Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Bible in 90 Days

An intensive Bible reading plan that walks through the entire Bible in 90 days.
Duration: 88 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
پەیدابوون 1-16

سەرەتای بەدیهێنان

لە سەرەتادا خودا ئاسمان و زەویی بەدیهێنا. زەویش بێ شێوە و بەتاڵ بوو، تاریکیش لەسەر ڕووی قووڵاییەکان بوو. ڕۆحی خوداش لەسەر ڕووی ئاوەکان دەجوڵایەوە.

ڕۆژی یەکەم: ڕووناکی

خودا فەرمووی: «با ڕووناکی ببێت.» ئینجا ڕووناکی بوو. خوداش بینی کە ڕووناکییەکە باش بوو. ئیتر خودا ڕووناکییەکەی لە تاریکی جیا کردەوە. خودا ڕووناکییەکەی ناونا «ڕۆژ» و تاریکییەکەی ناونا «شەو.» ئێوارە بوو، بووە بەیانی، ئەمە ڕۆژی یەکەم بوو.

ڕۆژی دووەم: لێک جیاکردنەوەی ئاوەکان

خودا فەرمووی: «با بۆشاییەک[a] لەنێوان ئاوەکاندا ببێت، بۆ جیابوونەوەی ئاو لە ئاو.» خودا بۆشاییەکەی دروستکرد و ئاوەکەی ژێر بۆشاییەکەی لە ئاوەکەی سەر بۆشاییە کراوەکە جیا کردەوە. جا ئاوا بوو. خودا بۆشاییەکەی ناونا «ئاسمان.» جا ئێوارە بوو، بووە بەیانی، ئەمە ڕۆژی دووەم بوو.

ڕۆژی سێیەم: وشکانی و سەوزایی

خودا فەرمووی: «با ئاوەکانی ژێر ئاسمان لە یەک شوێن کۆببنەوە و وشکانی دەربکەوێت.» جا ئاوا بوو. 10 خودا وشکانییەکەی ناونا «زەوی». ئاوە کۆبووەوەکەشی ناونا «دەریا». خوداش بینی کە ئەمە باش بوو.

11 ئینجا خودا فەرمووی: «با زەوی سەوزایی بدات: ڕووەکی تۆودار و داری بەردار لەسەر زەوی، ئەوەی تۆوەکەی لەناو خۆیەتی، لە جۆری خۆی.» جا ئاوا بوو. 12 زەوی سەوزایی دا: ڕووەکی تۆودار لە جۆری خۆی و دار کە بەر دروستبکات و تۆوەکەی تێدابێت لە جۆری خۆی. خوداش بینی کە ئەمە باش بوو. 13 جا ئێوارە بوو، بووە بەیانی، ئەمە ڕۆژی سێیەم بوو.

ڕۆژی چوارەم: مانگ و ڕۆژ

14 ئینجا خودا فەرمووی: «با لە بۆشایی ئاسماندا ڕووناکییەکان هەبێت بۆ جیاکردنەوەی ڕۆژ لە شەو، هەروەها بۆ نیشانکردنی وەرز و ڕۆژ و ساڵ. 15 با ڕووناکییەکان لە بۆشایی ئاسماندا ببن، تاکو سەر زەوی ڕووناک بکەنەوە.» جا ئاوا بوو. 16 هەروەها خودا دوو ڕووناکییە مەزنەکەی دروستکرد، ڕووناکییە گەورەکەیان بۆ فەرمانڕەوایەتی ڕۆژ، ڕووناکییە بچووکەکەشیان بۆ فەرمانڕەوایەتی شەو، هەروەها ئەستێرەکانیش. 17 خودا لە بۆشایی ئاسماندا بۆ ڕووناککردنەوەی سەر زەوی داینان، 18 بۆ فەرمانڕەوایەتی ڕۆژ و شەو و جیاکردنەوەی ڕووناکی لە تاریکی. خوداش بینی کە ئەمە باش بوو. 19 جا ئێوارە بوو، بووە بەیانی، ئەمە ڕۆژی چوارەم بوو.

ڕۆژی پێنجەم: باڵندە و ماسی

20 ئینجا خودا فەرمووی: «با ئاوەکان پڕ ببن لە ئاپۆرەی بوونەوەری زیندوو، با باڵندەش لە بۆشایی ئاسماندا بەسەر زەویدا بفڕێت.» 21 ئیتر خودا بوونەوەرە مەزنەکانی دەریای بەدیهێنا، لەگەڵ هەموو زیندەوەرە جوڵاوەکانی ناو ئاوەکان کە لێی پڕبوون، بەپێی جۆرەکانیان، لەگەڵ هەموو باڵندەیەکی باڵداریش بەپێی جۆرەکانیان. خوداش بینی کە ئەمە باش بوو. 22 خودا بەرەکەتداری کردن و فەرمووی: «بەردار بن و زۆر بن و ئاوی دەریاکان پڕ بکەن، با باڵندەکانیش لەسەر زەوی زۆر ببن.» 23 جا ئێوارە بوو، بووە بەیانی، ئەمە ڕۆژی پێنجەم بوو.

ڕۆژی شەشەم: ئاژەڵ و مرۆڤ

24 خودا فەرمووی: «با زەوی بوونەوەرە زیندووەکان لە جۆری خۆیان بەرهەم بهێنێت. ئاژەڵی ماڵی و خشۆکی زەوی و ئاژەڵی کێوی، هەریەکەیان لە جۆری خۆی.» جا ئاوا بوو. 25 خودا ئاژەڵی کێوی بەپێی جۆری خۆیان دروستکرد، ئاژەڵی ماڵیش بەپێی جۆری خۆیان و هەموو خشۆکێکیش لەسەر زەوی بەپێی جۆری خۆیان. خوداش بینی کە ئەمە باش بوو.

26 ئینجا خودا فەرمووی: «با مرۆڤ لەسەر وێنەی خۆمان دروستبکەین و لە خۆمان بچێت. با دەسەڵاتدار بن بەسەر ماسی دەریا و باڵندەی ئاسمان و ئاژەڵی ماڵی و بەسەر هەموو زەویدا، هەروەها بەسەر هەموو ئەو بوونەوەرە خشۆکانەی بەسەر زەویدا دەخشێن.»

27 خودا مرۆڤی لەسەر وێنەی خۆی بەدیهێنا،
    لەسەر وێنەی خودی خۆی بەدیهێنا،
    بە نێر و مێ بەدیهێنان.

28 خودا بەرەکەتداری کردن و پێی فەرموون: «بەردار بن و زۆر بن و زەوی پڕ بکەن و بیخەنە ژێر ڕکێفتانەوە. دەسەڵاتدار بن بەسەر ماسی دەریا و باڵندەی ئاسمان و بەسەر هەموو بوونەوەرێکی زیندوودا کە لەسەر زەوی دەجوڵێتەوە.»

29 ئینجا خودا فەرمووی: «هەموو ڕووەکی تۆودار کە لە سەرتاسەری ڕووی زەوییە داومە بە ئێوە، لەگەڵ هەموو دارێکیش کە بەری هەیە و تۆوی خۆی تێدایە. بۆ ئێوە دەبنە خۆراک. 30 بۆ هەموو گیانلەبەرانی زەوی و هەموو باڵندەکانی ئاسمان و هەموو بوونەوەرێکی خشۆکی سەر زەوی، هەموو بوونەوەرێک کە هەناسەی ژیانی تێدایە، هەموو ڕووەکی سەوزم بۆ خۆراک پێداون.» جا ئاوا بوو.

31 خودا بینی هەموو ئەوەی کە دروستی کردبوو زۆر باش بوو. جا ئێوارە بوو، بووە بەیانی، ئەمە ڕۆژی شەشەم بوو.

ڕۆژی حەوتەم: پشوودان

بەم شێوەیە ئاسمان و زەوی و هەرچی تێیاندا ڕێکخرابوو تەواو کران.

ئیتر خودا لە ڕۆژی حەوتەم لەو کارەی کە کردبووی تەواو ببوو، ئینجا لە ڕۆژی حەوتەمدا لە هەموو کارەکانی پشووی دا. خودا ڕۆژی حەوتەمی بەرەکەتدار و پیرۆز کرد، چونکە تێیدا لە هەموو کارەکانی پشووی دا، هەموو ئەوەی خودا بەدیهێنا و دروستی کرد.

ئادەم و حەوا

ئەمانەش ڕێکخستنەکانی ئاسمان و زەوین کاتێک بەدی هێنران، لەو ڕۆژەی یەزدانی پەروەردگار زەوی و ئاسمانی دروستکرد.

هێشتا هیچ دەوەنێکی کێڵگە لەسەر زەوی نەبوو، هەروەها هیچ ڕووەکێکی کێڵگەش هێشتا سەری دەرنەکردبوو، چونکە هێشتا یەزدانی پەروەردگار بارانی بەسەر زەویدا نەباراندبوو. هیچ مرۆڤێکیش نەبوو ئیشی جوتیاری بکات. بەڵام تەم لە زەوییەوە سەردەکەوت و هەموو ڕووی زەوی ئاو دەدا. جا یەزدانی پەروەردگار پیاوی لە خۆڵی زەوی[b] پێکهێنا و هەناسەی ژیانی فووکردە کونە لووتی. بەمەش پیاوەکە بووە گیانێکی زیندوو.

ئینجا یەزدانی پەروەردگار باخچەیەکی لە عەدەن، لە ڕۆژهەڵاتدا چاند. لەوێش پیاوەکەی دانا کە پێکی هێنابوو. یەزدانی پەروەردگار هەموو ئەو جۆرە درەختانەی کە لەبەرچاو جوان بوون و بۆ خواردن خۆش بوون لە زەویدا گەشەی پێکرد. درەختی ژیانیش لەناوەڕاستی باخچەکەدا بوو، هەروەها درەختی زانینی چاکە و خراپە.

10 ڕووبارێک لە عەدەنەوە هەڵدەقوڵا و لەبەری دەڕۆیشت بۆ ئاودانی باخچەکە، لەوێوە جیا بووەوە و بووە چوار لق: 11 ناوی یەکەمیان پیشۆنە کە بە هەر چوار لای هەموو زەوی حەڤیلادایە، کە زێڕی لێیە. 12 زێڕی ئەو زەوییە چاکە، هەروەها سرێشی[c] داری بۆن خۆش و بەردی عاشقبەندیشی لێیە. 13 ناوی ڕووباری دووەمیان گیحۆنە، کە بە شێوەی پێچاوپێچ بە هەموو خاکی کوشدا[d] دەڕوات. 14 ناوی ڕووباری سێیەم دجلەیە،[e] ئەمیش بە ڕۆژهەڵاتی شاری ئەشووردا[f] دەڕوات. ڕووباری چوارەمیش فوراتە.

15 یەزدانی پەروەردگار پیاوەکەی هێنا و لە باخچەی عەدەن داینا، بۆ ئیشی جوتیاری و بایەخ پێدانی. 16 یەزدانی پەروەردگار فەرمانی بە پیاوەکە دا و فەرمووی: «تۆ ئازادیت لە هەموو درەختەکانی باخچەکە بخۆیت، 17 بەڵام بۆت نییە لە درەختی زانینی چاکە و خراپە بخۆیت، چونکە لەو ڕۆژەی لێی بخۆیت بێگومان دەمریت.»

18 یەزدانی پەروەردگار فەرمووی: «باش نییە بۆ پیاو بە تەنها بێت. یاریدەرێکی هاوشانی بۆ دروستدەکەم.»

19 یەزدانی پەروەردگار هەر لە خۆڵی زەوی هەموو ئاژەڵی کێوی و هەموو باڵندەکانی ئاسمانی پێکهێنا. ئینجا بۆ پیاوەکەی هێنا هەتا ببینێت ناوی چییان لێ دەنێت، هەر ناوێک کە پیاوەکە لە هەریەک لەم بوونەوەرە زیندووانەی نا، ئەوە ناوەکەی بوو. 20 پیاوەکە ناوی لە هەموو ئاژەڵی ماڵی و باڵندەی ئاسمان و ئاژەڵی کێوی نا.

بەڵام بۆ پیاوەکە[g] هیچ یاریدەرێکی هاوشان نەدۆزرایەوە.

21 لە ئەنجامدا یەزدانی پەروەردگار پیاوەکەی خستە خەوێکی قووڵەوە. کاتێک خەوتبوو، یەکێک لە پەراسووەکانی دەرهێنا و شوێنەکەی بە گۆشت بۆ پڕکردەوە. 22 ئینجا یەزدانی پەروەردگار ئافرەتێکی لەو پەراسووە بنیاد نا کە لە پیاوەکەی وەرگرتبوو، جا بۆ پیاوەکەی هێنا.

23 پیاوەکە گوتی:

«ئێستا ئەمە ئێسکێکە لە ئێسقانەکانم و
    گۆشتە لە گۆشتم.
ئەمە ناودەبردرێت بە ”ئافرەت“[h]
    چونکە لە پیاوەوە وەرگیراوە.»

24 لەبەر ئەوە پیاو دایک و باوکی خۆی بەجێدەهێڵێت و بە ژنەکەیەوە دەنووسێت، ئیتر دەبنە یەک جەستە.

25 پیاوەکە و ژنەکەی هەردووکیان ڕووت بوون، شەرمیشیان نەدەکرد.

کەوتنی مرۆڤ

مار لە هەموو ئاژەڵی کێوی سەر زەوی، ئەوانەی یەزدانی پەروەردگار دروستی کردبوون زۆرزانتر و تەڵەکەبازتر بوو. بە ئافرەتەکەی گوت: «ئایا ڕاستە خودا فەرموویەتی: ”بۆتان نییە لە هیچ درەختێکی باخچەکە بخۆن؟“»

ئافرەتەکەش بە مارەکەی گوت: «بۆمان هەیە لە بەری درەختەکانی باخچەکە بخۆین، بەڵام خودا فەرمووی: ”بۆتان نییە لە بەری ئەو دارە بخۆن، کە لەناوەڕاستی باخچەکەیە، هەروەها بۆتان نییە دەستی لێ بدەن، ئەگینا دەمرن.“»

مارەکە بە ئافرەتەکەی گوت: «نا بەڕاستی نامرن، چونکە خودا دەزانێت ئەو ڕۆژەی کە دەیخۆن چاوتان دەکرێتەوە و ئیتر وەک خوداتان لێدێت، چاکە و خراپە دەزانن.»

کاتێک ئافرەتەکە بینی بەری دارەکە بۆ خواردن باش بوو، چاو ئارەزووی دەکرد و وات لێ دەکات دانا بیت، لە بەرەکەی کردەوە و خواردی، دایە مێردەکەشی کە لەگەڵی بوو، ئەویش خواردی. ئیتر هەردووکیان چاویان کرایەوە و زانییان کە ڕووتن، ئیتر گەڵای هەنجیریان لێک دووری و پۆشاکیان بۆ خۆیان دروستکرد.

ئینجا پیاوەکە و ژنەکەی گوێیان لە دەنگی یەزدانی پەروەردگار بوو کە لە باخچەکەدا هاتوچۆی دەکرد، لە کاتی هەڵکردنی شنەبای ڕۆژ، ئەوانیش لەنێو درەختەکانی باخچەکە خۆیان لە یەزدانی پەروەردگاریان شاردەوە. بەڵام یەزدانی پەروەردگاریش پیاوەکەی بانگکرد و فەرمووی: «لەکوێیت؟»

10 ئەویش وەڵامی دایەوە: «لە باخچەکە گوێم لە دەنگت بوو، منیش ترسام، چونکە ڕووت بووم، ئیتر خۆمم شاردەوە.»

11 ئەویش فەرمووی: «کێ بە تۆی گوت کە ڕووتیت؟ لەو درەختەت نەخواردبێت کە فەرمانم پێ کردبوویت لێی نەخۆیت؟»

12 پیاوەکەش گوتی: «ئەو ئافرەتەی پێت دام لەگەڵم بێت، ئەو لە بەری ئەو دارەی پێدام، منیش خواردم.»

13 ئینجا یەزدانی پەروەردگار بە ئافرەتەکەی فەرموو: «ئەمە چییە تۆ کردووتە؟»

ئافرەتەکەش گوتی: «مارەکە فریوی دام و منیش خواردم.»

14 یەزدانی پەروەردگار بە مارەکەی فەرموو: «لەبەر ئەوەی ئەمەت کرد،

«تۆ نەفرەت لێکراویت زیاتر لە هەموو ئاژەڵێکی ماڵی و
    هەموو ئاژەڵێکی کێوی.
هەموو تەمەنیشت
    لەسەر سکت دەخشێیت و
    خۆڵ دەخۆیت.
15 دوژمنایەتیش دەخەمە
    نێوان تۆ و ئافرەتەکە،
    نێوان نەوەی تۆ و نەوەی ئەوەوە.
نەوەی ئەو سەرت پان دەکاتەوە[i] و
    تۆش پاژنەی پێی دەکوتیت.»

16 بە ئافرەتەکەشی فەرموو:

«ئازاری سکپڕیت زۆر زیاتر دەکەم،
    بە ژانەوە منداڵت دەبێت.
ئارەزووت بۆ پیاوەکەت دەبێت و
    ئەویش بەسەرتدا زاڵ دەبێت.»

17 ئینجا بە پیاوەکەشی فەرموو: «لەبەر ئەوەی تۆش گوێت لە ژنەکەت گرت و لەو درەختەت خوارد کە فەرمانم پێ کردبوویت، ”نابێت لێی بخۆیت،“

«ئەوا زەویش بەهۆی تۆوە نەفرەت لێکراوە.
    بە ڕەنجکێشانیش
    هەموو ڕۆژانی ژیانت لێی دەخۆیت.
18 دڕکوداڵت بۆ بەرهەم دێنێت و
    ڕووەکی کێڵگە دەخۆیت.
19 بە ئارەقەی ناوچەوانت
    نان دەخۆیت،
هەتا دەگەڕێیتەوە بۆ زەوی،
    کە لێیەوە وەرگیراویت،
لەبەر ئەوەی تۆ خۆڵیت و
    بۆ خۆڵیش دەگەڕێیتەوە.»

20 ئادەم[j] ناوی ژنەکەی نا حەوا[k]، چونکە دەبێتە دایکی هەموو زیندووان.

21 یەزدانی پەروەردگار بۆ ئادەم و ژنەکەی جلی لە پێست دروستکرد و لەبەری کردن. 22 ئینجا یەزدانی پەروەردگار فەرمووی: «ئێستا مرۆڤ بووە بە یەکێکی وەک خۆمان، چاکە و خراپە دەزانێت، ئێستاش ڕێگەی پێ نادرێت دەستی درێژ بکات و لە داری ژیانیش بکاتەوە و بیخوات، بۆ هەتاهەتایە بژیێت.» 23 ئیتر یەزدانی پەروەردگار لە باخچەی عەدەن دەریکرد، بۆ ئەوەی لەو زەوییە ئیش بکات کە لەوێوە وەرگیراوە. 24 دوای ئەوەی مرۆڤی دەرکرد، بۆ پاسەوانی ڕێگای درەختی ژیان لە دیوی ڕۆژهەڵاتی باخچەی عەدەن کەڕوبەکانی[l] دانا، لەگەڵ شمشێری گڕدار کە بە هەموو لایەکدا دەسووڕایەوە.

قایین و هابیل

ئادەم لەگەڵ حەوای ژنی جووت بوو، ئەویش سکی پڕ بوو، قایینی[m] بوو. گوتی: «لەلایەن یەزدانەوە پیاوێک بووە بەرهەمم.» پاشان هابیلی برای بوو.

ئیتر هابیل بووە شوانی مێگەل و قایینیش جوتیار بوو. دوای ماوەیەک قایین هەندێک بەروبوومی زەوی پێشکەش بە یەزدان کرد. هەروەها هابیل لە چەوری باشترین نۆبەرەی مێگەلەکەی پێشکەش کرد. جا هابیل و قوربانییەکەی جێی ڕەزامەندی یەزدان بوون. بەڵام قایین و پێشکەشکراوەکەی جێی ڕەزامەندی یەزدان نەبوون. جا قایین زۆر تووڕە بوو و ڕووی خۆی گرژ کرد.

یەزدان بە قایینی فەرموو: «بۆ تووڕە بوویت و ڕووی خۆتت گرژ کردووە؟ ئایا ئەگەر ئەوەی چاکە ئەنجامی بدەیت، قبوڵ ناکرێیت؟ خۆ ئەگەر ئەوەی چاکە ئەنجامی نەدەیت ئەوا گوناه لە بەردەرگا خۆی مات کردووە و ئارەزووت دەکات، بەڵام تۆ دەبێت بەسەریدا زاڵ ببیت.»

جا قایین بە هابیلی برای گوت: «با بچینە کێڵگەکە.» واش ڕوویدا کاتێک هەردووکیان لە کێڵگە بوون، قایین پەلاماری هابیلی برای دا و کوشتی.

یەزدان بە قایینی فەرموو: «کوا هابیلی برات؟»

ئەویش گوتی: «نازانم، خۆ من پاسەوانی براکەم نیم؟»

10 جا یەزدان فەرمووی: «چیت کردووە؟ گوێ بگرە! دەنگی خوێنی براکەت لە زەوییەوە هاوارم بۆ دەکات. 11 ئێستاش تۆ نەفرەت لێکراویت لەو زەوییەی کە دەمی بۆ وەرگرتنی خوێنی براکەت کردەوە لە دەستی تۆ. 12 کاتێک ئیش لە زەوییەکە بکەیت، چیتر بەری خۆیت ناداتێ. لەسەر زەوی دەربەدەر و بێ ئۆقرە دەبیت.»

13 قایین بە یەزدانی گوت: «سزاکەم لەوە گەورەترە کە بتوانم بەرگەی بگرم. 14 ئەمڕۆ لەسەر زەوی دەرتکردم، لەبەر ئامادەبوونی تۆ ون دەبم و دەربەدەر و بێ ئۆقرە دەبم لەسەر زەوی. هەرکەسێکیش تووشم بێت دەمکوژێت.»

15 بەڵام یەزدان پێی فەرموو: «ناکرێت وابێت، هەرکەسێک قایین بکوژێت ئەوا حەوت ئەوەندە تۆڵەی لێ دەستێنرێتەوە.» ئینجا یەزدان نیشانەیەکی بە قایینەوە کرد هەتا هەرکەسێک تووشی بێت نەیکوژێت. 16 ئیتر قایین لەبەردەمی یەزدان چووە دەرەوە و لە خاکی نۆد لە ڕۆژهەڵاتی عەدەن نیشتەجێ بوو.

17 قایین لەگەڵ ژنەکەی جووت بوو، ئەویش سکی پڕ بوو و حەنۆخی بوو. ئەو کاتە شارێکی بنیاد دەنا، شارەکەی بە ناوی کوڕەکەیەوە ناونا حەنۆخ. 18 حەنۆخ عیرادی بوو، عیرادیش مەحویائێلی بوو، مەحویائێلیش مەتوشائێلی بوو، مەتوشائێلیش لامەخی بوو.

19 لامەخ دوو ژنی هێنا، یەکێکیان ناوی عادا بوو، ئەوی دیکەشیان ناوی چیلا بوو. 20 لە عاداوە یابال بوو کە باوکی چادرنشینان و ئەوانەی کە خاوەن مەڕوماڵات بوون. 21 براکەشی ناوی یوبال بوو کە باوکی هەموو ئەوانە بوو کە قیسارەیان دەژەند و شمشاڵیان لێدەدا. 22 چیلاش کوڕێکی بوو توبەل قەین کە وەستای هەموو ئەو جۆرە ئامێرانە بوو کە لە بڕۆنز و ئاسن بوون. نەعماش خوشکی توبەل قەین بوو.

23 لامەخ بە هەردوو ژنەکەی گوت:

«عادا و چیلا، گوێتان لێم بێت،
    ئەی هەردوو ژنەکەی لامەخ، گوێ بۆ قسەکانم شل بکەن.
پیاوێکم کوشتووە لەسەر ئەوەی برینداری کردم،
    لاوێکێش لەسەر ئەوەی زامداری کردم.
24 ئەو بۆ قایین حەوت جار تۆڵە دەستێنێتەوە،
    بەڵام بۆ لامەخ ئەوا حەفتا و حەوت جار.»

25 جارێکی دیکە ئادەم لەگەڵ ژنەکەی جووت بوو، کوڕێکی بوو و ناوی لێنا شیت. ئینجا گوتی: «خودا لە جیاتی هابیل کوڕێکی دیکەی بۆ دیاری کردم، ئەوەی قایین کوشتی.» 26 هەروەها شیت کوڕێکی بوو ناوی لێنا ئەنۆش.

لەو کاتە بوو کە خەڵکی دەستیان کرد بە نزاکردن بە ناوی یەزدانەوە[n].

لە ئادەمەوە هەتا نوح

ئەمە تۆماری نەوەکانی ئادەمە.

ئەو ڕۆژەی خودا مرۆڤی بەدیهێنا، لەسەر شێوەی خودا دروستی کرد. بە نێر و مێ بەدیهێنان و بەرەکەتداری کردن. ئەو ڕۆژەی بەدیهێنان ناوی لێنان «مرۆڤ».

کاتێک ئادەم تەمەنی سەد و سی ساڵ بوو، کوڕێکی بوو لە وێنەی خۆی و لە خۆی دەچوو، ناوی لێنا شیت. دوای لەدایکبوونی شیت، ئادەم هەشت سەد ساڵ ژیا، کوڕ و کچی دیکەشی بوو. هەموو تەمەنی ئادەم نۆ سەد و سی ساڵ بوو، ئیتر مرد.

کاتێک شیت تەمەنی سەد و پێنج ساڵ بوو، ئەنۆش لە نەوەی ئەو لەدایکبوو. دوای لەدایکبوونی ئەنۆش، شیت هەشت سەد و حەوت ساڵ ژیا، کوڕ و کچی دیکەشی بوو. هەموو تەمەنی شیت نۆ سەد و دوازدە ساڵ بوو، ئیتر مرد.

کاتێک ئەنۆش تەمەنی نەوەد ساڵ بوو، قێنان لە نەوەی ئەو لەدایکبوو.

10 دوای لەدایکبوونی قێنان، ئەنۆش هەشت سەد و پازدە ساڵ ژیا، کوڕ و کچی دیکەشی بوو. 11 هەموو تەمەنی ئەنۆش نۆ سەد و پێنج ساڵ بوو، ئیتر مرد.

12 کاتێک قێنان تەمەنی حەفتا ساڵ بوو، مەهلەلئێل لە نەوەی ئەو لەدایکبوو. 13 دوای لەدایکبوونی مەهلەلئێل، قێنان هەشت سەد و چل ساڵ ژیا، کوڕ و کچی دیکەشی بوو. 14 هەموو تەمەنی قێنان نۆ سەد و دە ساڵ بوو، ئیتر مرد.

15 کاتێک مەهلەلئێل تەمەنی شەست و پێنج ساڵ بوو، یارەد لە نەوەی ئەو لەدایکبوو. 16 دوای لەدایکبوونی یارەد، مەهلەلئێل هەشت سەد و سی ساڵ ژیا، کوڕ و کچی دیکەشی بوو. 17 هەموو تەمەنی مەهلەلئێل هەشت سەد و نەوەد و پێنج ساڵ بوو، ئیتر مرد.

18 کاتێک یارەد تەمەنی سەد و شەست و دوو ساڵ بوو، حەنۆخ لە نەوەی ئەو لەدایکبوو. 19 دوای لەدایکبوونی حەنۆخ، یارەد هەشت سەد ساڵ ژیا، کوڕ و کچی دیکەشی بوو. 20 هەموو تەمەنی یارەد نۆ سەد و شەست و دوو ساڵ بوو، ئیتر مرد.

21 کاتێک حەنۆخ تەمەنی شەست و پێنج ساڵ بوو، مەتوشالح لە نەوەی ئەو لەدایکبوو. 22 دوای ئەوەی حەنۆخ مەتوشالحی بوو، سێ سەد ساڵ دۆستایەتی خودای کرد، هەروەها کوڕ و کچی دیکەشی بوو. 23 ئیتر هەموو ماوەی ژیانی حەنۆخ سێ سەد و شەست و پێنج ساڵ بوو. 24 حەنۆخ دۆستی خودا بوو، ئیتر کەس نەیبینییەوە، چونکە خودا بردییەوە لای خۆی.

25 کاتێک مەتوشالح تەمەنی سەد و هەشتا و حەوت ساڵ بوو، لامەخ لە نەوەی ئەو لەدایکبوو. 26 دوای لەدایکبوونی لامەخ، مەتوشالح حەوت سەد و هەشتا و دوو ساڵ ژیا، کوڕ و کچی دیکەشی بوو. 27 هەموو تەمەنی مەتوشالح نۆ سەد و شەست و نۆ ساڵ بوو، ئیتر مرد.

28 کاتێک لامەخ تەمەنی سەد و هەشتا و دوو ساڵ بوو، کوڕێکی بوو. 29 ناوی لێنا نوح[o]، گوتی: «ئەمە لە کار و ماندووبوونی دەستمان دڵنەواییمان دەکات، کە لەو زەوییە دەیچێژین یەزدان نەفرەتی لێ کردووە.» 30 دوای لەدایکبوونی نوح، لامەخ پێنج سەد و نەوەد و پێنج ساڵ ژیا، کوڕ و کچی دیکەشی بوو. 31 هەموو تەمەنی لامەخ حەوت سەد و حەفتا و حەوت ساڵ بوو، ئیتر مرد.

32 دوای ئەوەی نوح تەمەنی پێنج سەد ساڵ بوو، سام[p] و حام و یافەتی بوو.

خودا ئاوی لافاو بەسەر زەویدا دەهێنێت

کاتێک مرۆڤ دەستیان بە زیادبوون کرد لەسەر ڕووی زەوی و کچیان بوو، کوڕانی خودا بینییان کچانی مرۆڤ جوانن. جا لە هەموو ئەوانەی هەڵیانبژاردن ژنیان هێنا. ئینجا یەزدان فەرمووی: «ڕۆحی من هەتاسەر ململانێ لەگەڵ مرۆڤ ناکات، چونکە مەرگدارن؛ ڕۆژانی ژیانیان دەبێتە سەد و بیست ساڵ.»

لەو ڕۆژانەدا لەسەر زەوی نەفیلیم[q] هەبوون. لەدوای ئەوەی کوڕانی خودا چوونە لای کچانی مرۆڤ منداڵیان لێیان بوو، منداڵەکان بوونە ئەو پاڵەوانانەی کە لە کۆنەوە ناوبانگیان هەیە.

یەزدان بینی کە خراپەکاری مرۆڤ لەسەر زەوی زۆر بووە، هەروەها هەموو بیروبۆچوونەکانی دڵیشی بە درێژایی ڕۆژ تەنها لەلای خراپەیە. یەزدان خەفەتبار بوو کە مرۆڤی لەسەر زەوی دروستکردبوو، هەروەها دڵگرانیش بوو. ئیتر یەزدان فەرمووی: «مرۆڤ دەسڕمەوە، ئەوەی لەسەر ڕووی زەوی دروستم کرد، مرۆڤ و ئاژەڵ و بوونەوەری خشۆک و باڵندەی ئاسمان، چونکە خەفەت دەخۆم لەوانەی کە دروستم کردوون.» بەڵام نوح لەبەرچاوی یەزدان ڕەزامەندی بەدەستهێنابوو.

ئەمانەش نەوەکانی نوحن.

نوح پیاوچاک و بێ کەموکوڕی نێو خەڵکانی سەردەمی خۆی بوو، دۆستی خودا بوو. 10 نوح سێ کوڕی بوو: سام و حام و یافەت.

11 زەویش لەبەردەم خودا گەندەڵ بوو و پڕیش بوو لە توندوتیژی. 12 خودا بینی زەوی چەند گەندەڵ بووە، چونکە هەموو مرۆڤێک ژیانی خۆی لەسەر زەوی گەندەڵ کردبوو. 13 ئیتر خودا بە نوحی فەرموو: «من کۆتایی بە بوونی هەموو ئادەمیزاد دەهێنم، چونکە بەهۆی ئەوانەوە زەوی پڕ بووە لە توندوتیژی. وا لەگەڵ زەوی لەناویان دەبەم. 14 کەشتییەک بۆ خۆت لە تەختەی دار سەروو دروستبکە، کەشتییەکە بکە لانە و بە قیڕ دیوی ناوەوە و دەرەوەی سواخ بدە. 15 ئاواش دروستی دەکەیت: سێ سەد باڵ درێژی کەشتییەکە بێت، پەنجا باڵ پانی بێت، سی باڵیش بەرزی بێت.[r] 16 بە ئەندازەی باڵێک[s] بۆشایی لەسەر کەشتییەکە بانێکی بۆ دروستدەکەیت، کەشتییەکە تەواو دەکەیت. دەرگای کەشتییەکەش لەتەنیشتەوە دادەنێیت. کەشتییەکە دەکەیتە سێ نهۆم، خوارەوە و ناوەڕاست و سەرەوە. 17 من وا ئاوی لافاو بەسەر زەویدا دەهێنم، بۆ لەناوبردنی هەموو ژیانێک لەژێر ئاسمان، هەروەها هەموو زیندەوەرێک کە هەناسەی ژیانی تێدایە. هەرچییەک لەسەر زەوییە لەناودەچێت. 18 بەڵام من پەیمانی خۆم لەگەڵ تۆ دەچەسپێنم. تۆ دەچیتە ناو کەشتییەکەوە، خۆت و کوڕەکانت و ژنەکەت و بووکەکانیشت لەگەڵت. 19 لە هەموو بوونەوەرێکی زیندوو، نێر و مێ، جووتێک لەگەڵ خۆت دەهێنیتە ناو کەشتییەکەوە، بۆ هێشتنەوەیان بە زیندووێتی. 20 جووتێک لە هەموو جۆرێک لە جۆرەکانی باڵندە و لە جۆرەکانی ئاژەڵ و لە جۆرەکانی بوونەوەرە خشۆکەکانی زەوی دێنە لات، بۆ هێشتنەوەیان بە زیندووێتی. 21 تۆش بۆ خۆت هەر خۆراکێک کە دەبێت بخورێت بیبە و لەلای خۆت کۆی بکەرەوە، تاکو بۆ خۆت و بۆ ئەوان ببێتە خواردەمەنی.»

22 جا نوح هەموو ئەوەی خودا فەرمانی پێ کردبوو، ئەنجامی دا.

ئینجا یەزدان بە نوحی فەرموو: «بە خۆت و خاووخێزانەکەتەوە بڕۆنە ناو کەشتییەکەوە، چونکە لەم نەوەیەدا تۆم بە ڕاستودروست بینیوە لەبەردەمم. لە هەموو جۆرێک لە ئاژەڵە پاکەکان، نێر و مێ، حەوت جووت لەگەڵ خۆت دەبەیت، لەو ئاژەڵانەی پاک نین، نێرینەیەک و مێینەکەی، جووتێک دەبەیت. لە باڵندەکانی ئاسمانیش حەوت جووت، لە نێر و مێیان، بۆ هێشتنەوەی ڕەگەزەکانیان لەسەرتاسەری ڕووی زەوی. دوای حەوت ڕۆژی دیکە، چل شەو و چل ڕۆژ باران بەسەر زەویدا دەبارێنم. هەموو ئەو بوونەوەرە زیندووانە لەسەر ڕووی زەوی دەسڕمەوە کە دروستم کردوون.»

نوح هەموو شتێکی ئەنجام دا، بەپێی ئەوەی یەزدان فەرمانی پێدا.

نوح تەمەنی شەش سەد ساڵ بوو کە ئاوی لافاو لەسەر زەوی هەستا. نوح خۆی و کوڕەکانی و ژنەکەی و بووکەکانی پێش ئاوی لافاوەکە چوونە ناو کەشتییەکە. لە ئاژەڵە پاک و ئاژەڵە ناپاکەکان، لە باڵندە و هەموو ئەو بوونەوەرانەی لەسەر زەوی دەخشێن، جووت جووت لە نێر و مێ، هاتنە لای نوح و چوونە ناو کەشتییەکە، هەروەک چۆن خودا فەرمانی بە نوح دابوو. 10 دوای حەوت ڕۆژەکە ئاوی لافاوەکە هاتە سەر زەوی.

11 کاتێک نوح تەمەنی شەش سەد ساڵ بوو، لە حەڤدەمین ڕۆژی مانگی دووەم، لەو ڕۆژەدا هەموو سەرچاوەکانی دەریا گەورەکەی ژێر زەوی[t] تەقینەوە و دەروازەکانی ئاسمانیش کرانەوە. 12 چل شەو و چل ڕۆژیش لەسەر زەوی باران باری.

13 هەر لە هەمان ڕۆژدا نوح و کوڕەکانی، سام و حام و یافەت، پێکەوە لەگەڵ ژنەکەی و هەر سێ بووکەکەی چوونە ناو کەشتییەکە. 14 لەگەڵیان هەموو ئاژەڵە کێوییەکان بەپێی جۆریان و هەموو ئاژەڵە ماڵییەکان بەپێی جۆریان و هەموو بوونەوەرە خشۆکەکانی لەسەر زەوی دەخشێن بەپێی جۆریان و هەموو باڵندەیەک بەپێی جۆریان و هەموو باڵدارێک. 15 جووت جووت لە هەموو بوونەوەرێک کە هەناسەی ژیانیان تێدابوو چوونە ناو کەشتییەکە، بۆ لای نوح. 16 ئەوانەی دەهاتنە ناوەوە لە نێر و مێی هەموو گیاندارێکی زیندوو بوون، وەک چۆن خودا فەرمانی بە نوح دابوو. ئینجا یەزدان لەدوایەوە دەرگای کەشتییەکەی داخست.

17 لافاوەکە بۆ ماوەی چل ڕۆژ لەسەر زەوی بەردەوام بوو. کاتێک ئاو زۆر بوو کەشتییەکەی هەڵگرت، ئیتر کەشتییەکە لە زەوی بەرزبووەوە. 18 ئاو لەسەر زەوی بەرزبووەوە و گەلێک زۆر بوو، کەشتییەکەش لەسەر ڕووی ئاوەکە دەڕۆیشت. 19 ئاو لەسەر زەوی زۆر بەرزبووەوە هەتا هەموو شاخە بەرزەکانی ژێر هەموو ئاسمان داپۆشران. 20 بە بەرزی پازدە باڵ[u] ئاو لەسەر شاخەکان بەرزبووەوە، شاخەکانیش داپۆشران. 21 ئیتر هەموو شتێکی زیندوو کە لەسەر زەوی دەجوڵایەوە لەناوچوو، لە باڵندە و ئاژەڵی ماڵی و ئاژەڵی کێوی و هەموو ئەو کۆمەڵە زیندەوەرانەی لەسەر زەوی دەجوڵانەوە، هەموو ئادەمیزادیش. 22 هەر شتێک لەسەر وشکانی کە هەناسەی ژیان لە لووتیدا بوو، مرد. 23 هەموو شتێکی زیندوو لەسەر ڕووی زەوی سڕایەوە، مرۆڤ و ئاژەڵ و بوونەوەرە خشۆکەکان و هەموو باڵندەکانی ئاسمانیش، لەسەر زەوی سڕانەوە. تەنها نوح و ئەوانە مانەوە کە لە کەشتییەکە لەگەڵی بوون.

24 ئاوی لافاویش سەد و پەنجا ڕۆژ لەسەر زەوی بوو.

ئینجا خودا نوحی هاتەوە یاد[v]، لەگەڵ هەموو ئاژەڵە کێوییەکان و هەموو ئاژەڵە ماڵییەکان کە لە کەشتییەکەدا لەگەڵی بوون. ئیتر خودا بایەکی بەسەر زەویدا هەڵکرد و ئاو کەم بووەوە. سەرچاوەکانی قووڵایی و دەروازەکانی ئاسمان داخران. بارانیش لە ئاسمانەوە وەستا. ئاو بەرەبەرە لە زەوی بەرەو دواوە گەڕایەوە. دوای سەد و پەنجا ڕۆژ ئاو کەم بووەوە. لە حەڤدەمین ڕۆژی مانگی حەوتەم کەشتییەکە لەسەر چیاکانی ئارارات گیرسایەوە. هەتا مانگی دەیەم هەتا دەهات ئاو کەمی دەکرد. لە یەکەم ڕۆژی مانگی دەیەم لووتکەی شاخەکان دەرکەوتن.

دوای چل ڕۆژ، نوح ئەو پەنجەرە بچووکەی کردەوە کە لە کەشتییەکە کردبووی. ئینجا قەلەڕەشێکی نارد. ئەویش دەهات و دەچوو هەتا ئاو لەسەر ڕووی زەوی وشک بووەوە. پاشان کۆترێکی نارد بۆ ئەوەی ببینێت ئایا ئاوەکە لەسەر ڕووی زەوی کەمی کردووە. بەڵام کۆترەکە شوێن پێیەکی بۆ خۆی نەدۆزییەوە، چونکە ئاو لەسەر هەموو ڕووی زەوی بوو، ئیتر گەڕایەوە لای نوح بۆ کەشتییەکە. ئەویش دەستی بۆ ڕاگرت و گرتی، بردییەوە لای خۆی، بۆ ناو کەشتییەکە. 10 حەوت ڕۆژی دیکە چاوەڕێی کرد و دیسان کۆترەکەی لە کەشتییەکەوە ڕەوانە کرد. 11 کۆترەکە ئێوارە گەڕایەوە بۆ لای، ئەم جارەیان گەڵایەکی تەڕ و تازەی زەیتوونی بە دەنووکەوە بوو. نوح زانی کە ئاو لەسەر ڕووی زەوی کەمی کردووە. 12 حەوت ڕۆژی دیکە چاوەڕێی کرد و جارێکی دیکە کۆترەکەی ناردەوە، بەڵام ئەم جارەیان کۆترەکە نەگەڕایەوە لای.

13 نوح لە یەکی مانگی یەکەمی شەش سەد و یەکەمین ساڵیدا بوو، کە ئاو لە زەوی وشک بووەوە. نوح پۆشاکی سەر کەشتییەکەی لابرد و بینی وا ڕووی زەوی وشک بووەتەوە. 14 لە بیست و حەوتی مانگی دووەم زەوی بە تەواوی وشک بووەوە.

15 ئینجا خودا بە نوحی فەرموو: 16 «لە کەشتییەکە وەرە دەرەوە، خۆت و ژنەکەت و کوڕەکانت و بووکەکانت. 17 هەموو ئەو گیاندارانەی لەگەڵتن، لە باڵندە و ئاژەڵ و هەموو ئەو بوونەوەرە خشۆکانەی لەسەر زەوی دەخشێن. لەگەڵ خۆت بیانهێنە دەرەوە، با زەوی پڕ بکەنەوە و بەردار ببن و لەسەر زەوی زۆر ببن.»

18 جا نوح خۆی و کوڕەکانی و ژنەکەی و بووکەکانی لەگەڵی هاتنە دەرەوە. 19 هەموو گیاندارەکانیش بە هەموو بوونەوەرە خشۆکەکان و هەموو باڵندەکان و هەموو ئەوانەی لەسەر زەوی دەبزوێن، بەپێی جۆرەکانیان لە کەشتییەکە هاتنە دەرەوە.

20 نوح قوربانگایەکی بۆ یەزدان دروستکرد، لە هەموو ئاژەڵە پاکەکان و لە هەموو باڵندە پاکەکانی هێنا و لەسەر قوربانگاکە کردنی بە قوربانی سووتاندن. 21 جا یەزدان بە بۆنەکە ڕەزامەند بوو، لە دڵی خۆی فەرمووی: «جارێکی دیکە بەهۆی مرۆڤەوە نەفرەت لە زەوی ناکەم، چونکە مرۆڤ هەر لە منداڵییەوە دڵی مەیلی خراپەکاری هەیە. جارێکی دیکە نایەم هەرچی بوونەوەری زیندوو هەیە لەناوی ببەم، وەک چۆن کردم.

22 «هەتا زەوی بمێنێت،
چاندن و دروێنە،
ساردی و گەرمی،
هاوین و زستان،
شەو و ڕۆژ،
هەرگیز وەستانی نابێت.»

پەیمانی خودا لەگەڵ نوح و نەوەی دواییدا

ئیتر خودا نوح و کوڕەکانی بەرەکەتدار کرد، پێی فەرموون: «بەردار بن و زۆر بن و زەوی پڕ بکەن. با ئێوە ترس و سامتان هەبێت لەسەر هەموو گیانلەبەرانی زەوی و هەموو باڵندەکانی ئاسمان و لەسەر هەموو ئەو ئاژەڵانەی کە لەسەر زەوی دەجوڵێنەوە، هەروەها لەسەر هەموو ماسییەکانی دەریاش، ئەوان خراونەتە بەردەستی ئێوە. هەموو ئەوانەی گیاندارن و دەبزوێن دەبنە خۆراک بۆتان: هەروەک چۆن ڕووەکی سەوزم پێداون، ئێستا هەموو شتێکتان دەدەمێ.

«بەڵام نابێت گۆشتێک بخۆن کە هێشتا زیندووە، واتە کە خوێنی[w] تێدابێت. بۆ خوێنی ژیانتان، بێگومان لێپرسینەوە دەکەم، بەهۆی هەر گیاندارێکەوە بێت لێپرسینەوە دەکەم. هەروەها بە دەستی مرۆڤ لەسەر گیانی مرۆڤی برای لێپرسینەوە دەکەم.

«هەرکەسێک خوێنی مرۆڤ بڕێژێت،
    بە دەستی مرۆڤ خوێنی دەڕێژرێتەوە،
چونکە خودا لەسەر وێنەی خۆی
    مرۆڤی دروستکردووە.

ئێوەش بەردار بن و زۆر بن، زەوی پڕ بکەن و تێیدا زۆر بن.»

خودا بە نوح و بە کوڕەکانی فەرموو کە لەگەڵیدا بوون: «من پەیمانی خۆم لەگەڵ ئێوە و نەوەی دوای ئێوەدا دەچەسپێنم، 10 لەگەڵ هەموو ئەو گیاندارانەی کە لەگەڵ ئێوەن، باڵندە و ئاژەڵە ماڵییەکان و هەموو ئاژەڵە کێوییەکان، هەموو ئەو گیاندارانەی لەگەڵتاندان و لە کەشتییەکە هاتوونەتە دەرەوە، هەروەها هەرچی گیانداری سەر زەویش هەیە. 11 من پەیمانی خۆم لەگەڵ ئێوە دەچەسپێنم، هەرگیز جارێکی دیکە، هەموو گیانلەبەران بە ئاوی لافاو لەناو ناچن، هەرگیز جارێکی دیکە لافاو وا نابێت زەوی بە تەواوی وێران بکات.»

12 ئینجا خودا فەرمووی: «ئەمە نیشانەی ئەو پەیمانەیە لەنێوان خۆم و ئێوە و هەموو ئەو گیاندارانەی لەگەڵتاندان دەیبەستم، پەیمانێکە بۆ هەموو نەوەکانی داهاتوو. 13 وا پەلکەزێڕینەی خۆمم لەناو هەورەکاندا داناوە، ئەوەش دەبێتە نیشانەی پەیمانەکەی نێوان من و زەوی. 14 ئینجا هەرکاتێک هەورم بەسەر زەویدا هێنا و پەلکەزێڕینە لە هەورەکاندا دەرکەوت، 15 من پەیوەست دەبم بە پەیمانەکەم لەنێوان خۆم و ئێوە و هەموو گیانێکی زیندوو لە هەموو جۆرێک. هەرگیز جارێکی دیکە ئاو لافاوێکی وا دروستناکات کە هەموو ژیانێک لەناو ببات. 16 هەرکاتێک پەلکەزێڕینە لە هەورەکان بێت، دەیبینم و من پەیوەست دەبم بە پەیمانە هەتاهەتاییەکە، کە لەنێوان خودا و هەموو گیانێکی زیندووە لە هەموو جۆرێک کە لەسەر زەوین.»

17 ئینجا خودا بە نوحی فەرموو: «ئەمە نیشانەی ئەو پەیمانەیە کە لەنێوان خۆم و هەموو ژیانێک کە لەسەر زەویدایە چەسپاندم.»

کوڕانی نوح

18 جا کوڕانی نوح کە لە کەشتییەکە هاتنە دەرەوە، سام و حام و یافەت بوون. حام باوکی کەنعان بوو. 19 ئەمانە سێ کوڕەکەی نوح بوون، لەمانەوە خەڵکی لە هەموو زەوی بڵاو بوونەوە.

20 نوح لە بەرهەمی خاک کار دەکات و دەستی بە چاندنی ڕەزە مێوێک کرد. 21 ئینجا کە لە شەرابەکەی خواردەوە، سەرخۆش بوو و لەناو چادرەکەیدا بە ڕووتی ڕاکشا. 22 حامی باوکی کەنعان، ڕووتی باوکی بینی و لە دەرەوە بە هەردوو براکەی ڕاگەیاند. 23 بەڵام سام و یافەت پۆشاکێکیان هێنا و خستیانە سەر شانیان، ئینجا پشتاوپشت چوون و ڕووتییەکەی باوکیان داپۆشی، ڕووشیان بەرەو دواوە بوو، ئیتر ڕووتییەکەی باوکیان نەبینی.

24 کاتێک نوح لە سەرخۆشییەکەی بەئاگا هاتەوە، زانی کوڕە بچووکەکەی چی پێکردووە. 25 ئینجا گوتی:

«نەفرەت لێکراو بێت کەنعان!
    دەبێتە کۆیلەی کۆیلەکان،
    بۆ براکانی.»

26 هەروەها گوتی:

«ستایش بۆ یەزدان، پەروەردگاری سام!
    با کەنعان ببێتە کۆیلەی سام.
27 با خودا دەرگا بۆ یافەت بکاتەوە و
    لە چادرەکانی سام جێنشین بێت.
    با کەنعان ببێتە کۆیلەی ئەو.»

28 دوای لافاوەکە نوح سێ سەد و پەنجا ساڵ ژیا. 29 هەموو تەمەنی نوح نۆ سەد و پەنجا ساڵ بوو، ئیتر مرد.

خشتەی نەتەوەکان لەدوای لافاوەکە

10 ئەمانەش نەوەکانی نوحن، سام و حام و یافەت کە دوای لافاوەکە ئەوانیش کوڕیان بوو.

یافەتییەکان

کوڕەکانی یافەت:

گۆمەر، ماگۆگ، مادەی، یاڤان، توبال، مەشەک و تیراس.

کوڕەکانی گۆمەر:

ئەشکەنەز، ڕیفەت و تۆگەرما.

کوڕەکانی یاڤان:

ئەلیشا، تەرشیش، کیتیم[x] و ڕۆدانیم. لەمانەوە نەتەوەکانی کەنار ئاوەکان بۆ خاکەکانیان بڵاو بوونەوە، هەریەکەیان بەپێی زمانی خۆی و هۆز و نەتەوەی خۆی.

حامییەکان

کوڕەکانی حام:

کوش، میسر، پووت و کەنعان.

کوڕەکانی کوش:

سەبا، حەڤیلا، سەڤتا، ڕەعما و سەبتەکا.

کوڕەکانی ڕەعما:

شەبا و دیدان.

نەمرود لە نەوەی کوش لەدایکبوو، کە بووە جەنگاوەرێکی مەزن لەسەر زەوی. ئەو لەبەردەم یەزدان بووە ڕاوچییەکی بە توانا. لەبەر ئەمەیە دەگوترێت: «وەک نەمرودی ڕاوچییەکی بە توانا لەبەردەم یەزدان.» 10 سەرەتای شانشینەکەی بابل، ئەرەک، ئەکەد و کەلنێ بوو لە خاکی شینعار[y]. 11 لەو خاکەوە چوو بۆ ئاشور، لەوێ نەینەوا، ڕەحۆبۆت عیر و کەلەحی بنیاد نا، 12 هەروەها ڕەسەن کە شارە گەورەکەیە دەکەوێتە نێوان نەینەوا و کەلەح.

13 لوودی، عەنامی، لەهابی و نەفتوحییەکان لە نەوەی میسر بوون، 14 هەروەها پاتروسی و کەفتۆری و کەسلوحییەکانیش، لە کەسلوحییەکانیش فەلەستی کەوتنەوە.

15 کەنعان باوکی سەیدا بوو، کە نۆبەرەکەی بوو، لەگەڵ حیتییەکان، 16 هەروەها یەبوسی، ئەموری، گرگاشی، 17 حیڤی، عەرقی[z]، سینی[aa]، 18 ئەرڤادی، چیماری و حەماتییەکانیشی بوو.

لەدوای ئەوە هۆزەکانی کەنعانییەکان بڵاو بوونەوە. 19 سنووری کەنعانییەکان لە سەیدائەوە بوو هەتا دەهاتە گرار هەتا غەزە، هەتا دەهاتە سەدۆم، عەمۆرا، ئەدما و چەبۆئیم، هەتا لەشەع.

20 ئەمانەن نەوەی حام، بەپێی هۆزیان و زمانیان، لە خاکیان و نەتەوەکانیان.

سامییەکان

21 سامیش کوڕی بوو، یافەت برای گەورەی بوو، سام باپیرە گەورەی هەموو کوڕانی عێبەر بوو.

22 کوڕەکانی سام:

ئیلام، ئەشوور، ئەرپەکشاد، لوود و ئارام.

23 کوڕەکانی ئارام:

عوچ، حوول، گەتەر و مەشەک.

24 ئەرپەکشاد باوکی شالەح بوو،

شالەحیش باوکی عێبەر بوو.

25 عێبەریش دوو کوڕی بوو،

یەکێکیان ناوی پەلەگ[ab] بوو، چونکە لە سەردەمی ئەودا زەوی دابەش کرا. براکەشی ناوی یۆقتان بوو.

26 یۆقتان ئەم کوڕانەی هەبوو:

ئەلمۆداد، شەلەف، حەچەرماڤەت[ac]، یارەح، 27 هەدۆرام، ئوزال، دیقلە، 28 عۆبال، ئەبیمائێل، شەبا، 29 ئۆفیر، حەڤیلا و یۆڤاڤ. هەموو ئەمانە کوڕانی یۆقتان بوون.

30 نشینگەکانیان لە مێشاوە هەتا دەگەیشتە سفاری ناوچە شاخاوییەکانی ڕۆژهەڵات.

31 ئەمانەن نەوەی سام، بەپێی هۆزیان و زمانیان، لە خاکیان و بەپێی نەتەوەکانیان.

32 ئەمانەن هۆزەکانی نەوەی نوح بەپێی نەوەکانیان لەنێو نەتەوەکانیان. لە ئەوانیشەوە نەتەوەکان بەسەر زەویدا بڵاو بوونەوە، لەدوای لافاوەکە.

قوللەی بابل

11 هەموو جیهان یەک زمان و یەک جۆر قسەکردنیان هەبوو. ئینجا کاتێک بۆ ڕۆژهەڵات کۆچیان کرد، دەشتاییەکیان لە خاکی شینعار[ad] دۆزییەوە و لەوێ نیشتەجێ بوون.

ئینجا بە یەکتریان گوت: «وەرن، با خشت دروستبکەین و تەواو سووری بکەینەوە.» ئیتر لە جیاتی بەرد خشتیان بەکارهێنا، قیڕیش لە جیاتی قوڕ. هەروەها گوتیان: «وەرن، با شارێک بۆ خۆمان دروستبکەین لەگەڵ قوللەیەک کە سەری لە ئاسمان بدات. ناوێکیش بۆ خۆمان دروستدەکەین، تاکو بەسەر هەموو ڕووی زەویدا پەرت نەبین.»

بەڵام یەزدان بۆ بینینی ئەو شار و قوللەیەی کە ئادەمیزاد دروستی دەکرد هاتە خوارەوە. یەزدان فەرمووی: «ئەگەر هەموویان یەک گەل و یەک زمان بن، ئەوە سەرەتای دەستپێکردنیانە، هیچ شتێک لەلایان مەحاڵ نابێت، لەوەی مەبەستیانە بیکەن. وەرن با بچینە خوارەوە و لەوێ زمانیان بشێوێنین، بۆ ئەوەی کەسیان لە زمانی ئەوی دیکەیان نەگات.»

ئینجا یەزدان لەوێوە بەسەر هەموو زەویدا پەرتی کردن. ئیتر وازیان لە بنیادنانی شارەکە هێنا. لەبەر ئەمە ناونرا بابل[ae]، چونکە لەوێدا یەزدان زمانی هەموو زەوی شێواند. هەر لەوێشەوە یەزدان بەسەر هەموو ڕووی زەویدا پەرتی کردن.

لە سامەوە هەتا ئەبرام

10 ئەمانەش نەوەکانی سامن.

دوو ساڵ لەدوای لافاوەکە، کاتێک سام تەمەنی سەد ساڵ بوو، ئەرپەکشاد لە نەوەی ئەو لەدایکبوو. 11 دوای لەدایکبوونی ئەرپەکشاد، سام پێنج سەد ساڵ ژیا، کوڕ و کچی دیکەشی بوو.

12 ئەرپەکشاد لە تەمەنی سی و پێنج ساڵیدا بووە باوکی شالەح. 13 دوای لەدایکبوونی شالەح، ئەرپەکشاد چوار سەد و سێ ساڵ ژیا، کوڕ و کچی دیکەشی بوو.

14 شالەح لە تەمەنی سی ساڵیدا بووە باوکی عێبەر. 15 دوای لەدایکبوونی عێبەر، شالەح چوار سەد و سێ ساڵ ژیا، کوڕ و کچی دیکەشی بوو.

16 عێبەر لە تەمەنی سی و چوار ساڵیدا بووە باوکی پەلەگ. 17 لەدوای لەدایکبوونی پەلەگ، عێبەر چوار سەد و سی ساڵ ژیا، کوڕ و کچی دیکەشی بوو.

18 پەلەگ لە تەمەنی سی ساڵیدا بووە باوکی ڕەعو. 19 دوای لەدایکبوونی ڕەعو، پەلەگ دوو سەد و نۆ ساڵ ژیا، کوڕ و کچی دیکەشی بوو.

20 ڕەعو لە تەمەنی سی و دوو ساڵیدا بووە باوکی سەروگ. 21 دوای لەدایکبوونی سەروگ، ڕەعو دوو سەد و حەوت ساڵ ژیا، کوڕ و کچی دیکەشی بوو.

22 سەروگ لە تەمەنی سی ساڵیدا بووە باوکی ناحۆر. 23 دوای لەدایکبوونی ناحۆر، سەروگ دوو سەد ساڵ ژیا، کوڕ و کچی دیکەشی بوو.

24 ناحۆر لە تەمەنی بیست و نۆ ساڵیدا بووە باوکی تارەح. 25 دوای لەدایکبوونی تارەح، ناحۆر سەد و نۆزدە ساڵ ژیا، کوڕ و کچی دیکەشی بوو.

26 تارەح لە تەمەنی حەفتا ساڵیدا بووە باوکی ئەبرام و ناحۆر و هاران.

27 ئەمانەش نەوەکانی تارەحن.

تارەح ئەبرام و ناحۆر و هارانی بوو. هارانیش ڵوتی بوو. 28 هاران پێش تارەحی باوکی لە ئووری کلدانییەکان مرد، لەو خاکەی تێیدا لەدایک ببوو. 29 ئەبرام و ناحۆر هەردووکیان ژنیان هێنا. ژنەکەی ئەبرام ناوی سارای بوو، ژنەکەی ناحۆریش ناوی میلکەی کچی هاران بوو، کە هاران باوکی میلکە و یەسکە بوو. 30 سارای نەزۆک بوو، منداڵی نەبوو.

31 تارەح ئەبرامی کوڕی و ڵوتی کوڕەزای، کە کوڕی هاران بوو، لەگەڵ سارای بووکی، کە ژنی ئەبرامی کوڕی بوو، هەموویانی برد. پێکەوە لە ئووری کلدانییەکانەوە بەڕێکەوتن تاکو بچنە خاکی کەنعان. بەڵام کاتێک هاتنە حەڕان و لەوێ نیشتەجێ بوون.

32 ئینجا تارەح لە تەمەنی دوو سەد و پێنج ساڵیدا لە حەڕان مرد.

بانگکردنی ئەبرام لەلایەن خوداوە

12 یەزدان بە ئەبرامی فەرموو: «خاک و کەسوکار و ماڵی باوکت بەجێبهێڵە و بڕۆ بۆ ئەو خاکەی پیشانت دەدەم.

«جا دەتکەمە نەتەوەیەکی مەزن،
    بەرەکەتدارت دەکەم،
ناوت مەزن دەکەم،
    دەبیتە بەرەکەت.
ئەوانەی داوای بەرەکەتت بۆ دەکەن بەرەکەتداریان دەکەم،
    نەفرەتیش لە نەفرەتکارانت دەکەم.
هەموو نەتەوەکانی سەر زەویش
    لە ڕێگەی تۆوە بەرەکەتدار دەبن.»

ئیتر ئەبرام ڕۆیشت، هەروەک یەزدان پێی فەرموو، ڵوتیش لەگەڵی چوو. ئەبرام لە تەمەنی حەفتا و پێنج ساڵیدا بوو کە حەڕانی بەجێهێشت. ئەبرام سارای ژنی و ڵوتی برازای و هەموو ئەو دەستکەوتانەی دەستیان کەوتبوو، لەگەڵ ئەو کەسانەی لە حەڕان بەدەستیان هێنابوو، لەگەڵ خۆیدا بردنی، ئیتر ڕۆیشتن و چوونە خاکی کەنعان. گەیشتنە خاکی کەنعان.

ئەبرام بە خاکەکەدا تێپەڕی هەتا گەیشتە دار بەڕووەکەی مۆرە لە شەخەم. لەو کاتە کەنعانییەکان لە خاکەکە بوون. یەزدان بۆ ئەبرام دەرکەوت و فەرمووی: «ئەم خاکە دەدەمە نەوەی تۆ.» ئەویش لەوێ قوربانگایەکی بۆ یەزدان دروستکرد کە بۆی دەرکەوتبوو.

لەوێشەوە گواستییەوە بۆ چیاکەی ڕۆژهەڵاتی بێت‌ئێل و چادرەکەی خۆی هەڵدا. بێت‌ئێل کەوتبووە ڕۆژئاوایەوە، عای لە ڕۆژهەڵاتییەوە بوو. لەوێ قوربانگایەکی بۆ یەزدان دروستکرد و بە ناوی یەزدانەوە نزای کرد. پاشان ئەبرام ڕووەو نەقەب[af] بەردەوام بوو لە کۆچکردن.

ئەبرام لە میسر

10 لەو کاتەدا قاتوقڕی لە خاکەکەدا هەبوو، جا ئەبرام چوو بۆ میسر، تاکو لەوێ بۆ ماوەیەک ئاوارە بێت، چونکە قاتوقڕییەکە زۆر گەورە بوو. 11 کاتێکیش نزیک بوو بچێتە ناو میسر، بە سارای ژنی گوت: «بەڕاستی من دەزانم کە تۆ ژنێکی ڕوخسار جوانیت. 12 کاتێک میسرییەکان دەتبینن، دەڵێن: ”ئەمە ژنەکەیەتی.“ ئەو کاتە من دەکوژن بەڵام تۆ دەهێڵنەوە. 13 بڵێ کە تۆ خوشکی منیت، بۆ ئەوەی بەهۆی تۆوە بە چاکی ڕەفتارم لەگەڵ بکەن، لەبەر تۆش گیانم بە زیندوویی دەمێنێتەوە.»

14 کاتێک ئەبرام هاتە میسر، میسرییەکان بینییان کە سارای زۆر جوانە. 15 کە کاربەدەستانی فیرعەون بینییان، لەلای فیرعەون ستایشیان کرد، ئیتر ژنەکەیان بردە ماڵی فیرعەون. 16 ئەویش بەهۆی ژنەکە بە باشی ڕەفتاری لەگەڵ ئەبرام کرد. ئیتر بووە خاوەنی مەڕ و مانگا و نێرەکەر و ماکەر و خزمەتکار و کەنیزە و وشتر.

17 بەڵام یەزدان بەهۆی سارای ژنی ئەبرامەوە فیرعەون و ماڵەکەی تووشی دەردی گران کرد. 18 ئیتر فیرعەون بەدوای ئەبرامدا ناردی و گوتی: «ئەمە چییە تۆ بە منت کرد؟ بۆچی پێت ڕانەگەیاندم کە ئەو ژنی تۆیە؟ 19 بۆچی گوتت ”ئەو خوشکمە،“ هەتا بردم بۆ ئەوەی ببێتە ژنم؟ ئێستاش ئەوەتا ژنەکەت. بیبە و بڕۆ!» 20 ئینجا فیرعەون هەندێک پیاوی ڕاسپارد بۆ بەڕێکردنی ئەبرام و ژنەکەی و هەرچییەکی هەیانبوو.

جیابوونەوەی ئەبرام و ڵوت

13 ئیتر ئەبرام خۆی و ژنەکەی و هەرچییەکی هەبوو، لەگەڵ ڵوت لە میسرەوە چووە نەقەب. ئەبرام لە مەڕوماڵات و لە زیو و زێڕ زۆر دەوڵەمەند بوو.

قۆناغ بە قۆناغ کۆچی کرد، لە نەقەبەوە هەتا بێت‌ئێل، هەتا ئەو شوێنەی یەکەم جار چادرەکەی ئەوی لێبوو، لەنێوان بێت‌ئێل و عای. بۆ شوێنی قوربانگاکەی کە یەکەم جار دروستی کرد، لەوێدا ئەبرام بە ناوی یەزدانەوە نزای کرد.

هەروەها ڵوتیش کە لەگەڵ ئەبرام دەڕۆیشت، مەڕ و مانگا و چادری هەبوو. بەڵام خاکەکە هەردووکیانی هەڵنەگرت بۆ ئەوەی پێکەوە نیشتەجێ بن، لەبەر ئەوەی دەستکەوتیان ئەوەندە زۆر بوو کە ئیتر نەیانتوانی پێکەوە نیشتەجێ بن. ناکۆکی لەنێوان شوانەکانی مەڕوماڵاتی ئەبرام و شوانەکانی مەڕوماڵاتی ڵوت ڕوویدا. لەو کاتەش کەنعانییەکان و پریزییەکان نیشتەجێی خاکەکە بوون.

ئینجا ئەبرام بە ڵوتی گوت: «با هیچ ناکۆکییەک لەنێوان من و تۆ و لەنێوان شوانەکانم و شوانەکانی تۆ نەبێت، چونکە ئێمە مام و برازاین[ag]. ئەوە نییە هەموو خاکەکە لەبەردەمتە؟ کەواتە لە من جیا ببەوە. ئەگەر بەلای چەپدا بڕۆیت، من بەلای ڕاستدا دەڕۆم و ئەگەر بەلای ڕاستدا بڕۆیت، من بەلای چەپدا دەڕۆم.»

10 ڵوت چاوی هەڵبڕی و بینی هەموو دەوروبەری ڕووباری ئوردون ئاودارە. وەک بەهەشتی یەزدانە، وەک خاکی میسر کە بەرەو زۆعەر دەڕۆیت. ئەمە پێش ئەوەی یەزدان سەدۆم و عەمۆرا وێران بکات. 11 ڵوت هەموو دەوروبەری ڕووباری ئوردونی بۆ خۆی هەڵبژارد و بەرەو ڕۆژهەڵات کۆچی کرد. ئیتر هەردووکیان لە یەکتری جیا بوونەوە. 12 ئەبرام لە خاکی کەنعان نیشتەجێ بوو، ڵوتیش لە شارۆچکەکانی دەوروبەر نیشتەجێ بوو، ڕووەو سەدۆم چادرەکانی هەڵدا. 13 خەڵکی سەدۆم لە ڕادەبەدەر بەدکار و گوناهبار بوون، لە دژی یەزدان.

14 دوای جیابوونەوەی ڵوت لە ئەبرام، یەزدان بە ئەبرامی فەرموو: «چاوت هەڵبڕە و لەو شوێنەی کە لێیت، سەیری باکوور و باشوور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا بکە، 15 چونکە هەموو ئەو خاکەی دەیبینیت بۆ هەتاهەتایە دەیدەمە تۆ و نەوەی تۆ، 16 نەوەشت وەک خۆڵی زەوی لێ دەکەم، تاکو ئەگەر یەکێک توانی خۆڵی زەوی بژمێرێت، ئەوا نەوەی تۆش دەژمێردرێت. 17 بڕۆ، بە درێژایی و پانی خاکەکەدا هاتوچۆ بکە، چونکە دەیدەمە تۆ.»

18 ئیتر ئەبرام چادرەکانی گواستەوە و هات لەلای دار بەڕووەکانی مەمرێ لە حەبرۆن[ah] نیشتەجێ بوو، لەوێ قوربانگایەکی بۆ یەزدان دروستکرد.

دەربازکردنی ڵوت لەلایەن ئەبرامەوە

14 وا ڕوویدا کە لە سەردەمی ئەمرافەلی پاشای شینعار و ئەریۆکی پاشای ئەلاسار و کدارلاعۆمەری پاشای ئیلام و تیدعالی پاشای گۆئیم، ئەمانە جەنگیان بەرپا کرد لە دژی بەرەعی پاشای سەدۆم و بیرشەعی پاشای عەمۆرا و شینئابی پاشای ئەدما و شەمێڤەری پاشای چەبۆئیم، لەگەڵ پاشای بەلەع کە شاری زۆعەرە. هەموو ئەمانە لە دۆڵی سیدیم هێزەکانیان یەکخست، کە ئێستا پێی دەگوترێت دەریای مردوو[ai]. بۆ ماوەی دوازدە ساڵ ژێردەستەی کدارلاعۆمەر بوون، بەڵام لە ساڵی سێزدەمین لێی یاخی بوون.

لە ساڵی چواردەمین، کدارلاعۆمەر خۆی و ئەو پاشایانەی کە لەگەڵی بوون هات، ڕفائییەکانیان بەزاند لە عەشترۆت قەرنەیم، هەروەها زوزییەکان لە هام و ئێمییەکانیش لە شاڤێ قیریاتەیم، هەروەها حۆرییەکان[aj] لە ناوچە شاخاوییەکانی سێعیر، هەتا ئێیل پاران لە نزیک بیابان. ئینجا گەڕانەوە و چوونە کانی میشپات کە قادێشە و بەسەر هەموو هەرێمی عەمالێقییەکاندا زاڵ بوون، هەروەها ئەمورییەکانیش کە نیشتەجێی حەچەچۆن تامار بوون.

ئینجا پاشای سەدۆم و پاشای عەمۆرا و پاشای ئەدما و پاشای چەبۆئیم و پاشای بەلەع کە شاری زۆعەرە، هاتنە دەرەوە و لە دۆڵی سیدیم بۆ جەنگ ڕیزیان بەست، لە دژی کدارلاعۆمەری پاشای ئیلام و تیدعالی پاشای گۆئیم و ئەمرافەلی پاشای شینعار و ئەریۆکی پاشای ئەلاسار. چوار پاشا بەرامبەر بە پێنج. 10 دۆڵی سیدیمیش پڕ بوو لە چاڵە قیڕ. کاتێک هەردوو پاشای سەدۆم و عەمۆرا هەڵاتن و لەوێ کەوتن، ئەوانی دیکەش بۆ چیاکان هەڵاتن. 11 ئیتر چوار پاشاکە هەموو شتومەکەکانی سەدۆم و عەمۆرا و هەموو خۆراکەکانیان بردن و ڕۆیشتن. 12 هەروەها ڵوتی برازای ئەبرامیان لەگەڵ هەموو شتومەکەکەیان برد کە لە سەدۆم نیشتەجێ بوو.

13 یەکێک لە دەربازبووان هات و بە ئەبرامی عیبرانی[ak] ڕاگەیاند. ئەو کاتە لەلای دار بەڕووەکانی مەمرێی ئەموری، براکەی ئەشکۆل و عانێر، نیشتەجێ بوو. ئەمانیش لەگەڵ ئەبرام هاوپەیمان بوون. 14 کاتێک ئەبرام بیستی کە برازاکەی ڕاپێچ کراوە، بانگەوازی بۆ خزمەتکارە مەشقپێکراوەکانی دەرکرد کە لەدایکبووی ماڵەکەی بوون و سێ سەد و هەژدە کەس بوون، ئیتر هەتا شاری دان بەدوایان کەوت. 15 کە شەویش داهات خۆی و پیاوەکانی دابەش بوون، جا هێرشی بردە سەریان و تەفروتونایان کردن و تاکو حۆڤا دەریپەڕاندن، کە لە باکووری دیمەشقە. 16 جا هەموو شتومەکەکان و هەروەها ڵوتی برازای و شتومەکەکانی و ژنەکان و خەڵکەکەی هێنایەوە.

17 دوای گەڕانەوەی ئەبرام لە بەزاندنی کدارلاعۆمەر و پاشاکانی دیکەی هاوپەیمانی، پاشای سەدۆم لە دۆڵی شاڤێ کە دۆڵی پاشایە بۆ پێشوازیکردنی هاتە دەرەوە.

18 مەلکیسادقی پاشای شالیمیش[al] نان و شەرابی دەرهێنا. ئەو کاهینی خودای هەرەبەرز بوو. 19 داوای بەرەکەتی بۆ کرد و گوتی:

«با خودای هەرەبەرز، دروستکەری ئاسمان و زەوی،
    ئەبرام بەرەکەتدار بکات.
20 ستایش بۆ خودای هەرەبەرز
    کە دوژمنەکانتی دایە دەستت.»

ئەبرامیش دەیەکی هەموو شتێکی پێدا.

21 ئینجا پاشای سەدۆم بە ئەبرامی گوت: «خەڵکەکە بدە من و شتومەکەکانیش بۆ خۆت ببە.»

22 بەڵام ئەبرام بە پاشای سەدۆمی گوت: «سوێندم خواردووە بۆ یەزدانی پەروەردگاری هەرەبەرز، دروستکەری ئاسمان و زەوی، 23 کە ئەگەر تاڵە دەزووێک یان ئاوزەنگییەکی[am] پێڵاوەکانت یان هەر شتێک لە شتەکانی تۆ ببەم، بۆ ئەوەی هەرگیز نەڵێیت: ”من ئەبرامم دەوڵەمەند کرد.“ 24 تەنها ئەوە نەبێت کە هەرزەکارەکان خواردوویانە، بەشەکەی ئەو پیاوانەش کە لەگەڵم هاتن، عانێر و ئەشکۆل و مەمرێ، ئەوان بەشی خۆیان وەردەگرن.»

پەیمانی خودا لەگەڵ ئەبرام

15 لەدوای ئەم ڕووداوانە، لە بینینێکدا[an] فەرمایشتی یەزدان بۆ ئەبرام هات، فەرمووی:

«مەترسە ئەی ئەبرام،
    من قەڵغانم بۆت،
    پاداشتت زۆر گەورەیە.»

بەڵام ئەبرام گوتی: «ئەی یەزدانی باڵادەست، چیم دەدەیتێ کە من هەروا وەجاخکوێر بم و میراتگری ماڵم ئەلیعەزەری دیمەشقییە؟» هەروەها ئەبرام گوتی: «هیچ وەجاخێکت نەداومەتێ، ئەوەی لە ماڵەکەم لەدایک بووە وا دەبێتە میراتگرم.»[ao]

لەو کاتەدا فەرمایشتی یەزدانی بۆ هات، فەرمووی: «ئەمە نابێتە میراتگرت، بەڵکو ئەوەی لە پشتی تۆوە دێت ئەو دەبێتە میراتگرت.» ئینجا بردییە دەرەوە و فەرمووی: «سەیری ئاسمان بکە و ئەستێرەکان بژمێرە، ئەگەر دەتوانیت بیانژمێریت.» هەروەها پێی فەرموو: «نەوەکەت ئاوا دەبێت.»

جا ئەبرام باوەڕی بە یەزدان هێنا، ئەویش ئەمەی بە ڕاستودروستی بۆ دانا.

هەروەها یەزدان پێی فەرموو: «من یەزدانم، ئەوەی لە ئووری کلدانییەکانەوە تۆی هێنایە دەرەوە، هەتا ئەم زەوییەت بە میرات پێ ببەخشێت.»

بەڵام ئەبرام گوتی: «ئەی یەزدانی باڵادەست، چۆن بزانم کە من دەبمە میراتگری؟»

یەزدانیش پێی فەرموو: «گوێرەکەیەکی مێینەی سێ ساڵە[ap] و بزنێکی سێ ساڵە و بەرانێکی سێ ساڵە و قومرییەک و کۆترێکم بۆ بهێنە.»

10 ئەمانەی هەموو بۆ هێنا و لە ناوەڕاستەوە لەتی کردن، لەتی هەریەکەشیانی بەرامبەر ئەوی دیکە دانا، بەڵام باڵندەکانی لەت نەکرد. 11 ئینجا سیسارکە کەچەڵەکان بۆ سەر کەلاکەکان هاتنە خوارەوە، بەڵام ئەبرام دووری خستنەوە.

12 کە خۆریش بەرەو ئاوابوون دەچوو، ئەبرام کەوتە خەوێکی قووڵەوە، لەناکاو تاریکییەکی ترسناک و سەختی بەسەرهات. 13 ئینجا یەزدان بە ئەبرامی فەرموو: «بە دڵنیاییەوە بزانە کە نەوەکانت لە خاکێک نامۆ دەبن کە هی خۆیان نییە، دەبنە کۆیلەیان و چوار سەد ساڵ دەیانچەوسێننەوە. 14 بەڵام سزای ئەو نەتەوەیەش دەدەم، کە ئەوان وەک کۆیلە خزمەتیان دەکەن. لەدوای ئەوە بە دەستکەوتێکی زۆرەوە دێنە دەرەوە. 15 بەڵام تۆ بە سەلامەتی دەچیتە لای باوباپیرانت و لە تەمەنێکی باشی پیریدا دەنێژرێیت. 16 لە نەوەی چوارەمیشدا، نەوەکانت دەگەڕێنەوە ئێرە، چونکە هێشتا تاوانی ئەمورییەکان نەگەیشتووەتە ئەندازەی تەواوی خۆی.»

17 ئینجا کاتێک خۆر ئاوابوو و تاریکی داهات، لەناکاو تەنوورێکی پڕ دووکەڵ و مەشخەڵێکی داگیرساو دەرکەوت و لەنێوان پارچەکاندا تێپەڕی. 18 لەو ڕۆژەدا یەزدان پەیمانێکی لەگەڵ ئەبرامدا بەست و پێی فەرموو: «ئەم خاکە دەدەمە نەوەکانی تۆ، لە ڕووباری میسرەوە هەتا ڕووبارە گەورەکە، ڕووباری فورات، 19 خاکی قێنی و قەنیزی، قەدمۆنی، 20 حیتی، پریزی، ڕفائی، 21 ئەموری، کەنعانی، گرگاشی و یەبوسییەکان.»

هاجەر و ئیسماعیل

16 سارای ژنی ئەبرام هیچ منداڵی بۆ ئەبرام نەبوو، بەڵام کەنیزەیەکی میسری هەبوو ناوی هاجەر بوو. سارای بە ئەبرامی گوت: «یەزدان ڕێی منداڵبوونی لێ گرتووم. لەگەڵ کەنیزەکەم بنوو، بەڵکو لەوەوە منداڵم بۆ ببێت.»

ئەبرامیش بە قسەی سارای کرد. ئینجا سارای ژنی ئەبرام هاجەری کەنیزە میسرییەکەی هێنا، ئەمەش پاش دە ساڵ بوو لە نیشتەجێبوونی ئەبرام لە خاکی کەنعان، دایە ئەبرامی مێردی هەتا ببێتە ژنی. ئیتر لەگەڵ هاجەر نوست، ئەویش سکی پڕ بوو.

کاتێک کە زانی وا سکی هەیە، خانمەکەی خۆی لەبەرچاو سووک بوو. ئینجا سارای بە ئەبرامی گوت: «ئەو سووکایەتییەی بە من دەکرێ تۆ لێی بەرپرسی. من کەنیزەکەی خۆمم خستە باوەشی تۆ، ئێستاش کە زانی سکی هەیە، لەبەرچاویدا سووک بووم. با یەزدان دادوەری نێوان من و تۆ بکات.»

ئەبرامیش بە سارای گوت: «وا کەنیزەکەت لەبەردەستی خۆتدایە، چیت پێ باشە وای لێ بکە.» ئیتر سارای هاجەری زەلیل کرد، ئەویش لە دەستی هەڵات.

ئینجا فریشتەی یەزدان هاجەری لەسەر کانییەک دۆزییەوە لە چۆڵەوانی. لەسەر ئەو کانییەی لە ڕێگای شوورە. فەرمووی: «ئەی هاجەری کەنیزەی سارای، لەکوێوە هاتوویت و بۆ کوێ دەچیت؟»

ئەویش گوتی: «لەدەست سارای خانمی خۆم ڕامکردووە.»

فریشتەکەی یەزدان پێی فەرموو: «بگەڕێوە لای خانمەکەت و ژێردەستەی بە.» 10 هەروەها فریشتەکەی یەزدان پێی فەرموو: «وەچەکانت بێ ئەندازە زۆر دەکەم کە لەبەر زۆرییان لە ژماردن نەیەن.»

11 دیسان فریشتەکەی یەزدان پێی فەرموو:

«ئێستا سکت پڕە،
    کوڕێکت دەبێت،
ناوی دەنێیت ئیسماعیل،
    چونکە یەزدان گوێی لە زەلیلی تۆ بوو.
12 ئەو دەبێتە مرۆڤێک وەک کەرەکێوی[aq] لێ دێت.
    دەستی لە دژی هەموو کەسێک دەبێت و
    دەستی هەموو کەسێکیش لە دژی ئەو.
    بەرامبەر هەموو براکانیشی نەیار دەبێت.»

13 ئینجا ئەم ناوەی لە یەزدان نا کە لەگەڵیدا دوا، «تۆ ئەو خودایەی کە دەبینیت،» چونکە هاجەر گوتی: «ئا لێرەشدا ئەوم بینی کە دەمبینێت.» 14 لەبەر ئەمەشە کە ئەو بیرە[ar] بە «بیری لەحەی ڕۆئی» ناونراوە، ئێستاش وا لەنێوان قادێش[as] و بەرەدە.

15 ئیتر هاجەر کوڕێکی بۆ ئەبرام بوو، ئەبرامیش ئەو کوڕەی خۆی کە لە هاجەر بوو ناوی لێنا ئیسماعیل. 16 ئەبرام تەمەنی هەشتا و شەش ساڵ بوو کاتێک هاجەر ئیسماعیلی بۆ ئەبرام بوو.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.