Bible in 90 Days
هەستانەوەی عیسا
15 ئەی خوشک و برایانم، دەمەوێ ئەو مزگێنییەتان بیربخەمەوە کە پێم ڕاگەیاندن، ئەوەی وەرتانگرت و هەتا ئێستا لەسەری چەسپاون. 2 بەهۆی ئەم مزگێنییەوە ئێوە ڕزگارتان دەبێت، ئەگەر دەستتان بەو پەیامەوە گرت کە پێم ڕاگەیاندن. ئەگینا بێ سوود باوەڕتان هێناوە.
3 ئەوەم پێدان کە یەکەمین و گرنگترینە و منیش وەرمگرتبوو: کە مەسیح لە پێناوی گوناهەکانمان مرد بەگوێرەی نووسراوە پیرۆزەکان[a]، 4 ئەو نێژرا و لە ڕۆژی سێیەم هەستایەوە بەگوێرەی نووسراوە پیرۆزەکان، 5 ئینجا بۆ پەترۆس[b] و دوایی بۆ دوازدە قوتابییەکەی دەرکەوت. 6 پاش ئەوە بە یەک جار بۆ زیاتر لە پێنج سەد لە خوشک و برایان دەرکەوت، زۆرینەیان هەتا ئێستا ماون، بەڵام هەندێکیان نوستوون[c]، 7 دوای ئەوە بۆ یاقوب دەرکەوت، ئینجا بۆ هەموو نێردراوان، 8 پاش هەمووان بۆ منیش دەرکەوت، من وەک منداڵێک بووم کە لە کاتی نائاسایی لەدایک ببووم.
9 لەڕاستیدا من بچووکترین نێردراوم و شایانی ئەوە نیم بە نێردراو ناوببردرێم، لەبەر ئەوەی من کڵێسای خودام چەوساندووەتەوە. 10 بەڵام بەهۆی نیعمەتی خوداوە من ئەوەم کە هەم، هەروەها نیعمەتی ئەو بۆ من بێ سوود نەبوو، بەڵکو من لە هەموو نێردراوانی دیکە ماندووتر بووم، بەڵام من نا، بەڵکو نیعمەتی خودا بوو کە لەگەڵمدایە. 11 ئیتر من بم یاخود ئەوان، ئاوا ڕادەگەیەنین و ئاواش باوەڕتان هێنا.
هەستانەوەی مردووان
12 بەڵام ئەگەر ڕاگەیەنراوە کە مەسیح لەنێو مردووان هەستێنرایەوە، ئیتر چۆن هەندێکتان دەڵێن مردووان زیندوو نابنەوە؟ 13 ئەگەر هەستانەوە لەنێو مردووان نەبێت، تەنانەت مەسیحیش هەڵنەستێنراوەتەوە. 14 ئەگەر مەسیح هەڵنەستێنرابێتەوە، ئەوسا مزگێنیدانمان بێ سوود دەبێت، باوەڕی ئێوەش هیچ سوودی نابێت. 15 ئێمەش دەبینە شایەتی درۆزن بۆ خودا، چونکە ئێمە سەبارەت بە خودا شایەتیمان دا کە مەسیحی هەستاندووەتەوە، بەڵام ئەگەر مردووان هەڵنەستنەوە، هەڵینەستاندووەتەوە. 16 ئەگەر مردووان هەڵنەستێنرێنەوە، کەواتە مەسیحیش هەڵنەستێنراوەتەوە. 17 ئەگەر مەسیح لەنێو مردووان هەڵنەستێنرابێتەوە، ئەوسا باوەڕتان پووچ دەبێت و ئێوە هێشتا لە گوناهەکانتاندان. 18 کەواتە ئەوانەی کە باوەڕیان بە مەسیح هەبوو و نوستوون[d]، لەناوچوون. 19 ئەگەر بێتو تەنها لەم ژیانە هیوامان بە مەسیح بێت، ئەوا ئێمە نەگبەتترین خەڵک دەبین لەنێو مرۆڤ.
20 بەڵام لە ڕاستیدا مەسیح لەنێو مردووان هەستایەوە و بووە نۆبەرەی نوستووان. 21 هەروەک مردن بەهۆی مرۆڤێکەوە بوو، هەستانەوەی مردووانیش بەهۆی مرۆڤێکەوەیە. 22 هەروەها چۆن هەموو بەهۆی ئادەمەوە دەمرن، بە هەمان شێوە هەموو ئەوانەش کە بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحدا زیندوو دەکرێنەوە. 23 بەڵام هەر یەکە بە نۆرەی خۆی: یەکەم جار مەسیح وەک نۆبەرە، ئینجا لە کاتی هاتنی، ئەوانەی هی مەسیحن، 24 دوای ئەمە کۆتایی دێت، کاتێک پاشایەتییەکە دەداتە خودای باوک، پاش ئەوەی هەموو سەرکردایەتی و دەسەڵات و هێزێکی لەناوبرد، 25 چونکە دەبێ پاشایەتی بکات، هەتا هەموو دوژمنانی دەخاتە ژێر پێیەوە. 26 دوا دوژمن کە لەناودەبردرێت، مردنە. 27 هەروەک نووسراوە پیرۆزەکان دەڵێن: [هەموو شتێکت خستووەتە ژێر پێی ئەو.][e] بەڵام کاتێک دەفەرموێ [هەموو شتێکت خستووەتە ژێر پێی،] ڕوونە کە ئەمە خودی خودا ناگرێتەوە، چونکە خودا هەموو شتێکی ملکەچی مەسیح کردووە. 28 کاتێک هەمووی ملکەچی کرد، ئەوسا کوڕەکەش خۆی ملکەچی ئەوە دەبێت کە هەمووی ملکەچی کردووە، تاکو خودا ببێتە هەموو شتێک لە هەموو شتێکدا.
29 ئەگینا ئەوانەی لە جیاتی مردووان لە ئاو هەڵدەکێشرێن چی دەکەن؟ ئەگەر مردووان هەرگیز هەڵناستێنرێنەوە، جا بۆچی لە پێناو مردووان لە ئاو هەڵدەکێشرێن؟ 30 بۆچی ئێمە هەموو کاتێک خۆمان دەخەینە مەترسییەوە؟ 31 ئەی خوشک و برایانم، ڕۆژانە دەمرم، وەک بە دڵنیاییەوە شانازیتان پێوە دەکەم، بەهۆی عیسای مەسیحی گەورەمان. 32 ئەگەر بە بیرکردنەوەی مرۆڤ بێت کاتێک لە ئەفەسۆس بەرەنگاری دڕندەکان بوومەوە، چ سوودێکم دەبوو؟ ئەگەر مردووان هەڵنەستنەوە:
[با بخۆین و بخۆینەوە،
چونکە سبەی دەمرین.][f]
33 هەڵمەخەڵەتێن: «پەیوەندی خراپ ڕەوشتی جوان تێکدەدات.» 34 هۆش بهێننەوە بەر خۆتان هەروەک پێویستە، گوناه مەکەن، چونکە هەندێکتان زانیاریتان سەبارەت بە خودا نییە. ئەمە بۆ شەرمەزاربوونتان دەڵێم.
هەستانەوەمان چۆن دەبێت؟
35 لەوانەیە یەکێک بڵێت: «مردووان چۆن هەڵدەستێنرێنەوە؟ بە چ جۆرە لەشێک دێن؟» 36 ئەی گێل! ئەوەی دەیچێنیت زیندوو نابێتەوە ئەگەر نەمرێت. 37 ئەوەی دەیچێنیت ئەو لەشە نییە کە دەردەکەوێت، بەڵکو تەنها دەنکێکە، لەوانەیە گەنمە یاخود هەر تۆوێکی دیکە. 38 بەڵام خودا ئەو لەشەی دەداتێ کە خۆی دەیەوێ، هەر جۆرە تۆوێک لەشێکی تایبەتی داوەتێ. 39 هەموو جەستەیەک یەک شێوەی نییە، بەڵکو مرۆڤ جەستەیەکی هەیە، ئاژەڵ جەستەیەکی دیکە، باڵندە جەستەیەک و ماسی جەستەیەکی دیکە. 40 تەنی ئاسمانی هەیە و تەنی زەویش هەیە، بەڵام شکۆیە ئاسمانییەکان شتێکە و شکۆی زەویش شتێکی دیکە. 41 شکۆی خۆر شتێکە و شکۆی مانگ شتێکە، شکۆی ئەستێرەش شتێکی دیکە، ئەستێرەش لەگەڵ ئەستێرە شکۆی جیاوازی خۆیان هەیە.
42 بەم جۆرەش هەستانەوەی مردووانیش: لە فەوتاوی دەچێنرێت، لە نەفەوتاوی هەڵدەستێنرێتەوە. 43 لە سووکایەتی دەچێنرێت، لە شکۆمەندی هەڵدەستێنرێتەوە. لە لاوازی دەچێنرێت، لە هێز هەڵدەستێنرێتەوە. 44 بە لەشی سروشتی دەچێنرێت، بە لەشی ڕۆحی هەڵدەستێنرێتەوە.
ئەگەر لەشی سروشتی هەیە، لەشی ڕۆحیش هەیە. 45 ئاواش نووسراوە: [ئادەمی یەکەم بووە گیانێکی زیندوو.][g] بەڵام دوا ئادەم، ڕۆحێکە ژیان دەبەخشێت. 46 بەڵام ڕۆحییەکە ئەوەی یەکەم نییە، بەڵکو لەشی سروشتییە و ئەوەی دواتر ڕۆحییە. 47 مرۆڤی یەکەم لە خۆڵی زەوی بوو، مرۆڤی دووەم لە ئاسمانەوەیە. 48 وەک ئەوەی لە خۆڵ بوو، ئەوانەش لە خۆڵن. ئەوەش لە ئاسمانەوەیە، ئاسمانییەکان بەم جۆرە دەبن. 49 وەک چۆن ئەو وێنەیەمان وەرگرتووە کە لە خۆڵ بوو، بە هەمان شێوە وێنەی ئاسمانی وەردەگرین.
50 ئەی خوشک و برایانم، ئەوەتان پێ دەڵێم: گۆشت و خوێن ناتوانێت ببێتە میراتگری شانشینی خودا، هەروەها فەوتاو نابێتە میراتگری نەفەوتاو. 51 ئەوەتا نهێنییەکتان پێ دەڵێم: هەموومان ناخەوین، بەڵکو هەموومان دەگۆڕدرێین، 52 لە ساتێکدا، لە چاوتروکانێک، کاتێک دوا کەڕەنا لێدەدرێت. لەبەر ئەوەی کەڕەنا دەنگ دەداتەوە، مردووانیش بێ فەوتان هەڵدەستێنرێنەوە، ئێمەش دەگۆڕدرێین، 53 چونکە هەر دەبێ ئەو سروشتە فەوتاوە نەفەوتاوی بپۆشێت و سروشتی مردوو نەمری بپۆشێت. 54 کاتێک فەوتاو نەفەوتاوی دەپۆشێت و مردن نەمری دەپۆشێت، ئەوسا وشەی نووسراو دێتە دی:
56 جا پێوەدانی مردن گوناهە، هێزی گوناهیش شەریعەتە. 57 بەڵام سوپاس بۆ خودا! لە ڕێگەی عیسای مەسیحی گەورەمان سەرکەوتن بە ئێمە دەبەخشێت.
58 کەواتە، ئەی خوشک و برایانی خۆشەویستم، چەسپاو بن. جێگیر بن. خۆتان بە تەواوی بۆ کاری عیسای خاوەن شکۆ تەرخان بکەن، چونکە دەزانن ئەو ڕەنجە بەفیڕۆ ناڕوات کە ئێوە بە یەکبوون لەگەڵ عیسای خاوەن شکۆدا دەیکێشن.
پارە کۆکردنەوە بۆ باوەڕداران
16 بەڵام لەبارەی کۆمەک بۆ گەلی پیرۆزی خودا، چۆن کڵێساکانی گەلاتیام ڕاسپاردووە، ئێوەش ئاوا بکەن. 2 لە سەرەتای هەر هەفتەیەک با هەریەکەتان چەندی لە توانادایە بیخاتە لایەک، تاکو کۆمەکەکە ئەو کاتە نەبێت کە دەگەمە لاتان. 3 کاتێک گەیشتمە لاتان، جا ئەوانەی پەسەندکراون بە نامەوە دەیاننێرم تاکو دیارییەکانتان بگەیەننە ئۆرشەلیم. 4 ئەگەر بە باشم زانی کە منیش بچم، ئەوا لەگەڵ من دەچن.
5 کاتێک لە مەکدۆنیا تێپەڕیم دێمە لاتان، چونکە بە مەکدۆنیادا تێدەپەڕم. 6 لەوانەیە ماوەیەک لەلاتان بم، یاخود هەموو زستان، تاکو ڕێگای سەفەرم بۆ ئاسان بکەن بۆ هەر شوێنێک کە بۆی دەچم، 7 چونکە ئەم جارە نامەوێت تەنها بە سەرپێیی بتانبینم، بەڵکو هیوادارم ئەگەر عیسای خاوەن شکۆ خواستی لەسەر بێت ماوەیەک لەلاتان بمێنمەوە. 8 بەڵام هەتا ڕۆژی پەنجایەمین لە ئەفەسۆس دەمێنمەوە، 9 چونکە دەرگایەکی فراوان و کاریگەرم بۆ کراوەتەوە، زۆر دوژمنیشم هەیە.
10 ئەگەر تیمۆساوس هات، ئاگاداربن با لەلاتان بەبێ ترس بێت[j]، چونکە کاری یەزدان دەکات، وەک منیش دەیکەم. 11 با کەس بە سووکی سەیری نەکات، بەڵکو بە ئاشتی بینێرنەوە لام، چونکە من و برایان چاوەڕێی دەکەین.
12 هەروەها سەبارەت بە ئەپۆلۆسی برامان، زۆر پاڕامەوە کە لەگەڵ برایان بێتە لاتان، ئەو هەرگیز نەیویست ئێستا بێتە لاتان، بەڵام کە بۆی ڕێککەوت، دێت.
کۆتایی
13 ئێشک بگرن، لە باوەڕ بچەسپێن، پیاوی ئازابن، بەهێزبن. 14 هەرچییەک دەکەن لە خۆشەویستییەوە بیکەن.
15 ئێوە دەزانن ماڵی ستیفاناس لە ئەخایا پێشەبەرە بوون، خۆیان بۆ خزمەتکردنی گەلی پیرۆزی خودا تەرخان کردبوو، خوشکان، برایان، لێتان دەپاڕێمەوە، 16 تاکو ئێوەش ملکەچی وەک ئەوانە بن، هەموو ئەوانەی لەگەڵیان ئیش دەکەن و ماندوو دەبن. 17 بە هاتنی ستیفاناس و فەرتوناتۆس و ئەخایکۆس دڵشاد بووم، چونکە شوێنی ئێوەیان گرتەوە، 18 چونکە ئەوان ڕۆحی من و ئێوەیان گەشاندەوە، جا ئەو جۆرە کەسانە بناسن.
19 کڵێساکانی ئاسیا سڵاوتان لێدەکەن. ئەکیلا و پریسکیلا، لەگەڵ ئەو کڵێسایەی لە ماڵەکەیانن بە ناوی عیسای خاوەن شکۆ بە گەرمی سڵاوتان لێدەکەن. 20 هەموو خوشک و برایان سڵاوتان لێدەکەن. بە ماچی پیرۆز سڵاو لە یەکتری بکەن.
21 من پۆڵسم، ئەم سڵاوە بە دەستی خۆم دەنووسم. 22 بەڵێ ئەو کەسەی عیسای خاوەن شکۆی خۆشناوێت با نەفرەتی لێ بێت! ئەی خاوەن شکۆ، وەرە! 23 نیعمەتی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆتان لەگەڵ بێت. 24 خۆشەویستی من لەگەڵ هەمووتان بێت کە لەگەڵ عیسای مەسیحدا یەکن. ئامین.
1 لە پۆڵسەوە کە بە خواستی خودا نێردراوی عیسای مەسیحە، هەروەها لە تیمۆساوسی براتانەوە،
بۆ کڵێسای خودا لە کۆرنسۆس و هەموو گەلی پیرۆزی خۆی لە هەموو ئەخایا:
2 با نیعمەت[k] و ئاشتی لە خودای باوکمان و عیسای مەسیحی خاوەن شکۆوە لەگەڵتان بێت.
خودای دڵنەواییکار
3 ستایش بۆ خودا، باوکی عیسای مەسیحی گەورەمان، باوکی میهرەبانی و خودای هەموو دڵنەواییەک، 4 ئەوەی لە هەموو تەنگانەیەکماندا دڵنەواییمان دەکات، تاکو بتوانین بەو دڵنەواییەی لە خوداوە دڵنەوایی کراین، دڵنەوایی ئەوانە بکەین کە لە هەر تەنگانەیەکدان، 5 چونکە هەروەک چۆن بەشداری زۆرمان کردووە لە ئازاری مەسیح، بە هەمان شێوە لە ڕێگەی مەسیحەوە دڵنەوایی زۆر دەکرێین. 6 ئەگەر تووشی تەنگانە دەبین ئەوا بۆ دڵنەوایی و ڕزگاریتانە، ئەگەر دڵنەوایی کرابین ئەوا بۆ دڵنەواییتانە، ئەوەی کاریگەرە لە ئێوەدا دانبەخۆداگرتنە بۆ هەمان ئەو ئازارانەی کە ئێمەش دەیچێژین. 7 جا هیوامان بۆ ئێوە چەسپاوە، دەزانین وەک لە ئازار بەشدارن، لە دڵنەواییشدا ئاوان.
8 خوشکان و برایانم، نامانەوێت ئەو تەنگانەیەی لە ئاسیا بەسەرمان هات لەلاتان شاراوە بێت، کە زۆر قورس بوو و لە سەرووی توانامانەوە بوو، هەتا ئەوەی لە ژیان بێهوودە بووین. 9 بەڵکو لە خۆماندا هەستمان کرد حوکمی مردنمان بۆ دراوە، تاکو پشت بە خۆمان نەبەستین، بەڵام بەو خودایەی مردووان هەڵدەستێنێتەوە. 10 ئەوەی لە مردنێکی ئاوا گەورە دەربازی کردین و دەربازمان دەکات. هیوامان پێی هەیە کە دواتریش دەربازمان دەکات، 11 ئێوەش بە پاڕانەوەکانتان یارمەتیدەرن بۆ ئێمە، تاکو خەڵکێکی زۆر لە پێناوی ئێمە لەسەر ئەو نیعمەتەی پێمان دراوە سوپاسی خودا بکەن، بەهۆی پاڕانەوەی خەڵکێکی زۆر.
پۆڵس پلانەکەی دەگۆڕێت
12 ئێمە شانازی بەمەوە دەکەین: ویژدانمان شایەتی دەدات کە هەڵسوکەوتمان لە جیهاندا، بە تایبەتی سەبارەت بە ئێوە، لە دروستی و بێ دووڕوویی بوو کە لە خودایە، نەک بە دانایی دنیایی بەڵکو بە نیعمەتی خودا. 13 شتێکی دیکەتان بۆ نانووسین جگە لەوەی بیخوێننەوە یان لێی تێبگەن. هیوادارم تاکو بە تەواوی لە ئێمە تێبگەن، 14 وەک هەندێک لێمان تێگەیشتن، تاکو شانازی ئێوە بین، وەک ئێوەش شانازی ئێمەن، لە ڕۆژی عیسای خاوەن شکۆمان.
15 جا بەم دڵنیاییەوە بە نیاز بووم کە یەکەم جار بێمە لاتان، تاکو دووبارە نیعمەتتان بۆ بێت، 16 بەرەو مەکدۆنیا بە لاتاندا تێپەڕم و لە مەکدۆنیاوە دیسان بێمەوە لاتان، ئێوەش بۆ یەهودیا بەڕێم بکەن. 17 کە بە نیازی ئەمە بووم، ئایا بە ڕاڕایی جوڵامەوە؟ یاخود بە شێوەیەکی دنیایی پلانەکانم داناوە، کە لە کاتێکدا دەڵێم: «بەڵێ، بەڵێ» و «نەخێر، نەخێر»؟
18 بەڵام هەروەک چۆن خودا دڵسۆزە، وتەکانمان بۆ ئێوە هەم «بەڵێ» و هەم «نەخێر» نییە. 19 عیسای مەسیحی کوڕی خودا، کە بەهۆی من و سیلا[l] و تیمۆساوسەوە لەنێوتاندا مزگێنی درا، «بەڵێ» و «نەخێر» نەبوو، بەڵام لەلایەن ئەوەوە هەر «بەڵێ» بووە. 20 بەڵێنەکانی خودا هەرچییەک بن، بە یەکبوون لەگەڵ مەسیح دەبن بە «بەڵێ». بۆیە بەهۆی ئەوەوە دەڵێین «ئامین» بۆ شکۆمەندی خودا. 21 بەڵام ئەوە خودایە کە دەستنیشانی کردووین، هەروەها بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحدا ئێمە لەگەڵ ئێوەدا دەچەسپێنێت. 22 خودا مۆری خۆی لێداوین و وەک پێشەکی ڕۆحی خۆی خستە دڵمانەوە بۆ دەستەبەری ئەوەی دێت.
23 خوداش دەکەمە شایەت لەسەر خۆم، بەزەییم پێتان هاتەوە کە نەهاتمەوە کۆرنسۆس. 24 نەک بەسەر باوەڕتان سالار بین، بەڵکو هاوکارین بۆ خۆشیتان، چونکە بە باوەڕ چەسپاون.
2 لەبەر ئەوە بڕیارم دا نەیەمەوە بۆ لاتان، نەوەک سەردانەکەم ببێتە مایەی خەمباری، 2 چونکە ئەگەر من خەمبارتان بکەم، کێ دڵشادم دەکات، جگە لە ئێوە کە خەمبارم کردوون؟ 3 بۆم نووسین، بۆ ئەوەی کاتێک هاتم خەمبار نەبم لەوانەی پێویستە پێیان شادبم. لە هەمووتان دڵنیام، کە شادی من هی هەمووتانە. 4 لە تەنگانەیەکی زۆر و دڵتەنگییەوە بە فرمێسکی زۆرەوە بۆم نووسین، نەوەک خەمبار بن، بەڵکو تاکو بزانن خۆشەویستیم بۆ ئێوە چەند قووڵە.
لێخۆشبوون لە گوناهبار
5 بەڵام ئەگەر یەکێک بووە هۆی خەمباری، ئەوا تەنها منی خەمبار نەکردووە، بەڵکو تاکو ڕادەیەک هەمووتانی خەمبار کردووە، ئەگەر زۆرم نەگوتبێت. 6 ئیتر بەسە ئەو سزایەی کە لەلایەن زۆرینەیە، 7 بە پێچەوانەوە، باشترە گەردنی ئازاد بکەن و دڵنەوایی بکەن، نەوەک لە خەفەتی زۆرەوە هەڵبلووشرێت. 8 لەبەر ئەوە تکاتان لێ دەکەم خۆشەویستی خۆتانی بۆ دووپات بکەنەوە، 9 چونکە بۆ ئەمە بۆم نووسین تاکو بە سەلماندنتان بزانم، ئاخۆ لە هەموو شتێکدا گوێڕایەڵن. 10 منیش گەردنی ئەو کەسە ئازاد دەکەم کە ئێوە گەردنی ئازاد دەکەن. هەروەها ئەگەر پێویستی بەوە کردبێت گەردنی کەسێک ئازاد بکەم، ئەوا لەبەردەم مەسیح لەبەر ئێوە گەردنم ئازاد کردووە، 11 نەوەک شەیتان لەخشتەمان ببات، چونکە لە مەبەستەکانی بێئاگا نین.
سەرکەوتن بەهۆی عیسا
12 کاتێک هاتمە شاری ترۆیاس بۆ ئەوەی مزگێنی مەسیح ڕابگەیەنم، مەسیحی باڵادەست دەرگایەکی بۆ کردمەوە. 13 بەڵام گیانم پشووی نەدا، چونکە تیتۆسی برام نەدۆزییەوە. ئیتر ماڵئاواییم لێیان کرد و چووم بۆ مەکدۆنیا.
14 بەڵام سوپاس بۆ خودا، ئەوەی هەموو کاتێک لە کەژاوەی سەرکەوتنی مەسیحدا ڕابەرایەتیمان دەکات، لە هەموو شوێنێک بەهۆی ئێمەوە بۆنی خۆشی ناسینەکەی بڵاو دەکاتەوە، 15 چونکە ئێمە بۆنی خۆشی مەسیحین بۆ خودا، لەنێوان ئەوانەی ڕزگاریان دەبێت و لەنێوان ئەوانەی لەناودەچن. 16 بۆ ئەوانە بۆنی مردنە بۆ مردن، بۆ ئەوانی دیکە بۆنی ژیانە بۆ ژیان. ئایا کێ شیاوە بۆ ئەم شتانە؟ 17 ئێمە وەک زۆر کەس بازرگانی بە پەیامی خوداوە ناکەین، بەڵکو بە بێ دووڕوویی لە خوداوە و لەبەردەم خودا بە ناوی مەسیح دەدوێین.
خزمەتکاری پەیمانی نوێ
3 ئایا دیسان دەست بەوە بکەینەوە بە خۆماندا هەڵبدەین؟ ئایا وەک هەندێک کەس، پێویستیمان بە ڕاسپاردەنامەیە بۆ ئێوە یان لە ئێوەوە؟ 2 ئێوە نامەی ئێمەن، کە لە دڵماندا نووسراوە، کە هەموو خەڵک دەیخوێننەوە و دەیزانن. 3 ئێوە دەرکەوتن نامەی مەسیحن، کە ئێمە خزمەتمان کردووە، بە مەرەکەب نەنووسراوە بەڵکو بە ڕۆحی خودای زیندوو، نەک لەسەر تەختەی بەردین، بەڵکو لەسەر تەختە دڵی مرۆڤ.
4 بەهۆی مەسیح متمانەی ئاوامان بە خودا هەیە. 5 ئێمە خۆمان لێهاتوو نین کە بیر لە شتێک بکەینەوە و پێمان وابێت لە خۆمانەوەیە، بەڵکو لێهاتووییمان لە خوداوەیە. 6 ئەوەی لێهاتووی کردین تاکو ببینە خزمەتکاری پەیمانی نوێ، ئەوەی پیت نییە بەڵکو ڕۆحی پیرۆزە، چونکە پیت[m] دەکوژێت، بەڵام ڕۆحەکە ژیان دەدات.
7 ئەگەر بێتو ئەو خزمەتەی کە بووە هۆی مردن و بە پیت لەسەر بەرد هەڵکەنراو بوو بە شکۆوە هاتبێت، تەنانەت نەوەی ئیسرائیل نەیانتوانی تەماشای ڕووی موسا بکەن، لەبەر شکۆی ڕووی کە فەوتاوە، 8 ئیتر چەند زیاتر خزمەتی ڕۆحی پیرۆز شکۆدارتر دەبێت؟ 9 چونکە ئەگەر خزمەتی تاوانبارکردن شکۆمەندی بێت، ئاخۆ دەبێ خزمەتی بێتاوانکردن چەند زیاتر لە شکۆمەندیدا بێت؟ 10 شکۆدارکراویش لە بەراورد بە شکۆی لە ڕادەبەدەر شکۆی نەماوە، 11 چونکە ئەگەر فەوتاو لە شکۆمەندیدا بێت، ئەی ئەوەی هەمیشەییە چەند زیاتر لە شکۆمەندیدا دەبێت!
12 لەبەر ئەوەی هیوایەکی ئاوامان هەیە، زۆر ئازایانە دەجوڵێینەوە، 13 نەک وەکو موسا کە پێچەی لەسەر ڕووی دادەنا تاکو نەوەی ئیسرائیل تەماشای کۆتایی شکۆی فەوتاو[n] نەکەن. 14 بەڵکو مێشکیان تاریک بووە، چونکە تاکو ئەمڕۆش، کاتێک پەیمانی کۆن دەخوێنرێتەوە هەمان پێچە ماوە و لانەدراوە، چونکە تەنها بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحدا دەتوانرێت لاببردرێت. 15 بەڵام تاکو ئەمڕۆ کاتێک تەوراتی موسا دەخوێنرێتەوە پێچە لەسەر دڵیان دانراوە. 16 بەڵام ئەگەر یەکێک بۆ یەزدان گەڕایەوە، ئەوا پێچەکە لادەچێت، 17 چونکە یەزدان ڕۆحەکەیە، هەروەها ڕۆحی یەزدان لەکوێ بێت، ئازادی لەوێیە. 18 هەموومان بە ڕووێکی ئاشکرا وەک ئاوێنە وێنەدانەوەی شکۆی خودا دەدەینەوە، لە شکۆیەک بۆ شکۆیەک بۆ هەمان وێنە دەگۆڕدرێین، ئەوەش لە یەزدانەوەیە کە ڕۆحەکەیە.
دڵسۆزی لە خزمەتکردن
4 بۆیە کە ئەم خزمەتەمان هەیە، وەک بەر بەزەیی خودا کەوتین، ورە بەرنادەین، 2 بەڵکو شتە شاراوەکانی سەرشۆڕیمان ڕەتکردەوە، بە فێڵبازی ناکەین و دەستکاری پەیامی خودا ناکەین، بەڵکو بە دەرخستنی ڕاستی، بۆ ویژدانی هەرکەسێک لەبەردەم خودا خۆمان دەسەلمێنین. 3 بەڵام ئەگەر مژدەکەمان[o] شاراوە بێت، ئەوا لەنێو ئەوانە شاراوەیە کە لەناودەچن، 4 لێرەدا خوداوەندی ئەم دنیایە[p] بیری بێباوەڕانی کوێر کردووە، تاکو ڕووناکی مزگێنی شکۆی مەسیحیان بۆ نەدرەوشێتەوە، ئەوەی وێنەی خودایە. 5 ئێمە خۆمان ڕاناگەیەنین، بەڵکو عیسا کە مەسیحی باڵادەستە، خۆشمان لە پێناوی عیسا بەندەی ئێوەین، 6 چونکە خودا، ئەوەی فەرمووی: [با لە تاریکیدا ڕووناکی بدرەوشێتەوە،][q] ئەو لە دڵماندا درەوشایەوە، بۆ ڕووناککردنەوەی ناسینی شکۆی خودا لەڕووی عیسای مەسیحدا.
7 بەڵام ئەم گەنجینەی هەمانە لەناو گۆزەی گڵیندایە، تاکو دەربکەوێت کە وزەی لە ڕادەبەدەر لە خوداوەیە نەک لە ئێمەوە. 8 لە هەموو لایەکەوە پەستین، بەڵام تەنگەتاو نین؛ دەشێوێین، بەڵام بێ ئومێد نین؛ 9 چەوسێنراوەین، بەڵام بەجێنەهێڵدراوین؛ بە زەویدا دەدرێین، بەڵام لەناو ناچین. 10 هەمیشە چۆنیەتی مردنی عیسا لە لەشدا هەڵدەگرین[r]، تاکو ژیانی عیسا لە لەشماندا دەربکەوێت، 11 چونکە ئێمەی زیندوو هەردەم لە پێناوی عیسا دەدرێینە دەست مردن، تاکو ژیانی عیسا لە جەستەی مردوومان دەربکەوێت. 12 کەواتە مردن لە ئێمەدا کار دەکات، بەڵام ژیان لە ئێوەدا.
چاونەترسی لە خزمەتکردن
13 کە هەمان ڕۆحی باوەڕمان هەیە، بەگوێرەی نووسراو: [باوەڕم کرد بۆیە قسەم کرد،][s] ئێمەش باوەڕمان هەیە بۆیە قسە دەکەین. 14 دەزانین ئەوەی عیسای خاوەن شکۆی هەستاندەوە ئێمەش لەگەڵ عیسادا هەڵدەستێنێتەوە، لەگەڵ ئێوەش دەمانباتە بەردەمی خۆی. 15 هەموو ئەم ئازار چێژتنە لە پێناوی ئێوەیە، تاکو ئەو نیعمەتەی کە ئێستا دەگاتە خەڵکێکی زیاتر ببێتە مایەی زیادکردنی سوپاسگوزاری بۆ شکۆمەندی خودا.
16 بۆیە ورە بەرنادەین. ئەگەر بە ڕواڵەتیش لەناوبچین، ئەوا ناوەڕۆکمان ڕۆژ بە ڕۆژ نوێتر دەبێتەوە، 17 چونکە تەنگانەی سووک و کاتیمان شکۆمەندییەکی گرانی هەتاهەتایی بۆ ئێمە لێ دێتە کایەوە. 18 ئێمە تەماشای شتە بینراوەکان ناکەین، بەڵکو شتە نەبینراوەکان، چونکە بینراوەکان کاتین، بەڵام نەبینراوەکان هەمیشەیین.
ماڵی هەتاهەتایی
5 لەبەر ئەوەی ئێمە دەزانین، ئەگەر چادرە زەمینییەکەمان[t] ڕووخا، خانووێکمان لە خوداوە هەیە کە هەتاهەتاییە لە ئاسماندایە، خانووێکی دەستکرد نییە. 2 ئێمەش لەم چادرەدا دەناڵێنین، شەیداین ماڵی ئاسمانیمان لە سەری بپۆشین، 3 چونکە ئەگەر پۆشیمان بە ڕووتی نابینرێین. 4 لەبەر ئەوەی لەم چادرەداین لەبەر بارگرانی دەناڵێنین، کە نامانەوێت دایبکەنین بەڵکو بپۆشرێین، تاکو مردن لەلایەن ژیانەوە قووت بدرێت. 5 خودایە ئەوەی ئێمەی بە تایبەت بۆ ئەمە دروستکردووە، ئەویش وەک پێشەکی ڕۆحی پیرۆزی پێمان داوە بۆ دەستەبەری ئەوەی دێت.
6 بۆیە هەموو کات دڵنیاین و دەزانین کە هەتا لە لەشدا نیشتەجێ بین، لە عیسای خاوەن شکۆ دوورین، 7 چونکە بە باوەڕ دەڕۆین نەک بە بینراو. 8 ئیتر دڵنیاین و بە باشتری دەزانین، لە لەش دوور بکەوینەوە و لەلای عیسای خاوەن شکۆ نیشتەجێ بین. 9 بۆیە ئامانجی بەرزمان دادەنێین، ئەگەر لە لەشدا نیشتەجێ بین یان دوور بین، ئەو لێمان ڕازی بێت، 10 چونکە دەبێت هەموومان لەبەردەم تەختی دادگایی مەسیح دەربکەوین، تاکو هەریەکە بۆ ئەو شتانەی بەهۆی جەستەوە کردوویەتی شایستەیی خۆی وەربگرێت، ئەگەر باشە یاخود خراپە.
خزمەتی ئاشتبوونەوە
11 لەبەر ئەوەی ترسی مەسیحی خاوەن شکۆ لە دڵمانە، هەر بۆیە هەوڵ دەدەین خەڵکی قایل بکەین. بۆ خوداش دەرکەوتین، هیوادارم بۆ ویژدانی ئێوەش بە تەواوی دەربکەوین. 12 ئێمە نامانەوێ جارێکی دیکە لە لای ئێوە بەخۆماندا هەڵبدەین، بەڵکو دەرفەتێکتان دەدەینێ شانازیمان پێوە بکەن، تاکو بتوانن وەڵامی ئەوانە بدەنەوە کە شانازی بە ڕواڵەتەوە دەکەن، نەک بە دڵ. 13 ئەگەر مێشکمان تێکچووبێت، لەبەر خودایە، ئەگەر هۆشمەند بین، لەبەر ئێوەیە. 14 خۆشەویستی مەسیح دیلی کردووین، چونکە دڵنیاین لەوەی کە یەکێک لە جیاتی هەموو خەڵک مرد، بۆیە هەموو خەڵک مردن. 15 ئەو لەبری هەمووان مرد تاکو زیندووان ئیتر بۆ خۆیان نەژین، بەڵکو بۆ ئەو کەسەی لە پێناویان مرد و هەستایەوە.
16 لەبەر ئەوە بە چاوی دنیاییەوە سەیری کەس ناکەین. ئەگەر پێشتر بە چاوی دنیاییەوە سەیری مەسیحمان کردبێت، ئیتر لەمەودوا بەو چاوە سەیری ناکەین. 17 کەواتە ئەگەر هەرکەسێک لەگەڵ مەسیحدا ببێتە یەک، دەبێت بە بەدیهێنراوێکی نوێ. شتە کۆنەکان بەسەرچوون و شتی نوێ هاتووە! 18 ئەمەش هەمووی لە خوداوەیە، کە لەگەڵ خۆی لە ڕێگەی مەسیحەوە ئاشتی کردینەوە و خزمەتی ئەم ئاشتبوونەوەی پێداین، 19 واتە خودا بە یەکبوون لەگەڵ مەسیح جیهانی لەگەڵ خۆی ئاشت دەکردەوە، گوناهەکانیان لەسەر نانووسێت و پەیامی ئاشتبوونەوەی بە ئێمە سپاردووە. 20 کەواتە ئێمە باڵوێزی مەسیحین، خوداش لە ڕێگەی ئێمەوە جیهان بانگهێشت دەکات، لەبری مەسیح لێتان دەپاڕێینەوە: لەگەڵ خودا ئاشت بنەوە. 21 ئەوەی گوناهی نەدەناسی خودا لە پێناوی ئێمە کردییە گوناه، تاکو بە یەکبوون لەگەڵ ئەو ببین بە ڕاستودروستی خودا.
6 وەک هاوکاری خوداین، لێتان دەپاڕێینەوە نیعمەتی خودا بێ سوود وەرمەگرن، 2 چونکە دەفەرموێ:
[لە کاتی پەسەندیم گوێم لێگرتیت،
لە ڕۆژی ڕزگاریدا یارمەتیم دایت.][u]
ئەوەتا ئێستایە کاتی پەسەندی خودا و ئێستایە ڕۆژی ڕزگاری.
خۆسەلماندنی پۆڵس
3 لە هیچ شتێکدا نابینە کۆسپ، نەوەک گلەیی بێتە سەر خزمەت، 4 بەڵکو لە هەموو شتێکدا وەک خزمەتکاری خودا خۆمان دەسەلمێنین: بە دانبەخۆداگرتنی زۆرمان، لە تەنگانە، ناخۆشی و لێقەومان، 5 لە لێدان و زیندان و ئاژاوە، ماندووبوونی و شەونخونی و برسیێتی، 6 بە پاکی و زانیاری و ئارامگرتن و نیانی، بە ڕۆحی پیرۆز و خۆشەویستی بێ دووڕوویی، 7 لە قسەی ڕاستدا، لە هێزی خودا، بە چەکەکانی ڕاستودروستی بۆ دەستە ڕاست و چەپ، 8 بە شکۆ و سووکایەتی، ناوزڕاو و ناوبانگ، کە ڕاستگۆین و وەک فێڵباز دەبینرێین، 9 وەک نەناسراو بەڵام ناسراوین، وەک مردوو ئەوەتا زیندووین، وەک سزادراو بەڵام نەکوژراوین، 10 وەک خەمبار، بەڵام هەردەم دڵشادین، وەک هەژار بەڵام زۆران دەوڵەمەند دەکەین، وەک هیچمان نەبێت و هەرچەندە هەموو شتێکمان هەیە.
11 ئەی کۆرنسۆسییەکان، بە ڕاشکاوی قسەتان بۆ دەکەین و دڵمان فراوانە. 12 ئێمە هەست و سۆزی خۆمانتان لێ ناستێنین، بەڵکو ئێوە لە ئێمەی دەستێنن. 13 ئەمە ئاڵوگۆرکارییە، وەک بۆ منداڵانم دەدوێم، ئێوەش دڵتان بکەنەوە.
پەرستگای خودای زیندوو
14 لەگەڵ بێباوەڕان لەژێر یەک نیردا[v] مەبن، چونکە چ هەماهەنگییەک لەنێوان ڕاستودروستی و خراپەدا هەیە؟ یاخود چ هاوبەشییەکە لەنێوان تاریکی و ڕووناکیدا؟ 15 چ ڕێککەوتنێک لەنێوان مەسیح و بەلیعالدا[w] هەیە؟ یان باوەڕدار چ پشکێکی لەگەڵ بێباوەڕدا هەیە؟ 16 پەرستگای خوداش چ ڕێککەوتنێکی لەگەڵ بت هەیە؟ چونکە ئێمە پەرستگای خودای زیندووین، وەک خودا فەرموویەتی:
[تێیاندا نیشتەجێ دەبم و لەگەڵیان دەڕۆم،
دەبم بە خودای ئەوان و ئەوانیش دەبن بە گەلی من.][x]
17 [یەزدان دەفەرموێ:
لەبەر ئەوە لەناوەڕاستیان بڕۆنە دەرەوە و
بەجێیان بهێڵن.
دەست مەدەنە هیچ گڵاوێک،
ئینجا وەرتاندەگرمەوە.][y]
18 [یەزدانی هەرە بە توانا ئەمە دەفەرموێت:
من دەبمە باوکی ئێوە و
ئێوەش دەبنە کوڕ و کچی من.][z]
7 خۆشەویستان، لەبەر ئەوەی ئەم بەڵێنانەمان هەیە، با خۆمان لە هەموو گڵاوییەکی جەستە و ڕۆح پاک بکەینەوە، لە ترسی خودا پیرۆزی تەواو بکەین[aa].
تۆبەکردن بەهۆی خەمباری
2 دڵتان بۆمان بکەنەوە. ستەممان لە کەس نەکردووە، ڕەوشتی کەسمان تێک نەداوە، کەسمان بۆ ڕووتاندنەوە بەکارنەهێناوە. 3 ئەمە ناڵێم بۆ ئەوەی تاوانبارتان بکەم، چونکە پێشتر گوتوومە کە ئێوە لە دڵماندان بە ڕادەیەک کە ئامادەین لەگەڵتان بمرین و لەگەڵتان بژین. 4 متمانەیەکی زۆرم پێتان هەیە و زۆر شانازیشتان پێوە دەکەم، لە هەموو تەنگانەکانماندا پڕبووم لە دڵنەوایی و خۆشییەکی لە ڕادەبەدەر.
5 ڕاستە، لەو کاتەوەی هاتووینەتە مەکدۆنیا، جەستەمان حەسانەوەی نەبووە، بەڵکو لە هەموو لایەک هەراسان بووین، لە دەرەوە ناکۆکی و لە ناوەوە ترس. 6 بەڵام خودا کە دڵنەوایی ماتومەلوولەکان دەکات، بە هاتنی تیتۆس دڵنەوایی کردین، 7 نەک تەنها بە هاتنی، بەڵکو بەو دڵنەواییەی لەلایەن ئێوە کراوە. بۆی گێڕاینەوە لەبارەی پەرۆشی و پەژارە و دڵگەرمیتان بۆ من، زیاتر دڵشاد بووم.
8 جا ئەگەر بە نامەکە خەمبارم کردبن، پەشیمان نیم، هەرچەندە پەشیمان بوومەوە، چونکە دەبینم نامەکە بۆ ماوەیەک خەمباری کردن. 9 بەڵام ئێستا دڵشادم، نەک لەبەر ئەوەی خەمبار بوون، بەڵکو لەبەر ئەوەی خەمباریتان ئێوەی بۆ تۆبەکردن برد. بێگومان بەگوێرەی ویستی خودا خەمبار بوون، تاکو بەهۆی ئێمەوە هیچ زیانێک نەکەن، 10 چونکە ئەو خەمبارییەی لە خوداوەیە، دەبێتە هۆی تۆبەکردن، ئەمەش ئەنجامەکەی ڕزگارییە و کەس لێی پەشیمان نابێتەوە، بەڵام ئەو خەمبارییەی لە جیهانەوەیە دەبێتە هۆی مردن. 11 کەواتە سەیر بکەن خەمباری بەگوێرەی ویستی خودا چەندی لە ئێوەدا بەرهەم هێناوە: چ پەرۆشییەک، چ پاکانەیەک، چ تووڕەییەک، چ ترسێک، چ تامەزرۆییەک، چ دڵگەرمییەک، چ حەزێک بۆ دادپەروەری! لە هەموو شتێکدا خۆتان سەلماند کە بێتاوانن لەو باسەدا. 12 کەواتە ئەگەر بۆم نووسیون، لە پێناوی تاوانبار یاخود تاوان لێکراو نییە، بەڵکو بۆ ئەوەی لەبەردەم خودا ببینن کە ئێوە چەند پەرۆشی ئێمەن، 13 بۆیە دڵنەوایی کراین.
بەڵام لەسەر دڵنەواییەکە، بەهۆی دڵخۆشی تیتۆس زۆر زیاتر دڵخۆش بووین، چونکە گیانی بە هەمووتان حەسایەوە. 14 ئەگەر بەرامبەر ئەو شانازیم بە ئێوەوە کردبێت، شەرمم نەکردووە، بەڵکو وەک هەموو شتێکمان بە ڕاستگۆیی پێ گوتن، شانازیمان لای تیتۆس بووە ڕاستی. 15 دڵیشی زیاتر بۆتان دەچێت کە یادی گوێڕایەڵی هەمووتان دەکاتەوە، چۆن بە ترس و لەرزەوە پێشوازیتان لێکرد. 16 دڵشادم کە لە هەموو شتێکدا لێتان دڵنیام.
بەخشین بە دڵفراوانی
8 ئێستاش خوشکان، برایان، حەز دەکەین نیعمەتی خودا بزانن کە دراوەتە کڵێساکانی مەکدۆنیا. 2 ئەوان لە تەنگانەیەکی زۆر گەورەدا بوون، بەڵام ژیانیان پڕ بوو لە خۆشی، لەگەڵ ئەوەی زۆر هەژار بوون، بەڵام دڵفراوان و بەخشندە بوون. 3 شایەتی دەدەم کە بەگوێرەی توانای خۆیان و تەنانەت لە سەرووی توانای خۆشیانەوە بەخشینیان داوە، دەستپێشخەرییان کرد و 4 زۆر لێمان پاڕانەوە تاکو نیعمەتی بەشداربوون لە خزمەتی گەلی پیرۆزی خودا وەربگرن. 5 نەک وەکو ئەوەی چاوەڕێمان دەکرد، بەڵکو یەکەم جار خۆیان پێشکەشی عیسای خاوەن شکۆ کرد ئینجا ئێمە، بە خواستی خودا، 6 ئەوە بوو تکامان لە تیتۆس کرد کە ئەم نیعمەتەی[ab] لەلاتان دەستی پێکردووە تەواوی بکات. 7 بەڵام وەک چۆن لە هەموو شتێکدا زیادتان کردووە، لە باوەڕ، لە قسەکردن، لە زانیاری، لە هەموو کۆششێک، لە خۆشەویستییان بۆ ئێمە، ئاوا لەم نیعمەتەش زیاد بکەن.
8 ئەمەتان وەک فەرمانێک پێ ناڵێم، بەڵکو بە بەراورد لەگەڵ پەرۆشی کەسانی دیکە، ڕاستەقینەیی خۆشەویستیتان تاقی دەکەمەوە. 9 نیعمەتی عیسای مەسیحی گەورەمان دەزانن، هەرچەندە دەوڵەمەند بوو، لە پێناوی ئێوەدا بووە هەژار، بۆ ئەوەی ئێوە بە هەژاری ئەو دەوڵەمەند بن.
10 لەمەشدا بیروڕای خۆمتان پێ دەڵێم چونکە ئەمە بەسوودە بۆتان: ئێوە پار دەستتان بە بەخشین کرد، نەک تەنها ئەمەتان کردووە، بەڵکو ئارەزووشتان دەکرد کە ئەنجامی بدەن. 11 ئێستا کارەکە تەواو بکەن، هەروەک پەرۆشی خواستی بوون، ئاوا تەواوکردنیش بە خواستی خۆتانە، 12 چونکە ئەگەر پەرۆشی هەبێت، ئەوا خودا بەگوێرەی ئەوەی کە کەسەکە هەیەتی پەسەندی دەکات، نەک بەگوێرەی ئەوەی نییەتی.
13 مەبەستم ئەوە نییە خەڵکی دیکە بحەسێنەوە و فشارم لەسەر ئێوە بێت، بەڵکو بە یەکسانی. 14 لە کاتی ئێستادا با پڕی ئێوە کەموکوڕی ئەوان پڕ بکاتەوە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا پڕی ئەوانیش کەموکوڕی ئێوە پڕ بکاتەوە، تاکو یەکسان ببێت. 15 وەک نووسراوە: [نە ئەوەی زۆری کۆکردووەتەوە زیادی کردووە و نە ئەوەی کەمی کۆکردووەتەوە کەمی کردووە.][ac]
ناردنی تیتۆس بۆ کورنسۆس
16 بەڵام سوپاس بۆ خودا کە هەمان پەرۆشیی خستە دڵی تیتۆس بۆ ئێوە، 17 چونکە تیتۆس نەک تەنها پێشوازی لە داواکارییەکەی کرد، بەڵکو بە دەستپێشخەری خۆی و بەوپەڕی پەرۆشییەوە دێت بۆ لاتان. 18 برایەکمان لەگەڵیدا نارد کە بە هۆی خزمەتکردنی پەیامی ئینجیل هەموو کڵێساکان ستایشی دەکەن. 19 نەک تەنها ئەوە، بەڵکو لەلایەن کڵێساکانەوە هەڵبژێردراوە بۆ ئەوەی یاوەریمان بکات لە گەشتەکەماندا، لە کاتێکدا کە ئێمە بەخشینەکە هەڵدەگرین و دابەشی دەکەین بۆ شکۆمەندی مەسیحی خاوەن شکۆ خۆی و بۆ پیشاندانی پەرۆشیمان بۆ خزمەت. 20 ئێمە خۆمان لە هەموو گلەییەک دەپارێزین، نەوەک کەسێک ڕەخنە لە شێوازی بەڕێوەبردنی ئەم بەخشینە گەورەیە بگرێت، 21 چونکە بە نیازی چاکەین، نەک تەنها لەبەردەم یەزدان، بەڵکو لەبەردەم خەڵکیش.
22 لەگەڵ ئەواندا برایەکمان نارد، کە زۆر جار لە زۆر شت تاقیمان کردووەتەوە چالاک بووە، ئێستاش بەو دڵنیاییە زۆرەی بە ئێوەی هەیە زۆر چالاکترە. 23 لەبارەی تیتۆس، ئەو هاوبەش و هاوکارمە بۆ ئێوە، بەڵام ئەم برایانە پەیامبەری کڵێساکانن و مایەی شکۆمەندین بۆ مەسیح. 24 بۆیە بەڵگەی خۆشەویستی خۆتان و هۆی شانازیمان بە ئێوە بۆ ئەوان دەربخەن بۆ ئەوەی لەبەردەم کڵێساکاندا دەربکەوێت.
بەخشین بە دڵشادییەوە
9 سەبارەت بە خزمەتکردنی گەلی پیرۆزی خودا، پێویست نییە بۆتان بنووسم، 2 چونکە پەرۆشیتان دەزانم و لەلای مەکدۆنییەکان شانازیم پێوە کردووە، کەوا ئێوە لە ئەخایا لە پارەوە ئامادەبوون و دڵگەرمیتان زۆربەیانی جۆشدا. 3 بەڵام برایان دەنێرم، نەوەک شانازیکردنمان پێتانەوە بەفیڕۆ بڕوات، تاکو ئامادەبن هەروەک گوتم، 4 چونکە ئەگەر هەندێک لە مەکدۆنییەکان لەگەڵم بێن و بینین کە ئێوە هێشتا ئامادە نین، ئەوا شەرمەزار دەبین بەهۆی ئەو متمانەیەی بە ئێوەمان هەبوو، ئێوەش شەرمەزار دەبن. با باسی ئەوەش نەکەم کە ئێوە چەندە شەرمەزار دەبن. 5 بۆیە بە پێویستم زانی لە برایان بپاڕێمەوە، تاکو پێشڕەوی بکەن بۆ لاتان و زوو ئەو بەخشینەتان ڕێکبخەن کە پێشتر بەڵێنتان دابوو، تاکو وەک بەخشینێکی لە دڵفراوانییەوە بێت، نەک لە ناچارییەوە بێت.
6 ئەمەش بزانن: «ئەوەی کەم بچێنێت کەم دەدروێتەوە، ئەوەی بە دڵفراوانی بچێنێ بە دڵفراوانی دەدروێتەوە.» 7 با هەریەکە ئەوەندەی لەسەر دڵیەتی بیدات، نەک بە دڵتەنگی و ناچاری، چونکە ئەوەی بە دڵخۆشییەوە ببەخشێت خودا خۆشی دەوێت. 8 خوداش دەتوانێت هەموو نیعمەتێکتان بەسەردا بڕژێنێت، تاوەکو ئێوە هەمیشە هەموو ئەو شتانەتان هەبێت کە پێویستتانە، بۆ ئەوەی لە هەموو کارێکی باشدا سەرڕێژ بن. 9 وەک نووسراوە:
[بە دڵفراوانییەوە بە هەژارانی بەخشیوە،
ڕاستودروستییەکەی هەتاهەتایە چەسپاوە.][ad]
10 جا ئەو خودایەی تۆو بۆ جوتیار و نان بۆ خۆراک دابین دەکات، تۆوتان بۆ دابین دەکات و چەند هێندەی دەکات و بەرهەمی ڕاستودروستیتان زیاد دەکات. 11 لە هەموو شتێکدا دەوڵەمەند دەبن تاکو هەموو کاتێک دڵفراوان بن، دڵفراوانییەکەتان لە ڕێگەی ئێمەوە سوپاسی خودای لێدەکەوێتەوە.
12 ئەم خزمەتەی ئێوە دەیکەن، تەنها پێداویستییەکانی گەلی پیرۆزی خودا پڕ ناکاتەوە، بەڵکو وا دەکات کە زۆر کەس سوپاسی خودا بکەن. 13 لە ڕێگەی ئەو خزمەتەوە کە دەیکەن ئێوە خۆتان سەلماندووە، شکۆمەندی خودا دەردەخەن بە گوێڕایەڵی و دانپێدانانتان بە پەیامی ئینجیلی مەسیح، هەروەها دڵفراوانیتان لە بەشداریتان لەگەڵ ئەوان و هەموو لایەک. 14 هەروەها لە پاڕانەوەیان بۆ ئێوە، تامەزرۆی بینینی ئێوەن لەبەر ئەو نیعمەتە لە ڕادەبەدەرەی خودا کە پێتان دراوە. 15 سوپاس بۆ خودا لە پێناوی ئەم بەخشینەی کە بە دەم باس ناکرێت.
بەرگری پۆڵس لە خزمەتەکەی
10 من وەک پۆڵس، کە بە من دەڵێن لەو کاتەی لەگەڵتانم شەرمنم، بەڵام کە لێتان دوورم بەرامبەر بە ئێوە بوێرم، بە بێفیزی و نەرمونیانی مەسیح لێتان دەپاڕێمەوە و 2 داواتان لێ دەکەم ناچارم مەکەن کاتێک لەلاتانم ئەو بوێرییەم بەکاربهێنم، چونکە پێم وایە هەر دەبێت بەکاریبهێنم بەرامبەر بەو کەسانەی کە پێیان وایە ئێمە بەگوێرەی بنەمای جیهان دەژین. 3 هەرچەندە لە جیهاندا دەژین، بەڵام بەگوێرەی بنەمای جیهان ناجەنگین، 4 چونکە ئەو چەکەی شەڕی پێدەکەین جیهانی نییە، بەڵکو چەکی خوداییە کە توانای وێرانکردنی قەڵای هەیە. 5 هەموو بەڵگەیەک و هەر شتێک کە بۆ بەرهەڵستی زانیاری خودا دەربکەوێت لەناوی دەبەین، هەموو بیرێکیش بۆ گوێڕایەڵی مەسیح بە دیل دەگرین. 6 هەر کاتێک ئێوە تەواو ملکەچ بوون، ئەو کاتە ئامادەین سزای هەموو یاخیبوونێک بدەین.
7 ئێوە سەیری ڕواڵەت دەکەن. ئەگەر یەکێک دڵنیابێت کە هی مەسیحە، با ئەوە بزانێت کە وەک چۆن ئەو هی مەسیحە، ئێمەش بە هەمان ئەندازە هی مەسیحین. 8 ئەگەر تۆزێک زیاتر شانازیم بە دەسەڵاتمانەوە کردبێت ئەوەی مەسیحی باڵادەست داویەتی بۆ بنیادنانتان نەک بۆ وێرانکردنتان، شەرمی پێوە ناکەم. 9 نامەوێ وا دەرکەوم کە بە نامەکان دەتانترسێنم. 10 لەوانەیە هەندێک بڵێن: «نامەکان قورس و بەهێزن، بەڵام ئامادەبوونی خۆی لاوازە و قسە بەتاڵە.» 11 با ئەو جۆرە کەسانە بزانن، ئەوەی لە دوورەوە و بە ڕێگای نامە بۆتان دەنووسین، هەمان ئەو شتە دەکەین کاتێک لەلاتان بین.
12 ئێمە ناوێرین خۆمان لەگەڵ ئەوانە بەراورد بکەین یاخود خۆمان بخەینە ڕیزی ئەوانەی کە بەخۆیاندا هەڵدەدەن. کاتێک خۆیان بە خۆیان بەراورد دەکەن و دەپێون، ئیتر هیچ تێناگەن. 13 بەڵام ئێمە زیاد لە پێوانە شانازی ناکەین، بەڵکو بەگوێرەی پێوانەی ئەو سنوورەی خودا بۆی داناوین، تاکو ئاستێک کە بگەینە ئێوەش. 14 ئێمە سنووری خۆمان نابەزێنین کە شانازیتان پێوە دەکەین، بەوەی گەیشتینە ئێوە، چونکە بە خزمەتی ڕاگەیاندنی مزگێنی مەسیح گەیشتینە ئێوەش. 15 زیاد لە ڕادەی خۆی شانازی بە ڕەنجی خەڵکییەوە ناکەین، بەڵام هیوادارین کاتێک باوەڕتان گەشە دەکات، لەنێوتاندا سنووری خزمەتەکەمان زۆر زیاتر بێت، 16 تاکو مزگێنی بدەینە ئەو ناوچانەش کە لە ئێوە دوورترن، نامانەوێت شانازی بکەین بەو کارەی کە پێشوەخت لە سنووری یەکێکی دیکە ئەنجام دراوە. 17 [ئەوەی شانازی دەکات، با شانازی بە یەزدانەوە بکات.][ae] 18 ئەوەی بە خۆیدا هەڵدەدات پەسەند ناکرێت، بەڵکو ئەوەی مەسیحی خاوەن شکۆ پێیدا هەڵدەدات.
پۆڵس و نێردراوە درۆزنەکان
11 هیوادارم بەرگەی هەندێک گێلایەتی من بگرن، هەرچەندە بەرگەشم دەگرن. 2 بە ئیرەییەکی[af] خوداییانە ئیرەییتان پێ دەبەم، چونکە لە پیاوێک نیشانم کردن، تاکو وەک پاکیزەیەکی پاک پێشکەشی مەسیحتان بکەم. 3 بەڵام دەترسم، وەک مارەکە حەوای بە فێڵەکەی هەڵخەڵەتاند، بیری ئێوەش لەو دڵسۆزی و پاکییە بۆ مەسیح چەواشە بکرێت، 4 چونکە ئەگەر یەکێک بێت و عیسایەکی دیکە[ag] ڕابگەیەنێت جیاواز لەوەی ڕامانگەیاند، یان ڕۆحێکی دیکە وەربگرن جیاواز لەوەی وەرتانگرت، یان مزگێنییەکی دیکە ڕابگەیەنێت جیاواز لەوەی وەرتانگرت، ئەوا بە ئاسانی وەریدەگرن. 5 پێم وایە هیچم لەو «نێردراوە بەرزانە» کەمتر نییە. 6 ئەگەر لە قسەکردندا زمان پاراو نەبم، خۆ زانیاریم هەیە، بەڵکو لە هەر لایەک و لە هەموو شتێک بۆ ئێوەمان دەرخست.
7 یاخود گوناهم کردووە کە خۆمم نزم کردەوە تاکو ئێوە بەرز بنەوە، چونکە بەخۆڕایی مژدەی ئینجیلی خودام بۆ جاڕدان؟ 8 کڵێساکانی دیکەم تاڵان کرد کە خەرجیم لێیان وەرگرت بۆ خزمەتەکەتان. 9 کاتێک لەگەڵتان بووم و پێویستیم هەبوو، نەبوومە بار بۆ کەس، چونکە برایان لە مەکدۆنیاوە هاتن پێویستییەکانی منیان پڕکردەوە. لە هەموو شتێکدا خۆمم پاراست بۆ ئەوەی بارگرانی نەخەمە سەرتان و بەردەوام خۆمی لێ دەپارێزم. 10 وەک ڕاستی مەسیح لە مندایە، لە ناوچەکانی ئەخایا ئەم شانازیەم لێ ناسەنرێتەوە. 11 بۆچی؟ ئایا چونکە ئێوەم خۆشناوێت؟ خودا دەزانێت.
12 بەڵام ئەوەی دەیکەم، وا دەیکەم بۆ ئەوەی هەلی هەڵپەرستان ببڕم کە شانازی دەکەن و دەیانەوێت دەریبخەن گوایا ئەوان وەک ئێمەن، 13 چونکە ئەمانە نێردراوی درۆزنن و کارگەری فێڵبازن، خۆیان لە شێوەی نێردراوی مەسیح دەردەخەن. 14 سەیر نییە، چونکە شەیتان خۆی لە شێوەی فریشتەی ڕووناکی دەردەخات. 15 کەواتە شتێکی سەیر نییە ئەگەر خزمەتکارانی خۆیان لە شێوەی خزمەتکاری ڕاستودروستی دەربخەن. دواڕۆژیان بەگوێرەی کرداریان دەبێت.
ئازاری پۆڵس لە خزمەتی مەسیح
16 دیسان دەیڵێمەوە: کەس بە گێلم نەزانێت، بەڵام ئەگەر بە گێلم دەزانن ئەوا وەک گێلێک بەرگەم بگرن، بۆ ئەوەی منیش تۆزێک شانازی بکەم. 17 بە متمانەوە شانازی دەکەم، نەک بەو شێوەیەی کە مەسیحی باڵادەست قسە دەکات، بەڵکو وەک لە نەزانییەوە بێت. 18 لەبەر ئەوەی زۆر کەس بەگوێرەی بنەمای جیهان شانازی بە خۆیانەوە دەکەن، منیش شانازی دەکەم. 19 لەبەر ئەوەی خۆتان ئەوەندە دانان[ah]، بە شادییەوە بەرگەی گێلەکان دەگرن. 20 لە ڕاستیدا، ئەگەر یەکێک ئێوە بکاتە کۆیلە بەرگە دەگرن، ئەگەر یەکێک بتانخوات، ئەگەر یەکێک بۆ خۆی بتانقۆزێتەوە، ئەگەر یەکێک خۆی بەرز بکاتەوە، یاخود ئەگەر یەکێک لە ڕووتان بدات، بەرگە دەگرن! 21 بە شەرمەزارییەوە، پێویستە بڵێم سەبارەت بەمە چەند لاواز بووین!
هەرچییەک ئەوان دەوێرن شانازی پێوە بکەن، هەروەها منیش دەوێرم، دەزانم کە گێلانە قسە دەکەم. 22 ئایا ئەوان عیبرانین؟ منیش. ئایا ئیسرائیلین؟ منیش. ئایا نەوەی ئیبراهیمن؟ منیش. 23 ئایا خزمەتکاری مەسیحن؟ من باشترم، بەڵام وەک شێتێک قسە دەکەم. من زۆر زیاتر لەوان ڕەنجم کێشاوە، لەوان زیاتر لە زینداندا بووم، زۆر خراپتر دارکاری کراوم، زۆر جاریش ڕووبەڕووی مردن بوومەتەوە. 24 جولەکەکان بە قامچی پێنج جار چل قامچی کەم یەکیان لێداوم[ai]، 25 سێ جار دارکاری کراوم، جارێک بەردباران کراوم، سێ جار لە کەشتیدا بووم و شکاوە، شەو و ڕۆژێکم لە قووڵایی دەریادا[aj] بەسەربرد. 26 بەهۆی زۆر گەشتکردنمەوە تووشی مەترسی ڕووبار و چەتە بووم، مەترسی لە گەلەکەم و نەتەوەکانی دیکە، مەترسی لە شار و لە دەشت، مەترسی لە دەریا، مەترسی لە خوشک و برایانی درۆزن، 27 بە ڕەنجدان و ماندووبوونی، بە شەونخونی زۆر، بە برسیێتی و تینوێتی، بە ڕۆژووگرتنی زۆر، بە سەرما و ڕووتی. 28 ئەمانە هەموو لەلایەک، ڕۆژ بە ڕۆژ بایەخدان بە هەموو کڵێساکان لەسەرم کەڵەکە دەبێت. 29 کێ لاوازە و من لەگەڵی لاواز نابم؟ کێ کەوتووەتە گوناه و من ناسووتێم؟
30 ئەگەر پێویست بە شانازیکردن بکات، ئەوا بەو شتانەوە شانازی دەکەم کە لاوازیم دەردەخەن. 31 خودا، باوکی عیسای خاوەن شکۆ ئەوەی هەتاهەتایە ستایش دەکرێت دەزانێت درۆ ناکەم. 32 لە دیمەشق، فەرمانڕەوایەکەی ئاریتاسی پاشا پاسەوانی شاری دیمەشقییەکانیان دەکرد، بۆ گرتنم. 33 بەڵام لەناو سەبەتەدا و لە پەنجەرەی شووراکە منیان شۆڕکردەوە و لە دەستی ڕزگارم بوو.
بینینی پۆڵس و دڕکی لەش
12 پێویستە شانازی بکەم، هەرچەندە سوودبەخش نییە، جا بۆ بینینی یەزدان و ئاشکراکراوی[ak] ئەو دێم. 2 مرۆڤێک دەناسم کە لەگەڵ مەسیحدا ببووە یەک[al]، پێش چواردە ساڵ خودا بردی بۆ ئاسمانی سێیەم، ئایا بە لەشەوە یاخود بێ لەش، نازانم، خودا دەزانێت. 3 دەزانم ئەو مرۆڤە، بە لەشەوە یاخود بێ لەش، نازانم، خودا دەزانێت، 4 بۆ بەهەشت بردرا، قسەیەکی بیست کە دەرنابڕدرێت و مرۆڤ نابێت باسی بکات. 5 شانازی بەو کەسەوە دەکەم، بەڵام شانازی بە خۆمەوە ناکەم، مەگەر بە لاوازییەکانم نەبێت، 6 چونکە ئەگەر بمەوێت شانازی بکەم، گێل نابم، چونکە ڕاستی دەڵێم، بەڵام خۆم دەپارێزم نەوەک یەکێک وا لە من بگات زیاتر لەوەی دەمبینن و لێم دەبیستن.
7 بۆ ئەوەی بە گەورەیی ئەو بینینەی بۆم ئاشکرا کرا لووتبەرز نەبم، لە جەستەدا دڕکێکم درایێ، وەک ئەوەی لەلایەن شەیتانەوە نێردرابێت تاکو ئازارم بدات، تاکو لووتبەرز نەبم. 8 بۆ ئەمە سێ جار لە عیسای خاوەن شکۆ پاڕامەوە لە کۆڵم بکاتەوە، 9 بەڵام پێی فەرمووم: «نیعمەتی منت بەسە، چونکە هێزی من لە لاوازیدا تەواو دەبێت.» بۆیە بەوپەڕی شادییەوە شانازی بە لاوازیمەوە دەکەم، تاکو هێزی مەسیح بێتە سەرم. 10 بۆیە لە پێناوی مەسیحدا، بە لاوازی و سووکایەتی و ناخۆشی و چەوسانەوە و تەنگانە دڵخۆش دەبم، چونکە هەر کاتێک لاوازبم ئەوا بەهێزم.
11 بوومە گێل، بەڵام ئێوە ناچارتان کردم. دەبووایە ئێوە پێمدا هەڵبدەن، چونکە هیچم لە «نێردراوە بەرزەکان» کەمتر نییە، هەرچەندە هیچ نیم. 12 بەوپەڕی دانبەخۆداگرتنەوە نیشانەکانی نێردراو لەنێوانتاندا ئەنجام درا، بە نیشانە و کاری مەزن و پەرجوو. 13 چیتان لە کڵێساکانی دیکە کەمترە، جگە لەوەش خۆم نەبوومەتە بارێکی گران بەسەرتانەوە؟ لەم هەڵەیە گەردنم ئازاد بکەن!
14 ئەوا سێیەم جارە ئامادەم بێمە لاتان، نابمە بارگرانی بۆتان. داوای شتەکانتان ناکەم، بەڵکو داوای ئێوە دەکەم، چونکە پێویست ناکات منداڵ بۆ دایک و باوک کۆبکەنەوە، بەڵکو پێویستە دایک و باوک بۆ منداڵ کۆبکەنەوە. 15 منیش بەوپەڕی شادییەوە بۆ ئێوە خەرج دەکەم، خۆم خەرجی دەکەم. ئەگەر ئێوەم زۆرتر خۆشدەوێت، ئایا منتان کەمتر خۆشدەوێت؟ 16 ئیتر با وابێت، بارم گران نەکردوون. بەڵام کە فێڵبازم[am]، بە فێڵ لێم سەندوون. 17 ئایا ئەو کەسانەی کە من بۆ لای ئێوەم ناردوون، هیچ قازانجێکیان بۆ خودی خۆم هەبووە؟ 18 لە کاتێکدا لە تیتۆس پاڕامەوە تاوەکو بێت بۆ لاتان، ئەو برایەی کە خۆتان دەیناسن لەگەڵیدا ناردم. ئایا تیتۆس بەهۆی ئێوەوە هیچ قازانجێکی کردووە؟ ئایا بە هەمان ڕۆح ناژین، بە هەمان هەنگاو ناڕۆین؟
19 ئایا پێتان وابووە ئەم ماوە درێژە ئەوەی کە دەیڵێین بۆ بەرگریکردن بووە لە خۆمان؟ نەخێر، بە ناوی مەسیحەوە ئەم هەموو شتە لەبەردەم خودا دەڵێین. ئەی خۆشەویستان، مەبەستی ئێمە ئەوەیە کە ئێوە بنیاد بنێین، 20 چونکە من دەترسم کاتێک دێم بۆ لاتان، بەو جۆرە نەتانبینم کە دەمەوێت، ئێوەش بەو جۆرەی کە دەتانەوێت نەمبینن، نەوەک لەنێوانتاندا ناکۆکی، چاوپیسی، تووڕەیی، خۆپەرستی، بوختان، قسە هێنانو بردن، لەخۆباییبوون، بێسەروبەری هەبێت. 21 هەروەها جارێکی تر کە دێمەوە لاتان، دەترسم خودا من لەنێوتان نزم بکاتەوە و خەفەت بخۆم بۆ زۆر کەس کە پێشتر گوناهیان کردووە و تۆبەیان نەکردووە لەو گڵاوی و بەڕەڵایی و بەدڕەوشتییەی کە کردوویانە.
خۆتان تاقی بکەنەوە
13 ئەمە سێیەم جارە کە دێمە لاتان. [هەر بابەتێک لەسەر زاری دوو یان سێ شایەت ڕاستییەکەی دەسەلمێنرێت.][an] 2 پێشتر گوتوومە وەک دووەم جار لەلاتان بووم و ئێستاش کە لێتان دوورم دەیڵێمەوە، بۆ ئەوانەی پێشتر گوناهیان کردووە و بۆ هەموو ئەوانەی دیکەش: کە دێمەوە بەزەییم نابێت، 3 چونکە ئێوە داوای بەڵگە دەکەن کە مەسیح لە ڕێگەی منەوە دەدوێت. ئەو لە هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ ئێوە لاواز نییە، بەڵکو لەنێوتاندا بەهێزە. 4 هەرچەندە لە لاوازیدا لە خاچ درا، بەڵام بە هێزی خودا دەژیێت. هەروەها ئێمەش لاوازین هەروەک چۆن مەسیح لاواز بوو، بەڵام ئێمە لە هەڵسوکەوتکردنمان لەگەڵ ئێوە بە هێزی خودا لەگەڵ ئەودا دەژین.
5 خۆتان تاقی بکەنەوە ئاخۆ ئێوە باوەڕدارن. لە خۆتان بکۆڵنەوە. ئایا نازانن کە عیسای مەسیح لە ئێوەدایە؟ مەگەر لە تاقیکردنەوە سەرکەوتوو نەبوون. 6 بەڵام هیوادارم بزانن کە ئێمە نەکەوتووین. 7 ئینجا لە خودا دەپاڕێینەوە کە ئێوە هیچ خراپەیەک نەکەن، ئەمەش لەبەر ئەوە نییە بۆ ئەوەی دەربکەوێت کە ئێمە بەرگەی تاقیکردنەوەمان گرتووە، بەڵکو تەنها بۆ ئەوەیە کە ئێوە چی چاک و ڕاستە بیکەن، هەرچەندە خەڵکی بە سەرنەکەوتوومان دابنێن، 8 چونکە ناتوانین هیچ شتێک لە دژی ڕاستی بکەین، بەڵکو لە پێناوی ڕاستی. 9 شادین کە لاوازین و ئێوە بەهێزن، نوێژی ئێمەش بۆ تەواوی ئێوەیە. 10 بۆیە ئەمانە دەنووسم و دوورم، تاوەکو کاتێک لەلاتان ئامادە دەبم بە ڕەقی نەجوڵێمەوە، بەگوێرەی ئەو دەسەڵاتەی مەسیحی باڵادەست پێی بەخشیوم بۆ بنیادنانتان، نەک بۆ وێرانکردنتان.
هاندان و سڵاوی کۆتایی
11 لە کۆتاییدا، خوشکان، برایان دڵشاد بن. بۆ تەواوی هەوڵ بدەن، یەکتری هانبدەن، هاوبیر بن، بە ئاشتی بژین. ئەوسا خودای خۆشەویستی و ئاشتی لەگەڵتان دەبێت.
12 بە ماچی پیرۆز سڵاو لە یەکتری بکەن. 13 هەموو گەلی پیرۆزی خودا لێرە سڵاوتان لێدەکەن.
14 با نیعمەتی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆ و خۆشەویستی خودا و هاوبەشی ڕۆحی پیرۆز لەگەڵ هەمووتان بێت.
1 لە پۆڵسەوە، ئەوەی نە لەلایەن خەڵک و نە بەهۆی مرۆڤێکە نێردراوە، بەڵکو لەلایەن عیسای مەسیح و خودای باوکە، کە لەنێو مردووان هەڵیستاندەوە، 2 هەروەها هەموو ئەو برایانەی لەگەڵمدان،
بۆ ئەو کڵێسایانەی لە گەلاتیان:
3 با نیعمەت[ao] و ئاشتی لە خودای باوکمان و عیسای مەسیحی خاوەن شکۆوە لەگەڵتان بێت، 4 ئەوەی لە پێناوی گوناهەکانمان خۆی بەخشی، تاکو بەگوێرەی خواستی خودای باوکمان، لەم دنیایە خراپەی ئێستا ڕزگارمان بکات. 5 هەتاهەتایە شکۆمەندی بۆ ئەوە. ئامین.
مژدەیەکی دیکە نییە
6 پێم سەیرە چۆن وا بە خێرایی، لەوەی بە نیعمەتی مەسیح بانگی کردوون، بۆ ئینجیلێکی دیکە[ap] وەردەگەڕێن! 7 ئینجیلێکی دیکە بوونی نییە، بەڵکو هەندێک کەس دەیانەوێت سەرتان لێ بشێوێنن و پەیامی ئینجیلی مەسیح بگۆڕن. 8 بەڵام تەنانەت ئەگەر ئێمە یان فریشتەی ئاسمان ئینجیلێکمان پێدان، جگە لەو ئینجیلەی ئێمە پێمان دان، با نەفرەت لێکراو بێت. 9 وەک پێشتر پێمان گوتوون ئێستاش پێتان دەڵێمەوە: ئەگەر یەکێک ئینجیلێکی پێدان جگە لەوەی پەسەندتان کرد، با نەفرەت لێکراو بێت.
10 ئایا ئێستا بۆ بەدەستهێنانی ڕەزامەندی خەڵک هەوڵ دەدەم، یاخود ڕەزامەندی خودا؟ یان ئایا داوای ئەوە دەکەم خەڵک ڕازی بکەم؟ ئەگەر هەتا ئێستا خەریکی ڕازیکردنی خەڵک بوومایە، ئەوا نەدەبوومە بەندەی مەسیح.
چۆن پۆڵس بوو بە نێردراو؟
11 پێتان دەڵێم، خوشکان، برایان، ئەو پەیامەی ئینجیل کە جاڕم بۆی داوە، لە مرۆڤەوە نییە. 12 لە کەسیشم وەرنەگرتووە و فێریش نەکراوم، بەڵکو بە ئاشکراکردنی عیسای مەسیح وەرمگرتووە.
13 بێگومان سەربوردەی منتان بیستووە لە جولەکایەتی، دڕندانە کڵێسای خودام دەچەوساندەوە و هەوڵم داوە لەناوی ببەم. 14 لە جولەکایەتی پێش زۆربەی خەڵک کەوتم لە نەوەی خۆم، زۆر دڵگەرمتر بووم لەوان بۆ دابونەریتی باوکان. 15 بەڵام کاتێک خودا کە لە سکی دایکمەوە تەرخانی کردم، بە نیعمەتی خۆی بانگی کردم، خۆشحاڵ بوو 16 کوڕەکەی لە مندا دەربکەوێت، تاکو لەناو نەتەوەکان مژدە بدەم، دەستبەجێ ڕاوێژم بە کەس نەکرد، 17 سەرنەکەوتمە ئۆرشەلیم بۆ لای ئەوانەی پێش من نێردراو بوون، بەڵکو ڕۆیشتم بۆ عەرەبستان و دیسان گەڕامەوە دیمەشق.
18 ئینجا دوای سێ ساڵ سەرکەوتمە ئۆرشەلیم، بۆ ئەوەی پەترۆس[aq] بناسم، پازدە ڕۆژ لای ئەو مامەوە. 19 بەڵام جگە لە یاقوبی برای عیسای خاوەن شکۆ هیچ نێردراوێکی دیکەم نەبینی. 20 خودا دەزانێت ئەوەی بۆتان دەنووسم درۆ نییە. 21 دوایی چوومە هەرێمەکانی سوریا و کیلیکیا، 22 بەڵام هێشتا لەلای کڵێساکانی یەهودیا کە سەر بە مەسیحن بە ڕوخسار نەناسراو بووم، 23 تەنها بیستبوویان: «ئەوەی جاران ئێمەی دەچەوساندەوە، ئێستا مژدەی ئەو باوەڕە دەدات، کە جاران لەناوی دەبرد.» 24 بەهۆی منەوە ستایشی خودایان دەکرد.
ڕازیبوون بە خزمەتی پۆڵس
2 دوای چواردە ساڵ لەگەڵ بەرناباس گەڕامەوە ئۆرشەلیم، تیتۆسم لەگەڵ خۆم برد. 2 گەڕانەوەکەم بەگوێرەی ئاشکراکردنێک بوو، ئەو پەیامەی ئینجیل کە لەنێو نەتەوەکان جاڕی دەدەم، خستمە بەردەمیان، بەڵام بۆ گەورە پیاوانی کڵێسا بە تەنها، تاکو ئەوەی بۆی ڕادەکەم و ڕامکردووە بەفیڕۆ نەڕوات. 3 بەڵام هەرچەندە تیتۆس کە لەگەڵم بوو یۆنانی بوو، زۆریان لێ نەکرد خەتەنە بکرێت. 4 ئەم بابەتە لەوەوە سەری هەڵدا هەندێک برایانی درۆزن دزەیان کردبووە ناومان. هاتبوون بمانکەن بە کۆیلە لە ڕێگەی سیخوڕیکردن لەسەر ئەم ئازادییەی کە بەهۆی یەکبوونمان لەگەڵ عیسای مەسیح هەمانە. 5 بۆ کاتژمێرێکیش ملکەچیان نەبووین، تاکو ڕاستی ئینجیل لەگەڵتان بمێنێتەوە.
6 بەڵام ئەوانەی بە گەورە پیاو دادەنران، هەرچییەک بن، بەلای منەوە گرنگ نییە، چونکە خودا تەماشای ڕواڵەتی مرۆڤ ناکات، ئەوان هیچیان بۆ پەیامەکەم زیاد نەکرد. 7 بەڵکو بە پێچەوانەوە، بینییان کە پەیامی ئینجیل بۆ نەتەوەکان[ar] بە من سپێردراوە، هەروەک پەیامی ئینجیل بۆ جولەکەکان بە پەترۆس سپێردراوە، 8 چونکە خودا بەهۆی پەترۆس وەک نێردراو بۆ جولەکەکان کاری دەکرد، لە منیشدا بۆ نەتەوەکان کاری دەکرد. 9 کاتێک یاقوب و پەترۆس و یۆحەنا کە بە کۆڵەکە دانرابوون، بەم نیعمەتەیان زانی کە بە من دراوە، ئەوسا ئەوان دەستی ڕاستی هاوبەشیان بۆ من و بەرناباس درێژکرد، تاکو ئێمە بۆ لای نەتەوەکان بچین و ئەوانیش بۆ لای جولەکەکان بچن. 10 تەنها داوایان کرد هەژاران لەیاد نەکەین، ئەمەش شتێکە هەمیشە کۆششم بۆی کردووە.
سەرزەنشتکردنی پەترۆس
11 بەڵام کاتێک پەترۆس هاتە ئەنتاکیا، ڕووبەڕوو بەربەرەکانێم کرد، لەبەر ئەوەی گلەیی لەسەر بوو، 12 چونکە پێشتر کەسانێک لەلای یاقوبەوە هاتبوون، لەگەڵ ناجولەکەکان نانی دەخوارد، بەڵام کاتێک ئەوان هاتن، لە ترسی ئەو تاقمەی کە دەڵێن دەبێ باوەڕدار خەتەنە بکرێت[as]، خۆی کێشایەوە. 13 جولەکەکانی دیکەش لەگەڵیدا دەستیان بە دووڕوویی کرد، تەنانەت بەرناباسیش بە دووڕووییان چەواشە بوو.
14 کاتێک بینیم بەگوێرەی ڕێگای ڕاستی پەیامی ئینجیل ناڕۆن، لەبەرچاوی هەمووان بە پەترۆسم گوت: «ئەگەر تۆ جولەکەی، وەک ناجولەکە دەژیت نەک وەکو جولەکە، ئیتر چۆن ئەو ناجولەکانە ناچار دەکەیت نەریتی جولەکەکان پەیڕەو بکەن؟
15 «ئێمە بە جولەکەیی لەدایک بووین و لە نەتەوە گوناهبارەکان نین، 16 دەزانین مرۆڤ بە کارکردن بە شەریعەت بێتاوان ناکرێ، بەڵکو بە باوەڕ بە عیسای مەسیح. جا ئێمە باوەڕمان بە عیسای مەسیح هێنا تاکو بە باوەڕ بە مەسیح بێتاوان بکرێین، ئەمەش نەک بە کارکردن بە شەریعەت، چونکە لە ڕێی کارکردن بە شەریعەت کەس بێتاوان ناکرێت.
17 «بەڵام ئەگەر ئێمە لە هەوڵدانمان بۆ بێتاوانبوون بە مەسیح، خۆمان دۆزییەوە کە گوناهبارین، ئیتر ئایا مەسیح خزمەتکاری گوناهە؟ بێگومان نەخێر! 18 ئەگەر من شتێک بنیاد بنێمەوە کە لەپێشدا تێکمدابێت، ئەوا دەیسەلمێنم سەرپێچیکارم، 19 چونکە لە ڕێگەی شەریعەت بۆ شەریعەت مردم، تاکو بۆ خودا بژیم. 20 من لەگەڵ مەسیح لە خاچ درام، ئیتر من نیم ئەوەی دەژیێت، بەڵکو مەسیحە لە مندا دەژیێت. ئێستاش کەوا بە جەستە دەژیم، ئەوا بە باوەڕ بە کوڕی خودا دەژیم، ئەوەی منی خۆشویست و خۆی کردە قوربانی بۆ من. 21 من نیعمەتی خودا پووچەڵ ناکەمەوە، چونکە ئەگەر بێتاوانی بە شەریعەت بووایە، ئەوا مردنی مەسیح بێ سوود بوو.»
باوەڕ یان بەجێگەیاندنی شەریعەت؟
3 ئەی گەلاتیاییە گێلەکان! کێ جادووی لێکردوون؟ لەپێش چاوتان وێنەی عیسای مەسیح بە لە خاچ دراوی کێشرا! 2 تەنها دەمەوێ ئەوەتان لێ فێربم: ئایا بەهۆی کارکردن بە شەریعەت ڕۆحی پیرۆزتان وەرگرت، یاخود بەهۆی باوەڕ بەوەی بیستتان؟ 3 ئایا تاکو ئەم ڕادەیە گێلن! ئێوە کە بەهۆی ڕۆحی پیرۆزەوە دەستتان پێکرد، ئایا ئێستا دەتانەوێت بەهۆی جەستەوە کۆتایی پێ بهێنن؟ 4 ئایا لەخۆڕایی ئەوەندە ئازارتان چێژت؟ ئایا بەڕاستی لەخۆڕایی بوو؟ 5 ئەوەی ڕۆحتان پێ دەبەخشێت و لەنێوانتاندا پەرجوو دەکات، ئایا بەهۆی کارکردنە بە شەریعەت، یاخود بەهۆی باوەڕە بەوەی بیسترا؟
6 وەک چۆن ئیبراهیم [باوەڕی بە خودا هێنا، ئەمەشی بە ڕاستودروستی بۆ دانرا.][at] 7 جا بزانن ئەوانەی لە باوەڕدان، نەوەی ئیبراهیمن. 8 نووسراوە پیرۆزەکە پێشتر بینیویەتی کە خودا نەتەوەکان بەهۆی باوەڕ بێتاوان دەکات، پێشتر مژدەی بە ئیبراهیم دا، پێی فەرموو: [هەموو نەتەوەکان لە ڕێگەی تۆوە بەرەکەتدار دەبن.][au] 9 کەواتە ئەوانەی باوەڕدارن، لەگەڵ ئیبراهیمی باوەڕدار بەرەکەتدار دەبن.
10 هەموو ئەوانەی پشت بە کرداری شەریعەت دەبەستن، لەژێر نەفرەتن، چونکە نووسراوە: [هەرکەسێک لە هەموو نووسراوی پەڕتووکەکانی تەورات نەچەسپێت بۆ پەیڕەوکردن، نەفرەت لێکراوە.][av] 11 ئاشکرایە لە بەرامبەر خودا کەس بە شەریعەت بێتاوان ناکرێت، چونکە: [ئەوەی ڕاستودروستە بە باوەڕ دەژیێت.[aw]][ax] 12 بەڵام شەریعەت پشت بە باوەڕ نابەستێت، بەڵکو: [ئەو کەسەی پەیڕەویان بکات، بە هۆیانەوە دەژیێت.][ay] 13 مەسیح ئێمەی لە نەفرەتی شەریعەت کڕییەوە، بەوەی لە پێناوماندا بووە نەفرەت، چونکە نووسراوە: [هەرکەسێک لەسەر دار هەڵبواسرێت نەفرەت لێکراوە.][az] 14 ئەو ئێمەی کڕییەوە بۆ ئەوەی لە ڕێگەی عیسای مەسیحەوە بەرەکەتی ئیبراهیم بۆ نەتەوەکان بێت، تاکو بەهۆی باوەڕەوە بەڵێنی ڕۆحی پیرۆز بەدەستبهێنین.
پەیمانی خودا و شەریعەت
15 خوشکان، برایان، با نموونەیەکی مرۆڤانەتان بۆ بهێنمەوە: ئەگەر یەکێک پەیمانێکی مۆرکراوی پێ بێت، کەس ناتوانێت بەتاڵی بکاتەوە یاخود شتێکی بخاتە سەر. 16 هەروەک بەڵێنەکان بۆ ئیبراهیم و نەوەکەی گوتراوە. نووسراوە پیرۆزەکە نافەرموێت: «بە نەوەکان» وەک ئەوەی زۆر بن، بەڵام [بە نەوەی تۆ،][ba] واتە یەک، ئەوەی مەسیحە. 17 مەبەستم ئەوەیە: ئەو شەریعەتەی پاش چوار سەد و سی ساڵ هات، پەیمانی چەسپاوی پێشووی خودا هەڵناوەشێنێتەوە، تاکو بەڵێنەکە بشکێنێت، 18 چونکە ئەگەر میرات بەهۆی شەریعەتەوە هەبێت، ئیتر بەهۆی بەڵێنەوە نییە. بەڵام خودا بە نیعمەتی خۆی بەڵێنی بە ئیبراهیم دا.
مەبەستی شەریعەت
19 کەواتە شەریعەت بۆ چییە؟ بەهۆی پێشێلکردنەکانەوە زیادکراوە، هەتا ئەو کاتەی نەوەی بەڵێنپێدراو[bb] دێت، لە ڕێگەی فریشتەکان بە دەستی پەیوەندی ڕێکخەرێک[bc] ڕێکخرا. 20 پەیوەندی ڕێکخەر تەنها نوێنەری یەک لایەن نییە، بەڵام خودا یەکە.
21 ئایا تەورات لە دژی بەڵێنەکانی خودایە؟ نەخێر! چونکە هیچ شەریعەتێک نەدەبوو بتوانێت ژیان ببەخشێت، ئەگینا ڕاستودروستی بە تەورات دەبوو. 22 بەڵام نووسراوە پیرۆزەکە هەمووی کردووەتە بەندی گوناه،[bd] تاکو ئەو بەڵێنەی لە ڕێگەی عیسای مەسیحەوە و بەهۆی باوەڕەوە دراوە، بۆ ئەوانە بێتە دی کە باوەڕ دەهێنن.
23 پێش ئەوەی باوەڕ بێت، لەلایەن تەوراتەوە بەند کرابووین، لە ژوورەوە کرابووین هەتا ئاشکراکردنی باوەڕەکەی داهاتوو. 24 تەورات پەروەردەی دەکردین تاکو بمانهێنێت بۆ لای مەسیح، بۆ ئەوەی بە باوەڕ بێتاوان بکرێین. 25 بەڵام دوای هاتنی باوەڕ، ئێمە ئیتر لەژێر سایەی تەمبێکار نین.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.