Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Bible in 90 Days

An intensive Bible reading plan that walks through the entire Bible in 90 days.
Duration: 88 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
لێڤییەکان 14:33-26:26

پاکبوونەوە لە کەڕوو

33 هەروەها یەزدان بە موسا و هارونی فەرموو: 34 «لەو کاتەی کە دەچنە خاکی کەنعان، کە من دەتاندەمێ وەک موڵکی خۆتان، وام کرد ماڵێک لەو خاکە تووشی کەڕوو بێت، 35 ئەوەی خاوەنی ماڵەکەیە دەچێت و بە کاهینەکە دەڵێت: ”وابزانم کەڕوو لە ماڵەکەی داوم.“ 36 کاهینەکەش فەرمان دەدات ماڵەکە چۆڵ بکرێت، پێش چوونە ژوورەوەی کاهینەکە بۆ پشکنینی لێدانەکە، نەوەک هەموو شتەکانی ماڵەکە گڵاو بێت، پاش ئەوە کاهینەکە بۆ پشکنینی ماڵەکە دەچێتە ژوورەوە. 37 جا ئەگەر پشکنی لێدانەکە لە دیوارەکانی ماڵەکەیە و هەڵکراوێکی سەوزباو یان سوورباوە، لە دیوارەکەش قووڵترە، 38 ئەوا کاهینەکە لە ماڵەکە دێتە دەرەوە و بۆ حەوت ڕۆژ ماڵەکە دادەخات. 39 ئەگەر کاهینەکە لە ڕۆژی حەوتەم گەڕایەوە و پشکنی وا لێدانەکە لە دیوارەکانی ماڵەکە بڵاوبووەتەوە، 40 کاهینەکە فەرمان دەدات، ئەو بەردانە دەربهێنن کە لێدانەکەی تێدایە و فڕێیانبدەنە دەرەوەی شارۆچکەکە لە شوێنێکی گڵاو. 41 ماڵەکەش لە هەر چواردەوری دیوی ژوورەوە دەڕنن، ئەو خۆڵەش کە دەیڕننەوە، فڕێیدەدەنە دەرەوەی شارۆچکەکە لە شوێنێکی گڵاو. 42 بەردی دیکە دەهێنن و لە شوێنی بەردەکان دایاندەنێن و خۆڵی دیکە دێنن و ماڵەکەی پێ سواخ دەدەنەوە.

43 «جا ئەگەر لێدانەکە گەڕایەوە و لە ماڵەکە بڵاو بووەوە، لەدوای دەرهێنانی بەردەکان و ڕنینی ماڵەکە و سواخدانەوەی، 44 کاهینەکە هات و پشکنی وا لێدانەکە لە ماڵەکەدا بڵاوبووەتەوە، ئەوا کەڕووێکی گەندەڵە لە ماڵەکە، ئەوە گڵاوە. 45 جا ماڵەکە تێکدەدات، بەرد و دارەکانی و هەموو خۆڵی ماڵەکە دەباتە دەرەوەی شارۆچکەکە بۆ شوێنێکی گڵاو.

46 «ئەوەی لە هەموو ڕۆژانی داخستنی ماڵەکە بچێتە ناوی، ئەوا هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت، 47 ئەوەی لە ماڵەکە خەوتبێت، ئەوا دەبێت جلەکانی بشوات و ئەوەی لە ماڵەکە نانی خواردبێت ئەوا دەبێت جلەکانی بشوات.

48 «بەڵام ئەگەر کاهینەکە هات و پشکنی لێدانەکە لە ماڵەکە بڵاو نەبووەتەوە دوای سواخدانەوەکەی، ئەوا کاهینەکە ڕایدەگەیەنێت ماڵەکە پاکە، چونکە لێدانەکە نەماوە. 49 بۆ پاکبوونەوەی ماڵەکە دوو چۆلەکە لەگەڵ پارچە دارێکی ئورز و بەنی سووری ئاڵ و زوفا دەبات. 50 یەکێک لە چۆلەکەکان لە گۆزەیەکی گڵین سەر دەبڕێت، لەسەر ئاوێکی سازگار. 51 ئینجا پارچە دارە ئورزەکە و زوفاکە و بەنە سوورە ئاڵەکە و چۆلەکە زیندووەکە دەبات و دەیخاتە ناو خوێنی چۆلەکە سەربڕدراوەکە و ئاوە سازگارەکە، حەوت جار بەسەر ماڵەکەدا دەیپرژێنێت. 52 ئینجا بە خوێنی چۆلەکەکە و ئاوە سازگارەکە و چۆلەکە زیندووەکە و پارچە دارە ئورزەکە و زوفاکە و بەنە سوورە ئاڵەکە ماڵەکە پاک دەکاتەوە. 53 ئینجا چۆلەکە زیندووەکە بۆ دەرەوەی شارۆچکەکە ڕووەو دەشتودەر بەڕەڵای دەکات و کەفارەت بۆ ماڵەکە دەکات، ئیتر پاک دەبێتەوە.»

54 ئەوە ڕێنماییە بۆ هەموو جۆرە نەخۆشییەکی گواستراوەی پێست و کەچەڵی، 55 کەڕووی جلوبەرگ و ماڵ، 56 ئاوسان و لیر و لەکەی بریقەدار، 57 بۆ یەکلاییکردنەوەی شتێک کە پاک بێت یان گڵاو.

ئەوە ڕێنماییە بۆ نەخۆشی گواستراوەی پێست و کەڕوو.

لێچوونە گڵاوەکان

15 هەروەها یەزدان بە موسا و هارونی فەرموو: «لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێن و پێیان بڵێن: ”هەر پیاوێک لێچوونی هەبێت لە ئەندامی نێرینەی[a]، ئەوا لێچوونەکەی گڵاوە، ئەم لێچوونەشی دەبێتە هۆی گڵاوبوونی. ئەگەر ئەندامی نێرینەی لێچوونەکەی بەردەوام بێت یان ڕایگرتبوو، ئەوا گڵاوە.

«”ئەوەی لێچوونەکەی هەیە لەسەر هەر نوێنێک ڕابکشێت، گڵاو دەبێت، لەسەر هەر شتێکیش دانیشێت، گڵاو دەبێت. ئەوەی دەست لە نوێنەکەی بدات، دەبێت جلەکانی بشوات و بە ئاو خۆی بشوات و هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت، هەرکەسێک لەسەر شتێک دابنیشێت کە کابرای لێچوو لەسەری دانیشتبوو، دەبێت جلەکانی بشوات و بە ئاو خۆی بشوات، هەتا ئێوارەش گڵاو دەبێت.

«”هەرکەسێک دەستی بەر لەشی کابرای لێچوو بکەوێت، دەبێت جلەکانی بشوات و خۆی بە ئاو بشوات و هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت.

«”ئەگەر کابرای لێچوو تفی لە یەکێکی پاک کرد، دەبێت ئەو کەسەی کە پێشتر پاک بووە جلەکانی بشوات و بە ئاو خۆی بشوات و هەتا ئێوارەش گڵاو دەبێت.

«”لە کاتی سواریدا زینەکەی ژێری گڵاو دەبێت، 10 هەرکەسێکیش دەستی لێ بدات، هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت، ئەوەی هەڵیانبگرێت، دەبێت جلەکانی بشوات و بە ئاو خۆی بشوات و هەتا ئێوارەش گڵاو دەبێت.

11 «”هەرکەسێکیش کابرای لێچوو دەستی لێ بدات، بێ ئەوەی دەستی بە ئاو بشوات، دەبێت جلەکانی بشوات و بە ئاو خۆی بشوات و هەتا ئێوارەش گڵاو دەبێت.

12 «”هەر دەفرێکی گڵین کابرای لێچوو دەستی لێ بدات دەشکێنرێت، هەروەها هەر ئامرازێکی داریش بە ئاو دەشۆردرێت.

13 «”ئەگەر کابرای لێچوو لە لێچوونەکەی پاک بووەوە، ئەوا حەوت ڕۆژی بۆ دادەنرێت بۆ پاکبوونەوەی و جلەکانی دەشوات و بە ئاوی سازگار خۆی دەشوات، جا پاک دەبێتەوە. 14 جا لە ڕۆژی هەشتەمدا دوو کوکوختی یان دوو بێچووە کۆتر دەهێنێت بۆ بەردەم یەزدان بۆ لای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن و دەیاندات بە کاهینەکە. 15 کاهینەکە یەکێکیان دەکاتە قوربانی گوناه و ئەوی دیکەش قوربانی سووتاندن، کاهینەکە لەبەردەم یەزدان کەفارەتی بۆ دەکات لە لێچوونەکەی.

16 «”ئەگەر پیاوێک تۆوی لێ هاتە دەرەوە، ئەوا هەموو لەشی بە ئاو دەشوات و هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت[b]، 17 هەر جلێک یان چەرمێک تۆوی بکەوێتە سەر، دەبێت بە ئاو بشۆردرێت و هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت. 18 هەروەها ئەو پیاوەی کە لەگەڵ ژنەکەی ڕابکشێت و پیاوەکە تۆوی لێچوو، ئەوا دەبێت هەردووکیان خۆیان بە ئاو بشۆن و هەتا ئێوارەش گڵاو دەبن.

19 «”ئەگەر ژنێک خوێنلێچوونی[c] هەبوو، ئەوا حەوت ڕۆژ لە خوێنلێچوونی مانگانەی دەمێنێتەوە و هەرکەسێک دەستی لێ بدات هەتا ئێوارە گڵاو[d] دەبێت.

20 «”هەموو ئەو شتەی لەسەری ڕادەکشێت یان دادەنیشێت لە کاتی خوێنلێچوونی مانگانەی، گڵاو دەبێت. 21 هەرکەسێکیش دەست لە نوێنەکەی بدات، دەبێت جلەکانی بشوات و بە ئاو خۆی بشوات و هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت. 22 هەرکەسێکیش دەست لە شتێک بدات کە ئەو لەسەری دانیشتبێت، دەبێت جلەکانی بشوات و بە ئاو خۆی بشوات و هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت؛ 23 ئەگەر نوێن بێت یان هەر شتێک کە لەسەری دانیشتووە، هەر کاتێک کەسێکیش دەستی لێ بدات، ئەوا هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت.

24 «”ئەگەر پیاوێکیش لەگەڵی ڕابکشێت، جا لە خوێن لێچوونەکە بەر پیاوەکە بکەوێت، ئەوا پیاوەکە حەوت ڕۆژ گڵاو دەبێت و لەسەر هەر نوێنێکیش ڕابکشێت، گڵاو دەبێت.

25 «”ئەگەر ئافرەتێک ماوەیەکی درێژ خوێنی لێچوو[e]، بێجگە لە کاتی خوێنلێچوونی مانگانەی، یان ئەگەر دوای کاتی خوێن لێچوونەکەی هەر بەردەوام بوو، ئەوا هەموو ڕۆژانی خوێن لێچوونەکەی وەک کاتی خوێنلێچوونی مانگانەی، گڵاو دەبێت. 26 هەموو نوێنەکەش کە لەسەری ڕادەکشێت لە ڕۆژانی خوێنلێچوونی وەک نوێنی ڕۆژانی خوێنلێچوونی مانگانەیەتی، هەموو ئەو شتانەش کە لەسەری دادەنیشێت، ئەوا گڵاوە وەک گڵاوی خوێنلێچوونی مانگانەی. 27 هەرکەسێکیش دەستیان لێ بدات، گڵاو دەبێت و پێویستە جلەکانی بشوات و بە ئاو خۆی بشوات و هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت.

28 «”ئەگەر لە خوێن لێچوونەکەی پاک بووەوە، ئەوا حەوت ڕۆژ دەژمێرێت، ئینجا بەپێی ڕێوڕەسم پاک دەبێتەوە، 29 لە ڕۆژی هەشتەم دوو کوکوختی یان دوو بێچووە کۆتر دەبات و دەیانهێنێتە لای کاهینەکە، بۆ لای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن. 30 ئینجا کاهینەکەش یەکێکیان دەکاتە قوربانی گوناه و ئەوی دیکەش قوربانی سووتاندن. کاهینەکە لەبەردەم یەزدان کەفارەتی بۆ دەکات لە گڵاوی خوێن لێچوونەکەی.

31 «”جا نەوەی ئیسرائیل جیا بکەنەوە لەو شتانەی گڵاویان دەکات، با لە گڵاویدا نەمرن و نشینگەکەم کە لەنێویاندایە گڵاوی نەکەن.“»

32 ئەوە ڕێنماییە بۆ ئەمانە: ئەو پیاوەی کە لێچوونی هەبێت، ئەوەی تۆوی لێ دێتە دەرەوە و پێی گڵاو دەبێت، 33 ئەو ئافرەتەی خوێنلێچوونی مانگانەی هەیە، ئەو پیاوەی یان ئەو ئافرەتەی لێچوونێکی هەیە، ئەو پیاوەش کە لەگەڵ ژنێکی بەپێی ڕێوڕەسم گڵاو ڕابکشێت.

ڕۆژی کەفارەت

16 لەدوای مردنی دوو کوڕەکەی هارون، کاتێک لەبەردەم یەزدان نزیک ببوونەوە و مردبوون، یەزدان لەگەڵ موسا دوا و پێی فەرموو: «بە هارونی برات بڵێ با هەموو کاتێک نەیەتە ناو شوێنی هەرەپیرۆز لە پشت پەردەکەی پێش قەپاغی کەفارەتەکە[f] کە لەسەر سندوقەکەیە، نەوەک بمرێت، چونکە من لە هەوردا لەسەر قەپاغی کەفارەتەکە دەبینرێم.

«هارون بەم شێوەیە بچێتە ناو پیرۆزگاکە: جوانەگایەک بۆ قوربانی گوناه و بەرانێک بۆ قوربانی سووتاندن بهێنێت. کراسێکی کەتان و پیرۆز لەبەر بکات و دەرپێی کەتانی لەبەربێت و بە کەمەربەندی کەتان پشتی ببەستێت و مێزەری کەتانی لەسەر بێت، ئەوە جلوبەرگێکی پیرۆزە، خۆی بە ئاو بشوات و جلەکان لەبەر بکات. لە کۆمەڵی ئیسرائیلیش دوو گیسکی نێرینە[g] ببات بۆ قوربانی گوناه و بەرانێک بۆ قوربانی سووتاندن.

«هارون جوانەگاکە پێشکەش بکات بۆ قوربانی گوناهی خۆی و کەفارەت بۆ خۆی و بۆ ماڵەکەی بکات، ئینجا دوو گیسکە نێرینەکەش ببات و لەبەردەم یەزدان لەلای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن ڕایانبگرێت. هارون تیروپشک بۆ دوو گیسکەکە بکات، یەکێکیان بۆ یەزدان و ئەوی دیکە بۆ لابردنی گوناه لەسەر کۆمەڵگا. ئەو گیسکەی لە تیروپشک بۆ یەزدان دەرچوو، ئەوا هارون پێشکەشی بکات و بیکاتە قوربانی گوناه. 10 بەڵام ئەو گیسکەی بە تیروپشک بۆ لابردنی گوناه لەسەر کۆمەڵگا دەرچوو، ئەوا بە زیندوویی لەبەردەم یەزدان ڕایبگرێت بۆ کەفارەتکردن لەسەری، بۆ ئەوەی بۆ عەزازێلی[h] بنێرێتە چۆڵەوانی[i].

11 «پێویستە هارون جوانەگاکەی قوربانی گوناه بهێنێت و سەری ببڕێت، کەفارەت بۆ خۆی و ماڵەکەی بکات. 12 هارون بە پڕی بخووردانەکە پشکۆی ئاگر لەسەر قوربانگاکە لەبەردەم یەزدان ببات، بە پڕی دەستەکانیشی بخووری بۆنخۆشی باش کوتراوە ببات و بیانباتە پشت پەردەکە. 13 ئەو لەبەردەم یەزدان بخوورەکە بەسەر ئاگرەکەدا بکات، هەروەها دووکەڵی بخوورەکە قەپاغەکەی کەفارەت داپۆشێت کە لەسەر سندوقی پەیمانە، ئیتر نامرێت. 14 ئینجا لە خوێنی جوانەگاکە ببات و بە پەنجەی بەسەر ڕووی قەپاغەکەی کەفارەت، بەلای ڕۆژهەڵات بیپرژێنێت، لەلای پێشەوەی قەپاغەکەی کەفارەتیش، حەوت جار بە پەنجەی خوێنەکە بیپرژێنێت.

15 «ئینجا گیسکەکەی قوربانی گوناه کە بۆ گەل سەری ببڕێت و بە خوێنەکەیەوە بچێتە پشت پەردەکە، چی بە خوێنی جوانەگاکە کرد، ئاواش بە خوێنەکەی ئەم بکات و بەسەر قەپاغەکەی کەفارەت و لای پێشەوەی بیپرژێنێت. 16 بەم شێوەیە کەفارەت بۆ شوێنی هەرەپیرۆز بکات لە گڵاوییەکانی نەوەی ئیسرائیل و لە یاخیبوون و هەموو گوناهەکانیان. بۆ چادری چاوپێکەوتنیش کە لەنێویانە ئاوا بکات، لەناوەندی گڵاوییەکانیان. 17 نابێت هیچ کەسێکیش لە چادری چاوپێکەوتن بێت، لە کاتی چوونە ژوورەوەی هارون بۆ کەفارەتکردن لە شوێنی هەرەپیرۆز هەتا کاتی هاتنە دەرەوەی، کەفارەت بۆ خۆی و ماڵەکەی و هەموو کۆمەڵی ئیسرائیل بکات.

18 «ئینجا بچێتە دەرەوە بۆ لای قوربانگاکەی بەردەم یەزدان و کەفارەتی بۆ بکات، لە خوێنی جوانەگاکە و خوێنی گیسکەکە ببات و بەسەر قۆچەکانی قوربانگاکەیدا بکات. 19 بە پەنجەی حەوت جار لە خوێنەکە بەسەریدا بپرژێنێت و لە گڵاوییەکانی نەوەی ئیسرائیل پاکی بکاتەوە و تەرخانی بکات.

20 «کاتێک هارون لە کەفارەتکردن بۆ شوێنی هەرەپیرۆز و چادری چاوپێکەوتن و قوربانگاکە تەواو بوو، گیسکە زیندووەکە پێشکەش بکات. 21 هارون هەردوو دەستی لەسەر سەری گیسکە زیندووەکە دابنێت و لەسەری دان بە هەموو تاوان و هەموو یاخیبوونەکان و هەموو گوناهەکانی نەوەی ئیسرائیلدا بنێت، بەمە گوناهەکان دەخاتە سەر گیسکەکە. هارون لەژێر چاودێری ئەو کەسەی هەڵبژێردراوە بۆ ئەم ئیشە گیسکەکە بنێرێتە چۆڵەوانی. 22 گیسکەکە هەموو تاوانەکانیان هەڵدەگرێت بۆ خاکێکی چۆڵ، ئینجا کەسەکە گیسکەکە لە چۆڵەوانی بەڕەڵا بکات.

23 «ئینجا هارون بچێتە ناو چادری چاوپێکەوتن و جلە کەتانەکانی دابکەنێت کە لە چوونە ژوورەوەی بۆ شوێنی هەرەپیرۆز لەبەری کردبوو، لەوێ دایبنێت. 24 لە شوێنێکی پیرۆز بە ئاو خۆی بشوات. ئینجا جلەکانی لەبەر بکات و بچێتە دەرەوە و قوربانی سووتاندن بۆ خۆی و قوربانی سووتاندن بۆ گەل بکات، کەفارەت بۆ خۆی و بۆ گەل بکات. 25 پیوی قوربانییەکەی گوناهیش لەسەر قوربانگاکە بسووتێنێت.

26 «ئەو کەسەی گیسکەکەشی بەرەو عەزازێل بەڕەڵا کرد، جلەکانی بشوات و خۆی بە ئاو بشوات، پاشان بچێتە ناو ئۆردوگاکە. 27 جوانەگاکەی قوربانی گوناه و گیسکەکەی قوربانی گوناهیش، ئەوانەی خوێنەکەیان بردرا بۆ کەفارەتکردن لە شوێنی هەرەپیرۆز، ئەوا بیانباتە دەرەوەی ئۆردوگاکە و پێست و کەلەش و ڕیخەکەیان بە ئاگر بسووتێنن. 28 ئەوەی دەشیانسووتێنێت، جلەکانی بشوات و خۆی بە ئاو بشوات، پاشان بچێتە ناو ئۆردوگاکە.

29 «ئەمەش دەبێتە فەرزێکی هەتاهەتایی بۆتان، کە ئێوە لە دەی مانگی حەوت گیانی خۆتان زەلیل[j] دەکەن و هیچ کارێک ناکەن، نە هاوڵاتی و نە ئەو نامۆیەی لەنێوتانە، 30 چونکە لەم ڕۆژەدا کەفارەتتان بۆ دەکرێت بۆ پاکبوونەوەتان، لە هەموو گوناهەکانتان لەبەردەم یەزدان پاک دەبنەوە. 31 ئەمە شەممەیە، پشوودانە بۆتان، فەرزێکی هەتاهەتاییشە کە گیانی خۆتان زەلیل بکەن. 32 ئەو کاهینەش کە بە زەیت دەستنیشان دەکرێت و ئەرکی پێ دەسپێردرێت بۆ ئەوەی لە جیاتی باوکی ببێتە سەرۆک کاهین کەفارەت بکات، جلە کەتانەکان لەبەر بکات، جلە پیرۆزەکان، 33 کەفارەت بۆ شوێنی هەرەپیرۆز و چادری چاوپێکەوتن و قوربانگاکە بکات. هەروەها کەفارەت بۆ کاهینەکان و هەموو کۆمەڵی گەل بکات.

34 «ئەمەش دەبێتە فەرزێکی هەتاهەتایی بۆتان بۆ کەفارەتکردن بۆ نەوەی ئیسرائیل لە هەموو گوناهەکانیان، ساڵی جارێک.»

ئیتر ئاوا کرا، وەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.

قوربانیکردن بەبێ ڕێوڕەسمی دیاریکراو

17 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: «لەگەڵ هارون و کوڕەکانی و هەموو نەوەی ئیسرائیل بدوێ و پێیان بڵێ: ”ئەمە ئەو فەرمانەیە کە یەزدان فەرمانی پێدەدات و دەفەرموێت، هەرکەسێک لە گەلی ئیسرائیل گایەک یان بەرخێک یان گیسکێک لە ئۆردوگاکە یان لە دەرەوەی ئۆردوگاکە سەرببڕێت و نەیهێنێتە لای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن هەتا لەبەردەم چادری پەرستنی یەزدان قوربانی بۆ یەزدان پێشکەش بکات، ئەوا ئەو کەسە تاوانبارە لە خوێنڕشتن، خوێنی ڕشتووە، جا دەبێت ئەو کەسە لە گەلەکەی ببڕدرێتەوە. ئەمەش بۆ ئەوەی نەوەی ئیسرائیل چیتر قوربانییەکانیان لە دەشتودەر سەر نەبڕن و بیانهێنن بۆ بەردەم دەروازەی چادری چاوپێکەوتن و لەلای کاهین پێشکەشی یەزدان بکەن، وەک قوربانی هاوبەشی بۆ یەزدانیان سەرببڕن. کاهینەکەش خوێنەکە بەسەر قوربانگاکەی یەزداندا دەکات لەلای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن و پیوەکەی بۆ ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە دەیسووتێنێت. پێویستە لەمەودوا قوربانییەکان بۆ ئەو بتانە پێشکەش نەکەن کە لە شێوەی تەگە[k] دروستکراون کە بەدوایاندا لەشفرۆشی[l] دەکەن. ئەمە دەبێتە فەرزێکی هەتاهەتایی بۆیان لە نەوەکانیان.“

«هەروەها پێیان دەڵێیت: ”هەرکەسێک لە گەلی ئیسرائیل و ئەو نامۆیانەی لەنێوتاندان ئەگەر قوربانی سووتاندن یان قوربانی بکات و نەیهێنێتە لای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن، بۆ ئەوەی بۆ یەزدانی بکات، ئەوا ئەو کەسە لە گەلەکەی دەبڕدرێتەوە.

خواردنی خوێن قەدەغەیە

10 «”هەروەها هەرکەسێک لە گەلی ئیسرائیل و ئەو نامۆیانەی لەنێوتاندان، ئەگەر خوێن بخوات، ئەوا ڕووم لەو کەسە وەردەگێڕم کە خوێن دەخوات و لە گەلەکەی ڕیشەکێشی دەکەم، 11 چونکە ژیانی بوونەوەر لە خوێندایە و من لەسەر قوربانگا بە ئێوەی دەدەم بۆ کەفارەتکردن بۆ گیانتان، چونکە خوێن کەفارەت بۆ ژیان دەکات، 12 بۆیە بە نەوەی ئیسرائیل دەڵێم: ’کەس لە ئێوە خوێن نەخوات و ئەو نامۆیەش کە لەنێوتاندایە خوێن نەخوات.‘

13 «”هەرکەسێک لە نەوەی ئیسرائیل و ئەو نامۆیانەی لەنێوتاندان، کە نێچیرێکی ڕاوکرد، ئاژەڵێکی کێوی یان باڵندەیەک لەوانەی دەخورێن، خوێنەکەی دەڕێژێت و بە خۆڵ دایدەپۆشێت، 14 چونکە ژیانی هەر بوونەوەرێک خوێنەکەیەتی، جا بە نەوەی ئیسرائیلم گوت: ’خوێنی هیچ بوونەوەرێک مەخۆنەوە، چونکە ژیانی هەر بوونەوەرێک خوێنەکەیەتی، هەرکەسێک بیخوات دەبڕدرێتەوە.‘

15 «”هەرکەسێکیش ئاژەڵێکی مرداربووەوە یان نێچیرێک[m] بخوات، هاوڵاتی بێت یان نامۆ، دەبێت جلەکانی بشوات و خۆی بە ئاو بشوات و هەتا ئێوارە بەپێی ڕێوڕەسم گڵاو دەبێت، ئینجا پاک دەبێتەوە. 16 بەڵام ئەگەر جلەکانی نەشوات و خۆی نەشوات، تاوانی خۆی لە ئەستۆ دەگرێت.“»

جووتبوونە نادروستەکان

18 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: «لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و پێیان بڵێ: ”من یەزدانی پەروەردگارتانم. وەک نەریتی خاکی میسر مەکەن کە تێیدا نیشتەجێ بوون و وەک نەریتی خاکی کەنعان مەکەن کە ئێوە دەهێنم بۆی و نەریتەکانیان بەجێمەهێنن. پێویستە ملکەچی یاساکانی من بن و فەرزەکانم بەجێبهێنن بۆ ئەوەی پەیڕەویان بکەن، من یەزدانی پەروەردگارتانم. فەرز و یاساکانم پەیڕەو بکەن، چونکە ئەو کەسەی پەیڕەویان بکات، بە هۆیانەوە دەژیێت، من یەزدانم.

«”هیچ کەسێک لە کەسوکاری خۆی نزیک نەبێتەوە، بۆ جووت بوون لەگەڵی، من یەزدانم.

«”ناموسی باوکت مەبە و ناموسی دایکت مەبە، لەگەڵ دایکت جووت مەبە، چونکە دایکتە.

«”لەگەڵ باوەژنت[n] جووت مەبە، ئەوە ناموسی باوکتە.

«”لەگەڵ خوشکت، کچی باوکت یان کچی دایکت جووت مەبە، ئەگەر لە ماڵتان لەدایک بووبێت یان لە دەرەوە.

10 «”لەگەڵ کچی کوڕەکەت یان کچی کچەکەت جووت مەبە، ئەوە ناموسی تۆیە.

11 «”لەگەڵ کچی ژنی باوکت کە لە باوکتەوە بووە، جووت مەبە، چونکە خوشکتە.

12 «”لەگەڵ خوشکی باوکت جووت مەبە، چونکە پوورتە.

13 «”لەگەڵ خوشکی دایکت جووت مەبە، چونکە پوورتە.

14 «”ناموسی مامت مەبە، لە ژنەکەی نزیک مەکەوە و لەگەڵی جووت مەبە، چونکە مامۆژنتە.

15 «”لەگەڵ بووکەکەت جووت مەبە، ژنی کوڕتە، لەگەڵی جووت مەبە.

16 «”لەگەڵ براژنەکەت جووت مەبە، ئەوە ناموسی براتە.

17 «”لەگەڵ ژنێک و کچەکەی جووت مەبە، لەگەڵ کچی کوڕەکەی یان کچی کچەکەی جووت مەبە، ئەوان نزیکی ژنەکەن و ئەوە ئەوپەڕی بەدڕەوشتییە.

18 «”هیچ ژنێکیش بەسەر خوشکەکەی مەخوازە هەتا ببێت بە هەوێی، هەتا لەگەڵی جووت بیت، کاتێک ژنەکەت لە ژیاندایە.

19 «”لە هیچ ژنێکیش نزیک مەکەوە لە ماوەی گڵاوی خوێنلێچوونی مانگانەی بۆ ئەوەی لەگەڵی جووت بیت.

20 «”لەگەڵ ژنی کەسێکی دیکە جووت مەبە، پێی گڵاو دەبیت.

21 «”منداڵەکانت وەک قوربانی مەسووتێنە بۆ ’مۆلەخ‘[o]، نەوەک ناوی خودای خۆت بزڕێنیت، من یەزدانم.

22 «”لەگەڵ نێرێک جووت مەبە وەک جووتبوونت لەگەڵ ژن، ئەوە قێزەونە.

23 «”لەگەڵ هیچ ئاژەڵێکیش جووت مەبە، پێی گڵاو دەبیت، هیچ ئافرەتێک لەبەردەم ئاژەڵ ئامادە نەبێت بۆ جووتبوون، ئەوە ئەوپەڕی بەدڕەوشتییە.

24 «”بە هیچ یەکێک لەو ڕەفتارانە خۆتان گڵاو مەکەن، چونکە ئەو نەتەوانەی وا من ڕاویان دەنێم لەبەردەمتان بە هەموو ئەمانە گڵاو بوون. 25 تەنانەت خاکەکە گڵاو بوو، منیش سزای تاوانەکەی دەدەم و خاکەکەش دانیشتووانەکەی دەڕشێنێتەوە. 26 بەڵام ئێوە فەرزەکان بەجێدەهێنن و یاساکانم پەیڕەو دەکەن. هیچ کارێک لە هەموو ئەو کردەوە قێزەونانە ناکەن، نە هاوڵاتی و نە ئەو نامۆیەی لەنێوتاندایە. 27 پێش ئێوە خەڵکی خاکەکە هەموو ئەو کردەوە قێزەونانەیان کردووە، هەر بۆیە خاکەکە گڵاو بوو. 28 ئەگەر خاکەکە گڵاو بکەن، ئەوا ئێوەش دەڕشێنێتەوە، وەک چۆن ئەو نەتەوانەی پێش ئێوەی ڕشاندەوە.

29 «”بەڵکو هەرکەسێک کارێک لە هەموو ئەو کردەوە قێزەونانە ئەنجام بدات، ئەو کەسەی ئەوە دەکات لە گەلەکەی دەبڕدرێتەوە. 30 جا فەرزەکانم بەجێبهێنن هەتا هیچ لەو نەریتە قێزەونانە نەکەن و پێی گڵاو نەبن کە پێش ئێوە کراون، من یەزدانی پەروەردگارتانم.“»

یاسا جۆراوجۆرەکان

19 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: «لەگەڵ هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل بدوێ و پێیان بڵێ: ”دەبێت پیرۆز بن، چونکە من پیرۆزم، یەزدانی پەروەردگارتانم.

«”هەر یەکێک لە ئێوە، دەبێت ڕێزی دایک و باوکی خۆی بگرێت و شەممەکانم بپارێزن، من یەزدانی پەروەردگارتانم.

«”ئاوڕ لە بت مەدەنەوە و خوداوەندی لەقاڵبدراو بۆ خۆتان دروستمەکەن، من یەزدانی پەروەردگارتانم.

«”کاتێک قوربانییەکی هاوبەشی بۆ یەزدان سەردەبڕن، با بە شێوەیەک بێت لەبەردەم یەزدان قبوڵ بێت، ئەو ڕۆژەی سەری دەبڕن دەیخۆن لەگەڵ ڕۆژی پاشتر. ئەوەی لێی دەمێنێتەوە بۆ ڕۆژی سێیەم، دەبێت بە ئاگر بسووتێنرێت. ئەگەر لە ڕۆژی سێیەمدا بخورێت، ئەوە گڵاوە و قبوڵ نییە. ئەوەی لێی بخوات ئەوا تاوانی خۆی لە ئەستۆ دەگرێت، چونکە شتێکی پیرۆزی یەزدانی گڵاو کردووە، جا ئەو کەسە لە گەلەکەی دەبڕدرێتەوە.

«”کاتێک دروێنەی زەوییەکانتان دەکەن، لێوارەکانی کێڵگەکەت مەدورەوە، ئەوەی لە دروێنەکە دەکەوێت، هەڵیمەگرەوە، 10 پاشماوەی هێشووە ترێیەکان لە مێوەکەت مەکەرەوە و ئەوەی دەکەوێت هەڵیمەگرەوە، بۆ هەژار و نامۆی بەجێبهێڵە. من یەزدانی پەروەردگارتانم.

11 «”مەدزن.

«”درۆ مەکەن.

«”فێڵ لە یەکتری مەکەن.

12 «”بە درۆ سوێند بە ناوی من مەخۆن، چونکە ناوی خوداکەت دەزڕێنیت، من یەزدانم.

13 «”نزیکەکەت فریومەدە و تاڵانی مەکە.

«”کرێی کرێگرتەش لەلای خۆت بۆ بەیانی مەهێڵەوە.

14 «”نەفرەت لە کەڕ مەکە و کۆسپ مەخەرە بەردەم نابینا، بەڵکو لە خودات بترسە، من یەزدانم.

15 «”لە دادوەریدا ستەم مەکەن، نە لایەنگری هەژار بکەن و نە پشتی کەسی مەزن بگرن، بەڵکو بە دادپەروەری حوکمی بەرامبەرەکەت بدە.

16 «”لەنێوان خەڵکی قسە مەهێنە و مەبە.

«”مەبە هۆی گیان لەدەستدانی نزیکەکەت، من یەزدانم.

17 «”لە دڵەوە ڕقت لە براکەت نەبێتەوە، ڕاشکاوانە دراوسێکەت سەرزەنشت بکە، بۆ ئەوەی بەشداری لە گوناهی نەکەیت.

18 «”تۆڵە مەستێنەوە و قین لە دڵ مەبە بەرامبەر کوڕی گەلەکەت، بەڵکو نزیکەکەت وەک خۆت خۆشبوێت. من یەزدانم.

19 «”فەرزەکانم بەجێبهێنن.

«”دوو جۆری جیا لە ئاژەڵەکانت پێکەوە جووت مەکە.

«”دوو جۆر تۆو لە کێڵگەکەت مەڕوێنە.

«”با جلێکت لەبەر نەبێت کە دوو جۆر بێت.

20 «”ئەگەر پیاوێک لەگەڵ ئافرەتێک جووت بوو، ئەویش کەنیزەیەکی مارەبڕ بوو بۆ پیاوێکی دیکە، بەڵام نەکڕابووەوە و ئازاد نەکرابوو، پێویستە سزایەکی گونجاو بدرێت. کەسیان ناکوژرێت، چونکە ئافرەتەکە ئازاد نەکراوە. 21 دەبێت پیاوەکە قوربانییەک بۆ تاوانەکەی بۆ لای یەزدان بهێنێتە دەروازەی چادری چاوپێکەوتن، بەرانێک وەک قوربانی تاوان. 22 جا کاهینەکە بە بەرانی قوربانی تاوانەکە لەبەردەم یەزدان کەفارەتی بۆ دەکات لە گوناهەکەی کە کردوویەتی، جا لەو گوناهەی کردوویەتی لێخۆشبوونی بۆ دەبێت.

23 «”کاتێک چوونە ناو خاکەکە[p] و هەر دارێکتان بۆ خواردن ڕواند، ئەوا بەرەکەی بە قەدەغەکراو بزانن. سێ ساڵ بۆتان قەدەغەکراوە و لێی ناخورێت، 24 لە ساڵی چوارەمیش هەموو بەروبوومەکەی تەرخانکراو دەبێت بۆ شکۆدارکردنی یەزدان، 25 بەڵام لە ساڵی پێنجەمدا بەرەکەی بخۆن، هەتا داهاتی بۆتان زیاد بکات، من یەزدانی پەروەردگارتانم.

26 «”هەر گۆشتێک بە خوێنەوە بوو مەیخۆن.

«”فاڵ مەگرنەوە و جادووگەری مەکەن.

27 «”لاتەنیشتەکانی سەرتان مەتاشن و دەستکاری دوو لای ڕیشتان مەکەن.

28 «”بۆ مردوو خۆتان بریندار مەکەن، نەخش لە لەشی خۆتان مەکوتن، من یەزدانم.

29 «”کچەکەت سووک مەکە، بەوەی بیکەیت بە لەشفرۆش، نەوەک خاکەکە پڕ بێت لە لەشفرۆشی و بەدڕەوشتی.

30 «”شەممەکانم بپارێزن و ڕێز لە پیرۆزگاکەم بگرن، من یەزدانم.

31 «”مەگەڕێنەوە بۆ لای نێوانگر[q] و بەدوای ڕۆح ئامادەکاردا[r] مەگەڕێن، پێیان گڵاو دەبن، من یەزدانی پەروەردگارتانم.

32 «”لەبەر ڕیش سپی هەستە و ڕێزی پیر بگرە و لە خودات بترسە، من یەزدانم.

33 «”ئەگەر نامۆیەک هاتە خاکەکەتان، ستەمی لێ مەکەن، 34 وەک هاوڵاتییەک ڕەفتاری لەگەڵ بکەن، وەک خۆتت خۆشبوێت، چونکە ئێوەش لە خاکی میسر نامۆ بوون، من یەزدانی پەروەردگارتانم.

35 «”ساختەکاری مەکەن، نە لە ئەندازەی پێوانە و نە لە کێش و نە لە بڕ، 36 دەبێت تەرازووی ڕاست و کێشانەی ڕاست و ئێفەی[s] ڕاست و هەینی[t] ڕاستتان هەبێت، من یەزدانی پەروەردگارتانم کە لە خاکی میسر دەریهێنان.

37 «”هەموو فەرزەکانم بەجێبهێنن و یاساکانم پەیڕەو بکەن و جێبەجێیان بکەن، من یەزدانم.“»

سزادان بۆ گوناه

20 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: «بە نەوەی ئیسرائیل بڵێ: ”هەرکەسێک لە نەوەی ئیسرائیل و لەو نامۆیانەی لە ئیسرائیلن، ئەگەر لە منداڵەکانی بە مۆلەخی[u] بەخشی، دەبێت بکوژرێت. دەبێت خەڵکی ناوچەکە بەردبارانی بکەن. منیش ڕووم لەو کەسە وەردەگێڕم و لە گەلەکەی ڕیشەکێشی دەکەم، چونکە لە منداڵەکانی خۆی بە مۆلەخی بەخشی، بۆ ئەوەی پیرۆزگاکەم گڵاو بکات و ناوی پیرۆزم بزڕێنێت. ئەگەر خەڵکی ناوچەکە چاوپۆشییان لەو کەسە کرد، کاتێک یەکێک لە منداڵەکانی خۆی بە مۆلەخ بەخشی، ئینجا نەیانکوشت، ئەوا من ڕووی خۆم لەو کەسە و لە ماڵەکەی وەردەگێڕم و خۆی و هەموو ئەو بەدکارانەی بەدوایەوە لەشفرۆشییان کردووە بەدوای مۆلەخدا، لەنێو گەلەکەیان دەیانبڕمەوە.

«”من ڕووم لەو کەسە وەردەگێڕم کە دەگەڕێتەوە بۆ لای نێوانگر[v] و ڕۆح ئامادەکار هەتا بەدوایاندا لەشفرۆشی بکات، ئەوا من ئەو کەسە لە گەلەکەی ڕیشەکێش دەکەم.

«”خۆتان تەرخان بکەن و پیرۆز بن، چونکە من یەزدانی پەروەردگارتانم، فەرزەکانم بەجێبهێنن و جێبەجێیان بکەن، من یەزدانم کە پیرۆزتان دەکات.

«”هەرکەسێک نەفرەت لە باوکی یان دایکی بکات، دەبێت بکوژرێت، نەفرەتی لە باوکی یان دایکی کردووە، خوێنی لە ئەستۆی خۆیەتی.

10 «”ئەگەر پیاوێک داوێنپیسی لەگەڵ ژنی کەسێکی دیکەدا کرد، کە ژنی نزیکەکەیەتی، ئەوا پیاوەکە و ژنەکەش دەبێت بکوژرێن.

11 «”ئەگەر پیاوێک لەگەڵ باوەژنی خۆی جووت بوو، ئەوا ناموسی باوکی بردووە، هەردووکیان دەبێت بکوژرێن، خوێنیان لە ئەستۆی خۆیانە.

12 «”ئەگەر پیاوێک لەگەڵ ژنی کوڕەکەی جووت بوو، ئەوا هەردووکیان دەبێت بکوژرێن، ئەوپەڕی بەدڕەوشتییان کردووە، خوێنیان لە ئەستۆی خۆیانە.

13 «”ئەگەر پیاوێک وەک ژن لەگەڵ نێرێک ڕاکشا بوو، ئەوا هەردووکیان شتێکی قێزەونیان کردووە و دەبێت بکوژرێن، خوێنیان لە ئەستۆی خۆیانە.

14 «”ئەگەر پیاوێک ئافرەتێک لەگەڵ دایکەکەی بخوازێت، ئەوە بەدکارییە، پیاوەکە و هەردوو ژنەکە دەبێت بە ئاگر بسووتێنرێن، هەتا بەدکاری لەنێوتاندا نەبێت.

15 «”ئەگەر پیاوێک لەگەڵ ئاژەڵێکدا جووت بوو، دەبێت پیاوەکە بکوژرێت و ئاژەڵەکەش بکوژرێت.

16 «”ئەگەر ئافرەتێک لە ئاژەڵێک نزیک بووەوە بۆ جووتبوون، ئەوا ئافرەتەکە و ئاژەڵەکەش بکوژن، خوێنیان لە ئەستۆی خۆیانە.

17 «”ئەگەر پیاوێک خوشکی خۆی هێنا، کچی باوکی یان کچی دایکی و لەگەڵ یەک جووت بوون، ئەوا ڕیسواییە، دەبێت لەبەرچاوی گەلەکەیان ببڕدرێتەوە، ناموسی خوشکی خۆی بردووە، تاوانی خۆی لە ئەستۆ دەگرێت.

18 «”ئەگەر پیاوێک لەگەڵ ژنێک جووت بوو لە ڕۆژانی خوێنلێچوونی مانگانەی، ئەوا دەبێت هەردووکیان لە گەلەکەیان ببڕدرێنەوە، چونکە پیاوەکە خوێنلێچوونی ئافرەتەکەی ئاشکرا کردووە و ئافرەتەکەش خوێنلێچوونی خۆی ئاشکرا کردووە.

19 «”لەگەڵ خوشکی باوکت یان خوشکی دایکت جووت مەبە، ئەوەی وا بکات، ئەوا هەردووکیان تاوانی خۆیان لە ئەستۆ دەگرن، چونکە ناموسی کەسوکاری خۆی بردووە.

20 «”ئەگەر پیاوێک لەگەڵ مامۆژنی خۆی جووت بوو، ئەوا ناموسی مامی خۆی بردووە، هەردووکیان تاوانیان لە ئەستۆ دەبێت، دەبێت بە وەجاخکوێری بمرن.

21 «”ئەگەر پیاوێک براژنی خۆی هێنا ئەوا گڵاوییە، ناموسی براکەی بردووە، دەبێت هەردووکیان وەجاخکوێر بن.

22 «”هەموو فەرزەکانم بەجێبهێنن و یاساکانم پەیڕەو بکەن و جێبەجێیان بکەن، بۆ ئەوەی ئەو خاکە نەتانڕشێنێتەوە کە بۆ نیشتەجێبوون دەتانهێنمە ناوی. 23 بە ڕێی نەریتی ئەو نەتەوانەدا مەڕۆن کە من لەپێشتانەوە دەریاندەکەم، چونکە هەموو ئەم شتانەیان کرد، جا ڕقم لێیان بووەوە. 24 بەڵام بە ئێوەم فەرموو کە دەبنە خاوەنی خاکەکەیان، من دەیدەمە ئێوە هەتا ببنە میراتگری، خاکێک شیر و هەنگوینی لێ بڕژێت، من یەزدانی پەروەردگارتانم کە لەنێو گەلان جیای کردنەوە.

25 «”لەبەر ئەوە ئێوەش ئاژەڵی پاک و گڵاو لە یەکتر جیا بکەنەوە، هەروەها باڵندەی گڵاو و پاکیش، جا خۆتان گڵاو مەکەن بە ئاژەڵ و باڵندە و هەموو ئەوەی لەسەر زەوی دەخشێت، لەوانەی بۆم جیا کردنەوە، گوتم، گڵاون. 26 دەبێت بۆ من پیرۆز بن، چونکە من پیرۆزم، من یەزدانم، ئێوەم لەنێو گەلان جیا کردەوە هەتا بۆ من بن.

27 «”ئەگەر پیاوێک یان ئافرەتێک نێوانگر یان ڕۆح ئامادەکار بوو، دەبێت بکوژرێت، بەردبارانیان بکەن، خوێنیان لە ئەستۆی خۆیانە.“»

ڕێساکان بۆ کاهین

21 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: «لەگەڵ کاهینەکان بدوێ کە نەوەی هارونن و پێیان بڵێ: ”نابێت بەپێی ڕێوڕەسم کەستان بە مردووێکی هۆزەکەی خۆی گڵاو بکات، تەنها بۆ ئەوانە نەبێت کە زۆر نزیکن لێی، دایکی و باوکی و کوڕی و کچی و برای و خوشکە پاکیزەکەی کە لێی نزیکە، ئەوەی شووی نەکردووە، دەشێت لە پێناویدا گڵاو بێت. نابێت خۆی گڵاو بکات بەوانەی لە ڕێگەی ژنهێنانەوە بوونەتە خزمی ئەو.

«”کاهینەکان نابێت سەریان سفر بکەن و هەردوو لای ڕیشیان بتاشن و خۆیان بریندار بکەن. دەبێت بۆ خوداکەیان پیرۆز بن و ناوی خودایان نەزڕێنن، چونکە قوربانییە بە ئاگرەکان وەک نانی خودایان بۆ یەزدان پێشکەش دەکەن، جا دەبێت پیرۆز بن.

«”نابێت کاهینەکان ئافرەتی لەشفرۆشی بێ ئابڕوو[w] و تەڵاقدراو بخوازن، چونکە کاهین پیرۆزکراوە بۆ خوداکەی، جا بە پیرۆزی دابنێن، چونکە نانی خوداتان پێشکەش دەکات، پیرۆزکراو دەبێت لەلاتان، چونکە من پیرۆزم. من یەزدانم ئەوەی پیرۆزتان دەکات.

«”ئەگەر کچی کاهین بە لەشفرۆشی گڵاو بوو، ئەوا باوکی گڵاو کردووە، دەبێت کچەکە بە ئاگر بسووتێنرێت.

10 «”سەرۆکی کاهینان، ئەوەی لەنێو براکانی زەیتی دەستنیشانکردنی بە سەریدا کراوە و ئەرک پێ سپێردراوە بۆ لەبەرکردنی جلەکانی کاهینیێتی، پێویستە سەری ڕووت نەکات و جلەکانی لەبەر خۆی دانەدڕێت. 11 پێویستە نەیەتە ئەو شوێنەی لاشەی مردووی لێیە، نابێت خۆی بۆ دایک و باوکیشی گڵاو بکات. 12 نابێت لە پیرۆزگا دەربچێت، نەوەک پیرۆزگای خوداکەی گڵاو بکات، چونکە بە زەیتی دەستنیشانکردنی خودا نەزرکراوە، من یەزدانم.

13 «”ئەم دەبێت کچێکی پاکیزە بخوازێت. 14 نابێت بێوەژن و تەڵاقدراو و بێ ئابڕووی لەشفرۆش بخوازێت، بەڵکو دەبێت کچێکی پاکیزە لە خزمەکانی بخوازێت، 15 بۆ ئەوەی وەچەکەی لەنێو گەلەکەی گڵاو ناکات. من یەزدانم، ئەوم پیرۆز کردووە.“»

16 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: 17 «لەگەڵ هارون بدوێ و بڵێ: ”ئەگەر پیاوێک لە وەچەی تۆ لە نەوەکانیان کەموکوڕییەکی تێدابوو، با نەیەتە پێشەوە بۆ پێشکەشکردنی نانی خوداکەی. 18 هەر پیاوێک کەموکوڕی تێدابێت، نابێت بێتە پێشەوە، نە پیاوی نابینا و نە شەل و نە دەموچاو خوار و نە شێوە تێکچوو، 19 نە پیاوی پێ شکاو یان دەست شکاو، 20 نە قەمبوور، نە کورتەباڵا، نە ئەوەی کە کەموکوڕی لە چاویدا هەیە، نە زام و برینێکی بەردەوام، نە گونی قۆڕ بێت. 21 هەر پیاوێک لە نەوەی هارونی کاهین کەموکوڕی تێدابێت، نابێت بێتە پێشەوە بۆ پێشکەشکردنی قوربانییە بە ئاگرەکان بۆ یەزدان؛ لەبەر ئەوەی کەموکوڕی تێدایە، پێویستە نەیەتە پێشەوە بۆ پێشکەشکردنی نانی خوداکەی. 22 دەتوانێت لە نانی خوداکەی بخوات، لە پێشکەشکراوە پیرۆزەکە و لە خواردنە هەرەپیرۆزەکانیش؛ 23 بەڵام نابێت بێتە لای پەردەکە و لە قوربانگاکەش نزیک بکەوێتەوە، چونکە کەموکوڕی تێدایە، نەوەک پیرۆزگام گڵاو بکات، چونکە من یەزدانم، کە پیرۆزیان دەکەم.“»

24 ئینجا موسا لەگەڵ هارون و کوڕەکانی و هەموو نەوەی ئیسرائیلدا دوا.

22 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: «بە هارون و کوڕەکانی بڵێ: ”با ئاگاداری خۆیان بن لە قوربانییە پیرۆزەکانی نەوەی ئیسرائیل و ناوی پیرۆزی من نەزڕێنن، ئەوانەی بۆ منی تەرخان دەکەن، من یەزدانم.“

«پێیان بڵێ: ”لە نەوەکانتان هەرکەسێک لە هەموو وەچەکانتان ئەگەر بەپێی ڕێوڕەسم گڵاو بێت و لە قوربانییە پیرۆزەکان نزیک بووەوە کە نەوەی ئیسرائیل بۆ یەزدانی تەرخان دەکەن، ئەوا ئەو کەسە لەبەردەمم دەبڕدرێتەوە. من یەزدانم.

«”هەرکەسێک لە نەوەی هارون کە نەخۆشی گواستراوەی پێست یان لێچوونی هەبێت، هەتا پاک دەبێتەوە لە قوربانییە پیرۆزەکان نەخوات. هەر یەکێکیش دەست لە شتێکی گڵاوی مردووێک بدات، یان کەسێک تۆوی لێچووبوو، یان دەستی لە خشۆکێک دابێت کە پێی گڵاو بێت، یان لە مرۆڤێک کە پێی گڵاو بێت لەبەر هەر گڵاوییەک کە هەیەتی، ئەوەی دەست لە هەریەک لەو شتانە بدات ئەوا هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت و نابێت لە قوربانییە پیرۆزەکان بخوات هەتا خۆی بە ئاو نەشوات. کاتێک خۆر ئاوا دەبێت، پاک دەبێتەوە و پاشان لە قوربانییە پیرۆزەکان بخوات، چونکە خۆراکی ئەوە. نابێت ئاژەڵی مردار و نێچیر بخوات، چونکە پێی گڵاو دەبێت. من یەزدانم.

«”کاهینەکان دەبێت خواستەکانم بپارێزن، نەوەک گوناهێک هەڵبگرن کە پێی بمرن، ئەگەر بە سووکی ڕەفتاری لەگەڵ بکەن. من یەزدانم کە پیرۆزیان دەکەم.

10 «”نابێت کەس لە قوربانی پیرۆزکراو بخوات جگە لە کەسوکاری کاهینەکە. میوان و کرێگرتەی کاهینیش نابێت لە قوربانی پیرۆزکراو بخۆن، 11 بەڵام ئەگەر کاهین کۆیلەیەکی بە زیو کڕی، یان کۆیلەیەک لە ماڵەکەی لە دایک بێت، ئەوا ئەو کۆیلەیە دەتوانێت لێی بخوات، ئەوان لە خۆراکەکەی دەخۆن. 12 ئەگەر کچی کاهین شووی بە پیاوێکی جگە لە کاهین کرد، ئەوا نابێت لە بەخشینە پیرۆزەکان بخوات. 13 بەڵام ئەگەر کچی کاهین بوو بە بێوەژن یان تەڵاق درا و هیچ وەچەی نەبوو و هاتەوە ماڵی باوکی، وەک کاتی کچێنی، ئەوا دەتوانێت لە خۆراکی باوکی بخوات. بەڵام نابێت کەسێکی دیکە لێی بخوات، جگە لە کەسوکاری کاهینەکە.

14 «”ئەگەر کەسێک بە هەڵە قوربانییەکی پێشکەشکراوی خوارد، ئەوا دەبێت پێنجیەکی زیاد بخاتە سەر و قوربانییە پیرۆزەکە بداتە کاهینەکە. 15 کاهینەکان نابێت قوربانییە پیرۆزەکانی نەوەی ئیسرائیل گڵاو بکەن کە لەبەردەم یەزدان دایدەنێن، 16 ئەگەر ڕێیان پێبدەن قوربانییە پیرۆزەکانیان بخۆن ئەوا گوناهیان دەخەنە ئەستۆ، چونکە من یەزدانم کە پیرۆزیان دەکەم.“»

قوربانی قبوڵ نەکراو

17 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: 18 «لەگەڵ هارون و کوڕەکانی و هەموو نەوەی ئیسرائیل بدوێ و پێیان بڵێ: ”ئەگەر هەر یەکێکتان، ئیسرائیلی بێت یان بیانییەک کە لە ئیسرائیل نیشتەجێیە، بەخشینێک پێشکەش بە یەزدان بکات وەک قوربانی سووتاندن بۆ ئەنجامدانی نەزر یان بەخشینێک کە بە خواستی خۆی بێت، 19 بۆ ئەوەی لێتان وەربگیرێت، دەبێت نێرێکی ساغ بێت، لە گاگەل یان ماڵات. 20 هەرچییەک کەموکوڕی تێدابێت پێشکەشی مەکەن، چونکە لێتان وەرناگیرێت. 21 ئەگەر کەسێک قوربانی هاوبەشی پێشکەشی یەزدان کرد، بۆ بەجێهێنانی نەزرێکی تایبەت یان بەخشینێکی بە خواستی خۆی، لە گاگەل یان لە مێگەل، دەبێت ساغ بێت بۆ ئەوەی قبوڵ بکرێت. نابێت هیچ کەموکوڕییەکی تێدابێت. 22 کوێر و بریندار و پەلشکاو و بالوکەدار و گەڕ و زامداری بەردەوام، ئەمانە پێشکەش بە یەزدان مەکەن و لێیان مەکەن بە قوربانی بە ئاگر لەسەر قوربانگاکەی یەزدان. 23 بەڵام گا[x] و بەرانی شێوە تێکچوو و کورتەباڵا دەتوانیت بکەیت بە بەخشینێک بە خواستی خۆت، بەڵام بۆ تەواوبوونی نەزر قبوڵ نابێت. 24 پێویستە ئاژەڵێک نەکەنە قوربانی بۆ یەزدان کە گونی قۆڕ بێت یان خەسابێت یان گونی لێکرابێتەوە یانیش بڕا بێت، لە خاکەکەشتان مەیکەن. 25 لە هەموو ئەمانەش پێویست ناکات بە هەر ئاژەڵێکی دەستی بیانی ڕازی ببن و پێشکەشیان بکەن وەک خواردنی خوداتان. لێتان وەرناگیرێت چونکە ئەو ئاژەڵانە ناتەواون و کەموکوڕییان تێدایە.“»

26 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: 27 «کاتێک گوێرەکەیەک یان بەرخێک یان گیسکێک لەدایک دەبێت، ئەوا حەوت ڕۆژ لەژێر دایکی دەبێت و لە ڕۆژی هەشتەم بەدواوە، وەک قوربانی بە ئاگر بۆ یەزدان قبوڵ دەبێت. 28 مانگا و مەڕیش لە یەک ڕۆژدا لەگەڵ بەچکەکەی سەرمەبڕن.

29 «کاتێک قوربانی سوپاسگوزاریتان بۆ یەزدان سەربڕی، بە شێوەیەک سەری ببڕن کە لێتان وەربگیرێت، 30 دەبێت لەو ڕۆژەدا بخورێت، بۆ بەیانی لێی مەهێڵنەوە، من یەزدانم.

31 «”فەرمانەکانم بپارێزن و جێبەجێیان بکەن، من یەزدانم. 32 ناوی پیرۆزیشم مەزڕێنن، دەبێت نەوەی ئیسرائیل دان بە پیرۆزی مندا بنێن. من یەزدانم کە پیرۆزیان دەکەم، 33 ئەوەی لە خاکی میسر دەریهێنان، تاکو ببێتە خوداتان، من یەزدانم.“»

23 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: «لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و پێیان بڵێ: ”ئەمانە جەژنەکانی منن، جەژنەکانی یەزدان کە تێیدا بانگەوازی کۆبوونەوەی پیرۆزبوون[y] دەکەن.

شەممە

«”شەش ڕۆژ کار بکەن بەڵام ڕۆژی حەوتەم شەممەیە، پشوودانە و کۆبوونەوەی پیرۆزبوونە، هیچ کارێک مەکەن، لە هەموو نشینگەکانتان شەممەیە بۆ یەزدان.

جەژنی پەسخە و جەژنی فەتیرە

«”ئەمانە جەژنەکانی یەزدانن، کۆبوونەوەی پیرۆزبوونەکان کە دەبێت لە کاتی خۆیدا بانگەوازی بۆ بکەن. لە ئێوارەوە لە چواردەی مانگی یەک، جەژنی پەسخە بۆ یەزدان دەستپێدەکات. لە ڕۆژی پازدەی ئەم مانگەدا جەژنی فەتیرە بۆ یەزدان دەستپێدەکات، دەبێت حەوت ڕۆژ نانی فەتیرە[z] بخۆن. لە ڕۆژی یەکەم کۆبوونەوەی پیرۆزبوون ببەستن، هیچ کارێکی ئاسایی مەکەن. حەوت ڕۆژ قوربانی بە ئاگر بۆ یەزدان پێشکەش بکەن، لە ڕۆژی حەوتەمیشدا کۆبوونەوەی پیرۆزبوون ببەستن، هیچ کارێکی ئاسایی مەکەن.“»

یەکەمین بەرهەم

هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: 10 «لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و پێیان بڵێ: ”کاتێک هاتنە ئەو خاکەی من پێتانی دەدەم و دەغڵتان دورییەوە، ئەوا یەکەم مەلوی[aa] دروێنەتان بۆ کاهین بهێنن. 11 ئەویش دەبێت مەلوەکە لەبەردەم یەزدان بەرز بکاتەوە، بۆ ئەوەی لێتان وەربگیرێت، ڕۆژی پاش شەممە کاهین دەبێت بەرزی بکاتەوە. 12 لە ڕۆژی بەرزکردنەوەی مەلوەکە، بەرخێکی ساغی یەک ساڵە بکەنە قوربانی سووتاندن بۆ یەزدان، 13 پێشکەشکراوی دانەوێڵەشی دوو دەیەکی ئێفەیەک[ab] لە باشترین ئاردی بە زەیت شێلراو بکە بە قوربانی بە ئاگر بۆ یەزدان، ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە، شەرابە پێشکەشکراوەکەشی، چارەکە هەینێک[ac] شەرابە. 14 نان و قەرەخەرمان و گەنمی تازە مەخۆن، هەتا ئەو ڕۆژەی قوربانییەکەی خوداتان دەهێنن، فەرزێکی هەتاهەتاییە لە نەوەکانی ئێوە لە هەموو نشینگەکانتان.

جەژنی هەفتەکان[ad]

15 «”ئینجا لە ڕۆژی دوای شەممەوە، لەو ڕۆژەوەی کە مەلوەکە وەک قوربانی بەرزکردنەوە دەهێنن، حەوت هەفتەی تەواو بژمێرن، 16 هەتا ڕۆژی دوای شەممەی حەوتەم بژمێرن کە پەنجا ڕۆژە، ئینجا پێشکەشکراوێکی دانەوێڵەی نوێ بۆ یەزدان پێشکەش بکەن. 17 لە نشینگەکانتانەوە دوو نانی وەک قوربانی بەرزکردنەوە بهێنن، لە دوو دەیەکی ئێفەیەک لە باشترین ئارد بێت و بە هەویرترشەوە کرابنە نان، یەکەمین بەرهەمە بۆ یەزدان. 18 لەگەڵ نانەکان حەوت بەرخی نێری یەک ساڵەی ساغ و جوانەگایەک[ae] و دوو بەران بکەنە قوربانی سووتاندن بۆ یەزدان. لەگەڵ پێشکەشکراوە دانەوێڵەکەیان و شەرابە پێشکەشکراوەکەیان، قوربانی بە ئاگرە، ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە. 19 گیسکێکی نێرینەش بکەنە قوربانی گوناه و دوو بەرخی یەک ساڵەش بکەنە قوربانی هاوبەشی. 20 جا کاهینەکە دەبێت دوو بەرخەکە لەگەڵ نانی یەکەمین بەرهەمەکە لەبەردەم یەزدان بەرز بکاتەوە. ئەمانە پێشکەشکراوێکی پیرۆزن بۆ یەزدان، جا دەبێت بۆ کاهینەکە بن. 21 لە هەمان ئەو ڕۆژەدا بانگەواز بکەن و کۆبوونەوەی پیرۆزبوونە بۆتان، هیچ کارێکی ئاسایی مەکەن، فەرزێکی هەتاهەتاییە لە هەموو نشینگەکانتان لە نەوەکانتان.

22 «”کاتێک دروێنەی زەوییەکانتان دەکەن، لێوارەکانی کێڵگەکەت مەدورەوە، ئەوەی لە دروێنەکە دەکەوێت، هەڵیمەگرەوە، بۆ هەژار و نامۆ بەجێی بهێڵە، من یەزدانی پەروەردگارتانم.“»

ڕۆژی دەنگی کەڕەنا

23 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: 24 «لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و بڵێ: ”یەکەم ڕۆژی مانگی حەوت دەبێت پشوو بێت بۆتان، یادی دەنگی کەڕەنایە، کۆبوونەوەی پیرۆزبوونە. 25 هیچ کارێکی ئاسایی مەکەن، بەڵام قوربانی بە ئاگر بۆ یەزدان پێشکەش بکەن.“»

ڕۆژی کەفارەت

26 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: 27 «بەڵام ڕۆژی دەیەمی ئەم مانگی حەوتە، ڕۆژی کەفارەتە، کۆبوونەوەی پیرۆزبوون ببەستن، گیانی خۆتان زەلیل[af] بکەن و قوربانی بە ئاگر بۆ یەزدان پێشکەش بکەن. 28 لەو ڕۆژەدا هیچ کارێک مەکەن، چونکە ڕۆژی کەفارەتە بۆ کەفارەتکردن بۆتان لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارتان. 29 هەرکەسێک لەم ڕۆژەدا خۆی زەلیل نەکات لە گەلەکەی دەبڕدرێتەوە، 30 هەرکەسێکیش لەم ڕۆژەدا هەر کارێک بکات، ئەوا ئەو کەسە لەنێو گەلەکەی لەناودەبەم. 31 هیچ کارێک مەکەن، فەرزێکی هەتاهەتاییە لە نەوەکانتان لە هەموو نشینگەکانتان. 32 شەممەیە، پشووە بۆتان، دەبێت گیانی خۆتان زەلیل بکەن. دەبێت لە کاتی ئێوارەی نۆی مانگدا هەتا ئێوارەی دواتر پشوودانی شەممەتان بێت.»

جەژنی کەپرەشینە

33 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: 34 «لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و بڵێ: ”لە ڕۆژی پازدەیەمی ئەم مانگی حەوتە، حەوت ڕۆژ جەژنی کەپرەشینەیە بۆ یەزدان. 35 لە ڕۆژی یەکەمدا کۆبوونەوەی پیرۆزبوونە، هیچ کارێکی ئاسایی مەکەن، 36 حەوت ڕۆژ قوربانی بە ئاگر بۆ یەزدان پێشکەش بکەن. لە ڕۆژی هەشتەمدا کۆبوونەوەی پیرۆزبوون ببەستن و قوربانی بە ئاگر بۆ یەزدان پێشکەش بکەن، ئاهەنگی کۆتایی پێهێنانە، هیچ کارێکی ئاسایی مەکەن.

37 «”دەبێت لە جەژنەکانتان ئەمانە پێشکەشی یەزدان بکەن کە تێیدا بانگەوازی کۆبوونەوەی پیرۆزبوون دەکەن، بۆ پێشکەشکردنی قوربانی بە ئاگر بۆ یەزدان، قوربانی سووتاندن و پێشکەشکراوی دانەوێڵە و قوربانی سەربڕاو و شەرابی پێشکەشکراو، هەر ڕۆژەو هی خۆی. 38 جیا لە شەممەکانی یەزدان و جیا لە دیارییەکانتان و هەموو نەزرەکانتان و هەموو بەخشینە ئازادەکانتان کە بە یەزدانی دەدەن.

39 «”ڕۆژی پازدەی مانگی حەوت، پاش ئەوەی بەروبوومی زەوییەکەتان کۆکردەوە، حەوت ڕۆژ جەژن بۆ یەزدان بگێڕن، لە ڕۆژی یەکەمدا شەممەیە و لە ڕۆژی هەشتەمیشدا شەممەیە. 40 لە ڕۆژی یەکەمدا بەروبوومی دارەکانی میوە و پەلکی دار خورما و لقەداری پڕ گەڵا و شۆڕەبی ناو چەمەکان بۆ خۆتان ببەن و حەوت ڕۆژ لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارتان خۆشی بگێڕن. 41 حەوت ڕۆژ لە ساڵێکدا بۆ یەزدان بکەن بە جەژن، فەرزێکی هەتاهەتاییە لە نەوەکانتان، لە مانگی حەوت بیکەن بە جەژن. 42 حەوت ڕۆژ لە کەپردا نیشتەجێ بن، هەموو هاوڵاتییەکانی ئیسرائیل دەبێت لە کەپردا نیشتەجێ بن، 43 بۆ ئەوەی نەوەکانتان بزانن کە من نەوەی ئیسرائیلم لە کەپردا نیشتەجێ کرد، کاتێک لە خاکی میسرم دەرهێنان، من یەزدانی پەروەردگارتانم.“»

44 جا موسا سەبارەت بە جەژنەکانی یەزدان بە نەوەی ئیسرائیلی ڕاگەیاند.

ڕێکخستنی زەیت و نان لەبەردەم یەزدان

24 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: «فەرمان بە نەوەی ئیسرائیل بکە با زەیتی زەیتوونی سادە و گوشراوت بۆ ڕووناکی بۆ بهێنن، هەتا چرا بەردەوام داگیرساو بێت. لەناو چادری چاوپێکەوتن، لە دەرەوەی پەردەی شوێنی هەرەپیرۆز، هارون لە ئێوارەوە هەتا بەیانی بە بەردەوامی چرادانەکە لەبەردەم یەزدان ڕێک دەخات. فەرزێکی هەتاهەتاییە لە نەوەکانتان. چراکە لەسەر چرادانەکەی کە لە زێڕی بێگەردە پێویستە بە بەردەوامی لەبەردەم یەزدان ڕێکبخرێت.

«باشترین ئاردیش دەبەیت و دەیکەیتە دوازدە کولێرە، بۆ هەر کولێرەیەک دوو دەیەکی ئێفەیەک[ag] بەکاردەهێنیت، دەیانکەیت بە دوو ڕیز، هەر ڕیزە و شەش نان، لەسەر مێزە زێڕینە بێگەردەکە لەبەردەم یەزدان. لەسەر هەر ڕیزێکیش بخووری سادەی بێگەرد دادەنێیت، جا بۆ نانەکە دەبێتە یادەوەری قوربانی بە ئاگر بۆ یەزدان. ئەم نانەش بە بەردەوامی هەموو ڕۆژێکی شەممە لەبەردەم یەزدان ڕێکدەخرێت، پەیمانێکی هەتاهەتاییە لە پێناو نەوەی ئیسرائیل. ئەمە بۆ هارون و کوڕەکانی دەبێت و لە شوێنێکی پیرۆز دەیخۆن، چونکە هەرەپیرۆزە لە قوربانییە بە ئاگرەکان بۆ یەزدان، بەشێکی چەسپاوە.»

بەردبارانی نەفرەتکەرێک

10 کوڕێک کە دایکی ئیسرائیلی و باوکی میسری بوو چووە نێو نەوەی ئیسرائیل و لە ئۆردوگاکە لەگەڵ پیاوێکی ئیسرائیلی بووە شەڕیان. 11 کوڕی ژنە ئیسرائیلییەکە کفر و نەفرەتی سەبارەت بە ناوی یەزدان کرد، هێنایانە لای موسا، دایکیشی ناوی شەلۆمیتی کچی دبری بوو، لە هۆزی دان. 12 لە شوێنێکیان دانا لەژێر چاودێری پاسەوان، هەتا بڕیاری یەزدانیان پێ ڕابگەیەنرێت.

13 جا یەزدان بە موسای فەرموو: 14 «ئەوەی نەفرەتی کردووە، بیبە دەرەوەی ئۆردوگاکە، هەموو ئەوانەی گوێیان لێی بوو دەستیان لەسەر سەری دادەنێن و هەموو کۆمەڵەکە بەردبارانی دەکەن. 15 لەگەڵ نەوەی ئیسرائیلیش بدوێ و بڵێ: ”ئەوەی نەفرەت لە خودای خۆی بکات، ئەوا تاوانی لە ئەستۆی خۆی دەبێت. 16 ئەوەی کفر سەبارەت بە ناوی یەزدان بکات، ئەوا دەکوژرێت، هەموو کۆمەڵەکە بەردبارانی دەکەن، بیانی و هاوڵاتی وەک یەک، کاتێک کفر سەبارەت بە ناوی یەزدان بکات، دەکوژرێت.

17 «”ئەگەر کەسێک کەسێکی کوشت ئەوا دەکوژرێت. 18 ئەوەی ئاژەڵی کەسێکی دیکە بکوژێت، ئەوا قەرەبووی دەکاتەوە، گیان بە گیان. 19 ئەگەر یەکێک شتێکی لە کەسێک کرد، چی کردووە ئاوای لێ دەکرێتەوە، 20 شکان بە شکان و چاو بە چاو و ددان بە ددان، چی لەو کەسە کردووە ئاوای لێ دەکرێتەوە. 21 ئەوەی ئاژەڵێک بکوژێت، قەرەبووی دەکاتەوە، بەڵام ئەوەی کەسێک بکوژێت دەکوژرێتەوە. 22 یەک یاساتان دەبێت، بیانی وەک هاوڵاتی دەبێت، من یەزدانی پەروەردگارتانم.“»

23 جا موسا بە نەوەی ئیسرائیلی گوت، ئەوەی نەفرەتی کردووە، بیبەنە دەرەوەی ئۆردوگاکە و بەردبارانی بکەن. نەوەی ئیسرائیلیش ئاوایان کرد، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.

ساڵی پشوو

25 هەروەها یەزدان لە شاخی سینا بە موسای فەرموو: «لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و پێیان بڵێ: ”کاتێک هاتنە ئەو خاکەی من پێتان دەدەم، ئەوا پشوو دەدەن بە خاکەکە، شەممەیە بۆ یەزدان. شەش ساڵ کێڵگەکەت دەڕوێنیت و شەش ساڵ ڕەزەکەت پەرچ دەکەیت و بەروبوومی کۆدەکەیتەوە. بەڵام لە ساڵی حەوتەم دەبێتە پشووی خاک، شەممەیە بۆ یەزدان، کێڵگەکەت مەڕوێنە و ڕەزەکەت پەرچ مەکە. ئەوەی لە دروێنە لێت کەوتووە و ئێستا ڕواوەتەوە، دروێنەی مەکە، ترێی ڕەزەکەشت، هی ئەو لقانەی پەرچ نەکراون، لێ مەکەرەوە. ساڵی پشوودان دەبێت بۆ خاکەکە. هەر شتێک خاکەکە لە ساڵی پشوودا بە خۆڕستی بەرهەمی دەهێنێت، ئەوا دەبێتە خۆراکتان، بۆ تۆ و کۆیلەکەت و کەنیزەکەت یان کرێگرتەکەت و نیشتەجێی کاتی کە لەلای تۆ دەژیێت، هەروەها بۆ ئاژەڵە ماڵییەکانت و بۆ ئەو ئاژەڵە کێوییە دەبێت کە لە خاکەکەتە. هەموو بەروبوومی خاکەکە دەبێتە خۆراک.

ساڵی پەنجایەمین ساڵی یۆبیلە

«”حەوت پشووی ساڵانە بۆ خۆت دەژمێریت، حەوت جار حەوت ساڵ، جا ڕۆژانی حەوت پشووە ساڵانەکە بۆ تۆ دەبێتە چل و نۆ ساڵ، ئینجا لە ڕۆژی دەی مانگی حەوت، کەڕەنا لێ دەدەیت لە ڕۆژی کەفارەت، کەڕەنا بە هەموو خاکەکەتان دەگێڕن. 10 ساڵی پەنجایەمین تەرخان دەکەن و بانگەوازی ئازادکردن لە زەوییەکەدا ڕادەگەیەنن بۆ هەموو دانیشتووانەکەی، بۆتان دەبێتە یۆبیل[ah] و هەریەکە و بۆ موڵکی خۆی دەگەڕێتەوە و هەریەکە و بۆ خێڵەکەی خۆی دەگەڕێتەوە. 11 ساڵی پەنجایەمین یۆبیل، ناڕوێنن و ئەوەی خۆڕسکە نایدروونەوە و ڕەزی پەرچ نەکراو ناڕنن. 12 ئەوە یۆبیلە و پیرۆز دەبێت بۆتان، ئەو ساڵە تەنها ئەوە بخۆن کە ڕاستەوخۆ لە کێڵگەوە دەستتان دەکەوێت.

13 «”لەم ساڵی یۆبیلە هەرکەسە دەگەڕێتەوە سەر موڵکی خۆی.

14 «”جا کاتێک زەوی و زارت بە هاونیشتیمانیت فرۆشت یان لێت کڕی، با کەستان ستەم لەوی دیکەتان نەکات. 15 بەگوێرەی ژمارەی ساڵەکانی دوای یۆبیل لە هاونیشتیمانییەکەت دەکڕیت و بەگوێرەی ساڵەکانی کە ماوەتەوە بۆ خەرمانان پێت دەفرۆشێت. 16 بەگوێرەی زۆری ساڵەکان نرخی زیاد دەکەیت و بەگوێرەی کەمی ساڵەکان نرخی کەم دەکەیتەوە، چونکە ژمارەی بەروبوومەکەت پێ دەفرۆشێت. 17 جا ستەم لە یەکتری مەکەن، بەڵکو لە خوداتان بترسن، من یەزدانی پەروەردگارتانم.

18 «”فەرزەکانم بەجێبهێنن و ئاگاداری ئەوە بن کە گوێڕایەڵی یاساکانم بن و کاریان پێ بکەن، بۆ ئەوەی بە ئاسوودەیی لە خاکەکە نیشتەجێ بن. 19 زەوییەکەش بەروبوومەکەی دەدات، جا هەتا تێر دەبن لێی دەخۆن و بە ئاسوودەیی تێیدا نیشتەجێ دەبن. 20 ئەگەر بڵێن: ’لە ساڵی حەوتەم چی بخۆین، ئەگەر نەچێنین و بەروبووممان کۆنەکەینەوە؟‘ 21 ئەوا من فەرمانی بەرەکەتی خۆم دەدەم بۆتان لە ساڵی شەشەمدا، جا بەروبوومی سێ ساڵ دەدات. 22 ساڵی هەشتەم دەچێنن و لە بەروبوومە کۆنەکە دەخۆن، هەتا ساڵی نۆیەم بەروبوومەکەی دەدات لە کۆنەکە دەخۆن.

23 «”زەوییەکەش هەمیشە هەتاسەر نافرۆشرێت، چونکە زەوییەکە هی منە و ئێوە نامۆ و کرێگرتەی منن، 24 بەڵکو لە هەموو ئەو خاکەی ئەو زەوییەی موڵکتان بووە، پێویستە کڕینەوە بۆ زەوییەکە دابنێن.

25 «”ئەگەر هاونیشتیمانیێکت هەژار بوو و لە موڵکەکەی خۆی فرۆشت، ئەوا نزیکترین خزمی دێت و فرۆشراوی هاوڵاتییەکەی دەکڕێتەوە. 26 ئەگەر کەسێکیش خزمی نەبێت زەوییەکەی بۆ بکڕێتەوە، بەڵام ئەگەر خۆی توانی و ئەوەندەی دەستکەوتەوە کە بەشی کڕینەوەکە بکات، 27 ئەوا نرخی ئەو ساڵانە دەژمێرێت لە کاتی فرۆشتنەکەوە و ئەوەندەی دەمێنێتەوە بۆ هاوسەنگکردنی نرخەکە دەداتەوە ئەو کەسە کە پێی فرۆشتووە، ئینجا دەگەڕێتەوە بۆ موڵکەکەی. 28 بەڵام ئەگەر ئەوەندەی لە دەست نەبێت کە بۆی بگەڕێنێتەوە، ئەوا لە دەستی کڕیار دەبێت هەتا ساڵی یۆبیل. ئینجا لە یۆبیلدا دەگەڕێتەوە، ئەو کاتە خاوەنەکەی دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ موڵکەکەی.

29 «”ئەگەر لە شارێکی شوورابەند یەکێک خانووی نیشتەجێبوونی فرۆشت، ئەوا مافی کڕینەوەکەی هەتا تەواوی ساڵێک دەبێت لە کاتی فرۆشتنەوە، لە ماوەی ئەو کاتەدا دەتوانێت بیکڕێتەوە. 30 ئەگەر هەتا تەواوبوونی ئەو ساڵە نەیکڕێتەوە، ئەوا ئەو خانووەی لە شارە شوورابەندەکەیە بە هەمیشەیی هەتاسەر بۆ کڕیارەکە دەبێت، بۆ نەوەکانی و لە یۆبیلدا ناگەڕێتەوە. 31 بەڵام خانوو لە لادێی شوورابەند نەبێت، ئەوا وەک کێڵگە هەژمارد دەکرێت، کڕینەوەی هەیە و لە یۆبیلدا دەگەڕێتەوە.

32 «”لە شارۆچکەکانی لێڤییەکان، لێڤییەکان هەمیشە مافی کڕینەوەی ماڵەکانیان هەیە، کە موڵکی خۆیانە. 33 ماڵەکانی لێڤییەکان مافی کڕینەوە و گەڕانەوەی[ai] هەیە، لە ساڵی یۆبیل، چونکە خانووی شارۆچکەکانی لێڤییەکان موڵکی ئەوانە لەنێو نەوەی ئیسرائیل. 34 بەڵام لەوەڕگای دەوروبەری شارۆچکەکانیان نافرۆشرێت، چونکە موڵکێکی هەتاهەتاییە بۆیان.

35 «”ئەگەر یەکێک لە هاوڵاتیانت هەژار و دەستکورت بوو لەنێوتان، پشتگیری بکە، هەروەک چۆن پشتگیری نامۆ یان نیشتەجێی کاتی دەکەیت، با لەنێوتان بژیێت. 36 نە سووی لێ وەربگرە و نە قازانج، بەڵکو لە خوداکەت بترسە و با هاونیشتیمانیت لەنێوتان بژیێت، 37 نە پارەکەتی بە سوو پێبدە و نە خۆراکەکەتی بە قازانج پێبدە. 38 من یەزدانی پەروەردگارتانم کە لە خاکی میسر دەریهێنان هەتا خاکی کەنعانتان بداتێ و ببێت بە خوداتان.

39 «”ئەگەر هاوڵاتییەکت لەنێوتان هەژار بوو و خۆی فرۆشتە تۆ، وەک کۆیلە کۆیلایەتی پێ مەکە، 40 بەڵکو وەک کرێگرتە و نیشتەجێی کاتی لەنێوتان دەبێت، هەتا ساڵی یۆبیل لەلات کار دەکات. 41 ئینجا خۆی و کوڕەکانی لەلات ئازاد دەبن و بۆ خێڵەکەی خۆی و بۆ موڵکی باوباپیرانی دەگەڕێتەوە. 42 لەبەر ئەوەی گەلی ئیسرائیل بەندەی منن، ئەوانەی لە خاکی میسرەوە دەرمهێنان، بۆیە نابێت وەک کۆیلە بفرۆشرێن. 43 بە توندوتیژی بەسەریاندا زاڵ مەبە، بەڵکو لە خودات بترسە.

44 «”بەڵام کۆیلەکانت و کەنیزەکانت ئەوانەی دەبنە هی تۆ، ئەوا لەو گەلانەی دەوروبەرتان دەبن، لەوان کۆیلە و کەنیزە بۆ خۆتان پەیدا دەکەن. 45 هەروەها لە نەوەی ئەوانەی لای ئێوە نیشتەجێی کاتین و لە خێڵەکانیان کە لەنێوتانن پەیدای دەکەن، ئەوانەی لە خاکی ئێوە لەدایک دەبن، ئەوان دەبنە موڵکی ئێوە. 46 دەیانکەنە موڵکی کوڕانتان لەدوای خۆتان وەک میرات بۆیان، هەتاسەر دەیانکەنە کۆیلە، بەڵام براکانتان لە نەوەی ئیسرائیل، ئەوا هیچ کەسێک بە توندوتیژی بەسەر براکەیدا زاڵ نابێت.

47 «”ئەگەر نامۆیەک یان نیشتەجێیەکی کاتی لەنێوتان دەوڵەمەند بوو، یەکێک لە هاوڵاتیانتان هەژار بوو و خۆی بەو نامۆیە فرۆشت کە لەنێوتان دەژی، یان بە ئەندامی خێڵی نامۆکە، 48 ئەوا دوای فرۆشتنەکەی کڕینەوەی بۆ دەبێت، یەکێک لە خزمەکانی دەیکڕێتەوە. 49 مامی یان ئامۆزای دەیکڕێتەوە، یەکێک لە خزمەکانی لە خێڵەکەی دەیکڕێتەوە، یان ئەگەر توانای ماددی هەبوو ئەوا خۆی دەکڕێتەوە. 50 لەگەڵ کڕیارەکەی لە ساڵی فرۆشتنییەوە هەتا ساڵی یۆبیل دەژمێرێت و نرخی ئازادبوونی بەپێی نرخی پێدانی کرێگرتەیەک دەبێت لە ماوەی ئەو چەند ساڵەدا. 51 ئەگەر ساڵانێکی زۆر مابێت، ئەوا پێویستە ئەو پارەیە بگەڕێنێتەوە لە نرخی کڕینەکەی بەپێی ژمارەی ئەو ساڵانەی کە ماوەتەوە. 52 ئەگەر ساڵانێکی کەم مابێتەوە هەتا ساڵی یۆبیل، ئەوا پێویستە ئەو پارەیە بگەڕێنێتەوە لە نرخی کڕینەکەی بەپێی ژمارەی ئەو ساڵانەی کە ماوەتەوە، 53 وەک کرێگرتەیەک هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکرێت، لە ساڵێکەوە بۆ ساڵێکی دیکە. پێویستە ئاگاداربن خاوەنەکەی بە توندوتیژی بەسەریدا زاڵ نەبێت.

54 «”ئەگەر بەو شێوازانەی پێشوو نەکڕدرێتەوە، ئەوا لە ساڵی یۆبیل خۆی و منداڵەکانی ئازاد دەکرێن، 55 چونکە نەوەی ئیسرائیل بەندەن بۆ من، ئەوان بەندەی منن، ئەوانەی لە خاکی میسرەوە دەرمهێنان، من یەزدانی پەروەردگارتانم.

پاداشتی گوێڕایەڵی

26 «”بت بۆ خۆتان دروستمەکەن و پەیکەری تاشراو و بەردی تەرخانکراو[aj] دامەمەزرێنن، لە خاکەکەتان بەردی وێنە لەسەر کێشراو دامەنێن، هەتا کڕنۆشی بۆ ببەن، چونکە من یەزدانی پەروەردگارتانم.

«”شەممەکانم دەپارێزن و ڕێز لە پیرۆزگاکەم دەگرن، من یەزدانم.

«”ئەگەر فەرزەکانم بەجێبهێنن و فەرمانەکانم بەجێبگەیەنن و کاری پێ بکەن، ئەوا لە کاتی خۆی بارانتان دەدەمێ و زەویش بەری خۆی دەدات و درەختەکانی کێڵگەش بەروبووم دەدات. گێرەکردنتان بەردەوام دەبێت هەتا چنینەوەی ترێ و چنینەوەی ترێ بەردەوام دەبێت هەتا چاندن، جا هەتا تێری نانتان دەخۆن و بە ئاسوودەیی لە خاکەکەتان نیشتەجێ دەبن.

«”ئاشتیش لە خاکەکەدا دەنێمەوە، جا دەخەون و کەس ناتانترسێنێت، گیانلەبەرە دڕندەکانیش لە خاکەکەدا لادەبەم و شمشێر بە خاکەکەتاندا تێناپەرێت. دوژمنەکانتان ڕاودەنێن و لەبەردەمتان بە شمشێر دەکوژرێن. پێنج لە ئێوە سەد ڕاودەنێن و سەد لە ئێوە ڕاوی دە هەزار دەنێن و دوژمنەکانتان لەبەردەمتان بە شمشێر دەکوژرێن.

«”ئاوڕتان لێ دەدەمەوە و بە بەروبوومتان دەکەم و زیادتان دەکەم و پەیمانم لەگەڵتان دەبەمەسەر، 10 جا لە بەروبوومی دروێنەی ساڵی پێشوو دەخۆن و بۆ ئەمبارکردنی بەروبوومی نوێ، کۆنەکە دەردەهێنن. 11 نشینگەکەم لەنێوتان دادەنێم و قێزتان لێ ناکەمەوە، 12 لەنێوتان هاتوچۆ دەکەم و دەبم بە خودای ئێوە و ئێوەش دەبن بە گەلی من. 13 من یەزدانی پەروەردگارتانم کە لە خاکی میسر دەریهێنان، لەوەی کە کۆیلەی ئەوان بوون و کۆتی نیری[ak] ئێوەی شکاند و بە سەربەرزییەوە بەڕێی کردن.

سزادان بۆ گوێڕایەڵنەبوون

14 «”بەڵام ئەگەر گوێم لێ نەگرن و هەموو ئەم فەرمانانە جێبەجێ نەکەن، 15 ئەگەر فەرزەکانم ڕەت بکەنەوە و قێزتان لە یاساکانم ببێتەوە و فەرمانەکانم بەجێنەهێنن، بەڵکو پەیمانەکەم بشکێنن، 16 ئەوا من ئەمەتان پێ دەکەم، ترس و تۆقین و نەخۆشی سیل و تایەکتان دەهێنمە سەر کە چاوتان کوێر بکات و گیانتان بشێوێنێت، بێهوودە کشتوکاڵەکەتان دەچێنن، چونکە دوژمنەکانتان دەیخۆن. 17 من ڕووتان لێ وەردەگێڕم، جا دوژمنەکانتان دەتانشکێنن و ناحەزەکانتان بەسەرتاندا زاڵ دەبن و کەسیش بەدواتانەوە نەبێت هەر هەڵدێن.

18 «”ئەگەر لەگەڵ ئەوەش هەر گوێم لێ نەگرن، ئەوا حەوت قات بۆ گوناهەکانتان سزاتان دەدەم. 19 جا لەخۆبایی کەللەڕەقیتان دەشکێنم و ئاسمانتان وەک ئاسن لێ دەکەم و زەویتان وەک بڕۆنز، 20 بێهوودە ماندوو دەبن و زەویتان بەری خۆی نادات و درەختی زەوی بەروبوومی نادات.

21 «”ئەگەر بە پێچەوانە لەگەڵم جوڵانەوە و نەتانویست گوێم لێ بگرن، ئەوا جارێکی دیکە حەوت قات کارەساتەکەتان لەسەر زیاد دەکەم، بەگوێرەی گوناهەکانتان. 22 دڕندەی کێویتان بۆ بەڕەڵا دەکەم و بێ منداڵتان دەکات و مەڕوماڵاتتان قڕ دەکات و کەمتان دەکاتەوە، جا ڕێگاتان چۆڵ دەبێت.

23 «”ئەگەر بەوەش تەمبێ نەبوون و بەڵکو بە پێچەوانەوە لەگەڵم جوڵانەوە، 24 ئینجا منیش بە پێچەوانەوە لەگەڵتان دەجوڵێمەوە و حەوت قات بۆ گوناهەکانتان ئازارتان دەدەم. 25 شمشێرێکتان دەهێنمە سەر، تۆڵەی تووڕەیی پەیمانەکەتان لێ دەکاتەوە، جا لە شارۆچکەکانتان کۆدەبنەوە و دەرد دەنێرمە نێوانتان و دەدرێنە دەست دوژمن. 26 کە نان بڕاوتان دەکەم، هەموو نانەکەتان بە دە ژن و لە یەک تەنوور دەکرێت، بە پێوانەش بەشی دەکەن و دەیخۆن، بەڵام تێر نابن.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.