Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Bible in 90 Days

An intensive Bible reading plan that walks through the entire Bible in 90 days.
Duration: 88 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
یۆحەنا 15:18 - کردار 6:7

ڕقی جیهان

18 «ئەگەر جیهان ڕقی لێتان دەبێتەوە، ئەوە بزانن پێش ئێوە ڕقی لە من بووەتەوە. 19 ئەگەر ئێوە هی جیهان بوونایە، ئەوا جیهانەوە وەکو هی خۆی خۆشی دەویستن. ئێستا ئێوە هی جیهان نین بەڵام من لە جیهان هەڵمبژاردوون، لەبەر ئەوە جیهان ڕقی لێتانە. 20 بیهێننەوە بیرتان چیم پێ گوتن: ”کۆیلە لە گەورەکەی گەورەتر نییە.“[a] ئەگەر منیان چەوساندبێتەوە، ئێوەش دەچەوسێننەوە. ئەگەر وشەی منیان پاراستووە، هی ئێوەش دەپارێزن. 21 بەڵام هەموو ئەمانەتان لەبەر ناوی من پێ دەکەن، چونکە ئەوەی ناردوومی ئەوان نایناسن. 22 ئەگەر نەهاتمایە و قسەم بۆ نەکردنایە، گوناهیان نەدەبوو، بەڵام ئێستا بیانوویان نییە بۆ گوناهەکەیان[b]. 23 ئەوەی ڕقی لە من بێتەوە، ڕقی لە باوکیشمە. 24 ئەگەر لەنێوانیاندا ئەو کارانەم نەکردبووایە کە کەسی دیکە نەیکردووە، گوناهیان نەدەبوو. بەڵام ئێستا بینییان و ڕقیان لە من و لە باوکم بووەتەوە. 25 بەڵام ئەمە ڕوویدا تاکو ئەو وتەیە بێتە دی کە لە تەوراتەکەیاندا نووسراوە: [بەبێ هۆ ڕقیان لێم بووەوە.][c]

26 «جا کاتێک یارمەتیدەرەکە دێت، ئەوەی لەلایەن باوکەوە بۆتانی دەنێرم، کە ڕۆحی ڕاستییە کە لە باوکەوە هەڵدەقوڵێت، ئەو شایەتیم بۆ دەدات. 27 ئێوەش شایەتی دەدەن، چونکە لە سەرەتاوە لەگەڵ منن.

کاری ڕۆحی پیرۆز

16 «ئەم شتانەم پێ گوتن، تاکو بێ ئومێد نەبن. لە کەنیشتەکان دەردەکرێن، لەڕاستیدا کاتێک دێت ئەوەی دەتانکوژێت وادەزانێت خزمەتی خودا دەکات. ئەمانەش دەکەن چونکە نە باوکەیان ناسیوە و نە من. بەڵام ئەمانەم پێ گوتن، تاکو ئەگەر کاتیان هات بیرتان بکەوێتەوە کە من پێم گوتوون. لە سەرەتادا ئەمانەم پێ نەگوتن، چونکە لەگەڵتان بووم.

«ئێستا دەچمە لای ئەوەی ناردوومی و کەستان لێم ناپرسێت: ”بۆ کوێ دەچیت؟“ کەچی دڵگرانن بەوەی کە ئەمەم پێ گوتن. بەڵام ڕاستیتان پێ دەڵێم: باشترە بۆتان کە بڕۆم، چونکە ئەگەر نەڕۆم، یارمەتیدەرەکەتان[d] بۆ نایەت. بەڵام ئەگەر بڕۆم بۆتانی دەنێرم. کاتێک ئەو دێت، دەیسەلمێنێت کە جیهان بە هەڵە تێگەیشتوون لە گوناه و ڕاستودروستی و حوکمدان: لەسەر گوناه، چونکە باوەڕم پێ ناهێنن؛ 10 لەسەر ڕاستودروستی[e]، چونکە دەچمە لای باوک و ئیتر نامبینن؛ 11 لەسەر حوکمدانیش، چونکە گەورەی ئەم جیهانە حوکم دراوە.

12 «هێشتا شتی زۆرم هەیە پێتانی بڵێم، بەڵام ئێستا ناتوانن بەرگەی بگرن. 13 بەڵام کاتێک ئەو دێت، کە ڕۆحی ڕاستییە، ئەو بۆ ڕاستی تەواو ڕێنماییتان دەکات، چونکە لە خۆیەوە هیچ ناڵێت، بەڵکو ئەوەی گوێی لێ دەبێت دەیڵێت و ڕایدەگەیەنێت چی ڕوودەدات. 14 ئەو شکۆدارم دەکات، چونکە ئەوەتان پێ ڕادەگەیەنێت[f] کە لە منەوە وەریدەگرێت. 15 هەموو ئەوەی کە هی باوکە، هی منیشە. لەبەر ئەوە گوتم، ڕۆحی پیرۆز لە هی من وەردەگرێت و پێتانی ڕادەگەیەنێت.

16 «پاش کەمێک نامبینن، ئینجا پاش کەمێک دیسان دەمبینن.»

هاتنی خۆشی دوای ناخۆشی

17 هەندێک لە قوتابییەکانی بە یەکتریان گوت: «ئەمە چییە کە پێمان دەفەرموێ: ”پاش کەمێک ئیتر نامبینن، پاش کەمێکیش دەمبینن“ و ”چونکە دەچمە لای باوک“؟» 18 گوتیان: «ئەم ”کەم“ـەیە چییە کە باسی دەکات؟ نازانین چی دەفەرموێ!»

19 عیسا زانی کە دەیانویست پرسیاری لێ بکەن، ئینجا پێی فەرموون: «ئایا لەبەر ئەمە پرسیار لە یەکتری دەکەن کە گوتم: ”پاش کەمێک ئیتر نامبینن، پاش کەمێکیش دەمبینن“؟ 20 ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئێوە دەگریێن و شیوەن دەکەن، بەڵام جیهان دڵشاد دەبێ. خەمبار دەبن، بەڵام خەمباریەکەتان دەبێتە شادی. 21 کاتێک ژن منداڵی دەبێت خەم دایدەگرێت، چونکە کاتی هاتووە. بەڵام کە منداڵەکەی بوو، لە خۆشی ئەوەی مرۆڤێک لە جیهان لەدایک بووە، ژانەکانی لەبیر دەکات. 22 ئێوەش ئێستا خەمتان هەیە، بەڵام دەتانبینمەوە و دڵشاد دەبن، کەسیش ئەو خۆشییەتان لێ ناستێنێ. 23 لەو ڕۆژەدا پرسیاری هیچم لێ ناکەن. ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: هەرچییەک بە ناوی منەوە لە باوک داوا بکەن دەتانداتێ. 24 هەتا ئێستا بە ناوی منەوە هیچتان داوا نەکردووە. داوا بکەن وەریدەگرن، تاکو خۆشییەکەتان تەواو بێت.

25 «ئەم شتانەم بە پەند بۆ باسکردن، بەڵام کاتێک دێت ئیتر بە پەند بۆتان نادوێم، بەڵکو بە ئاشکرا باسی باوکتان بۆ دەکەم. 26 لەو ڕۆژەدا بە ناوی منەوە داوا دەکەن. ئیتر پێتان ناڵێم لەلای باوک بۆتان داوا دەکەم، 27 چونکە باوک خۆی ئێوەی خۆشدەوێت، لەبەر ئەوەی منتان خۆشویستووە و باوەڕتان کرد کە لە لای خوداوە هاتووم. 28 لە لای باوکەوە هاتووم بۆ جیهان، ئێستاش جیهان بەجێدەهێڵم و دەگەڕێمەوە لای باوک.»

29 قوتابییەکانی گوتیان: «وا ئێستا بە ڕوونی و بەبێ پەند قسە دەکەیت. 30 ئێستا دڵنیاین کە تۆ هەموو شتێک دەزانیت و پێویست ناکات کەس پرسیارت لێ بکات. بەمەش باوەڕ دەکەین کە لە خوداوە هاتوویت.»

31 عیساش وەڵامی دانەوە: «ئایا ئێستا باوەڕ دەکەن؟ 32 وا کاتێک دێت و ئێستاش هاتووە، کە پەرتەوازە دەبن، هەریەکە بۆ ماڵی خۆی و بە تەنها بەجێم دەهێڵن. بەڵام من بە تەنها نیم، چونکە باوک لەگەڵمدایە.

33 «ئەمانەم پێ گوتن تاکو ئاشتیتان لە مندا هەبێت. لە جیهاندا تووشی تەنگانە دەبن. بەڵام ورەتان بەرز بێت، من جیهانم بەزاندووە.»

نوێژی عیسا بۆ باوەڕداران

17 کە عیسا ئەمانەی فەرموو، چاوی بەرەو ئاسمان هەڵبڕی و فەرمووی:

«باوکە، کاتەکە هاتووە. کوڕەکەت شکۆدار بکە، تاکو کوڕەکەشت شکۆدارت بکات. هەروەک دەسەڵاتت پێداوە بەسەر هەموو خەڵکدا، تاکو ژیانی هەتاهەتایی بە هەموو ئەوانە بدات کە پێت داون. ژیانی هەتاهەتاییش ئەوەیە کە تۆ بناسن، تەنها خودای ڕاستەقینە و عیسای مەسیح، ئەوەی کە ناردووتە. من لەسەر زەوی شکۆدارم کردیت بە تەواوکردنی ئەو کارەی پێت دابووم. ئێستاش باوکە لەلای خۆت شکۆدارم بکە، بەو شکۆیەی پێش بوونی جیهان لەلای تۆ هەمبوو.

«ناوی تۆم بەوانە ناساند کە لە جیهاندا بە منت دان، هی تۆ بوون، خۆت بە منت دان و کاریان بۆ وتەکانت کرد. ئێستاش ئەوان دەزانن هەرچییەکت پێم داوە لە خۆتەوەیە. ئەو وشانەم پێدان کە تۆ پێت دابووم، ئەوانیش وەریانگرت و بە ڕاستی زانییان لە تۆوە هاتووم، باوەڕیان هێنا کە تۆ منت ناردووە. بۆ ئەوان داوا دەکەم. بۆ جیهان داوا ناکەم، بەڵکو بۆ ئەوانەی بە منت داون، چونکە هی تۆن. 10 هەرچییەک هی منە، هی تۆیە، هەرچییەکیش هی تۆیە، هی منە، من لە ئەواندا شکۆدار بووم. 11 ئەمان لە‏جیهان دەمێننەوە، بەڵام من تێیدا نامێنمەوە، چونکە من دەگەڕێمەوە لای تۆ. ئەی باوکی پیرۆز، بە ناوی خۆت بیانپارێزە کە بە منت داوە، تاکو ببنە یەک وەک ئێمە یەکین. 12 کاتێک لەگەڵیان بووم بەو ناوەی کە تۆ بە منت دابوو دەمپاراستن و پاسەوانیم دەکردن. کەسیان لەناونەچوو کوڕی لەناوچوو[g] نەبێت، بۆ ئەوەی نووسراوە پیرۆزەکە بێتە دی.

13 «ئێستاش دێمە لای تۆ، بەڵام لە جیهاندا باسی ئەمە دەکەم، تاکو شادی منیان بە تەواوی لە خۆیاندا هەبێت. 14 من وشەی تۆم دایە ئەوان و جیهان ڕقی لێیان بووەوە، چونکە هی جیهان نین، وەک منیش هی جیهان نیم. 15 داوا ناکەم لە جیهاندا بیانبەیتەوە، بەڵکو لە شەیتان بیانپارێزی. 16 ئەوان هی جیهان نین، وەک منیش هی جیهان نیم. 17 بە ڕاستی خۆت پیرۆزیان بکە، وشەی تۆ ڕاستییە. 18 وەک بۆ جیهانت ناردم، منیش بۆ جیهانم ناردن. 19 بۆ ئەوان خۆم پیرۆز دەکەم، تاکو ئەوانیش لە ڕاستیدا پیرۆزکراو بن.

20 «تەنها بۆ ئەمان داوا ناکەم، بەڵکو بۆ ئەوانەش کە بە قسەی ئەمانەوە باوەڕم پێ دەهێنن، 21 تاکو هەموو یەک بن، وەک تۆ لە مندای و منیش لە تۆدام، ئەوانیش لە ئێمەدا بن، باوکە، تاکو جیهان باوەڕ بهێنێت کە تۆ منت ناردووە. 22 منیش ئەو شکۆیەم داونەتێ کە تۆ بە منت داوە، تاکو ببنە یەک وەک ئێمە یەکین. 23 من لەواندام و تۆ لە مندای، تاکو بە تەواوی یەک بن، بۆ ئەوەی جیهان بزانێت تۆ منت ناردووە و ئەوانت خۆشویستووە هەروەک چۆن منت خۆشویستووە.

24 «باوکە، دەمەوێت ئەوانەی کە بە منت داون لەکوێ بم لەگەڵم بن، تاکو شکۆمەندییەکەم ببینن کە بە منت داوە، چونکە پێش دامەزراندنی جیهان منت خۆشویست.

25 «ئەی باوکی ڕاستودروست، جیهان تۆ ناناسێت، بەڵام من تۆ دەناسم، ئەوانیش دەزانن تۆ منت ناردووە. 26 ناوی تۆم پێ ناساندن و پێیان دەناسێنم، تاکو ئەو خۆشەویستییەی کە بۆ منت هەیە لەوانیشدا بێت و منیش لەواندا بم.»

گرتنی عیسا

18 عیسا ئەمانەی فەرموو و لەگەڵ قوتابییەکانی بەڕێکەوتن بۆ ئەوبەری دۆڵی قدرۆن کە باخچەیەکی لێبوو، خۆی و قوتابییەکانی چوونە ناوی.

یەهوزاش ئەوەی بە گرتنی دا، شوێنەکەی دەزانی، چونکە عیسا زۆر جار لەگەڵ قوتابییەکانی لەوێ کۆدەبووەوە. ئینجا یەهوزا تیپێک سەرباز و خزمەتکارانی کاهینانی باڵا و فەریسییەکانی برد، بە مەشخەڵ و چرا و چەکەوە هاتە ئەوێ.

عیساش هەموو ئەو شتانەی دەزانی کە بەسەری دەهات، چوو و پێی فەرموون: «کێتان دەوێت؟»

وەڵامیان دایەوە: «عیسای ناسیرەیی».

عیسا پێی فەرموون: «من ئەوم». یەهوزاش ئەوەی بە گرتنی دا لەگەڵیان ڕاوەستابوو. کاتێک عیسا پێی فەرموون: «من ئەوم،» گەڕانەوە دواوە و کەوتنە سەر زەوی.

لێی پرسینەوە: «کێتان دەوێت؟»

گوتیان: «عیسای ناسیرەیی.»

عیسا وەڵامی دایەوە: «پێم گوتن من ئەوم. ئەگەر بەدوای مندا دەگەڕێن، با ئەمانە بڕۆن.» بۆ هاتنەدی ئەو قسەیەی کە فەرمووی: «ئەوانەی پێت دابووم کەسیانم ون نەکرد.»[h]

10 شیمۆن پەترۆس شمشێرێکی پێبوو دەریهێنا، لە کۆیلەی سەرۆک کاهینی دا و گوێی ڕاستی بڕی. ئەو کۆیلەیەش ناوی مەلخۆس بوو.

11 عیسا بە پەترۆسی فەرموو: «شمشێرەکەت بگەڕێنەوە کێلانەکەی. ئایا ئەو جامەی کە باوک پێیداوم نەیخۆمەوە؟»

لەبەردەم سەرۆکی کاهین

12 ئیتر تیپە سەربازەکە و فەرماندەکەیان و خزمەتکارانی جولەکەکان عیسایان گرت و بەستیانەوە. 13 یەکەم جار بردییانە لای حەنا، چونکە خەزووری قەیافا بوو کە ئەو ساڵە سەرۆک کاهین بوو. 14 قەیافاش ئەو پیاوە بوو ڕاوێژی بۆ ڕابەرانی جولەکە کردبوو کە باشتر وایە پیاوێک بۆ هەموو گەل بمرێت.

بۆ جاری یەکەم پەترۆس نکۆڵی دەکات

15 شیمۆن پەترۆس لەگەڵ قوتابییەکی دیکە[i] شوێن عیسا کەوتن. لەبەر ئەوەی ئەو قوتابییە لەلای سەرۆکی کاهینان ناسراو بوو، لەگەڵ عیسا چوو بۆ کۆشکی سەرۆکی کاهینان، 16 بەڵام پەترۆس لە دەرەوە لەلای دەرگاکە ڕاوەستا. قوتابییەکەی دیکە کە سەرۆکی کاهینان دەیناسی هاتە دەرەوە و قسەی لەگەڵ کارەکەرە دەرگاوانەکەدا کرد و پەترۆسی هێنایە ژوورەوە.

17 کارەکەرەکە بە پەترۆسی گوت: «تۆش لە قوتابییەکانی ئەم کابرایە نیت؟»

گوتی: «نەخێر.»

18 خزمەتکار و پاسەوانەکان ئاگریان کردبووەوە و ڕاوەستابوون خۆیان گەرم دەکردەوە، چونکە سەرما بوو، پەترۆسیش لەگەڵیان وەستابوو، خۆی گەرم دەکردەوە.

لەبەردەم سەرۆکی کاهینان

19 سەرۆکی کاهینان دەربارەی قوتابییەکانی و فێرکردنەکەی پرسیاری لە عیسا کرد.

20 عیساش وەڵامی دایەوە: «بە ئاشکرا بۆ جیهان دوام، بەردەوام لە کەنیشت و پەرستگادا خەڵکم فێردەکرد، کە هەموو جولەکەکان لێی کۆدەبنەوە. هیچم بە نهێنی نەگوتووە. 21 بۆ پرسیارم لێ دەکەیت؟ لەوانە بپرسە کە گوێیان لێبووە چیم پێیان گوتووە. ئەمانە دەزانن چیم گوتووە.»

22 کاتێک ئەمەی فەرموو یەکێک لە خزمەتکاران کە لەلایەوە ڕاوەستابوو زللەیەکی لە عیسا دا و گوتی: «ئاوا وەڵامی سەرۆک کاهینان دەدەیتەوە؟»

23 عیسا وەڵامی دایەوە: «ئەگەر قسەی خراپم کردووە، شایەتی لەسەر خراپەکە بدە. ئەگەر ڕاستیشە، بۆچی لێم دەدەیت؟» 24 ئینجا حەنا عیسای بە بەدەستی بەستراوەوە بۆ قەیافای سەرۆکی کاهینانی نارد.

بۆ جاری دووەم و سێیەم پەترۆس نکۆڵی دەکات

25 شیمۆن پەترۆسیش ڕاوەستابوو، خۆی گەرم دەکردەوە، لێیان پرسی: «تۆش لە قوتابییەکانی ئەو نیت؟» نکۆڵیی کرد و گوتی: «نەخێر.»

26 یەکێک لە کۆیلەکانی سەرۆکی کاهینان خزمی ئەوە بوو کە پەترۆس گوێی لێکردەوە، گوتی: «ئەی لە باخچەکەدا تۆم لەگەڵ ئەو نەبینی؟» 27 دیسان پەترۆس نکۆڵیی کرد. دەستبەجێ کەڵەشێر خوێندی.

عیسا دەدرێتە دەست پیلاتۆس

28 بەیانی زوو ڕابەرانی جولەکە عیسایان لەلای قەیافاوە بۆ کۆشکی فەرمانڕەوایەتی برد. ئەوان نەچوونە ژوورەوەی کۆشک، نەوەک گڵاو ببن، بەڵکو بتوانن نانی پەسخە بخۆن. 29 پیلاتۆسیش هاتە دەرەوە و گوتی: «چ سکاڵایەکتان لەسەر ئەم پیاوە هەیە؟»

30 وەڵامیان دایەوە: «ئەگەر خراپەکار نەبووایە، نەماندەدا بە دەستتەوە.»

31 پیلاتۆسیش پێی گوتن: «بیبەن، بەگوێرەی شەریعەتی خۆتان حوکمی بدەن.»

جولەکەکان وەڵامیان دایەوە: «دروست نییە ئێمە کەس بکوژین.» 32 ئەمەش ڕوویدا تاکو قسەی عیسا بێتە دی کە ئاماژەیە بۆ ئەو مردنەی کە دەمرێت.

33 لەبەر ئەوە پیلاتۆس چووە ناو کۆشکەکە، بانگی عیسای کرد و پێی گوت: «تۆ پاشای جولەکەی؟»

34 عیسا وەڵامی دایەوە: «تۆ لە خۆتەوە ئەمە دەڵێی، یاخود خەڵکی دیکە باسی منیان بۆ کردووی؟»

35 پیلاتۆس وەڵامی دایەوە: «ئایا من جولەکەم؟ گەلەکەت و کاهینانی باڵا تۆیان داوەتە دەستی من. چیت کردووە؟»

36 عیسا وەڵامی دایەوە: «پاشایەتی من لەم جیهانە نییە. ئەگەر پاشایەتی من لەم جیهانە بووایە، خزمەتکارانم دەجەنگان تاکو نەدرێمە دەست ڕابەرانی جولەکە. بەڵام پاشایەتی من لێرە نییە.»

37 ئینجا پیلاتۆس پێی گوت: «کەواتە تۆ پاشای؟»

عیسا وەڵامی دایەوە: «تۆ دەڵێی کە من پاشام[j]. بۆ ئەمە لەدایک بووم و بۆ ئەمەش هاتوومەتە جیهان، تاکو شایەتی بۆ ڕاستی بدەم. هەرکەسێک لە ڕاستییەوە بێت گوێ لە دەنگم دەگرێت.»

38 پیلاتۆس پێی گوت: «ڕاستی چییە؟» کە ئەمەی گوت دیسان چووە دەرەوە بۆ لای جولەکەکان و پێی گوتن: «هیچ خراپەیەکی تێدا نابینم. 39 بەڵام نەریتێکتان هەیە کە لە جەژنی پەسخەدا یەکێکتان بۆ ئازاد بکەم. بۆیە دەتانەوێت پاشای جولەکەتان بۆ ئازاد بکەم؟»

40 هاواریان کرد: «ئەمە نا! بەڵکو باراباس!» باراباسیش یەکێک بوو لە یاخیبووان.

فەرمانی کوشتنی عیسا

19 ئیتر پیلاتۆس عیسای برد و دایە بەر قامچی. سەربازەکان تاجێکیان لە دڕک چنی و خستیانە سەر سەری و کەوایەکی ئەرخەوانییان لەبەرکرد. لێی دەچوونە پێشەوە، دەیانگوت: «سڵاو، ئەی پاشای جولەکە!» و زللەیان لێی دەدا.

دیسان پیلاتۆس هاتە دەرەوە و پێی گوتن: «بۆتانی دەهێنمە دەرەوە تاکو بزانن هیچ خراپەیەکی تێدا نابینم!» عیسا بە تاجی دڕکاوی و جلی ئەرخەوانییەوە هاتە دەرەوە، پیلاتۆس پێی گوتن: «ئەوە پیاوەکەیە!»

کاتێک کاهینانی باڵا و پاسەوانان بینییان، هاواریان کرد: «لە خاچی بدە! لە خاچی بدە!» پیلاتۆس وەڵامی دانەوە: «ئێوە بیبەن و لە خاچی بدەن، چونکە خراپەی تێدا نابینم.»

ڕابەرانی جولەکە وەڵامیان دایەوە: «تەوراتمان هەیە. بەگوێرەی تەورات دەبێت بمرێت، چونکە خۆی کردووەتە کوڕی خودا.»

کاتێک پیلاتۆس گوێی لەم قسەیە بوو زیاتر ترسا. گەڕایەوە ناو کۆشکەکە و بە عیسای گوت: «خەڵکی کوێی؟» بەڵام عیسا هیچ وەڵامێکی نەدایەوە. 10 پیلاتۆس پێی گوت: «قسەم بۆ ناکەیت؟ ئایا نازانیت دەسەڵاتم هەیە کە ئازادت بکەم یان لە خاچت بدەم؟»

11 عیسا وەڵامی دایەوە: «هیچ دەسەڵاتێکت بەسەر منەوە نییە، مەگەر لە سەرەوە پێت نەدرابێت. لەبەر ئەوە ئەوەی منی داوەتە دەست تۆ گوناهەکەی گەورەترە.»

12 ئیتر پیلاتۆس هەوڵی دەدا ئازادی بکات، بەڵام ڕابەرانی جولەکە هاواریان دەکرد: «ئەگەر ئەمە ئازاد بکەیت، دۆستی قەیسەر نیت. هەرکەسێک خۆی بکاتە پاشا، لە دژی قەیسەر دەدوێت.»

13 کاتێک پیلاتۆس گوێی لەم قسانە بوو، عیسای بردە دەرەوە و لەسەر کورسی دادوەری دانیشت، لە شوێنێک پێی دەگوترێ بەردڕێژکراو، بە عیبریش گەباسا. 14 ڕۆژی ئامادەکاری جەژنی پەسخە بوو، نزیکەی کاتژمێر دوازدە[k] بوو، بە جولەکەکانی گوت: «ئەوەتا پاشاکەتان.» 15 ئەوانیش هاواریان کرد: «بیبە! بیبە! لە خاچی بدە!» پیلاتۆس لێی پرسین: «پاشاکەتان لە خاچ بدەم؟» کاهینانی باڵا وەڵامیان دایەوە: «جگە لە قەیسەر پاشامان نییە.»

16 ئیتر پیلاتۆس دایە دەستیان تاکو لە خاچ بدرێت.

لەخاچدان

ئەوانیش عیسایان برد. 17 عیساش خاچەکەی خۆی هەڵگرت و چوو بەرەو ئەو شوێنەی کە پێی دەگوترێ شوێنی کاسەسەر، بە عیبریش پێی دەگوترێ گولگۆسا. 18 لەوێ لەگەڵ دوو کەسی دیکە لە خاچیان دا، هەریەکە لە لایەکییەوە، عیساش لەناوەڕاستیان.

19 پیلاتۆسیش لەسەر تەختەیەک نووسی: «عیسای ناسیرەیی، پاشای جولەکە.» لەسەر خاچەکە دایکوتا. 20 جولەکەیەکی زۆر نووسراوەکەیان خوێندەوە کە بە عیبری و لاتینی و یۆنانی نووسرابوو، چونکە ئەو شوێنەی عیسای تێدا لە خاچ درابوو لە شارەوە نزیک بوو. 21 کاهینانی باڵای جولەکە بە پیلاتۆسیان گوت: «مەنووسە: پاشای جولەکە، بەڵام بنووسە: ”خۆی گوتی من پاشای جولەکەم.“»

22 پیلاتۆس وەڵامی دایەوە: «ئەوەی نووسیومە، نووسیومە.»

23 کاتێک سەربازەکان عیسایان لە خاچ دا، جلەکانیان برد و کردیانە چوار پارچە، بۆ هەر سەربازێک پارچەیەک. کراسەکەشیان برد، کراسەکە بێ دروومان بوو، لەسەرڕا یەک پارچە چنرابوو.

24 لەبەر ئەوە بە یەکتریان گوت: «با نەیدڕێنین. با تیروپشکی لەسەر بکەین بزانین بۆ کێ دەبێت.»

ئەمەش ڕوویدا تاکو نووسراوە پیرۆزەکە بێتە دی کە فەرموویەتی:

[جلوبەرگەکەی منیان لەنێو خۆیان بەشکرد و
    تیروپشکیان لەسەر کراسەکەم کرد.][l]

جا سەربازەکان ئەمەیان کرد.

25 لەلای خاچەکەی عیسا، دایکی و پووری و مریەمی ژنی کلۆپا و مریەمی مەجدەلی ڕاوەستابوون. 26 کاتێک عیسا دایکی بینی و ئەو قوتابییەش کە خۆشی دەویست لەلای ڕاوەستاوە، بە دایکی فەرموو: «ژنەکە، ئەوەتا کوڕی تۆ.» 27 بە قوتابییەکەشی فەرموو: «ئەوەتا دایکی تۆ.» ئیتر لەو کاتەوە قوتابییەکە بردییەوە ماڵی خۆی.

مردنی عیسا

28 پاشان، لەبەر ئەوەی عیسا زانی کە هەموو شتێک تەواو بووە، هەروەها بۆ ئەوەی نووسراوە پیرۆزەکە[m] بێتە دی، فەرمووی: «تینوومە.» 29 گۆزەیەکی پڕ لە سرکە دانرابوو، ئیسفەنجێکی پڕ لە سرکەیان خستە سەر لقە زوفایەک و بەرزیان کردەوە بۆ دەمی. 30 کاتێک عیسا تامی سرکەکەی کرد، فەرمووی: «تەواو بوو.» لەدوای ئەوە سەری دانەواند و گیانی سپارد.

31 پاشان ڕابەرانی جولەکە داوایان لە پیلاتۆس کرد قاچی لەخاچدراوان بشکێنرێن و تەرمەکانیان هەڵبگیردرێن، چونکە ڕۆژی ئامادەکاری بوو، ئەو شەممەیە ڕۆژێکی گەورە بوو، تاکو تەرمەکان لە شەممەدا لەسەر خاچ نەمێنن. 32 ئینجا سەربازەکان هاتن و هەردوو قاچی ئەوەی یەکەم و ئەوی دیکەیان شکاند کە لەگەڵ عیسادا لە خاچ درابوون. 33 بەڵام کاتێک هاتنە لای عیسا بینییان وا مردووە، قاچییان نەشکاند. 34 بەڵام یەکێک لە سەربازەکان ڕمێکی لە کەلەکەی دا، دەستبەجێ خوێن و ئاو دەرچوو. 35 ئەو پیاوەی ئەمەی بینی شایەتی دا، شایەتییەکەشی ڕاستە. خۆی دەزانێت کە ڕاست دەڵێت، تاکو ئێوە باوەڕ بهێنن. 36 ئەمە ڕوویدا تاکو نووسراوە پیرۆزەکە بێتە دی: [هیچ ئێسکێکی ئەو ناشکێنرێت!][n] 37 هەروەها نووسراوێکی پیرۆزی دیکەش دەفەرموێ: [تەماشای ئەوە دەکەن کە ڕمیان لێداوە.][o]

ناشتنی عیسا

38 پاش ئەوە یوسفی خەڵکی ڕامە کە لە ترسی ڕابەرانی جولەکە بە نهێنی قوتابی عیسا بوو، داوای لە پیلاتۆس کرد تاکو تەرمی عیسا ببات، پیلاتۆسیش ڕێی دا. ئەویش هات و تەرمەکەی برد. 39 نیقۆدیمۆسیش هات، ئەوەی یەکەم جار بە شەو هاتە لای عیسا. لەگەڵ خۆی نزیکەی سی لیتر[p] موڕ[q]ی تێکەڵاو بە ئەلوای[r] هێنا. 40 جا تەرمەکەی عیسایان برد و بە کەتان لەگەڵ بۆن پێچایانەوە، وەک نەریتی جولەکەیە لە کفن کردن. 41 لەو شوێنەی عیسای تێدا لە خاچ درا باخچەیەکی لێبوو، لە باخچەکەشدا گۆڕێکی نوێی لێبوو کەسی تێدا نەنێژرابوو. 42 لەبەر ڕۆژی ئامادەکاری جولەکەکان عیسایان لەوێ دانا[s]، چونکە گۆڕەکە نزیک بوو.

هەستانەوە

20 لە یەکەم ڕۆژی هەفتەدا[t]، هێشتا تاریک بوو، مریەمی مەجدەلی هاتە سەر گۆڕەکە و بینی بەردەکە لەسەر گۆڕەکە گلۆر کراوەتەوە. ئەویش ڕایکرد و هاتە لای شیمۆن پەترۆس و ئەو قوتابییەی دیکە کە عیسا خۆشی دەویست، پێی گوتن: «گەورەیان لە گۆڕەکەدا بردووە و نازانین لەکوێ دایانناوە!»

ئینجا پەترۆس و قوتابییەکەی دیکە بەرەو گۆڕەکە بەڕێکەوتن. هەردووکیان بەیەکەوە ڕایاندەکرد، بەڵام قوتابییەکەی دیکە پێش پەترۆس کەوت و زووتر گەیشتە سەر گۆڕەکە. دانەوییەوە و بینی کەتانەکە دانراوە، بەڵام نەچووە ژوورەوە. ئینجا شیمۆن پەترۆس کە دوایکەوتبوو هات و چووە ناو گۆڕەکە، بینی کەتانەکە دانراوە. دەستەسڕەکەش کە بە سەری عیساوە بوو لەگەڵ کەتانەکە دانەنرابوو، بەڵکو بە جیا لە جێیەک پێچرابووەوە. ئەوسا قوتابییەکەی دیکەش کە یەکەم جار هاتبووە سەر گۆڕەکە چووە ژوورەوە. بینی و باوەڕی هێنا. ئەو کاتە هێشتا لە نووسراوە پیرۆزەکان تێنەگەیشتبوون کە دەبێ لەنێوان مردوواندا هەستێتەوە. 10 دواتر قوتابییەکان گەڕانەوە شوێنی خۆیان.

عیسا بۆ مریەم دەردەکەوێ

11 بەڵام مریەم لەلای گۆڕەکە لە دەرەوە ڕاوەستابوو دەگریا. کاتێک دەگریا، دانەوییەوە و سەیری ناو گۆڕەکەی کرد، 12 بینی دوو فریشتە بە جلی سپییەوە لەو شوێنەی تەرمەکەی عیسای لێ دانرابوو دانیشتوون، یەکێک لەلای سەرییەوە ئەوی دیکە لەلای پێیەوە.

13 لێیان پرسی: «خانم، بۆچی دەگریت؟»

وەڵامی دانەوە: «گەورەمیان بردووە، نازانم لەکوێ دایانناوە.» 14 کە ئەمەی گوت ئاوڕی دایەوە، بینی عیسا ڕاوەستاوە، بەڵام نەیزانی عیسایە.

15 عیسا پێی فەرموو: «خانم! بۆچی دەگریت؟ بەدوای کێدا دەگەڕێیت؟» وایزانی باخەوانەکەیە، پێی گوت: «گەورەم، ئەگەر تۆ بردووتە پێم بڵێ لەکوێ داتناوە تاکو بیبەمەوە.»

16 عیساش پێی فەرموو: «مریەم!»

ئەویش ئاوڕی دایەوە و بە عیبری پێی گوت: «ڕابۆنی!» (واتە مامۆستا.)

17 عیسا پێی فەرموو: «دەستم لێ مەدە، چونکە هێشتا بۆ لای باوک بەرز نەبوومەتەوە. بەڵام بڕۆ لای برایانم و پێیان بڵێ: ”من بەرز دەبمەوە بۆ لای باوکم و باوکتان، خودام و خوداتان.“»

18 مریەمی مەجدەلی هات و بە قوتابییەکانی ڕاگەیاند: «گەورەم بینی!» ئەوەشی پێ گوتن کە پێی فەرمووبوو.

دەرکەوتنی مەسیح بۆ قوتابییەکان

19 ئێوارەی هەمان ڕۆژ، کە یەکەم ڕۆژی هەفتە بوو، لە ترسی ڕابەرانی جولەکە ئەو شوێنەی قوتابییەکانی لێبوو دەرگاکانی داخرابوون، عیسا هات و لەناوەڕاستدا ڕاوەستا و پێی فەرموون: «سڵاوتان[u] لێ بێت!» 20 کە ئەمەی گوت، دەستی و کەلەکەی پیشاندان، جا قوتابییەکان کە مەسیحی خاوەن شکۆیان بینی دڵشاد بوون.

21 ئینجا دیسان عیسا پێی فەرموون: «سڵاوتان لێ بێت! هەروەک چۆن باوک منی ناردووە، منیش دەتاننێرم.» 22 کە ئەمەی گوت، فووی لێکردن، پێی فەرموون: «ڕۆحی پیرۆز وەربگرن. 23 ئەوەی ئێوە گوناهی ببەخشن، بەخشراوە. ئەوەی ئێوە گوناهی نەبەخشن، نەبەخشراوە.»

دەرکەوتنی مەسیح بۆ تۆماس

24 بەڵام تۆماس کە یەکێکە لە دوازدە قوتابییەکە و بە دیدمۆس[v] ناسراوە، لەگەڵ قوتابییەکان نەبوو کاتێک عیسا هات. 25 قوتابییەکانی دیکە پێیان گوت: «گەورەمان بینی!»

ئەویش پێی گوتن: «ئەگەر جێگای بزمارەکان بە دەستیەوە نەبینم، پەنجە نەخەمە شوێنی بزمارەکانەوە، دەست لە کەلەکەی نەدەم هەرگیز باوەڕ ناکەم.»

26 لەدوای هەشت ڕۆژ، قوتابییەکانی دیسان لە ژوورەوە بوون و تۆماسیش لەگەڵیان بوو، دەرگاکانیش داخرابوون، عیسا هات و لەناوەڕاستیان ڕاوەستا، فەرمووی: «سڵاوتان لێ بێت!» 27 ئینجا بە تۆماسی گوت: «پەنجەت بێنە ئێرە و دەستم ببینە، دەستت بێنە و لە کەلەکەمی بدە. بێباوەڕ مەبە بەڵکو باوەڕ بهێنە.»

28 تۆماس وەڵامی دایەوە: «ئەی خاوەن شکۆ و خودای من!»

29 عیسا پێی فەرموو: «چونکە منت بینی باوەڕت کرد؟ خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی نەیانبینی و باوەڕیان هێنا.»

ئامانجی نووسینەکەی

30 عیسا لەبەردەم قوتابییەکانیدا زۆر پەرجووی دیکەی کرد کە لەم پەڕتووکەدا نەنووسراوە. 31 بەڵام ئەمانەی نووسراون تاکو باوەڕ بهێنن کە عیسا مەسیحەکەیە، کوڕی خودایە، تاکو بە باوەڕهێنان بە ناوی ئەو ژیانتان هەبێت.

دەرکەوتنی عیسا لەسەر دەریاچە

21 دوای ئەمە دیسان عیسا لە دەریاچەی جەلیل[w] خۆی بۆ قوتابییەکان دەرخست. بەم شێوەیە خۆی دەرخست: شیمۆن پەترۆس و تۆماس کە بە دیدمۆس ناسراوە، لەگەڵ ناتانئیل کە خەڵکی قانای جەلیل بوو، هەروەها کوڕەکانی زەبدی و دوو قوتابی دیکەی ئەو پێکەوە بوون. شیمۆن پەترۆس پێی گوتن: «بۆ ڕاو دەچم.» پێیان گوت: «ئێمەش لەگەڵت دێین.» ئینجا ڕۆیشتن و سواری بەلەم بوون، بەڵام لەو شەوەدا هیچیان نەگرت.

کاتی بەرەبەیان، عیسا لەسەر کەنارەکە وەستا، بەڵام قوتابییەکان نەیانزانی ئەوە عیسایە.

عیسا پێی فەرموون: «کوڕینە، هیچ ماسیتان پێنییە؟» وەڵامیان دایەوە: «نەخێر.»

پێی فەرموون: «تۆڕەکە هەڵبدەنە لای ڕاستی بەلەمەکە، ماسی دەبیننەوە.» جا هەڵیاندا و ئیتر لەبەر زۆری ئەو ماسییانەی تێیدا بوو نەیانتوانی تۆڕەکە ڕابکێشنە ناو بەلەمەکە.

ئەو قوتابییەی عیسا خۆشی دەویست بە پەترۆسی گوت: «ئەوە عیسای خاوەن شکۆیە!» کاتێک پەترۆس بیستی «ئەوە عیسای خاوەن شکۆیە،» خۆی بە جلەکانی داپۆشی چونکە ڕووت بوو، خۆی هەڵدایە ناو ئاوەکەوە. قوتابییەکانی دیکە بە بەلەمەکە هاتن و تۆڕی ماسییەکەیان ڕادەکێشا، چونکە لە وشکانی دوور نەبوون، تەنها دوو سەد باڵ[x]. کاتێک دابەزینە وشکانی، بینییان وا خەڵووز ئامادە کراوە و ماسی خراوەتە سەری و نان دانراوە.

10 عیسا پێی فەرموون: «لەو ماسییانە بهێنن کە ئێستا گرتتان.»

11 شیمۆن پەترۆسیش سەرکەوت و تۆڕەکەی ڕاکێشایە سەر وشکانی، سەد و پەنجا و سێ ماسی گەورەی تێدابوو، لەگەڵ زۆریەکەشی تۆڕەکە نەدڕا. 12 عیسا پێی فەرموون: «وەرن بخۆن.» هیچ کام لە قوتابییەکان نەیانوێرا پرسیاری لێ بکەن: «تۆ کێیت؟» زانییان عیسای خاوەن شکۆیە. 13 عیسا هات، نانەکەی هەڵگرت و پێیدان، ماسییەکەش بە هەمان شێوە. 14 ئەمە سێیەم جارە عیسا بۆ قوتابییەکان دەربکەوێت پاش هەستانەوەی لەنێو مردوواندا.

گەڕانەوەی پەترۆس بۆ خزمەت

15 دوای ئەوەی نانیان خوارد عیسا بە شیمۆن پەترۆسی فەرموو: «شیمۆنی یۆنا، منت لەوانە خۆشتر دەوێت؟»

پێی گوت: «بەڵێ گەورەم، دەزانیت کە تۆم خۆشدەوێت.»

پێی فەرموو: «بەرخەکانم بلەوەڕێنە.»

16 دیسان پێی فەرمووەوە: «شیمۆنی یۆنا، منت خۆشدەوێت؟»

پێی گوت: «بەڵێ گەورەم، دەزانیت خۆشمدەوێیت.»

پێی فەرموو: «ببە بە شوانی مەڕەکانم.»

17 سێیەم جار پێی فەرموو: «شیمۆنی یۆنا، منت خۆشدەوێت؟»

پەترۆس دڵگران بوو، چونکە سێ جار پێی فەرموو: «منت خۆشدەوێت؟» پێی گوت: «ئەی گەورەم، هەموو شتێک دەزانیت. دەزانیت کە خۆشمدەوێیت.»

عیسا پێی فەرموو: «مەڕەکانم بلەوەڕێنە. 18 ڕاستی ڕاستیت پێ دەڵێم، کاتێک گەنج بوویت پشتێنەکەتت دەبەست و بۆ هەرکوێ دەتویست، دەچوویت. بەڵام کاتێک پیر دەبیت دەستت درێژ دەکەیت و یەکێکی دیکە پشتێنەکەت دەبەستێت و دەتباتە شوێنێک کە ناتەوێت.» 19 ئەمەی گوت وەک ئاماژەکردنێک بۆ مردنی پەترۆس کە بە هۆیەوە شکۆداریی خودا دەردەخات. لەدوای ئەمە پێی فەرموو: «دوام بکەوە!»

20 پەترۆس ئاوڕی دایەوە و بینی کە ئەو قوتابییەی کە عیسا خۆشی دەویست دوایان کەوتووە، ئەوەی لە کاتی نانی ئێوارەدا شانی بە سنگی عیساوە نابوو و پێی گوتبوو: «گەورەم، کێیە ئەوەی بە گرتنت دەدات؟» 21 کاتێک پەترۆس ئەمەی بینی بە عیسای گوت: «گەورەم، ئەی ئەمە چی لێدێت؟»

22 عیساش پێی فەرموو: «ئەگەر بمەوێت دەمێنێتەوە هەتا دێمەوە، بە تۆ چی؟ تۆ دوام بکەوە.» 23 ئیتر ئەم قسەیە لەنێو برایان وا بڵاو بووەوە کە ئەو قوتابییە نامرێت. بەڵام عیسا پێی نەفەرموو کە نامرێت، بەڵکو «ئەگەر بمەوێت دەمێنێتەوە هەتا دێمەوە، بە تۆ چی؟»

24 ئەمەش ئەو قوتابییەیە کە دەربارەی ئەم شتانە شایەتی دەدات و ئەم شتانەی نووسیوە. ئێمەش دەزانین شایەتییەکەی ڕاستە.

25 زۆر شتی دیکە هەیە عیسا کردوویەتی، ئەگەر یەک لەدوای یەک بنووسرایەتەوە، وابزانم خودی جیهان جێگای ئەو پەڕتووکە نووسراوانەی تێدا نەدەبووەوە.

بەرزکردنەوەی عیسا بۆ ئاسمان

بەڕێز ساوفیلۆس، لە پەڕتووکی یەکەممدا دەربارەی هەموو ئەوەی کە عیسا دەستی کرد بە ئەنجامدان و فێرکردنی نووسیومە، هەتا ئەو ڕۆژەی تێیدا بەرزکرایەوە، دوای ئەوەی لە ڕێگەی ڕۆحی پیرۆز ئەو نێردراوانەی ڕاسپارد کە هەڵیبژاردن. دوای ئازار چێژتنی بە چەندین بەڵگە بە زیندوویی خۆی پیشاندان، لە ماوەی چل ڕۆژدا بۆیان دەرکەوت و سەبارەت بە شانشینی خودا بۆیان دوا. کاتێک پێکەوە نانیان دەخوارد، ڕایسپاردن: «ئۆرشەلیم بەجێمەهێڵن، بەڵکو چاوەڕێی بەڵێنەکەی باوک بکەن کە لە منەوە بیستتان. یەحیا خەڵکی لە ئاو هەڵدەکێشا، بەڵام ئێوە پاش چەند ڕۆژێکی کەم لە ڕۆحی پیرۆز هەڵدەکێشرێن[y]

ئەوانەی پێکەوە کۆببوونەوە لێیان پرسی: «ئەی خاوەن شکۆ، لەم کاتەدا پاشایەتی بۆ ئیسرائیل دەگەڕێنیتەوە؟»

وەڵامی دانەوە: «بۆتان نییە ئەو کات و سەردەمانە بزانن کە باوک بە دەسەڵاتی خۆی دایناون. بەڵام کاتێک ڕۆحی پیرۆزتان دێتە سەر، هێز وەردەگرن و بۆ من دەبنە شایەت، لە ئۆرشەلیم و هەموو یەهودیا و سامیرە، تاکو ئەوپەڕی زەوی.»

ئەمەی فەرموو و ئەوانیش تەماشایان دەکرد، بەرزکرایەوە، هەورێک لەبەرچاویان شاردییەوە.

10 کاتێک ئەو دەڕۆیشت، ئەوان سەرنجیان لە ئاسماندا بوو، ئەوە بوو دوو پیاو بە جلی سپییەوە لەلایانەوە ڕاوەستاون. 11 پێیان گوتن: «جەلیلییەکان، بۆچی ڕاوەستاون سەیری ئاسمان دەکەن؟ ئەم عیسایە، کە لەنێوتاندا بۆ ئاسمان بەرزکرایەوە، چۆن بینیتان دەچووە ئاسمان، ئاواش دێتەوە.»

هەڵبژاردنی یەکێک لە جێی یەهوزا

12 ئینجا لەو کێوەی پێی دەگوترا زەیتوون گەڕانەوە ئۆرشەلیم کە بەقەد ڕۆیشتنێکی شەممە لە ئۆرشەلیم نزیک بوو.[z] 13 کاتێک چوونە ژوورەوە، چوونە ژوورەکەی سەرەوە کە تێیدا دەمانەوە، پەترۆس و یۆحەنا و یاقوب، ئەندراوس و فیلیپۆس و تۆماس، بەرتۆلماوس و مەتا و یاقوبی کوڕی حەلفا، شیمۆنی دڵگەرم [aa] و یەهوزای برای یاقوب. 14 هەموو بە یەک دڵ بەردەوام بوون لەسەر نوێژکردن، لەگەڵ ژنەکان و مریەمی دایکی عیسا و براکانی.

15 ڕۆژێکیان پەترۆس لەنێوان نزیکەی سەد و بیست باوەڕداران دابوو، هەستا و گوتی: 16 «خوشک و برایان، دەبووایە نووسراوە پیرۆزەکە بێتە دی، پێشتر لەبارەی یەهوزاوە ڕۆحی پیرۆز لەسەر زمانی داود فەرموویەتی، کە بوو بە ڕێبەر بۆ ئەوانەی عیسایان گرت. 17 لە ئێمە دەژمێردرا و لەم خزمەتەدا بەشی هەبوو.»

18 بە پاداشتی ناپاکی کێڵگەیەکی دەستکەوت، بەڵام بەدەمدا کەوت و لەناوەڕاستەوە شەقبوو، هەموو هەناوی هاتە دەرەوە. 19 هەموو دانیشتووانی ئۆرشەلیم بەمەیان زانی، لەبەر ئەوە لە زمانی خۆیان ئەو کێڵگەیان ناونا، حەقل دەمخ، واتە: کێڵگەی خوێن.

20 ئەوە بوو پەترۆس درێژەی پێدا: «لە پەڕتووکی زەبووردا نووسراوە:

«[با ماڵەکەی چۆڵ بێت،
    کەس نەبێت تێیدا نیشتەجێ بێت!][ab]

هەروەها:

[با یەکێکی دیکە ئەرکەکەی ئەو وەربگرێت.][ac]

21 کەواتە پێویستە ئەو پیاوانەی یاوەرمان بوون، بە درێژایی ئەو ماوەیەی کە عیسای خاوەن شکۆ لەگەڵمان دەژیا، 22 لە لەئاوهەڵکێشانەکەی یەحیاوە تاکو ئەو ڕۆژەی لێمان بەرزکرایەوە، یەکێک لەوان لەگەڵمان ببێتە شایەتی هەستانەوەکەی.»

23 جا دووانیان هێنایە پێشەوە: یوسف کە بە بارساباس ناودەبردرا و نازناوی یوستۆس بوو، لەگەڵ مەتیاس. 24 نوێژیان کرد: «ئەی یەزدان، تۆ بە دڵی هەمووان دەزانیت، بۆمان دەربخە لەم دووانە کامەیانت هەڵبژاردووە، 25 تاکو شوێنی ئەو خزمەت و نێردراویێتییە بگرێتەوە، کە یەهوزا لێی لادا، تاکو بچێتە شوێنی خۆی.» 26 ئینجا تیروپشکیان بۆ کردن و تیروپشکەکە مەتیاسی گرتەوە، لەگەڵ یازدە نێردراوەکە ژمێردرا.

هاتنی ڕۆحی پیرۆز

کە ڕۆژی پەنجایەمین[ad] داهات، هەموو پێکەوە لە یەک شوێندا بوون، لەناکاو دەنگێک لە ئاسمانەوە وەک ڕەشەبا هات، ئەو ماڵەی پڕکرد کە تێیدا دانیشتبوون. ئینجا چەند زمانێکی دابەشبوو وەک ئاگر بۆیان دەرکەوت و لەسەر هەریەکەیان نیشتەوە. جا هەموویان پڕبوون لە ڕۆحی پیرۆز و دەستیان پێکرد بە زمانەکانی دیکە بدوێن، وەک ڕۆح پێی بەخشین.

لەو کاتەدا جولەکەی لەخواترسی هەموو نەتەوەکانی ژێر ئاسمان لە ئۆرشەلیم مابوونەوە. کاتێک دەنگەکە هات، خەڵک کۆبوونەوە و بووە پەشێوی، چونکە هەریەکەیان گوێی لە زمانی خۆی دەبوو پێی دەدوان. حەپەسابوون و بە سەرسامییەوە گوتیان: «باشە هەموو ئەوانەی قسە دەکەن جەلیلی نین؟ ئەی چۆن هەریەکەمان گوێی لە زمانی دایکیی خۆی دەبێت؟ ئێمەی خەڵکی پەرتیا و میدیا و ئیلامی، دانیشتووانی میسۆپۆتامیا، یەهودیا و کەپەدۆکیا، پۆنتۆس و ئاسیا، 10 فریجیا و پامفیلیا، میسر و ناوچەکانی لیبیای ڕووەو کورێن[ae]، هەروەها میوانەکانی ڕۆما، 11 جولەکە و بەجولەکەبوو، کریتی و عەرەب، ئەوەتا گوێمان لێیانە بە زمانی خۆمان باسی کردارە مەزنەکانی خودا دەکەن.» 12 هەموو سەرسام و حەپەسا بوون، بە یەکتریان دەگوت: «دەبێ ئەمە واتای چی بێت؟»

13 هەندێکی دیکە بە گاڵتە پێکردنەوە دەیانگوت: «شەرابی نوێیان زۆر خواردووەتەوە.»

یەکەم وتاری پەترۆس

14 پەترۆس لەگەڵ یازدە نێردراوەکەی دیکەی عیسا ڕاوەستا، دەنگی بەرزکردەوە و پێی ڕاگەیاندن:

«ئەی پیاوانی جولەکە و هەموو ئەوانەی لە ئۆرشەلیم دانیشتوون، با ئەمە لەلاتان زانراو بێت و گوێ لە قسەکانم بگرن، 15 چونکە وەک بیردەکەنەوە ئەمانە سەرخۆش نین، لەبەر ئەوەی هێشتا کاتژمێر نۆی[af] بەیانییە! 16 بەڵکو بەهۆی پێغەمبەر یۆئێل گوتراوە:

17 «[خودا دەفەرموێ، لە ڕۆژانی کۆتاییدا
    ڕۆحم بەسەر هەموو خەڵکدا دەڕێژم.
کوڕان و کچانتان پەیامی خودا ڕادەگەیەنن،
    گەنجانتان بینینیان بۆ ئاشکرا دەکرێت،
    پیرانتان خەون دەبینن.
18 تەنانەت بەسەر بەندە و کەنیزەکانیشم،
    لەو ڕۆژانەدا ڕۆحی خۆم دەبارێنم و
    ئەوانیش پەیامی خودا ڕادەگەیەنن.
19 لە سەرەوە لە ئاسمان پەرجوو[ag] و
    لە خوارەوە لەسەر زەوی نیشانە دەکەم:
    خوێن و ئاگر و ستوونی دووکەڵ.
20 خۆر دەبێتە تاریکی و
    مانگیش دەبێتە خوێن،
    بەر لەوەی ڕۆژی گەورە و شکۆداری یەزدان بێت.
21 جا هەرکەسێک بە ناوی یەزدانەوە بپاڕێتەوە، ڕزگاری دەبێت.][ah]

22 «پیاوانی ئیسرائیل، گوێ لەم قسانە بگرن: عیسای ناسیرەیی پیاوێکە بۆتان سەلمێنرا، بە پەرجوو و کاری مەزن و نیشانە لەلایەن خوداوە لایەنگری کراوە، کە خودا لە ڕێگەی ئەوەوە لەنێوتان ئەنجامی دا، وەک خۆتان دەزانن. 23 ئەم بەگوێرەی خواستی بڕیارلەسەردراو و زانینی پێشووی خودا داتانە دەست، بە دەستی گوناهباران لە خاچتان دا و کوشتتان. 24 بەڵام خودا هەڵیستاندەوە و لە ئازاری مردن ئازادی کرد، لەبەر ئەوەی نەدەکرا لە چنگیدا بمێنێتەوە. 25 سەبارەت بە ئەو داود گوتوویەتی:

«[هەمیشە یەزدانم لەبەردەمم دەبینی،
    لەبەر ئەوەی لەلای دەستەڕاستمەوەیە، ناهەژێم.
26 بۆیە دڵشادم و گیانم خۆشحاڵە،
    تەنانەت جەستەشم لە هیوادا نیشتەجێ دەبێت،
27 چونکە تۆ گیانم لە جیهانی مردوواندا[ai] بەجێناهێڵیت،
    هەروەها ڕێگا نادەیت ئەو کەسەی ئەوەی تۆ پیرۆزت کردووە لەناو گۆڕ بۆگەن بێت.
28 ڕێگاکانی ژیانت پێ ناساندم،
    تێربوون لە شادی لە ئامادەبوونتدایە.][aj]

29 «برایان، ڕێگا دراوە بە ئاشکرا پێتان بڵێم کە داودی باوکمان مرد و نێژرا، گۆڕەکەشی تاکو ئەمڕۆ لەلامانە. 30 ئەویش کە پێغەمبەر بوو، دەیزانی خودا بە سوێند سوێندی بۆ خواردووە کە لە بەری پشتی ئەو لەسەر تەختەکەی دادەنیشێت. 31 پێشبینیی کرد و باسی هەستانەوەی مەسیحەکەی[ak] کرد، نە لە جیهانی مردوواندا بەجێهێڵرا و نە جەستەشی بۆگەن بوو. 32 ئەم عیسایە خودا هەڵیستاندەوە، ئێمەش هەموومان شایەتین بۆی. 33 ئینجا بۆ لای دەستە ڕاستی خودا بەرزکرایەوە کە بەڵێنی ڕۆحی پیرۆزی لە باوکەوە وەرگرت، ئەمەی ڕژاند کە ئێوە دەیبینن و دەیبیستن. 34 داود بۆ ئاسمان بەرز نەکرایەوە، بەڵکو خۆی دەڵێت:

«[یەزدان بە خاوەن شکۆی منی فەرموو:
    ”لە دەستەڕاستم دابنیشە
35 هەتا دوژمنانت دەکەمە تەختەپێ[al] بۆ پێیەکانت.“][am]

36 «بۆیە با هەموو ماڵی ئیسرائیل بە دڵنیایی بزانن، ئەم عیسایەی ئێوە لە خاچتان دا، خودا کردی بە مەسیحی خاوەن شکۆ.»

37 کاتێک ئامادەبووان گوێیان لەم قسانە بوو، کاری کردە سەر دڵیان، بە پەترۆس و نێردراوانی دیکەیان گوت: «برایان، چی بکەین؟»

38 پەترۆس وەڵامی دانەوە: «تۆبە بکەن، با هەریەکەتان بە ناوی عیسای مەسیحەوە لە ئاو هەڵبکێشرێت بۆ لێخۆشبوونی گوناهەکانتان و ڕۆحی پیرۆز بە دیاری وەردەگرن. 39 ئەم بەڵێنەش بۆ خۆتان و منداڵەکانتان و بۆ هەموو ئەوانەیە کە دوورن[an] و یەزدانی پەروەردگارمان بانگیان دەکات.»

40 بە زۆر قسەی دیکەش ئاگاداری کردنەوە و لێیان پاڕایەوە: «خۆتان لەم نەوە لار و چەوتە ڕزگار بکەن.» 41 ئەوانەی کە قسەکەیان وەرگرت لە ئاو هەڵکێشران، لەو ڕۆژەدا نزیکەی سێ هەزار کەس هاتنە ڕیزی باوەڕدارانەوە.

هاوبەشی باوەڕداران

42 ئیتر ئەوان پەیوەستبوون لەسەر فێرکردنی نێردراوان و هاوبەشییەتی[ao]، لەتکردنی نان[ap] و نوێژکردن. 43 هەموو لە ناخدا سام گرتوو بوون، چونکە زۆر پەرجوو و نیشانە لەسەر دەستی نێردراوان کران. 44 باوەڕداران هەموو پێکەوە بوون و لە هەرچی هەیانبوو هاوبەش بوون. 45 ماڵوموڵکی خۆیان دەفرۆشت و بەگوێرەی پێویستی هەریەکەیان دابەشیان دەکرد. 46 ڕۆژانە بە یەک دڵ بەردەوام لە حەوشەکانی پەرستگا دەبوون، لە ماڵەکاندا نانیان لەتدەکرد، بە خۆشی و دڵپاکییەوە پێکەوە نانیان دەخوارد، 47 ستایشی خودایان دەکرد و لەلای هەموو خەڵک پەسەند بوون. مەسیحی خاوەن شکۆش ڕۆژانە ئەوانەی دەهێنایە پاڵیان کە ڕزگاریان دەبوو.

چاکبوونەوەی ئیفلیجێک

لە کاتی نوێژی کاتژمێر سێی[aq] پاش نیوەڕۆ پەترۆس و یۆحەنا سەرکەوتن بۆ پەرستگا. لەبەردەم دەرگای پەرستگادا کە پێی دەگوترا دەرگای جوان، پیاوێک بە زگماک ئیفلیج دانیشتبوو، هەموو ڕۆژێک هەڵیاندەگرت‏ و لەوێ دایاندەنا تاکو سواڵ بکات لەوانەی دەهاتنە حەوشەکانی پەرستگاکەوە. پەترۆس و یۆحەنای بینی بە نیازن بێنە ناو پەرستگا، داوای خێری لێکردن. پەترۆس لەگەڵ یۆحەنا تێیڕووانی، گوتی: «سەیرمان بکە!» ئەویش چاوی تێبڕین و چاوەڕێی دەکرد شتێکیان لێ وەرگرێت.

پەترۆس گوتی: «زێڕ و زیوم نییە، بەڵام ئەوەی هەمە دەتدەمێ. بە ناوی عیسای مەسیحی ناسیرەییەوە، هەستە و بڕۆ!» ئینجا بە دەستی ڕاستی گرتی و هەڵیستاند، دەستبەجێ هێز کەوتە پێ و پاژنەکانی. ئیتر هەڵبەزییەوە و ڕاوەستا و دەستی بە ڕۆیشتن کرد، لەگەڵیان چووە ناو حەوشەکانی پەرستگا، دەڕۆیشت و هەڵدەبەزییەوە و ستایشی خودای دەکرد. هەموو خەڵک بینییان دەڕوات و ستایشی خودا دەکات. 10 جا خەڵکەکە ناسییانەوە کە ئەوەیە بۆ سواڵکردن لەلای دەرگای پەرستگا دادەنیشت، ئەوەی کە پێی دەگوترا جوان، سەرسامی و حەپەساویش دایگرتن لەوەی بەسەری هات.

وتاری پەترۆس لە پەرستگا

11 کاتێک پیاوەکە خۆی بە پەترۆس و یۆحەناوە هەڵواسی بوو، هەموو خەڵکەکە بە سەرسامییەوە ڕایانکردە لایان بۆ ئەو ڕێڕەوەی کە پێی دەگوترا ڕێڕەوی سلێمان، کە هەردوو لای بە کۆڵەکە گیرابوو. 12 پەترۆس ئەمەی بینی، پێی گوتن: «پیاوانی ئیسرائیل، بۆچی لەمە سەرسامن؟ بۆچی چاوتان تێبڕیوین وەک ئەوەی بە توانا یان بە لەخواترسیمان وامان کردووە بڕوات؟ 13 خودای ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب، خودای باوکانمان، عیسای خزمەتکاری خۆی شکۆدار کرد، ئەوەی بە گرتنتان دا و لەبەردەم پیلاتۆس نکۆڵیتان لێکرد، کە بڕیاری دابوو بەریبدات. 14 ئێوە نکۆڵیتان لە پیرۆز و ڕاستودروستەکە[ar] کرد و داوای وەرگرتنەوەی بکوژێکتان کرد. 15 سەرۆکی ژیانتان کوشت، بەڵام خودا لەنێو مردووان هەڵیستاندەوە و ئێمە شایەتین بۆ ئەمە. 16 ئەم پیاوەی ئێوە دەیبینن ‏و دەیناسن،‏ باوەڕی بەناوی عیسا هەبوو، بۆیە هێز و توانای بۆ گەڕایەوە. بە ناوی عیسا و ئەو باوەڕەی بەهۆیەوە دێت، لە‏بەرچاوی هەمووتان ئەم تەندروستییە تەواوەی پێ بەخشی.

17 «ئێستاش برایان دەزانم بە نەزانی ئەوەتان کرد، هەروەک ڕابەرەکانیشتان. 18 بەڵام خودا ئەوەی پێشتر لەسەر زمانی هەموو پێغەمبەرانەوە ڕایگەیاند، کە مەسیحەکەی خۆی ئازار دەچێژێت، ئاوا هێنایە دی. 19 کەواتە تۆبە بکەن و بگەڕێنەوە بۆ لای خودا تاکو گوناهەکانتان بسڕێنەوە، تاکو لەلای یەزدانەوە کاتی حەسانەوەتان بێت و 20 مەسیحتان بۆ بنێرێتەوە، ئەو عیسایەی کە پێشتر بۆتانی دیاری کردبوو. 21 ئەوەی دەبێت لە ئاسمان بیهێڵێتەوە، هەتا کاتی چاککردنەوەی هەموو شتێک[as]، ئەوەی لە کۆنەوە خودا لەسەر زاری پێغەمبەرە پیرۆزەکانییەوە باسی کردووە. 22 موساش گوتی: [یەزدانی پەروەردگارتان لەنێو برایانتاندا پێغەمبەرێکی وەک منتان بۆ دادەنێت، لە هەموو ئەوەی پێتانی دەڵێت گوێی لێ بگرن. 23 جا هەرکەسێک گوێ لەم پێغەمبەرە نەگرێت لەنێو گەل دەبڕدرێتەوە.][at]

24 «هەموو پێغەمبەرانیش، لە ساموئێل بەدواوە، هەموو ئەوانەی قسەیان کردووە، باسی ئەم ڕۆژانەیان کردووە. 25 ئێوەش کوڕی پێغەمبەران و ئەو پەیمانەن کە خودا لەگەڵ باوکانتاندا بەستی، بە ئیبراهیمی فەرموو: [لە ڕێگەی نەوەی تۆوە هەموو نەتەوەکانی سەر زەوی بەرەکەتدار دەبن.][au] 26 کاتێک خودا خزمەتکاری خۆی هەستاندەوە، یەکەم جار بۆ ئێوەی نارد، بۆ ئەوەی بەرەکەتدارتان بکات بە گەڕانەوەی هەریەکەتان لە خراپەکانی.»

پەترۆس و یۆحەنا لە سەنهەدرین

کاتێک پەترۆس و یۆحەنا قسەیان بۆ خەڵکەکە دەکرد، کاهینان و سەرۆکی پاسەوانی پەرستگا و سەدوقییەکان هاتنە لایان، زۆر لێیان پەست بوون، چونکە خەڵکیان فێردەکرد و دەیانگوت کە مردووان زیندوو دەبنەوە هەروەک چۆن عیسا زیندووبووەوە. بۆیە پەترۆس و یۆحەنایان گرت و هەتا بەیانی لە زیندانیان کردن، چونکە دەمەو ئێوارە بوو. بەڵام زۆر لەوانەی گوێیان لە قسەکان بوو باوەڕیان هێنا و ژمارەی پیاوان گەیشتە پێنج هەزار.

بۆ بەیانی پێشەوایان و پیران و مامۆستایانی تەورات لە ئۆرشەلیم کۆبوونەوە، لەگەڵ حەنای سەرۆک کاهین و قەیافا و یۆحەنا و ئەسکەندەر و هەموو ئەوانەی لە تیرەی سەرۆک کاهینان بوون. پەترۆس و یۆحەنایان لەناوەڕاست ڕاگرت، پرسیاریان لێکردن: «بە چ هێزێک و بە چ ناوێک ئەمەتان کرد؟»

جا پەترۆس پڕبوو لە ڕۆحی پیرۆز، پێی گوتن: «ئەی پێشەوایانی گەل و ئەی پیران، ئەگەر ئەمڕۆ لەسەر چاکەیەک بۆ پەککەوتەیەک کراوە لێکۆڵینەوەمان لەگەڵ دەکرێت، بە چی چاک بووەتەوە، 10 با لەلای هەمووتان و هەموو گەلی ئیسرائیل زانراو بێت، بە ناوی عیسای مەسیحی ناسیرەیی، ئەم ئیفلیجە کە بەو تەندروستییە لەبەردەمتان ڕاوەستاوە چاک بووەوە، بە ناوی ئەو عیسایەی کە ئێوە لە خاچتان دا و خوداش لەناو مردووان هەڵیستاندەوە. 11 ئەمە

«[ئەو بەردەیە کە ئێوەی وەستا ڕەتتان کردەوە،
    ئەوەی بوو بە گرنگترین بەردی بناغە[av]‏.][aw]

12 بێجگە لەو ڕزگاربوون نییە، چونکە ناوێکی دیکە لەژێر ئاسماندا نییە لەناو خەڵکدا درابێت، بەوەوە پێویست بکات ڕزگار بین.»

13 کاتێک ئازایەتی پەترۆس و یۆحەنایان بینی و زانییان خەڵکێکی نەخوێندەوار[ax] و سادەن، سەرسام بوون، زانییان کە لەگەڵ عیسادا بوونە. 14 بەڵام کاتێک ئەو پیاوەشیان بینی لەگەڵیان ڕاوەستابوو، ئەوەی چاک بووەوە، هیچیان نەبوو وەڵامی پێ بدەنەوە. 15 ئەوسا فەرمانیان پێدان لە سەنهەدرین بچنە دەرەوە و لەناو خۆیاندا کەوتنە گفتوگۆ: 16 «چی لەم پیاوانە بکەین؟ ئاشکرایە بۆ هەموو دانیشتووانی ئۆرشەلیم کە نیشانەیەکی بەرچاو لە ڕێگەی ئەمانەوە کراوە، ناتوانین نکۆڵی لێ بکەین. 17 بەڵام نەوەک زیاتر لەنێو گەل بڵاو بێتەوە، هەڕەشەیان لێ دەکەین ئیتر لەلای کەس باسی ئەم ناوە نەکەن.»

18 ئینجا بانگیان کردن و فەرمانیان پێدان، بە هیچ شێوەیەک بە ناوی عیسا دەم نەکەنەوە و کەسیش فێرنەکەن. 19 بەڵام پەترۆس و یۆحەنا وەڵامیان دایەوە: «بەلای خوداوە کامیان دروستترە: گوێ لە ئێوە بگرین یان لە ئەو؟ ئێوە حوکم بدەن! 20 بەڵام ئێمە ئەوەی بینیومانە و بیستوومانە ناتوانین باسی نەکەین.»

21 دوای هەڕەشەی زیاتر، بەریاندان. نەیانزانی چۆن سزایان بدەن، لەبەر ئەوەی هەموو ستایشی خودایان دەکرد بەهۆی ئەوەی ڕوویدابوو، 22 چونکە ئەو پیاوەی ئەم نیشانەی چاکبوونەوەی بەسەرهاتبوو لە چل ساڵ زیاتر بوو.

نوێژی باوەڕداران

23 کە پەترۆس و یۆحەنا بەربوون، هاتنە لای هاوڕێیەکانیان و ئەو شتانەی کاهینانی باڵا و پیران پێیان گوتبوون بۆیان گێڕانەوە. 24 ئەمەیان بیست و بە یەک دڵ هاواریان بۆ خودا کرد:

«ئەی یەزدانی باڵادەست، تۆی دروستکەری ئاسمان و زەوی و دەریا و هەموو ئەو شتانەی تێیاندایە. 25 لە ڕێگەی ڕۆحی پیرۆز لەسەر زاری داودی باوکمان و بەندەی خۆت فەرمووت:

«[بۆچی نەتەوەکان دەوروژێن و
    گەلان پیلان لە شتی پووچ دەگێڕن؟
26 پاشایانی زەوی خۆیان ڕێک دەخەن،
    سەرۆکەکانیان پێکەوە کۆدەبنەوە
    لە دژی یەزدان و مەسیحەکەی[ay]‏.][az]

27 لەبەر ئەوەی بە ڕاستی لەم شارەدا، هێرۆدس و پیلاتۆسی پۆنتی و نەتەوەکان و گەلی ئیسرائیل لە دژی عیسای خزمەتکاری پیرۆزت یەکیانگرت، ئەوەی کە دەستنیشانت کرد. 28 ئەو کارەیان ئەنجام دا کە هێز و خواستی تۆ پێشوەخت نەخشەیان بۆ کێشابوو کە دەبێت ڕووبدەن. 29 ئێستاش یەزدان، سەیری هەڕەشەکانیان بکە، بە خزمەتکارانی خۆت ببەخشە بەوپەڕی ئازایەتی بە وشەکانت بدوێن، 30 کاتێک دەستت دەبەیت تاکو چاکبوونەوە و نیشانە و پەرجوو بە ناوی عیسای خزمەتکاری پیرۆزتەوە بکرێت.»

31 کاتێک لە خودا دەپاڕانەوە، ئەو شوێنەی کە تێدا کۆببوونەوە هاتە لەرزین و هەموویان پڕبوون لە ڕۆحی پیرۆز، بە چاونەترسییەوە پەیامی خودایان ڕادەگەیاند.

پێکەوە ژیان

32 کۆمەڵی باوەڕداران یەک دڵ و گیان بوون، کەس نەیدەگوت ئەوەی هەیەتی هی خۆیەتی، بەڵکو لە هەموو شتێکدا هاوبەش بوون. 33 نێردراوان بە هێزێکی گەورەوە شایەتی هەستانەوەی عیسای خاوەن شکۆیان دەدا، نیعمەتێکی[ba] گەورەش بەسەر هەموویانەوە بوو. 34 کەسی نەبوونیان تێدا نەبوو، چونکە هەموو ئەوانەی خاوەن کێڵگە و ماڵ بوون دەیانفرۆشت، پارەکەیان دەهێنا و 35 لەبەرپێی نێردراوان دایاندەنا، ئەوانیش بەگوێرەی پێویستی کەسەکان دابەشیان دەکرد.

36 یوسف، لێڤییەکی ڕەگەز قوبرسییە، کە نێردراوان ناویان لێنا بەرناباس، واتە «کوڕی هاندەر»، 37 کێڵگەیەکی هەبوو، فرۆشتی و پارەکەی هێنا، خستییە بەرپێی نێردراوان.

حەنانیا و سەفیرە

پیاوێک ناوی حەنانیا بوو، لەگەڵ سەفیرەی ژنی پارچە زەوییەکی فرۆشت. بە ئاگاداری ژنەکەی بەشێک لە نرخەکەی بۆ خۆی هەڵگرت، ئەوەی مایەوە هێنای و خستییە بەرپێی نێردراوان.

پەترۆس گوتی: «حەنانیا، بۆچی شەیتان دڵی پڕکردوویت، تاکو درۆ لەگەڵ ڕۆحی پیرۆز بکەیت و لە نرخی زەوییەکە بەشێک بۆ خۆت هەڵبگریت؟ ئایا نەتدەتوانی کێڵگەکە بۆ خۆت دابنێیت و نەیفرۆشی کاتێک کە هی خۆت بوو؟ پاش فرۆشتنی ئایا مافی ئەوەت نەبوو نرخەکەی هەڵبگریت؟ ئیتر بۆچی لە دڵی خۆتدا ویستت ناپاکی بکەیت؟ تۆ درۆت لەگەڵ خەڵک نەکرد، بەڵکو لەگەڵ خودا.»

کاتێک حەنانیا گوێی لەم قسەیە بوو کەوت و مرد. هەموو ئەوانەی ئەمەیان بیست ترسێکی گەورەیان لێ نیشت. ئینجا چەند گەنجێک هەستان و کفنیان کرد، هەڵیانگرت بۆ دەرەوە و ناشتیان.

پاش نزیکەی سێ کاتژمێر، ژنەکەی هاتە ژوورە و نەیدەزانی چی ڕوویداوە. پەترۆس لێی پرسی: «پێم بڵێ، زەوییەکەتان بەم بڕە فرۆشت؟»

گوتی: «بەڵێ، بەم بڕە.»

پەترۆسیش پێی گوت: «بۆچی ڕێککەوتن ڕۆحی یەزدان تاقی بکەنەوە؟ ئەوەتا ئەوانەی مێردەکەتیان ناشت لە بەردەرگان، تۆش هەڵدەگرنە دەرەوە.»

10 دەستبەجێ لەبەرپێی کەوت و مرد. کاتێک گەنجەکان هاتنە ژوورەوە و بینییان مردووە، هەڵیانگرت و لەتەنیشت مێردەکەی ناشتیان. 11 ئیتر ترسێکی گەورە هاتە سەر هەموو کڵێسا و هەموو ئەوانەی ئەمانەیان بیست.

زۆربوونی باوەڕداران

12 لەسەر دەستی نێردراوان زۆر نیشانە و پەرجوو لەنێو گەلدا کرا. هەموو باوەڕداران بە یەک دڵ لە ڕێڕەوەکەی سلێمان لە پەرستگادا کۆدەبوونەوە. 13 کەس نەیدەوێرا بچێتە پاڵیان، بەڵام گەل زۆر ڕێزیان دەگرتن. 14 هەروەها خەڵکی زیاتر باوەڕیان دەهێنا و دەهاتنە پاڵ مەسیحی خاوەن شکۆ، ژن و پیاو بە کۆمەڵ، 15 وای لێهات نەخۆشیان دەهێنایە سەر شەقام و لەسەر جێگا و نوێن دایاندەنان، بەڵکو ئەگەر پەترۆس هات، سێبەرەکەی بکەوێتە سەر هەندێکیان. 16 خەڵکی شارەکانی دەوروپشتی ئۆرشەلیمیش کۆببوونەوە، نەخۆش و ئەوانەیان هەڵگرتبوو کە بە دەست ڕۆحی پیس دەیانناڵاند، جا هەموویان چاکدەبوونەوە.

17 بەڵام سەرۆک کاهین و هەموو ئەوانەی لەگەڵی بوون لە ڕێبازی سەدوقی هەستان و پڕبوون لە ئیرەیی. 18 نێردراوانیان گرت و فڕێیان دانە زیندانی گشتییەوە. 19 بەڵام فریشتەیەکی یەزدان لە شەودا دەرگای زیندانەکەی کردەوە و بردنییە دەرەوە، گوتی: 20 «بڕۆن بۆ حەوشەکانی پەرستگا و ڕاوەستن، تەواوی پەیامی ئەم ژیانە بە خەڵکی بڵێن.»

21 کە گوێیان لێبوو، بەیانی زوو چوونە حەوشەکانی پەرستگا و دەستیان کرد بە فێرکردنی خەڵک.

سەرۆک کاهین و ئەوانەی لەگەڵی بوون هاتن، سەنهەدرین و هەموو کۆمەڵی پیرانی نەوەی ئیسرائیلیان بانگکرد و ناردیان لە زیندان بیانهێنن. 22 بەڵام کە پاسەوانەکان هاتن و لە زیندان نەیاندۆزینەوە، گەڕانەوە و هەواڵیان دا: 23 «زیندانەکەمان بینی بە باشی داخرابوو، پاسەوانیش لە بەردەرگاکان ڕاوەستابوون، بەڵام کاتێک کردمانەوە کەسمان تێیدا نەبینی.» 24 کاتێک سەرۆکی پاسەوانی پەرستگا و کاهینانی باڵا ئەمەیان بیست، لێیان سەرسام بوون و گوتیان ئەمە چی بەسەردێت!

25 ئینجا یەکێک هات و گوتی: «ئەو پیاوانەی فڕێتاندانە زیندانەوە، وا لە حەوشەکانی پەرستگادا ڕاوەستاون و خەڵکی فێر دەکەن.» 26 ئەوسا سەرۆک و پاسەوانان ڕۆیشتن و بێ توندوتیژی نێردراوانیان هێنا، چونکە دەترسان گەل بەردبارانیان بکەن.

27 کاتێک ئەوانیان هێنا لەبەردەم سەنهەدریندا ڕایانگرتن، سەرۆک کاهین لێی پرسین: 28 «بە توندی فەرمانمان پێ کردن خەڵکی بەم ناوە فێر نەکەن، ئەوەتا ئۆرشەلیمتان لە فێرکردنەکانتان پڕکردووە و دەتانەوێ خوێنی ئەم پیاوە بخەنە ئەستۆمان.»

29 پەترۆس و نێردراوان وەڵامیان دایەوە: «دەبێت گوێڕایەڵی بۆ خودا بێت زیاتر لەوەی بۆ خەڵک! 30 خودای باوباپیرانمان عیسای هەستاندەوە، ئەوەی بە هەڵواسینی لەسەر دار کوشتتان. 31 خودا ئەوی وەک سەرۆک و ڕزگارکەر بۆ دەستە ڕاستی خۆی بەرز کردەوە، تاکو تۆبەکردن و لێخۆشبوونی گوناه بە ئیسرائیل ببەخشێت. 32 ئێمە شایەتی ئەم شتانەین، هەروەها ڕۆحی پیرۆزیش، ئەوەی خودا بەخشیویەتییە ئەوانەی گوێڕایەڵن بۆی.»

33 کاتێک گوێیان لێبوو زۆر تووڕە بوون، ویستیان بیانکوژن. 34 بەڵام فەریسییەک ناوی گەمالائیل بوو، مامۆستای تەورات و ڕێزدار بوو لەلای هەموو گەل، لە سەنهەدرین هەستا و فەرمانی دا بۆ ماوەیەکی کەم ببردرێنە دەرەوە. 35 پێی گوتن: «پیاوانی ئیسرائیل، ئاگاداری خۆتان بن لەوەی دەتانەوێ بەم پیاوانەی بکەن. 36 لەمێژ نییە سوداس هەستا و خۆی بە شتێک دادەنا، نزیکەی چوار سەد پیاو لێی کۆبوونەوە، بەڵام کوژرا و هەموو ئەوانەی دوای کەوتبوون بڵاو بوونەوە، بوونە هیچ. 37 دوای ئەمەش لە کاتی ناونووسینەکەدا یەهوزای جەلیلی هەستا و خەڵکانێکی بەدوای خۆیدا لەخشتە برد، ئەویش لەناوچوو و ئەوانەی دوای کەوتبوون بڵاوبوونەوە. 38 ئێستاش ئامۆژگاریتان دەکەم، لەم پیاوانە دوور بکەونەوە و وازیان لێ بهێنن، چونکە ئەگەر ئەم بیروباوەڕە و کارە لە خەڵکەوە بێت، تێکدەچێت. 39 بەڵام ئەگەر لە خوداوە بێت، ناتوانن تێکی بدەن، ئەگینا خۆتان دەبیننەوە لە دژی خودا دەجەنگن.»

40 وتەکانی قایلی کردن، ئیتر نێردراوانیان بانگکرد و فەرمانیان دا کە ئەوان بدرێنە بەر قامچی. ئینجا فەرمانیان پێکردن ناوی عیسا نەهێنن و ئازادیان کردن.

41 جا بە دڵشادییەوە لەبەردەم سەنهەدرین هاتنە دەرەوە، چونکە وا دانران شایانی ئەوە بن بۆ ناوی ئەو سووکایەتییان پێ بکرێت. 42 ئیتر هەموو ڕۆژێک لە حەوشەکانی پەرستگا و لە ماڵاندا، بێوچان خەڵکیان فێردەکرد و مزگێنییان دەدا کە عیسا مەسیحەکەیە.

هەڵبژاردنی حەوت خزمەتکار

لەو ڕۆژانەدا کە قوتابییەکان زیادیان دەکرد، جولەکە یۆنانییەکان[bb] بۆڵەبۆڵیان لەسەر عیبرانییەکان[bc] کرد کە لە دابەشکردنی نانی ڕۆژانەی بێوەژنەکانیان پشتگوێ دەخرێن. بۆیە دوازدە نێردراوەکە هەموو قوتابییەکانیان بانگکرد و گوتیان: «باش نییە بۆمان ڕاگەیاندنی پەیامی خودا پشتگوێ بخەین و خەریکی ئازووقە دابەشکردن بین. خوشک و برایان، لەنێو خۆتاندا حەوت پیاو هەڵبژێرن کە ناوبانگیان باش بێت و پڕبن لە ڕۆحی پیرۆز و دانایی، تاکو لەسەر ئەم ئەرکە دایانبنێین. ئێمەش خۆمان تەرخان دەکەین بۆ نوێژکردن و بۆ خزمەتی ڕاگەیاندنی پەیامی خودا.»

هەموو کۆمەڵەکە ئەم پێشنیارەیان بەدڵ بوو، جا ستیفانۆسیان هەڵبژارد، کە پیاوێکی پڕ لە باوەڕ و ڕۆحی پیرۆز بوو، لەگەڵ فیلیپۆس و پروخۆرۆس و نیکانۆر و تیمۆن و پەرمیناس و نیکۆلاوسی ئەنتاکی کە ببووە جولەکە. لەپێش نێردراوانیان ڕاگرتن، ئەوانیش نوێژیان کرد و دەستیان لەسەر دانان.

ئیتر پەیامی خودا لە گەشەکردندا بوو، ژمارەی قوتابییەکانیش لە ئۆرشەلیم زۆر زیاتر ببوون، ژمارەیەکی زۆریش لە کاهینان باوەڕیان بە مەسیح هێنا و گوێڕایەڵی بوون.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.