Bible in 90 Days
19 یەزدان دەفەرموێت: «نیشانەیەکیان لەنێو دادەنێم و دەربازبووانیان لێ دەنێرم بۆ نەتەوەکان، بۆ تەرشیش و بۆ لای لیبییەکان و لوودییەکان، ئەوانەی تیرئەندازن، بۆ توبال، یۆنان و دوورگە دوورەکان، ئەوانەی هەواڵی منیان نەبیستووە و شکۆمەندی منیان نەبینیوە، جا شکۆمەندی من لەنێو نەتەوەکاندا ڕادەگەیەنن. 20 هەموو براکانتان لە هەموو نەتەوەکانەوە وەک پێشکەشکراو بۆ یەزدان لەسەر ئەسپ و بە گالیسکە و بە عەرەبانە و بە هێستر و وشتر بۆ کێوی پیرۆزم بۆ ئۆرشەلیم دەهێننەوە، وەک ئەوەی نەوەی ئیسرائیل پێشکەشکراوی دانەوێڵەیان لەناو دەفرێکی پاک بەپێی ڕێوڕەسم بۆ پەرستگای یەزدان بهێنن. 21 هەروەها هەندێک لەوان هەڵدەبژێرم بە کاهین و بە لێڤی.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
22 یەزدان دەفەرموێت: «بێگومان وەک ئەو ئاسمانە نوێیە و ئەو زەوییە نوێیە کە من دروستیان دەکەم لەبەردەممدا دەمێننەوە، ئاواش ناو و نەوەی ئێوە دەمێنێت. 23 لە سەرەمانگێکەوە بۆ سەرەمانگێک و لە شەممەیەکەوە بۆ شەممەیەک هەموو مرۆڤێک دێت بۆ ئەوەی لەبەردەمم کڕنۆش ببات،» یەزدان دەفەرموێت. 24 «دەچنە دەرەوە و لاشەی ئەو خەڵکانە دەبینن کە لە من یاخی بوون، چونکە کرمەکانیان نامرن و ئاگریان ناکوژێتەوە و بۆ هەمووان دەبن بە قێزەون.»
1 پەیامی یەرمیای کوڕی حیلقیا، یەکێک لە کاهینانی شارۆچکەی عەناتۆت لە خاکی بنیامین. 2 فەرمایشتی یەزدانی بۆ دەهات، لە ساڵی سێزدەیەمینی پاشایەتی یۆشیای کوڕی ئامۆنی پاشای یەهودا، 3 هەروەها لە ماوەی پاشایەتی یەهۆیاقیمی کوڕی یۆشیای پاشای یەهودا، هەتا مانگی پێنجی ساڵی یازدەیەمینی سدقیای کوڕی یۆشیای پاشای یەهودا، کاتی ڕاپێچانەکەی خەڵکی ئۆرشەلیم.
بانگکردنی یەرمیا
4 فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات:
5 «پێش ئەوەی لەناو سکی دایکت شێوەت بکێشم، تۆم ناسی،
پێش ئەوەی لە منداڵدان بێیتە دەرەوە، تەرخانم کردیت،
تۆم کردە پێغەمبەری نەتەوەکان.»
6 بەڵام من گوتم: «ئای، ئەی یەزدانی باڵادەست، وتەبێژی لە توانامدا نییە، چونکە تەمەنم بچووکە.»
7 ئینجا یەزدان پێی فەرمووم: «مەڵێ: ”تەمەنم بچووکە.“ بۆ لای هەرکەسێک بتنێرم دەچیت و هەموو ئەوەی فەرمانت پێ بکەم ڕایدەگەیەنیت. 8 لێیان مەترسە، چونکە من لەگەڵتدام بۆ ئەوەی فریات بکەوم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
9 ئینجا یەزدان دەستی درێژکرد و دەستی لە دەمم دا و پێی فەرمووم: «دڵنیابە، من وتەکانم دەخەمە دەمی تۆوە. 10 ببینە، ئەمڕۆ تۆم کرد بە پێغەمبەر بۆ نەتەوە و شانشینەکان، بۆ ڕیشەکێشکردن و شکاندن، بۆ لەناوبردن و ڕووخاندن، بۆ بنیادنان و چاندن.»
11 ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: «ئەی یەرمیا، چی دەبینیت؟»
منیش گوتم: «چڵە بادەمێک دەبینم.»
12 یەزدانیش پێی فەرمووم: «چاکت بینی، چونکە من لەسەر فەرمایشتەکەم چاودێر[a] دەبم بۆ ئەنجامدانی.»
13 دووبارە فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات: «چی دەبینیت؟»
منیش گوتم: «مەنجەڵێک دەبینم هەڵمی لێ هەڵدەستێت و ڕووی بەرەو باشوورە.»
14 یەزدانیش پێی فەرمووم: «لە باکوورەوە بەڵا بۆ هەموو دانیشتووانی خاکەکە دەبارێت. 15 خەریکم بانگەواز دەکەم بۆ هەموو نەتەوەکانی شانشینەکانی باکوور.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
«جا پاشاکانیان دێن و
هەریەکە و تەختی خۆی لە داڵانی دەروازەی ئۆرشەلیم دادەنێت،
هێرش دەبەن بۆ سەر هەموو شووراکانی چواردەوری ئۆرشەلیم و
بۆ هەموو شارۆچکەکانی یەهودا.
16 منیش حوکمەکانم بەسەریان ڕادەگەیەنم،
لەسەر هەموو خراپەکانیان کە وازیان لێ هێنام و
بۆ خوداکانی دیکە بخووریان سووتاند و
بۆ دەستکردەکانی دەستی خۆیان کڕنۆشیان برد.
17 «تۆش بازووی خۆتی لێ هەڵبکە! هەستە و قسەیان لەگەڵ بکە سەبارەت بە هەموو ئەوەی من فەرمانت پێدەدەم. لێیان مەتۆقە، نەوەک لەبەردەمیان بتتۆقێنم. 18 من ئەمڕۆ تۆم کردووەتە شارێکی قەڵابەند و کۆڵەکەی ئاسن و دیواری بڕۆنز، لە دژی هەموو خاکەکە، پاشاکانی یەهودا، پیاوە گەورەکانی، کاهینەکانی و گەلی خاکەکە. 19 لە دژت دەجەنگن و دەرەقەتت نایێن، چونکە من لەگەڵتدام بۆ ئەوەی فریات بکەوم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
وازهێنانی ئیسرائیل لە خودا
2 فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: 2 «بڕۆ و بە ئۆرشەلیمی ڕابگەیەنە با خەڵکەکە بیبیستن، بڵێ:
«یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«”بە یادی خۆمم هێنایەوە، دڵسۆزی کاتی مێردمنداڵیت و
خۆشەویستی کاتی بووکێنیت،
بەدوای مندا ڕۆیشتیت لە چۆڵەوانی،
بە خاکێکدا کە کشتوکاڵی تێدا نەبوو.
3 ئیسرائیل بۆ یەزدان پیرۆز بوو،
یەکەمین بەرهەمی بەروبوومەکەیەتی.
هەموو ئەوانەی خواردیان تاوانیان کرد،
بەڵایان بەسەردا هات.“»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
4 گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن، ئەی بنەماڵەی یاقوب،
ئەی هەموو خێڵەکانی بنەماڵەی ئیسرائیل،
5 یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«باوباپیرانتان چ کەموکوڕییەکیان لە مندا بینی
کە لێم دوورکەوتنەوە؟
چوون دوای بتی پووچ کەوتن و
خۆیان پووچ کرد.
6 پرسیاریان نەکرد: ”کوا یەزدان،
ئەوەی لە خاکی میسرەوە دەریهێناین،
ئەوەی ئێمەی بەناو چۆڵەوانیدا برد،
بە خاکێکی ڕووتەن و چاڵوچۆڵدا،
بە خاکێکی وشک و سێبەری مەرگ،
بە خاکێکدا کە کەسی پێدا تێنەپەڕیبوو،
کەس لەوێ نیشتەجێ نەببوو؟“
7 ئێوەم هێنایە ناو خاکێکی بەپیت
بۆ ئەوەی بەروبووم و بەرهەمە چاکەکانی بخۆن.
بەڵام هاتن و زەوییەکەی منتان گڵاو کرد،
میراتەکەی منتان قێزەون کرد.
8 کاهینەکان پرسیاریان نەکرد:
”کوا یەزدان؟“
ئەوانەی مامۆستای تەوراتن نەیانناسیم،
ڕابەرەکان لێم یاخی بوون،
پێغەمبەرەکان بەهۆی بەعلەوە پێشبینییان کرد،
دوای بتی پووچ کەوتن.»
9 یەزدان دەفەرموێت: «لەبەر ئەوە دیسان دادگاییتان دەکەم،
منداڵی منداڵیشتان پەلکێشی دادگا دەکەم.
10 لە کەنارەکانی کیتیم[b] بپەڕنەوە و ببینن،
بنێرن بۆ قێدار[c] و بە وردی سەرنج بدەن،
ببینن ئاخۆ وەک ئەمە بووە؟
11 ئایا هیچ نەتەوەیەک خوداوەندەکانی خۆی گۆڕیوە؟
هەرچەندە خودا نین.
بەڵام گەلەکەی من خودای شکۆمەندیان گۆڕییەوە
بە بتی پووچ.
12 ئەی ئاسمان، لەبەر ئەمە واقت وڕبمێنێت،
موچڕکەت پێدابێت و زۆر سەرسام بە.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
13 «گەلەکەم دوو خراپەی کردووە:
وازیان لە من هێنا
کە کانی ئاوی ژیانم،
هەروەها ئەمباراویان بۆ خۆیان هەڵکەند،
ئەمباراوی شکاو کە ئاو ڕاناگرێت.
14 ئایا ئیسرائیل کۆیلەیە؟ یان کوڕی کۆیلەی لەدایک بووی ماڵە؟
بۆچی بوو بە تاڵانی؟
15 بەچکە شێران بەسەریدا نەڕاندیان،
دەنگیان هات،
خاکەکەیان وێران کردووە،
شارۆچکەکانی سووتاون، بێ دانیشتووانن.
16 هەروەها نەوەی مەمفیس و تەحپەنحێس
تەپڵی سەری تۆیان تراشیووە.
17 ئایا تۆ ئەمەت بە خۆت نەکرد،
کە وازت لە یەزدانی پەروەردگارت هێنا
کاتێک بە ڕێگادا دەیبردیت؟
18 ئێستا بۆچی دەچیتە میسر
بۆ خواردنەوەی ئاوی نیل؟
ئێستا بۆچی دەچیتە ئاشور
بۆ خواردنەوەی ئاوی ڕووباری فورات؟
19 خراپەی خۆت تەمبێت دەکات و
هەڵگەڕانەوەت سەرزەنشتت دەکات.
جا بزانە و ببینە کە بۆتان خراپ و تاڵە،
کاتێک واز لە یەزدانی پەروەردگارت دەهێنیت و
ترسی منت لە دڵدا نییە،»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە، پەروەردگاری سوپاسالار.
20 «تۆ لە کۆنەوە نیری[d] خۆتت شکاندووە،
کۆتەکانت پساندووە،
گوتت: ”تۆ ناپەرستم!“
تۆ بە ڕاستی لەسەر هەموو گردێکی بەرز و
لەژێر هەموو دارێکی سەوزدا
وەک لەشفرۆشێک ڕاکشایت.
21 من وەک شامێوێک
لە نایابترین جۆر تۆم چاند،
ئیتر چۆن لێم گۆڕایت،
گۆڕایت بۆ زڕمێو؟
22 هەرچەندە بە سۆدەش خۆت بشۆیت،
زیاد سابوونیش لە خۆت بدەیت،
هێشتا لەکەداری تاوانەکەت لەبەردەممە.»
ئەمە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
23 «ئیتر چۆن دەڵێیت: ”گڵاو نەبووم،
دوای بەعلەکان نەکەوتووم؟“
تەماشای ڕێگاکەی خۆت بکە لە دۆڵەکە،
بزانە چیت کردووە.
تۆ وەک وشترە سووکەکەی کە لە ڕۆیشتندا بەلادادێی،
24 وەک کەرەکێوییەکەی کە بە چۆڵەوانی فێری،
لەتاو هەوەسی با هەڵدەمژێت،
لە کاتی بەتەڵەب هاتنی کێ دەیگێڕێتەوە؟
هەموو ئەوانەی داوای دەکەن
بەبێ ماندووبوون لە کاتی زاوزێ دەیدۆزنەوە.
25 ئەوەندە مەگەڕێ تاوەکو ئەوەی پێیەکانت ڕووت بێتەوە و
گەرووت وشک بێت.
بەڵام گوتت: ”بێهوودەیە!
نا! چونکە خوداوەندە بێگانەکانم خۆشویستووە،
دوای ئەوان دەکەوم.“
26 «وەک شەرمەزاری دز کە دەگیرێت،
ئاوا بنەماڵەی ئیسرائیل شەرمەزاربوون،
خۆیان و پاشا و میر و
کاهین و پێغەمبەرەکانیان.
27 هەریەکەیان بە دار دەڵێت: ”تۆ باوکمی منیت“ و
بە بەرد: ”تۆ منت بووە.“
پشتیان تێ کردم
نەک ڕوو،
بەڵام لە کاتی بەڵایاندا دەڵێن:
”هەستە و ڕزگارمان بکە!“
28 ئیتر کوا خوداوەندەکانت کە بۆ خۆت دروستت کردن؟
با هەستن، ئەگەر لە کاتی بەڵادا دەتوانن ڕزگارت بکەن!
ئەی یەهودا،
خوداوەندەکانت بەقەد ژمارەی شارۆچکەکانتن.»
29 یەزدان دەفەرموێت: «بۆچی سکاڵام لێ دەکەن؟
هەمووتان لێم یاخی بوون،
30 بەخۆڕایی سزای منداڵەکانتانم دا،
تەمبێکردنیان وەرنەگرت،
شمشێرەکانتان پێغەمبەرەکانتانی خوارد،
وەک شێرێکی لەناوبەر.
31 «ئەی نەوە، ئێوە ئاگاداری فەرمایشتی یەزدان بن:
«ئایا بۆ ئیسرائیل بووم بە چۆڵەوانی،
یان خاکی تاریک و تنۆک؟
بۆچی گەلەکەم دەڵێن: ”بەڕەڵا بووین،
ئیتر بۆ لات نایەینەوە؟“
32 ئایا کچ خشڵی خۆی لەبیر دەکات،
یان بووک جلی بووکێنی؟
بەڵام گەلەکەی خۆم ڕۆژانێکی بێشومار
منیان لەبیر کرد.
33 تۆ چەند لێزانیت لە گەڕانەوەی دوای خۆشەویستی!
تەنانەت سۆزانییەکانیشت فێری ڕێگای خۆت کرد.
34 هەروەها بە جلەکانت دەبینیرێت،
خوێنی گیانی نەدارە بێتاوانەکان،
هەرچەندە ئەوانت لە کاتی دیواربڕیندا نەگرت.
بەڵام لە سەرووی هەموو ئەمانەشەوە
35 دەڵێیت: ”من بێتاوانم،
خودا لە من تووڕە نییە.“
بەڵام دادگاییت دەکەم،
چونکە گوتت: ”گوناهم نەکرد.“
36 بۆچی زۆر دەگەڕێیت
بۆ گۆڕینی ڕێگاکانت؟
هەروەها لە میسریش شەرمەزار دەبیت،
وەک چۆن لە ئاشور شەرمەزار بوویت.
37 هەروەها میسر بەجێدەهێڵیت و
وەک دیل دەستەکانت بەسەر سەرتەوە[e] دەبن،
چونکە ئەوانەی تۆ پشتیان پێ دەبەستیت یەزدان ڕەتیکردنەوە،
بەوان سەرکەوتوو نابیت.»
3 «ئەگەر پیاو ژنی خۆی تەڵاق بدات و
ژنەکەی لەلای بڕوات و بۆ پیاوێکی دیکە بێت،
ئایا کابرا جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە لای ئەو ژنە؟
ئایا ئەو خاکە بە تەواوی گڵاو نابێت؟
بەڵام تۆ لەشی خۆتت بە زۆر دۆست فرۆشت،
ئایا ئێستا دەگەڕێیتەوە لام؟»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
2 «چاو هەڵبڕە بۆ گردۆڵکەکان و ببینە!
بزانە جێی ژووانێک هەیە کە لێی زەلیل نەکرابیت؟
وەک کۆچەر لە چۆڵەوانی
لەسەر ڕێگاکان بۆ خۆشەویستان دانیشتیت.
بە لەشفرۆشیت و بە خراپەت
خاکەکەت گڵاو کرد.
3 جا لێزمە باران ڕاوەستا و
بەهارە بارانیش نەبوو،
کەچی تۆ ناوچەوانی ژنە لەشفرۆشێکت هەبوو،
شەرم لەخۆکردنەوەت ڕەتکردەوە.
4 ئایا هەر ئێستا بانگت نەکردم،
”باوکە! تۆ هاوڕێی گەنجیێتی منیت!
5 ئایا هەتاهەتایە تووڕە دەبیت؟
ئایا هەتا کۆتایی هەڵدەچیت؟“
بەم شێوەیە قسەت کرد،
بەڵام تۆ ئەو هەموو خراپەیەت کرد کە توانیت.»
ئیسرائیلی هەڵگەڕاوە
6 لە سەردەمی پاشایەتی یۆشیای پاشادا یەزدان پێی فەرمووم: «ئایا بینیت ئیسرائیلی هەڵگەڕاوە چی کرد؟ چووە سەر هەموو گردێکی بەرز و ژێر هەموو دارێکی سەوز، لەوێ داوێنپیسی[f] کرد. 7 بیرم کردەوە لەپاش ئەوەی هەموو ئەمەی کرد، بۆ لای من دەگەڕێتەوە، بەڵام نەگەڕایەوە. جا یەهودای خوشکی ناپاکی ئەمەی بینی. 8 تەڵاقنامەم دا بە ئیسرائیلی هەڵگەڕاوە و ناردمەوە، لەبەر هەموو داوێنپیسییەکانی. کەچی بینیم یەهودای خوشکی ناپاکی نەترسا، جا ئەویش چوو و داوێنپیسی کرد. 9 لەبەر ئەوەی بە سووکی سەیری لەشفرۆشییەکەی کرد، زەوی گڵاو کرد و داوێنپیسی لەگەڵ دار و بەردا کرد. 10 لەگەڵ هەموو ئەوەشدا، یەهودای خوشکی ناپاکی بە هەموو دڵییەوە نەگەڕایەوە لام، بەڵکو تەنها بە ڕواڵەت.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
11 ئینجا یەزدان پێی فەرمووم: «ئیسرائیلی هەڵگەڕاوە لە یەهودای ناپاک ڕاستودروستترە. 12 بڕۆ، ئەو پەیامە بۆ باکوور ڕابگەیەنە، بڵێ:
«یەزدان دەفەرموێت: ”ئەی ئیسرائیلی هەڵگەڕاوە، بگەڕێوە،
ناوچەوانم لێتان گرژ ناکەم،
چونکە خۆشەویستییەکەم ناگۆڕێت.“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
”تووڕەییم هەتاهەتایی نییە.
13 تەنها دان بە تاوانەکەتدا بنێی،
چونکە لە یەزدانی پەروەردگارت یاخی بوویت و
خۆشەویستیت بۆ خوداوەندە بێگانەکان بڵاوکردەوە
لەژێر هەموو دارێکی سەوز.
ئێوە گوێڕایەڵی من نەبوون.“»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
14 یەزدان دەفەرموێت: «ئەی ڕۆڵە هەڵگەڕاوەکان، بگەڕێنەوە، چونکە من مێردی ئێوەم[g]، دەتانبەم، یەکێک لە شارۆچکەیەک و دووان لە خێڵێک، دەتانهێنمە سییۆن. 15 شوانتان بۆ دادەنێم بە دڵی خۆم بێت، بە زانین و وریاییەوە بتانلەوەڕێنن.» 16 یەزدان دەفەرموێت: «لەو ڕۆژانەدا، کە لە خاکەکە زۆر دەبن و بەروبوومتان دەبێت، ئیتر ناڵێن: ”سندوقی پەیمانی یەزدان.“ بە مێشکیاندا نایەت و بەبیریان نایەتەوە، بەسەری ناکەنەوە و جارێکی دیکە دروستناکرێتەوە. 17 لەو کاتەدا بە ئۆرشەلیم دەڵێن، ”تەختی یەزدان“ و هەموو نەتەوەکان لە ئۆرشەلیم کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی ڕێز لە ناوی یەزدان بگرن. ئیتر بەدوای کەللەڕەقییە خراپەکەیان ناکەون. 18 لەو ڕۆژانەدا بنەماڵەی یەهودا لەگەڵ بنەماڵەی ئیسرائیل دەڕۆن، بەیەکەوە لە خاکی باکوورەوە دێن بۆ ئەو خاکەی کە کردمە میرات بۆ باوباپیرانتان.»
19 «بەڵام من، یەزدانم، دەفەرمووم:
«”چەند دەمەوێ وەک کوڕانی خۆمتان دابنێم و
زەوییەکی ئارەزووبەخشتان بدەمێ،
جوانترین میراتی نەتەوەکان!“
وامدەزانی ئێوە بە ”باوکە“ بانگم دەکەن و
لە شوێنکەوتنی من لانادەن.
20 بەڵام وەک چۆن ژن ناپاکی لە هاوسەری خۆی دەکات،
ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، ئاوا ناپاکیتان لێکردم،»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
21 دەنگێک لە گردۆڵکەکانەوە دەبیسترێت،
گریان و پاڕانەوەکانی نەوەی ئیسرائیلە،
چونکە ڕێگاکانی خۆیان خوارکردووە و
یەزدانی پەروەردگاریان لەبیر کردووە.
22 «ئەی ڕۆڵە هەڵگەڕاوەکان، بگەڕێنەوە،
هەڵگەڕانەوەکانتان چاک دەکەمەوە.»
«بەڵێ، دەگەڕێنەوە لات،
چونکە تۆ یەزدانیت، خودای ئێمەیت.
23 بێگومان بتپەرستی بە غەڵبەغەڵبەوە لەسەر چیا و گردەکان خۆهەڵخەڵەتاندنە،
بێگومان بە یەزدانی پەروەردگارمان ئیسرائیل ڕزگار دەبێت.
24 لە هەرزەکاریمانەوە بەعلی خوداوەندی شەرمەزاری
ڕەنجی باوباپیرانی ئێمەی خواردووە،
لە مەڕ و مانگا و
کوڕ و کچ.
25 با لەناو شورەیی خۆمان ڕابکشێین،
با شەرمەزاریمان دامانبپۆشێت،
چونکە ئێمە و باوباپیرانمان گوناهمان کرد
لە دژی یەزدانی پەروەردگارمان،
لە هەرزەکاریمانەوە هەتا ئەمڕۆش،
گوێڕایەڵی یەزدانی پەروەردگارمان نەبووین.»
4 یەزدان دەفەرموێت: «ئەی ئیسرائیل، ئەگەر گەڕایتەوە،
بگەڕێوە لای من.
ئەگەر بتە قێزەونەکانت لەبەردەمم لابدەی،
گومڕا نابیت،
2 ئەگەر بە ڕاستی و دادپەروەری و ڕاستودروستییەوە
سوێند بخۆیت: ”بە یەزدانی زیندوو،“
ئەوسا نەتەوەکان بەو بەرەکەتدار دەبن و
شانازی بەوەوە دەکەن.»
3 یەزدان ئەمە بە پیاوەکانی یەهودا و ئۆرشەلیم دەفەرموێت:
«زەوی بەیارتان بکێڵن و
لەناو دڕکوداڵدا مەچێنن.
4 ئەی پیاوانی یەهودا و دانیشتووانی ئۆرشەلیم،
خۆتان بۆ یەزدان خەتەنە[h] بکەن،
دڵتان خەتەنە بکەن،
نەوەک تووڕەییم بجۆشێت و وەک ئاگر بسووتێنێت،
لەبەر خراپی کردەوەکانتان،
بسووتێنێت و کەس ناتوانێت بیکوژێنێتەوە.»
بەڵایەک لە باکوورەوە
5 «لە یەهودا ڕایبگەیەنن، لە ئۆرشەلیم دەنگتان ببیسترێت، بڵێن:
”لە خاکەکە فوو بە کەڕەنادا بکەن!“
بە دەنگی بەرز بانگەواز بکەن و بڵێن: ”کۆببنەوە!
با هەڵبێین بۆ شارە قەڵابەندەکان!“
6 ئاڵا بەرز بکەنەوە بۆ چوونە سییۆن!
خۆتان بدەنە پەنا! ڕامەوەستن!
چونکە من لە باکوورەوە بەڵا دەهێنم،
تێکشکانێکی گەورە.»
7 شێر لە لانەکەیەوە هاتە دەرەوە،
تێکشکێنەری نەتەوەکان بەڕێکەوت.
لە شوێنەکەی خۆی هاتە دەرەوە
بۆ ئەوەی خاکەکەت وێران بکات.
شارۆچکەکانت کاول دەبن
بێ ئاوەدانی دەبن.
8 لەبەر ئەمە جلوبەرگی گوش[i] لەبەر بکەن،
لە خۆتان بدەن و واوەیلا بکەن،
چونکە گڕی تووڕەیی یەزدان
هێشتا دانەمرکاوەتەوە.
9 یەزدان دەفەرموێت: «جا ئەوە دەبێت لەو ڕۆژەدا،
پاشا و پیاوە گەورەکان جەرگبڕاو دەبن،
کاهینەکان دەحەپەسێن و
پێغەمبەرەکان واقیان وڕدەمێنێت.»
10 جا گوتم: «ئای، ئەی یەزدانی باڵادەست، بێگومان ئەم گەلە و ئۆرشەلیمت بە تەواوی فریودا، فەرمووت: ”ئاشتیتان بۆ دەبێت،“ کەچی شمشێر گەیشتە گیانمان.»
11 لەو کاتەدا بەم گەلە و بە ئۆرشەلیم دەگوترێت: «بای سووتێنەر لە گردۆڵکەکانی چۆڵەوانییەوە بەرەو گەلەکەم هەڵدەکات، نە بۆ شەن و نە بۆ جیاکردنەوە، 12 بایەکی لەوە بەگوڕترە، لە منەوە دێت. ئێستاش من حوکمی خۆم بەسەریاندا ڕادەگەیەنم.»
13 تەماشا بکەن! وەک هەورەکان سەردەکەوێت،
گالیسکەکانی وەک گەردەلوولە،
ئەسپەکانی لە هەڵۆ تیژڕەوترن.
قوڕبەسەرمان، وێران کراین!
14 ئەی ئۆرشەلیم، دڵت لە خراپە بشۆوە بۆ ئەوەی ڕزگارت بێت.
هەتا کەی بیروڕا خراپەکانت لەناوەڕاستت دەمێنێتەوە؟
15 دەنگێک لە دانەوە ڕادەگەیەنێت،
کارەسات لە شاخەکانی ئەفرایمەوە دەبیسترێت.
16 «نەتەوەکان ئاگادار بکەنەوە،
با خەڵکی ئۆرشەلیم بیبیستن:
”ئابڵوقەدەران لە خاکێکی دوورەوە دێن،
بەسەر شارەکانی یەهودا دەنگیان بەرز دەکەنەوە.
17 لە چواردەوری وەک پاسەوانانی کێڵگەیان لێهاتووە،
چونکە لە من یاخی بوون.“»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
18 «ڕەفتار و کردەوەکانت
ئەمەیان پێکردیت،
ئەمە سزاکەتە،
چەند تاڵە!
چونکە گەیشتە دڵت.»
19 ئەی ئازارم، ئەی ئازارم!
من لەتاو ئێشم دەتوێمەوە.
دڵم ژان دەکات!
دڵەکوتێمە، بێدەنگ نابم،
چونکە گوێم لە دەنگی کەڕەنا و نەعرەتەی جەنگ بوو.
20 کارەسات لەدوای کارەسات دێت،
هەموو خاکەکە وێران بوو.
لەپڕ خێوەتەکانم وێران بوون،
لە چرکەیەکدا پەناگاکانم.
21 هەتا کەی ئاڵای جەنگ دەبینم و
گوێم لە دەنگی کەڕەنا دەبێت؟
22 «گەلەکەم گێلە و
من ناناسێت.
ئەوان کوڕی دەبەنگن،
ئەوان تێنەگەیشتوون،
ئەوان دانان بۆ کاری خراپە،
بەڵام نازانن چۆن چاکە بکەن.»
23 تەماشای زەویم کرد،
بێ شێوە و بەتاڵ بوو،
بەرەو ئاسمانیش،
ڕووناکییەکەی نەمابوو.
24 تەماشای چیاکانم کرد دەهەژان،
هەموو گردەکانیش لەق بوون.
25 تەماشام کرد، هیچ کەسێک دیار نەبوو،
باڵندەکانی ئاسمانیش هەموو هەڵاتوون،
26 تەماشام کرد، باخەکان چۆڵەوانین و
هەموو شارۆچکەکانی کاول بوون
لەبەردەم یەزدان، لە ڕووی گڕی تووڕەییەکەی.
27 سەبارەت بەمەش یەزدان بەم جۆرە دەفەرموێت:
«هەموو زەوی وێران دەبێت،
بەڵام بە تەواوی کۆتایی پێ ناهێنم.
28 لەبەر ئەمە زەوی شیوەن دەگێڕێت،
ئاسمانیش لە سەرەوە تاریک دادێت،
لەبەر ئەوەی من قسەم کرد و پاشگەز نەبوومەوە،
بڕیارم دا و بڕیارەکەم ناگۆڕم.»
29 لە دەنگی سوار و تیرهاوێژ
هەموو شارۆچکەکان ڕایانکرد.
هەندێک چوونە ناو دارستانەکان،
هەندێک سەرکەوتنە سەر بەردەکان.
هەموو شارۆچکەکان بەجێهێڵراون،
هیچ کەسێک تێیاندا نیشتەجێ نییە.
30 تۆش ئەی نەتەوە وێرانەکە، چی دەکەیت؟
بۆچی بەرگی ئاڵ لەبەر دەکەیت و
خشڵی زێڕ بە خۆتەوە دەکەیت؟
بۆچی بە کل چاوەکانت ڕەش دەکەیت؟
بێهوودە خۆت جوان دەکەیت،
لەبەرچاوی ئەوینداران کەوتووی،
ئەوان داوای گیانت دەکەن.
31 هاوارێکم بیست وەک هاواری ژنێکی ژانگرتوو بوو،
لە ناخۆشیدا وەک یەکەم منداڵی بێت.
دەنگی سییۆنی کچ[j] هەنسک دەدات،
دەست پان دەکاتەوە، دەڵێت:
«وەی لە من! دەبوورێمەوە،
گیانم لەبەر بکوژان دەردەچێت!»
کەس ڕاستودروست نییە
5 «بەناو شەقامەکانی ئۆرشەلیمدا هاتوچۆ بکەن،
ئێستا تەماشا بکەن و بزانن،
لەناو گۆڕەپانەکانی بگەڕێن.
ئەگەر یەکێکتان بینییەوە
دادپەروەری بکات و بەدوای ڕاستیدا بگەڕێت،
ئەوا من لەم شارە خۆشدەبم.
2 هەرچەندە دەڵێن: ”بە یەزدانی زیندوو،“
هێشتا بە درۆ سوێند دەخۆن.»
3 ئەی یەزدان، ئایا چاوت بەدوای ڕاستیدا ناگەڕێت؟
لێت دان بەڵام ئازاریان پێ نەگەیشت،
تێکت شکاندن بەڵام ڕەتیانکردەوە تەمبێ بکرێن.
ڕووی خۆیان لە بەرد ڕەقتر کرد،
تۆبەکردنیان ڕەتکردەوە.
4 بەڵام من گوتم: «ئەوانە هەژارن،
نەزان بوون،
چونکە ڕێگای یەزدان ناناسن و
نازانن خودا داوای چییان لێ دەکات.
5 کەواتە دەچمە لای گەورە پیاوان و
قسەیان لەگەڵ دەکەم،
بێگومان ئەوان ڕێگای یەزدان دەناسن و
دەزانن خودا داوای چییان لێ دەکات.»
بەڵام ئەوان پێکەوە نیریان شکاند،
بەندیان پساند.
6 لەبەر ئەوە لە دارستان شێر هێرشیان دەکاتە سەر،
گورگی بیابان دەیانفەوتێنێت،
پڵنگ لە دەوری شارۆچکەکانیان خۆی مات دەدات،
تاکو ئەوەی لێی بێتە دەرەوە پارچەپارچەی بکات،
چونکە یاخیبوونەکانیان زۆربوون،
هەڵگەڕانەوەکانیان گەورە بوون.
7 «چۆن لەمە لێت خۆشدەبم؟
کوڕەکانت وازیان لێ هێنام و
سوێند بەوە دەخۆن کە خودا نییە.
کە تێرم کردن، داوێنپیسییان کرد،
پاڵەپەستۆیانە بۆ ماڵی لەشفرۆش.
8 بوون بە ئەسپی خورت و بە عیتە،
هەریەکە بەسەر ژنی برادەرەکەیدا دەحیلێنێت.
9 ئایا لەسەر ئەمە سزایان نەدەم؟
ئایا من تۆڵە لە نەتەوەیەکی وەک ئەمە نەستێنمەوە؟»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
10 «سەربکەونە سەر پەرژینی ڕەزەمێوەکان و تێکیان بدەن،
بەڵام بە تەواوی مەیفەوتێنن.
لقەکانی لێ بکەنەوە،
چونکە هی یەزدان نین.
11 بنەماڵەی ئیسرائیل و بنەماڵەی یەهودا
بە تەواوی ناپاکییان لێکردم.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
12 درۆیان بە دەمی یەزدانەوە کرد،
گوتیان، «ئەو هیچ ناکات!
بەڵامان بەسەرنایەت،
شمشێر و قاتوقڕی نابینین.
13 پێغەمبەرەکان بوون بە هاژەی با،
وشەکە لەواندا نییە،
ئەوەی گوتیان بەسەریان دەهێنرێت.»
14 لەبەر ئەوە یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالار، ئەمە دەفەرموێت:
«لەبەر ئەوەی ئەم گەلە ئەو قسانەیان کرد،
ئەوەتا من وتەکانم لە دەمی تۆدا دەکەمە ئاگر،
ئەم گەلەش دەکەم بە دار و دەیانخوات.»
15 یەزدان دەفەرموێت: «ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل،
ئەوەتا من نەتەوەیەک لە دوورەوە دەهێنمە سەرتان،
نەتەوەیەکی پتەو و دێرینە،
نەتەوەیەکە زمانەکەیان نازانن،
لە قسەکردنیان تێناگەن.
16 تیردانەکەی وەک گۆڕی دەم کراوەیە،
هەموو پاڵەوانن.
17 دروێنە و نانت دەخوات،
کوڕ و کچت دەخوات،
مەڕ و مانگات دەخوات،
مێو و هەنجیرت دەخوات.
شارە قەڵابەندەکانت کە تۆ پشتت پێ بەستوون،
بە شمشێر دەفەوتێنێت.»
18 یەزدان دەفەرموێت: «هەروەها لەو ڕۆژانەدا، کۆتاییتان پێ ناهێنم. 19 جا کە دەڵێن: ”لەبەر چی یەزدانی پەروەردگارمان هەموو ئەمەی پێکردین؟“ پێیان دەڵێیت: ”لەبەر ئەوەی وازتان لێ هێنام و لە خاکەکەتان خوداوەندە بێگانەکانتان پەرست، ئاوا دەبێت بێگانە پەرستی بکەن لە خاکێک کە هی ئێوە نییە.[k]“
20 «ئەمە بە بنەماڵەی یاقوب ڕابگەیەنن و
با لەناو یەهودا ببیسترێت، بڵێن:
21 ئەی گەلی گێل و بێ مێشک، ئێستا گوێ لەمە بگرن،
ئەی ئەوانەی چاوتان هەیە و نابینن،
گوێتان هەیە و نابیستن:
22 ئایا لە من ناترسن؟»
هەروەها یەزدان دەفەرموێت:
«ئایا لەبەردەمی من نالەرزن؟
من کە لمم بۆ دەریا کرد بە سنوور،
بەربەستێکی هەتاهەتاییە و لێی تێناپەڕێت.
شەپۆل خۆی پێدا دەدات و سەرکەوتوو نابێت،
هاژەی دێت و تێناپەڕێت.
23 بەڵام ئەم گەلە دڵێکی منجڕ و یاخی هەیە،
لەڕێ لایاندا و ڕۆیشتن.
24 لە دڵی خۆیاندا ناڵێن،
”ئێستا با لە یەزدانی پەروەردگارمان بترسین،
ئەوەی باران دەبارێنێت، یەکەم باران و دوا باران لە وەرزی خۆی،
لە هەفتە دیاریکراوەکانی دروێنە دڵنیامان دەکاتەوە.“
25 تاوانەکانتان ڕێگرییان لەم بەرەکەتانە کرد،
گوناهەکانتان لە چاکە بێبەشی کردن.
26 «بەدکاران لەنێو گەلەکەمدا دەبینرێنەوە،
وەک ڕاوچی خۆیان ماتداوە و چاو دەگێڕن،
تەڵە دەنێنەوە و مرۆڤ دەگرن.
27 وەک قەفەزی پڕ لە باڵدار،
ماڵەکانیان پڕە لە فێڵ،
لەبەر ئەمە گەورە و دەوڵەمەند بوون،
28 قەڵەو و تێر بوون.
هەروەها لە خراپەکاریدا بێ سنوورن،
پارێزەرایەتییان بۆ سکاڵای هەتیو نەکرد هەتا سەرکەوتوو بن،
بەرگرییان لە مافی هەژاران نەکرد.
29 ئایا لەسەر ئەمە سزایان نەدەم؟
ئایا من تۆڵە لە نەتەوەیەکی وەک ئەمە نەستێنمەوە؟»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
30 «تۆقین و سەرسوڕماویێک
لە خاکەکەدا ڕوویدا:
31 پێغەمبەرەکان بە درۆ پێشبینی دەکەن،
کاهینەکانیش بە ویستی خۆیان فەرمانڕەوایەتی دەکەن،
گەلەکەشم حەزیان لەم دۆخەیە.
بەڵام لە کۆتاییەکەیدا ئێوە چی دەکەن؟
گەمارۆی ئۆرشەلیم
6 «ئەی نەوەی بنیامین،
لە ئۆرشەلیمەوە هەڵبێن!
لە تەقۆعە فوو بە کەڕەنادا بکەن!
لەسەر بێتهاکارەم ئاگر وەک نیشانە هەڵبکەن!
چونکە بەڵا و شکستێکی گەورە
لە باکوورەوە دەرکەوتووە.
2 من سییۆنی کچ[l] لەناو دەبەم،
کچە جوان و نازدارەکە.
3 شوانەکان بە مێگەلەکانیانەوە[m] بۆ لای ئەو دێن،
ڕەشماڵەکان لە دەوری هەڵدەدەن و
هەرکەسە لە بەشی خۆی دەلەوەڕێنێ.»
4 «جەنگێک لە دژی سییۆن ئامادە بکەن!
هەستن بە نیوەڕۆ هێرش ببەین!
بەڵام بە داخەوە، ڕۆژ ئاوا بوو،
سێبەرەکانی ئێوارە درێژبوونەوە.
5 کەواتە هەستن بە شەو هێرش ببەین،
قەڵاکانی وێران بکەین!»
6 یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت:
«دار ببڕنەوە و
مەتەرێز لە دەوری ئۆرشەلیمەوە دابڕێژن.
دەبێت ئەو شارە سزا بدرێت،
چونکە سەراپای پڕ ستەمە.
7 وەک کانییەک ئاوەکەی هەڵبقوڵێت،
ئاوا خراپییەکەی هەڵدەقوڵێت.
توندوتیژی و ڕفاندنی تێدا دەبیسترێت،
هەمیشە لەبەردەمم نەخۆشی و برینداری هەیە.
8 ئەی ئۆرشەلیم، ئاگاداربە،
نەوەک پشتم لە تۆ بکەم،
نەوەک بتکەمە خاکێکی وێران،
ئیتر کەسی تێدا نیشتەجێ نەبێ.»
9 یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت:
«با پاشماوەی ئیسرائیل بە تەواوی بچنرێنەوە،
بە تەواوی وەک ڕەزەمێو،
با دەستت بەسەر لقەکاندا بگێڕیت،
وەک کەسێک ترێ دەچنێتەوە.»
10 بۆ کێ قسە بکەم؟ کێ ئاگادار بکەمەوە؟
کێ گوێم لێ دەگرێت؟
ئەوەتا گوێیان داخراوە
بۆ ئەوەی نەتوانن گوێ شل بکەن.
فەرمایشتی یەزدان بۆیان بووە بە ڕیسوایی،
دڵیان پێی خۆش نییە.
11 لەبەر ئەوە پڕبووم لە تووڕەیی یەزدان،
بێزاربووم لە دەستپێوەگرتنی.
«تووڕەییەکەی بەسەر منداڵی کۆڵانەکانیدا بڕێژە،
بەسەر تێکڕای کۆڕی گەنجان،
ژن لەگەڵ مێرد دەبردرێت،
پیر لەگەڵ بەساڵاچووان.
12 ماڵەکانیان بۆ خەڵکی دیکە دەبن،
کێڵگە و ژنەکانیان پێکەوە،
چونکە دەستم بۆ سەر دانیشتووانی خاکەکە
درێژ دەکەم.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
13 «لە بچووکیان هەتا گەورەیان،
هەموویان پەرۆشی قازانجن،
لە پێغەمبەرەوە هەتا کاهین،
هەموو ساختە دەکەن.
14 برینی گەلەکەم بە سووکیەوە چاک دەکەنەوە و
دەڵێن: ”ئاشتی، ئاشتی!“
بەڵام ئاشتی نییە.
15 ئایا شەرمەزار بوون کاتێک کاری قێزەونیان کرد؟
نەخێر! شەرمەزار نەبوون،
هەروەها نەیانزانی شەرمەزاری چییە.
لەبەر ئەوە دەکەونە ناو کوژراوان،
لە کاتی سزادانیان تێکدەشکێن.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
16 یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«لەسەر ڕێگاکان بوەستن و تەماشا بکەن،
پرسیاری ڕێچکە کۆنەکان بکەن،
ڕێگا چاکەکە لەکوێیە، پێیدا بڕۆن،
حەسانەوە بۆ دەروونتان دەدۆزنەوە.
بەڵام گوتتان: ”پێیدا ناڕۆین.“
17 چاودێرم بەسەرتانەوە دانا، گوتم:
”گوێ بۆ دەنگی کەڕەنا شل بکەن!“
بەڵام گوتتان: ”گوێ شل ناکەین.“
18 لەبەر ئەوە ئەی نەتەوەکان، گوێ بگرن،
ئەی شایەتەکان، بزانن چییان بەسەردێت.
19 ئەی زەوی، گوێ بگرە:
ئەوەتا من بەڵا بەسەر ئەم گەلەدا دەهێنم،
بەروبوومی بیرکردنەوەکانیانە،
چونکە گوێیان بۆ وشەکانم شل نەکرد و
فێرکردنی منیان ڕەتکردەوە.
20 بەلامەوە گرنگ نییە، بخوور لە شەباوە بێت و
قامیشی بۆنخۆش لە خاکێکی دوورەوە؟
قوربانی سووتاندنەکانتان قبوڵ نین و
قوربانییە سەربڕدراوەکانتان لەلای من خۆش نین.»
21 لەبەر ئەوە یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«من کۆسپ بۆ ئەم گەلە دادەنێم،
باوکان و کوڕان پێکەوە ساتمەی لێ دەکەن،
دراوسێ و هاوڕێ لەناودەچن.»
22 یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«ئەوەتا! سوپایەک لە خاکی باکوورەوە دێت،
نەتەوەیەکی مەزن لەوپەڕی زەوییەوە هەڵدەستێنرێت.
23 کەوان و ڕمیان بە دەستەوەیە،
دڵڕەقن و بەزەییان نییە،
دەنگیان وەک دەریا هاژەی دێت و
سواری ئەسپ دەبن،
وەک یەک پیاو ڕیز دەبەستن
بۆ هێرشکردنە سەر تۆ، ئەی سییۆنی کچ.»
24 هەواڵی ئەوانمان بیست،
ورەمان ڕووخا،
تووشی تەنگانە بووین،
تووشی ئازار بووین وەک ئازاری ژنی ژانگرتوو.
25 دەرمەچن بۆ کێڵگە!
بە ڕێگادا مەڕۆن!
چونکە دوژمن شمشێری پێیە،
لە هەموو لایەکەوە ترس و تۆقین هەیە.
26 ئەی گەلەکەم، جلوبەرگی گوش بپۆشە،
خۆت لە خۆڵەمێش بگەوزێنە،
شینی تاقانەیەک بۆ خۆت بگێڕە، بە لاوانەوەیەکی تاڵ،
چونکە لەناکاو تێکدەر بەسەرماندا دەدات.
27 «ئەی یەرمیا، تۆم لەنێو گەلەکەم دانا،
وەک تاقیکەرەوە و سەنگی مەحەک،
بۆ ئەوەی ڕەفتاریان بزانیت و
تاقییان بکەیتەوە.
28 هەموو یاخی و کەللەڕەقن،
بە پەلەن بۆ بوختانکردن،
ئەوان بڕۆنز و ئاسنن،
هەموو تێکدەرن.
29 مووشەی دێت مووشەدەمە[n]
بۆ ئەوەی بە ئاگر قورقوشم بفەوتێنێت،
بەڵام بێهوودە زێڕنگەر بێگەردی دەکات،
بەدکاران بێگەرد نابن.
30 پێیان دەگوترێت زیوی ناپەسەند،
چونکە یەزدان پەسەندی نەکردوون.»
پشتبەستن بە قسەی هەڵخەڵەتێنەر
7 ئەمە ئەو پەیامەیە کە لەلایەن یەزدانەوە بۆ یەرمیا هات: 2 «لەناو دەروازەی ماڵی یەزدان بوەستە و لەوێ ئەم پەیامە ڕابگەیەنە و بڵێ:
«”گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن، ئەی هەموو گەلی یەهودا، ئەوانەی لەم دەرگایە بۆ کڕنۆش بردن بۆ یەزدان دێنە ژوورەوە. 3 یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ڕێگا و کردەوەکانتان چاک بکەنەوە و منیش لەم شوێنەدا نیشتەجێتان دەکەم. 4 پشت بەم قسە هەڵخەڵەتێنەرە مەبەستن، بڵێن: ’ئەمە پەرستگای یەزدانە، پەرستگای یەزدانە، پەرستگای یەزدانە!‘ 5 چونکە ئەگەر بە تەواوی ڕێگا و کردەوەکانی خۆتان چاککردەوە، ئەگەر لەنێو خۆتان بە تەواوی دادپەروەری پەیڕەو بکەن، 6 ئەگەر ستەم لە نامۆ و هەتیو و بێوەژن نەکەن، لەم شوێنەدا خوێنی بێتاوان نەڕێژن، ئەگەر دوای خوداکانی دیکە نەکەون کە بۆ خراپەی خۆتانە، 7 ئەوا من لەم شوێنەدا نیشتەجێتان دەکەم، لەو خاکەی لە ئەزەلەوە و بۆ هەتاهەتایە بە باوباپیرانتانم داوە. 8 بەڵام ئێوە پشتتان بە قسەی هەڵخەڵەتێنەر بەستووە کە بێ سوودە.
9 «”ئایا وا دەزانن دەتوانن بدزن، بکوژن، داوێنپیسی بکەن، سوێند بە درۆ بخۆن، بخوور بۆ بەعل بسووتێنن و دوای خوداکانی دیکە بکەون کە نایانناسن، 10 ئینجا بێن و لەبەردەمم لەم ماڵە بوەستن کە ناوی منی هەڵگرتووە و بڵێن: ’ئێمە پارێزراوین.‘ ئایا پارێزراون بۆ ئەوەی بەردەوام بن لە ئەنجامدانی ئەم هەموو کارە قێزەونانە؟ 11 ئایا ئەم ماڵەی ناوی منی هەڵگرتووە، لەبەرچاوی ئێوە بووە بە ئەشکەوتی دزان؟ ئەوەتا خۆم بینیومە.“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
12 «یەزدان دەفەرموێت: ”ئێستا بڕۆنە شوێنەکەم کە لە شیلۆیە، ئەوەی سەرەتا ناوی خۆمم لەوێ نیشتەجێ کرد، ببینن لەبەر خراپەی ئیسرائیلی گەلی خۆم چیم لێکردووە. 13 ئێستاش لەبەر ئەوەی ئێوە ئەم کردەوانەتان کردووە، من پێش وەخت چەند جارێک قسەم لەگەڵتان کرد، بەڵام گوێتان نەگرت. بانگم کردن، بەڵام وەڵامتان نەدایەوە. 14 لەبەر ئەوە، چیم بە شیلۆم کرد،[o] ئاوا بەو پەرستگایە دەکەم کە ناوی منی هەڵگرتووە کە ئێوە پشتتان پێی بەستووە، ئەو شوێنەی دامە ئێوە و باوباپیرانتان. 15 لەبەردەمم دەرتاندەکەم، وەک چۆن براکانتانم دەرکرد، هەموو نەوەی ئەفرایم.“
16 «تۆش نزا بۆ ئەم گەلە مەکە، لەبەر ئەوان نوێژ و نزا بەرز مەکەوە و لێم مەپاڕێوە، چونکە گوێت لێ ناگرم. 17 ئایا نابینیت لە شارۆچکەکانی یەهودا و لە شەقامەکانی ئۆرشەلیم چی دەکەن؟ 18 منداڵ دەچنە داران، باوک ئاگر دەکەنەوە، ژن هەویر دەشێلن، بۆ ئەوەی کولێرە بۆ شاژنی[p] ئاسمان بکەن. شەرابی پێشکەشکراو بۆ خوداکانی دیکە دەڕێژن بۆ ئەوەی پەستم بکەن. 19 بەڵام ئایا ئەم پەستکردنە لە دژی منە؟ ئایا زیان بە خۆیان ناگەیەنن، بۆ شەرمەزاری ڕووی خۆیان؟ ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
20 «”لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەوەتا تووڕەیی و هەڵچوونی من بەسەر ئەم شوێنەدا هەڵدەڕژێت، بەسەر مرۆڤ و ئاژەڵ و درەختی کێڵگە و بەروبوومی زەوی، گڕ دەگرێت و ناکوژێتەوە.
21 «”یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: قوربانی سووتاندنەکانتان بخەنە سەر قوربانییە سەربڕدراوەکانتان و فەرموون گۆشت بخۆن، 22 چونکە کاتێک لە خاکی میسرەوە باوباپیرانی ئێوەم دەرهێنا لەگەڵیان دوام، تەنها سەبارەت بە قوربانی سووتاندن و سەربڕاو فەرمانم پێ نەکردن، 23 بەڵکو فەرمانی ئەم شتەم پێ کردن و فەرمووم: ’گوێم لێ بگرن، من دەبم بە خودای ئێوە و ئێوەش دەبن بە گەلی من، بە هەموو ئەو ڕێگایەدا دەڕۆن کە فەرمانتان پێ دەکەم بۆ ئەوەی بۆتان چاک بێت.‘ 24 بەڵام گوێیان نەگرت و گوێیان شل نەکرد، بەڵکو بە ڕاوێژ و کەللەڕەقییە خراپەکەی خۆیان ڕێگایان گرتەبەر، جا دواکەوتن و پێش نەکەوتن. 25 لەو ڕۆژەوە کە باوباپیرانتان خاکی میسریان بەجێهێشت هەتا ئەمڕۆ، من بەردەوام یەک لەدوای یەک بەندە پێغەمبەرەکانی خۆمم بۆ ناردوون. 26 بەڵام گوێیان لێ نەگرتم و گوێیان شل نەکرد و کەللەڕەقییان کرد، لە باوباپیرانیان زیاتر خراپەیان کرد.“
27 «جا تۆش بە هەموو ئەم پەیامە لەگەڵیان دەدوێیت، گوێت لێ ناگرن، بانگیان دەکەیت، وەڵامت نادەنەوە. 28 لەبەر ئەوە پێیان دەڵێیت: ”ئەمە ئەو نەتەوەیەیە کە گوێیان لە یەزدانی پەروەردگاریان نەگرت و تەمبێ نەبوون، ڕاستی نەماوە، لە دەمیان بڕاوەتەوە. 29 قژت ببڕە و فڕێیبدە، لەسەر گردۆڵکەکان شیوەن بگێڕە، چونکە یەزدان ڕەتی کردووەتەوە و وازی لەم نەوەیە هێناوە کە تووڕەییەکەی لەسەریەتی.“
دۆڵی کوشتن
30 «یەزدان دەفەرموێت: ”نەوەی یەهودا لەبەرچاوم خراپەیان کردووە، بتە قێزەونەکانیان لەناو ئەو ماڵە دانا کە ناوی منی هەڵگرتووە، بەمە گڵاوییان کرد. 31 هەروەها نزرگەکانیان لەسەر بەرزاییەکانی تۆفەت بنیاد ناوە، ئەوەی لە دۆڵی بەنهینۆمە بۆ سووتاندنی کوڕەکانیان و کچەکانیان بە ئاگر کە من نە فەرمانم پێکردووە و نە بەخەیاڵمدا هاتبوو. 32 یەزدان دەفەرموێت: لەبەر ئەوە، ئاگاداربن! سەردەمێک دێت ئیتر پێی ناگوترێ تۆفەت یان دۆڵی بەنهینۆم، بەڵکو دۆڵی کوشتن، چونکە لە تۆفەت دەنێژرێن هەتا شوێنی نامێنێت. 33 تەرمی ئەم گەلە دەبێتە خۆراکی باڵندە و ئاژەڵی کێوی، کەسیش نییە بیانڕەوێنێتەوە. 34 دەنگی شادی و دەنگی خۆشی، دەنگی زاوا و دەنگی بووک، لە شارۆچکەکانی یەهودا و لە شەقامەکانی ئۆرشەلیم ناهێڵم، چونکە خاکەکە وێران دەبێت.“
8 «یەزدان دەفەرموێت: ”لەو کاتەدا، ئێسکی پاشا و پیاوە گەورەکانی یەهودا، ئێسکی کاهین و پێغەمبەران، ئێسکی دانیشتووانی ئۆرشەلیم لە گۆڕەکانیان دەردەهێنن. 2 بۆ خۆر و مانگ و هەموو ئەستێرەکانی ئاسمان دەریدەخەن، ئەوانەی خۆشیان ویستن و ئەوانەی پەرستنیان و دوایان کەوتن و ڕاوێژیان پێ کردن و کڕنۆشیان بۆ بردن. کۆناکرێنەوە و نانێژرێن، بەڵکو دەبنە زبڵ بەسەر ڕووی خاکەکەوە. 3 هەموو ئەوانەی لەم نەتەوە بەدکارە ماونەتەوە، لە هەر شوێنێک کە دەرمکردن بۆی، مردنیان پێ لە ژیان چاکتر دەبێت. ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.“
گوناه و سزا
4 «پێیان بڵێ: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«”ئایا کەسێک بکەوێت هەڵناستێتەوە؟
یان کەسێک هەڵبگەڕێتەوە، ناگەڕێتەوە؟
5 بۆچی ئەم گەلە هەڵگەڕایەوە؟
بۆچی خەڵکی ئۆرشەلیم بە بەردەوامی هەڵدەگەڕێنەوە؟
دەستیان بە فرتوفێڵ گرتووە،
ڕەتیانکردەوە بگەڕێنەوە.
6 بە ئاگاییەوە گوێم شل کرد،
بەڵام ڕاستی ناڵێن.
کەس نییە لە خراپەی خۆی پەشیمان بێتەوە و
بڵێت: ’چیم کرد؟‘
هەریەکە و گەڕاوەتەوە سەر ڕێڕەوەکەی خۆی،
وەک ئەسپێکی بە تاو بۆ ناو جەنگ.
7 تەنانەت لەقلەق لە ئاسمان
کاتی خۆی دەزانێت،
کۆتر و پەڕەسێلکە و ڕیشۆڵەش
کاتی هاتنی خۆیان ڕەچاو دەکەن،
بەڵام گەلەکەی من نازانن
یەزدان داوای چییان لێ دەکات.
8 «”ئێوە چۆن دەڵێن: ’ئێمە داناین،
چونکە فێرکردنی یەزدانمان لەلایە،‘
لە کاتێکدا پێنووسی درۆی مامۆستایانی تەورات
بۆ درۆ دەستبەکار بوو؟
9 داناکان ڕیسوا دەبن،
دەتۆقن و پێوە دەبن.
ئەوەتا فەرمایشتی یەزدانیان ڕەتکردەوە،
ئیتر چ داناییەکیان هەیە؟
10 لەبەر ئەوە ژنەکانیان دەدەمە خەڵکی دیکە،
کێڵگەکانیان بەوانەی میراتگریانن،
چونکە لە بچووکەوە هەتا گەورە
هەموو پەرۆشی قازانجن،
لە پێغەمبەرەوە هەتا کاهین
هەموو ساختە دەکەن.
11 برینی گەلەکەم بە سووکیەوە چاک دەکەنەوە و
دەڵێن، ’ئاشتی، ئاشتی!‘
بەڵام ئاشتی نییە.
12 ئایا شەرمەزار بوون کاتێک کاری قێزەونیان کرد؟
نەخێر! شەرمەزار نەبوون،
هەروەها نەیانزانی شەرمەزاری چییە.
لەبەر ئەوە دەکەونە ناو کوژراوان،
لە کاتی سزادانیان تێکدەشکێن.“»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
13 یەزدان دەفەرموێت: «”دروێنەکەیان لێ دەبەم،
نە ترێ بە مێوەوە دەمێنێت،
نە هەنجیر بە دار هەنجیرەوە،
گەڵاکانیش سیس دەبن.
ئەوەی دەیاندەمێ لەلایان نامێنێت.“»
14 «ئێمە بۆچی دانیشتووین؟
با کۆببینەوە!
با هەڵبێین بۆ شارە قەڵابەندەکان و
لەوێ لەناوبچین!
یەزدانی پەروەردگارمان بڕیاری لەناوچوونی ئێمەی داوە،
ئاوی ژەهراویمان دەرخوارد دەدات،
لەبەر ئەوەی لە دژی یەزدان گوناهمان کرد.
15 چاوەڕێی ئاشتی بووین،
بەڵام چاکە نەبوو.
چاوەڕێی کاتی چاکبوونەوە بووین،
بەڵام ئەوەتا تۆقین.
16 پڕمەی ئەسپەکانی ئەو
لە دانەوە دەبیسترێت،
لە دەنگی حیلەی ئەسپە بەهێزەکانی
هەموو زەوی دەلەرزێت،
جا هاتن بۆ ئەوەی بخۆن،
زەوی و هەرچی تێیدایە،
شار و دانیشتووانەکەی.»
17 «ئاگاداربن، ماری ژەهراوی دەنێرمە سەرتان،
کە نوشتەیان لێ ناکرێت،
ئینجا پێتانەوە دەدەن.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
18 ئەی خودایە، تۆ دڵنەوایی خەمی منیت،
دڵم دەردەدارە.
19 ئەوەتا دەنگی هانای گەلەکەم
لە خاکێکی دوورەوە دێت:
«ئایا یەزدان لە سییۆن نییە؟
یان پاشاکەی تێیدا نییە؟»
«بۆچی بە پەیکەرە داتاشراوەکانیان پەستیان کردم،
بە بتە هیچوپووچە بێگانەکان؟»[q]
20 «دروێنە تێپەڕی،
هاوین تەواو بوو،
ئێمەش ڕزگارمان نەبوو.»[r]
21 لەبەر وردوخاشبوونی گەلەکەم وردوخاش بووم،
خەمبارم، تۆقین دەستی بەسەردا گرتووم.
22 ئایا لە گلعاد هەتووان[s] نییە؟
ئایا پزیشک لەوێ نییە؟
ئیتر بۆچی برینی گەلەکەم
ساڕێژ نابێت؟
9 خۆزگە سەرم گۆمی ئاو بووایە و
چاوەکانم جۆگەی فرمێسک،
جا شەو و ڕۆژ دەگریام
بۆ کوژراوەکانی گەلەکەم.
2 خۆزگە دیوەخانێکم لە چۆڵەوانی هەبووایە،
جا وازم لە گەلەکەم دەهێنا و لەلای دەڕۆیشتم،
چونکە ئەوان هەموو داوێنپیسن و
کۆمەڵی ناپاکانن.
3 «زمانیان ئامادە دەکەن
وەک کەوانێک بۆ هاویشتنی درۆ،
بەسەر خاکەکەدا زاڵ بوون،
بەڵام بە ڕێگای ڕاستی نەبوو،
چونکە لە خراپەیەکەوە دەچنە خراپەیەکی دیکە،
بەڵام دان بە مندا نانێن.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
4 «با هەریەکە وریای خۆی بێت لە برادەرەکەی،
پشت بە هیچ برایەک مەبەستن،
چونکە هەموو برایەک وەک یاقوب هەڵخەڵەتێنەرە[t] و
هەموو برادەرێک بوختانکەرە.
5 هەرکەسە و برادەری خۆی فریودەدات،
کەس بە ڕاستی نادوێت.
زمانی خۆیان بە درۆ ڕاهێناوە،
خۆیان لە خراپە ماندوو بوون.
6 تۆ لەناو فرتوفێڵ دادەنیشیت،
بە فرتوفێڵ ڕەتیان کردەوە دان بە مندا بنێن.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
7 لەبەر ئەوە یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت:
«ئەوەتا من دەیانپاڵێوم و تاقییان دەکەمەوە،
لەبەر گوناهەکانیان چارەسەرێکی دیکە نییە بۆ گەلەکەی من.
8 زمانیان تیری کوشندەیە و
بە دەمیان فێڵ دەکەن.
هەرکەسە بە هاوڕێکەی دەڵێت، ”ئاشتی“،
بەڵام لە ناخییەوە بۆسەی بۆ دەنێتەوە.
9 ئایا لەسەر ئەمە سزایان نەدەم؟
ئایا من تۆڵە لە نەتەوەیەکی وەک ئەمە نەستێنمەوە؟»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
10 بۆ چیاکان گریان و شیوەن دەگێڕم،
بەسەر لەوەڕگاکانی چۆڵەوانیدا دەلاوێنمەوە،
چونکە ئەوان وێران بوون و کەس پێیدا تێناپەڕێت،
دەنگی مێگەل نابیسترێت،
باڵندەی ئاسمان ڕایانکرد،
ئاژەڵ ڕۆیشتن.
11 «ئۆرشەلیم وێران دەکەم،
دەیکەمە داڵدەی چەقەڵ،
شارۆچکەکانی یەهودا دەکەمە کاولگە
بەبێ دانیشتووان.»
12 کێ کەسێکی دانایە و ئەمە تێدەگات؟ کێ ئەوەی یەزدان فێری کرد دەتوانێت ڕوونی بکاتەوە؟ بۆچی زەوی لەناوچوو، چۆڵەوانی وێران بوو، کەس ناتوانێت لێی بپەڕێتەوە؟
13 یەزدان فەرمووی: «لەبەر ئەوەی وازیان لە فێرکردنەکەم هێنا، ئەوەی خستمە پێشیان پەیڕەویان نەکرد، گوێڕایەڵی من نەبوون. 14 لەبری ئەوە، بەدوای کەللەڕەقی خۆیان کەوتن، بەدوای بەعلەکان کەوتن، کە باوباپیرانیان فێریان کردن.» 15 لەبەر ئەوە یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل، ئاوا دەفەرموێت: «ئەوەتا من زەقنەبووت دەرخواردی ئەم گەلە دەدەم و ئاوی ژەهراوییان پێ دەنۆشم. 16 بەناو چەندین نەتەوەدا پەرتیان دەکەم کە نە خۆیان و نە باوباپیرانیان نەیانناسیون، بە شمشێریش ڕاویان دەنێم هەتا لەناویان دەبەم.»
17 یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت:
«سەرنج بدەن! بانگی ژنە ماتەمگێڕەکان بکەن هەتا بێن،
بنێرن بەدوای ژنە شارەزاکان.
18 با خێرا بێن و دەنگی شیوەن بەسەرماندا هەڵبڕن،
چاوەکانمان فرمێسک بڕێژێت و
پێڵووەکانمان ئاویان لێ هەڵبقوڵێت.
19 چونکە دەنگی شیوەن لە سییۆنەوە بیسترا،
”چۆن تێکدراین!
چەند شەرمەزار بووین!
چونکە زەوییەکەمان بەجێهێشت،
چونکە ماڵەکانمان کاول کران.“»
20 ئەی ژنان، گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن،
گوێ لە فەرمایشتی دەمی ئەو بگرن.
کچەکانتان فێری شیوەن بکەن،
هەر ژنێکیش دەستەخوشکەکەی فێری ماتەم گێڕان بکات.
21 مردن بە پەنجەرەکانمان هەڵگەڕا،
هاتە ناو قەڵاکانمانەوە،
بۆ قڕکردنی منداڵان لە کۆڵان و
لاوان لە گۆڕەپانەکان.
22 بڵێ: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«”تەرمی مرۆڤ دەکەوێت،
وەک زبڵ بەسەر ڕووی کێڵگەوە،
وەک چەپکی دوای دروێنەکەر،
کەس نییە کۆی بکاتەوە.“»
23 یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«با دانا شانازی بە دانایی خۆی نەکات،
با پاڵەوان شانازی بە پاڵەوانیێتی خۆی نەکات،
با دەوڵەمەند شانازی بە دەوڵەمەندیێتی خۆی نەکات،
24 بەڵکو ئەوەی شانازی دەکات، با شانازی بەمە بکات:
کە لە من تێدەگات و دەمناسێت،
کە من یەزدانم، ئەوەی خۆشەویستی نەگۆڕ و
دادوەری و ڕاستودروستی لەسەر زەوی دەهێنمە دی،
چونکە خۆشی لەمانە دەبینم.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
25 یەزدان دەفەرموێت: «سەردەمێک دێت، سزای هەموو ئەوانە دەدەم کە تەنها بە لەش خەتەنە کراون، 26 خەڵکی میسر و یەهودا و ئەدۆم و عەمۆن و مۆئاب و قژبڕاوەکانی[u] دانیشتووی چۆڵەوانی. هەموو نەتەوەکان خەتەنە نەکراون و هەموو بنەماڵەی ئیسرائیلیش دڵیان خەتەنە نەکراوە[v].»
خودا و بتەکان
10 ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، گوێ بگرن یەزدان چی بە ئێوە دەفەرموێت. 2 یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«ئێوە نەریتی نەتەوەکان فێر مەبن و
لە نیشانەکانی ئاسمان مەتۆقن،
هەرچەندە نەتەوەکان لەم شتانە دەتۆقن.
3 چونکە نەریتی نەتەوەکان مایەپووچە:
درەختی بڕاوەی دارستانن،
دارتاش بە ئەسکەنە دروستیان دەکات،
4 بە زێڕ و زیو دەیڕازێننەوە و
بە مێخ و چەکوش توندیان دەکەن
بۆ ئەوەی نەلەقن.
5 وەک داوەڵی[w] لە بێستانی خەیاردان،
بتەکانیان قسە ناکەن،
بە هەڵگرتن هەڵدەگیرێن،
چونکە هەنگاو نانێن،
لێیان مەترسن، چونکە زیان نابەخشن،
هەروەها ناتوانن هیچ سوود بگەیەنن.»
6 ئەی یەزدان، کەس وەک تۆ نییە،
تۆ مەزنیت،
لە پاڵەوانیێتی ناوت گەورەیە.
7 کێ لێت ناترسێت،
ئەی پاشای نەتەوەکان؟
چونکە لە تۆ دەوەشێتەوە.
لەناو هەموو دانایانی نەتەوەکان و
لە هەموو شانشینەکانیان،
کەس هاوتای تۆ نییە.
8 تێکڕا دەبەنگ و گێل بوون،
شتی پووچ لە بتی دارین فێر دەبن.
9 زیوی کوتراوە لە تەرشیشەوە دەهێنن و
زێڕ لە ئوفازەوە.
دەستکردی پیشەوەرە و دەستی زێڕنگەرە،
بەرگیان مۆر و ئەرخەوانییە،
هەمووی دەستکردی وەستایانن.
10 بەڵام تەنها یەزدان پەروەردگاری ڕاستییە،
ئەو خودای زیندوو و پاشای هەتاهەتاییە،
زەوی لەبەر تووڕەیی ئەو دەلەرزێت و
نەتەوەکان بەرگەی هەڵچوونی ئەو ناگرن.
11 «ئاوایان پێ دەڵێن: ”ئەو خوداوەندانەی ئاسمان و زەوییان دروستنەکردووە، لەسەر زەوی و لەژێر ئەم ئاسمانە لەناودەچن.“»
12 بەڵام یەزدان بە هێزی خۆی زەوی دروستکردووە،
بە دانایی خۆی جیهانی دامەزراندووە،
بە تێگەیشتنی خۆی ئاسمانی ڕاخستووە.
13 کاتێک دەنگ هەڵدەبڕێت، ئاوەکانی ئاسمان هاژەیان دێت،
هەڵمەکان لەوپەڕی زەوییەوە بەرز دەکاتەوە،
بروسکە بۆ باران دروستدەکات،
با لە ئەمباری خۆی دەردەهێنێت.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.