Bible in 90 Days
بەشی یەهودا
15 بەشی هۆزی نەوەی یەهودا بە تیروپشک بەگوێرەی خێڵەکانیان لە سنووری ئەدۆمەوە بۆ چۆڵەوانی چن بەرەو باشوور درێژ بووەوە، هەتا ئەوپەڕی باشوور.
2 سنووری باشووریان لە کەنداوەوە دەستپێدەکات، لە کۆتایی باشووری دەریای مردووە[a] و 3 لەوێشەوە بۆ باشووری هەورازی دووپشک دەچوو و پەڕییەوە بۆ چن لە باشووری قادێش بەرنێعەوە سەرکەوت. ئینجا بەردەوام بوو بۆ حەسرۆن و سەرکەوت بۆ ئەدار لەوێشەوە بۆ قەرقەع و 4 بەردەوام بوو بۆ عەچمۆن و لەگەڵ دۆڵی میسر یەکیگرت و کۆتایی سنوورەکەش لەلای دەریای سپی ناوەڕاست[b] بوو. ئەمە دەبێتە سنووری باشووریان.
5 سنووری ڕۆژهەڵاتیش لە دەریای مردووەوە هەتا کۆتایی ڕووباری ئوردون بوو.
سنووری لای باکوور دەستپێدەکات لە کەنداوی دەریاکە لەلای کۆتایی ڕووباری ئوردون و 6 سنوورەکە سەرکەوت بۆ بێتحۆگلە و لە باکووری بێتعەراڤا پەڕییەوە و سنوورەکە سەرکەوت بۆ بەردی بۆهەنی کوڕی ڕەئوبێن و 7 سنوورەکە لە دۆڵی عاخۆرەوە سەرکەوت بۆ دەڤیر و بەرەو باکوور بووەوە بۆ گەلیلۆت کە بەرامبەر بە ڕێگای هەورازی ئەدومیمە کە لە باشووری دەربەندەکەیە و ئینجا سنوورەکە بەردەوام بوو بۆ ئاوەکانی کانی شەمەش و چوو بۆ کانی ڕۆگێل. 8 ئینجا سنوورەکە بە دۆڵی بەنهینۆمدا بەلای باشووری بناری شاری یەبوسیدا سەرکەوت کە ئۆرشەلیمە، سنوورەکە بۆ سەر لووتکەی کێوەکە سەرکەوت کە بەرامبەر دۆڵی بەنهینۆمە بەلای ڕۆژئاوادا کە لە کەنار دۆڵی ڕفایمە لە باکوور. 9 سنوورەکە لەسەر لووتکەی کێوەکەوە درێژ بووەوە بۆ سەرچاوەی ئاوەکانی نەفتۆوەح و چوو بۆ شارۆچکەکانی کێوی عەفرۆن. لەوێشەوە سنوورەکە درێژ بووەوە بۆ بەعلە کە قیریەت یەعاریمە. 10 ئینجا سنوورەکە لە بەعلەیەوە بەرەو ڕۆژئاوا درێژ بووەوە بۆ کێوی سێعیر[c] و بەردەوام بوو بۆ لای بناری کێوی یەعاریم لە باکوور کە کەسالۆنە و دابەزییە بێتشەمەش و پەڕییەوە بۆ تیمنا. 11 ئینجا سنوورەکە چوو بۆ لای بناری باکووری عەقرۆن و سنوورەکە درێژ بووەوە بۆ شیکارۆن و لە کێوی بەعلە پەڕییەوە و گەیشتە یەڤنئێل و کۆتایی سنوورەکەش لەلای دەریای سپی ناوەڕاست بوو.
12 سنووری ڕۆژئاواشیان دەریای سپی ناوەڕاست[d] بوو بە کەنارەکانییەوە.
ئەمە سنووری نەوەی یەهودا بوو بە چواردەوریدا بەگوێرەی خێڵەکانیان.
13 بەپێی فەرمانی یەزدان، یەشوع لەنێو نەوەی یەهودا بەشێکی دا بە کالێبی کوڕی یەفونە، ئەویش قیریەت ئەربەع بوو کە حەبرۆنە و ئەربەع باپیرە گەورەی عەناق بوو. 14 کالێبیش هەر سێ خێڵی نەوەی عەناقی لە حەبرۆن دەرکرد، شێشەی و ئەحیمەن و تەلمەی کە کوڕەکانی عەناق بوون. 15 لەوێشەوە بۆ هێرشکردنە سەر دانیشتووانی دەڤیر پێشڕەوی کرد، دەڤیر پێشتر ناوی قیریەت سێفەر بوو. 16 ئینجا کالێب گوتی: «ئەوەی پەلاماری قیریەت سێفەر بدات و بیگرێت، عەکسای کچمی دەدەمێ ببێتە ژنی.» 17 ئیتر عۆسنیێلی کوڕی قەنەزی برای کالێب قیریەت سێفەری گرت، کالێبیش عەکسای کچی دایێ بۆ ئەوەی ببێتە ژنی.
18 ئینجا لە کاتی هاتنی بۆ لای عۆسنیێل، عەکسا هانی دا بۆ ئەوەی داوای کێڵگەیەک لە باوکی بکات. کاتێک عەکسا لە گوێدرێژەکە دابەزی، کالێب لێی پرسی: «چیت بۆ بکەم؟»
19 ئەویش پێی گوت: «بەرەکەتێکم بدەرێ، لەبەر ئەوەی لە نەقەب زەویت پێداوم، سەرچاوەکانی ئاوم بدەرێ.» کالێبیش کانیاوەکانی سەروو و خوارووی پێدا.
20 ئەمە میراتی هۆزی یەهودایە بەگوێرەی خێڵەکانیان:
21 شارۆچکەکانی هۆزی نەوەی یەهودا کە لە کۆتایی باشووردا بوون لە نەقەب لەلای سنووری ئەدۆم ئەمانە بوون:
قەڤچەئێل و عێدەر و یاگور و 22 قینا و دیمۆنا و عەدعادە و 23 قەدەش و حاچۆر و یەتنان و 24 زیف و تەلەم و بەعالۆت و 25 حاچۆر حەدەتا و قەریۆت حەسرۆن کە حاچۆرە و 26 ئەمام و شەمەع و مۆلادا و 27 حەچەر گەدا و حەشمۆن و بێتپەلەت و 28 حەچەر شوعال و بیری شابەع و بزیۆتیە و 29 بەعلە و عییم و عەچەم و 30 ئەلتۆلەد و کەسیل و حۆرما و 31 چیقلەگ و مەدمەنا و سەنسەنا و 32 لەڤائۆت و شیلحیم و عەین و ڕیمۆن. هەموو شارۆچکەکان بیست و نۆ شارۆچکە بوون بە گوندەکانیشیانەوە.
33 لە زوورگەکانی خۆرئاوا:
ئەشتائۆل و چۆرعا و ئەشنا و 34 زانۆوەح و کانی گەنیم و تەپووەح و عێینام و 35 یەرموت و عەدولام و سۆکۆ و عەزێقا و 36 شەعەرایم و عەدیتەیم و گەدێرا یان گەدێرۆتەیم بوون، چواردە شارۆچکە بوون بە گوندەکانیانەوە.
37 چەنان و حەداشا و میگدەل گاد و 38 دیلعان و میچپا و یۆقتئێل و 39 لاخیش و بۆچقەت و عەگلۆن و 40 کەبۆن و لەحماس و کیتلیش و 41 گەدێرۆت و بێتداگۆن و نەعما و مەقێدا، شازدە شارۆچکە بوون بە گوندەکانیانەوە.
42 لیڤنا و عەتەر و عاشان و 43 یەفتاح و ئەشنا و نەچیڤ و 44 قەعیلا و ئەکزیڤ و مارێشا، نۆ شارۆچکە بوون بە گوندەکانیانەوە.
45 عەقرۆن لەگەڵ دانیشتووانی دەوروبەری و گوندەکانی، 46 لە عەقرۆنەوە بەرەو ڕۆژئاوا، هەموو ئەوەی نزیک ئەشدۆد و گوندەکانیەتی، 47 ئەشدۆد لەگەڵ دانیشتووانی دەوروبەری و گوندەکانی و غەزە و دانیشتووانی دەوروبەری و گوندەکانی هەتا دۆڵی میسر و دەریای سپی ناوەڕاست و کەنارەکانی.
48 لە ناوچە شاخاوییەکەش:
شامیر و یەتیر و سۆکۆ و 49 دەنا و قیریەت سەنا کە دەڤیرە و 50 عەناڤ و ئەشتەمۆ و عانیم و 51 گۆشەن و حۆلۆن و گیلۆ. یازدە شارۆچکە بوون بە گوندەکانیانەوە.
52 ئەرەڤ و دوما و ئەشعان و 53 یانیم و بێتتەپووەح و ئەفێقا و 54 حومتا و قیریەت ئەربەع کە حەبرۆنە و چیعۆر، نۆ شارۆچکە بوون بە گوندەکانیانەوە.
55 ماعۆن و کەرمەل و زیف و یوتا و 56 یەزرەعیل و یۆقدەعام و زانۆوەح و 57 قەین و گیڤعا و تیمنا، دە شارۆچکە بوون بە گوندەکانیانەوە.
58 حەلحول و بێتچوور و گەدۆر و 59 مەعەرات و بێتعەنۆت و ئەلتەقۆن، شەش شارۆچکە بوون بە گوندەکانیانەوە.
60 قیریەت بەعل ئەوەی قیریەت یەعاریمە و ڕەبە، دوو شارۆچکە بوون بە گوندەکانیانەوە.
61 لە چۆڵەوانیش:
بێتعەراڤا و میددین و سیکاکا و 62 نیڤشان و شاری خوێ و کانی گەدی، شەش شارۆچکە بوون بە گوندەکانیانەوە.
63 بەڵام نەوەی یەهودا نەیتوانی یەبوسییەکانی دانیشتووی ئۆرشەلیم دەربکەن، جا هەتا ئەمڕۆش یەبوسییەکان لە ئۆرشەلیمدا لەگەڵ نەوەی یەهودا نیشتەجێن.
بەشەکانی مەنەشە و ئەفرایم
16 تیروپشک بۆ بەشی نەوەی یوسف دەرچوو، لە ڕووباری ئوردون لەلای ئەریحا هەتا ئاوی ئەریحا بوو، بەرەو ڕۆژهەڵات هەتا ئەو چۆڵەوانییەی لە ئەریحاوە سەردەکەوێت بۆ ناوچە شاخاوییەکانی بێتئێل، 2 لە بێتئێلیشەوە کە پێی دەگوترێ لوز، بەردەوام بوو بۆ سنووری ئەرکییەکان لە عەتەرۆت و 3 لەوێشەوە ڕووەو ڕۆژئاوا دابەزی بۆ سنووری یەفلێتییەکان و بۆ سنووری بێتحۆرۆنی خواروو و بۆ گەزەر و کۆتاییەکەشی لەلای دەریای سپی ناوەڕاست[e] بوو.
4 جا نەوەکانی یوسف مەنەشە و ئەفرایم میراتی خۆیان وەرگرت.
5 ئەمانەش سنووری نەوەی ئەفرایم بوو بەگوێرەی خێڵەکانیان:
سنووری میراتەکەیان لە ڕۆژهەڵات، عەتەرۆت ئەدار بوو، هەتا بێتحۆرۆنی ژووروو، 6 ئینجا سنوورەکە بەرەو دەریا چوو، لە میخمەتات ڕووەو باکوور، بەلای ڕۆژهەڵاتدا سووڕایەوە بۆ تانەس شیلۆ و پەڕییەوە بۆ یانۆوەح لەلای ڕۆژهەڵات. 7 سنوورەکە لە یانۆوەحەوە دابەزی بۆ عەتەرۆت و نەعەرا و چوو بۆ ئەریحا و گەیشتە ڕووباری ئوردون. 8 ئینجا سنوورەکە لە تەپووەح درێژبووەوە بەرەو ڕۆژئاوا بۆ شیوی قانا و کۆتاییەکەشی لەلای دەریای سپی ناوەڕاست بوو. ئەمە میراتی هۆزی نەوەی ئەفرایم بوو بەگوێرەی خێڵەکانیان، 9 لەگەڵ ئەو شارۆچکانەی لەناو میراتی نەوەی مەنەشەدا بۆ نەوەی ئەفرایم جیا کرابوونەوە، هەموو شارۆچکە و گوندەکانیان.
10 کەنعانییەکانی دانیشتووانی گەزەریان دەرنەکرد، ئیتر کەنعانییەکان هەتا ئەمڕۆش لەگەڵ ئەفرایمدا نیشتەجێن و وەک کۆیلە بێگارییان پێدەکەن.
17 ئینجا تیروپشک بۆ هۆزی مەنەشە بوو، چونکە ئەو نۆبەرەی یوسف بوو، بۆ ماکیری نۆبەرەی مەنەشە و باپیرە گەورەی گلعاد، چونکە ماکیرییەکان پیاوی جەنگ بوون، گلعاد و باشان بۆ ئەو بوون. 2 تیروپشک بۆ نەوەکانی دیکەی مەنەشەش بەگوێرەی خێڵەکانیان بوو، بۆ نەوەی ئەڤیعەزەر، حێلەق، ئەسریێل، شەخەم، حێفەر و شەمیداع بەگوێرەی خێڵەکانیان بوو. ئەمانە نێرینەکانی کوڕانی مەنەشەی کوڕی یوسفن.
3 بەڵام سەلۆفحادی کوڕی حێفەری کوڕی گلعادی کوڕی ماکیری کوڕی مەنەشە هیچ کوڕی نەبوو، بەڵکو کچی هەبوو، ئەمەش ناوی کچەکانییەتی، مەحلە، نۆعا، حۆگلە، میلکە و تیرزە. 4 جا چوونە پێش بۆ لای ئەلعازاری کاهین و یەشوعی کوڕی نون و سەرۆکەکان، گوتیان: «یەزدان فەرمانی بە موسا کرد کە لەناو براکانمان میراتمان بدرێتێ.» ئیتر یەشوع بەپێی فەرمانی یەزدان لەنێو براکانی باوکیان میراتی پێدان. 5 مەنەشە دە بەشی بەرکەوت، بێجگە لە زەوی گلعاد و باشان کە لەوبەری ڕووباری ئوردونەوە بوو بەلای ڕۆژهەڵاتەوە، 6 چونکە کچانی هۆزی مەنەشە لەگەڵ کوڕەکانی میراتیان وەرگرت. زەوی گلعادیش بۆ ئەوانی دیکە بوو لە نەوەی مەنەشە.
7 سنووری مەنەشەش لە ئاشێرەوە بۆ میخمەتات بوو کە ڕۆژهەڵاتی شەخەمە. سنوورەکە بەلای باشووردا درێژ بووەوە بۆ لای دانیشتووانی کانی تەپووەح. 8 شاری تەپووەح لەسەر سنووری مەنەشە تایبەت بوو بە نەوەی ئەفرایم، بەڵام ناوچەکانی دەوروبەری شاری تەپووەح تایبەت بوون بە مەنەشە. 9 ئینجا سنوورەکە بەرەو باشوور دابەزی بۆ شیوی قانا. ئەمانە شارۆچکەکانی ئەفرایم بوون لەنێو شارۆچکەکانی مەنەشە، سنووری مەنەشەش لە باکووری شیوەکە بوو، کۆتاییەکەشی لەلای دەریای سپی ناوەڕاست[f] بوو. 10 لەلای باشوورەوە خاکەکە بۆ ئەفرایم بوو، لەلای باکووریشەوە بۆ مەنەشە بوو. دەریاش سنووری بوو، لەلای باکوورەوە گەیشتە ئاشێر و لەلای ڕۆژهەڵاتیشەوە گەیشتە یەساخار.
11 جا لەناو یەساخار و ئاشێر ئەم شارۆچکانە و دەوروبەریان بۆ مەنەشە بوون: بێتشان، یەڤلەعام، دانیشتووانی دۆر، سێ بەرزاییەکانی کانی دۆر، تەعنەک و مەگیدۆ.
12 بەڵام نەوەی مەنەشە نەیانتوانی دەست بەسەر ئەو شارۆچکانەدا بگرن، چونکە کەنعانییەکان سوور بوون لەسەر نیشتەجێبوون لەو خاکەدا. 13 کاتێک نەوەی ئیسرائیل بەهێزتر بوون بێگارییان بە کەنعانییەکان کرد، بەڵام بە تەواوی دەریاننەکردن.
14 ئینجا نەوەی یوسف لەگەڵ یەشوعدا دوان و گوتیان: «بۆچی یەک تیروپشک و یەک بەشت وەک میرات پێداوین، لەگەڵ ئەوەی ئێمە گەلێکی زۆرین، چونکە هەتا ئێستاش یەزدان هەر بەرەکەتداری کردووین؟»
15 یەشوعیش وەڵامی دانەوە: «ئەگەر ئێوە گەلێکی زۆرن، سەربکەون بۆ دارستان لەوێ بۆ خۆتان زەوی پریزی و ڕفائییەکان پاک بکەنەوە، ئەگەر ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم تەنگە بۆتان.»
16 نەوەی یوسفیش گوتیان: «ناوچە شاخاوییەکە بەشمان ناکات و هەموو کەنعانییەکانی دانیشتووی دۆڵەکەش گالیسکەی ئاسنیان هەیە، ئەوانەی لە بێتشان و دەوروبەری و ئەوانەی لە دۆڵی یەزرەعیلن.»
17 ئینجا یەشوع بە بنەماڵەی یوسف، بە نەوەی ئەفرایم و مەنەشەی گوت: «ئێوە گەلێکی زۆرن و توانایەکی مەزنتان هەیە، لەبەر ئەوە تەنها یەک تیروپشکتان نابێت، 18 بەڵکو ناوچە شاخاوییەکەش بۆ ئێوە دەبێت، چونکە دارستانیشی هەیە، جا بیبڕنەوە و هەتا کۆتایی سنوورەکەی دەستی بەسەردا بگرن، ئینجا کەنعانییەکان دەردەکەن، هەرچەندە گالیسکەی ئاسنینیان هەبێت و بەهێزیش بن.»
دابەشکردنی ئەو زەوییانەی کە ماوەتەوە
18 ئینجا هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل لە شیلۆ کۆبوونەوە و لەوێدا چادری چاوپێکەوتنیان هەڵدا، خاکەکەش خرایە ژێر ڕکێفیانەوە. 2 بەڵام حەوت هۆز لە نەوەی ئیسرائیل مابوونەوە کە هێشتا میراتەکەی خۆیان وەرنەگرتبوو.
3 جا یەشوع بە نەوەی ئیسرائیلی گوت: «هەتا کەی خاو دەبن لە چوونە ژوورەوە بۆ دەست بەسەرداگرتنی ئەو خاکەی کە یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانتان پێیداون؟ 4 لە هەر هۆزێک سێ کەس بۆ خۆتان هەڵبژێرن، بۆ ئەوەی بیاننێرم و بچن و بە خاکەکەدا بگەڕێن، بەگوێرەی میراتەکەیان ڕووپێو بکەن، پاشان بگەڕێنەوە بۆ لام. 5 بۆ حەوت بەش دابەشی بکەن. جا یەهودا لەسەر سنوورەکەی خۆی لە باشوور دەمێنێتەوە و بنەماڵەی یوسفیش لەسەر سنوورەکەیان لە باکوور دەمێننەوە. 6 ئێوەش خاکەکە بۆ حەوت بەش ڕووپێو بکەن و پاشان بیهێننەوە ئێرە، لێرە لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارمان تیروپشکتان بۆ دەکەم. 7 بەڵام لێڤییەکان لەنێو ئێوەدا بەشیان نییە، چونکە کاهینیێتی یەزدان میراتی ئەوانە. گاد و ڕەئوبێن و نیوەی هۆزی مەنەشەش میراتی خۆیان لە بەری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردون وەرگرت، ئەوەی کە موسای بەندەی یەزدان پێیدان.»
8 کاتێک پیاوەکان بۆ ڕووپێوی خاکەکە بەڕێکەوتن، یەشوع فەرمانی پێکردن، گوتی: «بڕۆن و بە خاکەکەدا بگەڕێن و وردەکارییەکانی بنووسن. پاشان وەرنەوە بۆ لام و منیش لێرە لەبەردەم یەزدان لە شیلۆ تیروپشکتان بۆ دەکەم.» 9 ئینجا پیاوەکان ڕۆیشتن و بەناو خاکەکەدا گەڕان، بەگوێرەی شارۆچکەکان کردیان بە حەوت بەش، وردەکارییەکەیان تۆمار کرد، پاشان هاتنەوە بۆ لای یەشوع بۆ ئۆردوگاکە لە شیلۆ. 10 یەشوعیش لە شیلۆ لەبەردەم یەزدان تیروپشکی بۆ کردن، لەوێ خاکەکەی بۆ نەوەی ئیسرائیل بەگوێرەی بەشەکانیان دابەش کرد.
بەشی بنیامین
11 ئینجا تیروپشک بۆ هۆزی نەوەی بنیامین بەگوێرەی خێڵەکانیان کرا. سنووری تیروپشکەکەیان لەنێوان نەوەی یەهودا و نەوەی یوسفدا بوو.
12 سنوورەکەیان لەلای باکوورەوە لە ڕووباری ئوردونەوە دەستی پێکرد و لە بناری ئەریحا لەلای باکوورەوە تێدەپەڕی، پاشان بە ناوچە شاخاوییەکەدا بەرەو ڕۆژئاوا دەچوو، هەتا نزیک چۆڵەوانی بێتئاڤن. 13 ئینجا سنوورەکە لەوێوە بەردەوام بوو بۆ باشووری بناری لوز کە بێتئێلە و لەوێوە هاتە خوارەوە بۆ عەتەرۆت ئەدار لەسەر چیاکەی باشووری بێتحۆرۆنی خواروو.
14 ئینجا سنوورەکە درێژ بووەوە و سووڕایەوە بەلای ڕۆژئاوای باشوور، لەو کێوەی کە بەرامبەر بێتحۆرۆنە لە باشوور و گەیشتە قیریەت بەعل کە قیریەت یەعاریمە، شارۆچکەیەکی نەوەی یەهودا بوو. ئەمە لای ڕۆژئاوا بوو.
15 لای باشووریش لەوپەڕی قیریەت یەعاریمەوە دەستی پێکرد و سنوورەکە بەرەو ڕۆژئاوا چوو بۆ سەرچاوەی ئاوەکانی نەفتۆوەح. 16 سنوورەکە بۆ دامێنی کێوەکەی بەرامبەر بە دۆڵی بەنهینۆم کە لە دۆڵی ڕفایمە لەلای باکوور دابەزی، لەوێشەوە دابەزی بۆ دۆڵی هینۆم بەلای بناری یەبوسییەکاندا لەلای باشوورەوە، ئینجا دابەزی بۆ کانی ڕۆگێل. 17 ئینجا لە باکوورەوە ڕووەو کانی شەمەش درێژ بووەوە و بەردەوام بوو هەتا گەلیلۆت کە بەرامبەر بە ڕێگای هەورازی ئەدومیمە و ئینجا دابەزی بۆ بەردی بۆهەنی کوڕی ڕەئوبێن. 18 بەردەوام بوو بۆ بنارەکەی بەرامبەر بە بێتعەراڤا بەلای باکووردا، ئینجا دابەزی بۆ دەشتایی عەراڤا. 19 سنوورەکە بەردەوام بوو بۆ لای بناری باکووری بێتحۆگلە، لە کەنداوی باکووری دەریای مردوو[g] کۆتایی هات، لە کۆتایی ڕووباری ئوردون لە باشوور. ئەمەش سنووری باشوورە.
20 سنووری لای ڕۆژهەڵاتیش ڕووباری ئوردون بوو.
ئەمە میراتی نەوەی بنیامین بوو لەگەڵ سنوورەکەی بە چواردەوریدا بەگوێرەی خێڵەکانیان.
21 شارەکانی هۆزی نەوەی بنیامینیش بەگوێرەی خێڵەکانیان ئەمانە بوون:
ئەریحا، بێتحۆگلە، عێمەق قەچیچ، 22 بێتعەراڤا، چەمارایم، بێتئێل، 23 عەڤیم، پارا، عۆفرا، 24 کەفەر عەمۆنی، عۆفنی و گەڤەع، دوازدە شارۆچکە بوون بە گوندەکانیانەوە.
25 گبعۆن، ڕامە، بئێرۆت، 26 میچپا، کەفیرا، مۆچە، 27 ڕاقەم، یەرپەئێل، تەرەلا، 28 چێلەع، هائەلەف، شاری یەبوسی کە ئۆرشەلیمە، گیڤعا و قیریەت، چواردە شارۆچکە بوون بە گوندەکانیانەوە.
ئەمە میراتی نەوەی بنیامین بوو بەگوێرەی خێڵەکانیان.
بەشی هۆزی شیمۆن
19 تیروپشکی دووەمیش بۆ هۆزی شیمۆن بەگوێرەی خێڵەکانیان کرا، میراتەکەشیان کەوتە ناو میراتەکەی نەوەی یەهوداوە. 2 جا لە میراتەکەیان ئەمانە بۆ ئەوان بوو:
بیری شابەع کە شابەعە، مۆلادا، 3 حەچەر شوعال، بالا، عەچەم، 4 ئەلتۆلەد، بەتول، حۆرما، 5 چیقلەگ، بێتمەرکاڤۆت، حەچەر سوسا، 6 بێتلەڤائۆت، شاروحەن، سێزدە شارۆچکە بە گوندەکانیانەوە؛
7 عەین و ڕیمۆن و عەتەر و عاشان، چوار شارۆچکە بە گوندەکانیانەوە؛ 8 هەروەها هەموو ئەو گوندانەی بە چواردەوری ئەم شارۆچکانەدا بوون تاکو بەعەلەت بئێر کە ناسراوە بە ڕامەی نەقەب.
ئەمە میراتی هۆزی نەوەی شیمۆن بوو بەگوێرەی خێڵەکانیان. 9 میراتەکەی نەوەی شیمۆن لە بەشەکەی نەوەی یەهودا بوو، چونکە بەشەکەی نەوەی یەهودا زۆر بوو بۆیان، لەبەر ئەوە نەوەی شیمۆن لەناو میراتەکەی یەهودا میراتیان بەرکەوت.
بەشی هۆزی زەبولون
10 تیروپشکی سێیەمیش بەگوێرەی خێڵەکانیان بۆ نەوەی زەبولون کرا:
سنووری میراتەکەیان هەتا سارید بوو. 11 سنوورەکەیان بەرەو ڕۆژئاوا سەرکەوت بۆ مەرعەلا و گەیشتە دەباشەت و گەیشتە شیوەکەی نزیک بە یۆقنەعام. 12 ئینجا لە ساریدەوە بەلای ڕۆژهەڵات سووڕایەوە، ڕووەو خۆر هەڵاتن بەسەر سنووری کیسلۆت تاڤۆر و بەردەوام بوو بۆ داڤەرەت و سەرکەوت بۆ یافیع. 13 لەوێشەوە بەرەو ڕۆژهەڵات پەڕییەوە، ڕووەو ڕۆژهەڵات بۆ گەت حێفەر، عیتا قاچین و چوو بۆ ڕیمۆن و درێژ بووەوە بۆ نێعا. 14 لەوێشەوە سنوورەکە بەلای باکووردا سووڕایەوە بۆ حەناتۆن و کۆتاییەکەشی لەلای دۆڵی یەفتەح ئێل بوو. 15 دوازدە شارۆچکە بوون بە گوندەکانیانەوە، لەوانە قەتات و نەهەلال و شیمرۆن و یەدەلا و بێتلەحم[h].
16 ئەم شارۆچکانە لەگەڵ گوندەکانیان میراتی نەوەی زەبولون بوو بەگوێرەی خێڵەکانیان.
بەشی هۆزی یەساخار
17 تیروپشکی چوارەمیش بۆ یەساخار بوو، بۆ نەوەی یەساخار بەگوێرەی خێڵەکانیان. 18 سنوورەکەشیان ئەمانە بوو:
یەزرەعیل و کەسولۆت و شونێم و 19 حەفارەیم و شیئۆن و ئەناحەرەت و 20 ڕەبیت و قیشیۆن و ئەڤەچ و 21 ڕەمەت و کانی گەنیم و کانی حەدا و بێتپەچێچ بوو، 22 هەروەها سنوورەکە گەیشتە تاڤۆر و شەحەچوما و بێتشەمەش و کۆتایی سنوورەکەیان لەلای ڕووباری ئوردون بوو، شازدە شارۆچکە بوون بە گوندەکانیانەوە.
23 ئەمە میراتی هۆزی نەوەی یەساخارە بەگوێرەی خێڵەکانیان، ئەم شارۆچکانە لەگەڵ گوندەکانیان.
بەشی هۆزی ئاشێر
24 تیروپشکی پێنجەمیش بۆ هۆزی نەوەی ئاشێر بوو بەگوێرەی خێڵەکانیان، 25 سنوورەکەشیان ئەمانە بوو:
حەلقەت و حەلی و بەتەن و ئەکشاف و 26 ئەلەمەلەخ و عەمعاد و میشال و لەلای ڕۆژئاواشەوە گەیشتە کارمەل و شیحۆر لیڤنات. 27 ئینجا بەلای ڕۆژهەڵات گەڕایەوە بۆ بێتداگۆن و گەیشتە زەبولون و دۆڵی ییفتەح ئێل لە باکووری بێتعێمەق و نەعیێل و ئینجا بەلای چەپی کاڤولدا تێپەڕی 28 بۆ عەڤدۆن و ڕەحۆڤ و حەمۆن و قانا و هەتا سەیدائی مەزن. 29 ئینجا سنوورەکە گەڕایەوە بەرەو ڕامە و بۆ شاری سوری قەڵابەند، لەوێشەوە سنوورەکە گەڕایەوە بۆ حۆسا و کۆتاییەکەشی لەلای دەریای سپی ناوەڕاست[i] بوو لە ناوچەی ئەکزیڤ، 30 عوما و ئەفێق و ڕەحۆڤ، بیست و دوو شارۆچکە بوون بە گوندەکانیانەوە.
31 ئەم شارۆچکانە لەگەڵ گوندەکانیان میراتی هۆزی نەوەی ئاشێر بوو بەگوێرەی خێڵەکانیان.
بەشی هۆزی نەفتالی
32 تیروپشکی شەشەمیش بۆ نەوەی نەفتالی بوو بەگوێرەی خێڵەکانیان.
33 سنوورەکەشیان لە حێلەفەوە لە دار بەڕووەکەوە بوو لەلای چەعەنەنیم و ئەدامی نەقەڤ و یەڤنئێل و تاکو لەقووم و کۆتاییەکەشی لەلای ڕووباری ئوردون بوو. 34 ئینجا سنوورەکە بەرەو خۆرئاوا گەڕایەوە بۆ ئەزنۆت تاڤۆر و لەوێشەوە چوو بۆ حوقۆق و گەیشتە زەبولون لەلای باشوورەوە و گەیشتە ئاشێر لەلای ڕۆژئاواوە و لە ڕۆژهەڵاتیشەوە بۆ یەهودای ڕووباری ئوردون. 35 شارە قەڵابەندەکانیش، چیدیم و چێر و حەممەت و ڕەقەت و کینارێت و 36 ئەدامە و ڕامە و حاچۆر و 37 قەدەش و ئەدرەعی و کانی حاچۆر و 38 یەرئۆن و میگدەل ئێل و حۆرێم و بێتعەنات و بێتشەمەش، نۆزدە شارۆچکە بوون بە گوندەکانیانەوە.
39 ئەم شارۆچکانە لەگەڵ گوندەکانیان میراتی هۆزی نەوەی نەفتالی بوو بەگوێرەی خێڵەکانیان.
بەشی هۆزی دان
40 تیروپشکی حەوتەمیش بۆ هۆزی نەوەی دان بەگوێرەی خێڵەکانیان کرا، 41 جا هەرێمەکانی میراتیان ئەمە بوو:
چۆرعا و ئەشتائۆل و عیر شەمەش و 42 شەعەلەبین و ئەیالۆن و یەتلا و 43 ئێلۆن و تیمنا و عەقرۆن و 44 ئەلتەقێ و گیبەتۆن و بەعەلات و 45 یەهودییە و بەنێڤەرەق و گەت ڕیمۆن و 46 ئاوەکانی یەرقۆن و ڕەقۆن لەگەڵ ئەو سنوورانەی بەرامبەر بە یافا بوو.
47 پاش ئەوەی نەوەی دان سنوورەکەیان لە دەست چوو، جا نەوەی دان سەرکەوتن و لە دژی لەشەم جەنگان و گرتیان و دایانە بەر زەبری شمشێر و داگیریان کرد و تێیدا نیشتەجێ بوون، ئینجا لەشەمیان ناونا دان، لەسەر ناوی دانی باوباپیرانیان.
48 ئەم شارۆچکانە لەگەڵ گوندەکانیان میراتی هۆزی نەوەی دان بوو بەگوێرەی خێڵەکانیان.
بەشی یەشوع
49 پاش ئەوەی لە دابەشکردنی خاکەکە بوونەوە بەپێی سنوورەکانی، نەوەی ئیسرائیل لەنێو خۆیاندا میراتێکیان بە یەشوعی کوڕی نون دا. 50 بەپێی فەرمایشتی یەزدان، ئەو شارۆچکەیەیان پێیدا کە داوای کرد، تیمنەت سەرەح[j] لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم، جا شارۆچکەکەی بنیاد نایەوە و تێیدا نیشتەجێ بوو.
51 ئەمە میراتەکانە کە ئەلعازاری کاهین و یەشوعی کوڕی نون و سەرۆکەکانی باوکانی هۆزەکانی نەوەی ئیسرائیل لە شیلۆدا لەبەردەم یەزدان لەلای دەروازەی چادری چاوپێکەوتندا بە تیروپشک دابەشیان کرد و ئینجا لە دابەشکردنی خاکەکە بوونەوە.
شارەکانی پەناگا
20 ئینجا یەزدان بە یەشوعی فەرموو: 2 «بە نەوەی ئیسرائیل بڵێ: ”شاری پەناگا بۆ خۆتان دابنێن، هەروەک لە ڕێگەی موساوە پێم فەرموون، 3 هەتا ئەو کەسەی بەبێ ئەنقەست و بە ڕێککەوت کەسێکی دیکە دەکوژێت بۆ ئەوێ هەڵبێت، جا دەبێتە پەناگاتان لە دەست خوێنگری تۆڵەسێنەر.
4 «”با بۆ یەکێک لەو شارانە هەڵبێت و لە دەروازەی شارەکەدا بوەستێت و کێشەکەی بۆ پیرانی ئەو شارە بگێڕێتەوە و ئەوانیش لە شارەکەدا دەیگرنە خۆیان و شوێنێکی دەدەنێ، جا لەنێویاندا نیشتەجێ دەبێت. 5 ئەگەر هاتوو خوێنگرەکەش[k] دوای کەوت، ئەوان تۆمەتبارکراوەکە نادەنە دەستیەوە، چونکە بە ڕێککەوت نزیکەکەی خۆی کوشتووە و پێشتر ڕقی لێی نەبووەتەوە. 6 ئیتر لەو شارە نیشتەجێ دەبێت، هەتا بۆ بڕیاردان لەبەردەم ئەنجومەن دەوەستێت، هەتا مردنی سەرۆکی کاهین لەو سەردەمەدایە، ئینجا ئەو کەسە دەتوانێت بگەڕێتەوە ماڵەکەی خۆی، بۆ ئەو شارۆچکەیەی لێی هەڵاتبوو.“»
7 جا قەدەشیان لە جەلیل لە ناوچە شاخاوییەکانی نەفتالی تەرخان کرد و شەخەمیش لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم و قیریەت ئەربەع کە حەبرۆنە لە ناوچە شاخاوییەکانی یەهودا. 8 هەروەها لە بەری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردونیش لەلای ئەریحا، بەچەریان لە چۆڵەوانی لە دەشتە بەرزەکەی هۆزی ڕەئوبێن نیشان کرد و ڕامۆت لە گلعاد لە هۆزی گاد و گۆلان لە باشان لە هۆزی مەنەشە. 9 ئەمانە شارەکانی پەناگان بۆ هەموو نەوەی ئیسرائیل و ئەو نامۆیەی لەنێویاندا دەژیێت، هەتا ئەوەی بەبێ ئەنقەست کەسێکی دیکەی کوشت بۆ ئەوێ هەڵبێت، جا بە دەستی خوێنگرە تۆڵەسێنەرەکە ناکوژرێت هەتا لەبەردەم ئەنجومەن نەوەستێت بۆ دادگاییکردنی.
پێدانی چەند شارۆچکەیەک بە لێڤییەکان
21 ئەوە بوو گەورەی بنەماڵەکانی لێڤییەکان هاتنە لای ئەلعازاری کاهین و یەشوعی کوڕی نون و گەورەی بنەماڵەکانی هۆزەکانی دیکەی نەوەی ئیسرائیل، 2 لە شیلۆ لە خاکی کەنعان لەگەڵیاندا دوان و گوتیان: «یەزدان لە ڕێگەی موساوە فەرمانی داوە کە چەند شارۆچکەیەکمان پێبدرێت بۆ نیشتەجێبوون لەگەڵ لەوەڕگاکانیان بۆ ئاژەڵی ماڵیمان.» 3 بەپێی فەرمانی یەزدان نەوەی ئیسرائیلیش لە میراتەکەی خۆیان ئەم شارۆچکانە و لەوەڕگایانەیان دایە لێڤییەکان:
4 جا تیروپشک بۆ خێڵەکانی قەهاتییەکان کرا، لێڤییەکان کە لە نەوەی هارونی کاهین بوون بە تیروپشک سێزدە شارۆچکەیان بەرکەوت لە هۆزی یەهودا و هۆزی شیمۆن و هۆزی بنیامین. 5 بۆ پاشماوەی نەوەی قەهاتیش دە شارۆچکە بە تیروپشک لە خێڵەکانی هۆزی ئەفرایم و هۆزی دان و نیوەی هۆزی مەنەشەیان بەرکەوت.
6 بۆ نەوەی گێرشۆنیش سێزدە شارۆچکەیان بە تیروپشک بەرکەوت، لە خێڵەکانی هۆزی یەساخار و هۆزی ئاشێر و هۆزی نەفتالی و نیوەی هۆزی مەنەشە لە باشان.
7 بۆ نەوەی مەراریش بەگوێرەی خێڵەکانیان دوازدە شارۆچکەیان بەرکەوت، لە هۆزی ڕەئوبێن و گاد و زەبولون.
8 جا نەوەی ئیسرائیل بە تیروپشک ئەم شارۆچکە و لەوەڕگایانەیان بە لێڤییەکان دا، هەروەک یەزدان لە ڕێگەی موساوە فەرمانی دابوو.
9 لە هۆزی نەوەی یەهودا و هۆزی نەوەی شیمۆن ئەم شارۆچکانەیان دا کە ئەمانە ناوەکانیان بوون، 10 جا ئەم شارۆچکانە بۆ نەوەی هارون دیاری کرا لە خێڵەکانی قەهاتییەکان لە نەوەی لێڤی، چونکە تیروپشکی یەکەم بۆ ئەوان بوو:
11 قیریەت ئەربەع باپیرە گەورەی عەناق کە حەبرۆنە لە ناوچە شاخاوییەکانی یەهودا لەگەڵ لەوەڕگاکانی دەوروبەری، 12 بەڵام کێڵگەکان و گوندەکانی دەوروبەری شارەکەیان بە کالێبی کوڕی یەفونە دا وەک موڵکی خۆی.
13 بە نەوەی هارونی کاهین حەبرۆن و لەوەڕگاکانیان دا، کە شارێکی پەناگای تۆمەتبارکراوان بە کوشتن بوو، لەگەڵ لیڤنا، 14 یەتیر، ئەشتەمۆع، 15 حۆلۆن، دەڤیر، 16 عەین، یوتا و بێتشەمەش، نۆ شارۆچکە بە لەوەڕگاکانیانەوە لەم دوو هۆزە[l].
17 لە هۆزی بنیامینیش گبعۆن و گەڤەع و 18 عەناتۆت و عەلمۆن، چوار شارۆچکە بە لەوەڕگاکانیانەوە.
19 هەموو شارۆچکەکانی نەوەی هارون کە کاهینەکانن، سێزدە شارۆچکە بوون بە لەوەڕگاکانیانەوە.
20 پاشماوەی خێڵەکانی قەهات لە لێڤییەکان، بە تیروپشک ئەم شارۆچکانەیان لە هۆزی ئەفرایم بەرکەوت:
21 لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم شارۆچکەی شەخەمیان پێدرا، کە شارێکی پەناگای تۆمەتبارکراوان بوو بە کوشتن، لەگەڵ گەزەر و 22 قیڤچەیم و بێتحۆرۆن، چوار شارۆچکە بە لەوەڕگاکانیانەوە.
23 لە هۆزی دانیش ئەمانەیان وەرگرت: ئەلتەقێ و گیبەتۆن و 24 ئەیالۆن و گەت ڕیمۆن، چوار شارۆچکە بە لەوەڕگاکانیانەوە.
25 لە نیوەی هۆزی مەنەشەش ئەمانەیان وەرگرت: تەعنەک و گەت ڕیمۆن، دوو شارۆچکە بە لەوەڕگاکانیانەوە.
26 هەموو شارۆچکەکان دە بوون بە لەوەڕگاکانیانەوە بۆ پاشماوەی خێڵەکانی نەوەی قەهات بوو.
27 بۆ نەوەی گێرشۆنیش لە خێڵەکانی لێڤییەکان:
لە نیوەی هۆزی مەنەشەوە:
گۆلان و لەوەڕگاکانی پێدرا لە باشان، کە شارێکی پەناگای تۆمەتبارکراوان بە کوشتن بوو، لەگەڵ بەعەشتەرا و لەوەڕگاکانی، دوو شارۆچکە.
28 لە هۆزی نەوەی یەساخاریش ئەمانەیان وەرگرت:
قیشیۆن و داڤەرەت و 29 یەرموت و کانی گەنیم، چوار شارۆچکە بە لەوەڕگاکانیانەوە.
30 لە هۆزی نەوەی ئاشێریش ئەمانەیان وەرگرت:
میشال و عەڤدۆن و 31 حەلقەت و ڕەحۆڤ، چوار شارۆچکە بە لەوەڕگاکانیانەوە.
32 لە هۆزی نەفتالیش ئەمانەیان وەرگرت:
قەدەش، شاری پەناگای تۆمەتبارکراوان بە کوشتن، لە جەلیل، لەگەڵ حەمۆت دۆر و قەرتان، سێ شارۆچکە بە لەوەڕگاکانیانەوە.
33 هەموو شارۆچکەکانی گێرشۆنییەکان بەگوێرەی خێڵەکانیان، سێزدە شارۆچکە بوون بە لەوەڕگاکانیانەوە.
34 بۆ خێڵەکانی نەوەی مەراریش کە پاشماوەی لێڤییەکانن:
لە هۆزی زەبولون ئەمانەیان پێدان:
یۆقنەعام و قەرتا و 35 دیمنا و نەهەلال، چوار شارۆچکە بە لەوەڕگاکانیانەوە.
36 لە هۆزی ڕەئوبێنیش ئەمانەیان پێدان:
بەچەر و یەهەچ و 37 قەدێمۆت و مێفەعەت، چوار شارۆچکە بە لەوەڕگاکانیانەوە.
38 لە هۆزی گادیش ئەمانەیان وەرگرت:
ڕامۆت، شاری پەناگای تۆمەتبارکراوان بە کوشتن، لە گلعاد، لەگەڵ مەحەنەیم و 39 حەشبۆن و یەعزێر، هەموو شارۆچکەکان بە لەوەڕگاکانیانەوە چوار شارۆچکە بوون.
40 جا هەموو ئەو شارۆچکانەی بۆ نەوەی مەراری بوون بەگوێرەی خێڵەکانیان، ئەوانەی لە خێڵەکانی لێڤییەکان مابوونەوە، تیروپشکەکەشیان دوازدە شارۆچکە بوو.
41 هەموو شارۆچکەکانی لێڤییەکان لەناو ئەو موڵکەی نەوەی ئیسرائیل خاوەنی بوون، چل و هەشت شارۆچکە بوون بە لەوەڕگاکانیانەوە. 42 ئەم شارۆچکانەش شار بە شار بوون و لەوەڕگاکانیشیان بە چواردەوریاندا بوو، هەموو ئەم شارۆچکانە وابوون.
43 جا یەزدان هەموو ئەو زەوییەی دایە نەوەی ئیسرائیل کە سوێندی خواردبوو بیداتە باوباپیرانیان، ئەوانیش دەستیان بەسەردا گرت و تێیدا نیشتەجێ بوون. 44 هەروەها یەزدان لە دەوروبەرەکەیان ئاسوودەی کردن بەپێی ئەو سوێندەی بۆ باوباپیرانی ئەوانی خوارد، تەنها پیاوێکیش لە هەموو دوژمنەکانیان بەرامبەریان نەوەستا، بەڵکو یەزدان هەموو دوژمنەکانی ئەوانی دایە دەستیان. 45 هیچ بەڵێنێک لە هەموو ئەو بەڵێنە چاکانەی یەزدان بە بنەماڵەی ئیسرائیلی فەرمووبوو نەشکاوە، بەڵکو هەمووی هاتە دی.
گەڕانەوەی هۆزەکانی ڕۆژهەڵات
22 ئینجا یەشوع ڕەئوبێنییەکان و گادییەکان و نیوە هۆزەکەی مەنەشەی بانگکرد و 2 پێی گوتن: «ئێوە هەموو ئەو شتانەی کە موسای بەندەی یەزدان فەرمانی پێ کردبوون پاراستتان و لە هەموو ئەو شتانەش کە فەرمانم پێکردن گوێڕایەڵم بوون و 3 بە درێژایی ئەو ڕۆژانە و هەتا ئەمڕۆش براکانی خۆتان بەجێ نەهێشت و بە وریاییەوە فەرمانی یەزدانی پەروەردگاری خۆتان بەجێهێنا. 4 ئێستاش کە یەزدانی پەروەردگارتان براکانی ئێوەی ئاسوودە کرد، هەروەک بەڵێنی پێدابوون، ئێستا بگەڕێنەوە ماڵەکانتان لەو خاکەی موڵکتانە، ئەوەی کە موسای بەندەی یەزدان لەوبەری ڕووباری ئوردون پێیدان. 5 بەڵام زۆر ئاگاداربن بۆ کارکردن بەو ڕاسپاردە و فێرکردنەی کە موسای بەندەی یەزدان فەرمانی پێ کردن، کە یەزدانی پەروەردگارتان خۆشبوێت و هەموو ڕێگاکانی بگرنەبەر و فەرمانەکانی جێبەجێ بکەن و دەستی پێوە بگرن، پڕ بە دڵ و لە ناختانەوە بیپەرستن.»
6 ئینجا یەشوع داوای بەرەکەتی بۆ کردن و ئەوانی ناردەوە، ئەوانیش بەرەو نشینگەکانی خۆیان چوون. 7 پێشتر موسا لە باشان خاکی دابووە نیوە هۆزەکەی مەنەشە. یەشوعیش خاکی دابووە نیوەکەی دیکەی هۆزەکە لەگەڵ براکانیان لە بەری ڕۆژئاوای ڕووباری ئوردون.[m] هەروەها کە یەشوع ئەوانی ناردەوە بۆ لای نشینگەکانیان، داوای بەرەکەتی بۆ کردن و 8 پێی گوتن: «بە سامانێکی زۆرەوە بگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانتان و بە گاوگۆتاڵێکی زۆر و بە زێڕ و زیو و بڕۆنز و ئاسن و جلوبەرگێکی زۆرەوە، دەستکەوتی دوژمنەکانتان لەگەڵ براکانتان بەش بکەن.»
9 ئینجا نەوەی ڕەئوبێن و نەوەی گاد و نیوەی هۆزی مەنەشە گەڕانەوە، نەوەی ئیسرائیلیان لە شیلۆ لە خاکی کەنعان بەجێهێشت، بۆ ئەوەی بچنە خاکی گلعاد بۆ ئەو خاکەی موڵکی خۆیانە، ئەوەی دەستیان بەسەردا گرتبوو بەپێی فەرمانی یەزدان لە ڕێگەی موساوە.
10 کاتێک هاتنە گەلیلۆت کە نزیک ڕووباری ئوردونە لەناو خاکی کەنعان، نەوەی ڕەئوبێن و نەوەی گاد و نیوەی هۆزی مەنەشە لەوێ لەسەر ڕووباری ئوردون قوربانگایەکی گەورە و بەرچاویان بنیاد نا. 11 جا نەوەی ئیسرائیل بیستیان، ئەوەتا نەوەی ڕەئوبێن و نەوەی گاد و نیوە هۆزەکەی مەنەشە قوربانگایەکیان بەرامبەر خاکی کەنعان لە گەلیلۆتدا نزیک ڕووباری ئوردون بەرامبەر بە نەوەی ئیسرائیل بنیاد ناوە. 12 جا کە نەوەی ئیسرائیل ئەمەی بیستەوە، هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل لە شیلۆ کۆبوونەوە بۆ ئەوەی بۆ جەنگ لە دژی هۆزەکانی ئەوبەری ڕووباری ئوردون بڕۆن.
13 ئینجا نەوەی ئیسرائیل بۆ نەوەی ڕەئوبێن و نەوەی گاد و نیوەی هۆزی مەنەشە لە خاکی گلعاد، فینەحاسی کوڕی ئەلعازاری کاهین و 14 دە سەرۆکی لەگەڵ بوو، لە هەر هۆزێکی ئیسرائیل یەکێک، هەموویان گەورەی بنەماڵەکان بوون لەنێو تیرەکانی ئیسرائیل.
15 ئینجا هاتنە لای نەوەی ڕەئوبێن و نەوەی گاد و نیوەی هۆزی مەنەشە بۆ خاکی گلعاد و پێیان گوتن: 16 «هەموو کۆمەڵی یەزدان وا دەڵێن: ”ئەم ناپاکییە چییە کە دەرهەق بە خودای ئیسرائیل کردتان، بەوەی کە ئەمڕۆ لە یەزدان هەڵگەڕاونەتەوە بە بنیادنانی قوربانگایەک بۆ خۆتان هەتا لە دژی یەزدان یاخی بن؟ 17 ئایا گوناهەکەی پەعۆر کەمە بۆمان؟ ئەوەی هەتا ئەمڕۆش لێی پاک نەبووینەتەوە و بووە هۆی دەرد لەناو کۆمەڵی یەزدان! 18 ئایا ئەمڕۆ ئێوەش لە یەزدان هەڵدەگەڕێنەوە؟
«”ئەگەر ئێوە ئەمڕۆ لە یەزدان یاخی بن، ئەویش سبەینێ لە هەموو کۆمەڵی ئیسرائیل تووڕە دەبێت. 19 بەڵام ئەگەر خاکەکەی موڵکتان گڵاوە، بۆ خاکەکەی موڵکی یەزدان بپەڕنەوە کە چادری پەرستنی یەزدانی تێدایە و لەناو ئێمەدا میرات وەربگرن و لە یەزدان یاخی مەبن و لە دژی ئێمەش مەبن بە بنیادنانی قوربانگایەک بۆ خۆتان جیا لە قوربانگاکەی یەزدانی پەروەردگارمان. 20 کاتێک عاخانی کوڕی زەرەح ناپاکی کرد لە شتە تەرخانکراوەکاندا[n]، ئایا تووڕەیی یەزدان بەسەر هەموو کۆمەڵی ئیسرائیلدا نەباری؟ بەهۆی گوناهەکەیەوە تەنها خۆی لەناو نەچوو!“» [o]
21 ئینجا نەوەی ڕەئوبێن و نەوەی گاد و نیوەی هۆزی مەنەشە وەڵامیان دایەوە و بە سەرۆک خێڵەکانی ئیسرائیلیان گوت: 22 «خودای توانادار، یەزدانە! خودای توانادار، یەزدانە! ئەو دەزانێت و با ئیسرائیلیش بزانێت، ئەگەر ئەمە بە یاخیبوون و بە ناپاکی دەرهەق بە یەزدان کرابێت، ئەوا ئەمڕۆ ڕزگارمان مەکەن! 23 ئەگەر ئێمە ئەو قوربانگایەمان بۆ خۆمان بە مەبەستی هەڵگەڕانەوە لە یەزدان یان سەرخستنی قوربانی سووتاندن یان پێشکەشکراوی دانەوێڵە و یان بۆ کردنی قوربانی هاوبەشی لەسەری بنیاد ناوە، ئەوا با یەزدان خۆی سزامان بدات.
24 «نەخێر! بەڵکو ئەم کارەمان بەهۆی ئەم ترسەوە کردووە کە گوتمان، لەوانەیە سبەینێ نەوەکانتان بە نەوەکانمان بڵێن: ”ئێوە چ پەیوەندییەکتان بە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیلەوە هەیە؟ 25 یەزدان ڕووباری ئوردونی کردووەتە سنووری نێوان ئێمە و ئێوە ئەی نەوەی ڕەئوبێن و نەوەی گاد! ئێوە هیچ بەشێکتان لە یەزداندا نییە.“ جا نەوەکانتان لەوانەیە نەوەکانمان بوەستێنن لە پەرستنی یەزدان.
26 «لەبەر ئەوە گوتمان: ”ئێمە بۆ خۆمان دروستی دەکەین، قوربانگایەک بنیاد دەنێین بەڵام بۆ قوربانی سووتاندن و قوربانی سەربڕاو نا.“ 27 بەڵکو لەپاش خۆمان ئەوە ببێتە شایەت لەنێوان ئێمە و ئێوە و نەوەکانمان، بۆ ئەوەی یەزدان لە پیرۆزگاکەی خۆی بپەرستین بە قوربانی سووتاندنەکانمان و سەربڕدراوەکانمان و قوربانییەکانی هاوبەشیمان و لە داهاتوودا نەوەکانتان بە نەوەکانمان نەڵێن: ”ئێوە بەشتان لە یەزداندا نییە.“
28 «هەروەها گوتمان: ”کە لە داهاتوودا ئەمە بە خۆمان و نەوەکانمان دەڵێن، ئێمەش دەڵێین، بڕوانن هاوشێوەی قوربانگای یەزدان کە باوباپیرانمان کردوویانە، بەڵام بۆ قوربانی سووتاندن و سەربڕدراوەکان نییە، بەڵکو وەک شایەتە لەنێوان ئێمە و ئێوە.“
29 «ئەوە لە ئێمە بەدوور بێت، کە لە یەزدان یاخی بین و ئەمڕۆ لە یەزدان هەڵگەڕێینەوە بە بنیادنانی قوربانگایەک بۆ قوربانی سووتاندن یان پێشکەشکراوی دانەوێڵە یان سەربڕاو، بێجگە لە قوربانگای یەزدانی پەروەردگارمان ئەوەی لەبەردەم چادرەکەی پەرستنیەتی.»
30 جا کاتێک فینەحاسی کاهین و ڕابەرەکانی کۆمەڵ، سەرۆک خێڵەکانی ئیسرائیل، ئەوانەی لەگەڵیدا بوون، گوێیان لە قسەکانی نەوەی ڕەئوبێن و گاد و مەنەشە بوو، قسەکانیان قبوڵ کردن. 31 ئینجا فینەحاسی کوڕی ئەلعازاری کاهین بە نەوەی ڕەئوبێن و نەوەی گاد و نەوەی مەنەشەی گوت: «ئەمڕۆ زانیمان کە یەزدان لەگەڵماندایە، چونکە ئەم ناپاکییەتان دەرهەق بە یەزدان نەکردووە، ئێستا ئێوە نەوەی ئیسرائیلتان لە دەست یەزدان دەرباز کردووە.»
32 ئینجا فینەحاسی کوڕی ئەلعازاری کاهین و سەرۆکەکان لەلای نەوەی ڕەئوبێن و نەوەی گادەوە لە خاکی گلعادەوە بۆ لای نەوەی ئیسرائیل لە خاکی کەنعاندا گەڕانەوە و هەواڵیان پێدان. 33 جا نەوەی ئیسرائیلیش دڵخۆش بوون بەم هەواڵە و ستایشی خودایان کرد و بیریان لەوە نەکردەوە کە سەربکەون بۆیان بۆ جەنگ و بۆ تێکدانی ئەو خاکەی کە نەوەی ڕەئوبێن و نەوەی گاد تێیدا نیشتەجێن.
34 ئینجا نەوەی ڕەئوبێن و نەوەی گاد ناویان لە قوربانگاکە نا: «شایەتە لەنێوانمان کە یەزدان خودایە.»
یەشوع ڕابەرەکان بە خودا دەسپێرێت
23 پاش بەسەرچوونی ماوەیەکی زۆر، لەدوای ئەوەی یەزدان ئیسرائیلی لە دوژمنەکانی دەوروبەریان حەساندەوە، یەشوع پیر بوو و بەساڵدا چوو، 2 هەموو ئیسرائیلی بە پیر و ڕابەر و دادوەر و کوێخاکانیەوە بانگکرد و پێی گوتن: «ئەوا من پیر بووم، بەساڵدا چووم و 3 ئێوەش هەموو ئەوەتان بینیوە کە یەزدانی پەروەردگارتان لەبەر ئێوە بە هەموو ئەو نەتەوانەی کرد، چونکە یەزدانی پەروەردگارتان لە جیاتی ئێوە جەنگا. 4 ببینن، من خاکی ئەو نەتەوانەی کە ماونەتەوە بە تیروپشک بۆم دابەش کردوون بە میرات بەپێی هۆزەکانتان، هەموو ئەو نەتەوانەم بەزاندووە، لە ڕووباری ئوردونەوە هەتا دەریای سپی ناوەڕاست[p] بەرەو ڕۆژئاوا. 5 یەزدانی پەروەردگارتان خۆی لەبەردەمتان ڕایاندەماڵێت و لەپێشتان دەریاندەکات، ئێوەش دەست بەسەر خاکەکەیاندا دەگرن هەروەک یەزدانی پەروەردگارتان بەڵێنی پێدان.
6 «جا زۆر بەهێز بن بۆ پاراستن و کارکردن بە هەموو ئەوەی لە پەڕتووکی تەوراتی موسادا نووسراوە، تاکو نە بەلای ڕاست و نە بەلای چەپ لێی لا نەدەن، 7 تاکو نەچنە ناو ئەو نەتەوانەوە، ئەوانەی لەگەڵتان ماونەتەوە ناوی خوداوەندەکانیان مەهێنن، سوێندیان پێ مەخۆن، مەیانپەرستن و کڕنۆشیان بۆ مەبەن. 8 بەڵکو دەست بە یەزدانی پەروەردگارتانەوە بگرن هەروەک هەتا ئەمڕۆ کردووتانە.
9 «یەزدان نەتەوە مەزن و بەهێزەکانی لەبەردەمتان دەرکردووە و هەتا ئەمڕۆش کەس لەبەردەمتاندا خۆی ڕانەگرتووە. 10 یەک پیاو لە ئێوە هەزار دەردەپەڕێنێت، چونکە یەزدانی پەروەردگارتان لە جیاتی ئێوە دەجەنگێت هەروەک بەڵێنی پێدان. 11 جا زۆر ئاگاداری خۆتان بن کە یەزدانی پەروەردگاری خۆتان خۆشبوێت.
12 «بەڵام ئەگەر گەڕانەوە و هاوپەیمانیێتی بەجێماوەکانی ئەو نەتەوانەوەتان کرد، ئەوانەی کە لەگەڵتان ماونەتەوە، ژن و ژنخوازیتان لەگەڵدا کردن و هەڵسوکەوتتان لەگەڵیان کرد، 13 ئەوا باش بزانن کە ئیتر یەزدانی پەروەردگارتان ئەو نەتەوانە لەبەردەمتان دەرناکات، بەڵکو دەبنە داو و تەڵە، قامچی لەسەر پشتتان و دڕک لەناو چاوتان، هەتا لەسەر ئەو خاکە چاکە لەناودەچن کە یەزدانی پەروەردگارتان پێیداون.
14 «ئەوەتا خەریکە منیش ئەمڕۆ وەک هەموو دانیشتووانی زەوی کۆچی دوایی دەکەم، ئێوەش بە هەموو دڵ و بە هەموو دەروونتانەوە دەزانن کە تەنها یەک بەڵێن نەشکاوە لە هەموو ئەو بەڵێنە چاکانەی یەزدان دەربارەی ئێوە فەرمووبووی، هەمووی بۆتان هاتە دی، یەک بەڵێنی لێ نەشکاوە. 15 ئاواش دەبێت، هەروەک چۆن هەموو ئەو بەڵێنە چاکانەی یەزدانی پەروەردگارتان دەربارەی ئێوە بەڵێنی دابوو هاتە دی، بە هەمان شێوە یەزدان هەموو شتە خراپەکانتان بەسەردا دەهێنێت، هەتا لەسەر ئەم خاکە چاکەی یەزدانی پەروەردگارتان پێیداون لەناوتان دەبات. 16 کاتێک پەیمانەکەی یەزدانی پەروەردگارتان دەشکێنن کە فەرمانی پێ کردن، دەڕۆن و خودای دیکە دەپەرستن و کڕنۆشی بۆ دەبەن، تووڕەیی یەزدان بەسەرتاندا دەجۆشێت و بە زوویی لەسەر ئەو خاکە چاکە لەناودەچن کە پێیداون.»
تازەکردنەوەی پەیمانەکە لە شاری شەخەم
24 ئینجا یەشوع هەموو هۆزەکانی ئیسرائیلی لە شەخەم کۆکردەوە و پیرانی ئیسرائیل و ڕابەر و دادوەر و کوێخاکانی بانگکرد و ئەوانیش لەبەردەم خودا وەستان.
2 یەشوع بە هەموو گەلی گوت: «یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل وای فەرمووە: ”لە کۆنەوە باوباپیرانتان لەوبەری ڕووباری فوراتەوە نیشتەجێ بوون، تارەحی باوکی ئیبراهیم و باوکی ناحۆر خودای دیکەیان دەپەرست. 3 بەڵام من ئیبراهیمی باوکتانم لەوبەری ڕووباری فورات برد و بەناو هەموو زەوی کەنعاندا گێڕام، نەوەکانی ئەوم زۆر کرد و ئیسحاقم دایێ، 4 یاقوب و عیسۆشم دایە ئیسحاق، بەشە میراتی ناوچە شاخاوییەکانی سێعیرم دایە عیسۆ، بەڵام یاقوب و کوڕەکانی دابەزین بۆ میسر.
5 «”لەدوای ئەوە موسا و هارونم نارد و خەڵکی میسرم تووشی بەڵا کرد بەگوێرەی هەموو ئەوەی لەناویدا کردم، ئینجا ئێوەم دەرهێنا، 6 جا باوباپیرانتانم لە میسر دەرهێنا و چوونە ناو دەریاوە و میسرییەکانیش بە گالیسکە و ئەسپەوە بۆ دەریای سوور دوای باوباپیرانتان کەوتن. 7 جا کە هاواریان بۆ یەزدان کرد، ئەویش تاریکاییەکی خستە نێوان ئێوە و میسرییەکانەوە و دەریاکەی بەسەریاندا هێنایەوە و دایپۆشین. ئێوە بە چاوی خۆتان بینیتان من لە میسر چیم کرد. پاشان ئێوە لە چۆڵەوانیدا ڕۆژانێکی زۆر مانەوە.
8 «”ئینجا ئێوەم هێنایە ناو خاکی ئەمورییەکان، ئەوانەی لەوبەری ڕووباری ئوردوندا بەلای ڕۆژهەڵاتدا نیشتەجێ بوون و لە دژتان جەنگان و منیش ئەوانم دا بەدەستتانەوە و دەستتان بەسەر خاکەکەیاندا گرت و لەبەردەمتان لەناوم بردن. 9 ئینجا بالاقی کوڕی چیپوری پاشای مۆئاب هەستا و لە دژی ئیسرائیل جەنگا و بەلعامی کوڕی بەعۆری بانگکرد بۆ ئەوەی نەفرەتتان لێ بکات، 10 بەڵام من ئامادە نەبووم گوێ لە بەلعام بگرم، بۆیە ئەویش چەند جارێک داوای بەرەکەتی بۆ کردن[q] و بەو شێوەیە لە دەستی دەربازم کردن.
11 «”ئینجا لە ڕووباری ئوردون پەڕینەوە و هاتن بۆ ئەریحا و خەڵکی ئەریحاش، ئەمورییەکان و پریزییەکان و کەنعانییەکان و حیتییەکان و گرگاشییەکان و حیڤییەکان و یەبوسییەکان لە دژتان جەنگان و منیش ئەوانم دایە دەستتان و 12 زەردەواڵەشم[r] لەپێشتانەوە نارد و هەردوو پاشای ئەمورییەکانم لەبەردەمتان دەرکرد، نە بە شمشێرەکەت و نە بە کەوانەکەت. 13 ئینجا زەوییەکم پێدان کە پێوەی ماندوو نەبوون و چەند شارێک کە بنیادتان نەناوە و تێیدا نیشتەجێن و ڕەزەمێو و زەیتوونێکیش کە نەتانچاندووە و دەیخۆن.“
14 «ئێستاش لە یەزدان بترسن و بە تەواوی و دڵسۆزییەوە بیپەرستن، ئەو خودایانەش لە خۆتان دابماڵن کە باوباپیرانتان لەوبەری ڕووباری فورات و لە میسر دەیانپەرست، یەزدان بپەرستن. 15 بەڵام ئەگەر بەلاتانەوە خراپە یەزدان بپەرستن، ئەوا ئەمڕۆ بۆ خۆتان هەڵبژێرن کێ دەپەرستن، ئەگەر ئەو خوداوەندانە بن کە باوباپیرانتان لەوبەری ڕووباری فورات دەیانپەرستن یان خوداوەندەکانی ئەمورییەکان ئەوانەی ئێوە لەناو خاکەکەیاندا نیشتەجێن. بەڵام من و بنەماڵەکەم یەزدان دەپەرستین.»
16 جا گەل وەڵامیان دایەوە و گوتیان: «لە ئێمە بەدوور بێت واز لە یەزدان بهێنین و خودایانی دیکە بپەرستین، 17 چونکە یەزدانی پەروەردگارمان ئێمە و باوباپیرانمانی لە خاکی میسر، لە خاکی کۆیلایەتییەوە هێنایە دەرەوە، کە ئەو هەموو نیشانە گەورانەی لەبەرچاوماندا کرد و لە هەموو ئەو ڕێگایەی پێیدا ڕۆیشتین و بەناو ئەو هەموو گەلانەی بەناویاندا تێپەڕ بووین پارێزگاری لێکردین. 18 هەروەها یەزدان هەموو ئەو گەلانە و لەنێویشیاندا ئەمورییەکانی نیشتەجێی خاکەکەی لەبەردەممان دەرکرد، لەبەر ئەوە ئێمە یەزدان دەپەرستین، چونکە ئەو خودامانە.»
19 یەشوعیش بە گەلی گوت: «ئێوە ناتوانن یەزدان بپەرستن، چونکە ئەو خودایەکی پیرۆز و خودایەکی ئیرەدارە[s]، لە یاخیبوون و گوناهەکانتان خۆش نابێت. 20 ئەگەر واز لە یەزدان بهێنن و خوداوەندی بێگانە بپەرستن، ئەوا دەگەڕێتەوە و خراپتان بەسەردەهێنێت و کۆتاییتان پێ دەهێنێت، پاش ئەوەی چاکەی لەگەڵتاندا کرد.»
21 گەلیش بە یەشوعیان گوت: «نەخێر! بەڵکو یەزدان دەپەرستین.»
22 یەشوعیش پێی گوتن: «ئێوە شایەتن لەسەر خۆتان، کە ئێوە یەزدانتان بۆ خۆتان هەڵبژاردووە هەتا بیپەرستن.»
ئەوانیش گوتیان: «ئێمە شایەتین.»
23 «ئینجا ئێستا ئەو خوداوەندە بێگانانەی لەنێوتاندان دابماڵن و دڵتان بەلای یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیلدا بابدەنەوە.»
24 گەلیش بە یەشوعیان گوت: «یەزدانی پەروەردگارمان دەپەرستین و گوێڕایەڵی ئەو دەبین.»
25 ئینجا یەشوع لەو ڕۆژەدا پەیمانێکی لەگەڵ گەلدا بەست و لە شەخەمدا فەرز و یاسای بۆ دانان. 26 یەشوع ئەم وشانەی لە پەڕتووکی تەوراتی خودا نووسی و بەردێکی گەورەی هێنا و لەژێر دار بەڕووەکەدا لەلای پیرۆزگاکەی یەزدانەوە چەقاندی.
27 یەشوع بە هەموو گەلی گوت: «سەیر بکەن! ئەم بەردە دەبێتە شایەت بەسەرمانەوە، چونکە گوێی لە هەموو وشەکانی یەزدان بوو کە پێی فەرمووین، جا دەبێتە شایەت بەسەرتانەوە نەوەک نکۆڵی لە خودای خۆتان بکەن.»
28 ئینجا یەشوع گەلی ڕەوانە کردەوە، هەرکەسە و بەرەو میراتەکەی خۆی.
ناشتنی یەشوع
29 پاش ئەم شتانە یەشوعی کوڕی نونی بەندەی یەزدان لە تەمەنی سەد و دە ساڵی مرد. 30 لە سنووری میراتەکەی خۆی لە تیمنەت سەرەح کە لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایمە لە باکووری کێوی گاعەش ناشتیان.
31 نەوەی ئیسرائیلیش بە درێژایی سەردەمی یەشوع یەزدانیان دەپەرست، هەروەها بە درێژایی سەردەمی پیران کە لەدوای یەشوع تەمەنیان درێژەی کێشا و ئەزموونیان لە هەموو ئەو کارانە هەبوو کە یەزدانی مەزن بۆ ئیسرائیلی ئەنجام دا.
32 ئێسکەکانی یوسفیش کە نەوەی ئیسرائیل لە میسرەوە هێنایانەوە، لە شەخەمدا ناشتیان لەناو ئەو پارچە کێڵگەیەی کە یاقوب لە نەوەی حەمۆری باوکی شەخەم بە سەد پارچە زیو کڕیبووی و بوو بە میرات بۆ نەوەی یوسف.
33 ئینجا ئەلعازاری کوڕی هارون مرد و لە گیڤعا ناشتیان، لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم بوو کە درابووە فینەحاسی کوڕی.
شەڕ لەگەڵ پاشماوەی کەنعانییەکان
1 لەدوای مردنی یەشوع، نەوەی ئیسرائیل لە یەزدانیان پرسی و گوتیان: «کێ لە ئێمە یەکەم جار بچێت بۆ شەڕکردن لە دژی کەنعانییەکان؟»
2 یەزدانیش وەڵامی دانەوە: «با هۆزی یەهودا بچن، من وا خاکەکەم خستووەتە ژێر دەستیان.»
3 پیاوانی یەهوداش بە شیمۆنییەکانی برایانیان گوت: «لەو بەشە خاکەی لە تیروپشک بۆمان دەرچووە لەگەڵمان وەرن، با لە دژی کەنعانییەکان بجەنگین، ئینجا ئێمەش لەو بەشە خاکەی کە بۆتان دەرچووە لەگەڵتان دێین.» شیمۆنییەکانیش لەگەڵیان چوون.
4 پیاوانی یەهودا چوون، یەزدانیش کەنعانی و پریزییەکانی خستە ژێر دەستیان، ئەوانیش لە بەزەق دە هەزار پیاویان لێ کوشتن. 5 ئینجا لە بەزەق، ئەدۆنی بەزەقیان[t] دۆزییەوە و شەڕیان لە دژی کرد، کەنعانی و پریزییەکانیان شکاند. 6 ئەدۆنی بەزەق هەڵات، بەڵام ئەوان بەدوای کەوتن و گرتیان، پەنجە گەورەی دەست و قاچیان بڕی.
7 ئەدۆنی بەزەق گوتی: «حەفتا پاشا کە پەنجە گەورەی دەست و قاچیان بڕابوو لەژێر مێزی نانخواردنەکەم بەرماوەیان هەڵدەگرتەوە، ئەوەی کردبووم خودا پێی کردمەوە.» ئینجا هێنایانە ئۆرشەلیم و لەوێ مرد.
8 کوڕانی یەهودا هێرشیان بردە سەر ئۆرشەلیم و گرتیان، خەڵکەکەیان بە شمشێر کوشت و ئاگریان لە شارەکە بەردا.
9 لەدوای ئەوە کوڕانی یەهودا بەرەو خوارەوە چوون بۆ شەڕکردن لە دژی کەنعانییەکانی ناوچە شاخاوییەکان و ئەوانەی نەقەب و ئەوانەی لە زوورگەکانی[u] خۆرئاوا نیشتەجێ بوون. 10 ئینجا کوڕانی یەهودا بەرەو کەنعانییەکانی دانیشتووی حەبرۆن چوون و شێشەی و ئەحیمەن و تەلمەییان بەزاند. حەبرۆن پێشتر ناوی قیریەت ئەربەع بوو.
11 لەوێشەوە بۆ هێرشکردنە سەر دانیشتووانی دەڤیر پێشڕەوییان کرد، دەڤیر پێشتر ناوی قیریەت سێفەر بوو. 12 ئینجا کالێب گوتی: «ئەوەی پەلاماری قیریەت سێفەر بدات و بیگرێت، عەکسای کچمی دەدەمێ ببێتە ژنی.» 13 ئیتر عۆسنیێلی کوڕی[v] قەنەزی برای کالێب کە لەو بچووکتر بوو، قیریەت سێفەری گرت. کالێبیش عەکسای کچی دایێ بۆ ئەوەی ببێتە ژنی.
14 ئینجا لە کاتی هاتنی بۆ لای عۆسنیێل، عەکسا هانی دا بۆ ئەوەی داوای کێڵگەیەک لە باوکی بکات. کاتێک عەکسا لە گوێدرێژەکە دابەزی، کالێب لێی پرسی: «چیت بۆ بکەم؟»
15 ئەویش پێی گوت: «بەرەکەتێکم بدەرێ، لەبەر ئەوەی لە نەقەب زەویت پێداوم، سەرچاوەکانی ئاوم بدەرێ.» کالێبیش کانیاوەکانی سەروو و خوارووی پێدا.
16 نەوەی خەزووری موسا، ئەوەی کە قێنی بوو[w]، لە شاری دار خورما[x] لەگەڵ کوڕانی یەهودا چوونە چۆڵەوانی یەهودا لە نەقەب لە نزیکی عەراد، چوون و لەگەڵ گەلەکە[y] نیشتەجێ بوون.
17 پیاوەکانی یەهودا لەگەڵ شیمۆنییەکانی برایان چوون و کەنعانییەکانی دانیشتووی چەفەتیان بەزاند، بە تەواوی وێرانیان کرد[z]، لەبەر ئەوە ناویان لە شارەکە نا حۆرما[aa]. 18 کوڕانی یەهودا دەستیان گرت بەسەر غەزە و ئەسقەلان و عەقرۆن و سنوورەکانیان.
19 یەزدانیش لەگەڵ کوڕانی یەهودا بوو، جا ناوچە شاخاوییەکە بووە موڵکیان، بەڵام نەیانتوانی دانیشتووانی دەشتاییەکان دەربکەن، چونکە گالیسکەی ئاسنینیان هەبوو. 20 هەروەک موسا بەڵێنی دابوو[ab]، حەبرۆنیان دایە کالێب، ئەویش هەر سێ خێڵی نەوەی عەناقی لەوێ دەرکرد. 21 بەڵام هۆزی بنیامینیش یەبوسییەکانی دانیشتووی ئۆرشەلیمیان دەرنەکرد، ئیتر یەبوسییەکان لەگەڵ نەوەی بنیامین لە ئۆرشەلیم ژیان، هەتا ئەمڕۆش.
22 هەروەها بنەماڵەی یوسف هێرشیان بردە سەر بێتئێل و یەزدانیش لەگەڵیان بوو. 23 کاتێک ماڵی یوسف سیخوڕیان نارد بۆ بێتئێل، کە پێشتر شارەکە ناوی لوز بوو، 24 سیخوڕەکان پیاوێکیان بینی لە شارەکە هاتبووە دەرەوە، پێیان گوت: «دەروازەی شارەکەمان پیشان بدە، ئێمەش لەگەڵت باش دەبین.» 25 ئەویش دەروازەی شارەکەی پیشاندان، ئەوانیش شارەکەیان دایە بەر زەبری شمشێر، بەڵام پیاوەکە و هەموو تیرەکەی ئەویان بەڕەڵا کرد. 26 پیاوەکەش چوو بۆ خاکی حیتییەکان و شارێکی دروستکرد و ناوی لێنا لوز، هەتا ئەمڕۆش ئەوە ناویەتی.
27 بەڵام مەنەشە ئەم خەڵکانەی لەگەڵ دانیشتووانی دەوروبەریان دەرنەکرد: خەڵکی بێتشان و تەعنەک و دۆر و یەڤلەعام و مەگیدۆ، چونکە کەنعانییەکان سوور بوون لەسەر نیشتەجێبوون لەو خاکە. 28 کاتێک ئیسرائیلییەکان بەهێز بوون، کەنعانییەکانیان خستە ژێر کاری بێگاری، بەڵام بە تەواوی دەریاننەکردن. 29 ئەفرایمییەکانیش ئەو کەنعانیانەیان دەرنەکرد کە دانیشتووی گەزەر بوون، بەڵکو کەنعانییەکان لە گەزەر لەنێویان نیشتەجێ بوون. 30 زەبولونییەکانیش دانیشتووانی قیترۆن و دانیشتووانی نەهەلۆلیان دەرنەکرد، جا کەنعانییەکان لەنێویان نیشتەجێ بوون و لەژێر کاری بێگاریدا بوون. 31 ئاشێرییەکانیش دانیشتووانی عەکۆیان دەرنەکرد، هەروەها دانیشتووانی سەیدا و ئەحلاڤ و ئەکزیڤ و حەلبا و ئەفێق و ڕەحۆڤیش. 32 ئیتر ئاشێرییەکان لەنێو کەنعانییەکانی دانیشتووی خاکەکە نیشتەجێ بوون، چونکە دەریاننەکردن. 33 نەفتالییەکانیش دانیشتووانی بێتشەمەش و دانیشتووانی بێتعەناتیان دەرنەکرد، بەڵکو لەنێو کەنعانییەکانی دانیشتووی خاکەکە نیشتەجێ بوون، ئیتر دانیشتووانی بێتشەمەش و بێتعەنات لەژێر کاری بێگاری بوون بۆیان. 34 ئەمورییەکانیش نەوەی دانیان لە ناوچەی شاخاوی گەمارۆ دا، چونکە نەیانهێشت دابەزن بۆ دۆڵەکە. 35 ئەمورییەکانیش سوور بوون لەسەر نیشتەجێبوون لە کێوی حەرەس و لە ئەیالۆن و لە شەعەلڤیم، بەڵام کاتێک دەسەڵاتی بنەماڵەی یوسف بەهێز بوو، ئەوانیش بێگارییان پێ کردن. 36 سنووری ئەمورییەکانیش لە هەورازی دووپشک لە سەلەعەوە و بەرەو ژوور دەچوو.
فریشتەی یەزدان لە بۆخیم
2 ئینجا فریشتەی یەزدان لە گلگالەوە چوو بۆ بۆخیم و فەرمووی: «لە میسرەوە دەرمهێنان و ئێوەم هێنا بۆ ئەو خاکەی سوێندم بۆ باوباپیرانتان خوارد و فەرمووم: ”هەرگیز پەیمانی خۆم لەگەڵتان ناشکێنم. 2 ئێوەش لەگەڵ خەڵکی ئەم خاکە پەیمان مەبەستن و قوربانگاکانیان بڕووخێنن.“ بەڵام گوێڕایەڵی فەرمانم نەبوون، ئایا بۆچی ئەمەتان کرد؟ 3 لەبەر ئەوە ئێستا پێتان دەڵێم: لەبەردەمتان دەریانناکەم، بەڵکو دەبن بە دڕک لە کەلەکەتان و خوداوەندەکانیان دەبن بە تەڵە و داو بۆتان.»
4 کاتێک فریشتەی یەزدان ئەم قسانەی بە هەموو نەوەی ئیسرائیل فەرموو، گەل بە دەنگی بەرز گریان. 5 بۆیە ئەو شوێنەیان ناونا بۆخیم[ac] و لەوێ قوربانییان بۆ یەزدان سەربڕی.
یاخیبوون و بەزین
6 یەشوعیش گەلەکەی ڕەوانە کرد، ئیتر نەوەی ئیسرائیل هەریەکەیان چووە لای میراتەکەی خۆی بۆ ئەوەی دەست بەسەر زەوییەکەدا بگرێت. 7 گەلیش بە درێژایی سەردەمی یەشوع یەزدانیان دەپەرست، هەروەها بە درێژایی سەردەمی پیران کە لەدوای یەشوع تەمەنیان درێژەی کێشا و هەموو ئەو کارانەیان بینی کە یەزدانی مەزن بۆ ئیسرائیلی ئەنجام دا.
8 یەشوعی کوڕی نونی بەندەی یەزدانیش لە تەمەنی سەد و دە ساڵیدا مرد. 9 لە سنووری میراتەکەی لە تیمنەت حەرەس[ad] لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم لە باکووری کێوی گاعەش ناشتیان.
10 هەموو ئەو نەوەیەش چوونە پاڵ باوکانیان، نەوەیەکی دیکە لەدوای ئەوان هاتن نە یەزدانیان دەناسی و نە ئەو کارانەیان دەناسی کە بۆ ئیسرائیلی کردبوو. 11 ئیتر نەوەی ئیسرائیل لەبەرچاوی یەزدان خراپەکارییان کرد و بەعلەکانیان پەرست[ae]. 12 وازیان لە یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانیان هێنا، ئەوەی کە لە خاکی میسر دەریهێنان و دوای خودای دیکە کەوتن لە خوداوەندەکانی گەلانی دەوروبەریان و کڕنۆشیان بۆ بردن. یەزدانیان پەست کرد، 13 چونکە وازیان لێ هێنا و بەعل و عەشتۆرەتەکانیان پەرست. 14 تووڕەیی یەزدان لە نەوەی ئیسرائیل هاتە جۆش، بۆیە ئەوانی دایە دەست تاڵانکەران تاڵانیان بکەن و ڕادەستی دوژمنەکانی دەوروبەریانی کردن، ئیتر نەیانتوانی بەرامبەر بە دوژمنەکانیان بوەستن. 15 بۆ هەر جەنگێک دەچوون یەزدان دژایەتی دەکردن بۆ بەزاندنیان، هەروەک یەزدان فەرمووی و سوێندی بۆ خواردن.[af] ئیتر ئەمە زۆر تەنگی پێ هەڵچنین.
16 ئینجا یەزدان ڕابەری بۆ هەڵدەستاندنەوە و لە دەستی تاڵانکەرانیان ڕزگاریان دەکردن. 17 تەنانەت گوێیان لە ڕابەرەکانیان نەگرت، بەڵکو لەشفرۆشییان[ag] کرد بەوەی دوای خودایانی دیکە کەوتن و کڕنۆشیان بۆ بردن. بە خێرایی لەو ڕێیەی باوکانیان لەسەری دەڕۆیشتن لایاندا و گوێڕایەڵی فەرمانەکانی یەزدان نەبوون. 18 هەر جارێک یەزدان ڕابەری[ah] بۆ هەستاندبانایەوە، یەزدان لەگەڵ ڕابەرەکە دەبوو، بە درێژایی ژیانی ڕابەرەکە لە دەستی دوژمنانیان ڕزگاری دەکردن، چونکە دڵی یەزدان پێیان سووتا لەبەر ناڵەیان بەهۆی ئەوانەی تەنگیان پێ هەڵچنین و دەیانچەوساندنەوە. 19 بەڵام کاتێک ڕابەرەکە دەمرد دەگەڕانەوە و لە باوکانیان زیاتر کاری قێزەونیان دەکرد، بەوەی دوای خودای دیکە دەکەوتن بۆ ئەوەی بیانپەرستن و کڕنۆشیان بۆ ببەن، وازیان لە نەریتە خراپەکانیان و ڕەفتارە کەللەڕەقەکانیان نەدەهێنا.
20 لەبەر ئەوە تووڕەیی یەزدان بەسەر ئیسرائیلدا جۆشا و فەرمووی: «چونکە ئەم گەلە لەو پەیمانەی فەرمانم دا بە باوکانیان شکاندیان و گوێیان لە دەنگم نەگرت، 21 هەروەها منیش ئیتر هیچ کەسێک لەبەردەمیان دەرناکەم، لەو نەتەوانەی کە یەشوع لە کاتی مردنیدا بەجێی هێشتن. 22 بۆ ئەوەی ئیسرائیلیان پێ تاقی بکەمەوە: ئایا وەک باوکانیان ڕێچکەی یەزدان دەگرنەبەر و پەیڕەوی دەکەن، یان نا.» 23 ئیتر یەزدان وازی لەو نەتەوانە هێنا و بە خێرایی دەرینەکردن و نەیخستنە ژێر دەستی یەشوعەوە.
3 ئەوانە ئەو نەتەوانەن کە یەزدان بەجێی هێشتن، بۆ ئەوەی ئیسرائیلیان پێ تاقی بکاتەوە، هەموو ئەو ئیسرائیلییانەی کە شارەزاییان نەبوو دەربارەی هیچ کامێک لە جەنگەکانی کەنعان، 2 جا ئەوەی تەنها بۆ فێرکردنی نەوەی ئیسرائیل کرد بۆ جەنگ، ئەوانەی کە پێشتر شارەزاییان لە جەنگ نەبوو، 3 پێنج حوکمڕانەکەی فەلەستییەکان و هەموو کەنعانی و سەیدائی و حیڤییەکانی دانیشتووی زنجیرە چیای لوبنان، لە چیای بەعلحەرمۆنەوە هەتا دەروازەی حەمات. 4 ئەمانە بۆ تاقیکردنەوەی ئیسرائیل بوون، بۆ ئەوەی بزانرێت ئاخۆ گوێڕایەڵی فەرمانەکانی یەزدان دەبن، ئەوانەی لە ڕێگەی موساوە فەرمانی بە باوباپیرانیان دابوو.
5 ئیتر کوڕانی ئیسرائیل لەنێو کەنعانی و حیتی و ئەموری و پریزی و حیڤی و یەبوسییەکاندا نیشتەجێ بوون. 6 کچەکانیان هێنان وەک ژن بۆ خۆیان و کچەکانی خۆشیان دا بە کوڕەکانی ئەوان و خوداوەندەکانی ئەوانیان پەرست.
عۆسنیێل
7 جا نەوەی ئیسرائیل لەبەرچاوی یەزدان خراپەکارییان کرد و یەزدانی پەروەردگاری خۆیان لەبیر چووەوە و بەعلەکان و ئەشێراکانیان پەرست. 8 تووڕەیی یەزدان بەسەر نەوەی ئیسرائیلدا جۆشا، لەبەر ئەوە ڕادەستی کوشەن ڕیشعاتەیمی[ai] پاشای میسۆپۆتامیای[aj] کردن. ئیتر نەوەی ئیسرائیل هەشت ساڵ ژێردەستەی کوشەن ڕیشعاتەیم بوون. 9 ئینجا نەوەی ئیسرائیل هاواریان بۆ یەزدان کرد و یەزدانیش ڕزگارکەرێکی بۆیان هەستاندەوە و ڕزگاری کردن، ئەویش عۆسنیێلی کوڕی قەنەزی برای کالێب ئەوەی لەو بچووکتر بوو. 10 ڕۆحی یەزدان هاتە سەری و ڕابەرایەتی ئیسرائیلی کرد. چوو بۆ جەنگ و یەزدانیش کوشەن ڕیشعاتەیمی پاشای ئارامی خستە ژێر دەستیەوە و بەسەر کوشەن ڕیشعاتەیمدا باڵادەست بوو. 11 چل ساڵ خاکەکە لە ئاشتیدا بوو، ئینجا عۆسنیێلی کوڕی قەنەز مرد.
ئێهود
12 دیسان نەوەی ئیسرائیل لەبەرچاوی یەزدان گەڕانەوە بۆ خراپەکاری، لەبەر ئەوە عەگلۆنی پاشای مۆئابی زاڵ کرد بەسەر ئیسرائیل، چونکە لەبەرچاوی یەزدان بەدکارییان کرد. 13 جا عەگلۆن عەمۆنی و عەمالێقییەکانی لە خۆی کۆکردەوە، چوو و ئیسرائیلی بەزاند، دەستی بەسەر شاری دار خورمادا گرت. 14 ئیتر نەوەی ئیسرائیل هەژدە ساڵ ژێردەستەی عەگلۆنی پاشای مۆئاب بوون.
15 ئینجا نەوەی ئیسرائیل هاواریان بۆ یەزدان کرد و یەزدانیش ڕزگارکەرێکی بۆیان هەستاندەوە، ئێهودی کوڕی گێرای بنیامینی، پیاوێکی چەپلەر[ak] بوو. نەوەی ئیسرائیلیش سەرانەیان بە دەستی ئەودا نارد بۆ عەگلۆنی پاشای مۆئاب. 16 ئێهود شمشێرێکی دوو دەمی بۆ خۆی دروستکرد کە درێژییەکەی باڵێک[al] بوو، لەژێر جلەکانییەوە لەسەر ڕانی ڕاستی لە خۆی بەست. 17 سەرانەکەی بۆ عەگلۆنی پاشای مۆئاب هێنا، عەگلۆنیش پیاوێکی زۆر قەڵەو بوو. 18 کاتێک ئێهود لە ڕادەستکردنی سەرانەکەی بووەوە، هەڵگرانی سەرانەکەی ڕەوانە کرد. 19 بەڵام ئەو لەلای بتەکانی گلگالەوە گەڕایەوە و گوتی: «ئەی پاشا، پەیامێکی نهێنیم پێیە بۆت.»
ئەویش گوتی: «بێدەنگ بن!» ئینجا هەموو ئەوانەی لەلای وەستا بوون چوونە دەرەوە.
20 ئیتر ئێهود هاتە ژوورەوە بۆ لای بۆ ژوورە فێنکەکەی سەرەوە کە لێی دانیشتبوو و بە تەنها هی خۆی بوو، ئێهود گوتی: «پەیامی خودام لەلایە بۆ تۆ.» ئەویش لەسەر کورسییەکە هەستا. 21 ئێهودیش دەستی چەپی درێژکرد و شمشێرەکەی لە ڕانی ڕاستی کردەوە و کردی بە ورگی دا. 22 دەسکەکەشی لەدوای تیخەکە چووە ناوەوە و تیخەکە لە پشتی دەرچوو. ئێهود شمشێرەکەی لە ورگی ڕانەکێشایەوە، پیوەکەی[am] هاتەوە سەر شمشێرەکە و پیساییەکەی هاتە دەرەوە. 23 ئینجا ئێهود چووە دەرەوە بۆ هەیوانەکە، دەرگاکانی سەرەوەی بەدوای خۆیدا داخست و کلیلی دان.
24 لەدوای ئەوەی ڕۆیشت، خزمەتکارەکان هاتن و سەیریان کرد بینییان دەرگاکانی ژوورەکەی سەرەوە داخراوە، گوتیان: «بێگومان لە ژوورە فێنکەکە لە ئاودەستە.» 25 ئیتر چاوەڕێیان کرد هەتا نیگەران بوون. کاتێک بینییان دەرگاکانی سەرەوە ناکاتەوە، بۆیە دەستیان دایە کلیلەکە و کردیانەوە، بینییان گەورەکەیان لەسەر زەوی بە مردوویەتی کەوتووە.
26 بەڵام کاتێک ئەوان لە چاوەڕوانی بوون ئێهود دەرباز بوو، بەلای بتەکانیاندا تێپەڕی و دەرباز بوو بۆ سێعیرا. 27 کاتێک هات لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم کەڕەنای لێدا و کوڕانی ئیسرائیل لەگەڵی لە چیاکە هاتنە خوارەوە و ئەو لەپێشیانەوە بوو.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.