Bible in 90 Days
دەستنیشانکردنی داود لەلایەن ساموئێل
16 جا یەزدان بە ساموئێلی فەرموو: «هەتا کەی شیوەن بۆ شاول دەگێڕیت؟ چونکە من ڕەتم کردووەتەوە پاشای ئیسرائیل بێت، قۆچەکەت پڕ بکە لە زەیت و بڕۆ، دەتنێرم بۆ لای یەسای بێتلەحمی، لەنێو کوڕەکانیدا پاشایەکم بۆ خۆم هەڵبژاردووە.»
2 ساموئێلیش گوتی: «چۆن بڕۆم؟ ئەگەر شاول ئەمە ببیستێتەوە دەمکوژێت.»
یەزدانیش فەرمووی: «گوێرەکەیەکی مێینەی سێ ساڵە[a] لەگەڵ دەستت دەبەیت و دەڵێیت: ”بۆ قوربانی سەربڕین بۆ یەزدان هاتووم.“ 3 جا یەسا بۆ قوربانییە سەربڕدراوەکە بانگهێشت دەکەیت و من فێرت دەکەم چی بکەیت و ئەو کەسەم بۆ دەستنیشان[b] دەکەیت کە پێت دەفەرمووم.»
4 ساموئێل ئەوەی کرد کە یەزدان پێی فەرموو، هات بۆ بێتلەحم و پیرانی شارۆچکەکە بە ترسەوە پێشوازییان کرد و گوتیان: «بە ئاشتی هاتوویت؟»
5 ساموئێلیش وەڵامی دایەوە: «بە ئاشتییە، هاتووم بۆ سەربڕینی قوربانی بۆ یەزدان، خۆتان تەرخان بکەن و لەگەڵمدا وەرن بۆ قوربانییەکە.» ئینجا یەسا و کوڕەکانی تەرخان کرد و بۆ قوربانییەکە بانگهێشتی کردن.
6 کاتێک هاتن، ساموئێل تەماشای ئەلیابی کرد و لەبەرخۆیەوە گوتی: «بە دڵنیاییەوە ئەوەیە یەزدان دەستنیشانی کردووە، لەبەردەمیەتی.»
7 بەڵام یەزدان بە ساموئێلی فەرموو: «تەماشای سەروسیما و بەرزی باڵای مەکە، چونکە ڕەتم کردووەتەوە. یەزدان وەک مرۆڤ تەماشا ناکات، چونکە مرۆڤ تەماشای ڕوخساری دەرەوە دەکات، بەڵام یەزدان تەماشای دڵ دەکات.»
8 دوای ئەوەی یەسا ئەبینادابی بانگکرد و بە بەردەم ساموئێلدا تێپەڕی کرد، ساموئێلیش گوتی: «یەزدان ئەمەشی هەڵنەبژاردووە.» 9 ئینجا یەسا شەممای تێپەڕاند و ساموئێلیش گوتی: «یەزدان ئەمەشی هەڵنەبژاردووە.» 10 یەسا هەر حەوت کوڕەکەی لەبەردەم ساموئێلدا تێپەڕاند. ساموئێلیش بە یەسای گوت: «یەزدان لەمانەی هەڵنەبژاردووە.» 11 لە یەسای پرسی: «ئایا هەموو کوڕەکانت لێرەن؟»
ئەویش گوتی: «بچووکترینیان هێشتا ماوە و مەڕ دەلەوەڕێنێت.»
ساموئێلیش گوتی: «بنێرە بەدوایدا و بیهێنە، چونکە دانانیشین هەتا ئەو دێتە ئێرە.»
12 ئەویش بەدوایدا ناردی و هێنای، سوورەیەکی چاوجوانی قۆز بوو.
ئینجا یەزدان فەرمووی: «هەستە و دەستنیشانی بکە، چونکە ئەمە خۆیەتی.»
13 ساموئێل قۆچە زەیتەکەی برد و لەنێو براکانیدا دەستنیشانی کرد و لەو ڕۆژە بەدواوە ڕۆحی یەزدان بە تواناوە هاتە سەر داود. پاشان ساموئێل هەستا و چوو بۆ ڕامە.
داود لە خزمەتی شاولدا
14 ڕۆحی یەزدانیش لە شاول جیا بووەوە و بە فەرمانی یەزدان ڕۆحێکی بەد هەراسانی کرد.
15 جا خزمەتکارەکانی شاول پێیان گوت: «ئەوەتا ئێستا ڕۆحێکی بەد لەلایەن خوداوە هەراسانت دەکات. 16 با ئێستا گەورەمان فەرمان بە خزمەتکارەکانی بەردەمی بکات بەدوای پیاوێکدا بگەڕێن کە شارەزایی لە قیسارە ژەنین هەبێت، جا هەر کاتێک ئەو ڕۆحە بەدەی لەلایەن خوداوەیە بێتە سەرت، قیسارە بژەنێت تۆ باش دەبیت.»
17 شاولیش بە خزمەتکارەکانی گوت: «ئێستا پیاوێکم بۆ ببیننەوە قیسارە بە چاکی بژەنێت و بۆ منی بهێنن.»
18 جا یەکێک لە خزمەتکارەکان وەڵامی دایەوە و گوتی: «کوڕێکی یەسای بێتلەحمیم بینیوە، دەزانێت قیسارە بژەنێت. هەروەها قارەمانێکی بەهێزە و جەنگاوەرە، زمان ڕەوانە و پیاوێکی قۆزە، یەزدانیشی لەگەڵدایە.»
19 شاولیش نێردراوی بۆ لای یەسا نارد و گوتی: «داودی کوڕتم بۆ بنێرە، ئەوەی مەڕ دەلەوەڕێنێت.» 20 یەساش گوێدرێژێکی هێنا، نان و مەشکەیەک شەراب و کارەبزنێکی لێ بارکرد، بە دەستی داودی کوڕیدا بۆ شاولی نارد.
21 ئیتر داود هاتە لای شاول و دەستی بە خزمەتکردنی کرد. شاولیش داودی زۆر خۆشویست و کردییە یەکێک لە هەڵگری تفاقەکانی. 22 شاول بۆ یەسای نارد و گوتی: «تکایە با داود لە خزمەتی مندا بمێنێتەوە، چونکە لەلام پەسەندە.»
23 هەر کاتێک ڕۆحەکە لەلایەن خوداوە بۆ سەر شاول دەهات، داود قیسارەکەی بەدەستەوە دەگرت و دەیژەند، شاولیش دڵی دەکرایەوە و باش دەبوو، ڕۆحە بەدەکە وازی لێ دەهێنا.
داود و گۆلیات
17 ئەوە بوو فەلەستییەکان هێزەکانیان بۆ جەنگ کۆکردەوە و لە سۆکۆی یەهودا کۆبوونەوە، لەنێوان سۆکۆ و عەزێقا لە ئەفەس دەمیم خێوەتگایان هەڵدا. 2 شاول و پیاوانی ئیسرائیلیش لە دۆڵی ئێلە کۆبوونەوە و خێوەتگایان بۆ جەنگ هەڵدا، بەرەیان بەست بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی فەلەستییەکان. 3 جا فەلەستی و ئیسرائیلییەکان لەسەر دوو گردی بەرامبەر یەکتر ڕاوەستابوون، دۆڵێکیشیان لەنێوان بوو.
4 پاڵەوانێکی خەڵکی گەت کە ناوی گۆلیات بوو لەناو خێوەتگای فەلەستییەکان هاتە دەرەوە، درێژییەکەی شەش باڵ و بستێک[c] بوو. 5 کڵاوێکی بڕۆنز لەسەری و زرێیەکی[d] پولەکەداریشی لەبەردا بوو، کێشی زرێیەکە پێنج هەزار شاقل[e] بڕۆنز بوو. 6 هەروەها پارچەیەک بڕۆنز لولاقی پۆشیبوو، تیرێکی بڕۆنزیش لەنێو شانەکانی بوو، 7 دەسکی ڕمەکەی وەک نۆردی جۆڵاکان وابوو، نووکەکەشی شەش سەد شاقل[f] ئاسن بوو، هەڵگری قەڵغانەکەی لەبەردەمیەوە دەڕۆیشت.
8 جا گۆلیات وەستا و بانگی ڕیزەکانی ئیسرائیلی کرد و پێی گوتن: «بۆچی هاتوونەتە دەرەوە تاکو بۆ جەنگ ڕیزببەستن؟ ئایا من فەلەستی و ئێوەش خزمەتکارانی شاول نین؟ جا پیاوێک بۆ خۆتان هەڵبژێرن با بۆم بێتە خوارەوە. 9 ئەگەر توانی لەگەڵمدا بجەنگێت و بمکوژێت، ئەوا دەبینە خزمەتکارتان، بەڵام ئەگەر من بەسەریدا زاڵ بووم و کوشتم، ئەوا ئێوە دەبنە خزمەتکارمان و خزمەتمان دەکەن.» 10 ئینجا فەلەستییەکە گوتی: «من ئەمڕۆ تەحەدای ڕیزەکانی ئیسرائیل دەکەم، پیاوێکم بدەنێ بۆ ئەوەی پێکەوە لەگەڵ یەکتری بجەنگین.» 11 کاتێک شاول و هەموو ئیسرائیل گوێیان لە قسەکانی فەلەستییەکە بوو، سڵەمینەوە و زۆر ترسان.
12 داودی کوڕی یەسای ئەفراتی، لە بێتلەحمی یەهودا بوو. یەسا هەشت کوڕی هەبوو، لە ماوەی پاشایەتی شاولدا لە تەمەنی پیریدا بوو. 13 هەر سێ کوڕە گەورەکەی یەسا بۆ جەنگ دوای شاول کەوتبوون، ناوی سێ کوڕەکەی کە بۆ جەنگ چووبوون، ئەلیاب نۆبەرەکە و دووەمیان ئەبیناداب و سێیەمیان شەمما بوو. 14 داودیش بچووکترینیان بوو، سێ کوڕە گەورەکەش دوای شاول کەوتبوون. 15 جا داود هاتوچۆی دەکرد، ناوبەناو لەلای شاول دەگەڕایەوە بۆ لەوەڕاندنی مەڕەکانی باوکی لە بێتلەحم.
16 بۆ ماوەی چل ڕۆژ، بەیانییان و ئێواران، فەلەستییەکە دەهاتە پێش و دەوەستا.
17 ئەوە بوو یەسا بە داودی کوڕی گوت: «ئێستا ئێفەیەک[g] لەم دانەوێڵە برژاوە و ئەم دە نانە بۆ براکانت ببە و ڕابکە بۆ خێوەتگاکەیان، 18 ئەم دە پارچە پەنیرەش بە فەرماندەی یەکەکە بدە و سەلامەتی براکانت بەسەربکەوە و نیشانەیەکیان لێ وەربگرە. 19 شاول و ئەوان و هەموو پیاوانی ئیسرائیل لە دۆڵی ئێلە لە دژی فەلەستییەکان دەجەنگان.»
20 بەیانی زوو داود لە خەو هەستا و مەڕەکانی لەلای پاسەوانێک بەجێهێشت، بارگەکەی هەڵگرت و ڕۆیشت، هەروەک یەسای باوکی فەرمانی پێ کردبوو. لە هەمان ئەو کاتەدا گەیشتە خێوەتگاکە کە سوپا بۆ بەرەکانی جەنگ دەچوون و نەعرەتەی جەنگیان دەکێشا. 21 جا ئیسرائیل و فەلەستییەکان ڕیزیان دەبەست، ڕیز بەرامبەر ڕیز. 22 داودیش شتومەکەکەی کە پێی بوو بە پاسەوانی شتومەکەکان سپارد، بۆ بەرەی جەنگ ڕایکرد، هات و لە سەلامەتی براکانی پرسی. 23 کاتێک قسەی لەگەڵ دەکردن، پاڵەوانەکەی خەڵکی گەت، گۆلیاتی فەلەستی لە بەرەی فەلەستییەکانەوە هاتە پێشەوە، بە هەمان شێوازی پێشوو هاواری کرد، داودیش گوێی لێبوو. 24 هەموو پیاوانی ئیسرائیلیش کە پیاوەکەیان بینی زۆر ترسان و لێی هەڵاتن.
25 پیاوانی ئیسرائیل قسەیان دەکرد و دەیانگوت: «ئەو پیاوەتان بینی کە هاتە پێشەوە؟ بۆ تەحەداکردنی ئیسرائیل بوو. ئەو پیاوەی بیکوژێت پاشا زۆر دەوڵەمەندی دەکات و کچەکەی خۆی دەداتێ، ماڵی باوکیشی لە ئیسرائیل لە باج دەبەخشرێت.»
26 داودیش بەو پیاوانەی گوت کە لەگەڵی ڕاوەستابوون: «چی دەکرێت بۆ ئەو پیاوەی ئەو فەلەستییە بکوژێت، ئەو شەرمەزارییە لەسەر ئیسرائیل لاببات؟ ئەو فەلەستییە خەتەنە نەکراوە کێیە هەتا تەحەدای سوپای خودای زیندوو بکات؟»
27 ئەوانیش قسەکەیان بۆ دووبارە کردەوە کە دەیانگوت، پێیان گوت: «ئاوا دەکرێت بۆ ئەو پیاوەی کە ئەمە بکوژێت.»
28 کاتێک ئەلیابی برا گەورەی گوێی لێبوو کە داود لەگەڵ پیاوەکان قسە دەکات، ئەلیاب زۆر لێی تووڕە بوو و گوتی: «بۆ دابەزیت؟ ئەو کەمە مەڕەت لە چۆڵەوانیدا بەسەر کێدا بەجێهێشت؟ من دەزانم چەند لەخۆباییت و دڵت چەند خراپە، چونکە تۆ تەنها بۆ تەماشاکردنی جەنگەکە دابەزیویت.»
29 داودیش گوتی: «ئێستا من چیم کردووە؟ هەر قسەکردن نییە؟» 30 ئینجا لەلای ئەو چوو بۆ لای یەکێکی دیکە و هەمان قسەی کردەوە و جەنگاوەرەکانیش هەمان وەڵامیان دایەوە. 31 ئەو قسانەی داود گوتی بیسترانەوە و بە شاول ڕاگەیەنرا و ئەویش ناردی بە شوێنیدا.
32 داود بە شاولی گوت: «کەس بەهۆی ئەوەوە دڵی خورپە نەکات. خزمەتکارەکەت دەچێت و لەگەڵ ئەو فەلەستییە دەجەنگێت.»
33 شاولیش بە داودی گوت: «ناتوانیت بچیت بۆ ئەو فەلەستییە و لەگەڵیدا بجەنگیت، چونکە تۆ منداڵیت و ئەویش لە منداڵییەوە جەنگاوەرە.»
34 داودیش بە شاولی گوت: «خزمەتکارەکەت شوانی مەڕەکانی باوکی بووە. هەر کاتێک شێرێک یان ورچێک دەهات و مەڕێکیان لە مێگەلەکە دەبرد، 35 من بەدوایدا دەچووم و دەمکوشت و لە دەمی دەربازم دەکرد، کاتێک بۆم هەڵدەستا ملیم دەگرت و لێم دەدا و دەمکوشت. 36 خزمەتکارەکەت شێر و ورچی دەکوشت و ئەو فەلەستییە خەتەنە نەکراوەش وەک یەکێک دەبێت لەوان، چونکە تەحەدای ڕیزەکانی سوپای خودای زیندووی کردووە. 37 یەزدان کە منی لە چنگی شێر و ورچ دەرباز کردووە، هەر ئەو لە چنگ ئەم فەلەستییە دەربازم دەکات.»
شاولیش بە داودی گوت: «بڕۆ، با یەزدان لەگەڵتدا بێت.»
38 ئینجا شاول کراسەکەی خۆی لەبەر داود کرد و کڵاوێکی بڕۆنزی لەسەر سەری دانا و زرێیەکی لەبەرکرد. 39 داودیش شمشێرەکەی لەسەر کراسەکەی بەست و ویستی پێیانەوە بڕوات، چونکە تاقی نەکردبووەوە.
ئینجا داود بە شاولی گوت: «ناتوانم پێیانەوە بڕۆم، چونکە تاقیم نەکردوونەتەوە.» جا داود لە خۆی کردنەوە و 40 گۆچانەکەی بەدەستەوە گرت، پێنج بەردی لووسی لە دۆڵەکەدا هەڵبژارد و خستییە ناو توورەکەی شوانییەکەی لەناو هەگبەکەی، قۆچەقانییەکەی بەدەستەوە گرت و لە فەلەستییەکە چووە پێش.
41 لەو کاتەدا فەلەستییەکە هات و لە داود نزیک بووەوە، هەڵگری قەڵغانەکەشی لەپێشیەوە دەڕۆیشت. 42 کاتێک فەلەستییەکە تەماشای کرد و داودی بینی، بە سووکی سەیری کرد، چونکە منداڵێکی سوورە و قۆز بوو. 43 فەلەستییەکە بە داودی گوت: «من سەگم هەتا تۆ بە گۆچانەوە بۆم بێیت؟» ئینجا بە خوداوەندەکانی خۆی نەفرەتی لە داود کرد و 44 پێی گوت: «بۆم وەرە هەتا گۆشتی تۆ بدەمە باڵندەکانی ئاسمان و دڕندەکانی دەشتودەر!»
45 داودیش بە فەلەستییەکەی گوت: «تۆ بە شمشێر و ڕم و تیر بۆم دێیت، بەڵام منیش بە ناوی یەزدانی سوپاسالارەوە بۆت دێم، خودای سوپای ئیسرائیل، ئەوەی تەحەدات کرد. 46 ئەمڕۆ یەزدان لە دەستمدا بەندت دەکات و دەتکوژم و سەرت لێ دەکەمەوە، ئەمڕۆ لاشەکانی سوپای فەلەستییەکان بە باڵندەکانی ئاسمان و ئاژەڵەکانی زەوی دەدەم، جا هەموو زەوی دەزانێت کە ئیسرائیل خودای هەیە. 47 هەموو ئەم کۆمەڵەش دەزانن کە ڕزگاریی یەزدان بە شمشێر و ڕم نییە، چونکە ئەم جەنگە هی یەزدانە و ئێوەمان دەداتە دەست.»
48 جا کاتێک فەلەستییەکە نزیک بووەوە بۆ هێرشکردنە سەر داود، داود بە پەلە ڕووەو ڕیزی جەنگەکە ڕایکرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی فەلەستییەکە. 49 داود دەستی بۆ توورەکەکەی درێژکرد و بەردێکی لێ دەرهێنا و بە قۆچەقانییەکەی تێی گرت و لە ناوچەوانی فەلەستییەکەی دا، بەردەکە لە ناوچەوانی چەقی و بە ڕوودا کەوتە سەر زەوی.
50 بەم جۆرە داود بە قۆچەقانی و بە بەرد بەسەر فەلەستییەکەدا سەرکەوت، کاتێک لە فەلەستییەکەی دا و کوشتی، داود هیچ شمشێری بەدەستەوە نەبوو.
51 ئینجا داود ڕایکرد و چووە سەر فەلەستییەکە، شمشێرەکەی هەڵگرت و لە کێلانەکەیەوە[h] ڕایکێشا، کوشتی و بە شمشێرەکەی سەری لێکردەوە.
کاتێک فەلەستییەکان بینییان وا پاڵەوانەکەیان مردووە، هەڵاتن. 52 دوای ئەوە پیاوانی ئیسرائیل و یەهودا هەستان و هاواریان کرد و دوای فەلەستییەکان کەوتن هەتا گەت و دەروازەکانی عەقرۆن. جا کوژراوەکانی فەلەستییەکان لە ڕێگای شەعەرایم هەتا گەت و عەقرۆن کەوتن. 53 کاتێک نەوەی ئیسرائیل لە ڕاونانی فەلەستییەکان گەڕانەوە، خێوەتگاکەیان تاڵان کردن، 54 داودیش سەری فەلەستییەکەی هەڵگرت و بردی بۆ ئۆرشەلیم، چەکەکانی فەلەستییەکەشی لەناو چادرەکەی خۆی دانا.
55 کاتێک شاول داودی بینی کە بۆ بەرەنگاربوونەوەی فەلەستییەکە چووە، لە ئەبنێری فەرماندەی گشتی سوپاکەی پرسی: «ئەبنێر، ئەو گەنجە کوڕی کێیە؟»
ئەویش وەڵامی دایەوە: «بە گیانی پاشا نازانم.»
56 پاشاش گوتی: «بپرسە، بزانە ئەم گەنجە کوڕی کێیە؟»
57 کاتێک داود لە کوشتنی فەلەستییەکە گەڕایەوە، ئەبنێر بردی بۆ بەردەم شاول و سەری فەلەستییەکەشی بەدەستەوە بوو.
58 شاولیش پێی گوت: «ئەی گەنج تۆ کوڕی کێیت؟»
داودیش گوتی: «کوڕی یەسای بێتلەحمیم، خزمەتکاری تۆ.»
پەیمانی داود و یۆناتان
18 ئەوە بوو کە داود لەگەڵ شاولدا لە قسەکردن بووەوە، ڕۆحی یۆناتان و ڕۆحی داود پەیمانێکیان بەست، یۆناتان داودی وەک خۆی خۆشویست. 2 شاولیش لەو ڕۆژەوە داودی بردە لای خۆی و نەیهێشت بۆ ماڵی باوکی بگەڕێتەوە. 3 یۆناتان لەگەڵ داود پەیمانی بەست، چونکە وەک خۆی خۆشی ویست. 4 ئینجا یۆناتان کەواکەی کە لەبەری بوو دایکەند و دای بە داود، لەگەڵ کراسەکەی کە پۆشیبووی، تەنانەت شمشێر و کەوان و کەمەربەندەکەشی.
5 داود لە هەر ئەرکێک سەرکەوتوو دەبوو کە شاول بۆی دەنارد، لەبەر ئەوە شاول داودی بەسەر جەنگاوەرەکان دانا، ئەمەش لەلای هەموو سەرباز و ئەفسەرەکانی شاول پەسەند بوو.
6 لە کاتی گەڕانەوەی جەنگاوەران بۆ ماڵەوە، پاش ئەوەی داود فەلەستییەکەی کوشت، ئافرەتان لە هەموو شارۆچکەکانی ئیسرائیلەوە بە گۆرانی و سەماوە بۆ پێشوازی شاولی پاشا هاتنە دەرەوە، بە گۆرانی شادی و دەف و عوودەوە. 7 ژنە سەماکەرەکان بەدەم گۆرانییەوە دەیانگوت:
«شاول هەزارانی کوشت و
داودیش دەیان هەزار.»[i]
8 ئەم قسەیە شاولی پەست کرد و زۆر تووڕە بوو، گوتی: «دەیان هەزارەکانیان دایە داود و بە منیش هەزارەکان، هەر ئەوە ماوە پاشایەتییەکە بۆ ئەو بێت.» 9 ئیتر لەو ڕۆژەوە شاول چاوی لەسەر داود بوو.
10 بۆ ڕۆژی دوای ئەوە ڕۆحێکی بەد لەلایەن خوداوە بە تواناوە هاتە سەر شاول، لەناوەڕاستی ماڵەکەدا وڕێنەی دەکرد، داودیش وەک هەموو ڕۆژێک قیسارەکەی لێدەدا و شاولیش ڕمێکی بەدەستەوە بوو. 11 شاول ڕمەکەی تێگرت و گوتی: «لە داود دەدەم و بە دیوارەکەوە هەڵیدەواسم.» بەڵام داود دوو جار خۆی لە ڕمەکە لادا.
12 لەبەر ئەوەی یەزدان لەگەڵ داود بوو و وازی لە شاول هێنابوو، شاول لێی دەترسا. 13 ئیتر شاول داودی لە خۆی دوورخستەوە و کردی بە سەرکردەی هەزار، ڕابەرایەتی سوپاکەی کرد. 14 داود لە هەموو ئەرکەکانی سەرکەوتوو بوو، لەبەر ئەوەی یەزدانی لەگەڵدا بوو. 15 جا کە شاول بینی زۆر سەرکەوتووە، لێی ترسا. 16 بەڵام هەموو ئیسرائیل و یەهودا داودیان خۆشویست، چونکە لە شەڕ پێشڕەوی دەکردن.
17 ئەوە بوو شاول بە داودی گوت: «من وا مێرەڤی کچە گەورەکەی خۆمت دەدەمێ ببێتە ژنت، تەنها ئەوەندەی کە ئازا بیت بۆم و لە جەنگەکانی یەزدان شەڕ بکەیت.» جا شاول لەبەر خۆیەوە گوتی: «با دەستی منی بەسەرەوە نەبێت، بەڵکو دەستی فەلەستییەکانی بەسەرەوە بێت.»
18 داودیش بە شاولی گوت: «من کێم و ژیانی من و خێڵەکەی باوکم لە ئیسرائیلدا چییە هەتا ببمە زاوای پاشا؟» 19 ئەوە بوو لەو کاتەی کە دەبووایە مێرەڤی کچی شاول بدرێتە داود، کەچی درایە عەدرئێلی مەحۆلاتی و بووە ژنی ئەو.
20 بەڵام میخەلی کچی شاول داودی خۆشویست، جا بە شاولیان ڕاگەیاند، ئەویش ئەم کارەی بەلاوە باش بوو. 21 شاول لە دڵی خۆیدا گوتی: «پێی دەدەم، جا بۆی دەبێت بە تەڵە، دەستی فەلەستییەکانی بەسەرەوە دەبێت.» ئینجا شاول بە داودی گوت: «دەرفەتێکی دیکەت دەدەمێ، ئەمڕۆ دەبیت بە زاوای من؟»
22 شاول فەرمانی بە خزمەتکارەکانی کرد: «بەدزییەوە قسە لەگەڵ داود بکەن و پێی بڵێن: ”ئەوەتا پاشا پێت دڵخۆشە و هەموو خزمەتکارەکانیشی تۆیان خۆشدەوێ، جا ئێستا ببە بە زاوای پاشا.“»
23 خزمەتکارەکانی شاول ئەو قسانەیان بە داود گوت و داودیش پێی گوتن: «ئایا زاوایەتیکردنی پاشا بە کەم دەزانن، لە کاتێکدا من پیاوێکی هەژار و گەدام؟»
24 ئینجا خزمەتکارەکانی شاول قسەکانی داودیان گەیاند. 25 شاولیش گوتی: «ئاوا بە داود بڵێن: ”خۆشی پاشا لە شیربایی نییە، بەڵکو بە سەد پێستی سەری ئەندامی نێرینەی فەلەستییەکانە، بۆ تۆڵەسەندنەوە لە دوژمنەکانی پاشا.“» شاول بیری لەوە دەکردەوە کە داود بە دەستی فەلەستییەکان بکوژرێت.
26 خزمەتکارەکانی ئەو قسانەیان بە داود ڕاگەیاند، داودیش ئەمەی پێ باش بوو کە ببێت بە زاوای پاشا. بۆیە پێش ئەوەی ماوەکە تەواو بێت، 27 هەستا و لەگەڵ پیاوەکانی ڕۆیشتن، دوو سەد پیاویان لە فەلەستییەکان کوشت. داود پێستی سەری ئەندامە نێرینەکانی ئەوانی هێنا و ژمارەی تەواوی دایە پاشا، هەتا ببێتە زاوای. شاولیش میخەلی کچی دایێ هەتا ببێتە ژنی.
28 جا شاول بینی و زانی یەزدان لەگەڵ داودە و میخەلی کچیشی خۆشی دەوێت. 29 شاول زیاتر لە داود ترسا، ئیتر هەتا کۆتایی ژیانی دوژمنی داود بوو.
30 فەرماندە فەلەستییەکان بەردەوام بۆ جەنگ دەچوون، هەر کاتێک دەچوون داود لە هەموو ئەفسەرەکانی شاول سەرکەوتووتر دەبوو، جا ناوبانگی زۆر بڵاو بووەوە.
شاول دەیەوێت داود بکوژێت
19 ئیتر شاول بە یۆناتانی کوڕی و هەموو خزمەتکارەکانی گوت کە داود بکوژن. بەڵام یۆناتانی کوڕی شاول لە دڵەوە داودی خۆشدەویست. 2 جا یۆناتان بە داودی ڕاگەیاند و گوتی: «شاولی باوکم دەیەوێ بتکوژێت. بەیانی ئاگات لە خۆت بێت و لە حەشارگەیەکدا بمێنەوە، خۆت بشارەوە. 3 منیش دەچم و لەتەنیشت باوکمەوە لەو کێڵگەیەدا ڕادەوەستم کە خۆتت تێیدا شاردووەتەوە، لەبارەی تۆوە قسە لەگەڵ باوکم دەکەم و تەماشا دەکەم بزانم چی دەبێت و پێتی ڕادەگەیەنم.»
4 ئینجا یۆناتان بە چاکە دەربارەی داود بۆ شاولی باوکی قسەی کرد و گوتی: «با پاشا خراپەیەک دەرهەق بە داودی خزمەتکاری خۆی نەکات، چونکە ئەو خراپەی دەرهەق بە تۆ نەکردووە و کارەکانیشی دەرهەق بە تۆ زۆر چاکن. 5 ئەو ژیانی خۆی خستە سەر دەستی و فەلەستییەکەی کوشت، یەزدانیش ڕزگارییەکی گەورەی بۆ هەموو ئیسرائیل هێنایە ئاراوە، تۆ خۆت بینیت و دڵخۆش بوویت، ئیتر بۆچی خراپە دەرهەق بە خوێنی بێتاوانێک دەکەیت، بەبێ هۆ داود دەکوژیت؟»
6 شاولیش گوێی لە دەنگی یۆناتان گرت، شاول سوێندی خوارد: «بە یەزدانی زیندوو، داود ناکوژرێت.»
7 ئینجا یۆناتان داودی بانگکرد و هەموو ئەو قسانەی پێ ڕاگەیاند، یۆناتان داودی هێنایەوە لای شاول و ئیتر وەک جاران لەبەردەمیدا بوو.
8 جارێکی دیکە جەنگ هەڵگیرسا و داود چوو لە دژی فەلەستییەکان بجەنگێت، گورزێکی گەورەی لێ وەشاندن و لەبەردەمی هەڵاتن.
9 بەڵام کاتێک شاول لە ماڵەوە دانیشتبوو و ڕمێکی بەدەستەوە بوو، دیسان ڕۆحێکی بەد لەلایەن یەزدانەوە هاتەوە سەری. کاتێک داود قیسارەکەی دەژەند، 10 شاول ویستی بە ڕمەکەی لە داود بدات و بە دیوارەکەوە هەڵیبواسێت، بەڵام ئەو لەبەردەم شاولدا هەڵات، جا لە دیوارەکەی دا و داودیش هەڵات و ئەو شەوە دەرباز بوو.
11 پاشان شاول چەند نێردراوێکی بۆ ماڵی داود نارد هەتا چاودێری بکەن و لە بەیانیدا بیکوژن. بەڵام میخەلی ژنی پێی ڕاگەیاند و گوتی: «ئەگەر ئەمشەو دەرباز نەبیت، بۆ سبەینێ کوژراویت.» 12 ئیتر میخەل داودی لە پەنچەرەکەوە شۆڕکردەوە، ئەویش ڕۆیشت، ڕایکرد و دەرباز بوو. 13 پاشان میخەل پەیکەرێکی برد و خستییە ناو جێگاکەیەوە، هەندێک مووی بزنیشی لە جێی سەری دانا و بە جلوبەرگ دایپۆشی.
14 شاولیش چەند نێردراوێکی نارد هەتا داود بگرن، میخەلیش گوتی: «نەخۆشە.»
15 ئینجا شاول چەند نێردراوێکی بۆ بینینی داود نارد و گوتی: «بە جێگاکەیەوە بۆ منی بهێنن هەتا بیکوژم.» 16 بەڵام کاتێک نێردراوەکان هاتنە ژوورەوە، تەماشایان کرد ئەوەتا پەیکەرێک لەناو جێگاکەیە و هەندێک مووی بزنیش لە جێی سەرییەتی.
17 جا شاول بە میخەلی گوت: «بۆچی ئاوا هەڵتخەڵەتاندم، دوژمنەکەی منت بەڕەڵا کرد و دەرباز بوو؟»
میخەلیش بە شاولی گوت: «ئەو پێی گوتم: ”ئەگەر بەڕەڵام نەکەی دەتکوژم.“»
18 کاتێک داود ڕایکرد و دەرباز بوو، چوو بۆ لای ساموئێل لە ڕامە، هەموو ئەوەی شاول پێی کردبوو پێی ڕاگەیاند. ئینجا داود لەگەڵ ساموئێل چوون و لە نایۆت مانەوە. 19 جا بە شاول ڕاگەیەنرا و گوترا: «داود وا لە نایۆتە لە ڕامە.» 20 شاولیش چەند نێردراوێکی نارد بۆ گرتنی داود، کاتێک کۆمەڵی پێغەمبەرانیان بینی حاڵیان گرتووە و ساموئێلیش وەک سەرۆک بەسەریانەوە ڕاوەستاوە، ڕۆحی خودا بەسەر نێردراوەکانی شاولیشدا هات و ئەوانیش حاڵیان گرت. 21 ئەمەیان بە شاول ڕاگەیاند، ئەویش چەند نێردراوێکی دیکەی نارد، هەروەها ئەوانیش حاڵیان گرت. ئینجا بۆ جاری سێیەم چەند نێردراوێکی نارد و ئەوانیش حاڵیان گرت. 22 ئینجا خۆی چوو بۆ ڕامە، گەیشتە ئەمباراوە گەورەکە، ئەوەی لە سەخویە، پرسیاری کرد: «ساموئێل و داود لەکوێن؟»
پێی گوترا: «لە نایۆتن، لە شارۆچکەی ڕامە.»
23 جا شاول چوو بۆ ئەوێ، بۆ نایۆت لە ڕامە. تەنانەت ئەویش ڕۆحی خودا هاتە سەری و بە ڕۆیشتنەوە حاڵی گرت هەتا گەیشتە نایۆت. 24 جلەکانی لەبەر خۆی داکەند و ئەویش لەبەردەم ساموئێل حاڵی گرت، بە درێژایی ئەو شەو و ڕۆژە بە ڕووتی خۆی دا بە زەویدا. لەبەر ئەوەیە دەڵێن، «ئایا شاولیش لەنێو پێغەمبەرەکانە؟»
داود و یۆناتان
20 پاشان داود لە نایۆتی ڕامەوە ڕایکرد، چووە بەردەم یۆناتان و لێی پرسی: «چیم کردووە و تاوانم چییە، چ گوناهێکم بەرامبەر بە باوکت کردووە، هەتا بمکوژێت؟»
2 یۆناتانیش وەڵامی دایەوە: «لە تۆ بەدوور بێت، نامریت! ئەوەتا باوکم هیچ شتێکی گەورە یان بچووک ناکات هەتا پێم نەڵێت، ئیتر بۆچی باوکم ئەمەم لێ بشارێتەوە؟ نەخێر وا نییە.»
3 داودیش سوێندی خوارد: «باوکت باش دەزانێت کە تۆ منت خۆشدەوێت، لەبەر ئەوە وا بیر دەکاتەوە و دەڵێت: ”با یۆناتان بەم کارە نەزانێت نەوەک خەفەت بخوات.“ بەڵام بە یەزدانی زیندوو و بە گیانی تۆ، نێوان من و مەرگ تەنها هەنگاوێکە.»
4 یۆناتانیش بە داودی گوت: «هەرچی دەڵێیت ئەوەت بۆ دەکەم.»
5 داود بە یۆناتانی گوت: «سەیر بکە، سبەینێ جەژنی سەرەمانگە، دەبێت منیش بۆ نانخواردن لەگەڵ پاشا دانیشم، بەڵام تۆ ڕێگام پێبدە بڕۆم و منیش هەتا ئێوارەی ڕۆژی سێیەم لەناو کێڵگەکەدا خۆم دەشارمەوە. 6 ئەگەر باوکت بەسەری کردمەوە، پێی بڵێ: ”داود بە پەرۆشەوە داوای لێکردم هەتا بە پەلە بچێتە بێتلەحمی شارەکەی خۆی، چونکە لەوێ قوربانی ساڵانە بۆ هەموو خێڵەکەی سەردەبڕدرێت.“ 7 ئەگەر گوتی: ”باشە،“ ئەوا خزمەتکارەکەت سەلامەت دەبێت. بەڵام ئەگەر زۆر تووڕە بوو ئەوا بزانە نیازی خراپە. 8 کەواتە بە باشی هەڵسوکەوت لەگەڵ خزمەتکارەکەتدا بکە، چونکە تۆ لەبەردەم یەزدان منت خستووەتە ناو پەیمانێکەوە. ئەگەر تاوانێک لە مندا هەبێت، ئەوا خۆت بمکوژە، ئیتر بۆچی دەمدەیتە دەستی باوکت؟»
9 یۆناتانیش گوتی: «لە تۆ بەدوور بێت، چونکە ئەگەر بەڕاستی بمزانیایە باوکم بەرامبەر بە تۆ نیازی خراپە، ئایا پێم ڕانەدەگەیاندیت؟»
10 داودیش لە یۆناتانی پرسی: «ئەگەر باوکت بە ڕەقی وەڵامی دایتەوە، کێ پێم ڕادەگەیەنێت؟»
11 یۆناتانیش بە داودی گوت: «وەرە با بچینە دەرەوە بۆ کێڵگەکە.» جا هەردووکیان پێکەوە چوون.
12 ئینجا یۆناتان بە داودی گوت: «بە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل، سبەینێ یان دوو سبەی وەک ئەم کاتە دەمی باوکم تاقی دەکەمەوە، جا ئەگەر بۆ تۆ باش بوو، ئەوا هەواڵت بۆ دەنێرم و ئاگادارت دەکەمەوە. 13 بەڵام ئەگەر باوکم نیازی خراپەی لەگەڵ تۆ هەبوو، با یەزدان توندترین سزای یۆناتان بدات، ئەگەر بۆت ئاشکرا نەکەم و بە سەلامەتی بەڕێت نەکەم. با یەزدان لەگەڵتدا بێت وەک چۆن لەگەڵ باوکم بوو. 14 بە درێژایی ژیانم خۆشەویستی نەگۆڕی یەزدانم نیشان بدە بۆ ئەوەی نەمرم، 15 بەڵکو هەتاهەتایە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت لەگەڵ بنەماڵەکەم مەبڕە، تەنانەت هەتا ئەو کاتەش کە یەزدان هەموو دوژمنەکانی داود لەسەر زەوی دەبڕێتەوە.»
16 جا یۆناتان پەیمانی لەگەڵ بنەماڵەی داود بەست و گوتی: «با یەزدان لێپرسینەوە لەگەڵ دوژمنەکانی داود بکات.» 17 یۆناتان سوێندەکەی بە داود دووپات کردەوە کە ئەوی خۆشدەوێت، چونکە وەک خۆی خۆشی دەویست.
18 پاشان یۆناتان بە داودی گوت: «سبەینێ جەژنی سەرەمانگە، دەربارەی تۆ پرسیار دەکەن، چونکە جێگات بەتاڵ دەبێت. 19 دوو سبەی بە خێرایی دابەزە و بڕۆ بۆ ئەو شوێنەی کە پێشتر لە ڕۆژی کارەکەدا خۆتت تێیدا شاردەوە[j]، لەلای گابەردی ئەزەل دابنیشە. 20 منیش سێ تیر دەگرمە تەنیشتی بەردەکە وەک ئەوەی بیگرمە نیشانێک. 21 ئینجا کوڕێک دەنێرم و دەڵێم: ”بڕۆ ئەو تیرانە بدۆزەوە.“ ئەگەر بە کوڕەکەم گوت: ”ئەوەتا تیرەکان لەولاتەوەن، بیانهێنە،“ تۆ وەرە، بە یەزدانی زیندوو، سەلامەت دەبیت و هیچ مەترسییەک نییە. 22 بەڵام ئەگەر بە کوڕەکەم گوت: ”ئەوەتا تیرەکان لەو بەرتن،“ ئەوا بڕۆ، چونکە یەزدان بەڕێی کردوویت. 23 ئەو قسەیەش کە من و تۆ کردمان، ئەوەتا یەزدان هەتاهەتایە لەنێوان من و تۆدا شایەتە.»
24 داود خۆی لە کێڵگەکەدا شاردەوە، کاتێک جەژنی سەرەمانگ هات، پاشا بۆ نانخواردن لەسەر خوان دانیشت. 25 پاشا وەک هەموو جارێک لە شوێنەکەی خۆی لەلای دیوارەکەوە لە بەرامبەر یۆناتان دانیشت، ئەبنێریش لەتەنیشت شاولەوە دانیشت، بەڵام جێگای داود بەتاڵ بوو. 26 لەو ڕۆژەدا شاول هیچی نەگوت، چونکە وا بیری کردەوە: «لەوانەیە شتێک بەسەر داود هاتبێت، لەشی پاک نەبێت، دیارە لەشی پاک نییە.» 27 ئەوە بوو بۆ سبەینێ لە دووی مانگیشدا جێگای داود هەر بەتاڵ بوو، شاولیش بە یۆناتانی کوڕی گوت: «بۆچی نە دوێنێ و نە ئەمڕۆ، کوڕەکەی یەسا نەهاتووە بۆ نانخواردن؟»
28 یۆناتانیش وەڵامی شاولی دایەوە: «داود بە پەرۆشەوە داوای لێکردم بچێت بۆ بێتلەحم و 29 گوتی: ”تکایە ڕێم بدە، چونکە لە شارۆچکەکەدا قوربانی سەربڕاوی خێڵەکەمان هەیە و براکەم فەرمانی پێ کردووم، جا ئێستا ئەگەر جێی ڕەزامەندیتم، تکایە ڕێم بدە با براکانم ببینم،“ لەبەر ئەوە نەهاتووە بۆ خوانی پاشا.»
30 ئینجا شاول زۆر لە یۆناتان تووڕە بوو و پێی گوت: «هەی کوڕی ژنە خواروخێچ و یاخیبووەکە! بۆ من نازانم؟ دۆستایەتیت لەگەڵ کوڕەکەی یەسا شەرمەزاری دێنێتە سەر خۆت و داوێنی دایکت. 31 هەتا کوڕەکەی یەسا لەسەر زەوی زیندوو بێت، نە خۆت و نە پاشایەتییەکەت جێگیر نابن. ئێستاش بنێرە و با بۆ منی بهێنن، چونکە پێویستە بمرێت!»
32 یۆناتانیش وەڵامی شاولی باوکی دایەوە: «بۆچی دەبێت بکوژرێت؟ چی کردووە؟» 33 بەڵام شاول ڕمەکەی تێگرت بۆ ئەوەی بیکوژێت. بەم کارە یۆناتان زانی کە باوکی سوورە لەسەر کوشتنی داود.
34 جا یۆناتان زۆر بە تووڕەیی لەسەر خوانەکە هەستا و لە ڕۆژی دووەمی مانگدا هیچی نەخوارد، چونکە دڵتەنگ بوو بۆ داود، لەبەر ئەوەی باوکی شەرمەزاری کرد.
35 بۆ بەیانی یۆناتان بۆ دیدەنی داود بەرەو کێڵگە چوو، کوڕێکی بچووکیشی لەگەڵ بوو. 36 بە کوڕەکەی گوت: «ڕابکە ئەو تیرانە بدۆزەرەوە کە من دەیانهاوێژم.» لەو کاتەدا کە کوڕەکە ڕایدەکرد، تیرێکی هاویشت و لەوی تێپەڕاند. 37 کاتێک کوڕەکە گەیشتە شوێنی تیرەکە کە یۆناتان هاویشتبووی، جا یۆناتان هاواری لێکرد: «ئەوە تیرەکە نییە، لەوبەری تۆ، لە سەرەوە؟» 38 ئینجا یۆناتان هاواری لە کوڕەکە کرد: «خێرا بکە، پەلە بکە، مەوەستە!» کوڕەکەش تیرەکەی هەڵگرتەوە و بۆ لای گەورەکەی گەڕایەوە. 39 کوڕەکەش هیچی نەدەزانی، بەڵام یۆناتان و داود تێدەگەیشتن. 40 ئینجا یۆناتان چەکەکەی بە خزمەتکارەکەی خۆی دا و پێی گوت: «بڕۆ بیبەوە بۆ شار.»
41 کوڕەکە ڕۆیشت و داودیش لەلای باشووری گابەردەکەوە هەستا، سێ جار لەبەردەم یۆناتان کڕنۆشی برد و لەسەر ڕوو کەوت. ئینجا یەکتریان ماچکرد و پێکەوە گریان، بەڵام داود زیاتر گریا.
42 جا یۆناتان بە داودی گوت: «بە سەلامەتی بڕۆ، چونکە ئێمە هەردووکمان سوێندمان بە ناوی یەزدان خواردووە و گوتوومانە: ”یەزدان بۆ هەتاهەتایە لەنێوان من و تۆ و نەوەکانمان شایەت بێت.“» ئینجا داود هەستا و ڕۆیشت، یۆناتانیش گەڕایەوە شار.
داود لە شاری نۆڤ
21 داود هاتە نۆڤ بۆ لای ئەحیمەلەخی کاهین، ئەحیمەلەخ کە داودی بینی شڵەژا و پێی گوت: «بۆ بە تەنهایت و کەست لەگەڵ نییە؟»
2 داودیش وەڵامی ئەحیمەلەخی کاهینی دایەوە: «پاشا فەرمانی ئەرکێکی پێکردووم، پێی گوتم: ”نابێت کەس هیچ شتێک لەبارەی ئەم ئەرکەوە بزانێت کە من تۆی بۆ دەنێرم و پێم سپاردوویت.“ لەگەڵ پیاوەکانیشم شوێنێکم بۆ دیاری کردوون کە چاویان پێم بکەوێت، 3 ئێستاش چیت لەبەردەستە؟ پێنج نان یان ئەوەی هەیە بمدەرێ.»
4 کاهینەکەش وەڵامی داودی دایەوە: «نانی ئاساییم لەلا دەستناکەوێت، بەڵام نانی پیرۆز[k] هەیە، بە مەرجێک پیاوەکان خۆیان پاراستبێت لە ژنان[l].»
5 داودیش وەڵامی کاهینەکەی دایەوە: «بێگومان ژنمان لێ قەدەغەکراوە، وەک هەموو جارێک کە بۆ ئەرکێک چووبم، قاپوقاچاغەکانی پیاوەکانم پیرۆزن، تەنانەت ئەگەر ئەرکەکەش ئاسایی بووبێت، ئایا دەبێت ئەمڕۆ قاپوقاچاغەکانیان چەند پیرۆز بن؟» 6 لەبەر ئەوە کاهینەکە نانە پیرۆزەکەی پێدا، چونکە هیچ نانێکی دیکە لەوێ نەبوو، جگە لە نانی تەرخانکراو، ئەوەی لەبەردەم یەزدان لابردرابوو، هەتا لە هەمان ڕۆژدا بە نانی گەرم جێی بگرێتەوە.
7 لەو ڕۆژەدا پیاوێک لە خزمەتکارەکانی شاول لەبەردەم یەزداندا دەستبەسەر بوو، ناوی دۆئێگی ئەدۆمی بوو، گەورەی شوانەکانی شاول بوو.
8 ئینجا داود بە ئەحیمەلەخی گوت: «ئایا لێرە ڕمێک یان شمشێرێکت لەبەردەستدا هەیە؟ چونکە نە شمشێرەکەم و نە هیچ چەکێکی دیکەم نەهێناوە، ئەرکەکەی پاشا زۆر بە پەلە بوو.»
9 کاهینەکەش گوتی: «شمشێرەکەی گۆلیاتی فەلەستی، ئەوەی لە دۆڵی ئێلە کوشتت، ئەوەتا لە جلێکەوە پێچراوە لە پشت ئێفۆدەکە، ئەگەر ئەو بۆ خۆت دەبەیت، بیبە، چونکە جگە لەو هیچی دیکە لێرە نییە.»
داودیش گوتی: «لەوە باشتر نابێت، بمدەرێ.»
داود بۆ گەت هەڵدێت
10 هەر لەو ڕۆژەدا داود هەستا و لەبەردەم شاول ڕایکرد، هات بۆ لای ئاخیشی پاشای گەت[m]. 11 خزمەتکارەکانی ئاخیش بە پاشایان گوت: «ئەرێ ئەمە داودی پاشای خاکەکە نییە؟ ئەی بۆ ئەم نەبوو بەدەم گۆرانی و سەماوە دەیانگوت:
«”شاول هەزارانی کوشت و
داودیش دەیان هەزار“؟»
12 داود ئەم قسانەی خستە ناو دڵییەوە و زۆر لە ئاخیشی پاشای گەت ترسا، 13 لەبەرچاویاندا هەڵسوکەوتی خۆی گۆڕی، لەبەردەستیان خۆی شێتکرد و دەستی بە ڕووشاندنی چوارچێوەی دەروازەکان کرد، لیک بە ڕیشیدا دەهاتە خوارەوە.
14 ئینجا ئاخیش بە خزمەتکارەکانی گوت: «ئەوەتا دەبینن ئەم پیاوە شێتە؟ ئیتر بۆچی دەیهێننە لای من؟ 15 ئایا من پێویستم بە شێت هەیە، هەتا ئەمەم بۆ بهێنن و لەبەردەمم شێتی بیگرێت؟ ئایا ئەمە بێتە ناو ماڵەکەمەوە؟»
داود لە عەدولام و میچپا
22 پاشان داود لە گەت ڕۆیشت و بۆ ئەشکەوتی عەدولام دەرباز بوو. کاتێک براکانی و هەموو ماڵی باوکی ئەمەیان بیست، چوونە ئەوێ بۆ لای. 2 جا هەرچی پیاوی لێقەوماو و قەرزار و ناڕازی لە ژیان هەبوو لێی کۆبوونەوە، ئەویش بوو بە سەرۆکیان، نزیکەی چوار سەد پیاوی لەگەڵ بوو.
3 داود لەوێوە چوو بۆ میچپای مۆئاب و بە پاشای مۆئابی گوت: «تکایە با دایک و باوکم بۆ لای ئێوە بێن، هەتا بزانم خودا چیم بۆ دەکات.» 4 هەردووکیانی برد بۆ لای پاشای مۆئاب و ئەوانیش لەلای مانەوە، بە درێژایی ئەو ماوەیەی داود لە قەڵاکە بوو.
5 بەڵام گادی پێغەمبەر بە داودی گوت: «لەناو قەڵاکە مەمێنەرەوە، بڕۆ ناو خاکی یەهودا.» داودیش ڕۆیشت و چوو بۆ دارستانی حەرەت.
کوشتنی کاهینەکانی شاری نۆڤ
6 ئینجا شاول گوێی لێبوو کە داود و ئەو پیاوانەی لەگەڵیدان ئاشکرا بوون. جا شاول لە گیڤعا لەژێر دار گەزێک لە ڕامە دانیشتبوو و ڕمەکەی بەدەستەوە بوو، سەرجەم خزمەتکارەکانی لە دەوری وەستابوون. 7 شاول پێی گوتن: «ئەی بنیامینییەکان، ئێستا گوێ بگرن! ئایا کوڕەکەی یەسا کێڵگە و ڕەزەمێو بە هەمووتان دەدات؟ ئایا هەمووتان دەکاتە فەرماندەی هەزاران و سەدان؟ 8 هەموو پیلانتان لە دژم گێڕاوە، کەستان پەیمانی نێوان کوڕەکەی من و کوڕەکەی یەساتان بۆ ئاشکرا نەکردم. کەستان دڵی پێم ناسووتێت، کەستان بەگوێمدا نەیچرپاند کە کوڕەکەم خزمەتکارەکەی خۆمی لێ هەستاندوومەتەوە هەتا وەک ئەمڕۆ بۆسەم بۆ دابنێتەوە.»
9 بەڵام دۆئێگی ئەدۆمی کە لەگەڵ خزمەتکارەکانی شاولدا وەستابوو وەڵامی دایەوە، گوتی: «کوڕەکەی یەسام بینی بۆ نۆڤ دەهات، بۆ لای ئەحیمەلەخی کوڕی ئەحیتوڤ. 10 ئەحیمەلەخیش پرسیاری لە یەزدان بۆ کرد، ئازووقەی پێدا و شمشێرەکەی گۆلیاتی فەلەستیشی دایێ.»
11 پاشا ناردی بەدوای ئەحیمەلەخی کوڕی ئەحیتوڤی کاهین و هەموو ماڵی باوکی، ئەو کاهینانەی لە نۆڤ بوون، بانگی کردن و هەموویان هاتن بۆ لای پاشا. 12 شاول گوتی: «کوڕی ئەحیتوڤ، ئێستا گوێ بگرە.»
ئەویش گوتی: «بەڵێ، گەورەم.»
13 شاول پێی گوت: «بۆچی خۆت و کوڕەکەی یەسا پیلانتان لە دژم گێڕا، بەوەی نان و شمشێرت پێداوە و پرسیارت لە خودا بۆ کردووە، بۆ ئەوەی ئەمڕۆ لە دژم هەستێت و بۆسەم بۆ بنێتەوە؟»
14 ئەحیمەلەخیش وەڵامی پاشای دایەوە: «جا لە هەموو خزمەتکارەکانت کێ وەک داود دڵسۆزە، زاوای پاشا و فەرماندەی پاسەوانانی خۆت، لە ماڵەکەتدا ڕێزدارە؟ 15 ئایا ئەمە یەکەم جار بووە بۆی لە خودا بپرسم؟ نەخێر! با پاشا هیچ نەخاتە پاڵ خزمەتکارەکەی و پاڵ هەموو ماڵی باوکم، چونکە خزمەتکارەکەت کەم یان زۆر، هیچ لەبارەی ئەمەوە نازانێت.»
16 بەڵام پاشا گوتی: «ئەحیمەلەخ، بە دڵنیاییەوە سزای خۆت و هەموو ماڵی باوکت مردنە.»
17 ئینجا پاشا فەرمانی بەو پاسەوانانە کرد کە لە دەوری وەستابوون: «بڕۆن و کاهینەکانی یەزدان بکوژن، ئەوانیش دەستیان لەگەڵ داود تێکەڵاوە، چونکە زانییان ڕایکردووە و هەواڵیان نەدامێ.»
بەڵام خزمەتکارانی پاشا نەیانویست دەستیان درێژ بکەن تاکو لە کاهینەکانی یەزدان بدەن.
18 ئینجا پاشا بە دۆئێگی گوت: «تۆ بڕۆ و لە کاهینەکان بدە.» دۆئێگی ئەدۆمیش[n] چوو و لە کاهینەکانی دا، لەو ڕۆژەدا هەشتا و پێنج پیاوی ئێفۆد کەتان لەبەری کوشت، 19 نۆڤی شاری کاهینەکانیشی دایە بەر شمشێر، پیاو و ئافرەت و منداڵ و شیرەخۆرە و گا و گوێدرێژ و مەڕی بە شمشێر کوشت.
20 بەڵام تاکە کوڕێکی ئەحیمەلەخی کوڕی ئەحیتوڤ کە ناوی ئەبیاتار بوو دەرباز بوو و ڕایکرد بۆ لای داود. 21 جا ئەبیاتار بە داودی ڕاگەیاند کە شاول کاهینەکانی یەزدانی کوشتووە. 22 داودیش بە ئەبیاتاری گوت: «لەو ڕۆژەوەی کە دۆئێگی ئەدۆمی لەوێ بوو زانیم بێگومان بە شاول ڕادەگەیەنێت. من بوومە هۆی کوشتنی هەموو ماڵی باوکت. 23 لەگەڵ مندا بمێنەرەوە و مەترسە، چونکە ئەوەی دەیەوێ من بکوژێت دەیەوێ تۆش بکوژێت، بەڵام لەلای من پارێزراو دەبیت.»
ڕزگارکردنی شاری قەعیلا
23 کاتێک بە داود ڕاگەیەنرا و گوترا: «فەلەستییەکان لە دژی قەعیلا دەجەنگن و جۆخینەکان[o] تاڵان دەکەن،» 2 ئەویش لە یەزدانی پرسی و گوتی: «بچم، لەو فەلەستییانە بدەم؟»
یەزدانیش بە داودی فەرموو: «بڕۆ لە فەلەستییەکان بدە و قەعیلا ڕزگار بکە.»
3 بەڵام پیاوەکانی داود پێیان گوت: «ئێمە لێرە لە یەهوداین وا دەترسین، ئەی چەند زیاتر ئەگەر لە دژی لەشکری فەلەستییەکان بچینە قەعیلا؟»
4 دیسان داود گەڕایەوە لە یەزدانی پرسی، یەزدانیش وەڵامی دایەوە و فەرمووی: «هەستە و بڕۆ بۆ قەعیلا، چونکە من فەلەستییەکان دەدەمە دەست تۆ.» 5 ئینجا داود و پیاوەکانی چوونە قەعیلا، لە دژی فەلەستییەکان جەنگان و ئاژەڵە ماڵییەکانی ئەوانیان برد. ئیتر داود زیانێکی گەورەی بە فەلەستییەکان گەیاند و دانیشتووانی قەعیلاشی ڕزگار کرد. 6 کە ئەبیاتاری کوڕی ئەحیمەلەخ بۆ لای داود هەڵاتبوو چووبووە قەعیلا، ئێفۆدێکی لەگەڵ خۆی بردبوو.
ڕاونانی داود لەلایەن شاولەوە
7 بە شاول ڕاگەیەنرا کە داود هاتووە بۆ قەعیلا، شاول گوتی: «خودا داویەتییە دەستم، چونکە بە هاتنە ژوورەوەی بۆ ناو شارێک کە دەرگا و شمشیرەی[p] هەیە تێکەوت.» 8 ئینجا شاول هەموو هێزەکانی بۆ جەنگ بانگکرد، بۆ دابەزین بۆ قەعیلا و گەمارۆدانی داود و پیاوەکانی.
9 کاتێک داود بەو پیلانگێڕییە خراپەی شاولی زانی، بە ئەبیاتاری کاهینی گوت: «ئێفۆدەکە بهێنە.» 10 داود گوتی: «ئەی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل، بەندەکەت بە دڵنیایی بیستوویەتی کە شاول دەیەوێت بێتە قەعیلا تاوەکو بەهۆی منەوە شارەکە کاول بکات. 11 ئایا خەڵکی قەعیلا دەمدەنە دەستیەوە؟ ئایا شاول دێت، هەروەک بەندەکەت بیستوویەتی؟ ئەی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل، ئەم شتانە بۆ بەندەکەت ئاشکرا بکە.»
یەزدانیش فەرمووی: «دێت.»
12 ئەم جارە داود گوتی: «ئایا خەڵکی قەعیلا من و پیاوەکانم دەدەنە دەست شاول؟» یەزدانیش فەرمووی: «بەدەستەوەتان دەدەن.»
13 ئیتر داود و پیاوەکانی کە نزیکەی شەش سەد کەس بوون خۆیان ئامادە کرد و قەعیلایان بەجێهێشت و لە شوێنێکەوە دەچوون بۆ شوێنێکی دیکە. کاتێک بە شاول ڕاگەیەنرا کە داود لە قەعیلا دەربازی بووە، بەدوایاندا نەچوو.
14 داودیش لە چۆڵەوانی لە قەڵاکاندا مایەوە، لە چیادا لە چۆڵەوانی زیف مایەوە، شاولیش بەردەوام بەدوایەوە بوو، بەڵام خودا نەیدایە دەست شاول.
15 کاتێک داود لە چۆڵەوانی زیف لە حۆرێش بوو زانی شاول بۆ کوشتنی هاتووەتە دەرەوە. 16 جا یۆناتانی کوڕی شاول هەستا و چوو بۆ لای داود بۆ حۆرێش و وای لێکرد بۆ هێزی پشت بە خودا ببەستێت، 17 پێی گوت: «مەترسە. شاولی باوکم دەستی ناتگاتێ. تۆ دەبیتە پاشای ئیسرائیل، منیش کەسی دووەم دەبم، تەنانەت شاولی باوکیشم ئەمە دەزانێت.» 18 هەردووکیان پەیمانێکیان لەبەردەم یەزداندا بەست و دوای ئەوە یۆناتانیش گەڕایەوە بۆ ماڵەکەی خۆی، بەڵام داود لە حۆرێشدا مایەوە.
19 پاشان زیفییەکان سەرکەوتن بۆ گیڤعا، بۆ لای شاول، گوتیان: «ئایا داود لەلای ئێمە خۆی نەشاردووەتەوە، لەناو قەڵاکانی حۆرێش لە گردی حەکیلا ئەوەی بەلای باشووری یەشیمۆنە؟ 20 ئێستاش ئەی پاشا دابەزە، هەر کاتێک ویستت دابەزە، ئێمەش لەسەرمانە بیدەینە دەستی پاشا.»
21 شاولیش وەڵامی دانەوە: «یەزدان بەرەکەتدارتان بکات، چونکە بەزەییتان پێمدا هاتەوە، 22 ئێستا بڕۆن و دڵنیابنەوە، بزانن و تەماشای ئەو جێگایە بکەن کە لێی دەبێت و کێ لەوێ بینیویەتی. پێم گوتراوە زۆر زۆرزانە. 23 تەماشا بکەن و هەموو ئەو حەشارگانەی کە خۆی تێیاندا حەشار دەدات بزانن و بە هەواڵی تەواوەوە بگەڕێنەوە بۆ لام، منیش لەگەڵتاندا دێم، ئەگەر لەو ناوچەیە بێت، ئەوا لەنێو هەموو خێڵەکانی یەهودا بەدوایدا دەگەڕێم.»
24 ئینجا هەستان و لەپێش شاولەوە چوون بۆ زیف و لەو کاتەدا داود و پیاوەکانی لە چۆڵەوانی ماعۆن بوون، لە عەراڤا[q] لەلای باشووری یەشیمۆن. 25 شاول و پیاوەکانی چوون بەدوایدا بگەڕێن، بە داود ڕاگەیەنرا و ئەویش دابەزی بۆ تاشەبەردەکە و لە چۆڵەوانی ماعۆندا مایەوە. کاتێک شاول ئەمەی بیست، چوو بۆ چۆڵەوانی ماعۆن و دوای داود کەوت. 26 شاول بەم لای چیاکەدا دەڕۆیشت و داود و پیاوەکانیشی بە لایەکەی دیکەدا دەڕۆیشتن، داود بە پەلە لەبەردەم شاولدا هەڵدەهات، شاول و پیاوەکانی خەریک بوون داود و پیاوەکانی گەمارۆ بدەن هەتا دەستبەسەریان بکەن. 27 لەم کاتەدا نێردراوێک هاتە لای شاول و گوتی: «خێرا بکە و وەرەوە، چونکە فەلەستییەکان بەسەر خاکەکەیاندا داوە.» 28 لێرەدا شاول لە ڕاونانی داود گەڕایەوە و بۆ بەرەنگاربوونەوەی فەلەستییەکان چوو. لەبەر ئەوە ئەو شوێنە ناونرا تاشەبەردی جیابوونەوە. 29 ئینجا داود لەوێوە سەرکەوت و لە قەڵاکانی کانی گەدی مایەوە.
داود، شاول دەبەخشێت
24 پاش ئەوەی شاول لە ڕاونانی فەلەستییەکان گەڕایەوە پێی ڕاگەیەنرا و گوترا: «داود لە چۆڵەوانی کانی گەدییە.» 2 ئینجا شاول لە هەموو ئیسرائیلدا سێ هەزار پیاوی هەڵبژاردەی برد و چوو بۆ گەڕان بەدوای داود و پیاوەکانی، لەسەر هەڵدێرەکانی بزنە کێوییەکان.
3 شاول هاتە لای پەرژینە مەڕەکانی سەر ڕێگاکە، لەوێدا ئەشکەوتێکی لێبوو، چووە ژوورەوە هەتا دەست بەئاوبگەیەنێت. داود و پیاوەکانیشی لە قووڵایی ئەشکەوتەکەدا دانیشتبوون. 4 پیاوەکانی داود پێیان گوت: «ئەوە ئەو ڕۆژەیە کە یەزدان پێی فەرمووی: ”من دوژمنەکانت دەدەمە دەستت، تۆش ئەوەی پێت باشە پێیانی دەکەیت.“» داودیش هەستا و بەدزییەوە لایەکی کەواکەی شاولی بڕی.
5 پاش ئەمە، دڵی داود ئازاری دا، لەبەر ئەوەی لایەکی کەواکەی شاولی بڕی. 6 جا بە پیاوەکانی گوت: «لەلایەن یەزدانەوە بە دوور بێت کە کاری وا بە گەورەکەم بکەم، دەستنیشانکراوی یەزدان، ئەگەر دەستی بۆ درێژ بکەم، چونکە ئەو دەستنیشانکراوی یەزدانە.» 7 داود بەم قسانە پیاوەکانی سەرزەنشت کرد و ڕێگای پێنەدان بۆ هێرشکردنە سەر شاول، شاولیش لە ئەشکەوتەکە هەستا و ڕێگای خۆی گرتەبەر.
8 پاش ئەمە داود هەستا و لە ئەشکەوتەکە چووە دەرەوە، بەدوای شاولدا هاواری کرد و گوتی: «پاشای گەورەم!» کاتێک شاول بەرەو دواوە ئاوڕی دایەوە، داود سەری دانەواند و کڕنۆشی برد. 9 ئینجا داود بە شاولی گوت: «بۆچی گوێ لە قسەی خەڵک دەگریت، ئەوانەی دەڵێن: ”ئەوەتا داود خراپەی تۆی دەوێت“؟ 10 ئەوەتا ئەمڕۆ بە چاوەکانی خۆت بینیت کە چۆن یەزدان ئەمڕۆ تۆی لەو ئەشکەوتەدا دایە دەستم. پێم گوترا کە بتکوژم، بەڵام من بەزەییم پێتدا هاتەوە و گوتم: ”دەستم بۆ گەورەم درێژ ناکەم، چونکە ئەو دەستنیشانکراوی یەزدانە.“ 11 باوکە تەماشا بکە، تەماشا دامێنی کەواکەت بەدەستمەوەیە! من دامێنی کەواکەی تۆم بڕی بەڵام نەمکوشتیت، بزانە و ببینە کە من هیچ خراپە و ناپاکییەکم نییە، دەرهەق بە تۆ تاوانبار نیم. کەچی تۆ ڕاوم دەنێی هەتا بمکوژیت. 12 با یەزدان دادوەری لەنێوان من و تۆدا بکات، یەزدان تۆڵەی منت لێ بکاتەوە، بەڵام من دەستت لێ بەرز ناکەمەوە، 13 هەروەک پەندی پێشینان دەڵێت: ”خراپە لە خراپەکاران دەوەشێتەوە،“ لەبەر ئەوە من دەستت لێ بەرز ناکەمەوە.
14 «پاشای ئیسرائیل بەدوای کێ کەوتووە؟ تۆ کێ ڕاو دەنێیت؟ بەدوای سەگێکی تۆپیو؟ بەدوای کێچێک؟ 15 با یەزدان ببێت بە دادوەر و حوکم لەنێوان من و تۆدا بکات، تەماشا بکات و ئەستۆپاکیم بسەلمێنێت، لە دەستی تۆ دەربازم بکات.»
16 ئەوە بوو کە داود لەم قسانە بووەوە بۆ شاول، شاول گوتی: «داود، کوڕم، ئەمە دەنگی تۆیە؟» جا شاول دەنگی بەرزکردەوە و گریا، 17 بە داودی گوت: «تۆ لە من ڕاستودروستتریت، چونکە تۆ بە چاکە پاداشتت دامەوە، بەڵام من بە خراپە. 18 هەروەها ئەمڕۆ تۆ دەرتخست کە چاکەت لەگەڵدا کردووم، چونکە یەزدان منی دا بە دەستتەوە، بەڵام تۆ نەتکوشتم. 19 ئەگەر پیاو دوژمنەکەی دەست بکەوێت، ئایا بەرەو ڕێگای باش بەڕەڵای دەکات؟ با یەزدان پاداشتی چاکەت بداتەوە لەسەر ئەوەی ئەمڕۆ لەگەڵ مندا کردت. 20 ئێستاش بە دڵنیاییەوە من دەزانم تۆ دەبیت بە پاشا، بە دەستی تۆ پاشایەتی ئیسرائیل دەچەسپێت. 21 ئێستا بە یەزدان سوێندم بۆ بخۆ کە دوای خۆم نەوەکەم نابڕیتەوە و ناویشم لە ماڵی باوکمدا ناسڕیتەوە.»
22 ئیتر داود سوێندی بۆ شاول خوارد، شاولیش گەڕایەوە ماڵەکەی خۆی، داود و پیاوەکانیشی بۆ قەڵاکە سەرکەوتن.
داود و نابال و ئەبیگایل
25 ئەوە بوو ساموئێل مرد، هەموو ئیسرائیل کۆبوونەوە و شیوەنیان بۆ گێڕا، لە ماڵەکەی خۆیدا لە ڕامە ناشتیان.
دوای ئەوە داود هەستا و بەرەو چۆڵەوانی ماعۆن دابەزی. 2 پیاوێک هەبوو لە ماعۆن موڵک و ماڵی لە کەرمەل[r] بوو. زۆر دەوڵەمەند بوو، سێ هەزار سەر مەڕ و هەزار سەر بزنی هەبوو، لە کەرمەل دەیبڕینەوە. 3 پیاوەکە ناوی نابال بوو، ئەبیگایلی ژنی تێگەیشتوو و ڕوخسار جوان بوو، بەڵام پیاوەکە کە لە خێڵی کالێبی بوو، دڵڕەق و بەد ڕەفتار بوو.
4 داود لە چۆڵەوانییەوە بیستی کە نابال مەڕەکانی دەبڕێتەوە، 5 دە خزمەتکاری نارد و پێی گوتن: «سەربکەون بۆ کەرمەل و بڕۆن بۆ لای نابال و بە ناوی منەوە سڵاوی لێ بکەن، 6 ئاوا بڵێن: ”تەمەن درێژ بیت، خۆت و خاووخێزانت سەلامەت بن و هەرچیت هەیە سەلامەت بێت!
7 «”ئێستا بیستوومە کە لەلای ئێوە کاتی بڕینەوەی مەڕەکانە. بە درێژایی ئەو ماوەیەی شوانەکانت لەگەڵ ئێمە لە کەرمەل بوون ئازارمان نەدان و هیچیان لێ بزر نەبوو. 8 لە خزمەتکارەکانی خۆت بپرسە و ئەوان پێت دەڵێن. لەبەر ئەوە با ئەو خزمەتکارانەم پەسەند بن لەلات. لەبەر ئەوەی لە ڕۆژێکی چاکدا هاتووین، ئەوەی لە دەستت دێت بیدە خزمەتکارەکانت و داودی کوڕت.“»
9 کاتێک خزمەتکارەکان هاتن و بە ناوی داودەوە تەواوی ئەم پەیامەیان بە نابال ڕاگەیاند، چاوەڕێیان کرد.
10 نابالیش وەڵامی خزمەتکارەکانی داودی دایەوە و گوتی: «داود کێیە و کوڕی یەسا کێیە؟ لەم ڕۆژانەدا ئەو خزمەتکارانە زۆر بوون کە هەریەکە و لەبەردەم گەورەکەی هەڵدێت. 11 ئایا نان و ئاو و ئەو ئاژەڵانەی سەرم بڕییوە بۆ ئەوانەی خوری مەڕەکانم دەبڕنەوە، بیبەم و بیدەمە خەڵکێک کە نازانم خەڵکی کوێن؟»
12 جا خزمەتکارەکانی داود بە ڕێگاکەیاندا گەڕانەوە، هاتن و هەموو ئەو قسانەیان پێی ڕاگەیاند. 13 داودیش بە پیاوەکانی گوت: «با هەریەکە و شمشێرەکەی لە خۆی ببەستێت!» جا هەریەکە و شمشێرەکەی لە خۆی بەست، داودیش شمشێرەکەی لە خۆی بەست. نزیکەی چوار سەد پیاو بەدوای داودەوە سەرکەوتن، دوو سەد کەسیش لەلای کەلوپەلەکان مانەوە.
14 یەکێک لە خزمەتکارەکان بە ئەبیگایلی ژنی نابالی ڕاگەیاند و گوتی: «داود چەند نێردراوێکی لە چۆڵەوانییەوە نارد بۆ سڵاوکردن لە گەورەمان، ئەویش بەڕوویاندا تەقییەوە، 15 ئەو پیاوانەش چاکەی زۆریان بۆمان بووە و ئەزیەتیان نەداوین، بە درێژایی ئەو ماوەیەی کە لە کێڵگە لەگەڵیاندا بووین هیچمان لێ بزر نەبووە. 16 هەموو ئەو ماوەیەی کە لەگەڵیان بووین و مەڕمان دەلەوەڕاند، شەو و ڕۆژ شوورای دەورمان بوون. 17 ئێستاش بزانە و ببینە چی دەکەیت، چونکە بۆ گەورەمان و بۆ ماڵەکەی کارەسات بەڕێوەیە، گەورەمان کابرایەکی بەدفەڕە و قسەی لەگەڵدا ناکرێت.»
18 ئەبیگایلیش بە پەلە دوو سەد نان و دوو مەشکە شەراب و پێنج مەڕی کەوڵکراو و پێنج پێوانە[s] دانەوێڵەی برژاو و سەد هێشووە کشمیش و دوو سەد نانە هەنجیری برد و لە گوێدرێژەکانی بارکرد، 19 بە خزمەتکارەکانی گوت: «لەپێشمەوە بڕۆن، منیش وا لە دواتانەوە دێم.» بەڵام بە نابالی مێردی نەگوت.
20 کاتێک بە سواری گوێدرێژەکە دەڕۆیشت و بەناو شیوەکەدا دەهاتە خوارەوە، بینی وا داود و پیاوەکانی بەرەو ڕووی دێنە خوارەوە، چاوی پێیان کەوت. 21 داودیش قسەی دەکرد و دەیگوت: «بێ سوود هەموو شتەکانی ئەو پیاوەم لە چۆڵەوانیدا پاراست و لە هەموو ئەوەی هی ئەو بوو هیچ بزر نەبوو، کەچی لە جیاتی چاکە خراپەم دەداتەوە. 22 با خودا توندترین سزای داود بدات، ئەگەر هەتا بەرەبەیان نێرینەم هێشتەوە لە هەموو ئەوەی هی ئەوە!»
23 کاتێک ئەبیگایل داودی بینی، بە پەلە لە گوێدرێژەکە دابەزی و لەبەردەم داود لەسەر ڕوو کەوت، کڕنۆشی برد، 24 خۆی فڕێدا بەرپێی و گوتی: «گەورەم، ئەم تاوانە با لەسەر من بێت، با کارەکەرەکەت پێت بڵێت و گوێ لە قسەکانی بگرە. 25 تکایە با گەورەم دڵی خۆی بە نابالەوە خەریک نەکات، ئەو پیاوە بەدفەڕە، چونکە ناوی بە خۆیەوەیە، ناوی نابالە و گێلایەتی لەلای ئەوە. بەڵام من کارەکەری تۆم و ئەو خزمەتکارانەی تۆم نەبینی کە ناردبووتن.
26 «ئێستاش گەورەم، بە یەزدانی زیندوو و بە گیانی خۆت، یەزدان کە ڕێگای لێ گرتوویت لە خوێنڕشتن و تۆڵەسەندنەوە بە دەستی خۆت، ئێستا با دوژمنەکانت وەک نابالیان لێ بێت لەگەڵ هەموو ئەوانەی داوای خراپەت بۆ دەکەن. 27 ئێستاش ئەم دیارییەی کارەکەرەکەت هێناویەتی بۆ گەورەم، با بدرێتە ئەو خزمەتکارانە کە لەدوای گەورەمەوە دەڕۆن.
28 «هەروەها لە تاوانی کارەکەرەکەت خۆشبە، لەبەر ئەوە بێگومان یەزدان بنەماڵەیەکی چەسپاو بۆ گەورەکەم دروستدەکات، چونکە گەورەکەم لە پێناوی یەزدان دەجەنگێت. با بە درێژایی ژیانت خراپەت تێدا بەدی نەکرێت. 29 ئەگەر پیاوێک ڕاست بێتەوە و ڕاوت بنێت و بیەوێ بتکوژێت، یەزدانی پەروەردگارت ژیانی گەورەم لەگەڵ چەپکی ژیان دەپێچێتەوە، ژیانی دوژمنانیشت لەناو لەپی بەردەقانییەوە تووڕ دەدرێن[t]. 30 هەروەها کاتێک کە یەزدان هەموو ئەو چاکەیەی سەبارەت بە تۆ فەرموویەتی دەیکات، دەتکاتە فەرمانڕەوای ئیسرائیل، 31 با ئەمە نەبێتە بارێکی گران و کۆسپ لەسەر دڵی گەورەم، کە بڵێن خوێنێکی بەخۆڕاییت ڕشتووە، هەروەها گەورەم بە دەستی خۆی تۆڵەی خۆی کردووەتەوە. جا کە یەزدان چاکەی لەگەڵ گەورەمدا کرد، کارەکەرەکەت لەبیر بێت.»
32 داودیش بە ئەبیگایلی گوت: «ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل، ئەوەی ئەمڕۆ تۆی ناردووە بۆ پێشوازیکردنم. 33 هەروەها ژیریت بەرەکەتدار بێت، بەرەکەتدار بیت کە ئەمڕۆ منت گەڕاندەوە لە خوێنڕشتن و تۆڵەسەندنەوە بە دەستی خۆم. 34 بە یەزدانی زیندوو، خودای ئیسرائیل، ئەوەی نەیهێشت خراپەت لەگەڵ بکەم، ئەگەر بە پەلە بەپیرمەوە نەدەهاتیت، هەتا ڕووناکی بەرەبەیان نێرێکم بۆ نابال نەدەهێشتەوە.»
35 ئینجا ئەوەی بۆی هێنابوو داود لە دەستی وەرگرت و پێی گوت: «بە سەلامەتی سەربکەوە بۆ ماڵەکەت و ببینە من گوێم لێ گرتیت و داواکارییەکەی تۆم بەجێهێنا.»
36 پاشان ئەبیگایل هاتەوە لای نابال، بینی ئەوەتا لە ماڵەکەیدا خوان ئامادەکراوە وەک خوانی پاشا، نابال دڵخۆشە و زۆر سەرخۆش بووە. ئینجا هەتا ڕووناکی بەرەبەیان، نە کەم و نە زۆر هیچ شتێکی بۆ نەگێڕایەوە. 37 ئەوە بوو بۆ بەیانی کاتێک سەرخۆشییەکە نابالی بەردا، ژنەکەی ئەو قسانەی بۆ گێڕایەوە، جا تووشی شۆک بوو، وەک بەردی لێ هات. 38 ئیتر نزیکەی دوای دە ڕۆژ یەزدان لە نابالی دا و مرد.
39 کاتێک داود بیستییەوە کە نابال مردووە، گوتی: «ستایش بۆ یەزدان کە لە کێشەکەم دادپەروەری بۆ کردم، لەو سووکایەتییەی لەلایەن نابالەوە پێم کرا، بەندەکەی لە خراپەکردن پاراست، یەزدان خراپەکەی نابالی بەسەر خۆیدا هێنایەوە.»
ئینجا داود ناردی و لەگەڵ ئەبیگایل قسەی کرد هەتا ببێتە ژنی. 40 جا خزمەتکارەکانی داود هاتنە کەرمەل بۆ لای ئەبیگایل و پێیان گوت: «داود ئێمەی بۆ لات ناردووە هەتا بتکاتە ژنی خۆی.»
41 ئەویش هەستا و کڕنۆشی برد و سەری خستە سەر زەوی، گوتی: «ئەوەتا کارەکەرەکەت کەنیزەیە بۆ شوشتنی پێی خزمەتکارەکانی گەورەم.» 42 بە پەلە هەستا و سواری گوێدرێژێک بوو، پێنج کچە کارەکەریش لەگەڵ پێیدا ڕۆیشتن و دوای نێردراوەکانی داود کەوت و بوو بە ژنی. 43 هەروەها داود پێشتر ئەحینۆعەمی یەزرەعیلی هێنابوو، جا هەردووکیان ژنی بوون. 44 شاولیش میخەلی کچی کە ژنی داود بوو، دابوویە پەلتیێلی کوڕی لایش کە خەڵکی گەلیم بوو.
بۆ جاری دووەم داود، شاول دەبەخشێت
26 زیفییەکان هاتنە گیڤعا بۆ لای شاول و گوتیان: «ئایا داود لە گردی حەکیلای بەرامبەر یەشیمۆن خۆی نەشاردووەتەوە؟»
2 شاولیش هەستا و دابەزی بۆ چۆڵەوانی زیف و سێ هەزار پیاوی هەڵبژاردەی ئیسرائیلیشی لەگەڵدا بوو، بۆ ئەوەی لە چۆڵەوانی زیف بەدوای داود بگەڕێت. 3 ئینجا شاول لە گردی حەکیلا کە بەرامبەر یەشیمۆنە لەسەر ڕێگاکە چادری هەڵدا، داودیش لە چۆڵەوانییەکەدا مایەوە. کاتێک بینی وا شاول بەدوایدا هاتووە بۆ چۆڵەوانی، 4 داود چەند سووسەکەرێکی[u] نارد و بە دڵنیاییەوە زانی کە شاول هاتووە.
5 ئینجا داود هەستا و چوو بۆ ئەو شوێنەی شاول چادری لێ هەڵداوە، داود سەیری ئەو شوێنەی کرد کە شاول و ئەبنێری کوڕی نێری فەرماندەی گشتی سوپاکەی تێیدا پاڵکەوتبوون. شاول لەناو ئۆردوگاکە پاڵکەوتبوو، سوپاکەش لە چواردەوریدا دامەزرابوون.
6 ئینجا داود لە ئەحیمەلەخی حیتی و لە ئەبیشەیی کوڕی چەرویای برای یۆئابی پرسی: «کێ لەگەڵمدا دێتە خوارەوە، بۆ لای شاول بۆ ناو ئۆردوگاکە؟»
ئەبیشەیش گوتی: «من لەگەڵتدا دێمە خوارەوە.»
7 ئیتر داود و ئەبیشەی بە شەو هاتن بۆ لای سوپاکە و بینییان شاول لەناو ئۆردوگاکە پاڵکەوتووە و نوستووە، ڕمەکەشی لەلای سەرییەوە لە زەوی چەقیبوو، ئەبنێر و سوپاکەش لە چواردەوریدا پاڵکەوتبوون. 8 ئەبیشەی بە داودی گوت: «ئەمڕۆ خودا دوژمنەکەتی داوە بەدەستەوە، ئێستاش لێمگەڕێ با بە یەک ڕم لێدان بە زەویدا بیچەقێنم و لێی دووبارە ناکەمەوە.»
9 بەڵام داود بە ئەبیشەی گوت: «لەناوی مەبە، چونکە کێ دەستی بۆ دەستنیشانکراوی یەزدان درێژکردووە و بێتاوان بووە؟»
10 هەروەها داود گوتی: «بە یەزدانی زیندوو، یان یەزدان خۆی لێی دەدات یان ڕۆژی دێت و دەمرێت، یانیش دەچێت بۆ جەنگ و تێیدا لەناودەچێت. 11 لەلایەن یەزدانەوە لە من بەدوور بێت کە دەست بۆ دەستنیشانکراوی یەزدان درێژ بکەم. ئێستاش ڕمەکە و گۆزە ئاوەکەی لای سەری بهێنە و با بڕۆین.»
12 ئیتر داود ڕمەکە و گۆزە ئاوەکەی لای سەری شاولی برد و ڕۆیشتن، کەس نەیبینی و نەیزانی و بەخەبەر نەهات. هەموویان نوستبوون، چونکە یەزدان ئەوانی خستبووە خەوێکی قووڵەوە.
13 پاشان داود بۆ بەری ئەوبەر پەڕییەوە و لە دوورەوە لەسەر لووتکەی کێوێک وەستا، ماوەی نێوانیان زۆر بوو. 14 ئینجا داود بانگی سوپاکە و ئەبنێری کوڕی نێری کرد و گوتی: «ئەبنێر وەڵام نادەیتەوە؟»
ئەبنێریش گوتی: «تۆ کێیت بانگی پاشا دەکەیت؟»
15 داود بە ئەبنێری گوت: «ئایا تۆ پیاو نیت، کێ لە ئیسرائیلدا وەک تۆ وایە؟ ئەی بۆچی پاشای گەورەی خۆتت نەپاراست، چونکە یەکێک لە گەل هات بۆ ئەوەی پاشای گەورەت لەناو ببات. 16 ئەوەی تۆ کردت باش نەبوو. بە یەزدانی زیندوو، ئێوە شایانی سزای مردنن، چونکە پارێزگاریتان لە گەورەکەتان نەکرد، لە دەستنیشانکراوی یەزدان. ئێستاش سەیر بکە، کوا ڕمەکەی پاشا و ئەو گۆزە ئاوەی کە لەلای سەرییەوە بوو؟»
17 لێرەدا شاول دەنگی داودی ناسییەوە و گوتی: «داود، کوڕم، ئەوە دەنگی تۆیە؟»
داودیش گوتی: «گەورەم، پاشا، دەنگی منە.» 18 ئینجا گوتی: «ئایا بۆچی گەورەم خزمەتکارەکەی ڕاو دەنێت، من چیم کردووە و چ خراپەیەکم هەیە؟ 19 ئێستاش با پاشای گەورەم گوێ لە قسەی خزمەتکارەکەی بگرێت: ئەگەر یەزدان لە دژی من هانی داویت، با پێشکەشکراوم لێ وەربگرێت؛ بەڵام ئەگەر ئادەمیزادیش هانی داویت، با لەبەردەم یەزدان نەفرەت لێکراو بن. ئەمڕۆ منیان لە هاتنە ناو ڕیزی بەشە میراتی یەزدان دەرکردووە، پێم دەڵێن: ”بڕۆ خودای دیکە بپەرستە.“ 20 با خوێنم دوور لە ئامادەبوونی یەزدان نەکەوێتە سەر زەوی، چونکە پاشای ئیسرائیل بەدوای کێچێکدا هاتووەتە دەرەوە، وەک یەکێک لە چیاکاندا کەوێک ڕاو بکات.»
21 شاولیش پێی گوت: «من گوناهم کرد، داود کوڕم، بگەڕێوە، ئیتر خراپەت لەگەڵ ناکەم، پاش ئەوەی ئەمڕۆ ژیانی من لەبەرچاوی تۆ بەهادار بوو، من گێلایەتیم کرد و زۆر گومڕا بووم.»
22 داودیش وەڵامی دایەوە و گوتی: «ئەوە ڕمەکەی پاشایە، با یەکێک لە خزمەتکارەکان بپەڕێتەوە و بیبات. 23 یەزدانیش پاداشتی هەر پیاوێک بەپێی ڕاستودروستی و دەستپاکییەکەی دەداتەوە، چونکە ئەمڕۆ یەزدان تۆی بەدەستمەوە دا، بەڵام نەمویست دەست بۆ دەستنیشانکراوی یەزدان درێژ بکەم. 24 وەک چۆن ئەمڕۆ ژیانت لەبەرچاوی من بەهادار بوو، با ژیانی منیش لەبەرچاوی یەزدان بەهادار بێت و لە هەموو تەنگانەیەک فریام بکەوێت.»
25 ئینجا شاول بە داودی گوت: «داود کوڕم، تۆ بەرەکەتداریت، چونکە تۆ کاری گەورە دەکەیت و سەردەکەویت.»
دوای ئەوە داود ڕێگای خۆی گرتەبەر، شاولیش بۆ شوێنەکەی خۆی گەڕایەوە.
نیشتەجێبوونی داود لەنێو فەلەستییەکان
27 داود لە دڵی خۆیدا گوتی: «بێگومان ڕۆژێک بە دەستی شاول دەفەوتێم، لەبەر ئەوە باشترین شت بۆ من ئەوەیە هەڵبێم و خۆم دەرباز بکەم بۆ خاکی فەلەستییەکان، ئیتر شاول نائومێد دەبێت لە گەڕان بەدوامدا لەنێو سنوورەکانی ئیسرائیل و منیش لە دەستی دەرباز دەبم.»
2 داود هەستا و خۆی و ئەو شەش سەد پیاوەی لەگەڵی بوون پەڕینەوە بۆ لای ئاخیشی کوڕی ماعۆخی پاشای گەت. 3 ئیتر داود لە گەت لەلای ئاخیش مایەوە، خۆی و پیاوەکانی، هەریەکە و خێزانەکەی خۆی لەگەڵی بوو، داودیش لەگەڵ هەردوو ژنەکەی، ئەحینۆعەمی یەزرەعیلی و ئەبیگایلی کەرمەلی کە بێوەژنی نابال بوو. 4 بە شاول ڕاگەیەنرا کە داود بۆ گەت هەڵاتووە، ئیتر ئەویش بەدوایدا نەگەڕا.
5 داود بە ئاخیشی گوت: «ئەگەر لەبەرچاوت جێی ڕەزامەندی تۆم، لە یەکێک لە شارۆچکە دوورەدەستەکان شوێنێکم بدەرێ و با لەوێ نیشتەجێ بم، بۆچی خزمەتکارەکەت لەناو پایتەخت لەگەڵت نیشتەجێ بێت؟»
6 لەبەر ئەوە لەو ڕۆژەدا ئاخیش چیقلەگی پێدا، بۆیە لەو ڕۆژەوە هەتا ئەمڕۆش چیقلەگ بووە بە هی پاشاکانی یەهودا. 7 داود ساڵێک و چوار مانگ لە خاکی فەلەستییەکان نیشتەجێ بوو.
8 لەو ماوەیەدا داود و پیاوەکانی سەردەکەوتن و پەلاماری گەشووری و گیرزی و عەمالێقییەکانیان دەدا، چونکە ئەمانە لە کۆنەوە دانیشتووانی خاکەکە بوون، لەلای شوورەوە هەتا خاکی میسر. 9 هەر کاتێک داود هێرشی دەکردە سەر هەرێمێک پیاو و ئافرەتی بە زیندوویی نەدەهێشتەوە، مەڕ و مانگا و گوێدرێژ و وشتر و جلوبەرگی دەبرد و دەگەڕایەوە، دەهاتەوە لای ئاخیش.
10 کاتێک ئاخیش پرسیاری لێ دەکرد: «ئەمڕۆ پەلاماری کوێتان داوە؟» داودیش دەیگوت: «نەقەبی[v] یەهودا» یان «نەقەبی یەرەحمێلییەکان» یان «نەقەبی قێنییەکان.» 11 داود پیاو و ئافرەتی بە زیندوویی نەدەهێشتەوە هەتا بێنە گەت، چونکە دەیگوت: «نەوەک لە گەت ڕابگەیەنن: ”داود ئەمەی کردووە.“» ئەمە پیشەی ڕۆژانەی بوو لە هەموو ئەو ماوەیەی لە خاکی فەلەستییەکان نیشتەجێ بوو. 12 ئاخیش بڕوای بە داود دەکرد و دەیگوت: «داود لەلای ئیسرائیلی گەلی خۆی بە تەواوی قێزەون بووە، جا هەتاهەتایە دەبێتە بەندەم.»
شاول و جادووگەرەکەی کانی دۆر
28 ئەوە بوو لەو ڕۆژانەدا فەلەستییەکان سوپاکانیان بۆ جەنگ لە دژی ئیسرائیل کۆکردەوە، جا ئاخیش بە داودی گوت: «دڵنیابە، خۆت و پیاوەکانت لە سوپاکەدا لەگەڵ من دەبن.»
2 داودیش بە ئاخیشی گوت: «ئینجا دەزانیت خزمەتکارەکەت چی دەکات.»
ئاخیش بە داودی گوت: «لەبەر ئەوە بە درێژایی ژیانت دەتکەمە پاسەوانی ژیانم.»
3 کاتێک ساموئێل مردبوو و هەموو ئیسرائیل شیوەنیان بۆ گێڕا، لە ڕامە لە شارۆچکەکەی خۆی ناشتیان. لەو ماوەیەدا شاول نێوانگر[w] و ڕۆح ئامادەکارەکانی[x] لە خاکەکە دوورخستبووەوە.
4 لەو کاتەدا فەلەستییەکان کۆبوونەوە و هاتن و لە شونێم خێوەتگایان هەڵدا، شاولیش هەموو ئیسرائیلی کۆکردەوە و لە گلبۆع خێوەتگایان هەڵدا. 5 جا شاول کە سوپای فەلەستییەکانی بینی ترسا و دڵی زۆر شڵەژا. 6 کاتێک شاول پرسیاری لە یەزدان کرد، یەزدان نە بە خەون و نە بە ئوریم[y] و نە بە پێغەمبەرەکان وەڵامی نەدایەوە. 7 لەبەر ئەوە شاول بە خزمەتکارەکانی گوت: «بەدوای ژنێکی نێوانگردا[z] بۆم بگەڕێن، هەتا بچمە لای و پرسیاری لێ بکەم.»
خزمەتکارەکانیشی پێیان گوت:
«ژنێکی نێوانگر لە کانی دۆر هەیە.»
8 ئینجا شاول دەموچاوی خۆی گۆڕی و جلێکی دیکەی لەبەرکرد، دوو پیاوی لەگەڵ خۆی برد و بە شەو چوو بۆ لای ژنەکە، پێی گوت: «تکایە بەهۆی جنۆکەوە ڕۆح ئامادەکاریم بۆ بکە، ئەو کەسەم بۆ دەربخە کە پێتی دەڵێم.»
9 بەڵام ژنەکە پێی گوت: «خۆت دەزانیت شاول چی کردووە و چۆن نێوانگر و ڕۆح ئامادەکارەکانی لە خاکەکە بڕیوەتەوە،[aa] ئیتر بۆچی داو بۆ ژیانم دەنێیتەوە هەتا بکوژرێم؟»
10 شاولیش بە یەزدان سوێندی بۆ خوارد و گوتی: «بە یەزدانی زیندوو، لەم کارەدا هیچ سزایەکت نادرێتە پاڵ.»
11 جا ژنەکە گوتی: «کێت بۆ دەربخەم؟»
ئەویش گوتی: «ساموئێلم بۆ دەربخە.»
12 کە ژنەکە ساموئێلی بینی بە دەنگێکی بەرز قیژاندی. ژنەکە بە شاولی گوت: «بۆچی هەڵتخەڵەتاندم؟ تۆ شاولیت.»
13 پاشاش پێی گوت: «مەترسە، چیت بینی؟»
ژنەکە بە شاولی گوت: «ڕۆحێکم بینی لە زەوییەوە سەردەکەوت.»
14 ئەویش پێی گوت: «شێوەی چۆنە؟»
ژنەکە گوتی: «پیرەمێردێکە سەردەکەوێت و کەوایەکی لەبەردایە.»
جا شاول زانی ئەوە ساموئێلە، سەری دانەواند و کڕنۆشی برد.
15 ساموئێل بە شاولی گوت: «بۆچی ڕاتچڵەکاندم و سەرت خستم؟»
شاولیش گوتی: «زۆر لە تەنگانەدام. فەلەستییەکان لە دژم دەجەنگن و خوداش لێم جیا بووەتەوە و چیدی وەڵامم ناداتەوە، نە بەهۆی پێغەمبەرەکانەوە و نە بە خەون، منیش بانگم کردیت هەتا پێم بڵێی چی بکەم.»
16 ساموئێلیش گوتی: «بۆچی پرسیارم لێ دەکەیت لە کاتێکدا یەزدان لێت جیا بووەتەوە و بووە بە دوژمنت؟ 17 یەزدان ئەوەی بۆ داود کرد، کە لە ڕێگەی منەوە فەرمووی. یەزدان پاشایەتییەکەی لە دەستت هەڵتەکاند و دای بە نزیکەکەت، بە داود. 18 وەک چۆن گوێڕایەڵی فەرمایشتی یەزدان نەبوویت و گڕی تووڕەیی ئەوت بەسەر عەمالێقییەکاندا نەباراند، لەبەر ئەوە یەزدان ئەمڕۆ ئەمەی بەسەرت هێناوە. 19 هەروەها یەزدان، ئیسرائیلیش لەگەڵ تۆدا بە دەست فەلەستییەکانەوە دەدات، سبەینێ خۆت و کوڕەکانت لەگەڵ مندا دەبن، هەروەها یەزدان سوپای ئیسرائیلیش بەدەست فەلەستییەکانەوە دەدات.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.