Bible in 90 Days
پەیمانی خەتەنەکردن
17 کاتێک ئەبرام تەمەنی نەوەد و نۆ ساڵ بوو، یەزدان بۆ ئەبرام دەرکەوت و پێی فەرموو: «من خودای هەرە بە توانام. دۆستایەتی من بکە و بێ کەموکوڕی بە. 2 پەیمانی خۆم لەنێوان خۆم و تۆدا دەبەستم و زۆر زۆرت دەکەم.»
3 ئەبرام خۆی بە زەویدا دا، خوداش پێی فەرموو: 4 «لەلایەنی منەوە، ئەمەش پەیمانەکەمە لەگەڵ تۆ، تۆ دەبیتە باوکی چەندین نەتەوە. 5 ئیتر لەمەودواش ناوت بە ئەبرام ناهێنرێت، بەڵکو ناوت دەبێتە ئیبراهیم، چونکە من تۆم کرد بە باوکی چەندین نەتەوە. 6 زۆر زۆریش بەردارت دەکەم، پێم داویت ببیتە چەندین نەتەوە و چەندین پاشات لێ بکەوێتەوە. 7 پەیمانی خۆم دەچەسپێنم لەنێوان خۆم و تۆ و نەوەی دوای خۆت لە نەوەکانیان، پەیمانێکی هەتاهەتایی، کە ببمە خودای تۆ و نەوەی دوای خۆت. 8 ئەو خاکەی کۆچی تێدا دەکەیت، دەیدەمە تۆ و نەوەکەت لەدوای خۆت، هەموو خاکی کەنعان، موڵکێکی هەتاهەتایی، منیش دەبمە خودایان.»
9 ئینجا خودا بە ئیبراهیمی فەرموو: «تۆش پەیمانەکەم بەجێدەهێنیت، خۆت و نەوەی دوای خۆت، لە نەوەکانیان. 10 ئەمەش پەیمانەکەمە کە بەجێی دەهێنن لەنێوان من و ئێوە و نەوەی دوای خۆت، هەموو نێرینەیەکتان خەتەنە دەکەن. 11 خۆتان خەتەنە دەکەن، ئەمەش دەبێتە نیشانەی پەیمانەکەی نێوان من و ئێوە. 12 هەموو نێرینەیەکی هەشت ڕۆژەش لە ئێوە دەبێت خەتەنە بکرێت، لە نەوەکانتان، ئەوەی لە ماڵەکەت لەدایک بووە، یان ئەوەی بە زیو لە بیانی کڕاوە و نەوەی خۆت نییە. 13 دەبێت ئەوەی لە ماڵەکەت لەدایک بووە یان بە زیو کڕاوە بە تەواوی خەتەنە بکرێت، جا پەیمانەکەم لە ئێوەدا پەیمانێکی هەتاهەتایی دەبێت. 14 هەر نێرینەیەکی خەتەنە نەکراویش، کە خەتەنە نەکرابێت، ئەوە لە نەتەوەکەی دادەبڕێت، چونکە پەیمانی منی شکاندووە.»
15 هەروەها خودا بە ئیبراهیمی فەرموو: «سارای ژنیشت، ئیتر بە سارای ناوی مەهێنە، بەڵکو ناوی دەبێتە سارا. 16 بەرەکەتداری دەکەم و لەوەوە کوڕێکت پێ دەبەخشم. بەرەکەتداری دەکەم و چەندین نەتەوە و چەندین پاشای نەتەوەکان لەوەوە دەبن.»
17 ئیبراهیم بەسەر ڕوویدا کەوت و پێکەنی، لە دڵی خۆیدا گوتی: «ئایا پیاوێکی سەد ساڵە منداڵی دەبێت؟ ئایا سارا لە تەمەنی نەوەد ساڵیدا منداڵی دەبێت؟» 18 ئیبراهیم بە خودای گوت: «خۆزگە ئیسماعیل لەبەردەم بەرەکەتی تۆدا ژیان بەسەرببات.»
19 خوداش فەرمووی: «بەڵێ، بەڵام لە سارای ژنت کوڕێکت دەبێت، ناوی دەنێیت ئیسحاق. پەیمانی خۆمی لەگەڵدا دەچەسپێنم، پەیمانێکی هەتاهەتایی بۆ نەوەکەی دوای خۆی. 20 بۆ ئیسماعیلیش، گوێم لێت بوو، بێگومان بەرەکەتداری دەکەم، بەرداری دەکەم و زۆر زۆری دەکەم. دەبێتە باوکی دوازدە سەرۆک، دەیکەمە نەتەوەیەکی مەزن. 21 بەڵام پەیمانەکەم لەگەڵ ئیسحاقدا دەچەسپێنم، کە ساڵێکی دیکە ئەم کاتە سارا بۆ تۆی دەبێت.» 22 کاتێک خودا لە قسەکانی بووەوە لەگەڵ ئیبراهیم، لەلای ڕۆیشت و بەرزبووەوە.
23 لە هەمان ڕۆژدا ئیبراهیم، ئیسماعیلی کوڕی و هەموو ئەوانەی لە ماڵەکەیدا لەدایک ببوون یان بە زیوی خۆی کڕابوون، هەموو نێرینەکانی ماڵەکەی خۆی هێنا و خەتەنەی کردن، وەک چۆن خودا پێی فەرموو بوو. 24 ئیبراهیم تەمەنی نەوەد و نۆ ساڵ بوو کاتێک خەتەنە کرا، 25 ئیسماعیلی کوڕیشی تەمەنی سێزدە ساڵان بوو کاتێک خەتەنە کرا. 26 لە هەمان ڕۆژدا ئیبراهیم و ئیسماعیلی کوڕی خەتەنە کران. 27 هەموو پیاوەکانی ماڵەکەی، ئەوانەی لە ماڵەکەی لەدایک ببوون و ئەوانەی لە بیانی بە زیو کڕدرابوون لەگەڵ ئەودا خەتەنە کران.
سێ میوان
18 ئینجا یەزدان لەلای دار بەڕووەکانی مەمرێ بۆ ئیبراهیم دەرکەوت، لەو کاتەدا کە لە گەرمای ڕۆژدا لە دەرکی چادرەکەیدا دانیشتبوو. 2 سەری هەڵبڕی و بینی وا سێ پیاو لە نزیکی وەستاون. کاتێک ئەوانی بینی، لە دەرگای چادرەکەیەوە بەرەو ڕوویان ڕایکرد کڕنۆشی برد و سەری خستە سەر زەوی.
3 ئینجا گوتی: «گەورەم، ئەگەر جێی ڕەزامەندیتم، بەسەر خزمەتکارەکەتدا تێمەپەڕە. 4 با تۆزێک ئاو بهێنرێت و پێتان بشۆن، لەژێر دارەکە پاڵ بدەنەوە. 5 پارووە نانێکیشتان بۆ دێنم هەتا بەری دڵتانی پێ بگرن و پاشان تێبپەڕن، چونکە ئێوە بۆ لای خزمەتکارەکەتان هاتوون.»
ئەوانیش فەرموویان: «ئەوەی گوتت بیکە.»
6 ئیتر ئیبراهیم بە پەلە بەرەو چادرەکە چوو بۆ لای سارا و گوتی: «خێرا سێ پێوانە[a] لە باشترین ئارد بهێنە و بیشێلە و بیکە بە نان.»
7 هەروەها ئیبراهیم بۆ لای مێگەلەکە ڕایکرد و گوێرەکەیەکی ناسک و چاکی هێنا و دایە دەست خزمەتکارێکەوە، ئەویش خێرا کەوتە ئامادەکردنی. 8 ئینجا دەڵەمە[b] و شیر و ئەو گوێرەکەیەی ئامادەکرابوو، هێنای و لەبەردەمیان داینا. خۆشی لەژێر دارەکە لەسەریان ڕاوەستا، کاتێک ئەوان نانەکەیان دەخوارد.
9 پاشان پێیان فەرموو: «کوا سارای ژنت؟»
ئەویش گوتی: «ئەوەتا، لەناو چادرەکەیە.»
10 ئینجا یەزدان فەرمووی: «بێگومان ساڵێکی دیکە ئەم کاتانە دێمەوە لات و سارای ژنیشت کوڕێکی بووە.»
ساراش لە دەرگای چادرەکەی خۆیەوە کە لە پشتی ئەمەوە بوو، گوێی گرتبوو. 11 ئیبراهیم و سارا دوو پیری بەساڵدا چووبوون. ساراش تەمەنی منداڵبوونی بەسەرچووبوو. 12 سارا لە دڵی خۆیدا پێکەنی و گوتی: «ئایا لەدوای ئەوەی لە کەڵک کەوتووم و مێردەکەم پیر بووە، خۆشیم بۆ دەبێت؟»
13 ئینجا یەزدان بە ئیبراهیمی فەرموو: «بۆچی سارا پێکەنی و گوتی: ”وا من پیر بووم، ئایا بەڕاستی منداڵم دەبێت“؟ 14 هیچ شتێک هەیە بۆ یەزدان ئەستەم بێت؟ ساڵی داهاتوو لە کاتی دیاریکراو دێمەوە لات و ساراش کوڕێکی بووە.»
15 سارا درۆی کرد و گوتی: «پێنەکەنیم،» چونکە ترسا. بەڵام ئەو فەرمووی: «بەڵێ، پێکەنیت.»
پاڕانەوەی ئیبراهیم بۆ سەدۆم
16 ئینجا پیاوەکان لەوێ هەستان و ڕوویان لە سەدۆم کرد، ئیبراهیمیش لەگەڵیان ڕۆیشت، تاکو بەڕێیان بکات. 17 یەزدانیش فەرمووی: «ئایا ئەوەی کە بەتەمام ئەنجامی بدەم لە ئیبراهیمی بشارمەوە؟ 18 لە کاتێکدا ئیبراهیم بێگومان دەبێتە نەتەوەیەکی مەزن و بەهێز، هەموو نەتەوەکانی سەر زەویش لە ڕێگەی ئەوەوە بەرەکەتدار دەبن. 19 لەبەر ئەوەی هەڵمبژاردووە بۆ ئەوەی منداڵەکانی و ماڵەکەی لەدوای خۆی ڕابسپێرێت ڕێچکەی یەزدان بگرێتەبەر، بۆ ئەوەی ڕاستودروستی و دادپەروەری بکەن، تاکو یەزدان ئەو بەڵێنە بهێنێتە دی کە بە ئیبراهیمی دابوو.»
20 ئینجا یەزدان فەرمووی: «هاواری لە دژی سەدۆم و عەمۆرا زۆر بووە و گوناهیان زۆر گەورە بووە. 21 ئەوا دێمە خوارەوە بۆ ئەوەی ببینم ئاخۆ وەک هاوارەکەی کە هاتووەتە لای من، بە تەواوی بەم جۆرەیان کردووە. ئەگەر نا، ئەوا دەزانم.»
22 ئینجا پیاوەکان ڕوویان کردە سەدۆم و ڕۆیشتن، بەڵام ئیبراهیم هێشتا لەبەردەم یەزدان وەستابوو. 23 ئیبراهیم چووە پێشەوە و گوتی: «ئایا لەگەڵ خراپەکاردا ڕاستودروستیش لەناودەبەیت؟ 24 ئەی ئەگەر شارەکە پەنجا کەسی ڕاستودروستی تێدابێت، ئایا هەر لەناوی دەبەیت و نایبەخشیت، لە پێناوی ئەو پەنجا ڕاستودروستەی تێیدایە؟ 25 حاشا، شتی وا لە تۆ ناوەشێتەوە! ڕاستودروستیش لەگەڵ خراپەکاردا بکوژیت. جا ڕاستودروست و خراپەکار وەک یەکیان لێبێت. دوور بێت لە تۆ! ئایا دادوەری هەموو زەوی دادپەروەری ناکات؟»
26 یەزدانیش فەرمووی: «ئەگەر لە سەدۆم پەنجا کەسی ڕاستودروست لە شارەکەدا ببینمەوە، ئەوا لە پێناوی ئەوان هەموو شارەکە دەبەخشم.»
27 ئیبراهیم وەڵامی دایەوە: «ئێستا من وێرام لەگەڵ پەروەردگار قسە بکەم، منێک کە خۆڵ و خۆڵەمێشم. 28 ئەی ئەگەر لەو پەنجا کەسە ڕاستودروستە پێنجی کەم بوو؟ ئایا بۆ پێنج کەس هەموو شارەکە وێران دەکەیت؟»
فەرمووی: «وێرانی ناکەم، ئەگەر چل و پێنج لەوێ ببینمەوە.»
29 دیسان کەوتەوە قسە لەگەڵی و گوتی: «ئەی ئەگەر لەوێ چلی لێبوو؟» فەرمووی: «لەبەر خاتری ئەو چلە، نایکەم.»
30 ئینجا گوتی: «با پەروەردگار تووڕە نەبێت و قسە بکەم، ئەی ئەگەر هەر سی لێبوو؟»
فەرمووی: «نایکەم، ئەگەر لەوێ سی ببینمەوە.»
31 ئیبراهیم گوتی: «ئیتر وا وێرام قسە لەگەڵ پەروەردگار بکەم، ئەی ئەگەر بیستی لێبوو؟»
فەرمووی: «لەبەر ئەو بیستە وێرانی ناکەم.»
32 ئینجا گوتی: «با پەروەردگار تووڕە نەبێت و هەر ئەم جارە قسە بکەم. ئەی ئەگەر دەی لێبوو؟»
فەرمووی: «لەبەر ئەو دەیە وێرانی ناکەم.»
33 ئینجا دوای ئەوەی یەزدان لەگەڵ ئیبراهیم لە قسەکردن بووەوە، ڕۆیشت، ئیبراهیمیش گەڕایەوە شوێنی خۆی.
وێرانکردنی سەدۆم و عەمۆرا
19 هەردوو فریشتەکە کاتی ئێوارە گەیشتنە سەدۆم، ڵوتیش لە دەروازەکەی سەدۆم دانیشتبوو. کاتێک ڵوت ئەوانی بینی، هەستا بۆ پێشوازییان و کڕنۆشی برد و سەری خستە سەر زەوی. 2 ئینجا گوتی: «گەورەکانم، تکایە لابدەنە ماڵی خزمەتکاری خۆتان. شەو بەسەربەرن و پێتان بشۆن، سەر لە بەیانیش بە ڕێی خۆتاندا بڕۆن.»
فەرموویان: «نا، بەڵکو لە گۆڕەپانەکە شەو دەبەینەسەر.»
3 بەڵام ئەم زۆری لێکردن. ئیتر لایاندایە لای و چوونە ماڵەکەی. ئەویش خوان و نانی فەتیرەی بۆ ئامادە کردن و خواردیان. 4 پێش ئەوەی ڕاکشێن، هەموو پیاوانی شاری سەدۆم لە هەموو لایەکەوە، لە گەنجیانەوە هەتا پیرییان، دەورەی ماڵەکەیان دا. 5 ئینجا ڵوتیان بانگکرد و لێیان پرسی: «کوا ئەو دوو پیاوەی ئەمشەو هاتنە لات؟ بیانهێنە دەرەوە بۆمان هەتا لاقەیان بکەین.»
6 ڵوت هاتە دەرەوە بۆ لایان و دەرگاکەی لە پشت خۆیەوە داخست. 7 گوتی: «نا، براکانم. خراپەی وا مەکەن. 8 من دوو کچم هەیە کە دەستی پیاویان بەرنەکەوتووە. بۆتان دەهێنمە دەرەوە، ئەوەی پێتان باشە پێیانی بکەن. بەڵام هیچ لەم دوو پیاوە مەکەن، چونکە ئەوان هاتوونەتە ماڵی من.»
9 ئەوانیش گوتیان: «وەرە ئەم لاوە!» ئینجا گوتیان: «ئەمە هاتووە بۆ ئەوەی پەناهەندە بێت لەنێوانمان و دەیەوێت ببێتە دادوەر لەسەرمان. ئێستاش لەوان خراپترت بەسەردەهێنین.» ئیتر زۆریان لە ڵوت کرد و هاتنە پێشەوە هەتا دەرگاکە بشکێنن.
10 بەڵام دوو پیاوەکە دەستیان درێژکرد و ڵوتیان ڕاکێشایە لای خۆیان بۆ ناو ماڵەکە و دەرگاکەشیان داخست. 11 ئەو پیاوانەش کە لە بەردەرگای ماڵەکەدا بوون، کوێرییان کردن، لە بچووکیانەوە هەتا گەورەیان، ئیتر پەکی ئەوەیان کەوت کە دەرگاکە بدۆزنەوە.
12 ئینجا دوو پیاوەکە بە ڵوتیان فەرموو: «کێی دیکەت لێرە هەیە، زاواکانت و کوڕەکانت و کچەکانت و هەرکەسانێکی دیکەش کە لە شارەکەدا هەتن؟ هەموویان لێرە ببە دەرەوە، 13 چونکە ئێمە ئەم شوێنە وێران دەکەین. لەبەر ئەوەی لەبەردەم یەزدان هاواریان لە دژی خەڵکەکەی مەزن بووە، یەزدانیش ئێمەی ناردووە هەتا وێرانی بکەین.»
14 ئیتر ڵوت چووە دەرەوە و قسەی لەگەڵ زاواکانی کرد کە کچەکانی ئەمیان خواستبوو. گوتی: «هەستن و لەم شوێنە بڕۆنە دەرەوە، چونکە هێندەی نەماوە یەزدان شارەکە وێران بکات.» بەڵام وەک گاڵتەچی هاتە بەرچاوی زاواکانی.
15 لە بەرەبەیان، هەردوو فریشتەکە پەلەیان لە ڵوت کرد و پێیان فەرموو: «خێراکە! ژنەکەت و هەردوو کچەکەت کە لێرەن بیانبە، نەوەک تۆش بە گوناهی شارەکە لەناوبچیت.»
16 بەڵام ئەو خەم ساردی لێکرد، جا هەردوو پیاوەکە لەبەر بەزەیی یەزدان لەسەریان، دەستی خۆی و ژنەکەی و هەردوو کچەکەی ئەویان گرت و لە دەرەوەی شارەکە دایاننان. 17 جا کە هێنایاننە دەرەوە، یەکێکیان فەرمووی: «فریای خۆت بکەوە! ئاوڕ لە دواوەت مەدەوە و لەم دەوروبەرە ڕانەوەستیت. ڕابکە بۆ چیاکە بۆ ئەوەی لەناونەچیت!»
18 بەڵام ڵوت پێی گوتن: «نا، گەورەم! 19 خزمەتکارەکەت وا ڕەزامەندی لە چاوەکانت بەدی کردووە، خۆشەویستییەکەت گەورەیە کە بەرامبەرم کردووتە، بە هێشتنەوەی گیانم بە زیندووێتی. بەڵام من ناتوانم ڕابکەم بۆ چیاکە. نەوەک ئەم بەڵایە پێم بگات و بمرم. 20 تەماشا ئەو شارۆچکە نزیکە بکە، بچووکە، با بۆ ئەوێ هەڵبێم. مەگەر بچووک نییە؟ ئیتر گیانم بە زیندووێتی دەمێنێتەوە.»
21 ئەویش پێی فەرموو: «باشە، لەم شتەش نائومێدت ناکەم، ئەو شارۆچکەیەی باست کرد سەرەوژێری ناکەم. 22 بەڵام بە پەلە بەرەو ئەوێ ڕابکە، چونکە هەتا تۆ نەگەیتە ئەوێ، من ناتوانم هیچ شتێک بکەم.» لەبەر ئەوەشە کە شارۆچکەکە ناونرا بە زۆعەر[c].
23 کاتێک خۆر بەسەر زەویدا هەڵهات، ڵوت گەیشتە ناو زۆعەر. 24 ئینجا یەزدان گۆگرد و ئاگری بەسەر سەدۆم و عەمۆرادا باراند، لەلایەن یەزدانەوە، لە ئاسمانەوە. 25 هەموو ئەو شارانە، دەوروبەرەکەیان و هەموو دانیشتووانی شارۆچکەکان و ڕووەکی زەوییەکەشی لەگەڵدا سەرەوژێر کرد. 26 بەڵام ژنی ڵوت سەیری دواوەی کرد، جا بووە ستوونێکی خوێ.
27 بۆ سبەی ئیبراهیم بەیانی زوو لە خەو هەستا و گەڕایەوە بۆ ئەو شوێنەی تێیدا لەبەردەم یەزدان داکۆکی کردبوو. 28 ڕوانییە سەدۆم و عەمۆرا و هەموو زەوی دەوروبەرەکە، سەیری کرد وا دووکەڵی زەوییەکە وەک دووکەڵی کوورە بەرز دەبێتەوە.
29 ئینجا کە خودا شارۆچکەکانی دەوروبەرەکەی وێران کرد، خودا ئیبراهیمی هاتەوە یاد[d] و ڵوتی لەناو ئەو سەرەوژێرکردنە هێنایە دەرەوە، کاتێک ئەو شارانەی سەرەوژێر کرد کە ڵوت تێیدا دانیشتبوو.
ڵوت و کچەکانی
30 ئینجا ڵوت و هەردوو کچەکەی زۆعەریان بەجێهێشت و لە چیا نیشتەجێ بوون، چونکە ترسا لە زۆعەر دانیشێت. خۆی و هەردوو کچەکەی لە ئەشکەوت نیشتەجێ بوون. 31 کچە گەورەکە بە بچووکەکەی گوت: «باوکمان پیر بووە، هیچ پیاوێکیش لەم ناوەدا نییە کە بەلاماندا بێت، وەک چۆن دابونەریتی هەموو زەوییە. 32 وەرە با شەراب دەرخواردی باوکمان بدەین و لەگەڵی ڕاکشێین، لە باوکمانەوە وەچە بخەینەوە.»
33 ئەو شەوە شەرابیان دەرخواردی باوکیان دا، ئینجا کچە گەورەکە چووە ژوورەوە و لەگەڵ باوکی ڕاکشا. ئەویش نە بە ڕاکشانەکەی زانی و نە بە هەستانەوەکەی.
34 بۆ ڕۆژی دوایی کچە گەورەکە بە بچووکەکەی گوت: «دوێنێ شەو لەگەڵ باوکم ڕاکشام. ئەمشەویش شەرابی دەرخوارد دەدەین، ئینجا تۆ بڕۆ ژوورەوە و لەگەڵی ڕاکشێ. جا لە باوکی خۆمانەوە وەچە دەخەینەوە.» 35 ئەو شەوەش شەرابیان دەرخواردی باوکیان دا، ئینجا کچە بچووکەکە هەستا و لەگەڵی ڕاکشا. ئەویش نە بە ڕاکشانەکەی زانی و نە بە هەستانەوەکەی.
36 ئیتر هەردوو کچەکەی ڵوت سکیان لە باوکیان پڕ بوو. 37 گەورەکەیان کوڕێکی بوو ناوی لێنا مۆئاب. ئەو باوکی هەموو مۆئابییەکانە هەتا ئەمڕۆ. 38 هەروەها بچووکەکەشیان کوڕێکی بوو ناوی لێنا بەنعەمی. ئەویش باوکی نەوەی عەمۆنە هەتا ئەمڕۆ.
ئیبراهیم و ئەبیمەلەخ
20 ئیبراهیم لەوێوە بەرەو زەوی نەقەب کۆچی کرد و لەنێوان قادێش و شووردا نیشتەجێ بوو، لە گرار ئاوارە بوو. 2 ئیبراهیم سەبارەت بە سارای ژنی گوتی: «ئەو خوشکمە.» ئینجا ئەبیمەلەخی پاشای گرار ناردی و سارای برد.
3 ئینجا خودا هاتە خەوی ئەبیمەلەخ و پێی فەرموو: «ئەوا تۆ بەهۆی ئەو ژنەی بردووتە دەمریت، چونکە ئەو ژنێکی بە مێردە.»
4 بەڵام هێشتا ئەبیمەلەخ لە سارای نزیک نەکەوتبووەوە، گوتی: «ئەی پەروەردگار، ئایا نەتەوەیەکی بێتاوان دەکوژیت؟ 5 ئەی ئیبراهیمش پێی نەگوتم ”ئەو خوشکمە،“ ساراش خۆی نەیگوت ”ئەو برامە“؟ من ئەمەم بە دڵسافی و دەستی پاکەوە کردووە.»
6 خوداش لە خەونەکەدا پێی فەرموو: «منیش دەزانم تۆ ئەمەت بە دڵسافییەوە کردووە، هەر خۆشم ڕێگام لێ گرتیت کە گوناهم بەرامبەر بکەیت. لەبەر ئەوە بوو کە نەمهێشت دەستی بۆ ببەیت. 7 ئێستاش ژنی پیاوەکە بگەڕێنەوە، ئەو پێغەمبەرە، لە پێناوی تۆ نزا دەکات و دەژیت. بەڵام ئەگەر نەشیگەڕێنیتەوە، ئەوە بزانە کە بێگومان دەمریت، خۆت و هەموو ئەوانەی هی تۆن.»
8 سبەی ئەبیمەلەخ بەیانی زوو لە خەو هەستا و هەموو خزمەتکارەکانی بانگکرد و هەموو ئەم شتانەی پێیان گوت، پیاوەکانیش زۆر ترسان. 9 ئینجا ئەبیمەلەخ ئیبراهیمی بانگکرد و پێی گوت: «ئەمە چییە بە ئێمەت کرد؟ چ گوناهێکم بەرامبەرت کردووە تاکو خۆم و شانشینەکەم تووشی تاوانێکی وا گەورە بکەیت؟ ئەو کارەی کە ناشێت بە منت کرد.» 10 ئەبیمەلەخ بە ئیبراهیمی گوت: «چیت بینی هەتا ئەم کارەت کرد؟»
11 ئیبراهیمیش گوتی: «چونکە گوتم: ”لەم شوێنەدا هیچ لەخواترسی نییە، لەبەر ژنەکەشم من دەکوژن.“ 12 لەگەڵ ئەوەشدا لە ڕاستیدا ئەو خوشکمە، کچی باوکمە، بەڵام کچی دایکم نییە. ئیتر بووە ژنم. 13 کاتێکیش خودا لە ماڵی باوکمەوە ئاوارەی کردم، بە ژنەکەمم گوت: ”ئەمە ئەو چاکەیە کە لەگەڵمدا دەکەیت، چووینە هەر شوێنێک، سەبارەت بە من بڵێ: ئەو برامە.“»
14 ئیتر ئەبیمەلەخ مەڕ و مانگا و خزمەتکار و کەنیزەی هێنا و دایە ئیبراهیم، سارای ژنیشی بۆ گەڕاندەوە. 15 ئینجا ئەبیمەلەخ گوتی: «زەوییەکەم وا لەبەردەمی تۆیە، هەرکوێیەکیت پێ باشە لەوێ دابنیشە.»
16 بە ساراشی گوت: «من ئێستا هەزار شاقل زیو[e] دەدەمە براکەت. ئەمە بەرامبەر بە ئابڕووبردنەکەی تۆیە لەبەردەم هەموو ئەوانەی لەگەڵتن و لەلای هەموو کەسێک، ئیتر تۆ تەواو ڕوو سپیت.»
17 ئینجا ئیبراهیم لە خودا پاڕایەوە، خوداش ئەبیمەلەخ و ژنەکەی و کەنیزەکانی چاککردەوە و منداڵیان بوو، 18 چونکە هەرچی منداڵدانی ماڵی ئەبیمەلەخ هەبوو، یەزدان بە تەواوی بەستبووی، بەهۆی سارای ژنی ئیبراهیمەوە.
لەدایکبوونی ئیسحاق
21 یەزدان بەو شێوەیەی فەرمووی سارای بەسەرکردەوە، یەزدان چۆنی فەرموو ئاوای بۆ سارا کرد. 2 ئینجا سارا لە پیرەمێردیێتی ئیبراهیمدا سکی پڕ بوو و منداڵێکی بۆی بوو، لەو کاتەی کە خودا پێی فەرموو. 3 ئیبراهیم کوڕە لەدایکبووەکەی خۆی کە سارا بۆی ببوو ناوی لێنا ئیسحاق. 4 کاتێک ئیسحاقی کوڕی بووە هەشت ڕۆژ، ئیبراهیم خەتەنەی کرد، هەروەک چۆن خودا ڕایسپاردبوو. 5 تەمەنی ئیبراهیم سەد ساڵ بوو کاتێک ئیسحاقی کوڕی لەدایک بوو.
6 سارا گوتی: «خودا منی خستووەتە پێکەنین، هەرکەسێکیش ئەمە ببیستێت لەگەڵ من پێدەکەنێت.» 7 هەروەها گوتی: «کێ بە ئیبراهیمی دەگوت سارا شیر دەداتە منداڵان؟ چونکە لە پیرەمێردی ئەودا کوڕێکم بوو.»
بەڕێکردنی هاجەر و ئیسماعیل
8 کوڕە گەورە بوو و لە شیر بڕایەوە. لەو ڕۆژەی ئیسحاق لە شیر بڕایەوە، ئیبراهیم خوانێکی گەورەی ساز کرد. 9 بەڵام سارا کوڕەکەی هاجەری میسری بینی کە لە ئیبراهیم بوو، گاڵتەی دەکرد. 10 جا بە ئیبراهیمی گوت: «ئەم کەنیزەیە و کوڕەکەی دەربکە، چونکە کوڕی ئەم کەنیزەیە لەگەڵ ئیسحاقی کوڕی من نابێتە میراتگر.»
11 ئەم بابەتە ئیبراهیمی زۆر ناڕەحەت کرد، بەهۆی کوڕەکەی. 12 بەڵام خودا بە ئیبراهیمی فەرموو: «لەلات ناڕەحەت نەبێت لەبەر کوڕەکە و لەبەر کەنیزەکەت. هەرچی سارا پێت دەڵێت بە قسەی بکە، چونکە لە ڕێگەی ئیسحاقەوە نەوەی تۆ ناودەبردرێت. 13 هەروەها کوڕی کەنیزەکەش دەکەمە نەتەوە، چونکە وەچەی تۆیە.»
14 سبەی بەیانی زوو ئیبراهیم لە خەو هەستا و نان و مەشکەیەک ئاوی هێنا و دایە هاجەر. خستییە سەر شانی و لەگەڵ کوڕەکە بەڕێی کرد. ئەویش ڕۆیشت و لە چۆڵەوانی بیری شابەع وێڵ بوو.
15 کە مەشکەکە ئاوی تێدا نەما، کوڕەکەی لەژێر دەوەنێک دانا. 16 ئینجا ڕۆیشت و لە دوورەوە لە دووری تیرهاوێژێک بەرامبەری دانیشت، چونکە گوتی: «با مەرگی کوڕەکە نەبینم.» ئیتر بەرامبەری دانیشت و دەنگی بەرزکردەوە و گریا.
17 خودا دەنگی کوڕەکەی بیست و فریشتەی خودا لە ئاسمانەوە هاجەری بانگکرد و پێی فەرموو: «چیتە هاجەر؟ مەترسە، خودا دەنگی کوڕەکەی بیست لەو شوێنەی لێی دانراوە. 18 هەستە، کوڕەکە هەڵبگرە و دەستت بەهێز بکە، چونکە دەیکەمە نەتەوەیەکی مەزن.»
19 ئینجا خودا هەردوو چاوی هاجەری کردەوە، ئەویش بیرێکی ئاوی بەدی کرد. ئیتر چوو مەشکەکەی پڕکرد لە ئاو و ئاوی دایە کوڕەکە.
20 خودا لەگەڵ کوڕەکە بوو، گەورە بوو و لە چۆڵەوانیدا دەژیا، بووە تیرهاوێژ. 21 لە چۆڵەوانی پاران نیشتەجێ بوو، دایکیشی لە خاکی میسر ژنێکی بۆ هێنا.
پەیمانی بیری شابەع
22 لەو سەردەمەدا ئەبیمەلەخ لەگەڵ فیکۆل کە فەرماندەی گشتی سوپاکەی بوو، بە ئیبراهیمیان گوت: «لە هەموو ئەوەی دەیکەیت خودات لەگەڵدایە. 23 ئێستاش ئا لێرەدا سوێندم بۆ بخۆ بە خودا کە ناپاکی نە لە خۆم و نە لە منداڵم و نە لە نەوەم نەکەیت. بەڵکو وەک ئەو چاکەیەی لەگەڵ تۆدا کردم لەگەڵم دەکەیت، هەروەها لەگەڵ ئەو خاکەی کە تێیدا ئاوارە بوویت.»
24 ئیبراهیمیش گوتی: «سوێند دەخۆم.»
25 ئینجا ئیبراهیم گلەیی لە ئەبیمەلەخ کرد سەبارەت بەو بیرە ئاوەی کە خزمەتکارەکانی ئەبیمەلەخ داگیریان کردبوو. 26 بەڵام ئەبیمەلەخ گوتی: «ئاگادار نیم کێ ئەم شتەی کردووە. هەروەها تۆ پێت ڕانەگەیاندووم، منیش ئەمڕۆ نەبێت نەمبیستووە.»
27 ئیتر ئیبراهیم مەڕ و مانگای هێنا و دایە ئەبیمەلەخ، ئیتر هەردووکیان پەیمانیان بەست. 28 ئیبراهیم لە مێگەلەکە حەوت کاوڕەمێی بە تەنها ڕاگرت. 29 ئەبیمەلەخیش بە ئیبراهیمی گوت: «ئەم حەوت کاوڕەمێیە چییە کە بە تەنها ڕات گرتوون؟»
30 ئەویش گوتی: «ئەم حەوت کاوڕەمێیە لە دەستی من وەردەگریت بۆ ئەوەی ببێتە شایەتییەک بۆم کە من ئەم بیرەم هەڵکەندووە.» 31 لەبەر ئەوە ئەو شوێنەی ناونا بە بیری شابەع[f]، چونکە هەردووکیان لەوێ سوێندیان خوارد.
32 لەدوای ئەوەی لە بیری شابەع پەیمانیان بەست، ئەبیمەلەخ و فیکۆلی فەرماندەی گشتی سوپاکەی هەستان و گەڕانەوە خاکی فەلەستییەکان. 33 ئینجا ئیبراهیم داری گەزی لە بیری شابەع چاند، لەوێش بە ناوی یەزدانی پەروەردگاری هەتاهەتاییەوە نزای کرد. 34 ئیتر ئیبراهیم لە خاکی فەلەستییەکان ماوەیەکی زۆری بە ئاوارەیی بەسەربرد.
تاقیکردنەوەی ئیبراهیم
22 لەدوای ماوەیەک خودا ئیبراهیمی تاقیکردەوە. پێی فەرموو: «ئیبراهیم!»
ئەویش گوتی: «ئەوەتام.»
2 ئینجا خودا فەرمووی: «کوڕەکەت، تاقانەکەت، ئەوەی کە خۆشت دەوێت، ئیسحاق، بیبە و بڕۆ خاکی مۆریا. لەوێ بیکە قوربانی سووتاندن، لەسەر یەکێک لە کێوەکان کە خۆم پێت دەڵێم.»
3 بۆ بەیانی ئیبراهیم زوو لە خەو هەستا و گوێدرێژەکەی کورتان کرد. لەگەڵ خۆیدا دووان لە خزمەتکارەکانی و ئیسحاقی کوڕی برد، داریشی بڕی بۆ قوربانی سووتاندن. ئینجا هەستا و بەرەو ئەو شوێنە چوو کە خودا پێی فەرمووبوو. 4 لە ڕۆژی سێیەم ئیبراهیم چاوی هەڵبڕی و لە دوورەوە شوێنەکەی بەدی کرد. 5 ئیتر ئیبراهیم بە دوو خزمەتکارەکەی گوت: «ئێوە لێرە لەگەڵ گوێدرێژەکە دانیشن، من و کوڕەکەش هەتا ئەوێ دەچین، کڕنۆش دەبەین و دەگەڕێینەوە لاتان.»
6 ئیبراهیم داری قوربانی سووتاندنەکەی هەڵگرت و خستییە سەر پشتی ئیسحاقی کوڕی، خۆشی ئاگر و چەقۆکەی هەڵگرت، هەردووکیان پێکەوە ڕۆیشتن. 7 ئیسحاق بە ئیبراهیمی باوکی گوت: «باوکە!»
ئەویش وەڵامی دایەوە: «ها کوڕم؟»
ئیسحاق گوتی: «ئەوەتا ئاگرەکە و داری سووتاندنەکە، ئەی کوا بەرخەکە کە بۆ قوربانی سووتاندنەکەیە؟»
8 ئیبراهیم وەڵامی دایەوە: «خودا بۆ خۆی بەرخێک بۆ قوربانی سووتاندنەکە دابین دەکات، کوڕم.» ئیتر هەردووکیان پێکەوە ڕۆیشتن.
9 کاتێک گەیشتنە ئەو شوێنەی خودا پێی فەرمووبوو، ئیبراهیم قوربانگایەکی دروستکرد و دارەکانی لەسەر ڕێکخست، ئیسحاقی کوڕی بەستەوە و خستییە سەر قوربانگاکە لەسەر دارەکان. 10 ئیتر ئیبراهیم دەستی درێژکرد و چەقۆکەی هەڵگرت هەتا کوڕەکەی خۆی سەرببڕێت. 11 بەڵام فریشتەی یەزدان لە ئاسمانەوە بانگی کرد و گوتی: «ئیبراهیم! ئیبراهیم!»
ئەویش وەڵامی دایەوە: «ئەوەتام.»
12 پێی گوت: «دەست بۆ کوڕەکە مەبە و هیچی لێ مەکە. ئێستا زانیم تۆ لە خودا دەترسیت، چونکە لە پێناوی من دەستت بە کوڕە تاقانەکەتەوە نەگرت.»
13 ئیبراهیم چاوی هەڵبڕی و بینی وا بەرانێک لەدوایەوە لەناو دەوەنەکە بە هەردوو قۆچی گیربووە. ئیبراهیم چوو و بەرانەکەی گرت و سەری خست، وەک قوربانی سووتاندن لە جیاتی کوڕەکەی. 14 ئیتر ئیبراهیم ئەو شوێنەی ناونا، «یەزدان دابینی دەکات». هەتا ئەمڕۆش دەگوترێت، «لەسەر کێوی یەزدان، دابین دەکرێت.»
15 فریشتەکەی یەزدان جارێکی دیکە لە ئاسمانەوە ئیبراهیمی بانگکرد و 16 گوتی: «یەزدان دەفەرموێت سوێندبێت بە خۆم، لەبەر ئەوەی تۆ ئەمەت کرد و دەستت بە کوڕە تاقانەکەتەوە نەگرت، 17 بێگومان بەرەکەتدارت دەکەم و نەوەکەت وەک ژمارەی ئەستێرەکانی ئاسمان و وەک لمی سەر کەناری دەریا زۆر دەکەم. نەوەت دەبێتە میراتگری دەرگای دوژمنەکانی. 18 لە ڕێگەی نەوەی تۆشەوە هەموو نەتەوەکانی سەر زەوی بەرەکەتدار دەبن، چونکە تۆ گوێڕایەڵی فەرمایشتەکەی من بوویت.»
19 ئینجا ئیبراهیم گەڕایەوە لای دوو خزمەتکارەکەی. ئیتر هەستان و پێکەوە چوونە بیری شابەع. ئیبراهیم لەلای بیری شابەع نیشتەجێ بوو.
کوڕانی ناحۆر
20 دوای ماوەیەک بە ئیبراهیم گوترا: «وا میلکەی براژنیشت چەند کوڕێکی بۆ ناحۆری برات بووە، 21 عوچ کە نۆبەرەکەیەتی و بووزی برای، هەروەها قەموئێلیش کە باوکی ئارامە. 22 هەروەها کەسەد و حەزۆ و پیلداش و یدلاف و بتوئێل.» 23 بتوئێلیش ڕڤقەی بوو. ئەم هەشتە لە میلکە بوون بۆ ناحۆری برای ئیبراهیم. 24 کەنیزەکەشی کە ناوی ڕەئوومە بوو، ئەویش تەڤەح و گەحەم و تەحەش و مەعکای بوو.
مردنی سارا
23 هەموو تەمەنی سارا سەد و بیست و حەوت ساڵ بوو. 2 ئینجا سارا لە قیریەت ئەربەع کە حەبرۆنە لە خاکی کەنعان مرد. ئیبراهیمیش هات بۆ ئەوەی بۆ سارا بلاوێنێتەوە و بەسەریدا بگریێت.
3 ئیبراهیم لەبەردەم مردووەکەی هەستا و لەگەڵ حیتییەکان قسەی کرد، گوتی: 4 «من لەنێو ئێوە نامۆ و میوانم. لەلای خۆتان گۆڕێکم بە موڵک بدەنێ، هەتا بتوانم مردووەکەم لەبەردەمم بنێژم.»
5 حیتییەکان وەڵامی ئیبراهیمیان دایەوە و پێیان گوت: 6 «گەورەم، گوێمان لێ بگرە، تۆ لەنێوانمان میرێکی بە توانایت. مردووەکەی خۆت لە باشترین گۆڕی ئێمە بنێژە. هیچ پیاوێکیش لە ئێمە بەرامبەر بە تۆ دەست بە گۆڕەکەیەوە ناگرێت، هەتا مردووەکەتی تێدا نەنێژیت.»
7 ئیبراهیمیش هەستا و کڕنۆشی بۆ خەڵکی خاکەکە برد، بۆ حیتییەکان. 8 ئینجا قسەی لەگەڵ کردن، گوتی: «ئەگەر ڕازین بەوەی مردووەکەم کە لەبەردەممە بینێژم، ئەوا گوێم لێ بگرن و لە عەفرۆنی کوڕی چۆحەر داوام بۆ بکەن. 9 ئەشکەوتەکەی مەخپێلەم پێ بفرۆشێت کە هی ئەوە و دەکەوێتە کەنار کێڵگەکەی. با بە نرخی تەواوی خۆشی بمداتێ، بۆ ئەوەی لەنێو ئێوەدا بۆ گۆڕ ببێتە موڵکم.»
10 عەفرۆنی حیتی لەنێو حیتییەکان دانیشتبوو، لەبەرچاوی هەموو حیتییەکان، هەموو ئەوانەی هاتبوونە ناو دەروازەی شارەکەی، وەڵامی ئیبراهیمی دایەوە: 11 «نا گەورەم، گوێت لێم بێت، کێڵگەکەت پێ دەفرۆشم بە ئەشکەوتەکەی ناویشییەوە. لەبەرچاوی گەلەکەم پێم بەخشیت. مردووەکەی خۆت بنێژە.»
12 ئیبراهیمیش لەبەردەم خەڵکی خاکەکە کڕنۆشی برد و 13 لەبەرچاوی خەڵکی خاکەکە بە عەفرۆنی گوت: «بەڵام ئەگەر تۆ ڕازیت، ئەوا حەز دەکەم گوێشم لێ بگریت: نرخی کێڵگەکەت دەدەمێ. لە منی وەربگرە، ئینجا مردووەکەی خۆم لەوێ دەنێژم.»
14 عەفرۆنیش وەڵامی ئیبراهیمی دایەوە: 15 «گوێم لێ بگرە گەورەم، زەوییەکە بایی چوار سەد شاقل[g] زیوە، بەڵام ئەوە لەنێوان من و تۆ چییە! مردووەکەی خۆت بنێژە.»
16 ئیبراهیمیش گوێی لە عەفرۆن گرت و لەبەرچاوی حیتییەکان ئەو بڕە زیوەی بۆ عەفرۆن کێشا. چوار سەد شاقل زیو، بەو کێشانەی لەلای بازرگانەکان باوبوو.
17 ئیتر کێڵگەکەی عەفرۆن، ئەوەی لە مەخپێلەیە، ئەوەی لەبەردەم مەمرێیە، کێڵگەکە و ئەشکەوتەکە کە لەناوییەتی، هەروەها هەموو ئەو دارانەی لەناو کێڵگەکەیە و لە سنووری دەوروبەریەتی، بووە 18 موڵکی ئیبراهیم، لەبەرچاوی هەموو حیتییەکان، هەموو ئەوانەی هاتبوونە ناو دەروازەی شارەکە. 19 دوای ئەوە ئیبراهیم سارای ژنی لەناو ئەشکەوتەکەی کێڵگەی مەخپێلە ناشت کە لەبەردەم مەمرێیە، ئەوەش حەبرۆنە لە خاکی کەنعان. 20 ئیتر کێڵگەکە و ئەشکەوتەکەی ناوی بووە موڵکی ئیبراهیم، بۆ ئەوەی لەلای حیتییەکان ببێتە گۆڕستان.
ئیسحاق و ڕڤقە
24 ئیبراهیم پیر بوو و چووە ساڵەوە. یەزدانیش ئیبراهیمی لە هەموو شتێکدا بەرەکەتدار کرد. 2 ئینجا ئیبراهیم بە خزمەتکاری گەورەی ماڵەکەی گوت کە هەرچییەکیشی هەبوو بە دەست ئەو بوو: «دەست بخەرە ژێر ڕانم. 3 سوێندت دەدەم بە یەزدان، خودای ئاسمان و خودای زەوی، کە هیچ ژنێک لە کچانی کەنعانییەکان بۆ کوڕەکەم ناخوازیت، کە خۆم نیشتەجێی نێوانیانم. 4 بەڵکو دەچیتە خاکەکەم بۆ لای کەسوکارەکەم و لەوێ ژنێک بۆ کوڕەکەم، بۆ ئیسحاق دەهێنیت.»
5 خزمەتکارەکەش پێی گوت: «ئەی ئەگەر ئافرەتەکە نەیویست دوام بکەوێت بۆ ئەم زەوییە؟ ئایا کوڕەکەت بگەڕێنمەوە ئەو خاکەی لێوەی هاتوویت؟»
6 ئیبراهیمیش پێی گوت: «ئاگاداربە کوڕەکەم نەگەڕێنێتەوە ئەوێ. 7 یەزدانی پەروەردگاری ئاسمان، ئەوەی لە ماڵی باوکم و لە خاکی لەدایکبوونمەوە منی برد، ئەوەی پێی فەرمووم و ئەوەی سوێندی بۆ خواردم و فەرمووی: ”ئەم زەوییە بە نەوەی تۆ دەبەخشم.“ ئەو فریشتەی خۆی لەپێشتەوە دەنێرێت و لەوێ ژنێک بۆ کوڕەکەم دەهێنیت. 8 خۆ ئەگەر ئافرەتەکەش نەیویست لەگەڵت بێتەوە، ئەوا گەردنت ئازاد دەبێت لەم سوێندەی من. تەنها نەکەیت کوڕەکەم ببەیتەوە ئەوێ.» 9 ئینجا خزمەتکارەکە دەستی خستە ژێر ڕانی ئیبراهیمی گەورەی و لەسەر ئەمە سوێندی بۆ خوارد.
10 ئیتر خزمەتکارەکە دە وشتری لە وشترەکانی گەورەکەی برد و ڕۆیشت، هەموو شتە باشەکانی گەورەکەشی بە دەستیەوە بوو، هەستا و چوو بۆ میسۆپۆتامیا[h] بۆ شارۆچکەکەی ناحۆر. 11 لە دەرەوەی شارۆچکەکە، لەلای بیرێک[i] وشترەکانی خست. دەمەو ئێوارە ئەو کاتەی کچەکان دەهاتنە دەرەوە بۆ ئاوکێشان.
12 ئینجا گوتی: «ئەی یەزدان، خودای ئیبراهیمی گەورەم، ئەمڕۆم بۆ ئاسان بکە، چاکە لەگەڵ ئیبراهیمی گەورەم بکە. 13 من وا لەلای ئەم کانییە ڕاوەستاوم و کچانی خەڵکی شارۆچکەکە دێنە دەرەوە بۆ ئاوکێشان. 14 دەبا ئەو کچەی پێی دەڵێم: ”گۆزەکەتم بۆ لار بکەرەوە با ئاو بخۆمەوە،“ ئەویش بڵێت: ”بخۆرەوە، هەروەها وشترەکانیشت ئاو دەدەم.“ با ئەوت هەڵبژاردبێت بۆ خزمەتکارەکەت، بۆ ئیسحاق. بەمەش دەزانم کە چاکەت لەگەڵ گەورەکەم کردووە.»
15 پێش ئەوەی لە داواکارییەکەی ببێتەوە، ڕڤقە بە گۆزەکەی سەرشانییەوە هاتە دەرەوە. ڕڤقە کچی بتوئێلی کوڕی میلکە بوو، ژنی ناحۆری برای ئیبراهیم بوو. 16 کچێکی زۆر جوان بوو، پاکیزە بوو، دەستی هیچ پیاوێکی بەرنەکەوتبوو. هاتە خوارەوە بۆ لای کانییەکە و گۆزەکەی پڕکرد و سەرکەوتەوە.
17 خزمەتکارەکەش ڕایکرد بۆ لای و گوتی: «تۆزێک ئاوم لە گۆزەکەت بدەرێ.»
18 ئەویش گوتی: «بخۆرەوە گەورەم.» ئیتر بە پەلە گۆزەکەی لەسەر دەستی داگرت و ئاوی دایێ.
19 دوای ئەوەی ئاوی دایێ، گوتی: «هەروەها وشترەکانیشت ئاو دەدەم، هەتا تێر دەخۆنەوە.» 20 ئینجا بە پەلە گۆزەکەی بەتاڵ کردە ناو ئاخوڕەکە و بە ڕاکردن گەڕایەوە لای بیرەکە هەتا ئاو هەڵبکێشێتەوە، ئیتر ئاوی دایە هەموو وشترەکان. 21 پیاوەکەش بە بێدەنگی لێی ورد دەبووەوە تاکو بزانێت ئاخۆ یەزدان ڕێگاکەی سەرکەوتوو کردووە یان نا.
22 کاتێک وشترەکان لە ئاوخواردنەوە بوونەوە، پیاوەکە خەزێمێکی زێڕی هێنا کە کێشەکەی نیو شاقل[j] بوو لەگەڵ دوو بازنی زێڕ کە کێشیان دە شاقل بوو. 23 ئینجا لێی پرسی: «تۆ کچی کێیت؟ دەتوانیت پێم بڵێی ئایا لە ماڵی باوکت شوێن هەیە بۆمان تێیدا بمێنینەوە؟»
24 ئەویش وەڵامی دایەوە: «من کچی بتوئێلی کوڕی میلکە و ناحۆرم.» 25 پێشی گوت: «کا و ئالیکی زۆرمان لەلایە، هەروەها شوێنیش بۆ مانەوە.»
26 ئیتر پیاوەکە چۆکی دادا و کڕنۆشی بۆ یەزدان برد، 27 ئینجا گوتی: «ستایش بۆ یەزدان، خودای ئیبراهیمی گەورەم کە وازی لە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی و دڵسۆزییەکەی نەهێنا لەگەڵ ئیبراهیمی گەورەم، من بەڕێوە بووم، یەزدان ڕێنمایی کردم بۆ ماڵی برایانی گەورەکەم.»
28 کچەش ڕایکرد و ئەم شتانەی بە ماڵی دایکی ڕاگەیاند. 29 ڕڤقەش برایەکی هەبوو ناوی لابان بوو، لابان ڕایکردە دەرەوە بۆ لای پیاوەکە، بۆ لای کانییەکە. 30 هەرکە خەزێم[k] و بازنەکانی دەستی خوشکەکەی بینی و گوێی لە قسەکانی ڕڤقەی خوشکی بوو کە گوتی: «پیاوەکە ئاوا قسەی لەگەڵ کردم،» هاتە دەرەوە بۆ لای پیاوەکە، بینی وا لەلای وشترەکان لەسەر کانییەکە ڕاوەستاوە. 31 ئینجا گوتی: «فەرموو، ئەی ئەوەی یەزدان بەرەکەتداری کردوویت، بۆ لە دەرەوە ڕاوەستاویت؟ ئەوا من ماڵم ئامادە کردووە و شوێنیش بۆ وشترەکان.»
32 ئیتر پیاوەکە هاتە ماڵەوە، باری وشترەکانی کردەوە و کا و ئالیکی دایە وشترەکان، ئاو بۆ شوشتنی پێی و پێی ئەو پیاوانەی لەگەڵی بوون. 33 ئینجا نان خرایە بەردەمی بۆ ئەوەی بیخوات، بەڵام گوتی: «نان ناخۆم هەتا قسەی خۆم نەکەم.»
لابانیش گوتی: «قسە بکە.»
34 ئینجا گوتی: «من خزمەتکاری ئیبراهیمم، 35 یەزدانیش گەورەکەمی زۆر بەرەکەتدار کردووە، مەزن بووە، مەڕ و مانگا و زێڕ و زیو و خزمەتکار و کەنیزە و وشتر و گوێدرێژی داوەتێ. 36 سارای ژنی گەورەکەم لە تەمەنی پیری کوڕێکی بۆ گەورەم بووە، هەرچییەکی هەیە داویەتییە ئەو. 37 گەورەشم سوێندی دام و گوتی: ”هیچ ژنێک بۆ کوڕەکەم لە کچانی کەنعانییەکان نەخوازیت، کە خۆم نیشتەجێی خاکەکەیانم. 38 بەڵکو دەچیتە ماڵی باوکم بۆ لای کەسوکارەکەم و ژن بۆ کوڕەکەم دەخوازیت.“
39 «منیش بە گەورەمم گوت: ”ئەی ئەگەر ئافرەتەکە لەگەڵ من نەیەتەوە؟“
40 «ئەویش پێی گوتم: ”یەزدان، ئەوەی دۆستایەتی دەکەم، فریشتەی خۆیت لەگەڵ دەنێرێت و ڕێگاکەت سەرکەوتوو دەکات، لە کەسوکارەکەم و لە ماڵی باوکم ژنێک بۆ کوڕەکەم دەخوازیت. 41 ئاوا سوێندەکەم بەتاڵ دەبێت، کاتێک بچیتە لای کەسوکارەکەم، ئەگەر نەتدەنێ ئەوا گەردنت ئازاد دەبێت لە سوێندەکەم.“
42 «جا ئەمڕۆ کە هاتمە لای کانییەکە، گوتم: ”ئەی یەزدان، خودای ئیبراهیمی گەورەم، ئەگەر ڕێگاکەم سەرکەوتوو دەکەیت کە لەسەری دەڕۆم، 43 ئەوەتا من لەسەر ئەم کانیاوە ڕاوەستاوم، دەبا ئەو کچەی کە دێتە دەرەوە بۆ ئاوکێشان و پێی دەڵێم: ’تۆزێک ئاوم لە گۆزەکەت بدەرێ.‘ 44 ئەویش پێم دەڵێت: ’تۆ بخۆرەوە، هەروەها ئاو بۆ وشترەکانیشت دەکێشمەوە.‘ ئەوە ئەو ژنە بێت کە یەزدان بۆ کوڕی گەورەکەمی هەڵبژاردووە.“
45 «ئەوە بوو هێشتا قسەکەم لە دڵی خۆمدا تەواو نەکردبوو کە ڕڤقە هاتە دەرێ و گۆزەکەی لەسەر شانی بوو. ئیتر هاتە خوارێ بۆ لای کانییەکە و گۆزەکەی پڕکرد. منیش پێم گوت: ”ئاوم بدەرێ.“
46 «ئەویش بە پەلە گۆزەکەی سەر شانی خۆی داگرت و گوتی: ”تۆ بخۆرەوە، هەروەها وشترەکانیشت ئاو دەدەم.“ منیش خواردمەوە، هەروەها وشترەکانیشی ئاو دا.
47 «پرسیارم لێکرد و گوتم: ”تۆ کچی کێیت؟“
«ئەویش گوتی: ”کچی بتوئێلی کوڕی ناحۆرم، ئەوەی لە میلکەیە.“
«خەزێمەکەم لە لووتی کرد و بازنەکانیشم لە دەستی کرد. 48 منیش چۆکم دادا و کڕنۆشم بۆ یەزدان برد. ستایشی یەزدانم کرد، خودای ئیبراهیمی گەورەم، کە ڕێنمایی کردم بۆ سەر ڕێگای ڕاست بۆ ئەوەی کچەزای براکەی گەورەکەم بۆ کوڕەکەی بهێنم. 49 ئێستاش ئەگەر چاکە و وەفاداری لەگەڵ گەورەکەم دەکەن، ئەوا پێم ڕابگەیەنن، خۆ ئەگەر نا، ئەوا پێم ڕابگەیەنن، هەتا ڕوو لە ڕاست یان لە چەپ بکەم.»
50 لابان و بتوئێل وەڵامیان دایەوە: «ئەم کارە لە یەزدانەوەیە، ناتوانین نە بە خراپ و نە بە چاک هیچت پێ بڵێین. 51 ڕڤقە وا لەبەردەمتە، بیبە و بڕۆ، با ببێتە ژنی کوڕی گەورەکەت، هەروەک یەزدان فەرمووی.»
52 ئیتر کە خزمەتکارەکەی ئیبراهیم گوێی لە قسەکانیان بوو، کڕنۆشی بۆ یەزدان برد. 53 ئینجا خزمەتکارەکە قاپی زیو و قاپی زێڕ و جلوبەرگی دەرهێنا و پێشکەشی ڕڤقەی کرد، هەروەها دیاری گرانبەهای دا بە براکەی و دایکی. 54 ئیتر خۆی و پیاوەکانی کە لەگەڵی بوون خواردیان و خواردیانەوە و لەوێ مانەوە.
بەیانی لە خەو هەستان و گوتی: «بمنێرنەوە بۆ لای گەورەکەم.»
55 بەڵام براکەی و دایکی گوتیان: «با کچەکە چەند ڕۆژێک لەلامان بمێنێتەوە، بە لایەنی کەمەوە دە ڕۆژ، پاشان بکەوێتە ڕێ.»
56 ئەویش پێی گوتن: «دوام مەخەن کە یەزدان ڕێگای بۆ سەرکەوتوو کردووم. بمنێرنەوە و دەچمەوە لای گەورەکەم.»
57 ئەوانیش گوتیان: «کچەکە بانگ دەکەین و پرسیاری لێ دەکەین.» 58 ئیتر ڕڤقەیان بانگکرد و لێیان پرسی: «لەگەڵ ئەم پیاوە دەڕۆیت؟»
ئەویش گوتی: «دەڕۆم.»
59 ئیتر ڕڤقەی خوشکیان و دایەنەکەی و خزمەتکارەکەی ئیبراهیم و پیاوەکانییان بەڕێکرد. 60 داوای بەرەکەتیان بۆ ڕڤقەش کرد و پێیان گوت:
«خوشکمان،
پتر بن هەزار لەسەر هەزار،
با نەوەکانیشت
ببنە میراتگری دەروازەی ناحەزانیان.»
61 ئینجا ڕڤقە و کەنیزەکانی هەستان و سواری وشترەکان بوون و دوای پیاوەکە کەوتن. ئیتر خزمەتکارەکە ڕڤقەی برد و ڕۆیشت.
62 ئیسحاق کە لە خاکی نەقەب نیشتەجێ بوو، لە ڕێگای بیری لەحەی ڕۆئییەوە هاتبووەوە. 63 ئیسحاق دەمەو ئێوارە چووە دەرەوە بۆ ناو کێڵگەکە و نوقومی بیرکردنەوە بوو، کە چاوی هەڵبڕی، بینی وا هەندێک وشتر بەرەو ڕووی دێن. 64 ڕڤقەش چاوی هەڵبڕی و ئیسحاقی بینی. ئیتر لە وشترەکە دابەزی. 65 بە خزمەتکارەکەی گوت: «ئەم پیاوە کێیە وا لە کێڵگەکەدا بۆ لامان دێت؟»
خزمەتکارەکەش گوتی: «ئەوە گەورەکەمە.» ئەویش بە ڕووپۆشەکەی خۆی داپۆشی.
66 ئیتر خزمەتکارەکە هەرچی کردبوو بۆ ئیسحاقی گێڕایەوە. 67 ئیسحاقیش ڕڤقەی بردە ناو چادرەکەی سارای دایکی، هێنای و بوو بە ژنی و خۆشی ویست. ئەمەش بووە دڵنەوایی ئیسحاق لەدوای مردنی دایکی.
مردنی ئیبراهیم
25 ئیبراهیم ژنێکی دیکەی هێنا کە ناوی قەتورە بوو، 2 لەویش زیمران، یۆقشان، مەدان، میدیان، یەشباق و شوەحی بوو. 3 یۆقشان باوکی شەبا و دیدان بوو. وەچەکانی دیدانیش، ئەشووری و لەتوشی و لەئومییەکان بوون. 4 کوڕەکانی میدیانیش عێفا، عێفەر، حەنۆک، ئەبیداع و ئەلداعە بوون. هەموو ئەمانە نەوەی قەتورە بوون.
5 ئیبراهیم هەرچی ماڵوموڵکی هەبوو دایە ئیسحاق، 6 بەڵام کاتێک هێشتا لە ژیاندا بوو، دیاری بەو کوڕانەی دا کە لە کەنیزەکانی بوون و بەرەو خاکی ڕۆژهەڵات ناردنی، دوور لە ئیسحاقی کوڕی.
7 ئەمەش تەمەنی ئیبراهیمە، سەد و حەفتا و پێنج ساڵ ژیا. 8 ئینجا ئیبراهیم لە تەمەنێکی باشی پیریدا، دواهەناسەی دا و مرد، پیرەمێردێکی تێر لە ژیان خواردوو، ئیتر چووەوە پاڵ گەلەکەی خۆی. 9 هەردوو کوڕەکەشی، ئیسحاق و ئیسماعیل، هێنایان لە ئەشکەوتەکەی مەخپێلە کە لەبەردەم مەمرێیە بە خاکیان سپارد، لە کێڵگەکەی عەفرۆنی کوڕی چۆحەری حیتی. 10 ئەو کێڵگەیەی ئیبراهیم لە حیتییەکان کڕی. لەوێ ئیبراهیم لەگەڵ سارای ژنی بە خاک سپێردرا. 11 دوای مردنی ئیبراهیم، خودا ئیسحاقی کوڕی بەرەکەتدار کرد. ئیسحاقیش لەلای بیری لەحەی ڕۆئییەوە نیشتەجێ بوو.
نەوەکانی ئیسماعیل
12 ئەمانەش نەوەکانی ئیسماعیلی کوڕی ئیبراهیمن کە لە هاجەری میسرییەوە، کەنیزەکەی سارا کە بۆ ئیبراهیمی بوو.
13 ئەمانەش ناوی کوڕەکانی ئیسماعیلن، ناویان بەپێی لەدایکبوونیان: نەبایۆت کە نۆبەرەی ئیسماعیل بوو، هەروەها قێدار[l]، ئەدبەئێل، میبسام، 14 میشماع، دوما، مەسسا، 15 حەدەد، تێما، یەتور، نافیش و قێدما. 16 ئەمانە کوڕەکانی ئیسماعیل بوون، ئەمانەن ناوی هەوار و خێوەتگاکانیان، دوازدە میر بەپێی هۆزەکانیان. 17 ئەمەش تەمەنی ئیسماعیل بوو، سەد و سی و حەوت ساڵ بوو. ئینجا دواهەناسەی دا و مرد، ئیتر چووەوە پاڵ گەلەکەی خۆی. 18 نەوەکەی لە حەڤیلاوە هەتا شوور نیشتەجێ بوون، سنوورەکەیان لە نزیک سنووری میسر بوو لەسەر ڕێگای ئەشوور، بەرامبەر هەموو براکانیان دوژمنایەتییان دەکرد.[m]
یاقوب و عیسۆ
19 ئەمانەش نەوەکانی ئیسحاقی کوڕی ئیبراهیمن.
ئیبراهیم ئیسحاقی بوو. 20 ئیسحاق تەمەنی چل ساڵ بوو کاتێک ڕڤقەی کچی بتوئێلی ئارامی کە خوشکی لابانی ئارامی بوو لە پەدان ئارامەوە هێنای هەتا ببێتە ژنی.
21 ئیسحاق لە پێناو ژنەکەی لە یەزدان پاڕایەوە، چونکە نەزۆک بوو. یەزدانیش وەڵامی دایەوە و ڕڤقەی ژنی سکپڕ بوو. 22 هەردوو کوڕەکە لە سکیدا ململانێی یەکتریان دەکرد، ئەویش گوتی: «بۆچی ئەمە لە من ڕوودەدات؟» ئیتر چوو هەتا پرسیار لە یەزدان بکات.
23 یەزدانیش پێی فەرموو:
«دوو نەتەوە لە منداڵدانتن،
دوو گەل لە هەناوتەوە لە یەک جیا دەبنەوە،
گەلێکیان لە گەلەکەی دیکە بەهێزتر دەبێت،
گەورەکە خزمەتی بچووکەکە دەکات.»
24 کە ڕۆژانی خۆی تەواو کرد و هاتە سەر منداڵبوون، بێگومان دووانەیەک[n] لە منداڵدانی بوو. 25 ئەوەیان کە یەکەم جار لەدایک بوو سوور بوو، هەموو لەشی وەک کەوڵێکی تووکن وابوو، ناویان لێنا عیسۆ[o]. 26 دوای ئەمە براکەی لەدایک بوو، بە دەستیشی پاژنە پێی عیسۆی گرتبوو، ناویان لێنا یاقوب[p]. ئیسحاق لە تەمەنی شەست ساڵیدا بوو کاتێک ڕڤقە ئەمانی بوو.
27 هەردوو کوڕەکە گەورە بوون، عیسۆ بووە پیاوێکی شارەزا لە ڕاو، پیاوی دەشتودەر، بەڵام یاقوب پیاوێکی لەسەرخۆ و چادرنشین بوو. 28 ئیسحاق عیسۆی خۆشویست، چونکە حەزی لە گۆشتی نێچیر بوو، بەڵام ڕڤقە یاقوبی خۆشدەویست.
29 ڕۆژێک یاقوب چێشتی لێدەنا، عیسۆ لە دەشتودەر هاتەوە و پەکی کەوتبوو. 30 عیسۆ بە یاقوبی گوت: «هەندێکم لەو چێشتە سوورە بدەرێ! چونکە پەکم کەوتووە.» لەبەر ئەمەیە ناوی لێنرا ئەدۆم[q].
31 یاقوبیش گوتی: «تۆش ئەمڕۆ نۆبەرایەتییەکەی خۆتم پێ بفرۆشە.»
32 عیسۆ گوتی: «من وا خەریکە دەمرم، ئیتر نۆبەرایەتیم بۆ چییە؟»
33 بەڵام یاقوب گوتی: «ئادەی ئەمڕۆ سوێندم بۆ بخۆ.» ئەویش سوێندی بۆ خوارد و نۆبەرایەتییەکەی خۆی فرۆشتە یاقوب.
34 ئینجا یاقوب نان و نیسکی دایە عیسۆ. ئیتر عیسۆ خواردی و خواردیەوە، هەستا و ڕۆیشت.
بۆیە عیسۆ سووکایەتی بە نۆبەرایەتی کرد.
ئیسحاق و ئەبیمەلەخ
26 ئینجا قاتوقڕی لە خاکەکە سەریهەڵدا، جیا لەو قاوتوقڕییەی یەکەم جار لە سەردەمی ئیبراهیم ڕوویدا. ئیسحاقیش چوو بۆ لای ئەبیمەلەخی پاشای فەلەستییەکان لە گرار. 2 یەزدان بۆ ئیسحاق دەرکەوت و فەرمووی: «مەچووە میسر، بەڵام لەو خاکە نیشتەجێ بە کە خۆم پێت دەڵێم. 3 بۆ ماوەیەک لەم خاکە بمێنەوە، خۆم لەگەڵت دەبم و بەرەکەتدارت دەکەم، چونکە هەموو ئەم خاکانە دەدەمە خۆت و نەوەکەت، ئەو سوێندەش دەچەسپێنم کە بۆ ئیبراهیمی باوکتم خواردووە. 4 نەوەشت زۆر دەکەم، وەک ئەستێرەکانی ئاسمان، هەموو ئەم خاکەشم داوەتە نەوەکەت، لە ڕێگەی نەوەی تۆوە هەموو نەتەوەکانی سەر زەوی بەرەکەتدار دەبن. 5 لەبەر ئەوەی ئیبراهیم گوێڕایەڵی فەرمایشتەکەم بوو، داواکاری و فەرمان و فەرز و فێرکردنی منی بەجێهێنا.»
6 ئیتر ئیسحاق لە گرار نیشتەجێ بوو. 7 پیاوانی ئەو شوێنە دەربارەی ژنەکەی پرسیاریان لێکرد، ئەویش گوتی: «ئەو خوشکمە.» ئیسحاق ترسا لەوەی پێیان بڵێت «ژنمە،» چونکە گوتی، «نەوەک پیاوانی شوێنەکە لەبەر ڕڤقە بمکوژن، چونکە جوانە.»
8 کاتێک ماوەیەکی زۆر لەوێ مایەوە، ئەبیمەلەخی پاشای فەلەستییەکان لە پەنجەرەکەوە سەیری خوارەوەی دەکرد، بینی وا ئیسحاق لەگەڵ ڕڤقەی ژنی خەریکی دەستبازییە. 9 ئینجا ئەبیمەلەخ بەدوای ئیسحاقدا ناردی و گوتی: «کەواتە ئەو ژنتە! ئەی چۆن گوتت: ”ئەو خوشکمە“؟»
ئیسحاقیش پێی گوت: «چونکە وا بیرم کردەوە لەوانەیە بەهۆی ئەوەوە بمرم.»
10 ئەبیمەلەخیش گوتی: «ئەمە چییە بە ئێمەت کرد؟ لەوانەیە یەکێک لەم پیاوانە لەگەڵ ژنەکەت بنوستایە، ئەو کاتە ئێمەت تووشی تاوان دەکرد.»
11 ئیتر ئەبیمەلەخ فەرمانی بە هەموو خەڵکەکە کرد و گوتی: «هەرکەسێک دەست ببات بۆ ئەم پیاوە یان ژنەکەی بێگومان دەکوژرێت.»
12 ئیسحاق لەو زەوییەدا کشتوکاڵی کرد، هەر ئەو ساڵە سەد ئەوەندەی دەست کەوت، یەزدانیش بەرەکەتداری کرد. 13 ئیتر پیاوە دەوڵەمەند بوو، سامانەکەی زیادی دەکرد، هەتا وای لێهات زۆر دەوڵەمەند بوو. 14 ئینجا بووە خاوەن مەڕ و مانگا و خزمەتکارێکی زۆریش، فەلەستییەکانیش بەغیلییان پێ برد. 15 هەموو ئەو بیرانەش کە خزمەتکارەکانی باوکی لە سەردەمی ئیبراهیمی باوکی هەڵیانکەندبوو، فەلەستییەکان بە خۆڵ پڕیان کردبووەوە و دایانخستبوو.
16 ئینجا ئەبیمەلەخ بە ئیسحاقی گوت: «لەلای ئێمە بڕۆ، چونکە زۆر لە ئێمە بەهێزتر بوویت.»
17 ئیتر ئیسحاق لەوێ ڕۆیشت و لە دۆڵی گرار چادری هەڵدا، لەوێ نیشتەجێ بوو. 18 ئیسحاق جارێکی دیکە ئەو بیرانەی هەڵدایەوە کە لە سەردەمی ئیبراهیمی باوکی هەڵکەنرابوون و فەلەستییەکان دوای مردنی ئیبراهیم دایانخستبوو، هەر هەمان ناویشی لێنان کە باوکی لێینابوون.
19 خزمەتکارەکانی ئیسحاق لە دۆڵەکە کەوتنە هەڵکەندن و کارێزێکی ئاوی سازگاریان لەوێ دۆزییەوە. 20 بەڵام شوانەکانی گرار لەگەڵ شوانەکانی ئیسحاق بوو بە ناکۆکییان و گوتیان: «ئاوەکە هی ئێمەیە.» ئیتر بیرەکەی ناونا «عێسەق»، چونکە لەسەری کردیانە ناکۆکی. 21 ئینجا بیرێکی دیکەیان هەڵکەند، بەڵام دیسان لەسەر ئەمەش بوو بە ناکۆکییان، لەبەر ئەوە ناوی لەمەش نا سیتنا. 22 ئیتر لەوێ گواستییەوە و بیرێکی دیکەی هەڵکەند، ناکۆک نەبوون لەسەری، ناوی لەمە نا ڕەحۆبۆت، گوتی: «چونکە ئێستا یەزدان بۆی فراوان کردین، لە زەوییەکەدا بە بەروبووم دەبین.»
23 ئینجا لەوێوە بۆ بیری شابەع چوو. 24 جا لەو شەوەدا یەزدان بۆی دەرکەوت و فەرمووی: «من خودای ئیبراهیمی باوکتم. مەترسە، چونکە لەگەڵتم. بەرەکەتدارت دەکەم و نەوەت زۆر دەکەم، لەبەر ئیبراهیمی بەندەم.»
25 ئیتر ئیسحاق لەوێ قوربانگایەکی بنیاد نا، بە ناوی یەزدانەوە نزای کرد. لەوێ چادرەکەی هەڵدا، خزمەتکارەکانیشی لەوێ بیرێکیان هەڵکەند.
26 هەر لەو کاتەدا ئەبیمەلەخ لەگەڵ ئەحوزەتی ڕاوێژکاری و فیکۆلی فەرماندەی گشتی لە گرارەوە هاتنە لای. 27 ئیسحاقیش لێی پرسین: «بۆچی هاتوونەتە لام، کە خۆتان ڕقتان لێم بووەوە و لەلای خۆتان دەرتانکردم؟»
28 ئەوانیش گوتیان: «ئێمە بە تەواوی بینیمان کە یەزدان لەگەڵ تۆ بوو، ئیتر گوتمان: ”با لەنێوانمان سوێند هەبێت،“ لەنێوان ئێمە و تۆ. با پەیمانت لەگەڵ ببەستین، 29 کە خراپەمان لەگەڵ نەکەیت، وەک چۆن ئێمە دەستمان بۆت نەبرد، بەڵام لە چاکە بەولاوە هیچی دیکەمان لەگەڵ نەکردیت، بە سەلامەتی بەڕێمان کردیت. ئێستاش تۆ بەرەکەتداری یەزدانیت.»
30 ئینجا ئیسحاق خوانی بۆ ساز کردن، ئیتر خواردیان و خواردیانەوە. 31 بۆ سبەی بەیانی زوو لە خەو هەستان و هەریەکە و سوێندی بۆ ئەوی دیکەیان خوارد. ئینجا ئیسحاق بەڕێی کردن، ئەوانیش بە سەلامەتی لەلای ڕۆیشتن.
32 ئەوە بوو هەر لەو ڕۆژەدا خزمەتکارەکانی ئیسحاق هاتن و دەربارەی ئەو بیرەی کە هەڵیانکەندبوو پێیان ڕاگەیاند، پێیان گوت: «ئاومان دۆزییەوە.» 33 ئەویش ناوی لێنا شیبعا، لەبەر ئەوەیە هەتا ئەمڕۆش ناوی شارۆچکەکە بیری شابەعە.
34 عیسۆ تەمەنی بووە چل ساڵ و ژنی هێنا، یەهودیتی کچی بئێریی حیتی و باسمەتی کچی ئێلۆنی حیتی. 35 بۆ ئیسحاق و ڕڤقە بوونە مایەی خەم و خەفەت.
یاقوب بەرەکەتی ئیسحاق وەردەگرێت
27 کاتێک ئیسحاق پیر بوو و چاوەکانی کز بوون بۆ بینین، عیسۆی کوڕە گەورەی خۆی بانگکرد و پێی گوت: «کوڕی خۆم.»
ئەویش وەڵامی دایەوە: «ئەوەتام.»
2 ئیسحاق گوتی: «ئەوا پیر بووم و ڕۆژی مردنی خۆم نازانم. 3 ئێستاش چەکەکەت، تیردانەکەت و کەوانەکەت هەڵبگرە و بڕۆ بۆ دەشتودەر، نێچیرێکم بۆ ڕاو بکە. 4 ئەو خواردنەی حەزم لێیەتی بۆم ئامادە بکە و بیهێنە تاکو بیخۆم، بۆ ئەوەی بەر لەوەی بمرم داوای بەرەکەتت بۆ بکەم.»
5 ڕڤقە گوێی لێبوو کاتێک ئیسحاق قسەی لەگەڵ عیسۆ دەکرد. ئینجا عیسۆ چوو بۆ دەشتودەر تاکو نێچیرێک ڕاو بکات و بیهێنێتەوە. 6 ڕڤقە لەگەڵ یاقوبی کوڕی قسەی کرد و گوتی: «وا گوێم لە باوکت بوو قسەی لەگەڵ عیسۆی برات دەکرد و گوتی: 7 ”نێچیرێکم بۆ بهێنە و خواردنم بۆ ئامادە بکە، بەر لە مردنم دەیخۆم و لەبەردەم یەزدان داوای بەرەکەتت بۆ دەکەم.“ 8 ئێستاش، کوڕی خۆم، گوێم لێ بگرە، لەوەی من فەرمانت پێدەدەم: 9 بڕۆ لەلای مێگەلەکە دوو گیسکی ناسکم بۆ بهێنە، هەتا لێیان بنێم بۆ باوکت، وەک ئەوەی حەزی لێیەتی. 10 ئینجا بۆ باوکتی دەبەیت و دەیخوات، بۆ ئەوەی بەر لە مردنی داوای بەرەکەتت بۆ بکات.»
11 یاقوبیش بە ڕڤقەی دایکی گوت: «بەڵام عیسۆی برام پیاوێکی تووکنە و منیش پیاوێکی کۆسەم. 12 ڕەنگە باوکم دەستم لێ بدات؟ خۆ لەبەرچاوی دەبمە فێڵباز و ئیتر نەفرەت بەسەر خۆمدا دەهێنم، نەک بەرەکەت.»
13 دایکیشی پێی گوت: «کوڕی خۆم، با نەفرەتەکەت لە من بکەوێت. تەنها گوێ لە من بگرە و بڕۆ بیانهێنە بۆم.»
14 ئیتر ئەویش چوو کاریلەکانی گرت و هێنانی بۆ دایکی. دایکیشی خواردنی دروستکرد، وەک ئەوەی باوکی حەزی لێ دەکرد. 15 ئینجا ڕڤقە جلوبەرگە باشەکەی عیسۆی کوڕە گەورەی هێنا، کە لە ماڵەوە لەلای خۆی بوو، لەبەر یاقوبی کوڕە بچووکی کرد. 16 دەستەکانی و ئەو بەشەی ملی کە لووسە بە پێستی گیسکەکان دایپۆشی. 17 ئینجا خواردنەکە و نانەکەی دروستی کردبوون دایە دەست یاقوبی کوڕی.
18 یاقوب هاتە لای باوکی و گوتی: «باوکە.»
ئەویش گوتی: «ئەوەتام، تۆ کیێت کوڕم؟»
19 یاقوبیش بە باوکی گوت: «من عیسۆی نۆبەرەتم. ئەوەی پێت گوتم کردم. هەستە، دابنیشە و لە ڕاوەکەم بخۆ، بۆ ئەوەی داوای بەرەکەتم بۆ بکەیت.»
20 ئیسحاقیش بە کوڕەکەی گوت: «ئەوە چۆن وا خێرا پەیدات کرد، کوڕی خۆم؟»
ئەویش گوتی: «یەزدانی پەروەردگارت بۆی هێنام.»
21 ئینجا ئیسحاق بە یاقوبی گوت: «وەرە پێشەوە با دەستت لێ بدەم، کوڕی خۆم، بۆ ئەوەی بزانم ئایا تۆ عیسۆی کوڕی منیت یان نا.»
22 یاقوبیش لە ئیسحاقی باوکی چووە پێشەوە، ئەویش دەستی لێدا و گوتی: «دەنگەکە دەنگی یاقوبە، بەڵام دەستەکان دەستی عیسۆن.» 23 ئیتر نەیناسییەوە، چونکە دەستەکانی وەک دەستەکانی عیسۆی برای تووکن بوون، ئەویش داوای بەرەکەتی بۆ کرد. 24 پێی گوت: «ئایا تۆ عیسۆی کوڕی منی؟»
ئەویش گوتی: «منم.»
25 ئینجا گوتی: «بیهێنە پێشم با لە ڕاوی کوڕەکەم بخۆم، بۆ ئەوەی داوای بەرەکەتت بۆ بکەم.»
ئیتر یاقوب هێنایە پێشی و خواردی، شەرابی بۆ هێنا و خواردیەوە. 26 ئیسحاقی باوکی پێی گوت: «وەرە پێشەوە و ماچم بکە، کوڕی خۆم.»
27 ئەویش چووە پێشەوە و ماچی کرد. ئیتر ئیسحاق بۆنی جلەکانی کرد، داوای بەرەکەتی بۆ کرد و گوتی:
«بڕوانە، بۆنی کوڕەکەم
وەک بۆنی دەشتودەرە
کە یەزدان بەرەکەتداری کردووە.
28 با خودا لە شەونمی ئاسمان و
لە چەوری زەویت بداتێ،
هەروەها دانەوێڵەی زۆر و شەرابی نوێ.
29 با گەلان ببنە خزمەتکارت،
نەتەوەکانیش کڕنۆشت بۆ ببەن.
ببە بە سەروەری براکانت،
کوڕانی دایکت کڕنۆشت بۆ ببەن.
با نەفرەت لێکەرانت نەفرەت لێکراو بن و
ئەوانەی داوای بەرەکەتت بۆ دەکەن بەرەکەتدار دەبن.»
30 پاش ئەوەی ئیسحاق لە داواکردنی بەرەکەت بووەوە بۆ یاقوب، یاقوب لەلای ئیسحاقی باوکی چووە دەرەوە، عیسۆی برای لە ڕاوەکەی هاتەوە. 31 ئەویش خواردنی ئامادە کرد و بۆ باوکی بردە ژوورەوە، بە باوکی گوت: «باوکە، هەستە لە ڕاوی کوڕەکەت بخۆ، تاکو داوای بەرەکەتم بۆ بکەیت.»
32 ئیسحاقی باوکیشی پێی گوت: «تۆ کێیت؟»
ئەویش گوتی: «من کوڕە نۆبەرەکەی خۆتم، عیسۆ.» 33 ئیتر ئیسحاق لەرزینێکی زۆر توند لەرزی و گوتی: «ئەی کێ بوو ئەوەی کە نێچیرێکی ڕاوکردبوو و بۆی هێنام؟ منیش لە هەموویم خوارد، پێش ئەوەی تۆ بێیت داوای بەرەکەتیشم بۆ کرد، هەروەها بەرەکەتداریش دەبێت.»
34 عیسۆ کە قسەکانی باوکی بیست هاواری کرد، هاوارێکی بەرز و زۆر خەمبار، بە باوکی گوت: «باوکە، دە داوای بەرەکەت بۆ منیش بکە!»
35 بەڵام ئیسحاق گوتی: «ئاخر براکەت بە فێڵبازی هات و بەرەکەتی تۆی برد.»
36 عیسۆ گوتی: «ئایا لە جێی خۆیدا نییە کە ناونراوە ”یاقوب“[r]؟ ئەوە دوو جارە فێڵم لێ دەکات، نۆبەرایەتییەکەی منی برد، وا ئێستاش بەرەکەتەکەی منی برد.» ئینجا گوتی: «ئەی هیچ بەرەکەتێکت بۆ من نەهێشتووەتەوە؟»
37 ئیسحاق وەڵامی دایەوە و بە عیسۆی گوت: «وا ئەوم کردووە بە سەروەری تۆ و هەموو کەسوکاریشیم داوەتێ بۆ ئەوەی ببنە خزمەتکاری ئەو، بە دانەوێڵە و شەرابی نوێ پشتگیریم کردووە. ئیتر بۆ تۆ چی بکەم، کوڕم؟»
38 عیسۆش بە باوکی گوت: «ئایا تەنها یەک بەرەکەتت هەیە؟ هەروەها بۆ منیش داوای بەرەکەت بکە باوکە.» ئیتر عیسۆ دەنگی هەڵبڕی و گریا.
39 ئیسحاقی باوکی وەڵامی دایەوە:
«نشینگەکەت دوور لە دەوڵەمەندی زەوییەوە دەبێت،
دوور لە شەونمی ئاسمان لە سەرەوە.
40 لەسەر شمشێرەکەت دەژیت و
دەبیتە خزمەتکاری براکەت.
بەڵام کاتێک سەرکێش بوویت،
نیرەکەی[s] دەشکێنیت کە بە ملتەوەیە.»
ڕاکردنی یاقوب بۆ لای لابان
41 ئیتر عیسۆ ڕقی لە یاقوب هەڵگرت، بەهۆی ئەو بەرەکەتدارییەی کە باوکی داوای بەرەکەتی بۆ کردبوو. عیسۆ لە دڵی خۆیدا گوتی: «ڕۆژانی پرسەی باوکم نزیکە، ئینجا یاقوبی برام دەکوژم.»
42 ڕڤقەش لەم قسانەی عیسۆی کوڕە گەورەی ئاگادار کرایەوە، ئیتر ناردی بەدوای یاقوبی کوڕە بچووکیدا و پێی گوت: «عیسۆی برات وا دڵخۆشی خۆی بەوە دەداتەوە کە تۆ دەکوژێت. 43 ئێستاش کوڕی خۆم، گوێ لە قسەی من بگرە و ڕابکە بۆ لای لابانی برام لە حەڕان. 44 بۆ ماوەیەک لەلای ئەو بمێنەوە هەتا ڕقی براکەت هێور دەبێتەوە. 45 کاتێکیش تووڕەیی براکەت بەرامبەر بە تۆ هێور دەبێتەوە و ئەوەی لەبیر کرد کە پێت کردووە، ئەوا دەنێرم و لەوێ دەتهێنمەوە. ئیتر بۆ بە یەک ڕۆژ هەردووکتانم لەکیس بچێت؟»
46 ئینجا ڕڤقە بە ئیسحاقی گوت: «لەبەر کچانی حیتییەکان لە ژیانی خۆم بێزارم، خۆ ئەگەر یاقوبیش ژنێکی وەک ئەمانە لە کچانی حیتییەکانی ئەم خاکە بهێنێت، ئیتر ژیانم بۆ چییە؟»
28 ئیسحاق یاقوبی بانگکرد و داوای بەرەکەتی بۆ کرد، فەرمانی پێدا و پێی گوت: «لەگەڵ کچی کەنعانییەکان هاوسەرگیری مەکە. 2 هەستە بڕۆ بۆ پەدان ئارام[t] بۆ ماڵی بتوئێلی باوکی دایکت، لەوێ لە کچەکانی لابانی برای دایکت ژنێک بۆ خۆت بخوازە. 3 با خودای هەرە بە توانا بەرەکەتدار و بەردار و زۆرت بکات، هەتا ببیتە کۆمەڵێک گەل. 4 بەرەکەتی ئیبراهیمت دەداتێ[u]، بۆ خۆت و نەوەکەت لەگەڵتدا، لەو زەوییەی ئێستا ئاوارەیت دەبیتە میراتگری، ئەوەی خودا دایە ئیبراهیم.» 5 ئیتر ئیسحاق یاقوبی نارد، ئەویش چوو بۆ پەدان ئارام بۆ لای لابانی کوڕی بتوئێلی ئارامی، برای ڕڤقەی دایکی یاقوب و عیسۆ.
6 عیسۆش بینی ئیسحاق داوای بەرەکەتی بۆ یاقوب کرد و ناردییە پەدان ئارام هەتا لەوێ ژنێک بهێنێت، کاتێک داوای بەرەکەتی بۆ کرد و فەرمانی پێدا، پێی گوت: «لە کچانی کەنعان ژن نەخوازیت.» 7 یاقوبیش گوێڕایەڵی دایک و باوکی بوو، چوو بۆ پەدان ئارام. 8 عیسۆ بینی کە لەپێش چاوی ئیسحاقی باوکی، کچانی کەنعانیان بەدکردەوەن. 9 ئینجا چوو بۆ لای ئیسماعیل و ماحەلەتی خوشکی نەبایۆتی کچی ئیسماعیلی کوڕی ئیبراهیمی خواست، بەسەر ژنەکانی دیکەیدا.
خەونی یاقوب لە بێتئێل
10 یاقوب بیری شابەعی بەجێهێشت و بەرەو حەڕان ڕۆیشت. 11 ئیتر ڕێی کەوتە شوێنێک و لەوێ مایەوە، چونکە خۆر ئاواببوو. بەردێکیشی لە بەردەکانی ئەو شوێنە هێنا و خستییە ژێر سەری، لەو شوێنەدا ڕاکشا. 12 خەونێکی بینی، لەم خەونە پێپلیکانەیەک لەسەر زەوی ڕاگیراوە و سەریشی لە ئاسمان دەدات. بینی فریشتەکانی خوداش پێیدا سەردەکەون و دێنە خوارەوە. 13 وا یەزدان وەستاوە و دەفەرموێت: «من یەزدانم، خودای ئیبراهیمی باوکت و خودای ئیسحاق. ئەو زەوییەی لەسەری ڕاکشاویت دەیدەمە خۆت و نەوەکەت. 14 نەوەکەت وەک خۆڵی زەوی دەبێت، بەرەو ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات و باکوور و باشوور بڵاو دەبیتەوە. هەموو هۆزەکانی زەویش لە ڕێگەی تۆ و نەوەی تۆوە بەرەکەتدار دەبن. 15 من لەگەڵتدام و بۆ هەر لایەک بچیت دەتپارێزم، دەشتگەڕێنمەوە بۆ ئەم خاکە، چونکە وازت لێ ناهێنم هەتا ئەوە ئەنجام نەدەم کە پێم فەرموویت.»
16 یاقوب لە خەونەکەی بەئاگا هات، گوتی: «بێگومان یەزدان لەم شوێنەیە، منیش نەمزانی!» 17 ترسیش دایگرت و گوتی: «ئەم شوێنە چەند ترسناکە! ئەمە هیچی دیکە نییە ماڵی خودا نەبێت، ئەمەش دەروازەی ئاسمانە.»
18 یاقوب بەیانی زوو لە خەو هەستا و ئەو بەردەی هێنا کە لەژێر سەری خۆی داینابوو بە ستوونی ڕاگیری کرد و زەیتی بەسەردا کرد. 19 ئەو شوێنەشی ناونا بێتئێل[v]. بەڵام پێشتر شارەکە ناوی لوز بوو.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.