Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Bible in 90 Days

An intensive Bible reading plan that walks through the entire Bible in 90 days.
Duration: 88 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
دووەم پوختەی مێژوو 35:16 - عەزرا 10:44

16 بەو شێوەیە هەموو خزمەتەکەی یەزدان لەو کاتەدا جێبەجێ کرا بۆ کردنی جەژنی پەسخە و سەرخستنی قوربانی سووتاندنەکان لەسەر قوربانگاکەی یەزدان بەپێی فەرمانی یۆشیای پاشا. 17 هەموو نەوەی ئیسرائیل، ئامادەبووان لەو کاتەدا جەژنی پەسخەیان گێڕا و حەوت ڕۆژیش جەژنی فەتیرەیان گێڕا. 18 لە سەردەمی ساموئێلی پێغەمبەرەوە جەژنی پەسخەی بەو شێوەیە لە ئیسرائیل نەگێڕدرابوو؛ هیچ پاشایەکی ئیسرائیلیش جەژنێکی پەسخەی نەگێڕابوو وەک ئەوەی یۆشیا گێڕای لەگەڵ کاهینەکان و لێڤییەکان و هەموو خەڵکی یەهودا و ئیسرائیل کە لەگەڵ دانیشتووانی ئۆرشەلیم ئامادە بوون. 19 لە هەژدەیەمین ساڵی پاشایەتی یۆشیا ئەم جەژنەی پەسخە گێڕدرا.

مردنی یۆشیا

20 پاش هەموو ئەمانە کە یۆشیا پەرستگاکەی ئامادە کرد، نەخوی پاشای میسر چوو بۆ شەڕ لە کەرکەمیش لەلای ڕووباری فورات، یۆشیاش چوو بۆ بەرەنگاربوونەوەی. 21 بەڵام نەخو نێردراوی بۆ نارد و گوتی: «ئەی پاشای یەهودا، چ کێشەیەک لە نێوان من و تۆ هەیە؟ ئەمڕۆ لە دژی تۆ نەهاتووم، بەڵکو لە دژی ئەو ماڵەی جەنگی لەگەڵ دەکەم. خودا فەرموویەتی پەلە بکەم. لەبەر ئەوە واز لە دژایەتی خودا بهێنە کە لەگەڵمدایە، با لەناوت نەبات.»

22 بەڵام یۆشیا پێداگری کرد و گوێی لە قسەکانی نەخو نەگرت کە لە دەمی خوداوە بوو، بەڵکو شێوەی خۆی گۆڕی و چوو لە دەشتی مەگیدۆ شەڕی لەگەڵ کرد.

23 تیرهاوێژەکان یۆشیا پاشایان پێکا و پاشاش بە ئەفسەرەکانی گوت: «بمگوازنەوە، چونکە برینەکەم سەختە.» 24 ئیتر خزمەتکارەکانی لە گالیسکەکەیەوە بۆ گالیسکەکەی دیکەی گواستیانەوە و بردیان بۆ ئۆرشەلیم، لەوێ مرد و لە گۆڕستانی باوباپیرانیدا نێژرا و هەموو یەهودا و ئۆرشەلیمیش شیوەنیان بۆ گێڕا.

25 یەرمیاش بۆ یۆشیای لاواندەوە و هەموو پیاو و ژنە گۆرانیبێژەکانیش ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێت لە لاواندنەوەکانیان شیوەن بۆ یۆشیا دەگێڕن و کردیان بە فەرز بەسەر ئیسرائیلەوە و لە پەڕتووکی لاواندنەوە نووسراوە.

26 ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی یۆشیا و کردەوە چاکەکانی بەپێی ئەوەی لە تەوراتی یەزداندا نووسراوە و 27 کاروبارەکانی لە سەرەتاوە هەتا کۆتایی، لە پەڕتووکی پاشاکانی ئیسرائیل و یەهودا تۆمار کراون.

36 ئینجا گەلی خاکەکە یەهۆئاحازی کوڕی یۆشیایان برد و لە جێی باوکی لە ئۆرشەلیمدا کردیانە پاشا.

پاشایەتی یەهۆئاحاز

یەهۆئاحاز گەنجێکی بیست و سێ ساڵان بوو کە بوو بە پاشا، سێ مانگ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد. دوای ئەوە پاشای میسر یەهۆئاحازی لە ئۆرشەلیم لابرد و سەرانەی بەسەر یەهودا سەپاند، سەد تالنت زیو[a] و تالنتێک زێڕ[b]. پاشای میسر ئەلیاقیمی برای یەهۆئاحازی کرد بە پاشای یەهودا و ئۆرشەلیم، ناوەکەی گۆڕی بۆ یەهۆیاقیم، بەڵام نەخو یەهۆئاحازی برای برد و هێنای بۆ میسر.

پاشایەتی یەهۆیاقیم

یەهۆیاقیم گەنجێکی بیست و پێنج ساڵان بوو کە بوو بە پاشا، یازدە ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، لەبەرچاوی یەزدانی خودای خۆی خراپەکاری کرد. نەبوخودنەسری پاشای بابل پەلاماری دا و بە زنجیری بڕۆنز کۆتی کرد هەتا بۆ بابلی ببات. هەروەها نەبوخودنەسر هەندێک لە قاپوقاچاغەکانی پەرستگای یەزدانی هێنا بۆ بابل و خستنییە ناو پەرستگاکەی خۆیەوە لە بابل.

ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی یەهۆیاقیم و کارە قێزەونەکانی کە کردی و ئەوەی لە ئەودا بینرا، لە پەڕتووکی پاشاکانی ئیسرائیل و یەهودا تۆمار کراون. ئیتر یەهۆیاکینی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.

پاشایەتی یەهۆیاکین

یەهۆیاکین گەنجێکی هەژدە[c] ساڵان بوو کە بوو بە پاشا، سێ مانگ و دە ڕۆژ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد. 10 لە بەهاری ساڵ نەبوخودنەسر پاشا ناردی بەدوایدا و لەگەڵ قاپوقاچاغە بەنرخەکانی پەرستگای یەزدان هێنای بۆ بابل و سدقیای مامی یەهۆیاکین بوو بە پاشای یەهودا و ئۆرشەلیم.

پاشایەتی سدقیا

11 سدقیا گەنجێکی بیست و یەک ساڵان بوو کە بوو بە پاشا، یازدە ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، 12 لەبەرچاوی یەزدانی پەروەردگاری خۆی خراپەکاری کرد، لەبەردەم یەرمیا پێغەمبەر خۆی نزم نەکردەوە کە بە فەرمایشتی یەزدان ئاگاداری کردەوە. 13 هەروەها لە نەبوخودنەسری پاشا هەڵگەڕایەوە پاش ئەوەی بە خودا سوێندی دا، جا کەللەڕەقی کرد و دڵی کرد بە بەرد لە ئاست گەڕانەوە بۆ لای یەزدانی خودای ئیسرائیل. 14 تەنانەت هەموو کاهینە باڵاکان و گەل ناپاکی زۆریان کرد بەپێی هەموو نەریتە قێزەونەکانی نەتەوەکان، ئەو پەرستگایەی یەزدانیان گڵاوکرد کە یەزدان لە ئۆرشەلیمدا تەرخانی کردبوو.

ڕووخاندنی شاری ئۆرشەلیم

15 یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانیان بەردەوام لە ڕێگەی نێردراوەکانییەوە پەیامی بۆ دەناردن، چونکە بەزەیی بە گەلەکەی و بە ماڵەکەیدا هاتەوە. 16 بەڵام گاڵتەیان بە نێردراوەکانی خودا کرد و نرخیان بۆ وشەکانی ئەو دانەنا و سووکایەتییان بە پێغەمبەرەکانی کرد، هەتا تووڕەیی یەزدان لە گەلەکەی ورووژا، بە ڕادەیەک کە چارەسەر نەبوو. 17 ئیتر پاشای بابلییەکانی ناردە سەریان و لە پیرۆزگاکەیاندا گەنجەکانی ئەوانی بە شمشێر کوشت و بەزەیی بە کوڕ و کچی گەنج و پیر و ڕیش سپیدا نەهاتەوە، بەڵکو هەموویانی دا بە دەستی نەبوخودنەسرەوە. 18 هەموو قاپوقاچاغەکانی پەرستگای خودا لە گەورە و بچووک، گەنجینەکانی پەرستگای یەزدان، گەنجینەکانی پاشا و کاربەدەستەکانی، هەمووی بۆ بابل هێنا. 19 پەرستگای خودایان سووتاند و شووراکەی ئۆرشەلیمیان ڕووخاند و هەموو کۆشکەکانیان سووتاند و هەموو قاپوقاچاغە بەهادارەکانیان لەناوبرد.

20 ئەوانەی مانەوە و بە شمشێر نەکوژران، ڕاپێچی کردن بۆ بابل، جا بۆ خۆی و بۆ کوڕەکانی بوون بە خزمەتکار هەتا کاتی بەهێزبوونی شانشینی فارس. 21 هەتا هاتنەدی فەرمایشتی یەزدان لەسەر زاری یەرمیا، هەتا زەوییەکە بە تەواوی پشووی دا، چونکە لە ماوەی کاولبوونیدا پشووی دا هەتا تەواوبوونی حەفتا ساڵ.

22 لە ساڵی یەکەمی کۆرشی پاشای فارس، بۆ بەدیهێنانی پەیامی یەزدان کە لەسەر زاری یەرمیاوە فەرمووبووی، یەزدان ڕۆحی کۆرشی پاشای فارسی هەژاند. ئینجا بانگەوازێکی بەناو هەموو شانشینەکەیدا ڕاگەیاند، هەروەها بە نووسراویش فەرمانی دا:

23 «کۆرشی پاشای فارس ئاوا دەڵێت:

«”یەزدان، خودای ئاسمان هەموو شانشینەکانی زەوی داوەتە دەستم، ڕایسپاردووم پەرستگایەکی لە ئۆرشەلیمی یەهودا بۆ بنیاد بنێم. کێ لە ئێوە سەر بە گەلەکەی ئەوە، با یەزدان، خودای خۆی لەگەڵ بێت و بڕوات.“»

پشتگیری کۆرش بۆ گەڕانەوەی ڕاپێچکراوەکان

لە ساڵی یەکەمی کۆرشی پاشای فارس، بۆ بەدیهێنانی پەیامی یەزدان کە لەسەر زاری یەرمیاوە فەرمووبووی، یەزدان ڕۆحی کۆرشی پاشای فارسی هەژاند. ئینجا بانگەوازێکی بەناو هەموو شانشینەکەیدا ڕاگەیاند، هەروەها بە نووسراویش فەرمانی دا:

«کۆرشی پاشای فارس ئاوا دەڵێت:

«”یەزدان، خودای ئاسمان هەموو شانشینەکانی زەوی داوەتە دەستم، ڕایسپاردووم پەرستگایەکی لە ئۆرشەلیمی یەهودا بۆ بنیاد بنێم. کێ لە ئێوە سەر بە گەلەکەی ئەوە، با خودای خۆی لەگەڵ بێت و بەرەو ئۆرشەلیمی یەهودا بڕوات، پەرستگاکەی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بنیاد بنێتەوە. ئەو ئەو خودایەیە کە لە ئۆرشەلیمە. هەرکەسێکیش لە هەر شوێنێک کە تێیدا ئاوارەیە و ماوەتەوە، با دانیشتووانی شوێنەکەی بە زێڕ و زیو و کەلوپەل و ئاژەڵی ماڵی یارمەتی بدەن، لەگەڵ ئەو بەخشینە ئازادانەی[d] کە دەیبەخشن بۆ پەرستگای خودا لە ئۆرشەلیم.“»

ئینجا گەورەی بنەماڵەکانی یەهودا و بنیامین لەگەڵ کاهین و لێڤییەکان، هەموو ئەوانەی خودا ڕۆحی هەژاندن، هەستان بۆ ئەوەی بچنە ئۆرشەلیم تاکو لەوێ ماڵەکەی یەزدان بنیاد بنێنەوە. هەموو دراوسێکانیان بە قاپوقاچاغی زێڕ و زیو، بە کەلوپەل و ئاژەڵی ماڵی و بە دیاری نایاب یارمەتییان دان، سەرباری هەموو بەخشینە ئازادەکان. کۆرشی پاشاش قاپوقاچاغەکانی پەرستگای یەزدانی دەرهێنا، ئەوانەی نەبوخودنەسر لە ئۆرشەلیمەوە دەریهێنابوون و لە پەرستگای خوداوەندەکەی خۆی داینابوو. کۆرشی پاشای فارس لەسەر دەستی میترەداتی خەزنەدار دەریهێنا و بۆ شێشبەچەری میری یەهودای ژماردن.

ئەمەش ژمارەکەیانە:

سی لەگەنی زێڕین و هەزار لەگەنی زیوین؛

بیست و نۆ تاوەی زیوین؛

10 سی پەرداخی زێڕین لەگەڵ چوار سەد و دە پەرداخی زیوین؛

هەزار پارچە قاپوقاچاغی دیکە.

11 هەموو ئەو قاپوقاچاغەنەی لە زێڕ و زیو بوون، پێنج هەزار و چوار سەد پارچە بوون. لەگەڵ سەرکەوتنی ڕاپێچکراوەکان لە بابلەوە بۆ ئۆرشەلیم شێشبەچەر هەموو ئەمانەی لەگەڵ خۆی هێنا.

ئەوانەی لە ڕاپێچکراوی گەڕانەوە

ئەمانەش خەڵکی هەرێمەکەن، ئەوانەی لە ڕاپێچکراوی گەڕانەوە، ئەوانەی نەبوخودنەسری پاشای بابل بۆ بابل ڕاپێچی کردبوون، گەڕانەوە ئۆرشەلیم و یەهودا، هەریەکە بۆ شارۆچکەکەی خۆی. ئەوانەی لەگەڵ زروبابل هاتنەوە، یەشوع، نەحەمیا، سەرایا، ڕەعێلایا، مۆردەخای، بیلشان، میسپار، بیگڤەی، ڕەحوم و بەعەنا.

ژمارەی پیاوانی گەلی ئیسرائیل:

نەوەی پەرعۆش، دوو هەزار و سەد و حەفتا و دوو؛

نەوەی شەفەتیا، سێ سەد و حەفتا و دوو؛

نەوەی ئارەح، حەوت سەد و حەفتا و پێنج؛

نەوەی پەحەت‌مۆئاب لە نەوەی یێشوع و یۆئاب، دوو هەزار و هەشت سەد و دوازدە؛

نەوەی ئیلام، هەزار و دوو سەد و پەنجا و چوار؛

نەوەی زەتو، نۆ سەد و چل و پێنج؛

نەوەی زەکای، حەوت سەد و شەست؛

10 نەوەی بانی، شەش سەد و چل و دوو؛

11 نەوەی بێڤەی، شەش سەد و بیست و سێ؛

12 نەوەی عەزگاد، هەزار و دوو سەد و بیست و دوو؛

13 نەوەی ئەدۆنیقام، شەش سەد و شەست و شەش؛

14 نەوەی بیگڤەی، دوو هەزار و پەنجا و شەش؛

15 نەوەی عادین، چوار سەد و پەنجا و چوار؛

16 نەوەی ئاتێر لە حەزقیا، نەوەد و هەشت؛

17 نەوەی بێسای، سێ سەد و بیست و سێ؛

18 نەوەی یۆرا، سەد و دوازدە؛

19 نەوەی حاشوم، دوو سەد و بیست و سێ؛

20 نەوەی گیبار، نەوەد و پێنج.

21 پیاوانی بێت‌لەحم، سەد و بیست و سێ؛

22 پیاوانی نەتۆفا، پەنجا و شەش؛

23 پیاوانی عەناتۆت، سەد و بیست و هەشت؛

24 پیاوانی عەزماڤەت، چل و دوو؛

25 پیاوانی قیریەت یەعاریم، کەفیرا و بئێرۆت، حەوت سەد و چل و سێ؛

26 پیاوانی ڕامە و گەڤەع، شەش سەد و بیست و یەک؛

27 پیاوانی میخماس، سەد و بیست و دوو؛

28 پیاوانی بێت‌ئێل و عای، دوو سەد و بیست و سێ؛

29 پیاوانی نەبۆ، پەنجا و دوو؛

30 پیاوانی مەگبیش، سەد و پەنجا و شەش؛

31 پیاوانی ئیلامەکەی دیکە، هەزار و دوو سەد و پەنجا و چوار؛

32 پیاوانی حاریم، سێ سەد و بیست؛

33 پیاوانی لۆد، حادید و ئۆنۆ، حەوت سەد و بیست و پێنج؛

34 پیاوانی ئەریحا، سێ سەد و چل و پێنج؛

35 پیاوانی سەنائا، سێ هەزار و شەش سەد و سی.

36 کاهینەکان:

نەوەی یەدایا لە بنەماڵەی یێشوع، نۆ سەد و حەفتا و سێ.

37 نەوەی ئیمێر، هەزار و پەنجا و دوو.

38 نەوەی پەشحور، هەزار و دوو سەد و چل و حەوت.

39 نەوەی حاریم، هەزار و حەڤدە.

40 لێڤییەکان:

نەوەی یێشوع و قەدمیێل لە نەوەی هۆدەیڤاهو، حەفتا و چوار.

41 گۆرانیبێژەکان:

نەوەی ئاساف، سەد و بیست و هەشت.

42 نەوەی دەرگاوانەکانی پەرستگا:

نەوەکانی

شەلوم، ئاتێر، تەلمۆن، عەقوڤ، حەتیتا و شۆڤای، هەموویان سەد و سی و نۆ.

43 کۆیلە تەرخانکراوەکان[e]:

نەوەکانی

چیحا، حەسوفا، تەباعۆت،

44 قێرۆس، سیعەها، پادۆن،

45 لەڤانا، حەگاڤا، عەقوڤ،

46 حاگاڤ، شەلمای، حانان،

47 گیدێل، گەحەر، ڕەئایا،

48 ڕەچین، نەقۆدا، گەزام،

49 عوزە، پاسێیەح، بێسەی،

50 ئەسنا، مەعونیم، نەفوسیم،

51 بەقبوق، حەقوفا، حەرحور،

52 بەچلوت، مەحیدا، حەرشا،

53 بەرقۆس، سیسرا، تەمەح،

54 نەچیەح و حەتیفا.

55 نەوەی خزمەتکارەکانی سلێمان:

نەوەکانی

سۆتەی، هەسۆفەرەت، پەرودا،

56 یەعلا، دەرقۆن، گیدێل،

57 شەفەتیا، حەتیل،

پۆخەرەت‌هەچەڤایم و ئامی.

58 سەرجەم کۆیلە تەرخانکراوەکان و نەوەکانی خزمەتکارانی سلێمان، سێ سەد و نەوەد و دوو بوون.

59 ئەمانەش ئەوانەن کە لە شارۆچکەکانی تێل‌مەلەح، تێل‌حەرشا، کەروڤ، ئەدۆن و ئیمێرەوە سەرکەوتن، بەڵام نەیانتوانی پێناسەی بنەماڵە و ڕەچەڵەکیان دیاری بکەن کە لە نەوەی ئیسرائیلن:

60 نەوەکانی

دەلایا، تۆڤییا و نەقۆدا، شەش سەد و پەنجا و دوو.

61 لە نەوەی کاهینەکانیش:

نەوەکانی

حۆڤەیا، هەقۆچ و بەرزلای، کە کچێکی بەرزیلەیی گلعادی هێنا و بە نازناوی ئەوانەوە ناونرا.

62 ئەمانە بەدوای ڕەچەڵەکنامەکانیاندا گەڕان، بەڵام نەدۆزرانەوە، لەبەر ئەوە لە کاهینیێتی قەدەغە کران. 63 پارێزگارەکە پێی گوتن، نابێت لە هەرەپیرۆزەکان بخۆن هەتا ئەو کاتەی کاهینێک بۆ ئوریم و تومیم[f] دادەنرێت.

64 هەموو کۆمەڵەکە پێکەوە چل و دوو هەزار و سێ سەد و شەست کەس بوون، 65 جگە لە خزمەتکار و کارەکەرەکانیان کە حەوت هەزار و سێ سەد و سی و حەوت کەس بوون، هەروەها دوو سەد گۆرانیبێژی پیاو و ژنیان هەبوو. 66 حەوت سەد و سی و شەش ئەسپ، دوو سەد و چل و پێنج هێستر، 67 چوار سەد و سی و پێنج وشتر و شەش هەزار و حەوت سەد و بیست گوێدرێژیشیان لەگەڵدا بوو.

68 هەندێک لە گەورەی بنەماڵەکان لە کاتی گەیشتنیان بۆ ماڵی یەزدان لە ئۆرشەلیم، بە خواستی دڵی خۆیان بەخشینی ئازادیان پێشکەش کرد بۆ ماڵی یەزدان، بۆ بنیادنانەوەی ماڵی یەزدان لە شوێنەکەی خۆی. 69 بەپێی توانای خۆیان بە گەنجینەی بەڕێوەبردنی کارەکەیان بەخشی، شەست و یەک هەزار درهەمی زێڕ و پێنج هەزار مەنای[g] زیو، لەگەڵ سەد کراس بۆ کاهینەکان.

70 کاهین و لێڤی و گۆرانیبێژ و دەرگاوان و کۆیلە تەرخانکراوەکان، لەگەڵ هەندێک کەسانی دیکە، لە شارۆچکەکانی خۆیاندا نیشتەجێ بوون، پاشماوەی ئیسرائیلییەکانیش لە شارۆچکەکانی خۆیان نیشتەجێ بوون.

بنیادنانەوەی قوربانگاکە

کاتێک مانگی حەوت هات، نەوەی ئیسرائیل لە شارۆچکەکانی خۆیان جێگیر بوون، ئینجا گەل وەک یەک کەس لە ئۆرشەلیم کۆبوونەوە. یەشوعی کوڕی یۆچاداق و برا کاهینەکانی، لەگەڵ زروبابلی کوڕی شەئەلتیێل و هاوکارەکانی، دەستیان بە بنیادنانەوەی قوربانگاکەی خودای ئیسرائیل کرد بۆ ئەوەی قوربانی سووتاندنی لەسەر پێشکەش بکەن، هەروەک لە تەوراتی موسای پیاوی خودا نووسراوە. لەگەڵ ئەوەی ترسی گەلانی دەوروبەری لە دڵدا بوو، قوربانگاکەیان لە شوێنەکەی خۆیدا بنیاد نایەوە و قوربانی سووتاندنیان لەسەری بۆ یەزدان پێشکەش کرد، قوربانی سووتاندنی بەیانییان و ئێواران. جەژنی کەپرەشینەشیان[h] گێڕا، بەپێی ئەوەی نووسرا بوو، قوربانی سووتاندنی ڕۆژ بە ڕۆژ، بە ژمارە و بەپێی ئەوەی دیاری کرابوو، کاری هەر ڕۆژە لە ڕۆژی خۆیدا. پاشان قوربانی سووتاندنی بەردەوام و قوربانی سەرەمانگ و قوربانی هەموو جەژنە پیرۆزەکانیشیان پێشکەش کرد، بێجگە لە بەخشینە ئازادەکان کە هەر یەکێک بە خواستی دڵی خۆی پێشکەشی دەکرد. لە ڕۆژی یەکەمی مانگی حەوتەوە دەستیان پێ کرد قوربانی سووتاندن پێشکەش بە یەزدان بکەن، پەرستگای یەزدانیش هێشتا دانەمەزرابوو.

بنیادنانەوەی پەرستگا

زیویان دایە نەقاڕ و دارتاشەکان، هەروەها خواردن و خواردنەوە و زەیتیان دایە سەیدائی و سورییەکان بۆ ئەوەی داری ئورز بە ڕێی دەریادا لە لوبنانەوە بهێننە یافا، بەپێی ئەو موڵەتەی کۆرشی پاشای فارس پێیدابوون.

لە ساڵی دووەمی هاتنیان بۆ ماڵی خودا لە ئۆرشەلیم، لە مانگی دوو، زروبابلی کوڕی شەئەلتیێل، لەگەڵ یەشوعی کوڕی یۆچاداق و پاشماوەی برا کاهین و لێڤییەکانیان و هەموو ئەوانەی لە ڕاپێچکراوی گەڕابوونەوە ئۆرشەلیم، دەستیان بە کار کرد. ئەو لێڤییانەیان دانا کە لە بیست ساڵ و بەرەو سەروو بوون، بۆ چاودێریکردنی کارەکەی ماڵی یەزدان. هەروەها یەشوع و کوڕ و براکانی، قەدمیێل و کوڕەکانی لە نەوەی هۆدەیڤاهو، هەروەها نەوەی حێناداد و کوڕ و براکانی کە هەموویان لێڤی بوون، پێکەوە ڕاوەستان بۆ چاودێریکردنی ئەو کرێکارانەی کارەکەی ماڵی خودایان دەکرد.

10 کە بیناسازەکان بناغەی پەرستگاکەی یەزدانیان دامەزراند، بەپێی ڕێکخستنەکەی داودی پاشای ئیسرائیل کاهینەکان بە جلوبەرگ و کەڕەناوە چوونە شوێنی خۆیان، هەروەها لێڤییەکانی نەوەی ئاسافیش بە سەنجەوە چوونە شوێنی ستایشکردن. 11 بە ستایش و سوپاسەوە گۆرانییان بۆ یەزدان گوت:

«بێگومان خودا چاکە،
    بۆ هەتاهەتایە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی بۆ ئیسرائیل بەردەوام دەبێت.»

هەموو گەلیش بە دەنگی بەرز بە ستایشەوە هاواریان بۆ یەزدان دەکرد، لەبەر دامەزراندنی ماڵی یەزدان. 12 بەڵام زۆربەی کاهین و لێڤی و گەورەی بنەماڵەکان کە پیر بوون، ئەوانەی پەرستگاکەی یەکەمیان بینیبوو، لە کاتی دامەزراندنی ئەم پەرستگایە لەپێش چاویاندا بە دەنگێکی بەرز گریان، زۆریش هەبوو بە دەنگی بەرز هاواری خۆشییان دەکرد. 13 کەس نەیدەتوانی هاواری خۆشی لە دەنگی گریان جیا بکاتەوە، چونکە گەل بە دەنگی بەرز هاواریان دەکرد، تەنانەت لە دووریشەوە دەنگەکە دەبیسترا.

دژایەتییەکانی بنیادنانەوە

کاتێک دوژمنەکانی یەهودا و بنیامین بیستیانەوە ئەوانەی لە ڕاپێچکراوی گەڕابوونەوە پەرستگایەکیان بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بنیاد دەنایەوە، هاتن بۆ لای زروبابل و گەورەی بنەماڵەکان و پێیان گوتن: «با لەگەڵتان بنیاد بنێین، چونکە ئێمەش وەک ئێوەین و داوا لە خوداکەتان دەکەین، لە ماوەی پاشایەتی ئێسەرحەدۆنی پاشای ئاشورەوە ئێمەی بۆ ئێرە هێناوە، قوربانیمان سەربڕیوە.»

بەڵام زروبابل و یەشوع و پاشماوەی گەورەی بنەماڵەکانی ئیسرائیل وەڵامیان دانەوە: «بۆتان نییە لەگەڵ ئێمە پەرستگای خودامان بنیاد بنێنەوە، بەڵکو ئێمە بە تەنها بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیلی بنیادی دەنێین، بەو شێوەیەی کۆرشی پاشا، پاشای فارس فەرمانی پێ کردووین.»

جا گەلانی خاکەکە دەستی گەلی یەهودایان شل دەکردەوە و لە بیناکردنەکە دەیانترساندن، چەند ڕاوێژکارێکیان بۆ پووچەڵکردنەوەی پلانەکەیان بە کرێ گرت، بە درێژایی سەردەمی کۆرشی پاشای فارس هەتا پاشایەتی داریوشی پاشای فارس. [i]

بەربەرەکانێ لە دژی بنیادنانەوەی شار

لە سەرەتای پاشایەتی ئەحەشوێرۆش، سکاڵانامەیەکیان لە دژی دانیشتووانی یەهودا و ئۆرشەلیم نووسی.

هەروەها لە سەردەمی پاشایەتی ئەرتەحشەستەی پاشای فارس، بیشلام و میترەدات و تاڤئێل و سەرجەم یاوەرەکانیان نامەیەکیان بۆ ئەرتەحشەستەی نووسی، نامەکەش بە پیت و زمانی ئارامی نووسرا.[j]

ڕەحومی فەرماندە و شیمشەیی خامەی نهێنی[k] نامەیەکیان لە دژی ئۆرشەلیم بۆ ئەرتەحشەستەی پاشا بەم شێوە نووسی:

ڕەحومی فەرماندە و شیمشەیی خامەی نهێنی و سەرجەم یاوەرەکانیان، دادپرس و کاربەدەستەکانی خەڵکی تەرپیلیس و فارس، خەڵکی ئەرەک و بابل و ئیلامییەکانی شوش، 10 سەرجەم ئەو نەتەوانەی کە ئەشوربەنیپەلی گەورە و بەڕێز ڕاپێچی کردن، لە شاری سامیرە و چەند شوێنێکی دیکە لە هەرێمی ئەوبەری فورات نیشتەجێی کردن.

11 ئەمەش وێنەی ئەو نامەیەیە کە بۆیان نارد.

بۆ ئەرتەحشەستەی پاشا،

خزمەتکارانت، پیاوانی هەرێمی ئەوبەری فورات:

12 با پاشا بزانێت کە ئەو جولەکانەی لەلای تۆوە سەرکەوتن بۆ لامان، هاتوون بۆ ئۆرشەلیم و ئەو شارە یاخی و خراپە بنیاد دەنێنەوە، شووراکانیش تەواو دەکەن و بناغەکان چاک دەکەنەوە.

13 با ئێستا لەلای پاشا زانراو بێت کە ئەگەر ئەم شارە بنیاد بنرێتەوە و شووراکانی تەواو بکرێن، چیتر سەرانە و گومرگ و باج نادرێت، لە کۆتاییشدا زیان لە پاشاکان دەکەوێت. 14 ئێستاش لەبەر ئەوەی ئێمە نمەکی کۆشکی پاشا دەکەین و شیاویش نییە زیانی پاشا ببینین، لەبەر ئەوە بۆ ئاگادارکردنەوەی پاشا ئەم نامەیە دەنێرین، 15 بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەیەک لە ئەرشیفی شاهانەی باوباپیرانتدا بکرێت. ئینجا لە ئەرشیفی شاهانە دەبینیتەوە و دەزانیت کە ئەم شارە شارێکی یاخییە و زیانبەخشە بە پاشاکان و هەرێمەکان، لە دێرزەمانەوە یاخیبوونیان لەناویدا بەرپا کردووە، لەبەر ئەوە ئەم شارە کاول کرا. 16 ئێمەش پاشا ئاگادار دەکەینەوە کە ئەگەر ئەم شارە بنیاد بنرێت و شووراکانی تەواو بکرێن، ئیتر لە هەرێمی ئەوبەری فوراتەوە بەشت نابێت.

17 پاشا ئەم وەڵامەی نارد:

بۆ ڕەحومی فەرماندە و شیمشەیی خامەی نهێنی و سەرجەم یاوەرەکانیان کە لە سامیرە دانیشتوون و هەموو ئەوانەی کە لە هەرێمی ئەوبەری فورات نیشتەجێن:

پاش سڵاو.

18 ئەو نامەیەی بۆتان ناردین بە ڕوونی لەبەردەممدا خوێنرایەوە و وەرگێڕدرا. 19 فەرمانێکم دەرکرد و لێکۆڵینەوەیەک کرا، دەرکەوت کە ئەم شارە لە دێرزەمانەوە لە دژی پاشایان وەستاوەتەوە و یاخیبوون و سەرپێچیکردنی تێدا بەرپا کراوە. 20 ئۆرشەلیم پاشای بە توانای هەبووە و دەسەڵاتیان بەسەر هەموو هەرێمی ئەوبەری فوراتدا ڕۆیشتووە، سەرانە و گومرگ و باجیان پێدراوە. 21 ئێستاش فەرمانێک بۆ لە کار ڕاگرتنی ئەم پیاوانە دەربکەن، جا ئەو شارە بنیاد نانرێتەوە هەتا فەرمان لە منەوە دەرنەچێت. 22 وریابن لەم کارە کەمتەرخەمی نەکەن. بۆچی زەرەر زۆر بێت بۆ زیانی پاشاکان؟

23 کاتێک نامەکەی ئەرتەحشەستەی پاشا لەبەردەم ڕەحوم و شیمشەیی خامەی نهێنی و یاوەرەکانیاندا خوێنرایەوە، بە پەلە چوون بۆ ئۆرشەلیم بۆ لای جولەکەکان و بە زەبری هێز لە کارەکە ڕایانگرتن.

نامەی تەتەنەی بۆ داریوش

24 کارەکەی ماڵی خودا لە ئۆرشەلیم ڕاگیرابوو، هەتا دووەم ساڵی پاشایەتی داریوشی پاشای فارس.[l]

ئەوە بوو حەگەی پێغەمبەر و زەکەریای پێغەمبەر لە نەوەی عیدۆ، پێغەمبەرایەتییان بۆ ئەو جولەکانە کرد کە لە یەهودا و ئۆرشەلیم بوون، بە ناوی خودای ئیسرائیل، دەسەڵاتدار بەسەریانەوە. ئیتر زروبابلی کوڕی شەئەلتیێل و یەشوعی کوڕی یۆچاداق هەستان و دەستیان بە بنیادنانەوەی ماڵەکەی خودا کرد لە ئۆرشەلیم، پێغەمبەرەکانی خوداش لەگەڵیان بوون و یارمەتییان دەدان.

لەو کاتەدا تەتەنەیی پارێزگاری هەرێمی ئەوبەری فورات و شەتاربوزەنەی و یاوەرەکانیان چوونە لایان و لێیان پرسین: «کێ ڕێگای پێدان ئەم پەرستگایە بنیاد بنێنەوە و ئەم تەلارە تەواو بکەن؟» هەروەها لێیان پرسین: «ئەو پیاوانە ناویان چییە کە ئەم تەلارە بنیاد دەنێنەوە؟» بەڵام پیرانی جولەکەش خودای خۆیان چاودێری دەکردن، ئیتر لە کارەکە ڕایاننەگرتن هەتا هەواڵەکە بە داریوش گەیشتەوە، ئینجا بە نامەیەک دەربارەی ئەمە وەڵامیان دایەوە.

ئەمەش وێنەیەکی ئەو نامەیەی تەتەنەی پارێزگاری هەرێمی ئەوبەری فورات و شەتاربوزەنەی و یاوەرەکانیان، ئەوانەی کە کاربەدەستەکانی هەرێمی ئەوبەری فورات بوون، بۆ داریوشیان نارد. ئەو هەواڵەی کە بۆیان نارد بەم شێوەیە نووسرابوو:

بۆ داریوشی پاشا:

سڵاوێکی گەرم.

با لەلای پاشا زانراو بێت کە ئێمە چووینە ناوچەی یەهودا، بۆ پەرستگای خودای گەورە، بینیمان بە بەردی گەورە بنیاد دەنرێتەوە و دار لەناو دیوارەکانی دادەنرێت، ئەم کارەش بە وردی دەکرێت و لەژێر سەرپەرشتییان سەرکەوتووانەیە.

پرسیارمان لەو پیرانە کرد و لێمان پرسین: «کێ ڕێگای پێداون ئەم پەرستگایە بنیاد بنێنەوە و ئەم تەلارە تەواو بکەن؟» 10 هەروەها پرسیاری ناوەکانیانمان لێکردن تاوەکو بتوانین ناوی ڕابەرەکانیان بۆ زانیاریت بنووسین.

11 بەم وەڵامە وەڵامیان داینەوە، گوتیان:

«ئێمە خزمەتکارانی خودای ئاسمان و زەوین، ئەم پەرستگایە بنیاد دەنێینەوە کە پێش ساڵانێکی زۆر بنیاد نرابوو، پاشایەکی گەورەی ئیسرائیل بنیادی نا و تەواوی کرد. 12 بەڵام دوای ئەوەی باوباپیرانمان خودای ئاسمانیان تووڕە کرد، ئەوانی دا بەدەست نەبوخودنەسری پاشای بابلی کلدانییەوە، ئەوەی کە ئەم پەرستگایەی وێران کرد و گەلەکەی بۆ بابل ڕاپێچ کرد.

13 «بەڵام لە یەکەم ساڵی کۆرشی پاشای بابل، کۆرشی پاشا فەرمانی دەرکرد بۆ بنیادنانەوەی ئەم ماڵەی خودا. 14 کۆرشی پاشا تەنانەت قاپوقاچاغەکانی ئەم پەرستگایەی خودای لە پەرستگای بابلەوە دەرهێنا، کە لە زێڕ و زیوە، ئەوەی نەبوخودنەسر لەم پەرستگایەی ئۆرشەلیمی دەرهێنابوو و بۆ ئەو پەرستگایەی بردبوو کە لە بابلە. ئینجا کۆرشی پاشا قاپوقاچاغەکانی دایە یەکێک ناوی شێشبەچەر بوو، ئەوەی کردییە پارێزگار. 15 پێی گوت: ”ئەم قاپوقاچاغە ببە، بڕۆ و باری بکە بەرەو ئەو پەرستگایەی لە ئۆرشەلیمە، با پەرستگای خودا لە شوێنەکەی خۆیدا بنیاد بنرێتەوە.“

16 «لەبەر ئەوە ئەم شێشبەچەرە هات و بناغەکەی ماڵی خودای دانا ئەوەی لە ئۆرشەلیمە، لەو کاتەوە بنیاد دەنرێتەوە، بەڵام هەتا ئێستا تەواو نەکراوە.»

17 ئێستاش ئەگەر پاشا پێی باشە با لەنێو ئەرشیفی شاهانەدا بگەڕێن کە لە بابلە، ئایا لە کۆرشی پاشاوە فەرمان دەرچووە بۆ بنیادنانەوەی ئەم ماڵەی خودا کە لە ئۆرشەلیمە؟ با پاشا لەم کارەدا خواستی خۆیمان بۆ بنێرێت.

فەرمانی داریوش

ئینجا داریوشی پاشا فەرمانی دا و لەناو ئەرشیفی شاهانەدا گەڕان کە لەنێو گەنجینەی بابل دانرا بوو، جا لە ئەحمەتا لەناو ئەو کۆشکەی لە هەرێمی میدیادایە نووسراوێک دۆزرایەوە کە ئەمەی تێدابوو:

یاداشت:

کۆرشی پاشا لە یەکەم ساڵی پاشایەتییەکەیدا، سەبارەت بە پەرستگای خودا کە لە ئۆرشەلیمە ئەم فەرمانەی دەرکرد:

با پەرستگاکە بنیاد بنرێتەوە، ئەو شوێنەی قوربانی تێدا سەردەبڕن، با بناغەکانی دابمەزرێنن، بەرزییەکەی شەست باڵ[m] و پانییەکەی شەست باڵ بێت. بە سێ ڕیز لە بەردی گەورە و ڕیزێک لە تەختەداری نوێ، با خەرجییەکەشی لە گەنجینەی پاشاوە بدرێت. هەروەها قاپوقاچاغەکانی ماڵی خودا، ئەوەی لە زێڕ و زیوە، ئەوەی نەبوخودنەسر لەو پەرستگایەی لە ئۆرشەلیمە دەریهێنا و هێنایە بابل، با ببردرێتەوە و بگەڕێنرێتەوە بۆ ئەو پەرستگایەی کە لە ئۆرشەلیمە، بۆ شوێنەکەی خۆی و لە ماڵی خودا دابنرێت.

ئێستاش ئەی تەتەنەی پارێزگاری هەرێمی ئەوبەری فورات و ئەی شەتاربوزەنەی و یاوەرە کاربەدەستەکانی هەرێمەکە، لەوێ دوور بکەونەوە. واز لەم کارەی پەرستگای خودا بهێنن، بەڵام فەرمانڕەوای جولەکەکان و پیرانی جولەکەکان، با ئەم ماڵەی خودا لە شوێنەکەی خۆیدا بنیاد بنێنەوە.

لە منیشەوە فەرمان دەرچووە کە لە بنیادنانەوەی ئەم ماڵەی خودا لەگەڵ پیرانی جولەکە چی دەکەن:

لە پارەی پاشاوە، لە سەرانەی هەرێمی ئەوبەری فورات، بە پەلە خەرجی بەو پیاوانە دەدرێت تاوەکو دەست لە کارەکە هەڵنەگرن. هەرچیشیان پێویستە بەپێی قسەی ئەو کاهینانەی لە ئۆرشەلیمن، لە جوانەگا[n] و بەران و بەرخ وەک قوربانی سووتاندن بۆ خودای ئاسمان، لەگەڵ گەنم و خوێ و شەراب و زەیت، با ڕۆژ بە ڕۆژ پێیان بدرێت تاوەکو خاو نەبنەوە 10 لە پێشکەشکردنی بۆنی ڕەزامەندی بۆ خودای ئاسمان و لە نزاکردن لە پێناوی ژیانی پاشا و کوڕەکانی.

11 هەروەها فەرمان لەلای منەوە دەرچووە کە هەرکەسێک ئەم قسەیە بگۆڕێت، کاریتەیەک لە ماڵەکەی ڕادەکێشرێت و دەکرێتە سێدارەیەک و لەسەری هەڵدەواسرێت، لەبەر ئەم تاوانە ماڵەکەی دەبێتە کەلاوە. 12 خوداش کە ناوی خۆی لەوێ نیشتەجێ کرد، هەر پاشا و گەلێک لەناودەبات ئەگەر دەستدرێژی بکات بۆ گۆڕینی ئەم فەرمانە یان ڕووخاندنی ئەم پەرستگایەی خودا کە لە ئۆرشەلیمە.

من داریوشم فەرمانم دا و با بە وردی جێبەجێ بکرێت.

تەواوکردن و تەرخانکردنی پەرستگاکە

13 ئینجا تەتەنەی پارێزگاری هەرێمی ئەوبەری فورات و شەتاربوزەنەی لەگەڵ یاوەرەکانیان بە وردی جێبەجێیان کرد، بەگوێرەی ئەوەی داریوشی پاشا ناردبووی. 14 پیرانی جولەکەش بنیادیان دەنا و سەرکەوتوو دەبوون، بەگوێرەی پێغەمبەرایەتییەکەی حەگەی پێغەمبەر و زەکەریای نەوەی عیدۆ. جا بەگوێرەی فەرمانی خودای ئیسرائیل و فەرمانی کۆرش و داریوش و ئەرتەحشەستەی پاشایانی فارس پەرستگاکەیان بنیاد ناوە و تەواویان کرد. 15 ئیتر لە سیی مانگی ئادار، لە ساڵی شەشەمی پاشایەتی داریوش پاشا ئەم پەرستگایە تەواو بوو.

16 نەوەی ئیسرائیلیش لە کاهین و لێڤییەکان و پاشماوەی نەوەی ڕاپێچکراوەکان بە دڵخۆشییەوە ئەم ماڵەی خودایان تەرخان کرد. 17 قوربانیشیان پێشکەش کرد بۆ تەرخانکردنی ئەم ماڵەی خودا، سەد گا و دوو سەد بەران و چوار سەد بەرخ و دوازدە نێری، بۆ قوربانی گوناه لە جیاتی هەموو ئیسرائیل، بەگوێرەی هۆزەکانی ئیسرائیل. 18 ئینجا کاهینەکانیان لە بەشەکانی خۆیان دانا و لێڤییەکانیش لە بەشەکانیان لەسەر خزمەتەکەی خودا لە ئۆرشەلیم، هەروەک ئەوەی لە پەڕتووکی موسا نووسراوە.

جەژنی پەسخە

19 ئەوانەی لە ڕاپێچکراوی گەڕانەوە لە چواردەی مانگی یەکدا جەژنی پەسخەیان گێڕا، 20 چونکە کاهین و لێڤییەکان هەموو خۆیان پاک کردبووەوە، هەموویان بەپێی ڕێوڕەسم پاک بوون و بەرخی پەسخەیان بۆ هەموو نەوەی ڕاپێچکراوەکان و بۆ برا کاهینەکانیان و بۆ خۆیان سەربڕی. 21 هەموو نەوەی ئیسرائیلیش ئەوانەی کە لە ڕاپێچکراوییەکە گەڕابوونەوە لێیان خوارد، لەگەڵ هەموو ئەوانەی خۆیان لە نەریتە گڵاوەکانی نەتەوەکانی خاکەکە جیا کردبووەوە و هاتبوونە پاڵیان، بۆ ئەوەی ڕوویان لە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بکەن. 22 هەروەها حەوت ڕۆژ بە خۆشییەوە جەژنی فەتیرەیان گێڕا، چونکە یەزدان دڵی پڕکردن لە خۆشی و دڵی پاشای ئاشوری بەلایاندا ڕاکێشا بۆ بەهێزکردنی دەستیان لە کارەکەی ماڵی خودا لە ئیسرائیل.

هاتنی عەزرا بۆ ئۆرشەلیم

پاش ئەم شتانە و لە سەردەمی پاشایەتی ئەرتەحشەستەی پاشای فارس، عەزرا کە کوڕی سەرایا کوڕی عەزەریا کوڕی حیلقیا کوڕی شەلوم کوڕی سادۆق کوڕی ئەحیتوڤ کوڕی ئەمەریا کوڕی عەزەریا کوڕی مەرایۆت کوڕی زەرەحیا کوڕی عوزی کوڕی بوقی کوڕی ئەبیشوەع کوڕی فینەحاس کوڕی ئەلعازاری کوڕی هارونی سەرۆک کاهین بوو، ئەم عەزرایە لە بابلەوە سەرکەوت. مامۆستایەکی بە توانا بوو لە تەوراتی موسا، یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل پێیدابوو. پاشاش هەموو ئەوەی داوای کردبوو پێیدابوو، چونکە یەزدانی پەروەردگاری خۆی لەگەڵی بوو. هەندێک لە نەوەی ئیسرائیل و لە کاهین و لێڤی و گۆرانیبێژ و پاسەوان و کۆیلە تەرخانکراوەکان لەگەڵی بەرەو ئۆرشەلیم سەرکەوتن، لە ساڵی حەوتەمی ئەرتەحشەستەی پاشا.

عەزرا لە مانگی پێنج لە ساڵی حەوتەمی پاشادا گەیشتە ئۆرشەلیم. لە مانگی یەکەوە دەستی پێکردبوو لە بابلەوە سەربکەوێت و لە یەکی مانگی پێنجدا گەیشتە ئۆرشەلیم، بەپێی ئەوەی دەستی چاکەی خوداکەی لەسەری بوو، 10 چونکە عەزرا خۆی تەرخان کردبوو بۆ خوێندنی تەوراتی یەزدان و کارکردن پێی، بۆ ئەوەی ئیسرائیل فێری فەرز و دادوەری بکات.

نامەی ئەرتەحشەستەی پاشا بۆ عەزرا

11 ئەمەش وێنەی ئەو نامەیەیە کە ئەرتەحشەستەی پاشا دایە عەزرای کاهین و مامۆستا، مامۆستای بابەتەکانی فەرمان و فەرزەکانی یەزدان بۆ ئیسرائیل:

12 لە ئەرتەحشەستەی پاشای پاشایانەوە،

بۆ عەزرای کاهین و مامۆستای تەوراتی خودای ئاسمان.

پاش سڵاو.[o]

13 لەلایەن منەوە فەرمانێک دەرچووە کە هەرکەسێک لەناو پاشایەتییەکەی من لە گەلی ئیسرائیل و کاهین و لێڤییەکان بیەوێت لەگەڵ تۆ بگەڕێتەوە ئۆرشەلیم با بگەڕێتەوە. 14 تۆ لەلایەن پاشا و حەوت ڕاوێژکارەکەیەوە نێردراویت بۆ ئەوەی لە یەهودا و ئۆرشەلیم بکۆڵیتەوە، بەگوێرەی تەوراتی خوداکەت کە بە دەستتەوەیە، 15 هەروەها بۆ بارکردنی ئەو زێڕ و زیوانەی کە پاشا و ڕاوێژکارەکانی بە ئازادی بەخشیویانە بە خودای ئیسرائیل، ئەوەی نشینگەکەی لە ئۆرشەلیمە. 16 لەگەڵ هەموو ئەو زێڕ و زیوەش کە لە هەرێمی بابل بە دەستت دەکەوێت، لەگەڵ بەخشینە ئازادەکانی گەل و کاهینەکان کە دەیبەخشن بە پەرستگای خودای خۆیان، کە لە ئۆرشەلیمە. 17 دڵنیابە لەوەی بەم زیوە گا و بەران و بەرخی نێری لەگەڵ پێشکەشکراوی دانەوێڵە و شەراب بکڕیت و لەسەر قوربانگاکەی پەرستگای خوداتان کە لە ئۆرشەلیمە پێشکەشیان بکەیت.

18 هەرچی خۆت و برا جولەکەکانت پێتان باش بوو بە پاشماوەی زێڕ و زیوەکە بیکەن، بەپێی خواستی خودای خۆتان بکەن. 19 ئەو قاپوقاچاغەش کە بۆ خزمەتی پەرستگای خوداکەت پێت دەدرێت، لەبەردەم خودای ئۆرشەلیم دایبنێ. 20 پاشماوەی پێویستییەکانی پەرستگای خوداکەت کە بۆت ڕێک دەکەوێت بیدەیت، ئەوا لە گەنجینەکانی پاشاوە بیدە.

21 لە من، لە ئەرتەحشەستەی پاشاوە، فەرمان دەرچووە بۆ هەموو گەنجینەکانی هەرێمی ئەوبەری فورات کە هەرچی عەزرای کاهین و مامۆستای تەوراتی خودای ئاسمان داواتان لێ دەکات، با بە وردی جێبەجێ بکرێت، 22 هەتا سەد تالنت زیو[p] و سەد کۆڕ[q] گەنم و سەد بەت[r] شەراب و سەد بەت[s] زەیت و خوێش بەبێ سنوور. 23 هەرچی خودای ئاسمان فەرمانی پێداوە بە وردی بۆ پەرستگای خودای ئاسمان جێبەجێ بکرێت، چونکە بۆچی تووڕەیی لەسەر شانشینی پاشا و کوڕەکانی بێت؟ 24 هەروەها پێتان ڕادەگەیەنین کە هەموو کاهین و لێڤی و گۆرانیبێژ و دەرگاوان و کۆیلە تەرخانکراوەکان و خزمەتکارانی ئەم ماڵەی خودا، ڕێ نادرێت سەرانە و باج و گومرگیان لەسەر بێت.

25 تۆش ئەی عەزرا، بەپێی دانایی خوداکەت کە بەدەستەوەیە، قازی و دادوەر دابنێ بۆ ئەوەی دادپەروەری بکەن بۆ هەموو ئەو گەلەی هەرێمی ئەوبەری فورات، لە هەموو ئەوانەی فێرکردنەکانی خودات دەزانن، ئەوانەش کە نایزانن، فێریان بکەن. 26 هەرکەسێکیش کار بە فێرکردنەکانی خوداکەت و فێرکردنەکانی پاشا نەکات، با بە دڵنیاییەوە حوکمی بەسەردا بدرێت، بە سزای مردن یان دوورخستنەوە یان سزای دارایی یان زیندانی.

27 ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانمان کە ئەم شتەی خستە دڵی پاشاوە بۆ شکۆدارکردنی ماڵی یەزدان، ئەوەی لە ئۆرشەلیمە. 28 لەبەردەم پاشا و ڕاوێژکارەکانی و لەبەردەم هەموو کاربەدەستە توانادارەکانی پاشا بە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی دایپۆشیم، منیش بەهۆی ئەو پشتگیرییەی یەزدانی پەروەردگارم بەهێز بووم، جا لە ئیسرائیل ڕابەرەکانم کۆکردەوە تاوەکو لەگەڵم سەربکەون.

لیستی گەورەی بنەماڵەکان

ئەمانەش گەورەی بنەماڵەکان و ئەوانەن کە لەگەڵیاندا تۆمارکراون، ئەوانەی لە سەردەمی ئەرتەحشەستەی پاشادا لەگەڵ من لە بابلەوە گەڕانەوە:

لە نەوەی فینەحاس، گێرشۆم؛

لە نەوەی ئیتامار، دانیال؛

لە نەوەی داود، حەتوش لە نەوەی شەخەنەیا.

لە نەوەی پەرعۆش، زەکەریا و سەد و پەنجا نێرینەش لەگەڵیدا تۆمار کران.

لە نەوەی پەحەت‌مۆئاب، ئەلیهۆعێینەی کوڕی زەرەحیا، دوو سەد نێرینەش لەگەڵی.

لە نەوەی زەتو، شەخەنەیا کوڕی یەحەزیێل و سێ سەد نێرێنەش لەگەڵی.

لە نەوەی عادین، عەبەدی کوڕی یۆناتان، پەنجا نێرینەش لەگەڵی.

لە نەوەی ئیلام، یەشەعیای کوڕی عەتەلیا، حەفتا نێرینەش لەگەڵی.

لە نەوەی شەفەتیا، زەڤەدیای کوڕی میکائیل، هەشتا نێرینەش لەگەڵی.

لە نەوەی یۆئاب عۆبەدیای کوڕی یەحیێل، دوو سەد و هەشتا نێرینەش لەگەڵی.

10 لە نەوەی بانی، شەلۆمیت کوڕی یۆسیفیا، سەد و شەست نێرینەش لەگەڵی.

11 لە نەوەی بێڤەی، زەکەریای کوڕی بێڤەی، بیست و هەشت نێرینەش لەگەڵی.

12 لە نەوەی عەزگاد، یۆحانانی کوڕی هەقاتان سەد و دە نێرینەش لەگەڵی.

13 لە نەوەی ئەدۆنیقام، ئەوانەی کۆتایی ئەمە ناوەکانیانە، ئەلیفەلەت و یەعوئێل و شەمەعیا، شەست نێرینەش لەگەڵیان.

14 لە نەوەی بیگڤەی، عوتەی و زەکور، حەفتا نێرینەش لەگەڵیان.

گەڕانەوە بۆ ئۆرشەلیم

15 جا بۆ لای ئەو نۆکەندەی بەرەو ئەهەڤا دەڕوات کۆمکردنەوە و سێ ڕۆژ لەوێ ماینەوە، لە گەل و کاهینەکان ورد بوومەوە، بەڵام کەسم لە لێڤییەکان لەوێ بەدی نەکرد. 16 لەبەر ئەوە ناردم بۆ لای ئەلیعەزەر و ئەریێل و شەمەعیا و ئەلناتان و یاریڤ و ئەلناتان و ناتان و زەکەریا و مەشولام، کە لە ڕابەرەکان بوون، هەروەها یۆیاریڤ و ئەلناتان کە تێگەیشتوو بوون. 17 هەموویانم نارد بۆ لای ئیدۆی ڕابەر لەو شوێنەی ناوی کاسیفیا بوو، پێم گوتن لە کاسیفیا چی بە ئیدۆ و برا کۆیلە تەرخانکراوەکان بڵێن، تاوەکو خزمەتکارانمان بۆ بهێنن بۆ ماڵی خودامان. 18 ئینجا بەپێی ئەوەی دەستی چاکی خودا لەسەرمان بوو، پیاوێکی وریایان بۆمان هێنا کە ناوی شێرێڤیا بوو، لە نەوەی مەحلی کوڕی لێڤی کوڕی ئیسرائیل، لەگەڵ کوڕەکانی شێرێڤیا و براکانی کە هەموویان هەژدە پیاو بوون؛ 19 هەروەها حەشەڤیا لەگەڵ یەشەعیا لە نەوەی مەراری و براکانی و کوڕەکانیان بیست کەس بوون. 20 لە کۆیلە تەرخانکراوەکانیش، لەو کۆمەڵەی کە داود و کاربەدەستەکان دایانمەزراندبوون، دوو سەد و بیست پیاویان هێنا. هەموویان بە ناوی خۆیانەوە دیاری کران.

21 لەوێدا لەسەر نۆکەندی ئەهەڤا بانگەوازی ڕۆژووگرتنم ڕاگەیاند، بۆ ئەوەی لەبەردەم خوداکەماندا ملکەچ بین و داوای ڕێگایەکی ڕاستی لێ بکەین بۆ خۆمان و منداڵەکانمان و هەموو ئەوەی هەمانە. 22 پێم شەرم بوو داوای سەرباز و سوار لە پاشا بکەم، بۆ ئەوەی لە ڕێگاکەدا لە دوژمن بمانپارێزن، چونکە ئێمە بە پاشامان گوتبوو کە خودای ئێمە چاکە لەگەڵ ئەوانە دەکات کە پشتی پێ دەبەستن، زۆریش لەوە تووڕە دەبێت کە وازی لێ بهێنێت. 23 جا بە ڕۆژوو بووین و ئەوەمان لە خودامان داوا کرد، ئەویش وەڵامی داینەوە.

24 پاشان لە کاهینانی باڵا دوازدە کەسم جیا کردەوە: شێرێڤیا و حەشەڤیا، لەگەڵ ئەوانیش دە لە براکانیان، 25 زێڕ و زیو و قاپوقاچاغەکەشم بۆیان پێوا، کە بەخشینەکەی ماڵی خودامان ئەوەی پاشا و ڕاوێژکارەکانی و کاربەدەستەکانی و هەموو ئەو ئیسرائیلییانەی کە لەوێ بوون بەخشییان. 26 شەش سەد و پەنجا تالنت[t] زیوم کێشا و خستمە ناو دەستیان، سەد تالنتیش[u] لە قاپوقاچاغی زیو لەگەڵ سەد تالنت زێڕ و 27 بیست پەرداخی زێڕ بە هەزار درهەم[v]، دوو قاپی بڕۆنزیش زۆر باش مشتوماڵکراو، کە وەک زێڕ بە نرخ بوون.

28 بەوانم گوت: «ئێوە تەرخانکراون بۆ یەزدان و قاپوقاچاغەکانیش تەرخانکراون و زێڕ و زیوەکەش بەخشینێکی ئازادن بۆ یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانتان. 29 ئیتر پاسەوانیی بکەن و بیپارێزن هەتا لەبەردەم کاهینانی باڵا و لێڤییەکان و گەورەی بنەماڵەکانی ئیسرائیل لە ئۆرشەلیم بیکێشن، لە ژوورەکانی ماڵی یەزدان.» 30 ئینجا کاهین و لێڤییەکان کێشی زێڕ و زیو و قاپوقاچاغەکەیان وەرگرت تاوەکو بۆ ئۆرشەلیمی بهێنن، بۆ ماڵی خوداکەمان.

31 لە دوازدەی مانگی یەک لە نۆکەندی ئەهەڤاوە بەڕێکەوتین تاکو بچینە ئۆرشەلیم، خوداشمان پشتگیری دەکردین، جا لە دەستی دوژمنی خۆماتکردوو لەسەر ڕێگا فریامان کەوت. 32 ئینجا گەیشتینە ئۆرشەلیم و سێ ڕۆژ لەوێ ماینەوە.

33 لە ڕۆژی چوارەمدا زێڕ و زیو و قاپوقاچاغەکەم لەناو ماڵی خوداماندا لەسەر دەستی مەرێمۆتی کوڕی ئوریای کاهین کێشا. ئەلعازاری کوڕی فینەحاسیش لەگەڵی بوو، لەگەڵ یۆزاڤادی کوڕی یێشوع و نۆعەدیای کوڕی بەنوی کە هەردووکیان لێڤی بوون. 34 بە ژمارە و کێش بۆ هەموویان، هەموو کێشەکەش لەو کاتەدا نووسران.

35 نەوەی ڕاپێچکراوەکانیش ئەوانەی لە ڕاپێچکراوی گەڕابوونەوە، قوربانی سووتاندنیان پێشکەشی خودای ئیسرائیل کرد، دوازدە گا لەبری هەموو ئیسرائیل، لەگەڵ نەوەد و شەش بەران، حەفتا و حەوت بەرخی نێر، هەروەها دوازدە گیسکی نێری بۆ قوربانی گوناه، هەموو کرانە قوربانی سووتاندن بۆ یەزدان. 36 هەروەها یاساکانی پاشایان دایە دەست میر و پارێزگارەکانی هەرێمی ئەوبەری فورات، ئەوانیش یارمەتی گەل و ماڵی خودایان دا.

نزای عەزرا لەبارەی ژنهێنان و شووکردن

پاش تەواوبوونی ئەمە، ڕابەرەکان هاتن بۆ لام و گوتیان: «گەلی ئیسرائیل و کاهین و لێڤییەکان خۆیان جیا نەکردووەتەوە لە گەلانی دراوسێ و نەریتە قێزەونەکانیان، لە کەنعانی، حیتی، پریزی، یەبوسی، عەمۆنی، مۆئابی، میسری و ئەمورییەکان، چونکە لە کچەکانی ئەوانیان بۆ خۆیان و کوڕەکانیان هێناوە و نەژادی پیرۆز تێکەڵ بە گەلانی خاکەکان بووە. دەستی ڕابەر و کاربەدەستەکانیش لەم ناپاکییە یەکەم بووە.»

کە گوێم لەم شتە بوو، کراسەکەم و کەواکەم دادڕی و مووی سەر و ڕیشی خۆمم ڕنییەوە و بە سەرسوڕمانەوە دانیشتم. جا هەموو ئەوانەی لە ترسی وشەکانی خودای ئیسرائیل لەرزین لێم کۆبوونەوە، لەبەر ناپاکی ئەوانەی لە ڕاپێچکراوی گەڕابوونەوە. منیش هەتا کاتی قوربانی ئێوارە بە سەرسوڕمانەوە دانیشتم.

لە کاتی قوربانی ئێوارەدا لە زەلیلکردنی خۆم هەستام و بە کراس و کەوا دڕاوەکەمەوە کەوتمە سەر چۆک و دەستم بۆ یەزدانی پەروەردگارم پانکردەوە و گوتم:

«خودایە، من شەرمەزار و سەرشۆڕم لەوەی ڕووم ڕووەو تۆ هەڵبڕم، چونکە تاوانەکانمان لەسەر سەرمان بەرزبوونەوە و خراپەکانمان بۆ ئاسمان بەرزبوونەتەوە. لە سەردەمی باوباپیرانمانەوە هەتا ئەمڕۆ ئێمە لە خراپەیەکی گەورەداین، لەبەر تاوانەکانمان ئێمە و پاشا و کاهینەکانمان دراینە دەست پاشایانی خاکەکان و کەوتنە بەر شمشێر و دیلیێتی و تاڵان و سەرشۆڕی، وەک ئەمڕۆ.

«بەڵام ئێستا بۆ ساتێک میهرەبانی لەلایەن یەزدانی پەروەردگارمانەوە بوو، هەتا دەربازبوونمان بۆ بهێڵێتەوە و سنگێکمان لە پیرۆزگای خۆی بداتێ، تاکو خودامان چاومان ڕووناک بکاتەوە و کەمێک ژیانمان بداتێ لە کۆیلایەتییەکەمان. هەر چەندە ئێمە کۆیلەین، بەڵام خودامان لە کۆیلایەتییمان بەجێی نەهێشتین، بەڵکو لەبەردەم پاشاکانی فارس بە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی دایپۆشین، بۆ ئەوەی ژیانمان پێبدات، بۆ ئەوەی ماڵی خوداکەمان بنیاد بنێینەوە و کەلاوەکانی نۆژەن بکەینەوە، تاوەکو لە یەهودا و ئۆرشەلیم دیوارێکمان بداتێ.

10 «ئێستاش ئەی خودای ئێمە، پاش ئەوە ئێمە چی بڵێن؟ چونکە وازمان لە فەرمانەکانت هێنا، 11 ئەوەی لە ڕێگەی بەندە پێغەمبەرەکانت فەرمانت پێدا و فەرمووت: ”ئەو خاکەی دەچنە ناوی هەتا دەستی بەسەردا بگرن، خاکێکی گڵاوە بە گڵاوی گەلانی خاکەکان، کە بەهۆی نەریتە قێزەونەکانیان لە سەرەتای خاکەکەوە هەتا کۆتایی پڕیان کردووە لە گڵاوی. 12 ئێستاش کچتان مەدەنە کوڕیان و کچیشیان بۆ کوڕەکانتان مەهێنن. هەتاهەتایە داوای خێر و خۆشییان بۆ مەکەن، تاوەکو ئێوە بەهێز بن و خێری خاکەکە بخۆن و بۆ هەتاهەتایە بە میرات بۆ کوڕەکانتانی بەجێبهێڵن.“

13 «هەموو ئەوە بەهۆی کارە خراپەکانمان و بەدکارییە گەورەکانمان بەسەرمان هات. ئەی خودای ئێمە، لەگەڵ ئەوەشدا تۆ لە تاوانەکانمان کەمتر سزات داین و دەربازبوونێکی بەم شێوەیەت بە ئێمە بەخشی. 14 ئایا بگەڕێینەوە و سەرپێچی فەرمانەکانت بکەین و خزمایەتی لەگەڵ ئەو گەلانە بکەین کە ئەم جۆرە نەریتە قێزەونە دەکەن؟ ئایا لێمان تووڕە نابیت و لەناومان نابەیت هەتا ئەوەی هیچ پاشماوە و دەربازبووێکمان نەبێت؟ 15 ئەی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل، تۆ ڕاستودروستیت، چونکە هەتا ئەمڕۆ بە دەربازبوویی ماوینەتەوە. ئەوەتا ئێمە بە تاوانەکانمانەوە لەبەردەمتداین، چونکە لەبەر ئەمە بۆ ئێمە نییە لەبەردەمت ڕابوەستین.»

دانپێدانانی گەل بە گوناهەکانیان

10 کە عەزرا نوێژی دەکرد و دانی پێدا دەنا و بە گریانەوە لەبەردەم ماڵی خودا کەوتبوو، کۆمەڵێکی ئێجگار زۆر لە ئیسرائیل، لە پیاو و ئافرەت و منداڵ لێی کۆبوونەوە، چونکە گەل گریانێکی بەکوڵ دەگریان. ئینجا شەخەنەیای کوڕی یەحیێل لە نەوەی ئیلام وەڵامی دایەوە و بە عەزرای گوت: «ئێمە ناپاکیمان لەگەڵ خودامان کرد، ژنی بێگانەمان لە گەلانی خاکەکەوە هێنا. بەڵام لەمەودوا ئیسرائیل هیوای هەیە: با ئێستا پەیمانێک لەگەڵ خوداماندا ببەستین، کە هەموو ژنەکان و ئەوانەی لەوان لەدایک بوونە دەریانبکەین، بەپێی ڕاوێژی گەورەم و ئەوانەی لە فەرمانەکانی خودامان دەترسن، با بەپێی تەورات کار بکرێت. هەستە! چونکە ئەم کارە لەسەر تۆیە و ئێمەش لەگەڵتداین. ئازابە و دەستبەکاربە!»

ئیتر عەزرا هەستا و کاهینە باڵاکان و لێڤی و هەموو ئیسرائیلی سوێند دا کە کار بەم پێشنیارە بکەن، ئەوانیش سوێندیان خوارد. پاشان عەزرا لەبەردەم ماڵی خودا هەستا و چووە ژوورەکەی یەهۆحانانی کوڕی ئەلیاشیڤ. بەرەو ئەوێ چوو، بێ ئەوەی نان بخوات و ئاو بخواتەوە، چونکە بەهۆی ناپاکی ڕاپێچکراوەکانەوە شینی دەگێڕا.

ئینجا لە یەهودا و ئۆرشەلیم بانگەوازیان کرد بۆ هەموو ئەوانەی لە ڕاپێچکراوی گەڕابوونەوە تاوەکو لە ئۆرشەلیم کۆببنەوە، بەپێی ڕاوێژی کاربەدەستەکان و پیران، هەرکەسێک لە ماوەی سێ ڕۆژدا ئامادە نەبێت، دەست بەسەر ماڵەکەیدا دەگیرێت و خۆشی لە کۆمەڵی ڕاپێچکراوەکان جیا دەکرێتەوە.

لە ماوەی سێ ڕۆژەکە هەموو پیاوانی یەهودا و بنیامین لە ئۆرشەلیم کۆبوونەوە، واتە لە بیستی مانگی نۆ، لە ئۆرشەلیم کۆبوونەوە و هەموو گەل بە ترسەوە لەناو گۆڕەپانەکەی ماڵی خودا دانیشتن، لەبەر بابەتەکە و لەبەر بارانەکە. 10 ئینجا عەزرای کاهین هەستا و پێی گوتن: «ئێوە ناپاکیتان کرد، ژنی بێگانەتان هێنا بۆ ئەوەی تاوانی زیاتر بخەنە سەر خراپەی ئیسرائیل. 11 ئێستا لەبەردەم یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانتان دانی پێدا بنێن و ئەوە بکەن کە پێی خۆشە، خۆتان لە گەلانی خاکەکە و لە ژنە بێگانەکان داببڕن.»

12 هەموو کۆمەڵەکە بە دەنگێکی بەرز وەڵامیان دایەوە: «چۆنت پێ گوتین، ئاوا دەکەین. 13 بەڵام گەلەکە زۆرن و کاتەکەش کاتی بارانە و توانای ئەوەمان نییە لە دەرەوە ڕاوەستین، کارەکەش کاری یەک دوو ڕۆژ نییە، چونکە لەم بارەیەوە یاخیبوونی زۆرمان کردووە. 14 تکایە با کاربەدەستەکانمان لە جێی هەموو کۆمەڵەکە ڕاوەستن و هەموو ئەوانەی لە شارۆچکەکانمان ژنی بێگانەیان هێناوە، با لە کاتی دیاریکراودا لەگەڵ پیران و دادوەرانی شارەکەی خۆیان بێن، هەر شارە و بە تەنها، هەتا گڕی تووڕەیی خودامان کە بەهۆی ئەم کارەوەیە لێمان دامرکێتەوە.» 15 تەنها یۆناتانی کوڕی عەساهێل و یەحزەیای کوڕی تیقڤا لە دژی ئەمە ڕاوەستان، مەشولام و شەبەتەی کە هەردووکیان لێڤی بوون پشتگیرییان کردن.

16 ئینجا ئەوانەی لە ڕاپێچکراوی گەڕانەوە ئاوایان کرد، عەزرای کاهین و ئەو پیاوانەی گەورەی بنەماڵەکان بوون جیا بوونەوە، بەپێی بنەماڵەکانیان و هەموویان بە ناوی خۆیان، لە یەکەم ڕۆژی مانگی دە بۆ لێکۆڵینەوە لە بابەتەکە دانیشتن. 17 لە یەکەم ڕۆژی مانگی یەک لە بابەتی هەموو ئەو پیاوانە بوونەوە کە ژنی بێگانەیان هێنابوو.

ئەوانەی ژنی بێگانەیان هێنابوو

18 لەنێو کاهینەکان چەند کەسێکیان بینییەوە کە ژنی بێگانەیان هێنابوو:

لە نەوەی یەشوعی کوڕی یۆچاداق و براکانی: مەعسێیاهو، ئەلیعەزەر، یاریڤ و گەدەلیاهو. 19 بەڵێنیان دا کە ژنە بێگانەکانیان دەربکەن و لەبەر تاوانەکەیان بەرانێکی مێگەلیان پێشکەش کرد.

20 لە نەوەی ئیمێر:

حەنانی و زەڤەدیا.

21 لە نەوەی حاریم:

مەعسێیاهو، ئەلیاس، شەمەعیا، یەحیێل و عوزیا.

22 لە نەوەی پەشحور:

ئەلیۆعێنەی، مەعسێیاهو، ئیسماعیل، نەتەنێل، یۆزاڤاد و ئەلعاسا.

23 لە لێڤییەکان:

یۆزاڤاد، شیمعی، قێلایا کە قەلیتایە، پەتەحیا، یەهودا و ئەلیعەزەر.

24 لە گۆرانیبێژەکان:

ئەلیاشیڤ.

لە دەرگاوانەکان:

شەلوم، تەلەم و ئوری.

25 لەنێو ئیسرائیلییەکانی دیکەش:

لە نەوەی پەرعۆش:

ڕەمیا، یەزییا، مەلکیا، میامین، ئەلعازار، مەلکیا و بەنایا.

26 لە نەوەی ئیلام:

مەتەنیا، زەکەریا، یەحیێل، عەبدی، یەرێمۆت و ئەلیاس.

27 لە نەوەی زەتو:

ئەلیۆعێنەی، ئەلیاشیڤ، مەتەنیا، یەرێمۆت، زاڤاد و عەزیزا.

28 لە نەوەی بێڤەی:

یەهۆحانان، حەنەنیا، زەبەی و عەتلای.

29 لە نەوەی بانی:

مەشولام، مەلوخ، عەدایا، یاشوڤ، شەئال و یەرێمۆت.

30 لە نەوەی پەحەت‌مۆئاب:

عەدنا، کەلال، بەنایا، مەعسێیاهو، مەتەنیا، بەسەلئێل، بەنوی و مەنەشە.

31 لە نەوەی حاریم:

ئەلیعەزەر، یەشییا، مەلکیا، شەمەعیا، شیمەعۆن، 32 بنیامین، مەلوخ و شەمەریاهو.

33 لە نەوەی حاشوم:

مەتەنەی، مەتەتا، زاڤاد، ئەلیفەلەت، یەرێمەی، مەنەشە و شیمعی.

34 لە نەوەی بانی:

مەعەدەی، عەمرام، ئوئێل، 35 بەنایا، بێدەیا، کەلووهی، 36 ڤەنیا، مەرێمۆت، ئەلیاشیڤ، 37 مەتەنیا، مەتەنەی و یەعەسۆ.

38 لە نەوەی بەنوی:

شیمعی، 39 شەلەمیاهو، ناتان، عەدایا، 40 مەخنەدەڤەی، شاشەی، شارای، 41 عەزەرئێل، شەلەمیاهو، شەمەریاهو، 42 شەلوم، ئەمەریا و یوسف.

43 لە نەوەی نەبۆ:

یەعیێل، مەتیسیا، زاڤاد، زەڤینا، یەدەی، یۆئێل و بەنایا.

44 هەموو ئەوانە ژنی بێگانەیان هێنابوو، هەروەها هەندێک لە ژنەکان منداڵیان ببوو.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.