Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Bible in 90 Days

An intensive Bible reading plan that walks through the entire Bible in 90 days.
Duration: 88 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
دووەم ساموئێل 22:19 - یەکەم پاشایان 7:37

19 لە ڕۆژی لێقەومانم هاتنە سەرم،
    بەڵام یەزدان پشت و پەنام بوو.
20 منی هێنایە دەرەوە بۆ جێگایەکی پان و بەرین،
    ڕزگاری کردم، چونکە دڵخۆشە پێم.

21 «یەزدان بەگوێرەی ڕاستودروستیم پاداشتی داومەتەوە،
    بەگوێرەی دەستپاکیم ڕێزداری کردووم.
22 چونکە من ڕێچکەی یەزدانم گرتووەتەبەر،
    لە خودای خۆم یاخی نەبووم.
23 هەموو حوکمەکانی لەبەرچاومدان،
    لە فەرزەکانی لام نەداوە.
24 لەبەردەمی ئەو بێ کەموکوڕی بووم و
    خۆم لە گوناه پاراستووە.
25 یەزدان بەگوێرەی ڕاستودروستیم پاداشتی داومەتەوە،
    بەگوێرەی دەستپاکیم لەبەردەمی.

26 «لەگەڵ دڵسۆزەکان دڵسۆزی دەنوێنیت،
    لەگەڵ ئەوانەی بێ کەموکوڕین چاکی دەنوێنیت،
27 لەگەڵ پاکەکان پاکی دەنوێنیت،
    بەڵام لەگەڵ خوارەکان زیرەکی دەنوێنیت.
28 تۆ خەڵکی بێفیز ڕزگار دەکەیت،
    بەڵام چاوەکانت لەسەر لووتبەرزانە، دەیانشکێنیت.
29 ئەی یەزدان، تۆ چرای منیت،
    یەزدان تاریکیم ڕووناک دەکاتەوە.
30 بە یارمەتی تۆ دەتوانم لەشکرێک تێکبشکێنم،
    لەگەڵ خودای خۆم دەتوانم بەسەر شووراکاندا سەربکەوم.

31 «ڕێبازی خودا تەواوە،
    بەڵێنی یەزدان بێگەردە،
    ئەو قەڵغانە بۆ هەموو ئەوانەی پەنای بۆ دەبەن.
32 چونکە لە یەزدان بەولاوە کێ خودایە؟
    لە خودامان بەولاوە کێ تاشەبەردەکەیە؟
33 خودایە ئەوەی بە هێز پاڵپشتیم دەکات،
    بە تەواوی ڕێگام لەبەردەمدا دەکاتەوە.
34 پێیەکانم وەک پێی ئاسک لێ دەکات،
    لەسەر بەرزایی ڕامدەگرێت.
35 مەشق بە دەستەکانم دەکات بۆ جەنگ،
    تاکو بتوانم بە بازووم کەوانی بڕۆنز بچەمێنمەوە.
36 تۆ قەڵغانی ڕزگاریی خۆتت پێ بەخشیوم،
    هاوکاریت گەورەم دەکات.
37 جێی هەنگاوەکانم تەخت و فراوان دەکەیت،
    تاکو پێم نەخلیسکێت.

38 «دوژمنەکانم ڕاونا و نابوودم کردن،
    هەتا لەناوم نەبردن نەگەڕامەوە.
39 لەناوم بردن و وردوخاشم کردن، ئیتر نەیانتوانی هەستنەوە،
    لەژێر پێم کەوتن.
40 کەمەری منت توند کرد بۆ جەنگ،
    وات لە بەرهەڵستکارانی من کرد لەبەر پێم کڕنۆش ببەن.
41 دوژمنەکانم پشتیان تێ کردم و ڕایانکرد،
    من ناحەزەکانی خۆمم لەناوبرد.
42 هاواریان هێنا، بەڵام ڕزگارکەر نەبوو،
    هاواریان بۆ یەزدان برد، بەڵام بە دەنگیانەوە نەچوو.
43 وەک تۆزی زەوی ئەوانم هاڕی،
    وەک قوڕی سەر ڕێگا پێم خستە سەریان و پێشێلم کردن.

44 «لە هێرشی گەلان ڕزگارت کردم،
    تۆ منت بە سەرۆکی نەتەوەکان هێشتەوە.
گەلێک کە نەمدەناسین خزمەتم دەکەن،
45     بێگانەکان ملکەچیم بۆ دەنوێنن،
    هەر کە دەنگم دەبیستن گوێڕایەڵم دەبن.
46 بێگانەکان ورە بەر دەدەن و
    بە لەرزەوە لە قەڵاکانیان دێنە دەرەوە.

47 «یەزدان زیندووە، ستایش بۆ تاشەبەردەکەم!
    خودای ڕزگارکەرم تاشەبەردەکەیە، پایەبەرزە!
48 خودایە کە تۆڵەم بۆ دەکاتەوە،
    گەلان ملکەچی من دەکات،
49     لە چنگی دوژمنەکانم دەرمدەهێنێت.
پایەبەرزی کردم بەسەر ناحەزانم،
    لە دەست کەسە توندوتیژەکان ڕزگارت کردم.
50 لەبەر ئەوە ئەی یەزدان، لەنێو نەتەوەکاندا ستایشت دەکەم،
    گۆرانی ستایش بۆ ناوت دەڵێم.

51 «سەرکەوتنی گەورە بە پاشای خۆی دەبەخشێت،
    خۆشەویستی نەگۆڕ بەسەر دەستنیشانکراوەکەیدا دەبارێنێت،
    بۆ سەر داود و نەوەکانی بۆ هەتاهەتایە.»

دواهەمین وشەکانی داود

23 ئەمانەش دواهەمین وشەکانی داودن:

«پەیامی داودی کوڕی یەسا،
    ئەو پیاوەی کە لەلایەن خودای هەرەبەرز پایەبەرز بووە،
دەستنیشانکراوەکەی خودای یاقوب و
    زەبووربێژە دەنگ خۆشەکەی ئیسرائیل:

«ڕۆحی یەزدان لە ڕێگەی منەوە دوا،
    وشەکەشی لەسەر زمانم بوو.
خودای ئیسرائیل فەرمووی،
    تاشەبەردەکەی ئیسرائیل[a] لەگەڵ من دوا:
”کاتێک کەسێک بە ڕاستودروستی فەرمانڕەوایەتی خەڵک دەکات،
    کاتێک بە لەخواترسییەوە فەرمانڕەوایەتی دەکات،
ئەوا وەک ڕووناکی بەیانە لە کاتی خۆرهەڵاتن
    لە بەیانییەکی ساماڵ،
وەک ڕووناکی بێگەردی پاش بارانە
    کە گیای تازە لە زەوییەوە دەهێنێتە دەرەوە.“

«ئایا ماڵەکەم لەلای خودا بەم جۆرە نییە؟
    چونکە پەیمانێکی هەتاهەتایی لەگەڵ بەستووم،
    کە لە هەموو ڕووێکەوە ڕێکوپێک و مسۆگەرە.
ئایا هەموو ڕزگارییەکەم و
    هەموو ئارەزووەکانم ناهێنێتە دی؟
بەڵام بەدکاران هەموویان وەک دڕک فڕێدەدرێن،
    کە بە دەست کۆناکرێنەوە.
هەرکەسێک کە خۆی لە دڕکەکان بدات،
    ئامێری ئاسن و داری ڕم بەکاردەهێنێت؛
    ئەمانە لە شوێنی خۆیاندا بە ئاگر دەسووتێنرێن.»

پاڵەوانەکانی داود

ئەمانەش ناوی پاڵەوانەکانی داودن:

یۆشێڤ بەشەڤەتی تەحکەمۆنی یەکێک بوو لە سێ پاڵەوانەکەی نێو هێزی تایبەت. ئەو بوو بە ڕمەکەی لە شەڕێکدا هەشت سەد کەسی کوشت.

پاش یۆشێڤ، ئەلعازاری کوڕی دۆدایی ئەحۆحی هەبوو، کە یەکێک بوو لە سێ پاڵەوانەکە. ئەو لە پەس دەممیم[b] لەگەڵ داود بوو، کاتێک گاڵتەی بەو فەلەستییانە کرد کە بۆ جەنگ کۆببوونەوە، پیاوانی ئیسرائیلیش پاشەکشەیان کرد. 10 ئەو هەستا و هەتا دەستی شل بوو لە فەلەستییەکانی دا، دەستی بە شمشێرەکەیەوە نووسا و یەزدانیش لەو ڕۆژەدا ڕزگارییەکی گەورەی ئەنجام دا. کاتێک لەشکرەکەشی بۆ لای ئەلعازار گەڕانەوە هیچ نەمابوو تەنها تاڵانکردن نەبێت.

11 پاش ئەلعازاریش، شەممای کوڕی ئاگێی هاراری دێت. کاتێک فەلەستییەکان لەشکریان لە شوێنی پەڵە نیسکێکدا کۆکردەوە، لەشکری ئیسرائیل لەبەردەم فەلەستییەکاندا هەڵات. 12 بەڵام شەمما لەناوەڕاستی پەڵە نیسکەکەدا ڕاوەستا و بەرگری کرد و لە فەلەستییەکانی دا، یەزدانیش سەرکەوتنێکی گەورەی پێ بەخشی.

13 سێ پاڵەوانی هەڵبژاردە لە ڕیزی سی پاڵەوانەکەی هێزی تایبەت لە وەرزی دروێنەدا دابەزین بۆ لای داود لە ئەشکەوتی عەدولام، لەشکری فەلەستییەکانیش لە دۆڵی ڕفایم دامەزرابوون. 14 لەو کاتەدا داود لە قەڵاکە بوو، سەربازگەی فەلەستییەکانیش لە بێت‌لەحم بوو. 15 داود ئاهی هەڵکێشا و گوتی: «کێ لە بیرەکەی بێت‌لەحم، ئەوەی لەلای دەروازەکەیە ئاوم بۆ دەهێنێت؟» 16 ئیتر سێ پاڵەوانەکە هێڵی ئۆردوگای فەلەستییەکانیان بەزاند و لە بیرەکەی بێت‌لەحمەوە ئەوەی لەلای دەروازەکەیە ئاویان هەڵکێشا و هەڵیانگرت، هێنایان بۆ داود، ئەویش نەیویست بیخواتەوە، بەڵکو وەک پێشکەشکراوێک بۆ یەزدان ڕشتی. 17 گوتی: «ئەی یەزدان، لە من بەدوور بێت ئەمە بکەم. ئەمە خوێنی ئەو پیاوانەیە کە ژیانی خۆیان خستە مەترسییەوە.» لەبەر ئەوە داود نەیویست بیخواتەوە.

ئەمانە چەند نموونەیەک بوون لە ئازایەتییەکانی سێ پاڵەوانەکە.

18 ئەبیشەی برای یۆئاب، کوڕی چەرویاش ڕابەری سێ پاڵەوانەکەی هێزی تایبەت بوو. ئەو بە ڕمەکەی لەگەڵ سێ سەد کەس جەنگا و کوشتنی، وەک سێ پاڵەوانەکە ناوبانگی هەبوو. 19 ئایا ئەو زیاتر لە سێ پاڵەوانەکە ڕێزی لێ نەدەگیرا؟ ئەو بوو بە فەرماندەیان، بەڵام ناوبانگی نەدەگەیشتە سێیەکەی یەکەم.

20 بەنایای کوڕی یەهۆیاداعی خەڵکی قەڤچەئێل کوڕێکی بەجەرگ بوو، زۆر قارەمانیێتی نواندبوو. هەر ئەو لە دوو شێرە پیاوەکەی مۆئابی دا، هەروەها لە ڕۆژێکی بەفردا دابەزییە ناو چاڵێک و شێرێکی کوشت. 21 ئەویش بوو کە لە پیاوێکی میسری زەبەلاحی دا، پیاوە میسرییەکە ڕمێکی بەدەستەوە بوو، بەنایاش بە گۆچانێکەوە بۆی دابەزی. ڕمەکەی لە دەستی میسرییەکە ڕفاند و بە ڕمەکەی خۆی کوشتی. 22 ئەمانە چەند نموونەیەک بوون لە ئازایەتییەکانی بەنایای کوڕی یەهۆیاداع، وەک سێ پاڵەوانەکە ناوبانگی پەیدا کرد. 23 لە سی پاڵەوانەکە زیاتر ڕێزی لێ دەگیرا، بەڵام ناوبانگی نەگەیشتە سێیەکە، ئیتر داود کردییە بەرپرسی پاسەوانەکانی خۆی.

24 ئەمانە لە ڕیزی سی پاڵەوانەکە بوون:

عەساهێلی برای یۆئاب،

ئەلحانانی کوڕی دۆدۆی بێت‌لەحمی،

25 شەممای حەرۆدی،

ئەلیقای حەرۆدی،

26 حەلەچی پەلتیی،

عیرای کوڕی عیقێشی تەقۆعی،

27 ئەڤیعەزەری عەناتۆتی،

مەڤونەیی حوشاتی،

28 چەلمۆنی ئەحۆحی،

مەهەرەیی نەتۆفاتی،

29 حێلەدی کوڕی بەعەنای نەتۆفاتی،

ئیتەیی کوڕی ڕیڤەی کە خەڵکی گیڤعای بنیامین،

30 بەنایای پیرعاتۆنی،

هیدەیی شیوەکانی گاعەش،

31 ئەبی‌عەلڤۆنی عەرڤاتی،

عەزماڤەتی بەرحومی،

32 ئەلیەحبای شەعەلڤۆنی،

کوڕەکانی یاشێن،

یۆناتانی کوڕی 33 شەممای هاراری،

ئەحیامی کوڕی شاراری هاراری،

34 ئەلیفەلەتی کوڕی ئەحەسبەیی مەعکاتی،

ئەلیعامی کوڕی ئەحیتۆفەلی گیلۆنی،

35 حەسرۆی کەرمەلی،

پەعەرەیی ئەربی،

36 یەگالی کوڕی ناتانی چۆڤائی،

کوڕی هەگری،

37 چەلەقی عەمۆنی،

نەحەرەیی بئێرۆتی کە هەڵگری تفاقەکانی یۆئابی کوڕی چەرویا بوو،

38 عیرای یەتری،

گارێڤی یەتری و

39 ئوریای حیتی.

هەموویان سی و حەوت کەس بوون.

سەرژمێری بۆ پێکهێنانی سوپا

24 دووبارە تووڕەیی یەزدان لە ئیسرائیل جۆشا و داودی لێ هاندان و فەرمووی: «بڕۆ سەرژمێری ئیسرائیل و یەهودا بکە.»

پاشا بە یۆئاب و بەو فەرماندانەی سوپای گوت کە لەلای بوون: «ئێستا بەناو هەموو هۆزەکانی ئیسرائیلدا بگەڕێن، لە دانەوە هەتا بیری شابەع، جەنگاوەران تۆمار بکەن بۆ ئەوەی ژمارەیان بزانم.»

یۆئابیش بە پاشای گوت: «با یەزدانی پەروەردگارت جەنگاوەران سەد ئەوەندە زیاتر بکات و پاشای گەورەم بە چاوی خۆی ئەوە ببینێت، بەڵام بۆچی پاشای گەورەم ئەم کارەی پێ باشە؟»

لەگەڵ ئەوەشدا پاشا بڕیارەکەی خۆی بەسەر یۆئاب و سەرکردەکانی سوپادا سەپاند، ئیتر ئەوان لەبەردەم پاشا چوونە دەرەوە تاوەکو جەنگاوەرانی ئیسرائیل تۆمار بکەن.

دوای ئەوەی لە ڕووباری ئوردون پەڕینەوە، لە نزیکی عەرۆعێر لەلای باشووری شارۆچکەکە کە لەناو دەربەندەکەیە چادریان هەڵدا. پاشان چوونە ناو خاکی گاد و دوای ئەوەش بەردەوام بوون هەتا شارۆچکەی یەعزێر. پاشان چوونە گلعاد و ناوچەی تەحتیم حۆدشی و ئینجا چوونە دان یەعەن و سوڕانەوە بۆ سەیدا. دوای ئەوە چوونە قەڵای سور و هەموو شارۆچکەکانی حیڤی و کەنعانییەکان. لە کۆتاییدا چوونە نەقەبی یەهودا بۆ بیری شابەع.

بەناو هەموو خاکەکەدا گەڕان و دوای نۆ مانگ و بیست ڕۆژ گەڕانەوە ئۆرشەلیم.

یۆئاب ئەنجامی سەرژمێرییەکەی دایە پاشا: لە ئیسرائیل هەشت سەد هەزار پیاوی بە توانا لە بەکارهێنانی شمشێر هەبوون، لە یەهوداش پێنج سەد هەزار هەبوون.

10 پاش سەرژمێریکردنی گەل، داود تووشی ئازاری ویژدان بوو، بە یەزدانی گوت: «زۆر گوناهم کرد لەوەی کە کردم. ئێستاش ئەی یەزدان، لە تاوانی خزمەتکارەکەت خۆشبە، چونکە ڕەفتارێکی زۆر گێلانەم کرد.»

11 پێش ئەوەی داود بەیانی لە خەو هەستێت، فەرمایشتی یەزدان بۆ گادی پێغەمبەر هاتبوو، ئەوەی پەیامی خودای بە داود ڕادەگەیاند، پێی فەرمووبوو: 12 «بڕۆ بە داود بڵێ: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: من سێ هەڵبژاردە دەخەمە بەردەمت و تۆش یەکێکیان هەڵبژێرە هەتا جێبەجێی بکەم لەسەرت.“»

13 ئیتر گاد چوو بۆ لای داود و پێی گوت: «ئایا لە خاکەکەتدا سێ ساڵ[c] قاتوقڕیت بەسەربێت؟ یان سێ مانگ لەبەردەم دوژمنەکانت هەڵبێیت و ئەوانیش ڕاوت بنێن؟ یان سێ ڕۆژ دەرد لە خاکەکەتدا بڵاو ببێتەوە؟ ئێستا بزانە و ببینە، چی وەڵامی خودا بدەمەوە کە منی ناردووە.»

14 داودیش بە گادی گوت: «زۆر لە تەنگانەدام، با بکەوینە دەستی یەزدان، چونکە ئەو بەزەیی زۆرە، بەڵام با نەکەوینە ژێر دەستی مرۆڤەوە.»

15 لەبەر ئەوە یەزدان لە بەیانییەوە هەتا کاتی دیاریکراو دەردی خستە ناو ئیسرائیلەوە، ئیتر لە دانەوە هەتا بیری شابەع حەفتا هەزار پیاو مردن. 16 فریشتەکە دەستی بۆ ئۆرشەلیم درێژکرد بۆ ئەوەی وێرانی بکات، بەڵام یەزدان کارەساتەکەی ڕاگرت، بەو فریشتەیەی فەرموو کە گەلی لەناودەبرد: «بەسە! ئێستا دەست هەڵبگرە!» لەو کاتەدا فریشتەکەی یەزدان لەسەر جۆخینەکەی ئەرەونای یەبوسی بوو.

17 کاتێک داود فریشتە لەناوبەرەکەی گەلی بینی، بە یەزدانی گوت: «من گوناه و تاوانم کردووە، بەڵام ئەم مەڕانە چییان کردووە؟ تکایە با سزاکەت بۆ من و بنەماڵەکەم بێت.»

بنیادنانی قوربانگایەک لەلایەن داودەوە

18 لەو ڕۆژەدا گاد چوو بۆ لای داود و پێی گوت: «سەربکەوە و لەسەر جۆخینەکەی ئەرەونای یەبوسی قوربانگایەک بۆ یەزدان دابمەزرێنە.» 19 داودیش بەپێی قسەکەی گاد، هەروەک یەزدان فەرمانی دابوو سەرکەوت. 20 کاتێک ئەرەونا تەماشای کرد و بینی وا پاشا و خزمەتکارەکانی دێنە لای، ئەرەونا چووە دەرەوە، کڕنۆشی بۆ پاشا برد و سەری خستە سەر زەوی.

21 ئەرەونا گوتی: «پاشای گەورەم بۆچی هاتووە بۆ لای خزمەتکارەکەی؟»

داودیش گوتی: «بۆ ئەوەی جۆخینەکەت لێ بکڕم تاکو قوربانگایەک بۆ یەزدان بنیاد بنێم و دەردەکە لە کۆڵ گەل ببێتەوە.»

22 ئەرەوناش بە داودی گوت: «با پاشای گەورەم ئەوەی بەلایەوە باشە بیبات و بیکاتە قوربانی. تەماشا بکە. ئەوە گا بۆ قوربانی سووتاندن و جەنجەڕ و نیری گایەکان بۆ دار. 23 ئەی پاشا، ئەرەونای خاوەنیان هەمووی دەداتە پاشا.» هەروەها ئەرەونا بە پاشای گوت: «یەزدانی پەروەردگارت لێت ڕازی بێت.»

24 بەڵام پاشا بە ئەرەونای گوت: «نەخێر، بەڵکو بە نرخ لە تۆی دەکڕم و قوربانی سووتاندنی بە خۆڕایی بۆ یەزدانی پەروەردگارم سەر ناخەم.»

لەبەر ئەوە داود جۆخینەکە و گایەکانی بە پەنجا شاقل زیو[d] کڕی. 25 داود لەوێ قوربانگایەکی بۆ یەزدان بنیاد نا و قوربانی سووتاندن و قوربانی هاوبەشی سەرخست. ئیتر یەزدانیش لەبەر خاکەکە وەڵامی دایەوە و دەردەکە لە ئیسرائیل دوورکەوتەوە.

یاخیبوونی ئەدۆنیا

داودی پاشا پیر بوو و تەمەنی گەورە بوو، هەرچەندە بە جلوبەرگ دایاندەپۆشی گەرم نەدەبووەوە. ئینجا خزمەتکارەکانی پێیان گوت: «با بەدوای کچێکی پاکیزەدا بگەڕێین و بیهێنین بۆ پاشای گەورەمان، تاکو خزمەتی پاشا بکات و بایەخی پێبدات، لە باوەشیدا پاڵ بکەوێت، هەتا پاشای گەورەمان گەرم بێتەوە.»

ئینجا لە هەموو ناوچەکانی ئیسرائیل بەدوای کچێکی جواندا گەڕان، ئەبیشەگی شونەمییان دۆزییەوە و بۆ پاشایان هێنا. کچەکە زۆر جوان بوو، چاودێری پاشای دەکرد و خزمەتی دەکرد، بەڵام پاشا لەگەڵی جووت نەبوو.

ئەدۆنیای کوڕی داود کە لە حەگیسی ژنی بوو، ڕاست بووەوە و گوتی: «من دەبمە پاشا.» گالیسکە و ئەسپ سواری بۆ خۆی ئامادە کرد، لەگەڵ پەنجا پیاو کە لەپێشیەوە ڕایاندەکرد. باوکی هیچ کاتێک سەرزەنشتی نەکردبوو پێی بڵێ، «بۆچی وات کردووە؟» هەروەها زۆر قۆز بوو. دایکی لەدوای ئەبشالۆم ئەوی ببوو.

ئەدۆنیا لەگەڵ یۆئابی کوڕی چەرویا و ئەبیاتاری کاهین قسەی کرد، ئەوانیش پشتگیرییان کرد. بەڵام سادۆقی کاهین و بەنایای کوڕی یەهۆیاداع و ناتانی پێغەمبەر و شیمعی و ڕێعی و پاڵەوانەکانی داود، لەگەڵ ئەدۆنیا نەبوون.

ئیتر ئەدۆنیا لەلای بەردی زۆحەلەت ئەوەی لەتەنیشتی کانی ڕۆگێلە، مەڕ و مانگا و گوێرەکەی قەڵەوی سەربڕی. هەموو براکانی، واتە کوڕەکانی پاشا، لەگەڵ هەموو پیاوانی یەهودا کە خزمەتکاری پاشا بوون بانگهێشتی کردن. 10 بەڵام ناتانی پێغەمبەر و بەنایا و پاڵەوانەکان و سلێمانی برای بانگهێشت نەکرد.

11 پاشان ناتان بە بەتشەبەعی دایکی سلێمانی گوت: «نەتبیستووە کە ئەدۆنیای کوڕی حەگیس بووەتە پاشا و داودی گەورەشمان بەمە نازانێت؟ 12 ئێستاش وەرە ئامۆژگارییەکی باشت بکەم، تاکو گیانی خۆت و گیانی سلێمانی کوڕت بپارێزیت. 13 بڕۆ ژوورەوە بۆ لای داودی پاشا و پێی بڵێ: ”ئەی پاشای گەورەم، ئایا تۆ سوێندت بۆ کەنیزەکەت نەخوارد و گوتت، کە سلێمانی کوڕت لەدوای خۆت دەبێتە پاشا، ئەو لەسەر تەختەکەت دادەنیشێت؟ ئیتر بۆچی ئەدۆنیا بووەتە پاشا؟“ 14 لەو کاتەدا کە تۆ هێشتا لەوێ قسە لەگەڵ پاشا دەکەیت، من لەدوای تۆوە دێمە ژوورە و پشتگیری لە قسەکەت دەکەم.»

15 پاش ئەوە بەتشەبەع چوو بۆ لای پاشا لە ژووری نوستنەکەی، پاشا زۆر پیر ببوو، ئەبیشەگی شونەمیش خزمەتی پاشای دەکرد. 16 بەتشەبەع بەچۆکدا هات و کڕنۆشی بۆ پاشا برد.

پاشاش پێی گوت: «چیت دەوێ؟»

17 ئەویش پێی گوت: «گەورەم تۆ سوێندت بە یەزدانی پەروەردگارت خوارد بۆ کەنیزەکەت و گوتت کە سلێمانی کوڕت لەدوای خۆت دەبێتە پاشا، ئەو لەسەر تەختەکەت دادەنیشێت. 18 ئەی پاشای گەورەم، بەڵام وا ئەدۆنیا بووەتە پاشا، تۆش لەوە بێئاگای. 19 ئەو گا و دابەستە و مەڕێکی زۆری سەربڕیوە، هەموو کوڕەکانی پاشا و ئەبیاتاری کاهین و یۆئابی فەرماندەی گشتی سوپای بانگهێشت کردووە، بەڵام سلێمانی خزمەتکاری تۆی بانگهێشت نەکردووە. 20 ئەی پاشای گەورەم، هەموو ئیسرائیل چاوەڕێی تۆ دەکەن هەتا پێیان ڕابگەیەنیت کێ لەدوای پاشای گەورەم لەسەر تەختەکەی دادەنیشێت. 21 ئەگینا کاتێک پاشای گەورەم لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە، من و سلێمانی کوڕم بە تاوانبار هەژمارد دەکرێین.»

22 هێشتا ئەو قسەی لەگەڵ پاشا دەکرد، ناتانی پێغەمبەر هات. 23 بە پاشایان ڕاگەیاند و گوتیان: «ناتانی پێغەمبەر لێرەیە.» ئینجا چووە ژوورەوە بۆ بەردەم پاشا، کڕنۆشی بۆ پاشا برد و سەری خستە سەر زەوی.

24 ناتان گوتی: «پاشای گەورەم، ئایا تۆ ڕاتگەیاندووە کە ئەدۆنیا لەپاش تۆ دەبێتە پاشا، ئەو لەسەر تەختەکەت دادەنیشێت؟ 25 چونکە ئەو ئەمڕۆ چووە خوارەوە، گا و دابەستە و مەڕێکی زۆری سەربڕیوە. هەموو کوڕانی پاشا و سەرکردەکانی سوپا و ئەبیاتاری کاهینی بانگهێشت کردووە. ئێستا لەبەردەمی ئەو دەخۆن و دەخۆنەوە و دەڵێن: ”بژی ئەدۆنیای پاشا!“ 26 بەڵام منی خزمەتکارت و سادۆقی کاهین و بەنایای کوڕی یەهۆیاداع و سلێمانی خزمەتکاری تۆی بانگهێشت نەکردووە. 27 ئایا ئەم کارە لەلای پاشای گەورەمەوەیە، ئەی بە خزمەتکارانی خۆتت نەفەرمووە کێ لەدوای پاشای گەورەم لەسەر تەختەکەت دادەنیشێت؟»

داود سلێمان دەکاتە پاشا

28 داودی پاشا وەڵامی دایەوە و گوتی: «بەتشەبەعم بۆ بانگ بکەن.» ئەویش هاتە ژوورەوە بۆ لای پاشا، لەبەردەم پاشا ڕاوەستا.

29 ئینجا پاشا سوێندی خوارد: «بە یەزدانی زیندوو، ئەوەی گیانی منی لە هەموو تەنگانەیەک کڕییەوە، 30 ئەمڕۆ هەروەک ئەوە دەکەم کە چۆن بە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل سوێندم بۆ خواردی و گوتم، کە سلێمانی کوڕت لەپاش من دەبێتە پاشا، ئەو لە شوێنی من لەسەر تەختەکەم دادەنیشێت.»

31 بەتشەبەع سەری دانەواند و کڕنۆشی بۆ پاشا برد، گوتی: «بژی داودی پاشای گەورەم، بۆ هەتاهەتایە!»

32 داودی پاشا گوتی: «سادۆقی کاهین و ناتانی پێغەمبەر و بەنایای کوڕی یەهۆیاداعم بۆ بانگ بکەن.» ئەوانیش هاتنە ژوورەوە بۆ بەردەم پاشا. 33 پاشا پێی گوتن: «خزمەتکارەکانی گەورەتان لەگەڵ خۆتان ببەن، سلێمانی کوڕم سواری هێسترەکەی خۆم بکەن و بیبەنە خوارەوە بۆ گیحۆن. 34 با سادۆقی کاهین و ناتانی پێغەمبەر لەوێ وەک پاشای ئیسرائیل دەستنیشانی بکەن[e]، فوو بە کەڕەنادا بکەن و بڵێن: ”بژی سلێمانی پاشا!“ 35 ئینجا لەدوای ئەوەوە سەربکەون، ئەویش دێت و لەسەر تەختەکەم دادەنیشێت، لە شوێنی من دەبێتە پاشا. من فەرمانم داوە ئەو ببێتە فەرمانڕەوای ئیسرائیل و یەهودا.»

36 بەنایای کوڕی یەهۆیاداع وەڵامی پاشای دایەوە و گوتی: «ئامین! با یەزدان، خودای پاشای گەورەم ئەمە بکات. 37 هەروەک چۆن یەزدان لەگەڵ پاشای گەورەم بوو، بەو شێوەیەش لەگەڵ سلێمانیش بێت، تەختەکەشی لە تەختی داودی پاشای گەورەم مەزنتر بکات!»

38 ئیتر سادۆقی کاهین و ناتانی پێغەمبەر و بەنایای کوڕی یەهۆیاداع و کریتی و پەلەتییەکان[f] چوونە خوارەوە، سلێمانیان سواری هێسترەکەی داودی پاشا کرد و بردیانە گیحۆن. 39 سادۆقی کاهین قۆچە زەیتەکەی لە چادرەکەوە برد و سلێمانی پێ دەستنیشان کرد، ئینجا فوویان بە کەڕەنادا کرد، هەموو گەل گوتیان: «بژی سلێمانی پاشا!» 40 هەموو گەل لەدوای ئەو سەرکەوتن. گەل شمشاڵیان لێدەدا و زۆر دڵخۆش بوون، زەوی لەبەر دەنگیان دەلەرزی.

41 ئەدۆنیا و هەموو بانگهێشتکراوان، ئەوانەی لەگەڵی بوون، پاش ئەوەی لە خواردن بوونەوە گوێیان لە دەنگی ئەوان بوو. یۆئاب گوێی لە دەنگی کەڕەناکە بوو و گوتی: «ئەو دەنگە دەنگە چییە لە شارەوە دێت؟»

42 کاتێک هێشتا قسەی دەکرد، یۆناتانی کوڕی ئەبیاتاری کاهین هات، ئەدۆنیاش گوتی: «وەرە، چونکە تۆ پیاوێکی چاکیت، دیارە مژدەی خۆشیت هێناوە.»

43 یۆناتانیش وەڵامی دایەوە و بە ئەدۆنیای گوت: «بە پێچەوانەوە! داودی پاشای گەورەمان، سلێمانی کردە پاشا. 44 پاشاش سادۆقی کاهین و ناتانی پێغەمبەر و بەنایای کوڕی یەهۆیاداع و کریتی و پەلەتییەکانی لەگەڵ ناردووە، سواری هێسترەکەی پاشایان کردووە. 45 سادۆقی کاهین و ناتانی پێغەمبەریش لە گیحۆن بە پاشا دەستنیشانیان کردووە[g]، لەوێشەوە بە خۆشییەوە سەرکەوتوون و شار خرۆشاوە، ئەمە ئەو دەنگەیە کە گوێتان لێی دەبێت. 46 هەروەها سلێمان لەسەر تەختی پاشایەتییەکە دانیشتووە. 47 خزمەتکارانی پاشاش بۆ پیرۆزبایی لە داودی پاشای گەورەمان هاتن و گوتیان: ”با خوداکەت ناوی سلێمان لە ناوی تۆ ناودارتر بکات، تەختەکەشی لە تەختەکەی تۆ مەزنتر بکات!“ پاشا لەسەر قەرەوێڵەکەی کڕنۆشی برد. 48 پاشا گوتی: ”ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل، ئەوەی ئەمڕۆ کەسێکی پێداوم کە لەسەر تەختەکەم دانیشێت و چاوەکانیشم دەیبینێت.“»

49 لێرەدا هەموو ئەوانەی ئەدۆنیا بانگی کردبوون تۆقین و هەستان، هەریەکە بە ڕێگای خۆیدا ڕۆیشت. 50 ئەدۆنیاش لە سلێمان ترسا، هەستا و چوو دەستی بە قۆچەکانی قوربانگاکەوە گرت. 51 ئینجا بە سلێمان ڕاگەیەنرا: «ئەوەتا ئەدۆنیا لە سلێمانی پاشا دەترسێت، دەستی بە قۆچەکانی قوربانگاکەوە گرتووە و دەڵێت: ”با ئەمڕۆ سلێمانی پاشا سوێندم بۆ بخوات کە خزمەتکارەکەی بە شمشێر ناکوژێت.“»

52 سلێمانیش گوتی: «ئەگەر پیاوێکی چاک بێت، تاڵە مووێکی قژی ناکەوێتە سەر زەوی، بەڵام ئەگەر خراپەی تێدا بینرا، ئەوا دەکوژرێت.» 53 ئینجا سلێمانی پاشا ناردی و ئەدۆنیایان لە قوربانگاکەوە هێنایە خوارەوە، ئەویش هات و کڕنۆشی بۆ سلێمانی پاشا برد، سلێمانیش پێی گوت: «بڕۆوە ماڵەکەی خۆت.»

ڕاسپاردەکانی داود بۆ سلێمان

کاتێک تەمەنی داود لە مردن نزیک بووەوە، داود ئەرکی بە سلێمانی کوڕی سپارد و گوتی:

«من بەو ڕێگایەدا دەڕۆم کە هەموو گیانێکی زیندووی سەر زەوی پێیدا دەڕوات، جا بەهێزبە و مەردبە. ئەوە بەجێبهێنە کە پێویستە بۆ یەزدانی پەروەردگارت بەجێبهێنرێت: ڕێگاکانی ئەو بگرەبەر، فەرز و فەرمان و حوکم و یاساکانی بەجێبهێنە، هەروەک لە تەوراتی موسادا نووسراوە، بۆ ئەوەی سەرکەوتوو بیت لە هەر شتێک کە دەیکەیت و بۆ هەرکوێیەک کە دەڕۆیت. ئەمە بکە تاوەکو یەزدان ئەو بەڵێنەی خۆی بهێنێتە دی کە بە منی دا: ”ئەگەر نەوەکانت ڕەوشتی خۆیان بپارێزن، بەوەی بە دڵسۆزی و بە هەموو دڵ و هەموو گیانیانەوە دۆستایەتیم بکەن، لەسەر تەختی ئیسرائیل پیاو لە تۆ نابڕێتەوە.“

«هەروەها تۆ خۆت ئەوە دەزانیت کە یۆئابی کوڕی چەرویا پێی کردم، چی بە دوو فەرماندەی گشتی سوپای ئیسرائیل کرد، ئەبنێری کوڕی نێر و عەماسای کوڕی یەتەر. لە کاتی ئاشتی ئەوانی کوشت، بەو خوێنە پشتێنەکەی کەمەری و پێڵاوەکانی پێی سوور کرد. ئینجا بە دانایی خۆت بکە و مەهێڵە بە ئارامییەوە مووە سپییەکانی بۆ ناو جیهانی مردووان شۆڕ ببێتەوە.

«بەڵام چاکە لەگەڵ کوڕانی بەرزیلەیی گلعادی بکە، با لەنێو ئەوانە بن کە لەسەر خوانەکەت نان دەخۆن، چونکە کاتێک لە دەست ئەبشالۆمی برات هەڵاتم پشتیوانییان لێکردم.

«لەبیرت بێت شیمعی کوڕی گێرای بنیامینی خەڵکی بەحوریم لەگەڵ تۆدایە، ئەو ڕۆژەی کە بۆ مەحەنەیم چووم ئەو بە توندی نەفرەتی لێکردم. کاتێک بۆ پێشوازیکردنم هاتە خوارەوە بۆ ڕووباری ئوردون، بە یەزدان سوێندم بۆ خوارد[h] و گوتم: ”بە شمشێر ناتکوژم.“ بەڵام ئێستا بێتاوانی مەکە. تۆ پیاوێکی دانایت و دەزانیت چی لێ دەکەیت، مووە سپییەکانی بە خوێنەوە بخەرە ناو جیهانی مردووان.»

10 ئینجا داود لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و لە شاری داود نێژرا. 11 ئەو ماوەیەش کە داود پاشایەتی ئیسرائیلی کرد چل ساڵ بوو، حەوت ساڵ لە حەبرۆن و سی و سێ ساڵیش لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد. 12 ئیتر سلێمان لەسەر تەختەکەی داودی باوکی دانیشت و پاشایەتییەکەی بە باشی چەسپا و جێگیر بوو.

جێگیربوونی پاشایەتییەکە لە دەستی سلێمان.

13 پاشان ئەدۆنیای کوڕی حەگیس چوو بۆ لای بەتشەبەعی دایکی سلێمان و ئەویش لێی پرسی: «ئایا بۆ ئاشتی هاتوویت؟»

وەڵامی دایەوە: «بۆ ئاشتی.»

14 پاشان پێی گوت: «قسەیەکم لەگەڵت هەیە.»

ئەویش گوتی: «قسە بکە.»

15 ئینجا گوتی: «تۆ دەزانیت پاشایەتییەکە هی من بوو، هەموو ئیسرائیل ڕوویان لە من کرد هەتا ببمە پاشا، بەڵام پاشایەتییەکە گواسترایەوە و بووە هی براکەم، چونکە لەلایەن یەزدانەوە بووە هی ئەو. 16 ئێستاش یەک داواکاریم لێت هەیە، ڕەتی مەکەرەوە.»

ئەویش پێی گوت: «بڵێ.»

17 گوتی: «بە سلێمانی پاشا بڵێ، چونکە ئەو قسەی تۆ ڕەت ناکاتەوە، با ئەبیشەگی شونەمیم پێبدات ببێتە ژنم.»

18 بەتشەبەعیش گوتی: «باشە، من دەربارەی تۆ قسە لەگەڵ پاشا دەکەم.»

19 ئینجا بەتشەبەع چووە ژوورەوە بۆ لای سلێمانی پاشا هەتا دەربارەی ئەدۆنیا قسەی لەگەڵ بکات. پاشا بۆ پێشوازیکردنی هەستا، کڕنۆشی بۆ برد و لەسەر تەختەکەی دانیشتەوە، تەختێکیشی بۆ شاژنی دایک دانا، ئەویش لەلای ڕاستیەوە دانیشت.

20 گوتی: «داواکارییەکی بچکۆلەم لێت هەیە و قسەکەم ڕەت مەکەرەوە.»

پاشاش پێی گوت: «دایکە، داوا بکە، چونکە من قسەی تۆ ڕەت ناکەمەوە.»

21 ئەویش گوتی: «ئەبیشەگی شونەمی بدە ئەدۆنیای برات، هەتا ببێتە ژنی.»

22 سلێمان پاشاش وەڵامی دایکی دایەوە، گوتی: «بۆچی داوای ئەبیشەگی شونەمی بۆ ئەدۆنیا دەکەیت؟ واتا داوای پاشایەتییەکەی بۆ دەکەی، چونکە ئەو برامە و لە من گەورەترە، پاشایەتییەکە بۆ ئەو و ئەبیاتاری کاهین و یۆئابی کوڕی چەرویا بێت!»

23 ئینجا سلێمانی پاشا سوێندی بە یەزدان خوارد و گوتی: «با خودا توندترین سزام بدات، ئەگەر ئەدۆنیا ئەم قسەیەی لە دژی خۆی نەکردبێت! 24 ئێستاش، بە یەزدانی زیندوو ئەوەی جێگیری کردم و لەسەر تەختی داودی باوکم داینیشاندم، ئەوەی هەروەک چۆن بەڵێنی دابوو ئاوا ماڵی بۆ دروستکردم. ئەمڕۆ ئەدۆنیا دەمرێت!» 25 سلێمانی پاشا فەرمانی بە بەنایای کوڕی یەهۆیاداع کرد، ئەویش بەسەر ئەدۆنیایدا دا و مرد.

26 ئینجا پاشا بە ئەبیاتاری کاهینی گوت: «بڕۆ بۆ کێڵگەکانت لە عەناتۆت، چونکە تۆ شایانی سزای مردنیت، بەڵام من ئەمڕۆ ناتکوژم، چونکە تۆ سندوقی یەزدانی باڵادەستت لەپێش داودی باوکم هەڵدەگرت، تۆ لە هەموو ماندووبوونەکانی باوکم بەشدار بوویت.» 27 جا سلێمان ئەبیاتاری لە کاهینیێتی بۆ یەزدان دەرکرد، بۆ هێنانەدی فەرمایشتی یەزدان، ئەوەی لە شیلۆ[i] دەربارەی بنەماڵەی عێلی گوتبووی.

28 کاتێک هەواڵەکە گەیشتە یۆئاب، چونکە دوای ئەدۆنیا کەوت، لەگەڵ ئەوەش کە دوای ئەبشالۆم نەکەوتبوو، یۆئاب هەڵات بۆ ناو چادری یەزدان و دەستی بە قۆچەکانی قوربانگاکەوە گرت. 29 بە سلێمانی پاشا ڕاگەیەنرا کە یۆئاب هەڵاتووە بۆ ناو چادری یەزدان و وا لەتەنیشت قوربانگاکەیە. ئینجا سلێمان بەنایای کوڕی یەهۆیاداعی نارد و پێی گوت: «بڕۆ و بیکوژە!»

30 بەنایاش هاتە ناو چادری یەزدان و پێی گوت: «پاشا دەڵێت: ”وەرە دەرەوە!“»

ئەویش گوتی: «نەخێر، بەڵکو لێرە دەمرم.»

بەنایاش وەڵامی بۆ پاشا گەڕاندەوە و گوتی یۆئاب ئاوای گوت و ئاوا وەڵامی دامەوە.

31 پاشاش فەرمانی بە بەنایا کرد: «ئەوە بکە کە گوتی، بیکوژە و بینێژە، ئەو خوێنە بێتاوانە لەسەر خۆم و ماڵی باوکم لاببە کە یۆئاب ڕشتی. 32 یەزدان خوێنی خۆی خستە ئەستۆی خۆی، لەبەر ئەوەی بەسەر دوو پیاوی دادا لە خۆی ڕاستودروستتر و چاکتر، بەبێ زانیاری داودی باوکم ئەوانی بە شمشێر کوشت. ئەوانیش ئەبنێری کوڕی نێری فەرماندەی گشتی سوپای ئیسرائیل و عەماسای کوڕی یەتەری فەرماندەی گشتی سوپای یەهودا بوون. 33 با هەتاهەتایە خوێنەکەیان لە ئەستۆی یۆئاب و نەوەکانی بێت، بۆ داود و نەوەکانی و ماڵەکەی و تەختەکەشی هەتاهەتایە لەلایەن یەزدانەوە ئاشتییان بۆ دەبێت.»

34 لەبەر ئەوە بەنایای کوڕی یەهۆیاداع چوو بەسەر یۆئابی دادا و کوشتی، لە ماڵەکەی خۆی لە دەشتودەر ناشتی. 35 پاشاش بەنایای کوڕی یەهۆیاداعی لە جێی یۆئاب لەسەر سوپا دانا، هەروەها پاشا سادۆقی کاهینی لە جێی ئەبیاتار دانا.

36 ئینجا پاشا بەدوای شیمعیدا نارد، بانگی کرد و پێی گوت: «لە ئۆرشەلیم ماڵێک بۆ خۆت بنیاد بنێ و لەوێ نیشتەجێ بە، لەوێوە بۆ ئەم لا و ئەو لا دەرمەچو. 37 باش بزانە، ئەو ڕۆژەی بچیتە دەرەوە و لە دۆڵی قدرۆن بپەڕیتەوە ئەوا بێگومان دەمریت، خوێنی خۆشت لە ئەستۆی خۆت دەبێت.»

38 شیمعیش بە پاشای گوت: «ئەم قسەیە باشە، ئەوەی پاشای گەورەم گوتی، خزمەتکارەکەت وا دەکات.» ئیتر شیمعی ماوەیەکی درێژ لە ئۆرشەلیم نیشتەجێ بوو.

39 بەڵام سێ ساڵ دوای ئەوە، دوو کۆیلەی شیمعی بۆ لای ئاخیشی کوڕی مەعکای پاشای گەت هەڵاتن. جا بە شیمعییان ڕاگەیاند، «وا دوو کۆیلەکەت لە گەتن.» 40 شیمعیش هەستا و کورتانی لە گوێدرێژەکەی بەست و چوو بۆ گەت بۆ لای ئاخیش، بۆ گەڕان بەدوای کۆیلەکانی. شیمعی چوو هەردوو کۆیلەکەی لە گەتەوە هێنایەوە.

41 ئینجا بە سلێمان ڕاگەیەنرا کە شیمعی لە ئۆرشەلیمەوە چووە بۆ گەت و گەڕاوەتەوە. 42 پاشاش ناردی و شیمعی بانگکرد، پێی گوت: «ئەی من بە یەزدان سوێندم نەدایت، ئاگادارم نەکردیتەوە و گوتم: ”باش بزانە ئەو ڕۆژەی کە لێرە بچیتە دەرەوە و بە ئەم لا و ئەو لا بڕۆیت، دڵنیابە کە دەمریت“؟ تۆش پێت گوتم: ”ئەم قسەیە باشە و گوێڕایەڵی دەبم.“ 43 ئەی بۆچی سوێندەکەی یەزدانت نەپاراست لەگەڵ ئەو فەرمانەی فەرمانم پێکردیت؟»

44 هەروەها پاشا بە شیمعی گوت: «تۆ هەموو ئەو خراپەیە دەزانیت کە دڵت دەیزانێت، ئەوەی دەرهەق بە داودی باوکی منت کرد، یەزدانیش خراپەکەت بەسەر خۆتدا دەهێنێتەوە. 45 بەڵام سلێمانی پاشا بەرەکەتدار دەکرێت و تەختی داودیش هەتاهەتایە لەبەردەم یەزدان جێگیر دەبێت.»

46 ئینجا پاشا فەرمانی بە بەنایای کوڕی یەهۆیاداع کرد، ئەویش چووە دەرەوە و بەسەر شیمعی دادا و مرد.

پاشایەتییەکەش لە دەستی سلێمان جێگیر بوو.

داواکردنی دانایی لەلایەن سلێمانەوە

سلێمان خزمایەتی لەگەڵ فیرعەونی پاشای میسر کرد و کچەکەی فیرعەونی هێنا. کچەکەی بردە شاری داود هەتا ئەو کاتەی لە بنیادنانی کۆشکەکەی و پەرستگای یەزدان و شووراکەی چواردەوری ئۆرشەلیم بووەوە. لەو کاتە گەل لە نزرگەکانی سەر بەرزاییدا[j] قوربانییان سەردەبڕی، چونکە هەتا ئەو ڕۆژانە پەرستگایەک بۆ ناوی یەزدان دروستنەکرابوو. سلێمانیش خۆشەویستی بۆ یەزدان دەربڕی بەوەی بەپێی فەرزەکانی داودی باوکی دەڕۆیشت، تەنها ئەوە نەبێت کە لە نزرگەکانی سەر بەرزاییدا قوربانی سەردەبڕی و بخووری دەسووتاند.

پاشا چوو بۆ گبعۆن هەتا لەوێ قوربانی سەر ببڕێت، چونکە ئەوە گرنگترین نزرگەی سەر بەرزایی بوو، سلێمان هەزار قوربانی سووتاندنی سەرخستە سەر ئەو قوربانگایە. لە گبعۆن یەزدان لە خەونی شەودا بۆ سلێمان دەرکەوت، خودا پێی فەرموو: «داوا بکە چیت پێ بدەم؟»

سلێمانیش گوتی: «تۆ لەگەڵ خزمەتکارەکەت، لەگەڵ داودی باوکم چاکەی گەورەت کردووە، بەو شێوەیەی لەبەردەمت هەڵسوکەوتی کرد، بە دڵسۆزی و ڕاستودروستی و دڵڕاستی لەگەڵت. جا ئەم چاکە گەورەیەت بۆ لەبەرچاو گرت و کوڕێکت پێیدا هەتا لەسەر تەختەکەی دابنیشێت وەک ئەمڕۆ.

«ئێستاش ئەی یەزدانی پەروەردگارم، تۆ خزمەتکارەکەتت کردووە بە پاشا لە جێی داودی باوکم، منیش مێردمنداڵێکی بچووکم و شارەزاییم لە ڕابەرایەتیکردن نییە. خزمەتکارەکەشت لەنێو گەلەکەتدایە ئەوەی هەڵتبژاردووە و ئەو گەلەش گەلێکی زۆرن و لە زۆریدا لە ژمارە نایەن. ئینجا دڵێکی تێگەیشتووم پێبدە بۆ ئەوەی فەرمانڕەوایەتی گەلەکەت بکەم، تاکو جیاوازی بکەم لەنێوان چاکە و خراپە، چونکە کێ دەتوانێت فەرمانڕەوایەتی ئەم گەلە گەورەیەت بکات؟»

10 ئەم قسەیە لەلای پەروەردگار باش بوو، کە سلێمان داوای ئەم شتەی کرد. 11 ئینجا خودا پێی فەرموو: «لەبەر ئەوەی نە ڕۆژگاری زۆرت داوا کرد و نە دەوڵەمەندی بۆ خۆت و نە مەرگی دوژمنەکانت، بەڵکو لێک جیاکردنەوە بۆ تێگەیشتنی دادپەروەری، 12 ئەوا من بەپێی داواکارییەکەی تۆ دەکەم. دڵێکی وا دانات پێ دەبەخشم شت لێک جیا بکاتەوە، کە کەس لەمەوبەر وەک تۆ نەبووبێت و لە داهاتووشدا کەسێکی وەک تۆ هەڵناکەوێت. 13 هەروەها ئەوەی داواشت نەکردبوو پێم بەخشیت، دەوڵەمەندی و پایەداری بە جۆرێک کە بە درێژایی ژیانت هیچ پیاوێک لەناو پاشایان وەک تۆی نەبێت. 14 جا ئەگەر بە ڕێگای مندا بڕۆیت بەوەی وەک داودی باوکت فەرز و فەرمانەکانم بەجێبهێنیت، درێژە بە ڕۆژگارت دەدەم.» 15 کە سلێمان هەستا، زانی خەونە، هاتە ئۆرشەلیم و لەبەردەم سندوقی پەیمانی پەروەردگار ڕاوەستا و قوربانی سووتاندنی سەرخست و قوربانی هاوبەشی[k] پێشکەش کرد، خوانێکی بۆ هەموو خزمەتکارەکانی ساز کرد.

بڕیاردانی دانا

16 لەو کاتەدا دوو ژنی لەشفرۆش هاتنە لای پاشا و لەبەردەمی ڕاوەستان. 17 یەکێک لە ژنەکان گوتی: «ئەی گەورەم، تکایە، من و ئەم ژنە لە یەک ماڵ دەژین و من لەو ماڵە منداڵم بوو. 18 ئەوە بوو لە ڕۆژی سێیەمی لەدایکبوونی منداڵەکەم ئەم ژنەش منداڵێکی بوو، هەردووکمان بە تەنها بووین و لە ماڵەکە هیچ کەسێکی دیکەمان لەگەڵ نەبوو، تەنها هەردووکمان لە ماڵەکە بووین.

19 «شەوێ کوڕەکەی ئەم ژنە مرد، لەبەر ئەوەی خۆی بەسەریدا دابوو. 20 ئیتر لە نیوەی شەو هەستا و کوڕەکەی منی لەتەنیشتمەوە برد، کەنیزەکەشت نوستبوو. کوڕەکەی منی لە باوەشی کرد و کوڕە مردووەکەشی لە باوەشی من دانا. 21 بۆ بەیانی کە لە خەو هەستام هەتا شیر بدەمە کوڕەکەم تەماشام کرد مردووە! بەڵام کاتێک لێی ورد بوومەوە تەماشام کرد ئەوە ئەو کوڕە نییە کە من بوومە.»

22 ژنەکەی دیکەیان گوتی: «نەخێر! زیندووەکە کوڕی منە و مردووەکەش هی تۆیە!»

ئەمەشیان دەیگوت: «نەخێر! مردووەکە هی تۆیە و زیندووەکە هی منە!» بەم شێوەیە لەبەردەم پاشا دەمەقاڵێیان کرد.

23 پاشاش گوتی: «ئەمیان دەڵێت ”ئەمە کوڕەکەی منە زیندووە و کوڕەکەی تۆ مردووە،“ ئەویشیان دەڵێت ”نەخێر! کوڕەکەی تۆ مردووە و کوڕەکەی من زیندووە!“»

24 پاشا گوتی: «شمشێرێکم بۆ بهێنن.» ئەوانیش شمشێرێکیان بۆ پاشا هێنا. 25 پاشا گوتی: «منداڵە زیندووەکە بکەنە دوو بەش، نیوەی بدەنە یەکێکیان و نیوەکەی دیکەش بدەن ئەوی دیکەیان.»

26 ئەو ژنەیان کە کوڕەکەی زیندوو بوو لەبەر ئەوەی هەناوی بۆ کوڕەکەی سووتا بە پاشای گوت: «تکایە، گەورەم، منداڵە زیندووەکەی بدەنێ و مەیکوژن!»

بەڵام ئەوی دیکەیان گوتی: «نە بۆ من دەبێت و نە بۆ تۆ، بیکەنە دوو بەش!»

27 ئینجا پاشا وەڵامی دایەوە و گوتی: «کوڕە زیندووەکە بدەنە ژنی یەکەم و مەیکوژن، ئەو دایکییەتی.»

28 کاتێک هەموو ئیسرائیل ئەو بڕیارەیان بیستەوە کە پاشا دابووی، ترسیان لێ نیشت، چونکە بینییان دانایی خودایی تێدا بوو بۆ پەیڕەوکردنی دادپەروەری.

کاربەدەست و بریکارەکانی سلێمان

ئیتر سلێمان پاشایەتی هەموو ئیسرائیلی کرد. ئەمانەش باڵاترین کاربەدەستانی ئەو بوون:

عەزەریای کوڕی سادۆقی کاهین،

ئەلیحۆرەف و ئاحییا، دوو کوڕەکەی شیشا، خامەی نهێنی[l] بوون،

یەهۆشافاتی کوڕی ئەحیلود، تۆمارکار.

بەنایای کوڕی یەهۆیاداعیش سوپاسالار،

سادۆق و ئەبیاتاریش هەردووکیان کاهین بوون.

عەزەریای کوڕی ناتان سەرۆکی بریکارەکان و

زەڤودی کوڕی ناتان، کاهین و یاوەری پاشا بوون.

ئەحیشار سەرپەرشتیاری کۆشک،

ئەدۆنیرامی کوڕی عەڤدا سەرپەرشتیاری کاری بێگاری بوو.

هەروەها سلێمان دوازدە بریکاری لەسەر هەموو ئیسرائیل هەبوو، ئازووقەیان بۆ پاشا و ماڵەکەی دابین دەکرد و ساڵی مانگێک لەسەر هەریەکەیان بوو بۆ دابینکردنی ئازووقە. ئەمانەش ناوەکانیانە:

بەن‌حور لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم.

بەن‌دەقەر لە ماقەچ و شەعەلڤیم و بێت‌شەمەش و ئێلۆن بێت‌حانان.

10 بەن‌حەسەد لە ئەروبۆت، سۆکۆ و هەموو خاکی حێفەر سەر بە ئەو بوو.

11 بەن‌ئەبیناداب لە هەموو بەرزاییەکانی دۆردا، تافەتی کچی سلێمانیش بووە ژنی.

12 بەعنای کوڕی ئەحیلود، تەعنەک و مەگیدۆ و هەموو بێت‌شان ئەوەی لەتەنیشت چەرەتانە لە خوار یەزرەعیل، لە بێت‌شانەوە هەتا ئابێل مەحۆلا، هەتا ئەو بەری یۆقمەعام.

13 بەن‌گەڤەر لە ڕامۆتی گلعاد، ئاواییەکانی یائیری کوڕی مەنەشە، ئەوەی لە گلعادە سەر بە ئەو بوون، لەگەڵ ناوچەی ئەرگۆڤ ئەوەی لە باشانە، شەست شاری گەورەی شوورابەند کە شمشیرەی[m] دەرگاکانی لە بڕۆنز دروستکرا بوون.

14 ئەحینادابی کوڕی عیدۆ لە مەحەنەیم بوو.

15 ئەحیمەعەچ لە نەفتالی، ئەویش باسمەتی کچی سلێمانی هێنا ببێتە ژنی.

16 بەعنای کوڕی حوشەی لە ئاشێر و لە عالۆت بوو.

17 یەهۆشافاتی کوڕی پاروەح لە یەساخار بوو.

18 شیمعی کوڕی ئێلا لە بنیامین بوو.

19 گەڤەری کوڕی ئوری لە خاکی گلعاد، خاکی سیحۆنی پاشای ئەمورییەکان و عۆگی پاشای باشان، تاکە بریکار بوو لەسەر ناوچەکە.

ئازووقەی ڕۆژانەی سلێمان

20 یەهودا و ئیسرائیل لە زۆریدا وەک لمی سەر کەناری دەریا بوون، دەیانخوارد و دەیانخواردەوە و دڵخۆش بوون. 21 سلێمان دەسەڵاتدار بوو لەسەر هەموو پاشایەتییەکان، لە ڕووباری فوراتەوە هەتا خاکی فەلەستییەکان و سنووری میسر، سەرانەیان پێدەدا و بە درێژایی ژیانی خزمەتکاری سلێمان بوون.

22 ئازووقەی ڕۆژانەی سلێمان، سی کۆڕ[n] لە باشترین ئارد و شەست کۆڕ[o] بڕوێش، 23 دە گای قەڵەو و بیست گای لەوەڕگا و سەد مەڕ و بزن، جگە لە ئاسک و مامز و ئاسکە سوورە و پەلەوەڕی قەڵەو. 24 لەبەر ئەوەی فەرمانڕەوا بوو لەسەر هەموو شانشینەکانی ئەم بەری ڕووباری فورات، لە تیفسەحەوە هەتا غەزە، لە هەموو لایەکەوە ئاشتی هەبوو. 25 هەموو سەردەمی سلێمان یەهودا و ئیسرائیلی هەریەکە لەژێر دار مێو و دار هەنجیرەکەی خۆی بە ئاسوودەیی نیشتەجێ بوون، لە دانەوە هەتا بیری شابەع[p].

26 سلێمان چوار هەزار ئاخوڕی هەبوو بۆ ئەسپی گالیسکەکانی، لەگەڵ دوازدە هەزار ئەسپ.

27 ئەم بریکارانە ئازووقەیان دابین دەکرد بۆ سلێمانی پاشا و هەموو ئەوانەی دەهاتنە سەر خوانەکەی، هەریەکە و لە مانگی خۆی، ئیتر پێویستیان بە هیچ نەبوو. 28 جۆ و کاش بۆ ئەسپی گالیسکەکان و ئەسپەکانی دیکە دەهێنران بۆ ئەو شوێنەی کە لێی دەبوون، هەرکەسە و بەگوێرەی ئەرکی خۆی.

دانایی سلێمان

29 خودا دانایی و تێگەیشتنێکی زۆر زۆری دایە سلێمان، هەروەها مێشکێکی فراوان وەک ئەو لمەی لەسەر کەناری دەریایە. 30 دانایی سلێمان زیاتر بوو لە دانایی هەموو خەڵکی ڕۆژهەڵات و هەموو دانایی میسرییەکان. 31 لە هەموو خەڵک داناتر بوو، تەنانەت داناتر بوو لە ئێیتانی ئەزراحی و لە هێیمان و لە کەلکۆل و لە دەردەعی کوڕانی ماحۆل، ناوبانگیشی لەنێو هەموو نەتەوەکانی دەوروبەری بڵاو بووەوە. 32 سێ هەزار پەند و هەزار و پێنج سروودیشی هەبوو. 33 دەربارەی دارودرەخت قسەی کردووە، لە دار ئورزەوە ئەوەی لە لوبنانە هەتا ئەو زوفایەی لەبن دیوار دەڕوێت، هەروەها دەربارەی ئاژەڵ و باڵندە و خشۆک و ماسیش قسەی کردووە. 34 لە هەموو گەلانەوە دەهاتن بۆ گوێگرتن لە دانایی سلێمان، هەموو پاشایانی زەوی کە دەربارەی داناییەکەی بیستبوویان خەڵکیان دەناردە لای.

ئامادەکاری بۆ بنیادنانی پەرستگا

کاتێک حیرامی پاشای هەرێمی سور بیستی کە سلێمانیان دەستنیشان کردووە بۆ پاشایەتی لە شوێنی باوکی، خزمەتکارەکانی خۆی ناردە لای، چونکە حیرام بە درێژایی ژیانی هاوڕێ و دۆستی داود بوو. سلێمانیش ناردی بۆ لای حیرام و گوتی:

«تۆ دەربارەی داودی باوکم دەزانیت، کە نەیتوانی پەرستگایەک بۆ ناوی یەزدانی خوداکەی بنیاد بنێت، بەهۆی ئەو جەنگانەی دەوریان دا، هەتا ئەو کاتەی یەزدان دوژمنەکانی خستە ژێر پێیەوە. بەڵام ئێستا یەزدانی پەروەردگارم لە هەموو لایەکەوە منی حەساندووەتەوە، نە ناحەز هەیە و نە ڕووداوی خراپ. لەبەر ئەوە گوتم پەرستگایەک بۆ ناوی یەزدانی پەروەردگارم بنیاد بنێم، هەروەک چۆن یەزدان بە داودی باوکمی فەرموو: ”کوڕەکەت، ئەوەی لە شوێنی تۆ لەسەر تەختەکەت دایدەنێم ئەو ماڵەکە بۆ ناوی من بنیاد دەنێت.“

«ئێستاش فەرمان بدە با دار ئورزم لە لوبنانەوە بۆ ببڕنەوە، خزمەتکارەکانم لەگەڵ خزمەتکارەکانت دەبن و کرێی خزمەتکارەکانت پێدەدەم، بەگوێرەی هەموو ئەوەی تۆ دەیڵێیت، چونکە تۆ دەزانیت کەس نییە لەناومان بزانێت وەک سەیدائییەکان دار ببڕێتەوە.»

ئەوە بوو کە حیرام گوێی لە قسەکانی سلێمان بوو، زۆر دڵخۆش بوو، گوتی: «ئەمڕۆ ستایش بۆ یەزدان، ئەوەی کوڕێکی دانای دایە داود، هەتا فەرمانڕەوایەتی ئەم گەلە مەزنە بکات.»

ئیتر حیرام ناردی بۆ لای سلێمان و گوتی:

«ئەوەی بۆ منت نارد گوێم لێی بوو، هەرچی ئارەزوو بکەیت ئەوە دەکەم بۆ داری ئورز و دار سنەوبەرەکان. خزمەتکارەکانم لە لوبنانەوە بۆ دەریا دەیانهێنن و منیش لەسەر دەریا دەیانکەمە کەڵەک، هەتا ئەو شوێنەی خۆت دیاری دەکەیت لەوێ هەڵیاندەوەشێنمەوە و تۆش باریان دەکەیت. بە دابینکردنی نانیش بۆ ماڵەکەم خواستی من بەجێدەهێنیت.»

10 ئەوە بوو حیرام بەپێی ئارەزووی سلێمان داری ئورز و سنەوبەری دایێ. 11 سلێمانیش هەر ساڵێک بیست هەزار کۆڕ[q] گەنم و بیست هەزار بەت[r] زەیتی زەیتوونی وەک ئازووقە دەدایە ماڵی حیرام. 12 یەزدانیش هەروەک چۆن بەڵێنی پێدابوو دانایی دایە سلێمان، ئاشتی لەنێوان سلێمان و حیرام هەبوو، هەردووکیان پەیمانیان بەست.

13 سلێمانی پاشا لە هەموو ئیسرائیل بێگاری بە سی هەزار پیاو کرد. 14 هەر مانگە و بە نۆبە دە هەزاری لێیان دەناردە لوبنان، مانگێک لە لوبنان دەبوون و دوو مانگیش لە ماڵەوە، ئەدۆنیرامیش سەرپەرشتیاری کاری بێگار بوو. 15 سلێمان حەفتا هەزار بارهەڵگر و هەشتا هەزار نەقاڕی لە چیا هەبوو. 16 بێجگە لەمە سلێمان سێ هەزار و سێ سەد سەرکاریشی هەبوو سەرپەرشتی کارەکە و کرێکارەکانیان دەکرد. 17 هەروەها پاشا فەرمانی دا کە بەردی گەورە هەڵبکەنن، بەردی نایاب بۆ دامەزراندنی پەرستگاکە بە بەردی تاشراو. 18 وەستاکانی سلێمان و حیرام و کرێکارانی شاری جوبەیل[s] دار و بەردەکانیان ئامادە کرد بۆ بنیادنانی پەرستگاکە.

بنیادنانی پەرستگا

لە چوار سەد و هەشتایەمین ساڵی هاتنە دەرەوەی نەوەی ئیسرائیل لە خاکی میسر، کە دەکاتە ساڵی چوارەمی پاشایەتی سلێمان لە ئیسرائیل، لە مانگی زیڤ کە مانگی دووە، سلێمان دەستی بە بنیادنانی پەرستگاکەی یەزدان کرد.

ئەو پیرۆزگایەی سلێمانی پاشا بۆ یەزدان بنیادی نا، درێژییەکەی شەست باڵ[t] و پانییەکەی بیست باڵ[u] و بەرزاییەکەشی سی باڵ[v] بوو. هەیوانی بەردەم هۆڵی سەرەکی پیرۆزگاکەش درێژییەکەی بەرامبەر بوو بە پانی پیرۆزگاکە، واتە بیست باڵ بوو، پانییەکەشی لەبەردەم پیرۆزگاکەوە دە باڵ بوو[w]. هەروەها کڵاوڕۆژنەی[x] کەتیبەداری بۆ پیرۆزگاکە دروستکرد. ئینجا لەسەر دیواری سەر بە هۆڵە سەرەکییەکە و دیواری شوێنەکەی هەرەپیرۆز چەند نهۆمێکی بنیاد نا، واتە لە دەوری دیوارەکانی پیرۆزگاکە، ژووری لاتەنیشت لە دەوریان هەبوو. نهۆمی ژێرەوە پانییەکەی پێنج باڵ[y] و نهۆمی ناوەڕاست پانییەکەی شەش باڵ[z] و سێیەمیشیان پانییەکەی حەوت باڵ[aa] بوو، بەم شێوەیە لە دەرەوە لێواری لە دەوری پیرۆزگاکە کرد هەتا کاریتەکان نەخاتە ناو دیوارەکان.

لە کاتی بنیادنانی پەرستگاکەدا بەردی نایابی ئامادەکراو بەکارهێنرا، بەڵام دەنگی چەکوش و تەور و هیچ ئامێرێکی ئاسن لە پەرستگاکە نەبیسترا.

داڵانی نهۆمی ژێرەوە لەلای باشووری پەرستگاکە بوو، بە پەیژەی پێچاوپێچ سەردەکەوتن بۆ ناوەڕاست و لەناوەڕاستیشەوە بۆ نهۆمی سێیەم. پەرستگاکەی بنیاد نا و تەواوی کرد، بە تەختەداری پان و کاریتەی ئورز سەری پەرستگاکەی گرت. 10 هەموو ئەو ژوورە لاتەنیشتانەش کە لە دەوری پیرۆزگاکە بنیادی نان، بەرزاییەکەیان پێنج باڵ بوو، بە داری ئورز بە پیرۆزگاکەی گەیاندن.

11 فەرمایشتی یەزدان بۆ سلێمان هات و فەرمووی: 12 «ئەم پەرستگایەی کە تۆ دروستی دەکەیت، ئەگەر بە ڕێگای فەرزەکانمدا بڕۆیت و حوکمەکانم پەیڕەو بکەیت، هەروەها هەموو فەرمانەکانم بەجێبهێنیت بۆ پەیڕەوکردنی، ئەوا ئەو بەڵێنەی بە داودی باوکی تۆم دا لە ڕێگەی تۆوە دەیهێنمە دی. 13 هەروەها لەنێو نەوەی ئیسرائیلدا نیشتەجێ دەبم و ئیسرائیلی گەلم بەجێناهێڵم.»

14 سلێمان پەرستگاکەی بنیاد نا و تەواوی کرد. 15 دیواری ناوەوەی پیرۆزگاکە هەتا بنمێچەکەی بە تەختەی داری ئورز ڕووپۆش کرد، هەروەها زەمینەکەشی بە تەختەی دار سنەوبەر. 16 بیست باڵیشی لە بەشی دواوەی پیرۆزگاکە بە دیوارێک لە تەختەی دار ئورز جیا کردەوە، هەتا ببێتە پیرۆزگای ناوەوەی پەرستگاکە، کە شوێنی هەرەپیرۆزە. 17 هۆڵە سەرەکییەکە لەبەردەم ئەم ژوورەوە چل باڵ[ab] بوو. 18 دار ئورزی پەرستگاکە بە دیوی ناوەوەی پەرستگاکە لەسەر شێوەی سەوزەوات[ac] و گوڵی کراوە نەخشێنرابوو، هەمووی داری ئورز بوو، هیچ بەردێک نەدەبینرا.

19 لەناوەڕاستی پەرستگاکە، شوێنی هەرەپیرۆزی ئامادە کرد هەتا سندوقی پەیمانی یەزدان لەوێ دابنێت. 20 شوێنی هەرەپیرۆز، کە بیست باڵ درێژ و بیست باڵ پان و بیست باڵیش بەرز بوو، بە زێڕی بێگەرد ڕووپۆشی کرد، قوربانگاکەشی بە ئورز ڕووپۆش کرد. 21 سلێمان دیوی ناوەوەی پیرۆزگاکەی بە زێڕی بێگەرد ڕووپۆش کرد، زنجیری زێڕیشی لەبەردەم شوێنی هەرەپیرۆز ڕاکێشا، بە زێڕ ڕووپۆشی کرد. 22 تەواوی قوربانگای شوێنی هەرەپیرۆز و تەواوی دیوی ناوەوەی پیرۆزگاکەشی بە زێڕ ڕووپۆش کرد.

23 لەناو شوێنی هەرەپیرۆزیش دوو کەڕوبی[ad] لە داری زەیتوون دروستکرد، بەرزی هەریەکەیان دە باڵ بوو. 24 هەر کەڕوبێک دوو باڵی هەبوو، درێژی هەر باڵێک پێنج باڵ بوو،[ae] لە سەری باڵێکییەوە هەتا سەری باڵەکەی دیکە دە باڵ بوو. 25 هەردوو کەڕوبەکە یەک ئەندازە و یەک شێوەیان هەبوو. 26 بەرزی کەڕوبی یەکەم دە باڵ بوو، کەڕوبی دووەمیش بە هەمان شێوە. 27 هەردوو کەڕوبەکەی لەناوەڕاستی شوێنی هەرەپیرۆز دانا و باڵی کەڕوبەکانی کردەوە. باڵی یەکێک لە کەڕوبەکان بەر دیوارێک کەوت و باڵی کەڕوبی دووەمیان بەر دیوارەکەی بەرامبەری کەوت، لەناوەڕاستی ژوورەکەش بەر یەکتری دەکەوتن، باڵ بە باڵ. 28 هەردوو کەڕوبەکەشی بە زێڕ ڕووپۆش کرد.

29 لەسەر هەموو دیوارەکانی پیرۆزگاکە، لەناو هەردوو ژوورەکەی، ژووری ناوەوە و ژووری دەرەوەش، وێنەی کەڕوب و دار خورما و گوڵی کراوەی نەخشاند. 30 زەمینی ژووری ناوەوە و ژووری دەرەوەی پیرۆزگاکەشی بە زێڕ ڕووپۆش کرد.

31 بۆ داڵانەکەی شوێنی هەرەپیرۆزیش، دەرگایەکی دوو دەری لە داری زەیتوون دروستکرد، بە شێوەی پێنج چوارچێوە لەناو یەکدا. 32 لەسەر هەردوو لای دەرگاکەش کە لە داری زەیتوون بوون، کەڕوب و دار خورما و گوڵی کراوەی لەسەر نەخشاند و بە زێڕ ڕووپۆشی کردن. 33 بە هەمان شێوە لە داڵانی هۆڵە سەرەکییەکەش چوار چوارچێوەی لەناو یەکدا لە داری زەیتوون دروستکرد. 34 هەروەها دوو دەرگای بە داری سنەوبەر دروستکرد، هەردووکیان دوو دەری بوون کە بە نەرمادە[af] بەسترا بوون و دەسووڕانەوە. 35 کەڕوب و دار خورما و گوڵی کراوەی لەسەر نەخشاندن و بە زێڕی کوتراو لەسەر نەخشەکە ڕووپۆشی کردن.

36 هەروەها حەوشەکەی ناوەوەی بنیاد نا بە سێ ڕیز بەردی تاشراو و ڕیزێک کاریتەی ئورز.

37 لە ساڵی چوارەم پەرستگای یەزدانی دامەزراند، لە مانگی زیڤ. 38 لە ساڵی یازدەیەمینیش، لە مانگی بول کە مانگی هەشتە، هەموو بەشەکانی پەرستگاکە بە هەموو وردەکارییەکانییەوە تەواو کرا، بە حەوت ساڵ بنیادی نا.

بنیادنانی کۆشکی سلێمان

بەڵام سلێمان کۆشکەکەی خۆی بە سێزدە ساڵ بنیاد نا و هەمووی تەواو کرد. کۆشکی دارستانەکەی لوبنانیشی بە درێژی سەد باڵ و پانی پەنجا باڵ و بەرزی سی باڵ بنیاد نا، لەسەر چوار ڕیز کۆڵەکەی ئورز و کاریتەی ئورزیشی لەسەر کۆڵەکەکان دانا. سەری ئەو دارانەشی لە سەرەوە بە ئورز گرت، ئەوانەی لەسەر چل و پێنج کۆڵەکە بوون، هەر ڕیزە و پازدە. پەنجەرەکانیشی بە سێ ڕیز دانرابوون، پەنجەرە بەرامبەر پەنجەرە. هەموو دەروازەکان چوارگۆشە بوون، لە هەر ڕیزێک سێ دەرگا و بەرامبەر بە یەکتری.

ڕێڕەوێکی سەر داپۆشراوی دروستکرد کە هەردوو لای بە کۆڵەکە گیرابوو، درێژییەکەی پەنجا باڵ و پانییەکەی سی باڵ بوو. هەیوانێک لەبەردەم ڕێڕەوەکە هەبوو، لەبەردەم ئەویش چەند کۆڵەکەیەک و تارمەیەک هەبوو.

هۆڵی تەختی پاشایەتییەکەش ئەوەی تێیدا دادوەری دەکرد، واتە هۆڵی دادوەری ئەویشی دروستکرد و تەواوی دیوارەکەی بە ئورز ڕووپۆش کرد. کۆشکی نیشتەجێبوونی خۆشی بە هەمان شێوەی ئەم هۆڵە لە پشتی ئەو بنیاد نا. هەروەها ماڵێکیشی وەک ئەم هۆڵە بۆ کچەکەی فیرعەون دروستکرد، ئەوەی کە هێنابووی.

هەموو تەلارەکانی کۆشکی پاشایەتی، لە دەرەوە بۆ ژوورەوە، لە بناغەوە هەتا سەرەوە، لە بەردی نایابی نەقاڕکراو بوون. 10 لە بناغەشەوە بەردی نایاب بوو، بەردی گەورە، هەندێکی دە باڵ و هەندێکی هەشت باڵ[ag]. 11 لە سەریشەوە بە بەردی نایابی بە ئەندازە داتاشراو و بە داری ئورز بوو. 12 دیواری سنووری کۆشکەکە وەک دیواری حەوشەی پیرۆزگای یەزدان بە سێ ڕیز بەردی داتاشراو و ڕیزێک کاریتەی ئورز دروستکرابوو.

کەلوپەلەکانی پەرستگا

13 سلێمانی پاشا ناردی و حورامی لە شاری سورەوە هێنا. 14 ئەو کوڕی بێوەژنێک بوو لە هۆزی نەفتالی، باوکیشی پیاوێکی خەڵکی سور بوو، پیشەوەری بڕۆنز بوو. حورام پڕ بوو لە دانایی و تێگەیشتن، شارەزایی لە دروستکردنی هەموو کارێکی بڕۆنز هەبوو. هاتە لای سلێمانی پاشا و هەموو کارەکانی بۆ ئەنجام دا. 15 دوو کۆڵەکەی بڕۆنزی داڕشت کە بەرزی هەر یەکێکیان هەژدە باڵ[ah] و چێوەکەی دوازدە باڵ[ai] بوو. 16 هەروەها دوو تاجی بڕۆنزی لەقاڵبدراوی دروستکرد هەتا لەسەر سەری هەردوو کۆڵەکەکە دابنرێن، بەرزی هەر یەکێکیان پێنج باڵ[aj] بوو. 17 تۆڕێکی لە زنجیری چنراو بە تاجەکان هەڵواسیبوو، کە لەسەر کۆڵەکەکان بوون، بۆ هەر تاجێک حەوت تۆڕ. 18 دوو ڕیز هەناری لە دەوری هەر تۆڕێک دروستکرد بۆ ڕازاندنەوەی ئەو تاجانەی کە لەسەر کۆڵەکەکان بوون. بۆ هەر تاجێک هەمان شتی کرد. 19 ئەو تاجانەش کە لە هەیوانەکە لەسەر کۆڵەکەکان بوون لە شێوەی گوڵی سەوسەن بوون، بەرزییان چوار باڵ[ak] بوو. 20 لەسەر تاجەکانی سەر هەردوو کۆڵەکەکە، لە سەرووی ئەو بەشەی تاجەکە کە لە شێوەی قاپ بوو، لەتەنیشتی تۆڕەکە، دوو سەد هەنار بە ڕیز لە دەوری هەبوو. 21 دوو کۆڵەکەشی لە هەیوانی پیرۆزگاکە ڕاگرت، کۆڵەکەکەی لای باشووری ناونا یاکین[al] و کۆڵەکەکەی لای باکووریشی ناونا بۆعەز[am]. 22 سەری کۆڵەکەکانیش لەسەر شێوەی گوڵی سەوسەن بوون، بەم شێوەیە کاری کۆڵەکەکان تەواو بوو.

23 حەوزە بڕۆنزییەکەشی[an] بە بازنەیی بە قاڵب دروستکرد، لە لێوارەوە هەتا لێوار دە باڵ بوو، پێنج باڵ بەرزی، چێوەکەشی گوریسێکی سی باڵ بوو. 24 لەژێر لێوارەکەی لە هەر چواردەورەی وێنەی سەوزەوات[ao] نەخشێنرابوو، دە وێنە بۆ هەر باڵێک، بەدەوری حەوزە بڕۆنزییەکە بە دوو ڕیز، وێنەی سەوزەواتەکان لەگەڵ حەوزە بڕۆنزییەکە لەقاڵبدرابوون.

25 حەوزە بڕۆنزییەکەش لەسەر دوازدە گا ڕاوەستابوو، سێیان ڕوویان لە باکوور، سێ ڕوویان لە ڕۆژئاوا، سێ ڕوویان لە باشوور، سێش ڕوویان لە ڕۆژهەڵات بوو. حەوزە بڕۆنزییەکەش لەسەریان دانرابوو، هەمووشیان پاشەڵیان ڕوو لەناوەوە بوو. 26 ئەستووراییەکەی چوار پەنجە بوو، لێوارەکەی وەک لێواری جام دروستکرابوو، لە شێوەی گوڵی سەوسەن، هەروەها جێی دوو هەزار بەتی[ap] تێدا دەبووەوە.

27 دە عەرەبانەی ئاوگواستنەوەشی لە بڕۆنز دروستکرد، درێژی هەر عەرەبانەیەک چوار باڵ و پانییەکەی چوار باڵ، بەرزییەکەشی سێ باڵ[aq] بوو. 28 ئەمەش شێوەی عەرەبانەکان بوو، لە چەند تەختەدارێکی چوارگۆشە دروستکرا بوون، تەختەکانیش لەنێوان دوو ستوون بوون. 29 هەروەها وێنەی شێر و گا و کەڕوب هەبوون لەسەر ستوونەکان و لەسەر ئەو تەختانەی کە لەنێوان دوو ستوونەکە بوون. لە سەرەوە و لە خوارەوەی شێر و گایەکان تاجەگوڵینە شۆڕببوونەوە. 30 چوار چەرخی بڕۆنزیش بۆ هەر عەرەبانەیەک، تەوەرەکانیش بڕۆنز بوون. گۆشەکانیش کە چوار بوون، شانیان هەبوو لەژێر دەستشۆرەکە، شانەکانیش لەقاڵبدرابوون لەتەنیشت هەر تاجەگوڵینەیەکەوە. 31 لێواری حەوزەکەی ناو عەرەبانەکە بازنەیی بوو کە یەک باڵ لە عەرەبانەکە بەرزتر بوو، لێوارەکەی بازنەیی بوو، لەگەڵ بەشی خوارەوە قووڵاییەکەی باڵ و نیوێک بوو، لێوارەکە نەخشێنرابوو، تەختەدارەکانی عەرەبانەکەش چوارگۆشەیی بوون، نەک بازنەیی. 32 چوار چەرخەکانیش لەژێر تەختەکانەوە بوون، بە تەوەر چەرخەکان بە عەرەبانەکەوە بەسترابوون بوون، چێوەی هەر چەرخێک باڵ و نیوێک بوو. 33 چەرخەکانیشی لەسەر شێوەی چەرخی گالیسکە دروستکرابوو، تەوەر و چێوە و ڕاگر و ناوکی چەرخەکان هەموو لەقاڵبدرابوون.

34 هەر عەرەبانەیەک چوار دەسکی هەبوو، هەر دەسکێک لە گۆشەیەک، دەسکەکان بەشێک بوون لە عەرەبانەکە. 35 لە بەشی سەرەوەی عەرەبانەکە بە بەرزی نیو باڵ قەیدێکی بازنەیی هەبوو، لاشان و تەختەکانی بە بەشی سەرەوەی عەرەبانەکە بەسترا بوون. 36 لەسەر ڕووی لاشان و تەختەکانی عەرەبانەکە کەڕوب و شێر و دار خورمای نەخشاند، لە کەلێنی نەخشەکان چەند تاجەگوڵینەیەکی لە دەوروبەری دروستکرد. 37 بەم جۆرە دە عەرەبانەکەی دروستکرد، یەک قاڵب و یەک ئەندازە و یەک شێوە.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.