Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Bible in 90 Days

An intensive Bible reading plan that walks through the entire Bible in 90 days.
Duration: 88 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
مەتا 5-15

وتاری سەر چیا

کاتێک عیسا خەڵکەکەی بینی، چووە سەر چیا، ئینجا دانیشت و قوتابییەکانی هاتنە لای، زاری کردەوە و فێری کردن:

«خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی کە بە ڕۆح هەژارن[a]،
    چونکە شانشینی ئاسمان بۆ ئەوانە.
خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی کە ماتەمدارن،
    چونکە دڵنەوایی دەکرێن.
خۆزگە دەخوازرێت بە دڵنەرمەکان،
    چونکە دەبنە میراتگری زەوی.
خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی کە برسی و تینوون بۆ ڕاستودروستی[b]،
    چونکە تێر دەکرێن.
خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی کە دڵیان پڕ لە بەزەییە،
    چونکە بەر بەزەیی دەکەون.
خۆزگە دەخوازرێت بە دڵپاکەکان،
    چونکە خودا دەبینن.
خۆزگە دەخوازرێت بە ئاشتیخوازان،
    چونکە بە ڕۆڵەی خودا ناودەبردرێن.
10 خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی لە پێناوی ڕاستودروستی دەچەوسێنرێنەوە،
    چونکە شانشینی ئاسمان بۆ ئەوانە.

11 «خۆزگە دەخوازرێت بە ئێوە کاتێک خەڵکی جنێوتان پێدەدەن‏ و دەتانچەوسێننەوە، لەبەر من هەموو جۆرە بوختانێکتان بۆ هەڵدەبەستن. 12 دڵخۆش و دڵشاد بن، لەبەر ئەوەی لە ئاسمان پاداشتتان گەورەیە، چونکە پێش ئێوە پێغەمبەرانیشیان ئاوا چەوساندووەتەوە.

خوێی زەوی و ڕووناکی جیهان

13 «ئێوەن خوێی زەوی، بەڵام ئەگەر خوێ سوێرییەکەی نەما، بە چی سوێر دەکرێتەوە؟ ئیتر بەکەڵکی هیچ نایەت، ئەوە نەبێ فڕێبدرێتە دەرەوە و خەڵکی پێشێلی بکەن.

14 «ئێوەن ڕووناکی جیهان، شارێک لەسەر شاخ دروست‏کرابێت ناتوانرێت بشاردرێتەوە. 15 هەروەها خەڵکی چرا هەڵناکەن تاکو بیخەنە ژێر تەشتەوە، بەڵکو لەسەر چرادان دایدەنێن بۆ ئەوەی ڕووناکی بداتە هەموو ئەوانەی لە ماڵەکەدان. 16 بە هەمان شێوە، با ئێوەش ڕووناکیتان بۆ خەڵک بدرەوشێتەوە، تاکو کردارە باشەکانتان ببینن و ستایشی باوکتان بکەن کە لە ئاسمانە.

تەواوکردنی تەورات

17 «وا بیر نەکەنەوە من هاتووم تەورات یان نووسراوی پێغەمبەران بسڕمەوە، نەهاتووم بۆ سڕینەوەیان، بەڵکو هاتووم بۆ تەواوکردنیان. 18 ڕاستیتان پێ دەڵێم: هەتا زەوی و ئاسمان لەئارادا بێت، پیتێک یان خاڵێک لە تەورات لەناو ناچێت، هەتا هەمووی دێتە دی. 19 بۆیە ئەوەی بچووکترینی ئەم ڕاسپاردانە بشکێنێت و خەڵکیش ئاوا فێر بکات، لە شانشینی ئاسمان بە بچووکترین ناودەبردرێت. بەڵام ئەوەی پەیڕەوی بکات و خەڵکی فێر بکات، لە شانشینی ئاسمان بە مەزن ناودەبردرێت. 20 ئیتر پێتان دەڵێم: ئەگەر ڕاستودروستیتان لە مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان زیاتر نەبێت، هەرگیز ناچنە ناو شانشینی ئاسمان.

تووڕەیی

21 «بیستووتانە بە پێشینان گوتراوە: [مەکوژن][c] و ”ئەوەی بکوژێت شایانی حوکم بەسەردادان دەبێت.“ 22 بەڵام من پێتان دەڵێم ئەوەی لە خوشکی یان براکەی تووڕە بێ، دەبێ حوکم بدرێت. ئەوەی بە براکەی دەڵێ ”هیچوپووچ،“ دەبێ بدرێتە سەنهەدرین[d]، ئەوەش دەڵێت ”گێلە“، دەبێت بخرێتە ناو ئاگری دۆزەخەوە.

23 «لەبەر ئەوە ئەگەر قوربانیت بۆ قوربانگا هێنا و لەوێ بیرت کەوتەوە کە خوشکت یان برات شتێکی لەسەرت هەیە، 24 لەوێ لەبەردەم قوربانگا قوربانییەکەت بەجێبهێڵە و بڕۆ یەکەم جار خوشکت یان برات ئاشت بکەرەوە، ئینجا وەرە و قوربانییەکەت بکە.

25 «خێرا لەگەڵ ڕکابەرەکەت ئاشت بەرەوە لەو کاتەی لەگەڵتە و بە ڕێگاوەن، نەوەک ڕکابەرەکەت بتداتە دەست دادوەر و دادوەریش بتداتە دەست پۆلیس و فڕێبدرێیتە بەندیخانە. 26 ڕاستیت پێ دەڵێم: لەوێ دەرناچی هەتا دوایین فلس نەدەیتەوە.

داوێنپیسی

27 «بیستووتانە گوتراوە: [داوێنپیسی مەکەن.][e] 28 بەڵام من پێتان دەڵێم: ئەوەی بە هەوەسبازییەوە سەیری ئافرەتێک بکات، ئەوا لە دڵی خۆیدا داوێنپیسی لەگەڵ کردووە. 29 ئەگەر چاوی ڕاستت بۆت بووە کۆسپ، دەریبهێنە و فڕێیبدە. بۆ تۆ باشترە ئەندامێکت لەدەست بچێت، لەوەی هەموو لەشت فڕێبدرێتە ناو دۆزەخ. 30 ئەگەر دەستی ڕاستت بۆت بووە کۆسپ، بیبڕەوە و فڕێیبدە. بۆ تۆ باشترە ئەندامێکت لەدەست بچێت، لەوەی هەموو لەشت بچێتە دۆزەخەوە.

تەڵاق

31 «دیسان گوتراوە: [ئەوەی ژنەکەی تەڵاق بدات، با تەڵاقنامەی بداتە دەست.][f] 32 بەڵام من پێتان دەڵێم: ئەوەی بەبێ هۆی داوێنپیسی ژنەکەی خۆی تەڵاق بدات، وای لێدەکات داوێنپیسی بکات. ئەوەش تەڵاقدراوێک بهێنێت، ئەوا داوێنپیسی دەکات.

سوێندخواردن

33 «دیسان بیستووتانە کە بە پێشینان گوتراوە: [سوێندەکانت مەشکێنە، بەڵکو سوێندەکانت بۆ یەزدان بەرەسەر.][g] 34 بەڵام من پێتان دەڵێم: هەرگیز سوێند مەخۆن، نە بە ئاسمان، لەبەر ئەوەی تەختی خودایە، 35 نە بە زەوی، لەبەر ئەوەی تەختەپێیەتی[h]، نە بە ئۆرشەلیم، لەبەر ئەوەی شاری پاشای پایەبەرزە. 36 سوێند بە سەری خۆت مەخۆ، چونکە ناتوانیت تاڵێکی سپی یان ڕەش بکەیت. 37 با قسەتان: ”بەڵێ“ بۆ ”بەڵێ“ و ”نەخێر“ بۆ ”نەخێر“ بێت، لەمە بترازێت لە شەیتانەوەیە[i].

تۆڵەسەندن

38 «بیستووتانە گوتراوە: [چاو بە چاو، ددان بە ددان.][j] 39 بەڵام من پێتان دەڵێم: لە دژی خراپەکار مەوەستنەوە، بەڵکو ئەوەی لە ڕوومەتی ڕاستی دایت، لایەکەی دیکەشی بۆ شل بکە، 40 ئەوەی ویستی بتداتە دادگا و کراسەکەت لێ بستێنێت، چاکەتەکەشتی بدەرێ. 41 ئەوەی یەک میل بێگاری پێ کردیت، دووانی لەگەڵ بڕۆ. 42 ئەوەی داوای شتێکی لێکردیت بیدەرێ. ئەوەی داوای قەرزی لێکردیت پشتی تێمەکە.

خۆشویستنی دوژمنان

43 «بیستووتانە گوتراوە: [نزیکەکەت خۆشبوێت،][k] ”ڕقت لە دوژمنت بێتەوە.“ 44 بەڵام من پێتان دەڵێم: دوژمنەکانتان خۆشبوێ، نوێژ بکەن بۆ ئەوانەی دەتانچەوسێننەوە، 45 تاکو ببنە ڕۆڵەی ئەو باوکەتان کە لە ئاسمانە، ئەو خۆری خۆی بەسەر چاک و خراپدا هەڵدێنێت و باران بەسەر پیاوچاک و زۆرداریشدا دەبارێنێت. 46 ئەگەر هەر ئەوانەتان خۆشبوێ کە ئێوەیان خۆشدەوێت، چ پاداشتێکتان هەیە؟ ئایا باجگرانیش ئەمە ناکەن؟ 47 ئەگەر سڵاوتان تەنها لە ناسیاوەکانتان کرد، چی زیاترتان کردووە؟ ئایا بتپەرستانیش ئەمە ناکەن؟ 48 بۆیە ئێوە تەواو بن، وەک باوکی ئاسمانیتان تەواوە.

خێرکردن

«هۆشیار بن. نەکەن لەبەرچاوی خەڵک چاکە بکەن، بۆ ئەوەی بتانبینن. ئەگینا لەلای باوکی ئاسمانیتان پاداشتتان نابێت.

«لەبەر ئەوە کاتێک خێرێک دەکەیت، لەپێش خۆت زوڕنا لێمەدە وەک دووڕووان کە لە کەنیشت و سەر شەقامەکان دەیکەن، تاکو لەلایەن خەڵک ستایش بکرێن. ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوانە پاداشتی خۆیان وەرگرتووە. بەڵام تۆ کە خێرێک دەکەیت، مەهێڵە دەستی چەپت بزانێت دەستی ڕاستت چی دەکات، تاکو خێرەکەت بە نهێنی بێت. باوکیشت ئەو کارە دەبینێت کە بە نهێنی ئەنجام دراوە، پاداشتت دەداتەوە.

نوێژکردن

«کاتێک نوێژ دەکەن وەک دووڕووان مەبن، چونکە ئەوان حەز دەکەن بە پێوە لە کەنیشت و سووچی شەقامەکان نوێژ بکەن، تاکو بۆ خەڵک دیار بن. ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوانە پاداشتی خۆیان وەرگرتووە. بەڵام تۆ کاتێک نوێژ دەکەیت، بڕۆ ژوورەکەت و دەرگا لەسەر خۆت دابخە، نوێژ بکە بۆ باوکی نەبینراوت. باوکیشت ئەو کارە دەبینێت کە بە نهێنی ئەنجام دراوە، پاداشتت دەداتەوە. کاتێک نوێژ دەکەن، وەک بتپەرستان ئەوەندە وشەکان دووبارە مەکەنەوە، چونکە وادەزانن بە زۆر گوتنیان گوێیان لێ دەگیرێت. لەبەر ئەوە وەک ئەوان مەبن، چونکە باوکتان دەزانێت پێویستیتان بە چییە، پێش ئەوەی داوای لێ بکەن.

«بەڵام ئێوە بەم شێوەیە نوێژ بکەن و بڵێن:

«”ئەی باوکمان لە ئاسمان،
با ناوت پیرۆز بێت،[l]
10 با پاشایەتییەکەت بێ[m]،
با خواستت لەسەر زەوی پەیڕەو بکرێت وەک لە ئاسمان.
11 نانی ڕۆژانەمان ئەمڕۆش بدەرێ.
12 لە گوناهەکانمان[n] خۆشبە،
    هەروەک ئێمەش لەوانە خۆشدەبین کە خراپەمان بەرامبەر دەکەن.
13 مەمانخەرە تاقیکردنەوە،
بەڵکو لە شەیتان[o] ڕزگارمان بکە.“

14 ئەگەر گەردنی خەڵکی لەبەر خراپەکانیان ئازاد بکەن، ئەوا باوکی ئاسمانیشتان لێتان خۆشدەبێت. 15 بەڵام ئەگەر گەردنی خەڵکی ئازاد نەکەن، ئەوا باوکیشتان لە گوناهەکانتان خۆش نابێت.

ڕۆژووگرتن

16 «کاتێک بەڕۆژوو دەبن، ڕووگرژ مەبن وەک دووڕووان، چونکە ڕوویان دەگۆڕن تاکو بۆ خەڵکی دەربخەن کە بەڕۆژوون. ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوانە پاداشتی خۆیان وەرگرتووە. 17 بەڵام تۆ کە بەڕۆژوو دەبیت، سەرت چەور بکە و دەموچاوت بشۆ، 18 تاکو بۆ خەڵک دەرنەکەوێت کە بەڕۆژوویت، تەنها باوکی نەبینراوت نەبێت، باوکیشت ئەو کارە دەبینێت کە بە نهێنی ئەنجام دراوە، پاداشتت دەداتەوە.

گەنجینەی ڕاستەقینە

19 «لەسەر زەوی گەنجینە بۆ خۆتان کۆمەکەنەوە، لەوێ مۆرانە و ژەنگ لێی دەدەن، دز دەیبڕێت و دەیدزێت. 20 بەڵکو گەنجینە بۆ خۆتان لە ئاسمان کۆبکەنەوە، لەوێ مۆرانە و ژەنگ لێی نادەن، دزیش نایبڕێت و نایدزێت، 21 چونکە گەنجینەکەت لەکوێ بێت، دڵیشت لەوێ دەبێت.

22 «چاو چرای جەستەیە، ئەگەر چاوت ساغ بێت، ئەوا جەستەت هەمووی ڕووناکییە، 23 بەڵام ئەگەر چاوت خراپ بێت، ئەوا هەموو جەستەت تاریک دەبێت، لەبەر ئەوە ئەگەر ئەو ڕووناکییەی لە تۆدایە تاریکی بێت، ئاخۆ دەبێ تاریکی چۆن بێت!

24 «کەس ناتوانێت کۆیلایەتی دوو گەورە بکات، چونکە ڕقی لە یەکێکیان دەبێتەوە و ئەوەی دیکەی خۆشدەوێت، یان دەست بە یەکێکیانەوە دەگرێت و ئەوەی دیکە پشتگوێ دەخات. ئێوەش ناتوانن کۆیلەی خودا و پارە بن.

خودا خەممان دەخوات

25 «بۆیە پێتان دەڵێم: خەم بۆ ژیانتان مەخۆن کە چی بخۆن و چی بخۆنەوە؛ هەروەها بۆ جەستەتان کە چی بپۆشن. ئایا ژیان لە خواردن گرنگتر نییە؟ یان جەستە لە پۆشاک؟ 26 سەیری باڵندەی ئاسمان بکەن، نە تۆو دەکەن و نە دروێنە و نە لە ئەمبار کۆدەکەنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا باوکی ئاسمانیتان بەخێویان دەکات. ئایا ئێوە لەوان بەنرختر نین؟ 27 کێ لە ئێوە ئەگەر خەم بخوات، دەتوانێت یەک کاتژمێر لە تەمەنی خۆی زیاد بکات؟

28 «هەروەها بۆچی خەمی پۆشاکتانە؟ سەیری گوڵی کێوی بکەن چۆن گەشە دەکات، نە خۆی ماندوو دەکات و نە دەڕێسێت، 29 بەڵام پێتان دەڵێم: تەنانەت سلێمانیش لەوپەڕی شکۆمەندیدا وەک یەکێک لەوانەی نەپۆشیوە. 30 ئەی کەم باوەڕینە، ئەگەر خودا ئەو گیایەی کە ئەمڕۆ لە کێڵگەیە و بەیانی دەخرێتە تەنوورەوە بەو شێوەیە بپۆشێت، ئایا ئێوە زیاتر نین هەتا پۆشتەتان بکات! 31 جا خەم مەخۆن بڵێن ”چی بخۆین؟“ یان ”چی بخۆینەوە؟“ یان ”چی بپۆشین؟“ 32 چونکە بێباوەڕان هەوڵ بۆ هەموو ئەمانە دەدەن، باوکی ئاسمانیشتان دەزانێت پێویستیتان بە هەموو ئەوانە هەیە. 33 بەڵکو یەکەم جار داوای پاشایەتییەکەی خودا و ڕاستودروستییەکەی بکەن، هەموو ئەمانەتان بۆ زیاد دەبێت. 34 لەبەر ئەوە خەمی بەیانی مەخۆن، چونکە بەیانی خەمی خۆی دەخوات. هەر ڕۆژێک خراپی خۆی بەسە.

خەڵکی تاوانبار مەکەن

«خەڵکی تاوانبار مەکەن تاکو خودا تاوانبارتان نەکات، چونکە بەو شێوەیەی خەڵک تاوانبار دەکەن خودا تاوانبارتان دەکات، بەو پێوانەیەی ئێوە بۆ خەڵک دەیپێون، خودا بۆتان دەپێوێتەوە.

«بۆچی سەرنج لە پووشی ناو چاوی براکەت دەدەیت، بەڵام ئاگات لە کاریتەکەی ناو چاوی خۆت نییە؟ یان، چۆن بە براکەت دەڵێی: ”ڕێم بدە با پووشەکەی ناو چاوت دەربهێنم،“ لەکاتێکدا تەختە دارێک لەناو چاوی خۆتدایە؟ ئەی دووڕوو، یەکەم جار تەختە دارەکەی ناو چاوی خۆت دەربهێنە، ئینجا باش دەبینیت بۆ دەرهێنانی پووشەکەی ناو چاوی براکەت.

«شتی پیرۆز مەدەن بە سەگ، مرواریشتان فڕێمەدەنە بەردەمی بەراز، نەوەک پێشێلیان بکەن و ڕوو وەربگێڕن و پارچەپارچەتان بکەن.

داوا بکەن، پێتان دەدرێ

«داوا بکەن، پێتان دەدرێت. بگەڕێن، دەدۆزنەوە. لە دەرگا بدەن، لێتان دەکرێتەوە، چونکە هەرکەسێک داوا بکات، وەردەگرێت. ئەوەی بگەڕێت، دەدۆزێتەوە. ئەوەش لە دەرگا دەدات، لێی دەکرێتەوە.

«ئەگینا کێ لە ئێوە ئەگەر کوڕەکەی داوای نانی لێ بکات، بەردی دەداتێ؟ 10 یان داوای ماسی لێ بکات، ماری دەداتێ؟ 11 جا ئێوە کە خراپن، بزانن شتی باش بدەنە منداڵەکانتان، باوکتان لە ئاسمان چەند زیاتر شتی باش دەداتە ئەوانەی داوای لێدەکەن! 12 کەواتە لە هەر شتێکدا ئاوا بۆ خەڵک بکەن کە دەتانەوێ بۆتان بکرێت، چونکە ئەمەیە پوختەی تەورات و پەیامی پێغەمبەران.

دەرگای تەسک

13 «لە دەرگای تەسک بڕۆنە ژوورەوە، چونکە ئەو دەرگایەی بەرەو لەناوچوون دەڕوات پانە و ڕێگاکەی بەرینە و زۆرن ئەوانەی پێیدا دەچنە ژوورەوە. 14 بەڵام تەسکە دەرگا و تەنگە ئەو ڕێگایەی بەرەو ژیان دەچێت، کەم کەسیش دەیدۆزێتەوە.

ناسین بە بەرهەم

15 «ئاگاداری پێغەمبەرانی درۆزن بن کە لە پێستی مەڕدا بۆ لاتان دێن، بەڵام لەناوەوە گورگی دڕندەن. 16 بە بەرهەمیان دەیانناسنەوە. ئایا ترێ لە دڕک دەڕنن یان هەنجیر لە چقڵ؟ 17 بەم شێوەیە هەموو دارێکی باش بەری باش دەدات، داری خراپیش بەری خراپ. 18 داری چاک ناتوانێت بەری خراپ بدات و داری خراپیش ناتوانێت بەری باش بدات. 19 هەر دارێک بەری باش نەدات دەبڕدرێتەوە و فڕێدەدرێتە ناو ئاگر. 20 کەواتە بە بەرهەمیان دەیانناسنەوە.

21 «نەک هەرکەسێک پێم بڵێت: ”گەورەم، گەورەم!“ دەچێتە ناو شانشینی ئاسمان، بەڵکو ئەوەی بە خواستی باوکم دەکات کە لە ئاسمانە. 22 لەو ڕۆژەدا، زۆر کەس پێم دەڵێن: ”گەورەم، گەورەم! ئایا بە ناوی تۆوە پەیامی خودامان ڕانەگەیاند، بە ناوی تۆوە ڕۆحی پیسمان دەرنەکرد، بە ناوی تۆوە پەرجووی[p] زۆرمان نەکرد؟“ 23 ئینجا منیش پێیان ڕادەگەیەنم: ”قەت ئێوەم نەناسیوە. لێم دوور بکەونەوە، ئەی سەرپێچیکاران!“

دانا و گێل

24 «لەبەر ئەوە هەرکەسێک گوێی لەم وتانەم بێت و پەیڕەوی بکات، وەک پیاوێکی دانا وایە کە خانووەکەی لەسەر بەرد دروستکردبێت. 25 باران باری و لافاو هەستا و ڕەشەبا هەڵیکرد و لەو خانووەی دا، بەڵام نەڕووخا، چونکە لەسەر بەرد دروستکرابوو. 26 هەرکەسێکیش گوێی لەم وتانەم بێت و پەیڕەوی نەکات، وەک پیاوێکی گێل وایە خانووەکەی لەسەر لم دروستکردبێت. 27 باران باری و لافاو هەستا و ڕەشەبا هەڵیکرد و لەو خانووەی دا و ڕووخا، ڕووخانەکەشی گەورە بوو.»

28 کاتێک عیسا ئەم وتانەی تەواو کرد، خەڵکەکە لە فێرکردنەکەی سەرسام بوون، 29 چونکە وەک دەسەڵاتدارێک فێری دەکردن، نەک وەکو مامۆستایانی تەورات.

پاکبوونەوەی نەخۆشی گولی

کاتێک عیسا لە چیاکە هاتە خوارەوە، خەڵکێکی زۆر دوای کەوت. ئەوە بوو پیاوێک هات کە نەخۆشی گولی[q] هەبوو، کڕنۆشی بۆ برد و گوتی: «گەورەم، ئەگەر بتەوێت، دەتوانیت پاکم بکەیتەوە.»

عیساش دەستی بۆ درێژکرد و دەستی لێدا، فەرمووی: «دەمەوێت، پاک بەرەوە!» دەستبەجێ لە گولی پاک بووەوە. ئینجا عیسا پێی فەرموو: «ئاگاداربە، بە کەس مەڵێ، بەڵام بڕۆ خۆت بە کاهین پیشان بدە و ئەو قوربانییەی موسا فەرمانی کردووە بیکە، وەک شایەتییەک بۆیان.»

باوەڕی سەرپەلێک

کاتێک عیسا چوو بۆ کەفەرناحوم، سەرپەلێک[r] هاتە لای، لێی پاڕایەوە و گوتی: «گەورەم، خزمەتکارەکەم بە ئیفلیجی لە ماڵەوە کەوتووە و ئازارێکی زۆری هەیە.»

عیسا پێی فەرموو: «من دێم و چاکی دەکەمەوە.»

سەرپەلەکەش وەڵامی دایەوە: «گەورەم شایانی ئەوە نیم خۆت بێیتە ماڵەکەم، بەڵکو تەنها وشەیەک بفەرموو خزمەتکارەکەم چاکدەبێتەوە. منیش مرۆڤێکم لەژێر دەسەڵاتدام، سەربازیشم لەژێر دەستدایە. بەمە دەڵێم: ”بڕۆ،“ دەڕوات؛ بەوی دیکەش دەڵێم: ”وەرە،“ دێت؛ بە کۆیلەکەشم دەڵێم: ”ئەمە بکە،“ دەیکات.»

10 کاتێک عیسا گوێی لەمە بوو، سەرسام بوو، بەوانەی فەرموو کە دوای دەکەوتن: «ڕاستیتان پێ دەڵێم، لە ئیسرائیلدا باوەڕێکی بەهێزی ئاوام نەدیوە. 11 پێتان دەڵێم کە خەڵکێکی زۆر لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاواوە دێن و لەگەڵ ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب لە شانشینی ئاسماندا لەسەر خوان دادەنیشن. 12 بەڵام ڕۆڵەکانی شانشین[s] فڕێدەدرێنە تاریکی دەرەوە، جا لەوێ دەگریێن و جیڕەی ددانیان دێت.»

13 ئینجا عیسا بە سەرپەلەکەی فەرموو: «بڕۆ! با هەروەک باوەڕت هێنا، بۆت ببێت.» جا لەو کاتەدا خزمەتکارەکەی چاک بووەوە.

چاککردنەوەی خەسووی پەترۆس

14 عیسا هاتە ماڵی پەترۆس، خەسووی پەترۆسی بینی کەوتووە، تای هەبوو. 15 عیسا دەستی لە دەستی دا و تایەکە بەریدا. ئەویش هەستا و دەستی بە خزمەتکردنیان کرد.

16 کاتێک ئێوارە داهات، زۆر کەسیان بۆ هێنا ڕۆحی پیسیان تێدابوو، ئەویش بە وشەیەک ڕۆحە پیسەکانی دەرکرد و هەموو نەخۆشەکانی چاککردەوە. 17 تاکو ئەوەی لە ڕێگەی پێغەمبەر ئیشایا گوتراوە بێتە دی کە دەڵێ:

[ئەو دەردەکانی ئێمەی هەڵگرت و
    نەخۆشییەکانمانی برد.][t]

نرخی دوای عیسا کەوتن

18 کاتێک عیسا خەڵکێکی زۆری لە دەوری خۆی بینی، فەرمانی دا بپەڕنەوە ئەوبەری دەریاچەکە. 19 مامۆستایەکی تەورات هاتە لای، پێی گوت: «مامۆستا، بۆ کوێ بڕۆیت دوات دەکەوم.»

20 عیساش پێی فەرموو: «ڕێوی کونی هەیە و باڵندەی ئاسمانیش هێلانە، بەڵام کوڕی مرۆڤ[u] جێیەکی نییە سەری لێ دابنێت.»

21 یەکێکی دیکە لە قوتابییەکانی پێی گوت: «گەورەم، ڕێگام بدە یەکەم جار بچم باوکم بنێژم.»[v]

22 بەڵام عیسا پێی فەرموو: «دوام بکەوە، واز لە مردووان بهێنە با مردووەکانی خۆیان بنێژن.»

عیسا ڕەشەبا هێمن دەکاتەوە

23 کاتێک عیسا سواری بەلەمەکە بوو، قوتابییەکانی دوای کەوتن. 24 لەناکاو ڕەشەبایەکی بەهێز هەڵیکردە سەر دەریاچەکە، خەریک بوو شەپۆلەکان بەلەمەکە داپۆشن، بەڵام عیسا نوستبوو. 25 ئینجا قوتابییەکانی چوون و هەڵیانستاند، گوتیان: «گەورەم، ڕزگارمان بکە! وا لەناودەچین!»

26 ئەویش پێی فەرموون: «ئەی کەم باوەڕینە، بۆچی دەترسن؟» ئینجا هەستا، لە ڕەشەبا و دەریاچەکەی ڕاخوڕی، ئیتر بووە هێمنییەکی تەواو.

27 ئەوانیش سەرسام بوون و گوتیان: «ئەمە چ مرۆڤێکە؟ تەنانەت با و دەریاش گوێڕایەڵی دەبن!»

دەرکردنی ڕۆحی پیس

28 کاتێک عیسا گەیشتە ئەوبەر، لە هەرێمی گەدەرین، دوو کەسی تووشبوو ڕۆحی پیسیان تێدابوو، لە گۆڕستانەوە هاتبوونە دەرەوە. بە ڕادەیەک توندوتیژ بوون کە تەنانەت کەس نەیدەتوانی بەو ڕێگایەدا تێبپەڕێت. 29 هاواریان کرد و گوتیان: «چیت لێمان دەوێ، ئەی کوڕی خودا؟ ئایا پێش وەخت بۆ ئێرە هاتوویت، تاکو ئەشکەنجەمان بدەیت؟»

30 لە دووری ئەوانەوە ڕانە بەرازێکی گەورە دەلەوەڕان. 31 ڕۆحە پیسەکانیش لێی پاڕانەوە و گوتیان: «ئەگەر دەرماندەکەیت، بماننێرە ناو ڕانە بەرازەکە.»

32 ئەویش پێی فەرموون: «بڕۆن!» ئەوانیش هاتنە دەرەوە و چوونە ناو بەرازەکان، ئەوە بوو هەموو ڕانەکە بە خێرایی لە قەراغی شاخەکەوە بۆ ناو دەریاچەکە هەڵدێران و لە ئاوەکەدا خنکان. 33 بەرازەوانەکانیش ڕایانکرد بۆ ناو شار و هەموو شتێکیان گێڕایەوە، بگرە ئەو ڕووداوەشیان گێڕایەوە کە بەسەر ئەوانەدا هاتبوو کە ڕۆحی پیسیان تێدابوو. 34 ئەوە بوو شارەکە هەمووی بۆ بینینی عیسا هاتنە دەرەوە، کە بینییان، لێی پاڕانەوە لە ناوچەکەیان بچێتە دەرەوە.

چاککردنەوەی ئیفلیجێک

ئینجا عیسا سواری بەلەمێک بوو، پەڕییەوە و هاتە شارەکەی خۆی[w]. ئیفلیجێکیان هێنایە لای لەناو جێگا کەوتبوو، کاتێک عیسا باوەڕی ئەوانی بینی، بە ئیفلیجەکەی فەرموو: «کوڕم، ورەت بەرز بێت، گوناهەکانت بەخشران.»

جا هەندێک لە مامۆستایانی تەورات لە دڵی خۆیاندا گوتیان: «ئەمە کفر دەکات!»

عیساش زانی بیر لە چی دەکەنەوە و فەرمووی: «بۆچی لە دڵتاندا بیر لە خراپە دەکەنەوە؟ کامیان ئاسانترە بگوترێت، ”گوناهەکانت بەخشران،“ یان بگوترێت، ”هەستە و بڕۆ؟“ بەڵام تاکو بزانن کوڕی مرۆڤ لەسەر زەوی دەسەڵاتی هەیە گوناه ببەخشێت،…» ئینجا بە ئیفلیجەکەی فەرموو: «هەستە، نوێنەکەت هەڵگرە و بڕۆرەوە ماڵەوە.» ئەویش هەستا و گەڕایەوە ماڵ. کاتێک خەڵکەکە ئەمەیان بینی، سام دایگرتن و ستایشی خودایان کرد، کە دەسەڵاتی ئاوای بە مرۆڤ داوە.

عیسا بۆ گوناهباران هاتووە

کاتێک عیسا بەوێدا تێپەڕی، پیاوێکی بینی لە شوێنی باجگری دانیشتبوو، ناوی مەتا بوو. پێی فەرموو: «دوام بکەوە.» ئەویش هەستا و دوای کەوت.

10 لە کاتێکدا عیسا لە ماڵی مەتا لەسەر خوان دانیشتبوو، زۆر باجگر و گوناهبار هاتن و لەگەڵ عیسا و قوتابییەکانی پاڵیان دایەوە. 11 کە فەریسییەکان ئەمەیان بینی، بە قوتابییەکانیان گوت: «بۆچی مامۆستاکەتان لەگەڵ باجگر و گوناهباران نان دەخوات؟»

12 جا کاتێک عیسا گوێی لێبوو، فەرمووی: «لەشساغ پێویستی بە پزیشک نییە، بەڵکو نەخۆش. 13 بڕۆن و واتای ئەمە فێربن: [من میهرەبانیم دەوێ نەک قوربانی.][x] چونکە نەهاتووم ڕاستودروستان بانگهێشت بکەم، بەڵکو گوناهباران.»

لەبارەی ڕۆژووەوە

14 ئینجا قوتابییەکانی یەحیا هاتنە لای و گوتیان: «بۆچی ئێمە و فەریسییەکان زۆر جار بەڕۆژوو دەبین، بەڵام قوتابییەکانت بەڕۆژوو نابن؟»

15 عیسا پێی فەرموون: «ئایا بانگهێشتکراوانی زەماوەند دەتوانن شیوەن بگێڕن کاتێک زاوا لەگەڵیاندایە؟ بەڵام ڕۆژێک دێت زاوایان لێ دوور دەخرێتەوە، ئەوسا بەڕۆژوو دەبن.

16 «کەس کراسی کۆن بە پەڕۆیەک کە نەچووبێتە ئاو پینە ناکات، چونکە پینەکە کراسەکە لێک ڕادەکێشێت و دڕاویەکە خراپتر دەکات. 17 شەرابی نوێش ناکەنە ناو مەشکەی کۆنەوە، ئەگینا مەشکەکە دەدڕێت، جا شەرابەکە دەڕژێت و مەشکەکەش لەناودەچێت. بەڵکو شەرابی نوێ لەناو مەشکەی نوێ دەکرێت و هەردووکیان پارێزراو دەبن.»

زیندووکردنەوەی کچێک

18 کاتێک ئەمانەی دەفەرموو، پێشەوایەک[y] هات و کڕنۆشی بۆ برد و گوتی: «هەر ئێستا کچەکەم مرد، بەڵام وەرە دەستی لەسەر دابنێ، زیندوو دەبێتەوە.» 19 عیساش هەستا و لەگەڵی ڕۆیشت، قوتابییەکانیش دوایان کەوتن.

20 هەر لەو کاتەدا ژنێک کە دوازدە ساڵ بوو خوێنبەربوونی هەبوو، لە دواوە لێی نزیک بووەوە و دەستی لە چمکی کراسەکەی دا، 21 چونکە لە دڵی خۆیدا گوتی: «ئەگەر تەنها دەست لە جلەکانیشی بدەم، چاکدەبمەوە.»

22 عیسا ئاوڕی دایەوە، بینی و فەرمووی: «کچم دڵنیابە، باوەڕەکەت تۆی چاککردەوە.» ژنەکە دەستبەجێ چاک بووەوە.

23 کاتێک عیسا چووە ماڵی سەرۆکەکە، شیوەنگێڕان[z] و خەڵکێکی زۆری بینی کە دەنگەدەنگیان دەکرد، 24 فەرمووی: «لاچن، کچەکە نەمردووە، بەڵکو نوستووە.» ئەوانیش پێی پێکەنین. 25 کاتێک خەڵکەکە دەرکران، هاتە ژوورەوە و دەستی گرت، کچەش هەستایەوە. 26 ئەم هەواڵەش بە هەموو ئەو ناوچەیەدا بڵاو بووەوە.

چاککردنەوەی دوو کەسی نابینا

27 عیسا بەوێدا دەڕۆیشت، دوو کەسی نابینا دوای کەوتن، هاواریان دەکرد و دەیانگوت: «کوڕی داود، بەزەییت پێماندا بێتەوە.»

28 کاتێک هاتە ماڵەوە، کەسە نابیناکان هاتنە لای. عیساش پێی فەرموون: «باوەڕتان بەوە هەیە کە من بتوانم ئەمە بکەم؟» وەڵامیان دایەوە: «بەڵێ گەورەم.»

29 ئینجا ئەویش دەستی لە چاویان دا و فەرمووی: «با بەگوێرەی باوەڕتان بۆتان ببێت.» 30 ئیتر بیناییان بۆ گەڕایەوە، عیساش بە توندی ئاگاداری کردنەوە: «ئاگاداربن با کەس نەزانێت.» 31 بەڵام ئەوان ڕۆیشتن و هەموو ناوچەکەیان لێی تێگەیاند.

لاڵێک دەکەوێتە قسەکردن

32 کاتێک دوو کابراکە دەچوونە دەرەوە، چەند کەسێک لاڵێکیان هێنایە لای عیسا، ڕۆحی پیسی تێدابوو. 33 کاتێک ڕۆحە پیسەکە دەرکرا، لاڵەکە قسەی کرد. خەڵکەکەش سەرسام بوون، گوتیان: «قەت لە ئیسرائیلدا شتی وا ڕووی نەداوە.»

34 بەڵام فەریسییەکان گوتیان: «بە شای ڕۆحە پیسەکان ڕۆحی پیس دەردەکات.»

دروێنەی زۆر و کرێکاری کەم

35 عیسا بە هەموو شار و گوندەکاندا دەگەڕا، لە کەنیشتەکانیان فێری دەکردن و مزگێنی پاشایەتییەکەی ڕادەگەیاند، هەرچی نەخۆشی و هەرچی نەساغی هەبوو چاکی دەکردنەوە. 36 کاتێک خەڵکەکەی بینی دڵی پێیان سووتا، چونکە وەک مەڕی بێ شوان پەرێشان و دەربەدەر بوون. 37 جا بە قوتابییەکانی فەرموو: «دروێنە زۆرە، بەڵام سەپان کەمە. 38 لەبەر ئەوە داوا لە خاوەنی دروێنە بکەن تاکو سەپان بۆ دروێنەکەی بنێرێت.»

بانگکردنی دوازدە نێردراوەکە

10 ئینجا دوازدە قوتابییەکەی بانگکرد، دەسەڵاتی پێدان تاکو ڕۆحی پیس دەربکەن و هەرچی نەخۆشی و نەساغی هەبوو چاک بکەنەوە.

ئەمانەش ناوی دوازدە نێردراوەکەیە: یەکەمین، شیمۆن کە بە پەترۆس ناودەبردرا و ئەندراوسی برای، یاقوبی کوڕی زەبدی و یۆحەنای برای، فیلیپۆس و بەرتۆلماوس، تۆماس و مەتای باجگر، یاقوبی کوڕی حەلفا و تەداوس، شیمۆنی کانەوی[aa] و یەهوزای ئەسخەریوتی کە عیسای بە گرتن دا.

عیسا نێردراوەکانی دەنێرێت

عیسا ئەم دوازدە کەسەی نارد، فەرمانی پێ کردن: «بە ڕێگای نەتەوەکاندا مەڕۆن و مەچنە شاری سامیرەییەکان، بەڵکو لەبری ئەوە بڕۆنە لای مەڕە ونبووەکانی ماڵی ئیسرائیل. کاتێک دەچن، ئەم پەیامە ڕابگەیەنن: ”پاشایەتی ئاسمان نزیک بووەتەوە.“ نەخۆش چاک بکەنەوە، مردوو زیندوو بکەنەوە، گەڕوگول پاک بکەنەوە، ڕۆحی پیس دەربکەن. بەخۆڕایی وەرتانگرتووە، بەخۆڕاییش بیدەن. زێڕ و زیو و مس لە پشتێنتان هەڵمەگرن، 10 نە توورەکە بۆ ڕێگا، نە دوو کراس و نە پێڵاوی زیاد و نە گۆچانیش، چونکە کرێکار شایانی نانی خۆیەتی.

11 «چوونە هەر شار و گوندێک، بە شوێن کەسێکی شایستەدا بگەڕێن و هەتا ئەوێ بەجێدەهێڵن لە ماڵی ئەو کەسە بمێننەوە. 12 کە چوونە ماڵەکە سڵاو بکەن. 13 ئەگەر ماڵەکە شایستە بوون، با ئاشتیتان بۆیان بێت، بەڵام ئەگەر شایستە نەبوون، با ئاشتیتان بۆ خۆتان بگەڕێتەوە. 14 ئەوەی پێشوازی لێ نەکردن و گوێی لە قسەتان نەگرت، لەو ماڵە یان لەو شارۆچکەیە بڕۆنە دەرەوە و تۆزی پێتان بتەکێنن. 15 ڕاستیتان پێ دەڵێم: لە ڕۆژی لێپرسینەوەدا، دۆخی خاکی سەدۆم و عەمۆرا سزای سووکتر دەبێت لەوەی ئەم شارە. 16 ئەوەتا من وەک مەڕ بەناو گەلە گورگدا دەتاننێرم. جا وەک مار ژیر بن و وەک کۆتر لە خراپە بێبەری بن.

17 «لە خەڵکی بەئاگابن، چونکە دەتاندەنە دادگا و لە کەنیشتەکانیان بە قامچی لێتان دەدەن، 18 لەبەر من دەبردرێنە بەردەم فەرمانڕەوایان و پاشایان، وەک شایەتێکی من بۆ ئەوان و بۆ نەتەوەکانیش. 19 کاتێکیش بە گرتنتان دەدەن، نیگەران مەبن کە چی بڵێن و چۆن بڵێن، لەو کاتەدا پێتان دەدرێت چی بڵێن، 20 چونکە ئەوە ئێوە نین کە قسە دەکەن، بەڵکو ڕۆحی باوکتانە لە ئێوەدا قسە دەکات.

21 «برا برای خۆی بۆ مردن بە گرتن دەدات، باوکیش منداڵی خۆی. منداڵان لە دایک و باوکیان هەڵدەگەڕێنەوە و دەیانکوژن. 22 لەبەر ناوی من هەمووان ڕقیان لێتان دەبێتەوە، بەڵام ئەوەی تاکو کۆتایی دانبەخۆدا بگرێت، ڕزگاری دەبێت. 23 کە لەم شارە دەتانچەوسێننەوە، ڕاکەن بۆ شارێکی دیکە. ڕاستیتان پێ دەڵێم: شارەکانی ئیسرائیل تەواو ناکەن پێش هاتنی کوڕی مرۆڤ[ab].

مەترسن

24 «قوتابی لە مامۆستاکەی بەرزتر نییە و کۆیلەش لە گەورەکەی بەرزتر نییە. 25 بۆ قوتابی بەسە وەک مامۆستاکەی بێت و کۆیلەش وەک گەورەکەی. ئەگەر خاوەن ماڵ بە ”بەعل‌زەبول“[ac] ناو ببردرێت، چەند زیاتر خانەوادەکەی؟

26 «لەبەر ئەوە لێیان مەترسن، چونکە هیچ شتێکی شاردراوە نییە ئاشکرا نەبێت و نهێنی نییە دەرنەکەوێت. 27 ئەوەی لە تاریکیدا پێتانی دەڵێم، لە ڕووناکی بیڵێنەوە، ئەوەی بە چرپە دەیبیستن، لە سەربانەکان جاڕبدەن. 28 لەوانە مەترسن کە جەستە دەکوژن، بەڵام ناتوانن گیان بکوژن، بەڵکو لەوە بترسن کە دەتوانێ جەستە و گیان بە یەکەوە لە دۆزەخدا لەناوبەرێت. 29 ئایا دوو چۆلەکە بە فلسێک نافرۆشرێت؟ کەچی هیچ یەکێکیان بەبێ خواستی باوکتان ناکەوێتە سەر زەوی. 30 ئێوە تەنانەت مووی سەریشتان هەمووی ژمێردراوە. 31 کەواتە مەترسن، ئێوە زۆر لە چۆلەکە بەنرخترن.

32 «بۆیە ئەوەی لەبەردەم خەڵک دانم پێدا بنێت، منیش لەلای باوکم کە لە ئاسمانە، دانی پێدا دەنێم. 33 بەڵام ئەوەی لەلای خەڵک نکۆڵی لە ناسینی من بکات، منیش لەلای باوکم کە لە ئاسمانە، نکۆڵی لێ دەکەم.

ئاشتی نا بەڵکو شمشێر

34 «وا مەزانن کە هاتووم تاکو ئاشتی بهێنمە سەر زەوی. نەهاتووم بۆ هێنانی ئاشتی، بەڵکو شمشێر![ad] 35 چونکە من هاتووم بۆ هەڵگەڕاندنەوەی

«[کوڕ لە باوکی و
    کچ لە دایکی و
بووک لە خەسووی،
36     دوژمنی مرۆڤیش لە خانەوادەکەی خۆی دەبێت.][ae]

37 «ئەوەی باوک یان دایکی لە من زیاتر خۆشبوێت، شایانی من نییە. ئەوەی کوڕ یان کچی لە من زیاتر خۆشبوێت، شایانی من نییە. 38 ئەوەی خاچەکەی هەڵنەگرێت و دوام نەکەوێت شایانی من نییە. 39 ئەوەی ژیانی خۆی بدۆزێتەوە دەیدۆڕێنێت، بەڵام ئەوەی ژیانی خۆی لەبەر من بدۆڕێنێت دەیدۆزێتەوە.

40 «ئەوەی پێشوازیتان لێ بکات، پێشوازی لە من دەکات، ئەوەش پێشوازیم بکات، پێشوازی لەوە دەکات کە منی ناردووە. 41 ئەوەی پێشوازی لە پێغەمبەرێک بکات بە ناوی پێغەمبەر، ئەوا پاداشتی پێغەمبەرێک وەردەگرێت. ئەوەش پێشوازی لە پیاوچاکێک بکات بە ناوی پیاوچاک، ئەوا پاداشتی پیاوچاکێک وەردەگرێت. 42 ئەوەی تەنها جامە ئاوێکی سارد بداتە یەکێک لەم بچووکانە، لەبەر ئەوەی قوتابی منن، ڕاستیتان پێ دەڵێم: پاداشتی ون نابێت.»

عیسا و حەزرەتی یەحیا

11 پاش ئەوەی عیسا لە ڕێنمایی دوازدە قوتابییەکەی تەواو بوو، لەوێ ڕۆیشت و چوو بۆ فێرکردن و ڕاگەیاندنی پەیامی خودا لە شارۆچکەکانیان.

کاتێک یەحیا لە زینداندا کارەکانی مەسیحی بیست، قوتابییەکانی خۆی نارد و پێی گوت: «ئایا تۆی ئەوەی دێت، یان چاوەڕێی یەکێکی دیکە بکەین؟»

عیساش لە وەڵامدا پێی فەرموون: «بڕۆن، ئەوەی دەیبیستن و دەیبینن بە یەحیای ڕابگەیەنن: کوێر دەبینێت، شەل دەڕوات، گەڕوگول پاک دەبێتەوە، کەڕ دەبیستێت، مردوو هەڵدەستێتەوە و هەژار مزگێنی پێدەدرێت[af]. خۆزگە دەخوازرێت بەوەی لە من بێ هیوا نابێت.»

لە کاتێکدا قوتابییەکانی یەحیا دەڕۆیشتن، عیسا ڕووی لە خەڵکەکە کرد و سەبارەت بە یەحیا فەرمووی: «بۆ بینینی چی چوونە چۆڵەوانی؟ قامیشێک کە با دەیجوڵێنێتەوە؟ ئەی بۆ بینینی چی چوون؟ مرۆڤێک کە جلوبەرگی گرانبەهای پۆشیوە؟ نەخێر، ئەوانەی جلوبەرگی گرانبەها دەپۆشن لە کۆشکی پاشاکانن. ئیتر بۆ بینینی چی چوون؟ پێغەمبەرێک؟ بەڵێ، پێتان دەڵێم، لە پێغەمبەریش مەزنتر. 10 یەحیا ئەو کەسەیە کە دەربارەی نووسراوە:

«[من نێردراوی خۆم لەپێشتەوە دەنێرم،
    ئەوەی ڕێگات بۆ ئامادە دەکات.][ag]

11 ڕاستیتان پێ دەڵێم: لەنێو ئەوانەی لە ژن لەدایک بوون، کەس لە یەحیای لەئاوهەڵکێش پایەبەرزتر نییە، بەڵام بچووکترینی ئەوەی لە شانشینی ئاسمانە لەو پایەبەرزترە. 12 لە ڕۆژانی یەحیای لەئاوهەڵکێشەوە هەتا ئێستا شانشینی ئاسمان بە هێز تێدەکۆشێت، تێکۆشەرانیش دەستی پێوەدەگرن[ah]، 13 چونکە هەموو پێغەمبەران و تەورات، هەتا هاتنی یەحیا پێشبینییان کردووە. 14 ئەگەر دەتانەوێ پەسەندی بکەن، ئەمە ئەلیاسە کە خەریکە بێت[ai]. 15 ئەوەی گوێی هەیە با ببیستێت!

16 «بەڵام ئەم نەوەیە بە چی بەراورد بکەم؟ لەو منداڵانە دەچن کە لە بازاڕەکاندا دانیشتوون و بانگی یەکتری دەکەن و 17 دەڵێن:

«”زوڕنامان بۆ لێدان و هەڵنەپەڕین،
    شینمان بۆ گێڕان و لە خۆتان نەدا.“

18 چونکە یەحیا هات، نەیدەخوارد و نەیدەخواردەوە، دەڵێن: ”ڕۆحی پیسی تێدایە.“ 19 ئینجا کوڕی مرۆڤ هات، دەخوات و دەخواتەوە، دەڵێن: ”ئەمە کابرایەکی نەوسن و مەیخۆرە، هاوڕێی باجگران و گوناهبارانە.“ بەڵام دانایی ڕاستەقینە لە کردارەکانیەوە دەردەکەوێت.»

شارە گوناهبارەکان

20 ئینجا عیسا دەستی بە سەرزەنشتکردنی ئەو شارانە کرد کە زۆربەی پەرجووەکانی تێیاندا ئەنجام دابوو، چونکە تۆبەیان نەکردبوو. 21 «قوڕبەسەرت، ئەی شاری خورازین! قوڕبەسەرت، ئەی بێت‌سەیدا! چونکە ئەو پەرجووانەی لەنێو ئێوەدا کران، ئەگەر لە سور و سەیدا بکرایە، هەر زوو بە جلوبەرگی گوش[aj] و لەناو خۆڵەمێش تۆبەیان دەکرد. 22 بەڵام پێتان دەڵێم: لە ڕۆژی لێپرسینەوەدا سزای سور و سەیدا سووکتر دەبێت لەوەی بۆ ئێوەیە. 23 تۆش ئەی کەفەرناحوم، ئایا بۆ ئاسمان بەرز دەکرێیتەوە؟ نەخێر، تۆ بۆ جیهانی مردووان[ak] دەچیتە خوارەوە، چونکە ئەگەر ئەو پەرجووانەی کە لەنێو تۆدا کرا لە سەدۆمدا بکرابووایە، ئەوا تاکو ئەمڕۆ دەمایەوە. 24 بەڵام پێتان دەڵێم: لە ڕۆژی لێپرسینەوەدا سزای خاکی سەدۆم لە هی تۆ سووکتر دەبێت.»

وەرن بۆ لام، من دەتانحەسێنمەوە

25 لەو کاتەدا عیسا فەرمووی: «ئەی باوک سوپاست دەکەم، پەروەردگاری زەوی و ئاسمان، چونکە ئەمانەت لە دانا و تێگەیشتووان شاردووەتەوە و بۆ منداڵانت ئاشکرا کردووە. 26 بەڵێ ئەی باوک، چونکە ئەمەت پێ باش بوو.

27 «باوکم هەموو شتێکی پێ سپاردووم، کەس کوڕەکە ناناسێت باوک نەبێت، کەسیش باوک ناناسێت تەنها کوڕەکە و ئەوە نەبێت کە کوڕەکە دەیەوێ بۆی ئاشکرا بکات.

28 «وەرن بۆ لام ئەی هەموو ماندووان و بارگرانەکان، من دەتانحەسێنمەوە. 29 نیری من بخەنە سەر خۆتان و لە منەوە فێربن، چونکە دڵنەرم و بێفیزم، حەسانەوەش بۆ دەروونتان دەدۆزنەوە. 30 نیرەکەم گونجاوە و بارم سووکە.»

گەورەی ڕۆژی شەممە

12 لەو کاتەدا، لە ڕۆژی شەممەدا عیسا بەناو دەغڵدا تێدەپەڕی، قوتابییەکانی برسییان بوو، دەستیان بە گوڵەگەنم پرواندن و خواردنی کرد. کە فەریسییەکان بینییان، پێیان گوت: «تەماشا بکە، ئەوەی قوتابییەکانت دەیکەن دروست نییە لە شەممەدا بکرێت.»

ئەویش پێی فەرموون: «ئایا نەتانخوێندووەتەوە داود چی کرد[al]، کاتێک خۆی و ئەوانەی لەگەڵی بوون برسییان بوو؟ چۆن چووە ناو ماڵی خودا و نانی تەرخانکراوی[am] خوارد، کە بۆ ئەو و ئەوانەی لەگەڵی بوون دروست نەبوو بیخۆن، تەنها بۆ کاهینان نەبێ؟ یان لە تەوراتدا نەتانخوێندووەتەوە کە هەرچەندە کاهینان بەهۆی ئەرکیان لە پەرستگا لە ڕۆژانی شەممەدا ڕاسپاردەی ڕۆژی شەممە دەشکێنن بەڵام بە بێتاوان دادەنرێن؟ پێتان دەڵێم، مەزنتر لە پەرستگا لێرەیە. بەڵام ئەگەر واتای ئەوەتان بزانیایە: [من میهرەبانیم دەوێ نەک قوربانی،][an] ئەوا بێتاوانتان تاوانبار نەدەکرد، چونکە کوڕی مرۆڤ گەورەی ڕۆژی شەممەیە.»

چاککردنەوەی نەخۆش لە شەممە

لەوێ ڕۆیشت و هاتە کەنیشتەکەیان، 10 ئەوە بوو پیاوێک دەستێکی وشک بوو. بۆ ئەوەی فەریسییەکان بتوانن سکاڵای لێ بکەن، لێیان پرسی: «ئایا لە شەممەدا چاککردنەوە دروستە؟»

11 پێی فەرموون: «کێ لە ئێوە ئەگەر مەڕێکی هەبێت و لە شەممەدا بکەوێتە چاڵێک، ئایا نایگرێت و دەریناهێنێت؟ 12 مرۆڤ چەند لە مەڕ بەنرخترە! کەواتە لە شەممەدا چاکەکردن دروستە.»

13 ئینجا بە پیاوەکەی فەرموو: «دەستت درێژ بکە.» ئەویش درێژی کرد و چاک بووەوە، وەکو ئەوەی دیکە. 14 بەڵام فەریسییەکان کە هاتنە دەرەوە، تەگبیریان کرد چۆن لەناوی ببەن.

بەندەی هەڵبژێردراوی خودا

15 عیساش بەمەی زانی، لەوێ ڕۆیشت و خەڵکێکی زۆر دوای کەوتن، ئەویش هەموویانی چاککردەوە و 16 ئاگاداری کردنەوە ئاشکرای نەکەن، 17 تاکو ئەوەی لە ڕێگەی پێغەمبەر ئیشایا گوتراوە بێتە دی کە دەڵێت:

18 [ئەوەتا خزمەتکارەکەم، ئەوەی هەڵمبژاردووە،
    خۆشەویستم کە پێی دڵشادم،
ڕۆحی خۆمی دەخەمە سەر،
    جاڕی دادپەروەری بۆ نەتەوەکان دەدات.
19 شەڕ ناکات و هاوار ناکات،
    کەسیش لە شەقامدا دەنگی نابیستێت.
20 قامیشێکی کوتراو ناشکێنێت،
    پڵیتەیەکی پرتەپرتکەر ناکوژێنێتەوە،
تاکو دادپەروەری بە سەرکەوتن دەگەیەنێت.
21     نەتەوەکان هیوایان بە ناوی ئەو دەبێت.][ao]

عیسا و شای ڕۆحە پیسەکان

22 ئینجا پیاوێکیان بۆ هێنا ڕۆحی پیسی تێدابوو، ئەویش نابینا و لاڵ بوو، چاکیکردەوە هەتا ئەوەی لاڵەکە قسەی کرد و بینی. 23 خەڵکەکە هەموو سەرسام بوون و گوتیان: «ئەمە کوڕی داود نییە؟»

24 بەڵام فەریسییەکان کە ئەمەیان بیست، گوتیان: «ئەمە ڕۆحی پیس دەرناکات، مەگەر بە بەعل‌زەبولی[ap] شای ڕۆحە پیسەکان نەبێت.»

25 بەڵام عیسا بە بیرکردنەوەی ئەوانی زانی، پێی فەرموون: «هەر شانشینێک دووبەرەکی تێدابێت، وێران دەبێت، هەر شارێک یان ماڵێک دووبەرەکی تێدابێت، خۆی ڕاناگرێت. 26 ئەگەر شەیتان، شەیتان دەربکات، ئەوا دووبەرەکییان تێدایە، کەواتە چۆن شانشینییەکەی خۆی ڕادەگرێت؟ 27 ئەگەر من بە بەعل‌زەبول ڕۆحی پیس دەربکەم، ئەی کوڕەکانتان[aq] بە کێ دەریاندەکەن؟ لەبەر ئەوە ئەوان دەبنە دادوەرتان. 28 بەڵام ئەگەر من بە ڕۆحی خودا ڕۆحی پیس دەربکەم، ئەوا پاشایەتی خودا هاتووەتە سەرتان.

29 «یان چۆن یەکێک دەتوانێ بچێتە ماڵی بەهێزێک و شتەکانی تاڵان بکات، ئەگەر زوو نەیبەستێتەوە، ئینجا ماڵەکەی تاڵان بکات؟

30 «ئەوەی لەگەڵ من نییە لە دژی منە، ئەوەش لەگەڵ من کۆناکاتەوە، بڵاو دەکاتەوە. 31 لەبەر ئەوە پێتان دەڵێم: هەموو گوناه و کفرکردنێکی مرۆڤ دەبەخشرێت، بەڵام کفرکردن سەبارەت بە ڕۆحی پیرۆز نابەخشرێت. 32 ئەوەی قسە لە دژی کوڕی مرۆڤ بکات، دەبەخشرێت، بەڵام ئەوەی قسە لە دژی ڕۆحی پیرۆز بکات، نابەخشرێت، نە لەم دنیایە و نە لەو دنیا.

دار بە بەرهەمی دەناسرێت

33 «دار بە بەرهەمەکەی دەناسرێتەوە. ئەگەر دار باش بێت، بەرهەمی باش دەدات، ئەگەر دار خراپ بێت، بەرهەمی خراپ دەدات. 34 ئەی بێچووە ماران، کە ئێوە خراپ بن، چۆن دەتوانن بە چاکە بدوێن؟ دەم ئەوە دەڵێت کە لە دڵ دەڕژێتەوە. 35 مرۆڤی چاک لە گەنجینەی چاک شتی چاک دەردەهێنێت، مرۆڤی خراپیش، لە گەنجینەی خراپ، شتی خراپ دەردەهێنێت. 36 بەڵام پێتان دەڵێم: هەر وشەیەکی پووچ کە خەڵک پێی دەدوێ، لە ڕۆژی لێپرسینەوەدا حیسابی خۆی هەیە، 37 چونکە بە وشەکانی خۆت بێتاوان دەکرێیت، بە وشەکانی خۆشت تاوانبار دەکرێیت.»

نیشانەی یونسی پێغەمبەر

38 ئینجا هەندێک مامۆستای تەورات و فەریسی وەڵامیان دایەوە و گوتیان: «مامۆستا، دەمانەوێ نیشانەیەکت لێ ببینین.»

39 کەچی وەڵامی دانەوە: «نەوەیەکی بەدکار و داوێنپیس[ar] داوای نیشانە دەکات، بەڵام نیشانەی نادرێتێ، جگە لە نیشانەی یونسی پێغەمبەر. 40 هەروەک چۆن یونس سێ شەو و سێ ڕۆژ لەناو سکی ماسییەکی گەورەدا بوو، ئاواش کوڕی مرۆڤ سێ شەو و سێ ڕۆژ لە ناخی زەویدا دەمێنێتەوە. 41 خەڵکی نەینەوا لە ڕۆژی لێپرسینەوەدا، لەگەڵ ئەم نەوەیە لە مردن هەڵدەستنەوە و تاوانباری دەکەن، چونکە تۆبەیان کرد کاتێک یونس پەیامی خودای ڕاگەیاند. ئەوەتا لە یونس مەزنتر لێرەیە. 42 شاژنی باشوور[as] لە ڕۆژی لێپرسینەوەدا لەگەڵ ئەم نەوەیە لە مردن هەڵدەستێتەوە و تاوانباری دەکات، چونکە لەوپەڕی زەوییەوە هات بۆ گوێگرتن لە دانایی سلێمان. ئەوەتا لە سلێمان مەزنتر لێرەیە.

گەڕانەوەی ڕۆحی پیس

43 «کاتێک ڕۆحی پیس لە مرۆڤێک دەردەچێت، لە شوێنە وشکەکاندا بەدوای حەوانەوەدا دەگەڕێت و دەستی ناکەوێت. 44 ئینجا دەڵێت: ”دەگەڕێمەوە بۆ ماڵەکەی خۆم کە لێی دەرچووم.“ کاتێک دەگەڕێتەوە دەبینێت چۆڵە و گسکدراوە و ڕێکخراوە. 45 ئەوسا دەچێت و حەوت ڕۆحی پیسی دیکە لە خۆی خراپتر لەگەڵ خۆی دەهێنێت، دەچنە ژوورەوە و لەناو ئەو مرۆڤە دەژیێن. ئینجا کۆتایی ئەو مرۆڤە لە جاران خراپتر دەبێت. بۆ ئەم نەوە بەدکارەش، ئاوا دەبێت.»

دایک و براکانی عیسا

46 لە کاتێکدا کە عیسا قسەی بۆ خەڵکەکە دەکرد، دایک و براکانی لە دەرەوە ڕاوەستابوون، داوایان دەکرد لەگەڵی بدوێن. 47 یەکێک پێی گوت: «وا دایک و براکانت لە دەرەوە ڕاوەستاون، دەیانەوێ لەگەڵت بدوێن.»

48 ئەویش وەڵامی قسەکەری دایەوە: «دایکم کێیە و براکانم کێن؟» 49 ئینجا دەستی بۆ قوتابییەکانی ڕاکێشا و فەرمووی: «ئەوەتا دایک و براکانم، 50 چونکە ئەوەی بە خواستی باوکم بکات کە لە ئاسمانە، ئەوا خوشک و برا و دایکمە.»

نموونەی جوتیارێک

13 هەر لەو ڕۆژەدا عیسا لە ماڵ هاتە دەرەوە و لە کەناری دەریاچەی جەلیل دانیشت. خەڵکێکی ئێجگار زۆر لێی کۆبووەوە، هەتا وای لێهات چووە ناو بەلەمێک دانیشت، هەموو خەڵکەکەش لە کەنارەکە ڕاوەستان. بە نموونە باسی زۆر شتی بۆ کردن و فەرمووی: «جوتیارێک چووە دەرەوە تۆو بکات. کە تۆوی دەوەشاند، هەندێکی کەوتنە سەر ڕێگا، باڵندەش هاتن و خواردیانن. هەندێکیش کەوتنە سەر زەوییەکی بەردەڵان کە خۆڵی کەم بوو، خێرا سەریان دەرکرد، چونکە زەوییەکەی قووڵ نەبوو. بەڵام کە ڕۆژ هەڵهات سووتان و وشک بوون، چونکە ڕەگیان نەبوو. هەندێکیشیان کەوتنە نێو دڕکان، دڕکەکان گەورە بوون و خنکاندیانن. بەڵام هەندێکیان کەوتنە سەر زەوییەکی باش و بەرهەمیان دا، هەندێک یەک بە سەد و هەندێک یەک بە شەست و هەندێکیش یەک بە سی. ئەوەی گوێی هەیە، با ببیستێت!»

بۆچی عیسا بە نموونە دەدوێت؟

10 قوتابییەکان هاتن و لێیان پرسی: «بۆچی بە نموونە قسەیان بۆ دەکەیت؟»

11 وەڵامی دانەوە: «لەبەر ئەوەی بە ئێوە دراوە نهێنی شانشینی ئاسمان بزانن، بەڵام بەوان نەدراوە، 12 چونکە ئەوەی هەیەتی، پێی دەدرێت و لێی دەڕژێ، بەڵام ئەوەی نییەتی، تەنانەت ئەوەی هەشیەتی لێی دەسەنرێتەوە. 13 لەبەر ئەوە بە نموونە قسەیان بۆ دەکەم:

«چونکە سەیر دەکەن، بەڵام نابینن،
    گوێ دەگرن، بەڵام نابیستن و تێناگەن.

14 پێشبینییەکەی ئیشایا لەواندا هاتە دی، کە دەفەرموێ:

[ئێوە هەمیشە دەبیستن بەڵام هەرگیز تێناگەن،
    ئێوە هەمیشە سەیر دەکەن بەڵام هەرگیز نابینن.
15 چونکە دڵی ئەم گەلە ڕەق بووە و
    گوێیان قورس بووە،
    چاویان نوقاندووە،
نەوەک بە چاویان ببینن و
    بە گوێیان ببیستن،
    بە دڵیان تێبگەن و بگەڕێنەوە،
منیش چاکیان بکەمەوە.][at]

16 بەڵام ئێوە، خۆزگە دەخوازرێت بە چاوتان، چونکە دەبینن، بە گوێتان، چونکە دەبیستن. 17 ڕاستیتان پێ دەڵێم: زۆر پێغەمبەر و پیاوچاک بە ئاواتەوە بوون ئەوە ببینن کە ئێوە دەیبینن بەڵام نەیانبینی، ئەوەش ببیستن کە ئێوە دەیبیستن، بەڵام نەیانبیست.

ڕوونکردنەوەی نموونەکە

18 «کەواتە گوێ لە واتای نموونەی جوتیارەکە بگرن: 19 هەرکەسێک پەیامی شانشین ببیستێت و تێینەگات، شەیتان[au] دێت و ئەوەی لە دڵیدا تۆوکراوە دەیڕفێنێت. ئەمانە ئەو تۆوانەن کە کەوتنە سەر ڕێگاکە. 20 ئەوانەی کەوتنە سەر بەردەڵانەکە، ئەو کەسانەن کە پەیامەکە دەبیستن و بە خۆشییەوە وەریدەگرن. 21 بەڵام ڕەگ داناکوتن و کاتین، کاتێک لەبەر پەیامەکە تووشی تەنگانە و چەوسانەوە دەبن، یەکسەر دەکەون. 22 ئەوانەش کە کەوتنە نێو دڕکەکان، ئەو کەسانەن کە پەیامەکە دەبیستن، بەڵام خەمی ژیان و فریوخواردنی دەوڵەمەندی پەیامەکە دەخنکێنن، ئیتر بێ بەرهەم دەبن. 23 بەڵام ئەوانەی کەوتنە سەر زەوییە باشەکە، ئەو کەسانەن کە پەیامەکە دەبیستن و لێی تێدەگەن. یەک بە سەد و یەک بە شەست و یەک بە سی، بەرهەم دەدەن.»

نموونەی گەنم و زیزان

24 نموونەیەکی دیکەی بۆ هێنانەوە: «شانشینی ئاسمان لە مرۆڤێک دەچێت، تۆوی چاک لە کێڵگەکەی بچێنێت. 25 بەڵام کاتێک خەڵک نوستبوون، دوژمنەکەی هات و لەناو گەنمەکەدا زیزانی چاند و ڕۆیشت. 26 کاتێک گەنمەکە ڕوا و گوڵی دەرکرد، زیزانەکەش دەرکەوت.

27 «کۆیلەی خاوەن ماڵ هاتن و پێیان گوت: ”گەورەم، ئایا لە کێڵگەکەتدا تۆوی چاکت تۆو نەکرد؟ ئیتر ئەم زیزانە لەکوێوە هات؟“

28 «ئەویش وەڵامی دانەوە: ”دوژمن ئەمەی کردووە.“ کۆیلەکانیش پێیان گوت: ”دەتەوێ بچین زیزانەکان بژار بکەین؟“»

29 گوتی: «”نەخێر، نەوەک لەگەڵ بژارکردنی زیزان، گەنمیش هەڵبکێشن. 30 هەتا کاتی دروێنە لێگەڕێن با بەیەکەوە پێبگەن، جا لە کاتی دروێنەدا بە سەپانەکان دەڵێم، یەکەم جار زیزانەکە بژار بکەن و بیانکەنە مەڵۆ[av] بۆ ئەوەی بسووتێنرێن، بەڵام گەنمەکە لە ئەمبارەکەم کۆبکەنەوە.“»

نموونەی دەنکە خەردەل

31 نموونەیەکی دیکەی بۆ هێنانەوە: «شانشینی ئاسمان وەک دەنکە خەردەل[aw] وایە، کە یەکێک بیهێنێت و لە کێڵگەکەیدا بیچێنێ، 32 کە بچووکترین تۆوە، بەڵام کاتێک گەشە دەکات، گەورەترین ڕووەکە و دەبێتە درەخت، تەنانەت باڵندەی ئاسمانیش دێن و لەسەر لقەکانیدا هێلانە دەکەن.»

نموونەی هەویرترش

33 نموونەیەکی دیکەی بۆ هێنانەوە: «شانشینی ئاسمان لە هەویرترشێک[ax] دەچێت، ئافرەتێک هێنای و کردییە ناو سێ پێوانە[ay] ئاردەوە، هەتا هەمووی هەڵهات.»

34 عیسا هەموو ئەمانەی بە نموونە بۆ خەڵکەکە باسکرد، بەبێ نموونە قسەی بۆ نەدەکردن، 35 تاکو ئەوەی خودا لە ڕێگەی پێغەمبەرەکەوە فەرموویەتی بێتە دی:

[بە نموونە دەمم دەکەمەوە،
    ئەوەی لە دامەزراندنی جیهانەوە شاراوەیە دەریدەبڕم.][az]

ڕوونکردنەوەی نموونەی زیزان

36 ئینجا خەڵکەکەی بەڕێکرد و گەڕایەوە بۆ ماڵ. قوتابییەکانی هاتنە لای و گوتیان: «نموونەی زیزانی ناو کێڵگەکەمان بۆ لێکبدەوە.»

37 وەڵامی دایەوە: «ئەوەی تۆوە چاکەکەی چاند، کوڕی مرۆڤە. 38 کێڵگەکەش جیهانە، تۆوە چاکەکەش ڕۆڵەکانی شانشینن، زیزانەکەش ڕۆڵەکانی شەیتانن، 39 دوژمنەکەش کە تۆوی کردن ئیبلیسە، دروێنەکەش کۆتایی زەمانە[ba]، سەپانەکانیش فریشتەکانن.

40 «هەروەک چۆن زیزانەکە بژارکرا و بە ئاگر سووتێنرا، لە کۆتایی زەمانیشدا وا دەبێت. 41 کوڕی مرۆڤ فریشتەکانی دەنێرێت، هەموو کۆسپ و سەرپێچیکاران لە شانشینییەکەی کۆدەکەنەوە و 42 فڕێیان دەدەنە ناو کوورەی ئاگرەوە، جا لەوێ دەگریێن و جیڕەی ددانیان دێت. 43 ئەوسا ڕاستودروستان لە شانشینی باوکیاندا وەک ڕۆژ دەدرەوشێنەوە. ئەوەی گوێی هەیە، با ببیستێت!

نموونەی گەنجینە و مرواری

44 «شانشینی ئاسمان لە گەنجینەیەک دەچێت لە کێڵگەیەکدا شاردرابێتەوە. یەکێک دۆزییەوە و شاردییەوە، لە خۆشیان دەچێت و هەرچی هەیە دەیفرۆشێت و ئەو کێڵگەیەی پێ دەکڕێت.

45 «هەروەها شانشینی ئاسمان لە بازرگانێک دەچێت بە شوێن مرواری نایابدا دەگەڕا. 46 کاتێک مروارییەکی گرانبەهای بینی، چوو هەرچیی هەبوو فرۆشتی و مروارییەکەی کڕی.

نموونەی تۆڕ

47 «هەروەها شانشینی ئاسمان لە تۆڕێک دەچێت فڕێدرابێتە دەریاچەوە، لە هەموو جۆرەکانی ماسی کۆدەکاتەوە. 48 کاتێک تۆڕەکە پڕ بوو، ماسیگرەکان ڕایانکێشایە کەنار، باشەکانیان لە سەبەتەدا کۆکردەوە و خراپەکانیشیان فڕێدا. 49 کۆتایی زەمانیش ئاوا دەبێت: فریشتەکان دێن و بەدکاران لەناو ڕاستودروستاندا دەردەهێنن و 50 فڕێیان دەدەنە ناو کوورەی ئاگرەوە. جا لەوێ دەگریێن و جیڕەی ددانیان دێت.»

51 عیسا لێی پرسین: «ئایا هەموو ئەمانە تێگەیشتن؟»

وەڵامیان دایەوە: «بەڵێ.»

52 جا پێی فەرموون: «لەبەر ئەوە هەر مامۆستایەکی تەورات کە دەبێت بە قوتابی لە شانشینی ئاسمان، لە خاوەن ماڵێک دەچێت لە گەنجینەکەیدا نوێ و کۆن دەربهێنێت.»

ڕەتکردنەوەی عیسا

53 کاتێک عیسا ئەم نموونانەی تەواو کرد لەوێ ڕۆیشت. 54 هاتەوە شارەکەی خۆی، لە کەنیشتەکەیان فێری کردن، هەتا ئەوەی سەرسام بوون و گوتیان: «ئەمە ئەم دانایی و پەرجووانەی لەکوێ بوو؟ 55 ئەمە کوڕی دارتاشەکە نییە؟ ئەی دایکی ناوی مریەم نییە؟ یاقوب و یوسف و شیمۆن و یەهوزا برای نین؟ 56 ئەوە نییە خوشکەکانی هەموویان لەلامانن؟ ئەی ئەمە هەموو ئەمانەی لەکوێ بوو؟» 57 جا ڕەتیان کردەوە.

بەڵام عیسا پێی فەرموون: «پێغەمبەر بێ ڕێز نییە، تەنها لە شار و ماڵی خۆی نەبێت.»

58 لەوێدا پەرجووی زۆری نەکرد، لەبەر بێباوەڕییان.

کوشتنی حەزرەتی یەحیا

14 لەو کاتەدا هێرۆدسی ئەنتیپاس فەرمانڕەوای[bb] جەلیل ناوبانگی عیسای بیست، بە پیاوەکانی گوت: «ئەمە یەحیای لەئاوهەڵکێشە لەناو مردوواندا هەستاوەتەوە، لەبەر ئەوە کاری پەرجوو لەسەر دەستی ئەو دەکرێت.»

هێرۆدس، لەبەر هێرۆدیای ژنی فیلیپۆسی برای، یەحیای گرتبوو و پەلبەستی کردبوو و خستبوویە زیندانەوە، چونکە یەحیا پێی دەگوت: «دروست نییە براژنەکەت بخوازیت.» هێرۆدسیش دەیویست بیکوژێت، بەڵام لە خەڵکەکە دەترسا، چونکە بە پێغەمبەریان دادەنا.

لە جەژنی لەدایکبوونی هێرۆدس، کچی هێرۆدیا لەناوەڕاستی میواناندا سەمای کرد و هێرۆدسی دڵخۆش کرد، ئەوە بوو بە سوێندەوە بەڵێنی پێیدا، چی حەزی لێ بێت بیداتێ. کچەش بە فیتی دایکی، گوتی: «لێرە لەسەر سینییەک سەری یەحیای لەئاوهەڵکێشم بدەرێ.» پاشاش دڵگران بوو، بەڵام لەبەر سوێندەکان و میوانەکان، فەرمانی دا بیدەنێ. 10 ئینجا ناردی و لە زیندان سەری یەحیایان پەڕاند و 11 سەرەکەی لەسەر سینییەک هێنرا و درایە کچەکە، ئەویش بردییە لای دایکی. 12 قوتابییەکانی هاتن تەرمەکەیان هەڵگرت و ناشتییان. ئینجا هاتن هەواڵیان دایە عیسا.

تێربوونی پێنج هەزار کەس

13 کە عیسا ئەمەی بیست، سواری بەلەمێک بوو و بە تەنها چووە شوێنێکی چۆڵ. کاتێک خەڵک بیستیان، لە شارەکانەوە بە پێیان دوای کەوتن. 14 کاتێک عیسا لە بەلەم دابەزی و خەڵکێکی لە ڕادەبەدەر زۆری بینی، دڵی پێیان سووتا و نەخۆشەکانی ئەوانی چاککردەوە.

15 کاتێک ئێوارە داهات، قوتابییەکانی هاتنە لای، گوتیان: «ئەم شوێنە چۆڵە و کاتیش درەنگە. خەڵکەکە بەڕێبکە با بڕۆنە گوندەکان و خواردن بۆ خۆیان بکڕن.»

16 بەڵام عیسا پێی فەرموون: «پێویست ناکات بڕۆن. ئێوە شتێکیان بدەنێ با بیخۆن.»

17 ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «لێرە لە پێنج نان و دوو ماسی زیاترمان نییە.»

18 ئەویش فەرمووی: «بۆمی بهێننە ئێرە.» 19 فەرمانی بە خەڵکەکە دا لەسەر گیاکە دانیشن. ئینجا پێنج نانەکە و دوو ماسییەکەی هەڵگرت و تەماشای ئاسمانی کرد، سوپاسی خودای کرد و نانەکانی لەتکرد، ئینجا دایە قوتابییەکان و ئەوانیش دایانە خەڵکەکە. 20 هەموو خواردیان و تێر بوون، پاشان لەو پەلکەنانەی مایەوە دوازدە سەبەتەی پڕیان هەڵگرتەوە. 21 نانخۆران نزیکەی پێنج هەزار پیاو بوون، بێجگە لە ژن و منداڵ.

عیسا بەسەر ئاودا دەڕوات

22 دەستبەجێ قوتابییەکانی ناچار کرد سواری بەلەمەکە بن و پێش خۆی بڕۆنە ئەوبەر، تاکو خەڵکەکە بەڕێ دەکات. 23 کاتێک خەڵکەکەی بەڕێکرد، بە تەنها چووە سەر شاخ تاکو نوێژ بکات. کە ئێوارە داهات بە تەنها لەوێ بوو، 24 بەلەمەکەش ماوەیەکی زۆر لە وشکانییەوە دوور کەوتبووەوە، شەپۆلەکانیش پێیاندا دەکێشا، چونکە بایەکە پێچەوانە بوو. 25 پێش خۆرهەڵاتن عیسا هاتە لایان و بەسەر دەریاچەکەدا دەڕۆیشت. 26 کاتێک قوتابییەکان بینییان لەسەر دەریاچەکە دەڕوات، شێوان و گوتیان: «ئەمە دێوەزمەیە!» لە ترسانیشدا هاواریان کرد.

27 دەستبەجێ عیسا قسەی لەگەڵ کردن: «ورەتان بەرز بێ! منم. مەترسن.»

28 پەترۆس وەڵامی دایەوە: «گەورەم، ئەگەر تۆی، فەرمانم پێبدە بەسەر ئاوەکەدا بێمە لات.»

29 فەرمووی: «وەرە.» پەترۆس لە بەلەمەکە دابەزی و بەسەر ئاوەکەدا ڕۆیشت و بەرەو لای عیسا بەڕێکەوت. 30 بەڵام کاتێک بینی ڕەشەبایە، ترسا و خەریک بوو نوقوم دەبوو، هاواری کرد: «گەورەم، ڕزگارم بکە!»

31 عیساش یەکسەر دەستی درێژکرد و گرتییەوە و پێی فەرموو: «کەم باوەڕ، بۆچی گومانت کرد؟»

32 کە سەرکەوتنە ناو بەلەمەکە، بایەکە وەستا. 33 ئەوانەی لەناو بەلەمەکەدا بوون، کڕنۆشیان بۆ برد و گوتیان: «بەڕاستی تۆ کوڕی خودای.»

34 کاتێک پەڕینەوە، هاتنە خاکی جەنیسارەت. 35 خەڵکی ئاوایی عیسایان ناسییەوە، هەواڵیان دا بە ناوچەکانی دەوروبەر و هەموو نەخۆشەکانیان بۆی هێنا. 36 لێی دەپاڕانەوە کە تەنها دەست لە چمکی کراسەکەی بدەن. جا هەموو ئەوانەی دەستیان لێیدا چاکبوونەوە.

سەرپێچیکردنی ڕاسپاردەی خودا

15 ئینجا فەریسی و مامۆستایانی تەورات لە ئۆرشەلیمەوە هاتنە لای عیسا و گوتیان: «بۆچی قوتابییەکانت نەریتی پیران دەشکێنن؟ پێش نانخواردن دەستیان ناشۆن!»

ئەویش وەڵامی دانەوە: «ئەی بۆچی ئێوە لەبەر نەریتی خۆتان سەرپێچی لە ڕاسپاردەی خودا دەکەن؟ چونکە خودا فەرموویەتی: [ڕێزی دایک و باوکتان بگرن][bc]، [ئەوەی نەفرەت لە باوکی یان دایکی بکات، دەبێت بکوژرێت.][bd] بەڵام ئێوە دەڵێن: ”ئەگەر یەکێک بە دایک یان باوکی گوت: ’ئەوەی بەنیاز بووم بیدەمە ئێوە بۆ خودام تەرخان کردووە،‘ ئەو ئەرکەی ناخەنە سەر کە ڕێزی دایک و باوکی بگرێت.“ جا لەبەر نەریتی خۆتان دەسەڵاتی ڕاسپاردەی خودا ڕەت دەکەنەوە. ئەی دووڕووان! سەبارەت بە ئێوە ئیشایای پێغەمبەر پێشبینی باشی کردووە و دەڵێت:

«[ئەم گەلە بەسەر لێوان ڕێزم لێ دەگرێت،
    بەڵام دڵی لێم دوورە.
بەخۆڕایی دەمپەرستن،
    تەنها ڕاسپاردەی مرۆڤانە فێری خەڵک دەکەن.]»[be]

ئەوەی مرۆڤ گڵاو دەکات

10 عیسا خەڵکەکەی بانگکرد و پێی فەرموون: «گوێ بگرن و تێبگەن. 11 ئەوەی دەچێتە ناو دەمەوە مرۆڤ گڵاو ناکات، بەڵکو ئەوەی لە دەم دێتە دەرەوە، ئەمە مرۆڤ گڵاو دەکات.»

12 ئینجا قوتابییەکان هاتنە پێش و لێیان پرسی: «دەزانی کاتێک فەریسییەکان گوێیان لە قسەکە بوو بێزار بوون؟»

13 وەڵامی دایەوە: «هەر ڕووەکێک باوکی ئاسمانیم نەیچاندبێت، هەڵدەکەنرێت. 14 وازیان لێ بهێنن، ئەوانە کوێرن ڕابەرایەتی کوێرەکان دەکەن. ئەگەر کوێر ڕابەرایەتی کوێر بکات، هەردووکیان دەکەونە چاڵەوە.»

15 پەترۆس پێی گوت: «ئەم نموونەیەمان بۆ ڕوون بکەوە.»

16 عیسا فەرمووی: «ئێوەش هێشتا تێناگەن؟ 17 نازانن هەرچی دەچێتە ناو دەم دەڕواتە ناو سک، دوایی فڕێدەدرێتە دەرەوە؟ 18 بەڵام ئەوەی لە دەم دێتە دەرەوە، لە دڵەوە دێت، ئەمە مرۆڤ گڵاو دەکات، 19 چونکە بیری خراپ لە دڵەوە دەردەچێت، کوشتن، داوێنپیسی، بەدڕەوشتی، دزی، شایەتی درۆ، کفرکردن. 20 ئەمانە مرۆڤ گڵاو دەکەن. بەڵام خواردن بەبێ دەست شوشتن مرۆڤ گڵاو ناکات.»

باوەڕی ژنێکی کەنعانی

21 عیسا لەوێ ڕۆیشت و چوو بۆ ناوچەکانی سور و سەیدا. 22 ژنێکی کەنعانی خەڵکی دەوروبەری ئەوێ، بەرەو ڕووی هات و هاواری کرد: «گەورەم، کوڕی داود، بەزەییت پێمدا بێتەوە! کچەکەم بە خراپی ڕۆحی پیسی تێدایە.»

23 بەڵام عیسا بە وشەیەکیش وەڵامی نەدایەوە. قوتابییەکانی هاتنە پێشی و تکایان لێی کرد: «بەڕێی بکە، وا بەدوامانەوە هاوار دەکات.»

24 وەڵامی دایەوە: «من تەنها بۆ مەڕە ونبووەکانی ماڵی ئیسرائیل نێردراوم.»

25 بەڵام ژنەکە هات، کڕنۆشی بۆ برد و گوتی: «گەورەم یارمەتیم بدە!»

26 وەڵامی دایەوە: «ناشێت نانی منداڵان ببڕدرێت و فڕێبدرێت بۆ سەگ.»

27 ژنەکە گوتی: «ڕاستە گەورەم، بەڵام سەگیش لەو پاشماوەیە دەخوات کە لە خوانی گەورەکانی بەردەبێتەوە.»

28 ئینجا عیسا وەڵامی دایەوە: «خانم، باوەڕی تۆ بەهێزە! ئەوەی داوای دەکەیت با بۆت ببێت.» لەو کاتەوە کچەکەش چاک بووەوە.

ناندانی چوار هەزار کەس

29 ئینجا عیسا لەوێ ڕۆیشت و هاتە لای دەریاچەی جەلیل، چووە سەر شاخێک و لەوێ دانیشت. 30 ئەوە بوو خەڵکێکی زۆر هاتنە لای، شەل و کوێر و گۆج و لاڵ و زۆری دیکەشیان لەگەڵ بوو، لەبەرپێی دایاننان، ئەویش چاکیکردنەوە. 31 تەنانەت خەڵکەکە سەرسام بوون کە بینییان لاڵ قسە دەکات و گۆج چاکدەبێتەوە و شەل دەڕوات و کوێر دەبینێت، جا ستایشی خودای ئیسرائیلیان کرد.

32 ئینجا عیسا قوتابییەکانی بانگکرد و فەرمووی: «دڵم بەو خەڵکە دەسووتێت، ئەوە سێ ڕۆژە لەگەڵمدان و هیچیان نییە بیخۆن. ناشمەوێت بە برسیێتی بیاننێرمەوە، نەوەک لە ڕێگا بڕ نەکەن.»

33 قوتابییەکانی وەڵامیان دایەوە: «لەم چۆڵەوانییە ئەو نانە زۆرەمان لەکوێ بوو بۆ ناندانی ئەم هەموو خەڵکە؟»

34 عیساش پێی فەرموون: «چەند نانتان پێیە؟»

گوتیان: «حەوت، لەگەڵ چەند ماسییەکی بچکۆلە.»

35 ئیتر فەرمانی دا خەڵکەکە لەسەر زەوی دانیشن. 36 حەوت نان و ماسییەکانی برد، سوپاسی خودای کرد و لەتی کردن و دایە قوتابییەکان، قوتابییەکانیش دایانە خەڵکەکە. 37 هەموو خواردیان و تێربوون، دوایی حەوت سەبەتەی پڕ پەلکەنانیان کۆکردەوە. 38 نانخۆران چوار هەزار پیاو بوون، بێجگە لە ژن و منداڵ. 39 ئینجا عیسا خەڵکەکەی بەڕێکرد و سواری بەلەم بوو و هاتە سنووری مەگەدان.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.