Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Bible in 90 Days

An intensive Bible reading plan that walks through the entire Bible in 90 days.
Duration: 88 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
دووەم ساموئێل 12:11-22:18

11 «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”ئەوەتا من لەناو ماڵەکەی خۆتدا خراپەت بەسەردا دەهێنم، لەبەرچاوت ژنەکانت دەبەم و دەیاندەمە ئەو کەسەی کە لێت نزیکە، لە ڕووناکی ئەم خۆرە لەگەڵ ژنەکانت جووت دەبێت. 12 تۆ بە نهێنی ئەو کارەت کرد، بەڵام من لەبەردەم هەموو ئیسرائیل و لەژێر ڕووناکی خۆر ئەم کارەت پێدەکەم.“»

13 داودیش بە ناتانی گوت: «گوناهم دەرهەق بە یەزدان کرد.»

ناتان وەڵامی دایەوە: «هەروەها یەزدانیش لە گوناهەکەت خۆشبووە، نامریت. 14 بەڵام لەبەر ئەوەی بەم کارەت بوویتە هۆی ئەوەی دوژمنانی یەزدان تەواو سووکایەتی بە یەزدان بکەن، ئەوا ئەو منداڵەی بۆت لەدایک دەبێت دەمرێت.»

15 هەر لەدوای ئەوەی ناتان چووەوە ماڵەکەی خۆی، یەزدان لەو منداڵەی داودی دا کە لە ژنەکەی ئوریاوە لەدایک بوو، ئینجا نەخۆش کەوت. 16 داود بۆ منداڵەکەی لە خودا پاڕایەوە و ڕۆژووی گرت، چووە ژوورەکەی خۆی، شەوانە بە درێژایی شەو لەسەر زەوی ڕادەکشا و هەر بەو جۆرە دەمایەوە. 17 پیرانی ماڵەکەی لەتەنیشتی وەستابوون بۆ ئەوەی لەسەر زەوییەکە هەڵیبستێننەوە، بەڵام نەیویست و نانی لەگەڵیان نەخوارد.

18 ئەوە بوو لە ڕۆژی حەوتەم منداڵەکە مرد. خزمەتکارەکانی داود ترسان پێی ڕابگەیەنن کە منداڵەکە مردووە، چونکە گوتیان: «هێشتا منداڵەکە زیندوو بوو قسەمان لەگەڵی کرد و گوێی لێ نەگرتین، ئیتر چۆن پێی بڵێین منداڵەکە مردووە؟ خراپتر دەکات.»

19 کاتێک داود بینی خزمەتکارەکانی چرپەچرپ دەکەن، زانی کە منداڵەکە مردووە. ئینجا داود لە خزمەتکارەکانی پرسی: «ئەرێ منداڵەکە مردووە؟»

ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «بەڵێ، مردووە.»

20 ئینجا داود لەسەر زەوییەکە هەستایەوە، خۆی شوشت و بۆنی لە خۆی دا، جلەکانی گۆڕی، چووە ناو ماڵی یەزدان و کڕنۆشی برد. پاشان گەڕایەوە بۆ ماڵەکەی خۆی و داوای کرد نانی بۆ دابنێن و خواردی.

21 خزمەتکارەکانی پێیان گوت: «ئەم کارە چی بوو کردت؟ لە کاتێکدا منداڵەکە زیندوو بوو، بەڕۆژوو دەبوویت و دەگریایت، بەڵام کاتێک کە مرد هەستایت و نانت خوارد!»

22 ئەویش گوتی: «کاتێک منداڵەکە زیندوو بوو بەڕۆژوو دەبووم و دەگریام و دەمگوت: ”کێ دەزانێت؟ بەڵکو یەزدان بەزەیی پێمدا بێتەوە و منداڵەکە بژیێت.“ 23 بەڵام ئێستا ئەو مرد، ئیتر بۆچی ڕۆژوو بگرم؟ ئایا دەتوانم بیگەڕێنمەوە؟ من دەچم بۆ لای ئەو، بەڵام ئەو ناگەڕێتەوە بۆ لای من.»

24 ئینجا داود دڵنەوایی بەتشەبەعی ژنی دایەوە، چووە ژوورەوە بۆ لای و لەگەڵی جووت بوو، منداڵێکی بوو ناوی لێنا سلێمان. یەزدانیش خۆشی ویست، 25 هەر لەبەر ئەوە لە ڕێگەی ناتانی پێغەمبەرەوە پەیامی نارد و ناوی لێنا یەدیدەیا[a].

26 لەو ماوەیە یۆئاب لە دژی شاری ڕەبەی عەمۆنییەکان دەجەنگا و قەڵای شاهانەی گرت. 27 ئینجا یۆئاب چەند نێردراوێکی بۆ لای داود نارد و گوتی: «لە دژی ڕەبە جەنگام و سەرچاوەی ئاوی شارەکەم گرت. 28 ئێستا پاشماوەی سوپا کۆبکەرەوە و بەسەر شارەکەدا بدە و دەستی بەسەردا بگرە، نەوەک من دەستی بەسەردا بگرم و بە ناوی منەوە ناوی لێ بنرێت.»

29 ئیتر داود هەموو سوپای کۆکردەوە و چوو بۆ ڕەبە و لە دژی جەنگا و گرتی. 30 تاجی سەری پاشاکەی برد، کێشەکەی نزیکەی تالنتێک[b] زێڕ بوو، بەردی گرانبەهاشی تێدابوو، ئینجا لەسەر سەری داود دانرا. دەستکەوتێکی زۆریشی لە شارەکە دەرهێنا، 31 ئەو گەلەشی کە تێیدا بوو هێنایە دەرەوە و بێگاری پێکردن بە ئیشکردن بە مشار و پاچی ئاسنین و تەوری ئاسنین، فەرمانی پێ کردن لە کوورەی خشتدا کار بکەن، ئەم کارەی بە هەموو شارۆچکەکانی عەمۆنییەکان کرد. پاشان داود و هەموو سوپا گەڕانەوە ئۆرشەلیم.

ئەمنۆن و تامار

13 ئەوە بوو پاش ئەمانە ئەمنۆنی کوڕی داود کەوتە خۆشەویستی تاماری خوشکە جوانەکەی ئەبشالۆمی کوڕی داود.[c]

ئەمنۆن لە تاو تاماری زڕخوشکی نەخۆش کەوت، لەبەر ئەوەی تامار پاکیزە بوو، ئەمنۆن پێی وابوو کە نەیدەتوانی بە هیچ شێوەیەک دەستی بۆ ببات.

ئەمنۆن هاوڕێیەتی ئامۆزایەکی دەکرد بە ناوی یۆنادابی کوڕی شیمەعا کە برای داود بوو، یۆناداب پیاوێکی تەڵەکەباز بوو. لە ئەمنۆنی پرسی: «شازادە، بۆچی تۆ ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لاوازتر دەبیت؟ ئایا پێم ناڵێیت؟»

ئەمنۆنیش پێی گوت: «من تاماری خوشکی ئەبشالۆمی برام خۆشدەوێت.»

یۆنادابیش پێی گوت: «لەناو جێگا پاڵبکەوە و خۆت نەخۆش بخە، ئەگەر باوکت بۆ بینینت هات پێی بڵێ: ”با تاماری خوشکم بێتە لام و نانم پێبدات، با خواردنەکە لەبەرچاوم سازبکات، بۆ ئەوەی بیبینم و بە دەستی ئەو نان بخۆم.“»

ئینجا ئەمنۆن پاڵکەوت و خۆی نەخۆش خست، پاشا هات بۆ بینینی، ئەمنۆن بە پاشای گوت: «تکایە با تاماری خوشکم بێتە لام و لەبەرچاوم دوو ناسکەنان دروستبکات، بە دەستی ئەو دەیخۆم.»

داود بەدوای تاماردا ناردییە ماڵەوە و گوتی: «تکایە بڕۆ ماڵی ئەمنۆنی برات و خواردنێکی بۆ دروستبکە.» تاماریش چووە ماڵی ئەمنۆنی برای، ئەو پاڵکەوتبوو. ئینجا هەویری برد و شێلای و لەبەرچاوی ناسکەنانی کرد و برژاندی. ئینجا تاوەکەی بۆ بەردەمی برد، بەڵام ئەو ڕازی نەبوو بیخوات.

ئەمنۆن گوتی: «هەمووتان بڕۆنە دەرەوە.» ئەوانیش هەموویان چوونە دەرەوە. 10 ئینجا ئەمنۆن بە تاماری گوت: «خواردنەکە بهێنە شوێنی نوستنەکەم بۆ ئەوەی بە دەستی تۆ بیخۆم.» تاماریش ناسکەنانەکەی کە دروستی کردبوو هەڵیگرت و بۆ ئەمنۆنی برای بردییە ژوورەوە بۆ شوێنی نوستنەکەی. 11 بۆی بردە پێشەوە تاوەکو بیخوات، ئەویش تاماری گرت و پێی گوت: «خوشکەکەم، وەرە لەگەڵم پاڵبکەوە.»

12 ئەویش پێی گوت: «نا، برام نا! سەرم شۆڕ مەکە! لە ئیسرائیلدا شتی وا ناکرێت! ئەم بێ ئابڕووییە مەکە. 13 ئەی من بەم ئابڕووچوونەوە ڕوو لەکوێ بکەم؟ ئەی تۆ؟ تۆش لەناو ئیسرائیلدا وەک گێلێکت لێدێت. ئێستاش تکایە لەگەڵ پاشا قسە بکە، بمداتە تۆ، چونکە ئەو پێی ناخۆش نییە.» 14 بەڵام ئەمنۆن نەیویست گوێی لێ بگرێت و بەسەریدا زاڵ بوو، سەری شۆڕکرد و لاقەی کرد.

15 پاشان ئەمنۆن زۆر ڕقی لێی بووەوە، تەنانەت ئەو ڕقەی کە ڕقی لێی بووەوە زۆرتر بوو لەو خۆشەویستییەی کە خۆشی دەویست. ئینجا ئەمنۆن پێی گوت: «هەستە و بڕۆ!»

16 ئەویش پێی گوت: «نەخێر! ئەگەر دەرمبکەیت خراپەیەکی گەورەترە لەوەی کە پێت کردم.»

بەڵام ئەمنۆن نەیویست گوێی لێ بگرێت. 17 خزمەتکارە تایبەتەکەی بانگکرد و گوتی: «ئەمە دەربکە و دەرگاکە لەدوایەوە دابخە.» 18 خزمەتکارەکەش دەریکرد و دەرگاکەی لەدوایەوە داخست. تاماریش کەوایەکی درێژی ڕەنگاوڕەنگی لەبەردا بوو، چونکە کچە پاکیزەکانی پاشا جلی ئاوایان لەبەر دەکرد. 19 تامار خۆڵەمێشی بەسەر سەری خۆیدا کرد، جلە ڕەنگاوڕەنگەکەی لەبەرخۆی دادڕی. دەستی بەسەرییەوە گرت و بە ڕێگادا دەڕۆیشت، بە دەنگی بەرز دەگریا.

20 ئەبشالۆمی برای پێی گوت: «ئەمنۆنی زڕبرات لەگەڵت بوو؟ خوشکم، ئێستاش بێدەنگ بە، ئەو زڕبراتە و ئەم کارە لە دڵ مەگرە.» ئیتر تامار بە پەرێشانی لە ماڵی ئەبشالۆمی برای مایەوە و ژیا.

21 کاتێک داودی پاشا ئەم هەموو شتانەی بیستەوە، زۆر تووڕە بوو. 22 ئەبشالۆمیش نە بە چاک و نە بە خراپ قسەی لەگەڵ ئەمنۆنی زڕبرای نەکرد، لەبەر ئەوەی سەری تاماری خوشکی شۆڕکرد، زۆر ڕقی لە ئەمنۆن بووەوە.

کوشتنی ئەمنۆن لەلایەن ئەبشالۆمەوە

23 دوو ساڵ دوای ئەوە، ئەبشالۆم هەموو کوڕەکانی پاشای بانگهێشت کرد، کاتێک خزمەتکارەکانی لە بەعل‌حاچۆر ئەوەی نزیک ئەفرایمە مەڕەکانی ئەویان دەبڕییەوە. 24 ئینجا ئەبشالۆم چوو بۆ لای پاشا و گوتی: «ئێستا بەندەکەت مەڕەکانی دەبڕێتەوە، تکایە پاشا و کاربەدەستەکانی با لەگەڵ بەندەکەت بێن.»

25 پاشاش بە ئەبشالۆمی گوت: «نەخێر کوڕم، با هەموومان نەبین و بارگرانی نەخەینە سەرت.» جا ئەبشالۆم زۆری لێکرد، بەڵام ئەو نەیویست بچێت، بەڵکو داوای بەرەکەتی بۆ کرد.

26 ئەبشالۆمیش گوتی: «ئەگەر نا، تکایە با ئەمنۆنی برام لەگەڵمان بێت.»

پاشاش لێی پرسی: «بۆچی لەگەڵت بێت؟» 27 بەڵام ئەبشالۆم زۆری لێکرد و ئەویش ئەمنۆن و هەموو کوڕەکانی پاشای لەگەڵ نارد.

28 ئەبشالۆمیش فەرمانی بە خزمەتکارەکانی کرد، گوتی: «ئاگاداربن! کاتێک کە ئەمنۆن بە شەراب مەست بوو، پێتان دەڵێم: ”لە ئەمنۆن بدەن،“ بیکوژن و مەترسن. ئەی من خۆم فەرمانم پێ نەکردوون؟ لەبەر ئەوە بەهێزبن و ئازابن.» 29 ئیتر خزمەتکارەکانی ئەبشالۆم ئەوەیان بە ئەمنۆن کرد کە ئەبشالۆم فەرمانی پێ کردبوون، هەموو کوڕەکانی پاشا هەستان، هەریەکە و سواری هێسترەکەی خۆی بوو و هەڵات.

30 لە کاتێکدا ئەوان بەڕێوە بوون، هەواڵ گەیشتە داود و گوترا: «ئەبشالۆم هەموو کوڕەکانی پاشای کوشتووە و کەسیانی نەهێشتووەتەوە.» 31 پاشا هەستا و جلەکانی لەبەرخۆی دادڕی و لەسەر زەوی پاڵکەوت، هەموو خزمەتکارەکانیشی بە جلی دڕاوەوە لەلای پاشا ڕاوەستا بوون.

32 بەڵام یۆنادابی کوڕی شیمەعای برای داود گوتی: «با گەورەم وانەزانێت کە هەموو شازادە لاوەکانیان کوشتووە، بەڵکو تەنها ئەمنۆن کوژراوە، چونکە لەو ڕۆژەوەی کە لاقەی تاماری خوشکی کرد، ئەبشالۆم ئەو بڕیارەی دا. 33 ئێستاش با پاشای گەورەم شتێکی وا نەخاتە دڵییەوە و بڵێت هەموو کوڕەکانی پاشا کوژراون. بەڵکو بە تەنها ئەمنۆن کوژراوە.»

34 ئەبشالۆم پێشتر هەڵاتبوو.

خزمەتکارە ئێشکگرەکە چاوی هەڵبڕی و بینی خەڵکێکی زۆر لە لاشانی کێوەکە بە ڕێگاوە بوون. ئێشکگرەکە چوو بۆ لای پاشا و پێی گوت: «خەڵکێک دەبینم لە بێت‌حۆرۆنەوە بە لاشانی کێوەکەدا دێن.»

35 ئینجا یۆناداب بە پاشای گوت: «ئەوەتا شازادەکان هاتن و خزمەتکارەکەت چی گوت، بەو جۆرە بوو.»

36 هەر دوای ئەوەی لە قسەکردن بووەوە شازادەکان هاتن و بە گریانەوە دەنگیان هەڵبڕی، هەروەها پاشا و هەموو خزمەتکارەکانیش گریانێکی زۆر بەکوڵ گریان.

37 ئەبشالۆمیش هەڵات و چوو بۆ لای تەلمەی کوڕی عەمیهودی پاشای گەشوور، داودیش هەموو ئەو ڕۆژانە بۆ کوڕەکەی لاواندییەوە.

38 دوای ئەوەی ئەبشالۆم هەڵات و چوو بۆ گەشوور سێ ساڵ لەوێدا مایەوە. 39 داودی پاشا خەمی کوژرانی ئەمنۆنی لە دڵ دامرکایەوە، ئارەزووی کرد بچێتە لای ئەبشالۆم.

گەڕانەوەی ئەبشالۆم بۆ ئۆرشەلیم

14 یۆئابی کوڕی چەرویا زانی کە دڵی پاشا ئارەزووی بینینی ئەبشالۆمی دەکرد. لەبەر ئەوە یۆئاب کەسێکی ناردە تەقۆعە و لەوێوە ژنێکی دانای هێنا و پێی گوت: «تکایە خۆت وەک ماتەمدار نیشان بدە، جلی ماتەم لەبەر بکە و بۆن لە خۆت مەدە، بەڵکو وەک ژنێک دەربکەوە کە ماوەیەکی درێژە ماتەمدارە، بڕۆ ژوورەوە بۆ لای پاشا و ئەم قسەیەی پێ بڵێ.» جا یۆئاب قسەکەی خستە سەر زاری.

کاتێک ژنە تەقۆعییەکە چوو بۆ لای پاشا، خۆی خستە سەر زەوی و کڕنۆشی برد، گوتی: «ئەی پاشا، ڕزگارم بکە!»

پاشاش پێی گوت: «چیت دەوێ؟»

ئەویش گوتی: «من بێوەژنم و پیاوەکەم مردووە، کارەکەرەکەت دوو کوڕی هەبوو کە لە کێڵگەدا بە شەڕ هاتن و کەس نەبوو لێکیان بکاتەوە، یەکێکیان لەوی دیکەیانی دا و کوشتی. ئەوەتا هەموو خێڵەکە لە کارەکەرەکەت هەستاون و دەڵێن: ”ئەوەمان ڕادەست بکە کە براکەی خۆی کوشتووە، بۆ ئەوەی لە جیاتی گیانی براکەی کە کوشتوویەتی بیکوژینەوە، هەروەها میراتگرەکە لەناو ببەین.“ ئەو پشکۆیەم دەکوژێننەوە کە ماوەتەوە، ناو و پاشماوەی پیاوەکەم لەسەر ڕووی زەوی ناهێڵنەوە.»

پاشاش بە ژنەکەی گوت: «بگەڕێوە ماڵەکەت و من بڕیارێک لەبارەی تۆوە دەردەکەم.»

ژنە تەقۆعییەکەش بە پاشای گوت: «ئەی پاشای گەورەم، با تاوانەکە لە ئەستۆی خۆم و ماڵی باوکم بێت، پاشا و تەختەکەی پاک و بێتاوان بن.»

10 پاشاش گوتی: «ئەگەر کەسێک قسەی لەگەڵ کردیت، بیهێنە لام بۆ ئەوەی دیسان بێزارت نەکات.»

11 ژنەکەش گوتی: «ئەی پاشا، تکایە ناوی یەزدانی خوداکەت بهێنە، هەتا خوێنگری تۆڵەسێنەر زۆر نەبن بۆ کوشتنەوە و کوڕەکەم نەفەوتێت.»

ئەویش گوتی: «بە یەزدانی زیندوو، تاڵە مووێکی کوڕەکەت ناکەوێتە سەر زەوی.»

12 ئینجا ژنەکەش گوتی: «تکایە با کارەکەرەکەت قسەیەکی دیکە بۆ پاشای گەورەی بکات.»

ئەویش گوتی: «قسە بکە.»

13 ژنەکەش گوتی: «ئەی بۆچی بیرت لە کارێکی وا کردووەتەوە لە دژی گەلی خودا؟ کە پاشا ئەمە دەڵێت خۆی تاوانبار دەکات، لەبەر ئەوەی پاشا کوڕە دوورخراوەکەی خۆی نەگەڕاندووەتەوە! 14 وەک ئاوێکی ڕژاو لەسەر زەوی کە کۆناکرێنەوە، بێگومان دەمرین. بەڵام خودا گیان ناکێشێت، بەڵکو چەند ڕێگایەک دادەڕژێت هەتا ئەوەی لێی دوورخراوەتەوە بە دوورخراوەیی نەمێنێتەوە.

15 «ئێستاش من هاتم هەتا لەو بارەیەوە قسە لەگەڵ پاشای گەورەم بکەم، چونکە گەل منیان ترساند. کارەکەرەکەت گوتی: ”قسە لەگەڵ پاشا دەکەم، بەڵکو پاشا بە گوێی کارەکەرەکەی بکات. 16 لەوانەیە پاشا گوێ بگرێت بۆ ئەوەی کارەکەرەکەی لە دەست ئەو پیاوە دەرباز بکات کە دەیەوێت خۆم و کوڕەکەم پێکەوە لە میراتی خودا بسڕێتەوە.“

17 «هەروەها کارەکەرەکەت دەڵێت: ”بەڵکو وتەی پاشای گەورەم دڵنەوایی بێت بۆم، چونکە پاشای گەورەم وەک فریشتەی خودایە لە تێگەیشتنی چاکە و خراپە، با یەزدانی پەروەردگارت لەگەڵت بێت.“»

18 پاشا وەڵامی دایەوە و بە ژنەکەی گوت: «شتێکت لێ دەپرسم، لێم مەشارەوە.»

ژنەکەش گوتی: «تکایە، با پاشای گەورەم بفەرموێت.»

19 ئەوسا پاشا گوتی: «ئایا لە هەموو ئەمانەدا دەستی یۆئاب لەگەڵتدایە؟»

ژنەکەش وەڵامی دایەوە و گوتی: «پاشای گەورەم، بە گیانی تۆ هیچ کەس ناتوانێت نە بەلای ڕاست و نە بەلای چەپدا لابدات لە هەموو ئەو شتانەی کە پاشای گەورەم فەرموویەتی، چونکە یۆئابی خزمەتکارت فەرمانی پێ کردم و هەر ئەو هەموو ئەم قسانەی خستە سەر زاری کارەکەرەکەتەوە. 20 یۆئابی خزمەتکارت ئەم کارەی کرد بۆ ئەوەی دۆخەکە بگۆڕێت. دانایی گەورەم وەک دانایی فریشتەی خودایە هەتا هەموو ئەو شتانەش بزانێت کە لە خاکەکە هەیە.»

21 ئیتر پاشا بە یۆئابی گوت: «ئێستا من بڕیارم دا و بڕۆ ئەو کوڕە گەنجە، ئەبشالۆم بهێنەرەوە.»

22 یۆئابیش کەوتە سەر زەوی و کڕنۆشی برد و داوای بەرەکەتی بۆ پاشای کرد، یۆئاب گوتی: «ئەی پاشای گەورەم، ئەمڕۆ خزمەتکارەکەت دەزانێت کە لەلای تۆ پەسەندە، چونکە پاشا بە قسەی خزمەتکاری خۆی کرد.»

23 ئینجا یۆئاب هەستا و چوو بۆ گەشوور و ئەبشالۆمی هێنایەوە ئۆرشەلیم. 24 بەڵام پاشاش گوتی: «با بچێتە ماڵەکەی خۆی و ڕووم نەبینێت.» لەبەر ئەوە ئەبشالۆم چووە ماڵەکەی خۆی و ڕووی پاشای نەبینی.

25 لە هەموو ئیسرائیلدا لە قۆزی کەس نەبوو وەک ئەبشالۆم بە شانوباڵیدا هەڵبدرێت، لە بنی پێیەوە هەتا تەپڵی سەری بێ کەموکوڕی بوو. 26 لە کۆتایی هەموو ساڵێک سەری دەتاشی، چونکە سەری قورس دەبوو، کێشی مووی سەری بەپێی کێشی پاشایەتی دوو سەد شاقل[d] دەبوو.

27 هەروەها ئەبشالۆم سێ کوڕ و کچێکی بوو، ناوی کچەکەش تامار بوو، بووە ئافرەتێکی زۆر جوان.

28 جا ئەبشالۆم دوو ساڵ لە ئۆرشەلیم مایەوە و ڕووی پاشای نەبینی. 29 لەبەر ئەوە ئەبشالۆم بەدوای یۆئابدا ناردی تاکو بینێرێتە لای پاشا، بەڵام ئەو نەیویست بێتە لای. دووبارە بەدوایدا ناردییەوە، بەڵام ئەو نەیویست بێت. 30 لەبەر ئەوە بە خزمەتکارەکانی گوت: «تەماشا بکەن، کێڵگەکەی یۆئاب لەتەنیشت ئەوەی منەوەیە و جۆ لەوێ هەیە. بڕۆن و ئاگری تێبەردەن.» ئینجا خزمەتکارەکانی ئەبشالۆم ئاگریان لە کێڵگەکە بەردا.

31 ئیتر یۆئاب هەستا و چوو بۆ لای ئەبشالۆم بۆ ماڵەوە و پێی گوت: «بۆچی خزمەتکارەکانت ئاگریان لە کێڵگەکەی من بەردا؟»

32 ئەبشالۆمیش بە یۆئابی گوت: «من بەدوای تۆدا ناردم و گوتم: ”وەرە ئێرە، هەتا بتنێرمە لای پاشا و بڵێیت، ’من بۆچی لە گەشوورەوە هاتمەوە؟ بۆ من چاکتر بوو لەوێ بمێنمەوە!‘“ ئێستاش دەمەوێت چاوم بە پاشا بکەوێت، ئەگەر تاوانێکی تێمدا بەدیی کرد، با بمکوژێت.»

33 ئیتر یۆئاب چوو بۆ لای پاشا و پێی ڕاگەیاند. ئەویش ئەبشالۆمی بانگکرد و هاتە لای پاشا، لەبەردەم ئەودا کڕنۆشی برد و سەری خستە سەر زەوی، پاشاش ئەبشالۆمی ماچکرد.

پیلانگێڕانی ئەبشالۆم

15 لەدوای ماوەیەک ئەبشالۆم گالیسکە و ئەسپی بۆ خۆی دانا، پەنجا پیاویش لەپێشیەوە ڕایاندەکرد. هەروەها ئەبشالۆم بەیانییان زوو هەڵدەستا و لە قەراغ ڕێگای دەروازەی شارەکە ڕادەوەستا. هەر خاوەن کێشەیەک دەهاتە لای پاشا بۆ بڕیاردان، ئەبشالۆم بانگی دەکرد و لێی دەپرسی: «خەڵکی چ شارێکیت؟» ئەویش وەڵامی دەدایەوە: «خزمەتکارەکەت خەڵکی یەکێک لە هۆزەکانی ئیسرائیلە.» ئەبشالۆمیش پێی دەگوت: «تەماشا بکە، داواکەی تۆ دروستە و ڕاستە، بەڵام کەس نییە لەلایەن پاشاوە گوێت لێ بگرێت.» هەروەها ئەبشالۆم دەیگوت: «ئەگەر لەم ناوچەیە من بکەنە دادوەر، ئەوا هەرکەسێک سکاڵا یان داوای هەبێت، دادوەریی بۆ دابین دەکەم.»

هەرکەسێک دەهاتە پێشەوە بۆ ئەوەی کڕنۆشی بۆ ببات، ئەبشالۆم دەستی بۆ درێژ دەکرد، دەیگرت و ماچی دەکرد. ئەو ئەم کارەی لەگەڵ هەموو ئیسرائیلدا دەکرد، ئەوانەی بۆ دادوەری دەهاتنە لای پاشا. بەم شێوەیە ئەبشالۆم دڵی گەلی ئیسرائیلی بۆ خۆی ڕاکێشا.

پاش تێپەڕبوونی چوار ساڵ ئەبشالۆم بە پاشای گوت: «تکایە ڕێگام بدە بچمە حەبرۆن بۆ ئەوەی نەزرەکەم[e] بەجێبهێنم کە بۆ یەزدان نەزرم کردبوو. خزمەتکارەکەت لە کاتی نیشتەجێبوونی لە گەشووری خاکی ئارام، نەزری کردووە، گوتم: ”ئەگەر یەزدان بە تەواوی بمگەڕێنێتەوە ئۆرشەلیم ئەوا لە حەبرۆن یەزدان دەپەرستم.“»

پاشاش گوتی: «بە سەلامەتی بڕۆ.» ئەویش هەستا و چوو بۆ حەبرۆن.

10 ئینجا ئەبشالۆم سیخوڕی بەناو هەموو هۆزەکانی ئیسرائیلدا بڵاو کردووە، گوتی: «ئەگەر گوێتان لە دەنگی کەڕەنا بوو، بڵێن: ”ئەبشالۆم لە حەبرۆن بووە بە پاشا.“» 11 دوو سەد پیاویش لە ئۆرشەلیمەوە لەگەڵ ئەبشالۆم بەڕێکەوتن کە بانگهێشت کرابوون، بێ ئەوەی هیچ شتێک بزانن بە ساویلکەییەوە ڕۆیشتن. 12 کاتێک ئەبشالۆم قوربانییەکانی پێشکەش دەکرد، ناردی بەدوای ئەحیتۆفەلی گیلۆنیی ڕاوێژکاری داود بۆ ئەوەی لە گیلۆی شارۆچکەکەی خۆیەوە بێتە ئەوێ. جا پیلانەکە بەهێزتر بوو، هەتا دەهات خەڵکەکە زیاتر شوێنی ئەبشالۆم دەکەوتن.

هەڵاتنی داود

13 هەواڵدەرێک هاتە لای داود و گوتی: «هەموو پیاوانی ئیسرائیل دڵیان لەگەڵ ئەبشالۆمە.»

14 داودیش بە هەموو ئەو کاربەدەستانەی گوت کە لە ئۆرشەلیم لەگەڵی بوون: «هەستن! با هەڵبێین، ئەگینا لە دەست ئەبشالۆم دەربازمان نابێت. پەلە بکەن لە ڕۆیشتن، نەوەک دەستپێشخەری بکات، پێمان بگات و خراپەمان بەسەردا بهێنێت، بە زەبری شمشێریش لە شارەکە بدات.»

15 کاربەدەستانی پاشاش بە پاشایان گوت: «ئێمە ئامادەین بۆ هەر بڕیارێکی پاشای گەورەمان.»

16 پاشا و هەموو ماڵەکەی بەدوایەوە هاتنە دەرەوە، پاشا دە ژنە کەنیزەی بۆ پاراستنی کۆشکەکە بەجێهێشت. 17 ئیتر پاشا ڕۆیشت و هەموو گەلیش لەدوای ئەو چوون، لەلای دوایین ماڵی قەراغی شار خۆیان ڕێکخستەوە. 18 جا هەموو پیاوەکانی لەگەڵ کریتی و پەلەتییەکان و هەموو گەتییەکانیش کە شەش سەد پیاو بوون و لە گەتەوە بەدوایەوە هاتبوون لەپێشیەوە پەڕینەوە، لەپێش پاشا دەپەڕینەوە.

19 پاشا بە ئیتتای گەتی گوت: «بۆچی تۆش لەگەڵمان دەڕۆیت؟ بگەڕێوە و لەگەڵ ئەبشالۆمی پاشادا بمێنەرەوە، چونکە تۆ بیانیت و لە نیشتیمانەکەت دوورکەوتویتەوە. 20 تۆ دوێنێ هاتوویت، ئایا من ئەمڕۆ بە ڕۆیشتنت لەگەڵماندا ئاوارەت بکەم، چونکە من خۆم نازانم بەرەو کۆی دەچم؟ بگەڕێوە و هاونیشتیمانییەکانیشت بگەڕێنەوە. با یەزدان خۆشەویستی نەگۆڕ و دڵسۆزیت پیشان بدات.»

21 بەڵام ئیتتای وەڵامی پاشای دایەوە و گوتی: «بە یەزدانی زیندوو، بە گیانی پاشای گەورەم، پاشای گەورەم لە هەرکوێ بێت، بۆ مردن بێت یان بۆ ژیان، خزمەتکارەکەشت لەوێ دەبێت.»

22 داود بە ئیتتایی گوت: «بڕۆ و بپەڕەوە.» ئینجا ئیتتای گەتی و هەموو پیاوەکانی و هەموو ئەو منداڵانەی کە لەگەڵی بوون پەڕینەوە.

23 هەموو دانیشتووانی خاکەکە بە دەنگێکی بەرز دەگریان، هەموو گەل دەپەڕینەوە، پاشاش لە دۆڵی قدرۆن پەڕییەوە و هەموو گەلیش بەرەو ڕێگای چۆڵەوانی چوون.

24 سادۆق و هەموو لێڤییەکانیش لەگەڵی بوون و سندوقی پەیمانی خودایان هەڵگرتبوو، ئیتر سندوقەکەی خودایان دانا و ئەبیاتار قوربانی پێشکەش دەکرد، هەتا هەموو گەل لە شارەکە هاتنە دەرەوە.

25 ئینجا پاشا بە سادۆقی گوت: «سندوقی خودا بگەڕێنەوە شارەکە. ئەگەر لەبەرچاوی یەزدان پەسەند بم، ئەوا دەمگەڕێنێتەوە و ڕێگام دەدات سندوقەکە و نشینگەکەشی ببینم. 26 ئەگەر یەزدانیش فەرمووی: ”من پێت دڵشاد نەبووم،“ من ئەوەتام، با خۆی چی بەلاوە باشە ئەوە بکات.»

27 هەروەها پاشا بە سادۆقی کاهینی گوت: «ئایا تۆ پێشبینیکەر نیت؟ بە سەلامەتی بگەڕێوە شارەکە، خۆت و ئەحیمەعەچی کوڕت و یۆناتانی کوڕی ئەبیاتاریش، هەردوو کوڕەکانتان لەگەڵتاندا. 28 تەماشا بکەن، من لە تەنکاوەکە بەرەو چۆڵەوانی ناپەڕمەوە و ئۆقرە دەگرم، هەتا پەیامێک لەلای ئێوەوە دێت و پێم ڕادەگەیەنن.» 29 ئیتر سادۆق و ئەبیاتار سندوقی خودایان گەڕاندەوە ئۆرشەلیم و لەوێ مانەوە.

30 بەڵام داود بە هەورازەکەی کێوی زەیتووندا سەرکەوت، سەردەکەوت و دەگریا، سەری داپۆشی بوو و بەپێی پەتی دەڕۆیشت، هەموو گەلیش کە لەگەڵی بوون هەرکەسە و سەری خۆی داپۆشی بوو، بە گریانەوە سەردەکەوتن. 31 پێشتر بە داود ڕاگەیەنرابوو: «ئەحیتۆفەل لەگەڵ ئەبشالۆم لەنێو پیلانگێڕەکاندایە.» ئیتر داودیش لە یەزدان پاڕایەوە: «ئەی یەزدان، تکایە ڕاوێژی ئەحیتۆفەل بکە بە گێلایەتی.»

32 کاتێک داود گەیشتە سەر لووتکەکە، شوێنی خواپەرستی، بینی وا حوشەی ئەرکی چاوەڕێی دەکات. جلەکەی دڕاوە و سەری تۆزاوییە. 33 داودیش پێی گوت: «ئەگەر لەگەڵم بپەڕیتەوە بەسەرمەوە دەبیتە بار. 34 بەڵام ئەگەر بگەڕێیتەوە شار و بە ئەبشالۆم بڵێیت: ”ئەی پاشا، من دەبمە خزمەتکاری تۆ، لەمێژە خزمەتکاری باوکت بوومە، ئێستاش دەبمە خزمەتکاری تۆ،“ بەوە یارمەتیم دەدەی لە پووچەڵکردنەوەی ڕاوێژی ئەحیتۆفەل. 35 ئایا هەردوو کاهینەکە، سادۆق و ئەبیاتار لەوێ لەگەڵتدا نابن؟ ئەوەی لە کۆشکی پاشا دەیبیستیتەوە بە هەردوو کاهینەکە ڕابگەیەنە، سادۆق و ئەبیاتار. 36 هەردوو کوڕەکەیان لەوێ لەگەڵیاندان، ئەحیمەعەچی سادۆق و یۆناتانی ئەبیاتار، هەموو ئەو شتانەی گوێتان لێی دەبێت بەواندا بۆ منی بنێرن.»

37 ئینجا حوشەی هاوڕێی داود هاتە شارەکە، لەو کاتەی ئەبشالۆم دەهاتە ناو ئۆرشەلیم.

داود و چیڤا

16 کاتێک کە داود تۆزێک لە لووتکەکە ڕەت بوو، بینی چیڤای بریکاری مەفیبۆشەت بە دوو گوێدرێژی کورتانکراوەوە چاوەڕێی دەکات، دوو سەد کولێرە و سەد هێشووە کشمیش و سەد نانە هەنجیر و مەشکەیەک شەرابی بارکردبوو.

پاشا بە چیڤای گوت: «ئەمانەت بۆ چییە؟»

چیڤاش گوتی: «دوو گوێدرێژەکە بۆ ماڵی پاشا بۆ سواربوونە، کولێرە و هەنجیرەکەش بۆ پیاوەکانتە با بیخۆن، شەرابەکەش با ئەوانە بیخۆنەوە کە لە چۆڵەوانیدا شەکەت بوون.»

پاشاش لێی پرسی: «ئەی کوڕەزای گەورەکەت لەکوێیە؟»

چیڤاش بە پاشای گوت: «ئەوەتا ئەو لە ئۆرشەلیم ماوەتەوە، چونکە گوتی: ”ئەمڕۆ بنەماڵەی ئیسرائیل پاشایەتییەکەی باپیرم بۆ دەگەڕێننەوە.“»

ئینجا پاشا بە چیڤای گوت: «وا هەموو ئەوانەی هی مەفیبۆشەتن بۆ تۆیە.»

چیڤاش گوتی: «کڕنۆش دەبەم. هیوادارم پاشای گەورەم لێم ڕازی بێت.»

نەفرەتکردنی شیمعی لە داود

کاتێک داودی پاشا لە بەحوریم نزیک بووەوە، پیاوێک لەوێوە هات کە لە خێڵی شاول بوو، ناوی شیمعیی کوڕی گێرا بوو، دەهاتە دەرەوە و نەفرەتی دەکرد. داودی پاشا و هەموو کاربەدەستانی بەردباران دەکرد، هەرچەندە هەموو سوپا و پاڵەوانەکانیش لەلای ڕاست و چەپی بوون. شیمعی کە نەفرەتی دەکرد دەیگوت: «بڕۆ دەرەوە! بڕۆ دەرەوە، ئەی پیاوی خوێنڕێژ، ئەی پیاوی سووکوچروک! یەزدان تۆڵەی هەموو خوێنی ماڵی شاولی لێکردیتەوە کە لە جێی ئەو بوویت بە پاشا. یەزدان پاشایەتییەکەی دایە دەست ئەبشالۆمی کوڕت، تۆ بە خراپەی خۆت لەناودەچیت، چونکە تۆ پیاوێکی خوێنڕێژیت!»

ئەبیشەی کوڕی چەرویاش بە پاشای گوت: «بۆچی ئەم سەگە تۆپیوە نەفرەت لە پاشای گەورەم دەکات؟ لێمگەڕێ با بۆی بچم و سەری لێ بکەمەوە.»

10 بەڵام پاشا گوتی: «ئەی کوڕانی چەرویا، چی لەنێوان من و ئێوە هەیە؟ لێیگەڕێن با نەفرەت بکات، ئەگەر یەزدان پێی فەرمووبێت نەفرەت لە داود بکە، کێ هەیە بتوانێت بڵێت: ”بۆ ئەمە دەکەیت؟“»

11 ئینجا داود بە ئەبیشەی و بە هەموو کاربەدەستەکانی گوت: «ئەوەتا من کوڕەکەی خۆم، ئەوەی لە پشتی خۆمەوە هاتووە دەیەوێت بمکوژێت، چ جای بنیامینییەک! لێیگەڕێن با نەفرەت بکات، چونکە یەزدان پێی فەرمووە. 12 بەڵکو یەزدان بڕوانێتە زەلیلییەکەم و لە جیاتی ئەو نەفرەتەی ئەمڕۆ، بە چاکە پاداشتم بداتەوە.»

13 ئیتر داود و پیاوەکانی بە ڕێگادا دەڕۆیشتن و شیمعییش بە قەراغ چیاکەدا لە بەرامبەری دەڕۆیشت، بە ڕێگاوە نەفرەتی دەکرد و لە بەرامبەری بەردی تێدەگرت و خۆڵی بە بادا دەکرد. 14 پاشا و هەموو ئەو گەلەی لەگەڵی بوون گەیشتنە تەنکاوەکە، ماندوو بوون، لەوێ حەوانەوە.

ڕاوێژی ئەحیتۆفەل و حوشەی

15 هەر لەو کاتەدا، ئەبشالۆم و هەموو سوپای ئیسرائیل هاتنە ئۆرشەلیم و ئەحیتۆفەلیشیان لەگەڵ بوو. 16 ئینجا حوشەی ئەرکی هاوڕێی داود هاتە لای ئەبشالۆم، حوشەی بە ئەبشالۆمی گوت: «بژی پاشا، بژی پاشا!»

17 ئەبشالۆمیش بە حوشەی گوت: «ئەمە خۆشەویستییەکەتە بۆ هاوڕێکەت؟ بۆچی لەگەڵ برادەرەکەت نەڕۆیشتیت؟»

18 حوشەیش بە ئەبشالۆمی گوت: «نەخێر، بەڵکو ئەوەی یەزدان و ئەم گەلە و هەموو پیاوانی ئیسرائیل هەڵیانبژاردووە، من لایەنگری ئەو دەبم و لەگەڵ ئەودا دەمێنمەوە. 19 پاشان، من خزمەتی کێ دەکەم؟ ئایا لەبەردەم کوڕەکەی نییە؟ هەروەک چۆن لەبەردەم باوکت خزمەتم کرد، ئاواش لەبەردەم تۆدا خزمەت دەکەم.»

20 ئەبشالۆم بە ئەحیتۆفەلی گوت: «تەگبیر بکەن، چی بکەین؟»

21 ئەحیتۆفەلیش بە ئەبشالۆمی گوت: «لەگەڵ کەنیزەکانی باوکت جووتبە، ئەوانەی بۆ پاراستنی کۆشکەکە بەجێی هێشتن. ئینجا هەموو ئیسرائیل دەیبیستێتەوە کە لەبەرچاوی باوکت کەوتوویت، بەو شێوەیە دەستی هەموو ئەوانە بەهێزتر دەبێت کە لەگەڵتدان.» 22 لە سەربان چادرێکیان بۆ ئەبشالۆم دامەزراند و لەبەرچاوی هەموو ئیسرائیل لەگەڵ کەنیزەکانی باوکی جووتبوو.

23 لەو سەردەمەدا ڕاوێژی ئەحیتۆفەل کە ڕاوێژی پێ دەکرا، وەک ئەوەی لە خوداوە بێت. هەموو ڕاوێژەکانی ئەحیتۆفەل ئاوا بوون بۆ داود و بۆ ئەبشالۆمیش.

17 ئەحیتۆفەل بە ئەبشالۆمی گوت: «پێم باشە دوازدە هەزار پیاو هەڵبژێریت و هەستیت و هەر ئەمشەو بەدوای داود بکەویت. کە هێشتا ماندووە و دەستی شلە بەسەریدا بدە، ئینجا بیتۆقێنە، ئیتر هەموو ئەو گەلەی لەگەڵیدان هەڵدێن. بە تەنها لە پاشا بدە، هەموو گەلت بۆ دەگەڕێتەوە. مەرگی ئەو پیاوەی داوای دەکەیت، واتای گەڕانەوەی هەمووانە، جا هەموو گەل لە ئاشتیدا دەبن.» ئەم تەگبیرەی لەلایەن ئەبشالۆم و هەموو پیرانی ئیسرائیلەوە پەسەند کرا.

بەڵام ئەبشالۆم گوتی: «حوشەی ئەرکیش بانگ بکەن، با بزانین ئەویش چی دەڵێت.» ئیتر حوشەی هاتە لای، ئەبشالۆم پێی گوت: «ئەحیتۆفەل ئەم قسەیەی کردووە، ئایا بە قسەی بکەین؟ ئەگەر نا، تۆ چی دەڵێت؟»

حوشەیش بە ئەبشالۆمی گوت: «ڕاوێژەکەی ئەم جارەی ئەحیتۆفەل باش نییە. تۆ باوکت و پیاوەکانی دەناسیت، پاڵەوانن، وەک دەڵەورچێک کە لە دەشتودەرە بەچکەکانی ڕاوکرابێت تووڕەن. جگە لەوەش باوکت پیاوی جەنگە و لەگەڵ لەشکر شەو بەسەرنابات. ئێستا ئەو لە ئەشکەوتێک یان لە شوێنێکدا خۆی شاردووەتەوە. ئەگەر لە سەرەتادا هەندێکتان لێ بکوژرێت و خەڵکی بیبیستنەوە و بڵێن، ”ئەو لەشکرەی لەگەڵ ئەبشالۆم بوو، تێکشکاوە،“ 10 ئەوا تەنانەت ئەو پاڵەوانەی دڵی وەک شێر وایە دڵی دەتوێتەوە، چونکە هەموو ئیسرائیل دەزانن کە باوکت پاڵەوانە و ئەوانەی لەگەڵیدان قارەمانن.

11 «لەبەر ئەوە من ئامۆژگاریت دەکەم کە هەموو ئیسرائیل لە دانەوە هەتا بیری شابەع، وەک لمی سەر دەریا لێت کۆببنەوە لە زۆریدا، بەڕێزیشت سەرکردایەتی جەنگەکە بکە. 12 ئینجا بۆی دەچینە یەکێک لەو شوێنانەی کە ئەوی لێیە، وەک شەونمی سەر زەوی بەسەریدا دادەبارین. هیچ کەسیان لێ ناهێڵینەوە، نە خۆی و نە هەموو ئەو پیاوانەی لەگەڵیدان. 13 ئەگەر بۆ شارێک پاشەکشەی کرد، با هەموو ئیسرائیل گوریس بۆ ئەو شارە ببەن و دیوارەکانی شارەکە بۆ ناو دۆڵەکە ڕادەکێشین بۆ ئەوەی تەنانەت بەردێکیشی لەوێ نەبینرێتەوە.»

14 ئینجا ئەبشالۆم و هەموو پیاوانی ئیسرائیل گوتیان: «ئامۆژگارییەکەی حوشەی ئەرکی لە ڕاوێژەکەی ئەحیتۆفەل باشترە.» ئیتر پووچەڵکردنەوەی ڕاوێژە باشەکەی ئەحیتۆفەل بە فەرمانی یەزدان بوو، بۆ ئەوەی یەزدان بەڵا بەسەر ئەبشالۆمدا بهێنێت.

15 حوشەی بە سادۆق و بە ئەبیاتاری گوت، هەردوو کاهینەکە: «ئەحیتۆفەل بەو شێوەیە ئامۆژگاری بۆ ئەبشالۆم و پیرانی ئیسرائیل کردووە، منیش بەم شێوەیە ڕاوێژم کردووە. 16 ئێستاش بە پەلە بنێرن و بە داود ڕابگەیەنن و بڵێن: ”ئەمشەو لەسەر تەنکاوەکەی بەرەو چۆڵەوانی بەسەرمەبە، لە ڕووبارەکە بپەڕەوە، نەوەک پاشا و ئەو گەلەی لەگەڵیدان هەڵبلووشرێن.“»

17 یۆناتان و ئەحیمەعەچ نەیاندەویست بچنە ناو شارەکە و ببینرێن، لەلای کانی ڕۆگێل چاوەڕێی کارەکەرێک بوون پەیامێکیان پێ ڕابگەیەنێت، ئەوانیش بچن و بە داودی پاشای ڕابگەیەنن. 18 بەڵام گەنجێک هەردووکیانی بینی و بە ئەبشالۆمی ڕاگەیاند، لەبەر ئەوە هەردووکیان بە پەلە ڕۆیشتن و چوونە ناو ماڵی پیاوێک لە بەحوریم، بیرێک لەناو حەوشەکەیدا هەبوو، هەردووکیان شۆڕ بوونەوە ناوی. 19 ژنەکەی دەمی بیرەکەی بە ڕووپۆشێک داپۆشی و دانەوێڵەی بەسەردا بڵاوکردەوە، کەس پێی نەزانی.

20 ئیتر خزمەتکارەکانی ئەبشالۆم هاتن بۆ لای ژنەکە بۆ ماڵەکە و گوتیان: «ئەحیمەعەچ و یۆناتان لەکوێن؟»

ژنەکەش وەڵامی دانەوە: «لە جۆگەی ئاوەکە پەڕینەوە.» جا پاش ئەوەی بەدوایاندا گەڕان و نەیاندۆزینەوە، گەڕانەوە ئۆرشەلیم.

21 پاش ئەوەی خزمەتکارەکانی ئەبشالۆم ڕۆیشتن، ئەحیمەعەچ و یۆناتان لە بیرەکە هاتنە دەرەوە و ڕۆیشتن و بە داود پاشایان ڕاگەیاند و بە داودیان گوت: «هەستن و بە پەلە لە تەنکاوەکە بپەڕنەوە، چونکە ئەحیتۆفەل ئاوا ئامۆژگاری کردوون.» 22 لەبەر ئەوە داود و هەموو ئەو گەلەی لەگەڵیدا بوون هەستان و لە ڕووباری ئوردون پەڕینەوە و لە بەرەبەیاندا کەس نەمابوو لە ڕووباری ئوردون نەپەڕیبێتەوە.

23 بەڵام کاتێک ئەحیتۆفەل بینی کار بە ڕاوێژەکەی نەکراوە، گوێدرێژەکەی کورتان کرد و هەستا، بەرەو ماڵەکەی لە شارەکەی خۆیدا بەڕێکەوت و وەسیەتی بۆ ماڵەکەی کرد و خۆی خنکاند و مرد، جا لە گۆڕەکەی باوکی ناشتیان.

24 ئینجا داود هات بۆ مەحەنەیم و ئەبشالۆمیش خۆی و هەموو ئەو پیاوانەی ئیسرائیل کە لەگەڵیدا بوون لە ڕووباری ئوردونەوە پەڕینەوە. 25 ئەبشالۆم لە جیاتی یۆئاب عەماسای کردبوو بە سوپاسالار و عەماساش کوڕی پیاوێک بوو ناوی یەتەری ئیسرائیلی بوو، کە ئەبیگایلی کچی ناحاش، خوشکی چەرویا، دایکی یۆئاب خێزانی بوو. 26 ئیسرائیل و ئەبشالۆم لە خاکی گلعاددا چادریان هەڵدا.

27 کاتێک داود گەیشتە مەحەنەیم، شۆڤیی کوڕی ناحاش لە شاری ڕەبەی عەمۆنییەکان و ماکیری کوڕی عەمیێل لە لۆدەڤار و بەرزیلەیی گلعادی لە ڕۆگەلیمەوە 28 ڕاخەر و تەشت و قاپوقاچاغی گڵین و گەنم و جۆ و ئارد و دانەوێڵەی برژاو و پاقلە و نیسک و نۆکی برژاو و 29 هەنگوین و دەڵەمە[f] و مەڕ و پەنیری مانگایان پێشکەشی داود و ئەو گەلەی لەگەڵیدا بوون کرد هەتا بیخۆن، چونکە گوتیان: «گەل لە چۆڵەوانیدا برسی و ماندوو و تینوون.»

مەرگی ئەبشالۆم

18 داود سەرژمێری ئەو پیاوانەی کرد کە لەگەڵیدا بوون، فەرماندەی هەزاران و سەدانی بەسەرەوە دانان. ئینجا داود سێیەکی سەربازەکانی بە دەستی یۆئابدا نارد، سێیەکیش بە دەستی ئەبیشەی کوڕی چەرویای برای یۆئاب، سێیەکیش بە دەستی ئیتتایی گەتی. پاشا بە سوپاکەی گوت: «هەروەها بە دڵنیاییەوە منیش لەگەڵتان دەبم.»

بەڵام سەربازەکان گوتیان: «مەچووە دەرەوە، چونکە ئەگەر ئێمە هەڵبێین گوێمان پێ نادەن، ئەگەر نیوەشمان لێ بمرێت هەر گوێمان پێ نادەن، بەڵام تۆ هێندەی دە هەزار کەسی لە ئێمە، ئێستاش باشترە کە تۆ بۆ یارمەتیدانمان لە شارەکە بیت.»

پاشاش وەڵامی دانەوە: «ئەوەی پێتان باشە دەیکەم.»

ئیتر پاشا لەلای دەروازەکەوە وەستا و هەموو پیاوان بە یەکەی سەدان و بە هەزاران چوونە دەرەوە. پاشا فەرمانی بە یۆئاب و ئەبیشەی و ئیتتای کرد و گوتی: «لەبەر من، لەگەڵ ئەو گەنجە نەرم بن، لەگەڵ ئەبشالۆم.» هەموو سەربازەکانیش گوێیان لێبوو کاتێک پاشا سەبارەت بە ئەبشالۆم فەرمانی بە سەرکردەکان کرد.

سوپای داود چوونە دەرەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئیسرائیل لە دەشتودەر، شەڕەکەش لە دارستانی ئەفرایم ڕوویدا. لەوێ سوپای ئیسرائیل لەبەردەم خزمەتکارەکانی داود شکان، لەو ڕۆژەدا کوشتارێکی گەورە ڕوویدا، بیست هەزار پیاو کوژرا. شەڕەکە لە هەموو ناوچەکەدا بڵاو بووەوە، لەو ڕۆژەدا ئەوانەی لەناو دارستانەکەدا لەناوچوون زیاتر بوون لەوانەی بە شمشێر لەناوچوون.

ئەبشالۆم بە سواری هێسترەکەیەوە بەڕێکەوت تووشی خزمەتکارەکانی داود بوو. هێسترەکە چووە ژێر لقەکانی دار بەڕووێکی گەورە و سەری ئەبشالۆم لەنێوان لقەکانی دار بەڕووەکەدا گیربوو، لەنێوان ئاسمان و زەویدا هەڵواسرا، هێسترەکەی ژێریشی ڕۆیشت.

10 پیاوێک بینی و بە یۆئابی ڕاگەیاند: «هەر ئێستا ئەبشالۆمم بینی بە دار بەڕووەکەوە هەڵواسرابوو.»

11 یۆئابیش بەو پیاوەی گوت کە پێی ڕاگەیاند: «هەر ئێستا بینیت؟ ئەی بۆچی لەوێ بە زەویتدا نەدا، هەتا دە شاقل[g] زیو و پشتێنێکت بدەمێ؟»

12 بەڵام پیاوەکە بە یۆئابی گوت: «تەنانەت ئەگەر هەزار شاقل[h] زیویش بکێشن و بە دەستم بگات، بە هیچ جۆرێک دەستم بۆ کوڕی پاشا درێژ ناکەم، چونکە پاشا لەبەردەمی ئێمە فەرمانی بە تۆ و ئەبیشەی و ئیتتای کرد و گوتی: ”لەبەر من ئەو گەنجە، ئەبشالۆم بپارێزن و دەستی لێ مەدەن.“ 13 ئەگەر نا ستەمم لەگەڵ خۆم دەکرد، پاشاش هیچی لێ ناشاردرێتەوە، تۆش لە دژم دەوەستایت.»

14 یۆئابیش گوتی: «من بەم شێوەیە لەبەردەمتدا ئارام ناگرم.» جا سێ ڕمی گرت بە دەستیەوە و لە دڵی ئەبشالۆمی گرت کە هێشتا لەناو دار بەڕووەکەدا زیندوو بوو. 15 دە خزمەتکار کە هەڵگرانی تفاقەکانی یۆئاب بوون چواردەوریان دا، لە ئەبشالۆمیان دا و کوشتیان.

16 ئەوسا یۆئاب فووی بە کەڕەنادا کرد و ڕێگای لەسەر سەربازەکان گرت، سەربازەکانیش لە ڕاونانی ئیسرائیل گەڕانەوە. 17 ئیتر ئەبشالۆمیان هەڵگرت و لە دارستانەکەدا فڕێیاندایە ناو چاڵێکی گەورە، بەردێکی زۆریان لەسەری کەڵەکە کرد. هەموو ئیسرائیلیش هەریەکە و بۆ شوێنی خۆی هەڵات.

18 پێشتر ئەبشالۆم کە هێشتا زیندوو بوو، ئەو کۆڵەکەیەی کە لە دۆڵی پاشادا بوو بردبووی و بۆ خۆی دایمەزراندبوو، چونکە گوتبووی: «کوڕێکم نییە بۆ یادکردنەوەی ناوەکەم.» کۆڵەکەکەشی بە ناوی خۆیەوە ناونا، هەتا ئەمڕۆش پێ دەگوترێت «یادەوەری ئەبشالۆم».

گریانی داود بۆ ئەبشالۆم

19 ئەوە بوو ئەحیمەعەچی کوڕی سادۆق گوتی: «با ڕابکەم و مژدە بدەمە پاشا: ”یەزدان حەقی بۆ سەندیتەوە و لە دوژمنەکانت ڕزگاری کردیت.“»

20 یۆئابیش پێی گوت: «تۆ ئەمڕۆ خاوەن مژدە نیت، لە ڕۆژێکی دیکەدا مژدە بدە و ئەمڕۆ مژدە مەدە، چونکە کوڕی پاشا مردووە.»

21 یۆئاب بە کوشییەکی[i] گوت: «بڕۆ و ئەوەی بینیت بە پاشای ڕابگەیەنە.» کوشییەکەش کڕنۆشی بۆ یۆئاب برد و ڕایکرد.

22 ئەحیمەعەچی کوڕی سادۆق دووبارە بە یۆئابی گوت: «هەرچییەک بووە لێمگەڕێ با منیش بەدوای کوشییەکەدا ڕابکەم.»

یۆئابیش گوتی: «کوڕم، تۆ بۆ ڕادەکەیت، لە کاتێکدا مژدەیەکت نییە شایانی پاداشت بێت؟»

23 ئەویش گوتی: «هەرچی بێت، ڕادەکەم.»

یۆئابیش پێی گوت: «ڕابکە!» ئەوسا ئەحیمەعەچ بە ڕێگای پێدەشتەکەدا ڕایکرد و بە پێش کوشییەکە کەوت.

24 کاتێک داود لەنێوان دەروازەکانی ژوورەوە و دەرەوە دانیشتبوو، ئێشکگرەکە سەرکەوتە سەربانی دەرگاکە بۆ سەر شووراکە، چاوی هەڵبڕی و بینی پیاوێک بە تەنها ڕادەکات. 25 ئێشکگرەکە هاواری کرد و بە پاشای ڕاگەیاند.

پاشاش گوتی: «ئەگەر بە تەنها بێت مژدەی پێیە.» پیاوەکەش ڕایدەکرد و نزیک دەبووەوە.

26 ئینجا ئێشکگرەکە پیاوێکی دیکەی بینی ڕادەکات، بانگی دەرگاوانەکەی کرد و پێی گوت: «ئەوەتا پیاوێک بە تەنها ڕادەکات.»

پاشاش گوتی: «ئەمەش هەر مژدەی پێیە.»

27 ئێشکگرەکە گوتی: «من دەبینم کە ڕاکردنی یەکەم وەک ڕاکردنی ئەحیمەعەچی کوڕی سادۆق وایە.»

پاشاش گوتی: «ئەمە پیاوچاکە و مژدەیەکی چاکیش دەهێنێت.»

28 ئەحیمەعەچ هاواری کرد و بە پاشای گوت: «سڵاو.» کڕنۆشی بۆ پاشا برد و سەری خستە سەر زەوی، گوتی: «ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگارت، ئەوەی ئەو خەڵکەی ڕادەست کرد کە لە پاشای گەورەم هەستابوون!»

29 پاشاش گوتی: «ئەو گەنجە، ئەبشالۆم سەلامەتە؟»

ئەحیمەعەچیش گوتی: «گەورەم، کاتێک کە یۆئابی بەردەستی تایبەتی تۆ منی دەنارد، شڵەژانێکی گەورەم بینی، بەڵام نەمزانی چی بوو.»

30 پاشاش گوتی: «بسووڕێوە و لێرە ڕابوەستە.» ئەویش سووڕایەوە و ڕاوەستا.

31 لەو کاتەدا کوشییەکەش هات، کوشییەکە گوتی: «پاشای گەورەم مژدەم بدەرێ، چونکە یەزدان ئەمڕۆ حەقی بۆ سەندیتەوە و لە هەموو ئەوانەی لێت ڕاست بوونەوە ڕزگاری کردیت!»

32 پاشاش بە کوشییەکەی گوت: «ئەو گەنجە، ئەبشالۆم سەلامەتە؟»

کوشییەکەش گوتی: «با دوژمنەکانی پاشای گەورەم و هەموو ئەوانەی بۆ خراپە لە دژی تۆ سەرهەڵدەدەن وەک ئەو گەنجەیان لێ بێت.»

33 جا پاشا نیگەران بوو، دەگریا و سەرکەوتە ژووری سەر دەروازەکە، بە دەم ڕۆیشتنەوە ئاوای دەگوت: «کوڕەکەم ئەبشالۆم! کوڕەکەم، کوڕەکەم ئەبشالۆم! خۆزگە لە جێی تۆ بمردبامایە، کوڕەکەم ئەبشالۆم! کوڕەکەم!»

19 پاشان بە یۆئاب ڕاگەیەنرا: «پاشا دەگریێت و شیوەن بۆ ئەبشالۆم دەگێڕێت.» ئەو ڕۆژە سەرکەوتنەکە لەلای هەموو سوپا بووە شیوەن، چونکە سەربازەکان لەو ڕۆژەدا گوێیان لێبوو گوترا: «پاشا بۆ کوڕەکەی دڵتەنگ بووە.» جا لەو ڕۆژەدا سەربازەکان وەک سوپایەکی شەرمەزاری هەڵاتوو لە جەنگدا بەدزییەوە گەڕانەوە ناو شارەکە. پاشاش ڕووی خۆی داپۆشی و بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد: «کوڕەکەم ئەبشالۆم! ئەبشالۆم کوڕەکەم، کوڕەکەم!»

ئینجا یۆئاب لە ماڵی پاشا چووە ژوورەوە و گوتی: «ئەمڕۆ ڕووی هەموو خزمەتکارەکانت شەرمەزار کرد، ئەوانەی لەم ڕۆژەدا دەربازکەری ژیانی خۆت و ژیانی کوڕ و کچ و ژن و کەنیزەکانت بوون. ئەوانەی ڕقیان لێت دەبێتەوە خۆشت دەوێن، ئەوانەش کە تۆیان خۆشدەوێت ڕقت لێیان دەبێتەوە. ئەمڕۆ دەرتخست کە تۆ سەرکردە و خزمەتکارەکانت بەلاوە هیچ نییە، لەبەر ئەوەی ئەمڕۆ زانیم ئەگەر ئەبشالۆم زیندوو بووایە و ئێمە هەموومان بمردبووینایە ئەوسا کارەکەت بە دڵ دەبوو. ئێستاش هەستە و بڕۆ دەرەوە دڵی خزمەتکارەکانت بدەوە، چونکە بە یەزدانی زیندوو، ئەگەر نەچیتە دەرەوە، ئەمشەو کەس لەگەڵت نامێنێتەوە، ئەوەش لە هەموو ئەو خراپانەی لە گەنجییەوە هەتا ئێستا تووشت بوون خراپتر دەبێت لەسەرت.»

ئیتر پاشا هەستا و لە دەروازەکەدا دانیشت، بە هەموو گەل ڕاگەیەنرا: «ئەوەتا پاشا لە دەروازەکەدا دانیشتووە.» جا هەموو گەل هاتنە بەردەم پاشا.

گەڕانەوەی داود بۆ ئۆرشەلیم

ئیسرائیلییەکانیش هەریەکە و بۆ چادرەکەی خۆی هەڵاتبوون. لەناو هەموو هۆزەکانی ئیسرائیلدا گەل مشتومڕیان بوو و دەیانگوت: «پاشا لە دەست دوژمنەکانمان فریامان کەوت، ئەو بوو کە لە دەست فەلەستییەکان دەربازی کردین، ئێستاش ئەو بەهۆی ئەبشالۆمەوە لە خاکەکەوە هەڵاتووە. 10 ئەبشالۆمیش ئەوەی بەسەر خۆمانەوە دەستنیشانمان کرد لە جەنگدا مرد، بۆچی سەبارەت بە هێنانەوەی پاشا بێدەنگن؟»

11 داودی پاشا پەیامی بۆ هەردوو کاهینەکە نارد، سادۆق و ئەبیاتار، گوتی: «لەگەڵ پیرانی یەهودا بدوێن و بڵێن: ”بۆچی دواهەمین کەس دەبن لە گەڕاندنەوەی پاشا بۆ کۆشکەکەی، پاشا لە شوێنی خۆی بوو لە کاتێکدا هەموو ئەوەی ئیسرائیل گوتیان پێی گەیشت؟ 12 ئێوە برای منن و لە گۆشت و خوێنی منن، ئیتر بۆچی لە گەڕاندنەوەی پاشا دواهەمین کەس دەبن؟“ 13 هەروەها بە عەماسا بڵێن: ”ئایا تۆ لە گۆشت و خوێنی من نیت؟ با خودا توندترین سزام بدات، ئەگەر لەمەودوا لەلای من لە جێی یۆئاب نەبیتە فەرماندەی گشتی سوپا.“»

14 جا دڵی هەموو پیاوانی یەهودای وەک یەک پیاو بەلای خۆیدا ڕاکێشا، ئەوانیش بەدوای پاشادا ناردیان و گوتیان: «خۆت و هەموو خزمەتکارەکانت بگەڕێنەوە.» 15 لەبەر ئەوە پاشا گەڕایەوە و هاتە ڕووباری ئوردون.

پیاوانی یەهوداش هاتنە گلگال و چوونە پێشوازی پاشا، بۆ ئەوەی لە ڕووباری ئوردون بپەڕێتەوە. 16 شیمعی کوڕی گێرای بنیامینی کە خەڵکی بەحوریمە، دەستپێشخەری کرد و لەگەڵ پیاوانی یەهودا بۆ پێشوازی داودی پاشا دابەزین، 17 هەزار پیاویش لە بنیامین لەگەڵیدا بوون، لەگەڵ چیڤای خزمەتکاری ماڵی شاول، هەر پازدە کوڕەکەی و بیست خزمەتکارەکەی لەگەڵیدا بوون، هەموویان بە پەلە چوونە سەر ڕووباری ئوردون، بۆ لای پاشا. 18 ئینجا لە تەنکاییەکە پەڕینەوە بۆ ئەوەی ماڵی پاشا بپەڕێننەوە و هەرچییەک پاشا بەلایەوە پەسەند بوو ئەنجامی بدەن.

شیمعی کوڕی گێراش کاتێک لە ڕووباری ئوردون پەڕییەوە لەبەردەم پاشادا بە ڕوودا کەوت، 19 بە پاشای گوت: «با گەورەم تاوانم لەسەر نەژمێرێت، ئەو هەڵەیەی خزمەتکارەکەت لە ڕۆژی چوونەدەرەوەی پاشای گەورەم لە ئۆرشەلیم کردی، بە یادی خۆتی مەهێنەرەوە، با پاشا ئەوە لە دڵی خۆی نەگرێت. 20 لەبەر ئەوەی خزمەتکارەکەت دەزانێت کە گوناهی کردووە، هەر بۆیە من ئەمڕۆ یەکەم کەسم لە هەموو بنەماڵەی یوسف کە بۆ پێشوازی پاشای گەورەم دابەزیوم.»

21 ئەبیشەی کوڕی چەرویاش وەڵامی دایەوە و گوتی: «ئایا لەبەر ئەمە نابێت شیمعی بکوژرێت؟ چونکە نەفرەتی لە دەستنیشانکراوی یەزدان کردووە؟»

22 داودیش گوتی: «کوڕانی چەرویا، ئەمە چی لەنێوان من و ئێوەدا هەیە؟ هەتا ئەمڕۆ ببنە بەرهەڵستکارم. ئایا ئەمڕۆ کەسێک لە ئیسرائیل بکوژرێت؟ ئایا نازانن من ئەمڕۆ پاشای ئیسرائیلم؟» 23 ئینجا پاشا بە شیمعی گوت: «تۆ نامریت.» پاشا سوێندی بۆ خوارد.

24 هەروەها مەفیبۆشەتی کوڕەزای شاول بۆ پێشوازی پاشا دابەزی، لەو ڕۆژەی پاشا تێیدا ڕۆیشت هەتا ئەو ڕۆژەی بە سەلامەتی هاتەوە، بایەخی بە قاچەکانی و ڕیشی نەدابوو، جلەکانی نەشوشتبوو. 25 ئەوە بوو کاتێک لە ئۆرشەلیم هاتە پێشوازی پاشا، پاشا پێی گوت: «مەفیبۆشەت، بۆچی لەگەڵمدا نەڕۆیشتیت؟»

26 ئەویش گوتی: «گەورەم، پاشا، چیڤای خزمەتکارەکەم هەڵیخەڵەتاندم، لەبەر ئەوەی خزمەتکارەکەت گوتی: ”گوێدرێژێکم بۆ کورتان بکرێت تاوەکو سواری بم و لەگەڵ پاشادا بچم.“ بەڵام چیڤای خزمەتکارەکەم هەڵیخەڵەتاندم و 27 لەلای پاشای گەورەم بوختانی بەدەم خزمەتکارەکەتەوە کرد. پاشای گەورەشم وەک فریشتەی خودا وایە، جا چیت پێ باشە ئەوە بکە. 28 هەموو بنەماڵەی ئێمە خەڵکانێک بوون شایانی ئەوە بوون کە پاشای گەورەم بیانکوژێت، تۆش خزمەتکارەکەتت خستە نێو ئەو کەسانەی کە لەسەر خوانەکەت دەخۆن، ئیتر بە چ مافێکەوە جارێکی دیکە هاوار بۆ پاشا بکەم؟»

29 پاشاش پێی گوت: «بۆچی قسەی زیاد دەکەیت؟ من گوتم تۆ و چیڤا کێڵگەکە لەنێوانتاندا دابەش بکەن.»

30 مەفیبۆشەتیش بە پاشای گوت: «دوای ئەوەی پاشای گەورەم بە سەلامەتی گەڕاوەتەوە ماڵەکەی با چیڤا هەمووی بۆ خۆی ببات.»

31 هەروەها بەرزیلەیی گلعادی لە ڕۆگەلیمەوە دابەزی و لە ڕووباری ئوردون لەگەڵ پاشادا پەڕییەوە، بۆ ئەوەی لەلای ڕووباری ئوردون بەڕێی بکات. 32 بەرزیلەی زۆر پیر ببوو، تەمەنی هەشتا ساڵ بوو، لە ماوەی مانەوەی پاشا لە مەحەنەیم ئەو ئازووقەی بۆ دابین کردبوو، چونکە پیاوێکی زۆر دەوڵەمەند بوو. 33 لەبەر ئەوە پاشا بە بەرزیلەیی گوت: «تۆش بپەڕەوە و لەگەڵم وەرە ئۆرشەلیم، ئازووقەت بۆ دابین دەکەم.»

34 بەرزیلەییش بە پاشای گوت: «چەند ساڵ لە تەمەنم ماوە تاوەکو لەگەڵ پاشادا سەربکەومە ئۆرشەلیم؟ 35 من ئەمڕۆ تەمەنم هەشتا ساڵە، ئایا دەتوانم چاک و خراپ لە یەک جیا بکەمەوە، ئایا خزمەتکارەکەت چێژ وەردەگرێت لەوەی کە دەیخوات و دەیخواتەوە؟ ئایا گوێم لە دەنگی ژن و پیاوە گۆرانیبێژەکان دەبێت؟ ئیتر بۆچی خزمەتکارەکەت ببێت بە بارگرانی بەسەر پاشای گەورەمەوە؟ 36 خزمەتکارەکەت تەنها کەمێک لە ڕووباری ئوردون بەڕێت دەکات، ئیتر بۆچی پاشا بەم خەڵاتە پاداشتم دەداتەوە؟ 37 لێگەڕێ با خزمەتکارەکەت بگەڕێتەوە، بۆ ئەوەی لە شارۆچکەکەی خۆمدا لە نزیک گۆڕی دایک و باوکمەوە بمرم، وا کیمهامی خزمەتکارت لەگەڵ پاشای گەورەمدا دەپەڕێتەوە، تۆش چیت پێ باشە ئەوەی لەگەڵدا بکە.»

38 پاشاش گوتی: «کیمهام لەگەڵمدا دەپەڕێتەوە و ئەوەی تۆ پێت باش بێت لەگەڵیدا دەکەم، ئەوەشی لێم دەخوازیت بۆت دەکەم.»

39 هەموو گەل لە ڕووباری ئوردون پەڕینەوە، ئینجا پاشاش پەڕییەوە، پاشا بەرزیلەیی ماچکرد و داوای بەرەکەتی بۆ کرد، ئەویش گەڕایەوە شوێنەکەی خۆی.

40 کاتێک پاشا پەڕییەوە گلگال، کیمهامیش لەگەڵیدا پەڕییەوە، هەموو سوپای یەهودا و نیوەی سوپای ئیسرائیل پاشایان پەڕاندەوە.

41 ئیتر هەموو پیاوانی ئیسرائیل دەهاتنە لای پاشا، بە پاشایان دەگوت: «بۆچی براکانمان، پیاوانی یەهودا تۆیان دزی، پاشا و ماڵەکەیان لە ڕووباری ئوردون پەڕاندەوە، هەموو پیاوانی داودیش لەگەڵیدا بوون؟»

42 هەموو پیاوانی یەهوداش وەڵامی پیاوانی ئیسرائیلیان دایەوە و گوتیان: «لەبەر ئەوەی پاشا لە خزمی نزیکی ئێمەیە، ئێوە بەم کارە بەغیلی دەبەن؟ ئایا هیچمان لە پاشا خواردووە، یان هیچی پێ بەخشیوین؟»

43 پیاوانی ئیسرائیلیش وەڵامی پیاوانی یەهودایان دایەوە و گوتیان: «ئێمە دە ئەوەندەی ئێوە لە پاشا نزیکترین، ئێمە لە داودی پاشا لەپێشترین. ئیتر بۆچی بە سووکایەتییەوە هەڵسوکەوتمان لەگەڵدا دەکەن؟ ئێمە نەبووین یەکەم جار سەبارەت بە گەڕاندنەوەی پاشاکەمان قسەمان کرد؟»

بەڵام قسەی پیاوانی یەهودا لە قسەی پیاوانی ئیسرائیل ڕەقتر بوو.

یاخیبوونی شەڤەع لە دژی داود

20 وا ڕێککەوت پیاوێکی گێرەشێوێن لەوێدا بوو، ناوی شەڤەعی کوڕی بیکری بوو، پیاوێکی بنیامینی بوو، فووی بە کەڕەنادا کرد و هاواری کرد:

«ئەی ئیسرائیل، هیچ نزیکایەتییەکمان لەگەڵ داود نییە،
    هیچ میراتێکمان لە کوڕی یەسادا نییە!
هەرکەسە و بۆ چادرەکەی خۆی!»

لەبەر ئەوە هەموو پیاوانی ئیسرائیل وازیان لە داود هێنا و بەدوای شەڤەعی کوڕی بیکریدا ڕۆیشتن. بەڵام پیاوانی یەهودا لە ڕووباری ئوردونەوە هەتا ئۆرشەلیم لەگەڵ پاشایاندا مانەوە.

کاتێک داود هاتەوە بۆ کۆشکەکەی خۆی لە ئۆرشەلیم، ئەو دە کەنیزەیەی بۆ پاراستنی کۆشکەکە بەجێی هێشتبوون، بردنی و لە ماڵی دەستبەسەریدا داینان و بەخێوی دەکردن، بەڵام لەگەڵیاندا پاڵ نەکەوت، بەڵکو هەتا ڕۆژی مردنیان بە تەنهایی دەستبەسەر کرابوون.

ئینجا پاشا بە عەماسای گوت: «لە سێ ڕۆژدا پیاوانی یەهودام بۆ کۆبکەرەوە و تۆش وەرە ئێرە.» عەماساش بۆ کۆکردنەوەی پیاوانی یەهودا چوو، بەڵام لەو کاتە دواکەوت کە بۆی دیاری کردبوو.

داود بە ئەبیشەی گوت: «ئێستا شەڤەعی کوڕی بیکری لە ئەبشالۆم خراپتر دەبێت بۆمان. لەبەر ئەوە تۆ خزمەتکارەکانی گەورەت ببە و دوای بکەوە، نەوەک چەند شارێکی قەڵابەند بۆ خۆی پەیدا بکات و لەبەرچاومان ون بێت.» ئیتر پیاوەکانی یۆئاب و کریتی و پەلەتی و هەموو پاڵەوانەکان بە فەرماندەیی ئەبیشەی بۆ ڕاونانی شەڤەعی کوڕی بیکری لە ئۆرشەلیمەوە هاتنە دەرەوە.

کاتێک لەلای بەردە گەورەکەی گبعۆن بوون، عەماسا بەرەو ڕوویان هات، یۆئابیش زرێیەکەی[j] پۆشیبوو و پشتێنێکیشی لەسەری بەستبوو، خەنجەرەکەشی لەناو کێلانەکەی[k] بوو، لە ناوقەدیەوە بەستبووی. ئینجا کە هاتە پێش، خەنجەرەکەی کەوتە خوارەوە.

یۆئاب بە عەماسای گوت: «برام، چۆنی؟» جا یۆئاب بە دەستی ڕاستی ڕیشی عەماسای گرت بۆ ئەوەی ماچی بکات. 10 عەماسایش ئاگای لەو خەنجەرە نەبوو کە لە دەستی یۆئاب بوو، کردی بە سکیدا و هەناوی ڕژایە سەر زەوی، دووبارەی نەکردەوە و مرد. یۆئاب و ئەبیشەی براشی لەدوای شەڤەعی کوڕی بیکری ڕۆیشتن.

11 یەکێک لە خزمەتکارەکانی یۆئاب لەلای عەماسا ڕاوەستا و گوتی: «ئەوەی یۆئابی دەوێت و ئەوەی سەر بە داودە با لەدوای یۆئابدا بێت!» 12 عەماساش لەناوەڕاستی ڕێگاکەدا لەناو خوێندا گەوزابوو، جا کاتێک خزمەتکارەکە بینی هەموو گەل ڕادەوەستن، عەماسای لەسەر ڕێگاکە گواستەوە بۆ ناو کێڵگەکە و پارچە جلێکی بەسەریدا دا، چونکە بینی هەرکەسێک بگاتە سەری ڕادەوەستێت. 13 کاتێک عەماسا لە ڕێگاکە گواسترایەوە، هەموو پیاوێک دوای یۆئاب کەوت بۆ ڕاونانی شەڤەعی کوڕی بیکری.

14 شەڤەعیش بەناو هەموو هۆزەکانی ئیسرائیلدا تێپەڕی، هەتا ئابێلی بێت‌مەعکا و هەموو ناوچەی بیرییەکان، ئەوانیش هەمووان کۆبوونەوە و شوێنی کەوتن. 15 ئینجا ئەو لەشکرەی کە لەگەڵ یۆئاب بوو هاتن و لە ئابێلی بێت‌مەعکادا شەڤەعییان گەمارۆ دا، سەنگەریان لە دەوری شارەکە لێدا. شارەکە گەمارۆ درا، هەموو ئەو گەلەش کە لەگەڵ یۆئاب بوون سەرگەرمی ڕووخان بوون بۆ ڕووخاندنی شووراکە، 16 لەو کاتەدا ژنێکی دانا لە شارەکەوە هاواری کرد: «گوێ بگرن! گوێ بگرن! بە یۆئاب بڵێن، وەرە پێشەوە بۆ ئێرە، هەتا قسەی لەگەڵدا بکەم.» 17 ئەویش چووە پێشەوە بۆ لای، ژنەکەش پرسی: «تۆ یۆئابی؟»

ئەویش وەڵامی دایەوە: «من ئەوم.»

ژنەکە پێی گوت: «گوێ لە قسەی کارەکەرەکەت بگرە.»

ئەویش گوتی: «گوێم گرتووە.»

18 ژنەکە گوتی: «پێشینان ئاوایان دەگوت: ”لە ئابێل دەپرسن،“ بەو شێوەیە کۆتاییان بە کێشەکە دەهێنا. 19 ئێمە لەنێو شارەکانی ئیسرائیلدا ئاشتیخواز و دڵسۆزین، تۆش هەوڵی لەناوبردنی شارێک دەدەیت کە لە ئیسرائیلدا دایکانەیە؟ بۆچی میراتی یەزدان هەڵدەلووشیت؟»

20 یۆئابیش وەڵامی دایەوە و گوتی: «لە من بەدوور بێت! لە من بەدوور بێت هەڵیبلوشم و تێکی بدەم! 21 شتەکە بەو شێوەیە نییە، چونکە پیاوێک لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایمەوە کە ناوی شەڤەعی کوڕی بیکرییە دەستی لە داودی پاشا بەرز کردووەتەوە، بە تەنها ئەو بدەن بەدەستەوە و لە شارەکە دوور دەکەومەوە.»

ژنەکەش بە یۆئابی گوت: «سەری ئەو لە شووراکەوە بۆت هەڵدەدرێت.»

22 ئینجا ئافرەتەکە بە داناییەکەی خۆی چوو بۆ لای هەموو گەل و ئەوانیش سەری شەڤەعی کوڕی بیکرییان لێکردەوە و بۆ یۆئابیان فڕێدا. ئەویش فووی بە کەڕەنادا کرد و لە شارەکە دوورکەوتنەوە، هەرکەسە و بۆ چادرەکەی. یۆئابیش گەڕایەوە بۆ ئۆرشەلیم بۆ لای پاشا.

23 یۆئابیش سەرکردەی هەموو سوپای ئیسرائیل بوو؛ بەنایای کوڕی یەهۆیاداعیش فەرماندەی کریتییەکان[l] و پەلەتییەکان بوو؛ 24 ئەدۆنیرام سەرپەرشتیاری بێگاری بوو؛ یەهۆشافاتی کوڕی ئەحیلودیش تۆمارکار بوو؛ 25 شێڤا خامەی نهێنی بوو؛ سادۆق و ئەبیاتاریش کاهین بوون، 26 هەروەها عیرای یائیریش کاهینی داود بوو.

تۆڵەسەندنەوەی داود بۆ گبعۆنییەکان

21 لە سەردەمی پاشایەتی داود سێ ساڵ لەدوای یەک قاتوقڕی هەبوو، داودیش پرسیاری لە یەزدان کرد و یەزدانیش فەرمووی: «بەهۆی شاول و ماڵە خوێنڕێژەکەیەتی، لەبەر ئەوەی گبعۆنییەکانی کوشت.»

پاشا گبعۆنییەکانی بانگکرد و لەگەڵیاندا دوا. گبعۆنییەکان لە نەوەی ئیسرائیل نەبوون، بەڵکو لە پاشماوەی ئەمورییەکان بوون و نەوەی ئیسرائیل سوێندیان بۆ پەیمانی ئاشتی خواردبوو، بەڵام شاول بەهۆی دڵگەرمی بۆ ئیسرائیل و یەهودا هەوڵی لەناوبردنی دان. جا داود بە گبعۆنییەکانی گوت: «چیتان بۆ بکەم و بە چی کەفارەت بکەم تاوەکو داوای بەرەکەت بۆ میراتی یەزدان بکەن؟»

گبعۆنییەکانیش وەڵامیان دایەوە: «بۆمان نییە داوای زێڕ و زیو لە شاول و ماڵەکەی بکەین، هەروەها بۆشمان نییە کەس لە ئیسرائیلدا بکوژین.»

داودیش گوتی: «هەرچی بڵێن بۆتان دەکەم.»

ئەوانیش بە پاشایان گوت: «ئەو پیاوەی کە قڕی کردین و پیلانی لە دژمان گێڕا هەتا لەناومان ببات و لە هەموو سنوورەکانی ئیسرائیلدا نەمێنینەوە، با حەوت پیاومان لە کوڕەکانی پێبدرێت، تاوەکو بۆ یەزدان هەڵیانواسین، لە گیڤعای شاولی هەڵبژێردراوی یەزدان.»

پاشاش گوتی: «من پێتان دەدەم.»

پاشا دەستی لە مەفیبۆشەتی کوڕی یۆناتانی کوڕی شاول پاراست، لەبەر ئەو سوێندەی یەزدان کە لەنێوان داود و یۆناتانی کوڕی شاول هەبوو. بەڵام پاشا ئەمانەی برد: ئەرمۆنی و مەفیبۆشەت، هەردوو کوڕەکەی ڕیچپای کچی ئەییا کە لە شاول ببووی، لەگەڵ هەر پێنج کوڕەکەی مێرەڤی کچی شاول کە لە عەدرئێلی کوڕی بەرزیلەیی مەحۆلاتی ببووی. کوڕەکانی دایە دەست گبعۆنییەکان، ئەوانیش لەسەر چیا لەبەردەم یەزداندا بە کوژراوی هەڵیانواسین، هەر حەوتیان پێکەوە کەوتن، لە ڕۆژانی دروێنە لە سەرەتای دەستپێکردنی دروێنەی جۆ کوژران.

10 ڕیچپای کچی ئەییا گوشێکی[m] برد و لەسەر بەردێک بۆ خۆی ڕایخست. هەر لە سەرەتای دروێنەدا هەتا ئەو کاتەی باران لە ئاسمان باری نەیهێشت نە باڵندەی ئاسمان لە ڕۆژ و نە ئاژەڵی کێوی لە شەو دابەزنە سەر تەرمەکانیان. 11 ئیتر ئەوەی ڕیچپای کچی ئەییا کەنیزەکەی شاول کردی بە داود ڕاگەیەنرا، 12 داودیش چوو و ئێسکەکانی شاول و ئێسکەکانی یۆناتانی کوڕی لەلای دانیشتووانی یاڤێش گلعاد هێنا، ئەوانەی لە گۆڕەپانی بێت‌شانەوە دزیبوویان، لەو شوێنەدا کە فەلەستییەکان ئەو ڕۆژەی کە لە شاولیان دا لە گلبۆع هەڵیانواسیبوون. 13 داود لەوێوە ئێسکەکانی شاول و یۆناتانی کوڕی هێنا و ئێسکی هەڵواسراوەکانیشی کۆکردەوە.

14 ئینجا ئێسکەکانی شاول و یۆناتانی کوڕیان لە زەوی بنیامین لە چێلاع لەناو گۆڕەکەی قیشی باوکی ناشت و هەموو ئەو شتانەی پاشا فەرمانی پێدابوو کردیان. پاش ئەوە خودا وەڵامی ئەو پاڕانەوەی دایەوە کە لە پێناوی زەوییەکە کرا.

جەنگی دیکە لەگەڵ فەلەستییەکان

15 جارێکی دیکە جەنگ لەنێوان فەلەستییەکان و ئیسرائیلدا بەرپابوو، داود لەگەڵ خزمەتکارەکانی دابەزین و لە دژی فەلەستییەکان جەنگان، داود شەکەت بوو. 16 جا یەشبی بەنۆڤ کە یەکێک بوو لە نەوەی ڕافا و کێشی ڕمەکەی سێ سەد شاقل بڕۆنز[n] بوو، شمشێرێکی نوێی لە کەمەری بەستبوو، گوتی کە داود دەکوژێت. 17 بەڵام ئەبیشەی کوڕی چەرویا بە هانایەوە هات و لە فەلەستییەکەی دا و کوشتی. ئینجا پیاوەکانی داود سوێندیان بۆ خوارد و گوتیان: «نابێت جارێکی دیکە بۆ جەنگ لەگەڵمان بێیتە دەرەوە، نەوەک چرای ئیسرائیل بکوژێنرێتەوە.»

18 پاش ئەمانە جەنگێکی دیکە لەگەڵ فەلەستییەکان لە گۆڤ هەڵگیرسا، لەو کاتەدا سیبەخەیی حوشاتی، سەفی کوشت کە یەکێک بوو لە نەوەی ڕافا.

19 جارێکی دیکەش لەگەڵ فەلەستییەکان لە گۆڤ جەنگ هەڵگیرسایەوە، ئەلحانانی کوڕی یاعیری بێت‌لەحمی برای گۆلیاتی گەتی[o] کوشت، دەسکی ڕمەکەی وەک نۆردی جۆڵاکان بوو.

20 دیسان لە گەت جەنگ هەڵگیرسایەوە، پیاوێکی زەبەلاح هەبوو هەر پەلێکی شەش پەنجەی هەبوو، بیست و چوار پەنجەی هەبوو، ئەویش هەر لە نەوەی ڕافا بوو. 21 کاتێک سووکایەتی بە ئیسرائیل کرد، یۆناتانی کوڕی شیمەعای برای داود کوشتی.

22 ئەو چوارە لە نەوەی ڕافا بوون لە گەت، بە دەستی داود و خزمەتکارەکانی کوژران.

سروودی داود بۆ ستایشی خودا

22 داود ئەم سروودەی بۆ یەزدان گوت، دوای ئەوەی یەزدان لە دەستی هەموو دوژمنەکانی و لە دەستی شاول ڕزگاری کرد. گوتی:

«یەزدان تاشەبەردی منە، قەڵا و دەربازکەرمە،
    خودام ئەو تاشەبەردەیە کە پەنای بۆ دەبەم،
    قەڵغان و هێزی ڕزگاریمە،
پەناگا و حەشارگەمە، ڕزگارکەری منە،
    لە ستەم ڕزگارم دەکات.

«لە یەزدان دەپاڕێمەوە، ئەوەی کە شایانی ستایشە،
    لە دوژمنەکانم ڕزگار دەبم.
شەپۆلی مەرگ منی پێچایەوە،
    لێشاوی لەناوچوون زەندەقی بردم.
پەتی جیهانی مردووان بە دەورمدا تەنراوە،
    داوی مردن لەبەردەمم دانراوە.

«لە تەنگانەمدا لە یەزدان پاڕامەوە،
    هاوارم بردە بەر خودام،
لە پەرستگاکەیەوە گوێی لە دەنگی من بوو،
    گوێی لە هاوارم بوو.
ئینجا زەوی لەرزی و هەژا،
    بناغەکانی ئاسمان ڕاژەنین،
    لە تووڕەیی ئەو لەرزین.
دووکەڵ لە لووتی بەرزبووەوە،
    ئاگرێکی لووشدەر لە دەمی هاتە دەرەوە،
    وەک ژیلەمۆی پشکۆی داگیرساو بوو.
10 ئاسمانی لێککردەوە و دابەزییە خوارەوە،
    هەوری تاریک لەژێر پێی بوو.
11 سواری کەڕوب[p] بوو و فڕی،
    بەسەر باڵی بادا بەرزبووەوە.
12 تاریکی کردە ڕەشماڵ لە دەوری خۆی،
    هەوری تاریکی پڕ بارانی ئاسمان.
13 لە ڕۆشنایی ئامادەبوونی ئەو
    پشکۆ ئاگرەکان داگیرسان.
14 یەزدان لە ئاسمانەوە گرماندی،
    ئەو خودایەی هەرەبەرزە دەنگی خۆی لەرزاندەوە.
15 تیرەکانی هاویشت و بڵاوەی بە دوژمنەکانی کرد،
    بە بروسکەی گەورە پەرێشانی کردن.
16 بنی دەریا دەرکەوت،
    بناغەکانی زەوی ئاشکرا بوون،
لە سەرزەنشتی یەزدان،
    لە گەرمی هەناسەی لووتی.

17 «لە بەرزاییەوە دەستی درێژکرد و منی گرت،
    لەناو ئاوە قووڵەکانەوە دەریهێنام.
18 لە دوژمنە بە تواناکەم ڕزگاری کردم،
    لە ناحەزەکانم کە زۆر لە من بەهێزتر بوون.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.