Bible in 90 Days
8 یەزدانیش بە موسای فەرموو: «مارێکی ژەهراوی دروستبکە و لەسەر ستوونێک هەڵیبواسە، جا هەر یەکێک پێیەوەدرا و تەماشای کرد دەژیێت.» 9 موساش مارێکی لە بڕۆنز دروستکرد و لەسەر ستوونێک هەڵیواسی، ئەوە بوو هەر کاتێک یەکێک مار پێوەی دەدا و تەماشای مارە بڕۆنزییەکەی دەکرد دەژیا.
بەرەو مۆئاب
10 ئینجا نەوەی ئیسرائیل کۆچیان کرد و لە ئۆڤۆت چادریان هەڵدا، 11 لە ئۆڤۆتەوەش کۆچیان کرد و لە عییی عەڤاریم لە چۆڵەوانی بەرامبەر مۆئاب ڕووەو خۆر هەڵاتن چادریان هەڵدا. 12 لەوێشەوە کۆچیان کرد و لە دۆڵی زەرەد چادریان هەڵدا، 13 لەوێشەوە کۆچیان کرد و لە قەراغی باکووری ڕووباری ئەرنۆن چادریان هەڵدا کە لە چۆڵەوانییە لە دەرەوەی سنووری ئەمورییەکانە، چونکە ئەرنۆن سنووری مۆئابە لەنێوان مۆئاب و ئەمورییەکان، 14 لەبەر ئەوە پەڕتووکی جەنگەکانی یەزدان دەڵێت:
«شاری واهێڤ لە سوفە و شیوەکانی،
ئەرنۆن و 15 نشێوی شیوەکان،
ئەوەی هەتا نشینگەی عار شۆڕ بووەتەوە،
پشتی بە سنووری مۆئابەوە داوە.»
16 لەوێشەوە بۆ بئێر بەردەوام بوون، ئەوەش ئەو بیرەیە کە لەوێ یەزدان بە موسای فەرموو، «گەل کۆبکەرەوە ئاویان دەدەمێ.»
17 ئەوسا ئیسرائیل ئەم گۆرانییەیان چڕی:
«ئەی بیر هەڵبقوڵێ،
گۆرانی لە بارەوە بڵێن،
18 بیرێک میرەکان لێیان داوە،
پیاوماقوڵانی گەل هەڵیانکەندووە،
ئەو پیاوماقوڵانە بە داردەست و گۆچانەکانیان.»
لە چۆڵەوانییەوە هەتا مەتانە چوون، 19 لە مەتانەوە هەتا نەحەلیێل و لە نەحەلیێلەوە هەتا بامۆت[a]، 20 لە بامۆتەوە هەتا دۆڵێک کە لە مۆئابە و لە لووتکەی چیای پسگە کە دەڕوانێتە سەر ڕووی چۆڵەوانی.
شکاندنی سیحۆن و عۆگ
21 ئینجا ئیسرائیل نێردراوی بۆ سیحۆنی پاشای ئەمورییەکان نارد و گوتی:
22 «ڕێمان بدە بە خاکەکەتدا تێپەڕین، نە بەلای کێڵگەیەک و نە بەلای ڕەزە مێوێک لانادەین و ئاو لە بیر ناخۆینەوە، هەتا لە خاکەکەت دەچینە دەرەوە بە شاڕێگادا دەڕۆین.»
23 بەڵام سیحۆن نەیهێشت ئیسرائیل بە خاکەکەیدا تێبپەڕێت، بەڵکو هەموو سوپاکەی کۆکردەوە و بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئیسرائیل بۆ چۆڵەوانی دەرچوو، هاتە یەهەچ و شەڕی لەگەڵ ئیسرائیل کرد. 24 ئیسرائیلیش بە شمشێر لێیدا و دەستی بەسەر خاکەکەیدا گرت، لە ئەرنۆنەوە هەتا یەبۆق و هەتا نەوەی عەمۆن، چونکە سنووری عەمۆنییەکان بەهێز بوو. 25 ئیسرائیل هەموو ئەم شارانەی گرت، ئیسرائیل لە هەموو شارەکانی ئەمورییەکان نیشتەجێ بوو، لە حەشبۆن و لە هەموو گوندەکانی. 26 لەبەر ئەوەی حەشبۆن شاری سیحۆنی پاشای ئەمورییەکان بوو، شەڕی لەگەڵ پاشای پێشووی مۆئاب کردبوو و هەموو خاکەکەی لە دەستی سەندبوو هەتا ئەرنۆن.
27 لەبەر ئەوە شیعرەکان دەڵێن:
«وەرنە حەشبۆن بنیاد دەنرێتەوە،
شاری سیحۆن نۆژەن دەکرێتەوە.
28 «چونکە ئاگرێک لە حەشبۆنەوە کڵپەی کرد،
گڕێک لە شاری سیحۆنەوە،
عاری مۆئابی هەڵلووشی،
پیاوانی بەرزاییەکانی ئەرنۆن.
29 قوڕبەسەرت مۆئاب!
ئەی گەلی کەمۆش لەناوچوویت!
کوڕەکانی ئاوارە کرد و
کچەکانی ڕاپێچ کرد
بۆ سیحۆنی پاشای ئەمورییەکان.
30 «بەڵام وا ئەوانمان ڕووخاند،
حەشبۆن لەناوچوو هەتا دیڤۆن،
تێکمان دا هەتا نۆفە
کە هەتا مێدەبایە.»
31 جا ئیسرائیل لە خاکی ئەمورییەکاندا مایەوە.
32 ئینجا موسا هەندێک کەسی نارد بۆ سیخوڕیکردن لە یەعزێر، ئیتر گوندەکانیان گرت و ئەو ئەمورییانەیان دەرکرد کە لەوێ بوون. 33 ئینجا ڕوویان وەرگێڕا و بە ڕێگای باشاندا سەرکەوتن، جا عۆگی پاشای باشان لەگەڵ هەموو سوپاکەی بۆ بەرەنگاربوونەوەیان گەیشتە ئەدرەعی.
34 یەزدانیش بە موسای فەرموو: «لێی مەترسە، چونکە خۆی و هەموو سوپاکەی و خاکەکەیم داوەتە دەستت، ئەوەی پێ دەکەیت کە بە سیحۆنی پاشای ئەمورییەکانت کرد کە لە حەشبۆن فەرمانڕەوا بوو.»
35 جا لە خۆی و کوڕەکانی و هەموو سوپایەکەیان دا و کەس دەرباز نەبوو، بوونە خاوەنی خاکەکەی.
بالاق بانگی بەلعام دەکات
22 ئینجا نەوەی ئیسرائیل کۆچیان کرد و لە دەشتاییەکانی مۆئاب لەلای کەناری ڕووباری ئوردون بەرامبەر ئەریحا چادریان هەڵدا.
2 کاتێک بالاقی کوڕی چیپور هەموو ئەو شتانەی بینی کە ئیسرائیل بە ئەمورییەکانی کرد، 3 مۆئاب لە گەلەکە تۆقی، چونکە زۆر بوون، مۆئاب بەهۆی نەوەی ئیسرائیل ترسی لێ نیشت.
4 مۆئابییەکان بە پیرەکانی میدیانیان گوت: «ئێستا ئەم ئاپۆرەی خەڵکە هەموو چواردەورمان دەلێسنەوە وەک چۆن گا سەوزایی کێڵگە دەلێسێتەوە.»
لەو سەردەمە بالاقی کوڕی چیپور پاشای مۆئاب بوو. 5 چەند نێردراوێکی بۆ لای بەلعامی کوڕی بەعۆر نارد بۆ پەتور کە نزیک ڕووباری فوراتە لە خاکی نەوەی گەلەکەی، بۆ ئەوەی بانگی بکات و بڵێت:
«وا گەلێک لە میسر هاتووە و ڕووی زەوی داپۆشیوە و لەتەنیشتم نیشتەجێیە. 6 ئێستاش وەرە و نەفرەت لەم گەلە بکە بۆم، چونکە لە من مەزنترن. بەڵکو بتوانم بیانشکێنم و لە خاکەکە دەریانبکەم، چونکە زانیومە ئەوەی داوای بەرەکەتی بۆ بکەیت بەرەکەتدار کراوە و ئەوەی نەفرەتی لێ بکەیت نەفرەت لێکراوە.»
7 پیرانی مۆئاب و پیرانی میدیان بە کرێی فاڵگرتنەوە بەڕێکەوتن و هاتنە لای بەلعام و بە وتەکانی بالاق لەگەڵیدا دوان.
8 ئەویش پێی گوتن: «ئەمشەو لێرە بمێننەوە، یەزدان چیم پێ بڵێت، ئاوا وەڵامتان دەدەمەوە.» ئینجا پیاوە گەورەکانی مۆئاب لەلای بەلعام مانەوە.
9 ئینجا خودا هاتە لای بەلعام و فەرمووی: «ئەو پیاوانە کێن کە لەلاتن؟»
10 بەلعامیش بە خودای گوت: «بالاقی کوڕی چیپوری پاشای مۆئاب بەدوامدا ناردوویەتی و دەڵێت، 11 ”ئەو گەلەی لە میسرەوە هاتووە ڕووی زەوی داپۆشیوە. ئێستا وەرە و نەفرەتیان لێ بکە بۆم، هەتا بتوانم لەگەڵیاندا بجەنگم و دەریانبکەم.“»
12 بەڵام خودا بە بەلعامی فەرموو: «لەگەڵیاندا مەڕۆ و نەفرەت لە گەلەکە مەکە، چونکە بەرەکەتدارن.»
13 بەلعام بەیانی هەستا و بە پیاوە گەورەکانی بالاقی گوت: «بۆ خاکەکەتان بگەڕێنەوە، چونکە یەزدان ڕازی نەبوو ڕێم بدات لەگەڵتان بێم.»
14 پیاوە گەورەکانی مۆئابیش هەستان و هاتنە لای بالاق و گوتیان: «بەلعام ڕازی نەبوو لەگەڵماندا بێت.»
15 ئینجا بالاق دووبارە پیاوی گەورەی زۆرتر و بەڕێزتری لەوانەی پێشووتر نارد. 16 ئەوانیش هاتنە لای بەلعام و پێیان گوت:
«بالاقی کوڕی چیپور ئاوا دەڵێت: با هیچ شتێک ڕێت لێ نەگرێت بێیت بۆ لام، 17 چونکە پاداشتێکی گەورەت دەکەم، ئەوەی پێم بڵێی دەیکەم، ئێستا وەرە و نەفرەت لەم گەلە بکە بۆم.»
18 بەڵام بەلعام وەڵامی دایەوە و بە خزمەتکارانی بالاقی گوت: «ئەگەر بالاق بە پڕی کۆشکەکەی زێڕ و زیوم پێبدات ناتوانم لە فەرمانی یەزدانی پەروەردگارم دەربچم، بۆ ئەوەی شتێکی بچووک یان گەورە بکەم. 19 ئێوەش ئێستا ئەمشەو لێرە بمێننەوە، هەتا بزانم یەزدان ئەم جارە چیم پێ دەڵێت.»
20 خودا لە شەودا هاتە لای بەلعام و پێی فەرموو: «لەبەر ئەوەی ئەو پیاوانە هاتوون هەتا بانگت بکەن، هەستە و لەگەڵیاندا بڕۆ، بەڵام تەنها ئەو قسەیەی کە من پێت دەڵێم ئەوە دەکەیت.»
ماکەری بەلعام
21 بەلعامیش بەیانی هەستا و ماکەرەکەی کورتان کرد و لەگەڵ پیاوە گەورەکانی مۆئاب بەڕێکەوت. 22 بەڵام کاتێک بەڕێکەوت تووڕەیی خودا جۆشا، ئینجا فریشتەی یەزدان لەسەر ڕێگا بۆی وەستا، هەتا بەربەرەکانێی بکات. لەو کاتەی بەلعام سواری ماکەرەکەی ببوو و هەردوو خزمەتکارەکەشی لەگەڵی بوون. 23 کە ماکەرەکە فریشتەی یەزدانی بینی لەسەر ڕێگاکە وەستاوە و شمشێرەکەی هەڵکێشاوە و بە دەستیەوەیە، ماکەرەکە لە ڕێگاکە لایدا و دایەوە ناو کێڵگە، بەلعامیش لە ماکەرەکەی دا هەتا بیگەڕێنێتەوە سەر ڕێگاکە.
24 ئینجا فریشتەی یەزدان لە ڕێچکەیەکی باریکدا لەنێوان دوو ڕەزدا وەستا کە لەملا و ئەولا دیواری هەبوو، 25 کاتێک ماکەرەکە فریشتەی یەزدانی بینی ملی دا بە دیوارەکە و پێی بەلعام بەر دیوارەکە کەوت. ئینجا دیسان لە ماکەرەکەی دایەوە.
26 دواتر فریشتەی یەزدان پێشیان کەوتەوە و لە شوێنێکی تەنگەبەر وەستا کە هیچ ڕێگا نەبوو بۆ سوڕانەوە، نە بەلای ڕاست و نە بەلای چەپدا. 27 کە ماکەرەکە فریشتەی یەزدانی بینی، لەژێر بەلعامدا خۆی کێشایەوە، تووڕەیی بەلعام جۆشا و بە گۆچانەکەی لە ماکەرەکەی دا، 28 ئینجا یەزدان دەمی ماکەرەکەی کردەوە و بە بەلعامی گوت: «چیم لێکردوویت؟ بۆچی هەتا ئێستا سێ جار لێت دام؟»
29 بەلعامیش بە ماکەرەکەی گوت: «چونکە سووکایەتیم پێ دەکەیت، ئەگەر شمشێرم لە دەست بووایە ئێستا دەمکوشتیت.»
30 ماکەرەکەش بە بەلعامی گوت: «باشە من ماکەرەکەی تۆ نیم کە لەو کاتەوەی هەی سوارم دەبیت هەتا ئەمڕۆ، ئایا من لێڕاهاتووم وات لێ بکەم؟»
ئەویش گوتی: «نا.»
31 ئینجا یەزدان چاوی بەلعامی کردەوە و فریشتەی یەزدانی بینی لەسەر ڕێگاکە وەستاوە و شمشێری هەڵکێشاوە و بە دەستیەوەیە، جا بەسەر ڕوویدا کەوت و کڕنۆشی برد.
32 فریشتەی یەزدانیش پێی فەرموو: «بۆچی هەتا ئێستا سێ جار لە ماکەرەکەی خۆتت داوە؟ ئەوەتا من بۆ بەربەرەکانێت هاتووم، چونکە لەبەرچاوی من ڕێگاکەت لاساریکردنە. 33 ماکەرەکە منی بینی هەتا ئێستا سێ جار لە بەرامبەرم خۆی لادا، ئەگەر لە بەرامبەرم خۆی لانەدەدا، ئێستا من تۆم دەکوشت و ئەوم دەهێشتەوە.»
34 بەلعام بە فریشتەی یەزدانی گوت: «گوناهم کرد، من نەمزانی کە تۆ بوویت ئەوەی لەسەر ڕێگا لەپێشم وەستاویت بۆ بەربەرەکانێم، ئێستاش ئەگەر پێت ناخۆشە من دەگەڕێمەوە.»
35 فریشتەی یەزدانیش بە بەلعامی فەرموو: «لەگەڵ پیاوەکاندا بڕۆ، بەڵام تەنها ئەو قسەیەی کە من پێت دەڵێم ئەوە دەکەیت.» ئیتر بەلعام لەگەڵ پیاوە گەورەکانی بالاق بەڕێکەوت.
36 کاتێک بالاق بیستی کە بەلعام هاتووە، چوو بۆ پێشوازیکردنی بۆ ئەو شارۆچکەیەی مۆئاب کە لەسەر سنووری ئەرنۆنە، لەوپەڕی خاکەکەی. 37 بالاق بە بەلعامی گوت: «ئایا بەدوای تۆمدا نەنارد، هەتا بانگت بکەم، ئیتر بۆ نەهاتی؟ ئایا بەڕاستی من ناتوانم پاداشتت بکەم؟»
38 بەلعامیش بە بالاقی گوت: «ئەوەتا ئێستا هاتم بۆ لات، ئایا ئێستا هیچ توانایەکم هەیە کە خۆم شتێک بڵێم؟ ئەو وشەیەی خودا دەیخاتە دەمم ئەوە دەڵێم.»
39 بەلعام و بالاق بەڕێکەوتن و هاتنە قیریەت حوچۆت، 40 ئینجا بالاق مەڕ و مانگای سەربڕی و بەدوای بەلعام و ئەو پیاوە گەورانەی نارد کە لەگەڵی بوون. 41 بۆ بەیانی بالاق بەلعامی بردە سەرەوە بۆ بامۆت بەعل[b] و لەوێوە ئەوپەڕی گەلی بینی.
یەکەم پەیامی بەلعام
23 بەلعام بە بالاقی گوت: «لێرە حەوت قوربانگام بۆ دروستبکە و هەر لێرە حەوت گا و حەوت بەرانم بۆ ئامادە بکە.» 2 بالاقیش بەم جۆرەی کرد، وەک بەلعام گوتی. ئیتر بالاق و بەلعام بۆ سەر هەر قوربانگایەک گایەک و بەرانێکیان سەرخست.
3 ئینجا بەلعام بە بالاقی گوت: «تۆ لەلای قوربانی سووتاندنەکەت بوەستە و من دەڕۆم، لەوانەیە یەزدان بۆ بینینم بێت و هەرچی پیشانم بدات پێت دەڵێم.» ئینجا بۆ شوێنێکی بەرز و چۆڵ چوو.
4 خودا هاتە لای بەلعام، بەلعامیش پێی گوت: «حەوت قوربانگام ئامادە کرد و گایەک و بەرانێکم خستە سەر هەر قوربانگایەک.»
5 یەزدان وشەی خستە دەمی بەلعام و فەرمووی: «بۆ لای بالاق بگەڕێوە و ئاوا بڵێ.»
6 ئەویش گەڕایەوە لای و بینی وا لەگەڵ هەموو پیاوە گەورەکانی مۆئاب لەلای قوربانی سووتاندنەکەی وەستاوە. 7 ئیتر بەلعام پەیامەکەی ڕاگەیاند و گوتی:
«لە ئارامەوە بالاقی پاشای مۆئاب منی هێنا،
لە چیاکانی ڕۆژهەڵاتەوە،
گوتی ”وەرە نەفرەت لە یاقوب بکە بۆم،
وەرە جنێو بە ئیسرائیل بدە.“
8 چۆن نەفرەت بکەم
کە خودا نەفرەتی نەکردبێت،
چۆن جنێو بدەم
کە یەزدان جنێوی نەدابێت؟
9 چونکە لەسەر تاوێرەکانەوە دەیبینم،
لە گردەکانەوە تەماشای دەکەم،
گەلێک وا بە تەنها نیشتەجێ بووە،
خۆی بە یەکێک لە نەتەوەکان دانانێت.
10 کێ خۆڵی یاقوبی ئامار کردووە،
کێ چارەکی ئیسرائیلی ژماردووە؟
با وەک مردنی سەرڕاستان بمرم و
کۆتاییم وەک ئەوان بێت!»
11 بالاق بە بەلعامی گوت: «چیت پێکردم! بۆ نەفرەتکردن لە دوژمنانم تۆم هێنا، کەچی وا داوای بەرەکەتیان بۆ دەکەیت!»
12 ئەویش وەڵامی دایەوە و گوتی: «ئایا ئەوە نەڵێم، ئەوەی کە یەزدان دەیخاتە سەر زارم تاکو بیڵێم؟»
دووەم پەیامی بەلعام
13 ئینجا بالاق پێی گوت: «لەگەڵم وەرە بۆ شوێنێکی دیکە هەتا بیانبینیت، بەڵام تەنها بەشێکی دەبینیت و هەمووی نابینیت، لەوێوە نەفرەتیان لێ بکە.» 14 جا بردیە کێڵگەی چۆفیم بۆ سەری پسگە و حەوت قوربانگای بنیاد نا و هەر قوربانگایەک گایەک و بەرانێکی سەرخستە سەری.
15 بەلعام بە بالاقی گوت: «لێرە لەلای قوربانی سووتاندنەکەت بوەستە و من دەچمە ئەوێ بۆ گەیشتن بە یەزدان.»
16 یەزدان بە بەلعام گەیشت و وشەی خستە دەمی و فەرمووی: «بگەڕێوە لای بالاق و ئاوا بڵێ.»
17 ئەویش هاتە لای و بینی وا لەگەڵ پیاوە گەورەکانی مۆئاب لەلای قوربانی سووتاندنەکەی وەستاوە. بالاق لێی پرسی: «یەزدان چی فەرموو؟»
18 ئیتر پەیامەکەی ڕاگەیاند و گوتی:
«هەستە و گوێ بگرە بالاق،
گوێم بۆ شل بکە ئەی کوڕی چیپور،
19 خودا مرۆڤ نییە هەتا درۆ بکات،
کوڕی مرۆڤیش نییە هەتا بڕیاری بگۆڕێت.
ئایا قسە دەکات و ئەنجامی نەدات؟
یان بەڵێن دەدات و نایباتە سەر؟
20 فەرمانم پێدراوە داوای بەرەکەت بکەم،
ئەو بەرەکەتداری کردووە و من ناتوانم بیگۆڕم.
21 «لە یاقوبدا بەدبەختی بەرچاو نەکەوتووە،
لە ئیسرائیلدا مەراقی نەبینیوە،
یەزدانی پەروەردگاریان لەگەڵیاندایە،
هوتافی پاشای لەنێویاندایە.
22 خودا لە میسر دەریهێنان،
ئەوانە هێزی گای کێوییان هەیە.
23 جادووگەری لە دژی یاقوب بە کەڵک نایەت،
فاڵگرتنەوەش لە دژی ئیسرائیل بێ سوودە.
ئێستا دەربارەی یاقوب و ئیسرائیل دەگوترێت،
”سەیر بکە خودا چی کردووە!“
24 گەلێک وەک شێرە مێ هەڵدەستێت،
وەک نەڕەشێر بەرز دەبێتەوە،
ناخەوێت هەتا نێچیرێک نەخوات و
خوێنی کوژراوان نەخواتەوە.»
25 ئینجا بالاق بە بەلعامی گوت: «نە نەفرەتی لێ بکە و نە داوای بەرەکەتی بۆ بکە.»
26 بەلعامیش وەڵامی دایەوە: «پێم نەگوتیت ئەوەی یەزدان بیڵێت، ئەوە دەکەم؟»
سێیەم پەیامی بەلعام
27 بالاقیش بە بەلعامی گوت: «وەرە بتبەمە شوێنێکی دیکە، بەڵکو لەبەرچاوی خودا باش بێت و لەوێوە بۆ من نەفرەتیان لێ بکە.» 28 ئینجا بالاق بەلعامی بردە سەر لووتکەی پەعۆر کە دەڕوانێتە سەر چۆڵەوانی.
29 بەلعامیش بە بالاقی گوت: «لێرە حەوت قوربانگام بۆ دروستبکە و هەر لێرە حەوت گا و حەوت بەرانم بۆ ئامادە بکە.» 30 بالاقیش وەک بەلعام چی گوت ئاوای کرد، بۆ سەر هەر قوربانگایەک گایەک و بەرانێکی خستە سەری.
24 کاتێک بەلعام بینی لەبەرچاوی یەزدان پەسەندە کە ئیسرائیل بەرەکەتدار بکات، وەک جاری یەکەم و دووەم بەڕێ نەکەوت بۆ جادووگەری، بەڵکو ڕووی لە چۆڵەوانی کرد. 2 کاتێک بەلعام چاوی هەڵبڕی نەوەی ئیسرائیلی بینی هۆز لەتەنیشت هۆز چادریان هەڵداوە، ڕۆحی خوداش هاتە سەری، 3 ئیتر پەیامەکەی ڕاگەیاند و گوتی:
«پەیامەکەی بەلعامی کوڕی بەعۆر،
پەیامەکەی ئەو پیاوەی چاوی کراوەیە،
4 پەیامی ئەوەی گوێی لە وشەکانی خودایە،
ئەوەی خودای هەرە بە توانا بینینی بۆ ئاشکرا دەکات،
ئەوەی بەسەر ڕوودا دەکەوێت، بەڵام چاو کراوەیە:
5 «چادرەکانت چەند جوانە ئەی یاقوب،
نشینگەکانت ئەی ئیسرائیل!
6 «وەک ئەو دۆڵانەی درێژ بوونەتەوە،
وەک باخچەی کەناری ڕووبار،
وەک ئەو درەختە ئەلوایانەی[c] کە یەزدان چاندبێتی،
وەک ئورزی قەراغی ئاو،
7 گۆزەکانی ئاویان لێ دەڕژێت و
تۆوی ئەوان لەسەر ئاوی زۆر دەبێت.
«پاشای لە ئەگاگ باڵاتر دەبێت و
شانشینەکەی پایەدار دەبێت.
8 «خودا لە میسر دەریهێنان،
وەک شاخی گای کێوییە بۆیان،
ئەو نەتەوانەی ناحەزی دەکەن دەیانخۆن و
ئێسکیان تێکدەشکێنن و
بە تیرەکانیان دەیانبڕن.
9 خۆیان وەک شێر ماتداوە و ڕاکشاون،
وەک شێرە مێ، کێ هەڵیاندەستێنێت؟
«بەرەکەتدار بن ئەوانەی بەرەکەتدارتان دەکەن،
نەفرەت لێکراو بن ئەوانەی نەفرەتتان لێ دەکەن.»
10 ئینجا تووڕەیی بالاق بەسەر بەلعامەوە گڕی گرت، چەپڵەی لێدا و بە بەلعامی گوت: «بۆ نەفرەتکردن لە دوژمنەکانم بانگم کردوویت، کەچی تۆ سێ جار داوای بەرەکەتت بۆ کردن، 11 ئێستاش بگەڕێوە شوێنی خۆت، گوتم پاداشتێکی گەورەت دەکەم، بەڵام یەزدان ڕێگری لێ کردیت کە پاداشتەکەت وەربگریت.»
12 بەلعامیش بە بالاقی گوت: «ئەی من بە نێردراوەکانتم نەگوت کە بۆ لای منت ناردبوون، 13 ”ئەگەر بالاق بە پڕی خانووەکەی زێڕ و زیوم پێبدات ناتوانم لە فەرمانی یەزدان دەربچم، بۆ ئەوەی لە خۆمەوە چاکەیەک یان خراپەیەک بکەم، ئەوەی یەزدان بیڵێت ئەوە دەڵێم؟“ 14 ئێستاش وا من بۆ لای گەلەکەم بەڕێ دەکەوم، بەڵام وەرە با پێت بڵێم کە ئەم گەلە لە دوارۆژدا چی لە گەلەکەت دەکات.»
چوارەم پەیامی بەلعام
15 ئیتر پەیامەکەی ڕاگەیاند و گوتی:
«پەیامی بەلعامی کوڕی بەعۆر،
پەیامی ئەو پیاوەی چاوی کراوەیە،
16 پەیامی ئەوەی گوێی لە وشەکانی خودایە،
کە زانینی هەیە لە هەرەبەرزەوە،
ئەوەی خودای هەرە بە توانا بینینی بۆ ئاشکرا دەکات،
ئەوەی بەسەر ڕوودا دەکەوێت، بەڵام چاوی کراوەیە:
17 «دەیبینم، بەڵام ئێستا نا،
چاوم پێی دەکەوێت، بەڵام بەم نزیکانە نا.
ئەستێرەیەک لە یاقوب دەردەکەوێت و
داردەستێک لە ئیسرائیل هەڵدەستێت.
ناوچەوانی مۆئاب دەشکێنێت،
کاسەسەری هەموو نەوەی شیت[d] تێکدەشکێنێت.
18 ئەدۆم داگیر دەکرێت،
سێعیری دوژمنیشی دەبێتە خاوەندار،
بەڵام ئیسرائیل قارەمانیێتی دەنوێنێت.
19 ئەوەی لە یاقوبەوەیە دەسەڵاتدار دەبێت،
بەجێماوەکان لە شار لەناودەبات.»
پێنجەم پەیامی بەلعام
20 ئینجا بەلعام عەمالێقی بینی و پەیامەکەی ڕاگەیاند و گوتی:
«عەمالێق یەکەمی نەتەوەکان بوو،
بەڵام کۆتاییەکەی لەناوچوونە.»
21 ئینجا قێنییەکانی بینی و پەیامەکەی پێ ڕاگەیاندن و گوتی:
«نشینگەکەتان پتەوە و
هێلانەکەتان لەناو تاشەبەردە،
22 بەڵام ئەی قێنییەکان ئێوە وێران دەبن،
کاتێک ئەشوورییەکان بە دیلتان دەگرن.»
23 ئیتر پەیامەکەی ڕاگەیاند و گوتی:
«ئای کێ دەژیێت کاتێک خودا ئاوا دەکات،
24 لەلای کەنارەکانی کیتیمەوە[e] کەشتییەکان دێن و
ئەشوور و عێبەر ژێردەستە دەکات،
بەڵام ئەوانیش بۆ لەناوچوونن.»
25 ئینجا بەلعام هەستا و بەڕێکەوت و گەڕایەوە شوێنی خۆی، بالاقیش بە ڕێگای خۆیدا ڕۆیشت.
مۆئاب کوڕانی ئیسرائیل هەڵدەخەڵەتێنێت
25 کاتێک ئیسرائیل لە شەتیم چادریان هەڵدا و گەل دەستیان بە بەدڕەوشتی کرد لەگەڵ کچانی مۆئاب، 2 ئەوانیش گەلیان بانگهێشت کرد بۆ قوربانییە سەربڕدراوەکانی خوداوەندەکانیان. گەلیش خواردی و کڕنۆشی بۆ خوداوەندەکانیان برد. 3 ئیسرائیل پەیوەست بوو بە بەعلی پەعۆرەوە[f]، تووڕەیی یەزدانیش بەسەر ئیسرائیلدا جۆشا.
4 یەزدان بە موسای فەرموو: «هەموو ڕابەرانی گەل ببە و بۆ یەزدان بەرامبەر بە خۆر هەڵیانبواسە، ئەوسا کوڵی تووڕەیی یەزدان لەسەر ئیسرائیل دادەمرکێتەوە.»
5 موساش بە دادوەرانی ئیسرائیلی گوت: «هەر یەک لە ئێوە ئەو پیاوانەی خۆی بکوژێت کە پەیوەست بوونە بە بەعلی پەعۆرەوە.»
6 لەو کاتەدا پیاوێک هات کە لە نەوەی ئیسرائیل بوو و ژنێکی میدیانی هێنایە ناو کەسوکارەکەی، لەبەرچاوی موسا و هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل کە لەلای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن دەگریان. 7 کاتێک فینەحاسی کوڕی ئەلعازاری کوڕی هارونی کاهین ئەمەی بینی، لەنێو کۆمەڵەکە هەستا و دەستی دایە ڕمێک، 8 بەدوای پیاوە ئیسرائیلییەکەدا چووە ناو چادرەکە، بە ڕمەکەی بە یەک جار سکی پیاوە ئیسرائیلییەکە و ژنەکەشی بڕی. ئینجا دەردەکە لە نەوەی ئیسرائیل بڕایەوە. 9 بەڵام ئەوانەی بە دەردەکە مردن بیست و چوار هەزار بوون.
10 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: 11 «فینەحاسی کوڕی ئەلعازاری کوڕی هارونی کاهین، تووڕەیی منی لەسەر نەوەی ئیسرائیل گەڕاندەوە، بەوەی کە دڵگەرم بوو بۆ شکۆمەندی من لەنێویان هەتا نەوەی ئیسرائیلم بە دڵگەرمی خۆم لەناو نەبرد. 12 لەبەر ئەوە پێی بڵێ ئەوەتا من پەیمانی ئاشتی خۆمی لەگەڵ دەبەستم. 13 بۆ خۆی و بۆ نەوەکەی دوای خۆی دەبێتە پەیمانی کاهینیێتی هەتاهەتایی، لەبەر ئەوەی دڵگەرم بوو بۆ خودا و کەفارەتی بۆ نەوەی ئیسرائیل کرد.»
14 ناوی ئەو پیاوە ئیسرائیلییەش کە لەگەڵ ژنە میدیانییەکە کوژرا زیمریی کوڕی سالو بوو، گەورەی بنەماڵەیەک بوو لە شیمۆنییەکان، 15 ناوی ژنە میدیانییە کوژراوەکەش کۆزبیی کچی چوور بوو، ئەویش سەرۆکی هۆزێک بوو لە بنەماڵەیەکی میدیانی.
16 یەزدان بە موسای فەرموو: 17 «تەنگ بە میدیانییەکان هەڵبچنن و لێیان بدەن، 18 چونکە ئەوان بە فریودانەکانیان تەنگیان پێ هەڵچنین، سەبارەت بە پەعۆر و کۆزبی خوشکیان، کچی سەرۆکێکی میدیان کە لە ڕۆژی دەردەکە بەهۆی پەعۆرەوە کوژرا.»
ئاماری دووەم[g]
26 لەدوای دەردەکە، یەزدان بە موسا و ئەلعازاری کوڕی هارونی کاهینی فەرموو: 2 «ژمارەی هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل وەربگرە، لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە، بەگوێرەی بنەماڵەکانیان، هەموو ئەوانەی لە ئیسرائیلدا دەتوانن بجەنگن.» 3 ئینجا موسا و ئەلعازاری کاهین لە دەشتی مۆئاب لەسەر ڕووباری ئوردون بەرامبەر ئەریحا لەگەڵیاندا دوان و گوتیان: 4 «سەرژمێری لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە بکەن، وەک چۆن یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.»
نەوەی ئیسرائیلیش ئەوانەی لە خاکی میسر هاتنە دەرەوە ئەمانەن:
5 نەوەی ڕەئوبێنی نۆبەرەی ئیسرائیل:
بۆ حەنۆک خێڵی حەنۆکییەکان،
بۆ پەڵو خێڵی پەڵووییەکان،
6 بۆ حەسرۆن خێڵی حەسرونییەکان،
بۆ کەرمی خێڵی کەرمییەکان.
7 ئەمانە خێڵەکانی ڕەئوبێنییەکانن، تۆمارکراوەکانیان چل و سێ هەزار و حەوت سەد و سی کەس بوون.
8 ئەلیابیش کوڕی پەڵو بوو، 9 نەوەی ئەلیابیش نەموئێل و داتان و ئەبیرام، داتان و ئەبیرامیش ئەوانەن کە کۆمەڵەکەیان بانگکرد بۆ بەربەرەکانێی موسا و هارون، لە کۆمەڵی قۆرەح کاتێک بەربەرەکانێی یەزدانیان کرد. 10 زەوی دەمی کردەوە و لەگەڵ قۆرەح هەڵیلووشین، کاتێک ئەو کۆمەڵە مردن، دوو سەد و پەنجا پیاو سووتان، ئەوان بوون بە پەند. 11 بەڵام نەوەی قۆرەح نەفەوتان.
12 نەوەی شیمۆن بەگوێرەی خێڵەکانیان:
لە نەموئێل خێڵی نەموئیلییەکان،
لە یامین خێڵی یامینییەکان،
لە یاکین خێڵی یاکینییەکان،
13 لە زەرەح خێڵی زەرەحییەکان،
لە شائوول خێڵی شائوولییەکان.
14 ئەمانە خێڵەکانی شیمۆنییەکانن، بیست و دوو هەزار و دوو سەد کەس بوون.
15 نەوەی گاد بەگوێرەی خێڵەکانیان:
لە چیفۆن خێڵی چیفۆنییەکان،
لە حەگی خێڵی حەگییەکان،
لە شونی خێڵی شونییەکان،
16 لە ئۆزنی خێڵی ئۆزنییەکان،
لە عێری خێڵی عێرییەکان،
17 لە ئەرۆدی خێڵی ئەرۆدییەکان،
لە ئەرئێلی خێڵی ئەرئێلییەکان.
18 ئەمانە خێڵەکانی نەوەی گادن، بەگوێرەی ژمارەیان چل هەزار و پێنج سەد کەس بوون.
19 ئێر و ئۆنان کوڕانی یەهودا بوون، بەڵام لە خاکی کەنعان مردن.
20 نەوەی یەهودا بەگوێرەی خێڵەکانیان:
لە شالەح خێڵی شالەحییەکان،
لە پێرێز خێڵی پێرێزییەکان،
لە زەرەح خێڵی زەرەحییەکان،
21 نەوەکانی پێرێزیش:
لە حەسرۆن خێڵی حەسرونییەکان،
لە حامول خێڵی حامولییەکان.
22 ئەمانە خێڵەکانی یەهودان، بەگوێرەی ژمارەیان حەفتا و شەش هەزار و پێنج سەد کەس بوون.
23 نەوەی یەساخار بەگوێرەی خێڵەکانیان:
لە تۆلاع خێڵی تۆلاعییەکان،
لە پوڤە خێڵی پوڤەییەکان،
24 لە یاشوڤ خێڵی یاشوڤییەکان،
لە شیمرۆن خێڵی شیمرۆنییەکان.
25 ئەمانە خێڵەکانی یەساخارن، بەگوێرەی ژمارەیان شەست و چوار هەزار و سێ سەد کەس بوون.
26 نەوەی زەبولون بەگوێرەی خێڵەکانیان:
لە سەرەد خێڵی سەرەدییەکان،
لە ئێلۆن خێڵی ئێلۆنییەکان،
لە یەحلئێل خێڵی یەحلئێلییەکان.
27 ئەمانە خێڵەکانی زەبولونییەکانن، بەگوێرەی ژمارەیان شەست هەزار و پێنج سەد کەس بوون.
28 کوڕانی یوسف بەگوێرەی خێڵەکانی مەنەشە و ئەفرایم:
29 نەوەی مەنەشە:
لە ماکیر خێڵی ماکیرییەکان، ماکیر باوکی گلعاد بوو،
لە گلعاد خێڵی گلعادییەکان.
30 ئەمانە نەوەی گلعادن:
لە ئیعەزەر خێڵی ئیعەزەرییەکان؛
لە حێلەق خێڵی حێلەقییەکان؛
31 لە ئەسریێل خێڵی ئەسریێلییەکان؛
لە شەخەم خێڵی شەخەمییەکان؛
32 لە شەمیداع خێڵی شەمیداعییەکان؛
لە حێفەر خێڵی حێفەرییەکان.
33 بەڵام سەلۆفحادی کوڕی حێفەر کوڕی نەبوو، تەنها کچ و ناوی کچەکانی سەلۆفحاد مەحلە و نۆعا و حۆگلە و میلکە و تیرزە بوو.
34 ئەمانە خێڵەکانی مەنەشەن و تۆمارکراوەکانیان پەنجا و دوو هەزار و حەوت سەد کەس بوون.
35 ئەمانەش نەوەی ئەفرایمن بەگوێرەی خێڵەکانیان:
لە شوتەلەح خێڵی شوتەلەحییەکان،
لە بەکەر خێڵی بەکەرییەکان،
لە تەحەن خێڵی تەحەنییەکان،
36 ئەمانەش نەوەی شوتەلەحن:
لە عیران خێڵی عیرانییەکان.
37 ئەمانە خێڵەکانی نەوەی ئەفرایمن، بەگوێرەی ژمارەیان سی و دوو هەزار و پێنج سەد کەس بوون.
ئەمانە نەوەی یوسفن بەگوێرەی خێڵەکانیان.
38 نەوەی بنیامین بەگوێرەی خێڵەکانیان:
لە بەلەع خێڵی بەلەعییەکان،
لە ئەشبێل خێڵی ئەشبێلییەکان،
لە ئەحیرام خێڵی ئەحیرامییەکان.
39 لە شوفام خێڵی شوفامییەکان،
لە حوفام خێڵی حوفامییەکان.
40 نەوەی بەلەعیش ئەرد و نەعمان بوون:
لە ئەرد خێڵی ئەردییەکان و
لە نەعمان خێڵی نەعمانییەکان.
41 ئەمانە نەوەی بنیامینن بەگوێرەی خێڵەکانیان و تۆمارکراوەکانیان چل و پێنج هەزار و شەش سەد کەس بوون.
42 ئەمانە نەوەی دانن بەگوێرەی خێڵەکانیان:
لە شوحام خێڵی شوحامییەکان.
ئەمە خێڵەکانی دانە بەگوێرەی خێڵەکانیان، 43 هەموو خێڵەکانی شوحامییەکان بەگوێرەی ژمارەیان شەست و چوار هەزار و چوار سەد کەس بوون.
44 نەوەی ئاشێر بەگوێرەی خێڵەکانیان:
لە یمنە خێڵی یمنییەکان،
لە یەشڤی خێڵی یەشڤییەکان،
لە بەریعە خێڵی بریعییەکان،
45 لە نەوەی بەریعە:
لە حەڤەر خێڵی حەڤەرییەکان،
لە مەلکیێل خێڵی مەلکیێلییەکان،
46 کچەکەی ئاشێریش ناوی سەرەح بوو.
47 ئەمانە خێڵەکانی نەوەی ئاشێرن، بەگوێرەی ژمارەیان پەنجا و سێ هەزار و چوار سەد کەس بوون.
48 نەوەی نەفتالی بەگوێرەی خێڵەکانیان:
لە یەحزئێل خێڵی یەحزئێلییەکان،
لە گۆنی خێڵی گۆنییەکان،
49 لە یێچەر خێڵی یێچەرییەکان،
لە شلێم خێڵی شلێمییەکان.
50 ئەمانە خێڵەکانی نەفتالین بەگوێرەی خێڵەکانیان و تۆمارکراوەکانیان چل و پێنج هەزار و چوار سەد کەس بوون.
51 ئەمانە تۆمارکراوەکانن لە نەوەی ئیسرائیل، شەش سەد و یەک هەزار و حەوت سەد و سی.
52 یەزدان بە موسای فەرموو: 53 «خاکەکە بۆ ئەمانە بەگوێرەی ژمارەی ناوەکان بە میرات دابەش دەکەیت. 54 بۆ هۆزە گەورەکان میراتیان زۆر دەکەیت و بۆ هۆزە بچووکەکان میراتیان کەم دەکەیت، هەریەکە بەگوێرەی تۆمارکراوەکانی میراتی دەدرێتێ، 55 بەڵام خاکەکە بە تیروپشک دابەش دەکەیت، بەگوێرەی ناوی هۆزەکانی باوکانیان بە میراتی دەگرن، 56 لەنێو کۆمەڵەی گەورە و بچووک بەگوێرەی تیروپشک میراتەکەیان بۆ دابەش دەکرێت.»
57 ئەمانەش تۆمارکراوەکانن لە لێڤییەکان، بەگوێرەی خێڵەکانیان:
بۆ گێرشۆن خێڵی گێرشۆنییەکان،
بۆ قەهات خێڵی قەهاتییەکان،
بۆ مەراری خێڵی مەرارییەکان.
58 ئەمە خێڵەکانی لێڤییە:
خێڵی لیبنییەکان،
خێڵی حەبرۆنییەکان،
خێڵی مەحلییەکان،
خێڵی موشییەکان،
خێڵی قۆرەحییەکان.
عەمرام لە ڕەچەڵەکی قەهات بوو. 59 ژنەکەی عەمرامیش ناوی یۆخەڤەد بوو، لە نەوەی لێڤی بوو، لە خێزانی لێڤییەکیش لە میسر لەدایک بوو. لە عەمرام هارون و موسا و مریەمی خوشکیانی بوو. 60 هارونیش باوکی ناداب و ئەبیهو و ئەلعازار و ئیتامار بوو. 61 بەڵام ناداب و ئەبیهو کاتێک ئاگرێکی نامۆیان لەبەردەم یەزدان پێشکەش کرد مردن.
62 تۆمارکراوەکانی لێڤییەکان بیست و سێ هەزار کەس بوون، هەموو نێرینەیەک لە کۆرپەی یەک مانگی بەرەو سەرەوە، چونکە لەگەڵ نەوەی ئیسرائیلدا تۆمار نەکران، لەبەر ئەوەی لەنێو نەوەی ئیسرائیلدا میراتیان پێنەدرا.
63 ئەمانە بوون کە موسا و ئەلعازاری کاهین تۆماریان کردن، کاتێک نەوەی ئیسرائیلیان لە دەشتی مۆئاب لەسەر ڕووباری ئوردون بەرامبەر ئەریحا تۆمار کرد. 64 ئەمانەش کەسیان تێدا نەبوو لەوانەی موسا و هارونی کاهین تۆماریان کردن، کاتێک نەوەی ئیسرائیلیان لە چۆڵەوانی سینادا تۆمار کرد. 65 لەبەر ئەوەی یەزدان پێی فەرموون، «لە چۆڵەوانیدا دەمرن،» ئیتر کەسیان لێ نەمایەوە، تەنها کالێبی کوڕی یەفونە و یەشوعی کوڕی نون نەبێت.
کچانی سەلۆفحاد
27 کچانی سەلۆفحادی کوڕی حێفەر کوڕی گلعاد کوڕی ماکیر کوڕی مەنەشە لە خێڵەکانی مەنەشەی کوڕی یوسف هاتنە پێش. ئەمەش ناوی کچەکانییەتی: مەحلە و نۆعا و حۆگلە و میلکە و تیرزە، 2 لەبەردەم موسا و ئەلعازاری کاهین و سەرۆکەکان و هەموو کۆمەڵ لەلای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن وەستان و گوتیان: 3 «باوکمان لە بیابان مرد و لەو کۆمەڵەدا نەبوو کە لەگەڵ قۆرەح لە دژی یەزدان کۆبوونەوە، بەڵکو بە گوناهی خۆی مرد و هیچ کوڕی نەبوو. 4 بۆچی ناوی باوکمان لەنێو خێڵەکەی بسڕێتەوە لەبەر ئەوەی کوڕی نییە؟ لەنێو برایانی باوکمان موڵکمان بدەرێ.»
5 موساش داواکارییەکەی ئەوانی بردە بەردەم یەزدان. 6 جا یەزدان بە موسای فەرموو: 7 «کچانی سەلۆفحاد ڕاست دەڵێن. تۆش لەنێو برایانی باوکیان موڵکی میراتیان دەدەیتێ و میراتی باوکیان دەدرێتە ئەوان.
8 «بە نەوەی ئیسرائیلیش دەڵێیت: ”هەر پیاوێک مرد و کوڕی نەبوو میراتەکەی بۆ کچی دەبێت، 9 ئەگەر کچیشی نەبوو، میراتەکەی دەدەنە براکانی، 10 ئەگەر براشی نەبوو ئەوا میراتەکەی دەدەنە برایانی باوکی، 11 ئەگەر باوکیشی برای نەبوو ئەوا میراتەکەی دەدەنە نزیکترین کەسی لە خێڵەکەی و ئەو دەبێتە میراتگری. ئەمە بۆ نەوەی ئیسرائیل بووە فەرزێکی یاسایی، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.“»
موسا دەست لەسەر یەشوع دادەنێت
12 ئینجا یەزدان بە موسای فەرموو: «بڕۆ سەر ئەم چیایە لە زنجیرە چیای عەڤاریم و تەماشای ئەو زەوییە بکە کە بە نەوەی ئیسرائیلم داوە. 13 کاتێک تەماشات کرد تۆش دەچیتە ڕیزی گەلەکەت، وەک هارونی برات چووە ڕیزەوە، 14 چونکە لە چۆڵەوانی چن کاتێک کۆمەڵەکە یاخی بوون، ئێوە قسەتان شکاندم کە لەبەرچاویان لە شوێنی ئاوەکە پیرۆزم بکەن.» کە ئەوێ ئاوی مەریبای قادێشە لە چۆڵەوانی چن.
15 موسا بە یەزدانی گوت: 16 «ئەی یەزدان، ئەی ئەو خودایەی ژیان بە ئادەمیزاد دەبەخشیت، پیاوێک لەسەر کۆمەڵەکە دابنێ 17 بەڕێوەیان ببات و لە شەڕدا ڕابەرایەتییان بکات، هەتا کۆمەڵی یەزدان وەک مەڕی بێ شوانیان لێ نەیێت.»
18 یەزدانیش بە موسای فەرموو: «یەشوعی کوڕی نون ببە، پیاوێکە ڕۆحی تێدایە و دەستی لەسەر دابنێ. 19 لەبەردەم ئەلعازاری کاهین و هەموو کۆمەڵەکە ڕای بگرە و لەبەرچاویان ئەرکی پێ بسپێرە. 20 هەندێک لە دەسەڵاتی خۆتی بدەرێ هەتا هەموو کۆمەڵی ئیسرائیل گوێڕایەڵی بن. 21 ئەو لەبەردەم ئەلعازاری کاهین ڕادەوەستێت، لەبەردەم یەزدان بەپێی حوکمی ئوریم[h] بۆی دەپرسێت. بە قسەی ئەو دەردەچن و بە قسەی ئەو دێنە ژوورەوە، ئەو و هەموو کۆمەڵی ئیسرائیل لەگەڵی.»
22 موسا هەروەک یەزدان فەرمانی پێ کرد، ئاوای کرد. یەشوعی برد و لەبەردەم ئەلعازاری کاهین و لەبەردەم هەموو کۆمەڵەکە ڕایگرت، 23 دەستی لەسەر دانا و ئەرکی پێ سپارد، هەروەک یەزدان لە ڕێگەی موساوە فەرمانی دا.
قوربانی و پێشکەشکراوەکانی ڕۆژانە
28 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: 2 «فەرمان بە نەوەی ئیسرائیل بکە و پێیان بڵێ: ”قوربانی من، ئەو بۆنەی پێم خۆشە، ئاگاداربن کە لە کاتی خۆی خۆراکم بە قوربانی بە ئاگر پێشکەش بکەن.“ 3 پێشیان بڵێ: ”ئەمە ئەو قوربانی بە ئاگرەیە کە ڕۆژانە بۆ یەزدان پێشکەشی دەکەن: دوو بەرخی نێری یەک ساڵەی ساغ، قوربانی سووتاندنی بەردەوام. 4 یەکێک لە بەرخەکان لە بەیانی پێشکەش بکە و بەرخی دووەمیش لە کاتی خۆرئاوابوون. 5 لەگەڵ دەیەکی ئێفەیەک لە باشترین ئارد بۆ پێشکەشکراوی دانەوێڵە بە چارەکە هەینێک زەیتی زەیتوونی گوشراو شێلرابێت، 6 قوربانی سووتاندنی بەردەوام، ئەوەی لە شاخی سینا کراوە، بۆ ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە قوربانی بە ئاگرە بۆ یەزدان، 7 لەگەڵ شەرابە پێشکەشکراوەکەی، چارەکە هەینێک مەی بۆ بەرخی یەکەم، لە پیرۆزگا بۆ یەزدان پێشکەشی بکە. 8 هەروەها بەرخی دووەمیش لە کاتی خۆرئاوابوون پێشکەشی بکە، لەگەڵ پێشکەشەکراوی دانەوێڵەکەی و شەرابە پێشکەشکراوەکەی، وەک ئەوەی لە بەیانی کردووتە، قوربانی بە ئاگرە، ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە.
قوربانی و پێشکەشکراوەکانی ڕۆژی شەممە
9 «”لە ڕۆژی شەممە[i] دوو بەرخی یەک ساڵەی ساغ پێشکەش بکەن لەگەڵ دوو دەیەکی ئێفەیەک[j] لە باشترین ئاردی بە زەیت شێلراو وەک پێشکەشکراوێکی دانەوێڵە لەگەڵ شەرابە پێشکەشکراوەکەی، کە ئەمەش 10 قوربانی سووتاندنی هەموو ڕۆژێکی شەممەیە، سەرەڕای قوربانی سووتاندنی بەردەوام و شەرابە پێشکەشکراوەکەی.
قوربانی و پێشکەشکراوەکانی مانگانە
11 «”لە دەستپێکی هەموو مانگێکدا قوربانی سووتاندن بۆ یەزدان بکەن، دوو جوانەگا و بەرانێک و حەوت بەرخی نێری یەک ساڵەی ساغ، 12 لەگەڵ سێ دەیەکی ئێفەیەک[k] لە باشترین ئاردی بە زەیت شێلراو، پێشکەشکراوێکی دانەوێڵەیە بۆ هەر جوانەگایەک و دوو دەیەکی ئێفەیەک لە باشترین ئاردی بە زەیت شێلراو، پێشکەشکراوێکی دانەوێڵەیە بۆ هەر بەرانێک. 13 یەک دەیەکی ئێفەیەک لە باشترین ئاردی بە زەیت شێلراو، پێشکەشکراوێکی دانەوێڵەیە بۆ هەر بەرخێک، قوربانی سووتاندنە، ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە، قوربانی بە ئاگرە بۆ یەزدان. 14 شەرابە پێشکەشکراوەکەشیان نیو هەین[l] بۆ جوانەگا و سێیەکی هەین[m] بۆ بەران و چارەکە هەینێک بۆ بەرخ. ئەمە قوربانی سووتاندنە لە دەستپێکی هەموو مانگەکانی ساڵ. 15 سەرەڕای قوربانی سووتاندنی بەردەوام لەگەڵ شەرابە پێشکەشکراوەکەی، هەروەها گیسکێکی نێریش بۆ قوربانی گوناه بۆ یەزدان پێشکەش بکرێت.
جەژنی پەسخە
16 «”لە چواردەی مانگی یەک، جەژنی پەسخەیە بۆ یەزدان، 17 لە ڕۆژی پازدەی ئەم مانگەدا جەژنە، حەوت ڕۆژ نانی فەتیرە بخۆن. 18 لە ڕۆژی یەکەم کۆبوونەوەی پیرۆزبوون[n] ببەستن، هیچ کارێکی ئاسایی مەکەن. 19 قوربانی بە ئاگر، قوربانی سووتاندن بۆ یەزدان پێشکەش بکەن، دوو جوانەگا و بەرانێک و حەوت بەرخی نێری یەک ساڵەی ساغ لەلایەن ئێوەوە بێت. 20 پێشکەشکراوی دانەوێڵەشیان لە باشترین ئاردی بە زەیت شێلراو، سێ دەیەکی ئێفەیەک بۆ هەر جوانەگایەک، دوو دەیەک بۆ هەر بەرانێک، 21 دەیەکێک بۆ هەر بەرخێک لە حەوت بەرخەکە بکە. 22 گیسکێکی نێریش قوربانی گوناه بێت بۆ کەفارەتکردن بۆتان، 23 سەرەڕای قوربانی سووتاندنی بەیانییان کە بۆ قوربانی سووتاندنی بەردەوام دەیکەن. 24 بە هەمان شێواز بۆ ماوەی حەوت ڕۆژ هەموو ڕۆژێک ئاوا بکەن، خۆراک پێشکەش بکەن، قوربانی بە ئاگرە، ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە، سەرەڕای قوربانی سووتاندنی بەردەوام لەگەڵ شەرابە پێشکەشکراوەکەی. 25 لە ڕۆژی حەوتەمیش کۆبوونەوەی پیرۆزبوون ببەستن، هیچ کارێکی ئاسایی مەکەن.
جەژنی هەفتەکان
26 «”لە ڕۆژی یەکەمین بەرهەم، کاتێک پێشکەشکراوێکی دانەوێڵەیی نوێ بۆ یەزدان پێشکەش دەکەن، لە جەژنی هەفتەکانتان[o] کۆبوونەوەی پیرۆزبوون ببەستن، هیچ کارێکی ئاسایی مەکەن. 27 قوربانی سووتاندن پێشکەش بکەن، بۆ ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە، دوو جوانەگا و بەرانێک و حەوت بەرخی نێری یەک ساڵە، 28 هەروەها پێشکەشکراوی دانەوێڵەشیان لە باشترین ئاردی بە زەیت شێلراو، سێ دەیەکی ئێفەیەک بۆ جوانەگا، دوو دەیەک بۆ بەران، 29 دەیەکێک بۆ هەر بەرخێک لە حەوت بەرخەکە. 30 گیسکێکی نێریش بۆ کەفارەتکردن بۆتان. 31 سەرەڕای قوربانی سووتاندنی بەردەوام و پێشکەشکراوی دانەوێڵەکە بیکەن، دڵنیا بن لەوەی ئاژەڵەکان ساغن و لەگەڵ شەرابە پێشکەشکراوەکەیان بیکەن.
ڕۆژی دەنگی کەڕەنا
29 «”لە یەکی مانگی حەوت، کۆبوونەوەی پیرۆزبوون دەبەستن، هیچ کارێکی ئاسایی ناکەن، بۆتان دەبێتە ڕۆژی دەنگی کەڕەنا. 2 قوربانی سووتاندنێک دەکەن بۆ ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە، یەک جوانەگا و یەک بەران و حەوت بەرخی نێری یەک ساڵەی ساغ، 3 هەروەها پێشکەشکراوی دانەوێڵەشیان لە باشترین ئاردی بە زەیت شێلراو، سێ دەیەکی ئێفەیەک[p] بۆ جوانەگاکە و دوو دەیەک بۆ بەرانەکە و 4 دەیەکێک[q] بۆ هەر بەرخێک لە حەوت بەرخەکە. 5 گیسکێکی نێریش بۆ قوربانی گوناه بۆ کەفارەتکردن بۆتان، 6 سەرەڕای قوربانی سووتاندنی سەرەمانگان و ڕۆژانە، لەگەڵ پێشکەشکراوی دانەوێڵەکەیان و شەرابە پێشکەشکراوەکەیان وەک نەریتەکەیان، قوربانی بە ئاگرن بۆ یەزدان، ئەو بۆنەیە کە یەزدان پێی خۆشە.
ڕۆژی کەفارەت
7 «”لە ڕۆژی دەیەمی ئەم مانگی حەوتەدا کۆبوونەوەی پیرۆزبوون دەبەستن و گیانی خۆتان زەلیل[r] دەکەن، هیچ کارێک ناکەن. 8 قوربانی سووتاندن بۆ یەزدان پێشکەش دەکەن، ئەو بۆنەی پێی خۆشە، یەک جوانەگا و یەک بەران و حەوت بەرخی نێری یەک ساڵەی ساغ بن، لەلایەن ئێوەوە دەبێت. 9 پێشکەشکراوی دانەوێڵەشیان لە باشترین ئاردی بە زەیت شێلراو، سێ دەیەکی ئێفەیەک بۆ جوانەگا و دوو دەیەک بۆ بەران و 10 دەیەکێک بۆ هەر بەرخێک لە حەوت بەرخەکە. 11 گیسکێکی نێریش بۆ قوربانی گوناه، سەرەڕای قوربانی گوناه بۆ کەفارەتکردن و قوربانی سووتاندنی بەردەوام و پێشکەشکراوی دانەوێڵەکەی لەگەڵ شەرابە پێشکەشکراوەکەیان.
جەژنی کەپرەشینە
12 «”لە ڕۆژی پازدەی مانگی حەوتیش کۆبوونەوەی پیرۆزبوون دەبەستن، هیچ کارێکی ئاسایی ناکەن و حەوت ڕۆژ بۆ یەزدان دەیکەن بە جەژن. 13 قوربانی سووتاندنیش پێشکەش دەکەن، قوربانی بە ئاگر، ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە، سێزدە جوانەگا و دوو بەران و چواردە بەرخی نێری یەک ساڵەی ساغ لەلایەن ئێوەوە دەبێت. 14 پێشکەشکراوی دانەوێڵەشیان لە باشترین ئاردی بە زەیت شێلراو، سێ دەیەکی ئێفەیەک بۆ هەریەک لە سێزدە گایەکە و دوو دەیەک بۆ هەریەک لە دوو بەرانەکە. 15 دەیەکێک بۆ هەریەک لە چواردە بەرخەکە. 16 هەروەها گیسکێکی نێر بۆ قوربانی گوناه، سەرەڕای قوربانی سووتاندنی بەردەوام لەگەڵ پێشکەشکراوی دانەوێڵەکەی و شەرابە پێشکەشکراوەکەی.
17 «”لە ڕۆژی دووەم دوازدە جوانەگا و دوو بەران و چواردە بەرخی نێری یەک ساڵەی ساغ ئامادە بکەن. 18 لەگەڵ گایەکان و بەرانەکان و بەرخەکان، پێشکەشکراوی دانەوێڵەیان و شەرابی پێشکەشکراویان ئامادە بکەن، بەگوێرەی ژمارەیان وەک نەریتەکەیان. 19 گیسکێکی نێریش بۆ قوربانی گوناه، سەرەڕای قوربانی سووتاندنی بەردەوام و پێشکەشکراوی دانەوێڵەکەی لەگەڵ شەرابە پێشکەشکراوەکەیان.
20 «”لە ڕۆژی سێیەم یازدە گا و دوو بەران و چواردە بەرخی نێری یەک ساڵەی ساغ ئامادە بکەن. 21 لەگەڵ گایەکان و بەرانەکان و بەرخەکان، پێشکەشکراوی دانەوێڵەیان و شەرابی پێشکەشکراویان ئامادە بکەن، بەگوێرەی ژمارەیان وەک نەریتەکەیان. 22 هەروەها گیسکێکی نێریش بۆ قوربانی گوناه، سەرەڕای قوربانی سووتاندنی بەردەوام لەگەڵ پێشکەشکراوی دانەوێڵەکەی و شەرابە پێشکەشکراوەکەی.
23 «”لە ڕۆژی چوارەم دە گا و دوو بەران و چواردە بەرخی نێری یەک ساڵەی ساغ ئامادە بکەن. 24 لەگەڵ گایەکان و بەرانەکان و بەرخەکان، پێشکەشکراوی دانەوێڵەیان و شەرابی پێشکەشکراویان ئامادە بکەن، بەگوێرەی ژمارەیان وەک نەریتەکەیان. 25 هەروەها گیسکێکی نێریش بۆ قوربانی گوناه، سەرەڕای قوربانی سووتاندنی بەردەوام لەگەڵ پێشکەشکراوی دانەوێڵەکەی و شەرابە پێشکەشکراوەکەی.
26 «”لە ڕۆژی پێنجەم نۆ گا و دوو بەران و چواردە بەرخی نێری یەک ساڵەی ساغ ئامادە بکەن. 27 لەگەڵ گایەکان و بەرانەکان و بەرخەکان، پێشکەشکراوی دانەوێڵەیان و شەرابی پێشکەشکراویان ئامادە بکەن، بەگوێرەی ژمارەیان هەروەک نەریتەکەیان. 28 گیسکێکی نێریش بۆ قوربانی گوناه، سەرەڕای قوربانی سووتاندنی بەردەوام لەگەڵ پێشکەشکراوی دانەوێڵەکەی و شەرابە پێشکەشکراوەکەی.
29 «”لە ڕۆژی شەشەم هەشت گا و دوو بەران و چواردە بەرخی نێری یەک ساڵەی ساغ ئامادە بکەن. 30 لەگەڵ گایەکان و بەرانەکان و بەرخەکان، پێشکەشکراوی دانەوێڵەیان و شەرابی پێشکەشکراویان ئامادە بکەن، بەگوێرەی ژمارەیان وەک نەریتەکەیان. 31 هەروەها گیسکێکی نێریش بۆ قوربانی گوناه، سەرەڕای قوربانی سووتاندنی بەردەوام لەگەڵ پێشکەشکراوی دانەوێڵەکەی و شەرابە پێشکەشکراوەکەی.
32 «”لە ڕۆژی حەوتەم حەوت گا و دوو بەران و چواردە بەرخی نێری یەک ساڵەی ساغ ئامادە بکەن. 33 لەگەڵ گایەکان و بەرانەکان و بەرخەکان، پێشکەشکراوی دانەوێڵەیان و شەرابی پێشکەشکراویان ئامادە بکەن، بەگوێرەی ژمارەیان وەک نەریتەکەیان. 34 هەروەها گیسکێکی نێریش بۆ قوربانی گوناه، سەرەڕای قوربانی سووتاندنی بەردەوام لەگەڵ پێشکەشکراوی دانەوێڵەکەی و شەرابە پێشکەشکراوەکەی.
35 «”لە ڕۆژی هەشتەم ئاهەنگی کۆتایی دەگێڕن، هیچ کارێکی ئاسایی ناکەن. 36 قوربانی سووتاندن پێشکەش دەکەن، قوربانی بە ئاگر، ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە، یەک گا و یەک بەران و حەوت بەرخی نێری یەک ساڵەی ساغ، 37 پێشکەشکراوی دانەوێڵەشیان و شەرابی پێشکەشکراویان بۆ گا و بەران و بەرخەکان بەگوێرەی ژمارەیان وەک نەریتەکەیان، 38 هەروەها یەک گیسکی نێریش بۆ قوربانی گوناه، سەرەڕای قوربانی سووتاندنی بەردەوام لەگەڵ پێشکەشکراوی دانەوێڵەکەی و شەرابە پێشکەشکراوەکەی.
39 «”لە جەژنەکانتان، سەرەڕای نەزر و بەخشینە ئازادەکانتان، ئەمانە بۆ یەزدان پێشکەش دەکەن: قوربانی سووتاندن و پێشکەشکراوی دانەوێڵە و شەرابی پێشکەشکراو و قوربانی هاوبەشی.“»
40 موسا بەگوێرەی هەموو ئەوەی یەزدان فەرمانی پێ کرد، لەگەڵ نەوەی ئیسرائیلدا دوا.
نەزرکردن
30 هەروەها موسا بە سەرۆک هۆزەکانی نەوەی ئیسرائیلی گوت: «ئەمە ئەو شتەیە کە یەزدان فەرمانی پێی کردووە، 2 ئەگەر پیاوێک نەزرێکی بۆ یەزدان کرد یان سوێندی خوارد بۆ پابەندبوون بە شتێک، با قسەی خۆی نەشکێنێت و بەگوێرەی هەموو ئەوەی گوتوویەتی ئاوا بکات.
3 «بەڵام ئافرەت ئەگەر نەزرێکی بۆ یەزدان کرد و بە شتێک خۆی پابەند کرد، لە ماڵی باوکی، لە کاتی کچێنی و 4 باوکی گوێی لە نەزرەکەی و ئەو شتە بوو کە خۆی پێ پابەند کردووە، ئەگەر خۆی لێ بێدەنگ کرد، ئەوا هەموو نەزرەکانی و هەموو ئەو شتانەی خۆی پێ پابەند کردووە دەچەسپێت. 5 بەڵام ئەگەر باوکی لە ڕۆژی بیستنی نەیهێشت، ئەوا هەموو نەزر و ئەو شتانەی خۆی پێ پابەند کردووە ناچەسپێت، یەزدانیش لێی خۆشدەبێت، چونکە باوکی نەیهێشتووە.
6 «ئەگەر مێردی هەبوو و نەزری کرد یان بە دەمی خۆی ئەو شتەی گوت کە خۆی پێ پابەند دەکات و 7 مێردەکەی بیستی و لە ڕۆژی بیستنەکەی بێدەنگ بوو، ئەوا نەزرەکانی دەچەسپێت و ئەو شتانەش کە خۆی پێ پابەند کردووە دەچەسپێت. 8 بەڵام ئەگەر مێردەکەی لە ڕۆژی بیستنی نەیهێشت، ئەوا نەزرەکەی بەتاڵ دەبێتەوە، هەروەها ئەو شتەی بە دەمی خۆی گوتی کە خۆی پێ پابەند دەکات، یەزدانیش لێی خۆشدەبێت.
9 «بەڵام نەزری بێوەژن یان تەڵاقدراو، ئەوا هەموو ئەوەی خۆی پێ پابەند دەکات لەسەری دەچەسپێت.
10 «بەڵام ئەگەر ژنێک لە ماڵی مێردی نەزری کرد و خۆی بە سوێند بە شتێکەوە پابەند کرد، 11 مێردەکەی بیستی و بێدەنگ بوو، ڕێی لێ نەگرت، ئەوا هەموو نەزرەکانی دەچەسپێن و هەموو ئەو شتانەی خۆی پێ پابەند کردووە دەچەسپێت. 12 بەڵام ئەگەر مێردەکەی لە ڕۆژی بیستنی بەتاڵی کردەوە، ئەوا هەرچی گوتوویەتی لە نەزر و پابەندبوونەکانی ناچەسپێن، چونکە مێردەکەی بەتاڵی کردووەتەوە، یەزدانیش لێی خۆشدەبێت. 13 هەموو نەزرێک و هەموو سوێندێکی پابەندبوون بۆ زەلیلکردنی گیان، مێردەکەی دەیچەسپێنێت و مێردەکەی بەتاڵی دەکاتەوە. 14 ئەگەر مێردەکەی ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لێی بێدەنگ بوو، ئەوا هەموو نەزرەکانی یان هەموو ئەو پابەندبوونانەی لەسەریەتی دەچەسپێن، چەسپاندوویەتی چونکە لەو ڕۆژەی بیستوویەتی لێی بێدەنگ بوو، 15 جا ئەگەر لەدوای بیستنی بەتاڵی کردەوە، ئەوا تاوانەکەی دەکەوێتە ئەستۆی ئەو.»
16 ئەمە ئەو فەرزانەیە کە یەزدان فەرمانی بە موسا کرد لەنێوان مێرد و ژنەکەی و لەنێوان باوک و کچەکەی لە کاتی کچێنیدا لە ماڵی باوکی.
تۆڵە لە میدیانییەکان
31 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: 2 «بە تەواوی تۆڵە بۆ نەوەی ئیسرائیل لە میدیانییەکان بکەرەوە، ئینجا دەچیتە پاڵ گەلەکەت.»
3 موساش بە گەلی گوت: «لەنێو خۆتان هەندێک پیاو چەکدار بکەن بۆ جەنگ، هەتا بچنە سەر میدیان و تۆڵەی یەزدان لە میدیان بکەنەوە، 4 لە هەر هۆزێک هەزار کەس لە هەموو هۆزەکانی ئیسرائیل بۆ جەنگ دەنێرن.» 5 ئینجا لە خێڵەکانی ئیسرائیلدا لە هەر هۆزێک هەزار کەس هەڵبژێردرا، دوازدە هەزار کەس بۆ جەنگ چەکدار کران. 6 ئینجا موسا ناردنی بۆ جەنگ، لە هەر هۆزێک هەزار، لەگەڵ فینەحاسی کوڕی ئەلعازاری کاهین، قاپوقاچاغی پیرۆزگا و کەڕەناکانی هوتافیشی بەدەستەوە بوو.
7 ئەوان لە دژی میدیانییەکان جەنگان، وەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد، هەموو نێرینەیەکیان کوشت. 8 پاشاکانی میدیانیشیان لەگەڵ کوژراوەکانیاندا کوشت، ئاڤی و ڕاقەم و چوور و حوور و ڕیڤەع، پێنج پاشای میدیان، بەلعامی کوڕی بەعۆریشیان بە شمشێر کوشت. 9 هەروەها نەوەی ئیسرائیل ژن و منداڵی میدیانیان ڕاپێچ کرد و هەموو ئاژەڵ و مەڕ و مانگا و هەموو موڵکیانیان تاڵان کردن. 10 هەموو ئەو شارۆچکانەش کە میدیانییەکان تێیدا نیشتەجێ بوون و خێوەتگاکانیان سووتاند. 11 لە دەستکەوت و تاڵانییەکەش لە مرۆڤ و ئاژەڵ هەموویان برد. 12 ئینجا بە ڕاپێچکراوان و تاڵان و دەستکەوتەوە هاتنە لای موسا و ئەلعازاری کاهین، کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل لە ئۆردوگاکە لە دەشتی مۆئاب کە لەسەر ڕووباری ئوردون بوو بەرامبەر ئەریحا.
13 موسا و ئەلعازاری کاهین و هەموو ڕابەرانی کۆمەڵ بۆ پێشوازییان چوونە دەرەوەی ئۆردوگاکە. 14 بەڵام موسا لە سەرکردەکانی سوپا تووڕە بوو، کە فەرماندەکانی هەزاران و سەدان بوون و لە جەنگەوە هاتبوونەوە.
15 موسا لێی پرسین: «ئایا هەموو ئافرەتێکتان بە زیندوویی هێشتووەتەوە؟ 16 ئەوانە بوون بە قسەی بەلعامیان کرد و بوونە هۆی ناپاکی نەوەی ئیسرائیل لەگەڵ یەزدان لە کێشەکەی پەعۆر، جا دەرد لەناو کۆمەڵی یەزدان بڵاو بووەوە. 17 ئێستاش هەموو منداڵە نێرینەکان بکوژن لەگەڵ هەر ژنێک کە لەگەڵ نێر جووت بووە، 18 بەڵام هەموو ئەو کچانەی لەگەڵ پیاو جووت نەبوون بۆ خۆتان بە زیندوویی بیانهێڵنەوە.
19 «ئێوەش حەوت ڕۆژ لە دەرەوەی ئۆردوگاکە چادر هەڵبدەن و خۆتان پاک بکەنەوە، هەرکەسێک یەکێکی کوشتووە یان دەستی لە کوژراوێک داوە، با لە ڕۆژی سێیەم و حەوتەم خۆی پاک بکاتەوە، ئێوە و ڕاپێچکراوانتان. 20 هەروەها هەر بەرگێک یان شتێک لە پێست یان لە مووی بزن دروستکرابێت و هەر شتێک لە دار دروستکرابێت، پاکی دەکەنەوە.»
21 ئەلعازاری کاهینیش بە پیاوانی سوپاکەی گوت کە چووبوون بۆ جەنگ: «ئەمە فەرزی فێرکردنەکەیە کە یەزدان فەرمانی بە موسا کرد، 22 زێڕ و زیو و بڕۆنز و ئاسن و تەنەکە و قورقوشم، 23 هەموو ئەو شتانەی بەرگەی ئاگر دەگرێت، بەناو ئاگردا تێپەڕی دەکەن و پاشان بە ئاوی پاککردنەوە خاوێن دەبێتەوە. هەموو ئەو شتانەش کە بەرگەی ئاگر ناگرێت، ئەوا بەناو ئاودا تێپەڕی دەکەن. 24 لە ڕۆژی حەوتەمیش جلەکانتان دەشۆن و ئێوە پاک دەبنەوە، ئینجا دێنەوە ناو ئۆردوگاکە.»
دابەشکردنی تاڵان
25 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: 26 «تۆ و ئەلعازاری کاهین و گەورەی بنەماڵەکانی کۆمەڵ تاڵانە ڕاپێچکراوەکە لە خەڵک و لە ئاژەڵ بژمێرن. 27 تاڵانییەکە بە یەکسانی دابەش بکە لەنێوان ئەو سەربازانەی کە لە جەنگ بەشداریان کرد و هەروەها هەموو کۆمەڵ. 28 بەشی یەزدانیش دەربهێنە لە بەشی ئەوانەی بەشدارییان لە جەنگ کردووە، یەک لە پێنج سەدی خەڵک و گاوگۆتاڵ[s] و گوێدرێژ. 29 لە نیوەکەی ئەوان وەریدەگرن و دەیدەنە ئەلعازاری کاهین، بەخشینی بەرزکراوەیە بۆ یەزدان. 30 لە نیوەکەی نەوەی ئیسرائیلیش یەک لە پەنجا لە خەڵک و گاوگۆتاڵ و گوێدرێژ و مەڕ یان لە هەر ئاژەڵێکی دیکە دەبەیت و دەیدەیتە لێڤییەکان کە بەرپرسیارن لە بایەخدان بە چادری پەرستنی یەزدان.» 31 جا موسا و ئەلعازاری کاهین وەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد، ئاوایان کرد.
32 کۆی تاڵانییەکەش کە دەستکەوتی پیاوانی سوپاکە بوو، شەش سەد و حەفتا و پێنج هەزار مەڕ و 33 حەفتا و دوو هەزار مانگا و 34 شەست و یەک هەزار گوێدرێژ بوون، 35 لە مرۆڤیش لەو ئافرەتانەی کە لەگەڵ پیاو جووت نەببوون سی و دوو هەزار کەس بوون.
36 جا نیوەکەی کە بەشی ئەوانە بوو بۆ جەنگ چووبوون:
سێ سەد و سی و حەوت هەزار و پێنج سەد مەڕ بوو، 37 بەشی یەزدانیش لە مەڕەکان شەش سەد و حەفتا و پێنج بوو،
38 مانگاکانیش سی و شەش هەزار بوو و بەشی یەزدانیش حەفتا و دوو بوو،
39 گوێدرێژیش سی هەزار و پێنج سەد بوو، بەشی یەزدانیش شەست و یەک بوو.
40 مرۆڤیش شازدە هەزار بوو، بەشی یەزدانیش سی و دوو بوو.
41 جا بەشەکە کە بەخشینی بەرزکراوە بوو بۆ یەزدان، موسا دایە ئەلعازاری کاهین، وەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.
42 بەڵام نیوەکەی ئیسرائیل کە موسا لە پیاوانی سوپاکەی جیا کردبووەوە، 43 نیوەکەی کۆمەڵ سێ سەد و سی و حەوت هەزار و پێنج سەد مەڕ بوو، 44 مانگاش سی و شەش هەزار بوو، 45 گوێدرێژیش سی هەزار و پێنج سەد بوو، 46 لە مرۆڤیش شازدە هەزار بوو. 47 جا موسا لە نیوەکەی نەوەی ئیسرائیل یەک لە پەنجای خەڵک و ئاژەڵی برد و دایە لێڤییەکان کە بەرپرسیار بوون لە بایەخدان بە چادری پەرستنی یەزدان، وەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.
48 ئینجا سەرکردەی یەکەکانی سوپاکە هاتنە پێش بۆ لای موسا، فەرماندەکانی هەزاران و سەدان، 49 بە موسایان گوت: «ئێمەی خزمەتکارانت ژمارەی ئەو پیاوانەی جەنگمان وەرگرت کە لەژێر فەرمانمان بوون و کەسمان لەدەست نەداوە، 50 ئەوەتا قوربانی یەزدانمان پێشکەش کرد، هەریەکە هەرچی کەلوپەلی زێڕی دەست کەوتووە لە خڕخاڵ و بازن و ئەنگوستیلە و گوارە و ملوانکە، بۆ کەفارەتکردن بۆمان لەبەردەم یەزدان.»
51 جا موسا و ئەلعازاری کاهین هەموو کەلوپەلێکی لە زێڕ دروستکراویان لێ وەرگرتن. 52 هەموو زێڕەکەی بەخشینی بەرزکراوە کە لەلایەن فەرماندەکانی هەزاران و سەدان بۆ یەزدان بەرز کرایەوە، شازدە هەزار و حەوت سەد و پەنجا شاقل بوو. 53 بەڵام پیاوانی سوپاکە ئەوەی دەستیان کەوتبوو بۆ خۆیان بوو. 54 جا موسا و ئەلعازاری کاهین زێڕەکەیان لە فەرماندەکانی هەزاران و سەدان وەرگرت و هێنایانە ناو چادری چاوپێکەوتنەوە، وەک یادگاری بۆ نەوەی ئیسرائیل لەبەردەم یەزدان.
هۆزەکانی ئەوبەری ڕووباری ئوردون
32 بەڵام نەوەی ڕەئوبێن و نەوەی گاد گاوگۆتاڵی زۆریان هەبوو، کاتێک بینییان خاکی یەعزێر و خاکی گلعاد شوێنی مەڕوماڵاتە، 2 ئیتر نەوەی گاد و نەوەی ڕەئوبێن هاتن، لەگەڵ موسا و ئەلعازاری کاهین و ڕابەرەکانی کۆمەڵدا دوان و گوتیان: 3 «عەتەرۆت و دیڤۆن و یەعزێر و نیمرا و حەشبۆن و ئەلعالێ و سەڤام و نەبۆ و بەعۆن، 4 ئەو خاکەی یەزدان لەبەردەم کۆمەڵی ئیسرائیل بەزاندی، ئەوە خاکی مەڕوماڵاتە و خزمەتکارەکانیشت مەڕوماڵاتیان هەیە.» 5 هەروەها گوتیان: «ئەگەر لەبەرچاوت پەسەندین، با ئەو خاکە بدرێت بە خزمەتکارەکانت و ببێت بە موڵکمان و لە ڕووباری ئوردون مەمانپەڕێنەوە.»
6 موساش بە نەوەی گاد و ڕەئوبێنی گوت: «ئایا دەبێت براکانتان بۆ جەنگ بڕۆن و ئێوەش لێرە دانیشن؟ 7 بۆچی دڵی نەوەی ئیسرائیل سارد دەکەنەوە لە پەڕینەوەیان بۆ ئەو خاکەی یەزدان پێیداون؟ 8 باوکانتان ئاوایان کرد کاتێک لە قادێش بەرنێعەوە ئەوانم نارد هەتا تەماشای خاکەکە بکەن، 9 بە دۆڵی ئەشکۆلدا سەرکەوتن و تەماشای خاکەکەیان کرد و دڵی نەوەی ئیسرائیلیان سارد کردەوە لە چوونە ناو ئەو خاکەی یەزدان پێیداون. 10 لەو ڕۆژەدا تووڕەیی یەزدان جۆشا و سوێندی خوارد و فەرمووی: 11 ”ئەو خەڵکەی کە لە میسر هاتنە دەرەوە، لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە، ناچنە ناو ئەو خاکەی سوێندم لەسەری خوارد بۆ ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب، چونکە بە هەموو دڵیانەوە دوام نەکەوتن، 12 تەنها کالێبی کوڕی یەفونەی قەنیزی و یەشوعی کوڕی نون نەبێت، چونکە بە هەموو دڵیانەوە دوای یەزدان کەوتن.“ 13 تووڕەیی یەزدان بەسەر ئیسرائیلدا جۆشا و چل ساڵ لە چۆڵەوانی وێڵی کردن، هەتا هەموو ئەو نەوەیە لەناوچوون کە لەبەرچاوی یەزدان خراپەیان کرد.
14 «ئەوەتا ئێوەش لە جیاتی باوکانتان هەستاون، کۆمەڵە خەڵکێکی گوناهبارن، هەتا کوڵی تووڕەیی یەزدان لەسەر ئیسرائیل زیاتر بکەن. 15 ئەگەر لێی هەڵگەڕێنەوە، ئەوا دیسان لەم چۆڵەوانییە وازیان لێ دەهێنێت، ئیتر دەبنە هۆی لەناوچوونی هەموو ئەم گەلە.»
16 ئەوانیش لێی هاتنە پێش و گوتیان: «لێرە پشتیر[t] بۆ ماڵاتەکانمان و چەند شارێک بۆ ژن و منداڵەکانمان بنیاد دەنێین، 17 بەڵام خۆمان چەک هەڵدەگرین و بە خێرایی پێش نەوەی ئیسرائیل دەکەوین هەتا دەیانبەینە شوێنەکەیان. هەروەها ژن و منداڵەکانیشمان لەبەر دانیشتووانی ئەم خاکە لە شاری قەڵابەند دەبن. 18 ناگەڕێینەوە ماڵەکانمان هەتا نەوەی ئیسرائیل هەریەکە میراتگری میراتەکەی خۆی نەبێت، 19 ئێمە لە پشتی ڕووباری ئوردون و بەو لاوە میراتمان لەگەڵیان نابێت، چونکە میراتی خۆمان لە بەری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردون وەرگرت.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.