Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Bible in 90 Days

An intensive Bible reading plan that walks through the entire Bible in 90 days.
Duration: 88 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
لۆقا 20:20 - یۆحەنا 5:47

سەرانەدان بە قەیسەر

20 ئینجا چاودێری عیسایان کرد و سیخوڕیان نارد کە خۆیان بە ڕاستودروست دەردەخست، تاکو بە قسەی خۆی تووشی بکەن و بیدەنە دەست حوکم و دەسەڵاتی فەرمانڕەوا. 21 پرسیاریان لێکرد: «مامۆستا، دەزانین لە قسەکردن و فێرکرنتدا ڕاستی، لایەنگری کەسیش ناکەیت، بەڵکو ڕێگای خودا بە ڕاستی فێر دەکەیت. 22 بۆ ئێمە دروستە سەرانە بدەینە قەیسەر یان نا؟»

23 بە فێڵەکەیانی زانی و پێی فەرموون: 24 «دینارێکم نیشان بدەن. ئەم وێنە و نووسینە هی کێیە؟»

گوتیان: «هی قەیسەرە.»

25 ئەویش پێی فەرموون: «هی قەیسەر بدەنە قەیسەر، هی خوداش بدەنە خودا.»

26 نەیانتوانی لەبەردەم خەڵکدا بە قسەکەی تووشی بکەن، سەرسامیش بوون لە وەڵامەکەی و بێدەنگ بوون.

زیندووبوونەوە

27 هەندێک سەدوقی[a] هاتن، ئەوانەی دەڵێن هەستانەوە نییە، لێیان پرسی: 28 «مامۆستا، موسا بۆی نووسیوین، ئەگەر یەکێک براکەی بە وەجاخکوێری مرد و ژنەکەی لەپاش خۆی بەجێهێشت، ئەوا براژنەکەی دەخوازێتەوە و وەچە بۆ براکەی دەخاتەوە. 29 ئینجا حەوت برا هەبوون، یەکەمیان ژنی هێنا و بە وەجاخکوێری مرد. 30 دووەمیش و 31 سێیەمیش خواستیانەوە، هەر حەوتیان بە هەمان شێوە بە وەجاخکوێری مردن. 32 لەدوای هەموویان ژنەکەش مرد. 33 ئایا لە هەستانەوەدا ژنەکە بۆ کامیان دەبێت؟ چونکە ژنی هەر حەوتیان بووە.»

34 عیساش پێی فەرموون: «خەڵکی ئەم دنیایە ژن دەهێنن و شوو دەکەن، 35 بەڵام ئەوانەی شایانی گەیشتنن بەو دنیا و هەستانەوەی نێو مردووان، ژن ناهێنن و شوو ناکەن. 36 هەروەها ناتوانن بمرن، چونکە وەک فریشتەن و کوڕی خودان کە کوڕی هەستانەوەن. 37 تەنانەت موساش لە چیڕۆکی دەوەنەکە بۆمان ڕوون دەکاتەوە کە مردووان هەڵدەستنەوە، چونکە یەزدانی ناوبرد بە [خودای ئیبراهیم و خودای ئیسحاق و خودای یاقوب.][b] 38 ئەویش خودای مردووان نییە، بەڵکو هی زیندووانە، چونکە لای ئەو هەموو زیندوون.»

39 هەندێک لە مامۆستایانی تەورات وەڵامیان دایەوە: «مامۆستا، باشت فەرموو.» 40 ئیتر نەیانوێرا هیچی دیکەی لێ بپرسن.

عیسا و داود

41 عیسا پێی فەرموون: «باشە چۆن دەڵێن کە مەسیح کوڕی داودە؟ 42 داود خۆی لە پەڕتووکی زەبووردا دەڵێت:

«[یەزدان بە خاوەن شکۆی منی فەرموو:
    ”لە دەستەڕاستم دابنیشە
43 هەتا دوژمنانت دەکەمە تەختەپێ بۆ پێیەکانت.“][c]

44 ئەوەتا داود پێی دەڵێ ”خاوەن شکۆ“، ئیتر چۆن دەبێتە کوڕی؟»

ئاگادارکردنەوە

45 کاتێک هەموو خەڵکەکە گوێیان گرتبوو، بە قوتابییەکانی فەرموو: 46 «ئاگاداری مامۆستایانی تەورات بن، حەز دەکەن بە جلی شۆڕەوە بگەڕێن و پێیان خۆشە لە بازاڕدا سڵاویان لێ بکرێت، لە کەنیشتەکان ڕیزی پێشەوە بگرن و لە ڕیزی سەرەوەی میوانداری بن. 47 ماڵی بێوەژن هەڵدەلووشن و بۆ خۆدەرخستن نوێژەکانیان درێژ دەکەنەوە. ئەمانە سزایان گەورەترە.»

بەخشین لە پێویستی خۆت

21 ئینجا عیسا تەماشای کرد و بینی دەوڵەمەندەکان بەخشینیان دەخەنە ناو گەنجینەی پەرستگا. بێوەژنێکی هەژاریشی بینی دوو فلسی خستە ناوی. ئینجا فەرمووی: «ڕاستیتان پێ دەڵێم، ئەم بێوەژنە هەژارە لە هەموویان زیاتری دانا. هەموو ئەوانەی دیکە ئەوەی لە خۆیان زیادەیە بەخشییان، بەڵام ئەم بێوەژنە، سەرەڕای هەژارییەکەی هەموو بژێوییەکەی بەخشی.»

نیشانەکانی کۆتایی سەردەم

هەندێک لە قوتابییەکانی عیسا باسی پەرستگایان دەکرد کە بە بەردی جوان و دیارییە تەرخانکراوەکان بۆ خودا ڕازێنراوەتەوە. بەڵام عیسا پێی فەرموون: «ئەمەی دەیبینن، ڕۆژانێک دێت بەردی بەسەر بەردیەوە نامێنێت کە نەڕووخێت.»

ئینجا لێیان پرسی: «مامۆستا، کەی ئەمانە ڕوودەدەن، چ نیشانەیەک لە کاتی نزیکبوونەوەیاندا دەردەکەوێت؟»

فەرمووی: «وریابن هەڵنەخەڵەتێن، چونکە زۆر کەس بە ناوی منەوە دێن و دەڵێن: ”من ئەوم،“ و ”کاتەکە نزیک بووەتەوە.“ دوایان مەکەون. کاتێک گوێتان لە باسوخواسی جەنگ و شۆڕش دەبێت، مەتۆقن، چونکە جارێ دەبێ ئەم شتانە ببێت، بەڵام کۆتایی یەکسەر دوای ئەمە نایەت.»

10 ئینجا پێی فەرموون: «نەتەوە لە نەتەوە ڕاست دەبێتەوە و شانشین لە شانشین. 11 لە زۆر شوێن بوومەلەرزەی گەورە و قاتوقڕی و دەرد دەبێت، ترس و نیشانەی گەورەش لە ئاسماندا دەبێت.

12 «بەڵام پێش هەموو ئەمانە دەتانگرن و دەتانچەوسێننەوە، دەدرێنە کەنیشت و بەندیخانەکان، لە پێناوی ناوی من دەبردرێنە لای پاشا و فەرمانڕەواکان. 13 بەو شێوەیە شایەتیم بۆ دەدەن. 14 ئەوەتان لە بیر بێت کە پێشوەخت نیگەرانی ئەوە مەبن کە چۆن بەرگری لە خۆتان بکەن، 15 چونکە من دەم و داناییەکتان دەدەمێ کە هەموو بەرهەڵسکارانتان نەتوانن بەرگری بکەن و بەرپەرچی بدەنەوە. 16 تەنانەت دایک و باوک و برا، خزم و هاوڕێیانیش بە گرتنتان دەدەن، لێتان دەکوژن. 17 لەبەر ناوی من هەمووان ڕقیان لێتان دەبێتەوە. 18 بەڵام مووێکی سەرتان نافەوتێت. 19 بە خۆڕاگرتنتان خۆتان دەبەنەوە.

هاتنەوەی عیسای مەسیح

20 «کاتێک دەبینن بە سوپا دەوری ئۆرشەلیم دراوە، ئەوسا بزانن ڕووخانی نزیک بووەتەوە. 21 ئینجا با ئەوانەی لە هەرێمی یەهودیا نیشتەجێن با هەڵبێن بۆ چیاکان و ئەوانەی لەناو شارەکەدان بچنە دەرەوە، هەروەها دانیشتووانی گوندەکان نەچنە ناو شار، 22 چونکە ئەمانە ڕۆژانی تۆڵەسەندنەوەن، تاکو هەرچی نووسراوە بێتە دی. 23 لەو ڕۆژانەدا قوڕبەسەر ژنی دووگیان یان شیردەر، چونکە ناخۆشییەکی گەورە بەسەر زەویدا دێت و تووڕەییش بەسەر ئەم گەلە. 24 بە شمشێر دەکوژرێن و بۆ نێو هەموو نەتەوەکان ڕاپێچ دەکرێن. ئۆرشەلیم لەلایەن ناجولەکەکانەوە پێشێل دەکرێت، هەتا ڕۆژگاری ناجولەکەکان تەواو دەبێت.

25 «لە خۆر و مانگ و ئەستێرەکان نیشانە دەردەکەون، لەسەر زەویش سەرسامی گەلان، شێوانی هاژەی دەریا و شەپۆل. 26 لە ترس و چاوەڕوانی ئەو شتانەی بەسەر جیهاندا دێن، خەڵکی بێ هۆش دەبن، چونکە خۆر و مانگ و ئەستێرەکانی ئاسمان دەهەژێن. 27 ئەوسا کوڕی مرۆڤ بە هێز و شکۆیەکی گەورەوە بەسەر هەورەوە دەبینن دێت. 28 کاتێک ڕوودانی ئەم شتانە دەستی پێکرد، هەستن و سەر بەرز بکەنەوە، چونکە ڕزگاریتان[d] نزیک دەبێتەوە.»

29 نموونەیەکی بۆ هێنانەوە: «سەیری دار هەنجیر و هەموو دارەکان بکەن. 30 کاتێک دەبینن ئەوا گەڵای کردووە، خۆتان دەزانن کە هاوین نزیکە. 31 ئێوەش کە دەبینن ئەمانە ڕوودەدات، بزانن پاشایەتی خودا نزیکە.

32 «ڕاستیتان پێ دەڵێم، ئەم نەوەیە بەسەرناچێت، هەتا هەموو ئەمانە نەیەنە دی. 33 ئاسمان و زەوی بەسەردەچن، بەڵام وشەکانم هەرگیز بەسەرناچن.»

بەخەبەر بن و وریابن

34 «ئاگاداری خۆتان بن، نەوەک دڵتان لەسەر ڕابواردن و سەرخۆشی و خەم و خەفەتی ژیان بێت و ئەو ڕۆژە لەناکاو وەک تەڵە بەسەرتاندا بدات، 35 چونکە دێتە سەر هەموو ئەوانەی لەسەر تەواوی ڕووی زەوی دانیشتوون. 36 کەواتە ئێشک بگرن و هەموو کاتێک نوێژ بکەن، تاکو بتوانن لە هەموو ئەو ڕووداوانە دەرباز بن کە تووشتان دەبن و لەبەردەم کوڕی مرۆڤ ڕاوەستن.»

37 عیسا بە ڕۆژ لە پەرستگا خەریکی فێرکردن بوو، شەوانیشی لەو کێوە بەسەردەبرد کە پێی دەگوترا زەیتوون. 38 هەموو خەڵک لە بەرەبەیان دەهاتنە پەرستگا بۆ ئەوەی گوێی لێ بگرن.

ناپاکی یەهوزا

22 جەژنی فەتیرە کە پێی دەگوترا پەسخە نزیک ببووەوە. کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات لە گەل دەترسان و بۆ ڕێگایەک دەگەڕان کە عیسای پێ لەناوبەرن.

شەیتان چووە ناو یەهوزاوە، کە پێی دەگوترا ئەسخەریوتی، یەکێک بوو لە دوازدە قوتابییەکە. چوو و قسەی لەگەڵ کاهینانی باڵا و فەرماندەکانی پەرستگا کرد، چۆن عیسایان ڕادەست بکات. دڵخۆش بوون و ڕێککەوتن بەوەی کیسە زیوی بدەنێ. ئەویش بەمە ڕازی بوو، دەگەڕا بۆ هەلێک تاکو عیسا بداتە دەستیان کاتێک کە خەڵکیان لەگەڵ نەبێت.

جەژنی پەسخە

ڕۆژی فەتیرە هات، ئەوەی پێویست بوو بەرخی پەسخەی[e] تێدا بکرێتە قوربانی. عیسا پەترۆس و یۆحەنای نارد و فەرمووی: «بڕۆن نانی پەسخەمان بۆ ئامادە بکەن تاکو بیخۆین.»

لێیان پرسی: «دەتەوێ لەکوێ ئامادەی بکەین؟»

10 پێی فەرموون: «کاتێک دەچنە ناو شار، تووشی پیاوێک دەبن گۆزەیەک ئاوی هەڵگرتووە، دوای بکەون بۆ ئەو ماڵەی کە بۆی دەچێت. 11 ئینجا بە خاوەن ماڵەکە بڵێن: ”مامۆستا دەفەرموێت: کوا دیوەخانەکە تاکو لەگەڵ قوتابییەکانم نانی پەسخەی تێدا بخۆم؟“ 12 ئەویش لە نهۆمی سەرەوە ژوورێکتان پیشان دەدات، گەورەیە و ڕاخراوە، لەوێ ئامادەی بکەن.»

13 جا ڕۆیشتن، هەروەک عیسا پێی فەرمووبوون دۆزییانەوە و نانی پەسخەیان ئامادە کرد.

شێوی مەسیح

14 کە کاتەکە هات عیسا لەسەر خوان دانیشت، نێردراوانیش لەگەڵی بوون. 15 پێی فەرموون: «زۆر ئارەزووم کرد پێش ئازار چێژتنم ئەم نانەی پەسخەتان لەگەڵ بخۆم، 16 چونکە پێتان دەڵێم: ئیتر نانی پەسخە ناخۆم هەتا لە شانشینی خودا بە تەواویی دێتە دی.»

17 جامێکی هەڵگرت و سوپاسی خودای کرد، فەرمووی: «ئەمە بگرن و لەنێوان خۆتان بەشی بکەن. 18 پێتان دەڵێم: ئیتر لە بەرهەمی مێو ناخۆمەوە هەتا شانشینی خودا دێت!»

19 نانێکی هەڵگرت، سوپاسی خودای کرد و لەتی کرد، پێیدان و فەرمووی: «ئەمە جەستەی منە، کە لە پێناوی ئێوە بەخت دەکرێ. ئەمە بۆ یادکردنەوەی من بکەن.»

20 بە هەمان شێوە پاش نانخواردن، جامەکەی هەڵگرت و فەرمووی: «ئەم جامە پەیمانی نوێیە بە خوێنی من، کە لە پێناوی ئێوە دەڕژێت. 21 بەڵام ئەو دەستەی کە بە گرتنم دەدات لەگەڵ من لەسەر خوانە. 22 کوڕی مرۆڤ بەگوێرەی ئەوەی بۆی دانراوە دەڕوات، بەڵام قوڕبەسەر ئەوەی ناپاکی لێدەکات.» 23 ئیتر لەناو خۆیان کەوتنە مشتومڕ، ئاخۆ کامیان خەریکە ئەمە بکات.

گەڕان بەدوای پلەوپایە

24 هەروەها دەمەقاڵەیەک کەوتە نێوانیان، کامیان بە پایەبەرز دابنرێت. 25 عیسا پێی فەرموون: «پاشایانی نەتەوەکان دەبنە فەرمانڕەوایان و دەسەڵاتدارانیش بەسەریانەوە بە ”چاکەکار“ ناودەبردرێن. 26 بەڵام ئێوە ئاوا مەبن. بەڵکو با پایەبەرز لەنێوتاندا ببێتە بچووک و ئەوەی ڕابەری دەکات وەکو خزمەتکارەکەتان بێت. 27 کێ پایەبەرزترە، ئەوەی لەسەر خوان دانیشتووە یان ئەوەی خزمەت دەکات؟ بێگومان ئەوەی کە لەسەر خوان دانیشتووە. بەڵام من لەنێوتان وەک ئەوەم کە خزمەت دەکات.

28 «ئێوە ئەوانەن کە لە تاقیکردنەوەکانمدا لەگەڵم مانەوە. 29 منیش شانشینێکتان بۆ دادەنێم، هەروەک باوکم بۆی داناوم، 30 تاکو لە شانشینەکەمدا لەسەر خوانەکەم بخۆن و بخۆنەوە، لەسەر تەخت دادەنیشن و دوازدە هۆزەکەی ئیسرائیل حوکم دەدەن.

لاوازی باوەڕی پەترۆس

31 «شیمۆن، شیمۆن، شەیتان داوای کردوون تاکو تاقیتان بکاتەوە، وەک گەنم لە بێژنگتان بدات. 32 بەڵام من نوێژم بۆ کردیت تاکو باوەڕت لەدەست نەدەیت. تۆش کە دەگەڕێیتەوە برایانت بەهێز بکە.»

33 ئەویش پێی گوت: «گەورەم، من ئامادەم لەگەڵ تۆدا بۆ زیندان و بۆ مردنیش بچم.»

34 کەچی عیسا فەرمووی: «پەترۆس پێت دەڵێم، ئەمڕۆ پێش خوێندنی کەڵەشێر، تۆ سێ جار نکۆڵی لە ناسینی من دەکەیت.»

35 ئینجا پێی فەرموون: «کاتێک ئێوەم بەبێ جزدان و توورەکە و پێڵاو نارد، ئایا پێویستتان بە هیچ بوو؟» گوتیان: «نەخێر.»

36 پێی فەرموون: «بەڵام ئێستا ئەوەی جزدان و توورەکەی هەیە با بیبات لەگەڵ خۆی. ئەوەش کە شمشێری نییە، با جلەکانی بفرۆشێت و شمشێر بکڕێت. 37 من پێتان دەڵێم: ئەمەی نووسراوە: [لەگەڵ یاخیبووان ژمێردرا.][f] پێویستە لە مندا بێتە دی، چونکە ئەو شتانەی لەبارەی منەوە نووسراون دێنە دی.»

38 گوتیان: «گەورەم، ئەوەتا دوو شمشێر لێرەیە.»

پێی فەرموون: «بەسە.»

نوێژی عیسا لە کێوی زەیتوون

39 پاشان عیسا وەک جاران چوو بۆ کێوی زەیتوون، قوتابییەکانیش دوای کەوتن. 40 کاتێک گەیشتە شوێنەکە، پێی فەرموون: «نوێژ بکەن تاکو نەکەونە تاقیکردنەوە.» 41 ئینجا نزیکەی بەردهاوێژێک لێیان دوورکەوتەوە، چۆکی دادا و نوێژی دەکرد. 42 فەرمووی: «باوکە، ئەگەر دەتەوێت ئەم جامەم لەسەر لاببە، بەڵام نەک بە خواستی من، بەڵکو بە خواستی خۆت بێت.» 43 فریشتەیەکیش لە ئاسمانەوە بۆی دەرکەوت بەهێزی دەکرد. 44 کە لە ململانێدا بوو، زۆر بە گوڕتر نوێژی دەکرد و ئارەقەکەی وەک دڵۆپی خوێنی لێهات دەکەوتە سەر زەوی.

45 ئینجا لە نوێژەکە هەستا و هاتە لای قوتابییەکان، بینی لە خەمان خەویان لێ کەوتووە. 46 پێی فەرموون: «بۆچی خەوتوون؟ هەستن، نوێژ بکەن تاکو نەکەونە تاقیکردنەوە.»

گرتنی عیسا

47 کاتێک قسەی دەکرد کۆمەڵێک پەیدابوون، ئەوەی پێی دەگوترا یەهوزا و یەکێکە لە دوازدە قوتابییەکە پێشیان کەوتووە، لە عیسا نزیک بووەوە تاکو ماچی بکات. 48 عیساش پێی فەرموو: «ئەی یەهوزا، بە ماچێک کوڕی مرۆڤ بە گرتن دەدەیت؟»

49 ئەوانەی دەوروپشتی کاتێک بینییان وا خەریکە شتێک ڕوودەدات، گوتیان: «گەورەم، شمشێر بوەشێنین؟» 50 جا یەکێکیان لە کۆیلەی سەرۆک کاهینی دا و گوێی ڕاستی بڕی.

51 بەڵام عیسا فەرمووی: «ڕاوەستن، ئەمە بەسە!» ئینجا دەستی لە گوێی دا و چاکیکردەوە.

52 پاشان عیسا بە کاهینانی باڵا و فەرماندەی پەرستگا و پیرانی فەرموو: «هەروەک بۆ گرتنی یاخیبووێک بە کوتەک و شمشێرەوە هاتوون؟ 53 ڕۆژانە لە حەوشەکانی پەرستگا لەگەڵتان بووم دەستتان لێ نەدام. بەڵام ئەمە کاتی ئێوەیە، کاتی دەسەڵاتی تاریکییە.»

نکۆڵی پەترۆس لە عیسا

54 ئیتر گرتییان، بردییان و هێنایانە ماڵی سەرۆک کاهین. پەترۆسیش دووربەدوور دوای کەوت. 55 هەندێک کەس لە ناوەڕاستی حەوشەکەدا ئاگریان کردبووەوە و پێکەوە دانیشتبوون، پەترۆسیش لەگەڵیان دانیشتبوو. 56 کارەکەرێک ئەوی بینی لەبەر ڕووناکی دانیشتووە، تێیڕووانی و گوتی: «ئەمەش لەگەڵی بوو.»

57 بەڵام نکۆڵیی کرد و گوتی: «نەخێر خانم، نایناسم.»

58 دوای کەمێک، یەکێکی دیکە بینی، گوتی: «تۆش لەوانیت.» بەڵام پەترۆس گوتی: «نەخێر کاکە، من لەوان نیم.»

59 دوای نزیکەی کاتژمێرێک، یەکێکی دیکە مکوڕ بوو، گوتی: «بەڕاستی ئەمەش لەگەڵی بوو، چونکە ئەمەش جەلیلییە.»

60 بەڵام پەترۆس گوتی: «کاکە، نازانم چی دەڵێیت.» هەر لەو کاتەدا کە قسەی دەکرد، کەڵەشێر خوێندی. 61 مەسیحی خاوەن شکۆش ئاوڕی دایەوە و سەیری پەترۆسی کرد، ئینجا پەترۆس قسەکەی مەسیحی بیرکەوتەوە کە پێی فەرموو: «ئەمڕۆ پێش ئەوەی کەڵەشێر بخوێنێت، تۆ سێ جار نکۆڵیم لێ دەکەیت.» 62 ئیتر چووە دەرەوە و بەکوڵ گریا.

عیسا لەبەردەم سەنهەدرین

63 ئەوانەی عیسایان گرتبوو، دەستیان بە گاڵتە پێکردن و لێدانی کرد. 64 چاویان بەستبوو و لێیان دەپرسی: «ئەگەر پێغەمبەریت، بزانە! کێ بوو لێیدایت؟» 65 زۆر کفری دیکەشیان لە دژی دەکرد.

66 کە ڕۆژبووەوە، ئەنجومەنی پیرانی گەل کۆبوونەوە، کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات عیسایان بردە سەنهەدرینەکەیان. 67 گوتیان: «ئەگەر تۆ مەسیحەکەیت پێمان بڵێ.»

ئەویش پێی فەرموون: «ئەگەر پێتانی بڵێم باوەڕ ناکەن. 68 ئەگەر لێشتان بپرسم وەڵام نادەنەوە. 69 بەڵام لە ئێستاوە کوڕی مرۆڤ [لە دەستە ڕاستی خودای بە توانا دادەنیشێت.][g]»

70 هەموو لێیان پرسی: «کەواتە تۆی کوڕی خودا؟»

ئەویش پێی فەرموون: «ئێوە خۆتان دەڵێن کە من ئەوم.»

71 ئینجا گوتیان: «ئیتر چ پێویستیمان بە شایەت هەیە؟ ئەوەتا لە دەمی خۆیەوە گوێمان لێبوو.»

پیلاتۆس و هێرۆدس

23 ئینجا هەموو کۆمەڵەکە هەستان و عیسایان بردە لای پیلاتۆس. دەستیان بە سکاڵا لێکردنی کرد، دەیانگوت: «بینیمان ئەمە گەلەکەمان چەواشە دەکات، هەروەها هانی خەڵکەکە دەدات کە سەرانە بە قەیسەر نەدەن و خۆی بە مەسیحی پاشا ناودەبات.»

پیلاتۆس لێی پرسی: «تۆ پاشای جولەکەی؟» وەڵامی دایەوە: «تۆ خۆت وا دەڵێیت.»

پیلاتۆسیش بە کاهینانی باڵا و خەڵکەکەی گوت: «هیچ تاوانێک لەم پیاوە نابینم.»

بەڵام پێیان داگرت و گوتیان: «گەل دەوروژێنێت، لە هەموو یەهودیا خەڵک فێردەکات، دەستپێک لە جەلیلەوە هەتا ئێرە.»

کاتێک پیلاتۆس ئەمەی بیست، پرسیاری کرد ئاخۆ پیاوەکە جەلیلییە. کە زانی عیسا سەر بەو ناوچەیە کە هێرۆدس حوکمڕانی دەکرد، ناردی بۆ لای هێرۆدس، کە لەو ڕۆژانەدا ئەویش لە ئۆرشەلیم بوو.

کاتێک هێرۆدس عیسای بینی، زۆر دڵخۆش بوو، چونکە دەمێک بوو دەیویست بیبینێت لەبەر ئەوەی زۆر شتی لەبارەیەوە بیستبوو و بەو هیوایە بوو کە یەکێک لە پەرجووەکانی ببینێت. جۆرەها پرسیاری لێکرد، بەڵام هیچ وەڵامی نەدایەوە. 10 کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەوراتیش ڕاوەستان و بە توندی سکاڵایان لێی دەکرد. 11 هێرۆدس و سەربازەکانی سووکایەتی و گاڵتەیان پێی دەکرد. کەوایەکی بریسکەداریان لەبەری کرد و ناردیانەوە بۆ لای پیلاتۆس. 12 پیلاتۆس و هێرۆدس پێشتر دوژمنی یەکتری بوون، بەڵام لەو ڕۆژەدا لەگەڵ یەکتری بوونە دۆست.

بڕیاری لەخاچدانی عیسا

13 پیلاتۆس کاهینانی باڵا و پێشەوایان و گەلی بانگکرد و 14 پێی گوتن: «ئەم پیاوەتان هێنایە لام وەک یەکێک خەڵک بۆ یاخیبوون هانبدات. ئەوەتا منیش لەبەردەمتان لێم کۆڵییەوە و هیچ تاوانێکم لەم پیاوەدا نەبینی لەوەی سکاڵای لێدەکەن. 15 نە هێرۆدسیش، چونکە بۆ لای ئێمەی ناردووەتەوە. هەروەک دەبینن، هیچ شتێکی وای نەکردووە کە شایانی سزای مردن بێت. 16 لەبەر ئەوە تەمبێی دەکەم و ئازادی دەکەم.» ⌟ 17 ناچار بوو لە هەموو جەژنێکدا کەسێکیان بۆ ئازاد بکات.⌞

18 بەڵام تێکڕا هاواریان کرد، «ئەمە ببە! باراباسمان بۆ ئازاد بکە!» 19 ئەوەی لەبەر ڕاپەڕینێک کە لە شاردا ڕوویدا بوو و لەبەر کوشتن فڕێدرابووە بەندیخانەوە.

20 پیلاتۆس دیسان بانگی کردن، دەیویست عیسا ئازاد بکات. 21 بەڵام هاواریان دەکرد: «لە خاچی بدە! لە خاچی بدە!»

22 بۆ جاری سێیەم پێی گوتن: «بۆ؟ ئەمە چ خراپەیەکی کردووە؟ تاوانێکی تێدا نابینم کە سزایەکەی مردن بێت. لەبەر ئەوە تەمبێی دەکەم و ئازادی دەکەم.»

23 بەڵام ئەوان پێداگرییان کرد و بە دەنگی بەرز داوایان دەکرد لە خاچ بدرێت، جا بەمە قسەکەیان سەرکەوت. 24 پیلاتۆسیش بڕیاری دا داواکارییەکەیان جێبەجێ بکرێت. 25 ئەوەی لەبەر ڕاپەڕین و کوشتن فڕێدرابووە زیندانەوە ئازادی کرد، ئەوەی داوایان کرد، عیساشی دایە دەست خواستی ئەوان.

لە ڕێگای لەخاچدان

26 کاتێک بردییان، شیمۆنی کورێنییان[h] گرت کە لە کێڵگە دەهاتەوە، خاچەکەیان خستە سەر شانی تاکو بەدوای عیساوە هەڵیبگرێت. 27 خەڵکێکی لە ڕادەبەدەر زۆر دوای کەوتبوون، هەروەها چەند ژنێک شینیان دەکرد و دەگریان‏. 28 عیسا ئاوڕی لێ دانەوە، فەرمووی: «کچانی ئۆرشەلیم بۆ من مەگریێن، بۆ خۆتان و منداڵەکانتان بگریێن. 29 ئەوەتا ڕۆژانێک دێت، تێیدا دەڵێن، خۆزگە دەخوازرێت بە نەزۆک و بەو سکانەی منداڵیان نەبووە و بەو مەمکانەی شیریان نەداوە. 30 ئەو کاتە

«[بە چیاکان دەڵێن، ”بەسەرماندا بڕووخێن!“
    بە گردەکانیش دەڵێن، ”دامانپۆشن!“][i]

31 چونکە ئەگەر ئەم شتانە بە داری سەوز بکەن، ئەی کە وشک بێت، چی دەبێت؟»

لەخاچدان

32 دوو تاوانباری دیکەشیان هێنا تاکو لەگەڵ ئەودا بکوژرێن. 33 کاتێک گەیشتنە ئەو شوێنەی بە کاسەسەر ناودەبردرا، لەوێ لەگەڵ تاوانبارەکان لە خاچیان دا، یەکێک لەلای ڕاستی و ئەوەی دیکەش لەلای چەپی. 34 عیساش فەرمووی: «باوکە، لێیان خۆشبە، چونکە نازانن چی دەکەن.» ئینجا بە تیروپشک کراسەکەیان دابەش کرد.

35 خەڵکەکە ڕاوەستابوون سەیریان دەکرد، ڕابەرەکان گاڵتەیان پێ دەکرد و دەیانگوت: «خەڵکی دیکەی ڕزگار کرد، ئەگەر ئەمە مەسیحی خودایە، هەڵبژێردراوی خودایە، با خۆی ڕزگار بکات!»

36 سەربازانیش دەهاتنە لای گاڵتەیان پێ دەکرد، سرکەیان پێدەدا، 37 دەیانگوت: «ئەگەر تۆ پاشای جولەکەیت، خۆت ڕزگار بکە!»

38 تەختەیەکیش لەژوور سەرییەوە داکوترابوو کە لەسەری نووسرابوو، «ئەمە پاشای جولەکەیە.»

39 یەکێک لە تاوانبارە هەڵواسراوەکان، کفری لە دژی دەکرد و دەیگوت: «ئایا تۆ مەسیح نیت؟ دەی خۆت و ئێمەش ڕزگار بکە.»

40 بەڵام ئەوی دیکە وەڵامی دایەوە و سەرزەنشتی کرد: «لە خودا ناترسی، کە تۆش هەمان سزات بەسەردا دراوە؟ 41 سزای ئێمە دادپەروەرانەیە، لە جیاتی کردارەکانمان وەریدەگرین، بەڵام ئەمە هیچ هەڵەی نەکردووە.»

42 ئینجا گوتی: «عیسا منت لەیاد بێت کاتێک وەک پاشا دێیتە ناو شانشینەکەتەوە.»

43 پێی فەرموو: «ڕاستیت پێ دەڵێم: ئەمڕۆ لەگەڵ من لە بەهەشتدا دەبیت.»

مردنی عیسا

44 نزیکی کاتژمێر دوازدە[j]، هەتا کاتژمێر سێ[k] تاریکی باڵی بەسەر هەموو زەویدا کێشا، 45 چونکە ڕۆژ تاریک بوو. پەردەی پەرستگاش شەقبوو و بووە دوو پارچە. 46 عیسا بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد: «باوکە، ڕۆحی خۆم بە دەستی تۆ دەسپێرم.» ئەمەی فەرموو و گیانی سپارد.

47 سەرپەلەکە ئەم شتانەی بینی کە ڕوویدا، ستایشی خودای کرد، گوتی: «بەڕاستی ئەم پیاوە بێتاوان بوو.» 48 هەموو ئەو خەڵکەی بۆ ئەم دیمەنە کۆببوونەوە، کاتێک ئەوەیان بینی کە ڕوویدا، بە سنگکوتانەوە دەگەڕانەوە. 49 بەڵام هەموو ناسیاوەکانی و ئەو ژنانەی لە جەلیلەوە دوای کەوتبوون، لە دوور ڕاوەستابوون و تەماشای ئەم شتانەیان دەکرد.

ناشتنی عیسا

50 ئەوە بوو ئەندامێکی ئەنجومەن ناوی یوسف بوو، کابرایەکی چاک و ڕاستودروست بوو، 51 لە ئەنجومەن و کردارەکەیان ڕازی نەبوو. خەڵکی ڕامە بوو کە شارێکی یەهودیایە، چاوەڕوانی شانشینی خودا بوو. 52 ئەم چووە لای پیلاتۆس و داوای تەرمەکەی عیسای کرد. 53 دایگرت و بە کەتان پێچایەوە، لە گۆڕێکی لە بەرد هەڵکەنراو داینا کە هەرگیز کەسی تێدا دانەنرابوو. 54 ئەو ڕۆژە خۆ ئامادەکردن بوو، ئەوەندەی نەمابوو بۆ ڕۆژی شەممە.

55 ئەو ژنانەی لە جەلیلەوە لەگەڵ عیسا هاتبوون، دوای یوسف کەوتن، گۆڕەکە و تەرمەکەیان بینی چۆن دانرا. 56 ئینجا گەڕانەوە و بۆنوبەرامیان ئامادە کرد، بەڵام لە ڕۆژی شەممە بەگوێرەی ڕاسپاردەکە[l] پشوویان دا.

زیندووبوونەوەی عیسای مەسیح

24 بەڵام لە یەکەم ڕۆژی هەفتەدا[m]، بەیانی زوو، ژنەکان ئەو بۆنوبەرامەی ئامادەیان کردبوو هێنایان و هاتنە سەر گۆڕەکە. بینییان بەردەکە لەسەر گۆڕەکە گلۆر کراوەتەوە. چوونە ژوورەوە، بەڵام تەرمەکەی عیسای خاوەن شکۆیان نەدۆزییەوە. هێشتا لەمە سەرسام بوون، لەپڕ دوو پیاو بە جلی بریسکەدارەوە لەتەنیشتیان ڕاوەستان. ترسان و کڕنۆشیان برد و سەریان خستە سەر زەوی، پیاوەکان پێیان گوتن: «بۆچی لەنێو مردووان بەدوای زیندووەکەدا دەگەڕێن؟ لێرە نییە، بەڵکو هەستایەوە! بیهێننەوە بیرتان کە هێشتا لە جەلیل بوو چۆن قسەی بۆ کردن، فەرمووی: ”کوڕی مرۆڤ دەبێت بدرێتە دەست خەڵکی گوناهبار، لە خاچ بدرێت و لە ڕۆژی سێیەم هەستێتەوە.“» ئینجا قسەکانیان هاتەوە یاد.

کاتێک لە گۆڕەکە هاتنەوە، هەواڵی هەموو ئەم شتانەیان بە یازدەکە و هەموو ئەوانی دیکە دا. 10 مریەمی مەجدەلی و یوەنا و مریەمی دایکی یاقوب و ئەوانی دیکەی لەگەڵیان بوون، ئەم شتانەیان بە نێردراوان گوت. 11 قسەکەیان لەلای ئەوان وەک وڕێنە بوو، باوەڕیان پێ نەکردن. 12 بەڵام پەترۆس هەستا و بەرەو گۆڕەکە ڕایکرد، دانەوییەوە بینی کفنەکە بە تەنها دانراوە، ڕۆیشت و سەرسام بوو لەوەی ڕوویدابوو.

دووان لە قوتابییەکان عیسا دەبینن

13 هەر لەو ڕۆژەدا دووان لەوان دەچوونە گوندێک شەست تیرهاوێژ[n] لە ئۆرشەلیم دوور بوو، ناوی ئەمواس بوو. 14 لەگەڵ یەکتری باسی هەموو ئەو شتانەیان دەکرد کە ڕوویدابوو. 15 کاتێک قسە و گفتوگۆیان دەکرد، عیسا خۆی لێیان نزیک بووەوە و لەگەڵیان دەڕۆیشت، 16 بەڵام چاویان لە ناسینی بەسترا.

17 پێی فەرموون: «ئەوە بەڕێوە باسی چی دەکەن؟»

بە ڕووێکی خەمناکەوە ڕاوەستان. 18 یەکێکیان ناوی کلیۆپاس بوو وەڵامی دایەوە: «ئایا تەنها تۆ لە ئۆرشەلیم نامۆیت و ئاگات لەو شتانە نییە کە لەم ڕۆژانەدا تێیدا ڕوویداوە؟»

19 پێی فەرموون: «چییە؟»

وەڵامیان دایەوە: «باسی عیسای ناسیرەیی، کە پێغەمبەرێکی توانادار بوو لە قسە و کرداردا، لەلای خودا و هەموو گەل، 20 چۆن کاهینانی باڵا و فەرمانڕەواکانمان دایانە دەست سزای مردن و لە خاچیان دا. 21 بەڵام ئێمە هیوادار بووین کە ئەمە ئەو کەسە بێت کە ئیسرائیل دەکڕێتەوە[o]. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا ئەمڕۆ سێیەم ڕۆژە ئەمە ڕوویداوە. 22 کەچی هەندێک لە ژنانمان سەرسامیان کردین، بەیانی زوو لەسەر گۆڕەکە بوون و 23 تەرمەکەیان نەبینیبوو، هاتنەوە گوتیان، فریشتەمان بینیوە دەڵێن ئەو زیندووە. 24 هەندێک لە ئێمە چوونە سەر گۆڕەکە و بینییان وایە، وەک ژنەکان گوتیان، بەڵام ئەویان نەبینیبوو.»

25 ئەویش پێی فەرموون: «ئەی گێل و دڵخاوەکان لە باوەڕکردن بە هەموو ئەوەی پێغەمبەران باسیان کردووە! 26 نەدەبووایە مەسیح ئەم شتانە بچێژێت و بچێتە ناو شکۆمەندییەکەی خۆی؟» 27 ئەوسا دەستی‏ کرد بە ڕوونکردنەوەی ئەو شتانەی دەربارەی خۆی بوو لە هەموو نووسراوە پیرۆزەکاندا، هەر لە تەوراتی موساوە هەتا هەموو پەڕتووکەکانی پێغەمبەران.

28 کاتێک نزیکی ئەو گوندە بوون کە بۆی دەچوون، عیسا وای نیشان دا کە بۆ شوێنێکی دوورتر دەچێت. 29 ئەوانیش زۆر لێی پاڕانەوە، گوتیان: «لەلامان بمێنەرەوە، چونکە وا ئێوارەیە و ڕۆژ لە ئاوابوونە.» جا چووە ژوورەوە تاکو لەگەڵیان بمێنێتەوە.

30 کاتێک لەگەڵیان دانیشتبوو، نانێکی هەڵگرت، سوپاسی خودای کرد، پاشان لەتی کرد و پێیدان. 31 ئینجا چاویان کرایەوە و ناسیانەوە، ئیتر لەبەرچاویان نەما. 32 بە یەکتریان گوت: «ئەرێ کاتێک لە ڕێگا قسەی بۆ دەکردین و نووسراوە پیرۆزەکانی بۆمان ڕوون دەکردەوە، دڵمان لە ناخماندا گڕی نەگرتبوو؟»

33 ئینجا دەستبەجێ هەستان و هاتنەوە ئۆرشەلیم، بینییان یازدەکە و ئەوانەی لەگەڵیاندان کۆبوونەتەوە و 34 دەڵێن: «بە ڕاستی مەسیحی خاوەن شکۆ هەستاوەتەوە و بۆ شیمۆن دەرکەوتووە.» 35 ئەمانیش باسی ئەو شتانەیان کرد کە لە ڕێگا بەسەریان هاتبوو، هەروەها لە کاتی نانلەتکردنەکەدا چۆن مەسیحیان ناسییەوە.

عیسا بۆ نێردراوان دەردەکەوێ

36 کە باسی ئەمەیان دەکرد، عیسا خۆی لەناوەڕاستیان ڕاوەستا و پێی فەرموون: «سڵاوتان لێ بێت.»

37 سام دایگرتن و ترسان، وایان دەزانی خێو دەبینن. 38 پێی فەرموون: «بۆچی شێواون؟ بۆچی گومان دەکەوێتە دڵتان؟ 39 سەیری دەست و پێم بکەن. بڕوا بکەن، منم! دەستم لێ بدەن و ببینن، چونکە خێو گۆشت و ئێسقانی نییە وەک دەبینن کە هەمە.»

40 کە ئەمەی فەرموو، دەست و پێی نیشاندان. 41 لە خۆشی و سەرسوڕماندا هێشتا باوەڕیان نەدەکرد، پێی فەرموون: «لێرە خواردنتان هەیە؟» 42 ئەوانیش پارچەیەک ماسی برژاویان دایێ. 43 وەریگرت و لەبەرچاویان خواردی.

44 ئینجا پێی فەرموون: «ئەم قسانەم بۆ کردن کاتێک لەگەڵتان بووم: پێویستە هەموو ئەوانەی لە تەوراتی موسا و پێغەمبەران و زەبووردا دەربارەی من نووسراون بێنە دی.»

45 ئینجا مێشکی کردنەوە، تاکو نووسراوە پیرۆزەکان تێبگەن. 46 پێی فەرموون: «ئاوا نووسراوە، کە مەسیح ئازار دەچێژێت و لە ڕۆژی سێیەم لەنێو مردووان هەڵدەستێتەوە، 47 بە ناوی ئەویش تۆبەکردن بۆ لێخۆشبوونی گوناه بۆ هەموو گەلان جاڕبدرێت، ئەمەش لە ئۆرشەلیمەوە دەستپێدەکات. 48 ئێوە شایەتی ئەم شتانەن. 49 وا من بەڵێنەکەی باوکمتان بۆ دەنێرم. بەڵام لە شار بمێننەوە، هەتا لە ئاسمانەوە پڕ دەکرێن لە هێز.»

گەڕانەوەی عیسا بۆ ئاسمان

50 ئینجا ئەوانی بۆ گوندی بێت‌عەنیا بردە دەرەوە، دەستی بەرز کردەوە و بەرەکەتداری کردن. 51 کاتێک بەرەکەتداری دەکردن، لێیان جیا بووەوە و بەرزکرایەوە بۆ ئاسمان. 52 ئەوانیش کڕنۆشیان بۆ برد و بە شادییەکی گەورەوە گەڕانەوە ئۆرشەلیم. 53 بەردەوام لە پەرستگا بوون و ستایشی خودایان دەکرد.

وشەی خودا

لە سەرەتادا، وشەکە[p] هەبوو، وشەکە لەلای خودا بوو، وشەکە خۆی خودا بوو. ئەو لە سەرەتاوە لەلای خودا بوو. هەموو شتێک بەو بەدیهاتووە، بێ ئەو هیچ شتێک بەدی نەهاتووە لەوانەی کە بەدیهاتوون. وشەکە سەرچاوەی ژیان بوو، ژیانەکەش ڕووناکی مرۆڤ بوو، ڕووناکییەکەش لە تاریکیدا دەدرەوشێتەوە و تاریکییەکە بەسەریدا زاڵ نەبووە[q].

مرۆڤێک هات کە خودا ناردبووی، ناوی یەحیا بوو. ئەو بۆ شایەتی هات، تاکو شایەتی بۆ ڕووناکییەکە بدات، بۆ ئەوەی هەمووان لە ڕێگەی ئەوەوە باوەڕ بهێنن. ئەو ڕووناکییەکە نەبوو، بەڵکو هات تاکو شایەتی بۆ ڕووناکییەکە بدات. ئەو ڕووناکییە ڕاستەقینەیەی کە بەسەر هەموو مرۆڤێکدا دەدرەوشێتەوە، دەهاتە جیهان.

10 ئەو لە جیهاندا بوو، جیهانیش بەو بەدیهات، کەچی جیهان نەیناسی. 11 ئەو بۆ لای گەلەکەی هات بەڵام ئەوان پێشوازییان لێ نەکرد. 12 لەگەڵ ئەوەشدا هەموو ئەوانەی پێشوازییان لێکرد، ئەوانەی باوەڕیان بە ناوی هێنا، مافی پێدان ببنە ڕۆڵەی خودا، 13 ئەوانەی نە بە سروشت لەدایک بوون، نە بە خواستی مرۆڤ، نە بە ویستی پیاویش، بەڵکو لە خوداوە لەدایک بوون[r].

14 وشەکەش بوو بە مرۆڤ و لەنێوانماندا نیشتەجێ بوو. شکۆی ئەومان بینی، وەک شکۆی تاقانەیەک لە باوکەوە، پڕ لە نیعمەت[s] و ڕاستی.

15 یەحیا شایەتی بۆ دا، هاواری کرد: «ئەمە ئەوەیە کە گوتم: ئەوەی دوای من دێت پێشم کەوت، چونکە پێش من بووە.» 16 لە گەنجینەی پڕیی ئەوەوە هەموومان نیعمەت لەدوای نیعمەتمان وەرگرتووە، 17 چونکە تەورات لە ڕێگەی موساوە درا، بەڵام نیعمەت و ڕاستی لە ڕێگەی عیسای مەسیحەوە هات. 18 هەرگیز کەس خودای نەبینیوە، بەڵام کوڕە تاقانەی خودا، ئەوەی لە باوەشی باوکدایە، خودای دەرخست.

شایەتیدانی یەحیا

19 ئەمەش شایەتییەکەی یەحیایە، کاتێک ڕابەرانی جولەکەی ئۆرشەلیم کاهین[t] و لێڤییان[u] ناردە لای پرسیاری لێ بکەن: «تۆ کێیت؟» 20 ئەو دانی پێدا نا و نکۆڵی نەکرد، بەڵکو گوتی: «من مەسیحەکە[v] نیم.»

21 ئینجا لێیان پرسی: «ئەی کێیت؟ ئەلیاسی؟» گوتی: «نا، ئەو نیم.»

«ئەی تۆ پێغەمبەرەکەی[w]؟» گوتی: «نەخێر.»

22 ئینجا پێیان گوت: «باشە تۆ کێیت؟ تاکو وەڵامێک بدەینەوە ئەوانەی کە ئێمەیان ناردووە، دەربارەی خۆت چی دەڵێی؟»

23 یەحیا بە وشەکانی ئیشایای پێغەمبەر وەڵامی دانەوە و گوتی:

«[من ئەو کەسەم کە لە چۆڵەوانی هاوار دەکات:
    ”ڕێگا بۆ هاتنی یەزدان ئامادە بکەن.“[x]

24 نێردراوانیش لە فەریسییەکان بوون، 25 پرسیاریان لێکرد: «ئەگەر تۆ مەسیحەکە نیت و ئەلیاس نیت و پێغەمبەرەکەش نیت، ئیتر بۆچی خەڵکی لە ئاو هەڵدەکێشیت[y]؟»

26 یەحیاش وەڵامی دانەوە: «من خەڵکی لە ئاو هەڵدەکێشم، بەڵام یەکێک لەنێوانتان ڕاوەستاوە کە نایناسن، 27 ئەو لەدوای من دێت، من شایانی ئەوە نیم کە قەیتانی پێڵاوەکانی بکەمەوە.»

28 ئەمانە لە بێت‌عەنیا[z] ڕوویدا، لەوبەری ڕووباری ئوردونەوە، لەو شوێنەی یەحیا خەڵکی لە ئاو هەڵدەکێشا.

بەرخی قوربانی خودا

29 بۆ بەیانی یەحیا بینی عیسا دێتە لای، گوتی: «ئەوەتا بەرخی خودا، ئەوەی گوناهی جیهان لادەبات! 30 ئەمە ئەوەیە کە باسم کرد، پیاوێک دوای من دێت پێشم کەوت، چونکە پێش من بووە. 31 منیش نەمدەناسی، بەڵام تاکو ئەو بۆ ئیسرائیل دەربکەوێت، لەبەر ئەوە هاتووم خەڵکی لە ئاو هەڵدەکێشم.»

32 یەحیا شایەتی دا: «بینیم ڕۆحی پیرۆز وەک کۆترێک لە ئاسمانەوە دەهاتە خوارەوە و لەسەری نیشتەوە. 33 من نەمدەناسی، بەڵام ئەوەی منی ناردووە خەڵک لەئاوهەڵکێشم، پێی گوتم: ”ئەوەی دەیبینیت ڕۆحی پیرۆز دێتە خوارەوە و لەسەری دەنیشێتەوە، ئەو لە ڕۆحی پیرۆزتان هەڵدەکێشێت[aa].“ 34 خۆم بینیم و شایەتیم دا کە ئەمە کوڕی خودایە.»

قوتابییە یەکەمینەکان

35 بۆ بەیانی دیسان یەحیا لەگەڵ دوو قوتابی خۆی ڕاوەستا بوو، 36 عیسای بینی دەڕۆیشت، گوتی: «ئەوەتا بەرخی خودا!»

37 دوو قوتابییەکە گوێیان لێی بوو کە وای گوت، دوای عیسا کەوتن. 38 عیسا ئاوڕی دایەوە و بینی بەدوایدا دێن، لێی پرسین: «چیتان دەوێت؟» پێیان گوت: «ڕابی، لەکوێ دەمێنیتەوە؟» ڕابی واتە مامۆستا.

39 پێی فەرموون: «وەرن، تەماشا بکەن.» لەبەر ئەوە ئەوانیش ڕۆیشتن و بینییان لەکوێ دەمایەوە، ئەو ڕۆژەش لەگەڵی مانەوە، نزیکەی کاتژمێر چواری[ab]پاش نیوەڕۆ بوو.

40 ئەندراوسی برای شیمۆن پەترۆس، یەکێک بوو لەو دووانەی کە گوێیان لە یەحیا بوو و دوای عیسا کەوتن. 41 یەکەم جار ئەندراوس چوو شیمۆنی برای دۆزییەوە و پێی گوت: «مەسیحمان[ac] دۆزییەوە.» واتە دەست‏نیشانکراو. 42 ئینجا شیمۆنی هێنایە لای عیسا. عیساش تەماشای کرد و فەرمووی: «تۆ شیمۆنی کوڕی یۆنای، بەڵام بە کێفاس[ad] ناو دەبردرێیت.» کێفاس واتە پەترۆس.

43 بۆ بەیانی عیسا ویستی بچێتە جەلیل، فیلیپۆسی دۆزییەوە، پێی فەرموو: «دوام بکەوە.»

44 فیلیپۆس خەڵکی بێت‌سەیدا بوو، شارەکەی ئەندراوس و پەترۆس. 45 فیلیپۆسیش ناتانئیلی دۆزییەوە، پێی گوت: «ئەوەی کە موسا لە تەورات و پێغەمبەرانیش لە پەڕتووکەکانیان لەسەریان نووسیوە دۆزیمانەوە، عیسای کوڕی یوسفی خەڵکی ناسیرەیە.»

46 ناتانئیل پێی گوت: «ئایا لە ناسیرە شتی چاک هەڵدەکەوێ؟» فیلیپۆس پێی گوت: «وەرە و ببینە.»

47 عیسا ناتانئیلی بینی بۆ لای دێت، دەربارەی فەرمووی: «ئەوەتا ئیسرائیلی بە ڕاستی، فێڵی تێدا نییە!»

48 ناتانئیل پێی گوت: «چۆن دەمناسیت؟»

عیسا وەڵامی دایەوە: «پێش ئەوەی فیلیپۆس بانگت بکات، لەژێر دار هەنجیرەکە بوویت، تۆم بینی.»

49 ناتانئیل وەڵامی دایەوە: «ڕابی، تۆ کوڕی خودایت! پاشای ئیسرائیلیت!»

50 عیسا وەڵامی دایەوە: «باوەڕت هێنا، چونکە پێم گوتیت لەژێر دار هەنجیرەکە تۆم بینی؟ شتی گەورەتر دەبینیت!» 51 ئینجا پێی فەرموو: «ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم، دەبینن ئاسمان کراوەتەوە و فریشتەی خوداش لەسەر کوڕی مرۆڤ[ae] سەردەکەون و دادەبەزن.[af]»

شایی لە قانا

لە ڕۆژی سێیەم لە قانای جەلیل شاییەک هەبوو، دایکی عیساش لەوێ بوو. عیسا و قوتابییەکانیشی بۆ شاییەکە بانگهێشتکراوبوون. کاتێک شەراب نەما، دایکی بە عیسای گوت: «شەرابیان نییە!»

عیساش پێی فەرموو: «ژنەکە، چیت لە من دەوێ؟ هێشتا کاتی من نەهاتووە!»

ئینجا دایکی بە خزمەتکارانی گوت: «هەرچییەکتان پێ دەڵێ، بیکەن.»

شەش کوپەی بەردین، لەو جۆرەی کە جولەکەکان بۆ پاککردنەوە بەکاریاندەهێنا، لەوێ دانرابوون، هەریەکەی هەشتا هەتا سەد و بیست لیتریان دەگرت[ag].

جا عیسا پێی فەرموون: «کوپەکان پڕ بکەن لە ئاو.» ئەوانیش کوپەکانیان هەتا سەر پڕکرد.

ئینجا پێی فەرموون: «ئێستا لێی دەربهێنن و بۆ گەورەی شاییەکەی ببەن!»

ئەوانیش بردییان. کاتێک گەورەی شاییەکە تامی ئەو ئاوەی کرد کە ببووە شەراب، سەرچاوەکەی نەدەزانی، بەڵام خزمەتکاران دەیانزانی، ئەوانەی ئاوەکەیان دەرهێنابوو. ئەوسا گەورەی شاییەکە زاوای بانگکرد و 10 پێی گوت: «هەموو کەس یەکەم جار شەرابە چاکەکە دادەنێن، کاتێک مەست بوون، ئینجا خراپەکە. بەڵام تۆ هەتا ئێستا شەرابە چاکەکەت هێشتووەتەوە!»

11 ئەو پەرجووەی[ah] عیسا لە قانای جەلیل کردی، یەکەمین نیشانەی بوو بۆ دەرخستنی شکۆی خۆی، قوتابییەکانیشی باوەڕیان پێی هێنا.

12 دواتر لەگەڵ دایکی و براکانی و قوتابییەکانی بەرەو کەفەرناحوم دابەزین، چەند ڕۆژێک لەوێ مانەوە.

پاکسازی حەوشەکانی پەرستگا

13 کە جەژنی پەسخەی[ai] جولەکەکان نزیک بووەوە، عیسا چوو بۆ ئۆرشەلیم. 14 لە حەوشەکانی پەرستگا فرۆشیارانی گا و مەڕ و کۆتری بینی، پارەگۆڕەوانیش دانیشتبوون. 15 قامچییەکی لە گوریس دروستکرد و هەمووانی لە حەوشەکانی پەرستگا دەرکرد، مەڕ و گا پێکەوە. پارەی پارەگۆڕەوانی پەرشوبڵاو کردەوە و مێزەکانی وەرگێڕا، 16 ئینجا بە کۆترفرۆشانی فەرموو: «ئەم شتانە لێرە هەڵگرن! ماڵی باوکم مەکەنە بازاڕ!»

17 جا قوتابییەکانی هاتەوە بیریان کە نووسراوە: [دڵگەرمی بۆ ماڵەکەت دەمسووتێنێت.][aj]

18 جولەکەکان وەڵامیان دایەوە: «چ پەرجووێکمان نیشان دەدەیت تاکو دەسەڵاتی ئەنجامدانی هەموو ئەم کارانەت بسەلمێنێ؟»

19 عیساش وەڵامی دانەوە: «ئەم پەرستگایە بڕووخێنن، بە سێ ڕۆژ هەڵیدەستێنمەوە.»

20 ئینجا جولەکەکان گوتیان: «ئەم پەرستگایە بە چل و شەش ساڵ بنیاد نراوە، تۆ بە سێ ڕۆژ هەڵیدەستێنیتەوە؟» 21 بەڵام ئەو باسی پەرستگای لەشی خۆی دەکرد. 22 لەبەر ئەوە کاتێک لەناو مردووان هەستایەوە، قوتابییەکانی هاتەوە بیریان کە ئەمەی گوتبوو، ئینجا باوەڕیان هێنا بە نووسراوە پیرۆزەکە[ak] و بەو قسەیەی عیسا فەرمووی.

23 کە لە جەژنی پەسخە لە ئۆرشەلیم بوو، زۆر کەس باوەڕیان بە ناوی هێنا، چونکە ئەو پەرجووانەیان[al] بینی کە دەیکرد. 24 بەڵام عیسا لەلای خۆیەوە متمانەی پێ نەکردن، چونکە هەموو خەڵکی دەناسی. 25 لەبەر ئەوە پێویستی بە کەس نەبوو دەربارەی مرۆڤ شایەتی بۆ بدات، چونکە دەیزانی دڵی مرۆڤ چی تێدایە.

لەدایکبوون لە ڕۆح

پیاوێک لە فەریسییەکان هەبوو بە ناوی نیقۆدیمۆس، یەکێک بوو لە ڕابەرانی جولەکە. بە شەو هاتە لای عیسا و پێی گوت: «ڕابی، دەزانین تۆ مامۆستایەکی لەلای خوداوە هاتوویت، چونکە کەس ناتوانێت ئەو پەرجووانە بکات کە تۆ دەیکەیت، ئەگەر خودای لەگەڵ نەبێت.»

عیساش وەڵامی دایەوە: «ڕاستی ڕاستیت پێ دەڵێم، ئەگەر یەکێک لەدایک نەبێتەوە[am]، ناتوانێت شانشینی خودا ببینێت.»

نیقۆدیمۆس پێی گوت: «مرۆڤ کە پیر بێت چۆن دەتوانێت لەدایک بێت؟ خۆ دیسان ناتوانێت بچێتەوە سکی دایکی و لەدایک بێتەوە؟»

عیسا وەڵامی دایەوە: «ڕاستی ڕاستیت پێ دەڵێم، ئەگەر یەکێک لە ئاو و لە ڕۆحی پیرۆز لەدایک نەبێت، ناتوانێت بچێتە ناو شانشینی خودا. ئەوەی لە جەستە لەدایک بووە جەستەیە، ئەوەش لە ڕۆحی خودا لەدایک بووە ڕۆحە. سەرسام مەبە کە پێم گوتی: ”دەبێ لەدایک ببنەوە.“ با بۆ کوێ بیەوێت هەڵدەکات و گوێت لە دەنگەکەی دەبێت، بەڵام نازانیت لەکوێوە دێت و بۆ کوێ دەچێت. هەرکەسێکیش لە ڕۆحی پیرۆز لەدایک بووە ئاوایە.»

نیقۆدیمۆس گوتی: «چۆن دەکرێ ئەمانە ڕووبدەن؟»

10 عیسا وەڵامی دایەوە: «تۆ مامۆستایەکی ئیسرائیلی و ئەمانەش نازانیت؟ 11 ڕاستی ڕاستیت پێ دەڵێم: ئەوەی دەیزانین دەیڵێین و ئەوەی دەیبینین شایەتی بۆ دەدەین، ئێوەش شایەتیمان قبوڵ ناکەن. 12 باسی شتە زەمینییەکانم بۆتان کرد و باوەڕ ناکەن، ئیتر چۆن باوەڕ دەکەن ئەگەر باسی شتە ئاسمانییەکانتان بۆ بکەم؟ 13 کەس سەرنەکەوتووە بۆ ئاسمان جگە لەوەی لە ئاسمان هاتووەتە خوارەوە، کە ئەویش کوڕی مرۆڤە. 14 وەک موسا لە چۆڵەوانی مارەکەی[an] بەرزکردەوە، ئاواش دەبێ کوڕی مرۆڤ بەرز بکرێتەوە، 15 تاکو هەرکەسێک باوەڕی پێ بهێنێت ژیانی هەتاهەتایی هەبێت.»

16 لەبەر ئەوەی خودا ئەوەندە جیهانی خۆشویست، تەنانەت کوڕە تاقانەکەی بەختکرد، تاکو هەرکەسێک باوەڕی پێ بهێنێت لەناو نەچێت، بەڵکو ژیانی هەتاهەتایی هەبێت، 17 چونکە خودا کوڕەکەی نەناردە جیهان تاکو جیهان حوکم بدات، بەڵکو تاکو جیهان بەوەوە ڕزگاری ببێت. 18 ئەوەی باوەڕی پێ بهێنێت حوکم نادرێت، بەڵام ئەوەی باوەڕ ناهێنێت ئەوا حوکم دراوە، چونکە باوەڕی بە ناوی کوڕە تاقانەکەی خودا نەهێناوە. 19 ئەمەش حوکمەکەیە: ڕووناکییەکە هاتە جیهان بەڵام خەڵک لە جیاتی ڕووناکییەکە تاریکییەکەیان خۆشویست، چونکە کردەوەیان خراپ بوو. 20 لەبەر ئەوەی هەرکەسێک خراپە بکات ڕقی لە ڕووناکییەکەیە و نایەتە لای ڕووناکییەکە، نەوەک کردەوەکانی ئاشکرابێت. 21 بەڵام ئەوەی بەگوێرەی ڕاستی دەڕوات، دێتە لای ڕووناکییەکە، تاکو دەربکەوێت کە کردەوەکانی لە خوداوەیە.

عیسا و شایەتی یەحیا

22 دوای ئەمانە عیسا و قوتابییەکانی هاتنە خاکی یەهودیا، لەوێ لەگەڵیان مایەوە و خەڵکی لە ئاو هەڵکێشا. 23 یەحیاش لە ئەینونی[ao] نزیک شاری سالیم خەڵکی لە ئاو هەڵدەکێشا، چونکە لەوێ ئاو زۆر بوو، ئیتر دەهاتن و لە ئاو هەڵدەکێشران، 24 چونکە هێشتا یەحیا نەخرابووە زیندانەوە. 25 لەوێ دەربارەی پاککردنەوە گفتوگۆیەک کەوتە نێوان قوتابییەکانی یەحیا و جولەکەیەک. 26 هاتنە لای یەحیا و پێیان گوت: «ڕابی[ap]، ئەوەی لەوبەری ڕووباری ئوردون لەگەڵ تۆ بوو، ئەوەی شایەتیت بۆی دا، ئەوەتا خەڵک لە ئاو هەڵدەکێشێت و هەموو خەڵک دێنە لای.»

27 یەحیا وەڵامی دایەوە: «کەس ناتوانێت شتێک وەربگرێت ئەگەر لە ئاسمانەوە پێی نەدرابێت. 28 ئێوە خۆتان شایەتیم بۆ دەدەن کە گوتم: ”من مەسیح نیم، بەڵام پێش ئەو نێردراوم.“ 29 بووک بۆ زاوایە، بەڵام هاوڕێی زاوا کە ڕاوەستاوە و گوێی لێ دەگرێت لەبەر دەنگی زاوا زۆر دڵخۆش دەبێت. لەبەر ئەوە ئەم خۆشییەم هاتە دی. 30 پێویستە ئەو زیاد بکات و منیش کەم.»

31 ئەوەی لە سەرەوە دێت لە سەرووی هەمووانە. بەڵام ئەوەی لە زەوییە ئەوە زەمینییە و وەکو کەسێکی زەمینی دەدوێت. ئەوەی لە ئاسمانەوە دێت لە سەرووی هەمووانە و 32 شایەتی ئەوە دەدات کە بینیویەتی و بیستوویەتی، بەڵام کەس شایەتییەکەی وەرناگرێت. 33 ئەوەی شایەتییەکەی وەردەگرێت، مۆری دەکات کە خودا ڕاستە، 34 چونکە ئەوەی خودا ناردوویەتی بە پەیامی خودا دەدوێت، لەبەر ئەوەی خودا بێ سنوور ڕۆحی پیرۆز دەبەخشێت. 35 باوکی ئاسمانی کوڕی خۆی خۆشدەوێت و هەموو شتێکی داوەتە دەستی. 36 ئەوەی باوەڕ بە کوڕەکە بهێنێت ژیانی هەتاهەتایی هەیە. بەڵام ئەوەی گوێڕایەڵی کوڕەکە نییە ژیان نابینێت، بەڵکو تووڕەیی خودای لەسەر دەمێنێت.

ژنێکی سامیری

فەریسییەکان بیستیان کە عیسا لە یەحیا زیاتر قوتابی دروستکردووە و لە ئاو هەڵکێشاوە، هەرچەندە عیسا خۆی خەڵکی لە ئاو هەڵنەدەکێشا، بەڵکو قوتابییەکانی. کاتێک عیسا ئەمەی زانی[aq] یەهودیای بەجێهێشت و گەڕایەوە جەلیل.

جا دەبووایە بە ناوچەی سامیرەدا تێبپەڕێت، گەیشتە شارۆچکەیەکی سامیرە کە ناوی سوخار بوو، نزیک ئەو پارچە زەوییەی یاقوب دابوویە یوسفی کوڕی. بیری یاقوبیش لەوێ بوو. جا عیسا لە گەشتەکە ماندوو بوو، لەلای بیرەکە دانیشت، نزیکەی کاتژمێر دوازدە[ar] بوو.

ژنێکی سامیرەیی هات بۆ ئەوەی ئاو ببات، عیسا پێی فەرموو: «هەندێک ئاوم بدەرێ.» لەو کاتەدا قوتابییەکانی چووبوونە ناو شار تاکو خواردن بکڕن.

جا ژنە سامیرەییەکە پێی گوت: «تۆ جولەکەیت و منیش ژنێکی سامیرەییم، چۆن داوای ئاوم لێ دەکەیت؟» چونکە جولەکەکان تێکەڵی سامیرەییەکان نابن.

10 عیساش وەڵامی دایەوە: «ئەگەر بەخشینی خودات بزانیایە و هەروەها ئەوەش کێیە کە پێت دەڵێت ”ئاوم بدەرێ،“ ئەوسا تۆ داوات لێ دەکرد و ئەویش ئاوی ژیانی پێدەدایت.»

11 ژنەکە پێی گوت: «بەڵام گەورەم، دۆلکەت پێنییە و بیرەکەش قووڵە. ئیتر تۆ ئاوی ژیانت لەکوێ بوو؟ 12 خۆ لە یاقوبی باوکمان گەورەتر نیت کە بیرەکەی پێداوین، خۆی و کوڕەکانی و ماڵاتەکانیشی لێیان خواردووەتەوە؟»

13 عیسا وەڵامی دایەوە: «هەرکەسێک لەم ئاوە بخواتەوە جارێکی دیکە تینووی دەبێتەوە. 14 بەڵام ئەوەی لەو ئاوە بخواتەوە کە من دەیدەمێ، هەرگیز تینووی نابێت، بەڵکو ئەو ئاوەی من دەیدەمێ تێیدا دەبێتە کانیاوێک و هەڵدەقوڵێت، ژیانی هەتاهەتایی دەبەخشێ.»

15 ژنەکەش پێی گوت: «گەورەم، ئەو ئاوەم بدەرێ تاکو تینوو نەبم و نەیەمەوە ئێرە بۆ ئاوکێشان.» 16 عیسا پێی فەرموو: «بڕۆ، مێردەکەت بانگ بکە و وەرەوە ئێرە.»

17 ژنەکە وەڵامی دایەوە: «مێردم نییە.» عیساش پێی فەرموو: «ڕاست دەکەیت کە دەڵێی مێردم نییە. 18 لە ڕاستیدا پێنج مێردت هەبوو، ئێستاش ئەوەی هەتە مێردت نییە. ئەمەشت بە ڕاستی گوت.»

19 ژنەکە پێی گوت: «گەورەم، دەبینم تۆ پێغەمبەریت. 20 باوباپیرانمان لەم شاخەدا خودایان پەرستووە، بەڵام ئێوە دەڵێن ئۆرشەلیم[as] ئەو شوێنەیە کە پێویستە پەرستنی لێ بکرێت.»

21 عیسا پێی فەرموو: «خانم، باوەڕم پێ بکە، کاتێک دێت ئێوە باوک دەپەرستن، بەڵام نە لەسەر ئەم شاخە و نە لە ئۆرشەلیم. 22 ئەوەی ئێوە دەیپەرستن نایناسن، بەڵام ئەوەی ئێمە دەیپەرستین دەیناسین، چونکە ڕزگاری لە جولەکەوەیە. 23 بەڵام کاتێک دێت ئەویش کە ئێستایە خواپەرستە ڕاستەقینەکان بە ڕۆحی پیرۆز و ڕاستی باوک دەپەرستن، چونکە باوک داوای ئەم جۆرە خواپەرستانە دەکات. 24 خودا ڕۆحە و پێویستە ئەوانەی دەیپەرستن بە ڕۆحی پیرۆز و ڕاستی بیپەرستن.»

25 ژنەکە پێی گوت: «دەزانم مەسیا دێت، کە پێی دەگوترێ مەسیح، کە ئەو هات هەموو شتێکمان پێ ڕادەگەیەنێت.»

26 عیساش پێی فەرموو: «من ئەوم، ئەوەی قسەت لەگەڵ دەکات.»

27 لەو کاتەدا قوتابییەکانی گەیشتن، سەرسام بوون کە لەگەڵ ژنێک قسە دەکات. بەڵام کەس نەیگوت: «چیت دەوێت؟» یان «بۆچی قسەی لەگەڵ دەکەیت؟»

28 ئینجا ژنەکە گۆزەکەی بەجێهێشت، چووە ناو شار و بە خەڵکی گوت: 29 «وەرن کەسێک ببینن هەرچییەکم کردووە پێی گوتم! دەبێ مەسیح نەبێت؟» 30 ئیتر خەڵکەکە لە شار هاتنە دەرەوە و چوونە لای.

31 لەو کاتەدا قوتابییەکان تکایان لێی دەکرد: «ڕابی، بخۆ!»

32 بەڵام پێی فەرموون: «خواردنێکم هەیە بیخۆم، کە ئێوە نایزانن.»

33 لەبەر ئەوە قوتابییەکان بە یەکتریان دەگوت: «کەس هیچی بۆ هێناوە بیخوات؟»

34 عیساش پێی فەرموون: «خواردنی من ئەوەیە بە خواستی ئەوە بکەم کە ناردوومی و کارەکەی تەواو بکەم. 35 ئەی ئێوە ناڵێن: ”پاش چوار مانگ کاتی دروێنە دێت“؟ ئەوەتا پێتان دەڵێم: چاوتان هەڵبڕن و سەیری کێڵگەکان بکەن وا زەرد هەڵگەڕاون بۆ دروێنە. 36 سەپانیش کرێ وەردەگرێت و بۆ ژیانی هەتاهەتایی بەرهەم کۆدەکاتەوە، تاکو تۆوچێن و سەپان پێکەوە دڵشاد بن. 37 لەبەر ئەوە ئەو پەندە ڕاستە کە دەڵێت: ”یەکێک تۆو دەکات و یەکێکی دیکە دروێنە دەکات.“ 38 من ئێوەم بۆ دروێنەیەک ناردووە کە پێوەی ماندوو نەبوون. کەسانی دیکە پێوەی ماندوو بوون و ئێوە بەرهەمی ماندووبوونیان دەخۆن.»

39 زۆر لە سامیرەییەکانی ئەو شارە باوەڕیان بە عیسا هێنا، لەبەر قسەی ئەو ژنەی کە شایەتی دەدا: «هەرچییەکم کردووە پێی فەرمووم.» 40 لەبەر ئەوە کاتێک سامیرەییەکان هاتنە لای عیسا، تکایان لێکرد لەلایان بمێنێتەوە، ئەویش دوو ڕۆژ لەوێ مایەوە. 41 ژمارەیەکی زۆر زیاتریش بەهۆی قسەکانییەوە باوەڕیان هێنا و 42 بە ژنەکەیان دەگوت: «چیتر بەهۆی قسەی تۆوە نییە کە ئێمە باوەڕ دەهێنین، چونکە خۆمان بیستمان و دەزانین کە ئەم پیاوە بەڕاستی ڕزگارکەری جیهانە!»

چاککردنەوە بە وشە

43 پاش ئەو دوو ڕۆژە عیسا ئەوێی بەجێهێشت و چوو بۆ جەلیل، 44 چونکە عیسا خۆی شایەتی دا کە پێغەمبەر لە شاری خۆی ڕێزی لێ ناگیرێت. 45 لەبەر ئەوە کاتێک هاتە جەلیل، جەلیلییەکان پێشوازییان لێی کرد، چونکە ئەوانیش بۆ جەژن هاتبوون و هەموو ئەو شتانەیان بینیبوو کە لە جەژندا[at] لە ئۆرشەلیم کردبووی.

46 هاتەوە شارۆچکەی قانا لە ناوچەی جەلیل کە لەوێ ئاوی کردبووە شەراب، کاربەدەستێکی پاشا هەبوو، کوڕەکەی لە کەفەرناحوم نەخۆش بوو. 47 کاتێک ئەو بیستی عیسا لە یەهودیاوە هاتووەتە جەلیل، چووە لای و لێی پاڕایەوە کە بێت بۆ ئەوەی کوڕەکەی چاک بکاتەوە، چونکە نزیکی مردن بوو.

48 ئینجا عیسا پێی فەرموو: «ئەگەر ئێوە پەرجوو و کاری سەرسوڕهێنەر نەبینن هەرگیز باوەڕ ناهێنن.»

49 کاربەدەستەکەش پێی گوت: «گەورەم، پێش ئەوەی کوڕەکەم بمرێت، وەرە.»

50 عیسا پێی فەرموو: «بڕۆ! کوڕەکەت دەژیێت.» پیاوەکە باوەڕی بەو قسەیە کرد کە عیسا پێی فەرموو و ڕۆیشت. 51 کە بە ڕێگاوە بوو کۆیلەکانی تووشی بوون و دەیانگوت کە کوڕەکەی زیندووە، 52 جا سەبارەت بەو کاتژمێرەی تێیدا چاکتر ببووەوە پرسیاری لێکردن، وەڵامیان دایەوە: «دوێنێ کاتژمێر یەکی[au] پاش نیوەڕۆ تایەکە بەریدا.»

53 باوکەکە زانی لەو کاتژمێرە بوو کە عیسا پێی فەرموو: «کوڕەکەت دەژیێت.» ئەوسا خۆی و خاووخێزانی هەموو باوەڕیان هێنا.

54 ئەمەش دووەم پەرجوو بوو کە عیسا کردی، کە لە یەهودیاوە هاتە جەلیل.

چاککردنەوە لە ڕۆژی شەممە

لەدوای ئەمە عیسا چوو بۆ ئۆرشەلیم چونکە لەوێ جەژنێکی جولەکەکان هەبوو. لە ئۆرشەلیم لەلای دەروازەی مەڕ حەوزێک هەبوو بە عیبری پێیان دەگوت بێت‌حەسدا، بە دەوریدا پێنج ڕێڕەوی سەر داپۆشراو هەبوو کە هەردوو لایان بە کۆڵەکە گیرابوون. لەوێ خەڵکێکی زۆر ڕاکشابوون، نەخۆش و کوێر و شەل و گۆج، ⌟چاوەڕێی جوڵانی ئاوەکە بوون، چونکە هەندێک جار فریشتەیەکی یەزدان بۆ حەوزەکە دەهاتە خوارەوە و ئاوەکەی دەجوڵاند، جا ئەوەی یەکەم کەس دەچووە ناو حەوزەکەوە، هەر نەخۆشییەکی هەبووایە چاک دەبووەوە.⌞ کابرایەک لەوێ بوو سی و هەشت ساڵ نەخۆش بوو. عیسا ئەم کابرایەی بینی پاڵکەوتووە و زانی ماوەیەکی درێژە وایە، پێی فەرموو: «دەتەوێ چاکبیتەوە؟»

نەخۆشەکە وەڵامی دایەوە: «گەورەم، کاتێک ئاوەکە دەجوڵێت کەسم نییە بمخاتە ناو حەوزەکە. کاتێکیش دێم، یەکێکی دیکە پێش من دەچێتە ناوی.»

عیساش پێی فەرموو: «هەستە! نوێنەکەت هەڵگرە و بڕۆ!» دەستبەجێ کابرا چاک بووەوە، نوێنەکەی هەڵگرت و ڕۆیشت.

ئەو ڕۆژەش شەممە بوو، 10 لەبەر ئەوە ڕابەرانی جولەکە بە کابرای چاکبووەوەیان گوت: «شەممەیە و دروست نییە نوێنەکەت هەڵگریت.»

11 کابرا وەڵامی دانەوە: «ئەوەی چاکیکردمەوە پێی فەرمووم: ”نوێنەکەت هەڵگرە و بڕۆ.“»

12 لێیان پرسی: «ئەو پیاوە کێیە کە پێی گوتی: ”هەڵیبگرە و بڕۆ“؟»

13 بەڵام کابرای چاک بووەوە نەیدەزانی کێیە، چونکە عیسا لەناو ئەو خەڵکەی لەوێ بوون بە نهێنی دوورکەوتەوە.

14 دوای ئەوە عیسا ئەوی لە پەرستگا بینییەوە و پێی فەرموو: «ئەوەتا چاکبوویتەوە. ئیتر گوناه مەکە، نەوەک خراپترت بەسەربێت.» 15 کابراش چوو و بە ڕابەرانی جولەکەی گوت کە عیسا بووە چاکیکردووەتەوە.

دەسەڵاتی مەسیح

16 لەبەر ئەمە ڕابەرانی جولەکە عیسایان چەوساندەوە، چونکە ئەم شتانەی لە شەممەدا دەکرد. 17 بەڵام عیسا وەڵامی دانەوە: «هەتا ئێستا باوکم کار دەکات، منیش کار دەکەم.» 18 لەبەر ئەم هۆیە جولەکەکان زیاتر هەوڵیان دەدا بیکوژن، چونکە تەنها شەممەی نەدەشکاند[av]، بەڵکو دەیگوت کە خودا باوکییەتی، خۆی لەگەڵ خودا یەکسان دەکرد.

19 لەبەر ئەوە عیسا وەڵامی دانەوە: «ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: کوڕەکە ناتوانێت لە خۆیەوە هیچ شتێک بکات ئەوە نەبێت کە دەیبینێت باوک دەیکات، چونکە هەرچی باوک دەیکات، کوڕەکەش دەیکات. 20 باوک کوڕی خۆی خۆشدەوێت و هەموو ئەوەی پیشان دەدات کە دەیکات، کاری لەمانەش مەزنتری پیشان دەدات، تاکو سەرسام بن. 21 وەک باوک مردووان هەڵدەستێنێتەوە و زیندوو دەکاتەوە، کوڕەکەش ئەوەی بیەوێت زیندووی دەکاتەوە. 22 هەروەها باوک کەس حوکم نادات، بەڵکو هەموو حوکمدانی داوەتە دەست کوڕەکە، 23 تاکو هەموو ڕێزی کوڕەکە بگرن هەروەک ڕێزی باوک دەگرن. ئەوەی ڕێزی کوڕەکە نەگرێ، ڕێزی باوکیش ناگرێ کە ناردوویەتی.

لە مردنەوە بەرەو ژیان

24 «ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوەی گوێ لە وشەکەم بگرێت و باوەڕ بهێنێت بەوەی ناردوومی ژیانی هەتاهەتایی دەبێت و حوکم نادرێت، بەڵکو لە مردنەوە بۆ ژیان گواستراوەتەوە. 25 ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: کاتێک دێت کە ئێستایە، کاتێک مردووان دەنگی کوڕی خودا دەبیستن، گوێگرانیش زیندوو دەبنەوە، 26 چونکە وەک باوک ژیانی لە خۆیدا هەیە، بە کوڕەکەشی داوە ژیانی لە خۆیدا هەبێت.[aw] 27 دەسەڵاتی حوکمدانیشی داوەتێ، چونکە ئەو کوڕی مرۆڤە.

28 «لەمە سەرسام مەبن، چونکە کاتێک دێت هەموو ئەوانەی لەناو گۆڕدان دەنگی دەبیستن و 29 دێنە دەرەوە، ئەوانەی کرداری چاکیان کردووە هەڵدەستنەوە بۆ ئەوەی بژین، بەڵام ئەوانەی کرداری خراپیان کردووە هەڵدەستنەوە بۆ ئەوەی حوکم بدرێن. 30 لە خۆمەوە ناتوانم هیچ بکەم. وەک دەبیستم حوکم دەدەم، حوکمدانەکەشم دادپەروەرانەیە، چونکە داوای خواستی خۆم ناکەم، بەڵکو خواستی ئەوەی ناردوومی.

شایەتی باوک بۆ کوڕی خۆی

31 «ئەگەر شایەتی بۆ خۆم بدەم شایەتییەکەم ڕاست نییە. 32 یەکێکی دیکە شایەتیم بۆ دەدات، منیش دەزانم ئەو شایەتییەی بۆ منی دەدات ڕاستە.

33 «لەدوای یەحیاتان نارد، ئەویش شایەتی بۆ ڕاستی دا. 34 من شایەتی مرۆڤ وەرناگرم، ئەمانەش دەڵێم تاکو ئێوە ڕزگاربن. 35 ئەو چرایەکی هەڵگیرساو و بریسکەدار بوو، دەتانویست ماوەیەک بە ڕووناکییەکەی دڵخۆش بن.

36 «بەڵام من شایەتییەکم هەیە لەوەی یەحیا گرنگترە، چونکە ئەو کارانەی باوکم پێیداوم تەواوی بکەم، ئەم کارانە خۆیان شایەتیم بۆ دەدەن کە باوکم منی ناردووە. 37 باوکیشم کە ناردوومی، خۆی شایەتیم بۆ دەدات. ئێوە هەرگیز دەنگیتان نەبیستووە و ڕواڵەتیتان نەبینیوە، 38 فەرمایشتەکەشی لە دڵی ئێوەدا نامێنێتەوە، چونکە ئەوەی ئەو ناردوویەتی ئێوە باوەڕی پێ ناکەن. 39 نووسراوە پیرۆزەکان[ax] دەپشکنن، چونکە وادەزانن ژیانی هەتاهەتایی بۆ ئێوە تێدایە. ئەم نووسراوانەش شایەتیم بۆ دەدەن، 40 بەڵام ناتانەوێ بێنە لام تاکو ژیانتان هەبێت.

41 «من شکۆ لە خەڵک وەرناگرم. 42 بەڵام ئێوەم ناسی کە خۆشەویستی خوداتان لە دڵدا نییە. 43 بە ناوی باوکمەوە هاتووم، پێشوازیم لێ ناکەن، بەڵام ئەگەر یەکێکی دیکە بە ناوی خۆیەوە بێت، پێشوازی لێدەکەن. 44 چۆن دەتوانن باوەڕ بهێنن ئەگەر شکۆمەندی لە یەکتری وەربگرن و داوای ئەو شکۆمەندییە نەکەن کە لە تاکە خوداوەیە؟

45 «وا مەزانن من لەلای باوک سکاڵاتان لێ دەکەم. یەکێک هەیە سکاڵاتان لێ بکات، کە موسایە، ئەوەی هیواتان پێیەتی. 46 ئەگەر باوەڕتان بە موسا بکردایە، باوەڕتان بە منیش دەکرد، چونکە لەبارەی منەوە نووسیویەتی. 47 ئەگەر باوەڕیش بە نووسراوی ئەو نەکەن، چۆن باوەڕ بە وتەکانی من دەکەن؟»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.