Bible in 90 Days
27 «”ئەگەر بەوەش گوێم لێ نەگرن، بەڵکو بە پێچەوانەوە لەگەڵم جوڵانەوە، 28 ئەوا بە پێچەوانەوە لەگەڵتان دەجوڵێمەوە بە تووڕەییم و حەوت قات بۆ گوناهەکانتان سزاتان دەدەم. 29 جا گۆشتی کوڕ و کچەکانتان دەخۆن. 30 نزرگەکانی سەر بەرزاییتان[a] وێران دەکەم و قوربانگاکانی بخوورتان تەخت دەکەم، لاشەکانتان فڕێدەدەمە سەر لاشەی بتەکانتان و قێزتان لێ دەکەمەوە. 31 شارۆچکەکانتان وێران دەکەم و شوێنە پیرۆزەکانتان دەکەمە چۆڵەوانی، بۆنەکانی خۆشی قوربانی ئێوە دڵخۆشم ناکات. 32 زەوییەکە دەکەمە چۆڵەوانی و دوژمنەکانتان کە تێیدا نیشتەجێ دەبن، سەرسام دەبن. 33 بەناو نەتەوەکاندا پەرشوبڵاوتان دەکەمەوە و شمشێرەکەم هەڵدەکێشم و ڕاوتان دەنێم. جا خاکەکەتان دەبێتە چۆڵەوانی و شارۆچکەکانتان وێران دەبێت، 34 ئەوسا زەوی پشووی ساڵەکانی[b] خۆی وەردەگرێت، هەموو ڕۆژانی چۆڵبوونی، ئێوەش لە خاکی دوژمنەکانتان دەبن، ئەوسا زەوی پشوو دەدات، سوود لە پشووەکانی وەردەگرێت. 35 هەموو ڕۆژانی چۆڵبوونی پشوو دەدات، ئەو پشووانەی کە ئێوە پێتان نەدەدا، کاتێک تێیدا نیشتەجێ بوون.
36 «”ئەوانەی لێتان دەمێنێتەوە، ئەوا ترسنۆکی دەخەمە دڵیان لە خاکی دوژمنانیان و دەنگی گەڵایەکی هەڵوەریو دەیانبەزێنێت، جا وەک لە شمشێر هەڵبێن ئاوا هەڵدێن و بێ ئەوەی کەس ڕاویان بنێت دەکەون. 37 بەسەر یەکتردا دەکەون هەروەک لە شمشێر هەڵبێن و بێ ئەوەی کەس ڕاویان بنێت، لەبەردەم دوژمنەکانتان هەستانەوەتان نابێت، 38 جا لەنێو گەلان لەناودەچن و خاکی دوژمنانتان دەتانخوات. 39 ئەوانەی لێتان دەمێنێتەوە ئەوا لە خاکی دوژمنانتان بە گوناهەکانیانەوە لەناودەچن، هەروەها بە گوناهی باوکانیشیانەوە لەناودەچن.
40 «”بەڵام ئەگەر دانیان بە گوناهەکانی خۆیان و باوک و باپیرانیاندا نا، لەو ناپاکییەی لەگەڵ من کردیان کە بە پێچەوانەوە لەگەڵم جوڵانەوە، 41 لەبەر ئەوە منیش بە پێچەوانەوە لەگەڵیاندا جوڵامەوە و ئەوانم بردە خاکی دوژمنانیان هەتا دڵە خەتەنە نەکراوەکانیان بێفیز بێت و باجی گوناهەکانیان بدەنەوە، 42 ئەوا پەیمانەکەم لەگەڵ یاقوب بەبیر دێتەوە. هەروەها پەیمانەکەم لەگەڵ ئیسحاق و پەیمانەکەم لەگەڵ ئیبراهیم و خاکەکەشم بەبیر دێتەوە. 43 خاکەکەش لەلایەن ئەوانەوە چۆڵ دەکرێت و سوود لە پشووەکانی[c] وەردەگرێت کاتێک بەبێ ئەوان چۆڵەوانییە. ئەوانیش باجی گوناهەکانیان دەدەنەوە، چونکە یاساکانی منیان ڕەتکردەوە و لە ناخەوە قێزیان لە فەرزەکانم بووەوە. 44 بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کاتێک لە خاکی دوژمنانیان بوون، ڕەتم نەکردنەوە و قێزم لێیان نەکردەوە، هەتا بە تەواوی لەناویان ببەم و پەیمانم لەگەڵیان بشکێنم، چونکە من یەزدانی پەروەردگاریانم. 45 بەڵکو لە پێناویان یادی ئەو پەیمانەیان بۆ دەکەمەوە کە لەگەڵ باوباپیرانیان بەستم، ئەوانەی لەبەرچاوی نەتەوەکان لە خاکی میسرەوە دەرمهێنان هەتا ببمە خودای خۆیان. من یەزدانم.“»
46 ئەوانە فەرز و یاسا و ڕێنماییەکان بوون کە یەزدان لەنێوان خۆی و نەوەی ئیسرائیلدا داینا، لە شاخی سینا لەسەر دەستی موسا.
کڕینەوەی ئەوەی هی یەزدانە
27 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو 2 «لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و پێیان بڵێ: ”ئەگەر کەسێک کەسێکی بۆ یەزدان نەزر کرد، ئەوا ئاوای دەخەمڵێنێت، 3 ئەگەر خەمڵاندنەکەت بۆ نێرێکی تەمەن بیست هەتا شەست ساڵ بوو، ئەوا خەمڵاندنەکەت پەنجا شاقل[d] زیو بەگوێرەی شاقلی پیرۆزگا دەبێت. 4 ئەگەر مێینەش بوو، ئەوا خەمڵاندنەکەت سی شاقل دەبێت. 5 ئەگەر تەمەنی پێنج هەتا بیست ساڵ بوو، ئەوا خەمڵاندنەکەت بیست شاقل بۆ نێر و دە شاقل بۆ مێ دەبێت. 6 ئەگەر تەمەنی مانگێک هەتا پێنج ساڵ بوو، ئەوا خەمڵاندنەکەت پێنج شاقل زیو بۆ نێر و سێ شاقل زیو بۆ مێ دەبێت. 7 ئەگەر تەمەنی شەست ساڵ و بەرەو سەرەوە بوو، ئەوا خەمڵاندنەکەت پازدە شاقل بۆ نێر و دە شاقل بۆ مێ دەبێت. 8 ئەگەر کەسێک نەزری کرد و ئەو کەسە هەژار بوو و ئەو خەمڵاندنەی لە توانادا نەبوو، ئەوا نەزرەکە دەهێنێتە بەردەم کاهین و کاهینەکەش بۆی دەخەمڵێنێت. بەگوێرەی توانای ئەو کەسەی نەزرەکەی کردووە کاهینەکە بۆی دەخەمڵێنێت.
9 «”ئەگەر نەزرەکە ئاژەڵ بێت، لەوانەی پەسەندە وەک قوربانی بۆ یەزدان، ئەوا هەموو ئەوەی لێی دەدرێت بە یەزدان، پیرۆز دەبێت. 10 پێویستە نەیگۆڕێت و ئاڵوگۆڕی پێ نەکات، باش بە خراپ یان خراپ بە باش، ئەگەر ئاژەڵێکی بە ئاژەڵێکی دیکە ئاڵوگۆڕ کرد، ئەوا هەردوو ئاژەڵەکە پیرۆز دەبن. 11 ئەگەر نەزرەکە بەپێی ڕێوڕەسم ئاژەڵێکی گڵاو بوو، لەوانەی کە قبوڵ نییە وەک قوربانی بۆ یەزدان، ئەوا پێویستە ئاژەڵەکە بهێنرێتە بەردەم کاهین. 12 جا نرخەکەی دەخەمڵێنێت، هەر چۆنێک باش بێت یان خراپ، ئەو نرخەی کاهین دەیخەمڵێنێت، هەر ئەوە دەبێت. 13 جا ئەگەر خاوەنەکەی ویستی ئاژەڵەکە بکڕێتەوە، ئەوا پێویستە پێنج یەک بخاتە سەر خەمڵاندنەکە.
14 «”ئەگەر یەکێک ماڵەکەی تەرخان کرد هەتا بۆ یەزدان پیرۆزکراو بێت، ئەوا کاهینەکە دەیخەمڵێنێت باش بێت یان خراپ، کاهینەکە چۆنی بخەمڵێنێت ئاوا دەبێت. 15 ئەگەر ئەو کەسە ویستی ماڵە تەرخانکراوەکەی بکڕێتەوە ئەوا پێنج یەکی نرخی خەمڵاندنەکە دەخاتە سەری و دەبێتەوە هی خۆی.
16 «”ئەگەر کەسێک بەشێکی لە کێڵگەکەی موڵکی خێزانی خۆی بۆ یەزدان تەرخان کرد، ئەوا خەمڵاندنەکە بەگوێرەی تۆوکردن تێیدا دەبێت، جێی حۆمەرێک[e] تۆوی جۆ بە پەنجا شاقل زیو دەبێت. 17 ئەگەر لە ساڵی یۆبیلدا[f] کێڵگەکەی تەرخان کرد، ئەوا بەگوێرەی ئەو خەمڵاندنەی کە دانراوە دەمێنێتەوە. 18 بەڵام ئەگەر لەدوای ساڵی یۆبیل کێڵگەکەی تەرخان کرد، ئەوا کاهینەکە بەگوێرەی ئەو ساڵانەی ماوەتەوە بۆ ساڵی ئایندەی یۆبیل، نرخەکەی بۆ دەژمێرێت. لە خەمڵاندنەکە کەم دەکاتەوە. 19 ئەگەر ئەو کەسەی کێڵگەکەی تەرخان کردووە ویستی کێڵگەکە بکڕێتەوە، ئەوا پێنج یەکی نرخی خەمڵاندنەکە دەخاتە سەری و کێڵگەکە بۆ ئەو دەبێت. 20 بەڵام ئەگەر کێڵگەکەی نەکڕییەوە یان کێڵگەکەی بە کەسێکی دیکە فرۆشت، ئەوا ئیتر ناکڕدرێتەوە، 21 بەڵکو کێڵگەکە لە ساڵی یۆبیل ئازاد دەکرێت، پیرۆز دەبێت، وەک کێڵگەی ڕاگیراو[g] بۆ یەزدان. ئەو کاتە دەبێتە موڵکی کاهینەکان.
22 «”ئەگەر کێڵگەیەکی کڕاوی بۆ یەزدان تەرخان کرد، کە لە کێڵگەکانی موڵکی خێزانی نەبوو، 23 ئەوا کاهینەکە بڕی خەمڵاندنەکەی بۆ دەژمێرێت هەتا ساڵی یۆبیل، جا کەسەکە لەو ڕۆژە نرخی خەمڵاندنەکە دەدات، وەک تەرخانکراوی پیرۆز بۆ یەزدان. 24 لە ساڵی یۆبیلیش کێڵگەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لێی کڕیوە، بۆ خاوەنی ڕەسەنی زەوییەکە. 25 هەموو خەمڵاندنەکەش بەپێی شاقلی پیرۆزگا دەبێت، هەر شاقلێک بیست گیرە دەبێت.
26 «”بەڵام هەر نۆبەرەیەکی ئاژەڵ کە وەک نۆبەرە بۆ یەزدان جیا دەکرێتەوە، با کەس تەرخانی نەکات، گا[h] بێت یان بەران ئەوا بۆ یەزدانە؛ 27 ئەگەر لە ئاژەڵە گڵاوەکان بوو، ئەوا بەگوێرەی خەمڵاندنەکە دەیکڕێتەوە و پێنج یەکیشی دەخاتە سەر. ئەگەر نەیکڕییەوە ئەوا بەگوێرەی خەمڵاندنەکە دەفرۆشرێت.
28 «”بەڵام هەموو ڕاگیراوێک[i] کە مرۆڤ بۆ یەزدانی تەرخان دەکات لە هەموو ئەوانەی هەیەتی، لە خەڵک و ئاژەڵ و کێڵگەکانی موڵکی خۆی، ئەوا نافرۆشرێت و ناکڕدرێتەوە، هەموو ڕاگیراوێک هەرەپیرۆزە بۆ یەزدان.
29 «”هەرکەسێک تەرخانکراو بێت بۆ قڕکردن[j] بە بارمتە ناکڕدرێتەوە، دەبێت بکوژرێت.
30 «”هەموو دەیەکی زەوی لە دانەوێڵەی زەوی و بەروبوومی درەختەکان بۆ یەزدانە، پیرۆزە بۆ یەزدان. 31 ئەگەر کەسێک هەندێک لە دەیەکەکەی خۆی کڕییەوە، ئەوا پێنجیەکی دەخاتە سەر، 32 بەڵام گاگەل و مێگەل دەیەمی هەر ئاژەڵێک بەژێر گۆچانی شواندا تێبپەڕێت، ئەوا پیرۆز دەبێت بۆ یەزدان. 33 نابێت تەماشا بکرێت ئاخۆ باشە یان خراپ و ئاڵوگۆڕی پێ ناکات، ئەگەر ئاڵوگۆڕی پێکرد، ئەوا هەردوو ئاژەڵەکە و ئالۆگۆڕکراوەکە پیرۆز دەبن بۆ یەزدان، ناکڕدرێنەوە.“»
34 ئەمە فەرمانەکانن کە یەزدان فەرمانی بە موسا کرد بۆ نەوەی ئیسرائیل لە شاخی سینا.
ئاماری یەکەم[k]
1 یەزدان لە چۆڵەوانی سینا، لە چادری چاوپێکەوتندا، لە یەکی مانگی دووی ساڵی دووەمی هاتنەدەرەوەی گەلی ئیسرائیل لە خاکی میسر، بە موسای فەرموو: 2 «سەرژمێری هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل بکەن، بە خێڵەکانیان و بنەماڵەکانیانەوە، بە لیستی ناوی نێرینەکان یەک بە یەک. 3 لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە، هەموو ئەوانەی دەتوانن لە ئیسرائیل خزمەت بکەن لە سوپا، تۆ و هارون بەگوێرەی لەشکرەکانیان تۆماریان بکەن. 4 بۆ هەر هۆزێک پیاوێکتان لەگەڵدا بێت، پیاوێک گەورەی بنەماڵەکەی بێت. 5 ئەمەش ناوی ئەو پیاوانەیە کە یارمەتیتان دەدەن:
لە هۆزی ڕەئوبێن ئەلیسوری کوڕی شەدیئور،
6 لە هۆزی شیمۆن شەلومیێلی کوڕی چووریشەدای،
7 لە هۆزی یەهودا نەحشۆنی کوڕی عەمیناداب،
8 لە هۆزی یەساخار نەتەنێلی کوڕی چوعەر،
9 لە هۆزی زەبولون ئەلیابی کوڕی حێلۆن،
10 لە کوڕەکانی یوسف،
لە هۆزی ئەفرایم، ئەلیشاماعی کوڕی عەمیهود و
لە هۆزی مەنەشە، گەمالائیلی کوڕی پەداهچوور.
11 لە هۆزی بنیامین ئەبیدانی کوڕی گدعۆنی،
12 لە هۆزی دان ئەحیعەزەری کوڕی عەمیشەدای،
13 لە هۆزی ئاشێر پەگعیێلی کوڕی عۆخران،
14 لە هۆزی گاد ئەلیاسافی کوڕی دەعوئێل،
15 لە هۆزی نەفتالی ئەحیڕەعی کوڕی عێینان.»
16 ئەوانە هەڵبژێردراوانی کۆمەڵەکەن، سەرکردەی هۆزی باوکانیانن، سەرۆک خێڵەکانی ئیسرائیلن.
17 جا موسا و هارون هەموو ئەو پیاوانەیان برد کە باس کران، 18 هەموو کۆمەڵیان لە یەکی مانگی دوو کۆکردەوە. لە گەنجانی بیست ساڵە بەرەو سەرەوە بەگوێرەی ڕەچەڵەکیان خرانەوە سەر خێڵ و بنەماڵەکانیان، یەک بە یەک ناوەکانیان تۆمار کرا، 19 هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد. ئینجا لە چۆڵەوانی سینادا تۆماری کردن.
20 لە نەوەی ڕەئوبێن کە نۆبەرەی ئیسرائیلە،
هەموو نێرینەیەک لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە، هەموو ئەوانەی دەتوانن خزمەت بکەن لە سوپادا، یەکە بە یەکە بەپێی ناوەکان ڕێکخران، بەگوێرەی تۆمارکردنی خێڵەکانیان و بنەماڵەکانیان، 21 تۆمارکراوان لە هۆزی ڕەئوبێن چل و شەش هەزار و پێنج سەد کەس بوون.
22 لە نەوەی شیمۆن،
هەموو نێرینەیەک لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە، هەموو ئەوانەی دەتوانن خزمەت بکەن لە سوپادا، یەکە بە یەکە ژمێردران و بەپێی ناوەکان ڕێکخران، بەگوێرەی تۆمارکردنی خێڵەکانیان و بنەماڵەکانیان، 23 تۆمارکراوان لە هۆزی شیمۆن پەنجا و نۆ هەزار و سێ سەد کەس بوون.
24 لە نەوەی گاد،
هەموو نێرینەیەک لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە، هەموو ئەوانەی دەتوانن خزمەت بکەن لە سوپادا، بەپێی ناوەکان ڕێکخران، بەگوێرەی تۆمارکردنی خێڵەکانیان و بنەماڵەکانیان. 25 تۆمارکراوان لە هۆزی گاد چل و پێنج هەزار و شەش سەد و پەنجا کەس بوون.
26 لە نەوەی یەهودا،
هەموو نێرینەیەک لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە، هەموو ئەوانەی دەتوانن خزمەت بکەن لە سوپادا، بەپێی ناوەکان ڕێکخران، بەگوێرەی تۆمارکردنی خێڵەکانیان و بنەماڵەکانیان، 27 تۆمارکراوان لە هۆزی یەهودا حەفتا و چوار هەزار و شەش سەد کەس بوون.
28 لە نەوەی یەساخار،
هەموو نێرینەیەک لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە، هەموو ئەوانەی دەتوانن خزمەت بکەن لە سوپادا، بەپێی ناوەکان ڕێکخران، بەگوێرەی تۆمارکردنی خێڵەکانیان و بنەماڵەکانیان، 29 تۆمارکراوان لە هۆزی یەساخار پەنجا و چوار هەزار و چوار سەد کەس بوون.
30 لە نەوەی زەبولون،
هەموو نێرینەیەک لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە، هەموو ئەوانەی دەتوانن خزمەت بکەن لە سوپادا، بەپێی ناوەکان ڕێکخران، بەگوێرەی تۆمارکردنی خێڵەکانیان و بنەماڵەکانیان. 31 تۆمارکراوان لە هۆزی زەبولون پەنجا و حەوت هەزار و چوار سەد کەس بوون.
32 لە نەوەی یوسف،
لە نەوەی ئەفرایم،
هەموو نێرینەیەک لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە، هەموو ئەوانەی دەتوانن خزمەت بکەن لە سوپادا، بەپێی ناوەکان ڕێکخران، بەگوێرەی تۆمارکردنی خێڵەکانیان و بنەماڵەکانیان. 33 تۆمارکراوان لە هۆزی ئەفرایم چل هەزار و پێنج سەد کەس بوون.
34 لە نەوەی مەنەشە،
هەموو نێرینەیەک لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە، هەموو ئەوانەی دەتوانن خزمەت بکەن لە سوپادا، بەپێی ناوەکان ڕێکخران، بەگوێرەی تۆمارکردنی خێڵەکانیان و بنەماڵەکانیان. 35 تۆمارکراوان لە هۆزی مەنەشە سی و دوو هەزار و دوو سەد کەس بوون.
36 لە نەوەی بنیامین،
هەموو نێرینەیەک لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە، هەموو ئەوانەی دەتوانن خزمەت بکەن لە سوپادا، بەپێی ناوەکان ڕێکخران، بەگوێرەی تۆمارکردنی خێڵەکانیان و بنەماڵەکانیان، 37 تۆمارکراوان لە هۆزی بنیامین سی و پێنج هەزار و چوار سەد کەس بوون.
38 لە نەوەی دان،
هەموو نێرینەیەک لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە، هەموو ئەوانەی دەتوانن خزمەت بکەن لە سوپادا، بەپێی ناوەکان ڕێکخران، بەگوێرەی تۆمارکردنی خێڵەکانیان و بنەماڵەکانیان، 39 تۆمارکراوان لە هۆزی دان شەست و دوو هەزار و حەوت سەد کەس بوون.
40 لە نەوەی ئاشێر،
هەموو نێرینەیەک لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە، هەموو ئەوانەی دەتوانن خزمەت بکەن لە سوپادا، بەپێی ناوەکان ڕێکخران، بەگوێرەی تۆمارکردنی خێڵەکانیان و بنەماڵەکانیان. 41 تۆمارکراوان لە هۆزی ئاشێر چل و یەک هەزار و پێنج سەد کەس بوون.
42 لە نەوەی نەفتالی،
هەموو نێرینەیەک لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە، هەموو ئەوانەی دەتوانن خزمەت بکەن لە سوپادا، بەپێی ناوەکان ڕێکخران، بەگوێرەی تۆمارکردنی خێڵەکانیان و بنەماڵەکانیان، 43 تۆمارکراوان لە هۆزی نەفتالی پەنجا و سێ هەزار و چوار سەد کەس بوون.
44 ئەوانە تۆمارکراوەکانن، ئەوانەی موسا و هارون و دوازدە سەرۆک هۆزەکانی ئیسرائیل تۆماریان کردن، هەر پیاوێک لە تۆمارکراوەکان نوێنەر بوو بۆ بنەماڵەکەی. 45 جا هەموو نەوەی ئیسرائیل، بەگوێرەی بنەماڵەکانیان لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە، هەموو ئەوانەی دەتوانن خزمەت بکەن لە سوپای ئیسرائیلدا تۆمار کران، 46 هەموو تۆمارکراوەکان شەش سەد و سێ هەزار و پێنج سەد و پەنجا کەس بوون.
47 بەڵام هۆزی لێڤی بنەماڵەکانیان لەگەڵ ئەوان تۆمار نەکران، 48 چونکە یەزدان بە موسای فەرموو: 49 «هۆزی لێڤی تۆمار مەکە و لەنێوان نەوەی ئیسرائیلدا ئاماریان مەکە. 50 بەڵکو لێڤییەکان لەسەر چادری پەیمان و هەموو قاپوقاچاغەکەی و هەموو ئەوەی هەیەتی دابنێ، ئەوان چادرەکەی پەرستن بە هەموو قاپوقاچاغەکانییەوە هەڵدەگرن و ئەوان خزمەتی دەکەن، لە چواردەوری چادرەکەی پەرستنیش چادر هەڵدەدەن. 51 لە کاتی گواستنەوەی چادرەکەی پەرستن لێڤییەکان هەڵیدەگرنەوە و لە کاتی هەڵدانی چادرەکەی پەرستنیش لێڤییەکان دایدەمەزرێننەوە. هەرکەسێکی دیکە جگە لە لێڤییەکان لێی نزیک بێتەوە دەکوژرێت. 52 نەوەی ئیسرائیل هەریەکە لە ئۆردوگای خۆی لەژێر بەیداخەکەی خۆی بەپێی لەشکرەکانیان چادر هەڵدەدەن. 53 بەڵام لێڤییەکان لە چواردەوری چادرەکەی پەیمان چادر هەڵدەدەن، هەتا تووڕەیی نەیەتە سەر کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل، جا لێڤییەکان بەرپرسیار دەبن لە پارێزگاری چادری پەیمان.»
54 نەوەی ئیسرائیلیش ئاوایان کرد، بەگوێرەی هەموو ئەوەی یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.
ڕێکخستنی ئۆردوگاکانی هۆزەکان
2 هەروەها یەزدان بە موسا و هارونی فەرموو: 2 «نەوەی ئیسرائیل، هەریەکە لەژێر بەیداخەکەی خۆی، بە لافیتەکانی بنەماڵەکانیانەوە چادر هەڵدەدەن، ڕووەو چادری چاوپێکەوتن و دەوروبەری.»
3 ئەوانەی لەلای ڕۆژهەڵات چادر هەڵدەدەن ڕووەو خۆر هەڵاتن لەژێر بەیداخی ئۆردوگای یەهودایە بەگوێرەی لەشکرەکانیان، سەرۆکی نەوەی یەهوداش نەحشۆنی کوڕی عەمینادابە، 4 ژمارەی سەربازە تۆمارکراوەکانیش حەفتا و چوار هەزار و شەش سەد کەسن.
5 پاشان هۆزی یەساخار لەتەنیشتیانەوە چادر هەڵدەدەن، سەرۆکی نەوەی یەساخاریش نەتەنێلی کوڕی چوعەر و 6 ژمارەی سەربازە تۆمارکراوەکانیش پەنجا و چوار هەزار و چوار سەد کەسن.
7 پاشان هۆزی زەبولون، سەرۆکی نەوەی زەبولونیش ئەلیابی کوڕی حێلۆنە و 8 ژمارەی سەربازە تۆمارکراوەکانیش پەنجا و حەوت هەزار و چوار سەد کەسن.
9 هەموو پیاوانی دانراویش لە ئۆردوگای یەهودا، بەگوێرەی لەشکرەکانیان سەد و هەشتا و شەش هەزار و چوار سەد کەسن، یەکەمن لە بەڕێکەوتندا.
10 لەژێر بەیداخی ئۆردوگای ڕەئوبێن بەلای باشوور بەگوێرەی لەشکرەکانیان، سەرۆکی نەوەی ڕەئوبێنیش ئەلیسوری کوڕی شەدیئورە و 11 ژمارەی سەربازە تۆمارکراوەکانیش چل و شەش هەزار و پێنج سەد کەسن.
12 پاشان هۆزی شیمۆن لەتەنیشتیانەوە چادر هەڵدەدەن، هۆزی شیمۆن، سەرۆکی نەوەی شیمۆنیش شەلومیێلی کوڕی چووریشەدایە و 13 ژمارەی سەربازە تۆمارکراوەکانی پەنجا و نۆ هەزار و سێ سەد کەسن.
14 پاشان هۆزی گاد، سەرۆکی نەوەی گادیش ئەلیاسافی کوڕی دەعوئێلە و 15 ژمارەی سەربازە تۆمارکراوەکانیش چل و پێنج هەزار و شەش سەد و پەنجا کەسن.
16 هەموو پیاوانی دانراویش لە ئۆردوگای ڕەئوبێن، بەگوێرەی لەشکرەکانیان سەد و پەنجا و یەک هەزار و چوار سەد و پەنجا کەسن، دووەمن لە بەڕێکەوتندا.
17 ئینجا چادری چاوپێکەوتن، ئۆردوگای لێڤییەکان لەناوەندی ئۆردوگاکان بەڕێ دەکەوێت، چۆن چادر هەڵدەدەن بە هەمان شێوە بەڕێ دەکەون، هەریەکە و لە شوێنی خۆی لەژێر بەیداخەکەی.
18 لەژێر بەیداخی ئۆردوگای ئەفرایم بەگوێرەی لەشکرەکانیان لەلای ڕۆژئاوا، سەرۆکی نەوەی ئەفرایم ئەلیشاماعی کوڕی عەمیهودە و 19 ژمارەی سەربازە تۆمارکراوەکانی چل هەزار و پێنج سەد کەسن.
20 پاشان هۆزی مەنەشە لەتەنیشتیانەوە و سەرۆکی نەوەی مەنەشەش گەمالائیلی کوڕی پەداهچوورە و 21 ژمارەی سەربازە تۆمارکراوەکانی سی و دوو هەزار و دوو سەد کەسن.
22 پاشان هۆزی بنیامین، سەرۆک بۆ نەوەی بنیامینیش ئەبیدانی کوڕی گدعۆنییە و 23 ژمارەی سەربازە تۆمارکراوەکانیش سی و پێنج هەزار و چوار سەد کەسن.
24 هەموو پیاوانی دانراویش لە ئۆردوگای ئەفرایم، بەگوێرەی لەشکرەکانیان سەد و هەشت هەزار و سەد کەسن، سێیەمن لە بەڕێکەوتندا.
25 لەژێر بەیداخی ئۆردوگای دان بەگوێرەی لەشکرەکانیان بەلای باکوور، ئەحیعەزەری کوڕی عەمیشەدای سەرۆکی نەوەی دان بوو و 26 ژمارەی سەربازە تۆمارکراوەکانیش شەست و دوو هەزار و حەوت سەد کەسن.
27 پاشان هۆزی ئاشێر، لەتەنیشتیانەوە چادر هەڵدەدەن، سەرۆکی نەوەی ئاشێریش پەگعیێلی کوڕی عۆخرانە و 28 ژمارەی سەربازە تۆمارکراوەکانیش چل و یەک هەزار و پێنج سەد کەسن.
29 پاشان هۆزی نەفتالیش، سەرۆکی نەوەی نەفتالی ئەحیڕەعی کوڕی عێینانە و 30 ژمارەی سەربازە تۆمارکراوەکانیش پەنجا و سێ هەزار و چوار سەد کەسن.
31 هەموو پیاوانی دانراویش لە ئۆردوگای دان سەد و پەنجا و حەوت هەزار و شەش سەد کەسن، لەژێر بەیداخەکانیان لە کۆتاییدا بەڕێ دەکەون.
32 ئەوانە تۆمارکراوەکانی نەوەی ئیسرائیلن بەگوێرەی بنەماڵەکانیان. هەموو تۆمارکراوان لە ئۆردوگاکان بە لەشکرەکانیانەوە شەش سەد و سێ هەزار و پێنج سەد و پەنجا کەسن. 33 بەڵام لێڤییەکان لەنێوان نەوەی ئیسرائیلدا تۆمار نەکران، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.
34 جا نەوەی ئیسرائیل بەگوێرەی هەموو ئەوەی یەزدان فەرمانی بە موسا کرد، ئاوایان کرد، ئاوا لەژێر بەیداخەکانیان چادریان هەڵدا و ئاوا بەڕێکەوتن، هەریەکە بەگوێرەی خێڵەکەی خۆی لە بنەماڵەکەی.
لێڤییەکان
3 ئەمەش نەوەی هارون و موسایە، ئەو ڕۆژەی یەزدان لەگەڵ موسادا لە شاخی سینا دوا.
2 ئەمەش ناوی کوڕەکانی هارونە، نادابی نۆبەرە و ئەبیهو و ئەلعازار و ئیتامار. 3 ئەمەش ناوی نەوەکانی هارونە، کاهینە دەستنیشانکراوەکان ئەوانەی ئەرکی کاهینیێتییان پێ سپێردراوە. 4 ناداب و ئەبیهو لەبەردەم یەزدان مردن، کاتێک لە چۆڵەوانی سینا ئاگرێکی نامۆیان لەبەردەم یەزدان پێشکەش کرد[l]. لەبەر ئەوەی هیچ کوڕیان نەبوو، ئەلعازار و ئیتامار لەبەردەم هارونی باوکیان خزمەتی کاهینیێتییان کرد.
5 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: 6 «هۆزی لێڤی بهێنە پێش و لەبەردەم هارونی کاهین ڕایانبگرە و با یاریدەدەری بن، 7 جا هەڵدەستن بە پارێزگاری بۆ ئەو و لە جیاتی هەموو کۆمەڵ لەبەردەم چادری چاوپێکەوتن، بەهۆی کارکردنیان لە چادرەکەی پەرستن. 8 پارێزگاری لە هەموو قاپوقاچاغەکانی چادری چاوپێکەوتن دەکەن و بە کارکردنیان لە چادرەکەی پەرستن کار بۆ نەوەی ئیسرائیل دەکەن. 9 لێڤییەکان دەدەیتە هارون و کوڕەکانی، لەنێو نەوەی ئیسرائیلدا ئەوان بە تەواوەتی پێشکەشکراون بەو. 10 هارون و کوڕەکانی دادەمەزرێنیت و کاهینیێتییەکەیان دەپارێزن و هەرکەسێکی دیکە لە پیرۆزگا نزیک ببێتەوە دەکوژرێت.»
11 یەزدان بە موسای فەرموو: 12 «ئێستا من لێڤییەکان دەبەم، لەنێو نەوەی ئیسرائیل لە جیاتی هەر نۆبەرەیەکی نێر لە سکی ئافرەت کە لە نەوەی ئیسرائیل بێت. ئیتر لێڤییەکان دەبنە هی من، 13 چونکە هەموو نۆبەرەیەک بۆ منە، ئەو ڕۆژەی لە خاکی میسردا لە هەموو نۆبەرەیەکم دا، ئەوا هەموو نۆبەرەیەک لە ئیسرائیلدا لە خەڵک و لە ئاژەڵ بۆ خۆمم پیرۆز کرد، بۆ من دەبن، من یەزدانم.»
14 هەروەها یەزدان لە چۆڵەوانی سینادا بە موسای فەرموو: 15 «نەوەی لێڤی بەگوێرەی بنەماڵەکانیان و خێڵەکانیان تۆمار بکە، هەموو نێرینەیەک لە کۆرپەی یەک مانگ بەرەو سەرەوە تۆمار دەکەیت.» 16 موساش بەگوێرەی فەرمایشتی یەزدان هەروەک فەرمانی کردبوو، تۆماری کردن.
17 ئەمانە ناوی نەوەکانی لێڤی بوو:
گێرشۆن و قەهات و مەراری.
18 ئەوەش ناوی دوو کوڕەکەی گێرشۆنە بەگوێرەی خێڵەکانیان:
لیبنی و شیمعی.
19 نەوەی قەهاتیش بەگوێرەی خێڵەکانیان:
عەمرام و یەسهار و حەبرۆن و عوزیێل.
20 دوو کوڕەکەی مەراریش بەگوێرەی خێڵەکانیان:
مەحلی و موشی.
ئەمە خێڵی لێڤییەکانە بەگوێرەی بنەماڵەکانیان.
21 بۆ گێرشۆن خێڵی لیبنییەکان و خێڵی شیمعییەکان.
ئەمە خێڵەکانی گێرشۆنییەکانە، 22 ژمارەی هەموو نێرینەیەکی کوڕی یەک مانگ بەرەو سەرەوە، تۆمارکراوان لێیان حەوت هەزار و پێنج سەد کەس بوون. 23 خێڵەکانی گێرشۆنییەکان لە پشت چادری پەرستنەوە بەلای ڕۆژئاوا چادر هەڵدەدەن، 24 گەورەی بنەماڵەی گێرشۆنییەکانیش ئەلیاسافی کوڕی لائێل بوو. 25 نەوەی گێرشۆن لە چادری چاوپێکەوتن بەرپرسیار بوون لە پارێزگاری چادرەکەی پەرستن و چادرەکە و پۆشەرەکەی، پەردەی دەروازەی چادری چاوپێکەوتن، 26 پەردەکانی حەوشەکە و پەردەی دەروازەی حەوشەکە کە لە دەوری چادرەکەی پەرستنە و لە دەوری قوربانگاکەن بە چواردەوری و گوریسەکانی، لەگەڵ هەموو ئەو خزمەتەی پەیوەست بوو پێیانەوە.
27 بۆ قەهاتیش خێڵی عەمرامییەکان، خێڵی یەسهارییەکان، خێڵی حەبرۆنییەکان و خێڵی عوزیێلییەکان بوون. ئەمە خێڵەکانی قەهاتییەکانە 28 ژمارەی هەموو نێرینەیەکی کوڕی یەک مانگ بەرەو سەرەوە هەشت هەزار و شەش سەد کەس بوون. قەهاتییەکان بەرپرسیار بوون لە پارێزگاری پیرۆزگا. 29 خێڵەکانی نەوەی قەهات لەلای باشووری چادرەکەی پەرستن چادر هەڵدەدەن. 30 گەورەی بنەماڵەکانی خێڵەکانی قەهاتییەکانیش ئەلیچافانی کوڕی عوزیێل بوو. 31 بەرپرسیار بوون لە پارێزگاری سندوقەکە، مێزەکە، چرادانەکە، قوربانگاکان، قاپوقاچاغی پیرۆزگاکە کە خزمەتی پێ دەکەن، پەردەی شوێنی هەرەپیرۆز و هەموو ئەوەی لەگەڵی بەکاردەهێنرێت. 32 بۆ سەرۆکی سەرکردەکانی لێڤییەکانیش ئەلعازاری کوڕی هارونی کاهین، سەرپەرشتیار بوو بەسەر ئەو کەسانەی کە بەرپرسیار بوون لە پارێزگاری پیرۆزگا.
33 بۆ مەراری، خێڵی مەحلییەکان و خێڵی موشییەکان، ئەمە خێڵەکانی مەرارییە. 34 تۆمارکراوان لێیان بەپێی ژمارەی هەموو نێرینەیەکی کوڕی یەک مانگ بەرەو سەرەوە شەش هەزار و دوو سەد کەس بوون. 35 گەورەی بنەماڵەی خێڵەکانی مەراریش چووریێلی کوڕی ئەبیحەیلە، لەلای باکووری چادرەکەی پەرستن چادر هەڵدەدەن. 36 سەرپەرشتیاری پارێزگاری لە نەوەی مەراریش چوارچێوەکانی چادرەکەی پەرستن و کاریتەکانی و کۆڵەکەکانی و بناغەکانی و هەموو کەلوپەلەکانی و هەموو ئەوەی لەگەڵیدا بەکاردەهێنرێت و 37 کۆڵەکەکانی حەوشەکە لە چواردەوری و بنکە و سنگ و گوریسەکانی بوون.
38 موسا و هارون و کوڕەکانی لەلای ڕۆژهەڵاتی چادرەکەی پەرستن، ڕووەو ڕۆژهەڵات لەبەردەم چادری چاوپێکەوتن چادر هەڵدەدەن. بەرپرسیار بوون لە پارێزگاری پیرۆزگا لە جیاتی نەوەی ئیسرائیل، هەرکەسێکی دیکەش کە لە پیرۆزگا نزیک بکەوتبایەوە دەکوژرا.
39 هەموو تۆمارکراوانی لێڤییەکان ئەوانەی موسا و هارون بەپێی فەرمایشتی یەزدان بەگوێرەی خێڵەکانیان تۆماریان کردن، هەموو نێرینەیەکی کوڕی یەک مانگ بەرەو سەرەوە بیست و دوو هەزار کەس بوون.
40 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: «هەموو نێرینەیەکی نۆبەرە لە نەوەی ئیسرائیل لە کۆرپەی یەک مانگ بەرەو سەرەوە تۆمار بکە و لیستی ناوەکانیان وەربگرە. 41 من یەزدانم، لێڤییەکان لە جیاتی هەموو نۆبەرەیەکی نەوەی ئیسرائیل و مەڕوماڵاتی لێڤییەکانیش لە جیاتی هەموو نۆبەرەیەک لە مەڕوماڵاتی نەوەی ئیسرائیل بۆ من دادەنێیت.»
42 جا موسا وەک یەزدان فەرمانی پێ کرد هەموو نۆبەرەیەکی لە نەوەی ئیسرائیل تۆمار کرد، 43 هەموو کۆرپەیەکی نۆبەرەی نێرینە لە تەمەنی یەک مانگ بەرەو سەرەوە لە لیستی ناوەکان تۆمارکران، بیست و دوو هەزار و دوو سەد و حەفتا و سێ کەس بوون.
44 یەزدان بە موسای فەرموو: 45 «لێڤییەکان لە جیاتی هەموو نۆبەرەیەک لە نەوەی ئیسرائیل دابنێ و مەڕوماڵاتی لێڤییەکانیش لە جیاتی مەڕوماڵاتەکانیان، جا لێڤییەکان بۆ من دەبن. من یەزدانم. 46 بۆ کڕینەوەی ئەو دوو سەد و حەفتا و سێیەش لە نۆبەرەکانی نەوەی ئیسرائیل کە لە لێڤییەکان زیاترن، 47 پێنج شاقل بۆ هەر سەرێک وەردەگریت، بەگوێرەی شاقلی پیرۆزگا وەریدەگریت. هەر شاقلێک بیست گێرایە. 48 زیوەکەش دەدەیتە هارون و کوڕەکانی، کڕینەوەی ئەوانەیە کە لێیان زیادن.»
49 جا موسا زیوی کڕینەوەیانی وەرگرت، لەوانەی لە کڕینەوەی لێڤییەکان زیاد بوون، 50 لە نۆبەرەکانی نەوەی ئیسرائیل هەزار و سێ سەد و شەست و پێنج زیوی[m] بەگوێرەی شاقلی پیرۆزگا وەرگرت. 51 موساش زیوی کڕینەوەکەی بە هارون و کوڕەکانی دا بەگوێرەی فەرمایشتی یەزدان، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کردبوو.
قەهاتییەکان
4 یەزدان بە موسا و هارونی فەرموو: 2 «سەرژمێری نەوەی قەهات لەنێو نەوەی لێڤییەکان بکەن، بەگوێرەی خێڵەکانیان و بنەماڵەکانیان، 3 لە پیاوی سی ساڵ بەرەو سەرەوە هەتا پەنجا ساڵ، هەموو ئەوانەی دەتوانن بچن بۆ خزمەت هەتا لە چادری چاوپێکەوتن کار بکەن.
4 «نەوەی قەهات خزمەتی شتە هەرەپیرۆزەکانی ناو چادری چاوپێکەوتن دەکەن. 5 هارون و کوڕەکانی لە کاتی کۆچکردنی ئۆردوگا دێن و پەردەکەی شوێنی هەرەپیرۆز هەڵدەگرنەوە و سندوقی شایەتی پێ دادەپۆشن. 6 ئینجا پۆشەرەکەی لە پێستی مانگای دەریا بەسەردا دەدەن و لەسەر ئەوەشەوە قوماشێک هەمووی ڕیسی مۆر بێت ڕایدەخەن و دارەکانیشی دەخەنە شوێنی خۆی.
7 «لەسەر مێزی نانی تەرخانکراو بۆ خودا قوماشێکی لە ڕیسی مۆر ڕادەخەن و لەگەن و قاپ و تاس و دۆلکەکانی شەرابی پێشکەشکراوی لەسەری دادەنێن و بەردەوام نانەکەی لەسەر دەبێت. 8 قوماشێکی سووری ئاڵیشی لەسەر ڕادەخەن و بە پۆشەرێک لە پێستی مانگای دەریا دای دەپۆشن و دارەکانی دەخەنە شوێنی خۆی.
9 «قوماشێک لە ڕیسی مۆر دەبەن و چرادانەکەی ڕووناکی و چراکانی و مەقاش و مەقەڵی و هەموو قاپوقاچاغەکانی زەیتەکەی کە خزمەتی پێ دەکەن دادەپۆشن. 10 لەگەڵ هەموو قاپوقاچاغەکەی دەیخەنە ناو پۆشەرێک لە پێستی مانگای دەریا و دەیخەنە سەر هەڵگرێک.
11 «لەسەر قوربانگا زێڕینەکەش قوماشێکی ڕیسی مۆر ڕادەخەن و بە پۆشەرێک لە پێستی مانگای دەریا دایدەپۆشن و دارەکانی دەخەنە شوێنی خۆی.
12 «هەموو قاپوقاچاغەکانی خزمەتکردن کە خزمەتی پێ دەکەن لە پیرۆزگا دەیبەن و لەناو قوماشێکی ڕیسی مۆر دایدەنێن و بە پۆشەرێک لە پێستی مانگای دەریا دای دەپۆشن و دەیخەنە سەر هەڵگرێک.
13 «خۆڵەمێشی قوربانگا بڕۆنزییەکەش هەڵدەگرن و قوماشێکی ئەرخەوانی لەسەر ڕادەخەن. 14 هەموو قاپوقاچاغەکانی کە لە قوربانگاکە بۆ خزمەت بەکاریدەهێنن دەیخەنە سەری، مەقەڵییەکان، چەنگاڵەکان، خاکەنازەکان و تاسەکان[n]، هەموو قاپوقاچاغی قوربانگاکە، پۆشەرێک لە پێستی مانگای دەریاشی بەسەردا ڕادەخەن و دارەکانی دەخەنە شوێنی خۆی.
15 «کاتێک هارون و کوڕەکانی لە پۆشینی پیرۆزگاکە و هەموو قاپوقاچاغی پیرۆزگاکە دەبنەوە، لە کاتی کۆچکردنی ئۆردوگاکە، ئینجا نەوەی قەهات بۆ هەڵگرتن دێن، بەڵام دەست لە شتە پیرۆزکراوەکان نادەن نەوەک بمرن، ئەوە بارهەڵگرتنی نەوەی قەهاتە لە چادری چاوپێکەوتن.
16 «ئەلعازاری کوڕی هارونی کاهینیش سەرپەرشتی زەیتی ڕووناکی، بخوورە بۆنخۆشەکە، پێشکەشکراوی دانەوێڵەی بەردەوام و زەیتی دەستنیشانکردن دەکات. هەروەها سەرپەرشتی هەموو چادرەکەی پەرستن دەکات، هەموو ئەوەی تێیدایە، بە شتومەکە پیرۆزەکانی و قاپوقاچاغەکانییەوە.»
17 هەروەها یەزدان بە موسا و هارونی فەرموو: 18 «خێڵەکانی قەهاتییەکان لەنێو لێڤییەکان دامەبڕن، 19 بەڵکو ئەمەیان بۆ بکەن، جا دەژین و لە کاتی نزیککەوتنەوەیان لە شتە هەرەپیرۆزەکان نامرن، هارون و کوڕەکانی دەچنە ژوورەوەی پیرۆزگاکە و هەرکەسێک لەسەر خزمەتەکەی و بارەکەی دادەنێن. 20 بەڵام بۆ ساتێک قەهاتییەکان ناچنە ژوورەوە بۆ ئەوەی شتە پیرۆزکراوەکان ببینن نەوەک بمرن.»
گێرشۆنییەکان
21 یەزدان بە موسای فەرموو: 22 «سەرژمێری نەوەی گێرشۆنیش بکە بەگوێرەی بنەماڵە و خێڵەکانیان، 23 لە پیاوی سی ساڵ بەرەو سەرەوە هەتا پەنجا ساڵ تۆمار دەکەیت، هەموو ئەوانەی بچنە خزمەت هەتا لە چادری چاوپێکەوتندا خزمەت بکەن.
24 «ئەمەش خزمەتی خێڵەکانی گێرشۆنییەکانە لە خزمەت و لە بارهەڵگرتن، 25 پڵاسەکانی چادرەکەی پەرستن و چادری چاوپێکەوتن و پۆشەرەکەی و پۆشەرە پێست مانگای دەریاکە کە لە سەرەوە لەسەریەتی و پەردەکەی دەروازەی چادری چاوپێکەوتن هەڵدەگرن. 26 هەروەها پەردەکانی حەوشەکە، ئەوانەی لە دەوری چادری پەرستن و لە دەوری قوربانگاکەن بە چواردەوریدا، پەردەی دەروازەی حەوشەکە، لەگەڵ گوریسەکانی و هەموو ئەوەی لەگەڵیدا بۆ خزمەت بەکاردەهێنرێت، هەموو ئەوەی بۆیان دیاری دەکرێت، گێرشۆنییەکان دەیکەن. 27 هەموو خزمەتی نەوەی گێرشۆنییەکان چ لە بارهەڵگرتن یان هەر کارێکی دیکە بە سەرپەرشتی هارون و کوڕەکانی دەبێت، تۆش دیاریکردنی بەرپرسیاریێتی هەموو بارەکانی خۆیان پێ دەسپێریت، 28 ئەمە خزمەتی خێڵەکانی نەوەی گێرشۆنییەکانە لە چادری چاوپێکەوتن و ئیتاماری کوڕی هارونی کاهین سەرپەرشتییان دەکات.
مەرارییەکان
29 «نەوەی مەراری بەگوێرەی خێڵەکانیان و بنەماڵەکانیان تۆماریان دەکەیت. 30 لە پیاوی سی ساڵ بەرەو سەرەوە هەتا پەنجا ساڵ تۆمار دەکەیت، هەموو ئەوانەی دەچنە خزمەت هەتا خزمەتەکەی چادری چاوپێکەوتن بکەن. 31 ئەمەش بەرپرسیاریێتی خزمەتەکەیانە لە چادری چاوپێکەوتن، چوارچێوەکانی چادرەکەی پەرستن و کاریتەکانی، کۆڵەکەکانی، بناغەکانی، 32 کۆڵەکەکانی حەوشەکە بە چواردەوریدا، بناغەکانی، سنگەکانی و گوریسەکانی لەگەڵ هەموو قاپوقاچاغ و هەموو ئەوەی لەگەڵیدا بەکاردەهێنرێت. بە ناویش هەر پیاوێک دیاری دەکەیت بۆ ئەو شتەی پێویستە هەڵیبگرێت. 33 ئەمە خزمەتی خێڵەکانی نەوەی مەرارییە، هەموو خزمەتەکەیان لە چادری چاوپێکەوتن بە سەرپەرشتی ئیتامار کوڕی هارونی کاهینە.»
تۆمارکردنی خێڵەکانی لێڤییەکان
34 جا موسا و هارون و ڕابەرەکانی کۆمەڵ نەوەی قەهاتییەکانیان تۆمار کرد، بەگوێرەی خێڵەکانیان و بنەماڵەکانیان، 35 لە پیاوی سی ساڵ بەرەو سەرەوە هەتا پەنجا ساڵ، هەموو ئەوانەی دەچنە خزمەتەوە بۆ خزمەتکردن لە چادری چاوپێکەوتن. 36 جا تۆمارکراوەکانیان بەگوێرەی خێڵەکانیان دوو هەزار و حەوت سەد و پەنجا کەس بوون. 37 ئەوانە تۆمارکراوەکانن لە خێڵەکانی قەهاتییەکان، هەموو ئەوانەی لە چادری چاوپێکەوتندا خزمەت دەکەن، ئەوانەی موسا و هارون بەگوێرەی فەرمایشتی یەزدان لەسەر دەستی موسا تۆماریان کردن.
38 تۆمارکراوەکانی نەوەی گێرشۆنیش بەگوێرەی خێڵەکانیان و بنەماڵەکانیان، 39 لە پیاوی سی ساڵ بەرەو سەرەوە هەتا پەنجا ساڵ، هەموو ئەوانەی دەچنە خزمەتەوە بۆ خزمەتکردن لە چادری چاوپێکەوتن، 40 تۆمارکراوەکانیان بەگوێرەی خێڵەکانیان و بنەماڵەکانیان دوو هەزار و شەش سەد و سی کەس بوون. 41 ئەوانە تۆمارکراوەکانن لە خێڵەکانی نەوەی گێرشۆن، هەموو ئەوانەی لە چادری چاوپێکەوتندا خزمەت دەکەن، ئەوانەی موسا و هارون بەگوێرەی فەرمایشتی یەزدان تۆماریان کردن.
42 تۆمارکراوان لە خێڵەکانی نەوەی مەراریش بەگوێرەی خێڵەکانیان و بنەماڵەکانیان 43 لە پیاوی سی ساڵ بەرەو سەرەوە هەتا پەنجا ساڵ، هەموو ئەوانەی دەچنە خزمەتەوە بۆ خزمەتکردن لە چادری چاوپێکەوتندا، 44 تۆمارکراوەکانیان بەگوێرەی خێڵەکانیان سێ هەزار و دوو سەد کەس بوون. 45 ئەوانە تۆمارکراوەکانن لە خێڵەکانی نەوەی مەراری کە موسا و هارون بەگوێرەی فەرمایشتی یەزدان لەسەر دەستی موسا تۆماریان کردن.
46 هەموو تۆمارکراوەکانی لێڤییەکان کە موسا و هارون و سەرکردەکانی ئیسرائیل تۆماریان کردن بەگوێرەی خێڵەکانیان و بنەماڵەکانیان، 47 لە پیاوی سی ساڵ بەرەو سەرەوە هەتا پەنجا ساڵ، هەموو ئەوانەی دەچنە خزمەتەوە بۆ کاری خزمەت و کاری بارهەڵگرتن لە چادری چاوپێکەوتندا، 48 تۆمارکراوان لێیان هەشت هەزار و پێنج سەد و هەشتا کەس بوون. 49 بەپێی فەرمایشتی یەزدان لەسەر دەستی موسا، هەرکەسێک بەگوێرەی خزمەتەکەی و بارهەڵگرتنەکەی تۆمارکرا.
بەم شێوەیە موسا تۆماری کردن وەک چۆن یەزدان فەرمانی پێ کرد.
پاکی ئۆردوگاکە
5 یەزدان بە موسای فەرموو: 2 «فەرمان بە نەوەی ئیسرائیل بکە کە هەرکەسێک نەخۆشی گواستراوەی پێست یان ئەوەی لێچوونی گڵاوی[o] هەبێت، یان ئەوەی بەپێی ڕێوڕەسمی ئایینی بە مردوو گڵاو بووبێت، لە ئۆردوگاکە دووریان بخەنەوە. 3 نێر و مێ دوور دەخەنەوە، بۆ دەرەوەی ئۆردوگا دووریان دەخەنەوە هەتا ئۆردوگاکانیان گڵاو نەکەن کە من لەنێویاندا نیشتەجێم.» 4 جا نەوەی ئیسرائیل ئاوایان کرد و بۆ دەرەوەی ئۆردوگاکە دووریان خستنەوە، هەروەک چۆن یەزدان لەگەڵ موسادا دوا، نەوەی ئیسرائیل ئاوایان کرد.
قەرەبووکردنەوەی گوناه
5 یەزدان بە موسای فەرموو: 6 «بە نەوەی ئیسرائیل بڵێ: ”ئەگەر پیاوێک یان ئافرەتێک گوناهێک لە گوناهەکانی مرۆڤ بکات، واتە ناپاکی لەگەڵ یەزدان کرد، ئەوا ئەو کەسە تاوانی کردووە، 7 با دان بە گوناهەکەیدا بنێت کە کردوویەتی و ئەوەی پێی تاوانبار بووە بە تەواوی بیگەڕێنێتەوە، پێنج یەکیشی بۆ زیاد بکات و بیداتە ئەوەی تاوانەکەی لە دژی کردووە. 8 بەڵام ئەگەر ئەو کەسە مردوو بوو و خزمی نزیکی نەبوو هەتا وەریبگرێتەوە، ئەوا ئەوەی پێی تاوانبار بووە دەگەڕێتەوە بۆ یەزدان و بۆ کاهین دەبێت، لەگەڵ بەرانێک کە کەفارەتی پێ دەکات بۆی. 9 هەموو پیتاکێک و دیارییەکی پیرۆزی نەوەی ئیسرائیل کە پێشکەشی کاهینی دەکەن بۆ ئەو دەبێت. 10 هەموو دیارییە پیرۆزکراوەکانی مرۆڤیش بۆ خۆی دەبێت، بەڵام ئەگەر کەسێک شتێکی دا بە کاهین ئەوا بۆ کاهین دەبێت.“»
سەلماندنی داوێنپاکی ژن
11 یەزدان بە موسای فەرموو: 12 «لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و پێیان بڵێ: ”ئەگەر ژنی پیاوێک لەڕێ لایدا و ناپاکی لەگەڵ کرد، 13 لەگەڵ پیاوێک جووت بوو، ئەوەش لە چاوانی پیاوەکەی شاردراوە بوو و داوێنپیسییەکەی[p] ئاشکرا نەبوو، هیچ شایەتێکیشی بەسەرەوە نەبوو، چونکە لەسەر کردارەکە نەگیرا بوو، 14 کابراش ڕۆحی دڵپیسی دایگرت و لە ژنەکەی بە گومان بوو کە داوێنپیسە، یان ڕۆحی دڵپیسی دایگرت و لە ژنەکەی بە گومان بوو کە داوێنپیس نییە، 15 ئەوا پیاوەکە ژنەکەی دەهێنێتە لای کاهین و پێشکەشکراوەکەشی لەگەڵدا دەهێنێت، دەیەکی ئێفەیەک[q] ئاردی جۆ نە زەیتی بەسەردا دەکات و نە بخوور، چونکە پێشکەشکراوی دانەوێڵەی دڵپیسییە و قوربانی یادگارییە، یادی تاوان دەکاتەوە.
16 «”کاهینەکە ژنەکە دەهێنێتە پێش و لەبەردەم یەزدان ڕایدەگرێت. 17 کاهینەکە لە گۆزەیەکی گڵین ئاوێکی پیرۆز دەبات و لە تۆزی سەر زەوی چادرەکەی پەرستن هەڵدەگرێت و لەناو ئاوەکەی دەکات. 18 کاهینەکە ژنەکە لەبەردەم یەزدان ڕادەگرێت و سەری ڕووت دەکاتەوە، پێشکەشکراوی دانەوێڵەی یادەوەرییەکە کە پێشکەشکراوی دانەوێڵەی دڵپیسییە دەکاتە ناو دەستی ژنەکە و ئاوە تاڵەکەی نەفرەتیش لە دەستی کاهینەکە دەبێت. 19 ئینجا کاهینەکە ژنەکە سوێند دەدات و پێی دەڵێت: ’ئەگەر هیچ پیاوێک لەگەڵت جووت نەبووە و بە دزی پیاوەکەت بەرەو داوێنپیسی لەڕێ لات نەداوە، لە کاتێکدا ژنی پیاوەکەتی ئەوا بێتاوان بە لەم ئاوەی نەفرەت کە تاڵە. 20 بەڵام ئەگەر بە دزی پیاوەکەت لەڕێ لاتداوە و گڵاو بوویت و پیاوێکی دیکە جیا لە مێردەکەت لەگەڵت جووت بووە،‘ 21 لێرە کاهینەکە ژنەکە بە سوێندی نەفرەت سوێند دەدات، کاهینەکە بە ژنەکە دەڵێت، ’یەزدان دەتخاتە بەر نەفرەت و سوێند لەنێو گەلەکەت بەوەی کە یەزدان ڕانت لاواز دەکات و سکت دەئاوسێنێت[r]. 22 ئەم ئاوەی نەفرەت دەچێتە ناو هەناوت بۆ ئاوسانی سک و لاوازی ڕان.‘
«”ژنەش دەڵێت، ’ئامین، ئامین.‘
23 «”کاهینیش ئەم نەفرەتانە لە پەڕەیەک دەنووسێت، ئینجا لەناو ئاوە تاڵەکە دەیشواتەوە. 24 ئاوە تاڵەکەی نەفرەتیش دەرخواردی ژنەکە دەدات، ئاوەکەی نەفرەتیش دەچێتە ناوی و دەبێتە ئازاری تاڵی. 25 کاهینەکە پێشکەشکراوی دانەوێڵەی دڵپیسییەکە لە دەستی ژنەکە وەردەگرێت و پێشکەشکراوەکە لەبەردەم یەزدان بەرز دەکاتەوە، ئینجا دەیباتە لای قوربانگاکە. 26 کاهینەکە چنگێک بۆ یادەوەری لە دانەوێڵە پێشکەشکراوەکە دەبات و لەسەر قوربانگاکە دەیسووتێنێت، لەدوای ئەوە ئاوەکە دەرخواردی ژنەکە دەدات. 27 ئەگەر ژنەکە گڵاو بووبێت و ناپاکی لە پیاوەکەی کردبێت، کاتێک ئاوەکەی دەرخوارد دا، ئەوا ئاوە نەفرەتەکە دەبێتە ئازاری تاڵی، دەچێتە ناوی، سکی دەئاوسێت و ڕانی دەکەوێت، ژنەکە لەنێو گەلەکەی دەبێتە نەفرەت. 28 ئەگەر ژنەکەش گڵاو نەببوو بەڵکو پاک بوو، ئەوا بێتاوان دەبێت و سکی پڕ دەبێت.
29 «”ئەمە فێرکردنەکەیە سەبارەت بە دڵپیسی، ئەگەر ژنێک بە دزی پیاوەکەی لەڕێ لایدا و گڵاو بوو، لە کاتێکدا ژنی پیاوەکەیەتی، 30 یان ئەگەر پیاوێک ڕۆحی دڵپیسی دایگرت، جا دڵی لە ژنەکەی پیس کرد، ژنەکە لەبەردەم یەزدان ڕادەگیرێت و کاهینەکە هەموو ئەم فێرکردنەی بۆ دەکات. 31 جا پیاوەکە لە هەر هەڵەیەک بێتاوان دەبێت، بەڵام ئەو ژنە تاوانی گوناهی لە ئەستۆی خۆی هەڵدەگرێت.“»
نەزرکردن
6 یەزدان بە موسای فەرموو: 2 «لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و پێیان بڵێ: ”ئەگەر پیاوێک یان ژنێک سوێندێکی تایبەتی خوارد بەوەی نەزر[s] بکات، خۆی بۆ یەزدان تەرخان بکات. 3 لە شەراب و مەی خۆی دوور دەخاتەوە و سرکەی شەراب و سرکەی مەی ناخواتەوە و خۆشاوی ترێ ناخواتەوە و ترێ و کشمیش ناخوات. 4 هەموو ڕۆژانی خۆتەرخانکردنەکەی هیچ شتێک لە هەموو ئەوەی لە بەری مێو دروستدەکرێت ناخوات، تەنانەت تۆو و توێکڵیش.
5 «”هەموو ڕۆژانی نەزر و خۆتەرخانکردنەکەی گوێزان بە سەریدا ناهێنرێت، پێویستە هەتا تەواوی ئەو ڕۆژانەی خۆی تەرخان کردووە بۆ یەزدان، پیرۆز بێت و قژی بهێڵێتەوە. 6 هەموو ڕۆژانی خۆتەرخانکردنەکەی بۆ یەزدان لە لاشەی مردوو نزیک ناکەوێتەوە، 7 بۆ دایک و باوک و برا و خوشکیشی، خۆی بەپێی ڕێوڕەسم گڵاو ناکات لە کاتی مردنیان، چونکە خۆتەرخانکردنی بۆ خودای خۆی بەسەر سەرەوەیە. 8 هەموو ڕۆژانی خۆتەرخانکردنەکەی بۆ یەزدان پیرۆز دەبێت.
9 «”ئەگەر یەکێکیش کتوپڕ لەلای مرد و قژە تەرخانکراوەکەی گڵاوکرد، ئەوا لە ڕۆژی پاکبوونەوەکەی سەری دەتاشێت، لە ڕۆژی حەوتەم دەیتاشێت. 10 لە ڕۆژی هەشتەمیش دوو کوکوختی یان دوو بێچووە کۆتر دەهێنێتە لای کاهین بۆ دەروازەی چادری چاوپێکەوتن. 11 کاهینیش یەکێکیان دەکاتە قوربانی گوناه و ئەوەی دیکە قوربانی سووتاندن و کەفارەتی بۆ دەکات لەو گوناهەی بەهۆی ئەو مردووەوە کردوویەتی و لەو ڕۆژەدا سەری تەرخان دەکاتەوە. 12 کاتێک ڕۆژانی خۆتەرخانکردنەکەی بۆ یەزدان تەرخان کردەوە، ئەوا بەرخێکی نێری یەک ساڵە وەک قوربانی تاوان دەهێنێت، بەڵام ڕۆژەکانی پێشتری هەژمارد ناکرێت، چونکە خۆتەرخانکردنەکەی گڵاو کردووە.
13 «”ئەمەش فێرکردنەکەیە دەربارەی ئەوەی خۆی تەرخان دەکات، ئەو ڕۆژەی ڕۆژانی خۆتەرخانکردنەکەی تەواو دەبێت دەهێنرێتە لای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن. 14 جا قوربانییەکەی بۆ یەزدان پێشکەش دەکات، بەرخێکی نێری یەک ساڵەی ساغ بۆ قوربانی سووتاندن، بەرخێکی مێیەی یەک ساڵەی ساغ بۆ قوربانی گوناه، بەرانێکی بێ کەموکوڕی بۆ قوربانی هاوبەشی[t]، 15 سەبەتەیەک نان بەبێ هەویرترش[u]، کولێرە بە باشترین ئارد، زەیت شێلراو و ناسکە نانی[v] بە زەیت چەورکراو، لەگەڵ پێشکەشکراوی دانەوێڵەیان و شەرابی پێشکەشکراویان.
16 «”جا کاهین لەبەردەم یەزدان پێشکەشی دەکات، قوربانی گوناهەکە و قوربانی سووتاندنەکەی دەکات، 17 کاهینەکە سەبەتە نانە فەتیرەکە و بەرانەکەش دەکاتە قوربانی هاوبەشی بۆ یەزدان، لەگەڵ پێشکەشکراوی دانەوێڵە و شەرابی پێشکەشکراو.
18 «”لەدوای ئەوە لەلای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن خۆتەرخانکەرەکە سەرە تەرخانکراوەکەی دەتاشێت و مووی سەرە تەرخانکراوەکەی دەبات و دەیکاتە سەر ئەو ئاگرەی لەژێر قوربانییەکەی هاوبەشییە.
19 «”پاش ئەوەی خۆتەرخانکەرەکە قژی خۆتەرخانکردنەکەی دەتاشێت، کاهینەکە شانی بەرانەکە بە کوڵاوی و کولێرەیەکی فەتیرە لە سەبەتەکە لەگەڵ ناسکە نانێکی فەتیرە دەبات و دەیانخاتە ناو دەستی خۆتەرخانکەرەکە. 20 کاهینیش لەبەردەم یەزدان وەک قوربانی بەرزکردنەوە بەرزیان دەکاتەوە، ئەو بەشە بۆ کاهین پیرۆزکراوە لەگەڵ سنگی بەرزکراوە و ڕانەکەی کە پێشکەشکراوە، ئینجا ئەوەی خۆی تەرخان کردووە شەراب دەخواتەوە.
21 «”ئەمە فێرکردنەکەیە دەربارەی خۆتەرخانکەر کە نەزر دەکات، قوربانییەکەی[w] بۆ یەزدانە سەرباری خۆتەرخانکردنەکەی، بەگوێرەی ئەو نەزرەی کە کردی، ئاوا دەکات بەگوێرەی فێرکردنی خۆتەرخانکردنەکەی.“»
بەرەکەتی کاهین
22 یەزدان بە موسای فەرموو: 23 «لەگەڵ هارون و کوڕەکانی بدوێ و بڵێ: ”بەم شێوەیە داوای بەرەکەت دەکەن بۆ نەوەی ئیسرائیل. پێیان دەڵێن:
24 «”’با یەزدان بەرەکەتدارت بکات و
بتپارێزێت.
25 با ڕووی یەزدان بەسەرتدا بدرەوشێتەوە و
لەگەڵت میهرەبان بێت.
26 با یەزدان ئاوڕت لێ بداتەوە و
ئاشتیت پێ ببەخشێت.‘“
27 «جا ناوم لەسەر نەوەی ئیسرائیل دادەنێن و منیش بەرەکەتداریان دەکەم.»
پێشکەشکراوەکان بۆ تەرخانکردنی قوربانگا
7 ئەو ڕۆژەی کە موسا لە دانانی چادرەکەی پەرستن تەواو بوو، دەستنیشانی کرد و تەرخانی کرد لەگەڵ هەموو کەلوپەلەکانی، هەروەها قوربانگاکەش و هەموو قاپوقاچاغەکانی دەستنیشان کرد و تەرخانی کرد. 2 ئینجا سەرۆکەکانی ئیسرائیل، گەورەی بنەماڵەکانیان کە سەرۆکی هۆزەکان بوون، بەرپرسیار بوون لەسەر تۆمارکراوەکان، پێشکەشکراوەکانیان بەخشی. 3 دیارییەکانیان هێنایە بەردەم یەزدان، شەش عەرەبانەی داپۆشراو و دوازدە گای خەساو[x]، هەر عەرەبانەیەک بۆ دوو سەرۆک و بۆ هەر یەکێکیان گایەکی خەساو، کە هێنایان بۆ بەردەم چادرەکەی پەرستن.
4 جا یەزدان بە موسای فەرموو: 5 «لێیان وەربگرە بۆ کاری خزمەتی چادری چاوپێکەوتن دەبن و بیدە بە لێڤییەکان، بۆ هەر یەکێک بەگوێرەی خزمەتەکەی.»
6 موساش عەرەبانەکان و گایە خەساوەکانی وەرگرت و بە لێڤییەکانی دا. 7 دووان لە عەرەبانەکان و چوار گای خەساوی بە نەوەی گێرشۆن دا بەگوێرەی خزمەتیان، 8 چوار لە عەرەبانەکان و هەشت گای خەساوی بە نەوەی مەراری دا بەگوێرەی خزمەتیان لەژێر سەرپەرشتی ئیتاماری کوڕی هارونی کاهین. 9 بەڵام موسا هیچی نەدا بە نەوەی قەهات، چونکە خزمەتی شتە پیرۆزکراوەکان لە ئەستۆی ئەوان بوو، لەسەر شانەکانیان هەڵیاندەگرت.
10 سەرۆکەکانیش بۆ تەرخانکردنی قوربانگاکە لە ڕۆژانی دەستنیشانکردنی دیارییان دەهێنا و لەبەردەم قوربانگاکە پێشکەشیان دەکرد. 11 یەزدانیش بە موسای فەرمووبوو: «هەموو ڕۆژێک یەکێک لە سەرۆکەکان پێشکەشکراوەکەی دەهێنێت بۆ تەرخانکردنی قوربانگاکە.»
12 ئەوەی ڕۆژی یەکەم پێشکەشکراوەکەی هێنا نەحشۆنی کوڕی عەمیناداب بوو لە هۆزی یەهودا.
13 پێشکەشکراوەکەشی لەگەنێک بوو لە زیو کە کێشەکەی سەد و سی شاقل[y] بوو، تاسێک لە زیو کێشەکەی حەفتا شاقل[z] بوو بە شاقلی پیرۆزگا، هەردووکیان پڕ بوون لە باشترین ئاردی بە زەیت شێلراو وەک پێشکەشکراوی دانەوێڵە؛ 14 قاپێکی زێڕ کێشەکەی دە شاقل و پڕ لە بخوور؛ 15 یەک جوانەگا[aa] و بەرانێک و بەرخێکی نێری یەک ساڵە بۆ قوربانی سووتاندن؛ 16 گیسکێکی نێرینە بۆ قوربانی گوناه؛ 17 بۆ قوربانی هاوبەشیش دوو گا و پێنج بەران و پێنج تەگە[ab] و پێنج بەرخی نێری یەک ساڵە. ئەمە پێشکەشکراوی نەحشۆنی کوڕی عەمینادابە.
18 لە ڕۆژی دووەمدا نەتەنێلی کوڕی چوعەر سەرۆکی یەساخار پێشکەشکراوەکەی هێنا.
19 پێشکەشکراوەکەی کە هێنابووی لەگەنێک بوو لە زیو کە کێشەکەی سەد و سی شاقل بوو، تاسێک لە زیو کێشەکەی حەفتا شاقل بوو بە شاقلی پیرۆزگا، هەردووکیان پڕ بوون لە باشترین ئاردی بە زەیت شێلراو وەک پێشکەشکراوی دانەوێڵە؛ 20 قاپێکی زێڕ کێشەکەی دە شاقل و پڕ لە بخوور؛ 21 یەک جوانەگا و بەرانێک و بەرخێکی نێری یەک ساڵە بۆ قوربانی سووتاندن؛ 22 گیسکێکی نێرینە بۆ قوربانی گوناه؛ 23 بۆ قوربانی هاوبەشیش دوو گا و پێنج بەران و پێنج تەگە و پێنج بەرخی نێری یەک ساڵە. ئەمە پێشکەشکراوی نەتەنێلی کوڕی چوعەرە.
24 لە ڕۆژی سێیەمدا سەرۆکی نەوەی زەبولون، ئەلیابی کوڕی حێلۆن، پێشکەشکراوەکەی هێنا.
25 پێشکەشکراوەکەشی لەگەنێک بوو لە زیو کە کێشەکەی سەد و سی شاقل بوو، تاسێک لە زیو کێشەکەی حەفتا شاقل بوو بە شاقلی پیرۆزگا، هەردووکیان پڕ بوون لە باشترین ئاردی بە زەیت شێلراو وەک پێشکەشکراوی دانەوێڵە؛ 26 قاپێکی زێڕ کێشەکەی دە شاقل و پڕ لە بخوور؛ 27 یەک جوانەگا و بەرانێک و بەرخێکی نێری یەک ساڵە بۆ قوربانی سووتاندن؛ 28 گیسکێکی نێرینە بۆ قوربانی گوناه؛ 29 بۆ قوربانی هاوبەشیش دوو گا و پێنج بەران و پێنج تەگە و پێنج بەرخی نێری یەک ساڵە. ئەمە پێشکەشکراوی ئەلیابی کوڕی حێلۆنە.
30 لە ڕۆژی چوارەمدا سەرۆکی نەوەی ڕەئوبێن، ئەلیسوری کوڕی شەدیئور، پێشکەشکراوەکەی هێنا.
31 پێشکەشکراوەکەشی لەگەنێک بوو لە زیو کە کێشەکەی سەد و سی شاقل بوو، تاسێک لە زیو کێشەکەی حەفتا شاقل بوو بە شاقلی پیرۆزگا، هەردووکیان پڕ بوون لە باشترین ئاردی بە زەیت شێلراو وەک پێشکەشکراوی دانەوێڵە؛ 32 قاپێکی زێڕ کێشەکەی دە شاقل و پڕ لە بخوور؛ 33 یەک جوانەگا و بەرانێک و بەرخێکی نێری یەک ساڵە بۆ قوربانی سووتاندن؛ 34 گیسکێکی نێرینە بۆ قوربانی گوناه؛ 35 بۆ قوربانی هاوبەشیش دوو گا و پێنج بەران و پێنج تەگە و پێنج بەرخی نێری یەک ساڵە. ئەمە پێشکەشکراوی ئەلیسوری کوڕی شەدیئورە.
36 لە ڕۆژی پێنجەمدا سەرۆکی نەوەی شیمۆن، شەلومیێلی کوڕی چووریشەدای، پێشکەشکراوەکەی هێنا.
37 پێشکەشکراوەکەشی لەگەنێک بوو لە زیو کە کێشەکەی سەد و سی شاقل بوو، تاسێک لە زیو کێشەکەی حەفتا شاقل بوو بە شاقلی پیرۆزگا، هەردووکیان پڕ بوون لە باشترین ئاردی بە زەیت شێلراو وەک پێشکەشکراوی دانەوێڵە؛ 38 قاپێکی زێڕ کێشەکەی دە شاقل و پڕ لە بخوور؛ 39 یەک جوانەگا و بەرانێک و بەرخێکی نێری یەک ساڵە بۆ قوربانی سووتاندن؛ 40 گیسکێکی نێرینە بۆ قوربانی گوناه؛ 41 بۆ قوربانی هاوبەشیش دوو گا و پێنج بەران و پێنج تەگە و پێنج بەرخی نێری یەک ساڵە. ئەمە پێشکەشکراوی شەلومیێلی کوڕی چووریشەدایە.
42 لە ڕۆژی شەشەمدا سەرۆکی نەوەی گاد، ئەلیاسافی کوڕی دەعوئێل، پێشکەشکراوەکەی هێنا.
43 پێشکەشکراوەکەشی لەگەنێک بوو لە زیو کە کێشەکەی سەد و سی شاقل بوو، تاسێک لە زیو کێشەکەی حەفتا شاقل بوو بە شاقلی پیرۆزگا، هەردووکیان پڕ بوون لە باشترین ئاردی بە زەیت شێلراو وەک پێشکەشکراوی دانەوێڵە؛ 44 قاپێکی زێڕ کێشەکەی دە شاقل و پڕ لە بخوور؛ 45 یەک جوانەگا و بەرانێک و بەرخێکی نێری یەک ساڵە بۆ قوربانی سووتاندن؛ 46 گیسکێکی نێرینە بۆ قوربانی گوناه؛ 47 بۆ قوربانی هاوبەشیش دوو گا و پێنج بەران و پێنج تەگە و پێنج بەرخی نێری یەک ساڵە. ئەمە پێشکەشکراوی ئەلیاسافی کوڕی دەعوئێلە.
48 لە ڕۆژی حەوتەم سەرۆکی نەوەی ئەفرایم، ئەلیشاماعی کوڕی عەمیهود، پێشکەشکراوەکەی هێنا.
49 پێشکەشکراوەکەشی لەگەنێک بوو لە زیو کە کێشەکەی سەد و سی شاقل بوو، تاسێک لە زیو کێشەکەی حەفتا شاقل بوو بە شاقلی پیرۆزگا، هەردووکیان پڕ بوون لە باشترین ئاردی بە زەیت شێلراو وەک پێشکەشکراوی دانەوێڵە؛ 50 قاپێکی زێڕ کێشەکەی دە شاقل و پڕ لە بخوور؛ 51 یەک جوانەگا و بەرانێک و بەرخێکی نێری یەک ساڵە بۆ قوربانی سووتاندن؛ 52 گیسکێکی نێرینە بۆ قوربانی گوناه؛ 53 بۆ قوربانی هاوبەشیش دوو گا و پێنج بەران و پێنج تەگە و پێنج بەرخی نێری یەک ساڵە. ئەمە پێشکەشکراوی ئەلیشاماع کوڕی عەمیهودە.
54 لە ڕۆژی هەشتەمدا سەرۆکی نەوەی مەنەشە، گەمالائیلی کوڕی پەداهچوور، پێشکەشکراوەکەی هێنا.
55 پێشکەشکراوەکەشی لەگەنێک بوو لە زیو کە کێشەکەی سەد و سی شاقل بوو، تاسێک لە زیو کێشەکەی حەفتا شاقل بوو بە شاقلی پیرۆزگا، هەردووکیان پڕ بوون لە باشترین ئاردی بە زەیت شێلراو وەک پێشکەشکراوی دانەوێڵە؛ 56 قاپێکی زێڕ کێشەکەی دە شاقل و پڕ لە بخوور؛ 57 یەک جوانەگا و بەرانێک و بەرخێکی نێری یەک ساڵە بۆ قوربانی سووتاندن؛ 58 گیسکێکی نێرینە بۆ قوربانی گوناه؛ 59 بۆ قوربانی هاوبەشیش دوو گا و پێنج بەران و پێنج تەگە و پێنج بەرخی نێری یەک ساڵە. ئەمە پێشکەشکراوی گەمالائیلی کوڕی پەداهچوورە.
60 لە ڕۆژی نۆیەم سەرۆکی نەوەی بنیامین، ئەبیدانی کوڕی گدعۆنی، پێشکەشکراوەکەی هێنا.
61 پێشکەشکراوەکەشی لەگەنێک بوو لە زیو کە کێشەکەی سەد و سی شاقل بوو، تاسێک لە زیو کێشەکەی حەفتا شاقل بوو بە شاقلی پیرۆزگا، هەردووکیان پڕ بوون لە باشترین ئاردی بە زەیت شێلراو وەک پێشکەشکراوی دانەوێڵە؛ 62 قاپێکی زێڕ کێشەکەی دە شاقل و پڕ لە بخوور؛ 63 یەک جوانەگا و بەرانێک و بەرخێکی نێری یەک ساڵە بۆ قوربانی سووتاندن؛ 64 گیسکێکی نێرینە بۆ قوربانی گوناه؛ 65 بۆ قوربانی هاوبەشیش دوو گا و پێنج بەران و پێنج تەگە و پێنج بەرخی نێری یەک ساڵە. ئەمە پێشکەشکراوی ئەبیدانی کوڕی گدعۆنییە.
66 لە ڕۆژی دەیەمدا سەرۆکی نەوەی دان، ئەحیعەزەری کوڕی عەمیشەدای، پێشکەشکراوەکەی هێنا.
67 پێشکەشکراوەکەشی لەگەنێک بوو لە زیو کە کێشەکەی سەد و سی شاقل بوو، تاسێک لە زیو کێشەکەی حەفتا شاقل بوو بە شاقلی پیرۆزگا، هەردووکیان پڕ بوون لە باشترین ئاردی بە زەیت شێلراو وەک پێشکەشکراوی دانەوێڵە؛ 68 قاپێکی زێڕ کێشەکەی دە شاقل و پڕ لە بخوور؛ 69 یەک جوانەگا و بەرانێک و بەرخێکی نێری یەک ساڵە بۆ قوربانی سووتاندن؛ 70 گیسکێکی نێرینە بۆ قوربانی گوناه؛ 71 بۆ قوربانی هاوبەشیش دوو گا و پێنج بەران و پێنج تەگە و پێنج بەرخی نێری یەک ساڵە. ئەمە پێشکەشکراوی ئەحیعەزەری کوڕی عەمیشەدایە.
72 لە ڕۆژی یازدەیەم سەرۆکی نەوەی ئاشێر، پەگعیێلی کوڕی عۆخران، پێشکەشکراوەکەی هێنا.
73 پێشکەشکراوەکەشی لەگەنێک بوو لە زیو کە کێشەکەی سەد و سی شاقل بوو، تاسێک لە زیو کێشەکەی حەفتا شاقل بوو بە شاقلی پیرۆزگا، هەردووکیان پڕ بوون لە باشترین ئاردی بە زەیت شێلراو وەک پێشکەشکراوی دانەوێڵە؛ 74 قاپێکی زێڕ کێشەکەی دە شاقل و پڕ لە بخوور؛ 75 یەک جوانەگا و بەرانێک و بەرخێکی نێری یەک ساڵە بۆ قوربانی سووتاندن؛ 76 گیسکێکی نێرینە بۆ قوربانی گوناه؛ 77 بۆ قوربانی هاوبەشیش دوو گا و پێنج بەران و پێنج تەگە و پێنج بەرخی نێری یەک ساڵە. ئەمە پێشکەشکراوی پەگعیێلی کوڕی عۆخرانە.
78 لە ڕۆژی دوازدەیەمدا سەرۆکی نەوەی نەفتالی، ئەحیڕەعی کوڕی عێینان، پێشکەشکراوەکەی هێنا.
79 پێشکەشکراوەکەشی لەگەنێک بوو لە زیو کە کێشەکەی سەد و سی شاقل بوو، تاسێک لە زیو کێشەکەی حەفتا شاقل بوو بە شاقلی پیرۆزگا، هەردووکیان پڕ بوون لە باشترین ئاردی بە زەیت شێلراو وەک پێشکەشکراوی دانەوێڵە؛ 80 قاپێکی زێڕ کێشەکەی دە شاقل و پڕ لە بخوور؛ 81 یەک جوانەگا و بەرانێک و بەرخێکی نێری یەک ساڵە بۆ قوربانی سووتاندن؛ 82 گیسکێکی نێرینە بۆ قوربانی گوناه؛ 83 بۆ قوربانی هاوبەشیش دوو گا و پێنج بەران و پێنج تەگە و پێنج بەرخی نێری یەک ساڵە. ئەمە پێشکەشکراوی ئەحیڕەعی کوڕی عێینانە.
84 ئەمە پێشکەشکراوی سەرۆکەکانی ئیسرائیل بوو، بۆ تەرخانکردنی قوربانگاکە لە کاتی دەستنیشانکردنی: دوازدە لەگەنی زیو و دوازدە تاسی زیو و دوازدە قاپی زێڕ. 85 هەر لەگەنێک سەد و سی شاقل زیو و هەر تاسێک حەفتا شاقل بوو، هەموو زیوی قاپوقاچاغەکان دوو هەزار و چوار سەد[ac] بوون بە شاقلی پیرۆزگا. 86 قاپە زێڕەکانیش دوازدەی پڕ لە بخوور، هەر قاپێک دە بە شاقلی پیرۆزگا، هەموو زێڕی قاپەکان سەد و بیست شاقل بوو. 87 هەموو گایەکانی قوربانی سووتاندن دوازدە جوانەگا بوو، بەرانەکانیش دوازدە و بەرخە نێرە یەک ساڵەکانیش دوازدە لەگەڵ پێشکەشکراوی دانەوێڵەیان، گیسکە نێرەکانیش دوازدە بوون بۆ قوربانی گوناه، 88 هەموو گایەکانی قوربانی هاوبەشیش بیست و چوار گا بوون، بەرانەکانیش شەست و تەگەکانیش شەست و بەرخە نێرە یەک ساڵەکانیش شەست. ئەمە پێشکەشکراوەکان بوو بۆ تەرخانکردنی قوربانگاکە لەدوای دەستنیشانکردنی.
89 جا کاتێک موسا چووە ناو چادری چاوپێکەوتنەوە هەتا قسە لەگەڵ یەزدان بکات، گوێی لە دەنگەکە دەبوو کە لەگەڵی دەدوا لە قەپاغی کەفارەتەوە[ad] کە لەسەر سندوقی شایەتی بوو، لەنێوان دوو کەڕوبەکەوە[ae]، بەم شێوەیە خودا قسەی لەگەڵ کرد.
بەرزکردنەوەی چراکان
8 یەزدان بە موسای فەرموو: 2 «لەگەڵ هارون بدوێ و پێی بڵێ: ”کاتێک چراکانت بەرزکردەوە، با ڕووناکی حەوت چراکە بۆ پێش چرادانەکە بێت.“»
3 هارون چراکانی وا بەرزکردەوە هەتا ڕووناکی بە پێشی چرادانەکە بدات وەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد. 4 ئەمەش دروستکردنی چرادانەکەیە، لە زێڕی کوتراو، لە قەدەکەیەوە هەتا خونچەکانی کوتران، چرادانەکەی بەگوێرەی ئەو شێوەیە دروستکرد کە یەزدان پیشانی موسای دا.
جیاکردنەوەی لێڤییەکان
5 یەزدان قسەی بۆ موسا کرد و فەرمووی: 6 «لێڤییەکان لەنێو نەوەی ئیسرائیلدا ببە و بەپێی ڕێوڕەسم[af] پاکیان بکەرەوە. 7 ئاواش دەکەیت بۆ پاککردنەوەیان: ئاوی پاککردنەوەیان بەسەردا بپرژێنە، با هەموو لەشیان بتاشن و جلەکانیان بشۆن. بەم شێوەیە خۆیان پاک بکەنەوە. 8 ئینجا جوانەگایەک لەگەڵ پێشکەشکراوی دانەوێڵەکەی کە باشترین ئاردی بە زەیت شێلراوە ببەن و جوانەگایەکی دیکەش بۆ قوربانی گوناه ببە. 9 جا لێڤییەکان دەبەیتە پێش چادری چاوپێکەوتن و هەموو کۆمەڵی ئیسرائیل کۆدەکەیتەوە، 10 لێڤییەکان دەبەیتە بەردەم یەزدان و نەوەی ئیسرائیل دەستیان دەخەنە سەر. 11 جا هارون لێڤییەکان لەبەردەم یەزدان پێشکەش دەکات وەک قوربانی بەرزکردنەوە لەلایەن نەوەی ئیسرائیلەوە بۆ ئەوەی ئامادەبن بۆ پەرستنی یەزدان.
12 «ئینجا لێڤییەکان دەستیان دەخەنە سەر دوو جوانەگاکە، یەکێکیان وەک قوربانی گوناه پێشکەش دەکرێت و ئەوەی دیکە قوربانی سووتاندن بۆ یەزدان، بۆ کەفارەتکردن بۆ لێڤییەکان. 13 جا لێڤییەکان لەبەردەم هارون و کوڕەکانی ڕادەگریت و وەک قوربانی بەرزکردنەوە بۆ یەزدان پێشکەشیان دەکەیت. 14 بەم شێوەیە لێڤییەکان لەنێو نەوەی ئیسرائیل جیا دەکەیتەوە، لێڤییەکان بۆ من دەبن.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.