Bible in 90 Days
28 پێی گوتن: «دوام بکەون، چونکە یەزدان دوژمنە مۆئابییەکانی ئێوەی خستە ژێر دەستتان.» ئەوانیش بەدوایدا هاتنە خوارەوە و تەنکاییەکانی ڕووباری ئوردونیان گرت کە دەچووە مۆئاب و نەیانهێشت کەس تێبپەڕێت. 29 لەو کاتەدا لە مۆئاب نزیکەی دە هەزار پیاویان کوشت، لە هەموو پاڵەوانێکی کەڵەگەت، کەس دەرباز نەبوو. 30 مۆئابییەکان لەو ڕۆژەدا ژێردەستەی ئیسرائیل بوون، خاکەکەش هەشتا ساڵ لە ئاشتیدا بوو.
شەمگەر
31 لەدوای ئێهود شەمگەری کوڕی عەنات بوو، کە شەش سەد پیاوی لە فەلەستییەکان بە گۆچانی گاوانی کوشت، هەروەها ئەویش ئیسرائیلی ڕزگار کرد.
دەڤۆرا
4 لەدوای مردنی ئێهود نەوەی ئیسرائیل لەبەرچاوی یەزدان گەڕانەوە بۆ خراپەکاری، 2 یەزدانیش ڕادەستی یاڤینی پاشای کەنعانی کردن، ئەوەی لە حاچۆر فەرمانڕەوا بوو. سیسرا فەرماندەی گشتی سوپاکەی بوو کە لە حەرۆشەت هەگۆیم دەژیا. 3 لەبەر ئەوەی نۆ سەد گالیسکەی ئاسنی هەبوو، بۆ ماوەی بیست ساڵ بە توندی ستەمی لە نەوەی ئیسرائیل دەکرد، هەر بۆیە نەوەی ئیسرائیل هاواریان کرد بۆ یەزدان.
4 دەڤۆراش پێغەمبەرێکی ژن بوو، ژنی لەپیدۆت بوو کە لەو کاتەدا ڕابەرایەتی ئیسرائیلی دەکرد. 5 بۆ دادپرسی لەژێر دار خورمای دەڤۆرا دادەنیشت کە لەنێوان ڕامە و بێتئێل لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم بوو، نەوەی ئیسرائیل بۆ دادگەری دەهاتنە لای. 6 ناردی بەدوای باراکی کوڕی ئەڤینۆعەم کە لە قەدەشی نەفتالی بوو، پێی گوت: «ئایا یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل فەرمانی پێ نەکردوویت: ”بەرەو پێش بڕۆ بۆ کێوی تاڤۆر؟ دە هەزار پیاو لە نەوەی نەفتالی و زەبولون لەگەڵ خۆت ببە. 7 ئیتر سیسرای فەرماندەی گشتی لەشکری یاڤین و گالیسکە و لەشکرەکەی بەرەو ڕووباری قیشۆن دەبەم و دەیخەمە ژێر دەستتەوە.“»
8 باراکیش پێی گوت: «ئەگەر لەگەڵم بێیت دەچم، بەڵام ئەگەر لەگەڵم نەیێیت ئەوا ناچم.»
9 دەڤۆراش گوتی: «بێگومان لەگەڵت دێم، بەڵام ئەو ڕێگایەی پێیدا دەڕۆیت بۆت نابێتە مایەی شانازی، چونکە یەزدان سیسرا دەداتە دەستی ژنێک.» ئیتر دەڤۆرا هەستا و لەگەڵ باراک چوو بۆ قەدەش، 10 لەوێ باراک زەبولونی و نەفتالییەکانی بانگکرد. دە هەزار پیاو دوای کەوتن، هەروەها دەڤۆراش لەگەڵی چوو.
11 حەڤەری قێنی خۆی لە قێنییەکان جیا کردبووەوە کە نەوەی حۆڤاڤ بوون، کە حۆڤاڤ ژن برای[a] موسا بوو، چادرەکەی لەلای دار بەڕووێکی گەورە لە چەعەنەنیم نزیکی قەدەش هەڵدابوو.
12 ئەوە بوو بە سیسرایان گوت کە باراکی کوڕی ئەڤینۆعەم سەرکەوتووە بۆ کێوی تاڤۆر. 13 سیسراش هەموو گالیسکەکانی واتە نۆ سەد گالیسکەی ئاسن و هەموو ئەو پیاوانەی کە لەگەڵیدا بوون لە حەرۆشەت هەگۆیمەوە هەتا ڕووباری قیشۆن کۆکردەوە.
14 دەڤۆرا بە باراکی گوت: «هەستە، چونکە ئەمە ئەو ڕۆژەیە کە یەزدان سیسرای تێیدا خستووەتە ژێر دەستت. ئایا یەزدان پێشت نەکەوتووە؟» ئیتر باراکیش لە کێوی تاڤۆرەوە هاتە خوارەوە و دە هەزار پیاویش بەدوایەوە. 15 یەزدانیش لەبەردەمی باراک بە زەبری شمشێر سەری لە سیسرا و هەموو گالیسکەکان و هەموو لەشکرەکەی شێواند، ئینجا سیسرا لە گالیسکەکە دابەزی و بە پێ هەڵات. 16 باراکیش بەدوای گالیسکەکان و لەشکرەکە کەوت بۆ حەرۆشەت هەگۆیم، هەموو لەشکرەکەی سیسرا بە شمشێر کوژران، کەسیان نەما.
17 بەڵام سیسرا ڕایکرد بۆ چادری یاعێلی ژنی حەڤەری قێنی، چونکە پەیوەندییەکی ئاشتییانە لەنێوان یاڤینی پاشای حاچۆر و ماڵی حەڤەری قێنی هەبوو.
18 یاعێل چووە دەرەوە بۆ پێشوازی سیسرا و پێی گوت: «لابدە گەورەم، لابدە بۆ ئێرە مەترسە.» ئەویش لایدا بۆ لای چادرەکە و ئیتر بە جاجم دایپۆشی.
19 پێی گوت: «تۆزێک ئاوم بدەرێ، چونکە تینوومە.» ئەویش مەشکەی شیرەکەی کردەوە و پێیدا، ئینجا دایپۆشییەوە.
20 ئیتر پێی گوت: «لەبەردەم چادرەکە بوەستە، ئەگەر یەکێک هات و پرسیاری لێکردیت: ”ئایا ئێرە کەسی لێیە؟“ تۆش بڵێ: ”نەخێر.“»
21 بەڵام یاعێلی ژنی حەڤەر مێخێکی[b] چادرەکە و چەکوشێکی هەڵگرت، بە شێنەیی بۆی چوو و مێخەکەی کێشا بە لاجانیدا[c] و بە زەوییەکەدا خستی، ئەویش لە خەوێکی قووڵدا بوو، چونکە ماندوو بوو، ئیتر مرد.
22 لە کاتێکدا باراک بەدوای سیسرا کەوتبوو، یاعێل چووە دەرەوە بۆ پێشوازیکردنی و پێی گوت: «وەرە با ئەو پیاوەت پیشان بدەم کە تۆ بەدوایدا دەگەڕێیت.» ئەویش هات بۆ لای و بینی سیسرا بە مردوویەتی کەوتووە و مێخی چادرەکە لەناو لاجانییەتی.
23 خوداش لەو ڕۆژەدا یاڤینی پاشای کەنعانی لەبەردەم نەوەی ئیسرائیلدا زەلیل کرد. 24 نەوەی ئیسرائیل بەهێزتر و بەهێزتر دەبوون بەسەر یاڤینی پاشای کەنعان، هەتا یاڤینی پاشای کەنعانیان لەناوبرد.
سروودی دەڤۆرا
5 ئینجا دەڤۆرا و باراکی کوڕی ئەڤینۆعەم لەو ڕۆژەدا دەستیان بە گوتنی سروود کرد:
2 «لە پێناوی پێشەوایەتیکردنی پێشەواکان لە ئیسرائیل و
لە پێناوی ئەوانەی لەنێو گەل خۆیان بەختکرد،
ستایشی یەزدان بکەن!
3 «ببیستن ئەی پاشایان، گوێ بگرن ئەی فەرمانڕەوایان!
من بۆ یەزدان سروود دەڵێم،
مۆسیقا بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل دەژەنم.
4 «ئەی یەزدان، بە هاتنەدەرەوەت لە سێعیر،
بە بەرەوپێشچوونت لە خاکی ئەدۆم،
زەوی لەرزی، ئاسمانیش دڵۆپەی کرد،
هەروەها هەورەکانیش ئاویان لێ باری.
5 چیاکان هەرەسیان هێنا لە ڕووی یەزدانی پەروەردگاری شاخی سینا،
لە ڕووی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل.
6 «لە ماوەی ڕابەرایەتی شەمگەری کوڕی عەنات،
لە سەردەمی یاعێل ڕێگا سەرەکییەکان وازلێهێنران و
ڕێبوارەکان بە ڕێڕەوی خواروخێچدا ڕۆیشتن.
7 گوندەکانی ئیسرائیل چۆڵ بوون،
چۆڵ بوون، هەتا من کە دەڤۆرام هەستام،
هەستام وەک دایکێک لە ئیسرائیل.
8 چەند خودایەکی نوێیان هەڵبژاردبوو،
ئینجا شەڕ هاتە دەروازەکان.
ئایا هیچ قەڵغانێک یان ڕمێک
لەنێو چل هەزار کەس لە ئیسرائیل دەبینرا؟
9 دڵم لەگەڵ سەرکردەکانی ئیسرائیلە،
لەگەڵ خۆبەختکەرانی نێو گەل،
ستایشی یەزدان بکەن!
10 «ئەی ئەوانەی سواری ماکەری سپی بوون،
دانیشتوو لەسەر زینی لباد و
ئەوانەی ڕێتان گرتووەتەبەر،
گوێ بگرن 11 لە دەنگی گۆرانیبێژان لەلای حەوزەکان،
لەوێ بە کردارە ڕاستودروستەکانی یەزدانیان هەڵدا،
کردەوە ڕاستودروستەکانی جەنگاوەرانی ئەو لە ئیسرائیل.
«ئینجا گەلی یەزدان
بەرەو دەروازەکان ڕۆیشتن.
12 ”هەستە، هەستە، ئەی دەڤۆرا!
هەستە، هەستە، سروود بڵێ!
هەستە، ئەی باراک!
ئەی کوڕی ئەڤینۆعەم دیلەکانت بگرە.“
13 «ئینجا پاشماوەی گەل
هاتنە خوارەوە بۆ لای بەگزادەکان،
گەلی یەزدان بۆ لام هاتنە خوارەوە،
لەگەڵ پاڵەوانەکان.
14 هەندێکیان لە ئەفرایمەوە هاتن، ئەوانەی بارەگایان لەنێو عەمالێقە،
لە دواتەوەن، نەوەی بنیامین لەگەڵ گەلەکەت.
لە ماکیرەوە سەرکردەکان دابەزین و
لە زەبولونەوە ئەوانەی داردەستی پێشەوایان بەدەستەوەیە.
15 سەرۆکەکانی یەساخار لەگەڵ دەڤۆرا هاتن و
نەوەی یەساخار لەگەڵ باراک،
بەرەو دۆڵەکە بە پەلە بەدوایدا دەڕۆیشتن.
لەنێو خێڵەکانی ڕەئوبێن
دڵەڕاوکێیەکی زۆر هەبوو.
16 بۆچی لەنێو پەرژینەکان دانیشتبوون،
بۆ گوێگرتن لە دەنگی بلوێرلێدان بۆ مێگەلەکان؟
لەنێو خێڵەکانی ڕەئوبێن
دڵەڕاوکێیەکی زۆر هەبوو.
17 گلعاد لەوبەری ڕووباری ئوردون مایەوە،
بۆچی دان لەلای کەشتییەکان چاوەڕێی دەکرد؟
ئاشێریش لەلای کەناری دەریا دانیشت و
لە بەندەرەکانی مایەوە.
18 زەبولون گەلێکە گیان لەسەر دەست
لەگەڵ نەفتالی لە بەرزاییەکانی گۆڕەپانی جەنگ.
19 «پاشایان هاتن و جەنگان،
ئینجا پاشایانی کەنعان جەنگان
لە تەعنەک لەلای ئاوی مەگیدۆ،
هەندێک زیویشیان دەست نەکەوت.
20 ئەستێرەکان لە ئاسمانەوە جەنگان،
لە خولگەکانی خۆیانەوە لە دژی سیسرا جەنگان.
21 ڕووباری قیشۆن ڕایماڵین،
ڕووباری قیشۆن، ڕووبارێکی دێرینە.
ئەی گیانی من بە ئازایەتییەوە بەرەو پێشەوە بڕۆ!
22 ئینجا سمی ئەسپەکان دەنگەدەنگەیان دەدا،
لە غارەغاری ئەسپە بەتاوەکانی.
23 فریشتەی یەزدان فەرمووی: ”نەفرەت لە مێرۆز بکەن،
بە توندی نەفرەت لە دانیشتووانی بکەن،
چونکە نەهاتن بۆ یارمەتیدانی یەزدان،
یارمەتیدانی یەزدان لە دژی پاڵەوانان.“
24 «بەرەکەتدار بێت لەنێو ئافرەتان،
یاعێلی ژنی حەڤەری قێنی،
بەرەکەتدار بێت لەناو هەموو ئەو ئافرەتانەی چادرنشینن.
25 داوای ئاوی کرد شیری پێدا،
لەناو کاسەی شازادان، دەڵەمەی[d] بۆ هێنا.
26 دەستی درێژکرد بۆ مێخی چادرەکە و
دەستە ڕاستەی بۆ چەکوشی کرێکار.
لە سیسرای دا و سەری شکاند،
کاسە سەری وردوخاش کرد و لاجانی کون کرد.
27 لەبەر پێیەکانی ڕۆچوو،
کەوت، ڕاکشا،
لەبەر پێیەکانی ڕۆچوو، کەوت،
لەکوێ ڕۆچوو، لەوێ کەوت و شێوێنرا.
28 «دایکی سیسرا لە پەنجەرەوە تەماشای کرد و
لە کڵاوڕۆژنەوە[e] دەستی بە شیوەن کرد.
”بۆچی گالیسکەکانی لە هاتن دواکەوتن؟
بۆچی دەنگی ناڵی وڵاخی گالیسکەکانی دواکەوتن؟“
29 ئینجا داناترین شازادەی وەڵامی دایەوە،
بەڵکو خۆی بوو وەڵامی خۆی دایەوە:
30 ”ئایا دەستکەوتێکیان دەست نەکەوتووە و بەشی ناکەن،
کیژێک یان دووان بۆ هەر پیاوێک،
تاڵانکردنی جلی ڕەنگکراو بۆ سیسرا،
جلی ڕەنگکراو و نەخشێنراو،
جلی نەخشێنراو لە هەردوو ڕوو بۆ گەردنم،
هەمووی وەک تاڵانی؟“
31 «ئاوا هەموو دوژمنانت لەناودەچن، ئەی یەزدان!
بەڵام با ئەوانەی کە تۆیان خۆشدەوێت وەک خۆر بن
کاتێک لە بەهێزیدا هەڵدێت.»
ئینجا خاکەکە چل ساڵ لە ئاشتیدا بوو.
گدعۆن
6 نەوەی ئیسرائیل لەبەرچاوی یەزدان خراپەکارییان کرد، یەزدانیش حەوت ساڵ ژێر دەستەی میدیانییەکانی کردن. 2 جا دەسەڵاتی مییدیانییەکان بەسەر ئیسرائیلدا زاڵ بوو، لەبەر میدیانییەکان نەوەی ئیسرائیل بۆ خۆیان پەناگایان لەناو کونە شاخ و ئەشکەوت و قەڵای چیاکان دروستکرد. 3 هەر جارێک ئیسرائیلییەکان تۆویان دەچاند میدیانییەکان بۆیان سەردەکەوتن و عەمالێقییەکان و کوڕانی ڕۆژهەڵات دەهاتنە سەریان. 4 لە دژیان چادریان هەڵدەدا و بەروبوومی زەوی و زاریان لەناو دەبرد تاکو دەگەیشتنە غەزە، هیچ شتێکی زیندوویان بۆ نەوەی ئیسرائیل نەدەهێشت[f]، نە لە مەڕ و نە لە مانگا و نە لە گوێدرێژ. 5 لەبەر ئەوەی کە سەردەکەوتن بە ئاژەڵی ماڵی و چادرەکانیانەوە دەهاتن و وەک کۆمەڵە کوللە لە زۆریدا، خۆیان و وشترەکانیان بێشومار بوون، دەچوونە ناو خاکەکەوە بۆ ئەوەی وێرانی بکەن. 6 ئیتر ئیسرائیلییەکان بەدەست میدیانییەکانەوە زۆر هەژار بوون و نەوەی ئیسرائیل هاواریان بۆ یەزدان کرد.
7 کاتێک نەوەی ئیسرائیل هاواریان بۆ یەزدان کرد بەهۆی میدیانییەکانەوە، 8 یەزدان پێغەمبەرێکی بۆ نەوەی ئیسرائیل نارد، ئەوەی پێ گوتن: «یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: من لە میسرەوە سەرم خستن و لە خاکی کۆیلایەتی دەرمهێنان و 9 لە دەستی میسرییەکان و لە دەستی هەموو ئەوانەی دەیانچەوساندنەوە دەربازم کردن، لەبەردەمتاندا دەرمکردن و خاکەکەیانم پێدان. 10 پێم فەرموون: ”من یەزدانی پەروەردگاری ئێوەم. خوداوەندەکانی ئەمورییەکان مەپەرستن، ئەوانەی ئێوە لە خاکیاندا نیشتەجێن،“ بەڵام گوێتان لێ نەگرتم.»
11 ئینجا فریشتەی یەزدان هات و لەژێر دار بەڕووەکەی عۆفرا کە هی یۆئاشی ئەڤیعەزەری بوو دانیشت. گدعۆنی کوڕی یۆئاشیش لە گوشەرەکە گەنمی دەکوتا بۆ ئەوەی لە میدیانییەکانی بشارێتەوە. 12 جا فریشتەی یەزدان بۆ گدعۆن دەرکەوت و پێی فەرموو: «ئەی جەنگاوەری بەهێز، یەزدانت لەگەڵە.»
13 گدعۆنیش پێی گوت: «گەورەم لێت دەپرسم، ئەگەر یەزدان لەگەڵماندایە، ئەی بۆچی ئەم هەموو کارەساتەمان بەسەرهات؟ کوا هەموو کارە سەرسوڕهێنەرەکانی کە باوکانمان پێیان ڕاگەیاندین و گوتیان: ”ئایا یەزدان نەبوو لە میسرەوە دەریهێناین؟“ ئێستاش یەزدان وازی لێ هێناوین و ژێردەستەی میدیانی کردووین.»
14 ئینجا یەزدان ئاوڕی لێدایەوە و گوتی: «بەم توانایەتەوە بڕۆ و ئیسرائیل لە دەستی میدیان ڕزگار بکە. من تۆ دەنێرم.»
15 گدعۆنیش لێی پرسی: «ئای گەورەم! ئیسرائیل بە چی ڕزگار بکەم؟ ئەوەتا خێڵەکەم بێهێزترین خێڵی مەنەشەیە و منیش لە ماڵی باوکم لە هەموویان بچووکترم.»
16 یەزدانیش وەڵامی دایەوە: «من لەگەڵت دەبم و لە هەموو میدیانییەکان دەدەی وەک ئەوەی لە تەنها پیاوێک بدەی.»
17 گدعۆنیش پێی گوت: «ئەگەر جێی ڕەزامەندی تۆم، نیشانەیەکم بدەرێ کە تۆ خۆتی قسەم لەگەڵ دەکەیت. 18 تکایە ئێرە بەجێمەهێڵە هەتا دێمەوە بۆ لات و پێشکەشکراوەکەم دەردەهێنم و لەبەردەمتدا دای دەنێم.»
یەزدانیش فەرمووی: «دەمێنمەوە هەتا دەگەڕێیتەوە.»
19 گدعۆنیش چووە ژوورەوە و کارەبزنێکی سەربڕی و ئامادەی کرد لەگەڵ ئێفەیەک ئارد[g] کە نانی فەتیرەی لێ دروستکرد. گۆشتەکەی لەناو سەبەتەیەک دانا و گۆشتاوەکەشی[h] کردە مەنجەڵێکەوە و بردیە دەرەوە بۆی بۆ ژێر دار بەڕووەکە و پێشکەشی کرد.
20 فریشتەی خوداش پێی فەرموو: «گۆشت و نانە فەتیرەکە ببە و لەسەر ئەو تاتەبەردە دایانبنێ و گۆشتاوەکە بڕێژە.» گدعۆنیش بەم جۆرەی کرد. 21 ئینجا فریشتەکەی یەزدان سەری گۆچانەکەی کە بە دەستیەوە بوو درێژی کرد و لە گۆشت و نانە فەتیرەکەی دا و ئاگرێک لە بەردەکەوە بەرزبووەوە و گۆشت و نانە فەتیرەکەی خوارد. ئینجا فریشتەکەی یەزدان لەبەرچاوی نەما. 22 ئیتر گدعۆن زانی کە فریشتەی یەزدان بوو، بۆیە گوتی: «ئای ئەی یەزدانی باڵادەست! چونکە من فریشتەی یەزدانم ڕووبەڕوو بینی.»
23 یەزدانیش پێی فەرموو: «ئاشتی بۆ تۆ، مەترسە، نامریت.»
24 ئیتر گدعۆن لەوێ قوربانگایەکی بۆ یەزدان دروستکرد و ناوی لێنا «یەزدان ئاشتییە.» هەتا ئەمڕۆ لە عۆفرای ئەڤیعەزەرییەکانە.
25 ئینجا لەو شەوەدا یەزدان پێی فەرموو: «دووەمین گای باوکت کە حەوت ساڵانە، بیبە بۆ قوربانگاکەی بەعل کە هی باوکتە، قوربانگاکە تێکبدە و ئەو ستوونە ئەشێرایەی[i] لەتەنیشتییەتی بیبڕەوە. 26 ئینجا قوربانگایەک بۆ یەزدانی پەروەردگارت لەسەر ئەو قەڵا بەرزە بە ڕێکوپێکی دروستبکە و دووەمین گا سەربخە و بیکە قوربانی سووتاندن لەسەر تەختە دارەکانی ئەو ستوونە ئەشێرایەی کە دەیبڕیتەوە.»
27 گدعۆنیش دە پیاوی لە خزمەتکارەکانی برد و ئەوەی کرد کە یەزدان پێی گوت. لەبەر ئەوەی لە ماڵی باوکی و خەڵکی شارۆچکەکە دەترسا ئەو کارە بە ڕۆژ ئەنجام بدات، بۆیە بە شەو کردی.
28 بۆ سبەینێ خەڵکی شارۆچکەکە هەستان و بینییان قوربانگاکەی بەعل ڕووخێنراوە و ستوونە ئەشێراکەی تەنیشتی بڕاوەتەوە، دووەمین گا کراوە بە قوربانی لەسەر قوربانگاکەی کە تازە دروستکرابوو.
29 ئیتر بە یەکتریان دەگوت: «کێ ئەمەی کردووە؟»
دوای پرسیارکردن و گەڕان، گوتیان «گدعۆنی کوڕی یۆئاش ئەمەی کردووە.»
30 جا خەڵکی شارۆچکەکە بە یۆئاشیان گوت: «کوڕەکەت بهێنە دەرەوە، دەبێت بکوژرێت، چونکە قوربانگاکەی بەعلی ڕووخاندووە و ستوونە ئەشێراکەی تەنیشتی بڕیوەتەوە.»
31 بەڵام یۆئاش بە هەموو ئەوانەی گوت کە لێی هەستابوون: «ئایا ئێوە داکۆکی لە بەعل دەکەن، یان ڕزگاری دەکەن؟ ئەوەی داکۆکی لە بەعل بکات لەم بەیانییەدا دەکوژرێت! ئەگەر بەڕاستی خودایە با خۆی داکۆکی لە خۆی بکات، چونکە قوربانگاکەی ڕووخێنراوە.» 32 ئیتر لەو ڕۆژەدا گدعۆنیان ناونا یەروبەعل و گوتیان: «با بەعل لە دژی شەڕ بکات،» چونکە قوربانگاکەی ڕووخاندووە.
33 ئینجا هەموو میدیانییەکان و عەمالێقییەکان و کوڕانی ڕۆژهەڵات پێکەوە کۆبوونەوە و لە ڕووباری ئوردون پەڕینەوە و لە دۆڵی یەزرەعیل چادریان هەڵدا. 34 ڕۆحی یەزدان هاتە سەر گدعۆن و کەڕەنای لێدا و ئەڤیعەزەرییەکان شوێنی کەوتن. 35 ئینجا نێردراوی نارد بۆ هەموو مەنەشە و ئەوانیش بە دەنگییەوە هاتن، هەروەها نێردراوی نارد بۆ ئاشێر و زەبولون و نەفتالی، ئەوانیش سەرکەوتن بۆ ئەوەی پێیان بگەن.
36 ئینجا گدعۆن بە خودای گوت: «ئەگەر بە دەستی من ئیسرائیل ڕزگار دەکەیت وەک فەرمووت، 37 ئەوەتا من کەوڵی مەڕ لەسەر جۆخینەکە[j] دادەنێم، جا ئەگەر تەنها کەوڵەکە شەونمی لەسەر بوو و زەوی هەمووی وشک بوو، ئەوا دەزانم کە تۆ بە دەستی من ئیسرائیل ڕزگار دەکەیت وەک گوتت.» 38 ئیتر ئاوا بوو. بەیانی گدعۆن زوو هەستا و کەوڵەکەی گوشی و پڕ تەشتێک شەونمی لە کەوڵەکە گوشی.
39 ئینجا گدعۆن بە خودای گوت: «لێم تووڕە مەبە هەر ئەم جارە داوا دەکەم. تەنها ئەم جارە بە کەوڵەکە تاقی دەکەمەوە. با بەس کەوڵەکە وشک بێت و لەسەر هەموو زەوی شەونمی لێ بێت.» 40 خوداش لەو شەوەدا بەم جۆرەی کرد. بە تەنها کەوڵەکە وشک بوو و لەسەر هەموو زەوییەکە شەونم هەبوو.
بەزاندنی میدیانییەکان
7 ئیتر یەروبەعل، واتە گدعۆن، هەروەها هەموو ئەو خەڵکەی کە لەگەڵیدا بوون بەیانی زوو هەستان و لەتەنیشت کانی حەرۆد چادریان هەڵدا. ئۆردوگای میدیانییەکانیش لە باکووریانەوە بوون لەلای گردی مۆرە لە دۆڵەکە. 2 ئینجا خودا بە گدعۆنی فەرموو: «ئەو خەڵکەی کە لەگەڵتدایە بەلای منەوە زۆرن، هەتا میدیانییەکان بدەمە دەستیان، نەوەک ئیسرائیل شانازی لەسەر من بکات و بڵێت: ”هێزی خۆم ڕزگاری کردم.“ 3 ئێستاش بانگەواز بۆ خەڵکەکە بکە: ”ئەوەی دەترسێت و تۆقیوە با بگەڕێتەوە و کێوی گلعاد بەجێبهێڵێت.“» ئیتر بیست و دوو هەزار کەس لە خەڵکەکە گەڕایەوە و دە هەزار کەس مانەوە.
4 ئینجا یەزدان بە گدعۆنی فەرموو: «هێشتا خەڵکەکە زۆرن. بیانبەرە خوارەوە بۆ سەر ئاوەکە بۆ ئەوەی لەوێ لە بێژنگیان بدەم بۆت. ئیتر ئەوەی کە پێت بڵێم: ”ئەمە لەگەڵت دێت“ ئەوە لەگەڵت دێت، بەڵام بۆ هەر یەکێکیش پێت بڵێم: ”ئەمە لەگەڵت نایەت،“ ئەوا نایەت.»
5 گدعۆنیش خەڵکەکەی بردە خوارەوە بۆ سەر ئاوەکە. ئینجا یەزدان بە گدعۆنی فەرموو: «هەرکەسێک لەسەر لەپی دەستی بە زمان[k] لە ئاوەکەی خواردەوە وەک چۆن سەگ ئاو دەخواتەوە جیای بکەرەوە، هەروەها هەرکەسێک بۆ ئاو خواردنەوە بەسەر چۆکدا بکەوێت جیای بکەرەوە.» 6 ئیتر ژمارەی ئەوانەی لە ڕێگەی لەپی دەستەوە بە زمان ئاویان خواردەوە سێ سەد پیاو بوون، خەڵکەکەی دیکەش هەموویان لەسەر چۆکیان کەوتن بۆ ئاو خواردنەوە.
7 ئینجا یەزدان بە گدعۆنی فەرموو: «بەو سێ سەد پیاوەی لە ڕێگەی لەپی دەستەوە بە زمان ئاویان خواردەوە ڕزگارتان دەکەم و میدیانییەکان دەخەمە ژێر دەستتەوە، خەڵکەکەی دیکە با هەرکەسە و بچێتەوە بۆ شوێنی خۆی.» 8 ئیتر گدعۆن هەموو پیاوەکانی دیکەی ئیسرائیلی ناردەوە، هەریەکە و بۆ ماڵەکەی خۆی، بەڵام سێ سەد پیاوەکەی هێشتەوە. ئەوانیش ئازووقە و کەڕەناکانی ئەوانی دیکەیان لەگەڵ خۆیاندا برد.
ئۆردوگای میدیانییەکانیش لە دۆڵەکە لە ژێرییەوە بوو. 9 ئینجا لەو شەوەدا یەزدان بە گدعۆنی فەرموو: «هەستە و هێرش بکە سەر ئۆردوگاکە، چونکە خستوومەتە ژێر دەستتەوە. 10 ئەگەر لە هێرشبردن دەترسیت، ئەوا خۆت و پورای خزمەتکارت بچنە خوارەوە بۆ ئۆردوگاکە، 11 گوێت لە قسەکانیان دەبێت و ورەت بەرزدەبێتەوە و هێرش دەبەیتەسەر ئۆردوگاکە.» ئیتر خۆی و پورای خزمەتکاری بەرەو خوار چوون تاکو لە ڕیزەکانی دواوەی چەکدارەکانی ئۆردوگاکە نزیک بوونەوە. 12 میدیانی و عەمالێقییەکان و هەموو کوڕانی ڕۆژهەڵات لە زۆریدا وەک کوللە وابوون و لە دۆڵەکە بوون، وشترەکانیشیان بێشومار بوون لە زۆریدا وەک ئەو لمەی لەسەر کەناری دەریادایە.
13 ئینجا گدعۆن هات و بینی پیاوێک خەونێک بۆ هاوڕێکەی دەگێڕێتەوە و دەڵێت: «بەڕاستی خەونێکم بینیوە، لە خەونەکە کولێرەیەکی جۆ گلۆربووەوە بۆ ئۆردوگای میدیانییەکان و هاتە چادرەکە و لێیدا، ئیتر کەوت و سەرەوژێری کرد، چادرەکەی تەخت کرد.»
14 هاوڕێکەشی وەڵامی دایەوە: «ئەوە لە شمشێرەکەی گدعۆنی کوڕی یۆئاشی پیاوی ئیسرائیل زیاتر بەولاوە هیچی دیکە نییە، خودا میدیانییەکان و هەموو سوپاکەی خستووەتە ژێر دەستیەوە.»
15 ئیتر کاتێک گدعۆن گوێی لە هەواڵی خەونەکە و لێکدانەوەکەی بوو کڕنۆشی برد[l] و گەڕایەوە ئۆردوگاکەی ئیسرائیل و گوتی: «هەستن، چونکە خودا سوپای میدیانییەکانی خستووەتە ژێر دەستتانەوە.» 16 ئینجا سێ سەد پیاوەکەی دابەش کرد بۆ سێ تیپ و کەڕەنای دایە دەستی هەموویان لەگەڵ گۆزەی بەتاڵ و چرای خستە ناو گۆزەکانەوە.
17 پێی گوتن: «سەیری من بکەن و وەک من بکەن، ئەوەتا من دەچمە نزیک ئۆردوگاکە، ئیتر من چی دەکەم ئێوەش وا بکەن. 18 ئینجا من و هەموو ئەوانەی لەگەڵمدان کە کەڕەنامان لێدا، ئێوەش بە دەوری هەموو ئۆردوگاکەدا کەڕەنا لێ بدەن و بڵێن: ”بۆ یەزدان و بۆ گدعۆن!“»
19 ئیتر گدعۆن و سەد پیاوەکەی کە لەگەڵیدا بوون لە سەرەتای نیوە شەودا هاتن بۆ کەناری ئۆردوگاکە و لەو کاتەدا پاسەوانەکانیان گۆڕی بوو، ئینجا کەڕەنایان لێدا و ئەو گۆزانەی لە دەستیان بوو شکاندیانن. 20 سێ تیپەکە کەڕەنایان لێدا و گۆزەکانیان شکاند و چراکانیان بە دەستی چەپیانەوە گرت و کەڕەناکانیان بە دەستی ڕاست بۆ ئەوەی لێی بدەن، هاواریان کرد: «شمشێرێک بۆ یەزدان و بۆ گدعۆن!» 21 ئیتر هەریەکە و لە شوێنی خۆیان بە دەوری ئۆردوگاکەدا ڕاوەستان. ئینجا هەموو میدیانییەکان ڕایانکرد و هاواریان کرد و هەڵاتن.
22 کاتێک سێ سەد کەسەکە کەڕەنایان لێدا، یەزدان کارێکی کرد لە پیاوانی سەراپای ئۆردوگاکە کە هەریەکە بە شمشێرەکەی لە هاوڕێکەی خۆی بدات، ئیتر سوپاکە هەڵات بۆ بێتشیتا بەرەو چەرێرا هەتا دەگاتە سنووری ئابێل مەحۆلا نزیک تەبات. 23 ئیتر پیاوانی ئیسرائیل لە هۆزەکانی نەفتالی و ئاشێر و هەموو مەنەشە بانگ کران و کۆبوونەوە و بەدوای میدیانییەکان کەوتن. 24 ئینجا گدعۆن نێردراوی نارد بۆ هەموو ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم و گوتی: «دابەزن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی میدیانییەکان و سەرچاوەی ئاوەکانیان لێ بستێنن هەتا دەگاتە بێتبارا و ڕووباری ئوردون.»
ئیتر هەموو پیاوانی ئەفرایم کۆبوونەوە و سەرچاوەی ئاوەکانیان لێسەندن هەتا دەگاتە بێتبارا و ڕووباری ئوردون. 25 دوو سەرکردەی میدیانییەکانیشیان گرت، عۆرێڤ و زئێڤ. عۆرێڤیان لەسەر تاشەبەردی عۆرێڤ کوشت، بەڵام زئێڤیان لەناو گوشەری زئێڤدا کوشت. هەروەها دوای میدیانییەکان کەوتن و کەللەسەری عۆرێڤ و زئێڤیان لەوبەری ڕووباری ئوردونەوە هێنا بۆ گدعۆن.
زەڤەح و چەلموناعی پاشایانی میدیان
8 ئینجا پیاوانی ئەفرایم بە گدعۆنیان گوت: «ئەو کارە چی بوو بە ئێمەت کرد، بۆچی کە چوویت بۆ شەڕکردن لەگەڵ میدیانییەکان ئێمەت بانگ نەکرد؟» هەروەها ڕەخنەی توندیان لێ گرت.
2 ئەویش وەڵامی دانەوە: «ئەوەی من کردوومە چییە لەچاو ئەوەی ئێوە کردووتانە؟ ئایا چنینەوەی[m] ترێی ئەفرایم لە ترێ ڕنینەوەی ئەڤیعەزەر باشتر نییە؟ 3 خودا عۆرێڤ و زئێڤی هەردوو سەرکردەی میدیانییەکانی خستە ژێر دەستتانەوە. من توانیومە چی بکەم لەچاو ئێوەدا؟» جا لەو کاتەدا کە ئەم قسەیەی کرد، تووڕەییان بەرامبەری خاو بووەوە.
4 ئینجا گدعۆن هات بۆ ڕووباری ئوردون و خۆی و سێ سەد پیاوەکەی کە لەگەڵیدا بوون پەڕینەوە، ماندوو بوون بەڵام بەردەوام بوون لە ڕاونانیان. 5 گدعۆن بە خەڵکی سوکۆتی گوت: «نان بدەن بەو جەنگاوەرانەی لەگەڵمدان، چونکە ماندوون و من بەردەوام بەدوای زەڤەح و چەلموناعی هەردوو پاشای میدیان کەوتووم.»
6 بەڵام کاربەدەستەکانی سوکۆت گوتیان: «ئایا ئێستا دەستی زەڤەح و چەلموناع لە دەستتە تاوەکو نان بدەینە سەربازەکانت؟»
7 گدعۆنیش گوتی: «بۆیە کاتێک یەزدان زەڤەح و چەلموناع دەخاتە ژێر دەستم، لەشتان بە دڕکوداڵی دەشتودەر زامدار دەکەم.»
8 لەوێشەوە سەرکەوت بۆ پەنیێل و هەمان داواکاری لێکردن. خەڵکی پەنیێلیش وەکو خەڵکی سوکۆت وەڵامیان دایەوە. 9 هەروەها بە خەڵکی پەنیێلی گوت: «کاتێک بە سەرکەوتوویی دەگەڕێمەوە ئەم قوللەیە دەڕووخێنم.»
10 زەڤەح و چەلموناعیش لە قەرقۆر بوون و سوپاکانیان لەگەڵیان بوون، کە نزیکەی پازدە هەزار بوون، هەموو ئەوانەی مابوونەوە لە هەموو سوپاکەی کوڕانی ڕۆژهەڵات بوون، ئەوانەش کە کەوتن سەد و بیست هەزار پیاوی شمشێر بەدەست بوون. 11 ئیتر گدعۆن لە ڕێگای چادرنشینەکانەوە سەرکەوت، لە ڕۆژهەڵاتی نۆڤەح و یۆگبەهایەوە و لە سوپاکەی دا و سوپاکەش لەو کاتەدا ئاگادار نەبوون. 12 جا زەڤەح و چەلموناع هەڵاتن و ئەویش دوایان کەوت و هەردوو پاشای میدیان زەڤەح و چەلموناعی گرت و هەموو سوپاکەی تەفروتونا کرد.
13 ئینجا گدعۆنی کوڕی یۆئاش بەلای ڕێگای هەورازی حەرەس لە جەنگ گەڕایەوە. 14 گەنجێکی لە خەڵکی سوکۆت گرت و پرسیاری لێکرد، ئەویش ناوی کاربەدەستەکانی سوکۆت و پیرەکانی بۆ نووسی کە حەفتا و حەوت پیاو بوون. 15 ئینجا گدعۆن هات بۆ لای خەڵکی سوکۆت و گوتی: «ئەوەتا زەڤەح و چەلموناع کە گاڵتەتان پێکردم و گوتتان: ”ئایا دەستی زەڤەح و چەلموناع ئێستا بە دەستتەوەیە هەتا نان بدەینە پیاوە ماندووەکانت؟“» 16 جا پیرەکانی شارۆچکەکەی برد و بە دڕکوداڵی دەشتودەر سزای دان و کردنی بە پەند بۆ خەڵکی سوکۆت. 17 هەروەها قوللەی پەنیێلی ڕووخاند و پیاوەکانی شارۆچکەکەی کوشت.
18 بە زەڤەح و چەلموناعی گوت: «ئەو پیاوانەی کە لە تاڤۆر کوشتتان چۆن بوون؟»
ئەوانیش گوتیان: «لە تۆ دەچوون، هەریەکەیان وەک شازادەیەک بوو.»
19 گدعۆنیش گوتی: «ئەوان برای منن و کوڕی دایکمن. بە یەزدانی زیندوو، ئەگەر ئێوە بە زیندوویی بتانهێشبوونایەوە نەمدەکوشتن!» 20 ئینجا بە یەتەری نۆبەرەی کوڕی گوت: «هەستە بیانکوژە!» بەڵام یەتەر شمشێرەکەی ڕانەکێشا، چونکە ترسا، لەبەر ئەوەی هێشتا مێردمنداڵ بوو.
21 زەڤەح و چەلموناعیش گوتیان: «تۆ هەستە و بمانکوژە، چونکە ”پیاو چۆن بێت هێزیشی وایە.“» گدعۆنیش هەستا و زەڤەح و سەلمونناعی کوشت و ئەو هیزارەی[n] بە ملی وشترەکانیانەوە بوو بردی.
ئێفۆدی گدعۆن
22 ئیتر پیاوانی ئیسرائیل بە گدعۆنیان گوت: «فەرمانڕەوایەتیمان بکە، خۆت و کوڕەکەت و کوڕی کوڕەکەشت، چونکە ڕزگارت کردین لە دەستی میدیان.»
23 بەڵام گدعۆن پێی گوتن: «من فەرمانڕەوایەتیتان ناکەم و کوڕەکەشم فەرمانڕەوایەتیتان ناکات. یەزدان فەرمانڕەوایەتیتان دەکات.» 24 ئینجا گدعۆن پێی گوتن: «داوای شتێکتان لێ دەکەم، هەریەکەتان ئەو گوارانەی دەستیکەوتووە بمداتێ.» چونکە بەگوێرەی نەریتی ئیسماعیلییەکان، گوارەی زێڕیان لە گوێ کردبوون.
25 ئەوانیش گوتیان: «بە خۆشحاڵییەوە.» ئینجا جبەیەکیان ڕاخست و هەریەکە و ئەو گوارانەی دەستی کەوتبوو فڕێیدایە سەری. 26 کێشی ئەو گوارە زێڕانەی کە داوای کرد هەزار و حەوت سەد شاقل[o] بوو، ئەمە بێجگە لە هیزارەکان کە لەسەر شێوەی مانگی نوێ بوون، هەروەها بازن و جبە و عەبای ئەرخەوانی کە لەبەر پاشایانی میدیان بوو، هەروەها بێجگە لەو ملوانکانەی کە لە ملی وشترەکانیان بوو. 27 جا گدعۆن ئێفۆدێکی لێ دروستکردن و لە عۆفرا داینا کە شارۆچکەکەی خۆی بوو. هەموو ئیسرائیلیش بەدوایەوە لەوێ لەشفرۆشییان کرد، ئیتر ئەوە تەڵەیەک بوو بۆ گدعۆن و ماڵەکەی.
مردنی گدعۆن
28 میدیانیش لەبەردەم کوڕانی ئیسرائیلدا زەلیل بوون و ئیتر سەریان بەرز نەکردەوە. خاکەکەش لە سەردەمی گدعۆندا چل ساڵ لە ئاشتیدا بوو.
29 جا یەروبەعلی[p] کوڕی یۆئاش ڕۆیشت و لە ماڵی خۆی دانیشت. 30 گدعۆن حەفتا کوڕی لە پشتی خۆی هەبوو، چونکە ژنی زۆربوو. 31 هەروەها کەنیزەکەشی کە لە شەخەم بوو، ئەویش کوڕێکی بۆی بوو، ناوی لێنا ئەبیمەلەخ. 32 ئینجا گدعۆنی کوڕی یۆئاش لە تەمەنێکی باشی پیریدا مرد و لە گۆڕی یۆئاشی باوکی لە عۆفرای ئەڤیعەزەرییەکاندا نێژرا.
33 هەر لەدوای مردنی گدعۆن نەوەی ئیسرائیل دیسان بەدوای بەعلەکانەوە لەشفرۆشییان کرد و بەعلبەریتیان[q] بە خودای خۆیان دانا. 34 نەوەی ئیسرائیل یەزدانی پەروەردگاری خۆیان بیر نەکەوتەوە، ئەوەی دەربازی کردن لە دەستی هەموو دوژمنەکانی دەوروبەریان. 35 هەروەها لەگەڵ ماڵی یەروبەعل گدعۆن دڵسۆز نەبوون بەرامبەر بە هەموو ئەو چاکانەی کە لەگەڵ ئیسرائیل کردی.
ئەبیمەلەخ
9 ئینجا ئەبیمەلەخی کوڕی یەروبەعل چوو بۆ شەخەم بۆ لای خاڵەکانی، بە هەموو هۆزی دایکی گوت: 2 «بە هەموو خەڵکی شەخەم بڵێن: ”کامیان باشترە بۆ ئێوە، ئایا حەفتا کوڕەکەی یەروبەعل فەرمانڕەوایەتیتان بکەن، یان یەک پیاو فەرمانڕەوایەتیتان بکات؟“ ئەوەشتان لەبیر بێت کە من لە گۆشت و خوێنی خۆتانم.»
3 ئیتر خاڵەکانی هەموو ئەم قسانەیان بە هەموو خەڵکی شەخەم گوت. ئەوانیش ئەبیمەلەخیان بەدڵ بوو، چونکە گوتیان «ئەو برامانە.» 4 ئینجا حەفتا شاقل زیویان[r] پێیدا لە پەرستگای بەعلبەریت، ئەبیمەلەخیش بەو پارەیە پیاوی یاخی و چاونەترسی بەکرێ گرت و ئەوانیش دوای کەوتن. 5 ئینجا هات بۆ ماڵی باوکی لە عۆفرا و هەموو براکانی خۆی کوشت کە کوڕەکانی یەروبەعل بوون، حەفتا برا لەسەر یەک بەرد. تەنها یۆتامی کوڕی یەروبەعل کە لە هەمووان بچووکتر بوو مایەوە، چونکە خۆی شاردەوە. 6 ئیتر شارنشینەکانی شەخەم و هەموو بێتمیلۆ کۆبوونەوە، چوون و لەلای دار بەڕووەکەی لای ستوونەکەی شەخەم ئەبیمەلەخیان کردە پاشا.
7 ئینجا هەواڵی ئەمەیان دا بە یۆتام، ئەویش چوو لەسەر لووتکەی کێوی گەریزیم و وەستا، هاواری لێکردن و پێیانی گوت: «گوێم لێ بگرن ئەی خەڵکی شەخەم، بۆ ئەوەی خودا گوێتان لێ بگرێت. 8 جارێکیان درەختەکان چوون پاشایەک دەستنیشان بکەن لەسەر خۆیان. جا بە دار زەیتوونیان گوت: ”پاشایەتیمان بکە.“
9 «دار زەیتوونیش وەڵامی دانەوە: ”ئایا واز لە زەیتەکەم بهێنم، ئەوەی پێی ڕێز لە خوداوەندەکان و خەڵک دەگرن، بچم فەرمانڕەوایەتی درەختەکان بکەم؟“
10 «ئینجا درەختەکان بە دار هەنجیریان گوت: ”وەرە تۆ پاشایەتیمان بکە.“
11 «دار هەنجیریش وەڵامی دانەوە: ”ئایا واز لە شیرینییەکەم و بەرە خۆشەکەم بهێنم، بچم فەرمانڕەوایەتی درەختەکان بکەم؟“
12 «ئیتر درەختەکان بە دار مێویان گوت: ”تۆ وەرە پاشایەتیمان بکە.“
13 «دار مێویش وەڵامی دانەوە: ”ئایا واز لە شەرابەکەم بهێنم، ئەوەی دڵی خوداوەندەکان و خەڵک خۆش دەکات، بچم فەرمانڕەوایەتی درەختەکان بکەم؟“
14 «ئینجا هەموو درەختەکان بە دڕکوداڵیان گوت: ”تۆ وەرە پاشایەتیمان بکە.“
15 «دڕکوداڵیش بە درەختەکانی گوت: ”ئەگەر ئێوە بەڕاستی دەتانەوێت بە پاشای خۆتان دەستنیشانم بکەن، وەرن لەژێر سێبەرەکەمدا خۆتان پەنا بدەن. بەڵام ئەگەر وا نەبوو ئاگرێک لە دڕکەکەوە دێتە دەرەوە و دارەکانی ئورزی لوبنان دەخوات!“
16 «ئایا ئێوە بە دەستپاکی و بە ڕاستی کارتان کردووە کە ئەبیمەلەختان کردووە بە پاشا؟ ئایا چاکەتان لەگەڵ یەروبەعل و لەگەڵ ماڵەکەی کردووە؟ ئایا بەگوێرەی شایستەیی خۆی پاداشتتان داوەتەوە؟ 17 باوکم بۆ ئێوە جەنگا و خۆی خستە مەترسییەوە و لە چنگی میدیان دەربازی کردن. 18 ئێوەش ئەمڕۆ بەگژ ماڵی باوکمدا چوون و کوڕەکانی ئەوتان کوشت، حەفتا پیاو لەسەر یەک بەرد و ئەبیمەلەخی کوڕی ژنە خزمەتکارەکەی ئەوتان کردە پاشای خەڵکی شەخەم، چونکە براتانە! 19 جا ئەگەر بە دەستپاکی و بە ڕاستیتان کردبێت لەگەڵ یەروبەعل و لەگەڵ ماڵەکەی لەم ڕۆژەدا، ئەوا دڵتان خۆش بکەن بە ئەبیمەلەخ و با ئەویش دڵی پێتان خۆش بێت. 20 بەڵام ئەگەر واتان نەکردبوو، ئەوا ئاگرێک لە ئەبیمەلەخەوە دێتە دەرەوە و شارنشینەکانی شەخەم و بێتمیلۆ دەخوات، ئاگرێکیش لە شارنشینەکانی شەخەم و لە بێتمیلۆ دێتە دەرەوە و ئەبیمەلەخ دەخوات!»
21 ئینجا یۆتام ڕایکرد و هەڵات، لە ترسی ئەبیمەلەخی برای چوو بۆ بئێر و لەوێ ژیا.
22 ئیتر ئەبیمەلەخ سێ ساڵ فەرمانڕەوایەتی ئیسرائیلی کرد. 23 ئینجا خودا ڕۆحێکی بەدکاری نارد بۆ نێوان ئەبیمەلەخ و شارنشینەکانی شەخەم، ئیتر شارنشینەکانی شەخەم ناپاکییان لە ئەبیمەلەخ کرد. 24 خودا ئەمەی کرد هەتا ئەو تاوانەی لە حەفتا کوڕەکەی یەروبەعل کرا، خوێنڕشتنیان لە ئەستۆی ئەبیمەلەخی برایان بێت کە کوشتنی، هەروەها بەسەر شارنشینەکانی شەخەم، ئەوانەی هانیان دا بۆ کوشتنی براکانی. 25 جا شارنشینەکانی شەخەم بۆسەیان لەسەر لووتکەی چیاکان لە دژی دانا و هەر یەکێک لەسەر ڕێگاکە بەلایاندا تێدەپەڕی ڕووتیان دەکردەوە. ئیتر هەواڵ گەیشت بە ئەبیمەلەخ.
26 ئەوە بوو گەعەلی کوڕی عەبەد و براکانی هاتن و پەڕینەوە بۆ شەخەم، خەڵکی شەخەم متمانەیان پێکرد. 27 چوونە دەرەوە بۆ سەر کێڵگەکانیان و ترێیەکانیان کۆکردەوە و بە پێیەکانیان گوشییان. لەدوای ئەوە چوونە پەرستگای خوداوەندەکەیان و ئاهەنگیان گێڕا. کاتێک خواردیان و خواردیانەوە، نەفرەتیان لە ئەبیمەلەخ کرد. 28 ئینجا گەعەلی کوڕی عەبەد گوتی: «ئەبیمەلەخ کێیە و شەخەم کێیە هەتا ئێمە خزمەتی بکەین؟ ئایا ئەو کوڕی یەروبەعل نییە و زەڤول بریکاری نییە؟ ئیتر بۆچی ئێمە خزمەتی بکەین؟ خزمەتی پیاوەکانی حەمۆری باوکی شەخەم بکەن. 29 خۆزگە ئەم گەلە لەژێر دەستی مندا دەبوون، ئەو کاتە ئەبیمەلەخم لا دەدا، پێم دەگوت: ”هەموو سوپاکەت ئامادە بکە و وەرە دەرەوە!“»
30 کاتێک زەڤولی فەرمانڕەوای شار قسەکەی گەعەلی کوڕی عەبەدی بیست، زۆر تووڕە بوو و 31 بە نهێنی پەیامنێری بۆ لای ئەبیمەلەخ نارد، گوتی: «وا گەعەلی کوڕی عەبەد و براکانی هاتن بۆ شەخەم و شارەکە لە دژی تۆ دەوروژێنن. 32 ئێستا بە شەو خۆت و ئەو دارودەستانەی لەگەڵتدایە هەستن و لە کێڵگە بۆسە دابنێن. 33 بەیانی کاتی خۆر هەڵاتن زوو هەستە و هێرش بەرە سەر شارەکە، ئینجا کاتێک گەعەل و ئەو دارودەستانەی کە لەگەڵیدان دێنە دەرەوە بۆت، تۆش ئەوەی لە دەستت دێ بیکە.»
34 ئیتر ئەبیمەلەخ و هەموو دارودەستەکانی کە لەگەڵیدا بوون بە شەو هەستان و بوون بە چوار بەش و بۆسەیان دانا بۆ شەخەم. 35 گەعەلی کوڕی عەبەدیش چووبووە دەرەوە و لەناو دەروازەی شارەکەدا ڕاوەستابوو. لەو کاتەدا ئەبیمەلەخ و دارودەستەکانی کە لەگەڵیدا بوون لە بۆسەکە هاتنە دەرەوە.
36 کاتێک گەعەل خەڵکەکەی بینی، بە زەڤولی گوت: «ئا ئەوە خەڵکن لە لووتکەی چیاکانەوە دێنە خوارەوە!»
زەڤولیش پێی گوت: «ئەوە تۆ سێبەری چیاکان دەبینیت وا دەزانیت خەڵکە.»
37 بەڵام گەعەل دیسان گوتی: «ئا ئەوە خەڵکن لە بەرزایی زەوییەکەوە دێنە خوارەوە و یەک تیپیش وا لە ڕێی دار بەڕووەکەی بەخت خوێنەرەکانەوە دێت.»
38 زەڤولیش پێی گوت: «ئێستا ئەو دەمەت لەکوێیە کە پێی دوایت: ”ئەبیمەلەخ کێیە هەتا ئێمە خزمەتی بکەین؟“ ئایا ئەوە ئەو خەڵکە نین کە گاڵتەت پێیان کرد؟ دە ئێستا بڕۆ دەرەوە و لەگەڵیاندا بجەنگێ!»
39 گەعەلیش لەبەردەم خەڵکی شەخەمدا چووە دەرەوە و لەگەڵ ئەبیمەلەخ جەنگا. 40 ئەبیمەلەخیش بەزاندی، ئیتر لە دەستی هەڵات و بریندارێکی زۆر بە درێژایی ڕێگاکە هەتا بەردەم دەروازەکە کەوتن. 41 ئینجا ئەبیمەلەخ لە ئەروما دانیشت و زەڤولیش گەعەل و براکانی دەرکرد و نەیهێشت لە شەخەمدا بژین.
42 ئینجا بۆ بەیانییەکەی خەڵکی شەخەم چوونە دەرەوە بۆ کێڵگە و هەواڵ درا بە ئەبیمەلەخ. 43 ئەویش دارودەستەکانی برد و کردنی بە سێ بەشەوە و لە کێڵگەدا بۆسەی دانا، بینی وا خەڵکەکە لە شار دێنە دەرەوە، ئەویش بۆیان هەستا و لێیدان. 44 ئەبیمەلەخ و ئەو بەشەی لەگەڵیدا بوون هەڵمەتیان برد و لەناو دەروازەی شارەکەدا ڕاوەستان، بەڵام دوو بەشەکەی دیکە هێرشیان بردە سەر هەموو ئەوانەی کە لە کێڵگەدا بوون و لێیان دان. 45 ئەبیمەلەخیش بە درێژایی ڕۆژ چوو بەگژ شارەکەدا و شارەکەی گرت، ئەو خەڵکەی تێیدا بوو کوشتنی، شارەکەی وێران کرد و خاکەکەی بە خوێ داپۆشی.
46 ئینجا هەموو خەڵکی قوللەی شەخەم ئەمەیان بیست، بۆیە چوونە ناو قەڵای پەرستگای ئێل بەریت. 47 ئیتر هەواڵیان دا بە ئەبیمەلەخ کە هەموو خەڵکی قوللەی شەخەم کۆبوونەتەوە. 48 ئەبیمەلەخ خۆی و هەموو خەڵکەکەی کە لەگەڵی بوون سەرکەوتن بۆ کێوی چەلمۆن. ئینجا ئەبیمەلەخ دەستی دایە تەور و لقوپۆپی داری بڕییەوە و هەڵیگرت و خستییە سەر شانی، بەو خەڵکەی گوت کە لەگەڵیدا بوون: «چاوتان لێیە چیم کرد، ئێوەش خێرا وەکو من بکەن!» 49 خەڵکەکەش هەریەکە و چەند لقوپۆپێکی بڕییەوە و لەدوای ئەبیمەلەخەوە ڕۆیشتن، بە چواردەوری قەڵاکەدا دایاننا و قەڵاکەیان بەسەردا سووتاندن. بەم جۆرە هەموو خەڵکەکەی ناو قوللەی شەخەم مردن کە نزیکەی هەزار پیاو و ژن بوون.
50 ئینجا ئەبیمەلەخ چوو بۆ تێڤێچ و گەمارۆی تێڤێچی دا و گرتی. 51 لەناوەڕاستی شارەکەش قوللەیەکی قاییم هەبوو، هەموو پیاوان و ژنان و تەواوی خەڵکی شارەکە بۆ ئەوێ هەڵاتن، دەرگاکانیان لەدوای خۆیانەوە داخست و سەرکەوتن بۆ سەربانی قوللەکە. 52 ئەبیمەلەخیش هات بۆ قوللەکە و چوو بەگژیدا و نزیکی دەرگای قوللەکە بووەوە بۆ ئەوەی بە ئاگر بیسووتێنێت. 53 ئینجا ژنێک بەرداشی سەرەوەی دەستاڕێکی کێشا بە سەری ئەبیمەلەخدا و کەللەی سەری شەقکرد.
54 ئەویش دەستبەجێ ئەو کوڕەی بانگکرد کە قەڵغان و ڕمەکانی بۆ هەڵگرتبوو، پێی گوت: «شمشێرەکەت دەربێنە و بمکوژە، بۆ ئەوەی پێم نەڵێن: ”ژنێک کوشتی.“» ئیتر کوڕەکە شمشێرەکەی پێدا کرد و مرد. 55 کاتێک پیاوەکانی ئیسرائیل بینییان ئەبیمەلەخ مرد، هەریەکە و گەڕایەوە شوێنی خۆی.
56 ئیتر خودا خراپەکارییەکەی ئەبیمەلەخی بەسەر خۆیدا هێنایەوە، ئەوەی دەرهەق بە باوکی کردی، کە حەفتا براکەی کوشت. 57 هەروەها خودا هەموو خراپەکارییەکانی خەڵکی شەخەمی بەسەر هێنانەوە، نەفرەتەکەی یۆتامی کوڕی یەروبەعلیان بەسەرهات.
تۆلاع
10 لەدوای سەردەمی ئەبیمەلەخ تۆلاعی کوڕی پوڤە کوڕی دۆدۆ هەستا بۆ ئەوەی ئیسرائیل ڕزگار بکات، کە پیاوێک بوو لە هۆزی یەساخار، لە شامیر لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم دەژیا. 2 بیست و سێ ساڵ ڕابەرایەتی ئیسرائیلی کرد، ئینجا مرد و لە شامیر نێژرا.
یائیر
3 ئینجا لەدوای ئەو یائیری گلعادی هەستا و بیست و دوو ساڵ ڕابەرایەتی ئیسرائیلی کرد. 4 سی کوڕی هەبوو و سواری سی گوێدرێژ دەبوون و سی شارۆچکەیان هەبوو، پێیان دەگوترا حەڤۆت یائیر کە هەتا ئەمڕۆش وایان پێ دەڵێن و لە خاکی گلعادە. 5 یائیرش مرد و لە قامۆن نێژرا.
یەفتاح
6 نەوەی ئیسرائیل لەبەرچاوی یەزدان گەڕانەوە بۆ خراپەکاری. بەعلەکان و عەشتۆرەتەکان و خوداوەندەکانی ئارام، سەیدا، مۆئاب، عەمۆنییەکان و فەلەستییەکانیان پەرست و وازیان لە یەزدان هێنا و نەیانپەرست. 7 لەبەر ئەوە تووڕەیی یەزدان لە ئیسرائیلییەکان هاتە جۆش و ڕادەستی فەلەستییەکان و عەمۆنییەکانی کردن. 8 ئەوانیش لەو ساڵەوە نەوەی ئیسرائیلیان تێکشکاند و ستەمیان لێکردن. بۆ ماوەی هەژدە ساڵ نەوەی ئیسرائیلیان دەچەوساندەوە، هەموو ئەوانەی کە لە بەری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردون بوون لە خاکی ئەمورییەکان ئەوانەی لە گلعاد بوون. 9 عەمۆنییەکان لە ڕووباری ئوردونیش پەڕینەوە بۆ جەنگ لە دژی یەهودا و بنیامین و بنەماڵەی ئەفرایم، بۆیە ئیسرائیل زۆر پەرێشان بوون. 10 جا نەوەی ئیسرائیل هاواریان بۆ یەزدان کرد و گوتیان: «ئێمە گوناهمان کرد دەرهەق بە تۆ، چونکە وازمان لە خودای خۆمان هێنا و بەعلەکانمان پەرست.»
11 یەزدانیش بە نەوەی ئیسرائیلی فەرموو: «کاتێک میسری، ئەموری، عەمۆنی، فەلەستی، 12 سەیدائی، عەمالێقی و ماعۆنییەکان، تەنگیان پێتان هەڵچنی، ئیتر هاوارتان بۆ کردم، ئایا منیش لە دەستیان ڕزگارم نەکردن؟ 13 بەڵام ئێوە وازتان لێ هێنام و خودای دیکەتان پەرست. لەبەر ئەوە ئیتر ڕزگارتان ناکەم. 14 بڕۆن هاوار بکەن بۆ ئەو خوداوەندانەی هەڵتانبژاردون، با لە کاتی تەنگانەتان ئەوان ڕزگارتان بکەن.»
15 نەوەی ئیسرائیلیش بە یەزدانیان گوت: «گوناهمان کرد، جا چی بە باش دەزانیت پێمانی بکە، تەنها هەر ئەمڕۆ دەربازمان بکە.» 16 ئیتر خوداوەندە بێگانەکانیان لەنێو خۆیاندا لابرد و یەزدانیان پەرست، ئەویش دڵتەنگ بوو بەوەی ئیسرائیل لە ناخۆشیدا بێت.
17 ئینجا لەشکرەکانی عەمۆنییەکان بانگ کران و کۆبوونەوە و لە گلعاددا چادریان هەڵدا، کوڕانی ئیسرائیلیش کۆبوونەوە و لە میچپا چادریان هەڵدا. 18 ئیتر ڕابەرەکانی گەلی گلعاد بە یەکتریان گوت: «ئەو پیاوەی دەست بکات بە جەنگ لەگەڵ عەمۆنییەکان، ئەوا ئەو دەبێت بە سەرۆکی هەموو خەڵکی گلعاد.»
11 یەفتاحی گلعادی جەنگاوەرێکی بەهێز بوو، کوڕی لەشفرۆشێک بوو، گلعادیش باوکی بوو. 2 ژنەکەی گلعاد چەند کوڕێکی بوو، کاتێک کوڕەکان گەورە بوون یەفتاحیان دەرکرد و پێیان گوت: «نابیت بە میراتگر لە ماڵی باوکمان، چونکە تۆ کوڕی ژنێکی دیکەیت.» 3 بۆیە یەفتاح لە دەست براکانی هەڵات و لە خاکی تۆڤ نیشتەجێ بوو، چەند پیاوێکی یاخی و چاونەترس لە دەوری کۆبوونەوە و دوای کەوتن.
4 ئینجا پاش ماوەیەک عەمۆنییەکان لە دژی ئیسرائیل جەنگان. 5 کاتێک عەمۆنییەکان لە دژی ئیسرائیل جەنگان، پیرانی گلعاد چوون بۆ ئەوەی یەفتاح لە خاکی تۆڤەوە بهێنن. 6 بە یەفتاحیان گوت: «وەرە ببە بە سەرکردەمان هەتا لە دژی عەمۆنییەکان بجەنگین.»
7 یەفتاحیش بە پیرانی گلعادی گوت: «ئایا ئێوە نەبوون کە ڕقتان لێم بووەوە و لە ماڵی باوکم دەرتانکردم؟ بۆچی ئێستا هاتوون بۆ لام کە لە تەنگانە دان؟»
8 پیرانی گلعادیش بە یەفتاحیان گوت: «بۆیە ئێستا گەڕاوینەتەوە بۆ لات هەتا لەگەڵمان بێیت و لە دژی عەمۆنییەکان بجەنگین و ببیت بە سەرکردەمان بەسەر هەموو دانیشتووانی گلعاد.»
9 یەفتاحیش بە پیرانی گلعادی گوت: «ئەگەر منتان گەڕاندەوە بۆ جەنگ لە دژی عەمۆنییەکان و یەزدان ئەوانی بەدەستمەوە دا، ئەوا بەڕاستی من دەبمە سەرکردەتان؟»
10 پیرانی گلعادیش بە یەفتاحیان گوت: «با یەزدان لەنێوانمان شایەت بێت، بە دڵنیاییەوە ئاوا دەکەین بەپێی ئەوەی گوتت.» 11 ئینجا یەفتاح لەگەڵ پیرانی گلعاددا ڕۆیشت و گەل کردیان بەسەرکردە و فەرماندەی خۆیان و یەفتاحیش هەموو قسەکانی خۆی لە میچپا لەبەردەم یەزدان دووبارە کردەوە.
12 ئینجا یەفتاح چەند نێردراوێکی بۆ لای پاشای عەمۆنییەکان ڕەوانە کرد و گوتی: «چیم لەگەڵ تۆ هەیە، تۆ هاتوویتە سەرم هەتا لە خاکەکەم لە دژم بجەنگیت؟»
13 پاشای عەمۆنییەکانیش بە نێردراوەکانی یەفتاحی گوت: «لەبەر ئەوەی ئیسرائیل لە کاتی هاتتنیدا لە میسر خاکەکەی بردووم، لە ئەرنۆنەوە هەتا یەبۆق و هەتا ڕووباری ئوردون، ئێستاش بە ئاشتی بیگەڕێنەوە.»
14 ئینجا یەفتاح دووبارە چەند نێردراوێکی بۆ لای پاشای عەمۆنییەکان ڕەوانە کردەوە و 15 پێی گوت:
«یەفتاح ئاوا دەڵێت: ئیسرائیل خاکی مۆئاب و خاکی عەمۆنییەکانی نەبردووە، 16 چونکە لە کاتی هاتنی ئیسرائیل لە میسرەوە بەناو چۆڵەوانیدا هەتا دەریای سوور[s] ڕۆیشت و هات بۆ قادێش. 17 ئیتر ئیسرائیل چەند نێردراوێکی نارد بۆ لای پاشای ئەدۆم و گوتی: ”لێمانگەڕێ با بەناو خاکەکەتدا تێپەڕ بین،“ بەڵام پاشای ئەدۆم گوێی نەگرت. هەروەها نێردراویان بۆ لای پاشای مۆئاب نارد، بەڵام ڕازی نەبوو. ئینجا نەوەی ئیسرائیل لە قادێش مانەوە.
18 «ئینجا بەناو چۆڵەوانیدا ڕۆیشتن و بەدەوری خاکی ئەدۆم و خاکی مۆئابدا سووڕانەوە، لەلای ڕۆژهەڵاتەوە هاتن بۆ خاکی مۆئاب و لە کەناری ئەرنۆن چادریان هەڵدا، نەهاتنە ناو خاکی مۆئاب، چونکە ڕووباری ئەرنۆن سنووری مۆئاب بوو.
19 «پاشان ئیسرائیل چەند نێردراوێکی بۆ لای سیحۆنی پاشای ئەمورییەکان و پاشای حەشبۆن نارد و پێی گوتن: ”لێمانگەڕێن با بەناو خاکەکەتاندا تێپەڕین بۆ شوێنەکەمان.“ 20 بەڵام سیحۆن متمانەی بە ئیسرائیل نەبوو بەناو سنوورەکەیدا تێبپەڕێت، بەڵکو سیحۆن هەموو هێزەکانی کۆکردەوە و لە یەهەچ چادریان هەڵدا و لە دژی ئیسرائیل جەنگان.
21 «ئینجا یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل سیحۆن و هەموو سوپاکەی دا بەدەست نەوەی ئیسرائیلەوە و ئەوانیان بەزاند. ئیتر ئیسرائیل بوو بە خاوەنی هەموو زەوی ئەمورییەکان و دانیشتووانی ئەو خاکە، 22 دەستیان بەسەر هەموو سنووری ئەمورییەکاندا گرت، لە ئەرنۆنەوە هەتا یەبۆق و لە چۆڵەوانییەوە هەتا ڕووباری ئوردون.
23 «ئێستاش کە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمورییەکانی لەبەردەم ئیسرائیلی گەلی خۆی دەرکردووە، ئایا بە چ مافێک تۆ خاوەنداریێتی دەکەیت؟ 24 ئایا نابیتە خاوەنی ئەوەی کە کەمۆشی[t] خوداوەندت پێت دەدات؟ ئێمەش خاوەنی هەموو ئەوانەین کە یەزدانی پەروەردگارمان لەبەردەمماندا وەدەرینان. 25 ئێستاش ئایا تۆ بەڕاستی لە بالاقی کوڕی چیپوری پاشای مۆئاب چاکتریت؟ ئایا ئەو بەربەرەکانێی ئیسرائیلی کرد، یاخود لە دژیان جەنگا؟ 26 ئەو کاتەی ئیسرائیل لە حەشبۆن و گوندەکانی و عەرۆعێر و گوندەکانی و هەموو شارۆچکەکانی کەناری ئەرنۆن سێ سەد ساڵ نیشتەجێ بوو، بۆچی لەو کاتەدا بەدەستت نەهێنایەوە؟ 27 من هیچ گوناهم دەرهەق بە تۆ نەکردووە، بەڵام تۆ خراپەم لەگەڵ دەکەیت بە شەڕکردن لەگەڵ من. با ئەمڕۆ یەزدانی دادوەر حوکم لەنێوان ئیسرائیل و عەمۆنییەکاندا بدات.»
28 بەڵام پاشای عەمۆنییەکان گوێی لە قسەکانی یەفتاح نەگرت کە بۆی نارد.
29 جا ڕۆحی یەزدان هاتە سەر یەفتاح، لە گلعاد و مەنەشە پەڕییەوە و لە میچپای گلعادیش پەڕییەوە، لە میچپای گلعادیشەوە بۆ عەمۆنییەکان پەڕییەوە. 30 ئینجا یەفتاح نەزری[u] بۆ یەزدان کرد و گوتی: «ئەگەر عەمۆنییەکانت دا بەدەستمەوە، 31 ئەوا لە کاتی گەڕانەوەمدا بە سەرکەوتوویی لەلای عەمۆنییەکانەوە، ئەوەی بۆ پێشوازیلێکردنم لە دەرگای ماڵەکەمەوە بێتە دەرەوە، ئەوە بۆ یەزدان دەبێت و وەک قوربانی سووتاندن پێشکەشی دەکەم.»
32 ئینجا یەفتاح پەڕییەوە بۆ عەمۆنییەکان بۆ جەنگ لە دژیان و یەزدان ئەوانی دایە دەستی. 33 لەنێوان عەرۆعێرەوە و مینیت هەتا ئابێل کەرامیم بیست شارۆچکەی وێران کرد و بەم شێوەیە عەمۆنییەکان کەوتنە ژێردەستی نەوەی ئیسرائیل.
34 پاشان یەفتاح گەڕایەوە بۆ میچپا بۆ ماڵەکەی و تەماشای کرد وا کچەکەی بە دەفلێدان و سەماکردنەوە هاتووەتە دەرەوە بۆ پێشوازیلێکردنی. ئەو کچەش تاقانە بوو، جگە لەو کوڕ و کچی دیکەی نەبوو. 35 لەو کاتەدا کە چاوی پێکەوت جلەکانی دادڕی و گوتی: «ئای کچەکەم ئەژنۆت شکاندم و ژیانت لێ تاڵ کردم، چونکە سوێندم بۆ یەزدان خواردووە و ناتوانم لێی پاشگەز ببمەوە.»
36 ئەویش پێی گوت: «ئەی باوکە تۆ نەزرت بۆ یەزدان کردووە؟ بەوەم لەگەڵ بکە کە لە دەمت هاتووەتە دەرەوە، چونکە یەزدان تۆڵەی بۆ سەندییەوە لە دوژمنەکانت، لە عەمۆنییەکان.» 37 پاشان بە باوکی گوت: «با ئەو کارەم لەگەڵدا بکرێت، دوو مانگ لێم بگەڕێ هەتا بڕۆم و لەسەر چیاکان بگەڕێم و لەگەڵ هاوڕێیەکانم شیوەن بگێڕم، چونکە هەرگیز شوو ناکەم.»
38 ئەویش گوتی: «بڕۆ.» دوو مانگ ناردی، ڕۆیشت و لەگەڵ دەستە خوشکەکانی لەسەر چیاکان شیوەنی گێڕا، چونکە هەرگیز شوو ناکات. 39 لە کۆتایی دوو مانگەکەدا گەڕایەوە بۆ لای باوکی، ئیتر ئەو نەزرەی کردبووی ئەنجامی دا، کچەکەش پاکیزە بوو.
ئیتر ئەمە لەناو ئیسرائیلدا بوو بە نەریت 40 کە کچەکانی ئیسرائیل ساڵانە چوار ڕۆژ دەچن بۆ ئەوەی شیوەن بۆ کچەکەی یەفتاحی گلعادی بگێڕن.
یەفتاح و ئەفرایم
12 ئینجا پیاوانی لەشکری ئەفرایم بانگکران و کۆبوونەوە و پەڕینەوە بۆ شارۆچکەی چافۆن و بە یەفتاحیان گوت: «بۆچی بۆ جەنگ لە دژی عەمۆنییەکان پەڕیتەوە و بانگت نەکردین بۆ ئەوەی لەگەڵت بێین؟ لەبەر ئەوە ماڵەکەت بە ئاگر بەسەرتدا دەسووتێنین.»
2 یەفتاحیش وەڵامی دانەوە: «من و گەلەکەم لەگەڵ عەمۆنییەکاندا ململانێیەکی توندمان هەبوو، کاتێک بانگم کردن، ئێوە لە دەستیان ڕزگارتان نەکردم. 3 کاتێک بینیم ئێوە ڕزگارم ناکەن، گیانم خستە دەستمەوە و پەڕیمەوە بۆ جەنگ لە دژی عەمۆنییەکان و یەزدانیش ئەوانی خستە ژێر دەستمەوە. ئیتر بۆچی ئێوە ئەمڕۆ هاتوونەتە سەرم بۆ ئەوەی لە دژم بجەنگن؟»
4 ئینجا یەفتاح هەموو پیاوانی گلعادی کۆکردەوە و لە دژی ئەفرایم جەنگا و پیاوانی گلعاد ئەفرایمیان بەزاند، چونکە ئەفرایمییەکان گوتبوویان: «ئێوەی گلعادی لە دەست ئەفرایم و مەنەشە ڕاتانکردووە.» 5 گلعادییەکان تەنکاییەکانی ڕووباری ئوردونیان لە ئەفرایم گرت، لەو کاتەدا هەرکەسێک لە هەڵاتووەکانی ئەفرایم بیگوتایە: «لێمگەڕێن با تێپەڕم،» پیاوانی گلعاد پێیان دەگوت: «تۆ ئەفرایمیت؟» ئەگەر دەیگوت: «نەخێر،» 6 پێیان دەگوت: «باشە بڵێ ”شیبۆلەت.“» ئەویش دەیگوت: «سیبۆلەت،» چونکە بە تەواوی نەیدەتوانی وشەکە دەرببڕێت. ئینجا دەیانگرت و لە تەنکاییەکانی ڕووباری ئوردون دەیانکوشت. لەو کاتەدا چل و دوو هەزار لە ئەفرایم کوژران.
7 لەدوای ئەوە یەفتاح شەش ساڵ ڕابەرایەتی ئیسرائیلی کرد و پاشان یەفتاحی گلعادی مرد و لە یەکێک لە شارۆچکەکانی گلعاد نێژرا.
ئیبسان و ئێلۆن و عەڤدۆن
8 پاش ئەو ئیبسانی خەڵکی بێتلەحم ڕابەرایەتی ئیسرائیلی کرد و 9 سی کوڕ و سی کچی هەبوو، کچەکانی بە شوو دا بە خەڵکی دەرەوەی خێڵەکەی و لە دەرەوەی خێڵەکەی سی بووکی بۆ کوڕەکانی هێنا. ئیبسان حەوت ساڵ ڕابەرایەتی ئیسرائیلی کرد و 10 پاشان ئیبسان مرد و لە بێتلەحم نێژرا.
11 پاش ئەو ئێلۆنی زەبولونی دە ساڵ ڕابەرایەتی ئیسرائیلی کرد و 12 پاشان ئێلۆنی زەبولونی مرد و لە ئەیالۆن لە خاکی زەبولون نێژرا.
13 پاش ئەویش عەڤدۆنی کوڕی هیلێل لە شاری پیرعاتۆن ڕابەرایەتی ئیسرائیلی کرد و 14 چل کوڕ و سی کوڕەزای هەبوو سواری حەفتا گوێدرێژ دەبوون. هەشت ساڵ ڕابەرایەتی ئیسرائیلی کرد. 15 ئینجا عەڤدۆنی کوڕی هیلێلی پیرعاتۆنی مرد و لە پیرعاتۆن لە خاکی ئەفرایمدا لە ناوچە شاخاوییەکانی عەمالێقییەکان نێژرا.
لەدایکبوونی شەمشون
13 دیسان نەوەی ئیسرائیل لەبەرچاوی یەزدان گەڕانەوە بۆ خراپەکاری و یەزدانیش چل ساڵ ژێر دەستەی فەلەستییەکانی کردن.
2 ئینجا پیاوێک لە چۆرعا هەبوو لە هۆزی دانییەکان ناوی مانۆوەح بوو، ژنەکەی نەزۆک بوو منداڵی نەدەبوو. 3 جا فریشتەی یەزدان خۆی پیشانی ژنەکە دا و پێی فەرموو: «تۆ نەزۆکیت و منداڵت نەبووە، بەڵام سکپڕ دەبیت و کوڕێکت دەبێت. 4 ئێستاش وریابە شەراب و مەی مەخۆرەوە و شتی گڵاو مەخۆ. 5 ئەوەتا سک پڕ دەبیت و کوڕێکت دەبێت، گوێزان بەسەر سەریدا نایەت، چونکە کوڕەکە هەر لە سکتەوە تەرخانکراو[v] دەبێت بۆ خودا، ئەویش دەست دەکات بە ڕزگارکردنی ئیسرائیل لە دەستی فەلەستییەکان.»
6 ئینجا ژنەکە چوو بۆ لای مێردەکەی و پێی گوت: «پیاوێکی خودا هات بۆ لام و وەک فریشتەی خودا شێوەی زۆر سامناک بوو. لێم نەپرسی کە لەکوێوە هاتووە، ئەویش ناوی خۆی پێ نەگوتم. 7 پێی گوتم: ”ئەوەتا سک پڕ دەبیت و کوڕێکت دەبێت، ئێستاش شەراب و مەی مەخۆرەوە و شتی گڵاو مەخۆ، چونکە کوڕەکە لەو کاتەوەی لە سکتە تەرخانکراو دەبێت بۆ خودا هەتا ڕۆژی مردنی.“»
8 ئینجا مانۆوەح لە یەزدان پاڕایەوە و گوتی: «ئەی پەروەردگار، داوات لێ دەکەم ئەو پیاوەی خودا کە ناردت با دووبارە بێتەوە بۆ لامان و فێرمان بکات چی بۆ ئەو کوڕە بکەین کە لەدایک دەبێت.»
9 خوداش گوێی لە دەنگی مانۆوەح گرت و فریشتەی خودا دووبارە هاتەوە بۆ لای ژنەکە کە لە کێڵگەدا دانیشتبوو و مانۆوەحی مێردی لەگەڵدا نەبوو. 10 ئیتر ژنەکە بە توندی ڕایکرد و بە مێردەکەی گوت: «ئەوەتا ئەو پیاوەی کە ئەو ڕۆژە هات بۆ لام، خۆی نیشاندامەوە!»
11 مانۆوەحیش هەستا و بەدوای ژنەکەیدا ڕۆیشت و هات بۆ لای پیاوەکە، پێی گوت: «تۆ ئەو پیاوەی کە لەگەڵ ژنەکەم قسەت کرد؟»
ئەویش گوتی: «من ئەوم.»
12 مانۆوەحیش گوتی: «لە کاتی هاتنەدی وتەکەت، ڕێنمایی و کردارەکانی چۆن دەبێت؟»
13 ئینجا فریشتەکەی یەزدان بە مانۆوەحی گوت: «با ژنەکە هۆشیار بێت لە هەموو ئەو شتانەی پێم گوت، 14 ئەوەی لە دار مێو بێت با نەیخوات، شەراب و مەی نەخواتەوە و هیچ شتێکی گڵاویش نەخوات. با خۆی لە هەموو ئەو شتانە بپارێزێت کە ڕامسپاردووە.»
15 ئینجا مانۆوەح بە فریشتەکەی یەزدانی گوت: «لێمانگەڕێ با بتحەوێنینەوە و کارەبزنێکت بۆ سەر ببڕین.»
16 فریشتەکەی یەزدانیش بە مانۆوەحی گوت: «ئەگەر بشمحەوێننەوە لە نانەکەت ناخۆم، ئەگەر قوربانی سووتاندنیشت کرد پێشکەشی یەزدانی بکە.» چونکە مانۆوەح نەیزانی ئەوە فریشتەی یەزدانە.
17 مانۆوەحیش بە فریشتەکەی یەزدانی گوت: «ناوت چییە، بۆ ئەوەی کاتێک وتەکەت هاتە دی ڕێزت لێ بنێین؟»
18 فریشتەکەی یەزدانیش پێی گوت: «بۆچی لە ناوم دەپرسیت؟ ئەو لە سەرووی تێگەیشتنەوەیە؟» 19 ئینجا مانۆوەح کارەبزنەکە و دانەوێڵە پێشکەشکراوەکەی برد و سەری خستنە سەر تاتەبەردێک و کردنی بە قوربانی بۆ یەزدان، یەزدانیش کارێکی سەرسوڕهێنەری ئەنجام دا و مانۆوەح و ژنەکەشی تەماشایان دەکرد. 20 ئەوە بوو: لە کاتی بەرزبوونەوەی گڕی ئاگر لە قوربانگاکەوە بۆ ئاسمان، فریشتەکەی یەزدان لەناو گڕی قوربانگاکەدا سەرکەوت. کە مانۆوەح و ژنەکەی ئەمەیان بینی هەردووکیان بە ڕوودا کەوتن بە زەویدا. 21 لەدوای ئەمە فریشتەکەی یەزدان لەبەرچاوی مانۆوەح و ژنەکەی دیار نەما، ئەوسا مانۆوەح زانی ئەوە فریشتەی یەزدان بوو.
22 ئیتر مانۆوەح بە ژنەکەی گوت: «بێگومان دەمرین، چونکە خودامان بینی!»
23 ژنەکەشی وەڵامی دایەوە: «ئەگەر یەزدان بیویستایە بمانمرێنێت قوربانی سووتاندن و پێشکەشکراوی دانەوێڵەیی لە دەستمان وەرنەدەگرت، هەموو ئەم شتانەی نیشان نەدەداین و لەم کاتەدا هەموو ئەم شتانەی پێ نەدەگوتین.»
24 ئینجا ژنەکە کوڕێکی بوو و ناوی لێنا شەمشون. کوڕەکە گەورە بوو و یەزدان بەرەکەتداری کرد، 25 ڕۆحی یەزدانیش لەنێوان چۆرعا و ئەشتائۆل دەستی بە بزواندنی کرد لە مەحەنێی دان.
شەمشون ژن دەهێنێت
14 ئینجا شەمشون بەرەو خوار چوو بۆ تیمنا و لە تیمنادا ئافرەتێکی لە کچانی فەلەستییەکان بینی. 2 جا هاتەوە و بە دایک و باوکی گوت: «ئافرەتێکم لە تیمنا لە کچانی فەلەستییەکان بینی و ئێستاش بۆم داوا بکەن وەک ژنم.»
3 دایک و باوکیشی وەڵامیان دایەوە: «ئایا لەناو کچانی خزمەکانت و لەناو هەموو گەلەکەتدا ئافرەتێکی تێدا نییە، هەتا بچیت و ژنێک لە فەلەستییە خەتەنە نەکراوەکان بهێنیت؟»
شەمشونیش بە باوکی گوت: «ئەوم بۆ بهێنە، چونکە ئەوم بەدڵە.» 4 دایک و باوکیشی نەیانزانی ئەوە لەلایەن یەزدانەوەیە، چونکە بەدوای هۆکارێکدا دەگەڕا لە دژی فەلەستییەکان؛ لەو کاتەشدا فەلەستییەکان بەسەر ئیسرائیلدا زاڵ بوون. 5 ئینجا شەمشون و دایک و باوکی بەرەو خوار چوون بۆ تیمنا و هاتن بۆ ڕەزەمێوەکانی تیمنا و لەو کاتەدا جوانە شێرێک لێی هاتە پێش و دەینەڕاند. 6 جا ڕۆحی یەزدان بە تواناوە هاتە سەری و وەک کارەبزن پارچەپارچەی کرد، ئەگەر چی هیچیشی بەدەستەوە نەبوو. کەچی دایک و باوکیشی ئاگادار نەکردەوە لەوەی کە کردی. 7 ئینجا چوو و قسەی لەگەڵ ئافرەتەکەدا کرد و شەمشون بە دڵی بوو.
8 پاش چەند ڕۆژێک، کاتێک گەڕایەوە بۆ ئەوەی بیهێنێت، لایدا هەتا لاشەی شێرەکە ببینێت، تەماشای کرد شارە هەنگێک لەناو هەناوی شێرەکە هەیە لەگەڵ هەنگوین. 9 جا هەردوو چنگی لێ پڕکرد و بە ڕۆیشتنەوە دەیخوارد. ئەوسا چوو بۆ لای دایک و باوکی، بەشی دان و خواردیان، پێی نەگوتن کە هەنگوینەکەی لە هەناوی شێرەکەوە دەرهێناوە.
10 ئینجا باوکی چووە خوارەوە بۆ لای ئافرەتەکە و شەمشونیش لەوێ زەماوەندێکی ساز کرد، چونکە ئەمە نەریتی زاوا بوو. 11 جا کاتێک بینییان سی هاوڕێیان هێنا و لەگەڵیدا بوون.
12 ئینجا شەمشون پێی گوتن: «مەتەڵێکتان پێ دەڵێم ئەگەر لە ماوەی حەوت ڕۆژی خوانەکەدا هەڵتانهێنا و دۆزیتانەوە سی کراسی کەتان و سی قات جلتان پێدەدەم، 13 بەڵام ئەگەر بۆتان هەڵنەهێنام ئەوا ئێوە سی کراسی کەتان و سی قات جل بە من دەدەن.»
ئەوانیش گوتیان: «مەتەڵەکەت بڵێ با گوێمان لێی بێت.»
14 ئەویش وەڵامی دانەوە:
«لە بخۆر، خواردن هاتە دەرەوە،
لە بەهێزیش، شیرینی.»
ئەوانیش لە سێ ڕۆژدا نەیانتوانی مەتەڵەکە هەڵبهێنن.
15 لە ڕۆژی چوارەمدا بە ژنەکەی شەمشونیان گوت: «مەکر لەگەڵ پیاوەکەتدا بکە بۆ ئەوەی مەتەڵەکەمان پێ بڵێت، ئەگینا خۆت و ماڵی باوکت بە ئاگر دەسووتێنین. داوەتتان کردووین هەتا ڕووتمان بکەنەوە؟»
16 ئینجا ژنەکەی شەمشون لەلای گریا و گوتی: «تۆ ڕقت لێمە و منت خۆشناوێت. مەتەڵێکت بە نەوەی گەلەکەم گوتووە و وەڵامەکەت بە من نەگوتووە.»
ئەویش پێی گوت: «تەنانەت بۆ دایک و باوکمم ڕوون نەکردووەتەوە، ئیتر چۆن بۆ تۆی ڕوون بکەمەوە؟» 17 بەو شێوەیە لە ماوەی حەوت ڕۆژی خوانەکەدا لەلای گریا و ئینجا ئەویش لە ڕۆژی حەوتەم پێی گوت، چونکە تەنگی پێهەڵچنی و ئەویش مەتەڵەکەی بۆ نەوەی گەلەکەی ئاشکرا کرد.
18 جا پیاوانی شارۆچکەکە لە ڕۆژی حەوتەم بەر لە ئاوابوونی خۆر پێیان گوت:
«چ شتێک لە هەنگوین شیرینترە و
لە شێر بەهێزترە؟»
ئەویش پێی گوتن:
«ئەگەر بە گوێرەکەکەم[w] نەتاندەکێڵا،
مەتەڵەکەمتان هەڵنەدەهێنا.»
19 ئینجا ڕۆحی یەزدان بە تواناوە هاتە سەری و بەرەو خوار چوو بۆ ئەسقەلان و سی پیاوی لێ کوشتن و تاڵانییەکەیانی برد و جلەکانی ئەوانی دایە ئاشکراکەرانی مەتەڵەکە. پاشان زۆر تووڕە بوو و چووەوە ماڵی باوکی. 20 ژنەکەی شەمشونیش بوو بە ژنی ئەو هاوڕێیەی کە لە زەماوەندەکەیدا لەگەڵی بوو.
شەمشون تۆڵە لە فەلەستییەکان دەکاتەوە
15 ئینجا پاش ماوەیەک لە کاتی دروێنەی گەنمدا شەمشون ژنەکەی بە کارەبزنێک بەسەرکردەوە و گوتی: «دەچمە ژوورەوە بۆ لای ژنەکەم لە ژوورەکەی خۆی.» بەڵام باوکی ژنەکەی نەیهێشت بچێتە ژوورەوە.
2 باوکی گوتی: «لە ڕاستیدا من وا بیرم کردەوە کە تۆ ڕقت لێی بووەتەوە، بۆیە دام بە هاوڕێکەت. ئایا خوشکە بچووکەکەی لەو جوانتر نییە؟ با لە جیاتی ئەو بۆ تۆ بێت.»
3 شەمشونیش پێی گوتن: «ئێستا من بێتاوانم ئەگەر خراپە بەسەر فەلەستییەکان بهێنم.» 4 ئینجا شەمشون چووە ڕاو و سێ سەد ڕێوی ڕاوکرد، کلکی هەردوو ڕێوی پێکەوە بەستەوە و مەشخەڵێکی لەناوەڕاستی هەردوو کلکەکان دانا. 5 ئینجا ئاگری لە مەشخەڵەکان بەردا و ڕێویەکانی بەڕەڵا کردە ناو کێڵگەکانی فەلەستییەکانەوە، جا ئەوەی کۆکرابووەوە و ئەوەی چێنرابوو تەنانەت ڕەزەمێوەکان و ڕەزە زەیتوونەکانیشی سووتاند.
6 فەلەستییەکانیش گوتیان: «کێ ئەمەی کرد؟» وەڵامیان دایەوە: «شەمشونی زاوای تیمنی، چونکە ژنەکەی لێسەندەوە و دایە هاوڕێکەی.»
ئینجا فەلەستییەکان سەرکەوتن و ژنەکە و باوکیان سووتاند. 7 شەمشونیش پێی گوتن: «چونکە ئەمەتان کردووە، ئەوا من وازتان لێ ناهێنم هەتا تۆڵە نەکەمەوە.» 8 ئینجا بە توندی لێیدان و زۆر کەسی لێیان کوشت، پاشان بەرەو خوار چوو و لەناو کونێک لە تاشەبەردی عێتام نیشتەجێ بوو.
9 ئینجا فەلەستییەکان سەرکەوتن و لە یەهودا چادریان هەڵدا و لە لەحی بڵاو بوونەوە. 10 جا پیاوانی یەهودا گوتیان: «بۆچی هاتوونەتە سەرمان؟»
ئەوانیش گوتیان: «بۆ ئەوەی شەمشون ببەستینەوە و ئەوەی پێ بکەین کە پێی کردین.»
11 ئینجا سێ هەزار پیاو لە یەهودا بەرەو خوار چوون بۆ کونەکە لە تاشەبەردی عێتام و بە شەمشونیان گوت: «ئایا نازانیت فەلەستییەکان بەسەرماندا زاڵن؟ تۆ چیت پێکردین؟»
ئەویش پێی گوتن: «چییان پێکردم، ئەوەم پێکردوون.»
12 ئینجا پێیان گوت: «هاتووینە خوارەوە بۆ ئەوەی بتبەستینەوە و بتدەینە دەست فەلەستییەکان.»
شەمشونیش پێی گوتن: «سوێندم بۆ بخۆن کە ئێوە نامکوژن.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.