Bible in 90 Days
خۆکوشتنی شاول
10 فەلەستییەکان لە دژی ئیسرائیل جەنگان و پیاوانی ئیسرائیل لەبەردەم فەلەستییەکان هەڵاتن، ژمارەیەکی زۆریان بە کوژراوی لە کێوی گلبۆع کەوتن. 2 فەلەستییەکان بە گوڕەوە دوای شاول و کوڕەکانی کەوتن، یۆناتان و ئەبیناداب و مەلکیشوەعی کوڕەکانی شاولیان کوشت. 3 جەنگەکە لەسەر شاول توندتر بوو، تیرهاوێژەکان دۆزییانەوە و پێکایان.
4 شاول بە هەڵگری تفاقەکانی گوت: «شمشێرەکەت دەربێنە و بمکوژە، نەوەک ئەو خەتەنە نەکراوانە بێن و سووکایەتیم پێ بکەن.»
بەڵام هەڵگری تفاقەکانی ڕازی نەبوو، چونکە زۆر ترسا. جا شاول شمشێرەکەی برد و خۆی بەسەریدا دا. 5 کاتێک هەڵگری تفاقەکانی بینی شاول مردووە، ئەویش خۆی بەسەر شمشێرەکەیدا دا و مرد. 6 شاول و هەر سێ کوڕەکەی و هەموو ماڵەکەی پێکەوە مردن.
7 کاتێک هەموو ئەو ئیسرائیلییانەی لەناو دۆڵەکەدا بوون، بینییان کە سوپاکە هەڵاتوون و شاول و کوڕەکانی مردوون، شارۆچکەکانیان بەجێهێشت و هەڵاتن، فەلەستییەکانیش هاتن و تێیاندا نیشتەجێ بوون.
8 بۆ ڕۆژی دوای ئەوە کاتێک فەلەستییەکان بۆ تاڵانکردنی کوژراوەکان هاتن، شاول و کوڕەکانی ئەویان دۆزییەوە لە کێوی گلبۆع کەوتبوون. 9 ئینجا ڕووتیان کردەوە و کەللەسەر و زرێیەکەیان[a] برد، بە هەموو لایەکدا نێردراویان بۆ خاکی فەلەستییەکان نارد، تاوەکو مژدە بدەنە بتەکانیان و گەلەکەیان. 10 ئینجا زرێیەکەیان لە پەرستگای خوداوەندەکانیاندا دانا و کەللەسەریشیان لەناو پەرستگای داگۆن هەڵواسی.
11 کاتێک هەموو دانیشتووانی یاڤێش گلعاد ئەو شتانەیان بیستەوە کە فەلەستییەکان بە شاولیان کردبوو، 12 هەموو پیاوە دلێرەکانیان هەستان و لاشەکەی شاول و لاشەی کوڕەکانی ئەویان هەڵگرت و هێنایاننە یاڤێش. لەژێر دار بەڕووەکەی یاڤێش ئێسکەکانیان ناشت، حەوت ڕۆژ بەڕۆژوو بوون.
13 شاول مرد بەهۆی ناپاکییەکەی کە لە بەرامبەر یەزدان کردی، کە فەرمایشتی یەزدانی پەیڕەو نەکرد، تەنانەت پرسوڕای بە نێوانگر[b] کرد بۆ ڕێنمایی و 14 داوای ڕێنمایی لە یەزدان نەکرد، جا یەزدان کوشتی و پاشایەتییەکەشی دایە دەست داودی کوڕی یەسا.
بەپاشابوونی داود لە ئیسرائیل
11 هەموو ئیسرائیل هاتنە حەبرۆن بۆ لای داود، گوتیان: «ئەوەتا ئێمە لە گۆشت و خوێنی تۆین. 2 لە ڕابردوودا و تەنانەت کاتێک کە شاولیش پاشامان بوو، تۆ هەر ڕابەرایەتی سوپای ئیسرائیلت دەکرد، یەزدانی خوداشت پێی فەرموویت: ”تۆ شوانایەتی ئیسرائیلی گەلەکەم دەکەیت و دەبیتە فەرمانڕەوایان.“»
3 هەروەها هەموو پیرانی ئیسرائیل هاتنە حەبرۆن بۆ لای پاشا، داودیش لەبەردەم یەزدان لە حەبرۆن پەیمانی لەگەڵدا بەستن، ئەوانیش بەپێی فەرمایشتی یەزدان کە لە ڕێگەی ساموئێلەوە فەرمووبووی، داودیان بە پاشای ئیسرائیل دەستنیشان کرد.
داود ئۆرشەلیم داگیر دەکات
4 داود و هەموو ئیسرائیل چوونە ئۆرشەلیم، یەبوسە[c] و یەبوسییەکانی دانیشتووانی خاکەکەش 5 بە داودیان گوت: «تۆ ناتوانێت بێیت بۆ ئێرە.» بەڵام داود دەستی بەسەر قەڵای سییۆندا گرت کە ئێستا بە شاری داود ناسراوە.
6 داود پێشتر گوتبووی: «ئەوەی یەکەم جار لە یەبوسییەکان بدات دەبێتە فەرماندەی گشتی سوپا.» یۆئابی کوڕی چەرویا یەکەم جار سەرکەوت و بووە سەرکردە.
7 پاشان داود لە قەڵاکە نیشتەجێ بوو، لەبەر ئەوە ناویان نا شاری داود. 8 شارەکەی بە چواردەوریدا فراوان کرد، لە تەلانەکانەوە[d] هەتا شووراکەی چواردەوری. یۆئابیش پاشماوەی شارەکەی نۆژەن کردەوە. 9 هەروەها داود هەتا دەهات مەزنتر دەبوو، یەزدانی سوپاسالاریش لەگەڵی بوو.
پاڵەوانەکانی داود
10 ئەمانەش سەرکردە پاڵەوانەکانی داود بوون، ئەوانەی کە لەگەڵ هەموو ئیسرائیل پشتگیری بەهێزیان لە پاشایەتییەکەی دەکرد، بۆ ئەوەی هەموو خاکەکە بخەنە ژێر ڕکێفی داود، هەروەک چۆن یەزدان بەڵێنی پێدابوو. 11 ئەمەش لیستی پاڵەوانەکانی داودە:
یاشۆڤەعامی کوڕی حەکمۆنی یەکێک بوو لە سێ پاڵەوانەکەی نێو هێزی تایبەت. ئەو بوو بە ڕمەکەی لە شەڕێکدا سێ سەد کەسی کوشت.
12 پاش ئەویش، ئەلعازاری کوڕی دۆدایی ئەحۆحی هەبوو، کە یەکێک بوو لە سێ پاڵەوانەکە. 13 ئەو لە پەس دەممیم لەگەڵ داود بوو، کاتێک فەلەستییەکان لەوێ بۆ جەنگ کۆببوونەوە. لە کێڵگەیەکی پڕ لە جۆ لەشکرەکە لەبەردەم فەلەستییەکاندا هەڵات، 14 بەڵام ئەوان لەناوەڕاستی کێڵگەکەدا ڕاوەستان. بەرگرییان کرد و لە فەلەستییەکانیان دا، یەزدانیش سەرکەوتنێکی گەورەی پێ بەخشین.
15 سێ پاڵەوانی هەڵبژاردە لە ڕیزی سی پاڵەوانەکەی هێزی تایبەت بۆ لای داود دابەزین، بۆ سەر گابەردەکە لە ئەشکەوتی عەدولام، لەشکری فەلەستییەکانیش لە دۆڵی ڕفایم دامەزرابوون. 16 لەو کاتەدا داود لە قەڵاکە بوو، سەربازگەی فەلەستییەکانیش لە بێتلەحم بوو. 17 داود ئاهی هەڵکێشا و گوتی: «کێ لە بیرەکەی بێتلەحم، ئەوەی لەلای دەروازەکەیە ئاوم بۆ دەهێنێت؟» 18 ئیتر ئەو سێیە هێڵی ئۆردوگای فەلەستییەکانیان بەزاند و لە بیرەکەی بێتلەحمەوە ئەوەی لەلای دەروازەکەیە ئاویان هەڵکێشا و هەڵیانگرت، هێنایان بۆ داود، ئەویش نەیویست بیخواتەوە، بەڵکو وەک پێشکەشکراوێک بۆ یەزدان ڕشتی. 19 گوتی: «ئەی خودایە، لە من بەدوور بێت، ئەمە بکەم. ئایا خوێنی ئەم پیاوانە بخۆمەوە کە ژیانی خۆیان خستە مەترسییەوە؟» لەبەر ئەوەی بە گیان لەسەر دەستی هێنایان، داود نەیویست بیخواتەوە.
ئەمانە چەند نموونەیەک بوون لە ئازایەتییەکانی سێ پاڵەوانەکە.
20 ئەبیشەی برای یۆئاب ڕابەری سێ پاڵەوانەکەی هێزی تایبەت بوو. ئەو بە ڕمەکەی لەگەڵ سێ سەد کەس جەنگا و کوشتنی، وەک سێ پاڵەوانەکە ناوبانگی هەبوو. 21 ئەو دوو ئەوەندە زیاتر لە سێ پاڵەوانەکە ڕێزی لێ دەگیرا و بووە فەرماندەیان، بەڵام ناوبانگی نەدەگەیشتە سێیەکەی یەکەم.
22 بەنایای کوڕی یەهۆیاداعی خەڵکی قەڤچەئێل کوڕێکی بەجەرگ بوو، زۆر قارەمانیێتی نواندبوو. هەر ئەو لە دوو شێرە پیاوەکەی مۆئابی دا، هەروەها لە ڕۆژێکی بەفردا دابەزییە ناو چاڵێک و شێرێکی کوشت. 23 ئەویش بوو کە لە پیاوێکی میسری زەبەلاحی دا، باڵای پێنج باڵ[e] بوو، پیاوە میسرییەکە ڕمێکی بەدەستەوە بوو وەک نۆردی جۆڵاکان بوو، بەنایاش بە گۆچانێکەوە بۆی دابەزی. ڕمەکەی لە دەستی میسرییەکە ڕفاند و بە ڕمەکەی خۆی کوشتی. 24 ئەمانە چەند نموونەیەک بوون لە ئازایەتییەکانی بەنایای کوڕی یەهۆیاداع، وەک سێ پاڵەوانەکە ناوبانگی پەیدا کرد. 25 لە سی پاڵەوانەکە زیاتر ڕێزی لێ دەگیرا، بەڵام ناوبانگی نەگەیشتە سێیەکە، ئیتر داود کردییە بەرپرسی پاسەوانەکانی خۆی.
26 ئەمانەش جەنگاوەرە قارەمانەکان بوون:
عەساهێلی برای یۆئاب،
ئەلحانانی کوڕی دۆدۆی بێتلەحمی،
27 شەمۆتی هەراری،
حەلەچی پەلۆنی،
28 عیرای کوڕی عیقێشی تەقۆعی،
ئەڤیعەزەری عەناتۆتی،
29 سیبەخەیی حوشاتی،
عیلەیی ئەحۆحی،
30 مەهەرەیی نەتۆفاتی،
حێلەدی کوڕی بەعەنای نەتۆفاتی،
31 ئیتەیی کوڕی ڕیڤەی کە خەڵکی گیڤعای بنیامین بوو،
بەنایای پیرعاتۆنی،
32 حورەیی خەڵکی شیوەکانی گاعەش،
ئەبیێلی عەرڤاتی،
33 عەزماڤەتی بەحەرومی،
ئەلیەحبای شەعەلڤۆنی،
34 کوڕەکانی هاشێمی گیزۆنی،
یۆناتانی کوڕی شاگێی هاراری،
35 ئەحیامی کوڕی ساکاری هاراری،
ئەلیفەلی کوڕی ئوور،
36 حێفەری مەخێراتی،
ئاحییای پەلۆنی،
37 حەسرۆی کەرمەلی،
نەعرەیی کوڕی ئەزبای،
38 یۆئێلی برای ناتان،
میڤحاری کوڕی هەگری،
39 چەلەقی عەمۆنی،
نەحەرەیی بێرۆتی کە هەڵگری تفاقەکانی یۆئابی کوڕی چەرویا بوو،
40 عیرای یەتری،
گارێڤی یەتری،
41 ئوریای حیتی،
زاڤادی کوڕی ئەحلای،
42 عەدینای کوڕی شیزای ڕەئوبێنی کە سەرۆکی ڕەئوبێنییەکان بوو و سی پیاوی لەگەڵدا بوو،
43 حانانی کوڕی مەعکا،
یۆشافاتی میسنی،
44 عوزییای عەشتەراتی،
کوڕەکانی حۆتامی عەرۆعێری کە شاماع و یەعیێل بوون،
45 یەدیعێلی کوڕی شیمری و
براکەشی بە ناوی یۆحای تیچی،
46 ئەلیێلی مەحەڤی،
هەردوو کوڕەکەی ئەلناعەم کە یەریڤەی و یۆشەڤیا بوون،
هەروەها یەتمای مۆئابی،
47 ئەلیێل، عوبێد و یەعسیێلی مەچۆڤایای.
هاتنەپاڵی پاڵەوانان بۆ لای داود
12 ئەمەش ناوی ئەو پیاوانەیە کە هاتنە لای داود بۆ چیقلەگ، کاتێک کە هێشتا لە ئامادەبوونی لەبەردەم شاولی کوڕی قیش دوورخرابووەوە. ئەوانە لەو پاڵەوانانە بوون کە لە جەنگدا یارمەتیدەری بوون. 2 لە خزم و کەسوکارە نزیکەکانی شاول و لە هۆزی بنیامین بوون، ئەوان دەیانتوانی بە دەستە ڕاست و دەستە چەپیشیان تیر بە کەوان بهاوێژن و بەردیش بە قۆچەقانی:
3 ئەمانە بە سەرکردایەتی ئەحیعەزەری هاتن لەگەڵ یۆئاشی برای، هەردوو کوڕەکەی شەماعای گڤعاتی بوون. هەردوو کوڕەکەی عەزماڤەت، یەزیێل و پالەت، بەراخا و یێهوی عەناتۆتی، 4 یەشمەعیای گبعۆنی پاڵەوانێک بوو لەنێو سی پاڵەوانەکە و فەرماندەیان بوو. هەروەها یەرمیا و یەحەزیێل و یۆحانان و یۆزاڤادی گەدێراتی و 5 ئەلعوزەی و یەریمۆت و بەعەلیاهو و شەمەریاهو و شەفەتیای حەروفی؛ 6 ئەلقانە و ییشیا و عەزەرئێل و یۆعەزەر و یاشۆڤەعام لە بنەماڵەی قۆرەحییەکان؛ 7 هەروەها یۆعێلە و زەڤەدیا کە هەردوو کوڕی یەرۆحامی خەڵکی گەدۆر بوون.
8 کاتێک داود لەو قەڵایە بوو کە لە چۆڵەوانی بوو، هەندێک لە گادییەکان هاتنە پاڵ داود کە پاڵەوانی ئازا و پیاوی مەشقپێکراو بۆ جەنگ و شارەزا لە بەکارهێنانی قەڵغان و ڕم، ڕوویان وەک ڕووی شێر و وەک ئاسک لەسەر چیادا خێرا بوون.
9 عێزەر فەرماندە بوو،
عۆبەدیا دووەم و ئەلیاب سێیەم و
10 میشمەنا چوارەم و یەرمیا پێنجەم و
11 عەتەی شەشەم و ئەلیێل حەوتەم و
12 یۆحانان هەشتەم و ئەلزاڤاد نۆیەم و
13 یەرمیا دەیەم و مەخبەنەی یازدەیەم بوو.
14 ئەمانە لە نەوەی گاد بوون و هەموویان سەرکردەی سوپا بوون، بچووکەکەیان بەسەر سەد کەسدا زاڵ دەبوو، گەورەکەشیان بەسەر هەزار کەسدا زاڵ دەبوو. 15 ئەمان بوون لە مانگی یەک لە ڕووباری ئوردون پەڕینەوە، کاتێک ئاو هەتا هەموو کەنارەکانی هەڵچوو بوو، هەموو خەڵکی دۆڵەکانیان بەزاند، لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا.
16 هەروەها هەندێک لە نەوەی بنیامین و یەهوداش بۆ لای داود هاتنە قەڵاکە. 17 داود بۆ پێشوازییان چوو و پێی گوتن: «ئەگەر بۆ ئاشتی و یارمەتیدان هاتوونەتە لام، یەک دڵم دەبێت لەگەڵتان، بەڵام ئەگەر بۆ بەدەستەوەدانم بۆ دوژمنەکەم هاتوون لە کاتێکدا کە هیچ ستەمێکم نەکردووە، با خودای باوباپیرانمان تەماشا بکات و دادوەری بکات.»
18 ئینجا ڕۆحی خودا ڕژایە سەر عەماسەیی سەرۆکی سییەکە و گوتی:
«بۆ تۆین داود،
لەگەڵتداین کوڕەکەی یەسا،
ئاشتی، ئاشتیت بۆ ببێت،
ئاشتی بۆ یارمەتیدەرانت بێت،
چونکە خودات یارمەتیدەرتە.»
ئینجا داود وەریگرتن و کردنییە سەرکردەی یەکەکانی سوپا.
19 کاتێک کە داود لەگەڵ فەلەستییەکاندا لە دژی شاول بۆ جەنگ چوو، هەندێک لە پیاوانی نەوەی مەنەشەش چوونە پاڵی. بەڵام داود و پیاوەکانی یارمەتی فەلەستییەکانیان نەدا، چونکە حوکمڕانە فەلەستییەکان پاش ڕاوێژکردن، گەڕاندیانەوە و گوتیان: «بە کەللەسەری ئێمەوە دەگەڕێتەوە پاڵ شاولی گەورەی.» 20 ئەمە ناوی هەندێک لەو پیاوانەی نەوەی مەنەشەیە کە کاتێک داود چوو بۆ چیقلەگ، چوونە پاڵی: عەدنەح و یۆزاڤاد و یەدیعێل و میکائیل و یۆزاڤاد و ئەلیهو و چیلەتەی، هەموو ئەمانەش فەرماندەی یەکەی هەزارانی مەنەشە بوون. 21 ئەوان یارمەتی داودیان دا لە دژی چەتەکان، چونکە هەموویان پاڵەوانی ئازا بوون و فەرماندەی سوپا بوون. 22 هەروەها ڕۆژ لەدوای ڕۆژ پیاوان بۆ یارمەتیدانی داود دەهاتن، هەتا بوونە سوپایەکی گەورە، وەک سوپای خودا.
هاتنەپاڵی پیاوانی دیکە بۆ لای داود
23 ئەمەش ژمارەی ئەو پیاوە چەکدارانەیە کە هاتنە حەبرۆن بۆ لای داود، بۆ ئەوەی بەپێی فەرموودەی یەزدان پاشایەتییەکەی شاولی ڕادەست بکەن:
24 لە نەوەی یەهودا، شەش هەزار و هەشت سەد پیاوی چەکدار بە ڕم و قەڵغان.
25 لە نەوەی شیمۆن، حەوت هەزار و سەد پاڵەوانی ئازای ئامادەباش بۆ جەنگ.
26 لە نەوەی لێڤی چوار هەزار و شەش سەد پیاو، 27 لەوانە سێ هەزار و حەوت سەد پیاو لەگەڵ یەهۆیاداعی سەرۆکی بنەماڵەی هارونییەکان بوون. 28 سادۆقیش لاوێکی پاڵەوانی ئازا بوو، لەگەڵ بیست و دوو ئەفسەر کە لە بنەماڵەی ئەو بوون.
29 لە نەوەی بنیامینیش، لە خزم و کەسوکاری شاول، سێ هەزار کە زۆربەیان هەتا ئەو کاتەش دڵسۆز بوون لەگەڵ ماڵی شاول.
30 لە نەوەی ئەفرایم، بیست هەزار و هەشت سەد پاڵەوانی ئازا و ناوداری بنەماڵەکانیان.
31 لە نیوەی هۆزی مەنەشەش، هەژدە هەزار پیاو کە بە ناو دیاری کرابوون هەتا بێن و داود بکەنە پاشا.
32 لە نەوەی یەساخار، دوو سەد سەرکردە کە شارەزای بارودۆخی ڕۆژگار بوون، دەیانزانی ئیسرائیل دەبێت چی بکات، هەروەها هەموو خزم و کەسەکانیشیان لەژێر فەرمانی ئەواندا بوون.
33 لە زەبولونیش، پەنجا هەزار پیاوی مەشقپێکراو هەبوون لەسەر شەڕ و هەموو جۆرە چەکێکی جەنگ، کە بەبێ دوو دڵی ئامادە بوون بۆ یارمەتیدانی داود.
34 لە نەفتالی، هەزار سەرکردە و سی و حەوت هەزار پیاوی چەکدار بە قەڵغان و ڕمیان لەگەڵ بوو.
35 لە دانیش، بیست و هەشت هەزار و شەش سەد پیاوی ئامادەباش بۆ جەنگ.
36 لە ئاشێریش، چل هەزار ڕاهێنراو لەسەر شەڕ و ئامادەکراو بۆ جەنگ.
37 لە بەری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردونیشەوە، لە ڕەئوبێن و گادییەکان و نیوەی هۆزی مەنەشە، سەد و بیست هەزار پیاوی پڕچەککراو بە هەموو جۆرە چەکێکی جەنگ.
38 هەموو ئەمانە جەنگاوەری خۆبەخش بوون لە ڕیزی لەشکرەکانی و بە هەموو دڵیانەوە هاتبوونە حەبرۆن هەتا داود بکەنە پاشای هەموو ئیسرائیل، هەروەها هەموو پاشماوەی ئیسرائیلیش یەک بڕیار بوون بۆ ئەوەی داود بکەنە پاشا. 39 لەوێ بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لەگەڵ داود مانەوە، دەیانخوارد و دەیانخواردەوە لە هەموو ئەوەی کەسوکارەکانیان بۆیان ئامادە کردبوون، 40 هەروەها نزیکەکانیشیان لە یەساخار و زەبولون و نەفتالییەوە، بە گوێدرێژ و وشتر و هێستر و مانگا نانیان دەهێنا. خواردنێکی زۆریان هەبوو لە ئارد و نانە هەنجیر و هێشووی کشمیش و شەراب و زەیت و مانگا و مەڕ، چونکە لەناو ئیسرائیل خۆشی هەبوو.
گەڕاندنەوەی سندوقی پەیمان
13 داود ڕاوێژی لەگەڵ هەموو ئەفسەرەکانی کرد، فەرماندەی هەزاران و سەدان، 2 ئینجا بە هەموو کۆمەڵی ئیسرائیلی گوت: «ئەگەر پێتان باشە و بەپێی خواستی یەزدانی پەروەردگارمانە، با بەدوای هەموو هاونیشتیمانەکانماندا بنێرین لە هەموو لایەکی خاکی ئیسرائیل، هەروەها لەدوای ئەو کاهین و لێڤییانەی کە لە شارۆچکەکان و دەشتەکان لەگەڵیان دەژین، هەتا لەگەڵمان کۆببنەوە. 3 با سندوقی خودامان بهێنینەوە لای خۆمان، چونکە بە درێژایی پاشایەتی شاول لێمان نەپرسیوەتەوە.» 4 هەموو کۆمەڵەکەش گوتیان ئاوا دەکەین، چونکە لەلای هەموو گەل پەسەند بوو.
5 ئیتر داود هەموو ئیسرائیلی لە ڕووباری شیحۆری میسرەوە هەتا دەروازەی حەمات کۆکردەوە، هەتا سندوقی خودا لە قیریەت یەعاریمەوە بهێنن. 6 ئینجا داود و هەموو ئیسرائیل چوونە بەعلەی یەهودا کە قیریەت یەعاریمە، بۆ ئەوەی لەوێوە سندوقی خودای پەروەردگار بهێننەوە، ئەوەی لەنێوان کەڕوبەکان[f] لەسەر تەخت دانیشتووە، ئەو سندوقە کە ناوی لێنراوە «ناوەکە».
7 لە ماڵی ئەبینادابەوە سندوقی خودایان لە عەرەبانەیەکی نوێ بارکرد، عوزا و ئەحیۆ عەرەبانەکەیان لێدەخوڕی. 8 داود و هەموو ئیسرائیلیش بە هەموو توانایانەوە لەبەردەم خودا ئاهەنگیان دەگێڕا، بە سروود و قیسارە و ساز و دەف و سەنج و کەڕەناوە.
9 کاتێک گەیشتنە سەر جۆخینەکەی[g] کیدۆن، عوزا دەستی بۆ سندوقەکە درێژکرد و گرتی، چونکە گایەکان سەرسمیان دا. 10 ئەو ساتە تووڕەیی یەزدان بەسەر عوزادا جۆشا و لێیدا، لەبەر ئەوەی دەستی بۆ سندوقەکە درێژکرد و هەر لەوێدا لەبەردەم خودا مرد.
11 داودیش تووڕە بوو، چونکە یەزدان بە تەواوی عوزای لەناوبرد، ئەو شوێنەش هەتا ئەمڕۆ بە پێرێز عوزا[h] ناودەبردرێت.
12 ئەو ڕۆژە داود لە خودا ترسا و گوتی: «چۆن سندوقی خودا بۆ لای خۆم بهێنم؟» 13 لەبەر ئەوە داود سندوقەکەی نەگواستەوە بۆ لای خۆی بۆ شاری داود، بەڵکو بردییە ماڵی عوبێد ئەدۆمی گەتی. 14 سێ مانگ سندوقی خودا لە ماڵی عوبێد ئەدۆم مایەوە، یەزدانیش ماڵی عوبێد ئەدۆم و هەموو ئەو شتانەی کە هی ئەو بوون بەرەکەتداری کردن.
کۆشک و خێزانی داود
14 پاشان حیرامی پاشای سور چەند نێردراوێکی بۆ لای داود نارد لەگەڵ داری ئورز و نەقاڕ و دارتاش بۆ ئەوەی کۆشکێکی بۆ دروستبکەن. 2 ئینجا داود زانی کە یەزدان وەک پاشای ئیسرائیل جێگیری کردووە، پاشایەتییەکەشی لە پێناوی ئیسرائیلی گەلەکەیدا زۆر پایەدار کردووە.
3 هەروەها داود چەند ژنێکی دیکەی لە ئۆرشەلیم هێنا، ئینجا کوڕ و کچی دیکەی داود لەدایک بوون. 4 ئەمەش ناوی ئەو منداڵانەیەتی کە لە ئۆرشەلیم لەدایک بوون: شەموع، شۆڤاڤ، ناتان، سلێمان، 5 ئیڤحار، ئەلیشوع، ئەلپەلەت، 6 نۆگە، نەفەگ، یافیع، 7 ئەلیشاماع، بەعەلیاداع و ئەلیفەلەت.
بەزاندنی فەلەستییەکان
8 کاتێک فەلەستییەکان بیستیانەوە کە داود بە پاشای هەموو ئیسرائیل دەستنیشانکراوە، هەموو فەلەستییەکان بۆ گەڕان بەدوای داود سەرکەوتن. بەڵام کاتێک داود ئەمەی بیستەوە دابەزی بۆ بەرەنگاربوونەوەیان. 9 ئەو کاتە فەلەستییەکان هاتبوون و دەستیان کردبوو بە تاڵانکردنی دۆڵی ڕفایم. 10 داودیش پرسیاری لە خودا کرد و گوتی: «ئایا بچم بۆ پەلاماردانی فەلەستییەکان؟ ئایا دەیاندەیتە دەستم؟»
یەزدانیش بە داودی فەرموو: «بڕۆ، دەیاندەمە دەستت.»
11 ئینجا داود و پیاوەکانی چوونە بەعلپراچیم[i] و لەوێ دوژمنەکانی بەزاند، گوتی: «خودا بە دەستی من دڕی بە دوژمنەکانم دا وەک دڕپێدادانی ئاو.» لەبەر ئەوە ئەو شوێنە بە بەعلپراچیم ناو برا. 12 هەروەها لەوێدا بتەکانیان بەجێهێشت و داود فەرمانی دا و سووتێنران.
13 دووبارە فەلەستییەکان هاتنەوە و دەستیان کردەوە بە تاڵانکردن لە دۆڵەکە، 14 داودیش پرسیاری لە خودا کرد، خوداش پێی فەرموو: «بەدوایاندا مەڕۆ، بەڵکو بسووڕێوە بۆ پشتیان و بەرامبەر بە دار بەلسەمەکان پەلاماریان بدە. 15 کاتێک لەسەر دار بەلسەمەکانەوە گوێت لە دەنگی پێ بوو، لەو کاتەدا وەرە دەرەوە بۆ جەنگ، چونکە خودا بۆ لێدانی ئۆردوگای فەلەستییەکان لەپێشتەوە ڕۆیشتووە.» 16 داودیش بەو جۆرەی کرد کە خودا فەرمانی پێ کرد و لە گبعۆنەوە هەتا گەزەر لە سوپای فەلەستییەکانیان دا.
17 بەو شێوەیە ناوبانگی داود بەناو هەموو خاکەکاندا بڵاو بووەوە و یەزدانیش ترسی ئەوی خستە ناو دڵی هەموو نەتەوەکانەوە.
هێنانی سندوقی پەیمان بۆ ئۆرشەلیم
15 داود چەند تەلارێکی بۆ خۆی لە شاری داود دروستکرد و شوێنێکی بۆ سندوقی خودا ئامادە کرد و چادرێکی بۆی هەڵدا. 2 ئینجا داود گوتی: «کەس بۆی نییە سندوقی خودا هەڵبگرێت، تەنها لێڤییەکان نەبێت، چونکە یەزدان ئەوانی هەڵبژاردووە بۆ هەڵگرتنی سندوقی یەزدان و خزمەتکردنی هەتاهەتایە.»
3 داود هەموو ئیسرائیلی لە ئۆرشەلیم کۆکردەوە بۆ هێنانی سندوقی یەزدان بۆ ئەو شوێنەی کە بۆی ئامادە کردبوو. 4 هەروەها داود نەوەی هارون و لێڤییەکانی کۆکردەوە.
5 لە نەوەی قەهات،
ئوریێلی سەرکردە و سەد و بیست کەس لە خزم و نزیکەکانی.
6 لە نەوەی مەراری،
عەسایای سەرکردە و دوو سەد و بیست کەس لە خزم و نزیکەکانی.
7 لە نەوەی گێرشۆن،
یۆئێلی سەرکردە و سەد و سی کەس لە خزم و نزیکەکانی.
8 لە نەوەی ئەلیچافان،
شەمەعیای سەرکردە و دوو سەد کەس لە خزم و نزیکەکانی.
9 لە نەوەی حەبرۆن،
ئەلیێلی سەرکردە و هەشتا کەس لە خزم و نزیکەکانی.
10 لە نەوەی عوزیێل،
عەمینادابی سەرکردە و سەد و دوازدە کەس لە خزم و نزیکەکانی.
11 ئینجا داود بانگی سادۆق و ئەبیاتاری کرد کە هەردووکیان کاهین بوون، هەروەها بانگی ئوریێل و عەسایا و یۆئێل و شەمەعیا و ئەلیێل و عەمینادابی کرد کە لە لێڤییەکان بوون. 12 پێی گوتن: «ئێوە گەورەی بنەماڵەکانی لێڤین، خۆتان و براکانتان تەرخان بکەن و سندوقی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بۆ ئەو شوێنە بهێنن کە بۆم ئامادە کردووە، 13 چونکە یەکەم جار ئێوەی لێڤی ئەوتان هەڵنەگرت، ئیتر یەزدانی پەروەردگارمان دڕی پێداین، لەبەر ئەوەی پرسمان بە خودا نەکرد کە چۆن ئەو کارە بکەین.» 14 ئینجا کاهین و لێڤییەکان خۆیان تەرخان کرد بۆ هێنانی سندوقی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل. 15 نەوەی لێڤییەکان هەروەک چۆن موسا بەپێی فەرمایشتی یەزدان فەرمانی دابوو ئاوا سندوقی خودایان بە دوو دارەکەی لەسەر شانیان هەڵگرت.
16 داود بە سەرکردە لێڤییەکانی گوت کە برا گۆرانیبێژەکانیان بە ئامێرەکانی مۆسیقاوە دابنێن، بە ساز و قیسارە و سەنجەوە، هەتا بە خۆشییەوە و بە دەنگی بەرز گۆرانی بڵێن.
17 لێڤییەکانیش ئەمانەیان دانا: هێیمانی کوڕی یۆئێل و لە براکانیشی ئاسافی کوڕی بەرەخیا و لە نەوەی مەراریش لە براکانیان، ئێیتانی کوڕی قوشایاهو، 18 لەگەڵیشیان خزم و کەسە پلە دووەکانیان: زەکەریا، یەعزیێل، شەمیرامۆت، یەحیێل، عونی، ئەلیاب، بەنایا، مەعسێیاهو، مەتیسیا، ئەلیفەلێهو و میقنێیاهو و هەردوو دەرگاوانەکان، عوبێد ئەدۆم و یەعیێل.
19 مۆسقاژەنەکانیش، هێیمان و ئاساف و ئێیتان سەنجی بڕۆنزیان لێدەدا. 20 زەکەریا و عەزیێل و شەمیرامۆت و یەحیێل و عونی و ئەلیاب و مەعسێیاهو و بەنایا سازیان بە شێوەی عەلامۆت[j] دەژەند. 21 مەتیسیا و ئەلیفەلێهو و میقنێیاهو و عوبێد ئەدۆم و یەعیێل و عەزەزیاهو قیسارەیان بۆ ڕابەرایەتیکردن بە شێوەی شەمینیت[k] دەژەند. 22 کەنەنیاهوی بەهۆی شارەزاییە باشەکەی لە مۆسیقا، ڕابەرایەتی ژەنیارە لێڤییەکانی دەکرد.
23 بەرەخیا و ئەلقانەش دەرگاوانی سندوقی پەیمانەکە بوون. 24 کاهینەکانیش شەڤەنیا و یۆشافات و نەتەنێل و عەماسەی و زەکەریا و بەنایا و ئەلیعەزەر لەبەردەم سندوقی خودا فوویان بە کەڕەنادا دەکرد و عوبێد ئەدۆم و یەحیاش دەرگاوانی سندوقی پەیمانەکە بوون.
25 داود و پیرانی ئیسرائیل و فەرماندەی یەکەکانی هەزاران بە خۆشییەوە چوون بۆ هێنانی سندوقی پەیمانی یەزدان لە ماڵی عوبێد ئەدۆمەوە. 26 کاتێک خودا یارمەتی لێڤییەکانی هەڵگرانی سندوقی پەیمانی یەزدانی دا، حەوت گا و حەوت بەرانیان وەک قوربانی سەربڕی. 27 داود و هەموو لێڤییەکانی کە سندوقی پەیمانیان هەڵدەگرت، مۆسیقاژەنەکان و کەنەنیاهوی ڕابەری مۆسیقای تیپی گۆرانیبێژەکان، هەمووان کەوای کەتانی ناسکیان لەبەردا بوو، هەروەها داود ئێفۆدێکی کەتانی لەبەردا بوو. 28 هەموو ئیسرائیل بە هاواری خۆشی و بە لێدانی کەڕەنا و کەڕەنای قۆچە بەران و سەنج، هەروەها بە ژەنینی ساز و قیسارە، سندوقی پەیمانی یەزدانیان هێنا.
29 کاتێک سندوقی پەیمانی یەزدان هاتە ناو شاری داود، میخەلی کچی شاول لە پەنجەرەکەوە سەیری خوارەوەی کرد و بینی داودی پاشا سەما دەکات و هەڵدەبەزێتەوە، لە دڵی خۆیدا بە سووکی زانی.
خزمەتکردن لەبەردەم سندوقی یەزدان
16 ئیتر سندوقی خودایان هێنایە ژوورەوە بۆ ناوەڕاستی ئەو چادرەی کە داود بۆی دامەزراندبوو، هەروەها قوربانی سووتاندن و قوربانی هاوبەشییان[l] لەبەردەم خودا سەرخست. 2 پاش ئەوەی داود لە پێشکەشکردنی قوربانی سووتاندنەکان و قوربانییەکانی هاوبەشی بووەوە، بە ناوی یەزدانەوە داوای بەرەکەتی بۆ گەل کرد. 3 بەسەر هەموو ئیسرائیلدا لە ژن و لە پیاو، کولێرەیەک و نانە خورمایەک و نانە کشمیشێکی دابەش کرد.
4 چەند خزمەتکارێکیشی لە لێڤییەکان لەبەردەم سندوقی یەزدان بۆ یادکردنەوە و سوپاسکردن و ستایشکردنی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل دانا: 5 ئاساف ڕابەرایەتی دەکرد و زەکەریاش لەدوای ئەو بە پلەی دووەم دەهات، پاشان یەعیێل، شەمیرامۆت، یەحیێل، مەتیسیا، ئەلیاب، بەنایا، عوبێد ئەدۆم و یەعیێل دەهاتن. ئەمانە ئامێرەکانی ساز و قیسارەیان دەژەند، ئاسافیش سەنجی لێدەدا، 6 بەنایا و یەحەزیێلی کاهینیش بە بەردەوامی کەڕەنایان دەژەند لەبەردەم سندوقی پەیمانی خودا.
7 ئینجا لەو ڕۆژەدا یەکەم جار داود ئەم زەبوورەی دایە دەست ئاساف و هاوکارەکانی، کە بۆ ستایشکردنی یەزدانە:
8 ستایشی یەزدان بکەن و بە ناوی ئەوەوە نوێژ بکەن،
کردارەکانی بە گەلان بناسێنن.
9 گۆرانی بۆ بڵێن، ستایشی بکەن،
هەموو کارە سەرسوڕهێنەرەکانی ڕابگەیەنن،
10 شانازی بە ناوی پیرۆزیەوە بکەن،
با دڵی ئەوانە خۆش بێت کە ڕوو لە یەزدان دەکەن.
11 پشت بە یەزدان و هێزەکەی ببەستن،
بەردەوام ڕووتان لەو بکەن.
12 باسی ئەو کارە سەرسوڕهێنەرانە بکەن کە کردوونی،
پەرجوو[m] و حوکمەکانی دەمی.
13 ئەی نەوەی ئیسرائیلی بەندەی ئەو،
ئەی کوڕانی یاقوب، هەڵبژاردەکانی.
14 ئەو یەزدانی پەروەردگارمانە،
حوکمەکانیشی لە سەراپای زەوییە.
15 بۆ هەتاهەتایە پەیمانەکەی لە یادە،
ئەو بەڵێنەی دەیدات بۆ هەزار پشتە،
16 ئەو پەیمانەی لەگەڵ ئیبراهیم بەستی،
ئەو سوێندەی بۆ ئیسحاقی خوارد،
17 وەک فەرز بۆ یاقوب چەسپاندی،
وەک پەیمانێکی هەمیشەیی بۆ ئیسرائیل.
18 فەرموویەتی: «خاکی کەنعان دەدەمە تۆ،
بەشە میراتی خۆتانە.»
19 ئەو کاتەی ژمارەیان کەم بوو،
کەم و نامۆ بوون لەو خاکە،
20 لە نەتەوەیەکەوە دەچوونە نەتەوەیەکی دیکە،
لە پاشایەتییەکەوە بۆ گەلێکی دیکە.
21 لێ نەگەڕا کەس ستەمیان لێ بکات،
بەڵکو لەبەر ئەوان پاشایانی سەرزەنشت کرد:
22 «دەست لە دەستنیشانکراوەکانم مەدەن،
خراپە لەگەڵ پێغەمبەرەکانم مەکەن.»
23 ئەی هەموو زەوی، گۆرانی بۆ یەزدان بڵێن،
ڕۆژ بە ڕۆژ مژدەی ڕزگاریی ئەو ڕابگەیەنن.
24 لەنێو نەتەوەکان شکۆمەندی ئەو ڕابگەیەنن،
لەنێو هەموو گەلان کارە سەرسوڕهێنەرەکانی.
25 چونکە یەزدان مەزنە و شایانی ستایشی زۆرە،
سامناکە بەسەر هەموو خوداوەندەکانەوە.
26 چونکە هەموو خوداوەندەکانی گەلان بتن،
بەڵام یەزدان ئاسمانی دروستکردووە.
27 شکۆ و سەربەرزی لەبەردەمیدان،
هێز و شادمانی لە نشینگەکەیدان.
28 ئەی هەموو خێڵەکانی گەلان، ستایشی یەزدان بکەن،
ستایشی شکۆ و هێزی یەزدان بکەن.
29 ستایشی ناوی شکۆداری یەزدان بکەن،
دیاری بهێنن و وەرنە بەردەمی،
کڕنۆش بۆ یەزدان ببەن چونکە شکۆدار و پیرۆزە.
30 ئەی هەموو خەڵکی زەوی لەبەردەمی بلەرزن،
جیهان چەسپاوە و هەرگیز نالەقێت.
31 با ئاسمان شادبێت و زەوی دڵخۆش بێت،
لەنێو نەتەوەکاندا بڵێن: «یەزدان پاشایەتی دەکات!»
32 با دەریا و هەرچی تێدایە بخرۆشێن،
با کێڵگە و هەرچی تێدایە شاگەشکە بن.
33 ئینجا هەموو درەختەکانی دارستان لەبەردەم یەزدان گۆرانی دەڵێن،
چونکە دێت بۆ ئەوەی دادوەری زەوی بکات.
34 ستایشی یەزدان بکەن لەبەر ئەوەی چاکە،
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.
35 بڵێن: «ئەی خودای ڕزگارکەرمان، ڕزگارمان بکە،
لەنێو نەتەوەکان کۆمان بکەرەوە و فریامان بکەوە،
بۆ ئەوەی ستایشی ناوی پیرۆزی تۆ بکەین و
شانازی بە ستایشکردنی تۆوە بکەین.»
36 ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل،
لە ئەزەلەوە و بۆ هەتاهەتایە.
ئینجا هەموو گەل گوتیان «ئامین!» و «ستایشی یەزدان بکەن.»
37 داود لەوێدا لەبەردەم سندوقی پەیمانی یەزدان، ئاساف و هاوکارەکانی بەجێهێشت هەتا بە بەردەوامی لەبەردەم سندوقەکە خزمەت بکەن، هەر خزمەتێک لە ڕۆژی خۆیدا. 38 هەروەها عوبێد ئەدۆم و هاوکارەکانیشی کە شەست و هەشت کەس بوون، بۆ یارمەتیدانی ئەوان، بەجێی هێشتن. عوبێد ئەدۆمی کوڕی یەدوتون و حۆسا هەردووکیان دەرگاوان بوون.
39 داود سادۆقی کاهین و برا کاهینەکانیشی لەبەردەم چادری پەرستنی یەزدان، ئەوەی لەسەر بەرزاییەکەی گبعۆن بوو، بەجێی هێشتن، 40 هەتا بە بەردەوامی قوربانی سووتاندن لەسەر قوربانگاکەی قوربانی سووتاندن پێشکەش بکەن، بەیانییان و ئێواران بەپێی هەموو ئەوەی لە تەوراتی یەزداندا نووسراوە، ئەوەی فەرمانی بە ئیسرائیل کرد. 41 لەگەڵ ئەوانیش، هێیمان و یەدوتون و پاشماوەی هەڵبژێردراوەکان ئەوانەی ناویان هات هەتا سوپاسی یەزدان بکەن، چونکە «خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.» 42 لەگەڵ ئەوانیش هێیمان و یەدوتون بەرپرسی ژەنینی کەڕەنا و سەنج و ئامێرە مۆسیقییەکانی دیکە بوون لە کاتی گۆرانی و ستایشەکانیان بۆ خودا. کوڕەکانی یەدوتونیش دەرگاوان بوون.
43 پاشان هەموو گەل هەرکەسە و بۆ ماڵی خۆی بەڕێکەوت و داودیش گەڕایەوە هەتا داوای بەرەکەت بۆ ماڵەکەی خۆی بکات.
بەڵێنی خودا بۆ داود
17 پاش ئەوەی داود لە کۆشکەکەی نیشتەجێ بوو، داود بە ناتانی پێغەمبەری گوت: «من لێرە لە کۆشکێکی دروستکراو بە داری ئورز نیشتەجێم و سندوقی پەیمانی یەزدانیش لەژێر چادردایە.»
2 ناتانیش بە داودی گوت: «هەموو ئەوەی لە دڵتدایە بیکە، چونکە خودا لەگەڵتدایە.»
3 بەڵام هەر لەو شەوە فەرمایشتی خودا بۆ ناتان هات:
4 «بڕۆ بە داودی بەندەم بڵێ: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ئەو کەسە تۆ نیت کە ماڵێک بۆ نیشتەجێبوونم بنیاد دەنێت، 5 لەو ڕۆژەوەی کە ئیسرائیلم لە میسر دەرهێناوە هەتا ئەمڕۆ لە ماڵدا نیشتەجێ نەبووم، بەڵکو لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە چووم، هەر لەنێو چادری پەرستندا بووم. 6 لە هەموو هاتوچۆکردنەکانم لەگەڵ هەموو ئیسرائیل، ئایا هیچ قسەیەکم کرد لەگەڵ یەکێک لە ڕابەرەکانی ئیسرائیل، ئەوانەی فەرمانم پێکردن بۆ ئەوەی شوانایەتی گەلەکەم بکەن، ’بۆچی ماڵێکتان لە داری ئورز بۆ دروستنەکردووم؟‘“
7 «ئێستاش ئاوا بە داودی بەندەم دەڵێیت: ”یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: من تۆم لە شوانایەتی مەڕەوە برد و تۆم کردە فەرمانڕەوای ئیسرائیلی گەلەکەی خۆم. 8 لەگەڵتدا بووم بۆ هەر شوێنێک چووبیت و هەموو دوژمنەکانی تۆم لەبەردەمت بڕیوەتەوە. ئێستا ناوێکت بۆ دروستدەکەم وەک ناوی گەورەکان کە لەسەر زەوین. 9 شوێنێکیش بۆ ئیسرائیلی گەلەکەم دیاری دەکەم و دەیچێنم و لە جێی خۆی نیشتەجێی دەکەم، ئیتر وەک پێشوو بێزار ناکرێن و خەڵکانی ناڕەوا نایانچەوسێننەوە، 10 وەک ئەو سەردەمانەی ڕابەرم لەسەر ئیسرائیلی گەلەکەم دادەنا. منیش تۆ لە دەستی هەموو دوژمنەکانت دەحەوێنمەوە.
«”یەزدان پێت ڕادەگەیەنێت کە یەزدان خۆی ماڵت بۆ دروستدەکات. 11 کاتێک ژیانت تەواو دەبێت و دەچیتە پاڵ باوباپیرانت، من وەچەکەت دادەمەزرێنم، ئەوەی لەدوای خۆت لە کوڕەکانت دەبێت، پاشایەتییەکەی جێگیر دەکەم. 12 ئەو ماڵێکم بۆ بنیاد دەنێت و منیش بۆ هەتاهەتایە تەختەکەی جێگیر دەکەم. 13 من دەبمە باوکی ئەو و ئەویش دەبێتە کوڕی من. خۆشەویستییە نەگۆڕەکەم بۆ ئەو داناماڵرێت، هەروەک چۆن دامماڵی لەوەی لەپێش تۆ بوو. 14 بۆ هەتاهەتایەش لە ماڵەکەم و لەناو پاشایەتییەکەمدا دایدەنێم، هەتاهەتایە تەختەکەی جێگیر دەبێت.“»
15 ئینجا ناتان بەپێی وشەکانی ئەم سروشە قسەی لەگەڵ داود کرد.
نوێژی داود
16 ئەوسا داودی پاشا چوو و لەبەردەم یەزدان دانیشت و گوتی:
«یەزدانی پەروەردگار، من کێم و بنەماڵەکەی من کێیە کە تۆ بەم پایەیەت گەیاندووم؟ 17 ئەی خودایە، تۆ هێشتا ئەمەت بە کەم زانی، هەر لەبەر ئەوە هاتیت بۆ ئەوەی سەبارەت بە ئایندەی ماڵی ئەم بەندەیەت بەڵێنی گەورەتر بدەیت. ئەی یەزدانی پەروەردگار، بە کەسێکی پایەبەرز داتنام و تەماشات کردم.
18 «ئیتر داود چی زیاتر بە تۆ بڵێت کە بەندەکەتت پایەدار کردووە؟ چونکە تۆ بەندەکەی خۆت دەناسیت. 19 ئەی یەزدان، تۆ لە پێناوی بەندەکەت و بە خواستی دڵی خۆت ئەم کارە گەورەت کردووە، بۆ ئەوەی ئەم هەموو بەڵێنە گەورانە بزانرێن.
20 «ئەی یەزدان، کوا هاوتای تۆ؟ بێجگە لە تۆ خودایەک نییە لە هەموو ئەوەی بە گوێی خۆمان گوێمان لێبووە. 21 هەروەها کێ وەک ئیسرائیلی گەلەکەی تۆیە؟ ئەم گەلە تاکە نەتەوەیەکە لە زەویدا کە خودا هات بۆ ئەوەی گەلێک بۆ خۆی بکڕێتەوە، بۆ ئەوەی ناوێک بۆ خۆی دابنێت و کاری مەزن و سامناک بکات، بە دەرکردنی نەتەوەکان لەبەردەم گەلەکەت، ئەوەی لە میسر بۆ خۆت کڕیتەوە. 22 ئەی یەزدان، تۆ گەلی ئیسرائیلت بۆ هەتاهەتایە کردە گەلی خۆت و تۆش بوویتە خودایان.
23 «ئەی یەزدان، ئێستاش ئەو بەڵێنەی سەبارەت بە بەندەکەت و بە ماڵەکەی فەرمووت، با بۆ هەتاهەتایە بچەسپێت، هەروەک فەرمووت ئاوا بکە، 24 بیچەسپێنە، تاوەکو بۆ هەتاهەتایە ناوت مەزن بێت و بگوترێت: ”یەزدانی سوپاسالاری خودای ئیسرائیل، خودای ئیسرائیلە!“ با ماڵی داودی بەندەشت لەبەردەمتدا جێگیر بێت.
25 «ئەی خودای من، بۆ بەندەکەی خۆتت ئاشکرا کرد کە ماڵێکی بۆ بنیاد دەنێیت، لەبەر ئەمە بەندەکەت ئازایەتی لە خۆیدا بینی لەبەردەمتدا نزا بکات. 26 ئەی یەزدان، تۆ خودایت، بەڵێنی ئەم چاکەیەت بە بەندەکەت داوە. 27 ئێستاش ڕەزامەندی بفەرموو بۆ ئەوەی ماڵی بەندەکەت بەرەکەتدار بکەیت، تاوەکو بۆ هەتاهەتایە لەبەردەمت بێت، ئەی یەزدان، چونکە تۆ بەرەکەتدارت کردووە و بۆ هەتاهەتایە بەرەکەتدار دەبێت.»
سەرکەوتنەکانی داود
18 ئەوە بوو پاش ئەمە داود فەلەستییەکانی بەزاند و زەلیلی کردن، گەت و شارۆچکەکانی لە فەلەستییەکان سەند.
2 هەروەها داود مۆئابییەکانیشی بەزاند. مۆئابییەکان هاتنە ژێر دەسەڵاتی داود و سەرانەیان بۆ دەهێنا.
3 هەروەها داود هەدەدعەزەری پاشای چۆڤای لە نزیکی حەمات بەزاند، کاتێک چوو بۆ ئەوەی تاشەبەردێک بۆ یادەوەری لە کەناری ڕووباری فورات بنەخشێنێت. 4 داود هەزار گالیسکە و حەوت هەزار گالیسکەسوار و بیست هەزار پیادەی بە دیل گرت، ئینجا داود جومگە پێی ئەسپی گالیسکەکانیانی بڕییەوە و تەنها سەد ئەسپی گالیسکەی هێشتەوە.
5 کاتێک ئارامییەکانی دیمەشق بۆ یارمەتیدانی هەدەدعەزەری پاشای چۆڤا هاتن، داود بیست و دوو هەزار پیاوی لە ئارامییەکان کوشت. 6 ئیتر داود لە شانشینی ئارامییەکانی دیمەشق سەربازگەی دانا، ئارامییەکانیش هاتنە ژێر دەسەڵاتی داود و سەرانەیان بۆ دەهێنا. داودیش ڕووی لە هەرکوێ دەکرد، یەزدان سەرکەوتووی دەکرد.
7 پاشان داود قەڵغانە زێڕینەکانی ئەفسەرەکانی هەدەدعەزەری برد و هێنایە ئۆرشەلیم. 8 هەروەها داود بڕۆنزێکی زۆریشی لە تەڤەح و کوون برد کە شارۆچکەی هەدەدعەزەر بوون، بەوە بوو کە سلێمان حەوزە بڕۆنزییەکە[n] و کۆڵەکەکان و قاپوقاچاغە بڕۆنزییەکانی دروستکرد.
9 کاتێک تۆعوی پاشای حەمات بیستی کە داود هەموو سوپاکەی هەدەدعەزەری پاشای چۆڤای بەزاندووە، 10 هەدۆرامی کوڕی نارد بۆ لای داودی پاشا بۆ ئەوەی لە سەلامەتی بپرسێت و پیرۆزبایی لێ بکات کە لەگەڵ هەدەدعەزەر جەنگاوە و بەزاندوویەتی، چونکە هەدەدعەزەر لە جەنگدا بوو لە دژی تۆعو. هەدۆرامیش لەگەڵ دەستی خۆیدا هەموو جۆرە کەلوپەلێکی زێڕ و زیو و بڕۆنزی هێنابوو.
11 داودی پاشا ئەم کەلوپەلانەی بۆ یەزدان تەرخان کرد، هەروەک ئەو زێڕ و زیوەی تەرخان کرد کە لە هەموو ئەم نەتەوانە بردبووی: ئەدۆم، مۆئاب، عەمۆن، فەلەستی و عەمالێقییەکان.
12 ئەبیشەیی کوڕی چەرویاش لە دۆڵی خوێ[o] هەژدە هەزاری لە ئەدۆمییەکان کوشت. 13 لە خاکی ئەدۆم سەربازگەی دانا و هەموو ئەدۆمییەکان هاتنە ژێر دەسەڵاتی داود، داود ڕووی لە هەرکوێ دەکرد، یەزدان سەرکەوتووی دەکرد.
کاربەدەستەکانی داود
14 داود پاشایەتی هەموو ئیسرائیلی کرد، دادوەری و ڕاستودروستی بۆ هەموو گەلەکەی پەیڕەو کرد. 15 یۆئابی کوڕی چەرویاش سوپاسالار بوو؛ یەهۆشافاتی کوڕی ئەحیلودیش تۆمارکار بوو؛ 16 سادۆقی کوڕی ئەحیتوڤ و ئەحیمەلەخی کوڕی ئەبیاتار کاهین بوون؛ شەڤشا خامەی نهێنی[p] بوو؛ 17 بەنایای کوڕی یەهۆیاداع فەرماندەی کریتی و پەلەتییەکان[q] بوو؛ کوڕەکانی داودیش دەستە ڕاستی پاشا بوون.
بەزاندنی عەمۆنییەکان
19 دوای ماوەیەک ناحاشی پاشای عەمۆنییەکان مرد و کوڕەکەی لەدوای ئەو بوو بە پاشا. 2 داود گوتی: «لەگەڵ حانوونی کوڕی ناحاش دڵسۆز دەبم، چونکە باوکی لەگەڵم دڵسۆز بوو.» لەبەر ئەوە داود شاندێکی نارد بۆ ئەوەی سەرەخۆشی لە حانوون بکەن سەبارەت بە باوکی.
کاتێک شاندەکەی داود هاتنە لای حانوون لە خاکی عەمۆنییەکان بۆ ئەوەی سەرەخۆشی لێ بکەن، 3 میرەکانی عەمۆنییەکان بە حانوونیان گوت: «تۆ لەو باوەڕەدایت کە داود لەبەر ڕێزگرتن لە باوکت شاندی ناردووە بۆ ئەوەی سەرەخۆشیت لێ بکات؟ ئایا خزمەتکارەکانی بۆ پشکنین و سەرەوژێرکردن و سیخوڕیکردن بەسەر خاکەکەوە نەهاتوون بۆ لات؟» 4 ئیتر حانوون پیاوەکانی داودی گرت و ڕیشی تاشین، جلەکانیشیان لە نیوەوە هەتا پاشەڵیانی دادڕی و بەڕەڵای کردن.
5 کاتێک هەندێک کەس چوون و سەبارەت بەو پیاوانە بە داودیان ڕاگەیاند، ئەویش چەند کەسێکی نارد بۆ پێشوازییان، چونکە پیاوەکان زۆر شەرمیان دەکرد، پاشاش گوتی: «هەتا ڕیشتان دێتەوە لە ئەریحا بمێننەوە، ئینجا بگەڕێنەوە.»
6 کاتێک عەمۆنییەکان بینییان لەلایەن داودەوە قێزەون بوون، حانوون و عەمۆنییەکان هەزار تالنت[r] زیویان نارد هەتا لە ئارامییەکانی دوو ڕووبار[s] و لە ئارامییەکانی مەعکا و لە چۆڤا گالیسکە و گالیسکەسوار بەکرێ بگرن. 7 جا سی و دوو هەزار گالیسکە و گالیسکەسواریان بەکرێ گرت، هەروەها پاشای مەعکا لەگەڵ سوپاکەی هات و لە بەرامبەر مێدەبا دامەزران، عەمۆنییەکانیش لە شارۆچکەکانیانەوە کۆبوونەوە و هاتن بۆ جەنگ.
8 کاتێک داود ئەمەی بیستەوە یۆئاب و هەموو سوپا شەڕکەرەکانی نارد. 9 عەمۆنییەکان هاتنە دەرەوە و لە دەمی دەروازەی شارەکەیان بۆ جەنگ ڕیزیان بەست، بەڵام ئەو پاشایانەی کە هاتبوون بە جیا لە دەشتودەر بوون.
10 کاتێک یۆئاب بینی کە بەرەکانی جەنگ لەپێشی و لەپاشییەوەن، لە باشترین جەنگاوەرانی ئیسرائیل چەند هێزێکی هەڵبژارد، بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئارامییەکان ڕیزی کردن. 11 ئەو پیاوانەی کە مانەوە دایە دەست ئەبیشەیی برای و ئەویش بۆ بەرەنگاربوونەوەی عەمۆنییەکان ڕیزی کردن. 12 یۆئاب گوتی: «ئەگەر ئارامییەکان لە من بەهێزتر بوون، ئەوا تۆ بەهانامەوە دێیت؛ بەڵام ئەگەر عەمۆنییەکان لە تۆ بەهێزتر بوون، ئەوا من بەهاناتەوە دێم. 13 ئازابە و با بەهێز بین لە پێناوی گەلەکەمان و لە پێناوی شارەکانی خوداکەمان، یەزدانیش چی پێ باشە ئەوە دەکات.»
14 ئینجا یۆئاب و ئەو لەشکرەی لەگەڵی بوون بۆ جەنگ لە دژی ئارامییەکان چوونە پێشەوە، ئەوانیش لەبەردەمیدا هەڵاتن. 15 کاتێک عەمۆنییەکان بینییان ئارامییەکان هەڵدەهاتن، ئەوانیش لەبەردەم ئەبیشەی هەڵاتن و چوونە ناو شارەکە. ئیتر یۆئاب گەڕایەوە ئۆرشەلیم.
16 کاتێک ئارامییەکان بینییان لە بەرامبەر ئیسرائیل تێکشکاون، چەند نێردراوێکیان نارد و ئارامییەکانی ئەوبەری ڕووباری فوراتیان هێنا و شوفەخی سەرکردەی سوپاکەی هەدەدعەزەریش لەپێشیانەوە بوو.
17 کاتێک بە داود ڕاگەیەنرا، ئەویش هەموو ئیسرائیلی کۆکردەوە و لە ڕووباری ئوردونەوە پەڕییەوە و بۆیان هات و ڕیزی لێیان بەست، داود بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئارامییەکان ڕیزی بەست بۆ جەنگ و ئەوانیش لە دژی جەنگان. 18 بەڵام ئارامییەکان لەبەردەم ئیسرائیلدا هەڵاتن، داودیش حەوت هەزار گالیسکەسوار و چل هەزار پیادەی لە ئارامییەکان کوشت، هەروەها شوفەخی سەرکردەی سوپاکەشی کوشت.
19 کاتێک ژێردەستەکانی هەدەدعەزەر بینییان کە ئەوان لە بەرامبەر ئیسرائیل تێکشکاون، لەگەڵ داود ئاشت بوونەوە و بوونە ژێردەستەی ئیسرائیل.
ئیتر ئارامییەکان نەیانوێرا بەهانای عەمۆنییەکانەوە بچن.
گرتنی شاری ڕەبە
20 لە بەهاری ساڵ، لە کاتی ڕۆیشتنی پاشاکان بۆ جەنگ، یۆئاب ڕابەرایەتی هێزە چەکدارەکانی دەکرد. خاکی عەمۆنییەکانی وێران کرد و چوو بۆ ڕەبە و گەمارۆی دا، بەڵام داود لە ئۆرشەلیم مایەوە، جا یۆئاب لە ڕەبەی دا و وێرانی کرد. 2 داود تاجی سەری پاشاکەی ئەوانی برد، دەرکەوت کێشەکەی نزیکەی تالنتێک[t] زێڕ بوو، بەردی گرانبەهاشی تێدابوو، ئینجا لەسەر سەری داود دانرا. دەستکەوتێکی زۆریشی لە شارەکە دەرهێنا، 3 ئەو گەلەشی کە تێیدا بوو هێنایە دەرەوە و بێگاری پێکردن بە ئیشکردن بە مشار و پاچی ئاسنین و تەوری ئاسنین. داود ئەم کارەی بە هەموو شارۆچکەکانی عەمۆنییەکان کرد. پاشان داود و هەموو سوپا گەڕانەوە ئۆرشەلیم.
جەنگی فەلەستییەکان
4 پاش ئەمانە لە گەزەر جەنگ لەگەڵ فەلەستییەکان هەڵگیرسا و لەو کاتەدا سیبەخەیی حوشاتی، سیپەیی کوشت کە یەکێک بوو لە نەوەی ڕفائییەکان، دواجار فەلەستییەکان تێکشکان.
5 جارێکی دیکەش لەگەڵ فەلەستییەکان جەنگ هەڵگیرسایەوە و ئەلحانانی کوڕی یاعیر، لەحمیی برای گۆلیاتی[u] گەتی کوشت، کە دەسکی ڕمەکەی وەک نۆردی جۆڵاکان بوو.
6 دیسان لە گەت جەنگ هەڵگیرسایەوە، پیاوێکی زەبەلاح هەبوو هەر پەلێکی شەش پەنجەی هەبوو، بیست و چوار پەنجەی هەبوو، ئەویش هەر لە نەوەی ڕافا بوو. 7 کاتێک سووکایەتی بە ئیسرائیل کرد، یۆناتانی کوڕی شیمەعەی برای داود کوشتی.
8 ئەوانە لە نەوەی ڕافا بوون لە گەت، بە دەستی داود و خزمەتکارەکانی کوژران.
سەرژمێری بۆ پێکهێنانی سوپا
21 شەیتان لە دژی ئیسرائیل ڕاوەستا و داودی لێ هاندان بۆ سەرژمێریکردنی ئیسرائیل. 2 داودیش بە یۆئاب و فەرماندەکانی سوپای گوت: «بڕۆن و سەرژمێری ئیسرائیل بکەن، لە بیری شابەعەوە هەتا دان. پاشان وەرنەوە لام بۆ ئەوەی ژمارەیان بزانم.»
3 بەڵام یۆئاب وەڵامی دایەوە: «با یەزدان جەنگاوەرەکانی سەد ئەوەندە زیاتر بکات. ئەی پاشای گەورەم، ئایا هەموویان خزمەتکاری گەورەم نین؟ ئیتر بۆچی گەورەم داوای ئەمە دەکات؟ بۆچی ئیسرائیل تووشی تاوان بکات؟»
4 لەگەڵ ئەوەشدا پاشا بڕیارەکەی خۆی بەسەر یۆئابدا سەپاند، ئیتر یۆئاب چووە دەرەوە و بە هەموو ئیسرائیلدا گەڕا، ئینجا هاتەوە ئۆرشەلیم. 5 یۆئاب ئەنجامی سەرژمێرییەکەی دایە داود: لە هەموو ئیسرائیل ملیۆنێک و سەد هەزار پیاوی بە توانا لە بەکارهێنانی شمشێر هەبوون، لە یەهوداش چوار سەد و حەفتا هەزار هەبوون.
6 بەڵام یۆئاب لێڤی و بنیامینییەکانی لەگەڵیان نەژمارد، چونکە ڕقی لە فەرمانەکەی پاشا دەبووەوە. 7 ئەم فەرمانە لەلای خوداش خراپ بوو، لەبەر ئەوە سزای ئیسرائیلی دا.
8 داودیش بە خودای گوت: «زۆر گوناهم کرد لەوەی کە کردم، ئێستاش تکایە لە تاوانی بەندەکەت خۆشبە، چونکە ڕەفتارێکی زۆر گێلانەم کرد.»
9 یەزدانیش لەگەڵ گاد، ئەوەی پەیامی خودای بە داود ڕادەگەیاند، دوا و پێی فەرموو: 10 «بڕۆ بە داود بڵێ: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: من سێ هەڵبژاردە دەخەمە بەردەمت و تۆش یەکێکیان هەڵبژێرە هەتا جێبەجێی بکەم لەسەرت.“»
11 ئیتر گاد چوو بۆ لای داود و پێی گوت: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”بۆ خۆت هەڵبژێرە، 12 سێ ساڵ قاتوقڕی، یان سێ مانگ هەڵاتن لەبەردەم دوژمنەکەت کە بە شمشێر ڕاوت دەنێت، یان سێ ڕۆژ شمشێری یەزدان بە دەرد لە خاکەکە دەدات و فریشتەی یەزدانیش لە هەموو سنوورەکانی ئیسرائیلدا وێرانکاری دەکات.“ ئێستا ببینە چی وەڵامی خودا بدەمەوە کە منی ناردووە.»
13 داودیش بە گادی گوت: «زۆر لە تەنگانەدام، با بکەومە دەستی یەزدان، چونکە ئەو بەزەیی زۆر زۆرە، بەڵام با نەکەومە ژێر دەستی مرۆڤەوە.»
14 لەبەر ئەوە یەزدان دەردی خستە ناو ئیسرائیلەوە، ئیتر حەفتا هەزار پیاو لە ئیسرائیل مردن. 15 هەروەها خودا فریشتەیەکی بۆ سەر ئۆرشەلیم نارد بۆ ئەوەی وێرانی بکات، کاتێک وێرانی دەکرد، یەزدان تەماشای کرد و کارەساتەکەی ڕاگرت، بە فریشتە وێرانکەرەکەی فەرموو: «بەسە! ئێستا دەست هەڵبگرە!» فریشتەکەی یەزدان لەو کاتەدا لەسەر جۆخینەکەی ئەرەونای یەبوسی ڕاوەستابوو.
16 داود سەری هەڵبڕی و بینی فریشتەکەی یەزدان لەنێوان زەوی و ئاسماندا ڕاوەستاوە، شمشێرەکەی بەدەستەوەیە و بەسەر ئۆرشەلیمدا ڕایکێشاوە. داود و ئەو پیرانەی کە جلوبەرگی گوشیان[v] پۆشیبوو بەسەر ڕوویاندا کەوتن.
17 داود بە خودای گوت: «ئایا من نەبووم کە فەرمانم دا سەرژمێری گەل بکەن؟ منم ئەوەی کە گوناهم کردووە، لە ڕاستیدا من خراپەم کرد، بەڵام ئەم مەڕانە چییان کردووە؟ ئەی یەزدان، خودای من، تکایە با سزاکەت بۆ من و بنەماڵەکەم بێت، نەک ئەم دەردە لەسەر گەلەکەت بەردەوام بێت.»
18 ئینجا فریشتەکەی یەزدان بە گادی فەرموو، کە بە داود بڵێت، با داود سەربکەوێت و لەسەر جۆخینەکەی ئەرەونای یەبوسی قوربانگایەک بۆ یەزدان دابمەزرێنێت. 19 داودیش بەپێی قسەکەی گاد کە بە ناوی یەزدانەوە گوتی، سەرکەوت.
20 لە کاتێکدا ئەرەونا گەنمی دەکوتا، ئاوڕی دایەوە و فریشتەکەی بینی، چوار کوڕەکەی ئەرەونا کە لەگەڵیدا بوون خۆیان شاردەوە. 21 پاشان داود بەرەو لای ئەرەونا هات، ئەرەونا چاوی هەڵبڕی بینی کە داود بەرەو لای ئەو دێت، لە جۆخینەکە چووە دەرەوە، کڕنۆشی بۆ داود برد و سەری خستە سەر زەوی.
22 داود بە ئەرەونای گوت: «شوێنی جۆخینەکەم بدەرێ تاکو قوربانگایەک بۆ یەزدان بنیاد بنێم و دەردەکە لە کۆڵ گەل ببێتەوە، بە نرخی تەواوی خۆی بمدەرێ.»
23 ئەرەوناش بە داودی گوت: «بۆ خۆتی ببە و با پاشای گەورەم چی بە چاک دەزانێت ئەوە بکات. تەماشا بکە. ئەوە گا بۆ قوربانی سووتاندن و جەنجەڕ بۆ دار و گەنمەکەش بۆ پێشکەشکراوی دانەوێڵە. هەمووی دەدەم.»
24 بەڵام داودی پاشا بە ئەرەونای گوت: «نەخێر، بەڵکو بە نرخی تەواوی خۆی دەیکڕم، چونکە ئەوەی هی تۆیە نایبەم بۆ یەزدان، قوربانی سووتاندنی بەخۆڕایی سەر ناخەم.»
25 لەبەر ئەوە داود بەرامبەر بە شوێنەکە شەش سەد شاقل زێڕی دایە ئەرەونا. 26 داود لەوێ قوربانگایەکی بۆ یەزدان بنیاد نا و قوربانی سووتاندن و قوربانی هاوبەشی سەرخست. لە یەزدان پاڕایەوە، ئەویش بە ئاگر لە ئاسمانەوە بۆ سەر قوربانگاکەی قوربانی سووتاندن وەڵامی دایەوە.
27 پاشان یەزدان فەرمانی بە فریشتەکە کرد و ئەویش شمشێرەکەی گەڕاندەوە ناو کێلانەکەی[w]. 28 لەو کاتەدا کە داود بینی یەزدان لەسەر جۆخینەکەی ئەرەونای یەبوسی وەڵامی دایەوە، لەوێدا قوربانی سەربڕی. 29 لەو کاتەدا چادرەکەی پەرستنی یەزدان کە موسا لە چۆڵەوانیدا دروستی کردبوو، لەگەڵ قوربانگاکەی قوربانی سووتاندن، لەسەر بەرزاییەکەی گبعۆن بوون. 30 بەڵام داود نەیتوانی بچێتە بەردەمی هەتا پرسیار لە خودا بکات، چونکە لە شمشێرەکەی فریشتەی یەزدان دەترسا.
22 ئینجا داود گوتی: «ئێرە ماڵی یەزدانی پەروەردگارە، هەر ئێرەش قوربانگای قوربانی سووتاندنی ئیسرائیلە.»
ئامادەکاری بۆ پەرستگاکە
2 ئیتر داود فەرمانی دا بە کۆکردنەوەی ئەو نامۆیانەی لە خاکی ئیسرائیل بوون، هەندێکی لێ کردنە نەقاڕ بۆ تاشینی بەردی چوارگۆشەیی بۆ بنیادنانی ماڵی خودا. 3 داود ئاسنێکی زۆری بۆ بزمار و ئەڵقەڕیزی دەرگاکان ئامادە کرد، بڕۆنزێکی زۆری لەکێش نەهاتووشی ئامادە کرد. 4 هەروەها داری ئورزیشی ئامادە کرد کە لە ژمارە نەدەهات، چونکە سەیدائییەکان و سورییەکان دار ئورزێکی زۆریان بۆ داود هێنا.
5 داود گوتی: «سلێمانی کوڕم منداڵە و پێنەگەیشتووە، ئەم ماڵەش کە بۆ یەزدان بنیاد دەنرێت دەبێت لەبەرچاوی هەموو گەلان زۆر گەورە و بەناوبانگ و شکۆدار بێت، لەبەر ئەوە من ئێستا ئامادەکاری بۆ دەکەم.» جا داود بەر لە مردنی ئامادەکارییەکی زۆری بۆ کرد.
6 پاشان سلێمانی کوڕی بانگکرد و ڕایسپارد کە ماڵێک بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بنیاد بنێت. 7 داود بە سلێمانی گوت: «کوڕی خۆم، من لە دڵمدا بوو ماڵێک بۆ ناوی یەزدانی پەروەردگارم بنیاد بنێم. 8 بەڵام فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: ”تۆ خوێنێکی زۆرت ڕشتووە و جەنگی گەورەشت کردووە، لەبەر ئەوە ماڵ بۆ ناوەکەم دروستناکەیت، چونکە لەبەردەمم خوێنێکی زۆرت ڕشتووەتە سەر زەوی. 9 بەڵام کوڕێکت دەبێت، دەبێتە پیاوی ئاشتی و حەسانەوە، لە هەموو دوژمنەکانی دەوروبەری دەیحەسێنمەوە. ناوی سلێمان[x] دەبێت، لە ماوەی پاشایەتی ئەودا ئاشتی و ئارامی بە ئیسرائیل دەبەخشم. 10 ئەو ماڵێک بۆ ناوەکەم بنیاد دەنێت، من دەبمە باوکی ئەو و ئەویش دەبێتە کوڕی من، تەختی پاشایەتییەکەشی هەتاهەتایە لەسەر ئیسرائیل جێگیر دەکەم.“
11 «کوڕی خۆم، ئێستاش یەزدانت لەگەڵدا بێت و سەرکەوتوو بیت و ماڵەکەی یەزدانی پەروەردگارت بنیاد بنێیت بەو شێوەیەی سەبارەت بە تۆ فەرمووی. 12 کاتێک فەرمانڕەوایەتی ئیسرائیل دەکەیت یەزدان دانایی و تێگەیشتنت بداتێ بۆ ئەوەی فێرکردنەکانی یەزدانی پەروەردگارت پەیڕەو بکەیت. 13 ئەگەر ئاگاداربیت لەوەی ئەو فەرز و حوکمانە بەجێبهێنیت کە یەزدان لە ڕێگەی موساوە فەرمانی بە گەلی ئیسرائیل کرد، ئەو کاتە سەرکەوتوو دەبیت. ئیتر بەهێزبە و ئازابە، مەترسە و ورە بەرمەدە.
14 «من ناخۆشی زۆرم چێژتووە بۆ دابینکردنی ئەمانە بۆ پەرستگای یەزدان، سەد هەزار تالنت[y] زێڕ و ملیۆنێک تالنت[z] زیو، بڕۆنز و ئاسنێکی زۆری لە کێش نەهاتووش، دار و بەردیشم ئامادە کردووە. تۆش دەتوانیت زیاتریان بکەیت. 15 کرێکارێکی زۆرت لەلایە، لە نەقاڕ و بەنا و دارتاش و کەسانی شارەزا لە هەموو کار و پیشەیەک 16 لەسەر زێڕ و زیو و بڕۆنز و ئاسن، وەستاکان لە ژمارە نایەن. ئیتر هەستە و دەستبەکار بە و یەزدانت لەگەڵ بێت.»
17 پاشان داود فەرمانی بە هەموو سەرکردەکانی ئیسرائیل کرد هاریکاری سلێمانی کوڕی بکەن: 18 «ئایا یەزدانی پەروەردگارتان لەگەڵتان نییە؟ ئایا لە هەموو لایەکەوە نەیحەساندوونەتەوە؟ چونکە دانیشتووی خاکەکەی داوەتە دەستم و خاکەکەی ژێردەستەی یەزدان و گەلەکەی کردووە. 19 ئێستاش بە هەموو دڵ و گیانتانەوە ڕووتان لە یەزدانی پەروەردگارتان بکەن. هەستن و پیرۆزگای یەزدانی پەروەردگار بنیاد بنێن، بۆ ئەوەی سندوقی پەیمانی یەزدان و قاپوقاچاغی پیرۆزگای خودا بهێنرێتە ناو ئەو پەرستگایەی کە بۆ ناوی یەزدان بنیاد دەنرێت.»
لێڤییەکان
23 پاش ئەوەی داود پیر بوو و بە ساڵا چوو، سلێمانی کوڕی کرد بە پاشای ئیسرائیل.
2 هەموو سەرکردەکانی ئیسرائیل و کاهین و لێڤییەکانی کۆکردەوە و 3 ئەو لێڤییانەشی تەمەنیان سی ساڵ و بەرەو سەرەوە بوو سەرژمێری کران و کۆی ژمارەیان سی و هەشت هەزار پیاو بوو. 4 داود گوتی: «بیست و چوار هەزار لەمانە بۆ سەرپەرشتیکردنی کاری پەرستگای یەزدان و شەش هەزاریان کوێخا و دادوەر و 5 چوار هەزاریان دەرگاوان و چوار هەزاری دیکەشیان بۆ ستایشکردنی یەزدان بەو ئامێرە مۆسیقییانەی کە بۆ ستایشکردن دروستم کردن.»
6 ئینجا داود لێڤییەکانی کردە چەند بەشێک، بەپێی کوڕەکانی لێڤی: گێرشۆن و قەهات و مەراری.
گێرشۆنییەکان
7 لە گێرشۆنییەکان:
لەعدان و شیمعی.
8 کوڕەکانی لەعدان:
یەحیێلی کوڕە گەورەی بنەماڵەکە، ئینجا زێتام و یۆئێل، سێ کوڕ بوون.
9 کوڕەکانی شیمعی:
شەلۆمۆت، حەزیێل و هاران، سێ کوڕ بوون.
ئەمانە گەورەی بنەماڵەکانی لەعدان بوون.
10 کوڕەکانی شیمعیش:
یەحەت و زیزا و یەعوش و بەریعە.
ئەمانە چوار کوڕەکەی شیمعی بوون.
11 یەحەت کوڕە گەورەی بنەماڵەکە بوو و زیزا دووەم بوو، بەڵام یەعوش و بەریعە کوڕی زۆریان نەبوو، لەبەر ئەوە وەک یەک بنەماڵە هەژمارد کران.
قەهاتییەکان
12 کوڕەکانی قەهات:
عەمرام، یەسهار، حەبرۆن و عوزیێل، چوار کەس بوون.
13 کوڕەکانی عەمرام:
هارون و موسا.
هارون هەڵبژێردرا، خۆی و نەوەکانی بۆ هەتاهەتایە، بۆ تەرخانکردنی شتی هەرەپیرۆز، بۆ کردنی قوربان لەبەردەم یەزدان و بۆ داوای بەرەکەت کردن بە ناوی ئەوەوە بۆ هەتاهەتایە. 14 هەروەها کوڕەکانی موسای پیاوی خودا وەک بەشێک لە هۆزی لێڤی دانران.
15 کوڕەکانی موسا
گێرشۆم و ئەلیعەزەر بوون.
16 نەوەکانی گێرشۆم:
شوڤائێل کوڕە گەورەی بنەماڵەکە بوو.
17 نەوەی ئەلیعەزەریش:
ئەلیعەزەر تەنها یەک کوڕی هەبوو ناوی ڕەحەڤیا بوو،
بەڵام ڕەحەڤیا کوڕی زۆر بوو.
18 کوڕەکانی یەسهار:
شەلۆمیت کوڕە گەورەی بنەماڵەکە بوو.
19 کوڕەکانی حەبرۆن:
یەرییاهو کوڕە گەورەی بنەماڵەکە بوو، ئەمەریا دووەم و یەحەزیێل سێیەم و یەقەمەعام چوارەمیان بوو.
20 کوڕەکانی عوزیێل:
میخا کوڕە گەورەی بنەماڵەکە بوو و ییشیا دووەمیان بوو.
مەرارییەکان
21 کوڕەکانی مەراری:
مەحلی و موشی.
کوڕەکانی مەحلی:
ئەلعازار و قیش.
22 ئەلعازار مرد و کوڕی نەبوو، تەنها کچی هەبوو، جا کوڕەکانی قیشی برای هێنایانن.
23 کوڕەکانی موشی:
مەحلی، عێدەر و یەریمۆت، سێ کوڕ بوون.
24 ئەمانە نەوەی لێڤی بوون بەگوێرەی بنەماڵەکانیان. گەورەی بنەماڵەکان کە بەپێی ناوەکانیان تۆمار کران و یەک بە یەک سەرژمێر کران، لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە کە لە پەرستگای یەزدان خزمەتیان دەکرد، 25 چونکە داود گوتبووی: «لەبەر ئەوەی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل گەلەکەی حەساندووەتەوە و بۆ هەتاهەتایە یەزدان لە ئۆرشەلیم نیشتەجێ بووە، 26 ئیتر پێویست ناکات لێڤییەکان چادرەکەی پەرستن یان هیچ یەکێک لەو قاپوقاچاغانەی کە لە خزمەتی چادرەکەی پەرستن بەکاردەهێنرێت هەڵبگرن و بگوازنەوە.» 27 بەپێی دوایین فەرمانی داود، لێڤییەکان لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە سەرژمێری کران.
28 لێڤییەکان بەردەستی نەوەی هارونیان دەکرد لە خزمەتکردنی پەرستگای یەزدان: بەرپرس بوون بۆ حەوشە و ژوورە لاتەنیشتەکان، بۆ پاککردنەوەی شتە پیرۆزەکان، بۆ خزمەتکردنی دیکەش لە ماڵی خودا؛ 29 بەرپرسیاریێتیشیان هەبوو بۆ نانی تەرخانکراو و باشترین ئارد بۆ پێشکەشکراوی دانەوێڵە و ناسکە نانی[aa] فەتیرەی و خۆراکی سەر ساج و تێکەڵکردنی هەرچی کە تێکەڵ دەکرێت و بۆ هەموو ئەندازە و پێوانەکردنێک؛ 30 هەروەها بۆ ڕاوەستان هەموو بەیانییەک بۆ سوپاسکردن و ستایشکردنی یەزدان ئێوارانیش بە هەمان شێوە؛ 31 هەروەها بۆ هەموو سەرخستنێکی قوربانی سووتاندن لە شەممە و سەرەمانگ و جەژنەکان. پێویست بوو لێڤییەکان بەو ژمارەیە و بەو چەشنەی کە ڕێسایە لەسەریان، بە بەردەوامی لەبەردەم یەزدان خزمەت بکەن.
32 ئیتر لێڤییەکان لە چادری چاوپێکەوتن و شوێنی پیرۆز پارێزگاریان دەکرد، هەروەها بەردەستی نەوەی هارونیان دەکرد لە خزمەتکردنی پەرستگای یەزدان.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.