Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Bible in 90 Days

An intensive Bible reading plan that walks through the entire Bible in 90 days.
Duration: 88 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
ئەیوب 25-41

وەڵامی سێیەمی بیلدەد

25 بیلدەدی شوحیش وەڵامی دایەوە:

«دەسەڵات و شکۆ لەلای خودایە؛
    ئەو بەرزاییەکانی ئاسمان بەرقەرار دەکات.
ئایا هێزەکانی دەتوانرێت بژمێردرێن؟
    ڕووناکییەکەی بەسەر کێدا هەڵنایەت؟
ئیتر چۆن مرۆڤ لەبەرچاوی خودا ڕاستودروست دەبێت؟
    لەدایکبوو لە ژن چۆن بێتاوان دەبێت؟
ئەگەر لەبەرچاوی خودا تەنانەت مانگ ڕۆشن نییە و
    ئەستێرەکانیش بێگەرد نین،
ئیتر چۆن مرۆڤ بێگەرد دەبێت کە مۆرانەیەکە،
    ئادەمیزاد کە کرمێکە!»

قسەی نۆیەمی ئەیوب

26 ئەیوبیش وەڵامی دایەوە:

«چۆن یارمەتی ئەوەت دا کە هێزی نییە!
    چۆن بازووی بێ توانات گرت و ڕزگار کرد!
چۆن ڕاوێژت کرد بۆ ئەوەی دانایی نییە!
    چۆن زانینی زۆرت دەرخست!
بە یارمەتی کێ وتەکانت ڕاگەیاند و
    ڕۆحی کێ لە زارتەوە قسەی کرد؟

«تارماییەکان لە جیهانی مردوواندا
    لە سامناکی خودا دەلەرزن.
جیهانی مردووان لەبەردەم خودا ئاشکرایە،
    شوێنی لەناوچوون[a] شاردراوە نییە.
ئاسمانی باکوور بەسەر بۆشاییدا لێک دەکێشێت و
    زەوی لەسەر هیچ هەڵدەواسێت.
ئاو لەناو هەورەکانی دەپێچێتەوە و
    هەور لەژێری نادڕێت.
ڕووی مانگی چواردە شەوە دەشارێتەوە،
    هەوری خۆی بەسەردا بڵاو دەکاتەوە.
10 ئاسۆی لەسەر ڕووی ئاوەکان کێشاوە
    وەک سنوور لەنێوان ڕووناکی و تاریکی.
11 کۆڵەکەکانی ئاسمان دەلەرزن و
    لە سەرزەنشتکردنەکەی دەتۆقن.
12 بە هێزی خۆی دەریا دەهەژێنێت و
    بە تێگەیشتنی خۆی زەبر لە ڕەهەڤ[b] دەوەشێنێت.
13 بە هەناسەی ئەو ئاسمان ساماڵە و
    دەستی ئەو مارە هەڵاتووەکەی پێکا.
14 بێگومان ئەمانە شتە دەرەکییەکانی کارەکانی ئەون.
    هەواڵەکانی بە چرپە دێنە بەر گوێمان!
    ئیتر کێ لە هەورەتریشقەی هێزی تێدەگات؟»

27 ئەیوب دیسان بە هەمان شێوە قسەی کردەوە و گوتی:

«بە گیانی خودا کە مافی خۆمی لێم داماڵیوە،
    سوێند بە توانادارەکە کە ناخی منی تاڵکردووە،
هەتا ئەو کاتەی کە ژیانم لەبەر بێت،
    هەناسەی خودا لە لووتمدا بێت،
لێوەکانم بە خراپە نادوێن و
    زمانم بە فێڵ ناگەڕێت.
لە من بەدوور بێت بڵێم کە ڕاستییەکەی لای ئێوەیە،
    هەتا ئەو کاتەی ژیان بەدەستەوە دەدەم دروستی لە خۆم دانابڕم.
دەستم بە ڕاستودروستی خۆمەوە گرتووە و شلی ناکەم،
    بە درێژایی ژیانم ویژدانم سەرزەنشتم ناکات.

«با دوژمنم وەک بەدکار بێت و
    بەرهەڵستکارم وەک زۆردار بێت.
چونکە خوانەناس کە دەبڕدرێتەوە چ هیوایەکی هەیە،
    کاتێک خودا ژیانی دەڕفێنێت؟
ئایا خودا گوێی لە هاواری دەبێت
    کە تەنگانەی بەسەردا دێت؟
10 یان ئایا بە توانادارەکە دڵخۆش دەبێت؟
    ئایا هەموو کاتێک داوا لە خودا دەکات؟

11 «من توانای خوداتان پێ دەناسێنم؛
    کارەکانی توانادارەکە لە ئێوە ناشارمەوە.
12 ئەوەتا ئێوە هەمووتان بینیتان،
    ئیتر بۆچی بە پووچی دەدوێن؟

13 «ئەمە بەشی کەسی بەدکارە لەلایەن خوداوە،
    میراتی ستەمکارە کە لە توانادارەکەوە وەریدەگرن.
14 ئەگەر کوڕانی زۆر بوون ئەوا بۆ شمشێرن و
    نەوەکەشی تێر نان نابن.
15 دەرد پاشماوەکەی دەخاتە ناو گۆڕ و
    بێوەژنەکانیان ناگرین.
16 ئەگەر زیو وەک خۆڵ و
    جلوبەرگ وەک قوڕ کەڵەکە بکات،
17 ئەوەی ئامادەی دەکات ڕاستودروست لەبەری دەکات،
    بێتاوان زیوەکەی دابەش دەکات.
18 وەک قۆزاخەی مۆرانە ماڵەکەی خۆی بنیاد دەنێت و
    وەک کەپرێک چاودێر دروستی بکات.
19 بە دەوڵەمەندی ڕادەکشێت، بەڵام جارێکی دیکە نایکات؛
    کە چاوی دەکاتەوە هیچی نەماوە.
20 کارەساتەکان وەک لافاو پێی دەگەن،
    ڕەشەبایەک بە شەو دەیڕفێنێت.
21 بای ڕۆژهەڵات هەڵیدەگرێت و دەڕوات،
    لە شوێنی خۆی ڕایدەماڵێت.
22 لەبەردەم با بەهێزەکە هەڵدێت،
    بایەکەش بەبێ بەزەیی لێی دەدات.
23 بە گاڵتەپێکردنەوە چەپڵەی بۆ لێدەدات،
    بە فیکەلێدان لە جێی خۆیەوە دەریدەکات.»

دانایی لەکوێ دەدۆزرێتەوە؟

28 زیو کانی هەیە و
    بۆ زێڕیش شوێنێک هەیە بۆ پاڵاوتنی.
ئاسن لە خۆڵ دەردەهێنرێت،
    مسیش لە توانەوەی بەرد.
مرۆڤ کۆتایی بە تاریکی دەهێنێت؛
    لەناو تاریکی سێبەری مەرگ
    بۆ بەردی کانزایی دوورترین کون و کەلەبەرەکان دەپشکنن.
کانێکی لێدا دوور لە خەڵکی،
    لە شوێنێکی لەبیرکراو لەلایەن ڕێبوارانەوە؛
    شۆڕ کرانەوە و دوور لە خەڵکی جۆلانەیان پێکرا.
زەوی ئەوەی کە نانی لێوە دەردەهێنرێت،
    لە ژێرەوە دەگۆڕدرێت بە چەشنی ئاگر؛
بەردەکانی یاقووتی شینی[c] تێدایە و
    لە خۆڵەکەیدا زێڕ هەیە.
ڕێگایەک کە مەلە گۆشتخۆرەکان پێی نازانن و
    چاوی هەڵۆ نایبینێت.
ئاژەڵە دڕندەکان پێیدا نەڕۆیشتوون،
    شێر پێیدا تێنەپەڕیوە.
مرۆڤ دەستدرێژی دەکاتە سەر بەرد،
    بنکەی چیاکان دەردەخات.
10 لە تاشەبەردەکان تونێل دەکات؛
    چاوەکانی هەموو شتێکی گرانبەها دەبینێت.
11 ئاودزی ڕووبارەکان دەپشکنێت و
    ئەوەی شاراوەیە دەیخاتە بەر ڕووناکی.

12 بەڵام دانایی لەکوێ دەدۆزرێتەوە و
    تێگەیشتن لەکوێ نیشتەجێیە؟
13 مرۆڤ نرخەکەی نازانێت و
    لە خاکی زیندوواندا نادۆزرێتەوە.
14 قووڵایی ژێر زەوی[d] دەڵێت: «لەناو مندا نییە،»
    دەریا دەڵێت: «لەلای من نییە.»
15 دانایی نە زێڕی بێگەرد لە جیاتی دەدرێت و
    نە بە زیویش نرخەکەی دەکێشرێت.
16 نە بە زێڕی ئۆفیر و نە بە بەردی عاشقبەندی گرانبەها و
    نە بە یاقووتی شین دەکێشرێت.
17 نە زێڕ و نە بلور هاوتایەتی،
    نە بە دەفرێکی زێڕی بێگەرد دەگۆڕدرێتەوە.
18 لە پاڵ ئەودا نە مەرجان و نە یەشب باسیان ناکرێت و
    نرخی دانایی لە یاقووت بەهادارترە.
19 یاقووتی زەردی کوش هاوتای نابێت و
    بە زێڕی بێگەرد ناکێشرێت.

20 ئیتر دانایی لەکوێ دەدۆزرێتەوە و
    تێگەیشتن لەکوێ نیشتەجێیە؟
21 لەبەرچاوی هەموو زیندووێک شاراوەیە و
    لەبەرچاوی باڵندەکانی ئاسمان داپۆشراوە.
22 لەناوچوون و مردن دەڵێن:
    «بە گوێی خۆمان هەواڵی ئەومان بیست.»
23 خودا ڕێگاکەی تێدەگات و
    ئەو شوێنەکەی پێ دەزانێت.
24 چونکە ئەو تەماشای ئەوپەڕی زەوی دەکات و
    هەموو ژێر ئاسمان دەبینێت.
25 کاتێک کێشی بۆ با دروستکرد و
    ئاوەکانی بە پێوانە پێوا،
26 کاتێک بۆ باران یاسای دانا و
    بۆ دەنگی هەورەتریشقەش ڕێگا،
27 ئەو کاتە دانایی بینی و باسی کرد،
    ئامادەی کرد و هەروەها تاقی کرد.
28 بە مرۆڤی فەرموو:
    «بێگومان دانایی لە لەخواترسییەوەیە و
    لە خراپە لادانیش لە تێگەیشتنەوەیە.»

بەرگری کۆتایی ئەیوب

29 ئەیوب سەرلەنوێ دەستی بە قسە کردەوە و گوتی:

«خۆزگەم بە مانگەکانی ڕابردوو،
    بەو ڕۆژانەی کە خودا منی پاراست،
کاتێک چراکەی خۆی لە سەرم هەڵکرد و
    بە ڕووناکی ئەو بەناو تاریکیدا دەڕۆیشتم!
خۆزگە بەو ڕۆژانەی کە لە هەڕەتی هێز و توانادا بووم،
    هاوڕێیەتییە گیانی بەگیانییەکەم لەگەڵ خودا چادرەکەی منی بەرەکەتدار کردبوو،
خودای هەرە بە توانا هێشتا لەگەڵم بوو و
    منداڵەکانیشم لە چواردەورم بوون،
کاتێک پێیەکانم بە شیر دەشوشت،
    تاشەبەردیش جۆگەکانی زەیتی بۆ هەڵدەقوڵاندم.

«کاتێک بۆ لای دەروازەی شارەکە دەچووم و
    لە گۆڕەپانەکەدا دیوەخانی خۆم ئامادە دەکرد،
گەنجەکان کە منیان بینی خۆیان دەشاردەوە،
    پیرانیش لەبەرم هەڵدەستان و ڕادەوەستان؛
پیاوە گەورەکان نەیاندەویست قسە بکەن،
    دەستیان دەخستە سەر دەمی خۆیان؛
10 پیاوماقوڵان دەنگیان لێ دەبڕا و
    زمانیان بە مەڵاشوویانەوە دەنووسا.
11 ئەوەی گوێی لێم دەبوو ستایشی دەکردم،
    ئەو چاوەی کە دەیبینی شایەتی بۆ دەدام،
12 چونکە ئەو هەژارانەی کە هاواریان بۆ دەهێنام و
    ئەو هەتیوانەی کە بێکەس بوون ڕزگارم دەکردن.
13 ئەوانەی لە سەرەمەرگدا بوون بەرەکەتیان دەدامێ و
    دڵی بێوەژنم دەهێنایە قریوە.
14 ڕاستودروستیم لەبەرکرد و پۆشیم؛
    دادپەروەری وەک کەوا و مێزەرەکەم بوو.
15 بووم بە چاو بۆ نابینایان و
    بە قاچ بۆ شەلان.
16 من بۆ نەداران باوکێک دەبووم و
    بەرگریم لە کەسێک دەکرد کە پێی ئاشنا نەبووم.
17 کەڵبەی ستەمکارم وردوخاش دەکرد و
    لەنێو ددانەکانی نێچیرم دەڕفاند.

18 «جا گوتم: ”لەناو لانەکەی خۆم ڕۆح بەدەستەوە دەدەم و
    وەک لم ڕۆژگارم زۆر دەبێت.
19 ڕەگم بەرەو ئاوەکان درێژ دەبێتەوە،
    بە درێژایی شەو شەونم بەسەر چڵەکانمەوە دەبێت.
20 شکۆمەندیم بە هەمیشەیی لەگەڵم دەبێت،
    کەوانەکەم لە دەستم نوێ دەبێتەوە.“

21 «گوێیان لە من دەگرت و چاوەڕێیان دەکرد
    لە کاتی ڕاوێژکردنم گوێیان بۆم شل دەکرد.
22 لەدوای قسەکانم هیچیان لە دەم نەدەهاتە دەرەوە؛
    قسەکانم دڵۆپەی بەسەریاندا کرد.
23 چاوەڕێیان دەکردم وەک چاوەڕێی نمە باران بکەن و
    دەمیان دەکردەوە وەک بۆ بارانی بەهار.
24 کاتێک لەگەڵیان ڕووخۆش دەبووم، باوەڕیان نەدەکرد؛
    کاتێک ڕازامەندیم پیشان دەدا، چاوەڕێ ئەوەیان نەدەکرد.
25 ڕێگام بۆیان هەڵدەبژارد و وەک سەرۆک دادەنیشتم؛
    وەک پاشایەک لەناو سوپا نیشتەجێ دەبووم،
    وەک ئەوەی دڵنەوایی شیوەنگێڕان دەداتەوە.

30 «بەڵام ئێستا ئەوانەی لە من منداڵترن
    گاڵتەم پێ دەکەن،
ئەوانەی بێزم نەدەهات باوکیان
    لەگەڵ سەگەکانی ناو ڕانەکەم دابنێم.
دەبێت هێزی دەستیان چ سوودێکی بۆ من هەبێت؟
    چونکە سست بوون و لە کەڵک کەوتوون.
لە دەستکورتی و لە برسیێتیدا لەڕ بوون؛
    بە شەو بەناو زەوی وشکدا دەگەڕان،
    کە وێران و کاول بوون.
ئەوانەی وشترالووک و گەڵایان لە دەوەنەکانەوە دەهێنا،
    ڕەگی دار گەز[e] خۆراکیان بوو.
لەنێو کۆمەڵەی خەڵک دەردەکران،
    هاواریان بەسەردا دەکردن وەک بەسەر دزدا هاوار بکەن.
لەناو دۆڵە وشکەکان نیشتەجێ بوون،
    لە ئەشکەوت و لەناو تاشەبەردەکان.
لەنێو دەوەنەکان زەڕین و
    لەژێر گەزگەزەکان خۆیان مات کرد.
نەوەی گێلی، هەروەها نەوەی ئەوانەی بێ ناو بوون،
    لە خاکەکە تێهەڵدراون.

«بەڵام ئێستا ئەوان بە بەندی گۆرانی هەجووم دەکەن؛
    پەندم بەسەردا دەڵێن.
10 قێزم لێ دەکەنەوە، دوورەپەرێزیم لێ دەگرن؛
    لە تفەکانیان ڕووی من ناپارێزن.
11 چونکە خودا پەتی کەوانەکەی منی بەرداوە و منی چەماندووەتەوە،
    جڵەوی لغاوەکەم بەدەستیانەوەیە،
12 لەلای ڕاستم گەنجە لاسارەکان هێرش دەکەنە سەرم،
    پاشقولم لێ دەگرن و سەنگەر لە دژی من لێ دەدەن.
13 ڕێگاکانم لێ تێکدەدەن،
    بۆ ژێرکەوتنم هاوکاری یەکتر دەکەن،
    کەس نییە پشتگیری من بکات.
14 ئەوان دێن هەروەک لە کەلێنێکی فراوانەوە بێن،
    لەژێر وێرانیەوە خلۆر دەبنەوە.
15 نەهامەتی بەسەرمدا وەرگەڕا،
    هەروەکو با ڕێزی منی برد،
    ئاسوودەییم وەک هەور تێپەڕی.

16 «بە هێواشی ژیانم بەرە و کۆتایی دەچێت،
    کەوتمە ڕۆژانی زەلیلییەوە.
17 شەوگار ئێسکەکانم لەناومدا کلۆر دەکات،
    ئازارەکانم پشوو نادەن.
18 خودا بە زۆری هێزەکەی منی بە جلەکانم گرت و شێوەی گۆڕیم،
    وەک لە یەخەی کراسەکەمەوە منی پێچایەوە.
19 فڕێیدامە ناو قوڕەوە،
    ڕەنگی خۆڵ و خۆڵەمێشم لێ نیشت.

20 «ئەی خودا هاوارت بۆ دەهێنم و وەڵامم نادەیتەوە؛
    ڕادەوەستم و ئاوڕم لێ نادەیتەوە.
21 لەگەڵ مندا توند دەجوڵێیتەوە،
    بە توانای دەستەکانت دژایەتیم دەکەیت.
22 دەمڕفێنیت و دەمدەیتە دەست ڕەشەبا؛
    فڕێمدەدەیتە ناو زریانەوە.
23 چونکە دەزانم بۆ مردن دەمگەڕێنیتەوە،
    بۆ ماڵی چاوەڕوانکراوی هەموو زیندووێک.

24 «بێگومان کەس دەستدرێژی ناکاتە سەر مرۆڤێکی تێکشکاو،
    کاتێک لە تەنگانەیدا هاوار دەکات.
25 ئایا بۆ لێقەوماوان نەگریام؟
    ئایا بۆ نەدار گیانم خەمبار نەبوو؟
26 لەگەڵ ئەوەشدا، کە ئاواتەخوازی چاکە بووم، خراپە هات؛
    چاوەڕوانی ڕووناکی بووم، تاریکی هات.
27 هەناوم گڕی گرتووە و ناوەستێت،
    ڕۆژانی زەلیلی بەرەوپیرم دێن.
28 ڕەش هەڵگەڕام بەڵام بەبێ خۆر؛
    لەناو کۆمەڵ هەستام هاوارم کرد.
29 بووم بە برای چەقەڵەکان و
    هاوڕێی کوندەپەپووەکان.
30 پێستم ڕەش و هەڵوەری لەبەرم،
    لەشم لەبەر تایەکی توند دەسووتێت.
31 قیسارەکەم بۆ لاوانەوەیە و
    شمشاڵەکەم بۆ دەنگی گریاوەکانە.

31 «پەیمانم لەگەڵ چاوەکانم بەست،
    ئیتر چۆن تەماشای پاکیزەیەک بکەم؟
چونکە بەشی ئێمە لە خودا لە سەرەوە چییە،
    چ میراتێکمان هەیە لە توانادارەکەی ئاسمان؟
ئایا کارەسات بۆ بەدکار و
    بەڵا بۆ خراپەکار نییە؟
ئایا ئەو تەماشای ڕێگای من ناکات و
    هەموو هەنگاوەکانم ناژمێرێت؟

«ئەگەر لەگەڵ درۆ ملی ڕێم گرتبێتەبەر
    یان پێیەکانم پەلەیان کردبێت بەرەو فێڵ،
با خودا لە تەرازووی ڕاستودروستیدا بمکێشێت و
    با بێ کەموکوڕییەکەم بزانێت.
ئەگەر هەنگاوەکانم لە ڕێچکە لایانداوە،
    ئەگەر دڵم بەدوای چاوم کەوتووە،
    یان ئەگەر کردەوەکانم دەستەکانی منیان گڵاو کردووە،
ئەوا ئەوەی من چاندم با کەسانی دیکە بیخۆن،
    با لقەکانم ڕیشەکێش بکرێن.

«ئەگەر دڵم بەلای ژنێکدا فریوی خواردووە،
    یان لە بەردەرگای دراوسێکەم بۆسەم داناوە،
10 با ژنەکەم دانەوێڵەی پیاوێکی دیکە بهاڕێت و
    با خەڵکانی دیکە بەسەریدا بچەمێنەوە.
11 چونکە ئەمە بێ ناموسییە،
    تاوانە و پێویستە دادگایی بکرێت.
12 چونکە ئاگرێکە هەتا لەناوچوون[f] دەخوات و
    هەموو دروێنەکەم ڕیشەکێش دەکات.

13 «ئەگەر مافی خزمەتکار و کارەکەرەکەم ڕەت کردووەتەوە
    کاتێک لە دژی من سکاڵایان کردووە،
14 ئەو کاتە چی بکەم لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەم لەگەڵ خودا؟
    ئەگەر لێکۆڵینەوەم لەگەڵ بکرێت بە چی وەڵامی بدەمەوە؟
15 ئایا دروستکەری من لە سکدا دروستکەری ئەوانیش نییە؟
    ئایا شێوەکێشمان لە سکی دایک یەک نییە؟

16 «ئەگەر هەژارانم لە مرازی خۆیان قەدەغە کردبێت
    یان چاوی بێوەژنم فەوتاندبێت،
17 یان پارووەکەی خۆم بە تەنها خواردبێت،
    کە هەتیو لێی نەخواردبێت،
18 بەڵکو لە گەنجیمەوە وەک باوک بە هەتیوی بەخێوم کردووە و
    لە سکی دایکمەوە ڕێنمایی بێوەژنم کردووە.
19 ئەگەر فەوتاوێکم بینیبێت لەبەر نەبوونی جل
    یان نەدارێکی بێ بەرگ،
20 کە بە کەوڵی مەڕەکەم خۆیان گەرم نەکردووەتەوە
    ئیتر لە دڵیانەوە داوای بەرەکەتیان بۆ نەکردووم،
21 ئەگەر پەیوەندیم لەگەڵ کاربەدەستانم بەکارهێناوە
    بۆ ئەوەی دەستدرێژی بکەمە سەر هەتیو،
22 با شانم لە ئەستۆم بەربێتەوە و
    با قۆڵم لە جومگەکەیەوە بشکێت.
23 چونکە کارەسات لە خوداوە بەلامەوە تۆقێنەرە و
    لە ترسی شکۆیەکەی نەمتوانی شتی وا بکەم.

24 «ئەگەر پشتم بە زێڕی خۆم بەستووە و
    ئەگەر بە زێڕی بێگەردم گوت: ”تۆ پاڵپشتی منی،“
25 ئەگەر دڵخۆش بووم کە سامانەکەم زۆر بوو و
    لەبەر ئەوەی زۆریان بەدەستهێناوە،
26 ئەگەر تەماشای ڕووناکی خۆرم کردووە کاتێک درەوشاوەتەوە،
    یان مانگ کاتێک بە جوانییەوە دەڕوات
27 تاوەکو دڵم بە نهێنی فریودراو و
    دەستم دەمی داپۆشی،[g]
28 ئەوا ئەمانەش تاوان دەبن و دەدرێن بە دادگا،
    چونکە ئەگەر شتی وام بکردایە ناپاک دەبووم بەرامبەر بە خودا لە سەرەوە.

29 «ئەگەر بە بەڵای ناحەزەکەم دڵخۆش بووم
    یان بزەم گرت کە تووشی خراپە بوو،
30 بەڵکو نەمهێشت مەڵاشووم گوناه بکات
    بەوەی کە بە نەفرەتەوە داوای ژیانی ئەو بکات؛
31 ئەگەر کەسانی ناو چادرەکەم هەرگیز نەیانگوتایە،
    ”کێ یەکێک دەهێنێت لە خواردنەکەی ئەیوب تێری نەخواردبێت؟“
32 ئاوارەیەک لە دەرەوە شەوی بەسەرنەبرد،
    دەرگای ماڵەکەم بۆ ڕێبوار کردەوە.
33 ئەگەر وەک خەڵکی دیکە یاخیبوونی خۆم داپۆشیوە،
    بە شاردنەوەی تاوانەکانم لە باوەشی خۆم،
34 بەهۆی ئەوەی لە قسەی خەڵک ترساوم،
    لە سووکایەتی پێکردنی خێڵەکان تۆقیوم،
    لەبەر ئەوەیە کە بێدەنگم و لە ماڵەوە دانیشتووم.

35 «خۆزگە یەکێک دەبوو گوێی لێم دەگرت!
    ئەوەتا مۆری من، با خودای هەرە بە توانا وەڵامم پێ بداتەوە؛
    ئەوەی سکاڵا لە من دەکات با سکاڵانامەکەی پێشکەش بکات.
36 بێگومان لەسەر شانم هەڵمدەگرت،
    دەمبەست وەک تاج بەسەرمەوە.
37 ژمارەی هەنگاوەکانی خۆم پێی دەگوت،
    پێشکەشیشم دەکرد وەک بۆ فەرمانڕەوایەک.

38 «ئەگەر زەوییەکەم هاواری کردووە لە دژی من و
    هەموو هێڵی جووتەکانی بە فرمێسک تەڕ دەبێت،
39 ئەگەر بەروبوومەکەی ئەوم بەبێ پارە خواردووە
    یان گیانی کرێچییەکانیم کوژاندووەتەوە،
40 با لە جێی گەنم دڕک بڕووێت و
    لە جێی جۆ زیوان.»

وشەکانی ئەیوب تەواو بوون.

ئەلیهو

32 ئیتر ئەو سێ پیاوە لە وەڵامدانەوەی ئەیوب وازیان هێنا، چونکە ئەو خۆی بە ڕاست دەزانی. بەڵام ئەلیهوی کوڕی بەرەخێلی بووزی لە هۆزی ڕام لە ئەیوب تووڕە بوو. تووڕەیی جۆشا، چونکە ئەیوب خۆی بە بێتاوان دادەنا و گلەیی لە خودا دەکرد. لە سێ هاوڕێکەشی تووڕە بوو چونکە لەگەڵ ئەوەی نەیاندەتوانی بە هیچ شێوەیەک بەرپەرچی ئەیوب بدەنەوە، ئەیوبیان تاوانبار کرد. ئەلیهوش لەسەر ئەیوب ئارامی گرت، چونکە ئەوان لەو بە تەمەنتر بوون. کاتێک ئەلیهو بینی هیچ وەڵامێک لە دەمی ئەو سێ پیاوەدا نییە، تووڕە بوو.

ئیتر ئەلیهوی کوڕی بەرەخێلی بووزی وەڵامی دایەوە:

«من تەمەنم کەمە و
    ئێوەش پیرن؛
لەبەر ئەوە نەوێرام و ترسام
    بیروڕای خۆمتان پێ بڵێم.
گوتم: ”با تەمەن قسە بکات و
    با زۆری ساڵان دانایی ڕابگەیەنن.“
بەڵام ڕۆحی مرۆڤ هەناسەی خودای هەرە بە توانایە،
    ئەوە کە تێگەیشتن بە مرۆڤ دەبەخشێت.
تەنها ئەوانەی تەمەن درێژن دانا نین و
    تەنها پیران نین کە دادوەری تێدەگەن.

10 «لەبەر ئەوە دەڵێم: گوێم لێ بگرن؛
    منیش بیروڕای خۆم ڕادەگەیەنم.
11 ئەوەتا من ئارامم گرت لەسەر قسەکانتان،
    گوێم شل کرد بۆ بەهانەکانتان؛
هەتا قسەکانتان تاقی کردەوە
12     لێتان وردبوومەوە.
بەڵام کەستان بەڵگەتان لە دژی بەهانەی ئەیوب نەهێنایەوە و
    وەڵامی بەهانەکانی ئەوتان نەدایەوە.
13 لەبەر ئەوە مەڵێن: ”داناییمان دۆزییەوە؛
    با خودا بەرپەرچی ئەیوب بداتەوە، نەک مرۆڤ.“
14 ئەیوب قسەکانی ئاراستەی من نەکردووە و
    منیش بە قسەکانی ئێوە وەڵامی نادەمەوە.

15 «واقیان وڕماوە و هیچ وەڵامیش نادەنەوە؛
    قسەیان لێ داماڵرا.
16 ئێستا کە بێدەنگن، ئایا دەبێت چاوەڕێ بکەم،
    کە لەوێ ڕادەوەستن بەبێ وەڵام؟
17 ئێستا منیش بەشی خۆم وەڵام دەدەمەوە؛
    منیش بیروڕای خۆم ڕادەگەیەنم.
18 چونکە پڕم لە قسەکردن و
    ڕۆحی ناخم تەنگاوم دەکات؛
19 ئەوەتا ناخم وەک شەرابێکە سەرەکەی نەکرابێتەوە،
    وەک مەشکەیەکی نوێیە خەریکە بدڕێت.
20 قسە دەکەم با ئاهێکم بەبەردا بێتەوە؛
    لێوەکانم دەکەمەوە و وەڵام دەدەمەوە.
21 لایەنگری کەس ناکەم و
    مەرایی هیچ کەسێکیش ناکەم؛
22 چونکە زمانلووسی نازانم
    جارێ دروستکەرەکەم نامبات.

33 «بەڵام ئەی ئەیوب، ئێستا گوێ لە قسەکانم بگرە!
    گوێ شل بکە بۆ هەموو وشەکانم.
ئەوەتا من دەمم کردەوە؛
    قسەکانم لەسەر زمانی منن.
قسەکانم لە دڵی پاکمەوەن؛
    زمانیشم بە دڵسۆزییەوە ئەوە دەردەبڕێت کە دەیزانم.
ڕۆحی خودا دروستی کردم،
    هەناسەی توانادارەکە ژیانی پێ بەخشیم.
ئەگەر دەتوانیت، وەڵامم بدەوە و
    هەستە سەرپێ و کێشەکەت بخەرە بەردەمم.
لەبەرچاوی خودا منیش هەروەکو تۆم،
    لە قوڕ دروستکراوم.
ناشێت شەوکەتم بتترسێنێت و
    زۆرکردنم لێت بارت گران بکات.

«تۆ لەبەردەمم گوتت،
    من بە وردی گوێم لێت بوو،
گوتت: ”من بێتاوانم بەبێ یاخیبوون،
    بێگەردم و تاوانم نییە.
10 لەگەڵ ئەوەشدا خودا دەگەڕێت هەڵەم لێ بدۆزێتەوە و
    بە دوژمنی خۆی دامدەنێت.
11 پێیەکانمی لەناو کۆت داناوە؛
    چاودێری هەموو ڕێگاکانم دەکات.“

12 «بەڵام پێتان دەڵێم، لەمەدا ڕاست ناکەیت،
    چونکە خودا لە مرۆڤ مەزنترە.
13 بۆچی سکاڵای لێ دەکەیت:
    ”وەڵامی هیچ کام لە وشەکانی مرۆڤ ناداتەوە؟“
14 چونکە بە ڕاستی خودا هەرجارەو بە ڕێگایەک دەدوێت،
    کەس ڕامانی ئەوە ناکات.
15 لە خەون، لە خەون بینینی شەودا،
    کاتێک هەموو خەڵک خەوی قورسیان لێدەکەوێت
    لە کاتی خەواڵووبوون لەناو جێگا،
16 ئەو کاتە گوێی خەڵک دەکاتەوە و
    بە ئاگادارکردنەوەکانی دەیانتۆقێنێت،
17 تاکو لە خراپەکردن بیانگەڕێنێتەوە و
    لە لووتبەرزیش بیانپارێزێت،
18 هەتا لە کەوتنە ناو گۆڕ ڕزگاریان بکات،
    ژیانیشیان لە لەناوچوون بە شمشێر.

19 «یان ئەگەر کەسێکی هەبێت لەناو جێگاکەی بە ئازار تەمبێ بکرێت و
    ململانێی ئێسکەکانیشی بەردەوامە،
20 ئەو کاتە گیانی ڕقی لە نان دەبێتەوە و
    نەوسیشی لە خواردنی خۆش.
21 گۆشتیان وا دەفەوتێت کە ئیتر نەبینرێت،
    ئێسکەکانیشیان کە شاردرابوونەوە ئێستا دیارن.
22 گیانیان لە گۆڕ نزیک دەبنەوە،
    ژیانیشیان لە فریشتەی مەرگ.
23 لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر لەلایان نێردراوێک هەبێت،
    پەیوەندی ڕێکخەرێک، یەک لە هەزار
    تاکو ڕاستودروستی بە مرۆڤ بناسێنێت،
24 لەگەڵ ئەو کەسە میهرەبان دەبێت و بە خودا دەڵێت:
    ”بیانگەڕێنەوە با نەکەونە گۆڕ؛
    کڕینەوەی ژیانی ئەوانم بۆ دۆزینەوە.
25 با گۆشتیان لە گۆشتی منداڵ ناسکتر بێت؛
    با ڕۆژانی گەنجیێتییان بگەڕێتەوە.“
26 ئەو کاتە ئەوانە داوا لە خودا دەکەن و لێیان ڕازی دەبێت،
    بە هاواری خۆشییەوە ڕووی خودا دەبینن،
    ئەویش پاداشتی ڕاستودروستی مرۆڤ دەداتەوە.
27 دەچن بۆ لای کەسانی دیکە و دەڵێن:
    ”گوناهم کرد و ڕاستیم خواروخێچ کرد و
    بەڵام سزا نەدرام لەسەری.
28 خودا منی کڕییەوە لە جیهانی مردووان،
    ئیتر ژیانم ڕووناکی دەبینێت.“

29 «خودا هەموو ئەمانە دەکات،
    دوو جار و سێ جار لەگەڵ مرۆڤ،
30 بۆ ئەوەی بیانگەڕێنەوە لە کەوتنی ناو گۆڕ و
    تاوەکو بە ڕووناکی زیندووان ڕووناک بێتەوە.

31 «جا گوێ شل بکە و گوێم لێ بگرە ئەیوب!
    بێدەنگ بە من قسە دەکەم.
32 ئەگەر قسەت لەلایە وەڵامم بدەوە،
    قسە بکە! چونکە دەمەوێت ئەستۆ پاکت بکەم.
33 ئەگەر نا، تۆ گوێم لێ بگرە؛
    بێدەنگ بە فێری داناییت دەکەم.»

34 ئیتر ئەلیهو گوتی:

«گوێ لە قسەکانم بگرن دانایان،
    گوێم بۆ شل بکەن، ئەی ئەوانەی دەزانن.
چونکە گوێ قسە تاقی دەکاتەوە
    وەک چۆن مەڵاشوو خواردن تام دەکات.
با بۆ خۆمان دادگەری تاقی بکەینەوە و
    لەنێو خۆمان بزانین چی باشە.

«چونکە ئەیوب گوتی: ”من ڕاستودروست بووم،
    بەڵام خودا مافی منی داماڵی.
لە کاتی دادگاییم
    بە درۆ دەخرێمەوە و
برینەکەم ساڕێژ نابێت
    لەگەڵ ئەوەی بێ یاخیبوونم.“
چ پیاوێک وەک ئەیوبە؟
    سووکایەتیکردن وەک ئاو دەخواتەوە و
پێکەوە لەگەڵ بەدکاران ملی ڕێ دەگرێت و
    لەگەڵ خراپەکاران دەڕوات؟
چونکە گوتی: ”سوودی نییە بۆ مرۆڤ
    جێی ڕەزامەندی بێت لەلای خودا.“

10 «لەبەر ئەوە گوێم لێ بگرن، ئەی تێگەیشتووان.
    خراپە لە یەزدان بە دوورە و
    ستەمیش لە خودای هەرە بە توانا،
11 چونکە مرۆڤ بەگوێرەی کردەوەکانی پاداشت دەداتەوە و
    پیاویش بەپێی ڕێگاکەی تووش دەکات.
12 جا بە ڕاستی خودا خراپە ناکات،
    توانادارەکەش دادپەروەری خوار ناکاتەوە.
13 کێ کردی بە لێپرسراو لەسەر زەوی و
    کێ لەسەر هەموو جیهان داینا؟
14 ئەگەر بیخاتە دڵی خۆیەوە
    ڕۆح و هەناسەی بۆ خۆی کۆبکاتەوە،
15 هەموو مرۆڤ پێکەوە ڕۆح بەدەستەوە دەدەن و
    مرۆڤ بۆ خۆڵ دەگەڕێتەوە.

16 «ئەگەر تێگەیشتنت هەیە،
    ئەمە ببیستە و بۆ دەنگی وشەکانم گوێ شل بکە.
17 ئایا ئەوەی ڕقی لە دادپەروەرییە دەتوانێت فەرمانڕەوایەتی بکات؟
    یان ئەوەی ڕاستودروست و مەزنە تاوانباری دەکەیت؟
18 ئایا خودا نییە کە بە پاشا دەفەرموێت: ”ئەی هیچوپووچ!“
    یان بە پیاوماقوڵان: ”ئەی خراپەکاران!“
19 ئایا خودا نییە ئەوەی لایەنگری میران ناکات و
    دەوڵەمەند لە هەژار بە زیاتر دانانێت،
    چونکە هەمووان کاری دەستی ئەون؟
20 لەناکاو دەمرن، لە نیوەشەودا؛
    گەل دەهەژێن و بەسەردەچن؛
    بەهێزەکان دادەماڵرێن، بەڵام نەک بە دەستی مرۆڤ.

21 «چونکە چاوەکانی لەسەر ڕێگاکانی مرۆڤە؛
    ئەو هەموو هەنگاوەکانی دەبینێت.
22 نە تاریکی هەیە و نە سێبەری مەرگ،
    کە بەدکاران دەتوانن خۆیانی تێدا بشارنەوە.
23 پێویست ناکات خودا زیاتر لێکۆڵینەوە لەگەڵ مرۆڤ بکات،
    هەتا بێتە بەردەمی بۆ دادگاییکردن.
24 دلێران بەبێ پشکنین تێکدەشکێنێت و
    خەڵکی دیکە لە جێیان دادەنێت.
25 لەبەر ئەوەی تێبینی کردەوەکانیان دەکات،
    بە شەو سەرەوژێریان دەکات و وردوخاش دەبن.
26 لەبەر ئەوەی خراپەکارن
    لەبەرچاوی بینەران سزایان دەدات،
27 چونکە لەدوای ئەو لایاندا و
    لە هیچ یەکێک لە ڕێگاکانی ئەو وردنەبوونەوە،
28 بەم جۆرەیان کرد هاواری هەژار پێی بگات،
    بەم شێوەیە گوێی لە قیژەی زەلیلان بوو.
29 بەڵام ئەگەر بێدەنگ بێت،
    کێ هەیە تاوانباری بکات؟
    ئەگەر ڕووی خۆی بشارێتەوە، کێ دەیبینێت؟
لەگەڵ ئەوەشدا فەرمانڕەوایەتی نەتەوە و تاکە کەسیش دەکات
30     بۆ ئەوەی خوانەناس پاشایەتی نەکات و
    نەبێت بە تەڵە بۆ گەل.

31 «ئەگەر بە خودا بگوترێت:
    ”من تاوانبارم بەڵام ئیتر گەندەڵی ناکەم،
32 ئەوەی نەمبینیوە تۆ پیشانی منی بدە،
    ئەگەر خراپەم کردووە، چیتر نایکەمەوە؟“
33 ئایا دەبێت خودا بەگوێرەی ئەوەی تۆ پێت باشە پاداشتت[h] بداتەوە،
    لە کاتێکدا کە تۆ ئامادە نیت تۆبە بکەیت؟
تۆ هەڵدەبژێریت نەک من،
    ئەوەی دەیزانیت دەیڵێیت.

34 «تێگەیشتووان پێم دەڵێن،
    ئەو پیاوە دانایانەی گوێیان لێمە دەڵێن:
35 ”ئەیوب بەبێ زانین قسە دەکات و
    قسەکانی بەبێ وریاین.“
36 خۆزگە ئەیوب هەتاسەر تاقی دەکرایەوە
    لەبەر وەڵامەکانی وەک بەدکاران!
37 چونکە یاخیبوونی بۆ سەر گوناهەکەی زیاد کرد؛
    بە گاڵتەپێکردنەوە چەپڵە لێدەدات و
    زیادەڕۆیی لەسەر خودا دەکات.»

35 ئەلیهوش بەردەوام بوو و گوتی:

«ئایا ئەمە بە ڕاست دادەنێیت؟
    گوتت: ”ڕاستییەکەی لای منە، نەک لای خودا.“
لەگەڵ ئەوەشدا لێی دەپرسیت: ”چ سوودێکی بۆم هەیە،
    قازانجی چیم کرد لە نەکردنی گوناه؟“

«من حەز دەکەم وەڵامی تۆ بدەمەوە،
    وەڵامی تۆ و هاوڕێیەکانیشت دەدەمەوە.
تەماشای ئاسمان بکە و ببینە،
    تێبینی هەورەکان بکە لە تۆ بەرزترن.
ئەگەر گوناهە بکەیت چیت لێکردووە و
    ئەگەر یاخیبوونەکانت زۆر بکەیت چیت پێکردووە؟
ئەگەر ڕاستودروست بیت چیت پێیداوە،
    یان چی لە دەستت وەردەگرێت؟
خراپەکەت بۆ مرۆڤێک دەبێت کە وەک خۆتە و
    ڕاستودروستیشت بۆ ئادەمیزادە.

«خەڵک لەتاوی زۆرداری هاوار دەکەن،
    لەبەر ستەمکاران هاواری فریاکەوتن دەکەن.
10 ناڵێن: ”کوا خودای بەدیهێنەرم،
    ئەوەی لە شەودا زەبوور دەدات،
11 ئەوەی فێرمان دەکات زیاتر لە ئاژەڵەکانی زەوی و
    لە باڵندەکانی ئاسمان داناترمان دەکات؟“
12 کاتێک خەڵک لە دەست لووتبەرزی خراپەکاران هاوار دەکەن،
    وەڵام ناداتەوە.
13 خودا گوێ لە داواکاری پووچیان ناگرێت،
    توانادارەکە تەماشای ناکات.
14 ئیتر چۆن گوێ لە تۆ بگرێت
    ئەگەر بڵێیت کە نایبینیت،
داواکارییەکەت لەبەردەمیەتی و
    دەبێت چاوەڕێی ئەو بکەیت،
15 هەروەها تووڕەییەکەی هەرگیز سزا نادات و
    گوێ نادات بە زۆری خراپەکاری.
16 بەم جۆرە ئەیوب لە هیچ دەمی کردووەتەوە و
    بەبێ زانین قسەی زل دەکات.»

36 دیسان ئەلیهو گوتی:

«تۆزێک ئارامم لەگەڵ بگرە جا پێتی نیشان دەدەم
    کە هێشتا قسە هەیە لەبەر خودا بگوترێت.
زانینم لە دوورەوە هەڵدەگرم و
    ڕاستودروستی دەدەمە پاڵ دروستکەرەکەم.
بەڕاستی قسەکانم درۆ نین،
    ئەو کەسەی زانیاری تەواوە لەلای تۆیە.

«خودا مەزنە و بە چاوی سووک تەماشای کەس ناکات،
    گەورەیە و ئامانجەکەی چەسپاوە.
خراپەکار ناژیێنێت و
    مافی زەلیلان دەدات.
چاوەکانی لەسەر کەسی ڕاستودروست لا نادات،
    بەڵکو لەگەڵ پاشایان لەسەر تەخت دایاندەنیشێنێت و
    هەتاسەر پایەداریان دەکات.
ئەگەر بە زنجیر ببەسترێنەوە،
    ئەگەر بە پەتی زەلیلی ببردرێن،
کردەوە و یاخیبوونەکانی خۆیانیان بۆ دەردەخات،
    چونکە لووتبەرز بوون.
10 گوێیەکانیان بۆ ئاگادارکردنەوە دەکاتەوە و
    فەرمانیان پێ دەکات لە خراپەکانیان تۆبە بکەن.
11 ئەگەر گوێ بگرن و بیپەرستن،
    ڕۆژگاریان بە باشە و
    ساڵانیان بە خۆشی بەسەردەبەن.
12 ئەگەر گوێش نەگرن،
    بە شمشێر لەناودەچن و
    بە نەزانی دەمرن.

13 «خوانەناسان تووڕەیی کۆدەکەنەوە،
    هاواری فریاکەوتن ناکەن کە بیانبەستێتەوە.
14 لەنێو پیاوە لەشفرۆشەکانی نزرگەکان
    لە گەنجیێتیدا دەمرن.
15 بەڵام فریای کڵۆڵ دەکەوێت لە زەلیلییەکەی و
    لە کاتی تەنگانە گوێیان دەکاتەوە.

16 «هەروەها لە ڕووی تەنگانە پاڵت پێوە دەنێت
    بەرەو شوێنێکی پانوبەرین و بێ بەربەست و
    سەر خوانەکەت پڕ دەبێت لە خواردنی بەتام.
17 بەڵام ئێستا ئەو حوکمدانەی کە بۆ خراپەکارە بەسەر تۆدا درا،
    حوکمدان و دادپەروەری دەتگرن.
18 ئاگاداربە دەوڵەمەندی پەلکێشت نەکات،
    زۆری بەرتیل بەڕەڵات ناکات.
19 ئایا دەوڵەمەندیت بۆ فریاکەوتن
    لە تەنگانە دەتپارێزێت
    یان هەموو ئەو کۆششکردنە لە تواناتدایە؟
20 تامەزرۆی شەو مەبە،
    هەتا خەڵک لە ماڵەکانیان ڕابکێشیت.
21 ئاگاداربە! ئاوڕ لە خراپە مەدەوە،
    چونکە ئەمەت هەڵبژارد نەک زەلیلی.

22 «خودا بە توانای خۆی پایەبەرزە.
    کێ وەک ئەو مامۆستایە؟
23 کێ ڕێگای ئەوی بەسەردا سەپاندووە؟
    یان کێ پێی دەڵێت: ”خراپەت کردووە؟“
24 لەبیرت بێت کە کارەکەی بە مەزن بزانیت،
    کە خەڵکی گۆرانی بەسەردا دەڵێن.
25 هەموو مرۆڤ دەیبینێت؛
    خەڵکی لە دوورەوە تەماشای دەکەن.
26 خودا چەند مەزنە و ئێمەش نایناسین و
    ژمارەی ساڵەکانی ناپشکێنرێن.

27 «دڵۆپەکانی ئاو ڕادەکێشێت،
    دەیانکات بە هەور پاشان دەیانبارێنێت؛
28 لە هەورەکانەوە بارانێکی زۆر
    بەسەر ئادەمیزاد دەڕژێنێت.
29 ئایا کەس تێدەگات چۆن هەورەکان پەرت دەکات
    یان چۆن لە کەپرەکەیەوە هەورەتریشقە دەنێرێت؟
30 ببینە بروسکەی خۆی بەسەر خۆیدا پەرتوبڵاو دەکات و
    قووڵایی دەریا دادەپۆشێت،
31 چونکە بەمە حوکمڕانی گەلان دەکات و
    بە پڕی خواردن دەدات.
32 بە دەستەکانی بروسکە دەگرێت و
    فەرمانی پێدەدات لە دوژمن بدات.
33 گرمەکەی ڕایدەگەیەنێت،
    مەڕوماڵاتیش بە هاتنی دەزانن.

37 «لەبەر ئەمە دڵم خورپە دەکات و
    لە جێی خۆی دەست دەکات بە کوتان.
بۆ نەڕەی دەنگەکەی و گرمەگرمی دەمی
    گوێ شل بکە!
لەژێر هەموو ئاسمان هەتا ئەوپەڕی زەوی،
    بە بروسکەکەی دەردەبڕێت.
لەدوای ئەوەش هەر دەنگی نەڕەکەی دێت،
    بە دەنگی پڕ شانازییەکەی دەگرمێنێت.
کاتێک دەنگ دەداتەوە
    بروسکەکەی ڕاناگرێت.
خودا بە دەنگێکی سەرسوڕهێنەر دەگرمێنێت؛
    کاری مەزنی وا دەکات کە ئێمە تێیناگەین.
چونکە بە بەفر دەفەرموێت: ”بکەوە سەر زەوی،“
    هەروەها بە تاوە باران دەفەرموێت: ”بە لێزمە ببارێ.“
مۆر لە دەستی هەموو مرۆڤێک دەدات،
    بۆ ئەوەی هەموو خەڵکی دروستکەری خۆیان بناسن.
گیانلەبەران دەچنە ناو لانەکانی خۆیانەوە و
    لەناو کونەکانی خۆیان دەمێننەوە.
لە باشوورەوە ڕەشەبا دێت و
    لە باکووریشەوە سەرما.
10 لە هەناسەی خوداوە بەستەڵەک پەیدا دەبێت و
    سەر ڕووی ئاوەکان دەبنە سەهۆڵ.
11 هەروەها هەورەکان بە شێ بار دەکات؛
    بروسکەکەی بەناو هەورەکاندا پەرت دەکات.
12 بەگوێرەی خواستی ئەو
    لەسەر ڕووی زەوی ئاوەدان دەگەڕێن
    هەتا هەموو ئەوە بکات کە فەرمانی پێ دەکرێت.
13 هەورەکان دەهێنێت بۆ تەمبێکردنی خەڵک،
    یان بۆ ئەوەی ئاو بداتە زەوییەکەی و
    خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی پیشان بدات.

14 «ئەیوب گوێ بۆ ئەمە شل بکە!
    هەستە و لە پەرجووەکانی خودا وردبەرەوە.
15 ئایا دەزانیت خودا چۆن فەرمان بە هەورەکان دەکات،
    یان درەوشانەوەی هەورە بروسکەکەی چۆنە؟
16 ئایا دەزانیت چۆن هەورەکان بە ئاسمانەوە وەستاون،
    ئایا کارە سەرسوڕهێنەرەکانی خودا دەزانیت ئەوەی کە زانیاری تەواوە؟
17 ئەی ئەوەی لەناو جلوبەرگەکەت گەرما دەتخوات
    بە کپبوونی زەوی بە بای باشوور،
18 ئایا دەتوانیت هاوکاری ئەو بکەیت ئاسمان بڵاو بکەیتەوە،
    کە وەک ئاوێنەیەکی لە بڕۆنز داڕێژراو ڕەقە؟

19 «پێمان بڵێ کە چی پێ بڵێین؛
    لەبەر ئەوەی ئێمە لە تاریکیداین ناتوانین داواکارییەکەمان ئامادە بکەین.
20 ئایا دەبێت پێی بگوترێت کە من دەمەوێ قسە بکەم؟
    ئایا مرۆڤ قسە دەکات بۆ ئەوەی خۆی بە قووتدان بدات؟
21 ئێستاش کەس ناتوانێت تەماشای خۆر بکات
    کە لە ئاسماندا دەدرەوشێتەوە
    دوای ئەوەی با هەڵیکرد و ئاسمانی بێگەرد کرد.
22 لە باکوورەوە بە شکۆمەندییەکی زێڕین دێت،
    خودای شکۆدار و سامناک دێت.
23 ئێمە پەی بە خودای هەرە بە توانای باڵادەست نابەین،
    کە لەبەر دادپەروەرییە مەزنەکەی و ڕاستودروستییە زۆرەکەی ستەم ناکات.
24 لەبەر ئەمە خەڵکی لێی دەترسن،
    چونکە ئاوڕ دەداتەوە لەوانەی کە بە دڵیان دانان.»

یەزدان قسە دەکات

38 یەزدانیش لە گەردەلوولەکەوە وەڵامی ئەیوبی دایەوە و فەرمووی:

«ئەمە کێیە، بێ زانیاری قسە دەکات و
    ڕاوێژی من تێک دەدات؟
ئێستا وەک پیاو پشتێنەکەی خۆت توند بکە،
    پرسیارت لێ دەکەم و
    وەڵامم بدەوە.

«کاتێک زەویم دامەزراند لەکوێ بوویت؟
    ئەگەر تێگەیشتنت هەیە پێم بڵێ.
کێ پێوانەکانی دانا؟ بێگومان تۆ دەزانیت!
    یان کێ گوریسی پێوانەی بەسەردا هێنا؟
بناغەکانی لەسەر چی چەسپاند،
    یان کێ بەردی بناغەکەی دانا،
کاتێک ئەستێرەکانی بەرەبەیان پێکەوە هاواری خۆشییان دەکرد و
    هەموو فریشتەکان[i] هوتافیان دەکێشا؟

«کێ بە دەروازەکان دەریای بەندکرد،
    کاتێک بە پاڵەپەستۆ لە منداڵدان هاتە دەرەوە،
کە هەورم کردە بەرگی و
    هەوری تاریکم کرد بە قۆنداغی،
10 کە فەرزی خۆم بەسەریدا سەپاند و
    دەروازە و شمشیرەم[j] بۆ دانا،
11 فەرمووم: ”هەتا ئێرە دێیت و تێناپەڕیت؛
    لێرە شەپۆلەکانی لووتبەرزیت دەشکێن“؟

12 «ئایا لە هیچ ڕۆژێک لە ڕۆژانی ژیانتدا فەرمانت بە بەرەبەیان کردووە،
    هەتا زەردەی خۆر هەڵنەیێت،
13 هەتا ڕۆخەکانی زەوی بگرێت و
    بەدکارانی لێ بتەکێنێت؟
14 وەکو مۆرێک کە لە قوڕی دەدەیت،
    دەوەستێت هەروەکو بەرگی پۆشیبێت.
15 ڕووناکی لە بەدکاران قەدەغە دەکرێت و
    دەستی بەرزکراوەیان دەشکێنرێت.

16 «ئایا گەیشتیتە سەرچاوەکانی دەریا و
    بەناو کون و کەلەبەرەکانی قووڵاییدا هاتوچۆت کرد؟
17 ئایا دەروازەکانی مردنت بۆ ئاشکرا بوون
    یان دەروازەکانی سێبەری مەرگت بینی؟
18 ئایا پانوبەرینی زەوی دەزانیت؟
    ئەگەر هەموو ئەم شتانە دەزانیت، پێم بڵێ.

19 «کام ڕێگایە دەچێتە نشینگەی ڕووناکی؟
    ئەی شوێنی نیشتەجێبوونی تاریکی لەکوێیە؟
20 ئایا دەتوانیت هەریەکەیان بۆ سنووری خۆی ببەیت و
    ڕێگای ماڵەکانیان شارەزابیت؟
21 لەبەر ئەوەی تۆ لەپێش ئەمانەوە لەدایک ببوویت!
    بە دڵنیاییەوە تۆ زۆر تەمەن درێژیت!

22 «ئایا چووی بۆ ناو ئەمبارەکانی بەفر
    یان کۆگاکانی تەرزەت بینیوە،
23 ئەوەی هەڵمگرتووە بۆ کاتی تەنگانە،
    بۆ ڕۆژانی نەهامەتی و جەنگ؟
24 لە چ ڕێگایەکەوە بروسکە دابەش دەبێت و
    بای ڕۆژهەڵات لەسەر زەوی بڵاو دەبێتەوە؟
25 کێ لێکی جیا کردەوە جۆگەکان بۆ بارانی بە لێشاو و
    ڕێچکە بۆ باوبۆران؟
26 بۆ ئاودانی خاکێک کە مرۆڤی تێدا نییە،
    بەسەر چۆڵەوانییەک کە ئادەمیزادی تێدا نییە،
27 بۆ ئەوەی خاکی کاول و وێران تێر بکات،
    وا بکات گیای لێ بڕووێت.
28 ئایا باران باوکی هەیە؟
    ئەی کێ دڵۆپەکانی شەونم دەخاتەوە؟
29 بەستەڵەک لە سکی کێ دێتە دەرەوە؟
    شەختەی ئاسمان بۆ کێ لەدایک دەبێت،
30 کاتێک ئاوەکان وەک بەردیان لێ دێت و
    ڕووی قووڵاییەکان دەیبەستێت؟

31 «ئایا تۆ دەتوانیت گرێیەکانی حەوتەوانە[k] ببەستیت
    یان گرێ بەستراوەکانی ڕاوچی بکەیتەوە؟
32 ئایا تۆ دەتوانیت کەلووەکان[l] لە کاتی خۆی دەربخەیت،
    یان ڕێنمایی کەلووی ورچ بکەیت لەگەڵ بەچکەکانی؟
33 ئایا یاساکانی ئاسمان دەزانیت،
    یاخود تۆ بڕیاری دەسەڵاتی ئەو بەسەر زەویدا دەچەسپێنیت؟

34 «ئایا دەتوانیت دەنگت بۆ هەورەکان بەرز بکەیتەوە
    هەتا بە لێشاوی ئاو داتبپۆشێت؟
35 ئایا توانای ئەوەت هەیە بروسکەکان بنێریت،
    جا بڕۆن و بڵێن: ”ئەوەتاین ئێمە“؟
36 کێ دانایی دەبەخشێت
    یان تێگەیشتن بە مێشک دەدات؟
37 کێ بە داناییەوە هەورەکان دەژمێرێت
    یان مەشکەکانی ئاسمان دەڕژێنێت،
38 کاتێک تێکەڵ بە خۆڵ دەبێت
    یەکدەگرن و دەبنە قوڕ؟

39 «ئایا تۆ نێچیر بۆ شێرە مێ ڕاو دەکەیت
    یان هەڵپەی بەچکە شێرەکان ئارام دەکەیتەوە،
40 کاتێک لەناو بێشەکەیان خۆیان دەکێشنەوە و
    خۆیان مەڵاس دەدەن بۆ بۆسە؟
41 کێ ڕاو بۆ قەلەڕەش ئامادە دەکات
    کە بەچکەکانی دەقیڕێنن بۆ خودا و
    لەبەر نەبوونی خواردن پەرتەوازە بوون؟

39 «ئایا دەزانیت کەی بزنە کێوییەکان دەزێن؟
    یان تێبینیت کردووە ئەو کاتەی کە ئاسک ژان دەیگرێت؟
ئایا مانگەکانی ئاوسبوونی دەژمێریت
    یان کاتی زاوزێکردنیان دەزانیت؟
چۆک دادەدەن و پاڵ بە ئازارەکانیانەوە دەنێن و
    بەچکەکانیان دەبێت.
بەچکەکانیان لە چۆڵەوانی بەهێز و گەورە دەبن؛
    دەڕۆن و ئیتر ناگەڕێنەوە لایان.

«کێ کەرەکێوی بەڕەڵا کرد و
    مێخ زنجیری ئەو کێوییەی کردەوە؟
ئەوەی چۆڵەوانیم کرد بە ماڵی و
    خوێڵێنم[m] کردە ژینگەی.
بە دەنگەدەنگی شار پێدەکەنێت،
    گوێی لە هاواری لێخوڕ نابێت.
لە چیاکاندا بەدوای لەوەڕگادا دەگەڕێت،
    بۆ دۆزینەوەی هەموو سەوزاییەک.

«ئایا گای کێوی ڕازی دەبێت خزمەتت بکات
    یان بە شەو لەلای ئاخوڕەکەت بمێنێتەوە؟
10 ئایا دەتوانیت گای کێوی بە گاسنەوە ببەستیتەوە و جووتی پێ بکەیت؟
    ئایا بەدواتدا دێت دۆڵەکان خەرتە بکات؟
11 ئایا پشتی پێ دەبەستیت چونکە هێزەکەی مەزنە
    یان کارەکەی خۆتی بۆ بەجێدەهێڵیت؟
12 ئایا متمانەی پێ دەکەیت کە دەغڵودانەکەت بهێنێت و
    بۆ سەر جۆخینەکەت[n] کۆی بکاتەوە؟

13 «بە خۆشییەوە وشترمرغ باڵەفڕکێ دەکات،
    ئایا پەڕوباڵەکەی وەک لەقلەق پیرۆزە؟
14 چونکە وشترمرغ هێلکەکەی لەسەر زەوی بەجێدەهێڵێت و
    خۆڵ گەرمیان دادەهێنێت،
15 لەبیری دەچێت کە پێ دەیپەستێتەوە و
    ئاژەڵی کێوی تێی هەڵدەدەن.
16 لەگەڵ بەچکەکانی دڵڕەقە وەک ئەوەی بەچکەی ئەو نەبن؛
    گوێی ناداتێ کە ماندووبوونەکەی بێهوودە دەڕوات،
17 چونکە خودا دانایی لەبیر بردووەتەوە،
    لە تێگەیشتن بەشی نەداوە.
18 کاتێک پەڕەکانی فش دەکاتەوە بۆ ڕاکردن،
    بە ئەسپ و بە سوارەکەی پێدەکەنێت.

19 «ئایا تۆ هێز بە ئەسپ دەدەیت
    یان ملی بە یاڵ[o] دادەپۆشیت؟
20 ئایا وای لێ دەکەیت کە وەک کوللە قەڵەمباز بدات و
    دەنگی حیلەکەی تۆقێنەر بێت؟
21 بە توندی سم بە زەویدا بکوتێت، بە هێزەوە دەربپەڕێت،
    بەرەو مەیدانی جەنگ مل بنێت.
22 بە ترس پێبکەنێت و نەتۆقێت؛
    لە ڕووی شمشێر نەگەڕێتەوە.
23 تیردان شەقەشەقی بێت و
    خەنجەر و نووکی ڕم ببریسکێنەوە.
24 بەوپەڕی جۆشوخرۆشەوە غار دەدات،
    هەتا کاتی لێدانی کەڕەنا خۆی پێ ڕاناگیرێت.
25 لە کاتی فووکردن بە کەڕەنادا دەڵێت: ”ئەها!“
    لە دوورەوە بۆنی شەڕ دەکات،
    هاواری سەرکردەکان و نەعرەتەی جەنگ.

26 «ئایا لە تێگەیشتنی تۆدایە هەڵۆ بفڕێت و
    ڕووەو باشوور باڵەکانی بکاتەوە؟
27 یان بە فەرمانی تۆیە هەڵۆ بەرز بفڕێت و
    هێلانەکەی لە بەرزی دابنێت؟
28 لەسەر لووتکەی چیا نیشتەجێ دەبێت و بە شەو دەمێنێتەوە،
    هەڵدێری بەردەڵان قەڵاکەیەتی.
29 لەوێوە نێچیری خۆی دەدۆزێتەوە و
    چاوەکانی لە دوورەوە دەبینن.
30 بەچکەکانی خوێن هەڵدەمژن،
    لە هەرکوێ کوژراوی لێ بێت، ئەو لەوێیە.»

40 یەزدان بە ئەیوبی فەرموو:

«ئایا ئەوەی ڕکابەری لەگەڵ توانادارەکە دەکات مافی ئەوەی هەیە سەرزەنشتی بکات؟
    ئەوەی خودا تاوانبار دەکات با وەڵام بداتەوە!»

ئەیوبیش وەڵامی یەزدانی دایەوە:

«من وا سووکوچروکم، چۆن وەڵامت بدەمەوە؟
    من دەست دەخەمە سەر دەمی خۆم.
جارێک قسەم کرد و بێ وەڵام بووم،
    دوو جار و ئیتر دووبارەی ناکەمەوە.»

یەزدانیش لە گەردەلوولەکەوە وەڵامی ئەیوبی دایەوە و فەرمووی:

«ئێستا وەک پیاو پشتێنەکەی خۆت توند بکە؛
    من پرسیارت لێ دەکەم و
    تۆش وەڵامم بدەوە.

«ئایا دادپەروەریم دەخەیتە گومانەوە،
    تاوانبارم دەکەیت بۆ ئەوەی خۆت بە ڕاستودروست دەربخەیت؟
یان بازووێکت وەک خودا هەیە و
    بە دەنگێکی وەک دەنگی ئەو دەگرمێنیت؟
10 ئێستا بە پایەبەرزی و سەرفرازی خۆت بڕازێنەوە،
    ڕێز و شکۆمەندی بپۆشە.
11 لافاوی تووڕەییەکەت بڕێژە و
    تەماشای هەموو لووتبەرزێک بکە و نزمی بکەرەوە،
12 سەیری هەموو خۆبەزلزانێک بکە و زەلیلی بکە،
    لە جێی خۆیان پێ بە خراپەکاراندا بنێ.
13 تێکڕا لەناو خۆڵ نوقومیان بکە،
    لە تاریکیدا ڕوویان بەند بکە.
14 منیش دان بەوەدا دەنێم،
    کە دەستە ڕاستی خۆت دەتوانێت ڕزگارت بکات.

15 «سەیری بەهێمۆت[p] بکە،
    کە لەگەڵ تۆ دروستم کرد
    وەک مانگا گیا دەخوات.
16 ئەوەتا هێزەکەی لە کەمەریەتی و
    تواناکەی لە ماسوولکەکانی سکیەتی.
17 کلکی وەک داری ئورز شۆڕ دەکاتەوە؛
    ماسوولکەکانی ڕانی یەکیان تەنیوە.
18 ئێسکەکانی لوولەی بڕۆنزن،
    چوارپەلی وەکو لوولەی ئاسنن.
19 ئەو سەرەتای کارەکانی خودایە،
    بەڵام دروستکەرەکەی دەتوانێت بە شمشێر لێی نزیک بێتەوە.
20 چیاکان سەوزایی بۆ دەردەخەن و
    هەموو ئاژەڵی کێوی لەتەنیشتی یاری دەکەن.
21 لەژێر درەختەکانی لۆتس[q] ڕادەکشێت،
    خۆی دەشارێتەوە لەنێو قامیشی زۆنگەکاندا.
22 درەختەکانی لۆتس بە سێبەرەکانیان دایدەپۆشن؛
    شۆڕەبی کەنار جۆگەکان دەوری دەدەن.
23 ئەگەر ئاوی ڕووبار هەستێت یان ڕووباری ئوردونیش تەووژم بۆ دەمی بهێنێت،
    ئەو دڵنیایە و ترسی لێ نانیشێت.
24 ئایا کەس دەتوانێت ڕوو بە ڕوو ڕاوی بکات،
    یان بە تەڵە بیگرێت و لووتی کون بکات؟

41 «ئایا دەتوانیت لیڤیاتان[r] بە قولاپ ڕاو بکەیت،
    یان زمانی بە گوریس ببەستیتەوە؟
ئایا دەتوانیت ئەڵقە بخەیتە لووتی
    یان شەویلاکی بە لووتەوانە بسمیت؟
ئایا زۆر لێت دەپاڕێتەوە
    یان بە نەرمی قسەت لەگەڵ دەکات؟
ئایا پەیمانت لەگەڵ دەبەستێت
    کە بە درێژایی ژیانی بیکەیت بە کۆیلەی خۆت؟
ئایا وەک چۆلەکە یاری لەگەڵ دەکەیت
    یان بۆ کچە منداڵەکانت دەیبەستیتەوە؟
ئایا ڕاوچییەکان کڕین و فرۆشتنی لەسەر دەکەن
    یان لەنێو بازرگانەکان دابەشی دەکەن؟
ئایا پێستی پڕ دەکەیت لە ڕم و
    سەریشی پڕ لە تیر؟
دەستت لەسەری دانێ و بیر لە جەنگ بکەرەوە،
    جارێکی دیکە دووبارەی ناکەیتەوە!
هیوابوون بە گرتنی خەون بینینە،
    هەر بە بینینی دەتۆقیت.
10 کەسێک نییە ئەوەندە ئازا بێت بەخەبەری بهێنێت،
    ئیتر کێ هەیە لە ڕووی مندا بوەستێت؟
11 کێ شتێکی پێم بەخشیوە تاکو من بیدەمەوە؟
    ئەوەی لەژێر هەموو ئاسمانە هی منە.

12 «بێدەنگ نابم لە باسکردنی ئەندامەکانی جەستەی لیڤیاتان و
    لە ڕاگەیاندنی هێزی و لە جوانی ئاکاری جەستەی.
13 کێ دەتوانێت پێستەکەی دابماڵێت؟
    کێ دەتوانێت هەردوو لای سپەرەکەی ببڕێت؟
14 کێ دوو شەویلاکی دەمی دەکاتەوە؟
    ڕیزی ددانەکانی ترسێنەرە.
15 پشتی بە ڕیزێک قەڵغان داپۆشراوە،
    بە پتەوی بەیەکەوە بەستراوە؛
16 بە شێوەیەک پێکەوە نووساون کە
    تەنانەت با بە نێوانیاندا ناڕوات.
17 هەریەکەیان بەوی تەنیشتیەوە نووساوە؛
    پێکەوە بەستراون لێک نابنەوە.
18 کە دەحیلێنێت بروسکەی ڕووناکی دەدات؛
    چاوەکانی وەک گزنگی بەیانن.
19 لە دەمیەوە بڵێسەی ئاگر دێتە دەرەوە،
    پریشکی ئاگری لێ دەبێتەوە.
20 لە کونە لووتییەوە دووکەڵ هەڵدەستێت،
    هەروەک سووتانی قامیش لەبن مەنجەڵێکی لە کوڵ.
21 هەناسەی خەڵووز دادەگیرسێنێت،
    گڕیش لە دەمیەوە دەڕژێت.
22 هێزەکەی لە ملیدایە،
    لەبەردەمی هەڵوەستەی لێ دەکەن.
23 گۆشتەکەی قەدقەد پێکەوە نووساوە،
    بەسەر لەشیدا داڕێژراوە و ناجوڵێتەوە.
24 سەرسەختە،
    بە جەرگ و چاونەوترسە.
25 کە هەڵدەستێت بەهێزان دەتۆقن،
    لە ترسی خۆڕاتەکاندنەکەی پەنا دەگرن.
26 شمشێری بەر دەکەوێت بەڵام نایپێکێت،
    نە ڕم و نە تیر.
27 ئاسن لەلای وەک کا وایە،
    بڕۆنزیش وەک داری کلۆر.
28 تیری کەوانەکان نایبەزێنن؛
    بەردی بەردەقانییەکان بەلایەوە وەک پووشن.
29 گورز لەلای وەک کایە؛
    بە ڕاوەشاندنی ڕم پێدەکەنێت.
30 ژێری پارچە گۆزەی تیژە،
    جەنجەڕ بەسەر قوڕدا ڕادەکێشێت.
31 وا دەکات قووڵایی وەک مەنجەڵ بکوڵێت،
    دەریا وەک هیزەی زەیت لێ دەکات.
32 لەدوای خۆی هێڵێکی سپی درەوشاوە بەجێدەهێڵێت،
    شەپۆلەکان وەک پرچی سپی لێ دەکات.
33 لەسەر زەوی هاوشێوەی نییە،
    بۆ نەترسان دروستکراوە.
34 بە سووکییەوە تەماشای لووتبەرزەکان دەکات؛
    پاشای هەموو لەخۆباییەکانە.»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.