Bible in 90 Days
20 یاقوب نەزرێکیشی نەزر کرد[a] و گوتی: «ئەگەر خودا لەگەڵ من بێت و لەم ڕێگایە بمپارێزێت کە پێیدا دەڕۆم و نانی دامێ بیخۆم و جلوبەرگیش بیپۆشم، 21 بە سەلامەتیش گەڕامەوە لای ماڵی باوکم، ئەوا یەزدان دەبێتە خودای من. 22 ئەم بەردەش کە بە ستوونی ڕاگیرم کردووە، دەبێتە ماڵی خودا[b] و هەرچییەکیشم پێ ببەخشیت ئەوا دەیەکی لێ دەبەخشم.»
گەیشتنی یاقوب بۆ پەدان ئارام
29 ئینجا یاقوب پێی هەڵگرت و بەرەو خاکی گەلانی ڕۆژهەڵات ڕۆیشت. 2 بینی وا بیرێک لە دەشتودەرەکە هەیە و سێ ڕانە مەڕ لەوێ ڕاکشاون، چونکە شوانەکان لەو بیرەوە مەڕەکانیان ئاو دەدا. بەردێکی گەورەش لەسەر دەمی بیرەکە بوو. 3 کاتێک هەموو مێگەلەکان لەوێ کۆدەبوونەوە، شوانەکان بەردی سەر دەمی بیرەکەیان گلۆر دەکردەوە و مەڕەکانیان ئاو دەدا. پاشان بەردەکەیان دەگەڕاندەوە سەر دەمی بیرەکە، بۆ شوێنی خۆی.
4 یاقوب بانگی کردن: «برایان، ئێوە خەڵکی کوێن؟»
ئەوانیش گوتیان: «ئێمە خەڵکی حەڕانین.»
5 پێی گوتن: «لابانی کوڕەزای ناحۆر دەناسن؟»
گوتیان: «دەیناسین.»
6 ئینجا یاقوب گوتی: «خۆ سەلامەتە؟»
گوتیان: «بەڵێ سەلامەتە، ئەوەش ڕاحێلی کچییەتی مەڕەکان بەرەو ئێرە دێنێت.»
7 گوتی: «وا هێشتا ڕۆژ زۆری ماوە، کاتی کۆکردنەوەی مەڕەکان نییە. مەڕەکان ئاو بدەن و بڕۆنەوە بیانلەوەڕێنن.»
8 ئەوانیش گوتیان: «ناتوانین، هەتا هەموو مەڕەکان کۆنەبنەوە و بەردی سەر دەمی بیرەکە تل نەدرێت. ئەو کاتە مەڕەکان ئاو دەدرێن.»
9 هێشتا خەریکی قسەکردن بوو لەگەڵیان، ڕاحێل هات و مەڕەکانی باوکیشی لەگەڵ بوو، چونکە ڕاحێل شوان بوو. 10 کاتێک یاقوب ڕاحێلی کچی لابانی خاڵی و مەڕەکانی لابانی خاڵی بینی، یاقوب چووە پێشەوە و تلی دا بە بەردی سەر بیرەکە و مەڕەکانی لابانی خاڵی ئاو دا. 11 یاقوب ڕاحێلی ماچکرد و دەنگی بەرزکردەوە و گریا. 12 ئیتر یاقوب لە ڕاحێلی گەیاند کە ئەو کەسی باوکییەتی و کوڕی ڕڤقەیە. ئەویش ڕایکرد و بە باوکی ڕاگەیاند.
13 هەر کە لابان ئەم هەواڵەی یاقوبی خوشکەزای بیست، بە ڕاکردن چوو بۆ دیدەنی. باوەشی پێدا کرد و ماچی کرد و هێنایە ماڵەکەی خۆی. جا هەموو ئەم شتانەی بۆ لابان باسکرد. 14 لابانیش پێی گوت: «تۆ لە گۆشت و خوێنی منیت.»
هاوسەرگیری یاقوب لەگەڵ لێئە و ڕاحێل
لەدوای ئەوەی یاقوب مانگێک لەلای مایەوە، 15 لابان پێی گوت: «هەر لەبەر ئەوەی کەسی خۆمیت، ئایا ئیتر بەخۆڕایی کارم بۆ دەکەیت؟ پێم بڵێ ئاخۆ کرێیەکەت چی بێت؟»
16 لابان دوو کچی هەبوو، گەورەکەیان ناوی لێئە بوو، بچووکەکەشیان ناوی ڕاحێل بوو. 17 چاوەکانی لێئە کز بوون، بەڵام ڕاحێل ناسک و جوان بوو. 18 یاقوب ڕاحێلی خۆشدەویست، گوتی: «حەوت ساڵ کارت بۆ دەکەم بەرامبەر ڕاحێلی کچە بچووکەکەت.»
19 لابانیش گوتی: «بیدەمە تۆ باشترە لەوەی بیدەمە پیاوێکی دیکە. لێرە لەلای خۆم بمێنەوە.» 20 ئیتر یاقوب لەبەر ڕاحێل حەوت ساڵ کاری کرد، بەڵام لەلای ئەو وەک چەند ڕۆژێکی کەم وابوو، لەبەر خۆشەویستییەکەی بەرامبەر بە ڕاحێل.
21 ئینجا یاقوب بە لابانی گوت: «ژنەکەم بدەرێ، چونکە ماوەی خۆم تەواو بوو، دەشمەوێت بیگوازمەوە.»
22 لابانیش خەڵکی شوێنەکەی کۆکردەوە و ئاهەنگێکی ساز کرد. 23 بەڵام کاتێک ئێوارە داهات، پەلی لێئەی کچی گرت و هێنای بۆ یاقوب. ئەویش لەگەڵی نوست. 24 هەروەها لابان زیلپەی کەنیزەی خۆی کردە کەنیزەی لێئەی کچی.
25 کە ڕۆژ بووەوە، لێئە لەوێ بوو! یاقوبیش بە لابانی گوت: «ئەمە چییە بە منت کرد؟ مەگەر بۆ ڕاحێل نەبوو کە کارم بۆ کردیت؟ ئەی بۆچی فێڵت لێکردم؟»
26 لابانیش گوتی: «ئەوە دابونەریتی ئێمە نییە، لێرە کچە بچووکەکە پێش گەورەکە بە شوو بدەین. 27 هەفتەی بووکێنی ئەم تەواو بکە، ئەوی دیکەشیانت دەدەینێ بەرامبەر بە حەوت ساڵی دیکەی کار، کە بۆ منی دەکەیت.»
28 یاقوبیش بەم جۆرەی کرد. حەوت ڕۆژەکەی لەگەڵ لێئە تەواو کرد، لابانیش ڕاحێلی کچی پێدا هەتا ببێتە ژنی. 29 هەروەها لابان بیلهەی کەنیزەی خۆی کردە کەنیزەی ڕاحێلی کچی. 30 یاقوب لەگەڵ ڕاحێلیش نوست، ئەو ڕاحێلی لە لێئە زیاتر خۆشدەویست. حەوت ساڵی دیکەش کاری بۆ لابان کرد.
منداڵەکانی یاقوب
31 یەزدان بینی کە لێئە خۆشەویست نییە، ئیتر منداڵدانی کردەوە. بەڵام ڕاحێل نەزۆک بوو. 32 لێئە سکی پڕ بوو، کوڕێکی بوو ناوی لێنا ڕەئوبێن[c]، لەبەر ئەوەی گوتی: «یەزدان نەگبەتی منی بەدی کردووە، بێگومان ئێستا مێردەکەم منی خۆشدەوێ.»
33 دیسان سکی پڕ بوو، کوڕێکی دیکەی بوو، گوتی: «یەزدان بیستوویەتی خۆشەویست نیم. ئیتر ئەمەشی دامێ.» ناوی لێنا شیمۆن.
34 جارێکی دیکەش سکی پڕ بوو، کوڕێکی بوو، گوتی: «وا ئەم جارە ئیتر مێردەکەم پێمەوە پەیوەست دەبێت، چونکە سێ کوڕم بۆی بووە.» لەبەر ئەوە ناوی لێنا لێڤی[d].
35 دیسان سکی پڕ بوو، کوڕێکی بوو، گوتی: «ئەم جارە ستایشی یەزدان دەکەم.» لەبەر ئەوە ناوی لێنا یەهودا[e]. ئیتر لە سککردن وەستا.
30 کاتێک ڕاحێل بینی هیچ منداڵێکی بۆ یاقوب نەبوو، بەغیلی بە خوشکەکەی خۆی برد، بە یاقوبی گوت: «منداڵم پێبدە، ئەگینا دەمرم!»
2 تووڕەیی یاقوب لە ڕاحێل جۆشا، گوتی: «ئایا من لە جێی خودام کە لە بەرهەمی سک بێبەشی کردوویت؟»
3 ئەویش گوتی: «ئەوەتا بیلهەی کەنیزەم. لەگەڵی بنوو هەتا لەسەر چۆکم منداڵی ببێت، ئیتر لەوەوە منیش کوڕم دەبێت.»
4 جا بیلهەی کەنیزەی خۆی دایێ هەتا ببێتە ژنی. یاقوبیش لەگەڵی نوست. 5 بیلهەش سکی پڕ بوو، کوڕێکی بۆ یاقوب بوو. 6 ڕاحێل گوتی: «خودا پشتگیری لێکردم و گوێی لە داواکەم گرت، هەروەها گوێی لە دەنگم بوو، کوڕێکی دامێ.» لەبەر ئەوە ناوی لێنا دان[f].
7 دیسان بیلهە، کەنیزەکەی ڕاحێل سکی کرد و کوڕی دووەمی بۆ یاقوب بوو. 8 ئینجا ڕاحێل گوتی: «بە زۆرانبازی خودا، زۆرانبازیم لەگەڵ خوشکەکەم کرد و بردیشمەوە.» لەبەر ئەوە ناوی لێنا نەفتالی.
9 کاتێک لێئە بینی وا لە سککردن وەستاوە، پەلی زیلپەی کەنیزەکەی خۆی گرت و دایە یاقوب هەتا ببێتە ژنی. 10 زیلپەی کەنیزەی لێئە کوڕێکی بۆ یاقوب بوو. 11 لێئە گوتی: «بە بەختەوەری!» ئیتر ناوی لێنا گاد.
12 زیلپەی کەنیزەی لێئە کوڕی دووەمی بۆ یاقوب بوو. 13 لێئەش گوتی: «بە خۆزگە پێخوازراویم! چونکە کچان خۆزگەم پێ دەخوازن.» ئیتر ناوی لێنا ئاشێر[g].
14 لە ڕۆژانی دروێنەی گەنمدا، ڕەئوبێن چوو هەندێک گیائادەمەی[h] لە کێڵگە بینییەوە و بۆ لێئەی دایکی هێنایەوە. ڕاحێلیش بە لێئەی گوت: «هەندێک لە گیائادەمەی کوڕەکەتم بدەرێ.»
15 بەڵام لێئە گوتی: «بە لاتەوە کەمە مێردەکەت بردووم؟ گیائادەمەی کوڕەکەشم دەبەیت؟»
ڕاحێلیش گوتی: «دەی باشە با لە جیاتی گیائادەمەی کوڕەکەت ئەمشەو لەگەڵ تۆ بنووێت.»
16 کاتێک یاقوب دەمەو ئێوارە لە کێڵگە گەڕایەوە، لێئە بۆ پێشوازیکردنی چووە دەرەوە و گوتی: «دێیتە لای خۆم، چونکە بە گیائادەمەی کوڕەکەم بە کرێم گرتوویت.» ئەویش ئەو شەوە لەگەڵی نوست.
17 خودا گوێی لە لێئە بوو، ئیتر سکی پڕ بوو، کوڕی پێنجەمی بۆ یاقوب بوو. 18 ئینجا لێئە گوتی: «خودا پاداشتی ئەوەی دامەوە کە کەنیزەکەی خۆمم دایە پیاوەکەم.» ئیتر ناوی لێنا یەساخار[i].
19 دیسان لێئە سکی کرد و کوڕی شەشەمینی بۆ یاقوب بوو. 20 ئینجا لێئە گوتی: «خودا بە خەڵاتێکی باش خەڵاتی کردم. ئێستا مێردەکەم گوزەرانم لەگەڵ دەکات، چونکە شەش کوڕم بۆی بوو.» ناوی لە کوڕەکەش نا زەبولون.
21 دوای ئەمە کچێکیشی بوو، ناوی لێنا دینە.
22 خودا ڕاحێلی هاتەوە یاد[j]، خودا گوێی لە دەنگی بوو، منداڵدانی کردەوە. 23 ئیتر سکی پڕ بوو، کوڕێکی بوو، گوتی: «خودا سووکایەتییەکەی لەسەر لابردم.» 24 ناوی لێنا یوسف، چونکە گوتی: «یەزدان کوڕێکی دیکەشم بۆ زیاد دەکات.»
مەڕی یاقوب زۆر دەبێت
25 لەدوای ئەوەی ڕاحێل یوسفی بوو، یاقوب بە لابانی گوت: «بمنێرەوە و دەگەڕێمەوە شوێن و زەوی خۆم. 26 ژنەکانم و منداڵەکانیشم بدە دەستم کە لە پێناویاندا خزمەتم کردوویت، ئیتر دەڕۆم. خۆشت دەزانیت ئەو خزمەتەی خزمەتم کردوویت.»
27 بەڵام لابان پێی گوت: «خۆزگە پەسەند دەبووم لەبەرچاوت. فاڵم گرتووەتەوە کە یەزدان لەبەر تۆ بەرەکەتداری کردووم.» 28 ئینجا گوتی: «کرێی خۆتم بۆ دیاری بکە تاکو پێت بدەم.»
29 یاقوبیش پێی گوت: «تۆ خۆت دەزانیت چەند خزمەتم کردوویت و مەڕوماڵاتەکەت لەلای من چۆن بووە، 30 چونکە پێش هاتنی من ئەوەی هەتبوو کەم بوو، دوای هاتنم زۆر پەرەی سەند و یەزدانیش بەرەکەتداری کردیت. بەڵام ئێستا کەی کار بۆ ماڵەکەی خۆشم بکەم؟»
31 ئەویش گوتی: «چیت بدەمێ؟»
یاقوبیش گوتی: «هیچم مەدەرێ، بەڵام ئەگەر تەنها ئەم کارەم لەگەڵ بکەیت، ئەوا سەرلەنوێ شوانی و پاسەوانی مەڕەکانت دەکەم. 32 ئەمڕۆ لێمگەڕێ بەناو هەموو مێگەلەکانتدا تێپەڕم، هەرچی مەڕ و بزنی خاڵدار و بەڵەک و هەرچی بەرخی ڕەش لەناویاندا هەیە جیای دەکەمەوە. ئەوانە کرێیەکەی من دەبن. 33 سبەینێش ڕاستودروستی من دەسەلمێنێت، کاتێک بۆ کرێیەکەم دێمە پێشت، هەرچی خاڵدار و بەڵەک نەبێت لەناو بزنەکان و ڕەش نەبێت لەناو بەرخەکان، لەلای من بە دزراو دادەنرێت.»
34 لابانیش گوتی: «باشە، تۆ چۆن دەڵێیت، با وابێت.» 35 هەر هەمان ڕۆژ هەموو تەگە[k] خەتدار و بەڵەکەکان و هەموو بزنە خاڵدار و بەڵەکەکانی جیا کردەوە، هەموو ئەوانەی سپیێتییان تێدا هەبوو، لەگەڵ هەموو ڕەشەکان لەنێوان بەرخەکان دایە دەست کوڕەکانی. 36 ئینجا ماوەی سێ ڕۆژە ڕێی خستە نێوان خۆی و یاقوبەوە، یاقوبیش شوانی پاشماوەی مەڕەکانی لابانی دەکرد.
37 یاقوب چڵی سەوزی لە دار بی و بادەم و چناری هێنا و خەتی سپی لەسەر کێشان، بە پاککردنەوەی توێکڵەکانیان لە شوێنی هێڵەکان و دەرخستنی سپیێتییەکەی ژێریان. 38 ئینجا چڵە پاککراوەکانی لەناو ئاخوڕەکانی ئاو خواردنەوە ڕاگرت، کە مەڕەکان بۆ ئاو خواردنەوە بۆی دەهاتن، بەرامبەر بە مەڕەکان، هەتا لە کاتی هاتنیان بۆ ئاو خواردنەوە بەتەگەبێن. 39 جا مەڕەکان لەلای چڵەکان پەڕین و مەڕەکان بەچکەی خەتدار و خاڵدار و بەڵەکیان بوو. 40 ئینجا یاقوب بەرخەکانی جیا کردەوە، بەڵام ڕووی مەڕەکانی لە خەتدارەکان و ڕەشەکان کرد لە مەڕەکانی لابان. بەم شێوە بۆ خۆی مێگەلی دانا و لەگەڵ مەڕەکانی لابان داینەنان. 41 ئەوە بوو هەر کاتێک مەڕە بەهێزەکان بە تەگە دەهاتن، یاقوب لەپێش چاویان چڵەکانی لەناو حەوزەکان دادەنا بۆ ئەوەی لەناو چڵەکان جووت ببن. 42 بەڵام کاتێک مەڕەکان لاواز دەبوون داینەدەنان، جا لاوازەکان بۆ لابان بوون و بەهێزەکانیش بۆ یاقوب. 43 ئینجا پیاوەکە زۆر بەرفراوان بوو، ئیتر مەڕی زۆری هەبوو، لەگەڵ کەنیزە و خزمەتکار و وشتر و گوێدرێژ.
ڕاکردنی یاقوب لەلای لابان
31 یاقوب گوێی لە قسەکانی کوڕەکانی لابان بوو کە گوتبوویان، «هەموو ئەوەی هی باوکمان بوو، یاقوب بردی، لەوەی هی باوکمان بوو هەموو ئەم سامانەی دروستکرد.» 2 هەروەها یاقوب سەیری لابانی کرد و بینی کە بەرامبەری گۆڕاوە و وەک جاران نەماوە.
3 یەزدان بە یاقوبی فەرموو: «بگەڕێوە بۆ خاکی باوکانت و بۆ لای کەسوکارەکەت، منیش لەگەڵت دەبم.»
4 یاقوبیش بەدوای ڕاحێل و لێئەدا ناردی بێنە لای لەو لەوەڕگایەی مەڕوماڵاتەکەی لێیە. 5 پێی گوتن: «دەبینم باوکتان بەرامبەر بە من گۆڕاوە و وەک جاران نەماوە، بەڵام خودای باوکم لەگەڵ من بووە. 6 خۆتان دەزانن کە من بە هەموو توانامەوە خزمەتی باوکتانم کردووە، 7 کەچی باوکتان هەڵیخەڵەتاندم و دە جار کرێیەکەی منی گۆڕی. بەڵام خودا ڕێی پێنەدا کە خراپەم لەگەڵ بکات. 8 کاتێک دەیگوت: ”بزنە خاڵدارەکان کرێی تۆ دەبن،“ ئەوا هەموو بزنەکان کاریلەی خاڵداریان دەبوو. بەڵام کاتێک ڕای خۆی دەگۆڕی و دەیگوت: ”بزنە خەتدارەکان کرێی تۆ دەبن،“ ئەوا هەموو بزنەکان کاریلەی خەتداریان دەبوو. 9 خودا مەڕوماڵاتی باوکتانی برد و دایە من.
10 «لە کاتی پەڕینی ئاژەڵ، چاوم هەڵبڕی و لە خەوندا بینیم، وا تەگەکان کە لەگەڵ بزنەکان دەپەڕن خەتدار و خاڵدار و بەڵەکن. 11 فریشتەی خوداش لە خەونەکە پێی فەرمووم: ”یاقوب.“ منیش گوتم: ”ئەوەتام.“ 12 ئەویش فەرمووی: ”چاو هەڵبڕە و بڕوانە، وا هەموو ئەو تەگانەی لەگەڵ بزنەکان جووت دەبن خەتدار و خاڵدار و بەڵەکن. هەموو ئەوەم بینیوە کە لابان بە تۆی کردووە. 13 من خودای بێتئێلم، ئەو شوێنەی تێیدا بەردێکت بە ستوونی ڕاگیر کرد و زەیتت بەسەریدا کرد، لەوێ نەزرت بۆ کردم. ئێستاش هەستە و لەم خاکە بڕۆ دەرەوە و بگەڕێوە بۆ خاکی لەدایکبوونەکەت.“»
14 ئینجا ڕاحێل و لێئە وەڵامیان دایەوە و پێیان گوت: «ئایا لە ماڵی باوکمان بەش و میراتمان هەیە؟ 15 مەگەر لای ئەو بە بێگانە دانەنراوین؟ چونکە ئێمەی فرۆشت و ئەو نرخەی پێشمان درابوو خواردی. 16 هەموو ئەو سامانەی خودا لە باوکمانی برد بۆ ئێمە و منداڵەکانمانە. ئێستاش هەرچی خودا پێی فەرموویت بیکە.»
17 ئیتر یاقوب هەستا و منداڵەکانی و ژنەکانی سواری وشترەکان کرد. 18 هەموو مەڕوماڵات و ئەو دەستکەوتانەی دەستی کەوتبوو دایە پێش خۆی، ئەوەی هەیبوو و لە پەدان ئارام پەیدای کردبوو، بۆ لای ئیسحاقی باوکی چوو لە خاکی کەنعان.
19 لابان بۆ بڕینەوەی مەڕەکانی چووبوو، ڕاحێلیش بتەکانی[l] باوکی دزی. 20 هەروەها یاقوبیش لابانی ئارامی هەڵخەڵەتاند، چونکە پێی ڕانەگەیاند کە ڕادەکات. 21 ئیتر بە هەموو ئەو شتانەوە کە هەیبوو هەڵات، لە ڕووباری فورات پەڕییەوە و ڕووی کردە ناوچە شاخاوییەکانی گلعاد.
لابان دوای یاقوب دەکەوێت
22 ڕۆژی سێیەم بە لابان ڕاگەیەنرا کە یاقوب هەڵاتووە. 23 ئەویش پیاوەکانی لەگەڵ خۆی برد و بۆ ماوەی حەوت ڕۆژ دوای کەوت، هەتا لە ناوچە شاخاوییەکانی گلعاد پێی گەیشتەوە. 24 خودا لە شەودا هاتە خەوی لابانی ئارامی و پێی گوت: «وریابە! نە بە چاک و نە بە خراپ هیچ بە یاقوب نەڵێیت.»
25 کاتێک لابان گەیشتە یاقوب، یاقوب لە چیاکە چادرەکەی هەڵدابوو، لابانیش لەگەڵ پیاوەکانی لە ناوچە شاخاوییەکانی گلعاد چادریان هەڵدا. 26 لابان بە یاقوبی گوت: «ئەمە چییە کردووتە؟ هەڵتخەڵەتاندووم و کچەکانی منیشت وەک ڕاپێچکراو داوەتە پێش خۆت. 27 بۆچی بەدزییەوە ڕات کرد و هەڵتخەڵەتاندم؟ بۆچی ئاگادارت نەکردمەوە بۆ ئەوەی بە شادی و گۆرانییەوە، بە دەف و بە قیسارەوە بەڕێت بکەم؟ 28 تەنانەت بوارت نەدام کوڕ و کچەکانم ماچ بکەم. تۆ ڕەفتارێکی گێلانەت کرد. 29 لە دەسەڵاتمدایە خراپتان پێ بکەم، بەڵام خودای باوکتان دوێنێ پێی گوتم: ”وریابە! نە بە چاک و نە بە خراپ هیچ بە یاقوب نەڵێیت.“ 30 ئێستاش وا ڕۆیشتی، چونکە تامەزرۆی بۆ ماڵی باوکت، بەڵام بۆچی بتەکانی منت دزی؟»
31 یاقوبیش وەڵامی دایەوە و بە لابانی گوت: «چونکە ترسام نەوەک بە زۆرەملێ کچەکانتم لێ بستێنیتەوە. 32 ئەوەش کە بتەکانتی لەلا دەبینیتەوە، نابێت بژیێت. لەبەردەم کەسوکاریشماندا ببینە چی تۆم لەلایە، بیبە بۆ خۆت.» بەڵام یاقوب نەیدەزانی کە ڕاحێل دزیویەتی.
33 ئیتر لابان چووە ناو چادرەکەی یاقوب و چادرەکەی لێئە و چادری هەردوو کەنیزەکەوە، بەڵام هیچی نەدۆزییەوە. ئینجا لە چادرەکەی لێئە هاتە دەرەوە و چووە ناو چادرەکەی ڕاحێل. 34 ڕاحێل بتەکانی بردبوو، خستبوویە ناو کورتانی وشترەکەوە و لەسەریان دانیشتبوو. لابانیش هەموو ناو چادرەکە گەڕا بەڵام هیچی نەدۆزییەوە.
35 بە باوکی گوت: «گەورەم تووڕە مەبە، ناتوانم لەبەردەمت هەستم، چونکە خوێنلێچوونی ژنان و سووڕی مانگانەم هەیە.» ئەویش پشکنینی خۆی کرد، بەڵام بتەکانی نەدۆزییەوە.
36 بۆ یاقوب ناخۆش بوو، بەگژ لاباندا چوو، یاقوب بە لابانی گوت: «تاوانم چییە؟ گوناهم چییە، وا گڕت گرت بەدوامدا هاتیت؟ 37 ئەوا هەموو شتەکانم گەڕایت، چ شتێکی ماڵەکەی خۆتت تێدا دۆزییەوە؟ ئا لێرە بیخەرە بەردەم پیاوەکانم و پیاوەکانت، با ئەوان دادوەری نێوان هەردووکمان بکەن.
38 «ئەوە بیست ساڵە من لەگەڵ تۆم، نە مەڕەکانت بەریان خست، نە بزنەکانیشت، نە منیش لە بەرانی مێگەلەکەی تۆم خوارد. 39 ئەوانەی دەبوونە نێچیری ئاژەڵ بۆم نەدەهێنایتەوە، بەڵکو لەسەر من دەکەوتن. لە منت داوا دەکردەوە، ئەگەر بە ڕۆژ بدزرابوونایە یان بە شەو. 40 بە ڕۆژ گەرما دەیخواردم و بە شەویش سەرما. خەویش لە چاوم بڕابوو. 41 ئەوا بیست ساڵە لە ماڵەکەی تۆم، چواردە ساڵ لەبری دوو کچەکەت خزمەتم بۆ کردیت و شەش ساڵیش لەبری مەڕەکانت، دە جاریش کرێیەکەی منت گۆڕی. 42 ئەگەر خوداکەی باوکم، خودای ئیبراهیم و ئەوەی ئیسحاق لێی دەترسا لەگەڵ من نەبووایە، ئەوا ئێستا بە دەستی بەتاڵ بەڕێت دەکردم. بەڵام خودا ڕوانییە ڕەنجکێشیم و ماندووبوونی دەستم، دوێنێ شەو سەرزەنشتی کردیت.»
43 لابانیش وەڵامی دایەوە و بە یاقوبی گوت: «کچەکان کچی خۆمن و منداڵەکانیشیان منداڵی خۆمن، مەڕەکانیش مەڕی خۆمە، هەرچییەکیش تۆ دەیبینیت هی منە. بەڵام ئەمڕۆ چی بکەم لە کچەکانم و لەو منداڵانەی بوویانە؟ 44 ئێستاش وەرە با من و تۆ پەیمانێک ببەستین، با ببێتە شایەتی لەنێوان من و تۆ.»
45 یاقوبیش بەردێکی هێنا و بە ستوونی داینا. 46 ئینجا یاقوب بە پیاوەکانی خۆی گوت: «بەرد کۆبکەنەوە.» ئەوانیش بەردیان هێنا و کەڵەکەیان کردن، لەوێ لەسەر کەڵەکە بەردەکە نانیان خوارد. 47 لابان ئەوێی ناونا «یەگەر ساهەدوتا»، یاقوبیش ناوی لێنا گەلعید.
48 لابان گوتی: «ئەمڕۆ ئەم کۆمەڵە بەردە شایەتی نێوان من و تۆن.» بۆیە ناونرا گەلعید. 49 هەروەها ناویش نرا میچپا، چونکە لابان گوتی: «با یەزدان چاودێری نێوان من و تۆ بکات، کاتێک لەبەرچاوی یەکتر ون دەبین. 50 ئەگەر بەدڕەفتاری لەگەڵ کچەکانم بکەیت یان ژنیان بەسەربهێنیت، هەرچەندە پیاومان لەگەڵ نییە، بەڵام خودا شایەتی نێوان من و تۆیە.»
51 هەروەها لابان بە یاقوبی گوت: «تەماشا ئەم کۆمەڵە بەردە و ئەم ستوونە بکە کە لەنێوان خۆم و خۆت دامنا. 52 ئەم کەڵەکە بەردە شایەتە و ئەم ستوونەش شایەتییە کە من لەم کەڵەکە بەردە تێناپەڕم بۆ ئەوەی خراپەت لەگەڵ بکەم، تۆش لەم کۆمەڵە بەردە و لەم ستوونە تێناپەڕیت بۆ ئەوەی خراپەم لەگەڵ بکەیت. 53 با خودای ئیبراهیم و خودای ناحۆر، خودای باوکیان، دادوەری لەنێوانمان بکەن.»
ئیتر یاقوب بە ناوی ئەم خودایە سوێندی خوارد کە ئیسحاقی باوکی لێ دەترسا. 54 ئینجا یاقوب لەو ناوچەی شاخاویدا قوربانی سەربڕی و کەسوکاری بانگهێشت کرد بۆ نانخواردن. ئەوانیش نانیان خوارد و لە کێوەکە شەویان بەسەربرد.
55 بۆ سبەی بەیانی لابان زوو لە خەو هەستا و کچەزاکانی و کچەکانی ماچکرد و داوای بەرەکەتی بۆ کردن. ئیتر لابان بەرەو شوێنی خۆی گەڕایەوە.
خۆئامادەکردنی یاقوب بۆ دیداری عیسۆ
32 یاقوبیش بە ڕێگای خۆیدا ڕۆیشت و فریشتەکانی خودا بەرەو پیری هاتن. 2 کاتێک یاقوب ئەوانی بینی، گوتی: «ئەمە لەشکری خودایە.» ئیتر ئەو شوێنەی ناونا مەحەنەیم[m].
3 یاقوب لەپێش خۆیەوە نێردراوی ناردە لای عیسۆی برای بۆ خاکی سێعیر لە وڵاتی ئەدۆم. 4 فەرمانی پێدان و گوتی: «ئاوا بە عیسۆی گەورەم ڕادەگەیەنن، کە یاقوبی خزمەتکارت وا دەڵێت: ”لەلای لابان ئاوارە بووم و هەتا ئێستاش لەلای ئەوم. 5 بووشم بە خاوەنی گا و گوێدرێژ، مەڕ و بزن، خزمەتکار و کەنیزە. ئەوا ناردیشمە لای گەورەی خۆم هەتا پێی ڕابگەیەنم، بۆ ئەوەی لەبەرچاوی تۆ پەسەند بم.“»
6 نێردراوەکان گەڕانەوە لای یاقوب و گوتیان: «چووینە لای عیسۆی برات، وا ئەویش بەڕێوەیە بۆ دیداریت، چوار سەد پیاویشی لەگەڵدایە.»
7 بەمە یاقوب ترسێکی گەورەی لێ نیشت و پەرێشان بوو. ئەو کەسانەی لەگەڵی بوون لەگەڵ مەڕ و مانگا و وشترەکان دابەشی کردن بۆ دوو لەشکر. 8 گوتی: «ئەگەر عیسۆ هاتە سەر لەشکرێکیان و لێیدا، ئەوا لەشکرەکەی دیکە دەمێنێتەوە بۆ دەربازبوون.»
9 ئینجا یاقوب لە خودا پاڕایەوە و گوتی: «ئەی خودای ئیبراهیمی باوکم و خودای ئیسحاقی باوکم، ئەو یەزدانەی کە پێی فەرمووم: ”بگەڕێوە خاکی خۆت و بۆ لای کەسوکارەکەت، باش دەبم لەگەڵت.“ 10 من شایستەی هەموو ئەو خۆشەویستییە نەگۆڕە و دڵسۆزییانە نیم کە لەگەڵ خزمەتکاری خۆتت کردووە، چونکە بە خۆم و گۆچانەکەمەوە لەم ڕووباری ئوردونە پەڕیمەوە، بەڵام ئێستاش بووم بە دوو لەشکر. 11 لە چنگی عیسۆی برام فریام بکەوە، چونکە من لێی دەترسم نەوەک بێت و لێم بدات، لە دایکان و منداڵەکانیان. 12 بەڵام تۆ خۆت فەرمووت: ”باش دەبم لەگەڵت و نەوەکەت وەک لمی دەریا لێ دەکەم، کە لەبەر زۆری لە ژماردن نەیێت.“»
13 ئیتر ئەو شەوەی لەوێ بەسەربرد، لەوەشی لەگەڵ دەستی خۆیدا هێنابووی، دیارییەکی بۆ عیسۆی برای هەڵبژارد: 14 دوو سەد بزن و بیست تەگە، دوو سەد مەڕ و بیست بەران، 15 سی وشتری مێی شیردەر بە بەچکەکانیانەوە، چل مانگا و دە گا لەگەڵ بیست ماکەر و دە نێرەکەر. 16 هەموو ئەمانەی مێگەل مێگەل بە جیا دایە دەست خزمەتکارەکانی و پێی گوتن: «پێشم بکەون و بواریش بخەنە نێوان مێگەلەکانەوە.»
17 فەرمانیشی بەوەی یەکەمیان دا و گوتی: «ئەگەر عیسۆی برام پێت گەیشت و لێی پرسیت: ”سەر بە کێیت و بۆ کوێ دەچیت، ئەوەی لەپێشتەوەیە هی کێیە؟“ 18 دەڵێیت: ”هی یاقوبی خزمەتکارتن. دیارییە و نێردراوە بۆ عیسۆی گەورەم، خۆی لەدوای ئێمە دێت.“»
19 هەروەها فەرمانی دا بە دووەمیان و سێیەمیان و هەموو ئەوانەی بەدوای مێگەل و گاگەلەکاندا دەڕۆیشتن، پێی گوتن: «ئێوەش هەر هەمان شت بە عیسۆ دەڵێن، کاتێک تووشی دەبن. 20 لەبیر مەکەن بڵێن: ”یاقوبی خزمەتکارت لەدوای ئێمە دێت.“» ئەمەشی کردووە چونکە گوتی: «بەم دیارییەی کە لەپێش خۆمەوە دەینێرم ئاشتی دەکەمەوە، دوای ئەمە ڕووبەڕووی دەبمەوە، بەڵکو لێم ڕازی بێت.» 21 ئیتر دیارییەکان پێش خۆی کەوتن، بەڵام خۆی ئەو شەوەی لە ئۆردوگاکە بەسەربرد.
زۆرانبازی یاقوب لەگەڵ خودا
22 یاقوب ئەو شەوە هەستا و هەردوو ژنەکەی و هەردوو کەنیزەکەی و هەر یازدە کوڕەکەی هەڵگرت و لە تەنکاییەکەی ڕووباری یەبۆق پەڕییەوە. 23 هەڵیگرتن و لە جۆگەکە پەڕینەوە، لەگەڵ هەرچی کە هەیبوو. 24 ئیتر یاقوب هەر خۆی مایەوە، پیاوێکیش دەرکەوت، هەتا بەرەبەیان زۆرانبازی لەگەڵی کرد. 25 کە بینی دەرەقەتی نایەت، لەلای سەرەوەی ئێسکی ڕانی دا و ڕانی یاقوب لە زۆرانبازیەکەدا لەجێ چوو. 26 ئینجا فەرمووی: «بەرمدە، وا بەرەبەیان دەرکەوت.»
بەڵام یاقوب گوتی: «ئەگەر بەرەکەتدارم نەکەیت بەرت نادەم.»
27 پیاوەکە لێی پرسی: «ناوت چییە؟»
یاقوب وەڵامی دایەوە: «یاقوب.»
28 ئینجا پیاوەکە پێی فەرموو: «لەمەودوا ئیتر ناوت بە یاقوب ناهێنرێت، بەڵکو بە ئیسرائیل[n]، چونکە لەگەڵ خودا و پیاوان تێکۆشاویت و سەرکەوتوویت.»
29 یاقوبیش پێی گوت: «تکایە، ناوی خۆتم پێ بڵێ.»
بەڵام ئەو فەرمووی: «بۆچی پرسیار لە ناوم دەکەیت؟» ئیتر لەوێ بەرەکەتداری کرد.
30 ئیتر یاقوب ناوی لەو شوێنە نا پەنیێل[o]، گوتی: «چونکە ڕوو بە ڕوو خودام بینی و گیانیشم دەرباز بوو.»
31 کاتێک لە پەنیێل دەپەڕییەوە خۆری لێ هەڵهات، لەبەر ڕانی دەشەلی. 32 هەر لەبەر ئەوەشە کە نەوەی ئیسرائیل هەتا ئەمڕۆش ئەو ماسوولکە ژێیەی گرژ دەبێتەوە، لەلای سەرەوەی ئێسکی ڕانە نایخۆن، لەبەر ئەوەی دەستدرا لەلای سەرەوەی ئێسکی ڕانی یاقوب. نزیک لەم ماسوولکە ژێیەی گرژ دەبێتەوە.
چاوپێکەوتنی یاقوب لەگەڵ عیسۆ
33 یاقوب چاوی هەڵبڕی و سەیری کرد وا عیسۆ و چوار سەد پیاوە دێن، ئیتر منداڵەکانی بەسەر لێئە و ڕاحێل و هەردوو کەنیزەکەیدا دابەش کرد. 2 هەردوو کەنیزەکەی و منداڵەکانیانی خستە پێشەوە، ئینجا لێئە و منداڵەکانی لە پشتیانەوە، ڕاحێل و یوسفیشی خستە دواوە. 3 خۆشی پێشیان کەوت، هەتا لە براکەی نزیک بووەوە حەوت جار کڕنۆشی برد.
4 بەڵام عیسۆ بە ڕاکردن بەرەو ڕووی یاقوب هات و باوەشی پێداکرد، ماچی کرد و پێکەوە گریان. 5 ئینجا عیسۆ سەری هەڵبڕی و چاوی بە ژن و منداڵەکان کەوت، پرسی: «ئەمانە چی تۆن؟»
یاقوبیش گوتی: «ئەو منداڵانەن کە نیعمەتی خودان بۆ خزمەتکارەکەت.»
6 ئیتر هەردوو کەنیزەکە و منداڵەکانیان هاتنە پێشەوە و کڕنۆشیان برد، 7 دوای ئەوان لێئە و منداڵەکانی هاتنە پێشەوە و کڕنۆشیان برد، پاشان یوسف و ڕاحێلیش هاتنە پێشەوە و کڕنۆشیان برد.
8 عیسۆ لە یاقوبی پرسی: «ئەو هەمووەی پێم گەیشتن بۆ چیت بوو؟»
ئەویش گوتی: «بۆ ئەوەی لەبەرچاوت پەسەند بم، گەورەم.»
9 بەڵام عیسۆ گوتی: «برام من زۆرم هەیە، ئەوەی هەتە بۆ خۆت هەڵیبگرە.»
10 یاقوب گوتی: «نا، ئەگەر جێی ڕەزامەندیتم، ئەوا دیارییەکەم لە دەست وەردەگریت، کە ڕووی تۆم بینی وەک ڕووی خودام بینی بێت وابوو، لێشم ڕازی بوویت. 11 دیارییەکەشم وەربگرە کە بۆت هێنراوە، خودا لەگەڵم میهرەبان بووە و هەموو شتێکم هەیە.» ئیتر یاقوب زۆری لێکرد، عیسۆش لێی وەرگرت.
12 ئینجا عیسۆ گوتی: «با بکەوینە ڕێ و بڕۆین، خۆشم پێشت دەکەوم.»
13 بەڵام یاقوب پێی گوت: «گەورەی خۆم دەزانێت کە منداڵەکان ناسکن، ئەو مەڕ و مانگایانەشم کە پێیە شیر دەدەنە بەچکەکانیان. ئەگەر بۆ یەک ڕۆژیش ماندوو بکرێن بە لێخوڕین ئەوا هەموو ئاژەڵەکان دەمرن. 14 با گەورەم پێش خزمەتکارەکەی بپەڕێتەوە، منیش لەسەر خۆ دەکەومە ڕێ، بەپێی ئەو ماڵەی پێش خۆم و بەپێی منداڵەکان، هەتا دەگەمە لای گەورەم لە سێعیر.»
15 عیسۆش گوتی: «کەوابێت هەندێک لەو خەڵکەی لەگەڵمن لەلات بەجێدەهێڵم.»
یاقوبیش گوتی: «ئاخر چ پێویست دەکات؟ هەر ئەوەندەم بەسە جێی ڕەزامەندی گەورەم بم.»
16 ئیتر هەر ئەو ڕۆژە عیسۆ بە ڕێی خۆیدا گەڕایەوە بۆ سێعیر. 17 یاقوبیش کەوتە ڕێ بۆ سوکۆت و خانووێکی بۆ خۆی بنیاد نا، سایەبانیشی بۆ مەڕوماڵات دروستکرد. هەر لەبەر ئەوەش ئەو شوێنە ناونرا سوکۆت.
18 دوای هاتنی لە پەدان ئارامەوە، یاقوب بە سەلامەتی گەیشتە شاری شەخەم کە لە خاکی کەنعانە. ئیتر لەبەردەم شارەکە چادری هەڵدا. 19 ئەو پارچە زەوییەشی کە چادرەکەی تێدا هەڵدا، بە سەد پارچە زیو لە کوڕانی حەمۆری باوکی شەخەمی کڕی. 20 هەر لەوێش قوربانگایەکی بنیاد نا و ناوی لێنا «ئێل ئێلۆهی ئیسرائیل[p]».
دینە و شەخەمییەکان
34 دینەی کچی یاقوب کە لە لێئە بوو، چووە دەرەوە بۆ دیدەنی کچانی ئەو ناوە. 2 کاتێک کە شەخەمی کوڕی حەمۆری حیڤی، کە میری ئەو ناوە بوو، چاوی پێی کەوت، گرتی و لاقەی کرد. 3 دڵیشی چووە سەر دینەی کچی یاقوب، ئەو کچەی خۆشویست و بە نەرمی قسەی لەگەڵ کرد. 4 شەخەم لەگەڵ حەمۆری باوکی قسەی کرد و پێی گوت: «ئەم کچەم بۆ بخوازە ببێتە ژنم.»
5 یاقوب بیستی کە داوێنی دینەی کچی پیسکراوە، لەو کاتەدا کوڕەکانی لەگەڵ مەڕوماڵاتەکەی لە دەشتودەر بوون. ئیتر یاقوبیش هەتا هاتنەوە دەنگی نەکرد.
6 حەمۆری باوکی شەخەم چووە دەرەوە بۆ لای یاقوب بۆ ئەوەی قسەی لەگەڵ بکات. 7 کوڕەکانی یاقوب کە بیستیان، لە دەشتودەر هاتنەوە، هەستیان کرد کە دەستدرێژییان کراوەتە سەر و زۆر تووڕە بوون، چونکە شەخەم بە لاقەکردنی کچی یاقوب کارێکی ئابڕووبەرانەی لەگەڵ ئیسرائیل[q] کرد، ئەمەش کارێکی نەشیاو بوو.
8 بەڵام حەمۆر قسەی لەگەڵ کردن و گوتی: «شەخەمی کوڕم دڵی بە کچەکەتانەوەیە، بیدەنێ ببێتە ژنی. 9 ژن و ژنخوازیمان لەگەڵ بکەن، کچەکانی خۆتانمان بدەنێ و کچەکانی ئێمە بۆ خۆتان ببەن. 10 لەناومان نیشتەجێ بن، زەوییەکەش لەبەردەمتانە، تێیدا نیشتەجێ بن و کڕین و فرۆشتنی تێدا بکەن، موڵکتان تێیدا هەبێت.»
11 ئینجا شەخەم بە باوک و براکانی دینەی گوت: «لێم ڕازی بن، ئەوەی پێم دەڵێن دەیدەم. 12 مارەیی و دیاری زۆر لەسەرم زیاد بکەن، ئەوەی داوای دەکەن دەیدەم، تەنها کچەکەم بدەنێ ببێتە ژنم.»
13 کوڕانی یاقوب بە فێڵبازی وەڵامی شەخەم و حەمۆری باوکیان دایەوە و قسەیان کرد، چونکە داوێنی دینەی خوشکیان پیسکرابوو. 14 پێیان گوتن: «ئێمە ناتوانین کاری وا بکەین، خوشکەکەی خۆمان بدەینە پیاوێکی خەتەنە نەکراو، چونکە بۆ ئێمە ڕیسواییە. 15 بەڵام بەمە لەگەڵتان ڕێک دەکەوین، ئەگەر وەک ئێمەتان لێبێت، ئەوەش بە خەتەنەکردنی هەموو نێرینەکانتان. 16 ئیتر کچی خۆمان دەدەینە ئێوە و کچی ئێوەش دەبەین. لەنێویشتان نیشتەجێ دەبین و پێکەوە دەبینە یەک گەل. 17 بەڵام ئەگەر ئێوە بە قسەشتان نەکردین و خۆتان خەتەنە نەکرد، ئەوە کچەکەی خۆمان دەبەین و دەڕۆین.»
18 قسەکانیان بەلای حەمۆر و بەلای شەخەمی کوڕی حەمۆرەوە باش بوو. 19 کوڕە لاوەکە لە ئەنجامدانی کارەکە دوا نەکەوت، چونکە بە کچەکەی یاقوب دڵشاد بوو، لە ماڵی باوکیشی لە هەموویان ڕێزدارتر بوو. 20 ئیتر حەمۆر و شەخەمی کوڕی هاتنە بەر دەروازەی شارەکەیان و قسەیان بۆ خەڵکی شارەکەی خۆیان کرد، گوتیان: 21 «ئەم پیاوانە ئاشتیخوازن لەگەڵمان، با لە خاکمان نیشتەجێ بن و کڕین و فرۆشتنی تێدا بکەن، زەوییەکی پانوبەرین لەبەردەمیانە. کچیان ببنە ژنمان و کچی خۆمانیان دەدەینێ. 22 بەڵام ئەم پیاوانە بەمە لەگەڵمان ڕێک دەکەون کە لەگەڵمان نیشتەجێ بن و ببینە یەک گەل، ئەویش خەتەنەکردنی هەموو نێرینەکانمانە، هەروەک چۆن خۆیان خەتەنەکراون. 23 ئایا ماڵات و ماڵ و هەموو ئاژەڵەکانیان بۆ خۆمان نابن ئەگەر لەگەڵیان ڕێک بکەوین و لەنێومان نیشتەجێ بن؟»
24 هەموو ئەوانەی لە دەروازەی شارەکەی هاتنە دەرەوە بە گوێی حەمۆر و شەخەمی کوڕیان کرد. ئیتر هەموو نێرینەیەک لە شارەکە خەتەنە کرا.
25 ئەوە بوو لە ڕۆژی سێیەم، کە ئەوان هێشتا ئازاریان مابوو، هەردوو کوڕەکەی یاقوب، شیمۆن و لێڤی، دوو براکەی دینە، دەستیان دایە شمشێرەکانیان و بەبێ ئەوەی چاوەڕوانکراو بێت هێرشیان کردە سەر شارەکە و هەرچی نێرینە هەبوو کوشتیان. 26 بە شمشێرەکەیان حەمۆر و شەخەمی کوڕیان کوشت. دینەی خوشکیشیان لە ماڵی شەخەم هەڵگرت و ڕۆیشتن. 27 ئیتر کوڕانی یاقوب هاتنە سەر کوژراوەکان و شارەکەیان تاڵان کرد، چونکە داوێنی خوشکەکەیانیان پیس کردبوو. 28 هەرچی مەڕ و مانگا و گوێدرێژیان هەبوو لەگەڵ هەموو ئەو شتانەی لە شار و دەشتودەر هەیانبوو، هەموویان برد. 29 هەرچی سامانیان هەبوو بە تاڵان بردیان، تێکڕای ژن و منداڵیان ڕاپێچ کرد، هەرچیش لە ماڵەکان بوو بردیان.
30 ئینجا یاقوب بە شیمۆن و لێڤی گوت: «ئێوە گۆبەندتان کردم بەوەی کە منتان کردە ناحەز لەلای خەڵکی ئەم خاکە، کەنعانییەکان و پریزییەکان. ئێمە ژمارەیەکی کەمین، ئەگەر گەلەکۆمەم لێ بکەن و لێم بدەن، خۆم و ماڵەکەم لەناودەچین.»
31 بەڵام ئەوان گوتیان: «ئەی دەبێت خوشکەکەمان وەک لەشفرۆشێک هەڵسوکەوتی لەگەڵ بکرێ؟»
گەڕانەوەی یاقوب بۆ بێتئێل
35 ئینجا خودا بە یاقوبی فەرموو: «هەستە، سەربکەوە بەرەو بێتئێل و لەوێ نیشتەجێ بە، هەر لەوێش قوربانگایەک بۆ خودا دروستبکە، کە بۆت دەرکەوت لە کاتێک تۆ لە دەست عیسۆی برات هەڵدەهاتی.»
2 ئیتر یاقوب بە خاووخێزانەکەی و هەموو ئەوانەی لەگەڵی بوون گوت: «هەموو ئەو خوداوەندە بێگانانەی لەنێوتانە، لە خۆتانی جیا بکەنەوە و خۆتان پاک بکەنەوە، جلەکانیشتان بگۆڕن. 3 دەبا هەستین و بەرەو بێتئێل سەربکەوین، لەوێ قوربانگایەک بۆ خودا دروستدەکەم کە لە ڕۆژی تەنگانەمدا بە دەنگمەوە هات و لەو ڕێگایەی گرتبوومە بەر لەگەڵم بوو.» 4 ئەوانیش هەرچی خوداوەندی بێگانە هەبوو لە دەستیان لەگەڵ گوارەکانی گوێچکەیان دایانە یاقوب، یاقوبیش لەژێر دار بەڕووەکە کە لەلای شەخەمە لەژێر گڵ شاردییەوە. 5 ئینجا بەڕێکەوتن و ترسی خوداش باڵی کێشا بەسەر شارۆچکەکانی دەوروبەریان، ئیتر کەس دوای کوڕانی یاقوب نەکەوت.
6 یاقوب خۆی و هەموو ئەو خەڵکەی لەگەڵی بوو هاتنە لوز کە بێتئێلە لە خاکی کەنعان. 7 لەوێ قوربانگایەکی بنیاد نا، شوێنەکەشی ناونا ئێل بێتئێل[r]، چونکە لەو شوێنەدا خودای بۆ دەرکەوت، لە کاتی هەڵاتنی لە دەست براکەی.
8 دەڤۆرای دایەنی ڕڤقە مرد، لەژێر دار بەڕووەکەی خوار بێتئێل نێژرا. ئەو شوێنەش ناونرا ئەلۆن باکوت.
9 کاتێک لە پەدان ئارام گەڕایەوە، دیسان خودا بۆ یاقوب دەرکەوت و بەرەکەتداری کرد. 10 خودا پێی فەرموو: «ناوت یاقوبە، بەڵام لە ئێستا بەدواوە بە یاقوب ناو نابرێیت، بەڵکو ناوت دەبێتە ئیسرائیل.» ئیتر ناوی لێنا ئیسرائیل.
11 ئینجا خودا پێی فەرموو: «من خودای هەرە بە توانام، بەردار بە و زۆر بە. نەتەوەیەک و کۆمەڵێک نەتەوە لە تۆوە دەبن، پاشایانیش لە پشتی تۆوە دەردەچن. 12 ئەو خاکەش کە دام بە ئیبراهیم و ئیسحاق، هەروەها دەیدەمە تۆ و نەوەکەت لەدوای خۆت.» 13 ئیتر خودا لەو شوێنەی قسەی لەگەڵ کرد لەسەری بەرزبووەوە.
14 یاقوبیش لەو شوێنەی کە خودا قسەی لەگەڵ کردبوو، ستوونێکی بەردینی ڕاگیر کرد و شەرابی پێشکەشکراوی بەسەردا ڕشت و زەیتی بەسەردا کرد. 15 یاقوب ئەو شوێنەی ناونا بێتئێل کە تێیدا خودا قسەی لەگەڵدا کرد.
مردنی ڕاحێل و ئیسحاق
16 ئینجا لە بێتئێلەوە بەڕێکەوتن. کاتێک ماوەیەکی کەمیان مابوو بگەنە ئەفرات، ڕاحێل کەوتە سەر منداڵبوون، منداڵبوونێکی دژوار. 17 ئەوە بوو لە کاتی منداڵبوونەکەی، مامانەکە پێی گوت: «مەترسە، چونکە ئەمەش کوڕێکی دیکەتە.» 18 ئەوە بوو لەگەڵ دواهەناسەی، لەبەر ئەوەی دەمرد، کوڕەکەی ناونا بەنئۆنی[s]. بەڵام باوکی ناوی لێنا بنیامین[t].
19 ئیتر ڕاحێل مرد و لە ڕێی ئەفرات نێژرا کە بێتلەحمە. 20 یاقوب ستوونێکی لەسەر گۆڕەکەی ڕاگیر کرد، کە هەتا ئەمڕۆش ئەوە ستوونی گۆڕەکەی ڕاحێلە.
21 ئیسرائیل بەڕێکەوتەوە و چادرەکەی لە پشت مگدەل عێدەرەوە هەڵدا. 22 کاتێک ئیسرائیل لەو ناوچەیەدا دەژیا، ڕەئوبێن چوو لەگەڵ بیلهەی کەنیزەی باوکی نوست. ئەمەش بەرگوێی ئیسرائیل کەوتەوە.
یاقوب دوازدە کوڕی هەبوو:
23 کوڕەکانی لێئە:
ڕەئوبێن، نۆبەرەکەی یاقوب.
شیمۆن، لێڤی، یەهودا، یەساخار و زەبولون.
24 کوڕەکانی ڕاحێل:
یوسف و بنیامین
25 کوڕەکانی بیلهەی کەنیزەی ڕاحێل:
دان و نەفتالی.
26 کوڕەکانی زیلپەی کەنیزەی لێئە:
گاد و ئاشێر.
ئەمانە کوڕەکانی یاقوبن، کە لە پەدان ئارام لەدایک بوون.
27 یاقوب هاتە مەمرێ بۆ لای ئیسحاقی باوکی لە نزیک قیریەت ئەربەع، کە حەبرۆنە، کە لەوێ ئیبراهیم و ئیسحاق ئاوارە بوون. 28 تەمەنی ئیسحاق سەد و هەشتا ساڵ بوو. 29 ئینجا دواهەناسەی دا و مرد، چووەوە پاڵ گەلەکەی خۆی، بە پیری و تێر لە ژیان خواردوو. هەردوو کوڕەکەی خۆی، عیسۆ و یاقوب، ناشتیان.
نەوەکانی عیسۆ
36 ئەمانەش نەوەکانی عیسۆن کە ئەدۆمە.
2 عیسۆ ژنەکانی خۆی لە کچەکانی کەنعان خواست، عادای کچی ئێلۆنی حیتی، لەگەڵ ئۆهۆلیبامەی کچی عەنای کچەزای چیبعۆنی حیڤی. 3 هەروەها باسمەتی کچی ئیسماعیل، خوشکی نەبایۆت.
4 عادا ئەلیفازی بۆ عیسۆ بوو. باسمەتیش ڕەعوئێلی بوو. 5 ئۆهۆلیبامەش یەعوش و یەعلام و قۆرەحی بوو. ئەمانەن کوڕانی عیسۆ کە لە خاکی کەنعان لەدایک بوون.
6 ئینجا عیسۆ ژن و کوڕ و کچەکانی هەڵگرت لەگەڵ هەموو کەسانی ماڵەکەی و ئاژەڵی ماڵی و هەموو ئاژەڵەکانی دیکە و هەرچییەکی هەبوو، ئەوەی لە خاکی کەنعان دەستی کەوتبوو، چووە زەوییەکی دیکە، دوور لە یاقوبی برای. 7 سامانەکەیان ئەوەندە زۆر بوو کە نەتوانن پێکەوە نیشتەجێ بن، ئەو زەوییەی تێیدا ئاوارە بوون نەیدەتوانی بیانگرێتە خۆی، لەبەر زۆری مەڕوماڵاتیان. 8 عیسۆ خۆی ئەدۆمە، ئیتر عیسۆ لە ناوچە شاخاوییەکانی سێعیر نیشتەجێ بوو.
9 ئەمانە نەوەکانی عیسۆن، باوکی ئەدۆمییەکان، لە ناوچە شاخاوییەکانی سێعیر:
10 ئەمانەش ناوی کوڕەکانی عیسۆن:
ئەلیفازی کوڕی عادای ژنی عیسۆ و ڕەعوئێلی کوڕی باسمەتی ژنی عیسۆ.
11 کوڕەکانی ئەلیفاز:
تێمان، ئۆمار، چەفۆ، گەعتام و قەنەز.
12 تیمنەع کەنیزەی ئەلیفازی کوڕی عیسۆ بوو، لە ئەلیفازەوە عەمالێقی بوو. ئەوانە کوڕەزای عادای ژنی عیسۆ بوون.
13 کوڕەکانی ڕەعوئێل:
نەحەت، زەرەح، شەمما و میزا. ئەمانە کوڕەزای باسمەتی ژنی عیسۆ بوون.
14 ئەمانەش کوڕەکانی ئۆهۆلیبامەی ژنی عیسۆن کە کچی عەنای کوڕی چیبعۆنە و بۆ عیسۆی ببوون:
یەعوش، یەعلام و قۆرەح.
15 ئەمانەش میرانی نەوەی عیسۆن:
کوڕانی ئەلیفازی نۆبەرەی عیسۆ:
میر تێمان، میر ئۆمار، میر چەفۆ، میر قەنەز، 16 میر قۆرەح، میر گەعتام و میر عەمالێق. ئەوانە میرانی نەوەی ئەلیفاز لە خاکی ئەدۆم و کوڕەزای عادا بوون.
17 کوڕەکانی ڕەعوئێلی کوڕی عیسۆ:
میر نەحەت، میر زەرەح، میر شەمما و میر میزا. ئەوانە میرانی نەوەی ڕەعوئێل لە خاکی ئەدۆم و کوڕەزای باسمەتی ژنی عیسۆ ئەوانە میرانی نەوەی ئەلیفاز لە خاکی ئەدۆم و کوڕەزای عادا بوون.
18 کوڕەکانی ئۆهۆلیبامەی ژنی عیسۆ:
میر یەعوش، میر یەعلام و میر قۆرەح. ئەوانە میرانی نەوەی ئۆهۆلیبامەی ژنی عیسۆی کچی عەنا بوون.
19 ئەوانە بوون کوڕانی عیسۆ کە خۆی ئەدۆمە، ئەوانەش میرەکانیان بوون.
20 ئەمانەش کوڕەکانی سێعیری حۆرین کە خەڵکی ناوچەکە بوون:
ڵوتان، شۆڤاڵ، چیبعۆن، عەنا، 21 دیشۆن، ئێچەر و دیشان. ئەمانەش میرانی حۆرییەکانن، کوڕانی سێعیر لە خاکی ئەدۆم.
22 کوڕەکانی ڵوتان:
حۆری و هۆمام. تیمنەعیش خوشکی ڵوتان بوو.
23 کوڕەکانی شۆڤاڵ:
عەلڤان، مانەحەت، عێبال، شەفۆ و ئۆنام.
24 کوڕەکانی چیبعۆن:
ئەییا و عەنا. ئەمە ئەو عەنایەیە کە لە چۆڵەوانیدا کانیاوی گەرمی دۆزییەوە، کاتێک خەریکی لەوەڕاندنی گوێدرێژەکانی چیبعۆنی باوکی بوو.
25 نەوەکانی عەنا:
دیشۆن لەگەڵ ئۆهۆلیبامەی کچی عەنا.
26 کوڕەکانی دیشۆن:
حەمدان، ئەشبان، یەتران و کران.
27 کوڕەکانی ئێچەر:
بلهان، زەعەڤان و عەقان.
28 کوڕەکانی دیشان:
عوچ و ئەران.
29 ئەمانەش میرەکانی حۆرییەکانن:
میر ڵوتان، میر شۆڤاڵ، میر چیبعۆن، میر عەنا، 30 میر دیشۆن، میر ئێچەر و میر دیشان. ئەوانە بوون میرانی حۆرییەکان، بەگوێرەی خێڵەکانیان، لە خاکی سێعیر.
سەرۆکەکانی ئەدۆم
31 ئەمانەش ئەو پاشایانەن کە لە خاکی ئەدۆم پاشایەتییان دەکرد، پێش ئەوەی هیچ پاشایەکی ئیسرائیلی پاشایەتی بکات.
32 بەلەعی کوڕی بەعۆر بوو بە پاشای ئەدۆم. ناوی شارەکەشی دینهابە بوو.
33 کە بەلەع مرد، یۆڤاڤی کوڕی زەرەحی خەڵکی بۆزرا وەک پاشا جێگەی گرتەوە.
34 کە یۆڤاڤ مرد، حوشامی خەڵکی خاکی تێمانییەکان وەک پاشا جێگەی گرتەوە.
35 کە حوشام مرد، هەدەدی کوڕی بەدەد وەک پاشا جێگەی گرتەوە، لە وڵاتی مۆئاب شکستی بە میدیان هێنا. ناوی شارەکەشی عەڤیت بوو.
36 کە هەدەد مرد، سەمڵەی خەڵکی مەسرێقە وەک پاشا جێگەی گرتەوە.
37 کە سەمڵە مرد، شائوولی خەڵکی ڕەحۆبۆت، ئەو شارەی لە کەناری ڕووبار بوو، وەک پاشا جێگەی گرتەوە.
38 کە شائوول مرد، بەعلحانانی کوڕی عەکبۆر وەک پاشا جێگەی گرتەوە.
39 کە بەعلحانانی کوڕی عەکبۆر مرد، هەدەد وەک پاشا جێگەی گرتەوە. ناوی شارەکەشی پاعوو بوو، ژنەکەشی ناوی میهێتەبێل بوو، کچی مەترێدی کچی مێزاهاب بوو.
40 ئەمانەش ناوی میرەکانی نەوەی عیسۆن، بەپێی خێڵ و ناوچە و ناوەکانیان:
تیمنەع، عەلڤا، یەتێت، 41 ئۆهۆلیبامە، ئێلە، پینۆن، 42 قەنەز، تێمان، میبسار، 43 مەگدئێل و عیرام. ئەمانە میرەکانی ئەدۆم بوون، بەپێی نشینگەکانیان لە خاکی موڵکی خۆیان.
ئەوە عیسۆی باوکی ئەدۆمییەکان بوو.
خەونەکانی یوسف
37 یاقوب لە خاکی ئاوارەیی باوکی، لە خاکی کەنعان نیشتەجێ بوو.
2 ئەمە چیڕۆکی نەوەکانی یاقوبە.
یوسف کە هەرزەکارێکی تەمەن حەڤدە ساڵان بوو، لەگەڵ براکانی شوانایەتی مەڕەکانی دەکرد، کوڕەکانی بیلهە و زیلپەی دوو ژنەکەی باوکی. یوسف بوختانە خراپەکانی ئەمانی بە باوکی ڕاگەیاند.
3 ئیسرائیلیش یوسفی لە هەموو کوڕەکانی دیکەی خۆشتر دەویست، چونکە ئەو منداڵەی لە پیریدا ببوو، کەوایەکی درێژی ڕەنگاوڕەنگیشی بۆ دروستکرد. 4 کە براکانی بینییان باوکیان ئەوی لە هەموو براکانی خۆشتر دەوێت، ڕقیان لێی بووەوە و سڵاویان لێی نەدەکرد.
5 یوسف خەونێکی بینی و بۆ براکانی گێڕایەوە، ئیتر زیاتر ڕقیان لێی بووەوە. 6 پێی گوتن: «گوێ لەم خەونە بگرن کە بینیومە: 7 لە خەونەکەم لەناو کێڵگە خەریکی مەلو[u] بووین، لەناکاو مەلوەکەی من ڕاست بووەوە و وەستا، مەلوەکانی ئێوەش دەوریان دا و کڕنۆشیان بۆ برد.»
8 براکانی پێیان گوت: «ئایا حەز دەکەیت ببیتە پاشامان؟ ئایا فەرمانڕەوایەتیمان دەکەیت؟» ئیتر زیاتر ڕقیان لێ بووەوە، لەبەر خەونەکانی و لەبەر قسەکانی.
9 ئینجا خەونێکی دیکەی بینی و بۆ براکانی گێڕایەوە، گوتی: «گوێ بگرن، خەونێکی دیکەم بینیوە، بینیم خۆر و مانگ و یازدە ئەستێرە کڕنۆشیان بۆم بردووە.»
10 کە ئەمەی بۆ باوکی و براکانی گێڕایەوە، باوکی سەرزەنشتی کرد و پێی گوت: «ئەمە چ خەونێکە کە تۆ بینیوتە؟ ئایا من و دایکت و براکانت بێین و کڕنۆشت بۆ ببەین؟» 11 براکانیشی بەغیلییان پێ برد، بەڵام باوکی ئەم شتەی لە دڵی خۆیدا هێشتەوە.
فرۆشتنی یوسف لەلایەن براکانییەوە
12 براکانی چوون بۆ لەوەڕاندنی مەڕەکانی باوکیان لە دەوروبەری شەخەم. 13 ئیسرائیلیش بە یوسفی گوت: «تۆ دەزانیت کە براکانت لە دەوروبەری شەخەم خەریکی لەوەڕاندنن. وەرە با بتنێرمە لایان.»
ئەویش گوتی: «باشە.»
14 ئینجا پێی گوت: «بڕۆ سەیر بکە بزانە براکانت سەلامەتن و مەڕەکانیش سەلامەتن، وەرەوە و هەواڵم بدەرێ.» ئیتر یوسفی لە دۆڵی حەبرۆنەوە نارد.
کە یوسف چوو بۆ شەخەم، 15 پیاوێک بینییەوە و بینی وا لە چۆڵەوانی ون بووە، پرسیاری لێکرد: «ئەوە بەدوای چیدا دەگەڕێیت؟»
16 ئەویش گوتی: «بەدوای براکانمدا دەگەڕێم. پێم بڵێ لەکوێ خەریکی لەوەراندنن؟»
17 پیاوەکەش گوتی: «لێرە ڕۆیشتن، چونکە گوێم لێیان بوو گوتیان: ”با بچینە دوسان[v].“»
یوسفیش بەدوای براکانیدا چوو، ئەوانی لە دوسان بینییەوە. 18 بەڵام لە دوورەوە بینییان و پێش ئەوەی لێیان نزیک بێتەوە، پیلانیان بۆی دانا هەتا بیکوژن.
19 ئیتر بە یەکتریان گوت: «وا خاوەنی خەونەکان دێت! 20 دەی با ئێستا بیکوژین و فڕێیبدەینە یەکێک لەم ئەمباراوانە، دەشڵێین گیاندارێکی دڕندە یوسفی خوارد. ئینجا با ببینین خەونەکانی چییان لێدێت.»
21 کە ڕەئوبێن گوێی لەمە بوو، هەوڵی دا لە دەستیان ڕزگاری بکات، گوتی: «با گیانێک نەکوژین!» 22 ئینجا ڕەئوبێن پێی گوتن: «خوێن مەڕێژن. فڕێیبدەنە ناو ئەم ئەمباراوە کە لە چۆڵەوانییە بەڵام دەستی بۆ درێژ مەکەن.» ڕەئوبێن ئەمەی گوت بۆ ئەوەی لە دەستیان فریای بکەوێت و بیگەڕێنێتەوە لای باوکی.
23 ئیتر کە یوسف هاتە لای براکانی، کەواکەیان لەبەری دادڕاند، کەوا درێژە ڕەنگینەکەی لەبەری بوو، 24 ئینجا بردیان و فڕێیاندایە ناو ئەمباراوەکە، ئەمباراوەکەش بەتاڵ بوو، ئاوی تێدا نەبوو.
25 دوای ئەوە دانیشتن بۆ نانخواردن، کە چاویان هەڵبڕی بینییان وا کاروانی ئیسماعیلییەکان لە گلعادەوە دێت، وشترەکانیان بارکراون بە بەهارات و هەتووان[w] و موڕ[x]، بەرەو میسر دەڕۆن.
26 ئینجا یەهودا بە براکانی گوت: «چ سوودێکی هەیە براکەی خۆمان بکوژین و خوێنەکەی بشارینەوە؟ 27 وەرن با بە ئیسماعیلییەکانی بفرۆشین و دەستی خۆمانی بۆ درێژ نەکەین، چونکە برامانە و لە گۆشت و خوێنمانە.» براکانیشی بە قسەیان کرد.
28 کاتێک بازرگانە میدیانییەکان گەیشتن، براکانی یوسفیان لە ئەمباراوەکە ڕاکێشا، بە بیست شاقل زیو[y] بە ئیسماعیلییەکانیان فرۆشت، ئەوانیش یوسفیان هێنایە میسر.
29 ئینجا ڕەئوبێن گەڕایەوە لای ئەمباراوەکە و سەیری کرد یوسف لە ئەمباراوەکە نەبوو، ئیتر جلەکانی بەری خۆی دادڕی. 30 گەڕایەوە لای براکانی و گوتی: «کوڕەکە لەوێ نەماوە! من بۆ کوێ بچم؟»
31 ئەوانیش کەواکەی یوسفیان هێنا، گیسکێکیان سەربڕی و کەواکەیان لە خوێن هەڵکێشا. 32 ئینجا کەوا ڕەنگینەکەیان بۆ باوکیان هێنایەوە، گوتیان: «ئەمەمان دۆزیوەتەوە، لێی وردبەرەوە و بزانە کەوای کوڕەکەتە یان نا؟»
33 ئەویش لێی ورد بووەوە و گوتی: «کەوای کوڕەکەمە! گیاندارێکی دڕندە خواردوویەتی، یوسفی پارچەپارچە کردووە.»
34 ئیتر یاقوب جلەکانی بەری خۆی دادڕی و جلوبەرگی گوشی[z] پۆشی، ماوەیەکی درێژ شیوەنی بۆ کوڕەکەی گێڕا. 35 ئینجا هەموو کوڕ و کچەکانی هەستان چوونە لای بۆ دڵدانەوەی، بەڵام ئەو ڕەتی کردەوە دڵی بدرێتەوە، گوتی: «بە لاواندنەوە دادەبەزمە لای کوڕەکەم بۆ ناو جیهانی مردووان[aa].» ئیتر باوکی دایە پڕمەی گریان بۆی.
36 هەر لەو ماوەیەدا میدیانییەکان لە میسر یوسفیان فرۆشت بە پۆتیفەر، کە کاربەدەستی فیرعەون و سەرۆکی پاسەوانەکان بوو.
یەهودا و تامار
38 ئەوە بوو یەهودا لەو سەردەمەدا لەلای براکانی دابەزی و چوو بۆ لای پیاوێکی عەدولامی کە ناوی حیرە بوو. 2 لەوێ یەهودا چاوی بە کچی پیاوێکی کەنعانی کەوت، پیاوەکەش ناوی شوەع بوو. ئەو کچەی خواست و لەگەڵی نوست. 3 ئەویش سکی پڕ بوو، کوڕێکی بوو ناوی لێنا ئێر. 4 جارێکی دیکە سکی پڕ بووەوە، کوڕێکی دیکەی بوو ناوی لێنا ئۆنان. 5 دیسان سکی پڕ بووەوە، کوڕێکی دیکەی بوو ناوی لێنا شالەح. کاتێک یەهودا لە کەزیب[ab] بوو، ئەم کوڕەی بوو.
6 یەهودا ژنێکی بۆ ئێری کوڕە نۆبەرەی خۆی هێنا، ناوی تامار بوو. 7 بەڵام ئێری کوڕە نۆبەرەی یەهودا لەبەردەم یەزدان بەدکار بوو، یەزدانیش لەناوی برد.
8 ئینجا یەهودا بە ئۆنانی گوت: «ژنی براکەت بخوازەوە و بڕۆ بەلای، بە ئەرکی برایەتی هەستە و نەوە بۆ براکەت بخەرەوە.» 9 بەڵام ئۆنان ئەوەی زانی کە نەوەکە هی ئەم نابێت، ئیتر هەر کاتێک لەگەڵ ژنی براکەی دەنوست، تۆوەکەی خۆی دەڕژاندە سەر زەوی، بۆ ئەوەی نەوە بۆ براکەی نەخاتەوە. 10 ئەم کردارەی ئەو لەلای یەزدان کارێکی خراپ بوو، ئیتر ئەویشی مراند.
11 یەهودا بە تاماری بووکی خۆی گوت: «لە ماڵی باوکت بە بێوەژنی دابنیشە، هەتا شالەحی کوڕم گەورە دەبێت.» چونکە بیری کردەوە و گوتی: «نەوەک ئەمیشیان وەک دوو براکەی بمرێت.» تاماریش چوو لە ماڵی باوکی دانیشت.
12 دوای ماوەیەکی زۆر کچەکەی شوەع کە ژنی یەهودا بوو مرد. دوای ئەوەی دڵنەوایی بووە، یەهودا لەگەڵ حیرەی عەدولامی چوو بۆ تیمنا، بۆ لای ئەوانەی خوری مەڕەکانیان بۆ دەبڕییەوە.
13 کاتێک بە تاماریان ڕاگەیاند: «وا خەزوورت هاتووە بۆ تیمنا، بۆ بڕینەوەی خوری مەڕەکانی،» 14 ئەویش جلوبەرگی بێوەژنی داکەند و بە ڕووپۆش خۆی داپۆشی و خۆی پێچایەوە، لەبەر دەروازەی عێینەیم دانیشت، کە لەسەر ڕێگای تیمنایە، چونکە سەیری کرد وا شالەح گەورەش بووە، کەچی ئەمیان نەدایێ ببێتە ژنی.
15 کە یەهودا بینی وایزانی ئافرەتی لەشفرۆشییە، چونکە ڕووی خۆی داپۆشی بوو. 16 ئیتر لەسەر ڕێگاکە لایدا بەلای ئەودا و پێی گوت: «وەرە با لەگەڵت بنووم،» چونکە نەیزانی ئەوە بووکەکەیەتی.
ئەویش پێی گوت: «چیم پێدەدەیت بۆ ئەوەی لەگەڵم بنوویت؟»
17 ئەویش گوتی: «لە ماڵاتەکەم گیسکێکت بۆ دەنێرم.»
ئەمیش گوتی: «ئەی شتێکم وەک بارمتە دەدەیتێ هەتا دەینێریت؟»
18 ئەویش گوتی: «چ بارمتەیەکت بدەمێ؟»
ئەمیش گوتی: «مۆر و قەیتان و گۆچانەکەی دەستت.» ئەویش ئەمانەی دایێ و لەگەڵی نوست، ئیتر سکی لێی پڕبوو. 19 ئینجا هەستا و ڕۆیشت، ڕووپۆشەکەی لە خۆی کردەوە و جلوبەرگی بێوەژنی لەبەرکردەوە.
20 هەر لەو ماوەیەدا یەهودا گیسکەکەی بە هاوڕێ عەدولامییەکەیدا نارد بۆ ئەوەی بارمتەکە لە دەست ژنەکە وەربگرێتەوە. بەڵام ئەو نەیبینییەوە. 21 ئیتر پرسیاری لە خەڵکی ئەو ناوە کرد و گوتی: «ئەرێ ئەو ئافرەتە لەشفرۆشەی[ac] لە نزرگە لە کەناری ڕێی عێینەیم بوو لەکوێیە؟»
ئەوانیش گوتیان: «ئەم ناوە هیچ ئافرەتێکی لەشفرۆشی لێ نەبووە.»
22 ئەویش گەڕایەوە لای یەهودا و پێی گوت: «نەمبینییەوە. خەڵکەکەی ئەو ناوەش گوتیان: ”هیچ ئافرەتی لەشفرۆش لەو ناوەدا نییە.“»
23 یەهوداش گوتی: «با بۆ خۆی هەڵیانبگرێت نەوەک ڕیسوا بین. ئەوەتا ئەم گیسکەم بۆ ناردووە، بەڵام تۆ ئەوت نەبینییەوە.»
24 نزیکەی سێ مانگ دوای ئەوە بە یەهودا ڕاگەیەنرا و گوترا: «تاماری بووکت لەشفرۆشی کردووە، بەهۆی ئەو لەشفرۆشییەوە سکیشی پڕە.»
یەهوداش گوتی: «بیهێننە دەرەوە بۆ ئەوەی بسووتێنرێت!»
25 ئەوە بوو کە هێنرایە دەرەوە، ناردییە لای خەزووری و گوتی: «سکم لەو پیاوە پڕە کە خاوەنی ئەمانەیە.» هەروەها گوتی: «وردبەرەوە ئەم مۆر و قەیتان و گۆچانە هی کێیە؟»
26 یەهوداش ئەوانی ناسییەوە و گوتی: «ئەو لە من ڕاستودروستترە، لەبەر ئەوەی نەمداوە بە شالەحی کوڕم.» دوای ئەمە ئیتر لەگەڵی نەنوستەوە.
27 کە هاتە سەر منداڵبوون، دووانەیەک[ad] لە سکی بوو. 28 لە کاتی منداڵبوونی یەکێکیان دەستی هێنایە دەرەوە، مامانەکەش دەزووێکی سووری لە دەستی بەست و گوتی: «ئەمەیان یەکەم جار هاتە دەرەوە.» 29 بەڵام کە دەستی کێشایەوە دواوە، براکەی هاتە دەرەوە، مامانەکەش گوتی: «ئەوە بۆ هەڵتکوتا، دەک هەڵبکوترێتە سەرت!» ئەمەیان ناونرا پێرێز[ae]. 30 لەدوای براکەی، کە دەزووە سوورەکە بە دەستییەوە بوو، هاتە دەرەوە. ئەمەشیان ناونرا زەرەح[af].
یوسف و ژنی پۆتیفەر
39 یوسف بەرەو خوار بردرا بۆ میسر. لەوێ پیاوێکی میسری بە ناوی پۆتیفەر کە کاربەدەستی فیرعەون و سەرۆکی پاسەوانەکانی بوو، لە ئیسماعیلییەکانی کڕی کە بەرەو میسر هێنابوویان.
2 یەزدان لەگەڵ یوسف بوو، ئیتر پیاوێکی سەرکەوتوو بوو، لە ماڵی گەورە میسرییەکەیدا بوو. 3 گەورەکەی بینی کە یەزدانی لەگەڵدایە و دەست بداتە هەر کارێکیش یەزدان سەرکەوتووی دەکات. 4 یوسف لەبەرچاوی پەسەند بوو و خزمەتی کرد. پۆتیفەریش کردی بە گەورە لێپرسراوی ماڵەکەی و هەرچییەکی هەبوو دایە دەست ئەم. 5 ئیتر لەو کاتەوە کە ئەمی کرد بە گەورە لێپرسراوی ماڵەکەی و هەرچی کە هەیبوو، یەزدان لەبەر یوسف ماڵی ئەو میسرییەی بەرەکەتدار کرد. بەرەکەتەکەی یەزدانیش بۆ هەموو ئەو شتانە بوو کە هی پۆتیفەر بوو، چ لەناو ماڵەکەی و چ لە دەشتودەر. 6 ئیتر هەرچییەکی هەبوو بۆ یوسفی بەجێهێشت، ئاگاداری هیچی خۆشی نەبوو، تەنها ئەو نانە نەبێت کە دەیخوارد.
یوسفیش ڕوخسار جوان و بەژن ڕێک بوو. 7 دوای ماوەیەک ژنی گەورەکەی چاوی بڕییە یوسف و پێی گوت: «وەرە لەگەڵم بنوو.»
8 بەڵام ئەو ڕەتی کردەوە و بە ژنی گەورەکەی گوت: «تەماشا بکە، گەورەم سەرقاڵی هیچ شتێک نییە کە لە ماڵەکەی هەیە، هەرچییەکیشی هەیە بە منی سپاردووە. 9 کەسیش لە ماڵەکەدا لە من گەورەتر نییە. هیچیشی لێ قەدەغە نەکردووم، تەنها تۆ نەبێت، چونکە تۆ ژنی ئەویت. ئیتر چۆن دەبێت بەدکارییەکی ئاوا گەورە بکەم و گوناه بەرامبەر بە خودا بکەم؟» 10 هەروەها ڕۆژ بە ڕۆژ بە یوسفی دەگوتەوە، ئەویش بە قسەی نەکرد، بۆ ئەوەی لەگەڵی بنووێت و لەگەڵی بێت.
11 ئەوە بوو ڕۆژێکیان بۆ ئەنجامدانی کارەکەی هاتە ناو ماڵەکە، هیچ کەسێکی ماڵەکەش لە ماڵەوە نەبوو. 12 ژنەکە کەواکەی گرت و گوتی: «لەگەڵم بنوو!» بەڵام ئەو کەواکەی لە دەستی ئەو بەجێهێشت و هەڵات، چووە دەرەوە.
13 کە بینی وا کەواکەی لە دەستی ئەم بەجێهێشت و هەڵاتە دەرەوە، 14 بانگی کەسانی ماڵەکەی کرد و پێی گوتن: «سەیر بکەن، پیاوێکی عیبرانی بۆ هێناوین دەستبازیمان لەگەڵ بکات. بۆم هاتووەتە ژوورەوە هەتا لاقەم بکات، بەڵام من بە دەنگی بەرز قیژاندم. 15 ئیتر کە گوێی لێبوو دەنگم هەڵبڕی و قیژاندم، کەواکەی لەلام بەجێهێشت و هەڵات، چووە دەرەوە.»
16 کەواکەی ئەوی لەلای خۆی دانا هەتا گەورەکەی گەڕایەوە ماڵەوە. 17 ئیتر هەمان قسەی بۆ ئەو گێڕایەوە، پێی گوت: «خزمەتکارە عیبرانییەکەی تۆ بۆت هێناوین، بۆم هاتە ژوورەوە هەتا دەستبازیم لەگەڵ بکات. 18 بەڵام کە دەنگم هەڵبڕی و قیژاندم، کەواکەی لەلام بەجێهێشت و هەڵاتە دەرەوە.»
19 کە گەورەکەی ئەو قسەیەی ژنەکەی خۆی بیست کە بۆی کرد و پێی گوت، «خزمەتکارەکەت ئاوای پێکردم،» تووڕەیی جۆشا. 20 ئینجا گەورەکەی یوسفی هێنا و خستییە زیندانەوە، ئەو شوێنەی زیندانییەکانی پاشای لێ بەند کرابوون. ئیتر لەوێ لە زیندان مایەوە.
21 بەڵام یەزدان لەگەڵ یوسف بوو، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی خۆی بەسەردا کێشا و لەبەرچاو کارگێڕی زیندانەکە پەسەندی کرد. 22 ئیتر کارگێڕی زیندانەکە هەموو ئەو زیندانییانەی خستە ژێر دەستی یوسف کە لە زیندانەکەدا بوون، کردیشی بە لێپرسراوی هەر کارێک لەوێ هەبوو. 23 کارگێڕی زیندانەکەش سەیری هیچ شتێکی نەدەکرد کە بە دەست یوسف بووایە، چونکە یەزدان لەگەڵ یوسف بوو، هەر کارێکیشی دەکرد یەزدان سەری دەخست.
ساقی[ag] پاشای میسر و نانەواکەی
40 دوای ماوەیەک ساقی پاشای میسر و نانەواکەی هەڵەیان بەرامبەر بە گەورەکەیان پاشای میسر کرد. 2 جا فیرعەون لە دوو کاربەدەستەکەی تووڕە بوو، سەرۆکی ساقییەکان و سەرۆکی نانەواکان. 3 ئیتر هەردووکیانی خستە زیندانەکەی ناو ماڵەکەی سەرۆکی پاسەوانەکان، ئەو شوێنەی کە یوسفی تێدا زیندانی کرابوو. 4 سەرۆکی پاسەوانەکانیش کاروباری ئەوانی بە یوسف سپارد، ئەویش خزمەتی کردن.
ئیتر ماوەیەک لە زیندانەکەدا مانەوە. 5 ئینجا ساقی پاشای میسر و نانەواکەی کە زیندانی کرابوون هەردووکیان، لە یەک شەودا خەونیان بینی، خەوی هەریەکەیان لێکدانەوەیەکی جیاوازی هەبوو لەگەڵ ئەوی دیکەیان.
6 بۆ سبەی بەیانی یوسف هاتە لایان، سەیری کردن هەردووکیان ماتومەلوولن. 7 ئەویش پرسیاری لە هەردوو کاربەدەستەکەی فیرعەون کرد کە لەگەڵ خۆی لە زیندانی ماڵی گەورەکەیدان، گوتی: «بۆچی ئەمڕۆ ڕووتان خەمگینە؟»
8 وەڵامیان دایەوە: «خەونمان بینیوە، بەڵام کەسێک نییە لێکیان بداتەوە.»
یوسفیش پێی گوتن: «ئایا لێکدانەوە هی خودا نییە؟ خەونەکانتانم بۆ بگێڕنەوە.»
9 سەرۆکی ساقییەکان خەونەکەی بۆ یوسف گێڕایەوە و گوتی: «لە خەونمدا دار مێوێک لەبەردەمم بوو. 10 سێ چڵ بە دار مێوەکەوە بوو، هەر کە چرۆیان کرد، گوڵیان گرت و هێشووەکانیان پێگەیشتن و بوونە ترێ. 11 جامەکەی فیرعەونیشم بەدەستەوە بوو، ترێیەکەم هێنا و گوشیمە ناو جامەکەی فیرعەون، جامەکەم دایە دەستی فیرعەون.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.