Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Bible in 90 Days

An intensive Bible reading plan that walks through the entire Bible in 90 days.
Duration: 88 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
دووەم پوختەی مێژوو 23:16-35:15

16 یەهۆیاداعیش پەیمانی لەنێوان خۆی و هەموو گەل و پاشادا بەست، هەتا ببنە گەلی یەزدان. 17 هەموو گەل هاتنە ناو پەرستگای بەعل و تێکیاندا و قوربانگا و بتەکانیان شکاند، مەتانی کاهینی بەعلیان لەبەردەم قوربانگاکان کوشت.

18 ئینجا یەهۆیاداع چاودێریکردنی پەرستگای یەزدانی دایە دەست کاهینە لێڤییەکان، ئەوانەی داود لە پەرستگای یەزداندا دابەشی کردن بۆ سەرخستنی قوربانی سووتاندنەکانی یەزدان، هەروەک لە تەوراتی موسادا نووسراوە، بە خۆشی و گۆرانییەوە لەسەر دەستی داود. 19 هەروەها دەرگاوانی بۆ دەرگاکانی پەرستگای یەزدان دانا بۆ ئەوەی ڕێگا نەدەن بە هیچ کەسێک کە گڵاو بووبێت بە شتێک، بێتە ژوورەوە.

20 پاشان فەرماندەی سەدان و شازادەکان و دەسەڵاتداران بەسەر گەل و هەموو گەلی خاکەکەی برد و پاشای لە پەرستگای یەزدانەوە هێنایە خوارەوە و بەناو دەروازەی سەرەوەدا چوونە ژوورەوە بۆ کۆشکی پاشا و پاشایان لەسەر تەختی پاشایەتییەکە دانا. 21 هەموو گەلی خاکەکەش دڵخۆش بوون و شارەکە حەوایەوە، عەتەلیاشیان بە شمشێر کوشت.

نۆژەنکردنەوەی پەرستگا

24 یۆئاش کە بوو بە پاشا، کوڕێکی حەوت ساڵان بوو، چل ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، دایکی ناوی چیڤیا بوو، خەڵکی بیری شابەع بوو. یۆئاش لەبەرچاوی یەزدان ئەوەی ڕاست بوو کردی لە ماوەی کاهینیێتی یەهۆیاداع. یەهۆیاداع دوو ژنی بۆ یۆئاش هێنا و کوڕ و کچی بوو.

دوای ماوەیەک یۆئاش بڕیاری دا کە پەرستگای یەزدان نۆژەن بکاتەوە. کاهینە لێڤییەکانی کۆکردەوە و پێی گوتن: «بڕۆن بۆ شارۆچکەکانی یەهودا و لە هەموو ئیسرائیل ئەو زیوە کۆبکەنەوە کە ساڵانە بۆ چاککردنەوەی پەرستگای خوداتان دەدرێت. ئێوە لەم کارە بە پەلە بن.» بەڵام لێڤییەکان پەلەیان نەکرد.

لەبەر ئەوە پاشا یەهۆیاداعی سەرۆکی کاهینی بانگکرد و پێی گوت: «بۆچی داوات لە لێڤییەکان نەکردووە هەتا لە یەهودا و ئۆرشەلیمەوە باجەکەی موسای بەندەی یەزدان و کۆمەڵی ئیسرائیل بۆ چادری پەیمان بهێنن؟»

ئەوە بوو کوڕەکانی عەتەلیای خراپەکار پەرستگای خودایان تاڵان کردبوو، هەروەها هەموو شتە پیرۆزکراوەکانی پەرستگای یەزدانیان کردبووە هی بەعلەکان.

پاشا فەرمانی دا و سندوقێکیان دروستکرد، لەلای دەروازەی پەرستگای یەزدان بۆ دەرەوە دایاننا. بەناو یەهودا و ئۆرشەلیمدا بانگەوازیان کرد کە باجەکەی موسای بەندەی خودا ئەوەی لە چۆڵەوانی لەسەر ئیسرائیل دانرابوو، بۆ یەزدانی بهێنن. 10 هەموو سەرکردەکان و هەموو گەل بە خۆشی و شادمانییەوە باجەکانی خۆیان هێنا و خستیانە ناو سندوقەکە، هەتا پڕ بوو. 11 کاتێک لێڤییەکان سندوقەکەیان دەهێنا بۆ لای کاربەدەستانی پاشا و ئەوانیش دەیانبینی زیوەکە زۆر بووە، خامەی نهێنی[a] پاشا و بریکاری سەرۆکی کاهینیش دەهاتن و سندوقەکەیان بەتاڵ دەکرد و دەیانبردەوە بۆ شوێنەکەی خۆی، بەردەوام بەو جۆرەیان دەکرد، تاکو زیوێکی زۆریان کۆکردەوە. 12 پاشا و یەهۆیاداع دایانە ئەوانەی بە کارەکە هەڵدەستان، خزمەتکارانی پەرستگای یەزدان، ئەوانیش نەقاڕ و دارتاش و ئاسنگەر و بڕۆنزگەریان بەکرێ دەگرت بۆ نۆژەنکردنەوە و نوێکردنەوەی پەرستگای یەزدان.

13 ئەوانەی بە کارەکە هەڵدەستان کارەکەیان کرد، کارەکە لە دەستیان سەرکەوتوو بوو، پەرستگای خودایان لەسەر شێوەی یەکەمجاری بنیاد نایەوە و تۆکمەیان کرد. 14 کاتێک تەواو بوون، ئەوەی لە زیوەکە مابووەوە هێنایانە بەردەم پاشا و یەهۆیاداع، جا قاپوقاچاغیان بۆ پەرستگای یەزدان دروستکرد، قاپوقاچاغی خزمەتکردن و پێشکەشکردن و کەوچک و جامی زێڕین و چەند کەلوپەلێکی دیکە لە زێڕ و زیو. بە درێژایی ژیانی یەهۆیاداع بەردەوام قوربانی سووتاندنیان لە پەرستگای یەزدان پێشکەش دەکرد.

15 یەهۆیاداع پیر بوو و چووە ساڵەوە و لە تەمەنی سەد و سی ساڵیدا مرد. 16 لە شاری داود لەگەڵ پاشاکان ناشتیان، چونکە لە ئیسرائیل چاکەی لەگەڵ خودا و پەرستگاکەی کرد.

بەدکاری یۆئاش

17 پاش مردنی یەهۆیاداع پیاوە گەورەکانی یەهودا هاتن و کڕنۆشیان بۆ پاشا برد، ئینجا پاشا گوێی لێ گرتن. 18 ئیتر وازیان لە پەرستگای یەزدان، خودای باوباپیرانی خۆیان هێنا و ستوونە ئەشێرا و بتەکانیان پەرست، جا لەبەر ئەم تاوانەیان تووڕەیی خودا هاتە سەر خاکی یەهودا و ئۆرشەلیم. 19 هەرچەندە یەزدان پێغەمبەری بۆ ناردن هەتا بۆ یەزدانیان بگێڕنەوە و شایەتییان لەسەر بدەن، بەڵام گوێیان نەگرت.

20 ئینجا ڕۆحی خودا هاتە سەر زەکەریای کوڕی یەهۆیاداعی کاهین. بەرامبەر گەل ڕاوەستا و پێی گوتن: «خودا ئەمە دەفەرموێت: ”بۆچی سەرپێچی فەرمانەکانی یەزدان دەکەن؟ لەبەر ئەوە سەرکەوتوو نابن، چونکە وازتان لە یەزدان هێنا، ئەویش وازی لێ هێنان.“»

21 بەڵام پیلانیان لێی گێڕا و بە فەرمانی پاشا لە حەوشەی پەرستگای یەزدان بەردبارانیان کرد. 22 یۆئاشی پاشا ئەو دڵسۆزییەی لەبیر چوو کە یەهۆیاداعی باوکی زەکەریا لەگەڵی کردی و کوڕەکەی ئەوی کوشت، ئەویش لەسەرەمەرگیدا گوتی: «یەزدان دەبینێت و پاداشت دەداتەوە.»

23 ئەوە بوو لە بەهاری ساڵ، سوپای ئارامییەکان هێرشیان کردە سەر یۆئاش، پەلاماری یەهودا و ئۆرشەلیمیان دا و هەموو ڕابەرەکانی گەلیان کوشت، ئیتر هەموو تاڵانی و دەستکەوتەکانیان بۆ پاشای دیمەشق نارد. 24 هەرچەندە سوپای ئارامییەکان بە کۆمەڵێکی کەمەوە هاتبوون، بەڵام یەزدان بەسەر سوپایەکی گەورەتردا زاڵی کردن. لەبەر ئەوەی گەلی یەهودا وازیان لە یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانی خۆیان هێنا، سەبارەت بە یۆئاشیش دادوەریان بەجێگەیاند. 25 کاتێک ئارامییەکان کشانەوە، ئەویان بە برینێکی سەختەوە بەجێهێشت. کاربەدەستەکانی پیلانیان لێی گێڕا لەبەر خوێنی کوڕەکانی یەهۆیاداعی کاهین، جا لەسەر قەرەوێڵەکەی لێیاندا و کوشتیان. لە شاری داود ناشتیان، بەڵام لە گۆڕستانی پاشاکان نەیانناشت.

26 ئەو دوو کەسە بوون کە پیلانیان لێی گێڕا: زاڤاد[b] کە کوڕی ژنێکی عەمۆنی بوو بە ناوی شیمەعات، یەهۆزاڤاد کە کوڕی ژنێکی مۆئابی بوو بە ناوی شیمریت. 27 بەڵام سەرگوزەشتەی کوڕەکانی و زۆری پێشبینییەکان سەبارەت بە ئەو و نۆژەنکرنەوەی پەرستگای خودا، وا لە لێکدانەوەی پەڕتووکی پاشایان نووسراونەتەوە. ئەمەسیای کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.

پاشایەتی ئەمەسیا

25 ئەمەسیا کاتێک بوو بە پاشا گەنجێکی بیست و پێنج ساڵان بوو، بیست و نۆ ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، دایکیشی ناوی یەهۆعەدین بوو، خەڵکی ئۆرشەلیم بوو. ئەوەی لەبەرچاوی یەزدان ڕاست بوو کردی، بەڵام نەک بە دڵێکی تەواوەوە. کاتێک جڵەوی پاشایەتییەکە لە دەستی جێگیر بوو، سزای مردنی بەسەر ئەو کاربەدەستانەدا سەپاند کە پاشای باوکیان کوشتبوو. بەڵام کوڕەکانی ئەوانی نەکوشت، بەڵکو بەو شێوەیەی کرد کە لە پەڕتووکی تەوراتی موسادا نووسراوە، کە یەزدان فەرمانی داوە و فەرموویەتی: «باوک لە جیاتی کوڕ ناکوژرێت و کوڕ لە جیاتی باوک ناکوژرێت، هەر یەکێک لەسەر گوناهی خۆی دەکوژرێت.»[c]

ئەمەسیا یەهودای کۆکردەوە و بەپێی بنەماڵەکان داینان بە فەرماندەی هەزاران و سەدان لە هەموو یەهودا و بنیامیندا. پاشان لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوەی سەرژمێری کرد و بینی سێ سەد هەزار پیاو کە ئامادە بوون بۆ جەنگ، پڕچەککراو بە ڕم و قەڵغان بوون. هەروەها سەد هەزار پاڵەوانی بەهێزی لە ئیسرائیل بە سەد تالنت زیو[d] بەکرێ گرت.

بەڵام پیاوێکی خودا هات بۆ لای و گوتی: «ئەی پاشا، با سوپای ئیسرائیل لەگەڵتدا نەیێت، چونکە یەزدان لەگەڵ ئیسرائیلدا نییە، تەنانەت لەگەڵ کەس لە نەوەی ئەفرایمدا نییە. هەتا ئەگەر تۆش بە ئازایەتییەوە بەرەو پێشەوە بڕۆیت و شەڕ بکەیت، ئەوا خودا لەبەردەم دوژمن دەتخات، چونکە لەلای خودا هێز هەیە بۆ یارمەتیدان و بۆ خستنیش.»

ئەمەسیا لە پیاوەکەی خودای پرسی: «ئەی چی بکرێت بۆ ئەو سەد تالنتەی کە داومەتە چەتەکانی ئیسرائیل؟»

پیاوەکەی خوداش گوتی «یەزدان دەتوانێت لەوە زیاترت پێبدات.»

10 ئیتر ئەمەسیا ئەو بەکرێگیراوانەی جیا کردەوە کە لە ئەفرایمەوە هاتبوون هەتا بۆ شوێنەکەی خۆیان بگەڕێنەوە، ئەوانیش لە یەهودا زۆر تووڕە بوون و بە گڕی تووڕەییەوە گەڕانەوە بۆ شوێنەکەی خۆیان.

11 بەڵام ئەمەسیا ورەی دایە بەرخۆی و ڕابەرایەتی سوپاکەی کرد بۆ دۆڵی خوێ[e] و دە هەزار کەسی لە نەوەی سێعیر کوشت، 12 نەوەی یەهوداش دە هەزاریان بە زیندوویی لێ بە دیل گرتن و هێنایانن بۆ سەر خەرەندێک[f] و لەسەر هەڵدێرەکەوە فڕێیان دانە خوارەوە و هەموویان پارچەپارچە بوون.

13 بەڵام ئەو چەتانەی کە ئەمەسیا نەیهێشت لەگەڵیدا بچنە جەنگەکە، هێرشیان کردە سەر شارۆچکەکانی یەهودا، لە سامیرەوە هەتا بێت‌حۆرۆن و سێ هەزاریان لێ کوشتن و تاڵانێکی زۆریشیان برد.

14 پاش ئەوەی ئەمەسیا لە لێدانی ئەدۆمییەکان گەڕایەوە، بتەکانی نەوەی سێعیری هێنا و کردنی بە خوداوەندی خۆی و کڕنۆشی بۆ بردن و بخووری بۆ سووتاندن. 15 جا تووڕەیی یەزدان لە ئەمەسیا جۆشا و پێغەمبەرێکی بۆ نارد و پێی گوت: «بۆچی داوای خوداوەندەکانی ئەو گەلەت کرد کە نەیانتوانی گەلەکەی خۆیان لە دەستت دەرباز بکەن؟»

16 کاتێک هێشتا قسەی لەگەڵ دەکرد، پێی گوت: «ئایا تۆیان کردووە بە ڕاوێژکاری پاشا؟ بێدەنگ بە با نەتکوژن!»

ئەو کاتە پێغەمبەرەکە وەستا، بەڵام گوتی: «زانیم کە خودا بڕیاری داوە بە لەناوبردنت، چونکە ئەمەت کرد و گوێت لە ڕاوێژم نەگرت.»

17 پاش ئەوەی ئەمەسیای پاشای یەهودا ڕاوێژی کرد، ناردی بەدوای یەهۆئاشی کوڕی یەهۆئاحازی کوڕی یێهوی پاشای ئیسرائیلدا و گوتی: «وەرە، با ڕووبەڕوو شەڕ بکەین.»

18 یەهۆئاشی پاشای ئیسرائیلیش وەڵامی ئەمەسیای پاشای یەهودای دایەوە و گوتی: «خڕنووکی لوبنانی ناردی بۆ لای دار ئورزی لوبنانی و گوتی: ”کچەکەت بدە بە کوڕەکەم هەتا ببێتە ژنی،“ ئینجا ئاژەڵێکی کێوی لە لوبنان بەسەر خڕنووکەکەدا ڕۆیشت و پانی کردەوە. 19 تۆ گوتت ئەدۆمم شکاندووە، ئێستا لەخۆبایی بوویت، شانازیت کرد هەتا ڕێزداربیت، لە ماڵی خۆت بمێنەوە! بۆچی بەڵا بەسەر خۆتدا دەهێنیت؟ ئینجا دەکەویت، خۆت و یەهوداش لەگەڵت.»

20 بەڵام ئەمەسیا گوێی نەگرت، ئەمەش لەلایەن خوداوە بوو چونکە خودا ویستی بیانداتە دەستی یەهۆئاش، لەبەر ئەوەی ڕوویان لە خوداوەندەکانی ئەدۆم کرد. 21 لەبەر ئەوە یەهۆئاشی پاشای ئیسرائیل هێرشی برد، لەگەڵ ئەمەسیای پاشای یەهودا لە بێت‌شەمەشی یەهودا ڕووبەڕووی یەکتر بوونەوە. 22 لە ئەنجامدا یەهودا بەرامبەر بە ئیسرائیل تێکشکان، هەرکەسە و بەرەو ماڵەکەی خۆی هەڵات. 23 ئەمەسیای پاشای یەهودا، کوڕی یۆئاشی کوڕی ئەحەزیا، لەلایەن یەهۆئاشی پاشای ئیسرائیلەوە لە بێت‌شەمەش بە دیل گیرا. پاشان یەهۆئاش هێنای بۆ ئۆرشەلیم و شوورای ئۆرشەلیمی لە دەروازەی ئەفرایمەوە هەتا دەروازەی گۆشەکە وێران کرد، کە چوار سەد باڵ[g] بوو. 24 هەموو زێڕ و زیو و قاپوقاچاغەکانی ناو پەرستگای خودا کە لەلای عوبێد ئەدۆم بوو، هەروەها گەنجینەکانی کۆشکی پاشا و بارمتەکانی برد و گەڕایەوە سامیرە.

25 ئەمەسیای کوڕی یۆئاشی پاشای یەهوداش لەدوای مردنی یەهۆئاشی کوڕی یەهۆئاحازی پاشای ئیسرائیل، پازدە ساڵ ژیا. 26 ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی ئەمەسیا لە سەرەتاوە هەتا کۆتایی لە پەڕتووکی پاشاکانی یەهودا و ئیسرائیل تۆمار کراون.

27 لەو کاتەوەی کە ئەمەسیا لە یەزدان هەڵگەڕایەوە، لە ئۆرشەلیم پیلانیان لە دژی گێڕا و هەڵات بۆ لاخیش، ئینجا چەند پیاوێکیان بەدوایدا ناردە شاری لاخیش و لەوێ کوشتیان. 28 بە ئەسپ هێنرایەوە ئۆرشەلیم و لەوێ لە شاری یەهودا لەگەڵ باوباپیرانی نێژرا.

پاشایەتی عوزیا

26 ئینجا هەموو گەلی یەهودا عوزیای[h] گەنجی شازدە ساڵانیان برد و لە جێی ئەمەسیای باوکی کردیانە پاشا. ئەو ئێلەتی بنیاد نایەوە و بۆ یەهودای گەڕاندەوە، پاش ئەوەی ئەمەسیا لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە.

عوزیا گەنجێکی شازدە ساڵان بوو کە بوو بە پاشا، پەنجا و دوو ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، دایکیشی ناوی یەخۆلیاهو بوو، خەڵکی ئۆرشەلیم بوو. بە هەمان شێوەی ئەمەسیای باوکی ئەوەی لەبەرچاوی یەزدان ڕاست بوو کردی. عوزیا لە سەردەمی زەکەریای پێغەمبەر ڕووی لە خودا دەکرد کە فێری لەخواترسی دەکرد. هەموو ئەو ڕۆژانەی ڕووی لە یەزدان دەکرد، خودا سەرکەوتووی کرد.

لە دژی فەلەستییەکان جەنگی بەرپا کرد، شووراکانی گەت و یەڤنێ و ئەشدۆدی ڕووخاند. لە دەوروبەری ئەشدۆد و لە چەند شوێنێکی دیکە لەنێو فەلەستییەکان چەند شارۆچکەیەکی بنیاد ناوە. خوداش لە شەڕی لە دژی فەلەستییەکان و عەرەبەکانی گور بەعل و مەعونییەکان یارمەتی دا. عەمۆنییەکانیش سەرانەیان بۆ عوزیا هێنا و ناوبانگی هەتا دەروازەی میسر بڵاو بووەوە، چونکە زۆر بەهێز بوو.

عوزیا چەند قوللەیەکی لە ئۆرشەلیم لەسەر دەروازەی گۆشەکە و دەروازەی دۆڵەکە و لەلای گۆشەکەوە بنیاد نا و قاییمی کردن. 10 هەروەها چەند قوللەیەکی لە چۆڵەوانیدا بنیاد نا و ئەمباراوی زۆریشی لێدا، چونکە مەڕوماڵاتێکی زۆری لە زوورگ و لە دەشت هەبوو، هەروەها جوتیار و ڕەزەوانی زۆریشی لە چیا و لە باخدا هەبوو، چونکە زۆر حەزی لە کشتوکاڵ بوو.

11 عوزیا سوپایەکی مەشقپێکراوی هەبوو، بەگوێرەی ژمارەیان بە تیپی ڕێکخراو بەڕێ دەکەوتن. ئەمەش بەگوێرەی سەرژمێرییان لەلایەن یەعیێلی خامەی نهێنی و مەعسێیاهوی فەرماندە، لەژێر سەرپەرشتی حەنەنیا بوو کە یەکێک بوو لە سەرکردەکانی پاشا. 12 کۆی ژمارەی گەورەی بنەماڵەکان، لە پاڵەوانە ئازاکان، دوو هەزار و شەش سەد کەس بوو، 13 سوپایەکی سێ سەد و حەوت هەزار و پێنج سەد سەربازی مەشقپێکراوی هەبوو کە زۆر بە قارەمانانە دەجەنگان بۆ یارمەتیدانی پاشا بەسەر دوژمنەکانیدا. 14 هەروەها عوزیا بۆ هەموو سەربازەکان قەڵغان، ڕم، کڵاوی ئاسنی، سپەر، کەوان و بەردی قۆچەقانی بۆ دابین کردن. 15 لە ئۆرشەلیم مەنجەنیقی دروستکرد کە داهێنانی پیشەوەرە شارەزاکان بوو، بۆ ئەوەی لەسەر قوللەکان و لەسەر گۆشەی شووراکان بن بۆ هاویشتنی تیر و بەردی گەورە. بەو شێوەیە ناوبانگی گەیشتە شوێنە دوورەکان، چونکە سەرنج ڕاکێشەرانە یارمەتی درا هەتا بەهێز بوو.

16 بەڵام عوزیا پاش ئەوەی بەهێز بوو، لەخۆبایی بوو هەتا بووە هۆی کەوتنی خۆی. ناپاکی لەگەڵ یەزدانی پەروەردگار کرد و هاتە ناو پەرستگای یەزدان بۆ ئەوەی بخوور لەسەر قوربانگای بخوور بسووتێنێت. 17 عەزەریای کاهین لەگەڵ هەشتا کاهینی ئازای یەزدان لەدوای ئەو هاتنە ژوورەوە، 18 بەرەنگاری عوزیای پاشا بوونەوە و پێیان گوت: «ئەی عوزیا، بۆت نییە بخوور بۆ یەزدان بسووتێنیت، چونکە بخوور سووتاندن بۆ کاهینە تەرخانکراوەکانی نەوەی هارونە. لە پیرۆزگاکە بڕۆ دەرەوە، چونکە تۆ ناپاکیت کرد و هیچ ڕێزێکت لەلای یەزدانی پەروەردگار نییە.»

19 عوزیا پەست بوو. لە کاتی پەستبوونی لە کاهینەکان بخووردانەکەی بەدەستەوە بوو بۆ بخوور سووتاندن، لەبەردەم کاهینەکان لەناو پەرستگای یەزدان لەلای قوربانگاکەی بخوور سووتاندن نەخۆشی گەڕوگولی لە ناوچەوانی دەرکەوت. 20 کە عەزەریای سەرۆکی کاهین و کاهینەکانی دیکە ئاوڕیان لێی دایەوە و بینییان ناوچەوانی تووشی گەڕوگولی بووە، لەوێ دەریانکرد، هەروەها خۆشی بە پەلە بوو لە هاتنە دەرەوە، چونکە یەزدان تووشی کردبوو.

21 عوزیا پاشا هەتا ئەو ڕۆژەی مرد گەڕوگول بوو، ئیتر لە ماڵێکی جیاکراوە نیشتەجێ بوو، لەبەر گەڕوگولییەکەی لە پەرستگای یەزدانیش دەرکرا. یۆتامی کوڕیشی سەرپەرشتیاری کۆشکەکە بوو، فەرمانڕەوایەتی گەلی خاکەکەی دەکرد.

22 ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی عوزیا لە سەرەتاوە هەتا کۆتایی، ئیشایای پێغەمبەر کوڕی ئامۆچ تۆمار کرد. 23 عوزیا لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و لە نزیکی باوباپیرانی لە گۆڕستانێک ناشتیان کە هی پاشاکان بوو، بەڵام شاهانە نەبوو، چونکە گوتیان: «گەڕوگولە.» ئیتر یۆتامی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.

پاشایەتی یۆتام

27 یۆتام کاتێک بوو بە پاشا گەنجێکی بیست و پێنج ساڵان بوو، شازدە ساڵیش لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، ناوی دایکیشی یەروشای کچی سادۆق بوو. بە هەمان شێوەی عوزیای باوکی ئەوەی لەبەرچاوی یەزدان ڕاست بوو کردی، سەرباری ئەوەش نەچووە ناو پیرۆزگای یەزدان، بەڵام گەل هێشتا گەندەڵییان دەکرد. یۆتام دەروازەی سەرەوەی پەرستگای یەزدانی بنیاد نایەوە و کاری زۆریشی لەسەر شووراکەی گردی عۆفەل کرد. چەند شارۆچکەیەکیشی لە چیای یەهودا بنیاد نا و لە دارستانەکانیشدا قەڵا و قوللەی بنیاد نا.

یۆتام لە دژی پاشای عەمۆنییەکان جەنگا و زاڵ بوو بەسەریاندا، عەمۆنییەکانیش لەو ساڵەدا سەد تالنت[i] زیو و دە هەزار کۆر[j] گەنم و دە هەزاریشیان[k] لە جۆ پێیدا. هەروەها عەمۆنییەکان لە ساڵی دووەم و سێیەمیشدا ئەمەیان پێیدا.

یۆتام بەهێز بووەوە، چونکە بەردەوام بوو لە گوێڕایەڵی بۆ یەزدان.

ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی یۆتام، لەگەڵ هەموو جەنگەکانی و کردەوەکانی، لە پەڕتووکی پاشاکانی ئیسرائیل و یەهودا تۆمار کراون.

یۆتام کاتێک بوو بە پاشا گەنجێکی بیست و پێنج ساڵان بوو، شازدە ساڵیش لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد. ئیتر یۆتام لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و لە شاری داود نێژرا، ئاحازی کوڕیشی لە جێی ئەو بوو بە پاشا.

پاشایەتی ئاحاز

28 ئاحاز گەنجێکی بیست ساڵان بوو کاتێک بوو بە پاشا، شازدە ساڵیش لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد. بە پێچەوانەی داودی باپیرە گەورەی، ئەوەی لەبەرچاوی یەزدان ڕاست بوو نەیکرد. بەڵکو هەمان ڕێچکەی پاشاکانی ئیسرائیلی گرتەبەر و چەند بتێکی داڕێژراویشی بۆ بەعلەکان دروستکرد. ئەو بوو کە لە دۆڵی بەن‌هینۆم بخووری سووتاند و کوڕەکانی خۆشی کردە قوربانی سووتاندن، وەک نەریتە قێزەونەکانی ئەو گەلانەی کرد کە یەزدان لەبەردەم نەوەی ئیسرائیل دەریکردن. هەروەها لە نزرگەکانی سەر بەرزایی و لەسەر گردەکان و لەژێر هەموو دارێکی سەوزدا قوربانی سەربڕی و بخووری سووتاند.

لەبەر ئەوە یەزدانی پەروەردگاری ئەوی دایە دەست پاشای ئارام. ئارامییەکانیش تێکیان شکاند و دیلێکی زۆریان لێ ڕاپێچ کردن و ئەوانیان هێنایە دیمەشق.

هەروەها ئاحاز درایە دەست پاشای ئیسرائیل و ئەویش گورزێکی گەورەی لێ وەشاند. بە یەک ڕۆژ پەقەحی کوڕی ڕەمەلیاهو سەد و بیست هەزار کەسی لە یەهودا کوشت، کە هەموویان پیاوی بەهێز بوون، چونکە وازیان لە یەزدان، خودای باوباپیرانی خۆیان هێنابوو. هەروەها زکری پاڵەوانی ئەفرایم مەعسێیاهوی کوڕی پاشای کوشت، هەروەها عەزریقامی سەرپەرشتیاری کۆشکەکە و ئەلقانەی جێگری پاشاشی کوشت. پیاوانی ئیسرائیل لە برایانی خۆیان لە یەهودا دوو سەد هەزار ژن و کوڕ و کچیان ڕاپێچ کرد و دەستکەوتێکی زۆریان لێ تاڵان کردن، دەستکەوتەکەیان هێنا بۆ سامیرە.

لەوێ پێغەمبەرێکی یەزدان هەبوو بە ناوی عۆدێد، چووە دەرەوە بۆ بەردەم ئەو سوپایەی کە دەهاتە سامیرە، پێی گوتن: «لەبەر ئەوەی تووڕەیی یەزدانی خودای باوباپیرانتان لەسەر یەهودا بوو، ئەوانی دایە دەستتان، بەڵام ئێوە هێندە بە تووڕەییەوە ئەوانتان کوشت هەتا هاواریان دەگەیشتە ئاسمان. 10 ئێستاش ئێوە بە نیازن نەوەی یەهودا و ئۆرشەلیم بکەنە کۆیلە و کەنیزەی خۆتان، ئایا ئێوەش دەرهەق بە یەزدانی پەروەردگارتان تاوانبار نین؟ 11 ئێستاش گوێم لێ بگرن! ئەو دیلانەی کە لە براکانتان بە دیلتان گرتووە بیانگەڕێننەوە، چونکە گڕی تووڕەیی یەزدان لەسەرتانە.»

12 ئینجا چەند سەرکردەیەک لە نەوەی ئەفرایم کە عەزەریای کوڕی یەهۆحانان و بەرەخیای کوڕی مەشیلێمۆت و یەحیزقیاهوی کوڕی شەلوم و عەماسای کوڕی حەدلای بوون، هەستان و چوون بەرەنگاری سوپاکە بوونەوە، 13 پێیان گوتن: «دیلەکان ناهێنن بۆ ئێرە، ئەگینا ئێمەش دەرهەق بە یەزدان تاوانبار دەبین. ئایا ئێوە بە نیازن گوناه و تاوانەکانمان زۆرتر بکەن؟ چونکە خۆمان ئەوەندە تاوانمان زۆرە کە گڕی تووڕەیی خودا لە ئیسرائیل هاتووەتە جۆش.»

14 ئیتر سەربازەکان لەبەردەم سەرکردەکان و هەموو کۆمەڵەکەدا دیلەکان و تاڵانییەکەیان بەجێهێشت. 15 پاشان ئەو پیاوانەی ناویان دەستنیشان کرا، هەستان و دیلەکانیان برد و لە تاڵانییەکە جلیان لەبەر هەموو ڕووتەکانیان کرد، بەرگیان پۆشین و پێڵاویان لەپێکردن. نان و ئاویان دەرخوارد دان، بریندارەکانیان بە هەتووان[l] چارەسەر کرد و هەموو لاوازەکانیان سواری گوێدرێژ کرد و هێنایاننە ئەریحا، شاری دار خورما، بۆ لای براکانیان، ئینجا گەڕانەوە سامیرە.

16 لەو کاتەدا ئاحاز پاشا نێردراوی ناردە لای پاشای ئاشور، هەتا یارمەتی بدات، 17 چونکە دیسان ئەدۆمییەکان هاتبوون و هێرشیان کردبووە سەر یەهودا و چەند دیلێکیان لێ ڕاپێچ کردن. 18 هەروەها فەلەستییەکانیش پەلاماری شارۆچکەکانی زوورگەکان و نەقەبی یەهودایان دابوو. بێت‌شەمەش و ئەیالۆن و گەدێرۆتیان گرت، لەگەڵ سۆخۆ و تیمنا و گیمزۆ و دەوروبەریان، لەوێ نیشتەجێ بوون. 19 یەزدان بەهۆی ئاحازی پاشای ئیسرائیلەوە[m] یەهودای زەلیل کردەوە، چونکە ئەو یەهودای وا لێکرد کە لە خودا یاخی بێت و بە تەواوی ناپاکی لە یەزدان کرد. 20 تگلەت پلئەسەری پاشای ئاشور هاتە سەری و تەنگی پێهەڵچنی، لە جیاتی ئەوەی پاڵپشتی بکات. 21 لەگەڵ ئەوەی ئاحاز پەرستگای یەزدان و کۆشکی پاشا و ماڵی میرەکانی تاڵان کرد و دایە پاشای ئاشور، بەڵام سوودی نەبوو.

22 لە کاتی تەنگانەکەیدا ئاحازی پاشا زیاتر ناپاکی لەگەڵ یەزدان کرد و 23 قوربانی بۆ خوداوەندەکانی دیمەشق کرد، ئەوانەی ئەویان بەزاند، گوتی: «چونکە خوداوەندەکانی پاشاکانی ئارامییەکان یارمەتییان دەدات، منیش قوربانییان بۆ سەردەبڕم بەڵکو یارمەتی منیش بدەن.» بەڵام ئەوان هۆی ڕووخانی ئەو و هەموو ئیسرائیل بوون.

24 ئاحاز کەلوپەلەکانی پەرستگای خودای کۆکردەوە و پارچەپارچەی کردن، دەرگاکانی پەرستگای یەزدانی داخست و لەسەر سووچی هەموو شەقامێک لە ئۆرشەلیم قوربانگای دامەزراند. 25 لەناو هەموو شارۆچکەکانی یەهوداش نزرگەکانی سەر بەرزایی بۆ بخوور سووتاندن بۆ خوداکانی دیکە دروستکرد و یەزدانی خودای باوباپیرانی خۆی پەست کرد.

26 ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتییەکەی و هەموو کردارەکانی لە سەرەتاوە هەتا کۆتایی، وا لە پەڕتووکی پاشاکانی یەهودا و ئیسرائیل تۆمار کراون.

27 ئاحاز لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و لە شاری ئۆرشەلیم نێژرا، چونکە نەیانبردە گۆڕستانی پاشاکانی ئیسرائیل. ئیتر حەزقیای کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.

حەزقیا پەرستگاکە پاک دەکاتەوە

29 حەزقیا گەنجێکی بیست و پێنج ساڵان بوو کە بوو بە پاشا، بیست و نۆ ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، ناوی دایکی ئەبیای کچی زەکەریا بوو. بە هەمان شێوەی داودی باپیرە گەورەی ئەوەی لەبەرچاوی یەزدان ڕاست بوو کردی.

لە یەکەم مانگی ساڵی یەکەمی پاشایەتییەکەی دەرگاکانی پەرستگای یەزدانی چاککردەوە و دەرگاکانی کردەوە. کاهین و لێڤییەکانی بردە ژوورەوە و لە گۆڕەپانەکەی ڕۆژهەڵاتدا کۆی کردنەوە و پێی گوتن: «ئەی لێڤییەکان گوێم لێ بگرن، ئێستا خۆتان تەرخان بکەن و پەرستگای یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانتان تەرخان بکەن. گڵاوی لە پیرۆزگا دەربکەن، چونکە باوباپیرانمان ناپاکییان کرد و لەبەرچاوی یەزدانی پەروەردگارمان خراپەکارییان کرد و بەجێیان هێشت. ڕوویان لە نشینگەی یەزدان وەرگێڕا و پشتیان تێکرد، هەروەها دەرگاکانی هەیوانەکەیان داخست و چراکەیان کوژاندەوە و بخووریان نەسووتاند و هیچ قوربانی سووتاندنیان لە پیرۆزگادا بۆ خودای ئیسرائیل نەکرد. لەبەر ئەوە تووڕەیی یەزدان بەسەر یەهودا و ئۆرشەلیمدا هاتە خوارەوە، ئەویش کردنی بە پەند و مایەی سەرسوڕمان و تانە و تەشەر، هەروەک بە چاوی خۆتان دەیبینن. لەبەر ئەمە باوباپیرانمان بە شمشێر کوژران و کوڕ و کچ و ژنەکانمان دیلن.[n] 10 ئێستاش لە دڵمدایە پەیمانێک لەگەڵ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ببەستم، بەڵکو گڕی تووڕەییەکەی لە ئێمە دابمرکێتەوە. 11 کوڕەکانم، ئێستا کەمتەرخەمی مەکەن، چونکە یەزدان ئێوەی هەڵبژارد هەتا لەبەردەمی ڕابوەستن و خزمەتی بکەن و ببن بە خزمەتکار و بخوور بسووتێن بۆی.»

12 ئینجا ئەم لێڤییانە هەستان بە خزمەتەکەیان:

لە نەوەی قەهاتییەکان،

مەحەتی کوڕی عەماسەی و یۆئێلی کوڕی عەزەریا؛

لە نەوەی مەراری،

قیشی کوڕی عەبدی و عەزەریای کوڕی یەهەلەلئێل؛

لە گێرشۆنییەکانیش،

یۆئاحی کوڕی زیما و عەدەنی کوڕی یۆئاح؛

13 لە نەوەی ئەلیچافان،

شیمری و یەعیێل؛

لە نەوەی ئاساف،

زەکەریا و مەتەنیا؛

14 لە نەوەی هێیمان،

یەحیێل و شیمعی؛

لە نەوەی یەدوتون،

شەمەعیا و عوزیێل.

15 کاتێک برا لێڤییەکانیان کۆکردبووەوە و خۆیان تەرخان کردبوو، بە فەرمانی پاشا چوونە ژوورەوە بۆ ئەوەی بەگوێرەی فەرمایشتی یەزدان پەرستگاکە پاک بکەنەوە. 16 کاهینەکان چوونە ناو پیرۆزگای یەزدانەوە بۆ ئەوەی پاکی بکەنەوە و هەموو ئەو گڵاوییەی لەناو پەرستگای یەزداندا دۆزییانەوە، بردیانە دەرەوە بۆ حەوشەی پەرستگای یەزدان و لێڤییەکانیش هەڵیانگرت بۆ ئەوەی دەریبکەنە دەرەوە بۆ دۆڵی قدرۆن. 17 لە ڕۆژی یەکەمی مانگی یەکدا دەستیان بە تەرخانکردنەکە کرد و لە ڕۆژی هەشتی مانگدا گەیشتنە هەیوانەکەی پەرستگای یەزدان. لەپاش ئەوە هەشت ڕۆژی دیکەش پەرستگای یەزدانیان تەرخان کرد و لە ڕۆژی شازدەی مانگی یەکدا کۆتاییان پێهێنا.

18 ئینجا چوونە ژوورەوە بۆ لای حەزقیای پاشا و گوتیان: «هەموو پەرستگای یەزدان و قوربانگاکەی قوربانی سووتاندن و هەموو قاپوقاچاغەکانی و مێزی نانی تەرخانکراو و هەموو قاپوقاچاغەکانیمان پاککردەوە، 19 لەگەڵ هەموو ئەو قاپوقاچاغانەی کە ئاحازی پاشا فڕێیدا لە سەردەمی پاشایەتییەکەیدا لە ناپاکییەکەی، ئامادە و تەرخانمان کردوون و ئێستا لەبەردەم قوربانگاکەی یەزدانن.»

20 بەیانی زوو حەزقیای پاشا هەستا و کاربەدەستەکانی شاری کۆکردەوە و چوو بۆ پەرستگای یەزدان. 21 حەوت گا و حەوت بەران و حەوت بەرخی نێر و حەوت گیسکی نێریان هێنا بۆ قوربانی گوناه لە پێناوی پاشایەتییەکە و پیرۆزگا و یەهودا. فەرمانی بە کاهینەکان کە لە نەوەی هارون بوون کرد سەریان بخەنە سەر قوربانگاکەی یەزدان. 22 ئیتر گایەکانیان سەربڕی و کاهینەکان خوێنەکەیان وەرگرت و بەسەر قوربانگاکەدا پرژاندیان؛ دواتر بەرانەکانیان سەربڕی و خوێنەکەیان پرژاندە سەر قوربانگاکە؛ ئینجا بەرخەکانیان سەربڕی و خوێنەکەیان پرژاندە سەر قوربانگاکە. 23 پاشان گیسکەکانی قوربانی گوناهیان بردە بەردەم پاشا و کۆمەڵ و ئەوانیش دەستیان لەسەر دانان. 24 ئینجا کاهینەکان سەریان بڕین و خوێنەکەیان پێشکەش کردە سەر قوربانگاکە وەک قوربانی گوناه و کەفارەتیان بۆ هەموو ئیسرائیل کرد، چونکە پاشا گوتی، قوربانی سووتاندن و قوربانییەکەی گوناه بۆ هەموو ئیسرائیلە.

25 ئینجا لێڤییەکانی لە پەرستگای یەزدان ڕاگرت، بە سەنج و قیسارە و سازەوە، بەگوێرەی فەرمانی داود، گاد کە پەیامی خودای بە پاشا ڕادەگەیاند و ناتانی پێغەمبەریش، چونکە فەرمانەکە لەلایەن یەزدانەوە بوو لە ڕێگەی پێغەمبەرەکانییەوە. 26 ئیتر لێڤییەکان بە ئامێرە مۆسیقییەکانی داودەوە و کاهینەکانیش بە کەڕەناوە ڕاوەستان.

27 حەزقیاش فەرمانی دا بە سەرخستنی قوربانی سووتاندنەکە بۆ سەر قوربانگاکە و لە کاتی دەستپێکردنی قوربانی سووتاندنەکەدا، ستایشی یەزدان دەستی پێ کرد لەگەڵ لێدانی کەڕەنا و ئامێرە مۆسیقییەکانی داودی پاشای ئیسرائیل. 28 هەموو کۆمەڵەکەش کڕنۆشیان دەبرد و گۆرانیبێژەکان گۆرانییان دەگوت و کەڕەنا لێدەرەکانیش فوویان بە کەڕەناکانیاندا دەکرد، هەر هەموو بەردەوام بوون هەتا قوربانی سووتاندنەکە کۆتایی پێهات.

29 لە کاتی تەواوبوونی قوربانی سووتاندنەکە، پاشا و هەموو ئەوانەی لەگەڵیدا بوون چەمانەوە و کڕنۆشیان برد. 30 حەزقیای پاشا و کاربەدەستەکان بە لێڤییەکانیان گوت کە بە وشەکانی داود و ئاسافی پێشبینیکەر ستایشی یەزدان بکەن، ئەوانیش بە خۆشییەوە ستایشیان کرد و چەمانەوە و کڕنۆشیان برد.

31 ئینجا حەزقیا گوتی: «ئێستا خۆتان بۆ یەزدان تەرخان کردووە، وەرنە پێش و قوربانی سەربڕاو و قوربانی سوپاسگوزاری بۆ پەرستگای یەزدان بهێنن.» پاشان کۆمەڵەکە قوربانی سەربڕاو و قوربانی سوپاسگوزارییان هێنا و هەرکەسێکیش لە دڵەوە ئارەزووی کرد قوربانی سووتاندنی هێنا.

32 ژمارەی ئەو قوربانی سووتاندنانەی کە کۆمەڵەکە هێنایان، حەفتا گا و سەد بەران و دوو سەد بەرخی نێر بوو، هەموو ئەمانە قوربانی سووتاندن بۆ یەزدان بوون. 33 ئاژەڵە تەرخانکراوەکانیش شەش سەد گا و سێ هەزار مەڕ و بزن بوون. 34 بەڵام کاهینەکان کەم بوون و نەیانتوانی هەموو قوربانی سووتاندنەکان کەوڵ بکەن، لەبەر ئەوە برا لێڤییەکانیان یارمەتییان دان، هەتا کارەکە تەواو بوو و هەتا کاهینی دیکەش خۆیان تەرخان کرد، چونکە لێڤییەکان بۆ خۆتەرخانکردن لە کاهینەکان دڵسۆزتر بوون. 35 هەروەها قوربانی سووتاندنەکان زۆر بوون بە پیوی قوربانییەکانی هاوبەشی و بە شەرابی پێشکەشکراوی قوربانی سووتاندنەکان.

بەم شێوەیە خزمەتکردنی پەرستگای یەزدان جارێکی دیکە بەردەوامی پێدرایەوە. 36 حەزقیا و هەموو گەلیش دڵشاد بوون لەبەر ئەوەی خودا گەلی ئامادە کرد، چونکە کارەکە کتوپڕ بوو.

حەزقیا لە جەژنی پەسخە

30 حەزقیا ناردی بەدوای هەموو خەڵکی ئیسرائیل و یەهودا، هەروەها نامەشی بۆ ئەفرایم و مەنەشە نووسی هەتا بێنە پەرستگای یەزدان لە ئۆرشەلیم، بۆ ئەوەی جەژنی پەسخە بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بگێڕن. پاشا و سەرکردەکانی و هەموو کۆمەڵەکە لە ئۆرشەلیم بڕیاریان دا کە لە مانگی دوو جەژنی پەسخە بگێڕن، چونکە نەیانتوانی لە کاتی خۆیدا بیکەن، لەبەر ئەوەی هێشتا کاهینەکان بە تەواوەتی خۆیان تەرخان نەکردبوو، گەلیش لە ئۆرشەلیم کۆنەببوونەوە. ئینجا پلانەکە لەبەرچاوی پاشا و هەموو کۆمەڵەکە پەسەند بوو. بڕیاریان دا لەناو هەموو ئیسرائیل لە بیری شابەعەوە هەتا دان بانگەواز بکەن، بۆ ئەوەی بێن و جەژنی پەسخە بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل لە ئۆرشەلیم بگێڕن، چونکە زۆر دەمێک بوو وەک ئەوەی نووسراوە نەیانکردبوو.

بە فەرمانی پاشا پەیامبەرەکان بە نامەکانی پاشا و کاربەدەستەکانی بەناو هەموو ئیسرائیل و یەهودا گەڕان و بەپێی فەرمانی پاشا دەیانگوت:

«ئەی نەوەی ئیسرائیل، بگەڕێنەوە لای یەزدان، خودای ئیبراهیم و ئیسحاق و ئیسرائیل، بۆ ئەوەی ئەویش بگەڕێتەوە لای ئەوانەی لێتان ماونەتەوە و لە چنگ پاشاکانی ئاشور دەربازبوون. وەک باوباپیرانتان و براکانتان مەبن، ئەوانەی ناپاکییان لەگەڵ یەزدان، خودای باوباپیرانی خۆیان کرد، هەروەک دەبینن ئەویش وای کرد خەڵک بتۆقێت لەوەی بەسەر ئەوان هاتووە. ئێستا وەک باوباپیرانتان کەللەڕەقی مەکەن، بەڵکو ملکەچ بن بۆ یەزدان و بچنە ناو پیرۆزگاکەیەوە، ئەوەی هەتاهەتایە تەرخانی کردووە. یەزدانی پەروەردگارتان بپەرستن، بۆ ئەوەی گڕی تووڕەییەکەی لە ئێوە دابمرکێتەوە. ئەگەر ئێوە بۆ لای یەزدان بگەڕێنەوە، ئەوا برا ئیسرائیلی و منداڵەکانتان لەلایەن ڕاپێچکەرانیان بەزەییان پێیاندا دێتەوە و دەگەڕێنەوە بۆ ئەم خاکە، چونکە یەزدانی پەروەردگارتان میهرەبان و بە بەزەییە. ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ لای یەزدان ئەویش ڕەتتان ناکاتەوە.»

10 پەیامبەرەکان لە شار بە شار دەگەڕان، لە خاکی ئەفرایم و مەنەشە هەتا زەبولون، بەڵام خەڵکی پێیان پێدەکەنین و گاڵتەیان پێ دەکردن. 11 هەرچەندە هەندێک کەس لە ئاشێر و مەنەشە و زەبولون خۆیان نزم کردەوە و چوونە ئۆرشەلیم. 12 هەروەها خودا پشتگیری یەهودای کرد، یەک دڵی پێ بەخشین، هەتا بە فەرمانی پاشا و سەرکردەکان بکەن، بەپێی فەرمایشتی یەزدان.

13 لە مانگی دوو خەڵکانێکی زۆر لە ئۆرشەلیم کۆبوونەوە هەتا جەژنی فەتیرە بگێڕن، کۆمەڵێکی زۆر گەورە بوون. 14 هەستان و ئەو قوربانگایانەی لە ئۆرشەلیم بوون لایان بردن، هەروەها هەموو قوربانگاکانی بخوور سووتاندیان لابرد و فڕێیان دانە دۆڵی قدرۆن.

15 لە چواردەی مانگی دوو بەرخی پەسخەیان سەربڕی.[o] کاهین و لێڤییەکان شەرمەزار بوون و خۆیان تەرخان کرد، قوربانی سووتاندنەکانیان بردە ناو پەرستگای یەزدان. 16 کاهینەکان لە شوێنەکانی خۆیان ڕاوەستان، بەو شێوەیەی کە بەپێی تەوراتی موسای پیاوی خودا بۆیان دانرابوو، خوێنەکەیان لە دەستی لێڤییەکان وەردەگرت و دەیانپرژاند. 17 ژمارەیەکی زۆر لە کۆمەڵەکە خۆیان تەرخان نەکردبوو، ئیتر لێڤییەکان بەرخی پەسخەیان سەردەبڕی لە جیاتی هەموو ئەوانەی پاک نەبوون و نەیاندەتوانی بەرخەکەیان بۆ یەزدان تەرخان بکەن. 18 هەرچەندە زۆربەی ئەو خەڵکە زۆرەی کە لە خاکی ئەفرایم و مەنەشە و یەساخار و زەبولونەوە هاتبوون خۆیان پاک نەکردبووەوە، بەڵام لە قوربانییەکەی پەسخەیان خوارد، بە پێچەوانەی ئەوەی نووسراوە. بەڵام حەزقیا نوێژی بۆ کردن و گوتی: «با یەزدانی چاک لە هەرکەسێک خۆشبێت 19 کە بە هەموو دڵەوە ڕووی لە خودا کردووە، لە یەزدانی خودای باوباپیرانی خۆی، هەرچەندە بەپێی ڕێوڕەسمی پیرۆزگا پاک نەبێت.» 20 ئیتر یەزدان گوێی لە حەزقیا گرت و گەلی چاککردەوە.

21 نەوەی ئیسرائیل ئەوانەی لە ئۆرشەلیم بوون حەوت ڕۆژ بە خۆشییەکی زۆرەوە جەژنی فەتیرەیان گێڕا، لێڤی و کاهینەکانیش هەر ڕۆژێک بە دەنگ بەرزی ئامێرە مۆسیقییەکانیان ستایشی یەزدانیان دەکرد کە بۆ ستایشکردنی یەزدان تەرخانکرابوون.

22 حەزقیاش دڵی هەموو ئەو لێڤییانەی خۆش کرد کە تێگەیشتنی چاکیان نواند لە خزمەتکردنی یەزدان. بە درێژایی ئەو حەوت ڕۆژە بەشی دیاریکراویان دەخوارد و قوربانی هاوبەشییان سەربڕی و ستایشی یەزدانی خودای باوباپیرانیان دەکرد.

23 پاشان هەموو کۆمەڵ ڕازی بوون کە حەوت ڕۆژی دیکە درێژە بە جەژنەکە بدەن، ئیتر حەوت ڕۆژی دیکە بە خۆشییەوە ئاهەنگیان گێڕا. 24 حەزقیای پاشای یەهودا هەزار گا و حەوت هەزار مەڕ و بزنی بە کۆمەڵەکە بەخشی و سەرکردەکانیش هەزار گا و دە هەزار مەڕ و بزنیان بە کۆمەڵەکە بەخشی، زۆر لە کاهینەکانیش خۆیان تەرخان کرد. 25 هەموو کۆمەڵی یەهودا، کاهین و لێڤییەکان و هەموو ئەو کۆمەڵەی لە ئیسرائیلەوە هاتبوون دڵخۆش بوون، لەگەڵ ئەو بیانییانەی لە خاکی ئیسرائیلەوە هاتبوون و ئەوانەش کە لە یەهودا نیشتەجێ بوون. 26 جا لە ئۆرشەلیم خۆشییەکی گەورە هەبوو، چونکە لە سەردەمی سلێمانی کوڕی داودی پاشای ئیسرائیلەوە، شتی بەو جۆرە لە ئۆرشەلیم نەکرابوو. 27 ئینجا کاهینە لێڤییەکان هەستان و داوای بەرەکەتیان بۆ گەل کرد، ئینجا لەلایەن خوداوە دەنگیان بیسترا و نوێژەکانیان چووە ژوورەوە بۆ ناو نشینگەی پیرۆز لە ئاسمان.

31 پاش تەواوبوونی هەموو ئەمانە، تەواوی ئیسرائیل ئەوانەی کە ئامادە بوون چوونە ناو شارۆچکەکانی یەهودا، بەردە تەرخانکراوەکانیان شکاند و ستوونە ئەشێراکانیان بڕییەوە. لە تەواوی خاکی یەهودا و بنیامین و ئەفرایم و مەنەشە نزرگەکانی سەر بەرزایی و قوربانگاکانیان ڕووخاند، هەتا تەواو بوون. پاشان هەموو ئیسرائیل هەریەکە و گەڕایەوە بۆ موڵکەکەی خۆی لە شارۆچکەکانیان.

پیتاک بۆ ستایشکردن

حەزقیا ئەرکی بە کاهین و لێڤییەکان سپارد، هەرکەسە و بەگوێرەی بەش و خزمەتەکەی وەک کاهین یان لێڤی، بۆ کردنی قوربانی سووتاندن و قوربانی هاوبەشی، بۆ خزمەتکردن، بۆ وتنەوەی سوپاسگوزاری و سروودی ستایشکردن لە دەروازەکانی نشینگەی یەزدان. پاشا بەشێکی لە سامانەکەی خۆشی دا بۆ قوربانی سووتاندنەکان، قوربانی سووتاندنەکانی بەیانییان و ئێواران و قوربانی سووتاندنەکانی شەممە و سەرەمانگ و جەژنەکان، بەپێی ئەوەی لە تەوراتی یەزدان نووسراوە. هەروەها فەرمانی بە دانیشتووانی ئۆرشەلیم دا، کە بەشی کاهین و لێڤییەکان بدرێت هەتا بتوانن خۆیان تەرخان بکەن بۆ تەوراتی یەزدان. پاش ئەوەی ئەم فەرمانە بڵاو بووەوە، نەوەی ئیسرائیل بە دڵفراوانییەوە یەکەمین بەرهەمی دانەوێڵە و شەرابی نوێ و زەیت و هەنگوین و هەموو بەروبوومی کێڵگەیان بەخشی. زۆریان هێنا، دەیەک لە هەموو شتێک. هەروەها نەوەی ئیسرائیل و یەهودا ئەوانەی کە لە شارۆچکەکانی یەهودا نیشتەجێ بوون، ئەوانیش دەیەکی مەڕوماڵاتەکەیان هێنا، دەیەکی شتە پیرۆزکراوەکان کە بۆ یەزدانی پەروەردگاریان تەرخانکراوە، هێنایان و کۆمەڵ کۆمەڵیان کرد. لە مانگی سێ دەستیان بە کۆکردنەوەیان کرد و لە مانگی حەوت کۆتاییان پێهێنا. کاتێک حەزقیا و سەرکردەکان هاتن و کۆمەڵەکانیان بینی، ستایشی یەزدانیان کرد، داوای بەرەکەتیان بۆ ئیسرائیلی گەلەکەی کرد.

کاتێک حەزقیا لەبارەی کۆمەڵکراوەکانەوە پرسیاری لە کاهین و لێڤییەکان کرد، 10 عەزەریای سەرۆکی کاهینیش کە سەر بە ماڵی سادۆق بوو وەڵامی دایەوە و گوتی: «لەو کاتەی دەستکراوە بە هێنانی پیتاک بۆ پەرستگای یەزدان، خواردوومانە و تێر بووین، زۆریشی لێ ماوەتەوە، چونکە یەزدان گەلەکەی خۆی بەرەکەتدار کردووە و ئەم بەشە زۆرەشی لێ ماوەتەوە.»

11 حەزقیاش فەرمانی دا بۆ ئامادەکردنی ژووری ئەمبار لە پەرستگای یەزدان، ئەوانیش ئامادەیان کردن. 12 ئینجا پیتاک و دەیەک و شتە تەرخانکراوەکانیان بە دەستپاکییەوە هێنا، کۆنەنیاهوی لێڤی لێپرسراویان بوو، شیمعی براشی جێگری بوو. 13 یەحیێل، عەزەریاهو، نەحەت، عەساهێل، یەریمۆت، یۆزاڤاد، ئەلیێل، یەسمەخیاهو، مەحەت و بەنایا سەرپەرشتیار بوون لەژێر دەستی کۆنەنیاهو و شیمعی برای، بەپێی ئەو ڕێکخستنەی کە حەزقیای پاشا و عەزەریای لێپرسراوی یەکەم لە پەرستگای خودا دایاننا.

14 قۆرێی کوڕی یمنەی لێڤیش دەرگاوانی ڕۆژهەڵات و بەرپرسی بەخشینە ئازادەکان[p] بوو کە بە خودا دەبەخشران، هەروەها دابەشکردنی[q] بەخشینە ئازادەکان و دیارییە تەرخانکراوەکان. 15 لەناو شارەکانی کاهینان، عەدەن و مینیامین و یێشوع و شەمەعیا و ئەمەریا و شەخەنەیا بە دڵسۆزییەوە یارمەتی قورێ‌یان دەدا. هەریەکە لە بەشی خۆی پێشکەشکراوەکانی بەسەر برا کاهینەکان دابەش دەکرد، بەبێ جیاوازی لەنێوان گەورە و بچووک.

16 سەرباری ئەمانەش، بۆ نێرینەی تەمەن سێ ساڵان بەرەو سەرەوە دابەشیان کرد، ئەوانەی لە تۆماری ڕەچەڵەکدا نووسراون، بۆ هەموو ئەوانەی دەچنە ناو پەرستگای یەزدان، بۆ ئەوەی بەگوێرەی خزمەتی بەشەکانیان بە ئەرکی ڕۆژانەیان هەستن. 17 دابەشکردن بەسەر کاهینان بەگوێرەی تۆماری ڕەچەڵەکی کاهینەکان بوو بەپێی بنەماڵەکانیان و بۆ لێڤییەکانیش لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە بەپێی خزمەتی بەشەکانیان. 18 بە هەمان شێوە بۆ تۆماری ڕەچەڵەکی هەموو ژن و منداڵ، کوڕ و کچەکانیان لەناو هەموو کۆمەڵەکە، چونکە بە دڵسۆزییەوە خۆیان تەرخان کرد.

19 بۆ ئەو کاهینانەش کە لە دەشتی دەوروبەری شارەکانی کاهینان و شارۆچکەکانی دیکەش دانیشتبوون، بۆ هەموو ئەوانەی کە لە نەوەی هارون بوون و لە ڕەچەڵەکی لێڤییەکان تۆمار کرابوون، ئەو پیاوانەی کە ناویان دیاری کرابوون بەشی هەموو نێرینەیەکی دابەش کرد.

20 حەزقیا ئەمەی لە هەموو یەهودا کرد و لەبەرچاوی یەزدانی پەروەردگاری خۆی ئەوەی کرد کە چاک و ڕێک و ڕاستە. 21 لە هەموو کارێک کە بەگوێرەی تەورات و فێرکردنەکانی لە خزمەتی پەرستگای یەزدان ئەنجامی دا، ڕووی لە خودا کرد و بە هەموو دڵییەوە کاری کرد، ئیتر سەرکەوتوو بوو.

هەڕەشەی سەنحێریب لە ئۆرشەلیم

32 پاش ئەوەی حەزقیا بە دەستپاکییەوە هەموو ئەم شتانەی جێبەجێ کرد، سەنحێریبی پاشای ئاشور هات و هێرشی کردە سەر یەهودا، شارە قەڵابەندەکانی گەمارۆ دا، بە نیازی ئەوەی بۆ خۆی دایانببڕێت. کاتێک حەزقیا بینی کە سەنحێریب هاتووە بە نیازە شەڕ لەگەڵ ئۆرشەلیم بکات، ڕاوێژی لەگەڵ کاربەدەستان و ئەفسەرە باڵاکانی کرد بۆ پڕکردنەوەی ئاوی ئەو کانییانەی کە لە دەرەوەی شارەکەن، ئەوانیش یارمەتییان دا. خەڵکێکی زۆریان کۆکردەوە و هەموو کانیاوەکان و ئەو ڕووبارەی بە ناوەڕاستی زەوییەکەدا تێپەڕ دەبوو پڕیان کردنەوە، گوتیان: «بۆچی پاشاکانی ئاشور بێن و ئاوێکی زۆر بدۆزنەوە؟» پاشان ورەی دایە بەرخۆی و هەموو شوورا ڕووخاوەکەی بنیاد نایەوە و بەرزی کردەوە هەتا قوللەکان و شوورایەکی دیکەشی لە دەرەوە بنیاد نا و تەلانی شاری داودی تۆکمە کرد و چەک و قەڵغانێکی زۆری دروستکرد.

سەرکردەکانی سوپای بەسەر گەلەوە دانا و بۆ گۆڕەپانی دەروازەی شارەکە کۆی کردنەوە و ورەی بەرز کردنەوە و گوتی: «بەهێزبن و ئازابن و مەترسن و لەبەردەم پاشای ئاشور و هەموو ئەو کۆمەڵەی لەگەڵیدایە، ورە بەرمەدەن، چونکە ئەوەی لەگەڵ ئێمەیە بەهێزترە لەوەی لەگەڵ ئەوە. ئەو تەنها هێز و بازووی مرۆڤی لەگەڵدایە، بەڵام ئێمە یەزدانی پەروەردگارمان لەگەڵدایە هەتا یارمەتیمان بدات و لە جەنگەکان بۆمان بجەنگێت.» بەم قسەیە حەزقیای پاشای یەهودا گەلەکەی هاندا.

پاشان سەنحێریبی پاشای ئاشور کە خۆی و هەموو هێزەکانی گەمارۆی لاخیشیان دابوو، ئەفسەرەکانی ناردە ئۆرشەلیم بۆ لای حەزقیای پاشای یەهودا و بۆ لای هەموو گەلی یەهودا کە لە ئۆرشەلیمدا بوون و گوتیان:

10 «سەنحێریبی پاشای ئاشور دەڵێت: پشتتان بە چی دەبەستن و لە ئۆرشەلیم لەژێر گەمارۆدا دەمێننەوە؟ 11 کە حەزقیا دەڵێت: ”یەزدانی پەروەردگارمان لە دەست پاشای ئاشور دەربازمان دەکات،“ ئایا فریوتان نادات بۆ ئەوەی بە برسیێتی و بە تینوێتی بتانداتە دەست مردن؟ 12 ئایا حەزقیا نەبوو کە نزرگەکانی سەر بەرزایی و قوربانگاکانی تێکدا کە هی ئەم خوداوەندە بوو، بە یەهودا و ئۆرشەلیمی گوت: ”لەبەردەم یەک قوربانگادا کڕنۆش دەبەن و قوربانی لەسەر دەسووتێنن“؟

13 «ئایا نازانن من و باوباپیرانم چیمان بەسەر هەموو گەلانی خاکەکانی دیکەدا هێناوە؟ ئایا خوداوەندەکانی نەتەوەکانی ئەو خاکانە توانییان خاکەکانیان لە دەست من دەرباز بکەن؟ 14 کام لە هەموو خوداوەندەکانی ئەو نەتەوانەی کە باوباپیرانم قڕیان کردن، توانی گەلەکەی لە دەستی من ڕزگار بکات؟ چۆن خوداکەتان دەتوانێت لە دەستی من دەربازتان بکات؟ 15 ئێستا با حەزقیا هەڵتاننەخەڵەتێنێت و بەم شێوەیە فریوتان نەدات. بڕوای پێ مەکەن، چونکە خوداوەندی هیچ نەتەوەیەک و هیچ پاشایەتییەک نەیتوانیوە گەلەکەی لە دەستی من و لە دەستی باوباپیرانم دەرباز بکات. ئیتر چۆن خوداوەندەکەتان دەتوانێت لە دەستم ڕزگارتان بکات؟»

16 ئەفسەرەکانی سەنحێریب قسەی زیاتریان لە دژی یەزدانی پەروەردگار و لە دژی حەزقیای خزمەتکاری کرد. 17 هەروەها چەند نامەیەکی نووسی بۆ سووکایەتیکردن بە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل، لە دژی خودا گوتی: «چۆن خوداوەندی نەتەوەکان لە خاکەکانی خۆیان گەلەکانیان لە دەستی من ڕزگار نەکرد، ئاواش خوداکەی حەزقیا گەلەکەی لە دەستی من ڕزگار ناکات.» 18 ئینجا بە دەنگی بەرز بە زمانی عیبری هاواریان لە دانیشتووانی ئۆرشەلیم کرد کە لەسەر شووراکە بوون، بۆ ئەوەی بیانترسێنن و ورەیان بەر بدەن هەتا شارەکە بگرن. 19 قسەیان بە خودای ئۆرشەلیمیش گوت، هەروەک چۆن قسەیان بە خوداوەندەکانی خاکەکانی دیکە گوت، کە دروستکراوی دەستی مرۆڤ بوون.

20 حەزقیای پاشا و ئیشایا پێغەمبەری کوڕی ئامۆچ بۆ ئەوە نوێژیان کرد و هاواریان بۆ ئاسمان کرد. 21 یەزدانیش فریشتەیەکی نارد و هەموو پاڵەوانێکی بەهێز و سەرکردە و فەرماندەیەکی لەناو ئۆردوگاکەی پاشای ئاشور لەناوبرد. ئەویش بە سەرشۆڕییەوە گەڕایەوە بۆ خاکەکەی خۆی، کە چووە ناو پەرستگای خوداوەندەکەی، لەوێ وەچەکانی خۆی بە شمشێر کوشتیان.

22 بەو شێوەیە یەزدان حەزقیا و دانیشتووانی ئۆرشەلیمی لە سەنحێریبی پاشای ئاشور و لە دەست هەموو دوژمنەکانی دیکەیان ڕزگار کرد و لە هەموو لایەکەوە پاراستنی. 23 ئینجا خەڵکانێکی زۆر پێشکەشکراویان دەهێنایە ئۆرشەلیم بۆ یەزدان، دیاری گرانبەهاش بۆ حەزقیای پاشای یەهودا. پاش ئەمە هەموو نەتەوەکان بە چاوی ڕێزەوە سەیریان دەکرد.

سەرکەوتن و لووتبەرزی و مردنی حەزقیا

24 لەو ڕۆژانەی[r] حەزقیا نەخۆش کەوت، لە سەرە مەرگ بوو، نوێژی بۆ یەزدان کرد و ئەویش وەڵامی دایەوە و پەرجووێکی وەکو نیشانە پێدا. 25 بەڵام حەزقیا بەو شێوەیەی چاکەی لەگەڵ کرابوو کاردانەوەی نەبوو، چونکە لەخۆبایی ببوو، لەبەر ئەوە تووڕەیی یەزدانی هێنایە سەر خۆی و یەهودا و ئۆرشەلیم. 26 ئینجا حەزقیا تۆبەی لە لەخۆباییبوونەکەی کرد، خۆی و دانیشتووانی ئۆرشەلیمیش، لەبەر ئەوە لە ماوەی پاشایەتی حەزقیا تووڕەییەکەی یەزدان بەسەریاندا نەهات.

27 حەزقیا دەوڵەمەندی و ڕێزێکی زۆری هەبوو، گەنجینەی بۆ زێڕ و زیو و بەردی گرانبەها و بۆنوبەرام و قەڵغان و هەموو شتێکی بەهاداری بۆ خۆی دروستکرد. 28 کۆگا بۆ بەروبوومەکانی دانەوێڵە و شەرابی نوێ و زەیت، پشتیریش[s] بۆ هەموو جۆرە ئاژەڵێک و بۆ مێگەلەکانیش. 29 هەروەها چەند گوندێکی بنیاد نا و بووە خاوەنی مەڕوماڵات و مانگایەکی زۆر، چونکە خودا سامانێکی زۆری پێدابوو.

30 حەزقیا بوو کە ڕێڕەوی سەرووی ئاوی گیحۆنی گرتەوە، بە جۆگایەک[t] لەژێر زەوی بۆ بەری ڕۆژئاوای شاری داود بردی، هەروەها لە هەموو کارەکانی سەرکەوتوو بوو. 31 بەڵام کاتێک سەرکردەکانی بابل باڵوێزیان نارد بۆ ئەوەی سەبارەت بەو نیشانەیە[u] لێی بپرسن کە لە خاکەکەدا ڕوویدابوو، خودا وازی لێ هێنا بۆ ئەوەی تاقی بکاتەوە هەتا هەموو ئەوەی لە دڵیدایە بیزانێت.

32 ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی حەزقیا و کارە چاکەکانی، لە بینینەکەی ئیشایا پێغەمبەری کوڕی ئامۆچ، لە پەڕتووکی پاشاکانی یەهودا و ئیسرائیلدا تۆمار کراون. 33 حەزقیا لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و لە بەشی سەرەوەی گۆڕستانی نەوەی داود ناشتیان، لە ڕێوڕەسمی ناشتنەکەی هەموو یەهودا و دانیشتووانی ئۆرشەلیم ڕێزیان لێ گرت. ئیتر مەنەشەی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.

پاشایەتی مەنەشە

33 مەنەشە کوڕێکی دوازدە ساڵان بوو کە بوو بە پاشا، پەنجا و پێنج ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد و لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، وەک نەریتە قێزەونەکانی ئەو گەلانەی کە یەزدان لەبەردەم نەوەی ئیسرائیل دەریکردبوون. جا گەڕایەوە و ئەو نزرگانەی سەر بەرزایی بنیاد ناوە کە حەزقیای باوکی ڕووخاندنی، هەروەها چەند قوربانگایەکی بۆ بەعلەکان دانا و ستوونە ئەشێراکانی دروستکرد و کڕنۆشی بۆ هەموو هێزەکانی ئاسمان برد و ئەوانی پەرست. چەند قوربانگایەکیشی لە پەرستگای یەزدان بنیاد نا، ئەوەی یەزدان لەبارەیەوە فەرمووبووی: «بۆ هەتاهەتایە ناوم لە ئۆرشەلیمدا دەبێت.» لە هەردوو حەوشەکەی پەرستگای یەزدان قوربانگای بۆ هەموو هێزەکانی ئاسمان بنیاد نا. ئەوە بوو لە دۆڵی بەن‌هینۆم کوڕەکانی خۆی بەناو ئاگردا تێپەڕاند، بەخت خوێندنەوە و فاڵگرتنەوە و جادووگەری کرد، نێوانگر[v] و ڕۆح ئامادەکاری[w] بەکارهێنا، لەبەرچاوی یەزدان خراپەی زیاتریشی کرد بۆ پەستکردنی.

هەروەها ئەو پەیکەرە داتاشراوەی کە دروستی کردبوو، بردی و لەناو پەرستگای خودا داینا کە خودا لەبارەیەوە بە داود و سلێمانی کوڕی فەرمووبوو: «لەم پەرستگایە و لە ئۆرشەلیم ئەوەی لەناو هەموو هۆزەکانی ئیسرائیل هەڵمبژاردووە بۆ هەتاهەتایە ناوی خۆمی تێدا دادەنێم. جارێکی دیکە وا ناکەم ئیسرائیل ئەو خاکە بەجێبهێڵێت کە بۆ باوباپیرانیان دیاریم کرد، تەنها ئەگەر ئاگاداربن لە جێبەجێکردنی هەموو ئەوەی فەرمانم پێ کردوون لە ڕێگەی موساوە لە هەموو فێرکردن و فەرز و حوکمەکان.» بەڵام مەنەشە، یەهودا و دانیشتووانی ئۆرشەلیمی گومڕا کرد، هەتا لەو گەلانە خراپتر بکەن کە یەزدان لەبەردەم نەوەی ئیسرائیلدا قڕی کردن.

10 یەزدان لەگەڵ مەنەشە و گەلەکەیدا دوا، بەڵام گوێیان نەگرت. 11 ئیتر یەزدان سەرکردەکانی هێزەکانی پاشای ئاشوری هێنایە سەریان، ئەوانیش مەنەشەیان بە دیل گرت و لووتەوانەیان کردە لووتی و بە زنجیری بڕۆنز کۆتیان کرد و بردیان بۆ بابل. 12 لە تەنگانەدا لە یەزدانی خودای خۆی پاڕایەوە و لەبەردەم خودای باوباپیرانیدا خۆی زۆر نزم کردەوە. 13 نوێژی کرد، خوداش وەڵامی دایەوە و گوێی لە پاڕانەوەکەی گرت، گەڕاندییەوە ئۆرشەلیم بۆ سەر تەختی پاشایەتییەکەی خۆی. ئەو کاتە مەنەشە زانی کە یەزدان خودایە.

14 پاشان ئەو شوورایەی بنیاد نایەوە کە لە دەرەوەی شاری داود بوو بەلای ڕۆژئاوای کانی گیحۆن لە دۆڵەکە هەتا دەگاتە دەروازەی ماسی، بەدەوری گردی عۆفەل و زۆر بەرزی کردەوە و سەرکردەکانی سوپای لە هەموو شارە قەڵابەندەکان لە یەهودا دانا.

15 هەروەها خوداوەندە نامۆکان و پەیکەرە داتاشراوەکەی ناو پەرستگای یەزدان و هەموو ئەو قوربانگایانەی لە کێوی پەرستگای یەزدان و ئۆرشەلیمدا بنیادی نا، لای بردن و فڕێیدانە دەرەوەی شارەکە. 16 ئینجا قوربانگاکەی یەزدانی نۆژەن کردەوە، قوربانی هاوبەشی و قوربانی سوپاسگوزاری لەسەر سەربڕی و فەرمانی بە خەڵکی یەهودا کرد کە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بپەرستن. 17 لەگەڵ ئەمەش گەل هێشتا لە نزرگەکانی سەر بەرزاییەکان قوربانییان سەردەبڕی، بەڵام تەنها بۆ یەزدانی پەروەردگاری خۆیان.

18 ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی مەنەشە و نزاکەی لە خودا و قسەکانی ئەو کەسانەی کە بە ناوی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیلەوە پەیامیان پێ ڕادەگەیاند، لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل[x] تۆمار کران. 19 نوێژەکەی و چۆن خودا وەڵامی دایەوە، لەگەڵ گوناه و ناپاکییەکانی، ئەو شوێنانەی کە پێش ئەوەی خۆی نزم کردەوە نزرگەکانی سەر بەرزایی تێدا بنیاد نان، ستوونە ئەشێرا و بتەکانی دانا، لە تۆمارەکانی ئەوانەدا نووسراون کە پەیامی خودایان ڕادەگەیاند.

20 مەنەشە لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و لە کۆشکەکەی خۆیدا ناشتیان. ئیتر ئامۆنی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.

پاشایەتی ئامۆن

21 ئامۆن گەنجێکی بیست و دوو ساڵان بوو کاتێک بوو بە پاشا، دوو ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد. 22 ئەمیش وەک مەنەشەی باوکی لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد. قوربانی بۆ هەموو ئەو بتانە سەربڕی کە مەنەشەی باوکی دروستی کردن، ئامۆن هەموو ئەوانی پەرست. 23 لەبەردەم یەزداندا خۆی نزم نەکردەوە، وەک مەنەشەی باوکی خۆی نزم کردەوە، بەڵکو زیاتر خۆی تاوانبار کرد.

24 خزمەتکارەکانی ئامۆن پیلانیان لە دژی ئامۆن گێڕا و لە کۆشکەکەی خۆی کوشتیان. 25 ئینجا گەلی خاکەکە هەموو پیلانگێڕەکانی ئامۆن پاشایان کوشت، هەروەها یۆشیای کوڕییان لە جێی ئەو کردە پاشا.

چاکسازییەکانی یۆشیا

34 یۆشیا کوڕێکی هەشت ساڵان بوو کە بوو بە پاشا، سی و یەک ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد. یۆشیا ئەوەی ڕاست بوو لەبەرچاوی یەزدان کردی، ڕێبازەکەی داودی باپیرە گەورەی پەیڕەو کرد، بەلای ڕاست و چەپدا لای نەدا.

لە هەشتەمین ساڵی پاشایەتییەکەیدا کە هێشتا مێردمنداڵ بوو، ڕووی لە خودای داودی باپیرە گەورەی کرد. لە دوازدەیەمین ساڵیدا دەستی بە پاککردنەوەی یەهودا و ئۆرشەلیم کرد لە نزرگەکانی سەر بەرزاییەکان، ستوونە ئەشێراکان و بتە داتاشراو و داڕێژراوەکان. لەبەردەمیدا قوربانگاکانی بەعلیان ڕووخاند و قوربانگاکانی بخوور کە لە سەرەوە لەسەریان دانرا بوون پارچەپارچەی کردن، ستوونە ئەشێراکان و بتە داتاشراو و داڕێژراوەکانی شکاند و کوتای و بە بای کردن بەسەر گۆڕی ئەوانەی قوربانییان بۆ سەردەبڕین. ئێسکی کاهینەکانیشی لەسەر قوربانگاکانیان سووتاند و یەهودا و ئۆرشەلیمی پاککردەوە. لە شارۆچکەکانی مەنەشە و ئەفرایم و شیمۆن و هەتا نەفتالی، هەروەها لە کەلاوەکانی دەوروبەریان قوربانگاکان و ستوونە ئەشێراکانی ڕووخاند و پەیکەری بتەکانی ورد کوتی و هەموو قوربانگاکانی بخووریشی پارچەپارچە کرد. لە هەموو خاکی ئیسرائیلدا بەو شێوەیەی کرد، ئینجا گەڕایەوە بۆ ئۆرشەلیم.

هەروەها لە هەژدەیەمین ساڵی پاشایەتی یۆشیادا، پاش ئەوەی خاکەکە و پەرستگاکەی پاککردەوە، شافانی کوڕی ئەچەلیاهو و مەعسێیاهوی سەرۆکی شارەکە و یۆئاحی کوڕی یۆئاحازی تۆمارکاری نارد، بۆ چاککردنەوەی پەرستگای یەزدانی پەروەردگاری خۆی.

ئەوانیش هاتن بۆ لای حیلقیای سەرۆکی کاهین و ئەو زیوەیان پێیدا کە هاتووەتە ناو پەرستگای خوداوە، ئەوەی لێڤییەکان چاودێرانی دەرگاکان لە خەڵکی مەنەشە و ئەفرایم و هەموو ئەوانەی لە ئیسرائیل مابوونەوە کۆیان کردبوونەوە، هەروەها لە هەموو خەڵکی یەهودا و بنیامین و دانیشتووانی ئۆرشەلیم. 10 ئینجا دایانە دەست سەرپەرشتیارەکانی کارەکەی پەرستگای یەزدان، ئەوانیش دایانە ئەوانەی لە پەرستگای یەزدان کاریان دەکرد، بۆ چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی پەرستگاکە. 11 هەروەها دایانە دارتاش و بیناسازەکان هەتا بەردی داتاشراو و داری پێ بکڕن بۆ کاریتە و دارەڕای بنمێچی ئەو تەلارانەی کە بەهۆی کەمتەرخەمی پاشاکانی یەهوداوە، وێران ببوون.

12 پیاوەکان بە دەستپاکییەوە کارەکەیان دەکرد، لەژێر سەرپەرشتی یەحەت و عۆبەدیا کە هەردووکیان لێڤی و سەر بە نەوەی مەراری بوون و زەکەریا و مەشولام سەر بە نەوەی قەهاتییەکان بۆ سەرپەرشتی. لە لێڤییەکانیش هەموو ئەوانەی لە ئامێرە مۆسیقییەکان شارەزا بوون 13 سەرپەرشتیار بوون بەسەر بارهەڵگرەکان و بەسەر هەموو ئەوانەی کارەکەیان دەکرد، لە خزمەتە جۆراوجۆرەکان، هەروەها لە لێڤییەکان خامەی نهێنی و سەرقەڵەم و دەرگاوانیان تێدابوو.

دۆزینەوەی پەڕتووکی تەورات

14 کاتێک خەریکی دەرهێنانی ئەو زیوە بوون کە هاتبووە ناو پەرستگای یەزدان، حیلقیای کاهین پەڕتووکی تەوراتی یەزدانی دۆزییەوە کە لە ڕێگەی موساوە درابوو. 15 جا حیلقیا بە شافانی خامەی نهێنی گوت: «لە پەرستگای یەزدان پەڕتووکی تەوراتم دۆزیوەتەوە.»

16 ئینجا شافان پەڕتووکەکەی بۆ لای پاشا برد و پێی ڕاگەیاند: «هەموو ئەوەی بە دەست خزمەتکارەکانت سپێردراوە دەیکەن. 17 ئەو زیوەی لەناو پەرستگای یەزداندا هەبوو بەتاڵیان کردووە و داویانەتە دەست سەرپەرشتیارەکان و ئەوانەی بە کارەکە هەڵدەستن.» 18 هەروەها شافانی خامەی نهێنی بە پاشای گوت: «حیلقیای کاهین پەڕتووکێکی پێداوم.» ئینجا شافان لەبەردەم پاشادا لە پەڕتووکەکەی خوێندەوە.

19 کە پاشا گوێی لە وشەکانی تەورات بوو، جلەکانی لەبەر خۆی دادڕی و 20 پاشا فەرمانی بە حیلقیا و ئەحیقامی کوڕی شافان و عەڤدۆنی کوڕی میخا[y] و شافانی خامەی نهێنی و عەسایای خزمەتکاری خۆی کرد و پێی گوتن: 21 «بڕۆن و پرسیار لە یەزدان بکەن لە پێناوی من و لە پێناوی ئەوانەی لە ئیسرائیل و یەهودا ماونەتەوە، سەبارەت بە پەیامی ئەم پەڕتووکەی کە دۆزراوەتەوە، چونکە ئەو تووڕەییەی یەزدان کە بەسەرماندا ڕژاوە مەزنە، لەبەر ئەوەی باوباپیرانمان وشەکانی یەزدانیان نەپاراستووە هەتا بەپێی هەموو ئەوەی لەم پەڕتووکەدا هاتووە کار بکەن.»

22 ئینجا حیلقیا لەگەڵ ئەوانەی پاشا فەرمانی پێ کردن چوونە لای حولدای پێغەمبەر کە ژنی شەلومی کوڕی تۆقهەتی[z] کوڕی حەسرای[aa] لێپرسراوی جلوبەرگەکانی پەرستگا بوو، ئەو لە گەڕەکی دووەمی ئۆرشەلیم دەژیا، ئیتر قسەیان لەگەڵی کرد. 23 ئەویش پێی گوتن: «یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: بەو پیاوە بڵێن کە ئێوەی بۆ لای من ناردووە، 24 ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: من وا بەڵا بەسەر ئەم شوێنە و دانیشتووانەکەی دەهێنم، بەپێی هەموو ئەو نەفرەتانەی لەو پەڕتووکە نووسراوە، ئەوەی لەبەردەم پاشای یەهودا خوێندیانەوە. 25 لەبەر ئەوەی وازیان لێ هێنام و بخووریان بۆ خوداکانی دیکە سووتاند هەتا بە هەموو کارەکانی دەستیان پەستم بکەن، تووڕەییم بەسەر ئەم شوێنەدا دەڕژێت و ناکوژێتەوە.“ 26 بەڵام بە پاشای یەهودا ئەوەی ئێوەی ناردووە پرسیار لە یەزدان بکەن بڵێن، ”یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل سەبارەت بەو وشانەی گوێت لێ بوو ئەوە دەفەرموێت: 27 لەبەر ئەوەی کاتێک گوێت لە پەیامەکەی بوو لە دژی ئەم شوێنە و دانیشتووانەکەی لەبەردەم خودا دڵت نەرم بوو و خۆتت نزم کردەوە، جلەکانت لەبەر خۆتدا دادڕی و لەبەردەممدا گریایت، هەروەها منیش گوێم لێت بوو. ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. 28 ئێستا من دەتخەمە پاڵ باوباپیرانت، جا بە ئاشتییەوە لە گۆڕەکەت دەنرێیت. ئەو هەموو کارەساتە نابینی کە من بەسەر ئەم شوێنە و دانیشتووانەکەیدا دەهێنم.“»

ئەوانیش وەڵامەکەیان بۆ پاشا بردەوە.

29 ئینجا پاشا ناردی و هەموو پیرانی یەهودا و ئۆرشەلیمی کۆکردەوە. 30 لەگەڵ هەموو گەلی یەهودا و دانیشتووانی ئۆرشەلیم، کاهین و لێڤییەکان و هەموو گەل لە گەورەوە هەتا بچووک چوونە پەرستگای یەزدان. لەبەردەمیان تەواوی وشەکانی پەڕتووکی پەیمانی خوێندەوە، ئەوەی لە پەرستگای یەزدان دۆزرایەوە. 31 پاشا لەلای کۆڵەکەکە ڕاوەستا و لەبەردەم یەزدان پەیمانی دا[ab] کە دوای یەزدان بکەوێت و بە هەموو دڵ و گیانییەوە فەرمان و یاسا و فەرزەکانی بەجێبهێنێت، بۆ ئەوەی وشەکانی ئەم پەیمانەی لەم پەڕتووکەدا نووسراوە پەیڕەو بکرێت.

32 پاشا داوای لە هەموو ئامادەبووان کرد لە ئۆرشەلیم و بنیامین کە سوێند بخۆن، جا دانیشتووانی ئۆرشەلیمیش ئەوەیان کرد بەگوێرەی پەیمانی خودا، خودای باوباپیرانیان.

33 یۆشیا هەموو بتە قێزەونەکانی لە هەموو هەرێمەکانی ئیسرائیل داماڵی و کارێکی وای کرد کە هەموو ئەو کەسانەی لە خاکی ئیسرائیل نیشتەجێ بوون یەزدانی پەروەردگاریان بپەرستن. بە درێژایی ژیانی ئەو خەڵکی لایان نەدا لە پەرستنی یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانیان.

یۆشیا لە جەژنی پەسخە

35 یۆشیا لە چواردەی مانگی یەک لە ئۆرشەلیم جەژنی پەسخەی بۆ یەزدان گێڕا و بەرخی پەسخەی کردە قوربانی. کاهینەکانی لەسەر ئەرکەکانی خۆیان دانا و هانی دان بۆ خزمەتکردنی پەرستگای یەزدان. بەو لێڤییانەی گوت کە هەموو ئیسرائیلیان فێر دەکرد، ئەوانەی بۆ یەزدان تەرخان کرابوون: «سندوقی پیرۆز لەناو ئەو پەرستگایەدا دابنێن کە سلێمانی کوڕی داودی پاشای ئیسرائیل بنیادی نا، چیتر بەشان هەڵیمەگرن، ئێستاش یەزدانی پەروەردگارتان بپەرستن و خزمەتی ئیسرائیلی گەلی بکەن و بنەماڵەکانتان بەپێی تیرەکان ئامادە بکەن، بەگوێرەی ئەو نووسراوەی داودی پاشای ئیسرائیل و هەروەها نووسراوەکەی سلێمانی کوڕی.

«لە پیرۆزگادا بەپێی کۆمەڵەی بنەماڵەی براکانتان لە کوڕانی گەل و کۆمەڵەی بنەماڵەکانی لێڤی ڕابوەستن. ئەو کاتە بەرخی پەسخە سەرببڕن و خۆتان تەرخان بکەن و ئامادەکاری بۆ براکانتان بکەن بۆ ئەوەی بەپێی فەرمایشتی خودا لە ڕێگەی موساوە، کار بکەن.»

یۆشیا لە مێگەل، سی هەزار سەر بەرخ و گیسکی بۆ قوربانی پەسخە دابین کرد، لە گاگەلیش سێ هەزار سەری بە گەل بەخشی. هەموو ئەمە لە سامانی پاشا بوو بۆ ئەوانە لە گەل کە ئامادە بوون.

هەروەها کاربەدەستەکانیشی بە خواستی خۆیان پیتاکیان بە گەل، بە کاهین و لێڤییەکان بەخشی. حیلقیا، زەکەریا و یەحیێلی لێپرسراوانی پەرستگای خودا دوو هەزار و شەش سەد سەر لە مێگەل بۆ قوربانی[ac] پەسخە، هەروەها سێ سەد سەر لە گاگەلیان بە کاهینەکان بەخشی. کۆنەنیاهو و براکانیشی، شەمەعیا و نەتەنێل، لەگەڵ حەشەڤیا و یەعیێل و یۆزاڤاد سەرکردەکانی لێڤییەکان، پێنج هەزار سەر لە مێگەلیان بۆ قوربانی پەسخە دابین کرد، هەروەها پێنج سەد سەر لە گاگەلیان بە لێڤییەکان بەخشی.

10 بەو شێوەیە خزمەتەکە ڕێکخرا و کاهینەکان شوێنەکانی خۆیان گرت و لێڤییەکانیش لە بەشەکانی خۆیان بەپێی فەرمانی پاشا. 11 بەرخەکانی پەسخەیان سەربڕی و کاهینەکان بە دەستیان خوێنەکەیان دەپرژاند، بەڵام لێڤییەکان کەوڵیان دەکرد. 12 ئینجا قوربانی سووتاندنەکەیان جیا کردەوە هەتا بەپێی بەشەکانی بنەماڵەکان بە کوڕانی گەلی بدەن، بۆ ئەوەی بۆ یەزدانی پێشکەش بکەن بەپێی ئەوەی لە پەڕتووکی موسادا نووسراوە، بۆ گایەکانیش بە هەمان شێوە. 13 بەپێی ڕێوڕەسم قوربانییەکانی پەسخەیان بە ئاگر برژاند، بەڵام پێشکەشکراوە پیرۆزەکانی دیکەیان لەناو مەنجەڵ و مەنجەڵی گەورە و تاوەدا کوڵاند و دەستوبرد بەسەر گەلدا دابەشیان کرد. 14 پاشان هەمان خواردنیان بۆ خۆیان و بۆ کاهینەکان ئامادە کرد، چونکە کاهینەکان لە نەوەی هارون هەتا شەو خەریکی پێشکەشکردنی قوربانی سووتاندنەکان و پیوەکە بوون. لەبەر ئەوە لێڤییەکان بەشیان بۆ خۆیان و بۆ کاهینەکان لە نەوەی هارون ئامادە کرد.

15 گۆرانیبێژەکانیش لە نەوەی ئاساف لە شوێنی خۆیان بوون، بەپێی فەرمانی داود، ئاساف، هێیمان و یەدوتون کە پەیامی خودای بە پاشا ڕادەگەیاند. پێویست نەبوو دەرگاوانی دەروازەکانیش شوێنی چاودێریکردنەکەیان بەجێبهێڵن، چونکە برا لێڤییەکانیان بەشیان بۆ ئامادە کردن.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.