Bible in 90 Days
12 یوسفیش پێی گوت: «ئەمە لێکدانەوەکەیەتی: سێ چڵەکە سێ ڕۆژن. 13 لە ماوەی سێ ڕۆژدا فیرعەون سەرت بەرز دەکات و دەتگەڕێنێتەوە شوێنەکەی خۆت. جامەکەی فیرعەونیش دەدەیتەوە دەست خۆی، هەروەک جاری جاران کە ساقی بوویت. 14 کاتێک ژیانت باش دەبێت منت بێتەوە یاد، چاکەیەکم لەگەڵ بکەیت و لەلای فیرعەون ناوم بهێنیت و لەم ماڵە دەرمبهێنیت، 15 چونکە لە خاکی عیبرانییەکانەوە دزراوم، لێرەش بێ ئەوەی هیچم کردبێت خراومەتە زیندانەوە.»
16 کە سەرۆکی نانەواکان بینی باشی لێکدایەوە، بە یوسفی گوت: «منیش لە خەونمدا سێ سەبەتە نانی سپی لەسەر سەرم بوو. 17 سەبەتەکەی سەرەوەیان هەموو جۆرە خواردنێکی فیرعەونی تێدابوو لەوانەی نانەوا دروستیان دەکات، بەڵام باڵندەکان لەسەر سەبەتەکەی سەر سەرمەوە دەیانخوارد.»
18 یوسفیش وەڵامی دایەوە: «ئەمە لێکدانەوەکەیەتی، سێ سەبەتەکە سێ ڕۆژن. 19 لە ماوەی سێ ڕۆژیشدا، فیرعەون سەرت پەلدەدات و جەستەکەت لەسەر دارێک دەچەقێنێت، باڵندەش گۆشتەکەت دەخۆن.»
20 ئەوە بوو لە ڕۆژی سێیەم کە ڕۆژی لەدایکبوونی فیرعەون بوو، فیرعەون خوانێکی بۆ هەموو دەستوپێوەندەکانی سازکرد. سەری سەرۆکی ساقییەکان و سەری سەرۆکی نانەواکانی لەنێو دەستوپێوەندەکانی بڵند کرد. 21 سەرۆکی ساقییەکانی گەڕاندەوە بۆ مەیگێڕییەکەی خۆی، ئەویش جامی دایەوە دەستی فیرعەون. 22 بەڵام سەرۆکی نانەواکانی کوشت، وەک چۆن یوسف بۆی لێکدابوونەوە.
23 سەرۆکی ساقییەکانیش یوسفی بیر نەکەوتەوە، بەڵکو لە یادی کرد.
خەونەکانی فیرعەون
41 ئەوە بوو لەدوای دوو ساڵ، فیرعەون خەونی بینی، کە لەلای ڕووباری نیل ڕاوەستاوە، 2 لە ڕووبارەکەوە حەوت مانگای ڕوخسار جوان و گۆشتن هاتنە دەرەوە، لە مێرگەکەدا کەوتنە لەوەڕان. 3 لەدوای ئەوان حەوت مانگای دیکە لە ڕووبارەکە هاتنە دەرەوە، ڕوخسار ناشیرین و لەڕ، لەلای مانگاکانەوە لەسەر کەناری ڕووبارەکە ڕاوەستان. 4 ئینجا مانگا ڕوخسار ناشیرین و لەڕەکان، حەوت مانگا ڕوخسار جوان و گۆشتنەکانیان خوارد. ئیتر فیرعەون بەئاگا هات.
5 لەدوای ئەوە نوستەوە و دیسان خەونی بینییەوە، کە حەوت گوڵەگەنمی قەڵەو و جوان لە لاسکێکەوە دەرهاتوون، قەڵەو و جوانن. 6 لەدوای ئەمانەوە حەوت گوڵەگەنمی باریک و سووتا و بە بای ڕۆژهەڵات ڕواون. 7 ئینجا گوڵەگەنمە باریکەکان حەوت گوڵەگەنمە قەڵەو و پڕەکانیان قووت دا. ئیتر فیرعەون بەئاگا هات، زانی کە خەونە.
8 ئەوە بوو سەر لە بەیانی دڵگران بوو، ئیتر ناردی بەدوای هەموو جادووگەرانی میسر و هەموو داناکانی. فیرعەون خەونەکەی خۆی بۆ گێڕانەوە، بەڵام کەسێک لەنێویان نەبوو بۆی لێکبداتەوە.
9 ئینجا سەرۆکی ساقییەکان قسەی لەگەڵ فیرعەون کرد و گوتی: «من ئەمڕۆ هەڵەکانی خۆم دێتەوە یاد. 10 جارێک فیرعەون لە دوو خزمەتکارەکەی خۆی تووڕە بوو، من و سەرۆکی نانەواکانی خستە زیندانی ماڵی سەرۆکی پاسەوانەکان. 11 من و ئەو لە یەک شەو خەونمان بینی، خەونی هەریەکەمان لێکدانەوەیەکی جیاوازی هەبوو لەگەڵ ئەوی دیکەمان. 12 لەوێش کوڕێکی عیبرانیمان لەگەڵ بوو کە خزمەتکاری سەرۆکی پاسەوانەکان بوو. بۆ ئەومان گێڕایەوە، ئەویش هەردوو خەونەکەی بۆ لێکداینەوە، بۆ هەریەکەمان بەپێی خەونەکەی لێکی دایەوە. 13 ئیتر ئەو چۆنی بۆ لێکداینەوە ئاوا ڕوویدا. ئەوە بوو من گەڕامەوە شوێنەکەی خۆم و ئەویش کوژرا.»
14 فیرعەونیش بەدوای یوسفدا ناردی، ئیتر خێرا لە زیندانەوە هێنایان. لەدوای ئەوەی تراشی کرد و جلەکانی گۆڕی، هاتە بەردەم فیرعەون.
15 فیرعەون بە یوسفی گوت: «خەونێکم بینیوە و کەس نییە لێکی بداتەوە. بەڵام دەربارەی تۆ بیستوومە کە خەون دەبیستیت هەتا لێکی بدەیتەوە.»
16 یوسف وەڵامی فیرعەونی دایەوە: «هی من نییە، بەڵکو خودایە کە وەڵامی دڵنیاکەرەوە دەداتە فیرعەون.»
17 ئینجا فیرعەون بە یوسفی گوت: «لە خەونمدا لەسەر کەناری ڕووباری نیل ڕاوەستابووم، 18 بینیم لە ڕووبارەکەوە حەوت مانگای گۆشتن و ڕوخسار جوان هاتنە دەرەوە، لە مێرگەکەدا کەوتنە لەوەڕان. 19 لەدوای ئەوان حەوت مانگای دیکە هاتنە دەرەوە، ڕوخسار زۆر ناشیرین و لەڕولاواز بوون. لە هەموو خاکی میسر ناشیرینی وەک ئەوانم نەبینیبوو. 20 ئینجا مانگا لەڕ و ڕوخسار ناشیرنەکان، حەوت مانگا قەڵەوەکەی یەکەم جاریان خوارد. 21 چوونە ناو ورگیانەوە، بەڵام پێیانەوە دیار نەبوو کە ئەوانە چوونەتە ورگیانەوە، بەڵکو هەروەک یەکەم جار ڕوخساریان ناشیرین بوو. ئیتر بەئاگا هاتم.
22 «دیسان لە خەونمدا بینیم حەوت گوڵەگەنمی پڕ و جوان لە لاسکێکەوە دەرهاتوون. 23 لەدوای ئەوان حەوت گوڵەگەنمی وشک و باریک و سووتا و بە بای ڕۆژهەڵات ڕواون. 24 گوڵەگەنمە باریکەکان حەوت گوڵەگەنمە جوانەکەیان قووت دا. ئەمەم بە جادووگەرەکان گوت، بەڵام کەس نەبوو بۆم لێکبداتەوە.»
25 یوسفیش بە فیرعەونی گوت: «خەونەکانی فیرعەون یەکە و لە یەک دەچن. ئەوەی خودا خەریکە دەیکات بە فیرعەونی ڕاگەیاند. 26 حەوت مانگا جوانەکە حەوت ساڵن. حەوت گوڵەگەنمە جوانەکەش هەر حەوت ساڵن. یەک خەونە. 27 حەوت مانگا لەڕ و ناشیرنەکان بەدوایاندا هاتنە دەرەوە ئەوە حەوت ساڵن. حەوت گوڵەگەنمە باریک و سووتاوەکە بە بای ڕۆژهەڵات، دەبنە حەوت ساڵی قاتوقڕی.
28 «ئەمەش ئەوەیە کە بە فیرعەونم گوت، ئەوەی خودا خەریکە دەیکات بە فیرعەونی نیشان دا: 29 حەوت ساڵ دێت تێروتەسەلییەکی مەزن لە هەموو خاکی میسر دەبێت. 30 بەڵام بەدوای ئەودا حەوت ساڵی قاتوقڕی دێت کە هەموو ئەو تێروتەسەلییە لەبیر دەباتەوە کە لە خاکی میسر بووە. قاتوقڕی خاکەکە دەفەوتێنێت. 31 ئیتر بەو تێروتەسەلییەی لە خاکەکەدا بووە نازانرێت، لەبەر ئەو قاتوقڕییەی بەدوایدا دێت، چونکە زۆر گران دەبێت. 32 سەبارەت بەوەش کە خەونەکە دوو جار بۆ فیرعەون دووبارە کراوەتەوە لەبەر ئەوەیە کە ئەو کارە لەلای خوداوە بڕیار دراوە، خوداش خێرایە لە ئەنجامدانی.
33 «ئێستاش با فیرعەون پیاوێکی وردبین و دانا ببینێت و لەسەر خاکی میسر داینێت. 34 با فیرعەون چەند سەرپەرشتیارێک لەسەر زەوی دابنێت بۆ وەرگرتنی پێنج یەکی دانەوێڵەی خاکی میسر لە هەر حەوت ساڵی تێروتەسەلییەکە. 35 ئیتر هەموو خواردنی ئەم ساڵە باشانەی کە دێت کۆدەکەنەوە، لەژێر دەستی فیرعەون گەنم لە ئەمبار بکەن، بۆ خواردن لە شارۆچکەکان دەپارێزرێت. 36 ئەم خۆراکە دەبێتە ئازووقەی خاکەکە بۆ ئەو حەوت ساڵە قاتوقڕییەی کە لە خاکی میسردا دەبێت، ئیتر خاکەکە بە قاتوقڕی لەناو ناچێت.»
37 ئەم قسانە لەبەرچاوی فیرعەون باش بوو، هەروەها لەبەرچاوی هەموو دەستوپێوەندەکەی. 38 فیرعەون بە دەستوپێوەندەکەی گوت: «ئایا کەسێکی وەک ئەم پیاوەمان دەست دەکەوێت کە ڕۆحی خودای تێدابێت؟»
39 ئینجا فیرعەون بە یوسفی گوت: «لەدوای ئەوەی خودا هەموو ئەمانەی بۆت ئاشکرا کرد، ئیتر کوا لە تۆ وردبینتر و داناتر. 40 تۆ لەسەر ماڵەکەی من دەبیت، هەموو گەلەکەشم لە دەمی تۆوە ڕاسپاردە وەردەگرن، تەنها لە تەختی پاشایەتی لە تۆ گەورەتر دەبم.»
یوسف وەک لێپرسراوی خاکی میسر
41 ئیتر فیرعەون بە یوسفی گوت: «ئەوا تۆم کردە لێپرسراوی هەموو خاکی میسر.» 42 ئینجا فیرعەون ئەنگوستیلەکەی دەستی خۆی داکەند و لە دەستی یوسفی کرد، هەروەها جلوبەرگی کەتانی ناسکی لەبەری کرد و تەوقێکی زێڕیشی لە ملی کرد. 43 پاشان سواری دووەم گالیسکەی خۆی کرد و لەپێشیەوە بانگەوازیان کرد: «بە چۆکدا بێن!» ئیتر کردییە لێپرسراوی هەموو خاکی میسر.
44 ئینجا فیرعەون بە یوسفی گوت: «من فیرعەونم، بەڵام بەبێ قسەی تۆ کەس لە هەموو خاکی میسر، نە دەستی و نە پێی بەرز ناکاتەوە.» 45 فیرعەون ناوی لە یوسف نا سافنەت پەعنێح، هەروەها ئاسنەتی کچی پۆتیفەرەعی کاهینی ئۆنی کچی پێدا هەتا ببێتە ژنی. ئیتر یوسف چووە دەرەوە بۆ سەر خاکی میسر.
46 تەمەنی یوسف سی ساڵ بوو کاتێک دەستی بە خزمەتی فیرعەونی پاشای میسر کرد. یوسف لەلای فیرعەون چووە دەرەوە و بە هەموو خاکی میسردا تێپەڕی. 47 لە حەوت ساڵی تێروتەسەلییەکەدا زەوی بە پڕی بەروبوومی دا. 48 یوسف هەموو خۆراکی ئەو حەوت ساڵەی کۆکردەوە کە لە خاکی میسردا بوو، لە هەموو شارێکدا خۆراکی دانا، خۆراکی ئەو کێڵگانەش کە لە دەوروبەری شارەکە بوون. 49 یوسف وەک لمی دەریا گەنمی کۆکردەوە، ئەوەندە زۆر ئیتر وازی لە ژماردنیان هێنا، چونکە لە ژماردن نەدەهاتن.
50 پێش هاتنی ساڵانی قاتوقڕییەکە، یوسف لە ئاسنەتی کچی پۆتیفەرەعی کاهینی ئۆن دوو کوڕی بوو. 51 یوسف کوڕە نۆبەرەکەی ناونا مەنەشە[a] و گوتی: «چونکە خودا هەموو ماندووبوونم و هەموو ماڵی باوکمی لەبیر بردمەوە.» 52 دووەمیشیانی ناونا ئەفرایم[b]، گوتی «چونکە خودا لە خاکی زەلیلیمدا بەرداری کردم.»
53 ئەو حەوت ساڵە تێروتەسەلییەی لە خاکی میسردا بوو کۆتایی هات. 54 ئینجا حەوت ساڵی قاتوقڕییەکە دەستی پێکرد، وەک یوسف گوتبووی. قاتوقڕی لە هەموو زەویدا بوو، بەڵام لە هەموو خاکی میسردا نان هەبوو. 55 کاتێک قاتوقڕییەکە کاریگەری لە هەموو میسر کرد، خەڵکەکە هاواریان بۆ فیرعەون برد بۆ نان. فیرعەونیش بە هەموو میسرییەکانی گوت: «بڕۆنە لای یوسف، ئەوەی ئەو پێتان دەڵێت بیکەن.»
56 قاتوقڕییەکە تەواوی ڕووی خاکەکەی گرتەوە، ئینجا یوسف هەموو ئەمبارەکانی کردەوە و بە میسرییەکانی فرۆشت. قاتوقڕییەکە لە خاکی میسردا توندتر بوو. 57 هەموو زەویش هاتن بۆ میسر هەتا گەنم لە یوسف بکڕن، چونکە قاتوقڕییەکە لە هەموو زەویدا توند بوو.
براکانی یوسف بۆ میسر دەچن
42 کاتێک یاقوب زانی کە لە میسر گەنم هەیە، ئیتر یاقوب بە کوڕەکانی خۆی گوت: «بۆ سەیری یەکتری دەکەن؟» 2 گوتی: «بیستوومە وا لە میسر گەنم هەیە. بڕۆنە ئەوێ و لەوێ بۆمان بکڕن، بۆ ئەوەی بژین و نەمرین.»
3 ئیتر دە برای یوسف بەرەو خوار چوون بۆ کڕینی گەنم لە میسر. 4 بەڵام یاقوب بنیامینی برای یوسفی لەگەڵ براکانی نەنارد، چونکە گوتی نەوەک تووشی بەڵایەک بێت. 5 ئیتر کوڕانی ئیسرائیل هاتن بۆ کڕینی گەنم لەگەڵ ئەوانەی هاتبوون، چونکە لە خاکی کەنعان قاتوقڕی هەبوو.
6 یوسف خۆی دەسەڵاتدار بوو لەسەر خاکەکە، خۆی فرۆشیار بوو بۆ هەموو خەڵکەکەی. ئینجا براکانی یوسف هاتن و کڕنۆشیان بۆ برد و سەریان خستە سەر زەوی. 7 کە یوسف تەماشای براکانی خۆی کرد، ئەوانی ناسییەوە. بەڵام خۆی لێ گۆڕین و بە ڕەقی قسەی لەگەڵ کردن، لێی پرسین: «لەکوێوە هاتوون؟»
ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «لە خاکی کەنعانەوە بۆ خۆراک کڕین.»
8 هەرچەندە یوسف براکانی خۆی ناسییەوە، بەڵام ئەوان ئەمیان نەناسییەوە. 9 ئینجا یوسف ئەو خەونانەی هاتەوە یاد کە بە ئەوانییەوەی بینیبوو، پێی گوتن: «ئێوە سیخوڕن! بۆ ئەوە هاتوون هەتا ڕووتی خاکەکە ببینن.»
10 ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «نەخێر گەورەم، بەڵکو خزمەتکارەکانت بۆ ئەوە هاتوون خۆراک بکڕن. 11 ئێمە هەموومان کوڕی پیاوێکین، کەسانێکی سەرڕاستین، خزمەتکارەکانت سیخوڕ نین.»
12 ئەویش پێی گوتن: «نەخێر، بەڵکو هاتوون هەتا ڕووتی خاکەکە ببینن.»
13 بەڵام ئەوان گوتیان: «خزمەتکارەکانت دوازدە بران. ئێمە کوڕی پیاوێکین لە خاکی کەنعان. ئەمڕۆ بچووکەکەمان لەلای باوکمانە، یەکێکیشمان بێ سەروشوێنە.»
14 یوسفیش پێی گوتن: «ئەوەیە کە پێم گوتن، ئێوە سیخوڕن. 15 ئا بەمەش تاقی دەکرێنەوە، بە گیانی فیرعەون، لێرە ناچنە دەرەوە تەنها بە هاتنی برا بچووکەکەتان نەبێت بۆ ئێرە. 16 یەکێک لە خۆتان بنێرن هەتا براکەتان بهێنێت، ئێوەش بەند دەکرێن، ئیتر قسەکەتان تاقی دەکرێتەوە کە ئایا ڕاستگۆییتان تێدایە؟ ئەگینا بە گیانی فیرعەون ئێوە سیخوڕن.» 17 ئیتر سێ ڕۆژ پێکەوە لە زیندانی کردن.
18 لە ڕۆژی سێیەم یوسف پێی گوتن: «ئەمە بکەن و بژین، من لەخواترسم. 19 ئەگەر ئێوە سەرڕاستن، با برایەکتان لە زیندانەکەتان زیندانی بکرێت، ئێوەش بڕۆن و گەنم ببەنەوە بۆ برسیێتی ماڵەکانتان. 20 بەڵام دەبێت برا بچووکەکەتانم بۆ بهێنن، ئیتر ڕاستی قسەکانتان دەردەکەوێت و نامرن.» ئەوانیش بەم جۆرەیان کرد.
21 بە یەکتریشیان گوت: «بەڕاستی بەرامبەر بە براکەمان تاوانبارین. کاتێک پەرێشانی گیانیمان بینی، لێمان پاڕایەوە بەڵام گوێمان لێی نەگرت، لەبەر ئەوەشە ئەم تەنگانەیەمان بەسەرهات.»
22 ڕەئوبێنیش وەڵامی دانەوە: «ئەی پێم نەگوتن گوناه بەرامبەر بەو کوڕە مەکەن؟ بەڵام ئێوە گوێتان نەگرت! ئێستا خوێنەکەی داوا دەکرێت.» 23 نەشیاندەزانی یوسف لە قسەکانیان دەگات، چونکە لە ڕێگەی زمانزانەوە قسەی لەگەڵ دەکردن.
24 ئیتر لێیان جیا بووەوە و دەستی بە گریان کرد، بەڵام دوای ئەوە گەڕایەوە لایان و کەوتەوە قسەکردن لەگەڵیان. ئینجا شیمۆنی لێسەندن و لەپێش چاویان بەستییەوە.
25 دوای ئەوە یوسف فەرمانی دا جەواڵەکانیان پڕ بکرێت لە گەنم، زیوی هەریەکەشیان بخرێتەوە هەگبەکەی خۆی، ئازووقەشیان پێبدرێت بۆ ڕێگا. ئیتر وایان بۆ کرا. 26 گەنمەکەیان لە گوێدرێژەکانیان بارکرد و لەوێ ڕۆیشتن.
27 لەو شوێنەی بۆ مانەوەی شەو لێی ڕاوەستان، یەکێکیان هەگبەکەی خۆی کردەوە بۆ ئەوەی ئالیک بداتە گوێدرێژەکەی، بینی زیوەکەی وا لە دەمی هەگبەکەیەتی. 28 بە براکانی خۆی گوت: «زیوەکەم بۆ گەڕێنراوەتەوە، وا لە هەگبەکەمدایە.»
ئەوانیش دڵەکوتێیان تێکەوت و بە ترس و لەرزەوە بە یەکتریان گوت: «ئەمە چییە خودا بە ئێمەی کردووە؟»
29 ئینجا هاتنە لای یاقوبی باوکیان لە خاکی کەنعان، هەرچییەکیان بەسەرهاتبوو بۆیان گێڕایەوە و گوتیان: 30 «ئەو پیاوەی گەورەی خاکەکەیە بە ڕەقییەوە قسەی لەگەڵ کردین و وای داناین سیخوڕی خاکەکە بین. 31 بەڵام ئێمە پێمان گوت: ”ئێمە سەرڕاستین و سیخوڕ نین. 32 ئێمە دوازدە برای کوڕی باوکێکین. یەکێکمان نەماوە و بچووکەکەشمان ئەمڕۆ لەلای باوکمانە لە خاکی کەنعان.“
33 «ئەو پیاوەش کە گەورەی خاکەکەیە پێی گوتین: ”بەمە دەزانم ئێوە سەرڕاستن، با یەکێک لە براکانتان لەلای من بمێنێتەوە و ئەوەی بۆ برسیێتی ماڵەکانتان پێویستە بیبەن و بڕۆن. 34 ئینجا برا بچووکەکەتانم بۆ بهێنن. ئیتر دەزانم ئێوە سیخوڕ نین، بەڵکو سەرڕاستن. براکەشتان پێدەدەمەوە و لە خاکەکەش بازرگانی خۆتان بکەن.“»
35 ئەوە بوو کاتێک هەگبەکانیان بەتاڵ دەکردەوە، کیسەی زیوی هەریەکەیان لە هەگبەکەی خۆیدا بوو! ئیتر کە کیسەی زیوەکانیان بینی، خۆیان و باوکیان ترسیان لێ نیشت. 36 یاقوبی باوکیشیان پێی گوتن: «منتان بێبەش کرد. یوسف نەما و شیمۆنیش نەما، ئێستاش بنیامین دەبەن. هەمووی بەسەر مندا شکاوەتەوە.»
37 ڕەئوبێن بە باوکی گوت: «ئەگەر بۆم نەهێنایتەوە هەردوو کوڕەکەم بکوژە. بیدە دەستی من، خۆم بۆتی دەهێنمەوە.»
38 بەڵام یاقوب گوتی: «کوڕی من لەگەڵ ئێوە نایەت، چونکە براکەی مردووە و ئەویش بە تەنها ماوەتەوە. ئەگەر لەو ڕێگایەی پێیدا دەڕۆن تووشی شتێک بێت، ئەوا سەری سپیم بە خەمەوە دەنێنە ناو جیهانی مردووانەوە.»
گەشتی دووەم بۆ میسر
43 قاتوقڕی لە خاکەکە درێژەی کێشا و هەر سەخت بوو. 2 کاتێک لە خواردنی گەنمەکە بوونەوە کە لە میسرەوە هێنابوویان، باوکیان پێی گوتن: «بگەڕێنەوە و هەندێک خۆراکمان بۆ بکڕن.»
3 بەڵام یەهودا پێی گوت: «ئەو پیاوە بە تەواوی ئاگاداری کردینەوە و گوتی: ”بەبێ ئەوەی براکەتان لەگەڵ بێت، چاوتان بە چاوم ناکەوێت.“ 4 ئەگەر براکەمان لەگەڵ بنێریت ئەوا بەرەو خوار دەچین و خۆراکت بۆ دەکڕین. 5 بەڵام ئەگەر ناینێریت ئەوا بەرەو خوار ناچین، چونکە پیاوەکە پێی گوتین: ”چاوتان بە چاوم ناکەوێت، بێ ئەوەی براکەتان لەگەڵتان بێت.“»
6 ئیسرائیلیش لێی پرسین: «بۆچی خراپەتان لەگەڵ کردم بەوەی بە پیاوەکەتان ڕاگەیاند برایەکی دیکەشتان هەیە؟»
7 ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «پیاوەکە دەربارەی خۆمان و کەسوکارمان پرسیاری لێکردین: ”ئایا باوکتان ماوە؟ برای دیکەتان هەیە؟“ ئێمەش بەپێی ئەم قسانە پێمان ڕاگەیاند. ئایا دەمانزانی کە پێمان دەڵێت: ”براکەتان بۆ ئێرە بهێنن“؟»
8 یەهودا بە ئیسرائیلی باوکی گوت: «کوڕەکە لەگەڵ من بنێرە، هەڵدەستین و دەڕۆین، ئیتر ئێمە و تۆ و منداڵەکانمان دەژین و نامرین. 9 خۆم زامنی دەبم، لە دەستی من داوای دەکەیتەوە. ئەگەر بۆم نەهێنایتەوە و لەبەردەمت ڕام نەگرت ئەوا هەتاهەتایە بەرامبەر بە تۆ تاوانبارم، 10 چونکە ئەگەر ئاوا دوانەکەوتباین، ئێستا ئەمە دووەم جار بوو هاتبووینەوە.»
11 ئیسرائیلی باوکیشیان پێی گوتن: «ئەگەر وایە، ئەوا ئەمە بکەن، لە باشترین بەرهەمی زەوی بخەنە ناو جەواڵەکانتان و بە دیاری بۆ پیاوەکەی ببەن، هەندێک هەتووان و هەنگوین و بەهارات و موڕ[c] و بستە و بادەم. 12 دوو هێندەش زیو لەگەڵ دەستتان ببەن، ئەو زیوەش کە لە دەمی هەگبەکانتان گەڕێنرابووەوە لەگەڵ دەستی خۆتان بیبەنەوە، لەوانەیە بە هەڵە چووبێت. 13 براکەتان ببەن و هەستن بگەڕێنەوە لای پیاوەکە. 14 خودای هەرە بە توانا وا بکات ئەو پیاوە بەزەیی هەبێت بەرامبەرتان، تاکو واز لە براکەی دیکەتان و بنیامین بهێنێت. منیش ئەگەر لە منداڵان بێبەش بووم، ئەوا لێیان بێبەشم.»
15 پیاوەکانیش ئەم دیارییەیان هەڵگرت و دوو هێندە زیویشیان لەگەڵ دەستیان هەڵگرت و لەگەڵ بنیامین، هەستان و بەرەو خوار چوون بۆ میسر و لەبەردەم یوسف ڕاوەستان. 16 کاتێک یوسف بنیامینی لەگەڵیان بینی، بە سەرکاری ماڵەکەی گوت: «ئەم پیاوانە ببە ماڵەوە و ئاژەڵێکیش سەر ببڕە و ئامادەی بکە، چونکە ئەم پیاوانە بۆ نیوەڕۆ لەگەڵ خۆم نان دەخۆن.»
17 ئیتر یوسف چۆنی گوت، پیاوەکە ئاوای کرد، پیاوەکانی بردە ماڵی یوسف. 18 پیاوەکان ترسان کاتێک برانە ماڵی یوسف، گوتیان: «بەهۆی ئەو زیوەی جاری یەکەم گەڕێنرابووەوە ناو هەگبەکانمان ئێمەیان هێناوەتە ژوورەوە، بۆ ئەوەی پەلامارمان بدات و بکەوێتە سەرمان و بمانکاتە کۆیلە و گوێدرێژەکانمان ببات.»
19 ئیتر لە سەرکاری ماڵەکەی یوسف چوونە پێشەوە و لەناو دەرگای ماڵەکە قسەیان لەگەڵ کرد. 20 پێیان گوت: «ئەی گەورەم، تکایە، ئێمە یەکەم جار هاتینە ئێرە بۆ کڕینی خۆراک. 21 بەڵام کە لە شوێنی شەومانەوەکەمان ڕاوەستاین، هەگبەکانمان کردەوە، بینیمان زیوی هەریەکەمان لە دەمی هەگبەکەی بوو، بە کێشی تەواوی خۆی، ئێمەش لەگەڵ دەستی خۆمان هێنامانەوە. 22 هەروەها زیوی دیکەشمان لەگەڵ دەستی خۆمان هێناوە بۆ ئەوەی خۆراک بکڕین. ناشزانین کێ زیوەکانمانی خستبووە ناو هەگبەکانمان.»
23 ئەویش پێی گوتن: «ئاشتیتان بۆ ببێت، مەترسن. خوداکەی ئێوە و خوداکەی باوکتان هەگبەکانتانی کردە گەنجینە، من زیوەکانی ئێوەم وەرگرتووە.» ئینجا شیمۆنی بۆ هێنانە دەرەوە.
24 پیاوەکە ئەوانی هێنایە ژوورەوە بۆ ماڵەکەی یوسف و ئاوی دانێ هەتا پێیان بشۆن و ئالیکی دایە گوێدرێژەکانیان. 25 ئەوانیش دیارییەکەیان ئامادە کرد بۆ کاتی گەیشتنی یوسف لە دەمەو نیوەڕۆ، چونکە بیستبوویان ئەوان لەوێ نان دەخۆن.
26 کە یوسف گەڕایەوە ماڵ، دیارییەکەیان بۆ هێنا کە لەگەڵ دەستی خۆیان هێنابوویان بۆ ماڵەکە، کڕنۆشیان بۆ برد. 27 ئەویش هەواڵی پرسین و گوتی: «باوکە پیرەکەتان چۆنە کە بۆتان باسکردم؟ ئایا هێشتا ماوە؟»
28 ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «خزمەتکاری خۆت باوکی ئێمە باشە و هێشتاش زیندووە.» ئیتر بۆی نوشتانەوە و کڕنۆشیان بۆی برد.
29 ئەویش چاوی هەڵبڕی و سەیری بنیامینی برای کوڕی دایکی خۆی کرد و گوتی: «ئەمەیە برا بچووکەکەتان کە بۆتان باسکردم؟» ئینجا گوتی: «کوڕم، خودا میهرەبان بێت لەگەڵت.» 30 ئیتر یوسف پەلەی کرد، چونکە هەناوی گڕی گرت بۆ براکەی و داوای شوێنێکی کرد هەتا تێیدا بگریێت. ئینجا چووە ژوورەکەی خۆی و لەوێ گریا.
31 پاشان دەموچاوی شوشت و هاتە دەرەوە، دانی بەخۆیدا گرت و گوتی: «نان بهێنن.»
32 ئەوانیش بە جیا خواردنیان بۆ ئەم هێنا و بۆ ئەوانیش بە جیا، بۆ میسرییەکانیشیان بە جیا هێنا کە لای ئەو نانیان دەخوارد، لەبەر ئەوەی میسرییەکان نەیاندەتوانی لەگەڵ عیبرانییەکان پێکەوە نان بخۆن، چونکە لەلای میسرییەکان کارێکی قێزەون بوو. 33 کاتێک بەپێی تەمەنیان لەبەردەمی دانیشتبوون، لە نۆبەرەکەیانەوە هەتا بچووکەکەیان. بە سەرسامیشەوە دەیانڕوانییە یەکتری. 34 کاتێک لە خوانەکەی یوسف خواردن دابەش کرا، بەڵام بەشەکەی بنیامین پێنج ئەوەندەی بەشەکانی هەموویان بوو. ئیتر لەگەڵی خواردیانەوە و خەیاڵ بوون[d].
جامە زیوەکەی نێو هەگبەکە
44 ئینجا یوسف فەرمانی دا بە سەرکاری ماڵەکەی خۆی و گوتی: «هەگبەی پیاوەکان پڕ بکەن لە خۆراک، ئەوەندەی لە توانایاندایە هەڵیبگرن، زیوی هەریەکەشیان بخەوە دەمی هەگبەکەی. 2 جامەکەی خۆشم، جامە زیوەکە، لە دەمی هەگبەی بچووکەکەیان دابنێ لەگەڵ نرخی گەنمەکەی.» ئەویش بەپێی قسەکەی یوسف کارەکەی ئەنجام دا.
3 کە ڕۆژ بووەوە، پیاوەکان خۆیان و گوێدرێژەکانیان ڕۆیشتن. 4 کاتێک کە لە شار ڕۆیشتن، هێشتا دوور نەکەوتبوونەوە، یوسف بە سەرکاری ماڵەکەی خۆی گوت: «هەستە و دوای ئەو پیاوانە بکەوە، کە پێیان گەیشتیت، پێیان بڵێ: ”بۆچی بە خراپە پاداشتی چاکەتان دایەوە؟ 5 ئایا ئەمە ئەو جامە نییە کە گەورەکەم تێیدا دەخواتەوە و فاڵی پێ دەگرێتەوە؟ ئەوەی کردتان کارێکی خراپ بوو.“»
6 ئەویش پێیان گەیشتەوە و ئەم قسانەی پێ گوتن. 7 بەڵام ئەوان پێیان گوت: «بۆچی گەورەمان قسەی وا دەکات؟ دوور بێت لە خزمەتکارەکانت شتی وا بکەن. 8 ئەو زیوەی لە دەمی هەگبەکانمان دۆزیبوومانەوە، وا لە خاکی کەنعانەوە بۆمان هێنایتەوە. ئیتر چۆن لە ماڵی گەورەکەت زیو یان زێڕ دەدزین؟ 9 لەلای هەرکام لە خزمەتکارەکانت دۆزرایەوە، ئەوە دەمرێت. ئێمەش دەبینە کۆیلەی گەورەی خۆمان.»
10 ئەویش گوتی: «باشە، ئێستا بەپێی قسەکەی خۆتان دەبێت. ئەوەی لەلای دەدۆزرێتەوە دەبێتە کۆیلەی من. ئێوەش بێتاوان دەبن.»
11 ئیتر هەریەکەیان خێرا هەگبەکەی خۆی داگرتە سەر زەوی و هەریەکەیان هەگبەکەی خۆی کردەوە. 12 ئەویش کەوتە پشکنین، لە گەورەکەیانەوە دەستی پێکرد و لە بچووکەکەیان تەواو بوو. ئیتر جامەکەی لە هەگبەکەی بنیامین دۆزییەوە! 13 ئەوانیش جلەکانی بەری خۆیان دادڕی و گوێدرێژەکانیان بارکردەوە و گەڕانەوە بۆ شارەکە.
14 ئینجا یەهودا و براکانی هاتنە ناو ماڵەکەی یوسف، ئەویش خۆی هێشتا لەوێ بوو، ئیتر لەبەردەمی کەوتنە سەر زەوی. 15 یوسفیش پێی گوتن: «ئەم کارە چییە ئێوە کردووتانە؟ ئایا نەتاندەزانی پیاوێکی وەک من فاڵ دەگرێتەوە؟»
16 یەهوداش وەڵامی دایەوە: «چی بە گەورەی خۆم بڵێین؟ قسەی چی بکەین و بە چی پاکانەی خۆمان بکەین. خودا تاوانی خزمەتکارەکانتی دەرخستووە. ئێستاش ئێمە کۆیلەی گەورەی خۆمانین، ئێمە و ئەوەی جامەکەش لە دەستی گیراوە.»
17 بەڵام یوسف گوتی: «لە من دوور بێت شتی وا بکەم! ئەو پیاوەی جامەکەی لە دەست گیراوە ئەو دەبێتە کۆیلەم. ئێوەش بە سەلامەتی سەربکەونەوە بۆ لای باوکتان.»
18 ئینجا یەهودا لێی چووە پێشەوە و گوتی: «ئەی گەورەم، تکایە، با خزمەتکاری خۆت قسەیەک بۆ گەورەکەی بکات. ڕقیشت لە خزمەتکاری خۆت هەڵنەستێت، چونکە تۆ وەک خودی فیرعەونیت. 19 گەورەم لە خزمەتکارانی خۆی پرسی: ”ئایا باوک یان براتان هەیە؟“ 20 ئێمەش بە گەورەمان گوت: ”باوکێکی پیرمان هەیە، کوڕێکی بچووکی تەمەنی پیری ئەویشمان هەیە، براکەی مردووە و خۆی بە تەنها بۆ دایکی ماوەتەوە، باوکیشی خۆشی دەوێت.“
21 «تۆش بە خزمەتکارانی خۆتت گوت: ”بۆم بهێنن هەتا بە چاوی خۆم بیبینم.“ 22 ئێمەش بە گەورەمان گوت: ”کوڕەکە ناتوانێت باوکی بەجێبهێڵێت، چونکە ئەگەر باوکی بەجێبهێڵێت باوکی دەمرێت.“ 23 بەڵام تۆ بە خزمەتکارەکانی خۆتت گوت: ”ئەگەر برا بچووکەکەتان لەگەڵتان بەرەو خوار نەهات، ئەوا چاوتان بە چاوم ناکەوێتەوە.“ 24 ئەوە بوو کاتێک گەڕاینەوە لای خزمەتکاری خۆت، باوکمان، قسەکانی گەورەی خۆممان پێی ڕاگەیاند.
25 «پاشان باوکمان پێی گوتین: ”بگەڕێنەوە و هەندێک خواردنمان بۆ بکڕن.“ 26 بەڵام ئێمە گوتمان: ”ناتوانین بەرەو خوار بچین، تەنها ئەگەر برا بچووکەکەمان لەگەڵ بێت بەرەو خوار دەچین، چونکە ناتوانین چاومان بە چاوی پیاوەکە بکەوێت و برا بچووکەکەشمان لەگەڵ نەبێت.“
27 «خزمەتکارەکەت، باوکمان پێی گوتین: ”ئێوە دەزانن ژنەکەم دوو کوڕی بۆم بووە، 28 یەکێکیان لەلای من ڕۆیشت، گوتم، ’هەبێت و نەبێت پارچەپارچە کراوە.‘ هەتا ئێستاش چاوم پێ نەکەوتووەتەوە. 29 خۆ ئەگەر ئەمەشیان لەبەردەمم ببەن و بەڵایەکی بەسەربێت، ئەوا مووە سپییەکانم بە خەم و پەژارەوە دەنێنە ناو جیهانی مردووانەوە.“
30 «ئێستاش ئەگەر بچمەوە لای خزمەتکاری خۆت، باوکم، کوڕەکەشمان لەگەڵ نەبێت و گیانیشی پەیوەستە بە گیانی ئەمەوە، 31 ئیتر هەر کە بینی کوڕەکە دیار نییە، ئەوا بۆ خۆی دەمرێت. ئێمەی خزمەتکارانیشت سەر سپی خزمەتکارت، باوکمان، بە خەم و پەژارەوە دادەگرینە ناو جیهانی مردووان، 32 چونکە خزمەتکاری خۆت زامنی سەلامەتی کوڕەکەی کردووە لەلای باوکم. گوتوومە: ”ئەگەر بۆم نەهێنایتەوە ئەوا هەتاهەتایە تاوانبارم بەرامبەر بە باوکم!“
33 «ئێستاش با خزمەتکاری خۆت لە جیاتی کوڕەکە بمێنێتەوە و ببێتە کۆیلەی گەورەی خۆم، کوڕەکەش لەگەڵ براکانی بگەڕێتەوە. 34 چۆن بگەڕێمەوە لای باوکم و ئەو کوڕە لەگەڵ من نەبێت؟ نەوەک ئەو مەینەتییە ببینم کە بەسەر باوکمدا دێت.»
خۆدەرخستنی یوسف
45 ئیتر یوسف نەیتوانی خۆی ڕابگرێت لەبەردەم هەموو ئەوانەی لەلای ڕاوەستابوون، هاواری کرد: «هەمووان لەلام بڕۆنە دەرەوە!» ئیتر کەسی لێ نەمابوو کاتێک خۆی بە براکانی ناساند. 2 بە دەنگێکی وا بەرز گریا کە میسرییەکان گوێیان لێبوو، ماڵی فیرعەونیش ئەمەی بیست.
3 یوسف بە براکانی گوت: «من یوسفم. ئایا باوکم هێشتا ماوە؟»
بەڵام براکانی نەیانتوانی وەڵامی بدەنەوە، چونکە لەبەردەم یوسف تۆقین.
4 ئینجا یوسف بە براکانی گوت: «لێم وەرنە پێشەوە.» ئەوانیش هاتنە پێشەوە، ئەمیش گوتی: «من یوسفی براتانم کە بە میسرتان فرۆشت. 5 ئێستاش نە داخ هەڵبکێشن و نە لەسەر دڵیشتان گران بێت کە منتان بە ئێرە فرۆشتووە، چونکە بۆ مانەوەی ژیان بوو کە خودا منی پێش ئێوە نارد. 6 ئەمە دوو ساڵە لە خاکەکە قاتوقڕی هەیە، بۆ پێنج ساڵی دیکەش نە کێڵان دەبێت و نە دروێنە. 7 بەڵام خودا منی پێش ئێوە نارد بۆ دابینکردنی پاشەڕۆژتان لە زەوی، بۆ ژیان بۆتان، بۆ دەربازبوونێکی مەزن.
8 «ئێستاش ئێوە نین کە منتان بۆ ئێرە نارد، بەڵکو خودایە منی کردووەتە باوک بۆ فیرعەون و گەورەی هەموو ماڵەکەی و فەرمانڕەوای هەموو خاکی میسر. 9 پەلە بکەن و بڕۆنە لای باوکم و پێی بڵێن: ”یوسفی کوڕت وای گوت، خودا منی کردووە بە گەورەی هەموو میسر. بەرەو خوار وەرە بۆ لام و ڕامەوەستە. 10 لە ناوچەی گۆشەن نیشتەجێ دەبیت و لە من نزیک دەبیت، خۆت و کوڕەکانت و کوڕی کوڕەکانت و ڕانە مەڕەکەت و گاگەلەکەت و هەرچییەکت هەیە. 11 لەوێ خۆم بەخێوت دەکەم، چونکە قاتوقڕییەکە هێشتا پێنج ساڵی ماوە. ئەگینا خۆت و ماڵەکەت و هەرچیشت هەیە هەژار دەبن.“
12 «وا بە چاوی خۆتان دەبینن، هەروەها چاوی بنیامینی براشم، کە بەڕاستی دەمی منە قسەتان لەگەڵ دەکات. 13 هەموو مەزنی من لە میسر بە باوکم ڕابگەیەنن، لەگەڵ هەموو ئەوەی بینیوتانە، بە پەلەش باوکم بۆ ئێرە بهێنن.»
14 ئینجا خۆی بەسەر شانی بنیامین دادا و گریا، بنیامینیش لەسەر شانی گریا. 15 ئینجا هەموو براکانی ماچکرد و لەگەڵیان گریا. لەدوای ئەوە براکانی قسەیان لەگەڵی کرد.
16 هەواڵەکە لە ماڵی فیرعەون بیسترا و گوترا، «براکانی یوسف هاتوون،» فیرعەون و دەستوپێوەندەکەی پێیان باش بوو. 17 فیرعەون بە یوسفی گوت: «بە براکانت بڵێ: ”ئەمە بکەن: وڵاخەکانتان بار بکەن و بڕۆن بۆ خاکی کەنعان. 18 باوکتان و ماڵتان هەڵبگرن و وەرنە لام، منیش باشترین خاکی میسرتان دەدەمێ، لە چەوری زەوییەکە بخۆن.“
19 «هەروەها تۆ فەرمانت پێکراوە فەرمانیان پێبکە: ”ئەمە بکەن: لە خاکی میسرەوە عەرەبانە ببەن بۆ ژن و منداڵەکانتان، باوکیشتان سەربخەن و وەرن. 20 با چاویشتان لەدوای کەلوپەلەکانتان نەبێت، چونکە چاکی هەموو خاکی میسر بۆ ئێوە دەبێت.“»
21 کوڕەکانی ئیسرائیلیش بەم جۆرەیان کرد. یوسفیش لەسەر زاری فیرعەون، عەرەبانەی دانێ، هەروەها ئازووقەشی دانێ بۆ ڕێگا. 22 هەریەکەیان قاتێک جلی دانێ، بەڵام بۆ بنیامین سێ سەد شاقل زیو[e] و پێنج قات جلی دایێ. 23 ئەمانەشی بۆ باوکی نارد، دە گوێدرێژی بارکراو لە خێروبێری میسر، دە ماکەری بارکراو لە گەنم و نان و خۆراک بۆ ڕێگا بۆ باوکی. 24 ئینجا براکانی بەڕێ کرد و ڕۆیشتن، پێشی گوتن: «لە ڕێگا بەگژ یەکدا مەچن!»
25 ئەوانیش لە میسرەوە چوون و هاتنەوە خاکی کەنعان بۆ لای یاقوبی باوکیان. 26 پێیان ڕاگەیاند و گوتیان: «یوسف هێشتا زیندووە، خۆی فەرمانڕەوای هەموو خاکی میسرە!» یاقوبیش بوورایەوە، چونکە بڕوای پێ نەکردن. 27 بەڵام کاتێک هەموو ئەو قسانەی یوسفیان پێ گوت کە پێی گوتبوون، چاویشی بە عەرەبانەکان کەوت کە یوسف ناردبوونی بۆ ئەوەی بیهێننە میسر، بەوەش ڕۆحی یاقوبی باوکیان ژیایەوە. 28 ئیسرائیل گوتی: «بەسە! یوسفی کوڕم هێشتا ماوە، دەچم و پێش ئەوەی بمرم دەیبینم.»
چوونی یاقوب بۆ میسر
46 ئیتر ئیسرائیل بە هەرچییەکەوە کە هەیبوو کۆچی کرد، هاتە بیری شابەع و قوربانی بۆ خودای ئیسحاقی باوکی سەربڕی.
2 خودا بە شەو لە بینینێکدا بە ئیسرائیلی فەرموو: «یاقوب! یاقوب!»
ئەویش گوتی: «ئەوەتام.»
3 فەرمووی: «من خودام، خودای باوکتم. مەترسە لە چوونت بۆ میسر، چونکە لەوێ دەتکەمە نەتەوەیەکی مەزن. 4 من لەگەڵ تۆ دێمە میسر، بێگومان خۆشم دەتگەڕێنمەوە. یوسفیش دەستی خۆی دەنێتە سەر چاوەکانت.»
5 ئیتر یاقوب لە بیری شابەع هەستا، کوڕەکانی ئیسرائیلیش یاقوبی باوکیان و منداڵەکانیان و ژنەکانیان هەڵگرت و سواری ئەو عەرەبانانەیان کردن کە فیرعەون بۆ هەڵگرتنی ئەو ناردبووی. 6 هەروەها لەگەڵ خۆیان مەڕوماڵاتەکەیان و ئەو کەلوپەلانەی لە خاکی کەنعان دەستیان کەوتبوو هەڵیانگرت و هاتنە میسر، یاقوب و هەموو نەوەکانی لەگەڵی. 7 کوڕ و کوڕەزا و کچ و کچەزاکانی، هەموو نەوەکەی لەگەڵ خۆی هێنایە میسر.
8 ئەمانەش ناوی کوڕەکانی ئیسرائیلن کە هاتنە میسر، یاقوب و نەوەکانی:
ڕەئوبێن کوڕە نۆبەرەی یاقوب.
9 کوڕەکانی ڕەئوبێن:
حەنۆک، پەڵو، حەسرۆن و کەرمی.
10 کوڕەکانی شیمۆن:
یەموئێل، یامین، ئۆهەد، یاکین و چۆحەر، هەروەها شائوول کە لە ژنێکی کەنعانی بوو.
11 کوڕەکانی لێڤی:
گێرشۆن، قەهات و مەراری.
12 کوڕەکانی یەهودا:
ئێر، ئۆنان، شالەح، پێرێز و زەرەح، بەڵام ئێر و ئۆنان لە خاکی کەنعان مردن.
کوڕەکانی پێرێزیش ئەمانە بوون:
حەسرۆن و حامول.
13 کوڕەکانی یەساخار:
تۆلاع، پوڤە، یاشوڤ و شیمرۆن.
14 کوڕەکانی زەبولون:
سەرەد، ئێلۆن و یەحلئێل.
15 ئەمانە کوڕەکانی لێئەن کە بۆ یاقوبی بوون لە پەدان ئارام، لەگەڵ دینەی کچیشی. هەموو کوڕ و کچەکانی سی و سێ کەس بوون.
16 کوڕەکانی گاد:
چیفۆن، حەگی، شونی، ئەچبۆن، عێری، ئەرۆدی و ئەرئێلی.
17 کوڕەکانی ئاشێر:
یمنە، یەشڤە، یەشڤی و بەریعە
لەگەڵ سەرەحی خوشکیان.
کوڕەکانی بەریعە:
حەڤەر و مەلکیێل.
18 ئەمانەش کوڕەکانی زیلپە بوون کە لابان دابووی بە لێئەی کچی. ئەویش ئەمانەی بۆ یاقوب خستەوە کە شازدە کەس بوون.
19 دوو کوڕەکەی ڕاحێلی ژنی یاقوب:
یوسف و بنیامین. 20 لە خاکی میسریش، مەنەشە و ئەفرایم بۆ یوسف لەدایک بوون لە ئاسنەتی کچی پۆتیفەرەعی کاهینی ئۆن.
21 کوڕەکانی بنیامین:
بەلەع، بەکەر، ئەشبێل، گێرا، نەعمان، ئێحی، ڕۆش، موپیم، حوپیم و ئەرد.
22 ئەمانە کوڕەکانی ڕاحێلن کە بۆ یاقوبی بوون. هەموویان چواردە کەس بوون.
23 کوڕەکەی دان:
حوشیم.
24 کوڕەکانی نەفتالی:
یەحزئێل، گۆنی، یێچەر و شلێم.
25 ئەمانە کوڕەکانی بیلهە بوون کە لابان دابووی بە ڕاحێلی کچی. ئەویش ئەمانەی بۆ یاقوب بوو. هەموویان حەوت کەس بوون.
26 هەموو ئەوانەی لەگەڵ یاقوب هاتنە میسر و لە پشتی ئەوەوە دەرچووبوون، جگە لە ژنانی کوڕەکانی، شەست و شەش کەس بوون. 27 بە هەردوو کوڕەکەی یوسفەوە کە لە میسر لەدایک ببوون، سەرجەمی کەسانی ماڵی یاقوب کە هاتنە میسر، حەفتا[f] کەس بوون.
28 یاقوب یەهودای لەپێش خۆیەوە نارد بۆ لای یوسف هەتا بەرەو گۆشەن ڕێنمایی بکات. ئینجا هاتنە ناوچەی گۆشەن. 29 یوسف گالیسکەکەی خۆی بەستەوە و بەرەو گۆشەن هەڵکشا بۆ پێشوازیکردنی ئیسرائیلی باوکی. کە بینی دەستی لە ملی کرد و بۆ ماوەیەک گریا.
30 ئیسرائیل بە یوسفی گوت: «ئێستا با بمرم، لەدوای ئەوەی ڕووی تۆم بینی و زانیم هێشتا زیندوویت.»
31 ئینجا یوسف بە براکانی و ماڵی باوکی گوت: «دەچم و بە فیرعەون ڕادەگەیەنم، پێی دەڵێم: ”براکانم و ماڵی باوکم کە لە خاکی کەنعان بوون، هاتنە لام. 32 پیاوەکانیش شوانی مەڕن، چونکە خاوەن ماڵاتن، جا مەڕ و مانگاکانیان و هەرچییان هەیە هێناویانە.“ 33 ئینجا ئەگەر فیرعەون بانگی کردن و گوتی: ”کارتان چییە؟“ 34 دەڵێن: ”خزمەتکارانت خاوەن ماڵاتن، لە منداڵیمانەوە هەتا ئێستا، خۆمان و باوباپیرانمان،“ بۆ ئەوەی لە ناوچەی گۆشەن نیشتەجێ ببن، چونکە میسرییەکان قێزیان لە هەموو شوانێکی مەڕ دەبێتەوە.»
47 یوسف چوو و بە فیرعەونی گوت: «باوکم و براکانم، بە ڕانە مەڕ و مانگایان و هەرچی هەیانە، لە خاکی کەنعانەوە هاتوون، ئێستا ئەوان لە خاکی گۆشەنن.» 2 لەنێو براکانی پێنج پیاوی برد و لەبەردەم فیرعەون ڕای گرتن.
3 فیرعەونیش لە براکانی پرسی: «کارتان چییە؟»
ئەوانیش بە فیرعەونیان گوت: «خزمەتکارانت شوانی مەڕن، خۆشمان و باوباپیرانیشمان.» 4 هەروەها بە فیرعەونیان گوت: «بۆ ئاوارەبوون لەم خاکە هاتووین، چونکە لەوەڕگا نەماوە بۆ مەڕەکانی خزمەتکارانت، لەبەر ئەوەی قاتوقڕییەکە لە خاکی کەنعان سەختە، ئێستاش ڕێگا بدە با خزمەتکارانت لە خاکی گۆشەن نیشتەجێ بن.»
5 فیرعەون لەگەڵ یوسف قسەی کرد و پێی گوت: «باوکت و براکانت هاتوون بۆ لای تۆ. 6 خاکی میسر لەبەردەمتە، باوکت و براکانت لە باشترین خاک نیشتەجێ بکە. با لە خاکی گۆشەن نیشتەجێ بن. ئەگەر زانیشت لەنێویان کەسانی بە توانا هەیە، ئەوا بیانکە بە سەرکاری ئەو ماڵاتەی هی خۆمن.»
7 ئینجا یوسف یاقوبی باوکی هێنایە ژوورەوە و بە فیرعەونی ناساند. یاقوبیش داوای بەرەکەتی بۆ فیرعەون کرد. 8 فیرعەونیش بە یاقوبی گوت: «تەمەنت چەند ساڵە؟»
9 یاقوبیش بە فیرعەونی گوت: «سەد و سی ساڵە گەڕۆکم. تەمەنم کەم و سەخت بووە، هێشتا تەمەنم تەمەنی گەڕۆکی باوباپیرانمی تێنەپەڕاندووە.» 10 ئیتر یاقوب داوای بەرەکەتی بۆ فیرعەون کرد و لەلای فیرعەون هاتە دەرەوە.
11 ئینجا یوسف باوکی و براکانی خۆی لە خاکی میسر نیشتەجێ کرد، لە باشترین زەوی لە خاکی میسر موڵکی پێدان، لە خاکی ڕەعمسێس، بەپێی فەرمانی فیرعەون. 12 هەروەها یوسف باوکی و براکانی و هەموو ماڵی باوکیشی بەپێی ژمارەی منداڵەکانیان بە نان بەخێو کرد.
یوسف و برسیێتییەکە
13 لە هەموو خاکەکەدا نان نەبوو، چونکە قاتوقڕییەکە زۆر سەخت بوو، خاکی میسر و خاکی کەنعان بەهۆی قاتوقڕییەکەوە لە کەڵک کەوتبوون. 14 یوسف هەموو ئەو زیوەی کۆکردەوە کە لە خاکی میسر و خاکی کەنعاندا هەبوون، لە جیاتی ئەو گەنمەی دەیانکڕی، یوسفیش زیوەکەی هێنایە ماڵی فیرعەون. 15 کاتێک کە زیو لە خاکی میسر و لە خاکی کەنعان نەما، هەموو میسرییەکان هاتنە لای یوسف و گوتیان: «نانمان بۆ بهێنە! بۆچی لەبەردەمت بمرین لەبەر ئەوەی زیو تەواو بوو؟»
16 یوسفیش پێی گوتن: «ئاژەڵە ماڵاتەکانتان بهێنن، منیش لە جیاتی ماڵاتەکانتان نانتان دەدەمێ، ئەگەر زیو تەواو بووە.» 17 ئینجا ماڵاتەکانیان بۆ یوسف هێنا، ئەویش نانی پێدان، لە جیاتی ئەسپ و مەڕ و بزن و چێڵ و گوێدرێژەکانیان. ئیتر ئەو ساڵە لە جیاتی هەموو ماڵاتەکانیان نانی دان.
18 کە ئەو ساڵە تەواو بوو، بۆ ساڵی دووەم هاتنەوە بۆ لای و پێیان گوت: «لە گەورەمانی ناشارینەوە زیوەکانمان تەواو بوون، ماڵاتەکانیشمان لەلای گەورەمانە، ئیتر هیچ لەپێش گەورەمان نەماوە تەنها لەشمان و زەوییەکەمان نەبێت. 19 بۆچی لەپێش چاوت بمرین، خۆمان و زەوییەکەشمان؟ بە نان خۆمان و زەوییەکەمان بکڕە، ئیتر خۆمان و زەوییەکەشمان دەبینە کۆیلەی فیرعەون. تۆویشمان بدەرێ بۆ ئەوەی بژین و نەمرین، با زەوییەکەشمان نەبێتە چۆڵەوانی.»
20 یوسفیش هەموو خاکی میسری بۆ فیرعەون کڕی، چونکە هەرچی میسری هەبوو کێڵگەکەی خۆی فرۆشت، لەبەر ئەوەی قاتوقڕییەکە زۆر سەخت بوو لەسەریان. ئیتر خاکەکە بووە هی فیرعەون. 21 یوسف خەڵکەکەشی لەم سەری میسرەوە هەتا ئەو سەری بە کۆیلە کرد. 22 تەنها زەوی کاهینەکانی نەکڕی، چونکە کاهینەکان لەلایەن فیرعەونەوە بەشە خۆراکیان هەبوو، ئیتر بەشە خۆراکەکەی خۆیان دەخوارد کە فیرعەون دەیدانێ. لەبەر ئەوە زەوییەکەی خۆیان نەفرۆشت.
23 ئینجا یوسف بە خەڵکەکەی گوت: «وا ئەمڕۆ خۆتان و زەوییەکەتانم بۆ فیرعەون کڕی، ئەوەش تۆوە بۆ ئێوە هەتا لە زەوی بیچێنن. 24 بەڵام کاتێک لە خەرماناندا پێنج یەکی خەرمانەکەتان دەدەنە فیرعەون، چوار بەشەکەی دیکە بۆ خۆتان دەبێت، بۆ بنەتۆ[g] و بۆ خۆراکی خۆتان و ئەوانەی لە ماڵەکانتانن و بۆ خۆراکی منداڵەکانتان.»
25 ئەوانیش گوتیان: «تۆ ئێمەت بە زیندوویی هێشتەوە، خۆزگە گەورەکەمان لێمان ڕازی بووایە و ببینە کۆیلەی فیرعەون.»
26 ئیتر یوسف ئەمەی لەسەر خاکی میسر کردە یاسا، هەتا ئەمڕۆش، پێنج یەکی بەرهەمی کشتوکاڵ بۆ فیرعەونە، تەنها زەوی کاهینەکان نەبێت کە نەبووە هی فیرعەون.
27 نەوەی ئیسرائیل لە خاکی میسر لە ناوچەی گۆشەن نیشتەجێ بوو، لەوێ بوونە خاوەن موڵک و گەشەیان کرد، زۆریش زیادیان کرد.
28 یاقوب حەڤدە ساڵ لە خاکی میسر ژیانی بردە سەر. هەموو تەمەنی یاقوب بووە سەد و چل و حەوت ساڵ. 29 کاتێک ڕۆژانی ئیسرائیل نزیک بووەوە لە مردن، یوسفی کوڕی بانگکرد و پێی گوت: «ئەگەر جێی ڕەزامەندیتم ئەوا دەستت بخەرە ژێر ڕانمەوە و چاکە و وەفاداریم لەگەڵ بکە، لە میسر مەمنێژە، 30 بەڵکو کاتێک لەگەڵ باوباپیرانم ڕادەکشێم، لە میسرەوە هەڵمبگرە و لە گۆڕستانی ئەواندا بمنێژە.»
ئەمیش گوتی: «من بەپێی قسەکەی تۆ دەکەم.»
31 ئەویش پێی گوت: «سوێندم بۆ بخۆ.» یوسفیش سوێندی بۆ خوارد. ئیسرائیلیش لەسەر قەرەوێڵەکەی کڕنۆشی برد.
مەنەشە و ئەفرایم
48 ئەوە بوو دوای ئەمانە بە یوسف گوترا: «باوکت نەخۆشە.» ئەویش هەردوو کوڕەکەی خۆی مەنەشە و ئەفرایمی لەگەڵ خۆی برد. 2 بە یاقوب ڕاگەیەنرا و گوترا: «وا یوسفی کوڕت دێتە لای تۆ.» ئیسرائیلیش هێزی دایە بەرخۆی و هەر لەسەر قەرەوێڵەکە دانیشت.
3 ئینجا یاقوب بە یوسفی گوت: «خودای هەرە بە توانام لە لوز لە خاکی کەنعان بۆ دەرکەوت و بەرەکەتداری کردم. 4 پێی فەرمووم: ”وا من بەردارت دەکەم و ژمارەت زۆر دەکەم، دەتکەمە چەندین نەتەوە، ئەم زەوییەش لەدوای خۆت دەدەمە نەوەکەت، بە موڵکی هەتاهەتایی.“
5 «ئێستاش دوو کوڕەکەی خۆت کە لە خاکی میسر بۆت لەدایک بوون پێش ئەوەی من لە میسر بێمە لات ئەوا بۆ منن، ئەفرایم و مەنەشە وەک ڕەئوبێن و شیمۆن دەبن بۆم. 6 بەڵام منداڵەکانی دیکەت کە لەدوای ئەمان لەدایک دەبن بۆت ئەوا دەبنە هی تۆ، لەژێر ناوی دوو براکەیان بەشە میراتیان دەبێت. 7 خۆشم لە هاتنم لە پەدانەوە ڕاحێل لەلام مرد، لە خاکی کەنعان لە ڕێگا کە ماوەیەکی کەمی مابوو بگەمە ئەفرات. هەر لەوێ لەسەر ڕێگای ئەفرات ناشتم،» کە بێتلەحمە.
8 ئینجا ئیسرائیل دوو کوڕەکەی یوسفی بینی و گوتی: «ئەمانە کێن؟»
9 یوسفیش بە باوکی گوت: «ئەوانە دوو کوڕەکەی منن کە خودا لێرە پێی بەخشیوم.»
ئەمیش گوتی: «بیانهێنە لام تاکو داوای بەرەکەتیان بۆ بکەم.»
10 هەردوو چاوی ئیسرائیل بەهۆی پیرییەوە کز ببوون و پەکی بینینیان کەوتبوو. بۆیە یوسف هەردووکیانی هێنایە لای، ئەویش ماچی کردن و باوەشی پێدا کردن.
11 ئینجا ئیسرائیل بە یوسفی گوت: «چاوەڕوان نەبووم ڕووی تۆ ببینم، کەچی ئێستا خودا نەوەکەی تۆشی نیشان دام.»
12 یوسف هەردووکیانی لەنێوان ئەژنۆی دەرهێنا و لەبەردەمی کڕنۆشی برد و سەری خستە سەر زەوی. 13 ئینجا یوسف دەستی دایە هەردووکیان، ئەفرایمی لەلای ڕاستی خۆی بەرامبەر دەستی چەپی ئیسرائیل و مەنەشەشی لەلای چەپی خۆی بەرامبەر دەستی ڕاستی ئیسرائیل، لێ نزیک خستنەوە. 14 بەڵام ئیسرائیل دەستی ڕاستی خۆی درێژکرد و خستییە سەر سەری ئەفرایم، کە بچووکەکەیان بوو، دەستی چەپیشی خستە سەر سەری مەنەشە، دەستەکانی ژیرانە دانا، چونکە مەنەشە نۆبەرەکە بوو.
15 ئینجا داوای بەرەکەتی بۆ یوسف کرد و گوتی:
«ئەو خودایەی کە باوانم دۆستایەتییان لەگەڵی[h] کرد،
ئیبراهیم و ئیسحاق،
ئەو خودایەی کە شوانایەتی[i] کردووم
لە بوونمەوە هەتا ئەمڕۆ،
16 ئەو فریشتەیەی لە هەموو خراپەیەک منی کڕییەوە،
ئەم دوو کوڕە بەرەکەتدار بکات.
با بە ناوی خۆم و بە ناوی باوانم
ئیبراهیم و ئیسحاقەوە ناوببرێن،
با لەناو خاکەکەش زۆر زیاد بن.»
17 کە یوسف بینی باوکی دەستی ڕاستی خستووەتە سەر سەری ئەفرایم، ئەوەی پێ ناخۆش بوو، ئیتر دەستی باوکی گرت هەتا لەسەر سەری ئەفرایمەوە بیخاتە سەر سەری مەنەشە. 18 یوسف بە باوکی گوت: «ئاوا نا، باوکە، چونکە ئەمە نۆبەرەکەیە، دەستی ڕاستی خۆت بخەرە سەر سەری.»
19 بەڵام باوکی ڕازی نەبوو، گوتی: «دەزانم کوڕی خۆم، دەزانم. هەروەها ئەویش دەبێتە نەتەوەیەک و مەزنیش دەبێت. بەڵام برا بچووکەکەی لەو مەزنتر دەبێت و نەوەشی دەبێتە چەندین نەتەوە.» 20 ئیتر لەو ڕۆژەدا داوای بەرەکەتی بۆ کردن و گوتی:
«بە ناوی تۆوە نەوەی ئیسرائیل داوای ئەم بەرەکەتە دەکات:
”خودا وەک ئەفرایم و مەنەشەت لێ بکات.“»
جا ئەفرایمی خستە پێش مەنەشە.
21 ئیسرائیل بە یوسفی گوت: «ئەوا دەمرم، بەڵام خودا لەگەڵتان دەبێت و دەتانگەڕێنێتەوە خاکی باوباپیرانتان. 22 منیش بەشێک زیاتر لە بەشی براکانت دەدەمە تۆ، ئەوەی بە شمشێرەکەم و کەوانەکەم لە چنگی ئەمورییەکان وەرمگرت.»
یاقوب داوای بەرەکەت بۆ کوڕەکانی دەکات
49 ئینجا یاقوب کوڕەکانی خۆی بانگکرد و گوتی: «کۆببنەوە هەتا پێتان ڕابگەیەنم کە لە ڕۆژانی داهاتوودا چیتان بەسەردێت.
2 «ئەی کوڕانی یاقوب، کۆببنەوە و گوێ بگرن،
گوێ لە ئیسرائیلی باوکتان بگرن.
3 «ڕەئوبێن، تۆ نۆبەرەکەی منیت،
هێزی منیت و یەکەم توانامیت،
سەری شانازی و سەری هێزی.
4 هەڵچوو وەک ئاو، باڵادەست نابیت،
چونکە چوویتە سەر پێخەفەکەی باوکت،
گڵاوت کرد، سەرکەوتیتە سەر نوێنەکەم.
5 «شیمۆن و لێڤی بران،
بە چەکی توندوتیژی چەکدارن.[j]
6 من ناچمە ناو کۆڕی ڕاوێژیان،
سەنگینی من یەک ناگرێتەوە لەگەڵ کۆمەڵەکەیان،
چونکە لە تووڕەبوونیان مرۆڤیان کوشت و
لە ئارەزوومەندییان گایان لەپێ خست.
7 نەفرەت لە تووڕەییان کەوا توندە،
لە هەڵچوونیان کەوا سەختە.
لەناو یاقوب بەشیان دەکەم و
لەناو ئیسرائیل بڵاوەیان پێ دەکەم.
8 «یەهودا[k]، براکانت ستایشی تۆ دەکەن،
دەستت لەسەر پشتەملی دوژمنانت دەبێت،
کوڕانی باوکیشت کڕنۆشت بۆ دەبەن.
9 بەچکە شێرە یەهودا،
لەسەر نێچیر گەڕایتەوە، کوڕی خۆم.
خۆی نوشتاندەوە، خۆی مات دا، وەک شێر،
وەک شێرە مێ، کێ هەڵیدەستێنێت؟
10 داردەستەکە لە یەهودا دانابڕێت،
گۆچانی فەرمانکردنیش لەنێو قاچەکانی،
هەتا ئەو کەسە دێت کە خاوەنیەتی،[l]
گەلان هەر بۆ ئەو ملکەچ دەبن.
11 نێرەکەرەکەی بە دار مێو دەبەستێتەوە و
ماکەرەکەی بە باشترین لقە مێوەوە.
جلەکانی لەناو شەراب دەشوات و
پۆشاکەکەی لەناو خوێنی ترێ.
12 چاوەکانی لە شەراب تۆخترن و
ددانەکانی لە شیر سپیترن.
13 «زەبولون لە کەناری دەریا نیشتەجێ دەبێت،
دەبێتە بەندەری کەشتییەکان،
سنووریشی هەتا سەیدا دەبێت.
14 «یەساخار نێرەکەرێکی زەبەلاحە و
لەنێوان دوو هەگبە مات بووە.
15 بینی شوێنێکی باشە بۆ پشوودان و
زەوییەکەی دڵگیرە،
شانی دەچەمێتەوە بۆ بار و
دەبێتە کۆیلەی کاری زۆرەملێ.
16 «دان دادوەری گەلەکەی خۆی دەکات،
وەک یەکێک لە هۆزەکانی ئیسرائیل.
17 دان مارێک دەبێت لەسەر ڕێگا،
مارێکی ژەهراوی لەسەر ڕێڕەو،
بە پاژنەی ئەسپەوە دەدات و
سوارەکەی بەرەو دواوە بەردەبێتەوە.
18 «ئەی یەزدان، چاوەڕێی ڕزگاریی تۆم.
19 «چەتە پەلاماری گاد دەدەن،
بەڵام ئەو دەگاتە پاژنەی پێیان و پەلاماریان دەدات.
20 «لە ئاشێر نانی چەور دەبێت،
ئەو خۆشی دەداتە پاشایان.
21 «نەفتالی ئاسکێکی دەرپەڕیوە و
بەچکەی جوانی دەبێت.
22 «یوسف مێوێکی بەردارە،
مێوێکی بەردارە لەسەر کانیاو،
چڵەکانی بەسەر دیوارێکدا هەڵگەڕاون.
23 تیرئەندازان بە جۆش پەلاماریان دا و
ڕمیان تێگرت و هەراسانیان کرد.
24 بەڵام کەوانەکەی بە توندوتۆڵی مایەوە،
بازووەکانی دەستی لێزان بوون،
بە دەستی توانادارەکەی یاقوب،
بە ناوی شوانی بەردەکەی ئیسرائیل[m]،
25 بەهۆی خوداکەی باوکتەوە کە یارمەتیت دەدات،
بەهۆی هەرە بە تواناوە کە بەرەکەتدارت دەکات،
بە بەرەکەتەکانی ئاسمان لە سەرەوە و
بەرەکەتەکانی ئەو قووڵاییەی ماتە لە ژێرەوە،
بەرەکەتەکانی هەردوو مەمک و منداڵدان.
26 بەرەکەتەکانی باوکت مەزنترن
لە بەرەکەتەکانی چیای هەتاهەتایی،
لە بەخشندەیی گردە دێرینەکان.
با بەسەر سەری یوسفەوە بن،
بەسەر تەپڵی سەری جیاکراوە لە براکانی.
27 «بنیامین گورگێکی دڕندەیە،
بەیانییان نێچیر دەخوات و
ئێوارانیش دەستکەوت دابەش دەکات.»
28 هەموو ئەمانە دوازدە هۆزەکەی ئیسرائیلن. ئەمەش ئەوە بوو کە باوکیان پێی گوتن و داوای بەرەکەتی بۆ کردن، هەریەکەیان بەپێی بەرەکەتەکەی خۆی داوای بەرەکەتی بۆ کردن.
مردنی یاقوب
29 ئینجا فەرمانی پێدان و پێی گوتن: «من دەچمە پاڵ گەلەکەی خۆم. لەلای باوباپیرانم بمنێژن، لەو ئەشکەوتەی لەناو کێڵگەکەی عەفرۆنی حیتییە، 30 لەو ئەشکەوتەی لە کێڵگەکەی مەخپێلەیە کە ڕووەو مەمرێیە لە خاکی کەنعان، ئەوەی ئیبراهیم لەگەڵ کێڵگەکە لە عەفرۆنی حیتی کڕی هەتا بۆ گۆڕ ببێتە موڵکی. 31 ئیبراهیم و سارای ژنی لەوێ نێژراون، ئیسحاق و ڕڤقەی ژنیشی لەوێ نێژراون، هەر لەوێش لێئەم ناشت. 32 کێڵگەکە و ئەشکەوتەکەی لەناوی بوو لە حیتییەکان کڕدرا بوون.»
33 کاتێک یاقوب لە ڕاسپاردنی کوڕەکانی تەواو بوو، هەردوو پێی خۆی خستەوە سەر قەرەوێڵەکە و دواهەناسەی دا، چووەوە پاڵ گەلەکەی خۆی.
50 یوسف خۆی دا بەسەر ڕووی باوکیدا و بەسەریدا گریا و ماچی کرد. 2 ئینجا یوسف فەرمانی دا بە خزمەتکارە پزیشکەکانی کە باوکی مۆمیا بکەن. پزیشکەکانیش ئیسرائیلیان مۆمیا کرد، 3 چل ڕۆژی پێچوو، چونکە بەوەندە ڕۆژە کاری مۆمیاکاران تەواو دەبوو. میسرییەکانیش حەفتا ڕۆژ بۆی گریان.
4 کە ڕۆژانی گریان بەسەرچوو، یوسف لەگەڵ ماڵی فیرعەون قسەی کرد و گوتی: «ئەگەر جێی ڕەزامەندیتانم، ئەوا قسە لەگەڵ فیرعەون بکەن و پێی بڵێن، 5 کە باوکم سوێندی داوم و گوتوویەتی: ”وا من دەمرم، لەو گۆڕەدا بمنێژن کە لە خاکی کەنعان بۆ خۆمم هەڵکەندووە.“ ئێستاش با بچم بۆ ئەوەی باوکم بنێژم و دەگەڕێمەوە.»
6 فیرعەونیش پێی گوت: «بڕۆ و باوکت بنێژە، وەک چۆن سوێندی داویت.»
7 ئیتر یوسف بۆ ناشتنی باوکی چوو. لەگەڵی هەموو خزمەتکارانی فیرعەون، پیرانی ماڵەکەی و هەموو پیرانی خاکی میسر چوون، 8 لەگەڵ تێکڕای ماڵی یوسف و براکانی و ماڵی باوکی. تەنها منداڵەکان و ڕانە مەڕ و گاگەلیان لە خاکی گۆشەن بەجێهێشت. 9 هەر لەگەڵیان گالیسکە و ئەسپ سوار چوون. کۆمەڵێکی زۆر گەورە بوو.
10 ئینجا هاتنە سەر جۆخینەکەی[n] ئاتاد، ئەوەی لەوبەری ڕووباری ئوردونە، لەوێ شیوەنێکی زۆر گەورە و توندیان گێڕا، حەوت ڕۆژ یوسف ماتەمی بۆ باوکی دانا. 11 کاتێک کەنعانییەکانی دانیشتووی ئەو خاکە ئەم ماتەمەیان لەسەر جۆخینەکەی ئاتاد بینی، گوتیان: «ئەمە ماتەمێکی گەورەی میسرییەکانە.» لەبەر ئەوە ناونرا ئابێل میسرایم[o] کە لەوبەری ڕووباری ئوردونە.
12 کوڕەکانی یاقوبیش چۆنی ڕاسپاردبوون ئاوایان بۆ کرد. 13 جا کوڕەکانی هەڵیانگرت بۆ خاکی کەنعان و لە ئەشکەوتەکەی ئەو کێڵگەیەی لە مەخپێلە ناشتیان، کە ئیبراهیم لەگەڵ کێڵگەکە لە عەفرۆنی حیتی کڕی هەتا بۆ گۆڕ ببێتە موڵکی، ئەوەی ڕووەو مەمرێیە. 14 ئیتر دوای ناشتنی باوکی، یوسف گەڕایەوە بۆ میسر، خۆی و براکانی و هەموو ئەوانەی لەگەڵی بۆ ناشتنی باوکی چوون.
دڵنەواییکردنی یوسف لە براکانی
15 کاتێک براکانی یوسف بینییان باوکیان مرد، گوتیان: «نەکات یوسف قینمان لێ هەڵبگرێت و هەموو ئەو خراپەیەی بەرامبەری کردوومانە بەسەرمانی بهێنێتەوە.» 16 ئیتر پەیامیان نارد بە یوسف بڵێن، «باوکت پێش مردنی خۆی ڕایسپاردووە و گوتوویەتی، 17 ”ئاوا بە یوسف دەڵێن: داواکارم لێت لە تاوانی براکانت و گوناهەکەیان ببووریت، چونکە خراپەیان لەگەڵت کرد.“ ئێستاش لە تاوانی بەندەکانی خودای باوکت خۆشبە.» کاتێک پەیامەکەیان گەیشت، یوسف دەستی بە گریان کرد.
18 دوای ئەوە براکانی هاتن و لەبەردەمیدا کەوتن و گوتیان: «ئەوەتاین، ئێمە کۆیلەی تۆین.»
19 بەڵام یوسف پێی گوتن: «مەترسن. ئایا من لە جێی خودام؟ 20 مەبەستی ئێوە خراپە بوو بۆم، بەڵام خودا بە مەبەستی چاکە گێڕای هەتا وەک ئەمڕۆ بکات، بۆ بە زیندوو هێشتنەوەی خەڵکێکی زۆر. 21 ئێستاش مەترسن. من خۆتان و منداڵەکانتان بەخێو دەکەم.» ئیتر دڵنەوایی کردن و قسەی دڵخۆشکەرەی بۆ کردن.
مردنی یوسف
22 یوسف خۆی و ماڵی باوکی لە میسر نیشتەجێ بوون. یوسف سەد و دە ساڵ ژیا، 23 منداڵەکانی ئەفرایمیشی بینی، نەوەی سێیەم. ئەوەندە ژیا کە منداڵەکانی ماکیری کوڕی مەنەشەی بینی ناوی ئەوی وەرگرتووە.
24 ئینجا یوسف بە براکانی گوت: «من دەمرم، بەڵام خودا خۆی بەسەرتان دەکاتەوە و لەم خاکەوە دەتانباتەوە ئەو خاکەی کە بە سوێند بەڵێنی داوە بیداتە ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب.» 25 ئیتر یوسف نەوەی ئیسرائیلی سوێند دا و گوتی: «بێگومان خودا بەسەرتان دەکاتەوە، دەبێت ئێوەش لێرەوە ئێسقانەکانم ببەنەوە.»
26 دوای ئەوە یوسف مرد، تەمەنی سەد و دە ساڵ بوو، ئیتر مۆمیایان کرد و لە میسر خرایە تابووتەوە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.