Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Bible in 90 Days

An intensive Bible reading plan that walks through the entire Bible in 90 days.
Duration: 88 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
یەکەم پاشایان 16:21 - دووەم پاشایان 4:37

پاشایەتی عۆمری

21 لەو کاتەدا گەلی ئیسرائیل بووە دوو بەش، نیوەی گەل بەدوای تیڤنی کوڕی گینەتەوە بوون هەتا بیکەنە پاشا، نیوەکەی دیکەش بەدوای عۆمرییەوە بوون. 22 ئەو نیوەیەی گەل کە بەدوای عۆمرییەوە بوون زاڵبوون بەسەر ئەو نیوەیەی کە بەدوای تیڤنی کوڕی گینەتەوە بوون، جا تیڤنی کوژرا و عۆمری بوو بە پاشا.

23 لە سی و یەکەمین ساڵی پاشایەتی ئاسا پاشای یەهودا عۆمری بوو بە پاشای ئیسرائیل، بۆ ماوەی دوازدە ساڵ پاشایەتی کرد، شەش ساڵ لە تیرزە بوو. 24 ئینجا چیای سامیرەی لە شەمەر بە دوو تالنت زیو[a] کڕی و دەستی بە بنیادنان کرد لە چیاکە، ئەو شارەی کە بنیادی نا، ناوی لێنا سامیرە بە ناوی شەمەری خاوەنی چیای سامیرەوە.

25 عۆمریش لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، لە هەموو ئەوانەی پێش خۆی زیاتر خراپەی کرد. 26 بەدوای ڕێگای یارۆڤعامی کوڕی نەڤات کەوت و هەمان گوناهی ئەوی کرد کە بەهۆیەوە وای کردبوو ئیسرائیل گوناه بکات، بە پەستکردنی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بە بتە پووچەکانیان.

27 ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی عۆمری و ئەوەی کردی و ئەو پاڵەوانییەتییەی کە نواندی لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون.

28 عۆمری لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و لە سامیرە نێژرا. ئیتر ئەحاڤی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.

دەستپێکی پاشایەتی ئەحاڤ

29 ئەحاڤی کوڕی عۆمری لە سی و هەشتەمین ساڵی پاشایەتی ئاسا پاشای یەهودا بوو بە پاشای ئیسرائیل، بیست و دوو ساڵ لە سامیرە پاشایەتی ئیسرائیلی کرد. 30 ئەحاڤی کوڕی عۆمریش لە هەموو ئەوانەی پێش خۆی زیاتر لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد. 31 نەک هەر تەنها گوناهەکانی یارۆڤعامی کوڕی نەڤاتی بەلاوە کەم بوو، بەڵکو ئیزابێلی کچی ئەسبەعلی پاشای سەیدائییەکانیشی هێنا و چوو بەعلی پەرست و کڕنۆشی بۆ برد. 32 لەناو پەرستگای بەعل قوربانگایەکیشی بۆ بەعل دروستکرد، کە لە سامیرە بنیادی نابوو. 33 هەروەها ئەحاڤ ستوونە ئەشێرایەکی دروستکرد، لە هەموو پاشاکانی ئیسرائیلیش کە لەپێش خۆیەوە بوون زیاتری کرد بۆ پەستکردنی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل.

34 لە سەردەمی ئەحاڤ حیێلی بێت‌ئێلی ئەریحای بنیاد نایەوە، بناغەکەی بە ئەبیرامی کوڕە نۆبەرەکەی دانا، دەرگاکانیشی بە سگوڤی کوڕە بچووکەکەی چەقاند، هەروەک چۆن فەرمایشتی یەزدان لەسەر زاری یەشوعی کوڕی نون فەرمووبووی.

ڕاگەیاندنی وشکەساڵی لەلایەن ئەلیاسەوە

17 ئەوە بوو ئەلیاسی[b] تیشبی کە دانیشتووێکی گلعاد بوو بە ئەحاڤی گوت: «بە یەزدانی زیندوو، خودای ئیسرائیل، ئەو خودایەی کە دەیپەرستم، لەم چەند ساڵەی داهاتوو نە شەونم دەبێت و نە باران، هەتا لە دەمی منەوە نەگوترێت!»

پاشان فەرمایشتی یەزدان بۆ ئەلیاس هات: «لێرە بڕۆ و ڕوو لە ڕۆژهەڵات بکە، لەلای شیوی کەریس خۆت بشارەوە، کە لە بەری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردونە. لە جۆگەکە دەخۆیتەوە و فەرمانیشم بە قەلەڕەشەکان داوە لەوێ خواردنت بۆ دابین بکەن.»

ئەویش کاری بە فەرمایشتی یەزدانی کرد، چوو لە شیوی کەریس مایەوە، کە لە بەری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردونە. قەلەڕەشەکانیش بەیانییان و ئێواران نان و گۆشتیان بۆ دەهێنا، لە جۆگەکەش ئاوی دەخواردەوە.

بێوەژنی سەرەفەند

پاش ماوەیەک جۆگەکە وشکی کرد، چونکە باران لە خاکەکە نەبوو. ئینجا فەرمایشتی یەزدانی بۆ هات، فەرمووی: «هەستە و بڕۆ شارۆچکەی سەرەفەندی نزیکی سەیدا و لەوێ بمێنەوە، لەوێ فەرمانم بە بێوەژنێک داوە خواردنت بۆ دابین بکات.» 10 ئەویش هەستا و چوو بۆ سەرەفەند. کاتێک گەیشتە لای دەروازەی شارۆچکەکە، بێوەژنێکی بینی لەوێ چەند چیلکە دارێکی کۆدەکردەوە، بانگی کرد و گوتی: «بێ زەحمەت جامێک ئاوم بۆ بهێنە، با بیخۆمەوە.» 11 کاتێک چوو بیهێنێت، بانگی کردەوە و گوتی: «لەگەڵ دەستت پارووە نانێکیشم بۆ بهێنە.»

12 ئەویش گوتی: «سوێند بە خوداکەی تۆ دەخۆم، بە یەزدانی زیندوو، نانم نییە، مشتێک ئارد نەبێت لە کوپەیەک و تۆزێک زەیت لە گۆزەیەک. ئەوەتا دوو چیلکە دارم کۆکردووەتەوە هەتا بیانبەمەوە و ژەمێک بۆ خۆم و کوڕەکەم دروستبکەم، بیخۆین و بمرین.»

13 ئەلیاسیش پێی گوت: «مەترسە، بڕۆوە و ئەوە بکە کە گوتت، بەڵام یەکەم جار لەوەی هەتە کولێرەیەکی بچووکم بۆ دروستبکە و بۆم بهێنە دەرەوە، پاشانیش بۆ خۆت و کوڕەکەت دروستبکە، 14 چونکە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بەم جۆرە دەفەرموێت: ”کوپەی ئاردەکە بەتاڵ نابێت و گۆزەی زەیتەکەش لێی کەم ناکات، هەتا ئەو ڕۆژەی یەزدان باران بەسەر ڕووی زەویدا دەبارێنێت.“»

15 ئەویش چوو و بە قسەی ئەلیاسی کرد، ئیتر هەموو ڕۆژێک ئەلیاس و بێوەژنەکە و ماڵەکە نانیان هەبوو. 16 کوپەی ئاردەکە بەتاڵ نەبوو، گۆزەی زەیتەکەش لێی کەم نەبووەوە، هەروەک ئەوەی یەزدان لەسەر زاری ئەلیاسەوە فەرمووی.

17 دوای ماوەیەک کوڕی ژنە خاوەن ماڵەکە نەخۆش کەوت، نەخۆشییەکەی بە جۆرێک سەخت بوو کە هەناسەی لێ بڕا. 18 ئینجا بە ئەلیاسی گوت: «ئەی پیاوی خودا، چیت لەسەر من هەیە؟ ئایا هاتووی بۆ لای من هەتا تاوانەکەم بەبیر بهێنیتەوە و کوڕەکەم بمرێنیت؟»

19 ئەلیاسیش پێی گوت: «کوڕەکەتم بدێ.» لە باوەشییەوە بردی و سەری خستە ژوورەکەی سەرەوە کە تێیدا دەمایەوە، لەسەر جێگاکەی خۆی پاڵی خست. 20 هاواری بۆ یەزدان کرد و گوتی: «ئەی یەزدان، خودای من، ئایا خراپەت بەسەر ئەم بێوەژنەش هێنا کە من لەلای ئەو ئاوارەم، بەوەی کوڕەکەی ئەوت کوشت؟» 21 ئینجا سێ جار لەسەر کوڕەکە درێژ بوو و هاواری بۆ یەزدان کرد، گوتی: «ئەی یەزدان، خودای من، با گیانی ئەم کوڕە بگەڕێتەوە ناوی!»

22 یەزدانیش گوێی لە هاوارەکەی ئەلیاس گرت، گیانی کوڕەکە گەڕایەوە ناوی و زیندووبووەوە. 23 ئینجا ئەلیاس کوڕەکەی برد و لە ژوورەکەی سەرەوە هێنایە خوارەوە بۆ ناو ماڵەکە و دایە دەست دایکی. ئەلیاس گوتی: «ببینە، کوڕەکەت زیندووە!»

24 ژنەکەش بە ئەلیاسی گوت: «ئێستا زانیم کە تۆ پیاوی خودایت و ئەوەی دەیڵێیت فەرمایشتی یەزدانە و ڕاستییە.»

ئەلیاس و عۆبەدیا

18 دوای ماوەیەکی زۆر، لە ساڵی سێیەمی وشکەساڵی فەرمایشتی یەزدان بۆ ئەلیاس هات: «بڕۆ و خۆت بۆ ئەحاڤ دەربخە، منیش باران بۆ سەر خاکەکە دەبارێنم.» جا ئەلیاس چوو خۆی بۆ ئەحاڤ دەربخات.

قاتوقڕی لە سامیرە پەرەی سەندبوو، ئیتر ئەحاڤ بانگی عۆبەدیای کرد، کە سەرپەرشتیاری کۆشکەکەی ئەو بوو. عۆبەدیا کەسێکی لەخواترس بوو، کاتێک کە ئیزابێل پێغەمبەرەکانی یەزدانی قڕکرد، عۆبەدیا سەد پێغەمبەری برد و شاردنییەوە، هەر پەنجا و لە ئەشکەوتێک و نان و ئاوی بۆ دابین کردن. ئەحاڤ بە عۆبەدیای گوت: «بەناو خاکەکەدا بڕۆ هەموو دۆڵ و کانیاوەکان، بەڵکو گیا پەیدا بکەین و ئەسپ و هێسترەکان بە زیندوویی بهێڵینەوە و بە ناچاری ئاژەڵەکانمان سەرنەبڕین.» ئینجا خاکەکەیان لەنێوانیان دابەش کرد هەتا بەناویدا بڕۆن، ئەحاڤ بە تەنها بە ڕێگایەکدا ڕۆیشت و عۆبەدیاش بە تەنها بە ڕێگایەکی دیکەدا ڕۆیشت.

کاتێک عۆبەدیا لە ڕێگا بوو، تووشی ئەلیاس بوو، جا ناسییەوە و کڕنۆشی بۆ برد، گوتی: «ئەوە تۆی گەورەم، ئەلیاس؟»

ئەویش گوتی: «منم، بڕۆ بە گەورەکەت بڵێ: ”ئەلیاس لێرەیە.“»

عۆبەدیاش گوتی: «گوناهم چییە، هەتا خزمەتکارەکەت بدەیتە دەستی ئەحاڤ بۆ ئەوەی بمکوژێت؟ 10 بە یەزدانی زیندوو، خودای خۆت، گەلێک و پاشایەتییەک نەماوە پاشای گەورەکەم کەسێکی بەدواتدا نەناردبێ. دەیانگوت کە تۆ لەلای ئەوان نیت، جا سوێندی دەدان بۆ ئەوەی لە قسەکەیان دڵنیابێتەوە. 11 تۆش ئێستا دەڵێیت: ”بڕۆ بە گەورەکەت بڵێ، ’ئەلیاس لێرەیە.‘“ 12 کاتێک کە من لەلات دەڕۆم ڕۆحی یەزدان هەڵتدەگرێت بۆ شوێنێک کە من نایزانم، جا کە دەچم و بە ئەحاڤ ڕادەگەیەنم، ئەویش ناتدۆزێتەوە، من دەکوژێت. خۆشت دەزانیت خزمەتکارەکەت لە منداڵییەوە لەخواترسە. 13 ئایا ئەوەی کە کردم بە گەورەم ڕانەگەیەنراوە، کاتێک ئیزابێل پێغەمبەرەکانی یەزدانی کوشت، منیش سەد پێغەمبەری یەزدانم شاردەوە، هەر پەنجا و لە ئەشکەوتێک، نان و ئاوم بۆ دابین کردن. 14 ئێستاش تۆ پێم دەڵێیت: ”بڕۆ بە پاشای گەورەت بڵێ، ’ئەلیاس لێرەیە،‘“ ئەویش دەمکوژێت!»

15 ئەلیاسیش گوتی: «بە یەزدانی زیندوو، خودای سوپاسالار، ئەوەی دەیپەرستم، من ئەمڕۆ خۆم بۆ ئەحاڤ دەردەخەم.»

ئەلیاس لە کێوی کارمەل

16 ئینجا عۆبەدیا چوو بۆ لای ئەحاڤ و پێی ڕاگەیاند، ئەحاڤیش چوو بۆ لای ئەلیاس. 17 کاتێک ئەحاڤ ئەلیاسی بینی، پێی گوت: «ئەوە تۆی، ئەی تێکدەری ئیسرائیل؟»

18 ئەلیاسیش گوتی: «من ئیسرائیلم تێکنەداوە، بەڵکو تۆ و ماڵی باوکت ئەمەتان کردووە، بە وازهێنانتان لە فەرمانەکانی یەزدان و ملکەچبوونتان بۆ بەعلەکان. 19 ئێستاش بنێرە و لە کێوی کارمەل هەموو ئیسرائیلم لێ کۆبکەوە، هەروەها چوار سەد و پەنجا پێغەمبەرەکەی بەعل و چوار سەد پێغەمبەرەکەی ئەشێراش، کە لەسەر خوانەکەی ئیزابێل نان دەخۆن.»

20 جا ئەحاڤ بەدوای هەموو نەوەی ئیسرائیلیدا نارد، هەموو پێغەمبەرەکانی لە کێوی کارمەل کۆکردەوە. 21 ئەلیاسیش لە هەموو گەل چووە پێشەوە و گوتی: «هەتا کەی لەنێوان ئەم دووانەدا دوو دڵ دەبن؟ ئەگەر یەزدان خودایە دوای بکەون، ئەگەر بەعلیش خودایە دوای ئەو بکەون.»

بەڵام گەل بە یەک وشەش وەڵامیان نەدایەوە.

22 پاشان ئەلیاس بە گەلی گوت: «بە تەنها من بە پێغەمبەری یەزدان ماومەتەوە، پێغەمبەرەکانی بەعلیش چوار سەد و پەنجا پیاون. 23 دوو جوانەگامان[c] بدەنێ، با ئەوان گایەک بۆ خۆیان هەڵبژێرن و لەتی بکەن و لەسەر تەختەدارەکان دایبنێن، بەڵام با ئاگری تێبەر نەدەن. منیش گایەکەی دیکە بەو جۆرە لێ دەکەم و لەسەر تەختەدارەکان دایدەنێم و ئاگری تێبەر نادەم. 24 ئینجا بە ناوی خوداوەندی خۆتانەوە بپاڕێنەوە و منیش بە ناوی یەزدانەوە دەپاڕێمەوە. ئەو خودایەی کە بە ئاگر وەڵام دەداتەوە، ئەو خودایە.»

هەموو گەل وەڵامیان دایەوە و گوتیان: «قسەیەکی جوانە.»

25 ئینجا ئەلیاس بە پێغەمبەرەکانی بەعلی گوت: «جوانەگایەک بۆ خۆتان هەڵبژێرن و یەکەم جار ئێوە ئامادەی بکەن لەبەر ئەوەی ئێوە زۆرترن، بە ناوی خوداوەندەکەشتانەوە بپاڕێنەوە، بەڵام ئاگری تێبەر مەدەن.» 26 ئیتر ئەوان ئەو جوانەگایەیان برد کە پێیان درابوو، ئامادەیان کرد.

لە بەیانییەوە هەتا نیوەڕۆ بە ناوی بەعلەوە پاڕانەوە و گوتیان: «ئەی بەعل، وەڵاممان بدەوە!» بەڵام کوا دەنگ و کوا وەڵام. هەروەها بە دەوری ئەو قوربانگایەدا هەڵدەبەزینەوە کە دروستیان کردبوو.

27 لە نیوەڕۆدا ئەلیاس دەستی بە گاڵتەپێکردنیان کرد و گوتی: «قاییمتر هاوار بکەن! ئەو خوداوەندە! لەوانەیە داڵغەی لێدا بێت، چووبێتە سەر ئاو، لە گەشت بێت، لەوانەیە نوستبێت و دەبێت بەئاگا بهێنرێتەوە.» 28 ئەوانیش بە دەنگی بەرز هاواریان کرد، وەک پیشەی خۆیان بە شمشێر و ڕم لە خۆیان دا، هەتا خوێنیان لێ چۆڕایەوە. 29 کاتێک عەسر داهات هەتا کاتی قوربانی ئێوارە[d] حاڵیان کرد، بەڵام کوا دەنگ و کوا وەڵام و کوا گوێگر؟

30 ئەلیاس بە هەموو گەلی گوت: «وەرنە پێشەوە بۆ لام.» ئەوانیش لێی چوونە پێشەوە. ئینجا قوربانگا وێرانکراوەکەی یەزدانی چاککردەوە. 31 پاشان ئەلیاس دوازدە بەردی برد، هێندەی ژمارەی هۆزەکانی نەوەی یاقوب کە فەرمایشتی یەزدانی بۆ هاتبوو، پێی فەرمووبوو: «ناوت ئیسرائیل دەبێت.» 32 لەو بەردانە قوربانگایەکی بە ناوی یەزدان بنیاد نا و لە دەوری قوربانگاکە ئاوەڕۆیەکی دروستکرد کە جێگای دوو پێوانە[e] تۆوی تێدا دەبووەوە. 33 ئینجا تەختەدارەکانی ڕێکخست و جوانەگاکەی لەتوپەت کرد و لەسەر تەختەدارەکان داینا. ئینجا گوتی: «چوار گۆزە ئاو پڕ بکەن و بەسەر قوربانییەکە و بەسەر دارەکانیدا بکەن.»

34 گوتی: «دووبارەی بکەنەوە.» دووبارەیان کردەوە.

گوتی: «سێ بارەی بکەنەوە.» سێ بارەیان کردەوە. 35 جا ئاو لە دەوری قوربانگاکە ڕۆیشت و ئاوەڕۆکەش پڕ بوو لە ئاو.

36 لە کاتی پێشکەشکردنی قوربانی، ئەلیاسی پێغەمبەر هاتە پێشەوە و گوتی: «ئەی یەزدان، خودای ئیبراهیم و ئیسحاق و ئیسرائیل، ئەمڕۆ با بزانرێت کە تۆ لە ئیسرائیل خودایت، منیش بەندەی تۆم و بە فەرمایشتی تۆ هەموو ئەم کارانەم کردووە. 37 ئەی یەزدان، وەڵامم بدەوە، وەڵامم بدەوە، با ئەم گەلە بزانن کە تۆ یەزدانی پەروەردگاریت، تۆ دڵیان بەرەو لای خۆت ڕادەکێشیت.»

38 ئینجا ئاگری یەزدان کەوتە خوارەوە، قوربانی و تەختەدار و بەرد و خۆڵەکەی خوارد، ئاوی ناو ئاوەڕۆکەشی وشک کرد.

39 کاتێک هەموو گەل ئەوەیان بینی، بە ڕوودا کەوتن و گوتیان: «یەزدان خودایە، یەزدان خودایە!»

40 ئینجا ئەلیاس پێی گوتن: «پێغەمبەرەکانی بەعل بگرن و مەهێڵن پیاوێکیان لێ دەرباز بێت.» ئەوانیش گرتیانن، ئەلیاس بردنییە خوارەوە بۆ دۆڵی قیشۆن و لەوێ سەری بڕین.

41 پاشان ئەلیاس بە ئەحاڤی گوت: «بڕۆ بخۆ و بخۆوە، چونکە دەنگی بارانێکی زۆر دێت.» 42 جا ئەحاڤ چوو بخوات و بخواتەوە، بەڵام ئەلیاس سەرکەوتە سەر لووتکەی کارمەل، چەمایەوە سەر زەوی و دەموچاوی خستە نێو ئەژنۆکانییەوە.

43 بە خزمەتکارەکەی گوت: «هەستە، ڕووەو دەریا بڕوانە.» ئەویش هەستا و ڕووەو دەریا ڕوانی و گوتی: «هیچ نییە.»

ئەلیاسیش حەوت جار گوتی: «دیسان تەماشا بکەوە.»

44 لە جاری حەوتەم گوتی: «ئەوەتا پەڵە هەورێکی بچووک کە هێندەی لەپی دەستێک دەبێت لە دەریاوە بەرز دەبێتەوە.»

ئینجا ئەلیاس گوتی: «بڕۆ بە ئەحاڤ بڵێ: ”گالیسکەکەت ئامادە بکە و بڕۆ خوارەوە با بارانەکە ڕێت لێ نەگرێت.“»

45 ئاسمان لەم لاوە بۆ ئەو لا بە هەور و با ڕەشداگەڕا و بارانێکی زۆر باری، ئەحاڤ سوار بوو و چوو بۆ یەزرەعیل. 46 هێزی یەزدان بۆ ئەلیاس هات، ناوقەدی بەست و لەبەردەم ئەحاڤەوە ڕایکرد، هەتا گەیشتە یەزرەعیل.

هەڵاتنی ئەلیاس بۆ چیای حۆرێڤ

19 ئەحاڤ هەموو ئەوەی بە ئیزابێل ڕاگەیاند کە ئەلیاس کردی، هەروەها کە چۆن هەموو پێغەمبەرەکانی بە شمشێر کوشتووە. ئینجا ئیزابێل نێردراوێکی بۆ لای ئەلیاس نارد و گوتی: «با خوداوەندەکان توندترین سزام بدەن، ئەگەر سبەینێ لەم کاتە گیانت وەک گیانی یەکێک لەوانە لێ نەکەم.»

ئەلیاس ترسا، هەڵات بۆ ئەوەی گیانی خۆی دەرباز بکات. کاتێک گەیشتە بیری شابەع، ئەوەی کە سەر بە یەهودایە، خزمەتکارەکەی لەوێ بەجێهێشت. خۆشی ڕۆژە ڕێیەک بە دەشتودەردا ڕۆیشت هەتا هات و لەژێر دار گەزێک[f] دانیشت و داوای مەرگی بۆ گیانی خۆی کرد، گوتی: «ئەی یەزدان، ئیتر بەسە، گیانم بکێشە، چونکە من لە باوباپیرانم باشتر نیم.» ئینجا لەژێر دار گەزەکە پاڵکەوت و نوست.

لەناکاو فریشتەیەک دەستی لێدا و فەرمووی: «هەستە، بخۆ.» ئەویش تەماشای کرد ئەوەتا لەلای سەرییەوە کولێرەیەکی بە بەردی داغ برژاو و گۆزەیەک ئاوی لێیە، ئیتر خواردی و خواردیەوە، دیسان پاڵکەوتەوە.

دووبارە فریشتەکەی یەزدان گەڕایەوە و دەستی لێدایەوە و فەرمووی: «هەستە بخۆ، چونکە ڕێگاکە لە توانای تۆ زیاترە.» ئەویش هەستا و خواردی و خواردیەوە، بە هێزی ئەو خواردنە چل شەو و چل ڕۆژ هەتا حۆرێڤی کێوی خودا ڕۆیشت. لەوێ چووە ناو ئەشکەوتێک و شەوی تێدا بەسەربرد.

دەرکەوتنی یەزدان بۆ ئەلیاس

لەناکاو فەرمایشتی یەزدانی بۆ هات، پێی فەرموو: «ئەلیاس، لێرە چی دەکەیت؟»

10 ئەویش وەڵامی دایەوە: «دڵگەرمییەکی زۆرم هەیە بۆ یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالار، نەوەی ئیسرائیلیش پەیمانەکەی تۆیان شکاندووە، قوربانگاکانی تۆیان وێران کردووە، پێغەمبەرەکانی تۆیان بە شمشێر کوشتووە، منیش بە تەنها ماومەتەوە، ئەوانیش بەدوامدا دەگەڕێن هەتا بمکوژن.»

11 یەزدانیش فەرمووی: «وەرە دەرەوە و لەسەر چیاکە لەبەردەم یەزدان ڕابوەستە، چونکە وا یەزدان تێدەپەڕێت.»

ئینجا بایەکی مەزن و بەهێز چیاکانی شەق کرد و تاشەبەردەکانی لەبەردەم یەزدان شکاند، بەڵام یەزدان لەناو بایەکەدا نەبوو. لەدوای بایەکە بوومەلەرزەیەک هات، یەزدان لە بوومەلەرزەکەشدا نەبوو. 12 لەدوای بوومەلەرزەکە ئاگرێک هات، یەزدان لە ئاگرەکەشدا نەبوو. لەدوای ئاگرەکە چرپەی دەنگێک هات. 13 ئەوە بوو کە ئەلیاس گوێی لە چرپەکە بوو، دەموچاوی بە کەواکەی داپۆشی، چووە دەرەوە و لەبەردەمی ئەشکەوتەکەدا ڕاوەستا.

پاشان دەنگێک هاتە بەرگوێی و پێی فەرموو: «ئەلیاس، لێرە چی دەکەیت؟»

14 ئەویش گوتی: «دڵگەرمییەکی زۆرم هەیە بۆ یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالار، نەوەی ئیسرائیلیش پەیمانەکەی تۆیان شکاندووە، قوربانگاکانی تۆیان وێران کردووە و پێغەمبەرەکانی تۆیان بە شمشێر کوشتووە، منیش بە تەنها ماومەتەوە، ئەوانیش بەدوامدا دەگەڕێن هەتا بمکوژن.»

15 ئینجا یەزدان پێی فەرموو: «بڕۆ و بە ڕێگاکەتدا بگەڕێوە بۆ دەشتودەری دیمەشق، کاتێک گەیشتییە ئەوێ حەزائێل وەک پاشای ئارام دەستنیشان بکە. 16 هەروەها یێهوی کوڕی نیمشی وەک پاشای ئیسرائیل دەستنیشان بکە و ئەلیشەعی کوڕی شافاتیش کە خەڵکی ئابێلی مەحۆلایە لە جێی خۆت وەک پێغەمبەر دەستنیشانی بکە. 17 جا ئەوە ڕوودەدات، هەرکەس لە شمشێری حەزائێل دەرباز بێت، یێهو دەیکوژێت و هەرکەسیش لە شمشێری یێهو دەرباز بێت، ئەلیشەع دەیکوژێت. 18 لەگەڵ ئەوەشدا حەوت هەزار کەس لە ئیسرائیل دەهێڵمەوە؛ هەموو ئەوانەی کە چۆکیان بۆ بەعل نەچەماندووەتەوە، بە دەم ماچیان نەکردووە.»

بانگکردنی ئەلیشەع

19 ئیتر ئەلیاس لەوێ ڕۆیشت و ئەلیشەعی کوڕی شافاتی دۆزییەوە زەوی دەکێڵا، دوازدە جووت گا لەپێشییەوە بوون، ئەو لەگەڵ جووتی دوازدەیەمین بوو. ئینجا ئەلیاس بەلایدا تێپەڕی و کەواکەی فڕێدایە سەری. 20 ئەلیشەعیش گایەکانی بەجێهێشت و لەدوای ئەلیاس ڕایکرد و گوتی: «دایک و باوکم ماچ دەکەم و دوات دەکەوم.»

ئەلیاسیش پێی گوتی: «بڕۆ و بگەڕێوە، چونکە من چ ڕێگرییەکم لێکردوویت؟»

21 ئەلیشەعیش لەدوای گەڕایەوە و جووتە گایەکەی برد و سەری بڕین، گاسنەکەی سووتاند بۆ ئەوەی گۆشتەکە بکوڵێنێت، دایە خەڵکەکە و خواردیان. ئینجا هەستا و دوای ئەلیاس کەوت و بووە خزمەتکاری.

هێرشبردنی بەن‌هەدەد بۆ سەر سامیرە

20 ئەوە بوو بەن‌هەدەدی پاشای ئارام هەموو هێزەکەی کۆکردەوە و سی و دوو پاشاش بە ئەسپ و گالیسکەوە لەگەڵی بوون، سوپای جوڵاند و سامیرەی گەمارۆ دا و لە دژی جەنگا. چەند نێردراوێکی ناردە شارەکە بۆ لای ئەحاڤی پاشای ئیسرائیل. پێی گوت: «بەن‌هەدەد ئاوا دەڵێت: ”زێڕ و زیوەکەت هی منە، ژن و کوڕە چاکەکانت هی منن.“»

پاشای ئیسرائیلیش وەڵامی دایەوە: «پاشای گەورەم، ئەوەی گوتت وا دەبێت، خۆم و هەموو ئەوانەشی کە هەمە هی تۆن.»

نێردراوەکان هاتنەوە و گوتیان: «بەن‌هەدەد ئەمە دەڵێت: ”من چەند نێردراوێکم بۆ لات نارد و گوتم، زێڕ و زیو و ژن و کوڕە چاکەکانت دەدەیتە من، بەڵام سبەینێ لەم کاتەدا کاربەدەستەکانم دەنێرمە لات، کۆشکەکەت و ماڵی کاربەدەستەکانت دەپشکنن. جا هەموو ئەوەی پەسەندە لەبەرچاوی تۆ دەستی بەسەردا دەگرن و دەیبەن.“»

پاشای ئیسرائیل هەموو پیرانی خاکەکەی بانگکرد و گوتی: «بزانن و ببینن، ئەمە داوای شەڕ دەکات، چونکە ناردی بۆ داواکردنی ژن و کوڕ و زێڕ و زیوەکەم، ڕەتم نەکردەوە.»

هەموو پیران و هەموو گەل وەڵامیان دایەوە: «گوێی لێ مەگرە و ڕازی مەبە.»

ئەویش بە نێردراوەکانی بەن‌هەدەدی گوت: «بە پاشای گەورەم بڵێن: ”منی خزمەتکارت هەموو ئەوە جێبەجێ دەکەم کە لە سەرەتادا داوات کردووە، بەڵام ناتوانم ئەم کارە بکەم.“» ئینجا نێردراوەکان گەڕانەوە و وەڵامەکەیان بۆ بەن‌هەدەد گێڕایەوە.

10 ئینجا بەن‌هەدەد ناردی بۆ لای ئەحاڤ و گوتی: «با خوداوەندەکان توندترین سزام بدات، ئەگەر خۆڵی سامیرە بەشی مشتی هەموو ئەو گەلە بکات کە دوام کەوتوون.»

11 پاشای ئیسرائیلیش وەڵامی دایەوە و گوتی: «پێی بڵێن: ”شەڕکردن شانازی نییە، بەڵکو سەرکەوتن.“»

12 کاتێک بەن‌هەدەد لەگەڵ پاشاکان لەنێو چادرەکان دەیخواردەوە گوێی لەم قسەیە بوو، بە خزمەتکارەکانی گوت: «ڕیز ببەستن.» ئەوانیش ڕیزیان بەست و بەریان لە شارەکە گرت.

بەزینی بەن‌هەدەد

13 ئەوە بوو پێغەمبەرێک لە ئەحاڤی پاشای ئیسرائیل هاتە پێشەوە و گوتی: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”هەموو ئەو سوپا گەورەیەت بینی؟ ئەوەتا من ئەمڕۆ دەیدەمە دەستی تۆ، تاوەکو بزانیت کە من یەزدانم!“»

14 ئەحاڤیش گوتی: «بە کێ؟»

پێغەمبەرەکەش گوتی: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”بەو ئەفسەرە گەنجانەی کە لەژێر دەسەڵاتی فەرماندەکانی هەرێمەکانن.“»

ئەویش گوتی: «کێ دەست بە جەنگەکە دەکات؟»

پێغەمبەرەکەش گوتی: «تۆ.»

15 لەبەر ئەوە ئەحاڤ ئەفسەرە گەنجەکانی فەرماندەی هەرێمەکانی بانگکرد، دوو سەد و سی و دوو پیاو بوون، پاش ئەوانیش پاشماوەی ئیسرائیلییەکانیشی کۆکردەوە، کە حەوت هەزار پیاو بوون. 16 لە نیوەڕۆدا بەڕێکەوتن و بەن‌هەدەدیش لە چادرەکانەوە لەگەڵ سی و دوو پاشاکەی دیکەی هاوپەیمانی دەیانخواردەوە و سەرخۆش بوون. 17 یەکەم جار ئەفسەرە گەنجەکانی فەرماندەی هەرێمەکان بەڕێکەوتن.

ئەوە بوو بەن‌هەدەد چەند سووسەکەرێکی[g] ناردبوو، ئەوانیش پێیان ڕاگەیاند: «چەند پیاوێک لە سامیرەوە بە ڕێگاوەن.»

18 ئەویش گوتی: «ئەگەر بۆ ئاشتی هاتوونەتە دەرەوە بە زیندووێتی بیانگرن، ئەگەر بۆ شەڕیش هاتوونەتە دەرەوە، هەر بە زیندووێتی بیانگرن.»

19 ئەفسەرە گەنجەکانی فەرماندەی هەرێمەکان و ئەو هێزەی لە دوایان بوون لە شارەکە هاتنە دەرەوە، 20 هەریەکەیان ئەو پیاوە ئارامییەیان دەکوشت کە دەهاتە بەرامبەریان، ئارامییەکانیش هەڵاتن و ئیسرائیلیش ڕاویان نان، بەن‌هەدەدی پاشای ئارامیش بە ئەسپ لەگەڵ سوارەکان دەرباز بوو. 21 پاشای ئیسرائیلیش هاتە دەرەوە و لە ئەسپ و گالیسکەکانی دا، زیانێکی گەورەی بە ئارامییەکان گەیاند.

22 پاشان پێغەمبەرەکە لە پاشای ئیسرائیل هاتە پێشەوە و پێی گوت: «بڕۆ خۆت بەهێز بکە و بزانە و ببینە چی دەکەیت، چونکە لە بەهاری ساڵدا پاشای ئارام پەلامارت دەداتەوە.»

23 هەر لەو ماوەیەدا کاربەدەستەکانی پاشای ئارام بەم جۆرە ئامۆژگاری پاشایان کرد و گوتیان: «خوداوەندەکانیان خوداوەندی شاخن، لەبەر ئەوە لە ئێمە بەهێزتر بوون. بەڵام با لە دەشتدا لە دژیان بجەنگین، لەوان بەهێزتر دەبین! 24 بۆ ئەم کارەش ئەمە بکە، هەریەک لە پاشاکان لە شوێنەکانیان لاببە و سەرکردەکان لە جێیاندا دابنێ. 25 ئیتر بۆ خۆت سوپایەک وەک ئەو سوپایەی کە لە دەستت دا، پێکدەهێنیتەوە، ئەسپ لە جێی ئەسپ و گالیسکە لە جێی گالیسکە. با لە دەشتدا لە دژیان بجەنگین، لەوان بەهێزتر دەبین!» ئەویش گوێی لە قسەکەیان گرت و بەم جۆرەی کرد.

26 ئەوە بوو لە بەهاری ساڵدا، بەن‌هەدەد ئارامییەکانی کۆکردەوە و سەرکەوت بۆ ئەفێق بۆ جەنگ لە دژی ئیسرائیل. 27 نەوەی ئیسرائیلیش کۆکرانەوە و پێداویستییان پێدرا و چوون بۆ بەرەنگاربوونەوەیان، نەوەی ئیسرائیل وەک دوو مێگەلی بچووکی بزن وابوون بەرامبەریان، ئارامییەکانیش دەشتەکەیان پڕکردبوو.

28 ئینجا پیاوەکەی خودا هاتە پێشەوە و بە پاشای ئیسرائیلی گوت: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”لەبەر ئەوەی ئارامییەکان گوتیان، یەزدان خوداوەندێکی شاخەکانە و خوداوەندی دۆڵەکان نییە، ئەم هەموو کۆمەڵە گەورەیە دەدەمە دەستی تۆ، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم.“»

29 حەوت ڕۆژ بەرامبەر بە یەکتر دامەزران، لە ڕۆژی حەوتەم جەنگەکە هەڵگیرسا، نەوەی ئیسرائیل لە ئارامییەکانیان دا، سەد هەزار پیادەیان لە یەک ڕۆژدا لێ کوشتن. 30 پاشماوەکەیان بۆ شاری ئەفێق هەڵاتن، لەوێش شوورای شارەکە بەسەر بیست و حەوت هەزار پیاویان داڕما، بەن‌هەدەدیش هەڵات و چووە ناو شارەکە، لە ژووری دواوەی ماڵێک خۆی شاردەوە.

31 کاربەدەستەکانی پێیان گوت: «تەماشا بکە، بیستوومانە کە پاشاکانی بنەماڵەی ئیسرائیل پاشای بەخشندەن، با گوش[h] بە کەمەرمانەوە ببەستین و گوریس لەسەر سەرمان دابنێین[i] و بچینە دەرەوە بۆ لای پاشای ئیسرائیل، لەوانەیە دەستت لێ بپارێزێت.»

32 ئینجا جلوبەرگی گوشیان پۆشی و بەستیان بە کەمەریانەوە و گوریسیش بەسەریانەوە، هاتنە لای پاشای ئیسرائیل، گوتیان: «بەن‌هەدەدی خزمەتکارت دەڵێت: ”با گیانم بپارێزێت.“»

ئەویش گوتی: «هێشتا زیندووە؟ ئەو برامە!»

33 پیاوەکانیش گەشبین بوون و بە پەلە دەستیان بەم وشەیەوە گرت و گوتیان: «بەن‌هەدەد براتە!»

پاشاکەش گوتی: «بڕۆنە ژوورەوە و بیهێنن.» کە بەن‌هەدەد هاتە دەرەوە بۆ لای، ئەحاڤ سەری خستە سەر گالیسکەکەی.

34 بەن‌هەدەدیش پێی گوت: «ئەو شارانەی باوکم لە باوکتی سەندبوو دەیگەڕێنمەوە، بۆ خۆت لە دیمەشق بازاڕیش دابنێ، وەک ئەوەی باوکم لە سامیرە داینا.»

ئەحاڤیش گوتی: «منیش بەم پەیمانە ئازادت دەکەم.» ئەویش پەیمانی لەگەڵ بەست و ئازادی کرد.

تاوانبارکردنی ئەحاڤ لەلایەن پێغەمبەرێک

35 ئەندامێک لە کۆمەڵی پێغەمبەران بە هاوڕێکەی گوت: «بەگوێرەی فەرمایشتی یەزدان، لێم بدە.» هاوڕێکەش ڕازی نەبوو لێی بدات.

36 پێغەمبەرەکەش گوتی: «لەبەر ئەوەی گوێڕایەڵی فەرمایشتی یەزدان نەبوویت، کاتێک لەلای من دەڕۆیت، شێرێک پەلامارت دەدات.» ئەویش لەلای ڕۆیشت و شێرێکی لێ پەیدابوو و پەلاماری دا.

37 پاشان پیاوێکی دیکەی بینییەوە و پێی گوت: «لێم بدە!» پیاوەکەش لێیدا و برینداری کرد. 38 ئینجا پێغەمبەرەکە ڕۆیشت و لەسەر ڕێگاکە بۆ پاشا ڕاوەستا، بە دەمامکێک ڕوخساری خۆی شاردەوە. 39 کاتێک پاشا تێپەڕی هاواری بۆ پاشا کرد و گوتی: «خزمەتکارەکەت چووە ناو جەرگەی شەڕەکە، جەنگاوەرێک لەناکاو دیلێکی بۆ هێنام و گوتی: ”ئاگات لەم پیاوە بێت! ئەگەر بزر بێت، ئەوا گیانت لە جیاتی گیانی ئەو دەبێت یان تالنتێک[j] زیو دەدەیت.“ 40 ئەوە بوو خزمەتکارەکەت لەم لا و ئەو لاوە سەرقاڵ بوو، پیاوەکە دیار نەما.»

پاشای ئیسرائیلیش پێی گوت: «حوکمت وەک ئەوە دەبێت کە گوتت، چونکە خۆت بڕیارت داوە.»

41 پێغەمبەرەکەش خێرا پەڕۆکەکەی لەسەر چاوی لابرد، پاشای ئیسرائیلیش ناسییەوە کە لە پێغەمبەرەکانە. 42 ئەویش بە پاشای گوت: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”لەبەر ئەوەی هێشتت پیاوێک لە دەستت بڕوات کە من بۆ قڕبوونم دانا[k]، گیانت لە جیاتی گیانی دەبێت و گەلەکەشت لە جیاتی گەلەکەی.“» 43 ئینجا پاشای ئیسرائیل بە دڵتەنگی و پەستییەوە چوو بۆ کۆشکەکەی لە سامیرە.

ڕەزەمێوی ناڤۆت

21 دوای ماوەیەک لە ڕووداوەکان، ناڤۆتی یەزرەعیلی لە یەزرەعیل لەتەنیشت کۆشکەکەی ئەحاڤی پاشای سامیرە ڕەزەمێوێکی هەبوو. ئەحاڤ بە ناڤۆتی گوت: «ڕەزەمێوەکەی خۆتم بدەرێ، بۆ ئەوەی بیکەمە باخی سەوزەوات، چونکە نزیکە و لەتەنیشتی کۆشکەکەمەوەیە، منیش لە جیاتی ئەوە ڕەزەمێوێکی باشترت دەدەمێ، یان ئەگەر بۆ تۆ باشترە بەپێی نرخەکەی زیوت دەدەمێ.»

ناڤۆتیش بە ئەحاڤی گوت: «لەلایەن یەزدانەوە لە من بەدوور بێت کە میراتی باوباپیرانی خۆمت بدەمێ!»

جا ئەحاڤ بە دڵتەنگی و پەستییەوە گەڕایەوە ماڵەکەی خۆی، لەبەر ئەو قسەیەی کە ناڤۆتی یەزرەعیلی پێی گوت، کە گوتی، «میراتی باوباپیرانمت نادەمێ،» ئیتر لەسەر جێگاکەی پاڵکەوت، ڕووی خۆی وەرگێڕا و نانی نەخوارد.

جا ئیزابێلی ژنی هاتە ژوورەوە بۆ لای و پێی گوت: «ئەوە چییە، بۆچی دڵتەنگیت و نان ناخۆیت؟»

ئەویش وەڵامی دایەوە: «لەبەر ئەوەی قسەم لەگەڵ ناڤۆتی یەزرەعیلی کرد و پێم گوت: ”ڕەزەمێوەکەتم بدەرێ، بە زیو یان ئەگەر حەز دەکەیت ڕەزەمێوێکت لە جیاتی دەدەمێ،“ بەڵام گوتی: ”ڕەزەمێوەکەمت نادەمێ.“»

ئیزابێلی ژنیشی پێی گوت: «ئایا ئێستا تۆ پاشایەتی ئیسرائیل ناکەیت؟ هەستە نان بخۆ و دڵخۆش بە، من ڕەزەمێوەکەی ناڤۆتی یەزرەعیلیت دەدەمێ.»

چەند نامەیەکی بە ناوی ئەحاڤەوە نووسی و بە مۆرەکەی ئەو مۆری کردن، نامەکانیشی بۆ ئەو پیر و خانەدانانە نارد کە لە هەمان ئەو شارەی ناڤۆت لەگەڵ ئەو نیشتەجێ بوون. لەو نامانەشدا نووسیبووی:

«بانگەوازی ڕۆژووگرتن بکەن و کۆببنەوە، ناڤۆت لە سەرووی گەلەوە دابنیشێنن. 10 دوو پیاوی سووکوچروکیش بەرامبەری دابنیشێنن، هەتا شایەتی بدەن و بڵێن، نەفرەتت لە خودا و لە پاشا کردووە، پاشان بیهێننە دەرەوە و بەردبارانی بکەن، هەتا دەمرێت.»

11 ئیتر پیاوانی شارەکەی ناڤۆت، پیر و خانەدانەکانی دانیشتووانی شارەکەی ئەوەیان کرد، وەک ئەوەی ئیزابێل بۆی ناردن، وەک ئەوەی لە نامەکاندا نووسرابوو کە بۆیان نێردرابوون. 12 بانگەوازیان کرد بۆ ڕۆژووگرتن و کۆبوونەوە، ناڤۆتیان لە سەرووی گەلەوە دانیشاند. 13 دوو پیاوی سووکوچروکیش هاتن و لە بەرامبەری دانیشتن، پیاوە سووکوچروکەکانیش لەبەردەم گەلدا شایەتییان لەسەر ناڤۆت دا و گوتیان: «ناڤۆت نەفرەتی لە خودا و لە پاشا کردووە.» جا بردیانە دەرەوەی شار و بەردبارانیان کرد و مرد. 14 ئینجا هەواڵیان بۆ ئیزابێل نارد و گوتیان: «ناڤۆت بەردباران کراوە و مردووە.»

15 هەر کە ئیزابێل بیستییەوە ناڤۆت بەردباران کراوە و مردووە، بە ئەحاڤی گوت: «هەستە و ڕەزەمێوەکەی ناڤۆتی یەزرەعیلی کە ڕازی نەبوو بە زیو بتداتێ، دەستی بەسەردا بگرە، چونکە ناڤۆت مردووە و زیندوو نییە.» 16 کاتێک ئەحاڤ بیستییەوە ناڤۆت مردووە، هەستا هەتا بەرەو خوارەوە بچێتە ڕەزەمێوەکەی ناڤۆتی یەزرەعیلی، هەتا دەستی بەسەردا بگرێت.

17 ئینجا فەرمایشتی یەزدان بۆ ئەلیاسی تیشبی هات: 18 «هەستە بەرەو خوارەوە بڕۆ بۆ بینینی ئەحاڤی پاشای ئیسرائیل، ئەوەی لە سامیرەیە. وا لە ڕەزەمێوەکەی ناڤۆتە، ئەوەی چووە ئەوێ هەتا دەستی بەسەردا بگرێت. 19 قسەی لەگەڵ بکە و بڵێ: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ئایا پیاوت کوشت و هەروەها دەست بەسەر میراتەکەشیدا دەگریت؟“ پێشی دەڵێیت، بەم جۆرەی فەرمووە: ”لەو شوێنەدا کە سەگ خوێنەکەی ناڤۆتیان لێسایەوە، لە هەمان شوێندا خوێنەکەی تۆش دەلێسنەوە. بەڵێ، هی خۆت!“»

20 ئەحاڤ بە ئەلیاسی گوت: «دوژمنەکەم، منت دۆزییەوە!»

ئەویش گوتی: «تۆم دۆزییەوە، لەبەر ئەوەی خۆتت فرۆشتووە تاکو ئەوەی لەبەرچاوی یەزدان خراپە، ئەنجامی بدەیت. 21 ”من وا بەڵات بەسەردا دەهێنم و ڕیشەکێشت دەکەم، هەرچی نێرینە و کۆیلە و ئازادی ئەحاڤە لە ئیسرائیلدا قڕی دەکەم. 22 ماڵەکەشت وەک ماڵی یارۆڤعامی کوڕی نەڤات و بەعشای کوڕی ئاحییای لێ دەکەم، لەبەر ئەوەی پەستت کردم و ئیسرائیلت تووشی گوناه کرد.“

23 «هەروەها یەزدان لەبارەی ئیزابێلیشەوە فەرمووی: ”سەگ لە نزیک شووراکەی یەزرەعیلەوە ئیزابێل دەخۆن.“

24 «ئەوەی لە بنەماڵەی ئەحاڤ بێت و لە شاردا بمرێت سەگ دەیخوات، ئەوەشی لە کێڵگەدا بمرێت باڵندەکانی ئاسمان دەیخۆن.»

25 کەس نەبوو وەک ئەحاڤ خۆی بفرۆشێت هەتا ئەوەی لەبەرچاوی یەزدان خراپە ئەنجامی بدات، چونکە ئیزابێلی ژنی فریوی دا. 26 قێزەون بوو بە پەیڕەوکردنی لە بتەکان، وەک هەموو ئەوەی ئەمورییەکان کردیان، ئەوەی یەزدان لەبەردەم نەوەی ئیسرائیلدا دەریکردن.

27 کاتێک ئەحاڤ گوێی لەم قسانە بوو، جلەکانی دادڕی و جلوبەرگی گوشی پۆشی و بەڕۆژوو بوو، بە بەرگی گوشەوە پاڵکەوت و بە بێدەنگی ڕۆیشت.

28 ئینجا فەرمایشتی یەزدان بۆ ئەلیاسی تیشبی هات: 29 «بینیت ئەحاڤ چۆن لەبەردەممدا خۆی نزم کردەوە؟ لەبەر ئەوەی لەبەردەمم خۆی نزم کردووەتەوە، هەتا ئەو لە ژیاندا بێت ئەم بەڵایە ناهێنم، بەڵکو لەدوای ئەو لە سەردەمی کوڕەکەی بەڵاکە بەسەر ماڵەکەیدا دەهێنم.»

پێشبینی میخایو سەبارەت بە ئەحاڤ

22 سێ ساڵ تێپەڕی و جەنگ لەنێوان ئارام و ئیسرائیل ڕووی نەدا. بەڵام لە ساڵی سێیەم، یەهۆشافاتی پاشای یەهودا چوو بۆ لای پاشای ئیسرائیل. پاشای ئیسرائیل بە کاربەدەستەکانی گوتبوو: «ئایا نازانن ڕامۆتی گلعاد هی ئێمەیە و ئێمەش بێدەنگین لەوەی لە دەست پاشای ئارامی وەربگرینەوە؟»

لەبەر ئەوە پرسیاری لە یەهۆشافات کرد: «لەگەڵم دێیتە ڕامۆتی گلعاد بۆ جەنگ؟»

یەهۆشافاتیش وەڵامی پاشای ئیسرائیلی دایەوە: «خۆم وەک خۆت و گەلەکەم وەک گەلەکەت و ئەسپەکانیشم وەک ئەسپەکانت.» بەڵام یەهۆشافات بە پاشای ئیسرائیلی گوت: «سەرەتا داوای ڕاوێژ لە یەزدان بکە.»

ئیتر پاشای ئیسرائیل پێغەمبەرەکانی کۆکردەوە، نزیکەی چوار سەد پیاو بوون، لێی پرسین: «ئایا بچمە ڕامۆتی گلعاد بۆ جەنگ یان نا؟»

ئەوانیش گوتیان: «بڕۆ، پەروەردگار دەیداتە دەستی پاشا.»

بەڵام یەهۆشافات پرسیاری کرد: «هیچ پێغەمبەرێکی یەزدان لێرە نەماوە لێی بپرسین؟»

پاشای ئیسرائیلیش بە یەهۆشافاتی گوت: «پیاوێکی دیکە ماوە پرسی یەزدانی پێ بکەین، بەڵام من ڕقم لێیەتی، چونکە ئەو سەبارەت بە من پێشبینی چاک ناکات، بەڵکو خراپ، ئەویش میخایوی کوڕی یەملایە.»

یەهۆشافاتیش گوتی: «با پاشا ئاوا نەڵێت.»

لەبەر ئەوە پاشای ئیسرائیل کاربەدەستێکی بانگکرد و گوتی: «بە پەلە میخایوی کوڕی یەملام بۆ بهێنە!»

10 لەو کاتەدا پاشای ئیسرائیل و یەهۆشافاتی پاشای یەهودا جلی شاهانەیان لەبەرکردبوو، هەریەکە و لەسەر تەختەکەی خۆی دانیشتبوو، لەسەر جۆخینەکەی[l] لای دەروازەی سامیرە، هەموو پێغەمبەرەکانیش لەبەردەمیان پێشبینییان دەکرد. 11 سدقیای کوڕی کەنعەنا دوو قۆچی ئاسنی بۆ خۆی دروستکردبوو، گوتی: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”بەمە ورگی ئارامییەکان دەدڕیت هەتا تەواو دەبن.“»

12 هەموو پێغەمبەرەکانیش بەم جۆرە پێشبینییان کرد، گوتیان: «پەلاماری ڕامۆتی گلعاد بدە و سەرکەوتوو دەبیت، یەزدان دەیداتە دەستی پاشا.»

13 ئەو نێردراوەی چوو میخایو بانگ بکات قسەی لەگەڵ کرد و گوتی: «ئەوەتا قسەی هەموو پێغەمبەرەکان بە یەک دەنگ لە بەرژەوەندی پاشایە، تکایە با قسەی تۆش وەک قسەی یەکێک لەوان بێت و بە باشە قسە بکە.»

14 بەڵام میخایو گوتی: «بە یەزدانی زیندوو، ئەوەی یەزدان پێم بفەرموێت ئەوە دەڵێم.»

15 کاتێک هاتە لای پاشا، پاشا لێی پرسی: «میخایو، بچینە ڕامۆتی گلعاد بۆ جەنگ یان نا؟»

ئەویش پێی گوت: «هێرش بکەن و سەرکەوتوو بن، یەزدان دەیداتە دەستی پاشا.»

16 پاشاش پێی گوت: «چەند جار من سوێندم داویت، کە جگە لە ڕاستی بە ناوی یەزدانەوە هیچی دیکەم پێ نەڵێیت؟»

17 ئینجا میخایو وەڵامی دایەوە: «هەموو ئیسرائیلم بینی لەسەر چیاکان وەک مەڕی بێ شوان پەرتەوازە ببوون، یەزدانیش فەرمووی: ”ئەوانە خاوەنیان نییە، با هەریەکە و بە سەلامەتی بگەڕێتەوە ماڵەکەی خۆی.“»

18 پاشای ئیسرائیل بە یەهۆشافاتی گوت: «پێم نەگوتی ئەو پێشبینی چاک سەبارەت بە من ناکات، بەڵکو خراپ؟»

19 میخایو گوتی: «لەبەر ئەوە گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرە، یەزدانم بینی لەسەر تەختەکەی دانیشتبوو، هەموو هێزەکانی ئاسمانیش لە دەوروبەری بوون و لەلای ڕاست و چەپیەوە ڕاوەستابوون. 20 یەزدان فەرمووی: ”کێ ئەحاڤ فریودەدات هەتا هێرش بکاتە سەر ڕامۆتی گلعاد و لەوێ بمرێت؟“

«یەکێک پێشنیاری ئەمەی کرد و یەکێکی دیکە ئەوە. 21 ئینجا ڕۆحێک هاتە پێشەوە و لەبەردەم یەزدان ڕاوەستا و گوتی: ”من فریوی دەدەم.“

22 «یەزدانیش لێی پرسی: ”بە چی؟“

«ئەویش گوتی: ”دەچمە دەرەوە و لە دەمی هەموو پێغەمبەرەکانی دەبمە ڕۆحی درۆ.“

«یەزدانیش پێی فەرموو: ”تۆ فریوی دەدەیت و دەتوانیت، بڕۆ دەرەوە و ئەوە بکە.“

23 «ئێستاش وا یەزدان ڕۆحی درۆی[m] خستووەتە ناو دەمی هەموو پێغەمبەرەکانتەوە. یەزدان بڕیاری دا بەڵاتان بەسەر بهێنێت.»

24 ئینجا سدقیای کوڕی کەنعەنا هاتە پێشەوە و زللەیەکی لە ڕوومەتی میخایو دا و گوتی: «لەکوێوە ڕۆحی یەزدان لە منەوە پەڕییەوە هەتا قسەت لەگەڵدا بکات؟»

25 میخایو وەڵامی دایەوە: «دەبینیت کە ئەو ڕۆژە دەچیتە ژووری دواوەی خانوو بۆ ئەوەی خۆت بشاریتەوە.»

26 ئینجا پاشای ئیسرائیل فەرمانی دا: «میخایو ببە و بیگەڕێنەوە لای ئامۆنی فەرمانڕەوای شارەکە و یۆئاشی کوڕی پاشا، 27 بڵێ: ”ئەمە فەرمانی پاشایە: ئەمە بخەنە زیندانەوە و جگە لە کەمێک نان و ئاو هیچی دیکەی پێ مەدەن، هەتا هاتنەوەم بە سەلامەتی.“»

28 میخایو گوتی: «ئەگەر تۆ بە سەلامەتی بگەڕێیتەوە، یەزدان لە ڕێگەی منەوە هیچی نەفەرمووە!» ئینجا گوتی: «ئەی هەموو گەل، گوێ بگرن!»

کوژرانی ئەحاڤ لە ڕامۆتی گلعاد

29 ئیتر پاشای ئیسرائیل و یەهۆشافاتی پاشای یەهودا سەرکەوتن بۆ ڕامۆتی گلعاد. 30 پاشای ئیسرائیل بە یەهۆشافاتی گوت: «من خۆم دەگۆڕم و دەچمە ناو جەنگەکە، بەڵام تۆ جلوبەرگە شاهانەکەی خۆت لەبەر بکە.» ئینجا پاشای ئیسرائیل خۆی گۆڕی و چووە ناو جەنگەکە.

31 پاشای ئارام فەرمانی بە سی و دوو فەرماندەی گالیسکەکانی دا و گوتی: «شەڕ لەگەڵ هیچ گەورە و بچووکێک مەکەن، جگە لە پاشای ئیسرائیل.» 32 کاتێک کە سەرکردەکانی گالیسکەکان یەهۆشافاتیان بینی، گوتیان: «بە دڵنیاییەوە ئەوە پاشای ئیسرائیلە.» لەبەر ئەوە گەڕانەوە تاکو شەڕی لەگەڵ بکەن، بەڵام کاتێک یەهۆشافات هاواری کرد، 33 سەرکردەکانی گالیسکەکان بینییان ئەوە پاشای ئیسرائیل نەبوو، وازیان لە ڕاونانی هێنا.

34 پیاوێکیش بە هەڕەمەکی تیروکەوانەکەی ڕاکێشا و لە درزی نێو بەشەکانی سپەرەکەیەوە پاشای ئیسرائیلی بریندار کرد، ئەویش بە گالیسکەوانەکەی گوت: «دەستت بکێشەوە لەناو سوپاکە بمبە دەرەوە، چونکە بریندار بووم.» 35 لەو ڕۆژەدا شەڕەکە زۆر سەخت بوو، پاشا لەناو گالیسکەکەی بەرامبەر بە ئارام ڕاگیرا، ئێوارە مرد و خوێنی برینەکەی بۆ ناو بنی گالیسکەکە چۆڕایەوە. 36 کاتێک خۆر لە ئاوابوون بوو، هاوارێک بەناو سوپاکەدا بڵاو بووەوە و گوتی: «هەر پیاوە و بۆ خاکەکەی و شارۆچکەکەی خۆی بگەڕێتەوە!»

37 بەم شێوەیە پاشا مرد، هێنایانەوە سامیرە و لەوێ ناشتیان. 38 گالیسکەکە لە گۆمەکەی سامیرە شوشترا، لەو شوێنەی لەشفرۆشان خۆیان لێ دەشوشت، سەگ خوێنەکەیان لێستەوە، هەروەک یەزدان فەرمووبووی.

39 ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی ئەحاڤ و هەموو ئەوەی کردی و کۆشکە عاجەکەی کە بنیادی نا و هەموو ئەو شارانەی پتەوی کردن لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون.

40 ئەحاڤ لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە، ئیتر ئەحەزیای کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.

پاشایەتی یەهۆشافات لە یەهودا

41 لە چوارەمین ساڵی پاشایەتی ئەحاڤی پاشای ئیسرائیل، یەهۆشافاتی کوڕی ئاسا بوو بە پاشای یەهودا. 42 یەهۆشافات لە تەمەنی سی و پێنج ساڵی بوو بە پاشا، بیست و پێنج ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، ناوی دایکی عەزوڤای کچی شیلحی بوو. 43 لە هەموو شتێک ڕێچکەی ئاسای باوکی گرتەبەر و لێی لانەدا، ئەوەی لەبەرچاوی یەزدان ڕاستە کردی. بەڵام هێشتا نزرگەکانی سەر بەرزایی تێکنەدران و گەل لە بەرزاییەکاندا قوربانییان سەردەبڕی و بخووریان دەسووتاند. 44 هەروەها یەهۆشافات لەگەڵ پاشای ئیسرائیل پەیمانی ئاشتی بەست.

45 ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی یەهۆشافات و دەستکەوتەکانی کە هەبوو، کارە جەنگییەکانی، لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی یەهودا تۆمار کراون.

46 پاشماوەی ئەو پیاوە لەشفرۆشانەش کە لە سەردەمی ئاسای باوکی مابوونەوە، لە خاکەکە ڕایماڵین. 47 لەو کاتەدا لە ئەدۆم پاشا نەبوو، بەڵکو بریکارێکی پاشای یەهودا هەبوو.

48 یەهۆشافات کەشتیی بازرگانی دروستکرد تاوەکو بچنە ئۆفیر بۆ هاوردەکردنی زێڕ، بەڵام کەشتییەکان نەچوون، چونکە لە عەچیۆن گەڤەر تێکشکان. 49 لەو کاتەدا ئەحەزیای کوڕی ئەحاڤ بە یەهۆشافاتی گوت: «با خزمەتکارەکانیشم لەگەڵ خزمەتکارەکانت بە کەشتییەکانی تۆ بڕۆن.» بەڵام یەهۆشافات ڕازی نەبوو.

50 ئیتر یەهۆشافات لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە. لە شاری داودی باپیرە گەورەی لەگەڵ باوباپیرانی نێژرا. یەهۆرامی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.

پاشایەتی ئەحەزیا لە ئیسرائیل

51 لە حەڤدەیەمین ساڵی پاشایەتی یەهۆشافاتی پاشای یەهودا، ئەحەزیای کوڕی ئەحاڤ لە سامیرە بوو بە پاشای ئیسرائیل، دوو ساڵ پاشایەتی ئیسرائیلی کرد. 52 لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، ڕێچکەی دایک و باوکی گرتەبەر، هەروەها ڕێگاکەی یارۆڤعامی کوڕی نەڤات کە بەهۆیەوە وای کردبوو ئیسرائیل گوناه بکات. 53 بەعلی پەرست و کڕنۆشی بۆ برد، یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیلی پەست کرد، هەروەک ئەوەی باوکی کردبووی.

حوکمدانی ئەحەزیا لەلایەن یەزدانەوە

پاش مردنی ئەحاڤ، مۆئاب لە ئیسرائیل یاخی بوو. ئەحەزیاش لە پەنجەرەی ژووری سەرەوەی کۆشکەکەی لە سامیرە کەوتە خوارەوە و بریندار بوو، چەند نێردراوێکی نارد و پێی گوتن: «بڕۆن پرسیار لە بەعل‌زەبوبی خوداوەندی عەقرۆن بکەن، ئایا لەم بریندارییەم چاک دەبمەوە؟»

فریشتەی یەزدانیش بە ئەلیاسی تیشبی فەرموو: «هەستە سەربکەوە بۆ بینینی نێردراوەکانی پاشای سامیرە و پێیان بڵێ: ”ئایا لەبەر ئەوەی کە لە ئیسرائیل خودا نییە، ئێوە دەچن پرسیار لە بەعل‌زەبوبی خوداوەندی عەقرۆن دەکەن؟“ لەبەر ئەوە یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”لەسەر ئەو نوێنە هەڵناستیتەوە کە لەسەری ڕاکشاویت، بە دڵنیاییەوە دەمریت!“» ئینجا ئەلیاس ڕۆیشت.

کاتێک نێردراوەکان گەڕانەوە لای پاشا، پاشا لێی پرسین: «بۆچی گەڕانەوە؟»

ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «پیاوێک بەرەوپیرمان هات، پێی گوتین: ”بڕۆن و بگەڕێنەوە بۆ لای ئەو پاشایەی کە ئێوەی ناردووە و پێی بڵێن، ’یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ئایا لەبەر ئەوەی کە لە ئیسرائیل خودا نییە، ئێوە دەچن پرسیار لە بەعل‌زەبوبی خوداوەندی عەقرۆن دەکەن؟ لەسەر ئەو نوێنە هەڵناستیتەوە کە لەسەری ڕاکشاویت، بە دڵنیاییەوە دەمریت!‘“»

پاشا لێی پرسین: «ئەو پیاوەی بەرەوپیرتان هات و ئەم قسانەی پێ گوتن، شێوەی چۆن بوو؟»

ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «پیاوێکی تووکن بوو، پشتێنێکی چەرمیشی لە کەمەری بەستبوو.»

ئەویش گوتی: «ئەوە ئەلیاسی تیشبییە.»

ئینجا فەرماندەیەکی لەگەڵ پەنجا سەربازەکەی ناردە لای ئەلیاس، ئەویش چوو بۆ لای ئەلیاس و بینی وا لەسەر لووتکەی کێوێک دانیشتووە، پێی گوت: «ئەی پیاوی خودا، پاشا دەڵێت، ”وەرە خوارەوە!“»

10 ئەلیاسیش وەڵامی فەرماندەکەی دایەوە: «ئەگەر من پیاوی خودام، با ئاگر لە ئاسمانەوە بێتە خوارەوە و خۆت و پەنجا پیاوەکەت بسووتێنێت!» ئینجا ئاگر لە ئاسمانەوە هاتە خوارەوە و خۆی و پەنجا پیاوەکەی سووتاند.

11 دیسان فەرماندەیەکی دیکەی بە پەنجا سەربازەکەیەوە ناردە لای ئەلیاس، پێی گوت: «ئەی پیاوی خودا، پاشا دەڵێت: ”پەلە بکە و وەرە خوارەوە!“»

12 ئەلیاسیش وەڵامی دایەوە و پێی گوتن: «ئەگەر من پیاوی خودام، با ئاگر لە ئاسمانەوە بێتە خوارەوە و خۆت و پەنجا پیاوەکەت بسووتێنێت!» ئینجا ئاگری خودا لە ئاسمانەوە هاتە خوارەوە و خۆی و پەنجا پیاوەکەی سووتاند.

13 بۆ جاری سێیەم فەرماندەیەکی لەگەڵ پەنجا سەربازەکەی نارد. فەرماندەکەی سێیەم سەرکەوت و چوو لەبەردەم ئەلیاس کەوتە سەر چۆک و لێی پاڕایەوە، پێی گوت: «ئەی پیاوی خودا، با ژیانی خۆم و ژیانی ئەم پەنجا خزمەتکارەت لەبەرچاو بەهادار بێت. 14 ببینە، ئاگر لە ئاسمانەوە هاتە خوارەوە و دوو فەرماندەکەی یەکەمی لەگەڵ سەربازەکانیان سووتاند. بەڵام ئێستا با ژیانی من لەبەرچاوت بەهادار بێت!»

15 ئینجا فریشتەی یەزدان بە ئەلیاسی فەرموو: «لەگەڵی بڕۆ خوارەوە، لێی مەترسە.» ئەویش هەستا و لەگەڵی چووە خوارەوە بۆ لای پاشا.

16 بە پاشای گوت: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: لەبەر ئەوەی نێردراوت نارد هەتا پرسیار لە بەعل‌زەبوبی خوداوەندی عەقرۆن بکەن، ئایا لە ئیسرائیل خودا نییە هەتا پرس بەو بکەیت؟ لەبەر ئەمە لەسەر ئەو نوێنە هەڵناستیتەوە کە لەسەری ڕاکشاویت، بە دڵنیاییەوە دەمریت!» 17 ئینجا پاشا مرد، بەپێی فەرمایشتی یەزدان لە ڕێگەی ئەلیاسەوە.

لەبەر ئەوەی ئەحەزیا کوڕی نەبوو، یۆرام لە جێی ئەو بوو بە پاشا، لە ساڵی دووەمی پاشایەتی یەهۆرامی کوڕی یەهۆشافاتی پاشای یەهودا. 18 ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی ئەحەزیا و ئەوەی کردی لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون.

بەرزکردنەوەی ئەلیاس بۆ ئاسمان

کاتێک یەزدان ویستی ئەلیاس لە گەردەلوولێکدا بۆ ئاسمان بەرز بکاتەوە، ئەلیاس و ئەلیشەع لە گلگالەوە بەڕێکەوتن. ئەلیاس بە ئەلیشەعی گوت: «لێرە بمێنەرەوە، چونکە یەزدان منی ناردووەتە بێت‌ئێل.»

ئەلیشەعیش گوتی: «بە یەزدانی زیندوو و بە گیانی خۆت، بەجێت ناهێڵم.» ئینجا بەرەو بێت‌ئێل چوون.

ئەندامانی کۆمەڵی پێغەمبەرانی بێت‌ئێل هاتنە دەرەوە بۆ لای ئەلیشەع و لێیان پرسی: «دەزانیت ئەمڕۆ یەزدان گەورەکەت لە تۆ دەستێنێ؟»

ئەویش گوتی: «بەڵێ دەزانم، بێدەنگ بن.»

ئینجا ئەلیاس پێی گوت: «ئەلیشەع، لێرە بمێنەرەوە، چونکە یەزدان منی ناردووەتە ئەریحا.»

ئەویش گوتی: «بە یەزدانی زیندوو و بە گیانی تۆ، بەجێت ناهێڵم.» ئینجا چوونە ئەریحا.

ئەندامانی کۆمەڵی پێغەمبەرانی ئەریحاش لە ئەلیشەع هاتنە پێشەوە و لێیان پرسی: «دەزانیت ئەمڕۆ یەزدان گەورەکەت لێ دەستێنێت؟»

ئەویش گوتی: «بەڵێ دەزانم، بێدەنگ بن.»

پاشان ئەلیاس پێی گوت: «لێرە بمێنەرەوە، چونکە یەزدان منی ناردووەتە ڕووباری ئوردون.»

ئەویش گوتی: «بە یەزدانی زیندوو و بە گیانی تۆ، بەجێت ناهێڵم.» ئینجا هەردووکیان ڕۆیشتن.

پەنجا ئەندامی کۆمەڵی پێغەمبەران ڕۆیشتن و لە دوورەوە لە بەرامبەر ئەلیاس و ئەلیشەع ڕاوەستان، ئەوانیش هەردووکیان لەسەر ڕووباری ئوردون ڕاوەستان. ئەلیاس کەواکەی گرت و پێچایەوە و لە ئاوەکەی دا. جا ئاوەکە شەق بوو، هەردووکیان بە وشکانیدا پەڕینەوە.

کاتێک پەڕینەوە، ئەلیاس بە ئەلیشەعی گوت: «داوای چی دەکەیت هەتا بۆت بکەم، بەر لەوەی لێت جیا ببمەوە؟»

ئەلیشەع وەڵامی دایەوە: «با ڕۆحی تۆ بە میرات وەربگرم.»

10 ئەلیاس گوتی: «داوای شتێکی گرانت کرد. ئەگەر منت بینی کاتێک لێت جیا دەبمەوە، ئەوا بۆ تۆ دەبێت، ئەگەر نا بۆت نابێت.»

11 ئەوە بوو کاتێک دەڕۆیشتن و قسەیان دەکرد، لەناکاو گالیسکەیەکی ئاگرین و چەند ئەسپێکی ئاگرین هەردووکیانی لێک جیا کردەوە، ئەلیاس لە گەردەلوولێکدا بۆ ئاسمان سەرکەوت. 12 ئەلیشەع ئەمەی بینی و هاواری کرد: «باوکە! باوکە! گالیسکەکەی ئیسرائیل و سوارەکانی!» ئیتر ئەلیاسی نەبینییەوە. جلەکەی بەر خۆی دڕاند و کردییە دوو پارچە.

13 کەواکەی ئەلیاسی هەڵگرتەوە کە لێی کەوتبووە خوارەوە، گەڕایەوە و لەسەر کەناری ڕووباری ئوردون ڕاوەستا. 14 ئینجا کەواکەی ئەلیاسی هەڵگرت، ئەوەی لێی کەوتبووە خوارەوە، بە کەوایەکە کێشای بە ئاوەکەدا و گوتی: «یەزدانی خودای ئەلیاس لەکوێیە؟» کاتێک بە ئاوەکەیدا کێشا، ئاوەکە شەقبوو، ئەلیشەع پەڕییەوە.

15 کاتێک ئەندامانی کۆمەڵی پێغەمبەرانی ئەریحا، ئەوانەی لە بەرامبەری بوون بینییان، گوتیان: «ڕۆحی ئەلیاس لەسەر ئەلیشەع جێگیر بووە.» ئینجا بەرەوپیری چوون و کڕنۆشیان بۆ برد. 16 پێیان گوت: «ئەوەتا خزمەتکارەکانت پەنجا پیاوی تواناداریان هەیە. لێیانگەڕێ با بچن بەدوای گەورەکەتدا بگەڕێن. لەوانەیە ڕۆحی یەزدان هەڵیگرتبێت و لەسەر کێوێک یاخود لەناو یەکێک لە دۆڵەکان داینابێت.»

ئەلیشەع گوتی: «مەیاننێرن.»

17 بەڵام زۆریان لێکرد هەتا شەرم دایگرت و گوتی: «بیاننێرن.» ئەوانیش پەنجا پیاویان نارد، سێ ڕۆژ بەدوایدا گەڕان و نەیاندۆزییەوە. 18 کاتێک گەڕانەوە لای ئەلیشەع کە هێشتا لە ئەریحا مابووەوە، پێی گوتن: «پێم نەگوتن مەچن؟»

سازگارکردنی ئاو

19 پیاوانی شارەکە بە ئەلیشەعیان گوت: «ئەوەتا هەروەک گەورەم دەبینێت شوێنی شارەکە باشە، بەڵام ئاوەکە خراپە و خاکەکەشی بێ بەروبوومە.»

20 ئەویش گوتی: «قاپێکی نوێم بۆ بهێنن و خوێی تێ بکەن.» ئەوانیش بۆیان هێنا.

21 ئینجا چووە دەرەوە بۆ سەرچاوەی ئاوەکە و خوێیەکەی فڕێدا ناوی و گوتی: «یەزدان دەفەرموێت: ”ئەم ئاوەم سازگار کرد و جارێکی دیکە نابێتە هۆکاری مردن و بێ بەروبوومی خاک.“» 22 بەگوێرەی ئەو قسەیەیە کە ئەلیشەع کردی هەتا ئەمڕۆش ئاوەکە سازگارە.

گاڵتەکردن بە ئەلیشەع

23 ئینجا ئەلیشەع لەوێوە چوو بۆ بێت‌ئێل، کاتێک بە ڕێگاکەدا سەردەکەوت، کۆمەڵێک مێردمنداڵ لە شارەکەوە هاتنە دەرەوە و گاڵتەیان پێکرد، پێیان گوت: «کەچەڵ لێرە بڕۆ! کەچەڵ لێرە بڕۆ!» 24 ئەویش ئاوڕی لەدوای خۆی دایەوە و تەماشای کردن، بە ناوی یەزدانەوە نەفرەتی لێکردن. ئیتر دوو ورچ لە دارستانەکە هاتنە دەرەوە و چل و دوو کوڕیان پارچەپارچە کرد. 25 لەوێوە چوو بۆ کێوی کارمەل، ئینجا لەوێشەوە گەڕایەوە سامیرە.

یاخیبوونی مۆئاب

یۆرامی کوڕی ئەحاڤ لە هەژدەمین ساڵی پاشایەتی یەهۆشافاتی پاشای یەهودا، بوو بە پاشای ئیسرائیل لە سامیرە، دوازدە ساڵ پاشایەتی کرد. ئەویش لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، بەڵام نەک وەکو دایک و باوکی، ئەو بەردە تەرخانکراوەی[n] بەعلی لەناوبرد کە باوکی دروستی کردبوو. لەگەڵ ئەوەش پەیوەست بوو بە گوناهەکانی یارۆڤعامی کوڕی نەڤات و هەمان گوناهەکانی ئەوی کرد کە بەهۆیانەوە وای کردبوو ئیسرائیل گوناه بکات، خۆی لێیان لانەدا.

مێشای پاشای مۆئابیش خاوەنی مەڕوماڵات بوو، سەد هەزار بەرخ و خوری سەد هەزار بەرانی وەک سەرانە دەدایە پاشای ئیسرائیل. بەڵام پاش مردنی ئەحاڤ، پاشای مۆئاب لە پاشای ئیسرائیل یاخی بوو. دەستبەجێ یۆرام پاشا لە سامیرەوە بەڕێکەوت و هەموو ئیسرائیلی کۆکردەوە. هەروەها ئەو پەیامەی بۆ یەهۆشافاتی پاشای یەهودا نارد: «پاشای مۆئاب لێم یاخی بووە، ئایا لەگەڵم دێیت بۆ ئەوەی لە دژی مۆئاب بجەنگین؟»

ئەویش وەڵامی دایەوە: «لەگەڵت دێم، من خۆم وەک تۆ و گەلەکەم وەک گەلەکەت و ئەسپەکانیشم وەک ئەسپەکانت.»

لێی پرسی: «لە کام ڕێگاوە بچین؟»

یۆرامیش وەڵامی دایەوە: «لە ڕێگای بیابانی ئەدۆم.»

ئینجا پاشای ئیسرائیل لەگەڵ پاشای یەهودا و پاشای ئەدۆم بەڕێکەوتن. دوای ئەوەی سوپاکە حەوت ڕۆژەڕێ بە ڕێگایەکی ناڕاستەوخۆ بەردەوام بوو لە ڕۆیشتن، ئاو بۆ خۆیان و ئەو ئاژەڵانەی پێیان بوو نەما.

10 پاشای ئیسرائیلیش گوتی: «ئاخ! لەبەر ئەوە یەزدان ئەم سێ پاشایەی بانگکردووە، هەتا بمانداتە دەستی پاشای مۆئاب؟» 11 بەڵام یەهۆشافات گوتی: «ئایا لێرە هیچ پێغەمبەرێکی یەزدان نییە، هەتا لە ڕێگەی ئەوەوە پرس بە یەزدان بکەین؟»

یەکێک لە ئەفسەرەکانی پاشای ئیسرائیل وەڵامی دایەوە و گوتی: «ئەلیشەعی کوڕی شافات لێرەیە، ئەوەی ئاوی بە دەستەکانی ئەلیاسدا دەکرد.»

12 یەهۆشافات گوتی: «فەرمایشتی یەزدان لەلای ئەوە.» ئینجا پاشای ئیسرائیل و یەهۆشافات و پاشای ئەدۆم چوونە خوارەوە بۆ لای ئەو.

13 ئەلیشەع بە پاشای ئیسرائیلی گوت: «چیمان بەیەکەوە هەیە؟ بڕۆ لای پێغەمبەرەکانی دایک و باوکت.»

پاشای ئیسرائیلیش گوتی: «نەخێر، چونکە یەزدان ئەم سێ پاشایەی بانگکردووە هەتا ڕادەستی مۆئابمان بکات.»

14 ئەلیشەعیش گوتی: «بە یەزدانی زیندووی سوپاسالار، ئەوەی دەیپەرستم، ئەگەر ڕێزی یەهۆشافاتی پاشای یەهودا نەبووایە، نە ئاوڕم لێت دەدایەوە و نە سەیرم دەکردیت. 15 بەڵام ئێستا مۆسیقاژەنێکم بۆ بهێنن.»

ئەوە بوو کە مۆسیقاژەنەکە مۆسیقاکەی ژەند، ڕۆحی یەزدان هاتە سەر ئەلیشەع، 16 گوتی: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ئەم دۆڵە پڕ دەکەم لە گۆمی ئاو، 17 چونکە یەزدان ئەمە دەفەرموێت: نە با دەبینن و نە باران، بەڵام ئەم دۆڵە پڕ دەبێت لە ئاو، خۆتان و مەڕوماڵات و ئاژەڵەکانتان لێی دەخۆنەوە. 18 ئەوەش لەلای یەزدان کارێکی ئاسانە، هەروەها مۆئابیش بە دەستتانەوە دەدات. 19 ئێوەش هەموو شارێکی قەڵابەند و هەموو شارۆچکەیەکی سەرەکی سەرەوژێر دەکەن، هەموو دارێکی چاک دەبڕنەوە و هەموو کانیاوەکان کوێر دەکەنەوە، هەموو کێڵگەیەکی چاکیش بە بەرد تێکدەدەن.»

20 بەیانی لە کاتی قوربانی، لەناکاو لە ڕێگای ئەدۆمەوە ئاو هات و خاکەکە پڕ بوو لە ئاو.

21 هەموو مۆئابیش بیستیان کە پاشاکان هاتوون لە دژیان بجەنگن، ئینجا هەموو ئەوەی توانای چەک هەڵگرتنی هەبوو، لە گەنجەوە هەتا پیر، بانگیان کردن و کۆیان کردنەوە، لەسەر سنوورەکە وەستان. 22 کە بەیانی زوو لە خەو هەستان، خۆر لەسەر ئاوەکە دەدرەوشایەوە، مۆئابییەکانیش لەو بەرەوە تەماشایان کرد ئاوەکە وەک خوێن سوورە. 23 گوتیان: «ئەمە خوێنە! پاشاکان لەنێو خۆیاندا بووەتە شەڕیان و یەکترییان کوشتووە، ئەی مۆئاب، ئێستاش با بەرەو تاڵانکردن بچین!»

24 بەڵام کاتێک مۆئابییەکان بۆ ئۆردوگای ئیسرائیل هاتن، ئیسرائیلییەکان لێیان هەستان و لە مۆئابییەکانیان دا، لەبەردەمیان هەڵاتن. ئیسرائیلییەکانیش خاکەکەیان داگیر کرد و مۆئابییەکانیان کوشت. 25 ئینجا شارۆچکەکانیان ڕووخاند، هەریەکە بەردێکی فڕێدایە ناو هەر کێڵگەیەکی چاک هەتا ئەوەی پڕیان کردنەوە، هەموو کانیاوەکانیان کوێر کردەوە، هەموو دارێکی چاکیان بڕییەوە، بە تەنها بەردەکانی قییر حەراسەتیان هێشتەوە، قۆچەقانی[o] وەشێنەکان دەوریان گرت و لێیاندا.

26 کاتێک پاشای مۆئاب بینی کە جەنگەکە لەسەری توند بووە، حەوت سەد شمشێر بە دەستی لەگەڵ خۆی برد بۆ ئەوەی ڕیزەکانی دوژمن بشکێنێت و بەرەو لای پاشای ئەدۆم بچێت، بەڵام شکستی هێنا. 27 ئینجا کوڕە نۆبەرەکەی، ئەوەی لە جێی ئەو دەبوو بە پاشا، لەسەر شوورای شارەکە کردییە قوربانی سووتاندن. ئەوە بووە تووڕەییەکی گەورە لە دژی ئیسرائیل، پاشەکشەیان لێی کرد و گەڕانەوە خاکی خۆیان.

زەیتی بێوەژنەکە

ژنی پیاوێک لە کۆمەڵی پێغەمبەران هاواری بۆ ئەلیشەع کرد و گوتی: «گەورەم، تۆ دەزانیت کە مێردەکەم لە یەزدان دەترسا، بەڵام بە قەرزاری مرد. بەڵام ئێستا خاوەن قەرزەکەی هاتووە هەتا دوو کوڕەکەم بۆ خۆی بکاتە کۆیلە.»

ئەلیشەع وەڵامی دایەوە: «چیت بۆ بکەم؟ پێم بڵێ لە ماڵەوە چیت هەیە؟»

ئەویش گوتی: «کەنیزەکەت لە ماڵەوە جگە لە گۆزەیەک زەیت هیچی دیکە شک نابات.»

ئەلیشەعیش گوتی: «بڕۆ لە دەرەوە لە هەموو دراوسێکانت داوای قاپوقاچاغ بکە. قاپوقاچاغێکی زۆر بهێنە نەک کەم. پاشان بڕۆ ژوورەوە و دەرگا لەسەر خۆت و کوڕەکانت دابخە، زەیت لەناو هەموو قاپەکان بکە، ئەوەی پڕبوو لەلایەک دایبنێ.»

ئەویش لەلای ڕۆیشت و دەرگاکەی لەسەر خۆی و کوڕەکانی داخست، ئەوان قاپەکانیان بۆی دەهێنایە پێشەوە و ئەویش تێی دەکردن. کاتێک قاپەکان پڕ بوون، بە کوڕەکەی گوت: «قاپێکی دیکەم بۆ بهێنە.»

ئەویش وەڵامی دایەوە: «هیچ قاپێک نەماوە.» ئیتر زەیتەکە وەستا.

ژنەکە چوو و بە پیاوەکەی خودای ڕاگەیاند، ئەویش گوتی: «بڕۆ زەیتەکە بفرۆشە و قەرزەکەت بدەرەوە، ئەوەش کە دەمێنێتەوە خۆت و کوڕەکانت پێی بژین.»

زیندووبوونەوەی کوڕی شونەمییەکە

ڕۆژێکیان ئەلیشەع چوو بۆ شونێم، لەوێ ژنێکی ناودار هەبوو، پێداگری کرد لەلای ئەو نان بخوات. ئیتر هەر کاتێک دەپەڕییەوە، دەچووە لای ئەو بۆ نانخواردن. ژنەکە بە مێردەکەی خۆی گوت: «من زانیومە ئەو پیاوەی کە هەمیشە بەلاماندا تێدەپەڕێت، پیاوێکی پیرۆزی خودایە. 10 با ژوورێکی بچووک لە سەربان دروستبکەین، تێیدا جێیەکی نوستن و مێز و کورسی و چرایەکی بۆ دابنێین، بۆ ئەوەی ئەگەر هاتە لامان لەوێ بمێنێتەوە.»

11 ڕۆژێک ئەلیشەع هاتە ئەوێ، چووە ژوورەکەی سەرەوە و لەوێ پاڵکەوت. 12 ئینجا بە گێحەزیی خزمەتکاری گوت: «ئەو ژنە شونەمییەم بۆ بانگ بکە.» ئەویش بانگی کرد و ژنەکە لەبەردەم گێحەزی ڕاوەستا. 13 ئەلیشەع بە گێحەزیی گوت: «پێی بڵێ: ”ئەوەتا تۆ ئەو هەموو زەحمەتییەت بۆ ئێمە کێشاوە. چۆن چاکەت بدەمەوە؟ هیچت هەیە هەتا لەبارەیەوە قسە لەگەڵ پاشا یاخود سەرکردەی سوپادا بکرێت؟“»

ژنەکەش وەڵامی دایەوە: «من لەنێو کەسوکاری خۆمم و پێویستم بە هیچ نییە.»

14 ئەلیشەعیش پرسی: «ئەی چی بۆ بکرێت؟»

گێحەزیش گوتی: «منداڵی نییە و مێردەکەشی پیرە.»

15 ئینجا ئەلیشەع گوتی: «بانگی بکە.» ئەویش بانگی کرد و لە بەردەرگاکە ڕاوەستا. 16 ئەلیشەع پێی گوت: «ساڵی داهاتوو لەم کاتە کوڕێک لە باوەش دەگریت.»

ژنەکە گوتی: «نەخێر گەورەم، ئەی پیاوی خودا، درۆ لەگەڵ کەنیزەکەت مەکە!»

17 لەدوای ئەوە ژنەکە سکی پڕ بوو، کوڕێکی بوو، لە ساڵی داهاتوو لە هەمان ئەو کاتەی کە ئەلیشەع پێی گوتبوو.

18 کوڕەکە گەورە بوو، ڕۆژێک کوڕەکە چووە دەرەوە بۆ لای باوکی، کە لەلای دروێنەکەرەکان بوو. 19 بە باوکی گوت: «ئای سەرم! ئای سەرم!»

باوکیشی بە خزمەتکارەکەی گوت: «هەڵیبگرە و بیبە بۆ لای دایکی.» 20 خزمەتکارەکەش هەڵیگرت و بردییەوە لای دایکی. هەتا نیوەڕۆ لەسەر ئەژنۆی دایکی دانیشت، ئینجا مرد. 21 ئەویش چووە سەرەوە لەسەر جێی نوستنەکەی پیاوەکەی خودا داینا، دەرگاکەی لەسەر داخست و هاتە دەرەوە.

22 ئینجا مێردەکەی بانگکرد و گوتی: «خزمەتکارێک و ماکەرێکم بۆ بنێرە، هەتا بە پەلە بچم بۆ لای پیاوەکەی خودا و بگەڕێمەوە.»

23 ئەویش پرسیاری کرد: «بۆچی ئەمڕۆ دەچیتە لای؟ خۆ ئەمڕۆ نە جەژنی سەرەمانگە و نە شەممەیە.»

ژنەکەش گوتی: «هیچ نییە.»

24 کورتانی لە ماکەرەکە بەست و بە خزمەتکارەکەی گوت: «لێخوڕە و خێرا بڕۆ، لەبەر من خاو مەکەرەوە هەتا خۆم پێت نەڵێم.» 25 ئینجا ڕۆیشت و لە کێوی کارمەل گەیشتە لای پیاوەکەی خودا.

کاتێک پیاوەکەی خودا لە دوورەوە بینی بە گێحەزی خزمەتکاری گوت: «تەماشا، ئەوە شونەمییەکەیە. 26 ئێستا بەرەوپیری ڕابکە و پرسیاری سەلامەتی خۆی و مێردەکەی و کوڕەکەی لێ بکە.»

ژنەکەش گوتی: «باشین.»

27 کاتێک ژنەکە لە چیاکە گەیشتە لای پیاوەکەی خودا، قاچەکانی گرت. گێحەزیش هاتە پێشەوە هەتا دووری بخاتەوە، بەڵام پیاوەکەی خودا گوتی: «لێیگەڕێ، چونکە زۆر دڵی تەنگە، یەزدان ئەو کارەی لێم شاردەوە و پێی ڕانەگەیاندم.»

28 ئینجا ژنەکە گوتی: «ئایا من داوای کوڕم لە گەورەم کرد؟ نەمگوت، ”هەڵممەخەڵەتێنە؟“»

29 ئەلیشەعیش بە گێحەزی گوت: «کەواکەت لە ناوقەدت ببەستە، گۆچانەکەم لەدەست بگرە و بە پەلە بڕۆ، ئەگەر چاوت بە یەکێک کەوت سڵاوی لێ مەکە، ئەگەر یەکێکیش سڵاوی لێکردیت، وەڵامی مەدەرەوە. گۆچانەکەم لەسەر دەموچاوی کوڕەکە دابنێ.»

30 بەڵام دایکی کوڕەکە گوتی: «بە یەزدانی زیندوو و بە گیانی تۆ، بەجێت ناهێڵم.» ئیتر هەستا و دوای کەوت.

31 گێحەزی لەپێشیانەوە ڕۆیشت و گۆچانەکەی لەسەر دەموچاوی کوڕەکە دانا، بەڵام نە دەنگی هەبوو نە هەست. ئینجا گێحەزی گەڕایەوە بۆ لای ئەلیشەع و پێی ڕاگەیاند، گوتی: «کوڕەکە هەڵنەستایەوە.»

32 کاتێک ئەلیشەع چووە ناو ماڵەکە، بینی کوڕەکە لەسەر جێگاکەی مردووە. 33 جا چووە ژوورەوە و دەرگاکەی لەسەر خۆی و منداڵەکە داخست، لە یەزدان پاڕایەوە. 34 پاشان چووە سەر جێگاکە و لەسەر کوڕەکە پاڵکەوت، دەمی خستە سەر دەمی و چاوەکانی لەسەر چاوەکانی و دەستەکانی لەسەر دەستەکانی. کە لەسەری درێژ بوو، جەستەی کوڕەکە گەرم داهات. 35 ئینجا ئەلیشەع هەستا و لەناو ژوورەکە دەهات و دەچوو، چووەوە سەر جێگاکە و لەسەر کوڕەکە درێژبووەوە. کوڕەکە حەوت جار پژمی و چاوەکانی کردەوە.

36 ئەلیشەع گێحەزیی بانگکرد و گوتی: «ئەو شونەمییە بانگ بکە.» ئەویش بانگی کرد، کاتێک هاتە ژوورەوە ئەلیشەع پێی گوت: «کوڕەکەت هەڵبگرە.» 37 هات و خۆی هاویشتە بەر پێی، کڕنۆشی برد. پاشان کوڕەکەی هەڵگرت و چووە دەرەوە.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.