Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Bible in 90 Days

An intensive Bible reading plan that walks through the entire Bible in 90 days.
Duration: 88 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
دواوتار 23:12-34

12 دەبێت شوێنێکیشتان هەبێت لە دەرەوەی ئۆردوگاکە بۆ پیساییکردن، 13 لەگەڵ شتومەکەکەشتان خاکەنازێکتان هەبێت، بۆ ئەوەی چاڵی پێ هەڵبکەنن بۆ پیساییکردن و پاشان پیساییەکەتان داپۆشن. 14 لەبەر ئەوەی یەزدانی پەروەردگارتان لەناو ئۆردوگاکەتان هاتوچۆ دەکات بۆ ئەوەی فریاتان بکەوێت و دوژمنەکانتان بەدەستەوە بدات، جا با ئۆردوگاکەتان پیرۆز بێت نەوەک شتێکی پیستان تێدا ببینێت و ڕووتان لێ وەربگێڕێت.

فێرکردن بۆ وریابوونەوەی ویژدان

15 ئەگەر کۆیلەیەک پەنای بۆتان هێنا، مەیدەنەوە دەست گەورەکەی، 16 لەلای ئێوە نیشتەجێ دەبێت لەنێوتاندا لەو شوێنەی هەڵیدەبژێرێت لە یەکێک لە شارۆچکەکانتان، لە هەرکوێ پێی خۆشە و ستەمی لێ مەکەن.

17 کچانی ئیسرائیل بۆیان نییە ببنە لەشفرۆشی نزرگەکان و کوڕانی ئیسرائیلیش بۆیان نییە هەمان ئەم کارە بکەن[a]. 18 کرێی لەشفرۆشی مەخەنە ناو ماڵی یەزدانی پەروەردگارتان لە نەزرکردن، چونکە ئەم کارە لەلای یەزدانی پەروەردگارتان قێزەونە.

19 قەرز بە سوو بە براکەت مەدە، نە سووی زیو و نە سووی خۆراک و نە سووی هەر شتێک کە بە سوو بە قەرز دەدرێت. 20 دەتوانیت قەرز بە سوو بدەیتە بێگانە، بەڵام قەرز بە سوو مەدە براکەت، بۆ ئەوەی یەزدانی پەروەردگارت بەرەکەتدارت بکات لە هەموو شتێک کە دەستی بۆ دەبەیت لەو خاکەی دەچیتە ناوی هەتا دەستی بەسەردا بگریت.

21 ئەگەر نەزرێکت بۆ یەزدانی پەروەردگارت کرد بەجێهێنانی دوا مەخە، چونکە یەزدانی پەروەردگارت لێت داوا دەکات، جا بەسەرتەوە دەبێتە گوناه. 22 بەڵام ئەگەر نەزرت نەکرد ئەوا گوناه نییە بەسەرتەوە. 23 ئەوەی لە دەمت هاتە دەرەوە بیپارێزە و بیکە، چونکە ئازادانە بە دەمی خۆت نەزرت بۆ یەزدانی پەروەردگارت کرد.

24 ئەگەر چوویتە ناو ڕەزەمێوی دراوسێکەت پڕ بە حەزی دڵت ترێ بخۆ هەتا تێر دەبیت، بەڵام هیچ مەکە ناو توورەکەکەتەوە. 25 ئەگەر چوویتە ناو دەغڵی دراوسێکەت دەتوانیت بە دەستت گوڵەگەنم لێ بکەیتەوە، بەڵام داس لە دەغڵی دراوسێکەت بەرز مەکەرەوە.

24 ئەگەر پیاوێک ژنێکی هێنا و پەسەند نەبوو لەبەرچاوی، چونکە بێ ئابڕووییەکی تێدا بینی و تەڵاقنامەی بۆ نووسی و دایە دەستی، لە ماڵەکەی خۆی بەڕێی کرد، ئەویش کە لە ماڵەکەی چووە دەرەوە، بووە ژنی پیاوێکی دیکە، جا ئەگەر پیاوەکەی دووەم ڕقی لێی بووەوە و تەڵاقنامەی بۆ نووسی و دایە دەستی و لە ماڵەکەی خۆی بەڕێی کرد، یان ئەگەر پیاوەکەی دووەم کە هێنابووی مرد، ئەوا مێردەکەی یەکەمی کە تەڵاقی دابوو ناتوانێت بیهێنێتەوە بۆ ئەوەی ببێتە ژنی دوای ئەوەی گڵاو بووە. ئەوە شتێکی قێزەونە لەلای یەزدان، جا گوناه مەهێنە سەر ئەو خاکەی یەزدانی پەروەردگارت بە میرات دەتداتێ.

ئەگەر پیاوێک ژنی هێنا ئەوا هەتا ساڵێک بۆ سەربازی ناچێت و هیچ لێپرسراویەتییەکی لەسەر شان نابێت، ئەو ساڵە لە ماڵەکەی ئازاد دەبێت و ژنەکەی دڵخۆش دەکات.

نابێت کەس دەستاڕ، تەنانەت بەرداشێکی بکاتە بارمتە، چونکە سەرچاوەی بژێوییە.

ئەگەر پیاوێک لە کاتی ڕفاندنی یەکێک لە براکانی لە نەوەی ئیسرائیل بگیردرێت و وەک کۆیلە هەڵسوکەوتی لەگەڵ کرد یان فرۆشتی، ئەوا کابرای ڕفێنەر دەبێت بمرێت، جا خراپەکە لەنێو خۆتان دادەماڵن.

لە کاتی نەخۆشی گولی[b] زۆر ئاگاداربن و بەگوێرەی هەموو ئەوەی کاهینە لێڤییەکان فێرتان دەکەن ئاوا بکەن، ئەوەی من فەرمانم بەوان کردووە ئێوە بیکەن. لە یادتان بێت یەزدانی پەروەردگارتان لە ڕێگا چی بە مریەم کرد، پاش ئەوەی لە میسر هاتنە دەرەوە.

10 ئەگەر قەرزت بە دراوسێکەت دا، مەچۆ ماڵەکەی هەتا شتێکی ماڵەکەی بکەیتە بارمتە[c]، 11 لە دەرەوە دەوەستیت و ئەو پیاوەی قەرزی پێدەدەیت بارمتەکەت بۆ دەهێنێتە دەرەوە. 12 ئەگەر کابرا هەژار بوو با بارمتەکە بۆ شەو لەلات نەمێنێتەوە، 13 لەگەڵ ئاوابوونی خۆر بارمتەکەی بۆ بگەڕێنەوە هەتا لەناو جلوبەرگەکەی بنووێت و داوای بەرەکەتت بۆ بکات و بۆت ببێتە کارێکی ڕاست لەلای یەزدانی پەروەردگارت.

14 زوڵم لە کرێگرتەیەکی هەژار و نەدار مەکە، کە لە براکانت بێت یان لەو نامۆیانەی لە یەکێک لە شارۆچکەکانی خاکەکەتن. 15 لە ڕۆژی خۆی کرێیەکەی دەدەیتێ، پێش ئاوابوونی خۆر، چونکە هەژارە و بۆ ئەمە خۆی هەڵگرتووە، نەوەک لەسەر تۆ هاوار بۆ یەزدان بکات، جا دەبێت بە گوناه بەسەرتەوە.

16 باوک لە جیاتی کوڕ ناکوژرێت و کوڕ لە جیاتی باوک ناکوژرێت، هەر یەکێک لەسەر گوناهی خۆی دەکوژرێت.

17 نامۆ و هەتیو لە دادپەروەری بێبەش مەکە، جلوبەرگی بێوەژن مەکە بارمتە، 18 لە یادت نەچێت کە تۆش لە میسر کۆیلە بوویت و یەزدانی پەروەردگارت لەوێ تۆی کڕییەوە، بۆیە من فەرمانت پێدەدەم ئەم کارە بکەیت.

19 کاتێک لە کێڵگەکەت خەریکی دروێنەکردنیت و دەسکێکت لە کێڵگە لەبیر چوو، مەگەڕێوە بۆ ئەوەی بیبەیتەوە، ئەوە بۆ نامۆ و هەتیو و بێوەژن دەبێت، تاکو یەزدانی پەروەردگارت لە هەموو کاری دەستت بەرەکەتدارت بکات. 20 لە کاتی ڕاتەکاندنی دار زەیتوونەکەت، بەدوای ئەوانەدا مەچووەوە کە لە لقەکاندا ماوەتەوە، ئەوە بۆ نامۆ و هەتیو و بێوەژن دەبێت. 21 کاتێک ترێی ڕەزە مێوەکەت دەڕنیت، پاشماوەکەی هەڵمەگرەوە، ئەوە بۆ نامۆ و هەتیو و بێوەژن دەبێت، 22 لە یادت نەچێت تۆش لە خاکی میسر کۆیلە بوویت، بۆیە من فەرمانت پێدەدەم ئەم کارە بکەیت.

25 ئەگەر ناکۆکییەک هەبوو لەنێوان خەڵکی، دەبێت بیبەنە دادگا بۆ ئەوەی دادوەری لەنێوانیان بکرێت و بێتاوانەکە بێتاوان بکرێت و حوکم بەسەر تاوانبارەکەدا بدرێت. جا ئەگەر ڕەوا بوو لە تاوانبارەکە بدرێت، ئەوا دادوەر چۆکی پێ دادەدات و لەبەردەمی بە ژمارە بەگوێرەی تاوانەکەی قامچی لێدەدرێت. نابێت لە چل قامچی زیاتر بێت، نەوەک براکەت لەبەرچاوت سووک بێت، ئەگەر لێدانەکە زیاد بێت.

لە کاتی گێرەکردن دەمی گا مەگرە.

ئەگەر چەند برایەک پێکەوە ژیان و یەکێکیان مرد و کوڕی نەبوو، ئەوا ژنەکەی نابێت بۆ پیاوێکی لە خێڵێکی دیکەی دەرەوە بێت، برای مێردەکەی دەیخوازێت و دەیکاتە ژنی خۆی و بە ئەرکی شووبرایەتی هەڵدەستێت بۆی، ئەو کوڕە نۆبەرەیەشی کە بۆی لەدایک دەبێت، بە ناوی برا مردووەکەی ناودەبردرێت، نەوەک ناوی لە ئیسرائیلدا بسڕێتەوە.

ئەگەر پیاوەکە ڕازی نەبوو براژنەکەی بخوازێت، ئەوا براژنەکەی دەچێتە لای دەروازەی شارۆچکەکە بۆ لای پیران و دەڵێت: «شووبرایەکەم ڕازی نەبوو ناوێک بۆ براکەی لە ئیسرائیلدا درێژە پێبدات، نەیویست بە ئەرکی شووبرایەتی هەستێت بۆم.» جا پیرانی شارۆچکەکەی بانگی دەکەن و لەگەڵی دەدوێن، ئەگەر سوور بوو و گوتی، «ڕازی نیم بیخوازم،» ئەوا براژنەکەی لەبەرچاوی پیران لێی دەچێتە پێش و یەکێک لە پێڵاوەکانی کابرا لە پێی دادەکەنێت و تف لە دەموچاوی دەکات و ڕایدەگەیەنێت و دەڵێت: «ئاوا لە پیاوێک دەکرێت کە ماڵی براکەی بنیاد نەنێتەوە.» 10 جا لە ئیسرائیل ناوی لێ دەنرێت، خێڵی پێڵاو داکەنراو.

11 ئەگەر دوو پیاو لەگەڵ یەکتری کردیان بە شەڕ، ژنی یەکێکیان هات بۆ ئەوەی فریای پیاوەکەی بکەوێت لە دەست ئەوەی لێی دەدات، جا دەستی درێژکرد و گونی گرت، 12 دەستی ببڕنەوە و بەزەییتان پێی نەیەتەوە.

13 با لە توورەکەکەت کێشی جیاواز نەبێت، قورس و سووک. 14 با لە ماڵەکەت پێوانەی جیاواز نەبێت، گەورە و بچووک. 15 کێشی تەواو و ڕاستت دەبێت، پێوانەی تەواو و ڕاستت دەبێت، بۆ ئەوەی تەمەن درێژ بیت لەسەر ئەو خاکەی یەزدانی پەروەردگارت پێت دەدات، 16 چونکە هەر یەکێک ئەوە بکات، هەر یەکێک ساختەکاری بکات، یەزدانی پەروەردگارت قێزی لێ دەبێتەوە.

17 لە یادتان بێت ئەوەی عەمالێقییەکان لە ڕێگا لە کاتی هاتنە دەرەوەتان لە میسر پێیان کردن، 18 کە چۆن لە ڕێگا بەرەو ڕووتان هاتن و لە پشتتانەوە هەموو لاوازەکانی دواوەی ئێوەیان بڕییەوە، ئێوەش پەککەوتە و ماندوو بوون و ئەوانیش لە خودا نەترسان. 19 جا کاتێک یەزدانی پەروەردگارتان ئێوەی حەساندەوە لە هەموو دوژمنەکانتان کە لە چواردەورتانن لەو خاکەی یەزدانی پەروەردگارتان پێتانی دەدات هەتا دەستی بەسەردا بگرن وەک میرات، ئەوا ناوی عەمالێق لەژێر ئاسمان دەسڕنەوە، لەبیری نەکەن!

یەکەمین بەرهەم و دەیەکەکان

26 کاتێک هاتنە ناو ئەو خاکەی کە یەزدانی پەروەردگارتان بە میرات پێتانی دەدات و دەستتان بەسەردا گرت و تێیدا نیشتەجێ بوون، ئەوا هەرکەسێک یەکەمین بەرهەمی هەموو بەروبوومی زەوییەکە کە دەستی دەکەوێت لە خاکەکەتان کە یەزدانی پەروەردگارتان پێتانی دەدات دەیکاتە ناو سەبەتەیەک و دەچێتە ئەو شوێنەی کە یەزدانی پەروەردگارتان هەڵیدەبژێرێت بۆ ئەوەی ناوی لەوێ بێت. ئینجا دێتە لای ئەو کاهینەی کە لەو کاتەدایە و پێی دەڵێت: «ئەمڕۆ بە یەزدانی پەروەردگارت ڕادەگەیەنم کە من چوومە ناو ئەو خاکەی یەزدان سوێندی بۆ باوباپیرانمان خوارد کە پێمانی بدات.» جا کاهینەکەش سەبەتەکە لە دەستی وەردەگرێت و لەبەردەم قوربانگاکەی یەزدانی پەروەردگارتان دایدەنێت، ئینجا کەسەکە لە بەرامبەر یەزدانی پەروەردگارتان ڕایدەگەیەنێت و دەڵێت: «باوکم ئارامییەکی گەڕۆک بوو، چوو بۆ میسر و لەوێ ئاوارە بوو، چەند کەسێکی کەم بوون، جا لەوێ بوو بە نەتەوەیەکی مەزن و بەهێز و زۆر. ئینجا میسرییەکان خراپەیان دەرهەق کردین و ئازاریان داین و کۆیلایەتییەکی سەختیان بەسەرماندا سەپاند. ئیتر کاتێک هاوارمان بۆ یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانمان کرد، یەزدان گوێی لە دەنگمان بوو و ناخۆشی و ماندووبوونی و چەوساندنەوەی ئێمەی بینی. جا یەزدان بە دەستێکی پۆڵایین و بازووێکی بەهێز و ترسی مەزن و نیشانە و پەرجووەوە لە میسر دەریهێناین، ئێمەی هێنایە ناو ئەم شوێنە و ئەم خاکەی پێداین، خاکێک شیر و هەنگوینی لێ دەڕژێت. 10 ئێستاش ئەی یەزدان، ئەوەتا یەکەمین بەرهەمی ئەو زەوییەم هێناوە کە تۆ بە منت داوە.» ئینجا لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارتان دایدەنێت و لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارتان کڕنۆش دەبات و 11 بە هەموو ئەو خێروبێرە دڵخۆش دەبن کە یەزدانی پەروەردگارتان بە خۆتان و ماڵەکەتانی داوە، ئێوە و لێڤییەکان و ئەو نامۆیانەی لەنێوتاندان.

12 کاتێک لە دەرهێنانی دەیەکی هەموو داهاتەکەتان تەواو بوون لە ساڵی سێیەم کە ساڵی دەیەکە، داتانە لێڤی و نامۆ و هەتیو و بێوەژنان، لە شارۆچکەکانتاندا خواردیان و تێر بوون، 13 لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارتان دەڵێن: «بەشی تەرخانکراوی خودام لە ماڵەکەم دەرهێنا و هەروەها بە لێڤی و نامۆ و هەتیو و بێوەژنم دا، بەگوێرەی هەموو فەرمانەکەت کە فەرمانت پێکردم، لە فەرمانەکانت دەرنەچووم و لە یادم نەکرد. 14 لە ماتەمداریمدا لە بەشە تەرخانکراوەکەم نەخوارد و لە گڵاویمدا لێم نەبرد و هیچم لێی نەداوە بۆ مردوو، بەڵکو گوێڕایەڵی یەزدانی پەروەردگارم بووم و بەگوێرەی هەموو ئەوەم کرد کە فەرمانت پێکردم. 15 لە نشینگەی پیرۆزی خۆتەوە، لە ئاسمانەوە بڕوانە و گەلی خۆت ئیسرائیل و ئەو خاکە بەرەکەتدار بکە کە بە ئێمەت داوە، وەک سوێندت بۆ باوباپیرانمان خوارد، خاکێک شیر و هەنگوینی لێ دەڕژێت.»

فەرمانی یەزدان بپارێزن

16 ئەمڕۆ یەزدانی پەروەردگارتان فەرمانی پێ کردن کە کار بەم فەرز و یاسایانە بکەن، جا پڕ بە دڵ و لە ناختانەوە بەجێی بهێنن و پەیڕەوی بکەن، 17 ئەمڕۆ ڕاتانگەیاند بۆ یەزدان کە ببێت بە خوداتان و ڕێگاکانی ئەو بگرنەبەر و فەرز و فەرمانەکان و یاساکانی بەجێبهێنن و گوێڕایەڵی دەنگی ببن، 18 یەزدانیش ئەمڕۆ ڕایگەیاند، کە ئێوە گەلی ئەون، گەنجینەیەکی تایبەتی ئەو، وەک بەڵێنی پێدان و هەموو فەرمانەکانی بپارێزن. 19 لە سەرووی هەموو ئەو نەتەوانەی دروستی کردوون داتان دەنێت، لە ستایش و ناوبانگ و ڕێزدا، ببنە گەلێکی پیرۆز بۆ یەزدانی پەروەردگارتان وەک بەڵێنی دا.

قوربانگای کێوی عێبال

27 موسا و پیرانی ئیسرائیل فەرمانیان بە گەل دا و گوتیان: «هەموو ئەو فەرمانانە بپارێزن کە من ئەمڕۆ فەرمانتان پێ دەکەم. کاتێک لە ڕووباری ئوردون دەپەڕنەوە بۆ ئەو خاکەی یەزدانی پەروەردگارتان پێتان دەدات، چینێک بەردی گەورە بۆ خۆتان ڕاگیر بکەن و بە گەچ سواغیان بدەن. هەموو وشەکانی ئەم فێرکردنەی لەسەر بنووسن کاتێک دەپەڕنەوە هەتا بچنە ناو ئەو خاکەی یەزدانی پەروەردگارتان پێتان دەدات، خاکێک شیر و هەنگوینی لێ دەڕژێت، وەک یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانتان بەڵێنی پێدان. کاتێک لە ڕووباری ئوردون دەپەڕنەوە، ئەم بەردانە ڕاگیر بکەن کە من ئەمڕۆ فەرمانتان پێ دەکەم، لە کێوی عێبال و بە گەچ سواغیان بدەن. لەوێ قوربانگایەک بۆ یەزدانی پەروەردگارتان بنیاد بنێن، قوربانگایەک لە بەرد بێت و ئامێری ئاسنی لێ بەکارمەهێنن.[d] لە بەردی نەتاشراو قوربانگاکەی یەزدانی پەروەردگارتان بنیاد بنێن و قوربانی سووتاندن سەربخەنە سەری بۆ یەزدانی پەروەردگارتان، هەروەها قوربانی هاوبەشی[e] سەرببڕن و لەوێ بیخۆن و لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارتان دڵخۆش بن. هەموو وشەکانی ئەم فێرکردنەش زۆر بە ڕوونی لەسەر بەردەکان بنووسن.»

نەفرەت لە کێوی عێبالەوە

ئینجا موسا و کاهینە لێڤییەکان لەگەڵ هەموو ئیسرائیلدا دوان و گوتیان: «ئەی ئیسرائیل بێدەنگ بن و گوێتان لێ بێت، ئەمڕۆ بوونە گەل بۆ یەزدانی پەروەردگارتان، 10 جا گوێڕایەڵی یەزدانی پەروەردگارتان بن، کار بەو فەرمان و فەرزانەی بکەن کە من ئەمڕۆ فەرمانتان پێ دەکەم.»

11 جا لەو ڕۆژەدا موسا فەرمانی بە گەل کرد و گوتی:

12 ئەم هۆزانە لەسەر کێوی گەریزیم دەوەستن هەتا داوای بەرەکەت بۆ گەل بکەن کاتێک لە ڕووباری ئوردون دەپەڕنەوە، شیمۆن و لێڤی و یەهودا و یەساخار و یوسف و بنیامین. 13 ئەم هۆزانەش لەسەر کێوی عێبال دەوەستن بۆ نەفرەت، ڕەئوبێن و گاد و ئاشێر و زەبولون و دان و نەفتالی.

14 جا لێڤییەکان ڕایدەگەیەنن و بە دەنگی بەرز بە هەموو گەلی ئیسرائیل دەڵێن:

15 «نەفرەت لێکراوە ئەو کەسەی پەیکەرێکی داتاشراو یان بتێکی لەقاڵبدراو بە دەستی پەیکەرتاش دروستدەکات و لە شوێنێکی شاردراوەی دادەنێت، ئەوە قێزەونە لەلای یەزدان.»

هەموو گەلیش وەڵام دەدەنەوە و دەڵێن، «ئامین!»

16 «نەفرەت لێکراوە ئەوەی ڕێز لە دایک و باوک ناگرێت.»

هەموو گەلیش دەڵێن، «ئامین!»

17 «نەفرەت لێکراوە ئەوەی سنووری زەوی بەردینی دراوسێکەی دەگوێزێتەوە.»

هەموو گەلیش دەڵێن، «ئامین!»

18 «نەفرەت لێکراوە ئەوەی نابینا لە ڕێگا وێڵ دەکات.»

هەموو گەلیش دەڵێن، «ئامین!»

19 «نەفرەت لێکراوە ئەوەی دادپەروەری بۆ نامۆ و هەتیو و بێوەژن ناکات.»

هەموو گەلیش دەڵێن، «ئامین!»

20 «نەفرەت لێکراوە ئەوەی لەگەڵ باوەژنی خۆی جووت دەبێت، چونکە ناموسی باوکی بردووە.»

هەموو گەلیش دەڵێن، «ئامین!»

21 «نەفرەت لێکراوە ئەوەی لەگەڵ ئاژەڵێک جووت دەبێت.»

هەموو گەلیش دەڵێن، «ئامین.»

22 «نەفرەت لێکراوە ئەوەی لەگەڵ خوشکی خۆی جووت دەبێت، کچی باوکی یان کچی دایکی.»

هەموو گەلیش دەڵێن، «ئامین!»

23 «نەفرەت لێکراوە ئەوەی لەگەڵ خەسووی خۆی جووت دەبێت.»

هەموو گەلیش دەڵێن، «ئامین!»

24 «نەفرەت لێکراوە ئەوەی بە نهێنی دراوسێکەی خۆی دەکوژێت.»

هەموو گەلیش دەڵێن، «ئامین!»

25 «نەفرەت لێکراوە ئەوەی بەرتیل وەردەگرێت بۆ ئەوەی یەکێکی بێتاوان بکوژێت.»

هەموو گەلیش دەڵێن، «ئامین!»

26 «نەفرەت لێکراوە ئەوەی پاڵپشتی وشەکانی ئەم فێرکردنە ناکات بۆ ئەوەی کاریان پێ بکات.»

هەموو گەلیش دەڵێن، «ئامین!»

بەرەکەت بۆ گوێڕایەڵی

28 ئەگەر گوێڕایەڵی یەزدانی پەروەردگارتان بوون، هەتا ئاگاداربن کە کار بە هەموو فەرمانەکانی بکەن، کە من ئەمڕۆ فەرمانتان پێ دەکەم، ئەوا یەزدانی پەروەردگارتان لە سەرووی هەموو نەتەوەکانی سەر زەویتان دادەنێت. هەموو ئەم بەرەکەتانەتان دێتە سەر و پێتان دەگات، ئەگەر گوێڕایەڵی یەزدانی پەروەردگارتان بوون:

لە شار بەرەکەتدار دەبن و لە دەشتودەریش بەرەکەتدار دەبن.

بەری سکتان و بەروبوومی زەوییەکەتان بەرەکەتدار دەبن، بەری ئاژەڵە ماڵییەکانیشتان، گوێرەکەی گاگەلەکەتان و کاریلە و بەرخی مێگەلەکەتان.

سەبەتە و تەشتی هەویرتان بەرەکەتدار دەبێت.

لە چوونە ژوورەوەتان بەرەکەتدار دەبن و لە هاتنەدەرەوەشتان بەرەکەتدار دەبن.

یەزدان وا دەکات ئەو دوژمنانەتان کە سەرهەڵدەدەن لەبەردەمتان ببەزن، لە یەک ڕێگا بۆتان دێنە دەرەوە و لە حەوت ڕێگا لەبەردەمتان هەڵدێن.

یەزدان فەرمانی بەرەکەتتان بۆ دەدات لە هەموو شتە ئەمبارکراوەکانتان و لە هەموو شتێک کە دەستی بۆ دەبەن و بەرەکەتدارتان دەکات لەو خاکەی یەزدانی پەروەردگارتان پێتان دەدات.

یەزدان بە گەلێکی پیرۆزتان دادەنێت بۆ خۆی، وەک سوێندی بۆ خواردن، ئەگەر فەرمانەکانی یەزدانی پەروەردگارتان پاراست و ڕێگاکانی ئەوتان گرتەبەر. 10 جا هەموو گەلانی زەوی دەبینن کە ناوی یەزدان بە ئێوەوە نراوە، ئیتر لێتان دەترسن. 11 یەزدانیش سەروەت و سامانتان زیاتر دەکات لە بەری سکتان و بەری ئاژەڵە ماڵییەکانتان و بەروبوومی زەوییەکەتان، لەسەر ئەو خاکەی کە سوێندی بۆ باوباپیرانتان خوارد بتانداتێ.

12 یەزدان ئەمبارە باشەکەی ئاسمانتان بۆ دەکاتەوە، هەتا بارانی خاکەکەتان لە کاتی خۆیدا بداتێ و هەموو کاری دەستتان بەرەکەتدار بکات، ئینجا قەرز بە زۆر نەتەوە دەدەن و خۆتان قەرز ناکەن. 13 یەزدانیش دەتانکات بە سەر نەک بە کلک و تەنها لە بەرزبوونەوە دەبن نەک لە نزمبوونەوە، ئەگەر گوێڕایەڵی فەرمانەکانی یەزدانی پەروەردگارتان بوون، کە من ئەمڕۆ فەرمانتان پێ دەکەم، هەتا بیپارێزن و کاری پێ بکەن. 14 لە هەموو ئەو وشانەش کە من ئەمڕۆ فەرمانتان پێ دەکەم، بەلای چەپ یان ڕاستدا لا نەدەن، بۆ ئەوەی بەدوای خودای دیکە بکەون هەتا بیپەرستن.

نەفرەت بۆ یاخیبوون

15 بەڵام ئەگەر گوێڕایەڵی یەزدانی پەروەردگارتان نەبوون، بۆ ئەوەی ئاگاداربن کە کار بە هەموو فەرمانەکانی و فەرزەکانی بکەن کە من ئەمڕۆ فەرمانتان پێ دەکەم، هەموو ئەم نەفرەتانەتان دێتە سەر و پێتان دەگات.

16 لە شار نەفرەت لێکراو دەبن و لە کێڵگەش نەفرەت لێکراو دەبن.

17 سەبەتە و تەشتی هەویرتان نەفرەت لێکراو دەبێت.

18 بەری سکتان و بەروبوومی زەوییەکەتان، گوێرەکەی گاگەلەکەشتان و کاریلە و بەرخی مێگەلەکەتان، نەفرەت لێکراو دەبن.

19 کە دێنە ژوورەوە نەفرەتتان لێ دەکرێت و کە دەچنە دەرەوە نەفرەتتان لێ دەکرێت.

20 لەبەر ئەوەی پشتم تێ دەکەن و کاری خراپە ئەنجام دەدەن، هەر کارێک کە دەتانەوێت بیکەن، یەزدان نەفرەت و سەرلێشێوان و سەرزەنشتتان دەنێرێتە سەر هەتا ئەو کاتەی دەفەوتێن و بە خێرایی لەناودەچن. 21 یەزدان دەردتان پێوە دەنووسێنێت، هەتا لەو خاکە لەناوتان ببات کە ئێوە دەچنە ناوی هەتا دەستی بەسەردا بگرن. 22 یەزدان تووشی سیل و گرانەتا و هەوکردن، گەرما و وشکەساڵی، بای گەرمەسێر و کەڕووتان دەکات، جا بەدواتانەوە دەبێت هەتا لەناوتان دەبات. 23 ئاسمانیش کە لەسەر سەرتانە دەبێتە بڕۆنز و ئەو خاکەی ژێریشتان دەبێتە ئاسن. 24 یەزدانیش بارانی خاکەکەتان دەکاتە تۆز و خۆڵ و لە ئاسمانەوە بۆتان دێتە خوارەوە هەتا لەناودەچن.

25 یەزدان لەبەردەم دوژمنەکانتان دەتانشکێنێت، لە یەک ڕێگا بۆیان دەچن و لە حەوت ڕێگا لەبەردەمیان هەڵدێن و هەموو شانشینەکانی زەوی دەتۆقن کاتێک ئەو ڕووداوە دەبینن کە بەسەر ئێوە هاتووە. 26 تەرمیشتان دەبێتە خۆراکی هەموو باڵندەکانی ئاسمان و دڕندەکانی زەوی و کەسیش نابێت هەڵیانبفڕێنێ. 27 یەزدان تووشی دومەڵی میسر و ئاوسان و گەڕی و خورشتتان دەکات کە نەتوانن چاک ببنەوە. 28 یەزدان تووشی شێتی و کوێری و سەرلێشێواویتان دەکات. 29 لە نیوەڕۆدا بە پەلکوتان دەڕۆن وەک نابینایان لە تاریکیدا و لە ڕێگاکانتان سەرکەوتوو نابن، بەڵکو هەموو ڕۆژانتان زۆرلێکراو و تاڵانکراو دەبن و کەسیش نابێت ڕزگارتان بکات.

30 ژنێک مارە دەکەیت بەڵام پیاوێکی دیکە دەیبات و لەگەڵی دەنوێت. خانووێک بنیاد دەنێیت بەڵام تێیدا دانانیشیت. ڕەزە مێوێک دەڕوێنیت بەڵام لە بەرەکەی ناخۆیت. 31 گایەکەت لەبەرچاوت سەردەبڕدرێت بەڵام لێی ناخۆیت. لەبەرچاوت دەست بەسەر گوێدرێژەکەتدا دەگرن بەڵام بۆت ناگەڕێتەوە. مەڕەکانت دەدرێنە دەست دوژمنەکانت و ڕزگارکەریشت نییە. 32 کوڕان و کچانت دەدرێنە دەست گەلێکی دیکە و بە درێژایی ڕۆژ چاوەکانت تەماشایان دەکات هەتا ماندوو دەبن و هیچیشت لەدەست نایەت. 33 بەروبوومی خاکەکەت و هەموو ماندووبوونت، گەلێک دەیخوات کە نایناسیت، جا هەموو ڕۆژانت تەنها زۆرلێکراو و پێشێلکراو دەبیت. 34 لەبەر سەرسامی ئەوەی کە دەیبینیت شێت دەبیت. 35 یەزدان تووشی دومەڵی پیست دەکات، لەسەر ئەژنۆکانت و قاچەکانت، کە نەتوانیت چاک بیتەوە، لە بنی پێتەوە هەتا تەپڵی سەرت.

36 یەزدان بە خۆتان و پاشاکەتانەوە کە بۆ خۆتانی دادەنێن، دەتانبات بۆ لای نەتەوەیەک کە نە ئێوە و نە باوباپیرانتان ناسیویانە و لەوێ خودای دیکە دەپەرستن، واتە ئەو بتانەی کە لە دار و لە بەردن. 37 هەموو ئەو گەلانەی یەزدان ئێوە بۆ ناو ئەوان ڕادەپێچێت دەتۆقن لەوەی بەسەر ئێوە هاتووە و دەبنە پەند و گاڵتەجاڕی بۆیان.

38 تۆوێکی زۆر دەکەن بە کێڵگەوە، بەڵام کەم کۆدەکەنەوە، چونکە کوللە دەیخوات، 39 ڕەزەمێو دەچێنن و خزمەتی دەکەن، بەڵام شەراب ناخۆنەوە و ترێ لێ ناکەنەوە، چونکە کرم دەیخوات. 40 لەناو هەموو سنوورەکەتان زەیتوونتان دەبێت، بەڵام خۆتان بە زەیت چەور ناکەن، چونکە زەیتوونەکەتان دەوەرێت. 41 کوڕ و کچتان بۆ لەدایک دەبێت، بەڵام بۆ ئێوە نابن، چونکە بە دڵنیاییەوە ڕاپێچ دەکرێن. 42 پۆلە کوللەی باڵدار دەست دەگرن بەسەر هەموو دار و بەروبوومی زەوییەکەتانەوە.

43 ئەو نامۆیانەی لەنێوتاندان پلە بە پلە پایەبەرزتر دەبن، بەڵام ئێوە پلە بە پلە پایەنزم دەبن. 44 ئەوان قەرزتان پێدەدەن، بەڵام ئێوە قەرزیان پێ نادەن، ئەوان سەر دەبن، بەڵام ئێوە کلک.

45 هەموو ئەم نەفرەتانەتان دێتە سەر و دواتان دەکەوێت و پێتان دەگات هەتا لەناودەچن، چونکە ئێوە گوێڕایەڵی یەزدانی پەروەردگارتان نەبوون هەتا فەرمانەکان و فەرزەکانی بەجێبهێنن کە فەرمانی پێ کردن. 46 ئیتر بۆ هەتاهەتایە لەنێو ئێوە و لەنێو نەوەکەتان دەبێتە نیشانە و پەرجوو. 47 لەبەر ئەوەی یەزدانی پەروەردگاری خۆتان بە دڵخۆشی و دڵسافییەوە نەپەرست، کاتێک هەموو شتێک زۆر بوو، 48 کەواتە لە برسیێتی و تینووێتی و ڕووتی و نەداری لە هەموو شتێک، دەبنە کۆیلەی دوژمنەکانتان، کە یەزدان بۆ سەر ئێوەی دەنێرێت. ئەویش نیری[f] ئاسن دەخاتە سەر ملتان هەتا لەناودەچن.

49 یەزدان نەتەوەیەکتان دەهێنێتە سەر لە دوورەوە لەوپەڕی زەوییەوە وەک شاڵاوی هەڵۆ، نەتەوەیەک لە زمانی ناگەن، 50 نەتەوەیەکی ڕووگرژ، نە ڕێز بۆ پیر دادەنێت و نە سۆزی بۆ منداڵ دەجوڵێت. 51 بەری ئاژەڵی ماڵی و بەروبوومی زەویتان دەخوات هەتا لەناودەچن و هیچ دانەوێڵە و شەرابی نوێ و زەیت و گوێرەکەی گاگەل و کاریلە و بەرخی مێگەلتان بۆ ناهێڵێتەوە هەتا لەناوتان دەبات. 52 لە هەموو شارەکان گەمارۆتان دەدات، هەتا شوورا بەرزە قاییمەکان کە ئێوە پشتی پێ دەبەستن دەڕمێت، لە هەموو خاکەکەتان کە یەزدانی پەروەردگارتان پێتان دەدات گەمارۆتان دەدات.

53 جا بەری سکتان، گۆشتی کوڕ و کچەکانتان کە یەزدانی پەروەردگارتان پێیداون دەخۆن، لەو گەمارۆ و تەنگانەیەی کە دوژمنەکانتان تەنگتان پێ هەڵدەچنن. 54 پیاوی دڵناسک و زۆر هەستیار لەنێوتان بەرچاوتەنگ دەبێت، سەبارەت بە براکەی خۆی و بە ژنە خۆشەویستەکەی و بە پاشماوەی منداڵەکانی کە ماونەتەوە، 55 هەتا لە گۆشتی منداڵەکەی کە دەیخوات بە کەسیان نادات، چونکە هیچی بۆ نەماوەتەوە لەو گەمارۆ و تەنگانەیەی کە دوژمنەکانتان تەنگتان پێ هەڵدەچنن لە هەموو شارەکانتاندا. 56 ئەو ژنەی دڵناسک و هەستیارە لەنێوتان کە لەبەر دڵناسکی و هەستیارییەکەی دڵی نایەت بنی پێی بە زەویدا بنێت، بەرچاوتەنگ دەبێت سەبارەت بە پیاوە خۆشەویستەکەی و کوڕ و کچەکەی، 57 لەو یۆڵداشەی لەنێو هەردوو قاچی دێتەدەر و لە منداڵەکانی کە دەیبێت، چونکە بە نهێنی لە نەداری دەیانخوات، لەو گەمارۆ و تەنگانەیەی کە دوژمنەکانتان لە شارەکانتاندا تەنگتان پێ هەڵدەچنن.

58 ئەگەر ئاگادار نەبن بۆ ئەوەی کار بە هەموو وشەکانی ئەم فێرکردنە بکەن کە لەم پەڕتووکە نووسراون، بۆ ئەوەی لەم ناوە شکۆدارە سامناکە بترسن، لە یەزدانی پەروەردگارتان، 59 ئەوا یەزدان وا دەکات لێدانەکانتان و لێدانەکانی نەوەکەتان سەرسوڕهێنەر بێت، لێدانی سەخت و بەردەوام، نەخۆشی بە ئازار و هەمیشەیی. 60 هەموو دەردەکانی میسریش کە لێی تۆقین، بەسەرتاندا دێتەوە و پێتانەوە دەنووسێن. 61 هەروەها هەر نەخۆشییەک و هەر لێدانێک کە لەم پەڕتووکەی تەورات نەنووسراوە، یەزدان بەسەرتاندا دەدات هەتا لەناودەچن. 62 چەند کەسێکی کەم دەمێنن لە جێی ئەوەی وەک ئەستێرەی ئاسمان بوون لە زۆریدا، چونکە گوێڕایەڵی یەزدانی پەروەردگارتان نەبوون. 63 هەروەک چۆن یەزدان پێتان دڵخۆش بوو کە چاکەتان لەگەڵ بکات و زۆرتان بکات، هەروەها پێشتان دڵخۆش دەبێت هەتا بتانفەوتێنێت و لەناوتان ببات. لەو خاکە ڕیشەکێش دەکرێن کە دەچنە ناوی هەتا دەستی بەسەردا بگرن.

64 ئینجا یەزدان لەنێو هەموو گەلان پەرشوبڵاوتان دەکاتەوە، لەوپەڕی زەوی هەتا ئەوپەڕی، لەوێ خودای دیکە دەپەرستن لە دار و بەرد کە نە ئێوە و نە باوباپیرانتان نەیانناسیوە. 65 لەنێو ئەو نەتەوانەدا ناحەوێنەوە و پێیەکانتان جێگیر نابن، بەڵکو یەزدان لەوێ دڵێکی لەرزۆک و چاوێکی ماندوو و گیانێکی لاوازتان دەداتێ. 66 ژیانیشتان هەڵواسراو دەبێت لەبەردەمتان و شەو و ڕۆژ دەترسن و لە ژیانتان دڵنیا نابن. 67 لە ترسی دڵتان کە دەترسن و لە تێڕوانینی چاوەکانتان کە تێدەڕوانن، بە ڕۆژ دەڵێن، «خۆزگە شەو بێت،» بە شەویش دەڵێن، «خۆزگە ڕۆژ بێت.» 68 یەزدان بە کەشتی بەو ڕێگایەدا دەتانگەڕێنێتەوە بۆ میسر کە پێم گوتن، کە ئیتر نایبیننەوە، جا لەوێ وەک کۆیلە و کەنیزە بە دوژمنەکانتان دەفرۆشرێن و کەسیش ناتانکڕێت.

تازەکردنەوەی پەیمانەکە

29 ئەمانە بەندەکانی ئەو پەیمانەن کە یەزدان فەرمانی بە موسا کرد کە لەگەڵ نەوەی ئیسرائیلدا بیبەستێت، لە خاکی مۆئاب بێجگە لەو پەیمانەی لە حۆرێڤ لەگەڵی بەستن.

ئینجا موسا هەموو ئیسرائیلی بانگکرد و پێی گوتن:

«ئێوە بینیتان یەزدان لە خاکی میسر لەبەرچاوتان چی بە فیرعەون و هەموو خزمەتکارەکانی و هەموو خاکەکەی کرد، ئەو تاقیکردنەوە مەزنانەی چاوەکانتان بینییان و نیشانە و پەرجووە مەزنەکانی. بەڵام یەزدان هەتا ئەمڕۆش دڵێکی[g] پێنەداون بۆ ئەوەی تێبگەن و چاوێک بۆ ئەوەی ببینن و گوێیەک بۆ ئەوەی ببیستن. بەڵام یەزدان دەفەرموێت: ”چل ساڵ لە چۆڵەوانیدا ئێوەم بەڕێوە برد، جلەکانتان لەبەرتان کۆن نەبوون و پێڵاوەکانتان[h] لە پێتان کۆن نەبوون، نە نانتان خوارد و نە شەرابتان خواردەوە و نە مەی، هەتا ئێوە بزانن کە من یەزدانی پەروەردگارتانم.“

«کاتێکیش هاتنە ئەم شوێنە سیحۆنی پاشای حەشبۆن و عۆگی پاشای باشان هاتن بۆ جەنگ لە دژی ئێمە، بەڵام ئەوانمان شکاند و دەستمان بەسەر خاکەکەیاندا گرت و بە میرات دامانە ڕەئوبێن و گاد و نیوەی هۆزی مەنەشە[i].

«بەندەکانی ئەم پەیمانە بپارێزن و کاری پێ بکەن، هەتا لە هەموو ئەوەی دەیکەن سەرکەوتوو بن. 10 ئێوە ئەمڕۆ هەمووتان بە سەرۆک هۆز و پیر و کوێخا و هەموو پیاوەکانی ئیسرائیل لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارتان وەستاون، 11 هەروەها ژن و منداڵ و ئەو نامۆیانەی کە لەناو ئۆردگاکانتانە، لەوەی کە دارتان بۆ دەبڕێتەوە و ئاوتان بۆ لە بیر هەڵدەکێشێت، 12 بۆ ئەوەی بچنە ناو پەیمانی یەزدانی پەروەردگارتان و سوێندەکەی کە یەزدانی پەروەردگارتان ئەمڕۆ لەگەڵتانی دەبەستێت، 13 هەتا ئەمڕۆ بە گەلی خۆی داتانبنێت، ئەویش ببێتە خوداتان وەک پێی فەرموون و وەک سوێندی بۆ ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوبی باوباپیرانتان خوارد. 14 ئەم پەیمان و سوێندەش تەنها لەگەڵ ئێوەی نابەستم، 15 بەڵکو لەگەڵ ئەوەی کە لێرە ئەمڕۆ لەگەڵماندا لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارمان وەستاوە و ئەوەش کە ئەمڕۆ لێرە لەگەڵماندا نییە.

16 «چونکە ئێوە زانیتان چۆن لە خاکی میسر نیشتەجێ بووین و چۆن هەتا ئێرە بەناو ئەو گەلانەدا تێپەڕین. 17 وێنە قێزەون و بتەکانی ئەوانتان بینی کە لە دار و بەرد و زێڕ و زیون. 18 نەوەک لەنێوتاندا پیاوێک یان ئافرەتێک یان هۆزێک یان خێڵێک هەبێت کە ئەمڕۆ دڵی لەسەر یەزدانی پەروەردگارمان لاچووبێت، بۆ ئەوەی بچێت و خوداوەندەکانی ئەو نەتەوانە بپەرستێت، نەوەک لەنێوتان ڕەگێک هەبێت ژەهراوی و زەقنەبووت بگرێت.

19 «کاتێک ئەم جۆرە کەسە گوێی لە سوێندی ئەم پەیمانە دەبێت، لە دڵیدا داوای بەرەکەت بۆ خۆی دەکات و دەڵێت: ”من سەلامەت دەبم، تەنانەت بە کەللەڕەقی خۆشم هەڵسوکەوت بکەم،“ ئەمە زەوی تەڕ و وشک لەناودەبات. 20 یەزدان هەرگیز ڕازی نابێت لێی خۆشبێت، بەڵکو ئەو کاتە تووڕەیی و دڵگەرمی یەزدان بەسەر ئەو پیاوە هەڵدەچێت، هەموو ئەو نەفرەتانەی لەم پەڕتووکەدا نووسراون دێنە سەری، یەزدان ناوی لەژێر ئاسماندا دەسڕێتەوە. 21 یەزدان لە هەموو هۆزەکانی ئیسرائیل ئەو بۆ لێقەومان جیا دەکاتەوە، بەپێی هەموو نەفرەتەکانی پەیمانەکە کە لەم پەڕتووکی تەوراتەدا نووسراون.

22 «جا دوا نەوە لە منداڵەکانتان کە لەدوای ئێوە دێن و هەروەها ئەو بیانییانەی لە خاکێکی دوورەوە دێن، ئەو گورزوەشاندن و نەخۆشییانە دەبینن کە یەزدان تووشی کردوون. 23 هەموو زەوییەکە بە گۆگرد و خوێ دەسووتێنێت، نە دەچێنرێت و نە دەڕوێت و نە هیچ گیایەکی لێ دەردەکەوێت، وەک سەرەوژێرکردنی سەدۆم و عەمۆرا و ئەدما و چەبۆئیم کە یەزدان بە تووڕەیی و هەڵچوونی خۆی سەرەوژێری کردن. 24 جا هەموو نەتەوەکان دەڵێن: ”بۆچی یەزدان وای بەم خاکە کرد، جۆشانی ئەم تووڕەییە بەتینە بۆچی؟“

25 «وەڵامەکەیان ئەمەیە: ”چونکە وازیان لە پەیمانی یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانیان هێنا، کە لەگەڵی بەستن کاتێک لە خاکی میسر دەریهێنان. 26 چوون خوداوەندی دیکەیان پەرست و کڕنۆشیان بۆ برد، کە نە ناسیبوویان و نە خوداش پێیدابوون. 27 لەبەر ئەوە تووڕەیی یەزدان بەسەر ئەم خاکەدا جۆشا، هەتا هەموو ئەو نەفرەتانەی لەم پەڕتووکی فێرکردنەدا نووسراون بەسەریدا هێنای. 28 یەزدان لە خاکەکەیاندا بە تووڕەیی و زەبر و ڕقێکی زۆرەوە ڕیشەکێشی کردن و وەک ئەمڕۆ فڕێیدانە خاکێکی دیکە.“

29 «نهێنییەکان بۆ یەزدانی پەروەردگارمانە و ئەو شتانەی کە خودا بۆی ئاشکرا کردین بۆ ئێمە و نەوەکانمانە هەتاهەتایە، هەتا کار بە هەموو وشەکانی ئەم فێرکردنە بکەین.

سەرکەوتن دوای گەڕانەوە بۆ لای یەزدان

30 «کاتێک هەموو ئەم بەرەکەت و نەفرەتەی کە خستوومەتە بەردەمتان بەسەرتان دێت، یەزدانی پەروەردگارتان لەنێو هەموو ئەو نەتەوانەی بۆ لایان دەرتاندەکات، ئینجا بەخۆتاندا دەچنەوە. ئەو کاتە خۆتان و منداڵەکانتان پڕ بە دڵ و لە ناختانەوە دەگەڕێنەوە لای یەزدانی پەروەردگارتان و گوێڕایەڵی دەبن، بەگوێرەی هەموو ئەوەی من ئەمڕۆ فەرمانتان پێ دەکەم. ئەوا یەزدانی پەروەردگارتان لە ڕاپێچکراوی دەتانگەڕێنێتەوە[j] و بەزەیی پێتاندا دێتەوە، دووبارە کۆتان دەکاتەوە لەنێو هەموو ئەو گەلانەی یەزدانی پەروەردگارتان بەناویاندا پەرشوبڵاوی کردنەوە. ئەگەر بۆ ئەوپەڕی ئاسمان پەرشوبڵاو کرابنەوە، ئەوا یەزدانی پەروەردگارتان لەوێوە کۆتان دەکاتەوە و لەوێوە دەتانگەڕێنێتەوە و یەزدانی پەروەردگارتان دەتانهێنێتە ئەو خاکەی کە باوباپیرانتان خاوەنی بوون، جا ئێوە دەستی بەسەردا دەگرن و سەرکەوتووتان دەکات و لە باوباپیرانتان زۆرترتان دەکات. یەزدانی پەروەردگارتان دڵی خۆتان و دڵی نەوەکەتان خەتەنە دەکات، تاکو یەزدانی پەروەردگارتان پڕ بە دڵ و لە ناختانەوە خۆشبوێت بۆ ئەوەی بژین. هەروەها یەزدانی پەروەردگارتان هەموو ئەم نەفرەتانە دەخاتە سەر دوژمنەکانتان و ئەوانەی ڕقیان لێتانە و دەتانچەوسێننەوە، بەڵام ئێوە دەگەڕێنەوە و گوێڕایەڵی یەزدان دەبن و کار بە هەموو فەرمانەکانی دەکەن کە من ئەمڕۆ فەرمانتان پێ دەکەم. ئینجا یەزدانی پەروەردگارتان لە هەموو کارەکانی دەستتان سەروەت و سامانتان زۆر دەکات، لە بەری سک و ئاژەڵی ماڵی و بەروبوومی خاک، چونکە یەزدان سەرلەنوێ پێتان دڵخۆش دەبێت و سەرکەوتووتان دەکات، وەک بە باوباپیرانتان دڵخۆش بوو، 10 ئەگەر گوێڕایەڵی یەزدانی پەروەردگارتان بوون، فەرمان و فەرزەکانی بەجێبهێنن کە لەم پەڕتووکی تەوراتەدا نووسراون، ئەگەر پڕ بە دڵتان و لە ناختانەوە بۆ یەزدانی پەروەردگارتان گەڕانەوە.

دانانی ژیان و مردن

11 «ئەم فەرمانەی من ئەمڕۆ فەرمانتان پێ دەکەم، لەسەرتان قورس نییە و لێتانەوە دوور نییە. 12 لە ئاسمان نییە هەتا بڵێن: ”کێ بۆمان سەردەکەوێتە ئاسمان و بۆمان دەهێنێت و بە گوێمانیدا دەدات هەتا کاری پێ بکەین؟“ 13 هەروەها لە پشتی دەریا نییە هەتا بڵێن: ”کێ بۆمان لە دەریا دەپەڕێتەوە و بۆمان دەهێنێت و بە گوێمانیدا دەدات هەتا کاری پێ بکەین؟“ 14 بەڵکو پەیامەکە زۆر لێتان نزیکە، لەسەر زمانتانە و لە دڵتاندایە، هەتا کاری پێ بکەن.

15 «بڕوانن، من ئەمڕۆ ژیان و چاکە، مردن و خراپەم خستووەتە بەردەمتان، 16 لەبەر ئەوەی من ئەمڕۆ فەرمانم پێکردن کە یەزدانی پەروەردگارتان خۆشبوێت و ڕێگاکانی بگرنەبەر و فەرمان و فەرزەکانی بەجێبهێنن و یاساکانی پەیڕەو بکەن، بۆ ئەوەی ئێوە بژین و گەشە بکەن و یەزدانی پەروەردگارتان لەو خاکەی ئێوە دەچنە ناوی هەتا دەستی بەسەردا بگرن، بەرەکەتدارتان بکات.

17 «بەڵام ئەگەر دڵتان لاچوو و گوێتان نەگرت، بەڵکو گومڕا بوون و بۆ خودای دیکە کڕنۆشتان برد و خزمەتتان کردن، 18 ئەوا من ئەمڕۆ پێتان ڕادەگەیەنم کە ئێوە بێگومان لەناودەچن، تەمەن درێژ نابن لەسەر ئەو خاکەی لە ڕووباری ئوردون بۆی دەپەڕنەوە هەتا بچنە ناوی و دەستی بەسەردا بگرن.

19 «من ئەمڕۆ ئاسمان و زەویتان لێ دەکەمە شایەت، کە من ژیان و مردن، بەرەکەت و نەفرەتم لەبەردەمتان داناوە، جا ژیان هەڵبژێرن هەتا خۆتان و نەوەکانتان بژین. 20 یەزدانی پەروەردگارتان خۆشدەوێت و گوێ لە دەنگی دەگرن و دەستی پێوە دەگرن. لەبەر ئەوەی ئەو ژیانتانە و درێژە بە تەمەنتان دەدات هەتا لەو خاکە نیشتەجێ بن کە یەزدان بۆ باوباپیرانتان ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب سوێندی خوارد کە بیانداتێ.»

یەشوع جێگەی موسا دەگرێتەوە

31 جا موسا چوو بەم وشانە لەگەڵ هەموو نەوەی ئیسرائیل قسەی کرد و پێی گوتن: «ئێستا من تەمەنم سەد و بیست ساڵە، ئیتر ناتوانم ڕابەرایەتیتان بکەم و یەزدانیش پێی فەرمووم: ”لەم ڕووباری ئوردونە مەپەڕەوە.“ یەزدانی پەروەردگارتان لەپێشتانەوە دەپەڕێتەوە، خۆی ئەو نەتەوانە لەپێشتانەوە لەناودەبات و ئێوەش دەبنە میراتگریان. یەشوع لەپێشتانەوە دەپەڕێتەوە وەک یەزدان فەرمووی. هەروەها یەزدان چی بە سیحۆن و عۆگ و بە خاکەکەیان کرد، دوو پاشاکەی ئەمورییەکان، کە لەناوی بردن ئاواش بەوان دەکات. جا کاتێک یەزدان ئەوانی خستە دەستتان بەگوێرەی هەموو ئەو فەرمانانەی فەرمانم پێتان کرد، ئاوایان لێ دەکەن. بەهێزبن و ئازابن، لێیان مەترسن و مەتۆقن، چونکە یەزدانی پەروەردگارتان لەگەڵتان دەڕوات، هەرگیز پشتگوێتان ناخات و وازتان لێ ناهێنێ.»

جا موسا یەشوعی بانگکرد و لەبەرچاوی هەموو ئیسرائیل پێی گوت: «بەهێز و ئازابە، چونکە تۆ لەگەڵ ئەم گەلە دەچیتە ناو ئەو خاکەی یەزدان سوێندی بۆ باوباپیرانیان خوارد کە بیانداتێ و تۆش بۆیانی دابەش دەکەیت وەک میراتیان، یەزدانیش خۆی لەپێشتەوە دەڕوات، ئەو لەگەڵت دەبێت، هەرگیز پشتگوێت ناخات و وازت لێ ناهێنێ، مەترسە و ورە بەرمەدە.»

خوێندنەوەی تەورات

ئینجا موسا ئەم فێرکردنەی نووسی و دایە دەستی کاهینەکان، کە نەوەی لێڤین و هەڵگری سندوقی پەیمانی یەزدانن، لەگەڵ هەموو پیرانی ئیسرائیل. 10 موسا فەرمانیشی پێکردن و گوتی: «لە کۆتایی هەر حەوت ساڵێک، لە کاتی ساڵی بەتاڵکردنەوەی قەرزەکان[k]، لە جەژنی کەپرەشینەدا[l]، 11 کاتێک هەموو ئیسرائیل دێن هەتا لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارت دەربکەون لەو شوێنەی کە هەڵیدەبژێرێت، ئەم فێرکردنە لە بەرامبەر هەموو ئیسرائیلدا گوێیان لێ بێت کە دەیخوێنیتەوە. 12 گەل کۆبکەنەوە، پیاو و ئافرەت و منداڵ و ئەو نامۆیانەش کە لە شارۆچکەکانتانە بۆ ئەوەی گوێ بگرن و فێر بن لە یەزدانی پەروەردگارتان بترسن و هەموو وشەکانی ئەم فێرکردنە پەیڕەو بکەن و کاری پێ بکەن. 13 هەروەها نەوەکانیشتان کە ئەم فێرکردنەیان نەزانیوە، گوێ دەگرن و فێر دەبن لە یەزدانی پەروەردگارتان بترسن، بە درێژایی ئەو ڕۆژانەی لەسەر ئەو زەوییە دەژین کە ئێوە لە ڕووباری ئوردون بۆی دەپەڕنەوە هەتا دەستی بەسەردا بگرن.»

پێشبینی یاخیبوونی ئیسرائیل

14 یەزدان بە موسای فەرموو: «وا تەمەنت لە مردن نزیک بووەتەوە، یەشوع بانگ بکە و لەناو چادری چاوپێکەوتن بوەستن بۆ ئەوەی ئەرکی پێ بسپێرم.» ئیتر موسا و یەشوع چوون و لەناو چادری چاوپێکەوتن ڕاوەستان.

15 ئینجا یەزدان لە ستوونی هەورێک دەرکەوت و ستوونی هەورەکە لە دەروازەی چادرەکە وەستا. 16 یەزدان بە موسای فەرموو: «ئەوەتا تۆ لەگەڵ باوباپیرانت سەردەنێیتەوە، جا ئەم گەلە هەڵدەستن و لەشفرۆشی[m] دەکەن لەگەڵ خوداوەندە بێگانەکان لەو خاکەی ئەوان دەچنە ناوی لەنێویان و وازم لێ دەهێنن و ئەو پەیمانەم دەشکێنن کە لەگەڵیان بەستوومە. 17 ئیتر لەو ڕۆژەدا تووڕەییم بەسەریاندا گڕ دەگرێت و وازیان لێ دەهێنم و ڕووی خۆم لێیان دەشارمەوە و دەبنە نێچیر و تووشی زۆر ناخۆشی و بەڵا دەبن، هەتا ئەوەی لەو ڕۆژەدا دەڵێن: ”ئایا لەبەر ئەوە تووشی ئەو بەڵایانە بووین چونکە خودا لەگەڵمان نییە؟“ 18 منیش لەو ڕۆژەدا ڕووی خۆم دەشارمەوە لەبەر هەموو ئەو خراپەیەی کە کردیان و کە دوای خودای دیکە کەوتن.

19 «ئێستاش ئەم سروودە بۆ خۆتان بنووسن و نەوەی ئیسرائیلیشی پێ فێر بکەن، بیخەنە دەمیانەوە هەتا بۆ من ببێتە شایەت بەسەر نەوەی ئیسرائیلەوە، 20 چونکە من دەیانبەمە ناو ئەو خاکەی سوێندم بۆ باوباپیرانیان خوارد، ئەوەی شیر و هەنگوینی لێ دەڕژێت، جا دەخۆن و تێر دەبن و قەڵەو دەبن و ئینجا دوای خودای دیکە دەکەون و دەیپەرستن و پشتم لێ دەکەن و پەیمانەکەم دەشکێنن. 21 جا کاتێک تووشی بەڵا و ناخۆشی دەبن، ئەم سروودە وەک شایەت وەڵامیان دەداتەوە، چونکە لە دەمی نەوەکەیان لەبیر ناکرێت، من دەزانم ئەوان ئەمڕۆ بیر لە چی دەکەنەوە، بەر لەوەی بیانبەمە ناو ئەو خاکەوە وەک سوێندم بۆ خواردن.» 22 جا موسا لەو ڕۆژەدا ئەم سروودەی نووسی و نەوەی ئیسرائیلیشی پێ فێرکرد.

23 ئینجا یەزدان فەرمانی بە یەشوعی کوڕی نون کرد و فەرمووی: «بەهێزبە و ئازابە، چونکە تۆ نەوەی ئیسرائیل دەبەیتە ناو ئەو خاکەی لەسەری سوێندم بۆیان خوارد و منیش لەگەڵت دەبم.»

24 لەدوای ئەوەی موسا بە تەواوی لە نووسینی وشەکانی ئەم فێرکردنە بووەوە لە پەڕتووکێک، 25 فەرمانی بە لێڤییەکانی هەڵگرانی سندوقی پەیمانی یەزدان کرد و گوتی: 26 «ئەم پەڕتووکەی تەورات ببەن و لەتەنیشت سندوقی پەیمانی یەزدانی پەروەردگارتان دایبنێن، هەتا وەک شایەتی بەسەرتانەوە لەوێ بێت، 27 چونکە من یاخیبوون و کەللەڕەقیتان دەزانم. من وا هێشتا زیندووم و ئەمڕۆ لەگەڵتانم، ئێوە بەو شێوەیە بەربەرەکانێی یەزدان دەکەن، ئەی باشە لەدوای مردنم چی دەکەن! 28 هەموو پیرانی هۆزەکان و کوێخاکانتانم بۆ کۆبکەنەوە، هەتا ئەم وشانەیان بەگوێدا بدەم، ئاسمان و زەوی بکەم بە شایەت بەسەریانەوە، 29 چونکە دەزانم ئێوە دوای مردنم بە تەواوی گەندەڵ دەبن و لەو ڕێگایە لادەدەن کە فەرمانم پێ کردوون. لە ڕۆژانی ئاییندە تووشی خراپە دەبن، چونکە لە بەرامبەر یەزدان خراپە دەکەن، بەو بتانە پەستی دەکەن کە بەدەستی خۆتان دروستی دەکەن.»

سروودەکەی موسا

30 جا موسا تەواوی وشەکانی ئەم سروودەی خستە بەر گوێی هەموو کۆمەڵی ئیسرائیل:

32 گوێ شل بکە ئەی ئاسمان، وا قسە دەکەم،
    با زەویش گوێ بگرێت لە وشەی دەمم.
فێرکردنم وەک باران دەبارێت،
    وشەم وەک شەونم دەتکێت،
وەک نمە باران بەسەر سەوزایی
    وەک ڕەهێڵ بەسەر گیا.

ناوی یەزدان ڕادەگەیەنم،
    مەزنایەتی بە خودامان ببەخشن.
خودا تاشەبەردە، کردارەکانی تەواوە،
    چونکە هەموو ڕێگاکانی دادپەروەرییە،
خودایەکی دڵسۆزە، ستەمکاری تێدا نییە،
    ئەو ڕاستودروست و دادپەروەرە.

لە ڕەفتاردا گەندەڵ بوون لە بەرامبەر ئەو
    چونکە لەکەدارن، کچ و کوڕی ئەو نین، کەموکوڕییان ئەوەیە،
    نەوەیەکی چەوت و خوارن.
ئایا بەم شێوەیە پاداشتی یەزدان دەدەنەوە،
    ئەی گەلی گێل و نادانا؟
ئایا ئەو باوک و دروستکەرتان نییە،
    ئەوەی دروستی کردن و پێکی هێنان؟

یادی ڕۆژانی دێرین بکەنەوە،
    لە ساڵانی نەوەکانی پێشوو وردبنەوە،
لە باوکتان بپرسن پێتان ڕادەگەیەنێت،
    لە پیرانتان بپرسن پێتان دەڵێن.
کاتێک خودای هەرەبەرز نەتەوەکانی بەش بەش کرد،
    کاتێک نەوەی ئادەمی دابەش کرد،
سنووری بۆ گەلان دانا،
    بەگوێرەی ژمارەی نەوەی ئیسرائیل.
بەشی یەزدان گەلەکەیەتی،
    یاقوب بەشی میراتەکەیەتی.

10 لە خاکێکی چۆڵ دۆزییەوە،
    لە چۆڵەوانییەکی ترسناک و وێراندا،
دەوری دا و بایەخی پێیدا،
    وەک گلێنەی چاوی پاراستی.
11 وەک هەڵۆ هێلانەی خۆی دەهەژێنێت،
    لەسەر بێچووەکانی باڵەفڕکێ دەکات،
باڵەکانی لێک دەکاتەوە و دەیبات،
    لەسەر شاپەڕەکانی هەڵیدەگرێت.
12 ئاوا یەزدان بە تەنها ڕابەرایەتی کرد،
    هیچ خوداوەندێکی بێگانەی لەگەڵ نەبوو.

13 سواری بەرزاییەکانی زەوی کرد،
    لە بەروبوومی دەشتودەری خوارد،
لە تاشەبەردەوە هەنگوینی دەرخوارد دا،
    زەیتیش لە بەردەئەستێوە.
14 دەڵەمە[n] و شیری مەڕوماڵات،
    لەگەڵ دوگی[o] بەرخ و
بەرانی باشان و تەگە[p]،
    لەگەڵ چەوری ناوکی گەنم.
تۆ لە خوێنی ترێ شەرابت خواردەوە.

15 نەوەی ئیسرائیلی سەرڕاست[q] قەڵەو بوون و جووتەیان وەشاند،
    قەڵەو بوون و پڕ بوون و بە پیو[r] داپۆشران.
ئیتر پشتیان کردە ئەو خودایەی کە دروستی کردبوون،
    تاشەبەردی ڕزگارییەکەیان ڕەتکردەوە.
16 ئیرەییان[s] وروژاند بە پەرستنی خودا بێگانەکانیان و
    بە بتە قێزەونەکان پەستیان کرد.
17 بۆ بتەکان[t] کە خودا نین قوربانییان سەربڕی،
    چەند خودایەک نەیانناسیون،
    تازەن و بەم زووانە دەرکەوتوون،
    کە باوکانتان لێیان نەترساون.
18 ئەو تاشەبەردەی ئێوەی بوو وازتان لێ هێنا،
    ئەو خودایەی لەدایکبوونی پێداین لەبیرتان کرد.

19 جا یەزدان بینی و ڕەتی کردنەوە،
    لەبەر ئەوە تووڕە بوو بەهۆی کچەکانی و کوڕەکانی.
20 فەرمووی، «ڕووی خۆم لێیان دەشارمەوە،
    سەیر دەکەم کۆتاییان چی دەبێت،
ئەوانە نەوەیەکی هەڵگەڕاوەن،
    ئەو کوڕانە دەستپاکیان تێدا نییە.
21 ئەوان بەوانەی خودا نین ئیرەییان وروژاندم،
    بە بتە پووچەکانیان پەستیان کردم،
منیش وایان لێدەکەم ئیرەیی بەوانە ببەن کە گەل نین،
    بە نەتەوەیەکی گێل پەستیان دەکەم.
22 چونکە بە تووڕەییم ئاگرێک داگیرساوە،
    گڕ دەگرێت هەتا جیهانی مردووانی ژێرەوە،
زەوی و خەرمانەکەی دەخوات،
    بناغەکانی چیاکان دەسووتێنێت.

23 «کارەساتیان بەسەردا کۆدەکەمەوە،
    تیرەکانم لەواندا دەچەقێنم.
24 کاتێک لە برسان کەوتوون،
    پەکیان کەوتووە لەبەر تا و پەتای فەوتێنەر،
ددانی دڕندە دەنێرمە سەریان،
    لەگەڵ ژەهری مارە خشۆکەکان.
25 لە دەرەوە شمشێر جەرگیان دەسووتێنێت و
    لەناو ماڵەوەشیان تۆقین،
کوڕی گەنج و پاکیزە لەناودەچن،
    منداڵی شیرەخۆر لەگەڵ پیاوی پیر.
26 فەرمووم: ”پەرتەوازەیان دەکەم،
    یادیان لەنێو خەڵکی دەسڕمەوە.“
27 بەڵام لەوە ترسام کە دوژمن پەستم بکات،
    کە لەوانەیە دوژمنانیان تێنەگەن،
نەوەک بڵێن: ”خۆمان باڵادەست بووین،
    یەزدان هەموو ئەمانەی نەکردووە.“»

28 ئەوان نەتەوەیەکن ڕاوێژ لێ بڕاون،
    کوا تێگەیشتنیش لەناویان؟
29 خۆزگە دانا دەبوون و لەمە تێدەگەیشتن و
    کۆتاییەکەیان لەبەرچاو دەگرت.
30 چۆن یەکێک هەزار ڕاو دەنێت و
    دووان دە هەزار تێکدەشکێنن،
ئەگەر تاشەبەردەکەیان[u] ئەوانی نەفرۆشتبێت[v]،
    یەزدان بەدەستەوەی نەدابن.
31 چونکە تاشەبەردیان وەک تاشەبەردی ئێمە[w] نییە،
    تەنانەت دوژمنانیشمان دانی پێدا دەنێن.
32 چونکە مێویان لە مێوی سەدۆمە و
ترێیان هی باخەکانی عەمۆرایە،
    ترێیەکەیان ژەهرە و هێشووەکانیان تاڵن.
33 شەرابەکەیان ژەهری مارەکان و
    تاڵاوی ماری کۆبرا کوشندەکانە.

34 «ئایا ئەمە لەلای من هەڵنەگیراوە،
    لەناو گەنجینەکانم مۆری لێ نەدراوە؟
35 تۆڵەسەندنەوە هی منە، منم سزا دەدەم،
    لە کاتێکدا پێیان دەخلیسکێت،
چونکە ڕۆژی بەڵایان نزیک بووەتەوە و
    چارەنووسیان بۆیان خێرایە.»

36 چونکە یەزدان ئەستۆپاکی گەلەکەی دەسەلمێنێت و
    لەگەڵ خزمەتکارەکانی میهرەبان دەبێت،
کە دەبینێت هێزیان بەسەرچووە و
    نە کۆیلە و نە ئازاد کەس نەماوە.
37 خودا دەفەرموێت: «کوا خوداوەندەکانیان،
    ئەو تاشەبەردەی پەنایان بۆ برد،
38 ئەو خوداوەندانەی کە پیوی قوربانییەکانیان دەخواردن،
    شەرابی خواردنەوە پێشکەشکراوەکانیان دەخواردنەوە؟
با بێن و یارمەتیتان بدەن،
    با پارێزگاریتان لێ بکەن!

39 «ئێستا ببینن، من، من ئەوم،
    هیچ خودایەکی دیکە نییە لە پاڵم.
من دەمرێنم و دەژیێنم،
    بریندار دەکەم و من چاک دەکەمەوە،
    کەس نییە کەسێک لە دەستی من دەرباز بکات.
40 من دەستم بۆ ئاسمان بەرز دەکەمەوە و سوێند دەخۆم:
    بە دڵنیاییەوە هەتاهەتایە من زیندووم،
41 کاتێک شمشێرە درەوشاوەکەم تیژ بکەمەوە و
    بۆ دادوەریکردن بە دەستەوەی بگرم،
تۆڵە لە دوژمنانم دەکەمەوە و
    ناحەزانم سزا دەدەم.
42 تیرەکانم بە خوێن مەست دەکەم و
    شمشێرەکەم گۆشت دەخوات،
لە خوێنی کوژراوان و بەدیلگیراوان،
    لە کەللەسەری ڕابەرانی دوژمن.»

43 ئەی نەتەوەکان، لەگەڵ گەلی خودا دڵخۆش بن،
    چونکە تۆڵەی خوێنی خزمەتکارانی دەکاتەوە،
لە دوژمنانی تۆڵە دەکاتەوە،
    کەفارەتی خاک و گەلەکەی خۆی دەکات.

44 جا موسا خۆی و یەشوعی کوڕی نون هاتن و هەموو وشەکانی ئەم سروودەیان بۆ گەل خوێندەوە. 45 کاتێک موسا لە وتارەکە تەواو بوو، بە هەموو ئەم وشانە بۆ هەموو ئیسرائیل، 46 پێی گوتن: «لە دڵەوە لە هەموو ئەو وشانە وردببنەوە کە من ئەمڕۆ شایەتی پێدەدەم لەسەرتان، هەتا فەرمان بە منداڵەکانتان بکەن کە ئاگاداربن کار بە هەموو وشەکانی ئەم فێرکردنە بکەن. 47 تەنها وشەی بێ نرخ نییە بۆتان، بەڵکو ژیانتانە، بەهۆی ئەمانەوە تەمەن درێژ دەبن لەسەر ئەو خاکەی لە ڕووباری ئوردون بۆی دەپەڕنەوە هەتا دەستی بەسەردا بگرن.»

موسا لەسەر چیای نەبۆ دەمرێت

48 یەزدانیش لە هەمان ڕۆژدا بە موسای فەرموو: 49 «سەربکەوە بۆ سەر زنجیرە چیای عەڤاریم، بۆ چیای نەبۆ کە لە خاکی مۆئابە و بەرامبەر بە ئەریحایە و لەوێوە تەماشای خاکی کەنعان بکە کە من وەک موڵک بە نەوەی ئیسرائیلی دەدەم. 50 لەو کێوەدا کە بۆی سەردەکەویت دەمریت و دەچیتە پاڵ گەلەکەتەوە، وەک چۆن هارونی برات لە کێوی هۆردا مرد و چووە پاڵ گەلەکەی، 51 لەبەر ئەوەی ئێوە ناپاک بوون لەگەڵم لەنێو نەوەی ئیسرائیلدا لەلای مێرگی مەریبای قادێش لە چۆڵەوانی چن، چونکە پیرۆزی منتان لەنێو نەوەی ئیسرائیلدا ڕانەگرت. 52 لەبەر ئەوە تۆ ناچیتە ناو ئەو خاکەی کە بە گەلی ئیسرائیلی دەدەم، بەڵکو تەنها لە دوورەوە دەیبینیت.»

موسا داوای بەرەکەت دەکات بۆ هۆزەکان

33 ئەوەش ئەو بەرەکەتەیە کە موسای پیاوی خودا بۆ نەوەی ئیسرائیل[x] داوای کرد، بەر لە مردنی، گوتی:

«یەزدان لە سیناوە هات و
    لە سێعیرەوە بەسەریاندا هەڵهات،
    لە کێوی پارانەوە درەوشایەوە و
هەزاران هەزار فریشتەی پیرۆزی لەگەڵ بوو،
    لە بنارەکانی باشوورەوە.
هەروەها ئەی ئەوەی گەلانت خۆشدەوێت،
    هەموو پیرۆزەکانی لە دەستی تۆن،
ئەوان لەلای پێت کڕنۆش دەبەن،
    ڕێنمایی لە تۆ وەردەگرن.
موسا فەرمانی فێرکردنی پێداین،
    میراتە بۆ کۆمەڵی یاقوب.
لەنێو یەشوروون[y] بوو بە پاشا،
    بە کۆبوونەوەی ڕابەرەکانی گەل،
    هۆزەکانی ئیسرائیل پێکەوە.

«با نەوەی ڕەئوبێن بژیێت و نەمرێت،
    با پیاوەکانی کەم نەبن.»

سەبارەت بە نەوەی یەهودا ئەمەی گوت:

«ئەی یەزدان، گوێ لە دەنگی یەهودا بگرە و
    بۆ لای گەلەکەی بیهێنە،
دەستەکانی بەسە بۆی،
    ببە بە یارمەتیدەر لە دژی دوژمنانی!»

سەبارەت بە نەوەی لێڤی گوتی:

«تومیم و ئوریمی[z] تۆ
    بۆ پیاوە خۆشەویستەکەتە،
ئەوەی لە مەسا تاقیت کردەوە و
    لە مێرگی مەریبا خەباتت لەگەڵدا کرد.
ئەوەی[aa] سەبارەت بە دایک و باوکی گوتی،
    ”ڕەچاوم نەکردوون،“
دانی بە براکانیشیدا نەنا و
    منداڵەکانیشی نەناسی،
بەڵام چاودێری فەرمایشتەکانی تۆی کرد و
    پەیمانەکەی تۆی پاراست.
10 نەوەی یاقوب، فێری ڕاسپاردەکانت و
    نەوەی ئیسرائیلیش فێری تەوراتی تۆ دەکات،
بۆنی بخوور دەخاتە بەردەمت و
    قوربانی سووتاندنی تەواو دەخاتە سەر قوربانگاکەت.
11 ئەی یەزدان، توانای شارەزایی بەرەکەتدار بکە و
    بە کرداری دەستی ڕازی بە،
لە کەمەری بەرهەڵستکاران و ناحەزانی بدە،
    هەتا هەڵنەستنەوە.»

12 سەبارەت بە نەوەی بنیامین گوتی:

«ئەو خۆشەویستی یەزدانە، بە ئاسوودەیی لەلای نیشتەجێ دەبێت،
    بە درێژایی ڕۆژ داڵدەی دەدات و
    یەزدان لەنێو هەردوو شانیدا نیشتەجێی دەکات.»

13 سەبارەت بە نەوەی یوسف گوتی:

«با خاکەکەی لەلایەن یەزدانەوە بەرەکەتدار بێت
    بە شەونمی گرانبەهای ئاسمان،
    بە ئاوە قەتیسکراوەکانی خوارەوە،
14 بە بەهادارترین دیارییەکانی خۆر و
    بەهادارترین دیارییەکانی بەروبوومی مانگ،
15 بە بەهادارترین دیارییەکانی چیا دێرینەکان،
    بە بەسوودترین گردە هەتاهەتاییەکان،
16 بە بەهادارترین دیارییەکانی زەوی و پڕییەکەی،
    لەگەڵ ڕەزامەندی نیشتەجێی ناو دەوەنەکە[ab]،
با بەسەر سەری یوسفەوە بن،
    بەسەر تەپڵی سەری لە براکانی جیا کرایەوە.[ac]
17 نۆبەرەی گایەکەی شکۆمەندییە بۆی،
    قۆچەکانی قۆچی گای کێوین،
بەوان قۆچ لە گەلان دەدات،
    پێکەوە هەتا ئەوپەڕی زەوی،
ئەوان هەزاران هەزاری ئەفرایم و
    هەزارانی مەنەشەن.»

18 سەبارەت بە نەوەی زەبولون گوتی:

«ئەی زەبولون بە کۆچکردنت دڵخۆش بە و
    تۆش ئەی یەساخار بە چادرەکانت،
19 گەلان بۆ چیا بانگ دەکەن،
    لەوێ قوربانی ڕاستودروستی سەردەبڕن،
هەتا لە پڕی دەریا بمژن و
    لەو گەنجینەیەی لەژێر لم شاردراوەتەوە.»

20 سەبارەت بە نەوەی گاد گوتی:

«بەرەکەتدارە ئەوەی سنووری خاکی گادی فراوان کرد!
    وەک شێرە مێ نیشتەجێ بوو،
    قۆڵی پارچەپارچە کرد لەگەڵ تەپڵی سەر،
21 باشترین خاکی بۆ خۆی دانا،
    بەشی فەرماندەی بۆ خۆی هەڵگرت،
کاتێک سەرکردەکانی گەل کۆبوونەوە،
    دادوەری یەزدانی جێبەجێ کرد و
    حوکمەکانیشی سەبارەت بە ئیسرائیل.»

22 سەبارەت بە نەوەی دان گوتی:

«دان بەچکە شێرە،
    لە باشان قەڵەمباز بەرەو پێش دەدات.»

23 سەبارەت بە نەوەی نەفتالی گوتی:

«ئەی نەفتالی، تێر بە لە ڕەزامەندی و
    پڕ بە لە بەرەکەتی یەزدان،
    دەست بەسەر ڕۆژئاوا و باشووری خاکەکەتدا بگرە.»

24 سەبارەت بە نەوەی ئاشێر گوتی:

«با ئاشێر لەنێو کوڕان بەرەکەتدار بێت،
    با لەلای براکانی پەسەند بێت،
    با پێی بکاتە ناو زەیت،
25 دەروازەکانت لە ئاسن و بڕۆنزن،
    بەگوێرەی درێژی تەمەنت هێزت پێ دەبەخشێت.»

26 «خودای یەشوروون هاوتای نییە،
    سواری ئاسمان دەبێت بۆ یارمەتیدانت،
    هەروەها هەورەکان لە شکۆی خۆیدا.
27 خودای هەتاهەتایی پەناگاتە و
    باڵە هەمیشەییەکانیشی لە ژێرەوە.
دوژمنی لەبەردەمت دەرکرد و
    فەرمووی: ”لەناو ببە!“
28 جا ئیسرائیل بە تەنها و بە ئاسوودەیی نیشتەجێ دەبێت،
    جێنشینی یاقوب گیروگرفتی نابێت،
لە خاکی دانەوێڵە و شەرابی نوێ دەبێت،
    ئاسمانەکەشی شەونم دەتکێنێت.
29 ئەی ئیسرائیل، خۆزگەت پێ دەخوازرێت،
    کێ وەک تۆیە،
    گەلێکی ڕزگار بوو لەلایەن یەزدانەوە؟
قەڵغانی یارمەتی و
    شمشێری شکۆمەندیتە،
جا دوژمنانت ملکەچیت بۆ دەنوێنن،
    تۆش نزرگەکانی سەر بەرزاییان[ad] پێشێل دەکەیت.»

مردنی موسا

34 ئینجا موسا لە دەشتەکانی مۆئابەوە بۆ چیای نەبۆ سەرکەوت بۆ سەری پسگە، کە بەرامبەر ئەریحایە، جا یەزدان هەموو خاکەکەی پیشان دا، لە گلعادەوە هەتا دان و هەموو نەفتالی و خاکی ئەفرایم و مەنەشە و هەموو خاکی یەهودا هەتا دەریای ڕۆژئاوا و نەقەب و هەموو ناوچەکە، لە دۆڵی ئەریحاوە «شاری دار خورما» هەتا زۆعەر، یەزدان پێی فەرموو: «ئەوە ئەو خاکەیە کە سوێندم بۆ ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب خوارد و فەرمووم: ”دەیدەمە نەوەکەت.“ وا بە چاوەکانی خۆت پێم پیشان دایت، بەڵام تۆ بۆ ئەوێ ناپەڕیتەوە.»

جا موسای بەندەی یەزدان لەوێ مرد، لە خاکی مۆئاب بەگوێرەی فەرمانی یەزدان. یەزدان لە خاکی مۆئاب لە دۆڵەکە بەرامبەر بێت‌پەعۆر ناشتی، هەتا ئەمڕۆش کەس گۆڕەکەی پێ نازانێت. موسا تەمەنی سەد و بیست ساڵان بوو کاتێک مرد، هێشتا چاوەکانی کز نەببوون و هێزی لەبەر نەبڕابوو. جا نەوەی ئیسرائیل لە دەشتەکانی مۆئاب سی ڕۆژ ماتەمیان بۆ گێڕا، ئینجا ڕۆژانی گریان و شیوەنی موسا تەواو بوو.

یەشوعی کوڕی نونیش پڕ بوو لە ڕۆحی دانایی، چونکە موسا دەستی لەسەر دانابوو. ئیتر نەوەی ئیسرائیل گوێیان لێ گرت و ئاوایان کرد وەک ئەوەی یەزدان فەرمانی بە موسا کردبوو.

10 جا هیچ پێغەمبەرێک لە ئیسرائیل پەیدا نەبوو وەک موسا کە یەزدانی ڕوو بە ڕوو ناسی، 11 لە هەموو ئەو نیشانە و پەرجووانەی یەزدان ناردی هەتا لە خاکی میسر بە فیرعەون و هەموو خزمەتکارەکانی و هەموو خاکەکەی بکات. 12 هەرگیز کەس ئەو توانا مەزنەی پیشان نەداوە و ئەو کارە سامناکانەی لەبەرچاوی هەموو ئیسرائیل نەکردووە کە موسا کردی.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.