Bible in 90 Days
وەڵامی یەکەمی بیلدەد
8 ئینجا بیلدەدی شوحی وەڵامی دایەوە:
2 «هەتا کەی بەم شێوەیە قسە دەکەیت؟
ئەوەی لە دەمت دێتە دەرەوە ڕەشەبایە.
3 ئایا خودا دادپەروەری بە لاڕێدا دەبات؟
ئایا توانادارەکە ڕاستودروستی بەدرۆدەخاتەوە؟
4 ئەو کاتەی ڕۆڵەکانت گوناهیان دەرهەق بە خودا کرد،
ئەوا خودا سزای گوناهەکانی خۆیانی بەسەر هێنانەوە.
5 بەڵام ئەگەر تۆ بەیانییان زوو ڕوو لە خودا بکەیت،
لە خودای هەرە بە توانا بپاڕێیتەوە،
6 ئەگەر تۆ بێگەرد و ڕاست بیت،
ئەوا هەر ئێستا ئاوڕت لێ دەداتەوە و
ماڵەکەی خۆتت وەک پاداشت بۆ دەگەڕێنێتەوە.
7 پاشەڕۆژەکەت هێندە تێروتەسەل دەبێت،
کە سەرەتاکەت زۆر هەژار بووە.
8 «پرسیار لە نەوەی ڕابردوو بکە و
بزانە لە باوباپیرانیانەوە چی فێربوون،
9 چونکە ئێمە منداڵی دوێنێین و هیچ نازانین،
ڕۆژگاریشمان لەسەر زەوی وەک سێبەر تێدەپەڕێت.
10 ئایا ئەو نەوەیە فێرت ناکەن و پێت ناڵێن؟
یان بە بیری خۆیان قسەت لێ دەرناهێنن؟
11 ئایا زەل بەبێ زۆنگاو گەشە دەکات،
یان قامیش بەبێ ئاو شین دەبێت؟
12 بەڵکو ئەوان کە هێشتا گەشە دەکەن و نەبڕدراون،
کەچی پێش هەموو گیایەک وشک دەبن،
13 بەو جۆرەیە سەرگوزەشتەی ژیانی هەموو ئەوانەی خودایان لەبیر کردووە و
هیوای خوانەناسان لەناودەچێت.
14 ئەوەی پاڵپشتەکەیەتی دەبڕدرێتەوە،
پشتی بە تەونی جاڵجاڵۆکە بەستووە.
15 خۆی بە تەوەنەکەوە ڕادەگرێت بەڵام دەپچڕێت،
دەستی پێوە دەگرێت و خۆی ڕاناگرێت.
16 ئەوانە وەک ڕووەکێکی تەڕ لەژێر تیشکی خۆردان،
کە لەناو باخچەکەیدا چڵی تازە دەردەکات.
17 بەسەر کۆمەڵە بەرددا ڕەگ دادەکوتێت و
بە تاشەبەردەکانەوە خۆیان توند دەگرن.
18 بەڵام کە لە شوێنی خۆی هەڵکەنرا،
شوێنەکەی نکۆڵی لێ دەکات و دەڵێ: ”من جێگای تۆ نیم.“
19 ببینە، خۆشی ژیانەکەی تەنها ئەوەیە،
کە لە جێگاکەیەوە یەکێکی دیکە چەکەرە دەکات.
20 «بێگومان خودا ئەو کەسە ڕەت ناکاتەوە کە بێ کەموکوڕی بێت،
کە هانی خراپەکاران نادات.
21 کاتێک دەمت پڕ لە پێکەنین دەکات و
لێوەکانت پڕ لە هوتاف،
22 ناحەزانت شەرمەزاری لەبەر دەکەن و ڕەشماڵی
خراپەکارانیش تەفروتوونا دەبن.»
قسەی سێیەمی ئەیوب
9 ئەیوبیش وەڵامی دایەوە:
2 «ڕاستە، دەزانم کە وایە.
جا چۆن مرۆڤ لەبەرچاوی خودا ڕاستودروست دەبێت؟
3 ئەگەر بیەوێت مشتومڕی لەگەڵ بکات،
ناتوانێت وەڵامی یەک لە هەزار بداتەوە.
4 خودا گەورەیە بە دانایی و لە توانادا زۆر بەهێزە.
کێ هەیە دژایەتی کردبێت و بە سەلامەتی دەرچووبێت؟
5 هەژێنەری چیاکانە بێ ئەوەی بەخۆیان بزانن،
ئەوەی لە کاتی تووڕەییدا سەرەوژێریان دەکات.
6 زەوی لە جێی خۆی لەق دەکات،
جا کۆڵەکەکانی دەخاتە بوومەلەرزە.
7 فەرمان بە خۆر دەدات، کە هەڵنەیەت،
بە ئەستێرەکانیش کە نەدرەوشێنەوە.
8 خۆی بە تەنها ئاسمانی لێک کردووەتەوە،
بەسەر شەپۆلەکانی دەریادا ڕۆیشتووە.
9 دروستکەری کەلووەکانی[a] ورچ و ڕاوچی و
حەوتەوانە[b] و ئەو کەلووانەی کە لە باشووری زەوی دەبینرێن.
10 کاری مەزنی بەم جۆرەی کردووە کە لە سەرووی بیرکردنەوەن،
هێندە پەرجوو[c] کە لە ژماردن نایەن.
11 کاتێک بەسەرمدا دەڕوات نایبینم،
کاتێک تێدەپەڕێت هەستی پێ ناکەم!
12 ئەگەر شتێکمان لێ بستێنێت کێ دەتوانێت بەرەنگاری بێتەوە؟
کێ پێی دەڵێت: ”ئەوە چی دەکەیت؟“
13 خودا تووڕەیی خۆی ناگێڕێتەوە،
یارمەتیدەرانی ڕەهەڤ[d] لە ژێریدا دەچەمێنەوە.
14 «ئیتر من چۆن وەڵامی بدەمەوە و
چۆن وشە هەڵبژێرم بۆ وەڵامدانەوەی؟
15 چونکە ئەگەر ڕاستودروستیش بم، ناتوانم وەڵامی بدەمەوە،
بەڵکو داوای بەزەیی لە دادوەرم دەکەم.
16 ئەگەر بانگی بکەم، ئەویش وەڵامم بداتەوە،
باوەڕ ناکەم کە گوێی بۆ دەنگم شل بکات،
17 بەڵکو ئەو بە زریان تێکمدەشکێنێت و
بەبێ هۆ برینەکانم زۆر دەکات.
18 ناهێڵێت هەناسە بدەم،
بەڵام لە تاڵی تێرم دەکات.
19 ئەگەر تاقیکردنەوەی هێز بێت، ئەو بەهێزترینە!
ئەگەر کێشەی دادگا بێت، کێ دەتوانێت بانگی بکات؟
20 ئەگەر بێتاوان بم دەمم تاوانبارم دەکات،
ئەگەر بێ کەموکوڕیش بم، دەیسەلمێنێت تاوانبارم.
21 «هەرچەندە من بێ کەموکوڕیم،
بەڵام بایەخ بە ژیانی خۆم نادەم؛
ڕقم لە ژیانم دەبێتەوە.
22 ”خودا کۆتایی بە چاک و بە خراپ دەهێنێت.“
لەبەر ئەوە گوتم: بەلامەوە هەردووکیان وەک یەکن،
23 ئەگەر کارەساتی لەناکاو مردن بهێنێت،
بە نائومێدی بێتاوان پێدەکەنێت.
24 کە خاکێک درابێت بە دەست بەدکارەوە،
ئەوا پەردە بەسەر ڕووی دادوەرەکانی دادەت،
ئەگەر ئەو نەبێت، ئەی کێیە؟
25 «ڕۆژگارم خێراترە لە کەسێک کە ڕادەکات،
گوزەر دەکات و چێژی لێ نابینم.
26 وەک چۆن کەشتی زەل ڕووبار دەبڕێت
هەروەک هەڵۆیەک کە دەنیشێتە سەر نێچیرەکەی.
27 ئەگەر بڵێم: ”سکاڵاکەی خۆم فەرامۆش دەکەم و
واز لە ڕووگرژی دەهێنم و زەردەخەنە دەخەمە سەر لێوەکانم،“
28 لەگەڵ ئەوەشدا لە هەموو ئازارەکانم دەترسم،
چونکە دەزانم بێتاوانم ناکەیت.
29 من تاوانبار دەکرێم،
ئیتر بۆچی بەخۆڕایی خۆم ماندوو بکەم؟
30 ئەگەر بە بەفراو خۆم بشۆم و
دەستەکانم بە ئەسپۆن پاک بکەمەوە،
31 لەناو چاڵێک ڕیخ نوقومم دەکەیت،
تەنانەت جلوبەرگەکەم قێزم لێ دەکەنەوە.
32 «چونکە ئەو وەک من مرۆڤ نییە هەتا وەڵامی بدەمەوە و
لە دادگا ڕووبەڕووی یەک ببینەوە.
33 خۆزگە ناوبژیوانێک لەنێوانمان دەبوو،
دەستی لەسەر هەردووکمان دادەنا،
34 تاوەکو کوتەکەکەی خودام لەسەر هەڵبگرێت و
ترسەکەی نەمتۆقێنێت.
35 ئەو کاتە قسەم دەکرد و لێی نەدەترسام،
چونکە من بەو شێوەیە نیم کە ئەو لێم تێگەیشتووە.»
10 لە ناخەوە قێزم لە ژیان دەبێتەوە،
بە ئازادی سکاڵای خۆم دەردەبڕم،
بە دڵێکی بریندارەوە قسە دەکەم.
2 بە خودا دەڵێم: بڕیاری تاوانباریم بەسەردا مەسەپێنە!
تێمبگەیەنە بۆچی دادگایم دەکەیت.
3 ئایا بەلاتەوە باشە ستەم بکەیت،
ئەوەی بە دەستی خۆت دروستت کرد، زەلیلی بکەیت؟
بە پیلانی بەدکاران پێبکەنیت؟
4 ئایا چاوی گۆشتیت هەیە؟
ئایا وەک چاوی مرۆڤ دەبینیت؟
5 ئایا ڕۆژگارت وەک ڕۆژگاری مرۆڤە،
یان تەمەنت وەک تەمەنی ئێمە دیاریکراوە؟
6 بۆچی بەدوای تاوانمدا دەگەڕێیت و
چاو بۆ گوناهم دەگێڕیت؟
7 هەرچەندە تۆ دەزانیت کە من تاوانبار نیم و
کەسیش نییە لە دەستی تۆ فریام بکەوێت.
8 «دەستەکانی تۆ منیان پێکهێنا و دروستیان کردم،
ئایا دەستت دەگێڕیتەوە سەرم و لەناوم دەبەیت؟
9 لەبیرت نەچێت کە تۆ وەک قوڕ شێوەی منت کێشا،
ئایا ئێستا دەمگەڕێنیتەوە بۆ خۆڵ؟
10 ئایا وەک شیر منت نەچۆڕاند و
وەک پەنیر منت نەمەیاند؟
11 بە پێست و گۆشت منت پۆشی و
بە ئێسک و ماسوولکە منت چنی.
12 ژیان و خۆشەویستی نەگۆڕت پێ بەخشیم،
چاودێریی تۆ ڕۆحی منی پاراست.
13 «بەڵام ئەمەت لە دڵی خۆتدا شاردەوە،
من زانیم کە چیت لە دڵدایە.
14 ئەگەر گوناه بکەم، چاودێریم دەکەیت و
لە تاوانەکەم بێبەریم ناکەیت.
15 ئەگەر تاوانبار بم، قوڕبەسەرم!
ئەگەر بێتاوانیش بم، ناتوانم شانازی پێوە بکەم،
چونکە من تێرم لە شەرمەزاری و
زەلیلی خۆم بینی.
16 ئەگەر سەرم بەرز بکەمەوە وەک شێر ڕاوم دەکەیت،
دەگەڕێیتەوە و سامی خۆتم نیشان دەدەیت.
17 شایەتەکانت لە دژم نوێ دەکەیتەوە و
تووڕەیی خۆتم لەسەر زیاد دەکەیت و
یەک لەدوای یەک هێزەکانت دەنێریتە سەرم.
18 «ئیتر بۆچی لە سکی دایکمەوە دەرتهێنام؟
خۆزگە بفەوتامایە و ئەو کاتە هیچ چاوێکیش نەیدەبینیم.
19 وەک ئەوەی نەبووبم، وا دەبوو،
لە سکی دایکمەوە بۆ گۆڕ دەبردرام.
20 ئایا ڕۆژگارم کەم نییە؟
بەرمدە! وازم لێ بهێنە! با تاوێک زەردەخەنە بێتە سەر لێوم،
21 پێش ئەوەی بڕۆم و ئیتر نەگەڕێمەوە،
بۆ خاکی تەمومژ و سێبەری مەرگ،
22 خاکی تاریکی، وەک شەوەزەنگ،
سێبەری مەرگ و ناڕێکی،
خۆرهەڵاتنیشی وەک شەوەزەنگە.»
وەڵامی یەکەمی چۆفەر
11 چۆفەری نەعماتیش وەڵامی دایەوە:
2 «ئایا ئەم هەموو قسانە شایانی وەڵام نین،
یاخود پیاوی زۆربڵێ ئەستۆ پاک دەبێت؟
3 ئایا قسە پووچەکانت خەڵکی بێدەنگ دەکات،
یان گاڵتە دەکەیت و کەس نییە شەرمەزارت بکات؟
4 بە خودا دەڵێیت ”باوەڕم بێگەردە و
من لەبەرچاوی تۆدا پاکم،“
5 بەڵام خۆزگە خودا دەدوا و
لێوەکانی بەرامبەر بە تۆ دەکردەوە و
6 نهێنییەکانی دانایی بۆت ئاشکرا دەکرد،
چونکە دانایی لایەکی ئاشکرا و لایەکی شاردراوەشی هەیە،
جا دەتزانی کە خودا لە تاوانەکەی خۆت کەمتر سزای داویت.
7 «ئایا دەتوانیت لە نهێنییەکانی خودا بگەیت؟
ئایا دەتوانیت بگەیتە سنووری خودای هەرە بە توانا؟
8 ئەو لە ئاسمان بەرزترە، ئیتر تۆ چی دەکەیت،
لە جیهانی مردووان قووڵترە، ئیتر تۆ چی دەزانیت؟
9 پێوانەکەی لە زەوی درێژترە و
لە دەریاش پانترە.
10 «ئەگەر هات و تۆی خستە بەندیخانەوە و
تۆی بردە دادگا، کێ ڕێی لێ دەگرێت؟
11 چونکە ئەو دەزانێت خراپەکاران کێن و
خراپەکاری دەبینێت، وا دەزانیت ئاگای لێ نییە؟
12 بەڵام پیاوێکی بێ ئەقڵ نابێتە تێگەیشتوو
هەتا جاشکی کەرەکێوی وەک مرۆڤ لەدایک نەبێت.
13 «ئەگەر تۆ دڵی خۆت ئامادە بکەیت و
دەستی خۆتی بۆ پان بکەیتەوە،
14 ئەگەر ئەو خراپەیەی لەناو دەستتە دووری بخەیتەوە و
نەهێڵیت ستەم لەناو چادرەکەت نیشتەجێ بێت،
15 ئەو کاتە بەبێ کەموکوڕی شەرم ناکەیت و
چەسپاو دەبیت و ناترسیت.
16 چەرمەسەری لەبیر دەکەیت و
وەک ئاوێکی تێپەڕیوو یادی دەکەیتەوە.
17 ژیانت لە نیوەڕۆ ڕۆشنتر دەبێت و
تاریکی وەک ڕووناکی بەیانی لێدێت.
18 دڵنیا دەبیت چونکە ئومێدت هەیە،
دەوروبەرەکەت دەپشکنیت و بە ئاسوودەییەوە پشوو دەدەیت.
19 خۆت مات دەکەیت و کەس نییە هەراسانت بکات و
زۆر کەس لە ڕووی تۆ دەپاڕێنەوە.
20 بەڵام چاوی بەدکاران کوێر دەبن و
پەناگا نامێنێت بۆ دەربازبوون؛
ئاواتیان ڕۆح سپاردنە.»
قسەی چوارەمی ئەیوب
12 ئەیوبیش وەڵامی دایەوە:
2 «ڕاستە ئێوە گەلێکن،
بە مردنتان داناییش دەمرێت،
3 بەڵام منیش وەک ئێوە تێگەیشتنم هەیە،
من لە ئێوە کەمتر نیم.
ئایا ئەوەی تۆ دەیڵێیت لای هەموو کەسێک نەزانراوە؟
4 «لە خودا پاڕامەوە و ئەویش وەڵامی دایەوە،
بەڵام بووم بە گاڵتەجاڕی هاوڕێیەکانم،
هەرچەندە پیاوێکی ڕاستودروست و بێ کەموکوڕیم، بوومە مایەی گاڵتەجاڕی!
5 کەسێکی دڵنیا
گاڵتە بە شکستی پێ هەڵخلیسکاو دەکات.
6 چادری تێکدەران ئارامە و
ئاسوودەییش بۆ ئەوانەی خودا تووڕە دەکەن،
بۆ ئەوانەی بە دەستی خۆیان بتەکانیان دەهێنن.
7 «بەڵام پرسیار لە ئاژەڵان بکە، ئەوان فێرت دەکەن،
هەروەها پرسیار لە باڵندەی ئاسمانیش بکە، ئەوان پێت ڕادەگەیەنن؛
8 یان لەگەڵ زەوی بدوێ، فێرت دەکات،
ماسی دەریاش بۆت باس دەکەن.
9 کام لەمانە نازانێت کە
دەستی خودا ئەمەی ئەنجام داوە؟
10 ئەوەی ژیانی هەموو زیندووێک و
ڕۆحی هەموو مرۆڤێکی لەناو دەستدایە؟
11 ئایا گوێ قسەکان تاقی ناکاتەوە و
مەڵاشوو تامی خواردن ناکات؟
12 لە ڕیش سپیێتی دانایی و
لە تەمەن درێژیش تێگەیشتن.
13 «دانایی و تواناداری لەلای خوداوەیە،
ڕاوێژ و تێگەیشتن هی ئەون.
14 ئەوەی دەڕووخێنێت بنیاد نانرێتەوە،
ئەگەر دەرگای لەسەر کەسێک داخست لێی ناکرێتەوە.
15 ڕێ لە ئاو دەگرێت، وشکەساڵی دێت،
بەڕەڵای دەکات زەوی سەرەوژێر دەکات.
16 هێز و دانایی لەلای ئەوە،
چەواشەکار و چەواشەکراو هی ئەون.
17 ڕاوێژکاران بە پێ خاوسی دەبات،
دادوەران تووشی شێتی دەکات.
18 کۆتی پاشاکان دەکاتەوە و
ناوقەدیان بە پشتێن دەبەستێتەوە.
19 کاهینەکان بە پێ خاوسی دەبات و
پتەوەکان سەرەوژێر دەکات.
20 ڕێگری گفتوگۆ لە شارەزایان دەکات،
ژیری لە پیران دەستێنێتەوە.
21 سووکایەتی بەسەر پایەداراندا دەبارێنێت و
پشتێنی بەهێزان شل دەکاتەوە.
22 قووڵاییەکان لە تاریکی ئاشکرا دەکات و
سێبەری مەرگ بۆ ڕووناکی دەردەخات.
23 نەتەوەکان مەزن دەکات و لەناویان دەبات،
نەتەوەکان بەرفراوان دەکات و پەرتەوازەیان دەکات.
24 مێشک لە سەرکردەکانی گەلی زەوی دەستێنێتەوە و
لە چۆڵەوانییەکی بێ ڕێگا وێڵیان دەکات.
25 لە تاریکیدا بە پەلەکوتێ دەڕۆن و ڕووناکی نییە،
وەک سەرخۆش بە ئەملا و ئەولادا دەکەون.
13 «چاوەکانم هەموو ئەمانەی بینیوە،
گوێیەکانم بیستوویانە و تێیان گەیشتووم.
2 وەک زانینی ئێوە منیش زانیومە؛
من لە ئێوە کەمتر نیم.
3 بەڵام من لەگەڵ توانادارەکە قسە دەکەم،
دەمەوێت لەلای خودا دادگایی بکرێم.
4 بەڵام ئێوە درۆم بۆ هەڵدەبەستن،
هەمووتان پزیشکی بێ کەڵکن.
5 خۆزگە بە تەواوی بێدەنگ دەبوون!
ئەوە بۆتان دەبوو بە دانایی.
6 ئێستا گوێ لە بەهانەم بگرن و
بۆ سکاڵای لێوەکانم گوێ شل بکەن.
7 ئایا بە دەم خوداوە بەدی دەکەن؟
ئایا بە دەم خوداوە درۆ دەکەن؟
8 ئایا لایەنگری دەکەن،
یان بۆ خودا مشتومڕ دەکەن؟
9 ئەگەر تاقیتان بکاتەوە، ئایا دەردەچن
یان دەتانەوێت وەک مرۆڤ هەڵیبخەڵەتێنن؟
10 بێگومان سەرزەنشتتان دەکات
ئەگەر بە نهێنی لایەنگری بکەن.
11 ئایا شکۆمەندییەکەی ناتانترسێنێت و
ترسی ئەو دەستتان بەسەردا ناکێشێت؟
12 یادەوەری و پەندەکانتان تەنها خۆڵەمێشە و
بەرگرییەکانتان بەرگرییە لە قوڕ.
13 «لێم بێدەنگ بن، من قسە دەکەم و
ئەوەی بەسەرم دێت با بێت!
14 بۆچی من کێشە بۆ خۆم دروستبکەم،
ژیانی خۆم بخەمە مەترسییەوە؟
15 ئەگەر بشمکوژێت هەر پشتی پێی دەبەستم،
لەبەردەمیدا تەنها مشتومڕ لەسەر هەڵسوکەوتم دەکەم.
16 هەروەها ئەمە بۆ ڕزگاریمە،
کە خوانەناس نایەتە بەردەمی.
17 بە تەواوی گوێ لە قسەکانم بگرن و
ئەوەی ڕایدەگەیەنم با گوێتان لێی بێت.
18 ئەوەتا من بە باشی سکاڵای خۆمم خستووەتە ڕوو،
دەزانم ئەستۆپاک دەردەچم.
19 کێیە ئەوەی مشتومڕم لەگەڵ دەکات،
تاکو هەر ئێستا بێدەنگ بم و ڕۆح بەدەستەوە بدەم؟
20 «ئەی خودا، تەنها بەم دوو کارە پشتگیریم بکە،
ئیتر لەبەردەمت ون نابم.
21 دەستت لێم دووربخەوە و
با سامی تۆ نەمترسێنێت.
22 ئینجا بانگم بکە و من وەڵام دەدەمەوە،
یان من قسە دەکەم و تۆ وەڵامم بدەوە.
23 چەند تاوان و گوناهم هەیە؟
یاخیبوون و گوناهەکەی خۆمم پێ بناسێنە.
24 بۆچی ڕووی خۆت دەشاریتەوە و
بە دوژمنی خۆت دامدەنێیت؟
25 ئایا گەڵایەکی هەڵوەریو پان دەکەیتەوە؟
ئایا بەدوای پووشی وشکدا ڕادەکەیت؟
26 چونکە تۆ بە تاڵی لە دژم دەنووسیت و
لەسەر تاوانەکانی لاویێتیم سزام دەدەیت.
27 جا پێیەکانی منت خستووەتە ناو کۆتەوە و
چاوت بڕیوەتە هەموو ڕێڕەوەکانم و
شوێن پێیەکانم دەپشکنیت.
28 «وەک دارێکی کلۆر لەناو دەچم،
وەک جلێک کە مۆرانە لێی دابێت.
14 «مرۆڤی لەدایکبوو لە ژن
ڕۆژگاری کەمە و چەرمەسەری زۆرە.
2 وەک گوڵ دەپشکوێت و پاشان سیس دەبێت،
وەک سێبەر دەڕوات و ناوەستێت.
3 جا لەسەر شتێکی وەک ئەمە چاوت زەق کردەوە و
ئێستاش ئەوانت هێناوەتە بەردەم خۆت بۆ دادگایی؟
4 کێ دەتوانێت پاکێک لە گڵاوێک دەربهێنێت؟
بێگومان کەس!
5 جا ئەگەر ڕۆژانی هەرکەسێک دیاریکراو بێت و
ژمارەی مانگەکانی لای تۆ بێت و
کاتێکت بۆ دیاریکردبێت کە لێی تێنەپەڕێت،
6 ئیتر لێیگەڕێ با پشوو بدات،
هەتا وەک ڕەنجدەرێک دڵخۆش بێت بە تەواوبوونی ڕۆژەکەی.
7 «چونکە دار داخوازییەکی هەیە،
ئەگەر بڕایەوە چەکەرە بکات و دووبارە شین بێتەوە و
لقوپۆپی تازە دەربکات.
8 ئەگەر ڕەگەکەی لەناو زەویدا کۆنیش بێت و
بنەدارەکەی لەناو خۆڵدا بمرێت،
9 هەر کاتێک بۆنی ئاو بکات چەکەرە دەکات و
وەک ڕووەکێکی نوێ لق دەردەکات.
10 بەڵام پیاو دەمرێت و لەناودەچێت؛
مرۆڤ ڕۆح بەدەستەوە دەدات و بوونی نابێت.
11 هەروەک ئاوەکان لەناو دەریاچە نامێنن و
ڕووبار ئاوی تێدا نامێنێت و وشک دەبێت،
12 هەروەها مرۆڤیش ڕادەکشێت و هەڵناستێتەوە،
لە خەوەکەی خەبەری نابێتەوە و بەئاگا نایەت
هەتا ئاسمان نامێنێت.
13 «خۆزگە لەناو جیهانی مردووان لەچاو ونت دەکردم و
دەتشاردمەوە هەتا تووڕەییەکەت دادەمرکایەوە!
خۆزگە کاتێکت بۆ دیاری دەکردم و
بەبیرت دەهاتمەوە!
14 ئەگەر پیاوێک بمرێت، ئایا زیندوو دەبێتەوە؟
هەموو ڕۆژانم تێکۆشانە،
ئارام دەگرم هەتا دەرووم لێ دەکرێتەوە.
15 بانگم دەکەیت من وەڵامت دەدەمەوە،
تامەزرۆ دەبیت بۆ ئەو بوونەوەرەی کە دروستت کرد.
16 بێگومان ئەو کاتە چاودێری هەنگاوەکانم دەکەیت،
بەڵام تێبینی گوناهەکەم ناکەیت.
17 یاخیبوونەکەم گرێی لێدراوە لەناو بوخچەیەک،
تاوانەکەم دەشاریتەوە.
18 «هەروەک چۆن کە چیا بکەوێت پارچەپارچە دەبێت و
تاشەبەرد لە جێی خۆی دەلەقێت،
19 ئاو بەرد دەسووێنێت و
لافاو خۆڵی زەوی ڕادەماڵێت،
بەو جۆرە تۆش هیوای مرۆڤ لەناودەبەیت.
20 بۆ هەتاهەتایە بەسەریدا زاڵ دەبیت و کۆتایی پێ دێت،
ڕووی دەگۆڕیت و دەریدەکەیت.
21 ئەگەر کوڕەکانی ڕێزیان لێ بگیرێت، پێی نازانێت،
ئەگەر لە پلەوپایەشیان نزم بکرێتەوە، ئاگای لێ نییە.
22 تەنها هەست بە ئازاری خۆی دەکات و
داخ بۆ حاڵی خۆی دەخوات.»
وەڵامی دووەمی ئەلیفاز
15 ئەلیفازی تێمانیش وەڵامی دایەوە:
2 «ئایا کەسی دانا بە نەزانی وەڵام دەداتەوە و
مێشکی بە شتی هیچوپووچ پڕ دەکات؟
3 ئایا بە قسەی بێ سوود بەڵگە دێنێتەوە و
بەو لێدوانانەی قازانجی لێ ناکات؟
4 بەڵام تۆ لەخواترسی پێشێل دەکەیت و
خەڵک لە خواپەرستی دوور دەخەیتەوە.
5 بێگومان گوناهەکانت دەمت فێر دەکەن و
زمانی تەڵەکەبازی هەڵدەبژێریت.
6 زمانی خۆت تاوانبارت دەکات، نەک من،
لێوەکانت لە دژت شایەتی دەدەن.
7 «ئایا تۆ یەکەم مرۆڤ بوویت لەدایک بوویت؟
یان لەپێش گردەکانەوە دروستبوویت؟
8 ئایا لە ئەنجومەنی خودا[e] گوێت گرتبوو؟
ئایا داناییت بە باڵای خۆتدا بڕاندووەتەوە؟
9 چی دەزانیت کە ئێمە نایزانین،
چی تێدەگەیت کە لەلای ئێمە نەبێت؟
10 پیر و ڕیش سپی وامان لەناودایە،
تەمەنی لە باوکت زیاترە.
11 ئایا دڵنەواییەکانی خودا و
بە نەرمی قسەکردن لەگەڵت کەمە؟
12 بۆچی دڵت دەتبات و
بۆچی چاوەکانت دەبریسکێنەوە،
13 بۆ ئەوەی ڕۆحت لە دژی خودا وەربگێڕیت و
قسەی وا لە دەمت بهێنیتە دەرەوە؟
14 «مرۆڤ کێیە هەتا بێگەرد بێت و
لەدایکبوو لە ژن کێیە هەتا ڕاستودروست بێت؟
15 ئەگەر خودا متمانە بە پیرۆزەکانی خۆی ناکات،
کەواتە ئاسمان لەبەرچاوی بێگەرد نییە،
16 ئیتر مرۆڤ کە ناڕەوایی وەک ئاو دەخواتەوە
دەبێت چەند قێزەون و گەندەڵ بێت؟
17 «من پێت دەڵێم گوێم لێ بگرە،
باسی ئەوە دەکەم کە بینیم،
18 ئەوەی دانایان لە باوباپیرانیانەوە پێیان ڕاگەیەنراوە و
ئەوانیش نەیانشاردووەتەوە،
19 ئەوانەی خاکەکە تەنها بەوان دراوە و
هیچ نامۆیەک بەناویاندا تێنەپەڕیوە.
20 بەدکار ڕۆژانە دەتلێتەوە،
ژمارەی ساڵانی ستەمکاریش دیاریکراوە.
21 دەنگێکی ترسناک لە گوێیەکانیەتی و
لە ساتی ئاشتیدا تێکدەر بۆی دێت.
22 لەو باوەڕەدا نییە لە تاریکی دەگەڕێتەوە؛
چاوەڕوانی شمشێرە.
23 ئەو وێڵە و دەبێتە نێچیری سیسارکە کەچەڵ،
دەزانێت کە ڕۆژی تاریکی نزیکە.
24 تەنگانە و ئازار دەیتۆقێنن و
بەسەریدا زاڵن وەک پاشایەکی ئامادە بۆ پەلاماردان،
25 چونکە بە تووڕەییەوە دەستی لە خودا ڕادەوەشێنێت،
لە دژی خودای هەرە بە توانا پاڵەوانیێتی نواند،
26 بە کەللەڕەقییەوە بەرەو ئەو ڕایکرد
بە قەڵغانە ئەستوور و بەهێزەکەیەوە.
27 «هەرچەندە دەموچاوی بە چەوری داپۆشی و
ناوقەدی خۆی بە پیو[f] ئەستوور کرد،
28 بەڵام لە شارۆچکەی کاولبوو نیشتەجێ دەبێت،
لەو ماڵانەی کەسی تێدا ناژیێت و
خەریکن دەبنە کەلاوە.
29 لەمەودوا دەوڵەمەند نابێت و سامانەکەی جێگیر نابێت،
دەستکەوتی لەناو زەویدا بەرفراوان نابێت.
30 لە تاریکی دەرباز نابێت،
کڵپەی گڕێک پۆپکەکانی وشک دەکات و
بە فووێکی دەمی نامێنێت.
31 جێی باوەڕ نابێت
بە شتی پووچ وێڵ دەبێت،
چونکە شتی پووچ دەبێت بە کرێیەکەی.
32 پێش ئەوەی ڕۆژی خۆی تەواو بێت،
دەفەوتێت و گەڵاکەی سەوز نابێت.
33 وەک ترێ پەسیرەکانی[g] دەکەوێت و
وەک زەیتوون گوڵەکەی هەڵدەوەرێت.
34 چونکە کۆمەڵی خوانەناسان چۆڵوهۆڵ دەبێت،
ئاگریش ڕەشماڵی بەرتیلخۆران دەسووتێنێت.
35 بە ئاژاوە دووگیان بوون و خراپەیان بۆ لەدایک دەبێت،
سکیان پیلانی فێڵ و درۆ پێکدەهێنێت.»
قسەی پێنجەمی ئەیوب
16 ئەیوبیش وەڵامی دایەوە:
2 «زۆرم لەمانە گوێ لێ بووە،
هەموو دڵنەواییەکەتان بریندارکەرن!
3 ئایا قسەی پووچ کۆتایی هەیە؟
یان چی دەتوروژێنێت هەتا وەڵام بدەیتەوە؟
4 منیش وەک ئێوە قسەم دەکرد،
ئەگەر ئێوە لە جێی من بوونایە؛
قسەم بۆ دەگێڕانەوە و
سەرم لە ئاستتان دەلەقاند.
5 بەڵام بە دەم هانم دەدان و
جوڵەی لێوەکانم ڕایدەگرتن.
6 «ئەگەر قسە بکەم لە خەمۆکیەکەم کەم نابێتەوە،
ئەگەر بێدەنگیش بم لێم دوور ناکەوێتەوە.
7 ئەی خودایە تۆ ئێستا بێزارت کردووم،
هەموو کەسوکارەکەی منت تێکداوە.
8 سستت کردم، سستییەکەم بووە شایەت،
لاوازییەکەم لێم هەستاوە، بەرەوڕوو شایەتیم لەسەر دەدات.
9 تووڕەییەکەی پەلاماری دام و منی چەوساندەوە،
ددانەکانی لێم جیڕکردەوە،
دوژمنەکەم چاوی تێبڕیووم.
10 خەڵک دەمیان لێ داچەقاندووم،
بە گاڵتەپێکردنەوە زللەیان لێدەدام،
پێکەوە گەلەکۆمەیان لێکردم.
11 خودا منی دایە دەست زۆردار و
بۆ بەردەستی خراپەکار فڕێیدام.
12 من ئاسوودە بووم و ئەو جێلەقی کردم،
پشتەملی گرتم و وردوخاشی کردم.
منی کرد بە نیشانی خۆی؛
13 تیرهاوێژەکانی دەوریان دام.
جەرگی بڕیم و دڵی نەسووتا،
زراوی منی بەسەر زەویدا ڕشت.
14 جار لەدوای جار شەقم دەکات،
وەک جەنگاوەرێک هێرش دەکاتە سەرم.
15 «جلوبەرگی گوشم[h] بە پێستمەوە دووری و
خۆڵەمێشم بە سەری خۆمدا کرد.
16 دەموچاوم لەبەر گریان سوور هەڵگەڕا و
ڕەشی بەسەر پێڵوی چاومدا هات.
17 لەگەڵ ئەوەی زۆرداری لە دەستی مندا نییە و
نوێژەکەم بێگەردە.
18 «ئەی زەوی، خوێنەکەم دامەپۆشە،
با جێیەک نەبێت بۆ هاوارم!
19 ئەوەتا لە ئێستاوە شایەتەکەم لە ئاسمانە،
پارێزگارەکەم لە بەرزاییەکانە،
20 ئەو هاوڕێمە و داکۆکیم لێ دەکات.
کاتێک لەبەردەم خودا چاوەکانم فرمێسک دەڕێژن،[i]
21 ئەو لە پێناوی پیاوێک لە خودا دەپاڕێتەوە،
وەک پاڕانەوەی کەسێک بۆ هاوڕێکەی.
22 «تەمەنم کورتە و بەسەردەچێت،
لە ڕێگایەکدا دیلم کە لێی ناگەڕێمەوە.
17 ڕۆحم شکا،
ڕۆژگارم کوژایەوە،
گۆڕ چاوەڕێی منە.
2 بێگومان گاڵتەجاڕان لە دەورمدان و
ناچار چاودێری کێشمەکێشیان بکەم.
3 «تکایە لەلای خۆت ببە پشتگیرم،
بێجگە لە تۆ کێ هەیە ببێتە کەفیلم؟
4 تێگەیشتنت لە مێشکیان شاردووەتەوە،
لەبەر ئەوە بەرزیان ناکەیتەوە.
5 ئەوەی لە پێناوی پارە پەنجەی تاوان بۆ هاوڕێیەکانی ڕادەکێشێت،
نەبوونی چاوی منداڵەکانی دەپوکێنێتەوە.
6 «منی کردە پەندی گەلان و
بووم بەوەی تف لە ڕووم بکرێت.
7 چاوەکانم لەبەر خەم کز بوون،
هەموو ئەندامەکانم زۆر لاواز بوون.
8 ئەوانەی ڕاستن بەمە سەرسام دەبن و
بێتاوان بەسەر خوانەناسدا ڕادەپەڕێت.
9 کەسی ڕاستودروست ڕێگای خۆی دەگرێت و
ئەوەی دەست پاکە هێزی بۆ زیاد دەکرێت.
10 «ئێستا وەرنەوە، دووبارە هەوڵ بدەن،
بەڵام من هیچ دانایەکتان تێدا نادۆزمەوە.
11 ڕۆژگارم بەسەرچوو، مەبەستەکانم هەڵکەنران.
لەگەڵ ئەوەشدا ئارەزووەکانی دڵم
12 شەو دەکەن بە ڕۆژ،
لە تاریکیدا ڕووناکی بە نزیک دەبینن.
13 ئەگەر هیوا بخوازم جیهانی مردووان ببێت بە ماڵم و
لە تاریکیدا نوێنەکەم ڕابخەم،
14 ئەگەر بە گۆڕم گوت: ”تۆ باوکی منیت،“
بە کرمیش: ”تۆ دایکی منیت“ یان ”خوشکی منیت،“
15 ئیتر ئومێدم کوا؟
کێ تەماشای ئومێدم دەکات؟
16 ئایا بەرەو قووڵایی جیهانی مردووان دەچێتە خوارەوە؟
ئایا پێکەوە لەناو خۆڵ شۆڕدەبینەوە؟»
وەڵامی دووەمی بیلدەد
18 بیلدەدی شوحیش وەڵامی دایەوە:
2 «هەتا کەی تەڵە بۆ قسە دەنێنەوە؟
تێبگەن ئینجا ئێمە دەتوانین قسە بکەین.
3 بۆچی بە ئاژەڵ دانراین و
لەبەرچاوتان گێل بووین؟
4 ئەی ئەوەی لە ڕقی خۆی، خۆی دەخواتەوە،
ئایا لەبەر تۆ زەوی چۆڵ بکرێت و
تاشەبەرد لە جێی خۆی بجوڵێت؟
5 «بەڵێ چرای بەدکاران دەکوژێتەوە و
گڕی ئاگرەکەی ڕووناکی نابەخشێت.
6 لەناو چادرەکەی ڕووناکی تاریک دەبێت و
چراکەی تەنیشتی دەکوژێتەوە.
7 هێزی هەنگاوەکانی کورت دەبن و
ڕاوێژەکەی خۆی دەیخات.
8 بە پێیەکانی خۆی بۆ ناو داو هەنگاو دەنێت،
جا لەناو تۆڕدا گیر دەخوات.
9 تەڵە پاژنەی پێی دەگرێت و
فاقە توند دەیگرێت.
10 داوەکانی لە زەوی شاردراونەتەوە و
تەڵەکەی لەسەر ڕێگایە.
11 بەڵاکان لە هەموو لایەکەوە دەیتۆقێنن و
هەنگاوبەهەنگاو دوای کەوتوون.
12 برسیێتی بڕستی لێ بڕی و
کارەسات چاوەڕێی کەوتنی دەکات.
13 نەخۆشی پارچەکانی پێستەکەی دەخوات،
یەکەم بەری مەرگ ئەندامەکانی لەشی دەخوات.
14 لە ئارامی ناو چادرەکەی خۆی دەڕفێنرێت،
بەرەو لای پاشای بەڵاکان پەلکێش دەکرێت.
15 ئەوەی هی ئەو نییە لەناو چادرەکەی نیشتەجێ دەبێت،
گۆگرد بەسەر جێی مانەوەی پەخش دەکرێت.
16 لە ژێرەوە ڕەگوڕیشەی وشک دەبێت و
لە سەرەوەش لقەکانی سیس دەبن.
17 یادەوەری لە زەوی نامێنێت و
لەسەر ڕووی وشکانیش هیچ ناوێکی نییە.
18 لە ڕووناکییەوە پاڵ دەدرێت بۆ تاریکی و
لە جیهان دەردەکرێت.
19 نە نەوە و نە وەچەی لەنێو گەلەکەی دەبێت،
نە دەربازبوو لەنێو چادرەکانی.
20 خەڵکی ڕۆژئاوا لە ڕۆژی حوکمدان لەسەر ئەودا دەحەپەسێن،
گەلانی ڕۆژهەڵات مووچڕکەیان پێدا دێت.
21 ئەوە نشینگەی بەدکارانە و
ئەمە شوێنی ئەوانەیە کە خودا ناناسن.»
قسەی شەشەمی ئەیوب
19 ئەیوبیش وەڵامی دایەوە:
2 «هەتا کەی گیانم ئازار دەدەن و
بە قسە وردم دەکەن؟
3 ئەمە دەیەم جارە ڕیسوام دەکەن،
بەبێ شەرمی هێرشتان کردە سەرم.
4 گریمان بە ڕاستی گومڕا بووم،
گومڕاییەکەم بەسەر خۆم دەشکێتەوە.
5 ئەگەر بەڕاستی ئێوە خۆتان لە من بە گەورەتر دادەنێن و
شەرمەزارییەکەی من لە دژی خۆم بەکاردەهێنن،
6 ئەوا با لەلاتان زانراو بێت، خودا خۆی منی خوار کردووەتەوە و
تۆڕەکەی بەدەورمدا ڕاکێشا.
7 «هەرچەندە لەبەر ستەم هاوار دەکەم، بەڵام وەڵامم نادرێتەوە،
هاوار دەهێنم، بەڵام دادپەروەری نییە.
8 ڕێی لێ گرتم و ناپەڕمەوە،
تاریکی خستووەتە سەر ڕێڕەوم.
9 شکۆمەندییەکەمی لێم داماڵی و
تاجەکەی سەرمی لێکردەوە.
10 لە هەموو لایەکەوە منی ڕووخاند تاوەکو نەمێنم و
هیوای منی وەک دار هەڵکەند.
11 تووڕەیی خۆی بەسەرمدا داگیرساند و
بە دوژمنی خۆی دانام.
12 پەلاماردەرەکانی پێکەوە هاتن و
سەنگەریان لە دژی من لێدا و
لە دەوری چادرەکەم خۆیان دامەزراند.
13 «کەسوکاری منی لێم دوورخستەوە و
ناسیاوەکانم لێم بوون بە بێگانە.
14 خزمەکانم وازیان لێ هێنام و
ئەوانەی منیان ناسی لەبیریان کردم.
15 میوان و کارەکەرەکانم وەک بیانی دایاننام،
وەک نامۆیەک مامەڵەم لەگەڵ دەکەن.
16 بانگی خزمەتکارەکەی خۆمم کرد بەڵام وەڵامی نەدایەوە،
هەرچەندە بە دەمی خۆم لێی پاڕامەوە.
17 بۆنم ناخۆش بووە لەلای ژنەکەم و
قێزەونم لەلای جگەرگۆشەکانم.
18 تەنانەت منداڵانیش سووکایەتییان پێکردم،
کە هەستم باسی من دەکەن.
19 هەموو دۆستەکانم ڕقیان لێم بووەوە و
ئەوانەی خۆشم دەویستن لە دژم هەڵگەڕانەوە.
20 ئێسکم بە پێست و گۆشتمەوە نووساوە و
بە خۆم و پووکمەوە دەرباز بووم.
21 «بەزەییتان پێم بێتەوە، بەزەییتان پێم بێتەوە ئەی هاوڕێیان،
چونکە دەستی خودا لێی داوم.
22 بۆچی ئێوەش وەک خودا ڕاوم دەنێن؟
لە گۆشتم تێر نابن؟
23 «خۆزگە وشەکانم دەنووسرانەوە،
خۆزگە لەناو تۆمارێکدا وێنەیان دەکێشرا،
24 خۆزگە بە پێنووسی ئاسن لەسەر قورقوشم دەنووسران یان
بۆ هەتاهەتایە لەسەر بەرد هەڵدەکۆڵران.
25 بەڵام من زانیم ئەوەی کە دەمکڕێتەوە[j] زیندووە و
لە کۆتاییدا لەسەر زەوی ڕاست دەبێتەوە.
26 پاش ئەوەی ئەم پێستەم لەناودەچێت،
هەر لە جەستەی خۆم خودا دەبینم.[k]
27 ئەوەی من بۆ خۆم دەیبینم و
چاوەکانم تەماشا دەکەن، نەک یەکێکی دیکە،
لە ناخمەوە تامەزرۆی ئەوەم!
28 «ئەگەر ئێوە دەڵێن: ”چەند ڕاوی دەنێین،
چونکە ڕەگی کێشەکە لەلای ئەوە،“
29 لە خۆتان بترسن لە ڕووی شمشێر،
چونکە تووڕەیی سزای شمشێر دەهێنێت،
ئیتر دەزانن کە دادوەری هەیە.»
وەڵامی دووەمی چۆفەر
20 چۆفەری نەعماتیش وەڵامی دایەوە:
2 «لەبەر جۆشانی ناخم،
بیرکردنەوەکانم هانم دەدەن وەڵام بدەمەوە.
3 گوێم لە سەرزەنشتەکانی تۆ دەبێت کە سووکایەتیم پێ دەکەیت،
ڕۆحی تێگەیشتنم وام لێ دەکات وەڵام بدەمەوە.
4 «ئایا لە کۆنەوە ئەمەت نەزانیوە،
لەو کاتەوەی مرۆڤ لەسەر زەوی دانراوە؟
5 هاواری خۆشی خراپەکاران کورتە و
خۆشی خوانەناس بۆ ساتێکە.
6 هەرچەندە لووتبەرزی خوانەناس بگاتە ئاسمان و
سەریشی لە هەور بدات،
7 بەڵام وەک تەپاڵە خۆی بۆ هەتاهەتایە لەناودەچێت و
ئەوانەی بینیویانە دەڵێن: ”کوا؟“
8 وەک خەون دەفڕێت و ئیتر نامێنێت،
وەک مۆتەکەیەک دەردەکرێت.
9 چاوێک کە بینیویەتی دیسان نایبینێتەوە،
جارێکی دیکە شوێنەکەشی نابینرێت.
10 کوڕەکانی هەوڵ دەدەن هەژاران ڕازی بکەن؛
دەستەکانی سامانەکەی دەدەنەوە.
11 ئێسکەکانی پڕ لە گەنجیێتین،
بەڵام ئەو گەنجیێتییە لەگەڵیدا لەناو خاک ڕادەکشێت.
12 «کە خراپە لەناو دەمی شیرین بێت و
لەژێر زمانی بیشارێتەوە،
13 دڵی پێی سووتاو و بەجێی نەهێشت،
بەڵکو لەناو گەرویدا بەندی کرد،
14 بەڵام نانەکەی لەناو ڕیخۆڵەکانی دەگۆڕێت،
دەبێتە تاڵی ژەهری مار لەناو سکی.
15 سامانێکی قووت دا و دەیڕشێنێتەوە؛
خودا لەناو سکی وەدەری دەنێت.
16 ژەهری مار دەمژێت؛
زمانی مار دەیکوژێت.
17 جۆگەکان نابینێت،
ڕووبارە ڕۆیشتووەکانی هەنگوین و قەیماغ.
18 بەری ماندووبوونەکەی دێنێتەوە و قووتی نادات،
لە قازانجی بازرگانییەکەی خۆشی نابینێت.
19 چونکە هەژارانی وردوخاش کرد و بەجێی هێشتن؛
دەستی بەسەر ماڵێکدا گرت کە بنیادی نەنابوو.
20 «بێگومان لە ناخیدا نەیزانی بەس چییە؛
ئەوەی ئارەزووی دەکات دەربازی ناکات.
21 خواردنەکەی پاشماوەی نییە؛
ئیتر خێروخۆشییەکەی بەردەوام نابێت.
22 لەوپەڕی سەڵتەنەتیدا تووشی تەنگانە دەبێت،
دەستی هەموو ڕەنجدەرێکی دێتە سەر.
23 لە کاتێکدا سکی خۆی پڕ دەکات،
خودا گڕی تووڕەیی خۆی بۆ دەنێرێت و
وەکو باران بەسەریدا دەیبارێنێت.
24 لە چەکی ئاسنەوە ڕادەکات و
تیری بڕۆنز دەیبڕێت.
25 تیرەکەی ڕاکێشا و لە پشتییەوە هاتە دەرەوە،
نووکی بریسکەدار زراوی بڕی.
ترسی بەسەرەوەیە؛
26 هەموو تاریکییەک بۆ گەنجینەکانی شاردراوەتەوە.
ئاگرێک دەیخوات فووی لێ نەکراوە،
ئەوەی لە چادرەکەی مابێتەوە لووشی دەدات.
27 ئاسمان تاوانەکەی ئاشکرا دەکات،
زەوی لێی ڕادەپەڕێت.
28 لەو ڕۆژەی کە خودا تووڕەییەکەی دەبارێنێت،
لافاوێک ماڵەکەی دەبات.
29 ئەمە بەشی کەسی خراپە لە خوداوە،
میراتی دیاریکراوە لە خوداوە.»
قسەی حەوتەمی ئەیوب
21 ئەیوبیش وەڵامی دایەوە:
2 «بە گوێگرتن گوێ لە قسەکانم بگرن؛
با ئەمە ببێتە دڵنەواییتان.
3 بەرگەم بگرن کە قسە دەکەم و
پاش قسەکانم گاڵتە بکەن.
4 «ئایا من سکاڵاکەم لە مرۆڤە؟
بۆچی ئارامیم لێ نەبڕێت؟
5 ڕووم لێ بکەن، واقتان وڕبمێنێت و
دەست بخەنە سەر دەمتان.
6 کاتێک بەبیرم دێتەوە دەتۆقم؛
موچڕکە بە لەشمدا دێت.
7 بۆچی بەدکاران دەژین و پیر دەبن،
هەروەها بە هێزەوە زاڵ دەبن؟
8 نەوەیان لەبەردەمیان لەگەڵیان ڕاوەستاوە،
وەچەیان لەبەرچاویانە.
9 ماڵەکانیان لە ترس دڵنیایە؛
کوتەکی خودا بەسەریانەوە نییە.
10 گایەکەیان دەپەڕێت و هەڵە ناکات؛
مانگاکەیان ئاوس دەبێت و لە باری ناچێت.
11 منداڵەکانیان وەک مەڕ بەڕەڵا دەکرێن؛
شیرەخۆرەکانیان سەما دەکەن.
12 دەف و قیسارە بەدەستەوە دەگرن؛
بە دەنگی دووزەلە دڵخۆش دەبن.
13 ڕۆژگاریان بە خێروخۆشی بەسەردەبەن و
بە ئارامییەوە بۆ ناو جیهانی مردووان شۆڕ دەبنەوە.
14 لەگەڵ ئەوەشدا بە خودا دەڵێن: ”لێمان دوور بکەوە!
دڵخۆش نابین بە ناسینی ڕێگاکانت.
15 توانادارەکە کێیە هەتا خزمەتی بکەین؟
سوودی چی دەبینین کە لێی بپاڕێینەوە؟“
16 بەڵام خێروخۆشییان لە دەستی خۆیان نییە،
با ڕاوێژی بەدکاران لێم دوور بێت.
17 «چەند کەم چرای بەدکاران دەکوژێتەوە و
کارەساتیان بەسەردێت،
یان خودا لە تووڕەیی خۆیدا ئازاری کردووە بە بەشیان؟
18 یان وەک کا بن لەبەردەم با و
وەک ئەو سەرکۆزەرەی ڕەشەبا بردوویەتی؟
19 دەگوترێت: ”خودا تاوانی بەدکاران بۆ کوڕەکانیان هەڵدەگرێت.“
با سزای گیانی خۆیان بدات تاوەکو بزانن!
20 با چاوەکانیان لەناوچوونەکەیان ببینن،
لە جامی تووڕەیی خودای هەرە بە توانا بخۆنەوە،
21 چونکە لەدوای ئەوان، کە ژمارەی مانگەکانیان تەواو دەبێت،
ئایا گوێ بە کەسوکاریان دەدەن؟
22 «ئایا خودا فێری زانین دەکرێت،
ئەو کە دادوەری پایەدارەکان دەکات؟
23 کەسانێک هەن لەوپەڕی تەندروستیدا دەمرن،
کاتێک بە تەواوی دڵنیا و ئارامن،
24 لەشیان ساغن و
مۆخیان ناو ئێسکەکانیان هێشتا تەڕن.
25 کەسانێکی دیکەش بە پەژارەوە دەمرن و
تامی خێروخۆشییان نەکردووە.
26 هەردووکیان پێکەوە لەناو گڵ ڕادەکشێن و
کرم دایاندەپۆشێت.
27 «بیرکردنەوەی ئێوە باش دەزانم و
ئەو پیلانانەی بۆ ستەملێکردنم داتانناوە،
28 چونکە دەڵێن: ”کوا ماڵی گەورە پیاوەکە؟
کوا چادری نشینگەی خراپەکاران؟“
29 ئایا پرسیارتان لە ڕێبواران نەکردووە و
سەرنجتان نەداوەتە هەواڵەکانیان؟
30 بەدکار لە ڕۆژی کارەسات هەڵدێت،
ئایا لە ڕۆژی تووڕەیی دەرباز دەبێت؟
31 کێ بەرەو ڕوو لەسەر ڕەفتارەکەی سەرزەنشتی دەکات؟
کێ سزای دەدات لەسەر ئەوەی کردوویەتی؟
32 ئەو بەرەو گۆڕەکان دەبردرێت و
لەسەر گۆڕستان شەوارە دەگرێت.
33 قوڕی دۆڵەکە شیرینە بۆ ئەو؛
هەموو مرۆڤ بەدوایەوە دەڕۆن و
لەپێشیشیەوە بەبێ ژمارە.
34 «ئیتر چۆن بە قسەی پڕوپووچ دڵنەواییم دەدەنەوە؟
لە وەڵامەکانتان تەنها بێوەفایی دەبینم!»
وەڵامی سێیەمی ئەلیفاز
22 ئەلیفازی تێمانیش وەڵامی دایەوە:
2 «ئایا مرۆڤ سوودی بۆ خودا هەیە؟
تەنانەت کەسێکی دانا، ئایا سوودی بۆ خودا هەیە؟
3 ئایا خۆشی تێدایە بۆ توانادارەکە کە تۆ ڕاستودروست بیت؟
ئەگەر ڕەفتارەکەشت بێ کەموکوڕی بێت، ئایا قازانجی بۆ خودا تێدایە؟
4 «ئایا لەسەر لەخواترسییەکەت سەرزەنشتت دەکات و
تۆ دەداتە دادگا؟
5 ئایا خراپەکانت زۆر نین و
تاوانەکانیشت بێ کۆتایی نین؟
6 چونکە بەبێ هۆ بارمتەت لە برای خۆت وەرگرت و
جلت لەبەر داکەند ڕووتت کردەوە.
7 ئاوت نەدا بە تینوو و
ئامادە نەبووی نان بدەیتە برسی،
8 هەرچەندە تۆ خاوەن زەوی و پیاوێکی بە توانا بووی،
کە وەک کەسێکی ناودار تێدا نیشتەجێ بوو.
9 بێوەژنانت بە دەستبەتاڵی بەڕێکرد و
دەستی هەتیوانت شکاند.
10 لەبەر ئەوە چواردەورت تەڵەیە و
ترسی لەناکاو دەتتۆقێنێت،
11 لەبەر ئەوەش ئەوەندە تاریک بووە کە نابینیت و
لافاوێک داتدەپۆشێت.
12 «ئایا خودا لە بەرزی ئاسمان نییە؟
سەیری لووتکەی ئەستێرەکان بکە چەند خۆیان بڵند گرتووە!
13 بەڵام تۆ دەڵێیت: ”خودا چی دەزانێت؟
ئایا لە پشت هەوری ڕەشەوە دادوەری دەکات؟
14 هەورەکان پەردەن بۆ ئەو ئیتر نامانبینێت
کە بەسەر بازنەی ئاسمان هاتوچۆ دەکات.“
15 ئایا تۆش بەو ڕێگا کۆنەدا دەڕۆیت
کە خراپەکاران پێیدا ڕۆیشتوون؟
16 ئەوانەی پێش وەخت دەستیان بەسەردا گیرا،
ڕووبار بەسەر بناغەکەیاندا ڕژا.
17 ئەوانەی بە خودایان گوت: ”لێمان دوور بکەوە!
خودای هەرە بە توانا چیمان لەگەڵ دەکات؟“
18 بەڵام ئەو بوو کە ماڵەکانی ئەوانی پڕکردووە لە خێروخۆشی،
با ڕاوێژی خراپەکاران لێم دوور بێت.
19 ڕاستودروستان کە وێرانییان دەبینن، دڵخۆش دەبن،
بێگەردیش گاڵتەیان پێ دەکات:
20 ”بێگومان بەرهەڵستکارانمان لەناودەچن و
سامانەکەشیان ئاگر دەیخوات.“
21 «تکایە لەگەڵ خودا ڕێک بکەوە و لە ئاشتی بە،
بەمە خێرۆخۆشیت بۆ دێت.
22 تکایە فێرکردنەکان لە دەمیەوە وەربگرە و
قسەکانی بخە دڵتەوە.
23 ئەگەر بگەڕێیتەوە بۆ لای خودای هەرە بە توانا بنیاد دەنرێیتەوە،
ئەگەر ستەم لە چادرەکەت دووربخەیتەوە،
24 ئەگەر زێڕ فڕێبدەیتە سەر خۆڵ و
زێڕی ئۆفیر بۆ ناو بەردی شیوەکان،
25 ئەو کاتە توانادارەکە دەبێت بە زێڕەکەت و
بە زیوی گرانبەها بۆ تۆ.
26 بێگومان ئیتر خۆشی لە توانادارەکە دەبینیت،
ڕووت لە خودا دەکەیت.
27 نوێژی بۆ دەکەیت و گوێت لێ دەگرێت،
نەزرەکانت[l] بەجێدەهێنیت.
28 بڕیار دەدەیت و بۆت جێبەجێ دەبێت،
بەسەر ڕێگاکانت ڕووناکی دەدرەوشێتەوە.
29 کاتێک خەڵک دەکەون تۆ دەڵێیت: ”هەڵیانبستێنەوە!“
ئەوا خودا ماتومەلوولەکان ڕزگار دەکات.
30 تەنانەت ئەو کەسەی کە بێگەرد نییە دەربازی دەکات،
بەهۆی دەستپاکییەکەت دەرباز دەبێت.»
قسەی هەشتەمی ئەیوب
23 ئەیوبیش وەڵامی دایەوە:
2 «هەروەها ئەمڕۆش سکاڵاکەم جەرگبڕە؛
لەگەڵ ناڵینم دەستی خودا لەسەرم هەر قورسە.
3 خۆزگە دەمزانی چۆن پێی بگەم؛
دەهاتمە لای نشینگەکەی!
4 بە ڕێکوپێکی کێشە دەخەمە بەردەمی،
دەمم پڕ دەکەم لە بەهانە،
5 هەتا بزانم چۆن وەڵامم دەداتەوە و
لەوە تێبگەم کە پێم دەڵێت.
6 ئایا بە زۆری هێز مشتومڕم لەگەڵ دەکات؟
نەخێر، بەڵکو پەلکێشی دادگام ناکات.
7 لەوێ کەسی ڕاست بەهانەی بۆ دەهێنایەوە و
بۆ هەتاهەتایە لە دەست دادەورەکەم دەرباز دەبووم.
8 «بەڵام ئەگەر بەرەو ڕۆژهەڵات بچم لەوێ نییە،
بەرەو ڕۆژئاواش هەستی پێ ناکەم.
9 کاتێک لە باکوور کار دەکات، بەرچاوم ناکەوێت؛
کاتێک بەرەو باشوور دەسووڕێتەوە، نایبینم.
10 بەڵام ڕێگام دەزانێت،
دوای ئەوەی تاقیم دەکاتەوە وەک زێڕ دەردەچم.
11 پێیەکانم بە هەمان هەنگاوی ئەو ڕۆیشتوون،
ڕێگای ئەوم گرتەبەر و لام نەدا.
12 لە فەرمانەکانی زمانی ئەو لام نەداوە؛
لە نانی پێویستی خۆم زیاتر قسەکانی دەمی ئەوم لە گەنجینەی دڵم هەڵگرتووە.
13 «بەڵام ئەو تاک و تەنهایە و کێ ڕێی لێ دەگرێت؟
ئەوەی ئارەزووی لێ بێت، دەیکات.
14 فەرزی خۆی لە دژی من جێبەجێ دەکات،
پلانی وەک ئەمانەش زۆرە لەلای.
15 لەبەر ئەوە لەبەردەمی دەتۆقم؛
سەرنج دەدەم و لێی دەترسم.
16 خودا دڵی بێهێز کردم؛
توانادارەکە منی تۆقاند.
17 لەگەڵ ئەوەشدا تاریکی و تەمە چڕەکەش
کە ڕوخساری داپۆشیم بێدەنگم ناکات.
24 «بۆچی خودای هەرە بە توانا کاتەکانی دادگاییکردنی خراپەکاران دیاری ناکات؟
بۆچی خواناسەکان ئەو ڕۆژانە نابینن؟
2 خراپەکاران سنوور دەگوازنەوە،
دەست بەسەر مێگەلێکدا دەگرن و دەیلەوەڕێنن.
3 گوێدرێژی هەتیوان دەدەنە پێش خۆیان و
گای بێوەژن وەک بارمتە دەبەن.
4 نەداران لەسەر ڕێگا دەردەکەن،
هەژارانی خاکەکە ناچار دەکەن خۆیان بشارنەوە.
5 هەژاران وەک کەرەکێوی لە چۆڵەوانی،
بۆ گەڕان بەدوای خواردندا دەچن،
دەشتودەریش نان بۆ منداڵەکانیان دابین دەکات.
6 لە کێڵگە ئالیکی خۆیان دروێنە دەکەن،
لە ڕەزی خراپەکار هەڵدەگرنەوە.
7 بە ڕووتی بەبێ جل سەر دەنێنەوە،
هیچ بەرگێکیان نییە لە سەرمادا.
8 لەبەر نەبوونی پەناگا بە بارانی چیاکان تەڕ دەبن و
خۆیان بە تاشەبەردەوە دەگرن.
9 بەدکار هەتیو لە مەمکان دەڕفێنن،
منداڵی ساوای هەژار وەک بارمتە دەگرن.
10 نەدار بە ڕووتی دەڕۆن بەبێ جل،
بە برسیێتی کۆڵەکان هەڵدەگرن.
11 لەنێو کەڵەکی زەوییەکان زەیت دەگوشن،
بە پێیان گوشەرەکان دەپەستن و تینوو دەبن.
12 ئەوانەی لەناو شار لەناودەچن دەناڵێنن،
گیانی برینداران بۆ فریاکەوتن هاوار دەکەن،
بەڵام خودا هیچ کەس بە خراپەکاری تاوانبار ناکات.
13 «ئەوانە کە لە ڕووناکی یاخین،
نە ڕێگاکانی دەزانن و
نە لە ڕێڕەوەکانی دەمێننەوە.
14 بکوژ لەگەڵ ڕووناکی هەڵدەستێت و
هەژار و نەدار دەکوژێت؛
بە شەویش بۆ دزی دەچێت.
15 چاوی داوێنپیسیش تێبینی تاریکوڕوونی دەکات؛
دەڵێت: ”هیچ چاوێک چاودێریم ناکات،“
ڕووپۆشێک لەسەر ڕووی دادەنێت.
16 لە تاریکیدا ماڵ دەبڕن،
لە ڕۆژیشدا دەرگا لەسەر خۆیان دادەخەن؛
ڕووناکی ناناسن.
17 تاریکی شەو بەیانییە لەلای ئەوان،
هاوڕێی تۆقێنەرەکانی تاریکین.
18 «لەگەڵ ئەوەشدا ئەوانە کەفن لەسەر ڕووی ئاوەکان؛
بەشیان لە زەوی نەفرەت لێکراوە،
لەبەر ئەوە کەس ناچێتە ڕەزەکان.
19 وەک چۆن وشکەساڵی و گەرما ئاوی بەفر دەبات،
جیهانی مردووانیش گوناهباران دەڕفێنێت.
20 سکی دایک لەبیریان دەکات و
کرم تامی دەمی پێیان خۆش دەکات؛
ئیتر یادی خراپەکار ناکرێتەوە و
وەک دار دەشکێت.
21 لەگەڵ نەزۆک کە منداڵی نەبووە بە خراپی هەڵسوکەوت دەکەن،
هیچ چاکەیەک لەگەڵ بێوەژن ناکەن.
22 بەڵام خودا بە هێزی خۆی پاڵەوانان دەگرێت؛
هەرچەندە هەڵدەستن بەڵام کەسیان لە ژیانی خۆی دڵنیا نابێت.
23 دەشێت بیانهێڵێت بە ئاسوودەیی بژین،
بەڵام چاوی لەسەر ڕێگاکانیانە.
24 کەمێک پایەدار دەبن و ئیتر نامێنن؛
نزم دەبن و وەک هەمووان کۆدەکرێنەوە،
وەک سەری گوڵەگەنم دەبڕێنەوە.
25 «ئەگەر وا نییە، کێ بە درۆم دەخاتەوە و
قسەکانم وەک هیچ لێ دەکات؟»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.