Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Bible in 90 Days

An intensive Bible reading plan that walks through the entire Bible in 90 days.
Duration: 88 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
پەندەکانی سلێمان 7:1-20:21

ئاگادارکردنەوە لە ژنی داوێنپیس

ڕۆڵە، گوێڕایەڵی قسەکانم بە و
    ڕاسپاردەکانم لەلای خۆت هەڵبگرە،
ڕاسپاردەکانم بەجێبگەیەنە، دەژیت،
    فێرکردنەکانیشم وەک گلێنەی چاوت.
بە پەنجەکانتەوە گرێیان بدە،
    لەسەر پەڕەی دڵت بیاننووسە.
بە دانایی بڵێ: «تۆ خوشکی منی.»
    تێگەیشتنیش ناوبنێ خزم،
بۆ ئەوەی لە ژنی بەدڕەوشت بتپارێزن،
    لە ژنی داوێنپیسی زمانلووس.

لە پەنجەرەی ماڵەکەمەوە
    لەو دیوی کڵاوڕۆژنەکەمەوە[a] ڕوانیم،
لەناو ساویلکەکاندا بینیم،
    لەناو کوڕاندا سەرنجم دا گەنجێکی تێنەگەیشتوو.
لە شەقامەکە پەڕییەوە و لایدا لای ژنە بەدڕەوشتەکە،
    ڕێگای ماڵی ئەوی دەگرتەبەر،
لە زەردەپەڕی ئێواران کاتی ئاوابوونی خۆر،
    لەژێر تاریکایی شەو.

10 ئەوەتا ژنێک بەرەوپیری چوو،
    لە بەرگی لەشفرۆشێکی فێڵبازدا بوو.
11 (بە دەنگەدەنگ و سەرکێشە،
    پێیەکانی لە ماڵی خۆی گیرنابێت.
12 پێیەکی لە شەقام و پێیەکی لە گۆڕەپانەکانە،
    لە هەموو پەنایەک بۆسە دەنێتەوە.)
13 گەنجەکەی گرت و ماچی کرد،
    بێ ئابڕووانە پێی گوت:

14 «قوربانی هاوبەشیم[b] لەسەرە،
    ئەمڕۆ نەزرەکانی[c] خۆمم بەجێهێنا،
15 بۆیە بۆ دیدەنیت هاتمە دەرەوە،
    بۆ دیداری ڕووی تۆ و بۆ دۆزینەوەت.
16 نوێنم لەسەر قەرەوێڵەکەم ڕاخستووە،
    کەتانی ڕەنگاوڕەنگی میسری،
17 نوێنەکەم بۆنخۆش کردووە
    بە موڕ و ئەلوا[d] و دارچین[e].
18 وەرە هەتا بەیانی ئەوین بنۆشین،
    بە خۆشەویستی چێژ وەربگرین.
19 چونکە مێردەکەم لە ماڵەوە نییە،
    چووەتە ڕێگایەکی دوور.
20 کیسە زیوی لەگەڵ خۆی بردووە،
    هەتا مانگ نەبێت بە چواردە ناگەڕێتەوە ماڵ.»

21 بە زۆری مەکرەکانی لەخشتەی برد،
    بە قسە لووسەکانی زەوقی هەستاند.
22 لەناکاو بەدوایدا ڕۆیشت،
    وەک گایەک بۆ سەربڕین ببردرێت،
    وەک مامز دەکەوێتە ناو تەڵە،
23 هەتا تیرێک جەرگی ببڕێت،
    وەک پەلەکردنی باڵدار بۆ داو،
    کە نازانێ بۆ گیانی خۆیەتی.

24 ئەی کوڕینە، ئێستاش گوێم لێ بگرن،
    سەرنج بدەنە قسەکانی دەمم.
25 دڵت بەرەو ڕێگاکانی لانەدات،
    لە ڕێبازەکانی گومڕا مەبە،
26 چونکە زۆرن ئەوانەی بە برینداری بەریداونەتەوە،
    هەموو ئەوانەی بە دەستی کوژراون کۆمەڵی گەورەن.
27 ماڵەکەی ڕێگای جیهانی مردووانە،
    شۆڕبوونەوەیە بۆ ژوورەکانی مەرگ.

بانگەوازی دانایی

ئایا دانایی بانگەواز ناکات؟
    ئەی تێگەیشتن دەنگی خۆی هەڵنابڕێت؟
لەسەر لووتکەی بەرزاییەکان،
    لەسەر ڕێگاکان، لە چواڕیانەکان ڕادەوەستێت.
لەلای دەروازەی شارەکان،
    لەبەردەم دەرگاکان، هاوار دەکات:
«ئەی خەڵکینە، بۆ ئێوە بانگ دەکەم،
    دەنگم بۆ ئادەمیزادە.
ساویلکەکان، فێری ژیری بن،
    گێلەکان، فێری تێگەیشتن بن.
گوێ بگرن، چونکە باسی شتی بەرزتان بۆ دەکەم،
    کردنەوەی لێوەکانم بۆ ڕاستەڕێییە.
چونکە ڕاستگۆیی وێردی دەممە،
    خراپەش قێزەونە بۆ لێوەکانم.
قسەکانی دەمم هەموو ڕاستودروستن،
    هیچ فێڵ یان خواروخێچی تێدا نییە.
هەموو ڕێکن لای کەسی تێگەیشتوو،
    ڕاستەڕێیە لای ئەوانەی زانیاری دەدۆزنەوە.
10 تەمبێکردن لە من وەربگرن نەک زیو،
    زانیاریش زیاتر لە زێڕی پوختەکراو.
11 چونکە دانایی لە یاقووت[f] باشترە،
    هەرچی ئارەزووی دەکەیت نابێتە هاوتای.»

12 «من داناییم، لەگەڵ ژیریدا نیشتەجێم،
    زانیاری و سەلیقەم هەیە.
13 ئەوەی لەخواترس بێت، ڕقی لە خراپە دەبێت،
    من ڕقم لە لووتبەرزی و خۆبەزلزانییە،
    لە ڕێگای خراپ و لە قسەی بە فێڵە.
14 ڕاوێژ و دانایی تەواو هی منن،
    من تێگەیشتنم، هێز هی منە.
15 بە منەوە پاشاکان پاشایەتی دەکەن و
    فەرمانڕەوایان بە ڕاستودروستی یاسا دەردەکەن.
16 بە منەوە میرەکان میرایەتی دەکەن،
    بەگەکان و هەموو ئەوانەی بە ڕاستودروستی دادوەری دەکەن.
17 من ئەوانەم خۆشدەوێت کە منیان خۆشدەوێ،
    ئەوانەش کە بە پەرۆشەوە بەدوامدا دەگەڕێن، دەمدۆزنەوە.
18 دەوڵەمەندی و ڕێزداری لەلای منە،
    ڕاستودروستی[g] و ئەو سامانەی کە دەمێنێتەوە.
19 بەرهەمی من لە زێڕ باشترە، لە زێڕی بێگەردیش،
    دەغڵیشم لە زیوی پوختەکراو باشترە.
20 بە ڕێچکەی ڕاستودروستیدا دەڕۆم،
    لەسەر ڕێبازی دادپەروەری،
21 هەتا سامان بکەمە میرات بۆ ئەوانەی منیان خۆشدەوێت و
    ئەمبارەکانیان پڕ بکەم.»

22 «یەزدان لە سەرەتای بەدیهێنانەکەی منی دروستکرد،
    هەر لە کۆنەوە لەپێش کارەکانی.
23 لە ئەزەلەوە من دامەزراوم،
    لە سەرەتاوە، لەپێش زەوی.
24 هێشتا زەریاکان نەببوون من بەدیهێنراوم،
    هێشتا کانییە پڕ ئاوەکان نەبوون.
25 پێش ئەوەی چیاکان بچەسپێن،
    پێش گردەکان، من بەدیهێنراوم،
26 هێشتا نە زەوی و نە پانتاییەکانی دروستکردبوو،
    نە سەرەتای خۆڵی زەوی.
27 کاتێک کە ئاسمانی جێگیر کرد من لەوێ بووم،
    کاتێک کە هێڵی ئاسۆی بەسەر قووڵاییدا کێشا،
28 کاتێک کە هەوری لە ئاسمان ڕاگرت و
    سەرچاوەی قووڵاییەکانی چەسپاند،
29 کاتێک کە سنووری بۆ دەریا کێشا
    بۆ ئەوەی ئاوەکان فەرمانی ئەو نەشکێنن،
    کاتێک کە بناغەی زەوی داڕشت.
30 لەگەڵ ئەو وەستایەکی لێزان بووم،
    ڕۆژبەڕۆژ شادمانی ئەو بووم،
    هەمیشە لەبەردەمیدا دڵخۆش بووم،
31 لە زەوییە ئاوەدانەکەی دڵخۆش دەبووم،
    لەگەڵ ئادەمیزاد شادمان بووم.

32 «ئەی کوڕینە، ئێستاش گوێم لێ بگرن،
    خۆزگە دەخوازرێ بەوانەی ڕێگای من دەپارێزن.
33 گوێ لە تەمبێکردن بگرن و دانا بن،
    پشت گوێی مەخەن.
34 خۆزگە دەخوازرێ بەو کەسەی گوێم لێ دەگرێت،
    ڕۆژبەڕۆژ لەلای دەرگاکەم ئاگادارە،
    لەلای دەروازەی دەرگاکەم ئێشک دەگرێت.
35 چونکە ئەوەی من بدۆزێتەوە، ژیان دەدۆزێتەوە،
    ڕەزامەندی یەزدانیش بەدەستدەهێنێت.
36 بەڵام ئەوەی من نەدۆزێتەوە زیان بە خۆی دەگەیەنێت،
    هەموو ئەوانەی ڕقیان لە منە، مردنیان خۆشدەوێت.»
دانایی خانووی خۆی بنیاد ناوە،
    حەوت[h] کۆڵەکەکەی داتاشیوە.
سەربڕدراوەکەی سەربڕیوە و شەرابەکەی تێکەڵ کردووە،
    هەروەها خوانەکەی ئامادە کردووە.
کەنیزەکانی خۆی ناردووە و بانگ دەکات،
    لەسەر بەرزاییەکانی شار:
«کێ ساویلکەیە، با ڕوو لێرە بکات!»
    بە تێنەگەیشتووش دەڵێت:
«وەرن، لە نانی من بخۆن و
    لەو شەرابەی تێکەڵم کردووە بخۆنەوە.
واز لە ساویلکەیی بهێنن و بژین،
    بە ڕێگای تێگەیشتندا بڕۆن.»

ئەوەی گاڵتەجاڕ تەمبێ بکات شەرمەزاری دەست دەکەوێت،
    ئەوەی بەدکار سەرزەنشت بکات خۆی لەکەدار دەکات.
سەرزەنشتی گاڵتەجاڕ مەکە، نەوەک ڕقی لێت بێتەوە،
    سەرزەنشتی دانا بکە، تۆی خۆشدەوێت.
ڕێنمایی دانا بکە، داناتر دەبێت،
    کەسێکی ڕاستودروست فێر بکە، زاناتر دەبێت.

10 لەخواترسی سەرەتای داناییە،
    ناسینی خودای پیرۆزیش تێگەیشتنە.
11 چونکە بە من ڕۆژگارت زیاد دەکات،
    ساڵانی ژیانت پتر دەبێت.
12 ئەگەر دانا بیت، بۆ خۆت دانایت،
    ئەگەر گاڵتەجاڕ بیت، تەنها لەسەر خۆت دەکەوێت.

13 گێلایەتی وەک خاتوونێکی بە بۆڵەبۆڵە،
    ساویلکەیە و هیچ شتێک نازانێت.
14 لە بەردەرگای ماڵەکەی دادەنیشێت،
    لەسەر کورسییەک لە بەرزترین شوێنی شار،
15 بۆ بانگکردنی ڕێبوارەکان،
    ئەوانەی لە ڕێچکەی خۆیان دەڕۆن:
16 «کێ ساویلکەیە، با ڕوو لێرە بکات!»
    بە تێنەگەیشتووش دەڵێت:
17 «ئاوی دزراو شیرینە،
    نانی بە دزی بەتامە.»
18 بەڵام ئەوان نازانن، خێوەکان لەوێن،
    میوانەکانی نەزانیش لەناو جەرگەی جیهانی مردوواندان.

پەندەکانی سلێمان

10 پەندەکانی سلێمان:

کوڕی دانا باوکی شاد دەکات،
    بەڵام کوڕی گێل دڵتەنگییە بۆ دایکی.

بێ سوودە گەنجینەی داهاتی ناڕەوایی،
    بەڵام ڕاستودروستی فریادەکەوێت لە مردن.

یەزدان ناهێڵێت ڕاستودروستان تووشی برسیێتی بن،
    بەڵام ئارەزووی بەدکاران بەتاڵ دەکاتەوە.

دەستی تەمبەڵ دەبێتە هۆی هەژاری،
    بەڵام دەستی کۆڵنەدەر دەوڵەمەندی بەدواوەیە.

ئەوەی لە هاوین کۆدەکاتەوە، کوڕێکی وریایە،
    بەڵام ئەو کوڕەی لە کاتی دروێنەدا دەخەوێت، مایەی شەرمەزارییە.

بەرەکەت بۆ سەر ڕاستودروستانە،
    بەڵام دەمی بەدکاران توندڕەوی دەشارێتەوە.

یادکردنەوەی ڕاستودروستان بۆ بەرەکەتە،
    بەڵام ناوی بەدکاران دەڕزێت.

ئەوەی دڵی دانابێت فەرمان وەردەگرێت،
    بەڵام گێلی زۆربڵێ وێران دەبێت.

ئەوەی ڕێگای ڕاست بگرێت ئاسوودە دەبێت،
    بەڵام ئەوەی ڕێگای خوار بگرێت لێی ئاشکرا دەبێت.

10 چاوقوچان دەبێتە هۆی ئازار،
    گێلی زۆربڵێش دەکەوێت.

11 دەمی کەسی ڕاستودروست سەرچاوەی ژیانە و
    بەڵام دەمی بەدکاران توندڕەوی دەشارێتەوە.

12 ڕق ناکۆکی دەوروژێنێت،
    بەڵام خۆشەویستی هەموو یاخیبوونێک دادەپۆشێت.

13 لە لێوەکانی تێگەیشتوو دانایی هەیە،
    کوتەکیش بۆ پشتی تێنەگەیشتووانە.

14 داناکان زانیاری کۆدەکەنەوە،
    بەڵام دەمی گێل فەوتانێکی نزیکە.

15 سامانی دەوڵەمەند شاری قەڵابەندیەتی،
    بەڵام فەوتانی هەژاران نەدارییانە.

16 کرێی کەسی ڕاستودروست ژیانە،
    بەڵام داهاتی بەدکار گوناهە.

17 ئەوەی چاوی لە تەمبێکردنە لەسەر ڕێچکەی ژیانە،
    بەڵام ئەوەی واز لە سەرزەنشت بهێنێت گومڕا دەبێت.

18 ئەوەی ڕق بشارێتەوە لێوەکانی درۆ دەکەن،
    ئەوەی بوختان بڵاو بکاتەوە گێلە.

19 قسەی زۆر بێ گوناه نابێت،
    بەڵام ئەوەی زمانی خۆی بگرێت وریایە.

20 زمانی کەسی ڕاستودروست زیوی پوختەکراوە،
    بەڵام دڵی بەدکاران کەم بەهایە.

21 لێوەکانی کەسی ڕاستودروست، ڕابەرایەتی زۆر کەس دەکەن،
    بەڵام گێلەکان بە تێنەگەیشتوویی دەمرن.

22 بەرەکەتی یەزدان دەوڵەمەندی بەدواوەیە و
    هیچ زەحمەتێکیش ناخاتە پاڵی.

23 وەک پێکەنینە بۆ گێل بەدکاری کردن،
    بەڵام دانایی بۆ کەسی تێگەیشتوو.

24 ترسی بەدکار بۆی دێت،
    ئارەزووی ڕاستودروستانیش پێیان دەبەخشرێت.

25 وەک تێپەڕبوونی گەردەلوول خراپەکاریش ئاوا نامێنێت،
    بەڵام کەسی ڕاستودروست هەتاهەتایە جێگیر دەبێت.

26 وەک سرکە بۆ ددان و دووکەڵ بۆ چاو،
    کەسی تەمبەڵیش بۆ ئەوانەی دەینێرن ئاوایە.

27 لەخواترسی ڕۆژانی ژیانت زیاد دەکات،
    بەڵام ساڵانی بەدکاران کورت دەبێت.

28 هیوای ڕاستودروستان خۆشییە،
    بەڵام ئاواتی بەدکاران لەناودەچێت.

29 ڕێگای یەزدان پەناگایە بۆ ئەوانەی ڕێگای ڕاست بگرن،
    بەڵام لەناوچوونە بۆ ئەوانەی خراپە دەکەن.

30 کەسی ڕاستودروست هەرگیز نالەقێت،
    بەڵام خراپەکاران لەسەر زەوی نیشتەجێ نابن.

31 دەمی کەسی ڕاستودروست دانایی لێ دەڕوێت،
    بەڵام زمانی درۆودەلەسە دەبڕدرێتەوە.

32 لێوەکانی کەسی ڕاستودروست پەسەندیی دەزانن،
    بەڵام دەمی بەدکاران درۆودەلەسە.

11 تەرازووی لاسەنگ لەلای یەزدان قێزەونە،
    بەڵام ئارەزووی لە کێشی دروستە.

کە لووتبەرزی هات، ڕیسواییش دێت،
    بەڵام لەگەڵ بێفیزەکان دانایی دێت.

ڕاستیی سەرڕاستەکان ڕێنماییان دەکات،
    بەڵام خواری ناپاکان سەری خۆیان دەخوات.

بێ سوودە سامان لە ڕۆژی تووڕەیی،
    بەڵام ڕاستودروستی فریادەکەوێت لە مردن.

ڕاستودروستی ڕێگا بۆ کەسی بێ کەموکوڕی ئاسان دەکات،
    بەڵام بەدکار بە بەدکاری خۆی دەگلێت.

ڕاستودروستی سەرڕاستەکان فریایان دەکەوێت،
    بەڵام ناپاکان گرفتاری ئارەزووەکانیان دەبن.

بە مردنی بەدکار ئومێدی دەبڕێت،
    هیوای پاڵەوانانیش لەناودەچێت.

کەسی ڕاستودروست لە تەنگانەدا دەرباز دەبێت و
    بەدکار دەگرێتەوە.

کەسی دووڕوو بە دەمی دراوسێکەی لەناودەبات،
    بەڵام ڕاستودروستان بە زانیاری دەرباز دەبن.

10 بە سەرکەوتنی ڕاستودروستان شار شادمان دەبێت،
    بە لەناوچوونی بەدکارانیش هاواری خۆشییە.

11 بە بەرەکەتی سەرڕاستەکان شار بەرز دەبێتەوە،
    بەڵام بە دەمی بەدکاران وێران دەبێت.

12 ئەوەی سووکایەتی بە دراوسێکەی بکات تێنەگەیشتووە،
    بەڵام کەسی تێگەیشتوو بێدەنگ دەبێت.

13 دەمشڕ نهێنی ئاشکرا دەکات،
    بەڵام مرۆڤی دڵسۆز شت دادەپۆشێت.

14 بێ ڕاوێژ گەل دەکەوێت،
    بەڵام سەرکەوتن بە زۆری ئامۆژگارانە.

15 ئەوەی ببێتە کەفیلی بێگانە بێگومان تووشی خراپە دەبێت،
    بەڵام ئەوەی ڕقی لە دەست تێکەڵبوون بێت ئاسوودەیە.

16 ئافرەتی نەرمونیان ڕێزی دەست دەکەوێت،
    بەڵام کەسی زۆردار تەنها سامان.

17 مرۆڤی بە بەزەیی چاکە لەگەڵ خۆی دەکات،
    بەڵام دڵڕەق خۆی ماندوو دەکات.

18 خراپەکار کرێیەکەی قەڵبە،
    بەڵام چێنەری ڕاستودروست پاداشتی مسۆگەرە.

19 وەک چۆن ڕاستودروستی بۆ ژیانە،
    شوێنکەوتنی خراپەش بۆ مردنە.

20 قێزی یەزدان لە دڵخراپانە،
    ڕەزامەندیشی بۆ ڕێ تەواوانە.

21 بێگومان بەدکار بێ سزا نابێت،
    بەڵام نەوەی ڕاستودروستان دەرباز دەبن.

22 وەک خەزێمی زێڕە بە لووتی بەرازەوە،
    ئافرەتی جوانی بێ ئەقڵ.

23 ئارەزووی ڕاستودروستان تەنها چاکەیە،
    بەڵام هیوای بەدکاران لە تووڕەییە.

24 هەیە بڵاو دەکاتەوە و بۆی زیاد دەکرێت،
    بەڵام ئەوەی لە ڕادەبەدەر دەستی پێوە بگرێت تەنها بۆ نەدارییە.

25 چاوتێر دەوڵەمەند دەبێت،
    ئاوگێڕیش ئاوی دەدرێتێ.

26 ئەوەی گەنم ئەمبار دەکات و نایفرۆشێت گەل نەفرەتی لێ دەکات،
    بەڵام بەرەکەت بۆ سەری فرۆشیارە.

27 ئەوەی پەرۆشە بۆ چاکە ڕەزامەندی دەست دەکەوێت،
    بەڵام ئەوەی بەدوای خراپەدا بگەڕێت خراپە دێتە ڕێی.

28 ئەوەی پشت بە دەوڵەمەندی خۆی ببەستێت دەکەوێت،
    ڕاستودروستانیش وەک گەڵا دەپشکوێن.

29 ئەوەی ماڵی خۆی ماندوو بکات میراتی با دەبێت،
    گێلیش دەبێتە نۆکەری دانا.

30 بەروبوومی کەسی ڕاستودروست درەختی ژیانە،
    ئەوەی خەڵک دەباتەوە دانایە.

31 ئەگەر کەسی ڕاستودروست لەسەر زەوی پاداشت دەکرێت،
    لەوەش زیاتر خراپەکار و گوناهبار!

12 ئەوەی حەز لە تەمبێکردن بکات حەز لە زانیاری دەکات،
    بەڵام ئەوەی ڕقی لە سەرزەنشت بێت دەبەنگە.

پیاوچاک ڕەزامەندی یەزدان بەدەستدەهێنێت،
    بەڵام کەسی تەڵەکەباز تاوانبار دەکرێت.

مرۆڤ بە بەدکاری ناچەسپێت،
    ڕیشەی ڕاستودروستانیش نالەقێت.

ئافرەتی خانەدان تاجی سەری مێردەکەیەتی،
    بەڵام ئافرەتی شەرمەزار وەک کلۆرییە لەناو ئێسقانەکانی.

پلانی ڕاستودروستان دادپەروەرییە،
    بەڵام ڕاوێژی بەدکاران هەڵخەڵەتێنەرە.

قسەی بەدکاران بۆسەی خوێنڕشتنە،
    دەمی سەرڕاستان فریایان دەکەوێت.

بەدکاران وەردەگەڕێنەوە و نامێنن،
    بەڵام ماڵی ڕاستودروستان دەچەسپێت.

مرۆڤ بەپێی وریاییەکەی ستایش دەکرێت،
    بەڵام ئەوەی دڵخراپە ڕیسوا دەبێت.

باشترە ساکار بیت و خزمەتکارت هەبێت
    لەوەی خۆت گەورە دەربخەیت بەڵام نانت نەبێت.

10 کەسی ڕاستودروست بایەخ بە ئاژەڵەکەی دەدات،
    بەڵام بەزەیی بەدکاران دڵڕەقییە.

11 ئەوەی خزمەتی زەوی خۆی بکات تێر نان دەبێت،
    بەڵام ئەوەی دوای هیچوپووچی بکەوێت تێنەگەیشتووە.

12 بەدکار حەز لە قازانجی خراپەکاران دەکات،
    ڕیشەی ڕاستودروستان بەروبووم دەدات.

13 خراپەکار دەکەوێتە تەڵەی زمانە یاخییەکەی،
    بەڵام کەسی ڕاستودروست لە تەنگانە دەرباز دەبێت.

14 مرۆڤ لە بەروبوومی دەمی تێر چاکە دەبێت،
    پاداشتی دەستی مرۆڤیش بۆی دەگەڕێتەوە.

15 ڕێگای گێل لەبەرچاوی خۆی ڕاستە،
    بەڵام دانا گوێگری ئامۆژگارییە.

16 گێل دەستبەجێ تووڕەیی دەردەبڕێت،
    بەڵام داپۆشەری سووکایەتی ژیرە.

17 ئەوەی بە ڕاستگۆیی دەدوێت ڕاستودروستی ڕادەگەیەنێت،
    بەڵام شایەتی ساختە درۆ دەکات.

18 هەیە هەڵەشەییەکەی وەک زەبری شمشێرە،
    بەڵام زمانی دانایان چاکبوونەوەیە[i].

19 لێوی ڕاستگۆ هەتاهەتایە دەچەسپێت،
    بەڵام زمانی درۆ هەتا چاوتروکانێکە.

20 ساختە لە دڵی ئەوانەیە کە پیلانی خراپە دەنێنەوە،
    بەڵام دڵخۆشی بۆ ڕاوێژکارانی ئاشتییە.

21 کەسی ڕاستودروست تووشی هیچ ناخۆشییەک نابێت،
    بەڵام بەدکاران پڕ دەبن لە خراپە.

22 قێزی یەزدان لە لێوی درۆیە،
    بەڵام ئەوانەی بە ڕاستگۆیی کار دەکەن جێی ڕەزامەندی ئەون.

23 مرۆڤی ژیر زانیارییەکەی دەپارێزێت،
    دڵی گێلەکانیش گێلایەتی دەردەبڕێت.

24 دەستی ماندوو فەرمانڕەوایەتی دەکات،
    بەڵام دەستی تەمبەڵ لەژێر بێگاری دەبێت.

25 نیگەرانی لە دڵی مرۆڤدا دەیچەمێنێتەوە،
    بەڵام قسەی خۆش شادمانی دەکات.

26 کەسی ڕاستودروست ڕاوێژی چاک دەداتە هاوڕێکەی،
    بەڵام ڕێگای خراپەکاران گومڕایان دەکات.

27 مرۆڤی تەمبەڵ نێچیری خۆی ناگرێت،
    بەڵام مرۆڤی ماندوو نرخی سامانەکەی دەدات.

28 لە ڕێچکەی ڕاستودروستی ژیان هەیە،
    ڕێگای ڕێڕەوەکانی بەرەو نەمرییە.

13 کوڕی دانا تەمبێکردنی باوکی وەردەگرێت،
    بەڵام گاڵتەجاڕ گوێ لە سەرزەنشت ناگرێت.

مرۆڤ لە بەروبوومی دەمی چاکە دەخوات،
    ناپاکانیش ئارەزوویان توندوتیژییە.

ئەوەی ئاگای لە دەمی بێت گیانی خۆی دەپارێزێت،
    بەڵام ئەوەی زمان درێژی دەکات لەناودەچێت.

گیانی تەمبەڵ ئارەزوو دەکات و هیچی دەست ناکەوێت،
    گیانی ماندووش سەرکەوتوو دەبێت.

کەسی ڕاستودروست ڕقی لە قسەی درۆیە،
    بەدکاریش ڕیسوایی و شەرمەزاری دەهێنێت.

ڕاستودروستی ئەو کەسە دەپارێزیت کە ڕێگای ڕاستە،
    خراپەش گوناهبار سەرەوژێر دەکات.

هەیە خۆی بە دەوڵەمەند دەردەخات و هیچی نییە،
    هەشە خۆی بە هەژار دەردەخات و سامانی زۆری هەیە.

لەوانەیە سامانی مرۆڤ گیانی مرۆڤەکە بکڕێتەوە،
    بەڵام هەژار گوێی لە هەڕەشە نابێت.

ڕووناکی ڕاستودروستان دەگەشێتەوە،
    بەڵام چرای بەدکاران دەکوژێتەوە.

10 لە لووتبەرزییەوە تەنها ناکۆکی پەیدادەبێت،
    بەڵام لەگەڵ ڕاوێژکاران دانایی.

11 ماڵێک بە ناپاکی پەیداکرابێت لە کورتی دەدات،
    بەڵام ئەوەی بە کاری دەست کۆدەبێتەوە لە زیادبوون دەبێت.

12 ئومێدی درێژکراوە دڵ نەخۆش دەکات،
    ئارەزووی بەدیهاتووش درەختی ژیانە.

13 ئەوەی سووکایەتی بە فێرکردنەکە[j] بکات خۆی لەناودەبات،
    بەڵام ئەوەی ڕێزی بۆ ڕاسپاردەکە هەبێت پاداشتی دەدرێتەوە.

14 فێرکردنەکانی دانا کانی ژیانە،
    بۆ دوورکەوتنەوە لە داوی مردن.

15 تێگەیشتنی باش پەسەندی بەدەستدەهێنێت،
    بەڵام ڕێگای ناپاکان سەختە.

16 هەموو کەسێکی ژیر بە زانیارییەوە کار دەکات،
    بەڵام نەزان گێلایەتی بڵاو دەکاتەوە.

17 نێردراوی بەدکار دەکەوێتە خراپەوە،
    پەیامبەری دەستپاکیش چاکبوونەوە دەهێنێت.

18 هەژاری و ڕیسوایی بۆ ئەوانەیە تەمبێکردن بەلاوە دەنێن،
    بەڵام ئەوەی سەرزەنشت لەگوێدەگرێت ڕێزدار دەبێت.

19 ئارەزووی بەدیهاتوو خۆشییە بۆ گیان،
    بەڵام گێل وادەزانێت کە لادان لە خراپە شتێکی قێزەونە.

20 ئەوەی لەگەڵ دانایان دەڕوات دەبێتە دانا،
    هاوڕێی گێلەکانیش زیانی پێ دەگات.

21 خراپە دوای گوناهباران دەکەوێت،
    بەڵام ڕاستودروستان بە چاکە پاداشت دەدرێنەوە.

22 پیاوچاک میرات بۆ نەوەکانی[k] بەجێدەهێڵێت،
    سامانی گوناهبارانیش بۆ ڕاستودروست هەڵدەگیردرێت.

23 لەوانەیە بەیاری[l] هەژاران خواردنی زۆری تێدابێت،
    بەڵام لەبەر نادادپەروەری دەبردرێت.

24 ئەوەی ڕێگا لە کوتەک بگرێت ڕقی لە کوڕەکەیەتی،
    بەڵام ئەوەی خۆشیبوێت گرنگی بە تەمبێکردنی دەدات.

25 کەسی ڕاستودروست دەخوات و تێر دەبێت،
    بەڵام سکی بەدکاران هەر برسی دەبێت.

14 ژنی دانا ماڵی خۆی بنیاد دەنێت،
    گێلیش بە دەستی خۆی کاولی دەکات.

ئەوەی ڕاستەڕێیەکەی خۆی بگرێت لەخواترسە،
    بەڵام ئەوەی ڕێگای خۆی خوار بکاتەوە سووکایەتی پێ دەکات.

گێل بە قسەکانی خۆی تووشی گۆچانی سزادان دەبێت،
    بەڵام دانایان لێوەکانیان دەیانپارێزێت.

کە مانگا نەبێت ئاخوڕ بەتاڵە،
    دروێنەی زۆریش بە هێزی گایە.

شایەتی دەستپاک درۆ ناکات،
    بەڵام شایەتی درۆزن درۆ بڵاو دەکاتەوە.

گاڵتەجاڕ داوای دانایی دەکات و نایدۆزێتەوە،
    بەڵام زانیاری بۆ تێگەیشتوو ئاسانە.

لەبەردەم کەسی گێل دووربکەوە،
    چونکە لە لێوەکانی زانیاری نابیستیت.

دانایی ژیر تێگەیشتنی ڕێگای خۆیەتی،
    بەڵام گێلایەتی گێلەکان فریودانە.

گێلەکان گاڵتە بە تاوان دەکەن،
    بەڵام لەنێو سەرڕاستان ڕەزامەندی خودا دەدۆزرێتەوە.

10 هەر دڵێک تاڵیێتی گیانی خۆی دەزانێت،
    بێگانەش لە خۆشییەکەی بەشداری ناکات.

11 ماڵی بەدکارەکان کاول دەبێت،
    بەڵام ڕەشماڵی سەرڕاستان گەشە دەکات.

12 ڕێگا هەیە لەبەرچاوی مرۆڤ ڕاست دیارە،
    بەڵام کۆتاییەکەی بەرەو مردنە.

13 بگرە لە پێکەنینیشدا دڵ تەنگ دەبێت،
    لەوانەیە کۆتایی خۆشیش خەم بێت.

14 کەسی ڕاڕا لە ڕێگای خۆی تێر دەبێت،
    پیاوچاکیش لەوەی کە هەیەتی.

15 ساویلکە بە هەموو قسەیەک بڕوا دەکات،
    بەڵام ژیر دەڕوانێتە هەنگاوەکانی خۆی.

16 کەسی دانا دەترسێت و لە خراپە لادەدات،
    بەڵام گێل سەرگەرمە و پشت ئەستوورە.

17 کەسی هەڵەشە ڕەفتاری گێلانە دەکات،
    پیاوی تەڵەکەبازیش مایەی ڕقە.

18 ساویلکەکان میراتگری گێلایەتین،
    بەڵام ژیرەکان سەریان بە زانیاری دەڕازێنرێتەوە.

19 بەدکاران لەبەردەم پیاوچاکان دەچەمێنەوە،
    خراپەکارانیش لە بەردەرگای کەسی ڕاستودروست.

20 هەژار تەنانەت دراوسێکەشی ڕقی لێی دەبێتەوە،
    بەڵام دەوڵەمەند دۆستی زۆرە.

21 ئەوەی سووکایەتی بە دراوسێکەی بکات گوناه دەکات،
    بەڵام خۆزگە دەخوازرێ بەوەی لەگەڵ هەژاران میهرەبانە.

22 ئایا وێڵ نابن ئەوانەی پیلانی خراپە دادەڕێژن؟
    بەڵام خۆشەویستی نەگۆڕ و دڵسۆزی لەگەڵ ئەوانەیە کە پلانی چاکە دادەڕێژن.

23 لە هەموو ماندووبوونێک سوود هەیە،
    بەڵام تەنها قسەی لێوان بێت بەرەو نەبوونییە.

24 دەوڵەمەندی تاجی دانایانە،
    بەڵام گێلایەتی نادانایان دەڕازێنێتەوە.

25 شایەتی ڕاستگۆ دەربازکەری خەڵکە،
    بەڵام ئەوەی درۆ بڵاو دەکاتەوە تەفرەدەرە.

26 ئەوەی لە یەزدان بترسێت دڵنیاییەکی بەهێزی هەیە،
    بۆ کوڕەکانیشی دەبێتە پەناگا.

27 لەخواترسی کانی ژیانە،
    بۆ دوورکەوتنەوە لە داوی مردن.

28 زۆری گەل شکۆمەندییە بۆ پاشا،
    بەڵام نەمانی گەل شکستی میرە.

29 ئەوەی درەنگ تووڕە بێت باش تێدەگات،
    بەڵام ئەوەی هەڵەشە بێت گێلایەتی دەردەخات.

30 دڵی ئارام ژیان بە جەستە دەبەخشێت،
    بەڵام ئیرەیی ئێسک کلۆر دەکات.

31 ئەوەی ستەم لە هەژار بکات سووکایەتی بە دروستکەرەکەی دەکات،
    بەڵام ئەوەی لەگەڵ نەدار میهرەبانە ڕێز لە خودا دەگرێت.

32 خراپەکار بە خراپەکانی خۆی دەکەوێنرێت،
    بەڵام کەسی ڕاستودروست لە مردنیشی پەناگای هەیە.

33 دانایی لەناو دڵی کەسی تێگەیشتوو دەحەسێتەوە،
    هەروەها گێلەکان تەنانەت ناواخنیشیان دەزانرێت.

34 ڕاستودروستی نەتەوە بەرز دەکاتەوە،
    بەڵام گوناه شەرمەزاری گەلانە.

35 ڕەزامەندی پاشا بۆ خزمەتکاری وریایە،
    بەڵام تووڕەبوونی لە خزمەتکاری شەرمەزارە.

15 وەڵامی نەرم تووڕەیی دەڕەوێنێتەوە،
    بەڵام قسەی بریندارکەر ڕق دەوروژێنێت.

زمانی دانایان زانیاری دەڕازێنێتەوە،
    بەڵام دەمی دەبەنگەکان گێلایەتی لێ هەڵدەقوڵێت.

چاوی یەزدان لە هەموو جێگایەکە،
    چاودێری بەدکاران و پیاوچاکان دەکات.

هێمنی زمان درەختی ژیانە،
    بەڵام خوارکردنەوەی تێکشکانی ڕۆحە.

گێل سووکایەتی بە تەمبێکردنی باوکی دەکات،
    بەڵام ئەوەی چاوی لە سەرزەنشت بێت ژیر دەبێت.

لە ماڵی کەسی ڕاستودروست گەنجینەی گەورە هەیە،
    بەڵام داهاتی بەدکار پشێوییە.

لێوی دانایان زانیاری بڵاو دەکەنەوە،
    بەڵام دڵی گێلەکان ئاوا نییە.

قوربانی بەدکاران قێزەونە لەلای یەزدان،
    بەڵام نوێژی سەرڕاستان خۆشحاڵی دەکات.

قێزی یەزدان لە ڕێگای بەدکارە،
    بەڵام ئەوەی خۆشدەوێت کە دوای ڕاستودروستی کەوتووە.

10 تەمبێی سەخت بۆ لەڕێ لادەرە،
    ئەوەی ڕقی لە سەرزەنشتە دەمرێت.

11 جیهانی مردووان و لەناوچوون[m] لەبەردەم یەزدانن،
    لەوەش زیاتر دڵی ئادەمیزاد!

12 گاڵتەجاڕ ئەو کەسەی خۆشناوێت کە سەرزەنشتی دەکات،
    بۆ لای دانایان ناچێت.

13 دڵی شادمان ڕووخۆش دەکات،
    بەڵام بە دڵتەنگی ڕۆح تێکدەشکێت.

14 دڵی تێگەیشتوو بەدوای زانیاریدا دەگەڕێت،
    بەڵام دەمی گێلەکان لەسەر گێلایەتی دەلەوەڕێت.

15 هەموو ڕۆژانی ستەملێکراو سەختە،
    بەڵام دڵتەڕ هەمیشە لەسەر خوانی شادییە.

16 باشترە کەمت هەبێت لەگەڵ لەخواترسی
    لە گەنجینەی گەورە لەگەڵ سەرلێشێوان.

17 باشترە سەوزە خواردن لەو شوێنەی خۆشەویستی لێیە
    لە گایەکی قەڵەو و ڕقی لەگەڵ بێت.

18 کەسی سەرگەرم ناکۆکی دەوروژێنێت،
    بەڵام کەسی هێمن دوژمنایەتی ئارام دەکاتەوە.

19 ڕێگای تەمبەڵ وەک پەرژینی دڕکە،
    بەڵام ڕێگای سەرڕاستان تەخت کراوە.

20 کوڕی دانا باوکی شاد دەکات،
    بەڵام گێل دایکی خۆی ڕیسوا دەکات.

21 گێلایەتی خۆشییە بۆ کەسی تێنەگەیشتوو،
    بەڵام کەسی تێگەیشتوو بە ڕێکی ڕەفتار دەکات.

22 پلان بەبێ ڕاوێژ پووچەڵ دەبێت،
    بەڵام بە زۆری ڕاوێژکاران سەردەکەوێت.

23 دڵخۆشییە بۆ مرۆڤ وەڵامی گونجاو،
    قسەش لە کاتی خۆیدا چەند باشە!

24 ڕێچکەی ژیان بۆ کەسی وریا بەرەو سەرەوەیە،
    بۆ ئەوەی لە دابەزین بەرەو جیهانی مردووان بیپارێزێت.

25 یەزدان ماڵی لووتبەرزان ڕیشەکێش دەکات،
    بەڵام سنووری ماڵی بێوەژن دەچەسپێنێ.

26 قێزی یەزدان لە پیلانی بەدە،
    بەڵام قسەی شیرین پاکە.

27 ئەوەی بەدوای دەستکەوتی ناڕەواوە بێت ماڵی خۆی تێکدەدات،
    بەڵام ئەوەی ڕقی لە بەرتیل ببێتەوە دەژیێت.

28 دڵی کەسی ڕاستودروست بیر لە وەڵام دەکاتەوە،
    بەڵام دەمی بەدکاران خراپەی لێ هەڵدەڕژێت.

29 یەزدان لە بەدکاران دوورە،
    بەڵام گوێی لە نوێژی ڕاستودروستان دەبێت.

30 ڕووناکی چاو دڵ خۆش دەکات،
    مژدەش ئێسک تەندروست دەکات.

31 ئەوەی گوێ لە سەرزەنشتی بەرەو ژیان بگرێت
    لەناو دانایان نیشتەجێ دەبێت.

32 پشتگوێخەری تەمبێکردن گیانی خۆی ڕیسوا دەکات،
    بەڵام ئەوەی گوێ لە سەرزەنشت دەگرێت تێگەیشتنی دەستدەکەوێت.

33 ترسی یەزدان مرۆڤ بەرەو دانایی دەبات،
    پێش ڕێزلێنانیش بێفیزییە.

16 ئامادەکاریەکانی دڵ هی مرۆڤە،
    بەڵام وەڵامدانەوەی زمان لە یەزدانەوەیە.

هەموو ڕێگاکانی مرۆڤ لەبەرچاوی خۆی بێگەردن،
    بەڵام یەزدانە پاڵنەرەکان هەڵدەسەنگێنێت.

کارەکانت بە یەزدان بسپێرە،
    پلانەکانت جێگیر دەبێت.

یەزدان بۆ مەبەستی خۆی هەموو شتێکی دروستکردووە،
    تەنانەت بەدکاریش بۆ ڕۆژی بەڵا.

یەزدان قێزی لە هەموو دڵ بەفیزێکە،
    بێگومان سزادانی لەسەر تێناپەڕێت.

بە خۆشەویستی نەگۆڕ و دڵسۆزی کەفارەت[n] بۆ تاوان دەکرێت،
    بە لەخواترسیش دوورکەوتنەوە لە خراپە.

ئەگەر ڕەفتاری مرۆڤ مایەی ڕەزامەندی یەزدان بێت،
    وا دەکات تەنانەت دوژمنەکانیشی لەگەڵیدا ئاشت دەبنەوە.

باشترە کەمت هەبێت بە ڕاستودروستییەوە
    لەوەی داهاتێکی زۆری بە ناڕەوا.

دڵی مرۆڤ پلان بۆ ڕێگای خۆی دادەنێت،
    بەڵام یەزدان هەنگاوەکانی ئاراستە دەکات.

10 قسەی پاشا وەک سروشە[o]،
    دەبێ لە دادوەریدا دەمی ناپاکی نەکات.

11 قەپان و تەرازووی دادپەروەر لە یەزدانەوەیە،
    هەموو کێشێکی ناو کیسە کاری ئەوە.

12 قێزی پاشایان لە خراپەکردنە،
    چونکە بە ڕاستودروستی تەخت دەچەسپێت.

13 ڕەزامەندی پاشایان لێوی ڕاستودروستە،
    کەسی ڕاستگۆیان خۆشدەوێت.

14 تووڕەیی پاشا وەک فریشتەی مەرگە،
    بەڵام کەسی دانا هێمنی دەکاتەوە.

15 ڕووناکی ڕووی پاشا ژیانی تێدایە،
    ڕەزامەندیشی وەک هەورە بارانی بەهارە.

16 دەستکەوتنی دانایی چەند لە زێڕ باشترە،
    دەستکەوتنی تێگەیشتنیش لە زیو پەسەندترە.

17 ڕێگای سەرڕاستان دوورکەوتنەوەیە لە خراپە،
    ئەوەی ڕێگای خۆی بپارێزێت گیانی خۆی دەپارێزێت.

18 لەپێش شکان لووتبەرزییە،
    لەپێش ڕووخانیش ڕۆحزلییە.

19 باشترە بێفیز بیت و لەگەڵ ستەملێکراوان بیت،
    لە دابەشکردنی دەستکەوت لەگەڵ لووتبەرزان.

20 ئەوەی بایەخ بە ئامۆژگاری بدات چاکەی دەست دەکەوێت،
    ئەوەی پشت بە یەزدان ببەستێت خۆزگەی پێ دەخوازرێت.

21 ئەوەی لە دڵدا دانابێت پێی دەگوترێت تێگەیشتوو،
    شیرینی لێوەکانیش فێربوون زیاد دەکات.

22 وریایی سەرچاوەی ژیانە بۆ خاوەنەکەی،
    بەڵام تەمبێکردنی گێلەکان گێلایەتییە.

23 دڵی کەسی دانا ڕێنمایی دەمی دەکات و
    بەسەر لێوان فێربوون زیاد دەکات.

24 قسەی جوان شانەی هەنگوینە،
    بۆ دەروون شیرینە و بۆ ئێسک چاکبوونەوەیە.

25 ڕێگا هەیە لەبەرچاوی مرۆڤ ڕاست دیارە،
    بەڵام کۆتاییەکەی بەرەو مردنە.

26 نەوسی کرێکار بۆ خۆی ڕەنج دەدات،
    برسیێتییەکەی پاڵی پێوەدەنێت.

27 کەسی دڵڕەش کای کۆن بە با دەکات[p] و
    لەسەر لێوەکانیشی ئاگری کڵپەدارن.

28 کەسی درۆزن دووبەرەکی دەوروژێنێت و
    دەمشڕ دۆستی نزیک لە یەکتر جیا دەکاتەوە.

29 کەسی توندڕەو دراوسێی خۆی تەفرە دەدات و
    بە ڕێگایەکدا دەیبات کە باش نییە.

30 ئەوەی چاو دەقوچێنێت پیلان بۆ درۆ دادەڕێژێت،
    ئەوەی لێوی دەکرۆژێت خراپە بە ئەنجام دەگەیەنێت.

31 ڕیش سپیێتی تاجی شانازییە،
    لە ڕێگای ڕاستودروستییەوە دەستدەکەوێت.

32 ئەوەی درەنگ تووڕە بێت لە پاڵەوان باشترە،
    هەروەها ئەوەی بەسەر خۆیدا زاڵ بێت باشترە لەوەی شارێک دەگرێت.

33 تیروپشک هەڵدەدرێتە کۆش،
    بەڵام هەموو بڕیارێکی لەلایەن یەزدانەوەیە.

17 باشترە پارووێکی وشک بە ئارامییەوە
    لە ماڵێکی پڕ لە خوانی ئامادەکراو، بە ناکۆکی.

بەندەی وریا بەسەر کوڕی شەرمەزاردا زاڵ دەبێت و
    لەگەڵ برایانی میرات بەشدەکات.

بۆتە[q] بۆ زیوە و کوورە بۆ زێڕ،
    یەزدانیش دڵ تاقی دەکاتەوە.

بەدکار گوێ لە لێوی خراپ دەگرێت،
    درۆزنیش گوێ دەداتە زمانی گرفتخواز.

ئەوەی گاڵتە بە هەژار بکات سووکایەتی بە دروستکەرەکەی دەکات،
    ئەوەی بە بەڵا دڵی خۆشبێت بێ سزا دەرناچێت.

منداڵی منداڵ تاجی پیرانە،
    شانازی کوڕانیش باوکانن.

قسەی نەستەق لە گێل ناوەشێتەوە،
    لەوەش زیاتر قسەی درۆ لە میر.

بەرتیل بەردی گرانبەهایە لەبەرچاوی خاوەنەکەی،
    ڕوو لە هەر لایەک بکات سەردەکەوێت.

ئەوەی تاوان دادەپۆشێت پەرە بە خۆشەویستی دەدات،
    بەڵام ئەوەی باسی بابەتەکە بکاتەوە دۆستی نزیک لە یەکتر جیا دەکاتەوە.

10 سەرزەنشتکردنێک بۆ تێگەیشتوو
    قووڵترە لە سەد جار دارکاریکردن بۆ گێل.

11 کەسی خراپ تەنها داواکاری یاخی بوونە،
    لەبەر ئەوە فریشتەی مەرگی بۆ دەنێردرێت.

12 باشترە تووشی دەڵەورچێکی سک سووتاو بیت،
    نەک گێلێک لە گێلایەتییەکەی خۆی.

13 ئەوەی پاداشتی چاکە بە خراپە بداتەوە،
    خراپە ماڵی بەرنادات.

14 دەستپێکردنی ناکۆکی وەک تەقینی بەنداوە،
    جا پێش ئەوەی ناکۆکییەکە بتەقێتەوە وازی لێبهێنە.

15 بێتاوانکردنی خراپەکار و تاوانبارکردنی ڕاستودروست،
    هەردووک قێزەونن لەلای یەزدان.

16 بۆچی پارە بکەوێتە دەست پیاوی گێل؟
    کە ئارەزووی نییە بۆ کڕینی دانایی!

17 برادەر هەموو کاتێک خۆشەویستی خۆی دەردەبڕێت،
    براش بۆ تەنگانە لەدایک دەبێت.

18 کەسی تێنەگەیشتوو تەوقە دەکات[r] و
    بە تەواوی دەبێتە کەفیلی دراوسێکەی.

19 ئەوەی حەز لە ناکۆکی بکات حەز لە گوناه دەکات،
    ئەوەی دەرگای خۆی بڵند بکات داوای شکان دەکات.

20 ئەوەی دڵخراپ بێت چاکە نایەتە ڕێی،
    ئەوەی زمان خوار بێت تووشی خراپە دەبێت.

21 ئەوەی گێلی ببێت تووشی خەفەت دەبێت،
    باوکی ڕۆڵەی دەبەنگیش دڵخۆشی نابینێت.

22 دڵی شادمان تەندروستی دەبەخشێت،
    بەڵام ڕۆحی تێکشکاو ئێسک وشک دەکات.

23 بەدکار بە نهێنی بەرتیل وەردەگرێت
    تاکو ڕێچکەی دادپەروەری خوار بکاتەوە.

24 کەسی تێگەیشتوو چاوی لەسەر داناییە،
    بەڵام گێل چاودەبڕێتە ئەوپەڕی زەوی.

25 کوڕی گێل خەمە بۆ باوکی و
    تاڵییە بۆ ئەو دایکەی لێی بووە.

26 پێبژاردن بە کەسی ڕاستودروست باش نییە،
    هەروەها دارکاریکردنی کەسی خانەدان لەبەر دەستپاکی.

27 ئەوەی قسەی خۆی ڕاگرێت خاوەن زانیارییە،
    ئەوەی ڕۆح ئارام بێت پیاوی تێگەیشتنە.

28 تەنانەت گێلیش کە بێدەنگ بێت بە دانا دادەنرێت،
    ئەوەی لێویشی لێک نەکاتەوە بە تێگەیشتوو.

18 کەسی دوورەپەرێز دوای ئارەزووی خۆی کەوتووە،
    بە ڕووی هەموو داناییەکی تەواودا دەتەقێتەوە.

گێل خۆشی لە تێگەیشتن نابینێت،
    بەڵکو بە پەخشکردنی ئەوەی لە دڵیدایە.

بە هاتنی خراپەکار سووکایەتیش دێت،
    لەگەڵ شەرمەزاریش ڕیسوایی.

قسەی دەمی مرۆڤ ئاوێکی قووڵە،
    بەڵام سەرچاوەی دانایی ڕووبارێکی هەڵچووە.

نە لایەنگری خراپەکار باشە،
    نە بێبەشکردنی ڕاستودروست لە دادپەروەری.

لێوەکانی کەسی گێل دەیهێننە ناو ناکۆکییەوە،
    دەمی بانگی لێدان دەکات.

دەمی گێل دەبێتە هۆی لەناوچوونی،
    لێوەکانیشی تەڵەن بۆ گیانی.

قسەکانی دەمشڕ وەک پارووی بەتامە،
    شۆڕ دەبێتەوە ناو ورگ.

ئەوەی سست بێت لە کارەکەی
    برای وەستای وێرانکردنە.

10 ناوی یەزدان قوللەیەکی بەهێزە،
    کەسی ڕاستودروست بۆ ئەوێ ڕادەکات و پەناگیر دەبێت.

11 سامانی دەوڵەمەند شاری قەڵابەندیەتی،
    وەک شوورایەکی بڵندە بە خەیاڵی ئەو.

12 پێش شکستهێنان دڵی مرۆڤ بەفیزە،
    بەڵام پێش ڕێزلێنان بێفیزە.

13 ئەوەی وەڵامی شتێک بداتەوە پێش بیستنی
    دەبێتە مایەی گێلایەتی و شەرمەزاری بۆی.

14 ڕۆحی مرۆڤ بەرگەی نەخۆشی دەگرێت،
    بەڵام ڕۆحی تێکشکاو کێ بەرگەی دەگرێت؟

15 دڵی پیاوی تێگەیشتوو زانیاری وەردەگرێت،
    گوێی دانایانیش داوای زانینی لێ دەکات.

16 دیاری مرۆڤ ڕێگای خۆش دەکات و
    بەرەو ئامادەبوونی گەورە پیاوانی دەبات.

17 ئەوەی یەکەم جار سکاڵا بکات لەوە دەچێت ڕاست بێت،
    هەتا نزیکەکەی دێت و لێی دەکۆڵێتەوە.

18 تیروپشک ناکۆکی دەبڕێنێتەوە و
    بەهێزەکان لە یەکتر جیا دەکاتەوە.

19 خراپە دەرهەق بە برا، ئاشتکردنەوەی لە شاری قەڵابەند سەختترە،
    ناکۆکیش وەک شمشیرەی[s] قەڵایە.

20 لە بەروبوومی دەمی مرۆڤ سکی تێردەبێت،
    لە دروێنەی لێوەکانی خۆی تێر دەخوات.

21 مردن و ژیان بە دەست زمانە،
    ئەوەی حەزی لێی بێت بەروبوومەکەی دەخوات.

22 ئەوەی ژنێکی دەست بکەوێت خێرێکی دەست دەکەوێت،
    ڕەزامەندی یەزدانیش بەدەستدەهێنێت.

23 هەژار بۆ بەزەیی دەپاڕێتەوە،
    بەڵام دەوڵەمەند بە ڕەقی وەڵام دەداتەوە.

24 پیاو برادەری زۆر بێت خۆی گرفتار دەکات،
    بەڵام دۆستێک هەیە لە برا نزیکترە.

19 هەژارێک ڕێگای تەواوەتی گرتبێت
    باشترە لەوەی زمان خوار و گێلە.

دڵگەرمی بەبێ زانیاری باش نییە و
    ئەوەی پەلە بە پێیەکانی بکات بە هەڵەدا دەچێت.

مرۆڤ بە گێلایەتییەکەی ڕێگای خۆی وێران دەکات،
    کەچی دڵی لە دژی یەزدان هەڵدەچێت.

دەوڵەمەندیێتی برادەری زۆر پەیدا دەکات،
    بەڵام هەژار برادەرەکەشی لێی جیا بووەتەوە.

شایەتی درۆزن بێ سزا نابێت،
    ئەوەی درۆ پەخش دەکات دەرباز نابێت.

زۆر کەس هەوڵی بەدەستهێنانی ڕەزامەندی میر دەدەن،
    هەمووش دۆستی پیاوی بەخشندەن.

پیاو هەژار بێت براکانی خۆشی ڕقیان لێی دەبێتەوە،
    لەوەش زیاتر هاوڕێیەکانی لێی دوور دەکەونەوە!
بە پاڕانەوەکانی دوایان دەکەوێت،
    بەڵام بێ سوودە.

ئەوەی دانایی دەست بکەوێت خۆی خۆشدەوێت،
    ئەوەی بایەخ بە تێگەیشتن بدات چاکە دەدۆزێتەوە.

شایەتی درۆزن بێ سزا نابێت،
    ئەوەی درۆ پەخش بکات لەناودەچێت.

10 گێل خۆشگوزەرانیی لێ ناوەشێتەوە،
    لەوەش زیاتر دەسەڵاتداربوونی کۆیلە بەسەر میرانەوە.

11 وریایی مرۆڤ تووڕەبوونی خاودەکاتەوە،
    شانازیشی لێبوردنە لە یاخیبوون.

12 هەڵچوونی پاشا وەک نەڕەی شێرە،
    بەڵام ڕەزامەندییەکەی وەک شەونمە بەسەر گیاوە.

13 کوڕی گێل ماڵوێرانی باوکییەتی،
    ناکۆکی ژنیش دڵۆپەکردنی بەردەوامە.

14 ماڵ و سامان میراتی باوکانە،
    بەڵام ژنی وریا لەلایەن یەزدانەوەیە.

15 تەمبەڵی خەوی قووڵ دەهێنێت،
    کەسی سست برسی دەبێت.

16 ئەوەی ڕاسپاردە[t] بپارێزێت گیانی خۆی دەپارێزێت،
    بەڵام ئەوەی بە سووکی بڕوانێتە ڕێگای خۆی لەناودەچێت.

17 ئەوەی بەزەیی بە هەژاردا بێتەوە قەرز بە یەزدان دەدات،
    ئەویش پاداشتی چاکەکەی دەداتەوە.

18 کوڕەکەت تەمبێ بکە ئەوەندەی ئومێد تێدایە،
    بەڵام بە کوشتنی مەدە.

19 ئەوەی زۆر تووڕە بێت بەرگەی ئەنجامەکەی دەگرێت،
    چونکە ئەگەر جارێک فریای بکەویت دەبێت دووبارەی بکەیتەوە.

20 گوێ لە ڕاوێژ بگرە و تەمبێکردن وەربگرە،
    بۆ ئەوەی دانا بیت لە دواڕۆژت.

21 مرۆڤ پلانی زۆری لە دڵدایە،
    بەڵام تەنها ڕاوێژی یەزدان دەچەسپێت.

22 ئارەزووی مرۆڤ لە خۆشەویستی نەگۆڕە،
    هەژار لە پیاوی درۆزن باشترە.

23 لەخواترسی بۆ ژیانە،
    بە تێری دەنوێت و خراپە بەسەری ناکاتەوە.

24 تەمبەڵ دەست دەخاتە ناو قاپ،
    تەنانەت بۆ دەمیشی نابات.

25 لە گاڵتەجاڕ بدە و ساویلکە ژیر دەبێت،
    تێگەیشتوو سەرزەنشت بکە زانیاری تێدەگات.

26 ئەوەی باوکی تاڵان بکات و دایکی دەربکات،
    کوڕێکە مایەی شەرمەزاری و ڕیسوایی.

27 ڕۆڵە، ئەگەر وازت لە گوێگرتن هێنا لە ڕاوێژ،
    لە وتەکانی زانیاری گومڕا دەبیت.

28 شایەتی دڵڕەش گاڵتە بە دادپەروەری دەکات،
    دەمی بەدکارانیش تاوان قووت دەدات.

29 سزا بۆ گاڵتەجاڕەکان ئامادەکراوە،
    لێدانیش بۆ پشتی گێلەکان.

20 شەراب گاڵتەجاڕە و مەستی غەڵبەغەڵب دەکات،
    ئەوەی پێی وێڵ بێت دانا نییە.

هەڵچوونی پاشا وەک نەڕەی شێرە،
    ئەوەی تووڕەیی بکات لە دژی گیانی خۆی تاوان دەکات.

وازهێنان لە ناکۆکی ڕێزدارییە بۆ پیاو،
    بەڵام هەموو گێلێک هەڵیدەگیرسێنێت.

لە زستاندا تەمبەڵ زەوی ناکێڵێت،
    بۆیە لە دروێنەدا سواڵ دەکات و دەستی ناکەوێت.

پلان لە دڵی مرۆڤدا ئاوێکی قووڵە،
    بەڵام تێگەیشتوو دەریدەهێنێت.

زۆر کەس بانگەشەی خۆشەویستی نەگۆڕ دەکەن،
    بەڵام کەسی جێگای متمانە کێ دەیدۆزێتەوە؟

کەسی ڕاستودروست بە ڕێگای تەواوی خۆیدا دەڕوات،
    دوای خۆی خۆزگە بە منداڵەکانی دەخوازرێت.

پاشای دانیشتوو لەسەر تەختی دادوەری،
    بە چاوەکانی هەموو خراپەیەک شەن دەکات.

کێیە دەڵێت: «دڵی خۆمم بێگەرد ڕاگرت،
    پاک بوومەوە لە گوناهم»؟

10 دوو کێش و دوو پێوانەی لاسەنگ[u]،
    هەردووکیان قێزەونن لەلای یەزدان.

11 تەنانەت منداڵیش بە کردارەکانی دەناسرێت،
    ئاخۆ کردەوەکەی پاک و ڕاستە.

12 گوێ کە دەبیستێت و چاو کە دەبینێت،
    یەزدان دروستکەری هەردووکیانە.

13 حەز لە خەو مەکە نەوەک هەژار بیت،
    چاوت کراوە بێت و تێر نان بە.

14 کڕیار دەڵێت: «خراپە، خراپە!»
    بەڵام کە ڕۆیشت شانازی پێوە دەکات.

15 زێڕ هەیە و یاقووت[v] زۆرە،
    بەڵام لێوی زانیاری گەوهەرێکی بەهادارە.

16 ئەگەر کەسێک بووە کەفیلی نامۆیەک کەواکەی لێ وەربگرە،
    لەبەر بێگانەکە بارمتەی لێ وەربگرە.

17 بەتامە بۆ مرۆڤ نانی بە فێڵ،
    بەڵام دواتر دەمی پڕ دەبێت لە چەو.

18 پلانەکان بە ئامۆژگاری دێنە دی،
    بە ڕاوێژ بجەنگە.

19 دەمشڕ نهێنی ئاشکرا دەکات،
    بۆیە تێکەڵی چەنەباز مەبە.

20 ئەوەی نەفرەت لە دایک و باوکی بکات،
    لەناو جەرگەی تاریکیدا چرای دەکوژرێتەوە.

21 میراتێک لە سەرەتای ژیان و بە زوویی دەست بکەوێت
    کۆتاییەکەی بێ بەرەکەت دەبێت.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.