Bible in 90 Days
قوربانی سووتاندن
1 یەزدان موسای بانگکرد و لە چادری چاوپێکەوتن قسەی لەگەڵ کرد و فەرمووی: 2 «لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و پێیان بڵێ: ”کاتێک یەکێک لە ئێوە قوربانییەکی لە ئاژەڵ بۆ یەزدان پێشکەش کرد، لە گاگەل و لە مێگەل قوربانییەکانتان پێشکەش بکەن.
3 «”ئەگەر قوربانییەکەی قوربانی سووتاندن[a] لە گاگەل بێت، ئەوا نێری ساغ پێشکەش دەکات و دەیهێنێتە لای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن، بۆ ئەوەی مایەی ڕەزامەندی یەزدان بێت، 4 دەستی لەسەر سەری قوربانی سووتاندنەکە دادەنێت و بۆ کەفارەتی[b] لێی وەردەگیرێت. 5 جوانەگاکەش[c] لەبەردەم یەزدان سەردەبڕێت، نەوەی هارون کە کاهینەکانن، خوێنەکە دەهێنن و بەسەر هەموو لایەکی ئەو قوربانگایەدا دەیپرژێنن کە لەلای دەروازەکەی چادری چاوپێکەوتنە. 6 قوربانی سووتاندنەکە کەوڵ دەکات و پارچەپارچەی دەکات، 7 نەوەی هارونی کاهین ئاگرێک لەسەر قوربانگاکە دەکەنەوە و دار لەسەر ئاگرەکە ڕێک دەخەن. 8 نەوەی هارونیش کە کاهینەکانن پارچەکانی لەگەڵ سەرەکەی و ئەو پیوەی[d] لەسەر دارەکانی سەر ئاگری سەر قوربانگاکەیە ڕێکی دەخەن. 9 هەناو و قاچەکانی بە ئاو دەشۆن و کاهینەکە هەموویان لەسەر قوربانگاکە دەسووتێنێت. قوربانی سووتاندنە، قوربانی بە ئاگرە، ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە.[e]
10 «”ئەگەر قوربانییەکەی لە ماڵات بوو، بەران یان گیسک، قوربانی سووتاندن بوو، ئەوا نێر و ساغ پێشکەش دەکات. 11 لەلای قوربانگاکە ئەوەی بەلای باکوورە لەبەردەم یەزدان سەری دەبڕێت. نەوەی هارونیش کە کاهینەکانن خوێنەکەی بەسەر هەموو لایەکی قوربانگاکەدا دەپرژێنن. 12 پارچەپارچەی دەکات و لەگەڵ سەرەکەی و پیوەکەی، کاهینەکەش لەسەر دارەکانی سەر ئاگری سەر قوربانگاکە ڕێکی دەخات. 13 هەناو و قاچەکانی بە ئاو دەشوات و کاهینەکە هەموویان پێشکەش دەکات و لەسەر قوربانگاکە ئاگریان تێبەردەدات. ئەوەش قوربانی سووتاندنە، قوربانی بە ئاگرە، ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە.
14 «”ئەگەر قوربانییەکەشی بۆ یەزدان لە باڵندە بێت و قوربانی سووتاندن بێت، ئەوا قوربانییەکەی لە کوکوختی یان لە بێچووە کۆتر پێشکەش دەکات. 15 کاهینەکەش بۆ قوربانگاکەی دەهێنێت و سەری دەقرتێنێت، لەسەر قوربانگاکە ئاگر دەکاتەوە، خوێنەکەی لەسەر لێواری قوربانگاکە دەگوشێت. 16 چیکڵدانەکەی[f] بەوەش کە لەناویەتی لێیدەکاتەوە و فڕێیدەداتە لای ڕۆژهەڵاتی قوربانگاکە بۆ شوێنی خۆڵەمێشەکە. 17 لەنێوان باڵەکانیەوە کەرتی دەکات، تەواو لێکی ناکاتەوە، ئینجا کاهینەکە لەسەر قوربانگا لەسەر ئەو دارانەی لەسەر ئاگرەکەیە دەیسووتێنێت، قوربانی سووتاندنە، قوربانی بە ئاگرە، ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە.
پێشکەشکردنی دانەوێڵە
2 «”ئەگەر یەکێک پێشکەشکراوی دانەوێڵەی بۆ یەزدان هێنا، دەبێت پێشکەشکراوەکەی لە باشترین ئارد بێت و زەیتی بەسەردا دەکات و بخووری سادەشی دەخاتە سەر و 2 بۆ نەوەی هارون دەیهێنێت کە کاهینەکانن. کاهینەکەش پڕ بە مستی خۆی مستێک لە ئاردەکە و زەیتەکەی لەگەڵ هەموو بخوورەکەی دەبات. کاهینەکە وەک یادەوەری لەسەر قوربانگاکە دەیسووتێنێت، قوربانی بە ئاگرە، ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە، 3 ئەوەی لە دانەوێڵەکەش دەمێنێتەوە بۆ هارون و کوڕەکانییەتی، ئەوە بەشی هەرەپیرۆزە لە قوربانی بە ئاگر بۆ یەزدان.
4 «”ئەگەر پێشکەشکراوێکی دانەوێڵەی بە تەنوور برژاوت هێنا، دەبێت کولێرەی فەتیرەی بە زەیت شێلراو و ناسکە نانی[g] فەتیرەی بە زەیت چەورکراو بێت. 5 ئەگەر پێشکەشکراوەکەت دانەوێڵەی سەر ساج بێت، دەبێت لە باشترین ئاردی بە زەیت شێلراوی فەتیرە بێت، 6 پارچەپارچەی دەکەیت و زەیتی بەسەردا دەکەیت، ئەوە پێشکەشکراوی دانەوێڵەیە. 7 ئەگەر پێشکەشکراوەکەت دانەوێڵەی ناو تاوە بێت، لە باشترین ئاردی بە زەیت شێلراو دەیکەیت. 8 پێشکەشکراوی دانەوێڵەکەت لەمانە دروستدەکرێت و بۆ یەزدان دەیهێنیت، دەیدەیتە کاهینەکە و ئەویش بۆ لای قوربانگاکەی دەهێنێت. 9 کاهینەکەش لە پێشکەشکراوە دانەوێڵەکە بەشی یادەوەرییەکەی دەبات و لەسەر قوربانگاکە دەیسووتێنێت، قوربانی بە ئاگرە، ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە. 10 ئەوەی لە دانەوێڵەکەش دەمێنێتەوە بۆ هارون و کوڕەکانییەتی، ئەوە بەشی هەرەپیرۆزە لە قوربانی بە ئاگر بۆ یەزدان.
11 «”هەموو ئەو دانەوێڵە پێشکەشکراوانەی بۆ یەزدانی دەبەن، نابێت بە هەویرترش[h] بێت، چونکە هیچ شتێکی بە هەویرترش و هیچ هەنگوینێک وەک قوربانی بە ئاگر بۆ یەزدان نابێت بسووتێنن. 12 دەتوانن وەک یەکەمین بەرهەمتان پێشکەش بە یەزدانی بکەن، بەڵام لەسەر قوربانگاکە پێشکەش ناکرێت وەک بۆنی خۆشی. 13 هەموو پێشکەشکراوەکانت لە دانەوێڵە بە خوێ سوێری دەکەیت و با هیچ دانەوێڵەیەکت بەبێ خوێی [i] پەیمانی خودات نەبێت. بۆ هەموو قوربانییەکانت خوێی پێوە دەکەیت.
14 «”ئەگەر دانەوێڵەت بۆ یەزدان پێشکەش کرد، دانەوێڵەی یەکەمین بەرهەمەکانت پێشکەش دەکەیت، دەبێت گوڵەکەی بێت و برژا بێت، کوتراوە و پاککراوە بێت. 15 زەیتی بەسەردا دەکەیت و بخووری سادەی لەسەر دادەنێیت، ئەوە پێشکەشکراوی دانەوێڵەیە. 16 کاهینیش بەشی یادەوەرییەکەی لە کوتراوەکەی و زەیتەکەی و هەموو بخوورەکەی دەسووتێنێت وەک قوربانی بە ئاگر بۆ یەزدان.
قوربانی بۆ پێکەوە ژیان
3 «”ئەگەر قوربانییەکەی قوربانی هاوبەشی[j] بوو، لە گاگەل پێشکەشی کرد، نێر یان مێ دەبێت ساغ بێت و بیهێنێتە بەردەم یەزدان. 2 دەستی لەسەر سەری قوربانییەکەی دادەنێت و لەلای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن سەری دەبڕێت. نەوەی هارون کە کاهینەکانن، خوێنەکەی بەسەر هەموو لایەکی قوربانگاکەدا دەپرژێنن. 3 لە قوربانی هاوبەشیش قوربانی بە ئاگر پێشکەشی یەزدان دەکرێت، ئەو پیوەی هەناوی داپۆشیوە و هەموو ئەو پیوەی لەسەر هەناو و 4 دوو گورچیلەکە و ئەو پیوەی لەسەریانە، ئەوەی لەسەر ناوقەدە، هەروەها ئەو پیوەی لەسەر جگەرەکەیە و دوو گورچیلەکە لێ دەکاتەوە. 5 نەوەی هارونیش لەسەر قوربانگاکە دەیسووتێنن، لەسەر ئەو قوربانی سووتاندنەی لەسەر دارەکانی سەر ئاگرەکەیە، قوربانی بە ئاگرە، ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە.
6 «”ئەگەر قوربانییەکەی لە مەڕوماڵات بوو، قوربانی هاوبەشی بۆ یەزدان، نێر یان مێی ساغ پێشکەش دەکات. 7 ئەگەر قوربانییەکەی بەرخ بوو، لەبەردەم یەزدان پێشکەشی دەکات. 8 دەستی لەسەر سەری قوربانییەکەی دادەنێت و لەبەردەم چادری چاوپێکەوتن سەری دەبڕێت و نەوەی هارون خوێنەکەی بەسەر هەموو لایەکی قوربانگاکەدا دەپرژێنن. 9 لە قوربانی هاوبەشییەکەش پیوەکەی وەک قوربانی بە ئاگر بۆ یەزدان پێشکەش دەکرێت. دوگەکەی[k] بە تەواوی لەلای دوا بڕبڕەی پشتەوە لێ دەکاتەوە لەگەڵ ئەو پیوەی هەناوی داپۆشیوە و هەموو ئەو پیوەی بەسەر هەناویەوەیە، 10 لەگەڵ دوو گورچیلەکە و ئەو پیوەی لەسەریانە، ئەوەی لەسەر ناوقەدە و ئەو پیوەی لەسەر جگەر و گورچیلەکانە لێی دەکاتەوە. 11 کاهینەکەش وەک خواردن لەسەر قوربانگا دەیانسووتێنێت، قوربانی بە ئاگرە بۆ یەزدان.
12 «”ئەگەر قوربانییەکەشی گیسک بوو، نێر یان مێ، لەبەردەم یەزدان پێشکەشی دەکات، 13 دەستی لەسەر سەری دادەنێت و لەبەردەم چادری چاوپێکەوتن سەری دەبڕێت. نەوەی هارون خوێنەکەی بەسەر هەموو لایەکی قوربانگاکەدا دەپرژێنن، 14 لەوەوە قوربانی بە ئاگرەکەی بۆ یەزدان پێشکەش دەکرێت. ئەو پیوەی هەناوی داپۆشیوە و هەموو ئەو پیوەی لەسەر هەناوەکەیە، 15 لەگەڵ دوو گورچیلەکە و ئەو پیوەی لەسەریانە، ئەوەی لەسەر ناوقەدە و ئەو پیوەی لەسەر جگەر و گورچیلەکانە لێی دەکاتەوە، 16 کاهینەکەش وەک خواردن لەسەر قوربانگا دەیانسووتێنێت. قوربانی بە ئاگرە، بۆنی خۆشییە، هەموو پیوەکە هی یەزدانە.
17 «”ئەمە فەرزێکی هەتاهەتاییە نەوە دوای نەوە لە هەموو نشینگەکانتاندا، نە پیو و نە خوێن مەخۆن.“»
قوربانی بۆ لێخۆشبوونی گوناهی بێ ئەنقەست
4 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: 2 «لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و بڵێ: ”ئەگەر یەکێک بەبێ ئەنقەست گوناهی کرد[l] لە یەکێک لەو فەرمانانەی یەزدان کە نابێت بکرێت و یەکێکی لەوانە کرد، ئەمە دەبێت:
3 «”ئەگەر کاهینی دەستنیشانکراو[m] گوناهی کرد و گەلی تووشی تاوان کرد، دەبێت جوانەگایەکی ساغ بۆ یەزدان پێشکەش بکات لەبەر ئەو گوناهەی کە کردوویەتی، قوربانی گوناهە[n]. 4 جوانەگاکە دەباتە لای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن لەبەردەم یەزدان و دەستی لەسەر جوانەگاکە دادەنێت و جوانەگاکە لەبەردەم یەزدان سەردەبڕێت. 5 ئینجا کاهینە دەستنیشانکراوەکە لە خوێنی جوانەگاکە دەبات و دەیباتە ناو چادری چاوپێکەوتن. 6 کاهینەکە پەنجەی دەکاتە ناو خوێنەکە و حەوت جار لەبەردەم یەزدان لێی دەپرژێنێت لەلای پەردەی پیرۆزگا. 7 کاهینەکە هەندێکیش لە خوێنەکە لە قۆچەکانی قوربانگای بخوورە بۆنخۆشەکە دەدات، ئەوەی لە چادری چاوپێکەوتنە لەبەردەم یەزدان، پاشماوەی خوێنی جوانەگاکەش دەڕژێنێتە بنکەی قوربانگای قوربانی سووتاندن کە لەلای دەروازەی چادری چاوپێکەوتنە. 8 هەموو پیوی جوانەگای قوربانی بۆ گوناهەکە دەردەهێنێت، ئەو پیوەی هەناوی داپۆشیوە و هەموو ئەو پیوەی لەسەر هەناوەکەیە، 9 لەگەڵ دوو گورچیلەکە و ئەو پیوەی لەسەریانە، ئەوەی لەسەر ناوقەدە و ئەو پیوەی لەسەر جگەر و گورچیلەکانە لێی دەکاتەوە. 10 هەروەک ئەو پیوەی لە گا[o] قوربانی هاوبەشی دەکرێتەوە و کاهینەکە لەسەر قوربانگاکەی قوربانی سووتاندن دەیانسووتێنێت. 11 بەڵام پێستی جوانەگاکە و هەموو گۆشتەکەی و سەر و قاچەکەی و هەناوی و ڕیخەکەی، 12 هەموو پاشماوەی جوانەگاکە دەباتە دەرەوەی ئۆردوگاکە بۆ شوێنێکی پاک بەپێی ڕێوڕەسم، کە بۆ شوێنی فڕێدانی خۆڵەمێش بێت و لەسەر دار دەیانسووتێنێت، لەسەر شوێنی فڕێدانی خۆڵەمێش دەسووتێنرێ.
13 «”ئەگەر هەموو کۆمەڵی ئیسرائیل بەبێ ئەنقەست گوناهێکیان کرد و یەکێک لەو شتانەیان کرد کە یەزدان فەرمانی داوە نەکرێت، تەنانەت ئەگەر گوناهەکە لەبەرچاوی ئەنجومەن شاردراوە بوو، ئەوا کاتێک درکیان کرد بەو تاوان و 14 دواتر گوناهەکە زانرا کە کردوویانە، دەبێت ئەنجومەن جوانەگایەک وەک قوربانی گوناه پێشکەش بکات و دەیهێننە بەردەم چادری چاوپێکەوتن. 15 پیرانی کۆمەڵەکە لەبەردەم یەزدان دەستیان لەسەر سەری جوانەگاکە دادەنێن و جوانەگاکە لەبەردەم یەزدان سەردەبڕدرێت. 16 ئینجا کاهینی دەستنیشانکراو لە خوێنی جوانەگاکە دەباتە ناو چادری چاوپێکەوتن، 17 پەنجەی دەخاتە ناو خوێنەکە و حەوت جار لەلای پەردەکە لەبەردەم یەزدان دەیپرژێنێت. 18 هەندێک لە خوێنەکە لە قۆچەکانی قوربانگاکە دەدات کە لەبەردەم یەزدانە لە چادری چاوپێکەوتن و پاشماوەی خوێنەکەش لە بنکەی قوربانگاکەی قوربانی سووتاندن دەڕێژێت کە لەلای دەروازەی چادری چاوپێکەوتنە. 19 هەموو پیوەکەی لێ دەکاتەوە و لەسەر قوربانگاکە دەیسووتێنێت. 20 چی لە جوانەگای قوربانی گوناه کرد ئاواش لەو جوانەگایە دەکات. کاهینەکە کەفارەتیان بۆ دەکات و لێخۆشبوونیان بۆ دەبێت. 21 پاشان جوانەگاکە دەباتە دەرەوەی ئۆردوگاکە و دەیسووتێنێت هەروەک جوانەگای یەکەمی سووتاند، ئەوە قوربانی گوناهی کۆمەڵە.
22 «”ئەگەر دەسەڵاتدارێک گوناهی کرد و بەبێ ئەنقەست یەکێک لەوانەی کرد کە یەزدانی پەروەردگاری فەرمانی داوە نەکرێت و تاوانبار بوو، 23 پاشان لە گوناهەکەی ئاگادار کرایەوە کە کردوویەتی، دەبێت قوربانییەکەی بهێنێت کە گیسکێکی نێری ساغ بێت. 24 دەستی لەسەر سەری گیسکەکە دابنێت و سەری ببڕێت لەو شوێنەی کە قوربانی سووتاندنی لێ سەردەبڕدرێت لەبەردەم یەزدان. ئەوە قوربانی گوناهە، 25 کاهینەکەش بە پەنجەی لە خوێنی قوربانییەکەی گوناه دەبات و لە قۆچەکانی قوربانگاکەی قوربانی سووتاندنی دەدات، پاشماوەی خوێنەکەی دەڕێژێتە بنکەی قوربانگاکەی قوربانی سووتاندن. 26 هەموو پیوەکەشی لەسەر قوربانگاکە دەسووتێنێت وەک پیوی قوربانی هاوبەشی. کاهینەکە لە گوناهەکەی کەفارەتی بۆ دەکات و لێخۆشبوونی بۆ دەبێت.
27 «”ئەگەر یەکێک لە کۆمەڵگا بەبێ ئەنقەست گوناهی کرد، بەوەی یەکێک لەوانەی کرد کە یەزدان فەرمانی داوە نەکرێت و تاوانبار بوو، 28 پاشان لە گوناهەکەی ئاگادار کرایەوە کە کردوویەتی، دەبێت قوربانییەکەی بهێنێت کە بزنێکی ساغ بێت، لەبەر گوناهەکەی کە کردوویەتی. 29 لە شوێنی قوربانی سووتاندن دەستی لەسەر سەری قوربانییەکەی گوناه دادەنێت و سەری دەبڕێت. 30 کاهینەکەش بە پەنجەی لە خوێنەکەی دەبات و لەسەر قۆچەکانی قوربانگاکەی قوربانی سووتاندنی دەدات، پاشماوەی خوێنەکەشی دەڕێژێتە بنکەی قوربانگاکە. 31 هەموو پیوەکەشی لێ دەکاتەوە، وەک چۆن ئەو پیوەی لە قوربانی هاوبەشی کردەوە و کاهینەکە لەسەر قوربانگاکە دەیسووتێنێت. ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە. کاهینەکە کەفارەتی بۆ دەکات و لێخۆشبوونی بۆ دەبێت.
32 «”ئەگەر قوربانییەکەی بەرخ بوو بۆ قوربانی گوناه، دەبێت مێینە و ساغ بێت. 33 دەستی لەسەر سەری قوربانییەکەی گوناه دادەنێت و وەک قوربانی گوناه سەری دەبڕێت، لەو شوێنەی قوربانی سووتاندنی تێدا سەردەبڕدرێت. 34 کاهینەکە بە پەنجەی لە خوێنی قوربانییەکەی گوناه دەبات و لەسەری قۆچەکانی قوربانگاکەی قوربانی سووتاندنی دەدات و هەموو خوێنەکەش دەڕێژێتە بنکەی قوربانگاکە. 35 هەموو پیوەکەشی لێ دەکاتەوە هەروەک ئەو پیوەی لە بەرخی قوربانی هاوبەشی دەکرێتەوە، کاهینەکە لەسەر قوربانگاکە لەسەر قوربانییە بە ئاگرەکانی بۆ یەزدان دەیسووتێنێت. بەم شێوەیە کاهینەکە کەفارەتی بۆ دەکات لە گوناهەکەی کە کردوویەتی و لێخۆشبوونی بۆ دەبێت.
5 «”کاتێک کەسێک گوێی لە بانگەوازی ئاشکرا دەبێت بۆ شایەتیدان کە شایەتی بدات، بێدەنگ بوو لەوەی بینیبووی یان زانیبووی، ئەوا ئەو کەسە گوناهی کردووە و تاوانی خۆی لە ئەستۆ دەگرێت.
2 «”یان ئەگەر یەکێک بەر شتێکی گڵاو کەوت، وەک کەلاکی[p] ئاژەڵێکی کێوی گڵاو یان کەلاکی ئاژەڵێکی ماڵی گڵاو یان کەلاکی خشۆکێکی گڵاو، ئەگەر ئاگای لێ نەبوو و پاشان زانی، ئەوا تاوانبارە.
3 «”یان ئەگەر دەستی لە شتە گڵاوەکانی کەسێک دا لە هەموو گڵاوییەکانی کە پێی گڵاو دەبێت، ئاگای لێ نەبوو و پاشان زانی، ئەوا تاوانبارە.
4 «”یان یەکێک هەڵەشە بوو لە سوێندخواردن، بۆ خراپە یان چاکە، لە هەموو ئەوەی مرۆڤ لە کاتی سوێندخواردن پەلەی لێ دەکات، بێ ئەوەی بزانێت و پاشان زانی، ئەوا ئەو کەسە لەو شتە تاوانبارە.
5 «”ئەگەر یەکێک تاوانبار بوو بە شکاندنی بڕگەیەکی ئەو یاسایانەی کە ئاماژەی پێکرا، ئەوا دان بە گوناهەکەی دەنێت و 6 بە قوربانییەکەیەوە کە مێ بێت، بەرخ یان گیسک، بۆ تاوانەکەی دێتە لای یەزدان لەبەر ئەو گوناهەی کە کردوویەتی، قوربانی گوناه، کاهینەکەش کەفارەت بۆ گوناهەکەی دەکات.
7 «”ئەگەر دەستکورت بوو بۆ بەرخێک، با دوو کوکوختی یان دوو بێچووە کۆتر وەک قوربانی بۆ یەزدان بهێنێت لەبەر تاوانەکەی کە گوناهی پێکردووە، یەکێکیان قوربانی گوناهە و ئەوەی دیکە قوربانی سووتاندن. 8 دەیانهێنێت بۆ کاهینەکە و ئەویش یەکەم جار ئەوەی بۆ گوناهە پێشکەشی دەکات، سەری لەلای پشتەوە دەقرتێنێت بەڵام بە تەواوی لێی ناکاتەوە. 9 لە خوێنی قوربانی گوناهەکە بە لاتەنیشتی قوربانگاکەدا دەکات، ئەوەشی لە خوێنەکە دەمێنێتەوە، دەگوشرێتە بنکەی قوربانگاکە، ئەوە قوربانی گوناهە. 10 ئەوەی دیکە بەپێی ڕێوڕەسم دەکاتە قوربانی سووتاندن، ئینجا کاهینەکە کەفارەتی بۆ دەکات لە گوناهەکەی کە کردوویەتی و لێخۆشبوونی بۆ دەبێت.
11 «”ئەگەر دەستکورت بوو دوو کوکوختی یان دوو بێچووە کۆتر بهێنێت، قوربانییەکەی لەبەر ئەو گوناهەی کە کردوویەتی دەیەکی ئێفەیەک[q] لە باشترین ئارد دەبێتە قوربانی گوناه. زەیتی بەسەردا ناکات و بخووری سادەی لەسەر دانانێت، چونکە قوربانی گوناهە. 12 دەیهێنێتە لای کاهینەکە و ئەویش پڕ بە مستی لێی دەبات، بەشی یادەوەرییەکەی و لەسەر قوربانگاکە لەسەر قوربانییە بە ئاگرەکانی بۆ یەزدان دەیسووتێنێت، ئەوە قوربانی گوناهە. 13 بەم شێوەیە کاهینەکە کەفارەتی بۆ دەکات لە گوناهەکەی کە کردوویەتی لە هەر یەکێک لەوانە و لێخۆشبوونی بۆ دەبێت، ئەوەی دەشمێنێتەوە بۆ کاهینەکە دەبێت، وەک چۆن پاشماوەی پێشکەشکراوی دانەوێڵە بە کاهینەکە دەدرێت.“»
قوربانیدان بۆ تاوان
14 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: 15 «ئەگەر یەکێک سەرپێچییەکی کرد و سەبارەت بە شتە پیرۆزکراوەکانی یەزدان[r] بەبێ ئەنقەست گوناهی کرد، دەبێت لەبەر تاوانەکەی قوربانییەک بۆ یەزدان بهێنێت، بەرانێکی ساغی مێگەل بێت و بەو نرخەی بۆی دادەنێیت بە شاقلی زیو بەپێی شاقلی پیرۆزگا[s]، ئەوە قوربانی تاوانە. 16 هەروەها قەرەبووی ئەو گوناهەش دەکاتەوە کە سەبارەت بە شتە پیرۆزکراوەکان کردوویەتی و پێنج یەکیشی لەسەر دادەنێت و دەیداتە کاهینەکە. کاهینەکە بە بەرانەکەی قوربانی تاوان کەفارەتی بۆ دەکات و لێخۆشبوونی بۆ دەبێت.
17 «ئەگەر یەکێک گوناهی کرد و یەکێک لەوانەی کرد کە یەزدان فەرمانی داوە نەکرێن و نەیزانی، ئەوا تاوانبارە و تاوانی خۆی لە ئەستۆ دەگرێت. 18 بە بەرانێکی ساغی مێگەل و بەو نرخەی بۆی دادەنێیت، بە قوربانی تاوانەوە بۆ لای کاهینەکە دێت، کاهینەکەش لەو هەڵەیەی کە بەبێ ئەنقەست کردوویەتی کەفارەتی بۆ دەکات و لێخۆشبوونی بۆ دەبێت. 19 ئەوە قوربانی تاوانە، چونکە تاوانێکی سەبارەت بە یەزدان کردووە.»
6 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: 2 «ئەگەر یەکێک گوناهی کرد و ناپاکی لە یەزدان کرد، بەوەی فێڵی لە کەسێک کرد، لە شتێک کە لەلای دانرابێت یان ئەمانەتێک یان دزینێک یان دەست بەسەرداگرتنی شتێکی نزیکەکەی، 3 یان شتێکی بزربووی دۆزییەوە و سەبارەت بەوە نکۆڵی کرد، یان بە درۆ سوێندی لەسەر ئەمانە خوارد یان هەر شتێک کە مرۆڤ گوناهی تێدا بکات، 4 ئەگەر گوناهی کرد و تاوانبار بوو، پێویستە شتەکان بگەڕێنێتەوە، ئەوا ئەوەی دزیویەتی یان ئەوەی دەستی بەسەردا گرتووە یان ئەوەی لەلای دانراوە یان ئەوەی بزر ببوو و دۆزییەوە، 5 یان هەر شتێک کە بە درۆ سوێندی لەسەر خواردبێت. سەر بەسەر قەرەبووی دەکاتەوە و پێنج یەکیشی بۆ زیاد دەکات. لە ڕۆژی قوربانی تاوانەکەی دەیداتەوە دەست خاوەنەکەی. 6 لەبری تاوانەکە دەبێت قوربانییەک بۆ کاهین بهێنێت، ئەمە بۆ یەزدانە، قوربانی تاوانەکە بەرانێکی ساغی مێگەل بێت، بەو نرخەی بۆی دادەنێیت، 7 کاهینەکە لەبەردەم یەزدان کەفارەتی بۆ دەکات و لێخۆشبوونی بۆ دەبێت لە هەر شتێک کە کردوویەتی و پێی تاوانبارە.»
قوربانی سووتاندن
8 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: 9 «ئەم فەرمانە بە هارون و کوڕەکانی ڕابگەیەنە: ”ئەمانە ڕێنماییەکانن دەربارەی قوربانی سووتاندن. قوربانی سووتاندن دەبێت بە درێژایی شەو هەتا بەیانی لەسەر ئاگردانەکە بێت لەسەر قوربانگاکە. پێویستە ئاگری قوربانگاکەش بە داگرساوی بمێنێتەوە. 10 کاهینەکە جلەکانی و دەرپێکەی کە لە کەتانن لەبەر دەکات و خۆڵەمێشی ئەو قوربانی سووتاندنەی کە ئاگرەکە هەڵیلووشی هەڵدەگرێت و لەتەنیشت قوربانگاکە دایدەنێت. 11 ئینجا جلەکانی دادەکەنێت و جلی دیکە لەبەر دەکات و خۆڵەمێشەکە دەباتە دەرەوەی ئۆردوگاکە بۆ شوێنێک بەپێی ڕێوڕەسم پاک بێت. 12 پێویستە ئاگری سەر قوربانگاکەش بە داگرساوی بمێنێتەوە و نەکوژێتەوە. کاهینەکەش هەموو بەیانییەک داری لەسەر دەسووتێنێت و قوربانی سووتاندنی لەسەر ڕێک دەخات و پیوی قوربانییەکانی هاوبەشی لەسەر دەسووتێنێت. 13 ئاگرێکی بەردەوامە لەسەر قوربانگاکە کراوەتەوە و ناکوژێتەوە.
پێشکەشکراوی دانەوێڵە
14 «”ئەمانەش ڕێنماییەکانن دەربارەی پێشکەشکراوی دانەوێڵە، کوڕانی هارون لەبەردەم یەزدان پێشکەشی دەکەن بۆ پێش قوربانگاکە. 15 بە مستی هەندێک ئاردی پێشکەشکراوی دانەوێڵەکە و زەیتەکەی و هەموو بخوورە سادەکەی کە لەسەر پێشکەشکراوە خۆراکەکەیە لێ دەبات و بەشی یادەوەرییەکە لەسەر قوربانگاکە دەسووتێنێت، ئەمەش وەک بۆنی خۆشییە بۆ یەزدان. 16 ئەوەی لێشی دەمێنێتەوە هارون و کوڕانی دەیخۆن. بەڵام بەبێ هەویرترش لە شوێنێکی پیرۆز دەخورێت. لە حەوشەی چادری چاوپێکەوتن دەیخۆن. 17 بە هەویرترش ناکرێت بە نان. کردوومە بە بەشی ئەوان لە قوربانییە بە ئاگرەکانم، ئەوە هەرەپیرۆزە وەک قوربانی گوناه و قوربانی تاوان. 18 هەموو نێرینەیەک لە نەوەی هارون لێی دەخوات، بەشێکی چەسپاوە بۆ نەوەکانتان لە قوربانییە بە ئاگرەکان بۆ یەزدان، هەر شتێکی بەر بکەوێت پیرۆز دەبێت.“»
19 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: 20 «ئەمە قوربانی هارون و کوڕەکانییەتی کە لە ڕۆژی دەستنیشانکردن بۆ یەزدانی دەهێنن: دەیەکی ئێفەیەک[t] لە باشترین ئارد لە پێشکەشکراوی دانەوێڵە، بە بەردەوامی نیوەی لە بەیانییان و نیوەی لە ئێواران. 21 لەسەر ساج دروستکراو و بە زەیت شێلراو ساز دەکەیت و دەیهێنیت، بە پارچەپارچەکراوی پێشکەشکراوە دانەوێڵەکە پێشکەش دەکەیت، ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە. 22 ئەو کوڕەی جێگەی دەگرێتەوە وەک کاهینی دەستنیشانکراو هەڵدەستێت بەو کارە، بەشێکی چەسپاوە بۆ یەزدان، بە تەواوی دەسووتێنرێ. 23 هەموو پێشکەشکراوێکی دانەوێڵەی کاهین بە تەواوی دەسووتێنرێت و ناخورێت.»
قوربانی گوناه
24 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: 25 «لەگەڵ هارون و کوڕەکانی بدوێ و بڵێ: ”ئەمانە ڕێنماییەکانن دەربارەی قوربانی گوناه، لەو شوێنەی قوربانی سووتاندن سەردەبڕدرێت لەوێش قوربانی گوناه لەبەردەم یەزدان سەردەبڕیت، ئەوە هەرەپیرۆزە. 26 ئەو کاهینەی قوربانییەکە بۆ کەفارەتی گوناه دەکات لێی دەخوات، لە شوێنێکی پیرۆز دەخورێت، لە حەوشەی چادری چاوپێکەوتن. 27 هەر شتێک بەر کەلەشەکە بکەوێت ئەوا پیرۆز دەبێت، ئەگەر پرژەیەک لە خوێنەکە بەر جلێک کەوت، ئەوا پێویستە جلەکە لە شوێنێکی پیرۆز بشۆیت. 28 بەڵام ئەو مەنجەڵە گڵینەی تێیدا لێنراوە، ئەوا دەشکێنرێت، ئەگەر لە مەنجەڵێکی بڕۆنز لێنرا، ئەوا سپی دەکرێتەوە و ئاوی پێدا دەکرێت. 29 هەموو نێرینەیەک لە کاهینەکان لێی دەخوات، ئەوە هەرەپیرۆزە. 30 بەڵام هەموو قوربانییەکی گوناه لە خوێنەکەی دەبردرێتە ناو چادری چاوپێکەوتن و بۆ کەفارەتکردن لە شوێنی پیرۆز، ناخورێت بەڵکو بە ئاگر دەسووتێنرێ.
قوربانیدان بۆ تاوان
7 «”ئەمانەش ڕێنماییەکانن دەربارەی قوربانی تاوان[u]. ئەمە هەرەپیرۆزە. 2 لەو شوێنەی قوربانی سووتاندن سەردەبڕدرێت هەر لەوێ قوربانی تاوانیش سەردەبڕدرێت. خوێنەکەشی بەسەر هەموو لایەکی قوربانگاکەدا دەڕژێنرێت. 3 هەموو پیوەکەشی پێشکەش دەکرێت، دوگەکەی و ئەو پیوەی هەناوی داپۆشیوە، 4 لەگەڵ دوو گورچیلەکە و ئەو پیوەی لەسەریانە، ئەوەی لەسەر ناوقەدە و ئەو پیوەی لەسەر جگەر و گورچیلەکانە لێی دەکاتەوە، 5 کاهینەکە لەسەر قوربانگاکە دەیانسووتێنێت. قوربانی بە ئاگرە بۆ یەزدان، ئەمە قوربانی تاوانە. 6 هەموو نێرینەیەک لە کاهینەکان لێی دەخوات، بەڵام لە شوێنێکی پیرۆز دەخورێت، ئەمە هەرەپیرۆزە.
7 «”قوربانی تاوان وەک قوربانی گوناهە، یەک فێرکردن هەیە دەربارەیان، ئەو کاهینەی کەفارەتیان پێ دەکات بۆ ئەو دەبێت، 8 ئەو کاهینەش کە قوربانییەکی سووتاندن بۆ کەسێک دەکات، ئەوا پێستی ئەو قوربانییەی سووتاندن کە دەیکات بۆ ئەو دەبێت. 9 هەموو پێشکەشکراوێکی دانەوێڵەش بە تەنوور کرابێتە نان و هەموو ئەوەی لەناو تاوە دروستکرابێت یان لەسەر ساج بۆ ئەو کاهینە دەبێت کە پێشکەشی دەکات، 10 هەروەها هەموو پێشکەشکراوێکی دانەوێڵەی بە زەیت شێلراو یان وشک، بۆ هەموو کوڕانی هارون دەبێت، هەریەکە وەک براکەی.
قوربانی هاوبەشی
11 «”ئەمانەش ڕێنماییەکانن دەربارەی قوربانی هاوبەشی[v]، ئەوەی کەسێک دەتوانێت بۆ یەزدانی بهێنێت.
12 «”ئەگەر بۆ سوپاسکردن هێنای، ئەوا بۆ قوربانی سوپاسگوزاری کولێرەی فەتیرەی بە زەیت شێلراو و ناسکە نانی[w] فەتیرەی بە زەیت چەورکراو و باشترین ئاردی شێلراو، کرابێتە کولێرەی بە زەیت شێلراو. 13 لەگەڵ کولێرەی بە هەویرترش، قوربانییەکەی لەسەر قوربانی سوپاسگوزاری بۆ ژیانە هاوبەشییەکەی پێشکەش دەکات. 14 لە هەر جۆرێکیان یەکێک وەک پێشکەشکراوێک دەهێنێت، وەک بەخشینێک بۆ یەزدان، بۆ ئەو کاهینە دەبێت کە خوێنی قوربانی هاوبەشی دەپرژێنێت. 15 گۆشتی قوربانی سوپاسگوزاری بۆ ژیانی هاوبەشییەکەی لە ڕۆژی قوربانییەکەی دەخورێت، هیچی لێ ناهێڵێتەوە بۆ بەیانی.
16 «”ئەگەر قوربانییەکەی نەزر[x] بوو یان بە خواستی خۆی بوو، ئەوا ڕۆژی پێشکەشکردنی قوربانییەکە دەخورێت و بۆ سبەینێش ئەوەی لێی ماوەتەوە دەخورێت. 17 بەڵام بەرماوەی گۆشتی قوربانییەکە لە ڕۆژی سێیەم دەسووتێنرێ. 18 ئەگەر لە ڕۆژی سێیەم لە گۆشتی قوربانی هاوبەشییەکە خواردرا، ئەوا قوربانییەکە قبوڵ نییە، ئەوەی پێشکەشی کرد بە چاک بۆی دانانرێت، چونکە قوربانییەکە گڵاو بووە. ئەوەی لێی بخوات ئەوا تاوانی خۆی لە ئەستۆ دەگرێت.
19 «”ئەو گۆشتەش کە بەر شتێکی گڵاو بکەوێت ئەوا بەپێی ڕێوڕەسم ناخورێت، بە ئاگر دەسووتێنرێت. گۆشتەکە هەموو کەسێکی پاک بەپێی ڕێوڕەسم لێی دەخوات، 20 بەڵام ئەو کەسەی گۆشتی قوربانی هاوبەشی یەزدان دەخوات، لە کاتێکدا پیسی بە خۆیەوە بوو، ئەوا ئەو کەسە لەنێو گەلەکەیدا دەبڕدرێتەوە. 21 ئەگەر هەرکەسێک دەست لە شتێکی گڵاو بدات یان بەر شتێکی گڵاو بکەوێت، گڵاوی مرۆڤێک یان ئاژەڵێکی گڵاو[y] یان هەر شتێکی قێزەونی گڵاو، ئینجا لە گۆشتی قوربانی هاوبەشی یەزدان بخوات، ئەوا ئەو کەسە لەنێو گەلەکەیدا دەبڕدرێتەوە.“»
خواردنی پیو و خوێن قەدەغەکراون
22 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: 23 «لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و بڵێ: ”پیوی ئاژەڵی مێگەل و گاوگۆتاڵ مەخۆن. 24 پیوی ئاژەڵی مرداربووەوە و پیوی ئەو ئاژەڵەی بووە بە نێچیر ئەوا بۆ هەموو کارێک بەکاردێت، بەڵام ناخورێت. 25 هەر یەکێک لە پیوی ئەو ئاژەڵانەی خوارد کە بۆ یەزدان وەک قوربانی بە ئاگر لێیان پێشکەش دەکرێت، ئەو کەسە لەنێو گەلەکەیدا دەبڕدرێتەوە. 26 هیچ خوێنێکیش مەخۆن لە هەموو نشینگەکانتان، ئەگەر هی باڵندە بێت یان ئاژەڵ. 27 هەرکەسێک خوێن بخوات، ئەو کەسە لەنێو گەلەکەیدا دەبڕدرێتەوە.“»
28 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: 29 «لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و بڵێ: ”ئەوەی قوربانی هاوبەشی بۆ یەزدان پێشکەش دەکات، لە قوربانی هاوبەشییە پێشکەشکراوەکەی بۆ یەزدان دەهێنێت. 30 کەسەکە بە دەستی خۆی قوربانییە بە ئاگرەکانی بۆ یەزدان دەهێنێت. پیوەکە لەگەڵ سنگەکە دەهێنێت. لەبەردەم یەزدان سنگەکە وەک قوربانی بەرزکردنەوە[z] بەرز دەکاتەوە. 31 کاهینەکە پیوەکە لەسەر قوربانگاکە دەسووتێنێت، بەڵام سنگەکە بۆ هارون و کوڕەکانی دەبێت. 32 ڕانی ڕاستەش لە قوربانییەکانی هاوبەشیتان وەک پیتاک دەدەنە کاهینەکە. 33 ئەوەی خوێنی قوربانی هاوبەشی و پیوەکە پێشکەش دەکات لە کوڕانی هارون، ڕانە ڕاستەکە دەبێتە بەشی ئەو، 34 چونکە من لە قوربانییەکانی هاوبەشییان سنگی بەرزکراوە و ڕانە پێشکەشکراوەکەم لە نەوەی ئیسرائیل وەرگرتووە، بە هارونی کاهین و بە کوڕەکانیم داوە. بەشێکی چەسپاوە بۆ نەوەی ئیسرائیل.“»
35 ئەوە پشکی هارون و کوڕەکانییەتی لە قوربانییە بە ئاگرەکانی بۆ یەزدان، ڕۆژی پێشکەشکردنیان هەتا کاهینیێتی بۆ یەزدان بکەن، 36 لەو ڕۆژەی دەستنیشان کران[aa] یەزدان فەرمانی بە نەوەی ئیسرائیل دا بیاندەنێ، وەک بەشێکی چەسپاو بۆ نەوەکانیان.
37 ئەوە ڕێنماییە بۆ قوربانی سووتاندن و پێشکەشکراوی دانەوێڵە و قوربانی گوناه و قوربانی تاوان و قوربانی ئەرک پێ سپاردن و قوربانی هاوبەشی، 38 کە یەزدان لە شاخی سینا دایە موسا، بۆ ئەوەی فەرمان بە نەوەی ئیسرائیل بکات هەتا لە چۆڵەوانی سینا قوربانییەکانیان بۆ یەزدان پێشکەش بکەن.
ئەرکسپاردن بە هارون و کوڕەکانی
8 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: 2 «هارون و کوڕەکانی ببە، لەگەڵ جلەکان و زەیتی دەستنیشانکردنەکە و جوانەگاکەی قوربانی گوناه و دوو بەرانەکە و سەبەتە نانە فەتیرەکە. 3 هەموو کۆمەڵیش لەلای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن کۆبکەرەوە.» 4 موساش وەک یەزدان فەرمانی پێ کرد، ئاوای کرد، ئیتر کۆمەڵەکە لەلای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن کۆبوونەوە.
5 موسا بە کۆمەڵەکەی گوت: «یەزدان فەرمانی داوە ئەمە بکرێت.» 6 ئینجا موسا هارون و کوڕەکانی هێنایە پێشەوە و بە ئاو شوشتنی. 7 کراسەکەی لەبەر هارون کرد و کەمەربەندەکەی بۆ بەست، کەواکەی لەبەری کرد، ئێفۆدەکەی خستە سەر و بە پشتبەستی ئێفۆدەکە بەستی و توندی کرد. 8 بەرسینەکەی لەبەری کرد و ئوریم و تومیمەکەی[ab] خستە ناو بەرسینەکە. 9 مێزەرەکەشی خستە سەر سەری هارون. لەسەر مێزەرەکە بەلای پێشەوە پلێتە زێڕەکەی دانا کە تاجەگوڵینەی پیرۆزە، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.
10 ئینجا موسا زەیتی دەستنیشانکردنەکەی هێنا و چادرەکەی پەرستن[ac] و هەرچی تێیدا بوو دەستنیشانی کرد و تەرخانی کرد. 11 حەوت جاریش بەسەر قوربانگاکەدا پرژاندی و قوربانگاکە و هەموو قاپوقاچاغەکانی و حەوزەکە و بنکەکەی دەستنیشان کرد بۆ تەرخانکردنیان. 12 هەندێک لە زەیتی دەستنیشانکردنەکەشی لە سەری هارون دا و دەستنیشانی کرد بۆ تەرخانکردنی. 13 موسا کوڕەکانی هارونی هێنایە پێشەوە و کراسی لەبەرکردن و کەمەربەندی بۆ بەستن و سەرپێچەکانی بۆ توند کردنەوە، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.
14 ئینجا جوانەگاکەی قوربانی گوناهی هێنایە پێشەوە و هارون و کوڕەکانی دەستیان لەسەر سەری جوانەگاکەی گوناه دانا. 15 موسا سەری بڕی و هەندێک لە خوێنەکەی برد و بە پەنجەی خوێنەکەی لە هەموو قۆچەکانی قوربانگاکە دا و قوربانگاکەی پاککردەوە. پاشماوەی خوێنەکەی ڕشتە بنکەی قوربانگاکە و تەرخانی کرد بۆ کەفارەتکردن بۆی. 16 موسا هەموو ئەو پیوەی کە هەناوی داپۆشیوە لەگەڵ ئەوەی لەسەر جگەر و گورچیلەکانە و هەردوو گورچیلەکەی برد و لەسەر قوربانگاکە سووتاندنی. 17 بەڵام جوانەگاکەی بە پێست و کەلەش و ڕیخەکەیەوە، لە دەرەوەی ئۆردوگاکە بە ئاگر سووتاند، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.
18 ئینجا بەرانەکەی قوربانی سووتاندنی هێنایە پێشەوە و هارون و کوڕەکانی دەستیان لەسەر سەری بەرانەکە دانا. 19 دوای ئەوە موسا سەری بڕی و خوێنەکەی بەسەر هەموو لایەکی قوربانگاکەدا پرژاند. 20 بەرانەکەی پارچەپارچە کرد و موسا سەرەکە و پارچەکان و پیوەکەی سووتاند. 21 بەڵام هەناو و قاچەکانی بە ئاو شوشت، موسا هەموو بەرانەکەی لەسەر قوربانگاکەدا سووتاند، وەک قوربانی بە ئاگر، بۆنی خۆشی، قوربانی بە ئاگر بۆ یەزدان، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.
22 ئینجا بەرانی دووەم، بەرانی ئەرک پێ سپاردنەکەی هێنایە پێشەوە، هارون و کوڕەکانی دەستیان لەسەر سەری بەرانەکە دانا. 23 موسا سەری بڕی و لە خوێنەکەی برد و لە شلکەی گوێی ڕاستی هارونی دا، هەروەها لە پەنجە گەورەی دەستی ڕاست و پەنجە گەورەی پێی ڕاستی. 24 هەروەها کوڕەکانی هارونی هێنایە پێشەوە و لە خوێنەکەی هەڵگرت و لە شلکەی گوێی ڕاستیان و پەنجە گەورەی دەستی ڕاستیان و پەنجە گەورەی پێی ڕاستیانی دا، پاشان خوێنی بەسەر هەموو لایەکی قوربانگاکەدا پرژاند. 25 لەدوای ئەوە پیو و دوگ و هەموو پیوەکەی هەناوی و سەر جگەر و گورچیلەکان و هەردوو گورچیلە و ڕانی ڕاستی برد. 26 هەروەها لە سەبەتەی فەتیرەکە، ئەوەی لەبەردەم یەزدانە، نانێک و کولێرەیەک لەوەی بە زەیتە و ناسکە نانێکی[ad] برد و لەسەر پیوەکە و لەسەر ڕانە ڕاستەکەی دانا. 27 هەمووی خستنە سەر دەستی هارون و کوڕەکانی و لەبەردەم یەزدان وەک قوربانی بەرزکردنەوە بەرزیان کردەوە. 28 ئینجا موسا لە دەستیانی وەرگرت و لەگەڵ قوربانی سووتاندنەکە لەسەر قوربانگاکە سووتاندی، ئەوە قوربانی ئەرک پێ سپاردنە، بۆنی خۆشییە، قوربانی بە ئاگرە بۆ یەزدان. 29 هەروەها موسا سنگی بەرانی ئەرکسپاردنەکەی برد کە بەشی موسا بوو، وەک قوربانی بەرزکردنەوە[ae] لەبەردەم یەزدانی بەرزی کردەوە، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.
30 پاشان موسا لە زەیتی دەستنیشانکردنەکە و لە خوێنەکەی سەر قوربانگاکەی برد و بەسەر هارون و جلەکانی و بەسەر کوڕەکانی و جلی کوڕەکانی پرژاند. هارون و جلەکانی و کوڕەکانی و جلی کوڕەکانی پێ تەرخان کردن.
31 ئینجا موسا بە هارون و کوڕەکانی گوت: «گۆشتەکە لەبەردەم دەروازەی چادری چاوپێکەوتن لێبنێن و هەر لەوێش بیخۆن، لەگەڵ ئەو نانەی ناو سەبەتەکەش، قوربانی ئەرکسپاردن، وەک فەرمانم کرد و گوتم: ”هارون و کوڕەکانی بیخۆن.“ 32 ئەوەی لە گۆشت و نانەکەش دەمێنێتەوە بە ئاگر بیسووتێنن، 33 لەلای دەروازەی چادری چاوپێکەوتنیش دوور نەکەونەوە، حەوت ڕۆژ هەتا تەواوی ڕۆژەکانی ئەرکسپاردنتان، چونکە حەوت ڕۆژ ئەرکتان پێ دەسپێردرێت. 34 هەروەک لەم ڕۆژەدا کرا، یەزدان فەرمانی داوە کە بکرێت بۆ کەفارەتکردن بۆتان. 35 حەوت شەو و حەوت ڕۆژ لەلای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن دەمێننەوە و وریابن بۆ پارێزگاری لە ئەرکەکانی یەزدان، ئیتر نامرن، چونکە ئاوا فەرمانم پێکراوە.» 36 جا هارون و کوڕەکانی هەموو ئەو شتانەی یەزدان لە ڕێگەی موسا فەرمانی پێ کردبوو، کردیان.
کاهینەکان خزمەتیان دەستپێدەکەن
9 لە ڕۆژی هەشتەم، موسا هارون و کوڕەکانی و پیرانی ئیسرائیلی بانگکرد و 2 بە هارونی گوت: «جوانەگایەک بۆ خۆت، بۆ قوربانی گوناه و بەرانێک بۆ قوربانی سووتاندن ببە، هەردووکیان ساغ بن و لەبەردەم یەزدان پێشکەشیان بکە. 3 لەگەڵ نەوەی ئیسرائیلیش بدوێ و بڵێ: ”گیسکێکی نێرینە بۆ قوربانی گوناه و جوانەگایەک و بەرخێکی یەک ساڵەی ساغ بۆ قوربانی سووتاندن و 4 گایەک[af] و بەرانێک بۆ قوربانی هاوبەشی بۆ سەربڕین لەبەردەم یەزدان ببەن، هەروەها پێشکەشکراوی دانەوێڵەی بە زەیت شێلراو، چونکە ئەمڕۆ یەزدان بۆتان دەردەکەوێت.“»
5 ئەوەی موسا فەرمانی پێ کردبوو بردیانە پێش چادری چاوپێکەوتن و هەموو کۆمەڵەکە چوونە پێشەوە و لەبەردەم یەزدان وەستان. 6 موسا گوتی: «یەزدان فەرمانی ئەمەی داوە، دەیکەن، ئینجا شکۆمەندی یەزدانتان بۆ دەردەکەوێت.»
7 پاشان موسا بە هارونی گوت: «بڕۆ پێشەوە بۆ لای قوربانگاکە و قوربانی گوناهت و قوربانی سووتاندنەکەت بکە و کەفارەت بۆ خۆت و گەل بکە و قوربانی گەل بکە و کەفارەتیان بۆ بکە، هەروەک یەزدان فەرمانی دا.»
8 ئیتر هارون چووە پێشەوە بۆ لای قوربانگەکە و جوانەگاکەی قوربانی گوناهی سەربڕی کە بۆ خۆی بوو. 9 کوڕەکانی هارونیش خوێنەکەیان بۆ هێنا و ئەویش پەنجەی کردە ناو خوێنەکە و لەسەری قۆچەکانی قوربانگاکەی دا و خوێنەکەی ڕشتە بنکەی قوربانگاکە. 10 پیوەکە و گورچیلەکان و ئەو پیوەی لەسەر جگەری قوربانییەکەی گوناه بوو لەسەر قوربانگاکە سووتاندی، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد، 11 بەڵام کەلەش و پێستەکەی لە دەرەوەی ئۆردوگاکە سووتاند.
12 ئینجا قوربانی سووتاندنەکەی سەربڕی و کوڕەکانی هارون خوێنەکەیان دایێ، ئەویش بەسەر هەموو لایەکی قوربانگاکەدا پرژاندی. 13 پاشان قوربانی سووتاندنەکەی ئەوانی دایێ بە پارچەکانی و سەرەکەیەوە، ئەویش لەسەر قوربانگاکە سووتاندی. 14 هەناو و قاچەکانیشی شوشت و لەسەر قوربانی سووتاندنەکە لەسەر قوربانگاکە سووتاندی.
15 ئینجا هارون قوربانییەکەی گەلی پێشکەش کرد، گیسکەکەی برد کە قوربانی بوو بۆ گوناهی گەل، سەری بڕی و بۆ گوناه کردی وەک ئەوەی یەکەم.
16 هارون بەپێی مەراسیم قوربانی سووتاندنەکەی پێشکەش کرد. 17 هەروەها پێشکەشکراوەکەی دانەوێڵەی هێنا و مستی لێ پڕکرد و لەسەر قوربانگاکە سووتاندی، بێجگە لە قوربانی سووتاندنی بەیانی.
18 گایەکە و بەرانەکەی سەربڕی، قوربانی هاوبەشی کە بۆ گەلە و کوڕەکانی هارون خوێنەکەیان پێیدا، ئەویش بەسەر هەموو لایەکی قوربانگاکەدا پرژاندی. 19 هەروەها پیوەکە لە گایەکە و دوگەکە لە بەرانەکە، ئەو پیوەش کە هەناو دادەپۆشێت و گورچیلەکان و ئەو پیوەی لەسەر جگەرە، 20 ئەم پیوانەیان خستە سەر دوو سنگەکە. ئینجا پیوەکەیان لەسەر قوربانگاکە سووتاند، 21 بەڵام دوو سنگەکە و ڕانی ڕاست، هارون بەرزی کردنەوە بۆ قوربانی بەرزکردنەوە لەبەردەم یەزدان، هەروەک موسا فەرمانی دا.
22 ئینجا هارون دەستی بەرەو گەل بەرزکردەوە و داوای بەرەکەتی بۆ کردن و لە پێشکەشکردنی قوربانی گوناه و قوربانی سووتاندن و قوربانی هاوبەشی، هاتە خوارەوە.
23 ئینجا موسا و هارون چوونە ناو چادری چاوپێکەوتن و پاشان هاتنە دەرەوە و داوای بەرەکەتیان بۆ گەل کرد. ئیتر شکۆمەندی یەزدان بۆ هەموو گەل دەرکەوت. 24 ئاگرێک لەلایەن یەزدانەوە کڵپەی کرد، هات و لەسەر قوربانگاکە قوربانی سووتاندنەکە و پیوەکەی سووتاند. هەموو گەلیش بینییان و هاواریان کرد و بەسەر ڕوویاندا کەوتن.
مردنی ناداب و ئەبیهو
10 دوو کوڕی هارون، ناداب و ئەبیهو، هەریەکە و بخووردانەکەی خۆی برد و ئاگریان تێدا کردەوە و بخووریان بەسەردا کرد. لەبەردەم یەزدان ئاگرێکی نامۆیان پێشکەش کرد، کە ئەو فەرمانی پێیان نەدابوو. 2 ئیتر ئاگرێک لەلایەن یەزدانەوە کڵپەی کرد، هات و ئەوانی هەڵلووشی و لەبەردەم یەزدان مردن. 3 موساش بە هارونی گوت: «ئەمە بوو مەبەستی یەزدان کاتێک فەرمووی:
«”لەنێو ئەوانەی لێم نزیک دەبنەوە
پیرۆزی خۆم دەردەخەم و
لەبەردەم هەموو گەل
شکۆدار دەبم.“»
هارون بێدەنگ بوو.
4 موسا بانگی میشائیل و ئەلسافانی کرد، دوو کوڕەکەی عوزیێلی مامی هارون و پێی گوتن: «وەرنە پێش، ئامۆزاکانتان لەبەردەم پیرۆزگا هەڵبگرن بۆ دەرەوەی ئۆردوگاکە.» 5 ئەوانیش هاتنە پێش و بە کراسەکانیان هەڵیانگرتن بۆ دەرەوەی ئۆردوگاکە، هەروەک موسا گوتی.
6 هەروەها موسا بە هارون و ئەلعازار و ئیتاماری کوڕەکانی هارونی گوت: «سەرتان ڕووت مەکەن و جلەکانتان مەدڕێنن، نەوەک بمرن و تووڕەیی یەزدان بێتە سەر هەموو کۆمەڵ. بەڵام کەسوکارتان، هەموو بنەماڵەی ئیسرائیل بۆ ئەوانە بگریێنن کە یەزدان بە ئاگر لەناوی بردوون. 7 لە دەروازەی چادری چاوپێکەوتنیش دەرمەچن، نەوەک بمرن، چونکە زەیتی دەستنیشانکردنی یەزدان لەسەرتانە.» ئەوانیش بەگوێرەی قسەکەی موسایان کرد.
8 هەروەها یەزدان بە هارونی فەرموو: 9 «شەراب و مەی مەخۆرەوە، خۆت و کوڕەکانیشت، لە کاتی چوونە ژوورەوەتان بۆ ناو چادری چاوپێکەوتن، نەوەک بمرن. ئەمە فەرزێکی هەتاهەتاییە نەوە دوای نەوە، 10 بۆ ئەوەی بتوانن لەنێوان پیرۆز و پیرۆزنەکراو و لەنێوان پاک و گڵاو جیاکاری بکەن، 11 هەروەها بۆ ئەوەی نەوەی ئیسرائیل دەربارەی هەموو فەرزەکان فێر بکەن کە یەزدان لە ڕێگەی موساوە لەگەڵیاندا دوا.»
12 موساش بە هارونی برای و دوو کوڕەکەی هارون، ئەلعازار و ئیتامار کە مابوونەوە گوتی: «ئەو پێشکەشکراوە دانەوێڵەیەی لە قوربانییە بە ئاگرەکانی بۆ یەزدان ماوەتەوە، بیبەن و لەتەنیشت قوربانگاکە بەبێ هەویرترش بیخۆن، چونکە هەرەپیرۆزە. 13 لە شوێنێکی پیرۆز بیخۆن، چونکە بەشی تۆ و بەشی کوڕەکانتە لە قوربانییە بە ئاگرەکانی بۆ یەزدان، چونکە من بەو شێوەیە فەرمانم داوە. 14 بەڵام سنگی بەرزکراوە و ڕانی پێشکەشکراو لە شوێنێکی پاک دەخۆن، خۆت و کوڕەکانت و کچەکانت، چونکە کراون بە بەشی تۆ و بەشی کوڕەکانت لە قوربانییەکانی هاوبەشی نەوەی ئیسرائیل. 15 ڕانی پێشکەشکراو و سنگی بەرزکراوە لەگەڵ پیوەکانی قوربانی بە ئاگر دەهێنن، هەتا لەبەردەم یەزدان وەک قوربانی بەرزکردنەوە بەرز بکرێنەوە. ئەمانە بۆ تۆ و بۆ کوڕەکانت دەبن کە لەگەڵتدان، بەشێکی چەسپاوە، هەروەک یەزدان فەرمانی دا.»
16 کاتێک موسا داوای گیسکەکەی قوربانی گوناهی کرد و بینی وا سووتاوە، لە ئەلعازار و ئیتامار تووڕە بوو، دوو کوڕەکەی هارون کە مابوونەوە، گوتی: 17 «بۆچی قوربانییەکەی گوناهتان لە پیرۆزگادا نەخوارد؟ بێگومان کە هەرەپیرۆزە و پێتان دراوە بۆ ئەوەی تاوانی کۆمەڵەکە هەڵبگرن بۆ کەفارەت بۆیان لەبەردەم یەزدان، 18 لەو کاتەوە خوێنەکەی بۆ ژوورەوەی شوێنی پیرۆز نەهێنرا، بێگومان دەبووایە لە پیرۆزگا بیخۆن، هەروەک فەرمانم داوە.»
19 هارون وەڵامی موسای دایەوە: «ئەوان ئەمڕۆ قوربانی گوناهە و قوربانی سووتاندنیان لەبەردەم یەزدان پێشکەش کرد و شتێکی وام تووش بوو. ئەگەر ئەمڕۆ من لە قوربانی گوناهم بخواردایە، ئایا لەبەرچاوی یەزدان ئەمە پەسەند دەبوو؟» 20 کە موسا گوێی لەمە بوو، لەبەرچاوی پەسەند بوو.
ئاژەڵە پاکەکان و ئاژەڵە ناپاکەکان
11 هەروەها یەزدان لەگەڵ موسا و هارون دوا و پێی فەرموون: 2 «لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێن و بڵێن: ”ئەوانە ئەو گیانلەبەرانەن کە دەیانخۆن، لە هەموو ئاژەڵەکانی سەر زەوی: 3 هەر ئاژەڵێک کە سمی دوو کەرت بێت و کاوێژ بکات، ئەوە دەخۆن.
4 «”لەوانەی تەنها کاوێژ دەکەن یان تەنها سمیان دوو کەرتە، ئەمانە ناخۆن: وشتر، چونکە کاوێژ دەکات بەڵام سمی دوو کەرت نییە، بۆیە گڵاوە بۆتان؛ 5 هەروەها گۆڕهەڵکەنە، چونکە کاوێژ دەکات، بەڵام سمی کەرت نییە، گڵاوە بۆتان؛ 6 کەروێشک، چونکە کاوێژ دەکات بەڵام سمی دوو کەرت نییە، بۆیە گڵاوە بۆتان؛ 7 بەراز، چونکە سمی کەرت کراوە، بەڵام کاوێژ ناکات، بۆیە گڵاوە بۆتان. 8 نە گۆشتیان بخۆن و نە دەست لە کەلاکیان بدەن، چونکە گڵاوە بۆتان.
9 «”لە هەموو ئەوانەی لەناو ئاوەکانیشن ئەمانە دەخۆن، هەموو ئەوانەی باڵ و پوولەکەیان هەبێت لەناو ئاوەکان، لەناو دەریاکان و لەناو ڕووبارەکان، ئەوانە دەخۆن. 10 بەڵام هەموو ئەوەی باڵ و پوولەکەی نەبێت لەناو دەریاکان و ڕووبارەکان، لە هەموو خشۆکەکانی ناو ئاوەکان و هەموو زیندەوەرێکی ناو ئاوەکان، قێزەونە بۆتان. 11 بۆتان قێزەون دەبێت، لە گۆشتەکەی ناخۆن و قێزتان لە کەلاکەکەی دەبێتەوە. 12 هەموو ئەوەی باڵ و پوولەکەی نەبێت لەناو ئاوەکان، بۆتان قێزەونە.
13 «”لە باڵندەکانیش، قێزتان لەمانە دەبێتەوە، ناخورێن، قێزەونن، هەڵۆ و سیسارکە کەچەڵ و داڵاش، 14 واشەی سوور و هەموو جۆرەکانی واشەی ڕەش، 15 هەموو جۆرەکانی قەلەڕەش، 16 کوندەپەپووی شاخدار و بایەقووش[ag]، مەلی دەریا، هەموو جۆرەکانی باز، 17 کوندەپەپووی بچووک، مەلی ماسیگرە، کوندەپەپووی گەورە، 18 کوندەپەپووی سپی و کوندەپەپووی بیابان، واشەی ماسیگر، 19 لەقلەق و هەموو جۆرەکانی شاهۆ و پەپوولەسڵێمانکە و شەمشەمەکوێرە.
20 «”هەموو مێرووێکی باڵدار کە لەسەر چوار پێ بڕوات بۆ ئێوە قێزەونە. 21 لەنێو هەموو مێرووێکی باڵدار کە لەسەر چوار پێ دەڕوات تەنها ئەمانە دەخۆن، ئەوەی دوو لاقی نوشتاوەی هەیە لەسەر قاچەکانی و پێیان هەڵدەبەزێتەوە لەسەر زەوی، 22 ئەمە بە هەموو جۆرەکانییەوە دەخۆن: کوللە و سۆلام[ah] و بێوکە[ai] و پێکوڕە. 23 بەڵام ئەوانی دیکە هەر مێرووێکی باڵدار کە چوارپێی هەبێت قێزەونە بۆتان.
24 «”بەمانە گڵاو دەبن، هەرکەسێک دەست لە کەلاکیان بدات یان بەر کەلاکیان بکەوێت، ئەوا هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت، 25 هەر یەکێک کەلاکیان هەڵبگرێت، دەبێت جلەکانی بشوات و هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت.
26 «”هەموو ئەو ئاژەڵانەش کە سمیان بە تەواوی شەق نەبێت، یان کاوێژ نەکات، ئەوا گڵاوە بۆتان و هەرکەسێک دەست لە کەلاکی هەر یەکێکیان بدات یان بەر کەلاکی هەر یەکێکیان بکەوێت ئەوا گڵاو دەبێت. 27 هەر ئاژەڵێکیش لە چوار پێیەکان کە لەسەر ناولەپی بڕوات، گڵاوە بۆتان و هەرکەسێک دەست لە کەلاکیان بدات یان بەر کەلاکیان بکەوێت، هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت، 28 هەرکەسێک کەلاکیان هەڵبگرێت، دەبێت جلەکانی بشوات و هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت، ئەوە گڵاوە بۆتان.
29 «”ئەمەش گڵاوە بۆتان لەوانەی لەسەر زەوی دەخشێن، ڕاسۆ[aj]، جرج[ak]، مارمێلکە بە هەموو جۆرەکانییەوە، 30 قومقمۆکە، بزنمژ، شەوگەرد، مارمێلکەی خشۆک و کامیلۆن. 31 ئەمانە گڵاوەکانن بۆتان لە هەموو خشۆکەکان، هەرکەسێک دەستیان لێ بدات یان بەریان بکەوێت دوای مرداربوونیان، ئەوا هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت. 32 هەر شتێکیش یەکێک لەوانەی کەوتە سەری کە مردبوو، ئەو شتە گڵاو دەبێت، لە هەر شتێک، دار بێت یان قوماش یان پێست یان گوش[al]، هەر شتێک کە کاری پێ بکرێت، دەخرێتە ناو ئاوەوە و هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت و پاشان پاک دەبێتەوە. 33 هەر دەفرێکی[am] گڵینیش ئەمانەی بکەوێتە ناوی، هەرچی تێیدایە گڵاو دەبێت و دەفرەکەش دەشکێنن. 34 هەر خواردنێکیش کە بخورێت، لەو دەفرەیە ئاوی بەسەردا بکرێت، گڵاو دەبێت. هەر خواردنەوەیەکیش کە لەو دەفرەیە بخورێتەوە، گڵاو دەبێت. 35 هەر شتێک کەلاکی یەکێک لەوانەی تێبکەوێت، گڵاو دەبێت، ئەگەر تەنوور بێت یان ئاگردان، دەبێت تێکبدرێت، ئەوە گڵاوە و بۆ ئێوە گڵاو دەبێت. 36 تەنها کانی و ئەمباراو کە ئاویان تێدا کۆدەبێتەوە، ئەوان پاک دەبن، بەڵام هەرکەسێک دەست لە کەلاکی هەر یەکێکیان بدات یان بەر کەلاکی هەر یەکێکیان بکەوێت، ئەوا گڵاو دەبێت. 37 ئەگەر کەلاکی یەکێکیان کەوتە سەر هەر تۆوێک کە بچێنرێت، ئەوا تۆوەکە پاکە، 38 بەڵام ئەگەر ئاو لەسەر تۆوەکە هەبوو و کەلاکی یەکێکیانی کەوتە سەر، گڵاوە بۆتان.
39 «”ئەگەر یەکێک لەو ئاژەڵانەی کە خواردنە بۆتان مرد، هەرکەسێک دەست لە کەلاکی بدات یان بەر کەلاکی بکەوێت، ئەوا هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت. 40 هەر یەکێکیش لە کەلاکەکەی بخوات، ئەوا جلەکانی دەشوات و هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت، هەر یەکێکیش کەلاکەکەی هەڵبگرێت، ئەوا جلەکانی دەشوات و هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت.
41 «”هەموو خشۆکێکیش کە لەسەر زەوی دەخشێت، ئەوە قێزەونە و ناخورێت. 42 هەرچی لەسەر سکی بڕوات و هەرچی لەسەر چوارپێ بڕوات لەگەڵ هەموو ئەوەی پێی زیاترە، لە هەموو خشۆکەکان کە لەسەر زەوی دەخشێن مەیخۆن، چونکە قێزەونە بۆتان. 43 خۆتان پیس مەکەن بە خشۆکێک کە دەخشێت، خۆتانی پێ گڵاو مەکەن و پێی گڵاو مەبن. 44 من یەزدانی پەروەردگارتانم، خۆتان تەرخان بکەن و پیرۆز بن، چونکە من پیرۆزم. خۆتان بە خشۆکێک کە لەسەر زەوی دەخشێت گڵاو مەکەن. 45 من یەزدانم ئەوەی کە لە خاکی میسرەوە دەریهێنان بۆ ئەوەی ببێتە خوداتان، کەواتە پیرۆز بن، چونکە من پیرۆزم.
46 «”ئەمانە ڕێنماییەکانن دەربارەی ئاژەڵ و باڵندەکان و هەموو گیانلەبەرێک کە لەناو ئاو دەجوڵێت و هەموو گیانێک کە لەسەر زەوی دەخشێت. 47 پێویستە گڵاو و پاک و ئەو زیندەوەرانەی دەخورێن و ئەو زیندەوەرانەی ناخورێن لێک جیا بکەنەوە.“»
پاکبوونەوەی ژنان لەدوای منداڵبوون
12 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: 2 «لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و بڵێ: ”ئەگەر ژنێک سکی پڕ بوو و کوڕێکی بوو، ئەوا بەپێی ڕێوڕەسم بۆ حەوت ڕۆژ گڵاو[an] دەبێت، هەروەک لە ڕۆژانی خوێنلێچوونی مانگانەی گڵاو دەبێت. 3 لە ڕۆژی هەشتەمدا کۆرپەکە خەتەنە دەکرێت، 4 ئینجا دایکەکە سی و سێ ڕۆژی دیکە دەمێنێتەوە هەتا لە خوێن لێچوونەکەی پاک ببێتەوە، بەر هیچ شتێکی پیرۆز ناکەوێت و بۆ پیرۆزگا ناچێت، هەتا ڕۆژانی پاکبوونەوەی تەواو دەبێت. 5 ئەگەر کچی بوو، ئەوا دوو هەفتە پاک نابێت، هەروەک لە خوێنلێچوونی بێت، ئینجا شەست و شەش ڕۆژی دیکە دەمێنێتەوە، هەتا لە زەیستانییەکەی[ao] پاک ببێتەوە.
6 «”کاتێک ڕۆژانی پاکبوونەوەی[ap] تەواو بوو، ئەگەر کوڕی بووبێت یان کچ، ئەوا بەرخێکی یەک ساڵە وەک قوربانی سووتاندن و بێچووە کۆترێک یان کوکوختییەک وەک قوربانی گوناه[aq] دەهێنێتە بەر دەروازەی چادری چاوپێکەوتن بۆ کاهینەکە. 7 ئەویش لەبەردەم یەزدان پێشکەشی دەکات و کەفارەتی بۆ دەکات، ئینجا بەپێی ڕێوڕەسم لە خوێن لێچوونەکەی پاک دەبێتەوە.[ar]
«”ئەوە ڕێنماییە بۆ ئەو ژنەی کوڕ یان کچی دەبێت. 8 بەڵام ئەگەر دەستکورت بوو بەرخێک بهێنێت، ئەوا دوو کوکوختی یان دوو بێچووە کۆتر، یەکێکیان بۆ قوربانی سووتاندن و ئەوی دیکە بۆ قوربانی گوناه، بەم شێوەیە کاهینەکە کەفارەتی بۆ دەکات و پاک دەبێتەوە.“»
ڕێنمایی دەربارەی نەخۆشی پێست
13 هەروەها یەزدان بە موسا و هارونی فەرموو: 2 «ئەگەر کەسێک ئاوسانێک، یان لیرێک یان لەکەیەکی بریقەدار لەسەر پێستی لەشی هەبوو، کە گومانی نەخۆشی گواستراوەی پێستی[as] لێ بکرێت، ئەوا ئەو کەسە دەهێنرێتە لای هارونی کاهین، یان یەکێک لە کوڕە کاهینەکانی. 3 ئەگەر کاهینەکە پشکنی زامەکە لە پێستی لەشە و ئەو مووانەی لەناو زامەکەن سپین و زامەکە لە پێستی لەش قووڵترە، ئەوە نەخۆشی گواستراوەی پێستە. کاتێک کاهینەکە پشکنی، بەپێی ڕێوڕەسم ڕایدەگەیەنێت کە گڵاوە. 4 بەڵام ئەگەر لەکەیەکی بریقەداری سپی بوو لە پێستی لەش و لە پێست قووڵتر نەبوو و ئەو مووانەی لەناو لەکەکەن سپی نەببوون، ئەوا کاهینەکە کەسی تووشبوو حەوت ڕۆژ لە خەڵک جیای دەکاتەوە. 5 ئەگەر کاهینەکە لە ڕۆژی حەوتەم پشکنینی بۆ ئەنجام دا و بینی زامەکە وەک خۆیەتی و لە پێستی تەشەنەی نەکردووە، ئەوا کاهینەکە حەوت ڕۆژی دیکەش جیای دەکاتەوە. 6 ئەگەر کاهینەکە دووبارە لە ڕۆژی حەوتەم پشکنینی بۆ ئەنجام دا و بینییەوە و زامەکە کاڵ بووەتەوە و لە پێستی تەشەنەی نەکردووە، ئەوا کاهینەکە ڕایدەگەیەنێت کە پاکە، واتە ئەوە لیرە. ئەو کەسە جلەکانی دەشوات و پاک دەبێت. 7 بەڵام ئەگەر لیرەکە لە پێستی تەشەنەی کرد لەدوای ئەوەی پیشانی کاهینەکە درا بۆ پاککردنەوەی، دەبێت دیسان پیشانی کاهینەکە بدرێتەوە. 8 ئەگەر کاهینەکە پشکنی لیرەکە لە پێستی تەشەنەی کردووە، ئەوا کاهینەکە ڕایدەگەیەنێت کە ئەو کەسە گڵاو بووە، ئەوە نەخۆشییەکی گواستراوەیە.
9 «ئەگەر کەسێک نەخۆشی گواستراوەی پێستی هەبێت، ئەوا دەهێنرێتە لای کاهین. 10 ئەگەر کاهینەکە پشکنینی بۆ ئەنجام دا و بینی ئاوسانێکی سپی لە پێست هەیە و مووی سپی کردووە و لە شوێنی ئاوسانەکە گۆشتی ڕووت بە دەرەوەیە، 11 ئەوا نەخۆشی پێستی درێژخایەنە لە پێستی لەشی، ئیتر کاهینەکە ڕایدەگەیەنێت کە گڵاوە، دوورەپەرێزی ناکات، چونکە گڵاوە.
12 «بەڵام ئەگەر نەخۆشییەکە تەشەنەی کردبێت و هەموو پێستی داگرتبوو، لە سەرییەوە هەتا پێیەکانی، بەگوێرەی هەموو ئەوەی چاوی کاهینەکە دەیبینێت، 13 کاهینەکە پشکنینی بۆ ئەنجام دا و بینی وا نەخۆشییەکە هەموو لەشی داگرتووە، ئەوا ڕایدەگەیەنێت کە تووشبووەکە پاکە، لەو کاتەوە هەمووی سپی بووە، ئەوە پاکە. 14 بەڵام هەر کاتێک گۆشتی ڕووتی تێدا بینی، ئەوا گڵاو دەبێت. 15 کاتێک کاهینەکە گۆشتە ڕووتەکەی بینی، ڕایدەگەیەنێت کە گڵاوە. گۆشتی ڕووت گڵاوە، ئەوا کەسەکە نەخۆشییەکی گواستراوەی هەیە. 16 ئەگەر گۆشتە ڕووتەکە جارێکی دیکە سپی بووبێتەوە، ئەوا دێتەوە لای کاهینەکە. 17 ئینجا کە کاهینەکە پشکنی وا شوێنە تووشبووەکە سپی بووە، کاهینەکە ڕایدەگەیەنێت کە تووشبووەکە پاکە، ئەوا کەسەکە پاکە.
18 «ئەگەر کەسێک لە پێستەکەی دومەڵێک بووبێت و چاک بووبێتەوە، 19 لە شوێنی دومەڵەکەش ئاوسانێکی سپی یان لەکەیەکی بریقەداری سپی سوورباو هەبێت، ئەوا پیشانی کاهینەکە دەدرێت. 20 ئەگەر کاهینەکە پشکنی لە پێست قووڵترە و مووەکانی سپی بووە، ئەوا کاهینەکە ڕایدەگەیەنێت کە گڵاوە. ئەوە نەخۆشی گواستراوەی پێستە کە لە دومەڵەکە بڵاوبووەتەوە. 21 بەڵام ئەگەر کاهینەکە پشکنی مووی سپی تێدا نییە و لە پێست قووڵتر نییە و ڕەنگی ئاساییە، ئەوا کاهینەکە حەوت ڕۆژ جیای دەکاتەوە، 22 بەڵام ئەگەر لە پێست تەشەنەی کردبێت، ئەوا کاهینەکە ڕایدەگەیەنێت کە گڵاوە، ئەوە گواستراوەیە. 23 بەڵام ئەگەر لەکە بریقەدارەکە لە شوێنی خۆی مایەوە و تەشەنەی نەکردووە، ئەوە شوێنەواری دومەڵەکەیە و کاهینەکە ڕایدەگەیەنێت کە پاکە.
24 «ئەگەر کەسێک لە پێستیدا شوێنێکی سووتاوی بە ئاگر هەبێت، گۆشتە ڕووتەکەی شوێنە سووتاوەکە لەکەیەکی بریقەداری سپی سوورباو یان سپی هەبێت، 25 کاهینەکە پشکنی وا مووی لەکە بریقەدارەکە سپی بووە و لە پێست قووڵترە، ئەوە نەخۆشییەکی گواستراوەیە و لە شوێنە سووتاوەکە بڵاوبووەتەوە. کاهینەکە ڕایدەگەیەنێت کە گڵاوە، ئەوە نەخۆشی گواستراوەی پێستە. 26 بەڵام ئەگەر کاهینەکە پشکنی لە لەکە بریقەدارەکە مووی سپی نییە و لە پێست قووڵتر نییە و ڕەنگی ئاساییە، ئەوا کاهینەکە حەوت ڕۆژ جیای دەکاتەوە. 27 کاهینەکە لە ڕۆژی حەوتەم دەیبینێت، ئەگەر بە پێستدا تەشەنەی کردبێت، ئەوا کاهینەکە ڕایدەگەیەنێت کە گڵاوە، ئەوە نەخۆشی گواستراوەی پێستە. 28 بەڵام ئەگەر لەکە بریقەدارەکە لە شوێنی خۆی مایەوە و لە پێست تەشەنەی نەکردبێت و ڕەنگی ئاسایی بوو، ئەوا ئاوسانی سووتانەکەیە، کاهینەکە ڕایدەگەیەنێت کە پاکە، چونکە شوێنەواری سووتانەکەیە.
29 «هەروەها ئەگەر ئافرەتێک یان پیاوێک زامێک لە سەری یان لە چەناگەی هەبێت، 30 کاهینەکە زامەکەی پشکنی وا لە پێست قووڵترە و مووی زەردی وردی تێدایە، ئەوا کاهینەکە ڕایدەگەیەنێت کە گڵاوە، ئەوە کەچەڵییە، ئەوە نەخۆشی گواستراوەی سەر یان چەناگەیە. 31 بەڵام ئەگەر کاهینەکە پشکنی تووشبوون بە کەچەڵییەکە لە پێست قووڵتر نییە، بەڵام مووی ڕەشی تێدا نییە، ئەوا کاهینەکە حەوت ڕۆژ کەسی تووشبوو جیا دەکاتەوە. 32 ئەگەر کاهینەکە لە ڕۆژی حەوتەم کەچەڵییەکەی پشکنی، وا تەشەنەی نەکردووە و مووی زەردی تێدا نییە و کەچەڵییەکە لە پێست قووڵتر نییە، 33 با بتاشرێت، بەڵام کەچەڵییەکە نا، کاهینەکەش حەوت ڕۆژی دیکە کەسی تووشبوو جیا دەکاتەوە. 34 ئەگەر کاهینەکە لە ڕۆژی حەوتەم کەچەڵییەکەی پشکنی، وا کەچەڵییەکە لە پێستدا تەشەنەی نەکردووە و لە پێست قووڵتر نییە، ئەوا کاهینەکە ڕایدەگەیەنێت کە کەسی تووشبوو پاکە، جا جلەکانی دەشوات و پاک دەبێت. 35 بەڵام ئەگەر کەچەڵییەکە لە پێستدا تەشەنەی کردبێت لەدوای ئەوەی ڕاگەیەنرا کە پاکە، 36 کاهینەکەش پشکنی وا کەچەڵییەکە لە پێست تەشەنەی کردووە، ئەوا کاهینەکە لەدوای مووی زەرد ناگەڕێت، ئەوە گڵاوە. 37 بەڵام ئەگەر وەک خۆی مایەوە و مووی ڕەشی تێدا ڕوا، ئەوا کەچەڵییەکە چاک بووەتەوە، ئەوە پاکە و کاهینەکە ڕایدەگەیەنێت کە پاکە.
38 «ئەگەر پیاوێک یان ئافرەتێک لە پێستیدا لەکەی سپی هەبوو، 39 کاهینەکەش پشکنی ئەوا لە پێستی لەشی لەکەی ڕەنگ ئاسایی سپی هەیە، ئەوە لیری بێ زیانە، لە پێستدا تەشەنەی کردووە، ئەوا کەسەکە پاکە.
40 «ئەگەر کەسێک مووی سەری ڕووتایەوە، ئەوە کەچەڵە، ئەو پاکە. 41 ئەگەر مووی سەری لەلای پێشەوە ڕووتایەوە، ئەوە سەر ڕووتاوە، ئەو پاکە. 42 بەڵام ئەگەر لە کەچەڵییەکە یان ڕووتاوییەکە لەکەی سپی سوورباو هەبوو، ئەوا نەخۆشی گواستراوەیە و لە کەچەڵییەکەی یان ڕووتاوییەکەی تەشەنەی کردووە. 43 ئەگەر کاهینەکە ئەوەی پشکنی و بینی وا ئاوساوی تووشبوونەکە سپی سوورباوە لە کەچەڵییەکەی یان لە ڕووتاوییەکەی وەک نەخۆشی گواستراوەی پێست، 44 ئەوە کەسێکی نەخۆش و گڵاوە. کاهینەکەش ڕایدەگەیەنێت کە گڵاوە، سەری تووش بووە.
45 «ئەو کەسە تووش بووە، جلی دڕاو لەبەر دەکات و سەری دانەپۆشراو دەبێت و سمێڵی دادەپۆشێت و هاوار دەکات: ”گڵاو! گڵاو!“ 46 هەموو ئەو ڕۆژانەی نەخۆشییەکەی پێوەیە گڵاو دەبێت، گڵاوە و بە تەنها دەژیێت، دەرەوەی ئۆردوگا دەبێتە جێی مانەوەی.
ڕێنمایی سەبارەت بە کەڕوولێدان
47 «بەڵام ئەگەر جلوبەرگێک کەڕوو لێی دابوو، جلوبەرگی خوری یان کەتان، 48 ئەوەی ڕستراو بێت یان چنراو، لە کەتان و لە خوری، یان لە چەرم[at]، یان لە هەر دروستکراوێک لە چەرم، 49 لێدانەکەش[au] سەوزباو یان سوورباو بوو، لە جلەکە یان لە چەرمەکە، لە ڕستراو یان لە چنراو یان لە هەر شتێک لە چەرم بێت، ئەوە لێدانی کەڕووە، جا پیشانی کاهین دەدرێت. 50 کاهینەکەش کەڕووەکە دەپشکنێت و لێدراوە تووشبووەکە حەوت ڕۆژ جیا دەکاتەوە. 51 جا کە لە ڕۆژی حەوتەم لێدانەکەی پشکنی وا لە جلەکە بڵاوبووەتەوە، لە ڕستراو یان لە چنراو یان لە چەرم، لە هەموو ئەوانەی لە چەرم دروستدەکرێت بۆ بەکارهێنان، ئەوا لێدانەکە کەڕووە و زیان بەخشە، گڵاوە. 52 جا جلەکە یان ڕستراوەکە یان چنراوەکە لە خوری بێت یان کەتان یان لە هەر شتێکی چەرم دەیسووتێنێت، ئەوەی لێدانەکەی تێدایە، چونکە کەڕووی زیان بەخشە بە ئاگر دەسووتێنرێ.
53 «بەڵام ئەگەر کاهینەکە پشکنی وا کەڕووەکە لە جلەکە یان ڕستراوەکە یان چنراوەکە یان شتە چەرمەکە بڵاونەبووەتەوە، 54 ئەوا کاهینەکە فەرمان دەدات ئەوەی لێدانەکەی تێدایە بشۆن و حەوت ڕۆژی دیکە جیای دەکاتەوە. 55 ئەگەر کاهینەکە دوای شوشتنی لێدانەکە پشکنی کەڕووەکە دیمەنی نەگۆڕاوە و بڵاونەبووەتەوە، ئەوا گڵاوە. دەبێت بە ئاگر بیسووتێنیت، جا لەناوەوەی بێت یان لە دەرەوەی. 56 بەڵام ئەگەر کاهینەکە پشکنی شوێنی کەڕووەکە ڕەنگی ئاساییە پاش شوشتنی، ئەوا لە جلەکە یان چەرمەکە، ڕستراوەکە یان چنراوەکە دەیدڕێنێت. 57 بەڵام ئەگەر لە جلەکە، لە ڕستراوەکە یان چنراوەکە یان لە شتە چەرمەکە دەرکەوتەوە، ئەوا بڵاوبووەتەوە، ئەوەی کەڕووەکەی تێدایە بە ئاگر دەیسووتێنێت. 58 بەڵام هەر جلێک، ڕستراو یان چنراو، یان شتێکی چەرم، ئەوەی دەیشۆیت و کەڕووەکەی تێدا نامێنێت، ئەوا دووبارە دەشۆردرێتەوە و پاک دەبێتەوە.»
59 ئەوانە ڕێنماییەکان بوون دەربارەی کەڕوولێدان، لە جلی خوری یان لە کەتان، لە ڕستراو یان لە چنراو یان هەر شتێکی چەرم، بۆ ڕاگەیاندن کە پاکە یان گڵاوە.
پاکبوونەوە لە نەخۆشی گواستراوەی پێست
14 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: 2 «ئەمانە ڕێنماییەکانن دەربارەی ڕێوڕەسمی[av] پاکبوونەوە. کاتێک نەخۆشەکە دەهێنرێتە لای کاهین، 3 کاهینەکەش دەچێتە دەرەوەی ئۆردوگاکە، جا ئەگەر کاهینەکە پشکنی کەسەکە چاک بووەتەوە لە نەخۆشی گواستراوەی پێست، 4 کاهینەکە فەرمان دەدات کە دوو چۆلەکەی زیندووی پاک بۆ ئەو کەسەی کە پاک دەبێتەوە ببەن لەگەڵ پارچە دارێکی ئورز و بەنی سووری ئاڵ و زوفا. 5 ئینجا کاهینەکە فەرمان دەدات کە یەکێک لە چۆلەکەکان لە گۆزەیەکی گڵین لەسەر ئاوێکی سازگار سەرببڕدرێت. 6 بەڵام چۆلەکە زیندووەکە لەگەڵ پارچە دارە ئورزەکە و بەنە سوورە ئاڵەکە و زوفاکە دەبات و دەیانخاتە ناو خوێنی چۆلەکە سەربڕدراوەکەی سەر ئاوە سازگارەکە. 7 حەوت جار بەسەر ئەو کەسەدا دەیپرژێنێت کە لە نەخۆشییە گواستراوەکە پاک دەبێتەوە و پاکی دەکاتەوە، ئینجا چۆلەکە زیندووەکە ڕووەو دەشتودەر بەڕەڵا دەکات.
8 «جا ئەو کەسەی کە پاک دەبێتەوە پێویستە جلەکانی بشوات و هەموو مووی لەشی بتاشێت و بە ئاو خۆی بشوات. ئەو کاتە بەپێی ڕێوڕەسم پاک دەبێتەوە، ئینجا دێتە ناو ئۆردوگاکەوە، بەڵام حەوت ڕۆژ لە دەرەوەی چادرەکەی نیشتەجێ دەبێت. 9 لە ڕۆژی حەوتەم سەری و ڕیشی و برۆکانی و هەموو مووەکانی دەتاشێت، پێویستە جلەکانیشی بشوات و خۆی بە ئاو بشوات، جا پاک دەبێتەوە.
10 «ئینجا لە ڕۆژی هەشتەمدا دوو بەرخی نێری ساغ و بەرخێکی مێیەی یەک ساڵەی ساغ دەهێنێت، لەگەڵ سێ لە دەی ئێفەیەک[aw] لە باشترین ئاردی پێشکەشکراوی دانەوێڵە کە بە زەیت شێلرابێت و هەروەها لۆگێک[ax] زەیت. 11 جا ئەو کاهینەی بە پاککردنەوەکە هەڵدەستێت، کەسە پاکبووەوەکە لەگەڵ قوربانی و پێشکەشکراوەکانی لەبەردەم یەزدان، لەلای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن ڕادەگرێت.
12 «ئینجا کاهینەکە یەکێک لە بەرخە نێرەکان دەبات و وەک قوربانی تاوان پێشکەشی دەکات لەگەڵ لۆگە زەیتەکە، لەبەردەم یەزدان بەرزی دەکاتەوە، وەک قوربانی بەرزکردنەوە. 13 بەرخەکەش لەو شوێنە سەردەبڕێت کە قوربانی گوناه و قوربانی سووتاندنی تێدا سەردەبڕدرێت، لە پیرۆزگا، چونکە قوربانی تاوان وەک قوربانی گوناه بۆ کاهینە و هەرەپیرۆزە. 14 ئینجا کاهینەکە لە خوێنی قوربانییەکەی تاوان دەبات و لە شلکەی گوێی ڕاستە و پەنجە گەورەی دەستی ڕاست و پەنجە گەورەی پێی ڕاستەی ئەو کەسەی دەدات کە پاک دەبێتەوە. 15 پاشان کاهینەکە لە لۆگە زەیتەکە هەندێک دەبات و دەیکاتە ناو لەپی دەستی چەپی خۆی، 16 ئینجا کاهینەکە پەنجەیەکی دەستی ڕاستی دەکاتە ناو ئەو زەیتەی ناو لەپی دەستی چەپییەتی و حەوت جار بە پەنجەی زەیتەکە لەبەردەم یەزدان دەپرژێنێت. 17 ئەوەی دەمێنێتەوە لەو زەیتەی ناو لەپی دەستی، کاهینەکە لە شلکەی گوێی ڕاستە و پەنجە گەورەی دەستی ڕاست و پەنجە گەورەی پێی ڕاستی ئەو کەسەی دەدات کە پاک دەبێتەوە، لەسەر خوێنەکەی قوربانی تاوان. 18 ئەوەی دەشمێنێتەوە لەو زەیتەی ناو لەپی دەستی، دەیکات بەسەر سەری ئەو کەسەی کە پاک دەبێتەوە و کاهینەکە لەبەردەم یەزدان کەفارەتی بۆ دەکات.
19 «ئینجا کاهینەکە قوربانی گوناه دەکات و بۆ ئەو کەسەی کە لە گڵاوییەکەی پاک دەبێتەوە کەفارەت دەکات و پاشان قوربانی سووتاندنەکە سەردەبڕێت. 20 دواتر کاهینەکە قوربانی سووتاندنەکە و پێشکەشکراوی دانەوێڵە بۆ سەر قوربانگاکە سەردەخات و کەفارەتی بۆ دەکات، جا پاک دەبێتەوە.
21 «بەڵام ئەگەر هەژار و دەستکورت بوو، ئەوا یەک بەرخی نێر دەبات وەک قوربانی تاوان ڕادەوەشێنرێت، بۆ کەفارەتکردن بۆی، لەگەڵ دەیەکێکی ئێفەیەک[ay] لە باشترین ئاردی بە زەیت شێلراو بۆ پێشکەشکراوی دانەوێڵە و لۆگێک زەیت، 22 هەروەها دوو کوکوختی یان دوو بێچووە کۆتر، بەپێی توانای دەستی، جا یەکێکیان دەبێتە قوربانی گوناه و ئەوەی دیکە قوربانی سووتاندن.
23 «لە ڕۆژی هەشتەمدا دەیهێنێتە لای کاهینەکە بۆ پاکبوونەوەی، بۆ لای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن لەبەردەم یەزدان. 24 جا کاهینەکە بەرخەکەی بۆ قوربانی تاوان و لۆگە زەیتەکە دەبات و لەبەردەم یەزدان بەرزی دەکاتەوە وەک قوربانی بەرزکردنەوە. 25 ئینجا بەرخەکە بۆ قوربانی تاوان سەردەبڕێت و کاهینەکە لە خوێنی قوربانییەکەی تاوان لە شلکەی گوێی ڕاستە و پەنجە گەورەی دەستی ڕاست و پەنجە گەورەی پێی ڕاستی ئەو کەسەی دەدات کە پاک دەبێتەوە. 26 ئینجا کاهینەکە هەندێک لە زەیتەکە لەناو لەپی دەستی چەپی خۆی دەکات، 27 کاهینەکە بە پەنجەیەکی دەستە ڕاستی لەو زەیتەی لە لەپی دەستی چەپیدایە حەوت جار لەبەردەم یەزدان دەیپرژێنێت. 28 هەروەها کاهینەکە لەو زەیتەی لەناو لەپیەتی، لە شلکەی گوێی ڕاست و پەنجە گەورەی دەستی ڕاست و پەنجە گەورەی پێی ڕاستی ئەو کەسەی دەدات کە پاک دەبێتەوە، لە شوێنی خوێنەکەی قوربانی تاوان. 29 ئەوەی دەمێنێتەوە لەو زەیتەی ناو لەپی کاهینەکە، بەسەر سەری ئەو کەسەی دادەکات کە پاک دەبێتەوە بۆ کەفارەتکردن بۆی لەبەردەم یەزدان. 30 ئینجا یەکێک لە دوو کوکوختییەکە یان یەکێک لە دوو بێچووە کۆترەکان، ئەوەی لە توانای دەستییەتی، 31 یەکێکیان دەکاتە قوربانی گوناه و ئەوی دیکە قوربانی سووتاندن لەگەڵ پێشکەشکراوەکەی دانەوێڵە، کاهینەکە لەبەردەم یەزدان کەفارەت بۆ ئەو کەسە دەکات کە پاک دەبێتەوە.»
32 ئەوە ڕێنماییە بۆ ئەو کەسەی نەخۆشی گواستراوەی پێستی هەبێت، ئەوەی دەستکورت بێت بۆ پاکبوونەوەکەی.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.