Bible in 90 Days
1 لە پۆڵس و سیلا[a] و تیمۆساوسەوە،
بۆ کڵێسای سالۆنیکییەکان کە لەگەڵ خودای باوک و عیسای مەسیحی خاوەن شکۆدا بوونەتە یەک:
با نیعمەت[b] و ئاشتیتان لەگەڵ بێت.
سوپاس بۆ باوەڕداران
2 هەموو کات لە پێناوی هەر یەکێکتاندا سوپاسی خودا دەکەین و بێ بڕانەوە لە نوێژەکانمان یادتان دەکەین، 3 بەردەوام لەبەردەم خودای باوکماندا ئەو کارانەتان بەبیر دەهێنینەوە کە بەرهەمی باوەڕتانە، هەروەها ئەو ڕەنجەتان کە لە خۆشەویستییەوەیە و ئەو دانبەخۆداگرتنەشتان کە سەرچاوە دەگرێت لە هیواتان بە عیسای مەسیحی گەورەمان.
4 ئەی خوشکان و برایان، خۆشەویستانی خودا، دەزانین کە خودا ئێوەی هەڵبژاردووە، 5 چونکە تەنها بە قسە پەیامی ئینجیلمان بۆ نەهێنان، بەڵکو بە هێز و بە ڕۆحی پیرۆز و بە دڵنیایی تەواوە، وەک دەزانن لە پێناوی ئێوە لەنێوانتاندا چ جۆرە کەسێک بووین. 6 ئێوەش لاسایی ئێمە و مەسیحی خاوەن شکۆتان کردەوە، لە تەنگانەیەکی گەورەدا بە خۆشی ڕۆحی پیرۆز پێشوازیتان لە پەیامەکە کرد، 7 تاکو بوونە نموونە بۆ هەموو باوەڕداران لە مەکدۆنیا و ئەخایا. 8 پەیامی مەسیحی خاوەن شکۆ لەلای ئێوەوە بڵاو کرایەوە، نەک تەنها لە مەکدۆنیا و ئەخایا، بەڵکو ناوبانگی باوەڕتان بە خودا لە هەموو شوێنێکدا بڵاو بووەتەوە. لەبەر ئەوە پێویستمان بەوە نییە شتێک بڵێین، 9 چونکە خۆیان باسمان دەکەن کە پێشوازیتان لە ئێمە چۆن بووە و چۆن لە بتپەرستییەوە گەڕاونەتەوە بۆ لای خودا، تاکو خودای زیندوو و ڕاست بپەرستن و 10 چاوەڕێی کوڕەکەی بکەن لە ئاسمان، ئەوەی لەنێو مردووان هەڵیستاندەوە، مەبەست لە عیسایە، ئەوەی لە تووڕەیی داهاتووی خودا دەربازمان دەکات.
خزمەتکردنی پۆڵس
2 ئەی خوشکان و برایان، خۆتان دەزانن هاتنمان بۆ لاتان بێ سوود نەبوو، 2 بەڵکو وەک دەزانن پێشتر لە فیلیپی ئازارمان چێژت و سووکایەتیمان پێ کرا، بەڵام بە پشتیوانی خودا سەرەڕای دژایەتییەکی زۆر، ئازایانە باسی مزگێنی خودامان بۆ کردن. 3 مەبەستی ئێمە لە هاندانتان چەواشەکردن و بەڕەڵایی و خەڵەتاندن نییە، 4 بەڵکو هەروەک چۆن لەلایەن خوداوە پەسەند کرابین کە متمانەی مزگێنیمان بدرێتێ، بە هەمان شێوە دەدوێین، ئەمەش بۆ بەدەستهێنانی ڕەزامەندی خەڵک نییە، بەڵکو ڕەزامەندی خودا، کە دڵمان تاقی دەکاتەوە. 5 خودا شایەتە، نە زمانلووسیتان بۆ دەکەین و نە لەبەر چاوچنۆکییە، وەک دەزانن، 6 چاوەڕوانی ستایش و پێداهەڵدانی خەڵک نەبووین، نە لە ئێوە و نە لە کەسانی دیکەش.
وەک نێردراوانی مەسیح دەمانتوانی بارگرانی بین لەسەرتان، 7 بەڵام نەرمونیان بووین لەگەڵتاندا، وەک دایکێک شیر بداتە منداڵەکانی. 8 بە ڕادەیەک ئێوەمان خۆشویست کە ئامادەبووین نەک تەنها مزگێنی خودا بەڵکو خۆشمان لەگەڵتاندا بەش بکەین، چونکە ئێوە لەلای ئێمە زۆر ئازیز بوون. 9 خوشکان و برایان، دڵنیام ڕەنج و ماندووبوونی ئێمەتان لە یادە، شەو و ڕۆژ کارمان دەکرد، تاکو بەسەر کەستانەوە نەبینە بار، کاتێک مزگێنی خودامان بۆ ڕاگەیاندن.
10 ئێوە و خوداش شایەتن کە لەنێو ئێوەی باوەڕداردا چۆن بە پیرۆزی و ڕاستودروستی و بێ گلەیی ڕەفتارمان کردووە. 11 هەروەک دەزانن کە ئێمە لەگەڵ هەریەک لە ئێوە وەکو باوکێک هەڵسوکەوتمان کرد، وەک چۆن باوکێک لەگەڵ منداڵەکانی خۆیدا هەڵسوکەوت دەکات، 12 هانمان دەدان و ورەمان بەرز دەکردنەوە و لێتان دەپاڕاینەوە، بە شێوەیەک بژین شایانی خودا بێت، ئەوەی بۆ شانشین و شکۆی خۆی بانگتان دەکات.
13 لەبەر ئەمە بێ بڕانەوە سوپاسی خودا دەکەین، چونکە پەیامی خوداتان وەک پەیامی مرۆڤ لە ئێمە وەرنەگرت، بەڵکو وەک بەڕاستی وشەی خودا بێت، لە ڕاستیشدا هەر بەو جۆرەیە، ئەوەی لەناو ئێوەی باوەڕداریشدا کار دەکات. 14 ئەی خوشکان و برایان، ئێوە بوون بە لاساییکەرەوەی کڵێساکانی خودا لە یەهودیا، واتە ئەوانەی کە لەگەڵ عیسای مەسیحدا بوونەتە یەک، چونکە ئێوە بە دەستی هاوڵاتییەکانی خۆتان هەمان ئەو ئازارانەتان کێشا کە باوەڕدارانی یەهودیا بە دەستی جولەکەکان کێشایان، 15 ئەوانەی عیسای خاوەن شکۆ و پێغەمبەرانیان کوشت و ئێمەیان چەوساندەوە. خودا ڕازی ناکەن و لە دژی هەموو خەڵکن، 16 ڕێگامان لێ دەگرن لەوەی بۆ نەتەوەکان بدوێین تاکو ڕزگاربن، بەمەش کاسەی گوناهەکانیان سەرڕێژ دەکەن. بەڵام لە کۆتاییدا تووڕەیی خودا هاتووەتە سەریان.
17 بەڵام ئەی خوشکان و برایان، ئێمە بۆ ماوەیەکی کورت لێتان دوور کەوتینەوە، بە چاو نەک بە دڵ، زۆر شەیدا و پەرۆشی بینینتان بووین. 18 ویستمان بێینە لاتان، لە ڕاستیدا خۆم وەک پۆڵس چەند جارێک هەوڵم دا، بەڵام شەیتان ڕێی لێگرتین. 19 هیوا و خۆشی و تاجی شانازیمان لەبەردەم عیسای خاوەن شکۆمان چییە لە کاتی هاتنیدا؟ ئایا ئێوە نین؟ 20 ئێوە شکۆ و خۆشیمانن.
ناردنی تیمۆساوس بۆ سالۆنیکی
3 بۆیە کاتێک بەرگەمان نەگرت، بە باشمان زانی بە تەنها لە ئەسینا بمێنینەوە، 2 تیمۆساوسمان نارد کە برا و هاوکارمانە بۆ خودا لە مزگێنی مەسیحدا، بۆ ئەوەی باوەڕتان بەهێز بکات و هانتان بدات، 3 تاکو لەم ناخۆشیانەدا کەس نەهەژێت. خۆتان دەزانن کە بۆ ئەمە دیاری کراوین. 4 لە ڕاستیدا، کاتێک لەلاتان بووین، بەردەوام پێمان گوتوون کە تووشی چەوسانەوە دەبین، وەک دەزانن ڕوویدا. 5 لەبەر ئەوە منیش کاتێک بەرگەم نەگرت، تیمۆساوسم نارد بۆ ئەوەی دۆخی باوەڕتان بزانم، نەوەک تاقیکەرەوە تاقی کردبنەوە و ڕەنجمان بەفیڕۆ بچێت.
6 بەڵام ئێستا تیمۆساوس لەلای ئێوەوە هاتەوە بۆ لامان، مژدەی باوەڕ و خۆشەویستی ئێوەی پێداین، هەروەها چۆن هەردەم بە چاکە یادمان دەکەن و پەرۆشی بینینمانن، هەروەک چۆن ئێمەش بە پەرۆشین بۆ بینینی ئێوە. 7 لەبەر ئەوە خوشکان و برایان، لە کاتی تەنگانە و چەوسانەوەماندا، باوەڕتان هاندەرێکی گەورە بوو بۆمان، 8 چونکە ئێوە بەهۆی یەکبوونتان لەگەڵ مەسیحی باڵادەستدا چەسپاون، ئێستا ئێمەش بەڕاستی دەژین. 9 نازانین بە چ شێوەیەک سوپاسی خودا بکەین لەبەر ئەو هەموو دڵخۆشییەی لەبەردەم خودامان بە ئێوە هەمانە. 10 شەو و ڕۆژ گەرمتر دەپاڕێینەوە، تاکو بتانبینین و کەموکوڕی باوەڕتان دابین بکەین.
11 با خودای باوکمان و عیسای گەورەمان ڕێگای هاتنمان بۆ لاتان ئاسان بکات، 12 هەروەها داواکارین عیسای خاوەن شکۆ خۆشەویستیتان بۆ یەکتری و هەموو خەڵکی دیکە زیاد و سەرڕێژ بکات، بە ئەندازەی خۆشەویستی ئێمە بۆتان. 13 با عیسای خاوەن شکۆمان دڵتان بەهێز بکات تاوەکو لە کاتی گەڕانەوەی لەگەڵ هەموو گەلە پیرۆزەکەی، لەبەردەم خودای باوکمان بێ گلەیی لە پیرۆزیدا بن.
ژیانێک بۆ ڕازیکردنی خودا
4 لە کۆتاییدا خوشکان، برایان، ئێمە فێرمان کردوون کە دەبێت چۆن بژین تاکو خودا ڕازی بکەن، وەک ئاواش دەژین، ئیتر داواتان لێ دەکەین و لێتان دەپاڕێینەوە بە ناوی عیسای خاوەن شکۆوە تاکو زیاتر خۆتان تەرخان بکەن، 2 چونکە دەزانن ئەو ڕاسپاردانە چی بوون کە بە دەسەڵاتی عیسای باڵادەست پێماندان.
3 خواستی خودا ئەوەیە کە پیرۆزکراو بن، واز لە داوێنپیسی بهێنن. 4 هەروەها خودا دەیەوێ کە هەریەکەتان فێری ئەوە بێت کە چۆن جەستەی خۆی پاک و پیرۆز بپارێزێت، 5 نەک بە ئارەزووی هەوەسبازی وەک ئەو نەتەوانەی خودا ناناسن. 6 لەم بارەوە کەس بۆ مەرامی خۆی سوود لە برا و خوشکەکەی وەرنەگرێت، هەروەها خراپەیان بەرامبەر مەکەن، چونکە یەزدان تۆڵەی هەموو ئەمانە دەکاتەوە، وەک پێشتر پێمان گوتوون و ئاگادارمان کردوونەتەوە. 7 خودا بانگی نەکردووین بۆ گڵاوی، بەڵکو بانگی کردین تاکو بە پاک و پیرۆزی بژین. 8 کەواتە ئەوەی ئەم فێرکردنە ڕەت بکاتەوە، مرۆڤ ڕەت ناکاتەوە بەڵکو خودا، ئەوەی ڕۆحی پیرۆزی خۆی پێدان.
9 دەربارەی خۆشەویستی برایانە، پێویست ناکات بۆتان بنووسم، چونکە خۆتان لە خوداوە فێربوون یەکتریتان خۆشبوێ. 10 لەڕاستیدا، هەموو خوشک و برایان لە تەواوی مەکدۆنیاتان خۆشدەوێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئەی خوشک و برایان، تکاتان لێ دەکەین کە زیاتر و زیاتر بەم شێوەیە بن.
11 با ئامانجی ئێوە بەڕێکردنی ژیانێکی ئارام و هێمن بێت. سەرتان لە کاری خۆتاندا بێت و بە دەستی خۆتان کار بکەن، وەک ڕامانسپاردوون، 12 تاکو بە لێوەشاوەیی بژین لەگەڵ ئەوانەی دەرەوە و پێویستیتان بە کەس نەبێت.
هاتنەوەی عیسای خاوەن شکۆ
13 خوشکان، برایان، نامانەوێت سەبارەت بە نوستووان[c] نەزان بن، تاکو وەک ئەوانەی دیکە خەمبار نەبن کە هیوایان نییە. 14 لەبەر ئەوەی باوەڕمان بەوە هەیە کە عیسا مرد و هەستایەوە، بە هەمان شێوە باوەڕیشمان بەوە هەیە کە خودا ئەو باوەڕدارانە بۆ لای خۆی دەبات کە بە یەکبوون لەگەڵ عیسادا نوستوون. 15 ئێمەش بەگوێرەی فێرکردنی مەسیح ئەمەتان پێ ڕادەگەیەنین، ئێمەی زیندوو کە ماوین هەتا هاتنەوەی مەسیحی خاوەن شکۆ، پێش نوستووان ناکەوین، 16 چونکە مەسیحی خاوەن شکۆ خۆی بە دەنگی بەرز فەرمان دەدات، بە دەنگی سەرۆکی فریشتەکان و بە کەڕەنای خودا، لە ئاسمانەوە دێتە خوارەوە و یەکەم جار ئەو مردووانە هەڵدەستنەوە کە لەگەڵ مەسیحدا بوونەتە یەک. 17 ئینجا ئێمەی زیندوو کە ماوین، هەموومان لەگەڵیان لە هەوردا دەڕفێنرێین بۆ پێشوازی مەسیحی خاوەن شکۆ لە ئاسماندا، ئیتر هەمیشە لەگەڵ ئەو دەبین. 18 بۆیە بەم قسانە یەکتری هانبدەن.
5 خوشکان، برایان، سەبارەت بە کات و بەروار پێویست ناکات بۆتان بنووسین، 2 چونکە خۆتان باش دەزانن، هاتنی ڕۆژی یەزدان وەک هاتنی دز وایە لە شەودا. 3 کاتێک خەڵکی دەڵێن: «ئاشتی و ئاسایشە،» دەستبەجێ مردن دێتە سەریان، وەک ژانی ژنی سک پڕ لە ناوەختدا دێت و ناشتوانن دەربازیان بێت.
4 بەڵام ئێوە خوشکان، برایان، لە تاریکیدا نین تاکو ئەو ڕۆژە وەک دز لەناکاو بێتە سەرتان، 5 چونکە هەمووتان ڕۆڵەی ڕووناکی و ڕۆڵەی ڕۆژن. ڕۆڵەی شەو یان تاریکی نین. 6 کەواتە ئێمە وەک خەڵکی دیکە ناخەوین، بەڵکو با ئێشک بگرین و وریابین، 7 چونکە ئەوانەی دەخەون بە شەو دەخەون و ئەوانەی سەرخۆش دەبن بە شەو سەرخۆش دەبن. 8 بەڵام ئێمەی ڕۆڵەی ڕۆژ با وریا بین و سپەری[d] باوەڕ و خۆشەویستی لەبەر بکەین و هیوای ڕزگاری وەک کڵاوی ئاسنین لەسەر بکەین، 9 چونکە خودا ئێمەی بۆ تووڕەیی دەستنیشان نەکردووە، بەڵکو بۆ بەدەستهێنانی ڕزگاری لە ڕێگەی عیسای مەسیحی گەورەمانەوە، 10 ئەوەی لە پێناوی ئێمەدا مرد، تاکو ئەگەر بەخەبەر بین یاخود نوستوو[e]، لەگەڵ ئەو بژین. 11 لەبەر ئەوە یەکتری هانبدەن و یەکتری بنیاد بنێن، وەک دەیکەن.
12 ئیتر خوشکان و برایان، داواتان لێ دەکەین ڕێزی ئەوانە بگرن کە لەنێوتاندا زەحمەت دەکێشن و بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحی باڵادەستدا سەرپەرشتی و ئامۆژگاریتان دەکەن، 13 لەبەر کارەکانیان ئەوپەڕی ڕێز و خۆشەویستییان بۆ دەربڕن. بە ئاشتی لەگەڵ یەکتری بژین. 14 ئەی خوشکان و برایان، لێتان دەپاڕێینەوە کە سەرزەنشتی تەمبەڵەکان بکەن و ورەی ترسنۆکەکان بەرز بکەنەوە و یارمەتی لاوازەکان بدەن و لەگەڵ هەمووان پشوودرێژ بن. 15 ئاگاداربن پاداشتی خراپە بە خراپە مەدەنەوە، بەڵکو هەمیشە هەوڵ بدەن بۆ یەکتری و بۆ خەڵکی دیکەش باش بن.
16 هەمیشە دڵشاد بن، 17 بەردەوام نوێژ بکەن، 18 لە هەموو بارودۆخێکدا سوپاسی خودا بکەن، چونکە ئەمە ویستی خودایە بۆ ئێوە بە یەکبوونتان لەگەڵ عیسای مەسیحدا.
19 ڕۆحی پیرۆز مەکوژێننەوە، 20 پەیامی ئەوانە بە سووک مەزانن کە دەڵێن پەیامی خودا ڕادەگەیەنن، 21 بەڵام هەموو شتێک تاقی بکەنەوە، چی باشە دەستی پێوە بگرن، 22 لە هەموو جۆرە خراپەیەک دوور بکەونەوە.
سڵاوی کۆتایی
23 خودای ئاشتی خۆی بە تەواوی پیرۆزتان بکات. تەواوی ڕۆح و دەروون و جەستەتان لە کاتی هاتنەوەی عیسای مەسیحی گەورەماندا بێ گلەیی بپارێزن. 24 ئەو خودایەی بانگتان دەکات دڵسۆزە و ئەنجامی دەدات.
25 خوشکان و برایانم، نوێژمان بۆ بکەن. 26 بە ماچی پیرۆز سڵاو لە هەموو گەلی خودایان بکەن. 27 بە ناوی مەسیحی خاوەن شکۆوە ڕاتاندەسپێرم کە ئەم نامەیە بۆ هەموو باوەڕداران بخوێنرێتەوە.
28 با نیعمەتی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان لەگەڵتان بێت.
1 لە پۆڵس و سیلا[f] و تیمۆساوسەوە،
بۆ کڵێسای سالۆنیکییەکان لەگەڵ خودای باوکمان و عیسای مەسیحی خاوەن شکۆدا بوونەتە یەک:
2 با نیعمەت[g] و ئاشتی لە خودای باوکمان و عیسای مەسیحی خاوەن شکۆوە لەگەڵتان بێت.
سوپاس و نوێژکردن
3 خوشکان، برایان، دەبێت هەردەم لەبەر ئێوە سوپاسی خودا بکەین، وەک شایستەیە، چونکە باوەڕتان زۆر گەشە دەکات و خۆشەویستی هەر یەکێکتان و هەموو بۆ یەکتری زیاد دەکات، 4 بۆیە ئێمە بە خۆمان لە کڵێساکانی خودا شانازیتان پێوە دەکەین، بۆ دانبەخۆداگرتن و باوەڕتان لە هەموو چەوسانەوە و ناخۆشییەک کە بەرگەی دەگرن.
5 ئەمە بەڵگەیە کە حوکمی خودا دادپەروەرانەیە، تاکو شیاوی شانشینی خودا بن، ئەوەی کە لە پێناویدا ئازار دەچێژن. 6 لەلای خودا دادپەروەرانەیە ئەوانەی تەنگتان پێ هەڵدەچنن سزایان بە تەنگانە بداتەوە، 7 ئێوە کە لەنێو تەنگانەن لەگەڵ ئێمە حەسانەوەتان دەبێت، لە کاتی ئاشکراکردنی عیسای خاوەن شکۆ لە ئاسمان لەگەڵ فریشتە بە تواناکانی لە گڕی ئاگر. 8 سزای ئەوانە دەدات کە خودا ناناسن و گوێڕایەڵی پەیامی ئینجیلی عیسای خاوەن شکۆمان نابن، 9 ئەوانە بە لەناوچوونی هەتاهەتایی سزا دەدرێن، دوور لە ئامادەبوونی مەسیح و شکۆی تواناکەی، 10 کاتێک لەو ڕۆژەدا دێتەوە، تاکو لەلایەن گەلە پیرۆزەکەیەوە ستایش بکرێت[h] و ببێتە جێی سەرسامی لەنێو هەموو ئەوانەی باوەڕیان هێناوە، چونکە لەلای ئێوە شایەتییەکەمان باوەڕی پێ کرا.
11 هەردەم نزاتان بۆ دەکەین، تاکو خودامان واتان لێ بکات شایانی بانگەوازەکەی بن، هەموو ئارەزووێک بۆ چاکە و ئەو کردارەی بە باوەڕەوە دەکرێت بە هێزەوە تەواوی بکات، 12 تاکو ناوی عیسای خاوەن شکۆمان بەهۆی ئێوەوە شکۆدار بێت و ئێوەش بەهۆی ئەوەوە شکۆدار بن، بەگوێرەی نیعمەتی خودامان و عیسای مەسیحی باڵادەست.
مرۆڤی سەرپێچی
2 ئیتر خوشکان و برایان، دەربارەی هاتنەوەی عیسای مەسیحی گەورەمان و کۆبوونەوەمان لەگەڵیدا، داواتان لێ دەکەین 2 خێرا بیرتان نەهەژێت و نەترسن لەوەی کە دەڵێن ڕۆژی یەزدان هاتووە، بە پشتبەستن بە بینینی ڕۆحی، پەیامی زارەکی، یان بە نامەیەک کە دەڵێن گوایە لە ئێمەوەیە. 3 بە هیچ شێوەیەک کەس هەڵتاننەخەڵەتێنێ چونکە ئەو ڕۆژە نایێت ئەگەر پێشتر هەڵگەڕانەوە[i] نەیێت و مرۆڤی سەرپێچی[j] دەرنەکەوێت، کوڕی وێران[k]، 4 ئەوەی بەرهەڵستی دەکات و بەسەر هەموو ئەوەی پێی دەگوترێ خودا یان پەرستراو خۆی بەرز دەکاتەوە، تەنانەت لە پەرستگای خودا دادەنیشێت و خۆی بە خودا دەردەخات.
5 ئایا لە یادتان نییە کە لەلاتان بووم ئەمانەم پێ دەگوتن؟ 6 ئێستاش دەزانن چی بەربەستە، تاکو لە کاتی خۆیدا ئاشکرا بکرێت. 7 نهێنی سەرپێچی ئێستا کار دەکات، تەنها تاکو بەربەست لەنێواندا لادەچێت[l]. 8 ئەوسا سەرپێچیکار[m] ئاشکرا دەکرێت، ئەوەی عیسای خاوەن شکۆ بە هەناسەی دەمی لەناوی دەبات و بە دەرکەوتنی هاتنەوەی کۆتایی پێ دەهێنێت. 9 هاتنەوەی سەرپێچیکار پەیوەستە بە کارەکانی شەیتانەوە. ئەو هەموو جۆرە پەرجوو و نیشانە و کارێکی سەیری درۆیین بەکاردەهێنێت، 10 هەروەها بۆ چەواشەکردنی لەناوچووان هەموو بەدکارییەک بەکاردەهێنێت، چونکە خۆشەویستی ڕاستییان ڕەتکردەوە، ئەوەی ڕزگاریان دەکات. 11 لەبەر ئەم هۆیە خودا چەواشەی بەهێزیان بۆ دەنێرێت، تاکو باوەڕ بە درۆ بکەن، 12 تاکو هەموو ئەوانەی باوەڕ بە ڕاستی ناکەن و حەزیان لە ناڕەواییە، تاوانبار بکرێن.
13 بەڵام ئەی خوشک و برایانی خۆشەویستی مەسیحی خاوەن شکۆ، ئێمە دەبێت هەردەم لەبەر ئێوە سوپاسی خودا بکەین، چونکە خودا ئێوەی بە یەکەمین بەرهەم هەڵبژاردووە بۆ ڕزگاری بە پیرۆزکردنتان لەلایەن ڕۆحی پیرۆزەوە و باوەڕکردنی ڕاستی. 14 بۆ ئەمەش خودا لە ڕێگەی پەیامی ئینجیلەکەی ئێمەوە بانگی کردن، بۆ دەستکەوتنی شکۆی عیسای مەسیحی گەورەمان. 15 کەواتە خوشکان و برایان، چەسپاو بن و دەست بگرن بەو نەریتەی لە ئێمەوە فێربوون، چ بە وشە بێت یان بە نامە.
16 با عیسای مەسیحی گەورەمان خۆی لەگەڵ خودای باوکمان، ئەوەی خۆشیویستین و دڵنەوایی هەتاهەتایی و هیوایەکی باشی بە نیعمەت پێداین، 17 ورەتان بەرز بکاتەوە و لە هەموو کردار و قسەیەکی چاک بتانچەسپێنێت.
داوای نوێژکردن
3 لە کۆتاییدا ئەی خوشکان و برایانم، نوێژمان بۆ بکەن، تاکو پەیامی مەسیحی خاوەن شکۆ بە خێرایی بڵاوبێتەوە و شکۆدار بێت، هەروەک ئەوەی لەلای ئێوە ڕوویدا، 2 هەروەها تاکو لە کەسانی بەد و خراپ ڕزگارمان بکات، چونکە هەمووان باوەڕیان نییە. 3 بەڵام مەسیحی خاوەن شکۆ دڵسۆزە، ئەوەی دەتانچەسپێنێت و لە شەیتان دەتانپارێزێت. 4 بەهۆی مەسیحی خاوەن شکۆوە متمانەمان بە ئێوە هەیە کە ئەوەی ڕامانسپاردوون دەیکەن و بەردەوام دەبن لەسەری. 5 با عیسای مەسیحی خاوەن شکۆ خۆشەویستی خودا و دانبەخۆداگرتنی خۆی بخاتە دڵتانەوە.
ئاگاداری بۆ تەمبەڵەکان
6 ئێستاش خوشکان، برایان، بە ناوی عیسای مەسیحی گەورەمان ڕاتاندەسپێرین، لە هەر خوشک یان برایەک دوور بکەونەوە کە بە تەمبەڵی ژیان بەڕێ دەکات و بەگوێرەی ئەو نەریتە نییە کە لە ئێمە وەریگرتووە. 7 ئێوە خۆتان دەزانن کە دەبێت چۆن لاسایی ئێمە بکەنەوە، چونکە کاتێک لەلاتان بووین تەمبەڵ نەبووین، 8 بەخۆڕایی نانی کەسمان نەخواردووە، بەڵکو شەو و ڕۆژ بە ڕەنج و ماندووبوون کارمان کردووە، تاکو نەبینە بار بۆ کەستان. 9 ئەمەش نەک لەبەر ئەوەی مافمان[n] نییە، بەڵکو بۆ ئەوەی خۆمان بکەین بە نموونە بۆ ئێوە تاکو لاساییمان بکەنەوە. 10 تەنانەت کاتێک لەلاتان بووین ئەم ڕاسپاردەیەمان پێدان: «ئەوەی حەز نەکات کار بکات، با نەخوات.»
11 ئێمە بیستوومانە هەندێکتان بە تەمبەڵی دەژین و کار ناکەن و خۆیان لە کاروباری کەسانی دیکەدا هەڵدەقورتێنن. 12 بە ناوی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆوە ئامۆژگاری و فەرمان بەو کەسانە دەکەین کە بە هێمنی کار بکەن و نانی خۆیان بخۆن. 13 خوشک و برایان، ئێوەش واز لە چاکەکاری مەهێنن و بەردەوام بن.
14 ئەگەر کەسێک گوێڕایەڵی ئەو ڕاسپاردانە نەبوو کە لەم نامەیەدا هاتووە، دیاری بکەن و تێکەڵی مەبن تاکو شەرمەزار بێت. 15 بە دوژمنی دامەنێن، بەڵکو وەک برایەک ئاگاداری بکەنەوە.
سڵاوی کۆتایی
16 با مەسیحی خاوەن ئاشتی خۆی لە هەموو کات و دۆخێکدا ئاشتیتان بداتێ. با مەسیحی خاوەن شکۆ لەگەڵ هەمووتان بێت.
17 من پۆڵسم و بە دەستخەتی خۆم ئەم سڵاوە دەنووسم. ئەمەش نیشانەیەکی ڕاستیی هەموو نامەکانی منە، من بەم شێوەیە نامە دەنووسم. 18 با نیعمەتی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان لەگەڵ هەمووتان بێت.
1 لە پۆڵسەوە کە نێردراوی عیسای مەسیحە بە فەرمانی خودای ڕزگارکەرمان و عیسای مەسیحی هیوامان،
2 بۆ تیمۆساوس، کوڕی ڕاستەقینەم لە باوەڕدا:
با نیعمەت[o] و بەزەیی و ئاشتی لە خودای باوک و عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمانەوە لەگەڵت بێت.
مەترسی فێرکردنی جیاواز
3 کاتێک بۆ ناوچەی مەکدۆنیا چووم، لێت پاڕامەوە لەوێ لە شاری ئەفەسۆس بمێنیتەوە، تاکو خەڵکێک ڕاسپێری فێرکردنێکی جیاواز[p] نەدەن و 4 گوێ نەدەنە ئەفسانە و ڕەچەڵەکی بێ کۆتایی، چونکە دەمەقاڵەی لێ دەکەوێتەوە، لەبری پلانی خودایی ئەوەی لە باوەڕە. 5 ئامانجی ئەم ڕاسپاردەیە[q]: خۆشەویستییە لە دڵێکی پاک و ویژدانێکی چاک و باوەڕێکی بێ دووڕوویی. 6 هەندێک لەمانە لایانداوە، بەلای قسەی پووچدا ڕۆیشتوون، 7 دەیانەوێ ببنە مامۆستای تەورات، هەرچەندە ئەوەی دەیڵێن و دەیچەسپێنن تێیناگەن.
8 بەڵام دەزانین تەورات چاکە، ئەگەر یەکێک بە دروستی بەکاریبهێنێت، 9 هەروەها دەزانین تەورات بۆ کەسی ڕاستودروست دانەنراوە، بەڵکو بۆ سەرپێچیکار و یاخیبووان، خوانەناس و گوناهباران، پیس و گڵاوەکان، دایک و باوک کوژان، بکوژان، 10 داوێنپیسان و نێربازان، بازرگانانی کۆیلە، درۆزن و سوێندخۆرانی بە درۆ، هەر شتێکیش لە دژی فێرکردنی دروست بێت، 11 بەگوێرەی پەیامی ئینجیلی شکۆی خودای بەرەکەتدار، ئەوەی بە من سپێردراوە.
سوپاسکردن بۆ بەزەیی خودا
12 سوپاسی عیسای مەسیحی گەورەمان دەکەم، ئەوەی بەهێزی کردم و بە دڵسۆزی داناوم و بۆ خزمەتکردن دەستنیشانی کردم. 13 کە جاران کفرکار و چەوسێنەر و توندڕەو بووم، بەڵام بەزەیی پێم هاتەوە، چونکە بە نەزانی و بێباوەڕی کردوومە. 14 نیعمەتی مەسیحی گەورەمان لەناو مندا سەرڕێژ بوو، لەگەڵ ئەو باوەڕ و خۆشەویستییەی کە بەهۆی یەکبوون لەگەڵ عیسای مەسیحدا بەدەست دێت.
15 ئەم قسەیە ڕاستە و تەواو شایانی قبوڵکردنە: عیسای مەسیح بۆ ڕزگارکردنی گوناهباران هاتە جیهان، هیچ کەسێک بە ئەندازەی من گوناهبار نییە. 16 بەڵام بەزەیی پێمدا هاتەوە، تاکو یەکەم جار لە مندا عیسای مەسیح بەوپەڕی پشوودرێژی دەربکەوێت، وەک نموونەیەک بۆ ئەوانەی باوەڕی پێ دەهێنن بۆ ژیانی هەتاهەتایی. 17 با بۆ هەتاهەتایە ڕێز و شکۆمەندی بۆ پاشای هەتاهەتایی بێت کە نەمر و نەبینراو و تاقە خودایە! ئامین.
18 کوڕم تیمۆساوس، ئەم ڕاسپاردەیەت پێ دەسپێرم، بەگوێرەی ئەو پێشبینییانەی پێشتر دەربارەی تۆ گوتراون، تاکو بەهۆیانەوە جەنگێکی باش بجەنگی، 19 دەست بە باوەڕ و ویژدانێکی چاکەوە بگرە. هەندێک ڕەتیان کردەوە، جا لەلایەنی باوەڕەوە کەشتییان تێکشکا[r]، 20 لەوانە هیمینایۆس و ئەسکەندەر، ئەوانم دایە دەستی شەیتان، بۆ ئەوەی فێربن کە کفر نەکەن.
نوێژکردن بۆ هەموو خەڵک
2 بۆیە پێش هەموو شتێک تکا دەکەم، نوێژ و نزا و پاڕانەوە و سوپاسگوزاریتان بۆ هەموو خەڵک بێت، 2 بۆ پاشا و دەسەڵاتداران، تاکو ژیانێکی ئاشتییانە و بە هێمنی بژین، بەوپەڕی لەخواترسی و ڕێزەوە. 3 ئەمەش چاک و پەسەندکراوە لەلای خودای ڕزگارکەرمان، 4 ئەوەی دەیەوێت هەموو خەڵکی ڕزگاریان بێت و بۆ ڕاستی ناسین بێن، 5 چونکە خودا یەکە و یەک ئاشتکەرەوە لەنێوان خودا و مرۆڤدایە، ئەویش عیسای مەسیحی مرۆڤە، 6 ئەوەی خوێنی خۆی کردە بەهای ئازادی بۆ هەمووان، شایەتیدانیش[s] لە کاتی گونجاو بوو. 7 بۆ ئەمە من بە مزگێنیدەر و نێردراو دەستنیشان کراوم، ڕاست دەڵێم و درۆ ناکەم، فێرکاری باوەڕ و ڕاستیم بۆ نەتەوەکان.
8 جا دەمەوێ پیاوان لە هەموو شوێنێکدا نوێژ بکەن، دەستی پاکیان بەرز بکەنەوە بێ تووڕەیی و مشتومڕ.
9 ژنانیش پۆشاکیان بە شەرمەوە[t] بێت، بەڕێز و شیاوی خۆیان بڕازێننەوە، نەک بە ئەگریجە و بە زێڕ و مرواری و جلی گرانبەها، 10 بەڵکو بە کرداری چاک شیاوی ژنێک بێت کە بانگەشەی لەخواترسی بکات.
11 ژن با لە هێمنیدا و ئەوپەڕی ملکەچی فێر بێت. 12 ڕێگا نادەم ژن فێرکردن بدات و دەسەڵاتی بەسەر پیاودا هەبێت[u]، بەڵکو لە هێمنیدا بێت، 13 چونکە یەکەم جار ئادەم شێوەی کێشرا، ئینجا حەوا. 14 هەروەها ئادەم هەڵنەخەڵەتا، بەڵکو ژن هەڵخەڵەتا و کەوتە گوناهەوە. 15 بەڵام بە منداڵبوون ڕزگاری دەبێت، ئەگەر لە باوەڕ و خۆشەویستی و پیرۆزی و شیاویدا بمێننەوە.
مەرجەکانی چاودێر
3 ئەم قسەیە ڕاستە: ئەگەر یەکێک چاوی لە چاودێری بێت، حەزی لە چاکەکارییە. 2 چاودێر دەبێت گلەیی لەسەر نەبێت، مێردی یەک ژن بێت، وریا، ژیر و بەڕێز، میوان دۆست بێت، بتوانێت خەڵک فێربکات، 3 سەرخۆش و شەڕفرۆش نەبێت، بەڵکو دڵنەرم بێت، ناکۆکی نەکات، حەزی لە پارە نەبێت. 4 خێزانەکەی باش بەڕێوە ببات، منداڵەکانی بەوپەڕی ڕێزەوە ملکەچ بن. 5 ئەگەر کەسێک نەزانێت خێزانەکەی بەڕێوە ببات، چۆن چاودێری کڵێسای خودا دەکات؟ 6 تازە نەبێت لە باوەڕ، نەوەک لووتبەرز بێت و بکەوێتە سزای شەیتان. 7 دەبێت ناوبانگی باش بێت لەلای ئەوانەی لە دەرەوەن، نەوەک قسەی بێتە سەر و بکەوێتە بەر داوی شەیتان.
مەرجەکانی خزمەتکار
8 خزمەتکارانیش دەبێت بەڕێز بن، دوو زمان نەبن، شەراب زۆر نەخۆنەوە، چاویان لە دەستکەوتی ناڕەوا نەبێت، 9 بە ویژدانێکی پاک نهێنی باوەڕ بپارێزن. 10 با یەکەم جار تاقی بکرێنەوە، کە بێ گلەیی بوون، با وەک خزمەتکار[v] خزمەت بکەن.
11 ژنەکانیش دەبێت بەڕێز بن، بوختانکەر نەبن، وریابن، لە هەموو شتێکدا دڵسۆز بن.
12 با خزمەتکار مێردی یەک ژن بێت، ماڵ و منداڵیان باش بەڕێوە ببەن، 13 چونکە ئەوانەی باش خزمەتیان کردووە، پلەیەکی باش و متمانەیەکی زۆر لە باوەڕیان بە عیسای مەسیح بەدەستدەهێنن.
گەورەترین نهێنی
14 هەرچەندە هیوادارم زوو بێمە لات، بەڵام ئەمانەت بۆ دەنووسم، 15 تاکو، ئەگەر دواکەوتم، بزانی لە ماڵی خودا خەڵک چۆن ڕەفتار بکەن، ئەوەی کڵێسای خودای زیندووە، کۆڵەکە و بناغەی ڕاستی. 16 بە دانپێدانانی گشتی، نهێنی لەخواترسی گەورەیە، ئەمەیە:
«ئەو لە جەستەدا دەرکەوت،
لەلایەن ڕۆحی پیرۆزەوە پاکانەی بۆ کرا،
لەلایەن فریشتەکانەوە بینرا،
لەنێو نەتەوەکان جاڕی بۆ درا،
لە جیهاندا باوەڕی پێ هێنرا،
لە شکۆمەندی بەرزکرایەوە.»
فێرکارانی دووڕوو و درۆزن
4 ڕۆح بە ڕاشکاوی دەفەرموێ، لە کۆتایی ڕۆژگاردا هەندێک لە باوەڕ هەڵدەگەڕێنەوە، شوێنی ڕۆحی چەواشە و فێرکردنەکانی ڕۆحە پیسەکان دەکەون، 2 لە دووڕوویی درۆزنان، ویژدانیان داخکراوە. 3 هاوسەرگیری قەدەغە[w] دەکەن، فەرمانی نەخواردن دەدەن لەو خۆراکەی کە خودا بەدییهێناوە بۆ ئەوەی بە سوپاسی باوەڕداران و ڕاستیناسان وەربگیردرێت. 4 هەموو بەدیهێنراوی خودا چاکە، ئەگەر شتێک بە سوپاسەوە وەرگیرا ڕەت ناکرێتەوە، 5 چونکە بە وشەی خودا و نوێژەوە پیرۆزکراوە.
خزمەتکاری باشی مەسیح
6 ئەگەر تۆ بەمانە ڕێنمایی خوشکان و برایان بکەیت، ئەوا دەبیتە خزمەتکارێکی باشی عیسای مەسیح، بە وشەکانی باوەڕ و فێرکردنی باش پەروەردە کرایت، ئەوەی شوێنی دەکەویت. 7 ئەفسانەی پووچ و هەقایەتی پیرێژنان ڕەت بکەوە، بەڵام مەشق بکە لەسەر لەخواترسی. 8 وەرزشی جەستەیی بۆ هەندێک شت سوودبەخشە، بەڵام لەخواترسی بۆ هەموو شتێک سوودبەخشە، چونکە بەڵێنی ژیانی ئێستا و داهاتووی تێدایە.
9 ئەم قسەیە ڕاستە و شایانی تەواو پەسەندکردنە. 10 بۆ ئەمە ڕەنج دەدەین و تێدەکۆشین، کە هیوامان بە خودای زیندووە، ئەوەی ڕزگارکەری هەموو خەڵکە، بە تایبەتیش باوەڕداران.
11 بەم شتانە ڕاسپێرە و فێر بکە. 12 با کەس سووکایەتی بە گەنجییەتیت نەکات، بەڵکو ببە نموونەی باوەڕداران لە قسە و ڕەفتاردا، لە خۆشەویستی و باوەڕ و پاکیتدا. 13 هەتا دێم بایەخ بە خوێندنەوەی گشتی نووسراوە پیرۆزەکان و وتاردان و فێرکردن بدە. 14 ئەو بەهرەیەی لە تۆدایە پشتگوێی مەخە، ئەوەی بە پێشبینی وەرتگرتووە کاتێک پیرانی کڵێسا دەستیان لەسەر دانایت.
15 بایەخ بەم شتانە بدە، هەموو توانای خۆتی تێدا بەکاربهێنە، تاکو پێشکەوتنت بۆ هەمووان دەربکەوێت. 16 ئاگاداری خۆت و فێرکردنت بە، لەسەری بەردەوام بە، چونکە ئەگەر ئەمەت کرد خۆت و گوێگرانیشت ڕزگار دەکەیت.
شێوەی هەڵسوکەوتی باوەڕداران
5 پیر سەرزەنشت مەکە، بەڵکو وەک باوک هانی بدە، گەنجانیش وەک برا، 2 پیرێژن وەک دایک، کچانیش وەک خوشک بەوپەڕی پاکی.
دەربارەی بێوەژنان
3 ڕێز لەو بێوەژنانە[x] بگرە کە بەڕاستی بێوەژنن. 4 بەڵام ئەگەر بێوەژنێک منداڵ و وەچەی هەبوو، با فێربن یەکەم جار وەک ئەرکی باوەڕە ڕێز لە خانەوادەیان بگرن و چاکەی دایک و باوکیان بدەنەوە، چونکە ئەمە پەسەندکراوە لای خودا. 5 بێوەژنی ڕاستەقینە بە تەنهایە، هیوای بە خودایە، شەو و ڕۆژ بەردەوامە لە نوێژ و پاڕانەوە. 6 بەڵام ئەوەی بە چێژ دەژیێت، بە زیندوویی مردووە. 7 جا ئەمانەیان ڕاسپێرە تاکو بێ گلەیی بن. 8 بەڵام ئەگەر یەکێک بایەخ بە نزیکەکەی نادات بە تایبەتی ئەندامانی خێزانی، ئەوا نکۆڵی لە باوەڕ کردووە و خراپترە لە بێباوەڕ.
9 ئەگەر بێوەژن تەمەنی لە شەست ساڵ کەمتر نەبێت و یەک مێردی هەبووبێت لە لیست بنووسرێت، 10 بە چاکەکاری شایەتی بۆ بدرێت، منداڵی بەخێو کردبێت، میوانداری کردبێت، پێی باوەڕدارانی شوشتبێت، یارمەتی لێقەوماوانی دابێت، بە هەموو جۆرە چاکەکارییەک هەستا بێت.
11 بەڵام بێوەژنانی گەنج لەم لیستەیە دامەنێن، چونکە کاتێک زەوقیان هەستێت پشت لە مەسیح دەکەن، حەز لە شووکردنەوە دەکەن. 12 ئینجا تاوانبار دەکرێن، چونکە پەیمانی یەکەمیان شکاندووە[y]. 13 هەروەها فێری بێکاری و ماڵەوماڵکردن دەبن، نەک تەنها بێکاری، بەڵکو غەیبەتکاری و خۆخستنە کاروباری خەڵک، باسی شتێک دەکەن کە پێویست نییە. 14 بۆیە دەمەوێ بێوەژنانی گەنج مێرد بکەنەوە، تاکو منداڵیان ببێت، ماڵ بەڕێوە ببەن، دەرفەتێک نەدەنە دوژمن بۆ بوختانپێکردنمان، 15 چونکە هەندێکیان گومڕا بوونە و بەدوای شەیتان کەوتوون.
16 ئەگەر ژنە باوەڕدارێک بێوەژنێکی لە کەسوکاری هەبوو، با یارمەتی بدات و نەبێتە بار بەسەر کڵێساوە، تاکو کڵێسا یارمەتی ئەوانە بدات کە بەڕاستی بێوەژنن.
پیرانی کۆمەڵە
17 ئەو پیرانەی کە بە باشی کڵێسا بەڕێوەدەبەن، شایانی ڕێزێکی دووقاتن[z]، بە تایبەت ئەوانەی لە وتاردان و فێرکردنی وشەی خودا ماندوو دەبن، 18 چونکە نووسراوە پیرۆزەکە دەفەرموێ: [لە کاتی گێرەکردن دەمی گا مەگرە،][aa] هەروەها: [کارگەر شایانی کرێی خۆیەتی.][ab] 19 سکاڵا لەسەر هیچ پیرێک قبوڵ مەکە، بە دوو یان سێ شایەت نەبێت. 20 ئەوانەی گوناه دەکەن لەبەردەم هەمووان سەرزەنشتی بکە، بۆ ئەوەی ئەوانی دیکەش بترسن.
21 لەبەردەم خودا و عیسای مەسیح و فریشتە هەڵبژێردراوەکان ڕاتدەسپێرم، ئەم ڕاسپاردانە بە بێ لایەنگری بەجێبگەیەنە، شتێک مەکە بە دەمارگیرییەوە.
22 بە پەلە دەست لەسەر کەس دامەنێ، بەشداری گوناهی خەڵکی دیکە مەکە. خۆت بە پاکی ڕابگرە.
23 ئیتر تەنها ئاو مەخۆرەوە، بەڵکو هەندێک شەراب بەکاربهێنە لەبەر گەدە و نەخۆشییە زۆرەکانت.
24 هەندێک گوناهەکانیان ئاشکرایە، پێشیان دەکەوێت بۆ حوکمدان، بەڵام هەندێک دوایان دەکەوێت. 25 بە هەمان شێوە کرداری چاک ئاشکرایە، تەنانەت ئەوانەی ئاشکراش نین ناتوانرێ بشاردرێتەوە.
بابەتی کۆیلە
6 هەموو ئەوانەی لەژێر نیری کۆیلایەتیدان، با وا دابنێن گەورەکانیان شایانی ئەوپەڕی ڕێزن، تاکو کفر بە ناوی خودا و فێرکردنەکەی نەکرێت. 2 ئەوانەی گەورەکانیان باوەڕدارن با سووکایەتییان پێ نەکەن، چونکە بران، بەڵکو زیاتر خزمەتیان بکەن، چونکە ئەوانەی سوود لە خزمەتیان وەردەگرن باوەڕدار و خۆشەویستن.
جا ئەمانەیان فێربکە و هانیان بدە.
خۆشەویستی پارە
3 ئەگەر یەکێک بە فێرکردنێکی دیکە خەڵک فێردەکات کە ناگونجێت لەگەڵ پەیامی دروستی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان و لەگەڵ ئەو فێرکردنەی لەسەر لەخواترسی ڕاوەستاوە، 4 ئەوا لووتبەرزە و هیچ تێناگات، حەز لە شەڕەقسە و دەمەقاڵێ دەکات کە دەبێتە هۆی چاوپیسی، ناکۆکی، بوختان، گومانی خراپ و 5 ململانێ. ئەمانەش ئەو کەسانە دەیکەن کە بیریان خراپ بووە و ڕاستییان لێ ون بووە، لەخواترسی بە بازرگانی دادەنێن.
6 ڕاستە لەخواترسی ئەگەر بە قایلبوون بێت قازانجێکی گەورەیە. 7 لەبەر ئەوەی هیچمان نەهێناوە بۆ جیهان، ئاشکرایە ناتوانین هیچیشی لێ ببەینە دەرەوە. 8 جا ئەگەر خواردن و پۆشاکمان هەیە با پێی ڕازیبین. 9 بەڵام ئەوانەی حەز دەکەن دەوڵەمەند بن، دەکەونە تاقیکردنەوە و داوەوە، هەروەها دەکەونە زۆر ئارەزووی گەوج و زیانبەخش کە وا دەکات مرۆڤ تێبکەوێت و لەناوبچێت. 10 لەبەر ئەوەی خۆشەویستی پارە یەکێکە لە سەرچاوەکانی هەموو جۆرە خراپەکارییەک. هەندێک کەس بەدوایدا گەڕان ون بوون لە باوەڕیان و خۆیان تووشی ئازارێکی زۆر کرد.
تێکۆشانی باوەڕ
11 بەڵام تۆ، ئەی پیاوی خودا لەم شتانە ڕابکە. بەدوای ڕاستودروستی و لەخواترسی و باوەڕ و خۆشەویستی و دانبەخۆداگرتن و دڵنەرمیدا بگەڕێ. 12 لە تێکۆشانی باوەڕدا باش تێبکۆشە، دەست بە ژیانی هەتاهەتاییەوە بگرە، ئەوەی خودا بانگی کردووی بۆی، کاتێک باش دانت پێدا ناوە لەبەردەم شایەتی زۆردا. 13 ڕاتدەسپێرم لەبەردەم خودا، ئەوەی ژیان بە هەمووان دەدات و لەبەردەم عیسای مەسیح، ئەوەی شایەتی باشی دا لەلای پیلاتۆسی پۆنتی، 14 کە بە پاکی و بێ گلەیی ئەو ڕاسپاردانە بپارێزیت، هەتا ڕۆژی دەرکەوتنی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان، 15 ئەوەی خودا لە کاتی دیاریکراو دەریدەخات. خودا، بەرەکەتدار و تاقە سەرۆک، پاشای پاشایان، گەورەی گەورەکان، 16 تەنها ئەو نەمرە، لە ڕووناکی نیشتەجێیە و کەس لێی نزیک نابێتەوە، ئەوەی کەس نەیبینیوە و ناتوانێ بیبینێت، بۆ ئەوە ڕێز و توانای هەتاهەتایی! ئامین.
17 دەوڵەمەندەکانی ئەم ڕۆژگارە ڕاسپێرە لووتبەرز نەبن و هیوایان بە سامانی لەناوچوو نەبێت، بەڵکو بە خودا، کە هەموو شتێکمان بە تێروپڕی دەداتێ تاکو خۆشیی لێ ببینین. 18 ڕایانبسپێرە چاکە بکەن و لە کاری چاکەدا دەوڵەمەند بن، دڵفراوان بن، ئامادەبن بەشی خەڵکی دیکە بدەن، 19 بەم شێوەیە گەنجینە و بناغەیەکی چاک بۆ دواڕۆژ دادەنێن و ژیانێک بەدەستدەهێنن کە ڕاستەقینەیە.
20 تیمۆساوس، سپاردەکە[ac] بپارێزە. خۆت دووربخەرەوە لە هەموو کفرێکی هیچوپووچ و لەو وتە بێ کەڵکانەی بە درۆ ناونراون زانست، 21 کە هەندێک کردیانە پیشە و سەبارەت بە باوەڕ گومڕا بوون.
با نیعمەتتان لەگەڵ بێت.
1 لە پۆڵسەوە کە بە خواستی خودا نێردراوی عیسای مەسیحە، بەگوێرەی بەڵێنی ژیان کە بە یەکبوون لەگەڵ عیسای مەسیحدا بەدەستدێت،
2 بۆ کوڕی خۆشەویستم تیمۆساوس:
با نیعمەت[ad] و بەزەیی و ئاشتی لە خودای باوک و عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمانەوە لەگەڵت بێت.
هاندان بۆ ئازار چێژتن
3 سوپاسی خودا دەکەم، ئەوەی هەروەک باوباپیرانم بە ویژدانێکی پاک دەیپەرستم، کاتێک بە شەو و ڕۆژ بێ بڕانەوە لە پاڕانەوەکانمدا یادت دەکەم، 4 کاتێک یادی فرمێسکەکانت دەکەمەوە، پەرۆشی بینینت دەبم تاکو پڕبم لە خۆشی. 5 باوەڕی بێ دووڕوویی تۆم وەبیر دێتەوە کە لە تۆدایە، ئەوەی یەکەم جار لە لوئیسی داپیرەت و یونیکی دایکت نیشتەجێ بوو، دڵنیام لە تۆشدایە. 6 لەبەر ئەمە وەبیرت دەهێنمەوە ئەو بەهرەیە دابگیرسێنیت کە لەدوای ئەوەی من دەستم لەسەرت دانا خودا پێی بەخشیت، 7 چونکە خودا ڕۆحی ترسی پێمان نەبەخشیوە، بەڵکو ڕۆحی هێز و خۆشەویستی و خۆڕاگریی پێ بەخشیوین.
8 بۆیە نە لە بەرامبەر پەیامەکە سەبارەت بە مەسیحی گەورەمان و نە بە من کە لە پێناوی ئەودا بەند کراوم هەست بە شەرمەزاری مەکە، بەڵکو لەگەڵ من بەشداری لەو ئازارەدا بکە کە بەهۆی مزگێنییەوە دەیچێژیت، لەودا پشت بە هێزی خودا ببەستە. 9 خودا ڕزگاری کردین و بە بانگەوازێکی پیرۆز بانگی کردین، نەک بەگوێرەی کردارمان، بەڵکو بەگوێرەی خواست و نیعمەتی خۆی کە پێش دەستپێکی زەمانە بەهۆی یەکبوونمان لەگەڵ عیسای مەسیحدا پێمان دراوە، 10 ئێستاش ئاشکرا بوو بە دەرکەوتنی عیسای مەسیحی ڕزگارکەرمان، ئەوەی مردنی لەناو برد، لە ڕێگەی پەیامی ئینجیلەوە ژیان و نەمریی ڕووناک کردەوە. 11 بۆ ئەم مزگێنییە بە مزگێنیدەر و نێردراو و مامۆستا دەستنیشان کرام. 12 لەبەر ئەم هۆیەش ئەم ئازارانە دەچێژم، بەڵام شەرمی پێوە ناکەم، چونکە دەزانم باوەڕم بە کێ هێناوە، دڵنیام مەسیح دەتوانێ پارێزگاری سپاردەکەم[ae] بکات هەتا ئەو ڕۆژە.
سپاردە چاکەکە بپارێزە
13 بەدوای ئەو فێرکردنە دروستە بکەوە کە لە منت بیستووە، بیکە سەرمەشقی ژیانت، لەگەڵ ئەو باوەڕ و خۆشەویستییەی کە لە یەکبوون لەگەڵ عیسای مەسیحدا هەیە. 14 سپاردە[af] چاکەکە بە ڕۆحی پیرۆز بپارێزە کە تیاماندا نیشتەجێیە.
15 ئەمە دەزانی، هەموو ئەوانەی لە ئاسیادان وازیان لێ هێنام، لەوانە فیگەلۆس و هەرمۆگینیس. 16 با مەسیحی باڵادەست بەزەیی بە خێزانی ئۆنیسیفۆرۆسدا بێتەوە، چونکە زۆر جار ورەی بەرز کردومەتەوە و شەرمی بە کۆت و زنجیرم نەبووە. 17 بەڵکو کاتێک لە ڕۆما بوو، بە پەرۆشییەوە بەدوامدا گەڕا و منی دۆزییەوە. 18 با لە ڕۆژی لێپرسینەوەدا بەهۆی مەسیحی باڵادەستەوە بەزەیی خودای باوک بەدەستبهێنێت. تۆ باش دەزانیت کە لە ئەفەسۆس بە چەندین شێوە خزمەتی کردم.
بەشداری ئازار بکە
2 بۆیە کوڕی خۆم، تۆ بەهێز بە بەو نیعمەتەی کە لە عیسای مەسیحدایە. 2 ئەوەی لەبەردەم چەندەها شایەتدا لە منت بیستووە، بە خەڵکی دڵسۆزی بسپێرە کە لێهاتوو بن، خەڵکی دیکەش فێربکەن. 3 بەشداری ئازار بکە وەک سەربازێکی چاک بۆ عیسای مەسیح. 4 سەربازێک خۆی بە کاروباری ڕۆژگارەوە خەریک ناکات تاکو فەرماندەکەی ڕازی بکات. 5 ئەگەر یەکێک پێشبڕکێ بکات، خەڵات ناکرێت ئەگەر شوێن یاسای پێشبڕکێکە نەکەوێت. 6 جوتیاری ڕەنجدەر دەبێ یەکەم بێت لە بەشداری بەرهەم. 7 بیربکەوە لەوەی دەیڵێم، مەسیحی خاوەن شکۆ پێت دەدات لە هەموو شتێک تێبگەیت.
8 یادی عیسای مەسیح بکە، هەستاوەی نێو مردووان، لە نەوەی داودە، بەگوێرەی پەیامی ئینجیلەکەم، 9 ئەوەی کە لە پێناویدا ئازار دەچێژم تاکو کۆتکردن وەک خراپەکار، بەڵام وشەی خودا کۆت ناکرێت. 10 بۆیە بەرگەی هەموو شتێک دەگرم، لەبەر ئەوانەی خودا هەڵیبژاردن، تاکو ئەوانیش ئەو ڕزگارییە بەدەستبهێنن کە بەهۆی عیسای مەسیحەوەیە، لەگەڵ شکۆی هەتاهەتایی.
11 ئەم وشەیە ڕاستە:
«ئەگەر لەگەڵیدا مردبین،
لەگەڵیشی دەژین،
12 ئەگەر دانبەخۆدا بگرین،
لەگەڵیدا پاشایەتی دەکەین.
ئەگەر نکۆڵی لێ بکەین،
ئەویش نکۆڵیمان لێدەکات.
13 ئەگەر دڵسۆز نەبین،
ئەو هەر بە دڵسۆزی دەمێنێتەوە،
چونکە ناتوانێت نکۆڵی لە خۆی بکات.»
کارگەری وشەی ڕاست
14 ئەمانەیان بیربخەوە و لە شەڕەقسە ئاگاداریان بکەوە لەبەردەم خودا، چونکە سوودی نییە، بەڵکو بیسەران دەڕووخێنێت. 15 کۆشش بکە خۆت بسەلمێنی بۆ خودا، کارگەرێکی بێ شەرمەزاری، وشەی ڕاستی بە ڕێگای ڕاست لێک بدەیتەوە. 16 خۆت لە قسەی هیچوپووچ بپارێزە، چونکە زیاتر و زیاتر مرۆڤ بەرەو خوانەناسی دەبات. 17 وشەکانیان وەک لاڕەشەیە[ag] تەشەنە دەکات. لەوانە هیمینایۆس و فیلێتۆس، 18 کە لە ڕاستی دەرچوون و دەڵێن هەستانەوە ڕوویداوە، ئیتر باوەڕی هەندێک هەڵدەگێڕنەوە. 19 بەڵام بناغە توندەکەی خودا چەسپاوە، ئەم مۆرەی لەسەرە: [یەزدان ئەوانەی هی خۆیەتی دەیانناسێت،][ah] هەروەها «ئەوەی ناوی یەزدانی لەسەرە، با لە بەدکاری دووربکەوێتەوە.»
20 بەڵام لە ماڵی گەورەدا هەر قاپوقاچاغی زێڕ و زیو نییە، بەڵکو تەختە و قوڕیش، هەندێکیان بۆ ڕێزلێنانن ئەوانی دیکە بۆ سووکین. 21 بۆیە ئەگەر یەکێک خۆی لەمانە پاک بکاتەوە، ئەوا دەبێتە ئامانێک بۆ ڕێزلێنان، پیرۆز[ai] و سوودبەخش بۆ گەورەکەی، ئامادە بۆ هەموو کارێکی چاک.
22 لە هەوەسەکانی گەنجییەتی ڕابکە، کۆشش بکە بۆ ڕاستودروستی و باوەڕ و خۆشەویستی و ئاشتی لەگەڵ ئەوانەی بە دڵێکی پاک لە مەسیحی باڵادەست دەپاڕێنەوە. 23 لە گفتوگۆی پووچ و نەزان دووربکەوە، بزانە شەڕی لێ دەکەوێتەوە. 24 بەندەی مەسیحی خاوەن شکۆ نابێت شەڕفرۆش بێت، بەڵکو دەبێت لەگەڵ هەمووان میهرەبان بێت، هەروەها پێویستە لە کاتی تەنگانە دان بەخۆی بگرێت. 25 ئەوانەی بەربەرەکانێی دەکەن بە دڵنەرمی ڕاستیان بکاتەوە، بە هیوای ئەوەی خودا تۆبەکردنی ڕاستی ناسینیان بداتێ 26 و لە داوی شەیتان هۆشیان بەخۆیاندا بێتەوە، ئەوەی بۆ خواستی خۆی بەندی کردن.
نیشانەکانی ڕۆژانی دوایی
3 ئەمە بزانە، لە ڕۆژانی کۆتاییدا کاتێکی تەنگانە دادێت، 2 چونکە خەڵکی خۆیان خۆشدەوێ، پارەیان خۆشدەوێ، لووتبەرزن، خۆهەڵکێشن، زمانپیسن، گوێڕایەڵی دایک و باوک نابن، سوپاسگوزار نین، گڵاون، 3 بێ خۆشەویستین، گەردن ئازاد ناکەن، بوختانکەرن، بەسەرخۆدا زاڵنەبوون، دڕندەن، حەز لە چاکە ناکەن، 4 ناپاکن، سەرەڕۆ و لەخۆبایین، زیاتر حەزیان لە چێژە نەک خۆشەویستی خودا، 5 ڕواڵەتی خواترسییان هەیە، بەڵام نکۆڵی لە هێزەکەی دەکەن. جا لەوانە دوور بکەونەوە.
6 ئەوانە لەو جۆرە کەسانەن کە بە ماڵاندا دەگەڕێن، ژنە لاوازەکان دەستەمۆ دەکەن، کە بە بارگرانی گوناهەوە شوێنی هەموو جۆرە هەوەسێک کەوتوون، 7 هەردەم فێر دەبن، بەڵام هەرگیز ناتوانن ڕاستی بناسن. 8 وەک یەنیس و یەمبریس[aj] بەربەرەکانێی موسایان کرد، ئەوانەش بەربەرەکانێی ڕاستی دەکەن. ئەو پیاوانە مێشکیان گەندەڵ بووە و لەلایەن باوەڕەوە ڕەتکراونەتەوە. 9 بەڵام زیاتر پێش ناکەون، چونکە گێلایەتییان بۆ هەمووان دەردەکەوێت، وەک گێلایەتی ئەوانی لێهات.
لەسەر باوەڕت بمێنەوە
10 بەڵام تۆ، فێرکردن و شێوازی ژیان، ئامانج و باوەڕ، ئارامگرتن و خۆشەویستی و دانبەخۆداگرتن، 11 چەوسانەوە و ئازاری منت زانی، ئەوەی لە ئەنتاکیا و کۆنیا و لیسترا بەسەرم هات، بەرگەی چ چەوسانەوەیەکم گرت، مەسیحی باڵادەستیش لە هەموویان دەربازی کردم. 12 هەموو ئەوانەی دەیانەوێ بە لەخواترسییەوە بە یەکبوون لەگەڵ عیسای مەسیح بژین، دەچەوسێنرێنەوە، 13 بەڵام خراپەکار و فێڵبازان بەرەو خراپتر دەڕۆن، چەواشەکار و چەواشەکراو. 14 بەڵام تۆ، بمێنەوە لەسەر ئەوەی فێری بوویت و دڵنیابوویت، زانیت لە کێ فێربوویت، 15 هەروەها لە منداڵییەوە لە نووسراوە پیرۆزەکان دەزانیت کە دەتوانن لە ڕێگەی باوەڕ بە عیسای مەسیح بتکەنە دانا بۆ بەدەستهێنانی ڕزگاری. 16 هەموو نووسراوە پیرۆزەکان لە سروشی خودان[ak]، سوودبەخشن بۆ فێرکردن و سەرزەنشت و ڕاستەڕێکردن و لێڕاهێنان لە ڕاستودروستی، 17 تاکو پیاوی خودا تەواو ئامادە بێت بۆ هەموو کارێکی باش.
وشەی خودا ڕابگەیەنە
4 لەبەردەم خودا و عیسای مەسیح، ئەوەی لە داهاتوودا زیندووان و مردووان حوکم دەدات، لەبەر دەرکەوتنی خۆی و شانشینەکەی ڕاتدەسپێرم: 2 وشەی خودا ڕابگەیەنە، ئامادە بە لە کاتی گونجاو و نەگونجاو، سەرزەنشت بکە، ڕابخوڕە، ورە بەرز بکەوە، بەوپەڕی پشوودرێژی و فێرکردنەوە، 3 چونکە کاتێک دێت خەڵک بەرگەی فێرکردنی دروست ناگرن، بەڵکو بەگوێرەی ئارەزووی تایبەتی خۆیان مامۆستا کۆدەکەنەوە قدیلکەی[al] گوێیان بکاتەوە. 4 بۆ ڕاستی گوێیان دادەخەن، بۆ ئەفسانە لادەدەن. 5 بەڵام تۆ، لە هەموو شتێکدا وریابە، لە ئازاردا دان بە خۆتدا بگرە، بە کاری مزگێنیدەری هەستە، خزمەتی خۆت تەواو بکە.
6 سەبارەت بە من، وا وەک شەرابی پێشکەشکراو دەڕژێم[am] و کاتی کۆچکردنم هاتووە. 7 تێکۆشانێکی باش تێکۆشاوم، پێشبڕکێکەم تەواو کرد، باوەڕم پاراست. 8 ئێستا تاجی ڕاستودروستیم بۆ دانراوە، ئەوەی مەسیحی خاوەن شکۆ کە دادوەری ڕاستودروستە لەو ڕۆژەدا دەمداتێ، تەنها بۆ من نییە، بەڵکو بۆ هەموو ئەوانەشە کە پەرۆشی دەرکەوتنین.
دوا ڕاسپاردە
9 کۆشش بکە زوو بێیتە لام، 10 چونکە دیماس بەجێی هێشتم، ئەم جیهانەی خۆشویست و چوو بۆ سالۆنیکی، کریسکینیش بۆ گەلاتیا و تیتۆس بۆ دەلماتیا. 11 بە تەنها لۆقام لەلایە. مەرقۆس لەگەڵ خۆت بهێنە، چونکە بۆ من سوودبەخشە بۆ خزمەتکردن. 12 تیخیکۆسم ناردووە بۆ ئەفەسۆس. 13 کاتێک هاتیت، ئەو کەوایەی لە ترۆیاس لەلای کارپۆس بەجێم هێشت، لەگەڵ خۆتی بهێنە، تۆمارەکانیش[an] بە تایبەت دەستنووسەکان.
14 ئەسکەندەری مسگەر زۆر خراپەی لەگەڵ کردم، مەسیحی خاوەن شکۆ تۆڵەی لێدەکاتەوە لەسەر کردارەکانی. 15 خۆتی لێ بپارێزە، چونکە زۆر بەرهەڵستی پەیامەکەمانی کرد.
16 لە بەرگری یەکەمم کەس لەگەڵم نەهات، بەڵکو هەموو بەجێیان هێشتم. لەسەریان هەژمارد نەکرێت. 17 بەڵام مەسیحی خاوەن شکۆ لەگەڵم وەستا و بەهێزی کردم، تاکو بە منەوە جاڕدانەکە بە تەواوی بدرێت، تاکو هەموو گەلان ببیستن. ئیتر لە دەمی شێر دەرباز بووم. 18 مەسیحی خاوەن شکۆ لە هەموو خراپەیەکی دادێت دەربازم دەکات و ڕزگارم دەکات بۆ شانشینە ئاسمانییەکەی. با هەتاهەتایە مەسیح شکۆدار بێت! ئامین.
19 سڵاو لە پریسکیلا و ئەکیلا و خێزانی ئۆنیسیفۆرۆس بکە. 20 ئەراستۆس لە کۆرنسۆس مایەوە، بەڵام تروفیمۆس بە نەخۆشی لە میلیتۆس بەجێم هێشت. 21 کۆشش بکە پێش زستان بێی. یۆبۆلۆس و پودیس و لینۆس و کڵاودیا و هەموو خوشکان و برایان سڵاوت لێدەکەن.
22 مەسیحی خاوەن شکۆ لەگەڵ ڕۆحت بێت. با نیعمەتتان لەگەڵ بێت.
1 لە پۆڵسەوە، بەندەی خودا و نێردراوی عیسای مەسیح، لە پێناوی گەشەکردنی باوەڕی ئەوانەی خودا هەڵیبژاردوون بۆ ناسینی ئەو ڕاستییەی کە بەرەو لەخواترسییان دەبات، 2 بە هیوای ئەو ژیانە هەتاهەتاییەی کە خودا، ئەوەی هەرگیز درۆ ناکات، لەپێش دەستپێکی زەمان بەڵێنی داوە. 3 لە کاتی خۆیدا وشەکەی بە ڕاگەیاندن دەرخست، ئەوەی بەگوێرەی فەرمانی خودای ڕزگارکەرمان بە من سپێردرا.
4 بۆ تیتۆسی کوڕی ڕاستەقینەم بەگوێرەی باوەڕی هاوبەشمان:
با نیعمەت[ao] و ئاشتی لە خودای باوک و عیسای مەسیحی ڕزگارکەرمانەوە لەگەڵت بێت.
ڕاسپاردەی دانانی پیران
5 لەبەر ئەمە تۆم لە دوورگەی کریت[ap] بەجێهێشت، تاکو ئەو شتانەی ماونەتەوە ڕێکیان بخەیت و لە هەموو شارێکدا پیران دابنێیت، وەک ڕامسپاردوویت، 6 پیر دەبێت گلەیی لەسەر نەبێت، مێردی یەک ژن بێت، منداڵەکانی باوەڕدار بن و کەس لەسەر بەڕەڵایی و یاخیبوون سکاڵایان لێ نەکات. 7 لەبەر ئەوەی چاودێر سەرکاری خودایە، پێویستە گلەیی لەسەر نەبێت، خۆسەپێن و تووڕە و سەرخۆش و شەڕفرۆش نەبێت، چاوی لە دەستکەوتی ناڕەوا نەبێت، 8 بەڵکو میوان دۆست بێت، حەز لە چاکە بکات، ژیر بێت، ڕاستودروست و پیرۆز و خۆڕاگر بێت. 9 دەست بە پەیامی متمانەوە بگرێت کە بەگوێرەی فێرکردنە، تاکو بتوانێت بە فێرکردنی دروست خەڵک هانبدات، سەرزەنشتی بەرهەڵستکاران بکات.
دژایەتی مامۆستا درۆزنەکان
10 لەبەر ئەمەیە کە وا دەڵێم چونکە خەڵکی یاخی زۆرن، فێڵبازن و قسەی پووچ دەکەن، بە تایبەتی لەو تاقمەی کە دەڵێن دەبێ باوەڕدار خەتەنە بکرێت. 11 دەبێت دەمی ئەمانە دابخرێت، چونکە بۆ دەستکەوتی ناڕەوا، بە فێرکردنە ناپەسەندەکانیان تەواوی خێزانەکان هەڵدەگەڕێننەوە. 12 یەکێک لە پێغەمبەرانی دوورگەی کریت گوتوویەتی: «کریتییەکان هەمیشە درۆ دەکەن، دەعبای بەدکارن، نەوسنی تەمبەڵن.» 13 ئەم شایەتییە ڕاستە. لەبەر ئەوە بە توندی سەرزەنشتیان بکە، تاکو لە باوەڕدا دروست بن و 14 سەرنج مەدەنە ئەفسانەی جولەکە و ڕاسپاردەی ئەو کەسانەی کە لە ڕاستی هەڵدەگەڕێنەوە. 15 بۆ پاک هەموو شتێک پاکە، بەڵام بۆ گڵاو و بێباوەڕان هیچ شتێک پاک نییە. لەڕاستیدا، بیر و ویژدانیشیان گڵاو بووە. 16 بانگەشەی ئەوە دەکەن کە خودا دەناسن بەڵام بە کردەوە نکۆڵی لێ دەکەن. ئەوانە قێزەونن، گوێڕایەڵ نین، بەکەڵکی هیچ چاکەکارییەک نایەن.
ڕاسپاردە بۆ باوەڕداران
2 بەڵام تۆ دەبێت بە فێرکردنی دروست خەڵکی فێر بکەیت. 2 پیرەمێردەکان فێر بکەن کە وریابن، بەڕێز، ژیر، دروست بن لە باوەڕ و خۆشەویستی و دانبەخۆداگرتن.
3 هەروەها پیرێژنەکان فێر بکەن کە بە ڕێزەوە بژین، بوختانکەر نەبن و خوو بە شەرابەوە نەگرن، بەڵام شتی چاک فێری خەڵکی بکەن، 4 تاکو ئامۆژگاری ژنە گەنجەکان بکەن کە مێرد و منداڵیان خۆشبوێت، 5 ژیر، پاک، بە ماڵەوە سەرقاڵ بن، چاک بن، ملکەچی مێردەکانیان بن، نەوەک کفر بە وشەی خودا بکرێت.
6 بە هەمان شێوە، هانی پیاوە گەنجەکان بدە ژیر بن. 7 لە هەموو شتێکدا ببە بە نموونەیان بۆ چاکەکاری. لە فێرکردندا دروستی و دڵسۆزی پیشان بدە، 8 با قسەت دروست بێت و ڕەخنەی لێ نەگیرێت، تاکو ناحەز شەرمەزار بێت چونکە هیچی خراپ نادۆزێتەوە لە دژتان بیڵێت.
9 کۆیلەکانیش لە هەموو شتێکدا ملکەچی گەورەکانیان بن، ڕازییان بکەن، بەرپەرچیان نەدەنەوە، 10 هیچیان لێ نەدزن، بەڵکو ئەوپەڕی دەستپاکی پیشان بدەن، تاکو لە هەموو شتێکدا فێرکردنی خودای ڕزگارکەرمان بڕازێننەوە.
11 نیعمەتی خودا دەرکەوت و ڕزگاری پێشکەشی هەموو خەڵک دەکات. 12 ئەوەی فێرمان دەکات نکۆڵی لە خوانەناسی و هەوەسە دنیاییەکان بکەین، بە ژیری و ڕاستودروستی و لەخواترسی بژین لەم دنیایە، 13 لە چاوەڕوانی هیوای بەرەکەتدار، دەرکەوتنی شکۆی خودای گەورە و ڕزگارکەرمان، عیسای مەسیح، 14 ئەوەی بۆ ئێمە خۆی بەختکرد، تاکو لە هەموو سەرپێچییەک بمانکڕێتەوە و گەلێکی تایبەت بۆ خۆی پاک بکاتەوە، دڵگەرم بۆ چاکەکاری.
15 بەمانە بدوێ، هانبدە و بە هەموو دەسەڵاتێک سەرزەنشت بکە. کەس بە کەمت نەزانێت.
ڕزگاری بەهۆی ڕۆحی پیرۆز
3 یادی باوەڕداران بخەرەوە ملکەچی فەرمانڕەوایان و دەسەڵاتداران بن، گوێڕایەڵ بن، بۆ هەموو کارێکی چاک ئامادەبن، 2 قسە بە کەس نەڵێن، شەڕفرۆش نەبن، خۆنەویست بن، لەگەڵ هەموو خەڵک دڵنەرمی پیشان بدەن.
3 پێشتر ئێمەش گێل و یاخی و گومڕا بووین، کۆیلەی هەموو جۆرە هەوەس و چێژێک بووین، لە قین و ئیرەییدا دەژیاین، ئێسکگران بووین، ڕقمان لە یەکتری بوو. 4 بەڵام، کاتێک میهرەبانی خودای ڕزگارکەرمان و خۆشەویستییەکەی دەرکەوت، 5 نەک بەهۆی کاری ڕاستودروست کە ئێمە کردوومانە، بەڵکو بە بەزەیی خۆی ڕزگاری کردین، ئەویش لە ڕێگەی ئەو شوشتنەوەیە بوو، کە بەهۆیەوە ڕۆحی پیرۆز لەدایکبوونەوەیەکی نوێ و ژیانێکی نوێی پێ بەخشین، 6 ئەوەی لە ڕێگەی عیسای مەسیحی ڕزگارکەرمان بە دڵفراوانی بەسەرمانیدا ڕشت، 7 تاکو، پاش ئەوەی بە نیعمەتی ئەو بێتاوان کراین، بەگوێرەی هیوای ژیانی هەتاهەتایی ببینە میراتگر. 8 ئەم قسەیە ڕاستە. سەبارەت بەم شتانە دەمەوێ سووربیت، تاکو ئەوانەی باوەڕیان بە خودا هێنا بایەخ بەوە بدەن کە بۆ کرداری چاک خۆیان تەرخان بکەن. ئەم شتانە باش و سوودبەخشە بۆ خەڵک.
دوورکەوتنەوە لە قسەی پووچ
9 بەڵام لە گفتوگۆی گێلانە و ڕەچەڵەک و ناکۆکی و شەڕ لەسەر تەورات دووربکەوە، چونکە بێ سوود و پووچە. 10 ناکۆکیکار ئاگادار بکەوە، لەدوای جارێک و دووان، لێی دووربکەوە. 11 دەزانیت کەسانی وەک ئەو، لادەر و گوناهبارە و خۆی حوکمی بەسەر خۆیدا داوە.
دوا ڕاسپاردە
12 کاتێک ئەرتیماس یان تیخیکۆس دەنێرمە لات، کۆشش بکە لە نیکۆپۆلیس وەرە لام، چونکە بەتەمام لە زستاندا لەوێ بم. 13 هەوڵ بدە زیناسی پارێزەر و ئەپۆلۆس بنێری، تاکو پێویستیان بە هیچ نەبێت. 14 پێویستە خەڵکەکەمان فێربن کە خۆیان بۆ کرداری چاک و پێداویستییە گرنگەکان تەرخان بکەن، تاکو بێ بەرهەم نەبن.
15 هەموو ئەوانەی لەگەڵمدان سڵاوت لێدەکەن. سڵاو لەوانە بکە کە لە باوەڕدا ئێمەیان خۆشدەوێت.
با نیعمەت لەگەڵ هەمووتان بێت.
1 لە پۆڵسەوە کە لە پێناوی عیسای مەسیح بەند کراوە، هەروەها لە تیمۆساوسی برامانەوە،
بۆ هاوکار و خۆشەویست فلیمۆن و 2 خوشکە ئەپفییە و ئەرخیپۆس کە سەربازە لەگەڵمان، هەروەها بۆ ئەو کڵێسایەی لە ماڵەکەتدا کۆدەبنەوە:
3 با نیعمەت[aq] و ئاشتی لە خودای باوکمان و عیسای مەسیحی خاوەن شکۆوە لەگەڵتان بێت.
خۆشەویستی و باوەڕی فلیمۆن
4 هەمیشە سوپاسی خودام دەکەم کاتێک لە نوێژەکانمدا ناوی تۆ دەهێنم، 5 چونکە باوەڕی تۆ بە عیسای خاوەن شکۆ و خۆشەویستی تۆم بۆ هەموو گەلی پیرۆزی خۆی بیستووە. 6 نوێژ دەکەم کە باوەڕی هاوبەشمان کاریگەر بێت لە زانینی هەموو چاکەیەک کە لە پێناوی مەسیحدا بەشداری دەکەین. 7 ئەی برا، بەهۆی خۆشەویستیتەوە زۆر شادبووم و هاندرام، لەبەر ئەوەی بەهۆی تۆوە دڵی گەلی پیرۆزی خودا گەشایەوە.
داواکاری پۆڵس
8 بۆیە هەرچەندە بەهۆی مەسیحەوە مافم هەیە بۆ ئەرکی بەجێ فەرمانت پێ بکەم، 9 بەڵام لەبەر خۆشەویستی نێوانمان، منی پۆڵسی پیرەمێرد، ئێستا کە لە پێناوی عیسای مەسیح گیراوم، 10 داواکارییەکم لێت هەیە سەبارەت بە ئۆنسیمۆسی[ar] کوڕم، ئەوەی لە بەندیخانە لە ڕێگەی منەوە باوەڕی هێنا. 11 پێشتر بۆ تۆ بێ کەڵک بوو، بەڵام ئێستا کەڵکی بۆ من و بۆ تۆ هەیە.
12 ئەو دەنێرمەوە لات، کە جگەرمە. 13 حەزم دەکرد لەلای خۆم بیهێڵمەوە، تاکو لە جیاتی تۆ خزمەتی منی کۆت و بەندکراو لە پێناوی مزگێنی مەسیح بکات. 14 بەڵام نەمویست بێ ڕەزامەندی تۆ شتێک بکەم، تاکو چاکەکەت بە خواستەوە بێت نەک بە ناچاری. 15 لەوانەیە لەبەر ئەمە بووبێت بۆ ماوەیەک لێت دوور کەوتەوە، تاکو بۆ هەتاهەتایە بگەڕێتەوە لات، 16 جا لە ئەمڕۆ بەدواوە کۆیلە نییە، بەڵکو لە کۆیلە باشترە، برایەکی باوەڕداری خۆشەویستە. ئەگەر برایەکی خۆشەویست بێت بۆ من، ئاخۆ چەند زیاتر دەبێت بۆ تۆ، کە بە لەش وەک مرۆڤ و لەگەڵ عیسای مەسیح وەک برا هاوبەشن.
17 لەبەر ئەوە، ئەگەر تۆ من بە هاوبەش دادەنێیت، وەک من وەریبگرەوە. 18 ئەگەر خراپەیەکی لەگەڵ کردوویت یان قەرزێکت بەسەرییەوە هەیە، لەسەر منی بنووسە. 19 من پۆڵسم، بە دەستی خۆم نووسیومە، من دەیدەمەوە. نامەوێ پێت بڵێم تۆ خۆشت قەرزاری منی. 20 برا گیان، لە پێناوی گەورەمان ئەم چاکەیەم لەگەڵ بکە، بە مەسیح دڵخۆشم بکە. 21 ئەمەت بۆ دەنووسم، چونکە دڵنیام گوێڕایەڵ دەبیت و دەزانم کە زیاتر لەوە دەکەیت کە داوات لێدەکەم.
سڵاوی کۆتایی
22 لەگەڵ ئەمەشدا، ژووری میوانداریم بۆ ئامادە بکە، چونکە هیوادارم بەهۆی نوێژەکانتانەوه بە ئێوە ببەخشرێم.
23 ئەپەفراس کە لە پێناوی عیسای مەسیحدا لەگەڵ مندا بەند کراوە، سڵاوت لێدەکات، 24 هەروەها مەرقۆس و ئەریستارخۆس و دیماس و لۆقا، کە هاوکارمن.
25 با نیعمەتی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆ لەگەڵ ڕۆحتان بێت.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.