Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Bible in 90 Days

An intensive Bible reading plan that walks through the entire Bible in 90 days.
Duration: 88 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
ئامۆس 9:11 - ناحوم 3:19

بنیادنانەوەی ئیسرائیل

11 «لەو ڕۆژەدا چادرە ڕووخاوەکەی داود
    هەڵدەدەمەوە.
شوورابەندە شکێنراوەکانی بنیاد دەنێمەوە،
    ڕووخاوییەکانی دروستدەکەمەوە،
    وەک ڕۆژانی ڕابردوو بنیادی دەنێمەوە،
12 تاکو ئەوەی دەبنە خاوەنی پاشماوەی نەتەوەی ئەدۆم و
    هەموو ئەو نەتەوانەی ناوی منیان هەڵگرتووە.»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە، ئەوەی ئەم کردارانە ئەنجام دەدات.

13 یەزدان دەفەرموێت:

«سەردەمێک دێت جوتیار بە سەپان دەگاتەوە و
    شێلەری ترێش بە چێنەری تۆو.
چیاکان خۆشاوی ترێیان لێ دەتکێت و
    هەموو گردەکانیش لێیان دەچۆڕێتەوە.
14 ڕاپێچکراوانی ئیسرائیلی گەلەکەم دەگەڕێنمەوە.

«شارە کاولکراوەکان بنیاد دەنێنەوە و تێیدا نیشتەجێ دەبن.
    ڕەزەمێو دەچێنن و شەرابەکەی دەخۆنەوە،
    باخ دەچێنن و لە بەرەکەی دەخۆن.
15 لە خاکەکەیاندا دەیانچێنم،
    هەرگیز لەو خاکەکەی کە پێم داون هەڵناکەنرێن.»
            یەزدانی پەروەردگارت دەفەرموێت.

بینینەکەی عۆبەدیا

بینینەکەی عۆبەدیا.

یەزدانی باڵادەست سەبارەت بە ئەدۆم ئەمە دەفەرموێت،

هەواڵێکمان لەلایەن یەزدانەوە بیست،
    نێردراوێک بۆ نەتەوەکان نێردراوە تاکو پێیان بڵێت:
«هەستن! هەستن بۆ جەنگ.»

«ئێستا لەنێو گەلاندا بچووکت دەکەمەوە،
    تۆ زۆر ڕیسوا دەبیت.
فیزی دڵت هەڵیخەڵەتاندی،
    ئەی نیشتەجێی نێو کەلێنی تاشەبەرد[a]،
    ئەوەی نشینگەکەت لە بەرزاییدایە،
ئەوەی لە دڵی خۆتدا دەڵێیت:
    ”کێ دامدەگرێتە سەر زەوی؟“
ئەگەر وەک هەڵۆ بەرز بیتەوە و
    ئەگەر هێلانەت لەناو ئەستێرەکان دابنێیت،
    لەوێوە دەتهێنمە خوارەوە.»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
«ئەگەر دز یان چەتەی شەوانت بۆ بێت،
ئایا تەنها ئەوەی پێویستیان بێت نایدزن؟
    ئەگەر ڕەزبڕت[b] بۆ بێت
ئایا هەندێک ترێ بەجێناهێڵن؟
    ئای چۆن بە تەواوی بڕایتەوە!
ئای عیسۆ چۆن دەپشکێنرێت!
    گەنجینە شاردراوەکانی تاڵان دەکرێن!
هەموو هاوپەیمانەکانت هەتا سنوور ڕاویان نای،
    هەڵیانخەڵەتاندی و بەسەرتدا زاڵبوون،
ئەوانەی نمەکی تۆیان کردبوو داوت بۆ دەنێنەوە،
    بەڵام تۆ تێناگەیت.»

یەزدان دەفەرموێت:
    «ئایا لەو ڕۆژەدا،
دانایان لە ئەدۆم لەناو نابەم،
    تێگەیشتووانیش لە چیای عیسۆ؟
ئەی تێمان، پاڵەوانەکانت دەتۆقن،
    هەموو ئەوانەی لە چیای عیسۆن
    بە کوشتن لەناودەچن.
10 لەبەر ستەمی تۆ لە یاقوبی برات،
    ڕیسوایی داتدەپۆشێت،
    بۆ هەتاهەتایە لەناودەچیت.
11 ئەو ڕۆژەی تەماشات دەکرد
    کاتێک بیانییەکان سامانەکەیان داگیر کرد و
نامۆکان هاتنە ناو دەروازەکانی و
    لەسەر ئۆرشەلیم تیروپشکیان کرد،
    هەروەها تۆش وەک یەکێک بووی لەوان.
12 بەڵام نابێت بە ڕۆژی کارەساتی براکەت دڵخۆش بیت،
    یان لە ڕۆژی لەناوچوونی نەوەی یەهودا شادمان بیت،
یان لە ڕۆژی تەنگانەیاندا شانازی بکەیت.
13 نابێت بچیتە ناو دەروازەی گەلەکەم
    لە ڕۆژی کارەساتیان،
یان بە ناخۆشییەکەیان دڵخۆش بیت
    لە ڕۆژی کارەساتیان،
یان دەستت بۆ سامانەکەیان درێژ بکەیت
    لە ڕۆژی کارەساتیان.
14 نابێت لەسەر دووڕیانەکان بوەستیت
    بۆ کوشتنی دەربازبووەکانیان،
نابێت هەڵاتووەکانیان ڕادەست بکەیت
    لە ڕۆژی تەنگانەیاندا.

15 «ڕۆژی یەزدان[c] بۆ هەموو گەلان نزیکە.
    هەروەک ئەوەی کردت ئاوات پێ دەکرێتەوە،
    کردەوەکانت بەسەر خۆت دێتەوە.
16 هەروەک لەسەر کێوی پیرۆزم خواردتانەوە،
هەموو گەلان بەردەوام جامی سزا دەخۆنەوە؛
دەخۆنەوە و دەخۆنەوە و
وەک ئەوەیان لێدێت کە هەرگیز نەبووبن.
17 بەڵام دەربازبوون لەسەر کێوی سییۆن دەبێت،
    پیرۆز دەبێت،
    بنەماڵەی یاقوبیش بەشە میراتی خۆیان وەردەگرن.
18 بنەماڵەی یاقوب دەبێتە ئاگر و
    بنەماڵەی یوسف دەبێتە گڕ؛
بنەماڵەی عیسۆش دەبێتە پووش،
    جا گڕیان تێبەردەدەن و دەیانخۆن.
    بنەماڵەی عیسۆ کەسیان لێ دەرباز نابێت.»
            ئەمە فەرمایشتی یەزدانە.

19 خەڵکی نەقەب
    چیای عیسۆ داگیر دەکەن،
خەڵکی زوورگەکانیش
    خاکی فەلەستییەکان.
دەبنە خاوەنی کێڵگەکانی ئەفرایم و سامیرە،
    بنیامینیش دەبێتە خاوەنی گلعاد.
20 ئەو کۆمەڵەی ڕاپێچکراوانی ئیسرائیل کە لە کەنعانن
    هەتا سەرەفەند دەست بەسەر خاکەکەدا دەگرن؛
ڕاپێچکراوانی ئۆرشەلیمیش کە لە سفارەدن
    دەست بەسەر شارۆچکەکانی نەقەبدا دەگرن.
21 ڕزگارکەرانی خاکەکەش سەردەکەونە سەر کێوی سییۆن
    بۆ فەرمانڕەوایەتی لەسەر چیای عیسۆ.
    پاشایەتیش بۆ یەزدان دەبێت.

هەڵاتنی یونس لە ئەرکەکەی

فەرمایشتی یەزدان بۆ یونسی کوڕی ئەمیتەی[d] هات، پێی فەرموو: «هەستە بڕۆ بۆ شاری مەزنی نەینەوا و تێیدا بانگەواز بکە، چونکە خراپەکانیان بەرز بووەتەوە بۆ بەردەمم.»

یونسیش بۆ ئەوەی لە یەزدان هەڵبێت دەستی بە گەشتێک کرد بۆ تەرشیش. سەرەتا چوو بۆ بەندەری یافا و کەشتییەکی دۆزییەوە کە دەچووە تەرشیش، کرێیەکەی دا و سوار بوو، بۆ ئەوەی لەگەڵیان بچێتە تەرشیش و خۆی لە ڕووی یەزدان بدزێتەوە.

یەزدانیش بایەکی مەزنی بۆ سەر دەریاکە نارد و ڕەشەبایەکی مەزن لە دەریاکە هەڵیکرد، خەریک بوو کەشتییەکە پارچەپارچە بێت. کەشتیوانەکان ترسان، هەریەکەیان هاواری بۆ خوداوەندەکەی خۆی کرد، ئەو شتانەی کە لەناو کەشتییەکەدا بوون فڕێیان دایە ناو دەریاکە، بۆ ئەوەی باری خۆیان سووک بکەن.

کەچی یونس چوو بووە نهۆمی خوارەوەی کەشتییەکە و پاڵکەوتبوو، لە خەوێکی قووڵدا بوو. سەرۆکی سەوڵ لێدەرەکان چووە لای و پێی گوت: «ئەوە بۆچی نوستوویت؟ هەستە هاوار بکە بۆ خوداوەندەکەت، بەڵکو ئاوڕمان لێ بداتەوە و لەناونەچین.»

ئینجا کەشتیوانەکان بە یەکتریان گوت: «وەرن با تیروپشک بکەین، بۆ ئەوەی بزانین ئەم بەڵایە بەهۆی کێیە.» ئیتر تیروپشکیان کرد و کەوتە سەر یونس.

لێیان پرسی: «پێمان بڵێ بەهۆی کێ تووشی ئەم بەڵایە بووین؟ ئیشت چییە و لەکوێوە هاتوویت؟ سەر بە چ خاکێکیت و لە چ نەتەوەیەکیت؟»

ئەویش وەڵامی دانەوە: «من عیبرانیم و لە یەزدان دەترسم، خودای ئاسمان، ئەوەی دەریا و وشکانیی دروستکردووە.»

10 پیاوەکان ترسێکی زۆریان لێ نیشت و لێیان پرسی: «بۆچی ئەمەت کرد؟» پیاوەکان زانییان کە لە یەزدان هەڵاتووە، چونکە پێشتر پێی گوتبوون.

11 لێیان پرسی: «چیت لێ بکەین بۆ ئەوەی دەریاکە هێمن بێتەوە؟» چونکە دەریاکە زیاتر هەڵدەچوو.

12 ئەویش وەڵامی دانەوە: «بمبەن و فڕێمبدەنە ناو دەریاکەوە، ئیتر دەریاکەتان لێ هێمن دەبێتەوە، چونکە من دەزانم بەهۆی منەوەیە ئەم ڕەشەبا مەزنەتان لەسەرە.»

13 بەڵام پیاوەکان زیاتر و زیاتر سەوڵیان لێدەدا بۆ ئەوەی کەشتییەکە بگەڕێننەوە بۆ وشکانی، کەچی نەیانتوانی، چونکە دەریاکە زیاتر هەڵدەچوو. 14 ئیتر هاواریان بۆ یەزدان کرد و گوتیان: «ئای ئەی یەزدان، با لەناونەچین، لەبەر گیانی ئەم پیاوە خوێنی بێتاوانێک مەخەرە ئەستۆمان. ئەی یەزدان، ئەوەی ویستت کردت.» 15 ئینجا یونسیان گرت و فڕێیان دایە ناو دەریاکەوە، ئیتر هاژەی دەریاکە هێمن بووەوە. 16 پیاوەکان زۆر لە یەزدان ترسان و قوربانییان بۆ یەزدان سەربڕی و نەزریان[e] کرد.

17 یەزدانیش ماسییەکی ئامادە کرد کە زۆر گەورە بوو بۆ ئەوەی یونس قووت بدات، ئیتر یونس سێ شەو و سێ ڕۆژ لەناو سکی ماسییەکەدا مایەوە.

نزای یونس

یونس لەناو سکی ماسییەکەوە نزای بۆ یەزدانی پەروەردگاری خۆی کرد، گوتی:

«لە تەنگانەمدا هاوارم بۆ یەزدان کرد،
    وەڵامی دامەوە.
لەناو سکی جیهانی مردووانەوە هاوارم کرد،
    گوێت لە دەنگم بوو.
فڕێتدامە قووڵایی،
    لەناو جەرگەی دەریاکان،
    لافاو دەوری دام،
شەپۆلەکانت بە لێشاو
    دایانپۆشیم.
گوتم: ”لەبەرچاوت دەرکرام،
    بەڵام دەگەڕێمەوە
    بۆ تەماشاکردنی پەرستگای پیرۆزت.“
ئاو دەوری دام، تاکو ئەوەی ترس گەیشتە گیانم،
    قووڵایی دەوری گرتم،
    گیای دەریا لەسەرم ئاڵا.
تاکو بنی چیاکان شۆڕ بوومەوە،
    بۆ هەتاهەتایە لە زەوی بەندی کردم.
ئەی یەزدانی پەروەردگارم،
    بەڵام تۆ ژیانی منت لە جیهانی مردووان هێنایە دەرەوە.

«ئەی یەزدان، کاتێک گیانم شەکەت بوو،
    تۆم بیرکەوتەوە،
نزاکەم گەیشتە لات،
    بۆ پەرستگای پیرۆزت.

«ئەوانەی بتی پووچ دەپەرستن
    لە خۆشەویستی خودا بۆ خۆیان هەڵدەگەڕێنەوە.
بەڵام من بە دەنگی ستایشەوە
    قوربانیت بۆ سەردەبڕم،
ئەوەی نەزرم کردووە بەجێی دەهێنم.
    ڕزگاری لە یەزدانەوەیە.»

10 ئینجا یەزدان فەرمانی بە ماسییەکە دا، ئەویش ڕشایەوە و یونسی فڕێدایە سەر وشکانی.

چوونی یونس بۆ نەینەوا

ئینجا جارێکی دیکە فەرمایشتی یەزدان بۆ یونس هاتەوە، پێی فەرموو: «هەستە بڕۆ بۆ شاری مەزنی نەینەوا، ئەو پەیامەی پێت دەفەرمووم پێی ڕابگەیەنە.»

یونسیش بەو شێوەیەی یەزدان پێی فەرموو هەستا و چوو بۆ نەینەوا، نەینەواش شارێکی زۆر مەزن بوو، سەردانیکردنی پێویستی بە سێ ڕۆژ هەبوو. یونس چووە ناو شارەکە. لە یەکەم ڕۆژەوە بانگەوازی کرد و گوتی: «چل ڕۆژی دیکە نەینەوا سەرەوژێر دەبێت.» ئیتر خەڵکی نەینەوا باوەڕیان بە خودا هێنا، بانگەوازی ڕۆژووگرتنیان ڕاگەیاند و جلوبەرگی گوشیان[f] پۆشی، لە گەورەیانەوە هەتا بچووکیان.

کارەکە گەیشتەوە پاشای نەینەوا، ئەویش لەسەر تەختەکەی هەستا و کەواکەی لەبەر خۆی داکەند، جلوبەرگی گوشی پۆشی و لەسەر خۆڵەمێش دانیشت. ئیتر لە نەینەوا جاڕدرا و گوترا:

بە فەرمانی پاشا و پیاوە گەورەکانی:

نابێت نە خەڵک و نە ئاژەڵ، نە لە گاگەل نە لە مێگەل، هیچ بچێژن، مەهێڵن نان بخۆن و ئاو بخۆنەوە. با خەڵک و ئاژەڵەکان جلوبەرگی گوش بپۆشن و زۆر لە خودا بپاڕێنەوە، با هەریەکە لە ڕێگا خراپەکانی و لە ستەمکارییەکەی بگەڕێتەوە. کێ دەزانێت؟ بەڵکو خودا سزایەکە ڕەت بکاتەوە، کڵپەی تووڕەییەکەی دابمرکێتەوە و لەناونەچین.

10 کاتێک خودا کارەکانی ئەوانی بینی، بینی وا لە ڕێگای خراپەکاری گەڕاونەتەوە، خودا پاشگەز بووەوە لەو خراپەیەی کە فەرمووبووی بەسەریان دەهێنێت، ئیتر نەیکرد.

تووڕەبوونی یونس بەهۆی بەزەیی یەزدان

بەڵام ئەمە یونسی زۆر پەست کرد و ڕقی هەستا. نزای بۆ یەزدان کرد و گوتی: «ئای ئەی یەزدان، ئایا ئەمە قسەی من نەبوو کە هێشتا لە خاکی خۆمدا بووم؟ لەبەر ئەوە هەوڵی هەڵاتنم دا بۆ تەرشیش، چونکە زانیم تۆ خودایەکی میهرەبانیت و بە بەزەییت، پشوودرێژیت و خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت زۆرە، لە خراپەهێنان بەسەر خەڵکی پاشگەز دەبیتەوە. ئێستاش ئەی یەزدان، گیانم لێ بستێنە، چونکە مردنم باشترە لە ژیانم.»

یەزدانیش فەرمووی: «ئایا کارێکی باشە تووڕە بیت؟»

ئینجا یونس لە شارەکە چووە دەرەوە و لە ڕۆژهەڵاتی شارەکە دانیشت، لەوێ کەپرێکی بۆ خۆی دروستکرد و لەژێر سێبەرەکەیدا دانیشت، بۆ ئەوەی ببینێت چی لە شارەکەدا ڕوودەدات. یەزدانی پەروەردگاریش ڕووەکێکی ئامادە کرد و لەسەر یونس بەرزی کردەوە، هەتا ببێتە سێبەر لە سەری، بۆ ئەوەی لە خەمەکەی دەربازی بکات. یونسیش زۆر دڵی بە ڕووەکەکە خۆش بوو. بەڵام خودا لە بەرەبەیاندا کرمێکی ئامادە کرد، کرمەکە لە ڕووەکەکەی دا و وشکی کرد. لە کاتی خۆر هەڵاتندا خودا بایەکی ڕۆژهەڵاتی گەرمی ئامادە کرد، هەتاو لەسەری یونسی دا و گێژی کرد، ئەویش داوای مردنی بۆ خۆی کرد و گوتی: «مردنم باشترە لە ژیانم.»

خوداش بە یونسی فەرموو: «ئایا کارێکی باشە لەبەر ڕووەکەکە تووڕە بیت؟»

ئەویش گوتی: «بەڵێ، هەتا بڵێی کارێکی باشە.»

10 یەزدانیش فەرمووی: «تۆ دڵت بە ڕووەکەکە سووتا کە پێوەی ماندوو نەبوویت و بەخێوت نەکردووە، بە یەک شەو بوو، هەر بە یەک شەویش لەناوچوو. 11 ئەی باشە نەینەوا، ئەو شارە مەزنە کە زیاد لە سەد و بیست هەزار کەسی تێدایە، ڕاستیان لە چەپیان جیا ناکەنەوە، هەروەها ئەو هەموو ئاژەڵە زۆرەش کە تێیدایە، دڵم پێیان نەسووتێت؟»

پەیامی یەزدان کە لە سەردەمی یۆتام و ئاحاز و حەزقیای پاشایانی یەهودا بۆ میخای مۆرەشەتی هات، ئەو بینینەی سەبارەت بە سامیرە و ئۆرشەلیم بوو:

ئەی هەموو گەلان، گوێ بگرن،
    زەوی و هەموو ئەوانەی تێیدان، سەرنج بدەن:
پەروەردگار لە پەرستگای پیرۆزیەوە،
    یەزدانی باڵادەست ببێتە شایەت بەسەرتانەوە.

حوکمدان بەسەر سامیرە و ئۆرشەلیم

ئەوەتا، یەزدان لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیەوە دێتە دەرەوە،
    دادەبەزێت و بەسەر بەرزاییەکانی زەویدا دەڕوات.
چیاکان لە ژێری دەتوێنەوە و
    دۆڵەکان شەق دەبەن،
وەک مۆم لەبەردەم ئاگردا،
    وەک ئاوی ڕۆیشتوو بە لێژاییدا.
هەموو ئەمە لەبەر یاخیبوونی یاقوب،
    لەبەر گوناهی بنەماڵەی ئیسرائیل.
چی هۆکاری یاخیبوونی یاقوبە؟
    ئایا سامیرە نییە؟
ئەی هۆکاری بتپەرستی بەرزاییەکانی یەهودا چییە؟
    ئایا ئۆرشەلیم نییە؟

«لەبەر ئەوە سامیرە کاول و وێران دەکەم،
    دەیکەمە کێڵگەی مێو چاندن.
بەردەکانی فڕێدەدەمە ناو دۆڵەکەوە و
    بناغەکانی دەردەخەم.
هەموو بتەکانی تێکدەشکێنرێن و
    هەموو کرێی داوێنپیسییەکەی بە ئاگر دەسووتێنرێت،
    هەموو بتەکانی وێران دەکەم.
لەبەر ئەوەی بە کرێی لەشفرۆشی کۆی کردووەتەوە،
    دەدرێتەوە لەشفرۆش.»

گریان و شیوەن گێڕان

لەبەر ئەوە دەلورێنم و دەلاوێنمەوە،
    بەپێی پەتی و بە ڕووتی هاتوچۆ دەکەم.
وەک چەقەڵ دەلورێنم و
    وەک کوندەپەپوو شیوەن دەگێڕم.
چونکە برینەکەی ساڕێژ نابێت،
    بەڵکو یەهوداش تووش بوو،
گەیشتە دەروازەی گەلەکەم،
    هەتا ئۆرشەلیم هات.
10 ئەوە لە گەت ڕامەگەیەنن،
    بە هیچ شێوەیەک مەگریێن،
لە بێت‌عۆفرادا[g]
    خۆت لە خۆڵ بگەوزێنە.
11 ئەی دانیشتووانی شافیر
    بە ڕووتی و شەرمەزاری بپەڕنەوە،
دانیشتووانی چەئەنان دەرنەچن.
    بێت‌ئێچەل دەگریێت
    بەڵام ناتانپارێزێت.
12 دانیشتووانی مارۆت بە ئازارەوە دەتلێنەوە،
    بە دڵەڕاوکێوە چارەسەر چاکە دەکەن،
چونکە لەلایەن یەزدانەوە
    بەڵا بۆ دەروازەی ئۆرشەلیم دابەزی.
13 ئەی دانیشتووانی لاخیش،
    گالیسکە بە ئەسپەوە ببەستن،
ئێوە یەکەمین شار بوون دوای یاخیبوونەکانی ئیسرائیل کەوتن،
    هەروەها سییۆنی کچتان[h] تووشی گوناه کرد.
14 لەبەر ئەوە دیاری ماڵئاوایی دەدەن
    بە مۆرەشەت گەت.
یارمەتی لە شارۆچکەکانی ئەکزیڤەوە[i] جێی متمانە نییە
    بۆ پاشاکانی ئیسرائیل.
15 داگیرکەرتان دەهێنمە سەر،
    ئەی دانیشتووانی مارێشا[j]،
ئەوەی شکۆی ئیسرائیلە
    دێتە عەدولام.
16 سەرتان بتاشن بۆ شیوەنگێڕان
    لەسەر منداڵە نازدارەکانتان،
وەک سیسارکە کەچەڵ بن و مووتان بە سەرەوە نەبێ
    چونکە منداڵی ئێوە بە دیل گیراوی ڕاپێچ دەکەن.

پیلانی مرۆڤ و پلانی خودا

قوڕبەسەر ئەوانەی بیر لە بەدکاری دەکەنەوە و
    لەناو نوێنەکانیان پیلان بۆ خراپە دادەڕێژن!
کاتێک ڕووناکی بەیان دێت جێبەجێی دەکەن
    چونکە لە دەستیان دێ.
چاویان لە کێڵگەکانە و داگیری دەکەن،
    هەروەها لە ماڵەکانە و دەستی بەسەردا دەگرن.
دەست بەسەر ماڵی خەڵکدا دەگرن،
    تاکو لە میراتەکەی بێبەشی بکەن.

لەبەر ئەوە یەزدان ئەمە دەفەرموێت:

«ئەوەتا من سەبارەت بەم گەلە بیر لە بەڵا دەکەمەوە،
    ئەوەی ناتوانن ملتانی لەبەر لابدەن.
بە لووتبەرزییەوە هاتوچۆ ناکەن،
    چونکە کاتی خراپە دەبێت.
لەو ڕۆژەدا پەندتان بەسەردا هەڵدەدرێت و
    شیوەن دەگێڕن و دەگوترێ:
”بە تەواوی وێران بووین،
    بەشی گەلەکەی منی گۆڕیوە.
چۆن لێی داماڵین!
    کێڵگەکانی ئێمەی بەسەر ناپاکەکاندا دابەش کرد؟“»

لەبەر ئەوە لەنێو کۆمەڵی یەزداندا کەست نابێت
    بە گوریسی پێوانە خاکەکە بە تیروپشک دابەش بکات.

پێغەمبەرانی درۆزن

پێغەمبەرەکانیان دەڵێن: «پێشبینی مەکەن!
    دەربارەی ئەم شتانە پێشبینی مەکەن،
    ڕیسواییمان بەسەردا نایەت.»
ئەی بنەماڵەی یاقوب، ئایا دروستە خەڵک بپرسێت:
    «ئایا یەزدان ئارامی لەبەر دەبڕێت؟
    یان ئەمە کارەکانی ئەوە؟»

«ئایا وشەکانم باش نین
    بۆ ئەوانەی بە ڕێکی هاتوچۆ دەکەن؟
بەڵام لەم دواییەدا گەلەکەم
    بۆ دوژمنایەتی ڕاپەڕین.
ئێوە کراس و کەوا پێکەوە دادەماڵن
    لەوانەی بە دڵنیاییەوە تێدەپەڕن،
    وەک ئەوانەی لە جەنگ دەگەڕێنەوە.
ژنانی گەلەکەم دەردەکەن
    لەو ماڵانەیان کە دڵیان پێی خۆشە.
بەرەکەتەکەم لە منداڵەکانیان
    بۆ هەتاهەتایە دەبەیت.
10 هەستن و بڕۆن!
    چونکە ئەمە شوێنی حەسانەوە نییە،
لەبەر ئەوەی گڵاو بوو،
    وێران بوو، وێرانبوونێکی خراپ.
11 ئەگەر درۆزن و چەواشەکار بێت و بڵێت:
    ”پێشبینیت بۆ دەکەم، سەبارەت بە شەراب و مەی زۆر دەبێت،“
    ئەوا ئەو دەبێتە پێغەمبەری ئەم گەلە!

بەڵێنی ڕزگاری

12 «ئەی یاقوب، بە دڵنیایی بە تەواوی کۆتدەکەمەوە،
    بە دڵنیایی پاشماوەی ئیسرائیل خڕدەکەمەوە.
یەکیاندەخەم وەک ڕانە مەڕی ناو پشتیر[k]،
    وەک ڕانێک لەناو لەوەڕگاکەی،
    ئەم شوێنە پڕ لە خەڵک دەبێت.
13 کەلێندڕ پێشیان دەکەوێت،
    دەروازەکە دەشکێنن و لێی تێدەپەڕن و دێنە دەرەوە.
پاشاکەشیان لەپێشیانەوە تێدەپەڕێت،
    یەزدانیش پێشەنگیانە.»

سەرزەنشتی ڕابەران و پێغەمبەران

گوتم:

«ئەی سەرکردەکانی یاقوب،
    ئەی ڕابەرانی بنەماڵەی ئیسرائیل، گوێ بگرن.
ئایا بۆ ئێوە نییە زانینی دادپەروەری؟
    ئێوە کە ڕقتان لە چاکەیە و حەز لە خراپە دەکەن،
پێستی گەلەکەم دادەماڵن و
    گۆشتیان لە ئێسکەکانیان جیا دەکەنەوە؛
ئێوە کە گۆشتی گەلەکەم دەخۆن،
    کەوڵیان دەکەن،
    ئێسکیان دەشکێنن،
پارچەپارچەیان دەکەن وەک بۆ ناو مەنجەڵ،
    وەک گۆشتی ناو تاوە.»

ئینجا هاوار بۆ یەزدان دەکەن،
    بەڵام وەڵامیان ناداتەوە.
لەو کاتەدا ڕووی خۆی لێیان دەشارێتەوە،
    لەبەر ئەو خراپانەی کردیان.

یەزدان ئەمە دەفەرموێت:

«سەبارەت بە پێغەمبەرەکان،
    ئەوانەی گەلەکەم گومڕا دەکەن،
بانگەوازی ئاشتی دەکەن
    بۆ ئەوانەی تێریان دەکەن،
بەڵام جەنگ لە دژی ئەوانە بەرپا دەکەن
    کە تێریان ناکەن.
لەبەر ئەوە شەوێکتان بەسەردا دێت کە هیچ بینینێکتان بۆ ئاشکرا ناکرێت،
    تاریکییەکی بێ فاڵگرتنەوە.
خۆر لە پێغەمبەرەکان ئاوا دەبێت،
    ڕۆژیان لێ تاریک دادێت.
پێشبینیکەران شەرمەزار دەبن،
    فاڵگرەوەکان ڕیسوا دەبن،
هەموویان چاوەڕوویان نەماوە،
    چونکە خودا وەڵامیان ناداتەوە.»
بەڵام سەبارەت بە من، پڕم لە هێز،
    پڕ لە ڕۆحی یەزدان،
    لە دادپەروەری و پاڵەوانیێتی،
تاکو یاخیبوونەکەی یاقوب بە خۆی ڕابگەیەنم،
    بە ئیسرائیلیش گوناهەکەی.

ئەی سەرکردەکانی بنەماڵەی یاقوب،
    ڕابەرانی بنەماڵەی ئیسرائیل، گوێ لەمە بگرن،
ئێوە کە قێزتان لە دادپەروەری دەبێتەوە و
    هەموو ڕاستییەک خواروخێچ دەکەن،
10 ئێوە سییۆن بە خوێن بنیاد دەنێن و
    ئۆرشەلیم بە ستەم.
11 ڕابەرەکانی بە بەرتیل دادوەری دەکەن،
    کاهینەکانی بە کرێ خەڵکی فێردەکەن،
    پێغەمبەرەکانی بە پارە فاڵ دەگرنەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا پشت بە یەزدان دەبەستن و دەڵێن:
    «ئایا یەزدان لەنێوانماندا نییە؟
    هیچ بەڵایەکمان بەسەردا نایەت.»
12 لەبەر ئەوە بەهۆی ئێوەوە
    سییۆن وەک کێڵگە دەکێڵدرێت،
ئۆرشەلیم کاول دەبێت،
    گردەکەی پەرستگاش دەبێتە دارستانێکی بێ کەڵک.

کێوی یەزدان

لە ڕۆژانی کۆتاییدا،

کێوی پەرستگای یەزدان
    لەسەر لووتکەی چیاکان جێگیر دەبێت،
بەسەر گردەکانەوە بەرز دەبێتەوە و
    گەلان بە لێشاو بەرەو لای ئەو دەچن.

زۆرێک لە نەتەوەکان بەڕێ دەکەون و دەڵێن:

«وەرن با بەرەو کێوی یەزدان سەربکەوین،
    بۆ ماڵەکەی خودای یاقوب.
فێری ڕێگاکانی خۆیمان دەکات،
    بۆ ئەوەی بە ڕێچکەی ئەودا بڕۆین.»
فێرکردن لە سییۆنەوە دەردەچێت،
    پەیامی یەزدانیش لە ئۆرشەلیمەوە.
لەنێو چەندین گەل دادوەری دەکات،
    ناوبژی بۆ نەتەوە بەهێز و دوورەکان دەکات،
شمشێرەکانیان دەکوتنەوە و دەیکەنە گاسن،
    ڕمەکانیشیان دەکەنە داس.
هیچ نەتەوەیەک شمشێر لە نەتەوەیەکی دیکە هەڵناکێشێت،
    چیتر فێری جەنگ نابن.
هەریەکە و لەژێر ڕەزەمێوەکەی و
    لەژێر دار هەنجیرەکەی دادەنیشێت،
کەس نایترسێنێت،
    چونکە یەزدانی سوپاسالار فەرموویەتی.
هەر گەلێک ڕێگای خۆی دەگرێتەبەر،
    هەریەکە و بە ناوی خوداوەندەکانی خۆیەوە؛
ئێمەش بە ناوی یەزدانی پەروەردگارمانەوە
    بۆ هەتاهەتایە و هەتاسەر ڕێگا دەگرینەبەر.

پلانی یەزدان

یەزدان دەفەرموێت:

«لەو ڕۆژەدا شەلەکان کۆدەکەمەوە و
    ڕاپێچکراوەکان خڕدەکەمەوە،
    هەروەها ئەوانەی سزام داون.
شەلەکان دەکەمە پاشماوە،
    دوورخراوەکانیش دەکەمە نەتەوەیەکی بەهێز.
یەزدانیش لە کێوی سییۆن پاشایەتییان دەکات
    لەو کاتەوە و بۆ هەتاهەتایە.
تۆش ئەی تاوەری پاسەوانی مێگەل،
    ئەی قەڵای سییۆنی کچ،
هەروەک پێشتر دەسەڵاتت بۆ دەگەڕێتەوە،
    پاشایەتی ئۆرشەلیمی کچ.»

ئێستا بۆچی بە هاوارەوە دەگریت؟
    بۆچی وەک ژانی منداڵبوون ژانت گرتووە؟
ئایا پاشات نییە،
    یان ڕاوێژکارت مردووە؟
10 ئەی سییۆنی کچ، لەبەر ژان بگەوزێ
    وەک ژنی ژانگرتوو،
چونکە ئێستا لە شار دێیتە دەرەوە و
    لە دەشتودەر چادر هەڵدەدەیت.
دەچیتە بابل،
    لەوێ دەرباز دەکرێیت.
لەوێ یەزدان دەتکڕێتەوە
    لە دەستی دوژمنەکانت.

11 بەڵام ئێستا، چەندین نەتەوە
    لە دژی تۆ کۆدەبنەوە.
دەڵێن: «با گڵاو بێت،
    با بە دیمەنی سییۆن دڵخۆش بین.»
12 بەڵام ئەوان نازانن
    بیرکردنەوەی یەزدان چییە،
هەروەها لە پلانی ئەو تێناگەن،
    چونکە وەک مەلوی گەنم بۆ سەر جۆخین کۆی کردنەوە.
13 «ئەی سییۆنی کچ، هەستە و پێشێلی بکە،
    چونکە قۆچی ئاسنینت پێ دەبەخشم.
سمی بڕۆنزت پێ دەبەخشم و
    چەندین گەل تەفروتونا دەکەیت.»
دەستکەوتی ناڕەوایی ئەوان بۆ یەزدان تەرخان دەکەیت،
    سامانیان بۆ پەروەردگاری هەموو جیهان.

بەڵێنی فەرمانڕەوایەک لە بێت‌لەحمەوە

ئەی شاری سوپاکان، سوپاکانی خۆت کۆبکەرەوە،
    چونکە گەمارۆ دراوین.
بە گۆچان لە ڕوومەتی
    ڕابەری ئیسرائیل دەدەن.

«بەڵام تۆ ئەی بێت‌لەحمی ئەفراتە،
    هەرچەندە لەنێو شارۆچکەکانی[l] یەهودا بچووکیت،
بەڵام یەکێک لە تۆوە بۆ من دەردەکەوێت
    ئەوەی دەبێتە فەرمانڕەوای ئیسرائیل،
ڕەچەڵەکی لە دێرزەمانەوەیە،
    لە ئەزەلەوەیە.»

لەبەر ئەوە یەزدان گەلەکەی خۆی ڕادەستی دوژمن دەکات
    هەتا ئەو کاتەی ئەوەی ژانی گرتووە منداڵی دەبێت،
پاشماوەی براکانیشی دەگەڕێنەوە
    بۆ لای نەوەی ئیسرائیل.

جا دەوەستێت و شوانایەتی گەلەکەی دەکات
    بە هێزی یەزدان،
    بە باڵادەستیی ناوی یەزدانی پەروەردگاری خۆی.
جا بە ئاسوودەیی دەژین،
    چونکە لەو کاتە مەزنایەتی دەگاتە ئەوپەڕی زەوی.

ئەو دەبێتە ئاشتی ئێمە،
    کاتێک ئاشور هێرش بکاتە سەر خاکەکەمان و
    پێ بنێتە ناو قەڵاکانمان.
حەوت شوانی لەسەر دادەنێین،
    لەگەڵ هەشت میر.
بە شمشێر شوانایەتی خاکی ئاشور دەکەن و
    خاکی نەمرودیش بە شمشێری هەڵکێشراو.
بەڵام لە ئاشور دەربازمان دەکات،
    کاتێک هێرش دەکاتە سەر خاکەکەمان و
    کاتێک پێ دەنێتە سنوورەکانمان.

پاشماوەی یاقوب
    لەنێو چەندین گەل دەبێت،
وەک شەونم لەلایەن یەزدانەوە،
    وەک بارانی بە لێزمەی سەر گژوگیا،
ئەوەی چاوەڕوانی مرۆڤ ناکات و
    بۆ ئادەمیزاد ناوەستێت.
پاشماوەی یاقوب لەنێو نەتەوەکان،
    لەنێو چەندین گەل،
وەک شێر لەنێو دڕندەکانی دارستاندا،
    وەک جوانە شێر لەنێو ڕانە مەڕدا،
ئەوەی بپەڕێتەوە دەیشێلێت و پەلاماری دەدات،
    کەس نییە لە دەستی دەربازی بکات.
دەستت بەسەر ناحەزانت زاڵ دەبێت و
    هەموو دوژمنەکانت لەناودەچن.

10 یەزدان دەفەرموێت:

«لەو ڕۆژەدا ئەسپەکانت لەنێو خۆت لەناودەبەم و
    گالیسکەکانت ڕیشەکێش دەکەم.
11 شارەکانی خاکەکەت لەناودەبەم و
    هەموو قەڵاکانت تێکدەدەم.
12 ئەو جادووگەرییەی کە دەیکەیت لەناوی دەبەم و
    لەمەودوا ناتوانیت نوشتە بکەیت.
13 بتە داتاشراوەکانت لەناودەبەم و
    لەگەڵ هەموو بەردە تەرخانکراوەکانت[m] لەناوەڕاستت،
ئیتر کڕنۆش نابەیت
    بۆ دەستکردی دەستەکانت.
14 ستوونە ئەشێراکانت[n] لەنێوتدا هەڵدەکێشم و
    شارەکانت وێران دەکەم.
15 بە تووڕەیی و هەڵچوونەوە تۆڵە دەکەمەوە
    لەو گەلانەی گوێڕایەڵی من نەبوون.»

سکاڵای یەزدان لە دژی ئیسرائیل

گوێ بگرن لەوەی یەزدان دەفەرموێت:

«هەستە، بڕۆ لەلای چیاکانەوە سکاڵا بکە،
    با گردەکان گوێیان لێبێت کە چی دەڵێیت.

«ئەی چیاکان، گوێ لە سکاڵای یەزدان بگرن،
    ئەی بناغە هەمیشەییەکانی زەوی، ئێوەش گوێ بگرن!
چونکە سکاڵای یەزدان لە گەلەکەیەتی،
    داواکەی لە دژی ئیسرائیلە.

«ئەی گەلەکەم، چیم لێت کردووە؟
    بە چی نیگەرانم کردوویت؟ وەڵامم بدەوە!
من لە خاکی میسرەوە دەرمهێنایت،
    لە خاکی کۆیلایەتی تۆم کڕییەوە.
من موسام بۆ ناردی ڕابەرایەتیت بکات،
    هەروەها هارون و مریەمیش.
ئەی گەلەکەم، بیهێنەرەوە یادت
    بالاقی پاشای مۆئاب پیلانی چی گێڕا و
    بەلعامی کوڕی بەعۆر چی وەڵام دایەوە.
گەشتەکەت لە شەتیمەوە تاکو گلگال بهێنەرەوە یادت،
    تاکو کارە ڕاستودروستەکانی یەزدان بزانیت.»

بە چی بچمە بەردەمی یەزدان و
    بۆ خودای پایەبەرز بچەمێمەوە؟
ئایا بە قوربانی سووتاندن بچمە بەردەمی،
    بە گوێرەکەی تەمەن یەک ساڵە؟
ئایا یەزدان بە هەزاران بەران و
    بە دەیان هەزار ڕووبار لە ڕۆن ڕازی دەبێت؟
ئایا نۆبەرەکەم لە جیاتی یاخیبوونەکەم بدەم،
    بەری لەشم لە جیاتی گوناهی خۆم؟
ئەی مرۆڤ، یەزدان پێی ڕاگەیاندیت کە چی چاکە و
    داوای چیت لێدەکات:
دادوەری بەجێبهێنە و حەزت لە خۆشەویستی نەگۆڕ بێت و
    بە بێفیزی لەگەڵ خوداکەت هاتوچۆ بکەیت.

تاوان و سزای ئیسرائیل

ئەگەر ئێوە دانان لە ناوی خودا بترسن!
    دەنگی یەزدان بانگەواز بۆ شارەکە دەکات:
    «ئەی گەل و ئەوانەی لە شار کۆدەبنەوە، گوێ بگرن!
10 ئەی ماڵی خراپەکار، ئایا هێشتا گەنجینەی داهاتی ناڕەواییتان لەبیر دەکەم؟
    ئایا ئێفەی[o] ناتەواو کە نەفرەت لێکراوە لەیادی دەکەم؟
11 ئایا ئەوانەی تەرازوویان درۆیە بێتاوانیان دەکەم،
    ئەوانەی فێڵ لە توورەکەی کێش دەکەن؟
12 دەوڵەمەندەکانی ستەمکارن،
    دانیشتووانەکەشی قسەی درۆ دەکەن و
    بە زمانیان فێڵ دەکەن.
13 لەبەر ئەوە خەریکم سزاتان دەدەم،
    لەبەر گوناهەکانتان وێرانتان دەکەم.
14 ئێوە دەخۆن و تێر نابن،
    گەدەتان هەردەم بەتاڵ دەبێت.
ئەمبار دەکەن، بەڵام هیچ نامێنێتەوە،
    چونکە ئەوەی مایەوە دەیدەمە شمشێر.
15 ئێوە دەچێنن و نادورنەوە،
    زەیتوون دەگوشن و بە ڕۆنەکەی خۆتان چەور ناکەن،
    ترێ دەگوشن و لە شەرابەکەی ناخۆنەوە.
16 چونکە فەرزەکانی عۆمری[p] و
    هەموو نەریتەکانی بنەماڵەی ئەحاڤت بەجێهێناوە و
    ڕێگای ڕاوێژەکانی ئەوانتان گرتووەتەبەر.
لەبەر ئەوە وێرانتان دەکەم و
    دانیشتووانەکەت دەکەمە مایەی گاڵتەجاڕی و
    تانە و تەشەری نەتەوەکان.»

ناخۆشی ئیسرائیل

قوڕبەسەرم!
وەک کەسێکم لێهات لە هاویندا بەر بڕنێت،
    وەک چنینەوەی ڕەزەمێو.
نە هێشووە ترێ بۆ خواردن هەیە،
    نە هەنجیری یەکەم بەر کە نەوسم ئارەزووی دەکات.
خواناس لە خاک لەناوچوو،
    کەسێکی سەرڕاست لەنێو خەڵکدا نەماوە.
هەموو بۆ خوێنڕشتن خۆیان ماتداوە،
    هەریەکە و براکەی خۆی بە تۆڕ ڕاودەکات.
بۆ خراپە هەردوو دەستەکانیان چالاکن،
    میر داوای دیاری دەکات،
دادوەر بەرتیل وەردەگرێت،
    بەهێز بە ئارەزووی خۆی قسە دەکات
    پێکەوە دەیڕێسن.
چاکترینیان وەک وشترالووکە و
    ڕاستترینیان وەک پەرژینی دڕکە.
ڕۆژی سزادانی خودا بۆ تۆ هات،
    ئەو ڕۆژەی کە چاودێرەکانت[q] هاوار دەکەن بۆ ئاگادارکردنەوە.
    ئێستا کاتی سەرلێشێواندنی ئێوەیە.
متمانە بە برادەر مەکە و
    پشت بە دۆست مەبەستە.
نهێنیت بپارێزە
    تەنانەت لە ژنەکەشت کە لە باوەشت پاڵکەوتووە.
چونکە کوڕ سووکایەتی بە باوکی دەکات،
    کچ لە دایکی ڕاستدەبێتەوە،
بووک لە خەسووی؛
    دوژمنی مرۆڤ لە خانەوادەکەی خۆی دەبێت.

بەڵام من چاوم لەسەر یەزدان دەبێت،
    چاوەڕوانی خودای ڕزگاریم دەکەم،
    خودام گوێم لێ دەگرێت.

ئیسرائیل هەڵدەستێتەوە

ئەی دوژمنەکەم، بە نسکۆی من دڵخۆش نەبیت!
    چونکە ئەگەر بکەوم، هەڵدەستمەوە،
ئەگەر لە تاریکیدا دانیشم،
    یەزدان ڕووناکییە بۆم.
لەبەر ئەوەی لە دژی ئەو گوناهم کرد،
    بەرگەی تووڕەیی یەزدان دەگرم،
تاوەکو بەرگری لە داواکەم دەکات و
    مافی من دێتە دی.
دەمهێنێتە دەرەوە بۆ ناو ڕووناکی،
    ڕاستودروستی ئەو دەبینم.
10 ئینجا دوژمنەکەم تەماشا دەکات و
    شەرمەزاری دایدەپۆشێت،
ئەوەی پێی دەگوتم:
    «کوا یەزدانی پەروەردگارت؟»
چاوەکانم تەماشای کەوتنی دەکەن،
    تەنانەت ئێستاش دەشێلرێت
    وەک قوڕی شەقامەکان.

11 ڕۆژی بنیادنانی دیوارەکانت دێت،
    ڕۆژی فراوانکردنی سنوورەکانت.
12 لەو ڕۆژەدا خەڵک دێنە لات،
    لەلای ئاشور و لە شارەکانی میسرەوە،
تەنانەت لە میسرەوە هەتا فورات
    لە دەریاوە بۆ دەریا و
    لە چیاوە بۆ چیا.
13 زەوی لەبەر دانیشتووانەکەی وێران دەبێت،
    بەهۆی کردەوەکانیان.

نوێژ و ستایشکردن

14 بە گۆچانەکەت شوانایەتی گەلەکەت بکات،
    مێگەلی میراتەکەت،
ئەوەی بە تەنها لە دارستان نیشتەجێیە
    لەناوەڕاستی ڕەزەکان.
با لە باشان و گلعاد بلەوەڕێن
    وەک ڕۆژگاری کۆن.

15 «وەک ڕۆژانی هاتنەدەرەوەت لە خاکی میسر،
    کاری سەرسوڕهێنەریان نیشان دەدەم.»

16 نەتەوەکان تەماشا دەکەن و شەرمەزار دەبن،
    سەرباری هەموو پاڵەوانییەتییەکەیان.
دەست دەخەنە سەر دەمیان
    گوێیان کەڕ دەبێت.
17 وەک مار خۆڵ دەلێسنەوە،
    وەک خشۆکەکانی زەوی.
بە لەرزەوە لە قەڵاکانیان دێنە دەرەوە،
    بۆ لای یەزدانی پەروەردگارمان دێن و دەتۆقن،
    لە تۆ دەترسن.
18 کێ خودایەکی وەک تۆیە،
    کە لە تاوان دەبوورێت و
    لە یاخیبوونی پاشماوەی گەلەکەت خۆشدەبێت؟
هەتاسەر تووڕەیی خۆت هەڵناگریت
    چونکە بە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت دڵخۆشیت.
19 دەگەڕێیتەوە و بەزەییت پێماندا دێتەوە،
    تاوانەکانمان دەخەیتە ژێر پێتەوە و
    هەموو گوناهەکانمان فڕێیدەدەیتە ناو قووڵایی دەریا.
20 دڵسۆزی بۆ یاقوب پیشان دەدەیت،
    خۆشەویستی نەگۆڕ بۆ ئیبراهیم،
ئەوەی سوێندت بۆ باوباپیرانمان خوارد
    هەروەک ڕۆژگاری کۆن.

سروشێک[r] سەبارەت بە نەینەوا، پەڕتووکی بینینەکەی ناحومی ئەلقۆشی:

تووڕەیی خودا لە دژی نەینەوا

یەزدان خودایەکی ئیرەدار[s] و تۆڵەسێنەرە،
    یەزدان تۆڵەسێنەر و زۆر تووڕەیە.
یەزدان تۆڵەسێنەرە لە ناحەزانی و
    هەڵچوونی لە دژی دوژمنانی بەردەوامە.
یەزدان پشوودرێژە و توانای مەزنە،
    بەڵام چاو لە گوناه ناپۆشێت.
ڕێگای یەزدان لەناو گەردەلوول و ڕەشەبادایە،
    هەور تۆزی پێیەکانیەتی.
دەریا سەرزەنشت دەکات و وشکی دەکات،
    هەموو ڕووبارەکان بێ ئاو دەکات.
باشان و کارمەل سیس دەکات،
    خونچەی لوبنان سیس دەبێت.
چیاکان لەبەر ئەو دەلەرزن و
    گردەکان دەتوێنەوە.
زەوی لە ئامادەبوونی ئەو دەهەژێت،
    جیهان و هەموو دانیشتووانەکەی.
کێ لەبەردەم تووڕەیی ئەو خۆی ڕادەگرێت؟
    کێ بەرگەی جۆشی تووڕەیی ئەو دەگرێت؟
هەڵچوونی وەک ئاگر دەڕژێت و
    تاشەبەردەکان لەبەردەمی دەشکێن.

یەزدان چاکە،
    لە ڕۆژی تەنگانە قەڵایە.
بایەخ بەوانە دەدات کە پشتی پێ دەبەستن،
    بەڵام بە تۆفانێکی گەورە
بە تەواوی کۆتایی بە نەینەوا دەهێنێت،
    دوژمنەکانی بەرەو تاریکی ڕاودەنێت.

بیر لە چی دەکەنەوە لە دژی یەزدان؟
    ئەو کۆتایی پێدەهێنێت،
    کارەسات دوو جار بەرپا نابێت.
10 ئەوان وەک دڕک لێک دەئاڵێن،
    بە شەرابەکەیان سەرخۆش دەبن،
    هەموویان وەک کای وشک دەسووتێن.
11 ئەی نەینەوا، یەکێک لە تۆوە دەردەکەوێت،
    ئەوەی بیر لە خراپە دەکاتەوە لە دژی یەزدان،
    ڕاوێژکاری بەدکارییە.

12 یەزدان ئەمە دەفەرموێت:

«هەرچەندە بەهێز و زۆریشن،
    بەڵام دەبڕێنەوە و بەسەردەچن.
ئەی یەهودا، هەرچەندە زەلیلم کردیت
    بەڵام ئیتر زەلیلت ناکەم.
13 ئێستاش ئەو نیرەی[t] کە لەسەر تۆی دایانناوە دەیشکێنم،
    کۆتەکانت لێ دەکەمەوە.»

14 ئەی نەینەوا، یەزدان سەبارەت بە تۆ فەرمانی داوە:
    «هیچ نەوەیەک نامێنێت ناوی تۆی هەڵگرتبێت.
بتە داتاشراو و لەقاڵبدراوەکان
    لە پەرستگای خوداوەندەکانت ڕیشەکێش دەکەم.
    گۆڕت بۆ هەڵدەکەنم، چونکە تۆ شایانی ژیان نیت.»

15 ئەوەتا لەسەر چیاکانە
    پێیەکانی مزگێنیدەر،
    ئاشتی ڕادەگەیەنێت!
ئەی یەهودا، جەژنەکانت بگێڕە،
    نەزرەکانت[u] بەجێبهێنە،
ئیتر بەدکاران داگیرت ناکەن،
    بەڵکو بە تەواوی بنبڕ دەبن.

پاشایەتی نەینەوا دەڕووخێنرێت

ئەی نەینەوا، پەلاماردەر لە دژی تۆ هات.
    قەڵاکە بپارێزە،
    چاودێری ڕێگاکە بکە،
    بازووی لێ هەڵبکە،
    توانای زۆر بخەرە گەڕ!

یەزدان سەروەری یاقوب دەگەڕێنێتەوە
    وەک سەروەری ئیسرائیل،
هەرچەندە تاڵانکەران تاڵانیان کردن و
    ڕەزەمێوەکانیان تێکدان.

قەڵغانی پاڵەوانەکانی ئاڵ هەڵگەڕاون،
    قارەمانەکانی لە بەرگی سووردان،
لە ڕۆژی خۆ ئامادەکردنیاندا
    پۆڵای گالیسکەکان بریسکە دەداتەوە،
    ئەو ڕمانەی لە دار سنەوبەر دروستکراون دەلەرنەوە.
گالیسکەکان لە شەقامەکان تیژڕەون،
    لە گۆڕەپانەکان سەرەڕۆن.
دیمەنیان وەک مەشخەڵە،
    وەک بروسک غار دەدەن.

نەینەوا پاڵەوانەکانی بانگ دەکات،
    بەڵام ساتمە دەکەن و لە ڕۆیشتنیاندا دەکەون.
پەلە دەکەن بۆ لای شووراکانی و
    قەڵغانەکان ئامادە کراون.
دەروازەکانی ڕووبار دەکرێنەوە و
    کۆشکەکە دەڕمێت.
بە فەرمانی خودا بە دیل دەگیرێت و
    ڕاپێچ دەکرێت.
کەنیزەکانی هەروەک کۆتر دەگمێنن،
    سنگیان دەکوتن.
نەینەوا وەک حەوزێکی وشکبووە.
    هاوار دەکەن، «ڕاوەستن! ڕاوەستن!»
    بەڵام کەس ئاوڕ ناداتەوە.
«زیو تاڵان بکەن!
    زێڕ تاڵان بکەن!
گەنجینەکانی لەبن نایەن،
    پڕە لە گەوهەری بەهادار.»
10 چۆڵ و تاڵانکراو و داماڵراوە،
    دڵ دەتوێتەوە و ئەژنۆکان شلن،
    هەموویان دەلەرزن، ڕەنگیان دەپەڕێت.

11 کوا لانەی شێرەکان،
    لەوەڕگای بەچکە شێران؟
لەوێدا شێر و شێرە مێ دەگەڕان
    لەگەڵ بەچکە شێر، هیچ شتێک نەیدەترساندن.
12 شێر بۆ پێویستی بەچکەکانی پەلاماری دەدا و
    نێچیرەکەی بۆ شێرە مێیەکەی دەخنکاند،
ئەشکەوتەکەی پڕ دەکرد لە نێچیر،
    لانەکانیشی لەوانەی پەلاماری داون.

13 یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت:
    «من لە دژی تۆم.
گالیسکەکانت دەسووتێنم و دەبنە دووکەڵ،
    بەچکە شێرەکانیشت شمشێر دەیانخوات و
نێچیرت لەسەر زەوی لێ دەبڕم.
    ئیتر دەنگی نێردراوەکانت نابیسترێن.»

قوڕبەسەر نەینەوا

ئەی شاری خوێن، قوڕبەسەرت،
    سەراپای درۆیە،
پڕ لە تاڵانە،
    نێچیری لێ نابڕێت!
شریقەی قامچی،
    خشەخشی چەرخ،
غاردانی ئەسپ و
    هەڵبەزینی گالیسکە!
سوارەکان پێشدەکەون،
    بڵێسەی شمشێر و
    بروسکەی ڕم!
زۆری برینداران و
    زۆری کوژراوان،
تەرمی بێشومار،
    خەڵکی ساتمە لە کەلەشەکان دەکەن.
هەموو ئەمانە لەبەر زۆری داوێنپیسی لەشفرۆشەکەیە،
    ڕوخسار جوان و جادووگەرە گەورەکە،
ئەوەی بە داوێنپیسییەکەی نەتەوەکانی کردە کۆیلە،
    بە جادووگەرییەکەی خێڵەکان.

یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت: «من لە دژی تۆم.
    دامێنت هەڵدەبڕم بۆ سەر ڕووت،
ڕووتیت پیشانی نەتەوەکان دەدەم و
    پاشایەتییەکانیش شەرمەزاریت دەبینن.
پیسایی فڕێدەدەمە سەرت،
    ڕیسوات دەکەم و
    دەتکەمە دیمەنێکی گاڵتەجاڕی.
جا هەرکەسێک بتبینێت لێت ڕادەکات و دەڵێت:
    ”نەینەوا کاول بوو، کێ بۆی دەگریێت؟“
    لەکوێ کەسێک ببینمەوە دڵنەواییت بکات؟»

ئایا لە تیب چاکتریت،
    دانیشتووی سەر نیل،
    ئاو چواردەوری دابوو؟
ئەوەی ڕووبارەکە دەیپاراست،
    ئاوەکان شوورای بوون.
کوش[v] و میسر هێزی لە ڕادەبەدەری بوون،
پووت و لیبییەکان هاوپەیمانی بوون.
10 بەڵام ئەو بە دیل گیرا و
    ڕاپێچ کرا،
منداڵەکانی پارچەپارچە کران
    لەسەر سووچی هەموو شەقامێک.
لەسەر پیاوماقوڵانی تیروپشک کرا و
    هەموو گەورە پیاوانی کۆت و زنجیر کران.
11 هەروەها تۆش سەرخۆش دەبیت،
    خۆت دەشاریتەوە و
    لە پەنایەک دەگەڕێیت لە دەستی دوژمن.

12 هەموو قەڵاکانت وەک داری هەنجیرن
    بە یەکەم بەرەوە،
کە بتەکێن بەردەبنەوە
    بۆ ناو دەمی ئەو کەسەی دەیخوات.
13 تەماشای سەربازەکانت بکە،
    هەموویان وەک ژنن!
دەروازەکانی خاکەکەت
    بۆ دوژمنانت دەخرێنە سەر پشت،
    ئاگر شمشیرەی[w] دەروازەکانت هەڵدەلووشێت.

14 ئاو بکێشەوە بۆ کاتی گەمارۆدراویت،
    قەڵاکانت بەهێز بکە!
بڕۆ ناو قوڕەوە،
    قوڕ بشێلە و
    خشتبڕەکانت توندوتۆڵ بکە!
15 لەوێدا ئاگر دەتخوات،
    شمشێر دەتبڕێت و
    وەک پۆلە کوللە دەتخوات.
وەک پۆلە کوللە زیادبە،
    زیادبە وەک پێکوڕە!
16 بازرگانەکانی خۆت
    لە ئەستێرەکانی ئاسمان زۆرتر کرد،
بەڵام وەک کوللە خاکەکە ڕووت دەکەنەوە و دەفڕن.
17 پاسەوانەکانت وەک کوللەن،
    ئەفسەرەکانت وەک ڕەوە کوللەن،
    کە لە ڕۆژێکی سارد لەسەر دیوار هەڵنیشتوون،
بەڵام کە خۆر هەڵهات دەفڕن،
    کەس نازانێ بەرەو کوێ چوون.

18 ئەی پاشای ئاشور، شوانەکانت خەوتن،
    گەورە پیاوانت پاڵکەوتن پشوو بدەن.
گەلەکەت لەسەر چیاکان پەرتەوازە بوون،
    کەس نییە کۆیان بکاتەوە.
19 شکانەکەت ناگیرێتەوە،
    برینەکەت ساڕێژ نابێت.
هەموو ئەوانەی هەواڵی تۆ دەبیستن
    لە خۆشیدا چەپڵە لێ دەدەن،
چونکە کێ نەیچێشتووە
    خراپەی بەردەوامی تۆ؟

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.