Bible in 90 Days
چەوساندنەوەی نەوەی ئیسرائیل
1 ئەمانە ناوی کوڕەکانی ئیسرائیلن کە لەگەڵ یاقوب چوونە میسر، هەریەک لەگەڵ خێزانەکەی: 2 ڕەئوبێن، شیمۆن، لێڤی و یەهودا، 3 یەساخار، زەبولون و بنیامین، 4 دان و نەفتالی، گاد و ئاشێر. 5 هەموو وەچەکانی یاقوب حەفتا[a] کەس بوون، بێجگە لە یوسف کە لە میسر بوو.
6 یوسف و هەموو براکانی و هەموو ئەو نەوەیە مردن، 7 بەڵام نەوەی ئیسرائیل بەردار بوون، زۆر زیاد بوون و زۆر و توانادارتر بوون، خاکەکە پڕ بوو لەوان.
8 ئینجا لە میسر پاشایەکی نوێ هاتە سەر تەخت کە یوسفی نەدەناسی. 9 بە گەلەکەی گوت: «تەماشا بکەن، نەوەی ئیسرائیل گەلێکن لە ئێمە زۆرتر و بەتواناترن. 10 وەرن با دانا بین، نەوەک زۆرتریش ببن، کاتێک بکەوینە جەنگەوە، ئەوان بچنە پاڵ دوژمنەکانمان و لە دژمان بجەنگن و ئەم خاکە بەجێبهێڵن.»
11 ئیتر سەرکاری بێگارییان لەسەر دانان، بۆ ئەوەی بە بارگرانییەکەیان زەلیلیان بکەن، هەروەها شارەکانی پیتۆم و ڕەعمسێسیان بۆ ئەمبارکردن بۆ فیرعەون بنیاد نا. 12 بەڵام هەرچەندە زەلیلیان دەکردن ئەوەندە گەشەیان دەکرد و بەربڵاو دەبوون، ئیتر لەبەر ئەوە میسرییەکان بەرامبەر بە نەوەی ئیسرائیل ترسیان لێ نیشت. 13 میسرییەکان بە زەبرەوە کۆیلایەتییان بە نەوەی ئیسرائیل دەکرد. 14 ژیانیان تاڵ کردن بە کۆیلایەتییەکی سەخت، بە قوڕکاری و خشت دروستکردن و هەموو جۆرە کارێکی کێڵگە، هەموو کارێک کە پێیان دەکردن بە زەبرەوە بوو.
15 پاشای میسر بە دوو مامانی ژنە عیبرانییەکانی گوت، کە ناوی یەکێکیان شیفرە و ئەوی دیکەیان پوعە[b] بوو، 16 گوتی: «کاتێک مامانی بۆ ژنە عیبرانییەکان دەکەن لە شوێنی منداڵبوون، تەماشایان بکەن، ئەگەر کوڕ بێت بیکوژن، بەڵام ئەگەر کچ بێت با بژیێت.» 17 بەڵام مامانەکان لە خودا ترسان و ئەوەیان نەکرد کە پاشای میسر پێی گوتبوون، هێشتیان کوڕەکان بژین. 18 دواتر پاشای میسر مامانەکانی بانگکرد و لێی پرسین: «بۆچی ئەمەتان کردووە؟ بۆ هێشتتان کوڕەکان بژین؟»
19 مامانەکانیش وەڵامی فیرعەونیان دایەوە: «چونکە ژنە عیبرانییەکان وەک ژنە میسرییەکان نین، ئەوان گورجوگۆڵن و پێش گەیشتنی مامان منداڵیان دەبێت.»
20 ئیتر خودا لەگەڵ مامانەکان باش بوو، گەلیش زۆر و بە توانا بوون. 21 ئەوە بوو کە مامانەکان لە خودا ترسان، خوداش خێزانی پێ بەخشین.
22 ئینجا فیرعەون فەرمانی بە هەموو گەلەکەی دا و گوتی: «هەر کوڕێکی عیبرانی کە لە دایک دەبێت، فڕێیبدەنە ناو ڕووباری نیل، بەڵام با هەموو کچەکان بژین.»
لەدایکبوونی موسا
2 پیاوێک لە بنەماڵەی لێڤی کچێکی لێڤی هێنا. 2 ژنەکە سکی پڕ بوو و کوڕێکی بوو، کە بینی منداڵەکە جوانە، سێ مانگ شاردییەوە. 3 بەڵام کاتێک نەیتوانی لەوە زیاتر بیشارێتەوە، سەبەتەیەکی لە زەل دروستکراوی هێنا و بە قیڕ و زفت سواخی دا و کوڕەکەی لەناو دانا، ئینجا لە کەناری نیل لەناو قامیشەڵان داینا. 4 خوشکی منداڵەکەش لە دوورەوە وەستا بۆ ئەوەی بزانێت چی لێدێت.
5 کچی فیرعەونیش بۆ خۆشوشتن هاتە خوارەوە بۆ سەر ڕووباری نیل و کەنیزەکانیشی لەسەر کەناری نیل هاتوچۆیان دەکرد، سەبەتەکەی لەناو قامیشەڵانەکە بینی و کچە خزمەتکارەکەی نارد هەتا بیهێنێت. 6 ئەویش کردییەوە و تەماشای منداڵەکەی کرد، بینی کوڕێکە و دەگریێ، بەزەیی پێدا هاتەوە و گوتی: «ئەمە یەکێکە لە منداڵی عیبرانییەکان.»
7 خوشکی منداڵەکەش لە کچی فیرعەونی پرسی: «ئایا بچم ژنێکی شیردەرت بۆ بانگ بکەم لە عیبرانییەکان بۆ ئەوەی شیر بدات بە منداڵەکە؟»
8 کچی فیرعەونیش وەڵامی دایەوە: «بڕۆ.» کچە عازەبەکەش چوو دایکی منداڵەکەی بانگکرد. 9 کچی فیرعەونیش پێی گوت: «ئەم منداڵە ببە و شیری بدە بۆم، منیش کرێیەکەت دەدەمێ.» ژنەش منداڵەکەی برد و شیری دایێ. 10 کاتێک منداڵەکە گەورە بوو، بۆ کچی فیرعەونی هێنایەوە، ئیتر بوو بە کوڕی ئەو و ناوی لێنا «موسا[c]»، گوتی: «چونکە لەناو ئاو هەڵمگرتووەتەوە.»
هەڵاتنی موسا بەرەو میدیان
11 کاتێک موسا گەورە بوو، ڕۆژێک لە ڕۆژان چووە دەرەوە بۆ لای براکانی و سەیری بارگرانییەکانی کرد، بینی پیاوێکی میسری لە پیاوێکی عیبرانی دەدات، کە لە براکانییەتی. 12 ئەویش تەماشای ئەم لا و ئەو لای کرد و بینی کەسی لێ نییە، ئیتر میسرییەکەی کوشت و لەناو لم شاردییەوە. 13 بۆ ڕۆژی دووەم چووە دەرەوە و بینی دوو پیاوی عیبرانی شەڕ دەکەن. لە خەتابارەکەی پرسی: «بۆچی لە هاوەڵەکەت دەدەیت؟»
14 ئەویش گوتی: «کێ تۆی کردووە بە گەورە و دادوەر بەسەرمانەوە؟ ئایا دەتەوێ بمکوژیت هەروەک میسرییەکەت کوشت؟» جا موسا ترسا و گوتی: «بێگومان ئەم کارە زانراوە!»
15 کاتێک فیرعەون گوێی لەمە بوو، هەوڵی دا موسا بکوژێت، بەڵام موسا لە دەست فیرعەون هەڵات و لە خاکی میدیان جێگیر بوو، لەلای بیرێک دانیشت. 16 کاهینی میدیانیش حەوت کچی هەبوو، هاتن و ئاویان هەڵکێشا، ئاخوڕەکانیان پڕکرد بۆ ئاودانی مەڕەکانی باوکیان. 17 لەو کاتەدا شوان هاتن و دەریانکردن، بەڵام موسا هەستا و فریایان کەوت و مەڕەکانی ئاودان.
18 کچەکانیش هاتنە لای ڕەعوئێلی[d] باوکیان، ئەویش لێی پرسین: «بۆچی ئەمڕۆ زوو هاتنەوە؟»
19 ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «پیاوێکی میسری فریامان کەوت لە دەست شوانەکان، هەروەها ئاوی بۆ کێشاین و مەڕەکانیشی ئاو دا.»
20 ئەویش بە کچەکانی گوت: «ئەی لەکوێیە؟ بۆ پیاوەکەتان بەجێهێشت؟ بانگهێشتی بکەن با نان بخوات.»
21 موسا ڕازی بوو لەگەڵ ئەو پیاوە بمێنێتەوە. ئەویش چیپۆرەی کچی دایە موسا. 22 چیپۆرەش کوڕێکی بوو، موساش ناوی لێنا گێرشۆم، چونکە گوتی: «نامۆ بووم لە خاکی بێگانە.»
23 ئەوە بوو لەو ماوە درێژە، پاشای میسر مرد. نەوەی ئیسرائیلیش ئاهیان هەڵکێشا لە دەست کۆیلایەتی و هاواریان کرد بۆ یارمەتی، گریانەکەیان بەهۆی کۆیلایەتییەوە بۆ خودا بەرزبووەوە. 24 خوداش گوێی لە ناڵەیان بوو، خودا پەیمانەکەی خۆی لەیاد بوو لەگەڵ ئیبراهیم[e] و ئیسحاق و یاقوب. 25 ئیتر خودا ڕوانییە نەوەی ئیسرائیل و بایەخی پێدان.
موسا و ئاگرێک لەناو دەوەنێک
3 موسا بووە شوانی مەڕەکانی یەترۆی خەزووری، کە کاهینی میدیان بوو. مەڕەکانی بردە ئەوپەڕی دەشتودەرەکە هەتا گەیشتە کێوی خودا، «حۆرێڤ». 2 لەوێ لەناو گڕی ئاگرێک لە دەوەنێک فریشتەی یەزدانی بۆ دەرکەوت. کە موسا تەماشای کرد بینی وا دەوەنەکە گڕی گرتووە، کەچی دەوەنەکە ناسووتێت. 3 موسا گوتی: «لادەدەم و تەماشای ئەو دیمەنە مەزنە دەکەم. بۆچی دەوەنەکە ناسووتێت؟»
4 کاتێک یەزدان بینی کە موسا لایدا بۆ ئەوەی تەماشا بکات، خودا لەناو دەوەنەکەوە بانگی کرد و فەرمووی: «موسا. موسا.»
ئەویش گوتی: «ئەوەتام.»
5 فەرمووی: «نزیکی ئێرە مەکەوە. پێڵاوەکانت لە پێت دابکەنە، چونکە ئەو شوێنەی تۆ لەسەری وەستاویت خاکێکی پیرۆزە.» 6 ئینجا فەرمووی: «من خودای باوکتم، خودای ئیبراهیم و خودای ئیسحاق و خودای یاقوبم.» موسا ڕووی خۆی داپۆشی، چونکە دەترسا تەماشای خودا بکات.
7 یەزدان فەرمووی: «بەڕاستی من زەلیلی گەلەکەمم لە میسر بینی، هەروەها گوێم لە هاواریان بوو لەبەر سەرکارەکانیان، چونکە بە ئازارەکانیانم زانی. 8 ئەوا هاتمە خوارەوە بۆ ئەوەی فریایان بکەوم لە دەست میسرییەکان و لەو خاکەوە بیانبەم بۆ خاکێکی باش و فراوان، بۆ خاکێک شیر و هەنگوینی لێ دەڕژێت، بۆ شوێنی کەنعانییەکان، حیتییەکان، ئەمورییەکان، پریزییەکان، حیڤییەکان و یەبوسییەکان. 9 ئێستا هاواری نەوەی ئیسرائیل گەیشتە لام و هەروەها ئەو چەوسانەوەیەم بینی کە میسرییەکان دەیانچەوساندنەوە. 10 ئێستاش بڕۆ و دەتنێرم بۆ لای فیرعەون و گەلەکەی خۆم، نەوەی ئیسرائیل لە میسر بهێنە دەرەوە.»
11 بەڵام موسا بە خودای گوت: «من کێم هەتا بچمە لای فیرعەون و نەوەی ئیسرائیل لە میسر بهێنمە دەرەوە؟»
12 ئەویش فەرمووی: «من لەگەڵت دەبم، ئەمەش دەبێتە نیشانە بۆت کە من تۆم ناردووە، کاتێک گەل لە میسرەوە دەردەهێنیت، ئێوە لەسەر ئەم کێوە خودا دەپەرستن.»
13 موساش بە خودای گوت: «من وا دەچمە لای نەوەی ئیسرائیل و پێیان دەڵێم ”خودای باپیرانتان منی بۆ ئێوە ناردووە.“ ئەگەر پێم بڵێن: ”ناوی چییە،“ بڵێم چی؟»
14 خوداش بە موسای فەرموو: «من هەم ئەوەی کە هەم.» هەروەها فەرمووی: «ئاوا بە نەوەی ئیسرائیل دەڵێیت: ”’هەم‘ منی بۆ ئێوە ناردووە.“»
15 هەروەها خودا بە موسای فەرموو: «ئاوا بە نەوەی ئیسرائیل دەڵێیت: ”یەزدان[f]، پەروەردگاری باوکانتان، خودای ئیبراهیم و خودای ئیسحاق و خودای یاقوب منی بۆ ئێوە ناردووە.“ هەتاهەتایە ئەمە ناومە و ئەمەش دێتەوە یادتان، نەوە دوای نەوە.
16 «بڕۆ و پیرانی ئیسرائیل کۆبکەرەوە و پێیان بڵێ: ”یەزدان، پەروەردگاری باوکانتان، خودای ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب بۆم دەرکەوت، فەرمووی، بەڕاستی ئێوە و ئەوەی لە میسردا بەسەرتان هاتووە بەسەرم کردووەتەوە. 17 هەروەها بەڵێنم داوە، لە زەلیلی میسر سەرتان بخەم و بتانبەم بۆ خاکی کەنعانی و حیتی و ئەموری و پریزی و حیڤی و یەبوسییەکان، بۆ خاکێک شیر و هەنگوینی لێ دەڕژێت.“
18 «پیرانی ئیسرائیل گوێ لە قسەکانت دەگرن. ئەو کاتە تۆ و پیرانی ئیسرائیل دەچنە لای پاشای میسر و پێی دەڵێن: ”یەزدان، پەروەردگاری عیبرانییەکان بەسەریکردینەوە، ئێستاش سێ ڕۆژەڕێ دەڕۆین لە دەشتودەر قوربانی بۆ یەزدانی پەروەردگارمان سەردەبڕین.“ 19 بەڵام دەزانم پاشای میسر ناهێڵێت بڕۆن، تاوەکو بە دەستێکی بەهێز ناچار نەکرێت. 20 ئیتر من دەستم درێژ دەکەم و بە هەموو کارە سەرسوڕهێنەرەکانم لە میسر دەدەم کە لەنێویان دەیکەم، دوای ئەوە دەهێڵێت بڕۆن.
21 «ئەم گەلەش لەبەرچاوی میسرییەکان ڕێزدار دەکەم، هەتا کاتی ڕۆیشتن بە دەستبەتاڵی نەڕۆن. 22 بەڵکو هەر ژنێک لە دراوسێکەی یاخود لەوەی لە ماڵەکەیدا دەژیێت، کەلوپەلی زیو و کەلوپەلی زێڕ و جلوبەرگ داوا دەکات و لەبەر کوڕ و کچەکانتانی دەکەن و میسرییەکان تاڵان دەکەن.»
نیشانە بۆ موسا
4 موسا وەڵامی دایەوە و گوتی: «گریمان بڕوایان پێ نەکردم و گوێیان لە قسەکانم نەگرت، بەڵکو بڵێن ”یەزدان بۆت دەرنەکەوتووە.“»
2 یەزدانیش پێی فەرموو: «ئەوە چییە لە دەستت؟»
ئەویش گوتی: «گۆچان.»
3 فەرمووی: «فڕێیبدە سەر زەوی.»
ئەویش فڕێیدایە سەر زەوی و بوو بە مار. ئیتر موسا لەبەری هەڵات. 4 ئینجا یەزدان بە موسای فەرموو: «دەست درێژبکە و کلکی بگرە.» جا دەستی درێژکرد و گرتی، بووەوە بە گۆچان لە دەستی. 5 «بۆ ئەوەی بڕوا بکەن کە یەزدان بۆت دەرکەوتووە، خودای باوکانیان، خودای ئیبراهیم و خودای ئیسحاق و خودای یاقوب.»
6 هەروەها یەزدان پێی فەرموو: «دەستت بخەرە ناو باخەڵت.» ئەویش دەستی خستە ناو باخەڵی و دەریهێنایەوە، بینی دەستی گول[g] بووە، وەک بەفرە.
7 ئینجا فەرمووی: «دەستت بخەرەوە ناو باخەڵت.» ئەویش دەستی خستەوە ناو باخەڵی، ئینجا لەناو باخەڵی دەریهێنایەوە، بینی وەک هەموو بەشەکانی لەشی لێهاتووەتەوە.
8 «بەم شێوەیە ئەگەر بڕوایان پێ نەکردیت و گرنگی بە نیشانەی یەکەم نەدا، ئەوا گرنگی بە نیشانەی دووەم دەدەن. 9 بەڵام ئەگەر بڕوایان بەو دوو نیشانەیە نەکرد و گوێیان لە قسەکانت نەگرت، ئەوا تۆ هەندێک لە ئاوی نیل دەبەیت و لەسەر وشکانی دەیڕێژیت، ئیتر ئەو ئاوەی لە نیلەوە دەیبەیت، لەسەر وشکانی دەبێتە خوێن.»
10 موسا بە یەزدانی گوت: «ئەی پەروەردگار، من پیاوی قسە نیم، نە لە ڕابردوو و نە لەو کاتەوەی لەگەڵ خزمەتکارەکەت دوایت. بەڵکو من دەم گران و زمان گرانم.»
11 یەزدانیش پێی فەرموو: «کێ دەمی بۆ مرۆڤ دروستکردووە، یان کێ لاڵ یان کەڕ، بینا یان نابینای دروستکردووە، ئایا منی یەزدان نیم؟ 12 ئێستا بڕۆ، منیش لەگەڵ زمانت دەبم و ئەوەت فێر دەکەم کە پێی دەدوێیت.»
13 بەڵام ئەو گوتی: «ئەی پەروەردگار ببورە، کەسێکی دیکە بنێرە.»
14 تووڕەیی یەزدان بەسەر موسادا جۆشا و فەرمووی: «ئایا هارونی لێڤی برات نییە، دەزانم ئەو قسەزانە، هەروەها ئەو ئێستا وا لە ڕێگایە بۆ پێشوازیت، کاتێک دەتبینێت دڵخۆش دەبێت. 15 لەگەڵی دەدوێیت و وتەکانم دەخەیتە سەر زمانی، منیش لەگەڵ زمانی تۆ و زمانی ئەو دەبم و فێرتان دەکەم چی بکەن. 16 ئەو لە جیاتی تۆ لەگەڵ گەل دەدوێت، ئەو بۆ تۆ وەک دەم دەبێت و تۆش بۆ ئەو وەک خودا. 17 ئەم گۆچانەش کە نیشانەکانی پێدەکەیت، لە دەستت دەیگریت.»
گەڕانەوە موسا بۆ میسر
18 ئینجا موسا چوو و گەڕایەوە لای یەترۆی خەزووری، پێی گوت: «من دەڕۆم و دەگەڕێمەوە لای براکانی خۆم کە لە میسرن، بۆ ئەوەی ببینم ئایا هێشتا زیندوون.»
یەترۆش بە موسای گوت: «بڕۆ بە سەلامەتی.»
19 یەزدان لە میدیان بە موسای فەرمووبوو: «بڕۆ و بگەڕێوە بۆ میسر، چونکە هەموو ئەوانەی بەدوای کوشتنتدا دەگەڕان مردن.» 20 ئیتر موسا ژنەکەی و منداڵەکانی هەڵگرت و سواری گوێدرێژی کردن و بردنی و گەڕایەوە بۆ خاکی میسر. موسا گۆچانەکەی خوداشی لە دەستی گرت.
21 یەزدان بە موسای فەرموو: «کاتێک دەگەڕێیتەوە میسر، سەرنج بدە هەموو پەرجووەکان[h] کە لە دەستی تۆم داناوە و لەبەردەم فیرعەون ئەنجامیان بدە، بەڵام من دڵی ڕەق دەکەم بۆ ئەوەی نەهێڵێت گەلەکە بڕۆن. 22 بە فیرعەون دەڵێیت: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: نەوەی ئیسرائیل کوڕە نۆبەرەمە، 23 پێم فەرمووی، ’بهێڵە کوڕەکەم بچێت بۆ ئەوەی بمپەرستێت.‘ بەڵام تۆ ڕازی نەبوویت بهێڵیت بڕوات، من وا کوڕەکەت، نۆبەرەکەت دەکوژم.“»
24 ئەوە بوو لە ڕێگا، لەو شوێنەی بۆ شەومانەوە لێی وەستان، یەزدان تووشی هات[i] و ویستی بیکوژێت. 25 بەڵام چیپۆرە بەردەئەستێیەکی هەڵگرت و کوڕەکەی خەتەنە کرد و پارچە گۆشتەکەی لە پێیەکانی[j] دا، گوتی: «چونکە تۆ زاوای خوێنی بۆ من.» 26 ئیتر یەزدان وازی لێ هێنا، لەو کاتەش چیپۆرە گوتی، «زاوای خوێن،» لەبەر خەتەنەکردنەکە.
27 یەزدان بە هارونی فەرموو: «بڕۆ چۆڵەوانی بۆ پێشوازی موسا.» ئەویش چوو و لە کێوی خودا تووشی بوو و ماچی کرد. 28 ئیتر موسا هەموو فەرمایشتەکانی یەزدانی بە هارون ڕاگەیاند کە موسای ناردبوو بۆی، هەروەها هەموو ئەو نیشانانەی فەرمانی پێدابوو.
29 موسا و هارون چوون و هەموو پیرانی نەوەی ئیسرائیلیان کۆکردەوە. 30 هارون هەموو فەرمایشتەکانی یەزدان کە بە موسای فەرمووبوو پێی ڕاگەیاندن و لەبەرچاوی گەل نیشانەکانی کرد. 31 ئیتر گەل باوەڕیان هێنا، کاتێک گوێیان لێبوو یەزدان نەوەی ئیسرائیلی بەسەرکردووەتەوە و تەماشای زەلیلییەکەیانی کردووە، دانەوینەوە و کڕنۆشیان برد.
دروستکردنی خشتی قوڕ بەبێ کا
5 دواتر موسا و هارون هاتن و بە فیرعەونیان گوت: «یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل وا دەفەرموێت: ”بهێڵە گەلەکەم بڕۆن، بۆ ئەوەی لە چۆڵەوانی جەژنم بۆ بگێڕن.“»
2 فیرعەونیش گوتی: «یەزدان کێیە هەتا گوێ لە قسەی بگرم و بهێڵم ئیسرائیل بڕۆن؟ یەزدان ناناسم و هەروەها ناهێڵم نەوەی ئیسرائیل بڕۆن.»
3 ئەوانیش گوتیان: «خودای عیبرانییەکان بەسەری کردینەوە، سێ ڕۆژەڕێ لە چۆڵەوانی دەڕۆین و قوربانی بۆ یەزدانی پەروەردگارمان سەردەبڕین، نەوەک تووشی دەرد یان شمشێرمان بکات.»
4 بەڵام پاشای میسر پێی گوتن: «موسا و هارون، بۆچی گەل لە ئیش دەکەن؟ بڕۆن بەلای بارگرانییەکەتانەوە.» 5 هەروەها فیرعەون گوتی: «ئەوەتا ئێستا گەلی خاکەکە زۆرن و ئێوە لە بارگرانییەکەیان دەیانحەسێننەوە.»
6 هەر لەو ڕۆژە فیرعەون فەرمانی دا بەوانەی بێگاری بە گەل دەکەن و بەوانەش کە سەرکارن، گوتی: 7 «ئیتر وەک پێشتر کا مەدەنە گەل بۆ خشت دروستکردن، با خۆیان بچن و کا بۆ خۆیان کۆبکەنەوە. 8 بەڵام ئەوەندە خشتەی کە پێشتر دروستیان دەکرد با هەر لەسەریان بێت، کەمی مەکەنەوە، چونکە ئەوانە تەمبەڵن، لەبەر ئەوەیە هاوار دەکەن: ”بهێڵە با بڕۆین و قوربانی بۆ خودامان سەرببڕین.“ 9 با کارەکە قورستر بێت لەسەر خەڵکەکە، هەتا پێی سەرقاڵ بن و ئاوڕ لە قسەی درۆ نەدەنەوە.»
10 ئیتر ئەوانەی بێگارییان پێ دەکردن و سەرکارەکانی خەڵک چوونە دەرەوە و بە گەلیان گوت: «فیرعەون ئاوا دەڵێت: ”ئیتر کاتان نادەمێ، 11 بڕۆن بۆ خۆتان لەکوێ کا پەیدا دەکەن پەیدای بکەن، بەڵام هیچ لە کارەکانیشتان کەم ناکرێتەوە.“» 12 ئیتر خەڵکەکە لە هەموو خاکی میسر بڵاو بوونەوە بۆ پووش کۆکردنەوە لە جیاتی کا. 13 سەرکارانیش پەلەیان لێ دەکردن و دەیانگوت: «کاری ڕۆژانەکەتان تەواو بکەن، هەر ڕۆژە بەشی خۆی، هەروەک پێشتر کاتێک کا هەبوو.» 14 ئیتر سەرکارەکانی نەوەی ئیسرائیل لێیان درا، ئەوانەی کە سەرکارەکانی فیرعەون لەسەریان دایاننابوون، لێیان پرسین: «بۆچی ئەرکی خۆتان لە خشت دروستکردن تەواو نەکردووە وەک پێشتر، دوێنێ و هەروەها ئەمڕۆش؟»
15 سەرکارەکانی نەوەی ئیسرائیلیش هاتن هاواریان بۆ فیرعەون هێنا و گوتیان: «بۆچی وا لە خزمەتکارەکانت دەکەیت؟ 16 کا نادرێتە خزمەتکارەکانت و لەگەڵ ئەوەشدا پێمان دەگوترێت ”خشت دروستبکەن!“ ئەوەتا خزمەتکارەکانت لێیان دراوە، بەڵام هەڵەکە لە گەلی خۆتەوەیە.»
17 ئەویش گوتی: «تەمبەڵن! ئێوە تەمبەڵن، لەبەر ئەوەیە دەڵێن: ”دەچین و قوربانی بۆ یەزدان سەردەبڕین.“ 18 ئێستاش بڕۆن کار بکەن، کاشتان نادرێتێ و لەگەڵ ئەوەش خشتی قوڕیش وەک جاران دەدەن.»
19 سەرکارەکانی نەوەی ئیسرائیل بینییان تێکەوتوون، چونکە پێیان گوترا: «لە خشتەکەتان کەم ناکرێتەوە، هەر ڕۆژە و بەشی خۆی.» 20 کە لەلای فیرعەون هاتنە دەرەوە تووشی موسا و هارون بوون چاوەڕێیان دەکردن. 21 پێیان گوتن: «حەواڵەی یەزدانتان دەکەین با خۆی حوکم بدات، چونکە ئێوە ئێسک گرانتان کردین لەبەرچاوی فیرعەون و خزمەتکارەکانی، شمشێرتان دایە دەستی بۆ کوشتنمان.»
بەڵێنی ڕزگارکردن لەلایەن خوداوە
22 موسا گەڕایەوە لای یەزدان و گوتی: «پەروەردگار بۆ خراپەت لەگەڵ ئەم گەلە کرد؟ بۆچی منت نارد؟ 23 لەو کاتەوەی چوومە لای فیرعەون بە ناوی تۆوە بدوێم، ئەو خراپەی لەگەڵ ئەم گەلە کرد، تۆش فریای گەلەکەت نەکەوتیت.»
6 یەزدانیش بە موسای فەرموو: «ئێستا دەبینیت چی بە فیرعەون دەکەم، بە دەستێکی بەهێز ناچاری دەکەم بەڕەڵایان بکات، ناچاری دەکەم لە خاکی خۆی دەریانبکات.»
2 هەروەها خودا لەگەڵ موسا دوا و پێی فەرموو: «من یەزدانم، 3 بۆ ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب وەک ”خودای هەرە بە توانا“ دەرکەوتم، بەڵام بە ناوی خۆم کە ”یەزدان“ـە[k] لەلای ئەوان خۆمم نەناساند. 4 هەروەها پەیمانی خۆمم لەگەڵیان چەسپاند، کە خاکی کەنعانیان بدەمێ، خاکی نامۆییان کە تێیدا نامۆ بوون. 5 هەروەها گوێم لە ناڵەی نەوەی ئیسرائیل بوو، ئەوانەی میسرییەکان کۆیلایەتییان پێ دەکەن، منیش پەیوەستم بە پەیمانەکەی خۆم.
6 «بۆیە بە نەوەی ئیسرائیل بڵێ: ”من یەزدانم، لەژێر بارگرانی میسرییەکان دەرتاندەهێنم، لە کۆیلایەتی ئەوان فریاتان دەکەوم و بە دەستێکی بەهێز و دادپەروەرییەکی مەزن دەتانکڕمەوە. 7 هەروەها دەتانکەم بە گەلی خۆم و دەبمە خودای ئێوە، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانی پەروەردگارتان ئەوەی لەژێر بارگرانی میسرییەکان دەرتاندەهێنێت. 8 دەشتانبەم بۆ ئەو خاکەی سوێندم خوارد بیدەمە ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب، وەک میرات دەیدەمە ئێوە، من یەزدانم.“»
9 موسا بەم شێوەیە لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل قسەی کرد، بەڵام گوێیان لێ نەگرت، لەبەر بێ ورەیی و کۆیلایەتی سەخت.
10 ئینجا یەزدان بە موسای فەرموو: 11 «بڕۆ و بە فیرعەونی پاشای میسر بڵێ، با ڕێ بە نەوەی ئیسرائیل بدات خاکەکەی بەجێبهێڵن.»
12 بەڵام موسا بە یەزدانی گوت: «ئەگەر نەوەی ئیسرائیل گوێم لێ نەگرن، ئیتر چۆن فیرعەون گوێم لێ دەگرێت، کە من زمانم بەستراوە؟»[l]
تۆماری ڕەچەڵەکی موسا و هارون
13 یەزدان لەگەڵ موسا و هارون دوا و فەرمانی پێدان بۆ نەوەی ئیسرائیل و بۆ فیرعەونی پاشای میسر، بۆ بردنە دەرەوەی نەوەی ئیسرائیل لە خاکی میسر.
14 ئەمانەش گەورەی بنەماڵەکانیانن:
نەوەی ڕەئوبێن کە نۆبەرەی ئیسرائیلە، حەنۆک و پەڵو و حەسرۆن و کەرمی، لەمانیشەوە خێڵەکانی ڕەئوبێن دروستبوون.
15 نەوەی شیمۆنیش یەموئێل و یامین و ئۆهەد و یاکین چۆحەر، هەروەها شائوول کە لە ژنێکی کەنعانی بوو، لەمانیشەوە خێڵەکانی شیمۆن دروستبوون.
16 ئەمانەش ناوەکانی نەوەی لێڤین بەگوێرەی لەدایکبوونیان: گێرشۆن و قەهات و مەراری. تەمەنی لێڤیش سەد و سی و حەوت ساڵ بوو.
17 کوڕانی گێرشۆن، لیبنی و شیمعی بەگوێرەی خێڵەکانیان.
18 نەوەی قەهاتیش، عەمرام و یەسهار و حەبرۆن و عوزیێل. تەمەنی قەهاتیش سەد و سی و سێ ساڵ بوو.
19 کوڕانی مەراریش، مەحلی و موشی.
ئەمانەش خێڵەکانی لێڤییەکانن بەگوێرەی نەوەکانیان.
20 عەمرام یۆخەڤەدی خوشکی باوکی بۆ خۆی خواست. ئەویش هارون و موسای لێ بوو. تەمەنی عەمرامیش سەد و سی و حەوت ساڵ بوو.
21 نەوەی یەسهاریش: قۆرەح و نەفەگ و زکری.
22 نەوەی عوزیێلیش: میشائیل و ئەلسافان و سیتری.
23 هارونیش ئەلیشەڤەعی کچی عەمینادابی خوشکی نەحشۆنی خواست، ئەویش ناداب و ئەبیهو و ئەلعازار و ئیتاماری بوو.
24 نەوەی قۆرەحیش: ئەسسیر و ئەلقانە و ئەبیئاساف. ئەمانەش خێڵەکانی قۆرەحییەکانە.
25 ئەلعازاری کوڕی هارونیش یەکێکی لە کچانی پووتیێل خواست، ئەویش فینەحاسی بوو.
ئەمانە گەورەی بنەماڵەکانی لێڤییەکانن بەگوێرەی خێڵەکانیان.
26 ئەمانە هارون و موسان کە یەزدان پێی فەرموون: «نەوەی ئیسرائیل لەسەر شێوەی لەشکرەکانیان[m] لە خاکی میسر دەربهێنن.» 27 ئەوان بوون لەگەڵ فیرعەونی پاشای میسر دوان بۆ دەرهێنانی نەوەی ئیسرائیل لە میسر، موسا و هارون بوون.
هارون دەبێتە قسەکەری موسا
28 ئەوە بوو لەو ڕۆژەی یەزدان لەگەڵ موسا دوا لە خاکی میسر. 29 یەزدان بە موسای فەرموو: «من یەزدانم، لەگەڵ فیرعەونی پاشای میسر بدوێ سەبارەت بە هەموو ئەوەی پێت دەڵێم.»
30 بەڵام موسا بە یەزدانی گوت: «ئەوەتا من زمانم بەستراوە، چۆن فیرعەون گوێم لێ دەگرێت؟»
7 یەزدان بە موسای فەرموو: «بڕوانە، تۆم وەک خودای فیرعەون لێکردووە و هارونی براشت وەک پێغەمبەری تۆ دەبێت. 2 تۆ دەدوێیت بە هەموو ئەوەی فەرمانت پێ دەکەم، هارونی براشت لەگەڵ فیرعەون دەدوێت بۆ ئەوەی ڕێگا بە نەوەی ئیسرائیل بدات خاکەکەی بەجێبهێڵن. 3 بەڵام من دڵی فیرعەون ڕەق دەکەم و نیشانە و پەرجووەکانم زیاتر دەکەم لە خاکی میسر. 4 فیرعەون گوێتان لێ ناگرێت، منیش دەستم دەخەمە سەر میسر، لەشکرەکانیشم کە نەوەی ئیسرائیلی گەلەکەمن بە چەند حوکمێکی دادپەروەرانەی مەزن لە خاکی میسر دەردەهێنم. 5 ئیتر میسرییەکانیش دەزانن کە من یەزدانم، کاتێک دەست بۆ میسر درێژ دەکەم و نەوەی ئیسرائیل لەنێویان دەردەهێنم.»
6 موسا و هارونیش هەروەک یەزدان فەرمانی پێ کردبوون، ئاوایان کرد. 7 موسا تەمەنی هەشتا ساڵ بوو، هارونیش هەشتا و سێ ساڵ بوو، کاتێک لەگەڵ فیرعەون قسەیان کرد.
گۆچانەکەی هارون دەبێتە مار
8 یەزدان بە موسا و هارونی فەرموو: 9 «کاتێک فیرعەون لەگەڵتان دەدوێت و دەڵێت: ”پەرجوو بکەن،“ تۆ بە هارون دەڵێیت: ”گۆچانەکەت لە دەستت بگرە و فڕێیبدە پێش فیرعەون،“ ئیتر دەبێتە مارێکی شاخدار.»
10 ئیتر موسا و هارون هاتنە لای فیرعەون، چۆن یەزدان فەرمانی پێ کردبوون ئاوایان کرد، هارون گۆچانەکەی فڕێدایە بەردەم فیرعەون و خزمەتکاران، بووە مارێکی شاخدار. 11 فیرعەونیش بانگی دانایان و سیحربازانی کرد، ئیتر جادووگەرانی میسریش بە ئەفسونەکانیان هەمان شتیان کرد. 12 هەریەکە گۆچانی خۆی فڕێدا و گۆچانەکانیان بوونە ماری شاخدار، بەڵام گۆچانەکەی هارون گۆچانەکانی ئەوانی هەڵلووشی. 13 ئیتر فیرعەون دڵی ڕەق بوو و گوێی لێ نەگرتن، هەروەک یەزدان فەرمووی.
کارەساتی یەکەم: خوێن
14 دواتر یەزدان بە موسای فەرموو: «دڵی فیرعەون ڕەقە، ڕازی نییە ڕێ بە گەلەکە بدات. 15 بەیانی بڕۆ لای فیرعەون، ئەو دەچێتە لای ئاوەکە، لە کەناری نیل بۆی ڕاوەستە و ئەو گۆچانەش کە بووە ماری شاخدار لە دەستت بگرە. 16 پێی دەڵێیت: ”یەزدانی پەروەردگاری عیبرانییەکان منی بۆ لای تۆ نارد و فەرمووی، ڕێ بە گەلەکەم بدە با بڕۆن و لە چۆڵەوانی بمپەرستن، بەڵام هەتا ئێستا گوێ ناگریت. 17 یەزدان ئەمە دەفەرموێت: بەمە دەزانیت کە من یەزدانم، ئەوەتا من بەو گۆچانەی بە دەستمەوەیە لە ئاوی نیل دەدەم و دەیگۆڕێت بۆ خوێن. 18 ئەو ماسیانەش کە لەناو نیلن دەمرن و نیل بۆگەن دەبێت، میسرییەکان قێزیان دەبێتەوە لە ئاوی نیل بخۆنەوە.“»
19 یەزدان بە موسای فەرموو: «بە هارون بڵێ: ”گۆچانەکەت لە دەست بگرە و دەستت بۆ سەر ئاوی میسرییەکان درێژ بکە، بۆ سەر جۆگە و نۆکەند و گۆماو و هەموو حەوزەکانیان“ بۆ ئەوەی ببنە خوێن. ئیتر خوێن لە هەموو خاکی میسر دەبێت، تەنانەت لە سەتڵی دارین و لە گۆزەی بەردین.»
20 موسا و هارونیش ئاوایان کرد، وەک ئەوەی یەزدان فەرمانی پێ کردن. گۆچانەکەی بەرزکردەوە و ئاوی نیلی گۆڕی، لەبەرچاوی فیرعەون و خزمەتکارەکانی. هەموو ئاوی نیل گۆڕا و بوو بە خوێن. 21 ماسییەکانی ناو نیلیش مردن و نیل بۆگەن بوو، میسرییەکانیش نەیانتوانی لە ئاوی نیل بخۆنەوە، خوێنیش هەموو خاکی میسری گرتەوە.
22 جادووگەرە میسرییەکانیش بە ئەفسونەکانیان هەمان شتیان کرد، دڵی فیرعەونیش ڕەق بوو و گوێی لە موسا و هارون نەگرت، هەروەک یەزدان فەرمووی. 23 ئینجا فیرعەون ڕووی وەرگێڕا و چووەوە ماڵەکەی خۆی و ئەمەی لە دڵ نەگرت. 24 هەموو میسرییەکانیش دەوروبەری نیلیان هەڵدڕی بۆ ئاو هەتا بیخۆنەوە، چونکە نەیانتوانی لە ئاوی نیل بخۆنەوە.
کارەساتی دووەم: بۆق
25 حەوت ڕۆژ تەواو بوو دوای ئەوەی یەزدان ئاوی نیلی گۆڕی.
8 یەزدان بە موسای فەرموو: «بڕۆ لای فیرعەون و پێی بڵێ: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ڕێ بە گەلەکەم بدە بڕۆن بۆ ئەوەی بمپەرستن. 2 ئەگەر ڕازی نەبیت و ڕێیان نەدەیت، هەموو خاکەکەت پڕدەبێت لە بۆق. 3 ڕووباری نیل پڕدەبێت لە بۆق، سەردەکەون و دێنە ناو ماڵەکەت و ژووری نوستنەکەت و سەر قەرەوێڵەکەت، هەروەها دەچنە ماڵی خزمەتکارەکانت و سەر گەلەکەت و ناو تەنوورەکانت و تەشتە هەویرەکانت. 4 بۆق دێتە سەر خۆت و گەلەکەت و خزمەتکارەکانت.“»
5 ئینجا یەزدان بە موسای فەرموو: «بە هارون بڵێ: ”بە گۆچانەکەت دەست درێژبکە بۆ سەر جۆگە و نۆکەند و گۆماوەکان، بۆق سەربخە بۆ سەر خاکی میسر.“»
6 هارونیش دەستی درێژکردە سەر ئاوی میسر، بۆق سەرکەوتن و خاکی میسریان داپۆشی. 7 جادووگەرەکانیش بە ئەفسونەکانیان هەمان شتیان کرد، بۆقیان هێنایە سەر خاکی میسر.
8 فیرعەون بانگی موسا و هارونی کرد و گوتی: «لە یەزدان بپاڕێنەوە بۆ ئەوەی بۆق لە خۆم و گەلەکەم دووربخاتەوە، منیش ڕێ بە گەلەکە دەدەم بڕۆن قوربانی بۆ یەزدان سەرببڕن.»
9 موساش بە فیرعەونی گوت: «کاتێکم پێ بفەرموو کە بپاڕێمەوە. لە پێناوی خۆت و خزمەتکارەکانت و گەلەکەت، بۆ بڕانەوەی بۆق لە تۆ و لە ماڵەکانت، بەڵام بۆق لە ڕووباری نیل دەمێننەوە.»
10 ئەویش گوتی: «بەیانی.»
موساش گوتی: «وەک ئەوە دەبێت کە گوتت، بۆ ئەوەی بزانیت کە هیچ خودایەک نییە وەک یەزدانی پەروەردگارمان. 11 بۆقەکانیش لە خۆت و ماڵەکانت و خزمەتکارەکانت و گەلەکەت دوور دەکەونەوە، بەڵام لە ڕووباری نیل دەمێننەوە.»
12 لەدوای ئەوەی موسا و هارون لەلای فیرعەون هاتنە دەرەوە، موسا هاواری بۆ یەزدان کرد لەبەر ئەو بۆقانەی کە وەک بەڵا بەسەر فیرعەونی هێنابوو. 13 یەزدانیش بە قسەی موسای کرد، بۆقەکان لە ماڵ و حەوشە و کێڵگەکان مردن. 14 کۆمەڵ کۆمەڵ کۆیان کردنەوە و زەوییەکە گەندەڵ بوو. 15 بەڵام کاتێک فیرعەون بینی خامۆشی هاتە کایەوە، دڵی ڕەق کردەوە و گوێی لە موسا و هارون نەگرت، هەروەک یەزدان فەرمووی.
کارەساتی سێیەم: مێشوولە
16 ئینجا یەزدان بە موسای فەرموو: «بە هارون بڵێ: ”گۆچانەکەت درێژ بکە و لە خۆڵی زەوی بدە،“ جا خۆلی زەوی لە هەموو خاکی میسر دەبێتە مێشوولە.» 17 ئیتر ئاوایان کرد، هارون بە گۆچانەکەی دەستی درێژکرد و لە خۆڵی زەوییەکەی دا، مێشوولە هاتە سەر خەڵک و سەر ئاژەڵەکان، لە هەموو خاکی میسر هەموو خۆڵی زەوییەکە بوو بە مێشوولە. 18 جادووگەرەکانیش بە ئەفسونەکانیان هەمان شتیان کرد بۆ پەیدابوونی مێشوولە، بەڵام نەیانتوانی.
لەبەر ئەوەی مێشوولە لەسەر خەڵک و لەسەر ئاژەڵ مایەوە، 19 جادووگەرەکان بە فیرعەونیان گوت: «ئەمە پەنجەی خودایە.» بەڵام فیرعەون دڵی ڕەق بوو و گوێی لێ نەگرتن، هەروەک یەزدان فەرمووی.
کارەساتی چوارەم: مێش
20 ئینجا یەزدان بە موسای فەرموو: «بەیانی زوو هەستە و کە فیرعەون بەرەو ئاوەکە دەچێت لەبەردەمی ڕابوەستە و پێی بڵێ: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ڕێ بە گەلەکەم بدە با بڕۆن بمپەرستن. 21 ئەگەر ڕێ بە گەلەکەم نەدەیت بڕۆن، ئەوا منیش مێشومەگەزێکی زۆر دەنێرمە سەر خۆت و خزمەتکارەکانت و گەلەکەت و ماڵەکانت، ئیتر ماڵی میسرییەکان پڕ دەبێت لە مێش، تەنانەت زەوییەکەش بە مێش دادەپۆشرێت.
22 «”بەڵام لەو ڕۆژەدا خاکی گۆشەن[n] جیا دەکەمەوە کە گەلەکەمی لەسەر دەژین، بۆ ئەوەی مێش لەوێدا نەبێت، هەتا بزانیت من یەزدانم لەناوەڕاستی خاکەکەدا. 23 جیاوازییەک لەنێوان گەلەکەم و گەلەکەت دادەنێم، بەیانی ئەم نیشانەیە دەبێت.“»
24 یەزدانیش ئاوای کرد و مێشومەگەزێکی زۆر هاتنە ناو ماڵی فیرعەون و ماڵی خزمەتکارانی، لە هەموو خاکی میسریش زەوییەکە لەبەر مێش وێران بوو.
25 ئینجا فیرعەون بانگی موسا و هارونی کرد و گوتی: «بڕۆن لەم خاکە قوربانی بۆ خوداتان سەرببڕن.»
26 بەڵام موسا گوتی: «ڕاست نییە ئێمە وا بکەین، چونکە ئەو ئاژەڵانەی کە ئێمە بۆ یەزدانی پەروەردگارمان سەری دەبڕین لەلای میسرییەکان قێزەونە، ئەگەر ئەوەی لەلای میسرییەکان قێزەونە لەبەرچاویان سەری ببڕین، ئایا بەردبارانمان ناکەن؟ 27 سێ ڕۆژەڕێ لە چۆڵەوانی دەڕۆین و قوربانی بۆ یەزدانی پەروەردگارمان سەردەبڕین، وەک پێمان دەڵێت.»
28 فیرعەونیش گوتی: «من ڕێتان دەدەم بڕۆن و لە چۆڵەوانی قوربانی بۆ یەزدانی پەروەردگارتان سەرببڕن، بەڵام دوور مەڕۆن و بۆم بپاڕێنەوە.»
29 موساش وەڵامی دایەوە: «من لەلای تۆ دەچمە دەرەوە و لە یەزدان دەپاڕێمەوە، ئیتر بۆ بەیانی مێش لە فیرعەون و لە خزمەتکارەکانی و لە گەلەکەی دوور دەکەونەوە، بەڵام ئیتر نابێت فیرعەون فێڵ بکات، هەتا ڕێ بە گەلەکە نەدات بڕۆن بۆ قوربانی سەربڕین بۆ یەزدان.»
30 جا موسا لەلای فیرعەون هاتە دەرەوە و لە یەزدان پاڕایەوە. 31 یەزدانیش بە قسەی موسای کرد، ئیتر مێش لە فیرعەون و لە خزمەتکارەکانی و لە گەلەکەی دوورکەوتنەوە و هیچیان نەما. 32 بەڵام فیرعەون ئەم جارەش دڵی ڕەقکرد و ڕێی بە گەلەکە نەدا بڕۆن.
کارەساتی پێنجەم: دەردی مەڕوماڵات
9 یەزدان بە موسای فەرموو: «بڕۆ لای فیرعەون و پێی بڵێ کە یەزدانی پەروەردگاری عیبرانییەکان ئەمە دەفەرموێت: ”ڕێ بە گەلەکەم بدە با بڕۆن بمپەرستن.“ 2 ئەگەر ڕێیان نەدەیت و بەردەوام نەهێڵیت بڕۆن، 3 ئەوا یەزدان دەردێکی زۆر گران دەهێنێتە سەر مەڕوماڵاتەکانت کە لە کێڵگەن، بۆ سەر ئەسپ و گوێدرێژ و وشتر و گا و مانگا و مەڕ و بزن. 4 بەڵام یەزدان جیاوازی دەکات لەنێوان مەڕوماڵاتی نەوەی ئیسرائیل و مەڕوماڵاتی میسرییەکان، هیچ ئاژەڵێکی نەوەی ئیسرائیل نامرێت.»
5 یەزدان کاتێکی دیاری کرد و فەرمووی، «بەیانی یەزدان ئەم کارە لە زەوییەکەدا دەکات.» 6 بۆ بەیانی یەزدان ئەم کارەی کرد و هەموو مەڕوماڵاتی میسرییەکان مردن، بەڵام لە ئاژەڵی نەوەی ئیسرائیل یەکێکیشیان نەمرد. 7 فیرعەونیش ناردی و بینییان تەنانەت یەک ئاژەڵی نەوەی ئیسرائیل نەمردووە، بەڵام هێشتا دڵی فیرعەون ڕەق بوو و ڕێی بە گەلەکە نەدا بڕۆن.
کارەساتی شەشەم: دومەڵ
8 ئینجا یەزدان بە موسا و هارونی فەرموو: «بە پڕی دەستەکانتان خوڵەمێشی تەنوور بۆ خۆتان ببەن و با موسا لەبەرچاوی فیرعەون بەرەو ئاسمان بەبای بکات. 9 دەبێتە تۆزوبا لە هەموو خاکی میسر، دەبێتە دومەڵی کێم دەرپەڕیو لە هەموو خاکی میسر بۆ مرۆڤ و ئاژەڵ.»
10 ئیتر خوڵەمێشی تەنووریان برد و لە بەرامبەر فیرعەون وەستان، موسا بەرەو ئاسمان بەبای کرد و بووە دومەڵی کێمی دەرپەڕیو لە مرۆڤ و لە ئاژەڵ. 11 جادووگەرەکانیش نەیانتوانی لە بەرامبەر موسا بوەستن لەبەر دومەڵەکان، چونکە دومەڵەکان لە جادووگەرەکان و لە هەموو میسرییەکان بوو. 12 بەڵام یەزدان دڵی فیرعەونی ڕەقکرد و گوێی لە موسا و هارون نەگرت، هەروەک یەزدان بە موسای فەرموو.
کارەساتی حەوتەم: تەرزە
13 یەزدان بە موسای فەرموو: «بەیانی زوو هەستە و لە بەرامبەر فیرعەون بوەستە و پێی بڵێ: ”یەزدانی پەروەردگاری عیبرانییەکان ئەمە دەفەرموێت: ڕێ بە گەلەکەم بدە بچن بمپەرستن. 14 ئەگینا ئەم جارە هەموو گورزەکانم بۆ دڵت و بۆ سەر خزمەتکارەکانت و بۆ سەر گەلەکەت دەنێرم، بۆ ئەوەی بزانیت لە هەموو زەوی هیچ کەسێک وەک من نییە. 15 دەمتوانی دەستم درێژ بکەم و خۆت و گەلەکەت تووشی دەرد بکەم و لەسەر ڕووی زەوی بتانسڕمەوە. 16 بەڵام لەبەر ئەوە تۆم هێشتووەتەوە بۆ ئەوەی توانای خۆمت پیشان بدەم تاکو لە هەموو زەویدا ناوم ڕابگەیەنرێت. 17 تۆ هێشتا خۆت بە زل دەزانیت لەسەر گەلەکەم و ڕێیان نادەیت بڕۆن. 18 لەبەر ئەوە بەیانی ئەم کاتە تەرزەیەکی زۆر مەزن دەبارێنم کە لە میسر هاوتای نەبووبێت، لە ڕۆژی دامەزراندنییەوە هەتا ئێستا. 19 ئێستاش بنێرە و مەڕوماڵاتەکەت و هەموو ئەو شتانەی کە هەتە و لە کێڵگەیە بیانپارێزە، هەموو خەڵک و ئاژەڵێک کە لە کێڵگە دەمێننەوە ئەگەر لە ماڵەوە کۆنەکرێنەوە ئەوا تەرزەکە بە سەریان دەکەوێت و دەمرن.“»
20 ئیتر دەستوپێوەندەکانی فیرعەون، ئەوانەی کە لە فەرمایشتی یەزدان ترسان، بە کۆیلە و ئاژەڵە ماڵییەکانیانەوە بەرەو ماڵەکان هەڵاتن. 21 بەڵام ئەوەی فەرمایشتی یەزدانی پشتگوێ خست، ئەوا خزمەتکاران و ئاژەڵە ماڵییەکەی لە کێڵگە بەجێهێشت.
22 ئینجا یەزدان بە موسای فەرموو: «دەستت بەرەو ئاسمان درێژ بکە و لە هەموو خاکی میسر تەرزە بەسەر خەڵک و ئاژەڵ و هەموو شتێکدا دەبارێت کە لە کێڵگەکانی خاکی میسر گەشە دەکات.» 23 ئیتر موسا گۆچانەکەی بەرەو ئاسمان درێژکرد، یەزدانیش هەورەتریشقەی لێدا و ئاگر بەرەو زەوی هات، یەزدان تەرزەی باراندە سەر خاکی میسر. 24 بووە تەرزە و ئاگریش لەناو تەرزەکە بریسکەی دەدایەوە. تەرزەکە ئەوەندە مەزن بوو کە لە هەموو خاکی میسر وەک ئەوە نەبووە، لەو کاتەوەی بوونەتە نەتەوە. 25 تەرزە لە هەموو خاکی میسری دا، لە هەموو ئەوەی لە کێڵگەدا بوو لە مرۆڤەوە هەتا ئاژەڵ، تەرزە هەموو سەوزایی و ڕووەکی کێڵگەی کوتایەوە و هەموو داری کێڵگەشی شکاند. 26 تەنها لە خاکی گۆشەن کە نەوەی ئیسرائیلی لێبوو، تەرزە نەبوو.
27 فیرعەون ناردی و بانگی موسا و هارونی کرد، پێی گوتن: «ئەم جارە گوناهم کرد، یەزدان ڕاستودروستە و من و گەلەکەم تاوانبارین. 28 لە یەزدان بپاڕێنەوە، چونکە لە هەورەتریشقە و تەرزە تێر بووین، منیش ڕێتان دەدەم بڕۆن، ئیتر ڕاناگیرێن.»
29 موساش وەڵامی دایەوە: «بە چوونەدەرەوەم لە شارەکە دەستم بەرەو یەزدان بەرز دەکەمەوە و نزا دەکەم، ئیتر هەورەتریشقە دەوەستێت و تەرزە نابێت، بۆ ئەوەی بزانیت زەوی هی یەزدانە. 30 بەڵام سەبارەت بە خۆت و خزمەتکارەکانت، من دەزانم هێشتا لە یەزدانی پەروەردگار نەترساون.»
31 کەتان و جۆ تووشی ئافات هاتن، چونکە جۆ لە گوڵکردن و کەتانیش لە تۆوکردن بوو. 32 بەڵام گەنم و ماش تووشی ئافات نەبوون چونکە درەنگ پێدەگەن.
33 موسا فیرعەونی بەجێهێشت و لە شارەکەش ڕۆیشت، دەستی بەرەو یەزدان بەرز کردەوە و نزای کرد، ئیتر هەورەتریشقە و تەرزە وەستان و باران نەبارییە سەر زەوی. 34 کاتێک فیرعەون بینی باران و تەرزە و هەورەتریشقە وەستاوە، گەڕایەوە سەر گوناه و خۆی و خزمەتکارانی دڵیان ڕەقکرد. 35 ئیتر دڵی فیرعەون ڕەق بوو و ڕێی بە نەوەی ئیسرائیل نەدا بڕۆن، هەروەک یەزدان لە ڕێگەی موساوە فەرمووی.
کارەساتی هەشتەم: کوللە
10 یەزدان بە موسای فەرموو: «بڕۆ لای فیرعەون، چونکە من دڵی ئەو و دڵی خزمەتکارانی ئەوم ڕەق کردووە، بۆ ئەوەی ئەم نیشانانەم لەنێویان ئەنجام بدەم. 2 هەروەها بۆ ئەوەی بۆ منداڵ و نەوەکانت باسی ئەوە بکەیت چۆن میسرم کردە گاڵتەجار بەو نیشانانەی لەنێویاندا ئەنجامم داوە، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم.»
3 جا موسا و هارون چوونە لای فیرعەون و پێیان گوت: «یەزدانی پەروەردگاری عیبرانییەکان ئەمە دەفەرموێت: ”هەتا کەی مل نادەیت و لەبەردەمم ملکەچ نابیت؟ ڕێ بە گەلەکەم بدە با بڕۆن و بمپەرستن، 4 چونکە ئەگەر ڕێ بە گەلەکەم نەدەیت، ئەوا من بەیانی کوللە دەهێنمە سەر خاکەکەت. 5 ڕووی زەوی دادەپۆشرێت و ناتوانرێت تەماشای زەوی بکرێت، ئەوەی لە تەرزەکە بۆتان ماوەتەوە و دەرباز بووە دەیخوات، هەروەها هەموو دارێکیش کە لە کێڵگەکانتان گەشە بکات دەیخوات. 6 ماڵەکانت و ماڵی هەموو خزمەتکارەکانت و هەموو میسرییەکان پڕ دەکات، ئەو شتەی کە نە باوک و نە باپیرانت بینیویانە، لەو ڕۆژەوەی لەسەر زەوی پەیدا بوون هەتا ئەمڕۆ.“» ئینجا ڕووی وەرگێڕا و لەلای فیرعەون هاتە دەرەوە.
7 خزمەتکارانی فیرعەونیش پێیان گوت: «هەتا کەی ئەمە ببێتە تەڵە بۆمان؟ ڕێ بەو پیاوانە بدە با بڕۆن و یەزدانی پەروەردگاریان بپەرستن، ئایا هێشتا نازانیت کە میسر وێران بووە؟»
8 ئینجا موسا و هارونیان بردەوە لای فیرعەون، ئەویش پێی گوتن: «بڕۆن یەزدانی پەروەردگارتان بپەرستن، بەڵام کێ و کێ دەچن؟»
9 موساش وەڵامی دایەوە: «بە گەنج و پیرمانەوە دەچین، بە کوڕ و کچ و مەڕوماڵات و ڕەشەوڵاخمانەوە دەچین، چونکە پێویستە جەژن بۆ یەزدان بگێڕین.»
10 فیرعەونیش پێی گوتن: «یەزدان لەگەڵتان بێت![o] ئەگەر بهێڵم لەگەڵ ژن و منداڵەکانتان بڕۆن! دیارە ئێوە نیازتان خراپە. 11 نەخێر! تەنها پیاوان بڕۆن یەزدان بپەرستن، هەروەک خۆتان داواتان کردووە.» ئیتر موسا و هارون لەبەردەم فیرعەون دەرکران.
12 یەزدان بە موسای فەرموو: «دەستت بۆ سەر خاکی میسر درێژ بکە بۆ کوللە، بۆ ئەوەی بێتە سەر خاکی میسر و هەموو سەوزایی زەوییەکە بخوات، ئەوەی لە تەرزەکە ماوەتەوە.»
13 ئیتر موسا گۆچانەکەی بەسەر خاکی میسردا درێژکرد، بە درێژایی ئەو ڕۆژ و شەوە یەزدان بایەکی ڕۆژهەڵاتی هێنا، کاتێک بووە بەیانی بایەکەی ڕۆژهەڵات کوللەی هەڵگرت. 14 کوللە هاتە سەر هەموو خاکی میسر و لەسەر هەموو سنوورەکانی میسر نیشتەوە، ئەوەندە گران بوو کە لەوەوپێش کوللەی وا نەبووە و ناشبێت. 15 ڕووی هەموو خاکەکەی داپۆشی و خاکەکە تاریک بوو، هەموو سەوزاییەکی زەوی و هەموو بەروبوومی دارەکان کە تەرزە لێی نەدابوو خواردی، هیچ سەوزایی لە خاکی میسر نەهێشتەوە، بە دار و ڕووەکی کێڵگەوە.
16 فیرعەون بە خێرایی بانگی موسا و هارونی کرد و گوتی: «گوناهم سەبارەت بە یەزدانی پەروەردگارتان و سەبارەت بە ئێوەش کرد. 17 ئێستاش تەنها ئەم جارە لەم گوناهەم خۆشبن، لە یەزدانی پەروەردگارتان بپاڕێنەوە با تەنها ئەم کارەساتە کوشندەیەم لەسەر لابدات.»
18 موساش لەلای فیرعەون هاتە دەرەوە و لە یەزدان پاڕایەوە. 19 یەزدانیش بایەکی ڕۆژئاوایی زۆر بەهێزی وەرگێڕا و کوللەکەی هەڵگرت و فڕێیدایە ناو دەریای سوور[p] و یەک کوللە نەما لە هەموو خاکی میسردا. 20 بەڵام یەزدان دڵی فیرعەونی ڕەقکرد و ڕێی نەدا بە نەوەی ئیسرائیل بڕۆن.
کارەساتی نۆیەم: تاریکی
21 ئینجا یەزدان بە موسای فەرموو: «دەستت بۆ ئاسمان درێژ بکە با تاریکی باڵ بەسەر خاکی میسردا بکێشێت، کە چاو چاو نەبینێت.» 22 ئیتر موسا دەستی بۆ ئاسمان درێژکرد و تاریکاییەکی سەخت بۆ ماوەی سێ ڕۆژ باڵی بەسەر خاکی میسردا کێشا. 23 بۆ ماوەی سێ ڕۆژ کەس کەسی نەبینی و کەس لە شوێنی خۆی هەڵنەستا، بەڵام هەموو نەوەی ئیسرائیل لە نشینگەکانیان ڕووناکییان هەبوو.
24 ئینجا فیرعەون بانگی موسای کرد و گوتی: «بڕۆن یەزدان بپەرستن، تەنها مەڕوماڵات و ڕەشەوڵاخەکانتان بمێنێت، هەروەها ژن و منداڵەکانیشتان با لەگەڵتان بڕۆن.»
25 بەڵام موساش گوتی: «پێویستە ڕێگامان پێبدەیت بۆ ئەوەی قوربانی و قوربانی سووتاندن پێشکەش بکەین بۆ یەزدانی پەروەردگارمان. 26 بەڵکو مەڕوماڵاتیشمان لەگەڵمان دەڕۆن تەنها سمێکیش بەجێنامێنێت، چونکە لەوان هەڵدەگرین بۆ پەرستنی یەزدانی پەروەردگارمان، ئێمە نازانین بە چی یەزدان بپەرستین، هەتا نەگەینە ئەوێ.»
27 بەڵام یەزدان دڵی فیرعەونی ڕەقکرد و ڕێی نەدا بڕۆن. 28 فیرعەونیش پێی گوت: «لەلام بڕۆ، ئاگاداری خۆت بە نەیەیتەوە بەرچاوم، چونکە ئەو ڕۆژەی ڕووم ببینیت دەمریت.»
29 موساش وەڵامی دایەوە: «هەروەک گوتت! جارێکی دیکە ناتبینمەوە.»
کارەساتی دەیەم: مردنی نۆبەرە
11 یەزدان بە موسای فەرموو: «کارەساتێکی دیکە بەسەر فیرعەون و میسردا دەهێنم، دوای ئەمە ڕێتان دەدات بڕۆن، کاتێک ڕێتان دەدات بڕۆن هەمووان لێرە بە دەرکردن دەردەکات. 2 بە گەل بڵێ با هەر پیاوێک یان ژنێک داوای خشڵی زێڕ و زیو لە دراوسێ میسرییەکەی بکات.» 3 یەزدانیش گەلی لەبەرچاوی میسرییەکان ڕێزدار کرد، هەروەها کاربەدەستانی فیرعەون و گەلی میسر بە چاوی ڕێزەوە سەیری موسایان دەکرد.
4 موسا گوتی: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”من لە دەوروبەری نیوەشەودا دێمە ناو میسر. 5 هەموو نۆبەرەیەک لە خاکی میسر دەمرێت، لە نۆبەرەی فیرعەونەوە کە لەسەر تەختەکەی دانیشتووە هەتا نۆبەرەی ئەو کەنیزەیەی لە پشت دەستاڕە، نۆبەرەی هەموو ئاژەڵێکی ماڵیش. 6 هاوارێکی مەزنیش لە هەموو خاکی میسردا دەبێت کە وەک ئەوە نەبووە و جارێکی دیکەش نابێت. 7 بەڵام بۆ هەموو نەوەی ئیسرائیل تەنانەت سەگیش پێیان ناوەڕێت، نە بە خەڵک و نە بە ئاژەڵ،“ بۆ ئەوەی بزانن یەزدان جیاوازی لەنێوان گەلی میسری و ئیسرائیلی دەکات. 8 ئیتر هەموو خزمەتکارانت دێنە لام و کڕنۆشم بۆ دەبەن و دەڵێن ”بڕۆن، خۆت و هەموو ئەو گەلەی لەدوای تۆن،“ ئیتر لەپاش ئەوە ئێرە بەجێدەهێڵم و دەڕۆم.» ئینجا موسا بە تووڕەییەوە لەلای فیرعەون هاتە دەرەوە.
9 یەزدان بە موسای فەرموو: «فیرعەون گوێتان لێ ناگرێت، بۆ ئەوەی پەرجووەکانم لە خاکی میسردا زیاد بێت.» 10 موسا و هارون هەموو ئەم پەرجووانەیان لەبەردەم فیرعەون کرد، بەڵام یەزدان دڵی فیرعەونی ڕەقکرد و ڕێی بە نەوەی ئیسرائیل نەدا لە خاکەکەی بڕۆن.
سەری ساڵ و جەژنی پەسخە
12 یەزدان لە خاکی میسر بە موسا و هارونی فەرموو: 2 «ئەم مانگە بۆتان دەبێتە سەری مانگەکان، بۆ ئێوە یەکەمی مانگەکانی ساڵە. 3 لەگەڵ هەموو کۆمەڵی ئیسرائیل بدوێن و بڵێن، لە دەی ئەم مانگە با هەر پیاوێک لەبری بنەماڵەکەی بەرخێک ببات، بەرخێک بۆ هەر ماڵێک. 4 ئەگەر ماڵێک بچووک بوو و توانای خواردنی بەرخێکی نەبوو، ئەوا ئەو لەگەڵ نزیکترین دراوسێی ماڵەکەی بەگوێرەی ژمارەی کەسەکان، هەریەکە و بەگوێرەی خواردنی لە بەرخەکە حیسابی بۆ دەکرێت. 5 دەبێت ئاژەڵێکی ساغ، نێر، یەک ساڵە دانێن بۆ خۆتان، لە بەرخ یان لە گیسک هەڵیاندەبژێرن. 6 لەژێر پارێزگاریتان دەمێنێت هەتا ڕۆژی چواردەی ئەم مانگە، ئینجا هەموو کۆڕی کۆمەڵی ئیسرائیل لە کاتی خۆرئاوابوون سەری دەبڕن. 7 لە خوێنەکەش هەڵدەگرن و لە هەردوو لای دەرگاکان و سەری دەرگاکانی ئەو ماڵانەشی دەدەن کە تێیدا دەیخۆن. 8 گۆشتەکەش لەو شەوەدا بە ئاگر دەبرژێنرێت و لەگەڵ نانی فەتیرە و گیای تاڵ دەیخۆن. 9 نەکەن بە خاوی یان لێنراو بە ئاو بیخۆن، بەڵکو بە ئاگر برژاو بێت، سەری و پێی و هەناوی. 10 لێشی مەهیڵنەوە بۆ بەیانی، ئەوەی لێی دەمێنێتەوە هەتا بەیانی، بە ئاگر بیسووتێنن. 11 ئاواش دەیخۆن، ناوقەدتان بەسترا بێت و پێڵاوەکانتان لە پێتان بێت و گۆچانەکانتان لە دەستتان بێت، بە پەلە دەیخۆن، پەسخەیە[q] بۆ یەزدان.
12 «من ئەمشەو بە خاکی میسردا تێدەپەڕم و هەموو نۆبەرەیەک لە خاکی میسر دەکوژم، لە مرۆڤەوە هەتا ئاژەڵ، حوکمیش بەسەر هەموو خوداوەندەکانی میسردا دەدەم، من یەزدانم. 13 خوێنەکەش بۆتان دەبێتە نیشانە لەسەر ئەو ماڵانەی ئێوە تێیدان، کاتێک خوێنەکە دەبینم، بەسەرتاندا تێدەپەڕم. ئیتر کارەساتی لەناوچوون ئێوە ناگرێتەوە کاتێک خاکی میسر تووش دەکەم.
14 «ئەو ڕۆژەش دەبێتە یادگاری بۆتان و دەیکەنە جەژن بۆ یەزدان، فەرزێکی هەتاهەتاییە و نەوە دوای نەوە بەردەوام دەبێت. 15 حەوت ڕۆژ نانی فەتیرە[r] دەخۆن. لە ڕۆژی یەکەمەوە هەویرترش[s] لە ماڵەکانتان ناهێڵن، چونکە هەر یەکێک شتێکی بە هەویرترش بخوات لە ڕۆژی یەکەمەوە هەتا ڕۆژی حەوتەم، ئەوا ئەو کەسە لە ئیسرائیل دادەبڕدرێت. 16 لە ڕۆژی یەکەم کۆبوونەوەی پیرۆزبوون[t] ببەستن، هەروەها لە ڕۆژی حەوتەمیش. هیچ کارێک لەو ڕۆژانەدا مەکەن، تەنها خواردن ئامادەکردن نەبێت، بۆ هەرکەسێک دەیخوات. تەنها ئەوە دەکەن.
17 «ئەم جەژنی فەتیرەش بگێڕن، چونکە لە هەمان ئەم ڕۆژەدا لەشکرەکانتانم لە خاکی میسر دەرهێنا. نەوە دوای نەوە ئەم جەژنە بگێڕن و وەک فەرزێکی هەتاهەتایی بەردەوام بێت. 18 لە چواردەی مانگی یەکدا، لە ئێوارە نانی فەتیرە بخۆن هەتا ئێوارەی ڕۆژی بیست و یەکی مانگ. 19 حەوت ڕۆژ نابێت هەویرترش لە ماڵەکانتان هەبێت، چونکە هەر یەکێک شتێکی بە هەویرترش بخوات، ئەوا ئەو کەسە لە کۆمەڵی ئیسرائیل دادەبڕدرێت، ئەوانەی نامۆن و ئەوانەی هاوڵاتیشن. 20 شتی بە هەویرترش مەخۆن، دەبێت لە هەموو نشینگەکانتان نانی فەتیرە بخۆن.»
21 ئینجا موسا هەموو پیرانی ئیسرائیلی بانگکرد و پێی گوتن: «بڕۆن بۆ خۆتان مەڕوماڵات ببەن، بەگوێرەی هۆزەکانتان بەرخی پەسخە سەرببڕن. 22 دەسکێک زوفا هەڵبگرن و لەو خوێنەی وەربدەن کە لە تەشتدایە و سەرەوەی دەرگا و هەردوو لایەکەی پێ خوێناوی بکەن، ئێوەش هەتا بەیانی کەستان لە دەرگای ماڵەکەی ناچێتە دەرەوە. 23 یەزدان تێدەپەڕێت بۆ ئەوەی لە میسرییەکان بدات، کاتێک خوێنەکە دەبینێت کە لەسەر دەرگا و هەردوو لایەکەی دراوە ئیتر یەزدان بەسەر دەرگاکە تێدەپەڕێت و ناهێڵێت لەناوبەر بێتە ماڵەکانتان بۆ لێدانتان.
24 «ئەم ڕێوەڕەسمە بۆ هەتاهەتایە وەک فەرزێک بۆ خۆتان و نەوەکانتان بەجێدەهێنن. 25 ئەوە دەبێت کاتێک دێنە ناو ئەو خاکەی یەزدان دەتانداتێ هەروەک فەرمووی، ئەم خزمەتە دەپارێزن. 26 ئیتر کاتێک منداڵانتان پێتان دەڵێن: ”ئەم خزمەتە چییە بۆ ئێوە؟“ 27 ئێوەش دەڵێن: ”ئەوە قوربانی پەسخەیە بۆ یەزدان، کە لە میسر بەسەر ماڵەکانی نەوەی ئیسرائیلدا تێپەڕی، کاتێک لە میسرییەکانی دا و ماڵەکانی ئێمەی پاراست.“» ئیتر گەل دانەوین و کڕنۆشیان برد. 28 نەوەی ئیسرائیل چوون و بەم جۆرەیان کرد، وەک ئەوەی یەزدان فەرمانی بە موسا و هارون کرد.
29 ئەوە بوو لە نیوەی شەودا یەزدان لە هەموو نۆبەرەیەکی خاکی میسری دا، لە نۆبەرەی فیرعەونەوە کە لەسەر تەخت دانیشتووە هەتا نۆبەرەی ئەو دیلەی لە بەندیخانەیە و هەموو نۆبەرەکانی مەڕوماڵاتیش. 30 فیرعەون شەو هەستا، خۆی و هەموو خزمەتکارەکانی و هەموو میسرییەکان، هاوارێکی مەزن لە میسر پەیدا بوو، چونکە هیچ ماڵێک نەبوو مردووی نەبێت.
دەرچوون
31 بەو شەوە فیرعەون موسا و هارونی بانگکرد و گوتی: «هەستن! لەنێو گەلەکەم بڕۆنە دەرەوە، ئێوە و هەموو نەوەی ئیسرائیل، بڕۆن یەزدان بپەرستن وەک خۆتان داواتان کرد. 32 مەڕوماڵات و گاڕانەکەشتان ببەن وەک گوتتان، بڕۆن و هەروەها بۆ منیش داوای بەرەکەت بکەن.»
33 میسرییەکانیش زۆریان لە گەلەکە کرد هەتا پەلە بکەن لە ڕۆیشتنیان لە خاکەکە، چونکە گوتیان: «ئەگینا ئێمە هەموومان دەمرین.» 34 گەلیش هەویرەکانیان هەڵگرت پێش ئەوەی هەویرترشی تێ بکەن، تەشتە هەویرە شێلراوەکانیان لە جلەکانیان پێچایەوە و لەسەر شانیان دانا. 35 هەروەها نەوەی ئیسرائیل بەم جۆرەیان کرد وەک ئەوەی موسا گوتی، داوای خشڵی زیو و خشڵی زێڕ و جلوبەرگیان لە میسرییەکان کرد. 36 یەزدانیش گەلی لەبەرچاوی میسرییەکان ڕێزدار کرد، ئیتر ئەوەی داوایان کردبوو پێیان دان و بەم شێوەیە میسرییەکانیان تاڵان کرد.
37 نەوەی ئیسرائیل لە ڕەعمسێسەوە کۆچیان کرد بەرەو سوکۆت، نزیکەی شەش سەد هەزار پیادەی پیاو بێجگە لە ئافرەت و منداڵ. 38 هەروەها کۆمەڵێکی زۆر لەگەڵیان سەرکەوت لەگەڵ ئاژەڵێکی زۆریش، مەڕوماڵات و گاوگۆتاڵ. 39 ئەو هەویرەی لە میسرەوە هێنابوویان کردیانە کولێرەی فەتیرە، چونکە بێ هەویرترش بوو، لەبەر ئەوەی لە میسر دەرکران و نەیانتوانی دوا بکەون، هەروەها خواردنیان بۆ خۆیان دروستنەکردبوو.
40 مانەوەی نەوەی ئیسرائیلیش کە لە میسردا نیشتەجێ بوون چوار سەد و سی ساڵ بوو. 41 ئەوە بوو لە کۆتایی چوار سەد و سی ساڵەکە، لە هەمان ئەو ڕۆژەدا، هەموو لەشکری یەزدان لە خاکی میسر چوونە دەرەوە. 42 لەبەر ئەوەی ئەو شەوە یەزدان ئێشکی گرت بۆ دەرهێنانی گەلی ئیسرائیل لە خاکی میسر، لەم شەوە هەموو نەوەی ئیسرائیل وەک ڕێزلێنانێک بۆ یەزدان ئێشک دەگرن بۆ نەوەکانیان.
فەرزی پەسخە
43 یەزدان بە موسا و هارونی فەرموو: «ئەمە فەرزی پەسخەیە:
«هیچ بیانییەک لێی ناخوات. 44 هەر کۆیلەیەکی پیاوی بە زیو کڕاو دوای ئەوەی خەتەنە دەکرێت ئینجا لێی دەخوات. 45 بەڵام نیشتەجێی کاتی و کرێگرتە لێی ناخۆن.
46 «لە یەک ماڵدا لە گۆشتەکە دەخورێت و لە ماڵەکە ناچێتە دەرەوە، هیچ ئێسکێکی لێ ناشکێنرێت. 47 هەموو کۆمەڵی ئیسرائیل پێویستە یادی بکەنەوە.
48 «ئەگەر نامۆیەک لەنێوتاندا بژیێت و بیەوێت پەسخە بۆ یەزدان بکات، پێویستە هەموو نێرینەیەکی ماڵەکەی خەتەنە بکرێت. ئینجا وەک لەدایکبووێکی خاکەکەی لێدێت، بەڵام خەتەنە نەکراو لێی ناخوات. 49 یەک یاسا پەیڕەو دەکرێت بۆ هاوڵاتی و بۆ ئەو نامۆیەی کە لەنێوتان دەژیێت.»
50 ئیتر هەموو نەوەی ئیسرائیل بەم جۆرەیان کرد وەک ئەوەی یەزدان فەرمانی بە موسا و هارون کرد. 51 ئەوە بوو لە هەمان ئەو ڕۆژەدا یەزدان نەوەی ئیسرائیلی لەسەر شێوەی لەشکرەکانیان لە خاکی میسر هێنایە دەرەوە.
تەرخانکردنی نۆبەرە
13 یەزدان بە موسای فەرموو: 2 «هەموو نێرینەیەکی نۆبەرە بۆ من تەرخان بکەن. یەکەم بەری سک لە نەوەی ئیسرائیل لە مرۆڤ و لە ئاژەڵ، ئەوە بۆ منە.»
3 موسا بە گەلی گوت: «یادی ئەم ڕۆژە بکەنەوە کە لە میسر هاتنە دەرەوە، لە خاکی کۆیلایەتی، کە بە دەستێکی بەهێز یەزدان لێرە دەریهێنان، هیچ شتێکی بە هەویرترش مەخۆن. 4 ئێستا، کە مانگی ئاڤیڤە[u]، ئێوە میسر بەجێدەهێڵن. 5 کاتێک یەزدان دەتانهێنێتە خاکی کەنعانی و حیتی و ئەموری و حیڤی و یەبوسییەکان، ئەو خاکەی کە سوێندی بۆ باوباپیرانتان خوارد بتانداتێ کە شیر و هەنگوینی لێ دەڕژێت، ئەوا لەو مانگەدا ئێوە ئەو ئەرکە بەجێدەگەیەنن. 6 حەوت ڕۆژ نانی فەتیرە دەخۆن و لە ڕۆژی حەوتەم جەژنە بۆ یەزدان. 7 لەو حەوت ڕۆژەدا نانی فەتیرە دەخورێت و هیچ شتێکی بە هەویرترش لەلاتان نەبینرێت، هیچ هەویرترشێک لە هەموو سنوورەکانتان نەبینرێت.
8 «لەو ڕۆژەدا بە کوڕەکەت ڕادەگەیەنیت و دەڵێیت: ”ئەمە لەبەر ئەوەیە، لەبەر ئەو کارەی کە یەزدان بۆ منی کرد کاتێک لە میسر هاتمە دەرەوە.“ 9 بۆت دەبێتە نیشانەیەک لەسەر دەستت و یادگارییەک لە نێوچەوانت، بۆ ئەوەی فێرکردنی یەزدان لە دەمت بێت، چونکە بە دەستێکی بەهێز یەزدان لە میسر دەریهێنایت. 10 ئەو فەرزەش ساڵ لەدوای ساڵ لە کاتی خۆیدا بەجێدەهێنیت.
11 «کاتێک یەزدان دەتانهێنێتە خاکی کەنعانییەکان دەیداتە ئێوە، هەروەک سوێندی خوارد بۆ ئێوە و بۆ باوکانتان، 12 ئەوا ئێوە هەموو بەری یەکەمی سک و هەموو نۆبەرەیەکی نێرینە لە بەری ماڵاتەکەتان کە بۆتان دەبێت، دەبێت پێشکەشی یەزدانی بکەن، ئەوانە بۆ یەزدانن. 13 هەموو نۆبەرەیەکی گوێدرێژیش بە بەرخێک دەکڕنەوە، ئەگەر نەیکڕنەوە، ملی دەشکێنن. هەموو نۆبەرەیەکیش لە کوڕانتان دەکڕنەوە.
14 «لە ڕۆژانی داهاتوو کە کوڕەکەت لێت دەپرسێت و دەڵێت: ”ئەمە چییە؟“ پێی دەڵێیت: ”بە دەستێکی بەهێز یەزدان لە میسر دەریهێناین، لە خاکی کۆیلایەتی. 15 ئەوە بوو کاتێک فیرعەون کەللەڕەق بوو لە ڕێپێدانمان بۆ ئەوەی بڕۆین، یەزدان هەموو نۆبەرەیەکی لە خاکی میسر کوشت، لە نۆبەرەی مرۆڤەوە هەتا نۆبەرەی ئاژەڵ. لەبەر ئەمەیە من هەموو نێرێکی نۆبەرەی سک بۆ یەزدان سەردەبڕم و هەر نۆبەرەیەک لە منداڵەکانم دەکڕمەوە.“ 16 ئەمەش دەبێتە نیشانە لەسەر دەستت و هێما لەسەر نێوچەوانت، چونکە بە دەستێکی بەهێز یەزدان لە میسر دەریهێناین.»
ڕۆیشتن بەناو دەریا
17 ئەوە بوو کە فیرعەون ڕێی دا گەلەکە بڕۆن، خودا ڕێنمایی نەکردن بۆ ڕێگای خاکی فەلەستییەکان[v]، لەگەڵ ئەوەی نزیکیش بوو، چونکە خودا فەرمووی: «نەوەک گەل پەشیمان ببنەوە کاتێک شەڕ ببینن و بگەڕێنەوە بۆ میسر.» 18 ئیتر خودا گەلی سووڕاندەوە بۆ ڕێگای چۆڵەوانی دەریای سوور. نەوەی ئیسرائیل بە ڕیز چەکداربوون بۆ جەنگ و لە خاکی میسرەوە سەرکەوتن.
19 موساش ئێسکەکانی یوسفی لەگەڵ خۆی برد، چونکە یوسف نەوەی ئیسرائیلی سوێند دابوو و گوتبووی: «بێگومان خودا بەسەرتان دەکاتەوە، دەبێت ئێوەش لێرەوە ئێسقانەکانم لەگەڵ خۆتان ببەنەوە.»[w]
20 دوای ئەوەی لە سوکۆتەوە کۆچیان کرد و لە ئێتام لایاندا لە قەراغی چۆڵەوانی. 21 یەزدانیش لەپێشیانەوە دەڕۆیشت، بە ڕۆژ لە ستوونێکی هەوردا لە ڕێگا ڕابەرایەتی دەکردن، بە شەویش لە ستوونێکی ئاگر هەتا ڕووناکییان بۆ ببێت، بۆ ئەوەی بە شەو و ڕۆژ بڕۆن. 22 ستوونە هەورەکە بە ڕۆژ و ستوونە ئاگرەکە بە شەو لەبەردەم گەلدا لا نەدەچوون.
14 یەزدان بە موسای فەرموو: 2 «بە نەوەی ئیسرائیل بڵێ: ”با بگەڕێنەوە و بەرامبەر پیهەحیرۆت چادر هەڵبدەن، لەنێوان مگدۆل و دەریا. لەلای دەریاوە چادر هەڵبدەن، بەرامبەر بە بەعلچیفۆن. 3 فیرعەون دەربارەی نەوەی ئیسرائیل دەڵێت: ’سەرلێشێواون لە خاکەکە، لەنێوان دەریا و چۆڵەوانی گیریان خواردووە.‘ 4 دڵی فیرعەونیش ڕەق دەکەم بۆ ئەوەی بەدوایان بکەوێت. بەڵام بۆ فیرعەون و هەموو سوپاکەی شکۆمەند دەبم، میسرییەکانیش دەزانن کە من یەزدانم.“» ئیتر بەم جۆرەیان کرد.
5 کاتێک بە پاشای میسر ڕاگەیەنرا کە گەلەکە لە دەستی هەڵاتن، دڵی فیرعەون و خزمەتکارانی سەبارەت بە گەلی ئیسرائیل گۆڕا، گوتیان «ئەمە چی بوو کردمان، کە ڕێمان دا نەوەی ئیسرائیل بڕۆن لە خزمەتکردنمان؟» 6 ئیتر گالیسکەکەی پێ ئامادەکردن و سوپایەکەشی لەگەڵ خۆی برد، 7 شەش سەد گالیسکەی هەڵبژێردراو و هەموو گالیسکەکانی میسر و هەموو ئەفسەرە سواربووەکانیانی برد. 8 یەزدان دڵی فیرعەونی پاشای میسری ڕەقکرد، ئیتر بەدوای نەوەی ئیسرائیل کەوت، نەوەی ئیسرائیلیش ئازایانە بەرەو پێش دەچوون. 9 میسرییەکان دوایان کەوتن. هەموو ئەسپ و گالیسکەکانی فیرعەون و سوارەکانی و سوپاکەی دوایان کەوتن و پێیان گەیشتن، کاتێک لەلای دەریا چادریان هەڵدابوو، لەلای پیهەحیرۆت بەرامبەر بەعلچیفۆن.
10 کاتێک فیرعەون نزیک بووەوە، نەوەی ئیسرائیل چاویان هەڵبڕی و بینییان میسرییەکان بەدوایانەوەن، زۆر ترسان و نەوەی ئیسرائیل هاواریان بۆ یەزدان کرد. 11 بە موسایان گوت: «ئایا لەبەر ئەوەی لە میسر گۆڕ نییە بۆ مردن وا ئێمەت هێنایە چۆڵەوانی؟ ئەمە چی بوو پێت کردین هەتا وامان لێ بکەیت لە میسر بێنە دەرەوە؟ 12 ئەمە ئەو قسەیە نییە کە لە میسر پێمان گوتی: ”لێمانگەڕێ با خزمەتی میسرییەکان بکەین،“ چونکە بۆ ئێمە باشترە خزمەتی میسرییەکان بکەین وەک لەوەی لە چۆڵەوانی بمرین؟»
13 موساش وەڵامی گەلی دایەوە: «مەترسن، چەسپاو بن و بڕواننە ڕزگاریی یەزدان کە ئەمڕۆ بۆ ئێوەی دەکات، چونکە وەک ئەوەی ئەمڕۆ میسرییەکانتان بینی، ئیتر هەتاهەتایە نایانبیننەوە. 14 یەزدان بۆتان دەجەنگێت و ئێوەش بێدەنگ دەبن.»
15 یەزدان بە موسای فەرموو: «چییە هاوارم بۆ دەکەیت؟ بە نەوەی ئیسرائیل بڵێ با کۆچ بکەن. 16 تۆش گۆچانەکەت بەرز بکەرەوە و دەستت بۆ سەر دەریاکە درێژ بکە و لێکی بکەرەوە، ئیتر نەوەی ئیسرائیل دەچنە ناوەڕاستی دەریاکە بۆ سەر وشکانی ژێرەوەی. 17 ئەوەتا منیش دڵی میسرییەکان ڕەق دەکەم، ئەوانیش بەدوایاندا دێن، منیش شکۆمەند دەبم بۆ فیرعەون و بۆ هەموو سوپاکەی و گالیسکە و سوارەکانی. 18 میسرییەکانیش دەزانن کە من یەزدانم، کاتێک شکۆمەند دەبم بۆ فیرعەون و گالیسکە و سوارەکانی.»
19 ئینجا فریشتەکەی خودا کە لەپێش سوپای ئیسرائیلییەکانەوە دەڕۆیشت شوێنەکەی گواستەوە و لە دوایانەوە ڕۆیشت، ستوونە هەورەکەش لەپێشیانەوە گواستییەوە و لە دواوەیان وەستا. 20 هاتە نێوان لەشکری میسرییەکان و سوپای ئیسرائیلییەکان، ئیتر هەورەکە بە درێژایی شەو تاریکی بۆ لایەک هێنا و ڕووناکی بۆ لایەکی دیکە. بۆیە بە درێژایی شەو هیچیان نزیکی یەکتر نەبوونەوە.
21 موساش دەستی بۆ سەر دەریاکە درێژکرد، یەزدان بە درێژایی شەو بە بایەکی ڕۆژهەڵاتی توند دەریاکەی ڕاماڵی، دەریاکەی کردە زەوی وشک و ئاوەکە شەق بوو. 22 ئیتر نەوەی ئیسرائیل چوونە ناو دەریاکە بۆ سەر وشکانی ژێرەوەی، ئاو بووە دیوار بۆیان لە ڕاست و چەپیانەوە.
23 میسرییەکانیش دوایان کەوتن، هەموو ئەسپەکانی فیرعەون و گالیسکە و سوارەکانی لە دوایان هاتنە ناوەندی دەریاکە. 24 ئەوە بوو لە چاوەڕوانی بەرەبەیان، یەزدان لە ستوونی ئاگر و هەورەوە بەرەو خوار تەماشای لەشکری میسرییەکانی کرد و سەری لە لەشکری میسرییەکان شێواند. 25 چەرخەی گالیسکەکانیانی لێک ترازاند لەبەر ئەوە بە قورسی لێیاندەخوڕی. میسرییەکان گوتیان: «با لەبەردەم نەوەی ئیسرائیل هەڵبێین، چونکە یەزدان بۆیان دەجەنگێت لە دژی میسرییەکان.»
26 یەزدان بە موسای فەرموو: «دەستت بۆ سەر دەریا درێژ بکە و ئاوەکە بۆ سەر میسرییەکان و گالیسکە و سوارەکان دەگەڕێتەوە.» 27 موساش دەستی بۆ سەر دەریاکە درێژکرد و دەمەو بەیان دەریاکە گەڕایەوە باری جاران، میسرییەکانیش لێی هەڵدەهاتن، یەزدان میسرییەکانی داتەکاندە ناو دەریاکە. 28 ئیتر ئاوەکە گەڕایەوە سەر گالیسکە و سوارەکانی و هەموو سوپاکەی فیرعەون و دایپۆشین. ئەوانەی بەدوایاندا هاتبوونە ناو دەریاکە، کەسیان لێ نەما.
29 بەڵام نەوەی ئیسرائیلیش بەسەر وشکانیدا ڕۆیشتن بەناو دەریاکەدا و ئاویش دیوار بوو بۆیان لە ڕاست و چەپیانەوە. 30 یەزدان لەو ڕۆژەدا ئیسرائیلی لە دەستی میسرییەکان ڕزگار کرد، ئیسرائیلیش میسرییەکانیان بینی لە کەناری دەریاکە مردوون. 31 ئیسرائیل ئەو کارە مەزنەی بینی کە یەزدان لە دژی میسرییەکان بەکاریهێنا، ئیتر گەل لە یەزدان ترسان و باوەڕیان بە یەزدان و بە موسای بەندەی هێنا.
سروودی موسا و مریەم
15 ئینجا موسا و نەوەی ئیسرائیل ئەم سروودەیان بۆ یەزدان گوت:
«سروود بۆ یەزدان دەڵێم،
چونکە شکۆمەندانە سەرکەوت،
ئەسپ و سوارەکەی
فڕێدایە ناو دەریا.
2 «هێز و سروودم یەزدانە،
بووە بە ڕزگاری بۆم.
ئەمە خودامە و شکۆداری دەکەم،
خودای باوکمە و بە گەورەی دەزانم.
3 یەزدان پیاوی جەنگە،
ناوی یەزدانە.
4 گالیسکەکانی فیرعەون و سوپاکەی
فڕێدایە ناو دەریا،
هەڵبژاردەی ئەفسەرەکانی
لە دەریای سوور نوقوم بوون،
5 قووڵایی دایپۆشین،
کەوتنە بنەوە وەک بەرد.
6 دەستی ڕاستت، ئەی یەزدان،
بەتوانایە بۆ شکۆمەندیت.
دەستی ڕاستت، ئەی یەزدان،
دوژمن تێکدەشکێنێت.
7 «بە مەزنی و پایەبەرزیت
بەرهەڵستەکانت پێشێل دەکەیت،
جۆشی تووڕەییت دەبارێنیت
وەک پووش دەیانخوات.
8 بە بای لووتت
ئاوەکان گرد بوونەوە،
ئاوەڕۆکان وەک گرد وەستان،
قووڵاییەکان لەناو دەریا بەستیان.
9 دوژمن گوتی:
”دوایان دەکەوم، پێیان دەگەم،
تاڵان دابەش دەکەم،
گیانم لێیان تێر دەبێت،
شمشێرەکەم ڕادەکێشم،
دەستم لەناویان دەبات.“
10 بەڵام بە بای خۆت فووت کرد،
دەریا دایپۆشین،
ڕۆچوون وەک قورقوشم،
لە ئاوێکی مەزن.
11 ئەی یەزدان، کێ لەنێو خوداوەندەکان وەک تۆیە؟
کێ وەک تۆ
پایەبەرزە لە پیرۆزی،
سامناک لە شکۆمەندی،
دروستکەری کاری سەرسوڕهێنەر؟
12 «دەستی ڕاستت درێژکرد،
زەوی قووتی دان.
13 ئەو گەلەی کڕیتەوە،
بە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت ڕابەرایەتی دەکەیت،
بە هێزی خۆت ڕێنمایی دەکەیت،
بۆ نشینگەی پیرۆزت.
14 گەلان گوێیان لێ دەبێت و دەلەرزن،
دانیشتووانی فەلەستیە ژان دەیانگرێت.
15 سەرکردەکانی ئەدۆم سەرسام دەبن،
ڕابەرەکانی مۆئاب لەرز دەیانگرێت،
هەموو دانیشتووانی کەنعان دەتوێنەوە.
16 سامناکی و تۆقین دێتە سەریان.
ئەی یەزدان، بە هێزی بازووت
وەک بەرد لە شوێنی خۆیان دەچەقن،
هەتا ئەوەی گەلەکەت دەپەڕێتەوە،
هەتا ئەو گەلەی کڕیوتە دەپەڕێتەوە.
17 دەیانهێنیت و دەیانچێنیت
لە کێوی میراتت،
ئەو شوێنەی بۆ نیشتەجێی خۆت دروستت کرد ئەی یەزدان،
ئەی پەروەردگار، ئەو پیرۆزگایەی کە دەستەکانت دایمەزراند.
18 «یەزدان پاشایەتی دەکات
بۆ هەتاهەتایە.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.