بێنە ئەو شوێنەی من بۆی دەچم.»
22 جولەکەکان دەیانگوت: «ئایا خۆی دەکوژێت؟ چونکە دەڵێ: ”ئێوە ناتوانن بێنە ئەو شوێنەی من بۆی دەچم.“»
23 ئیتر عیسا پێی فەرموون: «ئێوە هی خوارەوەن، من هی سەرەوەم. ئێوە هی ئەم جیهانەن، بەڵام من هی ئەم جیهانە نیم. 24 لەبەر ئەوە پێم گوتن: لەناو گوناهەکانتان دەمرن، چونکە ئەگەر باوەڕ نەهێنن کە من ئەوم، ئەوا لەناو گوناهەکانتان دەمرن.»
25 لێیان پرسی: «تۆ کێیت؟»
عیسا پێی فەرموون: «من هەر ئەوەم کە لە سەرەتاوە پێم گوتن. 26 زۆر شتم هەیە لەسەرتان کە بیڵێم و ئێوەی پێ حوکم بدەم. بەڵام ئەوەی ناردوومی جێی متمانەیە، هەرچیم لەو بیستووە بە جیهانی دەڵێم.»
27 ئەوان تێنەگەیشتن کە باسی باوکی دەکات. 28 لەبەر ئەوە عیسا پێی فەرموون: «کاتێک کوڕی مرۆڤتان بەرزکردەوە،[o] ئەوسا دەزانن کە من ئەوم و لە خۆمەوە هیچ ناکەم، بەڵکو وەک باوک فێری کردووم قسە دەکەم. 29 ئەوەی ناردوومی لەگەڵمدایە و بە تەنها بەجێی نەهێشتووم، چونکە هەمیشە ئەوە دەکەم کە جێی ڕەزامەندی ئەوە.» 30 کاتێک ئەم قسانەی دەکرد، زۆر کەس باوەڕیان پێی هێنا.
ڕاستی ئازادتان دەکات
31 عیسا بەو جولەکانەی فەرموو کە باوەڕیان پێی هێنابوو: «ئەگەر لەسەر فێرکردنەکانم بمێننەوە، ئەوا بەڕاستی قوتابی منن و 32 ڕاستی دەناسن، ڕاستیش ئازادتان دەکات.»
33 وەڵامیان دایەوە: «ئێمە نەوەی ئیبراهیمین، هەرگیز کۆیلەی کەس نەبووین. ئیتر چۆن دەفەرمووی: ”ئێوە ئازاد دەبن“؟»
34 عیسا وەڵامی دانەوە: «ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم، هەرکەسێک گوناه بکات کۆیلەی گوناهە. 35 کۆیلە هەتاهەتایە لە ماڵ نامێنێتەوە، بەڵام کوڕ هەتاهەتایە دەمێنێتەوە. 36 ئەگەر کوڕەکە ئازادی کردن، ئەوا بە ڕاستی ئازاد دەبن. 37 دەزانم لە نەوەی ئیبراهیمن. بەڵام هەوڵی کوشتنم دەدەن، چونکە پەیامەکەم لە دڵی ئێوەدا جێگای نییە. 38 چیم لەلای باوکم بینیوە دەیڵێم، ئێوەش چیتان لە باوکتانەوە بیستووە دەیکەن.»
39 وەڵامیان دایەوە: «باوکمان ئیبراهیمە.»
عیساش پێی فەرموون: «ئەگەر ڕۆڵەی ئیبراهیم بوونایە، کردارەکانی ئیبراهیمتان دەکرد. 40 بەڵام ئێستا هەوڵی کوشتنم دەدەن، چونکە من ئەو کەسەم ئەو ڕاستییەی لە خوداوە بیستم پێم گوتن. ئەمەش ئیبراهیم نەیکردووە. 41 ئێوە کردارەکانی باوکتان دەکەن.»
جا پێیان گوت: «بە زۆڵی لەدایک نەبووین. یەک باوکمان هەیە کە خودایە.»
باوکی درۆ
42 عیسا پێی فەرموون: «ئەگەر خودا باوکتان بووایە، منتان خۆشدەویست، چونکە لە خوداوە دەرچووم و هاتووم. لە خۆمەوە نەهاتووم، بەڵکو ئەو ناردوومی. 43 بۆچی لە قسەکانم تێناگەن؟ چونکە ئێوە ناتوانن گوێ لە وشەکانم بگرن. 44 ئێوە لە ئیبلیسی باوکتانن، دەتانەوێت بە ئارەزووەکانی باوکتان بکەن. ئەو لە سەرەتاوە بکوژ بووە، لە ڕاستیدا نەچەسپاوە، چونکە ڕاستی لە ئەودا نییە. کاتێک درۆ دەکات، بە زمانی خۆی قسە دەکات، چونکە درۆزنە و باوکی درۆیە. 45 هەر بۆیە، کاتێک من ڕاستی دەڵێم ئێوە باوەڕم پێ ناکەن! 46 کامەتان دەتوانێت گوناهێکم لەسەر بسەلمێنێ؟ جا ئەگەر ڕاستی دەڵێم، بۆچی باوەڕم پێ ناکەن؟ 47 ئەوەی لە خوداوەیە، گوێ لە پەیامی خودا دەگرێت. بۆیە ئێوە گوێ ناگرن، چونکە لە خوداوە نین.»
48 جولەکەکان وەڵامیان دایەوە: «ئایا ئێمە ڕاست ناڵێین کە تۆ سامیرەییت و ڕۆحی پیست تێدایە؟»
بەر لە ئیبراهیم من هەم
49 عیسا وەڵامی دانەوە: «من ڕۆحی پیسم تێدا نییە، بەڵام ڕێزی باوکم دەگرم و ئێوەش سووکایەتیم پێ دەکەن. 50 داوای شکۆ بۆ خۆم ناکەم، بەڵام یەکێک هەیە کە بۆم داوا دەکات و حوکم دەدات. 51 ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەگەر یەکێک گوێڕایەڵی وشەکانم بێت هەرگیز مردن نابینێت.»
52 پاشان جولەکەکان پێیان گوت: «ئێستا زانیمان ڕۆحی پیست تێدایە. ئیبراهیم و پێغەمبەران مردن، کەچی تۆ دەڵێی: ”ئەوەی گوێڕایەڵی وشەکانم بێت هەرگیز تامی مردن ناکات.“ 53 ئایا تۆ لە ئیبراهیمی باوکمان گەورەتری کە مرد؟ پێغەمبەرانیش مردن. خۆت بە چی دادەنێیت؟»
54 عیسا وەڵامی دانەوە: «ئەگەر من خۆم شکۆدار بکەم، ئەوا شکۆمەندییەکەم هیچ نییە، ئەوە باوکمە کە شکۆدارم دەکات، ئەوەی ئێوە دەڵێن خودامانە. 55 هەرچەندە ئێوە نایناسن، بەڵام من دەیناسم. ئەگەر بڵێم نایناسم، وەک ئێوە دەبمە درۆزن. بەڵام دەیناسم و گوێڕایەڵی وشەکانی دەبم. 56 ئیبراهیمی باوکتان دڵشاد بوو کە ڕۆژی هاتنی من ببینێت، جا ئەو ڕۆژەی بینی و دڵخۆش بوو.»
57 جولەکەکان پێیان گوت: «تۆ جارێ تەمەنت نەبووە بە پەنجا ساڵ، ئیتر چۆن دەڵێیت کە ئیبراهیمت بینیوە؟»
58 عیسا پێی فەرموون: «ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم، پێش ئەوەی ئیبراهیم لەدایک ببێت، من هەم.» 59 ئەوسا بەردیان هەڵگرت تاکو بەردبارانی بکەن، بەڵام عیسا خۆی شاردەوە و حەوشەکانی پەرستگای بەجێهێشت.
چاککردنەوەی کەسێکی بە زگماک نابینا
9 کاتێک کە عیسا بە ڕێگادا تێدەپەڕی، پیاوێکی بینی کە بە زگماک نابینا بوو، 2 قوتابییەکانی لێیان پرسی، گوتیان: «ڕابی، کێ گوناهی کردووە، ئەم پیاوە یان دایک و باوکی، وا بە زگماک نابینایە؟»
3 عیسا وەڵامی دایەوە: «نە ئەمە گوناهی کردووە نە دایک و باوکیشی، بەڵکو تاکو کارەکانی خودای تێدا دەربکەوێت. 4 هەتا ڕۆژە لەسەرمانە کاری ئەوە بکەین کە ناردوومی، چونکە شەو دادێت و کەس ناتوانێت کاری تێدا بکات. 5 ئەوەندەی لە جیهاندام، من ڕووناکی جیهانم.»
6 ئەمەی فەرموو و تفی لەسەر زەوی کرد، بە تفەکە قوڕی گرتەوە، بە قوڕەکەش چاوی پیاوەکەی سواخ دا. 7 پێی فەرموو: «بڕۆ لە گۆمی سیلوام خۆت بشۆ،» (سیلوام واتە نێردراو). جا ڕۆیشت، خۆی شوشت و بە چاوی ساغەوە گەڕایەوە ماڵەوە.
8 ئینجا دراوسێ و ئەوانەی پێشتر بینیبوویان سواڵ دەکات گوتیان: «ئەمە ئەوە نییە دادەنیشت و سواڵی دەکرد؟» 9 هەندێک گوتیان: «خۆیەتی.»
هەندێکی دیکە گوتیان: «نەخێر، بەڵام لەو دەچێت.»
ئەویش دەیگوت: «من ئەوم.»
10 ئینجا لێیان پرسی: «ئەی چۆن چاوت کرایەوە؟»
11 وەڵامی دایەوە: «پیاوێک پێی دەگوترێ عیسا، قوڕی گرتەوە و چاومی سواخ دا، پێی فەرمووم: ”بڕۆ لە گۆمی سیلوام خۆت بشۆ.“ منیش ڕۆیشتم، خۆمم شوشت و پاشان چاوەکانم بینییان.»
12 لێیان پرسی: «ئەو لەکوێیە؟»
گوتی: «نازانم.»
13 جا ئەوەی پێشتر نابینا بوو بردییانە لای فەریسییەکان. 14 ئەو ڕۆژەی عیسا قوڕەکەی گرتەوە و چاوی کردەوە شەممە بوو. 15 لەبەر ئەوە فەریسییەکان لێیان پرسی کە چۆن چاوی چاک بووەتەوە. پیاوەکە وەڵامی دانەوە: «قوڕی خستە سەر چاوم، منیش شوشتم و ئێستا دەبینم.»
16 هەندێک لە فەریسییەکان گوتیان: «ئەم پیاوە لە خوداوە نییە، چونکە شەممە ناپارێزێت.[p]»
بەڵام هەندێکی دیکە گوتیان: «چۆن پیاوێکی گوناهبار دەتوانێت پەرجووی بەم جۆرە بکات؟» ئیتر دووبەرەکی کەوتە نێوانیان.
17 دیسان بە نابیناکەیان گوت: «تۆ دەربارەی ئەو چی دەڵێی، چونکە چاوی تۆی چاک کردەوە؟»
گوتی: «پێغەمبەرە.»
18 ڕابەرانی جولەکەکان باوەڕیان نەکرد کە ئەمە نابینا بووە و ئێستا دەبینێت، ئیتر دایک و باوکی ئەوەیان بانگکرد کە دەبینێت. 19 لێیان پرسین: «ئایا ئەمە کوڕتانە کە دەڵێن بە زگماک نابینا بووە؟ ئەی ئێستا چۆن دەبینێت؟»
20 دایک و باوکی وەڵامیان دایەوە: «دەزانین ئەمە کوڕمانە و بە زگماک نابینا بوو. 21 بەڵام نازانین ئێستا چۆن دەبینێت، یان نازانین کێ چاوی چاک کردووەتەوە. لە خۆی بپرسن، ئەو گەورەیە و باسی خۆی دەکات.» 22 دایک و باوکی لە ترسی ڕابەرانی جولەکە ئەمەیان گوت، چونکە تەگبیریان کردبوو هەرکەسێک دانبنێت کە عیسا مەسیحەکەیە، لە کەنیشت دەریدەکەن. 23 لەبەر ئەوە دایک و باوکی گوتیان: «ئەو گەورەیە، لە خۆی بپرسن.»
24 دیسان فەریسییەکان ئەو پیاوەی پێشتر نابینا بوو بانگیان کرد و پێیان گوت: «سوێند بە خودا بخۆ کە ڕاستییەکە بڵێیت! دەزانین ئەم پیاوە گوناهبارە.»
25 کابرا وەڵامی دایەوە: «ئەگەر ئەو گوناهبارە، نازانم، بەڵام یەک شت دەزانم، نابینا بووم و ئێستا دەبینم.»
26 لەبەر ئەوە لێیان پرسی: «چی لێکردیت؟ چۆن چاوی تۆی کردەوە؟»
27 وەڵامی دانەوە: «پێم گوتن گوێتان لێ نەگرتم. بۆچی دیسان دەتانەوێ ببیستن؟ ئێوەش دەتانەوێ ببنە قوتابی ئەو؟»
28 جنێویان پێیدا و گوتیان: «تۆ قوتابی ئەویت! بەڵام ئێمە قوتابی موساین. 29 دەزانین خودا قسەی لەگەڵ موسا کرد، بەڵام نازانین ئەمە لەکوێوە هاتووە.»
30 کابرا وەڵامی دانەوە: «ئەمە شتێکی سەیرە! ئەو چاوی کردوومەتەوە، ئێوەش نازانن ئەو لەکوێوە هاتووە. 31 ئێمە دەزانین خودا گوێ لە گوناهباران ناگرێت، بەڵام ئەگەر یەکێک لەخواترس بێت و خواستی خودا پەیڕەو بکات، ئەوا گوێی لێ دەگرێت. 32 هەرگیز نەبیستراوە یەکێک چاوی مرۆڤێکی بە زگماک نابینای چاک کردبێتەوە. 33 ئەگەر ئەم کەسە لە خوداوە نەبێت، نەیدەتوانی هیچ بکات.»
34 پێیان گوت: «تۆ بە تەواوی لە گوناه لەدایک بوویت. تۆ فێرمان دەکەیت؟» جا دەریانکردە دەرەوە[q].
35 عیسا بیستی دەریانکردووە، دۆزییەوە و پێی فەرموو: «باوەڕ بە کوڕی مرۆڤ دەکەیت؟»
36 کابرا وەڵامی دایەوە: «گەورەم، ئەو کێیە تاکو باوەڕی پێ بکەم؟»
37 عیسا پێی فەرموو: «تۆ ئەوت بینیوە، ئەو هەمان ئەو کەسەیە کە ئێستا قسەت لەگەڵ دەکات.»
38 ئەویش گوتی: «گەورەم، باوەڕ دەکەم.» ئینجا کڕنۆشی بۆ برد.
39 عیسا فەرمووی: «بۆ حوکمدان هاتوومەتە ئەم جیهانە، تاکو ئەوانەی نابینان ببینن و ئەوانەی دەبینن کوێر بن.»
40 هەندێک فەریسی کە لەگەڵی بوون گوێیان لەمە بوو، لێیان پرسی: «ئایا ئێمەش کوێرین؟»
41 عیسا پێی فەرموون: «ئەگەر ئێوە کوێر بوونایە گوناهتان نەدەبوو. بەڵام ئێستا ئێوە دەڵێن: ”دەبینین،“ لەبەر ئەوە گوناهەکەتان دەمێنێتەوە.»
من شوانە دڵسۆزەکەم
10 «ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم، ئەوەی لە دەرگاوە نەچێتە ناو پشتیری[r] مەڕەکان، بەڵکو بە ڕێگایەکی دیکەدا بۆی سەربکەوێت، ئەوە دز و جەردەیە. 2 بەڵام ئەوەی لە دەرگاوە بچێتە ژوورەوە، ئەوە شوانی مەڕەکانە. 3 دەرگاوانیش دەرگاکەی لێی دەکاتەوە، مەڕەکانیش گوێ لە دەنگی دەگرن، بە ناو بانگی مەڕەکانی خۆی دەکات و دەیانباتە دەرەوە. 4 کاتێک هەموو ئەوانەی خۆی هێنایە دەرەوە، لەپێشیانەوە دەڕوات و مەڕەکانیش دوای دەکەون، چونکە دەنگی دەناسن. 5 هەرگیز دوای کەسی بێگانە ناکەون، بەڵکو لێی ڕادەکەن، چونکە دەنگی بێگانە ناناسن.» 6 عیسا ئەم نموونەیەی بۆ گێڕانەوە، بەڵام ئەوان تێنەگەیشتن باسی چییان بۆ دەکات.
7 لەبەر ئەوە دیسان عیسا فەرمووی: «ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم، منم دەرگای مەڕەکان. 8 هەموو ئەوانەی پێش من هاتوون دز و جەردە بوون[s]، بەڵام مەڕەکان گوێیان لێ نەگرتن. 9 منم دەرگاکە. ئەوەی لە منەوە بچێتە ژوورەوە ڕزگاری دەبێت، ئازادانە دێتە ژوورەوە و دەچێتە دەرەوە و لەوەڕگا دەدۆزێتەوە. 10 دز نایەت بۆ دزین و کوشتن و لەناوبردن نەبێت. بەڵام من هاتووم تاکو ئەوان ژیانیان هەبێت، ژیانێکی پڕ و تەواو.
11 «منم شوانە دڵسۆزەکە. شوانی دڵسۆزیش ژیانی خۆی لە پێناوی مەڕەکاندا دادەنێت. 12 بەکرێگیراویش شوانی مەڕەکان نییە و مەڕەکانیش هی ئەو نین. کاتێک دەبینێت گورگ دێت، مەڕەکان بەجێدەهێڵێت و ڕادەکات، گورگیش مەڕەکان دەبات و پەرتەوازەیان دەکات. 13 کابرا هەڵدێت چونکە بە کرێ گیراوە و خەمی مەڕەکانی نییە.
14 «منم شوانە دڵسۆزەکە. مەڕی خۆم دەناسم و ئەوانیش من دەناسن، 15 هەروەک چۆن باوک دەمناسێت، منیش باوک دەناسم. ژیانم بۆ مەڕەکان دادەنێم. 16 هەروەها مەڕی دیکەم هەیە سەر بەم پشتیرەیە نین، دەبێ ئەوانیش بهێنم، ئەوانیش گوێیان لە دەنگم دەبێت، جا دەبنە یەک مێگەل و یەک شوان. 17 لەبەر ئەوە باوک منی خۆشدەوێت، چونکە ژیانی خۆم دادەنێم تاکو وەریبگرمەوە. 18 کەس لە منی ناستێنێ، بەڵکو خۆم دایدەنێم. دەسەڵاتم هەیە دایبنێم و دەسەڵاتم هەیە بیبەمەوە. ئەم ڕاسپاردەیەم لە باوکمەوە وەرگرتووە.»
19 بەهۆی ئەم قسانەوە دیسان دووبەرەکی لەنێو جولەکەکان پەیدابوو. 20 زۆربەیان گوتیان: «ڕۆحی پیسی هەیە و وڕێنە دەکات. بۆچی گوێی لێ دەگرن؟»
21 هەندێکی دیکەیان گوتیان: «ئەمە قسەی یەکێک نییە ڕۆحی پیسی تێدابێت. ئایا ڕۆحی پیس دەتوانێت چاوی نابینا چاک بکاتەوە؟»
من و باوک یەکین
22 زستان بوو و لە ئۆرشەلیم جەژنی هەنوکە[t] بوو، 23 عیساش لە حەوشەکانی پەرستگا لە ڕێڕەوە سەر داپۆشراوەکەی سلێمان پیاسەی دەکرد، کە هەردوو لای بە کۆڵەکە گیرابوو. 24 جولەکەکان لێی کۆبوونەوە و پێیان گوت: «هەتا کەی لە گومان دەمانهێڵیتەوە؟ ئەگەر تۆ مەسیحەکەیت، بە ئاشکرا پێمان بڵێ.»
25 عیسا وەڵامی دانەوە: «پێم گوتن بەڵام باوەڕ ناکەن. ئەو کارانەی بە ناوی باوکمەوە دەیکەم، شایەتیم بۆ دەدەن. 26 بەڵام ئێوە باوەڕ ناکەن، چونکە لە مەڕەکانم نین. 27 مەڕەکانم گوێ لە دەنگم دەگرن، منیش دەیانناسم و ئەوانیش بەدوام دەکەون، 28 ژیانی هەتاهەتاییان دەدەمێ و هەرگیز لەناو ناچن، کەسیش لە دەستم نایانڕفێنێت. 29 باوکم کە بە منی داون لە هەمووان گەورەترە، کەسیش ناتوانێت لە دەستی باوک بیانڕفێنێت. 30 من و باوک یەکین.»
31 دیسان ئەو جولەکانەی بەرهەڵستی عیسایان دەکرد بەردیان هەڵگرت تاکو بەردبارانی بکەن. 32 بەڵام عیسا پێی فەرموون: «زۆر کاری چاکم لەلایەن باوکەوە پیشاندان، بەهۆی کامیانەوە بەردبارانم دەکەن؟»
33 جولەکەکان وەڵامیان دایەوە: «لەبەر کردارێکی چاک بەردبارانت ناکەین، بەڵکو بەهۆی کفرکردنتەوە، چونکە تۆ مرۆڤیت و خۆت دەکەیت بە خودا.»
34 عیساش وەڵامی دانەوە: «ئایا لە تەوراتەکەتان نەنووسراوە: [من پێم گوتن: ”ئێوە خوداوەندەکانن“][u]؟ 35 نووسراوە پیرۆزەکە هەمیشە ڕاستی دەفەرموێت. ئەگەر خودا ئەوانە بە ”خوداوەندەکان“ ناو بنێت کە وشەی خودایان بۆ هاتووەتە خوارەوە، 36 ئیتر چۆن ئێوە بەوە دەڵێن کە باوک بۆ خۆی تەرخانی کردووە و ناردوویەتی بۆ جیهان: ”تۆ کفر دەکەیت،“ چونکە گوتم: ”من کوڕی خودام“؟ 37 ئەگەر کارەکانی باوکم نەکەم، باوەڕم پێ مەکەن. 38 بەڵام ئەگەر ئەو کارانە بکەم، هەرچەندە باوەڕیشم پێ ناکەن، باوەڕ بەو کارانە بکەن، تاکو بزانن و تێبگەن کە باوک لە مندایە و منیش لە باوکدام.» 39 دیسان ویستیان بیگرن، بەڵام لە دەستیان دەربازی بوو.
40 ئینجا عیسا چووەوە ئەوبەری ڕووباری ئوردون و لەوێ مایەوە، لەو شوێنەی کە یەحیا یەکەم جار خەڵکی لە ئاو هەڵدەکێشا. 41 زۆر خەڵک هاتنە لای و دەیانگوت: «یەحیا هیچ پەرجووێکی نەکرد، بەڵام هەرچی یەحیا دەربارەی ئەم پیاوە گوتی ڕاست بوو.» 42 لەوێ خەڵکێکی زۆر باوەڕیان بە عیسا هێنا.
مردنی لەعازر
11 پیاوێک بە ناوی لەعازر نەخۆش بوو کە خەڵکی بێتعەنیا بوو، هەمان گوندەکەی مریەم و مەرسای خوشکی[v]. 2 ئەم مریەمە ئەوە بوو کە مەسیحی خاوەن شکۆی بە بۆن چەورکرد، بە پرچی پێیەکانی سڕییەوە، لەعازری نەخۆشیش برای بوو. 3 خوشکەکان هەواڵیان بۆ عیسا نارد و گوتیان: «گەورەم، ئەوەتا ئەوەی خۆشتدەوێ نەخۆشە.»
4 کاتێک عیسا ئەمەی بیست فەرمووی: «ئەم نەخۆشییە بۆ مردن نییە، بەڵکو بۆ شکۆداری خودایە، تاکو بەهۆیەوە کوڕی خودا شکۆدار بێت.» 5 لەگەڵ ئەوەی عیسا مەرسا و خوشکەکەی و لەعازری خۆشدەویست، 6 بەڵام کاتێک بیستی نەخۆشە، لەو شوێنەی لێی بوو دوو ڕۆژ مایەوە.
7 دوای ئەمە عیسا بە قوتابییەکانی فەرموو: «با بچینەوە یەهودیا.»
8 قوتابییەکان پێیان گوت: «ڕابی، تۆزێک لەمەوبەر جولەکەکانی ئەوێ دەیانویست بەردبارانت بکەن، دیسان دەچیتەوە ئەوێ؟»
9 عیساش وەڵامی دایەوە: «ئایا ڕۆژ دوازدە کاتژمێر نییە؟ ئەوەی بە ڕۆژ بڕوات پێی هەڵناکەوێت، چونکە ڕووناکی ئەم جیهانە دەبینێت. 10 بەڵام ئەوەی بە شەو بڕوات پێی هەڵدەکەوێت، چونکە ڕووناکی تێدا نییە.»
11 ئەمانەی فەرموو، پاشان پێی فەرموون: «لەعازری دۆستمان نوستووە، بەڵام دەڕۆم تاکو بەخەبەری بهێنمەوە.»
12 ئینجا قوتابییەکان پێیان گوت: «گەورەم، ئەگەر ئەو نوستووە، چاکدەبێتەوە.» 13 عیسا باسی مردنی ئەوی کرد، بەڵام ئەوان وایانزانی باس لە نوستنی ئاسایی دەکات.
14 عیساش بە ئاشکرا پێی فەرموون: «لەعازر مردووە. 15 لەبەر ئێوە دڵشادم کە لەوێ نەبووم، تاکو باوەڕ بهێنن. وەرن، با بڕۆین بۆ لای.»
16 تۆماسیش کە بە دووانە بانگ دەکرا، بە قوتابییە هاوەڵەکانی گوت: «با ئێمەش لەگەڵ ئەودا بڕۆین تاکو لەگەڵ ئەودا بمرین.»
منم هەستانەوە و ژیان
17 کاتێک عیسا گەیشت، زانی لەعازر وا چوار ڕۆژە لە گۆڕدایە. 18 بێتعەنیاش نزیکەی پازدە تیرهاوێژ[w] لە ئۆرشەلیمەوە دوور بوو. 19 ژمارەیەکی زۆر لە جولەکەکان هاتبوونە لای مەرسا و مریەم تاکو سەرەخۆشی براکەیان لێ بکەن. 20 کاتێک مەرسا بیستی عیسا هاتووە، بەرەوپیری چوو، بەڵام مریەم لە ماڵ مایەوە.
21 ئینجا مەرسا بە عیسای گوت: «گەورەم، ئەگەر لێرە بوویتایە، براکەم نەدەمرد. 22 ئێستاش دەزانم هەرچی لە خودا داوا بکەیت، خودا دەتداتێ.»
23 عیسا پێی فەرموو: «براکەت زیندوو دەبێتەوە.»
24 مەرساش پێی گوت: «دەزانم لە زیندووبوونەوەی ڕۆژی دوایی هەڵدەستێتەوە.»
25 عیسا پێی فەرموو: «منم زیندووبوونەوە و ژیان. ئەوەی باوەڕم پێ بهێنێت، ئەگەر بشمرێت زیندوو دەبێتەوە. 26 هەروەها هەرکەسێک کە زیندووە و باوەڕم پێ بهێنێت، هەرگیز نامرێت. باوەڕ بەمە دەکەیت؟»
27 پێی گوت: «بەڵێ گەورەم. باوەڕم هێناوە کە تۆ مەسیحەکەیت، کوڕی خودای، ئەوەی بۆ جیهان دێت.»
گریانی عیسا
28 پاشان کە ئەمەی گوت، چوو مریەمی خوشکی بانگکرد و بە نهێنی گوتی: «مامۆستا لێرەیە، بانگت دەکات.» 29 ئەویش کە ئەمەی بیست خێرا هەستا و هاتە لای. 30 عیسا هێشتا نەهاتبووە ناو گوندەکە، بەڵکو لەو شوێنە بوو کە مەرسای لێ بینی. 31 ئەو جولەکانەی لە ماڵەوە لەگەڵی بوون و دڵنەواییان دەکرد، بینییان مریەم خێرا هەستا و چووە دەرەوە، دوای کەوتن، وایانزانی دەچێتە سەر گۆڕەکە تاکو لەوێ بگریێت.
32 کاتێک مریەم گەیشتە ئەو شوێنەی عیسای لێبوو و ئەوی بینی، بەسەر پێیدا کەوت و پێی گوت: «گەورەم، ئەگەر لێرە بوویتایە، براکەم نەدەمرد.»
33 عیساش کە بینی دەگریێت و ئەو جولەکانەش کە لەگەڵی هاتبوون دەگریێن، کاری لە ڕۆحی کرد و خەمبار بوو، 34 لێی پرسین: «لەکوێتان داناوە؟» ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «گەورەم، وەرە و ببینە.»
35 جا عیسا گریا.
36 لەبەر ئەوە جولەکەکان گوتیان: «سەیر بکەن، چەندی خۆشدەویست!»
37 بەڵام هەندێکیان گوتیان: «ئەمە کە چاوی نابیناکەی چاک کردەوە، ئایا نەیدەتوانی وای بکردایە ئەمیش نەمردایە؟»
زیندووکردنەوەی لەعازر
38 دیسان عیسا لە ناخەوە خەم دایگرت و هاتە لای گۆڕەکە کە ئەشکەوتێک بوو دەمەکەی بەردێکی پێوەنرابوو. 39 عیسا فەرمووی: «بەردەکە لادەن.»
مەرسای خوشکی مردووەکە پێی گوت: «گەورەم، بۆنی کردووە، چونکە چوار ڕۆژە.»
40 عیساش پێی فەرموو: «ئەی پێم نەگوتی ئەگەر باوەڕ بکەیت شکۆی خودا دەبینیت؟»
41 ئەوسا بەردەکەیان لابرد، عیساش چاوی هەڵبڕی بۆ ئاسمان و فەرمووی: «باوکە، سوپاست دەکەم کە گوێت لێ گرتم. 42 دەمزانی کە تۆ هەمیشە گوێم لێ دەگریت. بەڵام لەبەر ئەو خەڵکەی لەم ناوە ڕاوەستاون ئەمەم گوت، تاکو باوەڕ بکەن کە تۆ منت ناردووە.»
43 کە ئەمەی گوت بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد: «لەعازر وەرە دەرەوە!» 44 ئەوسا مردووەکە هاتە دەرەوە، دەست و قاچی بە کفن بەسترابوو، ڕووشی بە دەسماڵێک پێچرابوو.
عیساش پێی فەرموون: «بیکەنەوە، بهێڵن با بڕوا.»
پلانێک بۆ کوشتنی عیسا
45 لەبەر ئەوە ژمارەیەکی زۆر لە جولەکەکان کە بۆ لای مریەم هاتبوون و ئەمەیان بینی کە عیسا کردی، باوەڕیان پێی هێنا. 46 بەڵام هەندێکیان چوونە لای فەریسییەکان و ئەوەی عیسا کردبووی پێیان ڕاگەیاندن. 47 لەبەر ئەوە کاهینانی باڵا و فەریسییەکان سەنهەدرینیان[x] کۆکردەوە.
گوتیان: «چی بکەین؟ چونکە ئەم پیاوە پەرجووی زۆر دەکات. 48 ئەگەر بەم شێوەیە لێیگەڕێین هەموو خەڵکەکە باوەڕی پێ دەهێنن، ڕۆمانییەکانیش دێن، پەرستگاکەمان دەڕووخێنن و نەتەوەکەمان ڕاپێچ دەکەن.»
49 یەکێک لەوان، بە ناوی قەیافا، ئەو ساڵە سەرۆک کاهین بوو، پێی گوتن: «ئێوە هیچ نازانن، 50 تێناگەن، باشترە بۆتان کە پیاوێک لە جیاتی گەل[y] بمرێت، لەوەی کە گەل هەمووی لەناوبچێت.»
51 ئەو لە خۆیەوە ئەمەی نەگوت، بەڵکو لەو ساڵەدا سەرۆک کاهین بوو، پێشبینیی کرد کە عیسا خەریکە لە جیاتی گەل دەمرێت، 52 نەک تەنها لە جیاتی ئەو گەلە، بەڵکو تاکو ڕۆڵەکانی خودا کە پەرتەوازە بوون کۆبکاتەوە و یەکیانبخاتەوە. 53 ئیتر لەو ڕۆژەوە پیلانی کوشتنیان داڕشت.
54 لەبەر ئەوە چیتر عیسا بە ئاشکرا بەناو خەڵکی یەهودیادا نەدەگەڕا، بەڵکو لەوێوە چووە ناوچەکانی نزیک چۆڵەوانی، بۆ شارێک ناوی ئەفرایم بوو، لەگەڵ قوتابییەکانی لەوێ مایەوە.
55 لەو کاتەدا جەژنی پەسخەی جولەکەکان نزیک بوو، زۆر کەس لە گوندەکانەوە پێش جەژن بۆ ئۆرشەلیم هاتبوون تاکو خۆیان پاک بکەنەوە[z]. 56 جا داوای عیسایان دەکرد، لە حەوشەکانی پەرستگا ڕاوەستابوون بە یەکتریان دەگوت: «ڕاتان چییە؟ ئایا بۆ جەژن نایەت؟» 57 کاهینانی باڵا و فەریسییەکانیش فەرمانیان دەرکردبوو ئەگەر یەکێک بزانێت ئەو لەکوێیە، دەبێت ئاشکرای بکات، تاکو بیگرن.
چەورکردنی عیسا بۆ مردن
12 شەش ڕۆژ پێش جەژنی پەسخە عیسا هاتە بێتعەنیا کە لەعازری لێبوو، ئەوەی عیسا لەنێو مردووان هەڵیستاندەوە. 2 لەوێ شێوێکیان بۆ ئامادە کرد، مەرسا خزمەتی دەکرد، لەعازریش یەکێک بوو لەوانەی لەگەڵی پاڵیدابووەوە. 3 مریەمیش نیو لیتر بۆنی ناردینی بێگەردی گرانبەهای هێنا و پێی عیسای چەورکرد، ئینجا بە قژی پێیەکانی عیسای سڕییەوە و ماڵەکەش پڕبوو لە بۆنی خۆش.
4 یەهوزای ئەسخەریوتی کە یەکێک بوو لە قوتابییەکانی و بەتەمابوو بە گرتنی بدات، گوتی: 5 «بۆچی ئەم بۆنە بە سێ سەد دینار نەفرۆشرا و نەدرا بە هەژاران؟» 6 ئەمەی گوت نەک لەبەر ئەوەی خەمی هەژاران دەخوات، بەڵکو لەبەر ئەوەی دز بوو و سندوقی پارەشی لەلا بوو، هەرچی تێدا دابنرابووایە دەیبرد.
7 عیساش فەرمووی: «وازی لێ بهێنن، بۆ ڕۆژی ناشتنم هەڵیگرتبوو، 8 چونکە هەژاران هەمیشە لەگەڵتانن، بەڵام من هەمیشە لەلاتان نیم.»
9 کاتێک ژمارەیەکی زۆر لە جولەکەکان زانییان عیسا لەوێیە، هاتن، نەک تەنها لەبەر عیسا، بەڵکو بۆ بینینی لەعازریش کە لەنێو مردووان هەڵیستاندەوە. 10 ئەوسا کاهینانی باڵا تەگبیریان کرد لەعازریش بکوژن، 11 چونکە ژمارەیەکی زۆر لە جولەکەکان بەهۆی ئەوەوە دەڕۆیشتن و باوەڕیان بە عیسا دەهێنا.
کەژاوەی پاشایانە
12 بۆ بەیانی ئەو ئاپۆرەیە لە خەڵک کە هاتبوون بۆ جەژن، بیستیان کە عیسا دێت بۆ ئۆرشەلیم. 13 لقە دار خورمایان برد و بەرەوپیری چوون، هاواریان دەکرد:
«پیرۆزە پاشای ئیسرائیل!»
14 عیسا جاشکێکی بینی، سواری بوو، وەک نووسراوە:
16 سەرەتا قوتابییەکانی لەمانە تێنەگەیشتن. بەڵام پاش ئەوەی عیسا شکۆدار کرا[ae]، بیریان کەوتەوە کە ئەمانە دەربارەی ئەو نووسراوە، ئەوانیش ئەمانەیان بۆ ئەو کرد.
17 هەروەها ئەو خەڵکەش کە لەگەڵی بوون کاتێک لەعازری لەناو گۆڕەکەوە بانگکرد و لەنێو مردوواندا هەڵیستاندەوە، شایەتییان بۆی دەدا. 18 لەبەر ئەوە بوو خەڵکەکە چوونە دەرەوە بۆ ئەوەی پێشوازیی لێ بکەن، چونکە بیستیان ئەو پەرجووەی کردووە. 19 فەریسییەکانیش بە یەکتریان گوت: «دەبینن ئێوە هیچتان لە دەست نایەت؟ ئەوەتا هەموو جیهان دوای کەوتووە!»
مردن دەرگایە بۆ ژیان
20 هەندێک یۆنانی[af] لەنێو ئەوانە بوون کە هاتبوون لە جەژندا خواپەرستی بکەن، 21 ئەمان هاتنە لای فیلیپۆسی خەڵکی بێتسەیدای جەلیل، پێیان گوت: «گەورەم، دەمانەوێت عیسا ببینین.» 22 فیلیپۆسیش هات و بە ئەندراوسی گوت، ئینجا ئەندراوس و فیلیپۆس هاتن و بە عیسایان گوت.
23 عیساش وەڵامی دانەوە و فەرمووی: «کاتی شکۆدارکردنی کوڕی مرۆڤ هاتووە. 24 ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم، دەنکە گەنم ئەگەر نەکەوێتە ناو زەوی و نەمرێت، بە تەنها دەمێنێتەوە. بەڵام کە مرد، ئەوسا بەرهەمی زۆر دەدات. 25 ئەوەی ژیانی خۆی خۆشدەوێت دەیدۆڕێنێت، بەڵام ئەوەی لەم جیهانەدا ڕقی لە ژیانی خۆی دەبێتەوە، ئەوا بۆ هەتاهەتاییە ژیانی دەپارێزێت. 26 ئەوەی خزمەتم دەکات با بەدوام بکەوێت. ئیتر من لە هەر شوێنێک بم، خزمەتکاریشم لەوێیە. ئەگەر یەکێک خزمەتم بکات باوکم ڕێزی لێ دەگرێت.»
عیسا باسی مردنی خۆی دەکات
27 «ئێستا خەمبارم، چی بڵێم؟ ”باوکە لەم کاتە[ag] ڕزگارم بکە“؟ نەخێر بەڵام من بۆ ئەم کاتە هاتووم. 28 ئەی باوک، ناوت شکۆدار بکە!»
جا دەنگێک لە ئاسمانەوە هات: «شکۆدارم کردووە و شکۆداریشی دەکەمەوە.» 29 ئەو خەڵکەی لەوێ ئامادەبوون گوێیان لێبوو، گوتیان: «هەورەتریشقە بوو!» هەندێکی دیکەیان گوتیان: «فریشتەیەک بوو قسەی لەگەڵ کرد.»
30 عیسا وەڵامی دایەوە و فەرمووی: «ئەو دەنگەی هات بۆ من نەبوو، بەڵکو بۆ ئێوە بوو. 31 ئێستا کاتی حوکمدانی ئەم جیهانەیە. ئێستا سەرۆکی ئەم جیهانە دەردەکرێت. 32 کاتێک منیش لە زەوییەوە بەرز دەکرێمەوە، ئەوا هەمووان بۆ لای خۆم ڕادەکێشم.» 33 ئەمەی گوت ئاماژەی کرد بەو شێوە مردنەی کە دەبێت بمرێت.
34 خەڵکەکە وەڵامیان دایەوە: «لە تەوراتدا بیستوومانە کە مەسیح هەتاهەتایە دەمێنێتەوە، ئیتر چۆن دەڵێی ”کوڕی مرۆڤ دەبێت بەرز بکرێتەوە“؟ ئەم کوڕی مرۆڤە کێیە؟»
35 عیساش پێی فەرموون: «ڕووناکییەکەتان بۆ کاتێکی کورت لەسەر دەمێنێتەوە. بڕۆن هەتا ڕووناکیتان لەگەڵە، نەوەک تاریکیتان بەسەردا بێت، چونکە ئەوەی بە تاریکیدا دەڕوات نازانێ بۆ کوێ دەڕوات. 36 باوەڕ بە ڕووناکییەکە بهێنن هەتا ڕووناکییەکەتان لەگەڵدایە، تاکو ببنە ڕۆڵەی ڕووناکییەکە.» عیسا ئەمانەی فەرموو، ڕۆیشت و خۆی لێیان شاردەوە.
37 هەرچەندە زۆر پەرجووی لەبەردەمیان کرد، بەڵام باوەڕیان پێ نەهێنا، 38 تاکو وتەی ئیشایا پێغەمبەر بێتە دی کە گوتی:
[ئەی یەزدان، کێ باوەڕی بە پەیامەکەمان کرد؟
هێزی یەزدان بۆ کێ دەرکەوت؟][ah]
39 لەبەر ئەوە نەیانتوانی باوەڕ بهێنن، چونکە ئیشایا لە شوێنێکی دیکە گوتی:
40 [چاویانی کوێر و دڵیانی ڕەقکردووە،
بۆ ئەوەی بە چاویان نەبینن و بە دڵیان تێنەگەن،
نەوەک بگەڕێنەوە و منیش چاکیان بکەمەوە.][ai]
41 ئیشایا ئەمانەی گوت، چونکە شکۆی ئەوی بینی و باسی کرد.
42 هەرچەندە ژمارەیەکی زۆر لە ڕابەرەکانیش باوەڕیان پێی هێنا، بەڵام لەبەر فەریسییەکان ڕایاننەدەگەیاند نەوەک لە کەنیشت دەربکرێن، 43 چونکە شکۆی خەڵکیان لە شکۆی خودا زیاتر خۆشدەویست.
ڕووناکی باوەڕ
44 عیساش هاواری کرد و فەرمووی: «ئەوەی باوەڕم پێ بهێنێت، باوەڕ بە من ناهێنێت، بەڵکو بەوەی ناردوومی، 45 ئەوەش کە دەمبینێت، ئەوە دەبینێت کە ناردوومی. 46 من وەک ڕووناکی هاتوومەتە جیهان، تاکو هەرکەسێک باوەڕم پێ بهێنێت لە تاریکیدا نەمێنێتەوە.
47 «ئەگەر یەکێک گوێی لە وتەکانم بوو و کاری پێ نەکرد، من حوکمی نادەم، چونکە نەهاتووم تاکو جیهان حوکم بدەم، بەڵکو جیهان ڕزگار بکەم. 48 ئەوەی ڕەتم بکاتەوە و وتەکانم وەرنەگرێت، یەکێک هەیە حوکمی بدات، ئەو قسەیەی کە من کردم لە ڕۆژی دواییدا حوکمی دەدات. 49 من لە خۆمەوە قسەم نەکردووە، بەڵکو ئەو باوکە کە ناردوومی ڕایسپاردووم کە چی بڵێم و چ قسەیەک بکەم. 50 دەزانم ڕاسپاردەی ئەو ژیانی هەتاهەتاییە، جا هەرچی دەیڵێم، چۆن باوک پێی فەرمووم ئاوا دەڵێم.»
عیسا پێی قوتابییەکانی دەشوات
13 پێش جەژنی پەسخە، عیسا دەیزانی کاتی هاتووە ئەم جیهانە بەجێبهێڵێت و بۆ لای باوک بگەڕێتەوە، جا ئەوانەی هی خۆی بوون لە جیهاندا خۆشی دەویستن، تاکو ئەوپەڕی خۆشویستن.
2 ژەمی ئێوارە بوو، شەیتان خستبوویە دڵی یەهوزای ئەسخەریوتی کوڕی شیمۆن، کە عیسا بەدەستەوە بدات. 3 عیساش دەیزانی باوک هەموو شتێکی خستووەتە ژێر دەستی، لە خوداوە هاتووە و بۆ خوداش دەگەڕێتەوە. 4 لەسەر خوان هەستا، کەواکەی داکەند و خاولییەکی هەڵگرت و لە ناوقەدی بەست. 5 پاشان عیسا ئاوی کردە ناو لەگەنێک و دەستی بە شوشتنی پێی قوتابییەکان کرد و بەو خاولییەی کە بە ناوقەدیەوە بەستبووی پێیانی دەیسڕییەوە.
6 کاتێک گەیشتە سەر شیمۆن پەترۆس، شیمۆن پێی گوت: «گەورەم تۆ پێی من دەشۆیت؟»
7 عیسا لە وەڵامدا پێی فەرموو: «ئێستا ئەمەی دەیکەم تێیناگەیت، بەڵام دواتر تێیدەگەیت.»
8 پەترۆس پێی گوت: «هەرگیز پێم ناشۆیت.»
عیساش وەڵامی دایەوە: «ئەگەر پێت نەشۆم، لەگەڵ من بەشت نابێت.»
9 جا شیمۆن پەترۆس پێی گوت: «گەورەم، تەنها پێم نا، بەڵکو دەست و سەریشم!»
10 عیساش پێی فەرموو: «ئەوەی خۆی شوشتبێت تەنها پێویستی بە پێ شوشتن هەیە، تەواوی جەستەی پاکە. ئێوەش پاکن بەڵام هەمووتان نا.» 11 عیسا فەرمووی: «هەمووتان پاک نین،» چونکە دەیزانی کێ بە گرتنی دەدات.
12 پاش شوشتنی پێیان کەواکەی هەڵگرت و دانیشتەوە، لێی پرسین: «ئایا لەوە تێگەیشتن کە بۆم کردن؟ 13 ئێوە بە ”مامۆستا“ و ”گەورە“ بانگم دەکەن و ڕاست دەکەن، چونکە من وام. 14 جا کە من گەورە و مامۆستاتانم و پێم شوشتن، ئێوەش لەسەرتانە پێی یەکتری بشۆن. 15 من نموونەیەکم پێدان تاکو ئەوەی بۆم کردن ئێوەش بیکەن. 16 ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: کۆیلە لە گەورەکەی گەورەتر نییە، نێردراویش لەوەی ناردوویەتی گەورەتر نییە. 17 ئەگەر ئەمانەتان زانی، خۆزگە دەخوازرێت بە ئێوە ئەگەر پەیڕەوتان کرد.
18 «باسی هەمووتان ناکەم. ئەوانەی هەڵمبژاردوون دەیانناسم، بەڵام تاکو ئەوەی لە نووسراوە پیرۆزەکە هاتووە بێتە دی: [ئەوەی نمەکی کردووم، ناپاکی لەگەڵم کرد[aj].][ak]
19 «لە ئێستاوە پێتان دەڵێم پێش ئەوەی ڕووبدات، تاکو کاتێک ڕوویدا باوەڕ بکەن کە من ئەوم[al]. 20 ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوەی پێشوازی لەوە بکات کە دەینێرم، ئەوا پێشوازی لە من دەکات، ئەوەی پێشوازی لە من بکات، پێشوازی لەوە دەکات کە ناردوومی.»
ناپاکی یەهوزا
21 کاتێک عیسا ئەمانەی فەرموو، ڕۆحی خەمبار بوو و شایەتی دا: «ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: یەکێکتان بە گرتنم دەدات.»
22 قوتابییەکان سەیری یەکتریان دەکرد و دڵنیا نەبوون مەبەستی لە کێیە. 23 یەکێک لە قوتابییەکان کە عیسا خۆشی دەویست لەتەنیشتی پاڵیدابووەوە، 24 شیمۆن پەترۆس ئاماژەی بۆ کرد تاکو پرسیار لە عیسا بکات کە مەبەستی لە کێیە.
25 ئەویش شانی دا بەسەر سنگی عیسادا و پێی گوت: «گەورەم، کێیە؟»
26 عیسا وەڵامی دایەوە: «ئەو کەسەیە کە ئەم پارووە نانە لە قاپەکە هەڵدەکێشم و دەیدەمێ.» ئینجا پارووەکەی لە قاپەکە هەڵکێشا و دای بە یەهوزای کوڕی شیمۆنی ئەسخەریوتی. 27 هەر کە پارووەکەی وەرگرت، شەیتان چووە ناویەوە.
عیساش پێی فەرموو: «ئەوەی بەتەمای بیکەیت، خێرا بیکە.» 28 هیچ کەسێک لەوانەی لەسەر خوانەکە لەگەڵی دانیشتبوون تێنەگەیشتن بۆچی عیسا ئەمەی پێ فەرموو. 29 هەندێکیان وایانزانی عیسا پێی دەفەرموێ کە چییان پێویستە بۆ جەژن بیکڕێت، یان شتێک بداتە هەژاران، چونکە سندوقی پارەش لەلای یەهوزا بوو. 30 ئەویش کە پارووەکەی وەرگرت یەکسەر چووە دەرەوە. ئەو کاتە شەو بوو.
ڕاسپاردەی نوێ
31 کاتێک چووە دەرەوە، عیسا فەرمووی: «ئێستا کوڕی مرۆڤ شکۆدار کرا و خوداش تێیدا شکۆدار کرا. 32 جا ئەگەر خودا تێیدا شکۆدار کرا، خوداش کوڕەکە لە خۆیدا شکۆدار دەکات، دەستبەجێ شکۆداری دەکات.
33 «ڕۆڵەکانم، ماوەیەکی کورت لەگەڵتاندا دەبم. جا بەدوامدا دەگەڕێن، بەڵام وەک چۆن بە جولەکەکانم گوت، ئێستا بە ئێوەشی دەڵێم: ئێوە ناتوانن بێنە ئەو شوێنەی کە من بۆی دەچم.
34 «من ڕاسپاردەیەکی نوێتان دەدەمێ: یەکتریتان خۆشبوێ. وەک خۆشمویستن، ئێوەش بەو جۆرە یەکتریتان خۆشبوێ. 35 بەمە هەموو خەڵک دەزانن کە قوتابی منن، ئەگەر خۆشەویستیتان بۆ یەکتری هەبێت.»
پێشبینیکردنی نکۆڵی پەترۆس
36 شیمۆن پەترۆسیش لێی پرسی: «گەورەم، بۆ کوێ دەچیت؟»
عیساش وەڵامی دایەوە: «ئەو شوێنەی بۆی دەچم، ئێستا ناتوانیت دوامبکەویت، بەڵام دواتر دوام دەکەویت.»
37 دیسان پەترۆس لێی پرسی: «گەورەم، بۆچی ئێستا ناتوانم دواتبکەوم؟ ژیانم بۆ تۆ دادەنێم.»
38 عیسا وەڵامی دایەوە: «ژیانت بۆ من دادەنێیت؟ ڕاستی ڕاستیت پێ دەڵێم: پێش خوێندنی کەڵەشێر، تۆ سێ جار نکۆڵیم لێ دەکەیت!
ماڵی باوکم
14 «نیگەران مەبن. پشت بە خودا ببەستن[am]، پشت بە منیش ببەستن. 2 ماڵی باوکم ژووری زۆری لێیە، ئەگەر ئاوا نەبووایە پێم دەگوتن. من دەچم تاکو شوێنتان بۆ ئامادە بکەم. 3 جا کە ڕۆیشتم و شوێنم بۆ ئامادەکردن، دێمەوە و دەتانبەمە لای خۆم، تاکو ئێوەش لەو شوێنە بن کە من لێی دەبم. 4 ئێوەش ڕێگای ئەو شوێنە دەزانن کە بۆی دەچم.»
من ڕێگا و ڕاستی و ژیانم
5 تۆماس پێی گوت: «گەورەم، نازانین بۆ کوێ دەچیت، چۆن ڕێگاکە بزانین؟»
6 عیساش پێی فەرموو: «منم ڕێگا و ڕاستی و ژیان. کەس نایەتە لای باوک لە ڕێگەی منەوە نەبێت. 7 ئەگەر ئێوە منتان بناسیایە، باوکیشمتان دەناسی. لە ئێستاوە دەیناسن و بینیوتانە.»
8 فیلیپۆس پێی گوت: «گەورەم، باوکمان پیشان بدە و بەسمانە.»
9 عیساش پێی فەرموو: «فیلیپۆس، ئایا ماوەیەکی درێژە لەگەڵتانم و نەتناسیوم؟ ئەوەی منی بینیوە باوکی بینیوە. ئیتر چۆن دەڵێی: ”باوکمان نیشان بدە“؟ 10 ئایا باوەڕ ناکەی من لە باوکدام و باوکیش لە مندایە؟ ئەو قسانەی پێتانی دەڵێم لە خۆمەوە نایڵێم، بەڵکو باوک کە لە مندا نیشتەجێیە، ئەو کارەکانی خۆی دەکات. 11 باوەڕم پێ بکەن کە من لە باوکدام و باوکیش لە مندایە، ئەگەر نا بەهۆی کارەکان خۆیانەوە باوەڕ بکەن. 12 ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوەی باوەڕم پێ بهێنێت، ئەو کارانە دەکات کە من دەیکەم، لەمانەش گەورەتر[an] دەکات، چونکە بۆ لای باوک دەچم. 13 هەرچییەک بە ناوی منەوە داوا بکەن دەیکەم، تاکو باوک لە کوڕەکەدا شکۆدار بێت. 14 ئەگەر شتێکتان بە ناوی منەوە داوا کرد، دەیکەم.
بەڵێنی هاتنی ڕۆحی پیرۆز
15 «ئەگەر منتان خۆشبوێ کار بە ڕاسپاردەکانم دەکەن. 16 منیش داوا لە باوک دەکەم یارمەتیدەرێکی[ao] دیکەتان[ap] بداتێ کە هەتاهەتایە لەگەڵتان بمێنێتەوە، 17 ڕۆحی ڕاستی، کە جیهان ناتوانێت وەریبگرێت، چونکە نایبینێت و نایناسێت. بەڵام ئێوە دەیناسن، چونکە لەگەڵتان دەمێنێتەوە و لەناو ئێوەدا دەبێت. 18 بە هەتیوی بەجێتان ناهێڵیم، دێمەوە لاتان. 19 پاش ماوەیەکی کەم ئیتر جیهان نامبینێت، بەڵام ئێوە دەمبینن. لەبەر ئەوەی زیندووم و ئێوەش دەژین. 20 لەو ڕۆژەدا دەزانن من لە باوکمدام، ئێوەش لە مندان، منیش لە ئێوەدام. 21 ئەوەی ڕاسپاردەکانی منی لەلایە و کاریان پێ دەکات، ئەوا منی خۆشدەوێت. ئەوەی منی خۆشبوێ، باوکیشمی خۆشدەوێت، منیش خۆشمدەوێت و خۆمی بۆ دەردەخەم.»
22 ئینجا یەهوزایەکی دیکە کە یەهوزای ئەسخەریوتی نەبوو لێی پرسی: «گەورەم، بۆچی دەتەوێ خۆت بۆ ئێمە دەربخەیت، بەڵام بۆ جیهان نا؟»
23 عیسا وەڵامی دایەوە: «ئەوەی منی خۆشبوێ کار بە وتەکانم دەکات، باوکیشم خۆشی دەوێت و من و باوک دێینە لای و لەلای ئەویش نیشتەجێ دەبین. 24 ئەوەش کە منی خۆشناوێت کار بە وتەکانم ناکات. ئەم وتانەی گوێتان لێی دەبێت هی من نییە، بەڵکو هی ئەو باوکەیە کە ناردوومی.
25 «ئەمانەم پێ گوتن کە هێشتا لەلاتانم. 26 بەڵام یارمەتیدەرەکە، ڕۆحی پیرۆز، ئەوەی باوک بە ناوی منەوە دەینێرێت، ئەو هەموو شتێکتان فێردەکات و هەموو ئەو شتانەی پێم گوتوون بیرتان دەخاتەوە[aq].
ئاشتی عیسا
27 «ئاشتیتان بۆ بەجێدەهێڵم، ئاشتی خۆمتان دەدەمێ. ئەوەی من دەتاندەمێ وەک ئەوە نییە کە جیهان دەتانداتێ. نیگەران مەبن و مەترسن. 28 گوێتان لێبوو پێم گوتن: ”دەڕۆم و دێمەوە لاتان.“ ئەگەر منتان خۆشبوێ، دڵشاد دەبن کە دەچمە لای باوک، چونکە باوک لە من مەزنترە. 29 ئەوەتا ئێستا پێش ڕوودانی پێم گوتن، تاکو کاتێک ڕوویدا باوەڕ بهێنن. 30 لەمەولا زۆر قسەتان لەگەڵ ناکەم، چونکە سەرۆکی ئەم جیهانە[ar] وا دێت. هیچ دەسەڵاتێکی بەسەر مندا نییە، 31 بەڵام ئەو دێت تاکو جیهان بزانێت باوکم خۆشدەوێت و بەو شێوەیە کار دەکەم کە باوک ڕایسپاردووم.
«هەستن با لێرە بڕۆین.
من مێوی ڕاستەقینەم
15 «منم مێوی ڕاستەقینە، باوکیشم ڕەزەوانەکەیە. 2 هەر لقێک لە مندا بەر نەگرێت لێی دەکاتەوە. هەر لقێکیش بەر بگرێت پاکی دەکاتەوە تاکو بەرهەمی زیاتر بدات. 3 ئێوە ئێستا بەهۆی ئەو قسەیەی بۆم کردن پاکن. 4 بە منەوە پەیوەست بن و منیش بە ئێوەوە. چۆن لق بەتەنها ناتوانێت بەرهەم بدات ئەگەر بە دار مێوەکەوە پەیوەست نەبێت، ئێوەش ئاوان، ئەگەر بە منەوە پەیوەست نەبن.
5 «منم مێوەکە و ئێوەش لقەکانن. ئەوەی بە منەوە پەیوەست بێت و منیش بەوەوە، ئەوا بەرهەمی زۆر دەگرێت، چونکە بەبێ من ناتوانن هیچ شتێک بکەن. 6 ئەوەی بە منەوە پەیوەست نەبێت وەک لق فڕێدەدرێتە دەرەوە، وشک دەبێت و کۆدەکرێتەوە، فڕێدەدرێتە ناو ئاگر و دەسووتێت. 7 ئەگەر بە منەوە پەیوەست بن و وتەکانم لە ناختان بچەسپێت، هەرچییەکتان دەوێ داوای بکەن بۆتان دەبێت. 8 باوکم بەمە شکۆدار دەبێت، کە بەرهەمی زۆر بهێنن، بەم شێوەیە دەبنە قوتابی من.
9 «هەروەک چۆن باوک منی خۆشویستووە، ئاوا ئێوەم خۆشویستووە، جا بە خۆشەویستییەکەمەوە پەیوەست بن. 10 ئەگەر ئێوە کار بە ڕاسپاردەکانم دەکەن، بە خۆشەویستییەکەمەوە پەیوەست دەبن، هەروەک من کارم بە ڕاسپاردەکانی باوکم کردووە و بە خۆشەویستییەکەیەوە پەیوەست دەبم. 11 ئەم شتانەم پێ گوتن تاکو خۆشی منتان تێدابێت و خۆشیتان پڕ و تەواو بێت. 12 ڕاسپاردەی من ئەمەیە: یەکتریتان خۆشبوێ وەک خۆشمویستن. 13 کەس خۆشەویستی لەمە گەورەتری نییە کە یەکێک ژیانی خۆی بۆ دۆستەکانی دابنێت. 14 ئێوە دۆستی منن، ئەگەر کار بەوە بکەن کە ڕاتاندەسپێرم. 15 ئیتر بە کۆیلە ناوتان نابەم، چونکە کۆیلە نازانێت گەورەکەی چی دەکات. بەڵام ناوی دۆستم لێنان چونکە هەرچییەکم لە باوکمەوە بیستبوو پێم ڕاگەیاندن. 16 ئێوە منتان هەڵنەبژارد، بەڵکو من ئێوەم هەڵبژارد، دەستنیشانم کردن تاکو بڕۆن بەرهەم بهێنن و بەرهەمەکەتان بمێنێت، تاکو هەرچییەک بە ناوی منەوە لە باوک داوا بکەن دەتانداتێ. 17 بەمانە ڕاتاندەسپێرم تاکو یەکتریتان خۆشبوێ.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.