Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Bible in 90 Days

An intensive Bible reading plan that walks through the entire Bible in 90 days.
Duration: 88 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
حزقیێل 23:40-35:15

40 «تەنانەت نێردراویان نارد بۆ ئەوەی چەند پیاوێک لە دوورەوە بێن، کاتێک هاتن، ئۆهۆلیڤا، تۆ خۆتت بۆیان شوشت و کلت لە چاوان کرد و بە خشڵ خۆتت ڕازاندەوە. 41 لەسەر سەکۆیەکی نایاب لەبەردەم مێزێکی ئامادەکراو دادەنیشتیت و بخوور و زەیتی منت لەسەر دادەنا.

42 «دەنگی کۆمەڵێک بیسترا کە لە دەوروبەری ڕایاندەبوارد، لەگەڵ زۆروبۆری خەڵک. سەبئییەکان لە چۆڵەوانییەوە هێنرابوون، ئەوانەی بازنیان کردە دەستی ئەو دووانە و تاجی جوانیان خستە سەر سەریان. 43 ئینجا سەبارەت بەوەی لە داوێنپیسی ماندوو بوو، فەرمووم: ”ئێستا با بۆ لەشفرۆشی بەکاریبهێنن، چونکە ئەو تەنها لەشفرۆشێکە.“ 44 جا بۆی چوونە ژوورەوە، وەک ئەوەی بۆ لەشفرۆشێک بچنە ژوورەوە. ئاوا چوونە ژوورەوە، بۆ لای ئۆهۆلا و ئۆهۆلیڤا، دوو ژنە لەشفرۆشەکە. 45 لەبەر ئەوەی داوێنپیسن و دەست بە خوێنن، دادوەرانی ڕاستودروست حوکمیان دەدەن، حوکمی داوێنپیس و حوکمی خوێنڕێژ، چونکە داوێنپیسن و دەست بە خوێنن.

46 «یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: چەتە دەهێنمە سەریان و دەیاندەمە دەست تۆقین و تاڵان. 47 چەتەکان بەردبارانیان دەکەن، بە شمشێرەکانیان لەتوپەتیان دەکەن، کوڕ و کچەکانیان سەردەبڕن، خانووەکانیان بە ئاگر دەسووتێنن.

48 «جا کۆتایی بە بەدڕەوشتی دەهێنم لە خاکەکە، هەموو ژنان پەندی لێ وەردەگرن و وەک بەدڕەوشتییەکەی ئێوە ناکەن. 49 بەدڕەوشتییەکەی خۆتان بەسەر خۆتان دەگێڕنەوە، گوناهی بتەکانتان هەڵدەگرن. ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانی باڵادەستم.»

نموونەی مەنجەڵ

24 لە دەی مانگی دەی ساڵی نۆیەم[a] فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، ئەم بەروارە تۆمار بکە، هەر ئەم ڕۆژە، چونکە هەر لەم ڕۆژەدا بوو پاشای بابل گەمارۆی ئۆرشەلیمی دا. پەندێک بۆ بنەماڵەی یاخیبوو بهێنەوە و پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:

«”مەنجەڵ لەسەر ئاگر دابنێ،
    دایبنێ و ئاوی تێ بکە.
پارچە گۆشتەکانی تێدا کۆبکەرەوە،
    هەموو پارچە چاکەکان، ڕان و شان،
پڕی بکە لە ئێسکی هەڵبژاردە.
    باشترین مەڕی مێگەل ببە و
دار لەژێر مەنجەڵی ئێسکەکانی کۆبکەرەوە،
    بە تەواوی بیکوڵێنە،
    با ئیسکەکانیشی لەناویدا بکوڵێن.

«”چونکە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:

«”قوڕبەسەر شارە خوێنڕێژەکە،
    ئەو مەنجەڵەی ژەنگەکەی خۆی تێدایە،
    ژەنگەکەی لێ دەرنەچوو!
پارچەپارچە دەریبهێنن،
    تیروپشکی لەسەر مەکەن.

«”لەبەر ئەوەی ئەو خوێنەی ڕشتوویەتی لەناوەڕاستیدایە،
    چونکە لەسەر بەردی ڕووت دایناوە،
نەیڕشتە سەر زەوی،
    تاکو بە خۆڵ دایپۆشێت.
بۆ هەڵچوونی تووڕەیی و بۆ تۆڵەسەندنەوە
    خوێنەکەی ئەوم لەسەر بەردێکی ڕووت دانا،
    تاکو دانەپۆشرێت.

«”لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:

«”قوڕبەسەر شارە خوێنڕێژەکە!
    هەروەها منیش کەڵەکە دارەکەی گەورە دەکەم.
10 دار زۆر بکە و ئاگری تێبەردە،
    گۆشتەکە پێ بگەیەنە،
بە تەواوی بەهاراتی پێوە بکە،
    لێگەڕێ با ئێسکەکان بسووتێنێت.
11 دوای ئەوە مەنجەڵەکە بە بەتاڵی لەسەر پشکۆیەکان دابنێ،
    با گەرم بێت و مسەکەی بسووتێت،
جا پیسییەکەی تێیدا دەتوێتەوە و
    ژەنگەکەی نامێنێت.
12 ڕەنجیان بە خەسار چوو،
    ژەنگە زۆرەکەی لانەدرا،
    تەنانەت بە ئاگریش.

13 «”جا پیسییەکەت بەدڕەوشتییە. لەبەر ئەوەی هەوڵم دا پاکت بکەمەوە بەڵام پاک نەبوویتەوە، هەر لە پیسییەکەت پاک نابیتەوە هەتا تووڕەیی خۆمت بەسەردا دانەمرکێنمەوە.

14 «”من یەزدانم، ئەوەم فەرموو، دێتە دی و دەیکەم. نە دەستت لێ دەپارێزم و نە دڵم پێت دەسووتێت و نە پاشگەز دەبمەوە. بەگوێرەی ڕەفتار و کردەوەکانت حوکمت دەدەن، ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.“»

مردنی ژنی حزقیێل

15 فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: 16 «ئەی کوڕی مرۆڤ، من خەریکم بە لێدانی گورزێک ئەوەی چاوت ئارەزووی دەکات لێتی دەستێنم، جا مەلاوێوە و مەگریێ و فرمێسک مەڕێژە. 17 بە کپی ئاخ هەڵکێشە، شیوەن مەگێڕە بۆ مردوو. مێزەر لە خۆت بپێچە، با پێڵاوەکانت لە پێتدا بن و سمێڵت دامەپۆشە و نانی ماتەم مەخۆ.»

18 بۆ بەیانی قسەم لەگەڵ گەل کرد و بۆ ئێوارە ژنەکەم مرد، ڕۆژی دواتریش چۆن فەرمانم پێ کرابوو وام کرد.

19 ئینجا گەل لێیان پرسیم: «ئایا پێمان ناڵێیت، ئەمەی تۆ دەیکەیت پەیوەندی چییە بە ئێمەوە؟»

20 منیش وەڵامم دانەوە: «فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: 21 لەگەڵ بنەماڵەی ئیسرائیل قسە بکە و بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من خەریکم پیرۆزگای خۆم گڵاو دەکەم، ئەو قەڵایەی شانازی پێوە دەکەن، ئارەزووی چاوتان و خۆشی گیانتانە. کوڕ و کچەکانتان، ئەوانەی بەجێتان هێشتن بە شمشێر دەکوژرێن. 22 من چیم کرد ئێوەش بە هەمان شێوە دەکەن، سمێڵتان داناپۆشن و نانی ماتەم ناخۆن. 23 مێزەرەکانتان بە سەرتانەوە و پێڵاوەکانتان لە پێتان دەبێت، شیوەن ناگێڕن و ناگریێن، بەڵکو بە تاوانەکانتانەوە دەفەوتێن و بۆ یەکتری دەنوزێنەوە. 24 حزقیێل بۆ ئێوە دەبێتە نیشانە. هەموو ئەوەی کردی ئێوەش دەیکەن. کاتێک ئەمە ڕوودەدات، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانی باڵادەستم.“

25 «تۆش، ئەی کوڕی مرۆڤ، ئەو ڕۆژەی کە قەڵاکەیان لێ دەستێنمەوە، کە شادی و شانازییانە، ئارەزووبەخشی چاوانیانە و خۆشی دڵیانە، هەروەها کوڕ و کچیشیان لێ دەستێنمەوە، 26 هەر لەو ڕۆژەدا، دەربازبووێک دێت بۆ لات وەک هەواڵدەرێک. 27 لەو ڕۆژەدا زمانت بۆ دەربازبووەکە دەکرێتەوە قسە دەکەیت و چیتر لاڵ نابیت. بۆیان دەبیت بە نیشانە، ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.»

پێشبینییەک لەسەر عەمۆن

25 فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، ڕووت لە عەمۆنییەکان بکە و پێشبینییان لەسەر بکە، بە عەمۆنییەکان بڵێ: ”گوێ لە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەست بگرن، یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: لەبەر ئەوەی گوتت ’هۆیها!‘ لەسەر پیرۆزگاکەم چونکە گڵاو بوو، لەسەر خاکی ئیسرائیل چونکە وێران بوو، لەسەر بنەماڵەی یەهوداش چونکە بە دیلی ڕاپێچ کران، لەبەر ئەوە منیش دەتدەمە دەست خەڵکی ڕۆژهەڵات داگیرت بکەن، جا خێوەتگاکانیان لەنێو تۆدا دادەمەزرێنن و نشینگەکانیان لەنێو تۆدا دادەنێن. ئەوان میوەکەت دەخۆن و هەر ئەوانیش شیرەکەت دەخۆنەوە. ڕەبە دەکەم بە مۆڵگای وشتر و خاکی عەمۆنییەکانیش بە پشتیری[b] مەڕ، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم. یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: لەبەر ئەوەی بە دەست چەپڵەت لێدا و پێت دا بە زەویدا و بە هەموو قینی دڵتەوە بە ڕووخاندنی ئیسرائیل دڵخۆش بوویت، لەبەر ئەوە منیش دەستم بۆت درێژ دەکەم، وەک دەستکەوت دەتدەمە دەست نەتەوەکان. لەنێو گەلان ڕیشەکێشت دەکەم، لە خاکەکان لەناوت دەبەم. وێرانت دەکەم، جا دەزانیت کە من یەزدانم.“»

پێشبینییەک لەسەر مۆئاب

«یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ”لەبەر ئەوەی مۆئاب و سێعیر دەڵێن، ’ببینە بنەماڵەی یەهودا وەک هەموو نەتەوەکانە،‘ هەر لەبەر ئەوە من لەلای شارۆچکەکانییەوە سنووری مۆئاب دەکەمەوە، لە شارۆچکەکانی ئەوپەڕییەوە، کە جوانترینی خاکەکەن، بێت‌یەشیمۆت و بەعل‌مەعۆن و قیریاتەیم. 10 مۆئاب لەگەڵ عەمۆنییەکان دەدەمە دەست خەڵکی ڕۆژهەڵات، بۆ ئەوەی ئیتر ناوی عەمۆنییەکان لەنێو نەتەوەکان نەهێنرێت. 11 مۆئاب سزا دەدەم، ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.“»

فەرموودەیەک سەبارەت بە ئەدۆم

12 «یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ”لەبەر ئەوەی ئەدۆم تاوانێکی گەورەی کرد، بەوەی تۆڵەی لە بنەماڵەی یەهودا سەندەوە، 13 هەر لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: دەستم بۆ سەر ئەدۆم درێژ دەکەم و مرۆڤ و ئاژەڵی لێ ڕیشەکێش دەکەم. لە تێمانەوە بۆ دیدان بە شمشێر دەکوژرێن و خاکەکەش دەکەمە چۆڵەوانی. 14 بە دەستی ئیسرائیلی گەلەکەم تۆڵە لە ئەدۆم دەکەمەوە، جا ئەوەی بە ئەدۆمی دەکەن بەگوێرەی تووڕەیی و هەڵچوونی من دەبێت، ئەو کاتە تۆڵەی من دەزانن. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.“»

پێشبینییەک لەسەر فەلەستیە

15 «یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ”لەبەر ئەوەی فەلەستییەکان بە دڵێکی پڕ لە قینەوە تۆڵەیان لە یەهودا سەندەوە و کاریان کرد بۆ وێرانی و دوژمندارییەکی هەتاهەتایی، 16 هەر لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من خەریکم دەست بۆ سەر فەلەستییەکان درێژ دەکەم و کریتییەکان ڕیشەکێش دەکەم و پاشماوەی دانیشتووانی کەناری دەریا لەناودەبەم. 17 تۆڵەی مەزنیان لێ دەکەمەوە و بە تووڕەیی سزایان دەدەم، جا دەزانن کە من یەزدانم، کاتێک تۆڵەی خۆمیان لێ وەردەگرمەوە.“»

فەرمایشتێک سەبارەت بە پاشایەتی سور

26 لە یەکی مانگی یازدەی ساڵی دوازدەیەم،[c] فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، لەبەر ئەوەی سور دەربارەی ئۆرشەلیم گوتی: ”هۆیها! دەروازەکەی ڕوو لە گەلان شکا، دەرگاکانی کەوتنە سەر پشت، وێرانبوونی ئەو قازانجی منە.“ لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەی سور، من لە دژی تۆم، هەروەک دەریا شەپۆلەکانی بەرز دەکاتەوە، من چەندین نەتەوە دەهێنمە سەرت. جا ئەوان شووراکانی سور دەڕووخێنن و قوللەکانی تێکدەدەن، منیش خۆڵەکەی لەسەر ڕادەماڵم و دەیکەم بە بەردی ڕووت. دەبێتە شوێنێک بۆ بڵاوکردنەوەی تۆڕ لەناو دەریا، چونکە من قسەم کرد. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە. سور دەبێتە دەستکەوت بۆ نەتەوەکان و شارۆچکەکانی دەوروبەری بە شمشێر وێران دەبن، ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.

«چونکە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من لە باکوورەوە نەبوخودنەسری پاشای بابل دەهێنمە سەر سور، پاشای پاشایان، بە ئەسپ و گالیسکە و سوار و لەشکرێکی مەزنەوە. جا شارۆچکەکانی دەوروبەرت بە شمشێر وێران دەکات، سەنگەرت لە دەور لێدەدەن و قوللەت لەسەر بنیاد دەنێت، سەنگەرت لە دەور لێدەدات و قەڵغانت لێ هەڵدەگرێت. مەنجەنیق دەخاتە سەر شووراکانت و بە چەکەکانی قوللەکانت دەڕووخێنێت. 10 لە زۆری ئەسپەکانی تۆزیان داتدەپۆشێت. لە دەنگی ئەسپ سوار و عەرەبانە و گالیسکەکان شووراکانت دەلەرزن، کاتێک دێتە ناو دەروازەکانتەوە، وەک چوونەناو شارێکی پڕ کەلێن. 11 بە سمی ئەسپەکانی هەموو شەقامەکانت دەپەستێتەوە، گەلەکەت بە شمشێر دەکوژێت، کۆڵەکە بەهێزەکانت دەکەونە سەر زەوی. 12 سامانت تاڵان دەکەن، بازرگانیت زەوت دەکەن، شووراکانت دەڕووخێنن، خانووە جوانەکانت تێکدەدەن، بەرد و دار و خۆڵت دەخەنە ناو دەریاوە. 13 دەنگی ناسازی گۆرانییەکانت کۆتایی پێ دەهێنم، چیتر دەنگی قیسارەکانت نابیسترێنەوە. 14 دەتکەمە بەردی ڕووت و دەبیتە شوێنی بڵاوکردنەوەی تۆڕەکان. جارێکی دیکە بنیاد نانرێیتەوە، چونکە من یەزدانم، ئەوەم فەرموو. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.

15 «یەزدانی باڵادەست بە سور ئەمە دەفەرموێت: ئایا ناوچەکانی کەناری دەریا لەگەڵ دەنگی کەوتنت، لەگەڵ هاواری بریندار و کەوتنی کوژراوان لەناوەڕاستی تۆدا نالەرزن؟ 16 هەموو میرانی کەناری دەریا لەسەر تەختەکانیان دادەبەزن و کەواکانیان دادەماڵن و کراسە نەخشینەکانیان دادەکەنن، بەرگی تۆقین دەپۆشن و لەسەر زەوی دادەنیشن و هەموو چرکەیەک دەلەرزن، واقیان لێت وڕدەمێنێت. 17 شینت بۆ دەگێڕن و پێت دەڵێن:

«”ئەی شارە بەناوبانگەکە، چۆن لەناوچوویت؟
    چۆن هێزە دەریاییەکەت لەناوچوو؟
بەهێز بوویت لە دەریا،
    خۆت و دانیشتووانەکەت،
هەموو ئەوانەی کە لەوێدا دەژیان
    تۆ ترس و تۆقینت هێنایە سەریان.
18 گەلانی کەناری دەریاکان
    لە ڕۆژی کەوتنت دەلەرزن،
دوورگەکانی ناو دەریا
    لەبەر نەمانت دەوروژێن.“

19 «یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: کاتێک وەک شارە بێ ئاوەدانییەکان دەتکەمە شارێکی وێران، کاتێک قووڵایی دەریاکان دەهێنمە سەرت و ئاوە زۆرەکان داتدەپۆشن، 20 لەگەڵ ئەوانەی دەچنە نێو جیهانی مردووان تۆش دەخەمە ناوی، بۆ لای ئەو گەلانەی کە لەمێژەوە مردوون و لە نزماییەکانی زەوی داتدەنشێنم. لە کاولگە هەتاهەتاییەکان لەگەڵ ئەوانەی کە دەچنە نێو جیهانی مردووان، بۆ ئەوەی لە خاکی زیندوواندا ئاوەدان نەبیت و نەدرەوشێیتەوە. 21 دەتکەمە کارەسات و ئیتر بوونت نابێت، بەدواتدا دەگەڕێن و چیتر نادۆزرێیتەوە، هەتاهەتایە. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.»

شیوەنێک بۆ سور

27 فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، شیوەنێک بۆ سور بگێڕە. بە سور بڵێ: ئەی نیشتەجێ لەلای گەرووی دەریا، ئەوەی لە زۆربەی کەنارەکان بازرگانی لەگەڵ گەلان دەکات، یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:

«”ئەی سور، تۆ گوتت
    ’من تەواو جوانم.‘
سنوورەکانت لەناو جەرگەی دەریاکان،
    بنیادنەرانت جوانی تۆیان تەواو کرد.
هەموو تەختە دارەکانیان
    لە دار سنەوبەری سنیر[d] بۆت دروستکرد.
لە لوبنانەوە دارێکی ئورزیان هێنا
    تاکو داری ئاڵات بۆ دروستبکەن.
لە دار بەڕووەکانی باشان
    سەوڵەکانی تۆیان دروستکرد.
تەختەداری درێژی کەشتییەکەت لە داری سەروون لە کەنارەکانی قوبرسەوە هێنراون،
    بە عاج ڕازاوەن.
کەتانی نەخشێنراوی میسر
    چارۆکەکەتە هەتا بۆت ببێتە ئاڵا.
قوماشی مۆر و ئەرخەوانی لە کەنارەکانی ئەلیشایەوە
    چەترت بوون.
خەڵکی سەیدا و ئەرڤاد
    سەوڵیان بۆ لێدەدایت.
ئەی سور، پیاوە داناکانت کە لەناوتدا بوون،
    ئەوان کەشتیوانت بوون.
پیرانی جوبەیل[e] و داناکانی لەسەر پشتی تۆ بوون،
    کون و کەلێنەکانیان بۆت پڕ دەکردەوە.
هەموو کەشتییەکانی دەریا و کەشتیوانەکانیان هاتنە تەنیشتت،
    بۆ بازرگانیکردن بە کەلوپەلەکانت.

10 «”پیاوانی فارس و لوود و پووت
    لە ڕیزی سوپاکەت جەنگاوەرت بوون،
قەڵغان و کڵاوی ئاسنینیان لەسەر شووراکانت هەڵواسی،
    ئەوانە شکۆیان بە تۆ بەخشی.
11 نەوەی ئەرڤاد لەگەڵ سوپاکەت
    بە چواردەورتدا لەسەر شووراکانت بوون،
گەمادییەکان لەناو قوللەکانت بوون،
    قەڵغانەکانیان بە چواردەورتدا لەسەر شووراکانت هەڵواسی،
ئەوانە جوانی تۆیان تەواو کرد.

12 «”تەرشیش بەهۆی دەوڵەمەندی و زۆری کاڵاکانت بازرگانی لەگەڵ دەکردیت، زیو و ئاسن و تەنەکە و قورقوشمی بە کاڵاکانت ئاڵوگۆڕ دەکرد.

13 «”یۆنان و توبال و مەشەک بازرگانییان لەگەڵ دەکردیت، کۆیلە و کەلوپەلی بڕۆنزیان بە کاڵاکانت ئاڵوگۆڕ دەکرد.

14 «”دانیشتووانی بێت‌تۆگەرما ئەسپ و ئەسپی سواری و هێستریان بە کاڵاکانت ئاڵوگۆڕ دەکرد.

15 «”خەڵکی ڕودس[f] بازرگانییان لەگەڵ دەکردیت، زۆر لە کەنارەکان بازاڕی فرۆشتنی کاڵاکانی تۆ بوون، لە جیاتی نرخەکەی قۆچی عاج و داری ئەبەنوسیان پێدەدایت.

16 «”ئارامییەکان لەبەر زۆری کارە دەستکردەکانت بازرگانییان لەگەڵ دەکردیت، بەردە پیرۆزە،[g] قوماشی ئەرخەوانی، کاری ئەتەمین[h]، کەتانی ناسک، مەرجان و یاقووتیان[i] بە کاڵاکانت ئاڵوگۆڕ دەکرد.

17 «”یەهودا و خاکی ئیسرائیل بازرگانییان لەگەڵ دەکردیت، گەنمی مینیت و شیرینەمەنی و هەنگوین و زەیت و مەرهەمی هەتووانیان[j] بە کاڵاکانت ئاڵوگۆڕ دەکرد.

18 «”دیمەشق بازرگانی لەگەڵ دەکردیت بەهۆی زۆری کارە دەستکردەکانت و فرەیی سامانەکەت، شەرابی حەلبۆن و خوری چاحەریان لەگەڵت ئاڵوگۆڕ دەکرد.

19 «”دانییەکان و یۆنانییەکان لە ئوزال ئاڵوگۆڕیان بە کاڵاکانت کرد، ئاسنی کوتراو و کاسیا[k] و قامیشی بۆنخۆشیان لەگەڵ کەلوپەلەکانت ئاڵوگۆڕ دەکرد.

20 «”دیدان بازرگانی لەگەڵ دەکردیت بۆ زینی لباد، بۆ سواربوون.

21 «”عەرەبستان و هەموو میرەکانی قێدار بازرگانییان لەگەڵ دەکردیت، لە بەرخ و بەران و نێری، بەمە بازرگانییان لەگەڵ کردیت.

22 «”بازرگانەکانی شەبا و ڕەعما بازرگانییان لەگەڵ دەکردیت، زێڕ و هەموو جۆرە بۆنێکی خۆش و بەردە گرانبەهاکانیان لە باشترین جۆر لەگەڵ کاڵاکانت ئاڵوگۆڕ دەکرد.

23 «”حەڕان و کەنێ و عەدەن و بازرگانەکانی شەبا و ئەشوور و کیلمەد بازرگانییان لەگەڵ دەکردیت. 24 ئەوانە لە بازاڕەکانت بە جل و بەرگی جوان، قوماشی مۆر، کاری ئەتەمین، بەڕەی چنراو و ڕەنگین بە دەزووی ڕستراو و پتەو بازرگانییان لەگەڵ کردیت.

25 «”کەشتییەکانی تەرشیش کاڵاکانت بار دەکەن.
    لە باری گران لەناو جەرگەی دەریاکان پڕیت.
26 ئەوانەی سەوڵت بۆ لێدەدەن
    بۆ ناو ئاوە زۆرەکان دەتبەن،
بەڵام بای ڕۆژهەڵات لەناو
    جەرگەی دەریاکان تێکتدەشکێنێت.
27 سامان و کاڵا و کەلوپەلەکانت،
    کەشتیوان و دەریاوان و وەستاکانت،
ئاڵوگۆڕکەران بە کەلوپەلەکەت، هەموو جەنگاوەرەکانت کە لەناو تۆدان،
    هەموو سەرنشینەکانت کە لەناوەڕاستی تۆن،
لە ڕۆژی ژێر ئاو کەوتنت
    دەکەونە ناو جەرگەی دەریاوە.
28 لە دەنگی هاواری کەشتیوانەکانت
    کەنارەکان دەلەرزن.
29 هەموو سەوڵلێدەر و کەشتیوانە بە ئەزموونەکان و
    کەشتیوانە ئاساییەکانی دەریا،
لە کەشتییەکانیان دادەبەزن و
    لەسەر کەنار ڕادەوەستن،
30 دەنگیان بۆت بەرز دەکەنەوە و
    بە تاڵییەوە دەقیژێنن،
خۆڵ دەکەن بەسەر سەری خۆیاندا و
    لەناو خۆڵەمێش خۆیان دەگەوزێنن.
31 بۆ تۆ پرچی سەریان دەتاشن و
    جلوبەرگی گوش دەپۆشن.
بە تاڵی گیانەوە گریانێکی تاڵ
    بۆت دەگریێن.
32 لە کاتی گریانیان لاوانەوەیەک بەرز دەکەنەوە،
    بۆت دەلاوێننەوە:
’کێ وەک سور لەناو جەرگەی دەریا
    بێدەنگی نواند؟‘
33 کاتێک کاڵاکانت بە دەریاکاندا ناردە دەرەوە،
    گەلانێکی زۆرت تێر کرد.
بە زۆری سامان و کەلوپەلەکانت
    پاشایانی زەویت دەوڵەمەند کرد.
34 کاتێک لە دەریاکان تێکشکایت
    لەناو قووڵایی ئاوەکان،
کەرەستە و هەموو سەرنشینەکەت
    لەگەڵت نوقوم بوون.
35 هەموو دانیشتووانی کەنارەکان
    واقیان لێت وڕدەمێنێت،
پاشاکانیان موچڕکەیان پێدا دێت،
    ڕوخساریان دەشێوێت.
36 بازرگانانی نێو گەلان فیکەت بۆ لێ دەدەن،
    کۆتاییەکەت ترسناک دەبێت و
    ئیتر بۆ هەتاهەتایە نامێنیت.“»

فەرمایشتێک سەبارەت بە پاشای سور

28 فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، بە سەرۆکی سور بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:

«”لەبەر لەخۆباییبوونەکەت گوتت:
    ’من خوداوەندێکم،
لەسەر تەختی خوداوەندیێتی دادەنیشم
    لەناو جەرگەی دەریاکان.‘
بەڵام تۆ مرۆڤیت نەک خوداوەند،
    هەرچەندە وا بزانیت وەک خوداوەندێک دانایت.
ئایا تۆ لە دانیال داناتری؟
    هیچ نهێنییەک لێت ناشاردرێتەوە؟
بە دانایی و تێگەیشتنت سامانت بۆ خۆت دەست کەوت،
    زێڕ و زیوت لە گەنجینەکانت کۆکردەوە.
بەهۆی شارەزایی زۆرت لە بازرگانی
    سامانەکەتت زیاد کرد،
جا لەبەر دەوڵەمەندییەکەت
    لەخۆبایی بوویت.

«”لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:

«”وا دەزانیت کە دانایت،
    کە دانایی خوداوەندت هەیە،
هەر لەبەر ئەوەش من بێگانە دەهێنمە سەرت،
    دڕندەترینی نەتەوەکان،
شمشێرەکانیان هەڵدەکێشنە سەر جوانی و داناییەکەت،
    شکۆ درەوشاوەکەت دەبڕن.
لەناو جەرگەی دەریاکان
    بە مردنی خوێناوی دەمریت،
    شۆڕت دەکەنەوە ناو جیهانی مردووان.
ئایا لەبەردەم بکوژەکانت
    دەڵێیت: ’من خوداوەندم‘؟
نەخێر، بەڵکو تۆ لەناو دەستی ئەوانە دایت کە دەتدەنە بەر شمشێر،
    تەنها مرۆڤیت، نەک خوداوەند.
10 بە مردنی خەتەنە نەکراوان دەمریت،
    بە دەستی بێگانان.

چونکە من بەڵێنم دا. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.“»

11 فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: 12 «ئەی کوڕی مرۆڤ، بۆ پاشای سور بلاوێنەوە و پێی بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:

«”تۆ نموونەی تەواوەتی بوویت،
    پڕ لە دانایی و جوانی تەواو بوویت.
13 لە عەدەنی بەهەشتی خودا بوویت،
    هەموو بەردێکی گرانبەها تۆی دەڕازاندەوە:
    یاقووت[l]، یاقووتی زەرد، زمروود،
    زەبەرجەد، بەردی عاشقبەند، یەشب،
    یاقووتی شین، بەردە پیرۆزە[m] و زمروودی سەوز.
چواردەوری بەردە گرانبەهاکەت بە زێڕ نەخشێنرا بوو،
    لە ڕۆژی بەدیهێنانت ئامادە کران.
14 تۆ کەڕوبی دەستنیشانکراو بوویت بۆ پاسەوانی،
    ئەم ئەرکەم بە تۆ سپاردبوو.
تۆ لەسەر کێوی پیرۆزی خودا بوویت،
    بەناو بەردە ئاگرینەکاندا هاتوچۆت دەکرد.
15 تۆ لە کردەوەکانت تەواو بوویت،
    لە ڕۆژی بەدیهێنانتەوە
    هەتا ئەو ڕۆژەی خراپەت تێدا بەدیکرا.
16 بەهۆی فراوانبوونی بازرگانییەکەت،
    پڕ بوویت لە ستەم و
    گوناهت کرد.
لەبەر ئەوە ئەی کەڕوبی پاسەوان،
    وەک گڵاوییەک لە کێوی خوداوە فڕێمدایت،
    لەناو بەردە ئاگرینەکاندا دەرمکردیت.
17 لەبەر جوانییەکەت لەخۆبایی بوویت،
    لە پێناوی شکۆی خۆت داناییەکەتت بە گەندەڵی بەکارهێنا.
لەبەر ئەوە فڕێمدایتە سەر زەوی،
    تۆم کرد بە دیمەنێک بۆ ئەوەی پاشایان تەماشات بکەن.
18 لەبەر زۆری تاوانەکانت و ناپاکیت لە بازرگانییەکەت
    پیرۆزگاکانی خۆتت گڵاوکرد.
لەبەر ئەوە ئاگرێکم داگیرساند لە تۆوە دەرچوو،
    تۆی هەڵلووشی،
دەتکەمە خۆڵەمێش لەسەر زەوی،
    لەبەرچاوی هەموو ئەوانەی سەیریان دەکردیت.
19 هەموو ئەوانەی لەنێو گەلان تۆیان ناسی
    واقیان لێت وڕدەمێنێت،
چونکە بوویتە پەند و
    ئیتر بۆ هەتاهەتایە نامێنیت.“»

فەرمایشتێک سەبارەت بە سەیدا

20 فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: 21 «ئەی کوڕی مرۆڤ، ڕووی خۆت لە سەیدا بکە و پێشبینی لەسەر بکە، 22 بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:

«”ئەی سەیدا، من لە دژی تۆم و
    لەناوەڕاستی تۆدا شکۆمەندی خۆم دەردەخەم.
کاتێک سزای ئەو دەدەم و
    پیرۆزی خۆم دەردەخەم،
    ئەو کاتە دەزانن کە من یەزدانم.
23 دەرد دەنێرمە سەری و
    خوێن بەناو کۆڵانەکانیدا دەڕوات.
لە هەموو لایەکەوە شمشێر دێتە سەری و لەناوەڕاستیدا کوژراوەکان دەکەون،
    کە لە هەموو لایەکەوە دێتە سەری،
ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.

24 «”لەمەودوا ئەو گەلانەی کە لە دەوروبەری بنەماڵەی ئیسرائیلن، ئەوانەی سووکایەتییان پێ دەکەن بۆیان نابنە چقڵی چەقیو و دڕکی بە ئازار. ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانی باڵادەستم.

25 «”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: کاتێک بنەماڵەی ئیسرائیل کۆدەکەمەوە، لەنێو ئەو گەلانەی کە بۆ ناویان پەرتەوازە بوون، لەبەرچاوی نەتەوەکان پیرۆزی خۆم لەنێویاندا دەردەخەم. ئیتر لە خاکەکەی خۆیاندا نیشتەجێ دەبن، ئەوەی دام بە یاقوبی بەندەی خۆم. 26 ئینجا بە ئاسوودەیی تێیدا نیشتەجێ دەبن و خانوو بنیاد دەنێن و ڕەز دەچێنن. کاتێک سزای هەموو ئەوانە دەدەم کە لە دەوروبەریان سووکایەتییان پێ کردن، بە ئاسوودەیی نیشتەجێ دەبن. ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم، خودای ئەوانم.“»

فەرمایشتێک سەبارەت بە میسر

حوکم بەسەردادانی فیرعەون

29 لە دوازدەی مانگی دەی ساڵی دەیەم،[n] فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، ڕووت لە فیرعەونی پاشای میسر بکە و پێشبینی لەسەر هەموو میسر بکە. قسە بکە و بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:

«”ئەی فیرعەونی پاشای میسر، من لە دژی تۆم،
    ئەی تیمساحە گەورە ڕاکشاوەکە لەناو لقەکانی نیل،
ئەوەی گوتی، ’ڕووباری نیل هی منە و
    من بۆ خۆم دروستم کردووە.‘
قولاپ لە شەویلگەت دەکەم،
    ماسی چەمەکانت بە پوولەکەکانتەوە دەلکێنم.
بە هەموو ئەو ماسییانەوە کە بە پوولەکەکانتەوە لکاون،
    لە ناوەڕاستی چەمەکانت دەرتدەهێنم.
لە چۆڵەوانی بەجێت دەهێڵم،
    خۆت و هەموو ماسی چەمەکانت.
لە دەشتودەر دەمریت،
    نە خڕدەکرێیتەوە و نە هەڵدەگیرێیتەوە.
تۆ دەکەمە خۆراکی
    گیانلەبەری زەوی و باڵندەی ئاسمان.

ئەو کاتە هەموو دانیشتووانی میسر دەزانن کە من یەزدانم.

«”تۆ گۆچانی قامیش بوویت بۆ بنەماڵەی ئیسرائیل. کە تۆیان بە دەستی گرت، شەق شەق بوویت و ناو شانی ئەوانت دڕی، کە خۆیان بەسەرتدا دا، شکایت و پشتی ئەوانیشت شکاند.

«”لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من شمشێرێکت دەهێنمە سەر، مرۆڤ و ئاژەڵت لێ ڕیشەکێش دەکەم. خاکی میسر دەبێت بە کاولگە و چۆڵەوانی، ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.

«”چونکە گوتی، ’ڕووباری نیل هی منە و من دروستم کردووە،‘ 10 لەبەر ئەوە من لە دژی تۆ و چەمەکانی تۆم، خاکی میسر دەکەم بە کەلاوەی کاول و چۆڵ، لە مگدۆلەوە هەتا ئەسوان و هەتا سنووری کوش. 11 نە پێی مرۆڤی تێدا ڕەت دەبێت و نە پێی ئاژەڵ، بۆ چل ساڵ کەس تێیدا نیشتەجێ نابێت. 12 خاکی میسر دەکەم بە چۆڵەوانی نێو خاکە چۆڵەکان، شارەکانیشی بۆ ماوەی چل ساڵ لەناو شارە کاولەکان چۆڵ دەبێت، میسرییەکان بەناو نەتەوەکاندا پەرت دەکەم و لەنێو خاکەکاندا بڵاویان دەکەمەوە.

13 «”لەگەڵ ئەوەشدا یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: لە کۆتایی چل ساڵەکە میسرییەکان لەو گەلانە کۆدەکەمەوە کە تێیاندا پەرشوبڵاو بوون. 14 ڕاپێچکراوەکانی میسر دەگەڕێنمەوە بۆ شانشینی باشووری میسر[o]، بۆ نیشتیمانی دایکیان دەیانگەڕێنمەوە و لەوێ دەبن بە پاشایەتییەکی نزم و بێ نرخ. 15 بێ نرخترین پاشایەتی دەبێت، ئیتر بەسەر نەتەوەکاندا بەرز نابێتەوە. لاوازیان دەکەم بۆ ئەوەی بەسەر نەتەوەکاندا زاڵ نەبن. 16 لەمەودوا میسر نابێت بە پاڵپشتی بنەماڵەی ئیسرائیل، بەڵکو تاوانەکەیان دێتەوە یادیان، کاتێک ڕوویان لە میسر کرد، ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانی باڵادەستم.“»

پاداشتی نەبوخودنەسر

17 لە یەکی مانگی یەکی ساڵی بیست و حەوتەم،[p] فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: 18 «ئەی کوڕی مرۆڤ، نەبوخودنەسری پاشای بابل لەشکرەکەی خۆی لە جەنگێکی قورسدا لە دژی سور بەکارهێنا، هەتا ئەوەی هەموو سەرێک ڕووتایەوە و هەموو شانێک داماڵرا، بەڵام نە خۆی و نە لەشکرەکەی لەو جەنگەی کە ڕابەرایەتی کرد هیچ پاداشتێکیان لە سور دەست نەکەوت. 19 لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من خاکی میسر دەدەمە نەبوخودنەسری پاشای بابل، جا سامانەکەی دەبات، دەیدزێت و تاڵانی دەکات، دەبێتە کرێ بۆ لەشکرەکەی. 20 خاکی میسرم بە ئەو دا وەک پاداشت بۆ ماندووبوونەکەی، چونکە ئەو و سوپاکەی لە پێناوی مندا جەنگان.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.

21 «لەو ڕۆژەدا هێزی بنەماڵەی ئیسرائیل دەگەڕێنمەوە، دەمی تۆش لەنێویان دەکەمەوە. ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.»

شیوەنێک بۆ میسر

30 فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، پێشبینی بکە و بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:

«”واوەیلا بکەن،
    ’ئای بۆ ئەو ڕۆژە!‘
چونکە ڕۆژەکە نزیکە،
    ڕۆژەکەی یەزدان نزیکە،
ڕۆژێکی بە هەورە،
    کاتی وێرانبوونی نەتەوەکان دەبێت.
شمشێرێک دێتە سەر میسر،
    ترس دێتە سەر کوش.
کاتێک کوژراوان لە میسر دەکەون،
    سامانەکەی دەبردرێت و
    بناغەکانی دەڕووخێنرێت.

کوش و لیبیا، لوود و هەموو عەرەبستان، کووب و نەوەکانی خاکی پەیمان، لەگەڵ میسر بە شمشێرەکە دەکەون.

«”یەزدان ئەمە دەفەرموێت:

«”هاوپەیمانانی میسر دەشکێن و
    هێزەکەی لەدەست دەدات کە مایەی شانازییەتی،
خەڵکەکەشی لە مگدۆلەوە هەتا ئەسوان
    بە شمشێرەکە دەکوژرێن.“»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
«”وەک خاکەکانی دەوروبەریان چۆڵ دەبن،
    شارەکانیان لە ڕیزی شارە کاولەکان دەبن.
بەوە دەزانن کە من یەزدانم،
    کاتێک ئاگر لە میسر بەردەدەم و
    هەموو یارمەتیدەرانی تێکدەشکێنرێن.

«”لەو ڕۆژەدا، نێردراوان بە سواری کەشتی لەلای منەوە دێن بۆ تۆقاندنی کوشی لەخۆڕازی، ئینجا لە ڕۆژی سزادانی میسر ترس دێتە سەریان، چونکە ئەوەتا دێت.

10 «”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:

«”من ئاپۆرەی سوپای میسر لەناودەبەم،
    بە دەستی نەبوخودنەسری پاشای بابل.
11 ئەو بە خۆی و بە لەشکرەکەیەوە دڕندەترینی نەتەوەکانن،
    بۆ کاولکردنی خاکەکە دەهێنرێن،
جا شمشێرەکانیان بۆ سەر میسر هەڵدەکێشن،
    خاکەکە پڕ دەکەن لە کوژراو.
12 چەمەکانی نیل وشک دەکەم و
    خاکەکە دەفرۆشم بە خراپەکاران،
بە دەستی بێگانان
    خاکەکە و هەرچی تێیدایە کاولی دەکەم.

من یەزدانم، ئەوەم فەرموو.

13 «”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:

«”بتەکان لەناودەبەم و
    کۆتایی بە پەیکەرەکانی نێو مەمفیس دەهێنم،
لەمەودوا هیچ میرێک لە خاکی میسر هەڵناکەوێت،
    ترس دەخەمە سەر خاکی میسر.
14 پاشایەتی باشووری میسر تێکدەدەم و
    ئاگر لە چۆعەن بەردەدەم و
    لە تیب سزا دەسەپێنم.
15 تووڕەیی خۆم بەسەر شاری پەلوزیوم دەبارێنم،
    قەڵاکەی میسر،
    ئاپۆرەی سوپای تیب ڕیشەکێش دەکەم.
16 ئاگر لە میسر بەردەدەم،
    پەلوزیوم ئێشی پێ دەگات.
تیب تەفروتونا دەبێت،
    مەمفیسیش هەموو ڕۆژێک لە تەنگانەدا دەبێت.
17 گەنجەکانی ئۆن و پیڤەسەت
    بە شمشێر دەکوژرێن،
    ئەو دوو شارەش ڕاپێچ دەکرێن.
18 لە تەحپەنحێس ڕۆژ تاریک دادێت
    کاتێک نیرەکانی[q] میسر دەشکێنم،
    شانازی هێزی نامێنێت.
هەورێک میسر دادەپۆشێت،
    شارۆچکەکانی ڕاپێچ دەکرێن.
19 لە میسر سزا دەسەپێنم،
    ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.“»

شکاندنی هێزەکانی فیرعەون

20 لە حەوتی مانگی یەکی ساڵی یازدەیەمین،[r] فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: 21 «ئەی کوڕی مرۆڤ، من بازووی فیرعەونی پاشای میسرم شکاند. یەکناگرێتەوە، نە بە پەلیکە دار و نە بە پێچانەوەی، بۆ ئەوەی بەهێز بێت و شمشێر بەدەستەوە بگرێتەوە. 22 لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من لە دژی فیرعەونی پاشای میسرم. هەردوو بازووی دەشکێنم، ساغەکە و شکاوەکە، شمشێر لە دەستی بەردەدەمەوە. 23 میسرییەکان بەناو نەتەوەکاندا پەرت دەکەم و بەناو خاکەکاندا بڵاویان دەکەمەوە. 24 هەردوو بازووی پاشای بابل توند دەکەم و شمشێری خۆم دەدەمە دەستییەوە. هەردوو بازووی فیرعەونیش دەشکێنم و لەبەردەمی وەک نوزانەوەی بریندار دەنوزێتەوە. 25 بازووەکانی پاشای بابل توند دەکەم، بەڵام بازووەکانی فیرعەون دەکەون. ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم، کاتێک شمشێری خۆم دەدەمە دەست پاشای بابل و بەسەر خاکی میسردا هەڵیدەکێشێت. 26 میسرییەکان بەناو نەتەوەکاندا پەرتەوازە دەکەم و بەناو خاکەکاندا بڵاویان دەکەمەوە. ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.»

فیرعەون وەک دار ئورزێکی لوبنان ڕیشەکێش دەکرێت

31 لە یەکی مانگی سێی ساڵی یازدەیەمین،[s] فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، بە فیرعەونی پاشای میسر و ئاپۆرەی سوپاکەی بڵێ:

«”لە گەورەییدا بە کێ خۆت بەراورد دەکەیت؟
سەیر بکە ئاشور دار ئورزێک بوو لە لوبنان،
    چڵەکانی جوان و سێبەرەکەی پڕ بوو،
باڵای بەرز بوو،
    لووتکەی گەیشتە هەور.
ئاو گەشەیان پێ کرد،
    کانیاوە هەڵقوڵاوەکان گەورەیان کرد،
جۆگەکانی بە دەوریدا ڕۆیشتن،
    ئاوبارەکانی نارد
    بۆ هەموو دارەکانی دەشتودەر.
لەبەر ئەوە لە هەموو دارەکانی دەشتودەر
    باڵای بەرزتر بوو،
لەبەر زۆری ئاو چڵەکانی زۆر بوون و
    لقەکانی درێژ بوون،
    چرۆیان کرد.
هەموو باڵندەکانی ئاسمان
    لەناو چڵەکانی هێلانەیان کرد،
هەموو گیانلەبەرانی دەشتودەر
    لەژێر لقەکانی زاوزێیان کرد،
لەژێر سێبەرەکەیدا
    نەتەوە گەورەکان نیشتەجێ بوون.
بە چڵە درێژەکانی
    لە جوانیدا بێ وێنە بوو،
چونکە ڕەگەکەی
    لەسەر ئاوێکی زۆر بوو.
دار ئورزی باخچەی خودا
    پێی نەدەگەیشتەوە،
دار سنەوبەر لەگەڵ چڵەکانی بەراورد نەدەکرا،
    چنار وەک لقەکانی ئەو نەبوو.
هیچ دارێکی باخچەی خودا
    لە جوانیدا لەو نەدەچوون.
بە زۆری لقەکانی جوانم کرد،
    هەتا هەموو دارەکانی عەدەن،
ئەوانەی لە باخچەی خودان
    بەغیلییان پێی دەبرد.

10 «”لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: لەبەر ئەوەی دار ئورزەکە باڵای بەرزبووەوە، لووتکەی گەیشتە هەورەکان، بە بەرزییەکەی دڵی لەخۆبایی بوو، 11 دامە دەست ڕابەری نەتەوەکان، بەگوێرەی خراپەکانی هەڵسوکەوتی لەگەڵدا دەکات. من دەرمکرد و 12 بێگانەکان کە دڕندەترینی نەتەوەکانن، بڕییانەوە و بەجێیان هێشت. چڵەکانی لەسەر چیاکان و لە هەموو دۆڵێک کەوتن، لقەکانیشی لەلای هەموو شیوەکانی خاکەکە شکێنرابوون. هەموو گەلانی زەوی لەژێر سێبەرەکەی لاچوون و بەجێیان هێشت. 13 هەموو باڵندەکانی ئاسمان لەسەر قەدە کەوتووەکەی نیشتنەوە و هەموو گیانلەبەرانی دەشتودەر لەنێو لقەکانی بوون. 14 لەبەر ئەوە نابێت هیچ دارێکی دیکە کەوا لە کەناری ئاوە هەرگیز بە لووتبەرزییەوە بەرز بێتەوە، لووتکەی بگاتە هەور، هیچ دارێکی دیکەی تێر ئاو باڵای ناگاتە ئەو بەرزییە. بەڵکو چارەنووسی هەموویان مردنە، لەنێو ئادەمیزادان دەخرێنە ژێر زەوی، لەگەڵ ئەوانەی دەچنە نێو جیهانی مردووان.

15 «”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: لەو ڕۆژەی دار ئورزەکە کەوتە نێو جیهانی مردووان، من سەرچاوەی ئاوەکانی ژێر زەویم بە خەم داپۆشی. جۆگەکانیم گرتەوە، ئاوە زۆرەکان بڕان. بۆ ئەو لوبنانم بە بەرگی ماتەم پۆشی، لەبەر ئەویش هەموو دارەکانی دەشتودەر سیس بوون. 16 کاتێک لە گۆڕم نا لەگەڵ ئەوانەی دەچنە نێو جیهانی مردووان، لە دەنگی کەوتنی ئەو نەتەوەکانم ڕاچڵەکاند، جا هەموو دارەکانی عەدەن، هەڵبژێردراو و هەرەباشەکانی لوبنان، هەموو دارێکی تێر ئاو، لە دنیای خوارەوە دڵنەوایی کران. 17 هەروەها ئەوانەی کە لە سایەیدا دەژیان، واتە هاوپەیمانەکانی لەنێو نەتەوەکان، لەگەڵیدا شۆڕبوونەوە ناو جیهانی مردووان و چوونە پاڵ کوژراوان بە شمشێر.

18 «”کام داری عەدەن لە شکۆمەندی و گەورەیی بە تۆ بەراورد دەکرێ؟ لەگەڵ ئەوەشدا لەگەڵ دارەکانی عەدەن دەکەویتە قووڵایی زەوی و لەنێو خەتەنە نەکراو و کوژراوان بە شمشێر ڕادەکشێیت.

«”ئەمە فیرعەون و هەموو ئاپۆرەی سوپاکەیەتی. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.“»

شیوەنێک بۆ فیرعەون

32 لە یەکی مانگی دوازدەی ساڵی دوازدەمین[t] فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، شیوەنێک بۆ فیرعەونی پاشای میسر بگێڕە و پێی بڵێ:

«”لە شێری نێو نەتەوەکان دەچیت،
    تۆ وەک تیمساحی ناو ڕووبارە گەورەکەیت،
دڕ بە چەمەکانت دەدەیت،
    بە پێیەکانت ئاوەکەت شڵەقاند و
    چەمەکانی ئەوانت لێڵ کرد.

«”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:

«”تۆڕی خۆم بەسەرتدا هەڵدەدەم
    لەگەڵ چەندین گەل،
    ئەوان ڕاتدەکێشنە ناو تۆڕەکەم.
لەسەر زەوی بەجێت دەهێڵم،
    لەسەر ڕووی دەشتودەر فڕێتدەدەم،
هەموو باڵندەی ئاسمان لەسەرت دەنیشێنمەوە،
    هەموو گیانلەبەرانی زەویت پێ تێر دەکەم.
گۆشتت بەسەر چیاکاندا بڵاو دەکەمەوە و
    دۆڵەکان لە کەلاکت پڕ دەکەم.
خاک بە لافاوی خوێنت ئاودەدەم
    هەتا چیاکان،
    شیوەکانیش لە تۆ پڕ دەبن.
کە تۆ دەکوژێنمەوە، ئاسمان دادەپۆشم،
    ئەستێرەکانی تاریک دەکەم.
بە هەور خۆر دادەپۆشم و
    مانگیش ڕووناکییەکەی نادرەوشێتەوە.
هەموو ڕووناکییەکانی ئاسمانت
    لێ تاریک دەکەم،
    تاریکی بەسەر خاکەکەتدا دەهێنم.“»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
«”گەلانێکی زۆر خەمبار دەکەم،
    کاتێک لەنێو نەتەوەکان دەتشکێنم،
    لەو خاکانەی ئاشنایان نەبوویت.
10 وا لە گەلانێکی زۆر دەکەم واقیان لێت وڕبمێنێت،
    لەبەر تۆ پاشاکانیان موچڕکەیان پێدا دێت،
    کاتێک شمشێرەکەم لەبەردەمیان ڕادەوەشێنم.
لەو ڕۆژەی تۆ دەکەویت،
    هەموو ساتێک دەلەرزن و لە گیانی خۆیان دەترسن.

11 «”چونکە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:

«”شمشێری پاشای بابل
    دێتە سەرت.
12 وا دەکەم بە شمشێری پاڵەوانان،
    ئەوانەی دڕندەترینی هەموو نەتەوەکانن
    ئاپۆرەی سوپاکەت بکەوێت.
جا شانازی میسر دەشکێنم،
    هەموو ئاپۆرەی جەماوەرەکەی لەناودەچێت.
13 هەموو مەڕوماڵاتەکانی لەناودەبەم
    لەلای ئاوە زۆرەکان،
لەمەودوا نە پێی مرۆڤ دەیشڵەقێنێت و
    نە سمی گاوگۆتاڵ لێڵی دەکات.
14 ئینجا وا دەکەم ئاوەکەی ڕوون بێت و
    جۆگەکانی وەک زەیت بڕۆن.
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
15 کاتێک خاکی میسر وێران دەکەم و
    لە هەرچی تێیدایە چۆڵی دەکەم،
کاتێک لە هەموو دانیشتووانەکەی دەدەم،
    ئینجا دەزانن کە من یەزدانم.“

16 «ئەمە شیوەنێکە دەیگێڕن، کچانی نەتەوەکان ئەم شیوەنە دەگێڕن، بۆ میسر و بۆ هەموو ئاپۆرەی گەلەکەی دەیگێڕن. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.»

شۆڕبوونەوەی میسر بۆ ناو جیهانی مردووان

17 پازدەی مانگی یەکی ساڵی دوازدەمین،[u] فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: 18 «ئەی کوڕی مرۆڤ، واوەیلا بۆ ئاپۆرەی گەلی میسر بکە، بۆ ئەو و کچانی نەتەوە گەورەکان، بیاننێرە بۆ دنیای خوارەوە لەگەڵ ئەوانەی دەچنە نێو جیهانی مردووان. 19 پێیان بڵێ: ”ئایا ئێوە لەوان جوانترن؟ بڕۆن و لەگەڵ خەتەنە نەکراوان ڕابکشێن.“ 20 لە ناوەڕاستی کوژراوان بە شمشێر دەکەون، شمشێرەکە ئامادەیە؛ میسر دەگرن و لەگەڵ هەموو ئاپۆرەی سوپاکەی دەیبەن. 21 ڕابەرە پاڵەوانەکان لەناوەڕاستی جیهانی مردووان سەبارەت بە میسر و هاوپەیمانەکانی دەڵێن: ”ئەوانە هاتوون لەگەڵ خەتەنە نەکراوان ڕابکشێن، لەگەڵ ئەوانەی بە شمشێر کوژراون.“

22 «پاشای ئاشور و هەموو سوپاکەی لەوێ کەوتوون، گۆڕەکانیان لەو چواردەورەن، هەموو ئەوانەی بە شمشێر کوژراون. 23 لە ژێرەوەی جیهانی مردووان گۆڕی سوپاکە لە چواردەوری گۆڕی پاشاکەیە، هەموو ئەوانەی ترسیان خستە خاکی زیندووان، بە شمشێر کوژراون.

24 «پاشای ئیلام لەوێیە، گۆڕی هەموو سوپاکەی لە چواردەوری گۆڕەکەی ئەون. هەموویان کوژراون، بە شمشێر کەوتوون. هەموو ئەوانەی ترسیان خستە خاکی زیندووان بە خەتەنە نەکراوی چوونە دنیای خوارەوە، لەگەڵ ئەوانەی دەچنە نێو جیهانی مردووان ئابڕوویان چوو. 25 لەنێو کوژراوان جێگایەکیان پێیدا، گۆڕی هەموو سوپاکەی لە چواردەوری گۆڕەکەین. هەموویان بە خەتەنە نەکراوی بە شمشێر کوژراون. لەبەر ئەوەی ئەوان ترسیان خستبووە خاکی زیندووان، ئابڕوویان چوو لەگەڵ ئەوانەی دەچنە نێو جیهانی مردووان، لەنێو کوژراوان ڕاکشاون.

26 «پاشای مەشەک و پاشای توبال لەوێن، هەموو سوپاکەیان لە دەوری گۆڕەکانیانن. لەبەر ئەوەی ئەوان ترسیان خستبووە خاکی زیندووان، هەموویان بە خەتەنە نەکراوی بە شمشێر کوژراون. 27 ئایا لەگەڵ پاڵەوانانی دیکەی خەتەنە نەکراو کە کوژراون پاڵناخرێن، ئەوانەی بە چەکە جەنگییەکانیانەوە لە گۆڕ نران، ئەوانەی شمشێرەکانیان لەژێر سەریان دانراوە؟ سزای تاوانەکانیان لەسەر ئێسکیان دەبێت، ئەوانەی لە خاکی زیندووان پاڵەوانەکانیان تۆقاندووە.

28 «تۆش، ئەی فیرعەون، لەنێو خەتەنە نەکراوان دەشکێیت و ڕادەکشێیت، لەگەڵ ئەوانەی بە شمشێر کوژراون.

29 «پاشای ئەدۆمیش لەگەڵ هەموو میرەکانی لەوێن، ئەوانەی وێڕای بەتواناییان لەگەڵ خەتەنە نەکراوان ڕادەکشێن، لەگەڵ ئەوانەی بە شمشێر کوژراون لە گۆڕ نران، دەچنە نێو جیهانی مردووان.

30 «میرانی باکوور هەموویان و هەموو سەیدائییەکان لەوێن. هەرچەندە لە ڕابردوودا بە تواناکەیان خەڵکیان تۆقاندووە، بەڵام بە ئابڕووچوونەوە لەگەڵ کوژراوان ئەسپەردە کراون، بە خەتەنەکراوی لەگەڵ کوژراوان بە شمشێر ڕاکشان و ئابڕوویان چوو لەگەڵ ئەوانەی لە گۆڕ نران.

31 «فیرعەون و هەموو سوپاکەی سەبوورییان دێتەوە، کاتێک هەموو ئەوانە دەبینن کە بە شمشێر کوژراون. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە. 32 هەرچەندە ترسی ئەوم خستە خاکی زیندووان، بەڵام فیرعەون و هەموو سوپاکەی لەنێو خەتەنە نەکراوان ڕادەکشێن، لەگەڵ ئەوانەی بە شمشێر کوژراون. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.»

نوێکردنەوەی چاودێریێتی حزقیێل

33 ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، قسە لەگەڵ هاونیشتیمانیانت بکە و پێیان بڵێ: ”ئەگەر شمشێر بۆ سەر خاکێک بهێنم و ئەگەر گەلی خاکەکە پیاوێک لەنێو خۆیان ببەن و بیکەن بە چاودێر، کاتێک ببینێت شمشێرەکە بۆ سەر خاکەکە دێت، فوو بە کەڕەنادا دەکات و گەلەکە ئاگادار دەکاتەوە. ئەگەر یەکێک گوێی لە دەنگی کەڕەناکە بوو و وریای خۆی نەبوو، ئینجا شمشێرەکە هات و ژیانی برد، خوێنی لە ئەستۆی خۆی دەبێت. لەبەر ئەوەی گوێی لە دەنگی کەڕەناکە بوو و وریای خۆی نەبوو، خوێنی لە ئەستۆی خۆی دەبێت، ئەگەر وریای خۆی بووایە خۆی دەرباز دەکرد. بەڵام ئەگەر چاودێرەکە ببینێت وا شمشێرەکە دێت، فووی بە کەڕەنادا نەکرد و گەلەکەی ئاگادار نەکردەوە، شمشێرەکەش هات و کەسێکی لەوان کوشت، ئەو کەسە بەهۆی تاوانەکانی کە کردوویەتی گیان دەسپێرێت، بەڵام من خوێنەکەی دەخەمە ئەستۆی چاودێرەکە.“

«ئەی کوڕی مرۆڤ، من تۆم کرد بە چاودێر بەسەر بنەماڵەی ئیسرائیلەوە، لەبەر ئەوە گوێ لە فەرمایشتەکەم بگرە و بە ناوی منەوە ئاگاداریان بکەرەوە. ئەگەر بە خراپەکار بفەرمووم: ”ئەی خراپەکار، سزاکەت مردنە!“ ئەگەر تۆ خراپەکارەکە ئاگادار نەکەیتەوە کە لە ڕەفتارەکەی بگەڕێتەوە، ئەوا ئەو خراپەکارە بە تاوانی خۆیەوە دەمرێت، بەڵام خوێنەکەی دەخەمە ئەستۆی تۆ. ئەگەر هاتوو تۆ خراپەکارەکەت لە ڕەفتارەکەی ئاگادار کردەوە هەتا لێی بگەڕێتەوە، بەڵام ئەو لە ڕەفتارەکەی خۆی نەگەڕایەوە، ئەوا بە تاوانی خۆیەوە دەمرێت، بەڵام تۆ خۆت ڕزگار دەکەیت.

10 «ئەی کوڕی مرۆڤ، قسە لەگەڵ بنەماڵەی ئیسرائیل بکە و بڵێ: ”ئێوە بەم جۆرە دەدوێن: ’یاخیبوون و گوناهەکانمان لەسەر خۆمانن و بەوانە لەناودەچین. ئیتر ئێمە چۆن بژین؟‘“ 11 پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت: بە گیانی خۆم، من بە مردنی خراپەکار دڵخۆش نابم، بەڵکو بەوەی خراپەکار لە ڕەفتارەکەی بگەڕێتەوە و بژیێت. بگەڕێنەوە! لە ڕێگا خراپەکانتان بگەڕێنەوە! ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، بۆچی بمرن؟“

12 «ئەی کوڕی مرۆڤ، لەبەر ئەوە بە هاونیشتیمانیانت بڵێ: ”ڕاستودروستی کەسی ڕاستودروست لە کاتی یاخیبوونی فریای ناکەوێت، خراپەکاریش لە کاتی گەڕانەوەی لە خراپەکەی، بەهۆی خراپەکەی لەناو ناچێت. کەسی ڕاستودروست لە کاتی گوناهەکەی ناتوانێت بە ڕاستودروستییەکەی بژیێت.“ 13 ئەگەر بە کەسی ڕاستودروستم فەرموو: ”بێگومان تۆ دەژیت،“ جا ئەگەر پشتی بە ڕاستودروستییەکەی بەست و خراپەی کرد، هەموو ڕاستودروستییەکەی لەیاد دەکرێت، بەڵکو خراپەکەی دەبێتە هۆی مردنی. 14 ئەگەر بە خراپەکارم فەرموو: ”سزاکەت مردنە!“ جا ئەگەر لە گوناهەکەی گەڕایەوە و بە ڕاستودروستی و دادپەروەری کاری کرد، 15 ئەگەر خراپەکارەکە بارمتە یان هەر شتێکی دزیوە گەڕاندییەوە و ڕێگای فەرزەکانی ژیانی گرتەبەر، بەبێ ئەوەی خراپە بکات، ئەوا بێگومان دەژیێت و نامرێت. 16 هەموو گوناهەکانی کە کردوویەتی لەیاد دەکرێن. بە ڕاستودروستی و دادپەروەری کاری کردووە، بێگومان دەژیێت.

17 «هاونیشتیمانیانت دەڵێن: ”ڕێگای پەروەردگار ڕاست نییە.“ بەڵکو ئەوان ڕێگای خۆیان ڕاست نییە. 18 کاتێک کەسی ڕاستودروست لە ڕاستودروستییەکەی بگەڕێتەوە و خراپە بکات، ئەوا پێی دەمرێت. 19 کاتێکیش خراپەکار لە خراپەکەی بگەڕێتەوە و بە ڕاستودروستی و دادپەروەری کار بکات، ئەوا پێیان دەژیێت. 20 ئێوەش دەڵێن: ”ڕێگای پەروەردگار ڕاست نییە!“ ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، من هەریەکەتان بەپێی ڕێگاکانی خۆی حوکمی دەدەم.»

هۆیەکانی ڕووخاندنی ئۆرشەلیم

21 لە ساڵی دوازدەمینی ڕاپێچکردنمان، لە پێنجی مانگی دە،[v] لە ئۆرشەلیمەوە دەربازبووێک بۆ لام هات و گوتی: «شارەکە لێی درا.» 22 ئێوارەی پێش گەیشتنی دەربازبووەکە، ڕۆحی یەزدان هاتە سەرم، دەمی کردمەوە، جا کە بەیانی هات بۆ لام دەمم کرابووەوە و چیتر لاڵ نەبووم.

23 ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: 24 «ئەی کوڕی مرۆڤ، دانیشتووانی کەلاوەکانی خاکی ئیسرائیل قسە دەکەن و دەڵێن: ”ئیبراهیم تەنها کەسێک بوو، بەڵام دەستی بەسەر خاکەکەدا گرت. ئێمە زۆرین و خاکەکە بە ئێمە دراوە کە دەستی بەسەردا بگرین.“ 25 لەبەر ئەوە پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: گۆشت بە خوێنەوە دەخۆن، چاوتان بۆ بتەکانتان هەڵدەبڕن و خوێن دەڕێژن، ئایا دەست بەسەر خاکەکەدا دەگرن؟ 26 پشت بە شمشێری خۆتان دەبەستن، شتی قێزەون دەکەن، هەریەکەتان بە ژنی کەسێکی دیکە گڵاو بوو. ئایا دەست بەسەر خاکەکەدا دەگرن؟“

27 «پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: بە گیانی خۆم، ئەوانەی لە کەلاوەکانن بە شمشێر دەکوژرێن، ئەوانەی لەسەر ڕووی دەشتودەرن دەیانکەمە خۆراکی گیانلەبەران، ئەوانەی لە قەڵا و لە ئەشکەوتەکانن بە دەرد دەمرن. 28 خاکەکە دەکەم بە وێرانە و چۆڵەوانی، کۆتایی بە شانازی هێزی دێت، چیاکانی ئیسرائیل دەبن بە وێرانەی بێ ڕێبوار. 29 جا دەزانن کە من یەزدانم، کاتێک خاکەکە دەکەم بە وێرانە و چۆڵەوانی، لەسەر هەموو کارە قێزەونەکانیان کە کردوویانە.“

30 «ئەی کوڕی مرۆڤ، هاونیشتیمانیانت لەپاڵ دیوارەکان و لە بەردەرگای ماڵەکان لەبارەی تۆوە دەدوێن، هەریەکە لەگەڵ براکەی، بە یەکتر دەڵێن: ”وەرن با گوێ لەو قسەیە بگرین کە لەلایەن یەزدانەوە هاتووە.“ 31 هەروەک هەموو کات، گەلەکەم بۆ لات دێن، لەبەردەمت دادەنیشن و گوێ لە قسەکانت دەگرن، بەڵام کاری پێ ناکەن، چونکە تەنها بە دەم پەرۆشی خۆیان بۆ خودا دەردەبڕن، بەڵام بە دڵ بەدوای قازانجی ناڕەوایی خۆیان کەوتوون. 32 لە ڕاستیدا تۆ بۆ ئەوان وەک کەسێکی دەنگ خۆشیت کە باش مۆسیقا دەژەنێت و گۆرانی خۆشەویستی دەڵێتەوە، جا گوێ لە قسەکانت دەگرن و کاری پێ ناکەن.

33 «کەی ئەمە بە ئەنجام گەیشت، بێگومان دەشگاتە ئەنجام، ئەو کاتە دەزانن کە پێغەمبەرێک لەنێویان بوو.»

یەزدان دەبێتە شوانی ئیسرائیل

34 فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، لەسەر شوانەکانی ئیسرائیل پێشبینی بکە و پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: قوڕبەسەر شوانەکانی ئیسرائیل، ئەوانەی هەر خەریکی خۆیانن، ئایا نابێت شوانەکان مێگەل بلەوەڕێن؟ ئێوە چەورییەکەی دەخۆن و خورییەکەی لەبەر دەکەن و کامەشیان قەڵەوە سەری دەبڕن، بەڵام مێگەل نالەوەڕێنن. لاوازتان بەهێز نەکرد، نەخۆشتان تیمار نەکرد، شکاوتان نەگرتەوە، دەرکراوتان نەگەڕاندەوە و بەدوای ونبوودا نەگەڕان، بەڵکو توندوتیژی خۆتان بەسەریاندا سەپاند. جا بەبێ شوان پەرتەوازە بوون و بە پەرتەوازەیی بە نێچیری هەموو ئاژەڵێکی کێوی بوون. مێگەلی من بەسەر هەموو چیا و گردێکی بەرزدا وێڵ بوون، بەسەر هەموو ڕووی زەویدا پەرتەوازە بوون و کەسیش نەبوو لێیان بپرسێت و بەدوایاندا بگەڕێت.

«”لەبەر ئەوە ئەی شوانەکان، گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن: یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت: بە گیانی خۆم، لەبەر ئەوەی مێگەلی من بەبێ شوان بوو بە تاڵانی، هەتا ببێتە نێچیری هەموو ئاژەڵێکی کێوی، هەروەها شوانەکانم لە مێگەلی منیان نەپرسی، هەر خەریکی خۆیان بوون و مێگەلی منیان نەلەوەڕاند، ئەی شوانەکان لەبەر ئەوە گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن: 10 یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من لە دژی شوانەکانم و داوای مێگەلی خۆم لە دەستیان دەکەم، لە لەوەڕاندنی مێگەلەکەم ڕایاندەگرم، لەمەودوا شوانەکان خەریکی خۆیان نابن، فریای مێگەلی خۆم دەکەوم لەناو دەمیان، ئیتر نابێت بە خۆراکیان.

11 «”چونکە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من بەدوای مێگەلی خۆمدا دەگەڕێم و بەسەریان دەکەمەوە، 12 وەک چۆن شوان مێگەلە پەرتەوازەکەی خۆی بەسەردەکاتەوە کاتێک لەنێویان دەبێت، ئاوا منیش مێگەلی خۆم بەسەردەکەمەوە و فریایان دەکەوم لە هەموو ئەو شوێنانەی کە لە ڕۆژی تەمومژدا بۆی پەرتەوازە بوون. 13 لەنێو گەلان دەریاندەهێنم و لە خاکەکان کۆیان دەکەمەوە، دەیانهێنمەوە خاکی خۆیان، لەسەر چیاکانی ئیسرائیل و لە شیوەکان و لەناو هەموو ئاوەدانییەکانی خاکەکە دەیانلەوەڕێنم. 14 لە لەوەڕگایەکی چاک دەیانلەوەڕێنم و پاوەنیان لە چیای بەرزی ئیسرائیل دەبێت و لەوێ لە پاوەنە باشەکان کاوێژ دەکەن، لە لەوەڕگا بەپیتەکان لەسەر چیاکانی ئیسرائیل دەلەوەڕێن. 15 من مەڕی خۆم دەلەوەڕێنم هەتا کاوێژ دەکەن، یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت، 16 بەدوای ونبوودا دەگەڕێم، دەرکراو دەگەڕێنمەوە، شکاو دەگرمەوە، نەخۆش بەهێز دەکەم، قەڵەو و بەهێز لەناودەبەم و بە دادپەروەری شوانەتییان دەکەم.

17 «”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئێوەش ئەی مێگەلەکەم، سەیر بکەن، من لەنێوان مەڕێک و مەڕێکی دیکە دادوەری دەکەم، لەنێوان بەران و نێرییەکان. 18 ئایا بەس نییە بەلاتانەوە لە لەوەڕگای باش بلەوەڕێن، لەوەڕگاکانی دیکەش بە پێ دەپەستنەوە؟ ئایا بەس نییە کە لە ئاوە سازگارەکان بخۆنەوە، ئەوەی دەمێنێتەوە بە پێتان دەیشڵەقێنن 19 هەتا مێگەلی من لە پێپەستی ئێوە بخوات و لە ئاوی شڵەقاوی پێیەکانتان بخواتەوە؟

20 «”لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمەیان پێ دەفەرموێت: من لەنێوان مەڕی قەڵەو و مەڕی لاواز دادوەری دەکەم. 21 لەبەر ئەوەی ئێوە هەموو مەڕە لاوازەکان بە کەلەکەتان بەلاوە دەنێن و بە شانیشتان پاڵیان پێوە دەنێن و بە قۆچتان لێیان دەدەن هەتا دووریان بخەنەوە و پەرتەوازەیان بکەن، 22 من فریای مێگەلی خۆم دەکەوم و لەمەودوا نابێت بە تاڵانی، دادوەریش لەنێوان مەڕێک و مەڕێکی دیکەدا دەکەم. 23 یەک شوانی بۆ دادەنێم، کە داودی بەندەمە، ئەو دەیلەوەڕێنێت و ئەو دەبێت بە شوانی. 24 من یەزدانم دەبم بە خودایان و داودی بەندەشم لەنێویاندا دەبێت بە سەرۆک، من یەزدانم، ئەوەم فەرموو.

25 «”پەیمانی ئاشتییان لەگەڵ دەبەستم و ئاژەڵە دڕندەکان لە خاکەکە دادەماڵم، جا بە ئاسوودەیی لە چۆڵەوانی نیشتەجێ دەبن و لەناو دارستانەکان دەنوون. 26 ئەوان و دەوروبەری گردەکەم بەرەکەتدار دەکەم و لە کاتی خۆیدا بارانیان بەسەردا دەبارێنم و بارانی بەرەکەت دەبێت. 27 درەختی دەشتودەر بەری خۆی دەدات، زەویش بەروبوومی خۆی دەدات و لە خاکەکەیان ئاسوودە دەبن. کاتێک بەندی نیرەکەیان دەشکێنم و لە دەستی ئەوانە ڕزگاریان دەکەم کە کردبوونیان بە کۆیلە، ئەو کاتە دەزانن کە من یەزدانم. 28 لەمەودوا نابن بە تاڵانی نەتەوەکان و گیانلەبەرەکانی خاکەکە نایانخۆن، بەڵکو بە ئاسوودەیی نیشتەجێ دەبن و کەس نایانترسێنێت. 29 نەمامێکیان بۆ دەڕوێنم بۆ ناوبانگ، لەمەودوا لە خاکەکەدا نابنە نێچیری قاتوقڕی و چیتر نابنە مایەی تانە و تەشەری نەتەوەکان. 30 ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانی پەروەردگاریانم و لەگەڵیاندام، بنەماڵەی ئیسرائیلیش گەلی منن. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە. 31 ئێوەش ئەی مەڕەکانم، مەڕەکانی لەوەڕگاکەم، ئێوە مرۆڤن و من خودای ئێوەم. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.“»

فەرمایشتێک سەبارەت بە ئەدۆم

35 فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، ڕووت لە کێوی سێعیر بکە و پێشبینی لەسەر بکە و پێی بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەی کێوی سێعیر، من لە دژی تۆم و دەستم درێژ دەکەم بۆ سەرت، چۆڵ و وێرانت دەکەم. شارۆچکەکانت کاول دەکەم، تۆش چۆڵ دەبیت، ئیتر تۆ دەزانیت کە من یەزدانم.

«”چونکە لەمێژە دوژمنایەتیت لە دڵە و لە کاتی تەنگانەی ئیسرائیلییەکان کە سزادانیان گەیشتبووە لووتکە، بە ناپاکی ئەوانت دایە دەست شمشێر، لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت: بە گیانی خۆم، من ئامادەت دەکەم خوێنت بڕژێت، خوێنڕشتن ڕاوت دەنێت، چونکە ڕقت لە خوێنڕشتن نەبوو، لەبەر ئەوە خوێنڕشتن ڕاوت دەنێت. کێوی سێعیر دەکەم بە وێرانە و چۆڵەوانی، هاتوچۆی تێدا ڕیشەکێش دەکەم. چیاکانت لە کوژراو پڕ دەکەم، گرد و دۆڵ و هەموو شیوەکانت کوژراوی بە شمشێر تێیدا دەکەون. دەتکەمە وێرانەی هەتاهەتایی و شارۆچکەکانت ئاوەدان نابن، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم.

10 «”لەبەر ئەوەی گوتت، ’ئەم دوو نەتەوەیە و ئەم دوو خاکە بۆ من دەبن و ئێمە داگیریان دەکەین، ئەگەر یەزدانیش لەوێ بێت‘، 11 یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت: لەبەر ئەوە بە گیانی خۆم، لەسەر تووڕەیی و بەغیلییەکەت سزات دەدەم، ڕەفتارت لەگەڵ دەکەم هەروەک چۆن تۆ بە قینەوە ڕەفتارت لەگەڵ ئەواندا کرد، خۆمیان پێ دەناسێنم کاتێک حوکمت دەدەم. 12 جا دەزانیت کە من یەزدانم و گوێم لە هەموو قسە سووکەکانت بوو، کە لە دژی چیاکانی ئیسرائیل کردت، کە گوتت: ’وێران کران و پێمان دران ببن بە خۆراکمان.‘ 13 بە دەمتان خۆتان بەسەر مندا گەورە کرد و قسەی زۆرتان لە دژی من کرد، من گوێم لێبوو. 14 یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: کاتێک هەموو زەوی دڵخۆشە، من وێرانت دەکەم. 15 وەک چۆن تۆ دڵخۆش بوویت بە میراتەکەی بنەماڵەی ئیسرائیل چونکە بوو بە وێرانە، بە هەمان شێوەت پێ دەکەم. ئەی کێوی سێعیر، وێران دەبیت، تۆ و سەراپا هەموو ئەدۆم، ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.“»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.